بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

مەرجەكانی بەیعەتدان و نیشانە و ئامانجەكانی

یەكەم: ئەو كەسەی بەیعەتی داوە دەبێت لە كانگای دڵیەوە بڕیاربدات خۆی بپارێزێت لە هاوەڵدانان بۆ خوا هەتاكو مردن.

دووەم: خۆی لابدات لە قسەی درۆ و توخنی زینا و خیانەتی چاو نەكەوێت، وە دووربكەوێتەوە لە هەموو ڕێگەیەكی خراپە و داوێنپیسی و خیانەت و دەستدرێژی و بەدفەڕی، وە ڕێگەنەدات هەڵچوونە دەروونیەكان زاڵبن بەسەریدا هەرچۆنێك پاڵنەرەكانیان گرنگ و بەهێزبن.

سێیەم: دەبێت بەڕێكوپێكی بەردەوام بێت لەسەر بەجێهێنانی پێنج نوێژەكە بەبێ دابڕان بەگوێرەی فەرمانەكانی خوا و پێغەمبەرەكەی، وە بەردەوام بێت بەپێی توانا لەسەر كردنی شەونوێژ، وە سڵاواتدان لەسەر پێغەمبەر (ﷺ)، وە ئیستیغفار و داوای لێخۆشبوون بكات لە پەروەردگاری لەسەر هەڵە و تاوانەكانی، وە لەناخی دڵەوە هەموو ڕۆژێك یادی نیعمەت و چاكەكانی خوا بكات و پاشان سوپاس و ستایشكردنی خوای گەورە لەسەریان بكات بە ویردی خۆی.

چوارەم: بە ناهەق ئازاری هیچ كەسێك نەدات لە خەڵكی خوا بەگشتی و موسوڵمانان بەتایبەتی بەهۆی هەڵچوونەكانی دەروونەوە.. نە بەدەستی و نە بەزمانی و نە بەهیچ ڕێگەیەكی تر.

پێنجەم: بە ئەمەك بێت بۆ خوای گەورە، وە قایل بێت بە خواستەكانی لە هەموو دۆخەكاندا: دۆخی پەژارە و شادی، تەنگانە و فەرحانی، كەمدەستی و خۆشگوزەرانی، وە ئامادە بێت بۆ قەبوڵكردنی هەر زەبوونی و ئازارێك لەڕێگەی خوادا، وە ڕوو وەرنەگێڕێت لە خوای پاك و بڵند كاتی تووشبوونی بە بەڵا و نەهامەتی، بەڵكو بەردەوام و بێ وچان بەرەو ڕووی بڕوات.

شەشەم: بە تەواوەتی دەستهەڵبگرێت لە شوێنكەوتنی نەریتە پووچەكان و ئارەزووەكانی دەروون و هیوا درۆینەكان، وە دەسەڵاتداری قورئانی پیرۆز قەبوڵ بكات لەسەر خۆی بە هەموو مانای وشە، وە وتەی خوا و فەرموودەی پێغەمبەر بكات بە دەستووری كاركردنی لە هەموو بەرنامەكانی ژیانیدا.

حەوتەم: وازبهێنێت لە لووتبەرزی و خۆبەزلزانین بە وازهێنانێكی تەواوەتی، وە ڕۆژەكانی ژیانی بە ملكەچی و بێ فیزی و ڕەوشت جوانی و ئارامی و نەرمونیانی بەسەرببات.

هەشتەم: دەبێت ئایین و سەربەرزی ئایین و هاوخەمی بۆ ئیسلام لای ئەو خۆشەویستتر و بڵندتر بێت لە خۆی و ماڵی و منداڵەكانی و هەموو ئەو شتانەی كە زۆر خۆشەویست و بڵندن لەلای.

نۆیەم: بەردەوام سەرقاڵ بێت بە یارمەتیدانی سەرجەم دروستكراوانی خوا و دڵسۆز بێت بۆیان تەنها لەبەر خاتری خوا، وە بەپێی توانا سوود بگەیەنێت بە خەڵكی بە هەموو ئەو بەهرە و ناز و نیعمەتانەی كە خوا پێی بەخشیوە.

دەیەم: پەیمانی برایەتی ببەستێت لەگەڵ ئەم بەندەیەدا [واتە: مەسیحی بەڵێندراو]، تەنها لەبەر خاتری خوا.. كە گوێڕایەڵیم بكات لە هەموو ئەو كارە چاكانەی فەرمانی پێدەكەم، پاشان خۆی لانەدا لەم پەیمانە و نەیشكێنێت هەتاكو مردن، وە ئەم پەیمانە بەشێوەیەك بێت كە پەیوەندییە دنیاییەكان بارتەقای نەبن، چ ئەو پەیوەندیانە خزمایەتی بن یان هاوڕێیەتی یان كار و پیشە.

 (سەیری ڕاگەیەندراوى “تكمیل التبلیغ” بكە لە 12ی یەنایەر (كانوونی دووەم) ساڵی 1889ز، كۆمەڵە ڕاگەیاندراوەكان، بەشی یەكەم، لاپەڕە 189_190).

خوای گەروە لە قورئانى پیرۆزدا دەفەرموێت: {إِنَّ الَّذِينَ يُبَايِعُونَكَ إِنَّمَا يُبَايِعُونَ اللَّهَ يَدُ اللَّهِ فَوْقَ أَيْدِيهِمْ فَمَنْ نَكَثَ فَإِنَّمَا يَنْكُثُ عَلَى نَفْسِهِ وَمَنْ أَوْفَى بِمَا عَاهَدَ عَلَيْهُ اللَّهَ فَسَيُؤْتِيهِ أَجْرًا عَظِيمًا} (الفتح: 11)

واتە: “بێگومان ئەوانەی بەیعەت دەدەنه ‌تۆ لەڕاستیدا هەر بەیعەت بە خوا دەدەن، دەستی پیرۆز و بەتوانای خوا لەسەر دەستیانەوەیە [بە پشتگیری و یارمەتی] جا ئەوەی بەیعەتەکە بشکێنێت و لێی پاشگەز ببێتەوە، ئەوە لەسەر خۆی دەکەوێت، ئەوەش کە بەیعەتەکە دەباتەسەر و پاشگەز نابێتەوە لێی، خوای باڵادەست پاداشتی گەورەی پێدەبەخشێت.”

نیشانە و ئامانجەكانی بەیعەتی كۆمەڵی ئەحمەدی

بەیعەت لای كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی ڕایەڵێكی تۆكمە و بەهێزە كە ڕاستەوخۆ كەسی بەیعەتدەر دەبەستێتەوە به پەروەردگاریەوە ئەگەر كاربكات بە مەرجەكانی و پابەند بێت پێیانەوە، لەبەرئەوە بەیعەت بەڵگەنامەیەكی لایەنگیری و پەیوەندیكردن نیە وەك هەندێ گروپی ڕادیكاڵی دەمارگیر كە لە حیزبە سیاسیە هاوچەرخەكان دەچن و ئەو كارە دەكەن. وە بانگەوازی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی بانگەوازێكی ڕۆحیە، وە ئایین و سیاسەتی هاوچەرخ لەیەك جودا دەكاتەوە و هیچ ئامانجێكی سیاسی نیە، وە دواجار بەیعەتەكەمان خاڵیە لە هەر هەوڵێك بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتی؛ چونكە ئێمە پێمانوایە كە ئایینی ئیسلام یاسای كۆمەڵگایە و پێكھاتووە لە بانگەوازكردن بۆ ڕێگای خوای گەورە بە حیكمەت و ئامۆژگاری چاك.

كۆمەڵەكەمان بەجوانی چاودەكات لە گەورەمان موحەممەد (درودی خوای لەسەر بێت) كە پێشەنگێكی چاكە، وە لە بانگەوازەكەیدا هەوڵی نەداوە بۆ بەدەستھێنانی دەسەڵات و دەوڵەتداری، بەڵكو هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوە بوو كە ئایینی خوا بڵاوبێتەوە و باڵادەست بێت لە كۆمەڵگادا، ئەم كارەیش بووە هۆی ئەوەی كە دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتی لەخۆوە بێن بۆ لای. كەواتە لە ناوەڕۆكدا بەیعەت پەیماننامەیەكە لەگەڵ خوای گەورەدا دەبەسترێت بۆ ئەوەی بەگوێرەی ڕێنماییەكانی كاربكرێت و چاكسازی لە نەفس و بیروباوەڕدا ئەنجام بدرێت، وە بێگومان هەر 10 مەرجەكەی بەيعەتدان لە دەوری ئەوە دەسووڕێنەوە كە پێویستە تاك پابەندبێت بە كاركردنەوە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی ڕاستەقینە ڕەفتاری ڕۆژانەى ڕاست بێتەوە.

كەواتە بەیعەت قەبوڵ ناكرێت لە كەسێك كە هەوڵ نەدات بۆ وازهێنان لەو لادانانەی كە پەیوەستن بە بیروباوەڕ و ڕەفتاریەوە؛ چونكە بەیعەت واتە تازەكردنەوەی باوەڕهێنان بە ڕاستی ئایینی ئیسلام و ڕاستی پێغەمبەرایەتی موحەممەدی هەڵبژاردە (درودی خوای لەسەر بێت) كە خاتەمی پێغەمبەرانە، وە كاركردن بەگوێرەی ئەو مەرجانەی كە لەسەرەوە باسكران. بەم شێوەیە كەسێك كە بەیعەت دەدات، بەیارمەتی خوا، دەبێت بە نموونەیەكی بێوێنە لە بیروباوەڕ و هەڵسوكەوتدا، وە دەبێت بە خشتێكی تۆكمە بۆ بنیاتنانی كۆمەڵگای ئیسلامی جیھانی بەختەوەر.

بێگومان گەورەمان ئەحمەد (سڵاوی خوای لێ بێت) بە ئاشكرا ڕایگەیاندووە و دەفەرموێت:

“هەڵبەت سیستەمی بەیعەت هیچ ئامانجێكی نیە جگە لە دروستكردنی كۆمەڵێك لە پارێزكاران، بۆ ئەوەی ئەم كۆمەڵە هۆگر و یەكگرتووە لە پارێزكاران كاریگەری چاكی خۆی بەجێبھێڵێت لەسەر جیھان. وە بۆ ئەوەی كۆبوونەوەیان ببێتە مایەی خێـر و چاكە و پیت و فەڕ و سەرەنجامی باش بۆ ئیسلام. وە بۆ ئەوەی بە بەرەكەتی كۆبوونەوەیان لەسەر یەك وشە بەكاربھێنرێن بۆ بەجێھێنانی خزمەتە باشەكان بۆ ئیسلام. وە بۆ ئەوەی ئەم كۆمەڵە موسوڵمانە نەبنە كۆمەڵێكی تەمبەڵ و ڕژد و بێ سوود، وە بۆ ئەوەی نەبنە هاوشێوەی ئەو نەزانانەی كە كۆمەڵێك زیانی قورسیان گەیاند بە ئیسلام بەهۆی دووبەرەكی و پەرتەوازەبوونیانەوە، وە ڕوخساری جوانی ئيسلامیان لەكەدار كرد بەهۆی هەڵسوكەوتە خراپەكانیانەوە. وە بۆ ئەوەی نەبنە هاوشێوەی ئەو سۆفیە بێ ئاگایانەی كە پێچیان خواردووە بەدەوری خۆیاندا و هیچ شتێك نازانن لە پێویستیەكانی ئیسلام و هیچ بایەخێك نادەن بە هاوخەمی و یارمەتیدانی براكانیان، وە لە دەروونیاندا كەمترین پەرۆشی بەدیناكرێت بۆ گەیاندنی خێـر و چاكە بە خەڵكی، بەڵكو دەبێت سۆز و خۆشەویستییان هەبێت بۆ ئەم ئوممەتە هەتاكو ببنە پەناگەیەك بۆ هەژاران، وە بۆ هەتیوان وەكو باوك وابن، وە بەردەوام ئامادە بن بۆ قوربانیدان لە ڕێگەی خزمەتكردنی ئیسلام وەكو عاشقێكی شەیدا، وە ئەوپەڕی كۆششی خۆیان خەرج بكەن بۆ ئەوەی پیت و فەڕە گشتگیرەكەیان بڵاوە بكات لە هەموو جیھاندا.”

(إزالة الأوهام، الخزائن الروحانية ج 3 ص 561-562)