بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

ڕۆژوو و ڕەمەزان

“بەڕاستگۆیی ڕۆژووەكەتان بەتەواوەتی بگرن بەهیوای بەدەستھێنانی ڕەزامەندی خوای گەورە، وە هەر كەسێك زەكاتی لەسەر پێویست بووە با زەكاتەكەی بدات، وە هەر كەسێك حەجی لەسەر واجب بووە با حەج بكات ئەگەر هیچ ڕێگرێك نەبوو.” (كەشتی نووح، لا 15)

بینینی هیلال

مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت: “لەڕاستیدا خوای گەورە بۆ ئاسانكردنی حوكمەكانی ئایین خەڵكی ئاگاداركردووە لەڕێگایەكی ڕێك و ڕاست، وە بە هەوانتە تووشی كۆمەڵێك شتی ورد و ئاڵۆزی نەكردوون. بۆ نموونە سەبارەت بە دەستپێكردنی ڕۆژوو فەرمانی پێ نەكردوون كە بەهیچ شێوەیەك متمانە بە بینینی چاو نەكەن… ئاشكرایە داواكردن لە خەڵكی كە هەمیشە دەستبگرن به جووڵەی وردی ئەستێرەكانەوە بە هەراسانبوونێكی بێ پاساو و تەكلیفێكی لەتوانابەدەر ئەژمار دەكرێت. هەروەك ئاشكرایە كە لەم جۆرە حیسابانەدا هەڵەی گەورە ڕوودەدات. كەواتە ئەو شتەی كە سادەیە و ئاسانە بۆ خەڵكی گشتی ئەوەیە كە خەڵكی پێویستیان نەبێت بە ئەستێرەناسان و زانایانی گەردوونناس، كەواتە با تەوەرەی زانینی هەڵھاتنی مانگ لەسەر بینینی خۆیان بچەسپێنن. تەنھا پێویستە لەڕووى زانستییەوە ڕەچاوی ئەوە بكەن كه لە 30 ڕۆژ تێنەپەڕن. هەروەك پێویستە ئەوەیان لەبیربێت كە بەگوێرەی عەقڵ بینین دەكەوێتە سەرووی پێوانەكانی بیركارییەوە، بەجۆرێك فەیلەسووفەكانی ئەوروپاش كاتێك سەیریانكرد بینین زیاتر جێگای متمانەیە، بۆیە بە بەرەكەتی ئەم بیرۆكە باشە توانییان بەپشتگیری هێزی چاو جۆرەها ئامێر دابهێنن وەك دووربین و وردبین، وه تەنھا بەهۆی بینینەوە لەماوەی ڕۆژانێكی كەمدا ڕاستیەكانیان ئاشكراكرد دەربارەی تەنەكانی بەرزایی و نزمایی كە هيندۆسە داماوەكان لەماوەی هەزازان ساڵدا ئاشكرایان نەكرد لەڕێگەی پێوانە و مەزەندەكانی خۆیانەوە. ئایا زانیوتە كە بینین چەندە بەرەكەتی لەخۆگرتووە! بۆیە بۆ دامەزراندنی بەدەستھینانی ئەم بەرەكەتانە خوا (سبحان وتعالی) هانی بینینی داوە. كەمێك ڕابمێنە بۆ ئەوەی ببینیت ئەگەر خەڵكی ئەوروپاش وەكو هيندۆسەكان بینینان بەشتێكی پووچ و بێسوود ئەژمار كردبا، وە پشتیان بە حیساباتی ورد ببەستایە كە بە دانیشتنەوە لەژوورە تاریكەكاندا نووسراوە؛ ئەوا نەیاندەتوانی ئەم زانیارییە نوێیانە ئاشكرا بكەن دەربارەی مانگ و خۆر و ژمارەیەكی زۆر لە ئەستێرەكان. بۆیە جارێكی تر دەڵێم بەچاوێكی كراوەوە بڕوانن كە بینین چەندە پڕە لە جۆرەها بەرەكەت و چەندە ئەنجامی جوانی تێدایە كە لەكۆتاییدا لێیەوە دەردەكەوێت!.” (الكحل لعیون الآریا، الخزائن الروحانیة، المجلد 2 ص192-193)

ئەگەر هەڵە ڕوویدا لە بینینی “هیلال”دا چی دەبێت

كەسێك لە شاری سیالكۆت پرسیاری كرد كە لێرە ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە هیلال نەبینرا، بەڵكو ڕۆژی چوار شەممە بینرا (لەكاتێكدا لەڕاستیدا ڕەمەزان لە بەیانی ڕۆژی چوارشەممەوە دەستی پێكرد -گوێزەرەوە) لەبەرئەوە یەكەم ڕۆژی ڕۆژوو بریتی بوو لە پێنج شەممە، ئێستا پێویستە لەسەرمان چی بكەین؟ بەڕێزی (عليه السلام) فەرمووی: “پێویستە دوای ڕەمەزان لە قەرەبووی ئەو ڕۆژەدا ڕۆژێك بەڕۆژووبن” (بدر، العدد: 31/10/1907م، ص7)

شایەتیدانی بینینی هیلال

هێژا میرزا بەشیر ئەحمەد (ڕەزای خوای لێ بێت) دەڵێت: میان خەیرەددینی سێكهوانی بە نووسین پێیڕاگەیاندم: جارێكیان لە ڕەمەزاندا بەڕۆژوو بووین بەگوێرەی شایەتیدانی هەندێ لە نائەحمەدییەكان بەبێ ئەوەی خۆمان هیلال ببینین، وە لەهەمان ڕۆژدا بەنزیكەیی لەكاتی نیوەڕۆدا گەيشتینە قادیان، باسی ئەوەمان كرد كە ئێمە بەڕۆژووین. مەسیحی بەڵێندراویش (عليه السلام) تەشریفی هات بۆ مزگەوت و یەكسەر داوای كتێبەكانی فەرموودەی كرد و دەستیكرد بە ڕامان لێیان بە سەرەنجدانێكی زۆر ورد؛ چونكە خەڵكی لە قادیان ئەو ڕۆژەیان نەگرتبوو. وە پرسیارمان لێكرا: ئایا دوای ئەوەى خۆتان هیلالتان بینی بەڕۆژووبوون؟ گوتمان: نەخێر، هەندێ لە موسوڵمانە نائەحمەدیەكان هیلالیان بینی بوو. كاتێك گوتمان هەندێ لە نائەحمەدیەكان هیلالیان بینیوە بەڕێزی (عليه السلام) دەستبەجێ كتێبەكەی داخست و فەرمووی: وامزانی خۆتان هیلالتان بینیوە بۆیە دەستمكرد بە گەڕان. (سیرة المهدي، المجلد 2، ص265)

دواكەوتن لە پارشێوكردن

هێژا میرزا بەشیر ئەحمەد (ڕەزای خوای لێ بێت) دەڵێت: مونشی زەفەر ئەحمەد كەفورتەهلەیی پێی گوتم: لەژوورێكدا نیشتەجێبووم كە لكابوو بە مزگەوتی موبارەكەوە، جارێكیان پارشێوم دەكرد لەپڕدا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) تەشریفی هات و پاش ئەوەی بینیمی فەرمووی: ئایا ئەم خواردنە سادەیە دەخۆیت؟ پاشان یەكسەر بەرپرسەكەی بانگكرد و پێی فەرموو: ئایا لە پارشێودا خواردنێكی لەم جۆرە دەرخواردی میوانەكان دەدرێت؟ ئەو برایانەی لێرەن موسافیر نین، پێویستە لەسەرت لە هەریەكێكیان بپرسیت كە پێویستە عادەتەن چی بخوات، وە پێویستە لەپارشێودا چی بخوات، وە بەپێی حەزی خۆیان خواردنیان بۆ ئامادە بكەن. ئەوە بوو بەرپرسەكە خواردنێكی تری بۆ هێنام بەڵام من تا ئەو كاتە خواردنم خوارد و بانگ دەستی پێ كرد، مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) فەرمووی: فەرموو بخۆ، دیارە زوو بانگدرا بۆیە گوێمەدەرێ. (سیرة المهدي، المجلد2، الصفحة:127).

هێژا میرزا بەشیر ئەحمەد (ڕەزای خوای لێ بێت) دەڵێت: دكتۆر موحەممەد ئیسماعیل قسەی بۆ كردم و گوتی: لەساڵی 1895ز دا دەرفەتم بۆ ڕەخسا بۆ بەسەربردنی مانگی ڕەمەزان بەتەواوەتی لە قادیاندا، وه مانگێكی ڕەبەق یارمەتیدرام بۆ بەجێھێنانی شەونوێژ، واتە نوێژی تەراویح، لەپشت مەسیحی بەڵێندراوەوە (عليه السلام). بەڕێزی (عليه السلام) لەسەرەتای شەوەوە نوێژی ویتری بەجێدەهێنا، بەڵام لە كۆتایی شەودا 8 ڕكاتی شەونوێژی دەكرد دوو ڕكات دوو ڕكات بەجێیدەهێنا، بە خوێندنەوەی ئایەتەلكورسی {اللَّهُ لَا إِلَهَ إِلَّا هُوَ… وَهُوَ الْعَلِيُّ الْعَظِيمُ} دەستی پێ دەكرد لەڕكاتی یەكەمدا، وە لەڕكاتی دووەمدا سورەتی “الإخلاص”ی دەخوێند، وە لە چەمینەوە و سوژدەدا ئەم ویرەی زۆر دەوتەوە: “یا حي یا قیوم برحمتك أستغیث” بە دەنگێكی وەها دەیخوێندەوە دەمتوانی گوێبیستی بم. وە هەمیشە دوای بەجێھێنانی شەونوێژ پارشێوی دەكرد، هەندێ جار پارشێوی دوادەخست تەنانەت هەندێ جار بانگدەدرا بۆ نوێژی بەیانی ئەو هێشتا خواردنی دەخوارد، وە هەندێ جار هەتا كۆتایی بانگی بەیانی بەردەوام دەبوو لە پارشێوكردن.

دەڵێم: پارشێوكردن جائیزە هەتا بەرەبەیانی ڕاستگۆ (الصبح الصادق) لەڕۆژهەڵاتەوە دەردەكەوێت، وە هیچ پەیوەندی نیە بە بانگەوە. بەڵام لەبەرئەوەی كە كاتی بانگی بەیانی پەیوەستە بە دەركەوتنی (الصبح الصادق)ەوە بۆیە خەڵكی وا حیساب دەكەن كە بانگدان كۆتایی كاتی پارشێوە. وە ڕەنگه لە قادیان بانگی بەیانی دەستتبەجێ لەكاتی دەركەوتنی (الصبح الصادق)دا درابێت، وە ڕەنگە هەندێ جاریش پێش ئەم كاتە درابێت بەهۆی نەبوونی حەزەری پێویستەوە، بۆیە لەم جۆرە كاتانەدا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەردەوام بووە لە پارشێوكردن هەتا بەرەبەیانی ڕاستگۆ دەركەوتووە و پابەند نەبووە بە بانگدانەوە. مەبەستی شەریعەت لەم پرسەدا ئەوە نیە كە ئەگەر دەركەوتنی بەرەبەیانی ڕاستگۆ دیاریكرا لەڕووی زانستیەوە بەشێوەیەكی ورد؛ ئەوا پێویستە دەستبەجی وازبهێنرێت لە خواردن، بەڵكو مەبەستەكەی ئەوەیە كە پێویستە وازبهێنرێت لە خواردنی خۆراك كاتێك هێڵی سپی لە بەرەبەیان دەردەكەوێت لە دیدی خەڵكی گشتییەوە، ئەمەیە مانای وشەی “يَتَبَيَّنَ” لەو ئایەتدا كە ئەم حوكمەی باسكردووە. هەڵبەت لە فەرموودەدا هاتووە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتی: وازمەهێنن لە پارشێوكردن كاتی بانگدانی بیلال، بەڵكو دەتوانن بەردەوامبن هەتا ئیبن ئوم مەكتووم بانگدەدات، ئەمەش چونكە ئیبن ئوم مەكتووم كەسێكی كوێر بووە و بانگی نەداوە مەگەر كاتێك هەموان دەنگیان بەرزكردووەتەوە كە ڕۆژبووەتەوە. (سیرة المهدي، المجلد1، الصفحة: 295-296)

نموونەیەك لەسەر وریابوون لەكاتی پارشێودا

هێژا میرزا بەشیر ئەحمەد (ڕەزای خوای لێ بێت) دەڵێت: حافظ نوور موحەممەد لە “فیض الله شك” قسەی بۆكردم كە جارێكیان لەكاتی پارشێو لەڕەمەزاندا كەسێك بانگیدا پێش كاتی دیاریكراو. پاشان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) تەشریفی هات بۆ مزگەوت و فەرمووی: كووپە شیرەكەم نزیك كردەوە لە دەمم و گوێم لە دەنگی بانگ بوو دەستبەجێ وازملێھێنا. یەكێك لە ئامادەبووان گوتی: هێشتا كات ماوە بۆ خواردن و خواردنەوە، ئەویش فەرمووی: پێم خۆش نیە دوای بانگدان شتێك بخۆم.

دەڵێم: ئەگەر ئەم ڕیوایەتە ڕاست بێت ئەوا مانای ئەوەیە كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەو كاتەدا دووربینی و وریایەتی ڕەچاوكردووە تەنھا بۆ خۆی، ئەگینا نەریتی وەهابووە (عليه السلام) كاتی كۆتایی هاتنی پارشێو بە بانگ حیساب نەكات، بەڵكو بەدەركەوتنی هێڵی سپی لە بەرەبەیاندا حیسابی بكات. وە لەمەشدا پێی باشتر بووە كە بەرەبەیان دەربكەوێت وەك چۆن مانای ئایەتە قورئانییەكە بەو شێوەیەیە. بەڵام هەروەك پیاوچاكان دەڵێن بێگومان جیاوازییەك هەیە لەنێوان فەتوا و تەقوادا. (سیرة المهدي، المجلد1، الصفحة: 520).

نەگرتنی ڕۆژوو لەسەفەردا فەرمانە نەك بژاردە

پرسیاركرا لە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام): حوكمی ڕۆژوو چیە لەسەفەردا؟ ئەویش فەرمووی: لە قورئانی پیرۆزەوە دەردەكەوێت: {فَمَنْ كَانَ مِنْكُمْ مَرِيضًا أَوْ عَلَى سَفَرٍ فَعِدَّةٌ مِنْ أَيَّامٍ أُخَرَ} واتە پێویستە نەخۆش و ڕێبوار ڕۆژوونەگرن، ئەمە فەرمانێكی جەختلێكراوە. خوای گەورە نەیفەرمووە ئەوەی دەتوانێت بابەڕۆژوو بێت و ئەوەی ناتوانێت بە بەڕۆژوو نەبێت. بۆیە وایدەبینم كە پێویستە نەخۆش و ڕێبوار بەڕۆژوو نەبن، وە لەبەرئەوەی زۆربەی خەڵكی عادەتەن بەڕۆژوو دەبن، بۆیە ئەگەر كەسێك بەڕۆژوو بوو بەڕەچاوكردنی تەواتوری كردەیی ئوممەت ئەوا كیشە نیە، لەگەڵ ئەوەدا دەبێت بایەخ بدرێت بە: {فَعِدَّةٌ مِنْ أَيَّامٍ أُخَرَ}.

بە بیستنی ئەم وتەیە مەولەوی نورەددین (ڕەزای خوای لێ بێت) فەرمووی: پێویستە لەسەر مرۆڤ چەند ڕۆژێك بەڕۆژوو بێت لەهەموو مانگێكدا.

دەمانەوێت ئەوە زیاد بكەین كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) جارێكیان فەرمووی: ئەوەی بەڕۆژوو دەبێت بە چەشتنی سەختی و ناڕەحتیەكانی سەفەر وەك ئەوە وایە بیەوێت لەڕێگەی هێز و توانای خۆیەوە خوا ڕازی بكات، وە نایەوێت لەڕێگەی گوێڕایەڵی فەرمانەكەیەوه ڕازی بكات، ئەمە هەڵەیە. بێگومان گوێڕایەڵی خوا لە فەرمان و قەدەغەكاندا بریتیە لە باوەڕی ڕاست. (الحكم، العدد: 31/1/1899م، ص7).

ڕێبوار و نەخۆش بەڕۆژوو نابن

مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) زانیبووی كە شێخ موحەممەد چەتتو لە لاهۆرەوە هاتووە، وە هەندێ برای تریش. بۆیە بەهۆی ئەخلاقی بەرزیەوە لەماڵ دەرچوو، وە سووربوو لەسەر دەرچوون بۆ پیاسە بۆ چاوپێكەوتنی ئەو برایانەش. وە لەبەرئەوەی ئەو برایانە پێشتر زانیبوویان كە بەڕێزی (عليه السلام) دەردەچێت بۆیە زۆربەیان لە مزگەوتە بچوكەكە كۆبوونەوە. كاتێك بەڕێزی (عليه السلام) لەدەرگاكە هاتەدەرەوە براكان بەخێرایی هاتن بۆ لای وەك چۆن پەپوولە بەخێرایی دەچێت بۆ لای گوڵ. بەڕێزی (عليه السلام) سەیری شێخی ناوبراوی كرد و پاش سڵاوكردنی بەگوێرەی سوننەت، ئەم گفتوگۆیە لە نێوانیاندا ڕوویدا:

مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام): ئایا حاڵت باشە؟ تۆ لە ناسیاوە دێرینەكانی ئێمەی.

بابا چەتتو: الحمد لله، من باشم.

مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام): بە حەكیم موحەممەد حوسێن قوڕەیشی فەرموو: پێویستە لەسەرت بایەخ بدەیت بە هاوڕێكەمان بەجۆرێك هیچ گرفتێكی تووش نەبێت. خواردن و جێگایەكی خۆشی بۆ ساز بكە و ئەگەر پێویستت بەهەر شتێك بوو ئاگادارم بكە. وە بە میان نەجمەددین بڵێ كە خواردنێكی گونجاوی بۆ ئامادە بكات و ئەوەی میوانەكە حەزی لێیەتی.

حەكیم موحەممەد حوسێن: زۆرباشە گەورەم، بەئیزنی خوا هیچ كێشەیەكی تووش نابێت.

مەسیحی بەڵێندراو میان چەتتوی دواند و فەرمووی: تۆ ڕێبواریت، بۆیە ڕەنگە بەڕۆژوو نەبیت؟

بابا چەتتو: نەخێر، بەڵكو من بەڕۆژووم.

مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام): لەڕاستیدا كاركردن بە ڕوخسەتەكانی قورئانی پیرۆزیش لە تەقواوەیە. هەڵبەت خوای گەورە مۆڵەتی داوە بە ڕێبوار و نەخۆش و ڕێگەی پێداون كە لەڕۆژانێكی تردا بەڕۆژووبن، بۆیە پێویستە كار بەم فەرمانەش بكرێت. بێگومان خوێندوومەتەوە كە زۆربەی زانا پایەبەرزەكان زەینیان بۆ ئەوە چووە كە ئەگەر كەسێك لە سەفەر و نەخۆشیدا بەڕۆژوو بێت؛ ئەوا سەرپێچی ئەنجامداوە چونكە ئامانجەكە بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خوایە و ڕەزامەندی خوا لەگوێڕایەڵیدایە. واتە پێویستە مرۆڤ گوێڕایەڵی ئەوە بكات كە خوا فەرمانی پێ كردووە و لەلایەن خۆیەوە شتێكی بۆ زیاد نەكات. هەڵبەت خوا (عز وجل) فەرمانی كردووە: {فَمَنْ كَانَ مِنْكُمْ مَرِيضًا أَوْ عَلَى سَفَرٍ فَعِدَّةٌ مِنْ أَيَّامٍ أُخَرَ} (البقرة: 185)، لێرەدا هیچ مەرجێكی دانەناوە دەربارەی چۆنيەتی سەفەرەكە یان نەخۆشیەكە. من ڕۆژوو ناگرم نه لەسەفەردا، نە لەنەخۆشیدا. وە ئەمڕۆش ڕۆژووم نەگرتووە چونكە تەندروستیم باش نیە. نەخۆشیەكە بە پیادەڕەوی كەمێك سووك دەبێت بۆیە دەردەچم بۆ پیاسە، ئایا دێیت لەگەڵمدا؟

بابا چەتتو: نەخێر، ناتوانم لەگەڵتدا بێم، دەتوانی تۆ بڕۆیت. ڕاستە ئەمە فەرمانی خوایە بەڵام مادام لە سەفەرەكەدا گرفتێك نیە ئیتر بۆچی بەڕۆژوونەبم؟

مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام): ئەمە ڕای خۆتە، بەڵام قورئانی پیرۆز باسی بوونی گرفت یان نەبوونی نەكردووە. بێگومان تەمەنت بەرەوسەر چووە، وە ژیان بایەخی نیە. پێویستە لەسەر مرۆڤ شێوازێك هەڵبژێرێت بەهۆیەوە خوا ڕازی بكات و ڕێگای ڕاست بەدەستبهێنێت.

بابا چەتۆ: بێگومان تەنھا بە ئاماجی سوودوەرگرتن هاتووم، هەتا لە بێئاگاییدا نەمرم و بێبەش بم لەم ڕێگایە ئەگەر ڕێگای ڕاستە.

مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام): ئەمە هەڵوێستێكی باشە. پاش ئەوەی كەمێك پیادەڕەویم كرد دەگەڕێمەوە و تۆش دەتوانی بحەسێیتەوە. (بەڕێزی ئەمەی فەرموو و چوو بۆ پیاسە و گەڕانەكە). (الحكم، العدد: 31/1/1907م، ص14).

دەربارەی ڕۆژووی نەخۆش و ڕێبوار قسەوباس دەكرا، مەولەوی نورەددین گوتی شێخ ئیبن عەرەبی دەڵێت ئەگەر لەڕەمەزاندا نەخۆش یان ڕێبوار بەڕۆژوو بوو، واجبە لەسەری پاش تێپەڕینی ڕەمەزان دوای گەڕانەوەی تەندروستی ڕۆژووەكە بگرێت؛ چونكە خوای گەورە دەفەرموێت: {فَمَنْ كَانَ مِنْكُمْ مَرِيضًا أَوْ عَلَى سَفَرٍ فَعِدَّةٌ مِنْ أَيَّامٍ أُخَرَ} (البقرة: 185)، لێرەدا خوا نەیفەرمووە ئەگەر نەخۆش یان ڕێبوار بەڕۆژوو بوو بەپێداگری یان حەزی دڵی خۆی ئەوا پێویست ناكات دوای ئەوە ڕۆژووەكە بگرێتەوە. ئەمە فەرمانێكی ڕاشكاوە لەلایەن خواوە كە لەدواییدا ڕۆژووبگرێتەوە، هەرچی چۆنێك بێت ڕۆژووی دوای ڕەمەزان واجبە لەسەری. وە ئەگەر لەڕۆژە تێپەڕیوەكاندا بەڕۆژوو بوو؛ ئەوا شتێكی زیادەیە و حەزێكی تایبەتی خۆیەتی، ئەمە فەرمانی خوا بەگرتنەوەی ڕۆژوو لە دواییدا لە كۆڵناكاتەوە.

ئینجا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) فەرمووی: ئەوەی لە حاڵەتی سەفەر و نەخۆشیدا ڕۆژووی ڕەمەزان دەگرێت سەرپێچی فەرمانی ڕاشكاوی خوای گەورە دەكات. بێگومان خوای گەورە بەڕاشكاوی فەرموویەتی كە ڕێبوار و نەخۆش بەڕۆژوو نەبن، بەڵكو دوای گەڕانەوەی تەندروستی و كۆتاییهاتنی سەفەرەكە بەڕۆژوو دەبن. بۆیە پێویستە كاربكرێت بەگوێرەی فەرمانی خوا؛ چونكە ڕزگاربوون دەوەستێت لەسەر فەزڵی خوای گەورە، وە بۆ هیچ كەسێك ناكرێت كە بەهێزی كردەوەكانی بەدەستی بهێنێت. خوای گەورە دیارینەكردووە كە سەفەرەكە درێژ بێت یان كورت، وە دیاریشی نەكردووە كە نەخۆشیەكە سووك بێت یان قورس، بەڵكو فەرمانەكە گشتییە و پێویستە كاری پێبكرێت. بۆیە ئەگەر ڕێبوارەكان و نەخۆشەكان ڕۆژوویان گرت؛ ئەوا بە سەرپێچیكار ئەژمار دەكرێن. (بدر، عدد: 17/10/1907م، ص7).

مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) فەرمانی كرد بە ڕۆژووشكاندن لەكاتی نیوەڕۆدا

هێژا میرزا بەشیر ئەحمەد (ڕەزای خوای لێ بێت) دەڵێت: میان رحمة الله كوڕی میان عبد الله سەنووری (ڕزای خوای لێ بێت) گێڕایەوە كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) جارێكیان لەمانگی ڕەمەزاندا هات بۆ شاری لودهیانە… لە (غەوث گره)وە سەفەرمان كرد بۆ لودهیانە و ئێمە بەڕۆژوو بووین. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەڕێگەی باوكی بەڕێزمەوە یان كەسێكی ترەوە (باش لەبیرم نیە) زانی ئەوانەی لە “غەوث گرە”وە هاتوون هەموویان بەڕۆژوون، بۆیە فەرمووی (عليه السلام): میان عبد الله، هەروەك چۆن خوای گەورە فەرمانی كردووە بە ڕۆژووگرتن بەهەمان شێوە فەرمانی كردووە بە ڕۆژوونەگرتن لەكاتی سەفەردا، بۆیە پێویستە هەمووتان ڕۆژووەكانتان بشكێنن. ئەمە دوای نیوەڕۆ بوو. (سیرة المهدي، المجلد 2، الصفحة: 125).

مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) فەرمانی كردووە بە ڕۆژووشكاندن لەدوای عەسر

هێژا میرزا بەشیر ئەحمەد (ڕەزای خوای لێ بێت) دەڵێت: میان عبد الله سەنووری قسەی بۆ كردم و گوتی: لە ڕۆژگارەكانی سەرەتادا میوانێك هات بۆ لای بەڕێزی لەمانگی ڕەمەزاندا و بەڕۆژوو بوو. كات دوای عەسر بوو، بەجۆرێك زۆربەی ڕۆژ تێپەڕیبوو. بەڕێزی بە میوانەكەی فەرموو كە ڕۆژووەكەی بشكێنێت. ئەویش وەڵامی دایەوە: ڕۆژ كاتێكی كەمی ماوە بۆیە ئێستا پێویست بە ڕۆژووشكاندن ناكات. بەڕێزی (عليه السلام) فەرمووی: ئایا دەتەوێت بە هێزی كردەوەكانت خوای گەورە ڕازی بكەیت؟ خوای گەورە لەڕێگەی كەللـەڕەقیەوە ڕازی نابێت، بەڵكو لەڕێگەی گوێڕایەڵییەوە ڕازی دەبێت. دەی مادام خوای گەورە دەربارەی ڕێبوار فەرموویەتی ڕۆژوونەگرێت كەواتە پێویستە بەڕۆژوو نەبێت، ئیتر میوانەكە ڕۆژووەكەی شكاند. (سیرة المهدي، المجلد1، ص:97)

مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) فەرمانی كردووە بە ڕۆژووشكاندن له كاتی سەفەردا

مونشی زەفەر ئەحمەد كەفورتەهلەیی دەڵێت: جارێكیان من و مونشی ئەروری خان و سەیيد خان موحەممەد خانی لودھیانەیی (ڕەزای خوایان لێ بێت) چووین بۆ سەردانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەمانگی ڕەمەزاندا، من بەڕۆژوو بووم بەڵام هەردوو هاوەڵەكەم بەڕۆژوو نەبوون. گەيشتینە خزمەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) و كەمێكی مابوو بۆ ڕۆژئاوابوون، ئەوان بە مەسیحی بەڵێندراویان (عليه السلام) گوت كە زەفەر ئەحمەد بەڕۆژووە. بەڕێزیشی (عليه السلام) دەستبەجێ چووە ماڵەوە و بە كووپێك شەربەتی شیرینەوە هاتەوە و فەرمووی: ڕۆژووەكە بشكێنە، لەسەفەردا ڕۆژوو جائیز نیە. منیش فەرمانەكەیم جێبەجێ كرد، پاشان بەردەوام بەڕۆژوو دەبووین بە حوكمی مانەوەمان. كاتی ڕۆژووشكاندن مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بە سێ كووپەوە هات لەسەر سینیيەكی گەورە، ویستمان ڕۆژوو بشكێنین گوتم: گەورەم، كووپێك بەس نیە بۆ مونشی (واتە مونشی ئەروری خان). بەڕێزی زەردەخەنەیەكی كرد و دەستبەجێ چووە ماڵەوە و كتریەكی گەورەی هێنا كە پڕبوو لە شەربەتێكی شیرین و دای بە مونشی بەڕێز. مونشی بەڕێزیش هەموو شەربەتەكەی تەواوكرد وایدانا كە بەدەستی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەخواتەوە. (أصحاب أحمد، مجلد 4، ص224، الطبعة الحدیثة، روایة المنشي ظفر علي الكفورتهلوي)

ڕۆژووشكاندن لەكاتی سەفەردا

هێژا میرزا بەشیر ئەحمەد (ڕەزای خوای لێ بێت) دەڵێت: میان فەزڵ موحەممەد –خاوەنی مەحەل لەگەڕەكی دارالفضل- بەنووسین هەواڵی پێدام كە بەڕێزی (عليه السلام) جارێكیان سەفەری كرد بۆ شاری “دەهاریوال” بۆ ئامادەبوون لەبەردەم دادگادا لەكێشەیەكدا كە مەولەوی موحەممەد حوسێن بەتاڵەیی بەرزی كردبووەوە لەدژی، كات وەرزی هاوین و مانگی ڕەمەزان بوو. لە دەهاریوال زۆرێك لە برایان كۆبووبوونەوە لە ناوچەكانی دەوروبەرەوە و زۆربەیان بەڕۆژووبوون. لەم كاتەدا خانمێك لە بنەماڵەیەكی ناسراوی سیخ لە شاری “كەهەندي” بانگهێشتێكی نارد بۆ بەڕێزی (عليه السلام) ئەویش (عليه السلام) قەبوڵی كرد. خانمی ناوبراو پڵاو و شتی تری پێشكەش كردن. لەو كاتەدا هەندێ برا پێیانگوت كە بەڕۆژوون. ئەویش فەرمووی: لە سەفەردا ڕۆژووگرتن ڕەوا نیە، ئەوە بوو هەموویان ڕۆژووەكەیان شكاند. (سیرة المهدي، المجلد 2، الصفحة: 303).

كاركردن بە ڕوخسەتی ڕۆژوونەگرتن لەسەفەردا بەبێ ترسان لە لۆمە

هێژا میرزا بەشیر ئەحمەد (ڕەزای خوای لێ بێت) دەڵێت: مەلیك مەولا بەخشی خانەنشین بە نووسین قسەی بۆ كردم لە مەولەوی عبد الرحمن موبەششیرەوە و گوتی: جارێكیان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەمانگی ڕەمەزاندا هات بۆ ئەمریتسەر، وا بڕیار بوو كە لە كۆمەڵگای “بابو گەنیا لال” كە ناوی ئێستای بریتیە لە: “بەندی ماترەم بال” وتارێك پێشكەش بكات. بەڕێزی بەڕۆژوو نەبوو لەبەرئەوەی ڕێبوار بوو، موفتی فەزڵ ڕەحمان پیاڵەیەك چایی پێشكەش كرد لەكاتی وتارەكەدا، بەڵام مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئاگای لێ نەبوو، پاشان موفتی كەمێك چووە پێشەوە بەڵام بەڕێزی (عليه السلام) بەردەوام بوو لە پێشكەشكردنی وتارەكە. پاشان موفتی زیاتر پیاڵەكەی نزیك كردەوە لە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)، ئەویش (عليه السلام) پیاڵەكەی لێ وەرگرت و لێی خواردەوە. لەو كاتەدا خەڵكەكە كردیان بەهەرا و دەنگەدەنگ و گوتیان: ئەمەیە ڕێزی ڕەمەزان، ئەوەتا ئەو بەڕۆژوو نیە، دەستیان كرد بە گاڵتە و چەنەبازی هەتا وتارەكە پچڕا و بەڕێزی (عليه السلام) لەبەرچاوان ونبوو. ئوتۆمۆبێلێكیان هێنا لەنزيك دەرگاكە لەلایەكی ترەوە و بەڕێزی (عليه السلام) سەركەوتە ئۆتۆمۆبێلەكە. خەڵكی دەستیان كرد بە بەردبارانكردنی و ئاژاوەیەكی زۆریان بەرپاكرد تەنانەت جامی ئۆتۆمۆبیلەكە شكا، بەڵام بەڕێزی (عليه السلام) بەسەلامەتی گەيشتەوە شوێنی مانەوەی خۆی.

ڕاویەكە دەڵێت دوای ئەوە بیستمان كە پیاوێكی ئایینی نائەحمەدی گوتی: خەڵكی ئەمڕۆ میرزایان كرد بە پێغەمبەر! بەڵام خۆم لەزاری پیاوە ئایینیەكەوە ئەم قسەیەم نەبیست. لەگەڵ مەولەوی حەكیم نوورەددیندا چووینە دەرەوە و پێمانگوت خەڵكی هێشتا بەرد دەهاوێژن و ئاژاوە و هەرادەنێنەوە لەبەرئەوە دەتوانیت كەمێك بوەستیت خەلیفەی یەكەمیش (ڕەزای خوای لێ بێت) گوتی: ئەو كەسانە ڕۆيشتن كە دەیانویست لێی بدەن، كێ لێمبدات؟

وە لەبەرئەوەی دەنگەدەنگ و ئاژاوەكە هەمووی بەهۆی ئەوەوە ڕوویدا كە موفتی فەزڵ ڕەحمان پیاڵەیەك چایی پێشكەش كرد و خەڵكی هەرایان بەرپاكرد بۆیە هەموان پێیانگوت: بۆچی ئەو كارەت كرد؟ ڕاویەكە دەڵێت: منیش هەمان ئەو قسەیەم كرد، تەنانەت بەڕێز فەزڵ ڕەحمان دڵی تەنگ بوو. ڕاویەكە دەڵێت دوای ئەوە میان عبد الخالق ئەحمەدی پێیگوتم عەرزی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كرا كە موفتی فەزڵ ڕەحمان هۆكاری دروستبوونی ئەو تێكچوونە بوو كە لەوتارەكەدا دروستبوو، بەڕێزی (عليه السلام) فەرمووی: كارێكی خراپی نەكرد، بەڵكو لەڕاستیدا خوای گەورە فەرمانی بە نەگرتنی ڕۆژوو كردووە لە سەفەردا، هەڵبەت خوای گەورە دەرفەتێكی سازاند بۆ بڵاوكردنەوەی فەرمانەكەی لەڕێگەی ئەم كارەی منەوە. ڕاویەكە دەڵێت كاتێك موفتی بەڕێز وەڵامەكە مەسیحی بەڵێندراوی (عليه السلام) بیست، زیاتر غیرەتی پەیداكرد و ئازاتر بوو. (سیرة المهدي، المجلد 2، الصفحة: 147).

ڕۆژووی ڕێبوار كاتی مانەوە

خەلیفەی دووەم (ڕەزای خوای لێ بێت) دەڵێت: پرسیارێك خرایەڕوو كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) فەتوای داوە بەوەی كە ئەگەر نەخۆش و ڕێبوار بەڕۆژووبن بە سەرپێچیكار ئەژمار دەكرێن. بەڵام ئاگادارییەك لەلایەن منەوە بڵاوكراوەتەوە لە ڕۆژنامەی “الفضل”، ئەو ئەحمەدییانەی كە دێن بۆ ئێرە بۆ جەلسەی ساڵانە دەتوانن لەكاتی مانەوەیان لێرە بەڕۆژوو بن، وە ئەو كەسەی بەڕۆژوو نابێت و لەڕۆژانی تردا ڕۆژووەكە دەگرێتەوە هیچ ڕەخنەی لەسەر نیە.

سەرەتا دەمەوێت لەم بارەيەوە ئەوە بڵێم كە فەتوای من لە ڕۆژنامەی “الفضل”دا بڵاونەكراوەتەوە، بەڵام فەتوایەكی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بڵاوكراوەتەوە بە گێڕانەوەی من.

لەڕاستیدا لە سەرەتای خیلافەتەكەمدا ڕێگریم دەكرد لە ڕۆژوو لەكاتی سەفەردا؛ چونكە بینیم مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ڕێگەی نەداوە بە ڕێبوار كە بەڕۆژوو بێت. وە بینیم میرزا یەعقوب بەگ جارێكیان هات لەكاتی ڕەمەزاندا لە عەسردا و بەڕۆژوو بوو، مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) فەرمانی پێكرد كە ڕۆژووەكەی بشكێنێت و فەرمووی ڕۆژوو لەكاتی سەفەردا جائیز نیە. وە مشتومڕ و گفتوگۆ دەربارەی ئەم بابەتە درێژەی كێشا تەنانەت خەلیفەی یەكەم (ڕەزای خوای لێ بێت) پێیوابوو كە ڕەنگە ئەمە ببێتە هۆی پێخلیسكانی یەكێك. بۆیە لەڕۆژی دواییدا دەقێكی قسەی ئیبن عەرەبی هێنا كە تێیدا هاتبوو ئەویش هەمان شت دەڵێت.

هەڵبەت ئەم بابەتە كاری لێكردم بەجۆرێك ڕێگریم دەكرد لە ڕۆژووگرتن لەكاتی سەفەردا. وا ڕێكەوت جارێكیان مەولەوی عبد الله سەنووری هات بۆ ئێرە بە بەسەربردنی ڕۆژەكانی ڕەمەزان و گوتی: بیستوومە كە تۆ ڕێگری دەكەیت لەڕۆژووی ئەوانەی لەدەرەوە دێن، بەڵام گێڕاومەتەوە كە كەسێك هات بۆ ئێرە و بە مەسیحی بەڵێندراوی (عليه السلام) گوت كە نیازی هەیە بمێنێتەوە، ئایا لەماوەی مانەوەدا پێویسته بەڕۆژوو بێت یان نا؟ ئەویش (عليه السلام) فەرمووی: بەڵێ، دەتوانیت بەڕۆژوو بیت چونكە قادیان نیشتیمانی دووەمە بۆ ئەحمەدییەكان. لەگەڵ ئەوەی خوا لێخۆشبوو عبد الله یەكێك بوو لەو كەسانەی كە زۆر نزیكبوون لە مەسیحی بەڵێندراوەوە (عليه السلام) بەڵام من ڕیوایەتەكەیم قەبوڵ نەكرد. كاتێك شایەتی خەڵكانی ترم وەرگرت لەم بارەيەوە ڕوونبوویەوە كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ڕێگەی دابوو بە ڕۆژووگرتن لەكاتی مانەوە لە قادیاندا، وە ڕێگەی پێ نەداوە ڕۆژی هاتن و ڕۆژی ڕۆيشتن، لەبەرئەوە ناچاربووم هەڵوێستی پێشووم بگۆڕم. پاشان كاتێك پرسیار دروست بوو سەبارەت بەوەی ئایا پێویستە لەسەر ئەوانەی ئەم ساڵ لەمانگی ڕەمەزاندا هاتوون بۆ جەلسەی ساڵانە بەڕۆژوو بن یان نا. كەسێك گوتی كاتێك جەلسە لەمانگی ڕەمەزاندا كرا لە سەردەمی مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) من یەكێك بووم لەوانەی كە نان و خواردنم دەدا بە میوانەكان لەپارشێودا. لەوكاتەدا ڕێگەمدا بەوانەی هاتوون بۆ جەلسە كە بەڕۆژوو بن –كاتی مانەوەیان لێرە- لەم هەلومەرجەدا، لەئەسڵدا ئەمە فەتواكەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بوو. زانایانی پێشوو لەسەفەریشدا ڕۆژووگرتنیان بەلاوە جائیز بووە، بەڵام لەم ڕۆژگارەدا پیاوانی ئایینی نائەحمەدی لەئەسڵدا سەفەریان بەلاوە سەفەر نیە، بەڵام مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ڕێگری كردووە لە ڕۆژووگرتن لەكاتی سەفەردا. وە هەر خۆی فەرموویەتی كە ڕۆژووگرتن لەكاتی مانەوە لە قادیاندا جائیزە. بۆیە ڕەوا نیە كە یەكێك لە فەتواكانی وەربگرین و فەتواكەی تریان وازلێبهێنین. (الفضل، العدد 4/1/1934م، الصفحة: 3-4)

(ڕیوایەتێك هەیە دەربارەی ئەم پرسە لە “سیرة المهدي”دا) تێیدا هاتووە:

هێژا میرزا بەشیر ئەحمەد (ڕەزای خوای لێ بێت) دەڵێت: خێزانی خوا لێخۆشبوو دكتۆر خەلیفە ڕەشیدەددین بەنووسین لەڕێگەی لیژنەی (إماء الله)ی قادیانەوە پێی ڕاگەیاندم و گوتی: لەساڵی 1903ز من و دكتۆری خوا لێخۆشبوو لە “ڕوركی”ەوە هاتین و مۆڵەتی چوار ڕۆژمان هەبوو، بەڕێزی (عليه السلام) پرسیاری لێكرد ڕەنگە بەڕۆژوو نەبووبن لەسەفەرەكەدا؟ گوتمان نەخێر. بەڕێزی (عليه السلام) شوێنی نیشتەجێبوونی بۆ ئامادەكردین لە “الغرفة الوردیة”. دكتۆری بەڕێز پێی گوت: لێرە بەڕۆژوو دەبین، بەڕێزی (عليه السلام) فەرمووی زۆر باشە: بەڵام تۆ لە سەفەردایت. دكتۆر گوتی: چەند ڕۆژێك لێرە دەمێنینەوە و پێمخۆشە بەڕۆژوو بم. فەرمووی (عليه السلام) زۆر باشە، نانی كشمیریتان دەرخوارد دەدەم. لەخۆمان پرسی تۆ بڵێی نانی كشمیری چی بێت؟! كاتێك دوای نوێژی سوننەت و شەونوێژ كاتی پارشێو هات و خواردن ئامادەكرا گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خۆی تەشریفی هات بۆ ژووری “الوردیة” (كە دەكەوێتە نهۆمی ژێرەوەی ماڵەكە) و بەڕێز مەولەوی عبد الكریم سیالكۆتی لە نهۆمی سێیەمی خانووەكەدا نیشتەجێ بوو، وە خێزانی یەكەمی كریم بی بی خاتوون كە پێی دوترا “المولویة” كشمیری بوو، وە بەباشی نانی ئامادە دەكرد. بەڕێزی (عليه السلام) داوای لێكردبوو كە خواردن بۆ ئێمە ئامادە بكات. نانی گەرم لەسەرەوە دەهات و بەڕێزی (عليه السلام) بەدەستی خۆی لەبەردەمماندا دایدەنا، وە دەیفەرموو: بەباشی بخۆن. من شەرمم دەكرد و مێردەكەشم هەستی بەشەرمەزاری دەكرد، بەڵام كاریگەری سۆز و بەزەیی بەڕێزی (عليه السلام) هەموو گەردێكی بوون و قەوارەمانی دەهەژاند لەخۆشیدا، وە لەم كاتەدا دەنگی بانگ بەرزبوویەوە و بەڕێزی (عليه السلام) فەرمووی: بەردەوام بن لەخواردن، هێشتا كات ماوە. پاشان فەرمووی: خوا (سبحانه وتعالی) لەقورئانی پیرۆزدا فەرموویەتی: {وَكُلُوا وَاشْرَبُوا حَتَّى يَتَبَيَّنَ لَكُمُ الْخَيْطُ الْأَبْيَضُ مِنَ الْخَيْطِ الْأَسْوَدِ مِنَ الْفَجْرِ}، بەڵام خەڵكی كاری پێ ناكەن. بۆیە بخۆن هێشتا كاتێكی زۆر ماوە؛ چونكە بانگبێژەكە زوو بانگیدا. بەردەوام بەڕێزی لەگەڵماندا مایەوە و دەهات و دەچوو، ئێمەش نانمان دەخوارد، لەگەڵ ئەوەی دكتۆری بەڕێز چەندین جار پێیگوت كە دابنیشێت یان تەشریفی بڕوات و من یان خێزانەكەم نانەكە وەردەگرم لە خزمەتكاره، بەڵام قەبوڵی نەكرد، بەڵكو بەردەوام ڕێزی لێدەگرتین و میوانداری دەكردین، وە لەخواردنەكەدا چێشتێكی خۆش هەبوو لەگەڵ شەعریە و شیریش. (سیرة المهدي، المجلد 2، الصفحة: 202-203)

بەڕێز موحەممەد سەروەرشا دەڵێت: مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەربارەی ڕۆژوو فەرموویەتی ئەگەر كەسێك نیازی بوو لە سێ ڕۆژ زیاتر لەشوێنێكدا بمێنێتەوە؛ ئەوا دەتوانێت بەڕۆژوو بێت، ئەگینا نەخێر. وە ئەگەر لە قادیاندا بەڕۆژوو بوو لەگەڵ مانەوەیدا بۆ ماوەیەكی كورتتر ئەوا پێویست ناكات دوای ئەوە ڕۆژووەكە بگرێتەوە. (فتاوی السید محمد سرورشاه- رضي الله عنه-، سجل رقم5، دار الإفتاء، ربوة)

ڕۆژووشكاندن كاتی تووشبوون بە نەخۆشی

هێژا میرزا بەشیر ئەحمەد (ڕەزای خوای لێ بێت) دەڵێت: دكتۆر میر موحەممەد ئیسماعیل قسەی بۆكردم و گوتی: جارێكیان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەشاری لودھیانە بوو، وە بەڕۆژووبوو لەڕەمەزاندا و تووشی نۆرەیەكی لاوازی دڵ بوو دەست و قاچی ساردبوونەوە. كاتی خۆرئاوابوون زۆر نزیك بوو، بەڵام بەڕێزی (عليه السلام) دەتسبەجێ ڕۆژووەكەی شكاند. بەڕێزی (عليه السلام) هەمیشە ڕێگایەكی ئاسانی هەڵدەبژارد لە شەریعەتدا. هێژا میرزا بەشیر ئەحمەد (ڕەزای خوای لێ بێت) دەڵێت فەرموودەیەك هەیە كە لە عائیشەوە (ڕەزای خوای لێ بێت) ڕیوایەت كراوە تێیدا هاتووە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەمیشە ئاسانترین ڕێگەی هەڵبژاردووە. (سیرة المهدي، المجلد2، الصفحة: 627).

ئیزندان بە ڕۆژووگرتن لە نەخۆشی سووكدا

مونشی حبیب الرحمن (ڕەزای خوای لێ بێت) دەڵێت: جارێكیان 10 ڕۆژەكەی كۆتایی ڕەمەزانم لە قادیان بەسەربرد. لەو ڕۆژانەدا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هەموو ڕۆژێك تووشی لەرز و تا دەبوو، دوای نیوەڕۆ تووشی دەبوو، بەشداری دەكرد لە نوێژی نیوەڕۆدا و نەیدەتوانی بەشداری بكات لە نوێژەكانی تردا. هەندێ جار پێش نوێژی نیوەڕۆ دادەنیشت چاوەڕوانی نوێژخوێنەكانی دەكرد. نەریتم وەهابوو كە دەبوایە لە نزیكیەوە (عليه السلام) نوێژم بكردایە، ڕووینەداوە لێیەوە دووربووبم. جارێكیان لەبەڕێزیەوە (عليه السلام) دووربووم، بەڵام خوا ڕێگایەكی بۆ سازاندم كە لەنزیكیەوە نوێژ بكەم. هەركاتێك بەڕێزی دەهات بۆ نوێژی نیوەڕۆ پرسیارم لێ دەكرد دەربارەی بارودۆخی، دەیفەرموو: هەست بەسەرما دەكەم. وە هەندێ جار دەیگوت: نوێژ بکە، من زۆر هەست بەسەرمادەكەم. بەڵام سەرەڕای ئەوەی تەندروستی تەواو نەبوو بەڕۆژوو دەبوو. ڕۆژێكیان پێمگوت: تۆ تووشی تا بوویت، چەند ڕۆژێك بەسەر ئەم دۆخەدا تێپەڕیوە، ئەگەر ڕۆژووەكەت بشكاندایە -كاتی تووشبوون بە تا- چاكتر بوو، فەرمووی: بەهۆی ڕۆژووەكەوە هەست بە ئازار ناكەم بەڵكو هەست بە حەوانەوە دەكەم، وە هەست بە برسێتی و تینوێتی ناكەم، بەڵام لەشەودا ڕێژەیەكی زیاتر هەست بە ئازار دەكەم، لەبەرئەوە بەڕۆژوو دەبم. تایەكە بەیانیان نەدەما بەڕێزی (عليه السلام) دەچوو بۆ پیاسه و گەڕان. (الدفتر القلمي، ص 52- 54) (أصحاب أحمد، مجلد 10، ص397- 398، الطبعة الحدیثة، روایة المنشي حبیب الرحمن).

مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) و ڕۆژوو گرتن لەنەخۆشیدا

پرسیاركرا لە موسڵیحی بەڵێندراو (ڕەزای خوای لێ بێت): لەبەرئەوەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) نەخۆش بوو، ئایا ڕۆژووی دەگرت؟ موسڵیحی بەڵێندراو (ڕەزای خوای لێ بێت) گوتی: مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) زۆر بەڕۆژوو دەبوو، بەڵام لەبەرئەوەی زۆر لاواز بوو بوو لەم دواییەدا و نەخۆشیەكەشی پەرەیسەندبوو بۆیە سێ ساڵ بەڕۆژوو نەبوو، واتە: 5، 6، 7. (مەبەست لە ساڵەكانی: 1905 و 1906 و 1907 بووە- گوێزەرەوە) (جریدة الفضل، العدد: 12/6/1922م، ص7).

هێژا میرزا بەشیر ئەحمەد (ڕەزای خوای لێ بێت) دەڵێت: دایكم قسەی بۆكردم و گوتی: كاتێك مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) تووشی چەند نۆرەیەكی نەخۆشی بوو ڕەمەزانی نەگرت لەو ساڵەدا و فیدیەكەی دا. كاتێك ڕەمەزانەكەی تر هات مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەستیكرد به ڕۆژووگرتن، بەڵام تووشی هەمان نۆرەكان بوو پاش هەشت یان نۆ ڕۆژ، ڕۆژەكانی تری ڕەمەزانی نەگرت فیدیەكەی دا. پاشان لەڕەمەزانی ساڵی داھاتوودا دە یان یانزە ڕۆژ بەڕۆژوو بوو، پاشان هەمان نۆرەكانی بۆ گەڕایەوە بۆیە ناچاربوو ڕۆژەكانی تر نەگرێت و فیدیەكەی دا، پاشان لەڕەمەزانی ساڵی داھاتوودا ڕۆژی سیانزەی ڕەمەزان كاتێك بەڕێزی (عليه السلام) تووشی نۆرەی نەخۆشی بوو ڕۆژووەكەی شكاند و ڕۆژەكانی تری مانگی ڕەمەزانی نەگرت و فیدیەكەی دا. پاشان دوای ئەوە بەڕێزی (عليه السلام) هەموو مانگێكی ڕەمەزان بەتەواوەتی بەڕۆژوو بووە هەتا دوو سێ ساڵ پێش ئەوەی كۆچی دوایی بكات بەجۆرێك نەیتوانی بەڕۆژوو بێت بەهۆی لاوازییەوە، بۆیە بەردەوام فیدیەكەی دەدا.

پرسیارم لە دایكم كرد: ئایا بەڕێزی ڕۆژووی ئەو ڕۆژانەی دەگێڕایەوە كە بەهۆی نۆرەی نەخۆشیەكەیەوە نەیگرتبوون لەسەرەتادا؟ گوتی: نەخێر، تەنھا فیدیەی دەدا.

دەڵێم: لەبەرئەوەی نۆرەكانی سەرئێشە لەگەڵ ساردبوونەوەی پەلەكان جار لەدوای جار دەگەڕایەوە بۆ مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەمە بووە هۆی تێكچوونی باری تەندروستی و لاوازبوونی، بۆیە بەڕۆژوو نەدەبوو، هێزو توانای لەخۆیدا بەدی نەدەكرد بۆ ڕۆژووگرتن هەتا ڕەمەزانی ساڵی داهاتوو. بەڵام كاتێك مانگی ڕەمەزان دەھات بەڕێزی (عليه السلام) دەستیدەكرد بە ڕۆژووگرتن وەك شەیدا و تامەزرۆبوون بۆ خواپەرستی، بەڵام تووشی هەمان نۆرەكان دەبوویەوە ئینجا ڕۆژووی نەدەگرت و فیدەی ئەو ڕۆژانەی دەدا كە ڕۆژووی تێدا نەگرتبوون: خوا باشتر دەزانێت. (سیرة المهدي، المجلد1، ص 59).

ڕێبوار و نەخۆش فیدیە دەدەن

مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت: خوای گەورە شەریعەتی لەسەر ئاسانی دامەزراندووە، ئەو ڕێبوار و نەخۆشەی توانای دارایی هەیە ئەوا با فیدیەی ڕۆژووەكە بدات، وە فیدیەكە بریتیە لە خۆراكدان بە هەژارێك. (بدر، العدد: 17/10/1907م، ص7)

ئامانج لە فیدیە

جارێك لە جارەكان پرسیارێك هات بەمێشكمدا دەربارەی فەرمانكردن بە فیدیە، ئینجا زانیم هۆكارە بۆ سەركەوتن لە ڕۆژووگرتندا. بێگومان خوای گەورە هۆكاری سەركەوتنی هەموو شتێكە، بۆیە پێویستە داوای هەموو شتێك لەخوا بكەین بەتەنھا. ئەو خۆی بەتوانایە لەسەر پێدانی توانا و سەركەوتن بە كەسی سیلاویش بۆ ڕۆژووگرتن ئەگەر بیەوێت. بۆیە فیدیە دەدرێت بۆ بەدەستھێنانی توانا و سەركەوتن، ئەمەش تەنھا بە فەزڵی خوای گەورە دێتەدی. لەبەرئەوە وا گونجاوترە بۆ ئەو كەسەی بێبەشە لە ڕۆژووگرتن كە لەخوای گەورە بپاڕێتەوە و بڵێت پەروەردگارا ئەم مانگەی تۆ مانگێكی پیرۆزە و من هێشتا بێبەشم لە بەرەكەتەكانی، وە نازانم ئایا لەژیاندا دەمێنم لە ساڵی داهاتوودا یان نا، یان ئایا ئەتوانم ڕۆژووی ڕۆژە لەدەستچووەكان بگرمەوە یان نا. لەبەرئەوە پێویستە داوای سەركەوتن و یارمەتی لەخوا (عز وجل) بكات. وە من یەقینم هەیە كە خوای گەورە یارمەتی كەسێكی وەها دەدات و سەركەوتووی دەكات. (البدر، العدد: 12/12/1902م، ص 52)

فیدیە ڕۆژووی لەدەستچوو لەكۆڵناكاتەوە

موسڵیحی بەڵێندراو (ڕەزای خوای لێ بێت) دەڵێت: فیدیە ڕۆژووی لەدەستچوو لەكۆڵناكاتەوە، بەڵكو فیدیە بۆیە دەدرێت چونكە ئەو كەسە -بەهۆی عوزرێكی شەرعیەوە- نەیتوانیوە بەشداری بكات لە خواپەرستیەكەدا لەگەڵ سەرجەم موسوڵماناندا لەم ڕۆژە پیرۆزانەدا. عوزرەكان دوو جۆرن: عوزری كاتی و عوزری هەمیشەیی، وە پێویستە فیدیەكە بدرێت ئەگەر توانرا چ عوزرەكە كاتی بێت یان هەمیشەیی. بەڵام ئەگەر عوزرەكە نەما ئەگەر پاش ساڵێك یان دوو ساڵ یاخود سێ ساڵیش بێت؛ ئەوا پێویستە لەسەری ڕۆژوو بگرێت، ئەگەرچی فیدیەشی دابێت، مەگەر عوزری نەخۆشیەكە پێشتر كاتی بووبێت، وە نەخۆشەكە نیازی ڕۆژووگرتنی بووبێت كاتێك تەندروستیەكەی گەڕایەوە لەڕۆژەكانی داهاتوودا، بەڵام تەندروستیەكەی بەشێوەیەكی هەمیشەیی تێكچووبێت. بەڵام ئەوەی توانی -نەخۆش یان ڕێبوار- نانی هەژار بدات؛ ئەوا پێویستە نانی هەژارێك بدات وەك فیدیە لە ڕەمەزاندا، لەڕۆژەكانی تردا ڕۆژووەكە بگرێتەوە. ئەمە ڕێبازی ئیمام مەهدی و مەسیحی بەڵێندراوە بەجۆرێك هەمیشە فیدیە دەدرێت بۆ ڕۆژە لەدەستچووەكان لە ڕەمەزاندا و دوای ئەوەش ڕۆژووەكە دەگرێتەوە، وە ئامۆژگاری كەسانی تری كردووە بەمە. (التفسیر الكبیر، المجلد 2، ص 389)

فیدیە بە كێ دەدرێت

پرسیارێكی تری هەمان كەسی پرسیاركەر خرایەڕوو: ئەوەی ناتوانێت ڕۆژوو بگرێت، پێویستە لەسەری وەك فیدیە نان بدات بە هەژاران، ئایا ڕەوایە ئەم بڕە پارەیە بنێردرێت بۆ سندوقی هەتیوان لە قادیان؟ بەڕێزی (عليه السلام) فەرمووی: هیچ كیشەیەك لەمەدا نیە، ئەگەر نان بدات بە هەژارەكان لەشارەكەی خۆیدا یان پارە بنێرێت بۆ سندوقی هەتیوان و هەژاران لێرە. (بدر، العدد: 7/2/1907م، ص4)

كرێكاریش لەحوكمی نەخۆشدایە

1) هەندێ جار لەڕۆژانێكدا مانگی ڕەمەزان دێت كە جووتیاران لەو ڕۆژانەدا پێویستە بەردەوام و بێپچڕان كاربكەن وەك زەوی كێڵان و تۆو چاندن و كشتوكاڵ، وە هەروەها كرێكارەكان كە بە كرێكاریى پارووی ژیان پەیدا دەكەن ناتوانن بەڕۆژوو بن، حوكمیان چیە؟

مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) فەرموویەتی: كارەكان بەگوێرەی نیازەكانە، خەڵكی هەلومەرجی خۆیان دەشارنەوە، هەر یەكێك دەتوانێت بەپاكی و پارێزكارییەوە هەلومەرجی خۆی هەڵسەنگێنێت. جا ئەگەر ئەتوانێت كەسێك لە شوێنی خۆی بەكرێ بگرێت؛ ئەوا با ئەو كارە بكات ئەگینا لە حوكمی نەخۆشدایە و هەر كاتێك بۆی ڕەخسا با بەڕۆژوو بێت.

2) دەربارەی: {وَعَلَى الَّذِينَ يُطِيقُونَهُ} فەرموویەتی ماناكەی بریتیە لە: ئەوانەی ناتوانن. (بدر، العدد:26/9/1907م، ص7)

لە چ تەمەنێكدا پێویستە دەستبكرێت بە ڕۆژووگرتن

خەلیفەی دووەم (ڕەزای خوای لێ بێت) دەڵێت: بێگومان زۆركردن لە مناڵێك تەمەنى لە 12 ساڵ كەمتر بێت بەڕای من ستەمە، وە ئەوەی زۆر لە مناڵێك بكات تەمەنی لەنێوان 12 بۆ 15 ساڵدا بێت هەڵە دەكات، پێویستە لەسەر ڕۆژوو ڕابهێنرێت لە 15 ساڵی تەمەنەوە، وە لە 18 ساڵی تەمەندا پێویستە ڕۆژوو بە فەرز ئەژماربكرێت.

بیرم دێت كاتێك مناڵ بووین تامەزرۆى ڕۆژووگرتن بووین، بەڵام مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ڕێگەی پێ نەدەداین، وە لەجیاتی ئەوەی هانمان بدات بۆ ڕۆژوو هەمیشە دەیترساندین لێی. (الفضل، العدد 11/4/1925م، ص7)

موسڵیحی بەڵێندراو (ڕەزای خوای لێ بێت) دیسان دەڵێت: “با بزانین شەریعەت ڕێگری كردووە لە مناڵان كە لە تەمەنێكی كەمدا ڕۆژووبگرن، بەڵام ئەگەر تەمەنیان گەيشتە نزیكی پێگەيشتن پێویستە ڕابهێنرێن لەسەر هەندێ ڕۆژووگرتن”. هەڵبەت گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) یەكەمجار ڕێگەی ڕۆژووگرتنی پێدام -وەك بیرم بێت- كاتێك تەمەنم دوانزە یان سیانزە ساڵ دەبوو. بەڵام هەندێ كەسی گەمژە زۆردەكەن لە مناڵەكانیان لەسەر ڕۆژووگرتن لە تەمەنی شەش حەوت ساڵیدا، وە پێیان وایە ئەمە كارێكی چاكە. ئەمە كارێكی باش نیە بەڵكو ستەمە. ئەم تەمەنە تەمەنی گەشەكردنیانە. بەڵێ ئەو كاتەی كە خەریكە باڵغدەبن و پێدەگەن و دەگەنە تەمەنی ڕۆژووگرتن پێویستە مەشقیان پێ بكرێت لەسەر ڕۆژووگرتن. ئەگەر سەیری ڕێوشوێن و ئیزنی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بكەین دەبینین تەمەنی گونجاو بۆ ئەو كارە تەمەنی دوانزە يان سیانزە ساڵییە. بۆیە پێویستە لەو كاتەدا هەندێ ڕۆژ بەڕۆژوو بن لە هەموو ڕەمەزانێكدا هەتا دەگەنە تەمەنی هەژدە ساڵی كە لای من ئەمە تەمەنی پێگەيشتن و ڕۆژووگرتنە. بیرم دێت مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) یەكەمجار ڕێگەی پێدام یەك ڕۆژ بەڕۆژوو بم. لەم تەمەنەدا حەزێك هەیە لای مناڵان تەنھا بۆ ڕۆژووگرتن لەبەرئەوە دەیانەوێت زیاتر لە ڕۆژێك بەڕۆژوو بن، بەڵام ئەركی سەرشانی باوكانە ڕێگری ئەوەیان لێ بكەن. پاشان تەمەنێك دێتە پێشەوە تێیدا پێویستە لەسەر باوكان هانی مناڵەكانیان بدەن لەسەر ڕۆژووگرتن بۆ چەند ڕۆژێك، وە چاودێرییان بكەن هەتا سنور تێنەپەڕێنن. بەهەمان شێوە پێویستە لەسەر ئەوانی تر سەرزەنشتی مناڵان نەكەن و نەڵێن بۆچی هەموو مانگەكە بەڕۆژوو نابن؟ ئەم مناڵە ئەگەر لە تەمەنێكی كەمدا بەڕۆژوو بێت؛ ئەوا لەداهاتوودا ڕۆژوو قورس دەبێت لەسەری. پاشان هەندێ مناڵ لەش و لاریان لاوازە. هەندێ مناڵم بینیوە كە لەگەڵ باوكیاندا دەھاتن بۆ سەردانم، بۆ نموونە باوكەكە پێی دەگوتم مناڵەكە تەمەنی پانزە ساڵە لەگەڵ ئەوەی وا دەردەكەوت كە حەوت هەشت ساڵان بێت. پێموایە ئەم جۆرە مناڵە ناگاتە تەمەنی ڕۆژووگرتن مەگەر نزیك بێتەوە لە بیست و یەك ساڵی. بەپێچەوانەوە هەندێ مناڵ هەن كە جەستەیان بەهێزە و وا دەردەكەون كە تەمەنیان هەژدە ساڵ بێت لەكاتێكدا لەڕاستیدا لە تەمەنی پانزە ساڵیدان. ئەگەر ئەو كەسانە ڕواڵەتی قسەكەم وەربگرن و بڵێن تەمەنی ڕۆژووگرتن هەژدە ساڵییە؛ ئەوا ستەمیان لە من نەكردووە، بەڵكو ستەمیان لەخۆیان كردووە، بەهەمان شێوە ئەگەر كەسێك سەرزەنشی مناڵێك بكات كە مانگێكی ڕەبەق بەڕۆژوو نەبووە؛ ئەوا تەنھا ستەمی لەخۆی كردووە. (التفسیر الكبیر، المجلد2، ص385)

ڕێگری كردن لە ڕۆژووگرتن لەمناڵیدا

خاتوو نەواب موبارەكە بێگەم (ڕەزای خوای لێ بێت) دەڵێت: مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێی خۆش نەبوو پێش تەمەنی پێگەيشتن داوامان لێبكات بەڕۆژوو بین. بۆیە ئێمە تەنھا ڕۆژێك یان دوو ڕۆژ بەڕۆژوو دەبووین. كاتێك ڕۆژووەكەم شكاند دوای یەكەم ڕۆژووگرتن دایكی بەڕێزم دەعوەتێكی گەورەی سازكرد، واتە ئافرەتانی كۆمەڵی بانگهێشت كرد بۆ دەعوەتەكە. پاشان لە ڕەمەزاندا بەڕۆژوو بووم لەساڵی دووەم یان سێيەمدا پاش ئەو ڕەمەزانە، وە بەمەسیحی بەڵێندراوم (عليه السلام) گوت كە ئەمڕۆش بەڕۆژووم. بەڕێزى (عليه السلام) لەژوورەكەدا دانیشتبوو وە لەسەر مێزێكی بچوك دوو دەنكە “البان” هەبوو ڕەنگە دایكی بەڕێزم دروستی كردبن. بەڕێزی (عليه السلام) یەك دانەیانی هەڵگرت و فەرمووی پێم: ئەمە بخۆ، تۆ لاوازیت، لەم تەمەنەدا ڕۆژوو مەگرە، بۆیە ڕۆژووەكەت بشكێنە. منیش دەنكە “البان”ەكەم خوارد بەڵام پێمگوت (عليه السلام)؛ ئەو كچەش “صالحة” (دوایی بوو بە خێزانی خاڵی بچوكم) بەڕۆژووە، بەویش بفەرموو كە ڕۆژووەكەی بشكێنێت. فەرمووی: هەر ئێستا بانگی بكە، منیش بانگم كرد، دەنكی دووەمی “البان”ەكەی پێدا و فەرمووی: بیخۆ، دیارە تۆ ڕۆژووت لەسەر نیە. لەو كاتەدا تەمەنم نزیكەی 10 ساڵان دەبوو. (كتابات “مباركة” ص 227-228).

گرنگیدان بە ڕۆژووی شەش ڕۆژ لە مانگی شەوال [ڕۆژووی شەشەڵان]

هێژا میرزا بەشیر ئەحمەد (ڕەزای خوای لێ بێت) دەڵێت: دایكی بەڕێزم قسەی بۆكردم كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) باسی قۆناغی گەنجێتی خۆی دەكرد و دەیفەرموو: زانیم یان فەرمووی: ئاماژەیەكم پێگەيشت لەو سەردەمەدا كە دەبێت ڕۆژوو بگیرێت بۆ هێنانەدی پێشكەوتن و بڵندبوونەوە لەم ڕێگایەدا، بۆیە بۆ ماوەی شەش مانگ لەسەریەك بەڕۆژوو بووم، وە هیچ كەسێك لەماڵەوە و لەدەرەوە نەیزانی كەمن بەڕۆژووم. هەر كاتێك نانی بەیانیم بۆ دەهات لەماڵەوە نانەكەم دەدا بە یەكێك لە هەژارەكان بەڵام نانی ئێوارانم دەخوارد.

لەدایكمم پرسی: ئایا بەڕێزی (عليه السلام) لەكۆتایی تەمەنیدا ڕۆژووی سوننەتی دەگرت یان نا؟ گوتی: بەڵێ لەكۆتایی تەمەنیشیدا ڕۆژووی سوننەتی دەگرت بەتایبەتی شەشەڵانی بەڕێكوپێكی دەگرت. هەروەك ئەگەر بیویستبا دوعا بكات بۆ كارێكی گرنگ ڕۆژووی دەگرت، مەگەر لە دوو سێ ساڵی كۆتایی تەمەنی كە تێیاندا نەیتوانی ڕەمەزانیش بگرێت بەهۆی لاوازی جەستەییەوە.

دەڵێم: بێگومان بەڕێزی (عليه السلام) لە “كتاب البریة”دا باسی كردووە كە بۆ ماوەی هەشت یان نۆ مانگ لەسەریەك بەڕۆژوو بووە. (سیرة المهدي، المجلد1، ص14)

خەلیفەی دووەم (ڕەزای خوای لێ بێت) دەڵێت: سوننەتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەهابوو كە شەشەڵانی دەگرت یەكسەر دوای ڕۆژی جەژن. هەڵبەت زیندووكردنەوەی ئەم سوننەتەش ئەركی سەرشانی كۆمەڵەكەمانە.

جارێكیان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە هەموو قادیاندا گرنگیدا بە ڕۆژووی شەشەڵان پاش جەژن بەتەواوەتی وەكو ڕۆژووی ڕەمەزان. وە لەساڵانی كۆتاییدا لەبەرئەوەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) چووبووە تەمەنەوە و تەندروستیشی باش نەبوو دوو ساڵ یان سێ ساڵ بەڕۆژوو نەبوو. دەی با ئەوانەی نازانن ببیستن و ئەوانەی لە بێئاگاییدان وریاببنەوە كە پێویستە لەسەریان ئەم شەش ڕۆژە بگرن مەگەر ئەوانەیان كە بەهۆی نەخۆشی و لاوازییەوە عوزریان هەیە. ئەگەر نەیانتوانی لەسەریەك و بێپچڕان شەشەڵان بگرن ئەوا دەتوانن لەنێوان ڕۆژەكاندا شەش ڕۆژەكە بگرن. (الفضل، العدد: 8/6/1922م، ص7).

ئایا جائیزە كەسی بەڕۆژوو سەیری ئاوێنە بكات؟

پرسیاری كەسێك عەرزی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كرا: ئایا ڕەوایە بۆ ڕۆژووەوان سەیری ئاوێنە بكات یان نا؟

فەرمووی (عليه السلام): بەڵێ ڕەوایە. (جریدة البدر، العدد: 7/2/1907م، ص4).

چەوركردنی مووی سەر و ڕیش بە ڕۆنی زەیت لەكاتی ڕۆژوودا

پرسیارێك عەرز كرا: ئایا ڕەوایە لەكاتی ڕۆژوودا مووی سەر و ڕیش چەور بكرێت یان نا؟

فەرمووی (عليه السلام): ڕەوایه. (سەرچاوەی پێشوو)

كەسی ڕۆژووگر دەتوانێت دڵۆپی دەرمان بكاتە چاویەوە

پرسیارێكی عەرزكرا: ئەگەر ڕۆژووگر تووشی نەخۆشییەكی چاو بوو، ئایا ڕەوایە دەرمان بكاتە چاویەوە یان نا؟

فەرمووی (عليه السلام): لە بنەڕەتدا پرسیارەكە هەڵەیە؛ چونكە نەخۆش فەرمانی پێنەكراوە بەڕۆژوو بێت. (سەرچاوەی پێشوو).

بەكارهێنانی بۆنی خۆش لەلایەن ڕۆژووگرەوە

پرسیارێك عەرزكرا: ئایا بەكارهێنانی بۆنی خۆش ڕەوایە بۆ ڕۆژووگر یان نا؟ فەرمووی (عليه السلام): ڕەوایە. (سەرچاوەی پێشوو)

چاوڕشتنی ڕۆژووگر

پرسیارێك كرا: ئایا بۆ ڕۆژووگر ڕەوایە چاوى بڕێژێت یان نا؟ فەرمووی (عليه السلام): نەشیاوە (مەكرووهە). چ پێویستی بەچاوڕشتن هەیە لەڕۆژدا، دەتوانێت لەشەودا چاوبڕێژێت. (سەرچاوەی پێشوو).

ڕۆژوو ناشكێت ئەگەر بەهەڵە خواردن بخورێت

پرسیاری كەسێك عەرزكرا كە نووسیبووی: من لە ژوورەكەدا دانیشتبووم لە ڕەمەزاندا بەردەوام خواردنم دەخوارد بەبێ ئەوەی كۆتایی پارشێو بزانم. كاتێك هاتمە دەرەوە بینیم هێڵی سپی بەرەبەیان ئاشكرایە، ئایا پێویستە لەسەرم لەجیاتی ئەو ڕۆژە ڕۆژێكی تر بەڕۆژوو بم؟ فەرمووی (عليه السلام): ئەگەر مرۆڤ خواردن بخوات بەبێ ئەوەی كۆتایی كاتی پارشێو بزانێت؛ ئەوا پێویست نیە لەسەری لەجیاتی ئەو ڕۆژە ڕۆژێكی تر بەڕۆژوو بێت. (الحكم، العدد: 14/2/1907م، ص14).

ڕۆژووی ڕۆژی وەفاتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)

پرسیارێكی عەرز كرا (عليه السلام): ئایا ڕۆژووی ڕۆژی كۆچی دوایی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێویستە یان نا؟ فەرمووی (عليه السلام): پێویست نیە. (جریدة بدر، العدد: 14/3/1907م، ص5)

ئایا ڕۆژووی مانگی موحەڕڕەم پێویستە؟

پرسیارێكی عەرزكرا (عليه السلام): ئایا ڕۆژووی 10 ڕۆژی سەرەتای مانگی موحەڕڕەم پێویستە یان نا؟ فەرمووی (عليه السلام): پێویست نیە. (سەرچاوەی پێشوو).

*****

ئەم وتارە لە كتێبى (فقه المسيح)ەوە وەرگيراوە