تەفسيری ئایەتی: ﴿وَلَا تَقُولُوا لِمَنْ يُقْتَلُ فِي سَبِيلِ اللَّهِ أَمْوَاتٌ بَلْ أَحْيَاءٌ وَلَكِنْ لَا تَشْعُرُونَ﴾ [البقرة: 155]
شیكردنەوەی وشەكان:
ولا تقولوا لمن یقتل – ئەگەر پیتی (لام) دوای وشەی (القول) هات ئەوا مانای ئەوەیە قسەكە ئاراستەی كەسێك دەكرێت. دەڵێن: قال لفلان، واتە ڕووی قسەی كردە فڵان كەس. هەروەها ئەگەر گوترا: قال لفلان، واتە دەربارەی ئەو كەسە قسەی كرد. كەواتە دەستەواژەكە واتە: ڕووی قسە مەكەنە ئەو كەسانە و پێیان مەڵێن: ئێوە مردوون، یان دەربارەی ئەو شەهیدانە مەڵێن ئەمانە مردوون.
لە پێش وشەی (أموات) و (أحیاء)ەوە وشەیەك لابراوە، وە تەقدیرەكە بەم جۆرەیە: لا یقولوا لمن یقتل في سبیل الله أنهم أموات بل هم أحیاء.
تەفسیر: لەم ئایەتەدا خوای گەورە سەبارەت بە شەهیدانی ڕێگاكەی دەفەرموێت ئەوان زیندوون، چونكە ئەگەر لەناو عەرەبدا كەسێك بكوژرایە بەڵام تۆڵەی بكرایەتەوە پێیان دەگوت “زیندوو”، بەڵام ئەو كوژراوانەی تۆڵەیان نەكرایەتەوە پێیان دەگوتن “مردوو”. ئەم بیرۆكەیە باو بوو لەناویاندا بەڕادەیەك بانگەشەی ئەوەیان دەكرد ئەو كوژراوەی تۆڵەی نەدەكرایەوە ڕۆحەكەی دەگۆڕێت بۆ پەپوویەك كە بەدرێژایی شەو هاوار دەكات، ئەگەر توڵەی بكرایەتەوە ئەوا ڕۆحەكەی ئاسوودە دەبوو، وە وازی دەهێنا لە هاواركردن و خاوەنەكەی ڕزگاری دەبوو. وە لێرەوە باوەڕیان وابوو كە تۆڵەسەندنەوەی كوژراو وەهای لێ دەكات بەزیندوویی بمێنێتەوە، ئەوەیشی تۆڵەی نەكرێتەوە بەردەوام بە مردوویی دەمێنێتەوە. شاعیری سەردەمی نەفامی (حارثی كوڕی حلزە) لە هەڵواسراوەكەیدا دەڵێت:
إن نَّبَشْتُم مَّا بين مِلْحَة فالصّـ ـاقب فيه الأمواتُ والأحياءُ
شاعیر ڕووی قسە دەكاتە هۆزی دوژمن و دەڵێت: ئێوە خۆتان بە گەورە و بەڕێز دەزانن، ئەمە ڕاست نیە. بڕۆن بۆ ئەو شوێنەی كە دەكەوێتە نێوان (مِلْحَة) و (الصاقب)ەوە كە تێیدا جەنگ ڕوویدا لەنێوان ئێمە و ئێوەدا، دەبینن لەوێ كۆمەڵێك گۆڕی كوژراوەكان هەیە، بەشێكیان مردوون و بەشێكیان زیندوون. شاعیر دەیەوێت بڵێت مردووەكان كوژراوەكانی ئێوەن كە نەتانتوانیوە تۆڵەیان بكەنەوە لە ئێمە، وە زیندووەكان كوژراوەكانی ئێمەن كە تۆڵەمان كردووەتەوە بۆیان بەجۆرێك لەجیاتی یەكێكیان ژمارەیەكی زۆرمان كوشتووە لە ئێوە. وە عەرەب لەم بارەیەوە زۆر هەستیار بوون تەنانەت كەسوكاری ئەو كوژراوەیان بە ترسنۆك و بێ غیرەت دادەنا كە تۆڵەیان نەدەكرایەوە.
كەواتە ئایەتەكە واتە: بەو شەهیدانەی كە لەڕێگای خوادا كوژراون مەڵێن مردوو، بەڵكو سەربازانی زیندووی خوان؛ چونكە خوای گەورە تۆڵەیان بۆ دەكاتەوە. لەڕاستیدا ئەگەر یەك هاوەڵ بكوژرایە ئەوا لەجیاتی ئەو پێنج موشریك دەكوژرا، بۆیە لە هەموو جەنگێكدا كوژراوی كافرەكان زۆرتر بوو لە شەهیدی موسوڵمانان، جگە لە غەزای ئوحود كە تێیدا ژمارەیەكی زۆر لە موسوڵمانان شەهید بوون، بەڵام خوای گەورە دوای ئەوە تۆڵەی لە كافرەكان كردەوە.
مانایەكی تر هەیە بۆ ئەم ئایەتە كە بریتیە لەوەی: ئەو كەسەی مرد و لەدوای خۆی كەسێك كارەكەی تەواو بكات دەربارەی دەگوترێت (نەمردووە)، بەڵام ئەگەر كەسێك لەدوای خۆی كەسێكی بەجێنەهێڵا كارەكەی تەواو بكات ئەوا كەسێكی مردووە، دەگێڕنەوە پاشای ئومەویەكان عبد الملك سەردانی قوتابخانەیەكی زوهری كرد، وە یەكێك لە قوتابیەكانی بریتی بوو لە زانای زمانەوانی (نەحوی) بەناوبانگ (ئەصمەعی)، پاشا بە پرسیارێك ئەصمەعی تاقیكردەوە، ئەویش وەڵامێكی بەجێی دایەوە، پاشا زۆر دڵخۆش بوو پاشان بە زوهری گوت: كەسێك وەكو تۆ لەدوای خۆی جێگرێكی هەبێت نامرێت.
كەواتە ئایەتەكە ئەم مانایەشی هەیە: ناكرێت بەو شەهیدانە بگوترێت مردوو؛ چونكە لەدوای خۆیان كەسانێك هەن كە ئەو كارە تەواو دەكەن كە ئەوان لەپێناویدا گیانی خۆیان بەخت كرد، وە ئەگەر یەكێكیان بمرێت دوو كەس ڕادەپەڕن بۆ ئەوەی جێگەی بگرنەوە. بۆیە پێیان مەڵێن “مردوو”، چونكە خوای گەورە كەسانێكی دروست كردووە كە بە جوانترین شێوە جێگەیان بگرنەوە و ژمارەیان زۆرترە لە كۆچكردووەكان. مردوو ئەو كەسەیە كە كۆچی دوایی دەكات و كەس نیە جێگای بگرێتەوە.
لەڕاستیدا ئوممەتێك نامرێت كە تاكەكانی جێگای شەهیدەكانی بگرنەوە. ئەو ئوممەتەی كە كۆمەڵە تاكێك دروست دەكات كە جێگای ئەوانەی پێشوو بگرنەوە، هەرچەند ئوممەتێكی بچووك بێت، هەرگیز لە ململانێ و زۆرانبازیدا نادۆڕێت و شكست ناهێنێت. وا دەزانن موسوڵمانان مردوون؟ بەدڵنیاییەوە وانیە، نەمردوون بەڵكو زیندوون. ئەگەر یەكێك لەوان بمرێت كەسانی تر جێگای دەگرنەوە. وە ئەگەر لە شەڕی “بەدر”دا ژمارەیەك موسوڵمان مردن ئەوا لە شەڕی “ئوحود”دا كەسانێكی تر جێگای ئەوانیان گرتەوە كە ژمارەیان زیاتر بوو. وە ئەگەر هەندێ لە موسوڵمانان لە شەڕی “ئوحود”دا زیانیان پێ گەیشت و مردن ئەوا كەسانێكی زۆرتر هەستانەوە بۆ ئەوەی جێگای ئەوان بگرنەوە لە شەڕی “خەندەق”دا. لە ڕۆژی ئازادكردنی مەککەدا ژمارەی جەنگاوەرانی موسوڵمان زۆر زیاتر بوو لە ژمارەیان لە “ڕۆژی خەندەق”دا. وە ئەگەر موسوڵمانان کەمێك ناڕەحەتییان بینیبێت لە ڕۆژی ئازادكردنی مەککە، ئەوا ژمارەی موسوڵمانان لە ڕۆژی “تەبووك”دا زۆر زیاتر بوو. لە هەموو جەنگێكدا ژمارەی موسوڵمانان زیاتر دەبوو بۆ ئەوەی قوربانی گەورەتر پێشكەش بكەن بە بەراورد بەوانەی پێش خۆیان، وە ئوممەتێك لە قوربانیداندا بگاتە ئاستێكی وەها بەرز هیچ هێزێك ناتوانێت لەناوی بەرێت. ئەم جۆرە ئوممەتە ئەوەیە كە خوای گەورە دایدەمەزرێنێت و دروستی دەكات.
مانای مەجازی سێیەمی ئایەتەكە ئەوەیە كە ئەو كەسانە هیچ جۆرە خەفەت و ئازارێكیان نیە. كەواتە كەسێك سەرەنجامەكەی ئەوە بێت كە لەپێناوی خوادا بكوژرێت، ئیتر چۆن دەكرێت لە دواڕۆژدا خەفەت و ئازاری هەبێت؟ مادام ئەو كەسانە لە جیهانەكەی تردا دڵخۆشن دیارە ژیانێكی باشتریان دەستكەوتووە لەوەی كە بەجێیان هێڵاوە، بۆیە ناكرێت پێیان بگوترێت مردوو؛ چونكە مردن مانای دۆخی خەفەت و ئازار دەگەیەنێت. لە قورئانەوە چەسپاوە كە باوەڕدار و بێ باوەڕ وەكو یەك دوای مردن زیندوو دەكرێنەوە و ژیانیان دەبێت، كەواتە مەبەست لە فەرمایشتەكەی خوای گەورە ئەوەیە: پێیان مەڵێن مردوو چونكە مردن هەڵگری مانای ژان و ئازارە، بەڵام ئەو كەسانە ئاسوودەن و هیچ ئازارێكیان نیە و لەلایەن خواوە نیعمەتیان بەسەردا دەبارێت، ئیتر چۆن دەكرێت پێیان بگوترێت مردوو؟
مانای چوارەم ئەوەیە شەهید دەستبەجێ دوای مردن ژیانی كامڵ بەدەست دەهێنێت، لەكاتێكدا ئەوانی تر ماوەیەك بەسەر دەبەن لەنێوان مردن و ژیانی كامڵدا. لە فەرموودەدا هاتووە شەهید دوای سێ ڕۆژ زیندوو دەبێتەوە، وە ئەو دۆخە كامڵە بەدەست دەهێنێت كە ئەوانی تر پاشماوەیەكی درێژ بەدەستی دەهێنن. دەفەرموێت: ئەو شەهیدانە پاش كوژرانیان دەگوازرێنەوە بۆ ژیانێكی ڕۆحی كامڵ و بێ كەموكوڕی، ئەگەرچی هەموو مرۆڤەكان بەشدارن لە بەدەستھێنانی ئەو ژیانەدا، بگرە “ئەبو جەهل”یش دوای مردن ژیان بەدەستدەهێنێت؛ چونكە چۆن دەخرێتە دۆزەخەوە ئەگەر ژیان بەدەست نەهێنێت؟ كەواتە باوەڕدار و بێباوەڕ هەردووكیان دوای مردن ژیان بەدەست دەهێنن بەڵام شەهید -ئەوەی كە لەپێناوی خوای گەورەدا گیانی خۆی بەخت دەكات- ڕاستەوخۆ دوای مردنەكەی ژیانێكی ڕۆحی كامڵی پێ دەبەخشرێت.
هەروەها ئەم ئایەتە شەهید بە زیندوو دادەنێت چونكە باوەڕداری ڕاستگۆ ناترسێ لە مردن لەپێناوی خوای گەورەدا مەگەر ترسی بێبەشبوون لەوەی كە بەردەوام نابێت لە ئەنجامدانی كردەوەی چاك؛ وەك خواپەرستی و بانگەواز بۆ ڕێگەی خوا و خزمەتكردنی دروستكراوانی خوا. بۆ نموونە ئەگەر كەسێك لە چل ساڵیدا مرد، ئەگەر لە شەست ساڵیدا بمردایە ئەوا ڕێژەیەكی زۆر كاری خێر و چاكەی ئەنجام دەدا. دەكرێت تەنھا ئەم بیرۆكەیە ڕێگری لە مرۆڤی باوەڕدار بكات كە خۆی ئامادە بكات بۆ مردن، ئەگینا ئەگەر لەڕاستیدا باوەڕدار فەزڵی ژیانی دواڕۆژ بدات بەسەر ژیانی دنیادا ئەوا ناكرێت هیچ بیرۆكەیەكی دنیایی ڕێگری ئەوەی لێ بكات كە خۆی بۆ مردن ئامادە بكات. هەڵبەت خوای گەورە چەسپاندوویەتی كە ئەم بیرۆكەیە بیرۆكەیەكی مەعقوولە و وەڵامی داوەتەوە و دەفەرموێت: (بەو كەسانەی كە لەپێناوی خوادا كوژراون مەڵێن مردوو بەڵكو زیندوون)، واتە كردەوەكانی شەهید ناپچڕێن، بەڵكو شەهید كەسێكی زیندووە و كردەوە چاكەكانی بەردەوامە، بگرە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر دەبن. ئاشكرایە ئەو لەپێناوی خوادا گیانی خۆی بەخت كرد بۆیە خوای گەورە نەیویستووە كردەوەكانی بپچڕێت. هەر نوێژێك كە ئێوە دەیكەن و پاداشت دەدرێنەوە لەسەری شەهیدیش پاداشت وەردەگرێت لەسەری، هەر ڕۆژوویەكی ڕەمەزان كە ئێوە دەیگرن و پاداشت دەدرێنەوە لەسەری شەهیدیش پاداشتی ئەو ڕۆژووە بەدەست دەھێنێت، وە هەر حەجێك بە ماندووبوون ئەنجامی بدەن و پاداشت وەربگرن لەسەری شەهیدیش پاداشتەكەی وەردەگرێت. ئەو شەهیدانە هەمان ئەو بەرەكەتانه بەدەستدەهێنن كە ئێوە بەدەستیان دەهێنن، وەك چۆن ئێوە لە خوا نزیك دەبنەوە ئەوانیش زیاتر لە خوا نزیك دەبنەوە.
خوای گەورە لەم ئایەتەدا بە شێوازێكی قەشەنگ و جوان فەلسەفەی ژیان و مردنی خستووەتەڕوو. وە باسی ئەوەی كردووە كە هەركەسێك پلەی شەهیدی بەدەست بھێنێت ئەوا ژیانی هەتاهەتایی بەدەست دەهێنێت. سەربازەكانی یەزید چەندە دڵخۆش بوون كاتێك ئیمامی حوسێنیان (خوا لێی ڕازی بێت) كوشت، وە چەندە شانازیان كرد بەوەی كە دوژمنەكەیان لەناوبرد، بەڵام ئایا بەم ڕووداوە كێشەكە كۆتایی هات؟ خەڵكی دنیا وای دەبینێت كە ئیمامی حوسێن هەتا ئەمڕۆ زیندووە، بەڵام بەلایانەوە یەزید لەو كاتەدا و لە ئەمڕۆیشدا مردووە. بەهەمان شێوە ئەوەی گیانی خۆی بەخت بكات لەپێناوی خوادا خوێنی بەفیڕۆناچێت، بەڵكو خوای گەورە لەجیاتی ئەو كەسانێك دەهێنێت و دەیانخاتەناو كۆمەڵەكەیەوە، بۆیە خوای گەورە دەفەرموێت: بەو كەسانە مەڵێن “مردوو” كە لەپێناوی مندا دەكوژرێن، بەڵكو ئەو كەسانە “زیندوون”. چۆن بە شەهید دەگوترێت “مردوو”؟ ئەو كەسانەی كە لە خوا نزیكن و ئەوانەی لەپێناویدا شەهید بوون هەرگیز نامرن. هەڵبەت جوولەكە مەسیحیان هەڵواسی لەسەر خاچ، پاشان بە زیندوویی لەسەر خاچەكە هێنرایە خوارەوە، ئەگەرچی پێیان وابوو لە سەرخاچەكە مردووە -وەك قورئان باسیان دەكات- (النساء: 158)، ئایا سەرئەنجامی ئەو كەسانە بەكوێ گەيشت كە هەوڵیاندا لەسەر خاچەكە بیكوژن؟ سەرەڕای تێپەڕینی نۆزدە سەدە بەسەر ئەو هەوڵە شكستخواردووەدا، بەردەوام جوولەكە لەسەر جۆرێك لە خاچ هەڵواسراون، لەكاتێكدا خەڵكی پاش پەنجا شەست ساڵێك دوژمنەكانیان لەبیردەچێتەوە، بگرە دەیەها كەس هەن ناوی باپیرەیان نازانن، ڕەنگە لە ملیۆنێك كەس تەنھا یەك كەس ناوی باوباپیری بزانێت لە سەدەی پێشوودا، بەڵام سەرەڕای تێپەڕینی نۆزدە سەدە بەسەر هەوڵی كوشتنی عیسای كوڕی مەریەمدا كەچی بەردەوام هەتا ئەمڕۆ جوولەكە هەڵدەواسرێن و لە قەنارە دەدرێن.
هەروەها سەرگەورەكانی مەككە هەوڵیاندا موحەممەد (ﷺ) بكوژن، بەڵام ئایا كەسێك دەبینن كە باسیان بكات و خۆی بداتەپاڵیان؟ لە شەڕی ئوحوددا ئەبو سوفیان بەدەنگی بەرز بانگی كرد: ئایا مەحەممەد لەناوتاندایە؟ كاتێك كەس وەڵامی نەدایەوە هاواری كردەوە: ئێمە موحەممەدمان كوشت. پاشان بانگی كرد: ئایا ئەبو بەكرتان لەناودایە؟ كاتێك وەڵامێكی پێ نەگەیشت وتی: دیارە ئەبو بەكریشمان كوشتووە. پاشان پرسیاری كرد ئایا عومەرتان لەناودایە؟ (البخاري، كتاب المغازي). ئەمڕۆ برۆن بۆ هەموو لایەكی جیهان و بپرسن: ئایا ئەبو جەهل لەناوتاندایە؟ هەرگیز دەنگێك نابیستن بڵێت: بەڵێ، ئەبو جەهل لەناوماندایە. بەڵام ئەگەر هاوارتان كرد: ئایا موحەممەد لەناوتاندایە؟ سەدان ملیۆن دەنگ دەبیستن كە هاوار دەكەن و دەڵێن: بەڵێ، موحەممەد لەناوماندایە، چونكە شانازی دەكەین و گەورەییە بۆ ئێمە كە خۆمان بدەینەپاڵی و نوێنەرایەتی بكەین. بەردەوام وەچەكانی ئەبو جەهل بوونیان هەیە لە جیهاندا، بەڵام هیچ یەكێكیان ناوێرێت خۆی بداتەپاڵی. وەچەی عوتبە و شەیبە لەمڕۆدا لە جیهاندا بوونیان هەیە، بەڵام ئایا كەسێك هەیە بڵێت من لە نەوەی ئەوانم؟ بێگومان ئەوانەی لەپێناوی خوادا دەكوژرێن هەرگیز نامرن، بەڵكو هەتا ڕۆژی قیامەت بەزیندوویی دەمێننەوە، وە نەوەكانیان بە ناوەكانی خۆیانەوە لە خوا دەپاڕێنەوە بۆیان، وە باسی كردەوە چاكەكانیان دەكەن، وە هەوڵ دەدەن شوێن پێیەكانیان هەڵگرن.
ئەم ئایەتە ڕاستی ئەو هەڵوێستەی من ڕوون دەكاتەوە كە تێیدا جیاوازم لە موفەسیرەكانی تر سەبارەت بە گۆڕینی قیبلە، وە ڕاستی بۆچوونەكەی من دەخاتەڕوو كە ئایەتی (وَمِنْ حَيْثُ خَرَجْتَ…) واتە: پێویستە لەسەرت هەمیشە بۆ ئامانجی ئازادكردنی مەككە بڕوانیت، نەك ئەوەی لە نوێژدا ڕوو بكەیتە قیبلە. ئەگینا ئەم ئایەتە پەیوەندی نابێت بە سەرجەم ئایەتەكانی ترەوە، وە هیچ پەیوەندیەك نیە لەنێوان باسی شەهیدەكان و باسی قیبلەدا. باسی شەهیدەكان لەگەڵ جەنگ و كوشتاردا دەكرێت، بەڵام گرێدانی باسی شەهیدەكان لەگەڵ پرسی گۆڕینی قیبلە گونجاو و دروست نیە. لێرەدا خوای گەورە دەفەرموێت: ئەگەر ناچاربوون جەنگ بكەن لەپێناوی ئازادكردنی مەككەدا ئەوا مەترسن، چونكە ژیان و مانەوەتان لەمەدایە. وە ئەو كەسانەی لەپێناوی خوادا دەكوژرێن پێیان مەڵێن مردوو، بەڵكو زیندوون. ئەو كەسانەی -بەهۆی نەزانین و نەفامیانەوە- پێیان دەڵێن مردوو هەست بە گرنگی ئەم بابەتە ناكەن.
هەروەها ئەمە وەڵامێكی تێدایە بۆ ئەو كەسەی كە دەڵێت: چ پێویست بە جەنگ و بە كوشتدانی مرۆڤەكان دەكات؟ خوای گەورە دەفەرموێت: بێگومان ئێوە ئەو بیناییەتان بەدەست نەھێناوە كە ئەو باوەڕدارانەی لەڕێگای خوادا شەهیدبوون بەدەستیان هێناوە، دیارە ئێوە نازانن كە مردنی ئەوان بناغەیەكە بۆ سەركەوتنی ئیسلام، بەڵام ئەوان خۆیان بە باشی دەزانن كە لە مردنی ئەواندا قازانجێكی مەزن هەیە بۆ ئیسلام. لە فەرموودەدا هاتووە: لە جابرەوە دەڵێت پێغەمبەری خوا (ﷺ) پێم گەیشت و فەرمووی پێم: چیە ئەتبینم تێكشكاویت، منیش گوتم: ئەی پێغەمبەری خوا، باوكم شەهید بووە و لەدوای خۆی خاوخێزان و قەرزێكی زۆری بەجێهێشتووە. فەرمووی: ئایا مژدەت پێ نەدەم باوكت چۆن گەیشتەوە بە خوا، دەڵێت منیش گوتم: بەرەوەڵا ئەی پێغەمبەری خوا، فەرمووی: خوا لەگەڵ هیچ كەسێكدا قسەی نەكردووە مەگەر لە پشتی پەردەوە، وە باوكتی زیندووكردەوە و ڕووبەڕوو قسەی لەگەڵدا كرد، وە فەرمووی ئەی بەندەكەم، چیت ئەوێت با پێت ببەخشم، ئەویش گوتی: ئەی پەروەردگار زیندووم بكەرەوە بۆ ئەوەی دووبارە لەپێناوی تۆدا بكوژرێم. خوای گەورە و بە دەسەڵاتیش فەرمووی پێشتر بڕیارم داوە كە مردووەكان ناگەڕێنەوە بۆ دنیا (الترمذي، أبواب التفسیر). ئەمەش دووپاتی دەكاتەوە كە ئەوانەی باوەڕێكی ڕاست و دروستیان هەیە دەزانن كە لە مردنی ئەواندا ژیانی ئوممەت هەیە، وە لە دواڕۆژدا پاداشتێكی گەورە چاوەڕوانیانە، بۆیە لە مردن ناترسن. ئەو كەسانە هەر بە زیندوویی دەمێننەوە سەرەڕای بەختكردنی گیانی خۆیان، بەڵام ئەوانەی گیانی خۆیان نابەخشن بەردەوام بە مردوویی دەمێننەوە سەرەڕای ئەوەی لە ژیاندان.
گەورەمان مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) پێشبینی مردنی قەشە عەبدوڵڵا ئاتهەمـی كرد لە ماوەیەكی دیاریكراودا، وە كاتێك ماوەكە كۆتایی هات و ئاتهەم نەمرد، ئەوانەی كە نووساون بە ڕواڵەتەوە كەوتنە هاواركردن: “ئەوەتا پێشبینیەكەی میرزا نەهاتەدی و درۆكەی دەركەوت.” وە هەندێ كەس لە مەجلیسی فەرمانڕەوای ویلایەتی بەهاولپوور لە هیندستان گاڵتەیان كرد بەم پێشبینیە و گوتیان ئەم هەواڵە درۆی میرزای سەلماند. ئەوەتا ئاتهەم هەتا ئەمڕۆ زیندووە. وە دۆستی خوا خواجە غوڵام فەرید لە شاری چاچران لە مەجلیسەكەدا دەبێت، وە فەرمانڕەواكە یەكێك دەبێت لە موریدەكانی. وە لەكاتی گفتوگۆكەدا فەرمانڕەواكە دەڵێت: بەڵێ، پێشبینیەكەی میرزا نەهاتەدی. خواجە غوڵام فەریدیش بەوپەڕی شكۆوە تووڕە دەبێت و دەڵێت: كێ دەڵێت ئاتهەم زیندووە؟ بێگومان من لاشە بێگیانەكەی دەبینم*. ئینجا فەرمانڕەواكە بێدەنگ دەبێت. (إشارات الفریدي، ج3 ص15) [پەراوێز: قەشە ئاتهەمـ پێشتر وتاربێژ بوو لە مزگەوتی ئاغرا، پاشان بوو بە مەسیحی و كردیان بە قەشە. بەوپەڕی بێشەرمیەوە زماندرێژی دەكرد بەرامبەر پێغەمبەر (ﷺ) تەنانەت پێی دەگوت درۆزن (پەنا بە خوا)، ئەوە بوو گەورەمان مەهدی بەگوێرەی ئیلهامێك كە لەلایەن خواوە پێی گەیشتبوو ئاگاداری كردەوە و ترساندی كە خوای گەورە لە ماوەیەك كە بۆی دیاریكرد بوو لەناوی دەبات. ئەم ترساندنە تۆقاندی و وازی هێنا لە زماندرێژیەكەی، بەمەش ڕزگاری بوو لە سزاكە، ئینجا نەیارەكان هەرایەكیان بەرپا كرد و گوتیان پێشبینیەكە نەهاتەدی، ئیمامی مەهدیش (علیه السلام) فەرمووی ئەو پیاوە دەستی هەڵگرت لەو كارە كە پێشتر لەسەری بوو، بۆیە لە سزای خوا ڕزگاری بوو، وە پرسیاری لێ بكەن پێتان دەڵێت. بەڵام ئاتهەم بێدەنگ بوو، بۆیە ئیمامی مەهدی (علیه السلام) فەرمووی دیارە بێدەنگیەكەی بریتیە لە شاردنەوەی ڕاستی بۆیە بەدڵنیاییەوە خوای گەورە لەناویدەبات، ئەوە بوو لەو ماوەیەدا كە دانرابوو خوای گەورە لەناویبرد. بۆ زیاتر شارەزابوون بگەڕێوە بۆ (نبؤات لسیدنا المهدي، دراسة تحلیلیة، نعیم عثمان میمن)]
هەندێ كەس وەك زیندوو دەردەكەون بەڵام مردوون. وە هەندێكی تر لەڕواڵەتدا وەك مردوو دەردەكەون بەڵام لەڕاستیدا زیندوون. بۆیە ئەو كەسانەی گیانی خۆیان بەخت دەكەن لەپێناوی خوادا زیندوون لە دیدی ئەو كەسانەی كە خاوەنی بینایی ڕۆحانین. دەگێڕنەوە یەكێك لە دۆستانی خوا لە گۆڕستاندا نیشتەجێ دەبوو، پرسیاری لێ كرا: بۆچی وازت هێناوە لە زیندووەكان و لەناو مردووەكاندا نیشتەجێیت لە گۆڕستاندا؟ ئەویش دەڵێت: من لەشارەكەدا مردوو دەبینم، وە دەبینم ئەوانەی ئێرەیش زیندوون. (تذكرة الأولیاء للشیخ فرید الدین العطار، ذكر إبراهیم أدھم). بۆیە ناسینی مردووی ڕۆحانی و زیندووی ڕۆحانی كارێكی ئاسان نیە، بەڵام خوای گەورە نیشانەیەكی ڕواڵەتی باسكردووە كە تاڕادەیەكی زۆر ئەو ناسینەی ئاسان كردووە.
فەرمایشتی خوای گەورە (ولكن لا تشعرون). الشعور ئەو زانینەیە كە لەناخی مرۆڤەوە هەڵدەقوڵێت. بۆ نموونە ئەكەر كەسێك لە كەسێكی ترەوە شتێك ببیستێت و لێیەوە بگاتە ئەنجامێك ئەوا ئەم ئەنجامگریە پێی ناوترێت هەستكردن، وە ناڵێت هەستم كرد، بەڵكو دەڵێت: زانیم. بەڵام ئەگەر لەڕێگەی بیركردنەوەی ناوناخی خۆیەوە گەیشت بەو ئەنجامە بەبێ ئەوەی كەسێك هەواڵێكی پێ بدات؛ ئەوا لەو كاتەدا دەڵێت هەستم كرد. وە كاتێك مناڵ دەگاتە تەمەنی پێگەیشتن دەڵێن: گەیشتە تەمەنی (هەستكردن) لەگەڵ ئەوەی پێشتریش هەندێ زانیاری بەدەست هێناوە. هەروەھا بە موو دەوترێت (الشَّعر) چونكە لەناوەوە دەردێت، وە بەو جلەی كە چەسپاوە بە لەشەوە دەوترێت (شعار) چونكە جلی ژێرەوەیە، وە بەهۆنراوە دەوترێت (الشِّعر) چونكە بابەتەكەی گوزارشت كردنە لە هەستە ناوەكیەكانی مرۆڤ، وە بە خوێندنەوەی مرۆڤ هەست بەوە دەكات كە ئەمە لە زيهنی ئەویشدا هەیە. وە غالبی شاعیر ئاماژەی بەم خاڵە داوە و دەڵێت: [دێڕە شیعرەكە بە ئوردوویی نووسراوە و ئەمە كوردیەكەیەتی]
“بڕوانە بۆ چێژی وتارەكەی … دیارە پێم وابوو ئەمە لەدڵی منیشدا هەیە.” واتە هەست دەكات وەك ئەوەی ئەو شتەی ئەو دەیڵێت لە دڵی ئەمیشدایە.
خوای گەورە لەم ئایەتەدا دەفەرموێت ئەوەی كە شەهیدەكان ژیانێكی بڵند بەدەست دەهێنن، یان ئەگەر یەكێكیان مرد پەنجا یان سەد كەس جێگای دەگرێتەوە، یان هیچ خەم و ترسێكیان نیە، یان خوێنیان بەفیڕۆناچێت، هەموو ئەم خاڵانە پەیوەستن بە هەستی مرۆڤەوە. بۆیە ئەگەر مرۆڤ ڕاهاتبێت لەسەر سەرنجدان و ڕامان بە سروشتێكی ساغەوە ئەوا پەی بەوە دەبات كە لەم دنیایەدا بەبێ قوربانیدان بە شتێك هیچ شتێك بەدەست نایەت. ئەگەر دایك ئامادە نەبێت بۆ قوربانیدان بە خۆی؛ ئەوا مناڵ بەدەستناهێنێت، ئەگەر تۆوی گەنم خۆی نەكات بە قوربانی و لەژێر خاكدا ئەسپەردە نەبێت هەرگیز زیاد ناكات بۆ حەوت سەد دەنكە گەنم. بەهەمان شێوە ئوممەتێك زیندوو نابێتەوە ئەگەر ڕۆڵەكانی گیانی خۆیان هەرزان نەبێت بەلایانەوە، وە ئامادە نەبن بۆ بەخت كردنی لە هەر كاتێكدا، وە هیچ نەتەوەیەك مانەوەی بۆ نانووسرێت ئەگەر ڕۆڵەكانی ڕێزی شەهیدەكانی نەگرن و بە گەورە سەیریان نەكەن. ئەم دەنگی فیترەتە بە گوێچكەی هەست دەبیسترێت، بەڵام ئەوانەی هەستیان نیە ڕەخنە لە هەموو شتێك دەگرن، وە هەر كاتێك داوای قوربانیدانیان لێ بكرێت بە ماڵ یان بە گیان پێیان دەلەرزێت، وە ئەو كەسانە بە نەفام دەزانن كە دەچنە پێشەوە و خۆیان دەخەنەناو ئاگری قوربانیدانەوە. خوای گەورە ئامۆژگاری ئەو كەسانە دەكات و دەفەرموێت: هەستی خۆتان بخەنەگەڕ، وە پیرۆزی شەهیدەكان مەشكێنن بەوەی پیتان وابێت ئەوان مردوون. بێگومان ئەوان نەمردوون، بەڵكو لەڕاستیدا زیندوون، چونكە مێژوو ناویان بە زیندوویی دەهێڵێتەوە. وە نەوەكانی داهاتوو شوێن پێیان هەڵدەگرن و شاكارەكانیان باس دەكەن، وە هەمیشە دوعایان بۆ دەكەن كە خوا لێیان خۆش بێت و پلەیان بەرزبكاتەوە. ئێوە وا دەزانن زیندوو ئەوەیە كە لەشی گیانی تێدا بێت، بەڵام زیندووی ڕاستەقینە ئەو كەسەیە كە بە مردنی خۆی نەتەوەكەی زیندووبكاتەوە. وە ئەگەر ئێوە شەهیدەكان بە مردوو ئەژمار دەكەن؛ ئەوا بزانن هەستتان نەخۆشە، بۆیە گرنگی بدەن بە چارەسەركردنی، وە هەوڵ بدەن لە فەلسەفەی مردن و ژیان تێبگەن.
*****
وەرگیراوە لە (تەفسیری گەورە)ی موسڵیحی بەڵێندراو (خوا لێی ڕازی بێت)، بەرگی دووەم