خیلافەتی ڕاشیدی
بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد
خەلیفەی دووەمی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)داگرتنی کتێبەکە بە

خیلافەتی ڕاشیدی
وتارێكە
حەزرەتی میرزا بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد (رضي الله عنه)
خەلیفەی دووەمی ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) لە جەلسەی ساڵانەدا بە بۆنەی یۆبیلی زێڕینی خیلافەتەوە لە قادیان لە ساڵی 1939ز پێشكەشی كرد
*****
پێڕست
پێویستی باسکردنی لایەنە جۆراوجۆرەكانی خیلافەت
هەوڵی نەیارەكانی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی بۆ كەمكردنەوەی شكۆی خیلافەت
خیلافەت یەكێكە لە گرنگترین بابەتەكانی ئیسلام
پێویستی گرێدانی سیستەمی دەسەڵاتی موسوڵمان بە ئایینەوە
سیاسەت تەنها تایبەت نیە بە حكومەتەوە
كۆبوونەوەی هەردوو سیستەمی سیاسی و ئایینی لە سەرەتای ئیسلامدا
ئەنجامێكی ترسناكی نكۆڵیكردن لە خیلافەت
بۆچی ئایینی مەسیحیەت شەریعەتی بە نەفرەت لەقەڵەمداوە
دەستوەردانی ئایینی جوولەكە لە سیستەمی حوكمڕانیدا
فێركاری گشتگیری ئیسلام دەربارەی هەموو بەشەكانی حكومەت
فێركاریە تێروتەسەلەكان دەربارەی پیادەكردنی یاسای ئیسلامی
شێوازی حوكمڕانی پێغەمبەری خوا (ﷺ)
فەرمانكردن بە دەركردنی بێباوەڕە دەستدرێژكارە پەیمانشكێنەكان لە دوورگەی عەرەبی
چەند مەرجێکی پێویست بۆ حكومڕانی
ئایا حوكمەكانی پەیوەست بە سیستەمی بەڕێوەبردن تەنها تایبەتە بە پێغەمبەر (ﷺ)؟
خۆشەویستی شوێنكەوتووان بۆ پێغەمبەر خۆشەویستیەكی دەراسایە
بابەتی مافی هەڵبژاردن لە کەسانی پێگەیشتوودا
ئیسلام سیستەمێك دەخاتەڕوو بۆ حوكمڕانی
هۆكاری یاخیبوونی هۆزە عەرەبەكان
دۆخی هاوەڵان لەكاتی كۆچی دوایی پێغەمبەردا (ﷺ)
ئەستەمە بیربكرێتەوە لە جێگرتنەوەی پێغەمبەر لە ژیانی خۆیدا
هەموو پێغەمبەرێك دوو ژیانی هەیە: ژیانی كەسی و ژیانی نەتەوەیی
ژیانە كەسیەكەی بریتیە لە توانای یەكەم، وە ژیانە نەتەوەییەكەی بریتیە لە توانای دووەم
سەرنجێك لەسەر كێشەی پەڕە كاغەزەكە
ژیانی نەتەوەیی پێغەمبەر بەوەحی دەست پێدەكات لەلایەن خواوە
سێ گرووپ لە هاوەڵان كاتی كۆچی دوایی پێغەمبەر (ﷺ)
تیۆری خیلافەتی عەلی ڕاستەوخۆ دوای پێغەمبەر (ﷺ)
سێ گرووپ لەناو موسوڵمانان دەربارەی پرسی خیلافەت
كۆمەڵێك پرسیار کە میر موحەممەد ئیسحاق بەرزیكردنەوە بۆ خەلیفەی یەكەم
كۆبوونەوەی لقە دەرەكیەكانی كۆمەڵ لە قادیان
وتاری حەزرەتی خەلیفەی یەكەم دەربارەی پرسی خیلافەت
سەرلەنوێ خواجە كەمالەددین و مەولەوی موحەممەد عەلی بەیعەتیان دایەوە
پێشنیاری بڵاوكردنەوەی ڕاگەیاندنێك كاتی نەخۆشیی كۆتایی خەلیفەی یەكەم
هەوڵدان بۆ پاراستنی كۆمەڵ لە ناكۆكی
كۆچی دوایی خەلیفەی یەكەم (رضي الله عنه)
بڕیارێك كە خێزانی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) كۆك بوون لەسەری
چاوپێكەوتنم لەگەڵ مەولەوی موحەممەد عەلی
مەولەوی موحەمەد عەلی بڵاوكراوەیەكی بڵاوكردەوە
گفتوگۆیەكی تر لەگەڵ مەولەوی موحەممەد عەلی
حەقیقەتی هەندێ وتەی خەلیفەی یەكەم
كۆمەڵێك حوكمی قورئانی پیرۆز دەربارەی خیلافەت
ڕەخنەیەكی قێزەون لەلایەن دوژمنانی ئیسلامەوە لەسەر فەرمایشتی خوای گەورە ﴿أَزۡوَٰجٞ مُّطَهَّرَةٞ﴾
بەهەشتی دنیا و دواڕۆژ نیە بەبێ هاوكاری پیاو و ژن
شیكردنەوەی فەرموودەی: “بەهەشت لەژێر پێی دایكاندایە”
فەرمانكردن بە ڕادەستكردنی ئەمانەت بە كەسی شیاو
بنەماكانی سیستەمی ئیسلامی لە قورئاندا
ئایا ئیسلام حكومەتێك ڕەوا دەزانێت کە تەنها دنیایی بێت؟
مانای ئەو سیستەمی حوکمڕانیە چیە کە تەنها دنیاییە؟
هەڵەیەكی موسوڵمانان كە مایەی داخ و پەژارەیە
وەڵامدانەوەی ڕەخنەیەك دەربارەی ﴿وَأُوْلِي ٱلۡأَمۡرِ مِنكُمۡۖ﴾
مانای ﴿فَرُدُّوهُ إِلَى ٱللَّهِ وَٱلرَّسُولِ﴾ كاتی ناكۆكی لەگەڵ كاربەدەستاندا
كۆمەڵێك حوكمی جیا دەربارەی كاربەدەستان بەهەردوو جۆرەكەیەوە
فەرمانکراوە بە شوێنكەوتنی سوننەتی خەلیفە ڕاشیدیەكان بە بەردەوامی
خەلیفە ڕاشیدیەكان تەرازوون بۆ ئوممەت
بەجێهێنانی نوێژ وەك پێویست ئەستەمە بەبێ خیلافەت
گوێڕایەڵی پێغەمبەر بەتەواوەتی و بەشێوەیەكی ڕاستەقینە ئەنجام نادرێت بەبێ خیلافەت
پوختەی ناوەڕۆكی ئایەتی ئیستیخلاف
خیلافەت لە ئوممەتەکانی پێشوودا، خیلافەتی پێغەمبەرایەتی بووە یان خیلافەتی فەرمانڕەوایەتی
هۆكاری چواندنی خیلافەتی موسوڵمانان بە خیلافەتی پێغەمبەرایەتی بەبێ خیلافەتی فەرمانڕەوایەتی
بەڵێنی خیلافەت مەرجدارە بە باوەڕ و كردووەی چاك
نیشانەی چەسپاندن و جێگركرنی ئایین
پێشبینی گۆڕینی ترسی خەلیفەکان بە ئاسایش
عومەر (رضي الله عنه) لە شەهیدبوون نەترساوە
عوسمان (رضي الله عنه) هەستی بە هیچ ترسێك نەكردووە
شەهیدبوونی عەلی (رضي الله عنه)
خوای گەورە خەلیفەكانی پاراستووە لە ترسی باویش
كەشفێكی پێغەمبەر (ﷺ) دوای كۆچی دوایی خۆی هاتەدی
ترسی خەلیفەكان دوای مردنیشیان بەردەوام دەگۆڕێت بۆ ئاسایش
شكۆی خەلیفە ڕاشیدیەكان بەسەر فەرمانڕەوا ناموسوڵمانەكاندا
خەلیفە ڕاستگۆكان هەڵگری ئاڵای یەکتاپەرستی ڕاستەقینەن
نوكتەی پیاوچاكێكی ئەهلی سوننەت
جێگیری و دامەزراوی ئەبو بەكر لە بەرەنگاربوونەوەی ئاژاوەی هەڵگەڕاوەكان
کۆمەڵێك هەڵوێستی دلێرانەی عومەر (رضي الله عنه)
ئەبو هورەیرە بەڵغەم دەكاتە ناو دەسماڵەكەی كیسراوە
عوسمان و عەلی بەوپەڕی بەئازایەتیەوە بەرەنگاری دوژمن بوونەوە
وەڵامی کۆمەڵێك ڕەخنە كە دەگیرێن لە ئایەتی ئیستیخلاف
نوكتەی یەكێك لە بەیعەتنەدەرەكان
كاریگەری ناڕەزایەتی دژی ئەفغانستان
خیلافەت بە هەڵبژاردن دەكرێت و هەموو ئوممەت بەشدارە تێیدا
بۆچی ئەبو بەكر عومەری کرد بە خەلیفە؟
ئایا دامەزراندنی یەزید لەلایەن موعاویەوە هەڵبژاردن بوو؟
پاڵاوتنی كوڕ لەلایەن باوكەوە پێچەوانەی سوننەتی هاوەڵانە
وازهێنانی كوڕەكەی یەزید لە دەسەڵات
تەفسیری مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) بۆ ئایەتی ئیستیخلاف
بەڵگەهێنانەوە بە خیلافەتی موحەممەدی
لێكچوونی چوار خەلیفەكە بە خەلیفەكانی پێشوو لە هەموو شتێكدا پێویست نیە
فەرموودەی “زاناكانی ئوممەتەكەم هاوشێوەی پێغەمبەرانی نەوەی ئیسڕائیلن” ئاماژەیە بۆ خەلیفە ڕۆحیەكان
ئایەتی ئیستیخلاف هەر یەك لە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) و خیلافەتەكەی دەگرێتەوە
خەلیفەكانی مەسیحی ناسیرەیی ئەوانیش حوكمڕانییان بەدەست نەهێنا
وەڵامی ڕەخنەیەكی تری نەیارەكان
خیلافەتی پێغەمبەرانی پێشوو ناتەواوە، چ خیلافەتی پێغەمبەرایەتی بێت یان خیلافەتی فەرمانڕەوایەتی
ئایا ڕەوایە خەلیفە دووربخرێتەوە؟
ئایەتێكی تر بۆ پشتگیری خیلافەتی ڕاشیدی
فەرموودەیەكی تری پێغەمبەر (ﷺ) دەربارەی خیلافەت
ڕەخنەیەكی گەورە سەبارەت بە مافەكانی خەلیفە
لاربوونەوە (الزیغ) واتە كوفری ئاشكرا
ئایا ئەگەری هەبووە ئەبو بەكر بكەوێتە ناو كوفری ئاشكراوە
هەندێ نموونە لە قورئانی پیرۆزەوە
ڕووداوێك لە سەردەمی مەسیحی بەڵێندراودا (علیه السلام)
ئایەتی ئیستیخلاف و خیلافەتەكەی من
هاتنەدی وەحی “لیمزقنهم” دەربارەی بەیعەتنەدەرەكان
خەونێك دەربارەی ئاژاوەی پیشەوەرەكان
هەمیشە بپاڕێنەوە بۆ دابەزینی توانای دووەم
*****
بسم الله الرحمن الرحیم نحمده ونصلي علی رسوله الكریم
پێشەكی بڵاوكار
ئەم كتێبە بریتیە لە وتارێكی حەزرەتی میرزا بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد (رضي الله عنه)، موسڵیحی بەڵێندراو، خەلیفەی دووەمی ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام)، كە لە جەلسەی ساڵانە لە ڕێكکەوتی 29ی كانوونی یەكەمی ساڵی 1939ز كە هەمان ڕۆژی یۆبیلی زێڕینی خیلافەتەكەی بوو (رضي الله عنه) پێشكەشی كرد. لەم وتارەدا بە تێروتەسەلی باسی ڕەسەنایەتی خیلافەتی ڕاشیدی کردووە و بە بەڵگەی بەهێز بوونی ئەم خیلافەتەی سەلماندووە، وە جەختی كردووەتەوە لەسەر پێویستی دامەزراندنی سیستەمی خیلافەتی ڕاشیدی، وە ئەوەی ڕوون كردووەتەوە کە پاش وەفاتی پێغەمبەر (ﷺ) ئەم خیلافەتە بە ڕێكەوت یان بەهۆی ئیجتیهادەوە دروست نەبووە، بەڵكو بەگوێرەی كۆمەڵێك ئایەتی قورئانی پیرۆز و سوننەتی پێغەمبەر (ﷺ) و ڕاسپاردە و پێشبینیەكانیەوە دروستبووە كە هەواڵیان داوە لە دروستبوونی ئەم خیلافەتە و دیاریکردنی ماوەكەی و داهاتووەكەی و تەنانەت گەڕانەوەی دووەم جاری، پاشان بەردەوامبوونی هەتا ڕۆژی قیامەت.
بەڕێزی لەم وتارەدا دووپاتی كردووەتەوە كە خیلافەت یەكێكە لە گرنگترین پرسەكانی ئیسلام، وە بەڵگەی هێناوەتەوە لەسەر ئەوەی كە دەبێت سیستەمێك بوونی هەبێت بۆ ڕاپەڕاندنی كاروباری موسوڵمانان، وە ئەو هەلومەرجە نموونەییە كە لە سەردەمی پێغەمبەردا (ﷺ) دامەزرا پاشان گواسترایەوە بۆ خیلافەتی ڕاشیدی، بریتی بوو لەو سیستەمەی کە سەرپەرشتی هەموو كاروباری ئایینی و دنیایی موسوڵمانانی کرد، ئەمەش چونكە ئیسلام ئایینێكی گشتگیرە و ئەو حوكمانەی سیاسەت و بەڕێوەبردن كە تێیدا هاتوون بەشێكن لە شەریعەت نەك كۆمەڵێك حوكمی كاتی بن وەك هەندێ كەس پێیان وایە. بەڵام ئەگەر هەلومەرج گۆڕانكاری بەسەردا هات و بەڕێوەبردنی كاروباری دنیایی موسوڵمانان وای لێهات ئاستەنگی دروستكرد بۆ سیستەمە ئایینیەكە كە خیلافەتی ڕاشیدی ڕایدەپەڕێنێت، یان وای لێهات باشتر بوو هەردوو سیستەمەكە جیابكرێنەوە بەهۆی بڵاوبوونەوەی موسوڵمانان لە هەموو لایەكی جیهاندا؛ ئەوا دەكرێت سیستەمی ئایینی لە سیستەمی سیاسی جیابكرێتەوە، ئەوسا هەر سیستەمێكی سیاسی كە دژی سیستەمە ئایینیەكە نەبێت بە بەشێك لە سیستەمە ئایینیەکە ئەژمار دەكرێت و دەچێتە چوارچێوەی چەمكی “أولي الأمر منكم”ەوە. كەواتە خیلافەتی ڕاشیدی چاوی نەبڕیوەتە ئەوەی حوكمی جیهان بكات لەڕووی سیاسیەوە، بەڵكو ئامانجەكەی بریتیە لە دامەزراندنی ئایین و چاودێریكردنی كاروباری موسوڵمانان و خاوێنكردنەوەیان لە هەر كوێیەك بن بۆ ئەوەی خۆیان تەرخان بكەن بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی، بەمەش ئاشتی و ئاسایشی جیهانی دێتەدی كە بریتیە لەو ئامانجەی لەپێناویدا خوای گەورە ئیسلامی دامەزراندووە.
ئەم وتارە باسی مێژووی خیلافەتی کردووە و كۆمەڵێك وەڵامی دەمكوتكەری تێدایە لەسەر گومانە مێژووییەكان دەربارەی ڕاستێتی خیلافەت. وە بەڕێزی بەرگری كردووە لە خەلیفە ڕاشیدیەكان (رضي الله عنهم) و ڕوونی كردووەتەوە كە باوەڕیان ئەوپەڕی بەهێز و ڕەگداكوتاو بووە و لەڕادەبەدەر ئازا و چاونەترس بوون و پشتیان بە خوا بەستبوو، وە سەلمێنەری ڕاستی بەڵێنی خیلافەت بوون و هەموو نیشانەكانی خیلافەتی ڕاستەقینەیان تێدا هاتبووەدی.
هەروەها بەڕێزی مێژووی دامەزراندنی خیلافەتی ڕاشیدی دووەمی خستووەتەڕوو لە كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدیدا، وە هەڵوێستەكانی خەلیفەی یەكەمی (رضي الله عنه) باسكردووە كە خوا بەهۆی بەڕێزیەوە ئەم بەڵێنەی هێنایەدی بەجۆرێك لەسایەی فەزڵی خوای گەورەوە بەوپەڕی ئازایەتی و دلێرییەوە بەرگری كرد لە خیلافەت و پایەكانی دامەزراند. هەروەك بەڕێزی باسی ئەو ئاژاوەیەی کردووە كە بەرپابوو دژی خیلافەتەكەی، وە چۆن خوای گەورە بەڵێنەكەی خۆی جێبەجێ كرد و ترسی گۆڕی بە هێمنی و ئاسایش، وە ئایینی دامەزراند و پایەكانی یەکتاپەرستی جێگیركرد و بەشێوەیەکی دەراسا پشتگیری خیلافەتی كرد و دوژمنانی سەرشۆڕكرد لە ناوەوە و دەرەوە. وە بەڕێزی (رضي الله عنه) دووپاتی كردووەتەوە كە ئەم بەڵێنانە بەردەوامن لەگەڵ ئەم كۆمەڵەدا و ئەو کەسەی دەستدەگرێت بە خیلافەتەوە ئەم نیشانە و موعجیزانە دەبینێت كە خوای گەورە بڕیاری داون، وە ڕزگاربوون و سەرفەرازی بەدەست دەهێنێت لە دنیا و دواڕۆژدا.
لە خوای گەورە دەپاڕێینەوە یارمەتی خوێنەری بەڕێز بدات وەك پێویست سوود وەربگرێت لەم كتێبە و سەركەوتووی بكات بۆ پەی بردن بە پلەوپایەی خیلافەت و پابەندبوون پێوەی، کە نیعمەتێکی هەرە مەزنە و خوای گەورە بەفەزڵ و ڕەحمەتی خۆی ڕژاندوویەتی بەسەرماندا.
جارێكی تریش لە خوای گەورە دەپاڕێینەوە كە بەرەكەتێكی دەراسا و سوودێكی مەزن بخاتە ناو ئەم كتێبەوە بۆ بەندەكانی، وە بەهۆیەوە تینوێتی ڕۆحییان بشكێنێت، ئامین.
بڵاوكار
*****
بسم الله الرحمن الرحیم
نحمده ونصلي علی رسوله الكریم
خیلافەتی ڕاشیدی
وتارێكە
گەورەمان حەزرەتی میرزا بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد
خەلیفەی دووەم (رضي الله عنه)
لە جەلسەی ساڵانە بە بۆنەی یۆبیلی زێڕینی خیلافەتەوە
لە ڕێككەوتی 28-29ی كانوونی یەكەمی ساڵی 1939ز لە قادیان پێشكەشی كردووە
أشهد أن لا إله إلا الله وحده لا شريك له، وأشهد أن محمّدًا عبده ورسوله، أما بعد، فأعوذ بالله من الشیطان الرجیم ﴿بِسۡمِ ٱللَّهِ ٱلرَّحۡمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ ١ ٱلۡحَمۡدُ لِلَّهِ رَبِّ ٱلۡعَٰلَمِينَ ٢ ٱلرَّحۡمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ ٣ مَٰلِكِ يَوۡمِ ٱلدِّينِ ٤ إِيَّاكَ نَعۡبُدُ وَإِيَّاكَ نَسۡتَعِينُ ٥ ٱهۡدِنَا ٱلصِّرَٰطَ ٱلۡمُسۡتَقِيمَ ٦ صِرَٰطَ ٱلَّذِينَ أَنۡعَمۡتَ عَلَيۡهِمۡ غَيۡرِ ٱلۡمَغۡضُوبِ عَلَيۡهِمۡ وَلَا ٱلضَّآلِّينَ ٧﴾ ئامین
پێویستی باسکردنی لایەنە جۆراوجۆرەكانی خیلافەت
هەڵبەت ڕاهاتووم لەسەر ئەوەی كە لە هەموو جەلسەیەكی ساڵانەدا وتارێكی زانستی پێشكەش بكەم، بەگوێرەی ئەم نەریتە پێم خۆشە ئەمڕۆ بیروباوەڕی خۆم دەرببڕم دەربارەی بابەتێكی زۆر گرنگ. وە لەبەرئەوەی ئەم جەلسەیە جیایە و تایبەتە بە یۆبیلی خیلافەتەوە و بابەتەكانی پەیوەندییان هەیە بە پرسی خیلافەتەوە، بۆیە پێم وا بوو پێویستە لە وتارەكەی ئەمڕۆمدا باسی لایەنە جۆراوجۆرەکانی خیلافەت بكەم. ڕەنگە ئەم بابەتە مایەی بێزاری و وەڕسبوون بێت بۆ هەندێ كەس، بەجۆرێك بڵێن هەر كەسێك لەسەر دوانگە دەوەستێت وتارێك دەدات دەربارەی خیلافەت، بەڵام گرنگی ئەم بابەتە و داخوازیەكانی ئەم جەلسە ساڵانەیە ئەوە دەسەپێنێت بەسەرماندا كە بەپێی توانا بە جوانترین شێوە هەموو وردەكاریە جۆراوجۆرەكانی پرسی خیلافەت بخەینەڕوو. هەروەها فیترەتی مرۆڤ وایە ئەگەر کۆمەڵێك شتی جۆراوجۆری دەرخوارد بدرێت سوودی دەبێت بۆی، بەهەمان شێوە هەندێ جار ناچاردەبێت جار لەدوای جار یەك شت بخوات؛ بۆ نموونە، پێغەمبەر (ﷺ) دەربارەی دوو جەژنەكە فەرموویەتی ئەمە ڕۆژی خواردن و خواردنەوەمانە. وە خواردنەكەمان بەتایبەتی لە جەژنی قورباندا تەنها گۆشتە، بەجۆرێك لە ڕۆژانی حەجدا بەڕێژەیەكی زۆر مەڕ و قوربانی تر سەردەبڕدرێن، لە گۆشتەكانیان دەخورێت و پاشماوەكەی فڕێدەدرێت. بەهەمان شێوە دەبێت هەندێ جار تیشك بخرێتە سەر لایەنە جیاوازەكانی یەك بابەت.
هەوڵی نەیارەكانی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی بۆ كەمكردنەوەی شكۆی خیلافەت
یەكێك لەو پیلان و فێڵانەی كە لەم ڕۆژگارەدا دوژمنانی كۆمەڵەكەمان پەنای بۆ دەبەن بۆ زیانگەیاندن پێی ئەوەیە كە بە بەردەوامی هەوڵدەدەن خیلافەتی ئیسلامی ئەحمەدی سووك بكەن و لە پلەوپایەکەی دابەزێنن، وە دەیانەوێت شەیتان زیندوو بكەنەوە لە دڵی ئەو كەسەدا كە دەتوانن زیندووی بكەنەوە تێیدا، لەبەر ئەوە ئەم جارە بڕیارم دا بیروبۆچوونەكانی خۆم دەرببڕم دەربارەی خیلافەت بۆ ئەوەی ئەو كەسەی دەیەوێت سوود وەربگرێت سوودیان لێ وەربگرێت، وە ئەم فێركاریە ببێتە مایەی بەرەكەت و هیدایەت بۆ ئەوانەی ئایینیان خۆش دەوێت.
خیلافەت یەكێكە لە گرنگترین بابەتەكانی ئیسلام
پێم وایە بابەتی خیلافەت یەكێكە لە گرنگترین بابەتەكانی ئیسلام، بگرە پێم وایە ئەگەر ئێمە وشەی شایەتومانمان تەفسیر كرد؛ ئەوا ئەم بابەتە (واتە خیلافەت) لە لوتكەدا دەبێت كاتی تەفسیركردنی. گومانی تێدا نیە وشەی شایەتومان بریتیە لە بناغەی ئیسلام، بەڵام كۆمەڵێك وردەكاری تێدایە، وە گرنگترین شتێك كە ئەم شایەتومانە ئاماژەی پێ دەكات بریتیە لە پرسی خیلافەت، لەبەر ئەوە پێم وا بوو پێویستە بەشێوەیەكی ڕوون بیروباوەڕی خۆم بخەمە بەردەم كۆمەڵەکەمان دەربارەی ئەم بابەتە بۆ ئەوەی بەڵگە بچەسپێت لەسەر نەیارەكان، وە ﴿لِّيَهۡلِكَ مَنۡ هَلَكَ عَنۢ بَيِّنَةٖ وَيَحۡيَىٰ مَنۡ حَيَّ عَنۢ بَيِّنَةٖۗ﴾ واتە بۆ ئەوەی بەڕوونی بەڵگە بچەسپێت لەسەر ئەو كەسەی بە بەڵگە تیادەچێت، وە بۆ ئەوەی ئەو كەسەی باوەڕەكەی بنیادنراوە لەسەر بینایی بە بەڵگەی ڕوون باوەڕەكەی خۆی نوێ بكاتەوە.
پێویستی گرێدانی سیستەمی دەسەڵاتی موسوڵمان بە ئایینەوە
سەرەتا و پێش هەموو شتێك، تاوتوێ پرسیارێك دەكەم كە بەهۆی كاریگەری كلتووری ڕۆژئاواوە دەورووژێنرێت و بریتیە لە هەمان ئەو پرسیارەی کە تەوەرەی ئەم بابەتەیە، پرسیارەكەیش ئەوەیە: بێگومان سیستەمی بەڕێوەبردن كارێكی دنیاییە لە هەموو بارودۆخێكدا، وە مادام سیستەم كارێكی ئایینی نیە ئیتر چ پێویست دەكات سیستەمی دەسەڵات لە ئوممەتی ئیسلامیدا گرێ بدرێت بە ئایینەوە؟ سیستەم پرسێكی سیاسیە و هیچ پەیوەندیەكی بە ئایینەوە نیە، ئیتر چ پێویست دەكات لە گۆشە نیگای ئایینیەوە لێی ڕابمێنین؟ خوا ئایینەكەی دابەزاندووە و ئێمەش باوەڕمان پێ هێناوە، ئێستا ئایین مافی ئەوەی نیە دەست وەربدات لە سیستەمێك كە ئێمە هەڵیدەبژێرین بۆ خۆمان، بەڵكو ئەمە بەجێهێڵراوە بۆ بژاردەی موسوڵمانانی هەر سەردەمێك، خۆیان بڕیاردەدەن لەو سیستەمەی كە دەیانەوێت، بۆیان هەیە ڕێبكەون لەسەر هەڵبژاردنی فەرمانڕەوا و پاشایەك كە دەسەڵاتی ڕەهای هەبێت، یان دیموكراسی بۆ خۆیان بڕیاربدەن، یان ڕازی بن بە بنەماكانی بەڵشەفی، یان بە پاشایەتی دەستووری، بەڵام پێویست ناكات سیستەمێكی دیاریكراو جێبەجێ بكرێت بەناوی ئایینەوە، وە ئەمە هەرگیز سوودبەخش نابێت. ئامانجی سەرەكی بریتیە لە بڵاوكردنەوەی ئایین، دوای ئەوە چ پێویست دەكات سیستەمێك دیاری بكرێت کە هەڵیبژێرین بۆ هێنانەدی ئەم ئامانجە؟
ئەو گەنجە ڕۆشنبیرە نوێنانەی كە كاریگەرن بە ڕۆشنبیری خۆرئاوا ئەم باسوخواسە دەجووڵێنن، لە ڕاستیدا ئەم مشتومڕە ئەنجامی ئەو ئازادیە هەڵە و چەوتەیە كە لەناو موسوڵماناندا دروست بووە لەم سەردەمەدا بەهۆی كاریگەری بیروباوەڕە جۆراوجۆرەكانی فەیلەسووفەكانەوە. بێگومان ئەو كەسانە چەندین جار ئەم پرسیارە دەكەن و دەڵێن ئەم شێوازە زیان دەگەیەنێت بە ئایین و ڕۆشنبیرە تازەكان دەتۆرێنێت لێی، بۆیە وا باشترە كە ئایین لە شوێنی خۆیدا دابنێین و سیاسەتیش لە شوێنی خۆیدا.
ئەم تەوژمە فیكریە ماوەیەكە لەناو موسوڵماناندا كارایە بەهۆی كاریگەری کلتووری ڕۆژئاواوە، بەڵام هیچ كەسێك نەیوێراوە بە ئاشكرا ڕایبگەیەنێت. بەڵام كاتێك خیلافەتی عوسمانی كۆتایی پێهێنرا و “كەمال ئەتاتورك” هەڵیوەشاندەوە ئینجا ڕاچڵەكانێكی توند ڕوویدا لە جیهانی ئیسلامیدا، لایەنگرانی بیروبۆچوونە كۆنەكان كۆمەڵێك لیژنەیان پێكهێنا بۆ گێڕانەوەی خیلافەت و هەندێ لەو لیژنانە لە هیندستانیشدا پێكهاتن، وە لایەنگرانیان گوتیان: بەرەنگاری ئەم تەوژمە نوێیە دەبینەوە. بەڵام ئەو كەسانەی كە گومان بەدڵیاندا دەهات و دەیانگوت ئەم پرسە پرسێكی سیاسیە، كاتێك بینییان فەرمانڕەوایەكی سەركەوتووی موسوڵمان کە لای خەڵكی ڕێزێكی زۆری هەیە بە كردەوە پشتگیری بیروبۆچوونی ئەوان دەكات ئیتر زیاتر بوێر و چاوقایم بوون، بۆیە هەندێكیان كۆمەڵێك بابەت و وتاریان نووسی لەم بارەیەوە. ئەم وتارانە لەلایەن موسوڵمانان و ئەورووپیەكان و هەندێ لە ڕووسەكانیشەوە نووسران، بەڵام ئەو بیروباوەڕە بە بەڵگەكانیەوە تەنها لەلایەن زانایەكی میسرییەوە خرایەڕوو بەناوی عەلی عەبدولڕەززاق، كە یەكێكە لە زاناكانی ئەزهەر، وە یەكێكە لە دادوەرانی دادگا شەرعیەكان، لە كتێبەكەی بەناوی “الإسلام وأصول الحكم”دا. وەك گوتم پاڵنەری پشتەوەی ئەم تەوژمە فیكریە ئەو جووڵە و شڵەژانە توندە بوو كە باڵی كێشابوو بەسەر جیهانی ئیسلامی بەگشتی و جیهانی عەرەبیدا بەتایبەتی بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی خیلافەتی عوسمانیەوە.
وەڵامدانەوەی پرسیارێك
ڕەنگە كەسێك بڵێت: ئەم باسە چ پەیوەندیەكی هەیە بە خیلافەتی ئەحمەدیەوە كە پێویستە بابەتی وتارەكەم بێت، ئەو خیلافەتەی كە تاوتوێ كراوە لە كتێبی ئەم زانا میسریەدا تەنها خیلافەتی سیاسیە، بەڵام خیلافەتی كۆمەڵەكەمان تەنها خیلافەتێكی ئایینیە. توركەكان فەرمانڕەوا بوون، بەڵام ئەحمەدیەكان فەرمانڕەوا نین، لەبەر ئەوە ئەو بەڵگانەی كە بۆ پشتگیریكردنی خیلافەتی عوسمانی دەهێنرێنەوە ئەو بەڵگانە نین كە بۆ پشتگیریكردنی خیلافەتی ئەحمەدیەت دەهێنرێنەوە، وە بەهەمان شێوە ئەو بەڵگانەی دژی خیلافەتی عوسمانی دەهێنرێنەوە ئەو بەڵگانە نین كە دژی خیلافەتی ئێمە دەهێنرێنەوە، بۆیە جیاوازیەكی فراوان هەیە لەنێوان خیلافەتی عوسمانی و خیلافەتی ئەحمەدیدا كە فەرمانڕەوایەتی سیاسی نیە و تەنها خیلافەتێكی ئایینیە.
وەڵامی ئەم پرسیارە ئەوەیە: پێویست ناكات كاتی باسكردنی پرسێك تەنها تیشك بخرێتە سەر ئەو لایەنەی كە پرسیاری لەبارەوە كراوە، بەڵكو زۆربەی كات هەموو لایەنەكانی تاوتوێ دەكرێت، ئەمە مایەی ڕەخنە لێگرتن نیە. بۆ نموونە ئەگەر كەسێك بپرسێت: لە دەستنوێژدا چۆن دەستەكان دەشۆردرێت، ئەگەر ئێمە هەموو وردەكاریەکانی دەستنوێژ ڕوون بكەینەوە بۆی؛ ئەوا هیچ كێشەیەك لەوەدا نیە، بەڵكو ئەمە سوودی پێ دەگەیەنێت، چونكە ئەو کەسە شتانێكی تر دەزانێت دەربارەی دەستنوێژ. بەهەمان شێوە گومانی تێدا نیە خیلافەت لە كۆمەڵەكەماندا تەنها خیلافەتێكی ئایینیە، بەڵام كێشە نیە ئەگەر تاوتوێی خیلافەتی سیاسیشمان كرد، بەڵكو ئەمە پێویستە بۆ تەواوكردنی بابەتەکە.
سیاسەت تەنها تایبەت نیە بە حكومەتەوە
وەڵامێكی تر ئەوەیە كە لە ڕاستیدا سیاسەت ناوێكی ترە بۆ سیستەم، وە سیاسەت پەیوەندی هەیە بە حكومەتەوە، وە بەبێ حكومەتیش سیاسەت دەكرێت. بێگومان خەڵكی بە هەڵە پێیان وایە سیاسەت تەنها پەیوەستە بە دەسەڵاتەوە، لەگەڵ ئەوەی بەبێ حكومەتیش سیاسەت دەكرێت، وە بەبێ حكومەتیش سیستەم و یاسا دادەمەزرێت، بۆ نموونە پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی: ئەگەر سێ كەس لە سەفەرێكدا دەرچوون بۆ شوێنێك؛ ئەوا با یەكێكیان بكەن بە ئەمیری خۆیان([1])، بۆ ئەوەی لە نوێژدا ئیمامیان بێت و پرسی پێ بكەن لە پێویستیەكانی تر كە دێتە ڕێگەیان لە سەفەرەكەدا. ئەمەش جۆرێكە لە سیستەم و یاسا، بەڵام پەیوەندی نیە بە دەسەڵاتەوە. لە ڕاستیدا سیستەم شتێكی سەربەخۆیە، ئەگەر پەیوەندی بە حكومەتەوە هەبوو؛ ئەوا حکومەت بەڕێوەی دەبات و ڕایدەپەڕێنێت، وە ئەگەر پەیوەست نەبوو بە حكومەتەوە؛ ئەوا دەبێت خەڵكیش پابەندبن پێیەوە. كەواتە پرسی خیلافەت پەیوەندی هەیە بە سیستەمی ئیسلامیەوە، چ ئەوەی حكومەت بگرێتەوە یان نا.
ڕەخنە لە خیلافەتی ئایینی
وەڵامی سێیەم ئەوەیە ئەگەر ساغبوویەوە ئیسلام سیستەمێكی دیاریكراوی نەخستووەتەڕوو؛ ئەوا ئەمە بە تەنها تانە نادات لە خیلافەتی سیاسی بەڵكو تانە دەدات لە خیلافەتەكەی ئێمەیش.. واتە ئەم ڕەخنەیە وەكو یەك دەگیرێت لە خیلافەتی سیاسی و لەو خیلافەتەی کە تەنها ئایینیە.
کەواتە ئەو بەڵگانەی كە خراونەتەڕوو دژی خیلافەتی عوسمانی كاریگەرییان هەیە لەسەر خیلافەتی ئەحمەدیش وەك چۆن كاریگەرییان هەیە لەسەر خیلافەتی سیاسی، بۆیە چارمان نیە دەبێت توێژینەوە بکەین لەو بەڵگانە. ئەمەش چونكە ئەگەر ئیسلام سیستەم و ڕێسایەكی دیاریكراوی نەخستبێتەڕوو؛ ئەوا موسوڵمانان ئازادن لە سیستەمی سیاسیدا، بەهەمان شێوە بە ئازاد لەقەڵەم دەدرێن لە سیستەمی ئایینیشدا، وە سەرپشكن لەوەدا كە لە هەر سەردەمێك و لە هەر وڵاتێكدا چۆنیان بوێت سیستەمێك دابمەزرێنن بۆ خۆیان.
كۆبوونەوەی هەردوو سیستەمی سیاسی و ئایینی لە سەرەتای ئیسلامدا
ئەم پرسیارە گرنگیەكی گەورەی هەیە كاتێك دەبینین هەردوو سیستەمی سیاسی و ئایینی لە سەرەتای ئیسلامدا بەیەكەوە كۆبوونەتەوە، مەبەستم ئەوەیە گومانی تێدا نیە لای موسوڵمانان سیستەمێكی ئایینی هەبوو، بەڵام سوپایان هەبوو، وە لەناویاندا چەندین دادوەر هەبوون سزاكانیان پیادە دەكرد و تۆڵەیان جێبەجێ دەكرد، وە لە پلە و پۆستەکاندا دادەمەزران و فەرمانەكانیان دابەش دەكرد، هەروەها نوێژیان دەكرد و ڕۆژوویان دەگرت و حەجیان دەكرد و زەكاتیان دەدا، ئەمەش مانای ئەوەیە كە سیستەمەكە بەهەردوو جۆرەكەیەوە لەسەرەتای ئیسلامدا هەبووە. لەبەر ئەوە ئەگەر ساغبێتەوە ئیسلام هیچ سیستەمێكی دیاریكراوی نەخستووەتەڕوو؛ ئەوا خیلافەتی ئایینی كە لە سەرەتای ئیسلامدا هەبووە تەنها بە بڕیارێكی كاتی موسوڵمانان دامەزراوە لەو كاتەدا، وە ناكرێت بەڵگەی پێ بهێنرێتەوە و پشتی پێ ببەسترێت بۆ داهاتوو، وە ئەگەر بوونی خیلافەت لە سەرەتای ئیسلامدا ساغنەبوویەوە و نەچەسپا؛ ئەوا دامەزراندنی ئەو خیلافەتە لەدواییدا ناكرێت بە پرسێكی ئایینی دابنرێت. بەم شێوەیە، ئەگەر پێویست بێت ڕەخنە بگیرێت لە بابەتی خیلافەت؛ ئەوا خەڵكی ناڵێت تەنها خیلافەتی عوسمانی پووچ بووە بەڵكو لە بنەڕەتەوە خیلافەت ڕەت دەكەنەوە، بەم شێوەیە بەدڵنیاییەوە ڕەخنەکە لە ئێمەش دەگرێت كە دەڵێین خیلافەت پێویستە. بۆ نموونە، ئەگەر خەڵكی ڕەخنەیەك ئاراستەی هیندۆس و مەسیحیەكان بكەن كە بكرێت ئاراستەی ئیسلامیشی بكەن؛ ئەوا ناوترێت ئەمە تەنها زیان دەگەیەنێت بە هیندۆس و مەسیحیەكان و ئەم ڕەخنەیە هیچ مەترسی و هەڕەشەیەك دروست ناکات لەسەر ئیسلام، چونكە ئەگەر هۆكاری ئەو ڕەخنەیە لە ئیسلامدا بوونی هەبێت؛ ئەوا ئەركی سەرشانمانە كە بەرپەرچی بدەینەوە، چونكە ئەو ڕەخنەیە ئەگەر وەها بكات خەڵكی ڕقیان لە ئایین بێت؛ ئەوا بەتەنها ڕقیان نابێت لە ئایینی هیندۆس و مەسیحیەكان بەڵكو بەدڵنیاییەوە ڕقیان لە ئایینی موسوڵمانەکانیش دەبێت.
بەڵگە لەسەر خیلافەت
وەڵامی چوارەم ئەوەیە ئێمە نموونەی خەلیفە ڕاشیدیەكانی پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەهێنینەوە بۆ خەڵكی بۆ سەلماندنی خیلافەتی ئەحمەدیەت و دەڵێین: وەك چۆن ئەبو بەكر و عومەر و عوسمان و عەلی (y) بوون بە خەلیفەی پێغەمبەری خوا (ﷺ) دوای وەفاتی خۆی، بەهەمان شێوە دەبێت خیلافەت هەبێت دوای مەسیحی بەڵێندراویش (علیه السلام)، بەڵام ئەگەر خیلافەتی ڕاشیدی ساغنەبێتەوە و نەچەسپێت پاش پێغەمبەر (ﷺ)؛ ئەوا خیلافەتی ئەحمەدی لەخۆوە پووچەڵ دەبێتەوە.
ئایا ئەو كردەوانەی كە پێغەمبەر (ﷺ) ئەنجامیداون بۆ دامەزراندنی سیستەم، لە ئایینەوە سەرچاوەیان گرتووە یان نا؟
ئەوەشمان لەبیر نەچێت ئەگەر ئێمە دانمان نا بە ڕاستی ئەو بیروباوەڕەی كە زانای میسری “عەلی عەبدولڕەززاق” دەیخاتەڕوو بۆ خەڵكی، وە ئەوانەیش كە بەیعەتیان نەداوە دەیخەنەڕوو[*]؛ ئەوا ئەمە هانمان دەدات بۆ پرسیارێكی گرنگی تر کە ئەوەیە: ئایا ئەو كردەوانەی پێغەمبەر (ﷺ) كە ئەنجامیداون بۆ دامەزراندنی سیستەمی بەڕێوەبردن بە ئایین ئەژماردەكرێن یان نا؟ چونكە ئەگەر بڕیارماندا ئیسلام سیستەمێكی دیاریكراو ناخاتەڕوو، وە خیلافەتی ئەبو بەكر و عومەر و عوسمان و عەلی (y) بڕیارێكی كاتی موسوڵمانان بووە، وە ئەو ڕێكارانەی گرتوویانەتەبەر بۆ جێگیركردنی پایەكانی سیستەمی سیاسی تەنها وەك نوێنەرێكی پێغەمبەر (ﷺ) گرتوویانەتەبەر؛ ئەوا پرسیارێكی سروشتی دروست دەبێت كە ئەوەیە: ئایا ئەو كردەوانەی پێغەمبەر (ﷺ) كە ئەنجامیداون بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵات و جێگیركردنی سیستەم و یاسا تەنها بەگوێرەی داخوازی ئەو سەردەمە بووە، یان لە كرۆكی ئایینەوە سەرچاوەیان گرتووە؟ ئەگەر پێغەمبەر تەنها بەگوێرەی پێویستی ئەو سەردەمە ئەو كردەوانەی ئەنجامداوە؛ ئەوا هەرچی ئەبو بەكر و عومەر و عوسمان و عەلی (y) ئەنجامیان داوە بەشوێنكەوتنی پێغەمبەر (ﷺ) و بە نوێنەرایەتی ئەو، ئەوانیش بە پێویستیەكی كاتی ئەژمار دەكرێن، وە بەڵگەیەكی شەرعی نین بۆ ئێمە. بەڵام ئەگەر ئەو كردەوانەی پێغەمبەر (ﷺ) كە پەیوەست بوون بە دەسەڵات و سیستەمەوە ڕەنگێكی ئایینییان هەبووە؛ ئەوا دەبێت ئێمە وەك بەڵگە و پاڵپشتێك وەریان بگرین. بۆیە ئەم پرسیارە تەنها لە خەلیفە ڕاشیدیەكاندا ناوەستێت، بەڵكو دەگاتە پێغەمبەری خوایش (ﷺ).. مەبەستم ئەوەیە ئەگەر سیستەمی خیلافەت بنەمایەكی ئایینیی نەبووە و لەبەرئەوەی لاساییكردنەوەیەك بووە بۆ كردەوەكانی پێغەمبەر (ﷺ)؛ ئەوا ئەو كردەوانەی كە پێغەمبەر (ﷺ) ئەنجامی داون بۆ جێگیركردنی پایەكانی سیستەم هەرگیز بە ئایینی ئەژمار ناكرێن، وە هەرگیز پێویست ناكات ئێمە پەیڕەوی ئەو كردەوانە بكەین. جلوبەرگ و خۆراك بە نموونە وەربگرە، هیچ كەسێك ناڵێت پێغەمبەر (ﷺ) فڵان جلوبەرگی لەبەركردووە و فڵان خواردنی خواردووە، بۆیە دەبێت ئێمەش تەنها ئەو جلوبەرگە لەبەر بكەین و ئەو خواردنە بخۆین، بۆ نموونە ناوترێت پێغەمبەر (ﷺ) شەرواڵی لەپێ كردووە بۆیە دەبێت ئێوەیش لەپێی بكەن، یان پێغەمبەر (ﷺ) خورمای خواردووە بۆیە دەبێت ئێوەیش بیخۆن. بەڵكو لەمەوە بنەمایەك وەردەگرین كە پێویستە لەسەر مرۆڤ بە سادەیی بژی. بەهەمان شێوە ئەگەر كردەوەكانی پێغەمبەر (ﷺ) -ئەوانەی كە ئەنجامی داون بۆ جێگیركردنی سیستەم- بەشەرعی لەقەڵەم نەدەین و گوتمان تەنها بەگوێرەی پێویستی سەردەم ئەو كارانەی كردووە؛ ئەوا هەرگیز نابن بە بەڵگە و حوججە لەسەر ئێمە، ئەوپەڕی دەتوانین بڵێین دەسەڵات و حكومەتی دوژمنان لەناوچوو و هەموویان بوون بە شوێنكەوتەی پێغەمبەر (ﷺ)، بۆیە ئەویش ناچاربوو سیستەمێك دابمەزرێنێت، وە لەبەر ئەوەی دانانی سیستەم یاسای دەوێت بۆیە هەندێ یاسای دانا بۆ ئیسلاح كردنی خەڵكی نەك لەبەرئەوەی سیستەمێك بخاتەڕوو كە هەمیشە پشتگیری ئایین بەدەست بهێنێت.
[*] ئەو كەسانە بوون كە ویستیان خیلافەت لەناو كۆمەڵی ئەحمەدیدا هەڵوەشێننەوە لە سەردەمی خەلیفەی دووەمدا (رضي الله عنه) و بەیعەتیان پێ نەدا، وە جیابوونەوە لەو كۆمەڵەی کە شوێنكەوتەی خیلافەت بوون، وە شاری لاهۆریان كرد بە ناوەندی خۆیان، یەكەم سەركردەیان بریتی بوو لە مەولەوی موحەممەد عەلی. وە بە چەندین نازناو و ناوبانگیان پەیدا كرد وەك “بەیعەتنەدەرەكان” لەبەرئەوەی ڕەتیان كردەوە بەیعەت بدەن بە خەلیفەی دووەم (رضي الله عنه)، وە “لاهۆریەكان” بەڕەچاوكردنی ناوەندەكەیان لە لاهۆر، وە “پەیامیەكان” بەڕەچاوكردنی ڕۆژنامەكەیان بەناوی “پیغام صلح” واتە پەیامی ئاشتەوایی، (وەرگێڕی عەرەبی)
بەكورتی، ئەگەر دان بنێین بە بیروباوەڕی ئاماژەبۆكراودا؛ ئەوا دەبێت دان بنێین بەوەدا کە ئەو كردەوانەی پێغەمبەر (ﷺ) ئەنجامیداون بۆ جێگیركردنی پایەكانی سیستەم ڕەنگێكی ئایینی هەڵناگرن، بەڵكو تەنها بەگوێرەی پێویستی سەردەم ئەنجامی داون و هیچ پشتگیرییەك بەدەستناهێنن لە ئایینەوە. ئەگەر پشتگیرییەك لە ئایینەوە بەدەست بهێنن؛ ئەوا دەبنە سوننەت و دەبێت ئەوانەی دوای خۆی کاریان پێ بکەن.
ئەمە ئەنجامێكی سروشتیە بۆ بیروباوەڕی ئاماژەبۆكراو، بەڵام نكۆڵیكارانی خیلافەت بەردەوام هەوڵیان دەدا بیشارنەوە لە خەڵكی بەدرێژایی سەردەمەكان؛ چونكە دەیانزانی ئەگەر بڵێن ئەو كردەوانەی کە پێغەمبەر (ﷺ) ئەنجامیداون بۆ بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی حكومەت تەنها کۆمەڵێك کردەوەی دنیایی بوون و تەنها لە پێویستیەكانی ئەو سەردەمەوە سەرچاوەیان گرتووە؛ ئەوا موسوڵمانان بەرگەی ئەو قسانەی ئەوان ناگرن و تۆمەتباریان دەكەن بەوەی بەدگۆیی دەکەن بەرامبەر پێغەمبەر (ﷺ) و لەكەداری دەکەن، بۆیە نكۆڵیكارانی خیلافەت بەردەوام لەم بارەیەوە شێوازێكی نالۆژیكییان پەیڕەو کردووە. بەڵام شێخەكەی ئەزهەر (واتە عەلی عەبدولڕەززاق) بە ئازادی و بوێریەوە تاوتوێی ئەم بابەتەی كردووە، بۆیە بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی گەیشتە ئەو ئەنجامەی ئێستا باسكرا.
وە لە سەیروسەمەرەكانی ڕێكەوت ئەوەیە كاتێك من دەستم كرد بە نووسینی تێبینیەكانم دەربارەی ئەم بابەتە، ئەوە هات بە دڵمدا كە ئەگەر ئێمە بەم بەڵگەیەدا بەرەو سەرەوە بڕۆین؛ ئەوا دەگاتە پێغەمبەری خوا (ﷺ)، وە هیچ چارێكمان نامێنێت جگە لەوەی كە دان بنێین بەوەدا ئەم بەشەی كردەوەكانی پێغەمبەر (ﷺ) تەنها كۆمەڵێك كردەوەی دنیایین و بەگوێرەی پێویستی سەردەمەكەی خۆی ئەنجامیداون. هەڵبەت سەرەتا گەیشتمە ئەم ئەنجامە، پاشان كاتێك كتێبەكەی ئەم زانا میسرییەم خوێندەوە بینیم هەمان هەڵێنجان دەكات. وە لەگەڵ ئەوەی بە ڕوونی باسی نەكردووە لە ترسی موسوڵمانان، بەڵكو هەوڵی داوە بەدزییەوە ژەهر بكاتە ناو هەنگوینەوە، بەڵام مەبەستەكەی بەتەواوەتی ڕوونە كە بریتیە لەوەی سیستەمی دادوەری و بودجە و ئەوانی تریش كە شتانێكی پێویستن بۆ حكومەت لەو كاتەدا جێگیر و چەسپاو نەبوون، كەواتە هەموو ئەوەی پێغەمبەر (ﷺ) لەو كاتەدا ئەنجامیداوە تەنها لەبەر كۆمەڵێك بەرژەوەندی كاتی ئەنجامیداوە.
ئەنجامێكی ترسناكی نكۆڵیكردن لە خیلافەت
لە ڕاستیدا نكۆڵیكردن لە خیلافەت بەدڵنیاییەوە مرۆڤ هاندەدات بۆ ئەوەی بڵێت سیستەمی دەسەڵاتی پێغەمبەر (ﷺ) سیستەمێكی ئایینی نەبووە، وە هەرچەند وشەی نەرم بەكاربهێنرێت بۆ خستنەڕووی ئەم بیروباوەڕە لەترسی دژایەتی موسوڵمانان؛ ئەوا ئەم قسەیە سیستەمی دەسەڵاتی خەلیفەكان لە شەرعیەتی ئایینی دەخات، نەك هەر ئەمە بەتەنها بەڵكو دەبێتە هۆی ئەوەی بوترێت ئەو كردەوانەی کە پێغەمبەر (ﷺ) ئەنجامیداون بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵات و حوكمڕانی بەتەواوەتی دنیایی بوون و بەگوێرەی پێویستی سەردەم ئەنجامی داون، وە جگە لە نوێژ و ڕۆژوو و حەج و زەكات، بژاردەی سیستەمی سیاسی خستووەتە دەستی خەڵكییەوە و ئازادی ڕەهای پێ داون لە هەڵبژاردنی هەر سیستەمێك كە خۆیان دەیانەوێت و چۆن ئاسانە بۆیان.
هەڵبەت عەلی عەبدولڕەززاق باسی ئەم بابەتەشی كردووە بەجۆرێك نووسیویەتی: ئەگەر بەتەواوەتی حوكمڕانی بڕەخسایە بۆ پێغەمبەر (ﷺ)؛ ئەوا لە هەموو شوێنێكدا دادوەرەكانی دادەمەزراند، بەڵام لە هەموو شوێنێكدا داینەمەزراندن، بەهەمان شێوە بودجە و شتە پێویستەكانی تری حوكمڕانی ئامادە دەكرد، بەڵام ئەمانە لە سەردەمی ئەودا (ﷺ) نەبوون. ئەم زانایە هەوڵی داوە بیسەلمێنێت كە پێغەمبەر (ﷺ) ئەگەر بەشداری كردووە لە بەڕێوەبردنی كاروباری حكومەتدا تەنها لەبەر پێویستیە هەنووكەییەكان ئەوەی كردووە، وەك مرۆڤێك كە كورسیەك نابینێت لە ماڵەوە بۆیە لەسەر زەوی دادەنیشێت. لەو كاتەدا هیچ حكومەتێك نەبووە، بۆیە پێغەمبەر (ﷺ) هەندێ یاسای داناوە بۆ جێگیركردنی سیستەمێكی كاتی، كەواتە ئەم كردەوەیەی پێغەمبەر (ﷺ) كردەوەیەكی تەواو دنیایی بووە و ناكرێت شەرعیەتی ئایینی لێ وەربگیرێت.
بەكورتی، داننان بەم بنەمایەدا تەنها سیستەمی حكومەتی خەلیفەكان لە شەرعیەتی ئایینی ناخات، بەڵكو مرۆڤ هان دەدات ئەو كردەوانەی پێغەمبەر (ﷺ) كە ئەنجامیداون بۆ بەڕێوەبردنی سیستەمی حكومەت بە کۆمەڵێك کردەوەی تەواو دنیایی لەقەڵەم بدات، بەمەش ئەو كردەوانە سوننەت نین و شیاوی ئەوە نین كە لەدوای خۆی پەیڕەو بكرێن.
پاش ئەم ڕێخۆشكردنە ئێستا بە شێوەیەكی بنەڕەتی باسی بابەتی خیلافەت و سیستەمی ئیسلامی دەكەم.
دوو جۆر ئایین
پێم وایە بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە پێویستە ئەوە بزانین کە ئایینەكانی جیهان دوو جۆرن، یەكەمیان: ئەو ئایینانەی كە تەنها بریتین لە هەندێ خواپەرستی و زیكر، وە خۆیان جیادەكەنەوە لە كاروبارەكانی تری دنیا و بە كۆمەڵێك كردەوەی دنیایی لەقەڵەمیان دەدەن و دەستوەردانیان تێدا ناكەن، دەڵێن: بەم شێوەیە نوێژ بكەن و ڕۆژوو بگرن و خێر بكەن و ببەخشن، بەم شێوەیە مافی خەڵكی بدەن. بەكورتی، حوكم دەردەكەن دەربارەی بەندایەتی و خواپەرستی و زیكرەكان، بەڵام هیچ حوكمێك دەرناكەن دەربارەی سیستەمی بەڕێوەبردن یان ئابووری یان پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان، یان مامەڵەكانی خەڵكی، یان میرات یان ئەوانی تر، وە بە هیچ شێوەیەك هیچ فێركاریەك ناخەنەڕوو دەربارەی ئەم شتانە.
بۆچی ئایینی مەسیحیەت شەریعەتی بە نەفرەت لەقەڵەمداوە
یەكێك لەم جۆرە ئایینانە ئایینی مەسیحیەتە. گەورەترین هۆكاری لەقەڵەمدانی شەریعەت بە نەفرەت لەلایەن شوێنکەوتووانی ئەم ئایینەوە ئەوەیە كە دەیانەوێت كردەوەكانی مرۆڤ جیا بکەنەوە لە كۆت و پێوەندی ئایین. دەڵێن كاری ئایین تەنها ئەوەیە كە بە خەڵكی بڵێت نوێژ بكەن و ڕۆژوو بگرن و حەج بكەن و خۆتان پاك بكەنەوە و باوەڕتان هەبێت بە خوایەتی عیسا، ئایین بۆی نیە كۆمەڵێك حوكم دەربكات بۆ خەڵكی دەربارەی كوشتن و خراپەكاری و دزی و چەتەیی و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان و بەستنی پەیماننامەكان لەنێوان گەلاندا و چۆنێتی بەڕێوەبردنی ئابووری وڵات. نەخێر، شەریعەت پەیوەندی نیە بەم شتانەوە. بۆ نموونە ئەگەر كێشەیەكی دابەشكردنی میرات هەبوو لە نێوان كوڕ و كچەكاندا؛ ئەوا دەڵێن: شەریعەت چ مافێكی هەیە كە ڕۆڵی هەبێت لە بابەتەدا؟ ئەمە تەنها كاری پەرلەمانی وڵاتەكەمانە، ئەو شتە دەكات بە یاسا کە بەلایەوە قازانجی گەلی تێدایە. بەهەمان شێوە دەڵێن ئەگەر بڕیارماندا سوو وەربگرین بەشێوەی كاش یان بەشێوەی كاڵا؛ ئەوا ئایین مافی ئەوەی نیە بڵێت وەرگرتنی سوو بە كاش یان بەشێوەی كاڵا حەرامە؟
بەكورتی، ئەوان زۆر بە ڕقەوە دەڕوانن بۆ ئەو حوكمانەی ئایین كە پەیوەستن بە سیستەمی بەڕێوەبردنەوە، لەبەر ئەوە شەریعەتیان بە نەفرەت لەقەڵەم داوە. ئەوەی كە شەریعەت بە نەفرەت لەقەڵەم دەدەن مانای ئەوە نیە كە ڕۆژوو لای ئەوان نەفرەت بێت، ئەگەر ڕۆژوو نەفرەت بوایە لایان؛ ئەوا ئەم دەستەواژەیە دەربارەی جن و شەیتانەكان لە نووسخە كۆنەكانی ئینجیلدا نەدەهات: {بەڵام ئەم شتە پیسە تەنها بە نوێژ و ڕۆژوو دەردەچێت}([2])، ئایا دەكرێت ئینجیلەكان ئەم وشانە بڵێن، لەگەڵ ئەوەدا شەریعەت بە نەفرەت لەقەڵەم بدەن؟ لە ڕاستیدا قسەی مەسیحیەكان كە شەریعەت نەفرەتە تەنها مانای ئەوەیە كە دیاریكردنی سیستەمی نەتەوەیی لەلایەن شەریعەتەوە نەفرەتە، وە ئایین مافی ئەوەی نیە هیچ فەرمانێك دەربكات سەبارەت بە كاروباری دنیایی ئەوان، بەڵكو هەموو گەل و نەتەوەیەك خۆیان یاسا دادەنێن سەبارەت بە كاروباری دنیایی خۆیان بەگوێرەی پێویستی و هەلومەرجی خۆیان. بەم شێوەیە خۆیان ئازاد كرد لەو كۆت و پێوەندانەی شەریعەتی مووسایی كە تایبەتن بە كاروباری حوكمڕانیەوە.
ئەگەر مەسیح (علیه السلام) ئەم قسەیەی كردبێت -گریمان ئەم قسەیەی کردووە- ئەوا مەبەستی ئەوە نەبووە كە ئەوان لێی تێگەیشتوون، بەڵكو مەبەستی ئەوە بووە كە جوولەكە بایەخێكی زۆریان دەدا بە ڕواڵەتی حوكمە شەرعیەكان بەجۆرێك ڕۆحانیەت و ناوەڕۆكی ئەو حوکمانەیان فەرامۆش كردبوو، ئەم شتە بۆیان بوو بوو بە نەفرەت، وە زۆر دووری خستبوونەوە لە ڕاستی. بەڵام كاتێك مەسیحیەت بڵاوبوویەوە لە ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانیدا و ڕۆمەكان ئامادە نەبوون وازبهێنن لە دەستووری نیشتیمانی خۆیان، چونكە وایان دەبینی كە هیچ یاسا یان دەستوورێك نیە باشتر بێت لەوەی ئەوان -بەڵكو لە ڕاستیدا دەوڵەتە ئەورووپاییەكان بەردەوام هەتا ئەمڕۆ سوود وەردەگرن لە دەستووری ڕۆمانی- بۆیە ئەو كەسانە كە زۆر شارستانی بوون و شارەزابوون لە یاسادا پێیان وا بوو ئەستەمە لە جیهاندا كەسێك یاسایەك دابنێت باشتر بێت لە یاساكەی ئەوان. لەلایەكەوە بینییان فێركاریەكانی ئایینی مەسیحیەت دەربارەی خۆشەویستی خوای گەورە و موعجیزەكان و نیشانەكان و پاڕانەوەكان و قوربانیەكانی مەسیح و هتد زۆر جوانن، بۆیە دڵیان چوو بەلای مەسیحیەتدا، وە دانیان بەوەدا نا كە ئەم ئایینە شایستەی وەرگرتن و قەبووڵكردنە، بەڵام لەلایەكی ترەوە نەیاندەتوانی شەریعەتی جوولەكە پیادە بكەن بەسەر خۆیاندا كە وایان دەبینی زۆر نزمترە لە دەستووری ڕۆمانی، بۆیە كەوتنە ناو قەیران و تەنگژەیەکی سەیرەوە. فێركاریە جوانەكانی ئایینی مەسیحیەت ڕایكێشان بۆ لای خۆیان، بەڵام بیروباوەڕی باشتر بوونی دەستووری ڕۆمانی نەیهێشت سەریان نەوی بكەن لەبەردەم شەریعەتەكەی جوولەكەدا. لەكاتێكدا کە دوودڵ و نیگەران بوون دەربارەی ئەم کێشەیە چاویان كەوتە سەر ئەم دەستەواژانەی پەیمانی نوێ: {هەموو ئەو كەسانەی پشت بە كرداری شەریعەت دەبەستن لە ژێر نەفرەتن}([3])، وە {مەسیح ئێمەی لە نەفرەتی شەریعەت كڕییەوە، بەوەی لەپێناوماندا بووە نەفرەت}([4]). ئەمانە قسەی مەسیح (علیه السلام) نین بەڵكو قسەی پۆڵسن، بەڵام ئەوان لەم قسانەدا پاساوێكیان دۆزیەوە و ماناكانیان فراوان كرد و گوتیان: ئایین مافی ئەوەی نیە لە كاروباری دنیاكەماندا فەرمانمان پێ بدات، بەڵكو هەموو گەلێك خۆی یاسا دادەنێت بۆ بەڕێوەبردنی كاربارەكانی دنیاكەی بەگوێرەی پێویستی و هەڵومەرجی خۆی. لە ڕاستیدا ئەم ڕستەیە ئەگەر هی مەسیح (علیه السلام) یان یەكێك لە حەواریەكانی بێت؛ ئەوا مەبەست لێی خستنەڕووی ئەوەیە كە جوولەكە زیادەڕەوییان دەكرد لە هەڵوەستەكردن و جەختكردنەوە لەسەر ڕواڵەتی حوكمەكان و بەتەواوەتی ناوەڕۆك و ڕۆحانیەتیان فەرامۆش كردبوو، ئەمە بووە هۆی توشبوونیان بە نەفرەت. ئەوان لەڕواڵەتدا نوێژ دەكەن، بەڵام دڵیان بەلای خوادا ناچێت و خۆشیان ناوێت و لێی ناترسن، بۆیە نوێژەكەیان بووە بە نەفرەت لەسەریان. ئەوان خێردەكەن و لەڕواڵەتدا بەران سەردەبڕن، بەڵام هەرگیز بەرانی نەفسی خۆیان سەرنەبڕیوە، بۆیە خێر و قوربانیەكانیان بووە بە نەفرەت بەسەریانەوە. ئەوان لە كاتی بەندایەتیدا بەشێوەیەكی ڕواڵەتی سەریان نەوی دەكەن لەبەردەم خوادا، بەڵام هەرگیز دڵیان ملكەچی خوا نابێت، بۆیە بەندایەتی و خواپەرستیەكەیان بووە بە نەفرەت لەسەریان. ئەوان زەكات دەدەن و ماڵ و سامان دەبەخشن لەپێناوی خوادا، بەڵام ناتوانن قوربانی بدەن بە بیروباوەڕە پووچەكانیان بۆیە زەكاتەكەیان بوو بە نەفرەت لەسەریان. بەكورتی، لەبەرئەوەی جوولەكە جەختیان دەكردەوە لەسەر ڕواڵەتی حوكمەكان و بەتەواوەتی ئیسڵاحی ناخیان فەرامۆش كردبوو، بۆیە مەسیح یان حەواریەكانی ناچاربوون بڵێن كاركردنتان بە ڕواڵەتی شەریعەت و بایەخ نەدانتان بە ئیسڵاحكردنی ناخ نەفرەتە. ئەم قسەیە مانای ئەوە نیە كە شەریعەت نەفرەتە، بەڵكو ماناكەی ئەوەیە كە تەنها كاركردن بە ڕواڵەتی شەریعەت و فەرامۆشكردنی ئیسڵاحی ناخ نەفرەتی ڕاكێشاوە بۆیان. بەڵام ڕۆمەكان پاساوێكیان دۆزیەوە لەم قسەیەدا و گوتیان ئەمە مانای ئەوەیە كە پێویستە لەسەرمان گوێڕایەڵی ئایین بكەین لەوەی حوكممان بەسەردا دەدات لە بەندایەتیەكانی وەك نوێژ و ڕۆژوو و هتد، بەڵام لە كاروبارەكانی دنیاكەماندا گوێڕایەڵی ئایین ناكەین، وە ئایین مافی ئەوەی نیە سەبارەت بەم كاروبارانە فەرمانمان پێ بدات، ئەمە بەجێهێڵراوە بۆ خۆمان، هەر یاسایەکمان بوێت هەڵیدەبژێرین بۆ خۆمان، لەبەر ئەوە مەسیحیەكانی ڕۆمان كە ئایین و شەریعەتیان بە نەفرەت ئەژماركرد خۆیان یاسایەكیان دانا و خەڵكیان ناچاركرد كاری پێ بكات. ئەگەر لە خودی خۆیدا یاسا نەفرەت بوایە؛ ئەوا یاسایەكیان دانەدەنا و جێبەجێیان نەدەكرد. لەلایەكەوە شەریعەتیان بە نەفرەت لەقەڵەمدا، وە لەلایەكی ترەوە جۆرەها یاسایان دانا، ئەمەش بەڵگەیەكی ڕوونە لەسەر ئەوەی ئەوان ئەم بڕگەی ئینجیلیان وەها تەفسیر كرد كە خەڵكی مافی ئەوەیان هەیە چۆنیان بوێت یاسا بۆ خۆیان دابنێن، وە ئایین مافی ئەوەی نیە كە لە كاروباری دنیاكەیاندا هیچ حوكمێكیان بۆ دەربكات، بەم شێوەیە خۆیان ئازاد كرد لە كۆمەڵێك كۆت و پێوەندی شەریعەتی مووسایی كە سەپێنرابوون بەسەر خەڵكیدا لە كاروبارەكانی حكومڕانیدا.
دەستوەردانی ئایینی جوولەكە لە سیستەمی حوكمڕانیدا
بە پێچەوانەی ئەمەوە، كۆمەڵێك ئایین هەن بازنەی دەسەڵاتی خۆیان فراوان كردووە و كۆمەڵێك ڕێسا و یاسایان داناوە دەربارەی كاری خەڵكی و پەیوەندیەكانیان و سیستەمی حوكمڕانیان و هی تریش، وە شوێنكەوتووانی ئەو ئایینانە دەبێت دان بنێن بەوەدا كە ئایین مافی هەیە دەست وەربدات لە كاروبارەكانی حوكمڕانیدا، وە كاركردن بەو حوكمانەی ئایین كە پەیوەستن بە حوكمڕانیەوە واجبە لەسەر تاك و كۆمەڵ وەك چۆن بیروباوەڕەكان و حوكمە تاكە كەسیەكانی وەك نوێژ و ڕۆژوو و هی تریش واجبن لەسەریان. دەكرێت ئایینی جوولەكە وەك نموونەیەك لەسەر ئەم جۆرە ئایینانە بخرێتەڕوو. ئەگەر مرۆڤ شەریعەتی مووسایی بخوێنێتەوە؛ ئەوا ڕێژەیەكی زۆر حوکم دەبینێت تێیدا وەك: ئەو کەسەی کەسێك بكوژێت سزاكەی ئەوەیە، وە ئەو کەسەی دزی بكات سزاكەی ئەوەیە، وە پێویستە ڕەچاوی ئەم یاسایە و ئەو یاسایە بكرێت لە دۆخی جەنگدا، وە پێویستە كاربكرێت بە ئەم بنەمایە و ئەو بنەمایە كاتی قوربانی كردن، بەهەمان شێوە ئایینی جوولەكە حوكمی جۆراوجۆری تێدایە دەربارەی مامەڵەكان و قەرز و بازرگانی و هی تریش. بەكورتی ئایینی جوولەكە دەستوەردان دەكات لە كاروباری حكومەتدا، وە ئەگەر مرۆڤ ڕابمێنێت لە شەریعەتی مووسایی؛ ئەوا دەگاتە ئەو ئەنجامە كە هەروەك چۆن ئایین مافی هەیە دەستوەردان بكات لە مامەڵەی تاكەكەسەكاندا، بەهەمان شێوە مافی ئەوەی هەیە دەستوەردان بكات لە كاروبارەكانی ئوممەت و دەوڵەتدا.
هەڵوێستی ئیسلام
ئێستا پێویستە بڕوانین ئایا ئایینی ئیسلام لەناو ئایینەكاندا لە چ ئایینێك دەچێت؟ ئایا لە بەشی یەكەم دەچێت یان دووەم؟ ئایا دەستوەردان دەكات لە كاروباری دەوڵەتدا یان نا؟ ئەگەر پێغەمبەری خوا موحەممەد (ﷺ) دەستوەردانی كردووە لە كاروبارەكانی گەل و نەتەوە و دەوڵەتدا، چ لەلایەن خۆیەوە بووبێت یان لەبەرئەوەی وڵات زۆر پێویستی بەوە هەبووە؛ ئەوا دەبێت دان بەوەدا بنرێت كە وەك مرۆڤێك وا بووە لە دارستانێكدا مناڵێكی بچووكی سەرگەردان دەدۆزێتەوە و سۆزی دەجووڵێت بۆی و دەیباتەوە بۆ ماڵی خۆی، دیارە ئەمە مانای وا نیە كە مافی سەرپەرشتی كردنی ئەو مناڵەی بەدەستهێناوە، بەهەمان شێوە ئەگەر موحەممەد (ﷺ) مناڵە هەتیوەكانی عەرەبی بینیوە و سۆزی جووڵاوە بۆیان و لە ئامێزی گرتوون، ئەمە مانای وا نیە كە مافی سەرپەرشتی كردن و بەخێوكردنی ئەو مناڵانەی بەدەست هێنابێت، بەڵكو مافی خۆیان بووە كاتێك توانیویانە لەسەر پێی خۆیان ڕاوەستن یاسا و سیستەمێك بۆ خۆیان هەڵبژێرن چۆنیان پێ خۆشە. بەڵام ئەگەر لە شەریعەتی ئیسلامیدا كۆمەڵێك حوكم هەبوو پەیوەست بوون بە سیستەمی بەڕێوەبردن و حوكمڕانیەوە؛ ئەوا دەبێت دان بەوەدا بنرێت كە پێغەمبەر (ﷺ) لە خۆیەوە دەستوەردانی نەكردووە لە كاروبارەكانی حوكمڕانی و سیستەمی بەڕێوەبردندا، بەڵكو بە فەرمانی خوای گەورە جڵەوەكەی گرتووەتە دەست. وە ئەگەر ساغبوویەوە كە خوا فەرمانی ئەوەی پێكردووە؛ ئەوا ئەوەش ساغدەبێتەوە ئەو بەشەی ژیانی كە لە بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی دەوڵەتدا بەسەریبردووە بەدڵنیاییەوە ڕەنگێكی ئایینی هەیە و موسوڵمانان هەروەك چۆن پابەندن بە كاركردن بە حوكمەكانی ئیسلام سەبارەت بە سیستەمی ئایینی، بەهەمان شێوە ئازاد نین سەبارەت بە حوكمڕانی و دەوڵەتداری، بەڵكو لەمەشدا پابەندن بەو سیستەمەوە كە شەریعەتی ئیسلامی دانی پێدا ناوە لەم بارەیەوە.
كاتێك بۆ ئەم مەبەستە دەگەڕێینەوە بۆ قورئانی پیرۆز و فەرموودەكانی پێغەمبەر (ﷺ) دەبینین ئیسلام لە جۆری یەكەمی ئایینەكان نیە، بەڵكو لە جۆری دووەمیانە، چونكە بەوەندە وازی نەهێناوە كە تەنها باسی بیروباوەڕەكان و كارە تاكەكەسیەكان بکات، بەڵكو باسی ئەو حوكمانەیشی كردووە كە پەیوەستن بە حكومەت و یاساوە، ئەو تەنها ناڵێت نوێژ بكەن و ڕۆژوو بگرن و حەج بكەن و زەكات بدەن، بەڵكو كۆمەڵێك حوكم و فەرمانیش دەردەكات كە پەیوەندییان بە حكومەت و یاساوە هەیە. بۆ نموونە باسی پەیوەندی نێوان هاوسەرەكان دەكات و باسی ئەو ڕێگاچارانە دەكات كە پێویستە بگیرێنەبەر لەپێناوی ئاشتەوایی نێوان هاوسەرەكان كاتی شەڕ و ناخۆشی، وە ئەگەر پیاو ناچاربوو سزای جەستەیی ژن بدات؛ ئەوا ئەندازەی ئەو سزایە و جۆرەكەی دیاریكردووە. هەروەك ڕێساكانی مامەڵە داراییەكانی ڕوون كردووەتەوە و باسی ئەوەی كردووە چ شتێك داواكراوە كاتی قەرزپێدان و قەرزوەرگرتن، وە چ جۆرە قەرزێك حەڵاڵە و چ جۆرێكیان حەرامە. هەروەك ڕێساكانی بازرگانی و ماڵ و سامانی ڕوون كردووەتەوە. وە ڕێساكانی شایەتیدانی خستووەتەڕوو كە بناغەی دادوەری لەسەر بنیاد نراوە، وە زۆر بەڕاشكاوی جۆری شایەتەكان و ژمارەی ئەو شایەتانەی باسكردووە لەگەڵ ئەو بابەتانەی كە پێویستە كاتی شایەتیدان ڕەچاو بكرێن. بەهەمان شێوە ژمارەیەك حوكمی زۆری دەركردووە سەبارەت بە دادوەری، وە ڕوونی دەكاتەوە پێویستە دادوەرەكان چۆن دادوەری بكەن. پاشان باسی کۆمەڵێك سزای جەستەیی کردووە بۆ تاوانە جۆراوجۆرەکانی خەڵکی و حكومەت ئەم سزایانە جێبەجێ دەكات، وەك سزای كوشتن و سزای دزیكردن. هەروەك یاساكانی میراتی خستووەتەڕوو، وە كۆمەڵێك مەرجی داناوە لەسەر باج كە بۆ دەوڵەت دەبێت، وە وردەكاری باجەكانی باسكردووە بەخستنەڕووی دەسەڵاتەكانی حكومەت لە خەرجكردنیاندا. وە ئەو ڕێسایانەی باسكردووە كە پێویستە سوپا پابەندبێت پێیانەوە، وە یاسای پەیماننامەكانی خستووەتەڕوو، وە ئەو بنەمایانەی ڕوون كردووەتەوە كە پێویستە ڕەچاوبكرێن كاتی بەستنی پەیماننامە لە نێوان دوو گەلدا. هەروەك یاساكانی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان و ڕێساكانی پەیوەندی نێوان كرێكار و خاوەن كار و ئادابەكانی ڕێگا دەخاتەڕوو.
كەواتە هەموو ئەو حكومانەی كە پەیوەندییان هەیە بە دەوڵەتەوە ئیسلام بەڕاشكاوی باسی كردوون، بۆیە ناكرێت و ناگونجێت بوترێت ئیسلام خەڵكی ئازاد كردووە سەبارەت بە حوكمڕانی، بەڵكو وەك ئێستا سەلماندم بە شێوەیەكی تێروتەسەل باسی هەموو لقێك لە لقەكانی حكومەتی كردووە. لەبەر ئەوە ئەو كەسەی باوەڕی هەیە بە ئیسلام، وە پێی وایە بە دوورودرێژی باسی حوكمەكانی كردووە دەربارەی حوكمڕانی؛ ئەوا ناتوانێت بڵێت ئایین چ پەیوەندی بەم كاروبارانەوە هەیە، بەڵكو دەبێت دان بنێت بەوەدا ئەو كردەوانەی پێغەمبەر (ﷺ) كە پەیوەست بوون بە دەوڵەت و حوكمڕانیەوە پێویستە كاریان پێ بكرێت هەروەك چۆن پێویستە كار بەو حوكمانەی تری بكرێت كە پەیوەستن بە نوێژ و ڕۆژوو و حەج و زەكات و ئەوانی تریشەوە، چونكە ئەو خوایەی كە فەرمانی كردووە بە نوێژ و ڕۆژوو و حەج و زەكات هەر ئەو خوایە ئەو حوكمانەشی دابەزاندووە كە پەیوەستن بە سیاسەت و سیستەم و دەوڵەتداریەوە. لەبەر ئەوە ناكرێت بوترێت هەموو گەل و وڵاتێك ئازادن لەوەدا كە هەر سیستەمێكی حوکمڕانیان بوێت هەڵیبژێرن بۆ خۆیان، وە چۆنیان پێ خۆشە ئاوا بژین، نەخێر، بەڵكو هیچ چارێكیان نیە و دەبێت پابەند بن بە حوكمەكانی ئیسلامەوە لە هەموو لایەنەكانی ژیاندا. چونكە ئەگەر پێغەمبەر (ﷺ) لە خۆیەوە ئەمەی كردووە؛ ئەوا ڕەوایە بۆمان كە بڵێین خەڵكی ئازادن لەم كاروبارانەدا، بەڵام مادام دەڵێین ئەم حوكمانە لە ڕاستیدا لە قورئانی پیرۆزدا باسكراون و پێغەمبەر (ﷺ) تەنها بە فەرمانی خوا ڕایگەیاندوون؛ ئەوا دەچەسپێت كە لەخۆیەوە ئەو كارانەی نەكردووە. وە مادام قورئانی پیرۆز هەموو ئەم شتانەی خستووەتەڕوو كە پەیوەستن بە حكومەتەوە، بۆیە ڕێی تێناچێت كە ڕاینەگەیاندبێت چۆن ئەم حكومەتە بەڕێوەببرێت. ئەم باوەڕە وەك ئەوە وایە كەسێك دار و تەختە كۆبكاتەوە بۆ دروستكردنی خانوو، وە پەنجەرە و دەرگا دروست بكات و خشت و بلۆك و گەچ و چیمەنتۆ و كەرەستەكانی تر كۆ بكاتەوە، وە كاتێك پرسیاری لێ بكرێت كەی ئەم خانووە دروست دەكرێت و دیزاینەكەی كامەیە، بڵێت: زانیاریم نیە لەبارەیەوە. شتێكی بەڵگەنەویستە كاتێك ئەو کەسە كەرەستەی خانووی كۆكردووەتەوە لە چیمەنتۆ و گەچ و خشت و بلۆك و شتی تر و دەرگا و پەنجەرەی دروست كردووە، تەنها بۆ دروستكردنی خانوو هەموو ئەمانەی كردووە، نەك بۆ ئەوەی ئەم كەرەستانە بمێننەوە بەبێ سوود و بەفیڕۆ بچن. بەهەمان شێوە مادام قورئانی پیرۆز هەموو ئەو شتانەی باسكردووە كە پەیوەستن بە حكومەتەوە کەواتە ڕێی تێناچێت فەرمانی نەكردبێت بە بەڕێوەبردنی سیستەمی حكومەت و چۆنێتی بەڕێوەبردنەكەی باس نەكردبێت. وە ئەگەر قورئانی پیرۆز ئەمەی ڕوون نەكردووەتەوە؛ ئەوا دەبێت دان بەوەدا بنرێت كە کتێبێکی ناتەواوە، پەنا بە خوا.
فێركاری گشتگیری ئیسلام دەربارەی هەموو بەشەكانی حكومەت
بەكورتی، مادام ئیسلام كۆمەڵێك فێركاری تێروتەسەلی خستووەتەڕوو دەربارەی هەموو لقەكانی حوكمڕانی، کەواتە بۆ هیچ كەسێك نیە بڵێت ئایینی ئیسلام لە كوێ و حوکمڕانی لە كوێ؟ وە هەموو گەل و وڵاتێك ئازادە هەر سیستەمێكی حوكمڕانی بە گونجاو زانی بۆ خۆیانیان هەڵیبژێرن. گومانی تێدا نیە مرۆڤ بۆی هەیە بڵێت: شەریعەتی ئیسلام مرۆڤی ئازاد كردووە لە شتێكی دیاریكراودا، بەڵام ڕێی تێناچێت ئیسلام مافە بچووكەكانی باسكردبێت بەڵام گەورەترین ماف و گرنگترین پرسیاری بەتەواوەتی فەرامۆش كردبێت كە بریتیە لەوەی: مافەكانی تاك چیە لە بەرامبەر دەوڵەتدا، وە چۆن دەوڵەت حوكمەكانی خوا جێبەجێ دەكات لەنێوان تاكەكاندا؟ ئەگەر ئەمەمان گوت؛ ئەوا دەبێت دان بەوەدا بنێین كە ئەم ئایینە ناتەواوە، پەنا بە خوا. ئەو ئایینەی كە شەریعەت بە نەفرەت دادەنێت دەتوانێت بڵێت ئەم شتانە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی ئەودا نیە. وە ئێمە ناڵێین ئەم ئایینە ناتەواوە چونكە کۆمەڵێك حوکمی ڕوونی ڕانەگەیاندووە دەربارەی هەموو كاروبارەكانی ژیانی مرۆیی. وە ئەم جۆرە ئایینە (بۆ نموونە) ئەگەر باسی پەیوەندی نێوان خوا و بەندەكانی نەكردبێت، یان ئەوەی نەخستبێتەڕوو كە پێویستە پەیوەندی نێوان خەڵكی چۆن بێت، یان هیچ فێركاری و ڕێنماییەكی پێشکەش نەکردبێت دەربارەی كاروبارەكانی دەوڵەت و سیاسەت؛ ئەوا دەتوانێت بە ئاسانی خۆی قوتار بكات لە پرسیارەكە، بەجۆرێك شەریعەت بە نەفرەت دابنێت. بەڵام ئەو ئایینەی دەست وەردەدات لەم جۆرە كاروبارانەدا و دان دەنێت بەوەدا كە مافی خوای گەورەیە دەستوەردان بكات تێیاندا، ئەگەر ئەم جۆرە بابەتە هەستیارە -کە ئەوپەڕی گرنگە- فەرامۆش بکات و ملیۆنەها خەڵك بخاتە مەترسیەوە؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەمە هەڵە و ناتەواویەكە لەلایەن ئەو ئایینەوە.
فێركاریە تێروتەسەلەكان دەربارەی پیادەكردنی یاسای ئیسلامی
پاش ئەم پێشەكی و ڕێخۆشكردنە ئێستا تاوتوێی پرسیارە سەرەكیەكە دەكەم. هەڵبەت پێغەمبەری خوا (ﷺ) لەناو ئەو عەرەبانەدا ڕەوانەكرا كە هیچ دەستوورێكی نووسراویان نەبوو، بەڵكو دابونەریتە خێڵەكیەكانیان لە جێگای یاسا دانا بوو، وە هەر خێڵێك یاسایەكی تایبەتی هەبوو جیاواز لە یاسای خێڵێكی تر، ئەوان بەگوێرەی دابونەریتە خێڵەكیەكانیان ناكۆكیەكانیان یەكلایی دەكردەوە یان پەیماننامەیان دەبەست. بەڵام پێغەمبەری خوا (ﷺ) شەریعەتێكی ئاسمانی خستەڕوو لە بەردەمیاندا و فەرمووی: بێگومان خوا ئەم فێركاریانەی فەرزكردووە لەسەرتان، بۆیە پێویستە كاریان پێ بكەن، پاشان وای لێ كردن كاریان پێ بكەن. ئەگەر قورئان كە پەڕاوێكی ئاسمانیە بەوەندە وازیبهێنایە كە تەنها حوكمەكانی نوێژ و ڕۆژوو و هەندێ بیروباوەڕ بخاتەڕوو، وە ئەگەر پێغەمبەر (ﷺ) لەلایەن خۆیەوە حوكمەكانی سیاسەت و دەوڵەتی بخستایەتەڕوو، پاشان خەڵكی ناچار بكردایە لەسەر كاركردن پێیان؛ ئەوا بەدڵناییەوە دەوترا عەرەب موڵك و دەسەڵاتی خۆیان فەوتاند بەوەی هێرشێكی ناڕەوایان کردە سەر موسوڵمانان، ئینجا وڵاتیان بێ سیستەم و یاسا بوو، بۆیە پێغەمبەر (ﷺ) ناچار بوو کۆمەڵێك یاسا دابنێت و خەڵكی وەها لێبكات كاریان پێ بكەن وەك چارەسەرێك بۆ قەیرانەكە و بۆ ڕزگاركردنی وڵات لە كاولبوون و فەوتان، وە ئەم بەشەی كردەوەكانی ئایین نیە. بەڵام دەبینین لە قورئانی پیرۆزدا بەدرێژی باسی كۆمەڵێك حوكم کراوە دەربارەی ئەو پرسانەی پەیوەستن بە حوكمڕانیشەوە، ئەم حوكمانەی تێدا نیە بەتەنها بەڵكو كۆمەڵێك فەرمانیشی تێدایە بۆ جێبەجێكردنیان، بۆ نموونە:
یەكەم: خوای گەورە فەرموویەتی ﴿وَمَآ ءَاتَىٰكُمُ ٱلرَّسُولُ فَخُذُوهُ وَمَا نَهَىٰكُمۡ عَنۡهُ فَٱنتَهُواْۚ﴾([5]). واتە ئەی موسوڵمانان ئەو شتە وەربگرن كە موحەممەدی پێغەمبەری خوا پێتان دەدات و واز لەو شتە بهێنن كە قەدەغەتان دەكات لێی. ئەمە مانای وایە كە لە هەموو بارودۆخێکدا كاركردن بە حوكمەكانی پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرزە لەسەر موسوڵمانان.
دووەم: خوای گەورە فەرموویەتی ﴿فَلَا وَرَبِّكَ لَا يُؤۡمِنُونَ حَتَّىٰ يُحَكِّمُوكَ فِيمَا شَجَرَ بَيۡنَهُمۡ ثُمَّ لَا يَجِدُواْ فِيٓ أَنفُسِهِمۡ حَرَجٗا مِّمَّا قَضَيۡتَ وَيُسَلِّمُواْ تَسۡلِيمٗا﴾([6]). هەندێ كەس لە سەردەمی پێغەمبەردا ئەم ڕەخنەیەیان دەگرت، بەڵكو بەردەوام لەم سەردەمەشدا کەسانێك هەمان ڕەخنە دەگرن و دەڵێن پێغەمبەر (ﷺ) مافی ئەوەی نیە -پەنا بە خوا- بڕیار بدات لەسەر كێشە و ناكۆكی نێوان خەڵكی و یەكلایی بكاتەوە، وە مافی ئەوەی نیە هیچ فێركاریی و ڕێنماییەك پێشكەش بكات بۆ جێگیركردنی سیستەم و یاسا. بەڵام دەبینین خوای گەورە لێرەدا ڕایدەگەیەنێت ئێمە ئەم بیروبۆچوونە هەڵدەوەشێنینەوە و بەدرۆی دەخەینەوە و لەبەردەم خەڵكیدا ڕایدەگەیەنین و دەڵێین: ﴿فَلَا وَرَبِّكَ لَا يُؤۡمِنُونَ حَتَّىٰ يُحَكِّمُوكَ فِيمَا شَجَرَ بَيۡنَهُمۡ﴾ واتە ئەی موحەممەدی پێغەمبەری خوا ئەو كەسانە بە باوەڕدار ئەژمار ناكرێن ئەگەر تۆ نەكەن بە ناوبژیوان لە كێشە و ناكۆكیەكانیاندا، پاشان دەبێت لە ناخی دڵەوە ڕازی بن بە بڕیارەکەی تۆ.
خوای گەورە لەم ئایەتەدا دوو خاڵی خستووەتەڕوو كە ئەوپەڕی گرنگن، یەكەم: پێغەمبەرەكەی خۆی (ﷺ) بە دادوەری كۆتایی لەقەڵەم داوە و فەرموویەتی بڕیار و حوكمەكەی كۆتا بڕیارە و هیچ كەسێك مافی ئەوەی نیە پێداچوونەوەی بۆ بكات. وە پێدانی كۆتا بڕیار بە پێغەمبەر (ﷺ) دەریدەخات كە خوای گەورە دەسەڵاتی بڕیاردانی پێ بەخشیوە.
دووەم: لێرەدا ئەوەش ڕوون دەبێتەوە كە خوای گەورە تەسلیم بوون بە بڕیارەكانی پێغەمبەری (ﷺ) بە بەشێك لە باوەڕ ئەژمار كردووە بەجۆرێك فەرموویەتی: ﴿فَلَا وَرَبِّكَ لَا يُؤۡمِنُونَ﴾ واتە ئەوان بە باوەڕدار ئەژمار ناكرێن ئەگەر تەسلیم نەبن بە بڕیارەكانت. وەك ئەوەی خوای گەورە ئەم بابەتەی بە بەشێك لە ئایین لەقەڵەم دابێت وەك نوێژ و ڕۆژوو و حەج و زەكات. گریمان دوو کەس كێشەیان هەیە، یەكێكیان دەڵێت دە ڕوپیەم لای ئەوی تریانە، ئەوی تریان نكۆڵی لێ دەكات، ئینجا دێن بۆ لای پێغەمبەری خوا (ﷺ) بۆ ئەوەی كێشەكەیان یەکلایی بکاتەوە، ئینجا پێغەمبەر (ﷺ) لەبەرژەوەندی یەكێكیان بڕیار دەدات، لەم دۆخەدا ئەگەر ئەوی تریان ڕازی نەبێت بە بڕیارەكەی پێغەمبەر (ﷺ)؛ ئەوا خوای گەورە ڕایدەگەیەنێت ئەو كەسە ئیتر باوەڕدار نیە. لەگەڵ ئەوەی ئەو کەسە نوێژ دەكات و بەڕۆژوو دەبێت و حەج دەكات، بەڵام ئەگەر بڕیاری پێغەمبەری (ﷺ) ڕەت كردەوە لەم بوارەدا؛ ئەوا خوای گەورە بڕیار دەدات كە ئیتر باوەڕدار نیە بەهۆی ڕەتکردنەوەی بڕیارەکەی پێغەمبەری خواوە. بۆیە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿لَا يُؤۡمِنُونَ﴾ دەریدەخات كە خوای گەورە ئەم بەشەیش بە ئایین ئەژمار دەكات و جیای نەکردووەتەوە لێی.
سێیەم: خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿إِنَّمَا كَانَ قَوۡلَ ٱلۡمُؤۡمِنِينَ إِذَا دُعُوٓاْ إِلَى ٱللَّهِ وَرَسُولِهِۦ لِيَحۡكُمَ بَيۡنَهُمۡ أَن يَقُولُواْ سَمِعۡنَا وَأَطَعۡنَا ۚ وَأُوْلَٰٓئِكَ هُمُ ٱلۡمُفۡلِحُونَ﴾([7]). لێرەدا لەلایەكەوە خوای گەورە باوەڕی گرێداوە بە تەسلیم بوون بە بڕیاری پێغەمبەرەوە (ﷺ)، وە لەلایەكی ترەوە ڕایگەیاندووە كە ئەوانەی دەڵێن ﴿سَمِعۡنَا وَأَطَعۡنَاۚ﴾ كاتی دەركردنی بڕیار لەلایەن پێغەمبەرەوە و پێچەوانەی بڕیارەكە ناجووڵێنەوە ﴿وَأُوْلَٰٓئِكَ هُمُ ٱلۡمُفۡلِحُونَ﴾، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت خوای گەورە هەڵسوكەوتێكی تایبەتی ئەنجام دەدات سەبارەت بە حوكم و بڕیارەكانی پێغەمبەرەكەی، ئەگەر كەسێك كاریان پێ نەكات؛ ئەوا سزا دادەبەزێنێتە سەری و دەبێت بە یەكێك لە زیانبار و دۆڕاوەکان. بەڵام بەگشتی لە كاروبارەكانی دنیادا ئەمە ڕوونادات، بەڵكو ئەگەر کەسێك کار بە بڕیارە دنیاییەکان نەکات: ئەوا تەنها تووشی ئەنجامە سروشتیەكان دەبێت.
چوارەم: خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿ٱلَّذِينَ يَتَّبِعُونَ ٱلرَّسُولَ ٱلنَّبِيَّ ٱلۡأُمِّيَّ ٱلَّذِي يَجِدُونَهُۥ مَكۡتُوبًا عِندَهُمۡ فِي ٱلتَّوۡرَىٰةِ وَٱلۡإِنجِيلِ يَأۡمُرُهُم بِٱلۡمَعۡرُوفِ وَيَنۡهَىٰهُمۡ عَنِ ٱلۡمُنكَرِ وَيُحِلُّ لَهُمُ ٱلطَّيِّبَٰتِ وَيُحَرِّمُ عَلَيۡهِمُ ٱلۡخَبَٰٓئِثَ وَيَضَعُ عَنۡهُمۡ إِصۡرَهُمۡ وَٱلۡأَغۡلَٰلَ ٱلَّتِي كَانَتۡ عَلَيۡهِمۡ ۚ فَٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ بِهِۦ وَعَزَّرُوهُ وَنَصَرُوهُ وَٱتَّبَعُواْ ٱلنُّورَ ٱلَّذِيٓ أُنزِلَ مَعَهُۥٓ أُوْلَٰٓئِكَ هُمُ ٱلۡمُفۡلِحُونَ﴾([8]). واتە ئەوانەی شوێن ئەم كەسە دەكەون كە نێردراوی خوایە و پێغەمبەرێكی نەخوێندەوارە و ژمارەیەكی زۆر پێشبینی هاتوون لە تەورات و ئینجیلدا دەربارەی سەرهەڵدان و دەركەوتنی، دیارە دەزانن هەمیشە فەرمانیان پێ دەكات بە كاری چاكە و قەدەغەیان دەكات لە كاری خراپ و نەشیاو.
ئەمە مانای وایە پێغەمبەر (ﷺ) یاسا دادەنێت بۆ خەڵكی و دەفەرموێت: ئەمە بكەن و ئەوە مەكەن، بەهەمان شێوە ﴿وَيُحِلُّ لَهُمُ ٱلطَّيِّبَٰتِ وَيُحَرِّمُ عَلَيۡهِمُ ٱلۡخَبَٰٓئِثَ﴾؛ ئەمەش مانای ئەوەیە كە فێركاری و ڕێنمایی گونجاویان پێ دەدات سەبارەت بە ڕەفتار و گوفتار و خواردن و خواردنەوەیان و دەفەرموێت: ئەمە بخۆن و ئەوە مەخۆن، ئەمە بڵێن و ئەوە مەڵێن. هەروەها بارە قورسەكان لەسەر كۆڵیان لادەبات كە ناتوانن هەڵیان بگرن، وە كۆت و پێوەند و كەلەپچەكانیان دەكاتەوە كە ڕێگەی پێشكەوتنیان گرتووە لێیان، بۆیە ئەو کەسانەی باوەڕیان هەیە بەم پێغەمبەرە و ڕێزی حوكم و بڕیارەكانی دەگرن و یارمەتی دەدەن و پشتگیری دەكەن و شوێن ئەو ڕووناكیە دەكەون كە لەگەڵیدا دابەزیوە سەرکەوتوو دەبن لە دنیا و دواڕۆژدا.
دەبینن حكومەتەكانیش هەمیشە ئەم یاسایانە دادەنێن و دەڵێن: ئەم كارە بكەن و ئەو كارە مەكەن، لەكاتێكدا لێرەدا قورئان ڕایدەگەیەنێت ئەم بژاردەیە كە تایبەتە بە حكومەتەكان ئێمە بەخشیومانە بە موحەممەدی پێغەمبەری خوا (ﷺ)، وە ئەو كەسانەی شوێنی دەكەون سەركەوتوو و سەرفراز دەبن، وە ئەوانەی گوێڕایەڵیی ناكەن دەدۆڕێن و شكست دەهێنن.
پێنجەم: خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿وَٱعۡلَمُوٓاْ أَنَّ فِيكُمۡ رَسُولَ ٱللَّهِ ۚ لَوۡ يُطِيعُكُمۡ فِي كَثِيرٖ مِّنَ ٱلۡأَمۡرِ لَعَنِتُّمۡ وَلَٰكِنَّ ٱللَّهَ حَبَّبَ إِلَيۡكُمُ ٱلۡإِيمَٰنَ وَزَيَّنَهُۥ فِي قُلُوبِكُمۡ وَكَرَّهَ إِلَيۡكُمُ ٱلۡكُفۡرَ وَٱلۡفُسُوقَ وَٱلۡعِصۡيَانَ ۚ أُوْلَٰٓئِكَ هُمُ ٱلرَّٰشِدُونَ﴾([9])
خوای گەورە لێرەدا شێوازی حكومەتەكەی موحەممەدی (ﷺ) دیاریکردووە، ئایا وەكو حكومەتی پاشا و فەرمانڕەواكانی دنیا دەبێت، یان بەشێوەیەكی ترە. خوای گەورە دەفەرموێت بێگومان پێغەمبەری خوا لەناوتاندایە، ئەگەر زۆربەی پێشنیار و بۆچوونەكانتان وەربگرێت؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە تووشی بەڵا و نەهامەتی دەبن، بەڵام خوای گەورە باوەڕی لەدڵتاندا دروست كردووە و پەی دەبەن بە گرنگی باوەڕ و بە باشی ڕێز و قەدری دەگرن و دەزانن چەندە قازانج و بەرەكەتی تێدایە بۆتان، وە دەزانن ئەگەر باوەڕ نەمێنێت و بەفیڕۆبچێت؛ ئەوا ئێوەش دەفەوتێن. خوای گەورە باوەڕی جوان كردووە لە دڵتاندا و كوفر و داوێنپیسی و سەرپێچیكردن و دەرچوون لە گوێڕایەڵیی ناشرین و قێزەون كردووە لەبەرچاوتاندا، بۆیە پێویستە چاك بزانن كە پێغەمبەرەكەمان سەرپشكە لەوەدا كە كار بە ڕاوێژی ئێوە بكات یان ئەگەر ویستی ڕەتی بكاتەوە. وە ئەو كەسانەی ئەمەیان زانیوە ڕێگەی ڕاستیان گرتووە.
شێوازی حوكمڕانی پێغەمبەری خوا (ﷺ)
هەڵبەت خوای گەورە لەم ئایەتەدا شێوازی حوكمڕانی پێغەمبەری خوای (ﷺ) دیاریکردووە، كە بریتیە لەوەی لە هەموو شتێكدا ڕاوێژ و پێشنیاری ئێوە وەرناگرێت. باسكردنی ئەم خاڵە پێویست بوو چونكە ڕەنگە هەندێ كەس بڵێن موحەممەد (ﷺ) ئەو بڕیارە دەدات كە گەل دەیدات، هەروەك چۆن پەرلەمانی دەوڵەتان بڕیارەكان دەردەكەن بەگوێرەی دەنگی نوێنەرانی گەل، بەهەمان شێوە موحەممەدیش (ﷺ) بڕیاری خۆی دەردەكرد بەگوێرەی بڕیاری خەڵكی وڵاتەكەی، وە یاسای خۆی جێبەجێ نەكردووە، بۆیە خوای گەورە لەم ئایەتەدا ئەم گومان و چەواشەبوونەی نەهێشتووە و ڕووی قسەی كردووەتە گەل و فەرموویەتی بێگومان پێغەمبەرەكەمان ئەگەر زۆربەی ئەو بۆچوون و پێشنیارانە قەبووڵ بكات كە ئێوە دەیخەنەڕوو بەدەنگی زۆرینەتان؛ ئەوا تووشی بەڵا و موسیبەت دەبن. ئەمەش مانای وایە كە شێوازی حوكمڕانی پێغەمبەری خوا (ﷺ) وەها نیە كە بەگوێرەی بڕیاری زۆرینە بڕیار دەربكات، بەڵكو ئەگەر بینی بۆچوونیان بەسوودە؛ ئەوا بەگوێرەی ئەوە بڕیار دەدات، وە ئەگەر بینی ڕاوبۆچوونیان زیانبەخشە؛ ئەوا بە پێچەوانەی ڕاوبۆچوونی ئەوان بڕیار دەدات. دەستەواژەی ﴿كَثِيرٖ مِّنَ ٱلۡأَمۡرِ﴾ ئاشكرای دەكات كە پێویست نیە پێغەمبەری خوا (ﷺ) هەموو ڕاوبۆچوونێك قەبووڵ بكات، بەڵكو سەرپشكە لە ڕەتكردنەوەی بۆچوونی گەل ئەگەر خەوشێكی تێدا بینی، پاشان لەلایەن خۆیەوە بڕیار دەردەكات.
شەشەم: خوا (سبحانه وتعالى) دەفەرموێت: ﴿خُذۡ مِنۡ أَمۡوَٰلِهِمۡ صَدَقَةٗ تُطَهِّرُهُمۡ وَتُزَكِّيهِم بِهَا وَصَلِّ عَلَيۡهِمۡۖ﴾([10]). واتە ئەی موحەممەد، لەو ماڵ و سامانەی هەیانە سەدەقەیەكیان لێ وەربگرە و بەوە دڵیان پاك بكەرەوە و دۆخی ئابوورییان چاك بكە. پاشان فەرموویەتی ﴿وَصَلِّ عَلَيۡهِمۡۖ﴾، هەمیشە بە نەرم و نیانی هەڵسوكەوتیان لەگەڵدا بكە.
لێرەدا خوای گەورە سێ حكومی هێناوە بۆ پێغەمبەرەكەی، یەكەمیان زەكات وەربگرێت لە خەڵك، بەمەش خۆشەویستی هەژاران و چاكەكردن دەربارەیان لە دڵیاندا دروست دەكات. دووەم ماڵی زەكات بەشێوەیەك خەرج بكات کە هەژاران ببووژێنێتەوە و وایان لێبكات لە كاروبارەكانی دنیادا بەرەوپێش بچن. سێیەم ﴿وَصَلِّ عَلَيۡهِمۡۖ﴾، بەمەش قەدەغەی كردووە لە ڕەقی نواندن لە وەرگرتنی زەكاتدا، وە فەرمانی پێ كردووە هەمیشە بە نەرمونیانیەوە كاربكات بەم حوكمە. لەبەر ئەوە پێغەمبەری خوا (ﷺ) ئەگەر کەسێکی ڕەوانە بكردایە بۆ کۆکردنەوەی زەکات هەمیشە ئامۆژگاری دەكرد كە باشترین بەران و وشتری خەڵكەكە نەبات، بەڵكو ئەو زەكاتە وەربگرێت كە بە دڵخۆشی خۆیان پێی دەدەن و هیوادار نەبێت و خۆزگە نەخوازێت كە باشترین ماڵ و سامان ببەخشن. وەك ئەوەی پێغەمبەر (ﷺ) فەرمانی پێ كردبێت ئەوپەڕی نەرمونیان بێت لەڕووی شەرع و یاساوە كاتی وەرگرتنی زەكات.
حەوتەم: ئایەتی حەوتەم كە باسی شتانێك دەكات دەربارەی حوكمڕانی ئەم فەرمایشتەی خوای گەورەیە: ﴿فَرِحَ ٱلۡمُخَلَّفُونَ بِمَقۡعَدِهِمۡ خِلَٰفَ رَسُولِ ٱللَّهِ وَكَرِهُوٓاْ أَن يُجَٰهِدُواْ بِأَمۡوَٰلِهِمۡ وَأَنفُسِهِمۡ فِي سَبِيلِ ٱللَّهِ وَقَالُواْ لَا تَنفِرُواْ فِي ٱلۡحَرِّ ۗ قُلۡ نَارُ جَهَنَّمَ أَشَدُّ حَرّٗا ۚ لَّوۡ كَانُواْ يَفۡقَهُونَ﴾([11]) واتە ئەو كەسانەی دەرنەچوون لەگەڵ پێغەمبەری خوادا (ﷺ) بۆ جەنگ، بەهۆی ئەوەی خوا غەزەبی لێگرتبوون، دڵخۆشبوون بەوەی دواكەوتن و زۆریان پێناخۆش بوو ماڵ و گیانیان بكەنە قوربانی لەپێناوی خوادا و بە یەکترییان گوت ئێمە لە وەرزێكداین زۆر گەرمە و دەرچوون بۆ جەنگ تێیدا واتە خۆ فەوتاندن. خوای گەورەیش وەڵامیان دەداتەوە و دەفەرموێت: ﴿قُلۡ نَارُ جَهَنَّمَ أَشَدُّ حَرّٗاۚ﴾، واتە ئەی موحەممەد پێیان بڵێ: لە جیهاد خۆتان دوا دەخەن بە بیانووی ئەوەی كەش و هەوا زۆر گەرمە، دەی بزانن ئاگری دۆزەخ زۆر گەرمترە، خۆزگە ئەمەتان دەزانی.
لێرەدا خوای گەورە بەڕاشكاوی فەرمانی كردووە بە پێغەمبەرەكەی جیهاد بكات و موسوڵمانان بكات بە سەرباز و جەنگ بكەن لەگەڵ دوژمندا، وە ئەوەی دەرنەچێت بۆ جەنگ و گوێڕایەڵی فەرمانی تۆ نەکات لەم بارەیەوە، لای خوا بە تاوانكار لەقەڵەم دەدرێت.
هەشتەم: خوای گەورە فەرموویەتی ﴿إِنَّمَا جَزَٰٓؤُاْ ٱلَّذِينَ يُحَارِبُونَ ٱللَّهَ وَرَسُولَهُۥ وَيَسۡعَوۡنَ فِي ٱلۡأَرۡضِ فَسَادًا أَن يُقَتَّلُوٓاْ أَوۡ يُصَلَّبُوٓاْ أَوۡ تُقَطَّعَ أَيۡدِيهِمۡ وَأَرۡجُلُهُم مِّنۡ خِلَٰفٍ أَوۡ يُنفَوۡاْ مِنَ ٱلۡأَرۡضِ ۚ ذَٰلِكَ لَهُمۡ خِزۡيٞ فِي ٱلدُّنۡيَا ۖ وَلَهُمۡ فِي ٱلۡأٓخِرَةِ عَذَابٌ عَظِيمٌ﴾([12])
فەرمانكردن بە دەركردنی بێباوەڕە دەستدرێژكارە پەیمانشكێنەكان لە دوورگەی عەرەبی
نۆیەم: بەهەمان شێوە خوای گەورە لە ئایەتەكانی سەرەتای سوورەتی “التوبة” دا فەرمانی كردووە بە دەركردنی بێباوەڕەکان لە دوورگەی عەرەبی و فەرموویەتی: ﴿بَرَآءَةٞ مِّنَ ٱللَّهِ وَرَسُولِهِۦٓ إِلَى ٱلَّذِينَ عَٰهَدتُّم مِّنَ ٱلۡمُشۡرِكِينَ % فَسِيحُواْ فِي ٱلۡأَرۡضِ أَرۡبَعَةَ أَشۡهُرٖ وَٱعۡلَمُوٓاْ أَنَّكُمۡ غَيۡرُ مُعۡجِزِي ٱللَّهِ وَأَنَّ ٱللَّهَ مُخۡزِي ٱلۡكَٰفِرِينَ * وَأَذَٰنٞ مِّنَ ٱللَّهِ وَرَسُولِهِۦٓ إِلَى ٱلنَّاسِ يَوۡمَ ٱلۡحَجِّ ٱلۡأَكۡبَرِ أَنَّ ٱللَّهَ بَرِيٓءٞ مِّنَ ٱلۡمُشۡرِكِينَ وَرَسُولُهُۥ ۚ فَإِن تُبۡتُمۡ فَهُوَ خَيۡرٞ لَّكُمۡ ۖ وَإِن تَوَلَّيۡتُمۡ فَٱعۡلَمُوٓاْ أَنَّكُمۡ غَيۡرُ مُعۡجِزِي ٱللَّهِ ۗ وَبَشِّرِ ٱلَّذِينَ كَفَرُواْ بِعَذَابٍ أَلِيمٍ * إِلَّا ٱلَّذِينَ عَٰهَدتُّم مِّنَ ٱلۡمُشۡرِكِينَ ثُمَّ لَمۡ يَنقُصُوكُمۡ شَيۡٔٗا وَلَمۡ يُظَٰهِرُواْ عَلَيۡكُمۡ أَحَدٗا فَأَتِمُّوٓاْ إِلَيۡهِمۡ عَهۡدَهُمۡ إِلَىٰ مُدَّتِهِمۡ ۚ إِنَّ ٱللَّهَ يُحِبُّ ٱلۡمُتَّقِينَ * فَإِذَا ٱنسَلَخَ ٱلۡأَشۡهُرُ ٱلۡحُرُمُ فَٱقۡتُلُواْ ٱلۡمُشۡرِكِينَ حَيۡثُ وَجَدتُّمُوهُمۡ وَخُذُوهُمۡ وَٱحۡصُرُوهُمۡ وَٱقۡعُدُواْ لَهُمۡ كُلَّ مَرۡصَدٖ ۚ فَإِن تَابُواْ وَأَقَامُواْ ٱلصَّلَوٰةَ وَءَاتَوُاْ ٱلزَّكَوٰةَ فَخَلُّواْ سَبِيلَهُمۡ ۚ إِنَّ ٱللَّهَ غَفُورٞ رَّحِيمٞ *﴾([13]) واتە ئەی موحەممەد، لەناو ئەو كەسانەدا ڕایبگەیەنە ئەو پێشبینیانەی كە خوا و پێغەمبەرەكەی ڕایانگەیاند دەربارەی ڕسوابوونی ئێوە هاتنەدی، هیچ بیانوویەكتان نەماوە لای خوا و پێغەمبەرەكەی، جا بڕۆن و چوار مانگ بگەڕێن بە هەموو دوورگەی عەرەبیدا بۆ ئەوەی ببینن ئایا هیچ حوكمڕانیەكەتان ماوە لەهیچ ناوچەیەكیدا، وە بەدڵنیاییەوە دەزانن كە ئێوە هەرگیز خوا نابەزێنن و ئەوە خوایە كە ئێوەی سەرشۆڕ كرد. بەهەمان شێوە لە ڕۆژی حەجی هەرە گەورەدا لەناو خەڵكیدا ڕایبگەیەنە كە خوا و پێغەمبەرەكەی پاك و بێگەردی خۆیان سەلماند لە هەموو تانە و تەشەری موشریكەكان، هەموو ڕەخنەكانیان نەمان و كۆتاییان پێ هات، جا ئەگەر تۆبە بكەن و پەشیمان ببنەوە؛ ئەوا باشتر بۆ خۆیان، وە ئەگەر وازنەهێنن؛ ئەوا با بزانن هەر حكومەتێك مابێتەوە لە هەر ناوچەیەكی بچووكی دوورگەی عەرەبیدا ئەویش كاول دەكرێت. بەڵام ئێمە لێرەدا ئەو موشریكانە جیادەكەینەوە كە پەیمانیان بەستووە لەگەڵتاندا بە مەرجێك بە هیچ شێوەیەك پەیمانەكەیان نەشكێنن و یارمەتی دوژمنەكانی ئێوە نەدەن، ئێوەش ئەو پەیمانە بپارێزن كە لەگەڵیاندا بەستووتانە، چونكە خوای گەورە پارێزكارانی خۆش دەوێت. بەڵام لەناو موشریكەكانی تردا ڕایبگەیەنە كە لە ماوەی چوار مانگدا لەمڕۆوە دەربچن لە دوورگەی عەرەبیدا، وە ئەگەر دەرنەچوون و مانەوە تێیدا و گوێڕایەڵی فەرمانەكانی حكومەت نەبوون؛ ئەوا ئێمە فەرمانتان پێ دەكەین كە دوای ئەوە بیانكوژن لە هەر شوێنێكدا چنگتان كەوتن، وە دیلیان بكەن و لە هەموو شوێنێكدا بۆسەیان بۆ بنێنەوە، بەڵام ئەگەر تەسلیم بوون و نوێژیان كرد و زەكاتیان دا؛ ئەوا وازیان لێ بهێنن، چونكە خوا خەتاپۆش و دلۆڤانە.
حكومەت چیە؟ حكومەت مانای ئەوە نیە كە پیاو وەها بكات لە ژنەكەی گوێڕایەڵی بێت، یان ژن وەها بكات لە پیاوەكەی گوێڕایەڵی بێت، بەڵكو حكومەت بازنە و چوارچێوەیەكی تایبەتی هەیە، ئەوە نیە هەر كەسێك فەرمانێكی كرد بە كەسێكی تر ئیتر ببێت بە پاشا و فەرمانڕەوا. نوكتەیەكی ئینگلیزی هەیە دەڵێت؛ كوڕێك پرسیاری كرد لە باوكی و گوتی: باوكە پاشا كێیە؟ باوکەکە گوتی: پاشا ئەو كەسەیە كە كەس ناتوانێت فەرمانەكانی ڕەت بكاتەوە. كوڕەكە گوتی: كەواتە دایكم شاژنە. وا دەردەكەوێت پیاوەكە گوێرایەڵی ژنە بەدەسەڵاتەكەی بووە، بۆیە كوڕەكە دەڵێت ئەگەر ئەمە پێناسەی پاشا بێت؛ ئەوا پیادە دەبێت بەسەر دایكمدا.
چەند مەرجێکی پێویست بۆ حكومڕانی
بەكورتی، حكومەت بازنەیەكی تایبەتی هەیە، وە ئەگەر دانمان نا بە حكومەتێكدا؛ ئەوا دەبێت كۆمەڵێك مەرجی دیاریكراوی تێدا بێت، ئەمانەی خوارەوە هەندێكیانە:
- دەبێت دەوڵەت سنوورێكی هەبێت بۆ قەوارەكەی، واتە سیستەمەكە سنوورێكی جوگرافیی هەبێت، ئینجا دەوترێت ئەم سیستەمە دەسەڵاتی هەیە لێرەوە بۆ ئەوێ. كەواتە سنووری دەوڵەت مەرجێكە دەبێت هەبێت بۆ حكومەت؟
- مافی سەپاندی مەرجی هەبێت بەسەر هاوڵاتیەكانیدا سەبارەت بە ماڵ و سامان و گیانیان و ئازادییان لە نیشتەجێبووندا. بۆ نموونە، دەوڵەت دەسەڵاتی هەیە یەكێك زیندانی بكات، یان لە وڵات دووری بخاتەوە، یان ناچاری بكات ماڵ و سامان بدات، یان ئازادیەكەی سنووردار بكات، بۆ نموونە مافی ئەوەی هەیە فەرمان بكات بە هەموو گەنجەكان كە ببن بەسەرباز لە سوپادا، یان ئەگەر پێویستی بە خۆبەخش هەبوو؛ ئەوا بۆی هەیە هەر كەسێك لە هاوڵاتیان بانگ بكات.
- دەوڵەت مافی ئەوەی هەیە باج بسەپێنێت و كۆی بكاتەوە. هەروەها مافی ئەوەی هەیە لەگەڵ ئەو وڵاتاندا پەیماننامە ببەستێت كە ئەم جۆرە دەسەڵاتانەیان هەیە. هەروەك مافی ئەوەی هەیە مەرج بسەپێنێت بەسەر ئەوانەی دێنەناوەوە و ئەوانەی گەشت دەكەن بۆ دەرەوە، وە یاسا دابنێت بۆ بازرگانی و كاروباری دارایی، وە دەسەڵاتی دادوەری هەیە. هەموو ئەم شتانە تایبەتن بە دەوڵەتەوە، وە سەرپشكە چۆن بیەوێت جێبەجێیان بكات، بەتایبەتی بوونی سنوور بۆ دەوڵەت شتێكی زۆر پێویستە، چونكە بەگوێرەی ئەو سنوورە بڕیار دەدات كە فەرمانەكانی لە فڵان ناوچەوە بۆ فڵان ناوچە دەگرێتەوە، وە پێویستە لەسەر هاوڵاتیان كاریان پێ بكەن، وە ئەگەر كەسانی بیانی هاتنەناو سنووری ئەم دەوڵەتەوە؛ ئەوا ئەوانیش پێویستە لەسەریان پەیڕەوی ئەم فەرمانانە بكەن، وە ئەو كەسەی دەرچوو لەم سنوورە؛ ئەوا تا ڕادەیەك ئازادە لە كاركردن بەو یاسا و فەرمانانە.
بەكورتی، كاری دەوڵەتە كە فەرمان بكات بە هەندێ شت و هەندێ شتی تریش قەدەغە بكات، وە لەكاتی پێویستدا ئازادی تاكەكەس سنووردار بكات سەبارەت بە ماڵ و گیان و نیشتەجێبوونیان، وە باجیان لێ وەربگرێت و بانگیان بكات بۆ ئامادەبوون لە سوپادا، وە پەیماننامەكان ببەستێت و هەستێت بە كاروباری دادوەری. ئێستا وەرن با بڕوانین ئایا پێغەمبەر (ﷺ) هەموو ئەم دەسەڵاتانەی پێ درابوو یان نا؟
خاڵی یەكەم بریتیە لە دیاریكردنی سنووری وڵات، شتێكی ڕوون و ئاشكرایە پێغەمبەر (ﷺ) ئەم دەسەڵاتەی پێ درابوو، بەجۆرێك ڕایگەیاند كە جگە لە موسوڵمانان هیچ كەسێك بۆی نیە لەناو ئەو سنوورەدا بژی، وە ئەگەر كەسێكی جگە لەوان هاتە ناو ئەو سنوورەوە؛ ئەوا دەكرێتە دەرەوە، وە لەلایەكی ترەوە ڕایگەیاند ئەوانەی لەناو ئەو سنوورەدا دەژین پێویستە لەسەریان كۆمەڵێك مەرجی دیاریكراو لەبەرچاو بگرن. هەروەها خوای گەورە پێغەمبەری سەرپشك كرد لە بەستنی پەیماننامە لەگەڵ ئەوانی تردا، وە مافی هەڵوەشاندنەوەی هەر پەیماننامەیەكی پێدا ئەگەر بەڕەچاوكردنی هەلومەرج ئەوەی بە باش زانی. هەروەك مافی ئەوەی پێدا كە باج بسەپێنێت و لەكاتی پێویستدا ئازادی خەڵكی سەبارەت بە ماڵ و سامان و خۆیان و نیشتەجێبوونیان سنووردار بكات. كەواتە هەموو ئەو مافانەی كە دەوڵەت هەیەتی خوا دابووی بە پێغەمبەرەكەی (ﷺ). بۆ نموونە مافی دەوڵەتە فەرمان دەربكات، خوای گەورە ئەم مافەی دابوو بە پێغەمبەرەكەی، وە لە كارەكانی دەوڵەت ئەوەیە هەندێ شتی دیاریكراو قەدەغە بكات، خوای گەورە ئەم مافەیشی دابوو بە پێغەمبەرەكەی، مافی دەوڵەتە ئازادی تاكەكان سنووردار بكات سەبارەت بە ماڵ و سامان و خۆیان و نیشتەجێبوونیان بەگوێرەی كۆمەڵێك هەلومەرجی تایبەت، خوای گەورە ئەم مافەیشی دابوو بە پێغەمبەرەكەی و پێی فەرموو: دەتوانیت بەشێك لە ماڵ و سامانیان وەربگریت و باج كۆبكەیتەوە لێیان و داوایان لێ بكەیت خۆیان ئامادە بكەن بۆ جیهاد و بیانبەیت بۆ جەنگ. هەروەك خوای گەورە مافی پێ دابوو هەندێ كەس لە وڵات دەربکات. پاشان دادوەریكردن کاری حكومەتە، ئیسلام ئەم مافەی دابوو بە پێغەمبەر، بەجۆرێك خوای گەورە بڕیاری پێغەمبەری (ﷺ) بە بڕیاری كۆتایی لە قەڵەم دابوو.
پاشان خوای گەورە چۆنێتی حكومەتەكەی پێغەمبەری خوای (ﷺ) ئاشکراکرد و ڕایگەیاند ئەو پابەند نیە بە قەبووڵ كردنی هەموو ئەو شتانەی ئێوە دەیڵێن، بەڵكو ئێوە پابەندن بە گوێڕایەڵی كردنی هەموو ئەو شتانەی كە ئەو دەیڵێت، چونكە ئەگەر كار بە هەموو ئەو شتانە بكات كە ئێوە دەیڵێن؛ ئەوا ئەمە ئەنجامی خراپی لێ دەكەوێتەوە.
لە هەموو ئەم ئایەتانەوە ساغدەبێتەوە كە بەڕێوەبردنی پێغەمبەر (ﷺ) بۆ كاروباری دەوڵەت بەهۆی پێویستیەكی كاتیەوە نەبووە، بەڵكو بەشێك بووە لە شەریعەت، بۆیە هەروەك چۆن نوێژ و ڕۆژوو حوكمەكانی تر بەشێكن لە ئایین، بەهەمان شێوە كردەوەكانی پێغەمبەر (ﷺ) و شێوازەكەی بۆ بەڕێوەبردنی سیستەمی دەوڵەت ئەویش بەشێكە لە ئایین، وە ناكرێت و ناگونجێت بە شتێكی كاتی ناوببرێت.
ئایا حوكمەكانی پەیوەست بە سیستەمی بەڕێوەبردن تەنها تایبەتە بە پێغەمبەر (ﷺ)؟
نكۆڵیكارانی خیلافەت دەڵێن ئیسلام سیستەم و ڕژێمێكی دیاریكراوی نەخستووەتەڕوو.
ئەگەر وابێت كە ئەوان دەیڵێن؛ ئەوا دەبێت بوترێت ئەو كردارانەی پێغەمبەر (ﷺ) كە پەیوەستن بە جێگیركردنی سیستەم و ڕژێمی وڵات ڕەنگێكی ئایینیان نیە، بەڵكو لەبەر پێویستیەكی كاتی ئەنجامی داون. زانای میسری عەلی عەبدولڕەززاق ئەویش تێگەیشتبوو لەم ڕەخنەیە، ئەو كەسێكی زیرەك بوو دەیزانی خەڵكی ڕەخنە دەگرن و دەڵێن مادام قورئانی پیرۆز كۆمەڵێك حوكمی تۆمار كردووە سەبارەت بە حوكمڕانی و سیستەم، ئیتر چۆن دەوترێت پێغەمبەر (ﷺ) بەهۆی پێویستیەكی كاتیەوە ئەم كارانەی ئەنجام داوە و ئیسلام سیستەمێكی تایبەتی پێشكەش نەكردووە بۆ حوكمڕانی. ئەم زانایە هەوڵی داوە ئەم گرفتە نەهێڵێت و گوتوویەتی: حكومەتەكەی پێغەمبەر (ﷺ) حكومەتی پەیام و خۆشەویستی بووە، نەك حكومەتی فەرمانڕەوایەتی، وە گومانی تێدا نیە پێغەمبەر (ﷺ) حوكم و فەرمانی جۆراوجۆری دەركردووە، بەڵام بە سیفەتی پێغەمبەر دەری كردوون نەك سەرۆكی حكومەت، بۆیە ناكرێت ئەم دەسەڵاتانە بگوازرێنەوە بۆ كەسێكی تر، وە لەبەرئەوەی پێغەمبەر (ﷺ) بەو سیفەتەی پێغەمبەر بووە ئەو حوكمانەی دەركردووە بۆیە لەگەڵ مردنیدا ئەو دەسەڵاتانە كۆتایی هاتن. ئەم زانایە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت كە ئەم دەسەڵاتانە هەمووی تایبەت بوون بە پێغەمبەر (ﷺ) دەڵێت: خەڵكی بەشێوەیەكی دەراسا پێغەمبەریان (ﷺ) خۆش دەویست، بۆیە هەموویان گوێڕایەڵی فەرمانەكانی بوون. هاوەڵان تا ڕادەی شەیدابوون خۆشیان دەویست و لەپێناوی پەیڕەوكردنی فەرمانێك لە فەرمانەكانی گیانی خۆیان بەخت دەكرد، بۆیە گوێڕایەڵی هەموو فەرمانەكانی بوون و بەهۆی ئەوەی زۆریان خۆش دەویست ناچاربوون ئەو كارە بكەن، دیارە كەسی عاشق لە هەموو شتێكدا گوێڕاڵی ئەویندارەكەی دەكات، بەڵام ئەمە مانای وا نیە كە حوكمەكانی بۆ هەتاهەتایە پێویستە كاریان پێ بكرێت، بەڵكو تەنها تایبەتن بە خۆی و ئەگەر وەفاتی كرد؛ ئەوا كاركردن بەو حوكمانەش كۆتایی دێت.
خۆشەویستی شوێنكەوتووان بۆ پێغەمبەر خۆشەویستیەكی دەراسایە
ئەو بەڵگەیە كە عەلی عەبدولڕەززاق هێنایەوە لەو ڕووەوە ڕاستە كە شوێنكەوتەكانی هەموو پێغەمبەرێك لە ڕاستیدا بەشێوەیەكی دەراسا پێغەمبەرەکەیان خۆش دەوێت، بەچاوی خۆمان بینیمان كە هەزارەها كەس لە كۆمەڵەكەمان کاتێك دەیانبینی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) كارێك دەكات ئەوانیش هەمان كاریان دەكرد. جارێكیان پێی گوترا هەندێ لە شوێنكەوتووانت ڕیش دەتاشن، ئەمە ڕەفتارێكی پەسەند نیە، ئەویش (علیه السلام) فەرمووی: كاتێك خۆشەویستی من بەتەواوەتی لەدڵیاندا دروست دەبێت؛ ئەوا وەكو من ڕیش دەهێڵنەوە و لەم بارەیەوە هیچ ئامۆژگاری و ڕاسپاردەیەك لەلایەن منەوە پێویست ناكات. بێگومان لە نێوان پێغەمبەر و شوێنكەوتووانیدا پەیوەندیەكی خۆشەویستی هەیە كە هاوشێوەی نیە لە هەموو پەیوەندیەكانی دنیادا، بەڵكو لە ڕاستیدا لەبەرئەوەی لە ڕادەبەدەر پێغەمبەرەكەیان خۆشدەوێت بۆیە بەشێوەیەك لاسایی دەكەنەوە كە لە ڕواڵەتدا بە شتێكی نامەعقوول دەردەكەوێت، بۆ نموونە هاوەڵی بەڕێز عەبدوڵڵای كوڕی عومەر (رضي الله عنه) هەر كاتێك دەچوو بۆ حەج لەڕێگادا لای دەدا بۆ شوێنێكی دیاریكراو تاكو لەوێدا میز بكات، كاتێك ئەمەی لێ دووبارە بوویەوە، پرسیاری لێكرا: بۆچی بەتایبەتی دەچیت بۆ ئەو شوێنە بۆ میزكردن؟ ئەویش گوتی: جارێكیان بینیم پێغەمبەر (ﷺ) لەوێدا میزی دەكرد، بۆیە هەر كاتێك بە ئێرەدا تێپەڕدەبم پێغەمبەرم (ﷺ) بیردەكەوێتەوە، بۆیە دەچم لەوێدا میز دەكەم. كەواتە مرۆڤ لەتاو خۆشەویستیی بۆ خۆشەویستەكەی هەندێ كات بەجۆرێك لاسایی دەكاتەوە کە بە شێوەیەكی نامەعقوول دەردەكەوێت. کەواتە ئێمەیش دان دەنێین بە قسەکەی ئەم زانایەدا کە دەڵێت هاوەڵان بەشێوەیەكی دەراسا پێغەمبەریان (ﷺ) خۆش دەویست، بۆیە گوێڕایەڵی هەموو فەرمانەکانی ئەویان دەكرد، بەڵام ئێمە لێرەدا باسی ئەوە ناكەین كە ئایا بەهۆی خۆشەویستیەوە بەگوێیان كردووە یان بەهۆی فشارێكەوە، بەڵكو پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئیسلام هیچ دەسەڵاتێكی داوە بە پێغەمبەر (ﷺ) بەسەر وڵات و كەسەكاندا یان نا؟ وە ئایا هیچ مافێكی پێداوە بەسەر كافرەكاندا یان نا؟ ئەگەر قورئان تەنها بە باسكردنی حوكمەكان وازیبهێنایە بەبێ باسكردنی هیچ سزایەك بۆ ئەوانەی پێچەوانەی ئەو حوكمانە دەجووڵێنەوە؛ ئەوا ئەو قسەیە ڕاست دەردەچوو كە دەڵێت پێغەمبەر (ﷺ) فەرمانی كردووە بە هاوەڵان ئەوانیش پەیڕەوی فەرمانەكانیان كردووە چونکە بەشێوەیەكی دەراسا خۆشیان دەویست، بەڵام ئێمە دەبینین لە قورئانی پیرۆزدا سزا سەپێنراوە بەسەر ئەو کەسانەدا كە گوێڕایەڵی پێغەمبەر (ﷺ) ناكەن لە فەرمانەكانیدا، وە فەرموویەتی بەو كەسانە: ئەگەر ئەو تاوانە ئەنجام بدەن؛ ئەوا سزاكەتان ئەوەیە، وە ئەگەر ئەو كارەتان كرد؛ ئەوا سزاكەتان ئەوەیە. كەواتە بنەمای خۆشەویستی بەتەواوەتی ڕاست نیە چونكە ئەو كەسەی سەرپێچی بكات لەو فەرمانانەی كە پەیڕەوكردنیان تەنها گرێدراوە بە خۆشەویستیەوە سزا نادرێت.
پاشان ئیسلام تەنها هەندێ حوكم و فەرمانی ڕانەگەیاندووە، بەڵكو بە تێروتەسەلی باسی سیستەمی حوكمڕانیی کردووە، ئەگەرچی وردەكاری هەندێ لە كاروبارەكانی باس نەكردووە و دەرگای ئیجتیهادی بە كراوەیی هێشتووەتەوە بۆ خەڵك، بۆ ئەوەی هێزە عەقڵی و فیكریەكانیان زیانیان بەرنەكەوێت. ئەوەتا گەورەمان ئەبو بەكر لە هەندێ كێشەدا ئیجتیهادی كرد و هەڵوێستی ڕاستەقینەی ئیسلامی خستەڕوو دەربارەیان، وە لە هەندێ كێشەی تردا عومەر و عوسمان و عەلی (y) ئیجتیهادیان كردووە و ڕێنمایی خەڵكیان كردووە لە پێشهاتە تازەكاندا، بەڵكو بەردەوام هەندێ كێشە هەن كە خەڵكی بیر و ئیجتیهادی خۆیان دەخەنەگەڕ تێیاندا.
بابەتی مافی هەڵبژاردن لە کەسانی پێگەیشتوودا
بۆ نموونە پرسیارێك هەیە: ئەگەر باوك كچە ناباڵغەكەی بەشوو بدات، ئایا کچەکە مافی ئەوەی هەیە كاتێك باڵغ بوو هاوسەرگیریەكە هەڵوەشێنێتەوە؟ ئەم پرسیارە ناوبەناو دەكرێت، وە كتێبە فیقهیە كۆنەكان باسی ئەوەیان كردووە كە ئەگەر باوك كچە مناڵەكەی مارە بکات لە کەسێك؛ ئەوا كچەكە مافی ئەوەی نیە ئەو هاوسەرگیریە هەڵوەشێنێتەوە كاتێك گەورەبوو، بەڵام من بڕیارم داوە كە ئەو مافەی هەیە و بۆی هەیە ئەم هاوسەرگیریە ڕەت بكاتەوە كاتێ گەورە بوو ئەگەر ویستی.
وە ژمارەیەكی زۆر بابەتی فیقهی تر هەن بەردەوام چارەسەر كراون لەبەر ڕۆشنایی فێركاریەكانی ئیسلامدا بە تێپەڕینی سەردەمەكان، وە ئەم جۆرە كێشە و بابەتانە لە داهاتووشدا پەیدا دەبن.
ئێمە ئێستا باسی وردەكاری حوكمەكان ناکەین، وە تاوتوێی ئەوە ناكەین كە ئایا ئیسلام حكومەتێكی دیاریكراوی بەخشیوە بە پێغەمبەر (ﷺ) یان نا، ئەمەش چونكە سیستەمەكانی حكومڕانی جیاوازن لە یەكتری، سیستەمی حوكمڕانی لە ئینگلتەرا جیاوازە لەوەی لە ئەمریكا هەیە، وە جیاوازە لەوەی ڕووسیا لەسەری دەڕوات، وە بەڕۆڵی خۆی جیاوازە لە سیستەمی حوكمڕانی لە ئەڵمانیا، بەڵام ئەم جیاوازیە مانای ئەوە نیە بە هەندێ لەم سیستەمانە بڵێین حكومەت و بە هەندێكیان نەڵێین حكومەت. حكومەت واتە جێگیركردنی سیستەمێكی تایبەتی و تەسلیمكردنی جڵەوی كاروباری خەڵكی بە كەسێك یان كۆمەڵێك، وە پیادەكردنی ئەو سیستەمە لە ناوەوەی سنووری دەوڵەتەكەدا. كەواتە پێویستە لەسەرمان بڕوانین ئایا ئیسلام فەرمانی كردووە بە سیستەمێك، ئەگەرچی جیاوازبێت لە سیستەمەكانی تر، وە ئایا پێغەمبەر (ﷺ) ئەم سیستەمەی بەڕێوەبردووە یان نا؟
ئیسلام سیستەمێك دەخاتەڕوو بۆ حوكمڕانی
گومانی تێدا نیە ئیسلام سیستەمی پاشایەتی پەسەند ناكات، چونكە پاشایەتی مانایەكی تایبەتی هەیە كە ئیسلام پێی ڕازی نیە، وە پێغەمبەر (ﷺ) دەربارەی خۆی فەرموویەتی: من پاشا نیم، هەروەك وشەی پاشا بەكارنەهاتووە بۆ خەلیفەكانی دوای خۆی، بەڵام ئەمە مانای وا نیە كە ئیسلام وەك ئایینێك بە هیچ سیستەمێكی حوكمڕانی ڕازی نیە. ئەگەر لە قورئانی پیرۆز و ئیسلامدا ساغبوویەوە سیستەمێك هەیە؛ ئەوا دەڵێین: گومانی تێدا نیە ئەو سیستەمە دژی پاشایەتیە و بەشێكە لە ئایین، وە لەبەرئەوەی بەشێكە لە ئایین بۆیە دەبێت موسوڵمانان بەپێی توانا دایبمەزرێنن. لە ڕاستیدا حكومەت ناوێكە بۆ دیاریكردنی سنووری وڵات و جێگیركردنی دەسەڵات تێیدا و ناوێك نیە بۆ سیستەمێكی دیاریكراو. وە دیاریكردنی سنوور و جێبەجێ كردنی دەسەڵات تێیدا لە قورئانی پیرۆزەوە ساغبووەتەوە، هەروەك ئەمە بە ڕوونی دەردەکەوێت لەو ئایەتانەوە كە ئێستا باسم کردن. جا ئەگەر سنووری وڵات و پیادەبوونی یاسا تێیدا و بوونی هاوڵاتیان و هاوپەیمانان و بیانیەكان لەناویدا چەسپا؛ ئەوا سیستەمێكی حوكمڕانی دیاریكراویش دەچەسپێت. ئێمە ناوی نانێین پاشایەتی، چونكە پاشایەتی مانای تایبەتی خۆی هەیە و پێچەوانەی ئیسلامە، بەڵام لە ئیسلامدا سیستەمی حوكمڕانی و یاسا چەسپاوە و ساغبووەتەوە لە هەموو بارودۆخێكدا، وە ئەمەیە كە ئێمە دەمانەوێت ساغیبكەینەوە و بیسەلمێنین، وە لەپێناوی جێگیركردنی پایەكانی ئەم سیستەمەدا وایدەبینین خیلافەت شتێكی زۆر پێویستە. كەواتە خیلافەت سیستەمێكی ئیسلامیە نەك ئەنجامی پێویستیەكی كاتی.
من دانی پێدا دەنێم كە نكۆڵی كردن لە خیلافەت دەبێتە هۆی هەمان ئەو تیۆریە لۆژیكیە كە عەلی عەبدولڕەززاق دەیڵێت، وە لە كۆتاییدا دەبێتە هۆی ڕەتكردنەوەی ئەو سیستەمەی كە پێغەمبەر (ﷺ) خۆی دایمەزراند. ئەوانەی نكۆڵی لە خیلافەت دەكەن بەبێ ئەوەی دان بنێن بەم تیۆریە لۆژیكیەدا یان ئەوەتا گەمژەن یان دەیانەوێت خۆڵ بكەنە چاوی خەڵكیەوە.
مادام لە قورئانی پیرۆزەوە چەسپاوە كە ئیسلام كاروباری دەوڵەت و سیستەمی گەل بە بەشێك لە ئایین لەقەڵەم دەدات، وە مادام ئەنجامدانی ئەم كاروبارانە لەلایەن پێغەمبەرەوە (ﷺ) ئەم كاروبارانەی كردووە بە بەشێك لە ئایین، كەواتە چار نیە دەبێت بوترێت ڕێنمایی و ڕێبازەكەی پێغەمبەر (ﷺ) لەم كاروبارانەدا سوننەتێكە پێویستە كاری پێ بكرێت وەك چۆن كاردەكەین بە سوننەتەكەی لە نوێژ و ڕۆژوو و حوكمەكانی تردا، وە ئەستەمە كەسێك داوای ئازادبوون بكات لە قەبووڵ كردنی ئەم كاروبارانە مەگەر داوای ئازادبوون بكات لە خودی ئیسلام. وە ئەگەر ئەوە ساغبوویەوە؛ ئەوا ئەوەش ساغدەبێتەوە كە هەروەك چۆن حوكمەكانی نوێژ و ڕۆژوو بە كۆچی دوایی پێغەمبەر (ﷺ) هەڵنەوەشانەوە، بەهەمان شێوە ئەو حوكمانەی پەیوەستن بە سیستەمی وڵاتەوە ئەوانیش هەڵنەوەشاونەتەوە بە كۆچی دوایی پێغەمبەر (ﷺ)، ئەمەش چونكە هەروەك چۆن نوێژ و ڕۆژوو گرنگن بۆ بەرەوباڵاچوونی ڕۆحی تاكەكەس، بەهەمان شێوە دەبێت جۆرە ئەحکامێکی تر پیادە بكرێن بۆ بەرەوباڵاچوون و پێشكەوتنی گەل و نەتەوە، وە هەروەك چۆن چار نیە دەبێت نوێژی بە كۆمەڵ بکرێت، كە بەندایەتیەكی بەكۆمەڵە، پاش كۆچی دوایی پێغەمبەر (ﷺ) بەهۆی نوێنەر و جێگرەكانیەوە، بەهەمان شێوە دەبێت پاش کۆچی دوایی پێغەمبەر (ﷺ) لە ڕێگەی جێگرەكانیەوە كار بكرێت بەو حوكمانەی كە لە جۆرێكی ترن. وە هەروەك چۆن ئەو حوكمانەی كە خوا فەرمانمان پێ دەكات سەبارەت بە نوێژ و ڕۆژوو هتد مانای ئەوە نیە كە پاش كۆچی دوایی پێغەمبەر (ﷺ) نوێژ نەكەین و ڕۆژوو نەگرین، بەهەمان شێوە ئەو حكومانەی ئیسلام پێشكەشی كردوون سەبارەت بە سیستەمی بەڕێوەبردن مانای ئەوە نیە ئیتر دوای كۆچی دوایی پێغەمبەر (ﷺ) شیاوی كارپێكردن نین، بەڵكو هەروەك چۆن دەبێت كاتی مردنی ئیمامێك ئیمامێكی تر هەبێت بۆ پێشنوێژی كردن، بەهەمان شێوە پێویستە هەمیشە لەڕێگەی جێگرەكانی پێغەمبەرەوە (ﷺ) كاربكرێت بەو حوكمانەی كە پەیوەستن بە سیستەمی بەڕێوەبردنەوە.
هۆكاری یاخیبوونی هۆزە عەرەبەكان
پێم وایە ئەو قسەیە کە دەڵێت ئەو حوكمانەی پێغەمبەر (ﷺ) كە پەیوەستن بە سیستەمی حوكمڕانیەوە تەنها تایبەت بوون بەخۆیەوە، فێڵێك بوو هانی خێڵە عەرەبەكانی دا دوای كۆچی دوایی پێغەمبەر (ﷺ) یاخی بن، بەجۆرێك ڕەتیان كردەوە زەكات بدەن بەو بیانووەی كە خوای گەورە مافی وەرگرتنی زەكاتی نەداوە بە هیچ كەسێك جگە لە پێغەمبەر (ﷺ)، چونكە پێی فەرمووە: ﴿خُذۡ مِنۡ أَمۡوَٰلِهِمۡ صَدَقَةٗ﴾([14])، واتە ئەی موحەممەد، هەندێ لە ماڵ و سامانیان لێ وەربگرە وەك زەكات، وە لە هیچ شوێنێكدا باسی ئەوە نەكراوە كە دوای كۆچی دوایی پێغەمبەر (ﷺ) هیچ كەسێكی تر مافی ئەوەی هەبێت زەكات وەربگرێت. بەڵام موسوڵمانان ئەو بیانووەی ئەوانیان ڕەت كردەوە، لەگەڵ ئەوەی خوای گەورە لە ئایەتەكەدا بەتایبەتی ڕووی قسەی كردووەتە پێغەمبەرەكەی (ﷺ). بەهەر حاڵ، گەورەترین بیانوو لای هەڵگەڕاوەكان ئەوە بوو كە جگە لە پێغەمبەر (ﷺ) هیچ كەسێكی تر مافی ئەوەی نیە زەكات لە خەڵك وەربگرێت، هۆكاری ئەمەش ئەوە بوو كە فریویان خوارد و پێیان وا بوو ئەو حوكمانەی پەیوەستن بە سیستەمی بەڕێوەبردنەوە هەمیشە كاریان پێ ناكرێت، بەڵكو تەنها تایبەت بوون بە پێغەمبەرەوە (ﷺ). بەڵام من ئێستا سەلماندم کە ئەم بیروبۆچوونە هەڵەیە، بەجۆرێك لە ڕاستیدا هەروەك چۆن حوكمەكانی نوێژ و ڕۆژوو دوای كۆچی دوایی پێغەمبەر (ﷺ) هەڵنەوەشانەوە، بەهەمان شێوە ئەو حوكمانەش كە پەیوەستبوون بە بەڕێوەبردنی كاروباری ئوممەت و سیستەمی حوكمڕانیەوە هەڵنەوەشانەوە بە كۆچی دوایی پێغەمبەر (ﷺ)، بەڵكو پێویستە هەمیشە كاریان پێ بكرێت لەناو موسوڵماناندا لە ڕێگەی نوێنەرەكانی پێغەمبەرەوە (ﷺ)، هەروەك چۆن كار دەكرێت بە حوكمی نوێژی بە كۆمەڵ كە بەندایەتیەكە بە كۆمەڵ ئەنجام دەدرێت.
درێژەی بابەتی خیلافەت
پاش ئەم گفتوگۆ بنەڕەتیە ئێستا بە درێژی باسی بابەتی خیلافەت دەكەم. پێویستە بزانرێت پێغەمبەر پەیوەندییەكی ئەوەندە توندوتۆڵی هەیە لەگەڵ خوادا تەنانەت هەندێ كەس بەم پەیوەندیە فریو دەخۆن و پێغەمبەرەکە بە خوا دەزانن، وەك چۆن مەسیحیەكان فریویان خوارد. بەڵام ئەو کەسانەی تووشی ئەم شەڕ و خراپەیە نەبوون و پێغەمبەر بە مرۆڤ ئەژمار دەکەن ئەستەمە ئەوە بە بیریاندا بێت كە پێغەمبەرەکە دەمرێت، ئەمەش لەبەر بوونی ئەو پەیوەندیە توندوتۆڵەی كە هەیەتی لەگەڵ خوای گەورەدا و لەبەرئەوەی لە خودی ئەو پێغەمبەرەدا كۆمەڵێك نیشانەی خوا دەبینن. هۆكارەکە ئەوە نیە كە بە پێغەمبەر ئەژماری ناكەن، بەڵكو خۆشەویستی زۆریان بۆی وایان لێ دەكات باوەڕیان وا بێت خۆیان پێش ئەو دەمرن و خوای گەورە بۆ ماوەیەكی زۆر تەمەنی درێژ دەكات. هەتا ئەمڕۆ پێغەمبەرێك نەهاتووە شوێنكەوتووانی لەژیانیدا پێیان وابێت ئەو دەمرێت و ئەمان بەردەوام بەزیندوویی دەمێننەوە، بەڵكو هەر یەكێكیان، جگە لەوانەیان كە تازە باوەڕیان هێناوە یان باوەڕیان لاوازە، باوەڕی وایە پێغەمبەرەكە بەزیندوویی دەمێنێتەوە و خۆی پێش ئەو دەمرێت، لەبەر ئەوە شوێنكەوتووانی هیچ پێغەمبەرێك گفتوگۆیان نەكردووە دەربارەی ئەو كاروبارانەی كە ڕووبەڕوویان دەبنەوە دوای كۆچی دوایی پێغەمبەرەكەیان. بەزۆری خەڵكی بیردەكەنەوە ئەگەر فڵان كەس بمرێت دوای مردنەكەی چی ڕوودەدات، بەڵام شوێنكەوتووانی پێغەمبەر لە ژیانیدا بیرناكەنەوە لەوەی دوای مردنی پێغەمبەرەکە چی ڕوودەدات، هۆكاری ئەمە تەنها ئەوەیە كە ئێستا باسم كرد، كە بریتیە لەوەی لەڕادەبەدەر پێغەمبەرەکەیان خۆشدەوێت.
ئەزموونێكی كەسی
ئەمە ئەزموونی كەسی و تایبەتی ئێمەشە، هەرگیز نەهاتووە بە دڵی هیچ كەسێك لە ئێمەدا، مەگەر ئەو كەسەی دڵی خراپ بووە یان باوەڕی تووشی ناتەواوی و خەوشێك بووە، كە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) دەمرێت و ئێمە دوای بەڕێزی دەژین. نەخێر، بەڵكو هەموومان گەورە و بچووك، پیر و گەنج، پیاو و ئافرەت، باوەڕمان وا بوو كە پێش ئەو دەمرین و ئەو دوای ئێمە دەژی. كەواتە خۆشەویستی زۆر بەتینی شوێنكەوتووان بۆ پێغەمبەر، پاشان ئەو پەیوەندیە مەزنەی پێغەمبەرەكە هەیەتی لەگەڵ خوای گەورەدا وایان لێدەكات پێیان وا بێت خوای گەورە ماوەیەكی زۆر تەمەنی درێژ دەكاتەوە. دەكرێت یەكێك لەوان وا بیرنەكاتەوە كە پێغەمبەرەكە هەرگیز نەمرێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە وا بیردەكاتەوە كە ئەوان پێش پێغەمبەرەكە دەمرن و پێغەمبەرەكە دوای ئەوان لە دنیادا دەژی. ئێمە بینیمان هەندێ گەنج كە تەمەنیان گەیشتبووە تەنها بیست ساڵ دەهاتن بۆ خزمەتی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) و بەوپەڕی خۆبەكەمزانینەوە تكایان لێ دەكرد دوای مردنیان نوێژی مردوویان لەسەر بكات، ئێمە بەلامانەوە سەیر بوو، وە دەمانگوت: ئەم كوڕە هێشتا لە هەڕەتی گەنجێتیدایە، وە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) حەفتا ساڵی تێپەڕاندووە، پاشان زۆربەی کات نەخۆشە، كەچی لەگەڵ ئەوەدا ئەم كەسە تكای لێ دەكات نوێژی لەسەر بكات كاتێك مرد. ئەمە دووپاتی دەكاتەوە كە ئەوان باوەڕیان وا بووە بەڕێزی (علیه السلام) ماوەیەكی درێژ دەژی و ئەوان لە ژیانی بەڕێزیدا دەمرن، لەبەر ئەوە كاتێك مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) كۆچی دوایی كرد چەندین جار ئەوە دەهات بە دڵی سەدەها ئەحمەدیدا، تەنانەت پاش تێپەڕینی دوو هەفتە بەسەر كۆچی دواییەكەیدا، كە هێشتا نەمردووە و خۆم یەكێك بووم لەو كەسانە. وە لە ڕۆژی سێیەمی دوای كۆچی دوایی بەڕێزیدا (علیه السلام) لەگەڵ یەكێك لە براكاندا دەرچووم بۆ پیاسە و ڕۆیشتین بۆ ئەو شوێنەی كە ئێستا گەڕەكی “دار الأنوار”ی لێیە، ڕەخنەیەك هەبوو كە ببووە قسەوباسی خەڵكی لەو ڕۆژانەدا، پێیان وا بوو ڕەخنەیەكی زۆر گرنگە، وە لە ڕێگادا لە بێدەنگیەكی تەواوەتیدا بیرم لە ڕەخنەكە دەكردەوە، لەناکاو هیدایەت درام بۆ وەڵامێكی زۆر جوان، یەكسەر بە دەنگێكی بەرز گوتم: وەڵامی ئەم ڕەخنەیەم دەستكەوت، وە باسی دەكەم بۆ مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) پاش گەڕانەوە بۆ ماڵەوە و پێی دەڵێم ئەمە وەڵامی ئەو تانە و تەشەرەیە كە دوژمنان دەیورووژێنن لە سەر مردنی تۆ، لەگەڵ ئەوەی بەڕێزی (علیه السلام) سێ ڕۆژ بوو وەفاتی کردبوو. بۆیە ئەو کەسانەی تامی خۆشەویستی لەڕادەبەدەریان چەشتبوو تا ئاستی شەیدابوون دەزانن بیروبۆچوونیان چۆن بووە لە ژیانی مەسیحی بەڵێندراودا (علیه السلام)، وە ئەو هەستانە چی بوون كە هاتووە بە دڵیاندا پاش ئەوەی وەفاتی کردووە! دۆخی هاوەڵە بەڕێزەكانیش (y) بەم شێوەیە بووە، ئەوان پێغەمبەریان (ﷺ) زۆر خۆشدەویست كە لە ڕووپەڕەكانی مێژوودا هاوشێوەی ئەو خۆشەویستیە نیە، لەبەر ئەوە زۆر قورس بوو لەسەریان ئەوە بەبیریاندا بێت كە پێغەمبەر (ﷺ) دەمرێت و خۆیان دوای ئەو دەژین. نەك لەبەرئەوەی بە خوایان دەزانی، نەخێر، ئەوان بە مرۆڤیان دەزانی، بەڵام بەهۆی خۆشەویستی لەڕادەبەدەریان بۆی باوەڕیان وا بوو كە مەحاڵە لە ژیانی ئەواندا بمرێت. وە ئەوەی ڕوویدا كاتی كۆچی دوایی پێغەمبەر (ﷺ) ڕوونترین بەڵگەیە لەسەر ئەم ڕاستیە.
دۆخی هاوەڵان لەكاتی كۆچی دوایی پێغەمبەردا (ﷺ)
لە فەرموودە و مێژوودا هاتووە كاتێك هەواڵی كۆچی دوایی پێغەمبەر (ﷺ) بڵاوبوویەوە لەناو خەڵكدا عومەر (رضي الله عنه) شمشێرەكەی هەڵكێشا و گوتی: ئەمە پڕوپاگەندەیەكە دووڕووەکان بڵاویان كردووەتەوە، پێغەمبەر (ﷺ) زیندووە و نەمردووە، بەڵكو سەركەوتووە بۆ ئاسمان تاكو هەندێ حوكم بهێنێت لەلایەن خوای گەورەوە و پاش كەمێك دەگەڕێتەوە و سزای دووڕووەکان دەدات، وە ئەوپەڕی سوور بوو لەسەر ئەم هەڵوێستەی خۆی تەنانەت گوتی: ئەو كەسەی لەبەردەمی مندا بڵێت پێغەمبەری خوا (ﷺ) مردووە دەدەم لە گەردنی. پاشان بە تووڕەییەوە لە مزگەوتەكەدا دەهات و دەچوو و شمشێرەكەی هەڵكێشابوو. خەڵكی سەریان سوڕمابوو لەم قسەیە تەنانەت هیچ كەسێكیان بە پێویستی نەدەزانی ڕەتی بكاتەوە، لەگەڵ ئەوەی قورئانی پیرۆز دەربارەی پێغەمبەر (ﷺ) بەڕاشكاوی فەرموویەتی: ﴿أَفَإِيْن مَّاتَ أَوۡ قُتِلَ ٱنقَلَبۡتُمۡ عَلَىٰٓ أَعۡقَٰبِكُمۡۚ﴾([15]). وە سەرەڕای بوونی ئەم دەقە ڕاشكاوە لە قورئانی پیرۆزدا دەربارەی ئەگەری كۆچی دوایی پێغەمبەر (ﷺ) كەچی هاوەڵان تووشی ئەم هەڵەیە بوون، تەنانەت هەندێكیان پێیان وا بوو پێغەمبەر (ﷺ) نەمردووە، بەڵكو ئەمە درۆیەكە و دووڕووەکان بڵاویان كردووەتەوە. هاوەڵان بەم شێوەیە بوون چونكە بەهۆی خۆشەویستی لە ڕادەبەدەریان بۆ پێغەمبەر (ﷺ) ئەوە بەبیریاندا نەهاتبوو کە پێغەمبەر (ﷺ) كۆچی دوایی دەکات و خۆیان لەدوای ئەو دەژین. بەڵام هەندێ هاوەڵ كە هێمن و لەسەرخۆ بوون كاتێك ئەمەیان بینی ترسان لەوەی کێشەکە گەورە بێت و ئاژاوەی لێ بکەوێتەوە، بۆیە خێرا چوون بۆ لای ئەبو بەكر و هەواڵیان پێدا، ئەویش هات و كاتێك گەیشتە مزگەوتەكە بینی هەموو كەسێك بەوپەڕی گوڕوتین و دڵخۆشیەوە هاواردەكات دووڕووەکان درۆدەكەن و پێغەمبەر (ﷺ) نەمردووە، بەڵكو زیندووە. ئەمەش مانای وایە وەكو شێتیان لێهاتبوو، وەك ئێستا گوتم منیش لە ڕابردوودا لەم جۆرە دۆخەدا گوتم دەچم بۆ لای مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) و پێی دەڵێم وەڵامم دەستكەوتووە بۆ ئەو ڕەخنەیەی كە دوژمنان دەیگرن دەربارەی مردنی تۆ. كاتێك گەورەمان ئەبو بەكر (رضي الله عنه) هەڵوێستەكەی بینی چووە ناو ئەو ژوورەوە كە جەنازەکەی پێغەمبەری (ﷺ) تێدابوو و پرسیاری كرد لە عائیشە (ڕەزای خوای لێ بێت): پێغەمبەری خوا (ﷺ) چۆنە؟ ئەویش گوتی: كۆچی دوایی كردووە. ئینجا سەری هەڵدایەوە و ناوچەوانی ماچ كرد و گوتی: هەرگیز خوا دوو مردن لەسەرت كۆناكاتەوە.. واتە ئەستەمە بمریت و ئوممەتەكەشت بمرێت بەهۆی لادانیان لە بیروباوەڕە ڕاست و دروستەكان. پاشان هاتەدەرەوە و چووەسەر میمبەر و ئامۆژگاری خەڵكی كرد و پێی ڕاگەیاندن كە پێغەمبەری خوا (ﷺ) كۆچی دوایی كردووە، وە ئەم فەرمایشتەی خوای گەورەی خوێندەوە: ﴿وَمَا مُحَمَّدٌ إِلَّا رَسُولٞ قَدۡ خَلَتۡ مِن قَبۡلِهِ ٱلرُّسُلُ ۚ أَفَإِيْن مَّاتَ أَوۡ قُتِلَ ٱنقَلَبۡتُمۡ عَلَىٰٓ أَعۡقَٰبِكُمۡۚ﴾([16])، وە بەوپەڕی هێزەوە گوتی: ئەی خەڵكینە، كێ لە ئێوە موحەممەدی دەپەرست موحەممەد كۆچی دوایی كرد، وە ئەو کەسەی خوای دەپەرست خوا زیندووە و نامرێت. عومەر خۆی دابوو بەسەر شمشێرەكەیدا و چاوەڕێی دابەزینی ئەبو بەكری دەكرد لەسەر میمبەرەكە بۆ ئەوەی بە شمشێرەكەی بدات لە گەردنی، بەڵام كاتێك ئەم ئایەتەی بیست پەردە لەسەر چاوی لاچوو و قاچەكانی بێهێزبوون و دەستی لەرزی و جەستەی تووشی ڕاتڵەكانێك بوو، وە لەبەر ئەوەی تووشی لاوازیەکی زۆر بوو كەوتە سەر زەوی. هاوەڵەکانی تریش دەیانگوت: چاومان ڕاستی بابەتەكەی نەدەبینی، بەڵام كاتێك بیستمان ئەبو بەكر ئەم ئایەتەی دەخوێندەوە پەردە لەسەر چاومان لاچوو، وە دنیا لەبەرچاومان تاریك بوو. پاشان هاوەڵان بەگریانەوە دەرچوون بۆ ڕێگاوبانەكانی مەدینە و ئەم فەرمایشتەی خوای گەورەیان دەگوتەوە: ﴿وَمَا مُحَمَّدٌ إِلَّا رَسُولٞ قَدۡ خَلَتۡ مِن قَبۡلِهِ ٱلرُّسُلُ ۚ أَفَإِيْن مَّاتَ أَوۡ قُتِلَ ٱنقَلَبۡتُمۡ عَلَىٰٓ أَعۡقَٰبِكُمۡۚ﴾([17]). وە شیعرەكەی حەسسان (رضي الله عنه) لە لاوانەوەی پێغەمبەردا (ﷺ) باشترین گوزارشتە لە دۆخی هاوەڵان، کە دەڵێت:
كُنتَ السَّوادَ لِناظِري فَعَميَ عَلَيكَ الناظِرُ
مَن شاءَ بَعدَكَ فَلْيَمُتْ فَعَلَيكَ كُنتُ أُحاذِرُ([18])
ئەستەمە بیربكرێتەوە لە جێگرتنەوەی پێغەمبەر لە ژیانی خۆیدا
کاتێك لە ژیانی پێغەمبەردا سەیری بارودۆخی خەڵكی دەکەین لەڕووی دەروونی و عەقڵییەوە بەئاسانی پەی بەوە دەبەین كە خوای گەورە و پێغەمبەرەكەی نایانەوێت ئازاریان بدەن، بۆیە لەڕێگەی كۆمەڵێك هێما و ئاماژەوە ئەم بابەتە هەستیارە -واتە ئوممەت چی بەسەردێت پاش كۆچی دوایی پێغەمبەرەكەی- باس دەكەن. هەروەك ئوممەتیش زۆر گرنگی نادات بەم بابەتە، وە بیر لەوە ناكەنەوە كە دوای كۆچی دوایی پێغەمبەر چییان بەسەردێت، بۆیە نەچەسپاوە كە یەكێك لە هاوەڵان پرسیاری كردبێت لە پێغەمبەر و گوتبێتی: ئەی پیغەمبەری خوا، دوای كۆچی دوایی تۆ چی ڕوودەدات؟ ئایا دوای تۆ خیلافەتێك یان پەرلەمانێك یان ئەنجومەنێك دروست دەبێت بۆ سەرپەرشتی كردنی كاروباری موسوڵمانان؟ چونكە ئەمانە شتانێكن كەس گفتوگۆ لەبارەیانەوە ناكات مەگەر كەسێکی دڵڕەق كە تەواو بێئاگایە لەوەی تا چ ڕادەیەك پێغەمبەر لە دڵی شوێنکەوتووانیدا خۆشەویست و مەزنە. بێگومان ئێمە لە فەرموودەكاندا دەبینین هاوەڵان دەربارەی بابەتەکانی تر پرسیاری زۆریان كردووە لە پێغەمبەر (ﷺ)، بگرە بە پێداگرییەوە لێکۆڵینەوەیان کردووە لەو بابەتانە، بەڵام پرسیاریان نەكردووە سەبارەت بە بابەتی جێگرتنەوەی پێغەمبەر (ﷺ)، بەڵكو ئەم جۆرە پرسیارە بە مێشكیاندا نەهاتووە، چونكە پێیان وا بووە پێغەمبەر (ﷺ) ماوەیەكی زۆر دوای ئەوان دەژی و خۆیان پێش ئەو دەمرن. بۆیە پرسی جێگرتنەوە تا ڕادەیەك شاراوە بووە، وە لە ڕاستیدا تەنها كاتی كۆچی دوایی پێغەمبەر (ﷺ) ئەم بابەتە ئاشکرا بوو.
پێغەمبەر (ﷺ) لەم جۆرە هەلومەرجەدا كۆچی دوایی كرد، وە مردنەكەی ڕاتڵەکانێکی گەورەی دروستکرد بۆ هاوەڵان، وە پاش مردنی بۆ یەكەمجار بیریان كردەوە لەوەی كە دەكرێت پێغەمبەر جیابێتەوە لێیان، وە بۆ یەكەمجار بۆیان دەركەوت كە پێویستە سیستەمێك هەبێت تەبا و یەکانگیر بێت لەگەڵ سوننەتی پێغەمبەر (ﷺ) و هیواكانیدا، بۆیە بیریان کردەوە لە وردەكاریەكانی ئەو سیستەمە. گومانی تێدا نیە وردەكاریەكانی ئەم سیستەمە لە قورئانی پیرۆزدا بوونی هەبوو بەڵام شاراوەبوو لێیان و هەرگیز نەگەڕابوون بۆی، وە ئەو ئایەتانەیان دەخوێندەوە كە باسی ئەو سیستەمەی دەكرد بەڵام بە پێچەوانەی مانا تایبەتیەكانیانەوە تەفسیریان دەكرد، دیارە ئەو ئایەتانە بۆیان ڕوون دەکردنەوە کە پێویستە چی بكەن پاش كۆچی دوایی پێغەمبەرەكەیان.
هەموو پێغەمبەرێك دوو ژیانی هەیە: ژیانی كەسی و ژیانی نەتەوەیی
لە ڕاستیدا لەپشتی ئەم ئەم هەستی خۆشەویستیەوە حیكمەتێكی خوایی هەیە و كاری خۆی دەكات، ڕوونكردنەوەی حیكمەتەكەش بەم جۆرەیە: هەموو پێغەمبەرێك دوو ژیانی هەیە: ژیانێكی كەسی و ژیانێكی نەتەوەیی، وە هەردوو ژیانەكە بە وەحی دەستپێدەکەن لەلایەن خوای گەورەوە. ژیانە كەسیەكەی بەوەحی دەست پێ دەكات بەجۆرێك خوای گەورە وەحی دادەبەزێنێت بۆسەر پێغەمبەرەكە كاتێك تەمەنی دەگاتە 30 یان 40 ساڵی، وە پێی دەفەرموێت تۆ فەرمانپێكراویت و ڕەوانەت دەکەم بۆ ئیسڵاحکردن و هیدایەتدانی خەڵكی، پێغەمبەرەكەیش دەبینێت بەهۆی بەرەكەتی وەحیەكەوە فەزڵ و نیعمەتەكانی خوا بەشێوەیەكی نائاسایی دەبارن بەسەریدا، ئینجا لە خۆیدا ژیانێكی نوێ و گەورەییەكی نوێ هەستپێدەکات. وە ژیانە نەتەوەییەكەیشی هەر بە وەحی دەست پێ دەكات بەجۆرێك سیستەمی ئوممەتەكەی پاش كۆچی دوایی خۆی بەگوێرەی نەخشەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراو دانامەزرێت، بەڵكو گۆڕانكاریەكی لەناكاو ڕوودەدات و خوای گەورە لەڕێگەی وەحی شاراوەوە دڵی كۆمەڵی باوەڕداران ئاراستە دەكات بۆ ئەو سیستەمە.
ژیانە كەسیەكەی بریتیە لە توانای یەكەم، وە ژیانە نەتەوەییەكەی بریتیە لە توانای دووەم
بە كورتی، هەروەك چۆن ژیانی كەسی پێغەمبەر بە وەحی دەست پێ دەكات لەلایەن خوای گەورەوە، ژیانە نەتەوەییەكەشی -كە دوای كۆچی دوایی خۆی دەست پێ دەكات- ئەویش هەر بە وەحی دەست پێدەكات لەلایەن خوای گەورە بۆ ئەوەی بەتەواوەتی لێكچوون و هاوشێوەیی دروست بێت لەنێوانیاندا، لەبەر ئەوە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) ئەم ژیانە نەتەوەییەی ناوناوە توانای دووەم. وەك ئەوەی توانای یەكەم بریتی بێت لە ژیانی كەسیی پێغەمبەرەكە و توانای دووەم بریتی بێت لە ژیانە نەتەوەییەكەی. وە لەبەرئەوەی خوای گەورە بە وەحی و توانای خۆی ژیانە نەتەوەییەكەی پێغەمبەرەكە دەست پێدەكات، بۆیە لە ژیانی پێغەمبەرەكە خۆیدا وردەكاریەكانی ئەم ژیانە شاراوە دەبێت لە ئوممەتەكەی، بەڵام كاتێك كۆچی دوایی دەكات خوای گەورە لەڕێگەی وەحی خۆیەوە دڵی كۆمەڵی باوەڕداران ئاراستەدەكات بۆ وردەكاری ژیانە نەتەوەییەكەی. لە ئینجیلدا نموونەیەك بۆ ئەمە هەیە، بەجۆرێك حەواریەكان پاش مردنی مەسیحی ناسیرەیی (علیه السلام) لە شوێنێكدا كۆبوونەوە، ئینجا ڕۆحی پیرۆز دابەزیە سەریان، ئینجا بە زمانی جۆراوجۆر دەستیان كرد بە قسەكردن، لەگەڵ ئەوەی نووسەرانی ئینجیل ئەم ڕووداوەیان بەشێوەیەك خستووەتەڕوو كە زۆر مایەی پێكەنین بێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەوە دەسەلمێنێت كە دوای مردنی مەسیح لە حەواریەكاندا گۆڕانێكی كوتوپڕ ڕوویداوە کە پێشتر ئاگاداری نەبوون تەنانەت ناچاربوون بیدەنەپاڵ ڕۆحی پیرۆز.
بەكورتی، خوای گەورە لەڕێگەی وەحی و توانای خۆیەوە ژیانە نەتەوەیەكەی پێغەمبەر دەست پێ دەكات، وەك چۆن ژیانە كەسی و تایبەتیەكەی بە وەحی و توانای خوا دەست پێ دەكات، بۆیە لە ژیانە کەسیەکەی پێغەمبەرەکەدا بەردەوام وردەكاریەكانی ژیانە نەتەوەییەكەی شاراوە دەبێت لە خەڵكی.
سەرنجێك لەسەر كێشەی پەڕە كاغەزەكە
پێم خۆشە لێرەدا شتێكی خۆش باس بكەم ئەویش ئەوەیە لەنێوان شیعە و سوننەدا ناكۆكیەكی كۆن هەیە و پێی دەوترێت “كێشەی پەڕە كاغەزەكە”، ڕوونكردنەوەی بابەتەکە بەم جۆرەیە: لە فەرموودەدا هاتووە كاتێك نەخۆشیەكەی پێغەمبەری خوا (ﷺ) پەرەی سەند بە هاوەڵەكانی خۆی فەرموو كاغەز و قەڵەم بۆ بهێنن بۆ ئەوەی شتێكتان بۆ بنووسم كە دوای ئەوە هەرگیز گومڕا نەبن. شیعە دەڵێن لە ڕاستیدا پێغەمبەری خوا (ﷺ) ویستوویەتی بنووسێت عەلی لەدوای خۆی دەبێت بە جێگرەوەی و پێویستە موسوڵمانان وەك پێشەوا و ئیمام پێی ڕازی بن، بەڵام عومەر نەیهێشت ئەم ڕاسپاردەیە بنووسێت و بە خەڵكەكەی گوت: وازبهێنن لەمە، پێغەمبەری خوا ئازاری هەیە و ئازار و ناڕەحەتیەكەی زیاتر مەكەن، كتێبی خوامان بەسە بۆ هیدایەت، هیچ شتێك نیە لەو باشتر بێت. شیعە دەڵێن ئەمە فێڵێك بوو لەلایەن عومەرەوە چونكە نەیویست پێغەمبەر (ﷺ) هیچ وەسێتێك بكات، ئەمەش بۆ ئەوەی عەلی بێبەش بكات لە حكومڕانی و خۆی بیگرێتەدەست. ئەگەر وازیبهێنایە لە پێغەمبەر (ﷺ) ئەم ڕاسپاردەیەی بنووسیبا؛ ئەوا لەبەرژەوەندی عەلی دەینووسی.
چەندین وەڵام هەیە بۆ ئەم ڕەخنەیە تەنها دوانیان باس دەكەم:
یەكەم: ئەگەر پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەیویست وەسیەت بكات سەبارەت بە خیلافەتی عەلی (رضي الله عنه)؛ ئەوا بۆچی كاتێك عومەر نەیهێشت وەسیەتەکە بنوسرێت نەیفەرموو پێی: نەخێر، بەڵكو قەڵەم و كاغەزم بۆ بهێنن، چونكە من دەمەوێت ڕاسپاردەیەكی گرنگتان بۆ بنووسم؟ پێویست بوو پێغەمبەر (ﷺ) بزانێت كە عومەر دژایەتی عەلی دەكات و هەوڵ دەدات بێبەشی بكات لە هەموو قازانج و سوودێك، وە بەدڵنیاییەوە لەم دۆخەدا دەبوو پێغەمبەر (ﷺ) بفەرموێت بە عومەر: ئەی عومەر چی دەڵێیت؟ گومانی تێدا نیە من لە ناڕەحەتیدام، بەڵام گوێی پێ نادەم. بۆیە بەخێرایی قەڵەم و كاغەزم بۆ بهێنن بۆ ئەوەی شتێكی گرنگتان بۆ بنووسم. بەڵام پێغەمبەری خوا (ﷺ) دوای ئەوە فەرمانی نەكرد بە ئامادەكردنی قەڵەم و مرەكەب و كاغەز، بەڵكو کاتێك عومەر گوتی كتێبی خوامان بەسە([19]) بێدەنگ بوو. ئەمە بەڕوونی دەریدەخات كە پێغەمبەری خوا (ﷺ) لە ڕاستیدا دەیویست ئەوە بنووسێت كە عومەر ئاماژەی پێدا، وە لەبەرئەوەی لەبەردەم پێغەمبەری خوادا (ﷺ) بەڵێنیدا بە بەردەوامی كاربكات بە كتێبی خوا، بۆیە پێغەمبەر (ﷺ) بە پێویستی نەزانی سوور بێت لەسەر نووسینی ڕاسپاردەكە. كەواتە ئەم ڕووداوە تەنها عومەر پاك ناكاتەوە لە هەر تۆمەتێك بەڵكو دەیسەلمێنێت هەمان شت هاتووە بەبیری پێغەمبەری خوا (ﷺ) و بیری عومەردا (رضي الله عنه).
وەڵامی دووەم كە لە بەڵگەیەكی مێژوویدا خۆی دەنوێنێت بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم جۆرە بیروباوەڕە پووچانەی شیعە، ئەوەیە كە كەس پێداگری ناكات لەسەر نووسینی ڕاسپاردە لەم جۆرە هەلومەرجەدا مەگەر ئەو كەسەی کە دڵنیابێت نەخۆشەكە لە لێواری مەرگدایە و ئەگەر وەهای لێ نەكات کە ئێستا ڕاسپاردەكە بنووسێت؛ ئەوا بۆ هەتاهەتایە دەرفەتی نووسینی ڕاسپاردەكە لەكیس دەچێت، بەڵام ئەو كەسەی پێی وایە خوای گەورە شیفای نەخۆشەكە دەدات و نەخۆشیەكەی نەخۆشیەكی ئاساییە و نەخۆشی مەرگ نیە، گرنگی نادات بە نووسینی ڕاسپاردە و وایدەبینێت كە هەراسان كردنی نەخۆشەكە و ئازاردانی لەم دۆخەدا هیچ سوودێكی نیە.
كاتێك لەم ڕوانگەیەوە دەڕوانین بۆ ئەو ڕووداوانەی كە هاوەڵان ڕووبەڕوویان بوونەوە كاتی كۆچی دوایی پێغەمبەر (ﷺ) دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە عومەر بیری لەوە نەكردووەتەوە پێغەمبەر (ﷺ) كۆچی دوایی دەكات، چجای ئەوەی بیر لەوە بكاتەوە جڵەوی حوكمڕانی بگرێتە دەست. وە لە ڕاستیدا كاتێك پێغەمبەر (ﷺ) كۆچی دوایی دەكات بە پێچەوانەی چاوەڕوانی عومەرەوە، دەبینین ئەم خورپە لەناكاوە وەكو شێتی لێ دەكات، چونكە هەرگیز باوەڕی وا نەبوو پێغەمبەر (ﷺ) كۆچی دوایی بكات. کەواتە عومەر باوەڕی نەبوو بە كۆچی دوایی پێغەمبەر (ﷺ) تەنانەت دوای ئەوەی کە بەڕاستی ڕوویدا، وە بەڕادەیەك لە ناخی دڵیەوە خۆشی ویستووە تەنانەت شمشێرەكەی هەڵكێشاوە و لەناو خەڵكدا ڕایگەیاندووە كە دەدات لە گەردنی ئەو كەسەی بڵێت پێغەمبەر (ﷺ) كۆچی دوایی كردووە، ئیتر چۆن دەگونجێت بوترێت زانیویەتی پێغەمبەر (ﷺ) لە لێواری مەرگدایە، بۆیە ترساوە ڕاسپاردەیەك بنووسێت لە بەرژەوەندی عەلی، بۆیە بە ئەنقەست نەیهێشتووە ڕاسپاردەکە بنووسرێت؟ بەڵكو ئەگەر بە وردی سەرنج بدرێت لە بابەتەکە؛ ئەوا دەردەکەوێت کە ئەم ڕیوایەتانەی شیعە بریتین لە خراپە كردن بەرامبەر عەلی (رضي الله عنه) و لەكەداركردنی، بەجۆرێك چاوەڕوانی كۆچی دوایی پێغەمبەر (ﷺ) بووە، بەڵام عومەر (رضي الله عنه) لەبەرئەوەی پێغەمبەری زۆر خۆش ویستووە پێی وا بووە كە نەخۆشیەكەی نەخۆشیەكی ئاساییە و چاك دەبێتەوە و لە ئێستادا هەرگیز كۆچی دوایی ناكات. كەواتە بەگوێرەی بیروبۆچوونەكەی شیعە عەلی (رضي الله عنه) ڕووبەڕووی ڕەخنە و تانە و تەشەر دەبێتەوە و عومەر (رضي الله عنه) تووشی هیچ ڕەخنە و سەرزەنشتێك نابێت، بەڵكو چاكی و بەتەقوایی و فەزڵی ئەو دەسەلمێت.
ژیانی نەتەوەیی پێغەمبەر بەوەحی دەست پێدەكات لەلایەن خواوە
پێشتر بەنیازبووم ئەوە ڕوون بكەمەوە كە پاش كۆچی دوایی پێغەمبەر ژیانە نەتەوەییەكەی لەلایەن خوای گەورەوە دەستپێدەكات لە ڕێگەی وەحی و ئیلهامەوە، بۆیە لە ژیانیدا ئەو خیلافەتە و وردەكاریەكانی دەشارێتەوە کە دوای وەفاتی دادەمەزرێت. بێگومان پێغەمبەر (ﷺ) لە هەلومەرجێكی هاوشێوەدا كۆچی دوایی كرد، بەجۆرێك هەندێ هاوەڵ پێیان وا بوو لە ڕاستیدا كۆچی دوایی نەكردووە، بەڵام كاتێك زانییان لە ڕاستیدا كۆچی دوایی كردووە، نەیانزانی چی بكەن و چ ڕێگەیەك بگرنەبەر بۆ تەواوكردنی ئەركی پێغەمبەر (ﷺ)، بۆیە بە شڵەژاوی و نیگەرانیەوە لێرە و لەوێ دەهاتن و دەچوون، پاش كەمێك بوون بە دوو گرووپەوە و دووگرووپەكەش بوون بە سێ گرووپ.
سێ گرووپ لە هاوەڵان كاتی كۆچی دوایی پێغەمبەر (ﷺ)
یەكێك لەم گرووپانە پێی وا بوو كە دەبێت كەسێك بوونی هەبێت بۆ دامەزراندنی سیستەمی ئیسلام، وە لەبەرئەوەی كەسوكاری پێغەمبەر (ﷺ) شارەزاترن لە مەبەستەكانی، بۆیە پێویستە ئەم كەسە لەناو ئەواندا هەڵبژێردرێت نەك لە بنەماڵەیەکی تر. بێگومان ئەم گرووپە وا بیری كردەوە كە ئەگەر خەلیفەی پێغەمبەری خوا (ﷺ) لە بنەماڵەیەكی تر هەڵبژێردرێت؛ ئەوا هەرگیز خەڵكی گوێڕایەڵی نابن ئەمەش دەبێتە هۆی تێكچوونی ئەم سیستەمە، بەڵام خەڵكی ڕاهاتوون لەسەر گوێڕایەڵی بنەماڵەکەی پێغەمبەر (ﷺ)، بۆیە بە خۆشی خۆیان ڕازی دەبن بە خەلیفەیەك کە لە بنەماڵەكەی ئەو (ﷺ) بێت، وەك چۆن خەڵكی خوو دەگرن بە گوێڕایەڵی فەرمانەكانی پاشاوە، وە ئەگەر دوای مردنی خۆی كوڕەكەی جێگەی بگرێتەوە؛ ئەوا بە خۆشی خۆیان ڕازی دەبن بە گوێڕایەڵی ئەویش.
بەڵام گرووپەكەی تر پێی وا بوو مەرج نیە خەلیفەی پێغەمبەر (ﷺ) لە بنەماڵەی پێغەمبەر هەڵبژێردرێت، بەڵكو پێویستە ئەو كەسە هەڵبژێردرێت كە شیاوترین و باشترین كەسە بۆ هەڵگرتنی ئەرکی خیلافەت.
پاشان ئەم گرووپە بوون بە دوو بەشەوە، ئەگەرچی ڕێكەوتن لەسەر ئەوەی کە پێویستە پێغەمبەری خوا (ﷺ) خەلیفەی هەبێت، بەڵام ناكۆك بوون لەوەدا كە لە چ كۆمەڵێك ئەو خەلیفەیە هەڵبژێردرێت. بەشێکیان پێی وا بوو ئەو كەسانەی ماوەیەكی درێژتر لەسەر دەستی پێغەمبەردا (ﷺ) پەروەردەبوون شایستەترن بەم كارە، واتە “كۆچكەران”، بەتایبەتی قوڕەیشیەكانیان، چونكە بە ئاسانی عەرەب بە گوێیان دەكەن.
لەكاتێكدا بەشەکەی تر پێی وا بوو پێغەمبەر (ﷺ) لە مەدینەدا كۆچی دوایی كردووە و “یارمەتیدەران” لەم شارەدا خاوەن هێز و دەسەڵاتن، بۆیە بەتواناترین كەسن بۆ بەڕێوەبردنی كاروبارەكان.
ناكۆكی نێوان یارمەتیدەران و كۆچكەران
ئەوە بوو ناكۆكیەك ڕوویدا لەنێوان یارمەتیدەران و كۆچكەراندا، یارمەتیدەران پێیان وا بوو پێغەمبەر (ﷺ) ئەو ژیانەی خۆی كە پەیوەست بووە بە سیستەم و بەڕێوەبردنەوە لەناو ئەواندا بەسەر بردووە، بەجۆرێك لە مەككەدا هیچ سیستەمێكی ئیسلامی نەبوو، بۆیە ئەوان شارەزاترن لە سیستەمی حوكمڕانی و شایستەترن بە خیلافەت لە کەسانی تر.
وە پاساوێکی تریان ئەوە بوو كە ئەم ناوچەیە ناوچەی خۆیانە، وە شتێكی سروشتیە كە خەڵكی زیاتر گوێڕایەڵی ئەوان دەبن وەك لە کۆچکەران، بۆیە پێویستە خەلیفەی پێغەمبەری خوا (ﷺ) لەوان بێت نەك لە كۆچكەران. بەڵام كۆچكەران گوتیان یارمەتیدەران هێندەی ئێمە لە خزمەتی پێغەمبەری خوادا (ﷺ) نەبوون، لەبەر ئەوە ئێمە لە یارمەتیدەران شارەزاترین لە ئاییندا. لەكاتێكدا كۆچكەران بیریان لەوە دەکردەوە چۆن ئەم ناكۆكیە نەهێڵن، وە نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێك، لەناکاو یارمەتیدەران لە “سەقیفەی کوڕی ساعیدە” كۆبوونەوە بۆ ڕاوێژكردن، وە پێیان باش بوو سەعدی كوڕی عوبادە، سەركردەی خەزرەج و یەكێك لە نەقیبەكان، هەڵبژێرن بە خەلیفە، وە گوتیان شار شاری خۆمانە و زەوی زەوی خۆمانە و موڵك و ماڵ هی خۆمانە، بۆیە باشترە بۆ ئیسلام خەلیفە لە ئێمە بێت، وە پێیان وا بوو هیچ كەسێك لە سەعدی كوڕی عوبادە لەپێشتر نیە بۆ ئەم پۆستە، بۆیە هەندێكیان گوتیان: ئەگەر كۆچكەران ڕازی نەبوون بەم بۆچوونە چی بڵێین؟ یەكێكیان گوتی: پێیان دەڵێین: “ئەمیرێك لە ئێمە و ئەمیرێك لە ئێوە”([20]). سەعدی كوڕی عوبادە پیاوێكی ژیر بوو، گوتی: ئەمە یەكەم لاوازیتانە، چونكە وتەی “ئەمیرێك لە ئێمە و ئەمیرێك لە ئێوە” واتە تێنەگەیشتن لە خیلافەت و دروستكردنی فەساد و ئاژاوە لە ئیسلامدا.
هەواڵی ڕاوێژكردنەكەی یارمەتیدەران گەیشتەوە بە كۆچكەران، ئەوە بوو خێرا ڕۆیشتن بۆ شوێنی كۆبوونەوەكە، چونكە دەیانزانی عەرەب گوێڕایەڵی هیچ خەلیفەیەك نابن جگە لە كۆچكەران، گومانی تێدا نیە یارمەتیدەران خاوەنی دەسەڵات و هێزن لە مەدینەدا، بەڵام سەرجەمی عەرەب دان دەنێن بە گەورەیی و شكۆی خەڵكی مەككەدا، بۆیە ئەگەر لەناو یارمەتیدەراندا خەلیفە هەڵبژێردرێت؛ ئەوا عەرەب تووشی كۆمەڵێك گرفتی گەورە دەبێت و زۆربەیان لەم تاقیكردنەوەیەدا دەرناچن. بۆیە كۆچكەران لە سەقیفەی كوڕی ساعیدە ئامادەبوون، وە لەناویاندا ئەبو بەكر و عومەر و ئەبو عوبەیدە هەبوون (رضي الله عنهم). عومەر دەڵێت: لە دڵی خۆمدا قسەیەكی زۆر بەهێزم ئامادەكردبوو بۆ ئەم هەڵوێستە، وە نیازم بوو هەر ئەوەندەی گەیشتمە مەجلیسەكە وتارێكی كاریگەر پێشکەش بکەم و بە هێزی بەڵگەكانم هەموو یارمەتیدەران قەناعەت پێ بكەم بەوەی کە خەلیفە لە كۆچكەران هەڵدەبژێڕدرێت نەك لە یارمەتیدەران. بەڵام كاتێك گەیشتینە شوێنی كۆبوونەوەكە ئەبو بەكر هەستا وتارێكی دا، لە دڵی خۆمدا گوتم: دەبێت ئەم پیاوە چی بڵێت؟ بەڵام سوێند بە خوا هەموو ئەو شتانەی گوت كە من لە دڵی خۆمدا ئامادەم كردبوون، بگرە لەلایەن خۆیەوە كۆمەڵێك بەڵگەی بەهێزی تری خستەڕوو، ئەوسا زانیم كە من هەرگیز ناتوانم پێش ئەبو بەكر بكەوم.([21])
بەكورتی، كۆچكەران بە یارمەتیدەرانیان گوت: دەبێت لە ئێستادا ئەمیر لە قوڕەیش بێت، وە بەم فەرموودەیەی پێغەمبەری خوا (ﷺ): “پێشەواكان لە قوڕەیشن” بەڵگەیان هێنایەوە([22]) باسی پێشینەی خۆیانیان كرد لە ئایین و قوربانیدان لەپێناوی ئیسلامدا. ئەوە بوو خەبابی كوڕی مونزیری خەزرەجی لەڕوویاندا وەستا و گوتی: هەرگیز ڕازی نابین خەلیفە لە كۆچكەران بێت، وە ئەگەر ئێوە سوورن لەسەر هەڵوێستی خۆتان؛ ئەوا ئەمیرێك لە ئێمە و ئەمیرێك لە ئێوە.. واتە خەلیفەیەك لە ئێوە بێت و خەلیفەیەك لە ئێمە. عومەر گوتی: ئەی پیاو لەسەرخۆبە! ئایا نازانیت كە پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرموویەتی: لە یەك كاتدا دوو ئەمیر نابێت؟([23]). بۆیە داواكاریەکەتان بەوەی ئەمیرێك لە ئێوە و ئەمیرێك لە ئێمە بێت لەڕووی عەقڵ و شەرعەوە پووچە.
لێرەدا ڕوون دەبێتەوە كە كۆمەڵێك فەرموودە هەبوون تێیاندا پێغەمبەری خوا (ﷺ) شەرحی سیستەمی خیلافەتی كردووە، بەڵام لە ژیانی خۆیدا (ﷺ) هاوەڵان زەینیان بۆ ئەو فەرموودانە نەچووە، لەبەر هەمان حیكمەتی خوایی كە پێشتر ئاماژەم پێ كرد.
هەڵبژاردنی ئەبو بەكر (رضي الله عنه)
پاش مشتومڕ و دانوستاندن ئەبو عوبەیدە (رضي الله عنه) هەستا و گوتی: ئەی یارمەتیدەران ئێوە یەكەم كۆمەڵ بوون باوەڕتان هێنا بە پێغەمبەری خوا (ﷺ) لە دەرەوەی مەككە، دوای ئەوەی كۆچی دوایی كرد (ﷺ) مەبن بە یەكەم كۆمەڵ كە ویستی ئایین بگۆڕن. ئەوە بوو كۆمەڵەكە زۆر كاریگەربوون بە قسەكەی تەنانەت بەشیری كوڕی سەعدی خەزرەجی هەستا و گوتی بە هۆزەكەی: خزمینە، ئەم كەسانە هەرچیەكیان گوت ڕاست بوو، دیارە ئێمە خزمەتی پێغەمبەرمان (ﷺ) نەكردووە و یارمەتیمان نەداوە لەپێناوی بەرژەوەندیەكانی دنیا و بۆ ئەوەی بگەین بە كورسی دەسەڵات لە دوای خۆی، بەڵكو تەنها لەبەر ڕەزامەندی خوا ئەو كارەمان كردووە، بۆیە مشتومڕ و گفتوگۆ دەربارەی مافی خۆمان نیە بەڵكو دەربارەی ئەوەیە كە ئیسلام چیمان لێ داوا دەكات، کەواتە پێویستە براگەورە لە كۆچكەران بێت، ئەوان ماوەیەكی درێژتر لە خزمەتی پێغەمبەردا (ﷺ) ماونەتەوە. ئینجا یارمەتیدەران دەستیانکرد بە ڕاگۆڕینەوە كە نیو كاتژمێر یان سێ چارەك بەردەوام بوو، هەتا هەموو بۆچوونەكان لەسەر ئەوە یەکیانگرت كە خەلیفە لە كۆچكەران هەڵبژێردرێت. ئەوە بوو ئەبو بەكر عومەر و ئەبو عوبەیدەی بۆ ئەم پۆستە پاڵاوت و گوتی: دەتوانن بەیعەت بدەن بە یەكێكیان. بەڵام هەردووكیان ئەمەیان ڕەت كردەوە و گوتیان: بەیعەت بە كەسێك دەدەین كە پێغەمبەر (ﷺ) فەرمانی پێكرد بەرنوێژی بۆ خەڵكی بكات، كە باشترین كەسی كۆچكەرانە. دیارە مەبەستیان ئەبو بەكر بوو، وە یەكەم كەس كە بەیعەتی پێ دا عومەر بوو پاشان ئەبو عوبەیدە پاشان بەشیری كوڕی سەعدی خەزرەجی، پاشان كۆمەڵێك لە هۆزی ئەوس پاشان لە خەزرەج. وە خەڵكی ئەوەندە بە گوڕوتینەوە چوون بۆ بەیعەتپێدانی تەنانەت سەعدیان پێشێل كرد كە نەخۆش بوو و نەیتوانی بەپێوە بوەستێت. لە كاتێكی كەمدا هەموان بەیعەتیان پێدا جگە لە سەعد و عەلی، وە كوڕەكەی سەعدیش بەیعەتی دا، پاشان دوای چەند ڕۆژێك عەلی بەیعەتیدا، وە لە هەندێ ڕیوایەتدا هاتووە كە پاش سێ ڕۆژ بەیعەتیدا، وە لە هەندێكیاندا هاتووە پاش شەش مانگ بەیعەتیدا. وە ئەو ڕیوایەتانەی كە دەڵێن دوای شەش مانگ بەیعەتی داوە باسی ئەوە دەكەن كە بۆی نەكراوە بەیعەت بدات بە ئەبو بەكر لەبەرئەوەی سەرقاڵ بووە بە تیماركردنی نەخۆشیەكەی فاتیمەوە (ڕەزای خوای لێ بێت)، وە كاتێك هات بۆ لای ئەبو بەكر بۆ بەیعەتدان داوای لێبوردنی كردووە بۆ دواكەوتنەكەی و گوتوویەتی: لەبەر نەخۆشیەكەی فاتیمە دواكەوتووە.
هەڵبژاردنی عومەر (رضي الله عنه)
ئەبو بەكر (رضي الله عنه) لەسەرەمەرگدا ڕاوێژی كرد بە هاوەڵان كە كێ ببێت بە خەلیفە، هەموویان بەلایانەوە باش بوو عومەر ببێت بە خەلیفە، بەڵام هەندێكیان ڕەخنەیان گرت و تاكە پاساویان ئەوە بوو كە عومەر كەمێك تووڕەیە، بۆیە مەترسی هەیە توندوتیژ بێت بەرامبەر خەڵك. ئەبو بەكر گوتی: هۆكاری ئەم ڕەقی و تووڕەییە ئەوەیە كە هیچ بەرپرسیارێتیەك نەخراوەتە سەر شانی، كاتێك ئەم بەرپرسیارێتیە دەخرێتە سەرشانی ڕەقی و تووڕەییەكەی نامێنێت و هێوردەبێتەوە. ئەوە بوو هەموویان ڕازی بوون بە خیلافەتی عومەر.
بابەتەكەش بەم شێوەیە بوو: كاتێك ئەبو بەكر (رضي الله عنه) نەخۆشکەوت بە یارمەتی ئەسمای خێزانی چوو بۆ مزگەوت، قاچ و دەستی دەلەرزین، ئینجا وتارێكی دا بۆ خەڵكەكە و گوتی: چەندین ڕۆژە بەردەوام بیردەكەمەوە کە دوای مردنم كێ خەلیفە بێت لەناوتاندا، پاش بیركردنەوە و دوعایەكی زۆر وام بەباش زانی كە عومەر بكەم بە خەلیفە، ئیتر دوای مردنی من ئەو خەلیفەیە لەناوتاندا. هەموو هاوەڵان و کەسانی تریش ڕازی بوون بەوەی عومەر براگەورە بێت، ئەوە بوو دوای كۆچی دوایی ئەبو بەكر بەیعەتیان پێدا.([24])
هەڵبژاردنی عوسمان (رضي الله عنه)
كاتێك عومەر (رضي الله عنه) بریندار كرا و زانی دەمرێت، شەش كەسی ڕاسپارد و فەرمانی پێ كردن كە یەكێ لە خۆیان هەڵبژێرن بە خەلیفە، ئەو شەش كەسەش ئەمانە بوون: عوسمان، عەلی، عەبدولڕەحمانی كوڕی عەوف، سەعدی كوڕی ئەبی وەققاس، زوبەیری كوڕی عەووام و تەڵحە (y). هەروەها عەبدوڵڵای كوڕی عومەری خستە ڕیزیانەوە تەنها بۆ ڕاوێژپێكردن و گوتی: ئەو هەرگیز هەڵنابژێردرێت بە خەلیفە. وە عومەر ئامۆژگاری كردن كە پێویستە لە ماوەی سێ ڕۆژدا بڕیار بدەن، وە لەو ماوەیەدا سوهەیب نوێژ بۆ خەڵك بكات، وە فەرمانی كرد بە میقدادی كوڕی ئەسوەد كە سەرپەرشتی ڕاوێژی ئەو شەش كەسە بكات، وە فەرمانی پێ كرد كە زۆریان لێ بكات بۆ ئەوەی لە شوێنێكدا كۆببنەوە و بڕیار بدەن و خۆی بە شمشێرەكەیەوە پاسەوانی شوێنەكە بكات. وە ئەو كەسەی كە زۆرینەیان هاوڕابوون لەسەری با خەڵكی بەیعەتی پێ بدەن، وە ئەو کەسەی ڕەتی كردەوە با بكوژرێت. وە ئەگەر هەردوولا یەكی سێ دەنگیان هەبوو؛ ئەوا ئەوەیان كە عەبدوڵڵا دەنگی بۆ دەدات بریتیە لە خەلیفە. وە ئەگەر ڕازی نەبوون بە بڕیارەكەی؛ ئەوا ئەو كەسەی كە عەبدولڕەحمانی كوڕی عەوف دەنگی بۆ داوە ئەوە خەلیفەیە. پێنج كەسیان كۆبوونەوە بۆ ڕاوێژ چونكە تەڵحە لەو كاتەدا لە مەدینە نەبوو، وە ئەم پێنج کەسە نەگەیشتنە ئەنجامێك. وە پاش گفتوگۆیەكی درێژ عەبدولڕەحمانی كوڕی عەوف گوتی: زۆرباشە، كێ لە ئێوە دەیەوێت ناوی خۆی بكێشێتەوە؟ هەموویان بێدەنگ بوون. عەبدولڕەحمانی كوڕی عەوف گوتی: من ناوی خۆم دەكێشمەوە پێش هەمووتان. پاشان عوسمان گوتی: من ناوی خۆم دەكێشمەوە. پاشان دووانەكەی تر ناوی خۆیان كێشایەوە، وە عەلی بەردەوام بێدەنگ بوو. لە كۆتاییدا بەڵێنێك لە عەبدولڕەحمانی كوڕی عەوف وەرگیرا كە لایەنگری كەس نەبێت لەكاتی بڕیارداندا، ئەویش پەیمانی پێدان، ئیتر هەموو كارەكە كەوتە دەستیەوە. پاشان عەبدولڕەحمانی كوڕی عەوف ماڵ بە ماڵ سەردانی ماڵەكانی مەدینەی كرد بۆ ماوەی سێ ڕۆژ و پرسیاری كرد لە ژنان و پیاوان كە بە خیلافەتی كێ ڕازین، ئەوە بوو هەموویان ڕازی بوون بە خیلافەتی عوسمان، ئینجا بڕیاری دا لە بەرژەوەندی عوسمان و ئەویش بوو بە خەلیفە.
هەڵبژاردنی عەلی (رضي الله عنه)
پاشان كاتێك گەورەمان عوسمان (رضي الله عنه) شەهیدكرا، وە ئەو هاوەڵانەی کە لە مەدینەدا بوون بینییان ئاژاوەكە وردە وردە گەورە دەبێت لەناو موسوڵماناندا بۆیە پێداگرییان كرد لە عەلی (رضي الله عنه) كە بەیعەت وەربگرێت لە خەڵكی. وە لەلایەكی ترەوە هەندێ لە ئاژاوەگێڕان خێرا چوون بۆ لای عەلی و پێیان گوت: مەترسیەكی گەورە لەسەر دەوڵەتی ئیسلامی هەیە كە پەرتەوازە بێت، بۆیە بەیعەت وەربگرە لە خەڵكی بۆ ئەوەی ترسەكەیان نەمێنێت و پایەكانی ئاشتی و ئاسایش جێگیر بن، ئەویش بەردەوام هەڵگرتنی ئەم ئەركەی ڕەت دەكردەوە، بەڵام كاتێك بینی چاری نەماوە جگە لە وەرگرتنی بەیعەت ئەوە بوو بەیعەتی وەرگرت لێیان. هەندێ لە هاوەڵە گەورەكان لەو كاتەدا لە دەرەوەی مەدینە بوون، لەكاتێكدا بەزۆر بەیعەت وەرگیرا لە هەندێكیان، لە تەڵحە و زوبەیرەوە دەگێڕنەوە كە حەكیمی كوڕی جەبلە و مالیكی كوڕی ئەشتەر لەگەڵ كۆمەڵێك لە خەڵك نێردران بۆ لایان و شمشێریان لێ هەڵكێشان و گوتیان: بەیعەت بدەن بە عەلی ئەگینا دەتانكوژین. وە لە هەندێ ڕیوایەتدا هاتووە كە هەردووکیان بەڕاكێشران بەسەر زەویدا هێنران و ئینجا بەیعەتیان دا. شتێكی ڕوونە ئەم جۆرە بەیعەتە ڕاستەقینە نیە. كاتێك بەیعەتیان دا بە عەلی گوتیان: لەسەر ئەوە بەیعەتت پێ دەدەین كە تۆڵە بكەیتەوە لە بكوژانی عوسمان (رضي الله عنه). بەڵام كاتێك بینییان عەلی بەخێرایی تۆڵە ناكاتەوە لە بكوژانی عوسمان، بەیعەتەكەیان هەڵوەشاندەوە و ڕۆیشتن بۆ مەككە.
ڕاگەیاندنی جیهاد لەلایەن عائیشەوە (ڕەزای خوای لێ بێت)
كۆمەڵێك لە بكوژانی عوسمان (رضي الله عنه)، بە هیوای هەڵگیرساندنی ئاژاوە، توانییان عائیشە فریوبدەن و ڕازیی بكەن بە ڕاگەیاندنی جیهاد بۆ تۆڵەسەندنەوەی عوسمان. ئەویش (عائیشە ڕەزای خوای لێ بێت) جیهادی ڕاگەیاند و جاڕی بۆدا و هاوەڵەكانی بانگ كرد بۆ ئەوەی یارمەتی بدەن، ئەوە بوو تەڵحە و زوبەیر پەیوەندییان پێوە كرد، وە سوپای عەلی و سوپای عائیشە و تەڵحە و زوبەیر دەستیانكرد بە جەنگ و كوشتار، ئەم جەنگە ناونرا جەنگی جەمەل. بەڵام پێش ئەوەی جەنگەكە دەستپێبکات زوبەیر كشایەوە و دەستی هەڵگرت لە جەنگكردن پاش ئەوەی لە عەلیەوە پێشبینیەكی پێغەمبەری (ﷺ) بیست كە تایبەت بوو بەخۆی، وە دانی نا بەوەدا کە لە ئیجتیهاددا هەڵەی كردووە و سوێندی خوارد هەرگیز جەنگ نەكات لەگەڵ عەلیدا. تەڵحەیش پێش ئەوەی كۆچی دوایی بكات دانی نا بە بەیعەتەكەیدا بۆ عەلی، بەجۆرێك لە ڕیوایەتەكاندا هاتووە كاتێك لە تاو ئازاری برینداری دەتلایەوە، لەناکاو كەسێك بەلایدا تێدەپەڕێت، تەڵحە لێی دەپرسێت: تۆ لە چ گرووپێکیت، ئەویش دەڵێت: من لە گرووپی عەلیم، تەڵحەش دەست دەخاتە ناو دەستیەوە و دەڵێت: دەستی تۆ بە دەستی عەلی دادەنێم، وە دووبارە بەیعەتی پێ دەدەم.الكامل في التأریخ، ذكر مسیر علي إللا البصرة و الوقعة.
ڕاجیایی و ناكۆكی هاوەڵان لەگەڵ عەلیدا لە جەنگی جەمەلدا یەكلایی كرایەوە، بەڵام ناكۆكی و جیاوازی موعاویە لەگەڵ عەلیدا بەردەوام مایەوە وەك خۆی هەتا جەنگی صیففین ڕوویدا.
ڕووداوەكانی جەنگی صیففین
لەم جەنگەدا هاوەڵانی موعاویە فێڵێكیان كرد بەجۆرێك قورئانەكانیان كرد بە نووكی ڕمەكانەوە و گوتیان ڕازین بە بڕیاری قورئان، بۆیە پێویستە دوو ناوبژیوان دابنرێن بۆ ئەم مەبەستە. ئەو كەسانەی لە پیلانی كوشتنی عوسمان تێوەگلابوون کاتێك ئەم پێشنیارەیان بیست چوونە پێشەوە و پێداگرییان كرد لە عەلی بۆ قەبووڵكردنی ئەم پێشنیارە و دانانی ناوبژیوانێك لەلایەن خۆیەوە. ئەم کەسانە پێشتر دزەیان كردبووە ناو ڕیزەكانی عەلیەوە، وە ئەم کارەیان کرد بۆ ئەوەی خۆیان قوتار بكەن لە سزای تاوانەكەیان. بەردەوام عەلی (رضي الله عنه) پێشنیارەكەی ئەوانی ڕەت دەكردەوە، بەڵام ئەوان و هەروەها هەندێ كەسی سروشت لاوازی فریودراو، ناچاریان کرد لەلایەن خۆیەوە ناوبژیوانێك دەستنیشان بکات. لەلایەن عەلیەوە ئەبو مووسای ئەشعەری وەك ناوبژیوان دانرا، وە عەمری كوڕی عاس لەلایەن موعاویەوە دەستنیشان کرا. لە ڕاستیدا ئەم ناوبژیوانیە بۆ ڕووداوی كوشتنەكەی عوسمان (رضي الله عنه) بوو، وە مەرجی ناوبژیوانیەکە ئەوە بوو كە بڕیارەكەیان تەبا و یەکانگیر بێت لەگەڵ قورئانی پیرۆزدا، بەڵام عەمری كوڕی عاس و ئەبو مووسای ئەشعەری پاش ڕاوێژكردن لەنێوان خۆیاندا بڕیاریاندا سەرەتا عەلی و موعاویە كەنارگیر بكەن و دووریان بخەنەوە، چونكە پێیان وا بوو ئەم دووانە هۆكاری ئەو كارەساتەبوون كە تووشی هەموو موسوڵمانان بووە، پاشان موسوڵمانان بە ئازادی خۆیان خەلیفەیەك بۆ خۆیان هەڵبژێرن، لەگەڵ ئەوەی بڕیاری لەم جۆرە یەكێك نەبوو لە ئەركەکانی هەردوو ناوبژیوانەكە. ئەوە بوو كۆبوونەوەیەكی گشتییان بەست بۆ ڕاگەیاندنی بڕیارەكەیان، عەمری كوڕی عاس بە ئەبو مووسای ئەشعەری گوت: سەرەتا تۆ بڕیارەكەی خۆت ڕابگەیەنە، پاشان من ڕایدەگەیەنم. ئەبو مووسای ئەشعەری ڕایگەیاند كە ئەو عەلی كەنارگیر دەكات لە خیلافەت. ئینجا عەمری كوڕ عاس هەستا و گوتی: بێگومان ئەبو مووسای ئەشعەری عەلی كەنارگیر كرد، وە من هاوڕام لەگەڵ بڕیارەكەیدا و عەلی كەنارگیر دەكەم، بەڵام من موعاویە كەنارگیر ناكەم، بەڵكو دان دەنێم بەوەدا كە ئەمیرە (عەمری كوڕی عاس لە ڕاستیدا كەسێكی چاك بوو، بەڵام باسی ئەوە ناكەم كە بۆچی ئەم بڕیارەی دا). پاش ئەوەی هەردووكیان ئەم بڕیارەیان ڕاگەیاند هاوەڵەكانی موعاویە گوتیان: هەردوو ناوبژیوانەكە بڕیاری خۆیان دەركرد لە بەرژەوەندی موعاویە و لە دژی عەلی و بڕیارەکەیان بڕیارێكی دروستە، بەڵام عەلی (رضي الله عنه) ئەم بڕیارەی ڕەتكردەوە و گوتی: سەرەتا دوو ناوبژیوانەكە بۆ ئەم مەبەستە دانەنراون، پاشان بڕیارەكەیان بەگوێرەی هیچ حوكمێكی قورئانی پیرۆز نیە. ئینجا ئەو گرووپە دووڕووە لە هاوەڵانی عەلی كە سوور بوون لەسەر دانانی ناوبژیوان لەلایەن عەلیەوە، تووڕەبوون و كردیان بە هەرا و گوتیان: بۆچی ناوبژیوانت دانا لەكاتێكدا دانانی ناوبژیوان لەكاروباری ئاییندا شتێكی ناڕەوایە؟ عەلیش (رضي الله عنه) وەڵامی دانەوە و گوتی: سەرەتا یەكێك لە مەرجەكانی بەڵێننامەكە ئەوە بوو كە دەبێت بڕیارەكەیان تەبا و ڕێك بێت لەگەڵ قورئانی پیرۆزدا، بەڵام ئەوان مەرجەكەیان جێبەجێ نەكرد، دووەم: تەنها دوای پێداگری ئێوە ئینجا لەلایەن ئێمەوە ناوبژیوان دانرا، ئیتر بۆچی ئێستا دەڵێن بۆچی داتنا؟ گوتیان: قسەكەی ئێمە بێمانا و پووچ بوو، وە ڕەفتارەكەمان هەڵە بوو، بەڵام بۆچی تۆ ڕازی بوویت بە هەڵەی ئێمە؟ ئەمە مانای وایە كە ئێمە بووین بە تاوانبار و بەهەمان شێوە تۆیش، ئێمە هەڵەمان كرد و تۆیش هەڵەت كرد، ئێمە تۆبەمان كرد لە هەڵەكەمان، وا باشترە تۆیش تۆبە بكەیت و دان بنێیت بەوەدا كە ئەوەی كردووتە ڕەوا نەبووە. مەبەستیان ئەوە بوو كە عەلی (رضي الله عنه) ئەگەر ئەوەی ڕەت كردەوە كە ئەوان دەیڵێن؛ ئەوا لە بەیعەتەكەی دەردەچن بە بیانووی ئەوەی كە كارێكی كردووە بە پێچەوانەی ئیسلامەوە، بۆیە دوای ئەوە مانەوە لە بەیعەتی ئەودا ڕەوا نیە، بەڵام ئەگەر دانی نا بەهەڵەی خۆیدا و گوتی من پەشیمانم لەوەی كردوومە؛ ئەوا لەخۆوە خیلافەتەكەی پووچەڵ دەبێتەوە، چونكە ئەو كەسەی ئەم تاوانە گەورەیە ئەنجام بدات چۆن دەبێت بە خەلیفە؟ عەلیش (رضي الله عنه) بەرپەرچی دانەوە و گوتی: هیچ هەڵەیەكم نەكردووە، چونكە ئەو كارەی كە ناوبژیوانم تێدا داناوە بەگوێرەی شەریعەت ڕەوایە ناوبژیوان تێیدا دابنرێت، ئەمە یەكەم، دووەم: كاتی دانانی ناوبژیوان بەڕاشكاوی من ئەو مەرجەم دانا كە من ڕازی دەبم بە بڕیارەكەیان مادام تەبا بێت لەگەڵ قورئانی پیرۆز و فەرموودەدا، ئەگینا هەرگیز پێی ڕازی نابم، وە لەبەرئەوەی هەردووكیان پێچەوانەی ئەم مەرجە جووڵانەوە و بڕیارەكەیان لەو شتەدا نەبوو كە هەردووكیان دانرابوون بۆی، بۆیە بڕیارەكەیان حوججە نیە لەسەر من. وە ئەو كەسانە پاساوەكەی عەلییان (رضي الله عنه) قەبووڵ نەكرد و لە بیعەتەكەی دەرچوون ناویاننرا “خەواریجەكان”، وە ڕێبازێكی نوێیان بۆ خۆیان داهێنا و بەگوێرەی ئەو ڕێبازە واجب نیە گوێڕایەڵی هیچ خەلیفەیەك بکرێت، بەڵكو دەبێت كار بە ڕای زۆرینەی موسوڵمانان بكرێت، چونكە ئەو قسەیە كە دەڵێت واجبە گوێڕایەڵی ئەمیرێك بكرێت پێچەوانەی بنەمای “لا حكم إلا لله”یە.([25])
تیۆری خیلافەتی عەلی ڕاستەوخۆ دوای پێغەمبەر (ﷺ)
ئەمە یەكەم ناكۆكی بوو دەربارەی خیلافەت ڕوویدا. لایەنگرانی عەلی (رضي الله عنه) وەڵامی ئەو تانەدەرانەیان دەدایەوە و لە وەڵامەكەیاندا دەیانگوت كۆمەڵێك پێشبینی پێغەمبەریش (ﷺ) هەیە دەربارەی خیلافەتی عەلی، وە كاتێك بەدرێژی باسی ئەم پێشبینیانەیان كرد هەندێکیان -کە لەسنووردەرچوو بوون- بیریان كردەوە و گوتیان پێویست ناكات بەتایبەتی گفتوگۆ بكرێت لەسەر پرسی خیلافەت، بەڵكو تەنها پێویستە بڵێین خیلافەتی عەلی لە ئەنجامی هیچ هەڵبژاردنێكەوە نیە، بەڵكو ئەنجامی كۆمەڵێك پێشبینی پێغەمبەرە (ﷺ)، عەلی خەلیفەیەكە پێغەمبەر (ﷺ) دایناوە ڕاستەوخۆ دوای خۆی. قسەكەیان لە قسەی ئەو كەسە دەچێت كاتێك باسی ئەو بابەتە دەکات كە من “موسڵیحی بەڵێندراوم” ڕەنگە بڵێت: ئێمە دان دەنێین بە خیلافەتەكەیدا لەبەرئەوەی كۆمەڵێك پێشبینی (مەسیحی بەڵێندراو) هەیە دەربارەی خیلافەتەكەی، نەك لەبەرئەوەی زۆرینەی كۆمەڵ وەك خەلیفە هەڵیانبژاردووە. ئەو كەسەی ئەم قسەیە بكات بەرەو تیاچوون دەڕوات، چونكە ئەم بیروبۆچوونە وردە وردە بیروباوەڕی ئیمامەتی یەك كەس لە هزری خەڵکدا دەچەسپێنێت و گرنگی سیستەمی خیلافەت لە دڵەكاندا ناهێڵێت.
بەهەرحاڵ، هەندێ كەسی لەسنووردەرچوو لە یارانی عەلی (رضي الله عنه) لە پێشبینیەكانی پێغەمبەرەوە (ﷺ) دەربارەی عەلی ئەو ئەنجامەیان وەرگرت كە خیلافەتەكەی تەنها بریتیە لە ئەنجامی ئەم پێشبینیانە و ئەنجامی هیچ هەڵبژاردنێك نیە، پاشان وردە وردە ئەو باوەڕەیان بۆ دروست بوو كە دەڵێت علی لە ڕاستیدا ئیمامە.. واتە فەرمانپێكراوە، وە خیلافەت بەو مانایە نیە كە هەتا ئەمڕۆ بەردەوام موسوڵمانان تێگەیشتوون، بەڵكو ئیمام بە فەرمانێكی تایبەت لەلایەن خواوە دادەمەزرێت بۆ هیدایەت و ڕێپیشاندانی خەڵكی.
سێ گرووپ لەناو موسوڵمانان دەربارەی پرسی خیلافەت
بەهۆی ئەم بیروباوەڕە ناكۆكانەوە موسوڵمانان دابەشبوون بۆ سێ گرووپ دەربارەی بابەتی خیلافەت: گرووپی یەكەم پێی وا بوو خیلافەت واتە نوێنەرایەتی و پێویستە جێگر و نوێنەرێك بۆ پێغەمبەری خوا (ﷺ) هەبێت دوای خۆی، وە خەلیفە ئەو كەسەیە كە بە بڕیاری زۆرینەی موسوڵمانان هەڵدەبژێردرێت، یان ئەو كەسەیە کە یەکێك لە خەلیفەکان دەستنیشانی بکات و ئوممەت پێی ڕازیبێت، وە واجبە گوێڕایەڵی ئەم خەلیفەیە بكرێت. پەیڕەوکاران و لایەنگرانی ئەم تیۆریە پێیان دەوترێت سوننە.
گرووپی دووەم پێی وایە حوكم بۆ خوایە، وە ئەو قسەیە کە دەڵێت پێویستە گوێڕایەڵی کەسێك بکرێت بریتیە لە هاوەڵدانان بۆ خوا، لەبەر ئەوە پێویستە بەگوێرەی ڕای زۆرینە بڕیار بدرێت، وە موسوڵمانان ئازادن لەوەدا چۆنیان بوێت بڕیار بدەن بۆ خۆیان. وە لایەنگرانی ئەم تیۆریە پێیان دەوترێت خەواریجەكان.
گرووپی سێیەم باوەڕی وایە خەڵكی ئەمیر دانانێن، بەڵكو دانانی ئەمیر ئەركی خوای گەورەیە، وە خوای گەورە عەلیی کردووە بە ئیمام و لەدوای ئەویش یانزە ئیمامی تری داناوە و كۆتا ئیمام هەتا ئێستا زیندووە بەڵام دیار نیە. وە لایەنگران و پەیڕەوکارانی ئەم تیۆریە پێیان دەوترێت شیعە.
پاشان لەم گرووپەی كۆتاییەوە گرووپێكی تر پەیدا بوون كە دەڵێن: دەبێت ئیمامێكی زیندوو بوونی هەبێت لە دنیادا لە هەموو كاتێكدا، وە لەڕابردوودا هەر بەم شێوەیە بووە. وە لایەنگران و پەیڕەوکارانی ئەم بیرۆكەیە پێیان دەوترێت شیعەی ئیسماعیلی.
باسی خیلافەتی ئیسلامی ئەحمەدی
ئەمە مێژووی ئەو خیلافەتە بوو كە ڕاستەوخۆ دوای پێغەمبەر (ﷺ) دامەزرا، ئێستا دەربارەی ئەو خیلافەتە قسە دەكەم كە دوای مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) دامەزرا.
دۆخی كۆمەڵ (واتە کۆمەڵی ئەحمەدی) لەڕووی عەقڵی و هزرییەوە لە سەردەمی مەسیحی بەڵێندراودا (علیه السلام) وەكو دۆخی عەقڵی و هزریی هاوەڵان وا بوو لە سەردەمی پێغەمبەردا (ﷺ)، ئێمەش پێمان وا بوو مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) لە ئێستادا هەرگیز نامرێت، لەبەرئەوەی دڵ و مێشكمان بۆ ساتێكیش لە بیری ئەوەدا نەبوو كە لەدوای كۆچی دوایی (مەسیحی بەڵێندراو) چی ڕوودەدات. لەكاتی كۆچی دوایی بەڕێزیدا (علیه السلام) من مناڵێكی بچووك نەبووم بەڵكو گەنجێك بووم، وتار و بابەتم دەنووسی و سەرنووسەری گۆڤارێك بووم، سوێند بە خوای گەورە بۆ ساتێكیش ئەوە نەهاتووە بە دڵمدا كە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) كۆچی دوایی دەكات، لەگەڵ ئەوەی لە ساڵەكانی كۆتایی ژیانیدا بەدوای یەكدا كۆمەڵێك ئیلهامی پێدەگەیشت سەبارەت بەوەی كە مردنی نزیكە، لە ڕۆژەكانی كۆتایی ژیانیدا ئەم ئیلهامانە زۆر بوون. سەرەڕای ئەم ئیلهامانە و سەرەڕای ئەوەی هەندێكیان ساڵی مردن و بەروارەكەیشیان دیاری كردبوو، وە سەرەڕای ئەوەی ئێمە نامیلكەی “الوصیة”مان دەخوێندەوە، بەڵام ئێمە پێمان وا بوو كە ئەم شتانە دوای دوو سەدە ڕوودەدەن، لەبەر ئەوە هەرگیز ئەوە نەدەهات بە دڵماندا كە كاروبارەکان دەبێت چۆن بێت دوای كۆچی دوایی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام). وە لەبەرئەوەی ئێمە وا بیرمان دەكردەوە كە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) هەرگیز لە ژیانی ئێمەدا نامرێت، بۆیە كاتێك كۆچی دوایی كرد قورس بوو لەسەرمان باوەڕ بەوە بكەین. چاك لەبیرم دێت پاش ئەوەی تەرمی مەسیحی بەڵێندراویان (علیه السلام) شۆرد و كفنیان کرد، هەر كاتێك با هەڵیدەكرد كفنەكەی یان سمێڵی بەڕێزی (علیه السلام) دەجووڵاند، هەندێ كەس بە خێرایی دەهاتن و دەیانگوت: بەڕێزی (علیه السلام) هێشتا زیندووە، بینیمان پۆشاكەكەی دەجووڵێت، سمێڵی دەجووڵێتەوە.
ئینجا دوای ئەوەی تەرمەكەی گواسترایەوە بۆ قادیان و لە ژوورێكی باخچەكەیدا دانرا، خواجە كەمالەددین لە دەوروبەری كاتژمێر هەشت یان نۆدا گەیشت و منی بردە لاوە و گوتی: میان [وشەی ڕێز و خۆشەویستیە] ئایا بیرت كردووەتەوە کە دەبێت كاروبار چۆن بێت پاش كۆچی دوایی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام)؟ منیش گوتم: پێویستە شتێك هەبێت، بەڵام ناتوانم بڵێم پێویستە چۆن بێت. گوتی: پێم وایە پێویستە لەسەر هەموومان بەیعەت بدەین بە حەزرەتی مەولەوی (نوورەددین). بەهۆی بچووكی تەمەنم و بەهۆی كەمی خوێندنەوە و شارەزاییم (لەم بابەتەدا) پێم گوت: مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) لە هیچ شوێنێكدا نەینووسیوە كە دوای كۆچی دوایی خۆی ئێمە بەیعەت بدەین بە كەسێك، ئیتر بۆچی بەیعەت بدەین بە بەڕێز مەولەوی؟ (لەگەڵ ئەوەی بەڕێزی (علیه السلام) باسی بابەتی بەیعەتدان بە كەسێكی كردووە لە نامیلكەی “الوصیة”دا، بەڵام لەو كاتەدا نەهات بە مێشكمدا)، دەستی كرد بە گفتوگۆكردن لەگەڵمدا دربارەی ئەم بابەتە و گوتی: ئەگەر لەسەر دەستی كەسێكدا بەیعەت نەدەین؛ ئەوا كۆمەڵەكەمان دەفەوتێت. پاشان گوتی: هەر ئەمە ڕوویدا دوای كۆچی دوایی پێغەمبەریش (ﷺ)، بەجۆرێك خەڵكی بەیعەتیاندا بە ئەبو بەكر (رضي الله عنه)، بۆیە پێویستە لەسەر ئێمەیش ئێستا بەیعەت بدەین بە كەسێك، وە بەلای منەوە لە كۆمەڵەكەماندا كەسێك نیە لە مەولەوی لەپێشتر بێت بۆ ئەم پۆستە، ئەمە بۆچوونی مەولەوی موحەممەد عەلی بەڕێزیشە، بەجۆرێك ئەویش دەڵێت پێویستە هەموو كۆمەڵ بەیعەت بدەن بە بەڕێز مەولەوی. لەكۆتاییدا كۆمەڵ پێكهاتن و بەیەك دەنگ تكایان كرد لە حەزرەتی خەلیفەی یەكەم (رضي الله عنه) كە بەیعەت وەربگرێت لە خەڵكی. خەڵكەكە هەموویان لە باخچەكەدا كۆبووبونەوە، حەزرەتی خەلیفەی یەكەم (رضي الله عنه) لەم كۆبوونەوەیەدا وتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا گوتی: من حەزم لە پێشەوایەتی نیە و دەمەوێت بەیعەت بدەن بە كەسێكی تر. لەم بارەیەوە ناوی منی هێنا، ئینجا ناوی باپیرم (باوكی دایكم) میر ناصر نەوابی بەڕێزی هێنا، پاشان مێردی خۆشكەكەم نەواب موحەممەد عەلی خان، وە هەندێ برای تر. بەڵام ئێمە هەموومان تكامان لێ كرد و پێمان گوت: بێگومان تۆ شیاوتری بە پایەی خیلافەت. ئەوە بوو هەموومان بەیعەتمان پێدا.
دوو سێ هەفتە تێنەپەڕی بەسەر بەیعەتەكەیدا هەتا ڕۆژێكیان مەولەوی موحەممەد عەلی بەڕێز چاوی پێم كەوت و گوتی: بەڕێز میان، ئایا جارێك بیرت لەوە كردووەتەوە چۆن سیستەمی كۆمەڵەكەمان بەڕێوەدەچێت؟ منیش گوتم: لە ئێستادا چ پێویست دەكات بیر لەوە بكرێتەوە ئەوەتا ئێمە بەیعەتمانداوە بە حەزرەتی مەولەوی؟ گوتی: ئەم بەیعەتە بەیعەتی موریدەكانە بۆ ڕابەرەكەیان، پرسیارەكەی من ئەوەیە چۆن سیستەمی كۆمەڵەكەمان بەڕێوەبچێت. گوتم: پێم وایە ئەم شتە ئیتر شایانی ئەوە نیە بیری لێ بكرێتەوە، چونكە مادام ئێمە بەیعەتمان داوە بە كەسێك ئێستا ئەو باشتر دەزانێت چۆن سیستەمی ئەم كۆمەڵە بەڕێوەدەچێت، وە پێویست ناكات ئێمە خۆمان هەڵقورتێنین لەم بابەتە. ئینجا بێدەنگ بوو، بەڵام گوتی: ئەم بابەتە شایانی ئەوەیە بیری لێ بكرێتەوە.
كۆمەڵێك پرسیار کە میر موحەممەد ئیسحاق بەرزیكردنەوە بۆ خەلیفەی یەكەم
پاش چەن ڕۆژێك كۆمەڵێك پرسیار لەسەر زاری ڕۆڵەكانی كۆمەڵدا دەگوترانەوە وەك: دەسەڵاتەكانی خەلیفە چیە؟ ئایا خەلیفە شوێنكەوتەی دامەزراوەی “صدر أنجمن أحمدیة”یە [وشەی “انجمن” لە زمانی ئوردیدا واتە: لیژنە یان دەستە یان دامەزراوە. (وەرگێڕ)] یان ئەو دەزگایە شوێنكەوتەی خەلیفەیە؟ ئەوە بوو میر موحەممەد ئیسحاقی بەڕێز هەندێ پرسیاری لەم بارەیەوە بەرزكردەوە بۆ حەزرەتی خەلیفەی یەكەم و تكای لێ كرد بابەتەكە ڕوون بكاتەوە. خەلیفەی یەكەمیش (رضي الله عنه) پرسیارەكانی نارد بۆ لقەكانی كۆمەڵ لەدەرەوەی قادیان، وە ڕۆژێكی دیاری كرد بۆ ئەوەی نوێنەری ئەو لقانە ئامادەبن بۆ بڕیاردان پاش ڕاوێژكردن. بەڵام من هەموو ئەم شتانەم نەزانی هەتا خەونێكم بینی.
خەونەكەم
لە خەونمدا بینیم خانوویەكی زۆر گەورە هەیە بەشێكی تەواو بووە و بەشەكەی تری تەواو نەبووە، وە تەختە و دار لەسەر دیواری ئەو بەشە دانراوە كە تەواو نەبووە، بۆ ئەوەی قوڕ و خشت و شتی تر دابنرێت لەسەری، ئێمە چوار پێنج كەس بووین ڕاوەستابووین لەسەر ئەم بەشەی خانووەكە، یەكێكمان میر موحەممەد ئیسحاق بوو. لەناكاو لەسەر ئەو داروتەختانە پووش و پەڵاشێكمان بینی، میر موحەممەد ئیسحاق دەستبەجێ پاكەتی شقارتەكەی دەرهێنا و دەنكە شقارتەیەكی لێ دەرهێنا بەنیازی سووتاندنی پووشەكە. منیش نەمهێشت، بەڵام ئەو دەستی هەڵنەگرت، منیش بەتوندی پێم گوت: ئەم پووشە بەدڵنیاییەوە ڕۆژێك لەڕۆژان دەسووتێت، بەڵام هێشتا كاتی نەهاتووە. پاش ئەوە چووم بەلای كارێكی ترەوە، بەڵام پاش كەمێك دەنگێكی وەك ژاوە ژاوم بیست، كاتێك ئاوڕم دایەوە سەیردەكەم میر موحەممەد ئیسحاق كۆمەڵێك دەنكە شقارتەی دەرهێناوە لە پاكەتەكەدا و دەیەوێت بەخێرایی دایانگیرسێنێت بەڵام داناگیرسێن، یەك لەدوای یەك دەنكە شقارتەكانی دەردەهێنا و دەیخشاند لە پاكەتەكە بۆ ئەوەی گڕ بگرێت و ئەم پووشەی پێ بسووتێنێت. خێرا ڕامكرد بۆ لای، بەڵام پێش ئەوەی بگەمە لای دەنكە شقارتەیەكی داگیرساند و پووشەكەی پێ سووتاند. منیش بازم هەڵدایە ناو ئاگرەكە و خێرا كوژاندمەوە، بەڵام سەری هەندێ دار و تەختە سووتا. ئەم خەونەم نووسی و خستمە پێش چاوی خەلیفەی یەكەم (رضي الله عنه)، ئەویش سەیری كردم و گوتی: ئەم خەونە هاتووەتە دی. گوتم: چۆن؟ گوتی: میر موحەممەد ئیسحاق بە نووسین هەندێ پرسیاری بۆ ناردووم، منیش پرسیارەكانم نارد بۆ لقەكانی كۆمەڵ لە دەرەوەی قادیان، پێم وایە ئەمە ئاژاوەیەكی گەورەی لێ دەكەوێتەوە. هەتا ئەو كاتە نەمزانی بوو پرسیارەکانی میر موحەممەد ئیسحاق چین، كاتێك پرسیارم كرد لە هەندێ برا ناوەڕۆكی پرسیارەكانیان پێ گوتم ئینجا زانیم پەیوەندییان هەیە بە خیلافەتەوە. وە هەرایەك بەرپا بووە لەناو كۆمەڵدا بەهۆی پرسیارەكانی میر موحەممەد ئیسحاقی بەڕێزەوە، ئەوە بوو لە هەموو لایەكەوە وەڵامی پرسیارەكان دەهاتەوە.
ئەوەی كە بەڵگەیە لەسەر فێڵ و تەڵەكەی ئەو كەسانە لەو كاتەدا ئەوەیە كە ئەوان چەندین جار جەختیان كردەوە بۆ لقەكانی كۆمەڵ كە بیروباوەڕەكانیان، واتە ئەو بیروباوەڕانەی خستوویانەتەڕوو بۆ خەڵكی دەربارەی خیلافەت، تەبایە لەگەڵ بیروباوەڕەكانی خەلیفەی یەكەمدا. وە سوپاسی خوای گەورە دەكەین كە ئەم پرسیارانە لە سەردەمی كەسێكی دنیانەویستدا كرا، ئەگەر دوای ئەوە بكرایە؛ ئەوا قەبارەی كارەساتەكەمان نەدەزانی! وە هەندێكیان گوتیان: ئەوەی ڕوویدا زۆر باشە، چونكە ئەمڕۆ بڕیار دەدرێت -لەکاتێکدا هێشتا زۆربەی هاوەڵەكانی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) زیندوون- کە لە ڕاستیدا ئەنجومەن بریتیە لە خەلیفەی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام).
بەكورتی، ئەو كەسانە ویستیان بە هەموو شێوازێك كاریگەری دانبنێن لەسەر ڕۆڵەكانی كۆمەڵ، بۆ ئەوەی پێیان بڵێن بیروباوەڕی ئەوان تەبایە لەگەڵ بیروباوەڕی خەلیفەی یەكەمدا، پەنا بە خوا! لە كۆمەڵدا جووڵە و بزووتنێكی نائاسایی هەبوو، وا دەردەكەوت وەك ئەوەی یاخیبوونێكی ترسناك ڕوودەدات دژی خەلیفە.
كۆبوونەوەی لقە دەرەكیەكانی كۆمەڵ لە قادیان
لە كۆتاییدا ئەو ڕۆژە هاتەپێش كە خەلیفەی یەكەم (رضي الله عنه) دیاری كردبوو بۆ ئەم مەبەستە و تێیدا نوێنەرانی لقە دەرەكیەکانی كۆمەڵی بانگ كردبوو بۆ كۆبوونەوە لە قادیان. ئەو ڕۆژە بەیانیەكەی من لە حەوشەی ماڵەكەمدا هاتوچۆم دەكرد و چاوەڕێی بانگی بەیانی بووم، وە خەڵكی چاوەڕێی هاتنی حەزرەتی خەلیفەی یەكەم بوون، دەنگی شێخ ڕەحمەتوڵڵای بەڕێز كەوتە بەرگوێم كە لە مزگەوتەكەدا بە گوڕوتینێكی زۆرەوە دەیگوت: پەنا بە خوا! ئەوان كۆمەڵ دەفەوتێنن لەپێناوی هەرزەكارێكدا! سەرەتا وامزانی مەبەستی لە هەرزەكارەكە میر موحەممەد ئیسحاقە، بەڵام جارێكی تر گوێم لە دەنگی بوو دەیگوت: چۆن دەكرێت كۆمەڵێك مل كەچ بكات بۆ هەرزەكارێك و ببێت بە کۆیلەی؟ زۆر سەرم سوڕما و لەدڵی خۆمدا گوتم: میر موحەممەد ئیسحاق تەنها هەندێ پرسیاری كرد، ئیتر ئەمە چ پەیوەندی بەوەوە هەیە کە كۆمەڵ ببێت بە کۆیلەی؟ سەرەڕای ڕامانم لە بابەتەکە بەڵام نەمزانی ئەم هەرزەكارە كێیە. پاش نوێژی بەیانی ئەم ڕووداوەم باسكرد بۆ خەلیفەی یەكەم (رضي الله عنه) و گوتم: ئەمڕۆ هەرایەك لە مزگەوتدا ڕوویدا نەمزانی هۆكارەكەی چی بوو، بەجۆرێك شێخ ڕەحمەتوڵڵا بەدەنگی بەرز دەیگوت: چۆن بەیعەت بدەین بە هەرزەكارێك؟ هەموو ئەم ئاژاوەیە تەنها لەپێناوی ئەم هەرزەكارەدایە. وە نەمزانی ئەم هەرزەكارە كێیە كە باسی دەكەن. خەلیفەی یەكەم (رضي الله عنه) بەزەردەخەنەوە سەیرێكی كردم و گوتی: نازانی كێیە! تۆ ئەو هەرزەكارەیت.
ڕەنگە شێخ ڕەحمەتوڵڵای بەڕێز وای زانیبێت من هەموو ئەو پرسیارانەم نووسیوە و من هۆكاری ئەم هەرایەم كە ڕوویداوە لەناو كۆمەڵدا.
وتاری حەزرەتی خەلیفەی یەكەم دەربارەی پرسی خیلافەت
ئینجا دوای ئەوە حەزرەتی خەلیفەی یەكەم (رضي الله عنه) هات بۆ پێشكەشكردنی وتارەكە، وە من دەربارەی وتارەكەی خەونێكم بینی پێش ئەوەی پێشكەشی بكات. لە خەوندا بینیم كۆبوونەوەیەك هەیە حەزرەتی خەلیفەی یەكەم (رضي الله عنه) بەپێوە وتاری تێدا دەدات دەربارەی بابەتی خیلافەت، هات بە خەیاڵمدا كە سوپایەك دەیەوێت هێرش بكاتە سەری. منیش هاتم بۆ شوێنی كۆبوونەوەكە و لەلای ڕاستیدا وەستام و گوتم: گەورەم، بێتاقەت مەبە، ئێمە خزمەتكاری تۆین و ئێمە ئامادەین گیانی خۆمان بەخت بكەین لەپێناوی تۆدا، وە هەرگیز دوژمن دەستی ناگاتە تۆ مەگەر بەسەر لاشەی ئێمەدا، بەڵام ئەگەر ئێمە لە ژیاندا بین؛ ئەوا هیچ كەسێك ناتوانێت هیچ زیانێکت پێ بگەیەنێت. پێش وتارەكە ئەم خەونەم گێڕایەوە بۆ خەلیفەی یەكەم (رضي الله عنه)، وە كاتێك ئامادەبووم لەم كۆبوونەوەیەدا ئەم خەونەم بیرنەمابوو، لە لای چەپی حەزرەتی خەلیفەی یەكەمەوە (رضي الله عنه) دانیشتم، ئەویش گوتی پێم: میان، لەوێدا هەستە و وەرە لای ڕاستمەوە. پاشان گوتی: دەزانی بۆچی لەلای ڕاستمەوە دامنیشاندیت؟ گوتم: نەخێر. ئینجا خەونەكەمی بیرخستمەوە و گوتی: بەهۆی ئەوەوە لەلای ڕاستمدا دامنیشاندیت.
پاشان كاتێك بەڕێزی (رضي الله عنه) هەستا بۆ پێشكەشكردنی وتارەكە لەو شوێنەدا ڕانەوەستا كە بۆیان ئامادەكردبوو لە مەزگەوتەكەدا، بەڵكو لەو بەشەی مزگەوتەكەدا ڕاوەستا كە حەزرەتی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) دروستی كردبوو. پاشان تووڕەبوونی خۆی دەربڕی بۆ خەڵكەكە و گوتی: بەم كارەتان زۆر ئازارتان دام تەنانەت لەو بەشەی مزگەوتەكەدا ڕانەوەستاوم كە ئێوە دروستان كردووە، بەڵكو لەو بەشەدا ڕاوەستاوم كە ڕابەرەكەم دروستی كردووە. پاشان بەڕێزی پرسی خیلافەتی ڕوون كردەوە لەبەر ڕۆشنایی قورئانی پیرۆز و فەرموودەدا و گوتی: خەڵكی دەڵێن كاری خەلیفە تەنها لەوەدا كورت دەبێتەوە كە پێشنوێژی بۆ خەڵكی بكات و نوێژ لەسەر مردووەكان بكات و مارەبڕین ئەنجام بدات، وە هیچ پەیوەندیەكی نیە بە بەڕێوەبردنی سیستەم و کاروبارەکانەوە. ئەو كەسانەی ئەم قسەیە دەكەن بێشەرمیەكی گەورەیان کردووە، دیارە ئەم كارانە دەكرێت یەكێك لە پیاوە ئایینیە سادەكان ئەنجامیان بدات، ئیتر چ پێویست بە خەلیفە دەكات بۆ ئەم كارانە؟
ئەوانەی ئەم وتارەیان بیستووە دەزانن كە ئەوەندە بەهێز و بەژان بوو تەنانەت خەڵكی خۆیان پێ ڕانەگیرا و دەستیان كرد بە گریان.
سەرلەنوێ خواجە كەمالەددین و مەولەوی موحەممەد عەلی بەیعەتیان دایەوە
پاش وتارەكە حەزرەتی خەلیفەی یەكەم (رضي الله عنه) فەرمانی كرد بە خواجە كەمالەددین و مەولەوی موحەممەد عەلی و شێخ یەعقووب عەلی عیرفانی كە دووبارە لەسەر دەستیدا بەیعەت بدەنەوە، ئەوانیش بەیعەتیان پێدا. لەو كاتەدا سەرەتا ئەوە نەهات بە مێشكمدا كە ئەوان بەهۆی تاوانەكەیانەوە داوایان لێكراوە دووبارە بەیعەت بدەنەوە، بۆیە منیش دەستم درێژكرد بۆ بەیعەتدان، بەڵام حەزرەتی خەلیفەی یەكەم (رضي الله عنه) بەدەستی خۆی دەستی منی دوورخستەوە و گوتی: تۆ پەیوەندیت نیە بەم بەیعەتەوە، بەڵام ئەمانە تاوانێكیان ئەنجامداوە، لەبەر ئەوە جارێكی تر بەیعەتیان لێ وەردەگرم، بەڵام تۆ هیچ تاوانێکت ئەنجام نەداوە.
بەم بۆنەیەوە بەیعەت وەرگیرا لە شێخ یەعقووب عەلی عیرفانی چونكە لەلای ئەو كۆبوونەوەیەك بەسترابوو کە تێیدا كۆمەڵێك وتار درابوو دژی ئەو کەسانەی سووكایەتییان كرد بە سیستەمی خیلافەت. لەگەڵ ئەوەی ئەمە كارێكی باش بوو، بەڵام خەلیفەی یەكەم (رضي الله عنه) گوتی: مادام فەرمانی ئەم كارەم پێ نەكردووە ئیتر چۆن مافی ئەوەی هەیە ئەم كۆبوونەوەیە ببەستێت لەلایەن خۆیەوە؟
بەكورتی، جارێكی تر بەیعەت وەرگیرا لەم سێ كەسە، وە لەبەردەم هەمواندا تۆبەیان كرد و پەشیمان بوونەوە، بەڵام كاتێك كۆبوونەوەكە بڵاوەی لێ كرا و خەڵكی ڕۆیشتنەوە بۆ ماڵی خۆیان، ئەو كەسانە کۆمەڵێك پیلانی ترسناکی تریان گێڕا دژی خەلیفەی یەكەم (رضي الله عنه)، وە مەولەوی موحەممەد عەلی گوتی: بەجۆرێك سووكایەتیم پێ كرا و ڕسواكرام كە دوای ئەوە ناتوانم لە قادیاندا بمێنمەوە. لەو ڕۆژانەدا دكتۆری خوالێخۆشبوو خەلیفە ڕەشیدەددین پەیوەندیەکی زۆر باشی هەبوو لەگەڵ مەولەوی موحەممەد عەلیدا، ڕۆژێكیان بەشڵەژاوی هات بۆ خزمەتی خەلیفەی یەكەم و -بەڕێكەوت من لەوێ بووم- گوتی: گەورەم، گرفتێكی ترسناك هەیە پێویستە دەستبەجێ چارەسەری بكەیت، ئەویش (رضي الله عنه) گوتی: چی ڕوویداوە؟ گوتی: مەولەوی موحەممەد عەلی دەڵێت سووكایەتیەكی گەورەم پێ كراوە، دوای ئەوە ئەستەمە لە قادیان بمێنمەوە، بۆیە خێراكە و هەوڵبدە مەولەوی موحەممەد عەلی ڕازی بكەیت و دڵی ئاشت بكەیتەوە پێش ئەوەی بڕوات. بەڕێزی (رضي الله عنه) گوتی: ئەی دكتۆر، بڕۆ بە مەولەی موحەممەد عەلی بڵێ: ئەگەر دەیەوێت سبەی لە قادیان بڕوات؛ ئەوا با ئەمڕۆ بڕوات، چونكە سبەی زۆر درەنگە. وە دكتۆر كە پێی وا بوو ڕۆیشتنی مەولەوی موحەممەد عەلی لە قادیان ڕاتڵەکانێکی توند دروست دەكات لەناو كۆمەڵدا، كاتێك ئەم وەڵامەی بیست، هۆشی نەما و گوتی: گەورەم، كەواتە ئاژاوەیەكی گەورە ڕوودەدات. بەڕێزی (رضي الله عنه) گوتی: من گوێ نادەم بەوە. بێگومان من خەلیفەیەكم خوای گەورە دایمەزراندووم، بۆیە هەرگیز ناترسم لەم هەڕەشانە.
كاتێك مەولەوی موحەممەد عەلی ئەم وەڵامەی بیست بێدەنگ بوو، وە لە ژیانی خەلیفەی یەكەمدا هیچی نەگوت سەبارەت بە حەز و ئارەزووی خۆی بۆ جێهێشتنی قادیان، بەڵام بەردەوام بە جۆرەها شێوە بە نهێنی پیلانی دەگێڕا بۆ نانەوەی ئاژاوە لەناو كۆمەڵدا. ئەم ڕووداوانە زۆر دوور و درێژن پێویست ناكات لێرەدا بەدرێژی باس بكرێن.
پێشنیاری بڵاوكردنەوەی ڕاگەیاندنێك كاتی نەخۆشیی كۆتایی خەلیفەی یەكەم
كاتێك خەلیفەی یەكەم (رضي الله عنه) ئەو نەخۆشیەی گرت كە بەهۆیەوە كۆچی دوایی كرد، هەموومان نیگەران و خەمبار بووین، وە بەوپەڕی داخ و پەژارەوە چاوەڕێی داهاتوومان دەكرد. بەگشتی بەهۆی نەخۆشیەكەیەوە چاودێرییەكی ئەوتۆ نەما بەسەر خەڵكەکەوە، وە مشتومڕ دەربارەی ئەو بابەتانەی كە جێگای ناكۆكی بوون گەرم بوو لەناو خەڵکدا، ئێمەش ڕاگەیاندنێكمان ئامادەكرد و تێیدا گوتمان خەلیفەی مەسیح زۆر نەخۆشە بۆیە لەم دۆخەدا شیاو نیە مشتومڕ بكەین لەسەر ئەو بابەتانەی جیاواز و ناكۆكین تێیاندا، بەڵكو وا گونجاوترە ئەم مشتومڕانە بوەستێنین و چاوەڕێ بكەین خوای گەورە شیفای خەلیفەی مەسیح بدات و چاكی بكاتەوە، ئینجا خۆی بڕیار بدات دەربارەی ئەم بابەتانە. ئەم ڕاگەیاندنەم نووسی و دام بە “میرزا خودا بەخش” و داوام لێ كرد بیبات بۆ لای مەولەوی موحەممەد عەلی تاكو ئەویش واژۆی بكات، دیارە ئەمە ڕێگری دەكات لەو كەسانەی کە پشتگیری هەڵوێستی ئەو یان هەڵوێستی من دەكەن و ناهێڵێت ڕۆبچن لە باسكردنی ئەم ناكۆكی و جیاوازیانەدا، بەمەش كۆمەڵ دوور دەبێت لە هەر ئاژاوەیەك. ڕۆژێك یان دوو ڕۆژ پێش كۆچی دوایی خەلیفەی یەكەم ئەم كارەم كرد، بەڵام مەولەوی موحەممەد عەلی واژۆی نەكرد لەسەر ئەم ڕاگەیاندنە بەڵكو وەڵامی دامەوە و گوتی: بەگشتی ئەحمەدیەكان ئاگایان نیە لەو ناكۆكیەی كە لەنێوان دەستەیەك لە ڕۆڵەكانی كۆمەڵدا هەیە، لەبەر ئەوە بڵاوكردنەوەی ئەم ڕاگەیاندنە کارێکی دروست نیە، چونكە دەبێتە هۆی دڵخۆشبوونی دوژمن، بۆیە بەلامەوە وا باشترە كە كۆبوونەوەیەك ببەسترێت و هەریەكەمان وتار بدات تێیدا و ئامۆژگاری خەڵكی بكەین كە دووربكەونەوە لەم مشتومڕانە. ئەوە بوو كۆبوونەوەكە بەسترا لە مزگەوتی “نوور” و موحەممەد عەلی داوای لە من كرد پێش ئەو وتار بدەم. منیش لە وتارەكەمدا ئەوەم باسكرد كە لە ڕاگەیاندنەكەدا باسم كردبوو. وە جەختم كردەوە لەسەر پێكهاتن و یەكگرتن. بەڵام موحەممەد عەلی لەجیاتی ئەوەی لە وتارەكەیدا ئامۆژگاری خەڵكی بكات، كەچی ئێمەی داپڵۆسی و گوتی: ئەی كەسە بێكەڵكەكان، بۆچی بەبێ هۆ لەڕووی من و بەڕێز خواجەدا دەوەستنەوە. ئەوە كارێكی ناپەسەندە و پێویستە لێی دووربكەونەوە. بەكورتی، سەرزەنشت و سەركۆنەی خەڵكی كرد، ئەمەش بووە هۆی دووبەرەكی و ناكۆكی زیاتر لەجیاتی ڕێكەوتن و یەكگرتن، بۆیە بەم قسانە دڵی خەڵك و هاوەڵەكانی خۆی بریندار کرد.
هەوڵدان بۆ پاراستنی كۆمەڵ لە ناكۆكی
تەندروستی خەلیفەی یەكەم (رضي الله عنه) زۆر تێكچوو، هەموومان ئەو پرسیارە هات بە دڵماندا كە دوای مردنی بەڕێزی چی ڕوودەدات. بەڵام من تەنها بیرم لە یەكگرتوویی كۆمەڵ دەكردەوە و ئەمە مەبەستم بوو، نەك ئەوەی خەلیفە لە ئێمە بێت یان لە گرووپەکەی تر. لەگەڵ ئەوەی ئەوانەی باوەڕیان بە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) هەبوو بەگشتی بیریان لەوە دەكردەوە ئەستەمە بەیعەت بدەن بە كەسێك کە لە بیروباوەڕدا ناكۆك بێت لەگەڵ بەڕێزیدا (علیه السلام)، چونكە ئەمە دەبێتە هۆی لەناوچوونی ئەحمەدیەت، بەڵام من بەتایبەتی ڕوونکردنەوەم دا بە هاوەڵەکانم و گوتم ئەگەر مەترسی فیتنە و ئاژاوە هەبوو كاتی كۆچی دوایی خەلیفەی مەسیح؛ ئەوا پێویستە بەیعەت بدەین بە كەسێك لەوان بۆ دووركەوتنەوە لە ناكۆكی و دووبەرەكی لەناو كۆمەڵدا. ئەوە بوو قەناعەتم كرد بە زۆربەی هاوەڵەکانم كە ئەگەر جیاوازی و ناكۆكیەكە لەوەدا كورت بوویەوە كە خەلیفە لەوان بێت یان لە ئێمە، ئەوا دەبێت ئێمە ئامادەبین بۆ بەیعەتدان بە یەكێك لەوان.
كۆچی دوایی خەلیفەی یەكەم (رضي الله عنه)
لە ڕێكکەوتی 13/3/1914ز خەلیفەی یەكەم (رضي الله عنه) كۆچی دوایی كرد. هەواڵی مردنەكەیم پێگەیشت لەكاتێكدا لە ئۆتۆمۆبیلەكەی نەواب موحەممەد عەلی خاندا دەگەڕامەوە پاش ئەوەی نوێژی هەینیم كرد بۆ خەڵكەكە، بەم شێوەیە خەونێكی تر هاتەدی كە لەو ڕۆژانەدا بینیم، خەونەكەش بەم شێوەیە بوو: لە خەوندا بینیم من سواری ئۆتۆمۆبێلێك بووم بەئاراستەی ماڵی خۆمان، لەناکاو هەواڵی مردنی خەلیفەی یەكەمم پێگەیشت. وە بەگوێرەی ئەم خەونەم پێم وا بوو زۆر ڕێی تێدەچێت خەلیفەی یەكەم بمرێت و من لەسەفەردا بم، بەڵام خوای گەورە بەم شێوەیە خەونەكەی هێنایە دی.. واتە کاتێك نوێژی هەینیم کرد بۆ خەڵكی و گەڕامەوە بۆ ماڵەوە، یەكێك لە خزمەتكارەكانی نەواب موحەممەد عەلی خان بە پەیامێكەوە لەلایەن ئەوەوە هات و گوتی چاوەڕێم دەكات لە ئۆتۆمۆبێلەكەیدا لە دەرەوە، ئینجا لەگەڵیدا سواری ئۆتۆمۆبێلەكە بووم ڕووە و شوێنەكە، ئەوە بوو لەڕێگادا هەواڵی مردنی خەلیفەی یەكەمی (رضي الله عنه) پێدام.
داواکردن لە خەڵكی بۆ پارانەوە
پاش كۆچی دوایی خەلیفەی یەكەم (رضي الله عنه) بروسكەم نارد بۆ هەموو لقەكانی كۆمەڵ، وە داوام كرد لە هەموو برایان هەموویان دوعا بکەن بە پێوە یان بە دانیشتنەوە، بە ڕۆیشتنەوە یان بە ڕاوەستانەوە، هەركەسێك دەتوانێت شەو هەستێت و شەونوێژ بكات و بەیانیش بەڕۆژوو بێت، بۆ ئەوەی خوای گەورە لەم كاتە ناسكەدا ڕێنمایی كۆمەڵ بكات و تووشی هەڵە نەبێت و لا نەدات لە ڕێگای ڕاست.
بڕیارێك كە خێزانی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) كۆك بوون لەسەری
لە هەمان ڕۆژدا خزمە نزیكەكانم كۆكردەوە بۆ ئەوەی ڕاوێژیان پێ بكەم لەم جیاوازی و ناكۆكیەدا، ئەوان سووربوون لەسەر ئەوەی كە پێویستە خەلیفە كەسێك بێت هاوڕامان بێت لە بیروباوەڕدا، بەڵام من ئامۆژگاریم كردن و گوتم: كارە سەرەكی و بنەڕەتیەکە كە ئێستا ئێمە زۆر پێویستمان پێیەتی بریتیە لە ڕێكەوتن و یەكگرتن. گومانی تێدا نیە لای ئێمە بوونی خەلیفە زۆر پێویستە لەڕووی شەرعەوە، بەڵام شیاو نیە بۆ كۆمەڵەكەمان كە ناكۆكی ڕووبدات تێیدا، لەبەر ئەوە ئەگەر ئەو كەسانە ڕێكەوتن لەگەڵماندا لەسەر هەڵبژاردنی خەلیفە؛ ئەوا وا باشترە ڕاوبۆچوونی گشتی وەربگیرێت، بەڵام ئەگەر ناكۆك بوون لەوەدا؛ ئەوا پێویستە ڕێكەوتن بكرێت لەسەر خیلافەتی كەسێك پەیوەندی نەبێت بە هەردوو گرووپەكەوە، وە ئەگەر ڕازی نەبوون بەمەش؛ ئەوا پێویستە لەسەرمان بەیعەت بدەین بە یەكێك لەوان، ئەگەرچی ئەو كەسە مەولەوی موحەممەد عەلیش بێت. ڕازیكردنیان بەم كارە زۆر قورس بوو، بەڵام پاش پێداگری من هەموو ئەندامانی خێزانەكەمان ڕازی بوون بەم قسەیەی من.
چاوپێكەوتنم لەگەڵ مەولەوی موحەممەد عەلی
ئینجا دوای ئەوە چاوم كەوت بە مەولەوی موحەممەد عەلی و پێم گوت: دەمەوێت دەربارەی هەندێ شت قسەت لەگەڵدا بكەم، ئەوە بوو بەیەكەوە دەرچووین بۆ دەرەوە بۆ قسەكردن. مەولەوی موحەممەد عەلی گوتی: پێویست ناکات دوای كۆچی دوایی خەلیفەی مەسیح بەپەلە هیچ بڕیارێك بدەین، چونكە كۆمەڵ ناكۆكە و مەترسی ئاژاوە لە ئارادایە، بەڵكو پێویستە دوای تاوتوێ كردنی بابەتەكە لە هەموو ڕووەكانەوە ڕێبكەوین. گوتم: هیوایەك هەیە كە ڕێژەیەكی بەرچاو لەو خەڵكە بەیانی كۆدەبنەوە و ڕاوێژیان پێ دەكەین. مەولەوی موحەممەد عەلی گوتی: چ پێویست بەم پەلەپەلە دەكات؟ پێم وایە كۆمەڵ بۆماوەی چوار پێنج مانگ بیربكاتەوە لەم بابەتە، پاشان كاربكات بەوەی كە بڕیاری لێ دەدات. گوتم: ئەگەر لەم ماوەیەدا ئاژاوە ڕووبدات لەناو كۆمەڵدا كێ بەرپرسە؟ كۆمەڵ بێ سەركردە و ڕابەر و پێشەوا دەبێت، كێ ناكۆكیەكانی یەكلا بكاتەوە ئەگەر پێشەوایەكی نەبێت؟ وە بۆ ناوبژیوانی نێوان ڕۆڵەكانی پەنا بۆ كێ ببەن؟ وە ئاژاوە وادەیەكی دیاریكراوی نیە، ڕەنگە ئەم ئێوارەیە ڕووبدات، چجای ئەوەی بەقسەی تۆ بكەین كە ئەمڕۆ بڕیار نەدەین كێ خەلیفە بێت و ئەمە دوابخەین بۆ پێنج مانگی تر. نەخێر، بەڵكو پێم وایە دەبێت باسی ئەوە بكرێت كە كێ دەبێت بە خەلیفە. وە بە مەولەوی موحەممەد عەلیم گوت من دووپاتی دەكەمەوە بۆت كە خۆم و ئەوەی هاوڕای منە ئامادەین بەیعەت بدەین بە كەسێك لە ئێوە. مەولەوی موحەممەد عەلی گوتی: ئەم كارە زۆر قورسە، بۆیە پێویستە بە باشی بیربكەیتەوە، بەیانی دەست دەكەینەوە بە قسە. پاشان جیابووینەوە.
مەولەوی موحەمەد عەلی بڵاوكراوەیەكی بڵاوكردەوە
كاتێك شەو لەخەو هەستام بۆ شەونوێژ سەید بەهای عەبدولڕەحمان قادیانی بڵاوكراوەیەكی پیشاندام و گوتی: ئەم بڵاوكراوەیە لەڕێگادا دابەشكراوە بەسەر ئەو ئەحمەدیانەدا كە لەدەرەوەی قادیانەوە هاتوون. منیش سەیرم كرد ئەمە نووسراوێكە لەلایەن مەولەوی موحەممەد عەلیەوە، تێیدا بەوپەڕی گوڕوتینەوە بە ڕۆڵەكانی كۆمەڵی گوتووە پێویستە لە ئێستاوە خیلافەت بەردەوام نەبێت، وە خۆی بەیعەتی دابوو بە خەلیفەی یەكەم وەك ڕابەرێك نەك وەك خەلیفە. وە ئەوەشی نووسیوە: دەكرێت كۆمەڵ ئەمیرێكی هەبێت، بەڵام پێویستە گوێڕایەڵی كردن بۆی واجب نەبێت، وە ئەو کەسانە بە کافر لەقەڵەم نەدات کە ئەحمەدی نین، وە تەمەنی لە چل ساڵ كەمتر نەبێت. وەك ئەوەی بیەوێت بڵێت: ئەگەر دەبێت خەلیفە هەبێت؛ ئەوا پێویستە خۆی هەڵبژێردرێت؛ چونكە تەمەنی لەسەرووی چل ساڵەوەیە و نائەحمەدیەكان بەكافر نازانێت.
%90ی ئەحمەدیەكان هاوڕا بوون لەسەر هەڵبژاردنی خەلیفە
بە خوێندنەوەی ئەم بڵاوكراوەیە ڕادەی گەورەیی ئەو ئاژاوەیە هات بەبیرمدا كە بەڕێوەیە، وە دەستم كرد بە پاڕانەوە و ئەو برایانەم لەخەو هەستاند كە لە ژوورەكەدا خەوتبوون و ئاگادارم كردن لە بڵاوكراوەكە و جەختم لێكردنەوە كە دوعا زۆر پێویستە. ئەوە بوو هەموومان پاڕاینەوە و ئەو ڕۆژە بەڕۆژوو بووین، بەهەمان شێوە زۆربەی ئەحمەدیەكان لە قادیان دوعایان کرد و بەڕۆژوو بوون.
كاتێك برایان زانییان مەولەوی موحەممەد عەلی فێڵی لێ كردوون، بەڵكو ڕاسپاردەكانی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) و خەلیفەی یەكەمی بەلاوە سووك بووە، لە بەیانیدا ڕاپرسیەكیان ئامادەكرد و بەڕاپرسیەكەوە چوون بۆ لای ئەو برایانەی كە لە دەرەوە هاتبوون بۆ ئەوەی لە ڕاوبۆچوونیان بپرسن، ڕاپرسیەکەیان پێدان و پرسیاریان كرد لێیان ئایا دوای خەلیفەی یەكەم (رضي الله عنه) بوونی خەلیفەیەكی وەك ئەو بە پێویست دەزانن یان نا، وە ئایا بەیعەتیان داوە بە بەڕێزی وەك خەلیفە یان تەنها وەك ڕابەر و سۆفیەك. بە وەرگرتنی واژۆی ڕۆڵەكانی كۆمەڵ لەسەر ئەم كاغەزە توانیمان بزانین بیروبۆچوونیان چۆنە، وە زانیمان كە %90یان پێیان وایە پێویستە خەلیفەیەك هەبێت و ئەو دەسەڵاتانەی هەبێت كە خەلیفەی یەكەم هەیبوون.
گفتوگۆیەكی تر لەگەڵ مەولەوی موحەممەد عەلی
لە دەوروبەری كاتژمێر دەی بەیانیدا پەیامێكم لەلایەن موحەممەد عەلیەوە بۆ هات كە دەیەوێت جارێکی تر قسە بکاتەوە لەگەڵمدا دەربارەی ئەو بابەتەی كە دوێنێ باسمان كرد. بانگم كرد بۆ ماڵەوە و دەستمان كرد بە قسەكردن. جەختم كردەوە لەسەر ئەوەی گفتوگۆ نەكەین دەربارەی بەردەوامبوون یان بەردەوام نەبوونی خیلافەت، چونكە پێشتر، كاتێك بەیعەتی دا بە خەلیفەی یەكەم، دانی نابوو بەوەدا کە پێویستە پاش مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) خیلافەت بەردەوام بێت لەناو کۆمەڵدا. بەڵكو پێویستە سەبارەت بەوە گفتوگۆم لەگەڵدا بكات كە كێ ببێت بە خەلیفە. بەڵام ئەو بەردەوام دەیگوت پێویست ناكات پەلە بكرێت لەم بابەتەدا، بەڵكو پێویستە لەسەر كۆمەڵ بە هێمنی بیر لەم بابەتە بكاتەوە بۆ ماوەی چوار پێنج مانگ. وەڵامی منیش تەنها ئەوە بوو كە پێشتر پێم گوتبوو، بەڵكو ئەوەشم پێگوت كە ئەگەر دوای پێنج مانگیش هەر ناكۆكی بەردەوام بوو، ئەوسا چی بكەین؟ ئەگەر لەو كاتەدا ئێوە بڕیار وەردەگرن بەڕای زۆرینە، ئەوا بۆچی ئێستا بەڕای زۆرینەی كۆمەڵ بڕیار نەدەین كێ خەلیفە بێت. كاتێك بینیم مشتومڕەكە بە هیچ شێوازێك كۆتایی نایەت ئینجا بە مەولەوی موحەممەد عەلیم گوت: خەڵكی لە دەرەوەن با لێیان بپرسین. لەخۆوە گوتی: میانی بەڕێز، تۆ دەزانی ئەوان كێ هەڵدەبژێرن بە خەلیفە. گوتم: واز لەوە بێنە خەڵك كێ هەڵدەبژێرن، من بڕیارم داوە بەیعەت بدەم بە یەكێك لە ئێوە، وە هاوەڵەكانیشم ئامادەن. دووبارەی كردەوە و گوتی: تۆ دەزانی ئەوان كێ هەڵدەبژێرن. بە نائومێدی لەلای هەستام، چونكە ڕۆڵەكانی كۆمەڵ لەدەرەوە زۆر بەپەرۆش بوون و خەریك بوو دەرگاكە بشكێنن، وە دەیانگوت لەمە زیاتر ئارام ناگرین، كۆمەڵ سەركردەی نیە، ئێوە هەردووكتان ناتوانن هەتا ئێستا بابەتەكە یەكلایی بكەنەوە. وە لەكۆتاییدا بە مەولەوی موحەممەد عەلیم گوت: بەڵام ئێمە باوەڕمان وایە دەبێت خەلیفەیەك هەبێت، ئێوەش چیتان پێ خۆشە بیكەن. پاش ڕاپرسیکردن لەناو خەڵكەكەدا لەسەر دەستی كەسێكدا بەیعەت دەدەین. ئەمەم گوت و چوومە دەرەوە و دانیشتنەکە کۆتایی هات.
هەڵبژاردنی خەلیفەی دووەم
پاش نوێژی عەسر نەواب موحەممەد عەلی خان ڕاسپاردەی حەزرەتی خەلیفەی یەكەمی (رضي الله عنه) خوێندەوە، وە تكای كردبوو لە خەڵكی دوای خۆی كەسێك هەڵبژێرن بە خەلیفە، هەموان باسی منیان كرد، بەم شێوەیە خەلیفەی دووەم هەڵبژێردرا.
دوایی پێم گەیشتەوە كە مەولەوی موحەممەد عەلی لەو كاتەدا مەراقی بووە شتێك بڵێت، بەڵام یەكێك لە خەڵكەكە بەتوندی پاڵتۆكەی گرتووە و پێی گوتووە: دانیشە. بەهەرحاڵ، ئەوەی ڕوویدا بە ویستی خوای گەورە بوو، وە خوا كەسێكی كرد بە خەلیفە كە ویستی بیكات.
حەقیقەتی هەندێ وتەی خەلیفەی یەكەم
ئەو كەسانە هەمیشە دەیانویست هەستێكی هەڵە بدەن بە خەلیفەی یەكەم (رضي الله عنه) دەربارەی خۆیان، لەبەر ئەوە لە هەندێ وتاری بەڕێزیدا کۆمەڵێك وشە دەبینین وەك: پێویستە لەسەر برایان گومانیان خراپ نەبێت بە برایان لە لاهۆر، وە ئەو گومانەی كە گوایە ئەوان دژایەتی خیلافەت دەكەن گومانێكی پووچە. وە هۆكاری ئەم قسەیەی خەلیفەی یەكەم تەنها ئەوە بوو كە ئەو كەسانە جار لەدوای جار دووپاتیان دەکردەوە بۆ بەڕێزی كە ئەوەی دەربارەیان دەوترێت درۆیە، وە ئەوان لە ناخی دڵیانەوە پشتگیری خیلافەت دەكەن. بەڵام بڕوانن چۆن دواتر درۆكەیان دەركەوت، وە چۆن ئێستا بەتوندی نكۆڵی دەكەن لەو شتەی كە لەو كاتە بەسوێند خواردنەوە دانیان پێدا دەنا!
بەكورتی، بێگومان ئەو كەسانە سەرەتا ڕازی بوون بە خیلافەتی حەزرەتی خەلیفەی یەكەم، پاشان وەكو خەواریجەكان دەستیان كرد بە وتنەوەی دەستەواژەی: “حوكم بۆ خوایە، كار بەگوێرەی ڕاوێژە لەنێوانماندا”. بەڵام خوا نائومێدی کردن و لەسەردەستی مندا كۆمەڵ كۆبوویەوە. كەسانێكی تر هەبوون دوای ئەوان پاشەكشەیان كرد لە بەیعەت بەهیوای دەستکەوتنی هەندێ بەرژەوەندی، بەردەوام هەمان ئەو هەرایەیان دەنایەوە كە خەواریجەكان دەیاننایەوە، بەڵام خوای گەورە هەتا ئەمڕۆ لە ڕیزی دۆڕاو و خەسارەتمەندەكاندا دایناون، وە لە خوا دەپاڕێمەوە لە داهاتووشدا كۆمەڵ بپارێزێت لە شەڕ و ئاژاوەیان.
كۆمەڵێك حوكمی قورئانی پیرۆز دەربارەی خیلافەت
ئەمە مێژووی خیلافەت بوو، بەڵام ئێستا با بزانین قورئانی پیرۆز و فەرموودە چۆن ئەم بابەتەیان باس کردووە، وە ئایا ئیسلام دوای پێغەمبەری خوا (ﷺ) هیچ سیستەمێك پێشنیار دەكات یان نا، وە ئەو سیستەمە كامەیە؟
ئەگەر سەرنج بدەین لە بابەتەكە؛ ئەوا بۆمان دەردەكەوێت یەكەم حوكمی سەرەكی كە قورئانی پیرۆز باسی دەكات لەم بارەیەوە ئەم ئایەتانەیە: ﴿أَلَمۡ تَرَ إِلَى ٱلَّذِينَ أُوتُواْ نَصِيبٗا مِّنَ ٱلۡكِتَٰبِ يُؤۡمِنُونَ بِٱلۡجِبۡتِ وَٱلطَّٰغُوتِ وَيَقُولُونَ لِلَّذِينَ كَفَرُواْ هَٰٓؤُلَآءِ أَهۡدَىٰ مِنَ ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ سَبِيلًا * أُوْلَٰٓئِكَ ٱلَّذِينَ لَعَنَهُمُ ٱللَّهُ ۖ وَمَن يَلۡعَنِ ٱللَّهُ فَلَن تَجِدَ لَهُۥ نَصِيرًا * أَمۡ لَهُمۡ نَصِيبٞ مِّنَ ٱلۡمُلۡكِ فَإِذٗا لَّا يُؤۡتُونَ ٱلنَّاسَ نَقِيرًا * أَمۡ يَحۡسُدُونَ ٱلنَّاسَ عَلَىٰ مَآ ءَاتَىٰهُمُ ٱللَّهُ مِن فَضۡلِهِۦ ۖ فَقَدۡ ءَاتَيۡنَآ ءَالَ إِبۡرَٰهِيمَ ٱلۡكِتَٰبَ وَٱلۡحِكۡمَةَ وَءَاتَيۡنَٰهُم مُّلۡكًا عَظِيمٗا % فَمِنۡهُم مَّنۡ ءَامَنَ بِهِۦ وَمِنۡهُم مَّن صَدَّ عَنۡهُ ۚ وَكَفَىٰ بِجَهَنَّمَ سَعِيرًا * إِنَّ ٱلَّذِينَ كَفَرُواْ بَِٔايَٰتِنَا سَوۡفَ نُصۡلِيهِمۡ نَارٗا كُلَّمَا نَضِجَتۡ جُلُودُهُم بَدَّلۡنَٰهُمۡ جُلُودًا غَيۡرَهَا لِيَذُوقُواْ ٱلۡعَذَابَ ۗ إِنَّ ٱللَّهَ كَانَ عَزِيزًا حَكِيمٗا % وَٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ وَعَمِلُواْ ٱلصَّٰلِحَٰتِ سَنُدۡخِلُهُمۡ جَنَّٰتٖ تَجۡرِي مِن تَحۡتِهَا ٱلۡأَنۡهَٰرُ خَٰلِدِينَ فِيهَآ أَبَدٗا ۖ لَّهُمۡ فِيهَآ أَزۡوَٰجٞ مُّطَهَّرَةٞ ۖ وَنُدۡخِلُهُمۡ ظِلّٗا ظَلِيلًا * ۞إِنَّ ٱللَّهَ يَأۡمُرُكُمۡ أَن تُؤَدُّواْ ٱلۡأَمَٰنَٰتِ إِلَىٰٓ أَهۡلِهَا وَإِذَا حَكَمۡتُم بَيۡنَ ٱلنَّاسِ أَن تَحۡكُمُواْ بِٱلۡعَدۡلِ ۚ إِنَّ ٱللَّهَ نِعِمَّا يَعِظُكُم بِهِۦٓ ۗ إِنَّ ٱللَّهَ كَانَ سَمِيعَۢا بَصِيرٗا * يَٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُوٓاْ أَطِيعُواْ ٱللَّهَ وَأَطِيعُواْ ٱلرَّسُولَ وَأُوْلِي ٱلۡأَمۡرِ مِنكُمۡ ۖ فَإِن تَنَٰزَعۡتُمۡ فِي شَيۡءٖ فَرُدُّوهُ إِلَى ٱللَّهِ وَٱلرَّسُولِ إِن كُنتُمۡ تُؤۡمِنُونَ بِٱللَّهِ وَٱلۡيَوۡمِ ٱلۡأٓخِرِ ۚ ذَٰلِكَ خَيۡرٞ وَأَحۡسَنُ تَأۡوِيلًا﴾([26])
لێرەدا خوای گەورە ڕوونی دەكاتەوە كە ئەهلی كتێب پەیڕەوی درۆ و فێڵ و شیرك دەكەن و پشت هەڵدەكەن لە حەق و ڕاستی، وە هەر كاتێك بەراوردی باوەڕداران و کەسانی تریان كردبێت گوتوویانە باوەڕداران زۆر خراپن و بێباوەڕان زۆر لەوان باشترن.
بەیعەتنەدەرەكان ئەم كارە دەكەن لەگەڵماندا، بەجۆرێك بەهۆی ئەوەی دوژمنایەتیمان دەکەن دەڵێن موسوڵمانانی تر باشترن لە ئەحمەدیەكان، وە لە دوایانەوە نوێژ دەكەن و هەر كاتێك گفتوگۆ دەكرێت دەربارەی ئێمە و موسوڵمانانی تر دەڵێن: ئەو كەسانە باشترن لە ئەحمەدیەكان.
خوای گەورە بەرپەرچی ئەهلی كتێب دەداتەوە و دەفەرموێت: ﴿أُوْلَٰٓئِكَ ٱلَّذِينَ لَعَنَهُمُ ٱللَّهُ ۖ وَمَن يَلۡعَنِ ٱللَّهُ فَلَن تَجِدَ لَهُۥ نَصِيرًا﴾ واتە ئەی ئەهلی كتێب ئێوە باوەڕداران لە خۆتان دووردەخەنەوە و كەسانی تر نزیك دەكەنەوە لە خۆتان، بۆیە ئەمڕۆ ئێمەیش پێتان دەڵێین دووربكەونەوە لێمان و نزیكمان مەبنەوە. كاتێك خەڵكی نەفرەت لە كەسێك دەكەن تەنها بە زمان نەفرەتی لێ دەكەن، بەڵام خوای گەورە كاتێك نەفرەتی كرد لە كەسێك؛ ئەوا ئەو كەسە هیچ دۆست و یارمەتیدەرێکی نابێت.
بڕوانن چۆن دۆخی جوولەكە خراپ بوو كاتێك خوا نەفرەتی لێ كردن؛ لەگەڵ ئەوەی ماڵ و سامانی زۆر و بێشوماریان هەیە، بەڵام ناوبەناو نەتەوە جۆراوجۆرەكان دژیان دەوەستن و ڕسوا و سەرشۆڕیان دەكەن. ئەمە دۆخی بەیعەتنەدەرەكانیشە، كاتێك بەیعەتم پێ درا نزیكەی دوو هەزار كەسی کۆمەڵەکەمان لە قادیاندا هەبوو، هەموویان بەیعەتیان پێ دام جگە لە پەنجا شەست كەسێك لەوان، بەڵام ڕۆژنامەی بەیعەتنەدەرەكان “پیغام صلح” نووسیبووی: “نیوەی ئامادەبووان بەیعەتیان پێ نەدا و بەداخ و پەژارەوە لە مزگەوتەكە چوونە دەرەوە.”([27])
هەمان ڕۆژنامە لە بۆنەیەكی تردا ڕایگەیاند: “هەتا ئێستا لە بیست كەس تەنها یەك كەس ڕازی بووە بە خیلافەتەكەی.”([28])
ئەمە مانای وایە كە %5 لەگەڵ ئێمە بوون و %95 لەگەڵ ئەواندا بوون بەگوێرەی قسەی خۆیان، بەڵام ئێستا دۆخەكە چۆنە؟ ئەوان خۆیان بەردەوام دانی پێدا دەنێن كە زۆرینەی كۆمەڵ دەستی گرتووە بە خیلافەتەوە. بەڵكو لە ڕاستیدا بەیعەتنەدەرەكان بەتەواوەتی شێوازی بەڵگەهێناوەی خۆیانیان گۆڕیوە، ئەوان پێشتر بەڵگەیان دەهێنایەوە لەسەر ڕاستی خۆیان بەوەی دەیانگوت زۆرینەی كۆمەڵ لەگەڵیاندایە، وە كاتێك خوا كارێكی كرد زۆرینەی کۆمەڵ لەگەڵ ئێمەدا بێت، ئێستا دەڵێن ڕێکكەوتن و هاوڕایی زۆرینە لەسەر شتێك بەڵگە نیە لەسەر ئەوەی ئەو شتە ڕاست بێت، ئەوەتا لە قورئانی پیرۆزدا بەڕاشكاوی هاتووە ﴿وَأَكۡثَرُهُمۡ فَٰسِقُونَ﴾([29]). ئەمەش مانای وایە كاتێك ئەوان زۆرینە بوون بەڵگەیان ئەوە بوو كە زۆرینەی شوێنكەوتووانی پێغەمبەر گومڕا نابن، وە كاتێك ئێمە بووین بە زۆرینە ئەم فەرمایشتەی خوای گەورەیان پیادەكرد بەسەرماندا ﴿وَأَكۡثَرُهُمۡ فَٰسِقُونَ﴾. هەرچۆنێك بێت، بەبێ ئەوەی بوارێك هەبێت بۆ گومان، ئەوان دانیان نا بەوەدا كە لایەنگرانیان كەم دەبنەوە و لەم ئایەتە قورئانیەدا خوای گەورە ئەم مەبەستە دەخاتەڕوو.
پاشان خوای گەورە دەربارەی ئەهلی كتێب دەفەرموێت: ﴿أَمۡ لَهُمۡ نَصِيبٞ مِّنَ ٱلۡمُلۡكِ فَإِذٗا لَّا يُؤۡتُونَ ٱلنَّاسَ نَقِيرًا﴾، واتە ئەوان ئەم قسەیە دەکەن چونکە حەسوودی بە ئێوە دەبەن لەبەرئەوەی ئێمە دەسەڵات و هێزمان داوە پێتان، وە ئەگەر ئەوان خاوەنی دەسەڵات بوونایە؛ ئەوا هێندەی توێكڵی ناوكی خورمایان نەدەدا بە خەڵكی، مەبەست ئەوەیە زۆر ڕژد و چرووكن. وە ئەمە دۆخی بەیعەتنەدەرەكانیشە، چونكە گوتیان: چۆن هەرزەكارێك بوو بە خەلیفە؟
پاشان خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿أَمۡ يَحۡسُدُونَ ٱلنَّاسَ عَلَىٰ مَآ ءَاتَىٰهُمُ ٱللَّهُ مِن فَضۡلِهِۦ ۖ فَقَدۡ ءَاتَيۡنَآ ءَالَ إِبۡرَٰهِيمَ ٱلۡكِتَٰبَ وَٱلۡحِكۡمَةَ وَءَاتَيۡنَٰهُم مُّلۡكًا عَظِيمٗا﴾، واتە ئەوان لەتاو حەسوودی و چرووكی خۆیان دەڵێن: چۆن ئەو كەسانە دەسەڵات و خیلافەتیان بەدەستهێنا؟ ئایا بیریان نەكردووەتەوە لەم كەسەی كە ئێستا دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتی بەدەستهێناوە؟ ئایا لە ماڵباتی ئیبراهیم نیە؟ جا ئەگەر لەو ماڵباتەیە؛ ئەوا ئیرەیی و حەسوودی ئەوان چ زیانێكی پێ دەگەیەنێت؟ دیارە خوا پێشتر دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتی داوە بە ماڵباتی ئیبراهیم و ئێستایش پێیان دەدات.
پاشان خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿فَمِنۡهُم مَّنۡ ءَامَنَ بِهِۦ وَمِنۡهُم مَّن صَدَّ عَنۡهُ ۚ وَكَفَىٰ بِجَهَنَّمَ سَعِيرًا﴾. واتە دیارە لەڕابردوودا دەسەڵات و حوكمڕانیمان دا بە ماڵباتی ئیبراهیم، ئەو کەسانەی ڕازی بوون بە حوكمی ئەوان سەربەرزییان بەدەستهێنا، بەڵام ئەو کەسانەی ڕەتیان كردەوە تووشی سزا بوون. وە ئەو حوكمەی ئێستا دەدرێت بە ماڵباتی ئیبراهیم مایەی ڕەحمەت و بەرەكەتێکی مەزنە بۆ خەڵك، بۆیە هەتا لەژێر ئەم ڕەحمەتەدا بژین و هەوڵی ڕاكردن نەدەن لەم فەرمانڕەوایەتیە؛ ئەوا حەوانە و ئارامی بەدەست دەهێنن، بەڵام ئەگەر ڕەتیان كردەوە؛ ئەوا خوای گەورە تووشی سزایان دەکات و ناتوانن خۆیان ڕزگار بكەن و هەمیشە لە ئێش و ئازاردا دەژین.
پاشان خوای گەورە دەفەرموێت ﴿كُلَّمَا نَضِجَتۡ جُلُودُهُم بَدَّلۡنَٰهُمۡ جُلُودًا غَيۡرَهَا لِيَذُوقُواْ ٱلۡعَذَابَ ۗ إِنَّ ٱللَّهَ كَانَ عَزِيزًا حَكِيمٗا﴾. فیترەتی مرۆڤ وەهایە كە پاش ماوەیەك ڕادێت لەسەر سزا و وەك سەرەتا ئازار ناچێژێت. پاشا و فەرمانڕەوا هەرچەند ستەمكار بێت خەڵكی پاش ماوەیەك هەست بە ستەمەكەی ناكەن وەك چۆن سەرەتا هەستیان پێ کردووە، ئینجا ئەویش پاش تێپەڕینی ڕۆژگار نەرمونیانی دەنوێنێت، بەڵام ئەگەر پاشایەكی تری ستەمكار جێگای بگرێتەوە؛ ئەوا خەڵکی زۆر هەست بە ستەمەكەی دەكەن، لەبەر ئەوە خوای گەورە بەو كەسانە دەفەرموێت: ئەگەر ئەم نیعمەتەتان ڕەت كردەوە؛ ئەوا یەك لەدوای یەك پاشا و فەرمانڕەوا دیكتاتۆرەكان حوكمتان دەكەن و بەخێرایی حكومەتەكان بەدوای یەكتردا دێن بۆ ئەوەی سزای سەرەنجامی كاری خۆتان بچێژن.
پاشان خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ وَعَمِلُواْ ٱلصَّٰلِحَٰتِ سَنُدۡخِلُهُمۡ جَنَّٰتٖ تَجۡرِي مِن تَحۡتِهَا ٱلۡأَنۡهَٰرُ خَٰلِدِينَ فِيهَآ أَبَدٗا ۖ لَّهُمۡ فِيهَآ أَزۡوَٰجٞ مُّطَهَّرَةٞ ۖ وَنُدۡخِلُهُمۡ ظِلّٗا ظَلِيلًا﴾. واتە ئەوانەی باوەڕ دەهێنن و كردەوەی چاك ئەنجام دەدەن قەڵەمڕەوێكی مەزنیان پێ دەدەین و دەیانخەینە ناو باخاتێكەوە تێیدا هاوجووتەكانی خۆیان لەگەڵیاندا دادەنێین و ماوەیەكی درێژ لەو باخانەدا دەحەسێنەوە و ئارام دەگرن.
لە ڕاستیدا لەم ئایەتانەدا هەواڵێك هەیە دەربارەی دامەزراندنی دەسەڵاتی ئیسلامی، بەجۆرێك خوای گەورە ڕایدەگەیەنێت بەو جوولەكانەی كە دژایەتی ئەم دەسەڵاتە دەكەن و دەفەرموێت زۆر زیانبار دەبن و تووشی سزایەكی هەمیشەیی دەبن، بەڵام ئەو باوەڕدارانەی كە ڕازی دەبن بەم فەزڵ و چاكەیەی خوا خوای گەورە ژیانی بەهەشتیان پێ دەدات و لەو ژیانەشدا هاوجووتەكانی خۆیانیان لەگەڵدا دەبێت.
ڕەخنەیەكی قێزەون لەلایەن دوژمنانی ئیسلامەوە لەسەر فەرمایشتی خوای گەورە ﴿أَزۡوَٰجٞ مُّطَهَّرَةٞ﴾
بێگومان زۆرێك لە دوژمنانی ئیسلام ڕەخنە دەگرن لە دەستەواژەی ﴿أَزۡوَٰجٞ مُّطَهَّرَةٞ﴾ و دەڵێن: ئیسلام بەهەشتی كردووە بە خانەیەك بۆ سۆزانیەكان، بەجۆرێك لەگەڵ بەهەشتدا باسی ئافرەت دەكات و دەڵێت ئەوان لەگەڵ پیاواندا دەبن لە بەهەشتدا.
لە ڕاستیدا پیسی ناخی ئەو كەسە نەفامانە وای لێ كردوون بەهەشت بە خانەیەك بۆ ئافرەتە سۆزانیەكان لەقەڵەم بدەن، ئەگینا لێرەدا ئیسلام ڕوونی دەکاتەوە بەهەشت شایستەی ئافرەتە هەروەك چۆن شایستەی پیاوە، وە بەهەشت بە هاوكاری نێوان پیاو و ئافرەت دروست دەكرێت، وە پیاو بە تەنها ناتوانێت بەهەشت دروست بكات. دەبینن خوای گەورە لێرەدا باسی دەسەڵاتی دنیایی دەکات، وە لەم سیاقەدا باسی ئەوە دەكات كە دەبێت ئافرەت بەشداری بكات لە دروستكردنی ئەم بەهەشتەدا، بەجۆرێك بەبێ بەشداریكردنی ئەوان بەهەشت پێی ناوترێت بەهەشتێكی تەواو. بێگومان ژن و پیاو بەیەكەوە بەهەشت دروست دەكەن، وە ئەگەر هەوڵێكی یەكگرتوو نەدەن؛ ئەوا هیچ بەهەشتێك دروست نابێت، نە بەهەشتی دنیا نە بەهەشتی دواڕۆژ. دەبێت بۆ دروستكردنی بەهەشتی دنیا ژن و پیاو بەیەكەوە كار بكەن، هەروەك دەبێت هەردووكیان بەشداری بكەن لە دروستكردنی بەهەشتی دواڕۆژیشدا، بەڵام ئەگەر بەیەكەوە ئەم بەهەشتەیان دروست نەكرد؛ ئەوا چێژ و خۆشی لەو نیعمەتە وەرناگرن كە بە ﴿خَٰلِدِينَ فِيهَآ﴾ وەسف کراوە.
بەهەشتی دنیا و دواڕۆژ نیە بەبێ هاوكاری پیاو و ژن
ئەگەر خەڵكی تێبگەیشتنایە لەم بابەتە و بیانزانیایە کە بەشداریكردنی ئافرەت لە ژیانی ئوممەتدا چەندە گرنگە و بەشداریان بكردنایە؛ ئەوا دۆخی ئیسلام بەم ڕۆژە نەدەگەیشت، وە دۆخی جیهان بەم ڕۆژە نەدەگەیشت، بەڵكو بەدڵنیاییەوە ئەم دنیایە دەبووە بەهەشتێك و تێیدا خەڵكی بەهەشتیان بەدەست دەهێنا. وە ئەوانەی هەوڵ دەدەن بەهەشت بەدەستبهێنن بەبێ بەشداریكردنی ئافرەت بەهەشتەكەیان بەهەشتێکی ڕاستەقینە نیە چونكە یەكێك لە سیفەتەكانی بەهەشت ئەوەیە كە هەمیشەییە .. وە بەهەشتی هەمیشەیی بەبێ ئافرەت دروست نابێت، بەڵكو سەرەتا پیاو بەهەشتێك دروست دەكات و ئافرەت مناڵەكانی لەو بەهەشتەوە پەیدا دەکات، چونكە ئوممەت بەهەشتی نەبڕاوە و هەمیشەیی بەدەستناهێنێت ئەگەر مناڵ پەروەردە نەکات، وە پەروەردەكردنی مناڵ تا ڕادەیەكی زۆر بەندە بە ئافرەتەوە، لەبەر ئەوە مرۆڤ بەردەوام پێویستی بە هاوكاری و بەشداریكردنی ئافرەت دەبێت بۆ تەواوكردنی بەهەشت. ئەگەر ئافرەت ڕۆشنبیر و بەتەقوا بێت و ئایینی خۆش بوێت و لە دڵیدا تامەزرۆیی و شەیدابوون هەبێت بۆ كاركردن بە حوكمەكانی خوا و پێغەمبەرەكەی؛ ئەوا ئەستەمە هەوڵ نەدات بۆ دروستکردنی ئەم هەستە لە مناڵەكانیشیدا. بێگومان پیاوان ئیشیان ئەوەیە كە بەهەشتی ئەمڕۆ دروست بكەن بەڵام ئافرەتان ئیشیان ئەوەیە بەهەشتی سبەی ئامادە بكەن. كاری پیاو دروستكردنی بەهەشتە و كاری ئافرەت ئامادەكردنی كۆمەڵێك باخەوانی نوێیە بۆ ئەم بەهەشتە. وە ئەگەر پیاو هەوڵی دا بۆ دروستكردنی ئەم بەهەشتە، هەروەك ئافرەتیش هەوڵی دا بۆ دروستكردنی، وە پیاو پارێزگاری كرد لەو بەهەشتە و ئافرەتیش باخەوانی نوێی بەرهەم هێنا بۆ چاودێریكردنی؛ ئەوا كێ دەتوانێت ئەو بەهەشتە بفەوتێنێت؟ كێ هەیە بتوانێت زیان بگەیەنێت بە یەكگرتوویی ئوممەت و گەورەیی و شكۆكەی؟ بەڵام ئەگەر ڕێگری کرا لەوەی ئافرەت بەشداری بكات لە دروستكردنی ئەم بەهەشتەدا؛ ئەوا بەخێرایی بەرهەمهێنانی باخەوانە نوێیەكان دەوەستێت، بەمەش پەروەردەی ئەوانەی پێشوو هیچ سوودێكی نابێت، وە ئەگەر پەروەردەی پێشینان بێ سوود بوو، وە ئامادەكردنی نوێیەكانیش وەستا؛ ئەوا ئەم بەهەشتە هەرگیز هەمیشەیی نابێت، بەڵكو بەدڵنیاییەوە شەیتان بەتەواوەتی دەیفەوتێنێت.
حیكمەتێكی مەزن
ئەمە حیكمەتێكی مەزنە قورئانی پیرۆز فێری كردووین، خوای گەورە بە پیاوان دەفەرموێت پێویستە لەسەرتان لەگەڵ ئافرەتان هەوڵ بدەن لەپێناوی ژیانی ئوممەتدا، بەڵام ئەگەر ئافرەتان بەشدارییان نەكرد لەگەڵتاندا لەم هەوڵەدا؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە بزانن ئێوە هەرگیز ناتوانن بەهەشت دروست بكەن. ئەگەر بەهەوڵی خۆتان بەیەكجار هەموو جیهانتان كرد بە نوێژخوێن؛ ئەوا سوودی چیە مادام دایكی مناڵی ئەو نوێژخوێنانە وەها بكەن لە مناڵەكانیان نوێژ نەكەن؟ ئەمە مانای ئەوەیە ئێوە بەردەوام بەهەشت دروست دەكەن و ژنەكانیشتان بەردەوام هەوڵ دەدەن ئەو بەهەشتە كاول بكەن.
خزمێكمان هەبوو زۆر ڕقی لە ئایین بوو، وە هەمیشە پێكەنینی دەهات بە فەرمانەكانی خوا و پێغەمبەرەكەی و گاڵتەی دەکرد پێیان. جارێكیان نەخۆش كەوت و هات بۆ لای خەلیفەی یەكەم (رضي الله عنه) بۆ چارەسەر، لە میانەی قسەكردندا بەڕێزی پێی گوت: خەڵكانی دراوسێت ڕۆژانە پێنج جار دێن بۆ مزگەوت بۆ نوێژكردن، ئایا هیچ کاتێك خۆزگەت نەخواستووە پێیان؟ یان نەهاتووە بەدڵتدا كە پێویستە تۆیش نوێژ بكەیت؟ كابرا دایە قاقای پێكەنین و گوتی: ئەی مەولەوی بەڕێز، لە مناڵیەوە من فیترەتم ساغ و دروست بووە، لە مناڵیمەوە كاتێك خەڵكم دەبینی سوژدەیان دەبرد و سەریان نەوی دەكرد و هەموویان پاشوویان بەرزدەكردەوە، پێكەنینم پێیان دەهات و دەمگوت: ئەمانە چەندە گەمژەن!
كەواتە كاتێك دایكان مناڵی فیترەت ساغی لەم شێوەیە بەرهەم دەهێنن! ئایا ئەو بەهەشتە بەردەوام دەبێت كە ئامۆژگارەكان لەڕێگەی ئامۆژگاریەكانیانەوە بۆ یەك ڕۆژ دروستی دەكەن؟
ئەگەر ئافرەت بەشداری نەكرد لەگەڵتاندا لە هەموو بابەتەکاندا، چ زانستی بن یان ئایینی یان سیاسی یان ئابووری؛ ئەوا مناڵەكانتان بەتەواوەتی نەشارەزا دەبن لەم بابەتانە، وە لەگەڵ مردنی خۆتاندا زانستەکەیشتان دەمرێت.
بەكورتی، خوای گەورە لەم ئایەتانەدا ڕوونی كردووەتەوە كە پیاو بەبێ ئافرەت بەهەشتی هەمیشەیی بەدەست ناهێنێت، ئەمە ڕاستیەكی چەسپاوە. بۆیە ئەوانەی بەهەشتی ئیسلامیان ناوناوە خانەی ئافرەتە سۆزانیەكان تەنها گوزارشت لەو پیسی و پۆخڵیە دەكەن كە لە ناخیاندا هەیە.
بێگومان خوای گەورە ئاماژەی كردووە بۆ هەمان ئەم بەهەشتە و فەرموویەتی: ﴿وَلِمَنۡ خَافَ مَقَامَ رَبِّهِۦ جَنَّتَانِ﴾([30])، وە فەرموویەتی: ﴿وَمِن دُونِهِمَا جَنَّتَانِ﴾([31]) واتە بۆ ئەو كەسانە لە دنیادا دوو بەهەشت هەیە و لە دواڕۆژدا دوو بەهەشت، چونكە پیاو باخێك دەچێنێت و ئافرەت باخێكی تر دەچێنێت، وە وشەی ﴿جَنَّتَانِ﴾ ئاماژە دەكات بۆ ئەم دوو باخە، هەروەها ناویاننراوە بەهەشت. وەك ئەوەی ئەم باخە لە ڕوویەكەوە دوو باخ بێت و لە ڕوویەكی ترەوە یەك باخ بێت، دیارە دوو باخە لەو ڕووەوە كە یەكێكیان بەهۆی تێكۆشانی پیاوەوە دروست بووە و ئەوی تریان بەهۆی تێكۆشانی ئافرەتەوە، وە یەك باخە لەو ڕووەوە كە بەهەشتی پیاو و ئافرەت بەهەشتێكی هاوبەشە.
پاشان خوای گەورە ڕایدەگەیەنێت كە تەنها لە دواڕۆژدا دوو بەهەشت نیە، بەڵكو ﴿وَمِن دُونِهِمَا جَنَّتَانِ﴾ واتە لە دنیایشدا دوو بەهەشت هەیە، پیاو بەرپرسە لە دروستكردنی یەكێكیان و ئافرەت بەرپرسە لە دروستكردنی ئەوی تریان، بەم شێوەیە باوەڕداران دوو بەهەشت بەدەست دەهێنن لە دنیادا و دوو بەهەشتی تر لە دواڕۆژدا.. واتە هەردوو جۆرە سەركەوتنەکە بەدەست دەهێنن، ماددی و ڕۆحی، كە كاریگەری هەمیشەیی خۆیان بەجێدەهێڵن. خوای گەورە ئاماژەی بەم مەبەستە داوە و فەرموویەتی: ﴿ٱلۡمَالُ وَٱلۡبَنُونَ زِينَةُ ٱلۡحَيَوٰةِ ٱلدُّنۡيَا ۖ وَٱلۡبَٰقِيَٰتُ ٱلصَّٰلِحَٰتُ خَيۡرٌ عِندَ رَبِّكَ ثَوَابٗا وَخَيۡرٌ أَمَلٗا﴾([32]) واتە ئەو کەسانەی قازانجی مادییان دەوێت؛ ئەوا لەڕێگەی ماڵ و سامان و هۆكارەكانەوە قازانجی كاتی بەدەست دەهێنن، بەڵام ئەوانەی لەبەر ڕەزامەندی خوا كار دەکەن؛ ئەوا كارەكانیان هەمیشەیی دەبن، تەنها پاداشتێكی خێرایان دەست ناكەوێت لەسەر ئەو کارانە، بەڵكو پاداشتێكی هەمیشەییش بەدەست دەهێنن لەسەریان.
شیكردنەوەی فەرموودەی: “بەهەشت لەژێر پێی دایكاندایە”
فەرموودەی “بەهەشت لەژێر پێی دایكاندایە” هۆشداری ئەوە دەدات كە دایك ئەگەر بە باشی مناڵەكانی پەروەردە كرد؛ ئەوا نەوەیەكی چاكی بەرهەم هێناوە، وە ئەو نیعمەتەی باوك بەدەستی دەهێنێت لەڕێگەی ئەم نەوەیەوە هەمیشەیی دەبێت، بەڵام ئەگەر دایك بەخراپی مناڵەكانی پەروەردە كرد؛ ئەوا ئەو نیعمەتەی باوكەكە بەدەستی هێناوە دەستبەجێ دوای مردنی خۆی دەفەوتێت و هەرگیز دنیا بەهەشتی هەمیشەیی بەخۆیەوە نابینێت. ئەمەیە مانای ئەو فەرموودەیە كە لە موعاویەی كوڕی جاهیمەی سەلەمیەوە ڕیوایەت كراوە، جاهیمە هات بۆ لای پێغەمبەری ئازیز (ﷺ) و گوتی: ئەی پێغەمبەری خوا، ویستم بچمە غەزا، هاتووم پرست پێ بكەم. فەرمووی: ئایا دایكت ماوە؟ گوتی بەڵێ. فەرمووی: خزمەتی بكە چونكە بەهەشت لەژێر پێیەكانیدایە.”([33])
وا دەردەكەوێت ئەم پیاوە كۆمەڵێك خەوش و ناتەواویی هەبووە، پێغەمبەریش (ﷺ) پێی وا بووە ئەگەر لە خزمەتی دایكیدا بمێنیتەوە؛ ئەوا بەهۆی پەروەردەی چاكی دایكیەوە ڕزگاری بێت لێیان. ڕەنگە سروشتی توندوتیژ بووبێت، پێغەمبەری خوا (ﷺ) بیری كردووەتەوە ئەگەر ئەم کەسە بڕوات بۆ جیهاد؛ ئەوا زیاتر تووڕە و توندوتیژ دەبێت، بەڵام ئەگەر لای دایكی بمێنێتەوە؛ ئەوا تووڕەبوونەكەی نامێنێت و نەرمونیان دەبێت چونکە ماوەیەكی درێژ گوێڕایەڵی دایكی دەبێت. هەرچۆنێك بێت خەوشێكی تێدا بووە و پێغەمبەر (ﷺ) پێی وا بووە كە پەروەردەی دایكی بۆی باشترە لە چوونی بۆ مەیدانی جەنگ، بۆیە فەرمانی پێكردووە خزمەتی دایكی بكات. وە ئەم فەرموودەیەش ڕوونی دەكاتەوە كە بەهەشت بەبێ هاوكاری ئافرەت بەدەست نایەت.
بەكورتی، دەبێت ئافرەت لە بەهەشتدا هەبێت، نەك لە بەهەشتی دواڕۆژ بەتەنها بەڵكو لە بەهەشتی دنیایشدا، چونكە سەركەوتنی گەل و نەتەوە بەبێ ئافرەت ئەستەمە.
فەرمانكردن بە ڕادەستكردنی ئەمانەت بە كەسی شیاو
پاشان خوای گەورە لەم ئایەتانەدا كە ئێستا ئێمە تەفسیریان دەكەین ڕایدەگەیەنێت ئەم چاكە و ڕەحمەتە كە بەدەستتان هێناوە پێویستی بە سیستەمێك هەیە، چونكە ئەستەمە ئوممەت ئەم نیعمەتە لەڕێگەی یاخیبوون و پشێویەوە بەدەست بهێنیت، لەبەر ئەوە شتێكتان پیشان دەدەم هەردەبێت بوونی هەبێت بۆ دامەزراندنی ئەم بەهەشتە كە بریتیە لە: ﴿۞إِنَّ ٱللَّهَ يَأۡمُرُكُمۡ أَن تُؤَدُّواْ ٱلۡأَمَٰنَٰتِ إِلَىٰٓ أَهۡلِهَا﴾ واتە ئەو دەسەڵاتە دنیاییە و ئەو ماڵ و موڵكەی لەدەستاندایە بریتین لە كۆمەڵێك ئەمانەتی خوا لە دەستی ئێوەدا، سەرەتا فەرمانتان پێ دەكەین كە ئەم ئەمانەتانە ڕادەستی خاوەنەكانیان بكەن، واتە سەركردەیەك هەڵبژێرن بۆ خۆتان كە شیاوی هەڵگرتنی ئەم ئەمانەتە بێت، پاشان فەرمانتان پێ دەكەین: ﴿وَإِذَا حَكَمۡتُم بَيۡنَ ٱلنَّاسِ أَن تَحۡكُمُواْ بِٱلۡعَدۡلِۚ﴾ واتە فەرمان دەكەین بەو كەسانەی ئێوە ئەم ئەمانەتەیان ڕادەست دەكەن کە بە دادگەری و یەكسانی ڕەفتار بكەن. ئەمەش مانای وایە خوای گەورە لێرەدا فەرمانی خۆی دەركردووە بۆ هەردوو تیمەكە؛ لەلایەكەوە فەرموویەتی: ئەی خەڵكینە، ئێمە فەرمانتان پێ دەكەین هەمیشە جڵەوی دەسەڵات ڕادەستی ئەو كەسانە بكەن كە شیاوترین و شایستەترینی خەڵكن بۆ پارێزگاریكردن لێی و بۆ بەڕێوەبردنی، پاشان بە دەستەكەی تری فەرمووە: ئەی خاوەن دەسەڵات، ئێمە فەرمانتان پێ دەكەین كە بە دادگەری و یەكسانی مامەڵە بكەن لەگەڵ ژێردەستەكاندا و هەرگیز لە دادپەروەری لا مەدەن.
پاشان خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿إِنَّ ٱللَّهَ نِعِمَّا يَعِظُكُم بِهِۦٓ ۗ إِنَّ ٱللَّهَ كَانَ سَمِيعَۢا بَصِيرٗا﴾ واتە ئەم حوكمەی خوا كۆمەڵێك حیكمەتی مەزنی تێدایە، هەمیشە کۆمەڵێك فەرمانتان پێ دەكات كە لەبەرژەوەندی ئێوەدا بن، ئەو بیسەر و بینایە.
پاشان ئەگەر سیستەم دامەزرا؛ ئەوا خوای گەورە فەرمان دەكات و دەفەرموێت پێویستە لەسەرتان کار بکەن بۆ هێنانەدی ئامانج لە دامەزراندنی سیستەم كە بریتیە لە جێگیركردن و دامەزراندنی ئایین، وە كار بەو حوكمانە بکەن كە پەیوەستن بە خواپەرستیە بەكۆمەڵەكان و بە كردەوە نەتەوەییەكانەوە. پێویستە بزانرێت كە بەندایەتی و ئەركەكان دەکرێت تاكە كەسی بن و دەکرێت بە كۆمەڵیش دەبن، ئەوانەیان کە تاكە كەسین پێویستیان بە سیستەم نیە و پەیوەندیان نیە بە هەڵبژاردنی ئەمیرەكانەوە، بەگوێرەی ئەمە ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە ﴿أَطِيعُواْ ٱللَّهَ وَأَطِيعُواْ ٱلرَّسُولَ﴾ پاش هەڵبژاردنی ئەمیرەكان تەنها مانای ئەوەیە كە ئامانج لە دامەزراندنی سیستەم بریتیە لەوەی ئەو بەندایەتی و ئەركانەی کە بە كۆمەڵ ئەنجام دەدرێن بە جوانترین شێوە جێبەجێ بکرێن، لەبەر ئەوە پێویستە دوای دامەزراندنی سیستەم هەوڵ بدەن بۆ هێنانەدی ئامانجەکەی، نەك ئەوەی سیستەم دابمەزرێنن و لە ماڵی خۆتان پاڵی لێ بدەنەوە و هیچ کارێك نەکەن، وە هەموو ئەرکەکان بخەنە سەرشانی ئەمیرەكان. بێگومان ئەمیرەكان بۆ ئەوە دانەنراون تەنها ئیش بكەن بەڵكو بۆ ئەوەیش دانراون كە خەڵكی وا لێ بكەن كاربكەن، بۆیە ئەگەر ئەمیرەكان هەڵبژێردران؛ ئەوا پێویستە لەسەرتان ئەركەكانتان لەبەرامبەر ئوممەتدا بەجێبهێنن، بۆیە خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿يَٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُوٓاْ أَطِيعُواْ ٱللَّهَ وَأَطِيعُواْ ٱلرَّسُولَ وَأُوْلِي ٱلۡأَمۡرِ مِنكُمۡۖ﴾ واتە پاش هەڵبژاردنی ئەمیرەكان لەلایەن خۆتانەوە سێ حكومەت حوکمڕانیتان دەکەن:
حكومەتی خوا، حكومەتی پێغەمبەر، حكومەتی كاربەدەستەكان. بەڵام خوای گەورە ڕوونی كردووەتەوە و فەرموویەتی: ﴿فَإِن تَنَٰزَعۡتُمۡ فِي شَيۡءٖ فَرُدُّوهُ إِلَى ٱللَّهِ وَٱلرَّسُولِ إِن كُنتُمۡ تُؤۡمِنُونَ بِٱللَّهِ وَٱلۡيَوۡمِ ٱلۡأٓخِرِۚ﴾. واتە ئەمیرەكان نەخشە و پرۆژەی جۆراوجۆر دەخەنەڕوو بۆ بەجێهێنانی ئەم ئەركە، بۆیە پێویستە گوێڕایەڵییان بكەن لە جێبەجێكردنی ئەم پرۆژانەدا، بەڵام ئەگەر لە بابەتێکدا ناكۆك بوون لەگەڵیاندا؛ ئەوا بیگێڕنەوە بۆ لای خوا و پێغەمبەرەكەی، واتە لەبەر ڕۆشنایی ئەو بنەمایانەدا كە خوا و پێغەمبەرەكەی بڕیاریان لەسەرداوە ئەم ناكۆكیە مەهێڵن، وە شوێن هەواو ئارەزووی خۆتان مەكەون، ﴿ذَٰلِكَ خَيۡرٞ وَأَحۡسَنُ تَأۡوِيلًا﴾.
خوای گەورە لێرەدا بەڕاشكاوی ڕایگەیاندووە كە ئەگەر ئێوە دەسەڵاتی حوكمڕانیتان ڕادەستی كەسە شیاوەكانی خۆتان كرد؛ ئەوا پێویستە لەسەرتان گوێڕایەڵی فەرمانەكانیان بن سەرەڕای گوێڕایەڵی فەرمانەكانی خوا و پێغەمبەرەكەی. خوا ئەمەی فەرمووە چونكە پێشتر جۆری حكومەتەكەی خستووەتەڕوو و فەرموویەتی دەبێت لەپێناوی پێشكەوتن و بەرەوباڵاچووندا جڵەوی كارتان بدەنە دەست كەسێك، وە بەگوێرەی لێوەشاوەیی و شایستەییەکەی هەڵیبژێرن، نەك بەڕەچاوكردنی خزمایەتی و دۆستایەتییەكەی لەگەڵتاندا وەك چاكەیەك بەرامبەری. چونكە بەزۆری ئەمە لە دنیادا ڕوودەدات، بەجۆرێك دەنگ دەدەن بە خزم یان دۆست و برادەر بەچاوپۆشین لە لێوەشاوەیی کەسەکە بۆ ئەم پلە و پۆستە، بەڵام خوای گەورە ڕایدەگەیەنێت پێویستە هەڵبژاردن لە ئیسلامدا هەرگیز بەم شێوەیە نەبێت، وە هیچ كەسێك هەڵنەبژێرن تەنها لەبەرئەوەی باوكتان یان كوڕتان یان براتانە، بەڵكو ئەم ئەركە بسپێرن بەو كەسەی كە شیاویەتی، بە چاوپۆشین لەوەی ئایا خزمایەتی یان دۆستایەتی هەیە لەنێوانتاندا یان نا.
پاشان خوای گەورە دەفەرموێت ئەگەر ئەمیرەكانتان هەڵبژارد؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە هەندێ پرۆژە و نەخشە دەخەنەڕوو لە بەردەمتاندا، بۆیە فەرمانتان پێ دەكەم گوێڕایەڵی فەرمانەكانیان بن، چ لێیان تێبگەن یان نا، وە ئەگەر لە شتێكدا ناكۆك بوون لەگەڵیاندا؛ ئەوا بیگێڕنەوە بۆ لای خوا و پێغەمبەر.. واتە بیگێڕنەوە بۆ لای حوكمەكانی خوا و پێغەمبەرەكەی.
بێگومان نكۆڵیكارانی خیلافەت بە خوێندنەوەی ئەم وتەیەی خوا لە خۆشیدا هەڵدەفڕن و دەڵێن: ئێستا گرفتەكە چارەسەر بوو، وە زانیمان بوونی خەلیفە پێویست نیە، بەڵكو ئەگەر فەرمانەكەیان بەگوێرەی شەریعەت بوو؛ ئەوا گوێڕایەڵییان دەكەین و ئەگەر پێچەوانەی شەریعەت بوو؛ ئەوا ڕەتی دەكەینەوە.
خوا یار بێت پاش كەمێكی تر بەرپەرچی ئەم ڕەخنەیە دەدەمەوە.
بنەماكانی سیستەمی ئیسلامی لە قورئاندا
پێم خۆشە لێرەدا ڕوونی بكەمەوە كە قورئانی پیرۆز حوكمەكانی باسكردووە دەربارەی سیستەمی ئیسلامی كە پێكهاتوون لەم بنەمایانەی خوارەوە:
1: سیستەمی ئوممەت ئەمانەتە، چونكە تەنها كاریگەری نیە لە سەر یەك كەس، بەڵكو كاریگەری هەیە لە سەر هەموو ئوممەت، لەبەر ئەوە كاتی بڕیاردان دەربارەی ئەو سیستەمە پێویستە بیرنەكەنەوە لە بەرژەوەندیە كەسی و تایبەتیەكان بەڵكو بایەخ بدەن بە پێویستی و بەرژەوەندیەكانی هەموو ئوممەت.
2: جێبەجێكردنی ئەمانەت و سپاردە پێویستی بە سیستەم هەیە كە بەبێ ئەوە ئەستەمە جێبەجێ بكرێت، واتە خودی تاكەكان ناتوانن ئەم ئەمانەتە جێبەجێ بكەن، بەڵكو دەبێت سەرپەرشتیارێك هەبێت بەسەر جێبەجێكردنەكەیەوە.
3: ئەو سەرپەرشتیارانە پێویستە ئوممەت هەڵیانبژێرێت.
4: پێویستە ئەو كەسە هەڵبژێردرێت كە شیاوی جێبەجێكردن و بەجێهێنانی ئەم ئەمانەتانەیە، وە پێویستە بایەخ بە هیچ شتێكی تر نەدرێت لەكاتی هەڵبژاردندا.
5:ئەوانەی ئەم ئەمانەت و سپاردەیە ڕادەستیان دەكرێت هەرگیز نابن بە خاوەنی فەرمانی كۆمەڵ، بەڵكو تەنها كۆمەڵێك بەڕێوەبەر دەبن بۆی، بەجۆرێك خوای گەورە فەرموویەتی ﴿إِلَىٰٓ أَهۡلِهَا﴾، واتە ئەم فەرمانە ناخرێتە ناو دەستیان لەبەرئەوەی خاوەنی ئەو فەرمانەن و لە باوانەوە بۆیان ماوەتەوە، بەڵكو تەنها لەبەرئەوەی شیاون بۆ ئەنجامدانی ئەو كارە. ئەم حوكمانە تەنها سیستەمی ئایینی ناگرێتەوە بەڵكو وەك ڕوونە لەم وشانەوە حوکمەکان گشتین و سیستەمی ئایینی و دنیاییش دەگرێتەوە. وە لێیانەوە ئەوەش ڕوون دەبێتەوە كە ئیسلام حوكمی پاشایەتی بە بەشێك لە سیستەمەكەی خۆی دانانێت، بەڵكو تەنها دان دەنێت بە سیستەمی هەڵبژاردندا، پاشان فەرمان دەكات بە ڕۆڵەكانی گەل گوێڕایەڵی ئەو كەسانە بن كە خۆیان جڵەوی ئەم سیستەمە دەدەنە دەستیان.
ئایا ئیسلام حكومەتێك ڕەوا دەزانێت کە تەنها دنیایی بێت؟
ئەگەر بوترێت: ئایا ئیسلام دان دەنێت بە حكومەتێکدا کە تەنها دنیایی بێت یان نا؟ وەڵام: ئەگەر هۆكارەكان گونجاو و لەبار بوون بۆ ئیسلام، وە ئیسلام ئازاد بوو؛ ئەوا لەم دۆخەدا ئیسلام ڕێگە نادات بە دامەزراندنی سیستەمێك کە تەنها دنیایی بێت، بەڵام هاوکات چاویش نانوقێنێت لە گۆڕانی هەلومەرجەكان، بەجۆرێك ڕەنگە دامەزراندنی ئەو سیستەمە پێشكەوتووەی كە ئیسلام دەیخوازێت و بە هیوایە بێتەدی ئەستەم بێت لەكاتێك لەكاتەكاندا و پێویست بكات سیستەمێكی دنیایی دابمەزرێت. بۆنموونە دەكرێت لە كاتێك لەكاتەكاندا ژمارەیەكی بەرچاو لە موسوڵمانان لەژێر چەپۆكی حكومەتێكی بێباوەڕدا بن و ئازادییان لێ زەوت بكات و هێزیان پەرتەوازە بكات، بەمەش قورسە بۆ ئەو وڵاتانەی كە ئیسلام تێیاندا زاڵ و باڵادەستە سیستەمێكی ئایینی و دنیایی بەیەكەوە بۆ هەموو موسوڵمانان دابمەزرێنن؛ چونكە زۆرینەیان پەرتەوازەن لە وڵاتی بێباوەڕاندا و ناتوانرێت پەیڕەوی ئەو سیستەمە بكرێت لەلایەن هەموو موسوڵمانانەوە، لەم دۆخە ناچاریەدا ڕەوایە لە وڵاتی ئیسلامیدا سیستەمێك دابمەزرێت کە تەنها دنیایی بێت لەسەر ئەو بنەمایانەی كە ئیسلام پێشكەشی كردوون و ئێستا باسكران.
مانای ئەو سیستەمی حوکمڕانیە چیە کە تەنها دنیاییە؟
پێویستە بزانرێت مەبەست لە دامەزراندنی سیستەمێك کە تەنها دنیایی بێت لە وڵاتی ئیسلامیدا ئەوە نیە ئەم سیستەمە ئەو حوكمانەی ئیسلام پیادە نەكات كە پەیوەندییان هەیە بە دەوڵەتدارییەوە، بەڵكو مەبەست ئەوەیە كە كاركردن بە فەرمانەكانی ئەم سیستەمە لەڕووی ئایینیەوە واجب نابێت بۆ هەموو موسوڵمانانی تری جیهان؛ چونكە زۆرینەی موسوڵمانان ناكرێت پابەند بن بە فەرمانەكانیەوە لەبەرئەوەی نیشتەجێن لە وڵاتی بێباوەڕاندا، هەروەها زۆرینەیان دەستیان نابێت لە دامەزراندنی ئەو سیستەمەدا.
لەم جۆرە هەلومەرجانەدا، ڕەوایە، بگرە واجبە، سیستەمێك دابمەزرێنرێت کە تەنها ئایینی بێت و جیابێت لەو سیستەمەی کە تەنها دنیاییە، وە هەموو موسوڵمانان بەشێوەیەكی ڕۆحی ڕێكبخات و پەیوەندی نەبێت بە هیچ حكومەتێكەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی حكومەتەكانی تر خۆیان هەڵنەقورتێنن تێیدا. وە لەبەرئەوەی سیستەمەکە تەنها سیستەمێکی ڕۆحی دەبێت و خۆی هەڵناقورتێنێت لە كاروباری دەوڵەتان، بۆیە دەتوانێت موسوڵمانانی نیشتەجێی دەوڵەتە جۆراوجۆرەكان یەكبخات، بە ئیسلامی و نا ئیسلامیەوە، بەم شێوەیە ئیسلام ڕزگاری دەبێت لە پەرتەوازەیی. ئەگەر موسوڵمانان كاریان بكردایە بە مانای ئەم ئایەتە؛ ئەوا ئەم داڕوخان و دواكەوتنەیان بەخۆیانەوە نەدەدی كە لە ئاخرزەماندا تووشیان بووە.
هەڵەیەكی موسوڵمانان كە مایەی داخ و پەژارەیە
بێگومان موسوڵمانان لە سەردەمی داڕوخان و دواكەوتنیاندا كەوتنە ناو هەڵەیەكی قورسەوە، بەجۆرێك پێیان وا بوو كە ئەگەر نەتوانن سیستەمێكی ئایینی و دنیایی بەیەكەوە دابمەزرێنن لە جیهاندا؛ ئەوا ئەستەمە بتوانن سیستەمێك دابمەزرێنن کە تەنها ئایینی بێت. پێیان وا بوو ئەم دوو سیستەمە بەهیچ شێوەیەك و لە هیچ بارودۆخێكدا ناكرێت لەیەك جیاببنەوە، بۆیە كاتێك ئەستەم بوو یەکێکیان دابمەزرێنن بایەخیان نەدا بە دامەزراندنی ئەوی تریشیان. لەگەڵ ئەوەی كاتێك خیلافەتیان لەكیس چوو پێویست بوو ناوەندێك بۆ خۆیان دابمەزرێنن بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکانی ئوممەت و بڵاوكردنەوەی ئیسلام لە هەموو جیهاندا. بۆیە پێویست بوو لەسەریان بەگوێرەی ڕێنماییەكانی ئەم ناوەندە تۆڕەكانی تەبلیغ و بانگەواز بڵاوبكەنەوە لە جیهاندا و هەوڵ بدەن ئەخلاقی خەڵك چاك بكەن و قورئانیان فێربكەن و ناموسوڵمانەكان بهێننە ناو ئیسلامەوە و بەیەکگرتوویی هەوڵ بدەن بۆ چارەسەری گرفتە هاوبەشەكانی ئوممەت. بەڵام پێیان وا بوو ئێستا هیچ ڕێگەیەكیان لەبەردەمدا نەماوە بۆ دامەزراندنی سیستەمێك کە تەنها ئایینی بێت، بۆیە بەردەوام تووشی داڕوخان و دواکەوتن بوون. ئەگەر ئەوان دوای شكستهێنانیان لە دامەزراندنی سیستەمێك کە ئایین و دنیا بەیەكەوە بگرێتەوە، سیستەمێكیان دابمەزراندایە کە تەنها ئایینی بێت؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە ڕزگاریان دەبوو لە فەوتان و تیاچوونێكی گەورە، وە ئەمڕۆ ئیسلام زاڵ دەبوو بەجۆرێك مەسیحیەت هیچ شوێنەوارێكی نەدەما لە جیهاندا. بەڵام بە هەڵە پێیان وا بوو ئەگەر نەتوانن سیستەمێك دابمەزرێنن كۆكەرەوەی كاروباری دنیا و ئایین بێت؛ ئەوا هیچ ڕێگایەكیان نیە بۆ دامەزراندنی سیستەمێكی تر کە تەنها ئایینی بێت، بەم شێوەیە كاتێك شكستیان هێنا لە دامەزراندنی سیستەمێك بیریان نەكردەوە لە دامەزراندنی سیستەمێكی تر.
هەڵەیەكی تر
هەڵەیەكی تر كە ئەنجامیاندا ئەوە بوو پێیان وا بوو هەڵبژاردن تەنها لەپێناوی سیستەمێكدا ئەنجام دەدرێت كە كاروبارەكانی دنیا و ئایینی هەموو موسوڵمانان بەیەکەوە كۆبكاتەوە، لەگەڵ ئەوەی خوای گەورە لەم ئایەتانەدا بەڕاشكاوی فەرموویەتی هەڵبژاردن پێویستە بۆ سیستەمێك کە تەنها دنیایی بێت، هەروەها پێویستە بۆ سیستەمێك کە كاروبارەكانی دنیا و ئایین بەیەکەوە کۆبکاتەوە. خۆزگە ئەگەر دەیانویست فەرمانڕەوایەك دابنێن؛ ئەوا لانی كەم پاش هەڵبژاردن دایان دەنا، ئەگەر ئەو كارەیان بكردایە؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە تا ڕادەیەكی زۆر ڕزگاریان دەبوو لە تیاچوون و فەوتان. بەڵام بەتەواوەتی وازیانهێنا لە هەڵبژاردن، لەگەڵ ئەوەی ئەگەر گرنگی ئەم شتەیان بزانیایە؛ ئەوا پاشایەتی و دیكتاتۆری باڵادەست نەدەبوو كە ئەمڕۆ بڵاوبووەتەوە لەناو ئیسلامدا و دەوڵەتی ئیسلامی فەوتاندووە، وە هەوڵی موسوڵمانان بەردەوام دەبوو بۆ دامەزراندنی سیستەمی حوكمڕانی ئیسلامی، وە پێشەنگ دەبوون لە پێشخستنی دیموكراسی لەسەر كۆمەڵێك كۆڵەكە و بنەمای دروست و باشترین ئاڵاهەڵگرانی دیموكراسی دەبوون.
بەڵگە لەسەر گرنگی دامەزراندنی سیستەمێك کە تەنها ئایینی بێت لەكاتی پەرتەوازەبوونی موسوڵمانان لە چەندین دەوڵەتی جۆراوجۆردا
لە دۆخێکدا کە ناكۆكی و جیاوازی لەنێوان موسوڵماناندا بوونی هەیە پێویستە سیستەمێك دابمەزرێت کە تەنها ئایینی بێت؛ چونکە خوای گەورە لەم ئایەتەدا ڕووی قسە دەكاتە سەرجەم موسوڵمانان و فەرمانیان پێ دەكات کە بەردەوام گوێڕایەڵی كاربەدەستەكانی خۆیان بن، وە گوێڕایەڵی كاربەدەستەكان تایبەت نیە بە سەردەمێکی دیاریکراو، بەڵكو فەرمانمان پێ كراوە لە هەموو بارودۆخ و سەردەمێكدا گوێڕایەڵیان بین. ئەگەر كەسێك بڵێت فەرمانی گوێڕایەڵی کاربەدەستان فەرمانێكی كاتی بووە، ئەوا دەبێت دان بەوەدا بنرێت كە فەرمانکردن بە گوێڕایەڵی خوا و پێغەمبەرەكەی ئەویش فەرمانێكی كاتی بووە، چونكە خوای گەورە فەرموویەتی ﴿أَطِيعُواْ ٱللَّهَ وَأَطِيعُواْ ٱلرَّسُولَ﴾ پێش ئەوەی فەرمان بكات بە گوێڕایەڵی ﴿وَأُوْلِي ٱلۡأَمۡرِ﴾، دەی ئەگەر كاركردن بە حوكمی گوێڕایەڵی خوا و پێغەمبەرەكەی پێویست بێت لە هەموو بارودۆخ و سەردەمێكدا؛ ئەوا كاركردن بە حوكمی گوێڕایەڵی كاربەدەستەكانیش پێویستە لە هەموو هەلومەرج و سەردەمێكدا. لە ڕاستیدا خوای گەورە لێرەدا موسوڵمانانی ئاگادار كردووەتەوە كە دەبێت لە هەموو كاتێكدا پابەندبن بە سیستەمێكەوە. هەروەك ئەگەر ئەستەم بوو كاربكرێت بە بەشێكی حوكمێك؛ ئەوا مرۆڤ نابەخشرێت لە كاركردن بە بەشەکانی تری حوكمەكە، بۆ نموونە ئەگەر مرۆڤ نەیتوانی جیهاد بكات؛ ئەوا نابەخشرێت لە نوێژ، وە ئەگەر نەیتوانی دەستنوێژ بگرێت؛ ئەوا نابەخشرێت لە ڕكوع و سوژدە، وە ئەگەر نەیتوانی بەپێوە نوێژ بكات؛ ئەوا نابەخشرێت لە نوێژكردن بەدانیشتنەوە یان بە ئاماژە، بەهەمان شێوە ئەگەر نەكرا سیستەمێكی سیاسی بۆ هەموو جیهانی ئیسلامی دابمەزرێت؛ ئەوا موسوڵمانان نابەخشرێن لە گوێڕایەڵی کاربەدەستان لەو شتانەدا كە دەتوانن گوێڕایەڵیان بن تێیاندا. بۆ نموونە ئەگەر حاجی نەیتوانی هاتوچۆی نێوان سەفا و مەروە بكات؛ ئەوا نابەخشریت لێی، بەڵكو دەبێت ئەم ئەركە جێبەجێ بكات ئەگەر بەسەر پشتی كەسێكی ترەوە بووە.
كەواتە، موسوڵمانان كەوتنە ناو هەڵەیەكی گەورەوە كاتێك پێیان وا بوو مادام ئەستەمە سیستەمێكی دیاریكراو دابمەزرێنن؛ ئەوا بەخشراون لە دامەزراندنی سیستەمێكی تر، لەگەڵ ئەوەی دامەزراندنی سیستەمێك کە تەنها ئایینی بێت شتێكی ئەستەم نیە سەرەڕای پەرتەوازەیی موسوڵمانان لە چەندین دەوڵەتی جۆراوجۆردا، هەروەك ئەمڕۆ لەسەر زەمینەی واقیعدا دەیبینین كە خوای گەورە دایمەزراندووە بە هۆی دەركەوتنی مەسیحی بەڵێندراوەوە (علیه السلام). كاتێك خەڵكی پێمان دەڵێن: بۆچی دەستی دز نابڕن؟ دەڵێین: ئەمە لە توانای ئێمەدا نیە، بەڵام سەبارەت بەو كاروبارانەی كە دەتوانین بە ئازادی جێبەجێیان بکەین، پێمان وایە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی سیستەمی ئیسلامی دەربارەیان بریتیە لە یەكەمین و گرنگترینی ئەركەكانمان. ئەگەر موسوڵمانان بیانزانیایە كە پێویستە لە هەموو كات و سەردەمێكدا گوێڕایەڵی كاربەدەستان بکەن، وە ئەگەر سیستەمی ئیسلامییان دابمەزراندایە لەو كاروبارانەدا كە دەیانتوانی دایبمەزرێنن تێیاندا، جگە لەو كاروبارانەی كە نەیاندەتوانی گوێڕایەڵی کاربەدەستانی خۆیان بن؛ ئەوا لە ڕیزی ئەو كەسانە ئەژماردەكران كە كاریان كردووە بەم حوكمە قورئانیە و ئیسلام تووشی ئەم فەوتان و دواكەوتنەی ئێستا نەدەبوو. ڕەنگە خوای گەورە خۆی ئەوەی ویستبێت کە ئەم بەشەی حوكمە ئیسلامیەکە لەڕێگەی كۆمەڵی مەسیحی بەڵێندراوەوە (علیه السلام) جێبەجێ بکرێت، وە كۆمەڵی ﴿وَءَاخَرِينَ مِنۡهُمۡ﴾([34]) ئەم فەزڵ و شكۆیە بەدەستبهێنێت، بەجۆرێك دەبێت ئێمەش جۆرێك لە فەزڵمان هەبێت. بێگومان هاوەڵەكانی پێغەمبەری خوا (ﷺ) ئەو فەزڵەیان بەدەستهێنا کە سیستەمی ئایینی و دنیاییان بەیەكەوە دامەزراند لەسەر بنەماكانی ئیسلام، لەكاتێكدا خوا (عز وجل) ئێمەی موسوڵمانانی ئەحمەدی ئاگادارکردەوە بۆ دامەزراندنی سیستەمێك کە تەنها ئایینی بێت، بە دەربڕینێكی تر هاوەڵان بەشێوەیەك كاریان كرد بەم ئایەتە و ئێمە بەشێوەکەی تری كارمان پێ كرد، بەم شێوەیە گەیشتین بە هاوەڵان.
بەكورتی: ئەم ئایەتەی سوورەتی “النساء” بنەماكانی دامەزراندنی سیستەمی بەڕێوەبردنی ئیسلامی دەخاتەڕوو، بەجۆرێك خوای گەورە تێیدا فەرمانمان پێ دەكات کە:
1: دەبێت سیستەمی ئیسلامی بەگوێرەی هەڵبژاردن بێت.
2: دەبێت موسوڵمانان شوێنكەوتەی كاربەدەستەكانی خۆیان بن لە هەموو سەردەمێكدا.
بەڵام بەداخەوە موسوڵمانان لە سەردەمی داڕووخان و دواکەوتنیاندا ئەم دوو بنەمایەیان لەبیركرد، وە پابەندنەبوون بە بنەمای هەڵبژاردنی فەرمانڕەواكانیانەوە لەگەڵ ئەوەی لە هەندێ شوێندا دەیانتوانی پابەند بن پێوەی، هەروەك لە کۆمەڵێك کاروباری تردا کە ئازاد بوون تێیاندا ئەو سیستەمەیان دانەمەزراند کە لەسەر گوێڕایەڵی وەلی ئەمر و كاربەدەستەكانی خۆیان دادەمەزرێت، بەم شێوەیە پارێزگارییان نەكرد لە یەكگرتوویی ئوممەت. بێگومان لە كۆمەڵێك مشتومڕی نەزۆكدا ڕۆچوون كە گوایە پێویستە تەنها گوێڕایەڵی وەلی ئەمرەكانی خۆیان بن، ئەمەش وای لێكردن ئامانجی سەرەكی ئەم حوكمە فەرامۆش بكەن، لەگەڵ ئەوەی ئەگەر كاریان بكردایە بەم حوكمە لەو كاروبارانەدا كە لە توانایاندا بوو؛ ئەوا بەڵگەیان لەسەر نەدەچەسپا لەو كاروبارانەدا كە ئازاد نەبوون تێیاندا و لە توانایاندا نەبوو.
وەڵامدانەوەی ڕەخنەیەك دەربارەی ﴿وَأُوْلِي ٱلۡأَمۡرِ مِنكُمۡۖ﴾
ڕەنگە لێرەدا كەسێك ڕەخنە بگرێت و بڵێت لە فێركاری و ڕێنماییەكانی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی ئەوەیە كە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَأُوْلِي ٱلۡأَمۡرِ مِنكُمۡۖ﴾ گوێڕایەڵی کاربەدەستی ناموسوڵمانیش دەگرێتەوە، بەمەش گوێڕایەڵی كاربەدەستە ناموسوڵمانەكان فەرزە لەسەریان بەگوێرەی ئەم ئایەتە، بەڵام ئەو مانایەی ئێستا بۆ ئایەتەكە باست كرد كاربەدەستە ناموسوڵمانەكان ناگرێتەوە.
وەڵام: ئەمە قسەیەكی دروستە، بەڵام ئەو مانایەی كە ئێستا باسم كرد تەنها مانای دەستەواژەی: ﴿وَأُوْلِي ٱلۡأَمۡرِ مِنكُمۡۖ﴾ە، مەبەستم ئەوەیە كە كاتێك ئێمە دەڵێین كاربەدەستە ناموسوڵمانەكان دەچنە چوارچێوەی ﴿وَأُوْلِي ٱلۡأَمۡرِ﴾ەوە؛ ئەوا بە ڕەچاوكردنی هەموو ئەم ئایەتانە بەیەكەوە ئەم قسەیە ناكەین، بەڵكو ئەم قسەیە دەكەین بەڕەچاوكردنی ئەم بەشەی ئایەتەكە مەبەستم دەستەواژەی ﴿وَأُوْلِي ٱلۡأَمۡرِ مِنكُمۡۖ﴾ە بەتەنها، بەڵام ناكرێت ئێمە مانای ئەم بڕگەیە فەرامۆش بكەین کاتێك پەیوەستە بە هەموو ئایەتەكانەوە.
گومانی تێدا نیە پێویستە گوێڕایەڵی هەر یەكێك لە کاربەدەستان ﴿وَأُوْلِي ٱلۡأَمۡرِ﴾ بكەین لە كاروبارەكانی دنیادا، بەڵام ناتوانین چاوبنووقێنین لە فەرمانە خواییەكە كە بریتیە لەوەی پێویستە لەسەر موسوڵمانان گوێڕایەڵی كاربەدەستە موسوڵمانە هەڵبژێردراوەكان بكەن لەناو خۆیاندا لە هەموو سەردەمێكدا.
مانای ﴿فَرُدُّوهُ إِلَى ٱللَّهِ وَٱلرَّسُولِ﴾ كاتی ناكۆكی لەگەڵ كاربەدەستاندا
ئێستا باسی بابەتێك دەكەم كە بەڵێنم دابوو دواتر باسی بکەم، مەبەستم ئەوەیە هەندێ كەس لێرەدا ڕەخنە دەگرن و دەڵێن: خوای گەورە لێرەدا فەرمانی پێ كردووین كە ئەگەر ناكۆك بوون لەگەڵ كاربەدەستەكاندا لە شتێكدا؛ ئەوا ﴿فَرُدُّوهُ إِلَى ٱللَّهِ وَٱلرَّسُولِ﴾، ئەمەش مانای وایە گوێڕایەڵی كاربەدەستان لە هەموو بارودۆخێكدا پێویست نیە لەسەرمان، بەڵكو لەكاتی ناكۆكی لەگەڵیاندا پێویستە بڕوانین ئایا خوا و پێغەمبەرەكەی چ فەرمانیان کردووە لەو كێشەیەدا.
وەڵامی ئەم بابەتە بەم جۆرەیە: ئەگەر ئێمە ئەم ئایەتەمان بەم مانایە تەفسیر كرد؛ ئەوا هەموو ئایەتەكە بێ كەڵك دەبێت، چونكە هەموو كەسێك پێی وایە خۆی پێكاویەتی لە بۆچوونەكەیدا، بۆیە ئەگەر ئایەتەكەمان بەم مانایە تەفسیر كرد؛ ئەوا گوێڕایەڵی كاربەدەستان بە هیچ شێوەیەك ناكرێت و ناگونجێت. ئایا هیچ شتێك هەیە کە هەموو خەڵكی كۆك و هاوڕا بن لەسەری و بڵێن حوكمی خوا و پێغەمبەرەكەیەتی؟ نەخێر، بەدڵنیاییەوە هەندێ كەس تێیدا ناكۆك دەبن. وە ئەگەر هەر یەكێكیان سەرپشك بكرێت، لەکاتێکدا ئەمە دۆخەكە بێت، ئەوا هەر بەبیستنی حوكمێك لە حوكمەكانی خەلیفە دەڵێت ئەمە پێچەوانەی فێركاریەكانی خوا و پێغەمبەرەكەیەتی، بەمەش هەرگیز خەلیفە ناتوانێت حوكمی کەسانی تر بكات بەڵكو تەنها حوكمی خۆی دەكات، بەتایبەتی لەم سەردەمەدا، چونكە کەسانی گوێڕایەڵ كەمن و ئەوانەی ئیجتیهاد دەكەن زۆرن، وە هەموو كەسێك پێی وایە خۆی خاوەنی بۆچوونی دروستە و پێکاویەتی. لەم دۆخەدا خەلیفە لە شوێنی خۆیەوە هاوار دەكات ئەمە بكەن و ئەوە بكەن، خەڵکیش وەڵامی دەداتەوە: سەرەتا بۆمان بسەلمێنە حوكمەكەت تەبا و ڕێكە لەگەڵ قورئان و فەرموودەدا، ئەگینا گوێڕایەڵت نابین. وە ئاشکرایە هیچ فەرمانێكی ئایینی نیە كە لە سەدا سەد هەموو خەڵكی هاوڕابن لەسەری، بەڵكو لە هەموو بابەتێکدا هەندێ لە ڕاجیایی دەمێنێتەوە.
نوكتەیەكی خۆش: دەگێڕنەوە کەسێك پێی خۆش بوو لە مەجلیسی پیاوە ئایینیەكاندا دابنیشێت، بەڵام زۆر نەشارەزابوو لە ئایین، لە هەموو مەجلیسێكدا بە ڕسوایی و سەرشۆڕی دەكرایە دەرەوە. ئەمەی باسکرد بۆ یەکێك لە برادەرەكانی خۆی و گوتی پێی خۆشە لە مەجلیسی زاناكاندا ئامادە بێت، بەڵام خەڵكی ڕێگای پێ نادەن. برادەرەکەی پێی گوت: پێویستە عەبایەكی گەورە بكەیتە بەرت و عەمامەیەكی گەورە بكەیتە سەرت، ئینجا خەڵكی بە بینینی دیمەنەكەت وا دەزانن زانایەكی گەورەیت، ئیتر ڕێگریت لێ ناكەن كە لە مەجلیسەكانیاندا ئامادە بیت، ئەگەر لە ناویاندا دانیشتیت و پرسیاریان لێ كردیت دەربارەی بابەتێك؛ ئەوا بڵێ: ئەم بابەتە ڕاجیایی تێدایە، هەندێ کەس دەڵێن ڕەوایە و هەندێ دەڵێن ڕەوا نیە. وە لەبەرئەوەی جیاوازی و ڕاجیاییەكی زۆر هەیە لە پرس و بابەتەكاندا بۆیە كەس نازانێت کە تۆ شارەزاییت نیە. ئەوە بوو ئەویش عەبایەكی گەورەی كردە بەری و عەمامەیەكی گەورە پێچایەوە و گۆچانێكی گرت بەدەستیەوە، سەردانی مەجلیسی زاناكانی دەکرد، وە هەركاتێك لە مەجلیسێكدا دادەنیشت بەردەوام هەموو كاتەكە سەری دادەخست، وە ئەگەر خەڵكی پێیان بگوتایە: حەزرەتی شێخ، فەرموو تۆیش بۆچوونی خۆت بڵێ، ملێكی بۆ دەجووڵاند و دەیگوت: باسكردنی ئەم بابەتە و ڕۆچوون تێیدا سوودی نیە، چونكە زاناكان زۆر ناكۆكن تێیدا، هەندێكیان قسەی ئەم شێخە دەكەن و هەندێكی تر بە پێچەوانەوە. ئیتر خەڵكی وایان دەزانی زانایەكی گەورەیە و زۆر دەخوێنێتەوە و دەیانگوت: بەڵێ، شتەكە هەر وایە، ئینجا وازیان دەهێنا لە مشتومڕ و گفتوگۆ لەم بابەتەدا و باسی بابەتێکی تریان دەکرد. ڕۆژانێك تێپەڕی بەم شێوەیە، وە بەردەوام ئەم نەزانە بەگەرمی پێشوازی لێ دەكرا و ڕێزی دەگیرا لە مەجلیسی زاناكاندا، ڕۆژێكیان باسی ئەوە دەكرا كە ئەم سەردەمە زۆر خراپ بووە تەنانەت ڕۆشنبیرەكان وردە وردە بوونی خوای گەورە ڕەت دەکەنەوە و دەڵێن: ئەگەر خوا بوونی هەیە؛ ئەوا بەڵگە چیە لەسەر بوونەکەی؟ دانیشتوانی مەجلیسەكە وەك نەریتی خۆیان بەم نەزانەیان گوت: حەزرەتی شێخ، جەنابت چی دەڵێیت لەم بارەیەوە؟ ئەویش وەڵامی دایەوە و گوتی: باسكردنی ئەم بابەتە و ڕۆچوون تێیدا سوودی نیە، هەندێ زانا دەڵێن خوا هەیە و هەندێكی تریش دەڵێن نیە. ئینجا ئاشكرا بوو کە کەسێکی فێڵبازە و بەپاڵ لە مەجلیسەكە كردیانە دەرەوە.
كەواتە لێرەوە ئەوە دەچەسپێت كە لەدنیادا ڕاجیایی و ناكۆكی زۆر هەیە، بۆیە ئەگەر ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە ﴿فَإِن تَنَٰزَعۡتُمۡ فِي شَيۡءٖ فَرُدُّوهُ إِلَى ٱللَّهِ وَٱلرَّسُولِ﴾ وەها تەفسیر بكرێت كە هەر كاتێك كەسێك لەگەڵ خەلیفەدا لە شتێكدا ناكۆك بوو؛ ئەوا پێویستە لەسەری بەتوندی ڕەخنە بگرێت لە خەلیفە و بڵێت تۆ بە پێچەوانەی وتەی خوا و پێغەمبەرەكەیەوە فەرمانم پێ دەكەیت! بەمەش خەلیفە تووشی سووكایەتی و لەكەداربوون دەبێت بەجۆرێك تەنانەت ئەستەمە بۆ یەك ڕۆژ بتوانێت ئەركەكانی خیلافەت ڕاپەڕێنێت. بۆیە ئەم مانا و تێگەیشتنە بەتەواوەتی پێچەوانەی عەقڵە، هەندێ كەس لە كۆمەڵەكەی ئێمەشدا بەهۆی ئەوەی شکستیان هێنا لە پەی بردن بە مانای دروستی ئەم ئایەتە كەوتنە هەڵەوە و پێیان هەڵخلیسكا، ئەگەر مانای دروستی ئەم ئایەتەیان بزانیایە؛ ئەوا تووشی ئەم هەڵەیە نەدەبوون و پێیان نەدەخلیسكا.
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَأُوْلِي ٱلۡأَمۡرِ مِنكُمۡۖ﴾ كاربەدەستە دنیاییەكان و خەلیفە ڕاشیدیەكان دەگرێتەوە
كەواتە، مانای دروستی ئەم ئایەتە چیە؟
بۆ زانینی مانا دروستەکە پێویستە بزانین ئەم ئایەتە گشتیە، واتە كاربەدەستە دنیاییەكان و خەلیفە ڕاشیدیەكانیش دەگرێتەوە. ئایەتەکە تەنها باسی خەلیفەكانی ئیسلام ناكات، بەڵكو باسی كاربەدەستە ماددیەكانیش دەكات.
پاش ڕەچاوكردنی ئەوەی كە ئەم ئایەتە گشتیە و كاربەدەستە دنیاییەكان و خەلیفە ڕاشیدیەكان دەگرێتەوە، بزانن قورئانی پیرۆز دەربارەی هەر جۆرێك لەو دوو جۆرە كاربەدەستانە كۆمەڵێك حوكمی جیا دەدات؛ لە شەریعەتی ئیسلامیدا كۆمەڵێك حوكم هەن تایبەتن بە كاربەدەستە ماددییەكان، وە كۆمەڵێك حوكمی تری تێدایە كە تایبەتن بە خەلیفە ڕاشیدیەكان، لەبەر ئەوە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿فَإِن تَنَٰزَعۡتُمۡ فِي شَيۡءٖ فَرُدُّوهُ إِلَى ٱللَّهِ وَٱلرَّسُولِ﴾ مانای ئەوە نیە كە ئەگەر ناكۆك بوون لەگەڵ كاربەدەستاندا؛ ئەوا پێویستە بەگوێرەی تێگەیشتنی خۆتان لە حوكمی خوا و پێغەمبەرەكەی ڕەفتار بکەن، بەڵكو مەبەست ئەوەیە كە پێویستە لەكاتی ناكۆكیەكەدا بڕوانن بۆ جۆری كاربەدەستەكە كە لەگەڵیدا جیاواز و ناكۆكن، چونكە ئەو حوكمەی لەم ئایەتەدا هاتووە گشتیە و خەلیفە ڕاشیدیەكان و كاربەدەستە دنیاییەكانیش دەگرێتەوە، جا ئەگەر کاربەدەستەکە خەلیفەی ڕاشیدی بوو؛ ئەوا پێویستە كار بە فەرمانی خوا و پێغەمبەرەكەی بكەن كاتی ناكۆكی لەگەڵیدا، وە ئەگەر كاربەدەستەکە کاربەدەستێکی دنیایی بوو؛ ئەوا پێویستە كار بە فەرمانی خوا و پێغەمبەرەكەی بكەن كاتی ناكۆكیتان لەگەڵیدا.
كۆمەڵێك حوكمی جیا دەربارەی كاربەدەستان بەهەردوو جۆرەكەیەوە
ئێستا پێویستە بڕوانین، ئایا خوا و پێغەمبەرەكەی کۆمەڵێك حوکمی جیایان دەرکردووە سەبارەت بە كاربەدەستان بە هەردوو جۆرەكەیەوە یان نا؟ وە ئەو حوكمانە چین؟
دەبینین پێغەمبەری خوا (ﷺ) كۆمەڵێك حوكمی جیای دەرکردووە دەربارەی كاربەدەستان بەهەردوو جۆرەكەیەوە.
لە عوبادەی كوڕی سامیتەوە، گوتی: بەیعەتمان دا بە پێغەمبەری خوا (ﷺ) لەسەر ئەوەی گوێڕایەڵی بین؛ لەکاتی خۆشی و ناخۆشیدا، پێمان خۆش بێت و پێمان ناخۆش بێت، وە ئەگەر مافیشمان زەوت بكرێت، وە ململانێ نەكەین لەسەر دەسەڵات لەگەڵ فەرمانڕەواكاندا، وە قسەی حەق بكەین لە هەر كوێیەك بووین، وە لەپێناوی خوادا لە لۆمەی لۆمەكاران نەترسین.([35])
وە لە ڕیوایەتی بوخاریدا هاتووە: “یاخی نەبن لێیان، مەگەر كوفرێكی ئاشكرا ببینن، لەلایەن خواوە بەڵگەیەكتان لەسەری هەبێت”([36])
واتە بەیعەتمان دا بە پێغەمبەری خوا (ﷺ)، وە مەرجەكانی بەیعەتەكە ئەوە بوو كە هەمیشە گوێڕایەڵی كاربەدەستانمان بین، لەخۆشیدا بێت یان لەناخۆشیدا، حوكمەكانیان بەلامانەوە خۆش بێت یان ناخۆش، تەنانەت ئەگەر مافیان زەوت كردین، وە لەناو ئەم مەرجانەدا ئەمەش هەبوو كە ئەگەر جڵەوی حوكمڕانیمان دایە دەست كەسێك بەوپێیەی شیاوە بۆی؛ ئەوا شەڕ و كێشەی لەگەڵدا نەكەین و پێی نەڵێین بۆچی فەرمانمان پێ دەكات بەمە و بەوە. بەڵام دەكرێت هەندێ لە كاربەدەستانمان فەرمانمان پێ بكەن بە شتێك پێچەوانەی ئایین بێت، لەم دۆخەدا فەرمانمان پێ كراوە قسەی حەق بكەین و ڕاستیەكەی پێ بڵێین و لەپێناوی ئاییندا نەترسین لە لۆمەی لۆمەكاران. وە لە ڕیوایەتێكدا هاتووە پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمانی پێكردووین نەچین بەگژی ئەهلی حوكمڕانیدا، ئەوانەی كە جڵەوی حوكمڕانیمان داوەتە دەستیان، مەگەر كوفرێكی ئاشكرایان لێ ببینین كە دەقێكی قورئانی ڕاشكاومان لەلابێت لەسەری. فەرموویەتی: پێویستە لەو كاتەدا گوێڕایەڵییان ڕەت بكەنەوە لەو كارەدا كە پێچەوانەی ئایینە و كار بە فەرمانی خوا بكەن.
هەروەها لە فەرموودەیەكی تردا هاتووە لە عەوفی كوڕی مالیكی ئەشجەعیەوە گوتی: گوێم لە پێغەمبەری خوا بوو (ﷺ) دەیفەرموو: باشترینی فەرمانڕەواكانتان ئەوانەن خۆشتان دەوێن و خۆشیان دەوێن، “تُصَلُّونَ عَلَيْهِمْ وَيُصَلُّونَ عَلَيْكُمْ، وَشِرَارُ أَئِمَّتِكُمُ الَّذِينَ تُبْغِضُونَهُمْ وَيُبْغِضُونَكُمْ، وَتَلْعَنُونَهُمْ وَيَلْعَنُونَكُمْ” قَالُوا: قُلْنَا: يَا رَسُولَ اللهِ، أَفَلَا نُنَابِذُهُمْ عِنْدَ ذَلِكَ؟ قَالَ: “لَا، مَا أَقَامُوا فِيكُمُ الصَّلَاةَ، لَا، مَا أَقَامُوا فِيكُمُ الصَّلَاةَ، أَلَا مَنْ وَلِيَ عَلَيْهِ وَالٍ، فَرَآهُ يَأْتِي شَيْئًا مِنْ مَعْصِيَةِ اللهِ، فَلْيَكْرَهْ مَا يَأْتِي مِنْ مَعْصِيَةِ اللهِ، وَلَا يَنْزِعَنَّ يَدًا مِنْ طَاعَةٍ.”([37])
واتە باشترینی كاربەدەستەكانتان ئەوانەن كە خۆشتان دەوێن و خۆشیان دەوێن و سڵاواتیان لەسەر دەدەن و سڵاواتتان لەسەر دەدەن، واتە دەپاڕێنەوە بۆ خێر و پێشكەوتنیان و ئەوانیش دەپاڕێنەوە بۆ خێر و پێشكەوتنی ئێوە، وە خراپترینی كاربەدەستەكانتان ئەوانەن كە ڕقتان لێیانە و ڕقیان لێتانە و نەفرەتیان لێ دەكەن و نەفرەتتان لێ دەكەن، ڕاویەكە دەڵێت: گوتمان ئەی پێغەمبەری خوا، ئەگەر ئەم جۆرە حوكمڕانانە دەسەڵاتیان هەبوو بەسەرماندا ئایا دژایەتییان نەكەین و دەسەڵاتیان لەدەست نەسێنین؟ پێغەمبەری خوا (ﷺ) دووجار فەرمووی: نەخێر، پاشان نەخێر، لە گوێڕایەڵییان دەرمەچن مادام ڕێگری خواپەرستیتان لێ ناكەن وەك ڕۆژوو و نوێژ. گوێبگرن، ئەگەر دەسەڵاتدارێك حوكمی كردن و بینیتان نافەرمانی خوا دەكات لە هەندێ شتدا؛ ئەوا پێویستە لەسەرتان ڕقتان لەم ڕەفتارانەی بێت، بەڵام یاخی مەبن لێی.
وە لە فەرموودەیەكی تردا حوكمێكی زیاتر دەبینین كە بریتیە لەوەی ئەگەر كوفرێكی ئاشكراتان بینی لێی؛ ئەوا دەكرێت لە فەرمانی دەربچن.
فەرمانکراوە بە شوێنكەوتنی سوننەتی خەلیفە ڕاشیدیەكان بە بەردەوامی
وە بە پێچەوانەوە دەبینین لەو فەرموودەیەی کە (عرباض بن ساریة) ڕیوایەتی كردووە، دەڵێت: بەیانیەكیان پێغەمبەری خوا (ﷺ) نوێژی بۆ كردین، پاشان ڕووی تێكردین و ئامۆژگاریەكی كاریگەری كردین كە فرمێسكی لە چاوەكان هێنا و دڵەكانی لەرزاند، ئینجا كەسێك گوتی: ئەی پێغەمبەری خوا، وەك ئەوەی ئەم ئامۆژگاریە ئامۆژگاری ماڵئاوایی و خواحافیزی بێت چ ڕاسپاردەیەكمان پێ دەکەیت؟ فەرمووی: ڕاتان دەسپێرم بە تەقوای خوا و گوێڕایەڵیکردن تەنانەت ئەگەر بۆ بەندەیەكی حەبەشی بێت؛ چونكە ئەوەی دوای من دەژی ناكۆكی زۆر دەبینێت، بۆیە پێویستە بەتوندی دەستبگرن بە سوننەتی من و سوننەتی خەلیفە ڕاشیدیەكانەوە و دەستی لێ بەرمەدەن. وریای شتە داهێنراوەكان بن، هەموو داهێنراوێك بیدعەیە و هەموو بیدعەیەكیش گومڕاییە.”([38])
لەم فەرموودانەوە -بە هەردوو جۆرەكەیەوە- دەچەسپێت كە پێغەمبەری خوا (ﷺ) كاربەدەستانی كردووە بە دوو بەشەوە، دەسەڵاتدارە دنیاییەكان و دەسەڵاتدارە ئایینی و ئیسلامیەكان. فەرمانی كردووە پێمان گوێڕایەڵی دەسەڵاتدارە دنیاییەكان بین بە مەرجێك فەرمانەكەیان كوفرێكی ئاشكرا نەبێت كە بە بەڵگە چەسپابێت نەك بە قیاس، نەك هەر ئەوەی ڕێگەی نەداوە گوێڕایەڵییان بکرێت لەو كاروبارانەدا كە كوفرن، بگرە فەرمانی کردووە کە بەگوێیان نەکرێت، وە هەندێ زانای ئیسلام وەك شێخ “محێدینی ئیبن عەرەبی” زۆر دووربینی كردووە لەم بابەتەدا، بەجۆرێك گوتوویەتی لەم دۆخەدا دەتوانن بە ئاشکرا خۆتان جیا بکەنەوە لێیان بەڵام یاخی نەبن لێیان.
بەڵام پێغەمبەری خوا (ﷺ) ئێمەی نەكردووە بە ناوبژیوان بەسەر كاربەدەستە ئایینی و ئیسلامیەكانەوە، بەڵكو ئەوانی كردووە بە ناوبژیوان بەسەر ئوممەتەوە و فەرموویەتی: ئەو كارەی ئەوان دەیكەن حوججەیە بەسەرتانەوە، وە دەبێت شوێن ڕێبازەکەیان بكەون وەك چۆن پەیڕەوی فەرمانەكانی من دەكەن.
كەواتە كاربەدەست و حوكمڕانەكان دوو جۆرن، كاربەدەستە دنیاییەكان کە ڕەنگە كوفرێك ئەنجام بدەن، وە فەرمانمان پێ كراوە هەمیشە گوێڕایەڵیان بین، مەگەر كوفرێكی ئاشكرا ئەنجام بدەن، لەم دۆخەدا پێویستە خۆمان جیا بكەینەوە لێیان. وە كاربەدەستانێكی تر هەن کە ئەستەمە هەڵە و تاوان بكەن، وە فەرمانمان پێ كراوە هەمیشە شوێن سوننەت و ڕێبازەكەیان بكەوین و لە ڕێگاكەیان لانەدەین، بەڵكو گوتراوە: ئەگەر گومانتان بۆ دروست بوو كە بیروباوەڕەكانتان دروستن یان نا؛ ئەوا پێویستە بەراوردیان بکەن بە بیروباوەڕەكانی ئەو خەلیفە ڕاشیدیانە، ئەگەر گونجان لەگەڵ بیروباوەڕەكانی ئەواندا؛ ئەوا ڕاستن، بەڵام ئەگەر بیروباوەڕەكانتان لەگەڵ بیروباوەڕی ئەواندا نەگونجا؛ ئەوا بزانن كە لاتان داوە لە ڕێگای ڕاست.
خەلیفە ڕاشیدیەكان تەرازوون بۆ ئوممەت
ئەمە مانای وایە كە خەلیفە ڕاشیدیەكان تەرازوویەكن خەڵكی پێوانەیان پێ دەكەن بۆ ئەوەی بزانن ئایا لەسەر ڕێگای ڕاست دەڕۆن یان لایان داوە لێی. بۆ نموونە ئەگەر کێشی 2 كیلۆگرام لەسەر تایەك بێت و میوەیەكی وەك گێزەر یان شێلم لە تایەكی تردا بێت، دیارە هەموو مرۆڤێك بە گوێرەی کێشی كیلۆكە میوەكە كێشانە دەكات، نەك ئەوەی ئەگەر میوەكە كێشی كەمتر بوو لە كێشی كیلۆكە؛ ئەوا كیلۆكە فڕێبدات و بڵێت ئەمە کێشانەیەکی دروست نیە. بەهەمان شێوە پێغەمبەری خوا (ﷺ) نەیفەرمووە پێمان پێویستە هەڵسەنگاندن بکەن بۆ كردەوەی خەلیفە ڕاشیدیەكان و بزانن ئایا عەقڵتان قەبووڵی دەكات یان نا، وە ئایا كردەوەیان تەبایە لەگەڵ حوكمەكانی خوا و پێغەمبەرەكەیدا بەگوێرەی تێگەیشتنی خۆتان یان نا؟ بەڵكو فەرموویەتی: ئەگەر گومانێك هات بەدڵتاندا سەبارەت بەوەی ئایا كردەوەكانتان تەبا و یەکانگیرن لەگەڵ ڕەزامەندی خوا و پێغەمبەرەكەیدا یان نا؛ ئەوا پێویستە ئەو كردەوانە بەراورد بکەن بەوەی کە خەلیفە ڕاشیدیەكان گوتوویانە و كردوویانە لەو بارەیەوە، ئەگەر لەگەڵ ڕێبازی خەلیفە ڕاشیدیەكاندا گونجان ئەوا؛ دروستن، وە ئەگەر پێچەوانەی ڕێبازی ئەوان بوون؛ ئەوا پووچ و ناڕەوان.
كەواتە كاتێك خوای گەورە فەرمانمان پێ دەكات ئەو شتەی ناكۆكی لەسەرە بگێڕینەوە بۆ لای خوا و پێغەمبەرەكەی، ئاماژە دەكات بۆ ئەم حوكمانەی كە ئێستا باسم كردن، واتە پێویستە سەیر بكەن بزانن ئایا ئەو فەرمانڕەوا و كاربەدەستە چ جۆرێكە كە ئێوە ناكۆكن لەگەڵیدا، كاربەدەستە دنیاییەكانن یان خەلیفە ڕاشیدیەكان؟ ئەگەر لە كاربەدەستە دنیاییەكان بوو؛ ئەوا بەگوێرەی توانا گوێڕایەڵی بكەن، بەڵام ئەگەر فەرمانی شتێكی پێ كردن كە پێچەوانەی دەقێكی ڕاشكاو بوو؛ ئەوا مافی ئەوەتان هەیە ئاگاداری بكەنەوە لە هەڵەكەی و ڕێنمایی بكەن بۆ ڕێگای ڕاست و پێی ڕابگەیەنن كە ڕێچكەیەكی هەڵەی گرتووە، ئەوسا ئەگەر وازی نەهێنا و كەوتەناو كوفرێكی ئاشكراوە وەك ئەوەی قەدەغەتان بكات لە نوێژ یان ڕۆژوو؛ ئەوا مافی خۆتانە گوێڕایەڵی نەكەن لەم جۆرە فەرمانانەدا و پێیان بڵێن: ئێمە نوێژ دەكەین و ڕۆژوو دەگرین ئەگەرچی پێیشت ناخۆش بێت.
بەڵام ئەگەر كاربەدەستەكە خەلیفەی ڕاشیدی بوو؛ ئەوا بزانن كە ئەستەمە هەڵە بكات، بەڵكو هەموو ئەو كارانەی دەیكات بەگوێرەی ویستی خوای گەورەیە و بەردەوام لەلایەن خوای گەورەوە لەسەر ڕێگای ڕاست دەبێت، بۆیە لەجیاتی ئەوەی هەوڵ بدەن خۆتان بكەن بە دادوەر و ناوبژیوان بەسەریەوە پێویستە ئەو بكەن بە دادوەر و ناوبژیوان بەسەر خۆتانەوە و ناكۆك مەبن لەگەڵیدا بۆ ئەوەی لە ڕیزی ئەو كەسانەدا نەبن كە ناكۆكن لەگەڵ خوای گەورەدا.
تاوتوێكردنی ئایەتی ئیستیخلاف
پاش ئەم حوكمە گشتیە تاوتوێی ئەو حوكمانە دەكەم كە پەیوەستن بەو سیستەمەوە کە تەنها سیستەمێکی ئایینی ئیسلامیە.
خوای گەورە لە سوورەتی “النور” دا دەفەرموێت: ﴿قُلۡ أَطِيعُواْ ٱللَّهَ وَأَطِيعُواْ ٱلرَّسُولَ ۖ فَإِن تَوَلَّوۡاْ فَإِنَّمَا عَلَيۡهِ مَا حُمِّلَ وَعَلَيۡكُم مَّا حُمِّلۡتُمۡ ۖ وَإِن تُطِيعُوهُ تَهۡتَدُواْ ۚ وَمَا عَلَى ٱلرَّسُولِ إِلَّا ٱلۡبَلَٰغُ ٱلۡمُبِينُ * وَعَدَ ٱللَّهُ ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ مِنكُمۡ وَعَمِلُواْ ٱلصَّٰلِحَٰتِ لَيَسۡتَخۡلِفَنَّهُمۡ فِي ٱلۡأَرۡضِ كَمَا ٱسۡتَخۡلَفَ ٱلَّذِينَ مِن قَبۡلِهِمۡ وَلَيُمَكِّنَنَّ لَهُمۡ دِينَهُمُ ٱلَّذِي ٱرۡتَضَىٰ لَهُمۡ وَلَيُبَدِّلَنَّهُم مِّنۢ بَعۡدِ خَوۡفِهِمۡ أَمۡنٗا ۚ يَعۡبُدُونَنِي لَا يُشۡرِكُونَ بِي شَيۡٔٗا ۚ وَمَن كَفَرَ بَعۡدَ ذَٰلِكَ فَأُوْلَٰٓئِكَ هُمُ ٱلۡفَٰسِقُونَ * وَأَقِيمُواْ ٱلصَّلَوٰةَ وَءَاتُواْ ٱلزَّكَوٰةَ وَأَطِيعُواْ ٱلرَّسُولَ لَعَلَّكُمۡ تُرۡحَمُونَ﴾([39])
لەم ئایەتانەدا سەرەتا خوای گەورە فەرمانمان پێ دەكات گوێڕایەڵی خوا و پێغەمبەرەكەی بین، پاشان بەڵێنی داوە بە موسوڵمانان كە ئەگەر بەتەواوەتی گوێڕایەڵ بن؛ ئەوا خوای گەورە وایان لێدەكات خۆیان گوێڕایەڵی بکرێن، وە هاوشێوەی گەلانی پێشوو دەیانكات بە خەلیفە لەسەر زەویدا، ئەوسا پێویستە نوێژ بکەن و زەكات بدەن، بەم شێوەیە گوێڕایەڵی پێغەمبەر دەبن.. واتە ئەوان بەهۆی جێگیركردن و چەسپاندنی ئایین لەگەڵ خەلیفەكاندا لەو كەسانە ئەژمار دەكرێن كە گوێڕایەڵی پێغەمبەر دەكەن. وەك ئەوەی خوای گەورە لێرەدا ئەوە ڕوون بكاتەوە كە لەم فەرموودەیەدا باسكراوە: “ئەو کەسەی گوێڕایەڵی ئەمیری كرد گوێڕایەڵی منی كردووە، وە ئەوەی نافەرمانی ئەمیری كرد نافەرمانی منی كردووە”.. واتە ئێوە تەنها ئەو كاتە گوێڕایەڵی پێغەمبەرتان كردووە كە گوێڕایەڵی خەلیفەكانتان بكەن لە بڵاوكردنەوە و جێگیركردنی ئاییندا.
بەجێهێنانی نوێژ وەك پێویست ئەستەمە بەبێ خیلافەت
خوای گەورە سەرەتا لەم ئایەتانەدا بەڵێنی خیلافەتی داوە بە موسوڵمانان، پاشان فەرموویەتی: پێویستە نوێژ بکەن و زەكات بدەن. بەم شێوەیە خوای گەورە موسوڵمانانی ئاگادار كردووەتەوە لەوەی كە بەجێهێنانی نوێژ و زەكات دان بەشێوەیەكی دروست ئەستەمە بەبێ خیلافەت. ئێوە دەزانن لە ماوەی ژیانی پێغەمبەردا (ﷺ) سیستەمێك هەبوو بۆ كۆكردنەوەی زەكات، كاتێك پێغەمبەر (ﷺ) كۆچی دوایی كرد و ئەبو بەكر بوو بە خەلیفە زۆربەی عەرەب زەكاتیان نەدا بەبیانوی ئەوەی حوكمی پێدانی زەكات تایبەت بووە بە پێغەمبەر (ﷺ) نەك بە خەلیفەكانی دوای خۆی. ئەبو بەكر (رضي الله عنه) ئەم بانگەشەیەی ئەوانی ڕەت كردەوە و گوتی: سوێند بە خوا ئەگەر ڕەشۆی وشترێكم پێ نەدەن كە پێشتر داویانە بە پێغەمبەری خوا (ﷺ)؛ ئەوا لەسەر نەدانی ئەوە شەڕیان لەگەڵدا دەكەم و كۆڵ نادەم هەتا زەكاتم پێ دەدەن وەك چۆن پێشتر داویانە لە ماوەی ژیانی پێغەمبەردا (ﷺ). ئەبو بەكر سەركەوتوو بوو لەم ئەركەدا، وە سەرلەنوێ سیستەمی زەكاتی جێگیركردەوە، وە بەردەوام بەدامەزراوی و جێگیری مایەوە لە سەردەمی خەلیفە ڕاشیدیەكانی تری دوای خۆیدا. بەڵام كاتێك خیلافەتی ڕاشیدی كۆتایی هات لەناو موسوڵماناندا ئیتر سیستەمێك نەمایەوە بۆ كۆكردنەوەی زەكات. لێرەدا خوای گەورە ئەمە ڕوون دەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت موسوڵمانان کە بەبێ سیستەمی خیلافەت ناتوانن كاربكەن بە حوكمی زەكاتدان. ئەمەش چونكە بەگوێرەی فێركاریەكانی ئیسلام لەڕێگەی ئەم سیستەمەوە زەكات لە دەوڵەمەند و پارەدارەكانیان وەردەگیرێت و دابەش دەكرێت بەسەر هەژارەكانیاندا، وە ئەستەمە ئەمە ئەنجام بدرێت ئەگەر سیستەمێك نەبێت، چونكە ئەگەر یەك كەس زەكاتەكەی خۆی ببەخشێت بە هەندێ هەژار؛ ئەوا بەخشینەكەی کۆمەڵێك ئەنجامی مەزنی لێ ناكەوێتەوە وەك ئەوەی ماڵی زەكات كۆبكرێتەوە لە هەموو موسوڵمانان و پاشان خەرج بكرێت بۆ بووژانەوە و پێشكەوتنی هەژارەكانیان. كەواتە سیستەمی زەكات بەدڵنیاییەوە پێویستی بە سیستەمی خیلافەت هەیە.
بەهەمان شێوە بەجێهێنانی نوێژ بە شێوەیەكی دروست و ڕاستەقینە ئەستەمە بەبێ سیستەمی خیلافەت، چونكە گرنگترین نوێژ نوێژی هەینیە كە وتاری تێدایە و تێیدا بەرژەوەندی و پێویستیەكانی گەل و نەتەوە بیری خەڵكی دەخرێنەوە. بۆیە ئەگەر سیستەمی خیلافەت نەبێت؛ ئەوا خەڵكی گوندە بچووكە دوورەكان چۆن ئاگاداربن چی ڕوودەدات لە وڵاتی چین و یاباندا، وە چۆن بزانن ئەو قوربانیانە چین كە ئیسلام داوای دەكات لێیان؟ ئەگەر بۆ هەموو موسوڵمانان ناوەند و خەلیفەیەك هەبێت كە گوێڕایەڵیکردنی واجب بێت؛ ئەوا لە هەموو لایەكی جیهانەوە ڕاپۆرتی پێ دەگات دەربارەی ئەو كار و چالاكیانەی ئەنجام دەدرێن بۆ بڵاوكردنەوەی ئیسلام، ئەویش بە خەڵكی ڕادەگەیەنێت كە ئەمڕۆ ئیسلام پێویستی بە چ قوربانی و چ خزمەتێك هەیە، لەبەر ئەوە حەنەفیەكان فتوایان داوە كە نوێژی هەینی بەبێ بوونی دەسەڵاتێكی موسوڵمان ڕەوا نیە([40])، حیكمەت لەم فەتوایەدا ئەوەیە كە ئێستا باسم كرد، نوێژی هەردوو جەژنەكەش بەهەمان شێوەیە. لە سوننەتی پێغەمبەرەوە (ﷺ) چەسپاوە كە هەمیشە وتاری داوە دەربارەی پێداویستیەكانی گەل و ئوممەت، بەڵام ئەگەر سیستەمی خیلافەت دانەمەزرابێت؛ ئەوا چۆن یەك کەس بزانێت پێداویستیەكانی ئوممەت چین، وە چۆن باسیان بكات لە وتارەكاندا؟ نەخێر، بەڵكو بەتەواوەتی ئەگەری ئەوە هەیە كە بەردەوام خۆی فریوبدات بەهۆی نەزانینی هەلومەرجە تازەكان، وە بەهۆیەوە کەسانی تریش فریو بخۆن. 40 بۆ 50 ساڵ لەمەو پێش موسوڵمانێك بە مەبەستی گەشتیاری چوو بۆ ناوچەی “بیكانیر” لە هیندستان، وە بۆ نوێژی هەینی چووە مزگەوتێكەوە، بینی ئیمامەكە پاش ئەوەی لەسەرەتاوە بە زمانی فارسی شتێك لەو وتارەی خوێندەوە کە ئامادەكراوە و دەستاودەستكراوە، ئینجا بە نوێژخوێنەكانی گوت: وەرن ئێستا دەستمان بەرزبكەینەوە بۆ ئەوەی دوعا بكەین بۆ ئەمیری باوەڕداران “جیهانگیر”. ئەم ئیمامە داماوە نەیزانیبوو كە پاشا “جیهانگیر” سەدان ساڵ لەوەوپێش مردبوو، وە ئێستا ئینگلیز حوكمی هیندستان دەكەن!
كەواتە نوێژی هەینی گرنگترینی نوێژەكانە و بە جوانترین شێوە بەجێ ناهێنرێت ئەگەر سیستەمی خیلافەت لەناو موسوڵماناندا دانەمەزرێت. وە لەبەرئەوەی كۆمەڵەكەمان سیستەمی خیلافەتی هەیە بۆیە دەبینن هەموو وتارەكانم بە فەزڵی خوای گەورە هەمیشە بەگوێرەی هەلومەرجەكان و پێشهاتە تازەكان پێشکەش دەکرێن، وە كەسانی نائەحمەدی هەن كە بە فەزڵی خوای گەورە كاریگەرن بە وتارەكان بەڕادەیەك دەڵێن وتارەكانی تۆ بۆ ئێمە وەك وتاری ئیلهامی وایە. یەكێك لە سەركردە بەناوبانگەكانی موسوڵمانان بە ڕێكوپێكی وتارەكانمی دەخوێندەوە، جارێكیان پێی گوتم: وتارەكانت ڕێنمایی موسوڵمانان ناكەن تەنها لە ئایینەكەیاندا، بەڵكو لە سیاسەتیشیاندا ڕێنماییان دەكەن.
لە ڕاستیدا پێویستە لەسەر ڕابەر ڕێنمایی خەڵكی بكات، بەڵام كەس ناتوانێت ئەوە بكات مەگەر كەسێك لە زۆربەی ناوچەكانی جیهانەوە هەواڵەكانی پێ بگات و بزانێت ڕووداوەكان بەرەوكوێ دەچن، وە ئەم جۆرە زانیارییانە تەنها لەڕێگەی ڕۆژنامەكانەوە دەستناکەون، چونكە هەندێ جار ڕۆژنامەكان هەواڵی درۆ بڵاودەكەنەوە، هەروەها ڕۆژنامەنووسەكان پابەند نابن بە ڕوونكردنەوەی ڕووداوەكان بەتەواوەتی. بەڵام بانگخوازەكانمان بڵاوبوونەتەوە لە زۆربەی ناوچەكانی جیهاندا، هەروەها تاكەكانی كۆمەڵەكەمان لە ناوچە جۆراوجۆرەكانی زەویدا هەن؛ هەمیشە هەواڵی ڕاستیان لێ وەردەگرم، وە سوود وەردەگرم لەو هەواڵانە و بە فەزڵی خوای گەورە بەشێوەیەكی دروست كۆمەڵی باوەڕداران ڕێنمایی دەکەم.
گوێڕایەڵی پێغەمبەر بەتەواوەتی و بەشێوەیەكی ڕاستەقینە ئەنجام نادرێت بەبێ خیلافەت
لە ڕاستیدا بەجێهێنانی نوێژیش بە شێوەیەكی ڕێكوپێك و وەك پێویست ئەنجام نادرێت بەبێ خەلیفە، بەهەمان شێوە گوێڕایەڵی پێغەمبەر (ﷺ) كە لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا باسكراوە ﴿أَطِيعُواْ ٱللَّهَ وَأَطِيعُواْ ٱلرَّسُولَ﴾ ئەستەمە جێبەجێ بکرێت بەبێ خیلافەت، چونكە مەبەستی ڕاستەقینە لە گوێڕایەڵی پێغەمبەر ئەوەیە هەموان لە یەك سیستەمدا بن. هەڵبەت هاوەڵان -ڕەزای خوایان لێ بێت- نوێژیان دەكرد و موسوڵمانانی ئەمڕۆیش نوێژ دەكەن، وە هاوەڵان حەجیان دەكرد و موسوڵمانانی ئەمڕۆیش حەج دەكەن، ئایا جیاوازی چیە لەنێوان هاوەڵان و ئەم كەسانەدا؟ جیاوازیەكە ئەوەیە هاوەڵان نوێژیان دەكرد كاتێك پێغەمبەر (ﷺ) دەیفەرموو پێیان ئەم کاتە كاتی نوێژە، وە ڕۆژوویان دەگرت كاتێك پێغەمبەر (ﷺ) دەیفەرموو پێیان ئەم كاتە كاتی ڕۆژووە، وە حەجیان دەكرد كاتێك پێغەمبەر (ﷺ) دەیفەرموو پێیان ئەم كاتانە كاتی حەجن. گومانی تێدا نیە كاتێك نوێژ و ڕۆژوو و حەج و خواپەرستیەكانی تریان ئەنجام دەدا كاریان بە حوكمەكانی خوای گەورە دەكرد، بەڵام گوێڕایەڵیی پێغەمبەریشیان (ﷺ) دەکرد لە هەموو كردەوەیەك لە كردەوەكانیاندا، سوودی ئەمە ئەوە بوو كە هەر كاتێك پێغەمبەر (ﷺ) فەرمانی شتێكی پێ دەكردن یەكسەر ئەنجامیان دەدا. بەڵام ئەم ڕۆحی گوێڕایەڵیە ئەمڕۆ لەناو موسوڵماناندا ونە، نوێژ دەكەن و ڕۆژوو دەگرن و حەج دەكەن، بەڵام ڕۆحی گوێڕایەڵییان تێدا نیە، چونكە ئەم ڕۆحە بەبێ بوونی سیستەمی خیلافەت پەیدا نابێت. كەواتە هەر كاتێك خیلافەتێك هەبووبێت گوێڕایەڵی پێغەمبەریش کراوە؛ چونكە گوێڕایەڵی پێغەمبەر مانای ئەوە نیە كە تەنها نوێژ بكەین و ڕۆژوو بگرین، چونكە ئەم حوكمانە دەچنە چوارچێوەی گوێڕایەڵی خوای گەورەوە، بەڵكو مەبەست لە گوێڕایەڵی پێغەمبەر (ﷺ) ئەوەیە كە ئەگەر ڕایگەیاند ئەم كاتە كاتی جەختكردنەوەیە لەسەر نوێژ؛ ئەوا پێویستە لەسەر هەموان بەتایبەتی جەخت بكەنەوە لەسەر نوێژ، وە ئەگەر فەرمووی ئێستا ئێمە پێویستمان بەوەیە جەخت بكرێتەوە لەسەر ئەوەی زەكات بدرێت و كۆمەكیەكان پێشكەش بكرێن؛ ئەوا پێویستە لەسەر هەموان جەخت بكەنەوە لەسەر ئەوە، وە ئەگەر فەرمووی كاتەكە كاتی ئەوەی بە گیان قوربانی بدرێت و كۆچ بکرێت لە نیشتیمان؛ ئەوا پێویستە لەسەر هەموان دەستبەجێ قوربانی بدەن بە خۆیان و نیشتیمانیان.
كەواتە ئەم سێ بابەتە سێ بەشی دانەبڕاون لە خیلافەت، وە خوای گەورە لێرەدا پێمان ڕادەگەیەنێت كە بەبێ بوونی سیستەمی خیلافەت نوێژ و زەكاتتان بەفیڕۆ دەچێت و دڵتان خاڵی دەبێتەوە لە گوێڕایەڵی پێغەمبەر. وە بەوپێیەی كۆمەڵەكەمان خووی گرتووە بەوەی لەژێر سایەی سیستەمێكدا بژی، وە ڕۆڵەكانی لە سایەی فەزڵی خوای گەورەوە ڕۆحی گوێڕایەڵییان تێدایە، بۆیە ئەگەر ئەمڕۆ بگوازرێنەوە بۆ سەردەمی پێغەمبەری خوا (ﷺ)؛ ئەوا دەیانبینی گوێڕایەڵ دەبن وەك چۆن هاوەڵان گوێڕایەڵ دەبوون، بەڵام -ئەگەر لە جیهانی بیر و خەیاڵدا- یەكێك لە موسوڵمانە نائەحمەدیەكان بگوازرێتەوە بۆ سەردەمی پێغەمبەر (ﷺ)؛ ئەوا دەیبینی لە هەموو هەنگاوێكدا هەڵدەكەوێت و پێی دەخلیسكێت و دەڵێت: لەسەرخۆ، من لەم بابەتە تێنەگەیشتم، بەڵكو دەڵێت -وەك یەكێك لە ئەفغانەكان گوتوویەتی:- “بڕوانن، نوێژی موحەممەد (ﷺ) بەتاڵ بوویەوە، چونكە لە كتێبی “القدوري”دا هاتووە كە جووڵەیەكی گەورە نوێژ بەتاڵ دەكاتەوە”، بەم شێوەیە دەیبینی گوێڕایەڵی ڕەت دەكاتەوە لەهەندێ كاروباردا. بەڵام ئەگەر یەكێك لە موسوڵمانە ئەحمەدیەكان گواسترایەوە بۆ ماوەی ژیانی پێغەمبەر (ﷺ)؛ ئەوا نابینی نامۆ بێت لە خەڵكی، بەڵكو یەكسەر دەگونجێت لەگەڵ دەوروبەرەکەدا وەك چۆن پارچەیەكی ماشێن دەگونجێت لەگەڵ پارچەكانی تردا كاتێك دەخرێتە شوێنەكەی خۆی، وە تەنها بە گەیشتنی بەو شوێنە وەك یەكێك لە هاوەڵەكانی پێغەمبەری (ﷺ) لێ دێت.
پوختەی ناوەڕۆكی ئایەتی ئیستیخلاف
كەواتە، ئەم ئایەتەی سوورەتی “النور” كە پێی دەوترێت “ئایەتی ئیستیخلاف” ئەم خاڵانەی خوارەوە دەخاتەڕوو:
یەكەم: ئەو نیعمەتەی كە تێیدا باسكراوە بریتیە لە بەڵێنێك.
دووەم: ئەم بەڵێنە دراوە بەم ئوممەتە هەتا باوەڕدار بێت و كردەوەی چاك ئەنجام بدات. پێویستە بزانرێت بەیعەتنەدەرەكان هەمیشە جەخت دەكەنەوە لەسەر ئەوەی كە بەڵێنی خیلافەت لەم ئایەتەدا بۆ تاكەكان نیە بەڵكو بۆ ئوممەتە. من ئەم قسەیەی ئەوانم قەبووڵ كرد و گوتیشم ئەم بەڵێنە بۆ ئوممەتە بەجۆرێك خوا بە ڕۆڵەكانی ئوممەت دەفەرموێت بەڵێنی خۆی جێبەجێ دەكات بۆیان هەتا ئەو كاتەی باوەڕداربن و كردەوەی چاك ئەنجام بدەن.
سێیەم: ئامانجی ئەم بەڵێنە بەم جۆرەیە:
(1) موسوڵمانان هەمان ئەو نیعمەتانەیان پێ دەگات كە گەلانی پێشوو پێیان گەیشتووە چونكە خوای گەورە فەرموویەتی ﴿كَمَا ٱسۡتَخۡلَفَ ٱلَّذِينَ مِن قَبۡلِهِمۡ﴾
(2) خوای گەورە ئایینەكەیان بۆ جێگیر و چەسپاو دەكات.
(3) خوای گەورە ترسیان دەگۆڕێت بۆ هێمنی و ئاسایش.
(4) شیرك لەناودەبات و بەندایەتی خوای گەورە دادەمەزرێنێت.
وە خوای گەورە لە كۆتایی ئەم ئایەتەدا فەرموویەتی ﴿وَمَن كَفَرَ بَعۡدَ ذَٰلِكَ فَأُوْلَٰٓئِكَ هُمُ ٱلۡفَٰسِقُونَ﴾ و جەختی كردووەتەوە لەسەر ئەوەی كە ئەم نیعمەتە بەڵێنێكە، وە هەڕەشەی کردووە و فەرموویەتی: ﴿وَلَئِن كَفَرۡتُمۡ إِنَّ عَذَابِي لَشَدِيدٞ﴾([41])، واتە ئەگەر ئێوە وەك پێویست ڕێزتان نەگرت لەم نیعمەتە کە دابەزیوەتە خوارەوە بۆتان؛ ئەوا ئێمە بەتوندی سزاتان دەدەین. دیارە خیلافەت نیعمەتێكی مەزنە، بۆیە ئەوانەی نكۆڵی دەكەن لێی و ڕەتی دەكەنەوە دەچنە ڕیزی تاوانکارانەوە.
ئەم ئایەتە بەڵگە و شایەتیەكی مەزنە لەسەر ڕاستی خیلافەتی ڕاشیدی، بەجۆرێك خوای گەورە تێیدا ڕوونی كردووەتەوە كە سیستەمی خیلافەت لەناو موسوڵماناندا دادەمەزرێنێت وەك چاكەیەك بەرامبەریان، وە ئەم خەلیفانە لەلایەن خوای گەورە پشتگیری دەكرێن، هەروەك لەم فەرمایشتەی خوای گەورەوە ﴿وَعَدَ ٱللَّهُ ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ مِنكُمۡ وَعَمِلُواْ ٱلصَّٰلِحَٰتِ لَيَسۡتَخۡلِفَنَّهُمۡ فِي ٱلۡأَرۡضِ كَمَا ٱسۡتَخۡلَفَ ٱلَّذِينَ مِن قَبۡلِهِمۡ وَلَيُمَكِّنَنَّ لَهُمۡ دِينَهُمُ ٱلَّذِي ٱرۡتَضَىٰ لَهُمۡ﴾ ئەم مەبەستە ڕوون دەبێتەوە، كەواتە موسوڵمانان پشكێكی گەورە بەدەست دەهێنن لەو نیعمەتانەی كە گەلانی پێشوو بەدەستیان هێنان.
نیشانەكانی خەلیفەی ڕاستگۆ
بێگومان ئەم ئایەتە كۆمەڵێك نیشانەی باسكردووە بۆ جیاكردنەوەی خەلیفەی ڕاستگۆ لە درۆزن، كە بریتین لە:
نیشانەی یەكەم: خوای گەورە خۆی خەلیفە هەڵدەبژێرێت، واتە لە هەڵبژاردنی ئەو خەلیفەیەدا فڕوفێڵی مرۆڤ ڕۆڵی نابێت، وە ئەویش خۆزگە ناخوازێت بە خیلافەت و بە تەمای نیە، وە بەگوێرەی نەخشەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراو هەڵنابژێردرێت، بەڵكو جاروبار لە هەلومەرجێكدا هەڵدەبژێردرێت كە وا دەردەكەوێت هەڵبژاردنەکەی لەو هەلومەرجەدا ئەستەم بێت. كەواتە خودی ئەم دەستەواژەیە ﴿وَعَدَ ٱللَّهُ ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ مِنكُمۡ وَعَمِلُواْ ٱلصَّٰلِحَٰتِ لَيَسۡتَخۡلِفَنَّهُمۡ﴾ دەیسەلمێنێت كە خوای گەورە خۆی خەلیفە هەڵدەبژێرێت، چونكە ئەو كەسەی بەڵێن دەدات خۆی بەڵێنەكەی جێبەجێ دەكات نەك كەسێكی تر.
هەندێ كەس بە هەڵە دەڵێن ئەم بەڵێنە مانای ئەوەیە كە بۆ خەڵكی هەیە چ كەسێكیان بوێت هەڵیبژێرن بە خەلیفە، خوای گەورەیش هەڵبژاردنی ئەوان بە هەڵبژاردنی خۆی ئەژمار دەكات. بەڵام ئەم بۆچوونەیان لەو كارە دەچێت كە یەكێك لە مامۆستاكانمان لە قوتابخانەدا دەیكرد؛ ئەگەر ڕازی بوایە لە قوتابیەك؛ ئەوا پێی دەگوت: ئەو پارەیەی لە گیرفانتدایە هەڵیگرە بۆ خۆت وەك دیارییەك لەلایەن منەوە. كەواتە ئەم بەڵێنە بەگوێرەی تەفسیری ئەوان وەك بەڵێنی ئەم مامۆستایە وایە، چونكە دەڵێن خوای گەورە پێمان دەڵێت: كێتان دەوێت هەڵیبژێرن بە خەلیفە پاشان وایدابنێن من كردوومە بە خەلیفە. ئەگەر كارەكە بەم شێوەیە بێت؛ ئەوا نیعمەت بەخشین چ مانایەکی هەیە و مامەڵەی تایبەتی خوا بە خۆشەویستیەوە لە كوێدایە بۆ ئەو كەسانەی باوەڕدەهێنن و كردەوەی چاك دەكەن؟ نەخێر، تەنها ئەو كەسە پەیمان جێبەجێ دەکات كە پەیمانی داوە، نەك ئەوەی خوا پەیمان بدات و كەسێكی تر جێبەجێی بکات.
كەواتە، یەكەم شتێك كە خوای گەورە ڕوونی كردووەتەوە لەم ئایەتەدا ئەوەیە كە خەلیفە ڕاستگۆكان تەنها ئەوانەن لەلایەن خوای گەورەوە هەڵدەبژێردرێن. ئەمەیە كە لە ڕواڵەتی كارەكەوە چەسپاوە بەجۆرێك ئەستەمە كەسێك ببێت بە خەلیفە بەگوێرەی ئاواتی خۆی یان بەگوێرەی نەخشە و پلانێك، بەڵكو تەنها ئەو كەسە دەبێت بە خەلیفە كە خوا ویستوویەتی بیكات بە خەلیفە، بگرە جاروبار بژاردەی خوایی دەكەوێتە سەر كەسێك کە دنیا بەبیریدا نایەت ئەو ببێت بە خەلیفە.
نیشانەی دووەم كە خوای گەورە باسیكردووە بۆ خەلیفەی ڕاستگۆ ئەوەیە خوا سەركەوتووی دەكات وەك چۆن پێغەمبەران سەركەوتوو دەكات، چونكە فەرموویەتی ﴿كَمَا ٱسۡتَخۡلَفَ ٱلَّذِينَ مِن قَبۡلِهِمۡ﴾ واتە ئەم خەلیفانە شایستەی یارمەتیدان و سەرخستنی ئێمە دەبن وەك چۆن خەلیفەكان لە ڕابردوودا شایستەی بوون. پێویستە بزانرێت ئێمە كاتێك دەڕوانین بۆ خیلافەت لەناو ئەوانەی ڕابردوودا دەبینین دوو جۆرە، كە بریتین لە:
جۆری یەكەم: بریتیە لە “خیلافەتی پێغەمبەرایەتی” وەك خیلافەتی ئادەم (علیه السلام) كە خوای گەورە لەبارەیەوە فەرموویەتی: ﴿إِنِّي جَاعِلٞ فِي ٱلۡأَرۡضِ خَلِيفَةٗۖ﴾([42]). ئاشكرایە ئادەم هەڵنەبژێردراوە، هەروەها پاشا نەبووە، بەڵكو خوا بەڵێنێكی دا بە فریشتەكان، ئینجا بەگوێرەی ئەو بەڵێنە ئادەمی (علیه السلام) لە زەویدا دامەزراند، وە سزای ئەو كەسانەی دا كە باوەڕیان پێ نەكرد.
بە هەمان شێوە خوای گەورە دەربارەی داوود (علیه السلام) فەرموویەتی: ﴿يَٰدَاوُۥدُ إِنَّا جَعَلۡنَٰكَ خَلِيفَةٗ فِي ٱلۡأَرۡضِ فَٱحۡكُم بَيۡنَ ٱلنَّاسِ بِٱلۡحَقِّ وَلَا تَتَّبِعِ ٱلۡهَوَىٰ فَيُضِلَّكَ عَن سَبِيلِ ٱللَّهِ ۚ إِنَّ ٱلَّذِينَ يَضِلُّونَ عَن سَبِيلِ ٱللَّهِ لَهُمۡ عَذَابٞ شَدِيدُۢ بِمَا نَسُواْ يَوۡمَ ٱلۡحِسَابِ﴾([43]). وە لەبەرئەوەی داوود (علیه السلام) پێغەمبەر بووە بۆیە مەبەست لە خیلافەتەكەی خیلافەتی پێغەمبەرایەتیە.
لە ڕاستیدا ئەم ئایەتە لە مانای ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە دەچێت کە دەفەرموێت: ﴿فَإِذَا عَزَمۡتَ فَتَوَكَّلۡ عَلَى ٱللَّهِۚ﴾([44])
پێویستە بزانرێت هەندێ موفەسیر فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَلَا تَتَّبِعِ ٱلۡهَوَىٰ فَيُضِلَّكَ عَن سَبِيلِ ٱللَّهِۚ﴾ وەها تەفسیر دەكەن كە ئەی داوود شوێن هەوا و ئارەزووی خەڵكی مەكەوە. بەڵام مەبەستەكە ئەمە نیە، بەڵكو لێرەدا خوای گەورە هۆشداری دەدات بە داوود (علیه السلام) كە ئەگەر زۆرینەی خەڵكی ئاماژەیان پێ دایت بۆ کردنی کارێك، تەنها بۆ ئەوە مەڕوانە كە ئەوان زۆرینەن، بەڵكو پێویستە لەسەرت بڕوانیت ئایا پێشنیارەكەیان بەسوودە یان نا، ئەگەر بەسوود بوو؛ ئەوا كاری پێ بكە ئەگینا ڕەتی بكەرەوە، بەتایبەتی ئەگەر تاوانی تێدا بوو، بەبێ ئەوەی گوێ بدەی بەوە كە پێشنیاری زۆرینە بووە.
خیلافەت لە ئوممەتەکانی پێشوودا، خیلافەتی پێغەمبەرایەتی بووە یان خیلافەتی فەرمانڕەوایەتی
كەواتە خیلافەت لە ئوممەتانی پێشوودا یان خیلافەتی پێغەمبەرایەتی بووە وەك خیلافەتی ئادەم و داوود (سڵاوی خوایان لێ بێت) یاخود خیلافەتی فەرمانڕەوایەتی بووە، وەك خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَٱذۡكُرُوٓاْ إِذۡ جَعَلَكُمۡ خُلَفَآءَ مِنۢ بَعۡدِ قَوۡمِ نُوحٖ وَزَادَكُمۡ فِي ٱلۡخَلۡقِ بَص ۜۡطَةٗ ۖ فَٱذۡكُرُوٓاْ ءَالَآءَ ٱللَّهِ لَعَلَّكُمۡ تُفۡلِحُونَ﴾([45])، ئەو خیلافەتەی لەم ئایەتەدا باسکراوە تەنها خیلافەتی فەرمانڕەوایەتیە، كەواتە مەبەست لە نیعمەت لێرەدا نیعمەتی فەرمانڕەوایەتی و دەسەڵاتە، بەجۆرێك خوای گەورە فەرموویەتی لە هەموو شتێكدا دادپەروەر بن، ئەگینا لەناویان دەبات.
هەڵبەت ئەم نیعمەتە سەبارەت جوولەكە بەم شێوەیە باسكراوە: ﴿وَإِذۡ قَالَ مُوسَىٰ لِقَوۡمِهِۦ يَٰقَوۡمِ ٱذۡكُرُواْ نِعۡمَةَ ٱللَّهِ عَلَيۡكُمۡ إِذۡ جَعَلَ فِيكُمۡ أَنۢبِيَآءَ وَجَعَلَكُم مُّلُوكٗا وَءَاتَىٰكُم مَّا لَمۡ يُؤۡتِ أَحَدٗا مِّنَ ٱلۡعَٰلَمِينَ﴾([46]) واتە ئەی ئوممەتی جوولەكە ئێمە ئێوەمان كردووە بە خەلیفە بە دوو شێوە، یەكەم: ﴿إِذۡ جَعَلَ فِيكُمۡ أَنۢبِيَآءَ﴾ واتە خیلافەتی پێغەمبەرایەتیمان پێ داون، وە دووەم: ﴿وَجَعَلَكُم مُّلُوكٗا﴾، واتە خیلافەتی فەرمانڕەوایەتیمان پێ داون.
بەكورتی، خیلافەت لە ئوممەتەکانی پێشوودا دوو جۆر بووە، پێغەمبەرایەتی و فەرمانڕەوایەتی. وە بەو پێیەی خوای گەورە بەڵێنی داوە بە موسوڵمانان و فەرمویەتی: ﴿لَيَسۡتَخۡلِفَنَّهُمۡ فِي ٱلۡأَرۡضِ كَمَا ٱسۡتَخۡلَفَ ٱلَّذِينَ مِن قَبۡلِهِمۡ﴾، کەواتە مانای وایە خوای گەورە ئەو بەرەكەتانەی خیلافەتیان پێ دەدات كە پێشتر بەخشیویەتی بە ئوممەتەکانی پێشوو، وە مامەڵە لەگەڵ خەلیفەكانی ئەم ئوممەتەدا دەكات وەك چۆن مامەڵەی كردووە لەگەڵ پێغەمبەرانی پێشوودا.
هۆكاری چواندنی خیلافەتی موسوڵمانان بە خیلافەتی پێغەمبەرایەتی بەبێ خیلافەتی فەرمانڕەوایەتی
ئەگەر گوترا: بێگومان خوای گەورە لەو ئایەتانەدا كە ئێستا باسكران باسی ئەوەی كردووە كە “خیلافەتی فەرمانڕەوایەتی”یش دراوە بە ئوممەتەکانی پێشوو، ئیتر بۆچی خیلافەتی ئیسلامی چوێنراوە بە خیلافەتی پێغەمبەرایەتی بە شێوەیەكی تایبەت بەبێ خیلافەتی فەرمانڕەوایەتی؟
وەڵام: گومانی تێدا نیە خوای گەورە بەڵێنی داوە بە موسوڵمانان کە فەرمانڕەوایەتی ماددیش بدات پێیان، بەڵام خوای گەورە لەم ئایەتەدا باسی فەرمانڕەوایەتی ماددی ناكات بەڵكو تەنها باسی نیعمەتە ئایینیەكان دەكات. بەگوێرەی ئەم بەڵگانەی خوارەوە:
بەڵگەی یەكەم بریتیە لەم فەرمایشتەی خوای گەورە: ﴿وَلَيُمَكِّنَنَّ لَهُمۡ دِينَهُمُ ٱلَّذِي ٱرۡتَضَىٰ لَهُمۡ﴾ واتە خوای گەورە بەدڵنیاییەوە ئایینی ئەو خەلیفانە جێگیر و چەسپاو دەكات كە خۆی دایان دەمەزرێنێت. ئەم بابەتە پیادە نابێت بەسەر فەرمانڕەوا ماددیەكاندا، چونكە خوای گەورە ئایینەكەیان جێگیر و دامەزراو ناكات، بەڵكو ئەمە تەنها تایبەتە بە خەلیفە ڕۆحیەكان. بەمەش دەچەسپێت كە خیلافەتی ئیسلامی لە “خیلافەتی پێغەمبەرایەتی” دەچێت نەك “خیلافەتی فەرمانڕەوایەتی”.
بەڵگەی دووەم بریتیە لەم فەرمایشتەی خوای گەورە: ﴿وَلَيُبَدِّلَنَّهُم مِّنۢ بَعۡدِ خَوۡفِهِمۡ أَمۡنٗاۚ﴾ وە ئەم خاسیەتە هەرگیز لە فەرمانڕەوا دنیاییەكاندا نیە، بەجۆرێك ئەمڕۆ دەیانبینیت لەسەر تەختی پاشایەتی دانیشتوون و تاجیان لەسەردایە، بەیانی دەیانبینی پاشایەتییان لێ سەندراوەتەوە و دەست پان دەكەنەوە لە خەڵكی لە شەقامەكاندا. هەروەك هیچ بەڵێنێكیان پێ نادرێت لەلایەن خواوە كە ترسەكەیان بۆ بگۆڕێت بە ئارامی و دڵنیایی، بەڵكو لە زۆربەی كاتدا ئەگەر تووشی مەترسیەكی گەورە بن؛ ئەوا ورەیان دەڕوخێت.
بەڵگەی سێیەم بریتیە لەم فەرمایشتەی خوای گەورە: ﴿يَعۡبُدُونَنِي لَا يُشۡرِكُونَ بِي شَيۡٔٗاۚ﴾ واتە ئەم خەلیفانە كەسانی یەكتاپەرستی پوختن و گەورەترین دوژمنی شیركن. لەكاتێكدا فەرمانڕەوا دنیاییەكان دەكەونە ناو شیركیشەوە، تەنانەت پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی ڕەنگە بكەونە ناو كوفری ئاشكرا و ڕوونەوە. كەواتە ناكرێت و ناگونجێت ئەم فەرمانڕەوایانە سەلمێنەری ڕاستی ئایەتی ئیستیخلاف بن.
بەڵگەی چوارەم لەسەر ئەوەی مەبەست لەو خەلیفانەی كە لێرەدا باسكراون فەرمانڕەوا دنیاییەكان نیە ئەم فەرمایشتەی خوای گەورەیە: ﴿وَمَن كَفَرَ بَعۡدَ ذَٰلِكَ فَأُوْلَٰٓئِكَ هُمُ ٱلۡفَٰسِقُونَ﴾ واتە ئەو كەسانەی باوەڕناكەن بەم خەلیفانە دەبن بە كەسانی فاسق و خراپەكار. كەی مرۆڤ دەبێت بە فاسق و خراپەكار ئەگەر گوێڕایەڵی ئەو فەرمانڕەوایانە ڕەت بكاتەوە كە دەكرێت بكەونە ناو كوفری ئاشكراوە؟ نەخێر، هەرگیز ناكرێت و ناگونجێت مرۆڤ ببێت بە فاسق و خراپەكار لەبەر ئەوەی نكۆڵی دەكات لە گوێڕایەڵی فەرمانڕەوا ماددیەكانی وەك ئەمانە، تەنها ئەو كاتە فەتوا دەدرێت بەوەی مرۆڤ خراپەكارە ئەگەر گوێڕایەڵی خەلیفە ڕۆحیەكان ڕەت بكاتەوە.
كەواتە ئەم چوار بەڵگەیە كە لە ئایەتی ئیستیخلافدا باسكراون دووپاتی دەكەنەوە خیلافەتی ناوبراو لێرەدا “خیلافەتی فەرمانڕەوایەتی” نیە. بۆیە ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە ﴿لَيَسۡتَخۡلِفَنَّهُمۡ فِي ٱلۡأَرۡضِ كَمَا ٱسۡتَخۡلَفَ ٱلَّذِينَ مِن قَبۡلِهِمۡ﴾ واتە ئێمە نیعمەتەكان دەدەین بەم خەلیفانە وەك چۆن داومانە بە خەلیفەكان لە ڕابردوودا، وە مەبەست ئەوەیە ئەوان لەلایەن خوای گەورە پشتگیری دەكرێن وەك چۆن خەلیفەكان لەڕابردوودا پشتگیری كراون. ئەمە دووپاتی دەكاتەوە كە ئەو خیلافەتەی لەم ئایەتەدا بەڵێندراوە لە “خیلافەتی پێغەمبەرایەتی” دەچێت نەك “خیلافەتی فەرمانڕەوایەتی”.
بەڵێنی خیلافەت مەرجدارە بە باوەڕ و كردووەی چاك
نیشانەی سێیەمی ئەم خیلافەتە بە گوێرەی ئایەتی ئیستیخلاف ئەوەیە كە ئەم بەڵێنە بەردەوام دێتەدی بۆ ئەم ئوممەتە مادام باوەڕدار بێت و كردەوەی چاك ئەنجام بدات، وە ئەگەر بە باوەڕداری نەمایەوە و كردەوەی چاكی ئەنجام نەدا؛ ئەوا خوای گەورە ئەم بەڵێنەی خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە. ئەمە مانای وایە یەكێك لە گەورەترین خاڵەکان كە پێغەمبەرایەتی لە خیلافەت جیا دەكاتەوە ئەوەیە پێغەمبەرایەتی كاتێك دادەمەزرێت کە دنیا پڕ بووبێت لە خراپە و تاوان وەك خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿ظَهَرَ ٱلۡفَسَادُ فِي ٱلۡبَرِّ وَٱلۡبَحۡرِ﴾([47]) واتە سوننەتی خوای گەورە وەهایە كاتێك خراپەكاری لە وشكانی و دەریادا بڵاودەبێتەوە و خەڵكی پەروەردگاری خۆیان لەبیردەكەن و پشت هەڵدەكەن لە حوكمەكانی و ڕۆدەچن لە سەرپێچی و گومڕاییدا و تاریكی باڵ دەكێشێت بەسەر هەموو بستێكی زەویدا، خوای گەورە پێغەمبەرێك ڕەوانە دەكات بۆ ئیسڵاحی خەڵكی، وە نووری ئیمان لە ئاسمانەوە دەگێڕێتەوە بۆ زەوی و هیدایەتیان دەدات بۆ ئایینی حەق. بەڵام خیلافەت كاتێك دادەمەزرێت كە زۆرینەی ئوممەت باوەڕداربن و كردەوەی چاك بكەن. بە دەربڕینێكی تر: پێغەمبەرایەتی لەكاتی نەبوونی باوەڕ و كردەوەی چاكدا دەردەكەوێت، بەڵام خیلافەت كاتێك دەردەكەوێت کە بە نزیكەیی هەموو خەڵكی باوەڕدار بن و كردەوەی چاك ئەنجام بدەن، لەبەر ئەوە خیلافەت تەنها کاتێك دادەمەزرێت کە پێغەمبەرایەتی کۆتایی هاتبێت. ئەمەش چونكە لەو كاتەدا باوەڕ و كردەوەی چاك بەهۆی پێغەمبەرایەتیەوە جێگیربوون و ڕەگیان داكوتراوە، وە لەبەرئەوەی زۆرینەی خەڵكی بەردەوام باوەڕدارن و كردەوەی چاك ئەنجام دەدەن، بۆیە خوای گەورەیش نیعمەتی خیلافەتیان پێ دەبەخشێت. بەڵام ئەو ماوەیەی دەكەوێتە نێوان ئەم دوو ماوەیەوە بەجۆرێك دنیا بەتەواوەتی چۆڵ نیە لەچاكەكاران و بەتەواوەتیش پڕ نیە لە خراپە، پێغەمبەرایەتی و خیلافەتی تێدا نابێت، چونكە نەخۆشی خەڵكی ئەوەندە توند و پەرەسەندوو نیە تاكو پێغەمبەرێك ڕەوانە بكرێت بۆ فریاكەوتنیان، وە تەندروستیشیان ئەوەندە تەواو نیە تاكو خەلیفە بێت بۆ ئەوەی كۆمەكی و یارمەتییان لێ بخوازێت.
نەمانی خیلافەت ناگەڕێتەوە بۆ بوونی خەوش و ناتەواوی لە خەلیفەدا بەڵكو دەگەڕێتەوە بۆ بوونی خەوش لە كۆمەڵدا
لێرەدا دەرکەوت كە خیلافەت بەهۆی بوونی خەوشێك لە خەلیفەدا كۆتایی نایەت بەڵكو بەهۆی بوونی خەوش لە كۆمەڵدا كۆتایی دێت، وە كۆتایی هاتنی خیلافەت بەڵگە نیە لەسەر ئەوەی خەلیفە تاوانبارە، بەڵكو بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئوممەت تاوانبارە، چونكە خوای گەورە بەڕاشكاوی بەڵێنی داوە كە خەلیفە هەڵدەبژێرێت مادام زۆرینەی كۆمەڵ باوەڕداربن و كردەوەی چاك ئەنجام بدەن، بەڵام ئەگەر كۆمەڵ خراپ بوو و زۆرینەیان بە باوەڕدار نەمانەوە و كردەوەی چاكیان ئەنجام نەدا؛ ئەوا خوای گەورە پێیان دەفەرموێت: ئێوە گۆڕان، منیش نیعمەتی خۆم دەگرمەوە لێتان. لەگەڵ ئەوەدا ڕەنگە خوای گەورە -ئەگەر ویستی- لەم جۆرە كۆمەڵەشدا بۆ ماوەیەك خەلیفە دابمەزرێنێت وەك چاكەیەك لەلایەن خۆیەوە. كەواتە ئەو كەسەی دەڵێت خەلیفە خراپ بووە وەك ئەوە وایە ڕایبگەیەنێت زۆرینەی كۆمەڵ بێبەش بوون لە باوەڕ و كردەوەی چاك؛ ئەمەش چونكە خوای گەورە بەڵێنی داوە بە ئوممەت خیلافەت لەناویدا دادەمەزرێنێت مادام دەستبگرن بە باوەڕ و كردەوەی چاكەوە، بەڵام ئەگەر باوەڕ و كردەوەی چاكیان لەكیس چوو؛ ئەوا خیلافەت لەناویاندا هەڵدەگیرێت. كەواتە، هیچ ئەگەرێك نیە بۆ خراپبوونی خەلیفەی ڕاشید، بەڵام لە هەموو كاتێكدا ئەگەر هەیە كە زۆرینەی كۆمەڵ باوەڕ و كردەوەی چاك لە كیس بدەن.
وە لەبەرئەوەی خەلیفە خراپ نابێت، بەڵكو كۆمەڵ خراپ دەبێت، بۆیە ئەو كەسەی دەڵێت خەلیفەی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی خراپ بووە دەبێت دان بنێت بەوەدا كە شەیتان هێرشی كردووەتە سەر ئەم كۆمەڵە لەگەڵ ئەوەی زۆرێك لە هاوەڵانی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) هێشتا لە ژیاندان، وە هێشتا ئاژاوەی دەججال شەپۆل دەدات لە جیهاندا، وە هێشتا ئەم درەختە كە لە هەموو جیهاندا وەك نەمامێكی بچووكی گەشاوە بڵاو دەبێتەوە، شەیتان سەروەتی باوەڕ و هێزی كردەوەی چاكی ئەم كۆمەڵەی تاڵانكردووە و ئەم درەختە بچووكەی لە ژێر پێیدا پلیشاندووەتەوە كە دەگوترا دەبێت بە درەختێكی گەورەی بەردار و بە سێبەرە چڕەكەی سوود بە هەموو جیهان دەگەیەنێت، چونكە خەلیفەكەی خراپ بووە. لەكاتێكدا قورئانی پیرۆز دەفەرموێت خەلیفە ڕاستگۆكان لە كۆمەڵێکدا دەردەكەون کە زۆرینەی باوەڕدار بێت و كردەوەی چاك ئەنجام بدات. بەمەش دەچەسپێت كە نكۆڵیكردن لە خیلافەت تەنها نكۆڵیكردن نیە لێی بەڵكو بریتیە لە ڕاگەیاندنی ئەوەی كە كۆمەڵ بێبەش بووە لە باوەڕ و كردەوەی چاك.
نیشانەی چەسپاندن و جێگركرنی ئایین
نیشانەی چوارەم كە خوای گەورە باسیكردووە بۆ خەلیفە ڕاستگۆكان ئەوەیە ئەو حوكم و بیروباوەڕە ئایینیانە لەدنیادا بڵاودەكەنەوە كە هەیانە، وەك خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿وَلَيُمَكِّنَنَّ لَهُمۡ دِينَهُمُ ٱلَّذِي ٱرۡتَضَىٰ لَهُمۡ﴾. واتە خوای گەورە ئایینەكەی خۆیانیان بۆ دادەمەزرێنێت لە زەویدا سەرەڕای هەلومەرجی نەگونجاو و ناهەموار. ئەمە بەڵگەیەكی مەزنە لەسەر ڕاستگۆیی خیلافەتی ڕاستەقینە، وە ئەو كەسەی سەرنج بدات لێی دەبینێت ئەمە نیشانەیەكی خوایی مەزنە لەسەر ڕاستگۆیی خەلیفە ڕاشیدیەكان.
سەیرە ئەبو بەكری ڕاستگۆ و عومەر -ڕەزای خوایان لێ بێت- لەو خێزانانە بوون كە خاوەنی دەسەڵات و هێز نەبوون لەناو عەرەبدا، لەكاتێكدا عوسمان و عەلی -ڕەزای خوایان لێ بێت- لەو ماڵباتانە بوون كە خاوەنی دەسەڵات و هێزبوون لەناو عەرەبدا، وە نەوەی ئومەییە دۆست و لایەنگری عوسمان بوون (رضي الله عنه) و نەوەی عەبباس دۆستی عەلی بوون (رضي الله عنه)، وە هەردوو هۆزەكە خاوەنی دەسەڵات و هێزێكی زۆر بوون لەناو عەرەبدا وەك گوتم. كاتێك خیلافەتی ئیسلامی تووشی نسكۆ بوو و زۆربەی موسوڵمانان وەها نەمانەوە كە باوەڕدار بن و كردەوەی چاك ئەنجام بدەن، نەوەی ئومەییە دەسەڵاتی خۆیان سەپاند بەسەر موسوڵماناندا پاش شەهیدكردنی عوسمان و عەلی (ڕەزای خوایان لێ بێت)، ئەوان دۆستی عوسمان بوون، بەردەوام لە ماوەی حوكمڕانیەكەیاندا ستایشی ئەویان دەكرد و زەمی عەلییان دەكرد، وە بەكەمی لە سەردەمی ئەواندا كەسێك ستایشی ئەبو بەكر و عومەری کردبێت و باسی كارە چاكەكانی ئەوانی کردبێت (y)([48]). پاشان هەلومەرج گۆڕا و نەوەی عەبباس دەسەڵاتیان دەرهێنا لە دەستی نەوەی ئومەییە، ئەوە بوو عەبباسیەكان هەوڵی خۆیان خەرج كرد بۆ پیاهەڵدان بە عەلیدا (رضي الله عنه) و باسكردنی كارە مەزنەكانی لەبەرئەوەی سەر بە ئەهل و بەیت بوون، وە زەمی عوسمانیان کرد([49]). بەم شێوەیە بەردەوام دەستەیەك لە موسوڵمانان باسی جوامێریەكانی عوسمانیان (رضي الله عنه) دەكرد بۆ سەدەها ساڵ، لەكاتێكدا دەستەكەی تر بەردەوام باسی جوامێریەكانی عەلییان (رضي الله عنه) دەكرد لە ماوەیەكی تردا، وە سەرەڕای ئەوەی كە دەوڵەتی ئیسلامی پاش سەردەمی چوار خەلیفەكە بەم دوو ماوەیەدا تێپەڕی كە خزمی زۆری ئەبو بەكر و عومەر بوونیان نەبوو، بەڵام خوای گەورە سەربەرزی و پەسەندیەكی ئەوتۆی دا بە حوكم و فەتواكانیان كە نەیدا بە فەتواكانی عوسمان و عەلی (y). ئەمەش بەڵگەیەكی پرشنگدارە لەسەر ڕاستی ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە: ﴿وَلَيُمَكِّنَنَّ لَهُمۡ دِينَهُمُ ٱلَّذِي ٱرۡتَضَىٰ لَهُمۡ﴾، بەجۆرێك خوای گەورە ئایینەكەیانی دامەزراند و لای خەڵکی سەربەرز و پەسەندی کردن؛ بۆیە ئەگەر ئەمڕۆ پرسیار بكرێت لە هەر موسوڵمانێك كە كێ سەربەرزترین خەلیفەیە لەلای؛ ئەوا دەڵێت: ئەبو بەكر، پاشان عومەر پاشان عوسمان پاشان عەلی (y). كەواتە سەرەڕای ئەوەی كە ماوەی چەندین سەدە كەسێك نەبوو باسی ئەبو بەكر و عومەر بكات، وە سەرەڕای ئەوەی خەڵكی لەم جۆرە ماوە درێژەدا كەسە بەناوبانگە گەورەكانی خۆیان لەبیر دەكەن، بەڵام خوای گەورە نەمری نووسی بۆ هەردووکیان و سەربەرزی و ناوبانگی نووسی بۆ فەتوا و بۆچوونەكانیان زیاتر لەوەی كە نووسیویەتی بۆ فەتوا و بۆچوونەكانی عوسمان و عەلی (ڕەزای خوا لە هەموویان بێت).
پاشان نەوەی ئومەییە لە سەردەمی دەسەڵاتی خۆیاندا هەوڵیاندا ناوبانگی عەلی (رضي الله عنه) بشێوێنن، پاشان لە سەردەمی عەبباسیەكاندا عوسمان (رضي الله عنه) هێرش کرایە سەری و تانە و تەشەری زۆریان لێدا، لەگەڵ ئەوەی لەلایەن حكومەتەكانەوە ئەم هەوڵانە دران بۆ شێواندنی ناوی هەر یەكەیان و سڕینەوەی باس و خواسیان، بەڵام خوای گەورە بە پاك و پوختەیی ڕایگرتن و سەربەرزی و شكۆی نووسی بۆیان لە هەموو جیهانی ئیسلامیدا.
پێشبینی گۆڕینی ترسی خەلیفەکان بە ئاسایش
نیشانەی پێنجەم كە خوا ڕایگەیاندووە بۆ خەلیفە ڕاستگۆكان بریتیە لەم فەرمایشتەی خوای گەورە: ﴿وَلَيُبَدِّلَنَّهُم مِّنۢ بَعۡدِ خَوۡفِهِمۡ أَمۡنٗاۚ﴾ هەندێ كەس ئەم ئایەتە وەها تەفسیر دەكەن كە خەلیفەكان لە هەموو ترسێك بێوەی و سەلامەت دەبن، وە لەبەرئەوەی ترس باڵادەست بووە لە خیلافەتی عومەر و عوسمان و عەلیدا، چونكە دوژمنان تیرۆریان كردوون، بۆیە تەنها ئەبو بەكر خەلیفەی ڕاشیدی بووە. شێخ عەبدولڕەحمانی میسری زۆر جەختی كردووەتەوە لەسەر ئەم بۆچوونە و گوتوویەتی: ئەبو بەكر خەلیفەی ڕاشیدی ڕاستەقینەیە و ئایەتی ئیستیخلاف پیادە نەبووە بەسەر خیلافەتی عومەر و عوسمان و عەلیدا (y).
پێویستە بزانرێت ئەو کەسانەی ئەم بۆچوونەیان هەیە تووشی ئەم هەڵەیە بوون چونكە سەرنجیان نەداوە لە وشەكانی قورئانی پیرۆز. گومانی تێدا نیە گۆڕانی ترس بە ئاسایش و هێمنی نیعمەتێكی مەزنە، بەڵام خوای گەورە لێرەدا نەیفەرمووە “ولیبدلنهم من بعد الخوف أمنا” بەڵكو فەرموویەتی: ﴿وَلَيُبَدِّلَنَّهُم مِّنۢ بَعۡدِ خَوۡفِهِمۡ أَمۡنٗاۚ﴾ واتە خوای گەورە ئەو ترسە لادەبات كە دڵی ئەوان هەستی پێ دەكات و دەیگۆڕێت بە ئاسایش. كەواتە، بەڵێنێك لەلایەن خوای گەورەوە نیە كە خەلیفەكان تووشی ئەو شتە نەبن كە لە دیدی کەسانی تردا بە ترس ئەژمار دەكرێت، بەڵكو خوای گەورە بەڵێنی داوە ئەو شتە لا ببات كە دەبێتە هۆی ترس بۆ خەلیفەكان. بۆ نموونە زۆربەی جار مار شتێكی ترسناکە، بەڵام هیچ ترسێك دروست ناكات بۆ زۆرێك لەو خەڵكەی كە بە دەست دەیگرن و یاری پێ دەكەن. بەهەمان شێوە هەژاری شتێكی ترسناکە، بەڵام پێغەمبەر (ﷺ) گوێی پێ نەداوە. بۆیە ئەگەر كەسێك پێی وابێت نەبوونی ژەمێك لە ژەمە خۆراكەكان شتێكی سەرشۆڕكەرە بۆ مرۆڤ، ئایا ئێمە دەڵێین ئەم شتە -حاشا لله- سەرشۆڕی و ڕسوایی بووە بۆ پێغەمبەریش (ﷺ)؟ بێگومان نەخێر، بەڵكو ئەو كەسەی هەژاری بە شانازی دەزانێت و پۆشاكی کۆن بە باشتر دەزانێت لە پۆشاكی گرانبەها، وە ماڵ و سەروەت و خۆشیەكانی دنیا بە سووك و بێبایەخ دەزانێت، ئەستەمە هەژاری هیچ ترسێكی بۆ دروست بكات. بەهەمان شێوە خوای گەورە لێرەدا نەیفەرمووە “ولیبدلنهم من بعد الخوف أمنا”، بەڵكو فەرموویەتی: ﴿وَلَيُبَدِّلَنَّهُم مِّنۢ بَعۡدِ خَوۡفِهِمۡ أَمۡنٗاۚ﴾ واتە هیچ شتێك نامێنێتەوە خەلیفەكان بترسێنێت.
ئەگەر ئەم شتە لە مێشكماندا دابنێین؛ ئەوا ڕووندەبێتەوە كە هیچ موسیبەتێك نەهاتووە بەسەر خەلیفەكاندا لێی ترسابن، وە ئەگەر لە ڕاستیدا تووشی كارەسات و موسیبەتێكی لەم شێوەیە بووبن خوای گەورە هەڵیگرتووە و نەیهێشتووە.
عومەر (رضي الله عنه) لە شەهیدبوون نەترساوە
گومانی تێدا نیە گەورەمان عومەر (رضي الله عنه) شەهیدكرا، بەڵام واقیعەكە ئەوەمان بۆ دەردەخات كە ئەو (رضي الله عنه) لە شەهیدبوون نەترساوە، بەڵكو بە بەردەوامی لە خوای گەورە دەپاڕایەوە كە شەهیدبوونی بۆ بنووسێت لەپێناوی خوادا و لە خودی مەدینەی مونەووەرەدا شەهید بێت، بەجۆرێك دەپاڕایەوە و دەیگوت: “اللهم إني أسألك الشهادة في سبیلك، وموتا في بلد رسولك”([50]). ئایا كەسێك بەدرێژایی تەمەنی لە خوا پاڕابێتەوەكە شەهیدبوونی بۆ بنووسێت لە مەدینەی مونەووەرەدا، چۆن دەوترێت ترسی هەبووە شەهید بکرێت و خوا ترسەكەی بۆ نەگۆڕیوە بە ئاسایش؟ ئەگەر عومەر (رضي الله عنه) بترسایە لە شەهیدبوون و پاشان شەهید بكرایە؛ ئەوا ڕەوابوو بوترێت خوا ترسەكەی بۆ نەگۆڕی بە ئاسایش، بەڵام مادام لە خوا پاڕاوەتەوە كە شەهیدبوونی بۆ بنووسێت لە مەدینەی مونەووەرەدا، ئیتر چۆن ئەو قسەیە ڕاستە كە ئەو لە شەهیدبوون ترساوە؟ وە مادام عومەر (رضي الله عنه) لە شەهیدبوون نەترساوە، بەڵكو پاڕاوەتەوە بۆی هەتا خوا پاڕانەوەكەی گیراكردووە، کەواتە لەدڵیدا هەستی بە هیچ ترسێك نەكردووە کە خوا دووری نەخستبێتەوە لێی. بەڵكو ئەم ئایەتە دەفەرموێت ئەو شتەی خەلیفەكان بترسێنێت هەرگیز ڕوونادات، وە خوای گەورە بەڵێنی داوە پێیان كە ترسەكەیان بۆ بگۆڕێت بە ئاسایش. دەی ئەگەر لە شتێك نەترسابن، بەڵكو سەربەرزی و پلەبەرزی خۆیانیان تێدا بینیبێت؛ ئەوا ڕاست نیە كەسێك بە ترس لەقەڵەمی بدات بۆیان، پاشان بڵێت: خوای گەورە ترسەكەی ئەوانی نەگۆڕی بە ئاسایش؟
كاتێك ئەم پاڕانەوەیەی عومەرم (رضي الله عنه) خوێندەوە لە دڵی خۆمدا گوتم ئەم پاڕانەوەیە لە ڕواڵەتدا مانای ئەوە بوو كە دوژمنان هێرشێكی توند بكەنە سەر مەدینە و هەموو موسوڵمانان لەناو ببەن هەتا دوژمنان بگەنە سەر عومەر و بیكوژن. بەڵام خوای گەورە لەلایەكەوە نزاكەی گیرا كرد، وە لەلایەكی ترەوە هۆكارەكانی سازاند كە یەكێك لە مرۆڤە چەپەڵەكان لە ناو مەدینەدا گەورەمان عومەر (رضي الله عنه) بە خەنجەر تیرۆر بكات لەجیاتی ئەوەی دوژمن هێرش بكاتە سەر مەدینە لە دەرەوە.([51])
عوسمان (رضي الله عنه) هەستی بە هیچ ترسێك نەكردووە
پاشان ئەو ڕووداوانەی كە لە سەردەمی عوسماندا (رضي الله عنه) ڕوویاندا دووپاتی دەكەنەوە كە ئەو هیچ ترسێکی نەبووە لێیان؛ چونكە لەڕووی مێژووییەوە ساغبووەتەوە كە یاخیبووان كاتێك دەستیان گرت بەسەر مەدینەدا، پێش نوێژكردن لە مزگەوتدا بڵاودەبوونەوە بۆ ئەوەی خەڵكی مەدینە لەیەكتری داببڕن هەتا كۆنەبنەوە و خۆیان گورج نەكەنەوە بۆ بەرەنگاربوونەوە. وە سەرەڕای ئەم كەشە پڕ لە ئاژاوە و خراپەكاریە، عوسمان (رضي الله عنه) بەتەنها لە مزگەوت ئامادە دەبوو بۆ نوێژکردن بەبێ ئەوەی هیچ ترسێكی هەبێت، وە بەردەوام ئامادە دەبوو لە مزگەوتدا هەتا خەڵكەكە نەیانهێشت و ڕێگری ئەوەیان كرد. كاتێك ئاژاوەكە پەرەی سەند و یاخیبووان هێرشیان كردە سەر ماڵی عوسمان (رضي الله عنه) تكای كرد لە هاوەڵان و گوتی لەپێناوی ئەودا گیانی خۆیان نەخەنە مەترسیەوە، بەڵكو پێویستە بگەڕێنەوە بۆ ماڵەكانی خۆیان لەجیاتی ئەوەی پارێزگاری لە ماڵەكەی ئەو بكەن.([52])
ئایا كەسێك لە شەهیدبوون بترسێت بەم شێوەیە هەڵسوكەوت دەكات؟ ئایا بە خەڵكی دەڵێت: پارێزگاری لە من مەكەن بەڵكو بگەڕێنەوە بۆ ماڵەكانتان؟
وە یەكێك لەو بەڵگە بەهێزانە لەسەر ئەوەی كە عوسمان (رضي الله عنه) نەترساوە لەم ڕووداوانە ئەوەیە كە موعاویە (رضي الله عنه) لە ڕۆژانی ئەو ئاژاوەیەدا لە شامەوە هات بۆ حەج و كاتێك ویستی بگەڕێتەوە چوو بۆ مەدینە بۆ سەردانی عوسمان (رضي الله عنه)، وە پێشنیاری کرد كە لەگەڵیدا بێت بۆ شام بۆ ئەوەی بێوەی و سەلامەت بێت لەو ئاژاوەیە. عوسمانیش (رضي الله عنه) پێی گوت: “دراوسێیەتی پێغەمبەری خوا (ﷺ) بە هیچ شتێك ناگۆڕمەوە”. موعاویە گوتی: ئەگەر بەمە ڕازی نابیت؛ ئەوا من لە شامەوە سوپایەك دەنێرم لەبەرخاتری تۆ كە بتپارێزێت لە ئاژاوەچیەكان. عوسمان (رضي الله عنه) گوتی: نامەوێت ڕۆزی و بژێوی موسوڵمانان كەم بكەمەوە بەوەی سوپایەك لای خۆم بهێڵمەوە بۆ پارێزگاریکردن لە خۆم. موعاویە (رضي الله عنه) گوتی: ئەی پێشەوای باوەڕداران، ئەو كەسانە بە ناپاكی تۆ دەكوژن یان دەردەچن بۆ دژایەتیكردنت. گوتی: “خوام بەسە و باشترین بریكارە”. ئەویش گوتی: ئەگەر تۆ ڕازی نابیت بە هیچ شتێك؛ ئەوا من پێت دەڵێم ئەو شەڕانگێزانە بەوە فریویان خواردووە كە هەندێ لە هاوەڵان بەڕێكوپێكی كارەكان بەڕێوەدەبن دوای تۆ، وە ئەو بەدکارانە خەڵكیان فریوداوە بە باسكردنی ناوی ئەو هاوەڵە پایەبەرزانە، بۆیە تكات لێ دەكەم ئەو هاوەڵانە لە مەدینە دووربخەیتەوە و بە ناوچە جیاوازەكاندا بڵاوەیان پێ بكەیت، ئەمە ورەی یاخیبووان دەڕووخێنێت چونكە لە دڵی خۆیاندا دەڵێن: هێرشكردنە سەر عوسمان چ سوودێكی هەیە مادام لە مەدینەدا كەسێكی تێدا نیە دوای ئەو كارەكان بەڕێوە ببات؟ بەڵام عوسمان (رضي الله عنه) پێشنیارەكەی ڕەت كردەوە و گوتی: چۆن دەكرێت كۆمەڵێك لە مەدینە دووربخەمەوە كە پێغەمبەر (ﷺ) كۆی كردوونەتەوە تێیدا؟ ئینجا موعاویە گریا و گوتی: ئەگەر تۆ ناتەوێت هیچ شتێك بكەیت؛ ئەوا لەناو خەڵكدا ڕایبگەیەنە كە موعاویە تۆڵەت دەسێنێت ئەگەر كوژرایت. عوسمان (رضي الله عنه) گوتی: هەرگیز ئەمە ڕاناگەیەنم چونكە تووڕەیت و دەترسم ڕەق بیت لەگەڵ موسوڵماناندا.
هەندێ كەس دەڵێن عوسمان (رضي الله عنه) كەسێك لاواز و ترسنۆك بووە، بەڵام کێ دەتوانێت ئەو ئازایەتیە پیشان بدات كە عوسمان (رضي الله عنه) پیشانی دا؟ کەواتە چۆن دەكرێت بوترێت دەترسا؟ ئەگەر بترسایە؛ ئەوا بە موعاویەی (رضي الله عنه) دەگوت: زۆرباشە بەشێك لە سوپاكەتم بۆ بنێرە بۆ ئەوەی پاسەوانیم بكەن و خەرجییان دەكێشم. ئەگەر ئەو (رضي الله عنه) بترسایە؛ ئەوا لەناو خەڵكدا ڕایدەگەیاند كە موعاویە تۆڵە لەو كەسە دەكاتەوە كە زیانم پێ بگەیەنێت. بەڵام وەڵامی موعاویەی دایەوە و گوتی: تۆ تووڕەیت دەترسم ڕەقی بنوێنیت بەرامبەر موسوڵمانان ئەگەر ئەم بژاردەیەت پێ بدەم.
پاشان كاتێك دوژمنان لە دیوارەوە چوونە ناو ماڵی عوسمان (رضي الله عنه) بۆ تیرۆر كردنی، هیچ لێیان نەترسا، بەڵكو بەردەوام بە ئارامیەوە قورئانی دەخوێندەوە. كوڕەكەی ئەبو بەكر -خوا چاوپۆشی لێ بكات- چووە پێشەوە و ڕیشی عوسمانی (رضي الله عنه) گرت و بەتوندی ڕایوەشاند، عوسمانیش (رضي الله عنه) چاوی بەرزكردەوە و گوتی: ئەی برازاكەم، ئەگەر باوكت لێرەدا بوایە ئەو كارەت نەدەكرد كە ئێستا كردت. ئەوە بوو زۆر ترسا و بە پەشیمانیەوە گەڕایەوە دواوە. كەسێكی تر چووە پێشەوە بە گۆپاڵێكی ئاسنین كێشای بەسەری عوسماندا (رضي الله عنه)، پاشان شەقێكی هەڵدا لە قورئانەكەی بەردەمی (رضي الله عنه) و فڕێیدا بۆ دوور. پاشان كەسی سێیەم هات و بە شمشێرەكەی دای لە عوسمان و دەستی قرتاند، ئینجا شەهید بوو.
كێ هەیە بتوانێت پاش بینینی ئەم ڕووداوانە بڵێت عوسمان (رضي الله عنه) ترساوە لەوەی تووشی شتێك بێت؟ وە مادام نەترساوە لەوەی تووشی شتێك بێت، ئیتر چۆن دەوترێت ئەوەی ڕوویداوە پێچەوانەی ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە بووە: ﴿وَلَيُبَدِّلَنَّهُم مِّنۢ بَعۡدِ خَوۡفِهِمۡ أَمۡنٗاۚ﴾. ئەگەر ئەو خەلیفانە لە شتێك ترسا بن؛ ئەوا لەوە ترساون كە ڕووناكی ئیسلام كز بێت، بۆیە لە كۆتاییدا ئەوەی ویستوویانە بێتەدی هاتووەتەدی، وە خوا ترسەكەی گۆڕیون بە ئاسایش.
شەهیدبوونی عەلی (رضي الله عنه)
دۆخەكە بەهەمان شێوە بووە سەبارەت بە عەلی (رضي الله عنه)، ئەو لەوە دەترسا کە بڵاوبوونەوەی ڕاستی و ڕۆحانیەت بوەستێت، ئەوە بوو خوای گەورە ترسەكەی گۆڕی بۆ ئاسایش، بەڵام ئەو (رضي الله عنه) لە مامەڵە و هەڵسوكەوتی خەڵكی نەترسا بەرامبەری. هەندێ جار سوپای موعاویە (رضي الله عنه) چەندین ئەوەندە لە سوپای عەلی (رضي الله عنه) زیاتر بووە بەڵام هەرگیز گوێی بەمە نەدەدا، وە بەردەوام دەیگوت تەنها بەوە ڕازی دەبێت كە قورئانی پیرۆز دەیفەرموێت.
ئەگەر پێمان وا بێت خەلیفە ڕاشیدیەكان ترساون لە دژایەتی و نەیاری؛ ئەوا پێویست دەكات دان بنرێت بەوەدا كە هەموو پێغەمبەرانی خوا -پەنا بە خوا- ئەوانیش هەمیشە لە خەڵكی دەترسان، چونكە هیچ كەسێك وەكو پێغەمبەران تووشی دژایەتی توند نەبووە. كەواتە دژایەتی خەڵكی دنیا شتێك نیە لە دیدی خەلیفە ڕاشیدیەكاندا هەتا لێی بترسن، هەروەك خوای گەورە لێرەدا نەیفەرمووە “وَلَيُبَدِّلَنَّهُم مِّنۢ بَعدِ الـخَوفِ أَمنٗا”، بەڵكو فەرموویەتی: ﴿وَلَيُبَدِّلَنَّهُم مِّنۢ بَعۡدِ خَوۡفِهِمۡ أَمۡنٗاۚ﴾ واتە خوای گەورە ئەو شتەیان لەسەر لادەبات كە لێی دەترسن. وە هەروەك پێشتر ڕوونم كردەوە ئەوان تەنها لەوە ترساون كە ئوممەت تووشی لادان و گومڕایی بێت، بەڵام بە بەرەكەتی گرنگیپێدانی ئەوان و پاڕانەوەكانیان خوای گەورە زۆرینەی ئوممەتی ئیسلامی پاراست لە گومڕایی، بۆیە بەردەوام ڕێبازی ئەهلی سوننەت و جەماعەت ڕێبازی زاڵ بووە بەسەر هەموو ڕێبازەكانی تردا لە زۆرێك لە ناوچەكانی زەویدا.
خوای گەورە خەلیفەكانی پاراستووە لە ترسی باویش
كاتێك دەڵێین لێرەدا ترس مانای ترسی باو نیە، بەڵكو مەبەست لێی ئەو ترسەیە كە دڵی ئەو خەلیفانە هەستی پێ دەكات، ئەمە مانای ئەوە نیە كە ئەوان بەدڵنیاییەوە هەست دەكەن بە ترسی باو، بەڵكو خوا لەم جۆرە ترسەیش دەیانپارێزێت مەگەر بەرژەوەندیەكی خوایی لەئارادا بێت، وەك ئەو ترسەی زاڵ و باڵادەست بوو لە سەردەمی عەلیدا (رضي الله عنه) و هۆكارەكەی ئەوە بوو كە خەڵكی گشتی بەڕادەیەك تووشی خراپە بوون کە ئیتر شایستەی نیعمەتی خیلافەت نەبوون. بۆیە من لەم بۆچوونەمدا مەبەستم ئەوە نیە كە خوای گەورە خەلیفەکان ناپارێزێت لە ترسی ئاسایی بەڵكو لێرەدا جەخت دەكەمەوە لەو بەڵێنە خواییە كە لەم ئایەتەدا باسكراوە و تایبەتە بەو ترسەوە كە خەلیفەكان بە ترس لەقەڵەمی دەدەن، وە ئاشکرایە ئەوان تەنها لەوە ترساون كە ئوممەتی ئیسلامی تووشی لادان و گومڕایی بێت، ئەوە بوو خوای گەورە ئەم ترسەی ئەوانی گۆڕی بە ئاسایش، بەجۆرێك بە فەزڵی خۆی ئوممەتی ئیسلامی پاراست لە گومڕایی، وە بەردەوام موسوڵمانان لە لایەن خواوە هیدایەت دران پاش كۆچی دوایی خەلیفەكانیش سەرەڕای ئاژاوە گەورەكان. لە ڕاستیدا موعجیزەی ڕاستەقینە ئەوەیە كە بەردەوام هیوا و ئاواتەكانی مرۆڤ بێنەدی دوای كۆچی دوایی خۆیشی و کردەوەکانی ئەنجامی داواکراویان هەبێت، چونكە ئەگەر لە ژیانیدا هەرچیەكی ویست هاتەدی؛ ئەوا خەڵكی سەركەوتنەكەی دەگێڕنەوە بۆ پلان و نەخشە ماددیەكان، بەڵام ئەگەر دوای كۆچی دوایی خۆیشی ئامانجەكانی هاتنەدی؛ ئەوا ناكرێت و ناگونجێت كەسێك سەركەوتنەكەی بداتەپاڵ تەگبیر و ڕێگاچارە ماددیەكان، بەڵكو ئەمە دەبێتە بەڵگەیەك لەسەر ئەوەی خۆشەویستی خوای گەورە بووە و زۆر نزیك بووە لێیەوە.
كەشفێكی پێغەمبەر (ﷺ) دوای كۆچی دوایی خۆی هاتەدی
بۆ نموونە پێغەمبەر (ﷺ) لە كەشفدا بینی بازنەكانی كیسرای فارس لەدەستی كەسێكدایە، دیارە موعجیزەكەی پێغەمبەر (ﷺ) لەوەدا نیە كە بازنەكانی كیسرای لە دەستی ئەم كەسەدا بینیوە، بەڵكو موعجیزەكە لەوەدایە كە پێغەمبەر (ﷺ) كۆچی دوایی كرد، لەگەڵ ئەوەدا خوا خستیە دڵی گەورەمان عومەرەوە (رضي الله عنه) كە پێشبینیەكەی پێغەمبەر (ﷺ) بهێنێتەدی. وە موعجیزەكەی تر ئەوە بوو كە هەواڵی ئەم كەشفەی پێغەمبەر (ﷺ) گەیشتە عومەر (رضي الله عنه) و ئەویش هێنایەدی. عومەر هەموو ئەو وتانەی نەبیستبوو كە پێغەمبەر (ﷺ) دەیفەرموو لە بۆنە جیاوازەكاندا، وە دەكرێت ئەم وتەیەی پێغەمبەر (ﷺ) كەسێكی تر بیستبێتی، وە بیری چووبێتەوە بیگێڕێتەوە بۆ كەسێكی تر، بەڵام لێرەدا ئەوەش موعجیزەیە کاتێك عومەر کە ئەم بازنانەی بەدەست گەیشت پێشتر هەواڵی ئەم كەشفەی پێغەمبەری پێگەیشتبوو. وە ئەوەش موعجیزەیە كە خوای گەورە خستیەدڵی عومەرەوە بازنە ئاڵتوونەكان بكاتە دەستی ئەم هاوەڵەوە، لەگەڵ ئەوەی شەریعەت ئاڵتوونی حەرام كردووە لە پیاو. خوای گەورە ویستی ئەم پێشبینیە بێتەدی، بۆیە وای كرد عومەر فەتوای ئەوە بدات كە گومانی تێدا نیە حەرامكردنی ئاڵتوون بۆ پیاوان كۆمەڵێك حیکمەتی بەسوودی تێدایە، بەڵام كێشە نیە ئەگەر بۆ ماوەیەكی كەم ئەم هاوەڵە ئەم بازنانە بكاتە دەستی بۆ هێنانەدی ئاواتەكەی پێغەمبەر (ﷺ). لە ڕاستیدا ئەم هاوەڵە لە بەردەمی عومەردا بازنەكانی كردە دەستی.([53])
ترسی خەلیفەكان دوای مردنیشیان بەردەوام دەگۆڕێت بۆ ئاسایش
پاشان ئێمە دەبینین خوای گەورە بەردەوام ترسی خەلیفە ڕاشیدیەكان دەگۆڕێت بۆ ئاسایش دوای مردنیشیان، هەندێ جار سەدەیەك دوای مردنیان، هەندێ جار دوو سەدە، وە هەندێ جار سێ سەدە، وە هەندێ جار چوار سەدە، وە هەندێ جار پێنج سەدە دوای مردنیان، ئەمەش بۆ ئەوەی خوای گەورە ئاشكرای بكات بۆ جیهان كە ئەوانی خۆش دەوێت و نایەوێت نائومێدیان بكات.
بەڵام ئەگەر وا دابنرێت کە لە ئایەتەکەدا ڕووی قسە لە هەموو ئوممەتە؛ ئەوا ئەمەیش هەر كێشە نیە چونكە ئەو ترسەی كە ئوممەت هەستی پێ دەكات بریتیە لە ترسی زاڵبوونی كافران بەسەر ئیسلامدا. بۆ نموونە تاكە كەسێك دەترسێت لەوەی مناڵەكەی بمرێت یان بازرگانیەكەی برەوی نەمێنێت، بەڵام ترسی ئوممەت مۆركێكی گشتی وەردەگرێت و تەنها بریتیە لە ترسی زاڵبوونی كافران بەسەر ئیسلامدا. هەڵبەت خوای گەورە ئەم ترسە گشتیەی موسوڵمانانیشی گۆڕی بەجۆرێك سەركەوتنێكی وەهای نووسی بۆ ئیسلام كە نموونەی نیە لە هیچ شوێنێكدا.
شكۆی خەلیفە ڕاشیدیەكان بەسەر فەرمانڕەوا ناموسوڵمانەكاندا
كاتێك لە سەردەمی عەلیدا (رضي الله عنه) جەنگ و ناكۆكی توند بوو لەنێوان موسوڵماناندا، پاشای ڕۆم بیری كردەوە لەوەی سوود وەربگرێت لە جەنگ و ناكۆكی و لاوازییەکەیان، وە پێی وا بوو ئەگەر ئێستا هێرشیان بۆ بكات؛ ئەوا شكستیان پێ دەهێنێت. ئەم هەواڵە گەیشتەوە بە موعاویە، ئینجا نامەیەکی نووسی بۆ پاشای ڕۆم و تێیدا گوتی: “بزانە ئەگەر هێرش بكەیتە سەر موسوڵمانان؛ ئەوا من یەكەم سەركردە دەبم کە جەنگت لەگەڵدا دەكەم بۆ بەرگریكردن لە عەلی”. ئەوە بوو پاشای ڕۆم پاشگەزبوویەوە لە هێرشكردنە سەر موسوڵمانان. ئەم ڕووداوە دووپاتی دەكاتەوە كە خەلیفەكان شكۆ و ترسێكی گەورەیان هەبووە، چونكە پاشای ڕۆم كاتێك زانی موعاویە ئامادەیە بە ڕابەرایەتی عەلی جەنگی لەگەڵدا بكات، ئیتر پەشیمان بوویەوە و زانی كە دژایەتیكردنیان هیچ سوودێكی پێ ناگەیەنێت.
خەلیفە ڕاستگۆكان هەڵگری ئاڵای یەکتاپەرستی ڕاستەقینەن
نیشانەی شەشەمی خەلیفە ڕاستگۆكان كە خوای گەورە ڕایگەیاندووە بریتیە لەم فەرمایشتەی خوای گەورە: ﴿يَعۡبُدُونَنِي لَا يُشۡرِكُونَ بِي شَيۡٔٗاۚ﴾ واتە ئەو خەلیفانە بەندایەتی من دەكەن بەبێ ئەوەی هیچ هاوبەشێكم بۆ بڕیار بدەن.. بەو مانایە خوای گەورە دڵیان پڕ دەكات لە ئازایەتیەكی نائاسایی بەجۆرێك لەپێناوی خوای گەورەدا ناترسن لە لۆمەی لۆمەكاران. ئەوان هیچ ترسێکیان نیە لە دروستكراوان و لەبەر ئەوان هیچ شتێك ناکەن، بەڵكو تەنها پشت دەبەستن بە خوای گەورە و هەر کارێك بکەن بەهیوای ڕەزامەندی ئەو (عز وجل) دەیكەن. مەبەست لە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿لَا يُشۡرِكُونَ بِي شَيۡٔٗاۚ﴾ ئەوە نیە كە ئەوان هەرگیز بت ناپەرستن، چونكە موسوڵمانی ئاساییش بت ناپەرستێت، چجای ئەوەی خەلیفەكان بیپەرستن! بەڵكو مەبەست لە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿لَا يُشۡرِكُونَ بِي شَيۡٔٗاۚ﴾ ئەوەیە كە ئەوان لە ترسی دروستكراوان سازش و تەنازول ناكەن لە هیچ هەڵوێستێك، بەڵكو هەموو كارێك دەکەن بۆ هێنانەدی ویستی خوای گەورە و بە هیوای بەدەستهێنانی ڕەزامەندیەكەی بەبێ ئەوەی گوێبدەن بە هەر موسیبەت و كارەساتێك کە لەم پێناوەدا تووشیان دەبێت. دەبینین هەندێ جار ئازاترین کەسیش لە دنیادا هەڵوێستی خۆی دەگۆڕێت لە ترسی خەڵكی. هەڵبەت ئەم کەسە نایەوێت لە ڕاستی لابدات، بەڵام لە دڵەوە ئاواتەخوازە كاری خۆی بكات بەجۆرێك كەس لەڕوویدا نەوەستێت، وەك هەوڵێك بۆ ڕازیكردنی هەموان.
شێخ غوڵام لە وەهابیە توندڕەوەكان بوو، وە وەهابیەكان فەتوای ئەوەیان دا کە بەجێهێنانی نوێژی هەینی لە هیندستان لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ئینگلیزدا کارێکی ڕەوایە، لەكاتێكدا حەنەفیەكان باوەڕیان وا بوو بەجێهێنانی نوێژی هەینی ڕەوا نیە چونكە دەڵێن تەنها ئەو كاتە نوێژی هەینی ڕەوایە كە دەسەڵاتدار موسوڵمان بێت، وە پێشەوا دادوەر بێت، وە نوێژی هەینی لە شارێكدا بکرێت.([54])
وە لەو كاتەدا ئینگلیز دەستیان گرتبوو بەسەر هیندستاندا، دەسەڵاتدار و دادوەرێكی موسوڵمان بوونی نەبوو، بۆیە شێخ غوڵام عەلی وەهابی لەلایەكەوە پێی وانەبوو بەجێهێنانی نوێژی هەینی ڕەوا بێت لە هیندستاندا، لەلایەكی ترەوە لە قورئانی پیرۆزدا ئەم فەرمایشتەی خوای گەورەی دەخوێندەوە: ﴿إِذَا نُودِيَ لِلصَّلَوٰةِ مِن يَوۡمِ ٱلۡجُمُعَةِ فَٱسۡعَوۡاْ إِلَىٰ ذِكۡرِ ٱللَّهِ وَذَرُواْ ٱلۡبَيۡعَۚ﴾([55])، بۆیە هەستی بە ئاسوودەیی نەدەكرد، چونكە پێی خۆش بوو نوێژی هەینی بكات، بەڵام لەوە دەترسا حەنەفیەكان فەتوا بدەن لە دژی، بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتە سەرەتا لە گوندەكەی خۆی نوێژی هەینی دەكرد، پاشان نوێژی نیوەڕۆیشی دەكرد، باوەڕی وا بوو كە ئەگەر فەتوای كردنی نوێژی هەینی ڕاست بوو؛ ئەوا زیان ناكات، وە ئەگەر فەتوای كردنی نوێژی نیوەڕۆ لەجیاتی نوێژی هەینی ڕاست بوو؛ ئەوا لەم دۆخەیشدا خێری دەگات، وە ئەو نوێژی نیوەڕۆیەی كە دەیكرد ناوینابوو “نوێژی یەدەگ”، وە دەیگوت: ئەگەر خوای گەورە نوێژی هەینی ڕەت كردەوە؛ ئەوا نوێژی نیوەڕۆی پێشكەش دەكەین، وە ئەگەر نوێژی نیوەڕۆی ڕەت كردەوە؛ ئەوا نوێژی هەینی لەبەردەمیدا دادەنێین. وە ئەو کەسەی ئەم “نوێژە یەدەگ”ەی نەدەكرد بە وەهابی لەقەڵەم دەدرا.
مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) بۆی دەگێڕاینەوە كە جارێكیان لەگەڵ شێخ غوڵام عەلیدا سەفەری كرد بۆ شاری گورداسپوور، وە لەڕێگادا كاتی نوێژی هەینی هات، هەمومان لە ناویشیاندا شێخ غوڵام عەلی ڕۆیشتین بۆ مزگەوت بۆ بەجێهێنانی نوێژی هەینی. پێویستە بزانرێت كە ڕێبازی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) لە ڕێبازی وەهابیەكان دەچوو كە پێیان وایە ڕزگاربوون و سەرفرازی لەوەدایە كاربكرێت بە فەرموودەكانی پێغەمبەر (ﷺ) و چاو لە پێشەنگیەكەی بكرێت. مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) دەفەرموێت: كاتێك خەڵکەکە لە نوێژی هەینی لێبوونەوە، غوڵام عەلی چوار ڕكاتی كرد وەك نوێژی نیوەڕۆ، منیش پرسیارم لێ كرد ئەم چوار ڕكاتە چی بوو كە دوای نوێژی هەینی كردت. گوتی: ئەمە بریتیە لە “نوێژی یەدەگ”. گوتم تۆ لە وەهابیەكانیت و ڕێبازەكەت پێچەوانەی ئەمەیە، ئیتر بۆچی “نوێژی یەدەگ” دەكەیت؟ گوتی: “نوێژی یەدەگ” دەكەم بۆ ئەوەی كەس ڕەخنەم لێ نەگرێت، نەك لەبەرئەوەی كە نازانم ئایا خوای گەورە نوێژی نیوەڕۆم لێ وەردەگرێت یان نوێژی هەینی.
كەواتە دەبینی زۆرێك لە خەڵكی -وەك شێخ غوڵام عەلی- پەنا دەبەنە بەر فرتوفێڵ، بەجۆرێك دڵی ئۆقرەی گرتبوو بە كردنی نوێژی هەینی، كەچی لەگەڵ ئەوەدا چوار ڕکات نوێژی نیوەڕۆیشی دەكرد بۆ ڕازیكردنی خەڵكی.
نوكتەی پیاوچاكێكی ئەهلی سوننەت
دەگێڕنەوە پیاوچاکێکی ئەهلی سوننەت لە شارێكی شیعەنشین دەژیا، جارێكیان تووشی هەژاریەکی تووند بوو، وە هەژاریەكەی وەهای لێ كرد بچێت بۆ لای پاشا بۆ داواكردنی یارمەتی. پاشاكە شیعە بوو، بۆیە كاتێك وەزیرەكەی پیاوچاكەكەی بینی پێی گوت: لە دیمەنی ئەم كەسەوە وا دەردەكەوێت کە لە ئەهلی سوننە بێت. پاشاكە گوتی: چۆن دەزانی؟ گوتی: لە دیمەنەكەیەوە وا دەركەوتووە بۆم. پاشاكە گوتی: ئەمە بەڵگە نیە، پێویستە لەبەردەممدا تاقی بكەیتەوە. ئەوە بوو وەزیرەكە ستایشی خێری عەلی (رضي الله عنه) كرد، پیاوەكەش دەستی كرد بە ستایش و پیاهەڵدانی عەلی (رضي الله عنه). پاشاكە بە وەزیرەكەی گوت: گومانەكەت هەڵە بوو، ئەوەتا شیعەیە ئەگینا مەدحی عەلی نەدەكرد بەم شێوەیە؟ وەزیرەكە گوتی: پاشام دووربیت لە نەفرەت، من وایدەبینم سوننی بێت. پاشاكە گوتی: زۆر باشە، بەشێوەیەكی تر تاقی بكەرەوە. وەزیرەكە فەرمانی كرد بە پیاوەكە كە نەفرەت بكات لە سێ کەسەکە -مەبەستی ئەبو بەكر و عومەر و عوسمان بوو (y)- كابرایش گوتی نەفرەت لە سێ كەسەكە. ئینجا پاشاكە گوتی: ئایا هێشتا نازانیت پیاوەكە سوننی نیە؟ وەزیرەكە گوتی: ڕووكەشەكەی بەم شێوەیە دەردەكەوێت، لەگەڵ ئەوەدا دڵم دەڵێت ئەو كابرایە شیعە نیە. پاشان كابرای بردە لایەكەوە و پێی گوت: بەڕاستی پێم بڵێ ڕێبازەكەت چیە؟ گوتی: من سوننیم. گوتی: كەواتە بۆچی نەفرەتت كرد لە سێ كەسەكە؟ ئەویش وەڵامی دایەوە و گوتی: تۆ مەبەستت لە سێ كەسەكە ئەبو بەكر و عومەر و عوسمانە، بەڵام من مەبەستم لە سێ كەسەكە پاشا و تۆ و خۆمە. هەڵبەت نەفرەتم كرد لە هەردووكتان چونكە ئێوە نەفرەت دەكەن لە گەورە پیاوچاكان، وە نەفرەتم كرد لە خۆم چونكە بەدبەختی و چارەڕەشیەكەم وەهای لێ کردم داوای یارمەتی لە ئێوە بكەم.
بە كورتی، هەندێ جار کەسانێك پەنا دەبەنە بەر ئەم جۆرە فێڵانە لە ترسی خەڵكی و پێیان وایە بەمە هیچ تاوانێكیان نەكردووە، بەڵام خوای گەورە بە فەرمایشتی خۆی: ﴿يَعۡبُدُونَنِي لَا يُشۡرِكُونَ بِي شَيۡٔٗاۚ﴾ بەڕاشكاوی ڕایگەیاندووە ئەو خەلیفانە نموونەی ئازایەتین لەپێناوی خوای گەورەدا، بۆیە تووشی ترس و تۆقین نابن، بەڵكو هەر كارێك کە دەیكەن تەنها لە بەر خاتری خوای گەورە دەیكەن بەبێ ئەوەی بترسن لە لۆمەی لۆمەكاران.
جێگیری و دامەزراوی ئەبو بەكر لە بەرەنگاربوونەوەی ئاژاوەی هەڵگەڕاوەكان
ئەم نیشانەیەش بەتەواوترین شێوە هەبووە لە خەلیفە ڕاشیدیەكاندا. ئەوە بوو كاتێك پێغەمبەر (ﷺ) كۆچی دوایی كرد و ئەبو بەكر بە خەلیفە هەڵبژێردرا، هەموو دوورگەی عەرەبی هەڵگەڕایەوە و هێندە ئاژاوەكە گەورەبوو کە خەڵكی تەنها لە مەككە و مەدینەدا بە كۆمەڵ نوێژیان دەكرد، وە خەڵكی هەموو شوێنێك -جگە لە خەڵكی مەككە و مەدینە و شوێنێکی تر- ڕەتیانكردەوە زەكات بدەن بە بیانووی ئەوەی كە فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿خُذۡ مِنۡ أَمۡوَٰلِهِمۡ صَدَقَةٗ﴾([56]) تایبەت بووە بە پێغەمبەر (ﷺ)، بۆیە دوای ئەو هیچ كەسێك مافی ئەوەی نیە داوای زەكاتی ماڵ و سامانیان لێ بكات. وە هەموو عەرەب خرۆشا لە دەوڵەتی ئیسلامی و بەسوپاكانیانەوە دەرچوون بۆ دژایەتی كردنی. گومانی تێدا نیە ئیسلام لە سەرەتای سەردەمی پێغەمبەرەوە (ﷺ) لاواز بوو، بەڵام هۆزە عەرەبیەكان بە جیا جیا هێرشیان بۆ دەكرد، تاقمێكیان جەنگی دەكرد لەگەڵ موسوڵماناندا لەكاتێكدا گرووپێكی تر لەكاتێكی تردا جەنگیان لەگەڵ دەكردن. وە لە جەنگی ئەحزابدا كە تێیدا سوپای كافرەكان هەموویان بە یەكگرتوویی هاتن بۆ جەنگ، ئیسلام لەو كاتەدا تا ڕادەیەك هێزی پەیداكردبوو، بەڵام ئەوەندە بەهێز نەبوو كە ترسی لەسەر نەبێت لە هیچ هێرشێك لە داهاتوودا. پاشان كاتێك پێغەمبەر (ﷺ) دەرچوو بۆ ئازادكردنی مەككە هەندێ لە هۆزەكان پەیوەندییان پێوە كرد بۆ یارمەتیدانی. لێرەوە دەردەكەوێت كە خوای گەورە كارێكی كرد دوژمنانی ئیسلام وردە وردە خۆیان گورج بكەنەوە بۆ دژایەتی كردنی هەتا موسوڵمانان هێزێك پێكنەهێنن کە دەست بگرێت بەسەر هەموو وڵاتدا. بەڵام كاتی خیلافەتی ئەبو بەكر (رضي الله عنه) بەیەكجار هەموو هۆزە عەرەبیەكان هەڵگەڕانەوە تەنها لە مەككە و مەدینە و شوێنێکی تردا نەبێت، وە خەڵکی هەموو شوێنەکان ڕەتیانكردەوە زەكات بدەن و بەسوپاكانیانەوە دەرچوون بۆ جەنگکردن دژی موسوڵمانان. ژمارەی جەنگاوەرانی سوپای هەندێ لە هۆزە هەڵگەڕاوەكان گەیشتە سەد هەزار جەنگاوەر، لەكاتێكدا ژمارەی سەربازەكانی سوپای موسوڵمانان تەنها دە هەزار سەرباز دەبوو، وە ئەم سوپایە خەریك بوو دەچوو بەرەو شام، هەمان ئەو سوپایە بوو كە پێغەمبەر (ﷺ) ماوەیەكی كەم پێش ئەوەی كۆچی دوایی بكات ئامادەی كردبوو بە سەركردایەتی ئوسامەی كوڕی زەید بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕۆمەكان لەسەر سنوور. بەڵام ئەو موسوڵمانانەی کە مابوونەوە لاواز و پیرەكان بوون جگە لە هەندێ گەنجی كەم. بە ڕەچاوكردنی ئەم هەلومەرجە ناسكە كە دەوری موسوڵمانانی دابوو هاوەڵان بیریان كردەوە كە ئەگەر سوپاكەی ئوسامە دەربچێت بۆ جەنگی ڕۆمەکان؛ ئەوا كەس لە مەدینەدا نامێنێتەوە بۆ ئەوەی بەرگری لێ بكات دژی یاخیبووە هەڵگەڕاوەكان، بۆیە شاندێك لە هاوەڵە گەورەكان -لەناویاندا عومەر و عەلی هەبوون كە بەناوبانگ بوون بە ئازایەتی- چوون بۆ لای ئەبو بەكر و تكایان لێ كرد ڕۆیشتنی سوپاكە دوابخات تا ئەو كاتەی ئاژاوەی هەڵگەڕاوەكان لەناودەبرێت، چونكە هیچ ڕێگایەكی تر نیە بۆ بەرگری كردن لە مەدینە و دوژمن بە سەربازەكانیەوە بەرەو ڕووی دێت. ئەبو بەكریش تووڕەبوو لە پێشنیارەكەیان و گوتی: ئایا دەتانەوێت یەكەم كاری كوڕەكەی ئەبو قوحافە دوای كۆچی دوایی پێغەمبەر (ﷺ) ئەوە بێت كە ڕێگری لە ڕۆیشتنی ئەو سوپایە بكات كە پێغەمبەر (ﷺ) فەرمانی كردووە بە ڕۆیشتنی؟ سوێند بە خوا هەرگیز ئەم سوپایە ناوەستێنم و دەبێت بڕوات، وە گوێ نادەم بە یاخیبوونی هەموو عەرەب و بەلامەوە گرنگ نیە ئەگەر كەسێك نەمێنێتەوە بۆ بەرگری كردن لە مەدینە. سوێند بە خوا، ئەم سوپایە دەنێرم كە پێغەمبەر (ﷺ) فەرمانی ڕۆیشتنی داوە ئەگەرچی دوژمن بێتەناو مەدینەوە و سەگ قاچی ئافرەتە موسوڵمانەكان ڕابكێشێت لە شەقامەكانیدا. ئەگەر ئێوە دەترسن لە سوپای دوژمنان؛ ئەوا دەتوانن وازم لێبهێنن، خۆم بەتەنها دەردەچم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو دوژمنان.([57])
ئەم دیمەنە بەڵگەیەكی چەندە مەزنە لەسەر ڕاستی ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە: ﴿يَعۡبُدُونَنِي لَا يُشۡرِكُونَ بِي شَيۡٔٗاۚ﴾!
وە سەبارەت بە کێشەی زەکات، هاوەڵان بە ئەبو بەكریان گوت ئەگەر تۆ ناتەوێت سوپاكە بوەستێنیت و دەڵێیت هەر دەبێت بڕوات؛ ئەوا لانی كەم پێویستە ڕێبكەویت لەگەڵ یاخیبووەكاندا و ئەم ساڵ زەكاتیان لێ وەرنەگرین، بۆ ئەوەی لەم ماوەیەدا ئەوان هێورببنەوە و ئێمەیش ڕێگایەك بدۆزینەوە بۆ كۆتاییهێنان بەم ئاشووبە. ئەوان خرۆشاون و ئامادەن بۆ جەنگ و کوشتار، لەم دۆخەدا حیکمەت نیە داوای زەکاتیان لێ بكەین. ئەبو بەكر ئەم پێشنیارەیشی بەتوندی ڕەت كردەوە و گوتی: “سوێند بە خوا ئەگەر ڕەشۆیەكم پێ نەدەن كە داویانە بە پێغەمبەری خوا (ﷺ)؛ ئەوا لەسەر ئەوە شەڕیان لەگەڵدا دەكەم”([58]) هاوەڵانیش گوتیان: ئەگەر سوپاكەی ئوسامە دەربچێت و لەگەڵ یاخیبوواندا ڕێككەوتنێكی كاتی ئەنجام نەدەین؛ ئەوا كێ بەرهەڵستی دوژمنان بوەستێت بەجۆرێك تەنها پیر و لاوازەكان یان هەندێ گەنجی کەم لە مەدینەدا دەمێننەوە، وە ئەوانە چۆن دەتوانن بەرەنگاری دوژمنان ببنەوە كە ژمارەیان دەگاتە سەدەها هەزار جەنگاوەر؟ ئەبو بەكر گوتی: ئەی خەڵكینە، ئەگەر ئێوە ناتوانن بەرەنگاری دوژمن ببنەوە؛ ئەوا خۆم بەتەنها بەرەنگاریان دەبمەوە.
ئەم قسانە لە زاری كەسێكەوە دەرچوون كە شارەزاییەكی زۆری نەبوو لە هونەرەكانی جەنگ و بەرەنگاربوونەوە و بەگشتی وا گومان دەكرا کە كەسێكی لاواز بێت. تۆ بڵێی ئەم ئازایەتی و دلێری و ئەم متمانە و یەقینەی لەكوێوە هێنابێت؟ تەنها هۆكارەكەی ئەوە بوو كە دەیزانی (رضي الله عنه) خوای گەورە لە پایەی خیلافەتدا دایناوە، وە هەر خۆی (سبحانه وتعالى) بەرپرسە لە هەموو ئەم كاروبارانە، بۆیە پێویستە ڕووبەڕووی ئاڵنگاری و تەحەدداکان بێتەوە، وە سەركەوتن تەنها لەدەستی خوای گەورەدایە. ئەگەر خوا بیەوێت سەری بخات؛ ئەوا سەركەوتووی دەكات، وە ئەگەر نەیەوێت سەربكەوێت؛ ئەوا هەموو سوپای دنیا ناتوانێت سەركەوتووی بكات.([59])
کۆمەڵێك هەڵوێستی دلێرانەی عومەر (رضي الله عنه)
پاشان عومەر (رضي الله عنه) بوو بە خەلیفە، ئەو كەسەی كە پێشنیاری كرد بۆ ئەبو بەكر (رضي الله عنه) و گوتی ئێمە ناتوانین ڕووبەڕووی ئەم سوپا زۆرانە ببینەوە چونكە ژمارەیان لە ئێمە زیاترە، بۆیە سوپاكەی ئوسامە مەنێرە با بەرگریمان لێ بكات. دەبینین هەمان ئەو تەوەككولەی هەیە و لەیەك كاتدا جەنگ دەكات لەگەڵ هەموو جیهاندا بەبێ ئەوەی بترسێت. بێگومان جەنگی كرد لەگەڵ ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانیدا كە دەوڵەتێكی بەهێز و مەزن بوو، وە لە ڕاستیدا جەنگكردنی موسوڵمانان لەگەڵ ڕۆمەكاندا وەك جەنگكردنی ئەفغانستان وایە لەمڕۆدا لەگەڵ ئینگلتەرادا. لەكاتێكدا خەریكی جەنگكردن بوو دژی ئەم ئیمپراتۆریەتە بەهێزە، پێیان ڕاگەیاند كە سوپاكانی كیسرا خۆیان ئامادەكردووە بۆ جەنگ دژی موسوڵمانان و ئاسەوارەكانی یاخیبوون و خرۆشان دەركەوتوون لە زۆرێك لەو ناوچە فارسیانەدا كە موسوڵمانان دەستیان بەسەردا گرتبوون، ئەوە بوو دەستبەجێ فەرمانی كرد بە هاوەڵان كە هێرش بكەنە سەر وڵاتی فارس، ئەمە هەمان ئەو عومەرە بوو كە پێشنیاری دەكرد بۆ ئەبو بەكر و دەیگوت ئەگەر سوپاكەی ئوسامە بنێرین بۆ جەنگ دژی ڕۆمەكان لەلایەك، وە لەلایەكی ترەوە لەناوخۆدا یاخیبووان جەنگ بكەن لە دژمان؛ ئەوا ئەمە هەڵەیەكی قورسە لە ئێمەوە ڕوودەدات. هاوەڵان بە عومەریان دەگوت: چۆن لەیەك كاتدا جەنگ بكەین دژی دوو حكومەتی بەهێز؟ بەڵام ئەو گوتی: جەنگ بكەن لە دژیان و گوێ بەهیچ شتێك مەدەن.
لەبەرئەوەی موسوڵمانان جەنگیان دەكرد دژی دەوڵەتی ڕۆمانی، بۆیە هێرشكردنیان بۆ سەر وڵاتی فارس شتێكی زۆر دوور بوو تەنانەت كاتێك گوترا بە كیسرا كە سوپاكانی ئیسلام بەرەو پێشەوە دێن بە هیچ شێوەیەك گوێی پێ نەدا و باوەڕی نەکرد، گوتی ئەمە تەنها درۆ و دەلەسەیەکە، بەجۆرێك چۆن دەكرێت موسوڵمانان بیر لەوە بكەنەوە هێرش بكەنە سەر ئێمە لەكاتێكدا هێشتا لە جەنگێکی خوێناویدان لەگەڵ دوژمنێكی بەهێزدا؟ وە گەورەترین هۆكاری شكستی فارسەكان لە جەنگەكانی سەرەتادا ئەوە بوو ئەوان لە پایتەختەوە هیچ سوپایەكیان نەنارد بو بەرەنگاربوونەوەی سوپای موسوڵمانان، بەڵكو بەردەوام پاشاكەیان پێی وا بوو كە هەواڵەكان تەنها درۆ و دەلەسە و پڕوپاگەندەی پووچن. بەڵام كاتێك پەیتا پەیتا و بەردەوام ئەم هەواڵانەیان پێ ڕاگەیاند ئینجا سەركردەیەكی خۆی نارد بۆ ئەوەی هەواڵ بزانێت و هەواڵێكی بێگومانی بۆ بهێنێتەوە. ئەویش بۆی نووسی كە موسوڵمانان لە ڕاستیدا هێرشیان كردووە و دەستیان گرتووە بەسەر كۆمەڵێك ناوچەی زۆردا. ئەوسا پاشای فارس سوپایەكی نارد بۆ جەنگ دژی موسوڵمانان.
لە ڕاستیدا كردنەوەی بەرەیەكی تری جەنگ لەلایەن موسوڵمانانەوە دژی فارسەكان کارێکی زۆر مەترسیدار بوو لەكاتێكدا هێشتا لە جەنگدا بوون دژی سوپای ڕۆمانی لە بەرەكەی تردا. بەڵام ئەم مەترسیانە هیچ بایەخێكیان نەبوو لە بەرامبەر ئەو هێزەدا كە خوای گەورە لە دڵی عومەردا (رضي الله عنه) دروستی کرد پاش ئەوەی کردی بە خەلیفە.
ئەبو هورەیرە بەڵغەم دەكاتە ناو دەسماڵەكەی كیسراوە
لەم جەنگەدا موسوڵمانان پاش سەركەوتنیان غەنیمەتێكی زۆریان دەستكەوت، دەسماڵەكەی كیسرا لەناو غەنیمەتەكاندا درا بە ئەبو هورەیرە (رضي الله عنه)، ڕۆژێكیان ئەبوهورەیرە تووشی كۆكە بوو، دەسماڵەكەی كیسرای دەرهێنا و بەڵغەمی تێكرد و گوتی: بەهـ بەهـ ئەبو هورەیرە.. واتە ئەبو هورەیرە چەند پایەت بەرزە، بەجۆرێك ئەمڕۆ بەڵغەم دەكەیتە ناو دەسماڵەكەی كیسراوە! هەندێ كەس پرسیاریان لێ كرد و گوتیان: بۆچی بەم شێوەیە قسە دەكەیت؟ ئەویش وەڵامی دایەوە و گوتی: لە سەردەمی پێغەمبەردا (ﷺ) جاروبار لەتاو برسێتی دەبوورامەوە، خەڵكی وایان دەزانی تووشی پەركەم بووم، بە نەعل دەیان كێشا بە سەرمدا، بەڵام ئەمڕۆ دەبینن من بەڵغەم دەكەمە ناو دەسماڵەكەی پاشای فارسەكانەوە!
لە ڕاستیدا خوای گەورە ئەم نیشانەیەی -واتە نیشانەی ﴿يَعۡبُدُونَنِي لَا يُشۡرِكُونَ بِي شَيۡٔٗاۚ﴾- لە خەلیفە ڕاشیدیەكاندا زۆر بەڕوونی هێنایەتەدی، بۆیە جگە لە خوای گەورە بەهیچ شێوەیەك لە هیچ كەسێك نەترسان.
عوسمان و عەلی بەوپەڕی بەئازایەتیەوە بەرەنگاری دوژمن بوونەوە
عوسمان (رضي الله عنه) بەوە ناسرابوو كە کەسێکی بەشەرم و دڵ نەرمە، بەڵكو خەڵكی پێیان وا بوو کەسێکی لاوازە، بەڵام كاتێك ئەركی خیلافەتی گرتە ئەستۆ بوو بە کەسێکی ئەوپەڕی ئازا و چاونەترس بەجۆرێك هەڵوێستەكانی دژی ئاژاوە ناوخۆییەكان مایەی سەرسوڕمانە.
بەهەمان شێوە عەلی (رضي الله عنه) گوێی نەدا بە هیچ دژایەتی و مەترسیەك. سەرەڕای ئەوەی لە ناوەوە و دەرەوە مەترسی دەوری دابوو، بەڵام ئەو لە هەموو هەڵوێستێكدا ڕەزامەندی خوای گەورەی خستە پێشەوە و بە موو لای نەدا لە ویستی خوایی وەك چۆن تێگەیشتبوو لێی، وە لە هیچ شتێك نەترسا.
كەواتە، خوای گەورە نیشانەی ﴿يَعۡبُدُونَنِي لَا يُشۡرِكُونَ بِي شَيۡٔٗاۚ﴾ی زۆر بەڕوونی و جوانی هێنایەدی لە هەموو خەلیفە ڕاشیدیەكاندا و ئەمە بەڵگەیەكی گومانبڕە لەسەر ئەوەی خوای گەورە خۆی دایمەزراندبوون لە پایەی خیلافەتدا و هەر خۆی پشتگیری کردن و سەرکەتووی کردن بەسەر دووژمناندا.
وەڵامی کۆمەڵێك ڕەخنە كە دەگیرێن لە ئایەتی ئیستیخلاف
ئێستا وەڵامی ئەو ڕەخنانە دەدەمەوە كە زۆربەی جار دەگیرێن لە ئایەتی ئیستیخلاف.
ڕەخنەی یەكەم: دەوترێت ئەو بەڵێنەی لەم ئایەتەدا هەیە دراوە بە هەموو ئوممەتی ئیسلامی نەك بە هەندێ لە تاكەكانی، واتە خوای گەورە هەموو ئوممەتی ئیسلامی دەكات بە خەلیفە نەك ئەوەی هەندێ لە تاكەكانی وەك خەلیفە هەڵبژێرێت، وە مەبەستەكە ئەوەیە كە خوای گەورە حوكمڕانی و دەسەڵات دەدات بە هەموو موسوڵمانان.
ڕەخنەی دووەم: لێرەدا خوای گەورە فەرموویەتی ﴿كَمَا ٱسۡتَخۡلَفَ ٱلَّذِينَ مِن قَبۡلِهِمۡ﴾، ئاشکرایە ئوممەتەكانی پێشوو خیلافەتیان بەدەستهێناوە بەشێوەی پێغەمبەرایەتی یان فەرمانڕەوایەتی، وە تەنها تا ئەم ئاستە لێكچوون پەسەند دەكەین لەنێوان ئەوان و ئوممەتی ئیسلامیدا، بۆیە ئێمە دان دەنێین بەوەدا كە لەناو موسوڵماناندا كۆمەڵێك پێغەمبەر و فەرمانڕەوایش پەیدا دەبن، بەڵام ئەو خیلافەتەی تۆ باستكردووە نە خیلافەتی پێغەمبەرایەتیە نە خیلافەتی فەرمانڕەوایەتی، ئیتر چۆن ئەم خیلافەتە خیلافەتێكی ڕاست و دروستە؟
ڕەخنەی سێیەم: ئەگەر دانمان نا بەو خیلافەتەدا كە دوای پێغەمبەری خوا (ﷺ) هەبووە و لەبەرئەوەی پێکهاتووە لە فەرمانڕەوایەتی بۆیە دەكرێت بخرێتە چوارچێوەی ئەم فەرمایشتەی خوای گەورەوە ﴿وَجَعَلَكُم مُّلُوكٗا﴾؛ ئەوا بەڵگە چیە لەسەر ڕاستی خیلافەتی ئەحمەدیەت، بەجۆرێك نە خیلافەتی پێغەمبەرایەتیە نە خیلافەتی فەرمانڕەوایەتی.
ڕەخنەی چوارەم: ئەگەر بگوترێت ئەو بەڵێنەی لە ئایەتی ئیستیخلافدا باسكراوە بۆ تاكەكانە نەك بۆ ئوممەت؛ ئەوا لەم دۆخەدا ئایەتەكە دەکرێت بە بەڵگە لەسەر خیلافەتی پێغەمبەرایەتی و خیلافەتی فەرمانڕەوایەتی.. واتە هەندێ لە تاكەكانی ئەم ئوممەتە دەبن بە پێغەمبەر و فەرمانڕەوا، بەڵام خیلافەتی پێغەمبەرایەتی كە بەردەوام بووە لە ئوممەتانی پێشوودا پێغەمبەر (ﷺ) كۆتایی پێ هێنا، ئێوەیش دان بەوەدا دەنێن كە ئێستا ئیتر ناكرێت ئەو جۆرە لە پێغەمبەران بێن كە پێش پێغەمبەر (ﷺ) هاتوون، وە سەبارەت بە فەرمانڕەوایەتی ئێوە خۆتان دانی پێدا دەنێن كە خەلیفە ڕاشیدیەكان پاشا و فەرمانڕەوا نەبوون، وە لە فەرموودەدا هاتووە لە نوعمانی كوڕی بەشیرەوە لە حوزەیفەوە گوتی، پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: “تَكُونُ النُّبُوَّةُ فِيكُمْ مَا شَاءَ اللهُ أَنْ تَكُونَ، ثُمَّ يَرْفَعُهَا إِذَا شَاءَ أَنْ يَرْفَعَهَا، ثُمَّ تَكُونُ خِلَافَةٌ عَلَى مِنْهَاجِ النُّبُوَّةِ، فَتَكُونُ مَا شَاءَ اللهُ أَنْ تَكُونَ، ثُمَّ يَرْفَعُهَا إِذَا شَاءَ اللهُ أَنْ يَرْفَعَهَا، ثُمَّ تَكُونُ مُلْكًا عَاضًّا، فَيَكُونُ مَا شَاءَ اللهُ أَنْ يَكُونَ، ثُمَّ يَرْفَعُهَا إِذَا شَاءَ أَنْ يَرْفَعَهَا، ثُمَّ تَكُونُ مُلْكًا جَبْرِيَّةً، فَتَكُونُ مَا شَاءَ اللهُ أَنْ تَكُونَ، ثُمَّ يَرْفَعُهَا إِذَا شَاءَ أَنْ يَرْفَعَهَا، ثُمَّ تَكُونُ خِلَافَةً عَلَى مِنْهَاجِ نُبُوَّةٍ.” ثُمَّ سَكَتَ([60])؛ کەواتە مادام پێغەمبەر (ﷺ) نكۆڵی لەوە كردووە كە خەلیفە ڕاشیدیەكان پاشا و فەرمانڕەوا بن وەك لە فەرموودەكەوە ڕوون و ئاشكرایە بەجۆرێك دەفەرموێت سەرەتا خیلافەت دەبێت پاشان دوای خیلافەت فەرمانڕەوایەتی دەبێت، كەواتە تاكەكانی ئەم ئوممەتە هەرگیز خیلافەتی پێغەمبەرایەتی و خیلافەتی فەرمانڕەوایەتی بەدەستناهێنن، بەمەش دەچەسپێت كە لەم ئایەتەدا هیچ بەڵگەیەك نیە لەسەر خیلافەتی تاك، بەڵكو مەبەست پێی خیلافەتی هەموو ئوممەتە، وە ئەستەمە هیچ كەسێك نكۆڵی لەمە بكات.
وەڵامی ئەم ڕەخنانە
ئێستا وەڵامی هەموو ئەم ڕەخنانە دەدەمەوە.
ڕەخنەی یەكەم: بەڵێنەكە بۆ هەموو ئوممەتە نەك بۆ هەندێ لە تاكەكان.
وەڵام: گومانی تێدا نیە ئەم بەڵێنە بە هەموو ئوممەت دراوە، بەڵام ئەمە ڕێگر نیە لەوەی کە بەڵێنەکە لەسەر دەستی هەندێ لە تاكەكان بێتەدی. چەندین بەڵێن هەن دراون بە هەموو ئوممەت بەڵام لەسەر دەستی تاكەكاندا هاتوونەتەدی، لەگەڵ ئەوەدا دەوترێت ئەو بەڵێنەی كە دراوە بە هەموو ئوممەتە هاتووەتەدی. نموونەی زۆر هەیە لەسەر ئەم شێوازەی ئاخاوتن لە هەموو زمانەکانی جیهاندا. بۆ نموونە لە زمانی ئوردی ئێمەدا دەوترێت: ئینگلیزەكان پاشان، دەی ئایا ئەمە مانای ئەوەیە هەموو كەسێكی ئینگلیزی پاشا بێت؟ نەخێر، ناكرێت هەموو ئینگلیزێك پاشا بێت و ئەستەمە ئەمە ڕووبدات، لەگەڵ ئەوەدا دەوترێت ئینگلیزەكان پاشان. بەهەمان شێوە دەوترێت فڵان گەل دەسەڵاتدارن، لەگەڵ ئەوەی ئەستەمە هەموو گەلەكە دەسەڵاتداربن بەڵكو هەندێ لە تاكەكانی دەسەڵاتیان گرتووەتەدەست و خەڵکەکەی تر هەموویان شوێنكەوتەی ئەو تاكانەن. هەروەها دەوترێت فڵان گەل زۆر دەوڵەمەندن، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیە كە هەموو تاكێك لەو گەلە دەوڵەمەند بێت. بۆ نموونە دەوترێت گەلی ئینگلیز دەوڵەمەندن، لەگەڵ ئەوەی هەیانە زۆر بە هەژاری دەژی. برا گەروەكەم -خوالێخۆشبوو سوڵتان ئەحمەد- گێڕایەوە کە جارێكیان كاتی مانەوەی لە لەندەن بیینی خزمەتكاری ماڵەكە -ئەو ماڵەی كە تێیدا ماوەتەوە- خاشاكی فڕێداوەتە دەرەوە، یەكێك لە مناڵە ئینگلیزەكان هاتووە خاشاکەکەی پشكنیوە و پارچە نانێكی تێدا دۆزیوەتەوە و خواردوویەتی. بەهەمان شێوە منیش ئافرەتانی ئەورووپیم بینیوە لە ناوچەی “براندزی” [شارێكی ئیتاڵیە. (وەرگێڕی عەرەبی)] كە سەتڵیان بەسەرەوە بووە لە شوێنێكی دوورەوە ئاویان دەهێنا، وە مناڵم لەگەڵدا دەبینین جلی كۆنیان لەبەردابوو كە پینەی پێوەبوو لە خودی قوماشەکە نەبووە. سەرەڕای ئەم واقیعە دەوترێت ئەوان زۆر دەوڵەمەندن. كەواتە ئەگەر بەڵێنێك درا بە گەلێك مانای ئەوە نیە كە نابێت ئەو بەڵێنە لەسەر دەستی هەندێ تاكی ئەو گەلە بێتەدی، بەڵكو زۆرێك لە بەڵێنەكان هەن كە دراون بە ئوممەتەكان و لەسەردەستی هەندێ لە تاكەكانیان هاتوونەتەدی. لە قورئانی پیرۆزدا نموونەی ئەم جۆرە بەڵێنانە لەم فەرمایشتی خوای گەورەدا هاتووە: ﴿وَإِذۡ قَالَ مُوسَىٰ لِقَوۡمِهِۦ يَٰقَوۡمِ ٱذۡكُرُواْ نِعۡمَةَ ٱللَّهِ عَلَيۡكُمۡ إِذۡ جَعَلَ فِيكُمۡ أَنۢبِيَآءَ وَجَعَلَكُم مُّلُوكٗا﴾([61]). ئایا كەس هەیە بتوانێت بیسەلمێنێت هەموو نەوەی ئیسڕائیل بوون بە پاشا؟ پاشان ئایا كەس هەیە گومانی هەبێت لەبوونی كەسانی زۆر هەژار لەناو نەوەی ئیسڕائیلدا، لەگەڵ ئەوەی مووسا (علیه السلام) پێیان دەڵێت: ﴿وَجَعَلَكُم مُّلُوكٗا﴾؟ بەڵكو مەبەست لەم دەربڕینە ئەوەیە كە ئەگەر پاشا و فەرمانڕەوا لەناو گەلێكدا هەبوو؛ ئەوا هەموو گەلەكە سوود لەو نیعمەتانە وەردەگرن كە پەیوەستن بەو فەرمانڕەوایەتیەوە. لەبەر ئەوە ڕەوایە بوترێت هەموو گەلەكە پاشا و فەرمانڕەوان. كەواتە مادام ئەو ڕەخنەگرانە سەرەڕای بوونی دەستەواژەی ﴿وَجَعَلَكُم مُّلُوكٗا﴾ لەم ئایەتەدا پێیان وا نیە هەموو جوولەكەیەك بووبێت بە پاشا و فەرمانڕەوا، ئیتر بۆچی لەم فەرمایشتەی خوای گەورەوە: ﴿وَعَدَ ٱللَّهُ ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ مِنكُمۡ وَعَمِلُواْ ٱلصَّٰلِحَٰتِ لَيَسۡتَخۡلِفَنَّهُمۡ فِي ٱلۡأَرۡضِ كَمَا ٱسۡتَخۡلَفَ ٱلَّذِينَ مِن قَبۡلِهِمۡ﴾ ئەو ئەنجامە وەردەگرن كە جێبەجێ بوونی ئەم بەڵێنە لەڕێگەی هەندێ تاكی گەلەوە شتێكی ئەستەمە، بەڵكو مەبەست ئەوەیە كە هەموو ئوممەت بە خەلیفە لەقەڵەم دەدرێت؟ سەیر ئەوەیە كاتێك خوای گەورە سەبارەت بە جوولەكە دەفەرموێت ﴿وَجَعَلَكُم مُّلُوكٗا﴾ موفەسیرەکان بەوپەڕی هێمنیەوە دەڵێن: لەگەڵ ئەوەی هەندێ تاكی جوولەكە فەرمانڕەوایەتیەكەیان بەدەستهێنا، بەڵام دەكرێت بوترێت هەموویان بەدەستیان هێناوە چونكە ئاستی ژیانی هەموویان بەرزبوویەوە و بەرەوپێش چوون، بەڵام ئەم موفەسیرانە كاتێك ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە دەخوێننەوە ﴿وَعَدَ ٱللَّهُ ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ مِنكُمۡ وَعَمِلُواْ ٱلصَّٰلِحَٰتِ لَيَسۡتَخۡلِفَنَّهُمۡ فِي ٱلۡأَرۡضِ﴾ دەڵێن: ئەم بەڵێنە دراوە بە هەموو ئوممەت و ئەو قسەیە پەسەند ناكەین كە دەڵێت بەڵێنەكە تەنها لەڕێگەی هەندێ تاكی ئوممەتەوە جێبەجێ بووە. لە ڕاستیدا ئەگەر مەبەست پێی زاڵبوون و باڵادەست بوونی هەموو ئوممەت بێت وەك دەڵێن؛ ئەوا لەکوێ هەریەكەیان ئەم زاڵبوون و باڵادەستبوونەی بەدەست هێناوە؟ نەخێر، بەڵكو واقیعەكە ئەوەیە كە هەندێ تاكی ئوممەت فەرمانڕەوایەتی و زاڵبوون بەدەست دەهێنن نەك هەموویان. لەناو هاوەڵاندا زۆر كەس هەبوون لەوپەڕی تەنگدەستیدا دەژیان تەنانەت لە ڕۆژگاری باڵادەستبوونی موسوڵماناندا. چیرۆكێكی خۆش هەیە، دەگێڕنەوە لە جەنگی نێوان عەلی و موعاویەدا (ڕەزای خوایان لێ بێت) هەردوو لا بەرامبەر یەك وەستان لە شوێنێكدا پێی دەوترا “صیففین”، ماوەی نێوان هەردوو سوپاکە نزیكەی میلێك دەبوو، لەكاتی نوێژدا ئەبو هورەیرە دەچوو بۆ سەربازگەكەی عەلی (رضي الله عنه) و لەكاتی نان خواردندا دەچوو بۆ سەربازگەكەی موعاویە (رضي الله عنه)، پێیان گوت: تۆ كەسێكی سەیریت، جارێك دەچیت بۆ سەربازگەكەی عەلی (رضي الله عنه) و دواتر دەچیت بۆ سەربازگەكەی موعاویە (رضي الله عنه). ئەویش وەڵامی دایەوە و گوتی: دەبینم نوێژ لای عەلی باشترە، لەكاتێكدا دەبینم خواردن لای موعاویە باشترە، بۆیە كاتی نوێژ دەچم بۆ لای عەلی (رضي الله عنه) و كاتی خواردن دەچم بۆ لای موعاویە. ئەبو هورەیرە دەچوو بۆ سەربازگەكەی موعاویە چونكە لەوێ خواردنی خۆشی دەست دەكەوت، وە لەكاتی نوێژدا دەچوو بۆ سەربازگەكەی عەلی چونكە نوێژێكی دەكرد كە پڕ بوو لە خشوع و گەرموگوڕی.
نوكتەی یەكێك لە بەیعەتنەدەرەكان
ئەمە دۆخی یەکێك لە بەیعەتنەدەرەكانە، بەڵكو نوكتەكەی ئەو سەیرترە لە نوكتەكەی ئەبو هورەیرە. ڕۆژێكیان لە ماڵی بەڕێز چودری زەفەروڵڵاخان بووم، برایەك هەواڵی پێدام كە یەکێك لە بەیعەتنەدەرەكان پێی گوتووە: بیروباوەڕەكانی ئێمەی بەیعەتنەدەر ڕاستن، بەڵام دوعای خەلیفەكەی ئێوە زیاتر گیرا دەبێت. ئەم قسەیەی ئەو تەواو لە قسەكەی ئەبو هورەیرە دەچێت.
بەكورتی، ئاشکرایە ئەگەر گەلێك فەرمانڕەوایەتی هەبێت؛ ئەوا زۆرێك لە ڕۆڵەكانی بەردەوام بە هەژاری دەمێننەوە، بەڵام دەوترێت ئەم گەلە خاوەنی فەرمانڕەوایەتیە، لەگەڵ ئەوەی یەك كەسی ئەو گەلە دەبێت بە پاشا و فەرمانڕەوا و ئەوانی تر نابن، بۆیە بە جوولەكە گوتراوە ﴿وَجَعَلَكُم مُّلُوكٗا﴾. ئەگەر ئەم جۆرە بەڵێنە مانای ئەوە بێت کە پێویستە هەموو تاكێك لە ئوممەت پاشا و فەرمانڕەوا بێت؛ ئەوا پێویستە لەسەریان بۆمان بسەلمێنن كە خوای گەورە هەموو جوولەكەیەكی كردووە بە پاشا و فەرمانڕەوا، بەڵام كەس ناتوانێت ئەمە بسەلمێنێت، بەڵكو دەڵێن: ئەگەر لە ئوممەتێكدا پاشا و فەرمانڕەوایەك پەیدا بوو؛ ئەوا دەوترێت هەموو گەلەكە فەرمانڕەوایەتیان بەدەستهێنا، چونكە هەموویان سوودی لێ وەردەگرن. بەهەمان شێوە ئەگەر هەندێ تاك لە ئوممەتێك بوون بە خەلیفە؛ ئەوا دەوترێت ئەم ئوممەتە هەمووی نیعمەتی خیلافەتی بەدەستهێناوە، وە پێویست نیە هەر تاكێك لە تاكەكانی خیلافەت بەدەست بهێنێت.
نموونەیەكی تر هەیە لەسەر ئەم جۆرە بەكارهێنانە بەجۆرێك خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿وَإِذَا قِيلَ لَهُمۡ ءَامِنُواْ بِمَآ أَنزَلَ ٱللَّهُ قَالُواْ نُؤۡمِنُ بِمَآ أُنزِلَ عَلَيۡنَا وَيَكۡفُرُونَ بِمَا وَرَآءَهُۥ﴾([62]) واتە كاتێك بە جوولەكە دەوترێت باوەڕبهێنن بەوەی دابەزیوە لە قورئانی پیرۆزدا دەڵێن: ﴿نُؤۡمِنُ بِمَآ أُنزِلَ عَلَيۡنَا﴾. وە شتێكی ڕوونە وەحی دانەبەزیوە بۆ سەر جوولەكە، بەڵكو تەنها دابەزیوە بۆ سەر مووسا، لەگەڵ ئەوەدا گوتوویانە ﴿نُؤۡمِنُ بِمَآ أُنزِلَ عَلَيۡنَا﴾. ئەمە مانای وایە ئەوان سەبارەت بەو كەلامەی خوا کە دایبەزاندووە بۆ سەر مووسا و پێغەمبەرانی تر (علیهم السلام) دەیانگوت ﴿أُنزِلَ عَلَيۡنَا﴾، لەگەڵ ئەوەی وەحی دانەبەزیبوو بۆ سەر ئەوان، بەڵكو دابەزیبوو بۆ سەر پێغەمبەرانیان.
کەواتە ئەگەر نیعمەتێك لە نیعمەتەكانی خوا دابەزیە سەر كۆمەڵێك تاك لە ئوممەتێكدا، وە هەموو ئوممەتەکە سوودی لەو نیعمەتە وەرگرت؛ ئەوا دەوترێت سەرجەم ئەو گەلە ئەو نیعمەتەی بەدەستهێناوە. ئەگەر کەسێك ماڵ و سامانێكی زۆری هەبێت؛ ئەوا ناوترێت هەموو خەڵکی ئەو شارەی کەسەکەی تێدایە دەوڵەمەندن، بەڵام ئەگەر لە شارێكدا زانایەك هەبێت و خەڵكی شارەكە سوودیان وەرگرت لە زانستەكەی لەڕێگەی خوێندن و فێربوونەوە؛ ئەوا دەوترێت ئەم شارە شاری زاناكانە. وە ڕوونترین نموونە لەسەر ئەمە قادیانی شارۆچكەی ئێمەیە، بەجۆرێك لە هەموو جۆرە خەڵكێكی تێدایە، زانا و نەزان و خاوەن دوكان و كرێكار و ڕۆشنبیر و نەخوێندەواری تێدایە، بەڵام ئەگەر دوو یان چوار كەس لە خەڵكی قادیان، ئەگەرچی كرێكار بن و بەردیان بەسەر شانەوە بێت، بچن بۆ گوندێكی دراوسێ؛ ئەوا خەڵكەكەی دەڵێن: زاناكانی قادیان هاتن. هۆكارەكە تەنها ئەوەیە كە قادیان لە هەموو كاتێكدا بەڕێژەیەكی زۆر زانستی تێدا خوێندراوە، بۆیە بەهۆی ناوبانگە زانستیەكەیەوە بە هەموو كەسێكی قادیان دەوترێت زانا.
نموونەیەكی تر، زۆربەی جار خەڵکی بە كوڕی پزیشك دەڵێن پزیشك، ئەگەرچی پیتێكی نەخوێندبێت لە كتێبە پزیشكیەكان؛ چونكە ئەگەر وابەستەبوونێکی بەهێز هەبێت بۆ شتێك؛ ئەوا بەگوێرەی ئەوە قسە دەكەن، وە هەموو تاكەكان بەشدار دەكەن تێیدا، بۆیە ئەگەر كەلامی خوا دابەزێتە سەر پێغەمبەرێك؛ ئەوا دەوترێت كەلامی خوا دابەزیوەتە سەر گەلەكەی، لەگەڵ ئەوەی كەلامی خوا تەنها دابەزیوەتەسەر پێغەمبەرەكەیان، بەهەمان شێوە ئەگەر پاشا و فەرمانڕەوایەك لە گەلێكدا پەیدا بێت؛ ئەوا هەموو گەلەكە بە فەرمانڕەوا ئەژمار دەكرێت. لە ئینگلتەرا هەژاری زۆر هەن کە دەست لە خەڵك پان دەكەنەوە، بەڵام ئەگەر یەكێك لە گسكدەرەكانی ئینگلتەرا بێت بۆ هیندستان؛ ئەوا خەڵكی لە دوورەوە سڵاوی لێ دەكەن و بەگەورە سەیری دەكەن، وە پیاوانی پۆلیسیش گرنگی پێ دەدەن، بۆ ئەوەی بێڕێزی بەم پیاوە مەزنە نەكرێت، لەگەڵ ئەوەی لە شارەكەی خۆیدا هیچ سەربەرزی و ڕێزێكی نیە، كەواتە لەبەرئەوەی هەندێ تاكی ئەم گەلە بوون بە پاشا و دەسەڵاتدار بۆیە هەموو تاكێكیان ڕێزی لێ دەگیرێت.
ماوەیەك لەمەوپێش فەرمانڕەوای یەكێك لە ویلایەتەكانی هیندستان چوو بۆ ئینگلتەرا، لەكاتی گەڕانەوەدا دەگاتە مومبی و دەیەوێت بەخێرایی دەرچێت لە بەندەرەكە چونکە كارێكی كوتوپڕی هەبووە، وە یەكێك لە فەرمانبەرەكانی ئینگلیز پاسپۆرتەكانی دەپشكنی، ئەویش بە پەلە بە پاسپۆرتەكەیەوە دەچێت بۆ لای و پێی دەڵێت: تكات لێ دەكەم بەخێرایی پاسپۆرتەكەم بپشكنە چونكە كارێكی خێرا و گرنگم هەیە و دەمەوێت بە خێرایی دەرچم، ئەویش پێی دەڵێت: چاوەڕێ بكە، هەرگیز پاسپۆرتەكەت ناپشكنم هەتا نۆرەت نەیەت. ئەم كابرا ئینگلیزیە گوێی نەدا بەم فەرمانڕەوایە، وە تەنها دوای ئەوانی تر ڕێگەی پێ دا دەربچێت. ڕۆژنامە هیندیەكان هەرایەكیان نایەوە و گوتیان بێڕێزی و سووكایەتی کراوە بە فەرمانڕەواكەمان، بەڵام هیچ كەسێك لێپرسینەوەی نەكرد لەم فەرمانبەرە ئینگلیزیە و نەیگوت بۆچی ئەم كارەت كرد. بەمەش دەچەسپێت هەژارەكانی ئەو ئوممەتەی کە زاڵ و باڵادەستە جۆرێك لە سەربەرزی و ڕێز بەدەستدەهێنن.
كاتێك مەی قەدەغە كرا لە ئەمریكا كۆمەڵێك پاپۆڕی هەندێ وڵاتی بیانی بەقاچاخ مەی و بادەیان دەهێنا بۆ ئەو وڵاتە، جارێكیان پاپۆڕێكی ئینگلیزی هەوڵیدا بە قاچاخ مەی ببات بۆ ئەو وڵاتە، ئەمریكا پێی زانی و بە پاپۆرەكانی خۆی ڕاوینا، وە بۆ ماوەی دوو سێ میل لە كەناراوەكانی ئەمریكا دووركەوتەوە. بەڵام ئەگەر لە سنووری كەناراوەكانی ئەمریكادا دەستگیریان بكردایە؛ ئەوا شتێكیان پێ دەكرد، بەڵام لە سنووری ئەمریكا دەرچوو بوو بۆیە بەهێمنی بەدەریادا دەڕۆیشت. پاپۆڕە ئەمریكیەكان كۆمەڵێك ئاماژەیان بۆ نارد و ئاگاداریان كردەوە كە بوەستێت ئەگینا بۆردومانی دەكەن. پاپۆڕە ئینگلیزیەكەیش ئاڵاكە خۆی بەرزكردەوە و تیشكی خستە سەری، بۆ ئاگاداركردنەوەی ئەمریكا كە ئەمە پاپۆڕی ئینگلتەرایە ئەگەر دەتوانن بۆردومانی بكەن. كاتێك پاپۆڕە ئەمریكیەكان بینیان ئاڵای ئینگلتەرا دەشەكێتەوە بەسەر پاپۆڕەكەوە بەشوێنی خۆیاندا گەڕانەوە دواوە چونكە ئەگەر هێرشیان بکردایەتە سەری؛ ئەوا ڕەنگە جەنگ هەڵبگیرسایە لەنێوان هەردوو دەوڵەتەكەدا.
كەواتە ئەو گەلەی گەلێکی زاڵ و باڵادەست بێت تاكەكانیشی -تەنانەت ئەگەر لە توێژی زۆر نزمیش بن- سەربەرزی و ڕێز بەدەست دەهێنن لە هەندێ شتدا.
زۆرێك لە هیندۆسەكانی نیشتەجێی قادیان بۆیان گێڕامەوە كە كاتێك دەچنە دەرەوەی قادیان و بە خەڵكی دەڵێن لە قادیانەوە هاتوون زۆر بەگەرمی و ڕێزەوە پێشوازییان لێ دەكەن تەنها لەبەر ئەوەی خەڵكی قادیانن. پاشان ئێمە دەبینین كە ئەگەر كەسێك لە وڵاتانی عەرەبیەوە سەردانی هیندستان بكات؛ ئەوا هیندیەكان زۆر بەدەمیان خۆشە كە دەڵێن: ئەی برای عەرەب، ئەی برای عەرەب لەگەڵ ئەوەی لە وڵاتی خۆیدا كەس ملی بۆ لار ناكاتەوە. كۆمەڵەكەی ئێمە بە نموونە وەربگرن، لەبەرئەوەی خوای گەورە نیعمەتی خیلافەتی پێ داوە، بۆیە ڕۆڵەكانی سوود و قازانجی زۆریان پێ دەگات. ئەگەر یەكێك لە ئەحمەدیەكان تووشی بچووكترین ئازار بێت؛ ئەوا لە هەموو جیهاندا هەرا بەرپا دەبێت، بەهەمان شێوە ئەگەر یەكێكیان پێویستی بەیارمەتی هەبێت؛ ئەوا دەگاتە قادیان و زۆربەی پێویستیەكانی جێبەجێ دەكرێت. بەڵام ئەگەر پەرتەوازە بووینایە، خوانەخواستە، وەكو موسوڵمانانی تر؛ ئەوا دەنگمان هێزێكی ئەوتۆی نەدەبوو، وە ڕۆڵەكانی كۆمەڵ سوودمەند نەدەبوون لەو سوودانەی كە ئێستا لێی سوودمەند دەبن.
كاریگەری ناڕەزایەتی دژی ئەفغانستان
كاتێك هەندێ لە ئەندامانی كۆمەڵەكەمان لە ئەفغانستان شەهیدكران دەنگی ناڕەزایەتیمان بەرز كردەوە، بەفەزڵی خوای گەورە ئەمە زۆر بەسوود و بەرهەمدار بوو تەنانەت بۆ ماوەی شەش مانگ خەڵكی لە شەقامەكانی لەندەندا باسی ئەم ڕووداوەیان دەكرد، وە باڵیۆزی ئەفغانستان كە لە شەرما نەدەچووە دەرەوە بۆ ناو خەڵك، هەر كاتێك دەچووە دەرەوە خەڵكی سەرزەنشتیان دەكرد و پێیان دەگوت: ئەمە ئەو ئازادیەیە كە خەڵكی وڵاتەكەت هەیانە! سەرەڕای ئەوەی ڕۆژانە زۆركەس لە ئەفغانستاندا دەكوژرێن و هیچ كەسێك باسیان ناكات.
وە لەبەر ئەوەی سیستەم چەندین سوودی هەیە بۆ ئەندامانی کۆمەڵەکە، بۆیە ئەگەر هەندێ تاكی ئوممەت نیعمەتی خیلافەت یان فەرمانڕەوایەتی بەدەست بهێنن؛ ئەوا دەوترێت هەموو ئوممەتەکە بەدەستیان هێناوە، چونكە هەموو ئوممەت سوودمەند دەبێت لەو نیعمەت و سوودانەی كە پەیوەستن بە خیلافەت یان فەرمانڕەوایەتیەوە. وە لەبەرئەوەی فەرمانڕەوایەتی مایەی سەربەرزی هەموو گەلە بۆیە خوای گەورە بە جوولەكەی فەرمووە: ﴿وَجَعَلَكُم مُّلُوكٗا﴾، وە لەبەرئەوەی خیلافەت سوود دەگەیەنێت بە هەموو ڕۆڵەكانی گەل و بەكردەیی سودی گەیاندووە پێیان، بۆیە خوای گەورە سەبارەت بە هەموویان فەرموویەتی: ﴿لَيَسۡتَخۡلِفَنَّهُمۡ﴾.
خیلافەت بە هەڵبژاردن دەكرێت و هەموو ئوممەت بەشدارە تێیدا
وەڵامی دووەم ئەوەیە خیلافەت شتێكە بە هەڵبژاردن دەكرێت و هەموو ئوممەت ڕۆڵ دەبینێت تێیدا، وە خوای گەورە جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە دانانی خەلیفە بە هەڵبژاردن بێت و لەم بارەیەوە فەرموویەتی: ﴿وَعَدَ ٱللَّهُ ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ مِنكُمۡ وَعَمِلُواْ ٱلصَّٰلِحَٰتِ﴾. ئەم بەڵێنە دراوە بە ئوممەت، بۆیە ناكرێت كەسێك بە میراتی بەدەستی بهێنێت، بەڵكو ئەو كەسە دەبێت بە خەلیفە كە ئوممەت هەڵیدەبژێرێت. كەواتە خوای گەورە بەشێوەیەكی تایبەت هانی باوەڕدارانی داوە کە پێویستە خەلیفە هەڵبژێردرێت، وە ڕوونی كردووەتەوە كە هیچ كەسێك نابێت بە خەلیفە مەگەر كەسێك باوەڕداران ڕۆڵیان هەبێت لە خیلافەتەكەیدا. گومانی تێدا نیە خیلافەت نیعمەتێكی خواییە، بەڵام سەرەتا خوا دەیدات بە بەندە باوەڕدارەكانی، پاشان فەرمانیان پێ دەكات كە كەسانی لێوەشاوە و شایستەی ناو خۆیان هەڵبژێرن و خیلافەتی ڕادەست بكەن. خوای گەورە بە دەستی باوەڕداران خەلیفە هەڵدەبژێرێت بۆ ئەوەی خیلافەت بە میراتی نەگوازرێتەوە، وە فەرمانیان پێ دەكات هەمیشە باشترین و لێوەشاوەترین كەسی ناو خۆیان هەڵبژێرن بۆ خیلافەت. بۆیە خوای گەورە لەم فەرمایشتەی خۆیدا: ﴿وَعَدَ ٱللَّهُ ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ مِنكُمۡ وَعَمِلُواْ ٱلصَّٰلِحَٰتِ﴾ بەڵێنی خیلافەتی داوە بە ئوممەتی ئیسلامی بۆ ئەوەی ئەوە لە مێشكیاندا بچەسپێنێت كە بەڵێنی خیلافەت بۆ هەموو ئوممەتە، وە خوای گەورە هەر كەسێكی بوێت بەدەستی ئوممەت دەیكات بە خەلیفە.
بۆچی ئەبو بەكر عومەری کرد بە خەلیفە؟
ئەگەر بوترێت: مادام تەنها ئەو كەسە دەبێت بە خەلیفە کە ئوممەت هەڵیدەبژێرێت؛ ئەوا بۆچی ئەبو بەكر عومەری کرد بە خەلیفە؟ وەڵامەكە ئەوەیە بەم شێوەیە نەیکرد بە خەلیفە بەڵكو -وەك چەسپاوە- پێش ئەوە پرس و ڕاوێژی كرد بە هاوەڵان. کارەکە تەنها ئەوە بوو کە خەلیفەكانی تر پاش كۆچی دوایی خەلیفەی پێشوو هەڵبژێردران بەڵام عومەر لە ژیانی ئەبو بەكردا هەڵبژێردرا. پاشان ئەبو بەکر تەنها بەوەندە وازی نەهێنا کە پرس و ڕاوێژ بە هەندێ لە هاوەڵان بکات سەبارەت بە خیلافەتی عومەر و خیلافەتەكەی ڕابگەیەنێت، بەڵكو سەرەڕای ئەوەی زۆر لاواز و نەخۆش بوو، وە ژنەكەی چوو بووە ژێر باڵی، چوو بۆ مزگەوت و بە خەڵكەكەی گوت: ئەی خەڵكینە. من عومەرم هەڵبژاردووە بۆ خیلافەت لەدوای خۆم و لەمەدا پرس و ڕاوێژم کردووە بە هاوەڵان، ئایا ئێوە ڕازی دەبن ببێت بە خەلیفە؟ هەموو خەڵكی ئەم كارەیەن بەلاوە پەسەند بوو. كەواتە ئەمەش جۆرێكە لە هەڵبژاردن.
ئایا دامەزراندنی یەزید لەلایەن موعاویەوە هەڵبژاردن بوو؟
وە ئەگەر گوترا: كەواتە دامەزراندنی یەزید لەلایەن موعاویەوە ئەویش بە هەڵبژاردن ئەژمار دەكرێت، بەجۆرێك ئەویش پرسی خیلافەتی یەزیدی خستەپێش چاوی خەڵكی. وەڵامی ئەم قسەیە بەم شێوەیەی خوارەوە دەدرێتەوە:
1: موعاویە خۆی هەڵنەبژێردرابوو، وە مادام خیلافەتەكەی نەچەسپاوە ئیتر چۆن خیلافەتی كوڕەكەی دەچەسپێت؟ ئێمە ئامادەین كە یەزید وەك جێگری موعاویە ئەژمار بكەین، بەڵام ناكرێت ناوی بنێین خەلیفە، چونكە خیلافەتەكەی موعاویەش نەچەسپاوە، ئیتر چۆن خیلافەتی كوڕەكەی دەچەسپێت؟ موعاویە فەرمانڕەوایەكی دنیایی بوو، لەبەر ئەوە دەكرێت یەزید بە فەرمانڕەوایەكی دنیایی ئەژمار بكەین، بەڵام موعاویە و یەزید هیچیان خەلیفە نەبوون.
2: لەكاتێكدا موعاویە پرس و ڕاوێژی كرد بە خەڵكی کە خۆی دەسەڵاتداربوو بەسەریانەوە، كەواتە ڕاوێژەكەی لەم دۆخەدا پێی ناوترێت ڕاوێژ، چونكە دەبێت ئازادی هەبێت كاتی خستنەڕووی پرس و ڕاوێژ، بەڵام ئەگەر ئازادی نەبوو، وە پاشا و فەرمانڕەوا گوتی بە ژێردەستەكانی خۆی بەیعەت بدەن بە كوڕەكەی؛ ئەوا كەی ژێردەستە ئازادە لە ڕاوێژەكەیدا، وە لەكوێ بۆیان هەیە قسەكەی ڕەت بكەنەوە؟ وەك ئەوە وایە پاشای ئەفغانستان بە ڕەعیەتەكەی بڵێت: خەڵكینە، بە خەلیفە لەقەڵەمم بدەن، وە ئەگەر ڕازیبوون پێی ئینجا بڵێت خەڵكی هەڵیبژاردووم. كەواتە ئەمە پێی ناوترێت هەڵبژاردن، وە ئەم جۆرە پرس و ڕاوێژە پێی ناوترێت پرس و ڕاوێژ. بەڵكو ئەو كاتە پرس و ڕاوێژ ڕاست دەردەچێت كە خەڵكی ئازاد بن و هەموو کەسێك موڵەتی پێ بدرێت ناوی هەر كەسی ویست بیپاڵێوێت بەبێ بڕیاری پێشوەخت یان ناچاری.
كەواتە یەكەم: موعاویە خەلیفە نەبوو، بەڵكو فەرمانڕەوا بوو، وە دووەم: خیلافەتی كوڕەكەی خستەپێش چاوی خەڵكی لەكاتێكدا فەرمانڕەوا بوو، بۆیە ئەمە پێی ناوترێت پرس و ڕاوێژ یان هەڵبژاردن.
پاڵاوتنی كوڕ لەلایەن باوكەوە پێچەوانەی سوننەتی هاوەڵانە
سێیەم: پاڵاوتنی كوڕ لەلایەن باوكەوە بۆ خیلافەت دووپاتی دەكاتەوە كە هەڵبژاردنێكی ڕاستەقینە نەبووە، چونكە پاڵاوتنی كوڕ لەلایەن باوكەوە بۆ خیلافەت پێچەوانەی سوننەتی هاوەڵانە.
كاتێك مردنی عومەر (رضي الله عنه) نزیكبوویەوە خەڵكی هاتن بۆ لای و بە تێكڕا پێیان گوت عەبدوڵڵای كوڕی لەدوای خۆی وەك خەلیفە دابمەزرێنێت چونكە لە هەموو كەس شایستەترە بە خیلافەت، بەڵام ئەو گوتی: ماوەیەكی زۆرە بەردەوام موسوڵمانان ملكەچن بۆ خێزانەكەی ئێمە، ئێستا دەمەوێت ئەم نیعمەتە بگوازرێتەوە بۆ كەسانی تر.
ئەگەر خەڵكی دوای كۆچی دوایی عومەر عەبدوڵڵای كوڕیان وەك خەلیفە هەڵبژاردایە؛ ئەوا ئەمە ڕاست دەردەچوو، بەڵام ئەوەی كە عومەر كوڕەكەی خۆی وەك خەلیفە دابمەزراندایە كارێكی ڕاست و دروست نەدەبوو. بەهەمان شێوە ئەگەر موعاویە پرسی یەزیدی كوڕی خۆی نەخستایەتە پێش چاوی خەڵكی لە ژیانی خۆیدا و خەڵكی دوای كۆچی دوایی خۆی هەڵیانبژاردایە؛ ئەوا دەمانگوت ئەو فەرمانڕەوایەك بوو خەڵكی هەڵیانبژاردبوو، بەڵام بەڕەچاوكردنی واقیعی كارەكە ئەستەمە پێی بڵێین خەلیفە و فەرمانڕەوایەكی هەڵبژێردراو لەلایەن خەڵكەوە.. ناتوانین موعاویە ناوبنێین تاوانبار، چونكە بەهۆی ئەو هەلومەرجەی لەو كاتەدا باڵادەستبوو ناچاربوو ئەو کارە بکات، بەڵام بێگومان ئێمە ناتوانین بە یەزید بگرە بە موعاویەش بڵێین خەلیفە، بەڵكو بەهەردووكیان دەڵێین پاشا و فەرمانڕەوا.
كاتێك موعاویە پرسی یەزیدی خستەپیش چاوی خەڵكی هەموو هاوەڵان بەلایانەوە كارێكی دزێو و ناشرین بوو، وە هیچ بایەخ و نرخێكیان بۆ دانەنا. لە مێژوودا هاتووە كاتێك موعاویە لە وتارەكەیدا بە خەڵكی گوت: ئەی موسوڵمانان، دەزانن كە خێزانەكەی ئێمە لە گەورە و سەردارەكانی عەرەبە، کەواتە ئەمڕۆ كێ لە من شایستەترە بە دەسەڵات و حوكمڕانی؟ وە كێ لە دوای خۆم لە كوڕەكەم شایستەترە؟ عەبدوڵڵای كوڕی عومەر لە گۆشەیەكدا دانیشتبوو لەو مەجلیسەدا، دەڵێت: كاتێك بیستم موعاویە ئەمە دەڵێت دانیشتبووم، عەباكەم ئاڵاندبوو لە قاچمەوە، عەباكەم كردەوە لەقاچم و ویستم هەڵسم و بە موعاویە بڵێم ئەوەی كە شیاوترە بەم پێگەیە لە تۆ كەسێكە كە باوكی جەنگی دەكرد دژی باوكت لەژێر بەیداخی پێغەمبەردا (ﷺ)، وە لەناو سوپای ئیسلامدا دەردەچوو بۆ جەنگكردن لە دژی خۆت و باوكت، بەڵام لە دڵی خۆمدا گوتم من لەكوێ و ئەم كاروبارە دنیاییانە لەكوێ، وە ڕەنگە ئەم قسەیەم ببێتە هۆی ئاژاوە و موسوڵمانان زیاتر لاواز بن، بۆیە دانیشتم و هیچ دەنگم بەرز نەكردەوە بەڕووی موعاویەدا.
كەواتە هاوەڵان پێیان وا بووە ئەم ڕەفتارەی موعاویە ڕەفتارێکی تەواو پووچ و بێمانایە، وە هیچ نرخێكیان بۆ دانەناوە.
وازهێنانی كوڕەكەی یەزید لە دەسەڵات
چوارەم: كوڕەكەی یەزید خۆی ڕازی نەبوو بە خیلافەتەكەی خۆی، چ جای ئەوەی خەڵكی پێی ڕازی بێت، کاتێك دانیشت لەسەر تەختی دەسەڵات دەستبەجێ دەسەڵاتی ڕەتكردەوە و وازی لێهێنا. ئەمە یەكێكە لە ڕاستیە مێژووییە بەناوبانگەكان، بەڵام نازانم بۆچی مێژوونووسە موسوڵمانەكان بەزۆری ئەم ڕووداوەیان باس نەكردووە وەك پێویست، لەگەڵ ئەوەی پێویست بوو چەندین جار ئەم ڕووداوە باس بكەن، چونكە پەندی تێدایە و بەڵگەی تێدایە لەسەر ستەمی یەزید.
لە مێژوودا هاتووە پاش كۆچی دوایی یەزید كوڕێكی لەسەر تەختی دەسەڵات دادەنیشێت، وەكو باپیری ناوی موعاویە بوو، پاش ئەوەی بەیعەتی لە خەڵكی وەرگرت و تەواو بوو، چل ڕۆژ لە ماڵەكەیدا گۆشەگیر بوو، پاشان ڕۆژێك هاتەدەرەوە و چووە سەر میمبەر و گوتی: ئەی خەڵكینە، هەڵبەت بەیعەتم وەرگرت لێتان نەك لەبەرئەوەی شیاوی بەیعەت وەرگرتن بم، بەڵكو ئەم كارەم كرد بۆ دوورخستنەوەی ئاژاوە و دووبەرەكی، لەو كاتەوە بەردەوام بەتەنیایی لە ماڵەكەمدا بیردەكەمەوە كە كەسێك لەناو ئێوەدا ببینمەوە شیاوی بەیعەتپێدان بێت و منیش دەسەڵات و ئەمیرایەتی ڕادەست بكەم و ئەستۆی خۆم پاك بكەمەوە، بەڵام سەرەڕای بیركردنەوەی زۆر كەسم دەست نەكەوت كە شیاو و لێوەشاوە بێت بۆ ئەم کارە. لەبەر ئەوە خەڵكینە گوێبگرن و بزانن، من شیاو نیم بۆ ئەم پێگە و پلەیە، هەروەك چۆن باوكم و باپیرم شیاو نەبوون بۆی. باوكم پایەی نزمتر بوو لە حوسەین، وە باوكی پایەی نزمتر بوو لە حەسەن و حوسەین، وە عەلی لە كاتی خۆیدا لە هەموو كەس شیاوتر بوو بۆ خیلافەت، وە دوای ئەو حەسەن و حوسەین شیاوتر بوون لە باپیرم و باوكم. لەبەر ئەوە من وازدەهێنم لە دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتی، ئێستا كێتان دەوێت بەیعەتی پێ بدەن. دایكی لە پشتی پەردەوە گوێی لە وتارەكەی بوو، كاتێك ئەم قسەیەی ئەوی بیست بە تووڕەییەوە گوتی: ئەی بەدبەخت، لووتی خێزانەكەتت شكاند و ناوبانگیت لەكەدار كرد. ئەویش وەڵامی دایەوە و گوتی: قسەی ڕاستم كردووە، تۆیش چی دەڵێیت بیڵێ. ئینجا دوای ئەوە چەند ڕۆژێك بەتەنها لە گۆشەیەكی ماڵەكەیدا بوو پاشان مرد.
ئەمە بەڵگە و شایەتیەكی زۆر بەهێزە لەسەر ڕەوانەبوونی خیلافەتی یەزید بەجۆرێك تەنانەت كوڕەكەی پێ ڕازی نەبووە، چجای ئەوەی كەسانی تر پێی ڕازی بن، كوڕەكەی بە هیوای بەدەستهێنانی هیچ شتێك یان لە ترسی هیچ كەسێك ئەم كارەی نەكرد، بەڵكو لە ناخی خۆیدا بە ڕاستی بیری كردەوە، پاشان بڕیاری دا كە عەلی (رضي الله عنه) شیاوتر بووە بە خیلافەت لە باپیری، وە حەسەن و حوسەین شیاوتر بوون لە باوكی، وە خۆیشی ناتوانێت ئەم بارە هەڵبگرێت. بەمەش ساغبوویەوە كە دامەزراندنی یەزید لەلایەن موعاویەوە وەك خەلیفە هەرگیز هەڵبژاردن نەبووە.
تەفسیری مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) بۆ ئایەتی ئیستیخلاف
وەڵامی سێیەم تایبەتە بە ئەحمەدیەكان، مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) لە تەفسیری ئەم ئایەتەدا لە كتێبی “سر الخلافة”دا نووسیویەتی:
“بێگومان خوا لەم ئایەتانەدا بەڵێنی داوە بە موسوڵمانانی پیاو و ئافرەت، کە لەسایەی فەزڵ و ڕەحمەتی خۆیەوە دەیانكات بە خەلیفەی هەندێ لە خۆیان”([63])
مادام مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) ڕوونی كردووەتەوە كە فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿وَعَدَ ٱللَّهُ ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ مِنكُمۡ وَعَمِلُواْ ٱلصَّٰلِحَٰتِ لَيَسۡتَخۡلِفَنَّهُمۡ فِي ٱلۡأَرۡضِ كَمَا ٱسۡتَخۡلَفَ ٱلَّذِينَ مِن قَبۡلِهِمۡ﴾ مانای خیلافەتی هەموو ئوممەت ناگەیەنێت، بەڵكو خیلافەتی كۆمەڵێك تاك لە ئوممەت دەگەیەنێت؛ ئەوا لانی كەم هیچ موسوڵمانێكی ئەحمەدی مافی ئەوەی نیە بڵێت مەبەست لێی خیلافەتی هەموو ئوممەتە.
بەڵگەهێنانەوە بە خیلافەتی موحەممەدی
وەڵامی چوارەمیش هەر تایبەتە بە ئەحمەدیەكان: مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) چەندین جار بەم ئایەتە بەڵگەی هێناوەتەوە لەسەر خیلافەتی موحەممەدیی خۆی، وە ئەم بەڵێنە خیلافەتی پێغەمبەرایەتیش دەگرێتەوە، وە شتێكی ئاشكرا و ڕوونە كە خیلافەتی پێغەمبەرایەتی مەبەست پێی هەموو ئوممەت نیە، بەڵكو مەبەست پێی خیلافەتی هەندێ لە تاكەكانیەتی بەتەنها، لەبەر ئەوە كاتێك خوا باسی دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتی دەكات فەرموویەتی: ﴿وَجَعَلَكُم مُّلُوكٗا﴾، بەڵام كاتێك باسی پێغەمبەرایەتی دەكات فەرموویەتی: ﴿جَعَلَ فِيكُمۡ أَنۢبِيَآءَ﴾. دیارە جیاوازی كردووە لەنێوان هەردوو دەربڕینەكەدا چونكە دەكرێت و دەگونجێت بوترێت خوای گەورە ئەو كەسانەی كردووە بە پاشا و فەرمانڕەوا، بەڵام ناوترێت خوای گەورە ئەو كەسانەی كردووە بە پێغەمبەر. مادام بەڵێنی پێغەمبەرایەتی لە سەردەستی كۆمەڵێك تاكدا بە ئەنجام دەگات سەرەڕای ئەوەی ڕووی قسە كراوەتە هەموو ئوممەت، كەواتە دەكرێت بەڵێنی خیلافەتیش لە سەردەستی كۆمەڵێك تاكدا جێبەجێ بێت سەرەڕای ئەوەی ڕووی قسە كراوەتە هەموو ئوممەت. هەروەك چۆن بەشێك لە بەڵێنەكە جێبەجێ بووە، بەهەمان شێوە بەشەكەی تری بەتەواوەتی جێبەجێ دەبێت.
شایەتیدانی كردەیی خوا
وەڵامی پێنجەم: شایەتیدانی كردەیی خوا ئەوەی خستووەتەڕوو كە مەبەست چیە لەم ئایەتە. ئەگەر خوای گەورە مەبەستی لەم فەرمایشتەی خۆی: ﴿وَعَدَ ٱللَّهُ ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ مِنكُمۡ وَعَمِلُواْ ٱلصَّٰلِحَٰتِ لَيَسۡتَخۡلِفَنَّهُمۡ فِي ٱلۡأَرۡضِ كَمَا ٱسۡتَخۡلَفَ ٱلَّذِينَ مِن قَبۡلِهِمۡ﴾ دامەزراندنی دیموكراتی بووە؛ ئەوا پێویستە بڕوانین ئایا دوای پێغەمبەر (ﷺ) دیموكراتی دامەزرا یان نا؟ بەڵام ئەگەر مەبەستی خوای گەورە لەم ئایەتە ئەوە بووە كە هەندێ لە تاكەكانی ئوممەت شكۆدار بكات بە خیلافەت و ئەوسا بوترێت هەموو ئوممەت سوودی وەرگرتووە لە بەرەكەتەكانی خیلافەت؛ ئەوا پێویستە بڕوانین ئایا خیلافەت بەم شێوازە دامەزرا لەناو موسوڵماناندا یان نا؟ مەبەست لەم ئایەتە تەنها ئەوەیە کە خوا پاش كۆچی دوایی پێغەمبەر (ﷺ) ئەم بەڵێنەی جێبەجێ کرد؛ چونكە هیچ كەسێك جگە لە خوا ناتوانێت لەو باشتر بەڵێنی خۆی جێبەجێ بكات.
ئەگەر لەم سۆنگەیەوە بڕوانین بۆ ئەو ڕووداوانەی کە دوای كۆچی دوایی پێغەمبەر (ﷺ) ڕوویانداوە؛ ئەوا دەبینین هەندێ تاكی ئوممەت خیلافەتیان بەدەست هێناوە نەك هەموو ئوممەت. كەواتە ئەو ڕەخنەگرانە یان دەبێت بڵێن خوای گەورە بەڵێنی خیلافەتی ئوممەتی جێبەجێ نەكرد چونكە موسوڵمانان دوای كۆچی دوایی پێغەمبەر (ﷺ) نەبوون بە سەلمێنەری ڕاستی ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە: ﴿وَعَدَ ٱللَّهُ ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ مِنكُمۡ وَعَمِلُواْ ٱلصَّٰلِحَٰتِ﴾ و هەموویان بوون بە دووڕوو -پەنا بە خوا-، وەك چۆن شیعە دەڵێن دوای وەفاتی پێغەمبەر (ﷺ) تەنها دوو كەس و نیو لە ئوممەت بە باوەڕداری مانەوە، یاخود دەبێت بڵێن ئەوان باوەڕدار بوون و كردەوەی چاكیان دەكرد، بەڵام لەم حاڵەتەدا پرسیارێك دروست دەبێت: ئەگەر خوا ئەم بەڵێنەی لەگەڵ ئەواندا نەبردەسەر بەشێوەیەكی دروست؛ ئەوا ئەو كەسە كێیە كە خوا ئەم بەڵێنەی لەگەڵدا بردووەتەسەر؟
بەكورتی، ئەو شێوازەی خیلافەت كە خوا لەناو موسوڵماناندا پێكیهێنا دوای پێغەمبەر (ﷺ) بەدڵنیاییەوە شایەتی و بەڵگەیەكی كردەییە لەلایەن خوای گەورەوە، وە دووپاتی دەكاتەوە كە ئەم بەڵێنە بۆ ئوممەت جێبەجێ نابێت مەگەر لەڕێگەی هەندێ لە تاكەكانیەوە.
لێكچوونی چوار خەلیفەكە بە خەلیفەكانی پێشوو لە هەموو شتێكدا پێویست نیە
ڕەخنەی دووەم كە دەگیرێت لەم ئایەتە بریتیە لە قسەی هەندێ كەس كە دەڵێن: گریمان ئەم ئایەتە مانای ئەوەیە كە هەندێ لە تاكەكانی ئوممەت خیلافەت بەدەست دەهێنن، بەڵام تۆ دان بەوەدا دەنێیت كە خیلافەتی پێشینان خیلافەتی پێغەمبەرایەتی یان فەرمانڕەوایەتی و پاشایەتی بووە، بەڵام تۆ چوار خەلیفەكە نە بە پێغەمبەر لەقەڵەم دەدەیت نە بە پاشا و فەرمانڕەوا؛ ئیتر چۆن ئەم بەڵێنە هاتووەتەدی؟ وە چۆن ئەوان بوون بە سەلمێنەری ڕاستی ئەم ئایەتە؟
وەڵام: گومانی تێدا نیە خیلافەت لە ئوممەتەكانی پێشوودا بەشێوەی پێغەمبەرایەتی یان پاشایەتی و فەرمانڕەوایەتی بووە، بەڵام لێكچوونی دوو شت ئەوە پێویست ناكات كە لە هەموو شتێكدا لەیەك بچن، بەڵكو لێكچوونەكەیان لە شتە سەرەكیەكەدا دەبێت. بۆ نموونە ئەگەر كەسێكی درێژمان چوواند بە كەسێكی درێژی تر، وە یەكەمیان پیاوچاك و زانا بوو، وە دووەمیان دز و نەفام بوو، ئەوا ڕەوا نیە بۆ هیچ كەسێك بڵێت ئەم لێكچوواندنە چۆن ڕاست دەردەچێت لە نێوانیاندا لەگەڵ ئەوەی یەكێكیان دز و ئەوی تریان بەردەوامە لەسەر نوێژكردن، یان یەكێكیان زانایە و ئەوی تریان نەزانە؛ چونكە ئێمە تەنها لە درێژییدا یەكێكیان دەچوێنین بەویتریان نەك لە هەموو شتێكدا.
لەم بارەیەوە نموونەیەك هەیە لە قورئانی پیرۆزدا بەجۆرێك خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿إِنَّآ أَرۡسَلۡنَآ إِلَيۡكُمۡ رَسُولٗا شَٰهِدًا عَلَيۡكُمۡ كَمَآ أَرۡسَلۡنَآ إِلَىٰ فِرۡعَوۡنَ رَسُولٗا﴾([64]). وە ئێوە دەزانن خوای گەورە لێرەدا پێغەمبەری (ﷺ) چواندووە بە مووسا (علیه السلام)، لەگەڵ ئەوەی مووسا تەنها بۆ لای فیرعەون ڕەوانەكرابوو، لەكاتێكدا پێغەمبەر (ﷺ) بۆ لای یەك پاشا ڕەوانە نەكرا بەڵكو بۆ لای هەموو پاشاكانی دنیا ڕەوانە كرا. هەروەك مووسا (علیه السلام) ڕەوانەكراوە تەنها بۆ ڕێنمونی نەوەی ئیسڕائیل، لەكاتێكدا پێغەمبەر (ﷺ) ڕەوانە كراوە بۆ ڕێنمونی هەموو جیهان. هەروەك سەردەمی پێغەمبەرایەتی مووسا (ﷺ) چەند سەدەیەك بووە، بەڵام سەردەمی پێغەمبەرایەتی پێغەمبەر (ﷺ) درێژدەبێتەوە هەتا ڕۆژی قیامەت. ئەمانە گرنگترین جیاوازی بوون لەنێوان مووسا (علیه السلام) و پێغەمبەری خۆماندا (ﷺ)، لەگەڵ ئەوەدا موسوڵمانان دەڵێن پێغەمبەر (ﷺ) هاوشێوەی مووسایە (علیه السلام). جا ئەگەر ئەم هەموو جیاوازیە زیان ناگەیەنێت بە لێكچوونی نێوان ئەم دوو پێغەمبەرە؛ ئەوا بۆچی ئەو كەسانە ڕەخنە دەگرن لەوەی هەندێ جیاوازی لاوەكی هەیە لەنێوان بارودۆخی خەلیفەكانی ئوممەتانی پێشوو لەگەڵ بارودۆخی خەلیفەكانی ئیسلامدا؟
لە ڕاستیدا لێكچوون لە نێوان مووسا (علیه السلام) و پێغەمبەری خۆماندا (ﷺ) تەنها مانای ئەوەیە مووسا (علیه السلام) شەریعەتێكی پێ دراوە كە تەواو و گشتگیر بووە بۆ هەموو كێشەكان بەڕەچاوكردنی پێداویستیەكانی سەردەمەکەی خۆی، بەهەمان شێوە پێغەمبەر (ﷺ) شەریعەتێكی تەواو و گشتگیری پێدراوە بۆ چارەسەری هەموو كێشە و گرفتەكان و بۆ پڕكردنەوەی پێداویستیەكانی خەڵكی هەتا ڕۆژی قیامەت، ئەگەرچی شەریعەتەكەی پێغەمبەر (ﷺ) زۆر باشتر و باڵاترە لە تەورات. پاشان هەروەك چۆن خوای گەورە پاش كۆچی دوایی مووسا بەردەوام پارێزگاری دەكرد لە زنجیرەی مووسایی لەڕێگەی پێغەمبەرەكانەوە، بە هەمان شێوە هەر كاتێك ئاژاوە و خراپەكاری دروست بێت لە ئوممەتی موحەممەدیدا خوای گەورە لەناو خۆیاندا كەسێك دادەمەزرێنێت كە ئەم ئاژاوە و خراپەكاریە چاك بكات. هەروەها لێكچوونی نێوان هەردوو پێغەمبەرەكە ئاماژە دەكات بۆ ئەوەی هەروەك چۆن مەسیح 13 سەدە دوای مووسا (علیه السلام) هات، بەهەمان شێوە 13 سەدە دوای پێغەمبەری خوایش (ﷺ) مەسیح لە ئوممەتی موحەممەدیدا دێت. مەبەست لەم لێكچوونە هەرگیز ئەوە نیە كە پەیامەكەی پێغەمبەر (ﷺ) تایبەت بێت بە سەردەمێك یان گەلێك وەك چۆن پەیامەكەی مووسا تایبەت بوو بە سەردەم یان گەلێكەوە.
كەواتە ئەگەر ساغبوویەوە كە لێكچوون هەیە لەنێوان خیلافەتی خەلیفە ڕاشیدیەكان لەگەڵ خیلافەتی پێشینان لە هەندێ شتدا؛ ئەوا لێكچوونەكە ڕوویداوە و پێویست ناكات لە هەموو شتەكاندا لێكچوونەكە ڕووبدات. بابەتە سەرەكیەكە ئەوەیە هەروەك چۆن خوای گەورە دوای كۆچی دوایی مووسا كەسانێكی دامەزراند بۆ ئیسڵاحی گەلەكەی، بەهەمان شێوە دوای كۆچی دوایی پێغەمبەر (ﷺ) خوا كۆمەڵە تاكێك دادەمەزرێنێت بۆ ئیسڵاحی ئوممەتەكەی، وە خەلیفەكانی پێغەمبەر (ﷺ) بە شێوەیەكی باشتر لە خەلیفەكانی ئوممەتانی پێشوو ئەم ئامانجەیان هێنایەدی. گومانی تێدا نیە خەلیفەكانی مووسا و خەلیفەكانی ئیبراهیم پێغەمبەر بوون، وە بەهەمان شێوە هەر كاتێك پێغەمبەرێك لە پێغەمبەرانی تر كۆچی دوایی كردبێت خوای گەورە بۆ بەردەوامیدان بە ئەركەكەی پێغەمبەرێكی دامەزراندووە وەك خەلیفە و جێگرەوەیەك بۆی، بەڵام هیچ كەسێك ناتوانێت بڵێت چەسپاندن و جێگیركردنی ئایین كە لەسەر دەستی پێغەمبەرانی پێشوودا بەئەنجام گەیشتووە لەسەردەستی خەلیفەكانی پێغەمبەردا (ﷺ) بە ئەنجام نەگەیشتووە؟ خوێندنەوەی واقیعەكە بە بینایی و تێگەیشتنەوە وامان لێدەكات دان بنێین بەوەدا كە ئەو كارەی ئەبو بەكر و عومەر و عوسمان و عەلی (y) پێی هەستاون یووشەع و ئیسماعیل و ئیسحاق و یەعقووب (سڵاوی خوایان لێ بێت) نەیانتوانیوە پێی هەستن و ئەنجامی بدەن.
كەسێكی گەوج و نەفام دەڵێت تۆ سووكایەتیت كردووە بەم پێغەمبەرانە، بەڵام لە قسەكەمدا هیچ سووكایەتی و زیانێك نیە بۆ ئەوان، چونكە كاتێك ئێمە دەربارەی پێغەمبەرایەتی قسە دەکەین دەڵێین: ئەبو بەكر و عومەر و عوسمان و عەلی هیچیان پێغەمبەر نەبوون، بەڵام كاتێك قسە دەکەین دەربارەی چەسپاندن و جێگیركردنی ئایین دەڵێین خەلیفەكانی پێغەمبەر (ﷺ) بەدڵنیاییەوە لەم بوارەدا پێش پێغەمبەرەكانی تر كەوتوون.
لە ڕاستیدا پێغەمبەرانی پێش پێغەمبەر (ﷺ) بە شەریعەتێكی تەواوەوە نەهاتوون، بۆیە لەدوای ئەوانەوە پێغەمبەران یان فەرمانڕەوا و پاشاكان هاتن. هەر كاتێك وەحی پێویست بووبێت بۆ ئیسڵاحی خەڵكی پێغەمبەرێك نێردراوە، بەڵام ئەم پێغەمبەرە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستهێناوە. وە هەر كاتێك خراپەكاری تووشی سیستەمێكی فەرمانڕەوایی بووبێت لەناویاندا پاشا و فەرمانڕەوایەك دامەزراوە. چونكە خەڵكی لەڕووی عەقڵەوە ئەوەندە پێشكەوتوو نەبوون کە خۆیان هەوڵبدەن خۆیان ئیسڵاح بكەن، بۆیە خوای گەورە ڕاستەوخۆ پایەی پێغەمبەرایەتی بەخشیوە بە پێغەمبەران، نەك هەر ئەمە بەتەنها، بەڵكو پاشا و فەرمانڕەواكانیش لەلایەن خواوە دیاریدەكران، هەروەك خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا فەرموویەتی: ﴿إِنَّ ٱللَّهَ قَدۡ بَعَثَ لَكُمۡ طَالُوتَ مَلِكٗاۚ﴾([65])، ئەمەش مانای ئەوەیە كە خەڵكی هێشتا شایستەی ئەوە نەبوون پاشا و فەرمانڕەوا بۆ خۆیان هەڵبژێرن، هەروەك شەریعەتەكەیان تەواو و بێكەموكوڕی نەبووە بەجۆرێك كەسێكیان پێغەمبەرایەتی بەدەست بهێنێت بەهۆی بەرەكەتی لێشاوی شەریعەتەكەوە، بەڵام پێغەمبەر (ﷺ) بە شەریعەتێكی تەواو و بێكەموكوڕیەوە هات، بۆیە جیاوازی ڕوویدا لە نێوان هەردوو جۆرەكەی خەلیفەكاندا. خەلیفەكانی پێغەمبەرانی پێشوو ئەوانیش پێغەمبەر بوون، ئەگەرچی پێغەمبەرایەتیەكیان ڕاستەوخۆ و سەربەخۆ بووە، هەروەها پاشاكان دیاری دەكران بۆ حوكمڕانی و هەڵنەدەبژێردران، یان ئەوەتا فەرمانڕەوایەتییان بە میراتی بۆ دەمایەوە یان پێغەمبەرەكەیان بە فەرمانی خوای گەورە فەرمانڕەوایەكی دادەنا بۆیان.
بەڵام ئوممەتی پێغەمبەر (ﷺ) باشتر و باڵاترە، پێویستی بە خەلیفەیەك نەماوە پێغەمبەر بێت، هەروەها شێوە نزمەكەی فەرمانڕەوایەتی هەڵوەشێنرایەوە و شێوە باڵاكەی درا بە پێغەمبەر (ﷺ). ئاشكرایە خیلافەتی ئیسلامی كە بەهۆیەوە خوا بەڵێنەكەی خۆی جێبەجێ دەكات بۆ ئوممەت -بەجۆرێك تێیدا خوای گەورە شێوازی هەڵبژاردنی داناوە و مافی گەلی پاراستووە- لەناو پاشا و فەرمانڕەواكانی پێشوودا نەبووە. وە ئاشكرایە كە پێدانی شتێك بە شێوەیەكی باشتر و كامڵتر مانای نەبردنەسەری پەیمان و بەڵێن نیە؛ بۆ نموونە ئەگەر بەڵێنتدا بە کەسێك پێنج ڕوپیەی پێ بدەیت، پاشان دە ڕوپیەت پێدا؛ ئەوا ئەمە پەیمان شكاندن و نەبردنەسەری بەڵێن نیە. كەواتە دەركەوتنی خیلافەت بەم شێوەیە ئەوە دەگەیەنێت كە پێغەمبەر (ﷺ) باشترە لە پێغەمبەرانی پێشوو، هەروەها ئەوە دەگەیەنێت كە خیلافەتەكەی باشترە لە خیلافەتی پێغەمبەرانی پێشوو.
فەرموودەی “زاناكانی ئوممەتەكەم هاوشێوەی پێغەمبەرانی نەوەی ئیسڕائیلن” ئاماژەیە بۆ خەلیفە ڕۆحیەكان
وەڵامی دووەم: پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی: “زاناكانی ئوممەتەكەم هاوشێوەی پێغەمبەرانی نەوەی ئیسڕائیلن”([66])، ئەمە مانای وا نیە هەموو زاناكانی ئوممەتی موحەممەدی لە پێغەمبەرانی نەوەی ئیسڕائیل دەچن، چونكە ئەوانەی ئەمڕۆ پێیان دەگوترێت “زانا” دۆخی ئایینی و ئەخلاقییان مایەی شیوەن و گریانە. تەمەنم یانزە ساڵ دەبوو جارێكیان چووم بۆ لای باپیرم -باوكی دایكم- (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) لە ئەمریتسەر بۆ كڕینی هەندێ كەلوپەل، لەوێ لە ناوچەی “ڕامباغ” شێخێكم بینی گۆچانێك و تەسبیحێكی پێ بوو، وە عەبایەكی درێژی لەبەردابوو، پیاوێكی هەژار بەدوایدا دەڕۆیشت و تكای لێ دەكرد و دەیگوت: حەزرەتی شێخ، توخوا ماڵ و سامانەكەم بدەرەوە. شێخەكەیش پاش كەمێك دەوەستا و لای دیكردەوە بەلایدا و دەیگوت: دەمت داخە پیس و چەپەڵ. پاش ماوەیەك پیاوەكە جیا بووەوە لە زانا ئایینیەكە، منیش پێم گوت: كێشەكەت چیە؟ گوتی: زۆر بەناڕەحەتی هەندێ پارە و سامانم كۆكردبووەوە بۆ ژنهێنان، بە ئەمانەت لای ئەم پیاوە ئایینیە دامنا و پێم وا بوو كەسێكی دیندارە، بەڵام ئێستا پارە و سامانەكەم ناداتەوە سەرەڕای ئەوەی كە داوای لێ دەكەم، وە دەڵێت: من ناتناسم و نازانم كەی ئەو پارە و سامانەت داوە بە من.
ئایا دەکرێت و دەگونجێت ئەم جۆرە پیاوە ئایینیانە هاوشێوەی پێغەمبەرانی نەوەی ئیسڕائیل بن؟ وە چۆن دەگونجێت بوترێت پێغەمبەر (ﷺ) لێرەدا باسی ئەو زانا ئایینیانە دەکات كە شوورەیین بۆ ئیسلام؟ لە ڕاستیدا لێرەدا مەبەست لە زاناكان ئەو خەلیفانەن كە خۆیان زانای ڕۆحانین. لەم فەرموودەیەدا پێغەمبەر (ﷺ) ئاماژەی كردووە بۆ ئەوەی كە ئەو كارانەی پێغەمبەران پاش پێغەمبەرەكانی پێشوو ئەنجامیان داون خوای گەورە لە ئوممەتی مندا لەسەر دەستی زانا ڕەببانیەكان.. واتە خەلیفە ڕاشیدیەكان ئەنجامیان دەدات، بۆیە ئەو شتەی پێغەمبەر یووشەع کردی دوای مووسا (علیه السلام) لە ئوممەتی مندا ئەبو بەكر دەیکات، وە ئەو کارەی داوود ئەنجامی داوە عومەر ئەنجامی دەدات، وە ئەوەی سڵێمان و پێغەمبەرانی تریش ئەنجامیان داوە عوسمان و عەلی ئەنجامی دەدەن. بەكورتی، پێغەمبەر (ﷺ) لەم فەرموودەیەدا ئاماژەی بەوە داوە كە خوای گەورە پلەو پایەیەكی مەزنی پێ بەخشیوە بەجۆرێك زاناكانی ئوممەتەكەی ئەو كارانە ئەنجام دەدەن كە پێغەمبەرانی پێشوو ئەنجامیان داون. وە لێرەدا مەبەست لە زاناكان ئەو پیاوە ئایینیانە نین كە بەرتیل دەخۆن، بەڵكو كۆمەڵێك زانای ترن وەك: ئەبو بەكر و عومەر و عوسمان و عەلی (y). كاتێك پێویستیەكان ئاسایی بوون خوای گەورە ئەوانی دامەزراند، وە كاتێك پێویستیەكان گەورە بوون و دنیا پێویستی بە پێغەمبەرێك بوو، خوای گەورە ئەم بەڵێنەی خۆی جێبەجێ كرد بە ڕەوانە كردنی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام)، لەگەڵ جیاوازی ئەوەی كە پێغەمبەرانی پێشوو بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتییان بەدەست دەهێنا، بەڵام بەڕێزی (علیه السلام) پێغەمبەرایەتی بەدەستی هێنا چونکە خزمەتكاری پێغەمبەر (ﷺ) بوو.
خیلافەتی ئەحمەدی
ڕەخنەی سێیەم: خوای گەورە لەم ئایەتەدا دەفەرموێت: ﴿كَمَا ٱسۡتَخۡلَفَ ٱلَّذِينَ مِن قَبۡلِهِمۡ﴾ گریمان ئێمە قەبووڵی دەكەین كە خەلیفە ڕاشیدیەكان سەلمێنەری ڕاستی ئەم ئایەتە بوون، چونكە جڵەوی دەسەڵات و حوكمڕانیشیان لەدەستدا بووە، بەڵام چۆن دەكرێت خیلافەتی ئەحمەدی سەلمێنەری ڕاستی ئەم ئایەتە بێت، لەكاتێكدا خاوەنی دەسەڵات و حوكمڕانی نیە؟
وەڵام: خوای گەورە لێرەدا بەڵێنی داوە ئەو كۆمەڵە بكات بە خەلیفە كە سەلمێنەری ڕاستی ئەم ئایەتەن: ﴿ءَامَنُواْ مِنكُمۡ وَعَمِلُواْ ٱلصَّٰلِحَٰتِ﴾، وە خەلیفە دەبێت بە جێگرەوەی كەسی پێش خۆی، وە نزمترین ئاست بۆ بەڵێنەكە ئەوەیە كە دوای هەر پێغەمبەرێك جێگرێك هەبێت، وە ئاشكرایە ئەگەر جێگر لەسەر ڕێوشوێنی پێغەمبەرەكەی بێت؛ ئەوا نزمترین ئاستی بەڵێنەكە هاتووەتەدی. وە بەوپێیەی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) خاوەنی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی نەبووە، بۆیە ئەو كەسەیش كە جێگای دەگرێتەوە لە كاروباری پێغەمبەرایەتیەكەیدا ئەم بەڵێنەی هێناوەتەدی. ئەگەر مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) دەسەڵات و حوكمڕانی بەدەست بهێنایە؛ ئەوا ڕەوابوو كەسێك بڵێت کەی ڕاستە كەسێك جێگری بێت كە دەسەڵات و حوكمڕانی بەدەست نەهێنابێت؟ بەڵام بەڕێزی (علیه السلام) دەسەڵات و حوكمڕانی بەدەست نەهێنابوو بۆیە ئەم ڕەخنەیە ڕاست دەرناچێت، چونكە خەلیفە تەنها ئەو شتە بەدەست دەهێنێت كە پێغەمبەرەكە خاوەنی بووە، وە چۆن شتێك بەدەست بهێنێت كە پێغەمبەرەكە نەیبووە؟
خەڵکی دەیانگوت خەلیفەی یەكەم (رضي الله عنه) -بەڵكو خۆیشی دەیگوت- خوای گەورە لە غەیبەوە ماڵ و سامانی بۆ دەنارد هەر كاتێك پێویستی پێی بووایە. جارێكیان كەسێك 32 ڕوپیە بە ئەمانەت دادەنێت لەلای، بەڵام بەڕێزی خەرجی دەكات بۆ پڕكردنەوەی پێویستیەكی خۆی، پاش چەند ڕۆژێك خاوەنی ئەمانەتەكە دێت بۆ لای و داوای ئەمانەتەكەی لێ دەكاتەوە، ئەویش هیچ شتێكی لەلا نەبووە، پێی دەڵێت: چاوەڕێ بكە پاش كەمێكی تر ئەمانەتەكەت پێ دەدەمەوە. وە نزیكەی پاش چارەکێك نەخۆشێك لە دەرەوەی قادیانەوە دێت بۆ لای و بڕێك پارە لەبەردەم بەڕێزیدا دادەنێت وەك كرێی چارەسەر، بەڕێزی بە حافز “ڕەوشەن عەلی” دەڵێت -كە لەلای دانیشتبوو-: ئەم ڕوپیانە بگرە و بیژمێرە و بیدە بە خاوەنی ئەمانەتەكە. ئەویش وا دەكات و پارەکەی پێ دەداتەوە. دوای ئەوە پرسیار کرا لە حافز “ڕەوشەن عەلی” ڕوپیەكان چەند بوون؟ گوتی: تەواو بە ئەندازەی ئەمانەتەكە بوو.
خوای گەورە بە ڕێگای زۆر سەیر یارمەتی و كۆمەكی حەزرەتی خەلیفەی یەكەمی (رضي الله عنه) دەكرد و هەندێ جار وەك نیشانە پارە و ماڵی پێ دەبەخشی. ئێمە پێمان وا بوو هەموو ئەمانە بەهۆی بەرەكەتی دوعاوە بوو، بەڵام هەندێ كەس بە هەڵە پێیان وا بوو لای بەڕێزی ڕەچەتەی كیمیا هەیە[(ڕەچەتەی كیمیا ئەوەیە كە لای زاناكان لە ڕابردوودا بە بەردی فەیلەسووفەكان ناسراو بووە، واتە دەبێت ڕەچەتەیەك هەبێت بۆ گۆڕینی كانزای هەرزان بۆ زێڕ)]، بۆیە دوای ئەوەی كۆچی دوایی كرد پزیشكێك لە دلهیەوە هات بۆ لام و پێی گوتم: دەمەوێت بە تەنها چاوم پێت بكەوێت. منیش وادەیەكم بۆ دیاریكرد، سەرەتا دەربارەی ئایین قسەی كرد و گوتی: باوكت لای خوای گەورە پلەیەكی مەزنی هەیە و لەلایەن ئەوەوە فەرمانپێكراو بوو، وە ئەو كەسەی خوا بیكات بە فەرمانپێكراو ئەستەمە كوڕەكەی ڕژد و چرووك بێت؟ بەڕێزم، پێویستیەكەم بە تۆ هەیە، تكات لێ دەكەم پێویستیەكەم بۆ جێبەجێ بکەیت و ڕژدی مەنوێنە. منیش گوتم: پێویستیەكەت چیە؟ گوتی: من عەوداڵی ڕەچەتەی كیمیام، وە تەمەنی خۆمم فەنا كردووە لە گەڕان بە شوێن ئەو ڕەچەتەیەدا، وە زانیومە حەزرەتی مەولەوی نوورەددین ڕەچەتەی كیمیای دەزانی، وە لەبەرئەوەی تۆ بووی بە خەلیفەی ئەو بۆیە دەبێت پێش ئەوەی كۆچی دوایی بكات ئەو ڕەچەتەیەی فێری تۆ كردبێت، بۆیە تكات لێ دەكەم پیشانم بدە. منیش بە پیاوەكەم گوت: من هیچ ڕەچەتەیەکی لەو شێوەیە نازانم. گوتی: چۆن ئەمە دەگونجێت، تۆ خەلیفەی ئەویت، وە ئەستەمە بە تۆی نەگوتبێت پێش ئەوەی كۆچی دوایی بكات؟ وە هەرچەند دووپاتم دەكردەوە بۆ پیاوەكە كە لەبەڕێزیەوە هیچ ڕەچەتەیەكی كیمیا فێرنەبووم بەڵام زیاتر دڵنیا دەبوو كە ڕژدی دەنوێنم بەرامبەری. جار لەدوای جار پێم دەگوت هیچ زانیاریەكم نیە دەربارەی، ئەویش بەوپەڕی ڕووپاماییەوە دەیگوت: هەموو تەمەنم لەناوبرد بۆ پەیداكردنی ئەم ڕەچەتەیە، تكات لێ دەكەم پێم بدە و ڕژدی مەنوێنە، تكات لێ دەكەم ئەو ڕەچەتەیەم پێ بدە. كاتێك بێزاری كردم خوا ڕێگەیەكی خستە دڵمەوە بۆ ڕزگار بوون لێی، پێم گوت: گومانی تێدا نیە من جێگرەوەی حەزرەتی مەولەوی نوورەددینم، بەڵام تۆ دەزانی من خانووەكەیم بە میراتی بۆ نەماوەتەوە. گوتی كێ خانووەكەی بە میراتی بردووە؟ گوتم: مناڵەكانی. پاشان گوتم: بەڕێزی كتێبخانەیەكی زۆر گەورەی هەیە، ئەوەشم بە میراتی بۆ نەماوەتەوە. لەبەر ئەوەی من ماڵەكەی و كتێبخانەكەیم بە میراتی بۆ نەماوەتەوە ئیتر چۆن دەكرێت ئەم ڕەچەتەی كیمیایەم بە میراتی بۆ مابێتەوە لەوەوە؟ ئەگەر كەسێك لەوەوە ئەم ڕەچەتەیە فێربووبێت؛ ئەوا مناڵەكانیەتی، کەواتە بڕۆ بۆ لایان و پرسیاریان لێ بكە. لەلای من هەستا و چوو بۆ لای بەڕێز عەبدولحەی -لەو كاتەدا لە ژیاندا مابوو- پێی گوت: ڕەچەتەكەم پێ بدە. گوتی: كام ڕەچەتە؟ گوتی: ئەو ڕەچەتەیەی كە باوكت دەیزانی. ئەویش سەری سووڕمابوو چونكە چاوەڕێی شتی وەهای نەكردبوو، لە كۆتاییدا پێی گوتبوو: هیچ ڕەچەتەیەك نازانم. كابرا گەڕایەوە بۆ لای من و نائومێد بوو، گوتی: كوڕەكە وەكو باوكی ڕژد و چرووكە. گوتم: چی دەڵێت بیڵێ، كەیفی خۆتە، بەڵام من جێگرەوەی ئەوم لەو شتەدا كە لێیەوە بۆم ماوەتەوە.
بەكورتی، خەلیفە ڕەنگی ئەو كەسە دەگرێت كە جێگای دەگرێتەوە؛ وە لەبەرئەوەی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) خاوەنی سیستەمی حوكمڕانی نەبووە، بۆیە ناوترێت بۆچی خەلیفەكانی خاوەنی سیستەمی حوكمڕانی نین.
ئایەتی ئیستیخلاف هەر یەك لە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) و خیلافەتەكەی دەگرێتەوە
وەڵامی دووەم: ئایەتی: ﴿كَمَا ٱسۡتَخۡلَفَ ٱلَّذِينَ مِن قَبۡلِهِمۡ﴾ تەنها خیلافتەتی حوكمڕانی ناگرێتەوە، بەڵكو هەموو ئەو بەڵێنانە دەگرێتەوە كە تێیدایەتی. بەڵام ئەو بەیعەتنەدەرانەی كە باوەڕیان بە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) هەیە وەك شێخ عەبدولڕەحمانی میسری و ئەوانی تر، دان بەوەدا دەنێن كە پێغەمبەرایەتیەكەی بەڕێزی لە هەموو ڕوویەكەوە لە پێغەمبەرایەتی پێغەمبەرانی پێشوو ناچێت، بەڵكو خۆی (علیه السلام) فەرموویەتی پێغەمبەرایەتیەكەی زۆر جیاوازە لە هەموو پێغەمبەرایەتیەكانی پێشوو، بەجۆرێك پێغەمبەرانی پێشوو سەربەخۆ بوون و ئوممەتی نەبوون [ئوممەتی: گوزارشتێكە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) بە زمانی ئوردوويی بەكاریهێناوە، واتە پێغەمبەرێك کە تاکێکە لە ئوممەت و ناسەربەخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستهێناوە بەهۆی فەنابوون لە پێغەمبەردا (ﷺ). (وەرگێڕ)]. بۆیە هەروەك فەرمایشتی خوای گەورە ﴿لَيَسۡتَخۡلِفَنَّهُمۡ فِي ٱلۡأَرۡضِ كَمَا ٱسۡتَخۡلَفَ ٱلَّذِينَ مِن قَبۡلِهِمۡ﴾ پیادە دەبێت بەسەر پێغەمبەرایەتیەكەی بەڕێزیشیدا (علیه السلام) سەرەڕای ئەوەی جیاوازە لە پێغەمبەرایەتی پێغەمبەرانی پێشوو، بەهەمان شێوە ئەم بەڵێنەی لەم ئایەتەدا باسكراوە پیادە دەبێت بەسەر خیلافەتەكەیدا سەرەڕای ئەوەی لە هەندێ شتدا جیاوازە لە خیلافەتی خەلیفەكانی پێشوو. بۆیە ئەگەر گوترا خیلافەتی خەلیفەكانی بەڕێزی (علیه السلام) ئەو بەڵێنەی بەڕاست نەگێڕاوە كە لە ئایەتەكەدا باسكراوە لەبەرئەوەی جیاوازە لە خیلافەتی خەلیفەكانی ڕابردوو؛ ئەوا دەبێت ئەوەیش قەبووڵ بکەین كە پێغەمبەرایەتیەكەیشی (علیه السلام) میصداقی ئەم ئایەتە نیە. چونكە ئەگەر خیلافەتی خەلیفەكانی بەڕێزی (علیه السلام) لە هەندێ شتدا جیاواز بێت لە خیلافەتی ئەبو بەكر و عومەر؛ ئەوا پێغەمبەرایەتیەكەشی (علیه السلام) هەندێ جیاواز دەبێت لە پێغەمبەرایەتی پێغەمبەرانی پێشوو، كەواتە ئەگەر خیلافەتی خەلیفەكانی بەڕێزی بە میصداقی ئەم ئایەتە لەقەڵەم نەدرێت؛ ئەوا دەبێت بوترێت پێغەمبەرایەتیەكەشی بە میصداقی ئەم ئایەتە لەقەڵەم نادرێت -پەنا بە خوا-. لەگەڵ ئەوەی بەڕێزی (علیه السلام) پێغەمبەرایەتیەكەی خۆی وەها لەقەڵەم داوە كە میصداقی ئەم ئایەتە بێت سەرەڕای جیاوازی پێغەمبەرایەتیەكەی لە پێغەمبەرایەتی پێغەمبەرانی پێشوو. وە هەروەك چۆن پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) بە میصداقی ئەو بەڵێنە لەقەڵەم دەدرێت كە لە ئایەتی ئیستیخلافدا باسكراوە سەرەڕای جیاوازییەكەی لە پێغەمبەرایەتی پێغەمبەرانی پێشوو، بەهەمان شێوە خیلافەتی ئەحمەدیش بە میصداقی ئەو بەڵێنە لەقەڵەم دەدرێت كە لە ئایەتی ئیستیخلافدا هاتووە سەرەڕای جیاوازیەكەی لەگەڵ خیلافەتی پێشوو لە هەندێ شتدا.
خەلیفەكانی مەسیحی ناسیرەیی ئەوانیش حوكمڕانییان بەدەست نەهێنا
وەڵامی سێیەم: خەلیفەكانی مەسیحی ناسیرەیی (علیه السلام) حوكمڕانییان بەدەستنەهێنا.
ئەگەر كەسێك گوتی لەدوای مەسیح (علیه السلام) هیچ خەلیفەیەك نەبووە؛ ئەوا وەڵامەكە ئەوەیە كە یەكەم: پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی: “هیچ پێغەمبەرایەتیەك نەبووە مەگەر خیلافەتێك بەشوێنیدا هاتووە”([67]) واتە هیچ پێغەمبەرایەتیەك لە دنیادا دەرنەكەوتووە کە خیلافەتێك لە جۆری خۆی بەدوایدا نەهاتبێت. دەی ئەگەر عیسا (علیه السلام) پێغەمبەرایەتی بەدەستهێناوە؛ ئەوا دەبێت دان بەوەدا بنێین كە لەدوای خۆی خیلافەت دامەزراوە بەگوێرەی جۆری پێغەمبەرایەتیەكەی، ئەگینا دەبێت ئەو ڕەخنەگرانە بڵێن عیسا (علیه السلام) پێغەمبەر نەبووە، چونكە پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی پێغەمبەرایەتی خیلافەت پێویست دەكات.
دووەم: بەردەوام مەسیحیەكان پێیان وا بووە كە پەترۆس خەلیفەی مەسیح (علیه السلام) بووە.
مادام پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرموێت خیلافەت بەدڵنیاییەوە لەدوای مەسیح هەبووە، پاشان مەسیحیەكان دانیان بەوەدا ناوە كە پەترۆس خەلیفەی مەسیح بووە، ئیتر ئەم گرووپەی سێیەم لەكوێوە هات كە دەڵێت لەدوای مەسیح هیچ خەلیفەیەك بۆ مەسیح نەبووە؟ كێ ئەمەی پێ گوتن؟ مەبەستم ئەوەیە مادام پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی خیلافەت لەدوای هەموو پێغەمبەرێك دامەزراوە، وە مادام مەسیحیەكان، كە ئەم پرسە تایبەتە بەوان، دەڵێن خیلافەت دامەزراوە دوای مەسیح، وە مادام مێژوو ئەمە دووپات دەكاتەوە، كەواتە گومانی تێدا نیە نکۆڵی كردنی ئەم دەستەیە لەم ڕاستیە تەنها بریتیە لەوەی کە بە ئەنقەست دان بە ڕاستیدا نانێن.
ئەگەر گوترا هەندێ لە مەسیحیەكان پەترۆس بە خەلیفە نازانن، وەڵامەكە ئەوەیە كە هەندێ لە موسوڵمانانیش دان نانێن بە خیلافەتی چوار خەلیفەكەدا، كەواتە ڕەتكردنەوەی شتێك لەلایەن هەندێكەوە ڕەوایەتی نادات بە ڕەتكردنەوەی ئەو شتە.
پاشان مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) لە نامیلكەی “الوصیة”دا باسی سیستەمێكی لەم شێوەیەی كردووە بۆ مەسیحیەكان و فەرموویەتی:
“كاتێك ئوممەت دوای كۆچی دوایی پێغەمبەر تووشی مەینەتی و ناڕەحەتیەكان دەبێت، وە دوژمنان بەهێز دەبن و پێیان وا دەبێت كارەكە ئێستا ئیتر تێكچووە، وە باوەڕیان وا دەبێت كە ئەم كۆمەڵە نامێنن و دەسڕێنەوە، تەنانەت ئەندامەكانی كۆمەڵەكە خۆیشیان تووشی واقوڕمان و دوودڵی دەبن و پشتیان دەشكێت، بگرە ڕێژەیەكی زۆر لە بەدبەختەكان هەڵدەگەڕێنەوە، ئا لەو كاتەدا خوای گەورە جارێكی تر توانا بەهێزەكەی خۆی دەردەخاتەوە و پشتگیری كۆمەڵە ڕووخاوەكە دەكات. بۆیە ئەو كەسەی بە ئارامگری و خۆڕاگری دەمێنێتەوە هەتا ساتی كۆتایی، ئەم موعجیزە خواییە دەبینێت، هەروەك چۆن ڕوویدا لە سەردەمی گەورەمان ئەبو بەكری ڕاستگۆدا (رضي الله عنه)، بەجۆرێك باوەڕ وا بوو كۆچی دوایی پێغەمبەر (ﷺ) لە پێش كاتی خۆیەوە بووە، وە زۆرێك لە عەرەبە دەشتەكیە نەفامەكان هەڵگەڕانەوە، وە هاوەڵان لەتاو خەم و بێتاقەتی وەك شێتیان لێ هات، ئا لەو كاتەدا خوای گەورە گەورەمان ئەبو بەكری ڕاستگۆی (رضي الله عنه) دامەزراند، وە جارێكی تر نموونەیەكی توانای خۆی پیشاندا، … وە بەتەواوەتی ئەمە ڕوویدا لە سەردەمی گەورەمان موسادا… وە ئەمە ڕوویدا لە سەردەمی عیسادا (علیه السلام)([68]).
مانای وایە چۆن ئەبو بەكر (رضي الله عنه) بوو بە خەلیفە دوای پێغەمبەر (ﷺ)، بەهەمان شێوە دوای مووسا و عیسایش (علیهما السلام) خیلافەت دامەزرا. کەواتە ئەو کەسەی پێی وایە خیلافەت دانەمەزراوە لەدوای عیسا (علیه السلام) بۆچوونەکەی دژی وتەی ڕاشكاوی مەسیحی بەڵێندراوە (علیه السلام)، وە شتێك دەخاتەڕوو كە نە فەرموودەكانی پێغەمبەر (ﷺ) پشتگیری دەكەن نە مێژوو و نە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام).
وەڵامی ڕەخنەیەكی تری نەیارەكان
ڕەخنەی چوارەم: ئەگەر مەبەست لەم ئایەتە خیلافەتی تاكەکەس بێت، ئەوا بەڵێنەكە بۆ تاكەکەس بە دوو شێوەیە؛ پێغەمبەرایەتی و پاشایەتی. سەبارەت بە پێغەمبەرایەتی، دیارە پێغەمبەر (ﷺ) كۆتایی بە جۆری ئەو پێغەمبەرایەتیە هێنا كە پێش خۆی هەبوو، وە سەبارەت بە پاشایەتیش، پێغەمبەر (ﷺ) پەسەندی نەكردووە بەڵكو فەرموویەتی خەلیفەكانی دوای من هەرگیز پاشا نابن. مادام وایە بۆچی دان بەوەدا نەنێین كە بەڵێنی خیلافەت لەم ئایەتەدا لەسەردەستی هەموو ئوممەتدا دێتەدی نەك لەسەر دەستی كۆمەڵێك لە تاكەكانی؟
وەڵام: گومانی تێدا نیە كە جۆری پێغەمبەرایەتی پێشوو كۆتایی هاتووە، بەهەمان شێوە فەرمانڕەوایەتی و پاشایەتی پێشوویش كۆتایی هاتووە، بەڵام كۆتاییهاتنی جۆرێكی تایبەت لە شتێك مانای ئەوە نیە كە شتێكی چاكتر و باشتر جێگای ناگرێتەوە. پێغەمبەرمان (ﷺ) پێغەمبەرێك بووە لە جۆرێكی تایبەت و جیاواز بووە لە پێغەمبەرانی پێشوو، وە دەبێت ئەو سیستەمەی لەدوای خۆی دادەمەزرێت سیستەمێكی تایبەت و جیاواز بێت لە سیستەمەكانی پێشوو، وە جیاوازیی ئەم سیستەمە لە سیستەمەكانی پێشوو لە هەندێ لایەنەوە لەوە دەری ناكات كە هاوشێوەیان بێت، بەڵكو جوانتر و قەشەنگتری دەكات. پێغەمبەر (ﷺ) پێغەمبەرێكی تەواو و بێكەموكوڕی بوو، وە بە شەریعەتێكی تەواو و بێكەموكوڕیەوە هات بۆ جیهان، بۆیە پێویست بوو كە لەدوای خۆی پێغەمبەرانێك هەبن لەڕێگەی بەرەكەتی لێشاوی نوورەكەیەوە پێغەمبەرایەتی بەدەست بهێنن، وە لەبەرئەوەی سیستەمەكەی تەواوتر بووە لە سیستەمەكانی پێشوو، بۆیە پێویست بوو كە لەدوای خۆی كۆمەڵێك خەلیفە بێن ئوممەت هەڵیانبژێرێت.
بەكورتی، خوای گەورە پاش پێغەمبەر (ﷺ) پێغەمبەرایەتی و فەرمانڕەوایەتی دامەزراند لەسەر شێوازێكی نوێ، وە پێغەمبەرایەتی و فەرمانڕەوایەتی پێشووی هەڵوەشاندەوە.
خیلافەتی پێغەمبەرانی پێشوو ناتەواوە، چ خیلافەتی پێغەمبەرایەتی بێت یان خیلافەتی فەرمانڕەوایەتی
بزانن خیلافەتی پێغەمبەرایەتی بۆ پشتگیریكردنی پێغەمبەری پێشوو دادەمەزرێت، وە خیلافەتی فەرمانڕەوایەتی بۆ پارێزگاركردن لە مافەكانی باوەڕداران و پەرەپێدانی توانا و بەهرەكانیان دادەمەزرێت. دەبینین خیلافەتی ئەو پێغەمبەرانەی پێش پێغەمبەر (ﷺ) كە خەلیفەكانیشان پێغەمبەر بوون خیلافەتێكی ناتەواو بووە، چونكە خەلیفەکانیان کە پێغەمبەر بوون و ئەركی ئەوانیان تەواو كردووە ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتییان بەدەستهێناوە. وە ئەگەر لەناو گەلەكانیاندا خەلیفەی فەرمانڕەوا هەبووبێت؛ ئەوا ئەویش خیلافەتەكەی هەر ناتەواو بووە، چونكە خەلیفە کە فەرمانڕەوا بووبێت لە ئوممەتانی پێشوودا ڕاستەوخۆ بە میراتی دەسەڵاتیان بۆ دەمایەوە، واتە توانا و لێهاتوویەكانی ئەو ئوممەتانە بە تەواوەتی گەشەی نەكردبوو؛ چونكە ئوممەت هیچ ڕۆڵێكی نەبوو لە هەڵبژاردنی ئەو فەرمانڕەوایانەدا، هەروەك چۆن ئەو پێغەمبەرانە ڕۆڵیان نەبووە لە پێغەمبەرایەتی ئەو خەلیفانەی خۆیان کە پێغەمبەر بوون. هەر كاتێك كوڕ حوكمڕانی لە باوكیەوە بۆ بمێنێتەوە پاشان نەوەكەی لەوەوە بۆی بمێنێتەوە وەك مافێكی میراتی، ئیتر بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی تاكەكانی ئوممەت و پەرەپێدانی توانا عەقڵیەكانیان بە پێویست نازانرێت بەجۆرێك بتوانن بە شێوەیەكی ڕاست و دروست فەرمانڕەواكانی خۆیان هەڵبژێرن. بەڵام هەر كاتێك هەڵبژاردنی فەرمانڕەواكان بەدەست گەل بێت؛ ئەوا دەبێت حكومەت هەموو تاكێكی ناو حكومەتەكە بكات بە زانا و سیاسی و شارەزا لە بارودۆخی وڵات بۆ ئەوەی بەنەزانی و نەفامی فەرمانڕەوا و دەسەڵاتدار هەڵنەبژێرن. وە ئیسلام تاكە ئایینە كە فەرمانی كردووە بە هەڵبژاردنی فەرمانڕەواكان لەپێناو پێشخستنی گەل لەڕووی زانستی و عەقڵیەوە. خیلافەتی پێغەمبەرانی پێش پێغەمبەر (ﷺ) خیلافەتێكی ناتەواو بوو، چ خیلافەتی پێغەمبەرایەتی بووبێت یان خیلافەتی فەرمانڕەوایەتی، بەڵام پێغەمبەر (ﷺ) لە ڕاستیدا پێغەمبەرێكی تەواو و بێكەموكوڕی بووە، بۆیە ئەو پێغەمبەرەی دوای ئەو هاتووە یان ئەو پێغەمبەرانەی دێن تەنها شوێنكەوتەی ئەو نابن، بەڵكو لەڕێگەی بەرەكەت و لێشاوی نووری ئەوەوە (ﷺ) پێغەمبەرایەتی بەدەست دەهێنن، بەهەمان شێوە پێویستە ئەو خەلیفانەی دێن بۆ تەواوكردنی ئەركی پێغەمبەری شوێنكەوتەی پێغەمبەر (ﷺ) ڕەنگی پێغەمبەرە شوێنكەوتەكە وەربگرن، واتە گەل دەستی هەبێت لە هەڵبژاردنیاندا، چونكە ئوممەتی پێغەمبەر (ﷺ) لە ڕاستیدا ئوممەتێكی تەواو و بێكەموكوڕیە، وەك خوای گەورە فەرموویەتی ﴿كُنتُمۡ خَيۡرَ أُمَّةٍ أُخۡرِجَتۡ لِلنَّاسِ﴾([69])، بۆیە خوای گەورە بڕیاری داوە ئەو خەلیفانە كۆمەڵێك پاشا و فەرمانڕەوا نەبن كە گەل بەشداری نەكات و دەستی نەبێت لە هەڵبژاردنیاندا، بەڵكو بە هەڵبژاردن دیاری بكرێن، بۆ ئەوەی بەتەواوەتی ببن بە نوێنەری ئوممەتی موحەممەدی، هەروەها بەشێوەیەكی ڕێكوپێك توانا و بەهرەكانیان پێش بخرێن و پەرەیان پێ بدرێت. وە بەهۆی ئەم بڕیارە خواییەوە دەبێت هەموو خەلیفەیەك كار بكات بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی ئوممەت لەڕووی زانستی و عەقڵیەوە، بۆ ئەوەی هیچ هەڵەیەك نەكەن لە هەڵبژاردنی خەلیفەی داهاتوودا. ئەم جیاوازیە هۆكارەكەی تەنها ئەوەیە كە پێغەمبەرمان (ﷺ) سەرداری پێغەمبەرانە و ئوممەتەكەی باشترینی ئوممەتەكانە، بۆیە هەروەك چۆن پێغەمبەری شوێنكەوتە پێغەمبەرایەتیەكەی لەڕێگەی لێشاوی بەرەكەتی سەرداری پێغەمبەرانەوە (ﷺ) بەدەستدەهێنێت، بەهەمان شێوە خەلیفەكانی باشترین ئوممەت بە دەنگی ڕۆڵەكانی هەڵدەبژێردرێن. وە ئەم سیستەمە دەگەڕێتەوە بۆ فەزڵی ئیسلام و بڵندی پایەی پێغەمبەری ئیسلام و ئوممەتی ئیسلامی، بەجۆرێك كۆتایی نەهێنا بە خیلافەتی تاكەکەس بەڵكو بەشێوەیەكی چاكتر و تەواوتر خستیەڕوو.
وەڵامی دوو ڕەخنەی تر
پاش تاوتوێكردنی ئەم پرس و ڕەخنە سەرەكیانە ئێستا وەڵامی دوو ڕەخنەی تر دەدەمەوە.
ڕەخنەی یەكەم: ئایا ئەو خیلافەتەی لێرەدا بەڵێندراوە تەنها تایبەتە بەو خەلیفەیە كە دەستبەجێ دوای پێغەمبەر دێت؟
یەكێك لەو دوو ڕەخنەیە ئەوەیە كە ئەو خیلافەتەی بەڵێندراوە لە ئایەتی ئیستیخلافدا تەنها تایبەتە بەو خەلیفەیە كە ڕاستەوخۆ دوای پێغەمبەر دێت، نەك ئەو خەلیفانەی لە دواییشدا دێن.
وەڵامی ئەم ڕەخنەیە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
1: پێغەمبەر (ﷺ) خۆی خیلافەتی چوار خەلیفەكەی بە ڕاشیدی داناوە، ئەوەتا لە فەرموودەكەی سەفینەدا هاتووە: گوتی بیستم لە پێغەمبەر (ﷺ) فەرمووی: خیلافەت سی ساڵە، دوای ئەوە فەرمانڕەوایەتی دێت.([70])
وە ماوەی خیلافەتی چوار خەلیفەكە تەنها سی ساڵە. مادام پێغەمبەر (ﷺ) ماوەی خیلافەت درێژ دەكاتەوە بۆ سەردەمی چوار خەلیفەكە، كەواتە بۆ هیچ كەسێك نیە كورتی بكاتەوە لە سەردەمی خەلیفەی یەكەمدا بە تەنها.
هەندێ كەس دەڵێن مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) خۆی ئەم بیرۆكەیەی باسكردووە لە كتێبی “سر الخلافة”دا، بەڵام ئەم قسەیە پووچە، ئەوەی كە بەڕێزی (علیه السلام) فەرموویەتی وەڵامێكە بۆ شیعە كە دەڵێن خەلیفەی ڕاستەقینەی پێغەمبەر (ﷺ) تەنها عەلییە. مەسیحی بەڵێندراو (ﷺ) ڕوونی كردووەتەوە و فەرموویەتی بەڵێنی خیلافەت لە قورئانی پیرۆزدا لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا ﴿وَعَدَ ٱللَّهُ ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ مِنكُمۡ وَعَمِلُواْ ٱلصَّٰلِحَٰتِ﴾ باسکراوە، وە نیشانەكانی ئەو خیلافەتە لە خیلافەتی ئەبوبەكردا بە تەواوترین شێوە هەیە.([71])
لە ڕاستیدا مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) لەم قسەیەیدا تەنها مەبەستی ئەوە بوو كە خیلافەتی ئەبو بەكر لە قورئانی پیرۆزدا زیاتر چەسپاوە لە خیلافەتی عەلی (y)، نەك ئەوەی عەلی خەلیفەیەكی ڕاشیدی نەبێت.
پاشان مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام)، لە كتێبەكانیدا دەستەواژەی “چوار خەلیفەكە”یشی بەکارهێناوە، هەروەك باسی خیلافەتی عەلیشی كردووە (y)([72]).
وە لەم بارەیەوە بەڵگەیەکی تر هەیە ئەویش ئەوەیە حەزرەتی مەولەوی عەبدولكەریم سیالكۆتی (رضي الله عنه) وتارێكی پێشكەش كرد لە وەڵامی شیعەدا و تێیدا خیلافەتی ئەبو بەكر و عومەر و عوسمانی سەلماند بە بەڵگەی ئایەتی ئیستیخلاف، هەروەك لە چەندین شوێنی وتارەكەیدا دانی ناوە بە خیلافەتی عەلیشدا. پاشان هەندێ شتی زیاد کرد بۆ ئەم وتارە و بە ناونیشانی: “الخلافة الراشدة” چاپی کرد، وە تێیدا نووسیویەتی كە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) چەندین جار فەرمانی پێكردووە ئەم وتارەی بۆ بخوێنێتەوە، هەروەك بەڕێزی (علیه السلام) هەندێ بەشی ئەم وتارەی هێناوەتەوە لە كتێبەكەی خۆی “حجة الله”دا، وە وتارەكەی ناردووە بۆ برایان لە شوێنە جۆراوجۆرەكان وەك دیارییەك لەلایەن خۆیەوە([73]).
لێرەدا دەرکەوت كە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) هاوڕای بەڕێز مەولەوی عەبدولكەریم سیالكۆتی بووە لەم بیروباوەڕەدا كە لە كتێبەكەی خۆی “الخلافة الراشدة”دا باسی كردووە.
2: ئەگەر خیلافەتی خەلیفەی یەكەم ئەبو بەكر چەسپا؛ ئەوا ئۆتۆماتیكی خیلافەتی خەلیفەكانی دواتر دەچەسپێت. کەواتە هەروەك چۆن ئەبو بەكر بوو بە خەلیفەی یەكەم، پاشان دوای ئەوەی پرس و ڕاوێژی کرد بە هاوەڵان عومەری کرد خەلیفە، بەهەمان شێوە حەزرەتی خەلیفەی یەكەم لەم سەردەمەدا وەسێتێكی نووسیوە و ناوی منی تێدا باسكردووە، پاشان وەسێتێكی تری كردووە بەبێ ئەوەی ناوی من ببات. گرنگ ئەوەیە دانی ناوە بە خیلافەتی دوای خۆیدا. ئەمەی خوارەوەش وەرگێڕانی دەقی وشەكانی وەسێتەكەیەتی:
“بەوپەڕی ئاگاییەوە دەنووسم كە (لا إله إلا الله محمد رسول الله)… ئەو كەسەی جێگای من دەگرێتەوە و دەبێت بە خەلیفە پێویستە كەسێكی پارێزكار و خۆشەویست بێت لای هەموان، زانا و كارا بێت، چاوپۆشی بكات و لێبوردە بێت لە هاوەڵە كۆن و نوێیەکانی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام). من ئامۆژگار و دڵسۆز بووم بۆ هەموان. پێویستە ئەویش ئامۆژگار و دڵسۆز بێت. پێویستە بەردەوام بێت لە وتنەوەی وانەی قورئان و فەرموودە. والسلام
نوورەددین، 4ی مارس/ ئازار([74]).
لە بۆنەیەكی تردا فەرموویەتی (رضي الله عنه):
“هەڵبەت خوا منی کردووە بە خەلیفە، وە ئەو كەسەی دوای من دێت ئەویش خوا دەیكات بە خەلیفە.”
هەروەها فەرموویەتی:
“خیلافەت خواردنەوەی گازی نیە لە دوكانی “كەیسەری”[(كەیسەری ناوێكە بۆ خاوەنی كارگەی دروستكردنی خواردنەوەی گازی)] بكڕدرێت. هەرگیز سوودمەند نابن بە خۆڵقورتاندنتان لەم پرسەدا. هەرگیز كەس ناتانكات بە خەلیفە، هەروەك ئەستەمە كەسێك لە ژیانی مندا ببێت بە خەلیفە. كاتێك دەمرم هیچ كەسێك نابێت بە خەلیفە جگە لەو کەسەی كە خوا دەیەوێت، وە خوا خۆی سەرپەرشتی دامەزراندنەكەی دەكات.”([75])
كەواتە، ئەگەر خەلیفەكانی پێشوو خەلیفە بن بەگوێرەی ئەم ئایەتە؛ ئەوا بڕیارەكانیان ئەوە دووپات دەكاتەوە كە خیلافەت دوای ئەوان بەردەوام دەبێت، وە لەسەر هەمان ئەو شێوازە دەبێت كە خیلافەتەكەی ئەوانی لەسەر بووە، وە بڕیارەكانیان لەم بارەیەوە حوججەیە، چونكە خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَلَيُمَكِّنَنَّ لَهُمۡ دِينَهُمُ ٱلَّذِي ٱرۡتَضَىٰ لَهُمۡ﴾.
3: مادام هۆكارەكان هەن ئیتر چۆن ئەنجامە سروشتیەكەیان دەرناكەوێت؟ بۆیە یان ئەوەتا بڵێن ئیتر دوای ئەوە پێویستیەك نەماوە بە خیلافەت و ئوممەت بە باوەڕداری و چاكەكاری نەماوەتەوە، یان دەبێت دان بە بوونی خیلافەتدا بنێن.
ئایا ڕەوایە خەلیفە دووربخرێتەوە؟
یەكێك لە ڕەخنەكانی تریش ئەوەیە كە مادام ئوممەت خەلیفە هەڵدەبژێرێت، ئەوا بۆی هەیە دووریشی بخاتەوە.
وەڵامی یەكەم: گومانی تێدا نیە خەلیفە بە هەڵبژاردن دیاری دەكرێت لەلایەن ئوممەتەوە، بەڵام ئەم ئایەتە بەڕوونی مانای ئەوە دەگەیەنێت كە خوای گەورە تەنها وەك ئامرازێك ئوممەت بەكاردەهێنێت بۆ جێبەجێ كردنی بڕیارەكەی خۆی، بۆیە كاتی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی تایبەت بیریان ڕۆشن دەكاتەوە، لە ڕاستیدا خوای گەورە خۆی خەلیفە دادەمەزرێنێت، چونكە فەرموویەتی ﴿لَيَسۡتَخۡلِفَنَّهُمۡ﴾. كەواتە سەرەڕای ئەوەی هەڵبژاردنی خەلیفە لەڕێگەی باوەڕدارانەوە ئەنجام دەدرێت، بەڵام ئیلهامی خوایی وەها دەكات دڵیان بچێت بەلای كەسێكدا كە لە ڕاستیدا شایستەی خیلافەت بێت لای خوای گەورە. هەروەك چۆن خوای گەورە لێرەدا بەڕاشكاوی دەفەرموێت كۆمەڵێك خاسیەتی جیا لە خەلیفەكاندا دروست دەكات و ئەوان نیعمەتێكی خوایی مەزنن، بەگوێرەی ئەمە درێژەی ئەم ڕەخنەیە بەم جۆرەیە: ئایا مافی ئوممەت نیە كەسێك دوور بخاتەوە كە کەسێکی یەكتاپەرستی تەواوە، وە خوای گەورە دەیەوێت ئایینەكەی بچەسپێنێت، وە بەڵێن دەدات لەپێناوی ئەودا هەموو مەترسیەكان دووربخاتەوە لە ئوممەت و شیرك بسڕێتەوە لەسەردەستیدا و بە هەوڵەكانی ئەو ئیسلام بپارێزێت؟ وەڵام: شتێكی ڕوون و ئاشكرایە ئەستەمە ئوممەت ئەم جۆرە مرۆڤە دووربخاتەوە، تەنها براكانی شەیتان دەیانەوێت دووری بخەنەوە و لای ببەن.
وەڵامی دووەم: بێگومان خوای گەورە لێرەدا وشەی بەڵێنی (وعد) بەكارهێناوە، وە بەڵێن مانای چاكە و منەت دەگەیەنێت. كەواتە، ئەو ڕەخنەیەی ئەوان مانای ئەوەیە مادام خوای گەورە پرسی هەڵبژاردنی ئەم نیعمەتەی خستووەتە دەستی ئوممەتەوە؛ ئەوا پێویستە ئوممەت مافی ئەوەیشی هەبێت ئەم نیعمەتە ڕەت بكاتەوە. وە هەموو كەسێكی ژیر پەی بەوە دەبات كە ئەمە هەڵێنجانێكی ئەوپەڕی خراپە و سووكایەتی تێدایە، چونكە ئەگەر گەلێك نیعمەتێك ڕەت بكاتەوە كە خراوەتە بەر دەستی بەبێ ئەوەی داوای بكات؛ ئەوا گەلێكی ئەوپەڕی تاوانكارە و بەڵگە لە دژی خۆی دەچەسپێنێت. وەك ئەوەی لەم حاڵەتەدا خوای گەورە بفەرموێت بەم كەسانە: ئەی خەڵكینە، سەرپشكم كردوون كە ئەم نیعمەتە وەربگرن لە ڕێگەی هەر مرۆڤێكەوە، ئێوەش گوتتان: دەمانەوێت لە ڕێگەی فڵان كەسەوە وەریبگرین، منیش فەزڵ و چاكەكانی خۆمم پەیوەست كرد بەو كەسەوە كە ئێوە هەڵتانبژارد، وە پاش ئەوەی ڕازی بووم بە قسەی ئێوە، واتە بە هەڵبژاردنی ئێوە بۆ ئەو كەسە، ئێستا دەڵێن ئێمە ڕازی نین بەم نیعمەتە، دەبێت چ وەڵامێكتان بدەمەوە لەسەر ڕەتكردنەوەتان بۆ ئەم نیعمەتە جگە لەوەی بڵێم: ﴿وَلَئِن كَفَرۡتُمۡ إِنَّ عَذَابِي لَشَدِيدٞ﴾([76]). وە خوای گەورە لە ئایەتی ئیستیخلافیشدا ئاماژەی بۆ ئەمە كردووە و فەرموویەتی ﴿وَمَن كَفَرَ بَعۡدَ ذَٰلِكَ فَأُوْلَٰٓئِكَ هُمُ ٱلۡفَٰسِقُونَ﴾ واتە گومانی تێدا نیە ئێمە ئوممەتمان سەرپشك كرد كاتی هەڵبژاردنی خەلیفە، وە لەكاتی هەڵبژاردنەکەدا ڕێنماییمان کرد، پاشان ئەم كەسە هەڵبژێراوەمان هەڵبژارد، بۆیە ئیتر دوای ئەوە ئوممەت هیچ بژاردەیەكی نیە لە لابردن و دوورخستنەوەیدا، وە ئەو كەسەی دەیەوێت ئەم بژاردەیە لەدەستیدا بێت؛ ئەوا پێویستە بزانێت تەنها دژایەتی خەلیفە ناكات، بەڵكو نیعمەتی ئێمە ڕەت دەكاتەوە؛ وە ئەگەر ئەم كەسە كاتی هەڵبژاردنی خەلیفە لە ڕیزی ئەو باوەڕدارانەدا بووە کە کردەوەی چاکیان کردووە ﴿ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ مِنكُمۡ وَعَمِلُواْ ٱلصَّٰلِحَٰتِ﴾؛ ئەوا ئێمە ناوی دەسڕینەوە لە لیستی ئەوانەی کە کردەوەی چاك دەکەن ﴿وَعَمِلُواْ ٱلصَّٰلِحَٰتِ﴾ و دەیخەینە ڕیزی فاسق و تاوانبارەكانەوە بەهۆی ئەم هەڵوێستەیەوە كە هەڵوێستێكی هەڵەیە.
خاڵێکی ورد
ئێستاش گوێبیستی خاڵێکی ورد بن. خوای گەورە لەم ئایەتەدا شتێكی سەیری باسكردووە، بەجۆرێك وەسفی ئەو كەسانەی بە ﴿ءَامَنُواْ﴾ كردووە كە نیعمەتی خیلافەت دەمێنێتەوە بۆیان، واتە نیازیان باشە، بەجۆرێك گەورەمان عومەر (رضي الله عنه) دەفەرموێت: “نیازی باوەڕدار لە كردەوەكەی باشترە” [لە ئەسڵەكەدا بەم شێوەیە هاتووە، بەڵام كتێبەكانی فەرموودە بە فەرموودەی پێغەمبەر (ﷺ) لەقەڵەمی دەدەن. (وەرگێڕی عەرەبی)]
واتە كردەوەی باوەڕدار سنووردارە، بەڵام نیازە باشەكەی زۆر فراوانە، بەجۆرێك دەڵێت: ئەم كارە و ئەو كارە دەكەم. پاشان خوای گەورە سیفەتی دووەمی ئەوانی باسكردووە و فەرموویەتی: ﴿وَعَمِلُواْ ٱلصَّٰلِحَٰتِ﴾ واتە ئەوان چاكەكارن، بەڵام خوای گەورە ئەوەش ڕادەگەیەنێت كە كاتێك خیلافەت ڕەت دەكەنەوە دەبن بە كەسانێكی فاسق و تاوانكار، چونكە فاسق ئەو كەسەیە لە گوێڕایەڵی و فەرمانبەرداری دەردەچێت و بێبەش دەبێت لە یاوەرێتی پێغەمبەر. كەواتە مانای ئایەتەكە وای لێ دێت خیلافەت لەناو گەلێكدا دادەمەزرێت كە نیازیان باشە و كردەوەیان چاكە، بەڵام ئەوانەیان كە نكۆڵی دەكەن لە خیلافەت و ڕەتی دەكەنەوە بێبەش دەبن لە یاوەرێتی پێغەمبەر بەهۆی ئەم ڕەفتارەیانەوە، ئەگەرچی پێشتر نیازیان باش و كردەوەیان چاك بووە.
ئێستا وشەكانی ئەم ئایەتە لەبەرامبەر خەونێكدا دابنێن كە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) بینیویەتی دەربارەی مەولەوی موحەممەد عەلی كە تێیدا پێی فەرمووە:
“تۆیش كەسێكی چاكەكار و نیاز باش بوویت، وەرە لەگەڵماندا دابنیشە.”([77])
ئەم وتەیەی بەڕێزی لەوە دەچێت كە خوای گەورە لەم فەرمایشتەیدا ﴿ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ مِنكُمۡ وَعَمِلُواْ ٱلصَّٰلِحَٰتِ﴾ و لە فەرمایشتەیدا ﴿وَمَن كَفَرَ بَعۡدَ ذَٰلِكَ فَأُوْلَٰٓئِكَ هُمُ ٱلۡفَٰسِقُونَ﴾ دا باسی كردووە.. واتە خوای گەورە بەڵێنی داوە بەو باوەڕدارانەی كردەوەی چاك ئەنجام دەدەن كە خیلافەت لەناویاندا دادەمەزرێنێت، بەڵام ئەو كەسەی پاش ئەوە نكۆڵی دەكات لە نیعمەتی خیلافەت بێبەش دەكرێت لە یاوەرێتی پێغەمبەر. وە ئەم خەونە ڕوونی ناكاتەوە ئایا ئەم پیاوە دوای ئەوە هاتووە و دانیشتووە لەگەڵ مەسیحی بەڵێندراودا (علیه السلام) یان نا، بەڵام وشە قورئانیەکان ئاماژە دەكەن بەوەی كە ئەم جۆرە كەسە دانەنیشتووە لە لای. إنا لله وإنا إلیه راجعون.
ئایەتێكی تر بۆ پشتگیری خیلافەتی ڕاشیدی
ئایەتێکی تر هەیە بۆ پشتگیری خیلافەتی ڕاشیدی کە بریتیە لەم فەرمایشتەی خوای گەورە: ﴿۞وَإِذِ ٱبۡتَلَىٰٓ إِبۡرَٰهِۧمَ رَبُّهُۥ بِكَلِمَٰتٖ فَأَتَمَّهُنَّ ۖ قَالَ إِنِّي جَاعِلُكَ لِلنَّاسِ إِمَامٗا ۖ قَالَ وَمِن ذُرِّيَّتِي ۖ قَالَ لَا يَنَالُ عَهۡدِي ٱلظَّٰلِمِينَ﴾([78])
هەڵبەت خوای گەورە بەڵێنی دا بە ئیبراهیم كە بیكات بە پێشەوا، ئیبراهیمیش (علیه السلام) دەستبەجێ هەستی بەو ڕاستیە كرد كە ئەو ئەركەی دەسپێردرێت پێی ئەستەمە لە یەك نەوەدا جێبەجێ بێت و دەبێت كۆمەڵێك تاك هەبن دوای خۆی تەواوی بكەن، بۆیە داوای كرد لە خوای گەورە كە نەوەكانی بكات بە پێشەوا، خوای گەورەیش بەڵێنی پێدا و فەرمووی ئەو كارە دەكەم، بەڵام ئەم بەڵێن و پەیمانەم ستەمكارەكانیان ناگرێتەوە.
لێرەدا بەڵێنەكە بۆ نەوەكانی ئیبراهیمە (علیه السلام)، جگە لە ستەمكارەكانیان، ئەمەش مانای ئەوەیە كە نەوەكانی ئیبراهیم یان پێشەوا بوون یاخود ستەمكار، وە هیچ كەسێك ناتوانێت بڵێت كۆمەڵێك نەوەی تریشی هەبووە جگە لەمانە. ئایا بەڵێنی خوا بە پێشەوایەتی لە نەوەكانیدا چۆن هاتووەتەدی؟ گومانی تێدا نیە بە دوو شێوە هاتووەتەدی؛ هەندێكیان پێشەوایەتییان بەدەستهێنا، وە هەندێكیان سوودمەند بوون لە پێشەوایەتیەکە لە ڕێگەی ئەو کەسانەوە كە بوون بە پێشەوا.
كەواتە ئەم ئایەتەیش وەڵامی ئەوە دەداتەوە كە دەوترێت بەڵێنی خیلافەت بۆ هەموانە، ئیتر چۆن دەگونجێت لە ئوممەتدا هەندێ لە تاكەكان خەلیفە بن. بەڵام ئێستا من لەم بارەیەوە قسە ناكەم، بەڵكو دەمەوێت ئاماژە بدەم بە لایەنێكی تری ئەم ئایەتە، كە بریتیە لە چۆنێتی هاتنەدی بەڵێنی پێشەوایەتی لە ڕۆڵەكانی ئیبراهیمدا (علیه السلام).
هەڵبەت لە ڕۆڵەكانی ئیبراهیمدا (علیه السلام) چوار پێغەمبەر هەبوون؛ ئیسماعیل و ئیسحاق و یەعقووب و یوسف (علیهم السلام)، وە هەموویان خەلیفەی خۆی بوون و ئەرك و بانگەوازەكەی ئەویان تەواو كرد لەدوای خۆی. وە قورئانی پیرۆز لە ئایەتێكی تردا ئاماژەی كردووە بۆ ئەم چوار خەلیفەیە بەجۆرێك خوای گەورە فەرموویەتی ﴿وَإِذۡ قَالَ إِبۡرَٰهِۧمُ رَبِّ أَرِنِي كَيۡفَ تُحۡيِ ٱلۡمَوۡتَىٰ ۖ قَالَ أَوَ لَمۡ تُؤۡمِن ۖ قَالَ بَلَىٰ وَلَٰكِن لِّيَطۡمَئِنَّ قَلۡبِي ۖ قَالَ فَخُذۡ أَرۡبَعَةٗ مِّنَ ٱلطَّيۡرِ فَصُرۡهُنَّ إِلَيۡكَ ثُمَّ ٱجۡعَلۡ عَلَىٰ كُلِّ جَبَلٖ مِّنۡهُنَّ جُزۡءٗا ثُمَّ ٱدۡعُهُنَّ يَأۡتِينَكَ سَعۡيٗا ۚ وَٱعۡلَمۡ أَنَّ ٱللَّهَ عَزِيزٌ حَكِيمٞ﴾([79]). فەرمایشتی خوای گەورە ﴿فَصُرۡهُنَّ إِلَيۡكَ﴾ واتە: هۆگری خۆتیان بكە.
ئەگەر ئەم ڕووداوە بە ڕواڵەتەكەی وەربگرین؛ ئەوا جێگای كۆمەڵێك ڕەخنەی زۆرە؛ یەكەمیان: زیندووكردنەوەی مردوو چ پەیوەندیەكی هەیە بە هۆگری باڵندەوە؟ دووەمیان: بۆچی چوار باڵندە؟ ئایا یەك باڵندە بەس نەبوو بۆ هێنانەدی ئامانجەكە؟ سێیەمیان: سوودی دانانیان لەسەر شاخەكان چیە؟ ئایا بەس نەبوو لە شوێنێكی تردا دابنرێن؟
لە ڕاستیدا وەرگرتنی وتەکە بە مانا ڕواڵەتیەكەی شتێكی ئەستەمە، بەڵكو مانایەكی مەجازی هەیە. ئیبراهیم (علیه السلام) لە خوا پاڕایەوە و گوتی: ئەی پەروەردگار، ئەركی زیندووكردنەوەی مردووەكانم بۆ جێبەجێ بكە كە خۆت سپاردووتە پێم، وە پیشانم بدە چۆن گیان بكەم بە بەر گەلەكەمدا. دیارە من پیرێكی كەنەفتم، وە ئەركەكە مەزن و گەورەیە. خوای گەورەیش فەرمووی: مادام ئەوە ئێمەین کە ئەو بەڵێنەمان پێ داویت؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەم بەڵێنە دێتەدی. ئیبراهیم فەرمووی: دەزانم بەدڵنیاییەوە دێتە دی بەڵام بۆ ئۆقرەگرتنی دڵ پرسیارت لێ دەكەم و دەڵێم چۆن ئەم هەلومەرجە ناهەموارانە دەگۆڕێن؟ خوای گەورە پێی فەرموو ﴿فَخُذۡ أَرۡبَعَةٗ مِّنَ ٱلطَّيۡرِ فَصُرۡهُنَّ إِلَيۡكَ ثُمَّ ٱجۡعَلۡ عَلَىٰ كُلِّ جَبَلٖ مِّنۡهُنَّ جُزۡءٗا ثُمَّ ٱدۡعُهُنَّ يَأۡتِينَكَ سَعۡيٗاۚ﴾ واتە پێویستە چوار لە مناڵەكانت پەروەردە بكەیت، بۆ ئەوەی بەدەم بانگەكەتەوە بچن، وە ئەركەكەت -کە بریتیە لە زیندووكردنەوەی گەل- تەواو بكەن. ئەم چوار باڵندە ڕۆحیە بریتی بوون لە: ئیسماعیل و ئیسحاق و یەعقووب و یوسف (علیهم السلام) وەك ئێستا باسم كرد. هەڵبەت دووانیان ڕاستەوخۆ لەسەردەستی ئیبراهیمدا پەروەردەكران، وە دووانیان بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ پەروەردەكران. وە مەبەست لە دانانیان لەسەر شاخ ئەوەیە كە پەروەردەیەكی بڵند بكرێن چونكە ئەوان لە پلەوپایەی زۆر بڵنددا دادەمەزرێن. بۆیە دانانیان لەسەر شاخ ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە ئەوان پلەوپایەیان بەرز دەبێت و دەگەنە چڵەپۆپە. بەم شێوەیە خوای گەورە ڕایدەگەیەنێت بە ئیبراهیم (علیه السلام) كە دوای خۆی گەلەكەی چۆن زیندوودەبنەوە لە ماوەیەکی نزیكدا. پێغەمبەری خوایش (ﷺ) هاوشێوەی ئیبراهیم بووە هەروەك چۆن موسوڵمانان ئەوە دەزانن بەجۆرێك سڵاواتی ئیبراهیمی دەڵێنەوە بەو شێوەیەی پێغەمبەری خوا فێری كردووین کە بریتیە لە: “اللَّهُمَّ صَلِّ عَلَى مُحَمَّدٍ وَعَلَى آلِ مُحَمَّدٍ، كَمَا صَلَّيْتَ عَلَى إِبْرَاهِيمَ، وَعَلَى آلِ إِبْرَاهِيمَ، إِنَّكَ حَمِيدٌ مَجِيدٌ، اللَّهُمَّ بَارِكْ عَلَى مُحَمَّدٍ وَعَلَى آلِ مُحَمَّدٍ، كَمَا بَارَكْتَ عَلَى إِبْرَاهِيمَ، وَعَلَى آلِ إِبْرَاهِيمَ إِنَّكَ حَمِيدٌ مَجِيدٌ”([80]) وە بەو پێیەی پێغەمبەر (ﷺ) چاكترە لە ئیبراهیم، بۆیە گومانی تێدا نیە كە سڵاواتی ئیبراهیمی ئاماژە دەكات بە چاكەیەكی تایبەت لە ئیبراهیمدا (علیه السلام)، كە تەنها بریتیە لەوەی خوای گەورە لە ڕۆڵەكانیدا پێشەوایەتی و پێغەمبەرایەتی داناوە، وەك لە ئایەتێكی تردا فەرموویەتی ﴿وَجَعَلۡنَا فِي ذُرِّيَّتِهِ ٱلنُّبُوَّةَ وَٱلۡكِتَٰبَ وَءَاتَيۡنَٰهُ أَجۡرَهُۥ فِي ٱلدُّنۡيَا ۖ وَإِنَّهُۥ فِي ٱلۡأٓخِرَةِ لَمِنَ ٱلصَّٰلِحِينَ﴾([81])
كەواتە ئەو فەزڵەی كە دراوە بە ئیبراهیم (علیه السلام) تەنها بریتیە لە فەزڵی بەردەوامبوونی پێغەمبەرایەتی لەو نەوانەی خۆیدا كە وەك خەلیفەی خۆی هاتوون، وە ئەمەیە كە ماڵەكەی پڕ كردووە لە شكۆ و سەربەرزی. جارێكیان پرسیار كرا لە پێغەمبەر (ﷺ) و گوترا: ئەی پێغەمبەری خوا، بەڕێزترین كەس كێیە؟ فەرمووی: پارێزكارترینیان. گوتیان: دەربارەی ئەمە پرسیار ناكەین. فەرمووی: پێغەمبەری خوا یوسف، كوڕی پێغەمبەری خوا، كوڕی پێغەمبەری خوا، كوڕی دۆستی خوا([82]) واتە ئیبراهیم (علیه السلام).
بۆیە كاتێك ئێمە دەڵێین: كَمَا صَلَّيْتَ عَلَى إِبْرَاهِيمَ… كَمَا بَارَكْتَ عَلَى إِبْرَاهِيمَ وەك ئەوەی لە خوای گەورە بپاڕێینەوە کە ئەو فەزڵەی نووسیویەتی بۆ ئیبراهیم بدات بە پێغەمبەرەكەی (ﷺ) لە كەسایەتی خۆی و لە مناڵەكانیدا.. واتە پێغەمبەر (ﷺ) ببێت بە باوكی پێغەمبەران، وە پێغەمبەرایەتی تایبەت بێت بە مناڵە ڕۆحیەكانی. دیارە خوای گەورە ئەم دوعایەی گیرا كرد، بۆیە هەروەك چۆن خوای گەورە ڕاستەوخۆ دوای ئیبراهیم چوار پێغەمبەری ڕەوانەكرد، بەهەمان شێوە خوای گەورە دوای پێغەمبەر (ﷺ) چوار خەلیفەی دامەزراند كە ئایینیان جێگیر و چەسپاو کرد. پاشان هەروەك چۆن خوای گەورە لە نەوەی ئیبراهیمدا (علیه السلام) كۆمەڵێك پێغەمبەری ڕەوانەكرد لە سەردەمێکی دووردا، بەهەمان شێوە خوای گەورە هەواڵی دا بە دەركەوتنی پێغەمبەرێك پاش پێغەمبەر (ﷺ) لە سەردەمێکی دووردا. بەڵام پێغەمبەر (ﷺ) فەزڵی درا بەسەر ئیبراهیمدا لەم كارەشدا، مەبەستم ئەوەیە ئەو توانی بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ دوو لە خەلیفەكانی پەروەردە بكات و دووانەکەی تریان بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ پەروەردە بكات، بەڵام پێغەمبەر (ﷺ) خۆی هەر چوار پێشەواكەی پەروەردە کرد. ئەگەر ئەم لێكچوونە لە نێوانیاندا نەبێت؛ ئەوا مانای ئەم قسەیەمان چیە كە دەڵێین “كَمَا صَلَّيْتَ عَلَى إِبْرَاهِيمَ… كَمَا بَارَكْتَ عَلَى إِبْرَاهِيمَ”؟ ئەگینا دەبێت دان بەوەدا بنێین كە ئیبراهیم ڕەنگە پایەی بەرزتر بووبێت لە پێغەمبەر (ﷺ). كەواتە بەڵێنە ئیبراهیمیەكە و سڵاواتە ئیبراهیمیەكە بەیەكەوە بەڕاشكاوی ڕوونی دەكەنەوە كە خوای گەورە بەو شێوەیە هەڵسوكەوت دەكات لەگەڵ پێغەمبەرەكەیدا (ﷺ) كە كردوویەتی لەگەڵ ئیبراهیمدا (علیه السلام)، وە لەدوای ئەو (ﷺ) كۆمەڵێك خەلیفە دێن بۆ چەسپاندن و جێگیركردنی ئایینەكەی.
وە ئەگەر بوترێت خەلیفەكانی ئیبراهیم پێغەمبەر بوون، بەڵام خەلیفەكانی پێغەمبەر (ﷺ) پێغەمبەر نەبوون؛ ئەوا وەڵامەكەی ئەوەیە: لە ڕاستیدا دوو بەڵێن هەبوون بۆ پەیدابوونی پێشەواكان لە نەوەی ئیبراهیمدا؛ بەڵێنێكی نزیك، وە بەڵێنێكی دوور. بەڵێنە دوورەكە مووسا و عیسا موحەممەد و مەسیحی بەڵێندراویش دەگرێتەوە. حیكمەتی خوا ئەوەی خواست كە خەلیفەكانی پێغەمبەر (ﷺ) لە سەردەمی نزیكدا پێشەوا بن، وە خەلیفەكەی لە سەردەمی دووردا پێغەمبەر بێت. وە خەلیفە ڕاشیدیەكان زۆر لە پێغەمبەران دەچن بەگوێرەی فەرموودەی پێغەمبەر (ﷺ): “زاناكانی ئوممەتەکەم هاوشێوەی پێغەمبەرانی نەوەی ئیسڕائیلن”، بەڵام ئەوان پێغەمبەر نەبوون، بەڵام كۆتا خەلیفەی پێغەمبەر (ﷺ) لەلایەكەوە لە ئوممەتی خۆیەتی و لەلایەكی ترەوە پێغەمبەرە بۆ ئەوەی لێكچوونەكە لەنێوان پێغەمبەر (ﷺ) و ئیبراهیمدا تەواو و بێكەموكوڕی بێت. دەبینین ئەو چوار خەلیفە ڕاشیدیەی كە لەسەر دەستی پێغەمبەردا (ﷺ) پەروەردە بوون زیاتر بوونە مایەی چەسپاندن و جێگیركردنی ئایین لەو چوار پێغەمبەرەی کە دوای ئیبراهیم هاتن، ئەمەش نیشانەیەكی مەزنە لەسەر هێزی پیرۆزی پێغەمبەر (ﷺ).
وتەیەكی مەسیحی بەڵێندراویش (علیه السلام) هەیە كە ئێستا ئاماژەم پێ كرد، بەجۆرێك بەڕێزی لە كتێبەكەی خۆی “الوصیة”دا فەرموویەتی:
“لەو كاتەدا خوای گەورە گەورەمان ئەبو بەكری ڕاستگۆی (رضي الله عنه) دامەزراند، وە جارێكی تر نموونەیەكی پیشاندا لە توانای خۆی، وە ئیسلامی پاراست لە تیاچوونێكی نزیك. بەم شێوەیە خوا (عز وجل) بەڵێنەکەی خۆی بەتەواوەتی بردەسەر كە تێیدا فەرموویەتی ﴿وَلَيُمَكِّنَنَّ لَهُمۡ دِينَهُمُ ٱلَّذِي ٱرۡتَضَىٰ لَهُمۡ وَلَيُبَدِّلَنَّهُم مِّنۢ بَعۡدِ خَوۡفِهِمۡ أَمۡنٗاۚ﴾ ئەمەیش بەتەواوەتی ڕوویدا لە سەردەمی گەورەمان مووسادا (علیه السلام).([83])
لێرەدا ڕوون دەبێتەوە کە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) دان دەنێت بەوەدا کە لەم ئایەتەدا ليكچوون هەیە لەنێوان ئەبو بەكر و ئەو پێغەمبەرەی جێگای موسای گرتەوە.
وە فەرموودەیەكی پێغەمبەر (ﷺ) هەیە تیشك دەخاتە سەر ئەم بابەتە، بەجۆرێك فەرموویەتی: “ئەگەر دوای من پێغەمبەرێك هەبووایە؛ ئەوا عومەری كوڕی خەتتاب دەبوو.”([84])
مەبەست لەم فەرموودەیە تەنها ئەوەیە كە لەدوای خۆی (ﷺ) پێشەواكان دێن. ئەگەر خوای گەورە بیویستایە ڕاستەوخۆ دوای من پێغەمبەرایەتی بەردەوام بێت؛ ئەوا عومەر دەبوو بە پێغەمبەر، بەڵام دەبێت بە پێشەوا نەك پێغەمبەر.
وە فەرموودەیەكی تر هەیە تیشك دەخاتە سەر ئەم بابەتە، كە بریتیە لەوەی پێغەمبەر (ﷺ) جارێكیان ڕۆیشت بۆ جەنگ و عەلی (رضي الله عنه) كرد بە ئەمیر بەسەر خەڵكی مەدینەوە، وە كەسی تێدا نەمابوو جگە لە دووڕووەکان، ئەویش بە نیگەرانیەوە هات بۆ لای پێغەمبەر (ﷺ) و گوتی: لەگەڵ خۆتدا ببمە، پێغەمبەریش (ﷺ) دڵنیای كردەوە و فەرمووی: “ئایا ڕازی نابیت تۆ بۆ من لە پلەی هارووندا بیت بۆ مووسا بەڵام لە دوای من پێغەمبەر نیە.”([85]) واتە ئەی عەلی، ئەو نزیكیەی لەنێوان من و تۆدا هەیە وەك ئەو نزیكیە وایە كە لەنێوان هاروون و مووسادا هەبووە، وە دوای من ڕۆژێك لەڕۆژان دەبیت بە خەلیفە، وەك چۆن هاروون خەلیفەی مووسا بوو، بەڵام ئەوەندە هەیە تۆ نابیت بە پێغەمبەر.
لێرەدا پێغەمبەر (ﷺ) عەلی چوواندووە بە پێغەمبەرێك و لەهەمان كاتدا ڕایگەیاندووە كە ئەو پێغەمبەر نیە، بۆیە هەروەك چۆن دەكرێت عەلی هاوشێوەی هاروون بێت، بەهەمان شێوە دەكرێت چوار خەلیفەكە بە هاوشێوەی چوار پێغەمبەرەكە ئەژمار بكرێن.
وە ئەم فەرموودەیەی پێغەمبەر (ﷺ) بۆمان ڕوون دەكاتەوە کە دەكرێت خەلیفەكان بە هاوشێوەی پێغەمبەران دابنرێن، بەهەمان شێوە ئاماژە دەكات بۆ ئەو ئاژاوەیەی كە لە سەردەمی عەلیدا (رضي الله عنه) دەركەوت، وەك ئەوەی پێشبینیەكی تێدا بێت دەربارەی ڕوودانی ئاژاوە لە سەردەمی عەلیدا وەك ئەو ئاژاوەیەی کە ڕوویدا لە سەردەمی خیلافەتەكەی هاروون بۆ مووسادا، وە خەڵكی تۆمەتی جۆراوجۆر دەدەنەپاڵ عەلی، بەڵام ئەو پاك و بێگەردە لەو تۆمەتانە هەروەك چۆن هاروون پاك و بێگەرد بوو لە تۆمەتی شیرك. بەكورتی، ئەم فەرموودەیە ئاماژە دەكات بۆ ئەوەی كە عەلی (رضي الله عنه) هاوشێوەی هاروونە (علیه السلام) لە بەڕێوەبردنی كاروباردا، بەجۆرێك حەزی لە نەرمی نواندن دەبێت لە ترسی دروستنەبوونی دووبەرەكی، هەروەك ئەمەش ڕوویدا لە جەنگی صیففیندا، كاتێك ڕازی بوو بە ناوبژیوانیەكە.
فەرموودەیەكی تری پێغەمبەر (ﷺ) دەربارەی خیلافەت
ئێستا لەناو ئەو فەرموودانەدا کە سەبارەت بە پێویستی خیلافەت هاتوون تەنها یەك فەرموودە باس دەكەم چونكە بوار كەمە بۆ باسكردنی لەمە زیاتر.
پێغەمبەر فەرموویەتی: “هیچ پێغەمبەرێك نەبووە مەگەر خیلافەت بەشوێنیدا هاتووە.” [لە كتێبەكانی فەرموودەدا ئەم فەرموودەیەمان نەدۆزیەوە، وە نزیكترین دەق لێیەوە ئەم دەقەیە: “ما كانت نبوة قط إلا تبعتها الخلافة.” (كنز العمال)]
وە پاش ئەم ڕاگەیاندنە گشتیەی پێغەمبەر (ﷺ) نكۆڵیكردن لە خیلافەت تەنها بریتیە لە هێرشکردن بۆسەر پێغەمبەر (ﷺ) و نكۆڵیكردن لە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام)، چونكە پێغەمبەر (ﷺ) لێرەدا ڕێسایەكی گشتی خستووەتەڕوو.
ڕەخنەیەكی گەورە سەبارەت بە مافەكانی خەلیفە
ئێستا باسی ڕەخنەیەكی گەورە و بەناوبانگ دەکەم كە دەگیرێت لە مافی خەلیفە، پاشان بەرپەرچی دەدەمەوە.
یەكێك لە بیروباوەڕەكانمان كە لە ئایەتی ئیستیخلاف و ئایەتی ﴿وَأُوْلِي ٱلۡأَمۡرِ مِنكُمۡۖ﴾ و ئایەتی ﴿وَشَاوِرۡهُمۡ فِي ٱلۡأَمۡرِ ۖ فَإِذَا عَزَمۡتَ فَتَوَكَّلۡ عَلَى ٱللَّهِۚ﴾([86]) دا چەسپاوە ئەوەیە کە پێویستە لەسەر خەلیفە پرس و ڕاوێژ بكات بە کۆمەڵی باوەڕداران لە كاروبارە گرنگەكاندا، بەڵام پابەند نیە بەوەی كاربكات بە پێشنیارەکانیان. هەندێ كەس ڕەخنە لەمە دەگرن و دەڵێن ئەمە پێچەوانەی فێركاری ئیسلامە، ئەوەتا خەلیفەی یەكەم گەورەمان ئەبو بەكر (رضي الله عنه) گوتوویەتی: “ئەگەر لاربوومەوە؛ ئەوا ڕاستم بكەنەوە.”([87]) لەمەوە دەچەسپێت كە خەڵكی مافی ئەوەیان هەیە قەدەغەی شتێك بكەن لە خەلیفە.
ئەم ڕەخنەیە هەمیشە بەیعەتنەدەرەكان دەیگرن و دەڵێن: بێگومان قسەكەی ئەبو بەكر (رضي الله عنه): “ئەگەر لاربوومەوە؛ ئەوا ڕاستم بكەنەوە” بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە خەلیفە دەكرێت هەڵە بكات، وە کۆمەڵ مافی ئەوەی هەیە ڕاستی بكەنەوە هەر كاتێك لە ڕێگای ڕاست لایدا.
وەڵامی ئەم ڕەخنەیە بەم جۆرەیە: كردەوەی گەورەمان ئەبو بەكر (رضي الله عنه) شایەتە لەسەر ئەوەی کە لە قسەكەیدا هەرگیز ئەو مەبەستەی نەبووە كە ڕەخنەگرەكان مەبەستیانە. هەروەك موسوڵمانان لە قسەكەی وەها تێنەگەیشتوون كە پێویستە لەسەریان بەتوندی ڕاستی بكەنەوە ئەگەر بینییان بۆچوونی پێچەوانەی بۆچوونی ئەوانە. كۆمەڵێك هاوەڵی گەورە هاتن و ویستیان ئەبو بەكر سوپاكەی ئوسامە نەنێرێت بۆ شام، بەڵام نەیانگوت پێی: پێویستە پابەند بیت بە بڕیارەكەی ئێمەوە ئەگینا ڕاستت دەكەینەوە، بەڵكو بۆچوونی هەموویانی ڕەت كردەوە و گوتی: دەبێت سوپاكەی ئوسامە بەڕێبکەوێت. ئەوە بوو هاوەڵان بۆچوونی خۆیان گۆڕی. بەهەمان شێوە هاوەڵان داوایان كرد لە ئەبو بەكر كە هەڵوێستی نەرم بێت بەرامبەر یاخیبووان، بەڵام داواكەیانی ڕەت كردەوە و گوتی: بەو شێوەیەی شایستەیانە هەڵسوكەوتیان لەگەڵدا دەكەم. هاوەڵانیش پێیان نەگوت دیارە تۆ ڕازی نەبوویت بە بڕیاری ئێمە بۆیە وازت لێ ناهێنین هەتا ڕاست نەكەینەوە، بەڵكو دانیان نا بە هەڵەی خۆیاندا و سەریان نەوی كرد لەبەردەم بڕیارەكەی ئەبو بەكردا. بۆیە هەر كاتێك بۆچوونی ناکۆك بوایە لەگەڵ بۆچوونی ئەواندا دەیگوت: بۆچوونی من دروستە، وە ئێوە هەڵەن. وە یەك نموونە نابینینەوە كە خەڵكی ڕاستیان كردبێتەوە، یان خۆی گوتبێتی پێیان: ئەی موسوڵمانان، كەمێك لامداوە وەرن ڕاستم بكەنەوە. لەبەر ئەوە ناكرێت و ناگونجێت ئەم قسەیەی ئەبو بەكر بەشێوەیەك تەفسیر بكرێت مەگەر بەو شێوەیەی كە تەبا بێت لەگەڵ حوكمەكانی خوا و پێغەمبەرەكەی و كردەوەكانی خۆیدا.
لاربوونەوە (الزیغ) واتە كوفری ئاشكرا
بزانن لێرەدا لاربوونەوە واتە كوفری ئاشكرا كە ئاماژەی پێ دراوە لە کۆمەڵێك فەرموودەی تردا، بۆیە ئەبو بەکر (رضي الله عنه) پێیان دەڵێت: گوێڕایەڵیتان بۆم واجبە هەتا كار بكەم بەگوێرەی فێركاریەكانی ئیسلام، بەڵام ئەگەر پێچەوانەی ئیسلام جووڵامەوە و كوفری ئاشكرام لێ دەركەوت؛ ئەوا پێویستە ڕووبەڕووم ببنەوە. مەبەست ئەوە نیە كە ڕۆژانە ڕەخنە بگرن لە بڕیارەكانی و بەو شێوەیەی خۆیان پێی ڕازین كار بكەن و لە شتێكدا ڕازی نەبوون دژی بوەستن.
ئایا ئەگەری هەبووە ئەبو بەكر بكەوێتە ناو كوفری ئاشكراوە
ئەگەر كەسێك گوتی: ئایا ئەگەری هەبووە ئەبو بەكر بكەوێتە ناو كوفری ئاشكراوە، وەڵامەكە ئەوەیە: ئایا دەشێت ئەبو بەكر لاربێتەوە و لەڕێگای ڕاست لابدات بە جۆرێك كارەكە ئەوە بخوازێت موسوڵمانان ڕاستی بكەنەوە. ئەمە ئەستەمە، مەگەر ئەوەی هاوەڵان بڵێن فڵان شت لە قورئانی پیرۆز و فەرموودەوە چەسپاوە، ئەبو بەكریش وەڵامیان بداتەوە و بڵێت: ئەوە قەبووڵ ناكەم كە لە قورئانی پیرۆز و فەرموودەدا هاتووە. پرسیار: ئایا ئەگەری هەبووە ئەبو بەكر (رضي الله عنه) بەم شێوەیە دژی قورئانی پیرۆز و فەرموودە ڕەفتار بكات، هەتا كارەكە ئەوە بخوازێت موسوڵمانان بە تێڵاوە هەستن بۆ ڕاستكردنەوەی؟ مادام ئەمە شتێكی ئەستەمە، ئەوەش ئەستەمە كە كوفری ئاشكرا لێیەوە دەربكەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم وتەیەی گوتووە بۆ ئەوەی ڕوونی بكاتەوە بۆ خەڵكی كە ڕاستیە ئەزەلیەكە لەسەرووی هەموو شتێكەوەیە، نەك ئەوەی دەركەوتنی كوفری ئاشكرا لێیەوە ئەگەری هەبووە، پەنا بە خوا. ئەم قسەیەی ئەو تەنها مانای ئەوە بووە كە من تەنها خەلیفەیەكم و كاری من تەنها ئەوەیە كە بە شێوەیەكی ڕاست و دروست فێركاریەكانی پێغەمبەرە ڕابەرەكەم بچەسپێنم لە دنیادا، بۆیە پێویستە لەسەرتان فەزڵی ئەم ڕاستیە ئەزەلیە بدەن بەسەر هەموو شتێكدا و سستی نەكەن لە دەستگرتن بەم بنەما ڕەسەنەوە ئەگەرچی من ئەو كەسە بم كە بەپێچەوانەی ئەمە فەرمانتان پێ بكەم.
هەندێ نموونە لە قورئانی پیرۆزەوە
ئێستا لە قورئانی پیرۆزەوە وەک نموونە كۆمەڵێك دەربڕینی هاوشێوە دەهێنمەوە.
كاتێك بێباوەڕەکان بە شوعەیبیان (علیه السلام) گوت وەرە پەیوەندی بكە بە ئێمەوە ئێمەش پەیوەندی دەكەین بە تۆوە، وەڵامی دانەوە و فەرمووی: ﴿وَمَا يَكُونُ لَنَآ أَن نَّعُودَ فِيهَآ إِلَّآ أَن يَشَآءَ ٱللَّهُ رَبُّنَاۚ﴾([88]). واتە ئەستەمە ئێمە بێینە ناو ئایینەكەی ئێوەوە مەگەر خوای پەروەردگارمان بیەوێت.
ئایا هیچ كەسێك بۆی هەیە بڵێت گەڕانەوەی شوعەیب بۆ ناو كوفر ئەگەری هەبووە؟ نەخێر، گەڕانەوەی بۆ ناو كوفر شتێكی ئەستەم بوو، چونكە پێغەمبەری خوایە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم قسەیەی كردووە. لە ڕاستیدا تەنها بۆیە ئەم قسەیەی كردووە بۆ ئەوەی مەزنی و شكۆی خوا بخاتەڕوو بۆ خەڵكی، بۆیە گوتوویەتی: ئەستەمە بگەڕێمەوە بۆ ناو كوفر، ئەمە لەبەر گەورەیی و مەزنێتی خۆم نیە بەڵكو لەبەر ئەوەیە كە خوا سەرم دەخات و یارمەتیم دەدات، ئەگەر یارمەتی و هاوكاری ئەو نەبوایە؛ ئەوا بەم شێوەیە پارێزراو نەدەبووم.
بە هەمان شێوە خوا لەسەر زمانی پێغەمبەرەكەیەوە (ﷺ) دەربڕینێكی هاوشێوەی فەرمووە بەجۆرێك لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە: ﴿قُلۡ إِن كَانَ لِلرَّحۡمَٰنِ وَلَدٞ فَأَنَا۠ أَوَّلُ ٱلۡعَٰبِدِينَ﴾([89]).
ئەم ئایەتە مانای ئەوە نیە كە ئەگەری هەیە خوای گەورە کوڕێکی هەبێت، بەڵكو مەبەست لێی ئەوەیە بەدڵنیاییەوە خوای گەورە هیچ کوڕێکی نیە، بەڵام ئەگەر کوڕی هەبوایە؛ ئەوا من یەكەم كەس دەبووم كە بیپەرستم لەبەرئەوەی بەندەیەكی گوێڕایەڵم بۆ خوای گەورە.
بەهەمان شێوە دەركەوتنی كوفری ئاشكرا لە گەورەمان ئەبو بەكری ڕاستگۆوە بەدڵنیاییەوە شتێكی ئەستەم بووە، بەڵام بۆ چەسپاندنی حەقیقەتە ئەزەلیەكە لە مێشكی خەڵكیدا گوتوویەتی: تەنانەت ئەگەر من پێچەوانەی ئەو ڕاستیە جووڵامەوە، ئەوا گوێم پێ مەدەن.
ڕووداوێك لە سەردەمی مەسیحی بەڵێندراودا (علیه السلام)
ڕووداوێك هەیە لە سەردەمی مەسیحی بەڵێندراودا (علیه السلام) تیشك دەخاتە سەر ئەم بابەتە. كەسێك هەبوو ناوی میان نیزامەددین بوو، كاتێك مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) بانگەشەی ئەوەی كرد كە مەسیحی ناسیرەیی (علیه السلام) كۆچی دوایی كردووە، هەرایەك لە سەرتاپای هیندستاندا بەرپا بوو، وە لەو ڕۆژگارەدا حەزرەتی خەلیفەی یەكەم (رضي الله عنه) بە مۆڵەت لە جامۆنەوە هات بۆ لاهۆر، وە مەولەوی موحەممەد حوسێن بەتاڵەیی گەیشتە لاهۆر و تەحەددای كرد بۆ دیبەیت، وە مەرجی لەسەر دانا كە دەبێت گفتوگۆكە دەربارەی ژیان و كۆچی دوایی مەسیح بێت تەنها بە گوێرەی فەرموودە. حەزرەتی خەلیفەی یەكەم پێی گوت: فەرموودە دەسەڵاتدار نیە بەسەر قورئانەوە بەڵكو قورئانی پیرۆز فەرمانڕەوایە بەسەر فەرموودەوە، بۆیە پێویستە لەسەرمان بەگوێرەی ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز پرسەكە یەكلایی بكەینەوە. بەڵام ئەو ڕازی نەبوو، مشتومڕ بەردەوام بوو لە نێوانیاندا، وە لەلایەن هەردوو لاوە یەك لەدوای یەك و بەردەوام ڕاگەیاندن دەردەچوو بۆ دیاریكردنی چۆنێتی بەڕێوەچوونی دیبەیتەكە. مەولەوی نیزامەددین هاوەڵی مەولەوی موحەممەد حوسەین بەتاڵەیی بوو، هەروەها پەیوەندیەكی پتەویشی هەبوو لەگەڵ مەسیحی بەڵێندراودا (علیه السلام)، بۆیە ویستی ناكۆكی نێوانیان یەكلا بكاتەوە. ئەم پیاوە لەدڵی خۆیدا گوتی بەڕێز میرزا پیاوێكی چاكە، ناگونجێت شتێك بڵێت پێچەوانەی قورئانی پیرۆز بێت، کەواتە دەبێت شتێكی گوتبێت كە مەولەوی بەتاڵەیی باش تێنەگەیشتبێت لێی، بۆیە تووڕەبووە و ڕاستبووەتەوە بۆ دژایەتی كردنی، ئەگینا چۆن دەگونجێت قورئانی پیرۆز بفەرموێت مەسیح زیندووە و مرۆڤێكی بەتەقوا و خۆپارێزی وەك میرزا بڵێت مردووە بە پێچەوانەی قورئانی پیرۆزەوە؟ بۆیە زۆر بەپەرۆشیەوە هات بۆ قادیان و بە مەسیحی بەڵێندراوی (علیه السلام) گوت: بیستوومە تۆ دەڵێیت مەسیح (علیه السلام) كۆچی دوایی كردووە؟ بەڕێزی (علیه السلام) فەرمووی: بەڵێ وا دەڵێم. گوتی: ئەگەر ژیانی مەسیح لە قورئانی پیرۆزدا چەسپا، ئایا واز لە بیروباوەڕی خۆت دەهێنیت؟ بەڕێزی (علیه السلام) فەرمووی: بەڵێ واز دەهێنم، بۆچی وازنەهێنم؟ ئەگەر ژیانی مەسیحت سەلماند لە قورئانی پیرۆزدا؛ ئەوا منیش باوەڕدەهێنم كە زیندووە و لە ژیاندایە. مەولەوی نیزامەددین بەوپەڕی دڵخۆشیەوە گوتی: پێشتر من دەمگوت میرزا مرۆڤێكی چاكە و ناگونجێت بە ئەنقەست شتێك بڵێت پێچەوانەی قورئانی پیرۆز بێت، وە دەبێت هەڵە حاڵیبوونێك لێیەوە ڕوویدابێت، ئەگەر هەڵە حاڵیبوونەكەی نەمێنێت؛ ئەوا ڕازیكردنی بە ژیانی مەسیح هەرگیز شتێكی قورس نابێت. پاشان گوتی: زۆر باشە، ئەگەر سەد ئایەتم بۆ هێنایت لەسەر ژیانی مەسیح ئایا قەناعەت دەكەیت؟ بەڕێزی (علیه السلام) فەرمووی: سەد ئایەت نا، بەڵکو یەك ئایەتم بەسە لە قورئانی پیرۆزدا. گوتی: زۆر باشە، ئەگەر سەد ئایەتم بۆ نەهێنایت؛ ئەوا پەنجا ئایەتت بۆ دەهێنم. بەڕێزی (علیه السلام) فەرمووی: پێم گوتیت یەك ئایەتم بەسە و پێویست بە سەد یان پەنجا ئایەت ناكات. گوتی: زۆر باشە، بەلایەنی كەمەوە دە ئایەتت بۆ دەهێنم كە ژیانی مەسیح بسەلمێنێت. ئەوەبوو بە شوێنی خۆیدا گەڕایەوە بۆ لاهۆر و چاوی كەوت بە شێخ بەتاڵەیی. مشتومڕ و چەندوچوون لە نێوان خەلیفەی یەكەم و بەتاڵەیی لەسەر مەرجەكانی دیبەیتەكە زۆر درێژەی كێشا، بەڕێزی بێزار بوو لەمە و ڕازی بوو بەوەی لە فەرموودەكانی بوخاریەوە بەڵگە بهێنرێتەوە سەرباری قورئانی پیرۆز. بەتاڵەیی بەم سەركەوتنە زۆر دڵخۆش بوو، وە لە مزگەوت دانیشتبوو بەوپەڕی شانازییەوە دەیگوت: ئاوەها مەولەوی نوورەددینم بۆڕدا و ئاوەها دام بەزەویدا، تەنانەت هیچ چارێكی نەما جگە لە قەبووڵكردنی هێنانەوەی فەرموودە لەپاڵ قورئانی پیرۆزدا لە دیبەیتەكەدا. لەكاتێكدا ئاوا شانازی دەكرد و خۆی هەڵدەكێشا لەناكاو میان نیزامەددین گەیشتە لای و پێی گوت: واز لەم گفتوگۆیە بهێنە یا شێخ، من چووم بۆ قادیان و قەناعەتم كرد بە بەڕێز میرزا كە ئەگەر دە ئایەتی بۆ بهێنم لە قورئانی پیرۆز لەسەر ژیانی مەسیح؛ ئەوا وازدەهێنێت لە بیروباوەڕی خۆی، دەی خێراكە و ئەم دە ئایەتەم بۆ دەربهێنە لە قورئاندا بۆ ئەوەی لە چاوتروكانێكدا كێشەكە یەكلایی بكەمەوە و وەها بكەم لە بەڕێز میرزا بە زمانی خۆی دان بنێت بەوەدا كە عیسا (علیه السلام) زیندووە لە ئاسماندا. بە بیستنی ئەم قسەیە مەولەوی بەتاڵەیی كە بەوپەڕی خۆهەڵكێشان و شانازییەوە بە خەڵكی دەگوت ئاوەها نوورەددینم دا بە زەویدا و ئاوەها شكستم پێ هێنا، ڕێسەكەی بوویەوە بە خوری و خەفەت و پەژارە دایگرت و بەتووڕەییەوە گوتی: چ گەمژەیەك بەتۆی گوت بچیت بۆ لای میرزا؟ پاش مشتومڕێكی نزیكەی دوو مانگی ئینجا قەناعەتم كرد بە نوورەددین كە پێویستە باسی فەرموودە بكرێت لە دیبەیتەكەدا، وە تۆ گفتوگۆكەت گێڕایەوە بۆ لای قورئان؟ میان نیزامەددین پیاوێكی باش بوو، بۆیە كاتێك قسەكەی بەتاڵەیی بیست ماوەیەك دۆشداما و واقیوڕما، ئینجا ڕووی کردە بەتاڵەیی و گوتی: جەنابی شێخ، ئەگەر لە قورئانی پیرۆزدا بەڵگەیەك نیە لەسەر ژیانی مەسیح؛ ئەوا هەر كەسێك لەگەڵ قورئاندا بێت من لەگەڵ ئەو كەسەدام. پاشان لای بەتاڵەیی دەرچوو و دەستبەجێ هات بۆ قادیان و بەیعەتی دا بە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام).
لەگەڵ ئەوەی خوای گەورە حەقیقەتی مردنی مەسیحی ناسیرەیی ئاشكرا كردبوو بۆ مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام)، وە لەگەڵ ئەوەی ئەم پرسەی سەلماندبوو بە بەڵگەی گومانبڕ لە قورئانی پیرۆز و فەرموودەكانەوە، بەڵام بە میان نیزامەددینی فەرموو: ئەگەر یەك ئایەتی قورئانم بۆ بهێنیت پێچەوانەی مردنی مەسیح بێت؛ ئەوا من وازدەهێنم لە بیروباوەڕەكەم. ئایا هیچ كەسێك دەتوانێت بڵێت ئەم قسەیە مانای ئەوەیە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) بەتەواوەتی یەقینی نەبووە بە مردنی مەسیح، وە گومانی هەبووە كە ڕەنگە ئایەتێك هەبێت لە قورئانی پیرۆزدا بە پێچەوانەی مردنەكەی؟ ئەوەی ئەم قسەیە بكات لە هەموو كەس نەفامترە، چونكە بەڕێزی (علیه السلام) كاتێك بەو پیاوەی فەرموو: ئەگەر ئایەتێكی قورئانم بۆ بهێنیت لەسەر ژیانی مەسیح؛ ئەوا وازدەهێنم لە بیروباوەڕەكەی خۆم، لەبەر مەزنی و گەورەیی قورئانی پیرۆز ئەمەی فەرمووە، مەبەستی ئەوە بووە ئەگەر بیروباوەڕەكەی بە ئەندازەی كێشی گەردیلەیەك پێچەوانەی قورئانی پیرۆز بێت؛ ئەوا ئامادەیە وازی لێ بهێنێت، وە مەبەستی ئەوە نەبووە كە ڕەنگە بیروباوەڕەكەی پێچەوانەی قورئان بێت. بەهەمان شێوە وتەكەی ئەبو بەكر (رضي الله عنه) مانای ئەوە نیە کە ئەگەری هەبووە كوفری ئاشكرا لێیەوە دەربکەوێت، بەڵكو تەنها مانای ئەوەیە كە لە هەموو بارودۆخێكدا ڕاستی شایانی ئەوەیە پەیڕەو بكرێت، جا ئەگەر من پێچەوانەی ڕاستی بووم؛ ئەوا گوێڕایەڵیم مەكەن، نەك مەبەستی ئەوە بێت كە دەكرێت و دەشێت لە كارێك لە كارەكاندا پێچەوانەی حوكمی خوا و پێغەمبەرەكەی بجووڵێتەوە. هەروەها ئەم وتەیەی نابێت بەو شێوەیە تەفسیر بكرێت كە ڕەخنەگران دەیانەوێت، لەگەڵ بوونی فەرمایشتی خوای گەورە ﴿أَطِيعُواْ ٱللَّهَ وَأَطِيعُواْ ٱلرَّسُولَ وَأُوْلِي ٱلۡأَمۡرِ مِنكُمۡۖ﴾ و ئایەتی ئیستیخلافدا.
ئایەتی ئیستیخلاف و خیلافەتەكەی من
پاش قسەكردن دەربارەی خیلافەتی ئیسلامی ئەحمەدی لەبەر ڕۆشنایی ئایەتی ئیستیخلافدا، ئێستا بەكورتی باسی خیلافەتەكەی خۆم دەکەم.
یەكەم: خوای گەورە لەم فەرمایشتەی خۆیدا: ﴿وَعَدَ ٱللَّهُ ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ مِنكُمۡ وَعَمِلُواْ ٱلصَّٰلِحَٰتِ لَيَسۡتَخۡلِفَنَّهُمۡ فِي ٱلۡأَرۡضِ كَمَا ٱسۡتَخۡلَفَ ٱلَّذِينَ مِن قَبۡلِهِمۡ﴾([90]) ڕوونی كردووەتەوە كە سیستەمی خیلافەت بە دامەزراوی دەمێنێتەوە لەناو ئوممەتدا مادام زۆرینەی ئوممەت باوەڕدار بن و كردەوەی چاك بكەن، بۆیە سەرەتا پێویستە بڕوانین ئایا كۆمەڵەكەمان بەردەوام باوەڕدارە و كردەوەی چاك دەكات یان نا.. مەبەستم ئەوەیە ئایا ناوبانگێكی باشی هەیە، وە ئایا زۆرینەی ڕۆڵەكانی كردەوەی چاك دەكەن یان نا؟ وەڵامی ئەمە پێویستی بە هیچ بەڵگەیەك نیە، هەموو كەسێك دەزانێت كە كۆمەڵەكەمان ناوبانگێكی باشی هەیە و زۆرینەی ئەندامەكانی كردەوەی چاك دەكەن. دەی مادام ئەمە دۆخی باوەڕ و كردەوە چاكەكانیان بێت؛ ئەوا پێویستە بەڵێنی خیلافەت بێتەدی بۆیان چونكە خوای گەورە بەڵێنی ئەمەی داوە بە باوەڕداران و فەرموویەتی: ﴿ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ مِنكُمۡ وَعَمِلُواْ ٱلصَّٰلِحَٰتِ﴾، وە بەڵێنی خوا دەبێت بێتەدی.
دووەم: خوای گەورە لێرەدا فەرموویەتی ﴿كَمَا ٱسۡتَخۡلَفَ ٱلَّذِينَ مِن قَبۡلِهِمۡ﴾ واتە خەلیفەكان لە ئوممەتدا دادەمەزرێنێت وەك چۆن ئەوانی پێشووی كرد بە خەلیفە، بەو مانایە هەروەك چۆن خەلیفەكانی پێشوو بەهێز و توانای خوا بوون بە خەلیفە و هیچ كەسێك نەیتوانی دژایەتی خیلافەتەكەیان بكات، ئێستاش هەمان شت ڕوودەدات.
ئەم نیشانەیە لە خیلافەتەكەی منیشدا هەیە. لە سەردەمی خەلیفەی یەكەمدا (رضي الله عنه) ترسی دوژمنان تەنها لە دەرەوە هەبوو واتە ترسێکی دەرەکی هەبوو، بەڵام لە خیلافەتەکەی مندا ترسی دوژمنان لە ناوخۆشدا زیادی كرد. پاشان حەزرەتی خەلیفەی یەكەم (رضي الله عنه) لە ژیانی مەسیحی بەڵێندراودا (علیه السلام) نازناوی حەكیمی ئوممەت و چەند نازناوێكی تری پێ درا، بەڵام من ساڵانێك لەناو كۆمەڵدا پڕوپاگەندە لە دژم كرا كە ئەگەر جڵەوی كاروباری ئەم كۆمەڵە بدرێتە دەستی مناڵێك؛ ئەوا كۆمەڵەكە تیادەچێت. پاشان شارەزا نەبووم لە زمانی عەرەبی و زمانی ئینگلیزی، وە هیچ شارەزایی و لێهاتوویەكم نەبوو كە بمكات بە جێگای سەرنج و تێڕوانینی خەڵكی، وە لەناو كۆمەڵدا پێگە و دەسەڵاتێكم نەبوو، بەڵكو مەولەوی موحەممەد عەلی هەموو دەسەڵاتێكی هەبوو، وە هەر شتێكی بویستایە دەیكرد. لەم هەلومەرجەدا، دژی ئەم كەسە وەستا كە بە مناڵێكی فریودراو ئەژمار دەكرا بەهۆی تەمەنەكەیەوە، وە بەنەزان دادەنرا بەهۆی كەمی زانستیەكەیەوە، وە هیچ دەسەڵاتێكی نەبوو لە دەزگای “صدر أنجمن”دا و خاوەنی ماڵ و سامان نەبوو، وە دەوترا كۆمەڵ دەفەوتێنێت، خەڵكانێك کە خاوەنی بڕوانامەی بەرز و ماڵ و سامانی كۆمەڵ بوون، وە ماوەی چەندین ساڵ دەسەڵات و شكۆیان هەبوو بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە ناهێڵن ئەم مناڵە ببێت بە خەلیفە، ئەوە بوو خوای گەورە لە هەوڵەكانیاندا شكستی پێ هێنان و نائومێدی كردن و ئەو كەسەی هەڵبژارد بۆ پایەی خیلافەت. كاتێك ئەو كەسانە نائومێدی و شكستی خۆیان بینی جیابوونەوە و لێرە ڕۆیشتن و گوتیان: بێگومان كۆمەڵ گەوجێتیەكی گەورەی ئەنجامدا کاتێك مناڵێكی فریودراوی گەمژەی کرد بە خەلیفە، وە پاش چەند ڕۆژێك ئاكامی تاڵی ئەم كارەیان دەچێژن و كۆمەڵ دەفەوتێت و سەرچاوەی داراییەكانی وشك دەبن و ناوبانگی لەكەدار دەبێت، وە بەهۆی ئەم مناڵە فریوخواردووەوە ئەو پێشكەوتن و گەشەیەی كۆمەڵ بەدەستی هێناوە بەفیڕۆ دەچێت. بەڵام چی ڕوویدا؟ كاتێك خوا ئەم مناڵەی لە پایەی خیلافەت دامەزراند، ئەم شێرەی خوا دەستی كرد بە هێرشكردن وەك چۆن شێر هێرش دەكات بۆ مەڕ، لێرە مەڕێكی گرت، وە لەوێ مەڕێكی گرت، وە ئاسكێكی ڕاوكرد لە ڕۆژهەڵات و ئاسكێك لە ڕۆژئاوا، وە بەرانێك لە باكوور و بەرانێك لە باشوور، بۆ ئەوەی كۆیان بكاتەوە و وەك قوربانی پێشكەشیان بكات لەسەر قوربانگاکەی مەسیحی خوا. تەنانەت ئەو کەسانەی ئەمڕۆ ئامادەبوون لەم جەلسەیەدا ژمارەیان زیاترە لەوانەی كە لە كۆتا جەلسەی ساڵانەدا ئامادەبوون لە ژیانی مەسیحی بەڵێندراودا (علیه السلام). کەواتە ئەو كەسەی دوو چاوی هەیە با تەماشا بكات، وە ئەو كەسەی دوو گوێچكەی هەیە با ببیستێت، ئایا خوا بە فەزڵی خۆی هەموو ئەو تانە و تەشەرانەی پووچەڵ نەكردەوە كە لە من دەدران؟ ئایا خوای گەورە ئەو گەنجەی نەكرد بە خەلیفەی كۆمەڵ كە تەمەنی دەگەیشتە 25 ساڵ و دەوترا كۆمەڵ دەفەوتێنێت، پاشان لەسەردەستیدا پێشكەوتن و گەشەیەكی سەرسوڕهێنەری نەنووسی، بۆ ئەوەی ئاشكرای بكات كە ئەو خەلیفەیەك نیە دروستكراوی مرۆڤ بێت، بەڵكو خوا كردی بە خەلیفە و هیچ كەسێك ناتوانێت بەرەنگاری بێتەوە؟
سێیەم: وە ئەو نیشانەیەی كە خوای گەورە باسی كردووە لە ئایەتی ئیستیخلافدا و بریتیە لە ﴿وَلَيُمَكِّنَنَّ لَهُمۡ دِينَهُمُ ٱلَّذِي ٱرۡتَضَىٰ لَهُمۡ﴾ واتە خوا ئەو زانستە ئایینیانە ڕەگداكوتاو دەكات لە دنیادا كە دەیبەخشێت بەم خەلیفانە و هیچ كەسێك ناتوانێت بیانسڕێتەوە. گومانی تێدا نیە هاوەڵان پلەیەكی تایبەتییان هەبوو بەهۆی نزیكییان لە پێغەمبەری خواوە (ﷺ)، وە گومانی تێدا نیە كە كۆكردنەوەی فەرموودەكان لەلایەن هاوەڵانەوە لە خودی خۆیدا كارێكی مەزن بوو پلەی ئەوان بەرزدەكاتەوە زیاتر لەوەی کە بەبیری خەڵكی گشتیدا دێت. پاشان ئەوەش گومانی تێدا نیە كە حەزرەتی خەلیفەی یەكەم (رضي الله عنه) شارەزاییەكی تەواوی هەبوو لە زانستەكانی قورئانی پیرۆزدا، وە شەیدای قورئان بوو، وە چاكەكانی مەزنن بەسەر كۆمەڵەکەمانەوە. بەڵام هیچ یەكێك لەوان تۆمەتبار نەكراوە بەوەی کەسێکی نەزانە، بۆیە سیفەتی (العلیم)ی خوا بە شكۆ و گەورەییەوە درەوشایەوە لەسەردەستی مندا بە جۆرێك کە نموونەی نیە لە كۆمەڵی خەلیفەكاندا. من ئەو كەسە بووم كە پێیان دەگوت مناڵی دوێنێ، وە من ئەو كەسە بووم كە پێی دەوترا نەزان و كاڵفام و گەمژە، بەڵام پاش ئەوەی پایەی خیلافەتم گرتەئەستۆ خوا بەڕێژەیەكی زۆر زانستی قورئانی ئاشكرا كرد بۆم بەجۆرێك ئوممەتی ئیسلامی ناچارە هەتا ڕۆژی قیامەت كتێبەكانم بخوێنێتەوە و سوودیان لێ وەربگرێت. ئایا پرس و بابەتێكی ئیسلامی هەیە خوای گەورە ئاشكرای نەكردبێت بۆم بە هەموو وردەكاریەكانیەوە؟ لە ئوممەتی ئیسلامیدا ماوەی 13 سەدەیە کۆمەڵێك بابەتی تێروتەسەل نەبووە دەربارەی پرسی پێغەمبەرایەتی و پرسی كوفر و پرسی خیلافەت و پرسی قەزا و قەدەر و چەمكە قورئانیە گرنگە پێویستەكان، وە پرسەكانی ئابووری ئیسلامی و سیاسەتی ئیسلامی و پرسە ئیسلامیە كۆمەڵایەتیەكان و هی تریش، بەڵام خوای گەورە یارمەتیدام و سەركەوتووی كردم بۆ ئەنجامدانی ئەم خزمەتە، وە بەهۆی منەوە دەربارەی ئەم بابەتانە زانیاریەكانی قورئانی پیرۆز ئاشكرابوون كە ئەمڕۆ دۆست و دوژمن هەموویان ئەو زانیاریانە دەگوازنەوە. هەرچەند جنێوم پێ بدرێت و بە خراپە باس بکرێم، بەڵام كەسێك بیەوێت فێركاری ئیسلامی بڵاوبكاتەوە لە جیهاندا دەبێت زانست لە من وەربگرێت و كۆمەك لە من بخوازێت، وە هیچ كەسێك ناتوانێت گەردنی خۆی ئازاد بكات لە بازنەی چاكەی من چ لە “پەیامییەكان” یان لە “میسرییەكان” [**] بێت، هەركاتێك مناڵەكانیان بیانەوێت خزمەتی ئایین بكەن ناچار دەبن كتێبەكانی من بخوێننەوە و سوودیان لێ وەربگرن. بەڵكو دەتوانم بڵێم، بەبێ شانازی و خۆهەڵكێشان، بەدەستی من كۆمەڵێك بابەت و ماددە كۆكراوەتەوە و بەردەوام كۆدەكرێتەوە كە بەدەستی خەلیفەكان كۆنەكراوەتەوە. هەرچۆنێك ئەو كەسانە جنێوم پێ بدەن و هەرچۆنێك بە خراپە باسم بكەن بەڵام تەنها لە ڕێگەی منەوە زانستەكانی قورئانیان دەستگیر دەبێت، وە جیهان ناچارە پێیان بڵێت: ئەی گەوج و نەفامەكان، هەموو ئەوەی لە هەگبەكەتاندایە لەوەوە وەرتانگرتووە، ئیتر چۆن دژایەتی دەكەن؟
[**] لێرەدا مەبەست لە میسرییەكان ئەوانەن كە پەیوەندییان هەیە بە مەولەوی شێخ عەبدولڕەحمانی میسرییەوە. ئەم كەسە لە هیندۆسیەوە بوو بە موسوڵمان. لە ساڵی 1913ز نێردرا بۆ میسر بۆ خوێندنی زمانی عەرەبی، بۆیە بە نازناوی “شێخی میسری” ناوبانگی دەركرد. لە ساڵی سیەكاندا پەیوەندی كرد بە تاقمی ئەحمەدیە لاهۆریەكانەوە، پاشان وازی لەوانیش هێنا. پێویستە بزانرێت كە وشەی “شێخ” بەشێكە لە ناوەكەی، چونكە ئەو كەسەی لە هیندۆسیەوە موسوڵمان بوایە نازناوی “شێخ”یان زیاد دەكرد بۆ ناوەكەی. (وەرگێڕی عەرەبی)
چوارەم: نیشانەی چوارەم كە لەم ئایەتەدا باسكراوە بریتیە لە ﴿وَلَيُبَدِّلَنَّهُم مِّنۢ بَعۡدِ خَوۡفِهِمۡ أَمۡنٗاۚ﴾ واتە خوای گەورە ترسی خەلیفەكان دەگۆڕێت بۆ هێمنی و ئاسایش. دیارە زۆر بەڕوونی خوا ئەم نیشانەیەی هێنایەدی لە ماوەی ژیانی مندا. كاتێك خەلیفەی یەكەم هەڵبژێردرا ترسێك هەبوو ئەویش ئەوە بوو کە دوژمنان لە دەرەوە گاڵتە دەكەن و هەوڵ دەدەن بۆ زیانگەیاندن بە یەكگرتوویی كۆمەڵ، بەڵام لە سەرەتای خیلافەتەكەی منەوە تەنها ترسێك نەبوو لەلایەن دوژمنە دەرەكیەكانەوە، بەڵكو ئاژاوە لە ناوخۆی كۆمەڵیشدا دروست بوو، وە مەترسی ئەوە هەبوو كە ڕۆڵەكانی كۆمەڵ كاریگەر بن بەم ئاژاوە ناوخۆییە، ئەوە بوو خوای گەورە لەسەردەستی من ئەم ترسەی گۆڕی بۆ ئاسایش سەرەڕای هەلومەرجە سەختەکان، وە بەتەواوەتی ئەو مەترسیەی لەناوبرد كە كۆمەڵ لابدات لە بیروباوەڕە دروستەكان. بۆیە دەبینن ئەمڕۆ شێخی میسریش دەڵێت مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) پێغەمبەر بووە سەرەڕای ئەوەی دژایەتی من دەكات. ئەگەر كەسێكی بە ویژدان و ڕاستگۆ بوایە؛ ئەوا دەبوایە دانی بەوەدا بنایە كە بەهۆی منەوە كۆمەڵ جێگیر بوو لەسەر ئەم هەڵوێستە، وە من بووم كە چارەسەری ئەم گرفتەم کرد. دەی ئایا خوای گەورە دەیەوێت ئەم گرفتە چارەسەر بكات لەسەر دەستی كەسێك کە شایستەی دوورخستنەوە و لابردن بێت وەك ئەمڕۆ شیخی میسری دەیڵێت؟
بەهەمان شێوە هەلومەرجی زۆر سەخت و مەترسیداری تر هات بەسەر كۆمەڵدا، بەڵام خوای گەورە لە هەموو مەترسیەكاندا پشتگیری كردم، وە ئەم ترسەی گۆڕی بۆ ئاسایش بەهۆی منەوە. كاتێك ئازادیخوازەكان[*] بەهێزبوون خەڵكی پێیان وا بوو ئێستا ئیتر ئەم كۆمەڵە دەفەوتێت، لەو كاتەدا گوتم من وایدەبینم بەڕە لە ژێر پێی ئازادیخوازەكاندا دەردەهێنرێت. چەند ڕۆژێك دوای ئەوە بەڕە لەژێر پێیان دەرهێنرا و لە جیهاندا سووك و ڕسوا بوون. لەم دواییەدا یەكێك لە سیخەكان[**] وتارێكی نووسی و بە خەڵكی گوت: هەرچۆن بە درۆزنی بزانن، بەڵام شتێك هەیە كەس ناتوانێت نكۆڵی لێ بكات، ئەویش ئەوەیە كاتێك ئازادیخوازەكان بەهێز بوون و باوەڕ وا بوو كۆمەڵی ئەحمەدیەت لەناودەبەن پێشەوای ئەم كۆمەڵە ڕایگەیاند من وایدەبینم بەڕە لەژێر پێی ئازادیخوازەكان دەردەهێنرێت. ئەم قسەیەی ئەو بەوپەڕی شكۆوە هاتەدی. لەڕابردوودا هەركاتێك ئازادیخوازەكان ڕابەرایەتی بزووتنەوەیەكیان كردبێت سەركەوتوو بوون تێیدا، بەڵام ئەمڕۆ هەر جووڵەیەك دەكەن شكست دەهێنێت.
[*]ئازادیخوازەكان یان مەجلیسی ئازادیخوازەكان بریتی بوون لە گرووپێكی پیاوانی ئایینی و شوێنكەوتە دەمارگیرە توندڕەوەكانیان. پەیوەندییان كرد بە حیزبی كۆنگرێسی هیندۆسیەوە بۆ دژایەتیكردنی دامەزراندی پاكستان وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ بۆ موسوڵمانان، وە كاتێك پاكستان دامەزرا هەڵهاتن بۆ ئەو وڵاتە و بەوپەڕی بێشەرمیەوە هەوڵیاندا بگەنە دەسەڵات بە ڕێگەی شەرعی و ناشەرعی. هەروەك دوژمنی سەرسەختی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی بوون، وە لە ساڵی 1934ز بە یارمەتی دەسەڵاتداری ئینگلیزی لە پەنجاب هێرشیان كردە سەر ناوەندی قادیانی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی. (وەرگێڕی عەرەبی)
[**]ناوی سەردار ئەرجن سینگ بوو، یەكێك بوو لە سیخەكان، وە كتێبەكەی ناوی “خلیفة قادیان” بوو. (بڵاوكار)
ئاژاوەی هەڵگەڕانەوە لە ناوچەی “ملكانە”[***] بە نموونە وەربگرن، پاشان ئەو شۆڕشەی كە بەرپابوو كاتی چاپكردنی كتێبی “رنجیلا رسول” و جگە لەوانیش لە ئاژاوە سیاسیەكان كە لەم ماوەیەدا دەرکەوتن، دەبینن خوای گەورە لە هەموو ئەم موسیبەتانەدا سەركەوتووی كردم و لە هەموو نەهامەتی و مەینەتیەكدا یاوەرم بوو، وە لەپێناوی مندا هەموو ترسەکانی گۆڕی بۆ ئاسایش. پێم وا نەبوو كە خوای گەورە لە سەردەستی مندا ئەم كارە مەزنانە جێبەجێ بكات، بەڵام من ناتوانم ڕاستی بشارمەوە بەجۆرێك خوای گەورە كۆمەڵێك چاكەی كرد لەگەڵمدا كە زیاتربوون لە چاوەڕوانی خۆم. كاتێك خیلافەتەكەم دەستی پێكرد پێم وا نەبوو هیچ خزمەتێك بۆ ئایین ئەنجام دەدەم. هەلومەرج و بارودۆخ دژم بوو، وە هیچ شارەزایی و لێهاتوویەكم نەبوو، وە لە زانا پایە بەرزەكان نەبووم و خاوەنی ماڵ و سامان نەبووم و کەس پشتیوانم نەبوو. خوا شایەتە كاتێك ئەمانەتی خیلافەت خرایە دەستمەوە پێم وا بوو كە كەلێنێك دروست بوو لە بەنداوی عیرفانی خواییدا و مەترسی بەفیڕۆچوونی ئاوەكەی هەبوو بە ڕۆیشتنی بەملا و لادا، خوای گەورە دایمەزراندم بۆ ئەوەی جەستەی مردووی خۆم بخەمە شوێنی ئەم كەڵێنەوە بۆ ئەوەی ئەم ئاوە بە هەوانتە نەڕژێ و بەفیڕۆ نەچێت. منیش تەرمەكەی خۆمم خستە كەلێنەكەوە بۆ پاراستنی ئایین، وە پێم وا بوو ئەركەكەم كۆتایی هاتووە، بەڵام سێ ڕۆژ تێنەپەڕی بەسەر خیلافەتەكەمدا هەتا چەندین ئایەتی خوای گەورە وەك لێزمە باران دابارین بەسەرمدا.
[***]”شدهی” بە زمانی هیندی واتە پاككردنەوەی پیسی. وە “بزووتنەوەی شدهی” بزوتنەوەیەكی توندڕەو بوو هیندۆسەكان ڕابەرایەتییان دەكرد پێش ساڵی 1923ز و پاش ئەو ساڵەش لە هیندستان و بەتایبەتی لە ناوچەیەك بەناوی “ملكانە” كە دەكەوێتە نزیكی شاری “ئاگرە”، ئەمەش بۆ گێڕانەوەی هەموو ئەو موسوڵمانانەی كە لەوێ نیشتەجێبوون بۆ ئایینی هیندۆسیەت، بەبیانووی ئەوەی كە ئەمانە پێشتر هیندۆسی بوون بۆیە دەبێت جارێكی تر پاكبكرێنەوە و بگێڕدرێنەوە بۆ ئایینە بنەڕەتیەكەیان. لە ڕاستیدا توانییان شەش ملیۆنیان گومڕا بكەن. كاتێك ئەم ئاژاوەیە گەورە بوو لە ساڵی 1923ز میرزا بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد (رضي الله عنهرضي الله عنه) بەرەنگاری بوویەوە، وە دڵسۆزانی كۆمەڵەكەی لە دەوری كۆبوونەوە، وە هەزارەها لەو موسوڵمانانەیان گێڕایەوە كە هەڵگەڕابوونەوە لە ئیسلام و بوو بوون بە هیندۆسی. (وەرگێڕی عەرەبی)
ئایەتێكی مەزنی خوایی
گەنجێك هەبوو لە “عەلیگرە”، هەر لە سەردەمی خەلیفەی یەكەمەوە (رضي الله عنه) دەستی كردبوو بە كۆكردنەوەی پێشبینیەكانی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) دەربارەی من، وە بانگەشەی ئەوەی دەكرد كە ئەم پێشبینیانە ئەوەندە بەهێزن هیچ كەسێك ناتوانێت نكۆڵییان لێ بكات. ئەم گەنجە نزیكەی 13 ڕۆژ پێش كۆچی دوایی حەزرەتی خەلیفەی یەكەم (رضي الله عنه) هات بۆ قادیان، كاتێك بینی حاڵی خەلیفەی یەكەم (رضي الله عنه) باش نیە پێی گوتم: من ئامادەم بەیعەتت پێ بدەم. منیش پێم گوت: چۆن ئەم قسەیە دەكەیت كە تاوانە؟ بێگومان بەگوێرەی شەرع قسەكردن دەربارەی خەلیفەی داهاتوو لە ژیانی خەلیفەی ئێستادا بەتەواوەتی حەرامە. بۆیە لەم بارەیەوە قسەم لەگەڵدا مەكە. ئینجا گەڕایەوە بۆ عەلیگرە. پاش نزیكەی 13 ڕۆژ حەزرەتی خەلیفەی یەكەم (رضي الله عنه) كۆچی دوایی كرد. ئەم گەنجە پەیوەندییەكی پتەوی هەبوو لەگەڵ خەلیفەی یەكەمدا، كاتێك ناكۆكیەكە پەیدابوو لەناو كۆمەڵدا لەكاتی كۆچكردنی خەلیفەی یەكەمدا (رضي الله عنه)، هەندێ لە “پەیامیەكان” نووسییان بۆ ئەم گەنجە کە هەوڵبدات ئەم ئاژاوەیە كۆتایی پێ بهێنێت. ئەویش لە عەلیگرەوە بروسكەیەكی بۆ ناردم و تێیدا گوتی: پێویستە دەستبەجێ ڕێکەوتن بکەیت لەگەڵ ئەو كۆمەڵەدا، ئەگینا هەرگیز سەرەنجامت باش نابێت. منیش لە وەڵامدا بۆم نووسییەوە: نامەكەتم پێگەیشت. ئامۆژگاریم دەكەیت بە سوڵح و ڕێكەوتن لەگەڵ ئەو كەسانەدا، بەڵام پەروەردگارم ئەم وەحیەی دابەزاندووەتە سەرم: “من ذا الذي یقدر أن یحول دون ما یرید الله من أمور؟” واتە: “كێ هەیە بتوانێت ڕێگری لەو شتانە بكات كە خوا دەیەوێت” بۆیە ناتوانم ڕێکەوتن بکەم لەگەڵیاندا. بەڵام تۆ كە ئامۆژگاریم دەكەیت، بزانە لەلایەن خوای گەورەوە بەڵگەیەکی بەهێز لە دژت چەسپاوە، چەندین جار لە زمانی حەزرەتی خەلیفەی یەكەمەوە بیستووتە كە خوای گەورە دوای ئەو لە مەقامی خیلافەتدا من دادەمەزرێنێت، پاشان تۆ خۆت كتێبێكت ئامادە دەكرد دەربارەی من و باسی پێشبینیەکانی مەسیحی بەڵێندراوت (علیه السلام) تێدا کرد دەربارەی من. بۆیە بەڵگە لە دژت چەسپاوە، وە ئەگەر نكۆڵیم لێ بكەیت؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە سەرەنجامەكەت بریتی دەبێت لە بێدینی.
لە نامەكەمدا ئەمەم بۆ نووسی، ئەوە بوو مانگێك تێنەپەڕی كابرا بوو بە بێدین، بەردەوام هەتا ئێستایش هەر بێدینە و بە ئاشكرا نكۆڵی لە بوونی خوا دەكات، لەگەڵ ئەوەی 13 ڕۆژ پێش كۆچی دوایی حەزرەتی خەلیفەی یەكەم ئامادەبوو بەیعەت بە من بدات، پاشان كتێبێكی ئامادە دەكرد دەربارەی من و نیازی بوو هەموو پێشبینیەكانی مەسیحی بەڵێندراوی (علیه السلام) تێدا كۆبكاتەوە دەربارەی من. بەڵام كاتێك ڕاستیەكی ئاشكرای ڕەت كردەوە و نکۆڵی لێ كرد، بۆم نووسی كە نکۆڵیكردنت لە خیلافەتەكەم دەتگەیەنێت بە بێدینی، بەتەواوەتی ئەوە ڕوویدا كە گوتم، لە یەك مانگدا بوو بە بێدین. ئینجا پاش ماوەیەك هات بۆ لام و مشتومڕی لەگەڵدا دەكردم دەربارەی پێشبینیەكانی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام)، منیش پێم گوت: وازبهێنە لە پێشبینیەكانی بەڕێزی (علیه السلام) و پێم بڵێ: ئایا پێشبینیەكەی من دەربارەی تۆ هاتەدی یان نا؟ ئینجا حەپەسا.
هاتنەدی وەحی “لیمزقنهم” دەربارەی بەیعەتنەدەرەكان
خاڵی دووەم کە زۆر گرنگ بوو لای بەیعەتنەدەرەكان بریتی بوو لە زۆری لایەنگران، خۆیان هەڵدەكێشا و بایهەوا بوون بەوەی %95 ی كۆمەڵ لەگەڵیاندایە. لەو ڕۆژانەدا خوای گەورە وەحی بۆ كردم و فەرمووی: “لیمزقنهم”، وە یەكێك لە سەیروسەمەرەكانی توانای خوای گەورە ئەوە بوو خواجە كەمالەددین پەیوەندی پتەوی هەبوو لەگەڵ مەولەوی موحەممەد عەلیدا بەجۆرێك خواجەی بەڕێز بە شەوی بگوتایە ڕۆژ، ئەمیش دەیگوت ڕۆژە، وە ئەگەر بە ڕۆژی بگوتایە شەو، ئەمیش دەیگوت شەوە، بەڵام دوو ساڵ پێش كۆچی دوایی خواجە كەمالەددین زۆر بەتوندی ناكۆكی كەوتە نێوانیانەوە، وە كۆمەڵێك تۆمەتیان ئاراستەی یەكتری كرد كە لە سنوور تێپەڕیبوون. پاشان شەڕە قسەی ئاشكرا ڕوویدا لە نێوان دكتۆر سەید موحەممەد حوسێن و ئەندامانی تری دامەزراوەكەیان لە ناوەندەكەیان “المباني الأحمدیة” لە لاهۆر، تەنانەت هەندێكیان گوتیان ئافرەتان دەردەكەین لەم شوێنە. وە دوێنیش یەكێكیان هات بۆ سەردانم و گوتی فڵانەكەس ماڵ و موڵكی زەوت كردووم، بۆیە پێویستە تكام بۆ بكەیت.
بە كورتی، وەك لە ئیلهامەكەدا گوترابوو ئەوە هاتەدی و هێزیان لەبەریەك هەڵوەشا.
لە بەرامبەردا ئەو گەنجەی كە تەمەنی گەیشتبووە بیست و پێنج ساڵ و بە گاڵتە و سووكایەتیەوە ناوی نرابوو مناڵ، خوای گەورە سەركەوتووی كرد و ئەوەندە هێزی پێدا كە هەر كاتێك ئاژاوەیەك بەرپا دەبوو بەتوندی لەناوی دەبرد وەك چۆن مێش و مێشوولە دەپلیشێنرێتەوە، وە هیچ كەسێك ناتوانێت بۆ ماوەیەكی درێژ بەرهەڵستی بوەستێت.
متمانە بە خوای گەورە
نیشانەی پێنجەم كە خوای گەورە لەم ئایەتەدا باسی كردووە بۆ خەلیفە ڕاستگۆكان بریتیە لە: ﴿يَعۡبُدُونَنِي لَا يُشۡرِكُونَ بِي شَيۡٔٗاۚ﴾، بە گوێرەی ئەم نیشانەیە لە سایەی فەزڵی خوای گەورە هەرگیز لە كەس نەترساوم. من زۆر ڕێکاری خۆپارێزی و دووربینی بەكاردەهێنم و ئەمە بە عەیب و نەنگی نازانم بەڵكو یەکێکە لە تایبەتمەندیەکانی من، بەڵام یەقینم هەیە بە كارەكەم بۆیە هەرگیز گوێ نادەم بە سەختیەكان، لەبەر ئەوە هەمیشە خوای گەورە پاراستوومی لە سازشکردن لە حەق، سەرەڕای مەترسیە گەورەكان هەرگیز دڵم نەچووە بەلای سوڵح و ڕێكەوتنی پووچدا.
خەونێك دەربارەی ئاژاوەی پیشەوەرەكان
جارێكیان لە خەوندا بینیم من و میان میر موحەممەد ئیسحاق دەڕۆیشتین، وە لە ڕێگاكەماندا دەریایەكی گەورە هەبوو، بەلەمێك لەوێدا بوو، من و میان موحەممەد ئیسحاق سواری بووین و جووڵەمان كرد، كاتێك بەلەمەکە گەیشتە ئەو شوێنەی كە ماڵی پیشەوەرەكانی لێ بوو، كەوتە ناو گێژاوێكەوە و دەستی كرد بە سوڕانەوە بە دەوری گێژاوەكەدا، لە كاتێكدا ئێمە لەم دۆخەدا بووین لە دەریاكەوە کەللـەسەرێك دەركەوت و گوتی: گۆڕی پیاوچاكێك لەم نزیكانەدا هەیە، كاغەزێك بە ناوی ئەوەوە بنووسن، بیهاوێژنە ناو ئاوەكەوە، ئیتر كەشتیەكە بە سەلامەتی لە گێژاوەكە دەردەچێت و لە مەترسی ڕزگارتان دەبێت. گوتم ئەستەمە کارێکی وەها بکەین، چونكە كارێكی بتپەرستانەیە. پاشان سووڕانەوەی كەشتیەكە توند بوو ترساین نوقم بێت، ئینجا میان موحەممەد ئیسحاق پێی گوتم: لەوەدا چ كێشەیەك هەیە؟ باشتر وایە ئێستا كاغەزەكە بنووسین و بیهاوێژینە ناو ئاوەكەوە، ئینجا دوای ئەوە تۆبە دەكەین. گوتم: نەخێر، هەرگیز ئەمە نابێت. بەدزی منەوە كاغەزەكەی نووسی و لوولی كرد و ویستی بیخاتە ناو دەریاكەوە، بە ڕێكەوت چاوم بە كاغەزەكە کەوت، گوتم: بەڕێز میر، هەرگیز ڕێگە نادەم بەم كارە بتپەرستانەیە، ئەگەرچی نوقم بین. ئەوە بوو كاغەزەكەم لێ سەند و پارچەپارچەم كرد، پاشان بینیم كەشتیەكە خۆی بە سەلامەتی لە گێژاوەكە دەرچوو.
ساڵانێكی زۆر پاش ئەم خەونە، ئاژاوەی پیشەوەرەكان[*] ڕوویدا لە هەمان ئەو شوێنەدا كە لە خەونەكەدا بینیم كەشتیەكە كەوتە گێژاوەكەوە، ئەوە بوو ژمارەیەك تۆمەتی زۆریان بۆ دروستكردین، ئینجا بەتەواوەتی هەروەك لە خەونەكەدا هاتبوو ڕۆژێكیان میر موحەممەد ئیسحاق هات بۆ لام و بە نیگەرانیەوە گوتی: چی تێدایە هەندێ ماڵ و سامان بدەین بەو كەسانە بۆ بێدەنگكردنیان. گوتم: بەڕێز میر، ئەگەر ئەوەی ئەو كەسانە دەیڵێن ڕاست بێت؛ ئەوا بێدەنگكردنیان هیچ نرخێكی نیە، وە ئەگەر تۆمەتەكانیان پووچ بێت؛ ئەوا خوای گەورە خۆی دەیان فەوتێنێت. ئیتر چ پێویست دەكات ماڵ و سامانیان پێ بدەین؟
[*]ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەو ئاژاوەیەی كە خێزانێك لە پیشەوەرە ئەحمەدیەكانی نیشتەجێی قادیان بەرپای كرد، بەجۆرێك خەلیفەی دووەمیان (رضي الله عنه) بە جۆرەها تۆمەتی قێزەونی پووچ تۆمەتباركرد. (وەرگێڕی عەرەبی)
سەبارەت بە خیلافەتی من و خیلافەتی خەلیفەكانی پێشوو جیاوازیەكی ئاشكرا هەیە لە نێوان من و ئەواندا. وە گفتوگۆكردن دەربارەی خیلافەتەكەیان گفتوگۆیەكی زانستی پەتیە، بەڵام خیلافەتەكەی من بە كۆمەڵێك ئایەتی ئیعجازی جیادەكرێتەوە. بۆیە كاتی قسەكردن دەربارەی خیلافەتەكەم بابەتەكە ئەوە نیە ئایا فڵان ئایەتی قورئان پیادە دەبێت بەسەریدا یان نا، بەڵكو كۆمەڵێك ئایەتی نوێی خوا و كۆمەڵێك موعجیزەی زیندووی خوا كە دەردەكەون بۆم باشترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی خوا منی كردووە بە خەلیفە، وە هیچ كەسێك نیە بتوانێت بەرەنگارم بێتەوە. ئەگەر كوڕێكتان لەناودایە كە لەدایكی خۆی بووبێت و بیەوێت دژایەتیم بكات؛ ئەوا با ئێستا دەرچێت بۆ دژایەتیم. خوای گەورە ڕسوا و سەرشۆڕی دەكات، هەر خۆی نا، بگرە ئەگەر هەموو هێزەكانی دنیا كۆببنەوە بۆ لەناوبردنی خیلافەتەكەم؛ ئەوا خوای گەورە هەموو ئەو هێزانە پارچەپارچە دەكات وەك چۆن مێشوولە لەناودەبرێت و پان دەكرێتەوە. بێگومان هەموو ئەو كەسانەی ڕاست دەبنەوە بۆ دژایەتیكردنم دەكەون و لەناودەچن، وە هەر كەسێك قسە بكات بێدەنگ دەبێت، وە هەر كەسێك بیەوێت من ڕسوا بم خۆی ڕسوا و سەرشۆڕ دەبێت.
كەواتە ئەی كۆمەڵی باوەڕداران و ئەی ئەوانەی كردەوەی چاك ئەنجام دەدەن، ڕاستیتان پێ دەڵێم: خیلافەت نیعمەتێكی مەزنە لەلایەن خوای گەورەوە، دەی ئێوەش ڕێزی شایستەی لێ بگرن. خوای گەورە ئەم نیعمەتە دادەبەزێنێتە خوارەوە بۆتان مادام زۆرینەتان باوەڕدار بن و كردەوەی چاك بکەن، بەڵام ئەگەر زۆرینەتان بێبەش بوون لە باوەڕ و كردەوەی چاك؛ ئەوا دەكرێت خوا بەردەوام بێت لە دابەزاندنی ئەم نیعمەتە ئەگەر بیەوێت یان بیوەستێنێت ئەگەر بیەوێت. بۆیە هیچ پرسیارێك لە ئارادا نیە دەربارەی خراپبوونی خەلیفە، بەڵكو خیلافەت دادەماڵرێت لێتان كاتێك خۆتان خراپ بوون. كەواتە سپڵە مەبن بەرامبەر ئەم نیعمەتە، وە ئیلهامەكانی خوا بە سووك سەیرمەكەن، بەڵكو هەروەك مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) فەرموویەتی: پێویستە هەمیشە خەریكی پاڕانەوە بن بۆ ئەوەی بەردەوام توانای دووەم لەناوتاندا دەربكەوێت. وەكو ئەو كەسە نائومێد و دۆڕاو و نەزانانە مەبن كە خیلافەتیان ڕەت كردەوە، بەڵكو هەموو كاتێك سەرقاڵ بن بە دوعاکردنەوە تاوەکو خوای گەورە لەناوتاندا دەركەوتەكانی توانای دووەم دابمەزرێنێت بۆ ئەوەی ئایینەكەی دابمەزرێنێت لەسەر كۆمەڵێك بناغەی بەهێز و پتەو، وە بۆ هەتاهەتایە شەیتان نائومێد بكات لە شێواندن و تێكدانی.
هەمیشە بپاڕێنەوە بۆ دابەزینی توانای دووەم
بزانن ئەو دوعایەی كە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) دایناوە بۆ دابەزینی توانای دووەم تایبەت نیە بە سەردەمێكی دیاریكراوەوە، بەڵكو دوعایەکی هەمیشەییە. مەبەست لەم وتەیەی بەڕێزی لە ژیانی خۆیدا ئەوە بوو دوعا بكەن لە ژیانمدا خوای گەورە سەردەمی خەلیفەی یەكەمتان پیشان بدات، وە مەبەست لەم دوعایە لە سەردەمی خەلیفەی یەكەمدا ئەوەیە كە خوای گەورە دوای ئەو سەردەمی خەلیفەی دووەممان پیشان بدات، وە مەبەست لەم دوعایە لە سەردەمی خەلیفەی دووەمدا ئەوەیە كە سەردەمی خەلیفەی سێیەم ببینن، وە مەبەست لەم دوعایە لە سەردەمی خەلیفەی سێیەمدا ئەوەیە كە دوای ئەو سەردەمی خەلیفەی چوارەم بێت، بۆ ئەوەی دەرگای ئەم نیعمەتە لەسەرتان دانەخرێت بەهۆی خراپی كردەوەكانتانەوە. لەبەر ئەوە هەمیشە ئەم دوعایە بکەن و بە باشی ئەوەتان لەبیر بێت كە هەتا خیلافەت لەناوتاندا بێت هەرگیز هیچ ئوممەتێك زاڵ نابێت بەسەرتاندا لە جیهاندا، وە لە هەموو بوارێكدا سەركەوتوو دەبن و دەیبەنەوە، چونكە ئەمە بەڵێنی خوایە كە فەرموویەتی: ﴿وَعَدَ ٱللَّهُ ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ مِنكُمۡ وَعَمِلُواْ ٱلصَّٰلِحَٰتِ لَيَسۡتَخۡلِفَنَّهُمۡ فِي ٱلۡأَرۡضِ﴾. بەڵام ئەوەشتان لەیاد بێت كە خوای گەورە بەشوێنیدا فەرموویەتی: ﴿وَمَن كَفَرَ بَعۡدَ ذَٰلِكَ فَأُوْلَٰٓئِكَ هُمُ ٱلۡفَٰسِقُونَ﴾.
خوای گەورە یاوەرتان بێت. وە ئێوە ئەو كۆمەڵە هەڵبژێردراوە بن هەتاهەتایە.
قسەی كۆتایی
كاتێك خەلیفەی دووەم (رضي الله عنه) لە 29ی كانوونی یەكەم لە كاتژمێر دووی دوانیوەڕۆ ئەم وتارەی تەواو كرد، ڕێگەی دا بە ئامادەبووانی جەلسەكە بگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە و گوتی: ئێستا ئەم جەلسەیە كۆتایی هات، وە برایان دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەكانی خۆیان. پێویستە هەمیشە هەوڵبدەن بۆ گەشە و پێشكەوتنی ئەحمەدیەت. بزانن گەشە و بەرەوباڵاچوون لە ڕێگەی مناڵەكانیشەوە بە ئەنجام دەگات، بەڵام وەك ئەو گەشەیە نیە كە بەهۆی تەبلیغ و بانگەوازەوە بە ئەنجام دەگات. بێگومان ئەو گەشەكردنەی كۆمەڵ كە لە ڕێگەی بانگەواز و تەبلیغەوە بەئەنجام دەگات بەدڵنیاییەوە زیاتر بەرەكەتی هەیە لەوەی بەهۆی زیادكردنی مناڵەوە بەئەنجام دەگات. ئەوەتا پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی: “دەی سوێند بە خوا یەك كەس بەهۆی تۆوە هیدایەت وەربگرێت باشترە بۆت لە وشترە سوورەكان([91]) بۆیە پێویستە بانگەواز بكەن و سەرقاڵ بن بە بڵاوكردنەوەی ئەحمەدیەتەوە، بۆ ئەوەی لە ژیانی ئێوەدا سەردەمی زاڵبوون و سەركەوتن و شكۆی ئەحمەدیەت پەیدابێت. كاتێك هەموو خەڵكی دەبن بە ئەحمەدی، ئەوا ژێردەستەكانیش دەبن ئەحمەدی و پاشا و فەرمانڕەواكانیش دەبن ئەحمەدی. لە مناڵیمدا كاتێك تەمەنم دەوروبەری 13 ساڵ دەبوو خەونێكم بینی بەم شێوەیە: كێبڕكێیەكی “كەبەددی” هەبوو [گەمەیەكی هیندیە لە زۆرانبازی دەچێت. (وەرگێڕی عەرەبی)]، ئەحمەدیەكان لەلایەك بوون و مەولەوی موحەممەد حوسێن بەتاڵەیی و هاوەڵەكانی لەلاكەی تر. ئێمە هەڵمەتمان دەبرد بۆ هەر یاریزانێك كە لەلایەن بەتاڵەییەوە دەهات بۆ لامان و “كبدهی كبدهی” دەوتەوە، وە ڕێسای ئەم گەمەیە وەهایە ئەو یاریزانەی پەلامار دەدرێت دەبێت بە هی لایەنەكەی تر، وە بەگوێرەی ئەم ڕێسایە کاتێك هەڵمەتمان دەبرد بۆ هەر یەكێك لە هاوەڵانی بەتاڵەیی دەبوو بە هی ئێمە. وە گەمەكە بەردەوام بوو هەتا هەموو هاوەڵەكانی بەتاڵەیی بوون بە هی ئێمە، وە خۆی بەتەنها مایەوە. ئەویش بە خاوی دەستی كرد بە جووڵەكردن بۆ لای ئێمە و بە شەرمەوە ڕووی كردە دیوارێكی نزیك، وە كاتێك گەیشتە هێڵی ناوەڕاستی یاریگاكە گوتی: منیش دەمەوێت بێم بۆ لای ئێوە، وە لەكۆتاییدا پەیوەندی كرد پێمانەوە.
مەبەست لە شێخ موحەممەد حوسێن بەتاڵەیی سەرانی كوفرە. بێگومان خوای گەورە بەهۆی ئەم خەونەوە پێی ڕاگەیاندم كاتێك خەڵكی گشتی دێنە ناو ئەحمەدیەتەوە سەرانی كوفریش پەیوەندی دەكەن پێمانەوە، وە كاتێك جەماوەر دەبن بە ئەحمەدی پاشا و فەرمانڕەواكانیش دەبن بە ئەحمەدی. بۆیە پێویستە لەسەرتان بانگەواز بكەن بۆ ئەحمەدیەت و بڵاوی بكەنەوە و خەریك بن بە دوعاوە. لە دڵتاندا تامەزرۆیی و شەیدابوون دروست بكەن و خۆبەكەمزانین و ملكەچی و ڕاستگۆیی و سەرڕاستی لەخۆتاندا بەرجەستە بکەن، وە بە هەموو شێوەیەك هەوڵ بدەن لە ڕیزی بەندە دڵسۆزەكانی خوادا بن. ئەگەر كەوتنە هەڵەوە سوور مەبن لەسەری، چونكە ئەو كەسەی سوورە لەسەر هەڵەكەی ئەو ڕووناكیەی لەكیس دەچێت كە لەناخیدا هەیە، دواجار لە نوێژەكانیدا چێژ و خۆشی و لە دوعاكانیدا بەرەكەت بەدی ناكات. بێگومان پەشیمانی و گریان لای خوای گەورە پاش هەڵە ڕازێكی مەزنە بۆ بەرەوباڵاچوون. بۆیە چ هەڵەتان كرد یان نەتان كرد، پێویستە لەسەرتان بەرەو لای خوا بگەڕێنەوە و داوای لێبوردنی لێ بكەن، ئەمە وا دەكات باوەڕ هەتاهەتایی بێت، وە تۆبەكردن پارێزگاری لێ دەكات. پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی: “ئەگەر بەندە زینای كرد باوەڕ لێی دەردەچێت و وەك سێبەر بەسەر سەریەوە دەبێت، جا ئەگەر دەرچوو لەو كردەوەیە باوەڕەكە دەگەڕێتەوە بۆی([92]). پێغەمبەر (ﷺ) لەم فەرموودەیەدا ڕوونی كردووەتەوە كە باوەڕی كەسی تۆبەكردوو بەتەواوەتی كەسەكە بەجێ ناهێڵێت، بەڵكو بەهۆی تاوانەكەیەوە لێی دەردەچێت، بەڵام ئەگەر تۆبەی كرد دەگەڕێتەوە بۆی.
كەواتە بەردەوام بن لە دوعاكردن بۆ بانگخوازەكان و بۆ هەموو ئەحمەدیەكان. گومانی تێدا نیە خوای گەورە كۆمەڵێك بەڵێنی داوە پێم، بەڵام هێزی من بە ئێوەیە، كەواتە دوعا بكەن بۆ خۆتان و بۆ منیش. خەڵكی بەڕێژەیەكی زۆر لەم جەلسەیەدا كۆبوونەتەوە لەبەرئەوەی جەلسەی یۆبیلی خیلافەتەكەمە، دەی هەوڵ بدەن بۆ ئەوەی ژمارەی كۆمەڵ زیاد بكات بەجۆرێك ئەوەندەی ئەم ژمارەیە لە جەلسەی داهاتووشدا ئامادەبن. پاشان دوعا بكەن بۆ بێگانەكانیش، وە هیچ ڕق و كینەیەكتان لێیان نەبێت، بەڵكو ڕەحمەتتان هەبێت بۆیان؛ چونكە خوا ڕەحم بە كەسێك دەكات كە ڕەحم بە دوژمنەكەی بكات. كەواتە هەستەكانی ئامۆژگاری و هاوخەمی و دڵسۆزی لە دڵتاندا دروست بكەن بەرامبەر هەموو كەسێك. لەم دواییەدا كەسێكی ئەفغانی لە “وەزیرستان”ەوە هات بۆ لام و گوتی: “لە خوا بپاڕێوە كە ئینگلیز دەربچێت لێرە. گوتم: ئێمە دوعایان لێ ناكەین، بەڵكو لە خوای گەورە دەپاڕێینەوە كە ببن بە هی ئێمە. بۆیە دوعا مەكەن لە هیچ كەسێك و ڕقتان لە هیچ كەسێك نەبێت، بەڵكو لە خوای گەورە بۆی بپاڕێنەوە و هەوڵ بدەن بۆ ئەوەی مەزنێتی و شكۆی ئیسلام زیاتر بێت، وە ئەحمەدیەت لە هەموو جیهاندا بڵاوبێتەوە.
بەم بۆنەوە لە خوای گەورە دەپاڕێمەوە بۆ ئەو كەسانەی برووسكەیان ناردووە و داوای دوعایان كردووە. ناتوانم ناوەكانیان بخوێنمەوە لەبەر كەمی كات، بۆیە پێویستە بپاڕێنەوە بۆیان و بۆ كەسانی تر و بۆ ئیسلام و بۆ ئەحمەدیەت. [ئەم وتارە هەمووی بڵاوكراوەتەوە لە ڕۆژنامەی فەزڵ، 4ی كانوونی دووەمی 1940ز.]
*****
([1]) أبو داود، كتاب الجهاد، باب في القوم یسافرون.
([3]) (نامەی پۆڵس بۆ خەڵكی گەلاتیە 3: 10)
([4]) (نامەی پۆڵس بۆ خەڵكی گەلاتیە 3: 13)
([17]) سیرة ابن هشام، ج6، تمریض رسول الله في بیت عائشة، شأن أبي بكر بعد وفاته (ﷺ).
([18]) (دیوان حسان بن ثابت الأنصري، ص308، دار الطباعة و النشر، بیروت 1966)
([19]) (مسلم، كتاب الوصیە، باب ترك الوصیە لمن لیس له شيء یوصي فیه)
([20]) ابن الأثیر، الكامل في التاریخ. مجلد 1، حدیث السقیفە وخلافە أبي بكر. والبخاري، كتاب المناقب، باب: قول النبي (ﷺ): “لو كنت متخذا خلیلا.”
([21]) الكامل في التاریخ، والترمذي، ج5، أبواب المناقب عن رسول الله (ﷺ)
([22]) مسند أحمد، ج 3، مسند أنس بن مالك (رضي الله عنه)، والمستدرك، ج4، تتمة كتاب معرفة الصحابە، فمنها: ذكر فضائل قریش.
([23]) كنز العمال، ج 5، باب الأول في خلافە الخلفاء، خلافە أبي بكر الصدیق (رضي الله عنه)، الحدیث رقم 14059.
([24]) الكامل في التاریخ، ذكر استخلاف عمر بن الخطاب.
([25]) الكامل في التاریخ، ذكر خبر الخوارج عند توجیه الحكمین وخبر یوم النهر.
([27]) (پیغام صلح، 22 مارس/آذار 1914)
([28]) (پیغام صلح، 5 مایو/آیار 1914)
([33]) (النسائي، كتاب الجهاد، باب الرخصة لمن له والدة)
([35]) (مسلم،كتاب الإمارة، باب وجوب طاعة الأمراء في غیر معصیة)
([36]) (البخاري، كتاب الفتن، باب قول النبي ﷺ سترون بعدي أمورا تنكرونها)
([37]) (مسلم، كتاب الإمارة، باب خیار الأئمة وشرارھم)
([40]) (المختصر للقدوري، باب صلاة الجمعة)
([48]) (البدایة و النهایة، المجلد التاسع، ثم دخلت سنة ست ومائة)
([49]) (تاریخ الطبري، المجلد الثامن، خلافة أبي العباس، ذكر الخبر عن سبب خلافته)
([50]) (البدایة والنهایة، ج7، خبر سلمة)
([52]) (البدایة والنهایة، ثم دخلت سنة خمس وثلاثین.)
([53]) (أسد الغابة، سراقة بن مالك، والبدایة والنهایة، ثم دخلت سنة ست عشرة، ذكر فتح المدائن.)
([54]) (إمداد فتاوی -مختصر سوانح حیاة أشرف علی تهانوي-، المجلد الأول، باب صلاة الجمعة والعیدین. فتاوی نذیریة، المجلد الأول، كتاب الجمعة)
([57]) البدایة والنهایة، ج6، في تنفیذ جیش أسامة بن زید. وتاریخ الخلفاء للسیوطي، ج1، فصل فیما وقع في الخلافتە.
([58]) البخاري، كتاب الاعتصام بالكتاب والسنة، باب الاقتداء بسنن رسول الله (ﷺ).
([59]) (تاریخ الخمیش، ج2، ذكر بدء الردة. تاریخ الطبري، ج 4، بقیة الخبر عن أمر الكذاب العنسي)
([60]) (مسند أحمد، مسند الكوفیین)
([63]) (سر الخلافة، الخزائن الروحانیة، المجلد 8، ص334)
([66]) (موضوعات الملا علي القاري)
([67]) (كنزل العمال، ج 11، رقم الحدیث 31447. فیض القدیر، ج 5، رقم الحدیث 7969)
([68]) (الوصیة، الخزائن الروحانیة، المجلد 20، ص304-305)
([71]) (سر الخلافة، الخزائن الروحانیة؛ المجلد 8، ص333-334)
([72]) (سەرچاوەی پێشوو، لا326، 358-359)
([73]) (خلافت راشدة، للمولوي عبد الكریم السیالكوتي، الجزء الأول، ص110، الطبعة: 1922م، أمرتسر)
([74]) “جریدة “الفضل” 11-3-1914، ص1. بەڕێزی (رضي الله عنه) لە مارسی ساڵی 1914ز ئەم وەسێتەی نووسیوە. (وەرگێڕی عەرەبی)
([75]) (جریدە “البدر” 11 یولیو/تموز 1912، ص4، محاضرة ألقیت في 16 و 17 یونیو/حزیران، بلاهور)
([77]) جریدة “بدر”، المجلد 3، عدد 29، یوم 1/8/1904، ص4.
([80]) البخاري،كتاب الدعوات، باب: الصلاة علی النبي (ﷺﷺ).
([82]) البخاري، كتاب الأنبیاء.
([83]) الوصیة، الخزائن الروحانیە، المجلد 20، ص304-305
([84]) المعجم الكبیر للطبراني، باب الظاء، عصمة بن مالك الخطمي. والترمذي، كتاب المناقب، باب في مناقب عمر بن الخطاب رضي الله عنه.
([85]) البخاري، كتاب المغازي، باب غزوة التبوك.
([87]) البدایة و النهایة لابن كثیر، ج6، سنة إحدی عشرة من الهجرة، خلافة أبي بكر الصدیق (رضي الله عنه). وكنز العمال، ج5، خلافة أبي بكر الصدیق (رضي الله عنه).
([91]) البخاري، كتاب الجهاد والسیر، باب دعاء النبي (ﷺ) إلی الإسلام والنبوة، رقم الحدیث 2783.
([92]) الترمذي، أبواب الإیمان، باب لا یزنی الزاني وهو مؤمن.
PDF