بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

قورئان و سوننەت بەگوێرەی تێگەيشتنی پێشینەی ئەم ئوممەتە

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

هەندێ لە موسوڵمانان، بەدیاریکراوی سەلەفیەکان لە پێناسەی ڕێبازی خۆیاندا دەڵێن: ((ڕێبازمان شوێنکەوتەی قورئان و سوننەتە، بەگوێرەی تێگەیشتنی پێشینی ئەم ئوممەتە))

پێیانوایە كە قورئان و سوننەت ئەگەری تێگەيشتنی جۆراو جۆری هەیە، لەبەرئەوە بۆ ڕێگریکردن لە تێگەيشتنی جۆراو جۆر، پێویستە ڕێبازی موسوڵمان قورئان و سوننەت ((بەگوێرەی تێگەیشتنی پێشینی ئەم ئوممەتە)) بێت. بە وتەی ئەوان: بەم جۆرە موسوڵمانان یەك دەنگ دەبن و گروپی جیاواز لەناو موسوڵماناندا دروست نابێت.

بەڵام ئەگەر بپرسین: ئایا بە دیاریكراوی پێشینەکانی ئەم ئوممەتە کێن؟ ئایا كۆمەڵە کەسێکی دیاریکراون؟ بۆ نموونە سەرجەم هاوەڵەکانن؟ يان سەرجەم شوێنكەوتووانی هاوەڵەکانن؟ يان بریتین لە ئەهلی فەرموودە؟ ياخود بریتین لەوانەی كە سەر بە قوتابخانەی ئەبو حەنیفەن؟

بێگومان ئەمانە هەموویان پێشینی ئەم ئوممەتەن، بەڵام جیاوازی زۆر هەیە لەنێوانیاندا. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ كتێبەكانی تەفسیر؛ ئەوا بۆمان دەردەكەوێت كە پێشینەكان لە زۆربەی بابەتەكاندا بۆچوونیان جیاواز بووە، بەڵام كێشەكە لەوەدایە كە سەلەفیەكان وایدادەنێن كە پێشینەكان بەو شێوەیەی كە ئەمان دەیانەوێت بابەتەكانیان شرۆڤە كردووە و نایانەوێت مانایەكی تر هەڵبگرێت. لەبەرئەوە پێموایە دەستەواژەی “بەگوێرەی تێگەيشتنی پێشینی ئەم ئوممەتە” ئامرازێكە بۆ دامركاندنەوە و چەوسانەوە و كپ كردنی ڕا و بۆچوونەکانی دی.

گرنگ ئەوەیە موسوڵمانانی ئەمڕۆ بزانن كە ئەبو حەنیفە لای سەلەفیەكان پێشینەی ئەم ئوممەتە نیە! وە ئەبو حەسەنی ئەشعەری بیدعەچیەكی گومڕایە! هەروەها بەهۆى ئەو ناكۆكیانەی كە هەبوو لەنێوان ئیبن تەیمیە و هاوچەرخەكانیدا فەرمانی زيندانى كردنياندا بەدرێژایی ژیانی بە پاساوى ئەوەى ئیبن تەیمیە سەرپێچی كردووە لە وتەی پێشینەكانی ئەم ئوممەتە! واتە شمشێری “سەرپێچی كردن لە پێشینەكان” ئیبن تەیمیەی خەڵتانی خوێن كرد پێش ئەوەی سەلەفیەكان خەڵكی پێ بكوژن.

كەوابوو، تێگەيشتنی پێشین كامەیە؟

بریتیە لە هەموو گێڕانەوەیەك كە لە هاوەڵان و شوێنكەوتووانەوە (التابعین) وەرگیرابێت. بە ديد و بۆچوونی سەلەفیەكان: ئەو پێشینانە كەسانێكن كە زانا هاوچەرخەكان ناتوانن بگەنە یەك پلە لە سەد پلەی ئەوان، هەرچەندە زانست پێش بكەوێت و ڕێگای گەڕان و پشكنینيش ئاسان بێت!!!

بۆ نزیك كردنەوەی ئەم بابەتە لە زەینی خوێنەر كۆمەڵێك بیروباوەڕ بە نموونە دەهێنمەوە كە سەلەفیەكان باوەڕیان پێی هەیە:

1- هەموو سەلەفییەك پێی وایە سورەتی (الأحزاب) پێشتر بە ئەندازەی سورەتی (البقرة) درێژ بووە. بەڵام ئەو هەموو ئایەتەی نەسخ بۆتەوە و لە قورئاندا نەنووسراوەتەوە!

2- هەموو سەلەفییەك باوەڕی وایە كە جیهادی كوشتن و بڕین دەبێت هەموو جیهان بگرێتەوە! لای هەندێکیان هەموو کات کاتی کوشتن و بڕینە، لای هەندێکی تریان دەڵێن: پێویستە هێز و دەسەڵاتمان هەبێت ئینجا دەست پێ دەکەین!

3- هەموو سەلەفییەك باوەڕی وایە كە پێغەمبەر ئەيیوب (علیە السلام) سوێندی خوارد كە 100 دار بدات لە ژنەكەی تەنها لەبەرئەوەی كە داوای لێ‌ كرد لە خوا بپاڕێتەوە تاوەكو شیفای بدات و لە نەخۆشیەکەی چاك بێتەوە. بۆ ئەوەی ئەیيوب (علیە السلام) سوێندەكەی نەشكێنێت! خوای گەورە (عزَّ وجل) فەرمانی پێکرد کە 100چیلكە بەیەكەوە ببەستێت و بەیەك جار لێی بدات بە شێوەیەك كە ئازاری پێ‌ نەگات!

4- هەموو سەلەفییەك باوەڕی وایە كە ئیبراهیم (علیە السلام) لە ژیانیدا سێ‌ درۆی كردووە!!! لە کاتێكدا خوای گەورە دەفەرموێت: {وَاذْكُرْ فِي الْكِتَابِ إِبْرَاهِيمَ إِنَّهُ كَانَ صِدِّيقًا نَبِيًّا} (سورة مريم)

5- هەموو سەلەفییەك باوەڕی وایە كە سڵێمان (علیە السلام) لەیەك شەودا سەرجێیی لەگەڵ 100 ژنی خۆیدا كردووە. وە سوێندی خواردوە كە دەبێت 100 كوڕی لێیان ببێت، بەڵام هیچ مناڵێكی لێیان نەبوو جگە لە نیوە مرۆڤێك!!

ئەمانە و چەندەها شتی تر كە مناڵ سەری سپی دەبێت پێیان.

پاشان پرسیار لە سەلەفییەكان دەكەم: چی دەڵێن ئەگەر پێشینى ئەم ئوممەتە ئایەتێکیان بە دوو شێوە تەفسیر کرد بوو؟ ئایا زانایەك لەمڕۆدا مافی ئەوەی هەیە كە تەفسیری سێیەم بۆ ئەو ئایەتە بكات؟ ئەگەر وتیان: نەخێر، ڕێگەی پێ‌ نادرێت، دەڵێم: مادام ئايەتەكە زیاتر لە تەفسیرێك هەڵدەگرێت، ئیتر ئەم قەدەغەكردنەتان بۆ؟ وە ئەگەر وتیان: بەڵی، ڕێگەی پێ‌ دەدرێت، ئەوا كێشەكە چارەسەر دەبێت. وە پاساوی لاساییكردنەوەى پێشینەی ئوممەت كۆتایی دێت.

شايەنى باسە ئێمە شوێنكەوتنی پێشینە ڕەت ناكەینەوە، بەڵكو ئەوە ڕەت دەكەینەوە كە وتەیەك بدرێتە پاڵ پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) پێچەوانەی قورئانی پیرۆز بێت؛ چونكە ئەستەمە كە ئەو وتەیە لە زاری پیرۆزی ئەوەوە دەرچووبێت، هەروەها پێمان وانیە كە ئەوەی یەكێك لە هاوەڵان یان یەكێك لە شوێنكەتووانی ئەوان فەرموویەتی وتەی یەكلاكەرەوە و کۆتایی بێت لە شرۆڤەكردندا، بەڵكو مانا سەرسوڕهێنەرەكانی قورئان كۆتایی نایەن. قورئانى پیرۆز وەكو كانیەك وایە كە هەمیشە لەبەری دەڕوات.

ئەو وتەيەى كە گوايە تێگەيشتنی پێشینە هەمیشە تێگەيشتنێكی دروستە، هیچ بەڵگەیەكی لەسەر نیە. وە ئێمە ئەم وتەیە بەتوندی ڕەت دەكەینەوە. بەڵكو بنچینە ئەوەیە كە پاشینە بەتواناترن لە تێگەيشتندا، بەڕەچاوكردنی ئەوەی كە هەموو نووسراوەكانی ئەوانەی پێشوویان خوێندووەتەوە، وە كەڵكیان وەرگرتووە لەوەی كە ئەوان فەرموویانە. بەڵام پێشینە چاكترین نەوە بوون، وە لێرەدا چاكێتی لە پارێزكاری و نزیكبوونەوەدا بووە لە خواوە لای پێشینە بەگشتی، وە مانای ڕاست و دروستیی نەبووە لە ئیجتیهادەكاندا.

والحمد لله رب العالمين