بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

گفتوگۆكردن لەگەڵ سەلەفیەكاندا سەرئێشەیە

كاتێك كەسێك برسی ئەبێت ئەڵێت: مردم! لەبرسا. یان كەسێك سەرمای ئەبێت ئەڵێت: مردم لەسەرما! یان ڕەقبوومەوە. یاخود كەسێك هەژار بێت ئەڵێن: فڵان كەس دەستكورتە! یاخود كەسێك بە كەسێكی تر ئەڵێت: تۆ لە دڵمدای!

ئەمانە و چەندەها وشەی تر بەكاردێنین لە زماندا هیچ كەس بە ڕواڵەتی وشەكان تێناگات و هیچ كەس ناڵێت: باشە ئەوە نیە زیندووی بۆ ئەڵێیت مردم! یاخود كە وترا: فڵان دەستی كورتە كەسێك نایه‌ت سەیری دەستەكانی بكات بزانێت درێژن یان كورت!! هەروەها هیچ كەسێكیش ناچێتە ناو دڵی كەسێكی ترەوە چونكە نە دڵ هێندە گەورەیە تا مرۆڤێكی تێبچێت نە مرۆڤیش هێندە بچوكە تا بچێتە ناو دڵەوە!!

لەوانەیە ئێستا خوێنەر بڵێت: باشە ئەم قسانە چ سوودێكی هەیە كە هەموومان ئەم شتانە ئەزانین؟!!

لە وەڵامدا ئەڵێين: ئەمە بۆ وەڵامدانەوەی برایانی سەلەفی و هاوبیرەكانیانە كە ئەڵێن: پێویستە وەسفی خوا بكەین؛ بەو جۆرەى كە خوا خۆی وەسفی خۆی كردووە، بەبێ تەئویل.

بەپێی قسەی ئەوان ئەبێت ڕواڵەتی وشەكان وەرگرین كەواتە واتای ئایەتەكە بە قسەی ئەوان بەم جۆرەی لێدێت: (خوایان لە بیركرد خواش ئەوانی لە بیركرد)، ئایا ئێستا ئەتوانن پێمان بڵێن: ئایا خوا شتی لە بیردەچێت؟!!! یاخود ئەتوانن بڵێن (نسیان = لەبیرچوونەوە).

هەروەها لە فەرموودەیەكی قودسیدا وشەی (هرولة) دراوەتە پاڵ خوای گەورە، (هرولة: بریتیە لە ڕۆیشتنێكی مامناوەند لە نێوان ڕاكردن و ڕۆیشتن)، ئایا پێتانوایە خوا (هرولة)ی هەیە و یەكێكە لە سیفاتەكانی؟؟!!

 كەواتە؛ پێویستە تەئویل بكەین. تەئویلیش بە واتای تەفسیرە. وە تەفسیریش پێویستە لەسە تێگەیشتنی قسەكەر و سیاقی قسەكەی بنیات بنرێت، وە تا چ ڕادەیەك ڕەوانبێژی و خوازە (مەجاز) و موبالەغەی بەكارهێناوە؛ هەربۆیە بە هیچ شێوەیەك ناكرێت تەئویل پشتگوێ‌ بخرێت.

ئەو نموونانەی سەرەوە هیچ جیاوازیان نیە لەگەڵ ئەم فەرموودەیەی خوای گەورەدا كە ئەفەرموێت: (ذلك الفضل بيد الله) واتە: “بەخشش و ڕەحمەت تەنها بەدەستی خوایە.” (تەفسیری ئاسان)

ئایا هیچ كەس ئەڵێت: خوای گەورە دەستی هەیە و بەدەستی دەبەخشێت؟!!! یاخود لە ئایەتێكی تردا ئەفەرموێت: ﴿بَلْ يَدَاهُ مَبْسُوطَتَانِ﴾، هەروەها ئەفەرموێت: ﴿وَالسَّمَاءَ بَنَيْنَاهَا بِأَيْدٍ وَإِنَّا لَمُوسِعُونَ﴾ ئایا خوای گەورە دەستێكی هەیە یاخود دووان یان كۆمەڵێك دەست؟!!!

ئەم گفتوگۆیە بۆ ئەو كەسانەیە كە سوورن لەسەر ئەوەی خوای پەروەردگار دەست و چاوی هەیە!! ئەپرسین: خوای گەورە بە مووسای فەرموو ﴿وَلِتُصْنَعَ عَلَى عَيْنِي﴾ واتە: “لە پێش چاومدا گەورە بكرێیت و پەروەردە بكرێیت”، كەواتە بە پێی ئایەتەكە خوای گەورە باسی یەك چاوی كردووە بۆ دوو چاو یان كۆمەڵە چاوێك نەبوو؟ هەروەك چۆن بۆ پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) ئەفەرموێت (فإنك بأعیننا) بەپێی تێڕوانینی سەلەفیەكان كەواتە ئەبێت پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) لە چاوەكانی خوای گەورەدا بێت!!!! پەنا بە خوا لەم بۆچوونە!!

هەروەها خوای گەورە ئەفەرموێت: ﴿كُلُّ مَنْ عَلَيْهَا فَانٍ (*) وَيَبْقَى وَجْهُ رَبِّكَ ذُو الْجَلَالِ وَالْإِكْرَامِ﴾ واتە: “هەموو ئەو كەسانەی لەسەر ڕووی زەوین، هەر هەمووی فەوتاو و تیاچووە دەبێت بمرن(*) تەنها زاتی (وجه) پەروەردگاری خاوەن بڵندی و ڕێزداری تۆیە كە دەمێنێتەوە”. (ئاسان)

وشەی (وجه) بەواتای (ڕوخسار یاخود دەموچاو) دێت، ئەكرێت پێمان بڵێن خوا دەستی لەناو ئەچێت و تەنها (وجه)ی ئەمێنێتەوە؟؟!!! یاخود ئایەتەكە تەئویل دەكەن؟؟

وآخر دعوانا أن الحمد لله رب السماوات العُلى