ئەم وتارە لە كتێبی (فەلسەفەی فێركارییەكانی ئیسلام)ی ئیمام مەهدی و مەسیحی بەڵێندراوەوە (سڵاوی خوای لێ بێت) وەرگیراوە. لە بنچینەدا ئەم كتێبە بەنرخە وتارێك بوو بەڕێزی (سڵاوی خوای لێ بێت) هەستا بە نووسینی و یەكێك لە هاوەڵەكانی بەناوی عەبدولكەریم سیاڵكوتی (ڕەزای خوای لێ بێت) لە كۆنگرەی ئایینەكان لە لاهۆر پێشكەشی كرد لە بەرواری 26-28 كانوونی یەكەمی ساڵی 1896.
وە پێویست بوو لەسەر هەموو ئەو كەسانەی كه نوێنەرایەتی ئایینە جۆراوجۆرەكانیان دەكرد پشت ببەستن بە كتێبە پیرۆزەكانیان بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پێنج پرسیارەی خوارەوە:
1) دۆخی سروشتی و ئەخلاقی و ڕۆحی ئادەمیزاد.
2) دۆخی ئادەمیزاد دوای مردن.
3) ئامانجی ڕاستەقینەی ژیانی دنیایی ئادەمیزاد و هۆكارەكانی بەدیھاتنی.
4) كاریگەری كردەوەكان لەسەر ژیانی ئادەمیزاد لە دنیا و دواڕۆژدا.
5) هۆكارەكانی زانیاری… واتە زانستی ڕاستەقینە.
بێگومان ئیمامى مەهدی بە پشتیوانی تایبەتی خوای گەورە ئەم وتارەی نووسی، وە ڕایگەیاند خوای گەورە بە وەحی مژدەی پێداوە كە ئەم وتارەی ئەو سەردەكەوێت بەسەر هەموو ئەو بابەت و وتارانەی تردا كە نوێنەری ئایینە جۆراوجۆرەكان پێشكەشی دەكەن.
ئەوە بوو بەڕێزی هەستا بە بڵاوكردنەوەی ئەم هەواڵه مەزنە خواییە بەشێوەیەكی بەرفراوان لە هەموو ناوچەكانی هيندستاندا… لە ڕۆژنامەكاندا ئاگاداریەكان بڵاوكرانەوە، وە بڵاوكراوەكان دابەشكران، وە لەزۆربەی شوێنەكانی لاهۆردا لافیتە هەڵواسرا وەك هاندانێك بۆ خەڵكی كە ئامادەبن لەم كۆنگرەيەدا بۆ گوێبیستی وتارەكەی ئەو (سڵاوی خوای لێ بێت).
ڕۆژنامە و گۆڤارە جیھانیەكان لێدوانە بەنرخەكانی خۆیان بڵاوكردەوە دەربارەی ئەم كتێبە، لە خوارەوە هەندێكیان باس دەكەین:
ڕۆژنامەی (بريستڵ تايمز ئاند ميرەر Bristol Times and Mirror نووسیویەتی:
گومانی تێدا نیە ئەو كەسەی بەم شێوازە خەڵكی ئەوروپا و ئەمریكا دەدوێنێت ئادەمیزادێكی ئاسایی نیە.
وە ڕۆژنامەی (سپیریچوۆڵ جۆرنەڵ spiritual Jornal) لە بۆستن دەڵێت: بێگومان ئەم كتێبە مژدەیەكی گەورەیە بۆ مرۆڤایەتی.
وە لە (ثيوسۆفيكاڵ بوك نۆتس Theosophical Book Notes)دا هاتووە: ئەم كتێبە بەچاكترین و جوانترین شێوە ئایینی موحەممەدی پێشكەش كردووە.
وە گۆڤاری (مۆزڵم ڕیڤیو Moslem Review) بەم ڕستەیە لێدوانی داوە: خوێنەر لەم كتێبەدا كۆمەڵێك بیرۆكەی ڕاست و حەقیقەتی ورد دەبینێت كە خۆراكی ڕۆحن.
* دۆخی ئادەمیزاد چۆنە دوای مردن؟
* ڕاستی نیعمەتەكانی بەهەشت.
* سێ زانیاری قورئانی دەربارەی جیھانی دواڕۆژ.
* زانیاری یەكەم.
* سێ بەشی زانست.
* سێ جیھانەكە.
* جیھانی بەرزەخ.
* دەبێت رۆح جەستەی هەبێت.
* ئەزموونێكی خۆیی.
* جیھانی زیندووبوونەوە.
* لابردنی تێگەيشتنێكی هەڵە.
* زانیاری دووەم
* سێبەرێكی سێ چوكڵە (لق).
* وەسفێكی نمایشتكاری بۆ نیعمەتەكانی بەهەشت.
* زانیاری سێيەم
دۆخی ئادەمیزاد چۆن دەبێت دوای مردن؟
لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەڵێم كە دۆخی ئادەمیزاد دوای مردن لە ڕاستیدا دۆخێكی نوێ نیە، بەڵكو هەمان دۆخە دنیاییەكەیە كە لەو ڕۆژەدا بە ڕوونیەكی زیاتر دەردەكەوێت. بێگومان چۆنێتی بیروباوەڕەكان و كردەوەكان _چاك بن یان خراپ_ لەم جیھانەدا لە ناخی ئادەمیزاددا شاردراوەتەوە، وه دەبێتە هۆی دروستبوونی كاریگەریەكی شاراوەی تەندروست یان ژەهراوی لە بوون و قەوارەیدا، بەڵام لە جیھانی دواڕۆژدا ئەم بابەتە بەم شێوەیە نامێنێتەوە، بەڵكو هەموو ئەم بارودۆخانە بەشێوەیەكی ئاشكرا دەردەكەون.
لە جیھانی خەوندا نموونەیەكمان لەسەر ئەمە دەستدەكەوێت، هەڵبەت ئەو دۆخەی كە زاڵە بەسەر لاشەدا بەشێوەیەكی بەرجەستە و فیزیكی لە جیھانی خەوندا دەردەكەوێت. بۆ نموونە زۆرجار نەخۆش لە خەونیدا ئاگر و بڵێسەكەی دەبینێت پێش ئەوەی تووشی تا بێت، وە ئەو كەسەی دووچاری ئەنفلەوەنزا و پەتا و ئارەقكردنەوە دەبێت دەبینێت لەناو ئاودایە. وە هەروەها، هەڵبەت ئەو دۆخەی نەخۆشی كە لاشە تووشی دەبێت چۆنێتیەكانی بەشێوەی نواندن دەردەكەون لە جیھانی خەوندا.
حەقیقەتی نیعمەتەكانی بەهەشت
بەسەرنجدان لە جیھانی خەون هەموو ئادەمیزادێك دەتوانێت پەی بەوە ببات كە ئەم ڕێوشوێنە لە جیھانی دواڕۆژیشدا بەردەوام كارایە. دەی هەروەك خەون گۆڕانێكی دیاریكراو لەناوماندا دروست دەكات… وە دۆخە ڕۆحیەكانمان پیشان دەدات بەشێوەیەكی بەرجەستە.. بەهەمان شێوە لەو جیھانەشدا هەمان شت ڕوودەدات، بۆیە لەو ڕۆژەدا كردەوەكانی ئێمە و ئەنجامەكانیان بەشێوەی كۆمەڵێك وێنەی فیزیكی دەردەكەون، وە لەبەرچاوماندا هەموو ئەو شتانە بەجوانی دەردەكەون كە لەم دنیایەدا بەشێوەیەكی شاراوە و نادیار لەگەڵماندا بوون.
وە هەروەك چۆن كەسی خەوتوو دڵنیایە لەوەی ئەو دیمەنە جۆراوجۆرانەی كە بەشێوەی نواندن لە خەونیدا دەیانبینێت كۆمەڵێك بابەتی ڕاستەقینەن، وە هەرگیز خەیاڵی ئەوە ناكات كە ئەم دیمەنانە تەنھا بەشێوەی نواندن دەركەوتبن، هەمان شت ڕوودەدات لەو جیھانەدا، بەڵكو لەڕاستیدا خوای گەورە لەو ڕۆژەدا توانای نوێی خۆی دەردەخات لەڕێگەی ئەم نواندنانەوە؛ چونكە خوای گەورە خۆی بریتیە لە توانای كامڵ. كەواتە ئەگەر ئەم بارودۆخانەی ژیانی دواڕۆژ بە نواندن ناونەبەین، بەڵكو بڵێین ئەمانە دروستكردنێكی نوێ و تازەن، وە بەهۆی توانای خوای گەورەوە ئەنجام دراون؛ ئەوا ئەم قسەیە قسەیەكی دروستە و ڕاستترین قسەیە.
خوای گەورە دەفەرموێت: {فَلَا تَعْلَمُ نَفْسٌ مَا أُخْفِيَ لَهُمْ مِنْ قُرَّةِ أَعْيُنٍ جَزَاءً بِمَا كَانُوا يَعْمَلُونَ} (السجدة: 18) واتە هیچ كەسێكی چاكەكار نازانێت ئەو نیعمەتانە چین كە بۆی حەشار دراوە لە جیھانی دواڕۆژدا. بێگومان خوای گەورە وەسفی نیعمەتەكانی دواڕۆژی كردووە بەوەی كە شاراوەیە لێمان… هیچ نموونەیەكیان نیە لە نیعمەتەكانی دنیادا. وە ئاشكرایە كە نیعمەتەكانی دنیا شاراوە نین لێمان، دیارە ئێمە شیر و هەنار و ترێ دەناسین و هەمیشە لێیان دەخۆین. لەمەوە دەردەكەوێت كە نیعمەتەكانی جیھانی دووەم ئەو نیعمەتانە نین كە لەم جیھانەدا هەن، بەڵكو تەنھا لە ناودا هاوبەشن. ئەوەی باوەڕی وابێت كە بەهەشت پێكھاتووە لەو شتانەی كە لەم دنیایەدا هەن؛ ئەوا یەك پیت لە قورئان تێنەگەيشتووە.
گەورە و سەردار و پێغەمبەرمان لە شرۆڤەی ئەو ئایەتەی سەرەوەدا كە وەسفی بەهەشت و نیعمەتەكانی دەكات دەفەرموێت: “خودا بۆ بەندە ساڵحەكانی خۆی كۆمەڵێك نیعمەتی ئامادە كردووە كە نە چاو بینیویەتی و نەگوێ بیستوویەتی و نە بەدڵی مرۆڤیشدا هاتووە.” لەگەڵ ئەوەی ئێمە بەچاوی خۆمان نیعمەتەكانی دنیا دەبینین و باسی ئەو نیعمەتانە دەبیستین و بە خەیاڵیشماندا دێت.
وە لەبەرئەوەی خودا و پێغەمبەرەكەی وەسفی نیعمەتەكانی بەهەشتیان كردووە بەوە كە شتانێكی نامۆن… ئەوا زۆر لە قورئان لامانداوە ئەگەر باوەڕمان وابێت كە لە بەهەشتیشدا شیری ماددی هەبێت هاوشێوەی ئەو شیرەی لە مانگا و گامێش دەدۆشرێت… وەك ئەوەی لەبەهەشتدا ڕانە ئاژەڵی شیردەر هەبێت! هەروەها وەك ئەوەی هەنگ لە درەختەكاندا شانەی زۆری دروستكردبێت، وە فریشتەكان بگەڕێن بۆی و هەنگەكە ببڕن و هەنگوینەكەی ڕۆبكەنە ناو ڕووبارەكانەوە! ئایا هیچ پەیوەندیەك هەیە لە نێوان كۆمەڵێك بیرۆكەی لەم جۆرە و ئەو ڕێنماییە بڵندەی كە پێكھاتووە لە كۆمەڵێك ئایەتی زۆر كە دەڵێن دنیا هەرگیز ئەم نیعمەتانەی بەخۆیەوە نەبینیوە، وە بێگومان ڕۆحی مرۆڤ ڕووناك دەكەنەوە و ناسینی خوا زیاتر دەكەن، وە ئەوانە خۆراكی ڕۆحین؟
ئەو خۆراكانە _ئەگەرچی بەشێوەی ماددی وێنەیان كێشراوە لەبەرچاوی ئێمەدا_ بەڵام خودا هۆشداری ئەوەیشی داوە كە سەرچاوەكەیان بریتیە لە ڕۆح و ڕاستگۆیی.
وە پێویستە كەس فریونەخوات بەم فەرمایشتەی خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا: {وَبَشِّرِ الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ أَنَّ لَهُمْ جَنَّاتٍ تَجْرِي مِنْ تَحْتِهَا الْأَنْهَارُ كُلَّمَا رُزِقُوا مِنْهَا مِنْ ثَمَرَةٍ رِزْقًا قَالُوا هَذَا الَّذِي رُزِقْنَا مِنْ قَبْلُ وَأُتُوا بِهِ مُتَشَابِهًا وَلَهُمْ فِيهَا أَزْوَاجٌ مُطَهَّرَةٌ وَهُمْ فِيهَا خَالِدُونَ} (البقرة: 26) واتە مژدە بدە بەو باوەڕدارانەی كە كردەوەی چاك ئەنجام دەدەن، وە گەردیلەیەك خراپەیان تێدا نیە، بەدڵنیاییەوە ئەوان میراتگری ئەو بەهەشتەن كە ڕووباری بەناودا دەڕوات. بێگومان ئەوان هەركاتێك لە بەرهەمی ئەو درەختانە دەخۆن كە لە دنیاشدا خواردوویانە.. دەڵێن ئەمە هەمان ئەو بەرهەمانەیە كە پێشتر پێمان درابوو؛ چونكە دەبینن ئەم بەرهەمانە هاوشێوەی بەرهەمەكانی یەكەمجارە.
ئەگەر كەسێك باوەڕی وەها بێت كە بەرهەمەكانی یەكەمجار نیعمەتە ماددیەكانی ئەم دنیایە؛ ئەوا گومانی تێدا نیە كە ئەم باوەڕە هەڵەیەكی زەقه… وە بەتەواوەتی پێچەوانەی چەمكی ئایەتەكەیە و ناكۆكە لەگەڵ مانا ڕاستەقینەكەیدا، بەڵكو مەبەستی خوایی لەم ئایەتەدا ئەوەیە كە ئەوانەی باوەڕیان هێنا و كردەوەی چاكیان ئەنجامدا، بەدەستی خۆیان بەهەشتیان چاند… درەختەكانی بریتین لە باوەڕ و ڕووبارەكانیشی بریتین لە كردەوە چاكەكان، وە لە دواڕۆژدا لە بەروبوومی هەمان ئەو بەهەشتە دەخۆن، وە لەو ڕۆژەدا وێنەی بەرهەمەكانی زیاتر دەردەكەون و تامیان خۆشتر دەبێت.
وە بەوپێیەی كە ئەوان پێشتر لەم بەرهەمانەیان خواردووە لە دنیادا بەشێوەی ڕۆحی، لەبەرئەوە لە خانەی دواڕۆژدا ئەو بەرهەمانە دەناسنەوە و دەڵێن: وادەردەكەوێت ئەمانە هەمان ئەو بەرهەمانەن كە پێشتر خواردوومانە، لەوێدا دەبینن ئەم بەرهەمانە هاوشێوەی ئەو خۆراكانەن كە پێشتر لە دنیادا خواردوویانە.
كەواتە ئەو ئایەتەی پێشوو كە باسكرا بەڕاشكاوی ئەوە دەخاتەڕوو كە ئەو كەسانەی لە ژیانی دنیادا خۆراكی خۆشەویستی خوایی دەخۆن.. لە دواڕۆژدا بەشێوەیەكی فیزیكی و بەرجەستە ئەو خۆراكەیان پێدەدرێت. وە بەوپێیەی كە ئەوان تامی ئەو خۆشەویستی و ئەوینەیان چەشتووە.. وە چۆنێتیەكەی دەزانن، لەبەرئەوە ڕۆحەكانیان ئەو كاتانەیان بیردەكەوێتەوە كە تێیدا بە خۆشەویستی و شەیدابوونەوە ڕازو نیازیان دەكرد لەگەڵ خواى خۆشەویستی ڕاستەقینەی خۆیاندا، وە بەتەنھایی لە گۆشە و خەڵوەتگاكاندا و لە تاریكی شەودا بە یادكردنەوەی ئەو خۆشەویستە چێژی خۆشیيان وەردەگرت. كەواتە لێرەدا هەرگیز باسی خۆراكی ماددی نەكراوە.
ئەگەر كەسێك ئەو پرسیارە بەمێشكیدا بێت كە مادام عاریفەكان لە دنیادا لەم خواردنەیان پێدەدرێت و دەیناسنەوە ئیتر كەی ڕاستە كە وەسفی نیعمەتەكانی بەهەشت بكرێت بەوەی كە هیچ كەسێك ئەو نیعمەتانەی نەبینیوە و نەبیستووە و بەدڵی ئادەمیزادیشدا نەهاتوون… لەبەرئەوە وا پێویست دەكات دژیەكیەكی ڕواڵەتی لەنێوان هەردوو ئایەتەكەدا هەبێت كە پێشتر باسكران؟
وەڵامەكە ئەوەیە: ئەو كاتە دژیەكی دێتەدی ئەگەر مەبەستی وشەكانی ئایەتەكە نیعمەتەكانی دنیا بێت، بەڵام لێرەدا مەبەست نیعمەتەكانی دنیا نیە.. هەموو ئەوەی كە كەسی عاریف پێی دەگات لەرێگەی عیرفانەوە لەڕاستیدا بریتیە لە نیعمەتەكانی دواڕۆژ، كە لێرەدا كەمێكی پێ خەڵات دەكرێت وەك نموونە بۆ هاندان و تامەزرۆبوون.
باش بزانن كە ئادەمیزادی ڕەببانی خەڵكی ئەم دنیایە نیە، بۆیە دنیا ڕقی لێیەتی، بەڵكو خەڵكی ئاسمانە.. لەبەرئەوە نیعمەتی ئاسمانیی پێ خەڵات دەكرێت. ئادەمیزادی دنیایی نیعمەتەكانی دنیا بەدەست دەهێنێت، وە ئادەمیزادی ئاسمانی نیعمەتە ئاسمانیەكان دەباتەوە. ڕاستی تەواو و دروست ئەوەیە كە نیعمەتی ئاسمانی بەتەواوەتی شاراوەتەوە لە گوێچكە و چاو و دڵی ئەهلی دنیادا، بەڵام ئەو كەسەی كە ژیانە دنیاییەكەی مردنی بەسەردا دێت.. وە بە شێوازێكی ڕۆحانی لەو جامە ئاوی پێدەدرێت كە لە دواڕۆژدا بە شێوەیەكی بەرجەستە ئاودەدرێت لێی؛ ئەوا خواردنەوەی یەكەمجاری بیردێتەوە كاتێك هەمان جامی پێشكەش دەكەن.
لەڕاستیدا ئەو دەبینێت گوێچكە و چاوی ئەهلی دنیا بێ ئاگان لەو نیعمەتانە، بەڵام بەوپێیەی لە دنیادایە، ئەگەرچی ئەهلی دنیا نیە، شایەتی دەدات لەسەر ئەوەی كە نیعمەتەكانی دواڕۆژ نیعمەتەكانی دنیا نین، وە لەدنیادا چاوەكانی ئەم جۆرە نیعمەتانەی نەبینیوە، وە بەر گوێی نەكەوتووە، وە بەدڵیدا نەهاتووە، بەڵكو تەنھا نموونەی ئەو نیعمەتانەی بینیوە، بەڵام نەك لەم دنیایەدا، بەڵكو ئەم نیعمەتانە تەنھا مژدەیەك بوون بۆ جیھانی دواڕۆژ، وە پەیوەندیان بە دواڕۆژەوە هەیە نەك بە دنیاوە.
سێ زانیاریە قورئانیەكە دەربارەی جیھانی دواڕۆژ
پێویسته وەك بنەمایەك ئەوە بزانرێت كە قورئانی پیرۆز بۆ ئەو بارودۆخانەی كە دوای مردن پێیدا تێپەڕ دەبین سێ ماوەی داناوە، كە بریتین لە سێ زانیاریە قورئانیەكە دەربارەی ژیانی دوای مردن.. بەجیا باسی هەریەكەیان بەدرێژی دەكەین بەم شێوەیەی خوارەوە:
زانیاری یەكەم
قورئانی پیرۆز جار لەدوای جار دەفەرموێت كە جیھانی دواڕۆژ شتێكی تازە نیە، بەڵكو هەموو دیمەنەكانی بریتین لە شوێنەوار و سێبەرەكانی ژیانی دنیا، خوای گەورە دەفەرموێت: {وَكُلَّ إِنْسَانٍ أَلْزَمْنَاهُ طَائِرَهُ فِي عُنُقِهِ وَنُخْرِجُ لَهُ يَوْمَ الْقِيَامَةِ كِتَابًا يَلْقَاهُ مَنْشُورًا} (الإسراء: 14) واتە بێگومان ئێمە شوێنەواری كردەوەكانی هەموو مرۆڤێكمان گرێداوە بە ئەستۆی خۆیەوە، وە بێگومان ئێمە لە ڕۆژی قیامەتدا ئەو شوێنەوارە نادیارانەی بۆ دەردەخەین، وە بە شێوەی كتێبێكی كراوە پیشانی دەدەین.
ئاشكرایە وشەی (الطائر) كە لە ئایەتەكەدا هاتووە مانا ئەسڵیەكەی بریتیە لە باڵندە، پاشان بەشێوەی مەجاز بەكارهاتووە بۆ مانای كردەوەیش؛ چونكە كردەوە چاك بێت یان خراپ، پاش ڕوودانی دەفڕێت و دیار نامێنێت وەكو باڵندە… وە پاش ماوەیەكی كەم مەینەتی یان تامەكەی نامێنێت، وە لە دڵدا شوێنەوارێكی ورد و ناسك یان قورس و ئاڵۆز بەجێدەهێڵێت.
قورئانی پیرۆز دووپاتی دەكاتەوە كە هەموو كارێك شوێنەوارێكی نادیار لە دەروونی بكەرەكەیدا بەجێدەهێڵێت، وە خودا لەلایەن خۆیەوە كاردانەوەیەكی گونجاو بۆ هەر كارێك دادەنێت چاك بێت یان خراپ، وە ناهێڵێت ئەو كارە بەفیڕۆ بچێت، بەڵكو وێنەی شوێنەوارەكانی دەكێشێت لەسەر دڵ و ڕوخسار و چاو و دەست و قاچی بكەرەكەیدا. وە ئەم وێنانە بریتین لە تۆماری نادیاری كردەوەكان كە لە ژیانی دووەمدا بەجوانی دەردەكەون.
وە خوای گەورە لە شوێنێكی تردا دەربارەی ئەهلی بەهەشت هەواڵمان پێ دەدات و دەفەرموێت: {يَوْمَ تَرَى الْمُؤْمِنِينَ وَالْمُؤْمِنَاتِ يَسْعَى نُورُهُمْ بَيْنَ أَيْدِيهِمْ وَبِأَيْمَانِهِمْ} (الحديد: 13) واتە بێگومان نووری ئیمانەكەیان، كه بەشێوەیەكی نادیار لەم دنیایەدا بەدەستیان هێناوە، لە دواڕۆژدا پێشیان دەكەوێت و لەلای ڕاستیانەوە دەڕوات.
وە لە جێگایەكی تردا خوای گەورە كافرەكان دەدوێنێت و دەفەرموێت: {أَلْھاكُمُ التَّكَاثُرُ (*) حَتَّى زُرْتُمُ الْمَقَابِرَ (*) كَلَّا سَوْفَ تَعْلَمُونَ (*) ثُمَّ كَلَّا سَوْفَ تَعْلَمُونَ (*) كَلَّا لَوْ تَعْلَمُونَ عِلْمَ الْيَقِينِ (*) لَتَرَوُنَّ الْجَحِيمَ (*) ثُمَّ لَتَرَوُنَّهَا عَيْنَ الْيَقِينِ (*) ثُمَّ لَتُسْأَلُنَّ يَوْمَئِذٍ عَنِ النَّعِيمِ (*)} (التكاثر)
واتە بێگومان زۆری و فراوانی حەزە ماددیەكان و ئارەزووە دنیاییەكان ئێوەیان سەرقاڵ كردووە لەجیاتی ئەوەی هەوڵ بدەن بۆ بەدەستھێنانی ژیانی دواڕۆژ. هەتا ئەو كاتەی هەمووتان كەوتنەناو گۆڕەكانەوە (واتە مردن). دەی نەكەن دنیاتان خۆش بوێت. زۆر ناخایەنێت دەزانن كە خۆشویستنی دنیا خێری تێدا نیە، وە دووپاتی دەكەمەوە كە خۆشویستنەكەی خێری تێدا نیە. ئەگەر ئێوە زانستی يەقینیتان هەبوایە ئەوا هەر لە خودی ئەم دنیایەدا دۆزەختان دەبینی. پاشان زۆر ناخایەنێت بە ئاشكرا لە جیھانی بەرزەخدا بە بینینی یەقینی دۆزەخ دەبینن. پاشان لە ڕۆژی كۆبوونەوەی جەستەكاندا، نەك تەنھا بە بینین، بەڵكو لە ڕێگەی ئەزموونی خۆتانەوه بە یەقینی تەواوەتی دەزانن دۆزەخ چیە؛ چونكە بەتوندی تۆڵەتان لێ دەكرێتەوە و بەتەواوەتی سزا داتاندەپۆشێت.
سێ بەشەكەی زانست
خوای گەورە لەم ئایەتانەدا بەڕاشكاوی دەفەرموێت كە ژیانی دۆزەخ بۆ تاوانباران بەشێوەیەكی نادیار و شاراوە هەر لە خودی ئەم جیھانەدا بوونی هەیە، وە ئەگەر ئەوان بەباشی بیربكەنەوە ئەوا هەر لێرەدا پەیدەبەن بە دۆزەخی خۆیان.
وە خودا لێرەدا زانینی دابەشكردووە بۆ سێ پلە: دڵنیابوون لەڕێگەی هێزی عەقڵەوه (زانستی یەقینی)، دڵنیابوون لەڕێگەی بینینەوه (بینینی یەقینی)، وە دڵنیابوون لەڕێگەی ئەزموونەوه (ئەزمونی یەقینی). وە بۆ ئەوەی خەڵكی بە گشتی ئەم سێ پلەیەی زانست بزانن، سێ نموونە دەهێنمەوە: ئەگەر ئادەمیزاد لەدوورەوە دووكەڵێكی چڕ ببینێت، دیارە لەم دووكەڵەوە زەینی دەچێت بۆ ئاگرێكی بڵێسەدار، وە بە قیاسی ئەو پەیوەندی و پەیوەستبوونە تەواو و نەپچڕاوەی كە لە نێوان ئاگر و دووكەڵدا هەیە دڵنیا دەبێت لەوەی كە لەو شوێنەدا ئاگرێك هەیە؛ چونكە لەهەر شوێنێكدا دووكەڵ هەبوو ئەوا دەبێت ئاگریش هەبێت. ئەم جۆرە زانینە پێیدەوترێت زانستی یەقینی. پاشان ئەگەر گڕی ئاگرەكەی بینی ئەوا ئەم زانینە لە ڕێگەی بینینەوە پێیدەوترێت بینینی یەقینی. وە ئەگەر خۆی چووەناو ئاگرەكەوە؛ ئەوا ئەم زانینەی لە ڕێگەى ئەزموونەوە پێیدەوترێت ئەزموونی یەقینی.
بۆیە خوای گەورە لێرەدا دەفەرموێت: ئادەمیزاد دەتوانێت لە رێگەی هێزی عەقڵەوە هەر لەم دنیایەدا دڵنیابێت لەوەی دۆزەخ چیە، پاشان لە جیھانی بەرزەخدا لەرێگەی بینینەوە دڵنیا دەبێت لەوەی كە دۆزەخ لە چی پێكھاتووە، پاشان خودی ئەو دڵنیاییە لە ڕێگەی ئەزموونەوە دەگاتە پلەی كامڵبوون لە جیھانی كۆبوونەوەی جەستەكاندا.
سێ جیھانەكە
پێویستە لێرەدا ئاشكرا بێت كە قورئانی پیرۆز هەواڵمان پێدەدات بە بوونی سێ جیھان.
جیھانی یەكەم بریتیە لە دنیا كە پێیدەوترێت خانەی هەوڵدان و ئافراندنی یەكەم كە لەوێدا ئادەمیزاد كاری چاك یان كاری خراپ دەكات. ڕاستە چاكەكاران لە جیھانی زیندووبوونەوەدا بواری بەرەوباڵاچوونیان هەیە، بەڵام لەڕاستیدا لەسایەی فەزڵی پەتی خوای گەورەوە ئەم بەرەوباڵاچوونەیان بۆ دەلوێت، وە لەمەدا هەوڵدانی ئادەمیزاد هیچ ڕۆڵێكی نیە.
جیھانی بەرزەخ
جیھانی دووەم بریتیە لە بەرزەخ. وە وشەی “البرزخ” لە زمانی عەرەبیدا لە بنچینەدا مانای بەربەستێكە لەنێوان دوو شتدا، وە ئەم جیھانی دووەمە ناونراوە بە بەرزەخ؛ چونكە لەنێوان ئافراندنی یەكەم و جیھانی زیندووبوونەوەدایە. وە لە كۆنەوە، بەڵكو لەو كاتەوەی دنیا دروستكراوە، ئەم وشەیە بڕاوە بەسەر جیھانی ناوەڕاستدا. لەبەرئەوە خودی ئەم وشەیە بەڵگەیەكی مەزن لەخۆدەگرێت لەسەر بوونی جیھانی ناوەڕاست.
بێگومان لە كتێبەكەماندا (مِنَن الرحمن) ئەوەمان سەلماندووە كە وشەكانی زمانی عەرەبی بریتین لە وشەكانی خودا، وە لە زاری خوای گەورەوە بەلێشاو هاتوونەتە دەرەوە. وە بێگومان زمانی عەرەبی تاكە زمانێكە لە دنیادا كە زمانی خودای خاوێن و پیرۆزە، وە كۆنترین زمانە، وە سەرچاوەی هەموو زانیاریەكانە، وە دایكی هەموو زمانەكانە، وە بریتیە لە عەرشی یەكەم و كۆتایی وەحی خوایی. عەرشی یەكەمی وەحی خواییە؛ چونكە قسەی خودایە كە بەردەوام هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ خوای گەورەدا بووە، پاشان ئەم قسەیە لە دنیادا دابەزیوە، وە خەڵكەكەی زمانەكانی خۆیانیان لێ وەرگرتووە. بەڵام ئەوەی كە عەرشی كۆتایی وەحی خواییە؛ چونكە كۆتا كتێبی خوا كە قورئانی پیرۆزە بە زمانی عەرەبی دابەزیوە.
“بَرْزَخ” وشەیەكی عەرەبیە و پێكھاتووە لە “بر” و “زخ”، مانای ئەوەیە كە شێوازی بەدەستھێنانی كردەوەكان كۆتایی پێ هاتووە و چووەتە دۆخی نادیاری و شاراوەییەوە. وە دۆخی بەرزەخی ئەودۆخەیە كە ئەم پێكھاتە لەناوچووە مرۆییە تێیدا هەڵدەوشێتەوە، وە جیابوونەوە ڕوودەدات لەنێوان ڕۆح و ئەم جەستەیەدا.
وەك دەبینین جەستە دەخرێتەناو چاڵێكەوە، هەروەها ڕۆحیش دەكەوێتە دۆخێكەوە كە لە چاڵ دەچێت هەروەك وشەی “زەخ” ئەوە دەگەیەنێت؛ چونكە ڕۆح بەتەنھا خۆی ناتوانێت كاری چاك یان خراپ بكات كە پێشتر دەیتوانی بیكات، ئەو كاتەی كە پەیوەست بوو بە جەستەوە. وە ئاشكرایە كە تەندروستی ڕۆح پشت دەبەستێت بە تەندروستی جەستە، بۆیه هەر برینداربوونێك لە بەشێك لە بەشەكانی مێشكدا ڕووبدات دەبێتە هۆی نەمانی یادەوەری، وە بەهۆی برینداربوونێكی تر لە بەشێكی تری مێشكدا هێزی بیركردنەوە لەناودەچێت و ئاگایی و هەستەكان ون دەبن.
وە ئەگەر مێشك تووشی جۆرێك گرژبوون یان هەڵئاوسان بێت، یاخود گیرانی بۆڕی خوێن یان خوێنبەربوون بەتەواوەتی یان لە بەشێكیدا ڕووبدات؛ ئەوا مرۆڤەكە دەستبەجێ تووشی بوورانەوە یان پەركەم دەبێت. بێگومان ئەزموونە دووبارەكانمان هەر لە كۆنەوە ئەوە دەسەلمێنن كە ڕۆحمان بەتەواوەتی لەكاردەكەوێت كاتێك لە جەستە جیادەبێتەوە و پەیوەندی پێوە نامێنێت.
دەبێت ڕۆح جەستەی هەبێت
كەواتە ئەو بانگەشەیە بەتەواوەتی پووچە كە بڵێین ڕۆژێ لە ڕۆژان ڕۆح _بەبێ جەستە_ بەختەوەری بەدەستدەهێنێت. دەكرێت ئەم بانگەشەیە وەكو ئەفسانەیەك قەبوڵ بكەین، بەڵام بەڵگەیەكی بەجێ پشتگیری ناكات. بێگومان ئێمە هەرگیز ناتوانین وێنای ئەوە بكەین كە چۆن ڕۆح لە دۆخی كامڵی خۆیدا دەمێنێتەوە ئەگەر بەتەواوەتی بێبەش بوو لە پەیوەندیە جەستەییەكان.. لەگەڵ ئەوەدا _بەگوێرەی ئەوەی كە ئێمە دەیزانین دەربارەی ڕۆح_ ئەگەر ناتەواویەك هەرچەند بچوكیش بێت دووچاری جەستە ببێت؛ ئەوا ڕۆحیش تووشی زیان دەبێت و پەكیدەكەوێت.
ئایا ئەزموونی ڕۆژانە ئەوەمان بۆ ڕوون ناكاتەوە كە تەندروستی جەسته چەندە گرنگە بۆ تەندروستی ڕۆح؟ كاتێك ئادەمیزاد دەبێت بە پیرێكی كەنەفت.. ڕۆحیشی پیردەبێت و پەكیدەكەوێت… وە ئەو زانیاریەی كە هەیەتی لەلایەن پیرێتیەوە دەدزرێت وەك خوای گەورە دەفەرموێت: {لِكَيْلَا يَعْلَمَ مِنْ بَعْدِ عِلْمٍ شَيْئًا} (الحج: 6) واتە كاتێك ئادەمیزاد _دوای بەدەستهێنانی زانیاری زۆر_ دەبێت بە پیرێكی كەنەفت؛ ئەوا دەگاتە قۆناغێك هەموو ئەو زانیاریانەی لەبیردەچێتەوە وەك ئەوەی گۆڕابێت بۆ كەسێكی نەزان.
لەبەرئەوە بینینەكانی ئێمە بەڵگەیەكی گومانبڕە لەسەر ئەوەی كە ڕۆح بەبێ جەستە هیچ نیە. پاشان ئەوەش ئادەمیزاد بەرەو ڕاستی ڕێنمونی دەكات كە ئەگەر ڕۆح بەسەربەخۆیی و بەبێ جەستە بتوانێت كارێك ئەنجام بدات ئیتر بۆچی خوای گەورە _بەهەوانتە و بەبێ هیچ هۆكارێك_ گرێی داوە بەم جەستەیەوە كە جەستەیەكی لەناوچووە. هەروەها شایانی ڕەچاوكردنە كە خوای گەورە مرۆڤی دروستكردووە بۆ ئەوەی لەڕادەبەدەر بڵندی بكاتەوە، وە لەبەرئەوەی ئادەمیزاد لەم ژیانە كورتەدا ناتوانێت بەبێ یارمەتی جەستە هیچ پێشكەوتن و بڵندییەك بەدەست بھێنێت.. ئیتر چۆن چاوەڕوان دەكرێت بتوانێت ئەو بڵندییانە بەدەست بھێنێت كە كۆتاییان بۆ نیە بەبێ ئەوەی جەستەی لەگەڵدا بێت؟
كەواتە ئەم بەڵگانە هەموویان ئەوە دەسەلمێنن _بەگوێرەی بنەماكانی ئیسلام_ كە دەبێت هەمیشە ڕۆح جەستەی لەگەڵدا بێت بۆ ئەوەی وەكو پێویست ئەركەكانی خۆی جێبەجێ بكات. ڕاستە ئەم جەستە لەناوچووە كاتی مردن لە ڕۆح جیادەبێتەوە، بەڵام لە جیھانی بەرزەخدا بە جەستەیەكی تر قەرەبووی ڕۆحەكە دەكرێتەوە تاكو بەهۆی ئەو جەستەيەوە تاڕادەیەك پاداشت و سزای كردەوەكانی بچێژێت. وە ئەو جەستەیە وەكو ئەم جەستە فیزیكیانە نیە، بەڵكو لە ڕووناكی یان لە تاریكی دروست دەبێت بەگوێرەی جۆری كردەوەكانی ئادەمیزاد لەم دنیایەدا، وەك ئەوەی كردەوەكانی ئادەمیزاد جێگای جەستەكان بگرێتەوە لەو جیھانەدا. بەم شێوەیە چەندین جار لە فەرمایشتی خوای گەورە ئەوە دووپات كراوەتەوە كە هەندێ لەو جەستانە ڕووناك دەبن و هەندێكیشیان تاریك دەبن، وە ڕووناكی و تاریكیەكەیان لە كردەوەكانەوە بەدەستھێناوە. بێگومان ئەم نھێنیە، ئەگەرچی زۆر قووڵە، بەڵام ئەوە نیە كە ژیری ڕەتیبكاتەوە. وە دەكرێت ئادەمیزادی كامڵ هەر لە خودی ئەم ژیانەدا قەوارەیەكی نوورانی بەدەستبھێنێت بەدەر لەم قەوارە جەستەییە. وە لە جیھانی كەشفدا نموونەی زۆر هەیە لەم جۆرە. بێگومان ڕوونكردنەوەی ئەم بابەتە زۆر قورسە بۆ كەسێك كە ژیریەكی ئاسایی هەبێت، بەڵام ئەوەی كە هەندێ ئەزموونی هەیە لە جیھانی كەشفدا هەرگیز بەشێوەیەكی سەیر و نەگونجاو ناڕوانێت بۆ ڕاستی دروستبوونی جەستە لە كردەوەكانەوە، بەڵكو لەم بابەتەدا چێژ و خۆشی دەبینێت.
ئەزموونێكی خۆیی
بەكورتی: بێگومان ئەو جەستەیەی كە بەگوێرەی جۆری كردەوەكانی ئادەمیزاد دروست دەبێت، لە جیھانی بەرزەخدا بریتی دەبێت لەو جەستەیەی كە پاداشت و سزای كردەوەی چاك و خراپی بەسەردا پیادە دەكرێت، وە من خاوەنی ئەزموونم لەم بابەتەدا. چەندین جار تاقیكردنەوەم هەبووە _لە دۆخی ئاگاییدا_ لە جیھانی كەشفدا گەیشتووم بە هەندێ كەسی مردوو، كە هەندێكیان كەسانی خراپەكار و گومڕابوون، سەیرم كردووە كە لاشەكانیان ڕەش و تاریك بووە وەك ئەوەی لە دووكەڵ دروستكرابن. بەكورتی من لەلایەن خۆمەوە زانیاریم هەیە دەربارەی ئەم بابەتە. وە بەوپەڕی هێز و متمانەوە ئەوە دەڵێم كه بەدڵنیاییەوە هەموو كەسێك دوای مردن _وەك خوای گەورە دەفەرموێت_ جەستەیەكی لە ڕووناكی یان لە تاریكی پێدەبەخشرێت.
وه یەكێك لە هەڵەكان ئەوەیە كە ئادەمیزاد هەوڵ بدات ئەم زانستانە _كە ئەوپەڕی وردن_ تەنھا بەژیری بسەلمێنێت. پێویستە ئەوە بزانین كە هەروەك چۆن ناكرێت بەچاو تامی شتە شیرینەكان تاقیبكرێتەوە، وە ناكرێت زمان شتەكان ببینێت، تەواو بەهەمان شێوە ناكرێت ژیری بەتەنھا گرێی ئەو زانستانەی ژیانی دوای مردن بكاتەوە.. كە مەگەر تەنھا بە كەشفە پیرۆزەكان ئەگینا ناتوانرێت ئەم زانستانە بەدەست بھێنرێن. بێگومان خوای گەورە لەم دنیایەدا كۆمەڵێك هۆكاری جیاوازی داناوە بۆ زانینی شتە نەزانراوەكان. كەواتە بگەڕێن بۆ زانینی هەموو شتێك لە ڕێگەی تایبەتی خۆیەوە ئەوسا دەیدۆزنەوە.
هەروەها شایانی باسە كە خوای گەورە لە وتەكەی خۆیدا تاوانكار و لەڕێدەرچووانی ناوناوە مردوو، وە وەسفی چاكەكارانی كردووە بە زیندوو. وە نھێنی ئەمەش ئەوەیە كە ئەو كەسانەی دەمرن و بێئاگان لە خوای گەورە، كاتی مردن هۆكارەكانی ژیان وەك خواردن و خواردنەوە لەمەڕ ئەوان دەپچڕێت، وە هیچ پشكێكیان نابێت لە خۆراكی ڕۆحانی، ئەوان لەڕاستیدا مردوون، وە ناگەڕێنەوە بۆ ژیان مەگەر بۆ چەشتنی سزا. وە خوای گەورە لەم فەرمایشتەیدا ئاماژەی بۆ ئەم نھێنیە كردووە كە دەفەرموێت: {إِنَّهُ مَنْ يَأْتِ رَبَّهُ مُجْرِمًا فَإِنَّ لَهُ جَهَنَّمَ لَا يَمُوتُ فِيهَا وَلَا يَحْيَى} (طه: 75)، وە ئەوانەی خوای گەورەیان خۆشدەوێت ئەم مردنەیان بەسەردا نایات؛ چونكە نان و ئاوی خۆیانیان لەگەڵدایە.
جیھانی زیندووبوونەوە
پاشان دوای بەرزەخ سەردەمێك دێتەپیش كە پێیدەوترێت جیھانی زیندووبوونەوە، كە تێیدا هەموو ڕۆحێك، چاك یان خراپ، جەستەیەكی ئاشكرا و هەستپێكراوی پێدەدرێت. بێگومان ئەو ڕۆژە، كە ڕۆژی كۆبوونەوەیە، دیاریكراوە بۆ جیلوە كامڵە خواییەكان كە لەسایەی ئەو جیلوە خواییانەوە هەموو ئادەمیزادێك بەتەواوەتی پەروەدگاری خۆی دەناسێت، وە لەو كاتەدا هەموو كەسێك دەگاتە چڵەپۆپە لە پاداشت یان لەو سزایەی كە وەریدەگرێت.
پێویستە كەس بەلایەوە سەیر نەبێت كە چۆن خوای گەورە دەتوانێت ئەو كارە بكات! بێگومان ئەو زاتێكە كە هەموو توانایەكی هەیە، وە هەرشتێكی بوێت دەیكات، هەروەك دەفەرموێت: {أَوَلَمْ يَرَ الْإِنْسَانُ أَنَّا خَلَقْنَاهُ مِنْ نُطْفَةٍ فَإِذَا هُوَ خَصِيمٌ مُبِينٌ (*) وَضَرَبَ لَنَا مَثَلًا وَنَسِيَ خَلْقَهُ قَالَ مَنْ يُحْيِ الْعِظَامَ وَهِيَ رَمِيمٌ (*) قُلْ يُحْيِيهَا الَّذِي أَنْشَأَهَا أَوَّلَ مَرَّةٍ وَهُوَ بِكُلِّ خَلْقٍ عَلِيمٌ (*) الَّذِي جَعَلَ لَكُمْ مِنَ الشَّجَرِ الْأَخْضَرِ نَارًا فَإِذَا أَنْتُمْ مِنْهُ تُوقِدُونَ (*) أَوَلَيْسَ الَّذِي خَلَقَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ بِقَادِرٍ عَلَى أَنْ يَخْلُقَ مِثْلَهُمْ بَلَى وَهُوَ الْخَلَّاقُ الْعَلِيمُ (*) إِنَّمَا أَمْرُهُ إِذَا أَرَادَ شَيْئًا أَنْ يَقُولَ لَهُ كُنْ فَيَكُونُ (*) فَسُبْحَانَ الَّذِي بِيَدِهِ مَلَكُوتُ كُلِّ شَيْءٍ وَإِلَيْهِ تُرْجَعُونَ (*)} (يس: 78-84)
واتە ئایا ئادەمیزاد نازانێت كە ئێمە لە دڵۆپێك ئاو، كە فڕێدەدرێتەناو مناڵدانەوە، دروستمان كردووە، پاشان بوو بە كەسێكی زۆر دوژمنكار، وە دەربارەی ئێمە دەستیكردووە بە جۆرەها قسە و لەبیری چوو كە چۆن دروست بووە، پرسیار دەكات: چۆن دەكرێت جارێكی تر ئادەمیزاد زیندووبێتەوە پاش ئەوەی ئەم ئێسكانە ڕزین؟ كێ هەیە بتوانێت زیندووی بكاتەوە؟ پێیان بڵێ: ئەو كەسە زیندووی دەكاتەوە كە جاری یەكەم دروستی كرد، دیارە خۆی دەزانێت چۆن و بە چ ڕێگەیەك زیندوودەكاتەوە… تواناكەی بە شێوەیەكە هەركاتێك بڕیار لەسەر شتێك بدات تەنھا دەربارەی دەفەرموێت: “ببە” ئیتر ئەو شتە دروست دەبێت. ئەو پاكە لە هەموو خەوشێك، وە زاتێكە دەسەڵاتی بەسەر هەموو شتێكدا هەیە، وە هەمووی بۆلای ئەو دەگەڕێتەوە.
كەواتە خوای گەورە لەم ئایەتانەدا بەڕاشكاوی دەفەرموێت كە هیچ شتێك لای ئەو ئەستەم نیە، دیارە كەسێك ئادەمیزاد لە دڵۆپێكی سووك و نزم دروست بكات، ئایا ناتوانێت جارێكی تر دروستی بكاتەوە؟
لابردنی تێگەيشتنێكی هەڵە
ڕەنگە كەسانێك كە زانیارییان نیە بڵێن: لەبەر ئەوەی سێيەم جیھان، واتە جیھانی زیندووبوونەوە.. پاش سەردەمێكی دوورو درێژ دێتەپێش، كەوابوو جیھانی بەرزەخ وەكو زیندانێك وایە كە چاك و خراپی تێدا زیندانی دەكرێت بەدرێژایی ئەو ماوەیە… ئەم كاره وا دەردەكەوێت بەتەواوەتی كارێكی هەوانتە بێت.
وەڵام: بێگومان ئەم جۆرە بیرۆكەیە بەتەواوەتی هەڵەیە، وە لە نەزانینی ڕەهاوە سەرچاوەی گرتووە! بێگومان كتێبی خوا دوو پلەی باسكردووە بۆ پاداشت و سزای چاكەكار و خراپەكار، یەكێكیان بریتیە لە جیھانی بەرزەخ كە بەشێوازێكی نادیار و شاراوە هەموو ئادەمیزادێك سزا یان پاداشتی خۆی وەردەگرێت، هەرچی خراپەكارانە دەستبەجێ دوای مردن دەخرێنە دۆزەخەوە، وە بەهەمان شێوە چاكەكارانیش ڕاستەوخۆ دوای مردن ئاسوودەیی و حەوانەوە بەدەستدەهێنن لە بەهەشتدا. وە لە قورئانی پیرۆزدا چەندین ئایەتی زۆر هەن ئەوە دەخەنەڕوو كە هەموو ئادەمیزادێك ڕاستەوخۆ دوای مردن پاداشتی كردەوەكانی پێدەگات، چاك بێت یان خراپ.
بۆ نموونە خوای گەورە دەربارەی پیاوێكی بەهەشتى پێمان دەفەرموێت: {قِيلَ ادْخُلِ الْجَنَّةَ} (يس: 27)، وە خوای گەورە دەربارەی كەسێكی دۆزەخى دەفەرموێت: {فَرَآهُ فِي سَوَاءِ الْجَحِيمِ} (الصافات: 56) واتە پیاوێكی ئەهلی بەهەشت هاوەڵێكی هەبوو، كاتێك هەردووكیان مردن كابرای بەهەشتى بۆ هاوەڵەكەی دەگەڕا بۆئەوەی بزانێت لە چ شوێنێكە، خوای گەورە بۆی ئاشكرا كرد و بینی كە هاوەڵەكەی لە ناوەڕاستی دۆزەخدایە.
كەواتە پرۆسەی پاداشت و سزا دەستبەجێ دوای مردن دەستپێدەكات، خەڵكی دۆزەخی دەخرێنە دۆزەخ و خەڵكی بەهەشتیش دەخرێنە بەهەشتەوە. بەڵام دوای ئەوە ڕۆژێكی تر هەیە كە حیكمەتی هەرەباڵای خوای گەورە ئەوە دەخوازێت كە تێیدا بە جیلوەیەكی مەزنترەوە دەربكەوێت. بێگومان خوای گەورە ئادەمیزادی دروستكردووە، لە ڕێگەی ئەو توانایەوە كە هەیەتی بۆ دروستكردن، بۆ ئەوەی بیناسێت. پاشان هەموویان لەناودەبات بۆئەوەی بیناسن لە ڕێگەی زاڵبوونی بەسەر هەموو شتێكدا، پاشان ژیانێكی كامڵیان پێدەبەخشێت و لە گۆڕەپانێكدا كۆیاندەكاتەوە بۆ ئەوەی بیناسن لە ڕێگەی توانا كامڵەكەیەوە، ئەمە یەكەم زانیاری بوو لەو سێ زانیاریەی كە پێشتر ئاماژەی پێ كرا.
زانیاری دووەم
زانیاری دووەم كە قورئانی پیرۆز باسی كردووە بۆ ڕوونكردنەوەی ژیانی دوای مردن ئەوەیە كە هەموو بارودۆخە ڕۆحیەكانی ژیانی دنیا لە جیھانی دواڕۆژدا بەشێوەیەكی بەرجەستە نمایش دەكرێن، ئیتر ئەم جیھانی دواڕۆژە قۆناغی بەرزەخ بێت یان قۆناغی زیندووبوونەوە. لەمبارەيەوە خوای گەورە دەفەرموێت: {وَمَنْ كَانَ فِي هَذِهِ أَعْمَى فَهُوَ فِي الْآخِرَةِ أَعْمَى وَأَضَلُّ سَبِيلًا} (الإسراء: 73) مەبەست ئەوەیە ئەو كوێربوونە ڕۆحیەی كە كەسێك تووشی دەبێت لەم دنیایەدا، لە جیھانی دواڕۆژدا بەشێوەیەكی بەرهەست و بینـراو (واتە بەشێوەیەكی فیزیكی) بەرجەستە دەبێت.
هەروەها خوای گەورە لە ئایەتێكی تردا دەفەرموێت: {خُذُوهُ فَغُلُّوهُ (*) ثُمَّ الْجَحِيمَ صَلُّوهُ (*) ثُمَّ فِي سِلْسِلَةٍ ذَرْعُهَا سَبْعُونَ ذِرَاعًا فَاسْلُكُوهُ (*)} (الحاقة: 31-33) واتە ئەم دۆزەخیە بگرن، وە كۆت و پێوەند بخەنە گەردنی پاشان لە دۆزەخدا بیسووتێنن پاشان بە زنجیرێك بیبەستنەوە كە درێژیەكەی حەفتا باڵ بێت.
ئەم ئایەتانە ئەوە دەردەخەن كە سزای ڕۆحی دنیایی لە جیھانی دواڕۆژدا بەرجەستە دەبێت. كۆت و پێوەندی شەهوەتە دنیاییەكان كە سەری ئادەمیزاد شۆڕدەكەن و دەیخەنە سەر زەوی بەشێوەی ئەڵقەیەك دەردەكەوێت كە دەوری گەردنی ئەو كەسەی داوە، وە زنجیرەكانی سەرقاڵبوونە دنیاییە نزمەكان بەشێوەی كۆمەڵە زنجیرێكی فیزیكی دەردەكەون كە قاچەكانیان پێ بەستراونەتەوە، وە ئاگری ئارەزووە ماددیەكان لەو ڕۆژەدا وەكو ئاگرێكی بڵێسەدار دەردەكەوێت.
بێگومان ئادەمیزادی خراپەكار له ژیانی دنیادا دۆزەخێكی لە حەز و ئارەزووە سووك و نزمەكان لەناخی خۆیدا هەڵگرتووە، لەكاتی نائومێدبوون و دۆڕاندا هەست بە سووتان دەكات لەم دۆزەخەدا، لەبەرئەوە كاتێك دووردەخرێتەوە لە ئارەزووە لەناوچووەكانی، وە نائومێدی هەمیشەیی دایدەپۆشێت، خوای گەورە ئەو داخ و حەسرەتانەی بۆ دەردەخات لە شێوەی ئاگرێكی بەرجەستەدا، وەك خوای گەورە دەفەرموێـت: {وَحِيلَ بَيْنَهُمْ وَبَيْنَ مَا يَشْتَهُونَ} (سبأ: 55) واتە بەربەستێك دەخرێتە نێوان ئەوان و ئارەزووەكانیان، وە ئەم دوورخستنەوەیەش لە خودی خۆیدا بنچینەی سزاكەیانە.
بەڵام ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە: {ثُمَّ فِي سِلْسِلَةٍ ذَرْعُهَا سَبْعُونَ ذِرَاعًا فَاسْلُكُوهُ} (الحاقة: 33) ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە كەسی تاوانكار لە زۆربەی كاتەكاندا حەفتا ساڵ دەژی، بەڵكو زۆربەی جار تەمەنێكی لەمە درێژتری پێدەدرێت بۆ ژیان لەم دنیایەدا بەجۆرێك _جگە لە ڕۆژەكانی مناڵی و كەنەفتی_ حەفتا ساڵ لە ژیانی پاك و بێگەردی پێ خەڵات دەكرێت كە دەتوانێت بەهەستی چاك و جددیەوە لە كاری خێردا خەرجی بكات، بەڵام ئەم بەدبەختە ئەم ساڵە بەنرخانەی ژیانی بەفیڕۆ دەدات لە سەرقاڵكردنی خۆی بە كاروبارە دنیاییەكانەوه.. وە نایەوێت ئازاد بێت لە كۆتوپێوەندەكانی دنیای فانی. لەبەرئەوە خوای گەورە دەفەرموێت ئەو حەفتا ساڵەی لە ئارەزووە دنیاییەكاندا خەرجی كردووە.. لە دواڕۆژدا بەشێوەی زنجیرێك دەردەكەوێت كە درێژیەكەی حەفتا باڵە، هەر باڵێك بەرامبەر ساڵێك لە ساڵەكانی تەمەنی ئەو كەسەیە.
سێبەرێكی سێ چوكڵە (لق)
لێرەدا پێویستە باسی ئەوە بكەین كە خوای گەورە لەلایەن خۆیەوە ئادەمیزاد دووچاری هیچ بەڵایەك ناكات، بەڵكو ئەو خراپانەی بۆ نمایش دەكات كە خودی ئادەمیزادەكە هەستاوە بە ئەنجامدانیان، وە بۆ ڕوونكردنەوەی خودی ئەم سوننەتە خوای گەورە لە جێگایەكی تردا دەفەرموێت: {انْطَلِقُوا إِلَى ظِلٍّ ذِي ثَلَاثِ شُعَبٍ (*) لَا ظَلِيلٍ وَلَا يُغْنِي مِنَ اللَّهَبِ} (المرسلات: 31-32) واتە ئەی خراپەكاران بەڕێكەون بۆ سێبەرێك كە سێ لقی هەیە، سایەتان بۆ دابین ناكات و لە گەرمی و ئاگر ناتانپارێزێت.
لێرەدا مەبەست لەو سێ لقە بریتیە لە سێ بەشەكەی هێزی دەروون كە بریتین لە: هێز و بیرۆكە دڕندەییەكان، هێز و بیرۆكە ئاژەڵییەكان، هێز و بیرۆكە وەهمیەكان. وە ئەو كەسانەی كە ئەم هێزانە ڕێكوپێك ناكەن و نایانگۆڕن بۆ شێوازێكی ئەخلاقی، خوای گەورە لە دواڕۆژدا ئەم هێزانەیان پیشان دەدات وەك سێ لقی ڕووت و بێ گەڵای درەختێك، كە نە سێبەر دابین دەكەن و نە مرۆڤ دەپارێزن لە گەرمایی و لە ئاگر، بۆیە ئەو جۆرە خەڵكە بەهۆی ئەو گەرمی و ئاگرەوە دەسووتێن.
هەروەها خوای گەورە دەربارەی خەڵكی بەهەشت _وەك دەرخستنی ئەو سوننەتە خواییەی پێشتر باسكرا_ دەفەرموێت: {يَوْمَ تَرَى الْمُؤْمِنِينَ وَالْمُؤْمِنَاتِ يَسْعَى نُورُهُمْ بَيْنَ أَيْدِيهِمْ وَبِأَيْمَانِهِمْ} (آل عمران: 107) واتە ڕۆژێك دێت تۆ دەبینی ئەو ڕووناكیەی كە پیاو و ژنی باوەڕدار هەیانبوو لە دنیادا، وە بەشێوەیەكی شاراوە و نادیار مابووەوه، ئاشكرا دەبێت و پێشیان دەكەوێت و لەلای ڕاستیانەوە دەڕوات. وە لە ئایەتێكی تردا دەفەرموێت: {يَوْمَ تَبْيَضُّ وُجُوهٌ وَتَسْوَدُّ وُجُوهٌ} (آل عمران: 107) واتە لەو ڕۆژەدا هەندێ ڕوخسار ڕەش هەڵدەگەڕێت و هەندێكی تریش سپی و ڕووناك دەبێت.
وە لە شوێنێكی تردا دەفەرموێـت: {مَثَلُ الْجَنَّةِ الَّتِي وُعِدَ الْمُتَّقُونَ فِيهَا أَنْهَارٌ مِنْ مَاءٍ غَيْرِ آسِنٍ وَأَنْهَارٌ مِنْ لَبَنٍ لَمْ يَتَغَيَّرْ طَعْمُهُ وَأَنْهَارٌ مِنْ خَمْرٍ لَذَّةٍ لِلشَّارِبِينَ وَأَنْهَارٌ مِنْ عَسَلٍ مُصَفًّى} (محمد: 16)
واتە نموونەی ئەو بەهەشتەی كە خەڵات دەكرێت بە پارێزكاران وەك نموونەی باخێك وایە، كۆمەڵێك ڕووباری تێدابێت لە ئاو كە هەرگیز ئاوەكەی بۆگەن نەكات، وە لە شیر كە هەرگیز تامەكەی نەگۆڕێت، وە لە مەی كە تام و چێژی خۆشی هەبێت بەبێ ئەوەی ئەو كەسە سەرخۆش بكات كە دەیخواتەوە، وە لە هەنگوین كە ئەوپەڕی ڕوون بێت و هیچ خەوشێكی تێدا نەبێت كە لێڵی بكات.
وەسفێكی مەجازی نیعمەتەكانی بەهەشت
لێرەدا خوای گەورە بەڕاشكاوی ئەوە دەخاتەڕوو كە دەكرێت بەشێوەی مەجاز و نواندن تێگەيشتن بۆ بەهەشت بكرێت كە پێكھاتووە لە كۆمەڵێك ڕووبار لەو بەخشش و نیعمەتانه، كە هەمیشە لەبەریان دەڕوات و وشك ناكەن. مانای ئەوەیە لە بەهەشتدا كۆمەڵێك ڕووباری ئاشكرا لە ئاوی ژیانی ڕۆحانی هەیە كە كەسی خواناس بەشێوەی ڕۆحی لەدنیادا ئەو ئاوەی خواردووەتەوە، وە كۆمەڵێك ڕووباری ئاشكرا لە شیری ڕۆحانی هەیە كە لە دنیادا بەشێوەی خۆراكی ڕۆحی دەیخواردەوە وەكو مناڵی شێرەخۆرە، وە كۆمەڵێك ڕووبار لە بادەی خۆشەویستی خوایی هەیە كە لە دنیادا بەهۆیەوە هەمیشە مەست و سەرخۆش بووە بەشێوەی ڕۆحی، لەو ڕۆژەدا هەموو ئەم ڕووبارانە بەچاو دەبینێت، وە كۆمەڵێك ڕووباری ئاشكرا و بەرهەست لە هەنگوینی شیرینی باوەڕ كە لە دنیادا بەشێوەی ڕۆحی ئەو هەنگوینەی خواردووە.
هەموو كەسێك لە ئەهلی بەهەشت ئاستی بارودۆخە ڕۆحیەكەى ئاشكرا دەبێت لە ڕێگەی ڕووبار و باخەكانیەوە، خوای گەورەیش لەو ڕۆژەدا پەردە لەسەر ڕوخساری خۆی لادەدات بۆ ئەهلی بەهەشت.
بەكورتی لەو كاتەدا بارودۆخە ڕۆحیەكان وەك ئەمڕۆ بە شاراوەیی نامێننەوە، بەڵكو بە كۆمەڵێك شێوەی بەرجەستە و فیزیكی دەردەكەون.
زانیاری سێيەم
زانیاری سێيەم ئەوەیە كە پلەكانی بڵندبوونەوە و بەرەوباڵاچوون لە جیھانی زیندووبوونەوەدا كۆتایی نایەن. خوای گەورە لەمبارەيەوە دەفەرموێت: {… وَالَّذِينَ آمَنُوا مَعَهُ نُورُهُمْ يَسْعَى بَيْنَ أَيْدِيهِمْ وَبِأَيْمَانِهِمْ يَقُولُونَ رَبَّنَا أَتْمِمْ لَنَا نُورَنَا وَاغْفِرْ لَنَا إِنَّكَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ (*)} (التحريم: 9)
ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە دەربارەی ئەوانەی كە باوەڕیان هێناوە و بەردەوام و بەبێ دابڕان لە پەروەردگاریان دەپاڕێنەوە كە ڕووناكیەكەیان بۆ تەواو بكات… ئاماژەیە بۆ بڵندبوونەوەی بێ كۆتایی، بەو مانایەی هەركاتێك دەگەنە یەكێك لە قۆناغەكانی ڕووناكی، قۆناغێكی تری ڕووناكییان لێوە دەردەكەوێت كە لەوەی پێشوو بەرزترە، ئیتر ئەو پلەيەی كە پێشتر بەدەستیانهێنابوو بە ناتەواو دەبینن لەچاو پلەی دووەمدا… بۆیە داوا لە خوای گەورە دەكەن كە پلەی دووەم بەدەستبھێنن، كاتێك كە ئەو پلەیەش بەدەست دەهێنن.. پلەی سێيەمیان لێوە دەردەكەوێت كه لە دووەم باڵاترە، ئەوسا پلەكانی پێشوو بە ناتەواو لەقەڵەم دەدەن لەچاو ئەم پلەیەدا و چاودەبڕنە ئەمەی كۆتایی. بێگومان ئەم وتەیەی خۆیان {أَتْمِمْ} گوزارشت دەكات لەم خواستە بەردەوامە بۆ بڵندبوونەوە و بەرەوباڵاچوون.
بەم شێوەیە ئەڵقەكانی زنجیرەی ناكۆتای بڵندبوونەوە و بەرەوباڵاچوون بەردەوام دەبێت، وە هەرگیز تووشی كەوتنەخوارەوە نابن، هەروەها لە بەهەشتەكەیان دەرناكرێن، بەڵكو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر بەرەو پێش دەچن و ناگەڕێنەوە بۆ دواوە.
بەڵام ئەو وتەيەيان {وَاغْفِرْ لَنَا} پرسیارێك لەبارەیەوە دروست دەبێت: مادام ئەوان چوونەتە ناو بەهەشت… ئایا خوا چاوپۆشی لێ نەكردوون؟ وە مادام لێیان خۆش بووە ئیتر دوای ئەوە چ پێویست به داوای لێخۆش بوون دەكات؟ وەڵامەكە بەم شێوەیەیە: لە بنچینەدا (مغفرة) واتە داپۆشین و سڕینەوەی بارودۆخە ناتەواو و نەگونجاوەكان. كەواتە مەبەست ئەوەیە كە خەڵكی بەهەشت چاویان بڕیوەتە ئەوەی كە لە بەهەشتدا كەماڵی تەواوەتی بەدەستبھێنن و بەتەواوەتی لە نووردا نوقم بن. بێگومان ئەوان كاتێك به بەردەوامی پلەی كەماڵی دواتر دەبینن ئەوەی پێشوویان بە ناتەواو لەقەڵەم دەدەن، بۆیە دەیانەوێت دۆخی پێشوویان پەردەپۆش بكرێت و بسڕێتەوە. پاشان كاتێك پلەی كەماڵی سێيەم دەبینن ئاواتەخوازن كە دۆخی دووەمیان پەردەپۆش بكرێت.. واتە دۆخە ناتەواوەكەیان دابپۆشرێت و دیارنەمێنێت. بەم شێوەیە خەڵكی بەهەشت دوای هەموو قۆناغێك ئاواتی (مغفرة)ی ناكۆتا دەخوازن.
بێگومان وشەی “الاستغفار” یان “الغفران” هەمان ئەو وشەیەیە كە هەندێ لە نەفامەكان بەهۆیەوە تانە دەدەن لە پێغەمبەری ئازیزمان (درودی خوای لەسەر بێت). ئەی گوێگرە بەڕێزەكان تكام وایە لەوەی پێشوو كە ڕابورد ئەوە حاڵی بووبن كە ئارەزووكردنی “استغفار” شانازیە بۆ ئادەمیزاد. ئەو كەسەی لە هەناوی ئافرەتەوە لەدایك بوو بێت، وە لەگەڵ ئەوەدا لە هەموو دۆخەكاندا ئیستیغفار نەكات بە پیشەی خۆی، ئەوە ئەو كەسە كرمی زەویە نەك ئادەمیزاد، وە كوێرە و بینا نیە، وە پۆخڵە و پاك نیە.
بەكورتی، بەهەشت و دۆزەخ، بەگوێرەی بنەماكانی قورئانی پیرۆز، دوو شتی ماددی نوێ نین كە لە دەرەوە بێن، بەڵكو لەڕاستیدا بریتین لە شوێنەوار و سێبەری ژیانی مرۆیی. لەڕاستیدا هەریەكەیان لە دواڕۆژدا بەشێوەی بەرجەستە دەردەكەون، بەڵام لە حەقیقەتدا شتێك نین جگە لە شەوقدانەوەی بارودۆخە ڕۆحیەكانی مرۆڤ لەم دنیایەدا. بێگومان ئێمە باوەڕمان بە بەهەشت نیە بەو پێیەی كە پێكھاتبێت لە كۆمەڵێك درەخت كە بەشێوەی ماددی و ئاشكرا ڕوا بن، وە باوەڕمان نیە بەدۆزەخ كە ئاگر و گۆگردی ماددی تێدا بێت، بەڵكو بەهەشت و دۆزەخ _بەگوێرەی بیروباوەڕی ئیسلامی_ بریتین لە ڕەنگدانەوەی ئەو كردەوانەی كە ئادەمیزاد لە ژیانی دنیادا ئەنجامیان دەدات.