بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,
بابەتی زیاتر

{وَمَنْ أَظْلَمُ مِمَّنْ مَنَعَ مَسَاجِدَ اللَّهِ أَنْ يُذْكَرَ فِيهَا اسْمُهُ وَسَعَى فِي خَرَابِهَا أُولَئِكَ مَا كَانَ لَهُمْ أَنْ يَدْخُلُوهَا إِلَّا خَائِفِينَ لَهُمْ فِي الدُّنْيَا خِزْيٌ وَلَهُمْ فِي الآَخِرَةِ عَذَابٌ عَظِيمٌ (115)} (البقرة)

تەفسیر: ئەم ڕێنمایی و ئامۆژگاریە چەند جوان و بڵندە! هیچ ئایینێك ناتوانێت شان بدات له‌شانی ئیسلامدا لەم جۆرە ڕێنماییەدا. واز لە ڕەفتاری موسوڵمانان بھێنن، بڕوانن بۆ ئەوەی كە لێرەدا خوای گەورە فەرمانی پێ كردووە. خوای گەورە دەفەرموێت: هیچ كەسێك بۆی نیە ڕێگری بكات لە كەسێك كە لە مزگەوتدا بەشێوازی خۆی یادی خوا یان خواپرستی بكات. موسوڵمان مافی ئەوەی نیه ڕێگری بكات لە كه‌سێكی مەسیحی یان كەسێكی سیخی كە بێتەناو مزگەوتەوە و بەشێوازی خۆی خواپەرستی بكات؛ بەڵام مۆسیقا و سەماكردنیان لەكاتی بەندایەتی كردندا دەكرێت لە دەرەوەی مزگەوت ئەنجامی بدەن، بەڵام بۆیان هەیە خواپەرستی و زیكری خوا لە مزگەوتدا ئەنجام بدەن.

 بێگومان لێرەدا _بە نووكە قەڵەمێك_ خوای گەورە هەر جۆرە ستەم و دەستدرێژیەكی حەرام كردووە كە شوێنكەوتووانی ئایینێك دژی شوێنی پەرستش و بەندایەتیەكانی شوینكەوتووانی ئاینێكی تر ئەنجامی بدەن، وە فەرمانی كردووە بە شوێنكەوتووانی هەموو ئایینەكان كە دڵیان فراوان بێت سەبارەت بە شوێنی پەرستش و بەندایەتی كەسانی تر؛ چونكە بەرنامەی ئێستایان بەرامبەر شوێنی پەرستش و بەندایەتی ئەوانی تر لەسەر ستەم و زۆرداری لەڕادەبەدەر دامەزراوە كە سەرەنجامەكەی زۆر قورس و زیانبەخشە.

وە ئه‌و به‌رنامه‌ی ستەم و دەستدرێژیه‌ كە خەڵكی لە سەردەمی دابەزینی قورئاندا هه‌ڵیانبژاردبوو، یان ئەوەی ئەمڕۆ پەیڕەوی دەكەن، كە قورئان ڕێگری لێ كردووە بریتیە لە: یەكەم- گروپی زاڵ و سەركەوتوو پەرستگای گروپی بەزیو بڕوخێنێت یان دایبخات، یاخود بەندایەتی قەتیس بكات تێیدا، دووەم- شوێنكەوتووانی هەموو ئایینێك نەهێڵن شوێنكەوتووانی ئايینەكانی تر بەندایەتی بكەن لە پەرستگاكانیاندا یان تەنانەت بچنە ناویانەوە.

ئەم هەڵسوكەوتانە لە سەردەمی پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) باوبوون لەناو شوێنكەوتووانی هەموو ئایینەكاندا، وە به‌توندی ڕەگی داكوتابوو لەناویاندا تەنانەت وەكو نەریتێكی لێھاتبوو. بۆیه‌ بەلایانەوە نەنگی و ناتەواوی نەبوو، بەڵكو پێیانوابوو شتێكی زۆر پێویستە و مافی خۆیانە. وە بەڵگە مێژووییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەم مامەڵە و هەڵسوكەوتانە لەدایكبووی ئەو سەردەمە نەبوون، بەڵكو لە كۆنەوە خەڵكی ئەم كارانەیان كردووە، له‌به‌رئه‌وه‌ بەلای هیچ كەسێكەوە ناپەسەند نەبوون. بگرە بەردەوام و لەم سەردەمەی خۆشماندا ئەم جۆرە مامەڵەكردنە بەشێوەیەك لە شێوەكان بوونی هەیە. ئه‌وه‌تا سەرەڕای ئەوەی كە ڕۆشنبیری مرۆڤ تاڕادەیەكی زۆر ڕێگر بووە لە ڕوخانی پەرستگاكان یان داخستنیان، بەڵام ڕێگەنەدانی خەڵكی بەشوێنكەوتووانی ئایینەكانی تر كە لە پەرستگاكانیاندا خواپەرستی بكەن هەتا ئێستا كارێكی ئاساییە. بۆیه‌ كەسی مەسیحی ڕێگەنادات موسوڵمان لە كڵێساكەیدا خواپەرستی بكات، وە جوولەكە ڕێگەنادات بە مەسیحی كە لە كەنشتەكەیدا بەندایەتی بكات، وە كابرای هيندۆسی ڕێگا بە هیچ كامێكیان نادات كە لە پەرستگاكەیدا بەندایەتی بكات. وە ئەگەر كه‌سێك لە پەرستگای كەسانی تردا خواپەرستی بكات؛ ئەوا ئامادەن شەڕی لەگەڵدا بكەن. وە لەمەدا نە وڵاتانی پێشكەوتووی ئەوروپا و نە هۆزە دواكەوتووەكانی ئەفریقا هاوێر ناكرێن.

بەڵام قورئانی پیرۆز ڕێگری دەكات لە هەموو ئەم مامەڵە زۆرداریانە و دەڵێت _سەرەڕای جیاوازی بیروباوەڕ_ بە هیچ شێوەیەك ڕەوا نیە ڕێگری بكرێت لە هەركەسێك كە بەندایەتی خوا ئەنجام دەدات و یادی پادشای ڕاستەقینە دەكاتەوە، یان بچێتە مزگەوتەكانەوە، هەروەك ڕەوا نیە كەسێك هەوڵی ڕووخاندیان بدات.. دیارە ئەمە ستەمێكی گه‌وره‌ و ئاشكرایە. پێویستە هەموو كەسێك _سەركەوتوو یان دۆڕاو_ ئازادی تەواوەتی هەبێت لە بەكارھێنانی پەرستگاكاندا. وە هیچ كۆمەڵێك بۆی نیە ڕێگری بكات لە شوێنكەوتووی ئایینێكی تر كه لە پەرستگاكه‌یاندا یادی خوای گەورە بكاتەوە یان خواپەرستی بكات.. چونكە پەرستگاكان دەدرێنەپاڵ خوای گەورە. بۆیە پێویستە لەسەر خەڵكی كە لە پەرستگاكاندا لەخوا بترسن، وە لەو شوێنانەدا كە خواپەرستی دەكرێت ناكۆكی و جیاوازیەكانیان وەلابنێن نەك زەقی بكەنەوه.. ئەگینا ئه‌و كه‌سانه‌ی بەگوێرەی فەرمانەكانی خوای گەورە كار ناكەن، بەڵكو پەنا دەبەن بۆ زیادەڕەوی و توندوتیژی.. بێگومان هەر لەم دنیایەدا تووشی سزا دەبن، هەروەك لە سزای دواڕۆژیش هەرگیز ڕزگاریان نابێت.

ئەمەیە ڕێنمایی ئیسلام سەبارەت بە پاراستنی ڕێز و حورمەتی پەرستگا و بەندایەتی ئایینەكانی تر. ئەم ڕێنماییەی قورئان بەراورد بكەن بە ڕێنمایی هەر ئایینێكی تر، پاشان ڕایبگەیەنن كە لەناو هەموو ڕێنماییەكاندا كامیان نزیكترە لە عەقڵ و لۆژیك و باشتر و كاریگەرترە بۆ جێگیركردنی ئاسایش و سەقامگیری لە جیھاندا. بەڵام سەرەڕای ئەم ڕێنماییە بڵندە ڕەخنەدەگیرێت لە ئیسلام كە گوایە ئایینی دەمارگیری و توندوتیژیە. ئەم ڕەخنەیە هه‌رگیز ڕاست ده‌رناچێت و جێگه‌ی خۆی ناگرێت مەگەر كاتێك ئایینێكی ترمان پیشان بدەن كە كۆمەڵێك ڕێنمایی باشتر لەوانەی قورئان پێشكەش بكات. دیارە بانگەشە بەبێ بوونی بەڵگە لە شكۆی بانگەشەكار دادەبەزێنێت و لای كەسانی ژیر سەرشۆڕی دەكات لەجیاتی ئەوەی سه‌ربەرزی بكات. هەڵبەت ئێمە تەحەددا دەكەین و دەڵێین: هیچ ئایینێك ناتوانێت شان بدات له‌شانی ئیسلام لە لێبوردن و دڵفراوانیدا. بێگومان گەورە و سەروەرمان موحەممەدی هەڵبژاردە (صلى الله عليه وسلم) یەكەم كەس بوو كە كاری بەم ڕێنماییە كردووه‌، ئەوە بوو ڕێگەیدا بە شاندی مەسيحيەكانی نەجران كە بەشێوازی خۆیان خواپەرستی بكەن لە مزگەوتەكەیدا. لە “زاد المعاد”دا هاتووە: (كاتێك شاندی نەجران هاتن بۆ لای پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) دوای نوێژی عەسر چوون بۆلای لە مزگەوتەكەیدا، كاتی نوێژەكەیان هات. هەستان لە مزگەوتەكەیدا دەستیانكرد بە نوێژكردن، خەڵكی ویستیان ڕێگرییان لێ بكەن، بەڵام پیغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووی: وازیان لێ بھێنن. ڕوویانكردە ڕۆژهەڵات و نوێژەكەیان بەجێھێنا) (زاد المعاد، فصل في قدوم وفد نجران). وا دەردەكەوێت ڕۆژی یەك شەممە هاتبن. بۆیە پێویستە لەسەر موسوڵمانان بیربكەنەوە ئایا كاردەكەن بە ڕێنماییەكانی قورئان و سوننەتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) یان بەپێچەوانەوە پەیڕەوی كۆمەڵێك بنەما دەكەن كە خۆیان دایانھێناوە و پەیوەندیان بە ئیسلامەوە نیە؟

بەبۆچوونی من ئەم ئایەتە بەڵگەی یەكلاكەرەوەیە لەنێوان ئێمە _موسوڵمانانی ئەحمەدی_ و موسوڵمانانی تردا.. قورئان دەستەواژەی (مَنْ أَظْلَمُ، كێ سته‌مكارتره‌)ی بەكارهێناوە بۆ سێ كۆمەڵ لە خەڵكی:

یەكەم- ئەوانەی بەدرۆ بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەكەن.

دووەم- ئەوانەی پێغەمبەرێكی ڕاستگۆ بەدرۆزن دەزانن و باوەڕی پێ ناكەن. خوای گەورە دەفەرموێت {فَمَنْ أَظْلَمُ مِمَّنِ افْتَرَى عَلَى اللَّهِ كَذِبًا أَوْ كَذَّبَ بِآيَاتِهِ} (یونس: 18)

سێيەم- ئەوانەی ڕێگری دەکەن كەسانی تر كه‌ لە مزگەوتەكاندا خواپەرستی بكەن، وەك لەم ئایەتەدا هاتووە.

 دەی ئێستا.. یان ئەوەتا دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی درۆی بەدەم خواوە كردووە و بەدرۆ بانگەشەی پێغەمبەرایەتی كردووە، یان ڕاستگۆیە و موسوڵمانە نائەحمەدیەكان پێغەمبەرێكی ڕاستگۆ بەدرۆزن دەزانن و باوەڕی پێ ناكەن.. بێگومان یەكێك لەم دوو گروپە وشەی {أَظْلَمُ} بەسەریاندا پیادە دەبێت. وە ئەم ئایەتە بەتەواوەتی كێشه‌كه‌ یەكلایی دەكاتەوە، لەكاتێكدا هیچ كەسێك ناتوانێت نموونەیەك پێشكەش بكات لەسەر ئەوەی كە موسوڵمانانی ئەحمەدی ڕێگریان کردبێت له‌ كەسێكی تر كه‌ لە مزگەوتەكانیاندا خواپەرستی كردبێت.. كەچی چەندین ڕووداو دەبینین كە تێیاندا ڕێگری كراوە لە موسوڵمانە ئەحمەدیەكان كە نوێژ بكەن لە مزگەوتی موسوڵمانانی تردا، وە بەشێوازی جۆراوجۆر توندوتیژییان بەرامبەر كراوە. كەواتە ئەم ئایەتە بەڵگەیەكی ئاشكرایە لەسەر ئەوەی كە نەیارەكانی دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی بەڕەفتاری خۆیان سەلماندوویانە كە فەرمایشتی خوای گەورە {فَمَنْ أَظْلَمُ} ئەوان دەگرێتەوە و بەسەریاندا پیادە دەبێت، وە بێگومان ئەوان پێچەوانەی ویستی خوا دەجووڵێنەوە.

 {أُولَئِكَ مَا كَانَ لَهُمْ أَنْ يَدْخُلُوهَا إِلَّا خَائِفِينَ}. خوای گەورە دەفەرموێت: زۆر نامۆیە كە بەهۆی ماڵەكانی خواوە ئەم ناكۆكی و پێكدادانە ناشیرینانە ڕوودەدەن لەنێوان خەڵكیدا. دیارە ناوەشێتەوە لێیان كە ئەم ستەم و ڕەفتارە ناقۆڵایانە ئەنجام بدەن، وە مافی ئەوەیان پێنەدراوە کە ڕێگری بکەن لە خەڵکی لە مزگەوتەكاندا خواپەرستی بكەن، بەڵكو پێویست بوو كە بەدڵێكی پڕ لە ترس و بیمەوە بچنەناو ماڵەكانی خواوە نەك ئەوەی سەرقاڵ بن بە نانەوەی ئاژاوە و شەڕ و هەراوە.

{لَهُمْ فِي الدُّنْيَا خِزْيٌ وَلَهُمْ فِي الْآخِرَةِ عَذَابٌ عَظِيمٌ} خوای گەورە دەفەرموێت: لەبەرئەوەی ئەم كەسانە دەیانەوێت ماڵەكانی من كاول بكەن منیش ماڵەكانی ئەوان كاول دەكەم، وه‌ لە دنیادا ڕسوا و سەرشۆڕیان دەكەم، پاشان لە دواڕۆژدا سزایەكی دژواریان دەدەم؛ چونكە بەهەشت ماڵی خوایە و مزگەوتیش سێبەری بەهەشتە.. وە مادام ئەوان مزگەوتەكانیان كاول كردووە ئیتر چۆن دەبێت لە دواڕۆژدا لە ئاسایش و خۆشحاڵیدا بژین؟

بەڵام ئەم ئایەتە مانای ئەوە نیە كە مزگەوتەكان بەگوێرەی شەریعەتی ئیسلامی كەسانێك بپارێزن كە لەدەرەوەی یاسادان ئەگەر پەنایان بۆ برد. بێگومان خوای گەورە باسی هەندێ كەسی كردووە كە مزگەوتیان دروستكرد بە مەبەستی پیلانگێڕان دژی حكومەت _واتە دژی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و هاوەڵەكانی_ پاشان داوایان كرد لە خودی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە بچێت بۆ مزگەوتەكەیان بۆ ئەوەی نوێژی تێدا بكات و پیرۆزی بكات، بەڵام خوای گەورە، هەواڵەكەی پێڕاگەیاند كە ئەوان تەنھا بۆ ئەوە ئەم مزگەوتەیان دروست كردووە كە نیفاقی خۆیان بشارنەوە و پیلانبگێڕن دژی ئیسلام و زیان بگەیەنن بە موسوڵمانان (سورەتى التوبة: 107). بۆیە خوای گەورە فەرمانی پێكرد كە بیڕوخێنێت و جێگاكەی كرد بە زبڵدان.

لە خودی خۆیدا مزگەوت كەسی تاوانبار ناپارێزێت، وە ئەگەر كردەوەی خراپی تێدا ئەنجام بدرێت؛ ئەوا بە خراپ لەقەڵەم دەدرێت، وە ئەگەر كردەوەی باشی تێدا ئەنجام بدرێت؛ ئەوا بە باش ئەژمار دەكرێت، تەنانەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەربارەی حورمەتی كەعبەی پیرۆز فەرموویەتی كە تاوانبار و دەستدرێژكار و پیاوكوژ و دز ناپارێزێت؛ بەڵكو پێویستە ئەو كەسانە قوڵبەست بكرێن و تۆڵەیان لێ بكرێتەوە. وە لەكاتی ڕزگاركردنی مەككەدا هه‌واڵیاندا بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە ئیبن ئەخطەڵ _كەسێكی تاوانبار بوو پێشتر بریاری كوشتنی درابوو_ پەنای بردووە بە پەردەكانی كەعبە، فەرمووی: بیكوژن، دیارە كەعبە پەنای كەسێكی تاوابار نادات، بۆیە كوشتیان. (السیرة الحلبیة ج3، فتح مكة).

وە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تاوانبارانی كوشتووە ئەگەرچی لە خودی كەعبەشدا بووبن، چجای ئەو تاوانبارانەی كە لە دەرەوەى یاسادان و پەنا بۆ مزگەوتەكانی تر دەبەن! مزگەوتەكان تەنھا بۆ جێگیركردنی تەقوا دامەزراون نەك بۆ شكاندنی یاسا. وە ئەگەر خودی مزگەوتەكان بوون بە ناوەندێك بۆ دەرچوون لە یاسا.. ئەوا هیچ كامێك لەو ماڵانە داخراو نابێت بەڕووی شەیتاندا. وە ئەو ماڵانەی كە خوای گەورە دایمەزراندوون بۆ بەرپاكردنی ئاشتی و ئاسایش، وە جێگیركردنی ئارامی و ئۆقرەیی و ڕۆحانیەت و تەقوا، وە كردوویەتی بە هێمای هاریكاری و یەكبوون.. ئەگەر موسوڵمانان بیانكەن بە ناوەندگەلێك بۆ نانەوەی ئاژاوە لەنێوان موسوڵماناندا یان بۆ دەرچوون لە یاسا و بەگژاچوونەوەی حكومەت؛ ئەوا ئەمە ستەمێكی گەورەیە ئیسلام بەهیچ شێوەیەك ڕێگەی پێنادات.

بێگومان لەم ئایەتەدا خوای گەورە دوو سزای داناوە بۆ ئەو كەسانەی كە ناهێڵن خەڵكی لە مزگەوتەكانی خوادا زیكر و بەندایەتی خوا بكەن:

یەكەمیان- ئەو كەسانە لە دنیادا ڕسوایی و سەرشۆڕی بەشیانە.

دووەمیان- لە دواڕۆژیشدا سزایەكی دژوار و قورس دەدرێن.

وە نھێنی باسكردنی ڕسوایی و سووكی لە ژیانی دنیادا ئەوەیە كە ئامانج لە دروستكردنی مزگەوت و پەرستگاكان تەنھا ئەوەیە كە بەندایەتی خوای گەورە بكرێت، دەی ئەو كەسەی نەهێڵێت خەڵكی خواپەرستی بكەن لەو شوێنانەدا لەبەرامبەر هەموو خەڵكیدا خۆی سووك و ڕسوا دەكات، وە ئەمە سزایەكی سروشتیە بۆ ئەم كارە چەپەڵە.

ئەم وشانە لە ناواخنی خۆیاندا پێشبینیەكی گەورەیان هەڵگرتووە كە تایبەتە بەخەڵكی مەككە كە نەیانھێشت موسوڵمانان بچنەناو مزگەوتی حەرامەوە، وە كاتێك مەككە ڕزگار كرا ئەو موشریكانە تووشی سزای ڕسوابوون و سەرشۆڕی بوون.