بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,
بابەتی زیاتر

ته‌فسیری ئایه‌تی: {وَإِذْ قَالَ مُوسَى لِفَتَاهُ لَا أَبْرَحُ حَتَّى أَبْلُغَ مَجْمَعَ الْبَحْرَيْنِ أَوْ أَمْضِيَ حُقُبًا}

خەلیفەی دووەمی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)

بسم الله الرحمن الرحيم

شیكردنەوەی وشەكان:

لا أبرَحُ: ما بَرِحَ فلانٌ كریمًا واتە فڵانه‌ كەس لەسەر بەخشندەییەكەی ماوەتەوە (الأقرب)

أمضي: مضی الشی‌ء یمضي ومضا یمضو: ڕۆيشت و تێپەڕی (الأقرب).

حُقُبًا: الحُقُب كۆی وشه‌ی “الحُقْب”ه‌، بریتیه ‌لە هەشتا ساڵ، دەوترێت: لەوە زیاترە. والحُقْب: ڕۆژگار؛ ساڵ، دەوترێت: ساڵان (الأقرب).

ته‌فسیر: خوای گەورە لە ئایەتەكانی پێشوودا سەبارەت بە بابەتی ململانێی نێوان مەسیحەیەت و ئیسلام بە زمانێكی شێوه‌ نواندن دواوە، بەجۆرێك ڕوونی كردوەتەوە كە وا دەردەكەوێت ململانێكە لەنێوان بەهێز و لاوازدا بێت، بەڵام كەمێك سەرنجدان ئاشكرای دەكات بەهێز ئەو لایەنەیە كە ڕوودەكاتە خوای گەورە نەك ئەوەی كە كاروبارەكانی دنیا سەرقاڵیان كردووە. هەروەها خوای گەورە (سبحانه وتعالی) ئاماژەشی كردووە بۆ ئەوەی كە بڕیاری لێ‌ دراوە یەكەمجار مەسیحیەت گەشە بكات هەتا كاتی ڕەوانەكردنی پێغەمبەر (ﷺ)، پاشان بۆ ماوەیەك ئیسلام پێشكەوتن بەدەست دەهێنێت، بۆ ئەوەی بۆ جاری دووەم مەسیحیەت گەشە بكاتەوە. بەڵام ئێستا خوای گەورە هەمان بابەت تاوتوێ‌ دەكات بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی كە لە كتێبە ئاسمانیەكاندا هاتووە لەم بارەيەوە.

با ئەوە بزانرێت كە نەیارانی ئیسلام -وەك پێشتر ڕوونم كردەوە- تانە دەدەن لەم سورەتە بەوەی كە كۆمەڵێك ڕووداوی جیاوازی كۆكردوەتەوە بەبێ‌ ئەوەی پەیوەندی لەنێوانیاندا هەبێت، بەڵكو كۆبوونەوەی ئەم ڕووداوانە تێیدا هۆكاری واقوڕمانە تەنانەت بۆ موسوڵمانان خۆشیان، كە باوەڕیان وایە جوولەكە پرسیاریان لە پێغەمبەر (ﷺ) كردووە لەبارەی هەندێ‌ بابەتەوە پاشان وەڵامەكانیان لەم سورەتەدا كۆكراوەتەوە.

بەڵام وه‌ك ئاشكرایه‌ بابەتەكە بەم شێوەیە نیە ، چونكە ئەگەر لە ڕاستیدا پرسیار كراوە لە پێغەمبەر (ﷺ) دەربارەی یارانی ئەشكەوت و خاوەنی دوو قەڕن (ذو القرنین) ئیتر بۆچی خوای گەورە هەموو ئەم چیرۆكە تەمسیلیانەی، كە پێیشتر باسكران، خزاندووەتە نێوان باسی یارانی ئەشكەوت و زولقەرنەین و هەروەها ڕووداوی مووسا (علیە السلام) لەگەڵ لاوە خزمەتكارەكەی كە بەم ئایەتە دەستپێدەكات؟ بۆچی بەلایەنی كەمەوە سەبارەت بە یارانی ئەشكەوت و زولقەڕنەین لەیەك شوێندا وەڵامی نەداوەتەوە؟

لە ڕاستیدا هەموو ئەم بابەتانە لێرەدا بە ڕیزبەندیەكی پتەو هاتوون، وە هەموو ڕووداو و نموونەیەك لە شوێنی خۆیدا و بەگوێرەی پێویست هێنراوە. هەڵبەت پێشتر بەجوانی ئەو حيكمەتەم ڕوونكردەوە كە لە پشتی هێنانەوەی ئەم نموونانەوە هه‌یە لە میانەی باسكردنی چیرۆكی یارانی ئەشكەوتدا، وە ئێستاش ئەو حيكمەتە ڕووندەكەمەوە كە لە پشت هێنانەوەی بەسەرهاتی مووسا‌وە هه‌یه (علیە السلام) لەم شوێنەدا.

پێشتر ڕوونم كردەوە كە بابەتێك لە ژیانی نەتەوەیی مەسیحیەكاندا هەیە نەم بینیوە نمونەكەی هەبێت لە ژیانی هیچ ئومەتێكی تردا. ئەوه‌یش ئەوەیە كە ئوممەتی مەسیحی بۆماوەیك پاش عیسا گەشە و پێشكەوتنی بەدەستھێنا، پاشان بۆ ماوەیەك گەشەكردنەكەی وەستا لەماوەی ڕەوانەكردنی پێغەمبەرێكی تردا كە پێغەمبەری خۆمانە (ﷺ) بەو پێیەی ئوممەتەكەی (ﷺ) بۆ ماوەیەك پێشكەوت، بۆئەوەی دوای ئەم دوبارە ئوممەتی مەسیحی دەست بكاتەوە بە گەشەكردن، پێشتر ئاماژەكراوە بۆ ئەم بابەتە بە وشەی (نهرا، ڕووبارێك) لە نمونەكەی پێشوودا كە خوای گەورە دەفەرموێت: {وفجرنا خلالھما نهرًا}. بەڵام ئێستا لێره‌دا هەستاوە بە ڕوونكردنه‌وه‌ی هەمان بابەت بە باسكردنی بەسەرهاتی مووسا (علیە السلام) . چونكە مووسا (علیە السلام) هاوشێوەی پێغەمبەری خۆمانە (صلی الله علیە وسلم) بەگوێرەی ئەم پێشبینیەی تەورات: “لەناو براكانی خۆیاندا پێغەمبەرێكی وەكو تۆیان بۆ ڕاست دەكەمەوە، قسەی خۆم دەخەمە سەر زمانی، وە قسەیان بۆ دەكات بەهەموو ئەو وتانەی من پێم سپاردووە” (دوا وتاری موسا 18: 18). هەروەك قورئانی پیرۆزیش ئاماژەی كردووە بۆ ئەم پێشبینیە لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا: {إِنَّا أَرْسَلْنَا إِلَيْكُمْ رَسُولًا شَاهِدًا عَلَيْكُمْ كَمَا أَرْسَلْنَا إِلَى فِرْعَوْنَ رَسُولًا} (المزمل: 16) كە وابوو قورئان ئەم ڕووداوەی مووسای (علیە السلام) باسكردووە لە نێوان هەردوو چەرخی پێشكەوتنی مەسیحیەكاندا بۆ ئەوەی بەڵگەبێت لەسەر ئەوەی ده‌ركه‌وتنی ئەم پێغەمبەرە كه‌ هاوشێوەی مووسایە لەنێوان ئەم دوو چەرخەدا شتێكی پێویستە، بەم شێوەیە ئەو گومانەی لابردووە كە دەڵێت ئەگەر ئەو كەسەی پاش گەشە و پێشكەوتنی یەكەمی مەسیحی بانگەشەی پێغەمبەرایەتی كردووە پێغەمبەرێكی ڕاستگۆیە ئەوا بۆچی پاش دەركەوتنی ئەو پێشكەوتنی مەسیحی بەتەواوی كۆتایی نەهات؟ ئایا دەستپێكردنەوەی گەشە و پێشكەونتی مەسیحی پاش ماوەیەك دوای دەركەوتنی ئەو بەهێزێكی گەورەترەوە بەڵگەیەك نیە لەسەر ئەوەی كە ئەم بانگەشەكارە پێغەمبەرێكی ڕاستگۆ نیە، ئەگینا درێژەی پێشكەوتنی مەسیحیەتی دەوەستاند؟

بەگوێری ئارەزووی خۆم ئەم بابەتەم باس نەكردووە بەڵكو ئەو ڕووداوەی مووساش (علیە السلام) ، كه ‌لەمەولا شرۆڤەی دەكەم، پشتگیری ئەم بۆچوونەم دەكات. لێرەدا تەنها بەو ئاماژەیە وازم هێنا كە لەبەرئەوەی سەرهەڵدانی موحەممەد (ﷺ) لە نێوان هەردوو پێشكەوتنی مەسیحیدا كارێك بوو، بەگوێرەی چارەنووسی خوایی، بڕیاری لەسەر درا بوو، بۆیە ڕووداوی مووسا (علیە السلام) باس كراوە-كە موحەممەد (ﷺ) هاوشێوەی ئەوە- بۆ جیاكردنەوەی ئەم دوو سەردەمە، بۆ ئەوەی ئەم ڕووداوانە چۆن بڕیاریان لێ‌ دراوە ڕووبدەن ئاوەها باس بكرێن .

بێگومان ڕاڤەكاران لەبارەی ئەم ڕووداوەی كە لێرەدا باسكراوە بۆچوونیان جیاوازە. زۆربەیان دەڵێن-هەروەك لە هەندێ‌ ڕیوایەتی فەرموودەشدا هاتووە- ئەم ئایەتانە لەبارەی گەشتێكەوە دەدوێن كە مووسا (علیە السلام) پێی هەستاوە بۆ بینینی پیاوێك كەناوی خضر بووە.

پاشان ڕاجیاییان هه‌یه‌‌ لە خستنەڕووی هۆكارەكانی ئەم گەشتەدا، هەندێكیان دەڵێن مووسا (علیە السلام) ڕۆژێك بەخوای گەورەی فەرمووە: ئایا پیاوێك هەیە لەو زاناتر بێت؟ خوا (سبحانه وتعالی) فەرمووی: بەڵێ‌، فڵانه‌ پیاو هەیە. دوای ئەوە مووسا (علیە السلام) ڕۆیشتووە بۆ چاوپێكەوتنی. لە ڕیوایەتێكی تردا هاتووە كە ڕۆژێك پرسیار لەمووسا دەكرێت: ئایا پیاوێك هەیە لەتۆ زاناتر بێت؟ئەویش دەڵێت:نازانم . خوای گەورەیش وەحی بۆ دەنێرێت و شوێنی ئەو پیاوەی پێ‌ دەڵێت كە لەو زاناترە، ئەویش دەڕوات بۆ سەردانی ئەو پیاوە. (الكشاف والقرطبی والطبری، والبخاری: كتاب التفسیر سورة الكهف).

لەڕاستیدا خەڵكی بەهەڵە لەم ڕووداوە حاڵی بوون. ئەمەش چونكە سورەتی نەوەی ئیسڕائیل پێشبینی كردووە دەربارەی كۆچی پێغەمبەر (ﷺ) و ئەنجامەكانی لەسەر شێوەی شەوڕەوی، بەجۆرێك هەواڵی داوە سەبارەت بەو گەشە و پێشكەوتنانەی كە موسوڵمانان بەدەستیدەهێنن، وە دەربارەی ئەوەی كە لەمیانەی ئەم پێشكەوتنانەدا كۆمەڵێك مەترسی گەورە چواردەوریان دەگرن كە بەشێوەی دوژمنایەتی توندوتیژ لەلایەن گاور و جوولەكەكانەوە خۆیان دەنوێنن. وە گەورەترین مەترسی ئەوەیە كە لەلایەن یەكێك لە گروپەكانی ئوممەتی مووساییەوە توشیان دەبێت كە بریتیەلە گروپی نەسرانیەكان- ئاشكرایە نەسرانیەكان، لای خوای گەورە، ئەوانیش بە ئوممەتی مووسا دادەنرێن ئەگەرچی ئەوان خۆیان بە ئوممەتی مووسا ئەژمار ناكەن. بۆیە خوای گەورە ڕایگەیاندووە كە ئەمانە لە ئاخرە زەماندا زیانێكی زۆر گەورە دەدەن لە موسوڵمانان. خوای گەورە باسی شەوڕەویەكەی مووسای (علیە السلام) كردووە دوای شەوڕەویەكەی موحەممەد (ﷺ) بۆ ئەوەی جەخت بكاتەوە لەوەی كە دواڕۆژ بۆ موحەممەد (ﷺ) وئوممەتەكەیەتی، وە ئەم گروپەی دووەمی ئوممەتی مووسا، واتە گاورەكان، هەرگیز تاسەر بەسەركەوتویی نامێننەوە.

مامۆستای زۆر بەڕێزم حەزرەتی مەولەوی نورەددین (رضي الله عنه) پێی وایە كە ئەم ڕووداوە یەكێكە لە كەشفەكانی مووسا (علیە السلام)، وە بەلاشەی ماددی ڕووینەداوە. (حقائق الفرقان ج 3 قوله تعالی: وَأَمَّا الْغُلَامُ فَكَانَ أَبَوَاهُ مُؤْمِنَيْنِ) وە پاش ڕامان لە بابەتەكە گەيشتمە ئەو باوەڕەی كە ئەو (رضي الله عنه) لەم بۆچوونەیدا پێكاویەتی. ئەمەش ئێوە و كۆمەڵێك بەڵگە لەسەر ئەمە:

یەكەم: لە تەوراتدا هیچ باس و خواسێكی ئەم گەشتە نەكراوە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە ئەم ڕووداوە لە جیهانی ماددیدا ڕووینەداوە. دەكرا پەیمانی كۆن و قورئانی پیرۆز تا ئاستێك جیاواز بوونایە لە خستنەڕووی درێژەی ئەم گەشتە، بەڵام ئەوەی كە پەیمانی كۆن لە بنچینەدا خاڵیە لەباسكردنی ئەم گەشتە بابەتێكی زۆر سەیرە.

بەڵێ‌ ڕیوایەتە ئیسڕائیلیەكان باسی میعراجێكی مووسا ده‌كه‌ن (علیە السلام). (الموسوعة الیهودیة كلمة Ascension) . ).

وە هەواڵم پێگەيشتووە كە خۆشەویستم مەولەوی جەلالەددین شەمس لەو سەرچاوانەی كە لە كتێبخانەی مۆزەخانەی بەریتانی لە لەندەن هەن كۆمەڵێك ڕیوایەتی جوولەكەی دەرهێناوە كە ئاماژە دەكەن بۆ میعراجی مووسا (علیە السلام)، وە میعراجێك بووە بە جەستەی ماددی. بەڵام ئەم وتەیەی ئەوان بەڵگە نیە لەسەر ئێمە، چونكە لەناو ئێمەی موسوڵمانیشدا كەسانێك هەن بانگەشەی ئەوە دەكەن كە شەوڕەوی گەورەمان موحەممەد (ﷺ) بەلاشەی ماددی بووە. (تفسیر ابن كثیر، وتفسیر معارف القرآ‌ن: سورە الإسرا‌ء).

دووەم: نەسەلمێنراوە كە مووسا (علیە السلام) پێش ڕەوانەبوونی بۆ لای نەوەی ئیسڕائیل گەشتی كردبێت مەگەر یەك گەشت كە بریتیە لەگەشتەكەی بۆ مەدیەن، قورئانی پیرۆز لەزیاتر لە شوێنێكدا باسی كردووە. وە قورئانی پیرۆز و پەیمانی كۆن لەسەر ئەوە كۆكن كە مووسا لەم گەشتەیدا كەسی لەگەڵدا نەبووە. (سورە القصص: 22 – 24، وسفر الخروج 2: 15، 16) .كەچی دەبینین لەم گەشتەی كە لێرەدا ئاماژەی پێ كراوە مووسا هاوەڵێكی هەیە كە وادەردەكەوێت شوێنكەوتەی بێت؛ چونكە واژەی (فتی، لاو) ئەگەر زیاد كرا بۆلای كەسێك ئەوا مانای ئەوەیە كە كوڕ یان خزمەتكاریەتی. كەوابوو وشەكانی ئەم ئایەتە ناچەسپێت بەسەر ئەو گەشتەدا كە مووسا كردویەتی بۆ مەدیەن. وە بەو پێیەی كە نەسەلمێنراوە مووسا (علیە السلام) جگە لەم گەشتە گەشتی تری كردبێت ئەوا ساغدەبێتەوە كە گەشتی ئاماژە بۆكراو شتێك نیە جگەلە كەشفێك.

سێيەم: ساغنەبووەتەوە كە مووسا (علیە السلام) تەنانەت پاش ڕەوانەبوونی گەشتێكی كردبێت كە لەپێناویدا لە هۆزەكەی خۆی دوور كەوتبێتەوە. پەیمانی كۆن ڕوداوەكانی ژیانی مووسای تۆماركردووە لە سەرەتاوە بۆ كۆتایی بەگوێرەی ڕیزبەندیە واقیعیەكەی، بەڵام تێیدا باسی ئەم گەشتە نەكراوە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە ئەم گەشتە ڕووداوێكی ماددی نەبووە.

چوارەم: كاتێك مووسا (علیە السلام) چوو بۆ بیستنی فەرمایشتی خوای گەورە لەسەر كێوەكە كە تەنها چەند میلێك دوور بوو لە خێڵەكەی، وە لەوێدا چل شەو مایەوە، نەوەی ئیسڕائیل لە دیارنەبوونی مووسادا گۆلكێكیان كرد بە خوای خۆیان (الأعراف: 143 – 149) .دەی ئەگەر دیارنەمانی تەنها بۆ چل ڕۆژ بووبێتەهۆی ئەم جۆرە فەسادە لەناو خێڵەكەیدا؛ ئەوا دەبێت چییان بەسەر هاتبێت لەو ماوە درێژەدا كە دیارنەماوە بەهۆی ئەم گەشتە دوور و درێژەوە؟ بەڵام ئێمە دەزانین لە ئەنجامی ئەم گەشتەدا نەوەی ئیسڕائیل تووشی هیچ فه‌سادێك نەبوون، چونكە تەورات ئاماژە ناكات بەهیچ فەسادێكی تر جگەلەوەی كە ڕوویدا بەهۆی ئەوەی كە گوێرەكەیان كرد بە پەرستراو. هەروەها كارێكی حەكیمانە نیە كە مووسا ئەم جۆرە گەشتە درێژە بكات پاش ئەوەی كە بینی چۆن هۆزەكەی توشی فه‌ساد بوون.

پێنجەم: كاتێك مووسا ڕۆیشت بۆ كێوەكە بۆ دیده‌نی پەروەردگاری چل شەو مایەوە، لەو ماوەیەدا هاروونی برای كرد بە جێنشین بەسەر هوزەكەیەوە، بەڵام ساغنەبووەتەوە كە مووسا (علیە السلام) كەسێكی كردبێت بە جێنشین-هاروون یان كەسێكی تر- لەماوەی ئەم گەشتەدا. ئەگەر تەورات لەبەر هەر هۆكارێك بێدەنگ بووبێت لە باس كردنی ڕووداوەكانی ئەم گەشتە، ئەوا پێویست بوو لەسەری كە –بەلایەنی كەمەوە-باسی لەدانانی كەسێكی بكردایە وەك جینشین لەلایەن مووساوە لە كاتی ئەم گەشتەدا، چونكە ڕێی تێناچێت مووسا (علیە السلام) بڕوات بۆ ئەم گەشتە دوور و درێژە بەبێ‌ ئەوەی كەسێك بكات بە جێنشینی خۆی بەسەر گەلەكەیەوە. بۆیە باس نەكردنی لە كتێبی پیرۆزدا ئەوە دەگەیەنێت كە ئەم گەشتە بەجەستەی مادی نەكراوە.

شەشەم: ئەوە شتێكی پێچەوانەیە لەگەڵ سوننەتی پێغەمبەراندا كە لە هۆزەكانی خۆیان جیاببنەوە بۆ ماوەیەكی درێژ پاش ئەوەی خوای گەورە ڕەوانەیان دەكات، بەجۆرێك لەناو ئەو پێغەمبەرانەی كە مێژوو باسیان دەكات یەك دانەیان نابینین ئەم كارەیان كردبێت. شكی تێدا نیە كە مەسیح (علیە السلام) بەگوێرەی عەقیدەی ئێمە گەلەكەی خۆی بەجێهێشت، بەڵام لەڕاستیدا هۆزێك لە گه‌له‌كه‌ی خۆی بەجێهێڵا و چوو بۆلای هۆزێكی تریان، وەنمونەی زۆر هەیە كە پێغەمبەران هەستاون بە گەشتە تەبلیغیەكان لەناو هۆزەكانی خۆیاندا، بەڵام ئەم سەفەرەی مووسا (علیە السلام) لە پێناوی تەبلیغدا نەبووە، هەروەها لەو ناوچەیەدا نەبووە كە گه‌له‌كه‌ی خۆی تێدا بووە، بەڵكو ئەو گه‌له‌كه‌ی خۆی بەجێهێڵا تەنها لەبەرئەوەی ئه‌و پیاوه‌ بناسێت كەلەخۆی زاناتر بوو.

حەوتەم: ئیبن عەبباس (رضي الله عنه) لە ڕاڤەی ئەو گەنجینەیەدا كە لەم ڕووداوەدا باسكراوە: دەڵێت: “گەنجینەكە شتێك نیە جگه ‌لە زانست” (ابن كثیر، قوله تعالی: ذَلِكَ تَأْوِيلُ مَا لَمْ تَسْطِعْ عَلَيْهِ صَبْرًا). وە ڕوونە كە ئەوەی ئیبن عەبباس دەیڵێت لێكدانەوەیەكە، وە لێكدانەوە تەنها بۆ خەون و كەشفەكان دەكرێت. وە لەبەرئەوەی كە گەنجینەكە زانست بووە‌ ئەوا ساغدەبێتەوە كە ئەو دیوارەی مووساو هاوەڵەكەی ڕاستیان كردەوە بەهەمان شێوە دیوارێكی ماددی نەبووە، هەروەك ئەو خواردنەی كە ئەوان دوایانكرد لە خەڵكی لادێكە ئەویش خواردنێكی مادد نەبووە. دەی ئەگەر ئەم بەشەی ڕووداوەكە كەشف بووبێت ئەوا شكی تێدا نیە كە هەموو ڕووداوەكە كەشفێك بووە لە كەشفەكان.

هەشتەم: ئەو بەڵگەیەی كە لە خودی ڕووداوەكەوە هەڵقوڵاوە ئەویش جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەم ڕووداوە ڕووداوێكی ماددی نەبووە. بۆ نموونە ڕووداوی كونكردنی كەشتیەكە، ئەوەتا دەوترێت هاوەڵەكەی مووسا كەشتیەكەی كون كردوە تەنها لەبەرئەوەی كە پاشاكە زەوتی نەكات. بەڵام لێرەدا ئەو پرسیارەی كە خۆی دەسەپێنێت ئەوەیە: ئایا كه‌شتیه‌كه‌ بەم كونكردنە لەكاركەوت یان نە؟ وە ئەگەر لەكار نەكەوت ئیتر بۆچی پاشاكە زەوتی نەكرد؟. وە ئەگەر بەتەواوی لەكاركەوت بۆچی بەهۆی ئەو كونەی كە تێی كرا نوقم نەبوو؟ چونكه‌ ئەستەمە لە جیهانی ماددیدا كەشتیەك سەلامەت بێت لە نوقم بوون ئەگەر یەكێك تەختەكانی لاببرێت. بەڵام بینینی ئەم جۆرە دیمەنە لە كەشفدا بەتەواوی كارێكی شیاوە، وە بەهیچ شێوەیەك پێچەوانەی ژیری نیە.

بەهەمان شێوە ناكرێت ڕووداوی “كوشتنی كەسێك بەبێ‌ ئەوەی كەسێكی كوشتبێت” بەڕووكەشی وەربگیرێت، چونكە ئەو بەندەیەی كە مووسا (علیە السلام) شوێنی كەوت بۆ ئەوەی زانست فێر بێت لێیەوە دەبێت پێغەمبەر یان دۆستێكی نزیكی خوای گەورە بووبێت. وە ناگونجێت تەنانەت باوەڕدارێكی ئاسایی بوێرێت كەسێك بكوژێت بەناهەق و بەبێ‌ ئەوەی كەسێكی كوشتبێت، دەی ئایا چۆن دۆستێكی نزیكی خوا یان پێغەمبەرێكی پایەبەرز تاوانێكی لەم جۆرە ئەنجام دەدا.

هەندێ‌ كەس بۆ ئەوەی بیسەلمێنن كە كوشتنی ئەم كوڕە ڕەوا بووە دەڵێن ئەگەر بژیایە پیاوكوژ و خوێنڕێژ دەردەچوو. بەڵام ئێمە دەڵێین: ئەوە ستەمێكی گەورەیە و بەتەواوەتی پێچەوانەی شەرعە سزای كەسێك بدرێت لەسەر تاوانێك كە نەیكردووە بەو بیانووەی كە خوای گەورە دەزانێت لە داهاتوودا ئەو تاوانە دەكات؟ ئەگەر ئەم جۆرە سزایە ڕەوا بێت ئیتر بۆچی خوای گەورە سزای بەندەكانی نادات پێش ئەوەی تاوانەكان ئەنجام بدەن تەنها لەبەرئەوەی كە دەزانێت ئەوان لەداهاتوودا ئەو تاوانانە ئەنجام دەدەن؟ یاسای بنچینەیی لە شەرعدا ئەوەیە كە سزای هیچ كەسێك نادرێت لەسەر تاوانێك پێش كردنی ئەو تاوانە، وە هەموو شەریعەتەكان سەرەڕای جیاوازییان كۆكن لەسەر ئەم بنەمایە.

هەندێ‌ كەس دەڵێن ئەم لاوە له‌ڕاستیدا به‌ نهێنی خه‌ڵكی ده‌كوشت بەڵام كەس پێی نەزانیبوو (زاد المسیر، لابن الجوزي). بەڵام ئەمه‌ قسەیەكی  هه‌وانته‌یه‌؛ چونكە ئەگەر كارەكە بەم شێوەیە بوایە ئەوا قورئانی مەزن باسی دەكرد بۆ ئەوەی خەڵكی بزانێت و دڵنیا بن لەوەی كە كوشتنی ئەم لاوە بەبێ‌ هۆ نەبووە.

وە ڕووداوی كۆتایی لەم گەشتەدا دروستكردنەوەی دیوارەكەیە، ئەمیش ناكرێت بەشێوە ڕواڵەتیەكەی وەربگیرێت، چونكە ڕێگەی تێناچێت كە پێغەمبەرێكی بەخشندەی مەزنی وەكو مووسا (علیە السلام) سەرزەنشتی هاوەڵەكەی بكات لەسەر دروستكردنەوەی دیواری دوو هەتیو لەبەرئەوەی كە خەڵكی لادێكە میواندارییان نەكردوون، بەتایبەتی كە ئەم دوو هەتیوە بێتاوانە بەهیچ شێوەیەك دەستیان لەمەدا نەبووە، بەڵكو تاوان تاوانی خەڵكی گوندەكە بووە. پاشان لە جوامێری وپیاوەتی مووسا (علیە السلام) بەدوورە كە ڕەخنە بگرێت لە هاوەڵەكەی لەبەر وەرنەگرتنی كرێ‌ بۆ ڕاستكردنەوەی دیواری ئەو دوو هەتیوە.

كەوابوو ڕووداوەكانی ئەم گەشتە خۆیان شایەتی دەدەن لەسەر ئەوەی كە گەشتێك نەبووە بەلاشەی ماددی كرا بێت بەڵكو كەشفێك بووە لە كەشفەكان.

نۆیەم: ئەم ڕووداوە بەگشتی جەخت لەوە دەكاتەوە كە كەشفێك بووە، چونكە ئەم سێ كارە-كە لەلایەن بەندەكەی خواوە كراوە كە مووسا (علیە السلام) شوێنی كەوتبوو- ئەگەر بەشێوەی ڕواڵەتی وەربگیرێن ئەوا گرنگی ئەوەیان نیە كە باوەڕدارێكی ئاسایی لە پێناوی فێربوونیاندا گەشت بكات چجای ئەوەی خوای گەورە مووسا ڕەوانەبكات بۆ فێربوونیان. ئایا مووسا (علیە السلام) ڕۆشتووە بۆئەوەی فێر بێت چۆن كه‌شتی كون دەكرێت و خەڵك دەكوژرێت و دیواری ڕوخاو دروست دەكرێتەوە، وە ئایا كرێ‌ وەردەگیرێت لەسەر دروستكردنه‌وه‌ی دیوار یان نە؟ نەخێر، تەنانەت خێڵەكیەكی نەفام هەرگیز گەشت ناكات بۆ فێربوونی ئەم جۆرە شتانە. كەوابوو لەم كارانەدا شتێكی ماددی نیە كە ژیری بەگرنگی بزانێت هەتاكو لە پێناویدا پێغەمبەرێكی پایە مەزنی وەكو مووسا گەشت بكات كە یەكێكە لە پێغەمبەرە لێبڕاو و ورەبەرزەكان سڵاوی خوایان له‌سه‌ر بێت.

دەیەم: ماوەردی ڕیوایەتی كردووە كە ئەو كەسەی مووسا چووە بۆ بینینی فریشتەیەك بووە (ابن كثیر). ئەمەش مانای ئەوەیە كە دەبێت ئەم ڕووداوە بە كەشف دابنرێت چونكە ناچێتە عەقڵەوە كە مووسا (علیە السلام) ڕەنج و كوێرەوەریەكانی ئەم گەشتە مادیە بچێژێت بۆ سەردانی فریشتەیەك كە دەتوانێت لە چاوتروكانێكدا بگاتە لای مووسا.

یانزه‌: لەفەرموودەدا هاتووە كە پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرموێت:”پێمان خۆش بوو كە مووسا ئارامی بگرتایە هەتا خوای گەورە زیاتر هەواڵی ئه‌وانی (هه‌ردووكیان) بۆ باس بكردینایە” (البخاری: كتاب التفسیر، باب قوله تعالی وإذ قال موسی لفتاه) .ئەگەر ئەم كاروبارانە بەگوێرەی ڕواڵەتەكانیان وەربگرین ئەوا من هیچ حەزێك لە دەروونمدا شك نابەم بۆ بیستنی ئەم شتە بێبایەخانه‌ ، هەروەك پێموانیە كە هیچ كەسێكی ژیر هیوای ئەوە بخوازێت، ئیتر پێغەمبەری خوا (ﷺ) ، كە مرۆڤ پەی نابات بە پایەی بەرزی، چۆن پێی خۆش بووە ئەم هەواڵانە ببیستێ‌ ؟ بۆیە ساغدەبێتەوە كە ئەم كاروبارانە هەواڵگەلێكن پەیوەستن بە سەردەمی پێغەمبەری خۆمانەوە (ﷺ) و به‌جوانی دەركەوتوون بۆ مووسا (علیە السلام) بەشێوەی كەشفێك. وە بەو پێیە كە هەواڵی نادیار لەخۆیان دەگرن و پێشبینی دەكەن دەربارەی ئوممەتی موحەممەدی بۆیە پێغەمبەری خوا (ﷺ) خۆزگەی خواستووە كە مووسا بەردەوام بێدەنگ بوایە هەتاكو كارباری تریش ئاشكرا دەبوو. لەم بەڵگانەوە ئەوە دەسەلمێنرێت كە ئەم ڕووداوە یەكێك بووە لە كەشفەكانی گەورەمان مووسا (علیە السلام).

گومانی تێدا نیە ئەم ڕووداوە لە پەیمانی كۆندا باسنەكراوە، بەڵام كتێبی ڕیوایەتەكانی جوولەكە ئاماژەی پێ‌ دەكەن. هەروەها لە سەرچاوە ئیسلامیەكانەوە ڕوون دەبێتەوە كە ئەم جۆرە ڕیوایەتانە لەناو جوولەكەدا بڵاوبووە لە سەرەتاكانی ئیسلامدا، ئەگینا موسوڵمانان لەكوێوە وەریانگرتووە؟

بەڵام ڕیوایەتەكانی جوولەكە ناكرێت كاریگەری هەبێت لەسەر ئەم توێژینەوەی ئێمە، وە ئێمە پابه‌ند نین به‌وه‌ی كە قەبوڵیان بكەین ئەگەر قورئان و ژیری و بینین ڕاستیەكانیان نەسەلمێنن، بەڵكو قەبوڵكردنیان بەبێ‌ ئەم مەرجانە خاڵی نابێت له پێخلیسكان.

پوختەی قسان ئەوەیە كە عەقڵ و نەقڵ هەردووكیان بڕیاردەدەن ئەم ڕووداوە دیمەنێكە لە كەشفە ڕۆحانیەكان.

لێرەدا پرسیارێك هەیە: ئایا ئەو بەندەیەی كێ بووه‌ كە  مووسا (علیە السلام) لە شه‌وڕه‌وییه‌كه‌یدا ڕۆيشتووە بۆ ئەوەی زانست فێر بێت لێیەوە؟ مامۆستای زۆر بەڕێزم مەولەوی نورەددین (رضي الله عنه) پێی وایە كە پێغەمبەری خوا (ﷺ) ئەو كەسە بوو كە بەشێوەى نواندن دەركەوتووە بۆ مووسا (علیە السلام). پاش سەرنجدان لە بابەتەكە ڕاستی و دروستی بۆچوونەكەی ئەوم بۆ دەركەوت، وە دڵنیابووم كە گەورەمان موحەممەد (ﷺ) ئەو كەسە بووە كە بەشێوەی نواندن دەركەوتووە بۆ مووسا (عليه السلام)، لەبەرئەوە پێغەمبەر (ﷺ) هیوای خواستووە و فەرموویەتی: خۆزگە مووسا بێدەنگ دەبوو هەتاكو زانیاریمان زیاتر دەبوو بەو كاروبارانەی كە پەیوەستن بە داهاتوومانه‌وه‌.

وە پێم وایە –ئەم بۆچوونەم تەنها لەسەر تێگەيشتنی خۆم بنیاتنەنراوە_ كاتێك له‌ شاخی سینا مووسا هەواڵەكەی پێگه‌شت دەربارەى سەرهەڵدانی موحەممەد (ﷺ) ( كتیبی پیرۆز، دوا وتاری مووسا 18: 18) وە زانی كە پێغەمبەرێكی مەزن لەدوای خۆی پەیدا دەبێت، هیوای خواست كە ئەو درەوشانەوە مەزنەی خوای گەورە ببینێت كە خوا پێیەوە دەردەكەوێت بۆ ئەو پێغەمبەرە، بۆیە خۆی پێنەگیراو فەرمووی: {رَبِّ أَرِنِي أَنْظُرْ إِلَيْكَ}؟ خوای گەورەش وەڵامی دایەوە: {لَنْ تَرَانِي}؛ چونكە هەر یەكێك ئەو درەوشانەوە خواییە دەبینێت كە شایستەیەتی.

ئەوەش كە پشتگیری ئەم بۆچوونەم دەكات ئەوەیە كە مووسا (علیە السلام) لەڕابردوودا و پێش ئەوەی ئەم پرسیارە بكات درەوشانەوەی خوایی بینی بوو، ئەوەتا خوای گەورە پێی دەفەرمووێت: {إِنِّي أَنَا رَبُّكَ فَاخْلَعْ نَعْلَيْكَ إِنَّكَ بِالْوَادِ الْمُقَدَّسِ طُوًى} (طه: 13) . بۆیە سەرەڕای ئەوەی كە پێشتر جیلوەى خوایی بینیوە ئیتر بۆچی جارێكی تر دەڵێت: {رَبِّ أَرِنِي أَنْظُرْ إِلَيْكَ}؟

ڕەنگە لێرەدا بوترێت: ئەو درەوشانەوەیەی كە پێشتر بینیویەتی ڕۆحانی بووە، بۆیە ئەمجارە ویستویەتی خوای گەورە ببینێت بەشێوە ئەسڵیەكەی خۆی. بەڵام ئەم وتەیە بە كاڵفام زانینی پێغەمبەری خوا مووسایە، پەنا ئەگرین بەخوا لەمە؛ چونكە داواكردنی بینینی خوای گەورە بەئاشكرا لە جەستەیەكدا بریتیە لەوپەڕی نەزانی و گەمژەیی، وە ناگونجێت ئەمە بدرێتەپاڵ مووسا (علیە السلام). بۆیە ساغبوویەوە ئەم داوایەی ئەو تەنها بۆ بینینی ڕۆحانی بووە نەك شتێكی تر. وە بەو پێیەی درەوشانەوەی خوایی پێشتر بۆ مووسا (علیە السلام) بەدەست هاتووە، بۆیە دەبێت داوای ئەم جارەی بۆ بینینی درەوشانەوەیەك بێت لە جۆرێكی تر، وە بەو پێیەی كە ئەو (علیە السلام) ئەمجارە داوای بینینی جیلوەی خوایی كردووە پاش ئەوەی ڕاستەوخۆ مژدەی سەرهەڵدانی موحەممەدی (ﷺ) پێ گەیشتووە، بۆیە لەمەوە ئەو مانایە هەڵده‌گۆزم كە ئەمجارە داوای بینیی ئەو درەوشانەوە خواییەی كردووە كە لەداهاتوودا بۆ موحەممەد (ﷺ) دەردەكەوێت. خوای گەورەیش وەڵامی دایەوە كە: {لَنْ تَرَانِي} واتە لەتواناتدا نیە كە بمبینی بەو شێوەیەی كە موحەممەد (ﷺ) پێیەوە دەم بینێت، چونكە بینینی ئەم جیلوەیە ئەوە دەخوازێت لە بینەرەكە پلەوپایەی موحەممەدی بەدەست هێنابێت كە تۆ بەدەستت نەهێناوە. وە لەڕاستیدا كاتێك خوا درەوشایەوە بۆ شاخەكە مووسا بێهۆش كەوت، وە بۆی دەركەوت كە ناتوانێت بەرگەی ئەم درەوشانەوە مەزنە بگرێت.

پێم وایە خوای گەورە ویستویەتی بەم كەشفە بڵندی پایەی پێغەمبەر (ﷺ) پیشانی مووسا (علیە السلام) بدات، وە لەم كەشفەدا خضر كەسێك نیە جگەلە خۆشەویستم موحەممەد (ﷺ) كە مووسا نەیتوانیوە لەگەڵیدا بڕوات. اللھم صل علی محمد و علی آل محمد و بارك وسلم إنك حمید مجید.

بەڵام فەرمایشتی خوای گەورە: {وَإِذْ قَالَ مُوسَى لِفَتَاهُ}، لە ڕیوایەتەكاندا هاتووە كە ئەو لاوە بریتی بووە لە یوشەعی كوڕی نون (الكشاف) .سەیر نیە كەمووسا لەكەشفەكەدا یوشەعی بینیبێت لەگەڵ خۆیدا، بەڵام من وای دەبینم كە ئەو لاوە لە ڕاستیدا عیسا (علیە السلام) بووە كە بڕیاری لێدرابوو لەسەردەمی كۆتایی ئوممەتی موسەویدا ڕەوانە بكرێت بۆ ڕێنمایی نه‌وه‌ی ئیسڕائیل، وەك ئەوەی ئەم گەشتەی مووسا نەدەگەیشتە كۆتاییەكەی مەگەر لەگەڵ عیسادا (علیهما السلام).

لەڕاستیدا ئەم ئایەتەش كە ئێمە ئێستا ڕاڤەی دەكەین پشتگیری ئەم بۆچوونەی من دەكات كە ئەم لاوە بریتیەلە عیسا (علیە السلام)؛ چونكە باسی ئەوەی نەكردووە كە مووسا كاتی دەرچوونی لەماڵ لاوەكەی بەردەستی خۆی لەگەڵ خۆیدا بردووە، بەڵكو تەنانەت ئاماژە ناكات بەسەرەتای ئەم گەشتەی. هەموو ئەوەی كەباسكراوە تێیدا ئەوەیە كە مووسا (علیە السلام) خۆی لە دۆخی سەفەردا بینیوە لەگەڵ لاوێكدا، ئەوسا بەلاوەكەی بەردەستی خۆی دەڵێت: بەردەوام دەڕۆم و كۆڵنادەم هەتا دەگەمە شوێنی بەیەكگەشتنی دوو دەریاكە یان ماوەیەكی زۆر دەڕۆم. وە ئەو وشەیەی كە بەكارهێنراوە بۆ خستنه‌ڕووی ماوەی گەشتەكەی بریتیە لە (حُقُب) كە كۆی (حَقْب)ە مانای هەشتا ساڵ یان زیاتر دەگەیەنێت. لەڕاستیدا ئەم وشه‌یه‌ لە زمانی عەرەبیدا لەباتی سەدەیە واتە سەد ساڵ، ڕەنگە بەكاریش بهێنرێت بەمانای ساڵ یان چەندەها ساڵ. ئەگەر بەماناكەی كۆتایی وەری بگرین ئەوا فەرمایشتەكەی: {أَوْ أَمْضِيَ حُقُبًا} واتای یان چەند ساڵێك یان دەیەها ساڵ دەڕۆم. وە ئاشكرایە كە جیابوونەوەی پێغەمبەرێك لە گه‌له‌كه‌ی بۆ چەندەها ساڵ لەگەڵ ژیریدا پێچەوانەیە، بەڵكو ئەم كارە دەبێتە هۆی گومان كردن لە پێویست بوونی خودی پێغەمبەرایەتیەكە. پێغەمبەری خوا (ﷺ) كاتێك بینی ناچارە كۆچ بكات بۆ مەدینە فەرمانی كرد بە هاوەڵەكانی كە كۆچ بكەن بۆ ئەوێ‌ پێش ئەوەی خۆی كۆچ بكات، هەروەك لە خودی مەدینەشدا كۆمەڵێك لەباوەڕدارانی دڵسۆز هەبوون كە چاوەڕێیان دەكردن .كەوابوو ئەگەر مەبەستی مووسا (علیە السلام) بە وتەی: {أَوْ أَمْضِيَ حُقُبًا} ئەوە بێت كە ئەو بۆ ماوەی چەندین ساڵ دەڕوات ئەوا ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە ئەم ڕووداوە كەشفێك بووە. بەڵام ئەگەر مەبەستی ئەوە بێت كە بەردەوام بۆ چەندەها سەدە لە ڕۆيشتندا دەبێت -كە ئەم مانایە لای من ڕاسترین مانایە- ئەوا ساغبووەتەوە بەشێوەیەك كە هیچ بوارێك نەماوەتەوە بۆ گومان كە خوای گەورە ئەم وشانەی خستوەتەسەر زمانی مووسا بۆئەوەی بەڵگەبێت لەسەرئەوەی كە گەشتە ڕۆحانیەكەی -واتە سەردەمی ئوممەتەكەی- بۆماوەی چەندەها سەدەی دوورو درێژ درێژە دەكێشێت.

وەلای من هێنانی ئەم ڕستەیە لەم شوێنەدا حیكمه‌تێكی تری تێدایە، ئەویش ئەوەیە كە بڕیاری لێدرابوو -لەو قوناغەی گەشتی مووسەویدا كە تێیدا لاوەكەی بەردەستی خۆی هاوڕێیەتی كردووە- تیرەیەك لە ئوممەتی مووسا بەهەڵە باوەڕیان بەكۆتایی هاتنی گەشتەكەی ئەو و سەرەتای گەشتی لاوەكەی بەردەستی، واتە عیسا، هەبێت؛ بەو مانایەی ئەم تیرەیە پێی وادەبێت كە سەردەمی شەریعەتی مووسایی كۆتایی هاتووە، وە عیسا بە ئایینێكی نوێوە هاتووە؛ لەبەرئەوە خوا (عَزَّ وَجَلَّ) لەڕێگەی ئەم ڕستەیەوە لەسەر زوبانی مووسا ئەم هەڵە حالیبوونەی لەبنچینەوە هەڵتەكاند و ڕوونی كردەوە كە گەشتەكەی مووسا بە بەیەك گەیشتنی لەگەڵ لاوەكەی خۆی كۆتایی نایەت بەڵكو لە شوێنی بەیەكگەشتنی دوو دەریاكەدا كۆتایی پێ‌ دێت، واتە كاتی ڕەوانەكردنی موحەممەد (ﷺ). وەك ئەوەی خوای گەورە لێرەدا بریار بدات كە عیسا بە ئایینێكی تازەوە نایەت، بەڵكو شوێنكەوتە و داكۆكی كار دەبێت لە ئایینی مووسا، وە گەشتەكەی ئەو كۆتایی پێ‌ ناهێنێت بەڵكو وەكو جێگرێكی ئەو ئەم گەشتە تەواو دەكات. ئەم بابەتەش عیسا خۆی (علیە السلام) جەختی لەسەر كردوەتەوە كاتێك دەفەرموێت: “وا گومان مەبەن كە من هاتووم بۆ هەڵوەشاندنەوەی شه‌ریعه‌ت و پێغەمبەران. نەهاتووم بۆ هەڵوەشاندنەوە بەڵكو بۆ تەواوكردن هاتووم” (مەتتا 15: 16).

لەم كەشفەوە دەردەكەوێت كە یان مووسا دەستی كردووە بەم گەشتەی بەوەی كە خۆی بینیوەتەوە وەك ئەوەی لەگەشتدا بێت لەگەڵ لاوەكەی خۆیدا، وە سەری سوڕماوە لەوەی كە نەگەشتوەتە ئامانجی داواكراوی خۆی، یاخود ئەم كەشفە كەشفێكی دوور و درێژ بووە، وە قورئانی پیرۆز بە پێویستی نەزانیوە كە سەرەتاكەی باس بكات كە كۆمەڵە ڕووداوێكی لەخۆی گرتووە پەیوەندی بەبابەتەكەوە نەبووە. چونكە هیچ كەسێك ناڵێت: {لَا أَبْرَحُ حَتَّى أَبْلُغَ مَجْمَعَ الْبَحْرَيْنِ أَوْ أَمْضِيَ حُقُبًا} واتە: “من لێبڕاوم سەفەر بكەم هەتا دەگەمە شوێنی بەیەك گەشتنی دوو دەریاكە یان ماوەیەكی زۆر بڕۆم” مەگەر ئەوكه‌سەی كە بۆماوەیەكی درێژ ڕێگەی ون كردبێت و توشی سەرسامی و شڵەژان بووبێت و بڵێت: ئەو ئامانجەی من بە شوێنیدا دەگەڕێم لە كوێدایە؟

وە بەڕای من ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەو لاوەی كە گەشتووە بە مووسا كەمێك پێش كۆتایی هاتنی سەفەرەكەی و بووە بە هاوڕێی لەم گەشتە ڕۆحانیەدا بریتیەلە عیسا (علیهما السلام).

ئەوەش بزانە كە واژەی: {مَجْمَعَ الْبَحْرَيْنِ} واتە: “شوێنی بەیەكگەشتنی دوو دەریاكە”ش جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەم ڕووداوە كەشفێك بووە؛ چونكە شوێنێك نیە كە بە شوێنی بەیەكگەشتنی دوو دەریاكە ناسراو بێت. سێ‌ شوێن هەیە كە نزیكترین شوێن بن لە و جێگایەی كە مووسا (علیە السلام) تێیدا نیشتەجێ‌ بوو دوای كۆچكردن تێیدا دوو دەریا بەیەك بگەن، كە بریتین له‌:

1- گەرووی (باب المندب) كە دەریای سوور و زەریای هيندی تێیدا بەیەك دەگەن.

2- گەرووی دەردەنیل كە دەریای ناوەڕاست و دەریای مەڕمەڕە تێدا بەیەك دەگەن.

3- گەرووی بەحرەین كە كەنداوی فارسی و زەریای هيندی تێیدا بەیەك دەگەن.

هەریەك لەم سێ شوێنە نزیكەی هەزار میلێك دوور بوون لە نیشتیمانی مووساوە (علیە السلام)، بەڕەچاوكردنی بارودۆخەكانی ئەو سەردەمە سەفەركردن بۆ ئەو شوێنانە نزیكەی ساڵێكی دەخایاند. وە هەروەك لەكەشفەكەوە دیاره‌ مووسا بەپێ‌ بەكەناری دەریادا سەفەری كردووە، ئەگەر سەفەرەكە بەسەفەرێكی ماددی دابنێین ئەوا ئەم شوێنەی بەیەكگەشتنی هەدوو دەریاكە تەنها گەروو دەردەنیل دەبێت؛ چونكە تاكە شوێنە لەنێوان ئەم سێ شوێنەدا كە مرۆڤ بتوانێت پێی بگات لە شوێنی نیشتەجێبوونی مووساوە (علیە السلام) بەڕێگەی كەناری دەریادا. بەڵام ئەم ڕێگەیە بە خاكی كەنعاندا گوزەر دەكات كە مووسا لە ژیانیدا هەرگیز نەیتوانیوە بچێتەناویەوە، هەروەك پەیمانی كۆن دانی پێداناوە (دواوتاری مووسا 34: 5). ئەمەش بەڵگەیەكی ترە لەسەر ئەوەی كە ئەم ڕووداوە كەشف بووە.

لە ڕاستیدا شوێنی بەیەك گەشتنی دوو دەریاكە ناوی شوێنیكی مادی دیاری كراو نیە، بەڵكو ناوێكە پێویستی بە لێكدانەوە هەیە، بەجۆرێك دەربارەی دەریا هاتووە: “دەریا لە خەوندا مانای پاشایەكی زۆر بەهێز و سامناك وشكۆمەند و دادپەروەر و بەسۆز دەگەیەنێت كە خەڵكی پێویستیان پێیەتی”. پاشان دەڵێت: “ڕەنگە دەریا مانای سوپاس و ستایش كردن بگەیەنێت.” (تعطیر الأنام: كلمە البحر).

وەك ئەوەی ئەم دەربڕینە قورئانیەی دوایی ئاماژە بێت بۆ فەرمایشتی خوای گەورە لە سەرەتای سورەتی الإسراء دا: {سُبْحَانَ الَّذِي أَسْرَى بِعَبْدِهِ}. كەواتە مەبەست لە شوێنی بەیەكگەشتنی دوو دەریاكە ئەو كاتەیە كە تێدا سەردەمی مووسا (علیە السلام) كۆتایی دێت و سەردەمی موحەممەد (ﷺ) دەست پێ‌ دەكات، واتە ئەو ساتەی كە تێدا گەورەمان موحەممەد پێغەمبەری خوا (ﷺ) یەكەم وەحی پێغەمبەرایەتی پێگەیشت بریتیە لە شوێنی بەیەكگەشتنی دوو دەریاكە، بەجۆرێك سنوری سەردەمی قەڵەمڕەوی مووسا (علیە السلام) كۆتایی هات كە دەسەڵاتدرێكی ڕۆحانی و دادگەر و بەسۆز بوو كە خەڵكی بێنیاز نەبوون لێی، وە سنوری سەردەمی قەڵەمڕەوی موحەممەد پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەستی پێ‌ كرد كە گەورەترینی دەریاكانە واتە پاشا ڕۆحانیەكان. وەك ئەوەی خوای گەورە بە پیشاندانی شوێنی بەیەكگەشتنی دوو دەریاكە بە مووسا (علیە السلام) ویستبێتی ئەو ڕۆژگارەی پێ بڵێت كە تێیدا سەردەمی ئوممەتەكەی كۆتایی پێ دێت بۆ ئەوەی لەوێوە دەریایەكی تر دەست پێ بكات واتە ڕۆژگاری پێغەمبەرێكی نوێ، وە دوای ئەمە ئیتر هیچ كەسێك هۆكارەكانی ژیانی ڕۆحانی بەدەست ناهێنێت مەگەر كەسێك كە لەم دەریا نوێیەدا ڕۆدەچێت.

ئەم خەونە ئاماژەش دەكات به‌وه‌ی كه‌ زنجیرەی مووسەوی ڕێخۆشكردنێك بوو بۆ دەركەوتنی زنجیرەی موحەممەدی، وە دەریای موسەوی لە كۆتاییدا دەگات بە دەریای موحەممەدی، وە بەڵگەش لەسەر ئەمە بریتیە لە هاتنی خودی جوبرەئیل (علیە السلام) بۆلای پێغەمبەری خوا (ﷺ) لە ئیسرادا، لەكاتێكدا دەبینین مووسا (علیە السلام) لە كەشفەكەیدا خۆی لەگەڵ لاوەكەی بەردەستیدا دەردەچێت بۆ شوێنی بەیەكگەشتنی دوو دەریاكە كە لەوێدا گەشتەكەی كۆتایی دێت. (الدر المنثور، ودلائل النبوە للبیهقی: باب الإسرا‌ء).