بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,
بابەتی زیاتر

ناوەڕۆك

حەزرەتی میـرزا غوڵام ئەحمەدی قادیانی (عليه السلام)

لەدایكبوون و گەورەبوون و ماوەی ژیانی

بانگەوازەکەی

هەندێ لە نیشانەكانی ڕاستگۆیی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)

مانگگیـران و خۆرگیـران لە مانگی ڕەمەزاندا

دەركەوتنی دەججال

بەڵگەی دووەم: خاوێنی ژیانی بانگەشەکار پێش داواكەی

بەڵگە هێنانەوەمان لەسەر ڕاستگۆیی ئيمامى مەهدی (عليه السلام) لە ڕێگەی ئەم پێوەرەوە

شایەتیدانی موسوڵمانە خاوەن پلەكان:

تۆمەتبارنەكردنی بە درۆكردن لەلایەن دوژمنەكانیەوە

ڕاوەستانی بەڕێزی لەبەرامبەریاندا

بەڵگەی سێيەم: پشتگیـری خوایی بە بەڵگە و نیشانەكان

پەتای تاعوون

موباهەلەكان (داواكردنی نەفرەت بۆ سەر درۆزن لەنێوان دوو لایەندا)

فێـربوونی زمانی عەرەبی لە یەك شەودا

وتاری ئیلهامی

سەركەوتنی ئیسلام لەسەر دەستی مەسیحی بەڵێندراودا و زاڵبوونی بەسەر هەموو ئایینەكاندا

*****

حەزرەتی میـرزا غوڵام ئەحمەدی قادیانی (عليه السلام)

لەدایكبوون و گەورەبوون و ماوەی ژیانی

حەزرەتی میـرزا غوڵام ئەحمەد (عليه السلام) لە گوندی قادیان لە هەرێمی پەنجاب لە هیندستان لەساڵی 1250ك بەرامبەر ساڵی 1835ز لەدایكبووە.

بەڕێزی (عليه السلام) دەچێتەوە سەر خێـزانێكی خانەدان لە خێـزانە فارسەكان كە لە سەروبەندی دەوڵەتی مەغۆلیدا كۆچی كردووە بۆ هیندستان. باوباپیـرانی لە سەمەرقەندەوە هاتوون و لە پەنجابدا نیشتەجێ بوون، لەو كاتەدا ئیمپـراتۆریەتی مەغۆلی (بابر) ژمارەیەك گوند و كێڵگەی بۆ دابڕین.

كاتێك هێـز و دەسەڵاتی دەوڵەتی مەغۆلی پاشەكشەی كرد و ناوچەی پەنجاب كەوتەدەستی سیخەكان كە یاخی بوو بوون لێی، موسوڵمانان لە پەنجابدا بەدەستی سیخەكان تاڵی و سوێـری زۆریان چەشت، بەجۆرێك دەیانكوشتن و ئاوارەیان دەكردن و مزگەوتەكانیان دەكرد بە تەویلە و گەوڕی ئەسپ و مانگا.

لەو ماوەیەدا بەریتانیا هێـرشی خۆی دەستپێكرد بۆسەر هیندستان، ئەوەندەی نەخایاند دەستیگرت بەسەر ناوچەی پەنجابدا، ئەمەش بووە هۆی چاكبوونى بارودۆخی موسوڵمانان لە ئەنجامی لابردنی ستەم و چەوسانەوەی سیخەكان لەسەریان. بەڵام ئینگلیـز بە قەشەكانەوە هاتبوو كە تێدەكۆشان بۆ بڵاوكردنەوەی مەسیحیەت لە هیندستاندا، ئەمەش یەكێك بوو لەو ئامرازانەی كە بەریتانیا دەیویست بەهۆیەوە دەسەڵاتی خۆی زاڵ بكات بەسەر ئەو وڵاتەدا و خەڵكەكەی بۆ هەتاهەتایە ملكەچ بكات. پاشان ئەم قەشانە بەشێوازێكی زۆر دڕندانە و قێزەون كە پێشتـر هاوشێوەی نەبینـرا بوو دەستیان كرد بە هێـرشكردنە سەر ئیسلام و توانجدان لە ئابڕووی گەورەمان موحەممەد (صلى الله عليه وسلم). لە ئەنجامدا ژمارەیەكی زۆر لە مەلا گەوجەكان باوەڕیان هێنا بە مەسیحیەت و بەشێوەیەكی تـرسناك دەستیانكرد بە هێـرشكردنە سەر ئیسلام. هاوكات ئەم هێـرشكردنەی ئایینی مەسیحی شوێنكەوتووی ئایینەكانی تـریشی هاندا كە هەوڵ بدەن بۆ لێدان و دژایەتیکردنی ئیسلام.

لە مێژوودا بۆ یەكەمجار بزووتنەوە هيندۆسیەكان هەستان بە هێـرشكردنە سەر ئیسلام و بانگەوازیان كرد بۆ گەڕانەوەی موسوڵمانانی هیندستان بۆ سەر ئايينی باوباپیـریان.

لەم كاتەدا حەزرەتی میـرزا غوڵام ئەحمەدی قادیانی (عليه السلام) هاتەپێشەوە بۆ پارێـزگاری كردن لە چوارچێوە و سنوری ئیسلام و ئابڕووی موحەممەدی هەڵبـژاردە (صلى الله عليه وسلم). هەستا بە وەڵامدانەوەی توانج و ڕەخنەكانيان و بەرپەرچدانەوەی هەموو ئەو گومانانەی کە دروستیان دەکرد. سەرەتا لە ڕێگەی وتارەكانەوە لە ڕۆژنامە و نامەكاندا دەستیكرد بە بەرپەرچدانەوەيان. پاشان كتێبێكى نووسى بەناوی (البراهین الأحمدية). كە دەلیل و بەڵگە دەگرێتە خۆی لەسەر ڕاستی ئایینی ئیسلام و ڕاستگۆیی پێغەمبەرەكەی (صلى الله عليه وسلم). وە تەحەددای شوێنكەوتووانی ئايينەكانی تـری كرد، پاشان هەستا بەدانانی چەند کتێبێكی گەورە بەرگ لەدوای بەرگ هەتا ژمارەیان گەیشتە زیاتـر لە 80 كتێب. بەڕێـزی دەستی کرد بە خوێندنەوە و تاوتوێكردنی كتێبە پیـرۆزەكانی ئەو ئايينانە بەتایبەتی مەسیحیەت، ڕێژەیەكی زۆر دژیەكی دۆزیەوە تێیاندا، كە وایلێكرد لە چاوپێكەوتن و كتێب و وتارەكانیدا دەمكوتكیان بكات.

بەرگریكردنی بەڕێزی (علیه السلام) لە ئیسلام جێگەی سەرسوڕمانی سەرجەم موسوڵمانان بوو لە هیندستاندا، وە نازناوی پاڵەوانی ئیسلامیان پێدا، بەجۆرێك بەتەنها ئەویان شك دەبرد كە بەتوانابێت لە بەرپەچدانەوەی هێـرشەكان بۆسەر ئیسلام و دەمكوتكردنی دوژمنان، بۆیە مەلا و زاناكان ستایشیان دەكرد و وەسفی كتێبەكەی (البراهین الأحمدية)یان دەكرد بەوەی كە مەزنتـرین كتێبە لە ئیسلامدا.

بەڕێـزی ڕایگەیاند كە خوای گەورە پێیـڕاگەیاندووە خۆی ئیمامی مەهدیە كە بەڵێنى هاتنی دراوە لە ئاخرزەماندا، وە ئەم وتەیە بە گشتی لەلایەن موسوڵمانانەوە پەسەندكرا و تووشی هیچ نەیاریەكی سەخت نەبوویەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی خاوەنی متمانە بوو لەلايان وە ئاگاداری ژیاننامە و مێژووە پاكوخاوێنەكەی بوون. بەڵام هەر كە ڕایگەیاند خوای گەورە هەواڵی پێداوە كە عیسای كوڕی مەریەم (عليه السلام) مردووە و ئەویش هاوشێوەی كوڕی مەریەمە، مەلا نەیارەكان لەدژی كۆبوونەوە و زۆربەیان لە یەك ڕیـزدا لەگەڵ مەسیحی و هيندۆسەكاندا وەستان لە دژایەتی كردنیدا و كۆمەڵە فەتوایەكیان دەركرد بە كافربوونی. ئەویش (عليه السلام) لە كتێبەكانیدا بەرپەرچی ئەم گومانانەی دایەوە و بەشێوەیەكی ڕوون و ئاشكرا بانگەشەكەی خۆی ڕاگەیاند.

وە بەهۆی بەرگریكردنی لە ئیسلام بەتایبەتی مەسیحیەكان لە دژی كۆبوونەوە و قەشەكان هەوڵیاندا كۆمەڵێك تاوانی پووچ و بێ بنەما بخەنەپاڵی بۆئەوەی بخرێتە زیندانەوە. بەڵام هەمیشە خوا هەوڵەكانی ئەوانی تووشی نوشوستی دەكرد و پيلانەكانی ئاشكرا دەكردن و ڕسوای دەكردن. وە لە هەموو جارەكاندا سەرشۆڕ و هیوابڕاو دەبوون. هەروەها بەهۆی بەرگریە بێ وچانەكەی بەڕێزی (عليه السلام) لە ئیسلام نەخشەکانیان بۆ بەمەسیحیكردنی هیندستان شكستی هێنا. بەهۆی ئاشكرا كردنی ساختەكاری و پووچی ئەم ئايينە لەلایەن بەڕێـزیەوە (عليه السلام) لە سەرچاوە جۆربەجۆرەكانەوە، لەوانە كتێبە پیـرۆزەكانی خۆیان، مەسیحیەت كەوتە هەلومەرجێكی وەهاوە كە حەسوودی پێنەدەبرا.

سەرەڕای ئەم هەموو نەیاری و نەگریسیە لەلایەن دوژمنانەوە خوای گەورە پشتگیـری لێكرد و سەریخست بەسەریاندا و زاڵیكرد بەسەر دوژمنانی ئیسلامدا، هەروەها پێشبینیەکان و ئەو مژدانەی كە ڕایگەیاندبوو هاتنەدی. وە بەڕێـزی (عليه السلام) بە پشتیوانی خوای گەورە كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی دامەزراند كە ئەمڕۆ لە هەموو جیهاندا بڵاوەیكردووە. هەموو ئەمانەش پاش ئەوە بوو كە مەسیحی بەڵێندراو مرۆڤێكی تەنیا بوو، وە هەموو دنیا لە بەرامبەریدا ڕاوەستا بوو. بڵاوبوونەوەی ئەم كۆمەڵە و گەشەكردنە بەردەوامەكەی، كە لەم كاتەدا بووە بە كارێكی ڕوون و ئاشكرا، بەڵگەيە لەسەر ئەوەی كە دەستی خواى گەورە لەگەڵ ئەم كۆمەڵەدایە كە نەدەكراو نەیدەتوانی سەركەوتووبێت لەسایەی ئەم هەلومەرجە نالەبارەدا، سەرەڕای هەبوونى ئەم هەموو سەختی و ئاستەنگانە.

 بانگەوازەکەی

بەڕێـزی (عليه السلام) لە ڕوونكردنەوەی بانگەوازەکەیدا دەفەرموێت: “چەندەها جار ڕوونمكردووەتەوە و بەئاشكرا ڕامگەیاندووە كە من خۆم مەسیحی بەڵێندراو و ئیمامی مەهدیم، وە بەم شێوەيە فەرمانم پێ كراوە، بۆم نیە نافەرمانی خوای گەورە بكەم و ببم بە یەكێك لە تاوانكاران، كەوابوو _ئەگەر لە خوا تـرسن_ بەپەلە بڕیارم لێ مەدەن و بەتەواوی لێكۆڵینەوە لە بانگەوازەکەم بكەن. لەوانەیە خەڵكی كەسێك بەدرۆزن بزانن كە لەلایەن خواوە نێردرا بێت و ڕەنگە پیاوێك بە خراپەكار لەقەڵەم بدەن بەڵام ئەو یەكێك بێت لە پیاوچاكان.” (إعجاز المسيح، الخزائن الروحانية بەرگی 18 لا 7-9)

هەروەها بەڕێـزی (عليه السلام) لەم سیاقەدا دەفەرموێت: “بێگومان من كەسێكم خوای گەورە لە سایەی ڕەحمەتی خۆیەوە بەجوانی پەروەردەی كردووم، نيعمەتی تەواو و بێ كەمایەسی خۆی ڕژاندووە بەسەرمدا، وە بەناتەواوی هیچ شتێكی پێنەداوم، وە گێڕاومی بە یەكێك لەو كەسانەی كە قسەی لەگەڵ كردوون و ئیلهامی بۆ ناردوون، لەلایەن خۆیەوە بە چاكی زانیاری فێـركردووم، وە ڕێنموونی كردووم بۆ ڕێگاكانی ڕەزامەندی و پارێـزكاری خۆی. وە نهێنیيە هەرە بڵندەكانی خۆی بۆ ئاشكرا كردووم، جارێك پشتگیـری كردووم بە كۆمەڵێك ئاخاوتن كە هیچ تەپوتۆزێكیان لەسەر نیە و گومان و ناڕوونیان تێدا نیە، وە كەڕەتێك نوورانی كردووم بە نووری كەشفەكان كە لەبەرەبەیان دەچوون. وە لە مەزنتـرین چاكەكانی ئەوەیە كە كردمی بە پێشەوا و خەلیفە بۆ ئەم چەرخ و سەردەمە، وە لەسەرەتای ئەم سەدەیەدا وەك نوێكارێك ڕەوانەی كردم بۆ دەركردنی خەڵكی لە تاریكیيەوە بۆ ڕووناكی.

یەكێك لە نیشانە پیـرۆزەكانی ئەوەیە كاتێك بەدفەڕی ئەو كەسانەی بینی كە خەڵكی دەكەن بە مەسيحى، وە تەماشای كردن كە چۆن بە توندتـرین شێوە دەبنە لەمپەر لە ڕێگەی ئاييندا، وە بینی ئەوانە ئازاری پێغەمبەری خوا () دەدەن و بە چاوی سووكەوە سەیـری دەكەن، وە كوڕی مەریەم بە شێوەیەكی زۆر گەورە هەڵدەنێن، تووڕەبوونی جۆشی سەند وەك غیـرەتێك لەلایەن خۆیەوە، وە بانگی كردم و فەرمووی: من تۆم كرد بە عیسای كوڕی مەریەم، وە خوا لەسەر هەموو شتێك توانای هەیە و من غیـرەتی خوام كە لەكاتی خۆیدا بەتوندی هەڵقوڵی بۆ ئەوەی ئەو كەسانەی زیادەڕەوییان كردووە لە هەڵنانی عیسادا بزانن كە عیسا تاقانە نیە وەك تاقانەیی خوا، وە خوا بەتوانایە لەسەرئەوەی كە تاكێك لە ئوممەتی پێغەمبەرەكەی بكات بە عیسا، كە ئەمەش بەڵێنێكی بڕیارلێدراو بوو” (مِرآةُ كمالاتِ الإسلام، الخزائن الروحانية بەرگی 5 لا 422-426)

هەروەها دەفەرموێت: “ئەی بەڕێـزان گوێ ڕادێـرن، خوا ڕێنموونیتان بكات بۆ ڕێگەی كامەرانی. من خۆم ڕاپـرس و داواكارم، وە بە پەردەوە قسە ناكەم، بەڵكو من لەلایەن خوای بەخشندەوە لەسەر بیناییم، وە خوا ڕەوانەی كردم لە سەرەتای ئەم سەدەیەدا بۆ نوێكردنەوەی ئايين و ڕۆشنكردنەوەی ڕووی ئەم ڕێبازە و شكاندنی خاچ و كوژاندنەوەی ئاگری نەصرانیەت و دامەزراندنەوەی سوننەتی چاكتـرینی مەردوومان، وە بۆ ڕاستكردنەوەى ئەوەی كە تووشی خواروخێچی بووە و برەودان بەوەی كە ڕەواجی نەماوە، وە من مەسیحی بەڵێندراو و مەهدی پێسپێـراوم، خوا چاكەی لەگەڵ كردم بە وەحی و ئیلهام، وە قسەی لەگەڵ كردم وەك چۆن قسەی كردووە لەگەڵ پێغەمبەرە بەڕێـزەكانیدا، وە شایەتیدا لەسەر ڕاستگۆییم بە كۆمەڵێك نیشانە كە ئێوە دەیانبینن، وە لە ڕێگەی كۆمەڵێك نوورەوە ڕوخسارمی پیشاندا كە ناسراون لای ئێوە.

پێتان ناڵێم بەبێ بەڵگە پەسەندم بكەن و باوەڕم پێ بـهێنن، بەڵكو هاوارتان لێ دەكەم كە بۆ خوا دادگەربن، پاشان بڕوانن بۆ ئەو نیشانە و بەڵگە و گەواهیانەی كە خوا بۆ منی دابەزاندووە، ئەگەر ئایەتەكانی منتان نەبینی وەك ئەوەی كە چۆن نەریتی خوا گوزەری كردووە سەبارەت بە ڕاستگۆیان و چۆن ڕێوشوێنی خوا (سبحانه وتعالى) تێپەڕیوە دەربارەی پێغەمبەرەكانی پێشوو ئەوا ئەی كۆمەڵی نکوڵيكاران ڕەتم بكەنەوە و وەرممەگرن” (الاستفتاء، الخزائن الروحانية بەرگی 22 لا 641)

هەندێ لە نیشانەكانی ڕاستگۆیی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)

پێویستە لێـرەدا هەندێ ڕاستی بنچینەیی باس بکەین كە بەڵگەن لەسەر ڕاستگۆیی ئەو پێغەمبەرانەی لەلایەن خوای گەورەوە نێـردراون، پاشان ئەو ڕاستی و پێوەرانە پیادە بكەین بەسەر بانگەشەكەی حەزرەتی دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدیدا (عليه السلام)؛ چونكە ئەگەر ڕاستگۆیی یەكێك لە پێغەمبەران هاتەدی ئەوا لەو كاتەدا باوەڕهێنان پێی پێویست دەبێت؛ چونكە ناگونجێت كە ژیـری ڕاست و دروست باوەڕبكات بەكەسێك كە لەلایەن پەروەردگاریەوە نێـردراوە و لەهەمان كاتدا خەڵكی فریوبدات بەدوورخستنەوەیان لە خوای گەورە.

كەواتە لێـرەدا پـرسیارە گرنگەكە ئەوەیە: ئایا دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی كە بانگەشەی ئەوە دەكات لەلایەن خوای گەورەوە نێـردراوە ڕاستگۆیە لە بانگەشەكەیدا یان نا؟ وە ئەگەر ڕاستگۆییەكەی ساغ بوویەوە؛ ئەوا هەموو بانگەشەكانی تـریشی دەچەسپێت، وە ئەگەر ڕاستگۆییەكەی ساغ نەبوویەوە؛ ئەوا باسكردنی بانگەشەكانی كارێكی بێ هودەیە.

بەڵگەكانی ڕاستگۆیی هەر پێغەمبەرێك دەكرێت دابەش بكرێن بۆ سێ جۆر:

یەكەم: ئەو بەڵگانەی كە پەیوەستن بەپێش ڕەوانەكردنەكەیەوە، وەك پێشبینیەکانی پێغەمبەرانی پێشوو.

دووەم: ئەو بەڵگانەی كە پەیوەستن بەو كاروبارانەی ڕوویانداوە لەسەروبەندی ڕەوانەكردنەكەیدا، وەكو هاتنەدی ئەو بەڵێنانەی كە خوا پێیداوە، وە سەركەوتن و زاڵبوونی بەسەر دوژمنانیدا و لەناوبردنیان لەلایەن خواوە، وە ئەو موعجیـزانەی كە خوا دەریدەخات بۆی، وە ئەو دەستكەوتە ئايينی و ڕەوشتی و ڕۆحانیانەی كە بەدەستیان دەهێنێت.

سێيەم: ئەو بەڵگانەی كە پەیوەستن بەدوای مردنیەوە، كە دیارترینیان بریتیە لە یارمەتی خوایی بۆ كۆمەڵ و بانگەوازەكەی، پاشان بەردەوامی بەدیھاتنی ئەو پێشبینیانەی کە ڕایگەیاندووە، بۆ ئەوەی هەردەم وەكو شایەتێك وابێت لەسەر ڕاستگۆییەكەی.

لەمەودوا بەكورتی باسی ئەو بەڵگە و پێوەرانە دەكەین كە دەكرێن بە بەڵگە لەسەر ڕاستگۆیی هەر پێغەمبەرێك لەگەڵ پیادەكردنیان بەسەر بەڕێـز مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام):

بەڵگەی یەكەم: گەواهیدانی گەورەمان موحەممەد (ﷺ).

ئاشكرایەكە پێغەمبەر (ﷺ) وەسفی ئەو بارودۆخەی كردووە كە تێیدا ئیمامی مەهدی (عليه السلام) دەردەكەوێت، وە بەجۆرێك لە فەرموودەكاندا قسەی كردووە دەربارەی دۆخی ئایینی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و ڕامیاری ئەو سەردەمە، كەسێك نیە نەیانـزانێت مەگەر بەدەگمەن. وە ئەو پێشبینیانە لەم سەردەمەدا هاتوونەتەدی وەك ڕاگەیاندنێك بەهاتنی ئیمامی مەهدی (عليه السلام)، وە فەرموودەكان لەم بارەيەوە زۆرن، بەڵام ئێمە لێـرەدا تەنھا نیشانەی مانگگیـران و خۆرگیـران لە مانگی ڕەمەزاندا و نیشانەی دەججال باس دەكەين.

مانگگیـران و خۆرگیـران لە مانگی ڕەمەزاندا

بێگومان پێغەمبەری خوا (ﷺ) نیشانەیەكی دیاریكراوی دەستنیشان كردووە بۆ دەركەوتنی ئیمامی مەهدی كە لە توانای هیچ مرۆڤێكدا نیە دروستی بكات یان بە ئارەزووی خۆی دەستكاری بكات یان پووچی بكاتەوە. ئەوەتا لە (سنن الدارقطني)دا فەرموودەیەكی پێغەمبەر هاتووە كە تێیدا دەفەرموێت:

“بێگومان بۆ مەهدیەكەمان دوو نیشانە هەیە كە لەوەتەی ئاسمانەكان و زەوی دروستكراوە ڕوویان نەداوە: لەیەكەم شەو لە ڕەمەزاندا مانگ دەگیـرێت، وە لەڕۆژی ناوەڕاستیشدا خۆر دەگیـرێت (ئەو ڕۆژانەی خۆری تێدا دەگیـرێت)، وە ئەم دوو نيشانە ڕوویان نەداوە لەوەتەی خوا ئاسمانەكان وزەوی دروست كردووە.” (سنن الدارقطني، كتاب العيدين، باب صفة صلاة الخسوف والكسوف وهيئتهما)

زانـراوە ئەو سێ شەوەی كە دەكرێت تیایاندا مانگ بگیـرێت بریتین لە شەوەكانی 13 و 14 و 15ی مانگی عەرەبی، ئەمەش كاتێك كە زەوی دەكەوێتە نێوان خۆر و مانگەوە ئینجا سێبەری زەوی دەكەوێتە سەر مانگ و دەگیـرێت، بەڵام گیـرانی خۆر لە ڕۆژەكانی 27 و 28 و 29ی مانگی عەرەبیدا ڕوودەدات كە بریتین لەو ڕۆژانەی مانگ دەكەوێتە نێوان زەوی و خۆرەوە و مانگ بەری ڕۆشنایی خۆردەگرێت و بەمەش خۆرگیـران ڕوودەدات.

بەگوێـرەی ئەم فەرموودەیەی پێغەمبەری خوا (ﷺ) گیـرانی مانگ لە یەكەم شەو لەشەوەكانی مانگگیـراندا ڕوودەدات، واتە لە شەوی13ی مانگی عەرەبیدا، وە گیـرانی خۆریش لە ناوەڕاستی ڕۆژەكانی خۆرگیـراندا ڕوودەدات، واتە لە ڕۆژی 28ی مانگی عەرەبیدا. وە ئەم مانگگیـران و خۆرگیـرانە هەردووكیان لە مانگی ڕەمەزاندا ڕوودەدەن، وە گیـرانی هەردووكیان لەم ڕۆژە دەستنیشان كراوانەدا و لەم مانگە دیاریكراوەدا ڕوودەدات دوای ئەوەی كە ئیمامی مەهدی دەركەوتووە و خۆی و بانگەوازەكەی ڕاگەیاندووە، ئینجا خەڵكی بەدرۆزنیان زانیوە، پاشان ئەم دیاردە گەردوونیانە ڕوودەدەن بۆداكۆكی كردن لێى و سەلماندنی ڕاستی داواکەی، ئەویش دەیانكات بە بەڵگە لەسەر ڕاستگۆیی خۆی.

لەڕاستیدا ئەوەی كە پێغەمبەری خوا (ﷺ) هەواڵی پێدابوو بە تەواوی ڕوویدا… بەجۆرێك ئیمامی مەهدی دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی (عليه السلام) هات و خۆی و بانگەوازەكەی ڕاگەیاند… هەندێ لە خەڵکی باوەڕیان هێنا و هەندێکی تر باوەڕیان پێنەکرد، وە بەڕێزی (علیه السلام) لە ساڵی 1889ی زایینیدا بە فەرمانی خوای گەورە كۆمەڵەكەی خۆی دامەزراند، وە كاتێك ڕایگەیاند خۆی ئیمامی مەهدی چاوەڕوانكراوە… ئەوانەی كە باوەڕیان پێنەكرد و نەیارى بوون وتیان چۆن دەگونجێت كە ئەم كەسە ئیمامی مەهدی بێت لە كاتێكدا بەگوێـرەی بەڵێنەكەی پێغەمبەر (ﷺ) مانگگیـران و خۆرگیـران ڕوویان نەداوە بۆ سەلماندنی ڕاستگۆیی ئەو؟ دوای ئەمە بەڕێـزی بەوپەڕی گەرموگوڕییەوە بەردەوام لە خوای خۆی دەپاڕایەوە وەك پاڕانەوەی كەسی ئومێدبڕاو كە جەرگ و دڵی دەتوێتەوە بەهیوای یارمەتی و پشتگیـری خوای گەورە، هەتا ئەو كاتەی كە یارمەتی خوا گەیشت. وە لە ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە ڕێككەوتی 21ی ئازاری ساڵی 1894ی زاینی، كە دەكاتە ئێوارەی شەوی 13ی ڕەمەزانی پیـرۆزی ساڵی 1311ی كۆچى مانگگیـران ڕوویدا. ئا لێـرەدا ئیمامى مەهدی بە خەڵكی ڕاگەیاند چاوەڕێی خۆر بكەن كە بێگومان ئەویش لە ڕۆژی 28ی ئەم مانگە پیـرۆزەدا بەویستـی خوای گەورە دەگیـرێت، وە خۆرگیـرانیش ڕوویدا لە ڕۆژی دیاریكراودا كە دەکاتە ڕێكەوتی 6ی نیسانی ساڵی 1894ی زاینی، وە بەم شێوەیە بەڵێنەكەی پێغەمبەری خوا (ﷺ) هاتەدی و ئەو دوو نيشانەيە دەركەوتن كە باسكرابوو لە داهاتوودا دەردەكەون بۆ مەهدییەکەمان. ئینجا ئەویش دەیانكات بە بەڵگە لەسەر ڕاستگۆیی خۆی، وە لە ڕابردوودا ڕووینەداوە هەرگیـز كەسێك هاوشێوەی ئەم دوو نیشانەیە بكات بە بەڵگە لەسەر ڕاستگۆیی خۆی.

هەمان دیاردە لە ساڵی دوایيدا واتە لە ساڵی 1895ی زاینیدا ڕاستەوخۆ لە نیوەكەی تـری گۆی زەوی لە ئەمریكا دووبارە بوویەوە. ئا بەم شێوەیە ئەم موعجیـزە گەردوونیە كە پێغەمبەری خوا (ﷺ) باسی كردبوو ڕوویدا. وە قورئانی پڕ لە دانست لە سورەتی (القيامة)دا ئاماژەی بۆ ئەمە كردووە، وە خۆرگیـران و مانگگیـران كۆبوونەوە لە مانگی ڕەمەزاندا و ڕوانگە گەردوونیەكانیش ئەم ڕووداوەیان تۆماركرد و بۆ هەتاهەتایە چووەناو تۆمارگەكانەوە.

جا كاتێك ئەم نیشانە بەڵێندراوە ڕوویدا زۆربەی خەڵكی بەپەلە گەڕان بەدوای ئیمامى مەهدیدا و باوەڕیان پێكرد، بەڵام نەیارەكان كە پێشتـر لەسەر دوانگەكان داخوازی هاتنی مەهدییان دەكرد لەڕێگەی ئەم نیشانەیەوە، لووتبەرزی پتـر بەرەو تاوانی بردن و زۆر بەتوندی نکوڵیان لێكرد و ملیان پێنەدا، بەڵكو لە مزگەوتەكانەوە دەستیان كرد بە هاتوهاوار، دەيانگوت: ئێستا ئیتـر زیاتـر میـرزا هەڵدەستێت بە گومڕاكردنی خەڵكی! هەروەها ڕەخنەی جۆراوجۆریان ورووژاند دەربارەی ئەم نیشانە ئاسمانیە بەهێـزە.

دەیانگوت فەرموودەكە بەم جۆرەیە: لەیەكەم شەوی ڕەمەزاندا مانگ دەگیـرێت نەك لە یەكەم شەو لە شەوەكانی مانگگیـراندا (واتە شەوی 13)، بۆیە بەڕێـزی (عليه السلام) بەرپەرچی دانەوە و فەرمووی: “بێگومان دەستەواژەكەی (الدارقطني) بەڕاشكاوی و بە قەرینەی ڕوون و ڕاستەقینە مانای ئەوە دەگەیەنێت كە مانگگیـران لە بنەڕەتدا لە یەكەم شەوی ڕەمەزاندا دروست نابێت، وە بەهیچ شێوەیەك ئەمە ڕوونادات، وە ئاشكرایە دەستەواژەكەی ئەو پەیوەستە بە وشەی (القمر)ەوە، وە بەم تۆپەڵە درەخشانە ناوتـرێت (القمر) مەگەر دوای سێ شەو تا كۆتایی مانگ، وە لەبەر سپێتیە تەواوەكەی لەو شەوانەدا پێی دەوترێت (القمر)، وە پێش سێ شەو پێیدەوتـرێت مانگی كەوانەیی (الهلال) كە لەمەدا قسە نیە، وە ئەم بابەتەش(*) هەموو عەرەب، گەورە و بچوكیان ڕێككەوتوون لەسەری هەتا ئەم سەردەمە و هیچ یەكێك لە ئەهلی ئەم زمانە دژایەتی ئەمەی نەكردووە و نکوڵی لێ نەكردووە مەگەر یەكێك كە بینایی لەدەست دابێت و شارەزایی و زانستی لەبەین چوو بێت، وە وشەیەك پێچەوانەی ئەمە لە زارێك دەرناچێت مەگەر لەزاری كەسێكی نەزان و گێل یان گەمژەیەكی گەوجێنـراو، وە لەزاری مرۆڤە ژیـرەكانەوە ئەمە نابیستـرێت… كەوابوو دەستكاری وتەی سەروەری پێغەمبەران و پێشەوای زمانپاراوان و ڕەوانبێژان مەكەن، وە لەخوا بتـرسە ئەی هەژار، بێ شەرمی مەكە بەرامبەر پلەو پایەی زمانپاراوتـرینی عەجەم و عەرەب و پەسەندكراوی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا. ئایا دڵت فەتوا دەدات و ڕازیە بەوەی كە زاناتـرین و زمانپاراوتـرین كەس كە قسە گشتگیـر و نەستەقەكانی پێدراوە، وە هەموو وشەكانی پڕن لە شەوق و جوانی و زمانپاراوی و مرواریەكانی ڕەوانبێژی و وتە دانسقە عەرەبیەكان و نوكتە وێژەییەكان و گەوهەرە زمانەوانیەكان و ڕاستیە پڕ لە دانستەکان، دووچاری ئەم كەوتن و هەڵنووتانە بێت و واژەی ڕەوان وازلێبھێنێت و ناڕێك و بێكەڵك و چەوت و پەسەندنەكراو هەڵبـژێـرێت، بەڵكو دژی دانپیانـراوەكانی گەل و پەسەندکراوی زمانپاراوەكانی ئەم زێدە بێت، وە ببێتە جێگەی قەشمەری گاڵتەچییان؟ وە سوێند بە خوا ئەم هەڵەئاشكرایە و ئەم سەرسمە ڕیسواكەرە لە ژیـریيەكی كپ و تێڕامانێكی بێ فەڕەوە دەرناچێت، ئیتـر چۆن لە شاسواری ئەم گۆڕەپانەوە، بەڵكو لە گەورەی شۆڕەسوارانەوە دەردەچێت، چیتانە ئەی كۆمەڵی بێ شەرمان بۆچى بایەخ نادەن بەسەربەرزیی خوا و پێغەمبەرەكەی () ئایا لاى ئێوە ڕژدیەكەتان خۆشەویستتـر و بەڕێـزتـرە لە خاتەمی پێغەمبەران؟ هەڵبەت ئێوە شتێكتان دایەپاڵ سەروەری پێغەمبەران كە نادرێتە پاڵ نەزانتـرین كەس، خەریكە ئاسمانەكان شەق بەرن بەهۆی ئەم بێ شەرمیەوە، لەخوای خاوەن گەورەیی بتـرسن، بەدەم بانگەوازی حەقەوە بچن وەك بەدەمەوەچوونی ئەهلی ڕێنموونی. ئەوەتا ڕووداوەكە ڕوویدا و لارمەبنەوە بەلای گوماندا، شوێن قسەی ئەو پێغەمبەرە بكەون كە ئاماژەكەی بڕیارە، گوێڕایەڵیەكەی دەستكەوت و سوود و كەڵكە، وەكو مرۆڤە بەدبەختەكان مەبن… بەڵكو بە نیازە باشەكانەوە پشكنین بكەن بۆ ڕاستی و ڕێگەی ڕاست بناسن، وەك مناڵەوردكە یاری مەكەن بە بابەتە ئایینیەكان.” (نور الحق، الخزائن الروحانية بەرگی 8 لا 198-201)

(*) خاوەنی (تاج العروس) دەڵێت: لە دوو شەوی سەرەتای مانگدا بە مانگ دەوتـرێت مانگی كەوانەیی (هیلال). لە الصحاح دا: پێی دەوتـرێت مانگ دوای سێ‌ شەو تا كۆتایی مانگ، وە هەندێكیان دەڵێن: تا حەوتەم شەو پێی دەوتـرێت هیلال، وە ئیبن ئیسحاق دەڵێت: لای من ئەوەیە كە زۆرینەی لەسەرە كە تاوەكو دوو شەو پێی دەوتـرێت هیلال؛ چونكە دوای سێ‌ شەو ڕووناكیەكەی دەردەكەوێت.

هەروەها بەڕێـزی (عليه السلام) بەرپەرچی ئەوانەی دایەوە كە دەیانگوت گوایە ئەم فەرموودەیە فەرموودەيەكى هەڵبەستراوە، بۆیە بەڕێـزی (عليه السلام) دەفەرموێت: “سەركەش و كەللـەڕەق و زانا دەمارگیـرەكان دەڵێن ئەم فەرموودەیە فەرموودەیەكی ڕاست نیە، بەڵكو قسەی درۆزنێكی بێ ئابڕووە. هیچیان لێ نەزانیوە. قسەیەكی ئێجگار زلیان لە دەم دەرچووە و هەرچی دەڵێن جگە لە درۆ هیچی تـر نیە، ئەوە بەدرۆ دەزانن كە خوا ڕاستیەكەی بەجوانی دەرخستووە. ئەمە قسەیەك نیە هەڵبەستـرابێت. بەڵام كوێـراییان داهاتووە و مۆرێك نـراوە بەسەر دڵیاندا… ئاخۆ تۆ گومان دەكەیت لە فەرموودەیەك كە ڕاستیەكەی ئاشكرا بووە و خاوێنیەكەی دەركەوتووە كە گوایە فەرموودەیەكی لاوازە بەلای كۆمەڵێكەوە یان لۆمەهێنەرە یان لە ڕاویەكانیدا كەسێكی تانەلێدراو هەیە؟ ئایا ئەمە جێگای گومانە یان تۆ یەكێكی لە شێتەكان. ئەوەتا خوا پشتڕاستی كردەوە و بەڵگەكانی ڕۆشنكردەوە و ڕاویەكانی خاوێنكردەوە لەوەی كە دەوتـرا، وە بەسافی و ڕوونی نوورەكانی ڕاستی ئەم فەرموودەيەی پیشاندا، دەی ئایا گومان ماوە دوای نیشانە مەزنەكان؟ ئایا گومان دەكەن لە خۆری چێشتەنگاو؟ ئایا نوور وەكو تاریكی لەقەڵەم دەدەن؟ ئایا كوێـركراون یان خۆتان هەر كوێـربوون؟ ئایا شایەتی مرۆڤ قبوڵ دەكەن و شایەتی خوای ڕەحمان قەبوڵ ناكەن، وە هەوڵدەدەن وەك دەستدرێژكاران ڕەفتار بكەن؟ ئایا تۆ باوەڕت وایە كە خوا نھێنی خۆی ئاشكرا دەكات بۆ درۆزن و بوختانكەر و ساختەچیەكان؟ ئایا تۆ گومان دەكەیت لە هەواڵێك پاش دەركەوتنی ڕاستیەكەی؟ وە ئەگەر حەق ئاشكرا بوو كەس گومان ناكات مەگەر كەسێك كە لە ئەندازە لایدا بێت. وە ئەمە بابەتێكە پێویستی بە ڕوونكردنەوە و پێناسە نیە، وە شاراوە نیە بۆ مرۆڤی زیـرەك و ڕاست، وە بۆ كەسێكیش كە سەرنج دەدات وەكو سەرنجدەران.” (سەرچاوەی پێشوو، لا 206-208)

پاشان بەڕێـزی ئەوەش باس دەكات كە ئەم نیشانەيە لەڕابردوودا ڕووينەداوە بۆ پیاوێك كە بڵێت خۆی ئیمامی مەهدی چاوەڕوانكراوە، لەم بارەيەوە دەفەرموێت: “گومانی تێدا نیە كە كۆبوونەوەی مانگگیـران و خۆرگیـران لە ڕەمەزاندا بەم شێوە نائاساییە كارێكی دەراسایە ئەگەر بینیت لەگەڵیدا پیاوێك دەیوت من مەسیحی بەڵێندراو و مەهدی یارمەتیدراوم، وە ئیلھامم بۆ كراوە و لەلایەن خواوە ڕەوانەكراوم، وە دەركەوتنەكەی هاوكات بوو لەگەڵ ئەم نیشانانەدا. گومانی تێدانیە كە ئەم نيشانانە كۆبوونەوەیان نەبیستـراوە لەسەرەتای زەمانەوە، وە ئەو كەسەیش كە بانگەشەی ئەمە دەكات پێویستە لەسەری كە ڕوودانەكەی بسەلمێنێت لە كاتێك لە كاتەكاندا.

پاشان كاتێك ئەم نیشانەيە دەركەوت لەم زێدە و لەم شوێنەدا، وە هیچ شوێنەوارێكی دەرنەكەوت لە وڵاتانی عەرەب و شامدا، مانای وایە ئەمە شایەتیەكە لەلایەن خوای هەرەزاناوە بۆ ڕاستی داواكەمان ئەی ئەهلی ئیسلام، كەواتە لەپێناوی خوادا یەكەیەكە هەستن و وازبھێنن لەو كەسەی پیسكەیە و لە ئەندازە دەرچووە، پاشان بیـربكەنەوە و دەستبەرداری كەللـەڕەقی ببن، بەدەستی خۆتان خۆتان مەخەنە تالووكەوە و بەخراپتـرین شێوە بەدفەڕی مەكەن، وە بەپەلە ڕوو وەرمەگێڕن.

ئەی بەندەكانی خوا، خوا ڕەحمتان پێ بكات. لە خوا بتـرسن وخۆتان بەگەورە مەزانن، بیـركەنەوە و ڕابمێنن، ئایا لای ئێوە دروستە كە مەهدی لە وڵاتانی عەرەب و شامدا پەیدا بێت و نیشانەكەی لەم شوێنە دەربكەوێت. وە ئێوە دەزانن كە دانستی خوایی نیشانە دوورناخاتەوە لە خەڵك و خاوەن و شوێنەكەی، ئیتـر چۆن دەگونجێت كە مەهدی لە خۆرئاوای زەوی بێت و نیشانەكەیشی لە خۆرهەڵاتدا دەربكەوێت؟ ئەمەتان بەسە ئەگەر ئێوە داوای حەق و ڕاستی دەكەن.

پاشان وێڕای ئەمە شاراوە نیە لاتان كە وڵاتانی عەرەب و شام لە ئەهلی ئەم بانگەشانە خاڵین، وە هیچ شوێنەوارێك لەم بانگەشانە نەبیستـراوە لەم هەرێمانەدا. بەڵام ئێوە دەزانن كە من ماوەی چەند ساڵێكە بە فەرمانی خوای پەروەرێنی جیھانیان دەڵێم خۆم مەسیحی بەڵێندراو و مەهدی یارمەتیدراوم.” (سەرچاوەی پێشوو، لا 215-217)

دەركەوتنی دەججال

نیشانەی دەركەوتنی دەججال كە پێغەمبەر (ﷺ) وەسفی كردووە لە فەرموودەكاندا زۆرە، وە پێویستی بە گەڕانێكی قووڵ نیە، بەڵكو تێڕوانینێكی هێواش و لەسەرخۆ ئەوە دووپات دەکاتەوە كە دەججال بریتیە لە گەلانی مەسیحی ڕۆژئاوایی بەتایبەتی قەشەكانیان كە لەگەڵیاندا هاتن بۆ بەمەسیحیكردنی موسوڵمانان، بۆئەوەی وڵاتەكانیان بە ئاسانی گوێڕایەڵ بن بۆ داگیـركەری خۆرئاوایی. ئەم قەشە گومڕاكەرانە و ئەو داگیـركارەش كە بە سیاسەتمەدارە دەججالەكانیەوە پاڵپشتی ئەوانی دەكرد، بەگوێرەی ئەوەی كە لە فەرموودەكاندا هاتووە، وەسفەكانی دەججالیان بەسەردا دەچەسپێت. وە لەبەرئەوەی كە دەججال هاتووە ئەوا دەبێت مەسیحی بەڵێندراویش هاتبێت بۆ كوشتنی. وە لەڕاستیدا خودی مەسیح بریتیە لە مەهدی، وە كوشتنیش بریتیە لە كوشتنی فیكری نەك ماددی؛ چونكە ئەركی پێغەمبەران ئایینی و ڕەوشتی و چاكسازیە نەك سیاسی و سەربازی.

بەڵام پێویستە گومان لەوە نەكرێت كە دەججال گروپێكە و كەسێكی تەنھا نیە؛ چونكە پێشبینیەکانی پێغەمبەران لەبارەی داهاتووەوە پێکھاتوون لە كەشف و خوازەكان كە پێویستییان بە لێكدانەوە هەیە و مانا ڕواڵەتیەكانیان وەرناگیـرێت بۆئەوەی ئەمە نەبێتە هۆی دژایەتی كردن لەگەڵ بەڵگەنەویستە ئايينیەكان و پەسەندكراوە ئەقڵیەكاندا. وە لە ئێستادا ئێمە مەبەستمان ڕاڤەكردنی ئەو فەرموودانەی پێغەمبەر نیە كە پەیوەستن بە دەججالەوە و گرێدانیان بەم مەسیحیە ڕۆژئاواییانەوە؛ چونكە ئەمە بەدرێژی لە كتێبی (وتەی ڕاشکاو دەربارەی دەرکەوتنی مەهدی و مەسیح)دا هەیە و ڕووپەڕەكانی ئەم كتێبە نیشانەكانی دەركەوتنی ئیمامی مەهدیان لەخۆگرتووە.

بەڵام، كێشە نیە ئەگەر لەم كاتە پەلەیەدا باسی گوێدرێژەکەی دەججال بكەین.

لە فەرموودەكانی پێغەمبەردا (ﷺ) كۆمەڵێك پێشبینی هاتووە سەبارەت بەو هۆكارانەی گواستنەوە كە دەججال لەكاتی دەركەوتنیدا بەكاریان دەهێنێت و ناوی (گوێدرێژی دەججال) بڕاوە بەسەر ئەو هۆكارانەدا، وە ئەم فەرموودانە ڕوونیان كردووەتەوە كە مەسیحی دەججال بەسەر ئەم گوێدرێژە تـرسناكەوە دێت كە لەناو سكیدا ئاگر دەخوات و دەرچەیەكی هەیە كە ئاگر و دووكەڵی لێوە دەردەچێت، وە بەخێـراییەكی بێ وێنە لە وشكانی و دەریا و ئاسماندا دەڕوات، ڕەنگەكەی بەڵەكێكی زۆر سپیە، بێ تووكە و هیچ موویەكی پێوە نیە، درێژی هەر گوێیەك لە گوێكانی 30 باڵە و پانی نێوان هەردوو گوێچكەكانی 70 باڵە، نێوانی سمێكی بۆ سمێكی تـری ماوەی ڕۆيشتنی شەو و ڕۆژێكە. گرد بە گرد و تەپۆڵك بە تەپۆڵكە زەوی دەپێچرێتەوە بۆی (واتە زۆر خێرایە)، پێش ئاوابوونی خۆر دەكەوێت. پاش و پێشی لەیەك جیاناکرێتەوە، شاخێك لە دووكەڵ لەپێشیەوەیەتی. دەچێتەناو دەریاوە نوقم نابێت و ئاو ناگاتە ناوقەدی، خێـراییەكەی وەكو بارانێكە بای لە پشتەوە بێت. زین و دەلاقەی هەیە و گرمەیەكی هەیە نێوان خۆرهەڵات و خۆرئاوا پڕ دەكات، خەڵكی بانگ دەكات بۆ سواربوون تێیدا.

ئەمەیە گوێدرێژی دەججال لە پێشبینیەکانی گەورەمان موحەممەد پێغەمبەری خوادا (ﷺ). ئایا گومان دەمێنێتەوە لەوەدا كە ئەم پێشبینیانە پەیوەستن بە هۆكارەكانی گواستنەوە كە تێیاندا ئاگر و سووتەمەنی بەكاردێت و بەشێكن لە داهێنـراوەكانی دەججال و یەئجووج ومەئجووج، كە زۆربەی كارەكانیان بە بڵێسە واتە بەئاگر بەڕێوە دەچێت، وە هاتوون و لە هەموو بەرزاییەكەوە دادەگەڕێن؟

ئەگەر ڕوون بوویەوە كە گوێدرێژی دەججال هۆكارە تازەكانی گواستنەوەیە وەك فڕۆكە و پاپۆڕ و شەمەندەفەر و ئۆتۆمبیل.. هتد، ئایا دوای ئەمە ناسینەوەی خاوەنی ئەم گوێدرێژە كارێكی گران دەبێت؟ بێگومان خاوەنی ئەم گوێدرێژە گەلانی مەسیحی داگیـركەرانی خۆرئاوایین كە پێغەمبەرمان (ﷺ) هۆشداری پێداوین دەربارەی ئاژاوەكەیان، وە فەرمانی پێ كردووین بە خوێندنەوەی سەرەتاكانی سوورەتی (الكھف) بۆ ڕزگاربوون لە ئاژاوەی ئەم گەلانە، وە ئەو سەرەتایە بە ئاشكرا باسی ئەو كەسانە دەكات كە دەڵێن خوا كوڕی هەیە.

ئەگەر یەكێك ئەم پێشبینیانە بەگوێـرەی مانا ڕواڵەتەكانیان وەربگرێت، ئەوا چی دەڵێت دەربارەی خودی دەججال كە سواری ئەم گوێدرێژە دەبێت و بە ئەفسانەیی دەردەكەوێت بەگوێـرەی تێگەيشتنی ڕووكەشی بۆی؟ وە ئەگەر ساغ بوويەوە كە پێشبینی دەركەوتنی دەججال بەدی هاتووە، ئەوا یەكێكە لە نیشانەكانی دەركەوتنی ئیمامی مەهدی (عليه السلام)

بەڵگەی دووەم: خاوێنی ژیانی بانگەشەکار پێش داواكەی

ئەو پێغەمبەرانەی كە خوای گەورە ڕەوانەیكردوون هەموویان ڕاستگۆ بوون لەماوەی ژیانیاندا، وە خاوەنی ژیاننامەیەكی پاك و خاوێن بوون، ئەو كەسەی خووی گرتبێت بە درۆكردن بەدەم خەڵكیەوە؛ ئەوا خۆی ناپارێـزێت لە درۆكردن بەدەم خواوە. بەڵام ئەوەی درۆی نەكرد لە كاروبارە بچوكەكاندا و ڕاستگۆ بوو لە هەموو بارودۆخەكانی ژیانیدا، ناچێتە ئەقڵەوە لە كتوپڕێكدا بڕیاربدات درۆ بەدەم خواوە بكات. وە لەڕێگەی ئەم پێوەرەوە پێغەمبەرمان موحەممەد (ﷺ) بەڵگەی هێنایەوە بۆ سەلماندنی ڕاستگۆیی خۆی، وە لە میانەی ئەمەوە لەگەڵ گەلەكەیدا گفتوگۆی كرد، ئیمامی بوخاری لە صەحیحەكەیدا ڕیوایەتی كردووە كە: “ئیبن عەبباس _ڕەزای خوایان لێ بێت_ فەرمووی: كاتێك ئايەتى {وَأَنذِرْ عَشِيرَتَكَ الأَقْرَبِينَ(*)} واتە: “نـزیكتـرین خزمەكانت ئاگاداربکەرەوە” هاتەخوارەوە، پێغەمبەر (ﷺ) سەركەوتە سەر تەپۆلكەی صەفا و لەوێ ڕاوەستا و بانگی كرد لە خێڵەكانی قوڕەیش، ئەی نەوەی فیهر، ئەی نەوەی عەدی… هەتا كۆبوونەوە، پیاوی وا هەبوو كە ئەگەر نەیتوانیبایە بڕوات ئەوا نێـردراوێكی لەجیاتی خۆی دەنارد بۆئەوەی بزانێت چی ڕوویداوە. ئیتـر ئەبو لەهەب و قوڕەیش هاتن. ئەویش فەرمووی: ئەرێ پێم بڵێن ئەگەر هەواڵتان پێ بدەم كە لەشكرێك لەم دۆڵەدایە و دەیەوێت هێـرش بكاتە سەرتان. ئایا باوەڕم پێ دەكەن؟ وتیان: بەڵێ؛ چونكە تا ئێستا جگە لە ڕاستی هیچی تـرمان لە تۆ نەبیستووە. فەرمووی: دەی با بزانن من ئاگادارکەرەوەم بۆ ئێوە، لە سزایەكی سەخت كە چاوەڕێتانە…. (صحيح البخاري، كتاب تفسير القرآن)

بەڵام ئەوان ڕازی نەبوون بە هێنانەوەی ئەم بەڵگەیە و بە بەڵگەیەكی لاوازیان دانا. خوای گەورە جەختی كردووەتەوە لەسەر ئەم ڕاستیە بۆ سەلماندنی ڕاستگۆیی پێغەمبەرمان (ﷺ) و دەفەرموێت: {فَقَدْ لَبِثْتُ فِيكُمْ عُمُرًا مِنْ قَبْلِهِ أَفَلَا تَعْقِلُونَ} (یونس: 17) واتە: “بێگومان من مامه‌وه‌ له‌ ناوتاندا ماوه‌ی ته‌مه‌نێکی درێژ پێش هاتنی ئه‌م قورئانه‌ ده‌ی ئایا ئێوه‌ بۆ ژیر نابن و بیرناکه‌نه‌وه‌”؟ وە خوای گەورە لەم ئایەتەدا فەرمانی ئەوە دەكات بە پێغەمبەرەكەی كە بە كافرە سەرسەختەكان بڵێت: پێش ئەوەی خوای گەورە ڕەوانەم بكات، وە پێش ئەوەی قورئان دابەزێت، من لە ناوتاندا ماوەیەكی درێژ ژیاوم، وە هەمووتان شایەتن لەسەر پاكی ژیانم و تەواوی ڕاستگۆییەكەم، ئایا بە هزرمدا دێت كە درۆ بەدەم خواوە هەڵبەستم؟ “ده‌ی ئایا ئێوه‌ بۆ ژیر نابن و بیرناکه‌نه‌وه‌؟”، ئەوە بۆ ئاوەزتان ناخەنەكار بۆ ئەوەی ڕێنموونیتان بكات بۆ حەق و ڕاستی؟ (الرسل والرسالات، للأشقر، لا 97)

وە لە ئایەتەكەی دواتردا دەفەرموێت: {فَمَنْ أَظْلَمُ مِمَّنِ افْتَرَى عَلَى اللَّهِ كَذِبًا أَوْ كَذَّبَ بِآيَاتِهِ إِنَّهُ لَا يُفْلِحُ الْمُجْرِمُونَ(*)} (یونس: 18) واتە: “جا کێ سته‌مکارتره‌ له‌و که‌سه‌ی درۆ به‌ده‌م خواوه‌ هه‌ڵبه‌ستێ یان ئایه‌ته‌کانی قورئان به‌درۆ دابنێ به‌ڕاستی تاوانباران ڕزگار نابن”.

كەواتە ئەگەر من درۆ بەدەم خواوە هەڵبەستم ئەوا من تاوانكارم، بەڵام ئەگەر ڕاستگۆ بووم، وە ئێوە باوەڕتان نەكرد بە ئایەتەكانی خوا، ئەوا ئێوە تاوانبارن، وە بەوپێیەی كە ناگونجێت من درۆزن بم؛ چونكە تەمەنێكی درێژ لەناوتاندا بووم و درۆیەك یان كارێكی خراپم لێ دەرنەكەوتووە، ئەوا ئێوە تاوانبارن بەهۆی باوەڕنەكردنتان بە ئایەتەكانی خوا و پێغەمبەرەكەی.

بەڵگە هێنانەوەمان لەسەر ڕاستگۆیی ئيمامى مەهدی (عليه السلام) لە ڕێگەی ئەم پێوەرەوە

ئایا پێشەوا مەهدیمان (عليه السلام) بەدرێژایی ژیانی و پێش ئەوەی خوای گەورە ڕەوانەی بكات ڕاستگۆ بووە؟ بێگومان ساغ بووتەوە كە بەڕێزی ڕاستگۆ بووە، وە بەدرێژایی ژیانی بە تەقوا و خۆپارێـزی و ئەمانەت پارێـزی ناسراوە، ئەمەی خوارەوەش جەخت لەم قسەیە دەكاتەوە:

شایەتیدانی موسوڵمانە خاوەن پلەكان:

شایەتی موسوڵمانە خاوەن پلەکان زۆرن، بەڵام لێـرەدا تەنها ئاماژە بە هەندێ لە شایەتیدانەکان دەکەین:

یەكەم: شایەتيدانی شێخ موحەممەد حوسەین بەتاڵەوی كە لەدواییدا ئەم شێخە بوو بە سەرسەختتـرین دوژمنی ئیمامی مەهدی (عليه السلام)، لەپێش ئەوەی خوای گەورە ئیمامی مەهدی هەڵبژێرێت، ئەم شێخە بەم شێوەیە وەسفی کردووە:

بێگومان دانەری كتێبی (البراهین الأحمدية) کەسێكی بێ وێنەیە، بەجۆرێك زەمانە بەدەگمەن نموونەی ئەم جۆرە كەسانە بەخۆیەوە ببینێت كە بەردەوام بەشێوەیەكی نائاسایی خزمەتى ئیسلام دەكەن و بەگیان و ماڵ و قەڵەم و زمان و حاڵ و وتن ئايينی حەق سەردەخەن… بێگومان دانەری (البراهين الأحمدية) بەگوێرەی ئەزموون و تاقیكردنەوەی دوژمن و دۆستەكانی _خوای بەسە_ بەردەوام هەستاوە بە پەیڕەوكردنی شەریعەتی ئیسلامی و کەسێكی پارێـزكار و خۆپارێـز و زۆر ڕاستگۆیە.” (وتەی راشكاو، لا 145، لە گۆڤاری “إشاعة السنة”وە نەقڵكراوە، بەرگی شەش)

دووەم: یەكێكى تر لە گەورە سەرسوڕماوەكان بە كتێبی (البراهين الأحمدية) بریتیە لە صۆفی ئەحمەد جان لە لودهیانە كە لە گەورە پیاوچاكە سۆفیەكان بووە، كە بەم وتانەی خوارەوە ستایشی كتێبەكە و دانەرەكەی كردووە:

“ئاشكرایە ئەم كتێبە كۆڵەكەكانی ڕاستی ئیسلام و ڕاستی پێغەمبەرایەتی موحەممەد (ﷺ) و ڕاستی قورئانی پیـرۆزی جێگیـر كرد بەهێنانەوەی 300 بەڵگەی بەهێـزی گومانبڕ، وە بە دەلیلی لۆجیكی یەكلاكەرەوە بەرپەرچی هێـرشی مەسیحیەت و ئاریایی و هيندۆسی و براهمۆسماج و هەموو ئایینەكانی دژی ئیسلامی دایەوە. بێگومان دانەری “البراهین الأحمدية” لە زانا ئاساییەكانی ئايين نیە، وە یەكێك لە سەركردە ميللیـەكان نیە، بەڵكو بەدڵنیاییەوە ئەو هەڵبـژێـردراوی خوایە، كە هەڵیبـژارد و پەسەندی كرد بۆ ئەم مەبەستە، وە لەلایەن خۆیەوە بە وەحی پشتگیـری لێ كرد. بێگومان سەدان لەو ڕستە وەحیانە كە پێیگەیشتوە و پێشبینیەكان و خەونە ڕاستەقینەكان و ئاراستە خواییەكان و ئەو مژدانەی پەیوەستن بەم كتێبەوە، كە هەڵگری مژدەی سەركەوتن و پشتگیـری خوایی و ڕێنموونی ڕەببانین، كە بەچەندان زمان هاتوون، وەك عەرەبی و فارسی و ئوردویی و تەنانەت بەزمانی ئینگلیـزی _هەرچەند دانەر زمانی ئینگلیـزی نازانێت_ لەم كتێبەدا هاتوون، وە لەگەڵیدا شایەتیدانی سەدەها كەس هاتووە كە پشتڕاستیان دەكاتەوە _تەنانەت لەناو ناموسوڵمانەكانیشدا_ بەڵكو لەناو خودی دوژمنانی ئیسلامیشدا، كە جەخت لە ڕاستی ئەم كتێبە دەكەنەوە و بەڵگەن لەسەرئەوەی كە دانەر _بەبێ بچوكتـرین گومان_ لەژێـر ئاراستەكردنی خوایی و ڕێنموونی ئەودا ئەم كتێبەی نووسیوە. هەروەها بەگوێـرەی ئەو فەرموودەیەی پێغەمبەر (ﷺ) كە دەفەرموێت: “بێگومان خوا لەسەرەتای هەموو سەد ساڵێكدا كەسێك ڕەوانە دەكات بۆ ئەم ئوممەتە كە كاروباری ئايينەكەی بۆ نوێ بكاتەوە“. دەبینین كە دانەری ئەم كتێبە بریتیە لە نوێكاری سەدەی چواردە، ئاشكرایە ئەو زانایەكی زۆر بەڕێـزە، وە یەكێكە لە تاكە كامڵەكان لە ئوممەتی ئیسلامیدا، وە ئەمەش فەرموودەیەكی تـری پێغەمبەری خوا (ﷺ) پشتگیـری دەكات كە تێیدا دەفەرموێت: “زاناكانی ئوممەتەكەم وەكو پێغەمبەرانی نەوەی ئیسڕائیلی وان.”

سێيەم: شايەتيدانى مەولەوی موحەممەد شەریف _سەرنووسەری ڕۆژنامەی (منشوری محمدي) بووە_ كە هەڵسەنگاندنێكە بۆ ئەم كتێبە تێیدا ستایشێكی گەورەی كردووە، سەرەتای لێدوانەكەی ئەم ئایەتە پیـرۆزەیە: {وَقُلْ جَاءَ الْحَقُّ وَزَهَقَ الْبَاطِلُ إِنَّ الْبَاطِلَ كَانَ زَهُوقًا(*)}(الإسراء: 82)، واته‌: “وه‌ بڵێ ئاینی ڕاست هات وه‌ ئاینی ناحه‌ق و به‌تاڵ نه‌ماو ڕۆشت به‌ڕاستی به‌تاڵ هه‌میشه‌ له‌ناو چووه‌”، دەڵێت:

بێگومان ئەمڕۆ ئیسلام لە هەموو لایەكەوە پەلامار دەدرێت، وە بێباوەڕی بڵاوبووەتەوە و پەرەیسەندووە، وە شوێنكەوتوانی (براهمۆسماج) هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ سەلماندنی مەزنێتی ئايينەكەیان و چاكتـر و باشتـربوونی بەسەر ئیسلامدا لە ڕێگەی كتێب و وتارە فەلسەفیەكانیانەوە. وە برا مەسیحیەكانمان هەموو كات و هەوڵێكیان تەرخان كردووە بۆ سڕینەوەی ئیسلام بەتەواوەتی، وە ئەوان قەناعەتى تەواویان هەيە كە مادام خۆری ئیسلام تیشكەكەی پەخش بكات بەسەر هەموو جیهاندا؛ ئەوا هەوڵەكانیان بۆ بڵاوكردنەوەی مەسیحیەت وەكو تۆزی بەرباد بەفیڕۆ دەچێت. بە كورتی… شوێنكەوتووانی هەموو ئايينەكان ئەوپەڕی هەوڵ دەدەن بۆ خامۆش كردنی خۆری ئیسلام و دامركاندنەوەی هاڵاوەكەی.

ئێمە ماوەیەكی درێژ بوو چاوەڕوان بووین كە لەناو موسوڵماناندا یەكێك لە پیاوەكانیان دەركەوێت كە پشتگیـری كرابێت لەلایەن خوای گەورەوە، بەرهەڵستی بكات بۆ داكۆكی كردن لە ئیسلام، وە كتێبێك بنووسێت كە شایستە بێت بە پێویستیەكانی ئەم چەرخە و داخوازیەكانی ئەم سەردەمە، وە كۆمەڵە بەڵگەیەكی عەقڵی و لۆجیكی لەخۆگرتبێت كە لە قورئان و سوننەتەوە وەرگیـرابن، بۆ سەلماندنی ئەوەی كە قورئان لەڕاستیدا وتەی خوایە و نیگای ئەوە بۆ پێغەمبەرەكەی (ﷺ)، وە ئەم پێغەمبەرە بەڕاستی پێغەمبەرێكی ڕاستگۆی دەستپاك بووە كە خوا وەك فروستادەیەك هەڵیبـژاردووە بۆ جیهانیان. وە ئێمە سوپاسگوزاری خوای گەورەین لەسەر چاكە و فەزڵی مەزنی خۆی؛ چونكە ئاواتەكەمان هاتەدی… وە ئەوەتا ئەو كتێبەی كە ئێمە لەكاتێكی زووەوە ئومێدەوار و چاوەڕوانی دانان و بڵاوبوونەوەی بووین ناوی (البراهین الأحمدية)يە، كە نووسەرەكەی 300 بەڵگەی یەكلاكەرەوەی لەناودا داناوە لەسەر ڕاستی قورئانی پیـرۆز و ڕاستی پێغەمبەرایەتی موحەممەد (ﷺ). دانەری ئەم پەرتووكە بڵندتـرین و بەهێـزتـرینی زاناكانە، وە ئەو دەریایەكی قووڵە لە زانست، وە شانازی سەرجەم موسوڵمانانی هیندستانە.. هەڵبـژاردەی خوای گەورەیە.. مەولەوی میـرزا غوڵام ئەحمەدە، گەورەی دێی قادیانە لە پارێـزگای گورداسبووری هەرێمی پەنجاب.

تۆمەتبارنەكردنی بە درۆكردن لەلایەن دوژمنەكانیەوە

ئەمەش لەكاتێكدا كە دەگەڕان بۆ كۆمەڵێك لێكدانەوە كە ئیحتیمال بوو بكرێت بۆ وتەكانی بۆ ئەوەی لەم ڕێگەیەوە تەكفیری بكەن، وە ئەگەر لە ساتێك لە ساتەكانی ژیانیدا درۆیەكیان لێ بدۆزیبایەتەوە ئەوا تەپڵی بەدناوییان بۆ لێدەدا. سەرەڕای ئەوەی كە نەیارەكان ئیمامى مەهديیان تۆمەتبار كردووە بەجۆرەها تۆمەتی جیاواز كە گەيشتووەتە سنوری بەكرێگیـراوی بۆ داگیـركار و بانگەشەی پێغەمبەرایەتی تەشریعی و بانگەشەی خوایەتی، كەچی هیچ یەكێكیان تۆمەتباریان نەكردووە بە درۆكردن هەر لەسەرەتای ژیانیەوە. كەواتە بێدەنگیان لەكاتی پێویستدا بۆ ڕوونكردنەوە خۆی لەخۆیدا بەڵگەیە.

ڕاوەستانی بەڕێزی لەبەرامبەریاندا

پێشەوامان مەهدی (عليه السلام) ڕاوەستا لەبەرامبەر ئەوانەی كە بەدرۆزنیان دەزانی بەوەی كە ناتوانن تۆمەتباری بكەن بە درۆكردن، وەك دەفەرموێت: “بەڕاستى ئێوە ناتوانن تۆمەتبارم بكەن بە درۆكردن یان قسە هەڵبەستن یان تەڵەكەبازی لەسەرەتای ژیانمەوە لەناوتاندا، تا وادابنێن ئەو كەسەی ئەمە بارودۆخی بێت بەرامبەر عادەتی درۆ و قسەهەڵبەستن دوور نیە كە ئەم كاروبارەی لەلایەن خۆیەوە دروست كردبێت. دەی ئایا كەسێك هەیە لە ئێوە ڕەخنەیەكی بچوك بگرێت لە بارودۆخەكانی ژیانم؟ ئەمەش شتێك نیە جگە لە فەزڵی خوای گەورە كە دایمەزراندووم لەسەر پارێـزكاری هەر لەو كاتەوەی چاوم بەدنیا هەڵهێناوە، كە بێگومان لەمەدا نیشانە هەیە بۆ ئەوانەی بیـردەكەنەوە” (تذكرة الشهادتين، الخزائن الروحانية، بەرگی 20 لا 66)

بەڵگەی سێيەم: پشتگیـری خوایی بە بەڵگە و نیشانەكان

هەڵبەت زۆر نیشانەی دەراسا دەركەوتن بۆ ئیمامی مەهدی (عليه السلام) كە هەندێكیان زۆر بەكورتی باس دەكەین:

پەتای تاعوون

خوای گەورە بۆ سەلماندنی ڕاستگۆیی ئیمامى مەهدی (عليه السلام) نیشانەیەكی مەزنی دەرخست بەشێوەی تاعوون. بێگومان خوای گەورە چەندەها مانگ پێش ڕوودانی تاعوونەکە هەواڵی بڵاوبوونەوەكەی پێدا بەجۆرێك لە خەودا بینی كە فریشتەكان كۆمەڵە درەختێكی شێوە ناقۆڵا و تـرسناك دەنێـژن، وە پێیناگوت ئەمە تاعوونە و لە لێواری بڵاوبوونەوەدایە. هەروەها لە خەودا تاعوونی بۆ دەركەوت بەشێوەی فیلێك كە خەریكی وێران کردن و كاولكاری بوو، بەڵام كاتێك گەیشتە لای بەڕێـزی بەگوێڕایەڵی و ملكەچیەوە دانیشت لەبەردەمیدا، وە مانای ئەم خەوە ئەوەیە كە فریشتەی تاعوون فەرمانی پێكراوە كە پشتگیـری بەڕێـزی بكات. وە هەڵبەت ئەوەیشی كە ئەم مانایە پشتـڕاست دەكاتەوە ئەو وەحیەیە كە بەڕێـزی لەلایەن خوای گەورەوە پێگەیشت كە دەفەرموێت: “بێگومان من هەموو ئەو كەسانە دەپارێـزم كە لەم ماڵەدان“، وە هەروەها ئەو وەحیەی تریش كە خوای گەورە فەرمووی: “ئەگەر ئەم ڕێـزلێنانە نەبوایە ئەوا ئەم جێگایە كاول دەبوو“.

بۆیە بەڕێـزی پێش دەركەوتنی پەتای تاعوون وەحی خوای گەورەی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند كە بە فەزڵی خوای گەورە شوێنكەوتووانی بێوەی دەبن لەم تاعوونە زیاتـر لە خەڵكانی تر. هەروەها بەڕێـزی ڕایگەیاند كە گوندی قادیان لەچاو سەرجەم لادێ و شارەكانی تـر پارێـزراوتـرين شوێن دەبێت لە تاعوون، وە نابێتە ئامانج بۆ تاعوونی وێـرانكەر وەكو ناوچەكانی تـر، وە خانووەكەی بەڕێـزی بەتەواوی و یەكجاری پارێـزراو دەبێت و ئاگاداری دەكرێت، وە هیچ تووشبوونێكی تاعوون تێیدا ڕوونادات.

پاش ئەم ڕاگەیاندنە نەیارەكانی وەك ڕاهاتبوون گاڵتەیان پێ كرد. پاشان تاعوون بەتوندتـرین شێوە خەڵكی هیندستانی لەناوبرد، وە هەموو ساڵێك سەدان هەزار كەسی لێ دەكوشتن كەچی سەرەڕای ئەوە بەڕێـزی (عليه السلام) كووتان لە دژی تاعوونی قەدەغە كرد لە كۆمەڵەكەی خۆی كە تاكە چارەسەر بوو متمانەی پێدەكرا بۆ خۆپاراستن لەم نەخۆشیە زیانبەخشە بەد ئاكامە، بەگوێـرەی وەحی خوای گەورە ئەم كارەی كرد، خوای گەورە ویستی بەمە جەخت بكاتەوە لە پشتگیـری كردنی خۆی بۆ مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) و كۆمەڵەكەی.

ئەمەیش نیشانەیەكى زۆر سەسوڕهێنەرە كە كەسانی هۆشیار بانگ دەكات بۆ ئاسوودەیی و قایل بوون: بێگومان گەورە پزیشكان كە ئەوپەڕی خۆپارێـزییان گرتبووەبەر ڕزگاریان نەبوو لەم پەتایە، هەروەها كەسانی نیشتەجێی كۆشكە بەرزەكان و دوورەپەرێـز لە ئاوەدانی ئەمانيش دووچاری ئەم پەتایە بوون و دەربازنەبوون لەهێـرش و پەلامارەكەی. وە ئەو كەسانەیەش كە خۆیان كوتابوو دژی تاعوونەكە ڕزگاریان نەبوو لێی. بەڵام دانیشتوانی ماڵەكەی بەڕێـزی (عليه السلام) وێڕای پەیوەست بوونیان بەو خانووەوە و ڕانەكردنیان لێی، وە سەرەڕای ئەوەی كە ژمارەی دانیشتوانەكەى زۆر بوو، وە هەموو ڕۆژێك لەزیادبوونی بەردەوامیشدا بوو بەهۆی هاتنی پەناهەندەكان بۆی لە هەموولایەكەوە، بەڵام ڕزگاریان بوو لەم پەتایە لەگەڵ ئەوەی هۆكاری ئاشكرای ڕزگاربوونیان و دەرمانی پارێـزگاری كردن و ئەو هۆكارە تەندروستیانەی كە بەئاسانی دەست دەكەوتن بوونيان نەبووە.

ئەگەر تاعوون هەرگیـز نەهاتبایەتە گوندی قادیانەوە، یان بهاتبایە و لە دەورووبەری ماڵەكەی بەڕێـزی (عليه السلام) هیچ تووشبوونێك ڕووی نەدایە، ئەوا لەوانەیە ئەمە بدرایەتە پاڵ ڕێككەوت، بەڵام بڵاوبوونەوەی تاعوون لە گوندی قادیان و هاتنەناوەوەی بۆ ماڵە دراوسێكانی و ڕزگاربوونی دانیشتوانی ماڵەكەی ئەو، بگرە ئەو ئاژەڵانەیشی كە پەنایان هێنابوو بۆی، پاش ئەوەی كە پێشتـر بەڕێـزی (عليه السلام) بڵاوی كردبووەوە كە فریشتە دەیپارێـزێت و پشتگیـری دەكات، بەهێـزتـرین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە فریشتەكان فەرمانیان پێكرابوو كە گوێڕایەڵی بەرێـزی (عليه السلام) بكەن و پێیان سپێـردرابوو كە بیپارێـزن و ئاگاداری بكەن و يارمەتی بدەن.

هەروەها ڕزگاربوونی تاكەكانی كۆمەڵەكەی بەگشتی لە مردنی تاعوون نیشانەیەكی تـر بوو لەلایەن خوای گەورەوە. بۆیە لە ڕۆژەكانی تاعووندا خەڵكی پۆل پۆل هاتنەناو ئەم كۆمەڵەوە.

بۆ درێژەی قسە و باس دەربارەی ئەم ئایەتی تاعوونە دەتوانـن بگەڕێنەوە بۆ كتێبی (مواهب الرحمن) و (الهدی والتبصرة لمن یـری)ی ئیمامى مەهدی (عليه السلام)

موباهەلەكان (داواكردنی نەفرەت بۆ سەر درۆزن لەنێوان دوو لایەندا)

كاتێك بەڕێـزی (عليه السلام) لەلایەن نەیارەكانیەوە بەدرۆزن زانـراو باوەڕی پێنەكرا، وە كاتێك دوژمنایەتیان تەواو پەرەیسەند، وە بەتەواوی ڕوویان وەرگێـڕا و دوورەپەرێـز بوون، بەڕێـزی بانگی كردن بۆ موباهەلە بۆ ئەوەی خوا بەڕاستی ناوبـژیوانی بكات لەنێوانیاندا و نەفرینی خۆی دابەزێنێتە سەر درۆزنان و ستەمكاران. وە بەهۆی ئەم موباهەلانەوە خوای گەورە زۆرێك لە نیشانەكانی سەركەوتن و پشتگیـری كردنی خۆی بۆ ئەو دەرخست، وە نەیارەكانى لە مەسیحی و هيندۆسى و هەندێ لە مەلاكان لەناوچوون و ڕسوا بوون.

لەكاتی هەموو موباهەلەكاندا ڕایدەگەیاند كە خوای گەورە هەواڵی پێداوە دەربارەی ئاكام و ئەنجامی دوژمنەكانی ئەگەر بەردەوام بن لەسەر بەرەنگاربوونەوە و سەركەشییان لەبەرامبەر ئەودا. وە لە كۆتایدا ئەو هەواڵانە بەشێوەیەكی زۆر سەیـر دەهاتنەدی.

هەڵبەت لیستی ئەو موباهەلانە زۆر درێژە و هەروەها دەرەنجامەكانیشیان جێگەی باوەڕن و هیچ تێكەڵ و پێكەڵی و گومانێكیان تێدا نیە، بەڵام كەمى دەرفەت ڕێگە نادات بۆ گێڕانەوەی درێژەی ئەو موباهەلانە كە لە كتێبەكانیدا (عليه السلام) بەتایبەتی هەردوو كتێبی “الاستفتاء” و “مواهب الرحمن”دا بوونیان هەیە.

ڕاگەیاندنی موباهەلە و دەركەوتنی ئایەتەكان تەنها كورت نەكراوەتەوە لە خودی سەردەمی بەڕێـزیدا (عليه السلام)، بەڵكو ئەم كارە بەردەوامە لە سەردەمی خەلیفەكانیشیدا. ئەو موباهەلەیەی كە خەلیفەی چوارەم “رحمه الله” ڕایگەیاند دژی جەنەڕاڵ ضياء الحق لە سەردەمێكی نـزیك پێش چەند ساڵێك لەمەوبەر نیشانەیەكی ئاشكرا بوو كە هەموو خەڵكی بینیان.

جەنەڕاڵ ضياء الحق بە دەسەڵاتێكی سەربازی پاكستانی بەڕێوەدەبرد كە پێشتـر ئەم وڵاتە شتی وەهای بەخۆیەوە نەدیبوو، وە فەرمانێكی سەرۆكایەتی سەربازی دەركرد كە بەگوێرەی ئەو فەرمانە جێبەجێکردنی دروشمە ئایینیەكان لە موسوڵمانە ئەحمەديیەكان قەدەغەكرا، وە ڕێگریان لێكرا كە شایەتومان ڕابگەیەنن، یان سڵاو بكەن بڵێن: “السلام علیکم”، یان بەهەر ڕێگایەك یان وشەیەك خۆيان بدەنەپاڵ ئیسلام. ئەم یاسایە وەك پاساوێك وابوو بۆ ڕێگەدان بە ڕاوەدوونانی ئەحمەدیيەكان و چەوساندنەوەیان لەلایەن حكومەت و خەڵكی ئاساییەوە بە بیانووی سەرپێچی كردنیان لە یاسا. پاشان زنجیـرەی چەوساندنەوە و دەستدرێژی كردنەسەر ئەحمەدیيە ئاشتیخوازە بێ چەكە هێـزلێگیـراوەكان دەستی پێكرد كە بووە هۆی شەهیدبوونی دەیەها بەڵكو سەدەها كەسیان و كاولكردنی مزگەوت و موڵك و ماڵیان. وە كاتێك كە بەدرۆزانین و بوختان و كافركردن و چەوساندنەوە پەرەیسەند و جامەكە لێی ڕژا، ئیمامی ئەو كاتەی كۆمەڵەكەمان میـرزا تاهیـر ئەحمەد “رحمه الله” لە وتاری هەینی ڕۆژی 10/6/1988دا داوای موباهەلەی ئاراستەی ئەم جەنەڕاڵە و ئەو مەلایانە كرد كە لە پشتیەوە بوون، بەوەی كە هەردوو گروپەكە لە خوا بپاڕێنەوە بەتوندى سزای كافر و ستەمكارەكەیان بدات، كە ببێتە پەند بۆ ئەوانەی كە پەند وەردەگرن.

پاشان دوای 3 هەفتە بەڕێـزی لە وتاری 1/7/1988دا فەرمووی: “بێگومان ئێمە هێشتا چاوەڕوانی ئەوەین كە خوای گەورە فەرمانی خۆی ئاشكرا بكات دەربارەی سەرۆكی پاكستان، بەڵام ئێمە دڵنیاین كە خوای گەورە هەر زەبروزەنگ بنوێنێت بەرامبەری، چوونیەكە ئێستا داواكەم بۆ موباهەلە پەسەند بكات یان نا؛ چونكە سەركردەی ئەوانەیە كە ئێمەیان بەكافر داناوە، وە بەرپـرسیاری یەكەمە لە هەموو ئەو ستەم و دەستدرێژیانەی كە دەكرێنە سەر ئەحمەدیيە بێتاوانەكان.”

پاشان لە وتاری هەینی ڕۆژی 12/8/1988دا بەڕێـزی ڕایگەیاند و فەرمووی: “هەڵبەت خوای گەورە دوێنێ پێیـڕاگەیاندم كە دەستاڕی چارەنووس دەستی كردووە بە سووڕانەوە، وە بێگومان خوای گەورە ئەم ستەمكارە ونجڕونجڕ دەكات بە پارچەپارچەبوونی ئەندامەكانی. وە دەیكات بە تۆزی بەرباد، وە دڵنیاین كە سزاكەی نـزیكە، هیچ هێـزێك لە دنیادا ناتوانێت ڕزگاری بكات لێی”.

تەنها پاش پێنج ڕۆژ لەم ئاگاداركردنەوەیەى پێشەوای كۆمەڵەكەمان، لە ڕۆژی 17/8/1988دا بروسكەی چارەنووسی خوا دابەزیە سەر ئەم دیكتاتۆرە، كە فڕۆكەكەی لە ئاسماندا تەقیيەوە، ئەم دیكتاتۆرە و سەرگەورە ئەمریكاییەكانی كە لەگەڵیدا بوون سووتان، بوون بە تۆز و با بڵاوەی پێكردن، وە جگە لە ددانە ئاڵتوونیەكەی هیچ شتێك لە لاشەكەی نەدۆزرایەوە، كە ئەسپەردەیان كرد لە گۆڕەكەیدا هەروەك هەموو كەس دەزانێت.

فێـربوونی زمانی عەرەبی لە یەك شەودا

بێگومان بەڕێـزی (عليه السلام) زمانی عەرەبی زۆر بەلاوە مەزن بووە بەو سیفەتەی كە زمانی قورئانی پیـرۆزە. وە لەسەرەتادا ئازاری زۆری چەشت بەهۆی لاوازی لەو زمانەدا لە سۆنگەی نەبوونی كارامەیی پێویست لەدەربڕین و ڕەفتاركردن بە هونەرەكانی قسەكردن پێی، وە ئەم بابەتەش هۆكارێك بوو بۆ ڕەخنەگرتن لەبەڕێـزی لەلایەن نەیارەكانیەوە. لەبەرئەوە ڕووی كردە خوای گەورە و سكاڵای ئەم نەنگیەی كرد لەلای، ئەوە بوو خوای گەورە ئەم ناتەواویەی بۆ چاككرد و لە یەك شەودا فێـری زمانی عەرەبی كرد. وە ئەم كارەش ڕاستی ئەو پێشبینیەی سەلماند كە لە فەرموودەی پیـرۆزدا دەربارەی ئیمامی مەهدی هاتووە، پێشبینیەكەش ئەوەيە كە گەورەمان عەلی (رضي الله عنه) گێڕاویەتیەوە. دەڵێت: پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: “مەهدی لە ماڵباتی ئێمەیە خوا لە شەوێكدا چاك و ڕێكوپێكی دەكات.” (رواه أحمد بن حنبل (1/84)، وابن ماجه (4085)، وأبو نعيم في “الحلية” (3/177)، وابن عدي في “الكامل” (7/185)

لەم بارەیەوە بەڕێـزی (عليه السلام) دەفەرموێت: “یەكێك لە نیشانەكانی ڕاستگۆییم ئەوەیە كە خوای گەورە توانایەكی دەراسای پێ بەخشیوم لە زمانی عەرەبیدا، بۆ ئەوەی ئایەتێك بێت بۆ کەسانی ژیر و تێگەیشتوو. هۆی ئەمەش ئەوە بوو كە من لە ڕابردوودا عەرەبیم نەدەزانی مەگەر بە ئاستەم كە پێی نەدەوتـرا عەرەبيەكى زانستی، پاشان زاناكان دەستیان كرد بە شكاندن و لەبن دەرهێنانى داری شارەزایی و حەقیقەتم، وە دەستدرێژی كردنە سەر زانست و زانیاریم، وە لەلایەن خۆیانەوە ناوبانگیان زڕاندم بەوەى كە ئەم پیاوە داڕشتنێك لەم زمانە نازانێت. وە پارچەیەكی شڕو بێكەڵكی لەم ئاقیقە نیە، بۆیە منیش داوام لە خوا كرد كە لەم شێوەزمانەدا بمكات بە كەسێكی تەواو شارەزا، وە بمكات بە تاقانەی ڕۆژگار لە شێوازەكانی ڕەوانبێژیدا. بە كڕوزانەوە و لاڵانەوەوە پێداگریم كرد لەسەر ئەم داوایە، وە زۆر خۆم هاویشتە بەردەم دەرگای حەزرەتی شكۆمەند، وە بە سووربوونێكی بەهێـز و گوڕوتینێكی ڕاستەقینە و گیانێكی دڵسۆزانەوە پەیتا پەیتا داوام دەكرد. دوای ئەوە ئیتـر پاڕانەوە گیـرا بوو، وە پێمدرا ئەوەی دەمویست، وە دەرگای قسە نەستەقەكانی عەرەبی و نوكتە ئەدەبیەكانم بۆ كرایەوە، هەتا نامە ناوازەكان و كتێبە ڕازاوەكانم لێ پڕكردن، پاشان هەموويانم خستە پێش چاوی زاناكان و وتم: ئەی ڕێـزداران و هۆزانڤانەكان… ئێوە منتان بە نەخوێندەوار و بە یەكێك لە نەزانەكان ئەژمار دەكرد، وە كارەكە هەر بەو جۆرە دەبوو ئەگەر پشتگیـری خوای هەرەمەزن نەبوایە، ئەوەتا ئێستا لە لایەن خوای بەخشندەوە پشتگیـری كراوم، وە پەروەردگارم بە فەزڵ و ڕەحمەتی خۆی فێـری كردم، وە بووم بە یەکێك لە ئەدیبە تاقانەکان. وە كۆمەڵێك نامەم نووسیوە لە پۆشاكی ڕەوانبێژی و زمانپاراویدا، ئەمەش نیشانەیەكە لەلایەن پەروەردگارمەوە بۆ ئەوانەی كە هۆشیار و دادپەروەرن، وە بەڵگەی خوای بەدەسەڵات و خاوەن شكۆتان بۆ هاتووە. وە ئەگەر ئێوە لەو كەسانەن كە دوو دڵن لە ڕاستگۆیی و تەواویی زمانم، وە گومانتان هەیە لە جوانی ڕاگەیاندن و ڕوونكردنەوەكانم، وە باوەڕ بە نیشانەكانم ناكەن و بە وڕێنەيان دادەنێن، وە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لەم قسەیەمدا لە ڕیزی ئەو كەسانەدام كە درۆزنن… ئەوا  ئەگەر ڕاستگۆن نووسراوێك وەكو ئەمە بهێنن… وە ئەگەر حەق لای ئێوەیە وەكو بانگەشەی دەكەن ئەوا بەدڵنیاییەوە خوا سەربەرزى ئێوە دەردەخات و ژێرناکەون و نادۆڕێن. ئیتـر دوای ئەوە سەرزەنشتكەرێك سەرزەنشتان ناكات، دوێنەرێك بە چاوی سووكەوە سەیـرتان ناكات، وە خەڵك دڵنیادەبن كە ئێوە كەسانی دەستپاك و پیاوچاكن. وە ئەگەر ئێوە تواناتان نیە بەسەریدا بە هۆی كەمی زانست و ژیـریيەوە؛ ئەوا ڕاپەڕن و لەناو خۆتاندا كەسانی بەناوبانگ لە قسەكردن و نووسیندا و كەسانی ناسراو لە هۆزانڤانەكان بانگ بكەن. وە من بابەتێكم خستووەتە بەردەمتان كە سەربەرزی كەسی ڕاستگۆ و زەبوونی كەسی درۆزنی تێدایە، وە درۆزنەكان دووچاری سەرشۆڕی و دەردوبەڵا و سزای توند دەبن، دەی لە خوا بتـرسن ئەگەر ئیماندارن.

نەیانتوانی كە نموونەی وتەكانی من بهێنن یان تەوبە بكەن دوای ئەوەی كە دەمكوتم كردن، وە ڕەشی و وشكی و لەڕی و سیسی لەسەر دەموچاویان دەركەوت، وە لەناوچوون و پاشەكشە باڵی کێشا بەسەریاند، وە هەموو لاف و گەزافەكانی خۆیان لەبیـرچوويەوە و هیچ قسەیەكیان پێ نەما. كۆمەڵیكیان بە تۆبەكردوویی هاتن بۆ لام و پەشیمان بوونەوە، وە زۆربەشیان ئەوەیان بەسەردا چەسپا كە خاتەمی پێغەمبەران فەرموویەتی، لەلایەن پەروەرێنی جیهانیانەوە دروود و سڵاوی لێ بێت.” (نجم الهدى، الخزائن الروحانية، بەرگی 14 لا 107 – 113)

وتاری ئیلهامی

لە یەكێك لە جەژنەكانی قورباندا مەسيحى بەڵێندراو (عليه السلام) وتارێكی سەرپێیی ئیلهامی پێشكەش كرد، ئەم وتارە یەكێكە لە نیشانەكانی ڕاستگۆیی ئەو (علیه السلام)

پێش ئەوەی بەڕێـزی (عليه السلام) ئەم وتارە پێشكەش بكات بە دووان لە هاوەڵەكانی خۆی فەرموو: “دوێنێ خوای گەورە فەرمانی پێكردم كە وتارێكی سەرپێیی بە زمانی عەرەبی پێشكەش بكەم، وە پەیمانی پێدام كە خۆی دەمهێنێتە گۆ، وە لە بەرامبەرمدا دابنیشن و بنووسن. وە ئەگەر شتێكتان لەدەست دەرچوو هەر لەو كاتەدا پـرسیارم لێ بكەن؛ چونكە لەوانەیە لەوەودوا ئەو شتە نەزانم.” ئەم وتارەی پێشكەش کرد و ناوینا وتاری ئیلهامی، تێیدا كۆمەڵێك زانستی هێناوە كە لە زاناكانی ئەم ئایینەوە پێشتـر نەبیستـراوە، هەروەك بەم وتەیەی خۆی وەسفی كردووە: ناومنا وتاری ئیلهامی، بێگومان من بە ئیلهام لە پەروەردگارمەوە ئەم وتارەم فێـركرا كە نیشانەیەكە. وە تێیدا دەفەرموێت:

ئەی بەندەكانی خوا… بیربكه‌نه‌وه‌ لەم ڕۆژەتان كە ڕۆژی جەژنی قوربانە، كۆمەڵێك نھێنی تێدايە بۆ ئەو كەسانەی خاوەنی ئاوەزن، ئێوە دەزانن لەم ڕۆژەدا زۆرێك لە ئاژەڵەكان دەكرێنە قوربانی، ڕانە وشتـرەكان و گاگەلەكان دەكوژرێن و مێگەلەكان سەرژێ دەكرێن لەپێناوی ڕه‌زامه‌ندی پەروەدگاری بوونەوەردا. وه‌ بەم شێوەیە كراوە لەسەردەمی سەرەتای ئیسلامەوە تاوەكو ئەم ڕۆژگارە. پێموایە قوربانیەكان لە شەریعەتی بێوێنەی ئێمەدا، لە سنوری ژماردن دەرچووە، پتـرە لە قوربانیەكانی میللەتانی پێشووی پێغەمبەران، وە زۆری سەربڕینه‌كان گەيشتووەتە سنورێك كە بەهۆیەوە سەر ڕووی زەوی بەخوێن دادەپۆشرا، تەنانەت ئەگەر خوێنەكەی كۆبكرایەتەوە و بویستـرایە لەبەری بڕۆشتایە؛ ئەوا لەو خوێنە ڕووبارەكان لەبەریان دەڕۆیی و دەریاكانیش خوڕەیان دەهات و دۆڵ و شیوە گەورەكانیش سەرڕێژیان دەكرد.

ئەم كردەوەیە لە ئایینی ئێمه‌دا به‌یه‌كێك لەو كردەوانە دێتە ئەژمار كە خاوەنەكەی لە خوای پەروەردگار نـزیك دەكاتەوە، وەكو وڵاخێكی سواری له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت كە پێشبڕكێ دەكات لەگەڵ بروسكەدا لە خێرايى و درەوشانەوەيدا. وە لەبەرئه‌وه‌ سەربڕاوەكان ناونـراون بە قوربانى [واتە: نـزیكبوونەوە]؛ چونكه‌ باسكراوە ئەم كردەوەیە نـزیكبوونەوە و بەیەكگەیشتنی هەموو ئەو كەسانە زیاد دەكات كە بەدڵسۆزی و ملكەچی و ئیمانەوە قوربانی دەكەن. وە بێگومان ئەمە یه‌كێكه‌ لە گەورەتـرین بەندایەتیەكانی شەریعەت، لەبەرئەوە بە خواپەرستی (النسیكة) ناوبراوە، وە لەزمانی عەرەبیدا (النسك) واتە گوێڕایەڵی و بەندایەتی كردن، وە هەروەها وشەی (النسك) بە مانای سەربڕینی قوربانیش هاتووە. كەوابوو ئەم هاوبەشیه‌ له‌مانادا بەشێوەیەكی گومانبڕ بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە لەڕاستیدا خواپەرست ئەو كەسەیە كە دەروون و تواناكانی خۆی و هەموو ئەو حەزانەی كە شەیدایان كردووە سەردەبڕێ بۆ ڕەزامەندی پەروەردگاری دروستکراوان، وە خواپەرست ئەو كەسەیە كە هەوا و ئارەزووی وشك و سیس بووە تەنانەت داوەشاوە و سڕاوەتەوە، تواوەتەوە و دیارنەماوە و بزربووە، وە باهۆزەكانی لەناوچوون هەڵیكردووە بەسەریدا، وە سه‌ختیه‌كانی ئەم گەردەلوولە گەردەكانی كردووە بە تۆزی بەرباد.

وە ئەو كەسەی بیـربكاتەوە لەم دوو چەمكە هاوبەشە، وە بەدڵێكی هۆشیار و چاوێكی كراوەوە لەم مه‌قامه‌ ‌ڕابمێنێت؛ ئەوا دوودڵی و شاراوەیی بۆ نامێنێتەوە لەوەدا كە ئەمە ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی بەندایەتی ڕزگاربوو لە دۆڕان بریتیە لە سەربڕینی دەروونی بەدخواز و ملپەڕاندنی بە كێـردی دابڕان بۆ خوای خاوەنی چاكە و فەرمان و فەرمانڕەوایەتی، لەگەڵ بەرگەگرتنی جۆرەها تاڵی و سوێـری، بۆ ڕزگاركردنی دەروون لە مردنی بێ ئاگایی. وە ئەمەیە مانای ئیسلام، ئەمەیە ناوەڕۆكی ملكەچبوونی تەواوەتی. موسوڵمان ئەو كەسەیە كە بوون و قەوارەی خۆی ڕادەستی خوای پەروەرێنی جیھانیان ده‌كات، وە پێویستە لەسەری كە وشتـری نەفسی خۆی سەرببـڕێت و دەمەوڕوو بیخاتە سەرزەوی، وە هیچ كاتێكیش میحنەت و لەناوچوون لەبیـرنەكات.

پوختەی قسە… بێگومان خواپەرستی و قوربانیەكان لە ئیسلامدا بریتین لە بیـرهێنانەوەیەك بۆ ئەم مەبەستە، وە هاندانێكە بۆ بەدەستھێنانی ئەم پلەیە، وە ڕێخۆشکەرە بۆ ڕاستیەك كە دوای بەرەوخواچوونێكی تەواوەتی بەدەست دێت. بۆیە پێویستە لەسەر هەر پیاو و ژنێكی باوەڕدار كە ڕەزامەندی خوای دلۆڤانی دەوێت، لەم ڕاستیە تێبگات و بیكات بە خودی مەبەستی خۆی، وە بیخاتە دەروونیەوە هەتاكو تەشەنە بكات لە هەموو گەردیلەیەكی بوونیدا،  وه‌ هێور نابێته‌وه‌ و ئۆقرە ناگرێت پێش بەجێھێنانی ئەم قوربانیدانە بۆ خوای پەرستـراو، وە ڕازی نابێت بە نموونە و توێكڵ وەك نەزان و كوێـرەكان، بەڵكو ناوەڕۆكی قوربانی كردنەكەی جێبەجێ ده‌كات، وە بە هەموو بیـروهۆشێكیەوە، وە بە ڕۆحی ئەو پارێـزكاریەی كە هەیەتی كرۆكی قوربانی بەجێده‌گەیەنێت. ئەمەیە ئەوپەڕی ڕێگەی بەرەو خوا چووان و كۆتا مەبەستی خواناسان، وە هەموو پلەكانی پارێـزكاران لێـرەدا دەگاتە چڵەپۆپە، وە بەمە هەموو قۆناغەكانی ڕاستگۆیان و دڵپاكان تەواو دەبێت، وە ڕۆیشتنی دۆستانی خوا بۆ ئەوێ كۆتایی دێت. ئەگەر گەیشتیتە ئەم قۆناغە ئەوا هەوڵ و تێكۆشانت گەيشتووەتە ئەوپەڕی… وە لەو كاتەدا درەختی بەرەوخواچوونت دەگاتە تەواوتـرین نەشونوما… وە دوای ئەمە لە زاتی تاقانەوە ڕاكێشانەكان و بۆن و بەرامە و جیلوەكان پەیدا دەبن، بۆ بڕینی هەندێ پاشماوەی ڕەگ و ڕیشەی مرۆيى. دوای ئەمەش ژیانەوە و مانەوە و نـزیكبوونەوە بۆ دەروونی دڵنیا و ڕەزامەند و پەسەندکراو و فانى دێتەدی، بۆ ئەوەی بەندە ئامادە بێت بۆ وەرگرتنی لێشاوی ڕەحمەت دوای ژیانی دووەم. وە دوای ئەمە مرۆڤی كامڵ لەلایەن خوای گەورەوە پۆشاكی جێنشینی دەكرێتە بەری، وە سێبەرئاسا ڕەنگ دەكرێت بە ڕەنگی سیفاتە خواییەكان، بۆ بەدیهاتنی پلەوپایەی جێنشینی.

كەوابوو ئەی سەرجەمی مرۆڤەكان غافڵ مەبن لەم مه‌قامه‌ و بێ ئاگا مەبن لەو نھێنیەی كە لە قوربانیەكاندا هەیە، وە قوربانیەكان بكەن بە ئاوێنە بۆ بینینی ئەم ڕاستيە، وە ئەم ڕاسپێـریە فەرامۆش مەكەن، وەكو ئەو كەسانە مەبن كە پەروەرێنی خۆیان و مردنیان لەبیـركردووە.

وە ئەو كەسەى بەویژانێكی ڕاست و دروست و نیازێكی بێگەردەوە قوربانی بکات لەگەڵ زانینی حەقیقەتی قوربانیەكەی؛ ئەوا قوربانی داوە بە نەفس و گیان و ڕۆڵە و نەوەكانی، پاداشتێكی مەزن هەیە بۆ ئەو كه‌سه‌، وەك پاداشتی ئیبراهیم لای پەروەردگاری بەخشندەی. وە گەورەی هەڵبـژاردەمان و فروستادەی پەسەندكراومان و پێشەوای پارێـزكاران و خاتەمی پێغەمبەران  ئاماژەی به‌مه‌ داوە، كە دوای خوا ڕاستگۆتـرینی ڕاستگۆكانە، دەفەرموێت: بێگومان قوربانی بریتیە لە وڵاغی سواری كە خاوەنەكەی دەگەیەنێتە لای پەروەرێنی مرۆڤەكان و هەڵەكان دەسڕێتەوە و بەڵاكان دەگێڕێتەوە، ئەمەیە كە لە چاكتـرینی مەردوومانەوە پێمانگەيشتووە، دروودی خوا و پیت و فەڕە پـرشنگدارەكانی لەسەر بێت، بێگومان بە كۆمەڵە وشەیەك كە هاوشێوەی مرواری درەوشاوەن تێیدا ئاماژەی كردووە بە حیكمەتەكانی قوربانیدان.

كەوابوو سەد مەخابن كە زۆربەی خەڵكی ئەم خاڵه‌ ورده‌ نھێنیانە نازانن و پەیڕەوی ئەم وەسیەتە ناكەن، وە لای ئەوان جەژن مانای نیە بەبێ خۆشۆردن و لەبەركردنی پۆشاكی نوێ و تەڕخۆری و چڵپ و چڵێسی لەگەڵ كەسوكار و خزمەتكار و بەندەكاندا، پاشان چوونەدەرەوە بە جلی جوانەوە بۆ بەسەربردنی جەژن وەكو مرۆڤە شەلاتیەكان. وە دەبینی لەو ڕۆژەدا ئەوپەڕی شادی و كەیفیان خواردنە خۆش و بەتامەكانە، وە كۆتا ئامانجیان پۆشاكە گرانبەهاكانە بۆ ئەوەی خەڵكی بیانبینێت. وە نازانن كە قوربانیدان چیە و بۆ چ مەبەستێك مەڕوماڵات و مانگا سەرژێ دەكرێت. وە لای ئەوان جەژنەكەیان لە بەرەبەیانەوە تا ئێوارە تەنها بۆ خواردن و خواردنەوە و عەیش و نۆش و لەبەركردنی پۆشاكی ڕازاوە و سواربوونی ئەسپی تیژڕەو و خواردنی گۆشتی نەرم و تازەیە. وە لەم ڕۆژەیاندا كردەوەیان تەنها بریتیە لە پۆشینی جلوبەرگی نەرمونۆڵ و شانەكردنی قژ و چاوڕشتن و بۆنخۆش كردنی جلوبەرگ، و ڕێككردنی ئەگریجە و پەرچەم وەكو ئەو ئافرەتانەی كە لەدەرەوە خۆیان ئارایشت دەدەن، پاشان لە نوێژدا وەكو مریشك چەند دەنووكێك دەدەن لە زەوی، لەگەڵ ئامادەنەبوونی ڕاستەقینە و پەلاماری وەسوەسە و پەرشوبڵاویان لە نوێژەكەدا، پاشان ئارەزووكردن بۆ جۆرەها خواردن و چێشت، وە پڕكردنی ورگ بە جۆرەها نیعمەت وەكو ڕەشەوڵاغ و چوارپێكان، وە حەزكردن بە شوێنی ڕابواردن و گاڵتەوگەپ و كاری نەفامانە، و لەوەڕاندنی نەفس لە لەوەڕگاكانی هەواو هەوەسدا، وە سواربوون لەسەر ئەسپ و گالیسكە و گوێـرەكە و نۆبەن و وشتـر….، لەگەڵ جۆرەها خۆڕازاندنەوە و بەسەربردنی هەموو ئەو ڕۆژە لە شتی پڕوپووچدا، وە خەڵات كردنی گۆشتی برژاو و شانازی كردن بە گۆشتی مانگا و ئاسك و شادی و گاڵتەكردن و دڵداری و تێـركردنی هەواو ئارەزووەكان و پێكەنین و قاقاكردنی لەڕادەبەدەر و حەزكردن لە سەمای ئافرەتانی داوێنپیس و ماچكردن و دەست لەمل كردنیان و پاشان ئاوێـزان بوونیان. وە پەنا بەخوا لەسەر نەهامەتیەكانی ئیسلام و ژێـرەوژوور بوونی ڕۆژگار. دڵەكان مردوون، تاوانەكان زۆر بوون و پەژارەكانیش تاویان سەندووە.

ئا لەم شەوە ئەنگوستەچاوەدا و لەم تاریكاییە كوێـر و هەڵەشەیەدا، میهرەبانی خوا داخوازى دەركەوتنى نووری ئاسمانی كرد. بێگومان من ئەو نوورەم، وە نوێكاری فەرمانپێكراو و بەندەی یارمەتیدراو و مەهدی پێسپێـرادراو و مەسیحی بەڵێندراوم.” (الخطبة الإلهامية، الخزائن الروحانية، بەرگی 16 لا 31-51)

سەركەوتنی ئیسلام لەسەر دەستی مەسیحی بەڵێندراودا و زاڵبوونی بەسەر هەموو ئایینەكاندا

ئەو تێكۆشانە مەزنەی كە دامەزرێنەری ئەم كۆمەڵە (عليه السلام) پێی هەستا وەك بەرگری كردنێك لە ئیسلام و ڕێز و شكۆى پێغەمبەری هەڵبـژاردە (ﷺ) يەكێكە لە ديارترین نیشانەكان كە تێیدا خوای گەورە یارمەتی مەسیحی بەڵێندراویداوە و پشتگیری کردووە و سەریخستووە. وە هەموو گەشتی ژیانی تۆمارێكی لێوانلێوە لەم سەركەوتە مەزنانە كە بەدەستى هێناون بۆ ئەم ئایینە پيرۆزە، بەجۆرێك گێـڕانەوە و بەیانكردنیان درێژە دەدات بەم باسە. بۆیە سەبارەت بەم بابەتە ئەوەندە بەسە كە دانپیانانی هەندێك كەسی بەناوبانگ لە موسوڵمانانی غەیـری كۆمەڵەكەمان پێشكەش بكەین كە كەسانی پارێـزكار و دادگەربوون و هەتا ئەمڕۆيش نووسراوەكانیان بە بەڵگە دادەنـرێت.

یەكەم: شێخ ئەبوكەلامی ئازاد، كە زانایەكی بەناوبانگە لە كیشوەری هيندیدا، لە كاتی كۆچی دوایی گەورەمان ئەحمەددا (عليه السلام) دەڵێت (ئەمە كوردیەكەیەتی):

ئەم كەسایەتیە: بەڵێ ئەم كەسایەتیە كە قەڵەمەكەی سیحر و زمانیشی تەلیسم بوو، وە بەرجەستەیەك بوو بۆ سەرسوڕهێنەرە ئەقڵیەکان، وە كەسێك بوو كە تێڕوانینی شۆڕش و دەنگیشی حەشر بوو، وە تەلەكانی شۆڕش پێچرابوو بە پەنجەكانیەوە، وە هەردوو دەستیشی دوو پاتـری كارەبایی بوو؛ ئەو كەسەی كە بەردەوام بۆ ماوەی سی ساڵ وەك بوومەلەرزە و لافاو بوو لە جیهانی ئایینەكاندا، وە وەكو هەراوهوریای قیامەت بوو، وە بەردەوام مردووە ڕۆحیەكانی بەخەبەر دەهێنا، مردن لەپێش چاو ونیکرد، بێگومان مردن، جامی ژەهری تاڵ، لەژێـر خاكدا شاردیەوە، بەڵام یادەوەریە تاڵەكانی مردنی ئەو لەسەر زوبانی هەزاران، بەڵكو سەدان هەزار لە خەڵكی دەمێنێتەوە.

پاشان دەڵێت: “بێگومان ئەوانەی كە شۆڕش بەرپا دەكەن لە جیهانی ئایین یان ژیـریدا بەزۆری ڕۆژگار بەخشندە نیە پێیان، بەڵكو ئەم پاڵەوانە ناوازانەی مێژوو بەدەگمەن دەردەكەون لەسەر شانۆی ژیان، بەڵام كاتێك دەردەكەون شۆڕش بەرپا دەكەن لە جیهاندا.

هەڵبەت مەزنی و گەورەیی میـرزای بەڕێـز _سەرەڕای بوونی جیاوازی توند دەربارەی هەندێ لە بیـروباوەڕ و بانگەشەكانی_ وایكرد لە موسوڵمانان، بەڵێ! لە موسوڵمانانی بیـرتیژ و ڕۆشنگەر كە لەكاتی مردنيدا هەست بكەن پیاوێكی گەورە لێیان جیابوویەوە. دیارە ئەو وەكو سەركردەیەكی سەركەوتوو بەردەوام ئەركی خۆی بەجێدەهێنا دژی دوژمنانی ئیسلام، هەڵبەت ئەم خاسیەتە ناوازەیەی ئەو پێویستى دەكات لەسەرمان كە بەشێوەیەكی ڕوون و ئاشكرا دانبنێین بەمەدا تاوەكو ئەم بزووتنەوە مەزنە، كە دوژمنانی ئیسلامی خستە ژێـرپـێ و بۆ ماوەیەك شکستی پێ هێنان، دیسان لە داهاتوودا بەردەوام لە ڕۆيشتندا بێت.

دیارە ئەو پەرتووكانەی كە بەڕێـز میـرزا دایناون دژی مەسیحیەكان و ئاریا هيندۆسەكان بە شێوەیەكی بەرفراوان ڕەزامەندیان بە دەست هێناوە، وە بەڕێـزی لەم ڕووەوە پێویست بە پیاهەڵدان ناكات. دەبێت ئەمڕۆ بەتەواوی ڕێـز لەم پەرتووكانە بگرین _كە ئەركی خۆیان جێبەجێ كرد_ وە لەناخی دڵەوە دانبنێین بە گەورەییاندا. ناكرێت ئەو ساتە سەختە لە ڕووپەڕی دڵدا بسڕدرێتەوە كە ئیسلام لە هەموو لایەكەوە ئامانج بوو بۆ پەلاماری دوژمنەكانی، وە موسوڵمانان _كە ئەركى پارێـزگاری كردنی ئیسلامیان پێ سپێـرابوو لەلایەن پارێـزەری ڕاستەقینەوە (ﷺ)_ دەیانناڵاند وەك سزایەك لەسەر كەمتەرخەمیەكانیان، وە هیچ جووڵەیەكیان نەبوو لەپێناوی بەرژەوەندی ئیسلامدا تەنانەت نەیاندەتوانی كە ئەم كارە بكەن. هۆكارەكانی بەرگریكردن (لە ئیسلام و موسوڵمانان) بەڕادەیەك لاواز بوو كە تەنانەت تیـریان پێ نەبوو لە بەرامبەر تۆپەكاندا. هەرگیـز شتێك نەبوو بەناوی هێرشكردن یان بەرگریكردن… بەڵام ئەو بەرگریە مەزنەی (كە بەڕێـزی پێی هەستا) كاریگەری هێـرشی مەسیحیەكانی تێكشكاند كە لە ڕاستیدا هێـزی ئایینی مەسیحیەت بوو كە لەژێـر چەتـری حكومەتی ئینگلیـزیدا بەدەستی هێنابوو. ئا بەم شێوەیە هەزارەها موسوڵمان (بگرە سەدان هەزار) ڕزگاریان بوو لە پەلاماری ئایینی مەسیحیەت كە مەتـرسیەكی نـزیكی زۆر قورسی دروست كردبوو، بەم شێوەیە خودی جادووی مەسیحیەت بوو بە هەڵم لە هەوادا وەكو دووكەڵ. وە بەڕێـزی شێوازی بەرگریكردنی گۆڕی و بەزیوی كرد بەسەركەوتوو.

زياتر لەسەری دەڕوات و دەڵێت: “هەروەها میـرزای بەڕێـز بە شكاندنی چڕنووكی ژەهراوی كۆمەڵی ئاریا خزمەتێكی گەورەی كرد بە ئیسلام… وە نووسینەكانی دژی ئاریا بە تەواوی جەخت دەكاتەوە لەسەر ئەوەی كە هەرچۆنێك بازنەی بەرگریمان فراوان بێت ناكرێت پێویستیمان بەم كتێبانە نەبێت. وە ئومێد ناكرێت كە لە داهاتوودا لە ناوەندە ئايينیەكانی هیندستاندا كەسێك پەیدا بێت بەم شان و شەوكەتەوە، بەجۆرێك قوربانی بدات بە هیوا بڵندەكانی لەپێناوى توێژینەوەی ئاییندا.“(جريدة “وكيل” أمرتسار، يونيو 1908م، لە ڕۆژنامەی “بەدر”ەوە نەقڵکراوە، لە قادیان دەرچووە لە 18/6/1908 لا 2-3)

دووەم: لە ڕۆژنامەی “وكیل”دا لە بەرواری 30/5/1908دا وتارێك بڵاوكراوەتەوە دەربارەی گەورەمان ئەحمەد (عليه السلام) كە تێیدا هاتووە: “هەموو خووڕەوشتێكی بەتەواوی ئیسلامیانە بوو، جارێك گفتوگۆی دەكرد لەگەڵ گروپی ئاریا، وە جارێكی تـر كتێبی دادەنا بە شێوەیەكی فراوان و دوورو درێژ بۆ پشتگیـری كردنی ئیسلام و چەسپاندنی ڕاستی ئەو ئايينە، ئەو گفتوگۆیەی كە ئەم پێی هەستا لە شاری هۆشیارپوور ساڵی 1886ز هەتا ئێستا چێژەكەی لە دڵەكاندا لانەچووە. هەروەها هەتا ئێستا ئەو سۆزە بەتینە لانەچووە كە باڵی كێشابوو بەسەر دڵەكاندا بەهۆی خوێندنەوەی كتێبە ناوازەكانیەوە كە داینابوون وەك بەرپەرچدانەوەیەكی ئايينەكانی تـر و پشتگیـری كردنی ئیسلام.

سێيەم: میـرزا حیـرەت دەهلەوی بەڕێوەبەری ڕۆژنامەی (كرزن گازت) لەو ژمارەیدا كە لە بەرواری 1/6/1908 دا دەرچووە، وتارێكی نووسیوە دەربارەی نووسینەكانی گەورەمان ئەحمەد (عليه السلام) و كاریگەریەكانی دەڵێت:

لە ڕاستیدا ئەو خزمەتە گەورانەی كە بەڕەحمەتی خوا چوو ئەنجامیدان بۆ ئیسلام لە ڕووبەڕوو بوونەوەی ئاریای هيندۆس و مەسیحیەكان شایانی ڕێـز و پێـزانینێكی گەورەیە. بێگومان ئەو بەتەواوی ڕێڕەوی گفتوگۆی گۆڕی، وە بناغەیەكی تازەی دانا بۆ نووسراوە ئايينیەكان لە هیندستاندا. نەك تەنها لەبەرئەوەی كە من موسوڵمانم، بەڵكو بەو سیفەتەیش كە توێژەرم، داندەنێم بەوەدا كە لە توانای هیچ كەسێك لە ئاریا و قەشەكاندا نەبوو كە ڕووبەڕووی بەڕەحمەتی خوا چوو ببێتەوە. وە ئەو كتێبە ناوازانەی كە داینان لە بەرپەرچی مەسیحی و ئاریا، وە ئەو وەڵامە دەمكوتكەرانەی كە ئاراستەی نەیارانی ئیسلامی دەكردن، تاكو ئێستا كەسێكمان نەدی كە بتوانێت وەڵامێكی بەجێ بنووسێت لەسەریان… ئەو قەڵەمەكەی هێـزێكی وەهای هەبوو بەڕادەیەك لە (پەنجابدا) بەڵكو لەسەرتاسەری هیندستاندا كەسێك نەبووە بەو هێـزە بنووسێت. هەمیشە وشە زمانەوانیە زۆر و زەبەند و بەهێـزەكان كە پڕبوون لە حەماسەتی توند دەهاتن بە زەینیدا. وە هەركاتێك دادەنیشت بۆ نووسین وشەی ڕێكوپێك دادەبەزیە سەری بەڕادەیەك مرۆڤ دەستەوسانە لە بەیانكردنیدا… لە ڕاستیدا خوێندنەوەی هەندێ لە نووسراوەكانی مرۆڤ دەخاتە حاڵەتی خۆشی و شەیدابوون.” (سەرچاوەی پێشوو)

چوارەم: سەیید مومتاز عەلی لە گۆڤاری (تهذیب نسوان) كە لە لاهۆر دەرچووە نووسیویەتی: “بەڕێـز میـرزا پیاوێكی خواپەرستی پاكی زۆر پارێـزكار بوو، وە خاوەنی هێـزی چاكە بوو كە دڵە زۆر ڕەقەكانی ڕام دەكرد. وە زانایەكی زۆر بەئاگا و ورەبەرز و چاكەكار بوو، وە نموونەیەكی ڕاستەقینە بوو بۆ ژیانی پاكوخاوێن. ئێمە لەڕووی ئایینیەوە وەك مەسیحی بەڵێندراو قبوڵمان نیە، بەڵام لە ڕاستیدا ئامۆژگاریەكەی و پێشەوایەتیەكەی لە جیاتی مەسیح بوو بۆ گیانە مردووەكان.” (نەقڵكراوە لە گۆڤاری: “تشحيذ الأذهان”، بەرگی 3 ژمارە 10 لا 383 ساڵی 1908م)

پێنجەم: ئەم بڕگەیەی خوارەوە وەردەگرین لەوەی كە مەولەوی نوور موحەممەدی نەقشبەندی جەشتی نووسیویەتی: “لەو ڕۆژانەدا قەشە لیفرای لە ئینگلتەراوە هات بۆ هیندستان بە هاورێیەتی كۆمەڵێكی زۆر لە قەشەكان، وە سوێندی خوارد لەسەر ئەوە كە لە ڕۆژانێكی كەمدا هەموو هیندستان بكات بە مەسیحی. وە لەسایەی سەروەت و سامانێكی بێشومار و ئەو بەڵینانەی كە لەلایەن ئینگلیـزەوە جار لەدوای جار جەختی لێ دەكرایەوە بەوەی كە یارمەتی دارایی پێشكەش دەكات بوومەلەرزەیەكی گەورەی بەدی هێنا لەسەرانسەری هیندستاندا. ئەم قەشەيە لە بیـروباوەڕی ژیانی مەسیح عیسا (عليه السلام) لە ئاسماندا بە لاشە ماددیەكەیەوە و بوونی سەرجەم پێغەمبەرە بەڕێـزەكانی تـر بە مردوویی لەژێـر زەویدا بە ئەسپەردەكراوی چەكێكی بڕندەی لە دژی خەڵكی ئاسایی بەدی هێنا. ئینجا شێخ غوڵام ئەحمەدی قادیانی هەستا بۆ بەرهەڵستی كردنی ئەم گروپە وتی: بێگومان ئەو عیسایەی كە لەبارەیەوە دەدوێن مردووە و وەكو هەموو مرۆڤەكانی تـر ئەسپەردە كراوە، بەڵام ئەو عیسایەی كە بەڵێندراوە بە هاتنی ئەوە منم، كەوابوو باوەڕم پێبكەن ئەگەر ئێوە لە بەختەوەرەكانن. بەم زیـرەكیە تەنگی هەڵچنی بە قەشە لیفرای و گروپەكەى تەنانەت قورس بوو بۆ لیفرای كە لەدەستی ڕزگاری بێت، وە بەم بەڵگەیە شكانێكی خراپی هێنا بەسەر هەموو قەشەكاندا لە هیندستانەوە بۆ ئینگلتەرا.” (مقدمة النقشبندي للترجمة الأردية لمعاني القرآن الكريم، للمولوي محمد أشرف التهانوي، مطبعة أصح المطابع دلهي الهند، لا 30)