مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) دەفەرموێت:
“ئەی ئەو كەسانەی خۆتان بە ئەندامی كۆمەڵەكەم دەزانن، ئێوە لە ئاسماندا بە كۆمەڵی من هەژمار ناكرێن ئەگەر بەڕاستی و دروستی بە ڕێگاكانی تەقوادا نەڕۆن. بۆیە هەر پێنج نوێژەكەتان بە ترس و بە ملكەچیەوە ئەنجام بدەن وەك ئەوەی خوای گەورە دەبینن، وە بە دڵێكی سافەوە لەبەر خاتری خوای گەورە ڕۆژوو بگرن، وە هەركەسێك زەكاتی لەسەر فەرزە با بیدات، وە هەركەسێك حەجی لەسەر فەرزە با حەج بكات مادام هیچ ڕێگرێك نیە. بە باشترین شێوە كاری خێر بكەن، وە واز لە شەڕ بهێنن و ڕقتان لێی بێت. بەدڵنیاییەوە بزانن هیچ كردەوەیەك ناگاتە لای خوا ئەگەر خاڵی بێت لە تەقوا.” (كەشتی نووح، گەنجینە ڕۆحانیەكان، بەرگی 19 لاپەڕە 15)
“سێیەم پایەی ئیسلام بریتیە لە ڕۆژوو، بەڵام خەڵكی حەقیقەتی ڕۆژوو نازانن… فیترەتی مرۆڤ بەجۆرێكە هەتا خواردنی كەمتر بێت، پاكبوونەوەی دەروونی زیاتر دەبێت و هێزەكانی كەشف تێیدا زیاتر دەبن. بۆیە خوای گەورە بەهۆی ڕۆژووەوە دەیەوێت خواردنێك كەم بكەینەوە و خواردنێكی تر زۆر بكەین. پێویستە لەسەر ڕۆژووەوان هەمیشە لەبیری بێت كە ڕۆژوو تەنها مانای برسێتی نیە، بەڵكو دەبێت سەرقاڵی زیكری خوای گەورە بێت تاوەكو بە ئاسانی بتوانێت لە هەموو شتێك دابڕێت بۆ خوا (عز وجل). ڕۆژوو تەنها بریتیە لەوەی مرۆڤ ئەو خۆراكە، كە تەنها یارمەتی گەشەی جەستە دەدات، بگۆڕێت بە خۆراكێكی تر كە بەهۆیەوە ڕۆح تێر دەخوات و ئۆقرە دەگرێت”. (تەفسیری مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) بۆ فەرمایشتی خوای گەورە ﴿كُتِبَ عَلَيۡكُمُ ٱلصِّيَامُ﴾)
“الرَمَض واتە: گەرمی خۆر، وە لەبەرئەوەی مرۆڤ لە لایەكەوە دەست دەگرێتەوە لە خواردن و خواردنەوە و چێژە جەستەیەكانی تر، وە لە لایەكی ترەوە لە ناخیدا گەرمی و جۆش و خرۆشێك دروست دەكات بۆ كاركردن بە فەرمانەكانی خوای گەورە، بۆیە كاتێك گەرمی ڕۆحانی و گەرمی جەستەیی یەكیان گرت دەبنە (رمضان) واتە دوو گەرمی…
﴿شَهۡرُ رَمَضَانَ ٱلَّذِيٓ أُنزِلَ فِيهِ ٱلۡقُرۡءَانُ﴾… بەم تاقە ڕستەیە گەورەیی مانگی ڕەمەزان دەردەكەوێت. سۆفیەكان نووسیویانە ئەم مانگە زۆر گونجاوە بۆ ڕووناككردنەوەی دڵ، وە تێیدا مرۆڤ بەڕێژەیەكی زۆر بەهرەمەند دەبێت لە كەشفەكان. نوێژ دەروون پاك دەكاتەوە، وە بەهۆی ڕۆژووەوە دڵ بەهرەمەند بێت لە درەوشانەوە. مەبەست لە پاككردنەوەی دەروون ئەوەیە كە بەندە دوور بێت لە ئارەزووەكانی دەروونی بەدخواز (النفس الأمارة)، وە درەوشانەوە لەسەر دڵ واتە دەرگای كەشفی بۆ بكرێتەوە بەجۆرێك خوای گەورە ببينێت”. (تەفسیری مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) بۆ فەرمایشتی خوای گەورە ﴿شَهۡرُ رَمَضَانَ ٱلَّذِيٓ أُنزِلَ فِيهِ ٱلۡقُرۡءَانُ﴾)
“ڕۆژوو تەنها ئەوە نیە مرۆڤ برسی و تینوو بێت، بەڵكو حەقیقەت و كاریگەری خۆی هەیە كە مرۆڤ لە ڕێگەی ئەزموونەوە پێیان دەزانێت. سروشتی مرۆڤ وەهایە هەتا كەمتر بخوات زیاتر پاكبوونەوەی دەروون بەدەستدەهێنێت، وە هێزە كەشفیەكانی زیاتر دەبن”. (وتەكان (الملفوظات)، بەرگی 9، لاپەڕە 123)
“ڕەمەزان لای هەندێ كەس وەك ڕۆژانی خواردن و پشوودان وایە؛ تێیدا شیرینی و گوشتی برژاو و خواردنی سوورەوەكراو زۆر دەخۆن، بە قەڵەوی لێی دەردەچن هەروەك چۆن ئەسپ لە ڕۆژانی پشوو و خواردنیدا قەڵەو دەبێت. ئەم شتانە مرۆڤ بێبەش دەكەن لە زۆرێك لە بەرەكەتەكانی ڕەمەزان.” (الفتاوی الأحمدیة (فەتواكانی مەسیحی بەڵێندراو علیه السلام)، لاپەڕە 206)
“جارێكیان دەربارەی فەرمانی پێدانی فیدیە پرسیارێك بە مێشكمدا هات، ئینجا زانیم كە فیدیە دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی یارمەتی بۆ گرتنی ڕۆژوو. خوای گەورە یارمەتیدەرە بۆ جێبەجێكردنی هەموو شتێك، بۆیە پێویستە هەموو شتێك تەنها لە خوا داوا بكەین. ئەو بەتوانایە و ئەگەر بیەوێت ئەوا دەتوانێت هێزی ڕۆژووگرتن ببەخشێت تەنانەت بە كەسێك كە تووشی نەخۆشی سیل بووە. بۆیە گونجاوترین شت بۆ ئەو كەسەی لە ڕۆژوو بێبەشە ئەوەیە لە خوای گەورە بپاڕێتەوە و بڵێت: پەروەردگارا! ئەم مانگەی تۆ مانگێكی پیرۆزە و من هێشتا بێبەشم لە بەرەكەتەكانی، وە نازانم ئایا ساڵی داهاتوو لە ژیاندا دەمێنم یان نا، یان ئایا دەتوانم ڕۆژووە فەوتاوەكانم بگرمەوە یان نا. بۆیە پێویستە داوای یارمەتی لە خوای گەورە بكات. وە من دڵنیام كە خوای گەورە یارمەتی كەسێكی لەو شێوەیە دەدات”. (الفتاوی الأحمدیة، لاپەڕە 175)
“لەڕاستیدا پارێزكاری لەوەدایە كاربكرێت بەو ڕوخسەتانەی لە قورئانی پیرۆزدا هاتوون. خوای گەورە ڕوخسەتی داوە بە گەشتیار و نەخۆش كە لە ڕۆژانی تردا لەدوای ڕەمەزان ڕۆژوو بگرنەوە. بۆیە دەبێت كار بەم ڕوخسەتانە بكرێت. من خوێندوومەتەوە كە زۆربەی زانا گەورەكانی ئوممەت فەتوایان داوە كە ڕۆژووگرتن لەكاتی سەفەر و نەخۆشیدا سەرپێچیە؛ چونكە ئامانجی ئێمە بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خوایە، ڕەزامەندی خوایش تەنها لە گوێڕایەڵیدایە. بۆیە پێویستە كار بكرێت بەو شتەی خوای گەورە فەرمانی پێ كردووە بەبێ ئەوەی لای خۆمانەوە ڕوونكردنەوە و فەتوای بۆ زیاد بكەین. ئەوەی خوای گەورە فەرمانی پێ كردووە بریتییە لە: ﴿فَمَن كَانَ مِنكُم مَّرِيضًا أَوۡ عَلَىٰ سَفَرٖ فَعِدَّةٞ مِّنۡ أَيَّامٍ أُخَرَۚ﴾، وە لێرەدا مەرجی دانەناوە كە سەفەرەكە درێژ بێت یان نەخۆشیەكە سەخت بێت. بۆیە من لە كاتی سەفەر و نەخۆشیدا ڕۆژوو ناگرم. هەروەها ئەمڕۆش ڕۆژووم نەگرت چونكە نەخۆشم”. (وتەكان (الملفوظات)، بەرگی 5، لاپەڕە 67-68)
“ئەو كەسەی لە ڕەمەزاندا لەكاتی سەفەر و نەخۆشیدا بەڕۆژوو دەبێت، بێگومان سەرپێچی لە فەرمانی ئاشكرای خوای گەورە دەكات. خوای گەورە بە ڕوونی فەرموویەتی كە گەشتیار و نەخۆش ڕۆژوو نەگرن، بەڵكو دوای چاكبوونەوە و كۆتایی هاتنی سەفەرەكەیان ڕۆژووەكە بگرنەوە. بۆیە پێویستە بەپێی فەرمانی خوا كار بكرێت، چونكە ڕزگاربوون پەیوەستە بە فەزڵی خوای گەورەوە، وە هیچ كەسێك ناتوانێت بەهۆی كردەوەكانی خۆیەوە ڕزگاری بێت. وە خوای گەورە سەفەری دیارینەكردووە كە كورت بێت یان درێژ، هەروەها نەخۆشیشی دیارینەكردووە كە ئاسان بێت یان سەخت، بەڵكو فەرمانەكە گشتیە و دەبێت كاری پێ بكرێت. بۆیە ئەگەر گەشتیار و نەخۆش ڕۆژوو بگرن، ئەوا بە سەرپێچیكار هەژمار دەكرێن”. (ڕۆژنامەی “بەدر”، 17ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1907)
“برامان عەبدوڵڵا سەنووری (ڕەزای خوای لێ بێت) پێی ڕاگەیاندم كە لە مانگی ڕەمەزاندا میوانێك هاتە لای حەزرەتی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) و بەڕۆژوو بوو، وە بەشێكی زۆری ڕۆژەكە تێپەڕیبوو، لەوانەیە كاتەكە دوای نوێژی عەسر بووبێت، ئەویش (علیه السلام) پێی فەرموو: “دەبێت ڕۆژووەكە بشكێنیت” میوانەكە گوتی: لە ڕۆژەكە تەنها كەمێكی ماوە، بۆیە ئێستا شكاندنی چ سوودێكی هەیە؟ ئەویش (علیه السلام) فەرمووی: “تۆ دەتەوێت بە هێز و بازووی خۆت خوا ڕازی بكەیت، لەكاتێكدا خوای گەورە بە هێز و توانا ڕازی ناكرێت بەڵكو بە جێبەجێكردنی فەرمانەكەی ڕازی دەكرێت. مادام خوای گەورە فەرمانی بە گەشتیار كردووە كە ڕۆژوو نەگرێت، كەواتە پێویستە ڕۆژوو نەگرێت. ئینجا میوانەكە ڕۆژووەكەی شكاند”. (سیرة المهدي، بەرگی 1، ڕیوایەتی ژمارە 177)
“كاتی نزیكبوونەوەی كۆچی دوایی باوكم، ڕێكەوت وا بوو جارێك لە خەودا كەسێكی بەتەمەنی ڕووخۆشم بینی، شتێكی پێ گوتم كە ماناكەی ئەمە بوو: “ڕۆژووگرتن بۆ چەند ڕۆژێك بۆ پێشوازیكردن لە نوورە ئاسمانیەكان سوننەتی ماڵی پێغەمبەرایەتیە”. وە ئاماژەی پێدام كە چاو لەم پێشەنگیەی ئەهل و بەیت بكەم. بۆیە بە گونجاوم زانی كە بۆ ماوەیەك ڕۆژوو بگرم. وە یەكسەر ئەوە هات بە مێشكمدا كە باشترە بە نهێنی ئەم كارە بكەم. بۆیە خواردنەكەم لە ماڵەوە داوا دەكرد بۆ ژووری میوان و بە نهێنی بەسەر ئەو هەتیوانەدا دابەشم دەكرد كە پێشتر جەختم لێ كردبوونەوە لەكاتی دیاریكراودا ئامادە بن. بەم شێوەیە بەدرێژایی ڕۆژ بەڕۆژوو دەبووم، وە جگە لە خوا كەسی تر بەم ڕۆژووەی نەدەزانی… بەم شێوەیە بۆ ماوەی هەشت یان نۆ مانگ بەردەوام بووم، سەرەڕای كەمی ئەو خواردنەی كە دەمخوارد بەجۆرێك مناڵێكی تەمەن دوو یان سێ مانگیش تێری پێ نەدەخوارد.. بەڵام خوای گەورە لە هەموو خراپە و ناخۆشیەك پاراستمی. لەو شتە سەرسوڕهێنەرانەی كە لە ڕێگەی ئەم جۆرە ڕۆژووەوە بەدەستم هێنا، ئەو كەشفە وردانە بوون كە بۆم ئاشكرا بوون.. بەجۆرێك چاوم بە چەندین پێغەمبەری بەڕێز كەوت.. هەروەها چاوم كەوت بە هەندێ لە گەورە پیاوچاكان و ئەولیای موسوڵمانان كە پێشتر وەفاتیان كردبوو. وە لە حاڵەتی تەواو بێداریدا پێغەمبەری خوام ﷺ بینی كە لەگەڵ حەسەن و حوسەین و عەلی و فاتیمەدا بوو (رضي الله عنهم). ئەوەی بینیم لە خەودا نەبوو بەڵكو لە حاڵەتی بێداریدا بوو….
جگە لەوەش.. نوورە ڕۆحانیەكانم بەشێوەی نواندن بینی لە شێوەی چەندین كۆڵەكەدا كە ڕەنگی جیاوازیان هەبوو وەك سەوز و سوور، ئەوەندە جوان و كاریگەر دەردەكەوتن كە مرۆڤ دەستەوسانە لە وەسفكردنیان. وە ئەو كۆڵەكە نوورانیانە بەرەو ئاسمان بەرز بووبوونەوە، هەندێكیان سپیەكی درەوشاوە و هەندێكیان سەوز و هەندێكی تریان سوور بوون، هەموویان بەشێوەیەكی تایبەت پەیوەستبوون بە دڵمەوە، بەجۆرێك خۆشی و ئاسوودەییان دەخستە دڵەوە، تەنانەت كاتێك سەیرم دەكردن هەستم بەوە دەكرد كە دڵم بەشێوەیەكی تایبەت مەست دەبێت كە بە هیچ شێوەیەك چێژەكەی بەراورد ناكرێت بە هیچ شتێكی تر. وە پێم وا بوو ئەو كۆڵەكە ڕۆحانیانە گوزارشتن لە خۆشەویستی دوولایەنەی نێوان خوا و مرۆڤ.. ئەمەش واتای ئەوەیە كە نوورێك لە دڵەوە بەرزبووەتەوە و نوورێكی تریش لە سەرەوە دابەزیوە.. وە كاتێك بەیەك گەیشتوون شێوەی كۆڵەكەیەكی نووریان پێكهێناوە. ئەم بابەتە ڕۆحانیانە لەو شتانەن كە ئەهلی دنیا ناتوانن تێبگەن لێیان، چونكە دوورن لە بینایی ئەوانەوە، بەڵام كەسانێك هەن كە خوای گەورە لە دنیادا چاكەی لەگەڵدا كردوون بەوەی پەی دەبەن بەم بابەتانە و تێدەگەن لێیان.
لەو شتە سەرسوڕهێنەرانەی كە لەو ماوەیەی ڕۆژووەكەدا بۆم ئاشكرا بوون بریتی بوو لە جۆرەها كەشف. وە لە ڕێگەی ئەم ئەزموونەشەوە ئەو سوودەیشم وەرگرت كە ئەگەر پێویست بكات ئەوا بۆ ماوەیەكی زۆر بەرگەی برسێتی دەگرم. وە چەندین جار بە مێشكمدا هات كە ئەگەر كەسێكی قەڵەوی زۆرانبازی بەهێز ناچار بكرێت لەگەڵ مندا بەرگەی برسێتی بگرێت، ئەوا ئەو دەمرێت پێش ئەوەی من هەست بەوە بكەم كە پێویستم بە خواردنە…. وە من دڵنیام ئەو كەسەی تامەزرۆی ژیانی خۆشگوزەرانی و پشوودان بێت، ناگاتە پلەوپایە ڕۆحانیەكان. بەڵام ئامۆژگاریی هیچ كەسێك ناكەم كە ئەم جۆرە ڕۆژووە بگرێت.. هەروەك چۆن منیش لەسەر بنەمای بۆچوون و هەڵبژاردنی خۆم ئەنجامم نەداوە… بزانن من تەنھا بە فەرمانی خوا كە لەڕێگەی كەشفی ڕوونەوە پێم گەیشت خۆم تووشی ئەم ناڕەحەتیە جەستەییە كرد بۆ ماوەی هەشت یان نۆ مانگ كە تێیدا برسێتی و تینوێتیم چەشت، وە دواتر تەنها بە دەگمەن نەبێت دووبارەم نەكردەوە.” (كتاب البرية، گەنجینە ڕۆحانیەكان، بەرگی 13 لاپەڕە 197-200 پەراوێز)
وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمين