بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

یەكەم: ئەو پێشبینیەی كە پەیوەستە بە خاتوو موحەممەدی بێگەم و خێـزانەكەیەوە

 موحەممەدی بێگەم كێیە؟ وە بنەماڵەكەی كێن؟

“موحەممەدی بێگەم” كچی یەكێك لە خزمە زۆر دوورەكانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بوو لە باوكیەوە بە ناوی میـرزا ئەحمەد بەگ. ئەم كابرایە پاشگەزبوونەوەی خۆی لە ئیسلام ڕاگەیاند. هەر بەتەنها ئەمەی نەكرد، بەڵكو لەگەڵ هەندێ خزمی تـردا بەشداری كرد لە جنێودان بە پێغەمبەری ئیسلام گەورەمان موحەممەد (صلى الله عليه وسلم) و گومان دروست كردن لە ڕاستی قورئانی پیـرۆز و نکۆڵی كردن لە بوونی خوای پەروەردگار. (مرآة كمالات الإسلام، الخزائن الروحانیة ج5 ص566-567)

شتێكی سروشتیە گەورەمان ئەحمەد نیگەران بوو له ‌هەڵوێستی ئەم خزمانەی خۆی كە هەڵوێستێكی بێ شەرمانە بوو، بەجۆرێك بەردەوام ئامۆژگاری دەكردن كە وازبهێنن لە نکۆڵی كردن لە بوونی خوای پەروەردگار و جوێندان بە پێغەمبەری زێدە ئازیز (صلى الله عليه وسلم) و تەشەردان لە قورئان كە وتەی پیـرۆزی خوایە. بەڵام ئەوان گاڵتەیان دەكرد بە ئامۆژگاریەكانی و گوێی خۆيان كەڕدەكرد لە ئاستیاندا. بەڵكو تاكە وەڵامدانەوەیان بریتی بوو لە درێژەدان بە دوژمنایەتی و بە سووك سەیـركردنی ئەو ئامۆژگاریانەی كە گەورەمان ئەحمەد پێشكەشی دەكردن. وە بەڕێزی (عليه السلام) تێبینی ئەوەی كرد كە ئەم خەڵكانە بە خراپترین شێوە بێشەرم بوون لە هێرشكردن بۆسەر هەموو پیـرۆزیيەكانی ئیسلام، وە ئەم بابەتەی بەم شێوەیەی خوارەوە باسكردووە و دەفەرموێت:

“بەم شێوەیە لەسەركەشی خۆیاندا سەرگەردان بوون، وە بەهۆی ئەو نەفامیەی كە هەیانبوو یاخی و بەلەسە بوون، ڕۆژبەڕۆژ زیاتـر لەخۆیان بایی دەبوون، تەنانەت وایان بەباش زانی كە قسە پڕوپووچەكانیان بڵاوبكەنەوە و بەچەواشەكاریەكانیان مرۆڤە گەوجەكان لەخشتەبەرن، بۆیە كتێبێكیان نووسی جوێندان بە پێغەمبەری ئیسلام (صلى الله عليه وسلم) و جنێودان بە وتەی خوای گەورە و نكۆڵی كردن لە خوای كردگاری باڵادەستی تێدابوو.” (مرآت كمالات الإسلام ص 567).

ئەم بەڵگەنامەیە‌ هەندێ كەسی ئەو خێـزانە كە وازیان لە ئیسلام هێنابوو بڵاویانكردەوە… دەنگێكی ئەوتۆی دایەوە لە ڕۆژنامە مەسیحیەكاندا. (ڕۆژنامەی “چشمه نور، ئەمریتسەر، لە ریكەوتی 13/8/1885ز). وە نووسەرەكانی داوایان كرد لەو كەسانەی كە باوەڕیان بە ئايينی ئیسلام هەیە نیشانەیەك بهێنن كە ڕاستی بیـروباوەڕەكەیان بسەلمێنێت.

كاتێك ئەم هەواڵە گەیشتە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) زۆر خەفەتبار بوو، كە بەم وتانەی خۆی گوزارشتی لێ كردووە: “بینیم كە كۆمەڵە وشەیەكن نزیكە ئاسمانەكان شەقبەرن بەهۆیانەوە… وە منیش دەرگاكانم داخست و پاڕامەوە لە پەروەردگاری بەخشندە، وە خۆم خستە بەردەمی و بەكڕنووشەوە كەوتم لەبەردەستیدا… وتم ئەی پەروەردگار بەندەكەی خۆت سەربخە و نەيارەكانت سووك و ڕسوابكە. نزاكەم گیـرا بكە ئەی پەروەردگار نزاكەم گیـرا بكە. تاكەی گاڵتە بكرێت بە تۆ و فروستادەكەت؟ تا كەی كتێبەكەت بە درۆ بزانن و جنێو بدەن بە پێغەمبەرەكەت؟ داوای ڕێژنەبارانی ڕەحمەتی تۆ دەكەم ئەی خوای زیندوو ئەی ڕاگری زەوى و ئاسمانەكان ئەی خوای یارمەتیدەر.” (مرآة كمالات الإسلام، الخزائن الروحانیة ج5 ص596)

ئەو پێشبینیانەی كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێی گەشتووە دەربارەی ئەم بنەماڵەیە

بەبێ بچوكتـرین گومان، لەم نزایەوە دەردەكەوێت كە هیچ پاڵنەرێكی كەسی نەبووە بۆ ناكۆكی نێوان گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو و خێـزانی موحەممەدی بێگەم وەك نەيارانی ئەحمەدیەت بانگەشە دەكەن. بەڵكو بە پێچەوانەوە، لە خوای پەروەردگار پاڕاوەتەوە كە نزاكەی گیـرا بكات و نەيارانی ئايينی ئیسلام سووك و ڕسوا بكات ئەوانەی كە نكۆڵیان لە بوونی خوا دەكردو جنێویان بە پێغەمبەرەكەی موحەممەدی هەڵبـژاردە (صلى الله عليه وسلم) دەدا و ناتەواوی و كەموكوڕییان دەدایە پاڵ قورئانی پیـرۆز (سەرچاوەى پێشوو). بۆیە پەروەردگاری ڕەحمی كرد بە لاڵانەوە و هەناسە قووڵ و ئەسرینەكانی و بانگیكرد:

بێگومان من لاساری وسەركەشی ئەوانەم دی، بۆیە بە جۆرەها دەرد وبەڵا گرفتاریان دەكەم، وە لە ژێـر ئاسمانەكاندا تەفروتونایان دەكەم، وە دەبینی چ كارێكیان پێ دەكەم، وە ئێمە لەسەر كردنی هەموو شتێك بەتواناین.” (سەرچاوەى پێشوو)

خوا ئەم كارەی كرد وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ نزاكانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كە تێیاندا بەكوڵ پاڕابوویەوە لە خوای گەورە پارێـزگاری بكات نەك تەنها لە شكۆی مەسیحی بەڵێندراو، بەڵكو پێش ئەمە لە شكۆی خوای گەورە خۆی و پێغەمبەرەكەی موحەممەد (صلى الله عليه وسلم) و كتێبەكەی كە قورئانی پیرۆزە.

ئالێرەوه بیانووهێنانەوە دژی ئەم پێشبینیە -كە بریتیە لەو كارەی نەيارەكانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەیكەن- كتومت مانای ئەوە دەگەیەنێت ئەم خێـزانە، كە زۆربەی ئەندامەكانی بوون به كەسانی بێ باوەڕ… (پەنا بە خوا)، سەركەوتن لە شكست پێ هێنانی ویستی خوای پەروەردگاردا.

بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە كە ئەو بەڵگەنامەیەی هەندێ لە گەورەكانی خێـزانی موحەممەدی بێگەم بڵاویان كردەوە، وە ئەو ئامانجەیش كە گەورەمان ئەحمەد لە پێناویدا پاڕایەوە لە خوای گەورە… لە بنچینەدا پەیوەستن بە بوونی خوای گەورە و ڕاستگۆیی گەورەمان موحەممەدی هەڵبـژاردە (صلى الله عليه وسلم) و ڕاستگۆیی قورئانی پیـرۆزەوە. (ڕۆژنامەی “چشمه نور” ئەمریتسەر 13/8/1885ز)

پاشان ڕێوشوێنی بەردەوامی خوای گەورە وەهایە كە بەندەكانی سزا نادات پێش ئەوەی كەسێكیان بۆ ڕەوانە بكات كە ئاگاداریان بكاتەوە… ئەمەش بۆ ئەوەی هەلێك بڕەخسێت بۆ تاوانباران تا بگەڕێنەوە بۆ لای خوا و خۆیان چاك بكەن. جا ئەگەر گوێیان گرت و وەڵامی ئاگاداركردنەوە‌كەیان دایەوە و تۆبەیان كرد و گەڕانەوە بۆ لای خوا و كرداری چاكیان ئەنجامدا ئەوا پەروەردگاری خەتاپۆش و میهرەبان بە چاوی سۆز و بەزەییەوە بۆیان دەڕوانێت بەگوێـرەی ئەم بەڵێنەی خۆی: ﴿فَمَنْ تَابَ مِنْ بَعْدِ ظُلْمِهِ وَأَصْلَحَ فَإِنَّ اللَّهَ يَتُوبُ عَلَيْهِ إِنَّ اللَّهَ غَفُورٌ رَحِيمٌ (*)﴾ (سورة المائدة: 40) واتە: “جا هەركەسێ تۆبەی كرد دوای ستەمەكەی وكردەوەی چاكی ئەنجامدا وباش بوو ئەوا خوا تۆبەكەی لێ وەردەگرێت بەڕاستی خوا لێبوردە و دلۆڤانە.” وە نەوەكانی خێـزانی موحەممەدی بێگەم بەدەر نین لەم بنەما دانپیانراوە. لەبەرئەوە خوای گەورە -لەگەڵ هۆشداری خۆی بۆ ئەوان بە تۆڵەیەكی نزیك بە هۆی كردەوەی خراپیانەوە- سزایان نادات پێش ئەوەی دەرفەتی‌ تۆبە و خۆچاككردنیان پێ بدات… وە ئەمەش ڕوون و ئاشكرایە لە زۆرێك لەو هەواڵە ئاسمانیانەی كە دابەزیوەتە سەر مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)… بۆ نموونە بەڕێـزی ئەم لقەی بنەماڵەی موحەممەدی بێگەمی ئاگادار كردەوە بەوەی كە خوا هەواڵی پێداوە:

بەیەكجار لەناویان نابەم، بەڵكو وردە وردە لەناویان دەبەم بەشكوم پەشیمان ببنەوە و بچنە ڕیزی تۆبەكارانەوە. بێگومان نەفرینم دابەزیوە بۆ سەر خۆیان و دیواری ماڵەكانیان، بۆ سەر گەورە و بچوكیان، پیاویان، ژنیان، میوانیان كە لە دەرگایان دەچێتە ژوورەوە، وە هەموویان نەفرین لێكراون… مەگەر ئەوانەی باوەڕیان هێناوەو كردەوەی چاكیان ئەنجام داوە و پەیوەندی خۆیان پچڕاندووە بەمانەوە و دووركەوتونەتەوە لە كۆڕ و كۆبوونەوەكانیان، بێگومان ئەوانە لەو كەسانەن كە ڕەحمیان پێكراوە.” (مرآة كمالات الإسلام، الخزائن الروحانیة، ج5 ص569)

وە لە ڕاگەیاندێكی تـردا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هۆشداری پێدان لەوەی كە خوای گەورە بڕیاریداوە: “لە داهاتوودا هەر لقێك لە مناڵی مامەكانت دەپچڕێنرێت و بەبێ نەوە كۆتایی دێت. ئەگەر تۆبە نەكەن و نەگەڕێنەوە بۆ لای خوا ئەوا بەدڵنیاییەوە خوا یەك لەدوای یەك بەڵا دەنێـرێتە سەریان هەتاكو لەناویان دەبات. وە ماڵەكانیان پڕ دەبێت لە بێوەژن، وە تووڕەیی خۆی دادەبەزێنێتە سەر دارو دیواریان.” (ڕۆژنامەی “ریاض الهند” ڕێككەوت 20/2/1886ز)

وە لەبۆنەیەكی تـردا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) یەكێك لە مامەكانی موحەممەدى بێگەم (میـرزا ئیمامەددین)ی ئاگاداركردەوە لەوەی كە خوای گەورە بڕیاری سزادانی داوە ئەگەر تۆبە نەكات. لەگەڵ ئەوەشدا بەڕێزی (عليه السلام) بەڕاشكاوی ڕایگەیاند كە خوای گەورە هەواڵی پێداوە: “ئەگەر تۆبەی كرد ئاكامەكەی چاك دەبێت، وە سەرەڕای هۆشدارییەكە خۆشبەختی و حەوانەوە بەدەستدەهێنێت.” (سرمه چشم آريا، الخزائن الروحانية ج2 ص191)

وە ئەوەی كە بەشێوەیەكی تایبەت پەیوەستە بە دایك و باوكی موحەممەدی بێگەمەوە (میرزا ئەحمەد بەگ و عمر النساء بێگەم) ئەوەیە كە مەسیحی بەڵێندراوە پێشبینی كردووە، دەفەرموێت: “لە خوای بەخشندەوە ئیلهامم بۆ هات كە سزایان دەدات ئەگەر تەوبە نەكەن. وە پەروەردگارم پێی وتم: ئەگەر تۆبە نەكەن و نەگەڕێنەوە بۆ سەر ڕێگەی ڕاست ئەوا لە ئاسمانەكانەوە بەڵا دادەبەزێنینە سەریان، وە كارێك دەكەین ماڵەكەیان پڕ بێت لە بێوەژن و شوومردووەكان، وە بە وەجاخكوێـری و سەرشۆڕی دەیانمرێنین، وە ئەگەر تۆبەیان كرد و كرداری چاكیان ئەنجامدا ئەوا ئێمەیش بە میهرەبانی تۆبەیان لێ وەردەگرین. وە ئەوەی ویستومانە لە سزا دەیگۆڕین، پاشان بە دڵخۆشیەوە ئەو شتە بەدەست دەهێنن كە دەیانەوێت.” (أنجام آتهم، الخزائن الروحانية ج 11 ص212)

بەدیهاتنی پێشبینییەكان

ئیلهامەكانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) جەخت لەوە دەكەنەوە ئەو بەڵا و موسیبەتانەی كە بڕیارە بەم نزیكانە دابەزێنرێن بۆ سەر ئەندامە هەڵگەڕاوەكانی ئەم لقەی بنەماڵەكە هەموویان مەرجدارن، وەستاون لەسەر هەڵوێستی داهاتووی ئەو كەسانەی‌‌ كە هۆشدارییەكەیان پێدراوە. ئەگەر ویستیان دەتوانن بە تۆبەكردن خۆیان ڕزگار بكەن لەو سزایەی كە بڕیاردراوە بۆیان. بەڵام ئەگەر بەرهەڵستیان كرد و بەردەوام بوون لەسەر دوژمنایەتییەكەیان؛ ئەوا بەردەوام وەكو ئامانجێك دەمێننەوە بۆ ئەو تووڕەیی و خەشم و قینە خواییە كە بڕیاردراوە بۆیان. لەڕاستیدا توێژینەوە لە بابەتی ناكۆكیەكە لە هەموو لایەنەكانیەوە بەژیریەكی ئازادی پاك ئەوە بۆ توێژەر دەردەخات كە بە درێژایی ئەو ماوەیەی بنەماڵەی موحەممەدی بێگەم لەژێـر چەتـری غەزەبی خواییدا بوون… مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەردەوام تكای لێدەكردن، وە زۆربەی جار دووپاتی دەكردەوە، كە تۆبە بكەن و خۆیان ڕزگاربكەن لە سزایەك كە ناتوانن دەربازبن لێى، وە بە دڵسۆزیەكی ڕاستەقینەوە ئامۆژگاری دەكردن. بەڕێـزی دەفەرموێت: “بۆ ئەوەی بەتەواوی بڕوبیانوویان نەمێنێت ئامۆژگاریم كردن و وتم: داوای لێبوردن بكەن لە پەروەرێنتان كە خاوەنی لێبوردەییە.” (سەرچاوەى پێشوو)

پاشان لە ڕاگەیاندنێكی تـردا مەسیحی بەڵێندراو بەڕاشكاوی فەرمووی لە یەكێك لە خەوەكاندا ئافرەتێكی بینیوە لە ماڵباتی میـرزا ئەحمەد بەگ كە دەگریا، بۆیە ئامۆژگاری نەنكی موحەممەدی بێگەمی لەدایكیەوە كرد و وتی: “ئەی ئافرەتەكە تۆبە بكە، تۆبە بكە، دڵنیابە بەڵا بەدواتەوەیە.” (سەرچاوەى پێشوو، لا 214)

بەڵام ئەندامەكانی ئەم بنەماڵەیە -بەهۆی بەدبەختیانەوە- لووتبەرزی زیاتـر توندوتیژی كردن و ئامۆژگاریان قەبوڵ نەكرد. وە بۆ ماوەیەك ستایشی ئایینی مەسيحيیان كرد. (ڕۆژنامەی “چشمه نور”، أغسطس 1885ز، وە ڕۆژنامەی “نُور أفشان”، ڕێككەوتی 10/ 5/1888ز)

دوای ئەمە هەندێ لە ئەندامە دیارەكانیان هەڵگەڕانەوە و چوونە ناو ئایینی ئاریا سماجەوە- كە ڕێكخراوێكی هيندۆسی بوو، وە خۆی تەرخان كردبوو بۆ تێكدانی بەها ئیسلامیەكان لە كیشوەری هيندیدا. (ڕۆژنامەی “رياض الهند” بەرگی یەكەم ژمارە 16). وە دوای چەند ساڵێك ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە وەرچەرخان بۆ بێباوەڕی و لەبەرامبەر خەڵكیدا ڕایانگەیاند:

“هیچ پێویستیمان بە خوا و كتێبەكەی و پێغەمبەرەكەی، خاتەمی پێغەمبەران، نیە. وە وتیان هیچ نیشانەیەك قەبوڵ ناكەین هەتا خوا لە خۆمان بەڵگەیەكمان پیشان نەدات. وە ئێمە باوەڕمان بە قورئان نیە، وە نازانین پەیام چیە و ئیمان چیە، وە ئێمە لە كافرانین.” (كرامات الصادقين، الخزائن الروحانية، ج7 ص162)

وە لەبەرئەوەی خوای گەورە وەهای دانابوو كە بەیەك لێدان لەناویان نەبات، بەڵكو وردە وردە دەست بكات بە لەناوبردنیان بۆئەوەی بگەڕێنەوە… خوای گەورە دەستیكرد بە هێنانەدی وتەكانی. وە خێـزانی موحەممەدی بێگەم تووشی زنجیـرەیەك موسیبەت بوون وەك پێشتـر بڕیاری لێدرابوو. وە لە مانگی 31هەمین لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی یەكەم پێشبینیەكەوە زنجیرەیەك كۆست و لێقەومان دژی ئەم بنەماڵەیە دەستی پێكرد… مامەی موحەممەدی بێگەم -میـرزا نیـزامەددین- دوچاری كۆستێكی گەورە بوو كە بریتی بوو لە مردنی كچە گەنجەكەی لە تەمەنی 25 ساڵیدا كە مناڵە شیـرەخۆرەكەی لەدوا بەجێما.

وا پێویست بوو كە ئەم مەینەتی و لێقەومانە كاریگەریەكی قورسی هەبێت لەسەر خێـزانی موحەممەدی بێگەم، بەڵام بەداخەوە دڵیان ڕەق بوو، وە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بینی ئەمانە زیاتـر درێژە دەدەن بە یاخی بوونیان، وە بەردەوام دەبن لە گاڵتەكردن بە ئیسلام وەكو دوژمنانی ئەم ئایینە.

بەهۆی كاریگەری ئەم كۆستەوە میـرزا نیـزامەددین مرد و لە دوای خۆی كوڕەكەی (واتە میـرزا گوڵ موحەممەد) و كچەكەی بەجێهێشت، وە ئەم دووانە لە كەسانی دانا و پارێـزكاربوون بەجۆرێك لەسەر دەستی مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) هاتنە ناو ئیسلامەوە. بەڵام براكەی میـرزا نیـزامەددین كە میـرزا ئیمامەددین بوو یەك كچی لەدوای خۆی بەجێهێشت بەناوی خورشید بێگەم… كە بەیعەتیدا بە مەسیحی بەڵێندراو وەك چۆن كوڕی مامەكەی (واتە گوڵ موحەممەد) و خوشكەكەی ئەو كارەیان كرد.

وە پاش ئەمە خورشید بێگەم شووی كرد بە كوڕەكەی مەسیحی بەڵێندراو، میزرا سوڵتان، و نەوەكەیشی شووی كرد بە خەلیفەی چوارەم (رحمه الله).

وە برای سێيەمی میـرزا نیـزامەددین كە میـرزا كەمالەددین بوو… لە ئاكامدا تووشی بەدبەختیەكی سەخت بوو‌، وە بە كەساسی و بەبێ وەچە سەری نایەوە.

پێشبینییەكە پێشبینی كردنی هاوسەرگیری نەبوو

تا ئەم شوێنە خاتوو موحەممەدی بێگەم هیچ پەیوەندییەكی بەو پێشبینیانەوە نەبوو كە گەيشتبوون بە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)، بەڵكو پەیوەست بوون بە كەسە گومڕا و هەڵگەڕاوەكانی بنەماڵەكەوە. بەڵام دوای ئەو كارەساتانەی كە تووشی بنەماڵەكە بوون خاتوو موحەممەدی بێگەم لەسەر شانۆی ڕووداوەكان وردە وردە دەركەوت، بەجۆرێك سەرەتای ئەم پێشبینییە ئەوە بوو كە چارەنووس ئەوەی خواست دایك و باوكی موحەممەدی بێگەم پێویستیان بە یارمەتی گەورەمان ئەحمەد بوو لە هەندێ كاروباری تایبەت بە موڵكەكانی ئەم بنەماڵەیەدا. بۆیە باوكی موحەممەدی بێگەم -میـرزا ئەحمەد بەگ- ڕۆیشت بۆ لای مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) و بەوپەری نەرمونیانی و خۆبەكەمزانیەوە تكای لێكرد تاوەكو یارمەتی بدات.

مەسیحی بەڵێندراو ئارەزووی هەبوو بۆ جێبەحێكردنی ئەم چاكەیەی كە ئەو پیاوە داوای كردبوو، وە پێی وت كە پاش ئيستيخارە (الاستخارة) وەڵامی دەداتەوە، هەروەك ئەمە نەریتی بەڕێـزی بوو لە هەموو كاروبارە گرنگەكاندا.

پاش ئەوە مەسیحی بەڵێندراو فەرمووی:

“بەهۆی پێداگری ئەوەوە ئیستیخارەم كرد، كە بۆنەیەك بوو خوای گەورە نیشانەی خۆی تێدا دەرخست.” (مجموعة الإعلانات، ج1 ص 157 إعلان 10/7/1888م)

مەسیحی بەڵێندراو بە میـرزا ئەحمەد بەگی گوت كە خوای گەورە فەرمانی پێكردووە ئامۆژگاری میـرزا ئەحمەد بەگ بكات بۆ دروستكردنی پەیوەندیەك لەگەڵ بەڕێزیدا بەوەی كچە گەورەكەی مارە بكات لێی، واتە موحەممەدی بێگەم، بۆئەوەی نوورانی بێت بە نوورەكەی ئەو. (سەرچاوەى پێشوو).

لەو كاتەدا مەسیحی بەڵێندراو لە 53يەمین ساڵی تەمەنیدا بووە و مێـردی خانمێكی پارێـزكار بووە كە دەگەڕێتەوە بۆ ڕەچەڵەكێكی جوامێـر، خاتوو نوسرەت جیهان بێگەم، لەنەوەی (نواب میـر دەرد) كە یەكێك بووە لە دۆستە ناسراوەكانی خوا لە دەلهی، لە هيندستان. وە ژیانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێش هێنانی ئەم خانمە ساڵی 1884ز ئەوە دووپات دەكاتەوە، بەجۆرێك هیچ بوارێك ناھێڵێتەوە بۆ گومان، كە پیاوێك بووە گوێی نەداوە بە خۆشیەكانی دنیا. ئەمەش لەو ڕاستیەوە دەردەكەوێت كە بەڕێـزی كاتی جیابوونەوەی لە خێـزانی یەكەمی: خاتوو حورمەت بی بی… هێشتا تەمەنی نەگەيشتبووە 21 ساڵ… وە دوای ئەوە 28 ساڵ مایەوە بەبێ ئەوەی جاری دووەم ژن بهێنێتەوە، بەڵكو بە پێچەوانەوە بەبێ خێـزان ژیا و گەنجێتی خۆی تەرخان كرد بۆ خزمەتی ئیسلام، وە تەنها بە هەوڵ و تێكۆشانە ئايينی و وێژەییەكانەوە خەریك بوو. لەبەرئەوە هەركەسێك تۆزقاڵێك هەستی ویژدان و دادگەری لەناخیدا هەبێت ناتوانێت هیچ حەزو ئارەزوویەكی دنیایی بداتەپاڵ مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەم قۆناغەی ژیانیدا.

بەبێ گوێدانە پڕوپاگەندەی نەيارەكانی… ئەو خۆی لائەدا لە هاوسەرگیـری موحەممەدی بێگەم، وە بە ئاشكرا و بێ ئەوەی مەرجی لەگەڵدا بێت ڕایگەیاند: ئەو پێویستی بەم هاوسەر گیـرییە نیە؛ چونكە خوای گەورە هەموو پێویستییەكانی بۆ دەستەبەر كردووە. (سەرچاوەى پێشوو، ڕاگەیاندنی 15/7/1888ز)

 لەڕاستیدا نوسراوێكی نووسی بۆ هاوەڵی دڵسۆزو نهێنی پارێـزی خۆی: مەولانا حەكیم نورەددین… كە لەو كاتەوەی ئەو ئیلهامە خواییەی پێگەیشتووە دەربارەی ئەم هاوسەرگیـریە، بە سروشتی خۆی ڕقی لێی دەبێتەوەو خۆزگە دەخوازێت كە چارەنووسی خوایی بوەستایە. وە بەڕاشكاوی دەربارەی ئەم دووەم هاوسەرگیـرییە دەفەرموێت: “بێگومان سووربووم لەسەر ئەوەی كە هەرچەند هەڵوێستەكە مەتـرسیدار بێت من حاشای لێبكەم مەگەر ناچاربم بۆ كردنی بەفەرمانێكی ڕاشكاو لەلایەن خوای گەورەوە؛ چونكە قورساییەكانی فرەژنی و بەرپرسیارێتییە نالەبارەكانی زۆر زۆرن. هەروەها چەندەها مەرجی تێدایە كە كەس ناتوانێت بەتەواوی جێبەجێیان بكات مەگەر كەسانێك كە خوای گەورە ئەركی هەڵگرتنی ئەو مەرجانە بخاتە سەرشانیان، ئەمەش بە چارەنووسێكی تایبەتی لەلایەن خۆیەوە دەبێت، وە بۆ مەبەستێكی تایبەتی، وە لەڕێگەی پەیوەندی و نیگایەكی تایبەتیشەوە دەبێت.” (رسالة بتاريخ 20/6/1886م)

جا ئەگەر نەيارەكانی مەسیحی بەڵێندراو بە عەقڵە ناتەواو و خەیاڵە نەخۆشەكەی خۆیان پێداگری دەكەن -سەرەڕای ئەم ڕاستیە چەسپاوانە- لەسەر سووكایەتی كردن بەم بەندە پارێـزگارە كە یەكێكە لە بەندە پاكەكانی خوای گەورە، وە گومان دەكەن لە نیازە پاك و خاوێنە پارێـزكاریەكانی ئەو… ئەوا مرۆڤ هیچی پێناكرێت جگە لە ئارامگرتن و دڵدانەوەی خۆی بەوەی كە مەزنتـرینی مرۆڤە خاوێن و خاوێنكەرەوەكان… گەورەمان موحەممەد خاتەمی پێغەمبەران (صلى الله عليه وسلم) ئەويش سەلامەت نەبووە لەم جۆرە تانەو تەشەرە پیس و چەپەڵانە. ئایا ئەوە نازانن كە داوێنپیسانی وەكو (فرۆید) لە ڕۆژئاوا بەردەوام و بۆ چەند سەدەیەكی درێژ گاڵتەو قەشمەرییان دەكرد بە پێغەمبەری خۆشەویستمان (صلى الله عليه وسلم) بەهۆی هاوسەرگیـریەكەی لەگەڵ خاتوو زەینەبی كچی جەحشدا (رضي الله عنها)… ژنی تەڵاقدراوی بەكوڕكراوی پێشووی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) گەورەمان زەید (رضي الله عنه)؟. ئایا حیكمەت و پێویستی لەڕادەبەدەر داخوازی ئەوە ناكەن، لای ئەو كەسانەی لە خوای گەورە دەتـرسن، كە بە وریایی و پێداگریەوە پشكنیـن لەو كاروبارانەدا بكەن كە پەیوەستن بە ژیانی ئەم كەسایەتیە پیـرۆزانەوە… كە ژیانیان پاكە لە هەر خەوشێك؟ یاخود ئەو كەسانەی كە نەنگی دروست دەكەن بۆ پێغەمبەرانی خوا پێیان باشە خۆیان بخەنە ڕیزی ئەو كەسانەوە كە دەربارەیان وتـراوە: گەوجەكان كوێرانە بەپەلە خۆیان دەخەنەناو ڕێگایەكەوە كە فریشتەكان دەترسن بچنەناوی.

وتمان خوای گەورە فەرمانی كرد بە مەسیحی بەڵێندراو كە باوكی موحەممەدی بێگەم، میـرزا ئەحمەد بەگ، ئاگادار بكات كە پەیوەندی دروست بكات لەگەڵیدا بۆ ئەوەی لە نوورەكەی ئەو وەربگرێت، بۆیە پێویست بوو لەسەر بەڕێزی كە گوێـڕایەڵی پەروەردگار خۆی بكات و ئامۆژگاری باوكی موحەممەدی بێگەم بكات. وە هەر ئەوەیشی كرد كاتێك پەیامی خوای گەورە و ناوەڕۆكەكەی پێـڕاگەیاند:

بێگومان خوای گەورە پێی گوتم كە مارەكردنی لە پیاوێكی تـر نە بەرەكەتی تێدایە بۆ ئەو نە بۆ تۆش. ئەگەر بەتوندی ڕێگری نەكەیت لەو مارەبڕینە ئەوا نەهامەتیەكان بەسەرتا دەبارێن، وە نەهامەتی كۆتایی بریتیە لە مردنت. وە لەدوای مارەبڕینەكەوە لەماوەی سێ ساڵدا دەمریت. بەڵكو مردنت نزیكەو كاتێك یەخەت پێدەگرێت تۆ لە بێئاگایانی. هەروەها مێردەكەی دەمرێت، ئەو كەسەی كە دەبێت بە هاوسەری، لە ماوەی دوو ساڵ و شەش مانگدا، ئەمە فەرمانێكە لەلایەن خواوە. چیت پێ دەكرێت بیكە، من بۆ تۆ یەكێكم لە ئامۆژگاران.” (مرآة كمالات الإسلام، الخزائن الروحانية، ج5 ص573)

وەك ئاشكرایە لە دەقی پێشبینییەكەوە كە پێشبینیی نەبووە دەربارەی هاوسەرگیری خۆی لەگەڵ خاتوو موحەممەدی بێگەمدا، بەڵكو وەكو هۆشداری و ئاگاداركردنەوەی كۆتایی وابووە بۆ میرزا ئەحمەد بەگ، وەك ئەوەی خوای گەورە پێی بفەرموێت دەرفەتی كۆتایی لەبەردەمتا ماوە بۆ تۆبەكردن كە بریتیە لە مارەكردنی كچەكەت لە میرزا غوڵام ئەحمەد (عليه السلام)، وە ئەگەر ئەم كارە نەكات ئەوا لە ماوەی سێ ساڵدا لەناودەچێت. وە لەم پێشبینییەدا قسەیەكی وەهای تێدا نیە كە بڵێت لەداهاتوودا میرزا غوڵام ئەحمەد (عليه السلام) ئەو ئافرەتە مارە دەكات، وە ئەگەر ئەمە نەهاتەدی ئەوا ئەو لەلایەن خواوە ڕەوانەنەكراوە. بەڵكو دەقی پێشبینییەكە ئاشكرایە كە ئاگاداركردنەوەیەك بووە بۆ باوكی کچەكە.

 هەروەك پێشبینییەكە ئەگەرى ئەوەی تێدا هەیە كە ئەم ئافرەتە شوو بكات بە پیاوێكی تر (خوای گەورە پێی ڕاگەیاندم كە مارەكردنی لە پیاوێكی تر بەرەكەتداری ناكات نە بۆ ئەو نە بۆ تۆ)، ئەگینا چۆن خوای گەورە هۆشداری دەدات له شتێك كە نەشێت ڕووبدات؟

ئەگەر كەسێك بڵێت ئایا تەنھا هاوسەرگیری لەگەڵ كچی دوژمنی خوا وەهای لێ دەكات كە بگەڕێتەوە بۆ لای پەروەردگاری؟

 وەڵامەكە: بەڵێ، ئەگەر فەرمانی هاوسەرگیرییەكە لەلایەن خواوە (سبحانه وتعالی) دەرچووبێت كە زانای نهێنییەكانە. بێگومان ئەمە لەڕاستیدا ڕوویدا بۆ پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) لە هاوسەرگیرییەكەیدا لەگەڵ خاتوو جوەیرییەی كچی حارسدا، ئەو ەبوو دوای سەركەوتنی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە غەزای (بني المصطلق)دا خاتوو جوەیرییەی كچی حارس بە دیل گیرا، پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) پێی وابوو كە هاوسەرگیری لەگەڵ ئەم خاتوونەدا بەرژەوەندییەكی گەورە بەدیدەهێنێت بۆ بانگەوازی ئیسلامی و لەداهاتوویەكی نزیكدا هەڵوێستی هۆزەكەی لە دوژمنایەتییەوە دەگۆڕیت بۆ دۆستایەتی و یارمەتییان دەدات بۆ هاتنەناو ئیسلام. لەڕاستیدا ئەمە ڕوویدا. ئەمە هەمان ئەو كارە بوو كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) وستی ئەنجامی بدات، والله أعلم.

ئایا میرزا ئەحمەد بەگ هیدایەتی قەبوڵ كرد؟

بەڵام بەداخەوە میـرزا ئەحمەد بەگ بەردەوام بوو لە سەر یاخیبوونەكەی، وە بەگاڵتەپێكردنەوە هەڵسوكەوتی كرد لەگەڵ ڕاوێژەكەی مەسیحی بەڵێندراودا، وە بەشێوەیەكی ئاشكرا هەموو هەوڵێكی خستەگەڕ بۆ گاڵتەكردن بە بەڕێزی. وە میـرزا ئەحمەد بەگ و خانەوادەكەی یەكیانگرت لەگەڵ بانگخوازە مەسیحیەكاندا و بەیەكەوە نامەكەی پێشووی مەسیحی بەڵێندراویان بڵاوكردەوە لە ڕۆژنامەیەكی مەسيحيدا. (جريدة “نور أفشان”، لدهيانه، 10/5/1888م) كە بووە هۆی ڕەخنەگەلێكی زۆر كە هێندەی سوكایەتی و بێڕێزی بوون بەرامبەر خودی ئیسلام ئەوەندە سووكایەتی و بێڕێزی نەبوون بەرامبەر مەسیحی بەڵێندراو. (جريدة “آريا بتريكا”، لاهور، 16/ 6/1888م)

ئا بەم شێوەیە بنەماڵەی ئەحمەد بەگ بوونە هۆی ورووژاندنی خەشم و قینی خوا لە خۆیان، وە دەستاڕی خەشم و قینی خوایی دەستی كرد بە سووڕانەوە و هاڕین. لە ئەڵقەی یەكەمی زنجیـرەی نەهامەتیەكاندا باوكی موحەممەدی بێگەم واتە میـرزا ئەحمەد بەگ لە تەموزی ساڵی 1890ز دا كوڕەكەی لەدەستدا كە ناوی میـرزا موحەممەد بەگ بوو. وە مەسیحی بەڵێندراو پرسە و سەرەخۆشی بۆ ناردن و هەستی ڕاستەقینە و دڵسۆزی خۆی دووپات كردەوە بۆ باوكی خەمبار بەم وتەیەی خوارەوە:

“پێدەچێت بێـزارو دڵتەنگ بیت لە من، بەڵام خوای زانا ئاگای لێیە كە دڵی ئەم بەندە خۆبەكەمزانە بەتەواوی پاك و بێگەردە و تكای خێـرت بۆ دەكەم لە هەموو كارێكدا.” (حیاة أحمد ص 245)

كاتێك میـرزا ئەحمەد بەگ پێداگری كرد لەسەر لووتبەرزیەكەی خۆی و كچەكەی كرد بە هاوسەری میـرزا سوڵتان موحەممەد، لە نیسانی ساڵی 1892ی زایینیدا نەنكی موحەممەدی بێگەم لەدایكیەوە بوو بە قوربانی پێشبینیەكە، ئەو ئافرەتەی كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە خەونیدا بینی و ئامۆژگاری كرد و پێیگوت: ئەی ئافرەتەكە تۆبە بكە تۆبە بكە هەڵبەت بەڵاو موسیبەت بە دواتەوەیە. هەروەها هەردوو خوشكەكەی میـرزا ئەحمەد بەگ، واتە باوكی موحەممەدی بێگەم، مردن. كەچی میـرزا ئەحمەد بەگ پەندی وەرنەگرت و دوای شەش مانگ لەو هاوسەرگیـریە شوومە لە ئەیلول ساڵی 1892ی زایینیدا بە نەخۆشی گرانەتا تیاچوو. (تاريخ الأحمدية، ج2)، بەمەش پێشبینی 10/7/1888ی زایینی هاتەدی كە تێیدا هاتووە: “وە لەدوای مارەبڕینەكەوە لەماوەی سێ ساڵدا دەمریت.” (مرآة كمالات الإسلام، الخزائن الروحانية ج 5 ص573)

وە ڕووداوە مێژوییەكان ئەوەیان تۆمار كردووە كە مردنی باوكی موحەممەدی بێگەم دوای هاوسەرگیـریەكەی بە ماوەیەكی كورت بەتەواوی هەموو خێـزانەكەی شڵەژاند، وە ئەم ڕووداوەش كاریگەریەكی توندی هەبوو لەسەر لایەنی دەروونییان بەجۆرێك ئەندامەكانی ئەم خێـزانە بە ئاشكرا دانیان بەوەدانا كە پێشبینیەكەی مەسیحی بەڵێندراو هاتەدی. (أنجام آتهم، الخزائن الروحانية ج 11 ص219)

بەدیھاتنی ڕێسای پێشبینیە مەرجدارەكە

هەروەها ڕووداوە مێژوییەكان ئەوەشیان تۆماركردووە كە خێـزانی میـرزا ئەحمەد بەگ دوای ئەوە ڕاوەستان لە شێوازی زمانپیسی دەربارەی خوای گەورە و پێغەمبەرەكەی واتە موحەممەدی هەڵبـژاردە (صلى الله عليه وسلم) و كتێبە مەزنەكەی واتە قورئانی پیـرۆز. لەڕاستیدا لەگەڵ بەدواییەكدا هاتنی ڕووداوەكان… وردە وردە ئەم خێـزانە وەرچەرخانەوە بەرەو ئیسلام وەك داواكردنێك بۆ دڵدانەوە، وە ئەندامەكانیشی هەوڵیاندا داوای چاوپۆشین و لێبوردن لە كردارە خراپەكانیان بكەن، بەڵكو تكایان كرد لە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كە داوا بكات لە خوای گەورە تا بە ڕەحمەتی فراوانی خۆی هەر سزایەكیان لەسەر هەڵبگرێت كە بڕیاردراوە بەمزوانە توشیان بێت، وە ئەو نەفرینەیان لەسەر لاببات كە بۆیان نووسراوە. ئەمەش ڕاستیەكە تەنانەت مەلا ثناء الله ئەمريتسەریش، كە دوژمنایەتیەكی سەختی هەبوو بەرامبەر مەسیحی بەڵێندراو، دانیپێداناوە. (إلهامات میـرزا ص69)

ئەو نەوەيەی كە نکۆڵی لە بوونی خوای گەورە دەكرد و جنێوی بە پێغەمبەرە بەڕێـزەكەی (صلى الله عليه وسلم) دەدا و سووكایەتی بە كتێبە مەزنەكەی دەكرد لەناكاو گەڕایەوە بۆ باوەشی ئیسلام لەسەر دەستی گەورەمان مەسیحی بەڵێندراودا. هەڵبەت ئەم كارەیان كرد؛ چونكە لەوە دڵنیا بوون كە پێشبینیەكەی بەڕێزی لەبارەی بنەماڵەكەیانەوە بەڕوونی هاتەدی. وە تاكە پشت وپەنایشیان بریتیە لە پەشیمان بوونەوەو تۆبەكردن و تكای لێخۆش بوون.

وە كۆمەڵێك لەو كەسە تۆبەكردوانەی كە چوونە ناو ئیسلامەوە و باوەڕیان كرد بە بانگەوازەكەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەمانە بوون:

خاتوو عمر النساء بێگەم بێوەژنەكەی میـرزا ئەحمەد بەگ كە دایكی موحەممەدی بێگەم بوو، وە عینایەت بێگەم و مەحمودە بێگەم و براكەیان میـرزا موحەممەد بەگ، هەروەها میـرزا ئیسحاق بەگ كوڕی موحەممەدی بێگەم، وە میـرزا ئەحمەد حەسەن زاوای میـرزا ئەحمەد بەگ، وە میـرزا گوڵ موحەممەد و خوشكەكەی كە هەردووكیان مناڵی بەجێماوی میـرزا نیـزامەددین بوون، وە حورمەت بی بی پوری موحەممەدی بێگەم و كچەكەی، وە تائی صاحبە و خورشید بێگەم. (تاريخ الأحمدية ج2)

لەبەر ڕۆشنایی ڕێوشوێنی بڕیاردراوی خوای گەورەدا كە لەپێشوودا لێی دواین… مرۆڤ چاوەڕوانی ئەوە دەكات لەم ساتەوەختەدا -كە خێـزانی موحەممەدی بێگەم ی نەیار دەستیان كردووە بە “تۆبە كردن و داوای لێخۆش بوون لە خوا”- خوای گەورە بە ڕەحمەتی فراوانی خۆی ئەو بڕیاری سزادانە كە دەرچووە لە دژیان هەڵوەشێنێتەوە… چونكە ئیتـر هۆكارێك نەماوە بۆ بەردەوامبوونی سزادانیان. ئەمە بەتەواوی ئەو كارە بوو كە خوای گەورە كردی هەروەك لە ڕووداوەكانی دواییدا دەردەكەوێت وەكو سەلماندنی ڕاستی ئەو بەڵێنەی خۆی: “ئەگەر تۆبەیان كردو كرداری چاكیان ئەنجامدا؛ ئەوا بەڕەحمەتی خۆم تۆبەیان لێ وەردەگرم، وە ئەو سزایە هەڵدەگرم لەسەریان كە ویستبوومان، وە ئەوەیان بۆ دادەبەزێنم كە خۆیان هەڵیدەبـژێـرن.” (أنجام آتهم، الخزائن الروحانیة ج11 ص211)

وە ئەگەر دوای ئەمە كەسێك گومان بكات و بڵێت خێـزانی موحەممەدی بێگەم شایستەی سزای زیاتـر بوون… ئەوا ئەم قسەیە لە لوتكەی گومڕاكردندایە. هەڵبەت دوای ئەوەی كە سزا دابەزیە سەر ئەم خێـزانە نەیارە، ئەوە ڕوون دەبێتەوە كە ئەوان دەستیان هەڵگرت لە دوژمنایەتی و داوای چاوپۆشینیان كرد. وە ئەم خێـزانە نیازچاكی خۆیان سەلماند كاتێك ئەندامەكانی بەدڵسۆزیەوە بەیعەتیاندا بەو كەسەی كە خوای گەورە وەك ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو ڕەوانەی كردبوو… واتە گەورەمان میـرزا غوڵام ئەحمەدی قادیانی (عليه السلام)، ئیتـر چۆن خوای گەورە سزای ئەم كەسانە دەدات لەكاتێكدا خۆی دەفەرموێت: ﴿عَذَابِي أُصِيبُ بِهِ مَنْ أَشَاءُ وَرَحْمَتِي وَسِعَتْ كُلَّ شَيْءٍ.. فَسَأَكْتُبُهَا لِلَّذِينَ يَتَّقُونَ﴾ واتە: “سزا و ئازارم دووچاری هەر کەسی دەکەم کە بمەوێ وە ڕەحمەتیشم هەموو شتێکی گرتۆتەوە.. جا لەدواییدا بەزەییم دەنووسم بۆ ئەوانەی پارێزکارن.” (الأعراف: 157)

ئایا خاوەنی ڕۆژی پەسڵان و پەروەردگاری ڕەحمەت و خەتاپۆش… مژدەی نەداوە بە سەرجەمی ئادەمیـزادەكان كە دەفەرموێت: ﴿فَمَنْ تَابَ مِنْ بَعْدِ ظُلْمِهِ وَأَصْلَحَ فَإِنَّ اللَّهَ يَتُوبُ عَلَيْهِ إِنَّ اللَّهَ غَفُورٌ رَحِيمٌ (*)﴾واتە: “جا هەركەسێ تۆبەی كرد دوای ستەمەكەی و كردەوەی چاكی ئەنجامدا و باش بوو ئەوا خوا تۆبەكەی لێ وەردەگرێت بەڕاستی خوا لێبوردە و دلۆڤانە.” (المائدة: 40)

سەیـر لەوەدایە ئەو خێـزانەی كە كاریگەربوون بەم پێشبینیە دانیاننا بە بەدیھاتنەكەیدا و گەڕانەوە بۆ لای مەسیحی بەڵێندراو… كەچی بەردەوام هەتا ئەمڕۆ ناحەزان بە پێچەوانەی ئەمەوە دەمەدەمێ و مشتومڕ دەكەن… لەسەر ئەو بنەمایەی كە موحەممەدی بێگەم شووی نەكرد بە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام). ئەوان نووساون بەم قسەیەوە سەرەڕای ئەوەی كە پێشبینیەكە ئەوەی بەدوور نەزانیوە كە ئەو ئافرەتە شوو بكات بە پیاوێكی تـر لە هەر قۆناغێكدا بێت، وە شووكردنی ئەو بە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) مەبەستی سەرەكی نەبوو لە پێشبینیەكە… بەڵكو بەپێچەوانەوە پێشبینیەكە هۆكارێكی پێشنیاركراوبوو بۆ هێنانەدی ئامانجی كۆتایی هەروەك پێشبینیەكە ڕوونیكردوەتەوە كە ئەویش گەڕانەوەی ملنەدەرێكی گومڕا بوو بۆ هیدایەت… ئەمەش بەتەواوی چەسپاوە لە دەقی ئەو پێشبینیانەی كە دژی ئەم خێـزانە لێكتـرازاوە كراون. (مرآة كمالات الإسلام، الخزائن الروحانیة ج5 ص566و574)

هەر كە ئامانجی كۆتایی هاتەدی بە تۆبەكردنی ئەم خێـزانە و دەستبەجێ باوەڕهێنانیان بە ئايينی ئیسلام پاش مەرگی ئەحمەد بەگ… دادگەریی خوایی ئەوەی خواست كە بەشى دووەمی پێشبینیەكە بێتەدی -واتە لێبوردن‌ كە پەیوەست بووە بەو مەرجەی ئەم خێـزانە لاسارە تۆبە بكەن- خوایش بە ڕەحمەت و لێبوردەیی تۆبەیان لێ وەردەگرێت. كەواتە لێخۆشبوونی خوا لە میـرزا سوڵتان موحەممەد و موحەممەدی بێگەم… لەڕاستیدا بەڵگەیەكی زیادەیە لەسەر هاتنەدی پێشبینیەكە بە گشتی، وە هیچ بەدرۆخستنەوەیەكی تێدا نیە بۆ ئەم پێشبینیە.

ڕەنگە نەيارەكانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) وازنەهێنن لە نکۆڵی كردن لە هاتنەدی ئەم پێشبینیە، بەڵام تۆمارە مێژووییەكان ئەوە دەردەخەن كە خودی ئەو خێـزانەی بڕیاربوو زەبروزەنگی تووڕەبوونی خوایی بچێژن بەتەواوی باوەڕیان بەوە هێنا كە پێشبینیەكەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەربارەی ئەوان تامەودای خۆی هاتەدی بە گوێـرەی خواستی خوای گەورە. ئەوەتا میـرزا ئیسحاق بەگ كوڕی موحەممەدی بێگەم دانی نا بەوەدا كە باپیـرەی سەرەنجامێكی خراپی هەبوو، وە دەڵێت:

میـرزا ئەحمەد بەگی باپیـرەم بەهۆی پێشبینیەكەوە مرد، وە هەموو خێـزانەكەی تووشی تـرسان بوون پاشان خۆیان چاككرد، وە بەڵگەی یەكلاكەرەوەش لەسەر ئەمەش ئەوەیە كە زۆربەی خێـزانەكە هاتنە ناو ئەحمەدیەتەوە.” (جریدة “الفضل” 26/2/1923م)

دەی ئایا نەيارەكانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بانگەشەی ئەوە دەكەن كە ئەوان چاكتـر دەزانن لە هاتنەدی پێشبینیەكە لەو كەسانەی كە لە خودی ئەو خێـزانە بوون و هەموو قۆناغەكانی پێشبینیەكەیان بەچاوی خۆیان بینیوە؟ هەڵبەت میـرزا سوڵتان موحەممەدی مێـردی موحەممەدی بێگەم بەڵگەیەكی چاكی پێشكەش كرد لەسەر هەڵوێستی خۆی دەربارەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەڕێگەی ئەو نامەیەی خۆیەوە كە لەو كاتەدا بڵاویكردەوە، ئەمەش دەقەكەیەتی:

وەرگێـڕانی نامەكە: “هەڵبەت من پێشتـرو هەتا ئێستایش پێموایە كە بەڕێـز میـرزا كەسێكی پیاوچاك و مەزن و خزمەتكاری ئیسلام بووە، وە كەسێكی شەریف بووە، وە هەمیشە لە یادكردنی خوای گەورەدا بووە، وە هیچ دوژمنایەتیكم لە دەروونمدا حەشارنەداوە بۆ شوێنكەوتوانی، وە زۆر بەداخەوەم -لەبەر هۆكارگەلێكی دیاریكراو- شەرەفی دیدەنی كردنیم دەست نەكەوت لە ژیانیدا.” (تشحیذ الأذهان، ماییس 1913م)

ئەم شایەتیە تۆماركراوە پارێـزراوە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە میـرزا سوڵتان موحەممەد لە دڵەوە باوەڕی بەوە هەبووە كە پێشبینیەكەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هاتووەتەدی بەو ئەندازەیەی كە خوای گەورە ویستویەتی. لەڕاستیدا میـرزا سوڵتان موحەممەد لە وتەیەكی خۆیدا، كە درێژەی وتەكەی لە ژیانی خۆیدا بڵاوكرایەوە، بەڕاشكاوی دەڵێت: “كاتی پێشبینیەكە ئاریای هيندۆس بە هۆی لیكهڕام و مەسیحیەكان بەهۆی ئاتھەمەوە (ئەم دووانە تیاچوون بەهۆی موباهەلەكردن لەگەڵ گەورەمان ئیمامى مەهدی و مەسیحی بەڵێندراودا -سڵاوی خوای لێ بێت-) بڕی سەد هەزار ڕوپیەیان خستە بەردەمم بۆ ئەوەی داوایەكی یاسایی بەرزبكەمەوە دژی بەڕێـز میـرزا. وە ئەگەر من ئەو بڕەم قەبوڵ بكردایە ئەوا دەوڵەمەند دەبووم.. بەڵام باوەڕی مەزنم بە بەڕێـزی نەیھێشت بچمە پێش بۆ كردنی ئەم كارە.” (جریدة “الفضل” تاريخ 9/6/1921م)

بێگومان ئەو دەربڕینە ڕاشكاوەی میـرزا سوڵتان موحەممەد كە بڵاوكراوەتەوە لە ستوونی ڕۆژنامەی (الفضل)دا بەڵگەيە لەسەر ئەوەی كە ئەو بەتەواوی لەدڵەوە باوەڕی بەڕاستگۆیی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) و بانگەوازەكەی هەبووە، كە ئەمەش ڕاستییەكە ئەم ڕاگەیاندنەی خۆی دووپاتی دەكاتەوە: “بەبێ پاشگەزبوونەوە ڕایدەگەیەنم كە من باوەڕێكی چەسپاوم هەیە بە بەڕێـز گەورەمان میـرزا… كە ڕەنگە‌ ئێوەی شوێنكەوتوانی نەتوانن بانگەشەی ئەو باوەڕە بكەن.” (سەرچاوەى پێشوو)

هەرچی چۆنێك بێت میـرزا سوڵتان موحەممەد تاكە كەس نەبوو باوەڕی وابێت كە پێشبینیەكەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەبارەی خێـزانی موحەممەدی بێگەمەوە هاتووەتەدی بەو ناوەڕۆكەی كە خوای گەورە تەقديرى كردووە، بەڵكو مەولەوی موحەممەد حوسەین بەتالەیی… گەورەی كۆمەڵی ئەهلی فەرموودە لە هیندستان… كە زۆربەی نەيارەكانی ئەحمەدیەت ڕێـزی لێ دەگرن و نەيارێكی سەرسەختی گەورەمان میرزا غوڵام ئەحمەد بووە… خودی خۆی ئاگاداری مەسەلەی ناكۆكی نێوان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) و خێـزانی موحەممەدی بێگەم بووە. وە بەباشی ئاگاداری بابەتی ئەم پێشبینیەی لە دژی ئەم بنەماڵەیە. وە سەرەڕای ئەوەی كە شێواندن و زڕاندنی ناوبانگی مەسیحی بەڵێندراوی (عليه السلام) بە ئەركێكی گەورە دادەنا كە خۆی بۆ تەرخان كردبوو.. بەڵام مەولەوی موحەممەد حوسەین بەتالەیی مەرگی سووك و ڕسوای میـرزا موحەممەد بەگی بەچاوی خۆی بینی و بەڕاشكاوی گوتی:

لەگەڵ ئەوەی پێشبینیەكە هاتەدی… بەڵام ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ زانستی ئەستێـرەناسی.“!! (گۆڤاری “إشاعة السنة” بەرگی پێنجەم)