بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

سزای هەڵگەڕاوە

پێغەمبەر (ﷺ) لە هەلومەرجێكدا ڕەوانەكرا كە هەموو هۆز و تیرەكان دژی یەكتری شەڕیان دەكرد، وە هیچ حاڵەتێكی بێلایەنی باوی نەبووه، بەڵكو هۆز و تیرەكان بەهۆی بابەتێكی لاوەكیەوە پەلاماری یەكتریان دەدا، وە هیچ ئارەزوویەكیان لە ئاشتی بەردەوام نەبوو. وە لە ئاشتەوایی حودەیبیەدا پێغەمبەر (ﷺ) ڕێككەوت لەسەر ئەوەی كە هەركەسێك لە خەڵكی مەدینە هەڵگەڕایەوە ئەوا كێشە نیە ئەگەر پەیوەندی كرد بە خەڵكی مەككەوە و ئەم بۆی نیە داوای ئەو كەسە بكاتەوە لێیان.

وە لەبەرئەوەی لەو سەردەمەدا دابونەریت وەها بووە كە ئەو كەسەی هەڵگەڕاوەتەوە لە ئیسلام پەیوەندی كردووە بە هۆزە دەستدرێژكارە شەڕفرۆشەكانەوە، بۆیە شتێكی بەڵگەنەویستە لەمەڕ شەرعناسان كە بانگەواز بكەن بۆ كوشتنی هەموو كەسێكی هەڵگەڕاوە، ئایا هەڵگەڕاوەكە دەستدرێژكار نیە؟ بۆیە دەبینین ژمارەیەك لە شەرعناسە حەنەفیەكان دەڵێن نابێت ئافرەتی هەڵگەڕاوە بكوژرێت بەو پێیەی كە جەنگ ناكات، لەكاتێكدا پێویستە هەموو پیاوێكی هەڵگەڕاوە بكوژرێت بەو پێیەی كه جەنگاوەرە و دژی موسوڵمانان جەنگ دەكات.

وە بەدوور لە گێڕانەوەی ڕووداوە مێژووییەكان، واباشترە بۆمان كە تاوتوێی ئایەتە قورئانیەكان بكەین كە تێیاندا هەواڵی دڵنیاكەرەوە هەیە بۆ ئەم بابەتە مەزنە:

خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿لَا إِكْرَاهَ فِي الدِّينِ﴾ واتە: “به‌ هیچ جۆرێك زۆرلێکردن له‌ ئاییندا نیە.” هەروەها دەفەرموێت: ﴿أَفَأَنْتَ تُكْرِهُ النَّاسَ حَتَّى يَكُونُوا مُؤْمِنِينَ﴾ واتە: “ئایا تۆ زۆر لەخەڵكی دەكەیت هەتا ببن بە باوەڕدار…..”، ﴿فَذَكِّرْ إِنَّمَا أَنْتَ مُذَكِّرٌ (*) لَسْتَ عَلَيْهِمْ بِمُصَيْطِرٍ (*)﴾. واتە: “ئامۆژگاری بکه‌، تۆ هه‌ر ئامۆژگارییت (*) تۆ ده‌سه‌ڵاتدار نیت به‌سه‌ریاندا.”

ئەم ئایەتە پیرۆزانە ئەوە دووپات دەكەنەوە كە ڕەوا نیە هیچ كەسێك ناچار بكەین بۆ وەرگرتنی هیچ بیروباوەڕێك. وە ئایەتەكان جیاوازییان نەكردووە لەوەدا كە ئەو كەسە ناچاركراوە مەسيحى بێت یان بێ باوەڕ یان هەڵگەڕاوە بێت لە ئایینی ئیسلام، بەڵكو ئەم ئایەتانە گشتین و ڕێگری دەكەن لە هەر زۆرلێكردنێك لە ئاییندا. وە ئایەتەكان ئەگەرچی بە شێوگی گوزارە (الخبـر) هاتوون، بەڵام مانای داواكاری دەگەیەنن.

وە ئەگەر بە كەسێكت وت: پێویستە بگەڕێیتەوە بۆ ئیسلام ئەگینا دەتكوژم؛ ئەوا ئاشكرایە كە ئەمە زۆرلێكردنە، وە ئایەتەكە ڕێگری دەكات لە زۆرلێكردن، لەبەرئەوە ئایەتەكە ڕێگری دەكات لەم جۆرە قسەیە و بە حەرامی لەقەڵەم دەدات.

بێگومان پرسی كوشتنی هەڵگەڕاوە پرسێكی گەورە و گرنگە، وە خوێنڕشتنی تێدایە، ئەگەر ئەم بڕیارە لەلایەن خواوە بوایە؛ ئەوا لەبارەیەوە لە قورئاندا ئايەتى دادەبەزاند، كەچی دەبینین قورئانی پیرۆز باسی هیچ سزایەكی نەكردووە بۆ هەڵگەڕاوە لە دنیادا سەرەڕای ئەوەی زۆرجار باسی هەڵگەڕانەوەی كردووە.

بێگومان ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز كە باسی هەڵگەڕاوە دەكەن هیچ سزایەكیان باس نەكردووە بۆی لە دنیادا، بەڵكو تەنھا باسی سزای خواییان كردووە بۆ ئەم تاوانە لە ڕۆژی قیامەتدا، هەروەها پێغەمبەر (ﷺ) هیچ مرۆڤێكی نەكوشتووە تەنھا لەبەر هەڵگەڕانەوەكەی، بەڵكو ڕێككەوتووە لەسەر ئەوەی كە كەسی هەڵگەڕاوە لە مەدینە بچێتە دەرەوە و بڕوات بۆ مەككە بەبێ ئەوەی سزای بدات، ئەگەر كوشتنی هەڵگەڕاوە بریارێكی قورئانی بوایە؛ ئەوا پێغەمبەر (ﷺ) لە ئاشتەوایی حودەیبیەدا ڕێككەوتنی نەدەكرد لەسەر مەرجێك كە پێچەوانەی قورئان بێت.

بەڵگەی ئەوانەی كە دەڵێن هەڵگەڕاوە دەبێت بكوژرێت

ئەوانەی كە دەڵێن دەبێت ڕێگری بكرێت لە ئازادی ئایینی هیچ ئایەتێكیان بەدەستەوە نیە كە بیكەن بە بەڵگە، بەڵام دوو فەرموودەیان بەدەستەوەیە كە ماناكانیان گشتاندووە.

یەكەمیان ئەو فەرموودەیەیە كە ئيمامى بوخاری ڕیوایەتی كردووە لە رێگەی (عكرمة مولى ابن عباس)ەوە لە ئیبن عەبباسەوە، پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرموێت: “ئەوەی ئایینەكەی گۆڕی بیكوژن.”

گومانی تێدا نیە كە ئەم فەرموودەيە فەرموودەیەكی گشتی نیە و مەبەستی هەموو كەسێك نیە؛ چونكە ئاشكرایە كەسێكی مەسیحی كە ئایینەكەی خۆی دەگۆڕێت و باوەڕ بە ئیسلام دەهێنێت ناكوژرێت. لەگەڵ ئەوەی زۆربەی زانايان ئەم فەرموودەيەيان تایبەت كردووە بەو موسوڵمانەی كە ئایینەكەی خۆی دەگۆڕێت، بەڵام ئێمە تایبەتی دەكەین بەو كەسەی كە ئایینەكەی دەگۆڕێت و جەنگ دەكات. وە لەم تایبەتكردنەماندا پشت دەبەستین به ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز كە ڕەتیدەكەنەوە هەڵگەڕاوە سزا بدرێت تەنھا لەسەر هەڵگەڕانەوەكەی، وە ئایەتەكان تەنھا لەسەر ئەو كەسەی كە شەڕدەفرۆشێت و دەستدرێژی دەكات سزا پێویست دەكەن.

پاشان ڕشتەی فەرموودەكە (سند الحديث) بەهێز نیە. عيكریمە لەلایەن ژمارەیەك لە زاناكانەوە تۆمەتبار كراوە، بۆیە موسلم و مالیك هیچیان نەگێڕاوەتەوە لێى بەوپێیەی لاواز بووە و جێگای متمانە نەبووە.

فەرموودەی دووەم: “خوێنی موسوڵمانێك حەڵاڵ نیە كە شایەتی دابێت هیچ خوایەك نیە جگە لە الله و من پێغەمبەری خوام مەگەر بەم سێ هۆكارە: كەسێك كەسێكی كوشتبێت، ژن و پیاوی زیناكەر، كەسێكی لە ئايین دەرچوو كە وازی هێنابێت لە كۆمەڵ.”

تەوەرەی ئەم فەرموودەیە (مَدارُ الحديث) لەسەر ئەعمەشە كە كەسێكی چەواشەكار (المدلِّس) بووە. پاشان ئەم فەرموودەیە جاڕی كوشتنی هەڵگەڕاوەیەك دەدات كە دەستبەرداری كۆمەڵى موسوڵمانان دەبێت. واتە ئەو كەسەی جەنگ دەكات لەگەڵ كۆمەڵى موسوڵماناندا. لەبەرئەوە دەقی ئەم فەرموودەیە هەر ئەوەیە كە ئێمە دەیڵێین، ئەویش ئەوەیە كەسێك هەڵبگەڕێتەوە و جەنگيش بكات؛ ئەوا دەكوژرێت, نەك تەنھا لەبەر هەڵگەڕانەوەكەى بكوژرێت.

بەڵام ئەو ڕیوایەتانەی كە لێرەو لەوێ لە هاوەڵانەوە ڕیوایەت دەكرێن سەبارەت بە كوشتنی هەڵگەڕاوە، هەموویان بەسەرهاتەكانیان بەشێوەیەك ڕیوایەت كراوە كە لە سیاقی خۆیان دەریان هێناون، وە گومانی تێدا نیە كە ئەم هەڵگەڕاوانە سەرباری هەڵگەڕانەوە بنچینەییەكەیان جەنگیان هەڵگیرساندووە دژی موسوڵمانان.

بەڵام جەنگی هەڵگەڕاوە جەنگێك نەبووە دژی ئەوانەی كە لە ئیسلام هەڵگەڕاونەتەوە، بەڵكو تایبەت بووە بەوانەی كە لەدوای وەفاتی پێغەمبەر (ﷺ) ڕەتیان كردەوە زەكات بدەن بە ئەبوبەكر، وە یاخی بوون لە سەركردەی نوێ واتە ئەبوبەكری ڕاستگۆ. بۆیە ئەم جەنگە جەنگێك بوو دژی ئەوانەی كە یاخی ببوون لە سیستەمێكی سیاسی ساوا، ئەگەر دەرفەیان بدرایە كە یاخی بن؛ ئەوا ئیمپراتۆریەتی ڕۆم و فارس و ئەوانەی لە مەدینەدا لە بۆسەدابوون پەلاماری مەدینەیان دەدا و موسوڵمانانیان ڕیشەكێش دەكرد.

بەڵێ، ئەمانە جەنگیان لەگەڵدا نەكرا لەبەرئەوەی وازیان لە ئيسلام هێنا، چونكە بە تێكڕا وازیان لە ئيسلام نەهێنا بوو. لەبەرئەوە یەكێكیان دەڵێت:

أطعنا رسول الله إذ كان بيننا … فيا لعباد الله ما لأبي بكر؟

أيورثها بكرا إذا مات بعده؟ … وتلك لعمر الله قاصمة الظهر

ئەمانە لە سەركردایەتی ئەبوبەكر جیابوونەوە. هۆزی وا هەبوو بە نیازی پەلاماردانی مەدینە بەڕێكەوت، بۆیە دەبوو جەنگی لەگەڵدا بكرێت وەك بەرگریكردن لە خۆ. وە هەبوو بەستەم و دەستدرێژی هەستا بە كوشتنی موسوڵمانان وەك موسەیلەمەی درۆزن و هۆزەكەی. لەكاتێكدا پێغەمبەری خوا (ﷺ) سوپای بەڕێنەكرد بۆ جەنگكردن لەگەڵیدا تەنھا لەبەرئەوەی كە بانگەشەی پێغەمبەرایەتی كرد و باوەڕی نەكرد بە پێغەمبەر.

بەكورتی، ئیسلام ئازادی ئایینی و بیروباوەڕ بەتەواوەتی دابین دەكات، وە هیچ چەوسانەوەیەكی فیكری تێدا نیە. وە هۆكاری جەنگكردنی لەگەڵ ئەوانی تردا بریتیە لە دەستدریژی كردنی ئەو كەسانە نەك كافربوونیان، بۆیە كافربوون هۆكاری جەنگ و كوشتار نیە لەگەڵ هیچ كەسێكدا، بەڵكو ئەو كەسانە ئازادی ڕەهایان هەیە لە بیروباوەڕدا، وە لێپرسینەوەی كافر لەسەر بێباوەڕیەکەی تەنھا لەلای خوای گەورەیە.

ئەو زیانە زۆرانەی كە لە ئەنجامی كوشتنی هەڵگەڕاوەیەكەوە پەیدادەبێت كە جەنگ ناكات

گریمان ئەم بابەتە بابەتێكی ئیجتیهادیە، وە هیچ دەقێك لەبارەیەوە نیە، لەگەڵ ئەوەی كۆمەڵێك دەقی زۆر هەیە سەبارەت بە ڕێگری كردن لە كوشتنی هەڵگەڕاوەیەك كە جەنگ ناكات، بەڵام دەبێت جەخت بكرێتەوە لەسەر ئەوەی كە كوشتنی هەڵگەڕاوە كۆمەڵێكى زۆر لێكەوتەی خراپی دەبێت، ئەمەش هەندێكیانە:

بێگومان بوار كردنەوە بۆ ئەو كەسەی كە گومانی هەیە لە بیروباوەڕەكانی ئەم ئایینەدا بۆ ئەوەی بە ئازادی گوزارشت بكات لە بۆچوونەكانی خۆی، كارێك دەكات ئێمە لەو بارەيەوە گفتوگۆی لەگەڵدا بكەین و یارمەتی بدەین تێبگات لێیان، وە ئەو وەسوەسانە لابدەین كە لە مێشكیدا هەن، بێگومان ئەمە خێرێكی گەورەی تێدایە؛ چونكە بە پشتیوانی خوای گەورە ئەمە دەبێتە هۆکاری قبوڵ کردنی ئەم ئایینە و پابەندبوون پێیەوە.

بێگومان فشار كردن لە خەڵكی و بەرتەسككردنەوەی ئازادیەكانی بیروباوەڕ پەرچەكردارێكی پێچەوانە دروست دەكات لایان، وە بەوپێیەی كە ئێمە دڵنیاین لە ڕاستی ئایینەكەمان و بەهێزی بەڵگەكانی، وە هەروەها لەوەش دڵنیاین كە ئایینێكی ڕوونە و هیچ ئاڵۆزی و ناڕوونیەكی تێدا نیە، ئیتر لە چی بترسین؟ دەی با بوار بكەینەوە بۆ گفتوگۆكردن دەربارەی ورد و درشتی ئەم ئایینە. ئایا چ بیروباوەڕێك دەتوانێت لەڕووی ئەم ئایینەدا بوەستێت كە خوای گەورە دایبەزاندووە و بۆ هەمیشە پارێزگاری لێ دەكات؟

هیچ كەسێك لەوانەی كە دەڵێن هەڵگەڕاوە دەكوژرێت ڕزگاریان نابێت لەوەی یەكێك لە موسوڵمانان تەكفیری بكات، وە ئەگەر بڕیاری كوشتنی هەڵگەڕاوەماندا؛ ئەوا پێویستە جیھانی ئیسلامی خۆی دروێنە بكات و یەكتری ڕیشەكێش بكەن، وە هیچ كەسێك ڕووبەڕووی خەڵكی ئایینەكانی تر نابێتەوە؛ چونكە لە بنچینەدا ئەوان ئەهلی كیتابن.

بێگومان ئازادی بیروڕا دەستەبەری لەناوچوون و كۆتایی هێنان بە بیروباوەڕی‌ لادەر و خوار و خێچ دەكات، كە گەشە ناكات مەگەر لە تاریكایی و ژێر زەویدا، وە هیچ پاساوێك بۆ بوونی نیە مەگەر بە پێچخواردن بەدەوری خۆیدا و گۆشەگیربوونی،ئەو ڕۆژەی دەرگای گفتوگۆ دەخرێتە سەرپشت ئەم بیروباوەڕە‌ بەخێرایی هەرەس دەهێنێت. {فَأَمَّا الزَّبَدُ فَيَذْهَبُ جُفَاءً وَأَمَّا مَا يَنفَعُ النَّاسَ فَيَمْكُثُ فِي الأرْضِ}

هەڵبەت كوشتنی كەسێكی هەڵگەڕاوە كە جەنگاوەر نەبێت، وێنەیەكی ناشیرینی ئیسلام پیشانی جیھان دەدات؛ چونكە ناچاركردنی شوێنكەوتووانی ئایینێك بۆئەوەی واز لەو ئایینە نەهێنن ئەوەی لێ دەفامرێتەوە كە ئەو ئايینە هیچ بنەمایەكی ناوەكی نیە تاكو بیپارێزێت.

دیارە شوێنی بیروباوەڕ بریتیە لە دڵ، وە ناكرێت ئادەمیزاد ناچار بكرێت لەسەر وەرگرتنی بیروباوەڕێك یان وازلێھێنانی. ئەمەش مانای ئەوەيە كە ئێمە نامانەوێت تابوری پێنجەم لەناوخۆماندا دروست بكەین، با دوژمنكانی ئەم ئایینە دەربكەون، وە هیچ سوودێك نیە لەوەدا كە بەشاراوەیی بمێننەوە، بەڵكو لەمەدا زیانێكی ئاشكرا هەیە.

بێگومان كوشتنی كەسێكی هەڵگەڕاوە كە جەنگاوەر نەبێت كارێك دەكات ناموسوڵمانەكان بەتەواوەتی دوور بكەونەوە لە ئایین، ڕەنگە ئەوە بە خەیاڵی یەكێك لە كافرەكاندا بێت كە بچێتە ناو ئیسلام بۆ ئەوەی ئاشنابێت بەهەندێ لایەنی مەزنی ئەو ئایینە، بەڵام خێرا وازدەهێنێت لەوەی كە بە قووڵی توێژینەوەی لەبارەوە بكات تەنھا لەبەر بیستنی ئەو سزا سەختەی كە چاوەرێی دەكات ئەگەر شتێكی تری بینی جیاواز لەوەی كە چاوەڕوانی دەكرد.

بێگومان كۆكردنەوەی حوكمى كوشتنی هەڵگەڕاوە لەگەڵ پێویستی بانگەوازكردنی ناموسوڵمانان بۆ هەڵگەڕانەوە لە ئایینی خۆیان و باوەڕهێنان بە ئیسلام بەیەكەوە بەپێچەوانەی ئەو دادگەریە لەقەڵەم دەدرێت كە قورئانی پیرۆز جاڕی بۆ دەدات. ئەمەش‌ لەبەرئەوەی ئێمە بەردەوام داوا دەكەین لەوانی تر كە بێنەناو ئایینەكەمانەوە؛ چونكە باوەڕمان وایە كە ئایینێكی ڕاست و دروستە و لەلایەن خواوە دابەزێنراوە، پێویستە لەسەرمان كە ڕێگە بدەین بەوانی تر كە بانگەواز بكەن بۆ ئایینی خۆیان، وە بەزەبری هێز ڕێگری نەكەین لەوەی موسوڵمانێك لە ئێمە ئایینەكەی خۆی بگۆڕێت ئەگەر قەناعەتی كرد بەوەی كە لای ئەوانی ترە.

بێگومان هەندێ ناموسوڵمان ڕێگری دەكەن لە مناڵەكانیان لە بیستنی بەڵگە ئیسلامیە دەمكوتكەرەكان و پیێیان دەڵێن: بێگومان موسوڵمانان ڕێگری دەكەن لە ڕۆڵەكانیان كە وازبھێنن لە ئایینەكەی خۆیان، ئێمەیش بەهەمان شێوە ڕێگری دەكەین كە ئێوە واز لە ئايينەكەی خۆتان بھێنن، بەڵكو تەنانەت لەوەش كە گوێ لە موسوڵمانان بگرن، وە پێویسته لەسەر‌ هەموو كەسێك كە پارێزگاری لە ئایینەكەی خۆی بكات. گومانی تێدا نیە كە ئەمە زیانی تێدایە بۆ ئیسلام؛ چونكە ئایینێكە تەبایە لەگەڵ سروشت و ژیریدا بەجۆرێك هەركەسێك بابەتیانە بە ویژدان و دڵسۆزی و نیازپاكیەوە توێژینەوە لەم ئایینە بكات ئەوا باوەڕی پێدەهێنێت.

وە لەمەدا سەركەوتن هەیە بۆ ناموسوڵمانەكان ئەوانەی خاوەنی بیروباوەڕی پووچن، كە لەم خستنەڕووەدا پەناگایەك دەدۆزنەوە بۆ پاراستنی ئەندامەكانیان. بەڵام ئەگەر بە بەردەوامی دەرگای گفتوگۆ و دانوستاندنمان خستە سەر پشت لەگەڵ بیروباوەڕە لادەرەكاندا؛ ئەوا هەرگیز ناتوانن ڕووبەڕوومان ببنەوە، بەمەش دواجار پاش ماوەیەك شوێنكەوتوانیان وازیان لێ دەهێنن.

بێگومان قوربانیدان لەپێناو بیروباوەڕێكدا دەبێتە هۆى بەهێزبوونى ئەو بیروباوەڕە، وە گیان بەخشین لە ڕێگاكەیدا زیندووی دەكاتەوە. دیارە ئەگەر موسوڵمانان پرۆسەی كوشتنی ئەوانە پیادە بكەن كە بیروباوەڕی خۆیان دەگۆڕن؛ ئەوا بەم كارەیان كاردەكەن بۆ بڵاوكردنەوەی ئەو بیروباوەڕە پووچە و پشتگیری كردنی بە چاكترین و جوانترین شێواز.

خەڵكی هاوسۆزی دەنوێنن لەگەڵ كەسی چەوساوە و ستەملێكراودا، وە بە پرۆسەی كوشتنی هەڵگەڕاوە جیھانێكی هاوسۆز دروست دەكەین لەگەڵ كافرەكاندا.

وە دەكرێت ئەم بڕیارە بەكاربھێنرێت بۆ كوشتنی هەر ئادەمیزادێك كە ئۆپۆزسیۆنی سیستەمی دەسەڵات بێت، بەتۆمەتباركردنی بەوەی كە بەتەواوەتی پەیوەندی پچڕاوە لەگەڵ ئاییندا بۆئەوەی بیانوو بھێنرێەوە بۆ كوشتنی. ئاى تۆمەتبار كردن چەند ئاسانە! بۆیە بێگومان ئەمە دەرگایەكە بۆ‌ شەڕێكی گەورە‌.

كوشتنی هەڵگەڕاوە دەبێتە هۆی ترسانی خەڵكی لە گوزارشتكردن لە بۆچوونەكانیان و دەربڕینی گومانەكانیان، دواجار زاناكان هەرگیز ناتوانن هەستن بە لابردنی ئەو گومانانەی كە لە مێشكی موسوڵماناندا دروست دەبێت، وە بێگومان ئەم گومانانە كەڵەكە دەبن، وە كاری خۆیان دەكەن لە دەروونی كەسە لاوازەكاندا تاكو دەبنە هۆی كافربوونیان.

بێگومان ئەم بڕیارە دەبێتەهۆی شەرمەزاریەكی زۆر بۆ موسوڵمانان لە جیهاندا، هەڵبەت هەندێ كەس داوای پەنابەریتی سیاسی دەكەن لە دەوڵەت دیموكراتیەكان بەو پاساوەی كە ئەو دەوڵەتە ئیسلامیەی تێيدا دەژی دەیەوێت بیكوژێت؛ چونكە ئەم دەیەوێت گوزارشت لە هەندێ بۆچوونی خۆی بكات. ئینجا هۆكارەكانی ڕاگەیاندن ئەم بابەتە بەكاردەهێنن بۆ مەبەستی خۆیان، وە ئەم پاكتاوكردن و چەوساندنەوە و ڕێگریكردنە لە ئازادی بیروڕا پیشانی جیھان دەدەن كە موسوڵمانان ئەنجامی دەدەن.

ئەگەر فرە مەزهەبی لەناو دەوڵەتی ئیسلامیدا هەبێت، وە ئەو دەوڵەتە بڕیاری گوشتنی هەڵگەڕاوە بدات؛ ئەوا دەرگای ناكۆكی و جیاوازی لەسەر خۆی دەخاتەسەرپشت كە هۆكارەكەی بریتی دەبێت لە ڕێكنەكەوتن لەسەر پێناسەی هەڵگەڕاوە. لەكاتێكدا هەندێ لە زاناكان تەكفیر كورت دەكەنەوە لە بیروباوەڕدا، هەندێكی تریان هەندێ كردەوەی بۆ زیاد دەكەن، پاشان ئەوان ناكۆك دەبن لە دیاریكردنی ئەو كردەوانەی كە مرۆڤ لە ئایین دەكەنە دەرەوە.

ئایا ئەم زیانە مەترسیدارانە بەس نین بۆ شەرعناسە هاوچەرخەكان كە بیربكەنەوە لەوەی چ مەینەتی و ناسۆريەك تووشی ئەم ئوممەتە دەكەن بەهۆی دووركەوتنەوەیان لە قورئانی پیرۆز كە دووپاتی دەكاتەوە هیچ زۆرلێكردنێك لەم ئایینەدا نیە؟

وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمين