بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,
بابەتی زیاتر

ئايا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە ئاودەستدا مردووە؟

وەڵام:

ئەمە یەكێكە لە گەورەترین درۆكانی ناحەزان.

ئەو ڕاستییەی كە دوور و نزیك دەیزانن ئەوەیە كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەسەر جێگاكەی بەڕاكشاوی وەفاتی كرد، وە دەیەها كەس لە دەوریدا بوو، لەناویاندا هەندێ پزیشكی بەناوبانگ هەبوون، سەرەڕای تاكەكانی خێزانی خۆی و هەندێ لە هاوەڵەكانی، هیچ یەكێكیان ئەم جۆرە قسەیە لەزاری نەهاتووەتە دەرەوە، وە هیچ كەسێكیان باسی ئەوەیان نەكردووە كە لەسەرئاو و یان ئاودەستدا مردبێت، ئیتر چۆن ئەو كەسانەی لەوێ ئامادەنەبوون كاتی ئەو ڕووداوە ئەو پڕوپاگەندەیە دەكەن.. پڕوپاگەندەی ڕوودانی شتێك كەس نەیبینیوە و هیچ كەسێك لەوانە نەیگوتووە كە لەڕاستیدا بەدرێژایی ئەو ماوەیەی كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) گەڕایەوە بۆ لای پەروەردگاری ئامادەبوون و بەچاوی خۆیان بینیویانە؟

بێگومان لە كتێبێك زیاتردا ئەم ڕووداوە تۆماركراوە، وە لە سەرچاوەیەك زیاتردا باسكراوە، مەسیحی بەلێندراو (عليه السلام) بە یاوەری خاتوونی خێزانی و هەندی لە ئەندامانی خێزانەكەی و هاوەڵەكانی گەیشتە شاری لاهۆر، وە بەڕێزی (عليه السلام) بەدەست نەخۆشی “دوزانتریا”وە دەیناڵاند كە ناوبەناو تووشی دەبووەوە، وە لە 23ی ڕەبیعی دووەمی ساڵی 1326ك بەرامبەر 25/5/1908ز نەخۆشیەكەی تووشی بووەوە، ئەوە بوو هەردوو نوێژی شێوان و خەوتنانی جەمع كرد، وە كەمێك نانی خوارد. پاشان هەستی كرد دەیەوێت بچێتە سەرئاو، وە ڕۆيشت بۆ ئاودەست، پاشان گەڕایەوە بۆ ژوورەكەی بۆ ئەوەی كەمێك بحەوێتەوە. وە ماوەیەك خەوت، وە كەسوكارەكەی خەوتن، بەڵام ئەو یەك دوو جار لەشەودا هەستایەوە بۆ سەرئاو. وە لە كاتژمێر یازدەی ئەو شەوەدا جارێكی تر هەستایەوە و هەستی بە لاوازییەكی زۆر كرد بۆیە خێزانەكەی بێدار كردەوە، پاش كەمێك زیاتر هەستی بەلاوازی كرد، بۆیە خێزانەكەی ئیزنی لێ خواست كە حەزرەتی مەولەوی نورەددین (رضي الله عنه) بانگ بكات كە پزیشكێكی شارەزابوو، وە یەكێك بوو لە نزیكترین و خۆشەویسترین هاوەڵی، بەڕێزی (عليه السلام) ڕازی بوو بە بانگكردنی ئەو و كوڕەكەی (گەورەمان) مەحمود ئەحمەد (رضي الله عنه) كە لەو كاتەدا تەمەنی نۆزدە ساڵان بوو.

ئەوە بوو گەورەمان نوورەددین (رضي الله عنه) هات، هەروەك دكتۆر موحەممەد حوسێن و دكتۆر یەعقوب بەگ هاتن، بەڕێزی (عليه السلام) فەرمووی پێیان كە بەدەست دوزانتریاوە دەناڵێنێت و داوای لێكردن كە چارەسەرێك پێشنیار بكەن بۆی، پاشان فەرمووی: لەڕاستیدا دەرمان و چارەسەر لە ئاسماندا بوونی هەیە، بۆیە پێویستە لەسەرتان دەرمان و دۆعا بەكاربهێنن. پزیشكەكان هەستان بە چارەسەركردنی، بەڵام لاوازییەكە تادەهات زیادی دەكرد، هەستی بە وشكبوونەوە كرد لە زمان و قوڕگیدا، وە بەڕێزی (عليه السلام) ناوبەناو ئەمەی دەوتەوە: “یا إلهي یا حبیبي”. ڕەنگە ئەمە ئەوەمان بیربخاتەوە كە گەورەمان پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) لە نەخۆشی مردنەكەیدا فەرمووی، بەجۆرێك لە صەحیحی بوخاریدا هاتووە كە دایكی باوەڕداران عائیشە (رضي الله عنها) گوتی: سەری پێغەمبەر لەسەر ڕانم بوو، بوورایەوە، پاشان هۆشی هاتەوە، بەپڕی ڕوانی بۆ سەقفی ماڵەكە پاشان فەرمووی: “اللهم الرفیق الأعلی”. (كتاب المغازي، باب آخر ما تكلم النبي _صلى الله عليه وسلم_).

هاوەڵانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) و هەموو ئامادەبووان لە دۆخی نیگەرانی و شڵەژاویدا بوون، هەندێكیان خزمەتیان دەكرد و هەندێكی تریان شەونوێژیان دەكرد، میرزا بەشیر ئەحمەدی كوڕی (رضي الله عنه) نووسیویەتی و دەڵێت: “…كاتێك لە بەیانی ئەو ڕۆژەدا ڕوخساری باوكمم بینی تووشی نیگەرانی بووم، وە ئەو هەستە زاڵبوو بەسەرمدا كە ئەمە شتێك نیە جگە لە نەخۆشی مردن”.

وە لە دەوروبەری كاتژمێر پێنجی بەیانیدا نەواب موحەممەد عەلی (رضي الله عنه)، كە مێردی كچەكەی مەسیحی بەڵێندراو بوو (عليه السلام)، وە لە دیارترین هاوەڵانی بوو گەیشت، كاتێك هاتە ژوورەوە سڵاوی كرد لە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەویش وەڵامی دایەوە، پاشان فەرمووی: ئایا كاتی نوێژی بەیانی هاتووە؟ گوترا: بەڵێ. ئينجا دەستی كێشا بە جێگاكەدا و تەیممومی كرد و دەستی كرد بە نوێژی بەیانی. بەڵام لەكاتی نوێژدا بوورایەوە، پاش كەمێك هۆشی هاتەوە و دووبارە پرسیاری كرد: ئایا كاتی نوێژی بەیانی هاتووە؟ ئەمجارەش گوترا: بەڵێ. ئینجا دووبارە نییەتی هێنا بۆ نوێژی بەیانی، وە نوێژەكەی كرد هەتا تەواو بوو، پاشان بەدەم وتنەوەی “یا إلهي یا حبیبي”ەوە بوورایەوە.

وە لە كاتژمێر هەشتی سەرلەبەیانی یەكێك لە پزیشكەكان كە سەرپەرشتی چارەسەركردنەكەی دەكرد لێی پرسی كە لە هەر بەشێك لە بەشەكانی جەستەی پیرۆزی هەست بە ئازار دەكات یانە نا، بەڵام لەتاو لاوازی نەیتوانی وەڵامی بداتەوە، بەئاماژە داوای كاغەز و قەڵەمی كرد لە ئامادەبووان، وە نووسی كە هەست بە لاوازییەكی زۆر دەكات و لەبەرئەوە وەڵامیان ناداتەوە. وە لە كاتژمێر نۆدا دۆخی تێكچوو و هەناسە پیرۆزەكانی قووڵبوون، وە ڕوون بوویەوە بۆ ئامادەبووان كە لە دواساتەكانی ژیانیدایە. وە لە كاتژمێر یازدەی پێش نیوەڕۆی ئەو ڕۆژەدا، گیانی پیرۆزی دەرچوو بۆ دیداری خۆشەویستەكەی، وە گواسترایەوە بۆ لای هاوەڵی هەرە بڵند لە بەهەشتی نەبڕاوەدا، إِنَّا لِلَّهِ وَإِنَّا إِلَيْهِ رَاجِعُونَ. بەم شێوەیە ڕۆژەكانی تەمەنی پیرۆزی كۆتاییان هات كە گەیشتە حەفتا و پێنج ساڵ و نیو.

ئەمە درێژەی قۆناغەكانی نەخۆشییەكەی بوو كە تێیدا وەفاتی كرد، لێرەدا بەدرێژی و ڕيزبەندی گواستمانەوە، وە ئەم ڕاستیە چەسپاوانە جەختی لێ دەكەنەوە بۆمان كە كۆتا جار لە كاتژمێر یازدەی شەو چووەته سەرئاو، وە دوای ئەوە هەتا كاتژمێر یازدەی ڕۆژی دواتر لەسەر جێگاكەی بووە، وە بەدرێژایی ئەو ماوەیە لە جێگاكەیدا بووە، وە لە جێگاكەیدا نوێژی بەیانی كرد، وە لەو ڕۆژەدا لەسەر جێگاكەی و لەبەردەم ئەو ژمارە زۆرەی ئامادەبوواندا گیانی پیرۆزی سپارد.

وە ئێمە تەحەددای ئەو درۆزن و بوختانچی و چەواشەكارانە دەكەین كە تەنھا یەك شایەتی ئامادەبوو بھێنن كە بەڕێزی لە ئاودەستدا وەفاتی كردبێت، جا ئەگەر نەیانتوانی.. وە هەرگیز ناتوانن.. ئەوا با لە پەروەردگاری خۆیان بترسن، وە بترسن لەڕۆژێك تێیدا چاوەكان ئەبڵەق دەبن. بێگومان ئەوان بەم درۆیە كە دەیكەن، وە بەم ساختە و چەواشەكارییە كە هەڵيدەبەستن، تەواو لەو ڕۆژهەڵاتناسانه ڕۆژئاواییانە دەچن كە دوژمنی ئیسلامن، كە بەردەوام باسی ئەوە دەكەن چۆن سەرداری پێغەمبەران وەفاتی كردووە، وە چۆن ئازاری چەشتووە لەو نەخۆشیەیدا كە تێيدا وەفاتی كرد تەنانەت فەرمووی: “بێگومان مردن گیانەڵای هەیە”، وە چۆن نەیتوانیوە لەسەر پێیەكانی بڕوات و تەنانەت قاچی كێش كردووە بەسەر زەویدا لەكاتێكدا لەنێوان دوو پیاو لە هاوەڵەكانی هەڵگیراوە، وە چۆن نەیتوانیوە نوێژ بكات و فەرمانی كردووە بە ئەبوبەكر پێشنوێژی بۆ نوێژخوێنان بكات، وە چۆن لە هۆش خۆی چووە له سەرەمەرگدا، وە چۆن ئازاری توندی چەشتووە تەنانەت فاتیمەی كچی (رضي الله عنها) لە تەنیشتیدا دەگریا. ئەوان ئەم شتانە باسدەكەن بۆ ئەوەی ئەو وەهمە بۆ خوێنەر دروست بكەن كە ئەم سزایەی بەسەر پێغەمبەری خوادا (صلى الله عليه وسلم) هاتووە هۆكارەكەی تووڕەبوونی خوا بووە لێی لە ڕۆژەكانی كۆتایی تەمەنیدا _پەنا بەخوا_ ئەگەرچی بەڕاشكاوی ئەمە ناڵێن، بەڵكو بەجێیدەھێڵن بۆخوێنەر تاكو خۆی ئەم ئەنجامگیریە بكات.

ئێستاش دوژمنانی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی هەمان بەرنامە پەیڕەو دەكەن كە دوژمنانی ئیسلام پێشتر پەیڕەویان كردووە، بەڵام لەگەڵ جیاوازییەكی گەورەدا، كە ئەوەیە دوژمنانی ئیسلام درۆ و بوختانێكیان دروست نەكردووە وەك چۆن ئێستا دوژمنانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەو كارە دەكەن، بەڵكو بە شێوازێك باسی ڕاستیەكان دەكەن كە خوێنەر ئەو ئەنجامە بگرێت كە ئەوان دەیانەوێت بەبێ ئەوەی بەڕاشكاوی بیڵێن. بەڵام دوژمنانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) شەرمیان نەكرد كە ئەم درۆ نزم و سووكەی بۆ هەڵبەستن.