بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

ئايا عائیشە (خوا لێی ڕازی بێت) لە تەمەنی شەش ساڵیدا بووە، كاتێك هاوسەرگیری كرد لەگەڵ پێغەمبەردا (درودى خواى لەسەر بێت)؟

وەڵام:

بِسْمِ اللهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ

گومانی تێدا نییە هیچ کەسێك لە خزمە نزیکەکانی ئەبوبەکر ڕەخنەیان لەم هاوسەرگیرییە نەگرت، هیچ کەسێكیان نەیووت: ئەبوبەکر چۆن کچە بچوکەکەت ئەدەیت بە کەسێكی بە تەمەن!! وە هیچ کەسێك لە دووڕووەکان و موشریکەکانیش ڕەخنەیان لەم هاوسەرگیرییە نەگرت، لە کاتێكدا ئەوان بە دوای بچوكترین شتدا دەگەڕان تا ڕەخنەی لێ بگرن تا ڕه‌خنه‌ له‌ پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) بگرن.

لە ڕاستیدا بەمە گومانەکەیان پوچەڵ بوویەوە، ئەگەر هەر کەسێكیش هێشتا گومانی لە دڵدا ماوە فەرموو بەڵگەیەکمان بۆ بهێنن کە کەسێك ڕەخنەی لەم کارە گرت بێت، بۆیە ئەگەر ناتوانن ئەمە بکەن، ئەوا چیتر بێ دەنگ بن ڕەخنەی لێ مەگرن؛ چونکە ئەم هاوسەرگیرییە بێ کێشە و سەرکەوتوو بووە.

لەگەڵ ئەوەشدا پێم خۆشە چەند بەڵگەیەك بخەمەڕوو لەسەر ئەوەی عائیشە (خوا لێی ڕازی بێت) تەمەنی 9 ساڵ نەبووە لە کاتی هاوسەرگیرییەکەیدا.

أَنَّ عَائِشَةَ – رضي الله عنها – زَوْجَ النَّبِيِّ – صلى الله عليه وسلم – قَالَتْ: لَمْ أَعْقِلْ أَبَوَيَّ قَطُّ إِلَّا وَهُمَا يَدِينَانِ الدِّينَ وَلَمْ يَمُرَّ عَلَيْنَا يَوْمٌ إِلَّا يَأْتِينَا فِيهِ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ طَرَفَيِ النَّهَارِ بُكْرَةً وَعَشِيَّةً فَلَمَّا ابْتُلِيَ الْمُسْلِمُونَ خَرَجَ أَبُو بَكْرٍ مُهَاجِرًا قِبَلَ الْحَبَشَةِ…. (البخاري)

واته: عائیشە (خوا لێی ڕازی بێت) فەرمووی: بەبیرەوەری من باوك و دایکم بەم ئایینی پیرۆزی ئیسلامە ڕەفتاریان کردووە و ئەوەتەی من لە بیرم بێ ئەوان هەر موسوڵمان بوون، هەموو ڕۆژێكیش پێغەمبەر (درودی خوای لێ بێت) سەرلەبەیانیان و سەرلەئێواران تەشریفی دەهات بۆ ماڵمان، کاتێك کە موسوڵمانان دووچاری چەوسانەوەی دەستی بێ بڕواکانی هۆزی قورەیش بوون و لەتاو زوڵم و زۆرداری ئەوان، هەریەکەیان بە لایەکدا پەرتەوازە بوون، ئەبوبەکریش بەرەو خاكی حەبەشە کۆچی کرد…

لەم ڕیوایەتەوە بە جوانی دەردەکەوێت کە عائیشە (خوا لێی ڕازی بێت) پێش ئیسلام لە دایك بووە و سەرەتاکانی ئیسلامی لە یاد بووە.

هەروەها پێش ئەوەی پێغەمبەری خوا (درودی خوای لێ بێت) داوای عائیشە بکات، کەسێكی تر بە ناوی (مُطْعِمُ بْنُ عَدِيٍّ) داخوازی عائیشەی کردووە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی لەو کاتەدا عائیشە (خوا لێی ڕازی بێت) لە تەمەنی هاوسەرگیریدا بووە و مناڵ نەبووە.

هەروەها دەکرێت تەمەنی عائیشە بزانین بە بەراوردکردنی تەمەنی بە تەمەنی ئەسمائی خوشکی، ئەسماء دە ساڵ لە عائیشە گەورەتر بووە، وە ئەسماء لە ساڵی 73ی کۆچی وەفاتی کرد کە تەمەنی 100 ساڵ بوو، کەواتە ئەسماء لە کاتی کۆچ کردن بۆ مەدینەدا تەمەنی 27 ساڵ بووە، وە عائیشە لە کاتی کۆچدا تەمەنی 17 ساڵ بووە، لە کاتی هاوسەرگیرییەکەیدا تەمەنی 18 ساڵ بووە.

بەڵام دەربارەی ڕیوایەتەکەی (هشام بن عروة عن أبيه عن عائشة) کە دەڵێت عائیشە تەمەنی 9 ساڵ بووە، لەگەڵ ئەوەی لە ڕووی سەنەدیشەوە لاوازە، بەڵام دەکرێ وا لێی تێبگەین کە مەبەستی 9 ساڵ بووە لە دوای 10 ساڵی واتە 19 ساڵ، بۆ نموونە دەوترێ فڵان لە 97 لە دایك بوو، مەبەست ئەوەیە لە ساڵی 1997 لە دایك بووە، یان دەکرێت هەڵەیان کرد بێت لە کاتی گێڕانەوەی فەرموودەکەدا، بە جۆرێك وتبێتی 19 ساڵ بووە، بەڵام ئەو کەسەی کە ڕیوایەتی کردووە وا تێگەیشبێت کە دەڵێت 9 ساڵ بووە.

بەم جۆرە کۆی ڕیوایەتەکان تا ڕادەیەکی باش بەیەکەوە دەگونجێن.

وَآخِرُ دعوانَا أَنِ الحَمدُ للهِ رَبِّ العَالَمِينَ