چەند پێشبینیەكی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كە نەیارەكان گومانیان هەیە تێیاندا

ئەو ڕێسا بنچینەییانەی كە بڕیار دەدەن لەسەر هاتنەدی پێشبینیەكان
پێش ئەوەی دەستبكەین بە باسكردنی هەندێ لە پێشبینیەكانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كە نەيارەكانی بانگەشەی ئەوە دەكەن بەدی نەهاتوون… تاوتوێی ئەو یاسایانە دەكەین كە بڕیار دەدەن لە هاتنەدی ئەو پێشبینیە خواییانەی كە خوای گەورە بەخشيويەتی بەنێردراوەكانی.
ڕێسای تەئویلی پێشبینیەكان
گومانی تێدا نیە کە هیچ پێغەمبەرێك لەلایەن خۆیەوە پێشبینی ناكات، بەڵكو بەهۆی بەڵگەیەكی بەهێـز لەلایەن خوای گەورەوە ئەم كارە دەكات.
زۆرێك لە نەیارەكانی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی دەڵێن: “هەموو پێشبینیەكی پێغەمبەر دەبێت بەشێوەی حەرفی یان بەگوێرەی ڕواڵەتی دەقەكە بێتەدی.” بەڵام ئەمە تێگەیشتنێكی نادروستە؛ چونکە مێژووی تۆماركراوی ئایینەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە پیاوانێك، لەوانەی لە بەرزتـرین پلەوپایەی ڕۆحانیدا بوون، هەندێجار وەكو پێویست توانای تێگەیشتنیان نەبووە لە پەیامی ئاسمانی… وە بەگوێـرەی شایەتیدانی قورئان… لەڕاستیدا ڕوویداوە كە هەندێ لە پێغەمبەران تێگەيشتنیان لەو وەحیەی كە بۆیان كراوە پێچەوانەی ئەو ڕاستیە بووە كە خواستی خوایی مەبەستی بووە لەو وەحییەدا. ئایا خەونەكەی گەورەمان موحەممەد (صلى الله عليه وسلم) نازانین كە پەیوەست بوو بە جێبەجێكردنی عومرە و حەج لەگەڵ هاوەڵەكانیدا… ئەو ڕووداوەی كە لە مێژووی ئیسلامدا بە (ڕێككەوتنی حودەیبیە) ناسراوە؟ لەوێدا چی ڕوویدا؟ فەرموودەكان دەڵێن پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) -بەگوێـرەی خەونێكی خوایی كە بینیبووی- داوای لە هاوەڵەكانی كرد خۆیان ئامادە بكەن بۆ زیارەتكردنی ماڵى خوا لە مەككەى پیـرۆز و بەجێهێنانی عومرە لەوێدا. بەڵام موشریكەكانی مەككە نەیانهێشت كە پێ بخەنە ناو مەككەى پیـرۆزەوە. بە واژۆكردنی پەیماننامەیەك لەنێوان موسوڵمانان و موشریكەكاندا لە حودەیبیە كارەكە كۆتایی هات، وە بەگوێـرەی مەرجەكانی ئەم پەیماننامەیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ڕازی بوو بەوەی بگەڕێتەوە بۆ مەدینە بەبێ بەجێهێنانی دروشمەكانی عومرە كە خۆى (صلى الله عليه وسلم) لە خەونەكەوە وا تێگەیشتبوو بەجێهێنانی ئەم دروشمانە لە چارەیان نووسراوە. (صحیح البخاري، كتاب المغازي)
وە لە ڕیوایەتەكانەوە دەردەكەوێت كە هاوەڵەكانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) -لەگەڵ ڕێـز و ئیحتیـرامی بێ پایانیان بۆ پایەكەی- زۆر بەتوندی بێـزاربوون لە شكاندنی ئیحرامی عومرەكەیان و گەڕانەوەیان بۆ مەدینە بەبێ هاتنەدی پێشبینیەكە بەو شێوەيەی كە تێگەيشتبوون لێی.
ئەگەر ئەو كەسانەی كە ڕەخنە دەگرن دەربارەی بەدیهاتنی هەندێ لە پێشبینیەكانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەكاتی واژۆكردنی ڕێككەوتننامەی حودەیبیە و گەڕانەوە بۆ مەدینە بەبێ جێبەجێكردنی دروشمەكانی عومرە، كە خەونەكەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئاماژەی پێ كردبوو، ئامادەبوونایە چییان دەوت؟
نموونەیەكی تـر هەیە ڕوونی دەكاتەوە كە چۆن هەندێ جار پیاوانی خاوەن پلەوپایەی بڵند بەتەواوی لە خەونەكان تێناگەن… ئەویش بەڵێنەكەی خوای پەروەردگارە بە پێغەمبەر نووح (عليه السلام). قورئانی پیـرۆز بۆمان دەگێـڕێتەوە كە خوای باڵادەست بەڵێنیدا بە پێغەمبەرەكەی خۆی نووح (عليه السلام) كە سەرجەم خاوخێـزانەكەی لە كارەساتی ئەو لافاوە ڕزگار بكات كە بەمزوانە تووشی گەلەكەی دەبێت… كاتێك نووح (عليه السلام) كوڕەكەی خۆی بینی لە لێواری نوقم بووندا بوو، بە هاوارگەلێكی زۆر خەماوی و دۆشدامانێكی بەژانەوە پەروەردگاری خۆی بانگكرد: ﴿رَبِّ إِنَّ ابْنِي مِنْ أَهْلِي وَإِنَّ وَعْدَكَ الْحَقُّ﴾(هود: 46) واتە: “ئەی پەروەردگارم بەڕاستی کوڕەکەم کەسوکاری منە و بێگومان بەڵێنی تۆش ڕاسته”، وەك ئەوەی بەڵێنەكەی پێشووی بیـربهێنێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا.. خوای گەورە… لەجياتی ئەوەی كوڕەكەی ڕزگار بكات.. باوكە شڵەژاوەكەی ئاگاداركردەوە كە ڕاستە كوڕەكەی لە گۆشت و خوێنی خۆیەتی، بەڵام لە دیدی خوای گەورەدا ئەو كوڕە، بەهۆی بەدكاریەكەیەوە، ناچێتەناو چوارچێوەی خێـزانی پێغەمبەر نووحەوە. وەك ئەوەی گەورەمان نووح (عليه السلام) بە هەڵە تێگەیشتبێت لە بەڵێنە خواییەكە كە پەیوەست نەبوو بە خێـزان و نەوەی ئەم پێغەمبەرەوە مەگەر تەنها لە ڕووی ڕۆحیەوە.
پرسیار لەو كەسانە دەكەین كە بەبێ بەڵگە سوورن لەسەر بڕیاردان: چ قسەیەكیان دەكرد ئەگەر ئامادەی ئەم دیمەنە بوونایە، وە لەسەر شاخەكەوە چاوەڕوانییان بكردایە و بەچاوی خۆیان ئەو شەپۆلە بەهێـزەیان ببینيبایە كە كوڕەكەی نووحی ڕاماڵی بەرەو چارەنووسی كۆتایی؟
ئەمانە كۆمەڵە ڕاستیەكی مێژوویی چەسپاون لە كتێبەكانی وەحی خواییدا… ئایا ئەو ڕاستیە ناگەیەنن بە مرۆڤ كە پێش ئەوەی سەرچڵی بكات و مشتومڕی ئەو بابەتە وردە بكات كە پەیوەستە بە هاتنەدی پێشبینیەكان و خواستی خواییەوە، پێویستە ئەو هۆكارە جۆر بەجۆرانە بەباشی بزانێت كە خوا بەهۆیانەوە وشەكانی خۆی دەچەسپێنیت؟… هەڵبەت قورئانی پیـرۆز باسی ئەو یاسا زێـڕینەی كردووە كە زاڵە لە مامەڵەكردنی خوای گەورە لەگەڵ مرۆڤدا بەجۆرێك قورئانی پیرۆز ڕایدەگەیەنێت: ﴿عَذَابِي أُصِيبُ بِهِ مَنْ أَشَاءُ وَرَحْمَتِي وَسِعَتْ كُلَّ شَيْءٍ.. فَسَأَكْتُبُهَا لِلَّذِينَ يَتَّقُونَ﴾ (الأعراف: 157) واته: “سزا و ئازارم دووچاری هەر كەسێك دەکەم کە بمەوێ وە ڕەحمەتیشم هەموو شتێکی گرتۆتەوە.. جا لەدواییدا بەزەییم دەنووسم بۆ ئەوانەی پارێزکارن.”
وە بەڕەچاوكردنی ئەم بنەمایە… كارێكی هەڵەیە كەسێك ناڕەزایی دەربڕێت و بڵێت: هەردەبێت پێشبینیەكان دەقاودەق بێنەدی بەو شێوەیەی كە ژیـری سنورداری مرۆڤ لێی تێدەگات. بێگومان نموونەی ئەم جۆرە بۆچوونە بەتەواوی گومڕاكەرە، وە خاوەنەكەی بێ ئاگایە لەوەی كە دەبێت ئەم دوو بابەتە ڕەچاو بكات:
یەكەمیان: سیفەتی میهرەبانی خوای بەبەزەیی كە دەریایەكی بێ بنە.
دووەمیان: هۆكارەكانی تـر كە پەیوەستن بەم بابەتەوە.. وەك ڕەفتاری ئەوانەی كە پێشبینیە خواییەكە لەبارەیانەوە دەرچووە.
وە لەبەرئەوەی كە تای تەرازووی ڕەحمەتی خوای گەورە قورستـرە لە تای غەزەبەكەی… بۆیە هەر موسوڵمانێك كە شایستەی گەردیلەیەك لە نیعمەتی خوایی بێت ناكرێت زات بكات و بوێـرێت مافی خوا كۆت و بەند بكات لەوەدا كە بە میهرەبانی خۆی هەر كەسێك – كەخۆی بیەوێت – هەڵبژێرێت و چاكەی لەگەڵدا بكات. ئەم مافە بەشایەتی قورئان و فەرموودە پیرۆزەكان ئەوەیە كە خوای گەورە بەم شێوەیە ڕایگەیاندووە: ﴿كَتَبَ عَلَى نَفْسِهِ الرَّحْمَةَ﴾ (الأنعام: 13) ، ڕەحم بە هەركەسێك دەكات كە خۆی بیەوێت ئەگەرچی لەو كەسانە بێت كە پێشتـر غەزەبیان لەسەر نووسرا بێت.
گومان لەوەدا نیە كە ئەوەی خوای گەورە بڕیاری لێبدات حەقی ڕەهایە.. چونكە هیچ شتێك نافەرموێت ئەوە نەبێت كە ڕاست و دروستە. بەڵام خوای گەورە هەر خۆی خاوەنی خواستی خۆیەتی و پەروەردگاری چارەنووسەكانە. ڕەنگە هەواڵ بدات بەلەناوچوونی گەلێك پاشان ئەم گەلە لە ژیاندا ڕەفتاری خۆیان بگۆڕن و پەشیمانی پیشان بدەن، وە تۆبە بكەن و بگەڕێنەوە بۆ لای خوا و بەگوێـرەی پارێـزكاری هەڵسوكەوت بكەن… ئا لەم كاتەدا خوای گەورە لێیان دەبورێت..، وە ڕێگە دەدات بە بنەمای باڵادەست -واتە بنەمای “وَرَحْمَتِي وَسِعَتْ كُلَّ شَيْءٍ” هەستێت بە ڕۆڵی خۆی بە گوێـرەی یاسای: ﴿وَمَا كَانَ اللَّهُ مُعَذِّبَهُمْ وَهُمْ يَسْتَغْفِرُونَ﴾ (الأنفال: 34) واتە: “وە خوا تووشی سزایان ناكات لەكاتێكدا ئەوان داوای لێخۆشبوون بكەن.”
مرۆڤ واقی وڕدەمێنێت كاتێك دەبینێت ئەو كەسانەی كە تانە دەدەن لە كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی شكست دەخۆن لە تێبینی كردنی ئەو دیاردەیەی كە ڕۆژانە هەموو ئیماندارێك ئەزموونی دەكات. زۆرجار باوەڕدار لە خەودا ئاگاداركردنەوەیەك دەبینێت كە پەیوەستە بە ڕووداوگەلێكی نەخوازراو و كارەساتگەلێك كە نزیكە ڕووبدەن لە ژیانیدا، وە دەتوانێت بەسووربوونەوە بڕیاربدات كە ئەم جۆرە خەوانە خەوی ڕاستەقینەو چاكن -بە گوێـرەی سوننەتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) – وە لەڕاستیدا بریتین لە ئاگاداركردنەوەی خوایی، كە بەهۆیانەوە خوای گەورە كۆمەڵە مەتـرسیيەك ئاشكرا دەكات بۆ بەندەكانی كە هەڕەشەن لەسەریان، بەڵام ئەگەر كەسی ئاگاداركراو گەڕایەوە بۆلای خوا و بەكوڵ لێی پارایەوە و داوای لێخۆش بوونی لێ كرد و خێـرو خێـراتی كرد و ماڵی بەخشی لەڕێگەی خوادا- ئەوا زۆربەی كات بەهۆی ڕەحمەت و چاوپۆشینی خوای گەورەوە ئەو مەتـرسیانەی دەوریان داوە دووردەكەونەوە.
تۆبڵێی بۆچوونی ئەو كەسانەی كە ڕەخنە لە پێشبینیەكانی گەورەمان ئەحمەد (عليه السلام) دەگرن چۆن بێت سەبارەت بەو پەروەردگارەی كە هەواڵ بەبەندەی خۆی دەدات بە كارەساتێك كە نزیكە ڕووبدات، پاشان ئەگەر بەندەكەی تۆبەی كرد و بەكوڵ پاڕایەوە، وە خێـری كرد و قوربانی ئەنجام دا… پەروەردگار بڕیارەكەی خۆی دەگۆڕێت؟ ئایا ئەم پەروەردگارە لە وتەكەیدا ڕاستگۆ نیە؟
ڕێسای پێشبینییە مەرجدارەكان
یەكێك لە ڕێنماییە دروستەكانی ئیسلام كە پەیوەستە بە سزادانی خواییەوە، وە پێغەمبەری ئیسلامیش (صلى الله عليه وسلم) جێگیـری كردووە، ئەوەیە كە خوای پەروەردگار ئازادی ڕەهای هەیە لەوەدا كە خۆش بێت لەهەركەسێك خۆی بیەوێت، وە خێـركردن سزای بڕیاردراوی ئاسمان هەڵدەگرێت. بێ گوێدانە ئەوەی كە ڕەخنەگرەكان دەیڵێن دەربارەی پێشبینیەكانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەهۆیانەوە لەكەداری دەكەن… ئەو ڕاستیە بە جێگیـری دەمێنێتەوە كە بەدیهاتنی پێشبینیەكان، بەتایبەتی ئەوانەیان كە تـرساندنە بە تووشبوونی سزا، بابەتێكە مەرجدارە بە ڕەفتاری ئەو تـرسێنـراوانەی كە بڕیارەكە دەربارەیان دەرچووە، وە مەرجداریشە بە خواستی خوای گەورەوە. وە ئەگەر حیكمەتی خۆی ئەوەی خواست كە لێیان خۆش نەبێت (جل جلاله) ئەوا هەموو وشەیەكی پێشبینیەكە دێتەدی.
بەڵام ئەگەر خوای گەورە بڕیاریدا كە چاوپۆشی بكات لە مرۆڤ؛ چونكە ڕەفتاری خۆی گۆڕیوە و تۆبەی كردووە… ئەوا ئەو پێشبینیەی كە بە سزا تـرساندوویەتی نایەتەدی. وە ئاشكرایە لەو كاتەدا نەهاتنەدی پێشبینیەكە بەوە ڕاڤە ناكرێت كە وتەی خوا پووچەڵ بووەتەوە؛ چونكە خوای گەورە دەوری هەموو شتێكی داوە، وە هەرخۆی بەتەنها ئاگادارە بەسەر دڵی مرۆڤدا و ناوەڕۆكی ڕاستەقینەی وشەی پێشبینیەكانی خۆی دەزانێت، بۆیە خۆی چۆن بڕیاریدابێت و بیەوێت وتەكانی خۆی دێنێتەدی، نەك بەو شێوەیەی كە مرۆڤ تێدەگات یان چاوەڕوان دەكات.
پاشان لێـرەدا بەڵگەیەكی ئەرێنی لە قورئانی پیـرۆزدا هەیە كە ئاماژە دەكات بەوەی بەڵێنە خواییەكان دەربارەی مژدە خۆشەكانیش لەوانەیە بگۆڕێن ئەگەر گەلی مژدەپێدراو بە ناشایستەیی مانەوە بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە خواییانەی كە بەڵێنیان پێدراوە. بۆ نموونە مرۆڤ بۆی هەیە پرسیار بكات… گەورەمان مووسا و نەتەوەكەی، واتە نەوەی ئیسڕائیل، چییان بەسەرهات پاش ڕزگاربوون لە كۆیلایەتی فیـرعەونی میسر؟ گەورەمان مووسا (عليه السلام) هەواڵی ئەوەی پێدان كە خوای گەورە لە داهاتوودا دوژمنەكانی نەوەی ئیسڕائیل لەناو دەبات و ئیسڕائیلیەكان نیشتەجی دەكات لە زەوی بەڵێنپێدراودا: ﴿قَالَ عَسَى رَبُّكُمْ أَنْ يُهْلِكَ عَدُوَّكُمْ وَيَسْتَخْلِفَكُمْ فِي الْأَرْضِ فَيَنْظُرَ كَيْفَ تَعْمَلُونَ﴾ (الأعراف: 130) واته: “بەڵکو پەروەردگارتان دوژمنەکەتان لەناو بەرێت و ئێوە بکات بە جێنشین لەسەر زەوی جا تەماشا دەکات ئێوە چۆن کار دەکەن”، بۆ بەدیهاتنی ئەم هەواڵە خوای گەورە ئەوانی گەیاندە لێوارەكانی زەوی بەڵێندراو كە بۆیان نووسرابوو، بەڵام دەركەوت كە نەوەی ئیسڕائیل هێشتا شایستەی ئەو بەڵێنە نین، لەبەرئەوە خوای گەورە بڕیاریدا هاتنەدی بەڵێنەكەی خۆی بۆ ئەوان دوابخات تاكو چل ساڵ. (المائدة: 22-27)
مێژوو بۆمان دەگێـڕێتەوە كە گەورەمان مووسا، ئەو پێغەمبەرە ساڵحەی كە خوا ڕەوانەی كردبوو بۆ سەر نەوەی ئیسڕائیل… سزای چەشت لەگەڵ نەتەوە ستەمكارەكەیەدا. ئەگەرچی لەهەر تاوانێك پاك وبێگەرد بوو، كەچی مرد بەبێ ئەوەی بچێتە ناو زەوی بەڵێندراو لە كاتێكدا خوا بەڵێنی ئەو زەویەی دابوو بە خۆی و گەلەگەی. بەڵام ئەو بەندەیەكی باوەڕداری دڵسۆز بوو بۆ خوای گەورە؛ بۆیە ڕخنەی نەگرت و گومانی نەكرد لە وتەكەی پەروەردگاری.
كەوابوو، كاتێك ئەوە دەخوێنینەوە كە وشەكانی خوا (ناگۆڕێن)… دەبێت تەنها لەسەر ئەو بناغەیە تێگەیشتنی بۆ بكرێت كە ئەمە شێوازێكە لەلایەن خوای گەورەوە بڕیاری لێ دراوە، وە بێگومان لە ڕابردوودا، لەو كاتەوەی كە دەستەواژەی “وشەكانی خوا ناگۆڕێن” ڕاگەیەندراوە جێبەجێ بوونی ئەو بڕیارانەی كە لە وشەكاندا هەن لەسەر ئەم جۆرە ئایەتە قورئانیانە وەستاوە: ﴿فَهَلْ يَنْظُرُونَ إِلَّا سُنَّتَ الْأَوَّلِينَ فَلَنْ تَجِدَ لِسُنَّتِ اللَّهِ تَبْدِيلًا وَلَنْ تَجِدَ لِسُنَّتِ اللَّهِ تَحْوِيلًا (*)﴾ (فاطر: 44)، واتە: “دەی ئایا جگە لە ڕێوشوێنی ئەوانەی پێشوو چاوەڕێی چیتـر دەكەن؟ كە هەرگیـز ڕێوشوێنی خوا گۆڕانی بۆ نیە، وە هەرگیـز ڕێوشوێنی خوا وەرچەرخانی بۆ نیە.”
دەی ئایا هەڵسوكەوتێك چاوەڕوان دەكەن لە خوا كە جیابێت لەو هەڵسوكەوتەی لەبەرامبەر گەلانی ڕابردوودا نواندوویەتی؟ نەخێـر، هەرگیـز هیچ گۆڕان و جێگۆركێیەك لە ڕێوشوێنی خوای گەورەدا ڕوونادات.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر خوا ویستی -بەگونجاوی لەگەڵ سوننەتە بەردەوامەكیدا- بڕیاری سزادان دوا بخات یان هەڵوەشێنێتەوە لەسەر نەتەوەیەك لەبەر چەند هۆكارێكی دیاریكراو كە ڕەحمەتی خۆی دەیخوازێت، وەك ئەوەی ڕوویدا لەگەڵ دانیشتوانی “نەینەوا”دا، ئەوا ڕەوا نیە كە ئەم گۆڕانە یان ئەم جێگۆڕكێ ڕواڵەتیە دابنـرێت بە گۆڕان و وەرچەرخان لە وتەی خوای گەورەدا.
وە قورئانی پیـرۆز بەڵگەیەكی بەهێـز دەهێنێتەوە لە ڕوونكردنەوەیەكی زانستیدا كە ئاشكرای دەكات خوای گەورە كاتێك بڕیاری ئەو سزادانە دەكێشێتەوە كە خۆی دەریكردووە ئەوا كارێكی كردووە كە میهرەبانیەكەی پێش ڕق و تووڕەبوونەكەی بكەوێت بەوەی بڕیاری سزادانەكەی دەگۆڕێت. وە نموونەیەكی جوان و بێوێنەمان لەسەر ئەم شێوازە دەستدەكەوێت لە هەڵسوكەوت كردنی خوای گەورە لەگەڵ خەڵكی “نەینەوا”دا (یونس: 99). قورئانی پیـرۆز بۆمان دەگێـڕێتەوە كە خوای پەروەردگار گەورەمان یونسی (عليه السلام) وەكو پێغەمبەرێك ڕەوانەكرد بۆ شاری نەینەوا، وە لەسەرەتادا پەیامی خوای پەروەردگاريان ڕەتكردەوە، لەبەرئەوە خوا كاتێكی دیاریكراو و ڕۆژێكی دەستنیشانكراوی بڕیاردا بۆ لەناوچوونیان. وە گەورەمان یونس بەشێوەیەك تێگەیشت لەم هەواڵە خواییە، كە تایبەت بوو بە لەناوچوونی سەدهەزار بەڵكو زیاتـر لە دانیشتووانی نەینەوا، كە لەداهاتوودا دەقاودەق دێتەدی، بۆیە لەو شارە كۆچی كرد (الأنبیاء: 88)، وە لە مەودایەكی دوور لەو شارە ڕاوەستا و چاوەڕوانی كاولبوونەكەی دەكرد. قورئانی پیـرۆز دەفەرموێت خەڵكی ئەم شارە بەڕاستی پەشیمان بوونەوە و بەشێوەیەكی زۆر چاك تۆبەیان كرد و گەڕانەوە بۆ لای خوای خۆیان، وە لێی پاڕانەوە و داوای لێخۆش بوونیان لێ كرد و تكای ڕەحمەتی ئەویان كرد… پاشان خوای گەورە بڕیارەكەی پێشووی هەڵوەشاندەوە و بەچاوی میهرەبانیەوە سەیری كردن. وە قورئانی پیرۆز بەڕاشكاوی ئەوە ڕادەگەیەنێت كە پەیوەندی بەم پێشبینیە و ئاكامی كۆتایی گەلی نەینەواوە هەیە و دەفەرموێت: ﴿لَمَّا آمَنُوا كَشَفْنَا عَنْهُمْ عَذَابَ الْخِزْيِ فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا﴾ (سورة یونس: 99) واتە: “كاتێ باوەڕیان هێنا سزای سەرشۆڕیمان لەسەر لابردن لە ژیانی دنیادا.” دەی ئایا ڕەخنەگران لە پێشبینیەكانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەتوانن بێنەپێشەوە و دەمەدەمێ بكەن دژی پێشبینیەكەی گەورەمان یونس و نکۆڵی لێبكەن… چونكە ئەو پێشبینیەی كە بەوەحی خوایی پێیگەیشتبوو نەهاتەدی بەو شێوەیەی كە مرۆڤ چاوەڕێی دەكرد، وە چارەنووسی خوای پەروەردگار بە پێچەوانەی پێشبینیەكەوە هات، وە خەڵكی نەینەوا كاتێك باوەڕیان هێنا لە سزای سەرشۆڕكەرە ڕزگاریان بوو؟
لەگەڵ ئەوەشدا گەورەمان یونس (عليه السلام) پیاوێك بوو كە ئیمانێكی بەهێـزی هەبوو، وە پارێـزكارێكى مەزن بوو. كاتێك دەركی بە هەڵەی خۆی كرد لە تێگەیشتنی ئەو ئامانجەی كە خوای گەورە دەیەوێت… دەستبەجێ داوای لێخۆشبوونی لە خوا كرد و لە ئەنجامی ئەمەدا خوای گەورە لە خەم و خەفەت ڕزگاری كرد. ئەگەر ڕەخنەگران لە گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو لە شوێنی گەورەمان یونسدا بوونایە ئەوا لە هەناوی نەهەنگەكەدا دەمانەوە هەتا ڕۆژی زیندووبوونەوە؛ چونكە چاوەڕوانی ئەوەیان لێناكرێت كە دەرك بەهەڵەی خۆیان بكەن و تكای لێخۆشبوون بكەن لەسەر خراپ حاڵی بوونیان لە ڕێوشوێنەكانی خوای گەورە.
ئەم نموونە كەمانە لە مێژووی تۆماركراو و پارێـزراوی ئایینیدا بەسن بۆ چەسپاندنی ئەو ڕاستیەی پەیوەستە بە مەسەلەی بەدیهاتنی پێشبینیە خواییەكانەوە، وە دەریدەخەن كە ئەمە بابەتێكە ئەوە دەخوازێت بەسووربوونێكی تەواوەتیەوە توێژینەوەی لێ بكرێت.
وە یەكێك لە گاڵتەجاڕیە بەژانەكان ئەوەیە كاتی تاوتوێ كردنی ئەو پێشبینیانەی كە ئیلهام كراون بۆ مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) -كە بەشێوەیەكی ئاسایی ئەمانیش ملكەچن بۆ هەمان ئەو ڕێسا خوایە بەردەوامانەی كە پێشتـر باسمان كردن- نەيارەكانی ئەحمەدیەت بە ڕەوشتی ئەمانەتپارێزی و سەرڕاستی هەڵسوكەوت ناكەن لەگەڵ ئەم بابەتەدا.. كە دوو سیفەتی پێویستن نەك لەسەر باوەڕدار بە تەنها، بەڵكو چاوەڕوانیش دەكرێت لە هەر مرۆڤێكی ڕاستگۆی ئاسایی.