بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

حەزرەتی دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی میرزا غوڵام ئەحمەد (سڵاوى خواى لێ بێت) دەربارەی هۆکارەکانی دامەزراندن و کاركردنی ئەم كۆمەڵە دەفەرموێت:

“بێگومان سیستەمی بەیعەت هیچ ئامانجێکی نیە جگە لە دروستکردنی کۆمەڵێك لە پارێزکاران بۆ ئەوەی ئەم کۆمەڵە پارێزکارە هۆگر و یەکگرتووە کاریگەری چاکی خۆیان بەجێبھێڵن لەسەر جیھان. وە بۆئەوەی کۆبوونەوەیان ببێتە مایەی خێرو چاکە و بەرەکەت و سەرەنجامی باش بۆ ئیسلام. وە بۆ ئەوەی بە بەرەکەتی کۆبوونەوەیان لەسەر یەك وشە بەکاربھێنرێن بۆ جێبەجێکردنی حزمەتە باشەکان لەپێناوی ئیسلامدا. وە بۆ ئەوەی موسوڵمانان نەبن بە کۆمەڵێکی تەمبەڵ و ڕژد و چرووك کە هیچ سوودێکیان نەبێت، وە بۆ ئەوەی نەبن بە هاوشێوەی ئەو نەفامانەی کە بەهۆی دووبەرەکی و پەرتەوازەبوونیانەوە کۆمەڵێك زیانی گەورەیان گەیاند بە  ئیسلام، وە ڕوخساری جوانی ئەو ئایینەیان  لەکەدار کرد بەهۆی هەڵسوکەوتە خراپەکانیانەوە. وە بۆ ئەوەی نەبن بە هاوشێوەی ئەو سۆفیە بێ ئاگایانەی کە پێچیان خواردووە بە دەوری خۆیاندا و هیچ شتێك نازانن لە پێویستیەکانی ئیسلام و هیچ بایەخێك نادەن بە هاوخەمی و یارمەتیدانی براکانیان، وە لە دەروونیاندا کەمترین گوڕوتین و پەرۆشی بەدیناکرێت بۆ گەیاندنی خێرو چاکە بە خەڵکی، بەڵکو دەبێت ئەم کۆمەڵە پارێزكارە سۆز و خۆشەویستییان هەبێت بۆ ئەم ئوممەتە تاوەكو ببن بە ئەنوایەك بۆ هەژاران، وە بۆ هەتیوان ببن بە باوك، وە بەردەوام ئامادە بن بۆ قوربانیدان و خۆبەخت کردن لەپێناوی خزمەتکردنی ئیسلام وەکو عاشقێکی شەیدا، وە ئەوپەڕی کۆششی خۆیان خەرج بکەن بۆ ئەوەی بەرەکەتە گشتگیرەکەیان بڵاوە بکات لە هەموو جیھاندا، وە بۆ ئەوەی کانیاوی پاك و خاوێنی خۆشەویستی خوا و دڵسۆزی بۆ بەندەکانی لە هەموو دڵەکاندا بتەقێت و پاشان ئاوی ئەم کانیاوە لە یەك شوێندا کۆببێتەوەو وەکو دەریایەکی پڕ و لێوانلێو دەربکەوێت.. وە من متمانەم هەیە کە ئەم کارە بەڕێکوپێکی ڕوودەدات بۆ ئەوانەی بە ئارامی و کۆڵنەدانەوە چاوەڕێ دەکەن پاش پەیوەندی کردنیان بەم کۆمەڵەوە؛ چونکە خوای گەورە خۆی دەیەوێت ئەم کۆمەڵە دروست بکات و پاشان سەرکەوتنی پێ خەڵات بکات بۆ دەرخستن و پیشاندانی شکۆ و توانای خۆی، بۆئەوەی لە دنیادا خۆشەویستی خوای گەورە و تۆبەکردنی تەواوەتی و پاکێتی و چاکەی ڕاستەقینە و دڵسۆزی بۆ مرۆڤەکان تەشەنە بکات. لەبەرئەوە ئەم کۆمەڵە دەبێت بە کۆمەڵێکی ھەڵبژێردراوی خۆی کە بەهۆی ڕۆحی تایبەتی خۆیەوە هێزیان پێدەبەخشێت و پاکیان دەکاتەوە لە ژیانی پیس و چەپەڵی و لەداھاتوودا گۆڕانکاریەکی چاك لە ژیانیاندا دروست دەکات. هەروەك خوای گەورە لە هەواڵە پیرۆزەکانی خۆیدا بەڵێنیداوە ئەم کۆمەڵە وەها لێ دەکات کە گەشە بکات و هەزارەھا پیاوچاك بچنە ناویەوە. بێگومان خۆی ئاوی دەدات و گەشە و پێشكەوتنی پێ خەڵات دەكات تەنانەت زۆربوون و پیت و فەڕەكانی بە شتێكی نامۆ دێتە بەرچاوان. وە ڕووناكی خۆیان بڵاودەكەنەوە بە هەموو لایەكی جیهاندا وەكو گڵۆپێكی دانراو لەسەر شوێنێكی بەرز، وە دەبنە نموونەیەك بۆ پیت و فەڕە ئیسلامیەكان. بێگومان خوای گەورە لە هەموو جۆرە بەرەكەتێكدا سەركەوتن دەكاتە خەڵاتی شوێنكەوتووە كامڵەكانی ئەم كۆمەڵەیە بەسەر هەموو تاقمەكانی تردا. وە هەتا ڕۆژی قیامەت خەڵكانێك لەم كۆمەڵەيەدا پەیدا دەبن كه‌ له‌لایه‌ن خواوه‌ قه‌بوڵ ده‌كرێن سەركەوتنیان پێ خەڵات دەكرێت. ئەمەیە كە پەروەردگاری شكۆمەند ویستوویەتی. دیارە ئەو بەتوانایەو كارایە بۆ كردنی هەركارێك كە بیەوێت. وە هەموو هێز و توانایەكی هه‌یه‌. كەوابوو سوپاس بۆ خوا لەسەرەتا و كۆتاییدا و بەئاشكرا و پەنهانی. خۆمان ڕادەستی ئەو كرد، هەر ئەو گەورە و دۆستمانە لە دنیا و دواڕۆژدا كە چاكترین گەورەو یارمەتیدەرە.” (إزالة أوهام، الخزائن الروحانية ج 3 ص 561 – 563)

وە بەڕێزی (سڵاوی خوای لێ بێت) ئامانجی بەیعەت یادی هەموو ئەو كەسانە ده‌خاته‌وه‌ كە بەیعەت دەدەن و دەفەرموێت: “هەموو ئەو كەسانەی لەسەر دەستی مندا بەیعەت دەدەن پێویستە بزانن ئامانج چیە لە بەیعەتەكەیان؟ ئایا پەیمان دەدەن بۆ دنیا یان بۆ ڕەزامەندی خوای گەورە؟ لێـرەدا زۆرێك لە كەسانی بەدبەخت هەن كە بە تەنها دنیا مەبەستی داواكراویانە لە بەیعەتداندا، وە هیچ گۆڕانێك ڕوونادات تیایاندا بە هۆی بەیعەتدانەوە، نووری مەعریفەت و دڵنیایی ڕاستەقینە لەناویاندا دروست نابێت كە ئەم دووانە ئەنجام و بەرهەمی بەیعەتدانی ڕاستەقینەن، كرداریان خاوێن و رێكوپێك نابێت. وە لە كردارە باشەكاندا پێش ناكەون، وە لە كردەوە خراپەكان ناپرنگێنەوە. دەبا نموونەی ئەم جۆرە خەڵكانە بزانن، ئەوانەی كە دنیایان كردووە بە ئامانجی داواكراویان، دنیا فانیە و دوای ئەوە گەڕانەوە بۆ لای خوای گەورەيە. دیارە ئەم دنیایە لەناوچووە و هەرچی چۆنێك بێت كۆتایی دێت، لە تەنگانەدا بیت یان لە خۆشیدا، بەڵام كاروباری دواڕۆژ زۆر ترسناكە. هەڵبەت ئەوێ ماڵی هەتاهەتاییە و نابڕێتەوە. كە ئەگەر گواسترایەوە بۆ ئەو ماڵەو هەڵسوكەوتی لەگەڵ خوای گەورەدا خاوێن و ساف بوو بێت و ترسی خوای گەورە زاڵ بووبێت بەسەر دڵیدا _وە پاش تەوبەكردنی_ خۆی پاراستبێت لە هەموو تاوانێك كە خوا ناوی نابێت تاوان ئەوا خوای گەورە دەستی دەگرێت وەك ڕەحمەت و چاكەیەك لەلایەن خۆیەوە، وە ئەو كەسە بە پلەوپایەیەكی وەها شاد دەبێت كە خوا لەو ڕازی دەبێت و ئەویش لە خوا ڕازی دەبێت. وە ئەگەر بەم شێوەیە نەكات، بەڵكو ژیانی خۆی لە دۆخی بێ ئاگاییدا خه‌رج بكات ئەوا ئاكامەكەی قورس و زیانبەخش دەبێت. بۆیە پێویستە لەكاتی بەیعەتداندا بڕیاری تەواوەتی بدرێت، وە كەسی پەیماندەر ئەوە لەبەرچاویدا بێت كە مەبەست لە بەیعەتدان چیە و كەڵك و سوود چیە تیایدا؟ كە ئەگەر بەیعەتدان بۆ دنیا بوو ئەوا  هیچ قازانجێك له‌دوای خۆیه‌وه‌ به‌ جێ ناهێڵێت. بەڵام ئەگەر بۆ ئايين و بۆ ڕەزامەندی خوای گەورە بێت ئەوا پیرۆزەو ئامانج و مەبەستی ڕاستەقینەی بەیعەتدانی لەگەڵدایە، وە هەموو ئەو كەڵك و سوودانەی لێ چاوەڕوان دەكرێت كە بە هۆی بەیعەتدانی ڕاستەقینەوە دەستگیردەبن.” (جريدة “الحكم” ج 7 رقم 38 ص 2 عدد 17 تشرين الأول 1903)