بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

ئادابەکانی گەڕان بەشوێن حەقدا

“با ئاشكرابێت سەرەتا كردەوە لەمرۆڤەوە دەردەچێت پاشان كاری خوا لەو كردەوەیە دەكەوێتەوە بەمەش ئەو كاریگەری یان ئەو تایبەتمەندیەی لەو كردەوەیەدا هەیە دەردەكەوێت. بۆ نموونە ئێمە پەنجەرەی ژوورەكەمان دادەخەین، ئەمە كردەوەی ئێمەیە، كردەوەیەك لەلایەن خواوە لەم كردەوەیەی ئێمەوە دەكەوێتەوە كە ئەوەیە ڕۆشنایی و با نایەتەناو ژوورەكەوە و تاریك دەبێت. سوننەتی خوا لە ئەزەلەوە بەم شێوەیە لەگەڕدابووە كە هەرگیز ناگۆڕێت. كردەوەی خوا وەك كاردانەوەی كردەوەی مرۆڤ دەردەكەوێت. هەروەك یاساكە لە سیستەمی ڕواڵەتیدا كاردەكات، لە سیستەمی پەنهانیشدا كاردەكات. بۆیە ئەو كەسەی بەدڵێكی پاكەوە بەشوێن حەقدا دەگەڕێت، لانی كەم بەوازهێنان لە بیروباوەڕەكانی پێشووی، بەدڵنیاییەوە حەق دەدۆزێتەوە. بەڵام ئەگەر پێشتر لەدڵیدا بڕیاری دابێت، وە بەدڵێكەوە بێت كە كۆت و بەند كرابێت بە زنجیری دەمارگیری و كەللـەڕەقی؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە تین و تاوی كەللـەڕەقیەكەی زیاتر پەرەدەسێنێت و نوورەكانی فیترەتی كپ دەبنەوە و دڵی ڕەش هەڵدەگەڕێت، بۆیە سەركەوتوو نابێت لە جیاكردنەوەی حەق لە باتڵ. كەواتە بۆ بەدەستهێنانی پاكێتی و هیدایەت لەلایەن خوای گەورەوە مرۆڤیش چاری نیە دەبێت خۆی پاك بكاتەوە. مەبەست ئەوەیە مرۆڤ وازبهێنێت لە كەللـەڕەقی و دەمارگیری و هەرگیز خۆی نەخەڵەتێنێت. گومانی تێدا نیە ئەو كەسەی بانگەشەدەكات كە بەشوێن حەق و ڕاستیدا دەگەڕێت، وە لەناخیدا بڕیاریداوە بەوەی بنەماكانی ئایینێكی دیاریكراو ڕاست و دروستن؛ ئەوا ئەو كەسە داوای دنیا دەكات و خۆی دەفەوتێنێت لەپێناوی سەركەوتن یان شكستی دنیاییدا، بۆیە ناتوانم قەبوڵی بكەم ئەو كەسە باوەڕی بەخوا هەیە، بەڵكو وایدەبینم مولحیدە. دڵی پاك گوێنادات بە لۆمەی لۆمەكار و پەشیمان نابێت و شەرم ناكات لە قەبوڵكردنی ئەو حەقەی دەیدۆزێتەوە، وە نوورە خواییەكان بۆسەر ئەم جۆرە دڵە دادەبەزن.

بزانن خوای گەورە هەرگیز دەستبەرداری ئەو كەسە نابێت كە بەشوێن خوادا دەگەڕێت. ئەو (عز وجل) لەڕاستیدا بوونی هەیە، وە هەروەك لە ئەزەلەوە دەفەرموێت: “من هەم”، بەهەمان شێوە ئێستاش دەیفەرموێت. وە هەروەك وەحی دابەزاند بۆ سەر مەسیح (علیه السلام)، بەهەمان شێوە دایدەبەزێنێت بۆسەر منیش. لەڕاستیدا من ڕاستیتان پێ دەڵێم و ئەمە بانگەشەیەكی پووچ نیە، بەڵكو چەندین بەڵگەی پرشنگداری لەگەڵدایە. ئەو خوایەی كە لەئەزەلەوە بەردەوام قسەی دەكرد بەدڵنیاییەوە ئێستاش بوونی هەیە، وە ئێستایش بە وتەكانی جیھانی ڕووناك كردووەتەوە”.

مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام)، كتێبی (الملفوظات، بەرگی دووەم، لا451_452)

بابەتی زیاتر