بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

ئەم بابەتە بڕگەی یەكەمی وتارێكی خەلیفەی دووەم میرزا بەشیرەددین مەحموود ئەحمەدە (رضي الله عنه) دەربارەی فریشتەكان، ئەم وتارە لە كۆبوونەوەیەكی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی پێشكەشكرا كە لە كۆتایی كانوونی یەكەمی ساڵی 1920دا بەسترابوو.

* ئایا فریشتەكان دروستكراون؟

* بینینی فریشتەكان

* جۆری فریشتەكان

* توێژەكانی فریشتە

* بێتاوانی فریشتەكان

* گوێڕایەڵی فریشتەكان و تواناكانیان

* سیفەتی فریشتەكان لەڕووی كاریگەری و كارتێكردن

* ژمارەی فریشتەكان

*  پلەوپایەی فریشتەكان

*  هێزی فریشتەكان

*  ئیرادەی فریشتەكان

*  زانینی غەیب

 * هەموو فریشتەیەك تایبەتە بە كارێكی دیاریكراوەوە

* جیاوازی فریشتەكان بە جیاوازی دیمەن و سیفەتەكان

ئایا فریشتەكان دروستكراون؟

ڕەنگە بە مێشكدا بێت كە فریشتەكان دروستكراو نین، بێگومان ئەمە تێڕوانینێكی هەڵەیە و مەسیحیەكان باوەڕیان پێیەتی ، بۆیە وا خەیاڵ دەكەن كە ڕۆحی پیرۆز دروستكراو نیە، بەڵكو بەشێكە لە خوای گەورە ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی ئەو باوەڕەی كە جوبرەئیل (عليه السلام) خوایە، بە پێچەوانەوەى ئەمەوە ئیسلام بەئاشكرا ڕایدەگەیەنێت كە فریشتەكان دروستكراون، ئەوەتا لە سورەتی (الصَّافَّات)دا هاتووە: {أَمْ خَلَقْنَا الْمَلَائِكَةَ إِنَاثًا وَهُمْ شَاهِدُونَ} (ئايەتى 151)

ئەمەش مانای ئەوەیە كە فریشتەكان دروستكراون، وە دروستكارەكەشیان خوای گەورەیە. لێرەدا ڕەنگە ئەم پرسیارە بێت بە مێشكی هەندێ كەسدا كە ئایا فریشتەكان نەمرن یاخود دەمرن؟

هەرچی چۆنێك بێت وەڵامەكە ئەوەیە: لەبەرئەوەی ڕۆحی ئادەمیزاد پارێزراوە؛ ئەوا بەهەمان شێوە بەردەوام فریشتەكانیش دەمێننەوە، ڕەنگە هەندێكیان لەناوبچن یاخود هەندێكیان بەپارێزراوی بمێننەوە. بەم بۆنەيەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەین كە هەندێ ئایینی تر باوەڕیان بەپێچەوانەی ئەوەیە كە ئێمە باسمان كرد، هەرچی جوولەكەیە باوەڕیانوایە كە هەر ئیلھامێكی نوێ هەزارەها فریشتەی نوێ دەیھێنن ئینجا دوای كۆتاییھاتنی ئەركەكەیان هەموویان لەناودەچن، بەڵام ئایینی زەردەشتی دەڵێت فریشتەكان نامرن و لەناوناچن كە ئەمە قسەیەكە تەبایە لەگەڵ ئەو قسەیەی كە ئێمە پێشتر وتمان.

بینینی فریشتەكان

خاڵی دووەم دەربارەی حەقیقەتی فریشتەكان ئەوەیە كە ئایا دەشێت ببینرێن یان نا؟ لەڕاستیدا ئەستەمە بۆ مرۆڤ كە بەچاوی سروشتی فریشتەكان ببینێت؛ چونكە ئەوان كۆمەڵە دروستكراوێكی ڕۆحانین، وە قورئانی پیرۆز لە وەڵامی داوای كافرەكان بۆ دابەزاندنی فریشتە لە ئاسمانەوە دەفەرموێت: {وَلَوْ جَعَلْنَاهُ مَلَكًا لَجَعَلْنَاهُ رَجُلًا وَلَلَبَسْنَا عَلَيْهِمْ مَا يَلْبِسُونَ} (الأنعام: 10)

واتە ئەستەمە مرۆڤ بەچاوی سەر فریشتەكان ببینێت لەسەر شێوە ڕاستەقینەكەی خۆیان، بەڵكو بەشێوەیەكی تر فریشتەكان دەبینرێن كە جیاوازە لە بوونە ڕاستەقینەكەیان، بەڵام تەنھا بەچاوی ڕۆحانی لەسەر شێوە ڕاستەقینەی خۆیان دەبینرێن.

ڕەنگە كەسێك پرسیار بكات: بۆچی فریشتەكان لەسەر شێوەی مرۆڤ دانابەزن بۆ ئەوەی خەڵكی بیانبینێت؟ وەڵامەكە ئەوەیە كە ئەگەر فریشتە لەسەر شێوەی مرۆڤ دابەزێت؛ ئەوا جێگای دوودڵیه و خەڵكی گومان دەكەن لێی كە ئایا ئەم كەسە فریشتەیە یان ئادەمیزاد.. بەمەش ئەو گومانەی كە لەدڵیاندایه وەك خۆی بەبەردەوامی دەمێنێتەوە و دواجار گومانیش لەوە دەكەن كە ئایا قسەكانی ئەو پیاوە فەرمایشتی پەروەردگاری جیھانیانە یان قسەی خۆیەتی، لەبەرئەوە دابەزینی فریشتەكان بەجۆرێك خەڵكی بەچاوی ماددی بیانبینێت هیچ كەڵكێكی نیە؛ چونكە گومان و ڕەخنەكان بەردەوام وەكو خۆیان دەمێننەوە.

جۆری فریشتەكان

خاڵی سێيەم كە شایانی باسە ئەوەیە كە ئەم دروستكراوانە نێر و مێ نین بەبەڵگەی ئەم ئایەتە: {أَمْ خَلَقْنَا الْمَلَائِكَةَ إِنَاثًا وَهُمْ شَاهِدُونَ} (الصّافات: 151)

پێشتر لە بڕگەی یەكەمدا ئەم ئایەتە كرا بەبەڵگە لە بوارێكی تردا. وە لێرەدا مەبەست نەڕێكردنی ڕەگەزی مێ و چەسپاندنی ڕەگەزی نێر نیە لەمەڕ فریشتەكان. وە بەگوێرەی سیاقی قسەكە ڕوون دەبێتەوە كە ئایەتەكە باس و خواسی گەوجێتی ئەو كەسانەى تێدایە كە بانگەشەی ئەوە دەكەن فریشتەكان ڕەگەزیان مێیە، لێرەدا ئەم وەڵامە هاتووە جەخت لە دوورخستنەوەی ئەو بانگەشەیە دەكاتەوە و ڕوونیدەكاتەوە كە ئەوەی فریشتەكان نێرن یان مێ هیچ بنەما و پاڵپشتێكی نیه؛ چونكە ئەوانەی وادەڵێن دروستكردنی فریشتەكانیان بەچاوی خۆیان نەبینیوە، پاشان ئەم جۆراوجۆریە تەنھا لە شتە ماددیەكاندا هەیە، بەڵام لە شتە ڕۆحیەكاندا ڕەگەزی نێر و مێ بوونی نیە.

بەهەمان شێوە پێویستە وا تێنەگەین كە ڕۆحی كەسی نێر ڕۆحێكی نێرە و ڕۆحی كەسی مێ ڕۆحێكی مێیە؛ چونكە نێر و مێ تەنھا لە شێوەی قاوغەكەدایە واتە جەستە، بەڵام ئەوەی كە لەناویدایە، واتە ڕۆح، شتێكی ترە.

توێژەكانی فریشتە

ڕاستی چوارەم كە دەربارەی فریشتەكان پێویستە بیزانین ئەوەیە كە ئەوان سێ توێژن و لە یەك بەش یان یەك جۆر نین، وە ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە ئاماژە دەكات بۆ ئەم ڕاستیە: {الَّذِينَ يَحْمِلُونَ الْعَرْشَ وَمَنْ حَوْلَهُ يُسَبِّحُونَ بِحَمْدِ رَبِّهِمْ وَيُؤْمِنُونَ بِهِ وَيَسْتَغْفِرُونَ لِلَّذِينَ آمَنُوا رَبَّنَا وَسِعْتَ كُلَّ شَيْءٍ رَحْمَةً وَعِلْمًا فَاغْفِرْ لِلَّذِينَ تَابُوا وَاتَّبَعُوا سَبِيلَكَ وَقِهِمْ عَذَابَ الْجَحِيمِ} (غافر: 8)

لەم ئایەتەوە دەردەكەوێت كە فریشتەكان سێ كۆمەڵن: دووانیان بەبەڵگەی دەقی ئایەتەكە، وە سێھەمیان بە ئاماژەی دەقەكە.

توێژی یەكەمیان ئەوانەن كە عەرشیان هەڵگرتووە، وە توێژی دووەم ئەوانەن كە دەوری عەرشیان داوە، بەڵام توێژی سێيەم ئەوانەن كە حوكمە شەرعیەكان لە گەڵیاندا ڕەوانە دەكرێن بۆ زەوی. واتە توێژێكی فریشتەكان هەن كە لەوانەی دەوری عەرشیان داوە نزمترن. وە فەرموودە پیرۆزەكانیش ئەم ڕاستیە دووپات دەكەنەوە؛ چونكە لێیانەوە دەسەلمێنرێت كە تیپێك لە فریشتەكان تایبەتن بە شتە جیاوازەكان. وە ئەم جۆرە تێگەيشتنە لای زەردەشتیەكانیش هەیە، ئەوانیش دەڵێن حەوت فریشتە بوونیان هەیە، وە هیچ شتێك نیە لەم ژیانی دنیایەدا مەگەر پەیوەندی هەیە بەو حەوت فریشتەيەوە.

هەروەها لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە كە عەرشی پەروەردگاری جیھانیان لە ڕۆژی قیامەتدا هەشت فریشتە هەڵیدەگرن. {وَيَحْمِلُ عَرْشَ رَبِّكَ فَوْقَهُمْ يَوْمَئِذٍ ثَمَانِيَةٌ} (الحاقّة: 18) مانای ئایەتە پیرۆزەكە ئەوە نیە كە كۆشكێك هەبێت لە زێڕ یان لە زیو دروست كرابێت؛ بەڵكو مەبەستی ئایەتەكە وێناكردنی وەسفێكی بڵندە بۆ دەرخستنی خوایەتی خوای گەوره كە لەجیھانی دووەمدا _واتە جیھانی دواڕۆژ_ لەڕێگەی ئەو هەشت فریشتەوە جیلوە دەكات. بەڵام لەم جیھانەدا وەك بەبەڵگە چەسپاوە لەرێگەی حەوت فریشتەوە جیلوە دەكات.

پوختەی قسان، فریشتەكان دابەش دەبن بۆ چەند بەش و جۆرێك: یەكەم ئەوانەن عەرشیان هەڵگرتووە، دووەم ئەوانەن كە پلەیان نزمترە و وەكو هاوكاری جۆری یەكەم وان بەڵام ئەمانیش لە نزیكەكانن؛ چونكە لەدەوروبەری عەرشدان، سێيەم بریتین لە توێژی نزم كە كاری جۆربەجۆر ئەنجام دەدەن. وە بەگوێرەی فەرمایشتی خوای گەورە: {وَمَا يَعْلَمُ جُنُودَ رَبِّكَ إِلَّا هُوَ وَمَا هِيَ إِلَّا ذِكْرَى لِلْبَشَرِ} (المُدّثِّر : 32)

ئەستەمە ژمارەی ئەم توێژەی فریشتەكان بزانرێت. وە لە فەرموودەی زۆرێك لە پێغەمبەرانەوە چەسپاوە كە هەموو شتێك بەهۆی فریشتەكانەوە ڕوودەدات.

بێتاوانی فریشتەكان

بابەتی پێنجەم كە شایستەیە بزانرێت دەربارەی فریشتەكان ئەوەیە كە ئەوان هیچ تاوانێك یان سەرپێچییەك ئەنجام نادەن، وە بەپێچەوانەی ئادەمیزادەوە كە ماددەیەكی تێدایە وەهای لێ دەكات بتوانێت هەڵە و تاوان ئەنجام بدات. ڕەنگە ئادەمیزاد فەرموودەی پێغەمبەران ڕەتبكاتەوە بگرە نكوڵی لە بوونی خوای گەورە بكات، وە ڕەنگە لە تاواندا ڕۆبچێت و تەنانەت قسەی خراپ بكات بەرامبەر زاتی خوای گەورە. بەڵام فریشتەكان ئەو ماددەیان تێدا نیە و بەشێوەیەك دروست نەكراون كە بتوانن تاوان ئەنجام بدەن، وە ئەگەر بەراوردمان كرد لەنێوان ئەوان و خەڵكیدا؛ ئەوا بازنەی كردەوەی ئەوان سنوردارە، بەڵام مرۆڤ جاروبار لەو بازنەیە دەردەچێت. وه وەسفی ئەم لایەنەی دروستبوونیان لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا كراوە: {لَا يَعْصُونَ اللَّهَ مَا أَمَرَهُمْ وَيَفْعَلُونَ مَا يُؤْمَرُونَ} (التحريم: 7)

گوێڕایەڵی فریشتە و تواناكانی

سروشتی فریشتەكان بەو شێوە نیە كە نافەرمانی خوا نەكەن بەتەنھا، بەڵكو بەردەوامن لەسەر گوێڕایەڵی كردن و خوویان گرتووە بە كاركردن بەفەرمانەكانی خوای گەورەوە. سەرپێچی نەكردن لە فەرمانەكانی خوای گەورە شتێكە و جێبەجێ نەكردنی فەرمانەكانی خوا و ئەنجام نەدانی ئەو فەرمانانە شتێكی ترە. بۆ نموونە تۆ فەرمان دەكەیت بە كەسێك كە شتێك بەكۆڵ هەڵبگرێت بەڵام بەهۆی لاوازییەوە ناتوانێت ئەو كارە بكات. دیارە لەم دۆخەدا ئەمە پێی ناوترێت سەرپێچی، بەڵكو ئەمە بریتیە لە نەتوانین. بەڵام ئەگەر ئەو كەسە بتوانێت ئەو شتە هەڵبگرێت و هەڵینەگرێت؛ ئەوا لەم دۆخەدا پێیدەوترێت سەرپێچی.

وە فەرمایشتی خوای گەورە لەم ئایەتەدا: {…لَا يَعْصُونَ اللَّهَ مَا أَمَرَهُمْ وَيَفْعَلُونَ مَا يُؤْمَرُونَ} ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە لە فریشتەكاندا ئەو ئامادەیی یان ئەو لێھاتووییە هەیە كە بتوانن هەموو ئەو كارانە ئەنجام بدەن كە فەرمانیان پێدەكرێت، ئەوان وەكو خەڵكی نین بەجۆرێك هەندێكیان ئارەزوویان لە گوێڕایەڵییە و هەندێكی تریان ئارەزوویان لە سەرپێچیە. پاشان ڕەنگە ئادەمیزاد حەز لە ئەنجامدانی كارێك بكات بەڵام جاروبار نەتوانێت هەستێت بە ئەنجامدانی ئەو كارە، هەروەك ئەگەر بیەوێت بە پێوە نوێژ بكات بەڵام بەهۆی نەخۆشی پان پیرێتیەوە ناچار بێت بەدانیشتنەوە نوێژەكەی بەجێبھێنێت.

سیفەتی فریشتەكان لەڕووی كاریگەربوون و كارتێكردنەوە

بابەتی حەوتەم بریتیە لەوەی كە فریشتەكان هۆكارە كاریگەرەكانی دەوروبەریان كاریان لێ ناكات و وەڵامی هیچ هۆكارێكی كاریگەر نادەنەوە لە دەرەوە یان لە غەیری خۆیانەوە، بەڵام دروستكراوانی تر هێزیان هەرچەند بێت بەغەیری خۆیان كاریگەر دەبن. بەڵام لەمەڕ ئادەمیزاد كۆمەڵێك بارودۆخ هەیە، هەندێ خەڵك بەغەیری خۆیان كاریگەر دەبن و هەندێكی تریش بەرەنگاری دەكەن. بۆ نموونە پێغەمبەران كاریگەردەبن بە كارە چاك و جوانەكان، بۆ نموونە ڕەنگە پێغەمبەر لە ڕووبەڕووبوونەوەی چەكداریدا بەشداری بكات و وەكو مرۆڤێك كاریگەر بێت بەو جەنگە، بەڵام پارێزراوە لە كاریگەری پاڵنەرە خراپ و شەڕانگێزەكان. بەڵام فریشتەكان هەمیشە پارێزراون لە كاریگەریەكان. لە سورەتی (التحریم)دا ئاماژەكراوە بەم ڕاستیه: {…عَلَيْها ملائِكةٌ غِلاظٌ شِدادٌ..} (ئايەتى 7)

ئەمانە بەشێكن لە سیفەتی فریشتەكان: توند و ڕەقن واتە بەهیچ شێوەیەك هیچ شتێك كاریگەری نیە لەسەریان.

بەڵێ، ئەگەر فەرمانیان پێبكرێت كە كاریگەرییان هەبێت لەسەر غەیری خۆیان ئەوا ئەو كارە دەكەن، ئەمە لە توانای مرۆڤدا نیە. ڕەنگە جارێك بتوانێت كاریگەری هەبێت لەسەر غەیری خۆی، وە ڕەنگە جارێكی تر نەتوانێت. كەوابوو ئادەمیزاد لەڕووی خاسیەتەكانەوە دەتوانێت شتێك بكات یان شتێك وەربگرێت بەڵام نەك لە هەموو ڕوویەكەوە. لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە: {مُحَمَّدٌ رَسُولُ اللَّهِ وَالَّذِينَ مَعَهُ أَشِدَّاءُ عَلَى الْكُفَّارِ رُحَمَاءُ بَيْنَهُمْ تَرَاهُمْ رُكَّعًا سُجَّدًا يَبْتَغُونَ فَضْلًا مِنَ اللَّهِ وَرِضْوَانًا سِيمَاهُمْ فِي وُجُوهِهِمْ مِنْ أَثَرِ السُّجُودِ ذَلِكَ مَثَلُهُمْ فِي التَّوْرَاةِ وَمَثَلُهُمْ فِي الْإِنْجِيلِ كَزَرْعٍ أَخْرَجَ شَطْأَهُ فَآزَرَهُ فَاسْتَغْلَظَ فَاسْتَوَى عَلَى سُوقِهِ يُعْجِبُ الزُّرَّاعَ لِيَغِيظَ بِهِمُ الْكُفَّارَ وَعَدَ اللَّهُ الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ مِنْهُمْ مَغْفِرَةً وَأَجْرًا عَظِيمًا} (الفتح : 30) لەمەوه ڕووندەبێتەوە كە باوەڕدارانیش وەكو فریشتەكان توندن، بەڵام تەنھا بەرامبەر كافرەكان، وەلێ لەنێوان خۆیاندا بەڕەحمن واتە كاریگەرییان هەیە لەسەر یەكتر.

وە لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە: {يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ جَاهِدِ الْكُفَّارَ وَالْمُنَافِقِينَ وَاغْلُظْ عَلَيْهِمْ وَمَأْوَاهُمْ جَهَنَّمُ وَبِئْسَ الْمَصِيرُ} (التوبة: 73) واتە جەنگیان لەگەڵدا بكەن و بەرەنگاریان ببنەوە و كاریگەر مەبن پێیان.

پوختەی قسان، باوەڕدار بەشێوەیەكی گشتی كاریگەری هەیە لەسەر غەیری خۆی، بەڵام غەیری خۆی كاریگەری نیە لەسەری و توانای نیە بەسەریدا مەگەر لە هەندێ كاروباردا، بەڵام فریشتەكان بەهیچ شێوەیەك لە شێوەكان هیچ شتێك كاریگەری نیە لەسەریان.

ژمارەی فریشتەكان

ژمارەیان دیاریكراو نیە و لەمەڕ خەڵكی شتێكی زانراو نیە، لەم بارەيەوە خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: {وَمَا يَعْلَمُ جُنُودَ رَبِّكَ إِلَّا هُوَ وَمَا هِيَ إِلَّا ذِكْرَى لِلْبَشَرِ} (المُدّثِّر: 32)

پلەوپایەی فریشتەكان

لەنێوان فریشتەكانیشدا هەیانە فەرماندارە و هەشیانە فەرمانپێكراوە. ئەمەش لەبەرئەوە نیە كە هەندێكیان گەورە و هەندێكیشیان بچوكن، بەڵكو هۆكارەكەی ئەوەیە كە هەریەكەیان تایبەتە بە كارێكی دیاریكراو لە شوێنێكی دیاریكراودا. خوای گەورە دەفەرموێت: {قُلْ يَتَوَفَّاكُمْ مَلَكُ الْمَوْتِ الَّذِي وُكِّلَ بِكُمْ ثُمَّ إِلَى رَبِّكُمْ تُرْجَعُونَ} (السجدة: 12)، خوای گەورە دەفەرموێت: {وَلَوْ تَرَى إِذِ الظَّالِمُونَ فِي غَمَرَاتِ الْمَوْتِ وَالْمَلَائِكَةُ بَاسِطُو أَيْدِيهِمْ أَخْرِجُوا أَنْفُسَكُمُ الْيَوْمَ تُجْزَوْنَ عَذَابَ الْهُونِ بِمَا كُنْتُمْ تَقُولُونَ عَلَى اللَّهِ غَيْرَ الْحَقِّ وَكُنْتُمْ عَنْ آيَاتِهِ تَسْتَكْبِرُونَ} (الأنعام: 94)، وە خوای گەورە دەفەرموێت: {إِنَّ الَّذِينَ تَوَفَّاهُمُ الْمَلَائِكَةُ ظَالِمِي أَنْفُسِهِمْ قَالُوا فِيمَ كُنْتُمْ قَالُوا كُنَّا مُسْتَضْعَفِينَ فِي الْأَرْضِ قَالُوا أَلَمْ تَكُنْ أَرْضُ اللَّهِ وَاسِعَةً فَتُهَاجِرُوا فِيهَا فَأُولَئِكَ مَأْوَاهُمْ جَهَنَّمُ وَسَاءَتْ مَصِيرً} (النِّساء: 98)

ئەگەر بەجوانی وردبینەوە لەم سێ ئایەتە بەیەكەوە؛ ئەوا لە ئایەتی یەكەمدا دەردەكەوێت كە گیانكێشانی هەموو خەڵكی دراوەتەپاڵ یەك فریشتە. ئەمە دژیەكی دروست ناكات بەڵكو بەڕوونی ئەوە دەگەیەنێت كه جێبەجێكردنی فەرمانی مردن دراوە بە یەك فریشتە، وە ئەم فریشتەیە كۆمەڵێكی زۆر هاوكاری هەیە و گوێڕایەڵی دەكەن و كاری گیانكێشان ئەنجام دەدەن. وە مادام لە بابەتی مردندا پلەبەندی هەیە بەهەمان شێوە دەگەینە ئەو ئەنجامە كە زنجیرەیەك لە فریشتە هەیە لە بابەتەكانی تردا كە بە فریشتەیەكی هەرە گەورە دەستپێدەكات و پاشان پلە بەپلە دێتە خوارەوە بۆ هاوكار و شوێنكەوتووەكان.

هێزی فریشتەكان

ئەگەر توانای فریشتەكان قیاس بكەین بەتوانای ئادەمیزاد؛ ئەوا توانای فریشتەكان سنوردار دەردەچێت. هەرچی فریشتەكانە هەمیشە لە یەك بارودۆخدان، بەڵام مرۆڤ پێشدەكەوێت و بەرەو بڵندی دەچێت. خوای گەورە لە كتێبە پیرۆزەكەیدا دەفەرموێت: {وَعَلَّمَ آدَمَ الْأَسْمَاءَ كُلَّهَا ثُمَّ عَرَضَهُمْ عَلَى الْمَلَائِكَةِ فَقَالَ أَنْبِئُونِي بِأَسْمَاءِ هَؤُلَاءِ إِنْ كُنْتُمْ صَادِقِينَ} (البقرة: 32-33)

حیكمەت لەوەدا كە ئادەم (عليه السلام) فێری ناوەكان كراوە و فریشتەكان فێرنەكران ئەوەیە كە ئادەم (عليه السلام) لەوان زیاتر ئامادەیی و لێھاتوویی تێدا بوو بۆ ئەوەی ببێت بە دەركەوتەی سیفەتە خواییەكان.

پوختەی قسان، هێزو توانای فریشتەكان سنوردارە بە بەراورد بە ئادەمیزاد ئەگەرچی ئەو كارانەی كە فریشتەكان ئەنجامی دەدەن پێچەوانەی فەرمان و ویستی خوای گەورە نین.

ئیرادەی فریشتەكان

فریشتەكان ئیرادەیەكی دیاریكراویان هەیە، ئەم ئیرادەیە وەك ئەوە وایە بە گوریسێك وڵاغێك ببستیتەوە بە درەختێكەوە، دیاره ئەو وڵاغە دەتوانێت هەرچۆن بیەوێت بەدەوری ئەو درەختەدا بسووڕێتەوە، بەڵام لە بازنەیەكی دیاریكراودا كە لە درێژی گوریسەكە تێپەڕ ناكات. بەهەمان شێوە فریشتەكانیش بەدەوری ناوەندێكی دیاریكراودا دەجووڵێن وە لە بازنەیەكی دیاریكراو دەرناچن. وە ئەو سنورە ئەم ئایەتەی خوارەوە دیاریكردووە: {لَا يَعْصُونَ اللَّهَ مَا أَمَرَهُمْ وَيَفْعَلُونَ مَا يُؤْمَرُونَ} (التحريم: 7) بەم جۆرە لە ئایەتەكەوە بەشێوەیەكی ڕوون بۆمان دەردەكەوێت ئیرادەی فریشتەكان سنوردارە لەوەی پەیوەستە بە زەوی و ئەوەی تێدا ڕوودەدات.

{أَتَجْعَلُ فِيهَا مَنْ يُفْسِدُ فِيهَا وَيَسْفِكُ الدِّمَاءَ وَنَحْنُ نُسَبِّحُ بِحَمْدِكَ وَنُقَدِّسُ لَكَ قَالَ إِنِّي أَعْلَمُ مَا لَا تَعْلَمُونَ} (البقرة: 31) فريشتەكان ئەو پرسیارەیان ئاراستەی خوای گەورەكرد بۆ پرسیاركردن سەبارەت بەو كاولكاریەی كە مرۆڤ لەسەر زەویدا ئەنجامی دەدات، وە ئەو سیستەمە یان ئەو تەگبیرە چیە كە دەگیرێتەبەر بۆ ئەم مەبەستە، وە ئاراستەكردنی پرسیار مانای ئەوەیە كە فریشتەكان هێزی ئیرادەیان هەیە لە هەندێ بابەتی دیاریكراودا كه لە خستنەڕووی ئەو بابەتانە تێپەڕناكات، وە هێزی ئیرادەكەیان لە بازنەی چاكەدایە و ناگاتە بازنەی خراپە و سنورەكەی.

وە سیاقی ئایەتەكە ئەوە دەگەیەنێت كە هەڵوێستی فریشتەكان هەڵوێستێك بووە بۆ پرسیاركردن و داوای ڕوونكردنەوەیان كردووە نەك ئەوەی ڕەخنەبگرن، بەڵام ڕەنگە كەسێك بڵێت فریشتەكان ئیرادەیەكی سەربەخۆیان نیە و خوای گەورە ئیلھامی بۆ كردوون كە ئەم پرسیارە بكەن ئینجا ئەوانیش ئەو كارەیان كردووە. بەڵام ئەم گریمانەیە هەڵەیە بە بەڵگەی وتەكەی خوای گەورە لە ئایەتەكەی دواییدا كە دەفەرموێت: {…إِنْ كُنْتُمْ صَادِقينَ} واتە ئەگەر ئێوە پێكاوتانە و لەسەر حەقن لەم پرسیارەدا.

ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە لەلایەن خوای گەورەوە پرسیارەكەیان بە ئیلهام پێنەگەيشتووە، بەڵكو لە ئیرادەی خۆیانەوە سەرچاوەی گرتووە. وە لە فەرموودەكانەوە چەسپاوە كە فریشتەكان لە هەندێ بابەتدا ئیرادەیان هەیە، لە ئەبو سەعیدی خودریەوە وتی: ئایا ئەوەتان پێـڕانەگەیەنم كە لەزاری پێغەمبەری خواوە (صلى الله عليه وسلم) بیستووەمە؟ هەردوو گوێچكەم بیستیان و دڵم وەریگرت… بەندەیەكی خوا نەوەد و نۆ كەسی كوشت پاشان ویستی تۆبە بكات، پرسیاری زاناترین كەسی سەرزەوی كرد، ناونیشانی پیاوێكیان پێدا و ئەویش چوو بۆ لای و پێی وت: من نەوەد و نۆ كەسم كوشتووە ئایا بۆم هەیە تۆبە بكەم؟ ئەویش وتی: پاش نەوەد و نۆ كەس تۆبەی چی.. فەرمووی _واتە پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم)_ كابرا شمشێرەكەی هەڵكێشا و ئەویشی كوشت و بەمەش سەد كەسی تەواو كرد. پاشان ویستی تۆبە بكات، پرسیاری زاناترین خەڵكی سەرزەوی كرد و ناونیشانی پیاوێكیان پێدا و ئەویش چوو بۆ لای و پێی وت: من سەد كەسم كوشتووە ئایا بۆم هەیە تۆبە بكەم؟ فەرمووی _واتە پێغەمبەری خوای (صلى الله عليه وسلم)_ زاناكە وتی: ماڵوێران چ شتێك ڕێگری تۆبەت لێ دەكات؟ لەو باژێڕە پیسە دەربچۆ كە تێیدا دەژیت بڕۆ بۆ فڵان باژێڕ كە خەڵكەكەی ساڵحن و لەوێدا پەروەردگاری خۆت بپەرستە. ئەویش دەرچوو بەرەو باژێڕە باشەكە، وە لەڕێگادا مرد، پاشان فریشتەی ڕەحمەت و فریشتەی سزا بوو بە مشتومڕیان، ئیبلیس وتی: من لەپێشترین كەسم بۆی؛ چونكە هەرگیز نافەرمانی منی نەكردووە. فەرمووی _واتە پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم)_ فریشتەكانی ڕەحمەت وتیان بە تۆبەكردوویی دەرچووە.”

لە ڕیوایەتێكی تردا هاتووە لە “حُمَید الطویل”ەوە ئەویش لە بەكری كوڕی عەبوڵڵاوە ئەویش لە ئیبن ڕافيعەوە، وتی: خوای گەورە فریشتەی نارد كە مشتومڕی لەبارەوە بكەن پاشان بگەڕێنەوە. فەرمووی _واتە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)_ سەیریان كرد لە كام گوندەیانەوە نزیكتر بوو بە خەڵكی ئەو گوندە لەقەڵەمیاندا.” (سنن ابن ماجه، كتاب الدّيَات، باب هل لقاتل مؤمنٍ توبة)

لەمەوە دەگەینە ئەو ئەنجامە كە فریشتەكان هێزی ئیرادەیان هەیە. پاشان لەم ئایەتەوە: {مَا كَانَ لِيَ مِنْ عِلْمٍ بِالْمَلَإِ الْأَعْلَى إِذْ يَخْتَصِمُونَ} (ص: 70) ڕووندەبێتەوە كە بێگومان فریشتەكان مشتومڕدەكەن لەنێوان خۆیاندا لە هەندێ بابەتدا. ئەمەش ڕوونادات ئەگەر هێزی ئیرادەیان نەبێت ئەگەرچی زۆر سنورداریش بێت.

زانینی غەیب

لە قورئانی پیرۆزەوە ڕووندەبێتەوە كە فریشتەكان غەیب نازانن، ئەوەتا لە سورەتی (سبأ)دا هاتووە: {وَيَوْمَ يَحْشُرُهُمْ جَمِيعًا ثُمَّ يَقُولُ لِلْمَلَائِكَةِ أَهَؤُلَاءِ إِيَّاكُمْ كَانُوا يَعْبُدُونَ (*) قَالُوا سُبْحَانَكَ أَنْتَ وَلِيُّنَا مِنْ دُونِهِمْ بَلْ كَانُوا يَعْبُدُونَ الْجِنَّ أَكْثَرُهُمْ بِهِمْ مُؤْمِنُونَ} (ئايەتى 41_42) ئەگەر فریشتەكان غەیبیان بزانیبایە ئەوا بێئاگایی خۆیان پیشان نەدەدا بەرامبەر ئەوەی كە دەستەیەك لە خەڵكی ئەوانی پەرستووە. وە ناكرێت بوترێت خوای گەورە بەهەوانتە ئەم پرسیارەی ئاراستەی فریشتەكان كردووە، واتە بە بێ ئەوەی كەسێك هەبوو بێت بە فیعلی فریشتەكانی پەرستبێت، بەڵكو لەبەر حیكمەتێك ئەم پرسیارەی ئاراستەكردوون، وە خوای گەورە زاتێكە پاك و بێگەردە لە باسكردنی شتی ناڕاست. پاشان لە هەندێ كتێبی پێشووەوە دەردەكەوێت كە هەندێ كەس فریشتەیان پەرستووە.

لەمەوە دەزانین كە هەندێ لەو فریشتانەی لەلایەن خەڵكەوە پەرستراون نكوڵی لەم پەرستنە دەكەن لە ڕۆژی دواییدا؛ چونكە بێئاگابوون لەو پەرستنە. وە لە فەرموودەكانی پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) هاتووە كە فریشتەكان غەیب نازانن، ئەوەتا لە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) ڕیوایەت كراوە كە پیاوێك لەڕیزی باوەڕداراندا ناوی نووسراوە و كردەوەی باوەڕداران ئەنجام دەدات، بەڵام كاتێك ئەو فریشتانەی كردەوەكان دەنووسن كردەوەكانی دەخەنە بەردەم خوای گەورە لە ئاسمانەوە دەنگێك دێت كە كردەوەكانی بگێڕنەوە و بیدەنەوە بەناوچاویدا؛ چونكە نوێژەكەی لەبەر خاتری خوای گەورە نەبووە. لەمەوە دەردەكەوێت كە فریشتەكان زانستی حەقیقییان پێنەدراوە؛ چونكە ئەگەر ئەو زانستەیان هەبوایە؛ ئەوا ئەو نوێژەیان بەرزنەدەكردەوە بۆ لای خوای گەوره كه دیارە نوێژێك بووە لەبەر خاتری ئەو نەكراوە و شایانی ئەوە نیە بخرێتەپێش چاوی.

هەموو فریشتەیەك تایبەتە بەكارێكی دیاریكراوەوە

ڕاستی سیانزەيەم بریتیە لەوەی كە هەموو شتێك سپێراوە بە فریشتەیەكی تایبەت، ئەمە لەم فەرموودەيەوە دەردەكەوێت: عائیشە (رضي الله عنها) گوتوویەتی بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم): “ئایا ڕۆژێك هاتووە بەسەرتدا كە لە ڕۆژی جەنگی ئوحود گرانتر بێت؟” پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووی: “لە هۆزەكەتەوە ئەوەم بەسەرهات كە بەسەرم هات، ناخۆشترین ڕۆژ كە بەهۆی ئەوانەوە بەسەرم هاتبێت ڕۆژی عەقەبە بوو كە بانگەوازەكەی خۆم خستەڕوو بۆ ئیبن عەبدكولال كەچی بەو شێوەيەی كە دەمویست وەڵامی نەدامەوە، ئیتر هاتم بەڕێدا و لە خەیاڵی خۆمدا نوقم بووم، كاتێ بەئاگا هاتمەوە لە (قرن الثعالب)دا بووم، ئینجا سەرم بەرزكردەوە هەورێكم بینی سێبەری بۆ كردبووم كە سەیرم كرد جوبرەئیلی تێدا بوو، بانگی كردم و وتی خوای گەورە گوێبیستی قسەی هۆزەكەت و وەڵامەكەیان بوو، ئەوەتا فریشتەی چیای ناردووە بۆلات بۆ ئەوەی فەرمانی پێ بكەیت كە دەتەوێت چییان لێ بكەیت. وە فریشتەی چیاكان بانگی كردم و سەلامی لێ كردم وتی: ئەی موحەممەد، پاشان وتی چیت ئەوێت داوا بكە؟ ئەگەر دەتەوێت ئەو دوو شاخە دەهێنمەوە یەك بەسەریاندا. پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووی: بەڵكو تكام وایە لە نەوەی ئەمانە كەسانێك پەیدا ببن بە تەنھا خوا بپەرستن و هاوەڵی بۆ بڕیارنەدەن.” (البخاري، كتاب بَدْءِ الخلق، ومسلم، كتاب الجهاد والسير، باب ما لقي النبي صلى الله عليه وسلم من أذى المشركين) لەم فەرموودەيەوە دەردەكەوێت كە فریشتەی چیاكان كارێكی دیاریكراوی پێسپێردراوە ئەگینا جوبرەئیل خۆی پێشكەشی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەكرد تاكو ئەوەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بیەوێت جێبەجێی بكات. بەكورتی لەمەوە بۆمان دەردەكەوێت كە هەموو شتێك لەخۆیدا سەربەخۆیە و بەفریشتەیەك سپێردراوە.

جیاوازی فریشتەكان بە جیاوازی دیمەن و سیفەتەكان

پێشتر باسمان كرد كە فریشتەكان دەبنە دەركەوتە بۆ سیفەتە جیاوازەكانی خوای گەورە، هەیانە دەبێتە دەركەوتەی یەك هێز و هەشیانە دەبێتە دەركەوتەی زیاتر لە هێزێك، وەك خوای گەورە دەفەرموێت: {الْحَمْدُ لِلَّهِ فَاطِرِ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ جَاعِلِ الْمَلَائِكَةِ رُسُلًا أُولِي أَجْنِحَةٍ مَثْنَى وَثُلَاثَ وَرُبَاعَ يَزِيدُ فِي الْخَلْقِ مَا يَشَاءُ إِنَّ اللَّهَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ} (فاطر: 2)

لەم ئایەتەوە ئەو مانایە وەردەگیرێت كە فریشتەكان یەكسان نین لەڕووی هێز و تواناكانەوە، بەڵكو لێھاتوویی و ئامادەیی گونجاویان پێدراوە بەپێی جۆری ئەو كارەی كە پێیان سپێراوە و به گوێرەی پێویستی كات، وە ئەوان ڕەوانە دەكرێن بۆ لای خەڵكی بەگوێرەی ئەو هەلومەرج و لێهاتووییانەی كە هەیانە. وە كاتێك لە سەردەمی پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) دنیا گەيشتە بەرزترین پله لە پلەكانی خۆی جوبرەئیل بە وێنە تەواوەكەی خۆیەوە ڕەوانەكرا، وە لە فەرموودەدا وەسفی كراوە كە شەش سەد باڵی هەیە (بگەڕێوە بۆ فەرموودەكانی ئیسرا و میعراج) ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە جوبرەئیل (عليه السلام) دەركەوتەیەكە بۆ شەش سەد سیفەت لە سیفەتەكانی پەروەردگاری جیھانەكان.

وە هەڵەیە بڵێین سیفەتەكانی خوا لە شەش سەد سیفەت كەمترن؛ چونكە كەی ڕاست دەردەچێت كە جوبرەئیل دەركەوتەیەك بێت بۆ ژمارەیەك سیفەت كە لە سیفەتەكانی خوای گەورە زیاتر بن. وەڵامی ئەم تێڕوانینە هەڵەیە ئەوەیە كە لە ڕاستیدا سیفەتەكانی خوا لە ژمارە نایەن، بەڵام تەنھا شەش سەد دانەیان پەیوەندییان بە ئادەمیزادەوە هەیە یان تەنھا ئەو شەش سەد سیفەتە كاریگەرییان هەیە لەسەر ئادەمیزاد، بۆیە جوبرەئیل (عليه السلام) وەكو دەركەوتەیەك بۆ ئەم سیفەتانە هاتووە.

وە بەم بۆنەيەوە ئاماژە بەوە دەكەین كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەم بابەتەدا وتەیەكی ئەوپەڕی وردی هەیە، وتەكەیشی ئەوەیە كە زانستی قورئانی پیرۆز خەڵات كراوە بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە ئەندازەیەك زیاتر لەوەی خەڵات كراوە بە خودی جوبرەئیل (عليه السلام). ئەمەش ڕاستیە چونكە جوبرەئیل (عليه السلام) خۆی تەنھا نەبووە، بەڵكو كۆمەڵێك فریشتەی تریش هەبوون پشتگیری پێغەمبەریان (صلى الله عليه وسلم) كردووە كە كۆمەڵێك سیفەت و باڵی تریان هەبووە وەك پێشتر باسمان كرد.

وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمين