بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

ڕەخنەیەك دەربارەی ئایەتی تاعوون

ڕەخنە: دامەزرێنەری كۆمەڵی ئەحمەدی پێشبینی كرد كە هەرگيـز تاعوون ناچێتە قادیانەوە، بەڵام تاعوون قادیانيشى گرتەوە.

وەڵام:

بسم الله الرحمن الرحيم

مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خواى لێ بێت) پێشبینی ئەوەی نەكرد كە هەرگيـز تاعوون ناچێتە ناو قادیان. بەڵكو با بەوردی ده‌سته‌واژه‌كه‌ی به‌ڕێزی بخوێنینەوە: “بابەتی سێيەم كە لەم وەحیەدا جێگیـرە ئەوەیە كە خوای گەورە قادیان دەپارێزێت لە كاول بوون و مەرگەساتی توندو فراوان بەهۆی تاعوونەوە- ئەگەر 70 ساڵیش تاعوون بەردەوام بێت لە دنیادا- چونكە شوێنی نیشتەجێ بوونی نێردراوەكەیەتی. ئەمەش نیشانەیەكە بۆ هەموو نەتەوەكان.” (دافع البلاء ص10، الخزائن الروحانية ج18 ص230)

كەوابوو، بەبێ گومان تاعوون توشی قادیان دەبێت، بەڵام تاعوونێكی كارەساتبار نابێت كە خەڵكی قڕ بكات.

لەڕاستیدا گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خواى لێ بێت) لە خەونێكدا بینی كە فریشتە كۆمەڵێك درەختی زۆر دەنێژن كە شێوە و دیمەنیان زۆر ناشیرین و دزێوە. پێی وترا كە ئەم درەختانە بریتین لە تاعوون كە بەم نزیكانە لە پەنجابدا بەتوندی بڵاودەبێتەوە، وە بێگومان خوای گەورە كۆمەڵەكەی دەپارێزێت لە واوەیلا و مەرگەساتی ئەم تاعوونە. وە دەربارەی پارێزگاری كردنی كۆمەڵەكەی خوای گەورە ئەم وەحیانەی بۆ نارد: “لولا الإكرام لھلك المقام.” واتە: “ئەگەر ڕێزگرتن نەبوایە ئەوا ئەم شوێنە لەناو دەچوو.”، “إنە آوى القرية.” واتە: “بێگومان داڵدەی ئەم گوندە دەدات.”، “إني أحافظ كلَّ مَن في الدار إلا الذين علوا من استكبار.” واتە: “بێگومان من هەموو ئەو كەسانە دەپارێزم كە لەم خانووەدان مەگەر ئەوانەی بەهۆی خۆ بەگەورە زانینه‌وه‌ لوتبه‌رزی ده‌نوێنن.” (مجموعة الإعلانات ج3 ص5 إعلان بتاريخ 6 شباط /فبراير 1898م ومواهب الرحمن ص 33، الخزائن الروحانية ج19 ص251).

كاتێك حەزرەتی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خواى لێ بێت) ئەم پێشبینیەی بڵاوكردەوە لە نووسینەكانیدا خەڵكی گاڵتەیان پێدەكرد هەتاكو پاش چەند ساڵێك لەپڕ تاعوونەكە دای بەسەریاندا و قڕی تێ خستن و خەڵكی دروێنە كرد، ئیتـر ئەو كاتە بە هەزارەها مرۆڤی بەختیار هاتنە ناو كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدیەوە پاش ئەوەی ئەم نیشانە پرشنگدارەیان بینی.

وە بەڕێزی لە كتێبی” دافع البلاء”دا لە لاپەڕە 5 ئەم بابەتەی ڕوون كردوەتەوە و دەفەرموێت: “پێش چوار ساڵ ئەو هەواڵەم بڵاوكردەوە كە تاعوون زۆر بەتوندی لە پەنجابدا بڵاودەبێتەوە، بەجۆرێك لە خەوندا بینیم لەم وڵاتەدا كۆمەڵە درەختێكی ڕەشی تاعوون دەچێنرێت لە هەموو گوند و شارێكدا. ئەگەر خەڵكی تۆبەیان بكردبایە ئەوا ئەم نەخۆشیە دوو وەرزی زستان زیاتر بەردەوام نەدەبوو، بەڵكو خوای گەورە هەڵیدەگرت، بەڵام جنێویان پێدام لەجیاتی ئەوەی تۆبە بكەن، وە كۆمەڵێك ڕاگەيەنراويان بڵاوكردەوە كە پڕی بوو لە وشەی زۆر نابەجێ و قێزەون. كە ئەنجامەكەی ئەوەیە ئێستا دەیبینن.

وە ئەو وەحیە پیـرۆزەی خوای گەورە دابەزیە سەرم لەمبارەیەوە بریتی بوو لە: “إنّ اللهَ لا يُغيّرُ ما بقومٍ حتّى يُغَيّـروا ما بأنفسهم. إنَّه آوى القرية.” واتە خوای گەورە ویستی وەهایە كە ئەم بەڵای تاعوونە هەڵنەگرێت هەتا خەڵكی ئەو بیرۆكانە لە دڵی خۆیان دەرنەكەن كە تێیچووە… واتە ئەم تاعوونە ناڕوات هەتا خەڵكی باوەڕ نەهێنن بە فەرمانپێكراو و نێردراوى خوا. وە خوای گەورەى بەتوانا قادیان دەپارێزێت لە مەرگەساتی تاعوون، بۆ ئەوەی بزانن كە بەردەوام قادیان پارێزراوە چونكە پێغەمبەر و نێردراوى خوا لەوێدایە.” (دافع البلاء لا 5-6)

ئەمەش كۆمەڵێك وتەی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خواى لێ بێت) كە جەخت لەوە دەكەنەوە كە بەدووری نەگرتووە هەندێ حاڵەتی نەخۆشی تاعوون لە قادیاندا ڕووبدات.

1- هەڵبەت بەڕێزی لەپەراوێزی هەمان ئەو كتێبەدا كە ڕەخنەگرە كینەلەدڵەكە بڕگەكەی لێ وەرگرتووە، ئەو ڕستەيەی ڕوون كردووەتەوە كە هێڵی بەژێردا هاتووە و دەفەرموێت: “بێگومان واژەی “آوى، داڵدەیدا ” _كە واتاى ڕزگاركردنی مرۆڤ لە تیاچوون و شپرزەبوون و پێشكەشكردنی پەناگایەك بۆی_ ئاماژەیە بۆ ئەو جۆرە لەجۆرەكانی تاعوون كە زۆر كاولكارە كە بێی دەوترێت “تاعوونی قڕكەر” ئەوەی كە ماڵەكان ڕادەماڵێت و خەڵكی لێی ڕادەكەن لەملا بۆ ئەولا، وە وەكو سەگ دەمرن، ئەم دۆخە لەسەرووی توانای مرۆڤەوەیە. كەوابوو ئەم وەحیە خواییە ئەو بەڵێنە لەخۆی دەگرێت كە قادیان تووشی ئەم جۆرە بارودۆخە نابێت. ئەمەش ئەم ئیلھامەی خوارەوەیش شرۆڤەی دەكات: “لولا الإكرامُ لَھلكَ المقام”. واتە: “ئەگەر ڕێزگرتن نەبوایە ئەوا ئەم شوێنە لەناودەچوو.” واتە ئەگەر من نەمویستبایە ڕێزی ئەم كۆمەڵە بگرم ئەوا قادیانیشم كاول دەكرد.

لەم ئیلھامەوە دوو بابەت حاڵی دەبین:

یەكەم: هەڵبەت جێگای ڕەخنە نیە ئەگەر بەشێوەی دەگمەن و ڕيزپەڕ هەندێ نموونەی تووشبوونی (تاعوون) لە قادیاندا ڕوو بدات كە لەسەرووی توانای مرۆڤەوە نەبێت، هەروەها كاولكەر نەبێت و پێویست نەكات خەڵكی شپرزە بن و لێی هەڵبێن؛ چونكە نموونە دەگمەن و ڕيزپەڕەكان بە نەبوو لە قەڵەم دەدرێن.

دووەم: هەردەبێت تاعوونێكی قڕكەر و كاولكەر بڵاوبێتەوە- كە زۆر كوشندە و كاولكەر بێت لەچاو ئەوەی قادیان- لەو گوند و باژێڕانەی كە دوژمنە زۆر دەستدرێژكار و شەڕانگێز و ستەمكار و بەدفەڕ و خراپەكارەكانی ئەم كۆمەڵەی لێ نیشتەجێیە تەنانەت خەڵكی لە هەموو لایەكەوە بەترس و لەرز و واقوڕمانەوە هەڵبێن…. بەوپەڕی تەحەدداوە دەڵێین كە هەرگيـز لە قادیاندا تاعوونێكی كوشندە و قڕكەر ڕوونادات بەشێوەیەك گوندەكە كاول و وێران بكات و بەتەواوی هەڵی بلوشێت.” (سەرچاوەی پێشوو لا ٥ پەراوێز)

2- پاشان حەزرەتی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خواى لێ بێت) لە كتێبی (سفينة نوح)دا دەفەرموێت: “سەرەڕای ئەمە (خوای گەورە) گفتوگۆی لەگەڵدا كردم و پێ وتم: بەگشتی قادیان تاعوونی كارەساتبار و قەڵاچۆكەر نادات بەسەریدا بەجۆرێك خەڵكەكەی وەكو سەگ بمرن، وه‌كو شێتیان لێ بێت لەتاو خەفەت و پەرتەوازەبوون، وە هەموو تاكەكانی ئەم كۆمەڵە -ژمارەیان هەرچەند بێت- بەگشتی لەچاو دوژمنانیان بێوەی و پارێزراودەبن لەم تاعوونە، مەگەر ئەوانەی بەڕاستی چاودێری پەیمانەكەی خۆیان نەكردبێت، یان ئەوانەی كە هۆكارێكی شاراوە هەبێت لە زانستی خوای گەورەدا دەربارەیان، لەبەرئەوە ئەو كەسانە دەكرێت تووشی تاعوون ببن. بەڵام سەرباری ئەمە دەبێت خەڵكی لە كۆتاییدا دانبنێن بەوەدا كە لەچاو خەڵكی تردا خوا ئەم كۆمەڵەی پاراستووە، وە خوای گەورە بەڕەحمەتی خۆی بەشێوەیەك ئەم كۆمەڵەی پاراستووە كە وێنەی نیە.” (الخزائن الروحانية بەرگی 19 لا 2)

3- هەروەها بەڕێزی (سڵاوی خواى لێ بێت) لە شوێنێكی تری كتێبەكەیدا دەفەرموێت: “بێگومان ئەم پێشبینیە لەلایەن خوای گەورەوە جەخت لەوە دەكاتەوە كە خوای پاك و بێگەرد كەسانی دڵسۆزی نیشتەجێی ناو خانووەكەم دەپارێزێت لە بەڵای تاعوون، ئەو كەسانەی كە لەبەرامبەر خوای گەورە و نێردراوەكەیدا خۆیان بەگەورە نازانن وە فەزڵ و چاكەی تایبەتی خوای گەورە ئەم كۆمەڵە دادەپۆشێت بە بەراورد لەگەڵ كەسانی تر. مەگەر ئەوەی دەكرێت لەم كۆمەڵەیشدا ڕووداوی دەگمەن ڕووبدات بەهۆی لاوازی ئیمان یان ناتەواوی لە كردەوەدا، یان لە ئەنجامی ئەجەلێك كە پێشتر بڕیاری لێدراوە یان هه‌ر هۆكارێكی تر كە تەنھا خوا خۆی دەیزانێت. وە ڕیزپەر وەكو نەبوو وایە؛ چونكە لەكاتی بەراوردكردندا بڕیار لەسەر زۆرینە بنیات دەنرێت. هەروەك چۆن حكومەت خۆی بەئەزموون ئەوە دەزانێت كە ئەو كەسانەی بە ماكوتەی تاعوون (ڤاكسين) كوتراون لەچاو ئەو كەسانەی كە نەكوتراون كەمێكیان نەبێت نامرن، لەگەڵ ئەوەدا كەسانێكی كەم و ڕیزپەر لەوانەی كوتراون، كە دەمرن لە نرخی ماكوتەكە و سوودەكانی كەم ناكاتەوە. بەهەمان شێوە ئەگەر لە قادیاندا توشبوونێكی كەم ڕوو بدات لەچاو گوندو باژێرەكانی تر، یان بەشێوەیەكی دەگمەن تاكێك لە تاكەكانی ئەم كۆمەڵە بە تاعوون بمرێت ئەوا ئەمە لە پایەی ئەم نیشانەیە ناهێنێتە خوار. بێگومان بەگوێرەی ئەوەی كە بۆم دەركەوتووە لە وتەی پیرۆزی خوای گەورەوه‌ ئەم پێشبینیه‌م بڵاوكردەوە، كەسێك ژیر و هۆشیار بێت گاڵتەناكات بە وشەكانی خوا پێش ڕوودانیان، ئەمە وتەی خوایە نەك وتەی كاهین. ئەم وتانە لە سەرچاوەی نوورەوە هاتوون و گومانگەلێك نین كە لە چاڵی تاریكييەوە هاتبن. ئەمە وتەی ئەو خوایەیە كە تاعوونی دابەزاند و هەر خۆیشی دەتوانێت كۆتایی پێبھێنێت.

ئەوەش كە دەیسەلمێنێت من لەلایەن خواوە ڕەوانەكراوم ئەوەیە كە دڵسۆزانی نیشتەجێ لە حەوشەی خانووەكەمدا بێوەی دەبن لەمردن بەم پەتایە، و كۆمەڵەكەم هەموویان –بەڕێژە و بەراورد- بێ ترس و بێ زیان دەبن لە هێرشی تاعوون. وە ئەو بێوه‌یی و سه‌لامه‌تیه‌ی كە ئەمان دەگرێتەوە هەرگيـز نموونەی نابێت لە گروپێك لە گروپەكاندا، وە تاعوونی قڕكەر و وێرانكەر هەرگيـز تووشی گوندی قادیان نابێت مەگەر تووشبوونی دەگمەن و ڕیزپەڕ.” (سەرچاوەی پێشوو لا٤-٥)

وە بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی لەسەرەوە باسكران خوای گەورە قادیانی پاراست پاش ئەندازەیەكی كەم لە سزا. وە بەڕێزی (سڵاوی خواى لێ بێت) لەلاپەڕە 84ی كتێبی “حەقیقەتى وەحى”دا ئەم ئەندازە كەمەیشی بە “تاعوونێكی توندوتیژ” داناوە لەمەڕ قادیان؛ چونكە لە شوێنێكی تری هەمان كتێبدا دەفەرموێت (سڵاوی خواى لێ بێت): “بێگومان لەقادیاندا كەمێك بەتوندی تەنھا جارێك تاعوون ڕوویدا.” (سەرچاوەی پێشوو، لا 232). وە جوان وتراوە كە: شتەكان بە دژەكانیان بەجوانی دەردەكەون.

كەوابوو بە هیچ شێوەیەك تاعوونی كوشندە لە قادیاندا ڕووینەداوە كە ببێتە هۆی وێرانی و كاولبوون و هەڵھاتن و پەرتەوازەبوون. هەڵبەت خوای گەورە ئەو وەحیەی خۆی هێنایەدی كە ناردبووی بۆ دامەزرێنەری كۆمەڵی ئيسلامى ئەحمەدی (سڵاوی خواى لێ بێت): “بێگومان من هەموو ئەو كەسانە دەپارێزم كە لە خانووەكەدان و بەتایبەتیش تۆ دەپارێزم.” واتە هەموو دانیشتوانی خانووەكەی تۆ دەپارێزم لە تاعوون و بەتایبەتی پاراستنی تۆیش بە ئەنجام دەگەیەنم، لە دەرەوەی دیواری خانووەكەتدا بیت یان لەناوەوە.

وە بەڕێزی (سڵاوی خوای لێ بێت) بەوپەڕی توانا و بە دەنگی بڵند ڕایگەیاند: “بێگومان نیشانەی ڕاستگۆیی من ئەوەیە كە هەموو كەسێكی نەیار -چ لە دانیشتوانی ئەمروهە یان ئەمریستەر یان دەلھی یان كالكوتا یان لاهور یان گولرە یان بەتاڵە- ئەگەر سوێند بخوات بەخوا كە شارەكەی بە پارێزراوی دەمێنێتەوە لە تاعوون ئەوا بە دڵنیاییەوە شارەكەی ئەو بەتایبەتی تووشی تاعوون دەبێت؛ چونكە سووكایەتی بە وتەی خوای گەورە كردووە.” (دافع البلاء، الخزائن الروحانية بەرگی18 لا238)

ئایا كەس توانی ئەم تەحەددایە(ڕكابه‌ریه‌) قەبوڵ بكات؟ ئەوانەی كە قەبوڵیان كرد مشتێك لە نەیارەكان بوون كە بە تاعوونەكە لەناوچوون، لەوانە چراغەددینی جامۆنی كە لە بەرواری 4ی نیسانی ساڵی 1906ز لەگەڵ دوو كوڕەكەیدا بەتاعوون مردن.

ئەو بابەتەی كە پێویستە خوێنەری خاوەن ویژدان پشكنینی بۆ بكات بریتیە لە:

1- ئایا حەزرەتی دامەزرێنەری كۆمەڵى ئيسلامى ئەحمەدى (سڵاوی خواى لێ بێت) ئەو پێشبینیەی ڕانەگەیاند كە تاعوون خەریكە لە پەنجاب بڵاودەبێتەوە؟

2- ئایا خەڵكی لەسەر ئەم پێشبینیه‌ گاڵتەیان پێنەكرد؟

3- ئایا دوای ئەوە تاعوون بڵاونەبوویەوە لە پەنجاب و خەڵكی دروێنە نەكرد؟

4- ئایا كەیسەكانی توشبوون بەتاعوون لە قادیاندا زۆر كەم نەبوون هەتا وەكو ڕيزپەڕ و نەبوو لەقەڵەم بدرێن. پاشان ئەوانەی كە لە قادیان مردن تەنانەت لە كۆمەڵەكەی ئێمە نەبوون، بەڵكو لە هيندۆس و موسوڵمانانی تر بوون، مەگەر كه‌یسێك یان دووان؟

5- ئایا دامەزرێنەری ئەحمەدی (سڵاوی خواى لێ بێت) ڕزگاری نەبوو لە تاعوون؟ پاشان كەسێك هەیە بیسەلمێنێت كە لە خانووەكەی ئەودا (سڵاوی خواى لێ بێت)، كە لە بەرد و قوڕ دروست كرابوو، كەسێك بە تاعوون مردبێت؟

6- ئایا ئەو كەسانەی كە چوونە ناو ماڵە ڕۆحانیەكەی ئەوەوە (سڵاوی خواى لێ بێت) ڕزگاریان نەبوو بەشێوەیەكی دەراسا (خارِق) لەچاو خەڵكانی تر سەرەڕای ئەوەی كە ئەمان خۆیان نەكوتا دژی تاعوونەكە بەگوێرەی وەحیەك كە مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خواى لێ بێت) لە خواوە پێی گەیشت؟

پێم خۆشە بەم بۆنەيەوە باسی ڕووداوێك بكەم كە لە ماڵى مەسیحی بەڵێندراودا (سڵاوی خواى لێ بێت) ڕوویداوە. ڕێزدار مەولەوی محمد عەلی- كە سەرنووسەری ڕۆژنامەیەكی كۆمەڵەكەمان بوو كە بە زمانی ئینگلیزی دەردەكرا بەناوی بەراوردی ئایینەكان (Review of religion)- لە ڕۆژگارەكانی تاعوون لەماڵەكەی ئەودا (سڵاوی خواى لێ بێت) نیشتەجێ بوو. نەخۆشكەوت و هەموو نیشانەكانی تاعوون تێیدا دەركەوت؛ تووشی تا بوو، وە ڕژێنەكانی ژێرباڵی (بن هەنگڵی) ئاوسان. ڕۆژێكیان تاكەی پەرەیسەند و ترسا بە تاعوون بمرێت. مەسیحی بەڵێندراویش (سڵاوی خواى لێ بێت) كە سەردانی دەكردو چارەسەری بۆ ئەنجام دەدا، نزای بۆ كرد. كاتێك بەڕێزی هات بۆلای، پێی وت: ئەترسم بەم تاعوونە بمرم.

حەزرەتی مەسیحی بەڵێندراویش (سڵاوی خواى لێ بێت) بەوپەڕی شكۆ و گوڕوتینەوە فەرمووی: خوا یاربێت هەرگيـز تۆ بە تاعوون نامریت. ئەگەر تۆ بمریت ئەوا من كەسێكی ڕاستگۆ نیم؛ چونكە خوای گەورە بەتایبەتی بەڵێنی پێداوم: “بێگومان من هەموو ئەو كەسانە دەپارێزم كە لەناو خانووەكەدان.” پاشان بەڕێزی (سڵاوی خواى لێ بێت) دەستی خستەسەر نێوچەوانی مەولەوی محمد عەلی و پێی فەرموو: تا لەكوێیە؟ كوا تاعوون؟ دەستبەجێ بە موعجیزەیەكی دەراسا مەولەوی شیفای بۆ هات.

7- ئایا هەموو ئەو نەیارانەی دامەزرێنەری كۆمەڵەكەمان بەتاعوون نەمردن كە بانگەشەی ئەوەیان دەكرد ڕزگاریان دەبێت لێی، سەرەڕای ئەوەی هەموو ڕێگەیەكی خۆپاراستنیان گرتەبەر لە كوتان و جگە لە كوتانیش.

8- پاشان ئایا دەكرێت كەسێكی درۆزن كە بەدەم خواوە درۆ بكات لە كاتێكدا كە ئاگر لە ئاسمانەوە دەبارێت و خەڵكی لەسەر جێگا دەمرن و ئێوارە مرۆڤ زیندووە كەچی كاتێك ڕۆژ دەبێتەوە مردووە. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا ئەم درۆزنە لە سزای خوا ڕزگاری ببێت؟

9- ئایا ئەوە ڕاست نیە كە لەو ماوەیەدا دەیەها هەزار كەس هاتنە ناو كۆمەڵەكەیەوە لەترسی تاعوونەكە پاش بڵاوبوونەوەی و ناویان نرا  “ئەحمەدييە تاعوونیەكان”، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەم نیشانە بڵندە خواییە؟

ئەرێ ئەم كۆمەڵە خەڵكە چییانە ئاوەها لە ساختەو دەستكاری كردندا پێ بەپێ شوێن جوولەكە كەوتوون؟ كە خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەربارەیان دەفەرموێت: ﴿يَسْمَعُونَ كَلَامَ اللَّهِ ثُمَّ يُحَرِّفُونَهُ مِنْ بَعْدِ مَا عَقَلُوهُ وَهُمْ يَعْلَمُونَ﴾ (البقرة)، واتە: “فەرموودەی خوایان دەبیست کەچی لەپاش تێگەیشتنی دەستکاریيان دەکرد، وە ئەوان دەشیانزانی کە کارێکی ناڕەوایە.”

لە فەرموودەشدا هاتووە كە پێغەمبەری خۆمان (درودی خوای لەسەر بێت) پرسیاری لە مالمەكانی جوولەكە كرد كە لە كتێبەكانیاندا چی هاتووە دەربارەی سزای زینا. ئەوانیش كتێبەكەی خۆیان كردەوە بەڵام پەنجەیان لەسەر ئەو شوێنە دانا كە حوكمەكەى تێدا نووسرابوو، هەتاكو هاوەڵی بەڕێز عەبدوڵڵای كوڕی سەلام پێغەمبەری خواى لەوە ئاگادار كردەوە كە دەستەواژەی داواكراویان شاردووەتەوە لە ژێر دەستیاندا.

بەڕاستی ئەی پێغەمبەری خوا (درودی خوات لەسەر بێت) ڕاستت فەرموو دەربارەی ئوممەتەكەت: “هەڵبەت بست بەبست و باڵ بە باڵ شوێن ڕێوشوێنەكانی ئوممەتەكانی پێش خۆتان دەكەون.” (البخاري، كتاب الأنبیاء).

وە دیسان ڕاستت فەرموو: “بێگومان ئەوەی بەسەر نەوەی ئیسڕائیلدا هات بەسەر ئوممەتی منیشدا دێت وەك چۆن دوو تاكە نەعل لەیەك دەچن” (الترمذي، كتاب الإيمان باب ما جاء في افتراق هذه الأمة)

جا ئەی ئەو كەسانەی دادگەری و ئینسافتان خۆش دەوێت، وە ئەی ئەو كەسانەی كە بانگەشەی ئەوە دەكەن پشتگیری حەق دەكەن، بۆ خوا بیربكەنەوە، ئایا درۆزنەكان بەمشێوەیە خوای گەورە ڕێز و سەربەرزییان پێ دەدات؟ وە ئایا خوای گەورە ئەم قورسی و شكۆمەندیە دەبەخشێت بە درۆزنەكان؟ ئایا پێشبینی درۆزنەكان دێتەدی وەك چۆن پێشبینیەكانی دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی هاتووەتەدی؟

دیارە ئێوە دەتوانن جیاكاری بكەن لە نێوان تاریكی و ڕووناكی، وە دەزانن كە درۆزن و ڕاستگۆ وەكو یەك نین… بێگومان ئایەتی تاعوون وەكو ڕۆژی ڕووناك دیار و ئاشكرایە؛ وە لەڕاستیدا ئایەتێكی مەزنە بۆ پێغەمبەری هەڵبژاردە موحەممەد (درودی خوای لەسەر بێت) كە لەم فەرموودەيەدا ئاماژەی پێداوە: “فَيُرْسِلُ اللَّهُ عَلَيْهِمْ النَّغَفَ فِي رِقَابِهِمْ فَيُصْبِحُونَ فَرْسَى كَمَوْتِ نَفْسٍ وَاحِدَةٍ.” (صحيح مسلم) واتە: “خوا كرمۆكەی ناو پۆزی وشتر و مەڕوماڵاتیان بۆ دەنێرێت هەر هەموویان بەجارێ لاڵ و پاڵ لێی دەكەون وەك مردنی یەك كەس.” بێگومان ئوممەتەكان لە قیامەتدا تانەتان لێ دەدەن -چونكە ئێوە ئایەتەكانی خوا و پێغەمبەرتان بینی كەچی ئیمانتان پێ نەهێنا- وە دەڵێن: ئەگەر ئێمە لە سەردەمی ئێوەدا بووباین ئەوا لە ڕیزی لەناوچووان نەدەبووین. ئەى خۆشەویستان ئەوە بزانن كە ئایەتی تاعوون ئایەتێكی مەزنە له‌مه‌ڕ گەورەمان ئیمامى مەهدی (سڵاوی خواى لێ بێت) وە بەهەموو پێوەرەكان بەڵگەیە لەسەر ڕاستگۆیی بەڕێزی.

ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە كە قسەی حەق بڵێن و هەستن بەسەرخستنی ڕاستی، وە ئەو پەردە و ڕووپۆشانە بدڕێنن كە بەری خۆریان گرتووە و ناهێڵن تاریكیەكان بڕەوێنێتەوە؟ ئایا دەتوانن بە فووی دەمتان ڕووناكی خوا بكوژێننەوە؟ ئایا ئەم وتەيەى خوای گەورەتان لەبیرچووە: ﴿يُرِيدُونَ لِيُطْفِئُوا نُورَ اللَّهِ بِأَفْوَاهِهِمْ وَاللَّهُ مُتِمُّ نُورِهِ وَلَوْ كَرِهَ الْكَافِرُونَ﴾؟. واتە: “دەیانەوێ ڕووناکی ئایینی خوا بە فووی دەمیان بکوژێننەوە، وە خوا ڕووناکی خۆی تەواو دەکات با بێباوەڕانیش پێیان ناخۆش بێ.”

(ئەم وەڵامە لەلایەن بانگخواز مامۆستا “عبد المجيد عامر”ەوە ئامادەکراوە)

والحمد لله رب العالمين