بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,
بابەتی زیاتر

چیرۆکى ئەییوب (علیه السلام)

بسم الله الرحمن الرحيم

پێش ئەوەی باسی باس و خواسى  ئەییوب بکەین (علیه السلام) بە باشی دەزانم ئاماژە بە دوو خاڵی زۆر گرنگ بکەم، ئەوانیش ئەمانەن:

یەکەم: چیرۆکە قورئانییەکان حیکایەتی بێ سوود نین؛ بەڵکو خوای گەورە بە (أحسن القصص) وەسفیانی کردووە، بۆیە هەر تەفسیرێكی ئەم چیرۆکانە پێویستە لەم فلتەرە قورئانییە بدرێت و ڕووی (أحسن)ی چیرۆکەکان دەربخەن.

دووەم: پێغەمبەران ژمارەیان زۆر بووە بەڵام خوای گەورە لە کۆتا کتێبی خۆیدا چیرۆکی چەند پێغەمبەرێكی بۆ هەڵبژاردووین و بۆی باس کردووین کە ئێمە سوودیان لێ دەبینین و ئامۆژگاری زۆریان لێ وەردەگرین، وە ئەو کاتەی کە ئایەتەکان دابەزیون ئاماژەبوون بۆئەوەی ئەو خۆشی وناخۆشیانەی بەسەر ئەو پێغەمبەرانەدا هاتوون بەسەر پێغەمبەری خۆشماندا دێت، یان لە داهاتوودا بەسەر ئوممەتی ئیسلامیدا دێت، بە واتایەکی تر هەموو چیرۆکەکان پێشبينیان تێدایە، و ئاگادارییە بۆمان کە ئێمەش وەکو ئەو گەلانەی ترمان لێ دێت، بۆیە پێویستە بەردەوام ئاگاداری خۆمان بین و ئەو هۆکارانە بگرینە بەر کە ئەو گەلانەی ڕابردووی بەرەو خۆشی بردووە و خۆشمان بپارێزین لەو هۆکارانەی کە گەلەکانی تری بەرەو ناخۆشی و ماڵوێرانی بردووە.

باسى پێغەمبەر ئەییوب (علیه السلام) لە دوو سوورەت لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە، سوورەتی (الأنبياء) و سوورەتی (ص).

لە سورەتی (الأنبياء)دا، دەفەرموێت: {وَأَيُّوبَ إِذْ نَادَى رَبَّهُ أَنِّي مَسَّنِيَ الضُّرُّ وَأَنْتَ أَرْحَمُ الرَّاحِمِينَ * فَاسْتَجَبْنَا لَهُ فَكَشَفْنَا مَا بِهِ مِنْ ضُرٍّ وَآتَيْنَاهُ أَهْلَهُ وَمِثْلَهُمْ مَعَهُمْ رَحْمَةً مِنْ عِنْدِنَا وَذِكْرَى لِلْعَابِدِينَ}.

وشەی (الضُّرُّ) لە چەند ئایەتێكی تری قورئاندا هاتووە و واتای ناخۆشی و زەرەر و زيانی هەیە، وەکو خوای گەورە دەفەرموێت: {وَإِذَا مَسَّ الْإِنْسَانَ الضُّرُّ}، واته: “کاتێکیش مرۆڤ زیان و ناخۆشیەکی تووش بێت..”. هەروەها: {وَإِذَا مَسَّكُمُ الضُّرُّ فِي الْبَحْرِ…}، واته: “کاتێك لە دەریادا ناخۆشی و تەنگانە تووشتان دەبێت”.

واتای ئایەتەکان بەم جۆرەیە: یادی ئەیيوب بکە کاتێك هانا و هاواری بۆ پەروەردگاری برد، وتی: پەروەردگارا، بەڕاستی من ئازار و ناخۆشیم تووش بووە، تۆش لە هەموو کەس میهرەبانتر و لە هەموو کەس دلۆڤانتریت(*) جا ئێمەش هاوار و نزاکەیمان گیرا کرد ئەو زیان و ئازار و ناخۆشییانەی هەیبوو لامان برد، وە ئەهلەكەيمان پێ بەخشیەوە و ئەوەندەی تریش لەگەڵیاندا ئەوە ڕەحمەتێکی تایبەت بوو لە ئێمەوە وە بیرخەرەوە و ئامۆژگاری بوو بۆ خوا پەرستان.

وشەی {الضُّر} واتای (نەخۆشی) نییە وەکو ئەوەی لە تەفسیرەکاندا باس كراوه، بێگومان ئەگەر تەنها باسەکە نەخۆشی بوایە ئەوە خوای گەورە لە قورئاندا باسی نەدەکرد، بەڵکو باسەکە لەوە گەورەترە، باسی زوڵم وستەم وچەوساندنەوەی بێباوەڕانە لە پێغەمبەرێك وشوێنکەوتوانی، وە پاڕانەوە وئارامگرتنی پێغەمبەر و شوێنکەوتووانیەتی بەرانبەر ئەو هەموو تاوانەیان، تا کار دەگاتە ئەوپەڕی چەوساندنەوەی باوەڕداران و پاشانیش کۆچکردنیان بۆ ناوچەیەکی تر لە دەستی بێ باوەڕان… ئا ئەمە چیرۆکی پێغەمبەرانە و بەردەوام دووبارە بۆتەوە نەوەکو باسی ئەوە بێت پێغەمبەرێك نەخۆشکەوت و داوای لە خوا کرد کە شیفای بدات و ئینجا خوا شیفای دا، وە باسەکە ئەوەش نییە کە خێزانەکەی داوای لێ کرد کە دوعا بکات تا لە نەخۆشی چاك بێتەوە و ئەویش سوێند بخوات کە سەد داری لێ بدات!!

ئایەتەكانی سورەتی (ص)یش بەمجۆرەیە:

{وَاذْكُرْ عَبْدَنَا أَيُّوبَ إِذْ نَادَى رَبَّهُ أَنِّي مَسَّنِيَ الشَّيْطَانُ بِنُصْبٍ وَعَذَابٍ}

وشەى {الشَّيْطَانُ} لەم ئایەتەدا واتای ئەو پاشا ستەمكارەیە کە دژایەتی پێغەمبەر ئەییوبی دەکرد، یان سەرۆکی ئەو گەل و هۆزە بووە کە ئەییوبی تێدا ژیاوە و زەرەر و زیانی زۆری بە ئەییوب و شوێنکەوتووانی گەیاندووە.. خوای گەورە هەندێك لە سەرانی جوولەکەی سەردەمی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە (شياطين) وەسف دەکات، وەکو دەفەرموێت: {وَإِذَا خَلَوْا إِلَى شَيَاطِينِهِمْ..} (البقرة: 14).

واتاى ئایەتەکەش بەم جۆرەیە: ئەی موحەممەد (صلى الله عليه وسلم) باسی بەندەی ئێمە ئەیيوب بکە، کاتێك هاواری لە پەروەردگاری کرد: بەڕاستی شەیتان (ئەو کەسە ستەمکارە) تووشی زەحمەت و ناڕەحەتی و ئازاری کردووم.

لەدوای ئەم دوعایە خوای گەورە فەرمانی پێکرد: {ارْكُضْ بِرِجْلِكَ هَذَا مُغْتَسَلٌ بَارِدٌ وَشَرَابٌ}

واته: “پێت بدە پێیدا، ئەوە کانیاوێکی ساردە بۆ خۆشتن وخواردنەوە”.

واتای ئایەتەکە ئەوەیە: زۆر بە پەلە ئەم شوێنە بەجێبهێڵە، وە ئاژەڵەکەت ئامادە بکە و بەخێرایی پێی لێ بدە و کۆچەکەت بکە،

بەجۆرێك كانیاوێك دەبینیت و خۆتی تێدا دەشۆیت و ئاوی لێ دەخۆیتەوە دوای ئەم كۆچ کردنە خێرایەت لەم گوندە ستەمکارە.

تەعبیری {ارْكُضْ بِرِجْلِكَ} واتا بەخێرایی لە ئاژەڵەکەت بدە، لە ئایەتەکەدا (حذف)ی تێدایە، ئەمەش یەكێكە لە ئوسلوبە بەلاغییەکان… وە باشترین قسەش ئەوەیە کە کەم بێت و واتای بگەیەنێت.

{وَوَهَبْنَا لَهُ أَهْلَهُ وَمِثْلَهُمْ مَعَهُمْ رَحْمَةً مِنَّا وَذِكْرَى لأُولِي الْأَلْبَابِ}

وە ئەهلەکەی و ئەوەندەی تریشمان لەگەڵیان دا بە (ئەیيوب) بەخشی بە میهرەبانی لەلایەن خۆمانەوە، و بۆ پەند و ئامۆژگاری بۆ خاوەنانی ژیری و بیرو هۆش.

وشەی (أهل) لەم ئایەتەدا واتای ئەو خەڵکانەن کە لەگەڵ ئەییوبدا کۆچیان کردووه.. شوێنکەوتوانی هەر پێغەمبەرێك ئەهلی ئەون… هەروەها خوای گەورە دەفەرموێت: لە دوای کۆچ کردنەکەش خوای گەورە بەرەکەتی خۆی دەڕێژێت بەسەریاندا و کەسانێكی تر باوەڕدەهێنن و دەبن بە ئەهلی ئەییوب، ئەمەش واتای وایە: ئەم کۆچکردنە خێری زۆری تێدایە بۆتان ئەی ئەییوب و شوێنکەوتوانی ئەوەی لە شوێنی خۆتان لە دەستتاندا خوای گەورە بۆتان قەرەبوو دەکاتەوە،

لەم ئایەتەدا پێشبينيەكى گەورە هەیە بۆ گەورەمان محمد (صلى الله عليه وسلم)، ئەمیش بەهەمان شێوەی ئەییوب لە شوێنی خۆی کۆچ دەکات و زەرەرو زیانیان دەبێت، بەڵام دوای کۆچ کردن خوای گەورە دەرگای خێریان لێ دەکاتەوە و کەسانێكی تر دەبن بە (ئەهل)ی محمد، و خوای گەورە بەرەکەتی خۆی دەڕێژێت بەسەریاندا.. پاشان خوای گەورە دەفەرمێت: {رَحْمَةً مِنَّا وَذِكْرَى لأُولِي الْأَلْبَابِ} ئەوەی ڕوویدا و لە داهاتووش لەگەڵ ئێوە روودەدات ڕەحمەتێکە لەلایەن خوای گەورەوە و ئامۆژگاريیه بۆ خاوەنانی ژیری و بیرو هۆش.

{وَخُذْ بِيَدِكَ ضِغْثًا فَاضْرِبْ بِهِ وَلَا تَحْنَثْ}

واتە بۆ پەلە کۆچ کردن چەپكێك لە دار (شووڵ) بگرە بەدەستەوە وبەوە لە ئاژەڵەکەتی پێ بدە بۆ خێرا ڕۆیشتن، وە بە هیچ شێوەیەك پشت لە هەق نەکەیت و ڕوونەکەیتە باتڵ.

وشەی (الحِنث) ئەگەر لەگەڵ سوێند بەکار بێت ئەو کات واتای ئەوەیە کە سوێندەکەی بەجێنەهێناوە، بەڵام {لَا تَحْنَثْ} لێرەدا باسی سوێند خواردن نییە و مەبەست ئەوەیە: ڕوو لە باتڵ نەکەیت؛ چونکە مانەوە لەو شوێنەدا وادەکات بێباوەڕان کاریگەری لەسەر باوەڕداران دروست بکەن، بۆیە کەس جێنەمێنێت و هەمووتان کۆج بکەن…

{إِنَّا وَجَدْنَاهُ صَابِرًا نِعْمَ الْعَبْدُ إِنَّهُ أَوَّابٌ}

بەڕاستی ئێمە ئەیيوبمان بە خۆگر بینی چ بەندەیەکی چاك بوو بەڕاستی ئەو زۆر گوێڕایەڵ و ڕوو لەخوا بوو…. ئەیيوب (عليه السلام) ئارامییەکی زۆری گرت لەسەر ستەمی ئەو بێباوەڕە ستەمکارانە کە بە هیچ جۆرێك درێخییان نەدەکرد لە چەوساندنەوەی ئەییوب و شوێنکەوتوانیدا، تەنها تاوانی باوەڕداران ئەوەندە بوو کە دەیانووت: تەنها خوای تاك و تەنها بپەرستن و شوێنی پێغەمبەران بکەون.

ئا ئەمە حەقیقەتی باسەکەیە بە ئاسانی و سادە و ساکاری، چیرۆکی پێغەمبەران بە گشتی بەو جۆرەیە و بەردەوام ئەم چیرۆکە دووبارە دەبێتەوە: گەلێكی بێباوەڕی ستەمکار.. خوای گەورە پێغەمبەرێکیان بۆ دەنێرێت بۆ ئەوەی ڕێی ڕاستیان پیشان بدات، دژایەتی دەکەن و بەدوژمنی خۆیانی دەزانن و پێغەمبەرەکە و شوێنکەوتووانی دەچەوسێننەوە، پێغەمبەرەکە و شوێنکەوتوانی ئارامی زۆر دەگرن لەسەر ئەو هەموو ئازار و ناڕەحەتی و چەوسانەوەیە، وە بە زۆری کۆچی پێغەمبەران دوای ئەو هەموو ئازار و ناڕەحەتییە دەست پێ دەکات… وە خوای گەورە ئەو گەلە لەناو دەبات لەدوای سەرخستنی باوەڕداران… ئەمە پوختەیەكی ژیاننامەی هەموو پێغەمبەرانە.

وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمين