ئایا ئێمە ئەو كەسەمان خۆشبوێت كە جنێو بە ئایین دەدات یان ئەو كەسەی خێزان و كەسوكارمان دەكوژێت و دەستدرێژی دەكاتەسەر كەسانی بێتاوان، یان دابنیشین لەو مەجلیسانەی جنێو بە پێغەمبەران و پیاوچاكان دەدرێت؟ بێگومان نەخێر، چونكە ئامادەبوون لەم مەجلیسانەدا حەرامە و پێچەوانەی فێركاریەكانی خوای گەورە و ئەو فیترەتەیە كە خوای گەورە لە مرۆڤدا دایناوە. بەڵام ئەگەر دوژمن بڕیاری دا تەوبە بكات ئەوا ئێمە ئەهلی ئاشتەوایی و ئاشتی و لێخۆشبوونین لەجیاتی تۆڵەسەندنەوە، وە ئەمە بریتیە لە فێركاریەكانی ئیسلام. بەڵام ئەو دوژمنانەی كە تەنها دوژمنایەتی كەسی و تایبەتییان هەیە ئەوا ئێمە لە دڵماندا خۆشەویستیمان بۆیان هەیە لەبەر ئەوەی دروستكراوی خوای گەورەن و هیوای هیدایەت و ئاكامی باشیان بۆ دەخوازین تاوەكو ئاشتەوایی و ئاشتی باڵبكێشێت بەسەر هەموو جیهاندا. بەڵام ئەوەی لەسەر جنێودان بە خوای گەورە و پێغەمبەران و پیاوچاكان بەردەوامە ئەوا پێویستە وازی لێ بهێنرێت و گوێ لە جنێوەكانی نەگیرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بە نەهێنی دوعای هیدایەت بۆ كەسانی لەو شێوەیە بكرێت پێش ئەوەی كات بەسەر بچێت. بۆیە ئەسڵەكە بریتیە لەو خۆشەویستیەی كە لە فیترەتدا دانراوە بۆ دروستكراوانی خوای گەورە و نەبوونی ڕق و كینە بەرامبەر هیچ كەسێك.
حەزكردن لە ئاشتەوایی و وەڵامنەدانەوەی جنێو و سووكایەتی
دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی، حەزرەتی میرزا غوڵام ئەحمەد (علیه السلام) دەفەرموێت:
“من ئاشتەواییم پێ خۆشە، كاتێك ئاشتەوایی كرا دوای ئەوە نابێت باسی ئەوە بكرێت كە یەكێك لە لایەنەكان چی گوتووە یان چی كردووە. سوێند بە خوا ئەو كەسەی هەزار جار پێی گوتووم دەججال و درۆزن و درێغی نەكردووە لە دژایەتیكردنم ئەگەر داوای ئاشتەوایی بكات ئەوا هەرگیز بە خەیاڵمدا نایەت كە چی پێ گوتووم و چۆن مامەڵەی لەگەڵدا كردووم. بەڵام نابێت مرۆڤ عیززەتی خوا لەدەست بدات. ڕاستە ئەو كەسەی دەیەوێت سوود بە كەسانی تر بگەیەنێت نابێت لە دڵیدا ڕق و كینە حەشار بدات، وە ئەگەر ڕق و كینە حەشار بدات ئەوا خەڵكی چی سوودێكی لێ وەردەگرن؟ چونكە هەر كاتێك شتێك ڕووبدات كە پێچەوانەی بۆچوون و بیركردنەوەكانی بێت ئامادە دەبێت بۆ تۆڵەسەندنەوە. بەڵكو دەبێت گوێنەدات تەنانەت ئەگەر بە هەزار چەقۆش بریندار بكرێت. ئامۆژگاری من ئەوەیە كە دوو شت لەبیرنەكەن: لە خوا بترسن و دڵسۆز بن بۆ براكانتان وەك چۆن دڵسۆزن بۆ خۆتان. وە ئەگەر هەڵەیەك یان كەمتەرخەمیەك لە یەكێكەوە ڕوویدا ئەوا لێی خۆش بن و زۆر لەسەری مەڕۆن و ڕقتان لە یەكتر نەبێت. نەفس زۆر لە مرۆڤ دەكات كە شتێك نەكات ئەو پێی ناخۆش بێت. بەمەش نەفس دەیەوێت لەسەر عەرشی خوا دابنیشێت، بۆیە دەبێت لێی دووربكەونەوە. بە ڕاستی و دروستی دەڵێم كە مامەڵەكردن لەگەڵ خەڵكدا بە ڕەوشتی جوان جۆرێكە لە مردن. هەرگیز حەز ناكەم مرۆڤ بەدوای ئەو كەسەدا بچێت كە بە قسەی ڕەق مامەڵەی لەگەڵدا كردووە و بیەوێت تۆڵەی لێ بكاتەوە، بەڵكو پێم خۆشە ئارام بگرێت و بێدەنگی هەڵبژێرێت تەنانەت ئەگەر كەسێك ڕووبەڕوو جنێوی پێدا.” (الملفوظات (وتەكان)، بەرگی 4)
دوژمنەكانتان خۆشبوێت
مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) دەفەرموێت: “یەكێك لە لقەكانی پەرستش ئەوەیە ئەو كەسەت خۆشبوێت كە دوژمنایەتیت دەكات، هەروەك چۆن خۆت و مناڵەكانت خۆشدەوێت، وە كەسێك بیت لە هەڵە ببووریت و چاوپۆشی بكەیت لە كەموكوڕیەكان، وە وەكو كەسێكی پارێزكار و بێگەرد و دڵ و دەروون پاك بژیت، وە وەفادار و خاوێن بیت و دوور بیت لە خووە خراپەكان، وە بە سروشت ببیتە كەسێكی سوودبەخش بۆ دروستكراوانی خوا وەك هەندێ لە ڕووەكەكان.” (ئیعجازی مەسیح)
دوعا بۆ دوژمنان
مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) دەفەرموێت: “یەكێك لە نیشانەكانی كەسانی نزیك لە خوا ئەوەیە كە: دوعای خێر و بێوەیی و تەندروست باشی و ساغ و سەلامەتی و هیدایەت بۆ دوژمنەكانیان دەكەن؛ وە بە ئەندازەی كێشی گەردیلەیەك ڕق و كینە لە سینەیاندا نیە بەرامبەر هیچ كەسێك و دوعا دەكەن بۆ ئەو كەسەی شوێنی كەوتووە و بۆ ئەو كەسەی كە سووكایەتی پێكردووە… بۆیە خوای گەورە دەدرەوشێتەوە (تەجەللا دەكات) بۆیان چونكە ئەو زاتەیان هەڵبژاردووە و ڕەحمیان بە بەندەكانی كردووە.. ئەو كەسانە بەڕاستی پیاوچاك و دۆستانی خوان، وە هەر ئەوانیشن سەركەوتووان.” (تذكرة الشهادتین، لاپەڕە 174)
وە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە وەسفی دۆستانی خوادا دەفەرموێت: “وە لە نیشانەكانیان (كەسانی نزیك لە خوا) ئەوەیە كە ئازاری گەردیلەیەك و مێروولەیەك نادەن، وە ڕەحم بە لاوازەكان دەكەن، وە پەیوەندی ناپچڕێنن.. بەڵكو دوعا بۆ دوژمنەكانیان دەكەن بەڵكو هیدایەت بدرێن.” (تذكرة الشهادتین، لاپەڕە 175)
ئەمانە ئەو فێركاریە بەرزانەن كە خزمەتكاری ئیسلام، مەسیحى بەڵێندراو (عليه السلام) و خەلیفەكانی لەدوای خۆی، بانگەوازیان بۆ كردووە بۆ ئەوەی لە هەموو جیهاندا ئەم فێركاریانە بڵاوببنەوە، وە بۆ ئەوەی خێر و بەختەوەری هەموو زەوی بگرێتەوە و هەموو خەڵكی لە ئاشتی و خۆشەویستیدا بژین تاوەكو دنیا ببێتە وێنەیەك بۆ بەهەشتی دواڕۆژ.
وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمين