بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

بەرپەرچدانەوەی هەندێ ڕەخنەی باو دژی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی

ڕەخنەی یەكەم: نەیارەكان بانگەشەی ئەوە دەكەن گوایە كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی نەمامێكی چێنراوی دەستی ئینگلیزەو دروستكراوە بۆ چەسپاندنی بەرژەوەندیەكانی ئەو. وەڵامی ئەم ڕەخنەیە چیە؟

وەڵام:

پاشخانێكی مێژوویی:

لەو ڕۆژانەدا كە دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی (سڵاوی خوای لێ بێت) لەدایكبوو موسوڵمانان لە پەنجاب لەلایەن سیخەكانەوە، كە دەسەڵاتدار بوون لەوێ (پێیان دەوترا “خالصە”)، سزا و ئازار دەدران. وە نەیاندەهێشت كە هەستن بە جێبەجێ كردنی دروشمە ئایینیەكانیان وەكو بانگدان و نوێـژكردن و هتد، وە ئازادی ئایینی لەمەڕ موسوڵمانان بەتەواوی بزربوو.

لەخوارەوە دوو وتە پێشكەش دەكەین، یەكێكیان وتەی كەسێكی ناموسوڵمان و ئەویتریشیان وتەی موسوڵمانێكی نائەحمەدیە، كە هەردووكیان ئەو دۆخە كوێرەوەریە دەردەخەن كە موسوڵمانان تێیدا دەژیان لە ژێر دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی سیخدا.

بەڕێز “تسلی ڕام” كە یەكێكە لە زاناكانی ئایینی هيندۆسی دەڵێت: “لەسەرەتای دەسەڵاتی سیخدا كاری شەو و ڕۆژیان بریتی بوو لە ڕێگرتن و كوشتن و تاڵانی و دابەشكردنی “دەستكەوتەكان” لە نێوان خۆیاندا. وە ئەوپەڕی ڕق و كینەیان هەبوو بەرامبەر موسوڵمانان تەنانەت ڕێگەیان پێ نەدەدان كە بەدەنگی بەرز بانگ بدەن بۆ نوێژكردن. هەڵبەت دەستیان گرتبوو بەسەر مزگەوتەكانیاندا و تێیدا “گرانث”یان دەخوێندەوە كە پەرتووكی پیرۆزی ئەوانە.” (كتاب “شیر فنجاب” طبعة 1872م)

وە بەڕێز موحەممەد جەعفەر سانیسری لە كتێبەكەیدا (سوانح أحمدی) چیرۆكێكی یاداشت كردووە لە زمانی سەید ئەحمەد بریلویەوە (رحمه الله) كە دەڵێت: “لەكاتی گەشتكردنماندا لە ناوچەی پەنجاب چووینە سەر بیـرێك بۆ ئاوخواردنەوە، هەندێ ژنی سیخمان دی كە لەوێ ئاویان هەڵدەگۆزی. وە لەبەرئەوەی ئێمە زمانی ئەو ناوچەيەمان نەدەزانی بەدەستمان ئاماژەمان بۆ كردن كە تینومانەو ئاومان دەوێت. پاشان بۆ دەوروبەری خۆیان ڕوانی و بە زمانی ئەفغانی پێیان وتین: ئێمە كۆمەڵێ ئافرەتی موسوڵمانین و مناڵی ئەو موسوڵمانە ئەفغانیانەین كە نیشتەجێی فڵانە ناوچەو فڵانە گوندن، وە ئەم سیخانە ئێمەیان لەوێ فڕاندووە”.

وە بازنەی زانیاری “Encyclopedia of sikh literature” درێژەی ئەو چەوساندنەوە تۆقێنەرانەی باسكردووە كە لەسەر دەستی سیخدا ڕوویداوە دژی موسوڵمانان… وەك ڕفاندن و ئەتككردنی ئافرەتە موسوڵمانەكان بەڕێژەیەكی زۆر، وە ڕووخاندنی مزگەوتەكان و گۆڕینیان بۆ شوێنی بەستنەوەی گوێدرێژ و مانگاكان، وە ڕەشەكوژی موسوڵمانان، بەتایبەتی كوشتنیان بەهۆی بانگدان بە دەنگی بەرز بۆ نوێژكردن و بەهۆی كاروبارە ئايينیەكانی ترەوە، تەنانەت هەموو مافێكی مرۆڤیان قەدەغە كردبوو لە موسوڵمانان.

لە گەرمەی ئەم هەلومەرجە ترسناكە كە باڵادەست بوو لە وڵاتی پەنجابدا، ئینگلیز هاتە ناو ئەم وڵاتەوە لە نێوان ساڵەكانی 1846ز و 1849ز، وە دەسەڵاتی دەرهێنا لەژێر دەستی سیخدا، ئینجا دوای داگیركردنی ئینگلیز ئاسایش جێگیر بوو لە وڵاتی پەنجابدا، وە موسوڵمانان چێژیان وەرگرت لە ئازادی ئایینی. وە دامەزرێنەری كۆمەڵی ئيسلامى ئەحمەدی لەوكاتەدا تەمەنی لە نێوان 11 بۆ 14 ساڵیدا بوو.

هەڵوێستی دامەزرێنەری كۆمەڵى ئيسلامى ئەحمەدى دەربارەی ئینگلیز

گەورەمان ئەحمەد مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) وەسفی ئەو ماوە سەختەی كردووە كە موسوڵمانان لە پەنجابدا سزایان دەچەشت و دەفەرموێت: “بەتەمەنەكان كە عومریان لە 60 بۆ 70 ساڵیدایە چاك دەزانن ئەو سەردەمەی سیخ كە تێپەڕی بەسەرماندا پڕ بوو لە جۆرەها دەردو بەڵا كە بە باسكردنی گیانەكان دێنە لەرزین و بەهۆی سامناكیەكەیەوە دڵەكان دادەخورپێن. لەو ڕۆژانەدا حەرام بوو بۆ موسوڵمانان كە هەستن بە ئەنجامدانی بەندایەتیەكان و بەجێهێنانی دروشمە ئايينیەكان كە خۆشەویسترین و ئازیزترین شت بوو لەدڵیاندا، وە قەدەغە بوو یەكێك دەنگ بەرز بكاتەوە بۆ بانگدان كە دەستپێكی نوێژەكەمانە. ئەگەر بانگبێژ بەهەڵە (الله أكـبـر)ی بەدەنگی بەرز بوتایە دەستبەجێ دەكوژرا. هەروەها ئەوان دەستیان وەردەدا لەو كاروبارانەی موسوڵمانان كە پەیوەست بوون بە حەڵاڵ و حەرامەوە. وە جارێكیان ئەوە ڕوویدا كە پێنج هەزار موسوڵمان كوژران بەهۆی كێشەی سەربڕینی مانگایەكەوە.” (تقریر حول الاجتماع للدعاء، الخزائن الروحانیة ج5 ص605)

وە پاش گەيشتنی ئینگلیز و درێژكردنەوەی دەسەڵاتیان بەسەر هیندستاندا ئەو هەلومەرجە گۆڕا كە سیخ سەپاندبوویان لە پەنجابدا، وە موسەڵمانان چێژیان وەرگرت لە ئازادی ئایینی بەهۆی چاكەی ئەم حكومەتەوە، بەڕێزی دەفەرموێت: “ئایا نابینن كە چۆن ژیان بەسەر دەبەین لەسایەی ئەم حكومەتەدا، وە چۆن سەرپشك كراوین لە ئايينەكەماندا و ئازادیمان پێدراوە لە توێژینەوەكانی ئايينی ئیسلامدا… وە ئێمە لە سەردەمی دەوڵەتی “خالصە” دا بە شمشێرو نووكی ڕمەكان ئازاردەدراین، وە بۆمان نەبوو كە بەگوێرەی سوننەت نوێژ بكەین، وە بەئاشكرا بانگ بدەین بەو شێوەيەى كە خوومان پێوە گرتووە لەم ئایینەدا. جگە لە بێدەنگی چارێكمان نەبوو لەسەر ئازاردانیان، وە هیچ ڕێگەیەك نەبوو بۆ بەرهەڵستی كردنی سزادانیان، وە لەكاتی هاتنی ئەم دەسەڵاتەدا دووبارە ئاسایش و ئارامیمان بۆ گەڕایەوە… چاكەی ئەم حكومەتە لە یاد ناكەین؛ چونكە ئەو ماڵ و نامووس و خوێنمانی پاراست لە دەستی ئەم گروپە ستەمكارە، وە ئێستا لە سایەیدا بە خۆشی و ئاسوودەیی دەژین، بەبێ سووچ (جريمة) غەرامە ناكرێین، وە تووشی زەبوونی نابین بەبێ كردنی تاوان، بەڵكو سەلامەتین لە هەموو تۆمەت و دەردو بەڵایەك، ڕزگارمان بوو لە وەیشوومەی تاوانكارو كافرەكان، ئیتر چۆن پێنەزان بین بەرامبەر نیعمەتی نیعمەت بەخشەكان؟ پێش ئەم ڕۆژانە وەكو كەسانی گێڕ ڕێمان دەكردو بۆمان نەبوو هیچ قسەیەك بكەین دەربارەی ئایینی چاكترینی دروستكراوان، وە سەردەمی “خالصە” سەردەمی زەبوونی و موسیبەت بوو، تێیدا كەسانی مەزن سووك و ڕسوا كران و كۆیلەكانیش كران بە فەرمانڕەوا… وە كۆمەڵێك نەهامەتی ڕژا بەسەرماندا كە بە باس كردنیان قەڵەم دوولەت دەبێت، وە بە چاوی پڕ لە فرمێسكەوە لە نیشتیمانی خۆمان دەركراین. پاشان بەهۆی ئەم دەوڵەتەوە كاروبارمان بەتەواوی وەرچەرخا لە كەساسیەوە بۆ خۆشگوزەرانی، لە شلۆقیەوە بۆ سەقامگیری، وە بەهۆی پاراستن و چاودێریەكانی ئەوەوە دەروومان لێ كرایەوە، وە ئازادیمان پێدرا پاش گرتن و بەندكردن، وە بووین بەو كەسانەی كە نیعمەتیان بەسەردا ڕژاوەو ژیانێكی فراوان و خۆشیان هەیە، پاش ئەوەی كە لە جۆرەها دەردو بەڵادا بووین.وە بینیمان ئەم دەوڵەتە ب بۆ ئێمە وەكو سەوزەڵایی وایە پاش بێ بارانی و وشكەساڵی، یان وەكو تەندروستی دوای نەخۆشی. كەوابوو بەهۆی ئەم پیاوەتی چاكەو مەردایەتیانەوە سوپاس كردنی بەدڵێكی ساف و نیازێكی پوخت ئەركی سەرشانە.” (البلاغ، الخزائن الروحانیة ج13، ص442، ص450-453)

وە بەڕێزی هەندێ نموونە باس دەكات لەسەر ئەو ئازادیەی كە موسوڵمانان چێـژیان لێ وەردەگرت پاش چەوساندنەوەیان لەلایەن هيندۆس و سیخەكانەوە و دەفەرموێت: “بیستومە كاتێك كە ئینگلیز یەكەمجار ئەم وڵاتەیان داگیركرد لە شاری هوشیارپور بانگبێژێك بەدەنگی بەرز بانگیدا. وە لەبەرئەوەی سەردەمی ئینگلیز لەمەڕ هيندۆس وسیخەكان سەردەمێكی نوێ بوو، پێیان وابوو كە ئەمانیش ناهێڵن موسوڵمانان بانگ بدەن… بۆیە پەلی ئەو بانگبێژەیان گرت كە بەدەنگی بەرز بانگی دابوو لەناو ئاپۆڕایەكی زۆری خەڵكیدا، كە سەركردەكانی هيندۆس و گەورە بازرگانەكانیانی تێدا بوو، بردیان بۆ لای فەرمانداری بەریتانی و سكاڵای ئەوەیان لەلا كرد كە هەویر و قاپ و قاچاغەكانیان بەهۆی ئەم بانگدانەوە پیس بووە. ئەم پیاوە ئینگلیزیە زۆر زۆر سەری سوڕما لەوەی كە بانگدان ئەم كاریگەریە سەرسوڕهێنەرەی هەبێت لەسەر خواردەمەنیەكانیان، وە بە یاریدەدەرەكەی وت پێویستە پێش یەكلایی كردنەوەی ئەم كێشەیە كاریگەری ئەم بانگدانە تاقیبكەینەوە. لەبەرئەوە فەرمانیدا بە بانگبێژەكە كە وەكو جاری پێشوو بانگدانەكەی دووبارە بكاتەوە بەدەنگی بەرز. ئەو داماوەیش ترسا لەوەی كە دووبارە سزا بدرێت لەسەر بانگدانەكەی… بۆیە نەیویست بانگ بدات. وە كاتێك فەرماندارەكە دڵنیای كردەوەو ترسەكەی نەما… بەدەنگی بەرز بانگیدا. لەو كاتەدا فەرماندارەكە وتی: دیارە من بەهۆی بانگدانەكەیەوە تووشی هیچ پیس و پۆخڵییەك نەبووم. پاشان پرسیاری لە یاریدەدەرەكەی كرد: ئایا هیچ پیسیەكی تووش بووە؟ ئاشكرایە ئەویش ئەم بابەتەی نەرێ كرد و بە نەخێر وەڵامی دایەوە، ئیتر دوای ئەوە بانگبێژەكەی ئازاد كردو ڕێگەی بانگدانی پێدا هەرچۆنێك پێی خۆشە…

وە هەر لەم گوندەی خۆماندا كە مزگەوتی گەورەی ئێمەی لێیە… نووسینگەی حكومەت لێرە بوو، ئەو كاتە من منداڵێكی بچوك بووم، بیستومە لە خەڵكی متمانەدار كە چەند ڕۆژێك پاش هاتنەناوەوەی ئینگلیز هێشتا یاساكەی پێشوو كاری پێدەكرا. وە لەو ڕۆژانەدا فەرمانبەرێكی تازە هات بۆ ئێرە بە هاوڕێیەتی پیاوێكی پۆلیس لە موسوڵمانان. پۆلیسە موسوڵمانەكە چووە ناو مزگەوتەكەوەو فەرمانی كرد بە بانگدەرەكە كە بانگ بدات، بانگدەرەكەیش بە ترسەوە بە دەنگێكی نەوی بانگیدا. وە كاتێك پۆلیسە موسوڵمانەكە پرسیاری لێ كرد كە بۆچی بەم شێوەیە بانگ دەدات ئەویش وەڵامیدایەوە كە ئێمە بەم شێوازە بانگ دەدەین، پاشان پۆلیسەكە فەرمانی پێكرد كە سەركەوێتە سەر بانی مزگەوتەكەو هەرچەند دەتوانێت بەدەنگی بەرز بانگ بدات. بانگدەرەكەیش ترسا لە ئاكامی خراپی ئەم كارەو نەیوێرا بانگ بدات. بەڵام پاش پێداگری پۆلیسەكە بەدەنگی بەرز بانگەكەی دا. لەناكاو مزگەوتەكە پڕ بوو لە هيندۆس و بانگدەرەكەیان گرت، وە ئەو هەژارە تۆقی بوو، وە پێی وابوو كە فەرمانبەرەكە لە سێدارەی دەدات، بەڵام پۆلیسە موسوڵمانەكە هێوری كردەوە و وتی: مەترسە من لەگەڵتام. براهمە دڵڕەقە خوێنڕێژەكان دایانەبەر بۆ لای فەرمانبەرەكەی حكومەت و سكاڵایان لا كرد كە بانگدەرەكە هەموویانی پیس كردووە، وە فەرمانبەرەكە دەیزانی كە حكومەت گۆڕاوەو هیچ بوارێك نەماوە بۆ زۆرداریی سیخەكان. لەگەڵ ئەوەشدا بەدەنگێگی نزم پرسیاری كرد لە بانگدەرەكە: بۆچی بەدەنگی بەرز بانگت داوە؟ دەستبەجێ پۆلیسە موسوڵمانەكە چووە پێشەوە و وتی: من بانگمداوە نەك ئەو. ئینجا فەرمانبەرەكە بە براهمەكانی وت: ماڵتان كاول بێت: ئەم هەموو ژاوەژاوە لە پێناوی چیدایە؟ لە شاری لاهور بە ئاشكرا مانگا سەردەبڕدرێت، كە چی ئێوە لێـرە لە سەر بانگدان هات و هاوار دەكەن! بڕۆن و بەبێدەنگی بچنەوە ماڵەكانی خۆتان.” (تقریر حول الاجتماع للدعاء، الخزائن الروحانیة ج15 ص608-610)

پاش تێگەيشتن لە پاشخانی مێژوویی ئەم ماوەیە و هەڵسەنگاندنی ئەو هەلومەرجە ترسناكەی كە موسوڵمانان تێیدا دەژیان لە ژێر دەسەڵاتی سیخدا… ئێمە پرسیار لەو كەسانە دەكەین كە ڕەخنەكانیان ئاراستەی ئێمە دەكەن… ئایا پێویست بوو لەسەر دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی كە سەرزەنشتی ئینگلیزەكان بكات لەسەر پێدانی ئازادی ئایینی بە موسوڵمانان یان سوپاسیان بكات لەسەر ئەمە هەروەك زانای ئایینی و سەرۆك و سەركردە موسوڵمانەكانی تر ئەو كارەیان كرد لەو كاتەدا؟ بێگومان سەرزەنشت كردنیان واتە ڕازی بوون و ڕێككەوتن لەسەر سیاسەتی سیخ و پشتگیری كردنیان لە قەدەغەكردنی موسوڵمانان لە بانگدان و نوێژكردن و ڕووخانی مزگەوتەكان یان گۆڕینیان بە تەویلە و گەوڕی ئەسپ و مانگاكان و ڕێگری كردن لە توێژینەوەی ئایینی و ئەتككردنی نامووسی ئافرەتان و بڕینی دەست و كوشتن و تاڵانكردن و دەستبەسەراگرتنی موڵك و ماڵ لەبەر هیچ و پووچترین هۆكار. لەوانەیە دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی ئەگەر ئەمەی بكردایە دڵی دوژمنانی ئەم كۆمەڵەی خۆش دەكرد، بەڵام ئەم كارەی نەكرد، بەڵكو ستایشی ئەو كەسانەی كرد ئەم زوڵم و ستەمانەیان هەڵگرت لەسەر موسوڵمانان لەو ڕابردووە تاریك و نووتەكەدا.

لەڕاستیدا ڕاوەستاندنی چەوساندنەوەی زۆردارانەی سیخ كە موسوڵمانان پێیەوە دەیان ناڵاند، وە گەڕانەوەی ئاسایش بۆ وڵات و پێدانی ئازادی ئایینی بە موسوڵمانان ئەو هۆكارانە بوون كە پاڵیان نا بە دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدیەوە (سڵاوی خوای لێ بێت) كە سوپاسی ئینگلیز بكات. هەڵبەت سوپاسكردنیان دانپیانانی ئەوە (سڵاوی خوای لێ بێت) بەو ڕاستیەو باوەڕهێنانیەتی بەوەی كە سوپاسكردنی ئەو كەسەی كردەوەیەكی جوان دەكات ڕەوشتێكی ئیسلامیە. بەڕێزی دەفەرموێت: “من هەرگیز ڕووپامايی بۆ ئەم حكومەتە ناكەم، بەڵكو ڕاستیەكە ئەوەیە كە هەر حكومەتێك دەستدرێژی نەكاتە سەر ئیسلام و ڕێگر یمان لێ نەكات لە بەجێهێنانی دروشمە ئیسلامیەكان، وە شمشێر لە ڕووماندا هەڵنەكێشێ بۆ بڵاوكردنەوەی ئايينی خۆی… ئەوا قورئانی پیرۆز حەرامی كردووە لەسەرمان كە لەڕووی ئایینیەوە شەڕی لەگەڵدا بكەین؛ چونكە ئەویش لە ڕووی ئایینیەوە شەرمان لەگەڵدا ناكات.” (سفینة نوح، الخزائن الروحانیة، ج19 ص75)

ئەو زانا موسوڵمانانەی كە ستایشی ئینگلیزیان كردووە

ئەگەر دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی ستایشی ئینگلیزی كردووە لەسەر چاكەكانی بەرامبەر موسوڵمانان بەبێ ڕووپایی و بێ زیادو كەم، ئەوا جگە لەو كۆمەلێك زانا و سەركردەی گەورەی موسوڵمانانیش هەبوون كە سوپاس و ستایشی ئینگلیزیان كردووە بەهۆی دادگەری و یەكسانیان لە بەرامبەر ژێردەستەدا و بەخشینی ئازادی ئایینی بە خەڵكی، بەڵكو هەیانە زیادەڕەویی كردووە لە ستایش و هەڵنانی ئەواندا. ئێستاش ئێوەو هەندێ لە وتەكانیان:

یەكەم: شێخ موحەممەد عەبدە دەڵێت: “هەڵبەت حكومەتی ئینگلیزی تاكە گەلی مەسیحیە كە بەتەواوی لێبوردەیی دەنرخێنێت و ڕێزی لێ دەگرێت، كەواتە بۆمان هەیە بڵێین و نەترسین لە لۆمەی هیچ لۆمەكەرێك كە ئەم ڕەوشتە لە بەرزترین ڕەوشتەكانە كە ناموسوڵمانەكان لە موسوڵمانەكانەوە وەریانگرتووە. ئایا نابینی كە سیستەمەكەیان نزیكە لە سیستەمی ئەو موسوڵمانانەی كە ڕۆژانێك بەڕاستی موسوڵمان بوون، ئەوەتا جیاوازی ناكەن لە نێوان ئایینێك و ئایینێكی تردا.” (الإسلام والنصرانیة ص165)

دووەم: ئەبو عەلای مەودودی دەڵێت: “بێگومان هیندستان خانەی جەنگ بوو، كاتێك ئینگلیز هەوڵیاندا كە دەسەڵاتی ئیسلامی بسڕنەوە لەوێدا، لەوكاتەدا ئەركی سەرشانی موسوڵمانان بوو كە جەنگیان لەگەڵدا بكەن لە پێناوی پارێزگاری كردن لە قەوارەی خۆیان یان كۆچ بكەن لەم دەوڵەتە پاش شكستھێنانیان لەم هەوڵەدا… بەڵام ئێستا موسوڵمانان زاڵ كراون بەسەر كاروباری خۆیاندا هەلومەرجەكە سەقامگیر بووە بۆ حكومەتی بەریتانی، وە موسوڵمانانیش ڕازی بوون كە بمێننەوە لە سایەیدا لەگەڵ كاركردنیان بە ئازادی بەگوێرەی یاسا كەسێتیەكانی خۆیان، ئیتر ئێستا ئەم هەرێمە خانەی جەنگ نیە؛ چونكە یاسا ئیسلامیەكان لێرەدا هەڵنەوەشاونەتەوە، موسوڵمانان ڕێگرییان لێ ناكرێت كە بە بڕیارەكانی شەریعەتەكەی خۆیان كاربكەن، وە زۆریان لێ ناكرێت كە بە پێچەوانەكەیەوە كاربكەن لە ژیانی كەسێتی و كۆمەڵایەتیاندا. لەبەرئەوە هەرگیز دروست نیە، بەگوێرەی بنەماكانی یاسای ئیسلام، وڵاتێك ئەمە دۆخەكەی بێت بكرێت بەخانەی جەنگ.” (الربا، ص77)

سێيەم: (ندوة العلماء) [لەگەڵ ئەوەی ئەم دامەزراوەيە بەیارمەتی ئینگلیز دامەزرا، وە ئەوانیش بوون كە بەخششێكی داراییان پێشكەش كرد كە ئەم كۆمەڵە مەلايە پێی ژیان ئەوانەی كە ئەمڕۆ سنگ دەهێننە پێشەوە وەك ئەوەی گەورەترین دوژمنی ئینگلیزو یەكەم تێكۆشەران بن دژی ئەو. وە حاكمی ئینگلیز لە هيندستان بەردی بناغەی ئەم ئەنجوومەنەی دانا، هەروەك خۆیان دانیان بەمەدا ناوە لە گۆڤارەكەی خۆیان “الندوە”دا، كە تێیدا هاتووە: “بێگومان ئەم بۆنەیە بۆنەیەكی بێ وێنەیە بەجۆرێك بەردی بناغەی پەیمانگایەكى ئایینی بەدەستی كەسێكی تر دادەنرێت كە سەر بەئایینێكی ترە، ئەوەتا فەرمانڕەوای شكۆمەندی دەوڵەتی یەكگرتوو ڕازی بوو لەسەر ئەوەی كە خودی خۆی بەردی بناغەی خانەی زانستی ئەنجومەنی زاناكان دابنێت، وە ئەمەش بەئەنجامگەیی لە بەرواری 28ی نۆڤەمبەری ساڵی 1908ی ز دا.”] (مجلة “الندوة” دیسمبر 1908م، المجلد5 العدد11 ص1-2). ئەم دەزگایە گەورەترین دەزگای ئیسلامیە لە هیندستاندا، ئەو دەزگایەی -كە یەكێك لە زانا بەناوبانگەكانیان لە دژایەتی كردنی ئەحمەدیەتدا بریتیه لە شێخ سڵێمانی نەدەوی- لە ڕۆژی دامەزراندنەكەیدا ئامانجەكەی خۆی بەم شێوەی خوارەوە ڕاگەیاند:

“لەگەڵ ئەوەی قوتابخانەكەمان توانای داهێنانی كۆمەڵێكی وەهای نیە كە بەكەڵك بێن بۆ دامەزراندن لە كاری دەوڵەتدا، بەڵام ئێمە متمانەمان هەیە كە قوتابخانەكەمان كۆمەڵە پیاوێك دروست دەكات كە دەتوانن ئەم شۆڕشانەی ئێستا دابمركێننەوە… پیاوانێك كە زەلیلی لەبەردەم گەورەكان و هاوخەمی بۆ دراوسێ و خۆبەكەمزانین بۆ خەڵكی گشتی بەشێك بێت لە ڕەفتاری ئەوان، لەسەرووی هەموو ئەمانەشەوە بەگوێ كردنی حكومەت و ملكەچ بوونیان بۆی”.

“…وە ئێمە دڵنیاین كە موسوڵمانان هەروەك خۆیان داوەتە دەست حكومەتەكەیان، بەهۆی ئەم زانا گەشەكردووانەوە گوێڕایەڵی و پەیڕەوییان بۆ حكومەت زیاتر دەبێت. ئێستاش جوانترین سوپاس پێشكەش بە جەنابتان دەكەین كە چاكەتان لەگەڵ ئێمەدا كرد بە بەخشینی پارچەیەك زەوی بۆ ئەوەی بناغەی قوتابخانەكەمان دروست بكەین لەسەری.” (مجلة “الندوة” عدد دیسمبر 1908م، ص7)

هەروەها دەڵێت: “ڕاستە ئەم ئەنجوومەنە دوورەپەرێزە لە سیاسەت، بەڵام لەبەرئەوەی كە ئامانجی سەرەكییان ئەوەیە كە كۆمەلێك زانای ڕۆشنگەر دەربچێنێت، بۆیە یەكێك لە ئەركەكانی سەرشانی ئەم زانایانە ئەوەیە كە خەڵكی ئاگادار بكەن لە پیت و فەڕەكانی ئەم حكومەتە “حكومەتی ئینگلیزی”، وە كۆمەڵێك بیرۆكەش بڵاوبكەنەوە كە یارمەتی خەڵكی ئەم وڵاتە بدات لەسەر بەئەمەك بوون بۆی.” (مجلة الندوة، عدد یولیو 1908م، ص1)

چوارەم: لەكاتی مردنی شاژنە ڤیكتۆریادا موحەممەد ئیقباڵی شاعیر -كە لەو ڕۆژەدا دەوترا ئەو خاوەنی بیرۆكەی دامەزراندنی پاكستانە- بە لاواندنەوەیەكی دوورو درێژ لاواندیەوە، كە تێیدا دەڵێت: “تابووتی شاژنیان بەرزكردەوە، هەستە سەر پێ ئەی ئیقباڵ بۆ مەزنی ئەو، وە ببە بە تۆزو خۆڵ لە ڕێگەی تابووتەكەیدا.

ئەی مانگ، شێوەت وەكو شێوەی مانگی موحەڕڕەم وایە، چی تێدایە ئەگەر تۆمان ناونا موحەڕڕەمێكی تر.”

(واتە جێی سەرسوڕمان نیە كە ئەو مانگەی شاژنی تێدا مرد ناوبنێین مانگی “موحەڕڕەم”؛ چونكە ڕووداوی كۆچی دوایی شاژن زۆر جیاواز نیە لە ڕوداوی تۆقێنەری شەهیدبوونی گەورەمان ئیمام حوسەین (خوا لێی ڕازی بێت). نەوەی پێغەمبەری ئازیز (درودی خوای لەسەر بێت) كە لە مانگی موحەڕڕەمدا ڕوویدا. پاشان دەڵێت:

دەڵێن: ئەمڕۆ ڕۆژی جەژنە. جەژنتان لێ پیرۆز بێت، بەڵام ئێمە مردن باشترە بۆمان لەم جەژنە.

ئەی وڵاتی هیندستان سێبەری خوات لەسەر نەما. بێ بەش بووی لەو كەسەی كە هاوخەم و دڵسۆزی خەڵكەكەت بوو.

ئەو گریانەی كە تەختی خوای ڕەحمان بۆی دێتە لەرزە گریانی ئەو خەڵكەیە بۆ ئەو شاژنە.

وە ئەم تەرمە تەرمی كەسێكە كە جوانی و ڕازاوەیی بوو بۆ تۆ، ئەی وڵاتی هیندستان. (باقیات إقبال لعبدالواحد المعینی ص90، 81، 76، 73)

پێنجەم: هەروەها خۆری زاناكان لە هیندستان مەولەوی نەزیر ئەحمەد دەهلەوی، دەربارەی ئینگلیز دەڵێت: “لەبەرژەوەندی هیندستانە كە فەرمانڕەوایەكی بیانی بەڕێوەى ببات، كە هيندۆسی يان موسوڵمان نەبێت. بەڵكو پێویستە یەكێك لە دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاوا بێت، وە لەسایەی چاودێری مەزنی خواوە ئینگلیزەكان بوون بە فەرمانڕەوا.

ئایا ئەم حكومەتە ڕەق و توندوتیژە؟ نەخێر، پاشان نەخێر. بەڵكو لە باوك و دایك زیاتر خۆشەویستی هەیە…

لەوكاتەدا من بە دووربینی زانیاریم دەمڕوانی بۆ كاربەدەستانی هیندستان. هەروەها من بە بیرم گەشتم دەكرد بۆ بۆرما و نیپاڵ و ئەفغانستان، بەڵكو بۆ وڵاتی فارس و میسر و عەرەب، لەم پەڕ بۆ ئەوپەڕی ئەم وڵاتانەدا كەسێكم نەدی كە بەڕێوەبردنی هیندستانی پێ بسپێرم، وە لەو كەسانەی كە دەیانویست دەستبگرن بەسەر دەسەڵاتدا كەسێم نەبینی شیاوتر بێت لەمان. بۆیە لەو كاتەدا بڕیارمدا كە ئینگلیز لەپێشترن و شیاوترن بۆ بەڕێوەبردنی هیندستان، وە پێویستە فەرمانڕەوایەتی بەردەوام بێت لەناویاندا.” (مجموعة محاظرات مولوی نذیر احمد دهلوی ص 26، 19، 5، 4)

شەشەم: ئێستاش ئێوەو وتەی سەرسەخترین دوژمن لە دوژمنەكانی گەورەمان ئیمامى مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) كە بریتیە لە مەولەوی موحەممەد حوسەین بەتاڵەوی، كە دەڵێت: “بێگومان فەرمانڕەوای ڕۆم (واتە فەرمانڕەوای توركی) فەرمانڕەوایەكی موسوڵمانە. بەڵام ئێمەی موسوڵمانان بەلەبەرچاوبوونی چاكی سیستەمەكەی، كەمتر فەخرو شانازی ناكەین بە حكومەتی بەریتانیەوە لە فەخرو شانازی كردنمان بەوانەوە… بە چاوپۆشین لە ئایین… هەڵبەت بەتایبەتی گروپی “أهل الحدیث” شانازی دەكات لەبەردەم هەموو دەوڵەتە ئیسلامیەكانی ئێستادا چ ڕۆم بێت یان ئێران یان خۆراسان؛ چونكە چێژی وەرگرتووە لە ئاسایش و ئازادی لەلایەن ئەم حكومەتەوە. بە لەبەرچاوبوونی ئاسایش و سەقامگیری و ئازادی گشتی و جوانی سیستەم كە ئەم حكومەتەی پێ ڕازاوەتەوە، گروپی ئەهلی حەدیس لە هیندستان بە دەستكەوتێكی مەزنى دادەنێت، وە بەلایەوە چاكترە كە ژێردەستەی ئەم دەوڵەتە بێت لەباتی ئەوەی ژێردەستەی دەوڵەتە ئیسلامیەكان بێت.” (مجلة “إشاعة السنة، مجلد 10 ص292-293)

حەوتەم: مەولەوی زەفەر عەلی خان سەرنووسەری ڕۆژنامەی “زمیندار” دەڵێت: “ناكرێت موسوڵمانان بۆ تەنها ساتێكیش گومانی خراپ ببەن بەم حكومەتە (واتە حكومەتی ئینگلیزی)… جا ئەگەر كەسێكی بەدبەخت لە موسوڵمانان زاتی ئەوە بكات كە یاخی بێت لەم حكومەتە ئەوا ئێمە بە ئاشكرا ڕایدەگەیەنین كە ئەو كەسە موسوڵمان نیە.” (جریدة “زمیندار”، لاهور 11 نوفمبر 1911م)

پاشان لە جیاتی هەموو موسوڵمانانی هیندستان دەڵێت: “ئێمە ئامادەین كە بۆ ڕشتنی خوێنی خۆمان بەرامبەر هەموو دڵۆپە ئارەقێك كە دەكەوێتە خوارەوە لە نێوچاوانی پادشای شكۆدارمان كە پەناگەی جیهانە، ئەمەش دۆخی هەموو موسوڵمانانی هیندستانە.” (نفس الجریدة، 22نوفمبر 1911م)

پاشان لە یەكێك لە چامەكانیدا دەڵێت، كە ئەمە ماناكەیەتی: “بەوپەڕی ڕێزو نەوازشەوە سەرم نەوی دەبێت كاتێك باسی ئەم پاشا شكۆمەندە دەبیستم، خودی مەزنێتی بەتەواوی شانازی پێوە دەكات، ئەو پاشای وشكانی و دەریایە، خۆزگە شاد ئەبووم بەیەك نیگای خاوەن شكۆ.” (سەرچاوەی پێشوو، عدد 19 أكتوبر 1911م)

ئەمانە وتەی زانا موسوڵمانەكانە، وە هەموویان لەو كەسانە بوون كە بەرهەڵستی یان دژایەتی دامەزرێنەری كۆمەڵی ئيسلامى ئەحمەدییان (سڵاوی خوای لێ بێت) كردووە، كەچی ئەمڕۆ شوێنكەوتوانیان دێن و دەڵێن میرزا نۆكەری ئینگلیز بووە بۆیە ستایشی كردوون، ئەدی بۆچی هەمان قسە ناكەن دەربارەی ئەم زانایانەی خۆیان، خۆ ئەوانیش ستایشی ئینگلیزیان كردووە؟ دەى ئەم سیاسەتی بانێكەو دوو هەوایە لەبەرچی؟

ئینگلیزەكان بریتین لە دەججالی پەیماندراو

زۆر بەداخەوە نەیارەكانمان دنیایان پڕ كرد لە هەراو هوریاو قڕەقڕ؛ چونكە دامەزرێنەری كۆمەڵەكەمان سوپاسی ئینگلیزی كردووە بەهۆی دادپەروەری و یەكسانیان لە بەڕێوەبردنی ژێردەستەكانیان و دابینكردنی ڕێژەیەكی باش لە ئازادی ئایینی بۆ هاونیشتیمانیان بەبێ جیاوازی، بەڵام دەمی خۆیان داخست و وەكو بەرد بێدەنگ بوون لە باسكردنی ئەوەی كە تەنها ئەو بوو لەناو هەموو زانا هاوچەرخەكانی خۆیدا بە بەڵگەی ئاشكراو ڕۆشن سەلماندی كە ئینگلیزەكان (مەسیحی دەججالی پەیماندراون)، وە ئەمەی لەبەرچاوی هەموو خەڵكی ڕاگەیاند بەبێ ئەوەی بترسێت لە لۆمەی لۆمەكاران.

وە بەڕێزی لە دەستنیشانكردنی دەججال و یەئجووج ومەئجوودا دەڵێت: “بزانن… خوای گەورە ڕێنموونیتان بكات… ئەم دوو ناوە هی نەتەوەیەكن كە گەلەكەیان پەرشو بڵاوبووەتەوە لەم سەردەمەی ئێمەدا كە سەردەمی كۆتاییەو ئەوان لە وەسفدا هاوبەشن. كە ئەو دووانەش گەلی ڕووس و گەلی بەریتانی و براكانیانە. وە دەججال تیایاندا بریتیە لە گروپی قەشەو بانگخوازانی ئینجیل كە ڕەوا و ناڕەوا تێكەڵ دەكەن و خەڵكی چەواشە دەكەن.” (مرآة كمالات الإسلام، الخزائن الروحانیة ج5 ص459-460)

وە بەڕێزی بەڕاشكاوی دەڵێت: “كێ هەیە نەزانێت بڕی ئەو زیانانە چەندە كە گەیەنراوە بە ئیسلام لەسەر دەستی ئەم خەڵكانەدا، وە تا چ ئەندازەیەك حەق و دادپەروەریان كوشتووە، وە چەندە فەسادیان ئەنجامداوە و خراپەیان هێناوە؟ بزانن ئەم هەموو ئاژاوانە شوێنەوارێكیان نەبوو كە باسبكرێت پێش سەدەی 13 ی كۆچی. بەڵام ئەم سەدەیە نەگەيشتە نیوە و زیاتری مەگەر ئەم گروپە دەججالە سەریھەڵدا، وە دەستی كرد بە پێشكەوتن هەتاكو ژمارەی بەمەسیحیبووەكان لە كۆتاییەكانی ئەم سەدەیەدا تەنها لە هیندستاندا گەیشتە زیاتر لە نیو ملیۆن كەس بە گوێرەی قسەی قەشە (هیكر) كە مەزەندەی كردووە لە هەموو 12 ساڵێكدا سەد هەزار كەس بچێتە ناو مەسیحیەتەوە كە هاوار بكەن لە بەندەی لاواز (مەسیح): ئەی یەزدانی پەروەردگارمان.”

وە شاراوە نیە لە كەسانی خاوەن زانست كە قەشەكان زاڵبوون بەسەر گروپێكی گەورە لە موسوڵماناندا، یان بە دەربڕینێكی تر زاڵبوون بەسەر گروپێكی گەورە لە ناكەس بەچەكانی ئیسلامدا، كە سك بەتاڵ و بێ بەرگ بوون، بەوەی كە خۆیان پیشاندان بە كولێرە و جل وبەرگەوە، وە ئەو كەسەیان بە كولێرەكەیان نەكەوتایەتە تەماعەوە بە ئافرەتەكانیان تاقیان دەكردەوە، وە ئەو كەسەی لەم داوە ڕزگاری بوایە لە ڕێگەی فەلسەفەی بێ بڕوایی و گومڕاكەرەوە بۆی دەهاتن، هەزارەها مناڵی تازەپێگەيشتووی موسوڵمانان بوونە نێچیری ئەم فەلسەفەیە، ئەوانەی كە پێدەكەنن بە نوێژ، وە گاڵتە دەكەن بە ڕۆژوو، وە لە دیدی ئەواندا وەحی و ئیلهام خەوی تێكەڵ پێكەڵ و داڵغەلێدانە.

وە كۆمەڵە چیرۆكێكی ساختەی زۆریان نووسی بۆ ئەو كەسانەی كە دەستكورت و لێنەهاتوو بوون لە توێژینەوەی فەلسەفەدا و بڵاویانكردەوە، كە هەمووی قسەی پڕوپووچی قەشەكان بوو. لەم چیرۆكانەدا بە شێوازی نووسینی ڕۆمان دەیانخوێند لە ئیسلام، وە كتێبگەلێكی بێ ئەندازەیان دانا بۆ تانەدان لە ئیسلام و بەدرۆزانینی گەورەی مەردوومان و گەورەو سەروەرمان موحەممەد (درودی خوای لەسەر بێت)، بە خۆڕایی دابەشیان دەكرد بەسەر خەڵكیدا، وە زۆربەی ئەم كتێبانە وەرگێڕدران بۆ زۆربەی زمانەكان و بڵاویانكردنەوە لە هەموو دنیادا… وە لەماوەی 21 ساڵدا زیاتر لە حەفتا ملیۆن كتێبیان دابەشكرد بۆ بڵاوكردنەوەی بیرۆكەكانیان كە پڕ بوون لە زمانبازی و چەواشەكاری. هەموو ئەمانە بۆ ئەوە بوو كە موسوڵمانان لە ئیسلام جیابكەنەوە، بۆ ئەوەی باوەڕبهێنن بە خوایەتی مەسیح. كەوابوو گەورەیی بۆ خوا! ئەگەر ئەمانە بەگوێرەی تێڕوانیی نەتەوەكەمان دەججالی پەیماندراوی پلە یەك نەبن، وە ئەگەر نەتەوەكەمان پێیان وایە هاتنی مەسیحی ڕاستەقینە هیچ پێویست نیە بۆ دەمكوت كردنیان ئەوا ئەبێت ئەم نەتەوەیە چ دۆخێكی هەبێت؟”(إزالة الأوهام، الخزائن الروحانیة ج3 ص364-365)

دەی ئایا ڕێی تێدەچێت پیاوێك ئینگلیز چاندبێتی -هەروەك دوژمنەكانی بانگەسە دەكەن- هەستێت بە ڕەخنەگرتن لە ئینگلیز و قەشە و مژدەدەرەكانی بەو شێوازەی كە شایستە بێت بە كردەوە نزم و سووكەكانیان. لە كاتێدا گروپی دووەم دەبیستێت وبێ دەنگ دەبێت؟

نەیارەكانی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) بەوە تۆمەتباریان كردووە كە مەترسی بێت بۆ سەر ئینگلیز!

ئەو بابەتەی كە زۆر سەیرو سەمەرەیە ئەوەیە كە مەلا نەیارەكان ڕوویەكەوە هەستی موسوڵمانان دەبزوێنن دژی گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) بەوەی كە دەڵێن ستایشی ئینگلیز دەكات، وە لەڕوویەكی ترەوە بەردەوام خۆیان بە كۆمەڵە وشەیەك ستایشی ئینگلیز دەكەن كە هەندێكیانمان باسكرد، وە لەڕووی سێيەمەوە لەلای حكومەتی ئینگلیز بە خراپە باسی مەسیحی بەڵێندراویان كردووە بە ئاشكرا و نهێنی بەوەی كە ئەم پیاوە مەترسیەكی گەورەیە لەسەر دەسەڵاتەكەیان و پێویستە لەسەریان كە بە قسەكانی دەسخەڕۆ نەبن كاتێك بانگەشەی ئەوە دەكات كە مەهدیە. ئەو مەهدیەكی خوێنڕێژە و هاتووە بۆ تەفروتوناكردنی شانشینەكەیان! وە لەخوارەوە دووبڕگە وەردەگرین لەم بارەيەوە:

یەكەم: شێخ موحەممەد حوسەین بەتاڵەوی لە گۆڤارەكەی خۆی (إشاعة السنة)دا وەك ئاگاداركردنەوەی حكومەتی ئینگلیز لە دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی، ئەمەی خوارەوەی نووسیوە: “ئەوەی كە بەڵگەیە لەسەر فێڵبازیەكەی ئەوەیە كە لە ناخی دڵیەوە باوەڕی هەیە بە لەناوبردنی هەموو حكومەتێكی نائیسلامی و حەڵاڵكردنی ماڵ و سامانی ئەو حكومەتە. لەبەرئەوە پێویستە حكومەت بەم كەسە فریو نەخوات، بەڵكو پێویستە لەسەری كە ئاگاداری بێت، ئەگینا دەترسین كە ئەم مەهدیە قادیانیە زیانگەلێكی وەها بدات لەم حكومەتە كە مەهدی سوودانی نەیتوانیبێت لێی بدات.” (مجلة “إشاعة السنة” ج16 ص4 عام 1893م)

دووەم: مونشی موحەممەد عەبدوڵڵا ئاگاداری ئینگلیزی كردوەتەوە لە بەڕێزی (سڵاوی خوای لێ بێت) و پێیان دەڵێت: “ئەم پیاوە هانی شوێنكەوتووانی دەدات بۆ شەڕكردن لەگەڵ ئەم حكومەتەدا بە هێنانەوەی ئایەتە قورئانیەكان وەكو بەڵگە.” (شهادت قرآنی، ص20).

لەڕاستیدا خەڵكی زۆر كاریگەر بوون بەم پڕوپاگەندە پووچە شێتانەیە، وە یەكێك لەو كەسانەی كە كاریگەر بوون سەرنووسەری ڕۆژنامەی (civil and military gazette) بوو، -كە بریتی بوو لە گەورەترین ڕۆژنامە كە بە زمانی ئینگلیزی دەردەچوو، وە بە زمانحاڵی ئینگلیز دادەنرا و گوزارشتی لە سیاسەتەكانی ئەو دەكرد لە پەنجابدا -لە یەكیك لە سەروتارەكانیدا بابەتێكی بڵاوكردەوە كە فەرمانڕەوایانی ئینگلیزی ورووژاند دژی گەورەمان ئەحمەد (سڵاوی خوای لێ بێت) وەك ئاگاداركردنەوەیەك بەوەی كە پیاوێكی زۆر مەترسیدارە، وە پێویستە دەسخەڕۆ نەبن بەو قسە و ڕوونكردنەوانەی كە بانگەشە بۆ ئاشتی و تەبایی دەكەن، ئەگینا حكومەتەكەیان لەناو دەبات.

وە لەڕاستیدا هەموو ئەم درۆو دەلەسەو پاشملە باسكردن و سكاڵایانە بوو كە پاڵینا بە دامەزرێنەری ئەم كۆمەڵەيەوە (سڵاوی خوای لێ بێت) كە ناوبەناو لەمەڕ ئەم بابەتە بنووسێت بۆ لێكدانەوەی هەڵوێستی خۆی بۆ حكومەت و ڕوونكردنەوەی بیروباوەڕەكانی لەم بارەيەوە.

كاتێك دامەزرێنەری كۆمەڵەكەمان (سڵاوی خوای لێ بێت) ستایشی ئینگلیزی كردووە لەسەر ئەو چاكەو پیاوەتیانەی كە كردوویانە لەگەڵ هەموو موسوڵماناندا مەلاكان بەوە تۆمەتباریان كرد كە چێنراوی ئینگلیزە سەرەڕای ئەوەی كە ئەو ئەركی ئایینی خۆی جێبەجێ كردووە بە پەیڕەوكردن لەو فەرموودە پیرۆزەی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) كە دەفەرموێت: “ئەوەی سوپاسی خەڵكی نەکرد بێت؛ سوپاسی خوایشى نەکردووە.” وە كاتێك دامەزرێنەری كۆمەڵەكەمان (سڵاوی خوای لێ بێت) سەرزەنشتی ئینگلیز دەكات بەهۆی بیروباوەڕە هەڵەكانیان و بەهۆی هەڵمەتی بە مەسیحیكردن كە قەشەكان پێی هەستان لە هیندستاندا لە ژێر چەتری حكومەتی ئینگلیزیدا، مەلاكان لەلای حكومەت بە خراپە باسیان كردو وتیان: ئەم كابرایە گەورەترین دوژمنە بۆ حكومەت و دەیەوێت لەناوی بەرێت.

ئێستایش ئەو پرسیارەی كە دێتە گۆڕێ بریتیە لەوەی: كام لەم دوو كردارە ڕەوایە؟ ئایا ئەوەی كە مەلاكان كردوویانە یان ئەوەی كە دامەزرێنەری ئەم كۆمەڵە (سڵاوی خوای لێ بێت) پێی هەستاوە؟

ئینگلیزەكان دامەزرێنەری ئەم كۆمەڵەیان بە دوژمنی خۆیان دادەنا

بێگومان ئینگلیز ڕقیان لە دامەزرێنەری كۆمەڵی ئيسلامى ئەحمەدی (سڵاوی خوای لێ بێت) دەبوویەوە بەهۆی بانگەشەكردنی مەهدیایەتی، پاشان بەهۆی بەرگریكردنی مەزنی لە ئیسلام و پەلاماری توندوتیژی بۆسەر بیروباوەڕە پووچەكانی مەسیحیەت و بەرپەرچدانەوەی مژدەدەر و قەشەكانیان و دواجار بەهۆی وەستاندنی لافاوی بەتەوژمی مەسیحیەت لە هيندستاندا، لەكاتێكدا ئەوان خەونیان بەوەوە دەبینی كە هەموو هيندستان بكەن بە مەسیحی و گەلەكەی بۆ هەتاهەتایە ملكەچ بكەن. وە سەبارەت بە خۆزگە و ئارەزووەكانی حكومەتی ئینگلیزی بۆ بڵاوكردنەوەی ئايينی مەسیحیەت لە هيندستان لە فراوانترین بازنەدا بۆ جێگیركردنی پایەكانی دەسەڵاتی خۆی لەوێدا، لەخوارەوە بەشێك لە بابەتە دەهێنینەوە كە خاوەنی كتێبی (The missions) باسی كردووە:

“Lord Palmerston, the Prime Minister, and Sir Charles Wood, the Minister of State for India, were receiving a deputation on the subject of Education in 1862, which was introduced by the Archbishop of Canterbury, and consisted of members of both houses of Legislature, of men of high positions in various professions and the representatives of missionary societies of all denominations. Sir Charles Wood spontaneously acknowledged to the deputation that ” … Every additional Christian in India is an additional bond of union with England, and an additional source of strength to the Empire.” –

“And,” Lord Palmerston added, “I think we are all agreed as to the end. It is not only our duty, but it is our interest, to promote the diffusion of Christianity, as for as possible, throughout the whole length and breadth of India.”

In Lord Lawrence’s Life, vol. ii. p. 313, he (Lord L.) gives it as his opinion that “nothing will more easily conduce to the strength of our power in India then the spread of Christianity.”

واتە: لە ساڵی 1862ز دا سەرۆك وەزیران لۆرد پامێرستن و وەزیری كاروباری هيندستان و بەڕێز چارلس وود پێشوازیان كرد لە شاندێك كە پێكهاتبوون لە ئەندامە دیارەكانی ئەنجومەنی یاسادانان و نوێنەری كۆمەڵە تەبشیریەكان لە تاقمە جیاوازەكانی مەسیحیەت، چارلس وود بەشێوەیەكی خۆرەس پێیان دەڵێت: “هەڵبەت هەر كەسێكی تازە كە دێتەناو ئايينی مەسیحیەتەوە لە هيندستان بریتیە لە پەیوەنديەكی تازە بۆ یەكگرتن لەگەڵ ئینگلتەرادا، وە هۆكارێكی نوێ زیاد دەكات بۆ هێزی ئیمپراتۆریەت. وە لەسەری دەڕوات و دەڵێت: “پێموایە ئێمە هەموومان لەسەر ئەوە هاوڕاین كە ئەركی سەرشانمان نیە بەتەنها بەڵكو بەرژەوەندیمان ئەوە دەخوازێت كە بە هەموو توانایەكمانەوە پرۆژەی بڵاوكردنەوەی مەسیحیەت لە هيندستاندا لەمپەڕی وڵات بۆ ئەوپەڕی وڵات سەربخەین.”

وە لە كتێبی “حیاة لورد لارنس” بەرگی 2 لا 313 لۆرد ئیل هەستی خۆی بەم شێوەیە باس دەكات:

“هیچ شتێك بە ئەندازەی بڵاوبوونەوەی مەسیحیەت بە ئاسانی یارمەتی سەركەوتنی هێزەكانمان نادات لە هيندستاندا.”

(The Missions By: Rev. Robert Clark, M.A. p234 – 235, published • … by: London Church Missionary Society Salisbury Square, E.C 1904)

وە لە ساڵی 1897ز دا قەشەی بەناوبانگ دكتۆر جان هێنری بیرۆز لە وڵاتەیەكگرتووەكانەوە بانگكرا بۆ هيندستان، وە تێیدا كۆمەڵە وتارێكی زۆری دا لە میانەی گەشتە گەردەلوول ئاساكەیەوە، كە بە شێوازێكی خۆش و بەتام لەم وتارانەدا باسی مەملەكەتی مەسیحیەت و هەژموون و هێزو تواناكەی دەكرد بەتایبەتی لە وڵاتە ئیسلامیەكاندا، دەڵێت:

” I might sketch the movement in Mussulman lands, which has touched with the radiance of the Cross the Lebanon and Persian mountains, as well as the waters of the Bosphorus, and which is the sure harbinger of the day when Cairo and Damascus and Teheran shall be the servants of Jesus, and when even the solicitudes of Arabia shall be pierced, and Christ, in the person of His disciples, shall enter the Kaaba of Mecca and the whole truth shall at last be there spoken, “This is eternal life that they might know Thee, the only true God, and Jesus Christ whom Thou hast sent.”

لە ئێستادا پێم خۆشە لەبارەی سەركەوتنی ئايينی مەسحیەتەوە قسە بكەم. بەهۆی ئەم سەركەوتنەوە، لەلایەكەوە لوبنان دەدرەوشێتەوە بەهۆی پرشنگ و درەوشانەوەی خاچەوە، وە لەلایەكی ترەوە بەهۆی نوورەكەیەوە شاخەكانی فارس و ئاوی بسفۆرس دەدرەوشێتەوە، وە ئەم هەلومەرجە بەدڵنیاییەوە پێشەكیەكە بۆ ئەو وەرچەرخانە مەزنە كاتێك شارەكانی قاهیرە و دیمەشق و تاران دەبن بە خزمەتكاری پەروەردگار یەسوعی مەسیح، وە كاتێك دڕ دەدرێت بە خودی بێ دەنگیەكەی دوورگەی بۆئەوەی مەسیح، لەسەر شێوەی حەواریەكانی، بچێتە ناو كەعبەوە لە مەككە. وە لە كۆتاییدا لەوێدا ڕاگەیاندنی حەقی كامڵ بە ئەنجام دەگات كە: “ژیانی هەتاهەتایی ئەوەیە ئەی خوای تاقانە كە تۆ و یەسوعی مەسیح بناسن كە خۆت ڕەوانەت كردووە”.

(Barrows Lectures.1896 – 97 By: John Henry Barrows. Published by: The Christian Literature Society for India. Madras, India 1897).

وە پۆلیسی ئینگلیزی چاودێری دەكردو بەدواداچونی دەكرد بۆ چالاكی خۆی و كۆمەڵەكەی، ئەمەش دوای ئەو چاوپێكەوتنەی كە ڕوویدا لە نێوان بەڕێزی و كابرای بەمەسیحیبوو (عبد الله ئاتهەم)دا كە یەكێك بوو لەسەركردە مەسیحیەكان. (پێشتر بە درێژی باسی ئەم چاوپێكەوتنە كراوە) وە ڕۆژنامەی (civil and military gazette) دانی بەمەدا ناوە لە وتارێكی درێژی خۆیدا دژی دامەزرێنەری كۆمەڵی ئيسلامى ئەحمەدی (سڵاوی خوای لێ بێت) لە ژێر ناونیشانی: “شێتێكی ئایینی ترسناك“، كە دەڵێت:

“هەڵبەت لە پەنجابدا شێتێكی ئایینی ترسناك هەیە كە بەناوبانگە، ئێستا لە هەرێمی گورداسپوردا نیشتەجێیە، وە خۆی بە موسوڵمان دادەنێت و بانگەشەی ئەوە دەكات كە خۆی مەسیحی بەڵێندراوە… وە ئەم كەسە كە بەهۆی ئايينەكەی خۆیەوە شێت و هەڵەشە بووە ئەمڕۆ لە ژێر چاودێری پۆلیسدایە… بێگومان مەلای قادیانی ساڵانێكە بەردەوام لەژێر چاودێری ئێمەدایە، وە ئێمە پشتگیری ئەو بۆچوونە یاداشتكراوەی سەرەوە دەكەین بە پشت بەستن بە زانیاریە تایبەتیەكانمان دەربارەى ئەم كەسایەتیە و كردەوەكانی. وە ئەو -وەك دەبینین- ڕۆژ بەڕۆژ هێزو توانای زیاد دەكات، وە لە داهاتوویەكی نزیكدا ناچارمان دەكات بە گرنگیەكی زیاترەوە ئاوڕی لێ بدەینەوە.” (العدد الصادر في 24 أكتوبر 1894م)

ئەمە هەمووی بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە حكومەت گومانی هەبووە لە كارەكەی (سڵاوی خوای لێ بێت)، وە لە ترسی ئەو دڵی داخورپاوە، وە چاوەڕوانی مەترسیەكی لێ كردووە وەك ئەو مەترسیەی كە بەدەستی مەهدی سوودانیەوە تووشی بوو.

دەی ئایا ئەمە دۆخی پیاوێكە كە دوژمنەكانی بانگەشەی ئەوە دەكەن گوایە حكومەتی ئینگلیزی دایمەزراندووە بۆ چەسپاندنی بەرژەوەندیە دوژمنكارانەكانی خۆی؟ ئایا ژیری ڕاست و دروست ئەوە پەسەند دەكات كە ئەو كەسەی (ئینگلیز چاندبێتی) هەروەك دوژمنەكانی ئەم كۆمەڵە بانگەشەی دەكەن، لە ژێر چاودێری پۆلیسدا بێت بۆ ئاگاداربوون لە هەڵسوكەوتەكانی، وە بەڕادەیەك قەشە مەسیحیەكان ڕقیان لێی بێت كە تۆمەتباری بكەن لە دادگاكاندا بەوەی كە پیلانی گێڕاوە بۆ ئەنجامدانی تاوانی كوشتن، وەك ئامادەكاریەك بۆ قوتاربوون لێی و فڕێدانی بۆ ناو تاریكایی زیندانەكان؟ دەسا ئەی خەڵكینە، ئایا پیاوێكی كامڵتان تێدا نیە؟

تۆڵەسەندنەوەی خوایی

وە یەكێك لە كارە سەیرو سەمەرەكانی چارەنووسی خوایی ئەوە بوو كە خوای پەروەردگار تۆڵەی كردەوە بۆ ئەحمەدیەت و لە زمانی دوژمنەكانیەوە ڕاستی دەرخست بە جۆرێك ئەم گروپە ئیسلامیانە هەمان تۆمەتیان ئاڵوگۆڕ كرد لە نێوان خۆیاندا و هەندێكیان هەندێكی تریان ناونا (نەمامی ئینگلیز)، ئەوەتا لە گۆڤاری (جتان)ی ئوردوییدا لەمەڕ بریلویيەكان ئەمەی خوارەوە هاتووە: “ئەمانە ئەو فەتوایەيان داوە كە ئینگلیزەكان خاوەن فەرمانن، وە هيندستان خانەی ئاشتیە، پاشان ئەم نەمامە كە ئینگلیز چاندبووی لەدوای چەند ڕۆژێك وەرچەرخا بۆ بزوتنەوەیەكی ئایینی.” (مجلة “جتان” لاهور 15 أكتوبر 1963م)

وە ڕۆژنامەی (طوفان)ی ئوردویی سەبارەت بە وەهابیەكان نووسیویەتی: “بەو پەڕی فێڵ و تەڵەكەبازیيەوە ئینگلیز نەمامی بزوتنەوەی نەجدی (واتە وەههابی) ڕواند لە هيندستاندا، وە ئینگلیزەكان خۆیان سەرپەرشتی و چاودێری دەكەن تاوەكو گەشەو پەرەسەندنەكەی تەواو بكات.” (مجلة “طوفان” الباكستانیة، نوفمبر 1962م)

دامەزرێنەری كۆمەڵی ئەحمەدی شاژنە ڤیكتۆریا بانگ دەكات بۆ ئیسلام

لەڕاستیدا دامەزرێنەری كۆمەڵی ئيسلامى ئەحمەدی بەڕێگەی ڕاستدا ڕۆیشت، وە بە هەموو ئازایەتیەكەوە بە ڕەوای ووت ڕەوا، وە بە ناڕەوایشی ووت ناڕەوا، بەبێ ترسان لە لۆمەی لۆمەكاران. وە بەڵگەش لەسەر ئەمە ئەوەیە كە بە شاژنە ڤیكتۆریا شاژنی بەریتانیای مەزنی ووت كە لەسەر هەڵەیە لەو بابەتەدا كە پەیوەستە بە ئایینەوە، وە پێویستە لەسەری كە تۆبە بكات و بێتە ناو ئیسلامەوە. كە لە نامەیەكی درێژدا دەفەرموێت: “ئەی شاژنە میهرەبانە شكۆمەندەكە، پێم سەیرە (واتە سەرم سوڕماوە) كە تۆ لەگەڵ چاكەی تەواوەتی و زانست و بەرچاوڕوونیت لە ناسینی شتەكاندا نکۆڵی دەكەیت لە ئايينی ئیسلام، سەرنجی نادەیت بەو چاوەی كە سەرنجی پێ دەدەیت لە كاروبارە مەزنەكان. تۆ لە شەوی تاریك و نووتەكدا چاوت بینی، وا ئێستا خۆر دەركەوت، چیتە لەم چێشتەنگاوەدا چاوت نابینێت؟… ئەی شاژنە میهرەبانەكە بێگومان چاكەیەكی مەزنی خوات لەسەرە لە نیعمەتە دنیاییەكاندا، كەوابوو ئێستە ئارەزووی قەڵەمڕەوی ئاخیرەت بكە، تۆبە بكەو گوێڕایەڵی پەروەردگاری تاقانە بكە كە كوڕێكی هەڵنەبژاردووە بۆ خۆی و لە پاشایەتیدا هاوبەشێكی نیە و زۆر بەگەورەی بگرە. ئایا جگە لەو خواگەلێك بۆ خۆتان هەڵدەبژێرن كە ناتوانن هیچ شتێك دروست بكەن و خۆیشیان دروست كراون؟ وە ئەگەر تۆ بەگومانی لە ئیسلام ئەوا من ئامادەم بۆ پیشاندانی نیشانەكانی ڕاستی ئەو ئايينە… ئەی شاژن، تۆبە بكە، تۆبە بكە، گوێم لێ بگرە، گوێم لێ بگرە… ئەی شاژنی زەوی موسوڵمانبە سەلامەت دەبیت.” (مرآة كمالات الإسلام، الخزائن الروحانیة ج5 ص530-534)

ئەمەیە جیاوازی نێوان دامەزرێنەری كۆمەڵی ئيسلامى ئەحمەدی (سڵاوی خوای لێ بێت) لەگەڵ مەلاكانی تردا. هەڵبەت ئەو (سڵاوی خوای لێ بێت) مافی هەموو شتێك دەدات، ئەوەتا سوپاسی ئینگلیز دەكات لەسەر ئەو شتەی كە مافی خۆیانە سوپاسیان بكرێت لەسەری [شایانی باسە دامەزرێنەری كۆمەڵی ئيسلامى ئەحمەدی (سڵاوی خوای لێ بێت) سوپاسی ئینگلیزی كردووە كاتێك وڵاتیان بەڕێوەبردووە بە دادگەری و بێ جیاوازی كردن لە نێوان هيندۆس و موسوڵمانان و نەتەوەكانی تردا، بەڵام كاتێك وازیان لە دادگەری هێنا و لەگەڵ هيندۆسەكاندا دەستیان تێكەڵاو كرد و پیلانیان گێڕا دژی موسوڵمانان، كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی لە ڕیزی یەكەمدا بوو بۆ بەرگریكردن لە مافی موسوڵمانان، وە پشتگیری دامەزرێنەری پاكستان “موحەممەد عەلی جەناح” (سەركردەی هەرەمەزن)ی كرد، وە ئەوەی لە توانایدا بوو لەم ڕێگەیەدا پێشكەشی كرد، لەكاتێكدا زۆربەی ئەو مەلایانەی كە نەیاری كۆمەڵەكەمان بوون دژی وەستان لە ناویانيشدا مەودودی، و حیزبی ئەحرار و ئەوانى تریش بە هاوپەیمانی لەگەڵ هيندۆسەكاندا دژی موحەممەد عەلی جەناح و دژی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی وەستانەوە، وە موحممەد عەلی جەناحیان ناونا كافری هەرەگەورە لە جیاتی سەركردەی هەرەگەورە، وە پاكستان (واتە وڵاتی پاكوخاوێنەكان)یان ناونا بلیدستان (واتە وڵاتی پیسەكان)، بەڵام هەر كە دەوڵەتێك دامەزرا بۆ موسوڵمانان بەناوی پاكستانەوە، ئەو مەلایانەی كە تا دوێنێ بوو دژایەتیان دەكرد ناچاربوون بگوێزنەوە بۆ پاكستان، و دەستیان كرد بە تۆمەتباركردنی ئەحمەدیەت بە خیانەت و نۆكەریكردن بۆ ئینگلیز! بەڵام خودی دامەزرێنەری ئەم دەوڵەتە ئەو قوربانیانەی لەبیر نەكرد كە ئەم كۆمەڵە پێشكەشی كردن لەم پێناوەدا، بۆیە ئەویش بەڕێز موحەممەد ظفر الله خان ی،ڕۆڵەی چاكەكاری ئەحمەدیەت، هەڵبژارد بۆئەوەی ببێتە یەكەم وەزیری دەرەوەی دەوڵەتە تازە لەدایك بووەكە.]

وە سەرزەنشتیان دەكات لەسەر ئەوەی كە پێویستە سەرزەنشتیان بكرێت لەسەری. بەڵام مەلاكان نەیانتوانی ئەمە بكەن، تەنانەت شتی وا بە مێشكیشیاندا نەهات؛ چونكە ئەوان ئەم ئازایەتیە ئیمانیە و ئەم غیرەتە ڕاستەیان بۆ سەرخستنی ئیسلام نەبوو. بەڵام ئەو كەسەی ئەم ئەركە ئایینیەی جێبەجێ كرد ئەوان بە كۆمەڵێ تۆمەتی ناشیرین تۆمەتباریان كرد.

پرسیارێك بۆ نەیارەكانی كۆمەڵی ئيسلامى ئەحمەدی

هەڵبەت ئەو تێكۆشانە مەزنەی كە دامەزرێنەری كۆمەڵی ئيسلامى ئەحمەدی (سڵاوی خوای لێ بێت) پێی هەستا دژی قەشەكان، موسوڵمانە بەویژدانەكان دانیانپێداناوە و زۆر بەچاكی ستایشیان كردووە. وە لە كاتێكدا گەورەمان ئەحمەد كۆچی دوایی كرد ئەبو كەلام ئازاد كە زانایەكی بەناوبانگە لە ڕۆژنامەی “وكیل”دا لە لاواندنەوەی ئەودا (سڵاوی خوای لێ بێت) وتی: “دیارە مەزنی میرزای بەڕێز -سەرەڕاى بوونی جیاوازی زۆر توند دەربارەی هەندێ لە بیروباوەڕو بانگەشەكانی- موسوڵمانان، بەڵێ موسوڵمانانی بیرتیژو ڕۆشنگەری وەها لێ كرد كە لە كاتی كۆچی دوایی ئەودا هەست بكەن كە پیاوێكی مەزن لە خۆیان بەجێیهێشتن… ئەم بەرگریە مەزنە كاریگەری پەلاماری مەسیحیەكانی تێكشكاند كە لەڕاستیدا هێزێكی ئایینی مەسیحی بوو كە مەسیحیەت بەدەستی هێنابوو لە ژێر چەتری حكومەتی ئینگلیزیدا. ئابەم شێوەیە هەزارەها لە موسوڵمانان، بەڵكو سەدان هەزاریان ڕزگاریان بوو لە هێرشی مەسیحیەت كە مەترسیەكی نزیكی زۆر قورسی پێكدەهێنا. بەم شێوەیە خودی سیحری مەسیحیەت لە هەوادا بوو بەهەڵم وەكو دووكەڵ. بێگومان بەڕێزی شێوازی بەرگریكردنی گۆڕی و بەزیوی كرد بە سەركەوتوو.” (جریدة “وكیل” أمْرِتسار، یونیو 1908م)

وە میرزا حیرەت دەهلەوەی بەڕێوەبەری ڕۆژنامەی “كرزن غزت” لە ژمارەی ڕۆژی 11/6/1908ز دا وتارێكی نووسیوە كە تێیدا هاتووە: “ئەو خزمەتە مەزنانەی كە خوالێخۆش بوو جێبەجێی كرد بۆ ئیسلام لە ڕووبەڕوو بوونەوەی ئاریای هيندۆس و مەسیحیەكاندا لەڕاستیدا شایانی ڕێزێكی گەورەیە… نەك تەنها لەبەرئەوەی كە بابایەكی موسوڵمانم، بەڵكو بەو سیفەتەی كە توێژەریشم، دانی پێدادەنێم كە لە توانای هیچ كەسێك لە ئاریا و قەشەكاندا نەبوو كە ڕووبەڕووی خوالێخۆش بوو بێتەوە. وە ئەو كتێبە دانسقانەی كە داینان لە بەرپەرچی مەسیحیەت و ئاریادا، وە ئەو وەڵامە دەمكوتكەرانەی كە ئاراستەی نەیارەكانی ئیسلامی كرد، تاكو ئێستا كەسێكمان نەبینی كە بتوانێت وەڵامێكی بەجێ و گونجاویان لەسەر بنووسێت“.

وە مەولەوی زەفەر عەلی خان (یەكێك لە دوژمنە سەرسەختەكانی ئەحمەدیەت) دانیپێداناوە كە: “بەڕێز میرزا بەوپەڕی لێهاتووییەوە بەرهەڵستی كرد لە هێرشەكانی ئایینی هيندۆسی و مەسیحیەت، وە كۆمەڵە كتێبێكی زۆر بەنرخی دانا دژی ئاریا و مەسیحیەكان وەك (سرمە چشم ئاریا) و(چشمە مسیحی).” (جریدة “زمیندار”، العدد 12 سبتمبر 1923م)

وە مەولەوی موحەممەدی نەقشبەندی جەشتی ئەمەی خوارەوەی نووسیوە: “لەو ڕۆژانەدا قەشە لێفرای لە ئینگلتەراوە هات بۆ هيندستان بە هاوڕێیەتی كۆمەڵێكی گەورە لە قەشەكان، وە سوێندی خوارد كە لە ڕۆژانێكی كەمدا هەموو هيندستان بكات بە مەسیحی. وە لەسایەی سامانێكی قەبەو پەیمانگەلێكی جەخت لێكراو لەلایەن ئینگلیزەوە بەوەی كە هاوكاری دارایی دەكەن بوومەلەرزەیەكی دروست كرد لە هەموو لایەكی هيندستاندا. وە ئەم قەشەیە لە باوەڕی ژیانی مەسیح عیسا (سڵاوی خوای لێ بێت) لە ئاسماندا بە جەستە ماددیەكەیەوە و لە بوونی پێغەمبەرە بەڕێزەكانی تر بە مردوویی لەژێر خاكدا بە ئەسپەردەكراوی چەكێكی بڕندەی دروستكرد دژی خەڵكی ئاسایی. لەبەرئەوە شێخ غولام ئەحمەدی قادیانی هەستا بۆ بەرهەڵستی كردنی ئەم گروپەو وتی: لەڕاستیدا ئەو عیسایەی كە قسەی لەبارەوە دەكەن مردووە و ئەسپەردە كراوە وەكو مرۆڤەكانی تر. بەڵام ئەو عیسایەی كە بەڵێندراوە بەهاتنی ئەوە منم. بۆیە باوەڕم پێ بكەن ئەگەر ئێوە لە مرۆڤە بەختیارەكانن. ئا بەم شارەزاییە تەنگی هەڵچنی بە قەشە لێفرای و گروپەكەی تەنانەت گران بوو بۆی كە لەدەستی ڕزگاری بێت، وە بەم بەڵگەیە شكستێكی خراپی هێنا بەسەر قەشەكاندا لە هيندستانەوە بۆ ئینگلتەرا.” (مقدمة النقشبندیة للترجمة الأردیة لمعاني القرآن الكریم، ص 30)

ئێستاش پرسیار دەكەین لەو نەیارانەی كە كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی تۆمەتبار دەكەن بەوەی كە نەمامێكی چێنراوی دەستی ئینگلیزە… ئەگەر بەگوێرەی خەیاڵی ئێوە دامەزرێنەری كۆمەڵی ئەحمەدی لەلایەن ئینگلیزەوە ڕاست كراوەتەوە، چۆن توانی ئەو هێزە جادوییە تێكبشكێنێت كە مەسیحیەت بەدەستی هێنابوو لەژێر سێبەری حكومەتی ئینگلیزیدا؟ وە چۆن جادووی مەسیحیەتی كرد بە هەڵم لە هەوادا؟ وە چۆن بێدەنگ و خەفەی كردن؟ وە چۆن هەموو قەشەكانی هەر لە ئینگلتەراوە بۆ هيندستان بەخراپی تێكشكان؟ وە بۆچی زانا هاوچەرخە موسوڵمانەكانی تر لەم كارەدا شكستیان خوارد؟ ئایا خوا توانایدا بە سیخوڕێكی ئینگلیز بۆ ئەو بەرگریكردنە مەزنە لە كرۆكی ئیسلام و ئەو هێزەی نەبەخشيیە ئەو كەسانەی كە خۆیان بە گەورەترین داكۆكیكار لە چوارچێوەی ئیسلام دادەنا؟

نەمامی خوای خاوەنشكۆی بەدەسەڵاتی سوپاسكراوە

پوختەی قسە، دامەزرێنەری كۆمەڵی ئيسلامى ئەحمەدی (سڵاوی خوای لێ بێت) نەمامی ڕوێنراوی دەستی ئینگلیز و جگە لە ئینگلیزیش نەبوو، بەڵكو نەمامێكی ئاسمانی بوو كە خوای گەورە بەدەستی خۆی چاندی.

بەڕێزی (سڵاوی خوای لێ بێت) دەفەرموێت: “دنیا نامناسێت، بەڵام ئەو كەسەی ڕەوانەی كردووم دەمناسێت، ئەوان بەهۆی ئەوەی كە زۆر هەڵەو بەدبەختن دەیانەوێت لەناومبەرن، هەڵبەت من ئەو نەمامەم كە خاوەنی ڕاستەقینە بەدەستی خۆی چاندی… ئەی خەڵكینە دڵنیا بن كە دەستێكم لەگەڵدایە بەردەوام بە ئەمەكە لەگەڵم هەتا كۆتایی كار. ئەگەر پیاو و ژنتان، گەنج و پیرتان، بچوك و گەورەتان هەمووی كۆببنەوە بە ئومێدبڕاوی و سووتانەوە نزا بكەن لای خوای گەورە هەتا كەپووتان دادەخورێت و دەستان تووشی شەلەل دەبێت بۆئەوەی لەناوبچم.. دڵنیابن خوا وەڵامتان ناداتەوە، وە داناكەوێت هەتا ئەوكارەی دەوێت تەواوی دەكات… كەوابوو ستەم لەخۆتان مەكەن، هەڵبەت بۆ درۆزنان دەموچاوانێك هەیە جیا لە دەموچاوی ڕاستگۆیان، وە خوای گەورە واز لە كارێك ناهێنێت بەبێ یەكلاكردنەوەی… هەروەك چۆن لە ڕابردوودا خوا ناوبژیوانی كرد لە نێوان پێغەمبەرانی خۆی و ئەو كەسانەی كە بەدرۆزنیان دەزانین، بەدڵنیاییەوە ئێستاش خوای گەورە ناوبژیوانی دەكات. ئاشكرایە بۆ هاتنی پێغەمبەرانی خوا وەرزێك هەیە و هەروەها بۆ ڕۆيشتنیشیان وەرزێك هەیە. لەبەرئەوە دڵنیا بن من بەبێ وەرز نەهاتووم، وە ناشڕۆم بەبێ وەرز، كەوابوو دوژمنایەتی مەكەن لەگەڵ خوادا، دڵنیاش بن ناتوانن من لەناوبەرن.” (تحفة جولروية، الخزائن الروحانية ج 17 ص 12 – 13)

ڕەخنەی دووەم: ئەحمەدیەكان بەكرێگیراوی ئیسرائیلن، بەڵگەش لەسەر ئەمە بوونی ناوەندەكەیانە لە حەیفا

وەڵام:

هەموو ئەوەی كە لەم بابەتەدا هەیە تەنها بوونی سەنتەرێكە لە گوندی “كەبابیر” لە حەیفا، ئەو گوندەی كە هەموو خەڵكەكەی چوونە ناو ئەحمەدیەتەوە لە ناوەڕاستی بیستەكانی سەدەی ڕابردوودا، وە ئەم سەنتەرە لە ساڵی 1928ز دا دامەزرا واتە پێش دامەزرانی دەوڵەتی ئیسرائیل بە بیست ساڵ! وە كاتێكيش شەڕی فەڵەستینی لە نێوان عەرەب و جوولەكەدا هەڵگیرسا ساڵی 1948ز كەبابیر لەگەڵ شاری حەیفا و شارە عەرەبیەكانی تر خۆیدا بەدەستەوە، وە خەڵكەكەی، كە ژمارەیان نەدەگەيشتە چەند سەد كەسێك، پێیان باش بوو كە لەماڵەكانیان و لەسەر زەوی خۆیان بمێننەوە، هەروەها پێیان باش بوو كە نیشتیمانی خۆیان بەجێنەهێڵن و نەبنە پەنابەر لە وڵاتی غەریبیدا. بەهەمان شێوە زۆر كەسی جگە لەوان لە خەڵكی دێهات و شارە عەرەبیەكان ئەم كارەی كردو لەناو سنوری ئیسڕائیلدا دەورووبەری 200 هەزار موسوڵمان مانەوە كە ئەمڕۆ ژمارەیان خۆی دەدات لە ملیۆنێك.

بەڵام لەلایەن ئەم ستەمكارانەوە دەستگرتنی موسوڵمانە ئەحمەدیەكان بە خاك و ماڵی خۆیان كراوە بە بەڵگەو دەستیان كردووە بە تۆمەتباركردنمان بەوەی كە گوایە ئێمە لەگەڵ صەهیۆنیەتدا پیلاندەگێڕین دژی ئیسلام و موسوڵمانان. ئەگەر دەستگرتن بە خاكی نیشتمانەوە تاوان و پیلانگێڕان بێت لەگەڵ صەهیۆنیەكاندا ئەوا بۆچی عەرەبە موسوڵمانەكانی تر كە دەستیان گرتووە بە خاك و نیشتمانی خۆیانەوە بە ناپاكانی ئیسلام و بە كرێگیراوانی صەهیۆنیەكان دانانرێن؟

لەڕاستیدا ئەم كەسانە بەڕادەیەك شەرم و ئابڕوویان لەدەستداوە كە بە درۆو دەلەسە لە ساڵی 1984ز دا لە ڕۆژنامەكاندا بڵاویانكردەوە كە ڕۆڵەكانی ئەحمەدیەت لەڕیزی سوپای ئیسڕائیلیدا شەڕ دەكەن و برا موسوڵمانەكانی خۆیان دەكوژن و لە سەربازگەكانی سوپای ئیسڕائیلدا سەدەهایان مەشق و ڕاهێنان دەكەن، وە لەبەرپەرچی ئەم تۆمەتباركردنە كۆمەڵی ئيسلامى ئەحمەدی لە گۆڤاری جیهانی خۆی (Review of Religion) (نقد الأدیان) دا لە نیسانی ساڵی 1985ز دا 10 بەڵگەنامەی بڵاوكردەوە كە ئەم لاف و گەزافانە بەدرۆ دەخەنەوە، خاوەنی ئەم بەڵگەنامانەش كۆمەڵێك كەسایەتی موسوڵمانی ناسراو بوون لە ئیسڕائیلدا.

وە ئەم 10 كەسایەتیەش بریتین لە:

1- شێخ موحەممەد حوبەيشى -دادپرسی شەرعی عەككا و حەیفا.

2- شێخ فەرید وەجدی تەبەری -دادپرسی شەرعی یافا و قودسی پیرۆز.

3- بەڕێز موحەممەد وەتەد -پەرلەمانتار لە جت.

4- دكتۆر سامی مەرعی -مامۆستای وانەبێژ لە زانكۆی حەیفا لە عەرعەرە.

5- دكتۆر موحەممەد تەبعونی لە ناصرە -ئەندازیاری بیناسازی و وانەبێژ لە تخنیون لە حەیفا.

6- بەڕێز موحەممەد موصاوەرە -پارێزەر و سەرۆكی ئەنجوومەنی ناوخۆیی لە كەفر قەرع.

7- بەڕێز ئیبراهیم تەمر حوسەین -سەرۆكی شارەوانی سەفا عەمر و سەرۆكی لیژنەی دەسەڵاتە خۆجێییەكان لە ئیسڕائیل.

8- بەڕێز سەمیر دەروێش -سەرۆكی ئەنجومەنی خۆجێیی باقەی ڕۆژئاوایی.

9- دكتۆر موحەممەد موساڵەحە -بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئامادەیی دبوریە.

10- بەڕێز فەتحی فەورانی -سەرۆكی كۆمەڵەی بەدەمەوەچوونی ئیسلامی لە حەیفا.

ئایا ئەم ستەمكارانە خەجاڵەت نابن بە بڵاوكردنەوەی ئەم هەواڵە ناڕاستانە، یان پێیانوایە بەمە خزمەتی ئیسلام دەكەن و كارێكی باش ئەنجام دەدەن؟ نەخێر، بەمزووانە دەزانن، پاشان بەمزووانە دەزانن، ئەوكاتەی كە لە ڕۆژی قیامەتدا لەبەردەم خوادا دەوەستن بۆئەوەی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكات.

لەڕاستیدا تەنانەت یەك ئەحمەدیش نەچووتە ناو سوپای ئیسڕائیلی لەوەتەی دەوڵەتی ئیسرائیلی دامەزراوە تەنانەت نەچووەتەناو بەشی پۆلیسیش. ئێمە تەحەددایان دەكەین كە یەك ئەحمەدی بە نموونە بهێننەوە كە چووبێتە ناو سوپای ئیسڕائیل یان چووبێتە ناو بەشی پۆلیسی ئیسڕائیلی، بەڵام تا ڕۆژی قیامەت خەریك بن ناتوانن ئەمە بكەن با هەندێكیان پاڵپشتی هەندێكی تریان بن؛ چونكە ئەمە درۆیەكی شاخدارە، وە لەبەرامبەر ئەمەدا هیچمان نیە جگە لەوەی كە بڵێین: نەفرینی خوا لە درۆزنان. وە ئێمە سكاڵای دڵمەندی و پەژارەی خۆمان بەچاوی پڕ لە فرمێسكەوە لای خوا دەكەین. والله المستعان على ما تصفون. بەڵكو ئێمە تەنانەت نەچووینەتە ناو حیزبە سیاسیەكانیش، لەكاتێكدا دەبینین كە زۆرێك لە برا موسوڵمانەكانمان لە ئیسڕائیلدا چالاكن لە بواری ڕامیاریدا، وە بە ئازادیەكی تەواوەتیەوە خۆیان كردووە بەناو حیزبە صەهیۆنی و ناصەهیۆنیەكاندا، وە هەیانە ئەندامن لە پەرلەمانی ئیسڕائیلیدا، وە زۆرێك لەوان خزمەت دەكەن لەناو هێزەكانی پۆلیس و سوپادا. وە لەهەموو ئەمانەش گرنگتر ئەو موسوڵمانانەی كە كاردەكەن لە خزمەتە ئایینیەكاندا وەك دادپرسەكان یان ئیمامەكان وە یان هتد، لەلایەن حكومەتی ئیسڕائیلیەوە مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە.

بەڵام لەوانەیە نەیارەكانی ئەحمەدیەت ئەوە بە حەق و بەدادگەری و زەوق نەزانن كە پەنجەی تاوانباركردن ئاراستەی ئەم برا موسوڵمانانە بكەن، ئەوەندە بەسە كە تەنها ئاراستەی بكەن دژی ئەحمەدیەكان سەرەڕای ئەوەی كە ئەمان لە هەموو ئەم كارانە بێبەرین.

وەك ئەوەی ئەحمەدیەكان لە دیدی ئەم دوژمنانەدا كەفارەتی جگە لە خۆیان بن، یان لەبەرئەوەی كە بەتەنها ئەوان نمایشتی ئیسلام دەكەن؟ دیارە ئەمە سەیرترین و نامۆترین شتە، وە ئەمە بەجێدەهێڵین بۆ خوێنەر كە دەربارەی هەموو ئەم بابەتانە بڕیاری هەڵوێستێكی گونجاو بدات بۆ خۆی.

ڕەخنەی سێيەم: ئەحمەدیەت هاریكاری دەكات لەگەڵ ماسۆنیەتدا بۆ ڕووخانی بیروباوەڕی ئیسلامی

وەڵام:

لەڕاستیدا واقیع تەواو پێچەوانەی ئەمەیە. دەی بابزانرێت كە پێشەوای كۆمەڵی ئيسلامى ئەحمەدی بەڕێز میرزا بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد (خوا لێی ڕازی بێت) -خەلیفەی دووەمی دامەزرێنەری ئەحمەدیەت (سڵاوی خوای لێ بێت)- لە كەسە یەكەمینەكان بوو كە پەردەی لادا لەسەر مەبەستە شاراوەكانی ماسۆنیەت و مەترسیيەكانی، ئەمەش لە كاتێكدا كە دیارترین سەرۆكی موسوڵمانان و سەركردە ڕۆحیەكانیان ئەندام بوون لەم ڕێكخراوەدا، وە هەندێكیان هەتا ئێستاش سەرۆكایەتی كۆبوونەوە ماسۆنیەكان دەكەن لە وڵاتەكانی خۆیاندا. هەڵبەت كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی ماوەیەكی دوورو درێژ بەرهەڵستی بزووتنەوەی ماسۆنیەتی كرد. ڕاستە لەم دواییانەدا قسەی زۆر كراوە دەربارەی ئەم بزووتنەوە نهێنیە بەوەی كە دروستكراوی ئیسڕائیلە، وە كۆنگرەی ڕێكخراوە ئیسلامييەكان هۆشداریداوە لە مەترسیەكانی و لە قەبوڵكردنی هەر موسوڵمانێك كە سەر بەم بزووتنەوە بێت بۆ هەر پلەو پایەیەكی ئیسلامی هەرچیەك بێت، بەڵام چی ڕوویدا؟ ئایا سەنتەرە ئايينی و سیاسی و ڕۆشنبیریەكان لە دەوڵەتە ئیسلامیەكاندا پاكبوونەوە لە ماسۆنیەت؟ نەخێر، هەرگیز نەخێر، هەڵبەت هێشتا زۆرێك لە موسوڵمانان لە سەركردە فیكری و سیاسیە گەورەكان و پیاوانی ئایینی لە دادپرسەكان و كەسانی تریش ماسۆنین.

هەروەك وتمان كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی لە سیەكانی سەدەی ڕابردووەوە هۆشداریداوە سەبارەت بەم بزووتنەوەیە كە ڕووخێنەری ئايينه. (راجع مجلة البشری –كبابیر، كانون الأول 1934م) نەخێر، بەڵكو زۆر پێش ئەمەیش ئەوكاتەی كە خوای پەروەردگار گەورەمان ئیمامى مەهدی و مەسیحی بەڵێندراوی (سڵاوی خوای لێ بێت) بەوەحی ئاگاداركردەوە لە مەترسی ماسۆنیەت لەسەر جیهان، ئەمەش لەكاتێكدا كە دنیا هیچ زانیاریەكی نەبوو لەسەر ئامانج و نهێنیەكانی بزووتنەوەی ڕووخێنەری ماسۆنی. وە ئەو ئیلهامەی كە ئاماژەی بۆكراوە بە زمانی ئوردويیە و بریتیە لە: “هەگیز ڕێگەنادرێت بە ماسۆنیەكان كە زاڵ بن، بەدڵنیاییەوە لەناویان دەبات.” (التذكرة ص411)

بێگومان ماسۆنیەت لە بنەڕەتدا دامەزراوە دژی ئایینە ئاسمانیەكان، كەواتە چۆن دەگونجێت كە ئەحمەدیەت لەگەڵ دوژمنێكدا بێت خوا بەوەحی دامەزرێنەرەكەی هۆشیاركردوەتەوە لێی؟ نەخێر، تەنانەت یەك ئەحمەدیش لەم بزووتنەوەيەدا ئەندام نیە. وە ئێمە تەحەددای هەموو ئەوانە دەكەین كە تۆمەتبارمان دەكەن بەوەی كە ئێمە هاوپەیمانی ماسۆنیەت بین كە یەك نموونە بهێنن ئەگەرچی ئەحمەدیەكیش بێت كە پەیوەندی هەبێت بێت بەم بزووتنەوەيەوە، لەكاتێكدا دەیەها بەڵكو سەدەها موسوڵمان لە سەرۆك و پاشا و زانا و دادپرس و سەركردەكان هەتا ئەمڕۆ ئەندامی فەرمین لە ماسۆنیەتدا.

لەبەرئەوە ئێمە داوادەكەین لەم زانا و لەم دوژمنانە كە یەكەمجار خۆیان و ڕیزەكانی خۆیان پاك بكەنەوە لە ماسۆنیەت كە پەلاماری داون و ڕەگەكانی بە قووڵی داكوتراوە لەناویاندا. وە نازانین كە ئایا بەڕاستی لە توانایاندا هەیە كە دەستبەرداری ئەم ڕێكخراوە بن و خۆیانی لێ ڕزگاربكەن؟