بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

مامەڵە کردن لەگەڵ دیل

قوڕئانی پیرۆز دەفەرموێت: ﴿مَا كَانَ لِنَبِيٍّ أَنْ يَكُونَ لَهُ أَسْرَى حَتَّى يُثْخِنَ فِي الْأَرْضِ تُرِيدُونَ عَرَضَ الدُّنْيَا وَاللَّهُ يُرِيدُ الْآخِرَةَ وَاللَّهُ عَزِيزٌ حَكِيمٌ (*) لَوْلَا كِتَابٌ مِنَ اللَّهِ سَبَقَ لَمَسَّكُمْ فِيمَا أَخَذْتُمْ عَذَابٌ عَظِيمٌ(*)﴾ (سورة الأنفال)

واتای ئایەتەکان:

بۆ هیچ پێغه‌مبه‌رێك ڕه‌وا نی یه‌ که‌ دیلی له‌ دوژمنان هه‌بێت هه‌تا کوشتاری زۆریان لێ نه‌کات له‌ زه‌ویدا ئێوه‌ ماڵی دونیاتان ده‌وێ (به‌ وه‌رگرتنی فیدیه‌) وه‌ خواش پاداشتی ڕۆژی دوایی ده‌وێت بۆ ئێوه‌، وه‌ خوا توانا و زاڵی کار دروسته‌.

هەر بۆیە بە هیچ شێوەیەك ڕفاندنی دوژمن دروست نییە پێش هەڵگیرساندنی جەنگ، بەڵام کاتێك کە جەنگ دەست پێدەکات، ئەو کات دروستە دوژمنان بە دیل بگیرێن.

ڕفاندن و بە بارمتەگرتن بە بێ هەڵگیرسانی شەڕ لەوانەیە بۆ سوودێكی ماددی بێت لەلایەن ئەو کەسانەوە کە خەڵکی دەڕفێنن و دەیانکەن بە بارمتە، و پاشان داوای بڕە پارەیەکی زۆر دەکەن لە بەرانبەر ئازادکردنی بارمتەکەدا. بەڵام خوای گەورە پاداشتی ڕۆژی دوایی ده‌وێت بۆتان، نەوەکو دونیا.

﴿لَوْلَا كِتَابٌ مِنَ اللَّهِ سَبَقَ﴾، ئه‌گه‌ر خوا پەیمانی پێنەدابان بە سەرکەوتنتان لە بەدردا، ئەوا بە دیل دەگیران و لەلایەن دوژمنەکانتانەوە توشی ئازاری گەورە دەبووم.

دوایی کۆتایی هاتنی جەنگ ﴿فَكُلُوا مِمَّا غَنِمْتُمْ حَلَالًا طَيِّبًا﴾، که‌واته‌ بخۆن له‌وه‌ی که‌ به‌ غه‌نیمه‌ت گرتان حه‌ڵاڵ و پاکه‌.

بەپێی تەفسیری باو:

ڕاڤەکاران لە ڕاڤەی ئەم ئایەتەدا کەوتوونەتە هەڵەیەکی گەورەوە ئەویش بەهۆی ڕیوایەتێكەوە کە دەڵێن سەبەب نزولی ئەم ئایەتەیە، لە کاتێكدا بەو جۆرە نییە.

ڕیوایەتەکە دوورو درێژە ئەمە بەشێکێتی: “ابن عباس وتی: كاتێ دیله‌كانیان گرت پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله عليه وسلم) به‌ أبو بكر و عمر (خوایان لێ ڕازی بێت) فه‌رموو: (ڕاتان چیه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌م دیلانه‌)؟. أبو بكر وتی: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا ئه‌وانه‌ ئامۆزا و عه‌شیره‌تمانن وا ده‌بینم به‌ ماڵ به‌ره‌ڵا بكرێن تا ببینه‌ خاوه‌نی هێز به‌رانبه‌ر به‌بێباوه‌ڕان، به‌ڵكو خوا هیدایه‌تیشیان بدات بۆ ئیسلام، ئینجا پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله عليه وسلم) فه‌رمووی: (ئه‌ی ابن الخطاب تۆ ڕات چیه‌) به‌ خوا ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله عليه وسلم) ڕای من وه‌كو ڕاكه‌ی أبو بكر نیه‌، به‌ڵكو من ڕام وایه‌ ڕێگه‌مان بده‌یت بدرێت له‌ گه‌ردنیان، ڕێگه‌ بده‌یت به‌ (عه‌لی) بدات له‌ ملی (عقیل)، ڕێگه‌ بده‌یت به‌من بده‌م له‌ گه‌ردنی فڵان -كه‌ خزمی عمر بوو- چونكه‌ ئه‌وانه‌ پێشه‌وایانی كوفر و گه‌وره‌كانیانن، پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله عليه وسلم). حه‌زی به‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌بو به‌كر وتی حه‌زی به‌وه‌ نه‌كرد كه‌ عمر وتی، كه‌ بۆ سبه‌ینێ هاته‌وه‌، بینیم پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله عليه وسلم) و أبو بكر به‌ جووته‌ دانیشتون و ده‌گریان، وتم: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله عليه وسلم) پێم بڵێ -ئاگادارم بكه‌- تۆ و هاوه‌ڵه‌كه‌ت بۆچى ده‌گرین تا ئه‌گه‌ر گریانم هات ده‌گریم و، ئه‌گه‌ر نه‌هات خۆم ده‌هێنمه‌ گریان بۆ گریانه‌كه‌ی ئێوه‌، پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله عليه وسلم) فه‌رمووی: (بۆ ئه‌وه‌ ده‌گریم كه‌ هاوه‌ڵه‌كانت ئه‌و ڕایه‌یان پێدام كه‌ فیدیه‌ یان (ماڵیان) لێبستێنین به‌ هۆی ئه‌وه‌وه‌ سزای هاوه‌ڵانم نیشان درا نزیكتر له‌و درخته‌) -دره‌ختێكی نزیك له‌ پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله عليه وسلم)- خوای گه‌وره‌ش ئه‌م ئایه‌تانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی نارده‌ خواره‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ماناكانیانه‌: [بۆ هیچ پێغه‌مبه‌رێك نه‌بوو كه‌ دیلی هه‌بێت، هه‌تا كاتێك چاك و پایه‌دار و جێگیر ده‌بێت له‌سه‌ر زه‌ویدا، مه‌گه‌ر كه‌ل و په‌ل و شتومه‌كی دنیاتان ده‌وێت؟! له‌ كاتێكدا خوا سه‌رفرازی ئه‌و جیهانی ده‌وێت و قیامه‌تی مه‌به‌سته‌ و خوا باڵاده‌ست و دانایه‌ (سه‌ركه‌وتن به‌ ئیمانداران ده‌به‌خشێت و دانایه‌ له‌ تاقیكردنه‌وه‌یاندا) خۆ ئه‌گه‌ر بڕیارێك له‌لایه‌ن خواوه‌ پێش نه‌كه‌وتایه‌ (كه‌ مرۆڤ هه‌تا په‌یامی خوای پێنه‌گات خوا سزای نادات) له‌سه‌ر ئه‌و شتانه‌ی كه‌ وه‌رتان گرت (له‌به‌رامبه‌ر ئازاد كردنی دیله‌كانه‌وه‌) ئه‌وه‌ سزایه‌كی گه‌وره‌تان تووش ده‌بوو، كه‌وابوو بخۆن له‌و شتانه‌ی كه‌ ده‌ستتان كــه‌وتووه‌، به‌ حه‌ڵاڵێكی چاك و پاك له‌خوا بترسن و دیندار بن، چونكه‌ به‌ڕاستی ئه‌و خوایه‌ لێخۆشبوو و میهره‌بانه‌) ئینجا خوای گه‌وره‌ ده‌ستكه‌وتی جه‌نگی بۆ حه‌ڵاڵ كردن”، (صحيح مسلم، وه‌رگێڕانی: لیژنه‌یه‌ك، ساڵی چاپ: ١٤٢٥ كۆچی ٢٧٠٤ كوردی ـ ٢٠٠٤ زاینی)

بەپێی ئەم ڕیوایەتە بێت پێغەمبەری خوا (صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) دەربارەی دیلەکانی بەدر ڕاوێژی بە ئەبو بەکر و عومەر کردووە، ئەبو بەکر وتوویەتی بە ماڵ ئازادیان بکەن؛ چونکە دیلەکان کەسوکار و عەشیرەتی بوون، بەڵام عومەر وتوویەتی هەموویان بکوژن، لەبەرئەوەی ئازاری پێغەمبەریان داوە و دەریانکردووە، پێغەمبەری خواش (صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ڕەئییەکەی ئەبو بەکردی پەسەند کرد، بۆیە ئەم ئایەتە دابەزی و تێیدا ڕوونی کردەوە کە ڕەئییەکەی ئەبو بەکر هەڵە بووە و ڕەئییەکی عومەر دروست بووە. وە ئایەتەکە لۆمەی پێغەمبەری کردووە (صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ).

ئەم ڕیوایەتە (سبب نزول)ە ڕاست نیە لەبەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:

یەکەم: ڕەئییەکەی ئەبو بەکر شایستەی هیچ سزایەك نیە هەتا ئەگەر هەڵەش بێت؛ چونکە ئیجتیهادە، وە یەك پاداشتی بۆ هەیە ئەگەر هەڵەش بێت.

دووەم: ئیجتیهادەکەی ئەبو بەکر قورئانی پیرۆز پشتگیری دەکات، کەواتە ئیجتیهادێكی دروستی کردووە، قوڕئان دەفەرموێت: ﴿فَإِمَّا مَنًّا بَعْدُ وَإِمَّا فِدَاءً﴾. وە خوای گەورە هیچ حوکمێكی دانەبەزاند کە پشتگیری لە کوشتنی دیل بکات، کەواتە چۆن ئەو ڕەئییەی کە دراوەتە پاڵ عومەر دروستە؟!

سێیەم: ئایەتی سێیەم ڕێگا دەدات بە غەنیمەت و بە حەڵاڵ و پاك باسی دەکات، وە وەرگرتنی بڕێك ماڵ لە دیلەکان بە غەنیمە دادەنرێت، کەواتە ئایەتەکە بە ڕاشکاوی ڕێگای داوە بە وەرگرتنی ماڵ لەبەرانبەر ئازادکردنیان، کەواتە چۆن دەڵێن ئایەتەکە فەرمانی کردووە بە کوشتنی هەموویان، و لۆمەی پێغەمبەریشی کردووە لەسەر ئەوەی هەموویانی نەکوشتووە؟!!!

چوارەم: ئەم ڕیوایەتە تەنها (سِماك الحنفي) ڕیوایەتی کردووە، وە بوخاری هیچ ڕیوایەتێكی لێ نەگێڕاوەتەوە، هەروەها لەویشەوە تەنها (عکرمة بن عمار) گێڕاویەتیەوە، ئەم ڕاویيە ڕاجیایی هەیە لەسەری ابن حجر دەڵێت: “صدوق يغلط”، بێگومان بوخاری ئەم ڕیوایەتەی بە ڕاست نەزانیوە، لە کتێبەکەیدا فەرموودەیەکی هێناوە لە تەفسیری ئەو دوو ئایەتەی لە پێش ئەم ئایەتەی کە ئێمە باسی دەکەین، کە ئەم دووانەن: ﴿يَاأَيُّهَا النَّبِيُّ حَرِّضِ الْمُؤْمِنِينَ﴾ و ﴿الْآنَ خَفَّفَ اللَّهُ عَنْكُمْ﴾، هەروەها بوخاری لە (كتاب الجهاد والسير)دا (باب)ێكی تایبەتی داناوە بە ناونیشانی: بَابُ ﴿فَإِمَّا مَنًّا بَعْدُ وَإِمَّا فِدَاءً﴾، لێرەدا دەڵێت: “فِيهِ حَدِيثُ ثُمَامَةَ وَقَوْلُهُ عَزَّ وَجَلَّ: ﴿مَا كَانَ لِنَبِيٍّ أَنْ تَكُونَ لَهُ أَسْرَى حَتَّى يُثْخِنَ فِي الأَرْضِ﴾ “يَعْنِي: يَغْلِبَ فِي الأَرْضِ”، ﴿تُرِيدُونَ عَرَضَ الدُّنْيَا﴾ الآيَةَ”، ئەگەر ئەم ڕیوایەتە لای بوخاری صەحیح بوایە ئەوا بێگومان لەم “باب”ەدا ئەو ڕیوایەتەی باس دەکرد، دەی ئایا ڕەفز کردنەوەی ئەم ڕیوایەتە لەلایەن بوخاریيەوە واتای لاواز بوونى ناگەیەنێت؟ لەگەڵ ئەوەی ئەو کێشانەی تریشى هەيە کە باسمان کرد.

لە کۆتاییدا، ئەم ئایەتە پیرۆزە تەرکیزی لەسەر ئەوەیە باوەڕداران چاو نەبڕنە ماڵ و سامانی دونیا، بەڵکو کوشتاریان تەنها و تەنها لە پێناوی ڕەزامەندی پەروەردگاردا بێت.

وآخِرُ دَعوانا أن الحَمدُ لله رَبِّ العَالَمِين