بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,
بابەتی زیاتر

مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) دەفەرموێت:

یەكتاپەرستی تەنها ئەوە نیە كە بە زمانت بڵێیت “لا إله إلا الله” لەكاتێكدا سەدان بت لە دڵتدا بشاریتەوە، بەڵكو هەر كەسێك پلانەكانی خۆی یان نەخشەكانی یان ڕێگاچارەكانی بە گەورە دابنێت بەو ئەندازەیەی كە دەبێت لەڕێگەی بەندایەتیەوە خوا بە گەورە دابنێت؛ یان پشت ببەستێت بە كەسێكی تر بەو ئەندازەیەی كە پێویستە تەنها پشت بە خوا ببەستێت؛ یان نەفسی خۆی بە مەزن دابنێت بەو ئەندازەیەی كە پێویستە تەنها خوا بپەرستێت؛ ئەوا ئەو كەسە لای خوای گەورە بتپەرستە؛ چونكە بتەكان تەنها ئەوانە نین كە لە زێڕ یان زیو یان مس یان بەرد دروست دەكرێن و بە شێوەیەكی ڕواڵەتی دەپەرسترێن، بەڵكو هەر شتێك، وە هەر وتەیەك، وە هەر كارێك گرنگیەكی وەها پێبدرێت كە تەنها شایستەی خوای گەورە بێت، ئەوا لای خوای گەورە ئەو شتە بتە… لەبیرتان بێت ئەو تاك و تەنهاییەی خوا كە خوا دەیەوێت ئێمە باوەڕمان پێی هەبێت، وە ڕزگاری و سەرفرازی لەسەر وەستاوە ئەوەیە كە باوەڕمان وا بێت خوا لە زاتیدا پاكە لە هەموو هاوبەشێك، چ بت بێت یان مرۆڤ یان خۆر یان مانگ، یان خودی مرۆڤەكە خۆی، یان فێڵ و شارەزاییەكەی؛ هەروەها پێویستە مرۆڤ هیچ كەسێك هاوشێوەی خوا بە خاوەن توانا نەزانێت، وە هیچ كەسێك بە ڕۆزیدەر نەزانێت جگە لە خوا، وە جگە لە خوا هیچ كەسێك بە خاوەن توانا نەزانێت كە سەربەرز یان زەلیلی بكات، وە هیچ كەسێك بە پشتیوان یان یارمەتیدەر نەزانێت؛ هەروەك پێویستە لەسەری خۆشەویستی و پەرستن و ملكەچبوون و ئومێد و ترسی تەنھا بۆ خوا بێت.

وە بەبێ ئەم سێ تایبەتمەندیەی خوارەوە ئەستەمە یەكتاپەرستی خوا كامڵ بێت:

یەكەم: یەكتایی زاتی كردگار، مەبەستم ئەوەیە هەموو ئەو شتانەی كە بوونیان هەیە وەك نەبوو سەیر بكەین بە بەراورد بە خوای گەورە، وە بە مردوو و باتڵیان بزانین.

دووەم: یەكتایی سیفەتەكانی خوای كردگار، مەبەستم ئەوەیە دان بنرێت بە پەروەردگارێتی و پەرستراوێتی خوادا بەتەنھا و هیچ شتێكی تر بە پەروەردگار و پەرستراو نەزانرێت، وە كەسانی تر -كە وەك ڕۆزیدەر و چاكەكار دەردەكەون- هەموویان تەنها بەشێكن لەو سیستەمە خواییەی كە خوای گەورە دایناوە و بە دەستی خۆی دروستی كردووە.

سێیەم: یەكتایی خۆشەویستی و دڵسۆزی و پاكی، مەبەستم ئەوەیە كە هیچ كەسێك نەكەین بە هاوبەشی خوا لە خۆشەویستی و پەرستن و خۆتەرخانكردن بۆی”. (الرد على أربعة أسئلة لسراج الدين المسيحي، گەنجینە ڕۆحانیەكان، بەرگی ١٢، لا ٣٤٩-٣٥٠)

بێگومان ئەو (خوای گەورە) تاریكی دروست دەكات، بەڵام ڕووناكیی خۆشدەوێت. وە ڕێگە دەدات شیرك بڵاوبێتەوە، بەڵام تەنها یەكتایی خۆشدەوێت، وە ڕازی نابێت بەوەی ڕێز و شكۆی بدرێت بە كەسێكی تر. بێگومان سوننەتی خوایی بەردەوام لەو كاتەوەی مرۆڤ دروستبووە هەتا ئەو كاتەی لەناودەچێت ئەوەیە كە خوا (جل جلاله) هەمیشە پارێزگاری لە یەكتاپەرستی دەكات. هەموو ئەو پێغەمبەرانەی كە خوا ڕەوانەی كردوون تەنها بۆ جێگیركردنی بەندایەتی خوا و لەناوبردنی بەندایەتی خەڵك و دروستكراوەكانی تر ڕەوانەكراون لە دنیادا، وە تاكە ئامانجیان ئەوە بووە كە ناوەڕۆكی “لا إله إلا الله” لە زەویدا بدرەوشێتەوە هەروەك چۆن لە ئاسماندا دەدرەوشێتەوە. وە گەورەترینیان لە ڕووی پلەوپایەوە ئەو كەسەیانە كە زۆرترین درەوشانەوەی دا بەم مانایە و لاوازیی خواوەندە پووچەكانی ئاشكرا كرد، وە بە زانست و هێز دەریخست ئەم خواوەندانە پووچ و بێمانان؛ وە دوای ئەوەی هەموو ئەم شتانەی سەلماند، بۆ ئەو سەركەوتنە ڕوونە یادگاریەكی نەمر و هەتاهەتایی جێهێشت كە بریتیە لە: “لا إله إلا الله محمد رسول الله”ـ. وە بەبێ بەڵگە بانگەشەی “لا إله إلا الله”ی نەكرد، بەڵكو سەرەتا بە بەڵگەی بەهێز ئەم ڕاستیەی پشتڕاست كردەوە، وە بە بەڵگەی یەكلاكەرەوە هەڵەی شیركی ئاشكرا كرد؛ پاشان سەرنجی خەڵكی ڕاكێشا بۆ ئەوەی كە هیچ پەرستراوێك نیە جگە لەو خوایە كە بە تەواوەتی هێز و توانای ئێوەی تێكشكاند، وە بە تەواوەتی لووتی شكاندن. بۆیە وەك یادگاریەك بۆ ئەم ڕاستیە چەسپاوە ئەم دەستەواژە پیرۆزە نەمرەی فێركردین: “لا إله إلا الله محمد رسول الله”. (المسيح الناصري في الهند، لا ٧٠-٧١)

بێگومان من هەمیشە بە چاوی سەرسوڕمانەوە سەیری ئەم پێغەمبەرە عەرەبیە دەكەم كە ناوی موحەممەدە –هەزاران هەزار دروود و سڵاوی لێ بێت– پلەی چەندە بەرزە! ئەستەمە پەی ببرێت بە بەرزیی پلەوپایە بەرزەكەی، وە لە توانای مرۆڤدا نیە كاریگەریە پیرۆزەكەی بنرخێنێت. جێگەی داخە دنیا وەك پێویست ڕێزی پلەوپایەكەی نەگرت. بێگومان پێغەمبەر (ﷺ) ئەو تاكە پاڵەوانەیە كە یەكتاپەرستی گەڕاندەوە بۆ دنیا دوای ئەوەی لێی ون ببوو. ئەوپەڕی خوای خۆشدەویست، وە نەفسی بە تەواوەتی توابوویەوە لەبەر بەزەیی و سۆزی بۆ دروستكراوەكانی خوا، بۆیە ئەو خوایەی كە زانایە بە دەروون و ناخی، فەزڵیدا بەسەر هەموو پێغەمبەراندا، وە بەسەر هەموو ئەوانەی پێشین و پاشیندا، وە لە ژیانیدا هەرچیەكی ویست بۆی جێبەجێكرد”. (حقيقة الوحي، گەنجینە ڕۆحانیەكان، بەرگی ٢٢، لا ١١٨-١١٩)

پێغەمبەرەكەمان كە گەورەترین نوێكار بوو لە بواری ڕاستگۆییدا، ڕاستیە ونبووەكەی گەڕاندەوە بۆ دنیا، وە هیچ كەسێك لەگەڵ پێغەمبەرەكەماندا (ﷺ) هاوبەش نیە لەم ڕێز و شكۆیەدا، چونكە ئەو كاتەی كە ئەو هات هەموو جیهان لە تاریكیدا بوو، پاشان بە دەركەوتنی (ﷺ) تاریكیەكە گۆڕا بۆ ڕووناكی، و دنیای بەجێنەهێشت هەتا هەموو ئەو گەلەی كە بۆیان نێردرابوو بەرگی شیركیان داماڵی و بەرگی یەكتاپەرستیان پۆشی؛ بگرە گەیشتنە بەرزترین پلەكانی باوەڕ، وە لەسەر دەستیاندا كارەكانی ڕاستگۆیی و وەفا و یەقین دەركەوت كە وێنەیان لە هیچ شوێنێكی جیهاندا نیە. وە هیچ پێغەمبەرێك هێندەی پێغەمبەری بەڕێزمان (ﷺ) بەم ئەندازەیە سەركەوتوو نەبوو. ئەمە گەورەترین بەڵگەیە لەسەر ڕاستی پێغەمبەرایەتی گەورەمان پێغەمبەری خوا (ﷺ)، چونكە لە سەردەمێكدا نێردرا كە نوقم بوو لە تاریكیدا، وە ئەو سەردەمە بە زمانی حاڵی خۆی داوای ناردنی چاكسازێكی گەورەی دەكرد. پاشان پێغەمبەر (ﷺ) لە دنیا كۆچی كرد دوای ئەوەی هەزاران كەس دەستیان گرت بە یەكتاپەرستی و ڕێگەی ڕاستەوە و وازیان هێنا لە شیرك و بتپەرستی. لەڕاستیدا تەنها ئەو (ﷺ) توانی ئەم چاكسازیە كامڵە ئەنجام بدات، چونكە گەلێكی دڕندەی فێری ئادابە مرۆییەكان كرد، یان بە دەربڕینێكی تر ئاژەڵەكانی كرد بە مرۆڤ، پاشان مرۆڤەكانی كرد بە مرۆڤی ڕۆشنبیر، پاشان ڕۆشنبیرەكانی كرد بە مرۆڤی ڕەببانی، وە ڕۆحانیەتی كرد بەبەریاندا و پەیوەندی بۆ دروستكردن لەگەڵ خوای حەقدا؛ بۆیە لەپێناوی خوادا وەك بزن سەربڕدران، وە وەكو مێروولە خرانە ژێر پێوە، بەڵام هەرگیز دەستبەرداری باوەڕ نەبوون، بەڵكو لەكاتی هەموو كارەساتێكدا بەرەوپێش چوون. بۆیە گومانی تێدا نیە كە پێغەمبەرمان (ﷺ) ئادەمی دووەمە لەڕووی چەسپاندنی كۆڵەكەكانی ڕۆحانیەتەوە، بگرە خۆی ئادەمی ڕاستەقینەیە چونكە بەهۆی ئەوەوە هەموو ڕەوشتە جوانە مرۆییەكان گەیشتنە چڵەپۆپەی خۆیان، وە هەموو هێزە چاكەكان دستیان كرد بە كاری خۆیان، وە هیچ لقێك لە لقەكانی فیترەتی مرۆڤ بەبێ گەڵا و بەروبووم نەمایەوە. وە پێغەمبەرایەتی لەودا كۆتایی نەهات تەنها لەبەرئەوەی لە ڕووی كاتەوە دواهەمین بوو، بەڵكو هەموو سیفەتە تەواوەكانی پێغەمبەرایەتیش لەودا گەیشتنە چڵەپۆپە و كۆتایی. وە لەبەر ئەوەی پێغەمبەر (ﷺ) تەواوترین دەركەوتەی سیفەتە خواییەكان بوو، بۆیە شەریعەتەكەی هەردوو سیفەتەكانی جوانی و شكۆداری تێدا بوو، وە لەبەر ئەم هۆكارەیش بە هەردوو ناوی موحەممەد و ئەحمەد (ﷺ) ناونرا. وە لە پێغەمبەرایەتیە گشتیەكەیدا هیچ ڕژدی و چرووكیەك نیە، بەڵكو لە ئەزەلەوە بۆ هەموو جیهانە”. (وتاری سیالكۆت، گەنجینە ڕۆحانیەكان، بەرگی ٢٠، لا ٢٠٦-٢٠٧)