بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,
بابەتی زیاتر

تەفسیری ئايەتی: {وَإِذْ قَالَ رَبُّكَ لِلْمَلَائِكَةِ إِنِّي جَاعِلٌ فِي الْأَرْضِ خَلِيفَةً قَالُوا أَتَجْعَلُ فِيهَا مَنْ يُفْسِدُ فِيهَا وَيَسْفِكُ الدِّمَاءَ…}

خەلیفەی دووەمی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)

{وَإِذْ قَالَ رَبُّكَ لِلْمَلَائِكَةِ إِنِّي جَاعِلٌ فِي الْأَرْضِ خَلِيفَةً قَالُوا أَتَجْعَلُ فِيهَا مَنْ يُفْسِدُ فِيهَا وَيَسْفِكُ الدِّمَاءَ وَنَحْنُ نُسَبِّحُ بِحَمْدِكَ وَنُقَدِّسُ لَكَ قَالَ إِنِّي أَعْلَمُ مَا لَا تَعْلَمُونَ (31)}

شیكردنەوەی وشەكان:

قال: وته‌ بە چەند شێوازێك بەكاردێت؛ دیارترینیان ئەوەیە بۆ ئەو قسه‌یه‌ بەكاردێت كه‌ لە پیتەكان پێكهاتبێت، كە لەڕێگەی گۆكردنەوە دەردەبڕدرێت، تاك بێت یان لێكدراو؛ دووەم: بەو تێڕوانینە دەوترێت كه لە ناخدایە پێش ئەوەی بە وشە گوزارشتی لێ بكرێت؛ سێيەم: بەكاردێت بۆ بیروڕا وەكو “فیسارە كەس وتەكەی ئەبو حەنیفە دەڵێت” واتە هەمان بیروڕای ئەوی هەیە؛ چوارەم: بە گەیاندنی مانای شتێك دەوترێت وەك وتەی شاعیر “حەوزەكە پڕبوو، وە گوتی بەسمە” (المفردات).

چەندین نموونەی تر هەیە لە زماندا بۆ بەكارهێنانی (القَول) بۆ خستنەڕووی ڕاستی ڕووداوێك، وەكو شاعیر دەڵێت:

قالت له عینان سمعًا وطاعة   و حدرتا كالدر لمَّا یُثّقَّبِ

 وە وتەیەكی تر:

 قالت له الطیر تقدَّم راشدا      إنك لا ترجع إلا حامدا

(اللسان)

پێنجەم: بە چاودێریكردنی ڕاستگۆیانه‌ی شتێك دەوترێت؛ شەشەم: بەكاردێت بۆ ئیلھام وەك فەرمایشتی خوا: “قلنا یا ذا القرنین” (المفردات).

سەعالیبی دەڵێت: “نه‌ریتی عەرەب وەهایە كە گوزارشت ده‌كه‌ن لە بێگیانەكان لەڕێگەی كردەوەی مرۆڤەوە وەكو هۆزانڤان ڕاجیز دەڵێت: “امتلأ الحوض فقال قَطْني” (فقه اللغة).

الملائكة: كۆی وشەی “مَلَك”ە، لە بنچینەدا “مألَك” بووە، وە دەوترێت لە وشەی (ملأك) ەوە گۆڕاوە، الملأك و الأُلوك بریتیە لە نامە و پەیام، دەوترێت: ألِكْني واتە پەیامەكەی منی پێ بگەیەنه.

 وە وتراوە: لە (مِلْك)ەوە هاتووە، لە فریشتەكان ئەوەیان شتێك لە بەڕێوەبردنی پێ سپێردراوە پێی دەوترێت مَلَك واتە فریشتە، وە لە مرۆڤ پێی دەوترێت مَلِك واتە پاشا (المفردات).

وە هەندێ كەس دەڵێن مَلَك لە “لأك”ەوە وەرگیراوە، دەوترێت: ألاكه إلی فلان إلاكَةً: واتە لە منەوە پەیامێكی پێ گه‌یاند. وە ئەمەش مانای ئەوەیە كە مَلَك لە بنچینەدا مَلْأَك بووە پاشان هەمزەكەی سڕاوەتەوە لەبەر زۆر بەكارھێنان. (الأقرب). ألاك الشيء: واتە شته‌كه‌ی لەناو دەمیدا سووڕاندەوە. لاك الفرس اللجامَ: واتە ئەسپەكە گازی گرت لە لەغاوەكە (التاج). وەك ئەوەی پێغەمبەر پەیامەكە لەدەمیدا هەڵبسووڕێنێت، واتە بیڵێتەوە هەتا لە بیری نەچێتەوه. لەمەوە ئەو نێردراوانه‌ی كە لەلایەن خواوە پەیام دەهێنن بۆ پێغەمبەران پێیان وتراوە الملائكة. كەواتە الملائكة ناوی كۆمەڵێك بوونەوەرە كە بە پەیامی خواوە دادەبەزن بۆسەر خەڵك. وە ویستی خوا جێبەجێ دەكەن لە دنیادا، یان ناوی بوونەوەرانێكی زۆر بەهێزن.

خلیفة: كۆی وشەكە بریتیە لە “خُلَفَاء”: واتە پێشیەوایەك كە لەسەروویەوە پێشەوایەك نەبێت؛ ئەو كەسەی جێگەی دەگرێتەوە؛ دەسەڵاتداری هەرە مەزن یان پاشا یان فەرمانڕەوا. الخلافة: میرنشینی، نوێنەرایەتی كەسێكی تر.. یاخود لەبەرئەوەی كەسی نوێنەرایەتی كراو ئامادە نیە یان لەبەرئەوەی مردووە یان لەبەرئەوەی توانای نەماوە یان بۆ ڕێزلێنان لەو كەسەی كراوە بەجێنشین. وە مانای شەرعی خیلافەت ئیمامەتە. (الأقرب).

 نُسَبِّح: سَبَّح الله وسبح له: خوای بەپاك ڕاگرت لە خەوش و ناتەواوی. سبح: درودی نارد، وتی سبحان الله (الأقرب).

التسبیح بریتیە لە پاكڕاگرتنی خوا لە هاوسەر و مناڵ؛ دەوترێت بریتیە لە پاكڕاگرتنی لە هەموو ئەو شتانەی كە نابێت وەسف بكڕێت پێیان. كۆی ماناكەی: به‌دوور بوونی خوای گەورە لەوەی كە هاوشێوە یان هاوبەش یان هاوتا هەبێت (اللسان). وە مانای (سبحانك اللھم) واتە: ئەی پەروەردگار لەهەموو شتێكی خراپ و نەشیاو بەدوورت دەگرم؛ و {سبحانك} چاوگە و لەبەرامبەر فرماندا دادەنرێت؛ وتراوە: مانای پاكڕاگرتنی خوا دەگەیەنێت لە هەموو ئەو خەوشانەی كە موشریكەكان دەیدەنە پاڵی. وە لە (العجائب)ی الكرماني دا هاتووە كە {سبحان} چاوگی فرمانی (سبح)ەیە.. ئەگەر بەدەنگی بەرز نزا و زیكری كرد. التسبیح دەكرێت بە نوێژ و زیكر و سوپاسگوزاری و به‌رزڕاگرتنی خوا بوترێت. وە بە نوێژ وتراوە تسبیح چونكە التسبیح بەگەورە ڕاگرتنی خوا و پاكڕاگرتنیەتی لە هەموو شتێكی نەشیاو (التاج).

السبح: بەخێرایی تێپەڕبوون بەناو ئاو یان هەوادا، التسبیح واتە پاكڕاگرتنی خوای گەورە؛ چونكە بنچینەكەی تێپەڕینی خێرایە لە بەندایەتی خوای گەورەدا. وه‌ ته‌سبیح بۆ خێر دانراوه‌ وه‌ك چۆن وشه‌ی الإبعاد بۆ خراپه‌ دانراوه، بۆیە وتراوە أبْعَدَهُ اللهُ! وە تەسبیح كراوە بەشتێكی گشتی لە بەندایەتیەكاندا چ بە گوتن بێت یان بەكردەوە یان بە نیاز (المفردات).

نقدس: التقدیس واتە به‌ پیرۆز و پاك راگرتن. وە مانای فەرمایشتی خوای گەورە {وَنَحْنُ نُسَبِّحُ بِحَمْدِكَ وَنُقَدِّسُ لَكَ} واتە لەو شتانە به‌ پاك و بێگه‌رد ڕاتده‌گرین كە چوێنراون بە تۆ. وە وتراوە نقدسك واتە وەسفت دەكەین بەوەی كه‌ پیرۆز و خاوێنیت (المفردات). وە جیاوازی نێوان السبوح و القدوس، كە هەردووكیان ناوی خوای گەورەن، ئەوەیە السبوح ئەو كەسەیە كە بەپاك ڕایدەگرین لە هەموو شتێكی نەشیاو؛ وە القدوس ئەو كەسەیە كە پیرۆزە و خاوەنی پیت و فەڕە، وە كۆكەرەوەی هەموو چاكیەكانە، وە پاككه‌ره‌وه‌ واتە خۆی پاكە و كەسانی تریش پاك دەكاتەوە (اللسان). كەواتە جیاوازی نێوان التسبیح و التقدیس ئەوەیە كە التسبیح بەپاك ڕاگرتنە، بەڵام التقدیس پاكڕاگرتن و گەورەڕاگرتن لەخۆدەگرێت.

تەفسیر: بە بۆچوونی هەندێ لە ڕاڤەكاران ئەو خەلیفەیەی كە لێرەدا باسكراوە ئادەمە (عليه السلام)، خوای گەورە ناوی ناوە خەلیفە چونكە بڕیاری بۆ دراوە كە ببێت بە پێغەمبەرێك و حوكمەكانی خوای گەورە جێبەجێ بكات. منیش ئەم بۆچوونەم هەیە، بەڵام هاوڕانیم لەگەڵ ئەو كەسەدا كە دەڵێت فریشتەكان دانیشتوانی زەوی بوون پێش ئادەم.. چونكە ئەم قسەیە هیچ پاڵپشتێكی نیە. هەروەها هاوڕانیم لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا كە جنۆكە، لە غەیری مرۆڤ، دانیشتوانی پێشووی زه‌وی بوون، بۆچوونێكی زۆر لاوازە و هیچ بەڵگەیەك نیە لەسەری. وە ناونانی ئادەم بە خەلیفە لەبەرئەوە نیە كە دوای فریشتە یان جنۆكە هاتووە، بەڵكو ئەم هۆكارە پووچ و لاوازە، چونكە خەلیفە بە دروسكراوێك دەوترێت جێگەی دروستكراوێك بگرێتەوە كە پێش خۆی هاتووە.. وه‌ كەس ناتوانێت سەرەتای دروستبوون دەستنیشان بكات.

هەروەها لای من ئەو بۆچوونە ڕاست نیە كە خەلیفەكە بریتیە لە نەوەكانی ئادەم لەپاش خۆی؛ چونكە كاتێك قورئان دەیەوێت باسی خیلافەتی گەلان بكات پاش ئادەم شێوگی كۆ بەكاردەھێنێت، وەك ئەم نمونانەی خوارەوە:

{وَهُوَ الَّذِي جَعَلَكُمْ خَلَائِفَ الْأَرْضِ} (الأنعام: 166)

{هُوَ الَّذِي جَعَلَكُمْ خَلَائِفَ فِي الْأَرْضِ} (فاطر: 40)

{ثُمَّ جَعَلْنَاكُمْ خَلَائِفَ فِي الْأَرْضِ} (یونس: 15)

{وَجَعَلْنَاهُمْ خَلَائِفَ} (یونس: 74)

{وَاذْكُرُوا إِذْ جَعَلَكُمْ خُلَفَاءَ} (الأعراف: 70)

{وَيَجْعَلُكُمْ خُلَفَاءَ الْأَرْضِ} (النمل: 63).

پاش ئەوەی قورئان ئاماژە دەكات بۆ هەڵبژاردنی پێغه‌مبه‌ری هەڵبژاردە (ﷺ) و ڕەوانەكردنی بۆلای خەڵكی بە قورئانی پیرۆزەوە كە هیچ گومانێكی تیدا نیە، وه‌ ڕێنموونییە بۆ پارێزكاران، لەلایەن خوای گەورەوە.. باسی هەڵبژاردنی خوا دەكات بۆ ئادەم.. بەمەش بەڵگە دەهێنێتەوە لەسەرئەوەی كە دابەزینی وەحی ئاسمانی و ڕەوانەكردنی پێغەمبەران شتێكی تازەداھێنراو نیە، بەڵگو ڕێوشوێنێكی بەردەوام و نەپچڕاو بووە لەو كاتەوەی مرۆڤ لەسەر زەوی دروستكراوە، وە بەردەوامە و ناپچڕێت، وە ئادەم بریتیەلە مرۆڤی یەكەم، لەگەڵیدا دابەزینی وەحی ئاسمانی دەستی پێكرد، وە خوای گەورە هەرگیز مرۆڤی بە فەرامۆشكراوی بەجێ نەهێشتووە، بەڵكو بەردەوام هەستاوە بە ڕێنمونی كردنی هەر لەسەرەتاوە.

وە بەهۆی باسكردنی چیرۆكی ئادەم لەگەڵ فریشتەكان قورئان وانەیەكی بەسوود پێشكەشی خەڵكی دەكات سەبارەت بە وەحی و پێغەمبەرایەتی، كە ئەم دوانە بەشێكن لە كاروبارە غەیبیەكان. وە لەڕێگەی پرسیاركردنی فریشتەكانەوە ئاماژەی كردووە بۆ ڕاستیەك كە خەڵكی بەزۆری، پێش ڕەوانەكردنی پێغەمبەر، پەی نابەن بە پێویستی وەحی و ڕەوانەكردنی پێغەمبەر تا ئەو كاتەی خوا ڕەوانەی دەكات، ئینجا پەیامەكەی بەئەنجام دەگەیەنێت و دەریدەخات بۆ خەڵكی كە چەندە پێویستیان پێیەتی، ئەمەش بەهۆی ئەو پێشكەوتنانەوە كە ڕوودەدەن پاڵیان پێوەدەنێت تاكو دانبنێن بەوەدا كە ئەگەر دەرنەكەوتایە ئەوا دنیا بەردەوام بێبەش دەبوو لە پێشكەوتنی چاك و سوودبەخش. بێگومان پرسیاركردنی فریشتەكان ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە تەنانەت كەسانی هاوشێوەی فریشتەكان ناتوانن پەی بە ناوەڕۆكی ئەو پێشكەوتنە مەزنە ببەن كە دوای ڕەوانەكردنی پێغەمبەرێك لە پیغەمبەران لە دنیادا دروست دەبێت، ئیتر دەبێت خەڵكانی شەڕانگێز و گەوج لەكوێ بزانن. وە یەكێك لە داخوازییه‌كانی حیكمه‌ت ئەوەیە كە مرۆڤ دژایەتی شتێك نەكات پێش ڕوودانی؛ ئەگەر بۆی نەكرا باوەڕی پێ بهێنێت ئەوا بەلایەنی كەمەوە دژایەتی نەكات، بەڵكو چاوەڕوانی بكات هەتا نێردراوەكه ئەركەكەی ئەنجام دەدات، جا ئەگەر ڕاستگۆ بوو ئەوا لەرێگەی كردەوەكەیەوە ڕاستگۆییەكەی دەچەسپێت، وە ئەگەر درۆزن بوو ئەوا لەڕێگەی كردەوەكەیەوە درۆكەی ساغ دەبێتەوە. قورئانی پیرۆز باسی ئەم مانایەی كردووە لەسەر زوبانی كەسێك لە هۆزی فیرعەون و دەفەرموێت: {وَإِنْ يَكُ كَاذِبًا فَعَلَيْهِ كَذِبُهُ وَإِنْ يَكُ صَادِقًا يُصِبْكُمْ بَعْضُ الَّذِي يَعِدُكُمْ} (غافر: 29)، وە دەفەرموێت: {أَتَى أَمْرُ اللَّهِ فَلَا تَسْتَعْجِلُوهُ سُبْحَانَهُ وَتَعَالَى عَمَّا يُشْرِكُونَ (*) يُنَزِّلُ الْمَلَائِكَةَ بِالرُّوحِ مِنْ أَمْرِهِ عَلَى مَنْ يَشَاءُ مِنْ عِبَادِهِ أَنْ أَنْذِرُوا أَنَّهُ لَا إِلَهَ إِلَّا أَنَا فَاتَّقُونِ} (النحل: 2-3).

وە باسكردنی فریشتەكان لەم هەلومەرجەدا ئاماژەیە بۆ ڕۆڵیان لە ئەركی نێردراوە ئاسمانیەكەدا. قورئانی پیرۆز پێمان ڕادەگەیەنێت.. وە سەرجەم ئایینەكان پشتگیری ئەمە دەكەن، كە بەڕێوەبردنی كاروباری ئەم جیھانە بە ئیزنی خوا ئەنجامدەدرێت لەڕێگەی فریشتەكانەوە.. ئەوان فەرمانیان پێكراوە بە ئەنجامدانی كارە جۆراوجۆرەكان.. كۆمەڵێك فریشتە هەن بۆ جێبەجێكردنی فەرمانەكانی مردن، وە كۆمەڵێك فریشتە ئەستێرەكان و جووڵەی ئەستێرەكانیان پێ سپێردراوە، وە كۆمەڵێك فریشتە باران و با بەڕێوە دەبەن. وە لە فەرمانی خوایی بۆ فریشتەكان بە دانانی ئادەم وەك خەلیفە پاشان ملكه‌چی و گوێڕایه‌ڵی بۆی.. ئاماژە هەیە بۆ ئەوەی كە فریشتەكان پێیان سپێردراوە پشتگیری ئادەم بكەن لە ئەركەكەیدا وەك خەلیفەیه‌ك یان پێغەمبەرێك، لەبەرئەوە سەركەوتنی پێغەمبەر لە ئەركەكەیدا كارێكه‌ هه‌رده‌بێت ڕووبدات؛ چونكە ئەو فریشتانە یارمەتی دەدەن كە سیستەمی ئەم گەردوونە بەڕێوەدەبەن. وە لەژیانی پێغەمبەراندا كۆمەڵێك نیشانە دەبینین كه بەڵگەن لەسەر ئەم ڕاستیە. لە ڕزگاربوونی نوح لە لافاوەكە، وە سەلامەتبوونی ئیبراهیم لە ئاگرەكە، وە پەڕینەوەی موسا لە دەریاكە و تەفروتونابوونی فیرعەون، وە ڕزگاربوونی عیسا لەمردنی سەرخاچ، وە سەركەوتنی “ڕام چەندەر جی” سەرەڕای ئەوەی دوژمنەكانی چواردەوریان گرتبوو، وە زاڵبوونی “كريشن جی” بەسەر دوژمنە زۆردارەكانیدا، وە سەركەوتنی “زەردەشت” بەسەر دوژمنه سەرسەختەكانیدا، وە لەسەروو هەموو ئەمانەوە و گەورەتر لە هەموویان.. ململانێی پێغەمبەر (ﷺ) لەگەڵ هەموو عەرەبدا بەتەنھا خۆی، وە سەركەوتنی بەسەر هەموویاندا بەشێوەیەكی دەراسا.. لەهەموو ئەم ڕووداوانەدا كۆمەڵێك موعجیزەی ئاشكرا هەن كە تەنھا كەسانی كوێر و كەللـەڕەق نكوڵییان لێ دەكەن، وە بەڵگە هەیە كه‌ ئەم حەقیقەتە دەسەلمێنن، وە بیری خەڵكی دەخەنەوە كە ئەو فریشتانەی فەرمانیان پێكرابوو یارمەتی ئادەم بدەن فەرمانیشیان پێكراوە یارمەتی موحەممەد (ﷺ) بدەن لە ئەركەكەیدا، وە ئەوان كۆمەڵێك گۆڕانكاری یەكلاكەرەوە دروست دەكەن كە سەركەوتنی یەكجارەكی پێغەمبەریان (ﷺ) لێدەكەوێتەوە سەرەڕای هەموو دوژمنایەتییەك.

وە ئایەتەكە ئاماژە بەوەش دەكات كە ئادەم لەسەر ئەم زەویە دروست بووە، وە ئەركەكەی لەم دنیایەدا و لەسەر خودی ئەم زەویه بووە.. ئەمەش بەپێچەوانەی ئەوەی هەندێ كەس دەیڵێن كە گوایە ئادەم خراوەتە ناو ئەو بەهەشتەوە كە چاكەكاران دوای مردنیان دەخرێنە ناوی. مایەی سەرسوڕمانە كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خوای گەورە دەفەرموێت: {إِنِّي جَاعِلٌ فِي الْأَرْضِ خَلِيفَةً}، كه‌چی هەندێ كەس پێداگری دەكەن لەسەر ئەوەی كە ئادەم چووەتە ئەو بەهەشتەوە كە لە دواڕۆژدا بەڵێندراوە. هەندێكیان دەڵێن سەرەتا خوا ئادەمی دروست كرد لەسەر زەویدا پاشان خستیە بەهەشتەوە.. بەڵام ئایەتەكە ئەم قسەیەی قه‌بوڵ ناكات؛ چونكە ڕاشكاوە لەسەر دروستكردنی خەلیفەكە لەسەر زەوی. وە ئاشكرایە كە لەسەر زەویدا دەكرێت بە جێنشین لە پێناوی ئامانج و مەبەستێكدا، وە ئەم ئامانج و مەبەستە نایەتەدی بەوەی كه‌ ئادەم بخرێتە ناو بەهەشتەوە.

وە كۆمەڵێك ئایەتی تری قورئان ئەم بانگەشەیە هەڵدەوەشێنێتەوە، بۆ نموونە: خوای گەورە دەربارەی ئەو بەهەشتەی بەڵێنی پێداوە دەفەرموێـت {لَا لَغْوٌ فِيهَا وَلَا تَأْثِيمٌ} (الطور: 24) بەڵام ئەو بەهەشەتەی كە ئادەم چوونە ناوی لەگەڵیدا شەیتانیش چووە ناویەوە، وە هانیدا بۆ سەرپێچیكردن لە فەرمانەكانی خوای گەورە.

پاشان خوای گەورە وەسفی بەهەشت دەكات بەوەی {لَا يَمَسُّهُمْ فِيهَا نَصَبٌ وَمَا هُمْ مِنْهَا بِمُخْرَجِينَ} (الحجر: 49) بەڵام ئادەم دەركرا لە بەهەشتەكە. وە هەروەها دەربارەی بەهەشت دەفەرموێت {وَلَكُمْ فِيهَا مَا تَدَّعُونَ} (فصلت: 32)، بەڵام ئادەم دەركرا لە بەهەشتەكە بەهۆی نزیك كەوتنەوەی لە درەختەكە. وە لە وەسفی بەهه‌شتەكەی دواڕۆژدا هاتووە {نَتَبَوَّأُ مِنَ الْجَنَّةِ حَيْثُ نَشَاءُ} (الزمر: 75)، بەڵام ئادەم فەرمانی پێ كرا نزیك نەبێتەوە لە درەختەكە.

لەمەی پێشووەوه دەردەكەوێت كە بەهەشتەكەی ئادەم (عليه السلام) لەسەر زەوی بووە؛ چونكە خەلیفەیەك بووە بۆ خەڵكی ئەم زەویە، وە دەبوایە بمایەتەوە تێیدا هەتاكو مردن.

بێگومان هەندێ كەس ڕەخنەیان گرتووە لە فەرمایشتی خوای گەورە {وَإِذْ قَالَ رَبُّكَ لِلْمَلَائِكَةِ..} و دەڵێن:

1. خوا ڕاوێژی كردووە بە فریشتەكان، دەی ئایا خوای گەورە پێویستی بە ڕاوێژكردن هەیە؟

2. فریشتەكانی گومانیان هەبوو لە حوكمی خوا بەوەی گوتویانە {أَتَجْعَلُ فِيهَا مَنْ يُفْسِدُ فِيهَا وَيَسْفِكُ الدِّمَاءَ} دەی ئایا ئەوان مافی ڕەخنەگرتنیان هەیە لە حوكمی خوای گەورە؟

3. بێگومان قسەی فریشتەكان هاتەدی و نەوەكانی ئادەم فەساد و خراپەكارییان نایەوە لە زەویدا.

پێش ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەمەوە پێویستە بزانین مانای وشەی “قال” چیە. بێگومان ئەم وشەیە كە لە ئایەتەكەدا هاتووە مانای ئەوە نیە كە خوای گەورە فریشتەكان و خەڵكی بانگ كردبێت بۆ مەجلیسێك، پاشان وتارەكەی ئاراستەی فریشتەكان كردبێت؛ بەڵكو مەبەست لە گوزارشتكردنە لەو شتەی وێنا دەكرێت لەناخدا پێش ئەوەی بەوشەی دەرببڕێت، وەك لە شرۆڤەی وشەكاندا هاتووە. بێگومان ئەم شێوازی ئاخاوتنە لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە، وەك دەفەرموێـت: {وَيَقُولُونَ فِي أَنْفُسِهِمْ لَوْلَا يُعَذِّبُنَا اللَّهُ} (المجادلة: 9). وە مانای زوبانی حاڵیش دەگەیەنێت وەك لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە: {ثُمَّ اسْتَوَى إِلَى السَّمَاءِ وَهِيَ دُخَانٌ فَقَالَ لَهَا وَلِلْأَرْضِ ائْتِيَا طَوْعًا أَوْ كَرْهًا قَالَتَا أَتَيْنَا طَائِعِينَ} (فصلت: 12).

 بۆیە پێویست ناكات ئەو وتەیەی لە ئایەتە پیرۆزەكەدا هاتووە بەشێوەی ڕوواڵەتی ڕوویدا بێت، بەڵكو مەبەست لەم وتووێژە وێناكردنی ئەوەیە كە زوبانی حاڵی هەموو شتێك ده‌یڵێت لە وەڵامدانەوەی حوكمی خوای گەورەدا.

كەواتە ئەوەی ئایەتەكەمان دەیگێڕێتەوە وتە یان گفتوگۆیە بە زوبانی حاڵ، یان وێناكردنی ئەو وەحیە ئاسمانیەیە كە دابەزیوەتەسەر فریشتەكان، من ئەمەیان بە پەسەندتر دەزانم. هەموو ئەوەی كە خوای گەورە فەرموویەتی بەفریشتەكان ئەوەیە كە بڕیاری خۆی ڕاگەیاندووە و هیچ پەیوەندیەكی نیە بە ڕاوێژكردنەوە.. چونكە سیاقی ئایەتەكە و وشەكانی باسی ڕاوێژكردنی نەكردووە.. نە بەڕاشكاوی نە بە هێما، ئەوەتا ئایەتەكە دەفەرموێت: {إِنِّي جَاعِلٌ فِي الْأَرْضِ خَلِيفَةً}، نازانم! ڕەخنەگرەكان لەكوێوە مانای ڕاوێژكردنیان هەڵێنجاوە؟ بێگومان خوای گەورە فەرمانێكی ڕاگەیاندووە بە فریشتەكان بۆ ئەوەی هەریەكەیان لە بازنەی كردەوەی خۆیدا خۆی گورجوگۆڵ بكاتەوە بۆ سەرخستنی ئادەم (عليه السلام)، وەبزانێت چ فەرمانێكی ئاراستەكراوە و تێبگات لە لایەنە ئاڵۆزەكانی. جا ئەگەر داوای ڕوونكردنەوە بكەن سەبارەت بە شتێكی ئەو فەرمانە ئەوا ئەمە پێی ناوترێت ڕەخنەگرتن، بەڵكو وەرگرتنی زانیاری زیادەیە سەبارەت بەو شتە. وە هیچ شتێك هێندەی ئەم قسەیەی خۆیان {وَنَحْنُ نُسَبِّحُ بِحَمْدِكَ وَنُقَدِّسُ لَكَ} زیاتر مانای پاك و بێگەردبوونی فریشتەكان ناگەیەنێت لە تۆمەتی ڕەخنەگرتن.

لە گۆشەیەكی ترەوە دەتوانین ئەم دەستەواژەیە وەك پرسیارێكی هاوشێوەی ڕەخنە وەربگرین. بەجۆرێك هەروەك چۆن ئادەم جێگری خوای گەورەیە، بەهەمان شێوە خەڵكانێك هەن لە فریشتە دەچن.. دەشێت ناوبنرێن به‌ فریشتە. دەكرێت هاتبێت بە هزری ئەم كەسانەدا كە مادام خوای گەورە دەپەرستن بە ئەندازەی ئەو ژیریەی پێیان دراوە.. ئیتر چ پێویستیەك هەیە بۆ ڕەوانەكردنی مرۆڤێك بە شەریعەتەوە؟ لەبەر ڕۆشنایی ئەم مانایەدا ئەم دەستەواژەیە دادەنرێت بە وەڵامدانەوەی ئەو ڕەخنەیەی كە هاتووە به هزری ئەو كەسانەدا. بۆیە هەركاتێك خوا پێغەمبەرێك ڕەوانە دەكات كەسانی له‌ڕوواڵه‌تدا چاكەكار بەهەمان شێواز بیردەكەنەوە. جا ئه‌و كه‌سه‌یان كه‌ خاوەنی تەقوای ڕاستەقینە بێت هەست بە هەڵەكەی خۆی دەكات و باوەڕ دەھێنێت بە ئیمامی سەردەمی خۆی، بەڵام ئەوانەی تەقوای تەواوەتی و ڕاستەقینەیان نیە پێیان هەڵدەخلیسكێ، وە لەڕیزی فریشتەكان دەردەچن و دەچنە ڕیزی ئیبلیسەكانەوە.

ئەم دیمەنە لەسەردەمی هەموو پێغەمبەرێكدا دووبارە دەبێتەوە.. لەسەردەمی پێغەمبەریشدا (ﷺ) كەسێك دەبینین بە ناوی زەید، بانگەشەی ئەوەی دەكرد كە شوێن ئایینی پاكی ئیبراهیم كەوتووە، وە پێش ڕەوانەكردنی پێغەمبەر بانگەوازی عەرەبی دەكرد بۆ هاوبەش دانەنان بۆ خوای گەورە. جارێكیان لەكاتی نان خواردندا كۆبوویەوە لەگەڵ پێغەمبەردا، ڕەتی كردەوە خواردنی لەگەڵدا بخوات بەبیانووی ئەوەی كە لەگەڵ هاوبه‌شدانه‌راندا نان ناخوات. پێغەمبەریش (ﷺ) وەڵامی دایەوە كە هەرگیز هاوبەشی بۆ خوای گەورە بڕیار نەداوە. پاش ماوەیەك پێغەمبەر (ﷺ) بانگەشەی ئەوەی كرد كە لەلایەن خوای گەورەوە نێردراوە، ئەم پیاوە سەركەوتوو نەبوو لە باوەڕھێنان پێی، بەڵكو گوتی: ئەگەر خوا پێغەمبەرێكی ڕەوانە بكردایە ئەوا منی ڕەوانە دەكرد كە بەدرێژایی ژیانم دژایەتی هاوبه‌شدانانم كردووە بۆ خوای گه‌وره‌. (البخاري، كتاب المناقب، مناقب الأنصار؛ سیرة ابن هشام).

بڕوانن چۆن ئەم پیاوە پێش ڕەوانەكردنی پێغەمبەر (ﷺ) لەناو عەرەبدا وەكو یەكێك لە فریشتەكان وابووە.. ڕەتی كردەوە باوەڕ به‌ پێغه‌مبه‌ر (ﷺ) بكات، وە ڕەوانەكردنەكەی بەكارێكی هەوانتە دانا. ئەم جۆرە كەسانە لە سەردەمی هەموو پێغەمبەرێكدا بوونیان هەیە، سەرەڕای ئەوەی لە ڕوواڵەتدا وەكو سێبەری فریشتەكان دەردەكەون بەڵام دەچنەڕیزی ئیبلیسەكانەوە بەهۆی ڕەخنەگرتن لە ڕەوانەكردنی ئیمامی سەردەمەكەیان.

بەڵام بابەتی كۆتایی.. ئه‌وه‌ی كه‌ قسەی فریشتەكان هاتووه‌ته‌دی و فەرمایشتی خوای گەورە نه‌هاتووه‌ته‌دی.. ئەمیش لە بیركردنەوەیەكی ناتەواوەوە سەرچاوەی گرتووە، دیارە خوای گەورە نەیفەرمووە فەساد و خوێنڕشتن ڕوونادات، بەڵكو چەمكی خوێنڕشتن و خراپەكاری لەناو ڕاگەیاندنی ڕەوانەكردنی “خەلیفە” دا هەیە. خوای گەورە دەفەرموێت ڕاستە ڕەوانەكردنی ئادەم وەكو خەلیفەیەك واتە لەداهاتوودا كردەوەكانی خەڵكی بە پێوەری شەریعەت دەپێورێت و هەندێكیان بە خراپەكاری و خوێنڕشتن ئەژمار دەكرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا ئامانجێكی مەزن بەدی دەهێنێت كە هیچ یەكێك لە سەرجەم دروستكراوان ناتوانێت بەدی بەهێنێت. ئەم فەرمایشتەی خوا {إِنِّي أَعْلَمُ مَا لَا تَعْلَمُونَ} جەخت لەمە دەكاتەوە.. ئەوەتا لەم بانگەشەیاندا ئەوانی بەهەڵە نەزانیوە، بەڵكو دەفەرموێت: شتێك هەیە كە من دەیزانم و ئێوە نایزانن. بەم شێوەیە فریشتەكان وەڵامیان دەستكەوت بۆ پرسیارەكەیان هەروەك ئەوە هاتەدی كە خوا پێی ڕاگەیاندبوون.

ڕەنگە كەسێك سەبارەت بە فەرمایشتی خوای گەورە {قَالُوا أَتَجْعَلُ فِيهَا مَنْ يُفْسِدُ فِيهَا وَيَسْفِكُ الدِّمَاءَ} پرسیار بكات: ئایا ئەم قسەیە پەیوەستە بە ئادەمەوە یان بەهەندێ لەو كەسانەی كە ڕەوانەكراوە بۆسەریان یاخود بە نەوەكانی ئادەم لەداھاتوودا؟

وەڵامەكە ئەوەیە كە ئەم ڕستەیە پەیوەندی بە هەرسێكیانەوە هەیە. پەیوەستە بە ئادەمەوە؛ چونكە یەكەم پێغەمبەر بووە، وە لەسەردەستیدا شەریعەت هاتووە كە كۆت و پێوەندێك بووە بۆ مرۆڤ. وە ئاشكرایە ئەو كەسەی پیادەكردنی سیستەمی پێ دەسپێردرێت جاروبار پەنا دەبات بۆ زیندانی كردنی هەندی كەس، وە كوشتنی تاوانبارەكانیان.. لەپێناو چەسپاندنی پایەكانی سیستەمەكەدا، دەكرێت لەكاتی پێویستدا باج بسەپێنێت. ئەم ڕەفتارانە لە ڕووكەشدا وەك جۆرێك لە فەساد و خراپەكاری دێنە پێش چاو لای ئەو كەسانەی كە بەرژەوەندی سیستەمەكە نازانن، لەو كاتەدا بە سەرسوڕمانەوە پرسیار دەكەن: چۆن ڕەوایە بەزۆر دەستبگیرێت بەسەر ماڵ و سامانی خەڵكیدا؟ وە چۆن مرۆڤە ئازادەكان زیندانی دەكرێن و زیندووەكان دەكوژرێن؟ بەڵام ناتوانرێت پایەكانی ئاسایش جێگیر بكرێت بەبێ سەپاندنی باج و زیندانی كردنی تاوانباران و كوشتنی پیاوكوژەكان.

ئەم ڕستەیه پەیوەندی هەیە بەو كەسانەوە كە ئادەم ڕەوانەكراوە بۆناویان و بە نەوەكانی داهاتوویەوە؛ چونكە سنورەكانی شەریعەت چاك و خراپ و تاوانبار و بێتاوان جیادەكەنەوه. بێگومان ئاژەڵ نیچیر ڕاودەكات و دەكوژێت و دەگەزێت لەگەڵ ئەوەشدا بە خراپەكار لەقەڵەم نادرێت، چونكە بێبەشە لە عەقڵ كە خێر و شەڕ لەیەك جیادەكاتەوە، وە ملكەچ نیە بۆ سنورەكانی شەریعەت. هەروەها مرۆڤی پێش ئادەم بەم شێوەیە بوون، ئەگەر مرۆڤ لە ژیریدا گەیشتە ئاستێك ئامادەی بكات بۆ شوێنكەوتنی شەریعەت.. ئەوا لەو كاتەدا جیاكاری دەكرێت لەنێوان چاكەكار و خراپەكاردا، وە لەو كاتەوە داوای لێكراوە لەسەر زوبانی ئادەمەوە كە دەسدرێژی نەكاتە سەر مافی كەسانی تر و خراپەكاری بەرپا نەكات لەسەر زەویدا، وە ئەو دەسەڵاتدارەی كە شەریعەت جێبەجێ دەكات بەرپرسە لەوەی ماف بدات بەهەموو خاوەن مافێك. وە ئەو كەسەی پێچەوانەی شەریعەت جوڵایەوە ئەوا خراپەكار یان خوێنڕێژە.. ئەمە بابەتێكە پێش شەریعەت نەزانراو بووە.

یەكێك لە شتە سەیرەكان ئەوەیە كە ئینجیل، لە نامەی پۆڵسدا بۆ ڕۆما ئاماژەی كردووە بۆ ئەم مانایه، بەڵام بەشێوەیەكی ناتەواو. “چونکە شەریعەت تووڕەیی خودای لێ دەکەوێتەوە. ئەگەر شەریعەت نەبێت، سەرپێچییش نییە… بەڵام کە شەریعەتی تەورات نەبێت گوناهـ ناژمێردرێت.” (ڕۆما، به‌شی 4: 15، به‌شی 5: 13). بێگومان مەسیحیەت لەم مانا ناتەواوەوە بەهەڵە بەڵگەی هێناوەتەوە؛ چونكە باوەڕی وابووە كە شه‌ریعەت سزای پەتیە، وە مەسیحی ناسیرەیی ئەو كەسە بووە كە مرۆڤی ڕزگاركردووە لەم سزایە. بەمشێوەیە خۆیان بێئاگاكرد لەوەی كە تاوان ژەهرە. وە لەبەرئەوە ژەهر نیە كە شەریعەت وەهای دانابێت بەڵكو لەبەرئەوەی لەخودی خۆیدا ژەهرە. وە لەبەرئەوە خوای گەورە بە سەرپێچی لەقەڵەمیداوە. وە وەسفكردنی ژەهر بەوەی ژەهراویە لە زیانەكەی زیاد ناكات، بەڵكو لەبەردەم مرۆڤدا دەرگای دووركەوتنەوە و ڕزگاربوون لێی دەكاتەوە. دیارە مناڵی بچوك بێبەشە لە هەست و هۆشی ڕاست و دروست بۆیە كردەوەكانی بەڕەھایی ئازادن له بەرپرسیارێتی، وه‌ ئەگەر ئازاری گەیاند بەخۆی یان بەكەسانی تر لێپرسینەوەی لێ ناكرێت لەسەر كردەوەكەی، نەك لەبەر ئەوەی كردەوەكەی كردەوەیەكی خراپ نیە.. بەڵكو لەبەر ئەوەی مناڵ ناتوانێت خێر و شەڕ لەیەك جیابكاتەوە. كاتێك مناڵ دەكاتە قۆناغی پەیبردن و تێگەيشتن حوكم دەدرێت بەسەركردەوەكەیدا بەوەی چاكە یان بەخراپە، ئەوسا پێویسته لەسەرمان فێری فەرمان و قەدەغەكانی بكەین.. واتە چی بكات و چی نەكات، وە پێویستە لەسەری بەگوێرەی فێركردنەكەی ئێمە كاربكات.. ئەگەر وای كرد ئەوا كارێكی چاكی كردووە، ئەگەر پێچەوانەكەی ئەنجامدا ئەوا هەڵەی كردووە.

بەكورتی: پرسیاری فریشتەكان واتە: بێگومان دۆخی مرۆڤ دوای دابەزینی شەریعەت و دەستنیشانكردنی خەلیفە دەگۆڕێت، لەو كاتەدا كۆمەڵێكیان بە گوێرەی ئەم شەریعەتە دەبن بەكەسانی خراپەكار و خوێنڕێژ، وە پێش شەریعەتەكە لەسەر ئەم جۆرە كردەوانە سەركۆنە نەدەكران.. بۆیە ئەم پرسیارەیان لە جێگای خۆیدا بووە و پێویستیان بە شیكردنەوە و شرۆڤەكەی بووە. حیكمه‌تی خوایی مەبەستی ئەوە نەبووە سەركۆنەی مرۆڤ بكات و لەكەداری بكات بە ئەنجامدانی تاوان، بەڵكو بیری مرۆیی لەو كاتەدا گەیشتە ئاستێكی پێشكەوتن و نزیكبوونەوە لە كەماڵ بەجۆرێك ئەم كردەوانەی كاریگەریەكی خراپی بەجێدەھێشت لە دڵیدا، بۆیە خوای گەورە ویستی وەحیەكەی خۆی دابەزێنێتە سەر مرۆڤ، ئەوەبوو لەناویاندا ئادەمی هەڵبژارد وەك خەلیفەیەك بۆ ئەوەی سه‌رمه‌شقی مرۆڤایەتی بكات بۆ پلەوپایە بڵندەكەی خۆی، وە هەوڵبدات بۆ بەدەستهێنانی ئەو بەها باڵایانە كە مرۆڤ بووە بە شایستەیان.

 لێرەدا خاڵێك هەیە شایانی باسكردنە.. هەموو ئەوەی خوا (عَزَّ وَجَلَّ) فەرمووی دەربارەی جێنشینی ئادەم بەتەواوەتی ڕاستە.. وە پرسیاركردنی فریشتەكانیش دروستە.. جیاوازی نێوانیان تەنها لەلایەنی دید و تێڕوانینەوە بووە. خوای گەورە لە جێنشینی ئادەمەوە درەوشانەوەیەكی مەزنی بینی بۆ دەركەوتنی گەورە و سەروەرمان موحەممەد (ﷺ) ئادەم یەكەم قۆناغی دانانی مرۆڤایەتی بوو لەسەر ڕێگەی كامڵبوون.. كە لە كەسایەتی خاتەمی پێغەمبەراندا (ﷺ) گەیشتە چڵەپۆپە، لەكاتێكدا فریشتەكان ترسیان هەبوو لە مرۆڤ لەبەر دیمەنەكانی شەڕ و خراپەكاری ڕەنگكراو بەڕەنگی ئەبو جەھل و هاوشێوەكانی.

بێگومان دامەزراندنی خیلافەت دەبێتە مایەی دابەزینی سزا بۆسەر كۆمەڵێكی دیاریكراو لە خراپەكاران و پیاوكوژان، بەڵام كۆمەڵێكی تر هەیە لە چارەی نووسراوە كە بكەوێتە سەرووی خودی فریشتەكانەوە، وه‌ خۆشەویستی و نزیكی خوا بەدەست بھێنێت. ئەم كۆمەڵە سەركەوتووە بریتیەلە ئامانج لە دروستكردنی ئەم كۆمەڵگا مرۆییە ڕێكخراوەدا. لەبەر بوونی ئەم توێژە ناوازەیەی مرۆڤ.. كەس ناوێرێت بانگەشەی شكستھێنانی سیستەمی مرۆیی بكات، بەڵكو هەر تاكێكی ئەم كۆمەڵە باڵایە شایستەی ئەوەیە كە ئەم سیستەمە لەپێناویدا دروست بكرێت. وە مەزنترینیان و شایستەترینیان بەوەی ئەم سیستەمە لەپێناویدا دروست بكرێت موحەممەدە (ﷺ)، كە خوای گەورە دواندوویەتی و پێی فەرمووە: “لولاكَ لَمَا خَلَقْتُ الأفلاكَ” واتە ئەگەر تۆ نەبوویتایە ئەم گەردوونانەم دروست نەدەكرد.

ئەم فەرموودە قودسیە سەبارەت بە هەڵبژاردە هاتووە (ﷺ)، بێگومان چەندین كەسی كامڵ كۆمەڵێك ئیلهامی لەم شێوەیان پێ گەشتووە. وە ئەم چاكەكارە كامڵانە بەڵگەن لەسەر ئەوەی كە ویستی خوا ویستێكی پڕ لە حیكمه‌ته‌، وە ترسی فریشتەكان هیچ قورساییەكی نەبووە.

 وە قسەی فریشتەكان {وَنَحْنُ نُسَبِّحُ بِحَمْدِكَ وَنُقَدِّسُ لَكَ} ئەو گومانە بەدرۆدەخاتەوە كە ئەوان ڕەخنەیان گرتبێت لەخوای گەورە، ئەوان سوپاس و ستایشی خوایان كردووە و بەپاك و خاوێن ڕایانگرتووە لەهەر خەوشێك، وە كەسێك سوپاسی خوا بكات و بەپاك ڕایبگرێت ڕەخنە ناگرێت له فەرمانێك لە فەرمانەكانی ئه‌و (عَزَّ وَجَلَّ).. تەنھا پرسیاریان كردووە بۆ ئەوەی حەقیقەتی بابەتەكە بزانن نه‌ك شتێكی تر.

دەكرێت ئەم دەستەواژەیە مانایەكی تری هەبێت، فریشتەكان بەم قسەیەی خۆیان گوزارشتیان كردووە لەوەی كە گومانیان هەبووە لە تەواوی و بێكەموكوڕی بەندایەتیەكەیان بۆ خوا و گوتویانە: بێگومان ئێمە بەگوێرەی توانا سوپاس و ستایشت دەكەین و بەپاك ڕاتدەگرین لەهەموو خەوشێك، ڕەنگە لاوازیەك ڕوویدابێت لەم بەندایەتیەماندا، بۆیە ئەمە دروستكردنی بوونه‌وه‌رێكی تری خواستووه‌ كه‌ ببێت بە سێبەرێك بۆ خۆت. لە ڕووی ئەم مانایەوە قسەی فریشتەكان گومانی ڕەخنەی لێ ناكرێت، بەڵكو دیمەنێكی ناسك و جوانە بۆ ترسان لەخوای گەورە، كە ئەم كارە شایستەترە بە بارودۆخی نزیكانی خۆی (عَزَّ وَجَلَّ).

فەرمایشتی خوای گەورە: {قَالَ إِنِّي أَعْلَمُ مَا لَا تَعْلَمُونَ} وەڵامێكی كورت و پوخت و پڕبە پێستە بۆ ڕازیكردنی هاوشێوەی فریشتە نزیكەكان.. چونكە گەورەیی و مەزنی خوا (عَزَّ وَجَلَّ) دەزانن. بۆیە كاتێك خوای گەورە فەرمووی: ئەو بەرژەوەندیە مەزنانەی من دەیانزانم كه‌ لە دروستكردنی ئادەمدا هەن ئێوە نایانزانن، دڵنیابوون كە ئەوە حەق و ڕاستیە. پاشان خوای گەورە ویستی ئەمە ڕوون بكاتەوە بۆ وەچەكانی داهاتووی نەوەی ئادەم، لەبەرئەوە وەڵامێكی تێروتەسەلی داوەتەوە وەك دەبینین لە ئایەتەكانی دواتردا.

هەروەها شایانی باسكردنە كە قورئانی پیرۆز بەوە جیادەكرێتەوە لە كتێبە ئاسمانیەكانی تر كە تەسبیح و تەحمید و تەقدیسی بەیەكەوە كۆكردووەتەوە. تەسبیح نه‌رێكردنی خەوشەكان له‌خۆده‌گرێت، وە ئەهلی باڵا ڕازینابن بە سیفەتە نه‌رێكردنه‌كان؛ چونكە تەواوی و بێ كەموكوڕی سیفەتە ئه‌رێكردنه‌ ڕاستەقینەكان دەخوازێت. بێگومان نه‌رێكردنی هەندێ خەوش و ناتەواوی وێنە ڕاستەقینەكە پیشان نادات، بەڵام باسكردنی سیفەتە جێگیرە ئه‌رێنییه‌كان ڕاستیەكە بەجوانی دەردەخات. بۆ نموونە ئەگەر گوتمان خوای گەورە ماددە نیە، وە برسی و تینوی نابێت، وە خەو نایباتەوە و نامرێت، وە ملكەچ نابێت بۆ هەواو ئارەزووەكان.. گوێگر لەم قسەیەی ئێمەوە بۆی دەردەكەوێت كە خوا هەندێ جیاوازی هەیە لەسەرجەم دروستكراوەكان.. بەڵام لەمەوە مەزنی و گەورەیی خوای بۆ دەرناكەوێت بەجۆرێك ڕێزی شایستەی لێ بگرێت.

بێگومان ئایینە سەرەتاییەكان بایەخیان داوە بە لایەنی نه‌رێكردن و تەسبیح؛ چونكە ژیری مرۆڤ لەو كاتەدا نەگەشتبووە ئاستێك لە كەماڵ و گەشە كە پەی ببات بەلایەنی حەمد و تەقدیس. بەڵام قورئانی پیرۆز زۆر بایەخی نەداوە بە سیفەتە نه‌رێكردنه‌كانی خوای گەورە بەڵكو زۆرترین بایەخی داوە بە لایەنی تەقدیس، بەمەش وێنەیەكی جوان و ڕۆشنی سیفەتەكانی خوا پێشكەشی خەڵكی دەكات كە پێشتر نموونەیان نەبووە لە ڕوونی و گشتگیری و تەواوەتیدا، بەجۆرێك مرۆڤ سەبارەت بە پەروەردگاری ئەوەندە زانیاری دەستدەكەوێت كە دڵی پڕبكات لە خۆشەویستی و شكۆی خاوەنی حەمدی ڕەها و قودسیەتی تەواوەتی. بۆ نموونە قورئانی پیرۆز دەربارەی خوای گەورە دەفەرموێت: {لَا يَمُوتُ} (الفرقان: 59)، {لَمْ يَلِدْ} {وَلَمْ يُولَدْ} (الإخلاص: 4)، {وَلَا يُطْعَمُ} (الأنعام: 15)، {لَا تَأْخُذُهُ سِنَةٌ وَلَا نَوْمٌ} (البقرة: 256).

ئەگەر سەرنجماندا لەم سیفەتە نێگەتیڤانە دەبینین لەبارەی حەقیقەتی گەورەیی خواوە نادوێن، بەڵكو كۆمەڵێك سیفەتن ئەو بیروباوەڕە شیركیانە پووچ دەكەنەوە كە لەناو گاور و هاوشێوەكانیان لە موشریكەكاندا باو بووە، ئەوانەی كە خوای گەورەیان بەسیفەتەكانی مرۆڤ وەسف دەكرد. قورئانی پیرۆز لەم ئایەتانەدا بە ڕاشكاوی ڕایگەیاندووە ئەو پەرستراوانەی خواردن دەخۆن و بەبازاڕدا دەگەڕێن، وە لەسكی دایكەكاندا لەدایك دەبن و هاوسەرگیری دەكەن و مناڵیان لێ دەكەوێتەوە، وە دەخەون و بەهۆی ماندوێتیەوە وەنەوز دەدەن.. بەهیچ شێوەیەك خوا نین.. خوا زۆر بەرزترە لە هەموو ئەمانە.

بەڵام سیفەتی {لَيْسَ كَمِثْلِهِ شَيْءٌ} (الشوری)، ئەمیش سیفەتێكی تەواو نێگەتیڤ نیە، بەڵكو ڕوونی دەكاتەوە كە خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا سیفەتە ئیجابیە زاتیەكانی خۆی بۆ باسكردووین بە شێوەیەك نزیكیان بكاتەوە لە تێگەشتنی ئێمە، بەڵام پێویستە فریونەخۆین پێیان و بەهاوشێوەی سیفەتەكانی مرۆڤ لەقەڵەمیان بدەین، وە لەڕاستیدا بەتەواوەتی جیاوازن لێیان. خوای گەورە قسەدەكات، بەڵام بە چۆنێتی و شێوازی مرۆڤ قسە ناكات بەجۆرێك پێویستی بە زمان و قوڕگ و لێو و ئامرازه‌كانی قسەكردنی مرۆیی هه‌بێت. وە دەبیستێت و دەبینێت، بەڵام {لَيْسَ كَمِثْلِهِ شَيْءٌ} لە بیست و بینینەكەیدا. بەم شێوەیە قورئانی پیرۆز سیفەتە خواییە زاتیەكانمان پێ دەناسێنێت لەگەڵ خستنەڕووی جیاوازییان لەگەڵ سیفەتە مرۆییەكاندا.

بێگومان قسەی فریشتەكان {وَنَحْنُ نُسَبِّحُ بِحَمْدِكَ وَنُقَدِّسُ لَكَ} ئاماژەیە بۆ ئەو شتەی كە خاوەن عیرفانە كامڵەكان لە بەندە نزیكەكانی خوا دەیبینن. ئەوانە خوای گەورە نابینن لەڕێگەی سیفەتە تەنزیهیە نێگەتیڤەكانەوە، بەڵكو شكۆدار دەبن بە ناسینی خوا لە ڕێگەی سیفەتە حەقیقی و ئیجابیەكانیەوە. هەروەها ئاماژەیشە بۆ ئەوەی قورئان، كە جەخت دەكاتەوە لەسەر بوونی ئەم سیفەتە ئیجابیە ڕاستەقینانە.. دەبێتە هۆكارێك بۆ دروستبوونی دیمەنە فریشتەئاساكان كە بایەخ دەدەن بە حەمد و تەقدیس لەگەڵ بایەخدانیان بە تەسبیح، وە بوونی خوایی نزیك دەكاتەوە لە بەندەكان بەهۆی ئەو سیفەتانەیەوە كە پەیوەستن بە درەوشانەوەی تواناكەیەوە، وە بایەخدانەكەی كورت نابێتەوە لەسەر سیفەتە تەنزیهیە سەلبیەكانی كە وەهای لێدەكەن وەك ئەوەی ئه‌و (جَلَّ وَعَلَا) بوونێكی شاراوە و داپۆشراو و دابڕاوبێت لە بەندەكانی.

لەڕاستیدا ناتوانرێت بەتەواوەتی پەیوەندی بكرێت بەخوای گەورەوە (عَزَّ وَجَلَّ) مەگەر بە بیركردنەوە لە سیفەتە ئیجابیەكانی و سوود وەرگرتن لێیان، وە ئەوەی بەتەنھا دەست بگرێت بە تەسبیحەوە تەنھا دانبەوەدا دەنێت كە خوای گەورە بوونێكی باڵای هەیە؛ بەڵام ئەوەی تەسبیح و تەحمیدی دەكات وەكو خوایەكی كارا و زیندوو دەیبینێت، وە كەسانی تریش شاد دەكات بە بینینی.

 خوای گەورە (عَزَّ وَجَلَّ) لەڕێگەی ئەم قسەیەی فریشتەكانەوە وانەیەكی مەزنی فێری ئوممەتی ئیسلامی كرد، بۆیە پێویستە لەسەر موسوڵمانان بەوەندە وازنەهێنن كە تەنزیهی خوا بكەن لەڕێگەی سیفەتە نێگەتیڤەكانیەوە، بەڵكو ئەوەش پێویستە لەسەریان كە یادی بكەنەوە لە ڕێگەی سیفەتە ئیجابیەكانیەوە بۆ ئەوەی سوودوەربگرن لێیان و بەهۆیانەوە سوپاس و ستایشی بكەن، بەمەش ببن بە وەڵامێكی كردەیی بۆ پرسیاری فریشتەكان، وە ببن بە بەڵگەیەكی كرداری لەسەر گرنگی دروستبوونی مرۆڤ بەوەی دەكەوێتە سەرووی ئەوانەوە لە تەسبیح و سوپاس و ستایشدا، وە ببن بە بەڵگەیەكی یەكلاكەرەوە لەسەر كەماڵی حیكمه‌تی خوا (عَزَّ وَجَلَّ).

هەندێ چەمكی ئایەتەكە لەبەر ڕۆشنایی كۆمەڵێك ئایەتی تردا

یەكەم: ئادەم (عليه السلام) ئەڵقەی یەكەمە لە زنجیرەی سیستەمی مرۆیی، خوای گەورە بەهۆی ئەوەوە دابەزینی وەحی ئاسمانی دەستپێكردووە بۆسەر خەڵك بەگوێرەی ئەوەی كە لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە. پێم خۆش پەردە لابدەم لەسەر ئەوەی كە ئادەمی باسكراو لەم ئایەتەدا باوكی مرۆڤ نەبووە، ئەو كەسەی كە دروستبوونی مرۆڤ لەوەوە دەستی پێ كردووە، قورئانی پیرۆز ڕاستی ئەم قسەیە ناسەلمێنێت، وە نافەرموێت خوای گەورە بەیەك هەنگاو ئادەمی دروستكردووە، پاشان لە پەراسوەكەی حەوای خێزانی دروستكردووە.. بەڵكو ئەم قسەیە لە تەورات و كتێبەكانی ترەو وەرگیراوە و بەدرۆ داویانەتەپاڵ ئیسلام. لەتەوراتدا هاتووە: “..ئینجا خودا فەرمووی: با مرۆڤ لەسەر شێوەی خۆمان دروست بكەین و لەخۆمان بچێت. با دەسەڵاتداربن بەسەر ماسی دەریا و باڵندەی ئاسمان و ئاژەڵی ماڵی و بەسەر هەموو زەویدا، هەروەها بەسەر هەموو ئەو بوونەوەرە خشۆكانەی بەسەر زەویدا دەخشێن. خودا مرۆڤی لەسەر وێنەی خۆی بەدیھێنا، لەسەر وێنەی خودی خۆی بەدیھێنا، بە نێر و مێ بەدیھێنان. خودا بەرەكەتداری كردن و پێی فەرموون: بەرداربن و زۆر بن و زەوی پڕ بكەن.. ئینجا یەزدانی پەروەردگار باخچەیەكی لە عەدەن، لە ڕۆژهەڵاتدا چاند. لەوێش ئاده‌می دانا كە پێكی هێنابوو.. یەزدانی پەروەردگار فەرمووی: باش نیە بۆ ئاده‌م بەتەنھا بێت. یاریدەدەڕێكی هاوشانی بۆ دروست دەكەم… لە ئەنجامدا یەزدانی پەروەردگار ئاده‌می خستە خەوێكی قووڵەوە. كاتێك خەوتبوو، یەكێك لەپەراسووەكانی دەرھێنا و شوێنەكەی بە گۆشت بۆ پڕكردەوە. ئینجا یەزدانی پەروەردگار ئافرەتێكی لەو پەراسووە بنیاد نا كە لە ئاده‌می وەرگرتبوو، جا بۆ ئاده‌می هێنا. ئاده‌م گوتی: ئێستا ئەمە ئێسكێكە لە ئیسقانەكانم و گۆشتە لە گۆشتم. ئەمە ناودەبرێت بە ئافرەت چونكە لە پیاوه‌وه‌ وەرگیراوە.” (پەيدابوون: بەشى 1 و 2).

كتێبە هيندۆسیەكان دەڵین دروستكردنی مرۆڤ بەشێوەی جوت بووە، یان بە دووكەرتبوونی خوا بۆ دوو كەرت لای هەندێك، یان بە دابەشبوونی “براھما” لای كەسانی تر، لەوەوە جۆری مرۆڤ بڵاوەی كردووە.

چیرۆكەكانی دروستبوونی ئەم مرۆڤە بەشێوەی مەجاز هاتوون، وا دەردەكەوێت كە كتێبی پاشینەكان لەلایەن خۆیانەوە لێرە و لەوێ شتیان بۆ زیاد كردبێت، بۆیە بەم شێوە ئەفسانەییە هاتووە. بەڵام لێكچوونێك هەیە لەنێوان چیرۆكە جۆراوجۆرەكان كە لە كتێبە هۆندۆسیەكاندا هاتوون، وە لە هێڵەگشتەكانیاندا تەبا و گونجاون.

“داروین” یەكێك لە زانا و فەیلەسوفەكانی سەردەمی نوێ، هەستاوە بە خستنەڕووی تیۆریەك كە دەڵێت بنچینه‌‌ی ژیان لەسەر زەوی دروستبووە، ئینجا پاش ژمارەیەك پێشكەوتن و گۆڕانكاری یەكلەدوای یەك لە میانەی ماوەیەكی دورودرێژدا گەشەی كردووە تاگەشتووەتە قۆناغی ئاژەڵە جۆراوجۆرەكان، وە لەكۆتاییدا گەشتووەتە جۆرێك كە زۆر لە مەیمون دەچوو، وە لەم جۆرەی ئاژەڵەوە بوونی مرۆڤ گەشەی كردووە. بەگوێرەی ئەم تیۆریە، مرۆڤ ئەڵقەی كۆتایی دەنوێنێت لە دروستبوونی تۆوی ژیان، وە بەیەكجار نەهاتووەتە ژیانەوە.

هەندێ لە زانا ئەڵمانی و فەڕەنسیە هاوچەرخەكان هەوڵیان داوە وێنای بیرباوەڕە هەندۆسی و بابلیە دێرینەكان بكەن بەهۆی كۆمەڵێك قاڵبی زانستە سروشتیەكانەوە.. دەڵێن بوونی خوا ئەو شتە بووە كە گەشەی كردووە بۆ بوونی مرۆڤ، یان بە دەربڕینێكی تر: بنەمای ڕێسا ئەزەلیەكان وەرچەرخاوە بۆ شێوەی مرۆڤ كە دواھەمین دۆخی ئەو گەشەسەندنە بەردەوام و نەپچڕاوەیە.

بەڵام قورئان شێوازێكی جوان و ناوازەی هەڵبژاردووە بۆ ئاشكراكردنی ڕازەكانی دروستبوونی ئەم گەردوونە و لابردنی پەردە لەسەر ڕاستیە ئاڵۆزەكانی.. جیاوازە لە سەرجەم ئەم بۆچوونانە. لە فێركاریەكانی قورئانی پیرۆزەوە ڕوون دەبێتەوە كە بەبێ گومان سوننەتی بڵندبوونەوە و گەشەسەندن لەگەڕدایە لەهەردوو جیهانی ڕۆحی و ماددیدا، وە جیھانی ماددی گەيشتووەتە چڵەپۆپەی كەماڵ و تەواوەتی خۆی پاش كۆمەڵێك گەشەی بەرەوباڵاچوونی دوورودرێژ، وە هەروەها جیھانی ڕۆحی گەشتووەتە لوتكەی تەواوەتی خۆی پاش بڕینی كۆمەڵێك قۆناغی گەشە و بڵنبوونەوەی دوورودرێژ. بەڵام قورئانی پیرۆز دان بەوەدا نانێت كە مرۆڤ دواهەمین ئەڵقە بێت لە زنجیرەی گەشە و بڵنبوونەوەی ئاژەڵە جۆراوجۆرەكان، بەڵكو دەڵێت گەشەسەندنی مرۆیی لەخۆیدا سەربەخۆ بووه‌ و جیایە لە گەشەسەندنەكانی تر، وە ئەو تەنھا دیمەنێكی گەشەسەندنی ئاژەڵی نیە كە بەڕێكەوت ڕوویدا بێت، ئەم ڕاستیە لەم فەرمایشتەی خوای گەورەوە دەردەكەوێت: {مَا لَكُمْ لَا تَرْجُونَ لِلَّهِ وَقَارًا (*) وَقَدْ خَلَقَكُمْ أَطْوَارًا (*) أَلَمْ تَرَوْا كَيْفَ خَلَقَ اللَّهُ سَبْعَ سَمَاوَاتٍ طِبَاقًا (*) وَجَعَلَ الْقَمَرَ فِيهِنَّ نُورًا وَجَعَلَ الشَّمْسَ سِرَاجًا (*) وَاللَّهُ أَنْبَتَكُمْ مِنَ الْأَرْضِ نَبَاتًا (*) ثُمَّ يُعِيدُكُمْ فِيهَا وَيُخْرِجُكُمْ إِخْرَاجًا} (نوح: 14 – 19).

لەم ئایەتەوە ئەم خاڵانەی خوارەوە دەردەكەوێت:

1. وشەی {أَطْوَارًا} مانای ئەوە دەبەخشێت كە دروستبوونی مرۆڤ چەندین بارودۆخ و سنور و قۆناخی بڕیوە پێش ئەوەی تەواوبێت.

2. دروستبوونی مرۆڤ پێش دروستبوونی ئاسمانەكان و زەوی دەستی پێكردووە، دوای ئەوه كۆتا قۆناغەكانی لەسەر زەویدا بووە.. واتە قۆناغەكانی دروستبوونی مرۆڤ بەشێوەیەك لەشێوەكان دەستی پێكردووە كاتێك ئاسمانەكان و زەوی تەنھا دوكەڵ بوون، پاشان لەدواییدا ئەم وێنەیە گەشەی كردووە تا ئەوكاتەی وێنەی مرۆڤ تەواوبووە لەسەر زەویدا پاش دروستبوونی ئاسمانەكان و زەوی.

3. پاش ئەوەی دووكەڵەكە چڕبوویەوە و ئاسمانەكان و زەوی لێ دروست بوو، قۆناغێكی نوێ لە دروستبوونی مرۆڤ هاتەكایەوە، بوونەكەی لە ناخی زەویەوە هاتە دەرەوە بۆ سەر زەوی وەكو ڕووەكە لاوازەكان كە ناجووڵێن و خۆراكی خۆیان لە تەڕایی زەویەوە وەردەگرن، پاشان وردە وردە وەرچەرخا بۆ وێنەی بوونیكی جووڵاو.

4. ئەوەی كە بەسەر مرۆڤدا دێت دوای مردنی بەڵگەیەكە لەسەر ڕاستی ئەوەی قورئان دركاندوویەتی لەم بارەوە. ئەوەتا جەستە دەگۆڕێت بۆ خۆڵ، ئەم خاڵه بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە سەرەتای دروستبوون لە قوڕەوە بووە. پاشان دەفەرموێت: مردنی مرۆڤ و گۆڕانی بۆ خۆڵ مانای ئەوە نیە كە هەموو بەشەكانی لەناوبچن و ژیانیان تێدا نەمێنێت، بەڵكو خوای گەورە ئەو دۆخی گەشەكردنه هەمیشەییەی تێدا دەھێڵێتەوە كه‌ پاش دروستكردنی لە قوڕ هەیبووە.. دەیگێڕێتەوە بۆی لەڕێگەی ژیانەوەیەكی ترەوە كە تێیدا مرۆڤ بەهۆی كردەوەكانیەوە لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكرێت.

بەكورتی، بەگوێرەی فێركاریەكانی قورئان دروستبوونی ئادەمیزاد، بەیەكجار و لەیەك كاتدا نەبووە، بەڵكو خوای گەورە بناغەی تەلاری دروستبوونەكەی دامەزراندووە لەوكاتەوە سیستەمی گەردوونی دروستكردووە، پاشا وەك ڕووه‌ك لە زەویدا ڕواندی و لە سەردەمە جۆراوجۆرەكاندا گەشەی كرد، وه‌ وێنەی مرۆیی پێ بەخشی و عەقڵ و هەستی پێ خەڵاتكرد.

قورئان دۆخێكی تر باس دەكات كە پێش ئەمە بووە، ئەویش ئەوەیە كە تێیدا تەنانەت بنچینه‌ سەرەتاییەكەی مرۆڤ یان گەردیلەكانی یەكەمی بوونی نەبووە.. خوای گەورە دەفەرموێت: {أَوَلَا يَذْكُرُ الْإِنْسَانُ أَنَّا خَلَقْنَاهُ مِنْ قَبْلُ وَلَمْ يَكُ شَيْئًا} (مریم: 68). لەم ئایەتەدا ئەوە دركێنراوە كە خوای گەورە لە نەبوونەوە ئەو ماددەیەی درووستكردووە كە مرۆڤی لێ دروستكراوە.

وە كۆمەڵێك ئایەتی قورئانی پیرۆز تاوتوێی بابەتی دروستبوونەكە دەكەن و ئاماژە دەكەن بۆ قۆناغە زۆرەكانی، لەوانە بۆ نموونە:

{وَاللَّهُ خَلَقَكُمْ مِنْ تُرَابٍ} (فاطر: 12)

{وَبَدَأَ خَلْقَ الْإِنْسَانِ مِنْ طِينٍ} (السجدة: 8)

{وَهُوَ الَّذِي خَلَقَ مِنَ الْمَاءِ بَشَرًا} (الفرقان: 55)

{وَجَعَلْنَا مِنَ الْمَاءِ كُلَّ شَيْءٍ حَيٍّ أَفَلَا يُؤْمِنُونَ} (الأنبیاء: 31)

{ثُمَّ جَعَلَ نَسْلَهُ مِنْ سُلَالَةٍ مِنْ مَاءٍ مَهِينٍ} (السجدة: 9)

لەم ئایەتانەوە دەردەكەوێت كە قۆناغی یەكەمی دروستبوونی مرۆڤ بریتیە لە سووڕی دروستبوونی لە قوڕ، پاشان كاتێك بەم شێوەیە گەشەی كرد، ئینجا لە ئاوێكی بێ بایەخ وەچەكانی دەستیانكرد بە زاوزێ.. {مِنْ مَنِيٍّ يُمْنَى} (القیامة: 38).

وە ڕوونیشی دەكاتەوە كە سوڕی دروستبوونی مرۆڤ لە قوڕ جیاوازە لە سووڕی زاوزێكردنی لەو ئاوە كەم بایەخە.

پاشان قورئان، وەك ئایەتەكانی دەیگێڕنەوە بۆمان، ڕوونی دەكاتەوە كە دروستبوونی مرۆڤ لە ڕێگەی گەشەی ئاژەڵەكانی ترەوە نەبووە، بەڵكو بنچینه‌ی مرۆیی لەسەرەتای دروستبوونەوە بۆ خۆی سەربەخۆ بووە، تایبەتمەندبووە بۆ ئەوەی ببێت بە وێنەی مرۆڤ، بۆیە خوای گەورە لە ئایەتەكەدا دەفەرموێت وەچەی مرۆڤ دەستی كردووە بە زاوزێ پاش ئەوەی مرۆڤ بووبە مرۆڤێكی ڕێكوپێك، بەڵام دان نان بە تێۆری “داروین”دا پێویستی دەكات دان بنرێت بەوەدا كە مرۆڤ لەڕێگەی ئاژەڵەكانەوە زاوزێی كردووە تەنانەت پێش ئەوەی بگاتە ئاستی مرۆڤبوون.

ئایەتێكی تر هەیە دۆخی ئادەمیزادمان پیشان دەدات پێش ئەوەی ببێت بە مرۆڤ.. خوای گەورە دەفەرموێت {هَلْ أَتَى عَلَى الْإِنْسَانِ حِينٌ مِنَ الدَّهْرِ لَمْ يَكُنْ شَيْئًا مَذْكُورًا} (الدھر: 2) واتە مرۆڤ لەم سووڕەی ژیانیدا هێزی فیكری تێدا دروست نەبووە، وە لەو كاتەدا بوونەوەرێكی قسه‌كه‌ر و ژیر نەبووە، بەڵكو بوونەوەرێك بووە كە هێزی شاراوەی گەشە و پێشكەوتنی بەشاراوەیی تێدابووە..

پاشان ئایەتەكەی دواتری دەفەرموێـت: {إِنَّا خَلَقْنَا الْإِنْسَانَ مِنْ نُطْفَةٍ أَمْشَاجٍ نَبْتَلِيهِ …} (الدهر: 3). لەم ئایەتەدا ئاماژەكراوە بۆ ئەوەی كە وەچەخستنەوە و زاوزێی مرۆڤ لەڕێگەی دڵۆپێك ئاوەوە دەستی پێكردووە پاش ئەوەی بە وێنەی بوونەوەرێكی زیندوو دەركەوتووە، وە ئەم تۆوەی “أَمْشَاجٍ” بووە، واتە تێكەڵەیەك بووە لە هێزە جۆربەجۆرەكان كە تۆوی مرۆیی جیا دەكەنەوە لە تۆوی سەرجەم ئاژەڵەكان. وە تۆوی ئاژەڵەكانی تر (أَمْشَاجٍ) نین، واتە ئاوێتەیەك نین لە كۆمەڵیك هێزی جۆربەجۆر، لەبەرئەوە ئاژەڵەكان توانای هەڵبژاردنی ڕێگەی جیاواز و جۆربەجۆریان نیە. بەڵام مرۆڤەكان كە لە تۆوێكی ئاوێتە دروست بوون جیاوازن لە سروشت و خووڕەوشتیاندا، وە دەتوانن ڕێگای جیاواز و جۆراوجۆر هەڵبژێرن. بەڵام مەیمون ئێستاش هەمان ئەو هێزانەی هەیە كە پێش هەزاران ساڵ هەیبوون، وە هەروەها شێر و سەرجەم ئاژەڵەكانی تر.. بەڵام وەچەی مرۆڤ دروستكراوە لە {نُطْفَةٍ أَمْشَاجٍ، تۆوێكی ئاوێتە} جیاوازن لە باوباپیرانیان لە كردەوە و هێزەكانیاندا، بۆیە دەتوانن بەردەوام پێشبكەون لە زاست و هونەرەكاندا. وه‌ك ئه‌وه‌ی له دەستەواژەی {نُطْفَةٍ أَمْشَاجٍ}دا ئاماژە كرابێت بۆ ئەوەی كە مرۆڤ ئاژەڵێكی گۆیایە.

وە ئایەتەكە بە فەرمایشتی {فَجَعَلْنَاهُ سَمِيعًا بَصِيرًا} (الإنسان: 3) ته‌واو ده‌بێت.

 وە ئەم دوو سیفەتە {سَمِيعًا بَصِيرًا} مانای ڕۆچوون و كەماڵ دەگەیەنن، وە دوو سیفەتی تایبەتن بە مرۆڤ و سەرجەم ئاژەڵەكان بێبەشن لێیان. ئاژەڵ دەبیستێت بەڵام بیسەر نیە؛ چونكه تێناگات و بیرناكاتەوه لەوەی دەیبیستێت. وە دەبینێت بەڵام بینا نیە؛ چونكە بیرناكاتەوە لەو شتەی دەیبینێت و عەقڵی ناخاتەگه‌ڕ تێیدا. بەم شێوەیە ئادەم یەكەم دیمەن بووە بۆ ئەو هێزانەی كە ئاخنرابوونە ناو تۆوە ئاوێتەكەوە كە لە هەردوو سیفەتی: بیسەر و بینا دا درەوشاونەتەوە.

وە مەبەست لە ئایەتەكانی پێشوو نەرێكردنی ڕەهای بوونی مرۆڤ نیە پێش ئادەم، بەڵكو ئەوە دەگەیەنن كە ڕەگەزی مرۆیی پێش ئەو بوونی هەبووە، بەڵام هیچ یەكێكیان ئەم دوو سیفەتەی نەبووە جگەلە ئادەم (عليه السلام)؛ چونكە هێزەكانیان تا ئاستێك گەشەیان نەكردبوو كە ئامادەیان بكات بۆ بیستنی كەلامی خوا و وردبوونەوە لە ئایەتەكانی و دیمەنەكانی توانا و دەسەڵاتی، لەبەرئەوە لەوكاتەدا وەحی ئاسمانی دانەبەزی بۆیان، وە خوا ئایەتەكانی خۆی دەرنەخست بۆیان كە تایبەتبوون بە شریعەتەوە. كاتێك مرۆڤ گەشەی كرد و پێشكەوت لە دروستبوونەكەیدا هەتا بوو بە بوونەوەرێكی (بیسەر و بینا).. ئینجا خوای گەورە هەڵیبژارد بۆ ئەوەی كەلامی خۆی بۆ بنێرێت، وە شكۆداری كرد بە وەحی خۆی. لە قورئانی پیرۆزدا ڕوونكراوەتەوە كە مەبەست لەم دوو سیفەتە ئەوەیەكە مانای دیدی فكری و تێگەشتن لە ئایەتەكانی خوا و سەرنجدان لێیان دەگەیەنن.. خوای گەورە دەفەرموێـت: {إِنَّ الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ وَأَخْبَتُوا إِلَى رَبِّهِمْ أُولَئِكَ أَصْحَابُ الْجَنَّةِ هُمْ فِيهَا خَالِدُونَ (*) مَثَلُ الْفَرِيقَيْنِ كَالْأَعْمَى وَالْأَصَمِّ وَالْبَصِيرِ وَالسَّمِيعِ هَلْ يَسْتَوِيَانِ مَثَلًا أَفَلَا تَذَكَّرُونَ} (هود: 24-25)

كه‌واته‌‌ بیسەری بینا ئەو كەسەیە كە ئایەتەكانی خوا دەناسێتەوە و باوەڕیان پێ دەھێنێت و كردەوەی چاك ئەنجام دەدات، بەڵام ئەوانەی لێیان تێناگەن، یان پەی نابەن پێیان، یان چاوی خۆیان دەنوقینن لێیان و خۆیان كەڕ دەكەن لێیان، ئەوانە كوێر و كەڕن.

 لە ئایەتەكانی پێشووەوە دەردەكەوێت كە دروستبوونی مرۆڤ، وەك قورئانی پیرۆز دەیخاتەڕوو، بەیەك جار نەبووە، وە بەدروستكردنی ئادەم (عليه السلام) دەستی پێ نەكردووە، بەڵكو ئادەم یەكەم دیمەن بووە بۆدۆخی كەماڵی مرۆیی كە بەهۆیەوە شایستەی ئەوە بووە پێی بوترێت مرۆڤێكی ڕاستەقینەی شایستە بە هەڵگرتنی شەریعەت. بەمەش شیاوە ئادەم باوكی مرۆڤایەتی بێت لەڕووی ڕۆحیەوە؛ چونكە سەرەتا و دەستپێكی جیهانی ڕۆحی بووە، وە یەكەم مرۆڤ بووە كە شكۆداربووە بەوەحی خوایی، بەڵام شتێكی دڵنیا و بێگومان نیە كە باوكی مرۆڤ بێت لەلایەنی جەستەیی و فیزیكیەوە، بەڵكو دەكرێت لەو كاتەدا هەندێ نەوەی جۆری مرۆڤ لە وەچەی خەڵكانی تر لە مرۆڤ بوونیان هەبووبێت، هەیانبووبێت باوەڕی كردبێت بە ئادەم و هەیانبووبێت لە ژیانیدا باوەڕی پێ نەكردبێت، بەڵام بەردەوام لە بازنەی ئەو كەسانەدابوون كە داوایان لێكراوە باوەڕی پێ بھێنن.

وە ئەگەر سەرنجماندا لە هەندێ ئایەتی قورئان كە باسی دروستبوونی ئادەم دەكەن بۆمان دەردەكەوێت كە جۆری مرۆیی بەو دەستی پێ نەكردووە، وە زۆرێك لە مرۆڤەكان بوونیان هەبووە لە سەردەمەكەیدا.. لەوانە فەرمایشتی خوای گەورە:

{وَإِذْ قَالَ رَبُّكَ لِلْمَلَائِكَةِ إِنِّي جَاعِلٌ فِي الْأَرْضِ خَلِيفَةً قَالُوا أَتَجْعَلُ فِيهَا مَنْ يُفْسِدُ فِيهَا وَيَسْفِكُ الدِّمَاءَ} (البقرة:31)

{وَلَقَدْ خَلَقْنَاكُمْ ثُمَّ صَوَّرْنَاكُمْ ثُمَّ قُلْنَا لِلْمَلَائِكَةِ اسْجُدُوا لِآدَمَ} (الأعراف: 12)

{وَلَقَدْ عَهِدْنَا إِلَى آدَمَ مِنْ قَبْلُ فَنَسِيَ وَلَمْ نَجِدْ لَهُ عَزْمًا} (طه: 116)

{وَلَقَدْ خَلَقْنَا الْإِنْسَانَ مِنْ صَلْصَالٍ مِنْ حَمَإٍ مَسْنُونٍ (*)… فَإِذَا سَوَّيْتُهُ وَنَفَخْتُ فِيهِ مِنْ رُوحِي فَقَعُوا لَهُ سَاجِدِينَ} (الحجر 27 و 30)

{إِذْ قَالَ رَبُّكَ لِلْمَلَائِكَةِ إِنِّي خَالِقٌ بَشَرًا مِنْ طِينٍ (*) فَإِذَا سَوَّيْتُهُ وَنَفَخْتُ فِيهِ مِنْ رُوحِي فَقَعُوا لَهُ سَاجِدِينَ} (ص: 72-73)

كەواتە دروستكردنی ئەو مرۆڤەی كە لەم ئایەتانەدا باسكراوە ئاماژە ناكات بۆ دروستكردنی خودی ئادەم وەك هەندێ كەس دەڵێن، بەڵكو مەبەست پێی دروستكردنی مرۆڤی سەرەتاییە. وە دەشێت خوای گەورە لەسەرەتای دروستكردنی مرۆڤدا هەواڵی دابێت بە فریشتەكان كە ئەم مرۆڤە ڕۆژێك لە ڕۆژانی داهاتوو شایستەی ئەوە دەبێت وەحی پێ بگات، پاش ئەوە كە كاتی ئەوە هاتووە ئادەم بكات بەجێنشین جارێكی تر پێی ڕاگەیاندن و فەرمووی: {إِنِّي جَاعِلٌ فِي الْأَرْضِ خَلِيفَةً}، ئەمەش پاش ئەوەی ئادەم ڕێكوپێك كرا بۆ ئەم پایە شكۆدارە، وەك لەم فەرمایشتەدا ئاماژەی كردووە بۆ ئەم مەبەستە: {فَإِذَا سَوَّيْتُهُ وَنَفَخْتُ فِيهِ مِنْ رُوحِي}.

ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە ڕاستی ئەم مانایە دەسەلمێنێت : {الَّذِي أَحْسَنَ كُلَّ شَيْءٍ خَلَقَهُ وَبَدَأَ خَلْقَ الْإِنْسَانِ مِنْ طِينٍ (*) ثُمَّ جَعَلَ نَسْلَهُ مِنْ سُلَالَةٍ مِنْ مَاءٍ مَهِينٍ (*) ثُمَّ سَوَّاهُ وَنَفَخَ فِيهِ مِنْ رُوحِهِ وَجَعَلَ لَكُمُ السَّمْعَ وَالْأَبْصَارَ وَالْأَفْئِدَةَ قَلِيلًا مَا تَشْكُرُونَ} (السجدة: 8-10)

ئەم ئایەتە دەریدەخات كە ڕیزبەندی دروستبوونی مرۆڤ بەم شێوەیەی خوارەوە بووە:

1. سەرەتا مرۆڤ لە قوڕەوە دروست بووە،

2. پاشان وەچەكەی لەڕێگەی دڵۆپێك تۆوەوە بەردەوام بووە،

3. پاشان هێزە مرۆییەكان بەتەواوەتی گەشەیان كردووە تێیدا،

4. پاشان وەحی خوای دابەزیوەتە سەری.

كەواتە ئەوە ئادەمەی كە شكۆداربووە بە كەلامی خوای گەورە.. لە وەچەی ئەو خەڵكە بووە كە لەڕێگەی تۆوەوە دروستبوون، لە وەچەی ئەو كەسانە نەبووە كە له دروستبوونی قوڕەوە گەشەیان كردووە وەك ئەڵقەی یەكەمی مرۆڤایەتی.

وە كۆمەڵێك ئایەتی تر هەن دەیسەلمێنن ئادەم (عليه السلام) یەكەم مرۆڤ نەبووە كە لە بووندا دەركەوتووە، بەڵكو لەسەردەمەكەیدا خەڵكانێكی زۆری تر هەبوون.. لەم سوڕەتەماندا خوای گەورە دەفەرموێت: {وَقُلْنَا يَاآدَمُ اسْكُنْ أَنْتَ وَزَوْجُكَ الْجَنَّةَ}. لەڕووی زمانەوانیەوە ڕاست دەردەچێت كە مەبەست لە زوج كۆمەڵێك هاوەڵ یان گروپێك بێت، بەم مانایە مرۆڤی تریش پێش ئەو بوونیان هەبووە.

پاشان خوا (عَزَّ وَجَلَّ) دوای ئەم ئایەتە دەفەرموێت: {وَقُلْنَا اهْبِطُوا بَعْضُكُمْ لِبَعْضٍ عَدُوٌّ وَلَكُمْ فِي الْأَرْضِ مُسْتَقَرٌّ وَمَتَاعٌ إِلَى حِينٍ} (البقرة: 36) لێرەدا دوان ئاراستەی كۆمەڵ كراوە، دوای ئەوە دەفەرموێت: {قُلْنَا اهْبِطُوا مِنْهَا جَمِيعًا فَإِمَّا يَأْتِيَنَّكُمْ مِنِّي هُدًى فَمَنْ تَبِعَ هُدَايَ فَلَا خَوْفٌ عَلَيْهِمْ وَلَا هُمْ يَحْزَنُونَ}، هەروەها دەفەرموێت: {قَالَ اهْبِطَا مِنْهَا جَمِيعًا بَعْضُكُمْ لِبَعْضٍ عَدُوٌّ فَإِمَّا يَأْتِيَنَّكُمْ مِنِّي هُدًى فَمَنِ اتَّبَعَ هُدَايَ فَلَا يَضِلُّ وَلَا يَشْقَى} (طه: 124)

وە دواندنی ئادەم لێرەدا مەبەست پێی گروپی ئادەم و گروپی شەیتانە، هەردوولایان كۆ بوون.

ڕەنگە لێرەدا كەسێك پرسیار بكات كە چەمكی ئایەتەكەی كۆتایی ئەوە دەگەیەنێت شەیتان لە ڕەگەزی مرۆڤە، لەگەڵ ئەوەی قورئان بەدەق باسی ئەوەی كردووە كە ڕەگەزی هەردووكیان جیاوازە و دەفەرموێ: {قَالَ مَا مَنَعَكَ أَلَّا تَسْجُدَ إِذْ أَمَرْتُكَ قَالَ أَنَا خَيْرٌ مِنْهُ خَلَقْتَنِي مِنْ نَارٍ وَخَلَقْتَهُ مِنْ طِينٍ (12) قَالَ فَاهْبِطْ مِنْهَا فَمَا يَكُونُ لَكَ أَنْ تَتَكَبَّرَ فِيهَا فَاخْرُجْ إِنَّكَ مِنَ الصَّاغِرِينَ} (الأعراف: 13) وە لە شوێنێكی تردا دەربارەی شەیتان دەفەرموێت: {كَانَ مِنَ الْجِنِّ فَفَسَقَ عَنْ أَمْرِ رَبِّهِ} (الكھف: 51).

هەروەها دەربارەی جن ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە هاتووە: {وَخَلَقَ الْجَانَّ مِنْ مَارِجٍ مِنْ نَارٍ} (الرحمن: 16)

وەڵامی ئێمە ئەوەیە كە قورئان جیاكاری كردووە لە نێوان ئیبلیس و شەیتاندا، بۆیە لەهەرشوێنێكدا باسی سوژدە نەبردن بۆ ئادەم كرابێت داویەتەپاڵ ئیبلیس، وە كاتێك باسی فریودانی ئادەمی كردووە داویەتەپاڵ شەیتان.. ئەمەش هەندێ بەڵگە:

1. {وَإِذْ قُلْنَا لِلْمَلَائِكَةِ اسْجُدُوا لِآدَمَ فَسَجَدُوا إِلَّا إِبْلِيسَ أَبَى وَاسْتَكْبَرَ وَكَانَ مِنَ الْكَافِرِينَ (*) وَقُلْنَا يَاآدَمُ اسْكُنْ أَنْتَ وَزَوْجُكَ الْجَنَّةَ وَكُلَا مِنْهَا رَغَدًا حَيْثُ شِئْتُمَا وَلَا تَقْرَبَا هَذِهِ الشَّجَرَةَ فَتَكُونَا مِنَ الظَّالِمِينَ (*) فَأَزَلَّهُمَا الشَّيْطَانُ عَنْهَا فَأَخْرَجَهُمَا مِمَّا كَانَا فِيهِ وَقُلْنَا اهْبِطُوا بَعْضُكُمْ لِبَعْضٍ عَدُوٌّ وَلَكُمْ فِي الْأَرْضِ مُسْتَقَرٌّ وَمَتَاعٌ إِلَى حِينٍ} (البقرة: 35-37)

2. {وَلَقَدْ خَلَقْنَاكُمْ ثُمَّ صَوَّرْنَاكُمْ ثُمَّ قُلْنَا لِلْمَلَائِكَةِ اسْجُدُوا لِآدَمَ فَسَجَدُوا إِلَّا إِبْلِيسَ لَمْ يَكُنْ مِنَ السَّاجِدِينَ} (الأعراف: 12)

…{فَوَسْوَسَ لَهُمَا الشَّيْطَانُ} (الأعراف: 21).

3. {وَإِذْ قُلْنَا لِلْمَلَائِكَةِ اسْجُدُوا لِآدَمَ فَسَجَدُوا إِلَّا إِبْلِيسَ أَبَى} (طه: 117)

…{فَوَسْوَسَ إِلَيْهِ الشَّيْطَانُ} (طه 121)

جیاوازی هەردوو وشەكە هەموو جارێك خاڵی نیە لە حیكمەت، وە قورئانی حه‌كیم لەهەموو وشەیەك لە وشەكانیدا ڕەچاوی حیكمه‌تی كردووە، بۆیە ئەستەمە جیاوازی نێوان دوو وشەكە هیچ حیكمه‌تێكی تێدا نەبێت.. له‌به‌رئه‌وه‌ پێویستە ئەوەی سوژدەی نەبردووە ئەو كەسە نەبێت كە هەوڵی فریودانەكەی داوە..بۆیه‌ بەیەكەمیان وتراوە: ئیبلیس، وە بەدووەمیان وتراوە: شەیتان.

بەڵام ئەو وەڵامەی كە زیاتر شایستەی بایەخپێدان و ڕەچاوكردنە ئەوەیە كە دروستكردنی جان لە ئاگر مانای ئەوە نابەخشێت و پێویستی ناكات كە ئیبلیس یان جن لەڕاستیدا لە ئاگری ماددی دروستكرابن، بەڵكو ئەم شێوازه زمانەوانیە عەرەبیە ئەوە دەگەیەنێت كە ئیبلیس سروشتێكی ئاگراوی هەیە واتە خووی گرتووە بە یاخیبوون و سەرپێچیەوە. نموونەی ئەم شێوازە لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە لە چەند شوێنێكی تردا بۆ نموونە: {خُلِقَ الْإِنْسَانُ مِنْ عَجَلٍ سَأُرِيكُمْ آيَاتِي فَلَا تَسْتَعْجِلُونِ} (الأنبیاء: 38)، {اللَّهُ الَّذِي خَلَقَكُمْ مِنْ ضَعْفٍ} (الروم: 55).

پوختە:

1. دروستكردنی ئادەم، وەكو قورئانی پیرۆز ڕایدەگەیەنێت، بەیەك جار نەبووە، بەڵكو به‌شه ‌وردەكانى گەشەیان كردووە و بە كۆمەڵێك قۆناغی زۆردا تێپەڕیون هەتا گۆڕاون بۆ وێنەی مرۆیی.

2. پێكهاتەكانی مرۆڤ لە سەرەتای دروستبوونیانەوە لە سادەترین شێوەیاندا ئامادە بوون بۆ ئەوەی لە كۆتاییدا ببن بەم بوونەوەرە مرۆییە، نەك وەك ئەوەی فەیلەسوفەكان دەیڵێن.. لە ئەنجامی گەشەیەكەوە بووبێت، كە بەڕێكەوت ڕوویدابێت، لە ئاژەڵە جۆراوجۆرەكانەوە.

3. یەكەم بوونی مرۆیی وەحی ئاسمانی پێنەگەيشتووە، بەڵام نەوەیەك لە وەچەكانی كە لە تۆواو دروستبوون گەيشتوونەتە ئاستی كەماڵ كە شیاوی وەرگرتنی وەحی كردووە، وە یەكەم كەس كە ئەم مەقامە شكۆدارەی بەدەستهێناوە ئەو كەسەیە كە قورئانی پیرۆز ناوی ناوە ئادەم.

4. پێش ئادەم و لە سەردەمی ئەویشدا، زۆرێك لە مرۆڤەكانی وەكو خۆی بوونیان هەبووە. وە خوای گەورە ئادەمی هەڵبژارد بۆ ئەوەی ببێت بە خەلیفە و لەڕێگەی سیستەمێك و ڕێنموونیەكی ئاسمانیەوە كۆیان بكاتەوە، وه ئەو كەسانەی هاوچەرخی خۆی لەگەڵیدا نیشتەجێ بوون لەو بەهەشتە زەمینیەی كە تێیدا ژیاوە، وە لەگەڵیشیدا دەرچوون لێی.

بەم بۆنەیەوە گفتوگۆیەك باس دەكەم كە ڕوویداوە لەنێوان دامەزرێنەری كۆمەڵی ئەحمەدیەت و ئەستێرەناسێكی ئوسترالیدا سەبارەت بە بابەتی دروستبوونی ئادەم. ئەم ئەستێرەناسە سەردانی ژمارەیەك شاری كرد لە هيندستان و لە شاری لاهۆر پێی گەیشت و ئەم گفتوگۆیە لەنێوانیاندا ڕوویدا:

پرسیار: لە تەوراتدا هاتووە كە ئادەم یان یەكەم مرۆڤ لە زەوی گیحۆن و سیحۆندا پەیدابووە، وە لەوێدا نیشتەجێ بووە، ئایا ئەوانەی لە ئەمریكا و ئوسترالیا و شوێنەكانی تردا نیشتەجێن ئەوانیش نەوەی ئادەمن؟

وەڵام: ئێمە ئەو قسەیە ناكەین، وە لەم بابەتەدا شوێن تەورات ناكەوین.. وه‌ ئەوە بڵێین كە ئه‌و بانگەشەی دەكات گوایە دنیا لە دروستبوونی ئادەمەوە ماوەی شەش هەزار ساڵ یان حەوت هەزارساڵە دروست بووە، پێش ئەوە هیچ شتێك بوونی نەبووە، وەك ئەوەی خوا (عَزَّ وَجَلَّ) بێكار بووبێت. هەروەها ئێمە ناڵێین ئەو مرۆڤانەی كە ئەمڕۆ لە ناوچە جیاوازەكانی زەویدا نیشتەجێن نەوەی ئەم ئادەمەی كۆتایین، بەڵكو ئێمە باوەڕمان وایە كە مرۆڤ پێش ئەویش بوونی هەبووە.. وەك لە وشەكانی قورئانی حه‌كیمه‌وه‌ دەردەكەوێت: {إِنِّي جَاعِلٌ فِي الْأَرْضِ خَلِيفَةً}. بۆیە ناتوانین بەدڵنیاییەوە بڵێن كە دانیشتوانی ئوستورالیا و ئەمریكا لەنەوەی ئەم ئادەمەن، وە دەكرێت كۆمەڵێك ئادەمی تر هەبووبن.

 وە لەم بارەيەوە ئاماژە دەكەم بۆ كەشفێكی سەیر كه‌ شێخ محي الدین ئیبن عەرەبی بینیویەتی، كە كەسایەتیەكی دیاری ئیسلامیە، دەڵێت:

“لەخەوندا خوای گەورە پێى پیشاندام.. تەوافی كەعبەم دەكرد لەگەڵ كۆمەڵێك خەڵكدا كە بەڕوخساریاندا نەمدەناسینەوە، دوو دێڕە شیعریان بۆ خوێندینەوە كە یەكێكیانم لەبیرە و ئەوی تریانم لەبیرچوو كە بریتیە لە:

لقد طُفْنا كما طفتم سنینا   بهذا البیت طُرًّا أجمعینا

واتە: بێگومان ئێمه هه‌موومان به‌كۆمه‌ڵ‌‌ ته‌وافمان كرد وه‌ك چۆن ئێوه‌‌ ساڵانێك ته‌وافتان كرد به‌ده‌و‌ری ئه‌م ماڵه‌دا.

به‌بیستنی ئه‌مه‌ سەرم سوڕما. وە یەكێكیان ناوی خۆی پێ گوتم كە بیرم نەماوە، پاشان پێی گوتم: من یەكێكم لە باپیرانت. منیش گوتم: لەكەیەوە مردوویت؟ پێی گوتم: چل و ئەوەندە هەزار ساڵە. منیش گوتم پێی: بەڵام ئادەم ئەوەندە ساڵ نابێت پەیدا بووە؟! ئەویش گوتی پێم: تۆ كام ئادەمە دەڵێیت، ئەمەی كە نزیكترین ئادەمە لێتەوە؟ ئیتر بیری فەرموودەیەكی پێغەمبەرم (ﷺ) كەوتەوە كە دەفەرموێت: خوا سەد هەزار ئادەمی دروستكردووە، وە گوتم: پێدەچێت ئەو باپیرەیە كە منی دایەپاڵ خۆی یەكێك بێت لەوانە”. (كتاب فتوحات المكیة ج3، الفصل الخامس في المنازلات، باب 309).

لەم كەشفەوە ئەوە دەفامرێتەوە كە ئەو ئادەمەی وەحی بۆكراوە و ئەمڕۆ نەوەی ئادەم دەدرێتەپاڵی، ئادەمی یەكەم نەبووە، بەڵكو دواهەمین ئادەم بووە. هەروەها لێیەوە دەردەكەوێت كە وشەی “ئادەم” وەك ئاوەڵناوێكیش بەكاردێت بەمانای باپیرە گەورە. وە بوونی مرۆیی بەردەوام بووە لە سەردەمە هەرەدێرینەكانەوە، وە ئەو خوله‌ی كە لە فەرموودە پیرۆزەكانی پێغەمبەردا (ﷺ) باسكراوە و بە حەوت هەزار ساڵ دیاریكراوە، تەنھا مەبەست پێی خولی دواهەمین ئادەمە.. نەك خولەكانی هەموو مرۆڤایەتی.

ڕەنگە كەسێك بپرسێت: ئەگەر نەوەی مرۆیی بوونی هەبووە پێش ئادەمی ناوبراو، وه ئەو لەڕێگەی نوتفەوە بێ پچڕان زاوزێی كردووە، ئیتر بۆچی قورئانی حه‌كیم دەفەرموێت كە مرۆڤ لە دوو تاكەوە دروستبووە؟ وە بۆچی لە فەرموودەی پیرۆزدا وتراوە ئافرەت لە پەراسووی لار دروستبووە؟

وەڵامەكە ئەوەیە كە ئەو ئایەتانەی ئەم بابەتەیان تێدا باسكراوە.. بەهیچ شێوەیەك باسی ئادەم ناكەن، بەڵكو بەڕاشكاوی دەڵێن خوای گەورە مرۆڤی لەیەك نەفسەوە دروستكردووە و تاكەكەشی هەر لەو نەفسەوە دروست كردووە.. ئەوەتا دەفەرموێت:

1. {يَاأَيُّهَا النَّاسُ اتَّقُوا رَبَّكُمُ الَّذِي خَلَقَكُمْ مِنْ نَفْسٍ وَاحِدَةٍ وَخَلَقَ مِنْهَا زَوْجَهَا وَبَثَّ مِنْهُمَا رِجَالًا كَثِيرًا وَنِسَاءً وَاتَّقُوا اللَّهَ الَّذِي تَسَاءَلُونَ بِهِ وَالْأَرْحَامَ…} (النساء: 2)

2. {هُوَ الَّذِي خَلَقَكُمْ مِنْ نَفْسٍ وَاحِدَةٍ وَجَعَلَ مِنْهَا زَوْجَهَا لِيَسْكُنَ إِلَيْهَا فَلَمَّا تَغَشَّاهَا حَمَلَتْ حَمْلًا خَفِيفًا فَمَرَّتْ بِهِ فَلَمَّا أَثْقَلَتْ دَعَوَا اللَّهَ رَبَّهُمَا لَئِنْ آتَيْتَنَا صَالِحًا لَنَكُونَنَّ مِنَ الشَّاكِرِينَ} (الأعراف: 190)

3. {خَلَقَكُمْ مِنْ نَفْسٍ وَاحِدَةٍ ثُمَّ جَعَلَ مِنْهَا زَوْجَهَا} (الزمر: 7)

لێرەدا مەبەست لە یەك نەفس یەكەم مرۆڤ یان ئادەم (عليه السلام) نیە.. بەڵكو مەبەست ئەوەیە كە كەسانی تاك و تەنھا نەتەوە گەورەكانیان لێ دروست دەبێت، وە نەوەكان ئەگەر شوێن پێی باوانیان هەڵگرن وەكو ئەوانیان لێدێت.. ئەگەر كافربن ئەمانیش كافر دەبن، ئەگەر باوەڕداربن باوەڕدار دەبن.

فەرمایشتی خوای گەورە {جَعَلَ مِنْهَا زَوْجَهَا} مانای ئەوەیە كە خوای گەورە هەر لەجۆری ئەو نەفسە تاكەكەیشی دروستكردووە بۆ ئەوەی ببن بە دوو تاكی پێكەوە گونجاو و هاوتوخم.. وه‌ كاریگەرییان هەبێت لەسەر یەكتری.

وە هیچ كەسێك بەهەڵە لەم فەرموودەی پێغەمبەر (ﷺ) تێنەگات كە دەفەرموێت: “لەگەڵ ئافرەتاندا چاك بن، ئافرەت لە پەراسوويەكی لار دروستكراوە” (صحیح مسلم، كتاب الرضاعة، باب الوصیة بالنساء) دیارە فەرموودەكە تایبەت نیە بە هاوسەرەكەی ئادەمه‌وه‌، بەڵكو هه‌موو ئافرەتانی جیھان ده‌گرێته‌وه‌، وە شێوەی لەدایكبوونی ئافرەت ئاشكرا و بینراوە، وە فەرموودەكە مەبەستی مانای ڕواڵەتی پەراسوو نیە، بەڵكو مەبەست پێی: “ئەوان لە پەراسوو دروستكراون خوازەیە بۆ خوار و خێچی، واتە بەشێوەیەك دروستكراون خواری و گێڕی تێدایە” (كتاب مجمع بحار الأنوار، ج1، للشیخ محمد الطاهر)

بەكورت و بەپوختی، ئایەتەكانی پێشوو، وە فەرموودەی ناوبراو.. مانای ئەوە ناگەیەنن كە ئەو ئادەمەی خوا كردوویەتی بەخەلیفە یەكەم مرۆڤ بوو بێت، یان هاوسەرەكەی لە جەستەی ئەوەوە دروستكرابێت، بەڵام ئایەتەكان باسی هەموو نەوەی مرۆڤ دەكەن وەك ڕێسایەكی گشتی كە هەموو ئەم جۆرە بگرێتەوە چ پیاو بن یان ئافرەت.

شارستانییه‌تی ئادەم

لەبەرئەوەی ئادەم یەكەم كەس بووە كە خوای گەورە كردوویەتی بە خەلیفە لەم سەرزەویەدا، بۆ ئەوەی شارستانیەتی مرۆیی دابمەزرێنێت، كە ئەمە ئامانجی ڕاستەقینە بووە لە ڕەوانەكردن و كردنی بە خەلیفەدا.. لێرەدا گونجاوە كە باسی ئەو بنەمایانە بكەین كە شارستانیەتەكەی ئادەمیان لەسەر دامەزرا:

1. سیستەمی هاوسەرگیری: یاسای هاوسەرگیری دانرا بۆ شوێنكەوتووانی كە پێشتر نەیاندەزانی پەیوەندی شەرعی دیاركراو چیە لەنێوان ژن و پیاودا، بەگوێرەی فەرمانی خوای گەورە: {يَاآدَمُ اسْكُنْ أَنْتَ وَزَوْجُكَ الْجَنَّةَ} (البقرة: 36).

2. سیستەمی حەڵاڵكردن و حەرامكردن: ئەم سیستەمە بەوە دەستی پێكرد كە بەگوێرەی هەندێ حوكم فەرمانی كرد بەهەندێ كردەوە و قەدەغەی كرد لەهەندێ كردەوەی تر، وەك خوای گەورە دەفەرموێت: {وَقُلْنَا يَاآدَمُ اسْكُنْ أَنْتَ وَزَوْجُكَ الْجَنَّةَ وَكُلَا مِنْهَا رَغَدًا حَيْثُ شِئْتُمَا وَلَا تَقْرَبَا هَذِهِ الشَّجَرَةَ فَتَكُونَا مِنَ الظَّالِمِينَ} (البقرة: 36).

3. سیستەمی هاوكاریكردن لەسەر شێوازی دابینكردنی ئامرازەكانی خواردن و خواردنەوە بۆ هەمووان.

4. سیستەمی پۆشینی جلوبه‌رگ.

5. سیستەمی نیشتەجێ بوون.

ئەم سێ سیستەمی كۆتایی لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا كۆكراوەتەوە: {إِنَّ لَكَ أَلَّا تَجُوعَ فِيهَا وَلَا تَعْرَى (*) وَأَنَّكَ لَا تَظْمَأُ فِيهَا وَلَا تَضْحَى} (طه: 119-120). ئەمە وێنەی تێروتەسەلی بەهەشتەكەی ئادەم نیە وەك هەندێ كەس بەهەڵە بانگەشە دەكەن، بەڵكو ئەمە وێنەیەكی كێشراوی شارستانیەتی ئادەمە كە كۆمەڵگای مرۆیی سەرەتایی بانگەشەی بۆكردووە. بێگومان كۆبوونەوەی خەڵكی جاروبار دەبێتە هۆی بێبەش بوونی بەشێكیان لە ئامرازەكانی خۆراك و جلوبەرگ، بۆیە پێویستە لەسەر ئەوانەی تر كە لە خێروبێرەكانی شارستانیەت بەهرەمەندبوون هەوڵبدەن ئەم بۆشاییە پڕ بكەنەوە، وە هاوكاری هەژاران و بەساڵاچوان و پەككەوتەكان بكەن، وە پێویستیەكانیان بۆ دابین بكەن لە خۆراك و جلوبەرگ و شوێنی حەوانەوە.

خیلافەت

وشەی {خەلیفە} ئەم مانایانەی خوارەوەی هەیە:

1. ئەوەی جێگای كۆمەڵێك یان كەسێك دەگرێتەوە كە تێپەڕیوە.

2. ئەوەی نوێنەرایەتی حاكمێكی هەرەمەزن دەكات لە ژیانیدا بۆ جێبەجێ كردنی حوكمەكانی لە وڵاتێكی تردا.

3. ئەوەی دوای كەسێك هەڵدەستێت به‌ پیادەكردنی دەسەڵاتەكانی و كاروبارەكانی بەڕێوەدەبات، یان بەردەوامی دەدات بە وەچە و نەوەكەی.

بەڵام مانای ئەم وشەیە لە قورئانی پیرۆزدا بە سێ شێوە بەكارھێنراوە:

1. خەلیفە بە مانای پێغەمبەر، وەك لەم ئایەتەدا هاتووە كه ئێستا ئێمە تەفسیری دەكەین؛ چونكە فەزیلەتی ئادەم تەنھا لەسەر ئەوە ناوەستێت كە باوكی نەوەیەكی نوێیە، بەڵكو فەزیلەتە هەرەمەزنەكەی ئەوەیە كە شكۆداربووە بە پێغەمبەرایەتی وەك ئایەتەكە بەڕاشكاوی ڕایدەگەیەنێت. هەڵبەت داود (عليه السلام) بەم سیفەتە وەسفكراوە لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا: {يَادَاوُودُ إِنَّا جَعَلْنَاكَ خَلِيفَةً فِي الْأَرْضِ فَاحْكُمْ بَيْنَ النَّاسِ بِالْحَقِّ وَلَا تَتَّبِعِ الْهَوَى فَيُضِلَّكَ عَنْ سَبِيلِ اللَّهِ…} (ص:27).

2. خەلیفە ئەوەیە جێگای كۆمەڵێك دەگرێتەوە كە پێشتر له‌ناوچوون.. وەك لەسەر زوبانی هوودەوە (عليه السلام) هاتووە: {أَوَعَجِبْتُمْ أَنْ جَاءَكُمْ ذِكْرٌ مِنْ رَبِّكُمْ عَلَى رَجُلٍ مِنْكُمْ لِيُنْذِرَكُمْ وَاذْكُرُوا إِذْ جَعَلَكُمْ خُلَفَاءَ مِنْ بَعْدِ قَوْمِ نُوحٍ…} (الأعراف: 70).

3. خەلیفە ئەو كەسەیە كە دەبێتە جێنشینی پێغەمبەرێك و شوێنپێی هەڵدەگرێت، وە هۆزەكەی ئاراستەدەكات بۆ شەریعەتەكەی، وە ئوممەتەكەی كۆدەكاتەوە و دووبەرەكی لەناویاندا ناھێڵێت، لە پێغەمبەران یان كەسانی تر.. وەك چۆن مووسا (علیه السلام) بە هارون دەفەرموێت: {اخْلُفْنِي فِي قَوْمِي وَأَصْلِحْ وَلَا تَتَّبِعْ سَبِيلَ الْمُفْسِدِينَ} (الأعراف: 143).

وە ئوممەتی ئیسلام لە قورئاندا بەڵێنی ئەم سێ جۆرەی خیلافەتی پێدراوە، بەڵێنێكی جەختلێكراو، بەڵام بەداخەوە بەردەوام موسوڵمانان پشتیان هەڵكرد لەم ڕاستیە و وەكو پێویست سوودیان وەرنەگرت لە نیعمەتی خیلافەت، بەگوێرەی فەرمایشتی خوای (عَزَّ وَجَلَّ): {وَعَدَ اللَّهُ الَّذِينَ آمَنُوا مِنْكُمْ وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ لَيَسْتَخْلِفَنَّهُمْ فِي الْأَرْضِ كَمَا اسْتَخْلَفَ الَّذِينَ مِنْ قَبْلِهِمْ وَلَيُمَكِّنَنَّ لَهُمْ دِينَهُمُ الَّذِي ارْتَضَى لَهُمْ وَلَيُبَدِّلَنَّهُمْ مِنْ بَعْدِ خَوْفِهِمْ أَمْنًا يَعْبُدُونَنِي لَا يُشْرِكُونَ بِي شَيْئًا وَمَنْ كَفَرَ بَعْدَ ذَلِكَ فَأُولَئِكَ هُمُ الْفَاسِقُونَ} (النور: 56).

دیارە خوای گەورە بەڵێنەكەی خۆی بردەسەر لە ژیانی پێغەمبەردا؛ چونكە جێگە و مەقامی ئەو ئوممەتانەی هێشتەوە بۆیان كە هاتن و چوون، وە دوژمناكانیانی لەناوبرد و بەتەواوەتی تەفروتونای كردن. دەی ئەگەر موسوڵمانان دەستیان بگرتبایە بە باوەڕ و كردەوەی چاكەوە ئەوا ڕێز و گەورەییان بەردەوام جێگیر و بڵند دەبوو، بەڵام، زۆر بەداخەوه، پاش ماوەیەك پشتیان هەڵكرد لە ئایین و بەپەلە بەرەو دنیا ڕۆيشتن.

كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی باوەڕی وایە كە خوای گەورە لە ڕێگەی دامەزرێنەرەكەیەوە، واتە میرزا غوڵام ئەحمەد (سه‌لامی خوا له‌سه‌ر خۆی و ڕابه‌ركه‌ی موحه‌ممه‌د بێت)، دەرگاكانی پێغەمبەرایەتی موحەممەدیەتی كردەوە كە هەڵقوڵاوە لە كانیاوی گەورە و سەروەری خۆی و ئێمە و سەرداری هەمووان موحەممەدی هەڵبژاردە (ﷺ).. ئەو پێغەمبەرایەتیەی كە شایانی شان و شكۆی مەزنی خۆیەتی، وه تەنھا تایبەتە بە ئوممەتەكەیەوە، كە تیشكدەرەوەی سیفەتە كامڵەكانیەتی (ﷺ)، لەپێناوی ئیسڵاحكردنی ئەم چەرخە كە نوقم بووە لە ئاژاوە و فیتنەدا، وە بۆ گێڕانەوەی سەربەرزی ئیسلام، وە لەڕێگەی ئەم كۆمەڵەوە خیلافەتی نوێ كردەوە بۆ ئوممەتی موسوڵمان، وە بەهۆیەوە كۆمەڵێكی چالاكی دروستكرد كە بەدەم بانگی خیلافەتەوە دەچێت بۆ خزمەتی ئیسلام، وە بەردەوام لەسایەی فەزڵی خوای گەورەوە، وە بەبەرەكەتی شوێنكەوتنی تەواوەتی موحەممەدی هەڵبژاردە (ﷺ) شەو و ڕۆژ لە خەباتی بەردەوامدایە بۆ گێڕانەوەی مافەكانی ئیسلام و موسوڵمانان لە هەموو ناوچەكانی جیھاندا. وە ئەو ڕۆژە پیرۆزە دوور نیە كە تێیدا وشەی ئیسلامی ڕاستەقینە بڵند دەبێتەوە، وە كۆمەڵەكانی كوفر تێكدەشكێن.. وەك سەلماندنێك بۆ ڕاستی ئەم مژدە خواییە:

{سَيُهْزَمُ الْجَمْعُ وَيُوَلُّونَ الدُّبُرَ} (القمر: 46).. إن شاء الله، ئەو زاتێكە توانای هەیە بەسەر هەموو شتێكدا.

فریشتەكان

لەم ئایەتە پیرۆزەدا باسی فریشتەكان كراوە، وا چاكە هەندێك بە درێژی باسیان بكەین؛ چونكە نەوەی نوێ لە لاوەكان كە كاریگەرن بە فەلسەفەی هاوچەرخ.. پاش ئەوەی ڕێگەی ناسینی خوای گەورەیان هەڵەكرد، وە كەمتەرخەمییان نواند لە پەیبردن بە بوون و سیفەتەكانی (عَزَّ وَجَلَّ)، پێیان وابوو كە بوونی فریشتەكان شتێكی باتڵە؛ چونكە پێچەوانەیە لەگەڵ خوایەتیدا، وه ئەوانەی كە هێشتا بیروباوەڕی ئایینییان تێدا ماوە خۆیان بەوە دڵنیادەكەنەوە كە فریشتەكان شتانێك نین جگە لە هاوشێوەی هەست و سۆزە چاكەكان كە دێن بەدڵی مرۆڤدا.

لەڕاستیدا بوونی فریشتەكان هەرگیز پێچەوانە نیە لەگەڵ كەماڵی خوایەتیدا، وە هەر وێنەیەك لەم دوو شێوه‌یه‌ بێت كە هەڵتان بژاردووە، ئەوا بوونی فریشتەكان مایەی گومان و ڕەخنە نیە. دەی ئەگەر خوای گەورە لە ئەزەلەوە چالاك و كارا بووە دەپرسین: ئایا لەو كاتەدا لە دروستكراوانی خۆی كۆمەڵە هۆكارێكی هەڵبژاردووە بۆ جێبەجێ كردنی كارەكانی.. واتە ئایا كۆمەڵێك سوننەتی سروشتی هەبوون بۆ بوونی ئەم گەردوون لە سەرەتای جیهانەوە یان هەموو گەشەسەندنێك لە خۆیەوە ڕوویداوە بەبێ یاسا یان هۆكارێك، وەك سەیروسەمەرەكانی چاوبەستەكێ و جادووگەری؟ وە ئەگەر دانماننا بەوەدا كە قەوارەی ئەم جیھانە و شێوە دروستكراوەكەی داخوازی ئەوە دەكات كە هەموو گەشەیەكی نوێ تێیدا ملكەچ بێت بۆ ڕێسایەك یان سوننەتێك.. ئه‌وا ناچاردەبین دان بەوەدا بنێین خوا (عَزَّ وَجَلَّ) هەندێ هۆكاری دروستكردووە بۆ بنیادنانی ئەم جیھانە، وە كۆمەڵێك ڕێوشوێنی تایبەتی داناوە كە بوونەتەهۆی بەدیھاتنی ئەم جیھانە بەم شێوەیە. ئەگەر دانمان بەوەدا نا، وە هەردەبێ دانی پێدا بنرێت، ئەوا ئەو كاتە ناچاردەبین دان بنێین بەوەدا كە بوونی فریشتەكان زۆر بەرزترە لە ڕەخنەگرتن، چونكە ئەگەر هەڵبژاردنی ئامرازێك دژی توانای خوا نەبێت، ئەوا هەڵبژاردنی ئامرازێكی تریش بە دژ و پێچەوانەی توانای خوا (عَزَّ وَجَلَّ) ئەژمار ناكرێت.

هەروەها ئەگەر بیروباوەڕمان وەهابوو كە خوا (عَزَّ وَجَلَّ) پەیوەندیەكی كارای هەیە بەم جیهانەوە لە ئێستاشدا، كەواتە هیچ هۆكارێك نیە بۆ ڕەخنەگرتن لە بوونی فریشتەكان.. دیارە خوای گەورە تۆوی مرۆڤ بەكاردەھێنێت بۆ لەدایكبوون، وە بەئاو تینوێتی مرۆڤ دەشكێنێت، وە جیھان بە خۆر ڕووناك دەكاتەوە.. ئەگەر ئەم هۆكارانە لە توانای خوا كەم ناكەنەوە، ئیتر چۆن دانانی فریشتەكان بە هۆكار لەلایەن خوای گەورە بۆ بەڕێوەبردنی سیستەمی ئەم گەردوونە دەبێتە هۆی بەركەوتن لەگەڵ دەسەڵات و هێزە ڕەھاكەیدا؟

لەڕاستیدا.. وەك لە قورئانەوە ڕوون دەبێتەوە، وە ڕێساكانی توانستی خوایی ڕاستیەكەی دەسەلمێنن، خوا (عَزَّ وَجَلَّ)، لەڕێگەی توانستی كامڵی خۆیەوە سیستەمی جیھانی ملكەچ كردووە بۆ یاسایەكی فراوانی فرە لق.. خوای گەورە دەفەرموێت: {رَفَعَ سَمْكَهَا فَسَوَّاهَا(*) وَأَغْطَشَ لَيْلَهَا وَأَخْرَجَ ضُحَاهَا} (النازعات: 29-30)، ئەم ئایەتە ڕێنمونیمان دەكات بۆ ئەوەی كە سیستەمی ئاسمانی بەگوێرەی یاسایەكی كامڵ دامەزراوە.. بەشێكی وەكو شەو نادیار و شاراوەیە، وە دەرناكەوێت مەگەر بەسەرنجدان و وردبوونەوە، وە بەشێكی ئاشكرا و دیارە وەكو ڕۆژی ڕووناك و به یەكەم بینین دەردەكەوێت.. ئەم دوو جۆرەی ڕێساكانی توانست ئاشكران بۆئەوانەی سەرنجیان لێ دەدەن، بۆ نموونە خۆر و مانگ، خەڵكی هەندێ لە كاریگەریەكانیان دەزانن، بەڵام هەندێ لە نھێنیەكانیان ئەوپەڕی شاراوەن تەنانەت زانا تایبەتمەندەكان هێشتا لێكۆڵینەوە دەكەن لێیان بۆ زانینی نهێنیەكانیان.

یەكەم ئەڵقە لە زنجیرەی هۆكار و ئەنجامەكان فریشتەكانە. بۆیە ئەو قسەیە كە گوایە بوونیان دژ و پێچەوانەی توانستی خواییە خەیاڵێكە لە خانووی جاڵجاڵۆكە لاوازترە.. دیارە جیھان لەسەر هەزارەھا هۆكار و ئەنجام دامەزراوە، وە كەسی ژیر ناڵێت ئەم یاسایانە دژایەتی دەكەن لەگەڵ توانستی خوای گەورەدا، ئیتر چۆن بوونی فریشتەكان وەك ئەڵقەی یەكەمی زنجیرەكە شتێكە لە توانا و دەسەڵاتی خوا (عَزَّ وَجَلَّ) كەم دەكاتەوه. ئەگەر ڕووناكی هۆكار بێت بۆ بینینی چاو، وە شەپۆلەكانی هەوا هۆكار بن بۆ هەستی بیستن.. ئەمە بەركەوتن نەكات لەگەڵ تونای خوادا، بەهەمان شێوە بوونی فریشتەكان وەك هۆكارێك بۆ بەرێوەبردنی سیستەمی ئەم گەردوونە هیچ زیانێك ناگەیەنێت بە توانای خوای گه‌وره‌.

هەروەك چۆن فریشتەكان بریتین لە هۆكاری یەكەم بۆ دروستبوونی مرۆڤ، بەهەمان شێوە بریتین لە دواهەمین هۆكار بۆ پەیوەندی كردن بەخوای گەورەوە؛ خوا (عَزَّ وَجَلَّ) دەفەرموێت: {وَأَنَّ إِلَى رَبِّكَ الْمُنْتَهَى} (النجم: 43) واتە سەرەنجامی كۆتایی هەموو دروستكراوێك به‌بێ گومان بۆ لای خوای گەورەیە. وە ئەم پەیوەندیەی كۆتایی لە ڕێگەی فریشتەكانەوە بەئەنجام دەگات وەك لەم فەرمایشتەی خوای گەورەوە ده‌فامرێته‌وه‌: {الَّذِينَ يَحْمِلُونَ الْعَرْشَ وَمَنْ حَوْلَهُ يُسَبِّحُونَ بِحَمْدِ رَبِّهِمْ وَيُؤْمِنُونَ بِهِ وَيَسْتَغْفِرُونَ لِلَّذِينَ آمَنُوا} (غافر: 8).

لێرەدا باسەكە كورت دەكەینەوە بەوەی كە فریشتەكان بوونەوەری ڕۆحین، خوای گەورە دروستیكردوون وەك ئەڵقەی یەكەم لە دروستكردنی جیھانی ماددی، وە ئەوانی كردووە بە بەڕێوەبەری ئه‌م جیهانه‌. ئەوان لەلای خوا وەكو كەسانی خاوەن پلەوپایە نین لای پاشاكان، بەڵكو خوای گەورە بەدیھێناون وەك هۆكارێكی سەرەتایی و ئامرازی یەكەم بۆ بەڕێوەبردنی سیستەمی ئەم جیھانە، وە بۆ بەگەڕخستنی گەشە و گۆڕانكاریە دیارەكان لە گەردووندا، ئەوان بەردەوامن لە ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە جیھاندا بە ئیزنی خوای گەورە، وە بەگوێرەی ئەو ڕێسایانەی كە خوا (عَزَّ وَجَلَّ) دەستنیشانی كردوون.

ئەوانەی كە بە ئەزمونە ڕۆحیەكاندا تێپەڕیون بۆیان ڕەخساوە فریشتەكان بناسن و بیانبینن، ئەوەتا لە ئینجیلدا هاتووە كە فریشتەكان دادەبەزن بۆسەر هەندێ لە پیاوان و ئافرەتانی چاكەكار، وە جوبرەئیل دابەزیوەتەسەر مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام). وە قورئانی پیرۆز و فەرموودەكانی پێغەمبەر (ﷺ) باسی دابەزینی (الروح الأمین)یان كردووە، واتە جورەئیل، بۆسەر گەورە و سەروەرمان موحەممەدی هەڵبژاردە (ﷺ). وە لەم چەرخەدا دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی شاد بووە بەم پەیوەندیە فریشتەییە. هەروەك من خۆم شكۆداربووم بە هەندێ لە بینینەكان لەسایەی فەزڵ و ڕەحمەتی خوای گەورەوە. ئەوانەی كە فریشتەكان بەوە لەقەڵەم دەدەن تەنھا كۆمەڵێك هێزی شاراوەن لە مرۆڤدا، بۆچوونەكەی خۆیان لەسەر خەیاڵ و نەزانین و نكوڵیكردن لە ئەزموونی ڕاستگۆیان بنیاد دەنێن، بەڵام ئەو مرۆڤەی كه‌ بیینی تایبەتی بەدەستھێناوه‌ بۆی شیاو نیە جگە لە دڵنیابوون لە حه‌قیقه‌تی بوونیان.

ئەم ئایەتە پیرۆزە بەڵگەیەكی پرشنگداره لەسەر ئەوەی كە یەكێك لە سوننەتە بەردەوامەكانی خوا ئەوەیە كە پێغەمبەران ڕەوانە دەكات لەكاتی پێویستبوونیاندا، وە خوای گەورە لەو كاتەدا هەواڵی دەركەوتنی پێغەمبەرەكە دەدات بە فریشتەكانی خۆی، ئەوانیش هەریەكەیان لە بازنەی ئیشكردنی خۆیدا چالاك دەبێت، وە لە ناوه‌ندی تەوژمە تایبەتەكاندا دەجوڵێت بۆ پشتگیركردن و سەرخستنی ئەم نێردراوه.

وە ئەم ئایەتە ئەو ئاماژەیەش هەڵدەگرێت كە ئەم جۆرە ڕەخنەیە شتێكی سەیر و نامۆ و دوور نیە كاتی ڕەوانەكردنی موحه‌ممه‌دی هەڵبژاردە (ﷺ) و دابەزینی قورئانی پیرۆزدا، بەڵكو دەبێت ئەم ڕەخنەیە بگیرێت بەگوێرەی ئه‌و سوننەته‌ موتەواتیره‌ی كه‌ لە سەردەمی ئادەمەوە (عليه السلام) هه‌یه‌.

وَالْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ