بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,
بابەتی زیاتر

{يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا أَنفِقُوا مِمَّا رَزَقْنَاكُمْ مِنْ قَبْلِ أَنْ يَأْتِيَ يَوْمٌ لا بَيْعٌ فِيهِ وَلا خُلَّةٌ وَلا شَفَاعَةٌ وَالكافِرونَ هُمُ الظالِمونَ (255)}

شیكردنەوەی وشەكان:

خُلَّةٌ- الخلة: دۆستایەتی. تخلَّت القلب: دخلت خلاله. الخلیل: ئەو كەسەیە كە برادەرایەتیەكەی كورتكراوەتەوە لە خۆشەویستی خوای گەورەدا و جگە لەو دڵی جێگای هیچ كەسێكی تێدا نابێتەوە و لەمەدا لە دنیا و دواڕۆژدا هیچ شتێكی تر ناكاتە هاوبەشی خوا (مجمع البحار). لە فەرموودەی پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) هاتووە: (أَبْرَأُ إِلَى كُلِّ خَلِيلٍ مِنْ خِلِّهِ، وَلَوْ كُنْتُ مُتَّخِذًا خَلِيلًا لَاتَّخَذْتُ ابْنَ أَبِي قُحَافَةَ خَلِيلًا) (الترمذي، المناقب). واتە: من دۆستایەتی هەموو هاوڕێیەك ڕەت دەكەمەوە، ئەگەر دۆستێكم بگرتایە ئەوا كوڕەكەی ئەبو قوحافەم دەكرد بە دۆست. [ئەبو قوحافە، ئەبو بەكرە]

 شفاعة- دوەترێت: شفع العدد وشفع الصلاة. واتە ژمارەكە و نوێژەكەی كرد بە جووت (الأقرب)

تەفسیر:

لەم ئایەتەوە دەردەكەوێت كە ئیسلام بەوەندە وازناهێنێت كە سندوقێك دابنرێت بۆ زەكات و دەستكەوتەكانی جەنگ وە لەو سندوقە یارمەتی هەژاران و نەداران بدرێت، بەڵكو جار لەدوای جار موسوڵمانان ڕادەسپێرێت كە پارە ببەخشن و كاری خێر ئەنجام بدەن لە بەرژەوەندی هەژار و نەداران، وە دەفەرموێت: پێتان وانەبێت بەهۆی ئەو بەڵێنانەی ئێمە پێمان داون سەبارەت بە گەشە و پێشكەوتن ئێستا ئیتر ئێوە پێویست ناكات قوربانی زیاتر بدەن، بەڵكو دەبێت لە هەموو هەنگاوێك و هەموو قۆناغێكدا قوربانی زیاتر بدەن و كۆششی زیاتر بكەن.

 {لَا بَيْعٌ فِيهِ وَلَا خُلَّةٌ وَلَا شَفَاعَةٌ}: ئەو كڕینەی كە ئاماژەی پێكراوە لە شوێنێكی تری قورئانی پیرۆزدا لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا باسكراوە {إِنَّ اللَّهَ اشْتَرَى مِنَ الْمُؤْمِنِينَ أَنْفُسَهُمْ وَأَمْوَالَهُمْ بِأَنَّ لَهُمُ الْجَنَّةَ} (التوبة: 111). خوای گەورە ئەم مامەڵەیەی كردووە لەگەڵتاندا، بەڵام ئەم كڕین و فرۆشتنە تەنھا لە دنیادا ئەنجام دەدرێت نەك لە دواڕۆژدا.

{وَلَا خُلَّةٌ} واتە لەدوارۆژدا جگە لە خوای گەورە هیچ دۆستێك نیە، لێرەدا پرسیارێك دێتە پێش: قورئان لە شوێنێكی تردا دەفەرموێت: {الْأَخِلَّاءُ يَوْمَئِذٍ بَعْضُهُمْ لِبَعْضٍ عَدُوٌّ إِلَّا الْمُتَّقِينَ} (الزخرف: 68). دەی مادام پارێزكاران دەبن به دۆستی گیانی بەگیانی یەكتری ئەوا مەبەست چیە لە فەرمایشتی {وَلَا خُلَّةٌ} لەو ڕۆژەدا؟

 وەڵام: مادام پارێزكاران خوا بە دۆستی خۆیان دەزانن لەبەرئەوە دۆستایەتییان بۆ یەكتری بەجیا دانانرێت لە دۆستایەتییان بۆ خوا، وە پێچەوانەی فەرمایشتی خوا {وَلَا خُلَّةٌ} نیە. بەڵكو بابەتی سەرەكی كە خوا دەیەوێت هۆشداری بدات لەبارەیەوە ئەوەیە: ئەگەر ئێوە دەتانەوێت خوا بكەن بە دۆستی خۆتان ئەوا ئێستا بیكەن.. ئەگینا هەرگیز لەو ڕۆژەدا نابێت بە دۆستان؛ وە لەو كاتەدا هەرگیز دۆستایەتی ئەو كەسانە سوودی نابێت بۆتان كە ئەمڕۆ كردووتانن بە دۆستی خۆتان، بەڵكو دەبن بە دوژمنتان. بەڵام تەنھا پارێزكارانن كە دژایەتی دۆستەكانی خۆیان ناكەن؛ چونكە باوەڕدار دۆستەكەی خودایە. كەواتە مەبەستەكە بریتیە له نكوڵیكردن لەو دۆستایەتیەی كە پێچەوانەیە لەگەڵ دۆستایەتی خوای گەورەدا.

فەرمایشتی {وَلَا شَفَاعَةٌ} مانای ئەوەیە كە پێویستە لەسەرتان لێرە پەیوەندی دروست بكەن لەگەڵ خوادا و بیكەن بە هاوڕێی گیانی بەگیانی خۆتان، ئەگینا هەرگیز لە دواڕۆژدا نابێت بە هاوڕێتان. وە لە شوێنێكی تردا دەفەرموێت: {وَأَنْذِرْ بِهِ الَّذِينَ يَخَافُونَ أَنْ يُحْشَرُوا إِلَى رَبِّهِمْ لَيْسَ لَهُمْ مِنْ دُونِهِ وَلِيٌّ وَلَا شَفِيعٌ لَعَلَّهُمْ يَتَّقُونَ} (الأنعام: 52). هەروەها لە شوێنێكی تردا دەفەرموێت: {وَذَكِّرْ بِهِ أَنْ تُبْسَلَ نَفْسٌ بِمَا كَسَبَتْ لَيْسَ لَهَا مِنْ دُونِ اللَّهِ وَلِيٌّ وَلَا شَفِيعٌ وَإِنْ تَعْدِلْ كُلَّ عَدْلٍ لَا يُؤْخَذْ مِنْهَا} (الأنعام: 71).

لەم ئایەتانەوە دەردەكەوێت كە ئەوانەی لەم دنیایەدا خوای گەورەیان كردووە بە دۆست و هاوەڵی خۆیان، لە دواڕۆژدا مافی تكاكردن (شەفاعەتكردن) بەدەست دەهێنن، بەڵام كەسانی تری جگە لەوان هەرگیز ئەو مافەیان نیە و بەهیچ شێوەیەك تكایان بۆ ناكرێت. وە لێرەدا خوا وەسف كراوە بە تكاكار؛ چونكە بەبێ ئیزنی ئەو ناكرێت كەسێك تكا بكات، كەواتە ئەو تكاكاری ڕاستەقینەیە. خوای گەورە دەفەرموێت: {يَوْمَئِذٍ لَا تَنْفَعُ الشَّفَاعَةُ إِلَّا مَنْ أَذِنَ لَهُ الرَّحْمَنُ وَرَضِيَ لَهُ قَوْلًا} (طه: 110). كەواتە بەمە ساغ دەبێتەوە كە تكاكردنی ڕۆژی قیامەت لەلایەن كەسێكەوە ئەنجام نادرێت مەگەر بە ئیزنی خوای گەورە. وە ئەو كەسانەی خوایان كردووە بە هاوەڵ و تكاكاری خۆیان مافی تكاكردنیان پێ دەدریت، بەڵام جگە لەوان ئەو مافەیان پێ نادرێت. وە خوای گەورە لە شوێنێكی تردا دەفەرموێت: {وَلَا يَشْفَعُونَ إِلَّا لِمَنِ ارْتَضَى وَهُمْ مِنْ خَشْيَتِهِ مُشْفِقُونَ} (الأنبیاء: 29). وە هەروەها دەفەرموێت: {مَنْ ذَا الَّذِي يَشْفَعُ عِنْدَهُ إِلَّا بِإِذْنِهِ}.

ڕاستە لە فەرموودەكانەوە دەردەكەوێت كە پێغەمبەری خۆمان و پێغەمبەرانی پێشوو- سڵاوی خوایان لێ بێت، بگرە هەندێ كەس لە ئوممەتی موحەممەد (صلى الله عليه وسلم) لە ڕۆژی قیامەتدا دەبنە تكاكار و شەفاعەت دەكەن (ابن ماجه، الزهد). بەڵام ئەم فەرموودانە مانای ئەوە دەبەخشن كە تكاكردنی كۆمەڵێك تاكی ئوممەتی موحەممەدی دەبێت بە سێبەرێك بۆ تكاكردنی موحەممەد (صلى الله عليه وسلم).. چونكە تكاكردنی ڕاستەقینە بریتیە لە تكاكردنی ئەو. كەواتە ئەو كەسانە تكادەكەن لە موحەممەد، ئەویش لەپێناوی ئەواندا لای خوای گەورە تكادەكات. بێگومان ئیمامی مەهدی دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی (عليه السلام) ئەم بيروباوەڕەی ڕوون كردووەتەوە و دەفەرموێت: ئێستا لەسەر زەویدا هیچ پێغەمبەر و تكاكارێك نیە جگە لە موحەممەدی هەڵبژاردە. بۆیە هەوڵ بدەن كە بەڕاستی ئەم پێغەمبەرە خاوەن شكۆیەتان خۆش بوێت، وە بەهیچ شێوەیەك فەزڵی كەسێكی تر نەدەن بەسەریدا، بۆ ئەوەی لە ئاسمان لەڕیزی ڕزگاربووەكاندا بنووسرێن. (كەشتی نووح، لا 15).

 كەواتە هەتا مرۆڤ خۆی نەبەستێت بە خوای گەورە و پێغەمبەرەكەیەوە، وە هەتا ئەوان نەكات بە هاوەڵی گیانی بەگیانی و شەفاعەتكاری خۆی هەرگیز هیچ تكاكردنێكی بۆ ناڕەخسێت. پاشان دەفەرموێت: {وَالكافِرونَ هُمُ الظالِمونَ} واتە ئێمە ستەممان نەكردووە لە كافرەكان، بەڵكو خۆیان ستەمیان لە خۆیان كردووە.

(تەفسیری گەورە، بەرگی دووەم)

وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمين