بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

دیمەنەكانی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدى

ئەحمەدیەت كۆمەڵێكی ئیسلامی نوێكاری جیھانیە، لە ساڵی 1889ز لە قادیان دامەزرا كە یەكێكە لە گوندەكانی هەرێمی پەنجاب لە هيندستان.

گەورەمان میرزا غوڵام ئەحمەدی قادیانی (سڵاوی خوای لێ بێت) به فەرمانی خوای گەورە ئەم كۆمەڵەی دامەزراند، وە ڕایگەیاند خۆی ئەو كەسە بەڵێندراوەیە كە گەورەمان موحەممەدی هەڵبژاردە (ﷺ) مژدەی هاتنی داوە لە سەردەمی كۆتاییدا، ئەو كەسەی كە ئایینە جۆراوجۆرەكان چاوەڕێی ڕەوانەكردنی دەكەن هەریەكەیان بەگوێرەی پێشبینی و مژدە و ناونانی خۆیان بۆ ئەو كەسە بەڵێندراوە. بۆ نموونە هيندۆسەكان چاوەڕێی “كريشنا” دەكەن و مەسیحیەكان “مەسیح” و بودیەكان “بودا” و موسوڵمانەكانیش “مەهدی و مەسیح”.

بێگومان گەورەمان ئەحمەد (سڵاوی خوای لێ بێت) ڕوونيكردووەتەوە كە پێشبینیە جیاوازەكان كە لە ئایینە جۆراوجۆرەكاندا هەن دەربارەی كەسی بەڵێندراو مانای ئەوە نیە كە خوای گەورە بەجیا لە هەموو ئایینێكدا كەسێك ڕەوانە بكات؛ چونكە ئەمە كارێكی ناسروشتیە و دەبێتە هۆی ئاژاوە و پێكدادانی زیاتر، هەروەها مانای ئەوەش نیە كە خوای گەورە ئەو كەسە بەڵێندراوە بە ئایینێكی نوێوە ڕەوانە بكات، نەخێر؛ چونكە پێشتر لە قورئاندا ڕاگەیەنراوە كە بێگومان ئایین لای خوا تەنھا ئیسلامە و هەر كەسێك جگە لە ئیسلام شوێن هەر ئایينێكی تر بكەوێت لێی قەبوڵ ناكرێت و لە دواڕۆژدا یەكێك دەبێت لە زیانبار و دۆڕاوەكان، بەڵكو مەبەست ئەوەیە كە لەناو ئایینی جیھانیدا كە كۆتا ئایینە و بریتیە لە ئایينی ئیسلام خوای گەورە ئەو كەسە ڕەوانە دەكات بەوپێیەی كە ئیسلام بۆتەیەكە هەموو ئایینە ڕاستەكانی پێشووی تێدا تواوەتەوە.

وە بەڕێزی (سڵاوی خوای لێ بێت) سەرنجی مرۆڤایەتی ڕاكێشا بۆ لای ئیسلام وەك تاكە ڕێگايەك بۆ هیدایەت و ڕزگاربوون و پێشكەوتنی ماددی و ڕۆحی؛ چونكە ئایینەكانی تر هەموویان دووچاری دەستكاریكردن و شێواندن بوون و لەسەر شێوازە ڕەسەنەكەی خۆیان نەماونەتەوە، وە مزگێنیدا بە هاتنەدی پێشبینی سەركەوتنی ئیسلام بەسەر هەموو ئایینەكانی تردا بەهۆی بانگەواز و كۆمەڵەكەی خۆیەوە كە خوای گەورە بەڵێنی سەركەوتن و بڵاوبوونەوەی داوە لە هەموو ناوچە دوورەكانی زەویدا وەك هێزێكی ئایینی ڕۆحی، كە بەرگری دەكات لەم ئایینە ڕاست و دروستە لە ڕێگەی جەنگێكی ڕۆحانیەوە كە چەكەكەی پێكهاتووە بریتیە لە بەڵگە و لۆژیك كە بنیاتنراون لەسەر ڕێنماییە قورئانیەكان و زانستە ئایینی و ئایەتە ئاسمانیەكان نەك زەبرو زەنگ و خوێنڕشتن، وە ئەگەر قوربانیدانێك پێویست بێت لەم ڕێگایەدا ئەوا بریتیە لە قوربانیدان بە سامان و كات لەپێناوی ئەم ئامانجە بەردەوامەدا.

دەستوورى بەڕێوەبردن و ڕابەرایەتیكردنی ئەم كۆمەڵە

دەستووری بەڕێوەبردنی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی پشتی بە سیستەمی خیلافەتی ڕاشیدی بەستووە. كاتێك مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) لە ساڵی 1908 وەفاتی كرد  خەلیفەی یەكەم حەكیم نورەددین (خوا لێی ڕازی بێت) (1908_1914) جێگەی گرتەوە, وە دوای ئەو میرزا بەشیرەددین مەحمود ئەحمەد (خوا لێی ڕازی بێت) (1914_1965) بوو بە خەلیفەی دووەم, بەشوێن ئەودا خەلیفەی سێيەم میرزا ناصر ئەحمەد هات (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) (1965_1982), لەپاش ئەمیش خەلیفەی چوارەم میرزا تاهیر ئەحمەد (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) (1982_2003) خیلافەتی گرتەدەست, وە ئێستا ئێمە لە سەردەمی پیرۆزی خەلیفەی پێنجەمداین كە میرزا مەسروور ئەحمەدە (خوای گەورە سەرکەتووی بکات).

لە دەقی كتێبی خوا و سوننەتی پێغەمبەرەكەیدا (ﷺ) باسی ئەوە هاتووە كە لە سەردەمی كۆتاییدا جارێكی تر خيلافەت دەگەڕێتەوە, ئەمەش مژدەیەكی قورئانیە و ئەمڕۆ بەتەنھا لە كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدیدا هاتووەتەدی نەك لە گروپە ئیسلامیەكانی تردا.

خوای گەورە دەفەرموێت: {وَعَدَ اللَّهُ الَّذِينَ آمَنُوا مِنْكُمْ وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ لَيَسْتَخْلِفَنَّهُمْ فِي الْأَرْضِ كَمَا اسْتَخْلَفَ الَّذِينَ مِنْ قَبْلِهِمْ وَلَيُمَكِّنَنَّ لَهُمْ دِينَهُمُ الَّذِي ارْتَضَى لَهُمْ وَلَيُبَدِّلَنَّهُمْ مِنْ بَعْدِ خَوْفِهِمْ أَمْنًا يَعْبُدُونَنِي لَا يُشْرِكُونَ بِي شَيْئًا وَمَنْ كَفَرَ بَعْدَ ذَلِكَ فَأُولَئِكَ هُمُ الْفَاسِقُونَ} (النور: 56)

واتە: “خوا بەڵێنی داوە بەو کەسانەتان کە باوەڕیان هێناوە وە کردەوەی چاکەیان کردووە کە بێگومان دەیانکاتە جێنشین لە زەویدا هەروەك ئەوانی [ئیماندارانی] پێش ئەمانی کردە جێنشین، وە ئایينەکەیان بۆ دەچەسپێنێ ئەو [ئاینە]ی کە خوا پێی ڕازی بووە بۆیان، وە ترس و بیمیان بۆ دەگۆڕێ بە ئاسایش و ئارامی، هەر من دەپەرستن و هیچ هاوبەشێكم بۆ بڕیار نادەن، وە هەر کەس دواى ئەوە بێبڕوا بێت ئەوە بەڕاستی هەر ئەوانەن دەرچوو لە ڕێگەی خوا.”

هەروەها فەرموودەی پیرۆزیش مژدەی ئەوەی داوە كە خيلافەتی ڕاشیدی جارێكی تر لە سەردەمی كۆتاییدا دەگەڕێتەوه:

عَنْ حُذَيْفَةَ قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ ﷺ: “تَكُونُ النُّبُوَّةُ فِيكُمْ مَا شَاءَ اللَّهُ أَنْ تَكُونَ ثُمَّ يَرْفَعُهَا اللَّهُ تَعَالَى ثُمَّ تَكُونُ خِلَافَةً عَلَى مِنْهَاجِ النُّبُوَّةِ مَا شَاءَ اللَّهُ أَنْ تَكُونَ ثُمَّ يَرْفَعُهَا اللَّهُ تَعَالَى ثُمَّ تَكُونُ مُلْكًا عَاضًّا فَتَكُونُ مَا شَاءَ اللَّهُ أَنْ تَكُونَ ثُمَّ يَرْفَعُهَا اللَّهُ تَعَالَى ثُمَّ تَكُونُ مُلْكًا جَبْرِيَّةً فَيَكُونُ مَا شَاءَ اللَّهُ أَنْ يَكُونَ ثُمَّ يَرْفَعُهَا اللَّهُ تَعَالَى ثُمَّ تَكُونُ خِلَافَةً عَلَى مِنْهَاجِ نُبُوَّةٍ.” ثُمَّ سَكَتَ. (مسند أحمد، نقلا عن مشكاة المصابيح، كتاب الرقاق، باب الإنذار والتحذير)

لە حوزەیفەوە (ڕەزای خوای لێ بێت) وتی: پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: “ئەوەندەی خوا بیەوێت پێغەمبەرایەتی لەناوتاندا دەمێنێتەوە، پاشان خوای گەورە هەڵیدەگرێت، ئینجا خیلافەت لەسەر بەرنامەی پێغەمبەرایەتی لەناوتاندا دروست دەبێت و ئەوەندەی خوا بیەوێت لەناوتاندا دەمێنێتەوە، پاشان خوای گەورە هەڵیدەگرێت، پاشان فەرمانڕەوایەتی نادادپەروەر  پەیدا دەبێت و ئەوەندەی خوا بیەوێت دەمێنێتەوە، پاشان خوای گەورە هەڵیدەگرێت، ئینجا فەرمانڕەوایەتی زۆردار پەیدا دەبێت و ئەوەندی خوا بیەوێت دەمێنێتەوە، پاشان خوای گەورە هەڵیدەگرێت، ئینجا خیلافەت لەسەر بەرنامەی پێغەمبەرایەتی لەناوتاندا دروست دەبێت.” پاشان بێ دەنگ بوو.

دەستكەوتەكانی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی

دروستكردنی مزگەوتەكان

هەڵبەت ئەحمەدیەت هەزارەها مزگەوتی بنیاتناوە لە هەموو لایەكی زەویدا بۆ بڵاوكردنەوە و چەسپاندنی بانگەوازی ئیسلامی، لەكاتێكدا زۆربەی موسوڵمانان تەمبەڵییان كردووە لە ڕاگەیاندنی ئیسلام لەو شوێنانەدا. وەك نموونەیەكی بچوك، یەكەم مزگەوت كە دروستكرا لە لەندەن لە ساڵی 1924ز دا لەسەر دەستی “کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی”دا دروست كرا كە ناوی مزگەوتی (فەزڵ)ە، وە بەتەنھا خانمە ئەحمەدیەكان خەرجی دروستكردنەكەیان گرتە ئەستۆ، ئەمەش بە بەخشینی خشڵ و زێـڕو زیوی خۆیان بۆ جێبەجێ كردنی ئەم ئەركە ئایینیە.

لە ئیسپانیا کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی مزگەوتی “البشارة”ی دروستكرد لە شارى قورتوبە كە یەكەم مزگەوتی نوێ بوو ئیسپانیا بەخۆیەوە بینی لە ماوەی 500 ساڵ پاش دەرچوونی موسوڵمان و كۆتایی هاتنی دەسەڵاتیان لە ئەندەلوسدا. وە هەزارەها مزگەوت هەن لە ئەفریقا و ئەوروپا و ئوستڕالیا و ئاسیا و ئەمریكا كە سوپاس بۆ خوا بەردەوام لە زیادبووندان بۆ جێگیركردنی كۆڵەكەكانی یەكتاپەرستی و ئایینی پاكی ئیسلام.

خوای گەورە دەفەرموێت: {فِي بُيُوتٍ أَذِنَ اللَّهُ أَنْ تُرْفَعَ وَيُذْكَرَ فِيهَا اسْمُهُ يُسَبِّحُ لَهُ فِيهَا بِالْغُدُوِّ وَالْآصَالِ (*) رِجَالٌ لَا تُلْهِيهِمْ تِجَارَةٌ وَلَا بَيْعٌ عَنْ ذِكْرِ اللَّهِ وَإِقَامِ الصَّلَاةِ وَإِيتَاءِ الزَّكَاةِ يَخَافُونَ يَوْمًا تَتَقَلَّبُ فِيهِ الْقُلُوبُ وَالْأَبْصَارُ (*) لِيَجْزِيَهُمُ اللَّهُ أَحْسَنَ مَا عَمِلُوا وَيَزِيدَهُمْ مِنْ فَضْلِهِ وَاللَّهُ يَرْزُقُ مَنْ يَشَاءُ بِغَيْرِ حِسَابٍ (*)} (النور: 37-39)

واتە: “لە مزگەوتانێکدا خوا مۆڵەتی داوە کە بە گەورە و پاك ڕاگیرێ، زیکر و یادی خوای تێدا بکرێ، لەو [مزگەوتانە]دا تەسبیحاتی خوا دەکەن بە بەیانیان و ئێواران (*) پیاوانێك کە بازرگانی و کڕین و فرۆشتن بێ ئاگایان ناکات لە یادی خوا و نوێژکردن و زەکاتدان، لەڕۆژێك دەترسن [ڕۆژی قیامەت] دڵ و چاوەکان تیایدا ئاوەژوو دەبن (*) تا خوا پاداشتیان بداتەوە بە چاکترینی ئەوەی کردوویانە، وە لە بەهرەی خۆیەوە زیادەشیان دەداتێ، وە خوا ڕزق و ڕۆزی دەدا بەهەر کەس بیەوێ بەبێ ژمار (*)”

مزگەوتی (بیت الفتوح)، لەندەن، شانشینی یەكگرتوو

ناوەندەكانی بانگەواز و تەبلیغكردن

لەپاڵ دروستكردنی مزگەوتەكاندا، كۆمەڵەكەمان تۆڕێكی بازنەفراوان و كاریگەری لە ناوەندەكانی بانگەوازی ئیسلامی بڵاوكردووەتەوە لە هەموو ناوچەیەكی جیھاندا، بێگومان لە ئێستادا ژمارەی ئەم ناوەندانە لە سەدەها تێپەڕی كردووە، هەروەها ئەم كۆمەڵە تا ئەمڕۆ زياتر لە 170 وڵاتدا دامەزراوە، وە ژمارەی شوێنكەوتووانی گەيشتوەتە دەيەها ملیۆن كەس بە فەزڵی خوای گەورە. وە موسوڵمانە ئەحمەدیەكان لە هەموو جێگایەكدا ناسراون بە ڕەوشتی جوان و كرداری باشیان لەپێناوی ئایین و مرۆڤایەتیدا، وە بە پەنجە ئاماژەیان بۆ دەكرێت بەهۆی ڕەفتاریان كە ڕەفتارێكی ئیسلامی هاوسەنگ و سەنگینە.

بڵاوكردنەوەی قورئانی پیرۆز و وەرگێڕانی ماناكانی

كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی هەستاوە بە جێبەجێ كردنی پرۆژەی بڵاوكردنەوەی قورئانی پیرۆز و وەرگێـڕانی ماناكانی بۆ زیاتر لە 56 زمانی جیھانی هەتا ئەمڕۆ. ئەمەش سەرباری دەیەها وەرگێـڕانی تری قورئان كە لەكاتی دانان و پێداچوونەوەدایە. هەروەها، وەك باسكردن و پێزانینی نیعمەتی خوای گەورە، ئەم دەستكەوتە مەزنانە لەڕووی چۆنێتی و چەندێتیەوە لەسەرووی هەموو ئەو چالاكیانەوەیە كە گروپ و دەوڵەتە ئیسلامیەكان و دەزگاكانیان بەیەكەوە ئەنجامیانداوە لەم بوارەدا، بەجۆرێك وەرگێـڕانەكانیان بۆ ماناكانی قورئان لە پەنجەكانی دەست تێپەڕی نەكردووە. وە ئەم سەركەوتنەی كۆمەڵی ئەحمەدیەت ئەگەر بەڵگە بێت لەسەر شتێك ئەوا بەڵگەیە لەسەر گرنگیدانی خيلافەتی ئیسلامی ئەحمەدی بە بڵاوكردنەوەی پەیامی قورئانی پیرۆز لە هەموو جیھاندا؛ چونكە ئەحمەدیەت باوەڕی وایە كە پەیامی موحەممەدی پەیامێكی جیھانیە، وە كاردەكات بەو پەیامە بەگوێـرەی ئەو ڕێنماییە پیرۆز و پڕ‌ دانستانەی كە گەورەمان ئیمامی مەهدی بەفەرمانی خوای پەروەردگار پێشكەشی كردوون.

وەرگێڕانی ماناكانی قورئانی پیرۆز بەتەواوەتی بۆ 56 زمانی جیھانی

خوای گەورە دەفەرموێت: {وَهَذَا كِتَابٌ أَنْزَلْنَاهُ مُبَارَكٌ مُّصَدِّقُ الَّذِي بَيْنَ يَدَيْهِ وَلِتُنْذِرَ أُمَّ الْقُرَى وَمَنْ حَوْلَهَا وَالَّذِينَ يُؤْمِنُونَ بِالْآخِرَةِ يُؤْمِنُونَ بِهِ وَهُمْ عَلَى صَلَاتِهِمْ يُحَافِظُونَ} (الأنعام: 93)

واتە: “ئەم [قورئانە] کتێبێکی پیرۆزە، دامانبەزاندوە، ڕاستی کتێبەکانی پێشوو دەسەلمێنێت، هەروەها ناردوومانە تا مەککەی پیرۆز [أُمَّ الْقُرَى] و هەموو دەوروبەری داچڵەکێنێت، جا ئەوانەی کە باوەڕ بەرۆژی دوایی دەهێنن، بڕوا بە قورئانیش دەهێنن و لەسەر نوێژەکانیان بەردەوامن و هەمیشە لەکاتی خۆیدا ئەنجامیان دەدەن و دەیانپارێزن.”

یەكەم ئێستگەی كەناڵی ئاسمانی ئیسلامی جیھانی

بە فەزڵ و یارمەتی خوا یەكەم ئێستگەی ئیسلامی بەناوى (MTA International) لەلایەن كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدیيەوە لە لەندەن دامەزرا، ئەمەش یەكێكە لە بەرهەمەكانی خيلافەتی ڕاشیدی كە ئەم كۆمەڵە پیرۆزە بەڕێوە دەبات. وە ئەم كەناڵە بەدرێژایی كات بەرنامەكانی پەخش دەكات بەجۆرەها زمانی جیھانی، وە لەڕێگەی مانگە دەستكردەكانەوە پەخشكردنەكەی هەموو كیشوەرەكان دەگرێتەوە، وە ئەم كەناڵە لەمیانەی بەرنامەكانیەوە كە بە زمانە جیاوازەكان پێشکەش دەکرێن، نیازی زیندووكردنەوەی چەمكە ئیسلامیە ڕاستەقینەكانی هەیە.

خوای گەورە دەفەرموێت: {وَمَنْ أَحْسَنُ قَوْلًا مِمَّنْ دَعَا إِلَى اللَّهِ وَعَمِلَ صَالِحًا وَقَالَ إِنَّنِي مِنَ الْمُسْلِمِينَ} (فصلت: 34)

واتە: “کێ وتەی چاکترو بەجێترە لەو کەسەی [خەڵك] بۆ لای خوا بانگ دەکات، وە کاری چاکە دەکات و دەڵێ بێگومان من لە پێڕی موسوڵمانانم.”

تەلەڤزیۆنی ئیسلامی ئەحمەدی MTA 

بڵاوكردنەوەی چاپكراوە ئیسلامیەكان

كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی هەزارەها كتێبی بە زمانە جیھانی و ناوچەییەكان دەركردووە لەبارەی بیروباوەڕی ئیسلامی و بابەتەكانی، كە بوونەتەهۆی زاڵبوونی بیروباوەڕی ئیسلامی، وە دەربارەی چەمكە ڕاستەكانی و بەڵگەكانی دەراسابوونی ئەم بیروباوەڕە لە بەرامبەر بەرەنگاربوونەوە هاوچەرخەكان و زانیاریە ڕاستەقینە تازەكاندا، سەرەڕای دەیەها ڕۆژنامە و گۆڤار كە بە جۆرەها زمان و لە چەندەها وڵات دەریدەكات.

ئەمەش ناوی هەندێ لە گرنگترین ئەو ڕۆژنامە و بڵاوكراوانە:

گۆڤاری “التقوی” گۆڤارێكی ئیسلامی مانگانەیە بە زمانی عەرەبی دەردەچێت.

گۆڤاری “البشری” گۆڤارێكی ئیسلامیە كە لە سیەكانی سەدەی ڕابردووەوە بە زمانی عەرەبی دەردەچێت لە فەڵەستین.

گۆڤاری مقارنة الأدیان “Review of Religions” بە زمانی ئینگلیزی.

گۆڤاری “الرسالة” بە زمانی فەڕەنسی.

گۆڤاری “Der Islam” بە زمانی ئەڵمانی.

گۆڤاری  “Sinar Islam” بە زمانی ئەندەنووسی.

گۆڤاری  “Sunrise”بە زمانی ئینگلیزی.

ڕۆژنامەی (الفضل) كە بە زمانی ئوردی دەردەچێت.

هەفتەنامەی (الفضل)ی جیھانی كە بە زمانی ئوردی دەردەچێت.

هەفتەنامەی “البدر” كە بە زمانی ئوردی دەردەچێت.

خوای گەورە دەفەرموێت: {ادْعُ إِلَى سَبِيلِ رَبِّكَ بِالْحِكْمَةِ وَالْمَوْعِظَةِ الْحَسَنَةِ وَجَادِلْهُمْ بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ إِنَّ رَبَّكَ هُوَ أَعْلَمُ بِمَنْ ضَلَّ عَنْ سَبِيلِهِ وَهُوَ أَعْلَمُ بِالْمُهْتَدِينَ} (النحل: 126)

واتە: “خەڵكی بۆ ڕێبازی پەروەردگارت بانگ بكە بە دانایی و ئامۆژگاری چاك، وە بە چاكترین شێوە لەگەڵیاندا گفتوگۆ بكە، پەروەردگارت باشتر دەزانێت كێ لەڕێگەی ئەو لایداوە، هەر خۆیشی باشتر دەزانێت بەوانەى لەسەر ڕێگای ڕاستن.”

ڕاژە تەندروستی و فێـركاریەكان

سەرەڕای سنوردارى بودجەی كۆمەڵەكەمان بەڵام هەرگیز كەمتەرخەمی نەكردووە لە درێژكردنی دەستی یارمەتی بۆ خەڵكی لە میانەی ڕاژە خۆڕاییەكانیەوە لە بوارەكانی تەندروستی و فێـركردن و پەرەپێدان لە وڵاتە هەژارەكان و ناوچە لێقەوماوەكاندا، وه زیاتر لە نیو سەدەیە بە بەردەوامی خزمەتەكانی پێشكەش دەكات لە وڵاتە هەژارەكانی ئەفریقادا وەك:  گانا و كینیا و سیرالیۆن و گامبیا ساحل عاج و لیبریا و ئۆگەندا و… هتد، هەروەها كۆمەڵەكەمان هەمیشە گرنگی دەدات بە پێشكەش كردنی یارمەتی مرۆیی بۆ خەڵكی ناوچە لێقەوماوەكان لە جیھاندا بە چاوپۆشی لە جیاوازیە ڕەگەزی و ئايينیەكان.

خوای گەورە بە پێغەمبەرەكەی دەفەرموێت: {وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا رَحْمَةً لِلْعَالَمِينَ} (الأنبياء: 108)

واتە: “[ئەی محمد صلی اللە علیە وسلم] ئێمە تۆمان ڕەوانە نەکردووە تەنها بۆ ئەوە نەبێت کە ببیتە ڕەحمەت بۆ جیهانيان.”

نۆڕینگەی ددان – كیسومو، كینیا 

سەرچاوەی خەرجیەكانی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی

ڕەنگە هەندێ كەس ئەم پرسیارە بە خەیاڵیاندا بێت: سەرچاوە داراییەكانی ئەم كۆمەڵە كامانەن؟ وەڵامەكە ئەوەیە: كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی لە سەرچاوە داراییەكانیدا تەنھا پشت دەبەستێت بەو سامانە حەڵاڵەی كە ئەندامه دڵسۆزەكانی پێشكەشی دەكەن بۆ خزمەتی ئیسلام، وە هیچ یارمەتیەكی دارایی وەرناگرێت لە هیچ لایەنێك یان حكومەتێك یان دەزگایەكەوە. شایانی باسە هەموو تاكێك لەم كۆمەڵەدا _جگە لە زەكات_ بەلایەنی كەمەوە پابەندە بە پێشكەشكردنی لە 6.25% لە داهاتی مانگانەی خۆی لەپێناوی سەرخستنی وشەی ئیسلامدا، وە سوپاس بۆ خوا زۆربەی ئەندامەكانی، ژنان و پیاوان، لەم ڕێژەیە زیاتر دەبەخشن.

خوای گەورە دەفەرموێت: {وَمَثَلُ الَّذِينَ يُنْفِقُونَ أَمْوَالَهُمُ ابْتِغَاءَ مَرْضَاتِ اللَّهِ وَتَثْبِيتًا مِنْ أَنْفُسِهِمْ كَمَثَلِ جَنَّةٍ بِرَبْوَةٍ أَصَابَهَا وَابِلٌ فَآتَتْ أُكُلَهَا ضِعْفَيْنِ فَإِنْ لَّمْ يُصِبْهَا وَابِلٌ فَطَلٌّ وَاللَّهُ بِمَا تَعْمَلُونَ بَصِيرٌ} (البقرة: 266)

واتە: “نموونەی ئەوانەی ماڵ و سامانیان دەبەخشن لەپێناوی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خوادا و بۆ دامەزراندن و ڕاهێنانی خۆیان لەسەر چاکەکاری، وەکو باخچەیەك وایه: لە بەرزاییەکدا بێت و بارانێکی دڵۆپ گەورە بیگرێتەوە و ببێتە هۆی ئەوەی کە دوو بەرامبەر بەرهەمی هەبێت، خۆ ئەگەر بارانی دڵۆپ گەورەش نەیگرێتەوە، ئەوە نمەباران پاراوی دەکات، خوای گەورەش بینایە بەو کار و کردەوانەی دەیکەن.”

مەرجەكانی بەیعەتدان

بۆ چوونەناو كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی كە دامەزرێنەرەكەی دایناوە

یەكەم: ئەو كەسەی بەیعەتی داوە ئەبێت لە كانگای دڵیەوە بڕیار بدات كە خۆی بپارێزێت لە هاوەڵدانان بۆ خوا هەتاكو مردن.

دووەم: خۆی لابدات لە قسەی درۆ و توخنی زینا و خیانەتی چاو نەكەوێت، وە دووربكەوێتەوە لە هەموو شێوازەكانی خراپە و داوێنپیسی و ستەم و خیانەت و دەستدرێژی و بەدفەڕی، وە ڕێگە نەدات هەڵچوونە دەروونیەكان زاڵبن بەسەریدا هەرچەندە پاڵنەرەكانی گرنگ و بەهێز بن.

سێیەم: دەبێت بەڕێكوپێكی بەردەوام بێت لەسەر بەجێهێنانی پێنج نوێژەكە بەبێ دابڕان بەگوێرەی فەرمانەكانی خوا و پێغەمبەرەكەی، وە بەردەوام بێت بەپێی توانا لەسەر كردنی شەونوێژ، وە سڵاواتدان لەسەر پێغەمبەر (ﷺ)، وە ئیستیغفار و داوای لێخۆشبوون بكات لە پەروەردگاری لەسەر هەڵە و تاوانەكانی، وە لەناخی دڵەوە هەموو ڕۆژێك یادی نیعمەت و چاكەكانی خوا بكات، وە سوپاس و ستایشكردنی خوای گەورە لەسەریان بكات بە ویردی خۆی.

چوارەم: بە ناهەق ئازاری هیچ كەسێك نەدات لە دروستكراوانى خوا بەگشتی و موسوڵمانان بەتایبەتی بەهۆی هەڵچوونەكانی دەروونەوە.. نە بەدەستی و نە بەزمانی و نە بەهەر ڕێگەیەكی تر.

پێنجەم: بەئەمەك بێت بۆ خوای گەورە، وە ڕازی بێت بە خواستەكانی لە هەموو دۆخەكاندا: دۆخی پەژارە و شادی، تەنگانە و فەرحانی، كەمدەستی و خۆشگوزەرانی، وە ئامادە بێت بۆ قەبوڵ كردنی هەموو زەبوونی و ئازارێك لەڕێگەی خوادا، وە ڕوو لە خوای پاك و بڵند وەرنەگێڕێت كاتی تووشبوونی بە بەڵا و نەهامەتی، بەڵكو بەردەوام و بێ وچان بەرەو ڕووی بڕوات.

شەشەم: بە تەواوەتی دەست هەڵبگرێت لە شوێنكەوتنی نەریتە پووچەكان و ئارەزووەكانی دەروون و هیوا درۆینەكان، وە دەسەڵاتدارێتی قورئانی مەزن قەبوڵ بكات لەسەر خۆی بە هەموو مانای وشە، وە وتەی خوا و قسەی پێغەمبەر بكات بە دەستووری كاركردنی لە هەموو بەرنامەكانی ژیانیدا.

حەوتەم: وازبهێنێت لە لووتبەرزی و خۆبەزلزانین بە وازهێنانێكی تەواوەتی، وە ڕۆژەكانی ژیانی بە ملكەچی و بێ فیزی و ڕەوشت جوانی و ئارامی و نەرمونیانی بەسەر ببات.

هەشتەم: دەبێت ئایین و سەربەرزی ئایین و دڵسۆزی بۆ ئیسلام لای ئەو خۆشەویستتر و ئازيزتر بێت لە خۆی و ماڵی و مناڵەكانی و هەموو ئەو شتانەی كە زۆر خۆشەویست و ئازيزن لەلای.

نۆیەم: بەردەوام سەرقاڵ بێت بە یارمەتیدانی سەرجەم دروستكراوانی خوا و دڵسۆز بێت بۆیان تەنها لەبەر خاتری خوا، وە بەپێی توانا سوود بگەیەنێت بە سەرجەم مرۆڤایەتی بە هەموو ئەو بەهرە و ناز و نیعمەتانەی كە خوا پێی بەخشیوە.

دەیەم: پەیمانی برایەتی ببەستێت لەگەڵ ئەم بەندەیەدا (واتە: مەسیحی بەڵێندراو)، تەنها لەبەر خاتری خوا.. كە گوێڕایەڵیم بكات لە هەموو ئەو كارە چاكانەی كە فەرمانی پێ دەكەم، پاشان خۆی لانەدا لەم پەیمانە و نەیشكێنێت هەتاكو مردن، وە ئەم پەیمانە بەشێوەیەك بێت كە پەیوەندییە دنیاییەكان بارتەقای نەبن، چ ئەو پەیوەندیانە خزمایەتی بن یان هاوڕێیەتی یان كار و پیشە.

(سەیری ڕاگەیەندراوى “تكمیل التبلیغ” بكە لە 12ی یەنایەر (كانوونی دووەم) ساڵی 1889ز، كۆمەڵە ڕاگەیاندراوەكان، بەشی یەكەم، لاپەڕە 189_190).

خوای گەروە لە كتێبە پیرۆزەكەیدا دەفەرموێت: {إِنَّ الَّذِينَ يُبَايِعُونَكَ إِنَّمَا يُبَايِعُونَ اللَّهَ يَدُ اللَّهِ فَوْقَ أَيْدِيهِمْ فَمَنْ نَكَثَ فَإِنَّمَا يَنْكُثُ عَلَى نَفْسِهِ وَمَنْ أَوْفَى بِمَا عَاهَدَ عَلَيْهُ اللَّهَ فَسَيُؤْتِيهِ أَجْرًا عَظِيمًا} (الفتح: 11)

واتە: “بێگومان ئەوانەی بەیعەت دەدەنه ‌تۆ لەڕاستیدا هەر بەیعەت بە خوا دەدەن، دەستی پیرۆز و بەتوانای خوا لەسەر دەستیانەوەیە [بە پشتگیری و یارمەتی] جا ئەوەی بەیعەتەکە بشکێنێت و لێی پاشگەز ببێتەوە، ئەوە لەسەر خۆی دەکەوێت، ئەوەش کە بەیعەتەکە دەباتەسەر و پاشگەز نابێتەوە لێی، خوای باڵادەست پاداشتی گەورەی پێدەبەخشێت.”

نیشانە و ئامانجەكانی بەیعەتی كۆمەڵی ئەحمەدی

بەیعەت لای كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی ڕایەڵێكی تۆكمە و بەهێزە كە ڕاستەوخۆ كەسی بەیعەتدەر دەبەستێتەوە به پەروەردگاریەوە ئەگەر كاربكات بە مەرجەكانی و پابەند بێت پێیانەوە، لەبەرئەوە بەیعەت بەڵگەنامەیەكی لایەنگیری و پەیوەندیكردن نیە وەك هەندێ گروپی ڕادیكاڵی دەمارگیر، كە لە حیزبە سیاسیە هاوچەرخەكان دەچن و ئەو كارە دەكەن. وە بانگەوازی ئیسلامی كۆمەڵی ئەحمەدی بانگەوازێكی ڕۆحیە، وە ئایین و سیاسەتی هاوچەرخ لەیەك جودا دەكاتەوە و هیچ ئامانجێكی سیاسی نیە، وە دواجار بەیعەتەكەمان خاڵیە لە هەر هەوڵێك بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتی؛ چونكە ئێمە پێمانوایە كە ئایینی ئیسلام یاسای كۆمەڵگایە و پێكھاتووە لە بانگەوازكردن بۆ ڕێگای خوای گەورە بە حیكمەت و ئامۆژگاری چاك.

كۆمەڵەكەمان بەجوانی چاودەكات لە گەورەمان موحەممەد (ﷺ) كە پێشەنگێكی چاكە، وە لە بانگەوازەكەیدا هەوڵی نەداوە بۆ بەدەستھێنانی دەسەڵات و دەوڵەتداری، بەڵكو هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوە بوو كە ئایینی خوا بڵاوبێتەوە و باڵادەست بێت لە كۆمەڵگادا، ئەم كارەیش بووە هۆی ئەوەی كە دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتی لەخۆوە بێن بۆ لای (ﷺ). كەواتە لە ناوەڕۆكدا بەیعەت پەیماننامەیەكە لەگەڵ خوای گەورەدا دەبەسترێت بۆ ئەوەی بەگوێرەی ڕێنماییەكانی كاربكرێت و چاكسازی لە نەفس و بیروباوەڕدا ئەنجام بدرێت، وە بێگومان هەر 10 مەرجەكەی بەيعەتدان لە دەوری ئەوە دەسوڕێنەوە كە پێویستە تاك پابەندبێت بە كاركردنەوە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی ڕاستەقینە ڕەفتاری ڕۆژانەى ڕاست بێتەوە.

كەواتە بەیعەت قەبوڵ ناكرێت لە كەسێك كە هەوڵ نەدات بۆ وازهێنان لەو لادانانەی كە پەیوەستن بە بیروباوەڕ و ڕەفتاریەوە؛ چونكە بەیعەت واتە تازەكردنەوەی باوەڕهێنان بە ڕاستی ئایینی ئیسلام و ڕاستی پێغەمبەرایەتی موحەممەدی هەڵبژاردە (ﷺ) كە خاتەمی پێغەمبەرانە، وە كاركردن بەگوێرەی ئەو مەرجانەی كە لەسەرەوە باسكران. بەم شێوەیە كەسێك كە بەیعەت دەدات، بەیارمەتی خوا، دەبێت بە نموونەیەكی بێوێنە لە بیروباوەڕ و هەڵسوكەوتدا، وە دەبێت بە خشتێكی تۆكمە بۆ بنیاتنانی كۆمەڵگای ئیسلامی جیھانی بەختەوەر، ئەمەش ئەو ئامانجەیە كە موسوڵمانانی هاوچەرخیش هەوڵی بۆ دەدەن لە ڕێگەی تیۆر و ئەزموونە شكستخواردووە جۆربەجۆرەكانەوە كە ناویانناون ڕابوونە ئیسلامیەكان!!

بێگومان گەورەمان ئەحمەد (سڵاوی خوای لێ بێت) بە ئاشكرا ڕایگەیاندووە و دەفەرموێت:

“هەڵبەت سیستەمی بەیعەت هیچ ئامانجێكی نیە جگە لە دروستكردنی كۆمەڵێك لە پارێزكاران، بۆ ئەوەی ئەم كۆمەڵە هۆگر و یەكگرتووە لە پارێزكاران كاریگەری چاكی خۆی بەجێبھێڵێت لەسەر جیھان. وە بۆ ئەوەی كۆبوونەوەیان ببێتە مایەی خێـر و چاكە و پیت و فەڕ و سەرەنجامی باش بۆ ئیسلام. وە بۆ ئەوەی بە بەرەكەتی كۆبوونەوەیان لەسەر یەك وشە بەكاربھێنرێن بۆ بەجێھێنانی خزمەتە باشەكان بۆ ئیسلام. وە بۆ ئەوەی ئەم كۆمەڵە موسوڵمانە نەبنە كۆمەڵێكی تەمبەڵ و ڕژد و بێ سوود، وە بۆ ئەوەی نەبنە هاوشێوەی ئەو نەزانانەی كە كۆمەڵێك زیانی قورسیان گەیاند بە ئیسلام بەهۆی دووبەرەكی و پەرتەوازەبوونیانەوە، وە ڕوخساری جوانی ئيسلامیان لەكەدار كرد بەهۆی هەڵسوكەوتە خراپەكانیانەوە. وە بۆ ئەوەی نەبنە هاوشێوەی ئەو سۆفیە بێ ئاگایانەی كە پێچیان خواردووە بەدەوری خۆیاندا و هیچ شتێك نازانن لە پێویستیەكانی ئیسلام و هیچ بایەخێك نادەن بە هاوخەمی و یارمەتیدانی براكانیان، وە لە دەروونیاندا كەمترین پەرۆشی بەدیناكرێت بۆ گەیاندنی خێـر و چاكە بە خەڵكی، بەڵكو دەبێت سۆز و خۆشەویستییان هەبێت بۆ ئەم ئوممەتە هەتاكو ببنە پەناگەیەك بۆ هەژاران، وە بۆ هەتیوان وەكو باوك وابن، وە بەردەوام ئامادە بن بۆ قوربانیدان لە ڕێگەی خزمەتكردنی ئیسلام وەكو عاشقێكی شەیدا، وە ئەوپەڕی كۆششی خۆیان خەرج بكەن بۆ ئەوەی پیت و فەڕە گشتگیرەكەیان بڵاوە بكات لە هەموو جیھاندا.”

(إزالة الأوهام، الخزائن الروحانية ج 3 ص 561-562)