بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

سێیەم: پێشبینیەكەی مەسيحى بەڵێندراو دەربارەی قەشە عبد الله ئاتهەم

ڕووداوە مێژووییەكان پێش دابەشبوونی هیندستان ئەوە دەردەخەن كە لە بەشی كۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا ئایینی مەسیحیەت كۆمەڵە سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێنا لە نیمچە كیشوەری هیندیدا. وە بەڵگەكان پێمان دەڵێن كە كەنیسە 91092 كەسی كرد بە مەسیحی لە ساڵی 1851 ی زایینیدا. بەڵام لەساڵی 1881 ی زایینیدا سەركەوتنی بەدەست هێنا لە بە مەسیحیكردنی 417372 كەسدا.

ئەم زۆربوونە زەبەلاحە كە كەنیسە تۆماری كرد مایەی نیگەرانیەكی گەورە بوو لای زۆربەی زۆری موسوڵمانە دڵسۆزەكانی هیندستان… بە تایبەتی ئەو كەسانەی كە ئامادە دەبوون لە كۆڕو دیبەتی مەسیحیەكاندا بۆ بەرگری كردن لە ئیسلام بە ئەندازەی توانای خۆیان. بەڵام بەرگری كردنەكەیان لە ئیسلام بەرگری كردنێكی زۆر لاواز بوو، مەگەر لە چەند حاڵەتێكی كەمدا، دواجار سەركردەكانی كەنیسە دەستیان كرد بە نوقڵانە لێدان بە وەرچەرخانی هەموو دانیشتوانی نیمچە كیشوەری هیندی بۆ ئایینی مەسیحیەت.

لە سەرەتاكانی ساڵی 1893ی زایینیدا قەشە هێنری مارتن كلارك نامەیەكی نووسی بۆ “موحەممەد بەخش بهاندا”، كە یەكێك بوو لە سەركردە موسوڵمانەكان لەشاری “جاندیالە”، تێیدا پێشنیاری ئەنجامدانی كارێكی یەكلاكەرەوەی كردبوو سەبارەت بە ڕێكخستنی دیبەیتێكی ئاشكرا لە نێوان نوێنەری ئايينی مەسیحی و ئیسلامدا… بۆئەوەی دەرفەت بڕەخسێت كە بەئاسانی بڕیاری كۆتایی بدرێت سەبارەت بەوەی كام لەم دوو ئایینە ئایینی ڕاست ودروستن.

گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو(عليه السلام) لەو كاتەدا توانیبوی شكست بهێنێت بە زۆربەی ئەو تەحەددایانەی كە مەسیحیەكان دەیانكرد لە بەرامبەر ئیسلامدا. وە جەماوەر دانی بەوەدانابوو كە ئەو پاڵەوانی ئایینی ڕاستەقینەیە. وە ڕۆژنامەی “ریاض الهند” كە ڕۆژنامەیەكی نائەحمەدیە و لە ئەمريتسەر دەردەچوو، سەبارەت بە گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو و بەرگریكردنە ناوازەكەی لە ئیسلام بە ڕاشكاوی ڕایگەیاندووە: “بێگومان چاكە ناوازەكانی میـرزا غوڵام ئەحمەد و دەستكەوتە ڕۆحانیە بڵندەكانی بەرزتـرە لە لێدوانی خاكیانەی ئێمە. ئەوەی كە ئەو پێشكەشی كرد لە بەڵگە سەلمێنەر و دەلیلە ڕازاوەكان وەك پشتگیـرى كردنێك لە ئیسلام و ڕاستی بەڵگەیەكی گومانبڕە لەسەر ئەوەی كە ئەم بەڵگەو دەلیلانە –بەبێ هیچ گومانێك- لە سەرووی نووسراوی زانا پێشین و هاوچەرخەكانەوەیە… لەو ڕەوانبێژی و شێوازی پێشكەشكردنەی كە هەیبوو” (ڕۆژنامەی “ریاض الهند” ڕێكەوتی1/3/1886ز)

بۆیە جێی سەرسوڕمان نەبوو كە بەڕێـز “موحەممەد بەخش بهاندا” بانگهێشتەكەی قەشە مارتن كلارك تەسلیمی گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو بكات و داوای ئەوەی لێ بكات كە هەستێت بە نوێنەرایەتی كردنی ئیسلام لەم دیبەیتە پێشنیاركراوەدا.

وە لەبەرئەوەی كە قەشەكان لەو كاتەدا، لە بازنەیەكی فراواندا هێـرشیان دەكردە سەر ئیسلام و گەورەمان موحەممەدی هەڵبـژاردە‌ (صلى الله عليه وسلم)، وە قورئانی پیـرۆز… گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەم بانگهێشتەی بەدەرفەتێك زانی كە لە ئاسمانەوە كەوتووەتە خوارەوە بۆ جێگیـركردن و سەركەوتنی ئیسلام، لەبەرئەوە یەكسەر ڕازی بوو لەسەر بانگهێشتەكە و هەواڵیدا بە سەركردەكەی موسوڵمانان لە “جاندیالە” كە پێی خۆشە نوێنەرایەتی ئیسلام بكات لەم دیبەیتە پێشنیاركراوەدا. (نامەیەك لە ڕێككەوتی 11/4/1893ز)

وە كڵێسا “عبد الله ئاتهەم”ی دیاری كرد – كەسێكی هندیی بوو كە باوەڕی هێنابوو بە ئایینی مەسیحی، وە پێش ئەوەی ببێت بە مەسیحی وتار بێژی مزگەوتی “آغرا” بوو – بۆ نوێنەرایەتی كردنی ئايينی مەسیحی لەم دیبەیتەدا. وە ئەم “ئاتهەم”ە دانەری هەندێ بڵاوكراوەی نزم وسوك بوو كە تیایاندا وەسفی پێغەمبەری بەڕێـزی ئیسلامی (صلى الله عليه وسلم) كردبوو بە دەججال (پەنا بە خوا). (أندرونه بائيبل، للقسيس عبد الله ص133 وما بعدها)

كۆدەنگی گشتی موسوڵمانان بۆ هەڵبـژاردنی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بە نوێنەری ئیسلام جێگەی نیگەرانیەكی زۆر بوو بۆ قەشە مەسیحیەكان بەتایبەتی –قەشە هەڵگەڕاوەكان لە ئیسلام-: وەكو عیمامەددین و تاكرداس و عبد الله ئاتهەم. وە پێشتـر هەموویان نیگەرانی خۆیان دەربڕیبوو لە زیاد بوونی بەردەوامی كاریگەری مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام). (ڕۆژنامەی “نور أفشان” 19/3/1885ز، و 16/4/1885ز) هەڵبەت هەموویان لەناوچوونی تەواوەتی فەلسەفەی ئاریای هيندۆسیان بەچاوی خۆیان بینی بوو لەسەر دەستی مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام). بۆیە تـرسان كە كڵێساش تووشی هەمان ئاكام بێت بەتایبەتی كە مەسیحی بەڵێندراو هۆكاری زەلیل كردنی هاوڕێكانیان بوو كە بریتی بوون لە: قەشە هێربرت ستانتۆن و قەشە فەتح مەسیح… كە ئەم دووانە لە ڕابردوودا تەحەددای ئیسلامیان كردبوو پاشان لە گۆڕەپانەكە هەڵهاتن كاتێك مەسیحی بەڵێندراو تێیدا دەركەوت و تەحەدداكەیانی قەبوڵ كرد. (سەرچاوەى پێشوو 7/6/1888ز، 9/6/1888ز)

لەبەرئەوە لە سەرەتادا سەركردایەتی كڵێسا ئەوەیان ڕەت كردەوە كە لایەن بن لە دیبەیتێكدا كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) نوێنەرایەتی ئیسلام بكات تێیدا. بەڵام شاندێك لە سەركردە موسوڵمانەكان ئەوەیان دووپات كردەوە بۆ قەشە مەسیحیەكان كە میـرزا غوڵام ئەحمەد باشترین بژاردەی ئەوانە، بۆیە بەناچاری ملیاندا. پاش ئەندازەیەك نامەگۆڕینەوە لە نێوان هەردوو گروپەكەدا لە كۆتاییدا گەيشتنە ڕێككەوتن لەسەر گرێدانی دیبەتێك بە نووسین لە شاری ئەمريتسەر لە ماوەی 22/5 هەتا 5/6 ساڵی 1893ی زایینی. وە هەروەها ڕێككەوتنيش كرا لەسەر بابەتەكانی دیبەیتەكە كە بریتی بوون لە: ڕاستی ئیسلام، ڕاستی پێغەمبەرە بەڕێـزەكەی (صلى الله عليه وسلم) و قورئانی پیرۆز و بانگەشەی خوایەتی یەسوعى مەسیح.

لەگەڵ ئەوەی هەردوو گروپەكە گەيشتنە ڕێككەوتنی فەرمی كەچی سەركردایەتی كڵێسا دیاری كرانی مەسیحی بەڵێندراویان (عليه السلام) بە ئەندازەیەك پارێـزكردنەوە قەبوڵ كرد. وە هەوڵیاندا كاربكەن لە ئاپۆڕای موسوڵمانان كە چاو بخشێننەوە بە هەڵبـژاردنەكەیاندا ئەمەش بەوەی كە هەوڵیاندا ناوبانگی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بشێوێنن. بەتایبەتی قەشە كلارك بڵاوكراوەیەكی ئاراستەی موسوڵمانان كرد كە تێیدا ئاماژەی كردبوو بۆ فەتواكانی مەولەوی موحەممەد حوسەین بەتاڵەیی دەربارەی میـرزا غوڵام ئەحمەد، وە پێشنیاری كرد بۆ موسوڵمانان كە دەستبەرداری بن؛ چونكە ئەو -حاشا لله- بەهیچ شێوەیەك موسوڵمان نیە. (سەرچاوەى پێشوو 2/5/1893ز)

وەك ئەوەی موبەششیـرە مەسیحیەكان ئەو موسوڵمانانەیان خۆش بوێت كە دەستەوسان بوون لە بەرگریكردن لە ئايينەكەی خۆیان و بە (موسوڵمانی ڕاستەقینە)یان دابنێن، وە بیانەوێت ئەم جۆرە موسوڵمانە ڕزگار بكەن لەو (كافران)ەی كە زۆر چوست و چالاكن لە بەرگریكردن لە گەورەمان موحەممەد (صلى الله عليه وسلم)! ئای لەم گاڵتەجاڕیە تاڵە!!

لە كۆتاییدا بە گوێـرەی ڕێكەوتنەكە دیبەیتەكە بەستـرا لە شاری ئەمريتسەر و بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام بوو. وە دەركەوت كە نوێنەری مەسیحیەكان لە دیبەیتەكەدا -عبدلله ئاتهەم- زانیاری پێویستی نیە دەربارەی هەردوو ئاینەكە: ئیسلام و مەسیحییەت، دواجار لە وتووێژەكەدا ڕێككەوت لەسەر زۆرێك لە خاڵەكان. بۆ نموونە دانی بەوەدانا كە نەیتوانی بەڵگە بهێنێتەوە لەسەر بەناو خوایەتی مەسیح. (جەنگی پیرۆز “الحرب المقدسة”، الخزائن الروحانیة، ج6) وە دەستی گرت بەو بۆچوونەی خۆیەوە كە پێویستە ژیـری و ئەزموون ڕێنیشاندەر نەبن بۆ ئیمان، وە مرۆڤ ناتوانێت لە بیروباوەڕی سێ خوایی تێبگات. (سەرچاوەى پێشوو)

ئاتهەم ناچاريش بوو دانبنێت بەوەدا كە یەسوعی مەسیح تەنها درەوشانەوەیەك بووە بۆ خوا كاتێك كە بینی ڕۆحەكەی دابەزیە سەری لەسەر شێوەی كۆتـرو برووسكە. (سەرچاوەى پێشوو) كە ئەمەش ئەو بیـروباوەڕەی بەتوندی ڕماند كە یەسوع بەو سیفەتەی كوڕی خوایە لە هەمان جەوهەری باوكە. وە نەفامی ئاتهەم بە ئیسلام و قورئان دەركەوت لە سەروبەندی دیبەیتەكەدا كاتێك دانینا بەهەڵەی خۆیدا لە بەڵگە هێنانەوە بە زۆرێك لە ئایەتەكانی قورئانی پیـرۆز. (سەرچاوەى پێشوو)

وە ئاتهەم نەیتوانی لەگەڵ ئەو توێژینەوە هزریەدا بڕوات كە وتووێژی لەبارەوە دەكرا، وە شكستی هێنا لە پێشكەشكردنی هەر بەڵگەیەكی دانسقە و قایلكەر… نە بۆ قازانجی ئايينی مەسیحی نە دژی ئیسلام. وە دەستەوسانییەكەی بەتەواوی ئاشكرابوو لە بەرامبەر ئامادەبوان و لەناویاندا هاوەڵەكانیشی. لەڕاستیدا ئاتهەم بە كەموكورتیەكەی خۆی زانی، لەبەرئەوە لەكاتی دیبەیتەكەدا تووشی ناساغی و بێتاقەتی بوو، وە بۆ ماوەیەك قەشە “مارتن كلارك” جێگەی گرتەوە. وە لە كۆتایی دیبەیتەكەدا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەم ڕاگەیاندنەی خوارەوە كۆتا پەڕەی خۆی دوایی هێنا:

كاتێك بەگەرم و گوڕی وخشوعەوە پاڕامەوە لە خوا كە حوكمی خۆی بدات لەم دیبەیتەدا… چونكە ئێمەی مرۆڤ لاوازین و ناتوانین بگەینە شتێك… پێشبینیەكم پێگەیشت و مژدەی ئەوەی پێدام كە ئەو لایەنەی بە ئەنقەست شوێن باتڵ دەكەوێت و پەرستـراوی ڕاستی وەلادەنێت و مرۆڤێكی لاواز دەكاتە پەرستـراو، لە ماوەی 15 مانگدا دەكەوێتە ناو دۆزەخەوە… هەر مانگێك بەرامبەر ڕۆژێك لە ڕۆژەكانی دیبەیتەكە. وە ئەگەر نەگەڕایەوە بۆ لای ڕاستی ئەوا تووشی سەرشۆڕیيەكی ئاشكرا دەبێت. وە ئەو كەسەیش شوێن ڕێگەی ڕاست دەكەوێت و باوەڕ دەهێنێت بە پەرستـراوی ڕاستەقینە لە لای خەڵكی ڕێـزێكی زۆری لێدەگیـرێت.” (سەرچاوەى پێشوو)

وە لە كۆتایی ڕاگەیاندنەكەدا مەسیحی بەڵێندرا (عليه السلام) پرسیارێكی ئاراستەی عبد الله ئاتهەم كرد: “ئێستاش پرسیار دەكەم لە نوێنەری بەڕێـز: ئەگەر ئەم نیشانەیە هاتەدی… ئایا وەكو پێشبینیەكی ئاسمانی كامڵ قەبوڵی دەكات بەو شێوەيەى كە پێی خۆشە؟ ئایا ئەم نیشانەیە نابێتە بەڵگەیەكی ڕۆشن لەسەر ئەوەی كە پێغەمبەری بەڕێـز (صلى الله عليه وسلم) -كە تۆ لە كتێبەكەتدا “أندرونە بائیبل” ناوت ناوە دەججال- پێغەمبەرێكی ڕاستگۆیە؟” (سەرچاوەى پێشوو)

لەم پێشەكیەوە كە دەربارەی دیبەیتەكەی نێوان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) و قەشە عبد الله ئاتهەمە ئەوە دەردەكەوێت كە ئامانج لە هەموو ئەم كارە بریتی بوو لە دانپیانان بەسەركەوتنی یەكێك لەم دوو ئایینە ڕكابەرە: ئیسلام یان مەسیحییەت. وە ڕاگەیاندنی كۆتایی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئەم جەنگە لە نێوان دوو كەسی دیبەیتەكەدا نیە، بەڵكو لە نێوان ئايينەكانیاندایە: ئیسلام و مەسیحییەت. وە پرسیاری كۆتایی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەڵگەیەكی تـرە لەسەر ئەوەی كە ئەنجامی كۆتایی پێشبینیەكەی دژی عبد الله ئاتهەم دەبێتە بەڵگەیەكی بەهێـز لەسەر ئەوەی كە پێغەمبەر موحەممەد (صلى الله عليه وسلم) بەڕاستی و دروستی لەلایەن خواوە نێردراو بووە.

لەم قۆناغەدا چاوەڕوان دەكرێت لە نەیارانی ئەحمەديیەت كە وردبنەوە لەوەی ئایا سووربوونیان لەسەر ئەو قسەیەی خۆیان كە گوایە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) نەیتوانی سەركەوێت بەسەر قەشەكەدا… وە دواجار دیبەیتەكە لە قازانجی قەشە مەسیحیەكە كۆتایی هاتووە چی لێ دەكەوێتەوە… لەكاتێكدا دیبەیتەكە بەڵگەیەكی بەهێـز بوو لەسەر ڕاستگۆیی پێغەمبەری بەڕێـز موحەممەد (صلى الله عليه وسلم) .

تۆ بڵێی دوژمنانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) نوقم نەبووبن لە دژایەتی كردنی بەڕێـزیدا بەجۆرێك ئامادەن قوربانی بدەن بە ڕاستگۆیی پێغەمبەری ئیسلام (صلى الله عليه وسلم) بۆ كەسێك كە یەسوعی مرۆڤ دەكاتە پەرستـراو، وە خوای ڕاستەقینە لە بیـر دەكات و لە نووسراوەكانیدا جنێو دەدات بە پێغەمبەری ئازیز (صلى الله عليه وسلم)؟

لەڕاستیدا قەشە عبد الله ئاتهەم سەرنەكەوت بەسەر مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) لە دیبەیتەكەدا، وە دیبەیتەكەش لە قازانجی مەسیحیەت كۆتایی نەهات. وە درێژەی زاڵبوونی ئیسلام بەسەر مەسیحییەتدا لە كۆنووسی دانیشتنەكانی ئەم دیبەیتەكەدا تۆماركراوە. (سەرچاوەى پێشوو) وە ئەگەر ئەو ڕەخنەگرانەی كە تانە ئەدەن لە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەم كۆنووسانەیان بخوێندایەتەوە، وە ڕازی نەبوونایە بە وەرگرتنی بڕگە پڕوپوچەكان لە نووسراوی هاوەڵەكانی خۆیان كە نەفامی و دەمارگیـرییان لەمان كەمتـر نیە… ئەوا دەیانبینی كە لەم دیبەیتەدا ئیسلام سەركەوتوو بووە بەسەر مەسیحییەتدا لەسەر دەستی گەورەمان ئەحمەد دژی قەشە عبد الله ئاتهەم.

لەڕاستیدا ڕۆژنامەی “نور أفشان” كە ڕۆژنامەیەكی مەسیحییە لە ستوونەكەی خۆیدا دەرخستەیەكی ئەم دیبەیتەی بڵاودەكردەوە، پاشان كۆمەڵەی پەنجاب بۆ كتێبی ئايينی –كەڕێكخراوێكی مەسیحییە لە لاهۆر- هەستا بە كۆكردنەوەی ئەم دەرخستانە لە كتێبێكدا. وە لە سیاقی ئەم دەرخستانەوە قەشە “تاكر داس” هاوڕێی عبد الله ئاتهەم كە ئەندامێكی نێـردراوی ئەمریكی بوو لە سیاڵكۆت، بەڕاشكاوی ئەوەی ڕاگەیاند.. كە بە بۆچونی ئەو ئەم دیبەیتە بەوشێوەیەی كە داواكراوە گشتگیـر و تەواو نەبوو، وە وەڵامەكانی نێـردراوی مەسیحی زۆر كورت بوون. (تنقیح المباحثة ص3) هەروەها وتی: ئەو ئایەتانەی كە ئاتهەم كردنی بە بەڵگە لەسەر بیـروباوەڕەكانی خۆی كاریگەری ویستـراویان دروست نەكرد. (سەرچاوەى پێشوو). هەروەها قەشە “داس” دانینا بەوەدا كە “ئاتهەم” شكستی خوارد لە پووچەڵكردنەوەی ئەو دەرئەنجامانەی كە میـرزا غوڵام ئەحمەد وەریگرتبوون لە كۆمەڵیك بڕگەی دیاریكراوی ئینجیلەوە . (سەرچاوەى پێشوو) وە ڕەخنەی گرت لە هاوەڵەكەی؛ چونكە شكستی خوارد لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كردبووی سەبارەت بە بانگەشەی خوایەتی مەسیح.

 ماوەیەكی نزیكە مێژوونووسی بەریتانی “ئییان ئادمسن” دەربارەی ئەم دیبەیتەی نێوان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) و قەشە عبد الله ئاتهەم بەڕاشكاوی ئەوەی گوتووە: “گومانی تێدا نیە كە كێ لە دیبەیتەكەدا سەركەوت. هەروەك نێـردراوی ئەمریكی لە ڕاپۆرتی خۆیدا دەربارەی ئەم دیبەیتە بەیەكێك لە ڕۆژنامەكانی گوت كە وەڵامەكانی دانووستانكاری مەسیحی ناتەواو بوون.” (Mirza Ghulam Ahmad of Qadian, Page 83)

با بگەڕێینەوە بۆ مەسەلەی بەدیهاتنی پێشبینیەكەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دژی عبد الله ئاتهەم. هەڵبەت پێشتـر ڕوونمان كردەوە كە مەبەست لەم پێشبینیە ئاگاداركردنەوەی قەشە مەسیحیەكە بوو لەو هەڵوێستەی كە هەیبوو دژی ئیسلام. بێگومان وشەكانی ئەم هەواڵە خواییە بەڕاشكاوی ئەوەیان ڕاگەیاندبوو بە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كە: “عبد الله ئاتهەم دەخرێتە ناو دۆزەخەوە لە ماوەی 15 مانگدا لەكاتی ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵەوە. وە تووشی ڕیسوابوونێكی ئاشكرا دەبێت ئەگەر نەگەڕێتەوە بۆ لای حەق وڕاستی.”

ئەم پێشبینیە شتێكی وەهای تێدا نیە ئەوە بگەیەنێت كە مەبەستی داواكراو بریتیە لە پاشگەزبوونەوەی عبد الله ئاتهەم لە مەسیحییەت وەكو ڕەخنەگرەكان بانگەشەی ئەمە دەكەن. بەڵكو بە پێچەوانەوە، تێبینی كۆتایی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بریتی بوو لەوەى كە ڕزگاربوونی “ئاتهەم” وەستاوە لەسەر پاشگەزبوونەوەی لەو بیـروباوەڕەی پێشووی كە دژی پێغەمبەری ئیسلام موحەممەدی هەڵبـژاردە (صلى الله عليه وسلم) هەیبووە و لەو جنێوەی كە لە كتێبەكەی خۆیدا “أندرونە بائیبل” داویەتی بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، وە لەمەدا بەڵگە هەیە لەسەر ئەوەی كە مەبەستی داواكراو لە “ئاتهەم” ئەوە بوو كە دانبنێت بە چاكێتی پێغەمبەر بەڕێـزی ئیسلامدا (صلى الله عليه وسلم). لەبەرئەوە تەنها پاشگەزبوونەوەی “ئاتهەم” لە هەڵوێستی پێشووی دژی پێغەمبەری ئیسلام (صلى الله عليه وسلم) دەبێتە بەڵگەیەكی تەواو لەسەر ئەوەی كە گەڕاوەتەوە بۆ لای حەق و ڕاستی. هەروەك ڕووداوەكانی دوایی ئەوەیان چەسپاند… هەر كە گەورەمان میـرزا غوڵام ئەحمەد (عليه السلام) پێشبینیەكەی ڕاگەیاند دەستبەجێ ئەم قەشەیە تۆبەی كرد و پەشیمان بوویەوە، وە ڕایگەیاند كە: “ئەو پێشتر هەرگیـز پێداگری نەكردووە لەسەر سووكایەتی كردن بە ئیسلام یان پێغەمبەری ئیسلام.”

وە مێژوونووسە بەریتانیەكە دەربارەی پاشگەزبوونەوەی ئاتهەم، بە ڕاشكاوی دەڵێت: “كاتێك ئاتهەم پێشبینیەكەی بیست ڕەنگی هەڵبڕزكا. وە بە شێوازی ڕۆژهەڵاتی لە دەرخستنی نکۆڵی كردنی تەواوەتی: گوێچكەكانی خۆی گرت و زمانی دەرهێنا و سەری ڕاوەشاند و ڕایگەیاند: تۆبە.. تۆبە. من مەبەستم نەبووە كە بێ ڕێـزی پیشان بدەم بەرامبەر بە موحەممەد.” (سەرچاوەى پێشوو)

وە عبد الله ئاتهەم بە ڕاگەیاندنی تۆبەكردنەكەی بە زمان و پیشاندانی پەشیمانیەكەی لە كاتی دیبەیتەكەدا وازی نەهێنا، بەڵكو ئەم نووسەرە مەسیحییە بەناوباگە و ئەم دیبەیتكارە ناسراوە لە هەموو چالاكییەك وەستا كە داكۆكی لە بیـروباوەڕەكەی بكات. وە وازی هێنا لە نووسین لە بەرژەوەندی مەسیحییەت و دژی ئیسلام، وە پاشەكشێی كرد لە بێدەنگی و دابڕانێكی ڕێژەییدا. ئەمەش لەڕاستیدا بەڵگەیەكی ڕۆشنە لەسەر ئەوەی كە عبد الله ئاتهەم بەدڵنیاییەوە نووری حەققی بینیوە و لەناخی دڵیەوە ڕاستی ئیسلام و پێغەمبەرە بەڕێـزەكەی (صلى الله عليه وسلم) قەبوڵ كردووە. ئەگینا ئەو هۆكارە بەجێیە چی بوو كە كەسێكی وەك عبد الله ئاتهەم -كە پێشتـر سەرقاڵى چالاكیە مەسیحییەكان بوو- لە ژیانێكی چالاكەوە لەپڕدا بردى بەرەو دابڕان و گۆشەگیـری؟ بۆچی تەنها ئەم كاتەی هەڵبـژارد بۆ خۆشاردنەوە بەو شێوازەی كە پەنای بۆ برد پاش ڕاگەیاندنی پێشبینیەكەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە دژی؟ ئایا “ئاتهەم” بەردەوام نەدەبوو لە بانگەواز كردن بۆ مەسیحییەت ئەگەر بەڕاستی باوەڕی بمایە بە بیـروباوەڕە پووچەكانی خۆی… بەبێ گوێدانە پێشبینیەكەی مەسیحی بەڵێندراو لەدژی لە دژی؟

وازهێنانی عبد الله ئاتهەم لە ژیانێكی چالاكەوە بۆ بێدەنگی تەواوەتی پاش ڕاگەیاندنی پێشبینیەكە لە دژی، بەڵگەیەكی گومانبڕە لەسەر ئەوەی كە هەستی كردووە بە هەڵەی خۆی، وە حەق و ڕاستی كاریگەری توندیان لەسەر بیـركردنەوەی داناوە. ئەگەر دۆخەكە بەم جۆرە نەبوایە ئەوا خۆی كەڕ دەكرد لە هۆشدارییەكەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە دژی، وە بەردەوام دەبوو لەسەر دەستدرێژی ستەمكارانەی خۆی بۆ سەر ئیسلام و پێغەمبەری ئیسلام (صلى الله عليه وسلم). بەڵام بە گوفتار و بە كردار پەشیمانی خۆی دەربڕی لەكاتی دیبەیتەكەدا؛ بەجۆرێك ڕەنگی پەڕی و تۆبەكردنی خۆی ڕاگەیاند، پاشان پاشەكشەكردن و پەنابردنی بۆ بێدەنگی دوای دیبەیتەكە كۆمەڵە بەڵگەیەكی تەواوكاریە بۆ تۆبەكردنە ئاشكراكەی.

لەڕاستیدا یەكێك لە نەيارە سەرسەختەكانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) -مەولەوی ئەمريتسەری- دانیناوە بەوەدا كە عبد الله ئاتهەم بە هۆی پێشبینیەكەی مەسیحی بەڵێندراو لە دژی تـرساوە لە مردن، وە بەپێی توانا پەنای بردوە بۆ هەموو ئەو هۆكارانەی كە دەكرێت بگیرێنەبەر بۆ هەڵاتن بەهۆی ئەم تـرسەوە. (إلهامات المیـرزا ص22)

هەروەها مەولەوی ئەمريتسەری دانیپێداناوە كە: بەدڵنیاییەوە عبد الله ئاتهەم پاشەكشەی كرد، كە بە گشتی ئەمە شتێكی زانراو بوو. (سەرچاوەى پێشوو)

وێـڕای ئەوەی كە عبد الله ئاتهەم پاشگەزبوویەوە لە بیـروباوەڕەكانی دژی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وە ڕاوەستا لەوەی مەسیحیەكی چالاك بێت بەڵام دەرنەچوو لە ئايينی مەسیحییەت… وە لەكاتی كۆتایی هاتنی پازدە مانگەكەدا نەيارانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هەرایەكیان نایەوە و تێیدا بانگەشەی ئەوەیان كرد كە ئاتهەم هێشتا زیندووە… كەوابوو پێشبینیەكەی مەسیحی بەڵێندراو نەهاتەدی.

بەڵام لەڕاستیدا ئەو وشانەی ئاسمان كە دابەزینە سەر مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە هیچ كاتێكدا ئەوەیان ڕانەگەیاندبوو كە درۆزن لەماوەی 15 مانگدا، لە ڕاگەیاندنی پێشبینیەكەوە، دەمرێت. بەڵكو وشەكانی پێشبینیەكە ئەوەیان دركاندووە كە ئەو كەسەی بە ئەنقەست شوێن پڕوپووچ دەكەوێت و دەستهەڵدەگرێت لە پەرستـراوی ڕاستەقینە و مرۆڤێكی لاواز دەكاتە پەرستـراو… لەماوەی 15 مانگدا دەكەوێتە ناو دۆزەخەوە (الهاوية). هەر مانگێك بەرامبەر ڕۆژێك لە ڕۆژەكانی دیبەیتەكە، وە ئەگەر نەگەڕێتەوە بۆلای حەق دووچاری ڕسوابوونێكی ئاشكرا دەبێت. (جەنگی پیرۆز، الخزائن الروحانیة ج6، ص210)

وشەكانی هەواڵە خواییەكە بەو جۆرەی كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێیگەیشتبوو بڕیاری ئەوەیان دابوو كە درۆزن دەكەوێتە ناو (الهاوية) وە لە ماوەی پازدە مانگدا. وە (الهاویة) چینی هەرەژێـرەوەی دۆزەخە.

گومانی تێدا نیە كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەم دەستەواژەیەوە واتێگەيشتبوو كە مانای مردنە، هەروەك ئەمە دەردەكەوێت لە ڕاڤەكردنەكەی بۆ ئەو نیگا خواییە كە دابەزیوەتە سەری. (سەرچاوەى پێشوو) بەڵام ئەم تەفسیـرە دۆخێكی سادەی هەڵە بوو لە تێگەيشتنی مانای ڕاستەقینەی نیگا خواییەكە… بەو جۆرەی كە ڕوویدا بۆ گەورەو خۆشەویستمان موحەممەدی هەڵبـژاردە (صلى الله عليه وسلم) لەكاتی ڕاڤەكردنی ئەو وەحیە ئاسمانیە كە پەیوەستبوو بە جێبەجێ كردنی عومرە و حەجەكەوە، کە پێشتر باسمان کرد. هەروەك هەمان ئەو دۆخەی هەڵە تێگەيشتنە‌ كە پێغەمبەر نووح (عليه السلام) تێیكەوت كاتێك وایزانی بەڵێنكەی خوای گەورە ڕزگار بوونی خانەوادەكەی دەگرێتەوە لە لافاوەكە. وە هەمان ئەو دۆخەی هەڵە تێگەشتنە كە پێغەمبەر یونس (عليه السلام) تێی كەوت كاتێك شارەكەی بەجێهێشت و چاوەڕوانی ئەوەی دەكرد كە سزایەكی خێـرا دابەزێتە سەر خەڵكی نەینەوا.

لەگەڵ ئەوەشدا… پێشبینیەكەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كە پەیوەست بوو بە عبد الله ئاتهەمەوە -هەروەك وەحیەكە ڕایگەیاندبوو دەربارەی- بەتەواوی هاتەدی. كەوابوو وێـڕای ئەوەی كە “ئاتهەم” قایل بوونێكی زارەكی پیشاندا لە كۆتایی دیبەیتەكەدا، وە دەستی هەڵگرت لە خووی جوێندان بە ئیسلام و پێغەمبەری ئیسلام بە وازهێنانی لە ژیانێكی كارا و چوست و چالاك… كەچی ئەم بێدەنگ بوونەی فێڵێك بوو لە جەماوەر، بۆیە دواجار هەڵدرایە ناو (الهاویة)وە كە بریتی بوو لە ئەزموونێكی تاڵ بەدرێژایی ئەو ڕۆژانەی مابووی لەسەر زەوی پێوەی ئەتلایەوە.

ڕووداوە مێژووییەكان بەڵگەن لەسەر ئەوەی كە “ئاتهەم” سزایەكی زیهنی گەورەی چەشت پاش ئەوەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێشبینیەكەی لە دژی ڕاگەیاند. بەشێوەیەكی لێهات كە یەك لەدوای یەك هەلوەسەی سەیـرو نامۆی بۆ دەهات و بەڕۆژدا خەوی دەبینی كە ئەژدیها و سەگی هارو پیاوانی چەكدار خەریكن پەلاماری دەدەن. مێژوونووسە بەریتانیەكە بە ڕاشكاوی ئەوەی ڕاگەیاندووە كە قەشە ئاتهەم دوای پێشبینیەكە:

 “پاشماوەی تەمەنی لە تـرس و بیمێكی تەواوەتیدا دەژیا، هەمیشە سەرخۆش بوو، قەشە مەسیحییەكان لە شارێكەوە بۆ شارێكی تـر دەیان گواستەوە.” (سیرة میرزا غلام أحمد القادیاني، ص103)

وە مەولەوی ئەمريتسەری شایەتحاڵی بارودۆخ و ژیانی “عبد الله ئاتهەم” بوو پاش ڕاگەیاندنی پێشبینیەكەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە دژی ئەم قەشە مەسیحییە، وە سەرباری ناكۆكی تایبەتی و پیلانگێـڕانی دژی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) مەولەوی ثناء الله دانی بەوەدا ناوە كە پێشبینیەكەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دژی “عبد الله ئاتهەم” كتومت وەكو وشەكانی پێشبینیەكە هاتەدی… بۆیە بە ڕاشكاوی گوتی: “ئەگەر ئەو وشانەشت لەبەرچاوگرت كە گواستمانەوە، وە بیـرت كردەوە لەو تەنگ و چەڵەمەيەى كە دەوریدابوو… ئەوا هیچ گومانێك بەدڵتدا نایەت لەوەدا كە بەڕاستی ئەو هەڵدرایە ناو چاڵە قووڵەكەوە( الهاویة)، وە دڵی زۆر بەتوندی كاری لێكرا كە دەكرێت ناوی لێ بنێین سزای سووتێنەر. بەڵام سزای تەواوەتی كە ئێمە تێیگەيشتین و نووسراوەكانمان ئاماژەی پێداوە -واتە مردن- ئەوە سزایەكە هێشتا نەهاتووە.” (إلهامات المیـرزا ص23)

وەك پێشتـر ڕوونمان كردەوە، هەرگیز لە هەواڵە ئاسمانیەكەدا كە دابەزیوەتە سەر مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) وشەی مردن نەهاتووە . پێشبینیەكە تەنھا ئەوەی بڕیارداوە كە “ئاتهەم” هەڵدەدرێتە ناو (الهاوية)ەوە.. واتە چینی هەرە ژێـرەوەی ئاگر.. وە ئەمەش بەتەواوی ڕوویدا بۆ ئەو.

وە مەولەوی ثناء الله كە دوژمنی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بوو دانی بەم ڕاستیەدا ناوە و دەڵێت: “ئەو بارودۆخەی كە هەمیشە “ئاتھەم“ى  تێدا بوو لەژێر كاریگەری نیگەرانی و تـرس و تۆقان لە مردن… لەڕاستیدا چاڵێكی قووڵ بوو، یان چینی هەرە ژێـرەوەی ئاگر بوو‌.” (سەرچاوەى پێشوو)

بەداخەوە سەرەڕای ئەم دانپێدانانە بە هاتنەدی پێشبینیەكەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە دژی قەشە “ئاتهەم” بە گوێـرەی وشەكانی هەواڵە خواییەكە بەو شێوەيەی كە پێیگەيشتبوو… كەچی نەيارانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەكەن گوایە ئەم پێشبینیە نەهاتووەتەدی؛ چونكە “ئاتهەم” نەمرد لەماوەی 15 مانگەكەدا. هەڵبەت مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەرپەرچی ئەمەی دایەوە و ڕایگەیاند كە بڕیاری دواكەوتنی مردنەكە درا بەهۆی تۆبەكردنی “ئاتهەم”ـەوە لەكاتی دیبەیتەكەدا و هەڵوێستی ئەو لەدواییدا… كە ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە دڵی عبدالله ئاتهەم گەڕاوەتەوە بۆلای حەق.

هەروەها مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ڕایگەیاند كە بناغەی تیاچوونی “ئاتهەم” دانراوە، وە هیچ كەسێك ئەو خەیاڵە نەكات كە خراپتـرینی ناڕەحەتیەكان لەمەڕ ئەم قەشەیە كۆتایی هاتووە. وە بەڕاشكاوی ڕایگەیاند كە ئەمە مەسەلەی كاتە هەتا سزای كۆتایی دەورى ئاتهەم دەدات بەهۆی گەوجێتیەكەیەوە. (أنوار الإسلام، الخزائن الروحانیة، ج9 ص1-15)

هەروەها مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) داوای كرد لەم قەشەیە بە ئاشكرا سوێند بخوات كە لە دڵیدا حەزێك نەبووە بۆ گەڕانەوە بۆ لای حەق و ڕاستی لە ماوەی ئەم 15 مانگەدا، وە ئەو -هەروەك پێش دیبەیتەكە- بەردەوام ئیسلام و پێغەمبەری ئیسلامی بە هەڵە داناوە… وە هۆشداری پێدا لەوەی كە ئەگەر ئەم سوێندە بخوات ئەوا دەبێت تیابچێت لەماوەی یەك ساڵدا لە كاتی سوێند خواردنەكەوە… ئەگەر وا دەرنەچوو ئەوا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هەزار ڕوپیەی هیندی وەكو خەڵات دەدات بەم قەشە مەسیحییە وەك دانپێدانانێك لەوەوە بە دۆڕان و شكستی خۆی.

وە ئەم داواكردن و هۆشداریە كۆتاییی پێهێنرا بە ڕاگەیاندنێك لە لایەن مەسیحی بەڵێندراوەوە (عليه السلام) كە تێیدا هاتووە ئەگەر “ئاتهەم” ئەم تەحەددایەی قەبوڵ كرد و سوێندی خوارد… ئەوا بەدڵنیاییەوە ئیسلام سەردەكەوێت و مەسیحییەتیش تووشی بەزین دەبێت و توانای خوای گەورە بەئاشكرا دەردەكەوێت. (سەرچاوەى پێشوو)

دەی ئەگەر عبد الله ئاتهەم نەگەڕابێتەوە بۆلای ڕاستی و وازی نەهێنابێت لە بۆچوونی خۆی دژی ئیسلام و پێغەمبەرەكەی (صلى الله عليه وسلم) وەكو پێش پێشبینیەكە… ئەوا ئەم تەحەددایەی قەبوڵ دەكرد و دەهاتەپێشەوە بۆ سوێند خواردن، وە دوای ئەوە -ئەگەر ژیانی بۆ بنووسرایە- بۆی هەبوو كە خەڵاتێكی دەست بكەوێت بە ئەندازەی 1000 ڕوپیە و خزمەتێکی مەزنیشی پێشكەش بە مەسیحییەت دەكرد؛ چونكە ئەو كاتە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ناچار دەبوو دانبنێت بە شكستی ئیسلامدا… كە ئەو ئایینە بوو بەڕێـزی نوێنەری بوو، وە بەناوی ئەوەوە قسەی دەكرد لە دیبەیتەكەدا.

بەڵام “ئاتهەم” پابەند بوو بە بێدەنگ بوونی تەواوەتییەوە، وە خۆی گێل كرد لەو دوو تەحەدایەی كە لە 5 و 9/9 ساڵی 1894ی زایینیدا دەرچوون لەلایەن مەسیحی بەڵێندراوەوە (عليه السلام). دوای ئەوە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پەیامێكی تۆماركراوی نارد بۆ قەشە كلارك و قەشە عیمامەددین… داوای لێ كردن هانی هاوڕێكەیان قەشە (ئاتهەم) بدەن لەسەر سوێند خواردنەكە، بەڵام قەشە كلارك وەڵامێكی ناردەوە و تێیدا وتی ئاتهەم ئامادە نیە بۆ سوێند خواردنەكە. ئا لێـرەدا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) نرخی خەڵاتەكەی بەرز كردەوە بۆ 2000 ڕوپیەی هیندی.

وە لە ڕۆژی 20/9/1894ی زایینیدا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ڕایگەیاند كە ئەم جەنگە لە نێوان: خوای ڕاستەقینە و خوای درۆینە دایە، وە بەدڵنیاییەوە خوای ڕاستەقینە سەردەكەوێت. هەروەها بەڕاشكاوی ئەوەی فەرموو كە نیشانەی ڕاستیەكەی (ڕاستی خوای مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)) واتە ڕاستی خوای ئیسلام، ئەوەیە كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خۆی هەرگیـز لەو ساڵەدا نامرێت كە پێشبینیەكەی تێداڕاگەیاندووە، بەڵام “ئاتهەم” ئەگەر سوێند بخوات ئەوا بەدڵنیاییەوە لە ماوەی ئەو ساڵەدا دەمرێت… چونكە ئەو خودا ناڕاستەی كە ئەو كردوویەتی بە خوای خۆی ناتوانێت ڕزگاری بكات. (مجموعة الإعلانات ج2 ص63، إعلان رقم 122)

ئەم بانگەشەیە بانگەشەیەكی ئەوپەڕی تـرسناك بوو لەلایەن مەسیحی بەڵێندراوەوە (عليه السلام)؛ چونكە هیچ كەسێك ناتوانێت بە دڵنیاییەوە پێشبینی بەردەوامبوونی ژیانی خۆی بكات بۆ ماوەیەك، بەڵكو بۆ ساتەوەختێكیش، بەڵام مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) متمانەیەكی بێسنور و تەواوەتی هەبوو بە پەروەردگاری ئیسلام. وە یەقینی هەبوو كە خوای گەورە پاڵپشتی دەكات و سەری دەخات لە هەموو مەیدانێكدا بۆ سەلماندنی ئایینە دروستەكەی خۆی؛ چونكە كتێبی پیـرۆزی خوا و پێغەمبەرە مەزنەكەی موحەممەدی هەڵبـژاردە (صلى الله عليه وسلم) هەردووكیان بابەتی ناكۆكی بوون لە دیبەیتەكەی ئەمريتسەردا.

بۆیە دواجار “ئاتهەم” لە هەڵوێستێكی زۆر تەنگدا خۆی بینيیەوە، كە ئەگەر لەمە زیاتـر بەردەوام بوایە لە بێدەنگی ئەوا ئەو ڕێـزە كەمەی كە مابووی لە كیسی دەچوو، ئەمە ئەگەر شتێكی بۆ مابووبێتەوە. بەڵام ئەو دڵنیا بوو كە ئەگەر سوێندەكە بخوات ئەوا هەرگیـز ساڵێكی تـر بە زیندوویی نامێنێت. لەبەرئەوە ئەم قەشە مەسیحییە نەخشەیەكی كێشا كە بەهۆیەوە دووربكەوێتەوە لەبابەتە بنەڕەتیەكە كە بریتی بوو لە سوێندخواردنەكە، بۆیە تەنها ئەوەی ڕاگەیاند كە ئەو هێشتا مەسیحییە. (جریدة “نور أفشان” لیوم 21/7/1894م)

كاتێك “ئاتهەم” شكستی هێنا لەوەی كە وەڵامێكی شیفابەخش بداتەوە لەسەر داواكەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام). بەڕێـزی داوای لێكرد بە ئاشكرا سوێند بخوات كە لەماوە ئەم پازدە مانگەی دوای دیبەیتەكە هەڵوێستی نەگۆڕاوە بەرامبەر بە ئیسلام و پێغەمبەرەكەی (صلى الله عليه وسلم). ئالەم خاڵەدا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ویستی هۆكاری سوێند نەخواردنی ئاتهەم بزانێت، بۆیە پرسیاری كرد: ئایا خودای ساختەی مەسیحییەت ناتوانێت “ئاتهەم” ڕزگار بكات بۆ ماوەی یەك ساڵ… وێـڕای ئەوەی كە ئاتهەم تەمەنی زۆر نیە؟ ئەو تەنها چەند ساڵێك لە من گەورەتـرە. ئەو لاوازیە چیە كە باڵی كێشاوە بەسەر ئەم پەرستراوە خەیاڵییەدا كە ناتوانێت بۆ ماوەی یەك ساڵ ڕزگاری بكات! هەڵبەت چاوەڕوانی ڕزگاربوون لەسەر دەستی ئەم جۆرە پەرستـراوەدا، كە ناتوانێت دەستەبەری بێوەیی و سەلامەتی بكات بۆ تاقە ساڵێك، كارێكی زۆر تـرسناكە. ئایا ئەوەمان ڕانەگەیاند كە خوای ئێمە دەمانپارێـزێت لەم ساڵەدا و “ئاتهەم” لەناو دەبات؟ ئەمەش چونكە خوای ئێمە خوایەكی ڕاستەقینەیە… هەرچەندە ئەم مەسیحیە بەدبەختانە نکۆڵی لێ دەكەن، ئەوانەی كە مرۆڤێكی وەكو خۆیان دەكەن بە خوا. (مجموعة الإعلانات ج2 ص63)

وە بۆ هاندانی قەشە ئاتهەم لەسەر سوێند خواردنەكە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) نرخی خەڵاتەكەی بەرزكردەوە بۆ 3000 ڕوپیە، وە لەكاتی خستنەڕووی ئەم وتانەدا لە ڕۆژی 5/10/1894ی زایینی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) سۆزە ئايينیەكانی ئاتهەمی ورووژاند و فەرمووی: “ئەگەر لە تێڕوانینی تۆدا بۆ مەسیحی كوڕی مەريەمی ڕاستگۆ گەردیلەیەك ڕێـز هەیە… ئەوا من بەناوی ئەوەوە تكات لێ دەكەم، وە داوات لێدەكەم بەناوی خوای گەورەوە ئەم سوێندخواردنە جێبەجێ بكەیت كە تەحەددامان كردوویت هەستیت بە ئەنجامدانی لەم لاپەڕە بچوكەدا.” (سەرچاوەى پێشوو ص89)

بەڵام “ئاتهەم” جارێكی تـر خۆی دوورخستەوە لەم بابەتە و ڕایگەیاند ئەو ڕێـپێدراو نیە كە سوێند بخوات لەسەر شتێك مەگەر لە ڕێكارە دادوەریەكاندا… چونكە ئايينەكەی ڕێگەی پێ نادات كە سوێند بخوات لە هەر بۆنەیەكی تـردا. (جریدة “نور أفشان” 10/10/1894م)

مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) وەڵامی ئەم پێچوپەنایەی ئەوی دایەوە، وە ئەو بۆچوونەی بۆ ڕاستكردەوە كە گوایە “ئايينەكەی ڕێگەی سوێندخواردنی پێ نادات مەگەر لە ڕێكارە دادوەریەكاندا” بە هێنانەوەی نووسراوە پیـرۆزە مەسیحییەكان و كتێبەكانی تـری ئەم ئایینە وەكو بەڵگە كە دەیسەلمێنن لە ئایینی مەسیحییدا شتێك نیە ڕێگری بكات لە سوێندخواردن لەبەردەم كۆمەڵێك لە خەڵكیدا. پاشان ئایا كێشەیەك هەیە لە ئایین گرنگتـر بێت؟ وە ئەم جارەش لە ڕۆژی 27/10/1894ی زایینیدا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) نرخی خەڵاتەكەی بەرزكردەوە بۆ 4000 ڕوپیەی هیندی ئەگەر “ئاتهەم” سوێند بخوات لەسەر ڕاگەیاندنی داواكراو.

بەڵام ئاتهەم بەم هاندانە ڕازی نەبوو “ئاتهەم” سوێندی نەخوارد وەك مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) تەحەددای كرد… نە لە پێناوی بایەخدان بەماڵ و سەروەت بۆ بڕی 4000 ڕوپیە، نە لە پێناوی ڕێـزو گەورەیی مەسیحی كوڕی مەریەم. (أنوار الإسلام، الخزائن الروحانیة، ج9 ص10)

پاش 12 مانگ لەو تەحەددایەی كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كردی بەرامبەر قەشە “ئاتهەم”، كە تەحەددای “ئاتهەم”ى كرد بوو سوێند بخوات هەڵوێستی نەگۆڕیوە دەربارەی ئیسلام… هۆكارەكانی ڕاگەیاندنی مەسیحییەت جارێكی تـر بابەتی مانەوەی “ئاتهەم”یان بە زیندوویی ورووژاند سەرەڕای ئەوەی كە ئەم قەشەیە خۆی پاشەكشەی كرد لە سوێند خواردنەكە بەگوێـرەی ئەو بانگەشە پووچەی خۆی كە گوایە ئایینەكەی ڕێگە بەم جۆرە ڕەفتارانە نادات.

لە كانوونی یەكەمی ساڵی 1895ی زایینیدا قەشە “ئاتهەم” بەدزیەوە لە ڕێگەی هاوڕێ قەشەكەی خۆی -فتح مەسیح-ەوە ئەوەی بڵاوكردەوە كە ئەو نەچووتە پێش بۆ سوێند خواردن؛ چونكە شوێنكەوتووانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ژمارەیان زۆر كەمە. دەستبەجێ مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) داوای لە “ئاتهەم” كرد كە ژمارەی ئەو موسەڵمانانەی پێ بڵێت كە “ئاتهەم” ڕازیە پێیان بۆ ئەوەی ئیمزا بكەن لەسەر ئەو داوایە كە پێشكەشی دەكرێت لەلایەن ئەوەوە واتە لەلایەن مەسیحی بەڵێندراوەوه ‌ عليه السلام).

وە لە كۆتایی ئەم ڕاگەیاندنەدا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەڕاشكاوی ئەوەی فەرموو كە ئەگەر هەموو قەشە مەسیحیەكان كۆببنەوە بۆ هاندانی “ئاتهەم” لەسەر سوێند خواردنەكە ئەوا لە تـرسا ئەم سوێندە ناخوات… چونكە لەناخی دڵیدا دەزانێت ئەو پێشبینیە بنەڕەتیە كە لە دژی ڕاگەیەندرا لە شاری ئەمريتسەر لەڕاستیدا هاتەدی.

وە هەروەها مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەڕاشكاوی فەرمووی ئەو قسەیەی خۆی كە “ئاتهەم” هەرگیـز لە دژی ئەو سوێند ناخوات… تەنانەت ئەگەر جیهانی مەسیحییەت پارچە پارچەیشی بكەن بەڵگەیەكی تەواوە لەسەر ڕاستگۆیەكەی. لەلایەكی تـرەوە ئەگەر “ئاتهەم” بهێننە پێشەوە بۆ سوێند خواردن ئەوا پێشبینی دووەم سەبارەت بە لەناوچوونی بەتەواوەتی دێتەدی. (مجموعة الإعلانات ج 2 ص 204، إعلان 30/12/1894م)

هەروەك مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) چاوەڕوانی كرد… عبد الله ئاتهەم نەیوێـرا سوێند بخوات وێـڕای تووشبوونی بە ڕسوابوونی بەردەوام هەروەك خوا بەلێنی پێدابوو. بەڵام بێدەنگی ئاتهەم خۆی لە خۆیدا جۆرێك بوو لە فێڵ… لەكاتێكدا هەلێكی چاك لە بەردەمیدا هەبوو بۆ ڕزگاركردنی خۆی لە ڕقی خوای گەورە بە وتنی قسەی حەق، بەڵام ئەو بەردەوام بەبێدەنگی و شاراوەیی مایەوە لە پشت خۆدەرخستنێكی ئايينی درۆزنانەوە سەرەڕای هاندانی چەندبارە لەلایەن مەسیحی بەڵێندراوەوه ‌(عليه السلام) دوای ئەم ڕاگەیاندنەش. بۆیە دواجار… پاش حەوت مانگ لە هۆشداری كۆتایی كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ڕایگەیاند بەم قەشە مەسیحییە لە 30 كانوونی یەكەمی ساڵی 1895ز دا، لە 27/7 ی ساڵی 1896ز دا هەواڵی مردنی بڵاوكرایەوە، تەواو بەو شێوەیەی كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ڕایگەیاندبوو لە ڕاگەیاندنی چوارەمیدا بەوەی كە خوا تاوانبارێكی لەم شێوە وازلێ ناهێنێت بەبێ سزا؛ چونكە حەق دەشارێتەوە بۆ فریودانی دنیا… بێگومان ئەو ڕۆژانە نزیكە و هیچ دوور نیە. (سەرچاوەى پێشوو لا 106، إعلان 27/10/1894)