پێویستی ئیمام
حەزرەتی میرزا غوڵام ئەحمەد
ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)داگرتنی کتێبەکە بە
نووسینی:
میرزا غوڵام ئەحمەد
ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام)
*****
پێڕست:
وەرگێڕانی بەرگی چاپی یەكەمی ئەم كتێبە
نامەى مەولەوی عەبدولكریم بۆ یەكێك لە برادەرەكانى
*****
بسم الله الرحمن الرحيم نحمده ونصلي على رسوله الكريم
“مونشی ئیلاهی بەخش” یەكێك بوو لە هاوڕێیان و شوێنكەوتووانی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام)، لە ئەیلوولی ساڵی 1898ز دا هات بۆ قادیان و چاویكەوت بە مەسیحی بەڵێندراو، وە مونشی هەندێ لە ئیلهامەكانی خۆی بۆ باسكرد. ئەویش خۆشحاڵ بوو بەوەی كە خوای گەورە بە ئیلهام و وەحی خۆی مونشی ئیلاهی بەخشی شكۆدار كردووە، بەڵام كاتێك مونشی باسی خەوێكی خۆی كرد بۆ مەسیحی بەڵێندراوی (علیه السلام) كە تێیدا پێی گوتبوو: “بۆچی من بەیعەتت پێ بدەم؟ بەڵكو پێویستە تۆ بەیعەتم پێ بدەیت”، مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) بە فیراسەتی خۆی هەستی بەوە كرد كە ئەم جۆرە خەونانە دەبنە هۆی پێخلیسكانی مونشی. بۆیە تەنها لە ڕۆژ و نیوێكدا ئەم نامیلكەیەی نووسی و لە تشرینی یەكەمی ساڵی 1898ز دا چاپی كرد.
هەڵبەت بەڕێزی لەم نامیلكەیەدا تیشكی خستووەتەسەر پێویستی و گرنگی ئیمام لەبەر ڕۆشنایی فەرموودە پیرۆزەكاندا، وە ڕوونیكردووەتەوە كە لەكاتی ڕەوانەكردنی ئیمامی زەماندا ڕۆحانیەت بڵاو دەبێتەوە تەنانەت زۆربەی خەڵكی وەحییان پێدەگات و كەشف [كەشف: واتە بینینی دیمەنە غەیبیەكان. وەرگێڕ] و خەونی ڕاستەقینە دەبینن، بەڵام ئەمە بێ نیازیان ناكات لە بەیعەتدان بە ئیمامی زەمان؛ چونكە ئەم نوورە تەنها بەهۆی ڕەوانەكرانی ئیمامی زەمانەوە دابەزیوەتە سەریان.
پاشان بەڕێزی باسی ئەو پێویستیانەی كردووە كە پایەی ئیمامەت دەیخوازێت وەك ڕەوشتی بەرز و هێزی پێشەوایەتی و فراوانی زانست و ورەی بەرز و هێزی بەرەو خوا چوون و زنجیرەی كەشف و وەحیەكان و جگە لەوانیش. هەروەها دە نیشانەی باسكردووە بۆ وەحی خوایی كە جیای دەكاتەوە لە وەحی شەیتانی.
وە لە كۆتاییدا ئامۆژگاریەكی دڵسۆزانەی تێدایە بۆ (مونشی ئیلاهی بەخش) كە دەفەرموێت: “پێویستە هاوڕێی ئیلهام بۆكراوی بەڕێزم فریونەخوات بە هەندێ بڕگەی ئیلهامی كە دابەزیوەتە سەری، بەڵكو بەڕاست و دروستی پێی دەڵێم كە لە كۆمەڵەكەمدا كەسانی ئیلهام بۆكراوی وەكو ئەو زۆرن، وە ئیلهامەكانی هەندێكیان ئەوەندە زۆرە كە ئەگەر كۆبكرێتەوە كتێبێك پێكدەهێنێت.”
مونشی هیچ كەڵكی لەم كتێبە وەرنەگرت، لەجیاتی ئەوەی بەم بەڵگانە گومان و وەسوەسەكانی نەمێنێت كەچی پەیوەندی كرد بە (میر عەبباس عەلی) شاهەوە، كە یەكێك بوو لە هەڵگەڕاوەكان، وە بەئاشكرا دژایەتی مەسیحی بەڵێندراوی (علیه السلام) كرد و لەناو برادەرەكانیدا بڵاوی كردەوە كە خوا لە ڕێگەی وەحیەوە پێی ڕاگەیاندووە میرزا (واتە گەورەمان ئەحمەد “علیه السلامعلیه السلام”) -پەنا بە خوا- كەسێكی درۆزن و لە ئەندازەدەرچووە، بەڵام ئەم جۆرە وەحیە بڵاوناكاتەوە نەوەكو میرزا داوایەكی یاسایی لە دژی بەرزبكاتەوە لە دادگادا. كاتێك ئەم قسەیەی مونشی گەیشت بە مەسیحی بەڵێندراو، بەڕێزی بۆی دووپاتكردەوە كە هیچ داوایەك بەرزناكاتەوە لەدژی، بەڵكو داوای لێ كرد كە ئیلهامەكانی بڵاوبكاتەوە و ڕاگەیاندنێكی لەگەڵدا هاوپێچ بكات تێیدا بڵێت دووچاری سزای خوای گەورە بێت ئەگەر ڕاستگۆ نەبێت لە ئیلهامەكانیدا.
دوابەدوای بیستنی وتەكانی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام)، “مونشی ئیلاهی بەخش” كتێبێكی چوار سەد لاپەڕەیی بڵاوكردەوە بە ناوی “عصا موسی” و لەم كتێبەدا ئیلهامەكانی خۆی بڵاوكردەوە، بەڵام بەگوێرەی داواكاریەكەی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) ڕاگەیاندنی خۆی بڵاونەكردەوە لەگەڵیدا كە سوێند خواردنی تێدابێت، وە لەناو ئیلهامەكانیدا بەڕاشكاوی ئەوەی تێدابوو كە غەزەبی خوا دادەبەزێتە سەر میرزا و گرفتار دەبێت بە نەخۆشی تاعوون.
هەروەها تێیدا نووسیبووی: “هەرگیز نامرم تا ئەو ئەركە گرنگانەی خوا پێی سپاردووم جێبەجێیان نەكەم.” كەچی ڕزگاری نەبوو لە سزای خوای گەورە و لە ڕێككەوتی 7-4-1907ی زاینیدا بەتاعوون مرد لە ژیانی مەسیحی بەڵێندراودا (علیه السلام)، وە ڕۆژنامەی (أهل الحدیث) لە ژمارەی ڕۆژی 11-4-1907ز دا بەم وشانەی خوارەوە لاواندیەوە: “بەوپەڕی داخ و پەژارەوە ڕایدەگەیەنین كە (مونشی ئیلاهی بەخش)ی لاهۆری دانەری كتێبی (عصا موسی) بە تاعوون شەهید بوو.” وە ئەمەش بەڵگەیەكی ڕۆشن بوو لەسەر ڕاستگۆیی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) ئیمامی سەردەم. سوپاس بۆ پەروەردگاری جیهانیان.
مەسیحی بەڵێندراو پاشكۆیەكی لكاندووە بەم نامیلكەیەوە كە پەیوەستە بە وردەكاری مەسەلەی باجی دارایی لە سەر دەرامەتەكانی بەڕێزی و بڕیاری دادگا لەو بارەیەوە، كە بەڵگەیەكی ترە لە سەر پشتگیری خوایی بۆ بەڕێزی و شكانەوەی فێڵ و تەڵەكەی دوژمنان بەسەر خۆیاندا.
وە پێویستە ئاماژە بەوە بكەین كە هەندێ پەراوێز لەم كتێبەدا نووسەر دایناوە، وە لە كۆتاییەكەیدا وشەی (نووسەر) نووسراوە، وە كۆمەڵێك پەراوێزی تری تێدایە كە وەرگێڕ بۆی زیاد كردووە وەك ڕوونكردنەوە و ئاسانكاری بۆ خوێنەر، ئەم پەراوێزانە بە پیتی لار نووسراون و بەمە لە پەراوێزە ئەسڵیەكان جیاكراونەتەوە، وە لە كۆتاییەكەیدا وشەی: “وەرگێڕ” نووسراوە.
هەروەها لە پەراوێزەكاندا ئاماژە كراوە بە ناوی سوورەت و ژمارەی ئەو ئایەتانەی كە نووسەر وەریگرتوون و پاشان ژمارەیان بۆ دانراوە بەو پێیەی كە (بسم الله) یەكەم ئایەتە لە هەر سوورەتێك.
برامان (بورهان ڕەسوڵ) ئەم كتێبەی لە زمانی عەرەبیەوە وەرگێڕاوە بۆ سەر زمانی كوردی، خوای گەورە بە باشترین شێوە پاداشتی بداتەوە.
داواكارین لە خوای گەورە كە ئەم پەڕاوە پیرۆزە بكاتە مایەی كەڵك و سوود بۆ بەندەكانی و تینوێتی ڕۆحیان بشكێنێت پێی، ئامین.

وەرگێڕانی بەرگی چاپی یەكەمی ئەم كتێبە
[يَاأَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اتَّقُوا اللَّهَ وَابْتَغُوا إِلَيْهِ الْوَسِيلَةَ وَجَاهِدُوا فِي سَبِيلِهِ لَعَلَّكُمْ تُفْلِحُونَ]
[وَيَقُولُ الَّذِينَ كَفَرُوا لَسْتَ مُرْسَلًا قُلْ كَفَى بِاللَّهِ شَهِيدًا بَيْنِي وَبَيْنَكُمْ وَمَنْ عِنْدَهُ عِلْمُ الْكِتَابِ]
سوپاس بۆ خوا
ئەم نامیلكەیە كە ناونراوە
پێویستی ئیمام
تەنها لە ڕۆژ و نیوێكدا ئامادە كراوە و لە چاپخانەی
ضیاء الإسلام لە قادیان چاپكراوە بەسەرپەرشتی فەزڵەددینی بهێرەوی خاوەن و بەڕێوەبەری چاپخانەكە
*****
بسم الله الرحمن الرحيم الحمد لله والسلام على عباده الذين اصطفى
لە پاشاندا: هەڵبەت لە فەرموودەی صەحیحدا(*) چەسپاوە كە ئەو كەسەی ئیمامی سەردەمی خۆی نەناسێت بە مردنێكی نەفامانە دەمرێت. وە ئەم فەرموودەیە وەك بەڵگەیەك بەسە بۆ هیدایەتی دڵی هەر پارێزكارێك هەتاكو بگەڕێت بۆ ئیمامی سەردەم؛ چونكە مردنی نەفامانە بەدبەختیەكی گشتگیرە كە هەموو جۆرە خراپە و لەناوچوونێك دەگرێتەوە، كەواتە بەگوێرەی ئەم ڕاسپاردەیەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێویستە لەسەر هەموو ئەو كەسانەی كە عەوداڵی ڕێگای ڕاستن، بگەڕێن بۆ ئیمامی ڕاستەقینە.
(*) عەبدوڵڵا قسەی بۆ كردین، باوكم قسەی بۆ كردین، ئەسوەدی كوڕی عامر قسەی بۆ كردین، ئەبو بەكر هەواڵی پێداین لە عاصمەوە، ئەویش لە باوكی ساڵحەوە ئەویش لە موعاویەوە گوتی: پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت: “هەركەسێك بەبێ ئیمام مرد ئەوە بە مردنێكی نەفامانە مردووە.” (لاپەڕە 69 بەرگی 4 ی موسنەدی ئەحمەد، هەروەها ترمزی و ئیبن خوزەیمە تەخریجیان كردووە. ئیبن حیببان لە فەرموودەی حارسی ئەشعەرییەوە هێناویەتی بە دەستەواژەی: “ئەگەر هەركەسێك مرد و بەیعەتی نەدابوو بە ئیمامی كۆمەڵی باوەڕداران ئەوا مردنەكەی مردنێكی نەفامانەیە.” وە حاكم ڕیوایەتی كردووە لە فەرموودەی ئیبن عەمر لە فەرموودەی موعاوییەوە، وە بەززار ڕیوایەتی كردووە لە حەدیسی ئیبن عەبباسەوە).
هەر كەسێك تەنها لەبەر ئەوەی خەونی ڕاستی بینی یان دەرگای وەحی بۆ كرایەوە ئیتر ڕەوا نیە نازناوی ئیمامی سەردەم بۆ خۆی هەڵبژێرێت، بەڵكو حەقیقەتی ئیمام بابەتێكی تری گشتگیر و دۆخێكی كامڵترە، كە بەهۆیەوە ئەو كەسە لە ئاسماندا بە ئیمام ناودەبرێت.
وە ئاشكرایە كە تەنها پارێزكاری و پاكێتی بەس نین بۆ ئەوەی مرۆڤ ببێت بە ئیمام؛ چونكە خوا دەفەرموێت: [وَاجْعَلْنَا لِلْمُتَّقِينَ إِمَامًا] (الفرقان: 75) بۆیە ئەگەر هەموو پارێزكارێك ئیمام بوایە ئەوا هەموو ئیماندارە پارێزكارەكان دەبوون بە ئیمام، ئەمەش پێچەوانەی چەمكی ئەم ئایەتەیە.
هەروەها ناكرێت هەر كەسێك كە ئیلهامی بۆ كرا یان خاوەنی خەونی ڕاست بوو ئیتر ببێت بە ئیمامی سەردەم، ئەمەش بە گوێرەی دەقی قورئانی پیرۆز كە مژدە دەدات بە هەموو موسوڵمانان هەروەك خوای گەورە دەفەرموێت: [لَهُمُ الْبُشْرَى فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا] (يونس: 65) واتە: “باوەڕداران زۆربەی كاتەكان نیعمەتی خەونی ڕاستیان پێ دەدرێت لە ژیانی دنیادا و ئیلهامی ڕاستیشیان پێ دەگات.”
هەروەها لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە: [إِنَّ الَّذِينَ قَالُوا رَبُّنَا اللَّهُ ثُمَّ اسْتَقَامُوا تَتَنَزَّلُ عَلَيْهِمُ الْمَلَائِكَةُ أَلَّا تَخَافُوا وَلَا تَحْزَنُوا…] (فصلت: 31) واتە: “ئەو كەسانەی باوەڕیان هەیە بە خوای گەورە و خۆڕاگری و بەردەوامی پیشان دەدەن، فریشتەكان دادەبەزنە سەریان بە كۆمەڵە ئیلهامێك كە مژدەیان تێدایە و دڵنیادەكرێنەوە..”، هەروەك دایكی مووسا (علیه السلام) دڵنیاكرایەوە لە ڕێگەی وەحیەوە. وە قورئان ڕوونی دەكاتەوە كە ئەم جۆرە ئیلهام و خەونانە نیعمەتێكی ڕۆحانین بۆ سەرجەم پیاوان و ژنانی موسوڵمان، بەڵام پێگەیشتنی ئەم جۆرە ئیلهامانە بێ نیازیان ناكات لە باوەڕهێنان بە ئیمامی سەردەم؛ چونكە زۆربەی ئەم ئیلهامانە پەیوەستن بە كۆمەڵێك كاروبارەوە كە تایبەتن بەو كەسەی ئیلهامەكەی پێگەیشتووە، وە هیچ زانستێكی ڕۆحییان تێدا نیە، وە هیچ تەحەددایەكی مەزنیان لەسەر بنیات نانرێت و پشتیان پێ نابەسترێت، بەڵكو زۆربەیان لە زۆر كاتدا دەبنە هۆی پێخلیسكان، وە هیچ كەسێك سەلامەت نابێت لەم جۆرە مەترسیانە ئەگەر زانستی ڕۆحی لە ڕێگەی ڕێنماییەكانی ئیمامەوە فریای نەكەوێت.
بەڵگەیەك هەیە لەم بارەیەوە؛ لە سەرەتای ئیسلامدا كاتێك یەكێك لە نووسەرانی وەحی هەندێ جار -بەهۆی نزیكی لە نووری پێغەمبەرایەتیەوە- هەندێ لەو ئایەتانەی قورئانی بە وەحی پێدەگەیشت كە ئیمام (واتە پێغەمبەر “صلى الله عليه وسلم”) داوای لێ دەكرد بیاننووسێتەوە، ئەوە بوو ڕۆژێكیان بانگەشەی ئەوەی كرد كە هیچ جیاوازیەك نیە لەنێوان ئەو و پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم)؛ چونكە ئەمیش وەكو ئەو هەمان وەحی پێ دەگات، پاشان بەهۆی ئەم گومانەوە تیاچوو.. هەروەك چۆن بەلعامی باعوور تیاچوو بەجۆرێك لە هەندێ ڕیوایەتدا هاتووە گۆڕەكەی فڕێی داوەتە دەرەوە.
هەروەها عومەریش (رضي الله عنه) وەحی پێدەگەیشت، بەڵام خۆی بە هیچ دانەدەنا، وە هەرگیز ئەوە نەدەهات بەدڵیدا كە ئەو بووە بە هاوبەش لەو ئیمامەتە ڕاست و دروستەدا كە خوای ئاسمان دایمەزراندووە لەسەر زەویدا، بەڵكو خۆی بە خزمەتكارێكی خۆبەكەمزان و خاكی دادەنا بۆ ئەم ئیمامەتە، لەبەر ئەوە خوا چاكەی لەگەڵدا كرد و كردی بە جێگری ئەم ئیمامەتە حەققە.
وە وەیسی قەرەنی یەكێكی تر بوو لەو كەسانەی كە وەحییان پێدەگەیشت، بەڵام بەڕادەیەك خۆی بەكەم دەزانی كە پێی وابوو دەركەوتنی لە بەرامبەر خۆری پێغەمبەرایەتی و ئیمامەتدا بێ ئەدەبیە بەرامبەر ئەو خۆرە. لەبەر ئەوە گەورەمان موحەممەدی هەڵبژاردە (صلى الله عليه وسلم) ڕووی دەكردە یەمەن و دەیفەرموو: “من بۆنی خۆشی خوای میهرەبان هەست پێدەكەم لەلای یەمەنەوە.” وە لەم فەرمایشتەدا مەبەستی ئەوە بوو كە نووری خوا لە وەیسی قەرەنیدا توواوەتەوە. بەڵام بەداخەوە لەم چەرخەی ئێمەدا خەڵكی پەی نابەن بە گرنگی و پێویستی ئیمامەتی ڕاستەقینە، ئەگەر خەوێكی ڕاستیان بینی یان هەندێ ڕستەیان بە وەحی پێگەیشت ئیتر پێیان وایە پێویستیان بە ئیمام نیە؛ چونكە ئێستا پلەیان لەپلەی ئەو كەمتر نیە، وە ئەم جۆرە باوەڕە بەتاوان نازانن كە لەڕاستیدا تاوانە؛ چونكە پێغەمبەرمان (صلى الله عليه وسلم) ڕوونی كردووەتەوە كە بوونی ئیمام لە هەموو سەدەیەكدا پێویستە و بە ئاشكرا فەرموویەتی: ئەو كەسەی بمرێت و ئیمامی سەردەمی خۆی نەناسێت ئەوە بە مردنێكی نەفامانە دەمرێت و بە كوێری حەشر دەكرێت. وە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەم فەرموودەیەدا هیچ كەسێكی جیانەكردووەتەوە لەوانەی كە ئیلهامیان پێ دەگات یان خاوەنی خەونی ڕاستن، ئەمەش دەری دەخات هەر كەسێك نەچێتە ناو كۆمەڵی ئیمامەوە ئاكامی باش نابێت ئەگەرچی ئەو كەسە لەلایەن خواوە ئیلهامی بۆ كرابێت یان خاوەنی خەونی ڕاست بێت؛ چونكە لەم فەرموودەیەدا ڕووی قسە كراوەتە هەموو موسوڵمانان و باوەڕداران لە هەموو سەردەمێكدا لەناویشیاندا هەزارەها كەس لەوانەی كە ئیلهامیان بۆ دەكرێت و خاوەنی خەونی ڕاستن، بەڵكو لەڕاستیدا سەدان هەزار كەس لەناو ئوممەتی موحەممەدیدا هەن كە لەلایەن خوای گەورەوە وەحییان پێ دەگات، بەڵام لە قورئانی پیرۆز و فەرموودەی پێغەمبەرەوە دەسەلمێنرێت كە هەر كەسێك لەلایەن خوای گەورەوە ئیلهامی پێ دەگات یان خەونی ڕاست دەبینێت، ئەم خەوبینین و ئیلهامەی تەنها بریتیە لە سێبەری نووری ئیمامی زەمان، كە شەوق دەداتەوە لەسەر ئەو دڵانەی كە ئامادەن بۆ وەرگرتنی.
لە ڕاستیدا هەركاتێك لە دنیادا ئیمامێك ڕەوانە دەكرێت بۆ سەردەمەكەی هەزارەها نووری ئاسمانی لەگەڵیدا دێن وەك ئەوەی ئاسمان بە سیفەتی فراوانبوون و كرانەوە خۆی بڕازێنێتەوە، پاشان ڕۆحانیەت ونوورە خواییەكان بڵاوە دەكەن و دەبنە هۆی بووژانەوەی بەهرە و توانا چاكەكان، ئیتر ئەو كەسەی شیاوی وەرگرتنی ئیلهامە ئیلهامی پێ دەگات، وە هێزی بیركردنەوە و سەرنجدان دەدرێت بەو كەسەی كە شایستەی ئەوەیە شارەزابێت لە ئایین لە میانەی بەگەڕخستنی بیر و تێفكرینەوە، وە ئەو كەسەی ئارەزووی لە بەندایەتیەكانە چێژ دەبینێت لە بەندایەتی كردن، وە ئەو كەسەی گفتوگۆ دەكات لەگەڵ شوێنكەوتوانی ئایینەكانی تردا هێزی هەڵێنجان و توانای ئەوەی پێدەدرێت كە بە بەڵگە ڕاستیەكان بسەلمێنێت، وە هەموو ئەمانە ڕوودەدات لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی ئەو تیشكە ڕۆحیەی كە لە ئاسمانەوە دادەبەزێت لەگەڵ ڕەوانەكردنی ئیمامی زەماندا، وە ئەم تیشكە دەكەوێتە سەر ئەو دڵانەی كە ئامادەن بۆ وەرگرتنی.
ئەمەیە یاسای گشتی، وە ئەمە بریتیە لە سوننەتی بەردەوامی خوا كە لە ڕێگەی قورئانی پیرۆز و فەرموودە ڕاستەكانەوە زانیومانە و ئەزموونە خۆییەكانیش شایەتی دەدەن لەسەری. بەڵام سەردەمی مەسیحی بەڵێندراو جیادەكرێتەوە بە تایبەتمەندیەكی گەورەتر، هەڵبەت لە پەڕاوەكانی پێغەمبەرانی پێشوودا و لە فەرموودەكانی پێغەمبەردا هاتووە كە لەكاتی دەركەوتنی مەسیحی بەڵێندراودا -بەهۆی پەخشبوونەوەی ڕووناكی ڕوحی- ئافرەتان ئیلهامیان پێ دەگات و منداڵان بە وتەی پێغەمبەرایەتی قسە دەكەن، وە خەڵكی ئاسایی بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە ئیلهامیان بۆ دەكرێت، وە هەموو ئەمانە سێبەر و تیشكدانەوەی ڕۆحانیەتی مەسیحی بەڵێندراوە. هەروەك چۆن دیوار ڕۆشن دەبێتەوە كە تیشكی خۆری بەردەكەوێت، وە زیاتر بریقە دەداتەوە ئەگەر خاوێن بێت و بە ڕۆنی سپی سواغ درابێت، وە ئەگەر پارچەیەك شووشەی پێوە بلكێنرێت ئەوا ڕۆشناییەكەی زیاد دەكات بە ڕادەیەك سۆمای چاوەكان دەڕفێنێت، لەگەڵ ئەمەشدا دیوارەكە ناتوانێت بانگەشەی ئەوە بكات كە نوورەكەی نوورێكی خۆیی بێت؛ چونكە بە ئاوابوونی خۆر ئەویش نامێنێت. بەهەمان شێوە هەموو نوورە ئیلهامیەكان شەوقدانەوەی نوورەكانی ئیمامی سەردەمن، وە كەسی بەختەوەر -جگە لە كەسێك كە بەتەواوەتی بەدبەختە یان لەلایەن خوای گەورە تاقی دەكرێتەوە- بەخێرایی لەم خاڵە وردە تێدەگات. بەڵام ئەگەر كەسێك -خوا نەخواستە- تێنەگەیشت لەم نهێنیە خواییە و لەكاتی بیستنی هەواڵی هاتنی ئیمامی سەردەمدا هەوڵی نەدا پەیوەندی دروست بكات لەگەڵیدا، ئەوا بەم كارەی سەرەتا بێنیازی خۆی پیشان دەدات لە ئیمام، پاشان ئەم بێنیازیە دەیبات بەرەو خۆكەڕكردن، پاشان لە گومانی خراپدا ڕۆدەچێت، ئەمەش دژایەتی كردن بەرهەم دەهێنێت لەلای ئەو كەسە و لە كۆتاییدا دەبێتە هۆی لەدەستدانی باوەڕی.
هەزارەها كەس لە ڕاهیب و ئیلهام بۆكراو و خاوەن كەشفەكان مژدەیان دا بە دەركەوتنی پێغەمبەری ئاخرزەمان پێش ڕەوانەكردنی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، بەڵام كاتێك باوەڕیان نەكرد بە ئیمامی سەردەم -واتە خاتەمی پێغەمبەران- هەورەبروسكەی قینی خوایی لەناویبردن بەمەش پەیوەندییان پچڕا لەگەڵ خوادا، پێویست ناكات هەموو ئەو ئایەتانە بهێنینەوە كە دەربارەیان هاتووە لە قورئانی پیرۆزدا، ئەوانە ئەو كەسانە بوون كە قورئانی پیرۆز دەربارەیان دەفەرموێت: [وَكَانُوا مِنْ قَبْلُ يَسْتَفْتِحُونَ] (البقرة: 90)، واتای ئایەتەكە ئەوەیە كە ئەم كەسانە لە خوا دەپاڕانەوە بۆ ئەوەی ئایین سەربخات، وە پێشتر خاوەنی كەشف و ئیلهام بوون.
بێگومان بەهۆی ئەوەی جوولەكە یاخی بوون لە عیسا (علیه السلام) لای خوای گەورە ڕێز و شكۆیان نەما، بەڵام كاتێك مەسیحیەت مرد بەهۆی ئەوەی برەوی دا بە پەرستنی دروستكراوێك، وە حەقیقەت و ڕۆشنایی خوایی نەما تێیدا، سزای تاوانی باوەڕنەهێنان بە مەسیح هەڵگیرا لەسەر جوولەكە، ئینجا بۆ جاری دووەم نووری خوایی لەناویاندا پەیدا بوویەوە، بینیی كەشف و پێگەیشتنی ئیلهام لەناو زۆربەیاندا دەستی پێ كردەوە.
وە لە ڕاهیبەكانیاندا كەسانی وا چاك و بەتەقوا هەبوون كە لەم بوارەدا پلەی بەرزیان بەدەست هێنابوو بەڕادەیەك كۆمەڵێك ئیلهامیان پێ دەگەیشت كە ناوەڕۆكەكانیان بریتی بوو لەوەی دەركەوتنی ئیمامی سەردەم و پێغەمبەری ئاخرزەمان نزیكە، ئەمەش ئەم زانا ڕەببانیانەی هاندا كە ڕوو بكەنە وڵاتانی عەرەب، وە دەیانزانی -تەنانەت مناڵەكانیشیان- كە سیستەمێكی ئایینی نوێ لە ئاسمانەوە دادەمەزرێت، هەروەك خوای گەورە دەفەرموێت: [يَعْرِفُونَهُ كَمَا يَعْرِفُونَ أَبْنَاءَهُمْ] (البقرة: 147) واتە: ئەوان بەوپەڕی وردەكاریەوە ئەم پێغەمبەرەیان دەناسی هەروەك چۆن مناڵەكانی خۆیان دەناسی، بەڵام كاتێك ئەم پێغەمبەرە بەڵێندراوە دەركەوت خۆپەسەندی و دەمارگیری زۆربەی ئەم ڕاهیبانەی لەناوبرد، وە دڵیان بەتەواوی ڕەش هەڵگەڕا، بەڵام هەندێ لە كەسە بەختەوەرەكانیان بەچاكی موسوڵمان بوون. بۆیە پێویستە باوەڕدار زۆر بترسێت لەم ئاكامە ترسناكە، واتە بترسێت لەوەی خوای گەورە سەرەنجامی وەكو سەرەنجامی (بەلعامی باعوور) لێ بكات. خوایە گیان ئەم نەتەوەیە لە ئاژاوەكان بپارێزە و لە خراپەی جولەكە بەدووریان كە. ئامین پاشان ئامین.
پێویستە لێرەدا ئەوە لەبیر نەكرێت كە هەروەك چۆن خوای گەورە خەڵكی كردووە بە كۆمەڵێك نەتەوە و تیرەوە تاوەكو سیستەمی پەیوەندیە شارستانیەكان لەنێوانیاندا دابمەزرێت بۆ ئەوەی دڵسۆزی یەكتر بن و هاوكاری یەكتر بكەن لە میانەی دروستكردنی پەیوەندی و خزمایەتی لەنێوانیاندا، بەهەمان شێوە زنجیرەی پێغەمبەرایەتی و ئیمامەتی دامەزراندووە تاوەكو پەیوەندیە ڕۆحانیەكان دروست بێت لەنێوان تاكەكانی ئوممەتی موحەممەدیدا بۆ ئەوەی ببنە هاوڕاز و شەفاعەتكاری یەكتری.
لێرەدا پرسیارێكی گرنگ سەرهەڵدەدات: ئیمامی سەردەم كێیە؟ وە نیشانەكانی ڕاستگۆیی ئەو ئیمامە كامانەن؟ وە لە چ ڕوویەكەوە فەزڵ و گەورەیی هەیە بەسەر ئەو كەسانەی تردا كە ئیلهامیان بۆ دەكرێت و خاوەن كەشف و خەونی ڕاستن؟
وەڵامەكە ئەوەیە: ئیمامی سەردەم كەسێكە خوای گەورە خۆی سەرپەرشتی پەروەردە ڕۆحانیەكەی دەكات، وە نووری ئیمامەت دروست دەكات لە فیترەتیدا كە توانای دەداتێ بۆ سەركەوتن بەسەر عەقڵگەرا و فەیلەسووفەكاندا، وە بەیارمەتی خوای گەورە زۆر بەجوانی و لێهاتوویی وەڵامی هەموو پرسیارە ورد و ئاڵۆزەكان دەداتەوە، وە ئەم وەڵامدانەوەیە بەجۆرێكە كە دووپاتی دەكاتەوە لەلایەن خوای گەورەوە فیترەتی بەتەواوی ئامادەكراوە بۆ ئەم ئەركە گرنگە، لەبەر ئەوە ڕووبەڕووی سەرشۆڕی نابێتەوە لەبەرامبەر دوژمنێك لە دوژمنەكانیدا، وە سەركردەیەك دەبێت بۆ سوپا موحەممەدیە ڕۆحانیەكان، وە خوای گەورە دەیەوێت لەسەر دەستی ئەودا سەركەوتن بۆ ئایینەكەی تۆمار بكرێت. وە ئەو كەسانەی دەچنەناو كۆمەڵەكەیەوە چەندین توانای بڵندیان پێ دەدرێت. هەروەها هەموو ئەو مەرجانەی كە پێویستن بۆ ئەنجامدانی ئەركی گرنگی چاكسازی لەودا دێنەدی، وە هەموو ئەو زانستانەی پێ دەدرێت كە پێویستن بۆ ڕوونكردنەوەی ئامۆژگاریەكانی ئیسلام و بەرپەرچدانەوەی ڕەخنەكان.
سەرباری ئەمەش، خوای گەورە دەزانێت كە هەر دەبێت ڕووبەڕووی كەسانی ڕەوشت خراپ و زمان پیسیش بێتەوە، لەبەر ئەوە هێزی ئەخلاقی پێ دەدرێت لەبەرزترین پلەدا، هەروەها هاوخەمی و دڵسۆزی ڕاستەقینە بۆ مرۆڤەكان دەخرێتە دڵیەوە. وە هێزی ئەخلاقی مانای ئەوە نیە كە نەرمونیانی پیشان بدات لە هەموو كاتێكدا بە بێ ئەوەی هاندەرێك یان پێویستیەك هەبێت؛ چونكە ئەمە دژی بنچینەكانی حیكمەتە لە ئەخلاقدا، بەڵكو مەبەست لێی ئەوەیە كە ئیمامی سەردەم وەكو ئەو كەسانە نیە كە كینەیان لە دڵدایە و زوو هەڵدەچن، وە بەهۆی قسەی دوژمنان و كەسانی ڕەوشت نزمەوە لە تووڕەییدا سوور هەڵدەگەڕێن و گڕدەگرن، پاشان لە سروشتیاندا گۆڕانێكی سەیر ڕوودەدات بەجۆرێك لەسەر ڕوخساریان شوێنەواری بێزراوی ئازاری بەژان دەردەكەوێت كە پێی دەوترێت تووڕەبوون وە زاڵبوون بەسەر خۆیاندا لەدەست دەدەن و ئینجا لەخۆوە كۆمەڵێك وشەی نابەجێ و توند و تیژ لە زاریان دەردەچێت، بەڵام ناكرێت ئەم جۆرە دۆخە گڕگرتووە تێبینی بكرێت لای ئەوانەی كە خاوەن ڕەوشتن. ڕەنگە ئەمانیش كۆمەڵێك وشەی ڕەق بەكاربهێنن بۆ چارەسەری هەلومەرجەكە و ڕەچاوكردنی بارودۆخ و بەرژەوەندی، بەڵام ئەمە گڕگرتن لە دڵیاندا دروست ناكات و سوورهەڵناگەڕێن لە تووڕەییدا، وە هات و هاوار و هەڕەشە و گوڕەشە ناكەن، بەڵكو جاروبار تووڕە دەبن بۆ دەرخستنی شكۆمەندی و سەنگینی و بۆ ئەوەی ترس بخەنە دڵی هەندێ كەسەوە، بەڵام هەموو كات دڵیان لە دۆخی هێمنی و فراوانی و ئاسوودەییدا دەبێت. هەر بۆیە ناتوانین بڵێین عیسا (علیه السلام) ڕەوشتی مەزن و جوان نەبووە لەبەرئەوەی كۆمەڵێك وشەی ڕەقی بەكارهێناوە لە وەسفی ئەوانەدا كە قسەی كردووە لەگەڵیاندا و پێی گوتوون: بەراز و سەگ و بێ باوەڕ و زیناكەر و هتد؛ چونكە ئەو (علیه السلام) زۆر بە باشی ڕەوشتی جوان و مەزنی فێری خەڵكی دەكرد و بە ئارامی و نەرمونیانیەوە ئامۆژگاری پێشكەش دەكردن. كەوابوو زۆربەی جار كە ئەم وشانە لە زاری دەردەچوون بە پاڵنەری توڕەیی و هەڵچوونی شێتانە نەبووە، بەڵكو بە دڵێكی ئارام و لە كات و شوێنی خۆیدا ئەم وشانەی بەكار هێناوە.
پوختەی قسە، ئیمامەكان بەوە دەناسرێنەوە كە خاوەنی بەرزترین پلەی ڕەوشتن، وە دەرچوونی وشەی ڕەق لەزاریانەوە لە شوێنی خۆی و لە كاتی پێویستیدا، بەبێ ئەوەی لە سروشتی توندوتیژ و هەڵچوونی شێتانەوە سەرچاوەی گرتبێت، پێچەوانەی دۆخی ڕەوشتییان نیە. وە شایەنی باسە خوای گەورە هەر كەسێك بكات بە ئیمام هێزی ئیمامەت دەخاتە فیترەتیەوە. هەروەك چۆن بەگوێرەی ئەم ئایەتە پیرۆزە [أَعْطَى كُلَّ شَيْءٍ خَلْقَهُ] (طه: 51) هێزێكی خستووەتەناو هەموو زیندەوەر و باڵندەیەكەوە كە دەزانێت پێویستیان پێیەتی، بەهەمان شێوە خوای گەورە پێش وەخت ئەو هێز و سیفەتە ڕەگداكوتاوە ڕۆحانیانە، كە گونجاون بۆ ئیمامەت، دەخاتە دەروونی ئەو كەسانەی كە دەزانێت لە داهاتوودا ئەركی گرنگی ئیمامەت دەخرێتە سەرشانیان، وە لە فیترەتی پاكیاندا تۆوی ئەو توانا و لێهاتووییانە دەچێنێت كە لە داهاتوودا پێویستیان پێیان دەبێت. پێم وایە بۆ كەڵك و سوودی مرۆڤەكان و ڕژاندنی لێشاوی ڕەحمەت و بەرەكەت بەسەریاندا، دەبێت ئیمامی سەردەم ئەم هێز و بەهرانەی خوارەوەی هەبێت:
یەكەم: هێزی ڕەوشت: چونكە ناچارە گفتوگۆ بكات لەگەڵ كەسانی گەوج و سووك و ڕسوا و پیس و چەپەڵدا، كەواتە دەبێت ڕەوشتێكی زۆر بەرز و بڵندی پێ بدرێت تاوەكو هەڵچوونی دەروونیی و تووڕەبوونی شێتانەی تێدا دروست نەبێت كە ببێتە هۆی بێبەش بوونی خەڵكی لە لێشاوی نیعمەت و بەرەكەتەكەی. وە نەنگیەكی گەورەیە كەسێك كە خوای گەورە بە یەكێك لە دۆستەكانی خۆی ناوزەدی كردبێت ڕەوشتێكی نزمی هەبێت بەجۆرێك توانای بەرگەگرتنی هەندێ وشەی ڕەق و برینداركەری نەبێت.
ئەگەر كەسێك بانگەشەی ئەوەی كرد كە ئیمامی سەردەمە و پاشان بەوە ناسرایەوە كە سروشتێكی كەموكورتی هەیە بەجۆرێك لەپێناوی بێنرخترین بابەتدا چاوی سوور بێت و هات و هاوار و هەڕەشە و گوڕەشە بكات، ئەوا ئەو كەسە ئیمامی سەردەم نیە؛ چونكە دەبێت ناوەڕۆكی ئەم ئایەتە پیادەبێت بەسەریدا كە دەفەرموێت: [وَإِنَّكَ لَعَلَى خُلُقٍ عَظِيمٍ] (القلم: 5). واتە: “وە بەڕاستی تۆ لەسەر ڕەوشت و خوویەكی ئێجگار بەرز و گەورەیت.”
دووەم: هێزی پێشەوایەتی: بەهۆی بوونی ئەم هێزە لە ئیمامدا پێی دەوترێت ئیمام، واتە ئارەزوویەكی بەتینی خۆڕسكی هەبێت بۆ كردنی كردەوە چاكەكان و گەشە بكات لە كێڵگەی زانستە خواییەكان و خۆشەویستی خوای گەورەدا، وە ڕۆحی ڕازی نەبێت بە هەر زیان و كەموكوڕیەك و ئێش و ئازاری زۆر بچێژێت لەوەی كە گەشە و پێشكەوتنە ڕۆحیەكەی بەربەست بكرێت. ئەمە ئەو هێزە خۆڕسكەیە كە ئیمامی پێ ڕازاوەتەوە، كەوابوو لەڕووی هێزی فیترییەوە ئەو ئیمامە ئەگەرچی كەسیش شوێن زانیاری و زانست و نوورە ڕۆحیەكەی نەكەوێت. بەكورتی، پێویستە هەمیشە ئەو خاڵە ورد و ناسكە لەبەرچاو بگیرێت كە ئیمامەت هێزێكە دەخرێتەناو سروشتی ئەو كەسەوە كە بەگوێرەی خواستی خوایی هەڵدەبژێردرێت بۆ ئەم ئەركە گرنگە. وە ئەگەر وشەی ئیمامەتمان وەرگێڕا ئەوا دەكرێت بڵێین: بریتیە لە هێزی سەركردایەتی كردن. هەرچۆنێك بێت، ئەمە هێزێكی دەرەكی نیە كە بگات بە مرۆڤ لە دەرەوەی مرۆڤەكەوە، بەڵكو وەك چۆن هێزێك هەیە بۆ بینین و بیستن و تێگەیشتن بەهەمان شێوە هێزێكیش بۆ پێشكەوتن و سەركەوتن لە كاروبارە ڕۆحانیەكاندا خراوەتە ناویەوە، وە ئەمەیە كە وشەی “ئیمامەت” ئاماژەی بۆ دەكات.
سێیەم: هێزی “فراوانی لە زانیاریدا”: ئەمەش پێویستە بۆ ئیمامەت، بەڵكو تایبەتمەندیەكی پێویستە و لێی جیانابێتەوە. وە بەوپێیەی چەمكی ئیمامەت ئامانجەكەی بریتیە لە پێشكەوتن لە بوارەكانی حەقیقەت و زانست و خۆشەویستی خوایی و ڕاستگۆیی و دڵپاكیدا، لەبەر ئەوە ئیمام هەموو هەوڵ و تێكۆشانێكی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە و بەردەوام دەبێت لەسەر ئەم نزایە: [رَبِّ زِدْنِي عِلْمًا] (طه: 115). واتە: “ئەی پەروەردگارم زانست و زانیاریم زیاد بكە.”
وە هێزی پەیبردن و هەست و تواناكانی پێشتر ئامادە دەبێت بۆ كاروبارەكانی ئیمامەت، بۆیە لەسایەی فەزڵی خواوە-فراوانی پێدەدرێت لە زانستە خواییەكاندا، لەبەر ئەوە لە سەردەمەكەی خۆیدا هیچ كەسێك شان نادات لەشانی لە زانستە قورئانیەكان و لە نیعمەت و بەرەكەتە ڕۆحیەكان و پێشكەشكردنی بەڵگەی سەلمێنەردا، وە بۆچوونی دروست و تەواوی ئەو زانیاری كەسانی تر ڕاست دەكاتەوە، وە ئەگەر كەسێك لە خستنەڕووی ڕاستیە ئایینیەكاندا بۆچوونی پێچەوانەی بۆچوونی ئیمام بێت، ئەوا بۆی ئاشكرا دەبێت كە هەمیشە حەق لەگەڵ ئیمامدایە، چونكە نووری فیراسەت یارمەتی ئیمام دەدات بۆ ناسینەوەی زانستی ڕاست و دروست، وە ئەم جۆرە نوورە درەخشانە نادرێت بە كەسێكی تر، [ذَلِكَ فَضْلُ اللَّهِ يُؤْتِيهِ مَنْ يَشَاءُ] (الجمعة: 5)، واتە: “ئەوە فەزڵێكی خواییە دەیدات بە هەر كەسێك كە (خۆی) بیەوێت”. هەروەك چۆن مریشك هێلكەكانی لەژێر باڵیدا خڕدەكاتەوە هەتا هەڵدێن و دەبن بە جوچكە ئینجا لەژێر باڵەكانیدا كۆیان دەكاتەوە بۆ ئەوەی توانا و لێهاتوویەكانی خۆی لەواندا پەخش بكاتەوە، بەهەمان شێوە ئیمام هاوەڵەكانی بە زانستە ڕۆحانیەكانی خۆی ڕەنگ دەكات و یەقین و زانیارییان زیاتر دەكات بە خوای گەورە، وە هیچ پێویست نیە كە مرۆڤە ئیلهام بۆكراو و خواناسەكانی تر ئەم جۆرە هێزەیان هەبێت (واتە هێزی فراوانی لە زانستدا)؛ چونكە ئەركی پەروەردە و فێركردنی خەڵك نەخراوەتە ئەستۆیان، لەبەر ئەوە نەنگی نیە ئەگەر كەموكوڕییەك لە زانستی ئەم خواپەرست و خاوەن خەونە ڕاستانەدا هەبێت؛ چونكە هیچ كامێكیان كەشتیەوانی پاپۆڕ نین، بەڵكو ئەوان بە ڕۆڵی خۆیان پێویستیان بە كەشتیەوان هەیە بۆ لێخوڕینی كەشتیەكەیان، كەوابوو پێویستە لەسەریان بە هەوانتە بانگەشەی ئەوە نەكەن كە بێنیازن لە كەشتیوانی ڕۆحانی، یاخود لافی ئەوە لێ بدەن كە پلەبەرزە ڕۆحیەكانیان بەدەستهێناوە. بۆیە پێویستە ئەوەیان لە یاد بێت كە ئەوان پێویستیەكی زۆریان بە كەشتیوانی ڕۆحانی هەیە وەك چۆن ئافرەت پێویستی بە پیاو هەیە. بێگومان خوای گەورە خەڵكی دروستكردووە و تەرخانی كردوون بۆ كۆمەڵە ئەرك و فەرمانێكی تایبەتی، كەواتە ئەگەر هەر كەسێك بانگەشەی ئیمامەتی كرد بەبێ ئەوەی كە بۆ ئەم پلەوپایەیە دروستكرابێت، ئەوا لەلای خەڵكی دەبێت بە گاڵتەجاڕ، وەك ئەوەی ڕوویدا لەگەڵ یەكێك لە بەناو ئەولیاكان لەبەرامبەر پاشایەك لە پاشاكاندا.. دەگێڕنەوە لە شارێكدا وەلیەك هەبوو كە دنیا نەویست و ساڵح و خۆپارێز بوو، بەڵام كەسێكی زانا نەبوو. پاشای ئەو وڵاتە ڕێزێكی زۆری لێ دەگرت، بەڵام وەزیرەكەی بەو شێوەیە نەبوو، چونكە ئەم خواپەرستە شارەزا نەبوو لە زانستەكان. وە جارێكیان پاشاكە و وەزیرەكەی چوون بۆ سەردانی وەلیەكە، كابرای دنیانەویست لە قسەكانیدا بەبێ هۆ دەستی كرد بە باسكردنی مێژووی ئیسلامی و گوتی: ئەسكەندەری ڕۆمی لە مەزنترین پاشاكانی ئەم ئوممەتە بوو. ئا لێرەدا وەزیرەكە كەلێنێكی بەدیكرد بۆ ڕەخنەگرتن و بە پاشاكەی گوت: گەورەم، بڕوانە بۆ ئەم وەلیە دنیانەویستە دەستێكی باڵای هەیە لە مێژوویشدا سەرباری ئەو شارەزاییەی كە لە زانستە ڕۆحیەكاندا هەیەتی!
هەرچۆنێك بێت، ئیمامی سەردەم زۆر پێویستی بە ئیلهام نیە لە بەرامبەر نەیارەكانی و ئەو كەسانەی كە ڕەخنەی لێدەگرن بەو ئەندازەیەی كە پێویستی بە هێزی زانست هەیە، ئەمەش لەبەرئەوەی ئەو كەسانەی كە ڕەخنە لە شەریعەت دەگرن جۆراوجۆرن، هەیانە لەڕووی پزیشكیەوە ڕەخنەی لێ دەگرێت، هەیانە لەڕووی ئەستێرەناسی و سروشتزانی و جوگرافیاوە ڕەخنەی لێدەگرێت، وە هەیانە لەڕووی كتێبە ئیسلامیە باوەڕپێكراوەكانەوە ڕەخنە دەگرێت، وە هەشیانە لەڕووی عەقڵ و نەقڵ و جگە لەوانیشەوە ڕەخنە دەگرێت، بەڵام ئیمامی سەردەم پێی دەوترێت پارێزەری سنووری ئیسلام، وە لەلایەن خوای گەورەوە دیاریكراوە وەك سەرپەرشتیار و پارێزەرێكی ئەم باخچەیە.
وە یەكێك لە ئەركەكانی ئەوەیە كە بەرپەرچی هەموو ڕەخنەیەك بداتەوە و هەموو ڕەخنەگرێك دەمكوت بكات، بەڵكو سەرەڕای ئەمەش پێویستە جوانی ئیسلام و تایبەتمەندیە چاكەكانی ئاشكرا بكات بۆ جیهان. وە ئەم جۆرە كەسە زۆر بەڕێز و شكۆدارە و گۆگردی سوور وایە؛ چونكە لە ڕێگەی ئەوەوە بۆ جیهان دەردەكەوێت كە ئیسلام ئایینێكی زیندووە. وە ئیمامی سەردەم شانازی ئیسلامە و بەڵگەی خوایە لەسەر خەڵكی.
وە بۆ هیچ كەسێك ڕەوا نیە كە خۆی دووربخاتەوە لێی؛ چونكە -بە ئیزن و خواستی خوای گەورە- ئامادە و دامەزراوە بۆ سەربەرزی ئیسلام و دڵسۆزە بۆ هەموو موسوڵمانان، دەوری جوانیەكانی ئایین دەدات هەروەك چۆن بازنە دەوری شتەكانی ناو خۆی دەدات، وە پاڵەوانێكی بەجەرگ و ئازایە لە هەموو ڕووبەڕوبوونەوەیەكی نێوان ئیسلام و كوفردا، وە كەسێكە كە بە هەناسە پیرۆزەكانی كوفر لەناو دەبات، وە ئەو هەمووە و كەسانی تر بەشەكانی ئەون.
واتە: ئەو وەك هەموو وایە، بەڵام تۆ تەنها بەشێكی ئەو دەنوێنی، وە ناسنامەی خۆت لەدەست دەدەیت و خۆت لەناو دەبەیت ئەگەر ڕوو لەو وەربگێڕی.
چوارەم: هێزی سووربوون و كۆڵنەدان: ئەم هێزە زۆر پێویستە بۆ ئیمام، وە سووربوون و كۆڵنەدان واتاكەی بریتیە لە ماندوو نەبوون و نائومێد نەبوون، وە نەبوونی لاوازی لە ئیرادە یان نەبوونی تەمبەڵی. بێگومان پێغەمبەران و ئەوانەی كە خوا قسەیان لەگەڵدا دەكات كاتێك ڕەوانە دەكرێن وەكو ئیمامی سەردەمی خۆیان جاروبار ڕووبەڕووی كۆمەڵێك تاقیكردنەوە دەبنەوە، بەڕادەیەكی وەها تووشی تەنگ و چەڵەمە دەبن وەك ئەوەی خوای گەورە تێكیشكاندبن و بیەوێت لەناویان ببات، وە هەندێ جار بۆ ماوەیەك وەحی و ئیلهام دەپچڕێت لێیان، وە پێشبینیەكانیان لەپۆشاكی تاقیكردنەوەدا دەردەكەون و ڕاستیەكانیان ئاشكرا نابێت بۆ خەڵكی گشتی، وە زۆربەی جار بۆماوەیەك هاتنەدی مەبەستەكانیان دوادەكەوێت، بۆیە لە دنیادا وەكو ئەو كەسانەیان لێ دێت كە لەلایەن خەڵكەوە ناویسترێن و زەبوون دەكرێن و نەفرەتیان لێ دەكرێت و پشتگوێ دەخرێن، وە هەر كەسێك كە جوێن و قسەی ناشیرینیان پێدەدات پێیوایە كارێك دەكات كە پاداشتێكی گەورەی دەستدەكەوێت. وە هەموو كەسێك ڕقی لێیان دەبێتەوە و بەچاوی سووك تەماشایان دەكەن تەنانەت هیچ كەسێك نایەوێت وەڵامی سڵاوەكانیان بداتەوە، وە لەم جۆرە هەڵوێستانەدا گوڕوتین و كۆڵنەدانیان دەكەوێتە بەر ئەزموون، هەڵبەت ئەوان سست نابنەوە بەم جۆرە تاقیكردنەوانە، وە تەمبەڵی ناكەن لە جێبەجێكردنی ئەركەكانیان هەتا ئەو كاتەی سەركەوتنی خوای گەورە دەگات.
پێنجەم: هێزی گەڕانەوە بۆلای خوای گەورە: وە مەبەست لەم هێزە ئەوەیە كە ئەوان لەكاتی بەڵا و تاقیكردنەوەكاندا و لەكاتی ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمناندا دەگەڕێنەوە بۆ لای خوای گەورە و لێی نزیك دەبنەوە، وە ئەو كاتەی كە داوای پیشاندانی ئایەتەكان دەكەن ملیان كەچ دەكەن بۆی، وە كاتی پێویستی بەدەستهێنانی فەتح و سەركەوتنەكان و كاتێك فەرمانیان پێ دەكرێت یارمەتی كەسێك بدەن دەگەڕێنەوە بۆ لای خوای گەورە و بەوپەڕی ڕاستگۆیی و دڵسۆزی و خۆشەویستی و وەفاداری و گوڕوتینەوە ملیان كەچ دەكەن لەبەر قاپیەكەیدا، وە بەڕادەیەك گوڕوتینیان بەهێزە كە پاڕانەوەكانیان هەرایەكی گەورە بەرپا دەكات لەناو باڵانشینەكاندا، وە دوعاكانیان كە شەقڵی لەناوچوون و قووڵبوونەوەیان پێوە دیارە سەردەكەون بۆ ئاسمانەكان و تێیدا زایەڵەیەكی زۆر ئازاربەخش دروست دەكەن كە فریشتەكان تووشی دڵەڕاوكێ و نیگەرانی دەكات. هەروەكو چۆن پاش ئەوەی كە گەرمایی دەگاتە ئەوپەڕی هەور لە ئاسماندا دەردەكەوێت و مژدەی بارینی باران دەدات، بەهەمان شێوە گەرمی گەڕانەوەیان بۆ لای خوا هەرایەك بەرپا دەكات لە ئاسماندا، پاشان چارەنووس و ویستی ئاسمانی دەگۆڕێت ئینجا سروەی قەزا و قەدەری خوا هەڵدەكات. بێگومان ئەو دەرمانەی كە میكرۆبی لەرزوتا لە جەستەدا دەردەكات بە فەرمانی خوا كاردەكات هەروەك خودی میكرۆبەكەیش لەلایەن خواوە دروستكراوە. كاریگەری گەڕانەوەی ئەوانیش بۆ لای خوای گەورە بەم جۆرەیە.
واتە: دوعای دۆستی خوا وەكو دوعای خەڵكی ئاسایی نیە، بەڵكو دەستی ئەو دەستی خوای گەورەیە؛ چونكە ئەو فانی بووە لە خوای گەورەدا.
بێگومان كاریگەری گەڕانەوەی ئیمامی سەردەم بۆ لای خوا یان ڕووتێكردنی بۆ ئەو زاتە (U) خێراتر دەردەكەوێت لە كاریگەری گەڕانەوە و ڕووتێكردنی سەرجەم دۆستانی خوا. مووسا (علیه السلام) ئیمامی سەردەمی خۆی بوو، وە بەلعامی باعوور وەلیی سەردەمەكەی بوو، بەلعام شەرەفی قسەكردن و دواندنی خوایی بەدەست هێنابوو، وە دوعاكانی گیرادەبوون، بەڵام كاتێك بەرهەڵستی مووسای (علیه السلام) كرد ئەم بەرهەڵستی كردنە كوشتی وەكو چۆن شمشێرێكی زۆر تیژ لە چاوتروكانێكدا سەر لە لاشە جیا دەكاتەوە. وە بەلعامی باعووری چارەڕەش ئەم فەلسەفە وردەی نەزانی، كە بریتیە لەوەی ئەگەر كەسێك -هەرچەند شەرەفی گفتوگۆكردن لەگەڵ خوای گەورە بەدەستبهێنێت و خوای گەورە ستایشی بكات- بوەستێت لەڕووی كەسێكی تردا كە لەو زیاتر فەزڵی هەبێت و لەو زیاتر نیعمەتی خوایی بەدەست هێنابێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە لەناو دەچێت و هیچ ئیلهامێك فریای ناكەوێت و ئەوەش كە نزاكانی گیرا دەبێت هیچ سوودێكی پێ ناگەیەنێت. بەلعامی باعوور نموونەیەك بوو لە سەردەمەكانی پێشوودا، بەڵام من دەزانم كە هەزارەهای وەكو بەلعام هەبوون لە سەردەمی پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم)، لەوانە ڕەبەنە جووەكان كە لەم پلەیەدا بوون پاش مردنی ئایینی مەسیحی.
شەشەم: زۆریی كەشف و ئیلهامەكان: ئیمامی سەردەم لە ڕێگەی ئیلهامی خوای گەورەوە زۆربەی زانست و حەقیقەت و زانیاریەكانی پێ دەگات، ئیلهامەكانی ئەو بەراورد ناكرێن بە ئیلهامی كەسانی تر؛ چونكە لە هی ئەوان مەزنترە لەڕووی چۆنێتی و چەندێتیەوە، وە مرۆڤ لەو ئیلهامانە چاكتری بە بیردا نایەت، وە لە ڕێگەی ئەم ئیلهامانەوە زانست و زانیاریە قورئانیەكانی بۆ ئاشكرا دەبێت، وە گیروگرفتە ئایینیەكان چارەسەر دەبن و پێشبینیە مەزنەكان دەردەكەون بۆ ئەوەی ترس بخەنەناو دڵی گەلانی ناحەز و دوژمنەوە.
بەكورتی، كەشف و ئیلهامەكانی ئیمامی سەردەم تەنها بۆ خۆی نین، بەڵكو زۆر بەكەڵك و پیرۆزن بۆ سەرخستنی ئایین و بەهێزكردنی ئیمان. وە زۆر بەڕوونی و ئاشكرایی خوا قسەی لەگەڵدا دەكات و دوعاكانی گیرا دەكات، هەندێ جار لەنێوان خوای گەورە و ئەودا زنجیرەی پرسیار و وەڵام ڕوودەدات بە جۆرێك ئەو پرسیار دەكات و خوای گەورەیش وەڵامی پرسیارەكەی دەداتەوە، پاشان پرسیار دەكات و خوایش وەڵامی پرسیارەكەی دەداتەوە، پاشان پرسیار دەكات خوایش لەرێگەی وەحیەوە و بە ئاخاوتنێكی خۆش و بەتام زۆر بەڕوونی وەڵامی دەداتەوە، وەك ئەوەی خاوەنی وەحیەكە خوای گەورە ببینێت لە بەرامبەریدا.
وە ئەو وەحیەی كە ئیمامی سەردەم پێی دەگات وەك بەردێك نیە كەسێكی نەناسراو فڕێی بدات و ون بێت و نەدۆزرێتەوە، بەڵكو خوای گەورە لێی نزیك دەبێتەوە و ڕووپۆش لەسەر ڕوخساری خاوێن و درەخشانی خۆی كەمێك لادەدات، كە بریتیە لە نووری پەتی، وە كەسانی تر شاد نابن بەم ئەزموونە، بەڵكو بە پێچەوانەوە هەندێ جار كاتێك شتێكیان پێ دەگات، وا هەست دەكەن كەسێك گاڵتەیان پێ دەكات.
بێگومان پێشبینیە ئیلهامیەكانی ئیمامی سەردەم پلەوپایەی ئاشكرابوونی غەیب بەدەست دەهێنن، وە دەست دەگرن بەسەر هەموو لایەنەكانی غەیبدا وەك دەستگرتنی سوارچاكێكی لێزان بەسەر ئەسپدا. وە ئیلهامەكانی بە شێوەیەكی دەراسا هێزی ئاشكراكردنی غەیبیان پێ دەدرێت بۆ ئەوەی ئیلهامە خاوێنەكانی تێكەڵ نەبن بە ئیلهامە شەیتانیەكان، ئەمەش بۆ ئەوەی ببنە بەڵگە بەسەر خەڵكیەوە.
لێرەدا ڕوون دەبێتەوە كە ئیلهامی شەیتانی بوونی هەیە، وە هەندێ لە ڕێبوارە ناتەواوەكانی ڕێگای بەرەوخواچوون ئەم ئیلهامەیان پێدەگات، هەروەها ئاخاوتنی دەروونیش هەیە كە پێی دەوترێت داڵغە و خەیاڵاتی پڕوپووچ، وە ئەو كەسەی نكوڵی لەمانە بكات پێچەوانەی قورئانی پیرۆز دەوەستێت؛ چونكە وەحی شەیتانی بە دەقی قورئانی جێگیر بووە و ئەگەری هەیە وەحی شەیتانی دابەزێتە سەر مرۆڤێك كە دەروونی بەتەواوی پاك نەبووبێتەوە، وە دەكرێت ئەمە بكەوێتەناو چوارچێوەی دەقی ئایەتی: [عَلَى كُلِّ أَفَّاكٍ أَثِيمٍ] (الشعراء: 223)، واتە: “هەموو (كەسێكی) زۆر درۆزنی زۆر تاوانبار.” بەڵام كەسانی خاوێن هەر لەگەڵ ڕوودانی وەسوەسە شەیتانیەكەدا، دەستبەجێ بێدار و ئاگادار دەكرێنەوە.
زۆر بەداخەوە هەندێ لە قەشەكان بەڕادەیەك چاو قایم و بێ شەرمن كە لە كتێبەكانیاندا تەفسیرێكیان نووسیوە بۆ ڕووداوی تاقیكردنەوەی مەسیح لەلایەن شەیتانەوە و پەلگرتنی بۆ سەر شاخەكە، دەڵێن: ئەم كارە بەشێوەی حەقیقی ڕووینەداوە تاكو هەموو خەڵكی بیبینن و جوولەكەیش لە نزیكەوە تەماشای بكەن، بەڵكو ئەمە تەنها ئیلهامێكی شەیتانی بووە كە سێ چوار جار مەسیح ئەو ئیلهامەی پێگەیشتووە، بەڵام وەڵامی نەداوەتەوە.
كاتێك ئەم جۆرە تەفسیرەی ئینجیل دەبیستین موچوڕك بە لەشماندا دێت. ئایا چاوەڕوان دەكرێت مەسیح وەحی شەیتانی پێ بگات؟ بەڵام ئەگەر دانمان نەنا بەوەدا كە ئەم قسەكردنە لەگەڵ شەیتاندا ئیلهامێكی شەیتانی بووبێت، بەڵكو شەیتان وەك مرۆڤێك خۆی نواندووە پاشان گەیشتووە بە مەسیح، ئەوا ڕەخنەیەك سەرهەڵدەدات كە بریتیە لەوەی: بێگومان شەیتان -كە لە ڕاستیدا ئەژدیهایەكی كۆنە- بە شێوەیەكی بەرجەستە خۆی دەرخستووە و لە جەستە ڕواڵەتیەكەیدا خۆی نواندووە، پاشان هاتووە و لەلای پەرستگا پیرۆزەكەی جوولەكەدا وەستاوە كە هەزارەها كەس لە دەوروبەریدا بووە، وە دەبێت دان بنێین بەوەدا كە هەزارەها كەس كۆبوونەتەوە بۆ بینینی، كەوابوو لەم دۆخەدا پێویست بوو مەسیح بانگی جوولەكەكانی بكردایە و شەیتانی پیشان بدانایە كە هەندێ لە گرووپەكانیان نكوڵییان لە بوونی دەكرد، وە دەكرا ئەمە دابنرایە بە نیشانەیەكی مەزن بۆ مەسیح كە دەبووە هۆی هیدایەتدانی خەڵكانێكی زۆر، وە دەبوو بەهۆی ئەوەی كە زۆرێك لە خاوەن پلەباڵاكان لە مەملەكەتی ڕۆمیدا شوێن مەسیح بكەوتنایە پاش ئەوەی كە بەچاوی سەر شەیتانیان دەبینی و پاشان ئەوەی لە كۆتایدا لەو شوێنە دەفڕی و لەبەرچاو نەدەما، كەچی لەسەر زەمینەی واقیع ئەمە ڕووینەدا، ئەمەش دەمانگەیەنێتە ئەو دەرەنجامە دڵنیاكەرەوەیە كە ئەمە گفتوگۆیەكی ڕۆحانی بووە و دەكرێت بە دەربڕینێكی تر وەسفی بكەین بە وەحی شەیتانی.
وە بابەتێكی تریش هات بە مێشكمدا كە بریتیە لەوەی زۆربەی خەڵك لە كتێبەكانی جوولەكەدا وەسف كراون بە شەیتان، وە مەسیح خۆیشی ئەم دەستەواژەیەی بەكارهێناوە، بەجۆرێك یەكێك لە بەڕێزترین هاوەڵانی خۆی وەسف كردووە بە شەیتان، وە لە ئینجیلدا-پاش ڕووداوی تاقیكردنەوەكەی شەیتان بە چەند دێڕێكی كەم- دەربارەی ئەو كەسە هاتووە كە كلیلەكانی بەهەشتیشی پێدراوە. بەگوێرەی ئەم لێكدانەوەیە پێدەچێت یەكێك لە جوولەكەكان هاتبێت بۆ لای مەسیح و گاڵتە و سووكایەتی پێكردبێت ئەویش وەسفی كردبێت بە شەیتان وەك چۆن وەسفی پترۆسی حەواری خۆی كر بە شەیتان؛ چونكە جوولەكە خوویان گرتبوو بەم جۆرە كارە دزێوانەوە و ئەم جۆرە پرسیارانەیان دەكرد. هەروەها ئەگەرێكی تر هەیە كە بریتیە لەوەی سەرلەبەری ئەم چیرۆكە بە ئەنقەست هەڵبەسترابێت یان بە فێڵ نووسرابێت؛ چونكە ئینجیلەكان ئینجیلی مەسیح نەبوون و لەلایەن ئەویشەوە ڕاستی و دروستیان نەسەلمێنراوە، بەڵكو حەواریەكان یان هەندێ خەڵكی تر بەگوێرەی بۆچوونی خۆیان وە بە پشتبەستن بە عەقڵی خۆیان نووسیویانە، بۆیە جیاوازی لەنێوانیاندا هەیە. وە دەتوانیین بڵێین هەندێ نووسەری ئینجیل هەڵەیان كردووە لە نووسینی ئەم بیروبۆچوونانەدا، هەروەك چۆن بەهەڵەداچوون لەوەدا كە پێیان وابوو مەسیح لەسەرخاچ مردووە [لەناو ئەو ئینجیلە زۆرانەی كە لای مەسیحیەكان هەن ئینجیلێك هەیە كە تا ئێستاش ماوە لای خۆیان، تێیدا نووسراوە مەسیح لە خاچ نەدراوە. ئەمە ڕاگەیاندنێكی ڕاستە؛ چونكە مەرهەمی مەسیحیش جەخت لەمە دەكاتەوە، كە مەرهەمێكە سەدەها پزیشك باسیان كردووە. (نووسەر)].
هەڵبەت حەواریەكان دەقیان گرتبوو بەم جۆرە هەڵانەوە؛ چونكە خودی ئینجیلەكانیش ئەو هەواڵەیان پێداوین كە بیركردنەوەی ئەم نووسەرانە ورد نەبووە، هەروەها مەسیح خۆی شایەت بووە لەسەر دۆخی ناتەواوی ڕۆحی و لاوازی تێگەیشتن و بیركردنەوە و هێزی زانستییان.
لە ڕاستیدا ئەستەمە بیری شەیتانی جێگیر بێت لە دڵی پیاوچاكاندا، بەڵكو ئەگەر بیرێكی خێرا لە وەسوەسەی شەیتانی نزیك بوویەوە لە دڵیان دەستبەجێ پاڵی پێوەدەنرێت و لادەبرێت وە ناكرێت ئەمە نامەی پاكی كردەوەیان پیس بكات. بێگومان ئەم جۆرە وەسوەسەیە كە لە گومانێكی ناپێگەیشتوو دەچێت و ناونراوە بە (الطائف) كە لە زمانی عەرەبیدا (الطائف والطوف والطيّف والطيْف)یشی پێ دەوترێ. وە پەیوەندی ئەم جۆرە وەسوەسەیە بەدڵەوە زۆر لاوازە وەك ئەوەی لە بنچینەدا هەر نەبێت، یان بە دەربڕینێكی تر ئەم وەسوەسەیە لە سێبەری كزی درەختێكی دوور دەچێت. بەگوێرەی ئەم مانایە دەگونجێت شەیتانی نەفرەت لێكراو ویستبێتی ئەم جۆرە وەسوەسە سووكە بخاتەناو دڵی مەسیحەوە، بەڵام مەسیح بە هێزی پێغەمبەرایەتیەكەی خۆی پاڵی پێوەناوە. هەڵبەت ئێمە ناچارین كە ئەم قسەیە بكەین؛ چونكە ئەم چیرۆكە بە تەنها لە ئینجیلدا نەهاتووە، بەڵكو لە فەرموودە ڕاستەكانیشدا هاتووە، بەجۆرێك لە فەرموودەیەكدا هاتووە:
“لە موحەممەدی كوڕی عیمرانی صەیرەفیەوە گوتی: حەسەنی كوڕی عەلیلی عەنزی پێی گوتین لە عەبباسی كوڕی عەبدولواحیدەوە لە موحەممەدی كوڕی عەمرەوە لە موحەممەدی كوڕی مەنازرەوە لە سوفیانی كوڕی عویەینەوە لە عەمری كوڕی تاوسەوە لە ئەبوو هورەیرەوە كە گوتی: شەیتان هات بۆلای عیسا، وتی: ئایا تۆ بانگەشەی ئەوە ناكەیت كە ڕاستگۆیت؟ وتی با، وتی: دە بچۆ سەر ئەو لوتكە بەرزە و خۆت فڕێدە خوارەوە، ئەویش فەرمووی: هاوار بۆ تۆ! ئەی خوا نەیفەرمووە: ئەی نەوەی ئادەم بە لەناوچوونی خۆت تاقیم مەكەرەوە؛ چونكە من هەرچیەكم بوێت دەیكەم.”
كەواتە لێرەدا ڕوون دەبێتەوە كە شەیتان هاتووە بۆ لای مەسیح هەروەك چۆن جوبرەئیل دێت بۆ لای پێغەمبەران؛ لەبەرئەوەی جوبرەئیل وەكو مرۆڤێك نایەت بەسواری گالیسكەیەكەوە یان ئەسپێكی بەكرێ گرتبێت و عەمامەكەی پێچابێتەوە یان كەوای لەبەركردبێت، بەڵكو هاتنەكەی بەشێوەیەكی تر دەبێت. ئیتر چۆن شەیتان -كە زۆر لەوە ناچیز و زەبوونترە- بە شێوەیەكی ئاشكرا وەك مرۆڤ خۆی دەنوێنێت؟ هەرچۆنێك بێت، ئەم توێژینەوەیە ناچارمان دەكات دانبنێین بەو ئەنجامەدا كە “دراپەر”[*] پێیگەیشتووە. بەڵام دەتوانین بڵێین عیسا (علیه السلام) -بەهۆی هێزی پێغەمبەرایەتی و نووری حەقیقەتەوە- هەرگیز ڕێگەینەداوە ئەو ئیلهامەی كە شەیتان هاویشتوویەتی نزیكی ببێتەوە، بەڵكو دەستبەجێ ئەم وەسوەسەیەی دوورخستووەتەوە و پاڵی پێوەناوە. هەروەك چۆن ناگونجێت تاریكی لەبەرامبەر ڕووناكیدا بوەستێت، بە هەمان شێوە شەیتانیش نەیتوانی لە بەرامبەر مەسیحدا (علیه السلام) بوەستێت، بەڵكو لەبەریهەڵهات، وە ئەمەیە مانای ڕاستەقینەی ئایەتی: [إِنَّ عِبَادِي لَيْسَ لَكَ عَلَيْهِمْ سُلْطَانٌ] (الإسراء: 66) واتە: “بێگومان دەسەڵاتت نیە بەسەر بەندەكانی مندا (و ناتوانی گومڕایان بكەیت.”چونكە دەسەڵاتی شەیتان تەنها بەسەر ئەو كەسانەدا دەشكێت كە وەسوەسە و وەحیەكانی وەردەگرن، بەڵام ئەو كەسانەی كە تیر دەهاوێژن لە دوورەوە بە تیرەكانی نووری خۆیان شەیتان دەپێكن، وە بە نەعلی تاراندن و هەڕەشەكردنیان دەموچاوی دادەپڵۆسن، وە هەرچۆن شەیتان بە قسەكانی فەرمانیان پێ بكات شوێنی ناكەون، دواجار ئەم كەسانە بەدەرن لە دەسەڵاتی شەیتان.
[*] نووسەری بەناوبانگ جۆن ولیام دراپەر (John William Draper) كە لە ئینگلتەرا لە ساڵی 1811ز لەدایكبووە پاشان ساڵی 1832ز ڕۆیشتووە بۆ ئەمریكا لەوێ لە ساڵی 1881ز كۆچی دوایی كردووە. پسپۆڕ بووە لە كیمیای ڕۆشناییدا و وانەبێژ بووە لە زۆربەی زانكۆكانی ئەمریكادا. وە كتێبی جۆراوجۆری نووسیوە لە بارەی زانست و مێژوو و ئایینەكانەوە. بەڵام ئەو بۆچوونەی ئەو كە مەسیحی بەڵێندراو ئاماژەی پێداوە ناوەڕۆكەكەی باسكراوە لەم كتێبەیدا: History of the intellectuall development of Europe واتە: مێژووی پێشكەوتنی فیكری لە ئەوروپا. (وەرگێڕ)
بەڵام خوای گەورە دەیەوێت مەلەكووتی ئاسمانەكان و زەوی پیشانی ئەم مرۆڤە كامڵانە بدات، وە لەبەر ئەوەی شەیتان لە مەلەكووتی زەوییە، بۆیە زۆر پێویستە كە ڕوخساری ئەم دروستكراوە سەیرەیش ببینن كە ناوی شەیتانە و ئاخاوتنەكەی ببیستن بۆ ئەوەی لای ئەوان بازنەی بینینی دروستكراوان تەواو و بێ كەموكوڕی بێت و ئەمەش پاكی و عیسمەتیان خەوشدار ناكات.
بێگومان شەیتان چووە پێشەوە لە بەڕێز مەسیح بە ڕێگە كۆنەكەی خۆی كە بریتیە لە هاویشتنی وەسوەسە، وە بەوپەڕی بێ ئابڕوویی و چەپەڵیەوە كارێكی خراپی لێ داواكرد، دەستبەجێ سروشتی پاكی مەسیح (علیه السلام) ئەوەی ڕەتكردەوە و قەبووڵی نەكرد. لەمەدا شتێك نیە كە عیسمەتی مەسیح (علیه السلام) لەكەدار بكات، ئایا گەوج و خراپەكاران لەگەڵ پاشاكاندا قسە ناكەن؟ كەوابوو بەم شێوازە -لەڕووی ڕۆحانیەوە- شەیتان قسەی خۆی هاویشتە ناو دڵی مەسیحەوە، بێگومان مەسیح ئەم وەحیە شەیتانیەی قەبووڵ نەكرد، بەڵكو ڕەتی كردەوە. ئەم كارە شایانی ستایش كردنە، ئەو كەسەی توانج بدات لەم جۆرە كارە نەفام و نەشارەزایە لە فەلسەفەی ڕۆحانی. هەموو زاهید و سۆفیەك ناتوانێت ئەم جۆرە وەسوەسە شەیتانیانە لە خۆی دووربخاتەوە وەك ئەوەی كە یەسووع (مەسیح علیه السلام) دووریخستەوە بەهۆی گورزی نوورەكەی، بەمەش پیسی و چەپەڵی ئەم وەحیە شەیتانیەی دەرخست.
شێخ عەبدولقادری گەیلانی (رضي الله عنه) دەفەرموێت: جارێكیان وەحیەكی شەیتانی دابەزیە سەرم، شەیتان پێی گوتم: ئەی عەبدولقادر، هەموو بەندایەتیەكانت وەرگیران، وە ئەوەم حەڵاڵ كرد بۆ تۆ كە بۆ كەسانی تر حەرامم كردووە، وە ئەركی نوێژكردنیشم لابرد لەسەر شانت، كەوابوو چیت دەوێت بیكە. منیش پێم گوت: دەمت داخە ئەی شەیتان! چۆن شتێك حەڵاڵە بۆ من كە حەڵاڵ نەبووە بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئیتر شەیتان بە خۆی و تەختە زێڕینەكەیەوە لە بەرچاوم ون بوو.
كەواتە ئەگەر وەحی شەیتانی دابەزێتە سەر خواناس و دۆستێكی تاقانەی خوا -وەك شێخ عەبدولقادر- ئیتر چۆن خەڵكانی ئاسایی لێی ڕزگار دەبن كە هێشتا ڕێگەی بەرەو خواچوونیان بەتەواوی نەبڕیوە؟ ئەم جۆرە خەڵكە ئەو چاوە نوورانیانەیان لە كوێ بوو تا وەحی شەیتانی بناسنەوە وەك چۆن شێخ عەبدولقادر و بەڕێز مەسیح (علیه السلام) ناسیانەوە؟ لێرەدا شایانی باسكردنە كاهینەكان -كە پێش ڕەوانەكردنی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە دوورگەی عەرەبیدا بە ڕێژەیەكی زۆر هەبوون- زۆرجار وەحی شەیتانیان پێدەگەیشت، وە بەگوێرەی ئەم جۆرە ئیلهامانە هەندێ جار پێشبینیان دەكرد، وە سەیر و سەمەرە ئەوە بوو كە هەندێ لە پێشبینیەكانیان دەهاتەدی، وە كتێبەكانی مێژووی ئیسلامی پڕن لەم جۆرە چیرۆكانە. كەوابوو ئەو كەسەی نكوڵی لە وەحی شەیتانی بكات نكوڵی لە سەراپای ئامۆژگاریەكانی پێغەمبەران دەكات و نكوڵی لە زنجیرەی پێغەمبەرایەتی دەكات.
هەڵبەت لە كتێبی پیرۆزدا هاتووە كە جارێكیان چوار سەد پێغەمبەر وەحیەكی شەیتانیان پێگەیشت، كە بەهۆی ئەم وەحیەوە پێشبینی سەركەوتنی یەكێك لە پاشاكانیان كرد لە كاتێكدا ئەمە شتێك نەبوو جگە لە چاوبەست كردنی جنۆكەی سپی. بەڵام ئەم پاشایە لە دۆخی زەبوونیدا و لە جەنگەكەدا بە قۆڵبەستكراوی كوژرا و دووچاری شكانێكی زۆر خراپ بوو. ئەوە بوو پێشبینی چوار سەد پێغەمبەرەكە نەهاتەدی، بەڵام پێغەمبەرێكیان بەهۆی جبریلەوە ئیلهامێكی پێگەیشت و پێشبینی كرد كە ئەو پاشایە دەكوژرێت و سەگگەل لە گۆشتەكەی دەخۆن و تووشی شكستێكی خراپ دەبێت، پاشان پێشبینیەكەی هاتەدی.
لێرەدا بەگوێرەی سروشتی دۆخەكە پرسیارێك سەرهەڵدەدات ئەویش ئەوەیە: ئەگەر وەحی شەیتانی بەم ڕێژە زۆرە دادەبەزێتە سەر خەڵكی ئەوا چ بایەخێك بۆ وەحی و ئیلهامی خوایی دەمێنێتەوە؛ چونكە ئیتر وەحیەك نامێنێتەوە كە پشتی پێ ببەسرێت، بەڵكو ئەگەری هەیە كە وەحیەكە وەحی شەیتانی بێت بەتایبەتی ئەگەر یەكێك لە پێغەمبەرە خاوەن عەزمەكان -وەكو مەسیح- تووشی ئەم جۆرە هەڵوێستە بووبێت، كە ئەمەش بابەتێكە دەبێتە هۆی نائومێدی و نیگەرانی ئیلهام بۆكراوەكان. كە وابوو ئایا ئیلهام بەڵایە یان نیعمەت؟
وەڵامی ئەم پرسیارە بریتیە لەوەی كە: پێویست بە نیگەرانی ناكات؛ چونكە ڕێوشوێن و یاساكانی خوای گەورە بەم شێوازە هاتووە بەجۆرێك لە هەموو شتێك دوو جۆر هەیە: جۆرێكیان پوخت و جۆرێكیان پیس. بڕوانن، هەڵبەت گەوهەر و مرواریە ڕاستەقینەكان و بەردە گرانبەهاكان ئەوانەن كە لە دەریاكاندا دەردەهێنرێن، بەڵام جۆرێكی هەرزان لە گەوهەر و مرواری هەیە كە خەڵكی خۆیان دروستی دەكەن و دەیفرۆشن، دەی ئایا بازرگانی و كڕین و فرۆشتنی مرواری و گەوهەرە پاڵفتەكان وەستاوە هەر لەبەرئەوەی كە دنیا پڕ بووە لە گەوهەر و مرواری ساختە؟ بێگومان نەخێر، بەڵكو كۆمەڵێك گەوهەرناسی زۆر پسپۆڕ و بیرتیژ هەن كە دەزانن گەوهەری پاڵفتە و گەوهەری ساختە لەیەك جیابكەنەوە. وە بێگومان ئیمامی زەمان پسپۆڕە لە ناسینەوەی گەوهەرەكانی وەحی و ئیلهام، وە ئەو كەسەی لەگەڵیدا بژی دەستبەجێ وەحی خوایی لە وەحی شەیتانی جیادەكاتەوە.
ئەی وشكە سۆفیەكان، وە ئەی بەندكراوانی ئەم ڕژدی و چاوچنۆكیە، پێویستە ئاگادار و وریا بن لەكاتی ڕۆیشتنتان بەم ڕێگەیەدا، وە پێویستە بەباشی بیربكەنەوە كە وەحی ڕاستەقینەی پوخت لەلایەن خوای گەورەوە بەم نیشانانەی خوارەوە ڕازاوەتەوە:
1- لە دۆخی وەحی ڕاستەقینەدا دڵ دەتوێتەوە بە ئاگری سووتان و وەكو ئاوێكی ڕوون بەبەر دەرگای خواییدا دەڕوات، وە فەرموودە ئاماژەی بەمە كردووە كە قورئان لە دۆخی غەمگینیدا دابەزیوە، دەی ئێوەش لە دۆخی غەمگینیدا بیخوێننەوە. (دەقی فەرموودەی ئاماژەپێكراو بەم شێوەیە: “دیارە ئەم قورئانە بە غەمگینی دابەزیوە، جا ئەگەر خوێندتانەوە ئەوا بگرین.” (سنن ابن ماجە، باب إقامة الصلاة والسنة فیها) (وەرگێڕ).)
2- وەحی ڕاستەقینە خۆشی وشادی لەگەڵدایە، وە دڵنیایی دەدات بە خاوەنەكەی، وە وەكو مێخێكی ئاسنین دەچەقێتە ناو دڵەوە و دەستەواژەكانی پاراو و دوور لە هەڵەن.
3- وەحی كەسی ڕاستگۆ بە شكۆ و هێز و بڵندی جیادەكرێتەوە، وە دڵ تووشی ڕاچڵەكانێكی بەهێز دەكات. بێگومان ئەو وەحیە بە بەهێزی و بەگرمەیەكی ترسناكەوە دادەبەزێتە سەر دڵ. بەڵام وەحی درۆزنەكان دەنگێكی نزمی دەبێت وەكو دەنگی كەسانی دز و نامەرد و ژنانی؛ چونكە شەیتان دز و نامەرد و ژنانی و مێینەیە.
4- وەحی كەسی ڕاستگۆ كاریگەری هێز و تواناكانی خوای گەورەی لەگەڵدایە، وە دەبێت هەواڵە خواییەكانی تێدا بێت، پاشان دەبێت ئەم هەواڵانە بێنەدی.
5- وەحی ڕاست و دروست ڕۆژ لەدوای ڕۆژ باشە و چاكخوازی خاوەنەكەی زیاتر دەكات و خاوێنی دەكاتەوە لە لیخنیەكانی ناو ناخ و چەپەڵیە ناوەكیەكان، وە دۆخە ڕەوشتیەكانی بەرەو باڵا دەبات.
6- وەحی ڕاست و دروست هەموو هێزە ناوەكیەكانی خاوەنەكەی شایەتی لەسەر دەدەن، وە هەموو هێزێك لە هێزەكانی نوورێكی تازە بەدەستدەهێنێت و خاوەنەكەی هەست بە گۆڕانكاریەكی چاك دەكات، پاشان ژیانەكەی یەكەمجاری دەمرێت و ژیانە نوێیەكەی دەستپێدەكات، وە دەبێت بە هۆكاری سۆز و بەزەیی بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی.
7- وەحی ڕاست و دروست بە یەك دەنگ كۆتایی نایەت، بەڵكو دەنگی خوایی بەردەوام دەبێت، دیارە خوا هێمنە، ئەو كەسەی ڕووی تێ بكات شەرەفداری دەكات بە ئاخاوتنی خۆی و وەڵامی پرسیارەكانی دەداتەوە، وە خاوەنی وەحی دەتوانێت لە یەك كات و لە یەك شوێندا وەڵامی پرسیارەكانی دەست بكەوێت، وە جاروبار ماوەیەكیش دابڕان دێت بەسەر ئەم ئاخاوتنەدا.
8- خاوەنی وەحی ڕاست و دروست هەرگیز ترسنۆك نیە، وە لە هیچ بانگەشەكەرێكی ئیلهام ناترسێت ئەگەرچی دوژمنێكی سەرسەختی بێت؛ چونكە دەزانێت خوای گەورە لەگەڵیدایە و بەزوویی دوژمنەكەی بە خراپی تێكدەشكێنێت.
9- وەحی ڕاست و دروست هۆكارێك دەبێت بۆ زانین و فێربوونی زانست و زانیاریە ڕاست و دروستەكان؛ چونكە خوای گەورە نایەوێت بەندە ئیلهام بۆكراوەكەی خۆی بەبێ زانست و زانیاری واز لێ بهێنێت.
10- كۆمەڵێك بەرەكەتی تر لەگەڵ وەحی ڕاست و دروستدا هەیە، لەوانە: ئەو كەسەی خوا قسەی لەگەڵدا دەكات لە غەیبەوە سەربەرزی و سام و شكۆمەندیەكی دەراسای پێ دەدرێت.
دیارە ئەم چەرخەی ئێستا چەرخی خەسارەتمەندی و ناتەواویە؛ چونكە زۆربەی ئەو كەسانەی كە ڕەنگە دەروونیەكەیان وەكو ڕەنگی فەیلەسووف و سروشتپەرست و براهمەكانی لێهاتووە نكوڵی دەكەن لە وەحی و ئیلهام، وە هەیانە بەردەوام بووە لەسەر ئەم نكوڵی كردنەی تا ئەو كاتەی لەم جیهانە كۆچی كردووە، بەڵام ڕاستی هەر ڕاستیە ئەگەرچی هەموو جیهان نكوڵی لێ بكات، وە درۆیش بەردەوام بە درۆ دەمێنێتەوە ئەگەرچی هەموو جیهان بەڕاستی بزانن.
بێگومان ئەو كەسانەی بڕوایان بە خوا هەیە -وە بە كارسازی جیهانی دادەنێن و باوەڕیان وایە كە ئەو بینەر وبیسەر و زانایە- و پاش ئەم هەموو دانپێدانانە ئەگەر نكوڵی لە ئاخاوتنی خوای گەورە بكەن، ئەوا ئەم نكوڵیكردنەیان بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كەسانێكی گەوج و نەفامن. ئایا كەسێك ببینێت و بزانێت و زانینەكەیشی تەنانەت دەوری گەردیلەكانی هەموو جیهانی دابێت ناتوانێت بەبێ هیچ هۆكارێكی ماددی قسە بكات؟ وە ئەو بۆچوونەیش هەڵەیە كە دەڵێت پێشتر سیفەتی ئاخاوتنی هەبووە، بەڵام ئێستا ئەو سیفەتە لەكاركەوتووە، وەك ئەوەی ئاخاوتن لای ئەو دیارنەمابێت لە جیاتی ئەوەی بە چەندین شێوازی نوێ دەربكەوێتەوە. ئەم قسەیە هۆكاری نائومێدی و هیوابڕانێكی تەواوەتیە؛ چونكە گریمان ئەگەر ڕازی بووین بەوەی كە هەندێ لە سیفەتەكانی خوا پاش ماوەیەكی دیاریكراو لەكاردەكەون و لەناودەچن و هیچ شوێنەوارێكیان نامێنێت، ئەوا ئەم باوەڕە زۆر ترسناكە و هەڕەشە لە سیفەتەكانی تریش دەكات. زۆر بەداخەوە بۆ خاوەنی ئەم جۆرە بیروبۆچوونانە كە باوەڕیان بە هەموو سیفەتەكانی خوای گەورە هەیە و پاشان چەقۆیەك دەگرن بەدەستیانەوە و بەشێكی گرنگی لێ دەكەنەوە. بەداخەوە ئاریا لەدوای ڤیداوە قوفڵیان دا لە قسە و ئاخاوتنی خوا، هەروەها مەسیحیەكانیش قوفڵیان دا لە ئیلهام و وەحی، وەك ئەوەی مرۆڤ تەنها تا سەردەمی بەڕێز مەسیح پێویستیان بە بەڵگەی ئیلهامە ڕوون و دیاریدەرەكان هەبووە لەپێناوی بەدەستهێنانی بینایی خۆیی و زانستە ڕۆحیەكاندا، بەڵام ئەوانەی كە پاش ئەو هاتن نەوەیەكی زۆر چارەڕش بوون و بۆ هەتاهەتایە بێبەش بوونیان لەسەر نووسرابوو، لەگەڵ ئەوەی مرۆڤ بە بەردەوامی پێویستی بە بینایی خۆیی و ئەو ئەزموونانە هەیە كە دەبنە هۆی هیدایەتدانی. هەمیشە ئایین سەرچاوەی زانستە ڕاست و دروستەكانە ئەگەر بەردەوام سیفەتە خواییەكان شێوازی نوێ تێیدا دەربكەوێت، ئەگینا ئەو ئایینە وەردەچەرخێت بۆ حیكایەت و ئەفسانەكان و بەرەو نەمان و مردن دەچێت.
ئایا دەگونجێت عەقڵی مرۆڤ شكستێكی وەها مەزن قەبووڵ بكات؛ لە كاتێكدا لە دەروونماندا ئارەزوویەكی بەتین و هەستێكی بەهێز بەدی دەكەین بۆ پێویستبوونی ئەم جۆرە زانستە تەواوە كە ناگاتە چڵەپۆپە بەبێ قسە و ئاخاوتنی خوایی و نیشانە مەزنەكان، كەوابوو لەم دۆخەدا چۆن چاوەڕوان دەكرێت لە ڕەحمەتی خوای گەورە كە دەرگای وەحی دابخات لەسەرمان. ئایا لەم سەردەمەدا دڵەكانمان گۆڕاوە؟ یان نەخێر خوا خۆی گۆڕاوە؟ دەگونجێت ئەوە قەبووڵ بكەین كە لە هەندێ سەردەمدا وەحی تاكە كەسێك دەستەبەری گەشەی زانستی كردووە لای سەدان هەزار كەس بەجۆرێك ئەو پێویستیە لە ئارادا نەبووە كە هەریەكەیان وەحیەكی پێ بگات، بەڵام ناتوانین ئەو باوەڕە قەبووڵ بكەین كە دەڵێت پەڕاوی وەحی بەتەواوەتی پێچراوەتەوە، بەجۆرێك هیچ شتێك لە دەستماندا نەماوەتەوە جگە لە ئەفسانە و چیرۆكی خەیاڵی كە نەمانبینیوە و خودی خۆشمان تاقیمان نەكردوەتەوە. ئاشكرایە ئەگەر بابەتێك لە بابەتەكان بۆ سەدەها ساڵ لە ڕێگەی نەوەكانەوە بگوازرێتەوە و ڕیوایەت بكرێت وەكو ڕیوایەتكردنی چیرۆكە ئەفسانەییەكان بێ ئەوەی بەڵگە بەهێز و نموونە نوێ دەربكەون بۆ سەلماندنی ڕاستیەكەی؛ ئەوا ئەستەمە هەندێ لەو كەسانەی كە سروشتێكی فەلسەفییان هەیە قەبووڵی بكەن، بەتایبەتی ئەگەر ئەم چیرۆكانە سەبارەت بە كۆمەڵێك بابەت قسە بكەن كە لەم سەردەمەی ئێستادا وا دەربكەون بۆمان كە پێچەوانەی عەقڵ بن. وە لەبەر خودی ئەم هۆكارە هەر كاتێك ماوەیەكی زۆر تێدەپەڕی بەسەر ئەو چیرۆك و بەسەرهاتانەدا ئەو كەسانەی سروشتێكی فەلسەفییان هەیە گاڵتە دەكەن بەم جۆرە كەرامەتانە، بەڵكو گومان دەكەن لە ڕاستیەكەیان، ئەمەش مافی خۆیانە؛ چونكە ئەوان بیر لەوە دەكەنەوە ئەگەر خوا هەر ئەو خوایەیە، وە سیفەتەكانیشی هەر ئەو سیفەتانەن، وە پێویستیەكانی مرۆڤیش هەر ئەو پێویستیانەن، ئیتر بۆچی زنجیرەی ئیلهام پچڕاوە، لەكاتێكدا هەموو ڕۆحەكان بەدەنگی بەرز هاواردەكەن كە پێویستیان بە زانیاری نوێ هەیە. هەر خودی ئەم بابەتە بوو كە هیندۆسی بەرەو بێباوەڕی برد؛ چونكە باندێتەكانیان جار لەدوای جار ئەوەیان فێر دەكردن كە زنجیرەی ئیلهام و وەحی و ئاخاوتنی خوایی هەزاران ساڵە پچڕاوە، كەچی دەیانبینی سەردەمەكەی خۆیان زیاتر لە سەردەمی ڤیدا پێویستی بە ئیلهامەكانی خوای گەورە هەیە، دەی ئەگەر ئیلهام حەقیقەتێكی جێگیرە بۆچی دوای ڤیدا ئەم زنجیرەیە بەردەوام نەبوو؟ خودی ئەم هۆكارە بووە هۆی بڵاوبوونەوەی بێباوەڕی لەناو ئاریاكانیشدا. لەبەر ئەوە دەبینن سەدەها گرووپی هیندۆسی گاڵتە بە (ڤیدا) دەكەن و ڕەتیدەكەنەوە، لەوانە گرووپێكە بەناوی (جەینی). وە بەهۆی خودی ئەم بیروباوەڕانەوە گرووپی (سیخ) جیابوویەوە لە هیندۆسیەت كە سەدەها شتی دنیایی كردووە بە هاوەڵ لەگەڵ خوای گەورەدا، وە شتگەلێكی كەڵەكەبووی زۆر هەیە كە جگە لە خوا كراون بە پەرستراو بەجۆرێك تەنانەت ناتوانرێت خوای ڕاستەقینە بدۆزرێتەوە. پاشان ئەو بانگەشەیە كە ڤیدا كتێبێكی ئیلهامیە، بانگەشەیەكە زۆر پێویستی بە بەڵگەیە، بەڵكو ئەمە چیرۆكێكە بەڵگەیەكی نوێ پێشكەش نەكراوە لەسەر ڕاستیەكەی، بەڵكو كۆمەڵێك بەڵگە لە سەردەمێكی زۆر كۆن پێش ملیۆنەها ساڵ هێنراوەتەوە لەسەر ڕاستیەكەی، لەبەر ئەوە هیچ سیخیەكی ڕاستەقینە باوەڕی بە كتێبی ڤیدا نیە. هەڵبەت لە ڕۆژنامەی “أخبار عام” لە بەرواری 26/9/1898ز دا وتاری كەسێكی سیخی بڵاوكراوەتەوە، كە تێیدا بە ڕوونی پشتگیری ئەو باوەڕەی كردووە كە دەڵێت گرووپی “الخالصة” [ئەو سيخانەن كە پابەندن بە ئایینەكەیانەوە. (وەرگێڕ)] باوەڕیان بە ڤیدا نیە، بەڵكو لە وەسیەتی گۆرواتەكانیاندا [ئەمانە بریتین لە دە گەورە مامۆستاكانیان. (وەرگێڕ)] هاتووە كە باوەڕنەهێنن بە ڤیدا، ئەم نووسەرە داكۆكی كردووە لە هەڵوێستەكەی خۆی بە گێڕانەوەی هەندێ دێڕە شیعر -لە كتێبە پیرۆزەكەی خۆی (گۆرۆ گرنس)- كە وەسیەتی تێدایە بۆ شوێنكەوتووانی كە باوەڕنەكەن بە ڤیدا و هەروەها ئەو دانپێدانانەشی تێدایە كە ئەوان شوێن ڤیدا ناكەون و پێی ڕازی نین. ڕاستە ئەم سیخیە دان نانێت بە شوێنكەوتنی قورئانیشدا، بەڵام هۆكارەكە ئەوەیە كە سیخەكان حەقیقەتی ئیسلام نازانن، وە ئەو نوورە ناناسن كە خوای گەورە دایناوە لەناویدا، وە ئەوان –بەهۆی ئەو نەفامی و دەمارگیریەی كە هەیانە- شارەزای ئەو نوورانە نین كە لە قورئانی پیرۆزەوە سەرڕێژی كردووە، هەروەها پەیوەندیان لەگەڵ موسوڵمانان باش نیە وەكو پەیوەندییان لەگەڵ هیندۆسەكاندا. ئەوەیان بەسە كە شوێن ئەو وەسیەتە بكەون كە “باوا گۆرۆ نانگ” لەسەر كراسەكەی خۆی نووسیویەتی و گوتوویەتی هیچ ئایینێكی ڕاست و دروست نیە جگە لە ئیسلام. سەد مەخابن بۆ بەفیڕۆدانی ڕاسپاردەیەكی گرنگی ئەم جۆرە پیاوچاكە. هیچ شتێك بەدەستی سیخی خالیصەوە نیە جگە لەو كراسە پیرۆزە كە “باوا نانگ” بەجێیهێشتووە وەك یادگاریەكی ڕاستەقینە بۆیان، بەڵام “گرنس” لەم دواییەدا دێڕە شیعرەكانی كۆكرانەوە، وە هەندێ لە توێژەران ڕەخنەیان لەسەری هەیە.
خوا زاناترە كێ قسەكانیانی كۆكردووەتەوە تێیدا و ئەو چاكتر ئاگاداری ئەو دەستكاریەیە كە كراوە لەو دێڕە شیعرانەدا. بە كورتی، ئەم جێگەیە گونجاو نیە بۆ گێڕانەوەی ئەم چیرۆكە، بەڵكو تەنها ئامانج لە قسەكانمان جەختكردنەوەیە لەسەر ئەوەی كە ئیلهامی نوێ زۆر پێویستە بۆ نوێكردنەوەی باوەڕی مرۆڤەكان.
وەحی ڕاست و دروست لە ڕێگەی هێز و دەسەڵاتە دەراساكەیەوە دەناسرێتەوە؛ چونكە تەنها خوا هێز و دەسەڵاتی دەراسای كە لەسەروو هێز و دەسەڵاتی مرۆڤەوە بێت، شەیتان و جنەكان و جگە لەوانیش ئەم هێز و دەسەڵاتەیان نیە. وە بەهۆی وەحی ئیمامی سەردەمەوە ڕاستی ئیلهامی كەسانی تر دەسەلمێنرێت.
هەڵبەت پێشتر باسمان كرد ئیمامی سەردەم بە سروشتی خۆی ڕازاوەتەوە بە هێزی ئیمامەت و پێشەوایەتی. وە دەستی توانستی خوایی خاسیەتی ئیمامەت و سەرۆكایەتی تێدا داناوە. وە سوننەتی خوای گەورە بە جۆرێكە كە واز لە خەڵكی ناهێنێت پەرش و بڵاو بن و دووبەرەكییان تێدا بێت، بەڵكو هەروەك چۆن لە سیستەمی هەتاویدا ژمارەیەكی زۆر ئەستێرەی داناوە، پاشان خۆری كردووە بە پاشا بەسەریانەوە، بەهەمان شێوەی ئەستێرەكان باوەڕدارانیش بەگوێرەی پلەكانیان نووریان پێدەدرێت، وە ئیمامی سەردەم دەبێتە خۆر لەناویاندا. وە ئەم سوننەتی خواییە بەدی دەكەین لە هەموو دروستكراوەكانیدا، بۆ نموونە هەنگ، یەكێكیان دەبێتە ئیمام لەناویاندا و پێی دەوترێت شاهەنگ یان شاژن. وە خوای گەورە دەیەوێت لە مەملەكەتی ماددیشدا یەكێك لە خۆیان فەرمانڕەوا یان پاشا بێت لەناویاندا. وە نەفرینی خوا كراوە لەو كەسانەی كە حەزیان لە دووبەرەكیە و شوێن سەركردەیەك لە خۆیان ناكەون؛ چونكە خوای گەورە دەفەرموێت: [أَطِيعُوا اللَّهَ وَأَطِيعُوا الرَّسُولَ وَأُولِي الْأَمْرِ مِنْكُمْ] (النساء: 60) وە مەبەست لە [وَأُولِي الْأَمْرِ] كاربەدەستان لەڕووی ماددیەوە پاشایە وە لەڕووی ڕۆحانیەوە ئیمامی سەردەمە. كەوابوو ئەو كاربەدەست و خاوەن فەرمانەی نەیاری ئامانجەكانمان نەبێت لەڕووی ماددیەوە، وە بتوانین بۆ ئایینەكەمان كەڵكی لێ وەربگرین ئەوە لە ئێمەیە. لەبەر ئەوە ئامۆژگاریم بۆ كۆمەڵەكەم ئەوەیە كە دەسەڵاتی ئینگلیز بخەنە چوارچێوەی [وَأُولِي الْأَمْرِ]ەوە، وە بەردەوام بەدڵسۆزیەوە ملكەچیان بن؛ چونكە خۆهەڵناقورتێنن لە مەبەستەكانی ئایینمان، بەڵكو بەپێچەوانەوە بەهۆی بوونی ئەوانەوە ئێمە حەساوینەتەوە، وە خائین و ناپاك دەبین ئەگەر دان بەوەدا نەنێین كە ئینگلیز لە ئایینەكەماندا یارمەتیەكی ئەوتۆی داوین كە پاشا موسوڵمانەكانی هیندستان نەیانتوانیوە ئەو یارمەتیەمان بدەن؛ چونكە هەندێ پاشای موسوڵمان لە هیندستاندا بەهۆی كەمی هیممەتیانەوە هەرێمی پەنجابیان پشتگوێ خست، وە بەهۆی بێ ئاگایی ئەوانەوە كۆمەڵیك بەڵای قورس و گران هات بەسەر خۆمان و ئایینەكەماندا لە سایەی دەسەڵاتی سیخی زۆرداردا، بەجۆرێك نەماندەتوانی بە كۆمەڵ نوێژ بكەین و بەدەنگی بەرز بانگ بدەین، وە كار گەیشتە ئەوەی خەریك بوو ئایینی ئیسلام لە پەنجابدا لەناوبچێت. پاشان ئینگلیز هات، وە بە هاتنیان جارێكی تر بەختەوەری و كامەرانیمان بۆ گەڕایەوە، بەڕاستی ئەوان ئایینی ئیسلامیان پاراست، وە ئازادی تەواوەتییان پێداین لە ڕێوڕەسمە ئایینیەكانماندا و مزگەوتەكانمان كرانەوە و دروشمی ئیسلام لە پەنجاب دەبینرا پاش دیارنەمانی ئەو دروشمانە بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ. ئایا ئەم چاكەیە شایانی ئەوە نیە كە باسی بكەین؟ بەڵكو لە ڕاستیدا هەندێ لە پاشا موسوڵمانەكان بەهۆی نائاگایی و كەمی ورەیانەوە پاڵیان پێوەناین بەرەو وڵاتی كافرەكان، ئینجا ئینگلیز هات و دەستیان گرتین و دەریان هێناین لەوێدا. لەبەر ئەوە سووربوون لەسەر پیلانگێڕان و یاخیبوون دژی ئینگلیز سپڵەییە بەرامبەر نیعمەتەكانی خوای گەورە.
دەگەڕێمەوە بۆ ناوەڕۆكی باسەكە و دەڵێم: هەروەك قورئانی پیرۆز دووپاتی كردووەتەوە بۆمان كە شارستانیەتی ماددی لە ژێر دەسەڵاتی یەك پاشادا بەڕێوە دەچێت، بەهەمان شێوە جەختی لەمە كردووەتەوە سەبارەت بە شارستانیەتی ڕۆحانیش. وە خوای گەورە ئاماژەی بۆ ئەم بابەتە كردووە كاتێك ئەم نزایەمان فێر دەكات: [اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ % صِرَاطَ الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ] (الفاتحة: 6-7).
پێویستە لەوە ڕابمێنین كە هیچ باوەڕدارێك یان مرۆڤێك یان تەنانەت ئاژەڵێك نیە نیعمەتی خوای گەورە پێ نەدرابێت، بەڵام ناتوانین ئەوە بڵێین كە خوای گەورە لەم ئایەتانەدا فەرمانمان پێ دەكات كە شوێن هەموو ئەمانە بكەوین. لەبەر ئەوە مانای ئەم دوعایە بریتیە لەوەی كە: خوای گەورە ڕێنموونیمان بكات بۆ ڕێگەی ئەوانەی كە خوا ڕێژنەبارانی نیعمەتە ڕۆحانیەكانی باراندووە بەسەریاندا بەشێوەیەكی تەواو و بێ كەموكوڕی تاكو ئێمەش شوێنیان بكەوین. بە دەستەواژەیەكی تر ئەم دوو ئایەتە ئاماژە بەوە دەكەن كە لەگەڵ ئیمامی سەردەمدا بین.
ئەوەمان لە یاد نەچێت كە وشەی ئیمام هەر یەك لە نەبی و ڕەسول و موحەددەث (واتە ئەو كەسەی لەلایەن خواوە قسەی لەگەڵدا دەكرێت) و نوێكارێك دەگرێتەوە. بەڵام ئەوانەی كە فەرمانیان پێ نەكراوە ڕێنمایی خەڵكی بكەن و ئەو سیفەتە بەرزانەیان پێ نەدراوە كە پێویستن بۆ ڕاپەڕاندنی ئەركی ئەم ڕێنمایی كردنە پێیان ناوترێت ئیمامی سەردەم ئەگەرچی وەلی یان دوستی خوا بن.
ماوەتەوە پرسیاری كۆتایی: ئیمامی ئەم سەردەمە كێیە كە خوا شوێنكەوتنی پێویست كردووە لەسەر هەموو موسوڵمانان بەگشتی و لەسەر دنیانەویستان و كەسانی خاوەن خەونی ڕاست و ئیلهام بۆكراوەكان بە تایبەتی؟ لەسایەی فەزڵ و چاودێری خوای گەورەوە بەبێ هیچ دوودڵیەك دەڵێم:
وە خوای گەورە هەموو مەرجە پێویست و نیشانە باسكراوەكانی لە مندا كۆكردووەتەوە. وە ڕەوانەی كردم لە سەرەتای ئەم سەدەیەدا كە 15 ساڵی لێ ڕۆیشتووە. لە ڕاستیدا لە كاتێكدا ڕەوانەكراوم كە بیروباوەڕە ئیسلامیەكان پڕن لە دژایەتی بەڕادەیەك بیروباوەڕێك سەلامەت نەبووە لێی، هەروەها بیرۆكە هەڵەكان بڵاوبوونەتەوە دەربارەی دابەزینی مەسیح (علیه السلام). وە ناكۆكی لەم باوەڕەدا گەیشتووەتە ڕادەیەك كە هەندێ كەس باوەڕیان بە ژیانی عیسا هەیە، هەندێكیش بە مردنی، وە هەندێكیان باوەڕیان بە دابەزینی جەستەیی ئەو هەیە و هەندێكی تریشیان باوەڕیان بە دابەزینی هاوشێوەی ئەو هەیە، وە هەندێكیان وادەبینن كە دابەزینەكەی لە دیمەشقدا دەبێت و هەندێ تر لە مەككەی پیرۆز و سێیەم لە بەیتولمەقدیس و چوارەم لە سوپای ئیسلامیدا، وە هەیانە پێیوایە دابەزینەكەی لە هیندستاندایە.
بێگومان ئەم هەموو بۆچوون و وتە جیاوازانە ناوبژیوانێك دەخوازێت بۆ ئەوەی یەكلاییان بكاتەوە، دەی بابزانن من ئەو ناوبژیوانەم، وە ڕەوانەكراوم بۆ نەهێشتنی جیاوازیەكان و شكاندنی خاچ لەڕووی مەعنەویەوە، وە ئەم دوو بابەتە ڕەوانەكردنی منیان پێویست كرد. بۆم نیە بەڵگەیەكی تر پێشكەش بكەم لەسەر ڕاستی كارەكەم جگە لە پێویستی چەرخ و سەردەم كە هەر خۆی بەڵگەیە لەسەر ڕاستگۆییم، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا خوای گەورە كۆمەڵە نیشانەیەكی زۆری پیشانداوە بۆ پشتگیری كردنم، هەروەك چۆن ناوبژیوانم بۆ یەكلایی كردنەوەی جیاوازیەكان بەهەمان شێوە ناوبژیوانیشم لە كێشەی ژیان و مردنی مەسیحدا. وە پێموایە لە مەسەلەی مردنی مەسیحدا وتەی ئیمام مالیك و ئیبن حەزم (ڕەحمەتی خوایان لێ بێت) و وتەی موعتەزیلە ڕاستە، وە ئەوانی تر لە ئەهلی سوننە بە هەڵە دادەنێم. وە من بەو سیفەتەی ناوبژیوانم ئەم بڕیارەی خۆم دەردەكەم لەنێوان ڕكابەرەكاندا. هەڵبەت گرووپی ئەهلی سوننەت لەسەر حەقن لە وەرگرتنی مانا كورت و پوختەكانی وشەی (نزول)دا كە دەبێت دابەزینی هاوشێوەی مەسیح بێت، بەڵام هەڵەیان كردووە لە خستنەڕووی چۆنێتی دابەزینەكەی، كە وابوو مەبەست لە دابەزینەكەی دابەزینی حەقیقی نیە، بەڵكو دابەزینە بەشێوەی مەجازی. بەڵام لە مەسەلەی مردنی مەسیحدا موعتەزیلە و ئیمام مالیك و ئیبن حەزم و جگە لەوانیش لەسەر حەقن؛ چونكە ئەم ئایەتە پیرۆزە: [فَلَمَّا تَوَفَّيْتَنِي] (المائدة: 118) مردنى مەسیح دەخوازێت پێش گومڕا بوونی مەسیحیەكان. ئەمەیە بڕیاری من بەو سیفەتەی كە ناوبژیوانم. وە لە ئێستادا ئەگەر كەسێك ئەم بڕیارەم قەبووڵ نەكات، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەو كەسە قەبووڵ ناكات كە منی كردووە بە ناوبژیوان.
جا ئەگەر یەكێك پرسیار بكات: بەڵگە چیە لەسەر ئەوەی تۆ ناوبژیوانیت؟ ئەوا وەڵامەكەی ئەوەیە: ئەو سەردەمەی كە پێویست بوو ئەو ناوبژیوانەی تێدا ڕەوانە بكرێت ئەم سەردەمەی ئێستایە، وە ئەو ئوممەتەیش كە پێویست بوو ئەم ناوبژیوانەی تێدا ڕەوانە بكرێت بۆ ڕاستكردنەوەی هەڵەكانی كە هاوشێوەی هەڵەی خاچپەرستەكانە ئێستا بوونی هەیە، وە ئەو ئایەتانەیش دەركەوتن كە پێویست بوو بەڵگە بن لەسەر ڕاستی دەركەوتنی ئەم ناوبژیوانە، وە هێشتا زنجیرەی دەركەوتنی ئەم ئایەتانە بەردەوامە، بێگومان ئاسمان ئایەتەكانی پیشاندا، وە زەویش پیشانیدا، وە پیرۆز بێت لەوانەی كە تا ئێستا چاویان بە داخراوی نەماوەتەوە.
پێتان ناڵێم تەنها باوەڕ بكەن بە ئایەتەكانی سەردەمانی پێشوو، بەڵكو پێتان دەڵێم كە بەربەرەكانێم لەگەڵدا بكەن ئەگەر لە دیدی ئێوەدا من لەلایەن خواوە ناوبژیوان نیم، وە بزانن كە من لەكاتی جیاوازی بیروباوەڕەكاندا هاتووم، هەموو گفتوگۆكان لەبەرامبەرمدا هەوانتەیە جگە لە گفتوگۆی ئەوەی كە من ناوبژیوانم، كە بریتیە لە مافێكی گشتی و من هەستاوم بە دادوەری كردن تێیدا. بێگومان خوای گەورە ئەم چوار ئایەتەی خوارەوەی بە من داوە و بەكەسی تری نەداوە:
1- هەڵبەت ئایەتی ڕەوانبێژی و زمانپاراویم پێدراوە لە زمانی عەرەبیدا وەك سێبەرێك بۆ موعجیزەی قورئانی پیرۆز، وە هیچ كەسێك ناتوانێت بەربەرەكانێم لەگەڵدا بكات لەمەدا.
2- وە ئایەتی خستنەڕووی حەقیقەتی زانستەكانی قورئانی پیرۆزم پێدراوە، وە هیچ كەس ناتوانێت تێیدا بەربەرەكانێم لەگەڵدا بكات.
3- وە ئایەتی گیرابوونی دوعا بەڕێژەیەكی زۆر، وە هیچ كەس ناتوانێت تەحەددا قەبووڵ بكات تێیدا، وە سوێند دەخۆم بە خوای گەورە كە تا ئێستا نزیكەی سێ سەد هەزار لە دوعاكانم گیرا بوون، وە بەڵگەم لایە بۆ سەلماندنی ئەمە.
4- ئایەتی زانینی غەیبم پێدراوە، وە هیچ كەس ناتوانێت لەمەدا بەربەرەكانێم لەگەڵدا بكات. ئەمانەی لام بوون كۆمەڵە بەڵگەیەكن لەلایەن خوای گەورەوە. هەروەها پێشبینیەكانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سەبارەت بە من هاتوونەتەدی وەكو كۆمەڵێك ئایەتی درەخشان.
واتە: هەڵبەت ئاسمان ئایەتەكان دەبارێنێت، وە زەوی هاوار دەكات كە كاتەكە كاتی ڕەوانەكردنی كەسێكە، دیارە ئەم دوو شایەتە ئەمڕۆ شایەتی دەدەن بۆ سەلماندنی ڕاستگۆیی من.
ئەوەتا بەگوێرەی فەرموودەی پیرۆزی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ماوەیەك لەمەوپێش مانگگیران و خۆرگیران ڕوویاندا، وە حەجیش قەدەغە كرا، هەروەها تاعوونیش بڵاوبوویەوە لەم وڵاتەدا، سەرباری ئەمەش كۆمەڵێك ئایەتی زۆر لە منەوە دەركەوتن كە لێرەدا باسم نەكردوون و سەدەها هیندۆس و موسوڵمان شایەتییان لەسەر داون.
كەواتە من ئیمامی سەردەمم لە هەموو ئەم لایەنانەوە و خوای گەورە پشتگیریم دەكات وەكو شمشێرێكی تیژ. دیارە ڕامگەیاندووە ئەو كەسەی ڕووبەڕووبووم دەبێتەوە تووشی پەشیمانی و ڕسوایی دەبێت. هەڵبەت ئەو بڕیارەم پێ ڕاگەیاندن كە ڕاگەیاندنەكەی پێویست بوو لەسەرم، چەندەها جار ئەم بابەتانەم لە كتێبەكانمدا نووسیوە، بەڵام ئەوەی جارێكی تر پاڵی پێوەنام بۆ نووسینەوەیان هەڵەیەكی ئیجتیهادی یەكێك لە هاوڕێكانم بوو، بۆیە كاتێك ئەو هەڵەیەم بینی بە دڵێكی پڕ لە سۆز و ژانەوە ئەم نامیلكەیەم نووسی.
وە درێژەی ئەم ڕووداوە ئەوە بوو یەكێك لە برادەرەكانم كە بە مرۆڤێكی لەسەرخۆ و خۆشبەخت و پاك و ساڵحم دانابوو، وە هەر لەسەرەتاوە گومانی باشم پێ بردووە، خوایش ئاگاداری بارودۆخیەتی، بەڵام ئەو لە هەندێ بیروباوەڕیدا هەڵەیە، وە ترسم هەیە كە ئەم هەڵەیە زیانی پێبگەیەنێت، لەم ڕۆژانەدا پاش ماندووبوونی بەهۆی گەشتێكی دوور و درێژەوە گەیشتە قادیان بە یاوەری برادەرێكی بەڕێزی ترم، واتە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 1898ز بەرامبەر جەمادی یەكەمی ساڵی 1316 كۆچی، وە هەندێ لە ئیلهامەكانی خۆی بۆ باس كردم. بێگومان ئەوە زۆر دڵخۆشی كردم كە خوای گەورە شەرەفداری كردووە بە ئیلهامەكانی خۆی، بەڵام -لە پاڵ ئیلهامەكانیدا- یەكێك لە خەونەكانیشی بۆ باسكردم، وە ئەو لەخەونەكەیدا بە منی وتبوو: “بۆچی بەیعەتت پێ بدەم؟ بەڵكو پێویستە تۆ بەیعەت بە من بدەی.”
كاتێك ئەم خەونەی گێڕایەوە بۆم دەركەوت باوەڕی بەوە نیە كە من مەسیحی بەڵێندراوم، وە بابەتی ئیمامەتی ڕاست و دروست نازانێت. لەبەر ئەوە سۆزی دەروونم ئەوەی خواست كە ئەم نامیلكەیەی بۆ بنووسم بە مەبەستی خستنەڕووی بابەتی ئیمامەتی ڕاست و دروست و نووسینی ناوەڕۆكی بەیعەت بۆی.
ناوەڕۆكی بەیعەت بەم جۆرەیە: بەیعەت لە كڕین و فرۆشتنەوە وەرگیراوە، وە كڕین و فرۆشتنیش گۆڕینەوەی شتێكە بە شتێكی تر، كە بریتیە لە مامەڵەیەك بە ڕەزامەندی هەردوولا. وە ئامانج لە بەیعەت ئەوەیە كە بەیعەتدەر بەتەواوی خۆی بفرۆشێت بە ڕێنیشاندەرەكەی بۆ ئەوەی لە بەرامبەر ئەمەدا ئەو زانستە ڕاست و دروست و نیعمەت و بەركەتە كامڵانەی پێبگات كە خواناسیەكەی زیاد دەكەن و ڕزگاری دەكەن و ڕەزامەندی خوای گەورەی پێ دەبەخشن. دیارە بەیعەت مانای تۆبەكردن نیە بە تەنها؛ چونكە مرۆڤ خۆی دەتوانێت ئەم جۆرە تۆبەیە بكات، بەڵكو مەبەست لە بەیعەت دەستكەوتنی زانست و بەرەكەت و نیشانەكانە كە مرۆڤ كێشدەكەن بۆ تۆبەكردنی ڕاستەقینە.
كەواتە ئامانج لە بەیعەتی ڕاست و دروست ئەوەیە كە مرۆڤ وەكو خزمەتكارێك خۆی بداتە دەست ڕابەر و ڕێپیشاندەرەكەی تاوەكو لەبەرامبەر ئەمەدا نیعمەتی ئەو زانست و زانیاری و بەرەكەتانە وەربگرێت كە زانستەكەی زیاد دەكەن و باوەڕی بەهێز دەكەن، وە پەیوەندیەكی ڕوون و خاوێنی بۆ دروست دەكەن لەگەڵ خوای گەورەدا، بەمەش ڕزگاری دەبێت لە دۆزەخی دنیا و دۆزەخی دواڕۆژ، وە چاك دەبێتەوە لە كوێربوونی دنیایی و سەلامەتیش دەبێت لە كوێربوونی دواڕۆژ. بۆیە ئەگەر كەسێك هەبێت بەخشینی ئەم جۆرە بەرهەمەی بەیعەتەكەی لە ئەستۆ بگرێت، ئەوا بە ئەنقەست ڕوو وەرگێڕان لەو كەسە نامەردی و ڕسواییە.
ئەی خۆشەویستەكەم، ئاشكرایە ئێمە تینووین بۆ زانست و حەقیقەت و بەرەكەتی ئاسمانی، وە هەرگیز تینوێتیمان لێی ناشكێت ئەگەرچی دەریایەكی تەواوی لێ بخۆینەوە، كەواتە ئەگەر یەكێك ویستی بمانكات بە خزمەتكاری خۆی، ئەوا ڕێگەی ئەم كارە زۆر ئاسانە، ئەویش ئەوەیە چەمكی ڕاستەقینەی بەیعەت و فەلسەفەكەی لە مێشكی خۆیدا دابنێت، ئینجا با ئەم پەیمانی بەیعەتە گرێ بدرێت لەنێوانماندا، جا ئەگەر ئەو كەسە ئەو حەقیقەت و زانست و بەرەكەتە ئاسمانیانەی هەبوو كە بە ئێمە نەدرابوو، وە ئەو زانستە قورئانیانەی بۆ ئاشكرا كرابوو كە بۆ ئێمە ئاشكرا نەكرابوو، ئەوا ئەم جۆرە مرۆڤە پایەبەرزە بەڕێزە بەخێربێت سەرچاو، با دەستمان بگرێت وەك كەسانێكی خزمەتكار و گوێڕایەڵی خۆی و لەبەرامبەردا ئەو زانستە ڕۆحانی و ئەو حەقیقەتە قورئانی و بەرەكەتە ئاسمانیانەمان پێبدات. نامەوێت لەوە زیاتر ماندوویان بكەم، بەڵكو بە هەموو برا ئیلهام بۆ كراوەكان دەڵێم كە لە دانیشتنێكی بە كۆمەڵدا كۆببنەوە و حەقیقەت و زانستە شاراوەكانی سوورەتی (الإخلاص) بنووسن، جا ئەگەر من نەمتوانی هەزار ئەوەندەی كە ئەوان باسیان كردووە باس بكەم، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەبمە خزمەتكارێكی گوێڕایەڵ بۆ ئەوان.
واتە: وتنی قسەیەك هێشتا نەگوترابێت بەلای هیچ كەسێكەوە گرنگ نیە، بەڵام ئەگەر قسەیەكت كرد ئەوا ناچاریت بەڵگە بهێنیتەوە لەسەر ئەوەی كە بانگەشەی دەكەیت.
هەرچۆنێك بێت، ئەی برادەرە بەڕێزەكەم، ئەگەر ئەو حەقیقەت و زانست و بەرەكەتانەی كە كاریگەری دەراسایان هەیە لای تۆ هەن؛ ئەوا بەوەندە وازناهێنم كە بەیعەتتان پێ بدەم، بەڵكو هەموو كۆمەڵەكەشم بەیعەت دەدەن پێتان، وە هەرگیز كەسێك دواناكەوێت مەگەر زۆر سوك و ڕسوا بێت. بەڵام چی بڵێم و چی بنووسم؟ بەداوای لێبوردنەوە دەڵێم: كاتی گوێگرتنم لە ئیلهامە نووسراوەكانت تێبینی هەندێ هەڵەی وشەسازی و ڕێزمانیم كرد. تكا دەكەم تووڕە نەبیت! چونكە ئەمەی كە باسم كردووە بۆت تەنها بە نیازچاكی و ئەوپەڕی خاكیانەوە باسم كردووە وەكو ئامۆژگاریەكی ئایینی، ئەگینا من پێم وایە ئەگەر هەڵەی وشەسازی و ڕێزمانی لە ئیلهامەكانی كەسێكی ناڕۆشنبیر و نەخوێندەواردا هەبێت، ئەوا ڕەخنە لەسەر ئەو ئیلهامە نیە. دیارە ئەمە مەسەلەیەكی وردە و پێویستی بەوە هەیە كە بەتێروتەسەلی باس بكرێت، بەڵام ئێرە جێگەی ئەوە نیە، جا ئەگەر بەهۆی ئەم گوفتارەمەوە یەكێك لەو مەلایانەی كە دەستیان گرتووە بە توێكڵ و ڕووكارەوە تووڕە بێت، ئەوا ئەویش لەو كەسانەیە كە گلەییان لەسەر نیە؛ چونكە هەرگیز نەچووەتەناو كووچە و كۆڵانەكانی فەلسەفەی ڕۆحانیەتەوە. بەڵام ئیلهامی ناوبراو بە ئیلهامێكی پلەنزم دادەنرێت، وە شەقڵی درەوشانەوەی كامڵی نووری خوای گەورەی پێوە نیە؛ چونكە ئیلهام سێ پلەی هەیە: نزم و ناوەند و بەرز.
هەرچۆنێك بێت كاتی بیستنی ئەو هەڵانەی باسكران لە ئیلهامەكانیدا شەرم دایگرتم و لە خوا پاڕامەوە كە ئەمانە نەدا بە گوێی یەكێك لەو مەلایانەدا كە نووساون بە توێكڵ و ڕووكارەوە؛ چونكە بەدڵنیاییەوە گاڵتەی پێدەكەن و پێی پێدەكەنن. ئەستەمە ئەم ئیلهامە -كە خاڵیە لە حەقیقەت و زانستەكان و پڕە لە هەڵە- كەڵك بە كەس بگەیەنێت بەتایبەتی لەم سەردەمەی ئێستاماندا، بەڵكو مەترسی ئەوە هەیە كە زیانی زیاتر بێت لەوەی كەڵكی هەبێت.
وە متمانەم هەیە بە باوەڕی خۆم و سوێند دەخۆم بە خوای گەورە كە ئەمەیە مەبەستی ڕاست و دروست. كەواتە پێویستە ئەم هاوەڵە بەڕێزەم زیاتر و زیاتر ڕووبكاتە خوای گەورە [وە من دڵنیام لەوەی ئەگەر ئەم برادەرە بەڕێزە زیاتر ئاوڕبداتەوە بەلای ئەم بابەتەدا ئەوا لە كاتێكی زۆر نزیكدا ئیلهامەكانی ڕەنگی كامڵبوون دەگرن. (نووسەر)]. چونكە هەركاتێك دڵ زیاتر ساف و ڕوون بێت، زمانی ئیلهامیش زیاتر پاراو و ئاشكراتر دەبێت. ئەمەیە نهێنی ئەوەی كە وەحی قورئانی ڕوونترین و پاراوترین و ڕەوانبێژترینە لەچاو وەحی هەموو پێغەمبەران، سەرباری لەخۆگرتنی زانست و حەقیقەتە بڵندەكان؛ چونكە پێغەمبەری خۆمان (صلى الله عليه وسلم) لە هەموو كەس دڵی ڕوونتر و دەروونی پاكتر بوو، بۆیە وەحیەكەی لەڕووی ماناوە زانستە هەرە باڵاكان و لەڕووی وشەوە ئەوپەڕی ڕەوانبێژی و زمانپاراوی دەرخستووە.
پێویستە هاوڕێكانم بیر لە بابەتیكی تریش بكەنەوە، ئەویش ئەوەیە كە بەیعەت مامەڵەی كڕین و فرۆشتنە، وە سوێند بە خوای گەورە من هەرگیز چاوەڕوانی ئەوە ناكەم كە ئەم برادەرە بەڕێزە بتوانێت یەك بەش لە هەزار بەشی ئەو زانست و حەقیقەتانەی قورئانی پیرۆز لە زاری بێتە دەر كە -خۆشەویستم لەبەر خوا- مەولەوی عەبدولكریم لەكاتی ئامۆژگاری كردندا باسی دەكات، هۆكاری ئەمەش ئەوەیە كە ڕێگە ئیلهامیەكەی ناتەواوە، وە بەتەواوەتی وازی لەو ڕێگەیە هێناوە كە دەكرێت بە هۆیەوە ئەم شكۆیە بەدەستبهێنێت، وە نازانین ئایا دەرفەتی بۆی ڕەخساوە كە لە توێژەرێكەوە گوێبیستی قورئان بووبێت یان نا [نكۆڵى لەوە ناكەین لە داهاتوودا سەرچاوەی زانستە لەدونیەكان بكرێتەوە بۆتان، بەڵام هێشا بۆتان نەكراوەتەوە. هەڵبەت خەون و ئیلهامەكان خوازە ومەجاز بەسەریاندا زاڵە، بەڵام تۆ خەوەكەی خۆتت بە حەقیقی وەرگرتووە. بێگومان نوێكار سەرهەندی لە حاڵەتی كەشفدا بینی كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەهۆی ئەوەوە پلەوپایەی خەلیلی خوای بەدەستهێنا. وە شاهـ وەلیوڵا لەمە گەورەتری بینی، كاتێك بینی كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەسەر دەستیدا بەیعەتی داوە، بەڵام بەهۆی فراوانی زانستەكەیەوە ئەوە نەهات بەمێشكیدا كە بەمێشكی تۆدا هات، بەڵكو ئەم بابەتەی تەئویل كرد. (نووسەر)]. بۆ خوا تكات لێ دەكەم كە تووڕەنەبیت، دیارە تا ئێستا تۆ دەركت بەناوەڕۆكی بەیعەت نەكردووە، وە نازانێت ئەو شتە چیە كە لە بەیعەتدا دەدرێت و وەردەگیرێت.
زانایەكی چاك و بەشان و شكۆ هەیە لە كۆمەڵەكەمدا، وە لەو كەسانەیە كە لەسەر دەستی مندا بەیعەتی داوە، واتە مەولەوی حەكیمی حافز (لەبەركەری هەموو قورئان) حاجی نوورەددین، كە هەموو تەفسیرەكانی جیهانی لەلایە، وە لە دڵیدا ئازووقە و تفاقی هەزارەها زاستی قورئانی هەیە. بۆیە ئەگەر تۆ ئەو پلەیەت هەیە كە بەیعەت لە خەڵكی وەربگریت، ئەوا داواكارم لێت كە بەشێك لە قورئانی پیرۆزی فێر بكەیت لەگەڵ شیكردنەوەی حەقیقەت و زانستە شاراوەكان تێیدا. ئایا ئەم كەسانە هەموویان شێت بوون تاكو بەیعەت بە من بدەن و واز لە هەموو ئیلهام بۆكراوەكانی تر بهێنن؟
كەواتە ئەگەر بەڕێگەی بەڕێز مەولەوی ناوبراودا بڕۆیت ئەوا بۆت چاكترە. بێگومان ئەو ماڵ و شارەكەی خۆی بەجێهێشت، وە لێرە ژیانێكی كولەمەرگی قەبووڵ كردووە لە خانووی قوڕدا، ئایا پێت وایە بە هەوانتە و بێ ئەوەی هیچ نیشانەیەكی بینیبێت بەرگەی هەموو ئەم چەمەسەریانەی گرتووە؟
پێویستە برادەری ئیلهامبۆكراومان ئەوە بزانێت كە لەم گومانانەیدا كەوتووەتە هەڵەوە. جا ئەگەر یەكەمجار -بەهێزە ئیلهامیەكەی- نموونەیەكی تێگەیشتنی خۆی لە حەقیقەت و زانستە قورئانیەكان پیشانی ئێمە بدات و بتوانێت بە نوورە دەراساكەی بەیعەت وەربگرێت لە كەسێكی وەكو نوورەددین كە ئەویندارێكی قورئانە، ئەوسا منیش لەگەڵ كۆمەڵەكەمدا لەپێناوی ئەودا خۆمان بەخت دەكەین. ئایا دەكرێت كەسێك بەهۆی كۆمەڵێك دەستەواژەی ئیلهامی ناڕۆشنەوە -كە زۆربەیان تەندروست نین- ئەم پایە بڵندە بەدەستبهێنێت بەجۆرێك خۆی بە ئیمامی سەردەم دابنێت؟
بەڕێزم، چەندەها مەرجی زۆر هەن كە پێویستە لە ئیمامی سەردەمدا هەبن، وە بەهاتنەدی ئەو مەرجانە تێیدا دەتوانێت ڕووبەڕووی هەموو جیهان ببێتەوە.
واتە: هەڵبەت هەزارەها نوكتەی زاستی هەن كە زۆر باریكن و تەنانەت لە موو باریكترن، هەموو ئەوانەی كە سەریان دەتاشن ناگەنە نهێنیەكانی تەسەوف.
پێویستە خۆشەویستی ئیلهام بۆكراوم فریو نەخوات بە هەندێ بڕگەی ئیلهامی كە دابەزیوەتە سەری، بەڵكو بەڕاستی پێی دەڵێم كە ئەم جۆرە ئیلهام بۆكراوانە لە كۆمەڵەكەمدا ژمارەیان زۆرە، وە ئیلهامەكانی هەندێكیان ئەوەندە زۆرە بەجۆرێك ئەگەر كۆبكرێنەوە كتێبێك پڕ دەكەن. بۆ نموونە -سەید ئەمیر عەلی شاهـ- هەفتانە پەڕەیەكی تەواوم بۆ دەنێرێت كە وەحیەكانی لە خۆگرتووە، هەروەها هەندێ ئافرەت هەن كە باوەڕیان پێ كردووم بە زمانی عەرەبی وەحیان پێ دەگات لەگەڵ ئەوەی یەك پیتیان لەم زمانە نەخوێندووە، وە پێم سەیرە لە ئیلهامەكانیدا (واتە: هی سەید ئەمیر عەلی شاهـ) هەڵە كەمترە لەچاو ئیلهامەكانی تۆدا. ئەوەتا لە بەرواری 28ی ئەیلوولی 1898ز دا لە ڕێگەی بەریدەوە هەندێ لە ئیلهامەكانیم پێگەیشت كە براكەی (فەتح موحەممەد بەزدار) ناردبووی. هەروەها ژمارەیەكی بەرچاو لە ئیلهام بۆكراوەكان هەن لە كۆمەڵەكەمدا، كە یەكێكیشیان لە لاهۆرە، بەڵام ئایا دەكرێت كەسێك بێ نیاز بێت لە بەیعەتدان بە ئیمامی سەردەم بەهۆی ئەم ئیلهامانەوە؟ بەڵام من ڕێگر نیم لە بەیعەتی هیچ كەسێك، لەگەڵ جەخت كردنەوە لەوەی كە ئامانج لە بەیعەت بریتیە لە زۆربوونی زاستە ڕۆحانیەكان و بەهێزبوونی ئیمان، دەی پێم بڵێ ئەی بەڕێز، ئەو زانستانە چین كە دەتەوێت فێرم بكەیت؟ ئەو حەقیقەتە قورئانیانە چین كە دەتەوێت باسیان بكەیت بۆم؟ وەرە و كرۆك و موعجیزەكانی ئیمامەتم پیشان بدە تاكو هەموومان بەیعەتت پێ بدەین.
واتە: ئەگەر نەسیحەتكاری هێژا دەیەوێت سەردانمان بكات سەر سەر و سەرچاو، بەڵام تكام وایە كە یەكەمجار حاڵیم بكات، دەیەوێت بە چ شتێك ئامۆژگاریم بكات؟
من خۆم بە دەنگی بەرز ڕامگەیاندووە هەموو ئەوەی كە پێمدراوە لەلایەن خوای گەورە، تەنها وەكو نیشانەیەك لەسەر پایەی ئیمامەت پێم دراوە. بۆیە ئەگەر كەسێك ئەم جۆرە نیشانەیەم پیشان بدات وەك بەڵگەیەك بۆ ئیمامەت و بۆم بسەلمێنیت كە لە من زیاتر فەزڵی هەیە، ئەوا دەمبینێت كە ئامادەم بۆ ئەوەی دەست بخەمە ناو دەستی بۆ بەیعەتدان. بەڵام پەیمانەكانی خوای گەورە جێگۆڕكێیان پێناكرێت، وە دەستی هیچ كەسێكیان تێدا نیە. ئەوەتا لە “البراهین الأحمدیة”دا 20 ساڵ لەمەوپێش ئەم ئیلهامەی خوارەوە تۆماركراوە: “الرحمن علم القرآن. لتنذر قوما ما أنذر آباؤهم ولتستبین سبیل المجرمین. قل إني أمرت وأنا أول المؤمنین.”
واتە: “خوای میهرەبان قورئانی فێر كرد. بۆ ئاگاداركرنەوەی گەلێك كە باوباپیرانیان ئاگادارنەكرابوونەوە، وە بۆ ڕۆشنكردنەوەی ڕێگەی تاوانكاران. بڵێ: من فەرمانم پێكراوە و من یەكەمی باوەڕدارانم.”
ئەوەتا خوای گەورە وەكو هاتنەدی ئەم ئیلهامە زانستە قورئانیەكانی پێ بەخشیم، ناوینام یەكەمینی باوەڕداران، وە پڕی كردم لە زانیاری و حەقیقەتەكان وەك دەریایەكی لێوانلێو، وە چەندەین جار بە ئیلهام هەواڵی پێداوم كە هیچ كەسێك هاوشانی تۆ نیە لە زانست و خۆشەویستی خواییدا. دەی سوێند بە خوا، ئەوەتا دەرچووم بۆ گۆڕەپانی ململانێ و زۆرانبازی، وە ئەگەر كەسێك ئێستا قەبووڵم نەكات ئەوا دوای مردنی پەشیمان دەبێتەوە؛ چونكە ئێستا ئیتر بەڵگەی خوای گەورە لەسەری جێبەجێ بووە.
ئازیزەكەم، هیچ كارێكی دنیایی و ئایینی نیە بە ئەنجام بگات بەبێ شایستەیی و لێهاتوویی بۆ جێبەجێ كردنی. لەبیرمە كەسێكیان بردە بەردەم یەكێك لە دادوەرە ئینگلیزەكان كە ئەو كەسە لە ماڵباتێكی ناسراو بوو، وە تكایان بۆ كرد كە وەك جێگری بریكار دابمەزرێت، بەڵام زمانی ئوردوویی نەدەزانی، بەڵكو تەواو نەفام بوو، دادوەرە ئینگلیزەكە وتی: كێ كێشەكان یەكلایی بكاتەوە ئەگەر بە جێگری بریكار (قۆمیسەر) داممەزراند؟! بەڵكو ناتوانم كارێكی پێ بدەم كە مووچەی مانگانەی لە پێنج ڕوپیە زیاتر بێت.
خوای گەورە دەفەرموێت: [اللَّهُ أَعْلَمُ حَيْثُ يَجْعَلُ رِسَالَتَهُ] [الأنعام: 125]، جا ئەو كەسەی كە هەزارەها دۆست و دوژمن دێن بۆ لای بە پرسیار و ڕەخنەكانیانەوە، وە ئەو كەسەی جێگری پێغەمبەرایەتی پێسپێردراوە، ئایا پایەكەی ئەوە دەخوازێت كە تەنها هەندێ بڕگەی ئیلهامی بخاتە بن باخەڵیەوە، كە هیچ بەڵگەیەكیش نیە دڵنیای بكات لەسەریان؟ ئایا گەلەكەی قەناعەت بەمە دەكەن؟ ئایا دەكرێت گەلی نەیاران بەمە دڵیان ئۆقرە بگرێت؟
ئێستاش دەمەوێت ئەم بابەتە كۆتایی پێ بهێنم. جا ئەگەر وشەیەكی ڕەقی تێدا بوو بێت ئەوا داوای لێبوردن لە هەموان دەكەم بەتایبەتی لەم برادەرە ئیلهام بۆكراوەم؛ چونكە من ئەم چەند دێڕەم نووسی بە نیازێكی پاكەوە، وە من خۆشەویستیەكی زۆرم هەیە بۆ ئەم برادەرە بەڕێزەم، وە بۆی دەپاڕێمەوە كە خوای لەگەڵدا بێت.
بەندەى خاكی
ميرزا غوڵام ئەحمەد لە قاديان پارێزگاى گورداسپور
نامەى مەولەوی عەبدولكریم بۆ یەكێك لە برادەرەكانى
[بە ڕێكەوت ئەم نامەیەم دۆزیەوە كە خۆشەویستم لەبەر خوا مەولەوی عبد الكریم سیاڵكۆتی نووسیبووی بۆ یەكێك لە هاوڕێكانی، وە لێرەدا بڵاومكردەوە لەبەر گونجاوی ناوەڕۆكەكەی لەگەڵ ناوەڕۆكی ئەم نامیلكەیەدا. (نووسەر).]
بسم الله الرحمن الرحیم. الحمد لولیه، والصلاة والسلام علی نبیه، أما بعد:
لە عەبدولكریمەوە بۆ برا و خۆشەویستم نصر الله خان
سڵاو و ڕەحمەت و بەرەكەتی خوات لەسەر بێت
ئەمڕۆ جارێكی تر ئەوە هات بە بیرمدا كە چیرۆكی ئازارەكانی دڵمت بۆ بگێڕمەوە كە ڕەنگە ببیت بە هاوخەمم. هەڵبەت كارێكی بێ سوود نیە كە پاش ماوەیەكی دوور و درێژ ئەم بابەتەم بیركەوتەوە، چونكە خوای گەورە -كە جووڵێنەری دڵەكانە- كارێك ناكات بەندەكانی ئارەزووی كاروباری بێ سوود بكەن.
گەورەی بەڕێزم، من مرۆڤێكم، وە لەسكی ئافرەتێكی لاوازەوە لەدایكبووم، بۆیە هەردەبێت لاوازی مرۆیی پەیوەست بێت پێمەوە، هەروەها پەیوەندیە دنیاییەكان كێشم دەكەن و دڵیشم نەرم و ناسكە، دیارە هەر كەسێك لە سكی ئافرەت لەدایك بوو بێت ناكرێت دڵی ڕەق بێت، مەگەر لەملاولاوە تووشی دەرد و بەڵای تر بوو بێت. بێگومان دایكم ئافرەتێكی پیرە و هێشتا لەژیاندا ماوە و دڵی زۆر ناسكە و هەمیشە نەخۆشە، هەروەها باوكیشم لە ژیاندایە، خوایە گیان لەشی ساغ بكە و هاوكاری بكە و یارمەتی بدە بۆ گرتنەبەری ڕێگەی خێر و چاكە. برام هەیە كە زۆر بەڕێز و خۆشەویستن لەلام، هەروەها خزمی نزیكی تریشم هەن. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا ئایا دڵم بووە بە بەرد هەتا هەموو ئەم كەسانە جێبهێڵم، وە ماوەی چەند مانگێكە لەم شوێنە (قادیان) نەچوومەتە دەرەوە؟ ئایا من شێتم یان هەموو هەستەكانم تێكچوون؟ یان نەخێر من لاساییكەرەوەیەكی كوێرم و ئاگام لە زانستە ڕاست و دروستەكان نیە؟ یان تۆ بڵێی من لەناو خانەوادە و گەڕەك و شارەكەمدا بەوە بەناوبانگ بم كە لە تاوان و خراپەكاریدا ژیان بەسەردەبەم؟ یان من موفلیس و موحتاجم هەمیشە خۆم نەناس دەكەم لەپێناوی پارووە نانێكدا؟ خوا خۆی دەزانێت، وە فریشتەكان شایەتی دەدەن كە من پاك و خاوێنم لە هەموو ئەم بەڵا و موسیبەتانە، خۆم بە پاك ڕاناگرم بەڵكو خوا هەر كەسێكی بوێت پاكی دەكاتەوە. كەواتە دەبێت ئەو شتە چی بێت لە مندا ئەم جۆرە سەقامگیریە بڵندەی دروست كردووە كە زاڵ بووە بەسەر هەموو ئەم پەیوەندیانەدا؟ وەڵامەكە ڕوونە و تەنها پێویستی بەیەك ڕستە هەیە كە بریتیە لە: ناسینی ئیمامی سەردەم. پاكی بۆ خوا! ئەم پەیوەندیە چەند بەهێزە كە هەموو پەیوەندیەكانی تری لەناوبردووە. هەڵبەت تۆ دەزانیت كە من بەپێی توانا شارەزام لە نهێنی و زانستەكانی قورئان و لەماڵەوە هیچ كارێك ناكەم جگە لە خوێندنەوە و فێربوونی قورئان، كەواتە ئەو زانستە چیە كە ڕەنگە لێرەدا فێری بم؟ ئایا ئەوەم بەس نیە، بۆ دڵنەوایی دەروون و گیانم، كە لە ماڵەوە خەریكی توێژینەوەی قورئان بم و دەستی لێ هەڵنەگرم، وە ببمە جێگای سەرنجی كۆمەڵە خەڵكێك كە بە پەنجە ئاماژەم بۆ بكەن؟ نەخێر، نەوەڵڵا، پاشان سوێند بە خوا هەرگیز نەخێر! دیارە من پێشتر قورئانم دەخوێندەوە و دەمدا بە گوێی خەڵكیدا، وە ڕۆژانی هەینی لەسەر دوانگە دەوەستام و ئامۆژگاری ئەخلاقی زۆر كاریگەرم پێشكەش دەكرد، وە خەڵكم ئاگاداردەكردەوە لە سزای خوا و ئامۆژگاریم دەكردن كە دووركەوتنەوە لە قەدەغەكانی خوای گەورە، بەڵام هەمیشە دەروونم سەرزەنشتی دەكردم و دەیگوت: [لِمَ تَقُولُونَ مَا لاَ تَفْعَلُونَ % كَبُرَ مَقْتًا عِنْدَ اللَّهِ أَنْ تَقُولُوا مَا لاَ تَفْعَلُونَ] (الصف 3-4). من خەڵكیم دەگریاند بێ ئەوەی خۆم بگریم، وە ئامۆژگاریم دەكردن كە دووربكەونەوە لە گوفتار و ڕەفتاری ناشایستە بێ ئەوەی خۆم دووربكەومەوە لێی. وە بەوپێیەی كە من ئارەزووی خۆدەرخستنم نەبووە و حەزم لە فێڵكردن و خەڵەتاندن نەبووە، وە لەڕاستیدا ئامانجم بەدەستهێنانی دنیا و پایەكانی نەبووە، بۆیە كە بەتەنها دادەنیشتم ئەم بیرۆكە ناوبراوانە نوقمیان دەكردم، بەڵام كاتێك كەسێكم نەبینی كە ڕێنمونیم بكات بۆ چاككردنی خۆم، وە ئیمانیش ڕێگەنادات پشت ببەسترێت بە كۆمەڵە كردارێك كە خاڵی بن لە ڕۆحانیەت، ئەوە بوو ئەم ئەندێشانە بوونە هۆی تووش بوونم بە نەخۆشیەكی توندی لاوازی دڵ، بۆیە چەندین جار بە تەواوەتی بڕیارمدا كە وازبهێنم لە خوێندنەوە و وانەبێژی و ئامۆژگاری كردن، بەڵام نەمتوانی، پاش ئەوە گەڕامەوە بۆ خوێندنەوەی كتێبەكانی ئەخلاق و سۆفیگەری و تەفسیرەكان، وە بەوپەڕی سەرنجدانەوە كتێبی إحیاء العلوم و عوارف المعارف و هەر چوار بەرگەكەی فتوحاتی مەككی و زۆر كتێبی ترم خوێندەوە، وە قورئان -سوپاس و ستایش بۆ خوا- خۆراكی گیانم بووە هەر لە منداڵیمەوە، وە پێش پێگەیشتنم ڕێز و خۆشەویستی و نرخاندنێكی ئەوتۆم هەبووە بۆی كە لە باسكردن نایەت. هەرچۆنێك بێت بە خوێندنەوەی كتێبەكان زانیاریم زیادی كرد، ناسكی و جوانیەكی زۆر فێربووم بۆ نەخشاندن و ڕازاندنەوەی ئامۆژگاری و بەتامی مەجلیسەكەم، وە بینیم زۆرێك لەو كەسانەی كە نەخۆشی ڕۆحییان هەبوو لەسەر دەستی مندا چاكبوونەوە، بەڵام هیچ گۆڕانێك دروست نەبوو لە خۆمدا. وە پاش كێشمەكێش و بگرەوبەردەیەكی زۆر لەگەڵ خۆمدا بۆم دەركەوت كە ئەم پیسی و پۆخڵیانە لاناچن بەهۆی نموونەیەكی زیندووەوە نەبێت، وە چار نیە جگە لە گەیشتن بە سەرچاوەی ژیانی ڕاستەقینە، كە توانای هەیە ئەم هەموو پیسیە ناوەكیانە بشوات، لەسەر شێوەی ڕابەری كامڵ و مۆركی پێغەمبەران -دروود و سڵاوەكانی خوای لەسەر بێت- كە لە ماوەی 23 ساڵدا هاوەڵەكانی خۆی وەها لێ كرد پلە پلە سەركەوتن بۆ پلە هەرە بەرزەكانی بەرەوخواچوون، لەكاتێكدا زانیاری بریتی بوو لە قورئان، وە پێغەمبەریش نموونەیەكی كرداری بوو بۆ ئەو زانیاریە، بێگومان تەنها وشەكانی قورئان و شێوازە زانستیەكەی گەورەیی بڕیارەكانی جێگیرنەكرد لە دڵەكاندا بە شێوەیەكی دەراسا، بەڵكو ئەو مەزنی و شكۆیە جێگیر بوو لە دڵی دەست و پێوەندەكانی پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) لە ڕێگەی نموونە كرداریەكانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ڕەوشتە مەزنەكەیەوە، وێڕای داكۆكیە ئاسمانیەكان كە یەك لەدوای یەك بەردەوام دەردەكەوتن.
وە لەبەرئەوەی كە ئیسلام لەلایەن خوای گەورەوە پەسەندكراوە و دەیەوێت ئەم ئایینە هەتاهەتایە بمێنێتەوە، وە خوای گەورە نەیویستووە كە ئەمیش وەكو ئایینەكانی تری ئەم جیهانە وەرچەرخێت بۆ حیكایەت و داستان و ببێت بە چیرۆكی ڕابردوو، بۆیە لەم ئایینەدا -لە هەموو سەردەمەكاندا- نموونە زیندووەكان هەبوون كە سەردەمی هەڵگرانی قورئانیان -لەڕووی زانستی و كردەییەوە- بە تەواوی بیری خەڵكی خستووەتەوە. وە خوای گەورە بەگوێرەی ئەم سوننەتەی خۆی مەسیحی بەڵێندراوی ڕەوانەكرد لەناوماندا و خوای میهرەبان پشتگیری كرد بۆ ئەوەی شایەت بێت لەسەر خەڵكی ئەم سەردەمەی ئێمە.
من نیازم وابوو كە لەم نامەیەدا هەندێ بەڵگەی ویژدانی بنووسم لەسەر پێوستی باوەڕهێنان بەم ئیمامە ڕاستگۆیە (علیه السلام)، لەكاتێكدا من لە بیری ئەوەدا بووم لەناكاو سەرەتای دوێنێ خۆی (علیه السلام) نامیلكەیەكی بچووكی نووسی بە ناوی “پێویستی ئیمام” و بەمزووانە بڵاودەبێتەوە، ئەمە وای لێ كردم دەست بگرمەوە لەو ویست و مەبەستەی كە باسم كرد.
لە كۆتاییدا، هاوەڵێتی پڕ لە خێر و چاكەی خۆم و ئامادەبوونت لە وانەی قورئان بە دڵێكی سەلامەتەوە بیردەخەمەوە، وە گومانچاكیت بەرامبەر من بیردەخەمەوە، وە لەسەرووی هەموو ئەمانەوە دڵە بێگەردە پاكەكەت و ئامادەبوونە تەواوەكەت بۆ وەرگرتنی حەق بیردەخەمەوە، وە تكا دەكەم لە ویژدانی درەوشاوە و سروشتی ڕاست و ڕەوانت كە بیربكەیتەوە و ڕابمێنیت لەوەی كە بۆم نووسیویت؛ چونكە كاتەكە سەختە. لە ئێستادا ئەو ئیمانە زیندووە لە كوێیە كە قورئان دەیەوێت؟ وە ئێستا ئەو ئاگرە سووتێنەرەی تاوانەكان لە كوێیە كە قورئان دەیەوێت لە دڵەكاندا هەڵیگیرسێنێت؟ بێگومان من سوێند دەخۆم بە خوای خاوەنی (العرش العظیم) وە بەدڵنیاییەوە پێت ئەڵێم كە دەكرێت مرۆڤ ئەم ئیمانە بەدەستبهێنێت بەوەی دەست بخاتەناو دەستی جێگری پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مەسیحی بەڵێندراوەوە (علیه السلام) و لە خزمەتیدا دابنیشێت و دۆستایەتی بكات لەگەڵیدا كە دۆستایەتیەكی پاك و خاوێنە. وە من ترسێكی ڕاستەقینەم هەیە كە گۆڕانكاریەك لە دڵتدا ڕووبدات كە ئاكامەكەی خراپ و نەخوازراو بێت، ئەگەر دوا بكەویت لە قەبووڵ كردنی ئەم چاكەیە. دەستهەڵگرە لە ترسی دنیا، وە ئەگەر وازت لە هەموو شتێك هێنا لەپێناوی خوای گەورەدا ئەوا دڵنیابە هەموو شتێكت دەستدەكەوێت.
والسلام
بەندەی خاكى: عبد الكريم لە قاديان 1-10-1898
بسم الله الرحمن الرحيم نحمده ونصلي على رسوله الكريم
صدق را هردم مدد آيد ز رب العالمين
صادقان را دست حق باشدنهان در آستين
هر بلا كز آسمان بر صادقى آيد فرود
آخرش گردد نشانى از برائى طالبين
واتە: هەمیشە ڕاستی یارمەتی وەردەگرێت لە پەروەرێنی جیهانیان، وە بۆ یارمەتی ڕاستگۆیان دەستی حەق حەشاردراوە لەنێوان پەڕەی شكۆفەكاندا.
هەموو بەڵایەك كە دادەبەزێتە سەر ڕاستگۆیان لە كۆتاییدا دەگۆڕێت بۆ نیشانەیەكی مەزن بۆ داواكاران.
هەندێ لە نەیارە گەوجەكانمان هەستیان بە داخێكی قووڵ و هیوابڕانێكی گەورە كرد لە ئەنجامی تێكشكانیان لە كێشەكەی دكتۆر مارتن كلارك دا؛ چونكە شكستێكی خراپیان بەسەرداهات لە هەوڵە تاقەت پڕوكێنەكانیان لە كێشەیەكدا كە هەڕەشەی لە ژیان و شەرەفم دەكرد. هەڵبەت ئەوان تەنها تووشی شكست نەبوون، بەڵكو بەم تێكشكانەیان ئەو پێشبینیە ئیلهامیە هاتەدی كە زیاتر لە دوو سەد كەسی خاوەن متمانە و بەڕێزم ئاگادار كرد بوو لێی، وە ماوەیەكی بەرچاو پێش ئێستا بەشێوەیەكی بەرفراوان بڵاوم كردبووەوە لەناو خەڵكیدا. بەڵام بەداخەوە نەیارەكانم -بە هۆی گومان خراپی و پەلەكردنیان- تووشی شكستێكی تر بوون كە بریتیە لەوەی كاتێك لەم ڕۆژانەدا داوام لێكرا باجی داهات بدەم كە ڕێژەكەی بریتی بوو لە 187.5 ڕوپیە -بەبێ ئەنجامدانی هیچ لێكۆڵینەوەیەكی فەرمی لەلایەن هەر دادگایەكەوە- ئەو كەسانەی كە پێویست ناكات ناویان بهێنم (كەسانی ژیر لەخۆوە دەیانناسن) زۆر دڵخۆش بوون و پێیان وابوو كە یەكەمجار ئامانجیان نەپێكاوە، بەڵام لەم كێشە نوێیەدا قەرەبووی شكستەكەی پێشوو دەكەنەوە. بەڵام سەركەوتن نانووسرێت بۆ ئەو كەسانەی كە گومانی خراپ دەبەن و خۆپەرستن؛ چونكە سەركەوتنی ڕاستەقینە لە ڕێگەی نەخشە و فڕوفێڵەكانی مرۆڤەوە بەدەست نایەت، بەڵكو لەلایەن خوای تاقانەوە بەدەستدێت كە بۆ دڵەكان دەڕوانێت و بیرە شاراوەكانی ناویان دەزانێت و بەگوێرەی نیازی ئەو دڵانە بڕیارەكانی خۆی لە ئاسمانەوە دەنێرێت، بێگومان جارێكی تر ڕێگای نەدا ئەم حەزەی كەسانی خاوەن بیری ڕەش بێتەدی، ئەوە بوو لە 17-9-1898 -دوای ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی تەواوەتی- لە باجی داهاتی ناوبراو بەخشرام.
هەڵبەت حیكمەتێكی خوای گەورە لەوەدا هەبوو كە لەناكاو ئەم كێشەیە دەركەوت، حیكمەتەكەیش ئەوە بوو تاكو بچەسپێت بۆ هەموو خەڵكی كە خوا پشتگیریم دەكات لەم سێ لایەنەوە واتە پاراستنی ژیان و ڕێز و سامانم، دیارە لە كێشەكەی دكتۆر مارتن كلاركدا زۆر بە ئاشكرا یارمەتی و سەرخستنی خوایی بەجوانی دەركەوت بۆم سەبارەت بە ژیان و ڕێزم، بەڵام سەرخستنی خوای گەورە لە ماڵ و سامانەكەمدا هێشتا شاراوە بوو، دیارە خوای گەورە ویستی لە پاراستنی سامانەكەشمدا پیشانی خەڵكی بدات كە یارمەتیم دەدات و لەگەڵمدایە، ئەوەتا ئەو پیشتگیریەشی پیشاندام، بەمەش بازنەی هـەر سێ پشتگیریەكەی بۆ تەواو كردم. ئەمەش بریتیە لە نهێنی دەركەوتنی ئەم كێشەیە. كێشەی دكتۆر مارتن كلارك لەلایەن خواوە بۆ لەناوچوون و زەبوون كردنی من نەهات، بەڵكو ئەم داوایە بەرزكرایەوە بۆ دەرخستنی ئایەتەكانی ئەو خوایەی كە خاوەن دەسەڵات و بەخشندەیە، هەمان شتیش ڕوویدا لەم كێشەیەی دواییدا. هەروەك چۆن خوای گەورە پێشتر -لە كێشەیەكدا كە مەترسی هەبوو بۆ ژیان و ڕێزم- لە ڕێگەی ئیلهامی خۆیەوە مژدەی پێدام كە لە كۆتاییدا پاكێتی من دەچەسپێت و دوژمنەكانم تووشی شكست و پەشیمانی دەبن، بە هەمان شێوە پێش وەخت لەم كێشەیەشدا مژدەی پێدام كە لە كۆتاییدا من سەردەكەوم، وە حەسوود و دڵپیسەكان تووشی شكستێكی كەمەرشكێن دەبن. هەڵبەت ئەم مزگێنیە لە كۆمەڵەكەماندا بەشێوەیەكی بەرفراوان بڵاوبوویەوە پێش دەرچوونی بڕیاری كۆتایی، بەمەش تاكەكانی كۆمەڵەكەم نیشانەیەكی ئاسمانیان بینی لەم كێشەیەدا هەروەك چۆن لەو كێشەیەدا بینییان كە هەڕەشەی لە ژیان و ڕێزم دەكرد، ئەمەش بووە هۆی زیادبوونی باوەڕیان، كەوابوو سوپاس بۆ خوا.
وە ئەو شتەی كە زۆر تووشی سەرسوڕمانم دەكات ئەوەیە سەرەڕای ئەوەی یەك لەدوای یەك ئەم نیشانانە دەكەوتن كەچی پیاوانی ئایینی ئارەزووی قەبووڵكردنی حەق ناكەن، ئایا نابینن كە خوای گەورە لە هەموو ڕووبەڕووبوونەوەیەكدا تووشی شكستیان دەكات؟ ئاواتەخوازن كەمێك لە پشتگیری خوایی بۆ ئەوانیش دەركەوێت، بەڵام خوای گەورە لەجیاتی پشتگیری و سەرخستنیان جار لەدوای جار تووشی ڕسوایی و دۆڕانیان دەكات.
بۆ نموونە، لەو ڕۆژانەدا كە ئەو بابەتە بووە باس و خواسی خەڵكی كە بەگوێرەی ڕۆژژمێرە باوەكان خۆرگیران و مانگگیران لە مانگی ڕەمەزانی ئەم ساڵدا ڕوو دەدەن، وە كاتێك ئەوە هات بە بیری خەڵكیدا كە ئەمە نیشانەیەكە لەسەر دەركەوتنی ئیمامی مەهدی، ئەمە بووە هۆی قەڵس و تووڕەبوونی مەلاكان و ترسان لەوەی كە خەڵكی بەرەو لای من بێن؛ چونكە لە گۆڕەپانەكەدا كەسێكی تر نەبوو ڕایبگەیەنێت كە خۆی مەسیح و مەهدیە، بۆیە هەوڵیاندا كە ئەم نیشانەیە بكوژێننەوە، ئەوە بوو هەندێكیان گوتیان: لە ڕەمەزانی داهاتوودا هەرگیز خۆرگیران و مانگگیران ڕوونادات، وە گیرانی خۆر و مانگ دروست نابێت مەگەر كاتی دەركەوتنی مەهدیەكەی خۆیان. بەڵام كاتێك ئەم خۆرگیران و مانگگیرانە ڕوویدا فێڵیكی تریان داهێنا و گوتیان گیرانی مانگ و خۆر بەگوێرەی وشەكانی فەرموودەكە ڕووینەداوە؛ چونكە لە فەرموودەكەدا هاتووە كە مانگ دەگیرێت لە یەكەم شەوی مانگی ڕەمەزاندا و خۆریش دەگیرێت لەو ڕۆژەی كە دەكەوێتە ناوەڕاستیەوە. بەڵام كاتێك تێمانگەیاندن كە لێرەدا مەبەست لە یەكەم شەوی مانگی ڕەمەزان نیە؛ چونكە مانگ لە یەكەم شەودا پێی دەوترێت هیلال (مانگی كەوانەیی) پێی ناوترێت مانگ (القمر) -وە فەرموودەكەی پێغەمبەریش ناوی مانگ (قمر)ی بردووە نەك هیلال، ئەمەش مانای ئەوەیە مانگ دەگیرێت لە یەكەم شەو لەو شەوانەی كە مانگی تێدا دەگیرێت، كە شەوی سیانزەیە، وە خۆریش دەگیرێت لەو ڕۆژەی كە دەكەوێتە ناوەڕاستی ئەو ڕۆژانەی خۆریان تێدا دەگیرێت كە ڕۆژی بیست و هەشتە [ئەمەیە یاسای توانستی خوایی كە سێ شەوی دیاریكردووە بۆ مانگگیران كە ئەویش شەوەكانی 13 و14 و15یە، وە مانگ تەنها لە یەكێك لەم شەوانەدا دەگیرێت، بۆیە یەكەم شەو كە ئاماژەی پێكراوە لەم فەرموودەیەی پێغەمبەردا شەوی 13ـەیە. وە ئەو ڕۆژانەی كە دیاریكراون بۆ خۆرگیران بریتین لە 27 و 28 و 29، كەواتە ڕۆژی ناوەڕاست بۆ گیرانی خۆر بریتیە لە ڕۆژی 28، ئەوە بوو مانگ و خۆر هەردووكیان لەم دوو ڕێككەوتەدا گیران. (نووسەر)]- ئەم مەلا نەفامانە دەستیان لە بنی هەمانەكەوە دەرچوو بۆیە بە هەوڵێكی تاقەتپڕوكێن بیانوویەكی تریان داهێنا و گوتیان: یەكێك لەو كەسانەی كە ئەم فەرموودەیەیان گێڕاوەتەوە تانەلێدراوە و قسەی قەبووڵ ناكرێت. پاشان پێیان گوترا: ئەگەر ئەو پێشبینیەی لە فەرموودەكەدا هاتووە هاتەدی ئەوا نرخی ئەم تانەیە چیە كە بنیاتنراوە لەسەر گومان لەبەرامبەر ڕووداوێكی یەقینی كە بەڵگەیەكی بەهێزە لەسەر ڕاستی ئەم فەرموودەیە؟ واتە هاتنەدی ئەم پێشبینیە بە شێوەیەكی ئاشكرا بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە وتەیەكی ڕاستە، وە ئەو قسەیەی كە دەڵێت ئەم فەرموودەیە ڕاست نیە و درۆیە دەچێتە خانەی نكوڵی كردن لە شتە بەڵگەنەویستەكان، بێگومان هەمیشە فەرموودەناسەكان شوێن ئەم یاسایە كەوتوون كە دەڵێت: یەقین لاناچێت بە گومان، وە هاتنەدی ئەم پێشبینیە بەگوێرەی ناوەڕۆكەكەی لە سەردەمی كەسێكدا كە بانگەشەی ئەوە دەكات مەهدیە بەڵگەیەكی یەقینیە لەسەر ڕاستگۆیی ئەو كەسەی ئەم پێشبینیەی ڕاگەیاندووە.
بەڵام ئەوەی كە ئێمە قسەمان هەیە لەسەر هەڵسوكەوتی یەكێك لە پیاوەكانی ئەم فەرموودەیە ئەوە بابەتێكی گوماناویەوە و شتێك نیە جگە لە مەزەندەكردن، پاشان دەكرێت مرۆڤی درۆزنیش قسەی ڕاست بكات. سەرباری ئەمە ئەم پێشبینیە بە ڕێگەی تریش چەسپاوە و بێگومان زانا گەورەكانی ڕێبازی حەنەفیش باسیان كردووە. كەوابوو نكوڵیكردن لەم بابەتە هیچ دادپەروەرییەكی تێدانیە، بەڵكو كەللـەڕەقی و چەواشەكردنێكی ئاشكرایە. جا كاتێك ئەم وەڵامە دەمكوتكەرەیان پێگەیشت ناچاربوون بڵێن ئەمە فەرموودەیەكی ڕاستە وە تەنها ئەوەی لێ دەخوێنرێتەوە كە دەركەوتنی ئیمامی بەڵێندراو نزیكە، بەڵام ئەم پیاوە ئیمامی بەڵێندراو نیە، بەڵكو مەهدی كەسێكی ترە كە ماوەیەكی كەم پاش ئەو دەردەكەوێت. بەڵام دەركەوت كە ئەم وەڵامەشیان لاواز و پووچە؛ چونكە ئەگەر ئیمامێكی تر هەبوایە ئەوا لە سەرەتای ئەم سەدەیەدا دەردەكەوت وەكو چۆن ناوەڕۆكی فەرموودەكە ئەوە دەیگەیەنێت، ئەوەتا 15 ساڵ تێپەڕی لەم سەدەیەی ئیستایش كەچی هێشا ئیمامەكەیان دەرنەكەوتووە. وە وەڵامی كۆتاییان تەنها ئەوە بوو كە دەربارەی ئێمە گوتیان: دیارە ئەمانە كافرن بۆیە كتێبەكانیان مەخوێننەوە و چاوپێكەوتنیان لەگەڵدا مەكەن و گوێ لە قسەكانیان مەگرن؛ چونكە قسەكانیان كار لە دڵ دەكات. بڕوانە ئەم هەڵوێستە چەندە مایەی پەند و عیبرەتە بە جۆرێك ئاسمان بووە بە نەیاریان هەروەك چۆن بارودۆخی ئێستای زەویش دژیانە. وە ئەمە بەڵگەیە لەسەر سەرشۆڕی و ڕیسوایی ئەوان بە جۆرێك لەلایەكەوە ئاسمان شایەتی دەدات لە دژیان، وە لەلایەكی ترەوە زەویش شایەتی دەدات لەسەریان بەهۆی زاڵبوونی خاچپەرستان تێیدا. شایەتیدانەكەی ئاسمان لە الدارقطني و كتێبی تریشدا هاتووە كە بریتیە لە نیشانەی خۆرگیران و مانگگیران، وە شایەتیەكەی زەوی بریتیە لە زاڵبوونی خاچپەرستان كە هەر دەبێت لەكاتی ئەو زاڵبوونەدا مەسیحی بەڵێندراو پەیدا بێت بەگوێرەی ناوەڕۆكی ئەو فەرموودەیەی پێغەمبەر كە لە صەحیحی بوخاريدا هاتووە [مەبەستی لە فەرموودەی: “یكسر الصلیب”ە. (وەرگێڕ)]. كەواتە ئەمانە دوو نیشانەن بۆ پشتگیری ئێمە و بەدرۆخستنەوەی ئەوان.
پاشان ئایەتی لەناوچوونی لیكهرام سووكایەتی كەمتر نەبوو بۆیان لە ئایەتەكانی پێش خۆی. هەروەك كۆنفرانسی مەزنی ئایینەكان كەمتر تووشی خەجاڵەتی نەكردن، ئەو كۆنفرانسەی كە وتارەكەمان تێیدا سەركەوت و پلەی یەكەمی بەدەستهێنا و ئەمەیش نیشانەیەك بوو لەلایەن خوای گەورە، وە ئێمە پێش ئەو كاتە لە ڕێگەی بڵاوكراوەكانەوە ئیلهامی پەیوەست بەو كۆنفرانسەمان بڵاوكردەوە.
لەوانەیە موحەممەد حوسەین بەتاڵەیی و هاوكارەكانی بوارێكیان بدۆزیبایەتەوە بۆ كۆمەڵە لێكدانەوەیەكی پڕوپووچ ئەگەر “ئاتهەم” [ئاتهەم: زانایەكی ئایینی موسوڵمان بوو، وازی لەئیسلام هێنا و بوو بە قەشەیەكی مەسیحی. (وەرگێڕ)) لەناونەچووبایە و لە ژیاندا بمایە، بەڵام ئەمیش بە كۆچكردنی خێرای بۆ خانەی دواڕۆژ ژیانی لێ تاڵ كردن. بێگومان ئەو لە ژیاندا مایەوە، تا ئەو ساتەی پابەندبوو بە بێ دەنگی تەواوەتیەوە، بەڵام هەر كە دەمی كردەوە یەكسەر مەرجی ئیلهامەكەی بەسەردا جێبەجێ بوو. دیارە خوای گەورە بەگوێرەی مەرجە ئیلهامیەكە دەرفەتی پێدا، بەڵام لەوساتەوەی ئاتهەم دەستی كرد بەدرۆكردن تووشی كۆمەڵێك تەنگوچەڵەمەی زۆر سەخت بوو كە زۆر بە خێرای ژیانی لەناوبرد. بەڵام كاتێك هەندێ مەلای نەفام هەستیان بەم زەبوونیە نەكرد، وە سەیری ئەم پێشبینیە مەرجدارەیان كرد وەك ئەوەی مەرجدار نەبوو بێت، هەروەها پابەندنەبوون بە ئەمانەتەوە بۆ گەیشتن بەڕاستیەكان لە ئەنجامی لێكۆڵینەوە لەو ماوەیەی ژیانی “ئاتهەم” كە لە ترس و بێدەنگیەكی ئاشكرا بەسەری برد بە درێژایی پێشبینیەكە، هەروەها ڕێگەی ڕاستیان بەدی نەكرد كاتێك ئاتهەم بانگكرا بۆ سوێند خواردن و هاندرا بۆ بەرزكردنەوەی سكاڵایەك لە دژی من، ئەویش ڕەتیكردەوە و دەستی لەسەر گوێچكەكانی دانا، بۆیە خوای گەورە كە ناهێڵێت گومانەكان دەور و خولی نیشانەكانی بدات، بەوپەڕی ڕوونی و بێگەردیەوە… وەك تەواوكردنی بەڵگە…. ئەو پێشبینیەی هێنایەدی كە پەیوەست بە لیكهرامەوە و مەرجدار نەبوو، هەروەها بە جوانی ڕێككەوت و ڕۆژی لەناوچوونەكەی دەستنیشان كردبوو، وە شێوازی لەناوچوونەكەیشی باس كردبوو. بەڵام بەداخەوە نكۆڵیكارانی حەق و ڕاستی ئەم جارەیش كەڵكیان وەرنەگرت لەم نیشانە ڕوون و ئاشكرایەی خوا. شتێكی بەڵگەنەویستە ئەگەر من كەسێكی درۆزن بوومایە ئەوا ئەو پێشبینیەی كە پەیوەست بوو بە لیكهرامەوە هەلێكی زێڕین بوو بۆ ڕسوا بوونم؛ چونكە مەرجدار نەبوو، سەرباری ئەوە لەگەڵ ئەم پێشبینیەدا ئەو پەیمانەشم بڵاوكردەوە كە ئەگەر ئەم پێشبینیە نەهاتەدی و بەدرۆ دەرچوو، ئەوا منیش درۆزنم و شایانی هەموو جۆرە سزا و ڕسوابوونێكم. دەی ئەگەر كەسێكی درۆزن بوومایە ئەوا خوای گەورە -لەم جۆرە پێشبینیەدا كە بە سوێندخواردنەوە بڵاومكردەوە و بەبێ ئەوەی هیچ مەرجێكی لەگەڵدا بێت- سووك و ڕسوا و تەفروتونای دەكردم و كۆمەڵەكەمی لەناودەبرد و ناوی دەسڕیمەوە. بەڵام خوا ئەمەی نەكرد، بەڵكو لەمەدا ڕێزی منی دەرخست و شكۆ و سەربەرزی منی زیاتر كرد. وە دڵی ئەوانەی ڕۆشنكردەوە كە بەهۆی ئەو نەزانیەی هەیانبوو تێنەگەیشتبوون لەو پێشبینیەی كە پەیوەست بوو بە (ئاتهەم)ەوە. ئایا ئەم بابەتە مایەی بیرلێكردنەوە نیە كە پرسیار بكەن بۆچی خوای گەورە پشتگیری كردم و ئەو پێشبینیە بێ مەرجەی هێنایەدی كە بەدینەهاتنەكەی وەكو نوقم بوونی پاپۆڕەكەم وابوو؟ بۆچی خوا بەم كارە خۆشەویستی منی خستە دڵی سەدەها كەس بەڕادەیەك هەندێ لە دوژمنەكانم بەچاوی پڕ لە ئەسرینەوە هاتن بۆلام بۆ بەیعەتدان. دەی با مەولەوی بەتاڵەیی بیربكاتەوە كە ئەگەر ئەم پێشبینیە نەهاتایەتەدی ئەوا دەیتوانی بەهۆی وتارەكانیەوە لەگۆڤارەكەی خۆی “إشاعة السنة”دا بەتەواوەتی منی بەدرۆ بخستایەتەوە، بێگومان ئەمەش كاریگەریەكی گەورەی دادەنا لەسەر خەڵكی لەم بارودۆخەدا. ئایا كەسێك بیری لەوە كردووەتەوە كە بۆچی خوای گەورە بەتاڵەیی و هاوكارەكانی سووك و ڕسوا كرد لەم دۆخەدا؟ ئایا ئەوەیان نەخوێندوەتەوە كە لە قورئانی پیرۆزدا خوای گەورە فەرموویەتی: [كَتَبَ اللَّهُ لَأَغْلِبَنَّ أَنَا وَرُسُلِي] (المجادلة: 22)؟ بۆیە ئەگەر ئەم پێشبینیە بێ مەرجە نەهاتایەتەدی كە دژی یەكێك لە دوژمنە سەرسەختەكانم بوو كە لەتاو خەشم و قین پەنجەكانی لێ دەگەستم، ئەوا لەم كاتەدا ئایا من هیچ پاشماوەیەكم دەمایەوە؟ ئایا خۆشی و شادی نەهاتنەدی ئەم پێشبینیە لای مەلا موحەممەد حسێن بەتاڵەیی یەكسان نەدەبوو بە خۆشی و شادی هەزار جەژن؟ لەم دۆخەدا دەیتوانی كە هونەرمەندانە قسە گاڵتەئامێزەكانی خۆی دابڕێژێت و لە گۆڤارەكەیدا بڵاویبكاتەوە و كۆڕوكۆبوونەوەی زۆر بگرێت بۆ باسكردن و بڵاوكردنەوەی. بەڵام دوای هاتنەدی ئەم پێشبینیە چی كرد؟ ئایا نیشانەیەكی مەزنی خوایی فڕێ نەدا وەكو شتێكی كەم نرخ و بێ بەها؟ وە لە گۆڤارەكەیدا ئاماژەی بۆ من كرد گوتی گوایە من بكوژی لیكهرامم. بۆیە منیش پێدەڵێم كە من بە حەربەی ماددی نەمكوشت، بەڵكو بە حەربەی ئاسمانی كوشتم. واتە بەو دوعایەی كە لێم كرد پاش ئەوەی خۆی پێداگری لێ كردم و لێم پاڕایەوە كە دوعای لێ بكەم. من نەمدەویست دوعای لێ بكەم، بەڵكو ئەو خۆی ئەوەی دەویست، كەوابوو من بكوژی ئەو بووم وەك چۆن پێغەمبەرمان (صلى الله عليه وسلم) بكوژی پاشای فارسەكان (خەسرەوی پەروێز) بوو. بە كورتی مەسەلەی لیكهرام بەڵگەیەكی تەواوەتی بوو لەسەر موحەممەد حسێن و یارمەتیدەر و هاوكارەكانی و بڕوبیانووی نەهێڵان.
پاشان لەو سكاڵایەدا كە لەدادگادا بەرزكرایەوە لەلایەن دكتۆر كلاركەوە ئایەتی خوای گەورە دەركەوت، وە ئەو پێشبینیە هاتەدی كە لەنێوان سەدان كەسدا بڵاومكردبووەوە پێش دەرچوونی بڕیاری كۆتایی تێیدا. بێگومان لەم كێشەیەدا مەلا بەتاڵەیی بەڕادەیەكی وەها تووشی سووكی و ڕسوایی بوو كە ئەگەر خۆشبەختی كامەرانی فریای بكەوتایە ئەوا بەبێ هیچ وەستانێك تۆبەیەكی ڕاستەقینەی دەكرد؛ چونكە بەوپەڕی ڕوونی و ئاشكرایی بۆی دەركەوت كە كێ لەلایەن خوای گەورەوە پشتگیری كراوە. وەك دیارە موحەممەد حوسێن لەگەڵ مەسیحیەكاندا پشتی یەكترییان گرت لە مەسەلەكەی دكتۆر كلاركدا و هیچ هەوڵێكیان بەفیڕۆ نەدا بۆ ئەوەی من سووك و ڕسوا بكەن، بەڵام خوای گەورە لە كۆتاییدا پاكێتی منی سەلماند لەم كێشەیەدا، بەڵام بەتالەیی لە دادگادا لەبەرچاوی خەڵكیدا داوای كورسیەكی كرد كەچی تووشی زەبوونی و دۆخێكی وەها قێزەون بوو كە ئەگەر تووشی مرۆڤی جوامێر و مەرد بوایە ئەوا لە خەجاڵەتی و تەریقبوونەوەدا دەمرد. ئا ئەمەیە سەرئەنجامی ئەو كەسانەی زەبوونی و ڕسوایی كەسی ڕاستگۆیان دەوێت. جا ئەوە بوو جێگری بریكاری گشتی تێی خوڕی و تەریقی كردەوە لەسەر داواكردنی كورسی و پێی وت: لە دادگادا هەرگیز كورسی نادرێت نە بە خۆت نە بە باوكت، وە تێی خوڕی و فەرمانی پێكرد كە لێی دووركەوێتەوە ڕەپ و ڕاست بەپێوە بوەستێت. بێگومان تووشی مردنی یەك لەدوای یەك بوو؛ چونكە هاتبوو بۆ بینینی زەبوونی و ڕسوایی من كەچی خۆی بەم شێوەیە تووشی تەریقبوونەوە و شەرمەزارییەكی زۆر بوو لەكاتێكدا من لەسەر كورسیەك دانیشتبووم لای خودی جێگری داواكاری گشتیەوە. هەموو جارێك پێویستم بە گێڕانەوەی درێژەی ئەم ڕووداوە نیە؛ چونكە لێپرسراوانی دادگا و فەرمانبەرەكانی تا ئێستاش هەر زیندوون و هەر كەسێك دەیەوێت پرسیاریان لێ بكات با پرسیاریان لێ بكات.
ئێستاش پرسیارەكە ئەوەیە: خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا پەیمانی داوە باوەڕداران سەربخات و سەربەرزیان بكات و درۆزن و دەججالەكانیش زەبوون و ڕسوا بكات، كەواتە تۆ بڵێی بۆچی ئەم هەموو كاروبارانە بەپێچەوانەوە ڕوویاندا بەجۆرێك بەردەوام موحەممەد حوسێن لە هەموو گۆڕەپان و ڕووبەڕووبوونەوەكاندا تووشی سووكی و ڕسوابوون دەبوو؟ ئایا خوای گەورە بەم شێوەیە هەڵسوكەوت دەكات لەگەڵ خۆشەویستەكانیدا؟
وە لە كێشەی ئەم باجەی ئێستادا موحەممەد حوسێن هەوڵێكی زۆریدا كە باجەكە بسەپێت بەسەرمدا بۆ ئەوەی وتارێكی دوور و درێژ بڕازێنێتەوە دەربارەی ئەم بابەتە و بڵاویبكاتەوە لە گۆڤارەكەی خۆی (إشاعة السنة)دا و بەمەش هەموو جۆرە زەلیلیەك بشارێتەوە كە تووشی بووە، كەچی لەمەشدا بەتەواوی شكستی هێنا و بڕیاری ئاشكرا دەرچوو بە بەخشینم لەو باجە. هەڵبەت -بەهۆی قەدەری خوای گەورەوە- ئەم كێشەیە سپێردرا بە كۆمەڵێك دادوەر كە داخوازیەكانی دادگەرییان بەڕاستی و ئەمانەتەوە چەسپاند، وە بەم شێوەیە كەسە بیرچەپەڵ و دڵپیسەكان لەم پەلامارەشدا بێ بەش كران لەوەی كە شتێك بەدەستبهێنن. وە هەزاران هەزار سوپاس بۆ خوای گەورە كە ڕاستی دەرخست بۆ دادوەرە بەویژدانەكان. لێرەدا سوپاسێكی بێ پایان ئاراستەی بەڕێز ت. دكسۆن (T. Dixon) جێگری نوێنەری گشتی پارێزگای گورداسپور دەكەم كە خوای گەورە ڕاستی ئاشكرا كرد بۆی. وە ئەمەش ئەو بابەتەیە كە هەر لە سەرەتاوە سوپاس و ستایشی حكومەتی ئینگلیزی و كاربەدەستە ئینگلیزەكان دەكەین لەسەری؛ چونكە ئەوان دادگەری دەخەنە پێش هەموو شتێك. بێگومان كاپتن دۆگلاس كە نوێنەری گشتی پێشوو لە كێشەی دكتۆر كلاركدا و بەڕێز ت. دكسۆن لە كێشەی باجی داهاتدا دوو نموونەی جوانی دادگەرییان پێشكەش كرد كە ناتوانین بە درێژایی ژیانمان لەبیریان بكەین، ئەوە بوو كاتێك ئەو سكاڵا ترسناكە خرایە بەردەمی كاپتن دۆگلاس كە یەكێك لە مەسیحیە خاوەن پلەكان بەرزی كردبووەوە كە لەلایەن هەموو قەشەكانی پەنجاپەوە پشتگیری دەكرا و یارمەتی دەدرا، كەچی كاپتن دۆگلاس بەتەواوەتی پابەند بوو بە دادگەریەوە و بێتاوانی منی سەلماند و هیچ گرنگییەگی نەدا بەو گرووپەی كە ئەم داوایەی بەرز كردبووەوە.
بەڵام ئەم داوایەی ئێستاش كە خرایە بەردەم بەڕێز ت. دكسۆن داوایەكی ترسناك و هەستیار بوو؛ چونكە بەخشین لە باج دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە حكومەت، بەڵام ئەو لەم كێشەیەدا بە دادگەری و ویژدانەوە بڕیاریدا. پێم وایە كە ئەم جۆرە كاربەدەستانە نموونەیەكی ڕوون و ئاشكران لەسەر گرنگیدانی حكومەت بە ژێردەستەكانی خۆی و لەسەر دڵسۆزی و دەستگرتنی بە بنەماكانی دادگەریەوە. ئاشكرایە بیری ڕۆشنی بەڕێز ت. دكسۆن لەم كێشەیەدا ناوەڕاستی حەقیقەتی پێكا، بۆیە ئێمە سوپاسیان دەكەین و دوعایان بۆ دەكەین. وە لێرەدا شایانی باسە ئەو گەڕان و هەوڵە بایەخدارەی مونشی تاجەددین -چاودێری لێپرسراو لە بەڕێوەبەرایەتی “بەتاڵە”- بیربهێنینەوە كە ڕەچاوی دادگەری و چەسپاندنی ڕاستی كرد، وە بەڕوونی وەكو ئاوێنە ڕاستی خستە بەرچاوی كاربەدەستانی هەرەباڵا و یارمەتی ئەوانی دا بۆ گەیشتن بە ڕاستی و حەقیقەت. ئێستاش لە خوارەوە درێژەی ئەم داوایە دەهێنینەوە كە بریتیە لە بۆچوونی ئاغای چاودێری بەڕێوەبەرایەتی لە “بەتاڵە”، پاشان ئەو بڕیارەش دەهێنینەوە كە لە كۆتاییدا لەلایەن جێگری بریكاری گشتیەوە دەرچووە.
ڕوونووسی ئەو ڕاپۆرتەی كە مونشی تاجەددین چاودێری لێپرسراو لە بەڕێوەبەرایەتی لە “بەتاڵە” لە پارێزگای گورداسپور كە بەرزیكردەوە سەبارەت بە ڕەخنەگرتن لە سەپاندنی ئەو باجەی كە پەیوەست بە دۆسیەیەكەوە لە دادگای بەڕێز ت. دكسۆن جێگری داواكاری گشتی.
ڕێككەوتی سكاڵا: 20-6-1898، بەرواری دەرچوونی بڕیار: 17-9-1898، سكاڵای ژمارە: 55/46.
ڕوونووسی ڕەخنە لە باجی داهات لەلایەن میرزا غوڵام ئەحمەدی كوڕی غوڵام مورتەزاوە، ناوبانگ: مەغۆل، دانیشتوو لە قادیان لە بەڕێوەبەرایەتی “بەتاڵە” لە پارێزگای گورداسپور.
بۆ پایەبەرز بەڕێز جێگری بریكاری گشتی لە پارێزگای گورداسپور
گەورەی بەڕێزم
ئەم ساڵ سامانی میرزا غوڵام ئەحمەدی قادیانی هەڵسەنگاندنی بۆ كراوە و باجی داهاتتان بەسەردا سەپاندووە بە ئەندازەی 187.5 ڕوپیە، وە پێشتر هەرگیز باجی داهاتی بەسەردا نەسەپێنراوە. وە لەبەرئەوەی كە ئەم باجە نوێیە بۆیە میرزا غوڵام ئەحمەد ڕەخنەی پێشكەش كردووە لەسەری لە دادگای تایبەت بە ئێوە، پاشان ئەم داوایە گواسترایەوە بۆ ئەم بەشە بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوەی تێدا بكرێت.
پێش گێڕانەوەی درێژەی لێكۆڵینەوە لەم باجی داهاتە، جێگای خۆیەتی شتێك بڵێم دەربارەی میرزا غوڵام ئەحمەدی قادیانی بۆ ئەوەی كەسایەتی كەسی ڕەخنەگر بناسرێت و ئەو پلەوپایەی كە هەیەتی بزانرێت.
میرزا غوڵام ئەحمەد سەر بە خێزانێكی دێرینی مەغۆلیە كە خێزانێكی جوامێرە و ماوەیەكی درێژە لە قادیان نیشتەجێن. میرزا مورتەزای باوكی كە ئاغای قادیان بوو خاوەنی كۆمەڵێك زەوی و زار و خانووبەرە بوو لەوێ و لەلایەن خەڵكیەوە ڕێزێكی زۆری لێ دەگیرا، وە دوای وەفاتكردنی ژمارەیەكی بەرچاو موڵك و زەوی و زاری بەجێهێشت و تاكو ئێستا هەندێكی لای میرزا غوڵام ئەحمەدە و ئەوانی تر میرزا سوڵتان ئەحمەدی كوڕی خاوەنیەتی كە لە ڕێگەی ژنەكەی میرزا غوڵام قادرەوە بووە بە خاوەنی. ئەم موڵك و سامانە بریتیە لە كۆمەڵێك زەوی و زار كە پێكهاتوون لە باخاتی بەردار و زەوی كشتوكاڵی یان هەندێ گوند كە بەڕێوەیان دەبات. وە لەبەرئەوەی میرزا غوڵام مورتەزا ئاغایەكی بەڕێز بووە لەم ناوچەیەدا بۆیە زۆر ڕێی تێدەچێت كە سامان و خشڵ و زێڕ و زیوێكی زۆری بەجێهێشتبێت، بەڵام ئێمە هیچ بەڵگەیەكی بەجێمان لا نیە سەبارەت بەم شتانە. میرزا غوڵام ئەحمەد لە ڕۆژانی لاوێتیدا بەردەوام لە فەرمانگەیەكی حكومیدا كاری كردووە، وە شێوازی ژیانی ئەوە ناگەیەنێت -هەروەها ئەوەشی لێ چاوەڕوان ناكرێت- كە سامانی خۆی و موڵك و ماڵی باوكی لە خشڵ و زێڕ و جگە لەوانیش تەخشان و پەخشان كردبێت، بەڵكو بەردەوام خاوەنی ئەو موڵك و ماڵەی خۆیەتی كە لە باوكیەوە بە میرات بۆی ماوەتەوە، وە سەبارەت بە شتومەكی گوێزراوە كە بە میرات وەریگرتووە بەڵگەنامەی تەواوەتیمان لەبەردەستدا نیە. هەرچۆنێك بێت دەتوانین بڵێین، بەوپەڕی دڵنیاییەوە، بەڕەچاوكردنی بارودۆخی میرزا غوڵام ئەحمەد، ئەمەیشی تەخشان و پەخشان نەكردووە.
هەڵبەت میرزا غوڵام ئەحمەد ماوەیەكە پیشەكەی خۆی وازلێهێناوە و بەوردی خەریكی توێژینەوەی ئایینیە، وە هەوڵیداوە وەك سەركردەی گرووپێكی ئایینی دانی پێدا بنرێت و هەندێ كتێبی ئایینیشی داناوە و هەندێ نامیلكەیشی نووسیوە، هەروەها بیرۆكەكانیشی لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەكانەوە بڵاوكردووەتەوە، كە بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەكی بەرچاو لە خەڵكی باوەڕیان پێی هەبێت وەكو ئیمامی خۆیان، ئا بەم شێوەیە گرووپێكی تری جیاواز دامەزرا.
بێگومان هەتاكو ئێستا 318 كەس پەیوەندییان كردووە بەم گرووپەوە بەگوێرەی لیستی ناوەكانیان كە هاوپێچم كردووە بەگوێرەی پیتە ئینگلیزیەكان، وە گومانی تێدا نیە هەندێكیان خاوەنی پلەوپایە و زانستن، ئەگەرچی ژمارەیان كەمە.
كاتێك كۆمەڵەكەی میرزا غوڵام ئەحمەد ژمارەیان بەرە بەرە زیادی كرد، داوای كۆمەكی كرد بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجانەی كە باسی كردووە لە هەردوو كتێبەكەی خۆیدا “فتح الإسلام” و “توضیح المرام”، وە پێنج سندووقی باسكردووە كە لەپێناوی ئەمانەدا داوای كۆمەكی و بەخشینی كردووە. وە لەبەرئەوەی كە شوێنكەوتووانی باوەڕیان پێی هەیە بۆیە دەستیان كرد بە ناردنی كۆمەكیەكانیان بۆی، هەندێكیان لە نامەكانیاندا ئەو سندووقەیان دیاریكردووە كە دەیانەوێت كۆمەكیەكەی بۆ خەرج بكەن، هەروەها هەندێكی تریشیان میرزا غوڵام ئەحمەدیان سەرپشك كردووە لە خەرجكردنی كۆمەكیەكەیان بۆ ئەو سندووقەی كە خۆی بەلایەوە گونجاوە. وە بەگوێرەی ئەو ڕوونكردنەوەیە كە میرزا غوڵام ئەحمەد بە ئاشكرا ڕایگەیاندووە لە بەرامبەر كۆمەڵێك شاهیددا، پارەی ئەو كۆمەكیانە كە پێیدەگات بۆ پێنج سندووقەكە خەرج دەكرێت.
بەكورتی، ئەم گرووپە ئێستا وەكو دامەزراوەیەكی ئایینی لێ هاتووە كە میرزا غوڵام ئەحمەد سەرۆكایەتی دەكات و ئەوانی تریش پەیڕەوی دەكەن و ئامانج و مەبەستی دامەزراوەكەیان دەهێننەدی بەهۆی بەشداریكردنیان لە پێشكەشكردنی كۆمەكی.
ئێستاش ئێوە و درێژەیەك دەربارەی ئەو پێنج سندووقەی كە لەسەرەوە باس كران:
یەكەم: خانەی میوانداری: هەموو ئەوانەی كە دێنە لای میرزا غوڵام ئەحمەد چ لە شوێنكەوتووانی خۆی بن یاخود لەوانە بن كە دێن بۆ توێژینەوە لە كاروبارە ئایینیەكان، لە خانەی میوانداری نان دەخۆن. وە بەگوێرەی ڕاگەیاندنێك كە لەلایەن میرزا غوڵام ئەحمەدەوە نووسراوە ڕێبواران و بێوەژنان و هەتیوەكانیش یارمەتیان دەدرێت لەم سندووقە.
دووەم: چاپخانە: كتێبی ئایینی و بڵاوكراوەكانی تێدا چاپ دەكرێت كە هەندێ جار بەخۆڕایی بەسەر خەڵكیدا دابەش دەكرێت.
سێیەم: قوتابخانە: هەڵبەت قوتابخانەیەك لەلایەن شوێنكەوتووانی میرزا غوڵام ئەحمەدەوە دامەزراوە، بەڵام زۆر سەرەتاییە و مەولەوی نوورەددین سەرپەرشتی و چاودێری دەكات كە یەكێكە لە تایبەتیترین شوێنكەوتوانی میرزا غوڵام ئەحمەد.
چوارەم: كۆنگرەی ساڵانە و كۆبوونەوەكانی تر: ساڵانە كۆنگرەیش دەبەستێت بۆ ئەم گرووپە، لەبەر ئەوە پارە دەبەخشن بۆ جێبەجێ كردنی كاروبارەكانی كۆنگرەكە.
پێنجەم: ناردی نامەكان: بەگوێرەی بەیانێكی نووسراو لەلایەن میرزا غوڵام ئەحمەدەوە و بەشایەتی ئەو كەسانەی كە بەچاوی خۆیان بینیویانە پارەیەكی زۆریش خەرج دەكرێت لە ناردنی نامەكاندا، كۆمەكی وەردەگیرێت لە شوێنكەوتووان بۆ ناردنی نامە كە بۆ مەبەستە ئایینیەكانە.
بەكورتی، بەگوێرەی شایەتی ئەو كەسانەی كە بەچاوی خۆیان ئەم ڕاگەیاندنەیان بینیوە پارەی كۆمەكیەكان خەرج دەكرێت بۆ ئەم پێنج سندووقە. وە بەم ڕێگایانە میرزا غوڵام ئەحمەد و شوێنكەوتووانی هزرە ئایینیەكانی خۆیان بڵاودەكەنەوە. بێگومان ئەم دامەزراوە گرووپێكی ئایینیە، وە بەوپێیەی كە ئێوە پێشتر زانیاریتان هەبووە دەربارەی ئەم گرووپە بۆیە بەم وتارە كورت و پوختە وازدەهێنم، وە ئێستاش شتێك دەڵێم دەربارەی داوای ڕەخنەگرتنەكەی.
هەڵبەت باجێك سەپێنراوە بەسەر میرزا غوڵام ئەحمەد دا كە بڕەكەی 187.5 ڕوپیەیە بەوپێیەی كە داهاتی ساڵانەی 7200 ڕوپیە بێت، بێگومان من خۆم ڕەخنەكەیم لێ وەرگرت لەسەر ئەم باجە كاتێ كە سەردانی قادیانم كرد لە سەروبەندی گەشتێكی فەرمیم بۆ ئەوێ، هەروەها شایەتی 13 كەسیشم نووسی لەسەر ئەمە. دیارە میرزا غوڵام لە ڕوونكردنەوەی خۆیدا كە سوێندی لەگەڵدایە ئەوەی نووسیوە كە سەرچاوەی داهاتەكەی تەنها بریتیە لە بەڕێوەبردنی دێهات و زەوی كشتوكاڵی و باخ، داهاتی بەڕێوەبردنی دێهاتەكان ساڵانە بڕی 82.70 ڕوپیەیە، وە داهاتی زەوی بڕی 300 ڕوپیەیە، وە داهاتی باخ 200 بۆ 500 ڕوپیەیە، وە جگە لەمانە هیچ سەرچاوەیەكی تری داهاتی نیە لە هەر جۆرێك بێت.
وە میرزا غوڵام ئەحمەد ئەوەشی ڕاگەیاندووە كە ئەم ساڵ بڕی 5200 ڕوپیە كۆمەكی پێگەیشتووە لە شوێنكەوتووانیەوە، بەڵام لە ساڵانی پێشوودا ڕێژەی بەخشین و كۆمەكیەكان ساڵانە بە نزیكەیی لە 4000 ڕوپیە تێپەڕی نەكردووە، وە ئەم بەخشینانە خەرج دەكرێت بۆ ئەو پێنج سندووقەی كە باسكران و بە هیچ شێوەیەك ناچێتەناو خانەی خەرجیە تایبەتیەكانیەوە.
بێگومان میرزا غوڵام ئەحمەد هەموو ئەمانەی پێ گوتم وەك خەمڵاندن و مەزەندەكردنێك لەسەر بنەمای بیر و زەینی خۆی؛ چونكە حساباتی داهات و خەرجی بە شێوەیەكی ڕێكوپێك تۆمارنەكراوە. وە میرزا غوڵام ئەحمەد ئەوەشی ڕاگەیاند كە داهاتی تایبەتی خۆی لە باخ و زەوییە كشتوكاڵیەكان و بەڕێوەبردنی گوندەكان بەشی هەموو خەرجیەكانی دەكات بۆیە پێویست ناكات هیچ شتێك لە بەخشین و كۆمەكی شوێنكەوتووانی بۆ خۆی خەرج بكات، وە شایەتی كەسانی ئاگادار لە نزیكەوە ئەو شتە دووپات دەكاتەوە كە میرزا غوڵام ئەحمەد ڕایگەیاندووە ، وە ئەوەی باسكردووە كە شوێنكەوتوانی كۆمەكیەكانی بۆ دەنێرن بۆ ئەو پێنج سندووقە ناوبراوە بۆیە بە دیاریكراوی تەنها خەرج دەكرێت بۆ ئەو پێنج سندووقە.
وە میرزا غوڵام ئەحمەد هیچ داهاتێكی تری نیە كە شیاو بێت بۆ ئەوەی باجی لەسەر دابنرێت جگە لەو داهاتەی كە بۆی دێت لە بەڕێوەبردنی گوندەكان و زەوییە كشتوكاڵیەكان و باخەوە.
شەش لەو شایەتانە لە پیاوماقووڵانی ناوچەكەن، بەڵام لە شوێنكەوتوانی میرزا غوڵام ئەحمەدن و لای خۆی نیشتەجێن، بەڵام حەوت شایەتەكەی تر خاوەنی دوكان و شوێنكاری جۆراوجۆرن و پەیوەندیان بە بەڕێز میرزاوە نیە.
وە بەگشتی هەموو شایەتەكان جەخت لە ڕاستی قسەكانی میرزا غوڵام دەكەنەوە، وە هیچ سەرچاوەیەكی تری داهاتیان باس نەكردووە جگە لە بەڕێوەبردنی گوندەكان و زەوییە كشتوكاڵی و باخەكە. وە بەم بۆنەیەوە بە نهێنی پرسیارم كرد لە هەندێ كەس دەربارەی سەرچاوەی تری داهاتی میرزا غوڵام ئەحمەد هەندێكیان پێیان گوتم كە داهاتەكەی زۆرە و پێویستە باجی بەسەردا بسەپێنرێت كەچی من هیچ بەڵگەیەكی ئاشكرام دەست نەكەوت لەسەر ئەم جۆرە داهاتە؛ چونكە ئەو كەسانەی كە ئەمەیان باسكردووە تەنها قسەیەكیان كردووە بەبێ ئەوەی بەڵگەیەكی تەواوی لەسەر پێشكەش بكەن.
هەڵبەت لە قادیان سەردانی قوتابخانە و خانەی میوانداریشم كرد. هێشتا قوتابخانەكە لە دۆخی سەرەتاییدایە؛ چونكە زۆربەی زۆری بیناكەی قوڕە و هەروەها هەندێ ماڵی تێدایە كە هی شوێنكەوتووانیەتی. وە لەكاتی سەردانەكەمدا بۆ خانەی میواندارێتی لە ڕاستیدا میوانم تێدا بەدیكرد، هەروەها بینیم كە هەموو شوێنكەوتووانی لەو ڕۆژەدا لەوێ ئامادەن و لە خانەی میواندارێتی نانیان دەخوارد.
لەسەر ئەم بنەمایە و بەگوێرەی بۆچوونی خاكیانەی خۆم ئەگەر داهاتی میرزا غوڵام ئەحمەد كورت بكرێتەوە لە بەڕێوەبردنی گوندەگان و زەوییە كشتوكاڵیەكان و باخەكەدا -هەروەك لە میانەی شایەتیدانی كەسانی ئاگادار لە نزیكەوە دیسان دەردەكەوێت- و هەموو ئەوەی كە لەلایەن شوێنكەوتووانییەوە پێیدەگات بە خێر و كۆمەكی و بەخشین دابنرێت؛ ئەوا ناكرێت داوای ئەو باجەی لێ بكرێت كە لەسەری دانراوە. بەڵام لەلایەكی ترەوە باسی ئەوە دەكرێت كە میرزا غوڵام ئەحمەد سەر بە خانەوادەیەكی بەڕێز و زەنگینە، وە باپیرانیشی لە پیاوماقووڵانی ناوچەكە بوون، داهاتێكی باش و لەباریان هەبووە، هەروەك میرزا غوڵام ئەحمەد خۆیشی بۆ ماوەیەك كاری كردووە و حاڵی باشە، ئەمە ئەو گومانەی زاڵ كردووە كە ئەو كەسێكی دەوڵەمەندە و داهاتەكەی باجی لەسەرە. هەڵبەت میرزا غوڵام ئەحمەد لە هەواڵدانەكەیدا ئەوەی گوت كە باخەكەی بارمتەیە لای هاوسەرەكەی بەرامبەر هەزار ڕوپیەی دەستی و خشڵێك كە نرخەكەی چوار هەزار ڕوپیەیە، بۆیە ئەو گومانە زاڵ دەبێت كە ئەو كەسەی خێزانەكەی ئەم بڕە ماڵەی هەبێت ئەوا دەبێت خۆیشی زەنگین و دەوڵەمەند بێت.
هەڵبەت لەگەڵ ئەم ڕوونووسەدا دۆسیەی تەواوەتی ئەو لێكۆڵینەوەیەم هاوپێچ كردووە كە كردوومە، وە ئەم ڕاپۆرتە دەنێرم بۆتان بەگوێرەی فەرمانتان لە بەرواری 31-8-1898.
بەندەی خاكی تاجەددین سەرۆكی بەڕێوبەرایەتی لە بەتاڵە دەڵێت كە وادەی ڕۆژی 3-9-1898 دەدات بە پارێزەرەكەی میرزا غوڵام ئەحمەد بۆ ئەوەی لە دادگاكەتان ئامادە بێت.
ڕێككەوتەكەی سەرەوەی لێدرا و بە واژۆی فەڕمی واژۆ كرا.
– كۆپیەك لە دەرچوونی بڕیاری كاتی لەسەر تانەلێدان لە سەر سەپاندنی باجەكان كە پێشكەش كراوە لە دادگای ت. دكسۆن جێگری بریكاری گشتی لە پارێزگای گورداسپور.
– كۆپیەكی تانەلێدان لە باجی داهات لەلایەن میرزا غوڵام ئەحمەدی كوڕی غوڵام مورتەزا، ناوبانگی: مەغۆل، نیشتەجی لە قادیان بەڕێوەبەرایەتی بەتاڵە لە پارێزگای گورداسپور.
هەڵبەت ئەمڕۆ ئەم ڕاپۆرت و ئەوراقانەم بەدەست گەییشت بۆ ئاگادار بوون لێیان و سەرنجدان لەم كێشەیە، بۆیە بڕیارمدا كە ئەم دۆسیەیە لەم كاتەی ئێستادا بەكراوەیی بمێتێتەوە. پارێزەر شێخ عەلی ئەحمەد و پارێزەری تێهەڵچوونەوەیش ئامادە بوون و ئەمەیان پێ گوترا. لە ڕێككەوتی 3-9-1898 نووسرا. واژۆی فەرمی.
– كۆپیەك لە وەرگێڕاوی بڕیاری دەرچووی كۆتایی دەربارەی ڕەخنە لەسەر سەپاندنی باجەكان لە دادگای ت. دكسۆن جێگری بریكاری گشتی لە پارێزگای گورداسپور.
ئەم باجە تازە دانراوە، وە میرزا غوڵام ئەحمەد دەڵێت هەموو داهاتەكانی خەرج دەكرێت بۆ ڕووماڵ كردنی خەرجیەكانی ئەم گرووپەی كە دایمەزراندووە و لە كاروبارە تایبەتیەكانی خۆیدا خەرجی ناكات. ئەو دانی ناوە بە خاوەندارێتی ماڵ و سامانی تر، بەڵام لەبەردەم سەرۆكی بەڕێوەبەرایەتی بەتاڵەدا ئەوەی باسكردووە كە دەستكەوتەكانی زەوی و بەرهەمە كشتوكاڵیەكان لە باجەكان بەدەرە بەگوێرەی بڕگەی پێنجەم (ب)؛ چونكە لە مەبەستە ئایینیەكاندا خەرج دەكرێت. وە هیچ هۆكارێك نابینم بۆ گومانكردن لە نیازپاكی ئەم پیاوە، وە من وایدادەنێم كە بەگوێرەی بڕگەی پێنجەم (ج) بەخشراوە لە دانی ئەو باجەی كە سەپێنراوە بەسەر داهاتی كۆمەكیەكان كە ئەندازەكەی 5200 ڕوپیەیە؛ چونكە ئەمە تەنها بۆ مەبەستە ئایینیەكان خەرج دەكرێت. وە فەرمان دەرچوو بەداخستنی دۆسیەی ئەم داوایە پاش گرتنەبەری ڕێكاری پێویست دەربارەی.
لە ڕێككەوتی 17-9-1898لە دلهوزی
واژۆی دادوەر
وە لە خوارەوە بڕیاری كۆتایی دەهێنینەوە كە سەبارەت بەم داوایە دەرچووە بە زمانی ئینگلیزی لەگەڵ وەرگێڕانەكەیدا:
In the Court of F. T. Dixon Esquire Collector of the District of Gurdaspur.
Income Tax objection case No. 46 of 1898.
Mirza Ghulam Ahmad son of Mirza Ghulam Murtaza، caste Mughal، resident of mauza Qadian Mughlan، Tahsil Batala، Distt. of Gurdaspur Objector Order.
This tax is a newly imposed one and Mirza Ghulam Ahmad claims that all his income is applied not to his personal but to the expenses of sect he has founded. He admits that he has other property but he stated to the Tehsildar that even the proceeds of that which is classed as land and the proceeds of agriculture and is exempt under 5 (b) go to his religious expenses. I see no reason to doubt the bona fides of this man، whose sect is well known، and I exempt his income from subscriptions which he states as 5200/- Under Sec 5(c) as being solely employed in religious purposes.
Sd T. Dixon
Collector
17-9-1898
وەرگێڕانەكەى:
لە دادگای ت. دكسۆن باجگری ناوچەی گورداسپور.
ژمارەی داوا 46 بۆ ساڵی 1898 كە پەیوەستە بە تانە لێدان لەسەر سەپاندنی باجی داهات لەلایەن میرزا غوڵام ئەحمەدی كوڕی میرزا غوڵام مورتەزا بەناوبانگ بە: مەغۆل. لە دانیشتوانی گوندی قادیانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی “بەتاڵە” لە پارێزگای گورداسپور.
ئەم باجە تازە سەپێنراوە، وە میرزا غوڵام ئەحمەد دەڵێت كە هەموو داهاتەكانی بۆ كۆمەڵەكەی خەرج دەكرێت، هیچی بۆ خۆی خەرج ناكات. وە بێگومان ئەو دانی ناوە بە بوونی هەندێ سەروەت و سامانی تریش، بەڵام لای باجگرەكە ئەوەی باس كردووە كە ئەو دەستكەوت و قازانجانەی پۆلێنكراون لە چوارچێوەی دەستكەوت و قازانجی زەوی و بەرهەمە كشتوكاڵیەكان لە باجەكان بەدەرە بەگوێرەی بڕگەی پێنجەم (ب)، ئەمەیش بۆ مەبەستە ئایینیەكان خەرج دەكات. هیچ هۆكارێك نابینم بۆ گومانكردن لە نیازپاكی ئەو پیاوە كە هەموو كەسێك كۆمەڵەكەی دەناسێت. وە بەگوێرەی بڕگەی پێنجەم (ج) من خۆم ئەو داهاتەیم لە دانی باج بەخشی كە بریتیە لە بەخشین و كۆمەكی و بە ڕاشكاوی ڕایگەیاندووە كە دەگاتە 5200 ڕوپیە، لەبەرئەوەی تەنها بۆ مەبەستە ئایینیەكان خەرج دەكرێت.
واژۆ
ت. دكسۆن كۆكەرەوەی داهات
لە ڕێككەوتى 17-9-1898
PDF