بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,
بابەتی زیاتر

تەفسيرى ئايەتى: {وَعَلَّمَ آَدَمَ الْأَسْمَاءَ كُلَّهَا.. (32)} هەتا ئايەتى: {…أُولَئِكَ أَصْحَابُ النَّارِ هُمْ فِيهَا خَالِدُونَ (40)} (البقرة)

خەلیفەی دووەمی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)

وَعَلَّمَ آَدَمَ الْأَسْمَاءَ كُلَّهَا ثُمَّ عَرَضَهُمْ عَلَى الْمَلَائِكَةِ فَقَالَ أَنْبِئُونِي بِأَسْمَاءِ هَؤُلَاءِ إِنْ كُنْتُمْ صَادِقِينَ (32).

شیكردنەوەی وشەكان:

آدم: باوكی مرۆڤ. وتراوە ناوێكی نا عەرەبیە، وتراوە ناوێكی وەرگیراوە (مشتق). بەڕای من وەرگیراوە لە: أدَمَ یأدَمُ بینھم أدْمًا: هۆگر و گونجاو بوو. آدَمَ الخبزَ: نانەكەى تێكەڵاوكرد به پێخۆرەكە. آدَمَ أهلَهُ: بوو بەپێشەنگیان. أدیم الأرض: ڕووكاری زەوی.

الأدمة واتە الوسیلة، هۆكار (الأقرب). ئادەم ناوی نراوە ئادەم چونكە خەڵكی لەسەر شارستانیەت كۆكردەوە، یان لەبەرئەوەى لە كۆمەڵێك ڕەگەز و هێزی زۆر و جۆراوجۆر پێكھاتووە، یان لەبەرئەوەی بوو بە پێشەنگی گەلەكەى؛ یان لەبەرئەوەی لەسەر ڕووی زەویدا ژیاوە؛ یان لەبەرئەوەی هۆكارێك بووە لەنێوان خوای گەورە و بەندەكانیدا.

الأسماء: ناو له‌فزێكه‌ دانراوە بۆ دەلالەت كردن لە كرۆك یان سیفەت بۆ جیاكردنەوەی؛ ناو نیشانەيە (الأقرب)؛ الاسم: خودی شتەكە یان ئەسڵەكەی پێدەناسرێتەوە، الاسم: ئاوەڵناو (الكلیات).

عرضهم: خستنەڕووی شتێك بۆی: پیشانیدا. عرض المتاع للبیع: كەلوپەلەكەی خستەڕوو بۆ فرۆشتن: ئەگەر پیشانی ئەوانەی دا كە دەيانەوێ بيكڕن. عرض الشيء علیه: شتەكەی پیشاندا. (الأقرب).

صادقین: ڕاستی لە قسەدا پێچەوانەی درۆیە. صدقه الحدیث: بەڕاستی هەواڵی پێدا (الأقرب). صدقني فلان: قسەی ڕاستی پێ گوتم “التاج”. وە لە بوخاری و موسلیمدا هاتووە كە جوبرەئیل پرسیارێكی كرد لە پێغەمبەر (ﷺ)، كاتێك وەڵامی دایەوە پێی گوت: صدقت واتە ڕاستت گوت، واتە پێكات.. ئەمەیە ئەو مانایەی كە مەبەستە لە ئایەتەكەدا.

تەفسیر: بێگومان ڕاڤەكاران لەو ناوانەدا ڕاجیاییان هەیە كە فێری ئادەم كراون. هەندێكیان دەڵێن ناوی شتەكانە وەك كوپ و مەنجەڵ.. واتە خوا فێری زمانی كردووه‌ (الدر المنثور). وە هەندێ ئه‌وه‌یان بۆ زیادكردووه‌ كە فێری هەموو زمانەكانی كردووه‌ (فتح البیان)، بەڵام ئەم مانایە بەتەواوەتی پێچەوانەی عەقڵ و نەقڵە. وە هەندێكی تر دەڵین ناوی مناڵەكانی خۆی فێركردووه‌ (الدر المنثور) بەڵام ئەگەر گەڕاینەوە بۆ قورئان خۆی ئەوا بە ئاسانی دەزانین حەقیقەتی ئەم ناوانە چیە.

گومانی تێدا نیە كاتێك مرۆڤ دەستی كردووە بە پێشكەوتن و شارستانیەت پێویستی بە زمان هەبووە، وە دەبێت خوای گەورە زمانێكی فێری ئادەم كردبێت، بەڵام قورئانی پیرۆز پێمان دەڵێت كە كۆمەڵێك ناوی تایبەتی هەن پێویستە لەسەر مرۆڤ فێریان بێت بۆ ئەوەی ئایین و ئەخلاقی تەواوبن، وە جگە لە خوا (جل وعلا) كەس ناتوانێت ئەو ناوانەی فێر بكات. قورئانی پیرۆز دەفەرموێت: ﴿وَلِلَّهِ الْأَسْمَاءُ الْحُسْنَى فَادْعُوهُ بِهَا وَذَرُوا الَّذِينَ يُلْحِدُونَ فِي أَسْمَائِهِ سَيُجْزَوْنَ مَا كَانُوا يَعْمَلُونَ﴾ (الأعراف: 181).

لەم ئایەتە پیرۆزەوە دوو شت ڕوون دەبێتەوە:

یەكەم: تاكە ئامراز بۆ ناسینی خوای گەورە و پەیوەندی كردن پێوەی ئەوەیە كە مرۆڤ ناوەكانی، واتە سیفەتەكانی، بەشێوەیەكی دروست بزانێت.

دووەم: زانینی ئەم ناوانە بەشێوەیەكی دروست تەنها لە ڕێگەی فێركردنی خوای گەورەوە ده‌بێت، وە هەوڵدان بۆ زانین و پەی بردن پێیان بەهۆی تێكۆشانی كەسی و تایبەتیەوە مرۆڤ دەخاتە هەڵەوە. وە لەبەرئەوەی ئادەم (عليه السلام) ڕەوانەكرا بۆ دامەزراندنی ئایین و پەرەپێدانی پەیوەندی مەخلوق بە خالقەوە (جل وعلا)، بۆیە پێویست بوو لەلایەن خواوه‌ سیفەتە خواییەكانی فێربكرێت، وە لەڕێگەی ناوەكانیانەوە بیناسێت.. بۆئەوەی ئوممەتەكەی خوای خۆیان بناسن و پەیوەندی پێوە بكەن. ئەگەر ئادەم ئەم ناوانەی فێرنەكرایە ترسی بێباوەڕی و لادان لە ئایین هەبوو لەسەر خۆی و ئوممەتەكەی.

وە لە ئایەتەكانی دواترەوە دەردەكەوێت كە ئەو ناوانەی خوای گەورە فێری ئادەمی كردن بەتەواوەتی زانراو نەبوون لای فریشتەكان. وە ئەو ناوانەی كه یه‌ك به‌یه‌ك هەموو فریشتەكان بەتەواوەتی نایانزانن تەنھا سیفەتەكانی خوایە؛ چونكە فریشتەكان وەك قورئانی پیرۆز وەسفیان دەكات: ﴿وَيَفْعَلُونَ مَا يُؤْمَرُونَ﴾ (النحل: 51).. تەنھا ئەو شتە دەزانن كە فەرمانیان پێكراوە بیكەن، بەڵام جگە لەوە لە كوێوە بیزانن؟

بەڵێ، تەنھا مرۆڤ بەشێوەیەكی تەواوەتی سیفەتە خواییەكان دەزانێت، فریشتەكان ئەم زانستە تەواوەیان نیە. ئەوان بەتەنھا ئەو سیفەتانە دەزانن كە پەیوەندیان هەیە بە بازنەی ئیشكردنیانەوە، وە هەریەكەیان ئیشێكی سنورداری هەیە لانادات لێی، سیفەتێك یان هەندێ سیفەت دەزانێت. بەڵام مرۆڤ، وەك قورئانی پیرۆز دووپاتی دەكاتەوە، هەموو ناوەكان دەزانێت، مرۆڤ پڕچەك كراوە بە كۆمەڵێك هێز كە كردوویانە بە شایستەی ئەوەی خۆی بەو سیفەتانە بڕازێنێتەوە. ئەو بەكەڵكی ئەوە دێت خۆی بە سیفەتە خواییەكان بڕازێنێتەوە، وه‌ ببێت بە ڕەحیم و غەفار و قهار و جبار و شكور.. بەڵام فریشتەكان بەكەڵكی ئەوە نایەن كە هەموو ئەم سیفەتانە لە یەكێكیاندا كۆ ببێتەوە.

هەندێ لە ڕاڤەكاران پێیان وایه‌ ئەم ئایەتە ئاماژە دەكات بەمانای فێربوونی زمان. پێموایه‌ ئەم ئایەتە ئەو مانایەش دەبەخشێت؛ چونكە زمان زۆر پێویستە بۆ دامەزراندنی كۆمەڵگەیەكی شارستانی. وا دەردەكەوێت خوای گەورە بنەماكانی زمانی فێری ئادەم كردبێت كە زمانەكانی لەسەر دامەزراوە.

وە سەرنجدان لە مانای ئایەتەكە دەریدەخات كە ئەو زمانە زمانی عەرەبیە، ئەوەتا ئایەتەكە بەڕاشكاوی ڕایدەگەیەنێت كە ئادەم (عليه السلام) ناوەكانی لەڕێگەی ناولێنراوەكانیانەوە زانیوە، بەو مانایەی بناغەی ئەو زمانەی كە فێركراوە بنیاد نراوە لەسەر پەیوەندی نێوان ناوەكان و ناولێنراوەكان، واتە هەر شتێك بەگوێرەی تایبەتمەندیەكانی خۆی ناوەكەی لێ نراوە، بۆیە ناوەكان بەبێ هۆكارێك گرێیان بدات بە ناولێنراوەكانیانەوە ناو نەنراون. ئەم خاسیەتە تەنھا تایبەتە بەزمانی عەرەبیەوە و زمانەكانی تری لێ بێبەشه.. چونكە ناوی شتەكان لەم زمانەدا ناسینەوەی شتەكان دەگەیەنێت، بەڵام لە زمانەكانی تردا ئەگەر ناوی ناولێنراوەكانمان گۆڕی هیچ كەلێن و ناتەواوییەكی ئەوتۆ ڕوونادات. بۆ نموونە لە زمانی ئوردیدا ئەو خواردنەی لە دانەوێڵە دروست دەكرێت پێی دەوترێت”روتي”، وە لەزمانی ئینگلیزیدا پێی دەوترێت”بێرد” وە لەفارسیدا پێی دەوترێت” نان”.. ئەگەر ئەم ناوانەمان گۆڕی بە كۆمەڵێك ناوی تر لەم زمانانەدا هیچ كاریگەریەكی وه‌های نابێت كە شایانی باس بێت. بەڵام لە زمانی عەرەبیدا ناوی ئەم خواردنە بریتیە لە “خبز” كە ناوێكە خاوەنی مانایەكە.. چونكە ماددەی “خ ب ز” مانای دروستكردن و هەڵكفان دەگەیەنێت. بۆ نموونە بزخ: سنگی هەڵكفا و بەرزبوویەوە، خزب: قەڵەوبوو بەبێ بوونی نەخۆشی یان ناتەواوی، خبز: دروستكردنی شتێكی بەپیاكێشانی دەستەكان بەخێرایی. كەواتە خبز شتێكە دەستەكان بەخێرایی دروستی دەكەن، وە شتێكی هەڵئاوساویشە. وە ئەم وشەیە وێنەگرتنی ڕاستەقینەی ئەو خۆراكەیە. ئێستا، ئەگەر وشەی “خبز”مان گۆڕی بە وشەیەكی تر ئەوا ئەو مانایە نابەخشێت.

بۆ نموونە وشەی “رب” ماناكەی لە زمانی عەرەبیدا ئەوەیە كە شت پەروەردەدەكات و گەشەی پێدەدات لە دۆخێكی نزمەوە بۆ دۆخێكی بەرزتر. ئەگەر وشەیەكی تر لە جێگەكەیدا دابنرێت ئه‌م مانایه‌ نادات به‌ده‌سته‌وه‌.

پاشان وشەی “سماء” پێكهاتووە لە “س م و” مانای بەرزایی و بڵندایی دەگەیەنێت، بەڵام وشەی “ئاسمان”ی فارسی یان “سكای” ئینگلیزی ئەم چەمكە نادات بەدەستەوە.

مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ نیه‌ كە گەورەمان ئادەم (عليه السلام) فێری زمانی عەرەبی بووە بەم شێوەیەی ئێستای، یان ئەم زمانە دوای ئادەم (عليه السلام) گەشە و پێشكەوتنی بەخۆیەوە نەبینیوە.. بەڵكو مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ كە لەوەودوا بنەماكانی ئەو زمانە گەشەیانكردووە و فراوان بوون و زمانی عەرەبییان لەسەر دامەزراوە.

كەواتە مەبەست لە فێركردنی زمان ئەوەیە كە خوای گەورە زمانێكی فێری ئادەم كردووە كە لەسەر حیكمەت بنیاد نراوە؛ چونكە زمانێكی لەبار و ڕێكوپێكە لە گرێدانی فۆڕمه‌كه‌ و ماناكە بەیەكەوە، واتە هەر وشەیەك تێیدا خاوەنی مانایەكە گوزارشتی لێ دەكات.. یان بە دەربڕینێكی تر، خوای زانا و ئاگادار ئادەمی بەجوانی فێری زمانی عەرەبی كردووە كە لەوەودوا بووبە سه‌رچاوه‌ بۆ هەموو زمانەكان. (بگەرێوە بۆ كتێبی “منن الرحمن”ی دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی، كە تێیدا بە شێوازێكی جوان ڕوونی كردووەتەوە كە زمانی عەرەبی سه‌رچاوه‌ی هەموو زمانەكانە).

وە دەكرێت مەبەست لە فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿وَعَلَّمَ آدَمَ الْأَسْمَاءَ﴾ بریتیی بێت لە فێركردنی فیتری و سروشتی نەك ئەو فێربوونەی كە لەڕێگەی ئامرازە دەرەكیەكانەوە بەرهەم دێت، دیارە فیترەتی ئادەمیزاد توانای فێربوونی پێ دراوە. وە “ناوەكان، الأسماء” لەڕووی ئەم مانایەوە بریتیە لە تایبەتمەندی شتەكان. بۆیە دەبینین مرۆڤ هەر لەسەردەمی ئادەمەوە هەتا ئەمڕۆ، بەردەوام خەریكی داھێنان و دۆزینەوەیە لە لایەنە جیاوازەكانی گەردووندا، وە بەهۆی ئەمەوە زانستەكەی هەموو ڕۆژێك گەشەدەكات و پێش دەكەوێت. وە ناوەكان شتێك نین جگەلەو تایبەتمەندی و سیفەتەسروشتی و كەڵك و سوودانەی كە دایدەھێنێت بۆ شتەكان.

فەرمایشتی ﴿كُلَّهَا﴾ مەبەست پێی سەرجەم ئەو سیفەتەكانە نیە كە لەهەموو سەردەمەكاندا دەردەكەون، بەڵكو ئەو سیفەتانەیە كە پەیوەندییان بە سەردەمی ئادەمەوە هەیە. وە دەكرێت هەموو سیفەتەكان بگرێتەوە، لەم حاڵەتەدا مانای ئایەتەكە ئەوە دەبێت كە خوای گەورە توانا و لێهاتوویەكی خستووتە ناو سروشتی ئادەم و نەوەكانیەوە بۆ پەیبردن بە هەموو سیفەتەكان؛ واتە فێركردنی ناوەكان بۆ ئادەم فێركردنێكی هێزەكی و گشتی بووە، واتە پێدانی توانای پەیبردن بە شێوەیەكی گشتی نەك بە كردەیی و بە تێروتەسەلی.. ئەگەرچی فێركردن بەشێوەی كردەیی و تێروتەسەلی گەیشتە چڵەپۆپە بەهۆی بەدیھێنانی گەورە و سەروەرمان موحەممەدەوە (ﷺ).

 هەروەها مەبەست لە فێركردنی ناوەكانی زمانەكە فێركردنی هەموو ناوەكان و پێكهاته‌كانی ئەو زمانە نیە، بەڵكو مەبەست فێركردنی بنەماكانی ئەو زمانەیە كە دواتر گەشەی كرد بەشێوەی زمانی عەرەبی كامڵبوو.

لە فەرمایشتی خوای گەورەدا: ﴿ثُمَّ عَرَضَهُمْ عَلَى الْمَلَائِكَةِ﴾ ڕاناوی نادیاری “هم” ناگەڕێتەوە بۆ وشەی” الأسماء” چونكە ڕاناوەكە بۆ “جمع المذكر العاقل”ە.. وە وشەی “الأسماء” مؤنث ە و بەوشەی ﴿كُلَّهَا﴾ جەختی لێ كراوەتەوە؛ لەمەوە دەردەكەوێت كە ڕاناوەكە دەگەڕێتەوە بۆ ناولێنراوەكان بەم ناوانە نەك خودی ناوەكان. وە مه‌رج نیه‌ لە فەرمایشتی ﴿عَرَضَهُمْ﴾ەوە كه‌ خستنەپێشچاوەكە بەشێوەی ماددی بووبێت، بۆیە دەكرێت بەشێوەی دەرخستنی دیمەنی داهاتووی ناوەكان بێت، بەتایبەتی ئەگەر ڕاناوی “هُمْ” بگەڕێتەوە بۆ نەوەكانی ئادەم لە داھاتوودا.

 هەروەها دەكرێت ئەوانەی خراونتەپێش چاوی فریشتەكان ئەو كەسانە بن كە خوا بەخشیویەتی بەئادەم وەك هاوكار و یارمەتیدەر پاش ئەوەی ناوەكان فێربوو، وە ئەركی خیلافەتی گرتە ئەستۆ، ئەو كه‌سانەی كە كۆمەڵێك دیمەن بوون بۆ سیفەتە جۆراوجۆرەكانی خوا. ماناكە وەهای لێدێت: خوای گەورە ئەوانی خستەپێش چاوی فریشتەكان پاش ئەوەی پەروەردە و فێركردنی ئادەم بەرهەمی دا لەناویاندا، وە بوون بە كۆمەڵێك دیمەن بۆ سیفەتە خواییەكان، وە پرسیاری كرد لە فریشتەكان: هەواڵم پێبدەن سەبارەت بە سیفەتی ئەوانە ئەگەر بۆچوونی پێشووتان دەربارەی مرۆڤ بۆچوونیكی دروستبووە. بێگومان ئەمانە ڕۆڵەی چاكە و ئاشتین، ناكرێت خراپەكاری یان خوێنڕێژی لێیانەوە دەربكەوێت. بەڵام دوژمنانی ئادەم و ئەو كەسانەی حەسوودییان پێ برد پێچەوانەی ئەو كەسە بەئەمەكانه‌ بوون، وە ئادەم بەرپرس نیە لێیان.

 لەڕاستیدا ڕەوانەكردنی هەموو پێغەمبەرێك خوێنڕشتن و پەرپابوونی ئاژاوە و ئاشوبی لەگەڵدایە، بەڵام ئەمە لە كردەوەی پێغەمبەران و شوێنكەوتووانیانەوە دروست نابێت، وە حەزیان لێی نیە و پێی ڕازی نین، بەڵكو بەپێچەوانەی ویست و داخوازی ئەوانەوە و بەهۆی شەڕانگێزی دوژمنەكانیانەوه ڕوو دەدات. بۆیە ئەو خراپەكاریەی كە دەردەكەوێت له‌ كرده‌وه‌ی پێغەمبەران نیە، بەڵكو شوێنی دەرچوونەكەی لە دڵی خراپەكارەكاندایە و شاردراوەتەوە لە ناخیاندا، وە ئەوان دەبن بە هۆكارێكی بەهێز بۆ دەركردنی پیسیەناوەكیەكان بۆئەوەی ڕیشەكێش بكرێن لە ناو دەروونی كەسە شەڕانگێزەكاندا.

 لە ماناكانی ئایەتەكەوە دەردەكەوێت كە خوای گەورە پێغەمبەران شارەزا دەكات لە كەمێك لە بەهرەكانی شوێنكەوتوانیان و ئەو پێغەمبەرانەی دوای ئەوان ڕەوانە دەكرێن. بۆیە بە جوانی دەبینین سوننەتی خوا لەگەڵ ئەو پێغەمبەرانەی دوای ئادەم ڕەوانەكران وەهابوو كە بەردەوام پێشبینی پێغەمبەر یان پێغەمبەرانێكیان كردووە كە لەدوای خۆیان دێن، بەڵام گەورە و سەروەرمان موحەممەد (ﷺ) كە هەموو سیفەتە كامڵەكانی تێدا كۆبووتەوە هەموو پێغەمبەرێك هەواڵی داوە بە ڕەوانەكردنەكەی. هەروەها بە سەیركردنی ژیانی پێغەمبەران دەبینین ئەوان بەشێوەیەكی گشتی بارودۆخی شوێنكەوتە تایبەتیەكانی خۆیان بۆ ئاشكرا بووە، لەبەرئەوە دەبینین هیچ پێغەمبەرێك هەڵەی نەكردووە لە هەڵبژاردنی هاوەڵ و هاوكارەكانی، واتە هەرگیز زۆرینەی زۆریان كۆنەبوونەتەوە لەسەر هەڵه. خۆزگە برایانی شیعەمان تێدەگەشتن لەم ڕاستیە و دەستیان هەڵدەگرت لە دژایەتیكردنی خەلیفە ڕاشیدیەكان.

 هەندێ كەس پێیان وایە فێركردنی مناڵەكان لە قوتابخانە و باخچەی ساوایاندا كه‌ شێوازێكی فێركردنی تایبەتی پەیڕەو دەكرێت به‌جۆرێك لەڕێگەی لەبەركردنی ئەوەی لە كتێبەكاندایە مناڵان فێرناكەن، بەڵكو ناوی شتەكانیان فێردەكەن بەوەی شتەكان دەخەنە پێشچاویان، ئەمەش یارمەتییان دەدات بۆ لەبەركردنی ناوەكانیان بێ ئەوەی فشار بخرێتەسەر بیر و زەینیان.. دەڵێم هەندێ كەس وای دادەنێن كە ئه‌م شێوازە یەكێكە لە شتە تازە داھێنراوەكانی ئەوروپا، بەڵام قورئانی پیرۆز لەم ئایەتە كورتەدا زۆر بەجوانی ئەم شێوازە فێركردنەی خستووەتەڕوو. دیارە خوای گەورە ئادەمی وەها فێرنەكرد كە ناوەكان لەبەربكات بەبێ بینینی ناولێنراوەكان، بەڵكو لەڕێگەی خستنەڕووی ناولێنراوە هەسپێكراوە بینراوەكان و دەستنیشانكردنی تایبەتمەندیەكانیان بەشێوەیەكی كردەیی ناوەكانی فێركرد.

 پاشان كاتێك نۆرەی فێركردنی فریشتەكان هات تەنھا بەوشەكان وەڵامی نەدانەوە، بەڵكو هەمان شێوازی پەیڕەوكرد و ﴿عَرَضَهُمْ عَلَى الْمَلَائِكَةِ﴾ واتە شتەكانی خستەپێش چاویان بەشێوە ئەسڵیەكانیان، یان لەشێوەی كەشفدا شته‌كانی خسته‌ پێش چاویان.. چونكە شێوازی فێركردنی كاریگەر ئەوەیە كە خودی شتەكان یان نمونەكانیان بخرێتەپێش چاو لەگەڵ ناو و تایبەتمەندی و ئیشەكانیاندا. كەواتە یەكەم وانە لەسەر بەرنامەی باخچەی ساوایان بەشێوەیەكی تایبەت لە ئەوروپا یان ئەڵمانیا نەوترایه.. بەڵكو لە بەهەشتدا.. یان لە باخچەكەی ئادەمدا وترایەوە، بەمەش بوو بە یەكەم باخچە بۆ فێركردنی مناڵان. بەجۆرێك خوای گەورە لەڕێگەی وەحی خۆیەوە ئادەمی فێركرد پاشان فریشەكانیش.

 وە یەكێك لە نموونە نوێكانی فێركردنی خوایی ئەوەبوو كە ڕوویدا لەگەڵ دامەزرێنەری بزوتنەوەی ئیسلامی ئەحمەدی لەم سەردەمەدا، بەڕێزی لە هیچ قوتابخانەیەكدا نەیخوێند، لەگەڵ ئەوەدا كاتێك دەستیكرد بە دانانی كتێب بەزمانی عەرەبی بەپەیڕەكردنی فەرمانی خوای گەورە.. خوای گەورە لە یەك شەودا چل هەزار ماددەی فێركرد لە زمانی عەرەبی، دوای ئەوە هه‌ستا به‌ ته‌حدداكردنی زاناكان لە هەموو جیھاندا كە هاوشێوەی ئەم كتێبانە بھێنن لە ڕەوانبێژی و مانا هەرەوردەكانی ناویاندا.. یەكە یەكە یان بە كۆمەڵ تەحەددای هەموویانی كرد، بەڵام هەتا ئەمڕۆ كەسێك نەبوو هاوشێوەكەیان بھێنێت، سەرەڕای ئەوەی لەو كاتەدا بە شێوەیەكی فراوان بڵاویكردنەوە لە وڵاتە عەرەبیەكاندا. وە ئەم جۆرە موعجیزەیە شتێك نیە جگەله بەرهەمی ئیعجازی قورئانی پیرۆز و سەلمێنەری ڕاستیەكەی.

قَالُوا سُبْحَانَكَ لَا عِلْمَ لَنَا إِلَّا مَا عَلَّمْتَنَا إِنَّكَ أَنْتَ الْعَلِيمُ الْحَكِيمُ (33)

شیكردنەوەی وشەكان:

 سبحانك: “په‌روه‌دگارا بەپاك ڕاتدەگرین لەهەموو شتێكی نەشیاو.” بگەڕێوە بۆ شیكردنەوە پێشوو لە ئایەتی ژمارە 31).

 الحكیم: زانا، خاوەنی دانایی؛ شارەزا لە كاروباردا. الحكمة: دادپەروەری؛ زانین، هێمنی؛ ئەوەی ڕێگری دەكات لە نەزانین؛ هەر قسەیەك تەبا و گونجاو بێت لەگەڵ ڕاستیدا؛ وە وتراوە: دانانی شت لە جێگای خۆیدا؛ ڕاستی و دروستی كار (الأقرب).

حكم: ڕێگری كردن لەپێناوی چاكسازیدا، لەمەوە بە لەغاو دەوترێت حكمة، شاعیر دەڵێت: “أبَني حنیفة أحكِموا سفھاءكم” واتە ڕێگری كاری گەوجانەیان لێ بكەن (المفردات).

تەفسیر: لە دەقی قسەی فریشتەكانەوە دەردەكەوێت كە پرسیارەكەیان بۆ ڕەخنەگرتن نەبووە لە خوا (سبحانه وتعالی)، وە ناڕەزاییان دەرنەبڕیوە لەبەرئەوەی خۆیان بەشایستە زانیبێت بۆ خیلافەت، بەڵكو پرسیاریان كردووە كە چ پێویستیەك هۆكارە بۆ دامەزراندنی ئەم سیستەمە نوێیە.. لەگەڵ ئەوەی مەترسی خوێنڕشتن و بڵاوبوونەوەی كاولكاری تێدایە. پرسارەكەیان دەربارەی ڕاستی بووە، ئو وه‌ڵامه‌ی كه‌ ده‌كرێت بدرێته‌وه‌ یان بە نەرێكردنی تەواوەتی لە ئه‌گه‌ری خوێنڕشت و خراپەكاریە دوای خیلافەت، یان بە دانپێدانانی ئەو ئه‌گه‌ره‌یه‌ لەگەڵ جەختكردنەوە لە بایەخ و گرنگی ئەم سیستەمە بۆ مرۆڤایەتی، وە ڕوونكردنەوە ئەوەی كە سوود و قازانجی ئەم سیستەمە زیاترە لە زیانەكەی.

 ڕووی دووەمی وەڵامەكە كە ڕاسترە بۆ سیستەمی خیلافەتی مرۆیی، ئەوەی كە وڵامی پێ دراوەتەوە: بێگومان ئەگەری ڕوودانی كەمێك لە خوێنڕشتن و خراپەكاری نەڕێ نەكردووە لە سیستەمەكە، لەبەرئەوە دەكرێت ئەمە لەسەر دەستی هەندێ تاوانكار و خوێنڕێژدا ڕووبدات، بەڵام بەڕاشكاوی ڕایگەیاندووە كە سیستەمەكە كۆمەڵێك كەسایەتی مەزنی لێوە بەرهەم دێت كە خۆیان ڕازاندووەتەوە بە زۆرێك لە سیفەتەكانی خوا (عز وجل)، لەبەرئەوە دەبێت ئەم جۆرە كەسایەتیانە دروست بكرێن كە دەتوانن سیفەتەكانی خوا دەربخەن لەسەر زەویدا، سەرەڕای بوونی كۆمەڵێك كەسایەتی ناتەواویش، بۆیە زۆر بەسوودە بۆ سیستەمی جیھان.

دەكرا ئەم ڕووەی وەڵامەكە دوو بەش بێت:

یەكەم: پشتگیری بكرێت بە بەڵگە عەقڵیەكان.

دووەم: پشتیوانی بكرێت بەبەڵگەی زانستی، بەهره و لێهاتوویەكانی خەلیفەی یەكەم دەركەوێت بەشێوەیەكی واقیعی، وە ئاشكرابێت بۆ فریشتەكان كە كەسانێكی كامڵ لەناو شوێنكەوتوانی ئادەمدا بوونیان هەیە. كاریگەری ئەم جۆرە وەڵامە بەهێزتر دەبێت و زیاتر مایەی قەناعەت پێكردنە. ئەمەیە خوای گەورە هەڵیبژاردووە چونكە ئادەمی فێری سیفەتەكانی خۆی كرد، وە لەڕێگەی خۆڕازاندنەوەی پێیان سەلماندی كە ناكرێت سیفەتە خواییەكان بەتەواوەتی دەربخات مەگەر كەسێك سەرپشك بكرێت لەنێوان چاكە و خراپەدا، ئینجا خۆشەویستی خوایی زاڵ بێت بەسەریدا و بەپەلە بڕوات بەرەو گەشەپێدانی هێزەكانی چاكە لە نەفسی خۆیدا بۆئەوەی نزیك بێتەوە لە خوای گەورە.

 لە قسەی فریشتەكانەوە دەردەكەوێت ئەوان بەتەواوەتی دڵیان ئۆقرەی گرت بە وەڵامەكەی خوا، وە دانیان بەوەدا نا كە زانینەكەیان ناتەواو و سنوردارە لەچاو زانینی مرۆڤ كە لەلایەن خوای گەورەوە پێی خەڵات كراوە، وە ئەوان دانیان بەوەدا نا كە خوای گەورە تەنھا خۆی ئەو كەسە زانا و حه‌كیمه‌یه‌ كە هیچ كردەوەیەك لە كردەوەكانی خاڵی نیە لە حیكمەتی تەواوەتی.

هەروەها لە تەفسیرەكەی پێشووی ئەم ئایەتەوە دەردەكەوێت كە وڵامی تێروتەسەل بۆئەوەی كە بەسەر ئادەمدا هات تەنھا ئامانج لێی دەستنیشانكردنی مەبەستی دروستكردنی گەردوون و دیاركردنی حیكمەتەكەیەتی، وە ئامانج لێی ڕوونكردنەوەی ئەوەیە كە هۆكاری دابەزینی وەحی ئاسمانی لەهەموو سەردەمێكدا تەنھا بۆ هاتنەدی ئەم ئامانج و مەبەستەیە. واتە ئەوانەی ڕەخنە دەگرن لە ڕەوانەكردنی پێغەمبەران ڕەخنەدەگرن لە ویستی خوای گەورە بۆ هێنانەدی ئامانجی دروستكردنی مرۆڤ.. بۆیە ئەم ڕەخنەیە خۆی خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە، وە ڕێگری ناكات لە دابەزینی وەحی.

قسەی فریشتەكان: ﴿لَا عِلْمَ لَنَا إِلَّا مَا عَلَّمْتَنَا﴾ مەبەستی ئەو شتە بەڵگەنەویستە نیە كە زانینەكەیان لەوەدا كورت بووتەوە كە خوا فێری كردوون، بەڵكو بۆ خستنەڕووی ئەوەیە كە زانینەكەیان زیاد ناكات وەكو زیادبوونی زانینی مرۆڤ كە خوای گەورە توانای به‌خشیوه‌ به‌ مرۆڤ كه‌ زانسته‌كه‌ی زیاد بكات، وە ئەوەی خوا پێی داون لە هێز و تواناكان بەهۆیەوە ناتوانن وەكو مرۆڤ پەی ببەن بە زانستە جۆاروجۆرە گشتگیرەكانی، واتە ئەوان دڵنیابوون لەوەی كە مرۆڤ دروستكراوە لە پێناوی حیكمەتێكدا، وە ئەو ئەركێكی خراوەتە ئەستۆ كە ئەوان ناتوانن جێبەجێی بكەن، وە دروستكردنی مرۆڤ یەكێكە لە كارە پڕ لەدانستەكانی خوا (عز وجل)، ئەگەرچی هەندێكیان هۆكارن بۆ خوێنڕشتن و ئاژاوەنانەوە.

قَالَ يَا آَدَمُ أَنْبِئْهُمْ بِأَسْمَائِهِمْ فَلَمَّا أَنْبَأَهُمْ بِأَسْمَائِهِمْ قَالَ أَلَمْ أَقُلْ لَكُمْ إِنِّي أَعْلَمُ غَيْبَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَأَعْلَمُ مَا تُبْدُونَ وَمَا كُنْتُمْ تَكْتُمُونَ (34)

شیكردنەوەی وشەكان:

تبدون: بدا الأمر: دەركەوت، أبدى الأمر: دەریخست (الأقرب).

تكتمون: كَتَمَ الشيءَ أو الحَدیثَ: شته‌كه‌ یان قسه‌كه‌ی شاردەوە، كتم الفرسُ الرَّبوَ واتە ئەسپەكە كونە لووتی تەنگ بوویەوە لە هەناسەدانی (الأقرب). حاڵەتی نەتوانینی ئەسپ لە دەركردنی هەناسەكەی پێی دەوترێت كتم. ئیبن عەباس دەربارەی فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَلَا يَكْتُمُونَ اللَّهَ حَدِيثًا﴾ ده‌فه‌رموێت موشریكەكان كاتێك دەبینن خەڵكی له‌ ڕۆژی قیامەتدا ناچنە بەهەشت مەگەر كەسێك كه‌ موشریك نەبووبێت دەڵێن ﴿وَاللَّهِ رَبِّنَا مَا كُنَّا مُشْرِكِينَ﴾ ئینجا پەلەكانیان شایەتییان لەسەر دەدەن، ئیتر لەو كاتەدا پێیان خۆشدەبێت ئەگەر قسەیەكیان لەخوا نەشاردبێتەوە (المفردات).

تەفسیر: لەگەڵ ئەوەی فریشتەكان بەگشتی تێگەشتن له مەبەستی دروستكردنی ئادەم (عليه السلام).. بەڵام بۆ كامڵ كردنی به‌ڵگه‌كه‌ خوای گەورە فەرمانی كرد بە ئادەم سیفەتەكامڵە تایبەتەكانی ئوممەتەكەی یان وەچەكەی بخاتەڕوو بۆئەوەی ڕاستیەكە بەكردەیی ڕوونبێتەوە پاش ئەوەی بەتیۆری ڕۆشن بوویەوە.

مەبەست لەم ئایەتە ئەوە نیە كە گفتوگۆیەك ڕوویدابێت لە نێوان خوای گەورە و فریشتەكان و ئادەمدا، بەڵكو ئەمە گوزارشت كردنە لە هەندێ ڕاستی بە زوبانی حاڵ بەگوێرەی شێوازە باوەكانی ئاخاوتنی زمانی عەرەبی، بۆ نموونە دەڵێن: چاوەكان پێیان وت بیستمان گوێڕایەڵین، یان دەڵێن: حەوزەكە پڕ بوو ئینجا گوتی بەسمە.. بۆیە پێویست ناكات ئەم گفتوگۆیە بەشێوەیەكی كردەیی ڕوویدابێت لە نێوان خوا و ئادەمدا، بەڵكو دەكرێت ئادەم بەفەرمانی خوا دەستیكردبێت بە خستنەڕووی سیفەتە خواییەكان كە بریاردرابوو لەڕێگەی وەچەكەیەوە دەربكەون، بەم شێوەیە ئاشكرابوو بۆ فریشتەكان كه‌ مەودای ئەو بڵندبوونەوە ڕۆحیە چەندە كە دەكرێت مرۆڤ بەدەستی بھێنێت.

 هەروەها مەبەست لە فێركردنی ئادەم ئەوە نیە كە خوا لەبەردەم خۆیدا داینیشاندبێت و فێری كردبێت، بەڵكو ماناكەی ئەوەیە كە خوای گەورە زانینی سیفەتە خواییەكان و زمان و تایبەتمەندی شتەكانی پێداوە یان لەڕیگەی وەحی شاراوەوە یان لەرێگەی وەحی ئاشكراوە یاخود بەهەردووشێوازەكە.. فەرمایشتی ﴿فَلَمَّا أَنْبَأَهُمْ بِأَسْمَائِهِمْ﴾ واتە ئادەم (عليه السلام) كاتێك دەستی كرد بە ده‌رخستنی ئەو سیفەتە خواییانە كە لەداھاتوودا لە ئوممەتەكەیدا بەگشتی دەردەكەوت و لە كەسە كامڵەكانیدا بەتایبەتی، فریشتەكان زانییان كە هیچ كەسێك ناتوانێت خۆی بڕازێنێتەوە بەم سیفەتە خواییانە وەك چۆن مرۆڤ توانای ئەوەی هەیە.

كە حاڵەكە بەم شێوە بێت.. بێگومان دەركەوت بۆ هەمووان كە خوای گەورەی زانا و ئاگادار، خۆی باشتر دەزانێت پێویستی و داخوازیەكانی زەوی چیە بۆ دابەزینی فەزڵ و چاكەی خوایی، وە باشتر دەزانێت سیفەتەكانی خۆی (عز وجل) داخوازی چی دەكەن. ئەو زانایە بەو هێزانەی كە خستویەتیە ناو فریشتەكانەوە: ئاشكرا ئه‌وه‌یه‌ دەریدەخەن، وه‌ شاراوە ئه‌وه‌یه‌ بۆیانناكرێت دەریبخەن. هەڵەیە یەكێك وابیربكاتەوە كە فریشتەكان هەوڵیان داوە شتێك لەخوای گەورە بشارنەوە، بەڵكو مەبەست لە شاردنەوە لێرەدا بریتیە لە: ناتوانایی و كەمتەرخەمی سروشتی؛ چونكە ئەوان ئەو ویست و ئازادییەیان نیە كە مرۆڤ هەیەتی.. بەڵام ئەو سیفەتانە دەردەخەن كە پێیان دراوە، ئەو سیفەتانە دەرناخەن كە لەتوانایاندا نیە.

وَإِذْ قُلْنَا لِلْمَلَائِكَةِ اسْجُدُوا لِآَدَمَ فَسَجَدُوا إِلَّا إِبْلِيسَ أَبَى وَاسْتَكْبَرَ وَكَانَ مِنَ الْكَافِرِينَ (35)

شیكردنەوەی وشەكان:

اسجدوا: سجد: ملكەچ و زەلیل بوو؛ خۆی چەماندەوە. سجدَ البعیرُ: وشترەكە سەری نەوی كرد. وە سجدت السفینة للریاح: واتە كەشتیەكە گوێڕایەڵی بای كرد و بەئارەزووی ئەو جووڵایەوە. دەوترێت: فلان ساجد المنخر: فڵانە كەس زەلیلە؛ ملكەچە. السجود: خۆزەلیلكردن (الأقرب). فەرمایشتی خوای گەورە ﴿اسْجُدُوا لِآدَمَ﴾: وترا: فەرمانیان پێكرا كە ملكەچی بن و بەرژەوەندی خۆی و بەرژەوەندی مناڵەكانی جێبەجێ بكەن؛ یان ماناكەی سوژدەبەرن لە پێناوی دروستكردنی ئادەمدا. وە فەرمایشتی ﴿ادْخُلُوا الْبَابَ سُجَّدًا﴾: واتە بە ملكەچی و زەلیلی لە دەرگاكەوە بچنە ژوورەوە (المفردات).

لآدم: پیتی (لام) هاتووە وەك ئامرازی پەیوەندیەك بۆ فرمانی سجد بۆ بەهێزكردنی مانای سوژدەبردن و بۆئه‌وه‌ی فرمانه‌كه‌ بكات به‌ تێپه‌ڕ، وەك فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَاسْجُدُوا لِلَّهِ﴾؛ هەروەها تەنھا بۆ پەیوەندی دێت و یەكێك لەمانا سەربەخۆكانی دەبەخشێت كە بریتیە لە هۆكاری.. وەك امرؤ القیس دەڵێت: و یوم عقرت للعذاري مطیتي”. كەواتە مانای ﴿اسْجُدُوا لِآدَمَ﴾ واتە سوژدە ببەن بۆ خوا بەهۆی خیلافەتی ئادەمەوە.

إلا: پیتی جیاكردنەوە (الاستثناء)، واتە دەركردنی پاشی خۆی لە حوكمی پێشی خۆی، وە الاستثناء لە زماندا دوو شێوەیە: إستثناء متصل ئەوەیە كە لێ جیاكراوەكە و جیاكراوەكه‌ لەیەك ڕەگەز بن وەك دەڵێن: كۆمەڵەكە هاتن بۆ لام جگە لە زەید، دیارە زەید یەكێكە لە ڕەگەزی كۆمەڵەكە؛ استثناء منقطع، ئەگەر جیاكراوەكه‌ لە ڕەگەزی لێ جیاكراوه‌كه‌ نەبێت وەك دەڵێن: ئه‌وان نەهاتن بۆ لام جگە لە گوێدرێژێك.

 إبلیس: أبلس: خێری كەم بوویەوە؛ نائومێد بوو لە ڕەحمەتی خوا؛ دڵیشكا و خەفەتباربوو؛ أبلس في عمله؛ واقیوڕما؛ لە خەفەتا بێ دەنگ بوو. أبلس غیره: ئه‌وی نائومێد كرد. كەواتە ئیبلیس ئەو كەسەیە كە لایەنی خێر تێیدا كەمە، واقی وڕماوە و نیگەرانە، نائومێدە لە ڕەحمەتی خوا، وە بەردەوام خەفەتبارە. (الأقرب).

 أبی: أباه: لێی ڕازی نەبوو (الأقرب). الإباء: نەویستن و ناڕازیبوونی توند (المفردات). أباه: ڕقی لێی بوو. الإباء: نەویستن و ڕقلێبوونی شتێك لەبەر دزێوی و نەگونجانی ئەو شتە (التاج).

 استكبر: لوتبەرز بوو. استكبر الشيء: بە گەورە ئەو شتەی بینی و لای خۆی به‌ مه‌زن داینا (الأقرب) الكبر: دۆخێكە تایبەتە بەمرۆڤ لە سەرسامبوون بەخۆی، ئەمەش ئەگەر مرۆڤ خۆی بە گەورەتر ببینێت لە كەسانی تر. الاستكبار دەوترێت لەسەر دوو شێوەیە: (1) ئەوەیە مرۆڤ بۆی بگەڕێت و بیه‌وێت كە ببێت بە كەسێكی گەورە. (2) أن یتشبع فیظهر من نفسه ما لیس له ئه‌و كه‌سه‌ی فوو ده‌كاته‌ خۆی و شتانێك پێشان ده‌دات له‌ خۆیدا كه‌ خاوه‌نی ئه‌و شتانه‌ نیه‌ (المفردات).

كان: یەكێكە لە فرمانە ناتەواوەكان، بەگشتی مانای ڕوودانی كردەوەیك دەبەخشێت لە ڕابردوودا. وە مانای (صار، بوو)یش دەبەخشێت. كەواتە مانای ﴿وَكَانَ مِنَ الْكَافِرِينَ﴾ واتە پێشتر كافربووە؛ بووبە یەكێك لە كافرەكان.

تەفسیر: ساغبووەتەوە كە سوژدە بەمانای بەندایەتی بۆ غەیری خوای گەورە پێچەوانەی فێركاریەكانی قورئانی پیرۆزە، وە فریشتەكان هەرگیز سوژدە نابەن بۆ غەیری خوای گەورە، بۆیە مەبەست لە فەرمانی خوایی ﴿اسْجُدُوا لِآدَمَ﴾ مانای سوژدەبردنی بەندایەتی نیە بۆ ئادەم، بەڵكو واتە: سوژدەببن بۆخوا بەهۆی ئەوەی‌كه‌ ئادەمی كرد بە جێنشین؛ چونكە خوای گەورە ئەم سیستەمە جوانەی دامەزراند، وەك ئەوەی خوا (عز وجل) كاتێك بەبەڵگەی كرده‌یی سەلماندی بۆ فریشتەكان كە خیلافەتی ئادەم حیمكەتی بڵندی خۆی هەیە؛ چونكە دەركەوتنی تەواوەتی سیفەتەكانی خوای گەورەی پێوە گرێ دراوە، لەوكاتەدا خوای گەورە فەرمانی كرد بە فریشتەكان كە سوژدەی سوپاسی بۆ ببەن لەسەر ئەم نیعمەتە.. هەروەك چۆن دەبینین بەندە سوپاسگوزارەكانی خوا سوژدەی بۆ دەبەن كاتێك دیمەنەكانی توانا و دەسەڵاتی خوایان بۆ دەردەكەوێت.

بەڕەچاوكردنی ئەم مانایە، پێویستە لەسەر باوەڕدار كە هەركاتێك فەزڵێكی خوا دابەزیە سەری سوژدە ببات بۆ خوا؛ چونكە ئەمە باشترین هۆكارە بۆ زیاتر دابەزینی فەزڵ و چاكەكانی خوای گەورە.. بەڵام بەداخەوە زۆرێك لە خەڵكی لەجیاتی ئەوەی سوپاسگوزاربن، لوتبەرزی دەیانگرێت كاتێك نیعمەتێكی خوا بەدەست دەھێنن، وە وای دادەنێن پێشكەوتنی كارەكانیان یەكێكە لە ئاسەوارەكانی پێگەشتن و شارەزایی خۆیان.

 سوژدەبردن بریتیە لە گوێڕایەڵیش، كەواتە فەرمایشتی ﴿اسْجُدُوا لِآدَمَ﴾ واتە گوێڕایەڵ و ملكەچ بن بۆی.. واتە هەستن بە جێبەجێكردنی بەرژەوەندیەكانی خۆی و مناڵەكانی. لەڕووی ئەم مانایەوە مەبەست لە فەرمانی سوژدەبردنەكە ئەوەیە كە خوای گەورە پاش ئەوەی ئادەمی شكۆداركرد بەخیلافەت، فەرمانی كرد بە فریشتەكان كە گوێڕایەڵی بكەن، وە فەرمووی ئادەم لەمڕۆدا بریتیە لە دیمەنی ڕەزامەندی ئێمە لە دنیادا، بۆیە پێویستە لەسەرتان هاوكاری بكەن لە ئەركەكەیدا و یارمەتی بدەن لەسەر جێبەجێكردنی ئەوەی خراوەتە ئەستۆی، وە لەم سیستەمە گەردوونیەی بۆ ڕام بكەن ئەوەی كە لە ژێر كارگێڕی ئێوەدایه و ئێوە ئەڵقەیەكن لە ئەڵقەكانی. ﴿فَسَجَدُوا﴾ واتە یه‌كسه‌ر ڕۆشتن بەرەو پشتگیری كردنی ئادەم و كاركردن لەسەر هێنانەدی نیاز و بڕیارەكانی.

فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿إِلَّا إِبْلِيسَ﴾ استثنائی پچڕاوە، وە ﴿إِلَّا﴾ هاومانای “سِوی” نیە لەم شوێنەدا، بەڵكو مانای “لكن” دەبەخشێت.. واتە بەڵام ئیبلیس نەیویست.

لێرەدا دەكرێت كەسێك پرسیار بكات: ئەگەر ئیبلیس فریشتە نیە؛ ئەوا بۆچی لەگەڵ ئەواندا باسكراوە كاتێك فەرمانیان پێكراوە بە سوژدەبردن و گوێڕایەڵی كردن؟ وە ئەگەر فەرمانی پێ نەكراوە و موكەللـەف نیە ئەوا بۆچی داوای لێكراوە سوژدە ببات؟

وەڵامی ئەم پرسیارە ئەوەیە كە بێگومان فریشتەكان كاروبارەكانی ئەم گەردوونە ڕادەپەڕێنن بەگوێرەی فەرمایشتی خوای گەورە ﴿فَالْمُدَبِّرَاتِ أَمْرًا﴾، ئەوان هۆكاری یەكەمن لە بەڕێوەبردنی سیستەمەكەی، لەبەرئەوە ئەو فەرمانەی كە بۆ ئەوان دەردەچێت فەرمانێكی گشتیە و هەموو تاكەكانی دوای خۆیان دەگرێتەوە. لە فەرموودەی پیرۆزدا هاتووە لە ئەبو هورەیرەوە دەڵێت: پێغەمبەری خوا فەرمووی: ئەگەر خوای گەورە بەندەيەكی خۆش ویست جوبرەئیل بانگ دەكات و پێی دەفەرموێت: خوا فڵان كەسی خۆش دەوێت تۆێش خۆشت بوێت، جوبرەئیلیش خۆشی دەوێت. پاشان جوبرەئیل لە ئاسماندا جاڕدەدات: خودا فڵان كەسی خۆش ده‌وێت ئێوەش خۆشتان بوێت، جا خەڵكی ئاسمانیش ئەو كەسەیان خۆش دەوێت، ئیتر لەسەر زەویش قەبوڵ دەكرێت.” (صەحیحى بوخاری). ئەم فەرموودەیە زنجیرەی فەرمانی خوایی ڕوون دەكاتەوە هەتا دەگات بەخەڵكی لەو كاروبارانەی كە تایبەتن بە مرۆڤەوە. كەواتە فەرمانی خوایی بۆ خەڵكی لە فریشتەكانەوە دەست پێ دەكات… ئەگەر فەرمانێك دەربچێت بۆ ئەوان ئەوا هەموو زنجیرەكە دەگرێتەوە هەتا دەگاتە مرۆڤ.

وە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿أَبَى وَاسْتَكْبَرَ وَكَانَ مِنَ الْكَافِرِينَ﴾ خستنەڕووی هەڵوێستی ئیبلیسە دەربارەی گوێڕایه‌ڵی كردن بۆ ئادەم، هەڵبەت ئیبلیس لووتبەرزی نواند و نەیویست گوێڕایه‌ڵ بێت؛ چونكە پێی وابوو ئەم سیستەمە گونجاو نیە بۆی، وە بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی خۆی بە سیستەمێكی ناتەواوی لەقەڵەمدا.. لە داخوازیەكانی لووتبەرزی ئەوەیە كە كەسی لووتبەرز كارێك ناكات لە شان و شەوكەتی دابەزێنێت… بێگومان خەڵكی بەچاویلكەی ئارەزوو و بەرژەوەندیەكەسیەكانی خۆیان ڕاستیەكان دەبینن، وە لەبەر ڕۆشنایی بەرژەوەندیە گشتیەكاندا ڕاستیەكان نابینن، بۆیە ئەگەر زانیان زیان دەگات بە بەرژەوەندیە كاتیەكانیان ئەوا سەرەنجامی خۆیان لەبیر دەكەن و پشت دەكەن لە پەرژەوەندی گشتی و هەوڵ و تەقالا دەدەن بۆ دژایەتی كردنی ڕاستی.

وە لووتبەرزی پاڵنەری دووەمە بۆ نكوڵیكردن لە حەق و ڕەتكردنەوەی. وە ئیبلیس گوزارشتی كردووە لەم لووتبەرزیە بەم وتەیەی خۆی: ﴿قَالَ مَا مَنَعَكَ أَلَّا تَسْجُدَ إِذْ أَمَرْتُكَ قَالَ أَنَا خَيْرٌ مِنْهُ خَلَقْتَنِي مِنْ نَارٍ وَخَلَقْتَهُ مِنْ طِينٍ﴾ (الأعراف: ١٣) خۆی بە گەورەزانی لەبەرئەوەی كە سروشتێكی ئاگرینی هەیە، وە ئادەم سروشتێكی قوڕینی هەیە كە بەگوێرەی هەموو قاڵبەكان شێوە وەردەگرێت وەكو بەندەكان. بەم شێوەیە شوێنكەوتنی حەق كە خۆبەكەمزانین لە مرۆڤدا بەرهەم دەهێنێت لە تێڕوانینی دوژمنانی ڕاستیدا شورەیی و ناتەواویە. لای ئەوان ئەمە پێچەوانەی بەرژەوەندیەكانی نیشتمان و نەتەوەیە.. وە پێیان وایە خەڵكی خۆبەكەمزان خیانەتكارن بەرامبەر وڵاتی خۆیان. ئەوان خۆیان هەڵدەكێشن بە دڕندەیی و سروستی شەڕانگێزی خۆیان و وادەزانن كە بە نەریتی دوژمنكارانەیان دەتوانن شكۆی خۆیان بنیاد بنێن. وە ئەوان بەوەی كە دەستيان دەكەوێت لە ئەنجامی نانه‌وه‌ی شەڕو ئاژاوەوه‌ فریو دەخۆن… بەڵام هەموو ئەمانە بەرژەوەندييە چەسپاوە هەمیشەیيەكان بەدی ناهێنن.

وە هۆكاری سێھەمی ملنەدان ئەوەیە كە مرۆڤ پێی وایە ئەوكارەی داوای لێ دەكرێت ئەنجامی بدات قورس و ئەستەمە. خوای گەورە گوزارشتی كردوە لەم بابەتە لەم فەرمایشتەی خۆى لەسەر زوبانی كافرەكان: ﴿وَقَالَ الَّذِينَ لَا يَرْجُونَ لِقَاءَنَا لَوْلَا أُنْزِلَ عَلَيْنَا الْمَلَائِكَةُ أَوْ نَرَى رَبَّنَا لَقَدِ اسْتَكْبَرُوا فِي أَنْفُسِهِمْ وَعَتَوْا عُتُوًّا كَبِيرًا﴾ (الفرقان: 22)، كەواتە ئەوان وادەزانن لیقای خوای گەورە كارێكی ئەستەمە بۆیە ملیان نەدا بە تەصديق كردنی.

هۆكاری چوارەم بۆ ملنەدان بریتیە لەوەی كە مرۆڤ خووبگرێت بەوەی كە نكوڵی لەحەق و ڕاستیەكان بكات، ئەم وەسفەی خوای گەورە بەڵگەیە لەسەر ئەمە: ﴿وَكَانَ مِنَ الْكَافِرِينَ﴾ لەم ڕۆژگارەیشدا دەبینین كە ئەو كەسانەی نكوڵی دەكەن لە ڕاستیەكان تووشی ئەم بارودۆخانە دەبن. خۆزگە خەڵكی هەوڵیان دەدا ئەم ڕاستیانە بزانن و خۆیان دادەڕنی لەم چوار خەوشە ئەوسا دەیانزانی كە خوای گەورە لەم ڕۆژگارەدا كۆمەڵە دەرگایەكی فراوانی خستوەتەسەر پشت بۆیان بۆ پێشكەوتن و گەشەسەندن، وە هۆكارگەلێكی جۆراوجۆری ڕەخساندووە بۆ سەركەوتنی ئیسلام، بەڵام كەمێكیان دەوێرن قوربانی بدەن بۆئەوەی لە داهاتوودا ژیانێكی هەتاهەتایی بۆ خۆیان و ئیسلام بەدەست بھێنن. بەڵام هەموو هەوڵێك ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ بۆ بەدیھێنانی بەرژەوەنديیە كاتییەكان ئەگەرچی زوو كۆتاییان پێ دێت و نامێنن. خۆزگە دڵیان دەكرایەوە و پاك دەبوویەوە لە ژەنگ و پیس و چەپەڵی!

هەندێ كەس پێیانوایە كە فریوخواردنی ئادەم بەقسەی ئیبلیس كارێكی نا مەعقولە و ڕێی تێ ناچێت..بێگومان خوای گەورە بەڕاشكاوی ئادەمی ئاگادار كردەوە لە ئیبلیس و فەرمووی: ﴿فَقُلْنَا يَاآدَمُ إِنَّ هَذَا عَدُوٌّ لَكَ وَلِزَوْجِكَ فَلَا يُخْرِجَنَّكُمَا مِنَ الْجَنَّةِ فَتَشْقَى﴾ (سورەتی طه 118)، لەكاتێكدا لەشوێنێكی تری قورئاندا باسی بێتاوانی ئادەمی كردووە له‌م قسه‌یه‌ و دەفەرموێت: ﴿فَنَسِيَ وَلَمْ نَجِدْ لَهُ عَزْمًا﴾ (طه 116)!؟

 وە دەتوانین تەفسیری ئەم بەریەككەوتنە ڕووكەشیە بكەین بەوەی كە ئەو شەیتانەی ئادەمی فریودا ئەو ئیبلیسە نەبوو كە خوا ئادەمی ئاگادار كردەوە لێی. هەڵبەت ئادەم بەهۆی شەیتانەوە لەخشتەبرا و نەیزانی یەكێكە لەو كەسانەی كە یارمەتیدەر و سێبەری ئیبلیسن. وە بێئاگابوو لێی و خۆی لێ نه‌پاراست. بۆیە كەوتە هەڵەوە. ئەمەیە كە قورئان جەختی لێ دەكاتەوە. بۆیە هەركاتێك باسی ئەو بوونەوەرە دەكات كە سوژدەی نەبردووە بە (ئیبلیس) ناوی دەبات كە خوای گەورە ئادەمی لێ ئاگادار كردووەتەوە، بەڵام هەركاتێك باسی ئەو بوونەوەرە دەكات كە وەسوەسەی دروست كردووە بۆ ئادەم و بووە هۆی دەرچوونی لە بەهەشتەكە بە (شەیتان) ناوی بردووە. كەواتە قورئان بڕیاری داوە كە ئەوەی ئادەمی دەركرد ئیبلیس بوو بەڵام ئەوەی وەسوەسەی دروست كرد بۆ ئادەم شەیتان بوو.

وە ئیبلیس بریتیە لەو بوونەوەرەی كە پێچەوانەی فریشتەكانە و هاندەری شەڕ و خراپەیە. وە شەیتان ناوێكی گشتيیە و بە هەموو هێزە شەڕانگێزەكان دەوترێت… دەتوانرێت بە خودی ئیبلیس یان شوێنكەوتوانی یان ئەو كەسەی نوێنەری ئەوە لە گومڕاكردنی خەڵك و ئاڕاستەكردنیان بۆ خراپەكاری و هەڵنانیان لەسەر بەرهەڵستی كردنیان بۆ پەیامی پێغەمبەران بووترێت شەیتان. وە شەیتان بە پێچەوانەی ئیبلیسەوە بە ڕۆحە پیسەكانیش دەوترێت هەروەك بە مرۆڤیش دەوترێت، ئەوەندە هەیە بەكارهێنانی بۆ مانای یەكەم زیاترە لە بەكارھێنانی بۆ وەسفی مرۆڤ… هەروەك بۆ وەسفی دووڕووەكان بەكار هاتووە، كەخوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَإِذَا خَلَوْا إِلَى شَيَاطِينِهِمْ قَالُوا إِنَّا مَعَكُمْ ﴾ (البقرة 15) لێرەدا “شَيَاطِين” بەمانای سەركردەكانی كوفر دێت، وەك ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە ﴿إِنَّمَا ذَلِكُمُ الشَّيْطَانُ يُخَوِّفُ أَوْلِيَاءَهُ فَلَا تَخَافُوهُمْ وَخَافُونِ إِنْ كُنْتُمْ مُؤْمِنِينَ﴾ (سورة آل عمران 176) و ئەم فەرمایشتە ﴿وَكَذَلِكَ جَعَلْنَا لِكُلِّ نَبِيٍّ عَدُوًّا شَيَاطِينَ الْإِنْسِ وَالْجِنِّ يُوحِي بَعْضُهُمْ إِلَى بَعْضٍ زُخْرُفَ الْقَوْلِ غُرُورًا….﴾ (الأنعام: 113).. هەموو ئەمانە ئەهلی شەڕن كە سەركردایەتی تەوژمی خراپەكاری دەكەن و دەبنە هاندەری ئاژاوەو ناكۆكی.

فریشتەكان و ئیبلیس:

هەندێ كەس پرسیار دەكەن ئایا خوای گەورە ئیبلیسی دروست كردووە بۆ ئەوەی خەڵك گومڕا بكات؟ ئایا خوای گەورە دەیەوێت بەندەكانی گومڕا بكات؟

لەڕاستیدا بابەتەكە تەواو پێچەوانەیە… خوای گەورە توانای داوە بە مرۆڤ بۆ كردنی كاری خێر و كاری شەڕ، وە لەگەڵیدا فریشتە و سێبەرەكانی، وە ئیبلیس و سێبەرەكانیشی دروست كردووە. تاقمی یەكەم (فریشتەكان و سێبەرەكانیان) حەزی چاكەكردن لەدڵەكاندا دروست دەكەن، تاقمی دووەمیش (ئیبلیس و سێبەرەكانى) دڵەكان هەڵدەنێن بۆ كاری خراپە. جا ئەو كەسانەی بانگەوازی فریشتەكان و سێبەرەكانیان قەبوڵ دەكەن شایستەی پاداشتن، وە ئەو كەسانەی ملكەچ دەكەن بۆ هاندانەكانى ئیبلیس و دۆستەكانی شایستەی سزان. وە كەماڵی مرۆیی ئەوە دەخوازێت كە مرۆڤ سەرپشك بێت لە نێوان ئەم دوو جووڵه‌یه‌دا بۆئەوەى خۆی بڕیار بدات و ئەو ڕێگەیە هەڵبژێرێت كە خۆی دەیەوێت، بەمەش شایستەی وەرگرتنی نیعمەتە بڵندەكان ببێت. ئەگەر تووشی بواری خراپە نەبێت؛ ئەوا ناكرێت شایستەی نیعمەت هەرەبڵندەكان و هاوشێوەكانیان بێت.

بەڵێ، قورئان زۆر بەجوانی ڕوونی كردووەتەوە.. كە ئیبلیس و شەیتان هیچ دەستێكیان نیە لە كاروباری هیچ كەسێكدا… خەڵكی سەرپشكن لە نێوان شوێنكەوتنی شەیتان و ئیبلیس یان ئەوەی پێچەوانەی هاندانی ئیبلیس و شەیتان ڕەفتار بكەن. هەروەك خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿إِنَّ عِبَادِي لَيْسَ لَكَ عَلَيْهِمْ سُلْطَانٌ إِلَّا مَنِ اتَّبَعَكَ مِنَ الْغَاوِينَ﴾ (الحجر: 43)

بەكورتی: قورئانی پیرۆز ڕێنماییمان دەكات كە جووڵە و هەڵسوكەوتەكانی ئیبلیس لەسەر بەڵگە و دەلیل بنیاد نەنراوە، بەڵكو بنیاد نراون لە سەر مژدە و هەڕەشە بە كۆمەڵێك بابەتی درۆی ڕازێنراوە.. وەك خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَاسْتَفْزِزْ مَنِ اسْتَطَعْتَ مِنْهُمْ بِصَوْتِكَ وَأَجْلِبْ عَلَيْهِمْ بِخَيْلِكَ وَرَجِلِكَ وَشَارِكْهُمْ فِي الْأَمْوَالِ وَالْأَوْلَادِ وَعِدْهُمْ وَمَا يَعِدُهُمُ الشَّيْطَانُ إِلَّا غُرُورًا﴾ (سورەتی الإسراء: ٦٥). لەبەرئەوە ناكرێت بوترێت خوای گەورە كاری كردووە بۆ گومڕاكردنی مرۆڤ بەهۆی دروستكردنی ئیبلیسه‌وه‌، خوای گەورە زۆر لەوە بڵندترە كە كاری وەها بكات.. بەڵكو ئەگەر لەلایەن خۆیەوە، كەزۆر بڵند و بەدەسەڵاتە، دەسەڵاتێكی بدایە بە شەیتان ئەوا ئەو كاتە ئەم قسەیە ڕاست دەردەچوو، بەڵام هەموو بەڵگەكان پشتگیری فریشتەكان دەكەن نەك ئیبلیس، بۆیە ئەوەی شوێن ئیبلیس بكەوێت ئەوا تەنھا بە ویست و هەڵبژاردەی خۆی شوێنی كەوتووە و هەر خۆی بەرپرسە لەو كارەی كە كردوویەتی.

خوای گەورە لە فەرمایشتی ﴿إِلَّا إِبْلِيسَ﴾ دا، ئیبلیسی كردووە بە شوێنكەوتەی فریشتەكان، كە ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی خێر زاڵە و شەڕ بەزیو و ژێركەوتووە، وە لەسەر ئەوەی كە فریشتەكان سیستەمی گەردوون ڕادەپەڕێنن و ئەوان سەرچاوەی خێرن، وە ئیبلیس شتێك نیە جگە لە لادان لە ڕێگەی چاكە. وە چەندەها جار قورئانی بیرۆز ڕایگەیاندووە كە سروشتی مرۆڤ لەسەر خێر دروستكراوە، بۆیە دەفەرموێت: ﴿وَنَفْسٍ وَمَا سَوَّاهَا (*) فَأَلْهَمَهَا فُجُورَهَا وَتَقْوَاهَا (*) قَدْ أَفْلَحَ مَنْ زَكَّاهَا (*) وَقَدْ خَابَ مَنْ دَسَّاهَا﴾ (الشمس: 8-11). بەمانایەكی تر… سروشتی مرۆڤ وەها دروستكراوە كە ئامادەیە بۆ وەرگرتنی ڕێنمایی و ئاڕاستەكردنی فریشتەكان، وە كاتێك لەدایك دەبێت پاك و خاوێنە لە دەستكاری كردنی شەیتان، بەڵام پاش ئەوەى خۆی بە شوێن جێ پێكانی شەیتاندا دەڕوات ئینجا تیادەچێت. ئەم فەرموودە پیرۆزەی خوارەوە ئەم مەبەستەی ڕوون كردوەتەوە:

“هەموو مناڵێك لەسەر فیتڕەتێكی پاك لەدایك دەبێت، پاشان باوك و دایكی دەیكەن بە جوو یان فەڵە یان ئاگرپەرست” (البخاري، كتاب الجنائز، باب ما قیل في أولاد المشركین).

وَقُلْنَا يَا آَدَمُ اسْكُنْ أَنْتَ وَزَوْجُكَ الْجَنَّةَ وَكُلَا مِنْهَا رَغَدًا حَيْثُ شِئْتُمَا وَلَا تَقْرَبَا هَذِهِ الشَّجَرَةَ فَتَكُونَا مِنَ الظَّالِمِينَ (36)

شیكردنەوەی وشەكان:

زَوْجُكَ: بگەرێوە بۆ شیكردنەوەی وشەكان لە ئایەتی 26ی سورەتەكە.

رَغَدًا: رغد عیشه رغدا: ژیانی خۆش و فراوان بوو (الأقرب). الرَغَد واتە زۆری و فراوان لەماڵ یان ئاو یان ژیان یان گژوگیا كە توشی ڕه‌نج و ماندووبوونی ناكات (التاج).

حَيْثُ: مانای ئاوه‌ڵفرمانی كاتی و شوێنی دەگەیەنێت.. واتە بخۆن لە هەر شوێنێك ویستان و كەی ویستان (الأقرب).

الظَّالِمِينَ: كۆی وشەی “ظالم”ە. ظلم ظلما: شتەكەی لە شوێنی خۆیدا دانەنا. و ظلم فلانا: ستەمی لێ كرد. ظلم حقه: مافی خوارد. الظلم هەروەها واتە تێپەڕاندنی سنور و دەسدرێژیكردن بۆسەر مافی كەسانی تر (الأقرب). ستەم سێ جۆرە: یەكەم: ستەمی نێوان مرۆڤ و خوا، گەورەترینی ئەم ستەمە بریتیە لە كوفر و شیرك و نیفاق.. لەبەرئەوە خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿إِنَّ الشِّرْكَ لَظُلْمٌ عَظِيمٌ﴾. دووەم: ستەمی نێوان مرۆڤەكان خۆیان. سێیەم: ستەمی نێوان مرۆڤ و نەفسی خۆی، ئەمەیان لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا باسكراوە: “فمنھم ظالم لنفسه” (المفردات). كەواتە ظالم، ستەمكار:1) ئەو كەسەیە كە شت لە جێگای خۆیدا دانانێت و كاری نابەجێ دەكات، 2) ئەوەی مافی كەسانی تر دەخوات، 3) ئەوەی سنور تێدەپەڕێنێت و دەسدرێژی دەكاتە سەر موڵك و ماڵی كەسانی تر، 4) موشریك، 5) ئەوەی ستەم دەكات.

تەفسیر: وتراوە ئەم بەهەشتەی كە ئادەم چووەتە ناوی ئەو بەهەشتەیە كە چاكەكاران دوای مردن دەچنەناوی، واتە بەهەشتێكی ئاسمانی بووە. بەڵام شتیكی بەڵگەنەویستە كە ئەمە هەڵەیە چونكە یەكەم: قورئان دەفەرموێت: ﴿إِنِّي جَاعِلٌ فِي الْأَرْضِ خَلِيفَةً﴾، ئیتر چۆن ڕێی تێدەچێت خوای گەورە ئادەم ڕەوانە بكات بۆ دامەزراندنی سیستەمە ئاسمانیەكەی خۆی لە زەویدا و لە ئاسماندا بیھێڵێتەوە. (دووەم) خوای گەورە لە سیاقی بەسەرهاتی گەورەمان ئادەمدا لە سورەتی الحجر دا وەسفی بەهەشتەكەی دواڕۆژی كردووە و دەفەرموێت: ﴿لَا يَمَسُّهُمْ فِيهَا نَصَبٌ وَمَا هُمْ مِنْهَا بِمُخْرَجِينَ..﴾ (الحجر: 49).. بەڵام ئادەم (عليه السلام) دەركرا لەو بەهەشتەی كە تێیدا دەژیا، كەواتە بەهەشتەكەی ئادەم بەهەشتێكی ئاسمانی نەبووە بەڵكو بەهەشتێكی زەمینی بووە.. (سێیەم) ئایەتەكانی قورئان بەڕاشكاوی ڕایدەگەیەنن كە شەیتان و نەوەكانی چوونەتە ناو ئەو بەهەشتەوە، وە لەبەرئەوەی ئەستەمە شەیتان و نەوەكانی بچنەناو بەهەشتی ئاسمانیەوە.. بۆیە ناكرێت بەهەشتی ئاماژەبۆكراو لەم ئایەتەدا بەهەشتی دواڕۆژ بێت بەڵكو بەهەشتێكی زەمینی بووە.

وە لەم ئایەتەوە ئەو مانایەش دەردەهێنرێت كە ئادەم (عليه السلام) لەگەڵ هاوسەرەكەی یان هاوەڵەكانیدا لە شوێنێكدا نیشتەجێ بوون، پاشان بە فەرمانی خوا لەو شوێنەوە گواستیانەوە بۆ شوێنێكی تر كە خوا ناوی ناوە “الجنة”؛ چونكە وشەكانی ئایەتەكە دەفەرموون ﴿اسْكُنْ أَنْتَ وَزَوْجُكَ الْجَنَّةَ﴾، كەواتە خوای گەورە ئاراستەی دەكات بۆ ڕۆشتن لە شوێنەكەی خۆیەوە بۆ شوێنێكی باشتر.

لە پەیمانی كۆندا هاتووە: “ئینجا یەزدانی پەروەردگار باخچەیەكی لە عەدەن، لە ڕۆژهەڵاتدا چاند. لەوێش ئاده‌می دانا كە پێكیھێنابوو” (پەیدابوون، بەشى 2: 8). پاش ئەوە پەیمانی كۆن ئاماژەی كردووە بۆ ئەوەی كە ئەم باخچەیە لە ئاوی دیجلە و فورات ئاو دراوە. وه‌ك ئه‌وه‌ی شایەتیدانەكەی پەیمانی كۆن لەبارەی ئەم باخچەیەوە تێكەڵەیەك بێت لە حەقیقەت و مەجاز، وە سنوری ئەو باخچەیە دیاری دەكات لە پاڵ دیجلە و فوراتدا. كۆمەڵێك بەڵگە هەن كە شایەتیدانەكەی پەیمانی كۆن دەكەن بە نزیكترین شایەتیدان لە ڕاستیەوە؛ وە بارودۆخی نووح (عليه السلام) و گه‌لەكەی پەیوەندی هەیە بەم ناوچەیەوە، وە ئیبراھیم (عليه السلام) لە “ئور” لەدایك بووە لە عێراق. وە توێژینەوە هاوچەرخەكان و هەڵكۆڵینە نوێیەكان ئەوە دەگەیەنن كە ئەم ناوچەیە نشینگەی كۆنترین شارستانیەتی مرۆیی بووە. هەموو ئەمانه ئەو باوەڕە به‌هێز ده‌كه‌ن كە ئادەم لە زەوی عێراقدا لەدایك بووە، وە ئەو بەهەشتەی لە بەسەرهاتەكەیدا باسكراوە دەكەوێتە شوێنێك لەم ناوچەیەوە، وە ناونراوە بە بەهەشت لەبەر جوانی سیستەمەكەی كە ئادەم دایمەزراندووە.

ئەوەی ڕاستی ئەمە دەسەلمێنێت ئەوەیە كە ئەو ئاسەوارانەی هەردوو تویژەر “هاڵ” و “وولیە” دۆزیویانەتەوە دەگەڕێنەوە بۆ 3500 ساڵ پێش مەسیح، وە هەندێكیان لەوە كۆنتریشن. (دائرة المعارف البریطانیة، تحت كلمة أور).

وە ئێمە كاتێك لە ڕۆژئاوای نیوەدورگەی عەرەبیدا كۆنترین ماڵ لە ماڵەكانی خوا بەدی دەكەین، كە بریتیە لە كەعبەی پیرۆز لە مەككە، وە لە ڕۆژهەڵاتیدا كۆنترین شوێنەوارەكانی شارستانیەت لە “ئور”، وە لە ناوچەكەدا بەهێزترین گۆڕانكاری لە مێژووی زانراودا ڕوویداوە.. ئەوا بەدووری نازانین كە شوێنی لەدایكبوونی ئادەم یان سەرەتای گەشەسەندنی شارستانی مرۆیی لەم ناوچەیەدا بووبێت.

وە لە فەرمایشتی ﴿رَغَدًا﴾دا ئاماژە هەیە بۆ ژیانی خۆش و خۆشگوزەرانی و بەپیتی و فراوانی و هەرزانی لە پێداویستیەكانی ژیاندا.. ئەمەش تەنھا بەرهەمی پێشكەوتن و شارستانیەتە كە ژیانێكی خۆش و ئاسان بۆ مرڤ دابین دەكات بە هەموو پێویستیەكانیەوە. بۆیە ئایەتەكە ئاماژە دەكات بۆ خاسیەتەكانی شارستانیەت و پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی كە دەبێتە هۆی دابینكردنی پێداویستیەكانی ژیان و كۆگاكردنیان بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی پێویستیە لەناكاوەكان.. وە ئەمە ئه‌و بەهەشته‌ زەمینیەیه‌ كە بنیادنراوە لەسەر پێشكەوتن و شارستانیەتی كۆمەڵایەتی، كە ئادەم (عليه السلام) دایمەزراند.

ئەو ئوممەتانەی كە بایەخ بەو لایەنە دەدەن.. لایەنی پێشكەوتن و كۆمەڵایەتی، هەرزانی و خۆشگوزەرانی دابین دەكەن بۆ تاكەكانیان. بێگومان ئوممەتی موسوڵمان بەگوێرەی ئەم بنەمایە، وە بەگوێرەی فێركاریەكانی ئاسمان لەمبارەوە لە سەردەمی یەكەمیدا ڕۆشتووه بەڕێوە، بۆیە هەموو تاكێك تێدا، گەورە و بچوك، سەلامەت بووە لە برسێتی و ڕووتی و هەژاری.

كەس پێی وانەبێت كە ئەم پرسە یەكێكە لە پرسە تەواو دنیاییەكان، لەڕاستیدا ئەم بەرنامەیە لە ژیاندا ئەوەیە كەیارمەتیدەرە بۆ ڕزگاربوونی مرۆڤ لە تاوان و سەرپێچیەكان. بێگومان هەژاری و بێبەشی یەكێكە لە بەهێزترین هۆكارەكانی دزی و تاڵانی و غەشكردن، ئەو ئوممەتەی خۆراك و جلوبەرگ و شوێنی نیشتەجێبوون دابین دەكات بۆ هەموو تاكەكانی.. ئەوە هۆكارەكانی ڕزگاربوونیان بۆ دابین دەكات لە كەوتنەناو چاڵی تاوان و سەرپێچیەوە، وە دووریان دەخاتەوە لە بەهێزترین هاندەر بۆ دوژمنایەتی و شەڕ و ئاژاوە. بەڵێ وا دەردەكەوێت ئەم بابەته دیمەنێكی دنیایی و سیاسی هەبێت، بەڵام لەڕاستیدا لە كرۆكی ئایینەوە سەرچاوەی گرتووە، وە یارمەتیدەرە بۆ ڕیشەكێشكردنی ڕەگەكانی تاوان و سەرپێچی. دیارە یەكێك لە هۆكارەكانی پەرەسەندنی ناكۆكیە نێودەوڵەتیەكان بریتیە لەو جیاوازیە زۆرەی كە لەنێوان دەوڵەمەندە خۆشگوزەرانەكان و هەژارە داماوەكاندا هەیە، ئەگەر لە جیھاندا سیستەمێك دابمەزرایە پێداویستیەكانی ژیانی دابین بكردایە بۆ هەموو مرۆڤێك ئەوا هەموو ناكۆكی و جەنگەكان كۆتاییان پێ دەهات.

وە فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿حَيْثُ شِئْتُمَا﴾ ئاماژەیە بۆ ئاسانكاری گواستنەوە و نیشتەجێبوون كە بەشێكن لە گرنگترین ڕەگەزەكانی ژیانی مرۆیی شارستانی كامڵ، وە پێویستە ئەو كۆت و پێوەندانە هەڵبگیرێت كە خراوەتەسەر گەشتكردن و نیشتەجێبوون لە هەندێ وڵاتدا دژی دەوڵەتەكانی تر، كە دەبێتە هۆی داگیركردنی نیعمەتە فراوانەكانی خوا و بێبەشكردنی خەڵكی لێیان. بێگومان ئەم كۆتوپێوەندانە یەكێكە لە تاوانە گەورەكان كە دەبێتە هۆی وروژاندنی حەسوودی و خراپە. بۆ نموونە كیشوەرێكی وەكو ئوستورالیا هەیە كە زەویەكی فراوان و خێروبێرێكی زۆری هەیە چەند ملیۆنێك خەڵك نییشتەجێە تێیدا، وە قەدەغەیان كردووە لەخەڵكی تر تێیدا نیشتەجێ بن.

وە سەبارەت بە فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿وَلَا تَقْرَبَا هَذِهِ الشَّجَرَةَ فَتَكُونَا مِنَ الظَّالِمِينَ﴾.. وتراوە ئەو درەختە ڕووەكی گەنم یان ترێ بووە، یان ئافرەت بووە. وە وتراوە دەرختی جیاكردنەوەی خێر و شەڕ بووە. ئەم جۆرە مانایانە ڕێی تێناچێت و لە عەقڵەوە دوورە؛ چونكە نزیكبوونەوە لە ڕووەكی گەنم یان ترێ مرۆڤ ناكات بە ستەمكار.. چونكە هەردووكیان حەڵاڵن.. بەڵكو خوا پێیان دەڵێـت: ﴿وَكُلَا مِنْهَا رَغَدًا﴾ واتە بخۆن هەتا تێر دەبن لەخۆراكی ئەم ناوچەیە. بەڵام ئافرەت خوای گەورە فەرمانی كردووە بە ئادەم كە لەوێدا لەگەڵ هاوسەرەكەیدا نیشتەجێ بێت. هەروەها درەختێك نیە بۆ زانینی خێر و شەڕ. ئەگەر ئەم جۆرە درەختە هەبێت ئەو ستەم نیە كە مرۆڤ جیاكاری بكات لەنێوان خێر و شەڕدا؛ چونكە جیاكردنەوەی خێر و شەڕ مرۆڤ وەھا لێ دەكات كە شكۆدارتر بێت لە گیانله‌به‌رانی تر.

لە قورئانی حه‌كیمه‌وه‌ دەردەكەوێت كە ئەم درەختە بووە هۆی دەركەوتنی شەرمی ئادەم، لەمەدا بەڵگەیەك هەیە لەسەر ئەوەی كە درەختی ناوبراو درەختێكی ڕاستەقینە نیە لەسەرزەوی ڕوابێت، بەڵكو درەختێكە بەشێوەی مەجاز.. دیارە ئێمە لەسەر زەویدا درەختێكمان نەبینیوە كە نزیكبوونەوە لێی یان خواردنی بەروبوومەكەی ببێتەهۆی دەركەوتنی شەرمگای مرۆڤ، هەروەها لە شەریعەتی ئیسلامی و شەریعەتەكانی پێشوودا نابینین درەختێك خواردنەكەی حەرام كرابێت لەڕووی شەرعەوە. ئەم مانایه جەختیش لە وتەكەی قورئان دەكاتەوە كە نزیكبوونەوەی ئادەم و هاوسەرەكەی و هاوەڵەكانی لەو درەختە دەیانخاتە ڕیزی ستەمكارانەوە. لەكاتێكدا پێویستبوو قورئان بفەرموێت دەبن بەكەسانێكی تاوانبار؛ چونكە ستەم لەقورئانی پیرۆزدا بەمانای هاوەڵدانان بۆ خوا یان بەمانای خواردنی مافی كەسانی تر هاتووە. وە هەروەها ئەگەر درەختەكە ماددی و هەستپێكراو و بینراو بوایه ئەوا نزیكبوونەوەی ئادەم لێی دەبوو بەتاوانێكی ئەنقەست، نەك هەڵە یان لەبیرچوون، بەڵام قورئانی پیرۆز بەدەق ڕایدەگەیەنێت كە ئادەم لەبیریچوو و بەئەنقەست ئەو كارەی نەكرد، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە ئەو درەختە درەختێكی ماددی نەبووە بەڵكو شتێكی مەعنەوی بووە.

كەواتە ئەو درەختە چی بووە؟ بێگومان لە قورئانی پیرۆزدا وشەی الشجرة بۆ مانای چاك و خراپ بەكارهاتووە بە شێوەی خوازە. خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿أَلَمْ تَرَ كَيْفَ ضَرَبَ اللَّهُ مَثَلًا كَلِمَةً طَيِّبَةً كَشَجَرَةٍ طَيِّبَةٍ..﴾ ﴿وَمَثَلُ كَلِمَةٍ خَبِيثَةٍ كَشَجَرَةٍ خَبِيثَةٍ﴾ (إبراهیم: 25، 27). لە ڕووی ئەم مانایەوە خوای گەورە فەرمانی كردووە بە ئادەم خۆی بەدوور بگرێت لە درەختی خراپە و تاوانەكان. بەڵام خوای گەورە سیستەمی كردەوە چاكەكانی چوواندووە بە بەهەشت كە به‌خشیویه‌تی بە ئادەم، هەروەها ئەو كاروبارانەی پێچەوانەی ئەم سیستەمەن وەسف كردووە بەو درەختەی كە ڕێگری كردووە لە نزیك بوونەوە لێی، واتە خوای گەورە بە ئادەم و ئەوانەی لەگەڵیدابوون ڕاگەیاندووە كە ئێوە فەرمانتان پێكراوە نیشتەجێ بن لەم بەهەشتەی كردەوەچاكەكاندا، وە بە دووركەوتنەوە لەو كاروبارانەی پێچەوانەی ئەم بەهەشتەن بۆئەوەی ئەم بەهەشتەتان لەكیس نەچێت.

لەبەر ڕۆشنایی ئەم مانایەدا.. زۆر ئاسان دەبێت تێگەشتن لە هەڵەی ئادەم لە كارێك لە كارە وردەكاندا؛ چونكە ئاسانە لەمەدا كەسێك فریوی بدات. لەگەڵ ئەوەدا دەكرێت مەبەست لە درەخته قەدەغەكراوەكە هەموو ئەو كارە خراپانەبێت كە خوا قەدەغەی كردووه لە ئادەم، بەڵام دووركەوتنەوە لە درەختەكە، لەبەر ڕۆشنایی بابەتی ئەم ئایەتەدا، واتە بەتایبەتی خۆی بپارێزێت لە ئیبلیس و نەوەكانی؛ چونكە سوێندی خوارد كە ئادەم و نەوەكانی فریوبدات. لەم فەرمایشتەدا جەختی لەمە كردووەتەوە: ﴿فَقُلْنَا يَاآدَمُ إِنَّ هَذَا عَدُوٌّ لَكَ وَلِزَوْجِكَ فَلَا يُخْرِجَنَّكُمَا مِنَ الْجَنَّةِ فَتَشْقَى﴾ (طه: 118). وە ئەوەیشی كە جەخت لەم مانایە دەكاتەوە ئەوەیە كە ئێمە وشەی “شَجَرَة” بەكاردەھێنین بۆ ڕەچەڵەك (شجرة النسب). كەواتە خۆپاراستن لە درەختەكە واتە خۆپاراستن لە ئیبلیس و نەوەكانی.. واتە هاوەڵ و یاریدەدەرەكانی. بۆیە بڕینی ناوی درەخت بەسەر ئیبلیسدا بەكارھێنانێكی زۆر وردە؛ چونكە بەمە ئیبلیس و هاوكارەكانی چوێنراون بە درەختێكی قەدەغەكراو، بەوە وازھێنراوە كە تەنھا باسی قەدە سەرەكیەكەی بكرێت، كە ئیبلیسە، وە لێیەوە هەموو هاوكار و نەوەكان پەیدا دەبن.

ئەوەمان لەبیر نەچێت كە گفتوگۆكردنی خوا (عز وجل) لەگەڵ ئادەمدا وەكو گفتوگۆ مرۆییەكان نەبووە، بەڵكو بەشێوەی وەحی ئاسمانی بووە كە پێغەمبەران پێیان دەگات، وە بەردەوام وەحی ئاسمانی ڕازاوەتەوە بە زۆرێك لە جۆرەكانی خوازە و مەجاز و نواندن. خوای گەورە فەرمانی كرد بە ئادەم لە شوێنێكدا نیشتەجێ بێت كە وەكو بەهەشت وابووه‌ له‌ڕووی حەوانەوە و نیعمەته‌وه‌، وە شەریعەتێكی پێ خەڵات كردووە كە ئەم دنیایەی گۆڕیوە بەبەهەشت، وە نیعمەتی خۆی ڕژاند بەسەریدا لە پێدانی هاوسەر و كۆمەڵێك هاوەڵ كە ملكەچ و گوێڕایەڵ بوون بۆی، ئەم ژیانەیان گۆڕی بۆ بەهەشتێكی پر لە ئاشتی و ئاسایش، دەی بەڕەچاوكردنی ئەم هەموو نیعمەتە مەزنانە، خوا (عز وجل) فەرمانی كرد بە ئادەم و هاوەڵەكانی بەیەكەوە كە نیشتەجێ بن لەو بەهەشتەدا؛ لەكاتێكدا قەدەغەی كرد لەو سیفەتانەی كە دژ و پێچەوانەی ئەم بەهەشتەن بە بەكارھێنانی وشەی درەختەكە. بۆیە وشەی “الشجرة” به‌كارهاتووه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گونجاوه‌ لەگەڵ وشەی ﴿الجَنَّة﴾دا. به‌مه‌ ئاماژە كراوه‌ بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە:

1. ئەسڵی ئەو فێركاریانەی كە ئادەم لە پەروەردگاریەوە پێی گەيشتووە بریتیە لە حەڵاڵی، بەڵام حەرامكردن لەبەر پێویستیە،

2. كۆمەڵەكەی ئادەم سەردەكەون و ژمارەیان زۆر دەبێت، وە دوژمنەكانی دەبن بە كەمینە بەجۆرێك به‌راوردی ئادەم و كۆمەڵەكەی لەلایەكەوە.. له‌گه‌ڵ دوژمنەكانیدا لەلایەكی ترەوە.. وەك باخچەیەكی چڕ ده‌بێت له‌چاو تاكه‌ دەرختێكی سنورداردا.

فَأَزَلَّهُمَا الشَّيْطَانُ عَنْهَا فَأَخْرَجَهُمَا مِمَّا كَانَا فِيهِ وَقُلْنَا اهْبِطُوا بَعْضُكُمْ لِبَعْضٍ عَدُوٌّ وَلَكُمْ فِي الْأَرْضِ مُسْتَقَرٌّ وَمَتَاعٌ إِلَى حِينٍ (37)

شیكردنەوەی وشەكان:

أَزَلَّهُمَا: أزله واتە خلیسكاندی؛ وەهای لێكرد پێی بخلیسكێت. الزلة لە ئەسڵدا پێ خلیسكاندنە بەبێ مەبەست. تاوانێك بە ئەنقەست نەكرێت پێی دەوترێت (زلة) وەك چواندنێك بە پێخلیسكانی مرۆڤ. (المفردات). أزله: وەهای لێكرد پێی بخلیسكێت (اللسان).

عَنْهَا: عن ئامرازی په‌یوه‌ندییه‌، دە مانا دەبەخشێت لە ناویاندا هۆكار وەك: ﴿وَمَا كَانَ اسْتِغْفَارُ إِبْرَاهِيمَ لِأَبِيهِ إِلَّا عَنْ مَوْعِدَةٍ﴾ (الأقرب والمعنی) واتە بەهۆی ئەوەی بەڵێنی پێ دابوو. كەواتە مانای ﴿فَأَزَلَّهُمَا الشَّيْطَانُ عَنْهَا﴾ ئەوەیە كە بەهۆیەوە شەیتان وای لێكردن پێیان بخلیسكێت، واتە بەهۆی درەختەكەوە.

اهْبِطُوا: هبط من الجبل: لەشاخەكە دابەزیە خوارەوە. هَبَطَه: أنزله، دایبەزاند. هبط بلدا: چووە ناو شارێكەوە. هبطه بلدا: خستیەناو شارێكەوە. هبط السوق: هات بۆ بازاڕەكە. هبط من موضع الی موضع آخر: لە شوێنێكەوە گواستیەوە بۆ شوێنێكی تر (الأقرب). كەواتە مانای اهبطوا منھا واتە لێیەوە بگوێزنەوە بۆ شوێنێكی تر؛ لەو شوێنە بڕۆنە دەرەوە.

مُسْتَقَرٌّ: استقر بالمكان: جێگیر و نیشتەجێ بوو. المستقر: شوێنی نیشتەجێبوون (الأقرب).

مَتَاعٌ: هەموو ئەو پێداویستیانەی كە سوودیان لێ وەردەگیرێت وەك خۆراك و پۆشاك و كەلوپەلی ناوماڵ، ئامراز و كاڵاكان؛ وتراوە هەموو ئەو شتانەی دنیا كە سوودیان لێ وەردەگیرێت كەم بن یان زۆر جگەلە زێڕ و زیو؛ لە عورفدا: بە هەموو ئەو كاڵایانە دەوترێت كە خەڵكی لەبەری دەكەن و ڕایدەخەن. لە (الكلیات)دا هاتووە المتاع و المتعة: شتێكە كە سوودێكی كەم و كاتی لێ وەربگیرێت لەماوەیەكی كەمدا كۆتایی بێت. وە ئەسڵی المتاع ئەو توێشووەیە كە بەشی پێویست دەكات: وە المتاع وەكو ناوێك هاتووە بەمانای چێژوەرگرتن (الأقرب).

حِينٍ: كاتێكی نادیار بەكاردێت بۆ هەموو سەردەمێك درێژ بێت یان كورت. وتراوە: ڕۆژگار، ماوە (الأقرب).

تەفسیر: ئەگەری هەیە ڕاناوی مێ لە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿فَأَزَلَّهُمَا الشَّيْطَانُ عَنْهَا﴾ بگەڕێتەوە بۆ بەهەشته‌كه‌ یان بۆ درەختەكە. ئەگەر بگەڕێتەوە بۆ بەهەشته‌كه‌ ئەوا مانای ئەوەیە كە شەیتان ئادەمی (عليه السلام) دوور خستەوە لە بەهەشتەكە، یان بارودۆخی بەهەشتەكە گۆڕا بەهۆی فێڵ و فریودانی شەیتانەوە و شوێنەكە بوو بەشوێنێكی ئازاربەخش بۆ ئەوان. بەڵام ئەگەر ڕاناوەكە بگەڕێتەوە بۆ درەختەكە ئەوا مانای ئەوەیە كە شەیتان درەختەكەی كردووە بە هۆكارێك بۆ خەڵەتاندنی ئادەم و لە شوێنەكەی خۆی خلیسكاندی.

 وەك لە شیكردنەوەی وشەكاندا ڕوونمان كردەوە كە أزله واتە بەبێ ویستی خۆی پێی خلیسكا. كەواتە مانای دروست ئەوەیە كە شەیتان لەڕێگەی درەختەكەوە پێی ئادەمی خلیسكاند بەبێ ویستی ئادەم (عليه السلام). هەموو ئەوەی كە ڕوویدا لەڕێگەی فێڵی شەیتانەوە ئەنجامدرا.

فەرمایشتی خوای گەورە ﴿فَأَخْرَجَهُمَا مِمَّا كَانَا فِيهِ﴾ دەكرێت مانای ئەوەبێت كە شەیتان لەو بارودۆخەی تێیدابوون دەریكردن كە پێكهاتبوو لە ئاساییش و دڵنیایی، یان لەو بەهەشتەی كە تێیدا بوون. بەڵام مانای یەكەم دروستتره‌؛ چونكە دوای ئەوە فەرمانیان پێ كرا لە بەهەشتەكە دەربچن. ئەگەر مانای دووەم وەربگرین ئەوا فەرمایشتی ﴿فَأَخْرَجَهُمَا﴾ واتە وەهای لێكردن شایستەی ئەوەبن دەربچن لە بەهەشتەكە.

 فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿وَقُلْنَا اهْبِطُوا بَعْضُكُمْ لِبَعْضٍ عَدُوٌّ﴾ واتە بڕۆن، بێگومان دوژمنایەتی كەوتە نێوانتانەوە، پێتان وا نەبێت كە لێرەدا ئەو دوژمنایەتییە كۆتایی دێت.. بەڵكو لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێت لە نێوانتاندا، وە شەیتان هەوڵ دەدات هێرشی لەم شێوەیە بكات لەكاتی ڕەوانەكردنی هەر پێغەمبەرێك لەلایەن خواوە.

 فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿وَلَكُمْ فِي الْأَرْضِ مُسْتَقَرٌّ وَمَتَاعٌ إِلَى حِينٍ﴾ واتە: ئێوە دەمێننەوە لەم زەویەدا و سوود وەردەگرن لەهۆكارەكانی ژیان تێیدا. بۆیە پێویستە لەسەرتان وریا بن چونكە هیچ دەرەتانێكتان نیە جگەلەوەی كە لەگەڵ نەوەكانی شەیتاندا بژین. پاشان ئەم ژیانە هۆكارێكی كاتیە بۆ توێشووخستن بۆ ژیانەكەی دواڕۆژ، بۆیە خۆتان بێ ئاگا مەكەن لەم ئامانجە و سەرقاڵ مەبن بە كۆكردنەوەی كەلوپەلی ئەم ژیانەی دنیاوە.

ئەم ئایەتە پیرۆزە چەند خاڵێك دەخاتەڕوو كە شایانی ئاوڕلێدانەوەن:

 خاڵی یەكەم: یەكێك لە داخوازیەكانی كۆمەڵگای مرۆیی ئەوەیە كە باوەڕدار و كافر لەیەك شوێندا كۆدەبنەوە و بەیەكەوە نیشتەجێ دەبن، وە دژایەتی لەنێوان خێر و شەڕدا بەردەوامە، لەبەرئەوە پێویستە لەسەر باوەڕدارە ساڵحەكان هیچ هەوڵێك بەفیڕۆ نەدەن بۆ دوورخستنەوەی شەیتان و خراپەكانی لەخۆیان و كەسوكار و نەوەكانیان، ئەمە خاڵێكی زۆر گرنگە، بێئاگابوون لێی دەبێتە هۆی كۆتایی هاتنی سەردەمی كردەوەچاكەكان، هەركاتێك باوەڕداران پێیان وابوو بێوەی و سەلامەتن لە پەلامارەكانی شەیتان سووڕی هەرەسهێنان و ڕووخان باڵدەكێشێت بەسەریاندا، وە شەیتان وردە وردە زاڵ دەبێت بەسەریاندا، خۆزگە كۆمەڵێك دەبوون وەك پێویست ڕەچاوی ئەم خاڵەیان دەكرد، ئینجا سەری شەیتانیان پان دەكردەوە. هەروەك یەكێك لە نەریتەكانی كەسانی چاكەكار ئەوەیە كە زیادەڕەوی دەكەن لە خۆشویستنی مناڵەكانیاندا و زیاد لە پێویست متمانەیان پێ دەكەن.. بەمەش مناڵەكان دەكەونە داوی شەیتانەوە پاش ئەوەی كەسانێكی چاكەكار بوون.

خاڵی دووەم: خوای گەورە بڕیاری دابوو ئادەم و نەوەكانی لەسەر ئەم زەویە نیشتەجێ ده‌بن، وە هەرگیز بەجێی ناھێڵن وەك ڕاكردنێك لە هێرشەكانی شەیتان، بەڵكو پێویستە لەسەریان بەیەكەوە بژین تێیدا، وە ڕووبەڕووی یەكتر ببنەوە. بەڵام بەداخەوە، هەندێ كەس لە موسوڵمانان بانگەشەی ئەوە دەكەن كە كاتێك نەوەكانی شەیتان هێرشیان كردەسەر عیسای كوڕی مەریەم (علیھما السلام) خوای گەورە بەرزی كردەوە بۆ ئاسمان، وە له بازنەی زەوی دووری خستەوە بۆئەوەی بیپارێزێت لە فێڵی دوژمنەكانی. ئەم باوەڕە بە ڕاشكاوی دژایەتی دەكات لەگەڵ ئەم ئایەتەدا چونكە خوای گەورە دەفەرموێت: پێویستە لەسەر ئادەم و نەوەكانی لەسەر ئەم زەویە بژین.. ئێرە شوێنی نیشتەجێ بوونی جێگیر و به‌رده‌وامی ئەوانە، ئیتر چۆن دەكرێت مەسیحی ناسیرەیی بەرز كرابێته‌وه‌ بۆ ئاسمان؟ ئەگەر كەسێك شایستەی بەرزكردنەوە بوایە بۆ ئاسمان لەكاتی پەلاماری دوژمناندا ئەوا ئادەم دەبوو.. یەكەم پێغەمبەر، یان موحەممەدی هەڵبژاردە (ﷺ) دەبوو گەورە و سەرداری نه‌وه‌كانی ئاده‌م. ئەوان باوەڕیان وایە كاتێك ئادەم تووشی پەلاماری شەیتان بوو لە ئاسمانەوە فڕێدرا بۆسەر زەوی، وە یەقینیان هەیە كە موحەممەد (ﷺ) ناچار بوو لەمەككەوە كۆچ بكات بۆ مەدینە، وە خوا بەرزی نەكردەوە بۆ ئاسمان لەگەڵ ئەوەی لەپێشتر و شایستەتر بوو بەم بەرزكردنەوەیە!

خاڵی سێهەم: دیارە فریوخواردنی ئادەم بەقسەی شەیتان دەگەڕێتەوە بۆئەوەی كە ئادەم پێی وابوو فەرمانی پێ كراوە دوور بكەوێتەوە لە دیمەنێكی دیاریكراوی شەیتان، بەڵام خوای گەورە ویستی ئادەم دوور بكەوێتەوە لە شەیتان و هەموو شوێنكەوتووەكانی.. چونكە شەیتان ڕۆحێكی مەعنەوی هاندەری خراپەكانە، ئەستەم بوو لە شێوەیەكی فیزیكیدا و ڕاستەوخۆ بتوانێت ئادەم فریوبدات، بەڵام شوێنكەوتوەكانی، كە مرۆڤن، كەسانێكن كە شەڕ و ئاژاوە بەرپا دەكەن، بۆیە ناسینەوەیان شتێكی ئاسان نیە؛ چونكە جاروبار خۆیان وەك باوەڕدار پیشان دەدەن و بە موسوڵمان لەقەڵەم دەدرێن. بەمەش سەركەوتوو دەبن لە پیلانەكانیاندا و قورسە جیابكرێنەوە.. كە ئایا ئەو كەسانە شوێنكەوتووی شەیتانن یان لەڕاستیدا باوەڕداری دڵسۆزن. دیارە ئەو دیمەنەی شەیتان كە لە ئایەتەكەدا باسكراوە هەمان ئەو فێڵە شەیتانیەی بەكارهێناوە كە قورئانی پیرۆز ئاماژەی پێ كردووە لەم فەرمایشتەی خۆیدا: ﴿وَقَاسَمَهُمَا إِنِّي لَكُمَا لَمِنَ النَّاصِحِينَ﴾ (الأعراف: 22). ئەم جۆرە فێلكردن و فریودانە ڕێی تێدەچێت و پێچەوانەی ژیری نیە، وە مرۆڤ تووشی ئەم فریوخواردنە دەبێت. نموونەی ئەم شەیتانە دووڕووانە لە سەردەمی پێغەمبەریشدا (ﷺ) هەبوون، دەربارەیان هاتووە: ﴿إِذَا جَاءَكَ الْمُنَافِقُونَ قَالُوا نَشْهَدُ إِنَّكَ لَرَسُولُ اللَّهِ وَاللَّهُ يَعْلَمُ إِنَّكَ لَرَسُولُهُ وَاللَّهُ يَشْهَدُ إِنَّ الْمُنَافِقِينَ لَكَاذِبُونَ (*) اتَّخَذُوا أَيْمَانَهُمْ جُنَّةً فَصَدُّوا عَنْ سَبِيلِ اللَّهِ إِنَّهُمْ سَاءَ مَا كَانُوا يَعْمَلُونَ (*) ذَلِكَ بِأَنَّهُمْ آمَنُوا ثُمَّ كَفَرُوا فَطُبِعَ عَلَى قُلُوبِهِمْ فَهُمْ لَا يَفْقَهُونَ (*) وَإِذَا رَأَيْتَهُمْ تُعْجِبُكَ أَجْسَامُهُمْ وَإِنْ يَقُولُوا تَسْمَعْ لِقَوْلِهِمْ كَأَنَّهُمْ خُشُبٌ مُسَنَّدَةٌ يَحْسَبُونَ كُلَّ صَيْحَةٍ عَلَيْهِمْ هُمُ الْعَدُوُّ فَاحْذَرْهُمْ قَاتَلَهُمُ اللَّهُ أَنَّى يُؤْفَكُونَ﴾ (المنافقون: 2-5).

ڕەنگە كەسێك بپرسێت: ئەگەر دانمان بەوەدا نا كە شەیتان لە دیمەنێكدا خۆی پیشانی ئادەم داوە كە پێچەوانەی دیمەنی ئیبلیس بووە، وە لەڕووكەشدا خۆی بە باوەڕدار و دڵسۆز پیشانداوە كە ئەمەش وای كردووە ئادەم فریوبخوات پێی، ئەمە چۆن ڕاست دەردەچێت لەكاتێكدا ئەوەی شەیتان فەرمانی پێ كردووە سەرپێچی خوای گەورە بووە، چون ئادەم چووتە پێش بۆ سەرپێچی كردن لە فەرمانی خوا؟

وەڵامی ئێمە ئەوەیە: مرۆڤ هەروەك كەسێكی تر دەخەڵەتێنێت بە گۆڕینی پۆشاك و ڕوواڵه‌تی خۆی.. بەهەمان شێوە دەیخەڵەتێنێت لەڕێگەی كێشانی وێنەی ڕاستیەكان بەشێوەیەكی ئاوەژوو، وە پیشاندانیان بەشێوەیەكی ساختە. قورئان ئەم شێوازەی لە منافقەكانەوە باسكردووە لەم فەرمایشتەیدا: ﴿وَإِذَا قِيلَ لَهُمْ لَا تُفْسِدُوا فِي الْأَرْضِ قَالُوا إِنَّمَا نَحْنُ مُصْلِحُونَ﴾ (البقرة: 12). وە قورئان ئەوەشمان پێ ڕادەگەیەنێت كە شەیتان هەمان فێڵی بەكارهێناوە لەگەڵ ئادەمدا؛ بۆیە كاتێك هانی داوە لە درەختە قەدەغەكراوەكە نزیك بێتەوە، پێی گوتووە: ﴿مَا نَهَاكُمَا رَبُّكُمَا عَنْ هَذِهِ الشَّجَرَةِ إِلَّا أَنْ تَكُونَا مَلَكَيْنِ أَوْ تَكُونَا مِنَ الْخَالِدِينَ﴾ (الأعراف:21) واتە شەیتان گوتوویەتی بە گەورەمان ئادەم: پێویستە بیربكەیتەوە لە حیكمەتی دووركەوتنەوە لەم درەختە لەجیاتی دەستگرتن بە ڕواڵەتی فەرمانە خواییەكەوە، دیارە خوای گەورە دەیەوێت تۆ ببیت بە فریشتە و ژیانی هەتاهەتایی بەدەست بهێنیت بەهۆی دووركەوتنەوە لێی.. وە دەتوانیت ئێستا بە نزیكبوونەوە لێی هەمان ئەم ئامانجە بەدی بھێنیت. بۆیە دەست بگرە بەڕۆحی فەرمانەكەوە و دوودڵ مەبە لە نزیكبوونەوە لە درەختەكە و ویستی خوایی جێبەجێ بكە.

قورئانی پیرۆز لە شوێنێكی تردا ئەم مانایەی ڕوون كردووەتەوە و دەفەرموێت: ﴿فَوَسْوَسَ إِلَيْهِ الشَّيْطَانُ قَالَ يَاآدَمُ هَلْ أَدُلُّكَ عَلَى شَجَرَةِ الْخُلْدِ وَمُلْكٍ لَا يَبْلَى﴾ (طه:121). فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَمُلْكٍ لَا يَبْلَى﴾ واتە ژیانێك وەك ژیانی فریشتەكان كە هەگیز فەوتان و لەناوچوون ڕووی تێنەكات.

بەوردبوونەوە لە هەردوو ئایەتەكەی پێشوو بەیەكەوە تێبینی ئەوە دەكەین كە لەیەكەمیاندا شەیتان لەبەردەم ئادەمدا خۆی وا پیشانداوە كه لەڕووی ئامانج و مەبەستی دووركەوتنەوە لەو درەختە باوەڕی بەو فەرمانە هەیە كە كراوە بە ئادەم. وە لە ئایەتی دووەمدا پۆشاكی ئامۆژگار و موجتەهید دەپۆشێت.. ئەو خەیاڵە دروست دەكات بۆ ئادەم كە هەلومەرجەكە گۆڕاوە، ئێستا دەتوانێت خودی مەبەستە خواییەكە جێبەجێ بكات بە نزیكبوونەوە لە درەختەكە لەجیاتی ئەوەی لێی دووربكەوێتەوە؛ كاركردن بە ناوەڕۆكی فەرمانەكە له‌پێشتره‌ نه‌ك بە دەقی وشەكان، وە مادام مەبەستە سەرەكییەكە بێتەدی ئەوا ئەم كارە هیچ كێشەیەكی تێدا نیە.

لەمەوە دەردەكەوێت كە دەكرێت كەسانی تایبەتیش چجای خەڵكی ئاسایی بەم شێوەیە هەڵە بكەن لە تێگەشتنی هەندێ بابەتی ورددا. پاشان ئادەم یەكەم پێغەمبەر بووە، وە پێشی خۆی ئەم جۆرە ڕووداوانە ڕووی نەداوە تاكو ببێت بە پەند و ئامۆژگاری بۆی. ڕەنگە خوای گەورە وستبێتی ئادەم بكەوێتە ئەو هەڵەوە بۆئەوەی ببێت بە پەند و ئامۆژگاری بۆ كەسانی دوای خۆی. ئەوەتا لەم ڕۆژگارەی ئێستاماندا موسوڵمانی ئاسایی فریودەخوات بەم جۆرە ئیجتیهادە هەڵانە سەرەڕای بوونی ئەم پەند و ئامۆژگارییانه‌ی ڕابردوو. بۆ نموونە هەندێ” زانا” بازرگانان و كەسانی تریشیان خەڵەتاندووە بەوەی ڕیبا، كە ئیسلام حەرامی كردووە، ئەو قازانجە نیە كە بانكەكان لەم ڕۆژگارەدا دەیدەن، وە ئەگەر لەو ڕۆژگارەدا ڕیبا هۆكاری فەوتاندنی كۆمەڵگا بووبێت ئەوا ئەمڕۆ وازهێنان لەم قازانجانە دەیانفەوتێنێت، بۆیە وەرگرتنی قازانج و سوودی بانكەكان هیچ گرفت و كێشەیەكی تێدا نیه، بگرە زۆر پێویستە بۆ ژیانی نەتەوەیی. وە ژمارەیەكی زۆر لە موسوڵمانان هه‌ن لەناخی دڵەوە پێیان خۆشە كاربكەن بە فێركاری و ڕێنماییە ئیسلامیەكان سەبارەت بە ڕیبا، بەڵام بەم قسانە خەڵەتان و سوو وەردەگرن.

هەروەها هەندێ كه‌س ئافرەتی موسوڵمان فریوده‌ده‌ن بەوەی كە: عەرەب لە ڕابردوودا زۆر نەفام بوون، وە لەو ڕۆژگارەدا نەبوونی حیجابی ئافرەتان هۆكارێك بووە بۆ ئەوەی تووشی خراپەكاری بن، بەڵام ئەمڕۆ ئێمە لەسەردەمی زانست و ژیاردا دەژین، بۆیە وازهێنان لە حیجاب گرفتی تێدا نیە، بگرە هاتنەدەرەوەی ئافرەتانی موسوڵمان بەبێ حیجاب یارمەتی ئیسلام دەدات و بەهێزی دەكات، زۆرێك لە ئافرەتانی موسوڵمانی دڵسۆز بەم قسانە خەڵەتان و وازیان هێنا لە حیجاب.

 هەندێ لە خەڵكی بەهەڵە تێگەشتووە لە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿اهْبِطُوا﴾، وە دەڵێن خوای گەورە ئادەمی لە ئاسمانەوە فڕیدایە خوارەوە بۆسەر زەوی، بەڵام یەكێك لە ماناكانی هبوط واتە گواستنەوە لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر، وەك لە بەسەرهاتی نەوەی ئیسرائیلدا خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿اهْبِطُوا مِصْرًا﴾ (البقرة: 62).. واتە لێرەوە كۆچ بكەن بۆ وڵاتێكی تر. ئەم مانایە گونجاوترین مانایە لەگەڵ ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە سەبارەت بە ئادەم ﴿إِنِّي جَاعِلٌ فِي الْأَرْضِ خَلِيفَةً﴾، دیارە ئەو له‌سه‌ر زه‌ویدا خەلیفە بووە لە شوێنی یەكەمیدا و لە شوێنی دووەمیدا پاش كۆچكردنەكەی.

فَتَلَقَّى آَدَمُ مِنْ رَبِّهِ كَلِمَاتٍ فَتَابَ عَلَيْهِ إِنَّهُ هُوَ التَّوَّابُ الرَّحِيمُ (38)

شیكردنەوەی وشەكان:

تلقی: فلان یتلقی فلانا: فڵان پێشوازیكرد لە فڵان. تلقی الشيء: شتەكەی پێ گەشت. تلقی الشيء منه: شتەكەی پێ گەیاند (الأقرب). تلقی آدم من ربه كلمات: واتە ئادەم كۆمەڵێك وشەی لە پەروەردگاریەوە وەرگرت، وتراوە لەپەروەردگاریەوە كۆمەلێك وشە فێربوو (اللسان). كەواتە مانای ﴿فَتَلَقَّى آدَمُ مِنْ رَبِّهِ﴾ لە لایه‌ن پەردەردگاریەوە بە وەحی هەندێ دەستەواژەی نزای پێگەيشتووە یان فێركراوە.

كَلِمَاتٍ: كۆی وشەی “الكلمة” یە واتە وشە، ئەوەی زمان گۆی بكات سادە بێت یان لێكدراو. الكلمة: وتار، قەسیدە (الأقرب).

 تاب: تاب الیه و علیه: بە فەزڵ و چاكەیەوە گەڕایەوە بۆلای.

تەفسیر: كاتێك شەیتان گەورەمان ئادەمی خەڵەتاند و خوای گەورە هەڵەكەی پێ پیشاندا.. لەخوای گەورە پاڕایەوە و فه‌رمووی: ﴿رَبَّنَا ظَلَمْنَا أَنْفُسَنَا وَإِنْ لَمْ تَغْفِرْ لَنَا وَتَرْحَمْنَا لَنَكُونَنَّ مِنَ الْخَاسِرِينَ﴾ (الأعراف: 24) وا دەردەكەوێت كە ئەمە ئەو نزایەبووبێت كە لایەن پەروەردگاریەوە پێی وترابێت.

 ئەم ئایەتە ڕاستیەكی ورد دەگەیەنێت، ئەویش ئەوەیە كە خوای گەورە فەزڵی خۆی دەبارێنێت بەسەر مرۆڤدا و كۆمەڵێك نزای فێردەكات كە دەبنە هۆی ڕژاندنی ڕەحمەتی خوایی. زۆرێك لە خەڵكی لەلایەن خۆیانەوە كۆمەڵێك نزا دروست دەكەن كە شەقڵی ناتەواوی و لادانیان پێوەیە، بەمەش ئەم نزایانە دەگۆڕن بۆ نزاكردن لە خۆیان. مەبەستمان ئەوە نیە كە بەڕەهایی مرۆڤ وازبهێنێت لە نزاكردن بە وشەكانی خۆی.. بەڵكو مەبەست ئەوەیە كە مرۆڤ وەكو ئادەم (عليه السلام) هەوڵ بدات پەیوەندی خۆی پتەو بكات لەگەڵ خوای گەورەدا.. بۆئەوەی لەلایەن خوای گەورە نزای پێ بگات كاتێك تووشی گرفتێك یان موسیبەتێك دەبێت، هەتا لەڕێگەی ئەو نزایەوە فەزڵ ڕەحمەتی خوای گەورە بەدەست بھێنێت.

قُلْنَا اهْبِطُوا مِنْهَا جَمِيعًا فَإِمَّا يَأْتِيَنَّكُمْ مِنِّي هُدًى فَمَنْ تَبِعَ هُدَايَ فَلَا خَوْفٌ عَلَيْهِمْ وَلَا هُمْ يَحْزَنُونَ (39)

شیكردنەوەی وشەكان:

خَوْفٌ: ترس: هەڵچوونێكی دەروونیە كاتێك ڕوودەدات كە مرۆڤ چاوەڕوانی تووشبوونی خراپەیەك یان لەدەستدانی شتێكی خۆشەویست بكات (الأقرب).

يَحْزَنُونَ: حزِن علیه وله: خەمبار بوو بۆی دژه‌كه‌ی بریتیه ‌له‌: دڵخۆشبوو. الحزن: خەم: پێچەوانەی دڵخۆشیە. الحَزَن: خەمێكە بەهۆی ڕوودانی شتێكی نەشیاو و خراپەوە یان لەدەستچوونی شتێكی خۆشەویستەوە لەڕابردوودا دروست دەبێت” التاج”. الحَزَن: زبرییەكە لە دەرووندا بەهۆی ئەو خەفەتەوە دروست دەبێت كە تێیدایە، پێچەوانەكەی دڵخۆشیە (المفردات). جیاوازی نێوان ترس و خەفەت (الخوف والحزن) ئەوەیە كە ترس تایبەتە بە داهاتووەوە وە خەفەت تایبەتە بە ڕابردووەوە.

تەفسیر: لە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿اهْبِطُوا﴾دا شێوگی كۆ بەكارهاتووە كە مانای ئەوە دەگەیەنێت ئادەم و هاوسەرەكەی بەتەنھا لە بەهەشتەكەدا نەبوون بەڵكو لەگەڵیاندا شوێنكەوتووەكانی ئادەمیش (عليه السلام) هەبوون.

خوای گەورە بەم ئایەتە بەڵێنی داوە كە بەردەوام لەناو نەوەكانی ئادەمدا بانگخوازانێك پەیدا دەبن كە هیدایەتی خوایی لەگەڵ خۆیاندا دەھێنن بۆ خەڵكی، وە بانگیان دەكەن بۆ ئەنجامدانی كردەوە چاكەكان، وە ئەو كەسەی بەدەم بانگەوازەكەیانەوە بچێت و هیدایەت وەربگرێت لەم دنیایەشدا دەچێتە بەهەشتەوە، واتە دڵەكانیان ئاوەدان دەبێتەوە بە هێزی باوەڕ كە لەهەموو دۆخەكاندا دڵنیایی و ئۆقرەیان بۆ دابین دەكات، بۆیە هەرگیز ترسی نەهامەتیەكانی داهاتوو، وە خەفەتی ئەو ناخۆشیانەی پێشتر تووشیان بووە ناچێتە دڵیانەوە، بەڵكو دڵی ئۆقرەگرتوویان وەكو بەهەشتێك وادەبێت بۆیان. پاشان بەهەشتی دواڕۆژ لە دوای مردن بە میراتی دەمێنێتەوە بۆیان كە تێیدا بەشێوەیەكی بێشومار نیعمەتەكانی خوایان دەست دەكەوێت.

هەروەها ئەم ئایەتە ڕێنماییمان دەكات بۆ ئەوەی كە وەحی خوایی دوای ئادەم نەپچڕاوە، چونكە خوای گەورە لەو سەردەمەوە بەڵێنی داوە كە وەحیەكەی هەرگیز ناپچڕێت و بەردەوام دەبێت لە دابەزین، وە ئەوانەی باوەڕیان پێی هەیه لەسایەی فەزڵی خوای گەورەوە بەبێ پچڕان پێی شاد دەبن.

وَالَّذِينَ كَفَرُوا وَكَذَّبُوا بِآَيَاتِنَا أُولَئِكَ أَصْحَابُ النَّارِ هُمْ فِيهَا خَالِدُونَ (40)

شیكردنەوەی وشەكان:

كَذَّبُوا: كذَّبَ: درۆی دایەپاڵ؛ وتراوە: پێی وت: درۆت كرد. كذَّبَ بالأمر تكذیبًا وكِذَّابًا: نكوڵی لێ كرد (الأقرب).

آيَات: كۆی وشەی “آیة”ە كە بریتیە لە: نیشانە؛ بەڵگە. الآیة: هەموو بڕگه‌یه‌كی قورئان كە بەهۆی نیشانەیەكەوە جیاكرابێتەوە لە بڕگه‌یه‌كی تر. (التاج).

خَالِدُونَ: الخلود لە بنچینەدا جێگیربوونێكە كە درێژە بكێشێت بەردەوام بێت یان نا.

تەفسیر: ئەوانەی كە دووردەكەونەوە لە ڕێگای ڕاست و باوەڕناھێنن بەو ئایەتانەی كە خوای گەورە دایناون بۆ ناسینی خۆی لەداھاتوودا دەكەونە ناو ئاگرەوە، وە هەرگیز دڵیان ئۆقرەناگرێت و دەروونیان ئاسوودە نابێت سەرەڕای زۆری ئەو نیعمەتانەی كە چواردەوریان داون، هەروەها لەدوای مردن تۆڵەیان لێ دەكرێتەوە و سزا دەدرێن.

ئیسلام ناڵێت سزای دۆزەخ هەمیشەییه‌ و نابڕێتەوە، بەڵكو دۆزەخ بە نەخۆشخانەیەك لەقەڵم دەدات كە خەڵكی دەچنە ناویەوە بۆئەوەی نەخۆشیەكانیان چارەسەر بكرێت. ئەگەر بەتەواوەتی چاكبوونەوە و چارەسەركران ئەوا سزا و چارەسەرەكە كۆتایی دێت، چونكە ئامانج لە سزاكە تۆڵەكردنەوە نیە كە لە ڕق یان توڕەیی یان دوژمنایەتیەوە سەرچاوه‌ی گرتبێت، بەڵكو تەنھا بۆ ئیسڵاح كردنە، لەفەرموودەی پێغەمبەردا (ﷺ) هاتووە كە “یأتي علی جهنم زمان لا یبقی فیھا أحد، ونسیم الصبا تحرك أبوابھا” (تفسیر معالم التنزیل، آیة: أما الذین شقوا..) واتە: كاتێك دێت بەسەر دۆزەخدا كە كەسی تێدا نامێنێتەوە، وە سروەی بەیان دەرگاكانی دەجووڵێنێت.

پێویستە بەسەرهاتی ئادەم (علیه السلام) پەند و ئامۆژگاری بێت بۆ هەموو نه‌وه‌یه‌كی ئاده‌م؛ چونكە هەر مرۆڤێك لەدایك دەبێت وەكو ئادەم وایە، وە فەرمان دەكرێت بە فریشتەكان یارمەتی بدەن؛ چونكە وەكو هۆكارێك خەلقكراون بۆ بەڕێوەچوونی سیستەمی ئەم گەردوونە، بۆیە هەموو ئەو شتانەی كە ملكەچن بۆ بەرێوەبردنی فریشتەكان دەبن بە هاوكاری مرۆڤه‌كه‌، وە لەژیانیدا سوودی پێ دەگەیەنن. بەڵام هەندێ كەسی شەڕانگێز هەیە ئاسوودە نابن بە ئاسوودەبوونی براكانیان، ئەوانە وەكو شەیتان وان هەوڵدەدەن دەریان بكەن لەو بەهەشتە ڕۆحیە كە هەموو مرۆڤێك بە میراتی بۆی ماوەتەوە لە كاتی لەدایكبوونیەوە، وه‌ هەوڵدەدەن ئازاریان بدەن. بەڵام ئەو كەسەی مل كەچ دەكات بۆ پەروەردگاری خۆی وەك چۆن ئادەم ملی كەچ كرد، وە لەكاتی بەڵا و نەهامەتیەكاندا پەنای بۆ دەبات سەركەوتن بەدەست دەھێنێت، هەرگیز ترسی نابێت و خەفەت ناخوات، بەڵام ئەوانەی شوێن پێكانی ئادەم هەڵناگرن، وە لە گرفتاری و تاقیكردنەوەكاندا پێیان دەخلیسكێت، وە ڕێكەوتن دەكەن لەگەڵ شەیتاندا و ڕێنمونی پەروەردگاریان پشتگوێ دەخەن، ئەوانە تووشی ئێش و ئازارەكان دەبن و تیادەچن.

 هەموو ڕۆژێك خۆر هەڵدێت بۆ ئەوەی دووبارەبوونەوەی ئەم ڕووداوە لە دنیادا پیشان بدات، بەڵام ئەو مرۆڤەی كە خۆی كەوتووەتە ناو جۆرەها تاوانی ترسناكەوە سەرزەنشتی ئادەم دەكات كە بۆچی بەقسەی شەیتانی كرد؛ لەگەڵ ئەوەی ئادەم هەڵەی كرد و سوورنەبوو لەسەر هەڵەكە و بە ئەنقەست ئەنجامی نەدا. ئەم جۆرە ڕەخنەگرانە كە ناسڵه‌مێنه‌وه‌ لە ڕەخنەگرتن لە ئادەم نازانن كە شەیتان لە ناودڵی خۆیاندا چوارمشقی لێی دانیشتووە.

ئایەتەكانی پێشوو پێمان دەڵێن:

1. وەحی خوایی هۆكاری ڕێز و چاكێتی مرۆڤە بەسەر هەموو ئاژەڵەكاندا. ئەو ئوممەتانەی ڕێزی شایستە ناگرن لەوەحی تاوانبارن بەوەی فەزڵی ئاژەڵبوون دەدەن بەسەر مرۆڤبووندا، وە لەمڕۆدا دەبنە ئاستەنگ لەسەر ڕێگەی بوژانەوەی شارستانیەت و لەداهاتووشدا دەبنە ڕێگری ئەو بوژانەوەیە، وە بەدڵنیاییەوە تەنھا ئەو كەسانە پاڵ بە دووچەرخەی پێشكەوتنی ژیاریەوە دەنێن كە بەدەم بانگەوازی ئاسمانیەوە دەچن و وەریدەگرن، وە ئەوانەی لەم سەردەمەدا بەدەم بانگەوازی موحەممەدەوە (ﷺ) دەچن ئەو كەسانەن كە پێشكەوتن و شارستانیەتی نوێی بەسوود دادەمەزرێنن.

وە لەڕاستیدا ئەمە ڕوویدا.. چونكە شوێنكەوتووانی ئەم بزوتنەوە ڕۆحیە هەرەگەورەیە بەگوێرەی ڕێوشوێنی بەردەوامی خوا بوون بە دامەزرێنەری شارستانیەتێكی نوێی مەزن. شارستانیەتی هاوچەرخی ڕۆژئاوا، ئەگەرچی زۆر بەجوانی دەردەكەوێت، بەڵام تاڕادەیەكی زۆر لە شارستانیەتی ئیسلامیەوە وەرگیراوە، وە ئەو لایەنانەی كە تێیاندا شارستانیەتی ڕۆژئاوا ناكۆكە لەگەڵ شارستانیەتی ئیسلامدا ئەوانەن كە بوونەتەهۆی تێكدانی ئاشتی و ئاسایشی جیھانی.

2. هەركاتێك بزوتنەوەیەكی ئیسڵاحی نوێ سەریهەڵدابێت لە پێناوی خەڵكیدا خەڵكەكە دژایەتییان كردووە؛ چونكە لەسەرتادا هێندە مەزن و جوانە كە تەنانەت بەندە چاكەكارەكانی خوا بەتەواوەتی پەی نابەن بە لایەنە قووڵەكانی و هێزی كاریگەریەكەی. بۆیە پێویست بوو لەكاتی دەركەوتنی ئیسلامیشدا ئەمە ڕوو بدات، هەروەها ڕوویدا.

3. بەڵام كەسانی چاكەكار پاش ئەوە ئەوەندە ناخایەنێت دان دەنێن بە هەڵەكانیاندا، وە ملكەچ دەكەن بۆ گەورەییەكەی، وە بەخێرایی دەچنە پێشەوە بۆ پشتگیریكردنی. بەڵام كەسانی شەڕانگێز و خراپەكار دەست دەكەن بە بەرهەڵستیكردنی، ئەمە ڕوویدا بۆ ئیسلام و ڕووشدەدات. بێگومان بینیمان كەسانی سروشت پاك بەدوای یەكدا یەك بەیەك هاتنە ناو ئیسلامەوە، وە هەستان بە سەرخستنی، بەڵام ئەوانەی سروشتیان مۆركی سروشتی ئیبلیسی لێ درابوو دەستیان گرت بە نافەرمانی و یاخیبوونەوە.

4. كاتێك دوژمنان لەبەرەنگاربوونەوەی ئاشكرا دژی كۆمەڵە خواییەكان نائومێد دەبن، ئەوسا بەدووڕوویی دەچنە ناویانەوە، بۆئەوەی لەناوەوەیاندا بەنھێنی هەستن بە پیلانگێڕان، وەك چۆن شەیتان لە ڕوواڵەتدا خۆی واپیشاندا كە ئامۆژگاری ئادەم دەكات. هەروەك چۆن ئادەم شەیتانی نائومێد كرد و تووشی دۆڕانی كرد، دوژمنانی ئیسلامیش لەداهاتوودا نائومێد دەبن و خوا پیلان و فێڵەكانیان پووچه‌ڵ دەكاتەوە و هەرگیز ناتوانن بەخراپە دەستی بۆ ببەن، وە سەرەڕای بەرهەڵستی و دژایەتی ئەوان ئیسلام گەشە دەكات و پێشدەكەوێت، ئەوانیش هەمیشە لە تاو خەفەت و داخ پیشدەخۆنەوه و ئازار دەچێژن.

5. ڕێنموونی ئاسمانی تەنھا بۆ سەردەمێك نیە و سەردەمێكی تر لێی بێبەش بێت، بەڵكو خوای گەورە بەشێوەیەكی بەردەوام ڕێنمونی دەنێرێت بەگوێرەی داخوازیەكانی هەموو سەردەمێك. دەی ئەگەر ڕێوشوێنی ناردنی ڕێنموونی سنوردار بوایە؛ ئەوا تەنھا بەدەركەوتنی یەكەم پێغەمبەر دەرگاكەی دادەخرا وەك بۆ نموونە هيندۆسەكان باوه‌ڕیان وایه‌. بۆیە پچڕانی ڕێنمونی ئاسمانی پێچەوانەی داخوازیەكانی عەقڵە و دژایەتی دەكات لەگەڵ داواكاریەكانی وەحی ئاسمانیشدا.

6. ئەوانەی باوەڕدەهێنن بە ڕێنمونی ئاسمانی خوا دەیانپارێزێت لە خراپه‌ی كرده‌وه‌كانی پێشوویان وەك چۆن ئادەمی (عليه السلام) پاراست. وە بەهۆی ئەم بەڵێنەوە باوەڕدار دەبێت بە كەسێكی بوێر و ئازا و دلێر، لەكاتی بەختكردنی ئەوەی هەیەتی لە سەرنجامەكان ناترسێت؛ چونكە یەقینی هەیە كە وەحی ئاسمانی دەسكێكی هێندە پتەوە كە ئەگەر دەستی پێوە بگرێت ڕزگاری دەبێت لە هەموو خەم و ئازارەكان. یەكێك لەم دووچاكەیەی بە نسیب دەبێت: ڕابەرایەتی و پێشەنگی ئەگەر ژیانی بۆ نووسرا، یان شەهیدبوونێكی خۆشی هێنەر لە باوەشی خۆشەویستی خوای گەورەدا. ئیتر لەچی بترسێت؟