تەفسیری سوورەتی نەوەی ئیسڕائیل
بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد
خەلیفەی دووەمی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)داگرتنی کتێبەکە بە
سوورەتێكی مەككەییە، لەگەڵ بسم اللە دا، سەد و دوانزە ئایەت و دوانزە ڕكووعە.
هۆكاری ناونانی سوورەتەكە:
ئەم سوورەتە ناونراوە “نەوەی ئیسڕائیل”، چونكە باسی ڕووداوەكانی ئوممەتی ئیسڕائیلی دەگێڕێتەوە بۆمان و پێشبینی ئەوە دەكات كە ئەو شتانەی بەسەر نەوەی ئیسڕائیلدا هاتوون بەسەر موسوڵمانانیشدا دێن. چونكە خوای گەورە وەك چۆن پێغەمبەرەكەمانی (صلى الله عليه وسلم) بە هاوشێوەی مووسا (عليه السلام) داناوە، ئوممەتی ئیسلامیشی بە هاوشێوەی ئوممەتی ئیسڕائیل داناوە، بۆیە دەبوو موسوڵمانان هاوشێوەی ئەو ڕووداوانەیان بەسەردا بێت كە بەسەر جوولەكەدا هاتوون؛ ئەم سوورەتە سەرنجەكان بۆ ئەم بابەتە ڕادەكێشێت.
پێویستە تێبینی ئەوە بكرێت كە ئەم سوورەتە تەنها باسی ڕووداوەكانی بەشی یەكەمی مێژووی ئیسڕائیلی كردووە؛ واتە لە سەردەمی مووساوە تا سەردەمی عیسا (سڵاوی خوایان لێ بێت).
یەكێك لە ناوەكانی تری ئەم سوورەتە بریتیە لە “الإسراء”، چونكە بە باسی ڕووداوی شەوڕەوی دەستی پێكردووە، هەروەها لەبەرئەوەی بابەتی سەرەكی ئەم سوورەتەیە.
كاتی دابەزینی سوورەتەكە:
بە كۆدەنگی زانایان ئەم سوورەتە مەككەییە، بەڵام هەندێك لە زانایان تەنها دوو ئایەت بۆ هەشت ئایەتی ئەم سوورەتەیان بە مەدینەیی داناوە. (البحر المحيط). هەروەها ئیبن مەردەویهی لە ئیبن عەبباس و ئیبن زوبەیرەوە ڕیوایەتی كردووە كە ئەم سوورەتە مەككەییە و لە سەرەتای قۆناغی مەككەدا دابەزیوە.. واتە لە ساڵی سێیەم یان چوارەمی پێغەمبەرایەتیدا.
هەروەها لە بوخاری دا هاتووە لە ئیبن مەسعوودەوە ڕیوایەت كراوە كە سەبارەت بە سوورەتەكانی بني إسرائیل و الكهف و مریم دەڵێت: “ئەوانە لە كۆنترین و یەكەمین سوورەتەكانن، و هی خۆمن (واتە لەبەرم كردوون)” (البخاري، كتاب التفسير).. واتە لەو سوورەتانەن كە لە سەرەتای ڕەوانەكردنی پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) دابەزیون و لە سەرەتای ڕۆژگارەكانی موسوڵمانبوونمدا لەبەرم كردوون.
لە قسەكانی عەبدوڵڵای كوڕی مەسعوودەوە وا دەردەكەوێت كە ئەم سوورەتە هەمووی یان بەشێكی مەككەیی بێت، بەڵام نازانین كە ئیبن مەسعوود (رضي الله عنه) بەدیاریكراوی مەبەستی چ ساڵێكە لە قۆناغی مەككەدا.
بە ڕای من، ئەم سوورەتە لە سەرەتای قۆناغی مەككەدا دانەبەزیوە، بەڵكو ماوەی دابەزینی لە ساڵی چوارەمەوە تا ساڵی یانزەیەم درێژ دەبێتەوە، بە مەرجێك یادەوەری ئیبن مەسعوودی بە هەڵەدا نەبردبێت، ئەگینا پێم وایە ئەم سوورەتە هەمووی لەنێوان ساڵی دەیەم تا ساڵی یانزەیەم دابەزیوە، تەنانەت ڕەنگە لە ساڵی دوانزەیەمدا دابەزیبێت.
هەروەها ڕۆژهەڵاتناسە مەسیحیەكان كاتی دابەزینی ئەم سوورەتەیان لەنێوان ساڵی شەشەم تا دوانزەیەمی پێش كۆچ دیاریكردووە (تفسیر القرآن، وێری). لە كارەكانی قەدەر ئەوەیە كە خوای گەورە وای لێكردوون لێرەدا ڕاستی بڵێن، ئەگینا ئەو نیەتە خراپانەی كە بەرامبەر قورئان هەیان بوو نەدەهاتنە دی ئەگەر ئەم سوورەتەیان بە مەدەنی دابنایە.
پەیوەندی سوورەتەكە:
پەیوەندی ئەم سوورەتە بە سوورەتی پێش خۆیەوە ئەوەیە كە سوورەتی النحل پێشبینی گەشەسەندنی موسوڵمانانی كردووە و جەختی لەوە كردووەتەوە كە دەسەڵاتێكی گەورە بەدەستدەهێنن. هەروەها ئەوەی بیرهێناونەتەوە كە جوولەكە سپڵە و پێنەزان بوون بەرامبەر نیعمەتەكانی خوای گەورە، و لەكاتی زاڵبووندا لە خواپەرستی غافڵ بوون، وە بە وشەی شەممە ئاماژەی بەمە داوە (بڕوانە سوورەتی النحل: ١٢٥) -بەمەش هۆشداری داوە بە موسوڵمانان بۆ ئەوەی وەكو جوولەكە لە یادی خوای گەورە غافڵ نەبن، بەڵكو دەبێت لە ڕۆژگاری گەشە و پێشكەوتندا زیاتر یادی خوای گەورە بكەن.
وە ئەم سوورەتەیش، سوورەتی نەوەی ئیسڕائیل، ئاماژەی داوە بەم بابەتە و ڕایگەیاندووە موسوڵمانان حوكمی ئەو ناوچانە دەگرنە دەست كە لەژێر دەسەڵاتی جوولەكەدا بوون.
پەیوەندیەكی تر هەیە كە سەرەتای ئەم سوورەتە بە كۆتایی سوورەتی “النحل”ەوە دەبەستێتەوە، ئەویش ئەوەیە خوای گەورە لە كۆتایی سوورەتی “النحل”دا هەواڵی داوە بە موسوڵمانان كە ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان ئێوە و خاوەن كتێبەكان نزیكە، وە ئەوانیش وەكو بێباوەڕەكانی مەككە ئازارتان دەدەن، بۆیە پێویستە لەسەرتان ئارام بگرن لەسەر ئازاردانی ئەوان تا ئەو كاتەی كە ناچار دەبن بەرگری لە خۆتان بكەن؛ ئەگەر ئارام بگرن ئەوا خوای گەورە لە كۆتاییدا سەركەوتووتان دەكات بەسەریاندا، هەروەك چۆن بەڵێنی سەركەوتنی پێدابوون بەسەر بێباوەڕانی مەككەدا. ئێستا لە سوورەتی “الإسراء”دا خوا ئاماژەی بەوە داوە كە ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان ئێوە و خاوەن كتێبەكان لە مەدینەدا ڕوودەدات، وە ئێوە دەستدەگرن بەسەر شوێنە پیرۆزەكانی ئەواندا و دەبنە فەرمانڕەوا تێیاندا.
پوختەی ناوەڕۆكی سوورەتەكە:
ئەم سوورەتە بەشێوەیەكی تایبەت جەختی كردووەتەوە لەسەر دوو وێرانكاری كە بەسەر جوولەكەكاندا هاتووە بەهۆی ئەوەی دوو جار سەرپێچیان كردووە لە فەرمانی خوای گەورە، هەر جارێك لەو دوو جارە بەتەواوەتی تووشی سزایەكی ترسناك بوون. هەڵبەت بەم جەختكردنەوەیە ئاماژەی بەوە داوە كە دوو جار سەردەمی ئاژاوەی ترسناك بەسەر موسوڵمانانیشدا دێت، بەڵام لەبەرئەوەی موحەممەد (صلى الله عليه وسلم) خاتەمی پێغەمبەرانە، ئوممەتەكەی بەهۆی ئەم ئاژاوە گەورانەوە لەناوناچێت، بەڵكو لەو ئاژاوانە دەردەچێت بەجۆرێك پایەبەرزتر و درەوشاوەتر دەبێت لە جاران.
هەندێ بابەت هەن كە لە سوورەتی “النحل”دا بە ئاماژە باسكراون، لەكاتێكدا سوورەتی ئیسڕا بەدرێژی باسی كردوون. خوای گەورە لە سوورەتی النحل دا سەبارەت بە هەنگوین فەرموویەتی ﴿فِيهِ شِفَآءٞ لِّلنَّاسِۚ﴾ (شیفای تێدایە بۆ خەڵكی) و ئاماژەی بەوە داوە كە وتەی خوای گەورەیش شیفایە بۆ ئەوان، بەڵام لە سوورەتی “الإسراء”دا ئەم مانایەی ڕوونكردووەتەوە و فەرموویەتی ﴿وَنُنَزِّلُ مِنَ ٱلۡقُرۡءَانِ مَا هُوَ شِفَآءٞ وَرَحۡمَةٞ لِّلۡمُؤۡمِنِينَ﴾ ئێمە لە قورئان شتێك دادەبەزێنین كە شیفا و ڕەحمەتە بۆ ئیمانداران. (ئایەتی: ٨٢).
هەڵبەت سوورەتی “الإسراء” پێش سوورەتی “النحل” دابەزیوە، بەڵام لەڕووی ناوەڕۆكەوە، شایەنی دواخستن بوو، بۆیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە فەرمانی خوای گەورە لەكاتی نووسینەوەی قورئاندا لەدوای سوورەتی “النحل”ەوە دایناوە. پێشتر گوتم نووسینەوەی سوورەتەكان لە قورئاندا جیاوازە لەگەڵ ڕیزبەندی دابەزینیان؛ چونكە ڕیزبەندیەكەی ئێستا پێویست بوو لەپێناوی خوێندنەوەی قورئان بەشێوەیەكی گشتی، هەروەها بۆ لەبەرچاوگرتنی پێویستییەكانی پاشینان كە قورئان ڕووی قسەیان ئاراستە دەكات. بێگومان یەكێك لە موعجیزەكانی قورئان ئەوەیە كە هەر سوورەتێك لە سوورەتەكانی بابەتێكی سەربەخۆی لەخۆگرتووە، لە هەمان كاتدا پەیوەندیەكی بەهێز هەیە لەنێوان هەر سوورەتێك و ئەوی تردا. كاتێك سوورەتەكانی قورئان بە جیاجیا دادەبەزین بە ڕەچاوكردنی پێویستیەكانی ئەو كەسانەی یەكەمجار قورئان ڕووی قسەی ئاراستە كردبوون، ئەوا خوێنەرەكانی تووشی هیچ كێشەیەك نەبوون، چونكە بابەتی هەر سوورەتێك لە خودی خۆیدا تەواو و بێكەموكوڕییە، وە كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەم سوورەتانەی بە فەرمانی خوای گەورە بە ڕیزبەندیەكی جیاواز لە ڕیزبەندی دابەزینیان نووسیەوە، زنجیرەیەك مانا و تێگەیشتنی نوێ بەهۆی ڕیزبەندیە نوێیەكەوە هاتنە ئاراوە -جگە لە مانا و تێگەیشتنی سەربەخۆی هەر سوورەتێك- ئەمەش زانیاری و تێگەیشتنەكانی قورئانی بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر فراوان كرد. فَتَبَارَكَ اللَّهُ أَحْسَنُ الْخَالِقِينَ!
خوای گەورە ئەم سوورەتەی بە باسی شەوڕەوی دەستپێكردووە و ئاماژەی بەوە داوە كە موحەممەد (صلى الله عليه وسلم) هاتووە بۆ ئەوەی شوێنی مووسا (عليه السلام) بگرێتەوە، و ئەو شوێنانەی كە مووسا بەڵێنی پێدابوون بە گەلەكەی، دەكەونە ژێر دەستی موحەممەد (صلى الله عليه وسلم)، وە ئەو (صلى الله عليه وسلم) وەكو مووسا ناچار دەبێت كۆچ بكات، وە ئەم كۆچە دەبێتە سەرەتای خێر و گەشەسەندن بۆ ئوممەتەكەی (صلى الله عليه وسلم).
پاشان ئەم سوورەتە باس لە ڕووداوگەلێك دەكات كە بەسەر مووسادا (عليه السلام) هاتووە، وە ڕوونیدەكاتەوە خوای گەورە چۆن ناردوویەتی، وە چۆن بەهۆی ئەوەوە گەشە و پێشكەوتنی دا بە گەلەكەی، وە چۆن هۆشداری پێ دابوون كە لە ڕۆژانی زاڵبووندا خوایان (I) لەبیر نەچێت، بەڵام ئەوان سوودیان لەو هۆشداریە وەرنەگرت، بۆیە تووشی سزایەكی توند بوون.
پاشان خوا (عز وجل) جەخت لەوە دەكاتەوە كە كاریگەری قورئانی لە هی تەورات بەهێزتر كردووە، بۆیە ئەو گۆڕانكاریەی كە قورئان دروستی دەكات گەورەتر دەبێت لەوەی كە تەورات دروستی كرد. بەڵام قورئانیش ڕووبەڕووی هەمان ئەو مەترسیە دەبێتەوە كە تەورات ڕووبەڕووی بوویەوە، بەجۆرێك شوێنكەوتووانی قورئانیش لە ڕۆژانی دەوڵەمەندی و خۆشگوزەرانیدا لە خراپەكاری و تاواندا نوقم دەبن، بۆیە ئەم سوورەتە ئاگاداری داوە لەوەی كە بەدەستهێنانی دنیا لە خۆیدا خراپ نیە، بەڵام پێویستە مرۆڤ دنیا بەدەست بهێنێت لەكاتێكدا كەمتەرخەمی نەكات لە یادی خوای گەورە و ئەنجامدانی كاری چاك.
پاشان سوورەتەكە بنەما و ڕەگەزەكانی خێری ڕوونكردووەتەوە، وە هەواڵی ئەوەی داوە كە ئەو كەسانەی باوەڕیان بە قورئان نیە كاتێك ئەم بنەمایانە دەبیستن بە لووتبەرزیەوە و بێئاگا لە چارەنووسی خۆیان ڕوو وەردەگێڕن لێیان، لە جیاتی ئەوەی ڕابمێنن لێیان، وە هەروەها ئەگەر ئەو چارەنووسەیان بیربخرێتەوە ئەوا گوێی پێ نادەن، بۆیە ئەو كەسانەی دژایەتی قورئان دەكەن -چ لە دەرەوە بن یان لە ناوەوە- دووچاری سزایەكی توند دەبن لەلایەن خوای گەورەوە. لەكاتی نزیكبوونەوەی قیامەتدا، واتە لە سەردەمی مەسیحی بەڵێندراودا، سزایەكی توند تووشی دنیادا دەبێت بەهۆی ئەوەی كە خەڵكی باوەڕ ناهێنن بە قورئانی پیرۆز، وە لەو كاتەدا شەڕێكی تر لەنێوان فریشتەكان و ئیبلیس دا ڕوودەدات كە شوێنكەوتووانی ئادەم تێیدا سەردەكەون.
پاشان خوای گەورە بۆ پێغەمبەرەكەی (صلى الله عليه وسلم) ڕوونكردووەتەوە كە خەڵكی دەیانەوێت تۆ لەناوببەن، بەڵام ئێمە ئامانجێكی هەرە مەزنمان بۆ تۆ دیاریكردووە، ئەویش ئەوەیە: ناوبانگت بە هەموو جیهاندا بڵاودەكەینەوە هەتا سەردەمی كۆتایی، وە توانا و لێهاتووییەكانت بۆ هەموو جیهان ئاشكرا دەكەین.
پاشان خوای گەورە (عز وجل) ڕوونیكردووەتەوە كە ئێمە قورئانمان وەها لێكردووە هەتاهەتایە سوودی لێ وەربگیرێت، وە وردە وردە گەنجینە ڕۆحیەكان بەهۆی قورئانەوە ئاشكرا دەكەین، چونكە خوای گەورە ڕژد و چرووك نیە.
وە لەكۆتاییدا خوای گەورە باسی نیشانەكانی سەردەمی كۆتایی و ئاژاوەكەی دەكات و بیرمان دەخاتەوە كە دوعا تاكە ڕێگەیە بۆ خۆپاراستن لەو خراپەكاری و ئاژاوانە.
PDF