بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

ئایا پێغەمبەر (ﷺ) گومانی لە وەحییەكەی هەبووە؟

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

هەندێك لە مەسیحییەكانی ئێستا ئەم ئایەتە به بەڵگە دەهێننەوە بۆ ڕاستێتی و دەستكارینەكراوی كتێبەكەی خۆیان كه دەفەرموێت: ﴿فَإِنْ كُنْتَ فِي شَكٍّ مِمَّا أَنْزَلْنَا إِلَيْكَ فَاسْأَلِ الَّذِينَ يَقْرَءُونَ الْكِتَابَ مِنْ قَبْلِكَ لَقَدْ جَاءَكَ الْحَقُّ مِنْ رَبِّكَ فَلَا تَكُونَنَّ مِنَ الْمُمْتَرِينَ﴾ (يونس: 95).

ئەوان ئایەتەكه وا تەفسير دەكەن كه دوێندراوەكه (المخاطَب) پێغەمبەرە (ﷺ)، هەروەها دەڵێن مەبەست لە وشەی (الكتاب) تەورات و ئینجیله. کەواتە واتای ئایەتەکە بەم جۆرەیە: ئەی موحەممەد ئەگەر گومانت هەیه لەو قورئانەی بۆت دابەزیوە ﴿فَإِنْ كُنْتَ فِي شَكٍّ مِمَّا أَنْزَلْنَا إِلَيْكَ﴾؛ ئەوا بچۆ بۆ لای جووەكان و مەسیحییەكان (أهل الكتاب) ئەوانەی كه لەپێش تۆ تەورات و ئینجیلیان خوێندووەتەوە بۆ ئەوەی دڵنیا بیت ﴿فَاسْأَلِ الَّذِينَ يَقْرَءُونَ الْكِتَابَ مِنْ قَبْلِكَ﴾.

گومان نیه لە پووچی ئەو دەرئەنجامەی كە ئەوان پێیگەیشتوون. ئایا دەكرێت پێغەمبەرمان (ﷺ) گومانی هەبووبێت لەو ئایەتانەی بۆی دابەزیوە؟ بەڵام خاوەن كتێبەكان (أهل الكتاب) گومانیان نەبووبێت لەوەی ئەم قورئانه لەلایەن خواوەیه!! دەى ئايا دەگونجێت پێغەمبەر (ﷺ) بڕوات بۆ لایان تا ئیمانی خۆی بەهێز بكات بەهۆی ڕاوێژ پێكردنيانەوە؟!

نە پێغەمبەرى خوا (ﷺ) گومانی هەبووە، نە خاوەن كتێبەكان باوەڕیان به قورئان هەبووە، كەواتە: چۆن خوا ئەو ئامۆژگارییەی پێغەمبەر (ﷺ) دەكات؟!

فەرموون با ئایەتی پێش ئەم ئایەتە بخوێنینەوە، كه بريتيە لەم ئایەتە:

﴿وَلَقَدْ بَوَّأْنَا بَنِي إِسْرَائِيلَ مُبَوَّأَ صِدْقٍ وَرَزَقْنَاهُمْ مِنَ الطَّيِّبَاتِ فَمَا اخْتَلَفُوا حَتَّى جَاءَهُمُ الْعِلْمُ إِنَّ رَبَّكَ يَقْضِي بَيْنَهُمْ يَوْمَ الْقِيَامَةِ فِيمَا كَانُوا فِيهِ يَخْتَلِفُونَ﴾ (يونس: 94)

واته: “نەوەی ئیسڕائیلمان لە جێگەیەكی خۆش و چاكدا جێنشین كرد، وە ڕزق و ڕۆزی باشمان پێ بەخشین… وە هیچ جیاوازی و ناكۆكیەك نەبوو لەنێوانیاندا تا زانستیان (قورئان) بۆ هات، خودا لەڕۆژی دواییدا حوكم دەكات لەنێوانیاندا لەسەر ئەو شتانەی كە تیایاندا جیاواز بوون”.

ئەم ئایەتە باسی ڕاجیایی نەوەی ئیسڕائیل دەكات كاتێك زانستی قورئانیان بۆ هات.. كەواته، ئەو ئایەتەی باسی دەكەن ڕووی له خاوەن كتێبەكان خۆیانە و بەوان دەڵێت: ئەی جوولەكە! ئەی مەسيحى! ئەگەر گومانت هەیه لەم قورئانه، پرسیار بكه لەو كەسانەی كه باوەڕیان هێناوە، و پێش تۆ خوێندوویانەتەوە.. پرسیار بكه لەو گۆڕانەی كه بەسەر ژیانیاندا هاتووە. ئەی كەسی بێبڕوا هەق و ڕاستى هات، بەردەوام مەبە له گومانەكانت.

هەروەها ئایەتەكەی دواترى دەفەرموێت: ﴿وَلَا تَكُونَنَّ مِنَ الَّذِينَ كَذَّبُوا بِآَيَاتِ اللَّهِ فَتَكُونَ مِنَ الْخَاسِرِينَ﴾ (يونس: 96)

واتە: “هەروەها هەرگیز نەكەیت لەو كەسانە بيت كە نيشانەكانی خوا بەدرۆ دەزانن، ئینجا بەهۆی ئەوەوە بچیتە ڕیزی زەرەرمەند و خەسارەتمەندانەوە”.

ئەم ئايەتە پیرۆزە دڵنیامان دەكاتەوە كە تەفسيرەكەی ئێمه دروسته، بۆیه دەبینين دووبارە ئایەتەكان ڕووی لەو كەسانەیه كه باوەڕیان به قورئان نیه، جا چ ئەوانەی گومانیان هەیه له قورئان یان ئەوانەى قورئان بەدرۆدەزانن، دەی ئێستا ئێمە پرسیارتان لێ دەکەین: ئایا پێغەمبەر (ﷺ) لەو كەسانه بووە كە گومانیان هەیه له قورئان؟ یان لەو كەسانه بووە كە قورئان بەدرۆدەزانن؟ _پەنا بەخوای گەورە_.

وآخر دعوانا أن الحمد لله ربِّ السماواتِ العُلى