بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

پێناسەی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی

كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی بریتیە لە كۆمەڵێكی ئیسلامی ئایینی ناسیاسی.

ئامانجی گێڕانەوەی ئیسلامە بۆ وێنە بنچینەییەكەی خۆی كە سەرداری مرۆڤایەتی موحەممەدی هەڵبژاردە (درودی خوای لێ بێت) هێناویەتی، وە بڵاوكردنەوەی ئایینى پیرۆزى ئیسلام لە سەرتاسەری جیھاندا. بۆ ئەم مەبەستە حەزرەتی میرزا غوڵام ئەحمەدی قادیانی (سڵاوی خوای لێ بێت) لە ساڵی 1889 لە شارەدێی قادیان بە فەرمانی خوای گەورە بناغەی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی دانا و ڕایگەیاند كە خۆی مەسیحی بەڵێندراو و مەهدی چاوەڕوانكراوە.

كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی بە بەڵگەی بەهێز و شێوازی ئاشتیانە ئایینی پیرۆزى ئیسلام بڵاودەكاتەوە لە هەموو شوێنێكی جیھاندا، وە لەم سەردەمەی ئێستادا جوانترین نموونەیە بۆ بنیاتنانی كومەڵگەی پتەوی ئیسلامی كە پێشتر گەورەمان موحەممەد (درودی خوای لێ بێت) و هاوەڵەكانی دایانمەزراند.

كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی كار دەكات بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی ئایینی و ڕەوشتی مرۆڤه‌كان و دروستكردنی پەیوەندی خوشەویستی و برایەتی لەنێوان گەلاندا، هەروەها كاردەكات بۆ هێنانەكایەی ئاشتی ڕاستەقینە لە جیھاندا لەبەر ڕۆشنایی ئامۆژگاریە ڕاست و دروستەكانی ئیسلام كە لێوانلێون لە دڵفراوانی و لێبوردەیی.

سەرچاوەی دارایی ئەم كۆمەڵە تەنھا بریتیە لە كۆمەكی ڕۆڵەكانی خۆى، بەجۆرێك هەر ئەندامێك مانگانە ئەندازایەكی دیاریكراو لە سامانی خۆی دەبەخشێت سەرەڕای زەكات و كۆمەكیەكانی تر.

كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی بەردەوامە لە وەرگێڕانی ماناكانی قورئانی پیرۆز بە زمانە جیھانیە جۆربەجۆرەكان و دەركردنی ژمارەیەكی زۆر لە كتێبی ئایینی و ڕۆژنامە و گۆڤار.

خوای گەورە بە فەزڵی خۆی چەند كەناڵێكی ئاسمانی بەخشیوە بەم كۆمەڵە كە بەدرێژایی كات بەرنامەكانیان پەخش دەكەن بۆ هەموو لایەكی جیھان و ئەو ئیسلامە ڕاستەقینە پێشكەش دەكەن كە سەروەری مرۆڤایەتی (درودی خوای لێ بێت) هێناویەتی.

كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی لە چەندەها وڵاتی ئەفریقا و ئاسیادا خوێندنگا و پەیمانگا و نەخۆشخانەی هەیە كە كار دەكەن بۆ خێروخۆشی خەڵكی و فێركردن و ڕۆشنبیر كردن و بەرزكردنەوەی ئاستی ماددی و ڕۆحیی مرۆڤەكان.

دامەزرێنەرى كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی ژیانی خۆی بەخت كرد لەپێناو شكاندنی خاچی كوفر و هاوەڵدانان و ڕیشەكێشكردنی ڕەگ و ڕیشەی بێباوەڕی و نەهێشتنی هۆكارەكانی ناكۆكی و دووبەرەكی نێوان خەڵكی كە ئەمەش بەرئەنجامێكی ڕاستەوخۆی دزەكردنی زۆرێك لە ئیسڕائیلیات و چەمكە هەڵەكانه‌ بۆناو بیروباوەڕی ئیسلامی… هەروەها بەڕێزی زۆر بەتوندی دڵی ژانی دەكرد بۆ لەناوچوونی یه‌كتاپەرستی لەناو بەشێكی گەورەی مرۆڤەكان كە مرۆڤێكی بێتوانایان كردووە بە خوای خۆیان، یان لەگەڵ خوادا پەرستراوی تریان بۆ خۆیان بڕیارداوە، یاخود نكوڵی دەكەن لە بوونی خوا و ئارەزوویان لە بێباوەڕیە.

بەڕێز دامەزرێنەرى كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی بە یارمەتی و پشتیوانی خوای گەورە زیاتر لە هەشتا كتێبی نووسی بۆ بەرگریكردن لە ئایینی پیرۆزى ئیسلام كە بیست و سێ كتێبیان بە زمانی عەرەبیە. وە بە پشتیوانی خوای گەورە ناڕاستی بیروباوەڕە خراپەكانی سەلماند كه‌ پەیڕەوانی ئایینەكانی تر لە باب و باپیرانیانەوە بۆیان مابوویەوە. هەروەها بەڕێزی ئەم كۆمەڵەی دروستكرد بۆ ئەوەی دوای خۆی ئاڵای بەرگریكردن لە ئیسلام هەڵبگرن و تاكەكانی لەسەر چاكە و پارێزكاری دامەزراند و پەروەردەی كردن لەسەر ئەو ڕەوشتە جوانانەی كە پێغەمبەری خوا (درودی خوای لێ بێت) هاوەڵە بەڕێزەكانی لەسەر پەروەردە كرد.

دوای كۆچی دوایی دامەزرێنەرى كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی لە ساڵی 1908، خوای گەورە ئەو بەڵێنەی بەجێھێنا كە دابووی بە پێغەمبەرە بەڕێزەكەی سەبارەت بە گێڕانەوەی خيلافەتی ڕاستەقینه‌ لەسەر ڕێبازی پێغەمبەرایەتی لەناو ئوممەتی ئیسلامیدا. ئەوە بوو مەولانا نوورەددین بوو بە یەكەم خەلیفەی ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو، دوای ئەویش خەلیفەی دووەم میرزا بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد هات، پاشان خەلیفەی سێيەم میرزا ناسر ئەحمەد هات و دوای ئەمیش خەلیفەی چوارەم میرزا تاهیر ئەحمەد هات. ئێستا ئێمە لە سەردەمی خەلیفەی پێنجەمداین كە حەزرەتی میرزا مەسرور ئەحمەدە، خوای گەورە سەركەوتووی بكات.

والحمد لله رب العالمين