بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,
بابەتی زیاتر

أعوذ بالله من الشيطان الرجيم

{شَهْرُ رَمَضَانَ الَّذِي أُنزِلَ فِيهِ الْقُرْآنُ هُدًى لِلنَّاسِ وَبَيِّنَاتٍ مِنَ الْهُدَى وَالْفُرْقَانِ فَمَنْ شَهِدَ مِنْكُمُ الشَّهْرَ فَلْيَصُمْهُ وَمَنْ كَانَ مَرِيضًا أَوْ عَلَى سَفَرٍ فَعِدَّةٌ مِنْ أَيَّامٍ أُخَرَ يُرِيدُ اللَّهُ بِكُمُ الْيُسْرَ وَلا يُرِيدُ بِكُمُ الْعُسْرَ وَلِتُكْمِلُوا الْعِدَّةَ وَلِتُكَبِّرُوا اللَّهَ عَلَى مَا هَدَاكُمْ وَلَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ (186)}

شیكردنەوەی وشەكان:

هدی: چاوگە بەمانای بكەرە، واتە ھیدایەتدەرە بۆ خەڵكی.

 بینات: كۆی وشەی (بینة)یە بریتیە لە بەڵگەی ڕۆشن عەقڵی بێت یان هەست پێ كراو (المفردات)

 تەفسیر:

ڕەمەزان ئەو ڕۆژە پیرۆزانەمان بیردەخاتەوە كە تێیاندا كتێبێكی كامڵی وەكو قورئانی پیرۆز دابەزی بۆ جیھان. ئەو ڕۆژە پیرۆزانەی كە سەرەتای خۆشبەختیان تێدا بوو بۆ دنیا. ئەو ڕۆژانەی كە تێیاندا دەرگاكانی ڕەحمەت و بەرەكەتی خوا كرایه‌وه‌ بۆ جیھان. ئەو ڕۆژانەی كە تێیاندا موحەممەد (ﷺ) پەست و بێزار بوو بە بینینی ڕوخساری ناشرین و قێزەونی دنیا و خراپەی خەڵكەكەی.. وە ڕووی كردە ئەشكەوتی حیرا و پشتیكردە جیھان، وە خزم و برادەرەكانی خۆی بەجێھێشت، بۆ ئەوەی سەرقاڵ بێت بەیادی خوای گەورەوە.. لەمەدا پێی وابوو كه بە هەڵھاتنی لە دنیا بەم شێوەیە دەتوانێت ئەو ئەركەی سەرشانی جێبەجێ بكات كە لەپێناویدا خوا دروستی كردووە.

 لەو ساتانەی تەنیاییدا، وە لەم كاتانەی خەڵوەت و بیركردنەوە و ڕاماندا.. مانگی ڕەمەزان هات بەسەریدا. بەگوێرەی ڕیوایەتە متمانەپێكراوەكان.. لە بیست و چواری ڕەمەزاندا. ئەو كەسەی كە پشتی هەڵكردبوو لەدنیا و تەنیاییی و گۆشەگیری هەڵبژاردبوو لەلایەن خالق و پەروەردگار و فێركار و خۆشەویستەكەیەوە فەرمانێكی پێ گەیشت كە بڕوات بۆ لای خەڵكی و بانگیان بكات و ڕێگای ڕاستیان پیشان بدات. تۆ لەم خەڵوەتەدا لەناو ئەشكەوتی حیرادا بۆ من دەگەڕێیت بەڵام لە كوچە و كۆڵانەكانی مەككەدا و لەناو قەرەباڵغی و ژاوەژاوی خەڵكیدا من دەدۆزیتەوە. بڕۆ و تەبلیغی هۆزەكەت بكە كە لەم دنیایەدا دروستم كردوون لە دۆخێكی نزمەوە پاشان تێیدا پەروەردەم كردوون و بڵندم كردوونەتەوە.. بۆ ئەوە دروستم نەكردوون كە هەر بخۆن و بخۆنەوە و بمرن بەبێ ئەوەی پرسیارتان لێ بكرێت دەربارەی ئەوەی كە چیتان كردووە.

كاتێك ئەم دەنگەی بیست ڕاچڵەكی و ترس دایگرت، ئینجا بە واقوڕمانەوە بە جوبرەئیلی فەرموو: من ناخوێنمەوە (البخاري، الوحي) واتە من سەرم سوڕدەمێنێت لەم پەیامە. ئایا شیاوە ئەم وشانە لەزاری من بێنەدەرەوە بەرامبەر خەڵكی مەككە؟ ئایا هۆزەكەم گوێ شل دەكەن بۆ ئەم پەیامە و پەسەندی دەكەن؟ بەڵام خوای گەورە بەبەردەوامی فەرمانی پێ كرد: بڕۆ و ئەم پەیامە بەسەر خەڵكیدا بخوێنەرەوە. لەو كاتەدا -بە پەیڕەوكردنی ئەم فەرمانە و بەدەمەوەچوونی ئەم دەنگە- پێغەمبەر (ﷺ) لەم گۆشەگیریە دەرچوو، لەناو كۆڕ و كۆمەڵی خەڵكیدا دەركەوت. ئەم كۆڕ و كۆمەڵانە لەمەڕ ئەو شوێنێك نەبوو كە مرۆڤ هاوەڵێكی تێدا دەست بكەوێت ڕازی دڵی خۆی بۆ بدركێنێت، یان شتێكی لێ ببیستێت كە دڵخۆش و ئاسوودەی بكات، یان تێیدا ماندووبوونە دەروونیەكانی نەمێنێت، وە لەمەڕ ئەو كۆمەڵێك مەجلیس نەبوون بۆ گێڕانەوەی چیرۆك و داستان و خوێندنەوەی شیعر، یاخود كۆمەڵێك مەجلیس بن كە تێدا خەڵكی دانوستاندن و دیبەیت و گفتوگۆ بكەن. بەڵكو كۆمەڵێك كۆڕ و كۆبوونەوە بوون كە تێیاندا پێغەمبەر (ﷺ) خۆشەویستی و دڵسۆزی خۆی دەردەبڕی بۆ لایەنی بەرامبەر.. كه‌چی لەلایەن ئەوانەوە هەمیشە جوێن و قسەی ناشرین و هەڕەشە و ترساندنی پێ دەگەيشت. كۆڕگەلێك بوون كە ئەگەر مرۆڤ جارێك سەردانی بكردنایە ئەوا دوای ئەوە حەزی نەدەكرد سەردانیان بكاتەوە. بەجۆرێك جوێن و هەڕەشەیان ئاراستە دەكرد كە پێیان وابوو ئەگەر كەمترین هەست و شعوری هەبێت سبەی دووبارە لەگەڵیاندا قسە ناكاته‌وه‌. زۆر دڵخۆش دەبوون كە ڕۆژێك موحەممەدیان بێدەنگ بكردایە، بەڵام لەكاتی هەڵھاتنی خۆری ڕۆژێكی نوێدا ئەم عاشقە ڕاستگۆیەی خودا جارێكی تر دەردەچوو بۆ گه‌یاندنی پەیامی پەروەردگاری خۆی به‌ خەڵكی مەككە، جارێكی تر هەمان جوێن و هەڕەشە و ترساندنی پێ دەگەیشت هەتا ئێوارە دادەھات. لەو كاتەدا شەو دەبووە بەربەستێك لەنێوان ئەوان و ئەم دا هیواداربوون كە ئیتر لەمڕۆوە بێدەنگی هەڵبژێرێت و بڕیاربدات هیچ قسه‌ نه‌كات. بەڵام چۆن دەكرێت كەسێك بانگی خوا لەگوێیدا دەنگ بداتەوە لەو كەسانە بترسێت و بێدەنگ بێت؟ ئەگەر بەشەو بخەوتایە ئەوا ئەو پەیامەی لەبیردەچووەوە، بەڵام كەسێك نووستن و بێداریەكەی وەكو یەك وابێت چۆن لەبیری دەكات؟ بێگومان ئەو وانەیەی كە دووبارە نەكرێتەوە و پێداچوونەوەی بۆ نەكرێت دەكرێت لەبیر بكرێت، بەڵام پێغەمبەر (ﷺ) هەر كە لەجێگاكەیدا ڕادەكشا گوێبیستی بانگی (اقرأ) دەبوو -لەم دۆخەدا- ئیتر چۆن دەتوانێت پەیامەكە لەبیر بكات؟

لە مانگی ڕەمەزاندا پێغەمبەر (ﷺ) ئەم بانگەی پێ گەیشت، وە هەر لە خودی ڕەمەزاندا لە ئەشكەوتی حیرا دەرچوو بۆ گه‌یاندنی پەیامی خوا، لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا {شَهْرُ رَمَضَانَ الَّذِي أُنزِلَ فِيهِ الْقُرْآنُ} و ئه‌م فەرمایشتی خوای گەورەیش {إِنَّا أَنْزَلْنَاهُ فِي لَيْلَةِ الْقَدْرِ (*) وَمَا أَدْرَاكَ مَا لَيْلَةُ الْقَدْرِ} (سورة القدر) ئاماژه‌ بۆ ئه‌م خاڵه‌ كراوه‌.

وشەی (رمضان) لە (الرمض)ەوە هاتووە كە مانای گەرمایی دەگەیەنێت (الأقرب)، چ گەرمایی خۆر بێت یان گەرمایی نەخۆشی بێت. بۆیە ڕه‌مه‌زان واتە: وەرزێكی سەخت و گران. وە لە سورەتی (القدر)دا دەفەرموێت: ئێمه‌ له‌شەوێكدا دامانبه‌زاند، شەویش مانای تاریكی و بەڵا و نەهامەتی دەگەیەنێت. بەم شێوەیە لەم دوو ئایەتەدا خوای گەورە ڕایدەگەیەنێت كە دابەزینی وەحی و ئیلھام لە ڕۆژگاری سەختی و نەهامەتیدا بە ئەنجام دەگات. ئەگەر خه‌ڵكی تووشی بەڵا و نەهامەتی نەبن، ئەگەر ڕۆژگاریان نەگۆڕێت بۆ شەوی تاریك و نووتەك، ئەگەر سەختی و ناڕەحەتی برسێتى و تینوێتی نەچێژن، ئەگەر جەستەی مرۆیی لەناوەوە و دەرەوە تووشی هەلومەرجە سەختەكان نەبێت.. ئەوا ناكرێت كەلامی خوای گەورە دابەزێتە سەریان.

بەهەڵبژاردنی ئەم مانگە بۆ دابەزینی قورئان خوای گەورە موسوڵمانان هیوادار دەكات كە ئەگەر دەتانەوێت دەرگای كەلامی خواتان بۆ بكرێتەوە ئەوا دەبێت بە تونێلی بەڵا و مه‌ینەتەكاندا تێپەڕبن، وە بەبێ ئەمە بۆتان نالوێت نیعەمەتی ئاخاوتنی خوای گەورە بەدەست بھێنن. كەوابوو ڕەمەزان كەلامی خوا بیری موسوڵمانان دەخاتەوە، وە لەبەرئەوە پێغەمبەر (ﷺ) فەرمانی كردووە كە لەڕەمەزاندا قورئان زۆر بخوێندرێتەوە، بۆیە ئێمەیش -كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی- گرنگی دەدەین بە پێشكەش كردنی وانەكانی قورئانی پیرۆز لەو مانگەدا. بۆیە پێویستە لەسەر برایانمان كە لەم مانگەدا قورئان زۆر بخوێننەوە و ڕابمێنن لە ماناكانی، هەتا ڕۆحی قوربانیدان تێیاندا دروست بێت كە بەبێ ئەم ڕۆحە ئوممەت گەشە ناكات و پێشناكەوێت.

 ئەم مانگە فێرماندەكات كە ئەو كەسەی دەیەوێت بەسەر دنیادا زاڵ بێت ئەوا پێویستە گۆشەگیریەك وەك ئەوەی ئەشكەوتی حیرا هەڵبژێرێت؛ چونكە دنیا ته‌نھا بە وازهێنان لێی بەدەست دێت. پێویستە سەرەتا مرۆڤ وازی لێ بھێنێت و دووربكەوێتەوە لێی.. ئەوسا دەتوانێت زاڵ بێت بەسەریدا. بەڵام زاڵبوون و سەركەوتنی ڕۆحی و زاڵبوونی ماددی هەیە، وەك ئەوەی “دەججال” بەدەستيھێناوە و ڕێگاكەی ئەوەیە كە مرۆڤ خۆی تەرخان بكات بۆ دنیا، بەڵام ئەو كەسەی دەیەوێت زاڵ بێت بەسەر دنیادا و بە بەندەی خوایش بمێنێتەوە؛ ئەوا هیچ ڕێگەیەكی لەبەردەمدا نیە جگە لەوەی وازبھێنێت لە دنيا. بێگومان ئەبو جەهل هەوڵیدا بۆ بەدەستھێنانی دنیا و بەدەستیشی هێنا، بەڵام پێغەمبەری خوا (ﷺ) وازی لە دنیا هێنا لەگەڵ ئەوەشدا بەدەستی هێنا، بگرە لە ئەبو جەهل زۆر زیاتری بەدەست هێنا. ئەبو جەهل یەكێك بوو لە گەورە و سەردارەكانی مەككە، بەڵام پێغەمبەری خوا (ﷺ) لە ژیانی خۆیدا بوو بە فەرمانڕەوای دوورگەی عەرەبی، دوای ئەوە بوو بە فەرمانڕەوای هەموو جیھان. دەی كەی ئەبو جەهل لەدنیادا ئەوەی بەدەست هێنا كە پێغەمبەر (ﷺ) بەدەستی هێنا؟ بەڵام ئەوەی ئەبو جەهل لە دنیا بەدەستی هێنا بە هەوڵ و تێكۆشان بۆی بەدەستی هێنا، بەڵام ئەوەی پیغەمبەری هەڵبژاردە (ﷺ) بەدەستی ھێنا بە وازهێنان لێی بەدەستی ھێنا. كەواتە دنیا دێت بۆ لای كۆمەڵە ڕۆحیەكان ئەگەر وازیان لێ ھێنا. بەڵام ئەهلی دنیا بە تێكۆشان و هەوڵ و ماندووبوون بۆی دنیا بەدەست دەھێنن. ڕەمەزان فێرمان دەكات كە ئەگەر ئێوە سەركەوتنان دەوێت لە ئامانجەكانتاندا ئەوا پێویستە سەختی و نەهامەتیەكان قەبوڵ بكەن، وە ڕازی بن بە تاریكیەكانی شەو، وە لێیان نەترسن چونكە هۆكارێكە بۆ سەركەوتنتان.

كەواتە ڕەمەزان گرنگیەگی گەورە و تایبەتی هەیه، وە ئەو كەسەی كە لەدڵیدا خۆشەویسی ڕاستەقینە هەیە بۆ ئیسلام و گرنگی دەدات بە باوەڕ دەبێت لەكاتی هاتنی مانگی ڕەمەزاندا لەدڵیدا هەست بە كەف و كوڵێكی تایبەتی بكات، لە جەستەیدا هەست بە لەرزین و ڕاچڵەكينێكی بەردەوام بكات.. هەرچەند لەنێوان ئێمە و گەورەمان موحەممەددا (ﷺ) كۆمەڵێك سەدەی دوور و درێژ هەبێت.. وە هەرچەند ساڵان و ڕۆژان نێوان ئێمە و گەورەمان موحەممەد (ﷺ) لەیەك دووربخاتەوە.. بەڵام هەر كاتێك مانگی ڕەمەزان هات ئێمە هەست دەكەین كە ئەم مانگه دووری ئەو هەموو مانگ و ساڵ و سەدانەی پێچاوەتەوە و نزیكی كردووینەتەوە لە موحەممەدی پێغەمبەری خوا (ﷺ). ئەم مانگە ته‌نھا له‌و نزیكمان ناكاته‌وه‌، بگرە بەو پێیەی كە قورئان لەلایەن خواوە دابەزیوە وێنای ئەوە دەكەین كە ڕەمەزان هەموو ئەو دووریەی پێچاوەتەوە كە لەنێوان ئێمە و خوای گەورەدا هەیە و گەیاندووینی بەو زاتە مەزنە، ئەو دووریەی كە لەنێوان بەندە و خالقەكەیدا هەیە، وە ئەو ماوەیەی كە لەنێوان بەندەی بچوك و لاواز و خالقی ئاسمانەكان و زەویدا هەیە.. دەچێتەوەیەك و نامێنێت وەك چۆن بە هاتنی خۆر تاریكی شەو نامێنێت. ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە {وَإِذَا سَأَلَكَ عِبَادِي عَنِّي فَإِنِّي قَرِيبٌ} ئاماژە دەكات بۆ ئەم خاڵە. كاتی هاتنی مانگی ڕەمەزان بەندەكانم پرسیارت لێ دەكەن: چۆن دەتوانین بگەین بەخوا؟ تۆیش پێیان بڵێ كە هاتنی ڕەمەزان بریتیە لە هاتنی خوای گەورە. ڕەمەزان ئەو مانگەیە كە تێیدا خوا جیلوە دەكات بۆ بەندەكانی، دەیەوێت تێیدا لەڕێگەی كەلامەكەی خۆیەوە كە بریتیە لە گوریسی خوا كێشیان بكات بۆ لای خۆی.. سەرێكی گوریسەكە لای خوایە و سەرەكەی تریشی لەدەستی بەندەكاندایە، پێویستە لەسەریان بەم گوریسەدا سەربكەون بۆ ئەوەی بەهۆیەوە بگەن بە خوای گەورە.

 فەرمایشتی خوای گەورە {شَهْرُ رَمَضَانَ الَّذِي أُنْزِلَ فِيهِ الْقُرْآنُ} سێ مانای هەیە:

یەكەم- ئامرازی {في} بەمانای هۆكار هاتووە، بەم پێیە ماناكە بەم شێوەیە دەبێت: مانگی ڕەمەزان ئەو مانگەیە كە لەپێناویدا قورئان دابەزیوە. واتە ڕۆژووی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان ئەوەندە گرنگە تەنانەت خوای گەورە وەحی ناردووەتەخوارەوە بۆ ڕوونكردنەوەی حوكمەكانی ڕۆژوو لە قورئانی پیرۆزدا. وە ئەو بابەتەی كە لەپێناویدا قورئان دابەزێت دەكرێت مرۆڤ گرنگی و پێویستیەكەی هەڵسەنگێنێت.

ئەم مانایە لەڕووى زمانەوە چەسپاوە. دەڵێن: تكلَّمتُ معك في هذا الأمر. واتە لەبەر ئەم بابەتە قسەم كرد لەگەڵتدا. هاوشێوەكەی لە قورئانی پیرۆزدا بریتیە لە فەرمایشتی خوای گەورە لەسەر زارى ژنەكەی عەزیزی میسر {فَذَلِكُنَّ الَّذِي لُمْتُنَّنِي فِيهِ} (يوسف: 33) واتە ئەمە ئەو كەسەیە كە بەهۆیەوە سەرزەنشتان كردم. هەروەها لە فەرموودەدا هاتووە: (عُذِّبَتْ امْرَأَةٌ فِي هِرَّةٍ حَبَسَتْهَا) (البخاري، المُسَاقَاةِ) واتە خوای گەورە سزای ئافرەتێكیدا؛ چونكە پشیلەیەكی بەند كردبوو، وە خواردنی پێنەدا هەتاكو مرد.

مانای دووەم- سەرەتای دابەزینی قورئانی پیرۆز لە مانگی ڕەمەزاندا بووە. لە فەرموودەوه‌ ساغ بووەتەوە كە سەرەتا قورئانی پیرۆز لە مانگی ڕەمەزاندا دابەزی. ڕاجیایی هەیە لە دەستنیشانكردنی مێژووەكەی، بەڵام فەرموودەناسان تەرجیحی ڕۆژی بیست و چواری ڕەمەزان دەدەن (لەوانە زانای پایەبەرز ئیبن حەجەری عەسقەلانی خاوەنی فتح الباري و الإصابة، وە زانای پایەبەرز الزرقاني خاوەنی شرح المواهب اللدنیة، وە خاوەنی تەفسیری البحر المحیط).

 مانای سێيەم- ئەوەیە كە هەموو قورئان لە ڕەمەزاندا دابەزیوە، لە فەرموودەدا ڕیوایەتێك لە عائیشەوە (رضي الله عنها) هاتووە كە پێغەمبەری خوا (ﷺ) لە نەخۆشی مردنەكەیدا بە حەزرەتی فاتیمەی فه‌رموو (رضي الله عنها) لەگەڵ جوبرەئیلدا هەموو ساڵێك یەكجار قورئانمان دەوركردووەتەوە، ئەمساڵ دووجار قورئانمان دەوركردەوە، پێم وایە ئاكامم نزیك بووەتەوە. (البخاري، فضل القرآن) واتە لە ڕەمەزانی هەموو ساڵێكدا لەگەڵ جوبرەئیلدا ئەوەندی قورئان دابەزیبێت بەیەكەوە دەورمان كردووەتەوە، بەڵام لە ڕەمەزانی ئەم ساڵدا دووجار بەیەكەوە قورئانمان خەتم كردووە.. لەمەوە پێم وایە كە كاتی مەرگم نزیك بووەتەوە.

گومانی تێدا نیە كە قورئان لە مانگەكانی تریشدا جگە لە ڕەمەزان دابەزیوە، بەڵام ڕەمەزان بەوە جیادەكرێتەوە كە جوبرەئیل لەگەڵ پێغەمبەردا (ﷺ) چەند قورئان دابەزیوە هەتا ئەو مانگە بەیەكەوە خوێندوویانەتەوە، واته‌ جارێكی تر لەم مانگەدا لە هەموو ساڵێكدا قورئان دابەزیوە بۆسەر پێغەمبەر (ﷺ).

هەمان ئەم بابەتە لە ڕیوایەتێكی ئیبن عەبباسدا باسكراوەكە دەڵێت: (كَانَ رَسُولُ اللَّهِ ﷺ أَجْوَدَ النَّاسِ، وَكَانَ أَجْوَدُ مَا يَكُونُ فِي رَمَضَانَ حِينَ يَلْقَاهُ جِبْرِيلُ، وَكَانَ جِبْرِيلُ يَلْقَاهُ فِي كُلِّ لَيْلَةٍ مِنْ رَمَضَانَ، فَيُدَارِسُهُ القُرْآنَ، فَلَرَسُولُ اللَّهِ ﷺ حِينَ يَلْقَاهُ جِبْرِيلُ أَجْوَدُ بِالخَيْرِ مِنَ الرِّيحِ المُرْسَلَةِ) (البخاري، بدء الوحي). واتە: پێغەمبەری خوا بەخشندەترین كەس بووه، وە لە ڕەمەزاندا كاتێك چاوی بە جوبرەئیل دەكەوت زیاتری دەبەخشی، وە هەموو شەوێكی مانگی ڕەمەزان پێیدەگەیشت بەیەكەوە قورئانیان دەخوێندەوە. پێغەمبەری خوا لەبای هەڵكراو خێراتر بوو بۆ خێركردن.

لەم ڕیوایەتانەوە ئەوە دووپات دەبێتەوە كە سەرەتای دابەزینی قورئان لە مانگی ڕەمەزاندا بووە، پاشان لە هەموو ڕەمەزانێكدا جوبرەئیل (عليه السلام) لەگەڵ پێغەمبەردا (ﷺ) دەوری قورئانی دەكردوە، ئەوەندەی تا ئەو كاتە دابەزی بوو، بەگوێرەی ئەمە دەتوانین بڵێین هەموو قورئان لە ڕەمەزاندا دابەزیوە.. بگرە هەندێ بەشی چەندین جار دابەزیوە، تەنانەت دەتوانین بڵێین كە پێغەمبەر (ﷺ) لەكاتی ڕەوانەكردنیەوە هەتا كۆچی دوایی بیست و سێ ڕەمەزانی بەسەردا هاتووە.. دواجار هەندێ لە بەشەكانی قورئان بیست و سێ جار دابەزیوەتە سەری، هەندێكی بیست و دوو جار، هەندێكی بیست و یەك جار وە هەروەها. بەڵام ئەو ئایەتانەی كە لە ساڵی كۆتایی ژیانی پیرۆزیدا دابەزیون تەنھا دووجار دابەزیون؛ چونكە جوبرەئیل لەو ساڵەدا دووجار قورئانی دەوركردووەتەوە لەگەڵ پێغەمبەردا (ﷺ). لە قورئانی پیرۆزدا ساغ بووەتەوە كە فریشتەكان هەر كارێك بكەن تەنھا بە فەرمانی خوا دەیكەن (التحریم: 7)، لەبەرئەوە ناكرێت بڵێین ئەوەی جوبرەئیل كردوویەتی دابەزین نیە.. چونكە فریشتەكان تەنھا بە فەرمانی خوا دادەبەزن، ئەمە بریتیە لە دابەزین و دابەزاندن لە زاراوەی ئیسلامیدا. كەواتە یەكێك لە ماناكانی {أُنْزِلَ فِيهِ القُرْآنُ} ئەوەیە كە هەموو قورئان لە ڕەمەزاندا دابەزیوە.

پێویستە ئه‌وه‌شمان له‌یاد بێت كە ڕەمەزان ناوێكی ئیسلامیە بۆ ئەم مانگە، بەڵام لە سەردەمی جاهیلیدا ناوی (ناتق) بووە. (فتح البیان، تحت هذه الآیة).

 فەرمایشتی خوای گەورە {هُدًى لِلنَّاسِ وَبَيِّنَاتٍ مِنَ الهُدَى} هدی و بینات هەردووكیان بریتین لە (حال)، مانای ئەم دەستەواژەیە بەم شێوەیە: بێگومان ئەم قورئانە:

یەكەم- هۆكارێكە بۆ ڕێنمونی كردنی خەڵكی.

دووەم- بێگومان بەڵگەی تێدایە لەسەر ڕێنمونیەكە.. چونكە تەنھا بەخەڵكی ناڵێت: ئەوە بكەن و ئەوە مەكەن، بەڵكو لەگەڵ فەرمان و بڕیارەكانیدا بەڵگەیش دەھێنێتەوە. وە فەرمایشتی {لِلنَّاسِ} ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە ئەم قورئانە ڕێنموونیە بۆ هەموو جیھان نەك بۆ هەندێ له‌ خه‌ڵكی. وە وشەی {الفُرْقَان} ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە بەڵگەی تێدایە بۆ جیاكردنەوەی ڕەوا لە ناڕەوا.

فەرمایشتی خوای گەورە {فَمَنْ شَهِدَ مِنْكُمُ الشَّهْرَ فَلْيَصُمْهُ} واتە هەر كەسێك خوا یارمەتدا كە بگاتە ئەم مانگە پیرۆزە -ئەگەر نەخۆش يان ڕێبوار نەبێت- ئەوا پێویستە لەسەری كە بەبێ پچڕان و دابڕان هەموو مانگەكە بەڕۆژوو بێت، وە ئەوەی هۆكاری خێر و بەرەكەت بێت كۆی بكاته‌وه‌ بۆی، وه ئەم ڕۆژە پیرۆزانە لە تەمبەڵی و بێ ئاگاییدا بەفیڕۆ نەدات.

فەرمایشتی خوای گەورە {يُرِيدُ اللَّهُ بِكُمُ اليُسْرَ وَلاَ يُرِيدُ بِكُمُ العُسْرَ} واتە ڕۆژووی ڕەمەزانمان پێویست كردووە لەسەرتان؛ چونكە ئێمە ڕازی نابین كە باوەڕبھێنن لەگەڵ ئەوەدا لە ناڕەحەتیدا بژین و ئەركتان لەسەر گران بێت. چۆن وا دەفەرموێت لەكاتێكدا باوەڕدارن لە ڕۆژانی ڕەمەزاندا وا دەردەكەوێت كە زیاتر ئەرك لەسەر خۆیان گران بكەن؟ لەڕاستیدا ئەم ئایەتە خاڵێكی گرنگ دەخاتەڕوو، ئەویش ئەوەیە كە بەرگەگرتنی برسێتی لەپێناوی خوادا و قوربانیدان بۆ ئایینەكەی هەرگیز زیان ناگەیەنێت بە مرۆڤ، بەڵكو سوودی تەواوەتی پێ دەگەیەنێت. بۆیە ئەو كەسەی باوەڕی وایە كە مرۆڤ لە ڕەمەزاندا تووشی برسێتی دەبێت قورئانی پیرۆز بەدرۆدەخاتەوە؛ چونكە خوای گەورە دەفەرموێت: ئێوە برسی بوون بۆیە ڕەمەزانمان فەرزكرد لەسەرتان تاكو خواردن بخۆن. كەواتە لەمەوە ڕوون دەبێتەوە كە خواردنی ڕاستەقینە ئەوەیە كە خوا دەرخواردی مرۆڤی دەدات، ژیانی ڕاستەقینە ئەوەیە كە مرۆڤ قوربانی بدات لەپێناوی خوای گەورەدا، پاشان چەند بۆی دەلوێت خواردن بخوات و سوپاسگوزاری خوای گەورە بێت. بەڵام جگە لەم خواردنە خواردنەكانی تر بخۆرەكەی لەناودەبن لەڕووی ڕۆحیەوە. كەواتە پێویستە لەسەر باوەڕدار كە لەكاتی خواردنی هەر پاروویەكدا بیر لەوە بكاتەوە كە لەپێناوی كێدا دەیخوات؟ ئەگەر لەپێناوی خوای گەورەدا دەیخوات؛ ئەوا ئەو خواردنە خواردنی ڕاستەقینەیە، وە ئەگەر لەپێناوی خۆیدا دەیخوات ئەوا ئەو خواردنە خواردن نیە، بەڵكو بەردێكە و دەیخوات. هەروەھا ئەگەر لەبەر خاتری خوا پۆشاك لەبەردەكات ئەوا ئەوە پۆشاكی ڕاستەقینەیە، بەڵام ئەگەر لەبەر خاتری خۆی لەبەری بكات ئەوا ڕووت و قووتە. بڕوانن چۆن خوای گەورە بە شێوازێكی جوان و ناسك ڕوونی كردووەتەوە كە ئەگەر ئێوە لەبەر ڕەزامەندی ئەو ئارام نەگرن لەسەر سەختی و نەهامەتیەكان؛ ئەوا هەرگیز ئاسوودەیی و فەرحانی ڕاستەقینە بەدەست ناهێنن.

ئەم ئایەتە كردەوەی ئەوانە پووچ دەكاتەوە كە ڕەمەزان دەكەن بە هۆكارێك بۆ ئەوەی خواردنی زۆر بخۆن هەتا قەڵەو دەبن، وەك ئیمامی مەهدی دەفەرموێت: بێگومان ڕەمەزان لای هەندێ كەس ڕۆژانێكە بۆ خواردن و حەوانەوە. تێيدا شیرینەمەنی و خواردنی سوورەوەكراو و برژاو زۆر دەخۆن هەتا لەكۆتایی مانگەكەدا قەڵەو دەبن وەك چۆن ئەسپ لەدوای ڕۆژانی حەوانەوە و لەوەڕی زۆر قەڵەو دەبێت. بێگومان ئەم شتانه‌ مرۆڤ بێبەش دەكەن لە زۆرێك لە بەرەكەتەكانی ڕەمەزان. هەروەها پێویستە لەكاتی بەربانگ و پارشێودا خواردنی زۆر و جۆاراو جۆر نەخورێت، وە مرۆڤ پێی وا نەبێت كە مادام بەدرێژایی ڕۆژ برسی بووە؛ ئەوا دەبێت ئێستا قەرەبووی بكاتەوە و خواردنی زۆر و جۆراوجۆر بخوات. هاوەڵەكانی پێغەمبەر (ﷺ) لە سەردەمی پیرۆزیدا لە بەربانگ و پارشێودا خەرجی زۆریان نەدەكرد و خواردنی زۆریان نەدەخوارد، بەڵكو لەكاتی ڕۆژوو شكاندندا بەهەندێ خورما یان خوێ یان ئاو یان نان قەناعەتیان دەكرد. وە ئەركی سەرشانی ئێمەیشە كە ئەو ڕێگەیە بگرین و جارێكی تر سوننەتی پێغەمبەر (ﷺ) و هاوەڵەكانی زیندوو بكەینەوە.

فەرمایشتی خوای گەورە {وَلِتُكْمِلُوا العِدَّةَ}. ڕاڤەكاران بۆ ئەم ڕستەیە مانایەكیان باسكردووە كە منیش ئەو مانایە دەخەمەڕوو، ئەویش ئەوەیە كە لێرەدا خوای گەوره باسی ئەوەی كردووە كە بۆچی بۆ یەك مانگی تەواو ڕۆژووی پێویست كردووە و دەفەرموێت: بێگومان ئێمە مانگی ڕەمەزانمان دەست نیشان كردووە بۆ ڕۆژوو بۆ ئەوەی ژمارەی ڕۆژەكانی ڕۆژوو تەواو بكرێت. ئەگەر بەبێ دەستنیشان كردن ڕۆژوو پێویست بكرایە؛ ئەوا بۆ نموونە هەندێ كەس 10 ڕۆژی دەگرت، وە هەندێكی تر كەمتری دەگرت، وە هەندێكیش بەدرێژایی ساڵ بەڕۆژوو دەبوون. لەبەرئەوە خوای گەورە ڕۆژووی مانگێكی ڕەبەقی پێویست كردووە تاكو باوەڕداران هەموویان كۆمەڵێك ڕۆژ بگرن كە پێویستە بۆ تەواكردنی لایەنی ڕۆحی.

ئەم مانایە ڕاستە و لە جێگای خۆیدایە، بەڵام مانایەكی تریش هەیە ئەویش ئەوەیە كە ژینی ڕاستەقینەی مرۆڤ تەنھا ئەو ژینەیە كە لەخێردا بەسەری دەبات. بەڵام ئەوەی كە لە بەدەستھێنانی دنیادا بەسەری دەبات بەفیڕۆدەچێت. خوای گەورە ڕۆژووی پێویست كردووە بۆ ئەوەی مرۆڤ تەمەنی ڕاستەقینەی خۆی تەواو بكات؛ چونكە ئەوانەی كه سەرقاڵن تەنھا بە بەدەستھێنانی دنیاوە زیندوو نین، بەڵكو بەگوێرەی زاراوەی قورئان مردوون: {وَمَنْ كَانَ فِي هَذِهِ أَعْمَى فَهُوَ فِي الْآخِرَةِ أَعْمَى} (الإسراء: 73). وە لەبەرئەوەی مرۆڤ هیچ چارێكی نیە و دەبێت بۆ بەردەوام بوونی ژیانی خواردن و خواردنەوە بخوات.. بۆیە ناتوانێت بەدرێژایی ساڵ بەڕۆژوو بێت، بۆیە خوای گەورە ڕۆژووی مانگێكی پێویست كردووە، وە دەفەرموێت چاكە 10 ئەوەندەی خۆی پاداشتی دەدرێتەوە (الأنعام: 161) بەم شێوەیە ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان لە جێگای ڕۆژووی هەموو ساڵەكەیە.. واته‌ ئەو كەسەی ڕۆژووی ئەم مانگەی گرتووه‌ ڕۆژووی هەموو ساڵەكەی گرتووه‌ و ژیانی بووه‌ بە ژیانێكى ڕاستەقینە.

پاشان ده‌فه‌رموێت: {وَلِتُكَبِّرُوا اللَّهَ عَلَى مَا هَدَاكُمْ}. شتێكی سه‌یره‌ كه‌ خوای گه‌وره‌ له‌ پێشه‌وه‌ باسی چاكه‌ی ڕۆژووی مانگی ڕه‌مه‌زانی كردووه‌ له‌ ڕێگه‌ى ئه‌م فه‌رمایشته‌وه: {شَهْرُ رَمَضَانَ الَّذِي أُنْزِلَ فِيهِ الْقُرْآنُ}، لێره‌دا فه‌رمایشتی {وَلِتُكْمِلُوا الْعِدَّةَ}ی به‌كارھێناوه‌ له ‌به‌رامبه‌ر وشه‌ی {شَهْر}دا بۆ خستنه‌ڕووی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ر مانگێكی ده‌ستنیشان نه‌كردایه‌ بۆ ڕۆژوو؛ ئه‌وا خه‌ڵكی جیاوازییان تێده‌كه‌وت له‌ ئه‌ندازه‌ی ڕۆژه‌كانی ڕۆژووگرتن به‌مه‌ش یان ڕۆژانێكی كه‌متریان ده‌گرت یاخود زیاتر.. به‌م شێوه‌یه‌ نه‌یانده‌توانی ئه‌و گه‌شه‌ و پێشكه‌وتنه‌ ڕۆحیه‌ به‌دی بھێنن كه‌ له‌ڕێگه‌ی ڕۆژووی مانگێكی ڕه‌به‌قه‌وه‌ به‌دی دێت. پاشان لێره‌دا ده‌فه‌رموێ: {وَلِتُكَبِّرُوا اللَّهَ عَلَى مَا هَدَاكُمْ} له‌به‌رامبه‌ر فه‌رمایشتی {شَهْرُ رَمَضَانَ الَّذِي أُنْزِلَ فِيهِ الْقُرْآنُ} بۆ خستنه‌ڕووی ئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ مانگێكی ترمان بۆ ده‌ستنیشان نه‌كردوون؛ چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ بیرتان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ قورئان له‌ مانگی ڕه‌مه‌زاندا دابه‌زیوه؛ ئه‌وا گوڕوتینێكی تایبه‌تی له‌دڵتاندا دروست ده‌بێت بۆ ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ چاكه‌كان، بۆیه‌ هه‌ر كاتێك مانگی ڕه‌مه‌زان هات بیرتان ده‌كه‌وێته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ئه‌و مانگه‌یه‌‌ تێیدا خوای گه‌وره‌ چاكه‌یه‌كی زۆر مه‌زنی له‌گه‌ڵماندا كرد به‌وه‌ی كتێبێكی مه‌زنی وه‌كو قورئانی تێدا دابه‌زاند.. به‌مه‌ش له‌خۆوه‌ له‌دڵه‌وه‌ حه‌زده‌كه‌ن ناوی خوا به‌ گه‌وره‌ ڕابگرن.

 پاشان لە ڕێگەی فەرمایشتی {وَلِتُكَبِّرُوا اللَّهَ عَلَى مَا هَدَاكُمْ} هۆشداری ده‌دات كە ئەم ڕۆژانە بۆ ئەوەیە تێیدا خوا بە گەورە ڕابگرن وه‌ك سوپاسێك لەسەر ئەوەی كە ڕێنموونی كردوون، نەك سكاڵای تین و تاوی برسێتی بكه‌ن له‌لای. بەڵكو پێویستە لەسەرتان بیربكەنەوە كە خوای گەورە چاكەیەكی گەورەی لەگەڵدا كردوون كاتێك نیعمەتی ڕۆژووی دابەزاندووە بۆتان. لەڕاستیدا خوای گەورە لێرەدا ئه‌وه‌ی ئاشكرا كردووه‌ كه‌ گۆشەنیگای باوەڕدار چۆنه‌. هەر كاتێك دەرفەتی قوربانیدانی بۆ ڕەخسا بە فەزڵی خوای دادەنێت. وە ئەو ئوممەتەی ئەمە دید و تێڕوانینی بێت هیچ كەسێك ناتوانێت لەناوی ببات، بەڵكو بەدڵنیاییەوە سەردەكەوێت و براوە دەبێت. وە لەڕاستیدا زیندوو دەبێت. بێگومان ئەو كەسەی وا بیردەكاتەوە كە ئەو ئەركە ئایینیانەی خراوەتە ئەستۆی فەزڵی تایبەتين لەلایەن خواوە؛ ئەوا دەبێت خوای گەورە بەگەورە بزانێت و یادی بكاتەوە، وە ئەو كەسەی كە خەریكی بەگەورەزانین و تەكبیری خوای گەورە دەبێت بەدڵنیاییەوە خوای گەورەیش ئەو گەورە دەكات. لە قورئانی پیرۆزدا خوای گەورە فەرمانمان پێ دەكات كە {وَإِذَا حُيِّيتُمْ بِتَحِيَّةٍ فَحَيُّوا بِأَحْسَنَ مِنْهَا} (النساء: 87) دەی بەدڵنیاییەوە خوای گەورە خۆیشی كار بەم بنەمایە دەكات، وە ئەگەر مۆڤ دیاریەكی پێشكەش بكات خوا (سبحانه وتعالی) دیاریەكی چاكتری پێشكەش دەكات. دەی ئەو كەسەی خوا بە گەورە دەگرێت بەدڵنیاییەوە خوای گەورەیش ئەو بە گەورە دەگرێت، بەڵام بەمەرجێك ئەم بەگەورەگرتنە تەنھا بەشێوه‌ی زاره‌كی نەبێت. ئەو بەگەورەگرتنەی كە خوای گەورە پێی خۆش دەبێت ئەوەیە كە مرۆڤ لەپێناوی خوادا بەرگەی جوێن و لێدان و بەردبارانكردن بگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا خوا بەگەورە بگرێت و سوپاسی بكات؛ چونكە ئەم دەرفەتەی بۆ ڕەخساندووە تاكو قوربانی بدات. واته‌ بەگەورەگرتنی خوای گەورە و تەكبیری ڕاستەقینە ئەوەیه‌ كە هەر كاتێك مرۆڤ تووشی چەوساندنەوە بوو ملكەچ بكات بۆ خوای گەورە و بڵێت: خوای گه‌وره‌ چه‌نده‌ نیعمه‌تی زۆری باراندووه‌ به‌سه‌رمدا! وە هەر كاتێك دووچاری بەڵا و نەهامەتیەك بوو خوا بەگەورە بگرێت و ستایشی بكات. دەی هەر كەسێك بەم شێوەیە الله أكبر بكات ئەوا بەدەڵنیاییەوە خوای گەورە فەزڵ و نیعمەتی زیاتر دەبارێنێت به‌سه‌ریدا و كۆمەڵێك هۆكار دەسازێنێت بۆ بەرزكردنەوەی پلەوپایەكەی.. ئەگینا وتنی الله أكبر ته‌نھا به‌شێوه‌ی زاره‌كی هیچ سوودێكی پێ ناگەیەنێت.

فەرمایشتی خوای گەورە {وَلَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ} لە بەرامبەر فەرمایشتی {وَمَنْ كَانَ مَرِيضًا أَوْ عَلَى سَفَرٍ فَعِدَّةٌ مِنْ أَيَّامٍ أُخَرَ}دا هاتووە بۆ ئاماژه‌دان بەوەی كە ئێمە ئەم ڕوخسەتەمان پێداون بۆ ئەوەی سوپاسگوزار بن و باسی ئەوە بكەن كە چۆن خوای گەورە ئەم ئاسانكاریانەی كردووە بۆمان تاكو پلەبەرزەكان بەدەست بھێنین.. وە هەمیشە لەبەر قاپیەكەمدا دەمەوڕوو سوژە ببەن، وە بە خۆشەویستی من دڵ و دەروونتان ڕۆشن بێتەوە.

لێرەدا خوا سێ حوكمی باسكردووه‌ و لەبەرامەریاندا سێ حیكمەتی داناوه‌. حوكمەكان ئەمانەن:

یەكەم- یەك مانگ بەڕۆژوو بن.

دووەم- لەڕەمەزاندا بەڕۆژوو بن.

سێيەم- نەخۆش و ڕێبوار موڵەتیان پێ دراوە كە لە ڕۆژانی تردا ڕۆژووی ڕۆژەكانی ڕەمەزان تەواو بكەن.

سێ حیكمەتەكەیش ئەمانەن:

یەكەم- حیكمەتی ڕۆژووگرتنی مانگێكی تەواو.. ئەوەیە كە ئێمە ڕۆژەكانی ڕۆژوومان دیاریكردووە هەتا خەڵكی جیاوازییان تێنەكەوێت لە ژمارەی ڕۆژەكاندا، بەم هۆیەشەوە ئەو ڕۆژانە تەواو نەكەن كە پێویستن بۆ بڵندبوونەوەی ڕۆحی.

دووەم- حیكمەتی ڕۆژووگرتن لە مانگی ڕەمەزاندا ئەوەیە كە خەڵكی جیاوازییان تێنەكەوێت و هەریەكەیان مانگێكی تایبەت بەخۆی هەڵبژێرێت، بۆیە ئێمە مانگی ڕەمەزانمان دەستنیشان كرد بۆ هەمووتان بۆ ئەوەی بیر لە دابەزینی قورئان بكەنەوە لەم مانگەدا، بەمەش گوڕوتینتان زیاتر بێت بۆ زیكری خوا و بەندایەتیكردن بۆی.

سێيەم- حیكمەتی موڵەتدان بە هەندێ نەخۆش و ڕێبوار كە ڕۆژوو نەگرن ئەوەیە تاكو ئەو ئاسانكاریانە ببینن، بەمەش لەناخی دڵەوە سوپاسی خوا بكەن كە بەم شێوەیە چاودێریمان دەكات.. ئەم حوكمانەی دابه‌زاندووه‌ بۆ بەرژەوەندی ئێمە، پاشان ئەم ئاسانكارییانەشی دابین كردووه‌ بۆمان.

فەرمایشتی خوای گەورە {وَلَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ} ئاماژەشە بۆ ئەوەی كە ئێمە ڕەمەزانمان پێویست كردووە بۆ ئەوەی ئێوە سوپاسگوزاربن. وە لەكاتی هەموو (الله أكبر)ێكدا سوپاسی خوا بكەن؛ چونكە یارمەتیداون بۆ ئه‌م “الله أكبر”ه‌، پاشان سوپاسی بكەن كە یارمەتیدان بۆ سوپاسەكەی پێشوو، پاشان سوپاسی بكەن كە یارمەتی داون بۆ ئەم سوپاسەی دوایی.. بەم شێوەیە زنجیرەی بێ كۆتایی ئەڵقەی سوپاسەكان بەردەوام دەبێت، بەمەش مرۆڤ لە هەموو كات و ساتێكدا لە دۆخی سوژدەدا دەبێت لەبەر قاپی خوای گەورەدا، وە دەبێت بە بەندەیەك كە لە هیچ حاڵەتێكدا دەرگای گەورەكەی خۆی بەجێناھێڵێت.