نهسخ نیه له قورئانی پیرۆزدا

* حهقيقهتى نهسخ له قورئاندا
* نهسخ له زمانهوانیدا
* جۆرهكانی نهسخ لای ئهوانهی باوهڕیان پێیهتی
* بهڵگهی ئهوانهی باوهڕیان به نهسخ ههیه و بهرپهرچدانهوهی بهڵگهكانيان
* بهرپهرچدانهوهی ئهو بهڵگههێنانهوانه
* بهڵگهكانی پووچی نهسخ
…………….
* حهقيقهتى نهسخ له قورئاندا
لەناو موسڵمانان باوەڕێك هەیە كە گوایە لە قورئانی پیرۆزدا كۆمەڵێك ئایەت هەن كە كاریان پێ ناكرێت و حوكمەكانیان هەڵوەشێنراونەتەوە. هەروەها دەوترێت كە كۆمەڵێك ئایەت هەن لە قورئاندا نەماون. لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێك باوەڕ هەیە دەڵێت كۆمەڵێك ئایەت هەن كە وشەكانیان نەماوە، بەڵام حوكمەكانیان ماون و پێویستە پابەند بین پێیانەوە. ئایا ڕاستی و دروستی ئەم بابەتە چۆنە؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، پێویستە سەرەتا پێشەكییەك بخەینەڕوو و بەڵگەی ئەو كەسانە بخەینەڕوو كە باوەڕیان بە (نەسخ) هەیە، پاشان ئەو بەڵگانە پووچەڵ بكەینەوە.
نهسخ له زمانهوانیدا
لە زمانەوانیدا، (نەسخ) دوو مانای هەیە:
لابردن: عەرەب دەڵێت: (نَسختِ الشَّمسُ الظلَّ)، واتە خۆر سێبەرەكەی نەسخ كرد، یانی لايبرد یان پاڵی پێوەنا و شوێنەكەی گرتەوە.
كۆپیكردن: دەڵێین: كتێبەكەی نەسخ كرد، واتە پیت بە پیت كۆپی كرد و نووسییەوە. وەك خوای گەورە دەفەرموێت: {إِنَّا كُنَّا نَسْتَنسِخُ مَا كُنْتُمْ تَعْمَلُونَ}.
بەڵام لە زاراوەدا، (نەسخ) چەند پێناسەیەكی جیاوازی بۆ كراوە كە بە تێپەڕینی سەدەكان پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، تاوەكو پێناسەكە بەم شێوەیە جێگیر بووە كە بریتیە لە: هەڵگرتنی حوكمێكی شەرعی بە بەڵگەیەكی شەرعی تر كە دوای ئەو هاتبێت. واتە هەڵوەشاندنەوەی حوكمی ئایەتێك بە حوكمی ئایەتێكی تر كە دوای ئایەتی یەكەم هاتبێت.
جۆرهكانی نهسخ لای ئهو كهسانهی كه باوهڕیات پێیهتی
لای ئەوانەی باوەڕیان بە (نەسخ) هەیە، (نەسخ) دابەش دەبێت بۆ سێ بەش:
نەسخی خوێندنەوە و مانەوەی حوكم: بۆ ئەم جۆرە، تەنها دوو نموونەیان هەیە كە بریتین لە: “الشيخ والشيخة إذا زنيا فارجموهما البتة”، واتە “ئەگەر ژن و پیاوی بەتەمەن زینا بكەن دەبێت بەردباران بكرێن تا دەمرن”، وە “لو كان لابن آدم واديان من مال لابتغى واديا ثالثا، ولا يملأ جوف ابن آدم إلا التراب، ويتوب اللّه على من تاب”، واتە “ئەگەر نەوەی ئادەم دوو شیو پڕ لە ماڵ و سامانی هەبێت، هێشتا ئارەزووی شیوی سێيەم دەكات، و تەنها گڵ نەوەی ئادەم تێر دەكات، و خوا خۆشدەبێت لەو كەسەی كە دەگەڕێتەوە بۆ لای”.
نەسخی خوێندنەوە و حوكم بەیەكەوە: بۆ ئەمەش چەندین نموونە دەهێننەوە، لەوانە: گوایە موسوڵمانان و پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) سوورەتێكیان لەبیرچووە كە هاوشێوەی سوورەتی (البراءة) بووە لە درێژی و توندوتیژیدا. لەوانە: گوایە سوورەتی (الأحزاب) هێندەی سوورەتی (البقرة) دەبوو، زۆربەی لەبیر چووەتەوە، تەنها حەفتا و چەند ئایەتێكیان بیركەوتووەتەوە.
نەسخی حوكم و مانەوەی خوێندنەوە: واتە هەڵوەشاندنەوەی حوكمی ئایەتە قورئانییەكە و هێشتنەوەی دەقی ئایەتەكە لە قورئاندا. نموونە لەسەر ئەم بەشە لای هەندێك دەگاتە سەدان ئایەت، وە لای ئەوانەیش كە باوەڕیان وایە چەند ئایەتێكی كەمی لەم جۆرە هەیە، نموونەی ئەم جۆرە نەسخە لە پەنجەكانی یەك دەست تێپەڕ ناكات.
بهڵگهی ئهوانهی كه باوهریان به نهسخ ههیه و بهرپهرچدانهوهی ئهو بهڵگانه
{مَا نَنْسَخْ مِنْ آيَةٍ أَوْ نُنْسِهَا نَأْتِ بِخَيْرٍ مِنْهَا أَوْ مِثْلِهَا أَلَمْ تَعْلَمْ أَنَّ اللَّهَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ} (البقرة: 107)
{وَإِذَا بَدَّلْنَا آيَةً مَكَانَ آيَةٍ وَاللَّهُ أَعْلَمُ بِمَا يُنَزِّلُ قَالُوا إِنَّمَا أَنْتَ مُفْتَرٍ بَلْ أَكْثَرُهُمْ لَا يَعْلَمُونَ} (النحل: 102)
كۆمهڵێك ڕیوایهت له پێغهمبهری خواوه (درودی خوای لهسهر بێت)
وه له خوارهوه شێوازی بهڵگههێناوه لهم بهڵگانهدا دهخهینهڕوو، وه وهڵامیان دهدهینهوه.
شێوازی بهڵگههێنانهوه:
دەڵێن: گوایە ئایەتی: {مَا نَنْسَخْ} دووپاتی دەكاتەوە كە كۆمەڵێك حوكمی نەسخكراو لە قورئانی پیرۆزدا هەیە، وە كۆمەڵێك ئایەت هەن ئەو حوكمانە هەڵدەوەشێننەوە، هەروەك لە بابەتی خواردنەوەی مەیدا هەیە. وە ئایەتی دووەم هەمان بابەت دووپات دەكاتەوە. وە ژمارەیەك فەرموودە هەیە باسی ئەوە دەكەن كە كۆمەڵێك ئایەت و سوورەت هەبوون لە قورئانی پیرۆزدا لابراون بە فەرمانی خوای گەورە كە كارێكی كرد پێغەمبەر و موسوڵمانان ئەو ئایەت و سوورەتانەیان لەبیربچێتەوە.
بهرپهرچدانهوهی ئهم بهڵگههێنانهوانه
ئایەتی {مَا نَنْسَخْ مِنْ آيَةٍ…} باسی ئەوە ناكات كە ئایەتەكانی قورئان یەكتر هەڵدەوەشێننەوە، بەڵكو باسی هەڵوەشاندنەوەی حوكمەكانی تەورات و كتێبە ئاسمانییەكانی پێشوو دەكات لەلایەن قورئانی پیرۆزەوە. بێگومان جوولەكە پێیان ناخۆش بوو كە حوكمێك دابەزێتە سەر پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) كە حوكمەكانی تەورات هەڵبوەشێنێتەوە، بۆ نموونە وەك ڕووكردنە بەیتولمەقديس، بۆیە خوای گەورە بەرپەرچی ئەم حەسوودییەیان دەداتەوە و جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەو ئایەتانەی كە لە تەورات و كتێبە ئاسمانییەكانی پێشوودا هەڵیان دەوەشێنێتەوە، لە باتی ئەوان ئایەتی چاكتر دەهێنێت، وە ئەوەی ئەهلی كتێب لەبیریان كردووە لە كتێبەكانیاندا، كە خوا بەڵێنی نەداوە بیانپارێزێت، خوا لە قورئانی پیرۆزدا ئایەتی چاكتر نازڵ دەكات. ئیتر بۆچی جوولەكە قەڵس و هەراسان دەبن لەم كارە، لە كاتێكدا تەورات بە دەق ئەوەی تێدایە كە شەرعیەتێكی كاتییە؟
بێگومان دووان (خیتاب) لە سوورەتی (البقرة)دا ڕووی لە جوولەكەیە و لە ئایەتی چل و یەكەوە دەست پێ دەكات هەتا ئایەتی سەد و بیست و چوار. وە ئایەتی (نەسخ) لەناو ئەم ئایەتانەدایە كە بریتیە لە ئایەتی سەد و حەوت لەم سوورەتەدا، وە بەبێ هیچ گومانێك لەم ئایەتەدا خیتاب ئاراستەی جوولەكە كراوە و ڕەخنەیان لێ دەگرێت لەسەر ئەوەی كە مل نادەن بەوەی كە قورئان كۆمەڵێك ئایەتی تەورات هەڵدەوەشێنێتەوە، بێگومان سیاقی ئایەتەكە ئەوە دووپات دەكاتەوە، وە بە هیچ شێوەیەك سیاق لە بەرژەوەندی تەفسیری باودا نییە.
وە بەڵگەهێنانەوەیان بە ئایەتی {وَإِذَا بَدَّلْنَا آيَةً مَكَانَ آيَةٍ…} لە جێگەی خۆیدا نیە، چونكە ئایەت لێرەشدا بە مانای ئایەتی قورئان نایەت، بەڵكو بە مانای سزای ئاسمانی دێت كە وەك نیشانەیەك بۆ ڕاستگۆیی پێغەمبەر دەردەكەوێت. مانای ئایەتەكە بەم شێوەیەیە: “ئەگەر خوا ئایەتێكی ئاسمانی لە جێگەی ئایەتێكی تردا دانا، ئەوا ڕەوا نیە هیچ كەسێك ڕەخنە لەم كارە بگرێت چونكە خوای گەورە خۆی دەزانێت كە ئایەتی گونجاو لەكاتی گونجاوی خۆیدا پیشان بدات”.
ئەم ڕێسایە لە سەردەمی هەموو پێغەمبەرێكدا دەردەكەوێت، واتە ئەو پێغەمبەرە لەلایەن خواوە وەحی مەرجداری پێدەگات كە وەحییەكی ترسێنەرە. دەكرێت خوای گەورە ئەو وەحییە، كە وەحی ترساندنە و مەرجدارە، بگۆڕێت، وەك لە بەسەرهاتی یونسدا (علیه السلام) ڕوویدا. ئەوە بوو دوای ئەوەی خوای گەورە ڕایگەیاند بە یونس (علیه السلام) كە هۆزەكەی بەم زووانە لەناودەچن، كەچی هەر خۆی (عز وجل) ئەم حوكمەی گۆڕی چونكە ئەوان گەڕانەوە بۆ لای خوا.
بێگومان خوای گەورە بەڵێنی خۆی دەباتەسەر، بەڵام هەڕەشەكانی دوادەخات. پێویستە بە جوانی جیاوازی بكرێت لەنێوان گۆڕینی بەڵێن و گۆڕینی هەڕەشە، یەكەمیان درۆیە -وە خوا پاك و بێگەردە لە درۆكردن- وە دووەمیان بەخشندەییە.
وە مانایەكی تر هەیە كە ئەم ئایەتە هەڵی دەگرێت، ئەویش بریتیە لە نەسخی ئایەتەكان لە كتێبە ئاسمانییەكانی پێشوودا نەك لە قورئانی پیرۆزدا. ئەوسا ماناكەی بەم شێوەیە دەبێت: ئەگەر ئێمە ئایەتێكی قورئانمان خستە جێگای ئایەتێك لە كتێبەكانی پێشوودا، ئەوا كافرەكان ڕەخنە دەگرن و پێغەمبەر تۆمەتبار دەكەن بەوەی قسەی هەڵبەستووە، بەو پاساوەی كە تەورات ئامادەیە و بوونی هەیە، ئیتر چ پێویست بە حوكمی نوێ دەكات؟ (دیارە بە گوێرەی تێڕوانینی ئەوان).
بەڵام بەڵگەهێنانەوەیان بە هەندێك فەرموودە زۆربەی جار بەڵگەهێنانەوەیەكی ڕاست و دروست نیە، یان بە هەڵە تێگەیشتن بۆ ئەو فەرموودانە كراوە. هیچ فەرموودەیەكی ڕاست نیە كە مانای ئەوە بگەیەنێت فڵان ئایەت حوكمی ئایەتێكی تری هەڵوەشاندووەتەوە.
وە باوەڕی هەندێك كەس كە گوایە چەندین ئایەت كۆدەنگی هەیە لەسەر نەسخبوونیان، هەرگیز ڕاست نیە، بەڵكو یەك ئایەت نیە كە ڕاڤەكاران كۆك بن لەسەر نەسخبوونی.
بهڵگهكانی پووچی نهسخ
یهكێك لهو بهڵگانهی “نهسخی تیلاوهت” -وهك ناویانناوه- بهتهواوهتی ههڵدهوهشێنێتهوه، ئهم ئایهتانهی خوارهوهیه:
{لَا تُحَرِّكْ بِهِ لِسَانَكَ لِتَعْجَلَ بِهِ (*) إِنَّ عَلَيْنَا جَمْعَهُ وَقُرْآنَهُ} (القيامة:18-17)
بێگومان خوای گهوره لهم ئایهتانهدا بهڵێنی داوه به پاراستنی كتێبهكهی لهڕێگەی بهڵێندانی به كۆكردنهوه و خوێندنهوهی ئهو كتێبه پیرۆزه.
وە فەرمایشتی خوای گەورە: {إِنَّا نَحْنُ نَزَّلْنَا الذِّكْرَ وَإِنَّا لَهُ لَحَافِظُونَ} لەم ئایەتەدا خوای گەورە دووپاتی دەكاتەوە كە خۆی ئەم قورئانە پیرۆزە دەپارێزێت، وە لەمەشدا ژمارەیەك ئامرازی دووپاتكردنەوەی بەكارهێناوە كە بریتین لە: (إنّ)، پیتی لامی دووپاتكردنەوە.
بەڵام بەڵگەكانی پووچەڵكردنەوەی نەسخی حوكم، واتە بەڵگەكانی پووچەڵكردنەوەی ئەوەی كە گوایە كۆمەڵێك حوكمی قورئان هەیە هەڵوەشاونەتەوە، بریتین لەم ئایەتانەی خوارەوە:
{الر كِتَابٌ أُحْكِمَتْ آيَاتُهُ ثُمَّ فُصِّلَتْ مِنْ لَدُنْ حَكِيمٍ خَبِيرٍ} (هود: 2)
مانای ئایەتەكە ئەوەیە: بێگومان خوای گەورە مانای هەموو ئایەتەكانی قورئانی پیرۆزی پتهو كردووە، وە گومانی تێدا نیە كە هەڵوەشاندنەوەی هەندێ حوكمی قورئان لەگەڵ پتهوكردندا پێچەوانەیە.
{لَا يَأْتِيهِ الْبَاطِلُ مِنْ بَيْنِ يَدَيْهِ وَلَا مِنْ خَلْفِهِ تَنْزِيلٌ مِنْ حَكِيمٍ حَمِيدٍ} (فصلت: 43)
ئەو نەسخەی كە ئەوان دەیڵێن واتە پووچەڵكردنەوەی حوكم و فەرمان، وە ئەم ئایەتە پیرۆزە ئەوە دوور دەخاتەوە كە قورئانی پیرۆز هیچ باتڵێكی تێدا بێت. وە گومانی تێدا نیە كە پووچەڵكردنەوەی حوكمی هەر ئایەتێك باتڵ دەهێنێتە ناو ئایەتەكەوە، چونكە ئەوانەی باوەڕیان بە (نەسخ) هەیە دەڵێن: ڕەوا نیە پەیڕەوی فەرمانێكی نەسخكراو بكرێت، بەڵكو كارێكی پووچە پەیڕەوی بكرێت، واتە ئەوان دەڵێن قورئان باتڵی تێدایە، ئەمەش پێچەوانەی ئایەتەكەیە.
{أَفَلَا يَتَدَبَّرُونَ الْقُرْآنَ وَلَوْ كَانَ مِنْ عِنْدِ غَيْرِ اللَّهِ لَوَجَدُوا فِيهِ اخْتِلَافًا كَثِيرًا} (النساء:83)
لای ئەوانەی باوەڕیان بە (نەسخ) هەیە، ئایەتە ناسخەكە ئایەتە مەنسوخەكە هەڵدەوەشێنێتەوە؛ چونكە جیاوازی و دژایەتی هەیە لەنێوان حوكم و فەرمانی هەردوكیاندا، وە ئەم ئایەتە پیرۆزە دووپاتی دەكاتەوە كە ئەمە لە كتێبی خوادا بوونی نیە، بەڵكو لە كتێبی مرۆڤدا هەیە. وە ئایەتەكە ئەم لۆجیكە دەكات بە بەڵگە لەسەر ڕاستی قورئانی پیرۆز، وەك ئەوەی ئەو كەسانەی باوەڕیان بە نەسخ هەیە ئەم بەڵگەیە بە ڕاست نەزانن و باوەڕی پێ نەكەن!
{وَاتْلُ مَا أُوحِيَ إِلَيْكَ مِنْ كِتَابِ رَبِّكَ لَا مُبَدِّلَ لِكَلِمَاتِهِ وَلَنْ تَجِدَ مِنْ دُونِهِ مُلْتَحَدًا} (الكهف 28)
{ذَلِكَ الْكِتَابُ لَا رَيْبَ فِيهِ هُدًى لِلْمُتَّقِينَ} (البقرة : 3)
یەكێك لە گرنگترین ئەو ئایەتانە بریتیە لەم فەرمایشتی خوای گەورە كە دەفەرموێت: {لَا تَقْرَبُوا الصَّلَاةَ وَأَنْتُمْ سُكَارَىٰ}، ئەو باوەڕەیان بۆ دروست بوو كە ئەم ئایەتە دژ دەوەستێت لەگەڵ ئەو ئایەتە پیرۆزەدا كە دەفەرموێت: {إِنَّمَا الْخَمْرُ وَالْمَيْسِرُ وَالْأَنْصَابُ وَالْأَزْلَامُ رِجْسٌ مِنْ عَمَلِ الشَّيْطَانِ فَاجْتَنِبُوهُ}، لە ڕاستیدا ئایەتی {لَا تَقْرَبُوا الصَّلَاةَ} بەڵگە نیە لەسەر حەڵاڵبوونی مەی، بەڵكو فەرمانی قەدەغەكردنی تێدایە لە نوێژكردن لە دۆخی سەرخۆشیدا، واتە بابەتەكەی بریتیە لەو كارانەی كە نوێژ بەتاڵ دەكەنەوە، نەك حوكم دەربارەی مەی و ماددە سەرخۆشكەرەكان.
وە لەم ئایەتەدا هیچ حوكمێك نادۆزرێتەوە سەبارەت بە مەی. لەم ئایەتەدا باسی ئەوە نەكراوە كە مەی موباحە یان حەرامە یان حەڵاڵە، بەڵكو ئایەتەكە بێدەنگە دەربارەی ئەم حوكمە، بۆیە ئایەتی {فَاجْتَنِبُوهُ} هات بۆ حەرامكردنی مەی بە یەكجاری، كەواتە مەی حەرامە بە دەقی ئایەتی دووەم، وە نوێژكردن لە دۆخی سەرخۆشیدا حەرامە بە دەقی ئایەتی یەكەم، كەوابوو هەردوو ئایەتەكە پتهون و كاریان پێ دەكرێت و دژی یەكتر نین.
بێگومان بیروباوەڕی (نەسخ) كۆمەڵێك كاریگەریی خراپ و قورسی هەیە كە گرنگترینیان بریتیە لە گومانكردن لە چاكیەتی كتێبی مەزنی خوا، چونكە ئەوەی بەڵگە دەهێنێتەوە بۆ (نەسخ) سوور نیە لەسەر جێبەجێكردنی هەر حوكمێك كە لە قورئاندا هەیە؛ چونكە باوەڕی وایە كە ئایەتێك نیە مەگەر ئەگەری نەسخی هەبێت، وە موجتەهید ئەو كەسەیە كە دیاری دەكات چ ئایەتێك مەنسوخە و چ ئایەتێك مەنسوخ نیە. لەبەر ئەوە بە درێژایی مێژوو بە كەمی گرنگی دراوە بە قورئانی پیرۆز، كەچی دەبینین بە زۆری بایەخێكی گەورە و قەبە دراوە بە فەرموودە. وە بێگومان باوەڕبوون بە (نەسخ) دەرگای گومان دەكاتەوە لەسەر قورئان و وەك دیاری پاساوێك دەدات بە دەست دوژمنانی ئیسلامەوە كە گومان دروست بكەن لەسەر قورئان.
كاتی ئەوە هاتووە كە سوور بین لەسەر ئەوەی قورئانی پیرۆز هیچ دژایەتییەكی تێدا نییە، چونكە لەلایەن خواوە دابەزێنراوە، وە هەموو ئایەتەكانی پتەون و دەشێت كاریان پێ بكرێت.