بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

چوارەم: ئەو پێشبینیەی كە پەیوەستە بە قەشە ئەلێكسەندەر دۆئیەوە (Alexander Dowie)

ئەلێكسەندەر دۆئی خەڵكی سكۆتلەندا بوو، لە ساڵی 1872ز كۆچی كرد بۆ ئوستـرالیا وەكو پیاوێكی ئایینی. وە لە چەند ساڵێكی كەمدا بەهۆی ئەوەی كە گوایە تواناى هەبووە لە چارەسەركردنی نەخۆشیەكان تا ڕادەيەك ناوبانگی پەیدا كرد. لە ساڵی 1888ز دا كۆچی كرد بۆ وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و لەوێ دەستی كرد بە دەركردنی ڕۆژنامەیەك بەناوی (گەڵاكانی شیفا، Leaves of healing). وە لە ساڵی 1892ز دا دەستی كرد بە بانگەشەكردن بۆ مەسیحییەت و بەهۆی ناوبانگەكەیەوە گروپێكی مەسیحی كاسۆلیكی دامەزراند لە ئەمێریكا لە ساڵی 1896ز كە دەدرایەپاڵ خۆی؛ واتە گروپەكە‌ بەناوی خۆیەوە بوو. لە ساڵی 1901ز دا ئەلێكسەندەر دۆئی بانگەشەی ئەوەی كرد خۆی ئەو كەسەیە مزگێنی ‌دەدات بە گەڕانەوەی ئەو مەسیحەی كە ئەمریكيە ئاييندارەكان تامەزرۆن بۆ هاتنی. وە ژمارەیەكی زۆر لە شوێنكەوتوانی خستەژێـر ڕكێفی خۆیەوە لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا. لەبەرئەوەی بەلێشاو پارەی بەسەردا دەڕژا، بۆیە پارچە زەویەكی كڕی لە هەرێمی ئیڵینۆیس (ILLINOIS) و لەوێدا شارۆچكەیەكی دروست كردو ناوینا صەهیۆن.

دۆئی دوژمنێكی سەرسەختی ئیسلام و پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) بوو. وە لە وتارو نووسینەكانیدا بە ئاشكرا ئەم دوژمنایەتیەی خۆی ڕادەگەیاند. لە یەكێك لە وتارەكانیدا دەڵێت:

 “بەچاوێكی زۆر سووكەوە دەڕوانم بۆ ساختەكاری موحەممەد، ئەگەر من ئەم شتە پڕوپووچانە قەبوڵ بكەم وەك ئەوە وایە باوەڕ بكەم لەم كۆمەڵەدا… بەڵكو لە هەر شوێنێكی تـری زەوی خوادا… ئافرەتێك نیە گیانێكی هەمیشەیی هەبێت. وەك ئەوەی دانیپێدا بنێم ئێوە -ئەی كۆمەڵی ژنان- شتێك نین جگە لە ئاژەڵانی وشكانی. ڕۆژانە ساتێك وەكو ڕابواردن بەكاردەهێنرێن و بوونێكی نەمرو هەمیشەییتان نیە، وە هەركاتێك، ئەو كەسانەی كە حەزی ئاژەڵانە زاڵ بووە بەسەریاندا، ئارەزووی جنسیان تێـربوو لێتان وەكو سەگ دەمرن. ئەمەیە ئاكامی ئێوە. ئەمەیە ئایینی موحەممەد.” (Leaves of healing, volume No7, Issue No 5, 26/5/1900)

هەروەها دۆئی پێشبینیەكی خۆی بڵاوكردەوە لە ساڵی 1902ز دا كە تێیدا بە ڕاشكاوی ئەوەی ڕاگەیاند ئەگەر سەرجەم موسوڵمانانی جیهان نەبن بە مەسیحی ئەوا دووچاری مردن و لە ناوچوون دەبن.

كاتێك هەواڵی هێـرشكردنی ئەلێكسەندەر دۆئی بۆ سەر ئیسلام و پێغەمبەری ئیسلام (صلى الله عليه وسلم) گەیشتە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)، وە پێشبینیەكەی ئەوی پێگەیشت دژی موسوڵمانانی جیهان… بەڕێـزی بە ڕاشكاوی ڕایگەیاند:

 “لەم دواییانەدا لە وڵاتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا پیاوێك سەریھەڵداوە ناوی دۆئیە و بانگەشەی ئەوە دەكات كە پێغەمبەری یەسوعە، وە یەسوع -بەو سیفەتەی پەروەردگارە- ڕەوانەی كردووە بۆ جیهان كە بانگەوازی خەڵكی بكات بۆ ئەو باوەڕەی كە هیچ خوایەك نیە جگە لە یەسوع.” (مجلة “نقد الأديان” المجلد الأول عدد9، ص342-348)

پاشان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خۆی ناساند بە قەشە ئەلێكسەندەر دۆئی، وە بە ڕاشكاوی فەرمووی: “ئەم دۆئیە كە یەسوعی كردووە بە خوا و لافی ئەوە لێدەدات كە خۆی فروستادەی ئەوە، وە دەڵێت ئەو پێشبینیەی كە لە [لە پەیمانی كۆن] كتێبی دوا وتار 18: 15دا هاتووە بەدەركەوتنی ئەو هاتووەتە دی [ئەمە دەقی پێشبینییەكە: یەزدانی پەروەردگارتان لەنێو براکانتان پێغەمبەرێکی وەك منتان بۆ دەستنیشان دەکات، دەبێت گوێی لێ بگرن.] وە ئەو خۆی ئیليیا و پێغەمبەری ئەم چەرخەیە… پێویست ناكات ئەم دۆئیە هەڵپە بكات بۆ لەناوچوونی موسوڵمانان. ئێمە بە حورمەتەوە ڕوونی دەكەینەوە بۆ بەڕێـز دۆئی كە هاتنەدی مەبەستەكەی ئەوە ناخوازێت ملیۆنەها موسوڵمان دووچاری لەناوچوون بن؛ بەڵكو لێـرەدا هۆكارێكی زۆر سادە هەیە بۆ دەرخستنی ئەوەی كە ئایا خوای دۆئی خوایەكی ڕاستەقینەیە یان خوایەكی ساختە. وە ئەم ڕێگەیە ئەوە ناخوازێت كە پێشبینیەكەی دەربارەی موسوڵمانان چەند بارە بكاتەوە، بەڵكو با تەنها من لە مێشكی خۆیدا دابنێت و هەردووكمان پێكەوە بپارێینەوە كە درۆزنەكەمان پێش ئەوی تـر لەناوبچێت. بێگومان دۆئی باوەڕی وایە كە یەسوع خوایە، وە من تەنها بە دروستكراوێكی خۆبەكەمزان و پێغەمبەرێكی دەزانم. وە گرفتەكە لەم بابەتەدا ئەوەیە: كام لە ئێمە لەسەر حەقە؟ پێویستە لەسەر بەڕێـز دۆئی كە نزاكەی خۆی بڵاوبكاتەوە بەلایەنی كەمەوە هەزار كەس بكات بە شایەت و ئاگاداریان بكات لەم نزایە. وە كاتێك ئەو بڵاوكراوەم پێ گەییشت كە ڕاگەیاندنەكەی ئەوی لەخۆ گرتبوو.. خوا یار بێت منیش بە ڕۆڵی خۆم نزا دەكەم و شایەتی هەزار كەس دەلكێنم بە نزاكەمەوە.

من یەكەمجار دەست ناكەم بەم نزایە؛ چونكە بەڕێـز دۆئی لەمیانەی ڕاگەیاندنەكانیەوە خۆی خستوەتە ناو ئەم هەڵوێستەوە. وە كاتێك خوای بەپەڕۆش تێبینی ئەمەی كرد پاڵی پێوەنام بۆ ئەم ڕوبەڕوبوونەوەیە. من كەسێكی ئاسایی نیم لەم وڵاتەدا.. بەڵكو من مەسیحی بەڵێندراوم ئەوەی كە بەڕێـز دۆئی چاوەڕێی دەكات.

ئەگەر بەڕێـز دۆئی ڕاستگۆ بێت لە بانگەشەكەیدا، وە ئەگەر یەسوع خوای ڕاستەقینە بێت.. ئەوا كێشەكە بە مردنی یەك كەس یەكلایی دەبێتەوە. دواجار پێویست بە لەناوبردنی موسوڵمانان ناكات لە هەموو گۆشەیەكی ئەم زەویەدا. بەڵام ئەگەر بەڕێـز دۆئی وەڵامی ئەم ڕاگەیاندنە نەداتەوە، وە بەگوێـرەی خۆهەڵكێشان و بانگەشەكانی نزایەك بڵاونەكاتەوە.. وە كۆچی پێ بكرێت لەم دنیایە پێش مردنی من.. ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەمە نیشانەیەك دەبێت بۆ هەموو خەڵكی ئەمریكا. وە تاكە مەرج ئەوەیە كە مردنی هەریەكێكمان بەدەستی مرۆڤ نەبێت.. بەڵكو بە هۆی نەخۆشی یان هەورەبروسكە یان پێوەدانی مار یان پەلاماری دڕندەوە بێت. وە من ماوەی سێ مانگ دەدەم بە دۆئی بۆئەوەی بڕیار بدات و وەڵامی ئەم داواكاریەم بداتەوە. من نزادەكەم كە خوا لەگەڵ ڕاستگۆیاندا بێت! وە ئەو شێوازەی كە من دەیخەمە پێش چاو ئەوەیە؛ بەڕێـز دۆئی بێتە پێشەوە بۆ ڕوبەڕو بوونەوەی من بە ئیزنی خودا ساختەكەی. من پياوێكی بەساڵاچووم و تەمەنم 66 ساڵی تێپەڕاندووە، وە من نەخۆشی شەكرەو دوزانتـریا و شەقیقە و كەمخوێنیم هەیە، وە هەستیشم بەوە كردووە كە ژیانم لەسەر دۆخی تەندروستیم ڕانەوەستاوە.. بەڵكو بە فەرمانی پەروەردگارم ڕاوەستاوە. دەی ئەگەر خوا ساختەكەی دۆئی هیچ هێـزێكی هەیە.. ئەوا دەبێت ڕێگەی دەرچوونی پێبدات بۆ ڕوبەڕوو بوونەوەم. وە لە جیاتی لەناوبردنی سەرجەم موسوڵمانان.. ئەگەر بەڕێـز دۆئی بینی كە مردنی من بەتەنها مەبەستەكەی دێنێتە دی، ئەوا با نیشانەیەكی مەزن پێشان بدات، وە بە بینینی ئەم نیشانەیە ملیۆنەها كەس دان بەوەدا دەنێت كە كوڕی مەریەم خوایە و باوەڕیش بەوە دەكەن كە دۆئی پێغەمبەری ئەوە.” (سەرچاوەى پێشوو)

چاپەمەنیەكانی ئەمریكا ئەم ڕاگەیاندنەی مەسیحی بەڵێندراویان (عليه السلام) پەخش كردەوە و لە بازنەیەكی فراواندا بڵاویانكردەوە، بگرە هەندێ لە ڕۆژنامە و گۆڤارەكان سەرتاپای تەحەدداكەی مەسیحی بەڵێندراویان دەقاودەق بڵاوكردەوە.

(Literary Digest, 20th June 1903. Burlington Freepost 27th June 1903, New York Commercial Advertiser, 26th October 1903)

وە یەكێك لە گۆڤارەكان ئەم تەحەددایەی باسكرد لە ژێـر ناونیشانی “زۆرانبازی لە نزادا… كەسێكی ئینگلیـزی دژی كەسێكی عەرەبی“، وە ڕوونكردنەوەكەی بەم تێبینیەی خوارەوە كۆتایی پێ هێنا:

بەكورتی، میـرزا نوسیویەتی بۆ دۆئی: تۆ سەركردەی گروپێكی و منیش شوێنكەوتووانێكی زۆرم هەیە، وە دەكرێت بە ئاسانی بگەینە بڕیارێك كە كێ لەلایەن خواوەیە. پێویستە بپاڕێینەوە بۆئەوەی خوا درۆزن لەناوببات لە ژیانی ئەوی تـردا. هەركەسێك نزاكەی گیـرادەبێت ئەوە لە لایەن خواوە بە كەسێك ڕاست دادەنرێت. بە ڕاستی ئەمە بەجێتـرین و دادگەرتـرینی تاقیكردنەوەكانە.” (Argonaut, San Francisco, 1/12/1902)

ئەلێكسەندەر دۆئی وەڵامی ئەم تەحەددایەی مەسیحی بەڵێنرداوی (عليه السلام) نەدایەوە وەك داوای لێكردبوو. لەگەڵ ئەوەدا لە شوباتی ساڵ 1903ز دا ئەمەی خوارەوەی ڕاگەیاند:

“داوا دەكەم لە پەروەردگار كە هەر ئێستا ئیسلام قڕ بكات لە جیهاندا، ئەی پەروەردگار پاڕانەوەكەم گیـرا بكە، ئەی پەروەردگار ئیسلام تەفروتونا بكە.” (Leaves of Healing 14/2/1903)

وە لە 23/8/1903ز دا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ڕاگەیاندنێكی تـری بڵاوكردەوە كە ئاراستەی دۆئی كردبوو، وە تێیدا فەرمووی هەڵبەت یەكێك لە نیشانەكانی ڕاستگۆییم ئەوەیە كە ئەگەر دۆئی بەئاشكرا یان بەئاماژە ئەم تەحەددایە قەبوڵ بكات ئەوا هەر لە ژیانی مندا ماڵئاوایی لە ژیان دەكات لەناو پەژارەو سزایەكی سەختدا.

وە لەبەرئەوەی كە دۆئی وەڵامی تەحەدداكەی مەسیحی بەڵێندراوی (عليه السلام) نەدایەوە، بەڕێزی دەرفەتی حەوت مانگی تـری پێدا و بەڕاشكاوی ڕایگەیاند “ئەگەر لە ماوەی ئەم دەرفەتەدا دۆئی بێتەپێش بۆ زۆرانبازی لەگەڵمدا و هەستێ بە ڕاگەیاندنی ئەو شتەی كە داواكراوە.. ئەوا دنیا كۆتایی ئەم كێشمەكێشمە دەبینێت.”

مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەوەی بیـرخستەوە كە ئەو “لە دەوروبەری حەفتاهەمین ساڵی تەمەنیدایە. لەكاتێكدا دۆئی نەگەیشتووەتە تەمەنی پەنجا ساڵی بەگوێـرەی ئەوەی كە لە ڕاگەیاندنەكانیدا هاتووە”.

مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) فەرمووی “ئەگەر دۆئی لەم جەنگە هەڵبێت؛ ئەوا هەموو خەڵكی ئەمریكا و ئەوروپا لە دژی شایەتی دەدەن، وە هەڵهاتنەكەشی دەبێتە تێكشكان و جۆرێك لە مردن بۆ ئەو.”

وە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ڕاگەیاندنەكەی خۆی بەم وتەیەی خوارەوە كۆتایی پێهێنا:

 “بەڵام دڵنیا بن كارەساتێك بەزوویی چواردەوری صەهیۆن دەدات.”

لە كۆتاییدا دۆئی ناچاربوو وەڵامی تەحەدداكەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بداتەوە، لە كانوونی یەكەمی ساڵی 1903ز دا ڕایگەیاند: “مەسیحێكی موحەممەدی هەیە لە هیندستان، چەند جارێك نووسیویەتی كە یەسوعی مەسیح لە كشمیـر ئەسپەردەكراوە؛ وە هەندێ لە خەڵكی پرسیارم لێ دەكەن: بۆچی وەڵامێكی پێویستی نادەیتەوە؟ ئایا پێتان وایە كە وەڵامی كێچ و مێشەكان بدەمەوە! ئەگەر پێم بنێم پیایاندا دەیانپلیشێنمەوە و هەموویان لەناو دەبەم. لەڕاستیدا من دەرفەتێكم پێداون بۆئەوەی دوور بفڕن و زیندوو بمێننەوە.” (سەرچاوەى پێشوو)

بەم ڕاگەیاندنە ئەلێكسەندەر دۆئی ئەگەر بە ئاشكرایش نەبێت؛ ئەوا بەلایەنی كەمەوە لە ناواخندا تەحەدداكەی قەبوڵ كرد. هەر كە دۆئی ئەم ڕاگەیاندنەی دەركرد ئەوەندەی پێنەچوو كاروبارەكانی بەرەو خراپی چوون، وە نیشانەكانی داڕووخان دەركەوتن لەسەر تەندروستیی، وە شوێنكەوتووانی كەوتنە گومانكردن لە بانگەشەكانی، وە تووشی تەنگوچەڵەمەی دارایی بوو، ئەو لاقەی كە بە فیـزەوە دۆئى پێی دەڕۆیشت بەسەر زەوی صەهیۆندا كەوتە ناو كەندەڵانەوە و توانای ئەوەی نەما كە هەرگیـز مەسیحی موحەممەدی بھاڕێت، بەڵكو توانای ئەوەیشی نەما كە جەستەی خاوەنەكەی بەڕاوەستاوی هەڵبگرێت لەسەر زەوی. لە مانگەكانی كۆتایی ساڵی 1905ز دا ناڵاندی بەدەست چەند نۆرەیەكی توندی ئیفلیجییەوە‌، وە بردیان بۆ مەكسیك و جامایكا.. بۆئەوەی چارەسەرێكی بۆ بدۆزنەوە بەڵام بە هیچ شێوەیەك چارەسەریان دەستنەكەوت.

وە شوێنكەوتوانی دۆئی بەوەیان زانی كە ئەو بەدمەست و ئالوودە بووە بە مەیەوە لەكاتێكدا قەدەغەی ئەوانی دەكرد لە مەیخواردنەوە، هەروەها چەند دەستمایەیەكی دارایی دامەزاوەكەیشی دزی بوو.. بۆیە دوای ئەوە دووریان خستەوە لە پلەوپایەكەی. هەروەها ژن و مناڵەكانیشی وازیان لێ هێنا، وە پاشماوەی ئەو ڕۆژانەی كە مابووی لەژیانیدا لە كەساسی دارایی و سزای دەروونیدا بەسەربرد. وە لە 7/3/1907ز دا ئەلێكسەندەر دۆئی بە پشتگوێخراوی و شەكەتی و سووك و ڕسوایی تیاچوو. وە لەكاتی تیاچوونیدا یەكێك لە ڕۆژنامە ئەمریكییەكان، كە بەدواداچوونی دەكرد بۆ پەرەسەندنەكانی ناكۆكی نێوان ئەو و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)، ئەمەی خوارەوەی نووسی:

“بێگومان دۆئی بە كەساسی و بەدبەختی مرد، وە شاری صەهیۆن بەتەواوی شڕوشیتاڵ بوو بەهۆی ناكۆكیە ناوخۆییەكانەوە.” (Boston Herald, 23/6/1907)

لەو كاتەدا كە دوژمنەكانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەمەدەمێی ئەوەیان دەكرد كە هەرگیـز ئەو پێشبینی لەناوچوونی ئەلێكسەندەر دۆئی نەكردووە.. ئەو ڕۆژنامە ئەمریكییانەی كە بەدیار ناكۆكی نێوان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) و دۆئییەوە بوون بە ڕاشكاوی ڕایانگەیاند: “پیاوەكەی قادیان پێشبینی ئەوەی كرد ئەگەر دۆئی تەحەدداكە قەبوڵ نەكات ئەوا لەبەرچاویدا دنیا بەجێدەهێڵێت لە خەمێكی توند و سزایەكی سەختدا. وە میـرزا دەڵێت: ئەگەر دۆئی ڕەتی بكاتەوە تەنھا ئاكامەكەی دوا دەكەوێت، لەهەردوو حاڵەتەكەدا (واتە ئەگەر تەحەدداكە قەبوڵ بكات یان نا) مردن وەكو یەك چاوەڕێی دەكات، بەدڵنیاییەوە لە داهاتوویەكی نزیكدا كارەساتێك تووشی شاری صەهیۆن دەبێت. ئەمە پێشبینیەكی مەزن بوو: صەهیۆن دەكەوێت و دۆئیش پێش ئەحمەد تیادەچێت. بێگومان ئەم هەنگاوە لەلایەن مەسیحی بەڵێندراوەوە مەتـرسی لەخۆیدا هەڵگرتبوو؛ چونكە تەحەددای ئەو ئیلیایەی دەكرد كە گەڕاوەتەوە بۆ ژیان لە تاقیكردنەوەی بەرگەگەرتندا؛ چونكە تەحەدداكارەكە 15 ساڵ گەورەتـر بوو، وە لە وڵاتێكدا دەژیا كە تێیدا تاعون و برسێتی هەڕەشەی لەم كەسە دەكرد كە ماوەتەوە لە ژیاندا، لەگەڵ ئەوەشدا سەركەوتوو بوو.” (Truth Seeker, 15/6/1907)

وە ڕۆژنامەیەكی تـر ڕاپۆرتێكی نووسیوە دەربارەى ئەو مردنە كەساسەی كە تووشی ئەلێكسەندەر دۆئی بوو وەك بەو شێوەیەی كە باسكرابوو لە پێشبینیەكەی مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام)… تێیدا هاتووە: “پۆزش دەهێنرێتەوە بۆ ئەحمەد و شوێنكەوتوانی ئەگەر هەندێك شانازی بكەن بەهۆی ئەو وردەكارییەی كە پێشبینیەكەی پێ هاتەدی لەو چەند مانگەدا.” (Dunville Gazette, 7/6/1907)