بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

ئایا ئیبلیس فریشتە بوو؟

پرسیار: ئایا ئیبلیس فریشتە بوو؟ هەروەها ئەم ئایەتە پیرۆزە واتای چییە: ﴿وَإِذْ قُلْنَا لِلْمَلَائِكَةِ اسْجُدُوا لِآدَمَ فَسَجَدُوا إِلَّا إِبْلِيسَ أَبَى وَاسْتَكْبَرَ وَكَانَ مِنَ الْكَافِرِينَ﴾؟

وەڵام:

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

ئیبلیس فریشتە نیە؛ چونكە فریشتەكان سەرپێچی ناكەن لە فەرمانی خوای گەورە و هەر فەرمانێكیان پێ بكرێت جێبەجێی دەكەن بەڵام ئیبلیس سەرپێچی كرد لە فەرمانی خوا.

بەڵام ئەو هه‌ڵاواردنه‌ كه‌ لە ئايەتەكەدا هاتووە ﴿إلا﴾ ئيستیسنائی مونقەتیعە بەمانای (لكن) دێت، واتە بەڵام ئیبلیس لووتبەرزی نواند. بەڵام بۆچی لەگەڵ فریشتەكاندا باسكراوە كاتێك فەرمانیان پێ كرا سوجدە بەن بۆ ئادەم؟ وەڵامەكەی ئەوەیە كە خەلیفەی دووەمی مەسیحی به‌ڵێندراو (سڵاوى خواى لێ بێت) پێشكەشی كردووە لە تەفسیری ئەم ئایەتەدا، كە دەفەرموێت:

بێگومان فریشتەكان كارەكان ڕادەپەڕێنن بەگوێرەی فەرمایشتی خوای گەورە ﴿فَالْمُدَبِّرَاتِ أَمْرًا﴾، ئەوان هۆكاری یەكەمن لە بەڕێوەبردنی سیستەمی گەردوون، لەبەرئەوە ئەو فەرمانەی كە بۆ ئەوان دەردەچێت فەرمانێكی گشتیە و هەموو تاكەكانی دوای خۆیان دەگرێتەوە، لە فەرموودەی پیرۆزدا هاتووە و لە ئەبو هورەیرەوە دەڵێت: پێغەمبەری خوا فەرمووی: ئەگەر خوای گەورە بەندەيەكی خۆش ویست جورەئیل بانگ دەكات و پێ ی دەڵێت: خوا فڵان كەسی خۆش دەوێت تۆێش خۆشت بوێت، جوبرەئیلیش خۆشی دەوێت. پاشان جوبرەئیل لە ئاسماندا جاڕدەدات: خودا فڵان كەسی خۆش داوێت ئێوەش خۆشتان بوێت، خەڵكی ئاسمانیش ئەو كەسەیان خۆش دەوێت، ئیتر لەسەر زەویش قەبوڵ دەكرێت.” (صەحیحى بوخاری)

ئەم فەرموودەیە زنجیرەی فه‌رمانی خوایی ڕوون دەكاتەوە هەتا دەگات بەخەڵكی لەو كاروبارانەی پەیوەستن بەمرۆڤەكانەوە. كەواتە فەرمانی خوایی بۆ خەڵكی لە فریشتەكانەوە دەست پێ دەكات… ئەگەر فەرمانێك دەربچێت بۆ ئەوان ئەوا هەموو زنجیرەكە دەگرێتەوە هەتا دەگاتە مرۆڤ. وە فەڕمایشتی خوای گەورە ﴿أَبَى وَاسْتَكْبَرَ وَكَانَ مِنَ الْكَافِرِينَ﴾ خستنه‌ڕووی هەڵوێستی ئیبلیسە ده‌ربارەی سوجدەبردن بۆ ئادەم، هەڵبەت ئیبلیس لووتبەرزی نواند؛ چونكە پێی وابوو ئەم سیستەمە گونجاو نیە بۆ ئەو ، وه‌ بە سیستەمێكی ناتەواوی له‌قه‌ڵه‌مدا.. لە داخوازیەكانی لووتبەرزی ئەوەیە كە كەسی لووتبەرز كارێك ناكات لە شان و شەوكەتی دابەزێنێت… بێگومان خەڵكی بەچاویلكەی ئارەزوو و بەرژەوەندیەكەسیەكانیان ڕاستیەكان دەبینن و لەبەر ڕۆشنایی بەرژەوەندی گشتیدا ڕاستیەكان نابینن.ئەگەر زانیان  زیان دەگەیەنێت بە بەرژەوەندیە كاتیەكانیان ئەوا سەرەنجامی خۆیان لەبیر دەكەن و پشت دەكەن لە پەرژەوەندی گشتی و هەوڵ و تەقالا دەدەن بۆ دژایەتی كردنی ڕاستی.

وە لووتبەرزی پاڵنەری دووەمە بۆ نكوڵیكردن و ڕەتكردنەوەی حەق. وە ئیبلیس گوزارشتی كردووە لەمە بەم وتەیەی خۆی: “من لەو چاكترم، منت لە ئاگر دروست كردووە و ئەوت لە قوڕ دروست كردووە.” (الأعراف: ١٣) خۆی بە گەورەزانی بەوەی كە سروشتێكی ئاگرینی هەیە و ئادەم سروشتێكی قوڕینی هەیە كە بەگوێرەی هەموو قاڵبەكان شێوە وەردەگرێت وەكو بەندەكان. بەم شێوەیە شوێنكەوتنی حەق كە خۆبەكەمزانین لە مرۆڤدا بەرهەم دەهێنێت لە تێڕوانینی دوژمنانی ڕاستیدا شورەیی و ناتەواویە. لای ئەوان ئەمە پێچەوانەی بەرژەوەندیەكانی نیشتمان و نەتەوەیە… وە پێیان وایە ئەهلی خۆبەكەمزان خیانەتكارن بەرامبەڕ وڵات. ئەوان خۆیان هەڵدەكێشن بە دڕندەیی و سروستی شەڕانگێزی خۆیان و وادەزانن كە به‌ نەریتی دوژمنكارانەیان دەتوانن شكۆی خۆیان بنیات بنێن. وە ئەوان بەوەی كە دەستيان دەكەوێت لە ئەنجامی وروژاندنی شەڕو ئاژاوە فریو دەخۆن… بەڵام هەموو ئەمانە بەرژەوەندييە چەسپاوە هەمیشەیيەكان بەدی ناهێنن.

وە هۆكاری سێھەمی ملنەدان ئەوەیە كە مرۆڤ پێی وایە ئەوكارەی داوای لێ دەكرێت ئەنجامی بدات قورس و ئەستەمە. خوای گەورە گوزارشتی كردوە لەم بابەتە لەم فەرمایشتەی خۆى لەسەر زبانی كافرەكان: ﴿وَقَالَ الَّذِينَ لَا يَرْجُونَ لِقَاءَنَا لَوْلَا أُنْزِلَ عَلَيْنَا الْمَلَائِكَةُ أَوْ نَرَى رَبَّنَا لَقَدِ اسْتَكْبَرُوا فِي أَنْفُسِهِمْ وَعَتَوْا عُتُوًّا كَبِيرًا﴾ (الفرقان: ٢٢) ئەوان وادەزانن لیقای خوای گەورە كارێكی ئەستەمە بۆیە ملیان نەدا بە تەصديق كردنی.

هۆكاری چوارەم بۆ ملنەدان بریتیە لەوەی كە مرۆڤ خوودەگرێت بەوەی كە نكوڵی لەحەق بكات، ئەم وەسفەی خوای گەورە بەڵگەیە لەسەر ئەمە: (وە یەكێك بوو لە كافران) لەم ڕۆژگارەیشدا دەبینین كە ئەو كەسانەی نكوڵی دەكەن لە ڕاستیەكان تووشی ئەم بارودۆخانه‌ دەبن. خۆزگە خەڵكی هه‌وڵیان دەدا ئەم ڕاستیانە بزانن و خۆیان دادەڕنی لەم چوار خەوشە ئەوسا دەیانزانی كە خوای گەورە لەم ڕۆژگارەدا كۆمەڵە دەرگایەكی فراوانی خستوەتەسەر پشت بۆیان بۆ پێشكەوتن و گەشەسەندن ، وە هۆكارگەلێكی جۆراو جۆری فه‌راهه‌م هێناوه‌ بۆ سەركەوتنی ئیسلام، بەڵام كەمێكیان دەوێرن ڕووبەڕوو قوربانی بده‌ن بۆئەوەی لە داهاتوودا ژیانێكی هەتاهەتایی بۆ خۆیان و ئیسلام بەدەست بھێنن. بەڵام هەموو هەوڵێكیان خەرج دەكەن بۆ بەدیھێنانی بەرژەوەنديیە كاتیەكان ئەگەرچی زوو كۆتاییان پێ دێت و نامێنن. خۆزگە دڵیان دەكرایەوە و پاك دەبوویەوە لە ژەنگ و پیس و چەپەڵی!

هەندێ كەس پێیانوایە كە فریوخواردنی ئادەم بەقسەی ئیبلیس كارێكی نا مەعقولە و ڕێی تێ ناچێت.

بێگومان خوای گەورە بەڕاشكاوی ئادەمی ئاگادار كردەوە لە ئیبلیس و فەرمووی: ﴿فَقُلْنَا يَاآدَمُ إِنَّ هَذَا عَدُوٌّ لَكَ وَلِزَوْجِكَ فَلَا يُخْرِجَنَّكُمَا مِنَ الْجَنَّةِ فَتَشْقَى﴾ (سورەتی طه ١١٨) لەكاتێكدا لەشوێنێكی تری قورئاندا باسی بێتاوانی ئادەمی كردووە و دەفەرموێت: ﴿فَنَسِيَ وَلَمْ نَجِدْ لَهُ عَزْمًا﴾ (طه ١١٦) وە دەتوانین تەفسیری ئەم بەریەككەوتنە ڕووكەشیە بكەین بەوەی كە ئەو شەیتانەی ئادەمی فریودا ئەو ئیبلیسە نەبوو كە خوا ئادەمی ئاگادار كردەوە لێی، هەڵبەت ئادەم بەهۆی شەیتانەوە لەخشتەبرا وە نەیزانی كە یەكێكە لەو كەسانەی كە یارمەتیدەر و سێبەری ئیبلیسن. بۆیە بێئاگابوو لێی و حەزەری لێ نەكرد و بەو هۆيەوە كەوتە هەڵەوە. ئەمەیە كە قورئان جەختی لێ دەكاتەوە. ئەوەتا هەركاتێك باسی ئەو بوونەوەرە دەكات كە سوجدەی نەبردووە بە (ئیبلیس) ناوی دەبات كە خوای گەورە ئادەمی لێ ئاگادار كردووەته‌وه‌، بەڵام هەركاتێك باسی ئەو بوونەوەرە دەكات كە وەسوەسەی دروست كردووە بۆ ئادەم و بووە هۆی دەرچوونی لە بەهەشتەكە بە (شەیتان) ناوی بردووە. كەواتە قورئان بڕیاری داوە كە ئەوەی ئادەمی دەركرد ئیبلیس بوو بەڵام ئەوەی وەسوەسەی دروست كرد بۆ ئادەم شەیتان بوو. وە ئیبلیس بریتیە لەو بوونەوەرەی كە پێچەوانەی فریشتەكانە و هاندەری شەڕ و ئاژاوەیە. وە شەیتان ناوێكی گشتيیە و بە هەموو هێزە شەڕانگێزەكان دەوترێت… دەتوانرێت بە خودی ئیبلیس یان شوێنكەوتوانی یان ئەو كەسەی نوێنەری ئەوە لە گومڕاكردنی خەڵك و ئاڕاستەكردنیان بۆ خراپەكاری و هەڵنانیان لەسەر بەرهەڵستی كردنیان بۆ پەیامی پێغەمبەران بووترێت شەیتان. وە شەیتان بە پێچەوانەی ئیبلیسەوە بە ڕۆحە پیسەكانیش دەوترێت هەروەك بە مرۆڤیش دەوترێت، ئەوەندە هەیە زیاتر بۆ مانای یەكەم بەكاردێت تا مانای دووەم كە وەسفی مرۆڤە… هەروەك بۆ وەسفی دووڕووەكان بەكار هاتووە، كەخوای گەورە دافەرموێت: ﴿وَإِذَا لَقُوا الَّذِينَ آمَنُوا قَالُوا آمَنَّا وَإِذَا خَلَوْا إِلَى شَيَاطِينِهِمْ قَالُوا إِنَّا مَعَكُمْ إِنَّمَا نَحْنُ مُسْتَهْزِئُونَ﴾ (البقرة ١٥) لێرەدا ﴿شَيَاطِينِهِمْ﴾ بەمانای سەركردەكانی كوفر دێت، وەك ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە ﴿إِنَّمَا ذَلِكُمُ الشَّيْطَانُ يُخَوِّفُ أَوْلِيَاءَهُ فَلَا تَخَافُوهُمْ وَخَافُونِ إِنْ كُنْتُمْ مُؤْمِنِينَ﴾ (سورة آل عمران ١٧٦) و ئەم فەرمایشتە ﴿وَكَذَلِكَ جَعَلْنَا لِكُلِّ نَبِيٍّ عَدُوًّا شَيَاطِينَ الْإِنْسِ وَالْجِنِّ يُوحِي بَعْضُهُمْ إِلَى بَعْضٍ زُخْرُفَ الْقَوْلِ غُرُورًا وَلَوْ شَاءَ رَبُّكَ مَا فَعَلُوهُ فَذَرْهُمْ وَمَا يَفْتَرُونَ﴾ (الأنعام: ١١٣).. هەموو ئەمانە ئەهلی شەڕن كە سەركردایەتی تەوژمی خراپەكاری دەكەن  و دەبنە هاندەری ئاژاوەو ناكۆكی.

فریشتە و ئیبلیس:

هەندێ پرسیار دەكەن ئایا خوای گەورە ئیبلیسی دروست كردووە بۆ ئەوەی خەڵك گومڕا بكات؟ ئایا خوای گەورە دەیەوێت بەندەكانی گومڕا بكات؟

لەڕاستیدا بابەتەكە تەواو پێچەوانەیە… خوای گەورە توانای داوە بە مرۆڤ بۆ كردنی كاری خێر و كاری شەڕ، وە لەگەڵیدا فریشتە و سێبەرەكانی ، وه‌ ئیبلیس و سێبەرەكانیشی دروست كردووە. تاقمی یەكەم (فریشتەكان) حەزی چاكەكردن لەدڵەكاندا دروست دەكەن، تاقمی دووەمیش (ئیبلیس و سێبەرەكانى) دڵەكان هەڵدەنێن بۆ كاری خراپە. جا ئەو كەسانەی بانگەوازی فریشتە و سێبەرەكانی قەبوڵ دەكات شایستەی پاداشتن، وە ئەو كەسانەی ملكەچ دەكەن بۆ هاندانەكانى ئیبلیس و دۆستەكانی شایستەی سزان.

وە كامڵی مرۆیی ئەوە دەخوازێت كە مرۆڤ سەرپشك بێت لە نێوان ئەم دوو بزوتنەوەدا بۆئەوەى خۆی بڕیار بدات و ئەو ڕێگەیە هەڵبژێرێت كە خۆی دەیەوێت، بەمەش شایستەی وەرگرتنی نیعمەتە بڵندەكان ببێت. ئەگەر تووشی بواری خراپە نەبێت؛ ئەوا ناكرێت شایستەی نیعمەتی هەرەبڵند و هاوشێوەكانی بێت. بەڵێ، قورئان زۆر بەجوانی ڕوونی كردووەتەوە.. كە ئیبلیس و شەیتان هیچ دەستێكیان نیە لە كاروباری هیچ كەسێكدا… خەڵكی سەرپشكن لە نێوان شوێنكەوتنی شەیتان و ئیبلیس یان ئەوەی پێچەوانەی هاندانی ئیبلیس و شەیتان ڕەفتار بكەن. هەروەك خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿إِنَّ عِبَادِي لَيْسَ لَكَ عَلَيْهِمْ سُلْطَانٌ إِلَّا مَنِ اتَّبَعَكَ مِنَ الْغَاوِينَ﴾ (سورەتی حجر: ٤٣)

بەكورتی: قورئانی پیرۆز ڕێنماییمان دەكات كە جووڵە و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی ئیبلیس لەسەر بەڵگە و دەلیل بنیات نەنراوە، بەڵكو بنیات نراوە لە سەر مژدە و هەڕەشە بە كۆمەڵێك بابەتی درۆی ڕازێنراوە.. وەك خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَاسْتَفْزِزْ مَنِ اسْتَطَعْتَ مِنْهُمْ بِصَوْتِكَ وَأَجْلِبْ عَلَيْهِمْ بِخَيْلِكَ وَرَجِلِكَ وَشَارِكْهُمْ فِي الْأَمْوَالِ وَالْأَوْلَادِ وَعِدْهُمْ وَمَا يَعِدُهُمُ الشَّيْطَانُ إِلَّا غُرُورًا﴾ (سورەتی الإسراء: ٦٥) لەبەرئەوە ناكرێت بوترێت كە خوای گەورە كاری كردووە بۆ گومڕاكردنی مرۆڤ بە دروستكردنی شەیتان!، خوای گەورە زۆر لەوە بڵندترە كە كاری وەها بكات، بەڵكو ئەگەر لەلایەن خۆیەوە، كەزۆر بڵند و بەدەسەڵاتە، دەسەڵاتی بدایە بە شەیتان ئه‌وا ئەو كاتە ئەم قسەیە ڕاست دەردەچوو، بەڵام هەموو بەڵگەكان پشتگیری فریشتەكان دەكەن نەك ئیبلیس. وە ئەوەی شوێن ئیبلیس بكەوێت ئەوا تەنھا بە ویست و هەڵبژاردەی خۆی شوێنی كەوتووە و هەر خۆی بەرپرسە لەو كارەی كە كردوویەتی.

خوای گەورە لە فەرمایشتی ﴿إِلَّا إِبْلِيسَ﴾ دا، ئیبلیسی كردووە بە شوێنكەوتەی فریشتەكان، كە ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە خێر زاڵە و شەڕ بەزیو و ژێركەوتووە و فریشتەكان سیستەمی گەردوون ڕادەپەڕێنن و ئەوان سەرچاوەی خێرن، وە ئیبلیس شتێك نیە جگە لە لادان لە ڕێگەی چاكە، وە چەندەها جار قورئانی بیرۆز ڕایگەیاندووە كە سروشتی مرۆڤ لەسەر خێر دروستكراوە، دەفەرموێت: ﴿وَنَفْسٍ وَمَا سَوَّاهَا (*) فَأَلْهَمَهَا فُجُورَهَا وَتَقْوَاهَا (*) قَدْ أَفْلَحَ مَنْ زَكَّاهَا (*) وَقَدْ خَابَ مَنْ دَسَّاهَا﴾ (الشمس: ٨-١١) بەمانایەكی تر… سروشتی مرۆڤ وەها دروستكراوە كە ئامادەیە بۆ وەرگرتنی ڕێنمایی و ئاڕاستەكردنی فریشتەكان، وە كاتێك لەدایك دەبێت پاك و خاوێنە لە دەستكاری كردنی شەیتان بەڵام پاش ئەوەى خۆی بە شوێن جێ پێكانی شەیتاندا دەڕوات ئینجا تیادەچێت. ئەم فەرموودە پیرۆزه‌ی خواره‌وه‌ ئەم مەبەستەی ڕوون كردوەتەوە:

(هەموو مناڵێك لەسەر فیتڕەتێكی پاك لەدایك دەبێت، پاشان باوك و دایكی دەیكەن بە جوو یان فەڵە یان ئاگرپەرست) (البخاري، كتاب الجنائز).

هەروەها بۆ زیاتر سوود وەرگرتن ئەم پارچەیە لە (التفسیر الکبیر)ەوە باس دەکەین:

هیچ بوارێك نیە بۆ سزا و پاداشتی شەیتان كە هاندەرە بۆ خراپەكاری، ئەمەش چونكە گومانی تێدا نیە كەسێك كەسێكی تر بكوژێت ئەوا سزاكەی كوشتنەوە و لەسێدارەدانە، بەڵام هەورەبروسكە كە دەیەها كەس دەسووتێنێت دیارە شایستەی سزا نیە، بەهەمان شێوە گڕكانەكان كە لەكاتی بوومەلەرزەدا هەڵدەچن و دەتەقنەوە و ناوچەگەلێكی فراوان كاول دەكەن، وە تەرزە كە گوڵ و بەرهەمی دارەكان لەناودەبات، وە بایە بەهێزەكان كە شارەكان وێران دەكەن، هەموویان شتانێكی زیانبەخش و وێرانكەرن، بەڵام لە هیچ شەرعێكدا سزا نادرێن.

گومانی تێدا نیە كە شەیتان و ئیبلیس (ئەوەی ناو ناخی مرۆڤ) سەرەنجامەكەی دۆزەخە وە فریشتەیش سەرەنجامەكەی بەهەشتە بەڵام نە فریشتە لە بەهەشتدا بەهرە و خۆشی وەردەگرێت، نە شەیتانیش لە دۆزەخدا هەست دەكات بە هیچ ئازارێك؛ چونكە شەیتان خۆی بوونەوەرێكی ئاگرینە، كەی پشكۆی ئاگر ئازار دەچێژێت كاتێك بخرێتە ناو كورە و تەنورەوە؟!

دیارە ئاگر شوێنی مانەوەی ئیبلیسە. كەواتە مەبەست لەوەی كە شەیتان دەچێتە ناو ئاگرەوە ئەوە نیە كە بەمە سزا بدرێت، بەڵكو مانای ئەوەیە كە ده‌گاته‌وه‌ ئەو شوێنەی كە شوێنی خۆیەتی و لە بنەڕەتدا خەڵكی ئەوێیە. وە فریشتەیش كە دەچێتە بەهەشت وەك پاداشتێك ناچێتە ناوی، بەهەمان شێوە شەیتانیش كەدەچێتە ناو ئاگر وەك سزایەك ناچێتە ناوی. بەڵێ سێبەرەكانی شەیتان سزادەدرێن بەگوێرەی خراپە و تاوانەكانیان؛ چونكە كۆمەڵە كارێك ئەنجام دەدەن كە لەپێناویدا دروست نەكراون.

دیارە سزا بۆ كارێكە كە پێچەوانەی یاسای سروشتی بێت، وە لەبەرئەوەی مرۆڤەكان بەسروشتی خۆیان بۆ كردنی كاری چاكە دروست كراون، وەك خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَمَا خَلَقْتُ الْجِنَّ وَالْإِنْسَ إِلَّا لِيَعْبُدُونِ﴾ (الذاریات: ٥٧) ئەوا هەر كەسێكیان واز لە بەندايەتی خودا بھێنێت و خواپەرستی لەبیر بكات ئەوا سزای لەسەر واجب دەبێت، بەڵام هاندەری كاری خراپە، واتە شەیتان، تەنھا بۆ تاقیكردنەوەى مرۆڤ دروستكراوە، سزا نادرێت مەگەر كەمتەرخەمی و سستی بكات لە هاندانی مرۆڤەكان بۆ كاری خراپە، (واتە سستی بكات لەو ئەركەی كه‌ پێی سپێراوە).

بەڵێ دەكرێ بوترێت: كەوابوو بۆچی شەیتان بە خراپە باس دەكرێت؟ وەڵامەكە ئەوەیە؛ كە شتێك خراپ بێت، و شتێك سزای لەسەر واجب بێت دوو بابەتی تەواو جیاوازن، بۆ نموونە: ئێمە وەك سزايەك ئاودەست و پیسایی لەخۆمان دوور ناخەینەوە، بەڵكو لەبەرئەوەیە كە مانەوەیان لەناو ماڵدا زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت. حاڵی ئەو شەیتانەیش كە لەناخی مرۆڤدايە و هانی خراپە دەدات بەهەمان شێوەیە. ئەو شەیتانە وەك نەخۆشی و تاوان وایە، كە دەبێت بە خراپە وەسف بكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا سزای لەسەر واجب نیە و شایستەی سزادان نیە.

والحمد لله رب العالمين