بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

دووەم: حەقیقەتی موباهەلە لەگەڵ مەولەوی ثناء الله ى ئەمریتسەریدا

پوختەی بابەتەكە:

سەرەتا لەساڵی 1897ز دا مەولەوی ئەمریتسەری لەگەڵ ژمارەیەك پیاوی ئایینیدا لەلایەن مەسیحی بەڵێندراوەوە (علیه السلام) بانگكرا بۆ موباهەلە، بەڵام ئەو وەڵامی نەدایەوە و لێی هەڵهات، پاشان دوای پێنج ساڵ لەژێر فشاری هاوپیشەكانیدا بەناچاری قەبوڵكردنی موباهەلەكەی ڕایگەیاند، ئەوە بوو كاتێك مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) قەبوڵی كرد جارێكی تر لە موباهەلەكە هەڵهات. پاشان كاتێك بینی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) لەساڵی 1905ى زایینیەوە چەندین جار پێشبینی كرد دەربارەی نزیكبوونەوەی مردنی خۆی، ئەمریتسەری ئەم دەرفەتەی قۆستەوە و لەساڵی 1907ز دا جارێكی تر ڕایگەیاند كە دەیەوێت زۆرانبازی بكات، بەڵام بەشێوازێكی فێڵبازانە و دەیویست نزا بكات لە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) بەڵام مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) لەلایەن خۆیەوە نزای لێ نەكات! لەمەدا ئامانجی ئەوە بوو سوود وەربگرێت لە مردنی نزیكی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) كە خۆی پێشبینی كردبوو.

لەبەرامبەر ئەم فێڵەدا مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) لە ڕاگەیاندێكدا لە ڕێككەوتی 15/4/1907ز دا ڕەشنووسی موباهەلەیەكی بۆ نارد و ناوینا “حوكمی كۆتایی” _هەروەك ئەمە نەریتی بەڕێزی بوو لە ناونانی موباهەلەكاندا_ و ئەم ڕەشنووسە نزایەكی لەخۆگرتبوو بۆ مردنی درۆزن لە ژیانی ڕاستگۆدا بۆ ئەوەی مەولەوی ئەمریتسەری لەلایەن خۆیەوە پەسەندی بكات و پێی ڕازی بێت و چ شتێكی دەوێت زیادی بكات و پاشان لە ڕۆژنامەكەیدا بڵاویبكاتەوە، وە بەرێزی (علیه السلام) دووپاتی كردەوە كە ئەمە نزایە نەك پێشبینی. ئەوە بوو ئەمریتسەری ئەم پێشنیارەیشی ڕەتكردەوە و لێی تۆقی و دەستی كرد بە هێنانەوەی پاساو بۆ ڕەتكردنەوەكەی بەوەی گوتی سوننەتی خوا وەهایە جڵەو شل دەكات بۆ درۆزنان و تەمەنێكی درێژیان پێ دەدات تاكو دوای ڕاستگۆیان بژین بۆ ئەوەی تاوانیان زیاتر بێت، وە گوتی بێگومان موسویلەمە دوای پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مرد! لەمەدا خۆی گێل كرد لەو ڕاستیەی كە مردنی درۆزن لەژیانی ڕاستگۆدا تەنھا لە موباهەلەدا دەبێت و شتێكی گشتی نیە. بۆیە كاتێك ڕازی نەبوو لەسەر نزای ئەم موباهەلەیە ئیتر موباهەلەكە نەبەسترا و بەمەش مردن یان ژیانی هەر یەكێكیان پەیوەندی نەمایەوە بەم نزایەوە.

وە بەهۆی ئەوەی ثناء الله ئەم موباهەلەیەی ڕەتكردەوە و نەكەوتە ژێر بارەكەی ئەوە بوو لە 6/6 مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) بانگەوازێكی گشتی كرد بۆ موباهەلەكردن سەبارەت بە نیشانەی تاعوون، وە ئەم بانگەوازە ئاراستەی پیاوانی ئایینی نەیاریش كرابوو، وە بەڕێزی لە 11/7دا سەرلەنوێ ئەم داوایەی كردەوە، واتە نزیكەی دوو سێ مانگ دوای بانگەوازی یەكەم، وە لەم بانگەوازەدا بەتایبەتی ناوی ئەمریتسەری هێنا و بانگی كرد، بەڵام ئەمریتسەری وەك نەریتی خۆی سەرلەنوێ هەڵهات و ڕایكرد، وە بە ڕاكردن و هەڵهاتنی یەك لەدوای یەك و خۆدزینەوەی لە موباهەلەكان ئەوەی دووپات كردەوە كە ترساوە و تۆقیوە لە سەرەنجامی موباهەلە، بەم شێوەیە بەڕەتكردنەوەی یەك لەدوای یەكی بانگەوازەكانی موباهەلە تووشی سزای باسكراو نەبوو لەم بانگەوازانەدا، بەڵام ثناء الله مرد بەگوێرەی ئەو پێوەرەی خۆی پێشكەشی كرد بە باسكردنی نموونەكان بەوەی درۆزن دەژی و پاشان دوای مردنی ڕاستگۆ دەمرێت، بەگوێرەی ئەم پێوەرە مەولەوی ئەمریتسەری دوای كۆچی دوایی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) ژیا و دواتر مرد پاش بینینی گەشە و پێشكەوتنی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی!

ڕەخنە

مەسیحی بەڵێندراو بانگی پیاوانی ئایینی كرد بۆ موباهەلە لەناویاندا “ثناء الله”ی ئەمریتسەری

ثناء الله ئەمریتسەری خۆی گێل كرد لە بانگەوازی موباهەلەكە و پاشان دەشتپێشخەری كرد بە بانگەوازی موباهەلە و دەستبەجێ بەڕێزی (علیه السلام) قەبوڵی كرد

پاشگەزبوونەوەی ئەمریتسەری لە قەبوڵكردنی تەحەدداكە

ئەمریتسەری سەرلەنوێ تەحەددا دەكات و مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) تەحەدداكەی قەبوڵ دەكات

جارێكی تر ئەمریتسەری خۆی دەدزێتەوە

حوكمی كۆتایی

بەڵگەكان لەسەر ڕەتكردنەوەی ئەمریتسەری بۆ چوونەناو ئەم حوكمەی كۆتاییەوە بە هێنانەوەی كۆمەڵێك پاساوی پووچ و لاواز

سروشتی “حوكمی كۆتایی”

چەسپاندنی ئەوەی كە ڕاگەیاندنی “حوكمی كۆتایی” ڕەشنووسی موباهەلە بووە

وەڵامدانەوەی گەورەمان خەلیفەی دووەم (رضي الله عنه)

تەحەدداكەی تەواو نەبوو بۆیە نزاكە بە نزایەكی كاریگەر نەمایەوە

سەرەنجامی ئەمریتسەری و سزاكەی بەگوێرەی پێوەرەكەی خۆی

ڕەخنە نوێیەكان لەسەر ئەم پرسە و وەڵامدانەوەیان

ڕەخنە: ناحەزان بانگەشەی ئەوە دەكەن كە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) لە ڕاگەیاندنی 15 ئەپریلی ساڵی 1907ز دا تاك لایەنە موباهەلەی كردووە بەرامبەر ثناء الله ئەمریتسەری و نزای كردووە كە خوا درۆزن لەناوببات لەژیانی ڕاستگۆدا، ئەوە بوو چەند مانگێكی كەم تێنەپەڕی بەسەر نزاكەیدا هەتا لەناوچوو، وە بەمردنەكەی شایەتیدا لەسەر درۆزنی خۆی.

وەڵام: مەولەوی ثناء الله ئەمریتسەری سەرنووسەرێكی یاریدەدەر بوو لە هەفتەنامەی “أهل الحدیث”، وە نەیارێكی سەرسەختی مەسیحی بەڵێندراو بوو (علیه السلام)، وەكو زۆرێك لە پیاوە ئایینیە دەمارگیرە هاوچەرخەكان، نەیدەهێشت هیچ دەرفەتێك لەدەستی دەرچێت بۆ جنێوپێدانی.

مەسیحی بەڵێندراو پیاوانی ئایینی بانگ كرد بۆ موباهەلە لەناویشیاندا “ثناء الله”ى ئەمریتسەری

لەساڵی 1897ی زایینیدا گەورەمان مەسیحی به‌ڵێندراو (عليه السلام) كتێبی (ئەنجامى ئاتهەم)ی نووسی و تێیدا ڕووی كردە هەندێ لە پیاوانی ئایینی دەمارگیر لە هیندستان كە ناوی (بانگەشەكاری درۆزن)یان بڕیبوو بەسەریدا، وە تەحەددای كردن بۆ چوونەناو موباهەلەوە، وە ناوی مەولەوی ثناء الله ئەمریتسەری لەناو ئەو لیستەدا بوو كە ناوی ئەم مەلا دەمارگیرانەی لەخۆدەگرت. مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) لەو كاتەدا تەمەنی گەيشتبووە 62 ساڵ، لەكاتێكدا مەولەوی ثناء الله گەنجێك بوو تەمەنی تەنھا 29 ساڵ بوو.

ثناء الله خۆی گێل كرد لە بانگەوازی موباهەلەكە پاشان دەستپێشخەری كرد بە بانگەوازی موباهەلە و مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) دەستبەجێ قەبوڵی كرد

مەولەوی ثناء الله ئەمریتسەری بۆ ماوەی 5 ساڵ خۆی كەڕ كرد لەو بانگەوازەی كە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) ئاراستەی كردبوو، بەڵام لە ساڵی 1902ز دا _ڕەنگە لەژێر فشاری هەندێ لە هاوپیشەكانیدا بوو بێت_ دەسپێشخەری كرد و تەحەددای مەسیحی بەڵێندراوی كرد بۆ موباهەلە كردن. وە هەر كە بەڕێزی (علیه السلام) ڕاگەیاندنەكەی مەولەوی ئەمریتسەری پێگەیشت دەستبەجێ بڵاویكردەوە هاوپێچ لەگەڵ قەبوڵكردنی ئەوەی كە لەم ڕاگەیاندنەدا خراوه‌ته‌ڕوو له‌لایه‌ن مه‌وله‌وی ئه‌مریتسەریه‌وه‌، و تێیدا بەڕاشكاوی فەرمووی:

“هەڵبەت ڕاگەیاندنەكەی مەولەوی ثناء الله ئەمریتسەریم بەجوانی خوێندەوە كە تێیدا بانگەشەی ئەوەی كردووە حەزێكی دڵسۆزانەی پوختی هەیە لەوەی هەریەك لە ئێمە بپاڕێتەوە كە درۆزنەكەمان لەژیانی ئەوی تردا بمرێت”. (إعجاز أحمدي، ص14، الخزائن الروحانیة ج19 ص121)

پاشگەزبوونەوەی ئەمریتسەری لە قەبوڵكردنی تەحەدداكە

مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) سروشتی لەرزۆك و ناجێگری مەولەوی ئەمریتسەری دەناسی بۆیە بەڕاشكاوی ئەوەی ڕاگەیاند كە ئەمریتسەری پێشنیارێكی چاكی پێشكەش كردووە، وە هیوادارین بە بەردەوامی دەستی پێوە بگرێت. (سەرچاوەی پێشوو). پاشان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەسەری دەڕوات و دەفەرموێت: “ئەگەر مەلا ثناء الله ڕاستگۆیە لە تەحەدداكەیدا بەوەی كە درۆزنەكە پێش ڕاستگۆكە لەناودەچێت؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە یەكەمجار ثناء الله دەمرێت”. (مجموعة الإعلانات، ج3 ص578)

ئا لەم كاتەدا ثناء الله ئەمریتسەری بەپەلە دەستی كرد بە پاشەكشەكردن بە بەهانەی ئەوەی وەکو خۆی دەڵێت: “من پێغەمبەر نیم و وەكو تۆ بانگەشەی پێغەمبەرایەتی و فروستادەیی یان كوڕایەتی خوا یان پێگەيشتنی وەحی ناكەم، لەبەرئەوە ناوێرم بچمەناو ئەم جۆرە مەیدانەی جەنگەوە. دیارە پێشنیارەكەت ئەوە دەگەیەنێت كە ئەگەر من مردم پێش تۆ؛ ئەوا وەكو بەڵگەیەك ڕایدەگەیەنیت لەسەر ڕاستگۆیی خۆت، وە ئەگەر تۆیش پێش من مردیت _كە ئەمە ڕزگاربوونێكی چاكە_ كێ هەیە بێت بۆ ناوگۆڕەكەت و لێپرسینەوەت لەگەڵدا بكات؟ ئەمەیە هۆكاری خستنەڕووی ئەم پێشنیارە لاوازەت. بەڵام من بەداخەوەم كە ناوێرم ئەم كارە بكەم، وە ئەم ترسنۆكیەشم سەرچاوەی شەرەفە بۆ من نەك ڕسوابوون”. (إلهامات المیرزا، ص112)

ئا بەم شێوەیە ئەمریتسەری پاشەكشەی كرد لەوەی بەردەوام بێت لەو موباهەلەيەی كە خۆی وروژاندبووی، لەدوای ئەمە ئیتر ئەو موباهەلەی كە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) لە كتێبی (إعجاز أحمدي)دا قەبوڵی كردبوو.. بوو بە شتێكی ناپەیوەندیدار و بێ كاریگەر.

ئەمریتسەری سەرلەنوێ تەحەددا دەكات و مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) تەحەدداكەی قەبوڵ دەكات

هەڵبەت پاشەكشەكەی ئەمریتسەری لە تەحەدداكەی بوو بە سەرچاوەی خەجاڵەتی بۆ هاوڕێكانی، وە ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بوویەوە لەلایەن ئەوانەوە، ئەمەش هانیدا ساڵی 1907ز _واتە پاش پێنج ساڵی تر بە سوودوەرگرتن لەو ژمارە زۆرەی پێشبینیەكان كە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) ڕایگەیاندبوون دەربارەی نزیكبوونەوەی مردنی_ تەحەددایەكی تازە دەربكات تێیدا بانگی ئەندامەكانی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی كرد و لەگەڵیشیاندا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كە بێنە پێشەوە و گوتی: “ئەو كەسەی تەحەددای ئێمەی كرد بۆ موباهەلە لە كتێبەكەی خۆی (ئەنجامى ئاتهەم)دا ناچاری بكەن لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەم؛ چونكە ئەگەر پرسەكە یەكلایی نەبێتەوە لەگەڵ پێغەمبەردا، ناكرێت بەس بێت بۆ هەموو ئوممەت”. (جریدة “أهل الحدیث” 29/3/1907ز لا10 و 19/4/1907ز لا1 و 2)

كاتێك مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) تەحەددای كۆتایی “ثناء الله”ی خوێندەوە، نووسی بۆ سەرنووسەری ڕۆژنامەی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی (بەدر) كه‌ ڕایبگەیەنێت:

“با ثناء الله ئەمریتسەری دڵخۆش بێت بەوەی گەورەمان میرزای بەڕێز تەحەدداكەی قەبوڵ كردووە. بۆیە پێویستە لەسەری بەجددی ئەوە ڕابگەیەنێت كە بەڕێز ئەحمەد درۆزن  و ساختەچیە لە بانگەشەكەیدا، پاشان با ثناء الله بپاڕێتەوە كە ئەگەر لە قسەكەیدا درۆدەكات ئەوا با نەفرینی خوا دابەزێتەسەر كه‌سی درۆزن”. (جریدة “بدر” ڕۆژی 4/4/1907ز)

خۆدزینەوەی ئەمریتسەری جارێكی تر

بەڵام ئەمریتسەری جارێكی تر پاشگەزبوویەوە لە هەڵوێستی خۆی و ڕووی كردە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) و بەئاشكرا ڕایگەیاند: “بێگومان من تەحەددای تۆم نەكرد بۆ موباهەلە، بەڵكو ئامادەیی خۆمم ڕاگەیاند بۆ سوێند خواردن، كەچی تۆ ناوتنا موباهەلە، لەكاتێكدا موباهەلە ئەوە لەخۆی دەگرێت كە هەردوو لايەنەكە دژی یەك سوێندبخۆن. هەڵبەت من ئامادەیی خۆمم ڕاگەیاند بۆ سوێندخواردن و موباهەلەم دەستپێنەكرد… دیارە سوێندخواردن لەیەك لایەنەوە شتێكە و موباهەلەیش شتێكی تر”. (جریدة “أهل الحدیث” ڕۆژی 19/4/1907ز)

ئاشكرایە ئەم پێشنیارەی مەولەوی ئەمریتسەری واتای ئەوەیە كە نەیویستووە لەلایەن مەسیحی بەڵێندراوەوە دوعای دابەزاندنی نەفرین بكرێت بۆسەری، لەكاتێكدا ئەو خۆی تاك لایەنە ئامادەیە داوای دابەزاندنی نەفرین بكات لە خوا بۆسەر مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)! واتە بەكورتی پیلانەكەی ئەوە بوو كە سوود وەربگرێت لە مردنی نزیكی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) _كە خۆی (علیه السلام) پێشبینی كردبوو_  بۆ ئەوەی بڵێت ئەم مردنە بەهۆی نزای منەوە بووە، لەكاتێكدا دەترسا موباهەلە بكات یان مەسیحی بەڵێندراو نزای لێ بكات و پێش بەڕێزی (علیه السلام) بمرێت.

لەڕاستیدا ئەمریتسەری بەم پاشەكشێیەی خۆی جارێكی تر بەڵگەیەكی دا بەدەستەوە لەسەر ئەوەی كە ئەو فرتوفێڵ دەكات، بەڵكو بەڵگەیەكی دا بەدەستەوە لەسەر ئەوەی كە دەترسێت تووشی سزا و لەناچوون بێت كاتێك سەرەنجامی ئەو كەسانەی بینی بوو كە بەڕێزی (علیه السلام) پێشتر موباهەلەی لەگەڵدا كرد بوون. لەگەڵ ئەوەی بەشێوەیەكی ڕوون و ئاشكرا خۆی داوای كردبوو لە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) كە ڕووبەڕووى يەكتر ببنەوە. بەڵام وا دیارە ڕووبەڕووبوونەوە لای ئەمريتسەرى تەنها ئەوەیە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) قەبوڵی بكات كە ئەمریتسەری تەنھا لەلایەن خۆیەوە نزا بكات.

حوكمی كۆتایی

كاتێك مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) تێبینی ئەوەی كرد كە مەولەوی ئەمریتسەری ئامادە نیە هەڵوێستێكی دیاریكراو وەربگرێت لەم ناكۆكیەدا و فێڵ دەكات، بەڕێزی لەڕۆژی 15/4/1907ی زاینیدا لێدوانێكیدا و تێیدا ئەم پاڕانەوەیە هاتووە:

“ئەگەر من درۆزن بوختانچی بم وەك زۆربەی كات لە ڕۆژنامەكەتدا باسم دەكەیت ئەوا لەژیانی تۆدا لەناودەچم؛ چونكە من دەزانم كە تەمەنی خراپەكار و درۆزن زۆر درێژە ناكێشێت و لەكۆتاییدا بەنائومێدی و خەسارەتمەندی و سووكی و ڕسوایی لەناودەچێت لەژیانی سەرسەختترین دوژمنیدا، وە دیارە لە تیاچوونەكەیدا خێر هەیە بۆ ئەوەی بەندەكانی خوا گومڕا و سەرلێشێواو نەبن. بەڵام ئەگەر درۆزن و بوختانچی نەبم و شادبووبم بە قسە و ئاخاوتنی خوا و مەسیحی بەڵێندراو بم؛ ئەوا هیوادارم لە فەزڵی خوا تۆ بێوەی نەبیت لە سزای بێباوەڕان بەگوێرەی سوننەتی خوا. جا ئەگەر لەژیانمدا تووشی سزایەك نەبيت كە بەدەستی مرۆڤ نەبێت بەڵكو بەدەستی خوای گەورە بێت وەك تاعوون، یان كۆلێرا یان شتێكی لەم بابەتە ئەوا من لەلایەن خوای گەورەوە ڕەوانە نەكراوم. ئەمە پێشبینیەك نیە بەگوێرەی ئیلهامێك یان وەحییەك، بەڵكو داوای بڕیام لەخوا كرد تەنھا بەشێوەی نزا. وە لەخوای گەورە دەپاڕێمەوە كە ئەی پەروەردگاری خاوەندار و بینا و بەتوانا و شارەزام كە دەزانیت چی لەدڵمدا هەیە ئەگەر بانگەشەكەم بەوەی مەسیحی بەڵێندراوم تەنھا درۆیەكی هەڵبەستراوە لەلایەن خۆمەوە و من كەسێكی خراپەكار و درۆزنم لەدیدی تۆدا و درۆهەڵبەستن كاری ڕۆژ و شەومە، ئەوا ئەی خاوەن و خۆشەویستم بەوپەڕی خۆبەكەمزانینەوە لێت دەپاڕێمەوە لەژیانى شێخ ثناء الله دا من لەناوببە، وە بەمردنم خۆی و كۆمەڵەكەی دڵخۆش بكە، ئامین. بەڵام ئەی پەروەردگاری كامڵ و ڕاستگۆم ئەگەر شێخ ثناء الله لەسەر حەق نیە لەو تۆمەتانەی ئاراستەی منیان دەكات؛ ئەوا بەوپەڕی خۆبەكەمزانینیەوە لێت دەپاڕێمەوە كە لەژیانی مندا لەناوی ببە، بەڵام نەك بەدەستی مرۆڤ بەڵكو بە تاعوون یان كۆلێرا یان بە نەخۆشیەكانی تر، مەگەر بەشێوەیەكی ئاشكرا لەبەردەم من و كۆمەڵەكەمدا تۆبە بكات لەو هەموو جنێو و زماندرێژیانەی كە بەهۆیانەوە ئازاری داوم و پێی وابووە پێگەكەی پێویستی كردوون لەسەری، آمین یا رب العالمین”. (الحكم الأخیر في الخلاف مع مولوي ثناء الله الأمرتسري، مجموعة الإعلانات ج 3 ص579)

ئەم ڕاگەیاندنە ڕەوانەكرا بۆ مەولەوی ئەمریتسەری لەگەڵ داوایەك بۆ بڵاوكردنەوەی لە ڕۆژنامەكەیدا (أهل الحدیث)، وە ئەم ڕاگەیاندنە كۆتایی هاتبوو بە لێدوانێكی مەسیحی بەڵێندراو كە تێیدا دەفەرموێت:

“لە كۆتاییدا دەخوازم لە مەولەوی ثناء الله كە ئەم لێدوانە ڕاشكاوەم بڵاوبكاتەوە لە ڕۆژنامەكەی خۆی (أهل الحدیث)دا، وە لەكۆتاییەكەیدا بەو شێوەیەی خۆی دەیەوێت لێدوان بدات، وە حوكمەكە بەجێبهێڵێت بۆ خوای گه‌وره‌”. (سەرچاوەی پێشوو)

بەڵام ئەمریتسەری ڕەتیكردەوە كە ئەم ڕاگەیاندنە قەبوڵ بكات كە لەڕاستیدا نزایەكی مەرجدارە بەوەی قەبوڵی بكات و بڵاوی بكاتەوە و لێدوانی لەسەر بدات، ثناء الله وەك نەریتی خۆی دەستی كرد بە فرتوفێل و هەڵهاتن، ئەوە بوو ئاگادارییەكەی مەسیحی بەڵێندراوی (علیه السلام) بڵاوكردەوە لە ڕۆژنامەكەیدا و لێدوانی دا كە ڕەتیدەكاتەوە، بەمەش موباهەلەكە بەڕاوەستاوی و كارپێكراوی نەمایەوە.

كۆمەڵێك بەڵگە لەسەر ڕەتكردنەوەی ئەمریتسەری بۆ چوونەناو ئەم حوكمەی كۆتاییەوە بە هێنانەوەی كۆمەڵێك بیانووی لاواز

ئەمریتسەری وەڵامی ئەم ڕاگەیاندنەی مەسیحی بەڵێندراوی (علیه السلام) دایەوە لە هەفتەنامەی “اهل الحدیث”دا، ڕۆژی 26/4/1907ز، ئەمەش وێنەكەیەتی:

بێگومان ئەمریتسەری لەم نزایە هەڵهات كە بەڕەشنووسی موباهەلەكە لەقەڵەم دەدرا و گوتی: بێگومان ئەم بریارە هەگیز سوودبەخش نیە بۆی و قەبوڵكراو نیە لەلای، بەجۆرێك گوتی:

1- “ئەم بەڵگەنامەیە لای من قەبوڵكراو نیە، وە هیچ مرۆڤێكی ژیر ڕێككەوتن لەسەر ئەم جۆرە تەحەددایە قەبوڵ ناكات”. (جریدة “أهل الحدیث”، لیوم 26/4/1907م)

2- مەولەوی ئەمریتسەری تەنھا بە ڕەتكردنەوەی تەحەدداكەی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) بۆی و بەشداریكردن لە نزاكەدا وازی نەهێنا، بەڵكو ترسی لە ئاكامەكانی دوعاكەی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) گەیاندیە ئەو دۆخەی كە سكاڵا بكات و ناڕەزایی دەرببڕێت كە ناكرێت  وەك لایەنێك بێتەناو ئەم جۆرە تەحەددایەوە و گوتی:

“ناكرێت وەك لایەنێك بچمەناو ئەم تەحەددایەوە؛ چونكە ڕەزامەندی من وەرنەگيراوە لەسەر ئەم نزایە، وە بەبێ ئاگاداری من بڵاوكراوەتەوە”. (سەرچاوەی پێشوو)

3- بێگومان ئەمریتسەری ترسابوو لەوەی كە ئەگەر بوێرێت ململانێ بكات لەگەڵ مەسیحی بەڵێندراودا (علیه السلام) ئەوا بە دڵنیاییەوە بە نەفرەت لێكراوی دەمرێت.. بەجۆرێك ئەمریتسەری بە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) دەڵێت:

“ململانێكە لەنێوان من و تۆدایە، ئەگەر من مردم چۆن دەكرێت مردنی من ببێت بە نیشانەیەك بۆ خەڵكی، تۆ دەڵێیت مەولەوی “دەستگێڕی قصوری” و “مەولەوی ئیسماعیل عەلیكرەهی” و “دكتۆر دوئی ئەمریكی” و جگە لەوانیش بەهەمان ڕێگە مردن، دەی ئایا خەڵكانی تر باوەڕیان پێكردی؟ بەهەمان شێوە ئەگەر هەمان شت ڕوویدا چ كەڵكێكی هەیە؟” (سەرچاوەی پێشوو) واتە ئەمریتسەری بازیدا بۆ ئەوەی كە پرسەكە سوودبەخش نیە و هەرگیز نابێتە هۆی باوەڕهێنانی خەڵك، وەك ئەوەی سۆزی بەڕێزی (علیه السلام) بجووڵێنێت بۆ ئەوەی خۆی نەكەوێتە ژێر باری سزاكەوە.

4- پاشان ئەمریتسەری پاساوێكی تری هێنایەوە بۆ قەبوڵ نەكردنی ئەم نزایەی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) و ئەنجامەكەی و گوتی: بەهیچ شێوەیەك ناكرێت نزاكەت حوكمێكی یەكلاكەرەوە بێت؛ چونكە موسوڵمانان مردن بە تاعوون بەجۆرێك لە شەهیدبوون لەپێناوی خوادا لەقەڵەم دەدەن بەگوێرەی فەرموودەی پیرۆز، ئیتر چۆن بەگوێرەی نزاكەی تۆ كەسێك بەتاعوون بمرێت بەدرۆزنی لەقەڵەم دەدەن؟!

5- پاشان ئەمریتسەری ڕەتیكردەوە كە ئەم جۆرە نزایە حوكمێكی یەكلاكەرەوە بێت، بەجۆرێك هاواری كرد لە ئەحمەدیەكان و گوتی: “ئەی میرزاییەکان! گەورەكەتان و ئێوە دەڵێن میرزا لەسەر بەرنامەی پێغەمبەرایەتی ڕەوانەكراوە. دەی ئایا پێغەمبەرێك هەیە بانگی نەیارەكانى كردبێت بۆ یەكلابوونەوە بەم شێوازە؟ ئەمە بڵێن و خەڵات بەدەستبهێنن، ئەگینا شەرم بكەن لە وتنەوەی بەرنامەی پێغەمبەرایەتی”. (سەرچاوەی پێشوو)

6- ئەمریتسەری ئاماژەی كرد بۆ ئەم وتەیەی بەڕێزی (علیه السلام): “بەوپێیەی پێغەمبەرانی خوای گەورە میهرەبان و بەخشندە دەبن و هەموو كات و ساتێك ئاواتەخوازن هیچ كەسێك تووشی لەناوچوون و كارەسات نەبێت”، پاشان هاواری كرد لە بەڕێزی (علیه السلام) بەوەی كە نزای لەناوچوونی لێ نەكات و گوتی: ئیتر بۆچی ئێستا نزا دەكەیت بۆ لەناوچوونم؟؟!!

7- وە جێگری سەرنوسەری هەفتەنامەكەی ئەمریتسەری لە پەراوێزی ئەم وەڵامەی ئەمریتسەریدا ئەمەی خوارەوەی نووسی:

“قورئانی پیرۆز دەفەرموێت خوا ماوە دەدات بە تاوانكاران، بۆ نموونە خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿قُلْ مَنْ كَانَ فِي الضَّلَالَةِ فَلْيَمْدُدْ لَهُ الرَّحْمَنُ مَدًّا…﴾ (مریم: 75)، واتە: “بڵێ: ئەو كەسەی لەناو گومڕاییدایە با خوا پەتی بۆ شل بكات و وێڵی بكات…”، وە دەفەرموێت: ﴿إِنَّمَا نُمْلِي لَهُمْ لِيَزْدَادُوا إِثْمًا…﴾ (آل عمران: 178)، واتە: “هەر بۆیە ماوەیان دەدەین تا تاوانیان زۆر بێت…﴾، وە دەفەرموێت: ﴿وَيَمُدُّهُمْ فِي طُغْيَانِهِمْ يَعْمَهُونَ…﴾ (البقرة: 15)، واتە: “بەریان بۆ بەرهەڵدا دەكات تا لەو سەركێشیەی كە هەیانە سەرگەردان بن…”، وە دەفەرموێت: ﴿بَلْ مَتَّعْنَا هَؤُلَاءِ وَآبَاءَهُمْ حَتَّى طَالَ عَلَيْهِمُ الْعُمُرُ…﴾ (الأنبياء: 44)، واتە: “بەڵكو ئێمە كارێكمان كرد كە ئەوان و باوباپیرانی ئەوانیش ڕایبوێرن هەتاوەكو تەمەنی زۆریان بردەسەر…”. هەموو ئەم ئایەتانە بەڕوونی مانای ئەوە دەگەیەنن كە خوا ماوە دەدات و ژیانی درێژ دەبەخشێت بە درۆزنان و فێڵبازان و تێكدەری ئاسایش و یاخیە تاوانبارەكان، بۆ ئەوەی تاوانەكانیان زۆر بێت لەو ماوەیەدا كە مۆڵەتیان پێدراوە. ئیتر چۆن یاسایەك پێشنیار دەكەیت كە ئەم جۆرە خەڵكانە ماوەیەكی درێژ لە تەمەن بەدەستناهێنن؟” (جریدة “أهل الحدیث” لیوم 26/4/1907م)

سروشتی “حوكمی كۆتایی”

بێگومان ڕاگەیاندنەكەی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) لە ڕێككەوتی 15/4/1907زدا پێكهاتبوو لە “ڕەشنووسی موباهەلە” لەلایەن بەڕێزیەوە، هەروەك چۆن ڕستەی “لعنة الله علی الكاذبین” لەلایەن پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) “ڕەشنوسی موباهەلە” بوو بۆ مەسيحيەكانی نەجڕان. بەڵام مەسيحيەكان لەڕوبەڕووبوونەوەكە هەڵهاتن و موباهەلەكە پێكنەهات و لەناونەچوون.

جا ئەگەر مەسيحيەكان بانگەوازی موباهەلەكەیان قەبوڵ بكردایە و وەكو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بیانگوتبا: “لعنة الله على الكاذبين” ئەوا لەماوەی ساڵێكدا هەموویان لەناودەچوون. بەهەمان شێوە ئێمەش دەڵێین ئەگەر ئەمریتسەری ڕاینەكردایە لە گۆڕەپانی موباهەلەكە لەگەڵ مەسیحی بەڵێندراودا (علیه السلام) و هەمان نزای بكردایە بەگوێرەی ئەوەی بەڕێزی (علیه السلام) لێی داواكردبوو؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەمریتسەری لەناودەچوو. هەروەك چۆن گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) ساڵانێك پێش ڕاگەیاندنی ناوبراو ئەمەی نووسیوە بەجۆرێك فەرمووی: “ئەگەر (ثناء الله) ئامادەبێت بۆ تەحەدداكە بەوەی درۆزن بمرێت لەژیانی ڕاستگۆدا؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە لە پێش من دەمرێت”. (إعجاز أحمدي، الخزائن الروحانية، مجلد 19 صفحة 121)

بۆیە هەروەك چۆن هەڵهاتنی مەسيحيەكانی نەجڕان بووە ڕێگر لە پیادەبوونی “حوكمی خوایی لەڕێگەی موباهەلەوە” لەنێوان ئەوان و پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم)، بەهەمان شێوە هەڵهاتنی ئەمریتسەری لە بەشداریكردن لە نزاكەدا بوو بە ڕێگری لەناوچوونەكەی بەخێرایی لە ژیانی مەسیحی بەڵێندراودا (علیه السلام).

كۆمەڵێك بەڵگە كە دەیسەلمێنن ڕاگەیاندنی “حوكمی كۆتایی” ڕەشنووسی موباهەلە بووە

دانپێدانانەكانی ئەمریتسەری:

1- مەولەوی ئەمریتسەری لەبارەی ڕاگەیاندنی “حوكمی كۆتایی”ەوە دواوە و دەڵێت: “كريشنای قادیانی ڕاگەیاندنی موباهەلەی بڵاوكردووەتەوە لەگەڵمدا لە ڕێككەوتی 15/4/1907ز”. (مرقّع قاديان يونيو 1908 صفحة 18)

2- وە دەربارەی خودی ڕاگەیاندنی “حوكمی كۆتایی” دەڵێت: “میرزا موباهەلەی نەكردووە لەگەڵ هیچ نەیارێكدا بەم شێوە ڕاشكاوە، بەڵكو هەمیشە بە كۆمەڵێك دەستەواژەی ئاڵۆز و ناڕوون دەربارەیان قسەی دەكرد”. (إعلان “وفاة مرزا قادیاني و نتائجھا” الناشر: ثناء الله 31/5/1908م)

3- ئەگەر ئەمریتسەری “حوكمی كۆتایی” بە ڕاگەیاندنی موباهەلە ئەژمار نەكردایە؛ ئەوا لە وەڵامی ئەم ڕاگەیاندنە نەیدەنووسی: “ڕەزامەندی منی وەرنەگرتووە لەسەر ئەم نزایە، بەڵكو بەبێ ڕەزامەندی من بڵاوی كردووەتەوە”. وە هەروەها نەیدەنووسی: “ڕازی نابم لەسەر ئەم دەستەواژەیە، هەروەك لە توانای هیچ كەسێكی ژیردا نیە كە ڕازی بێت لەسەری” (جریدة “أهل الحدیث” 26/4/1907م)؛ چونكە ئاشكرایە كە نزاكردن تەنھا لەیەك لایەنەوە پێویستی نیە بە هیچ ڕازیبوونێك. بەڵكو پرسی ڕازیبوون و ڕازینەبوون كاتێك دەورووژێنرێت كە بە نزای موباهەلە دابنرێت و هەردوو لایەن بەشداربن تێیدا. بێگومان مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) ئەم دەقەی بۆ نارد تاكو لە ڕۆژنامەكەیدا بڵاویبكاتەوە و لێدوانی لەسەر بدات، ئەمە ئەو شتەیە كە ئەو تێیگەيشتبوو بەجۆرێك لە وەڵامەكەدا دەڵێت: ڕازی نابم لەسەر ئەم دەستەواژەیە. دواجار ئەو ئاكامانەی لێ نەكەوتەوە كە گرێدراون بە بەشداریكردنی هەردوولایەنەكەوە؛ چونكە ئەگەر مەرجەكە نەیەتەدی، بابەتە مەرجدارەكەش نایەتەدی.

4- ئەمریتسەری “حوكمی كۆتایی” بە موباهەلە زانیوە، بۆیە گوتوویەتی:

“ململانێكە لەنێوان من و تۆدایە، ئەگەر من مردم چۆن دەكرێت مردنی من ببێت بە نیشانەیەك بۆ خەڵكی، تۆ دەڵێیت مەولەوی “دەستگێڕی قصوری” و “مەولەوی ئیسماعیل عەلیكرەهی” و “دكتۆر دوئی ئەمریكی” و جگە لەوانیش بەهەمان ڕێگە مردن، دەی ئایا خەڵكانی تر باوەڕیان پێكردی؟ بەهەمان شێوە ئەگەر هەمان شت ڕوویدا چ كەڵكێكی هەیە؟” (ڕۆژنامەی “أهل الحدیث” ڕۆژی 26/4/1907ز)

وە ئاشكرایە ئەم سێ كەسە لە موباهەلەكاندا لەگەڵ مەسیحی بەڵێندراودا (علیه السلام) مردن بەگوێرەی ئەوەی بەڕێزی (علیه السلام) نووسیویەتی و ئەمریتسەری ئاماژەی پێداوە. دیارە ئەو دەیزانی مردنەكەی لە ڕاگەیاندنی حوكمی كۆتاییدا لەم شێوەیەیە، واتە موباهەلەیە وەك چۆن وەهابوو لەگەڵ ئەوانەی باسكرابوون.

5- ئەمریتسەری پێیشی وابوو كە حوكمی كۆتایی موباهەلەیە نەك شتێكی تر، بەجۆرێك نووسیویەتی: “بڵێ بەوانەی هیچ بەڵگەیەك پەسەند ناكەن و تێناگەن لە هیچ قسەیەكی زانستی: وەرن و گوێبیستی حوكمی كۆتاییش بن، كە بریتیە لەوەی مناڵەكانمان و مناڵەكانتان و كچەكانمان و كچەكانتان و براكانمان و براكانتان واتە خزم وكەسوكار بانگ بكەین، پاشان بە لاڵانەوەوە نەفرەتی خوا داوا بكەین بۆسەر درۆزنان؛ ئەوسا خوا بەتەنھا حوكمەكەی خۆی دەردەچوێنێت لەم دنیایەدا”. (التفسير الثَنائي تحت آية 61 من آل عمران)

وە ناونیشانی ئەم ڕاگەیاندنە بریتی بوو لە (حوكمی كۆتایی لەگەڵ مەولەوی ثناء الله ی ئەمریتسەریدا”. (مجموعة إعلانات مجلد 3 صفحة 579 إعلان مكتوب في 15/4/1907).

6- مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) ئەویش بە نزای موباهەلەی ئەژماركردبوو نەك شتێكی تر، بەجۆرێك فەرموویەتی: “موباهەلە بریتیە لە حوكمی كۆتایی، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) مەسيحيەكانی بانگ كرد بۆ موباهەلە، بەڵام هیچ یەكێكیان نەیوێرا قەبوڵی بكات”. ( ڕۆژنامەی “بەدر” ڕۆژی 17/5/1906ز، لا3)

7- بەڕێزی (علیه السلام) نووسیویەتی: “بێگومان چارەسەری كۆتایی كاتی ئەستەمبوونی یەكلاییكردنەوەی ناكۆكی بریتیە لە حوكمی خوایی كە پێی دەوترێت موباهەلە”. (ڕاگەیاندن لە ڕێككەوتی 21/11/1898ز)

هەڵبەت مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) لە “حوكمی كۆتایی”دا نزایەكی نووسیوە كە درۆزن لە ژیانی ڕاستگۆدا تیابچێت، وە بەڕێزی (علیه السلام) پێیوابووە كە ئەم جۆرە كارانە بەئەنجام ناگات و یەكلایی نابێتەوە مەگەر لە موباهەلەدا، بەڕێزی (علیه السلام) وەڵامی ئەوەی داوەتەوە كە گوایە دەبێت درۆزن لە ژیانی ڕاستگۆدا تیابچێت و بمرێت تەنانەت ئەگەر هیچ موباهەلەیەكیش لەئارادا نەبوو، لەم بارەيەوە بەڕێزی (علیه السلام) دەفەرموێت: “لەكوێدا هاتووە كە درۆزن لە ژیانی ڕاستگۆدا دەمرێت؟ من لە هیچ یەكێك لە نووسراوەكانمدا شتی وەهام نەنووسیوە… تەنھا ئەوەم نووسیوە لەو دوو كەسەی موباهەلە دەكەن درۆزنەكەیان لە ژیانی ڕاستگۆكەیاندا تیادەچێت و دەمرێت. دەی ئایا هەموو دوژمنەكانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەژیانیدا تیاچوون؟ نەخێر، بەڵكو هەزاران كەس لە دوژمنەكانی ژیان پاش مردنی ئەو (صلى الله عليه وسلم). بەڵام ئەو درۆزنەی موباهەلە دەكات  بەدڵنیاییەوە لەژیانی ڕاستگۆكەدا تیادەچێت و دەمرێت، بەهەمان شێوە نەیارەكانم دوای وەفاتی من دەژین… من سەرم سوڕدەمێنێت لە بیستنی ئەم جۆرە قسانە، چۆن قسەی ئێمە بەشێواوی و هەڵگەڕاوەیی دەخەنەڕوو. بێگومان گەيشتوونەتە چڵەپۆپە لە شێواندن و تەحریفدا و تەنانەت پێشی جوولەكەیان داوەتەوە. ئایا هەموو دوژمنانی هەر پێغەمبەرێك یان وەلیەك یان قوطبێك یان غەوثێك لە ژیانی خۆیدا مردوون؟ نەخێر، بەڵكو دووڕووەكان پاش مردنیان ژیاون، بەڵكو ڕاستیەكە ئەوەیە كە ئەوانەی موباهەلە دەكەن لەگەڵ ڕاستگۆدا ئەوانە بەدڵنیاییەوە لەژیانی ڕاستگۆكەدا دەمرن و تیادەچن”. (الحكم 10/10/1907ز، لا9)

8- لەناونیشانی ڕاگەیاندنی “حوكمی كۆتایی لەگەڵ مەولەوی ثناء الله دا” (مجموعة إعلانات، بەرگی 3، لاپەڕە 578 ڕاگەیاندنی ڕۆژی 15/4/1907ز) وشەی “لەگەڵ” بەڕاشكاوی ئەوە دەگەیەنێت كە ئەمە هەرگیز نزایەك نیە لە یەك لایەنەوە، بەڵكو ڕازیبوونی هەردوو لایەنەكە دەخوازێت. ئەگەر نزابوایە لەیەك لایەنەوە؛ ئەوا دەستەواژەكە بەم شێوەیە دەبوو: “حوكمی كۆتایی سەبارەت بە مەولەوی ثناء الله” كاتێك دادوەر حوكم دەردەكات؛ ئەوا حوكمەكە “سەبارەت بە كەسەكە” دەبێت، بەڵام ئەگەر گوتمان “فڵانەکەس حوكمیدا لەگەڵ فيساردا” ئەوا ماناكەی ئەوەیە كە حوكمەكە دەرچووە بە ڕەزامەندی هەردووكیان، وە ئەگەر یەكێكيان ڕازی نەبوو ئەوا هەرگیز حوكمەكە بە كارپێكراوی نامێنێتەوە. جا لەبەرئەوەی ئەمریتسەری ڕازیبوونی خۆی دەرنەبڕی لەسەر حوكمەكە و نووسی: “ڕازی نیم بەم دەستەواژەیە، هەروەك لەتوانای هیچ كەسێكی ژیردا نیە كە ڕازی بێت لەسەری”. (هەفتەنامەی “أهل الحدیث” ڕۆژی 26/4/1907ز)، بۆیە ئەم نزایە وەك “حوكمێك” نەمایەوە.

9- داواكاریەكەی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) لە ثناء الله دەربارەی ڕاگەیاندنی “حوكمی كۆتایی” كە پێی فەرمووە: “چیت دەوێت لەژێریدا بینووسە”، بەڕاشكاوی ئەو مانایە دەگەیەنێت كە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) “حوكمی كۆتایی” بە ڕەشنووسێك بۆ موباهەلەیەكی تەواوەتی ئەژماركردووە ئەگەر “ثناء الله”ش ڕازیبوونی خۆی بنووسێت لەژێریدا. دەی ئەگەر تەنھا نزایەكی تاك لایەنە بوایە؛ ئەوا ئەو داواكاریەی تێدا نەدەبوو كە ثناء الله لەژێریدا شتێك بنووسێت یان نا.

10- فەرمایشتی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) بۆ ئەمریتسەری: “هەموو ئەم بابەتە لە هەفتەنامەكەتدا بڵاوبكەرەوە”. (مجموعة إعلانات، مجلد 3، صفحة 579، إعلان مكتوب في 15/4/1907) بەڕوونی ئەوە دەسەلمێنێت كە بەڕێزی (علیه السلام) ویستوویەتی ئەمریتسەری بەدەستی خۆی نزاكەی بەڕێزی و ڕازیبوونەكەی خۆی لە شوێنێكدا بەتەنھا هەردووكیان كۆبكاتەوە بۆ ئەوەی ڕەشنووسی موباهەلەكە تەواو بێت و مردن و تیاچوونی ئەمریتسەری لێ بكەوێتەوە.

11- ئەگەر ئەم نزایە تەنھا بە نووسین و ناردنی بۆ ئەمریتسەری بەردەوام كاریگەر بوایە، وە تەنھا ئەوە پێویست بوایە كە چاوەڕێی سەرەنجامەكەی بكرێت؛ ئەوا مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) دوای ئەوە ئەمریتسەری و پیاوانی ئایینی تری بانگ نەدەكرد بۆ قەبوڵكردنی موباهەلە دەربارەی نیشانەی تاعوون و ئەم وەحیەی خوا بۆ بەڕێزی: “إني أحافظ كل من في الدار”، بفەرموێت ئەو كەسەی دەربارەی ئەم وەحییەی من سوێند دەخوات و دەڵێت خۆم هەڵمبەستووە بەدەم خوای گەورەوە یان دەڵێت بەردەوام پارێزراو دەبێت لە تاعوونەكە؛ ئەوا بەشێوەیەكی گومانبڕ تووشی تاعوونەكە دەبێت. ئەو بانگەوازە دووجار دووبارە كرایەوە لە 6/6 و لە 11/7 واتە پاش بانگهێشتی ئەمریتسەری بۆ موباهەلەكە كە ناوی لێ نرا “حوكمی كۆتایی” كە لە ڕێككەوتی 15/4/1907ز دا بوو.

وەڵامی گەورەمان خەلیفەی دووەم (رضي الله عنه)

وەك لە پێشەوە باسكرا ثناء الله ئەمریتسەری ڕەزامەندی دەرنەبڕی لەسەر نزای موباهەلەكە، وە هەموو جارێك خۆی دەدزییەوە لەوەی كە لایەنێك بێت تێیدا. بەڵام كاتێك مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) كۆچی دوایی كرد ئەمریتسەری دەستی كرد بە برەودان بەوەی كە بەڕێزی (علیه السلام) لە ئەنجامی موباهەلەكردن لەگەڵ ئەودا مردووە. خەلیفەی دووەمیش (رضي الله عنه) لەیەكێك لە وتارەكانی وەڵامی دایەوە و ئەم بڕگەیەی خوارەوەی لێ وەردەگرین كە دەفەرموێت:

1- ئەمە ڕێگایەك بوو بۆ جیاكاری لەنێوان درۆزن و ڕاستگۆدا، وە ئامانج لێی تەنھا جياكردنەوەی هەق بوو لە باتڵ بەجۆرێك گروپێك لە خەڵكی بگەیەنێت بە قووڵایی ڕووداوە ڕاستەقینەكان. وە جوامێری و چاكەكاری ئەوەی دەخواست كە مەولەوی ثناء الله ئەم نزایەی بخوێندایەتەوە و لە هەفتەنامەكەیدا بڵاوی بكردایەتەوە و بیگوتبا: بەڵێ، بێگومان من ئەم حوكمە قەبوڵ دەكەم.

بەڵام وەك پێشتر نووسیم ئەمریتسەری تەنھا گرنگی دەدا بە فێڵ و فریودان. ئەگەر قەبوڵی بكردایە ئەوا خوای گەورە توانای خۆی دەردەخست و ئەمریتسەری سزای هەموو زماندرێژییەكەی دەچەشت، وە بەدڵنیاییەوە دەیزانی زاتێكی پیرۆز هەیە جیاكاری دەكەت لەنێوان ڕاستگۆیان و درۆزناندا، وە ئەو كەسەی خراپە دەكات و كاری قێزەون ئەنجام دەدات سەرەنجامی كردەوەكانی خۆی بەدەستدەهێنێت، وە كەسی شەڕانگێز بەهۆی خراپە و پیسیەكەیەوە سزادەدرێت.

بەڵام لەبەرئەوەی پێچەوانەی ئەمەی كرد و حوكمەكەیشی ڕەتكردەوە بەم شێوازە و نووسی ڕازی نابێت بەم حوكمە، دەى ئیتر كەی دادپەروەری و ویژدانە ئەمڕۆ پاش وەفاتی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) ڕایدەگەیەنێت بەڕێزی (علیه السلام) بەهۆی موباهەلەكردنی لەگەڵ مندا مردووە، وە ئەمە بەڵگەیەكە لەسەر ڕاستگۆیی من؟ (مجلة تشحيذ الأذهان، صفحة 59، عدد: شهر يونيو ويوليو عام 1908)

2- بەڕێز خەلیفەی دووەم (رضي الله عنه) دەشفەرموێت: “ئەو وەفاتی مەسیحی بەڵێندراو بە ئەنجامی نزاكەی لەقەڵەم دەدات و بە بەڵگەیەك ئەژماری دەكات لەسەر ڕاستگۆیی خۆی، سەرەڕای ئەوەی پێشتر دانیناوە بەوەدا كە ئەم جۆرە نزایە ڕەتدەكاتەوە و پەسەندی ناكات. ئایا ناتوانێت تێبگات لە شتێكی سادە كە موباهەلەكە یان نزاكە لەپێناوی جیاكاریی بووە لەنێوان ڕاستگۆ و درۆزندا؟” (سەرچاوەی پێشوو لا 63)

3- هەروەها بەڕێزی (رضي الله عنه) دەڵێت: “لەو كاتەدا تۆقی بوو لە حەق، وە بەجۆرەها فڕتوفێڵ هەوڵیدا خۆی ڕزگار بكات لە سزای خوا، بەڵام پاش نكوڵیكردنی لە موباهەلەكە كاتێك سزاكە ڕەنگێكی تری وەرگرت دەستی كرد بە وتنەوەی خودی حوكمە مەنسوخەكە”. (سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە 64)، وەك وەڵامێك بۆ خوا لێخۆشبوو حافظ موحەممەد حوسێن (أهلی حەدیس) لە لاهۆر خەلیفەی دووەم (رضي الله عنه) ئەم لێدوانەی خوارەوەی دا كە سوێندی لەگەڵدایە و تێیدا هاتووە:

“سوێند بەخوا من تەواو دڵنیام ئەگەر مەولەوی ثناء الله ئەمریتسەری ململانێ و زۆرانبازی بكردایە لەگەڵ مەسیحی بەڵێندراودا (علیه السلام) بەگوێرەی ئەو ڕاگەیاندنەی كە بەڕێزی (علیه السلام) بڵاویكردەوە دژی مەولەوی ثناء الله لەساڵی 1907زدا، ئەوا مەولەوی ثناء الله بەدڵنیاییەوە لەناودەچوو. وە من متمانەم هەیە _وەك لە وتارێكدا گوتوومە كە لەكاتی وەفاتی مەسیحی بەڵێندراویشدا (علیه السلام) بڵاومكردووەتەوە_ ئەوەی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) نووسیویەتی سەبارەت بە “حوكمی كۆتایی لەگەڵ مەولەوی ثناء الله دا” نزای موباهەلە بووە. بەڵام مەولەوی ثناء الله لە بەرامبەر بەڕێزی (علیه السلام) نزای نەكرد، بەڵكو حوكمەكەی ڕەتكردەوە بەگوێرەی ئەو نزایە، بۆیە نزاكە نەگۆڕا بۆ موباهەلە، دواجار مەولەوی ثناء الله ڕزگاری بوو لە سزا بۆ ماوەیەك. وە ئەو دەستەواژانەی لە كتێبەكەم “نور الصادقین”دا هاتوون شایەتی لەسەر ئەمە دەدەن (نور الصادقین، میرزا بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد، خەلیفەی دووەمی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام)، چاپی یەكەم، ڕێككەوتی 2/7/1908ز) كە بریتین لەمانەی خوارەوە:

“بۆیە كاتێك سزاكە ڕەنگێكی تری وەرگرت پاش نكوڵیكردنی (واتە نكوڵیكردنی ثناء الله) لە موباهەلەكە دەستی كرد بە وتنەوەی خودی حوكمە مەنسوخەكە”. “ئەگەر ئەو كارەی بكردایە ئەوا خوای گەورە توانای خۆی دەردەخست و ثناء الله سزای هەموو زماندرێژیەكانی دەچەشت”. (نور الصادقین، لا30) بەكورتی، من لەسەرەتاوە دڵنیابووم كە نزاكەی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) نزای موباهەلە بوو، بەڵام لەبەرئەوەی مەولەوی (ثناء الله) ڕەتیكردەوە قەبوڵی بكات بۆیە بە نزای موباهەلە نەمایەوە، وە خوای گەورە شێوازی سزاكەی گۆڕی”. بەندەی خۆبەكەمزان، میرزا مەحموود ئەحمەد 16/3/1931ز.

تەحەدداكە تەواو نەبوو بۆیە نزاكە بە نزایەكی كاریگەر نەمایەوە

كەواتە، تەحەدداكە تەواونەكرا و ثناء الله ئەمریتسەری ڕەزامەندی نەنواند لەسەر ڕەشنووسی ئەم موباهەلەیە، بەڵكو ڕەتیكردەوە قەبوڵی بكات، بۆیە ئەم نزایە بە نزایەك نەمایەوە كە كاریگەرییەكەی بمێنێتەوە.

ئەوەش كە ئەمە دووپات دەكاتەوە ئەوەیە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) پێنج ساڵ پێش ئەم نزایە دركاندی و مەرجی دانا بۆ مردنی ئەمریتسەری ئەگەر ڕایبگەیەنێت كە ئامادەیە بۆی، بەڵام ئەو ڕایكرد و ئەم نزایەی قەبوڵ نەكرد، ئەوەتا بەڕێزی (علیه السلام) لە كتێبەكەیدا “إعجاز أحمدي” فەرموویەتی:

“ئەگەر (ثناء الله) ئامادەبێت بۆ تەحەدداكە بەوەی درۆزن دەمرێت لە ژیانی ڕاستگۆدا؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە پێش من دەمرێت”.

وە لێرەشدا ئەمریتسەری ڕازی نەبوو كە لایەنێك بێت لە خودی ئەم نزایەدا.

وە لەكۆتاییدا بە پوختی وەڵامی ثناء الله ئەمریتسەری و جێگرەكەی دەنووسین لەخوارەوە بۆ ئەوەی هەڵوێستەكەی زیاتر ڕوون بێتەوە بۆ خوێنەران:

1- ئەم نزایەی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) گرێدرابوو بە ڕەزامەندی لایەنەكەی ترەوە و تاك لایەنە نەبووە، ئەگینا مانای ئەم قسەیەی ثناء الله ئەمریتسەری چیە: “ڕەزامەندی لە منەوە وەرنەگرتووە لەسەر ئەم نزایە، هەروەك بەبێ ڕەزامەندی من بڵاویكردووەتەوە”. وە هەروەها ئەم قسەیەشی مانای نیە: “ئەم بەڵگەنامەیە لای من قەبوڵكراو نیە، وە هیچ مرۆڤێكی ژیر ڕەزامەندی لەسەر ئەم جۆرە تەحەددایە قەبوڵ ناكات”.

2- ثناء الله ئەمریتسەری ڕەزامەنی نەنواند لەسەری و دواجار ناكرێت بكرێت بە پاڵپشت بۆ هیچ ئەنجامێك لەداهاتوودا.

3- ئەمریتسەری پاساوێكی هێنایەوە كە ئەم جۆرە نزایە هەرگیز لای من و لای موسوڵمانان پەسەند ناكرێت، وە ئەم جۆرە شێوازە هیچ پێغەمبەرێك نەیگرتووەتەبەر بەرامبەر نەیارەكانی، دواجار هەرگیز پەسەندكراو نابێت.

4- داواكاری ئەمریتسەری لە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) ئەوە بوو كە میهرەبان و بەخشندە بێت بەجۆرێك گوتی بێگومان پێغەمبەران میهرەبان و بەخشندە دەبن، ئیتر بۆچی نزا دەكات بۆ تیاچوونیم.

5- لە لێدوانە جۆراوجۆرەكانی ئەمریتسەری و جێگری سەرنوسەری هەفتەنامەكەیەوە دەردەكەوێت كە خوای گەورە ماوە دەدات بە تاوانكاران و ژیانێكی دوور و درێژ دەدات بە درۆزنان و فێڵبازان و تێكدەرانی ئاسایش و سەرپێچیكاران و خراپەكاران. بەمەش دواجار ڕێسای تیاچوونی درۆزنیان لە ژیانی ڕاستگۆدا ڕەتكردەوە.

بیربكەنەوە! ئەگەر ئەمریتسەری دوای ئەم لێدوانە كە بڵاویكردەوە بمردایە ئایا هیچ ئەحمەدییەك مافی ئەوەی هەبوو بڵێت مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) نزای كرد درۆزن لەژیانی ڕاستگۆدا بمرێت بۆیە ثناء الله ئەمریتسەری مرد و نزاكەی بەڕێزی (علیه السلام) گیرابوو وه كارەكە یەكلایی بوویەوە و ساغبوویەوە كە ئەمریتسەری درۆزن و نەفرەتی بووە؟! بێگومان نەخێر، ئەگەر ئەحمەدییەك ئەم قسەیەی بكردایە ئەوا نەیارەكان وەڵامیان دەدایەوە كە مافی خۆتان بوو ئەو قسەیە بكەن ئەگەر ثناء الله ڕازی بوایە لەسەر نزاكە و تەحەدداكەی قەبوڵ بكردایە، كەواتە مادام ئەو پیاوە ڕوونكردنەوەی خۆی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا ڕایگەیاندووە كە ناكرێت وەكو لایەنێك بێتەناو ئەم جۆرە تەحەددایەوە چونكە ڕەزامەندی لێ وەرنەگیراوە لەسەر ئەم جۆرە نزایە و ئەم نزایە بەبێ ئاگاداری ئەو بڵاوكراوەتەوە، ئیتر چۆن دەكرێت ببێتە ئامانجێك بۆ ئەم نزایە كە ئەو لە ئەسڵدا ڕەزامەندی نەنواندووە لەسەری؟؟!

بەهەمان پاساو دەڵێین ئەگەرچی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) دوای ئەم لێدوانە مردووە كە ثناء الله ڕەزامەندی نەنواندووە لەسەری، بۆیە ناكرێت بەڕێزی بە ئامانجی ئەم نزایە لەقەڵەم بدرێت؛ چونكە لایەنەكەی تر ڕەزامەندی نەنواندووە لەسەر ئەو بنەمایە كە درۆزن لەژیانی ڕاستگۆدا بمرێت، بەمەش دواجار مردن و ژیانی هەر یەكێكیان نابێت بە بەڵگەیەك لەسەر ڕاستگۆیی ئەوی تر.

سەرەنجامی ئەمریتسەری و سزاكەی بەگوێرەی پێوەرەكەی خۆی

بێگومان پێشتر لێدوانی جێگری سەرنووسەری هەفتەنامەكەی ثناء الله ئەمریتسەریمان گواستەوە لە پەراوێزی وەڵامەكەی ثناء الله دا بۆ بەڕێزی (علیه السلام) بەجۆرێك تێیدا نووسیویەتی:

قورئانی پیرۆز دەفەرموێت خوا ماوە دەدات بە تاوانكاران، بۆ نموونە خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿قُلْ مَنْ كَانَ فِي الضَّلَالَةِ فَلْيَمْدُدْ لَهُ الرَّحْمَنُ مَدًّا…﴾ (مریم: 75)، واتە: “بڵێ: ئەو كەسەی لەناو گومڕاییدایە با خوا پەتی بۆ شل بكات و وێڵی بكات…”، وە دەفەرموێت: ﴿إِنَّمَا نُمْلِي لَهُمْ لِيَزْدَادُوا إِثْمًا…﴾ (آل عمران: 178)، واتە: “هەر بۆیە ماوەیان دەدەین تا تاوانیان زۆر بێت…﴾، وە دەفەرموێت: ﴿وَيَمُدُّهُمْ فِي طُغْيَانِهِمْ يَعْمَهُونَ…﴾ (البقرة: 15)، واتە: “بەریان بۆ بەرهەڵدا دەكات تا لەو سەركێشیەی كە هەیانە سەرگەردان بن…”، وە دەفەرموێت: ﴿بَلْ مَتَّعْنَا هَؤُلَاءِ وَآبَاءَهُمْ حَتَّى طَالَ عَلَيْهِمُ الْعُمُرُ…﴾ (الأنبياء: 44)، واتە: “بەڵكو ئێمە كارێكمان كرد كە ئەوان و باوباپیرانی ئەوانیش ڕایبوێرن هەتاوەكو تەمەنی زۆریان بردەسەر…”. هەموو ئەم ئایەتانە بەڕوونی مانای ئەوە دەگەیەنن كە خوا ماوە دەدات و ژیانی درێژ دەبەخشێت بە درۆزنان و فێڵبازان و تێكدەری ئاسایش و یاخیە تاوانبارەكان، بۆ ئەوەی تاوانەكانیان زۆر بێت لەو ماوەیەدا كە مۆڵەتیان پێدراوە. ئیتر چۆن یاسایەك پێشنیار دەكەیت بەوەی كە ئەم جۆرە خەڵكانە ماوەیەكی درێژ لە تەمەن بەدەست ناهێنن؟” (جریدة “أهل الحدیث” لیوم 26/4/1907م)

وە لەدوایشدا ئەمریتسەری هەوڵیداوە  ڕاستی ئەم بیروباوەڕە لەسەر ئەو بناغەیە دابمەزرێنێت كە درۆزنان _نەك ڕاستگۆیان_ خوا تەمەنێكی درێژیان پێ دەدات، بەهێنانەوەی بەڵگە لە مێژووی ئیسلامدا، لەم بارەيەوە پاساوی هێنایەوە و گوتی:

“سەرەڕای ئەوەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێغەمبەرێكی ڕاستگۆ بوو، وە لەلایەن خوای گەورەوە ڕەوانەكرابوو، وە موسەیلەمە بانگەشەكارێكی درۆزن بوو.. كەچی ئەمە بەزیندوویی مایەوە دوای وەفاتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، یان بەدەربڕینێكی تر: موسەیلەمەی درۆزن دوای مردنی ڕاستگۆكە مرد”. (“مرقّع قادياني”، أغسطس/ آب 1907م)

جا بڕوانن بۆ قەدەری خوای گەورە، شتەكە بەگوێرەی مەرجەكەی ثناء الله ئەمریتسەری ڕوویدا كە بە ئاشكرا ڕایگەیاند لەو لێدوانانەدا ئێستا گواستنمانەوە. ئەوە بوو خوای گەورە تەمەنێكی درێژی دا بە ئەمریتسەری.. وە چل ساڵ ژیا پاش وەفاتی مەسیحی بەڵێندراو، بۆ ئەوەی بەچاوی خۆی  نیشانەكانی ڕاستگۆیی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) و گەشە و پێشكەوتنی كۆمەڵەكەی ببینێت، وە بۆ ئەوەی شكست و نائومێدبوونی خۆی ببینێت لە پووچەڵكردنەوەی بانگەوازەكەی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام).

هەڵبەت ئەمریتسەری ژیا تاكو ببینێت چۆن گەلەكەی دەستبەرداری دەبن و وازی لێدەهێنن كاتێك موسوڵمانانی هیندستان لە زانایانی مەككەوە فەتوایەكیان به‌ده‌ستگه‌یشت لەسەر كوفر و هەڵگەڕانەوەی ئەمریتسەری لە ئايین كە تێیدا لەسەر زوبانی زاناكانیانەوە هاتووە:

“كەسێكی گومڕایە و پێچەوانەی ئەوەیە كە ئەهلی سوننە و جەماعەت و ئەهلی فەرموودە پەیڕەوی دەكەن… ڕەوانیە هیچی لێ وەربگیرێت و بە هیچ شێوەیەك پەیڕەوی لێ ناكرێت، شاهیدی و نەقڵی لێ وەرناگیرێت، وە ڕەوانیە پێشنوێژی بكات، دیارە من بەڵگەم چەسپاندووە لەسەری و (ئەگەر) سووربێت لەسەر گوتارەكەی ئەوا گومان نیە لە كافربوونیدا، بۆیە پێویستە دووربخرێتەوە و كەنارگیر بكرێت و وازیلێبهێنرێت و ئەو كەسەش كەناگیر بكرێت كە مشتومڕی لەسەر دەكات”. (فیصلة مكة، ص16)

وە هەروەها ئەمریتسەری ژیا بۆ ئەوەی خۆی ببینێت كە چۆن لە دەرەبەگایەتیەوە دەكەوێتە خوارەوە بۆ هەژاری و نەداری. پیاوێك گومان دەكرا كە بە ملیۆنەهای هەیە كەچی لە پڕ ماڵەكەی ڕووبەڕووی تاڵانی و سووتان دەبێتەوە لە كوشتارە ڕەگەزپەرستیەكاندا كاتی دابەشبوونی هیندستان و پاكستان لەساڵی 1947ز دا. (سیرت ثنائي)

وە تاقە كوڕەكەیشی (عطاء الله)ی لەدەستدا كە بێ ڕەحمانە لەپێش چاوی باوكیدا سەر بڕدرا. وە بە درێژایی ژیانی ئاسەوارەكانی ئەم كارەساتەی لێ جیانەبوویەوە. (مجلة “الاحتشام”، بتاريخ 15/7/1962م)

وە لەڕاستیدا ئەم ڕووداوگەلە كاریگه‌ریه‌كی توندیان لەسەر ئەقڵی ثناء الله هەبوو، تەنانەت ئەو تەنیا كەسەی كە مێژووی ژیانی تۆماركردووە لەبارەی ئەم ڕووداوانەوە دەڵێت ئەمانە “بوونە هۆی مردنی بە خێرایی و هەناسەساردی”. (سیرت ثنائي)

دوای ئاگاداربوون لەم هەموو لێدوان و ڕوونكردنەوانە ڕەنگە كەسێكی شێت بتوانێت بڵێت مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) بەهۆی بانگهێشتی موباهەلەكەوە مرد كە ئاراستەی ثناء الله ئەمریتسەری كردبوو كە تێیدا باسی ئەوەی كردبوو درۆزن لە ژیانی ڕاستگۆدا دەمرێت. بەڵكو ئەگەر ڕەوابێت بۆ كەسێك سەركەوتنی خۆی ڕابگەیەنێت ئەوا مەسیحی بەڵێندراوە (علیه السلام) دەتوانێت بفەرموێت ثناء الله ماوەی پێدرا بەگوێرەی لۆژیكەكەی خۆی كە لە لێدوانەكانیدا ڕایگەیاندبوو لەگەڵ باسكردنی نموونە لەسەر ئەوەی كە خوا ماوە دەدات بە تاوانكاران.

كۆمەڵێك ڕەخنەی نوێ لەسەر ئەم بابەتە و وەڵامدانەوەیان:

ڕەخنەی یەكەم: یەكێك لە ڕەخنەگران دەڵێت: میرزا تاك لایەنە موباهەلەی كرد لەگەڵ مەولەوی ثناء الله لە ڕاگەیاندنی 15ى ئەپریل دا و نزای كرد كە خوا درۆزنەكەمان لەناوببات، ئەوە بوو چەند مانگێكی كەم تێنەپەڕی بەسەر نزاكەیدا هەتا تیاچوو، وە بەمردنەكەی شایەتیدا لەسەر ئەوەی كەسێكی درۆزن بوو.

وەڵام: وەك پێشتر ڕووون بوویەوە، دیارە دێڕەكانی پێشوو دەستەبەری بەدرۆخستنەوەی ئەم بانگەشەیە دەكات، ڕاگەیاندنەكە نزایەكی تاك لایەنە نەبوو، بەڵكو داواكرا لە ثناء الله بڵاویبكاتەوە لە گۆڤارەكەیدا و چۆنی دەوێت لێدوانی خۆی بۆ زیاد بكات بۆ ئەوەی موباهەلەكە ببەسترێت، ئەوە بوو ئەمریتسەری لێدوانی دا بەوەی ڕەتیكردەوە لایەنێك بێت لەم تەحەددا و نزایەدا، وە كۆمەڵێك هۆكاری جۆراوجۆری باسكرد بۆ قەبوڵ نەكردنی ئەمە، واتە موباهەلەكەی ڕەتكردەوە. لەبەرئەوە مردنی ئەمریتسەری لەژیانی مەسیحی بەڵێندراودا (علیه السلام) هیچ مانایەك نابەخشێت مادام موباهەلەكە نەبەسترا. وە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) لە دەقی ئەم نزایەدا بەڕوونی جەختیكردەوە كە ئەمە نزایە نەك پێشبینی؛ واتە پەیوەستە بە مەرجی قەبوڵكردن لەلایەن ئەمریتسەرییەوە.

ڕەخنەی دووەم: تەنانەت ئەگەر مەولەوی ثناء الله ئەمریتسەری نزاكەیشی قەبوڵ نەكردبێت و موباهەلەیەكیش لەئارادا نەبووبێت وەك ئێوە دەڵێن، دامەزرێنەری كۆمەڵی ئەحمەدی لە دەقی ئەم نزایەدا گوتوویەتی بەدڵنیاییەوە درۆزن لەژیانی ڕاستگۆدا تیادەچێت و خوا ماوەیەكی درێژ موڵەتی نادات.. وە ئەگەر ئێوە دەڵێن شتەكە هاتەدی بەگوێرەی پێوەری شێخ ثناء الله؛ ئەوا بۆچی خوا پێوەرەكەی شێخ ثناء الله ی قەبوڵ كرد و نزاكەی دامەزرێنەری كۆمەڵی ئەحمەدی، كە لەلایەن خۆیەوە كردبووی، قەبوڵ نەكرد؟ ئایا هەرچی چۆنێك بێت لە نزاكەوە وادەرناكەوێت كە خوا درۆزنی میرزای چەسپاند بە لەناوبردنی بەگوێرەی پێوەرەكەی خۆی لەژیانی ثناء الله ئەمریتسەریدا؟

وەڵام: ئەوەی لە نزاكەدا هاتووە كە درۆزن لە ژیانی ڕاستگۆدا تیادەچێت و خوای گەورە ماوەیەكی درێژ مۆڵەتی نادات تەنھا تایبەتە بە حاڵەتی موباهەلەوە، ئەمە یەكێك لەو بەڵگانە لەسەرئەوەی كە نزاكە نزای موباهەلە بووە وەك گوتمان نەك نزایەكی گشتی. وە زانراوە كە بەشێوەیەكی سروشتی دوژمنانی پێغەمبەران هەموویان لە ژیانی پێغەمبەرەكەدا لەناوناچن، بەڵكو هەندێ جار ژمارەیەكی زۆريان دەمێنێتەوە، بەڵام بەچاوی خۆیان دەبینن چۆن خوا پێغەمبەرەكە و كۆمەڵەكەی سەردەخات دوای وەفاتی ئەو پێغەمبەرە، وە ئازاردەچێژن و پیش دەخۆنەوە بە بینیی شكستی تەواوەتی خۆیان. ڕەنگە لە كۆتاییدا تووشی سزا ببن، وە هەشیانە تۆبە دەكات.

دیارە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) خۆی ئەمەی دووپات كردووەتەوە و ئەوەی نەرێ كردووە كە لەناوچوونی درۆزن لە ژیانی ڕاستگۆدا ڕێسایەكی گشتی بێت لە هەموو بارودۆخێكدا، هەڵبەت ئەمەی ڕوونكردووەتەوە لەو ماوەیەدا كە تێیدا ئەم كێشە و گرفتە ورووژابوو (10/10/1907ز)، چونكە هەندێ كەس لەو كاتەشدا ئەم تێگەيشتنە هەڵەیان هەبوو، بۆیە بەڕێزی (علیه السلام) وەڵامی ئەمەی دایەوە و فەرمووی:

“لەكوێدا هاتووە كە درۆزن لە ژیانی ڕاستگۆدا دەمرێت؟ من لە هیچ یەكێك لە نووسراوەكانمدا شتی وەهام نەنووسیوە… تەنھا ئەوەم نووسیوە لەو دوو كەسەی موباهەلە دەكەن درۆزنەكەیان لە ژیانی ڕاستگۆكەیاندا تیادەچێت و دەمرێت. دەی ئایا هەموو دوژمنەكانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەژیانیدا تیاچوون؟ نەخێر، بەڵكو هەزاران كەس لە دوژمنەكانی ژیان پاش مردنی ئەو (صلى الله عليه وسلم). بەڵام ئەو درۆزنەی موباهەلە دەكات بەدڵنیاییەوە لەژیانی ڕاستگۆكەدا تیادەچێت و دەمرێت، بەهەمان شێوە نەیارەكانم دوای وەفاتی من دەژین… من سەرم سوڕدەمێنێت لە بیستنی ئەم جۆرە قسانە، چۆن قسەی ئێمە بەشێواوی و هەڵگەڕاوەیی دەخەنەڕوو. بێگومان گەيشتوونەتە چڵەپۆپە لە شێواندن و تەحریفدا تەنانەت پێشی جوولەكەیان داوەتەوە. ئایا هەموو دوژمنانی هەر پێغەمبەرێك یان وەلییەك یان قوطبێك یان غەوثێك لە ژیانی خۆیدا مردوون؟ نەخێر، بەڵكو دووڕووەكان پاش مردنیان ژیاون، بەڵكو ڕاستیەكە ئەوەیە ئەوانەی موباهەلە دەكەن لەگەڵ ڕاستگۆدا ئەوانە بەدڵنیاییەوە لەژیانی ڕاستگۆكەدا دەمرن و تیادەچن”. (الحكم، 10/10/1907ز، لا9)

دەی مادام موباهەلەكە نەبەسترا لەبەرئەوەی مەولەوی ثناء الله ئەمریتسەری ڕەزامەندی نەنواند لەسەری؛ ئەوا ئەم مەرجە بەڕاوەستاوی نەمایەوە. بەڵكو ئەگەر ئەمریتسەریش بمردایە پێش مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) ڕەوا نەبوو بۆمان بڵێین بە نزاكەی بەڕێزی مردووە؛ چونكە نزایەكی بێ مەرج نەبوو.

بەڵام ئەوەی كە پێوەرەكەی ئەمریتسەری پراكتیك بوو بەسەریدا و ئەوەی ویستی بۆی هاتەدی، مەبەستەكە ئەوەیە ئەو پێوەرە ڕوونەكەی موباهەلەكەی ڕەتكردەوە كە تێیدا بەدڵنیاییەوە درۆزن دەمرد لە ژیانی ڕاستگۆدا، وە گوتی درۆزنان دوای ڕاستگۆیان دەژین، بۆیە باشتر بوو بۆ ئەمریتسەری لە چارەڕەشی خۆی كە بمردایە لە ژیانی مەسیحی بەڵێندراودا (علیه السلام) بۆ ئەوەی بەگوێرەی پێوەرەكەی خۆی ڕاستگۆییەكەی بچەسپایە! كەواتە ئەو پێوەرەی ئەمریتسەری خستیەگۆڕێ لەدەرەوەی موباهەلە ڕاست و دروستە و پیادەبوو بەسەریدا، هەمان ئەو پێوەرە بوو كە مەسیحی بەڵێندراویش (علیه السلام) جەختی كردەوە لەسەری لەدەرەوەی موباهەلەكە.

بە دەربڕینێكی تر؛ ئەو پێوەرەی كە ئەمریتسەری خستیەگۆڕێ پێوەرێكی تایبەت نەبوو بەخۆی، بەڵكو پێوەری خودی مەسیحی بەڵێندراویش بوو (علیه السلام) كاتێك كارەكە لەدەرەوەی موباهەلە بێت، ڕەزامەندی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) لەسەر ئەو پێوەرە بەگوێرەی دەقەكەی سەرەوە ئەمە دەسەلمێنێت، هەموو ئەوەی ئەمریتسەری ئەنجامیدا ئەوە بوو كە چوونەناو ئەم پێوەرەی هەڵبژارد و پێوەری یەكەمی ڕەتكردەوە كە پەیوەست بوو بە موباهەلەكەوە، بۆیە سزاكەی هات بەگوێرەی ئەوەی خۆی هەڵیبژاردبوو، بۆ ئەوەی خوای گەورە بۆ هەموو جیھانی بسەلمێنێت كە ئەو درۆزنەكەیە و مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) ڕاستگۆكەیە؛ كەواتە لە بنچینەدا ئەم پێوەرە تایبەتمەند نیە بە ئەمریتسەرییەوە.

ڕەخنەی سێیەم: یەكێك لە ڕەخنەگران دەڵێت: دامەزرێنەری كۆمەڵەكەتان ڕاگەیاندنەكەی خۆی (واتە ڕاگەیاندنی 15ى ئەپریل)ی ناونا حوكمی كۆتایی، دوای ئەوە بوار نیە بۆ وتنی هیچ شتێك. ئەمە بریتیە لە ڕاستیەكە بۆیە لەو كاتەوە هیچ دەستەواژەیەكی ئەو و هیچ لێدوانێكم نەدۆزیەوە هەتا ساڵێك و يەك مانگ پاش وەفاتی كردنی.

وەڵام: ئەگەر ڕەخنەگرەكان هیچ دەستەواژەیەكی مەسیحی بەڵێندراویان (علیه السلام) نەدۆزیوەتەوە؛ ئەوا پێویستە دانبنێن بە كەمتەرخەمی و نەزانی خۆیاندا، بەڵكو بە هەڵەی خۆیاندا لەجیاتی ئەوەی باری نەتوانینی خۆیان بۆ گەڕان و پشكنین بخەنەسەر كۆڵی ئەوانی تر.

وەرن با بزانین ئایا بەڕێزی (علیه السلام) دوای ئەمە هیچ دەقێك یان دەستەواژەیەكی نووسیوە یان نا؟

بینیمان ثناء الله ئەمریتسەری خۆی دزییەوە لە چوونەناو موباهەلەكەوە بە كۆمەڵێك بیانووی لاوازەوە، بەڵام خوای گەورە ویستی جارێكی تر ئەم فێڵ و خۆدزینەوەیەی ئاشكرا بكات، ڕوونكردنەوەی ئەمەش بەم جۆرەیە: مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) لە 30 ئەپریلی ساڵی 1907زدا ڕاگەیاندنێكی نووسی كە ئاراستەی نەیارەكان كرابوو لە موسوڵمانان و هيندۆس و ئارییەكان و مەسیحییەكان، بەڕێزی (علیه السلام) تێیدا فەرمووی:

“لەسەرەتاوە كە تاعوون دەستی پێكرد لە وڵاتدا لەلایەن خوای گەورەوە ئەم ئیلھامەم پێگەيشت: “إنی أحافظ كل من في الدار” [بێگومان من هەموو ئەو كەسانە دەپارێزم كە لەناو خانووەكەدان]، واتە لەداهاتوودا هەموو ئەو كەسانە دەپارێزم كە لەناو ئەم خانووەدا نیشتەجێ دەبن. نزیكەی یانزە ساڵ تێپەڕیوە بەسەر ئەو كاتەدا كە تێیدا ئەم ئیلھامەم پێگەيشتووە، وە لەو كاتەوە سەدان هەزار كەس بە تاعوون مردوون، بەڵام تەنانەت ئەگەر سەگێكیش هاتبێتە ماڵەكەمانەوە پارێزراو بووە لە تاعوونەكە. چەند مەزنە ئەم موعجیزەیە! بەڵام بۆ ئەو كەسانەی كە چاویان داناخەن. دەی ئەگەر كەسێك باوەڕی وایە ئەمە هەڵبەستراوی مرۆڤە و كەلامی خوا نیە ئەوا پێویستە لەسەری ئەویش هەڵبەستراوێكی وەكو ئەمە بڵاوبكاتەوە یان سوێند بەخوا بخوات و بڵاوی بكاتەوە كە ئەمە كەلامی خوا نیە، وە من دڵنیام لەم دۆخەدا خوا بەرپەرچی بێشەرمیەكەی دەداتەوە. ئەگەر لە ڕۆژهەڵاتەوە چوون بۆ ڕۆژئاوا و لە باكوورەوە چوون بۆ باشوور لە جیھاندا هەرگیز كەسێكتان دەستناكەوێت خوای گەورە لە ڕێگەی وەحیەوە دڵنیای كردبێتەوە كە تاعوون نایەتە ماڵەكەیەوە. پێویستە نەیارەكانمان لە موسوڵمانان و ئارییەكان و مەسیحیەكان وەڵامی ئەمە بدەنەوە”. (الحكم، رقم15، مجلد11، 30/ 4/1907م، ص5، “بدر” رقم18، مجلد6، عدد2/ 5/1907، ص1)

وە كاتێك كەسێك وەڵامی ئەم ڕاگەیاندنەی نەدایەوە بەڕێزی (علیه السلام) جارێكی تر بڵاوی كردەوەو تێیدا بەتایبەتی ڕوویكردە ثناء الله ئەمریتسەری و نەیارەكانی تری جگە لەو بەگشتی. ئەمەی خوارەوە ڕاگەیاندنەكەیە:

ڕاگەیاندن، جارێكی تر

{وَمَنْ أَظْلَمُ مِمَّنِ افْتَرَى عَلَى اللهِ كَذِبًا أَوْ كَذَّبَ بِآيَاتِهِ}

زۆر بەداخەوە زۆرینەی خەڵكی لەم وڵاتەدا كە بە پیاوی ئایینی بانگ دەكرێن و بانگەشەی پێگەيشتنی وەحی و ئیلھام دەكەن كاتێك كەلامی خوایان بۆ دەخوێنرێتەوە دەڵێن ئەمە درۆیە و هەڵبەستراوە. بێگومان كتێبی “البراهین الأحمدیة”م دانا بۆ چەسپاندنی بەڵگە لەسەر هاوشێوەكانیان و سەلماندنی ڕاستی بۆیان. هەتاكەی بەم شێوەیە هەڵسوكەوت دەكەن، دیارە بۆ هەموو حوكمێك ڕۆژێكی دیاركراو هەیە و بۆ دابەزینی هەموو قەزایەك شەوێكی دەستنیشانكراو هەیە. بۆ نموونە لێرەدا كەلامی خوا دەخەمەڕوو بۆتان، وە لێرەدا بەتایبەتی شێخ أبو الوفا ثناء الله ئەمریتسەری و شێخ عبد الجبار و شێخ عبد الواحد و شێخ عبد الحق ى گەزنەیی و پاشان ئەمریتسەری و جەعفەر زیتلی و دكتۆ عبد الحكيم خان نەشتەرگەری یاریدەدەر تراوی فەرمانبەری ویلایەتی بەتالە دەدوێنم. ئەو كەلامەش ئەوەیە كە خوای گەورە دواندمی و فەرمووی: “إني أحافظ كل من في الدار وأحافظك خاصة”. وە وەرگێڕانەكەی بەگوێرەی تێگەیاندن لەلایەن خواوە ئەوەیە: لەداهاتوودا هەموو ئەو كەسانە دەپارێزم كە لەناو خانووەكەتدان، وە بەتایبەتی خۆت دەپارێزم. بەردەوام ئەم پێشبینیە بەدی دێت ماوەی یانزە ساڵە. وە بێگومان من باوەڕم وایە كە ئەم قسەیە لەلایەن خوای گەورەوەیە وەك چۆن باوەڕم بە كتێبە پیرۆزەكانی خوا هەیە بە تایبەتی قورئانی پیرۆز، وە شایەتی دەدەم كەلامی خوای گەورەیە. جا ئەگەر یەكێك لەو كەسانەی لەسەرەوە ناویان براوە و هاوشێوەكانیان باوەڕی وایە كە ئەمە درۆ و هەڵبەستراوی مرۆڤە؛ ئەوا پێوبیستە لەسەری سوێند بەخوا بخوات و بڵێت ئەمە درۆ و هەڵبەستراوی مرۆڤە و كەلامی خوا نیە، وە نەفرەتی خوا لەو كەسە بێت درۆ بەدەم خواوە دەكات. وە هیوام وایە خوای گەورە لەم بابەتەدا دادوەری بكات بەم شێوازە…

ئێستا سەیردەكەم كێ بۆ بەدرۆزانینەكە سوێند دەخوات لەبەرامبەر ئەم نووسینەمدا. بەڵام پێویستە ئەگەر كەسی بێباوەڕ بە كەلامی خوای نازانێت با ڕایبگەیەنێت كە ئەویش پارێزراو دەبێت لە تاعوونەكە و ئەویش لەلایەن خواوە ئیلھامی پێگەيشتووە، بۆ ئەوەی ببینێت سزای درۆهەڵبەستن چیە. والسلام علی من اتبع الهدی. نووسەر: بەندەی خۆبەكەمزان، میرزا غوڵام ئەحمەد. (“بدر” عدد 6/ 6/1907م، ص4، مجموعة الإعلانات ج3 ص 581-582)

ڕێگای ئاسان بۆ حوكمدان

یەكێك لە برایان بە مەسیحی بەڵێندراوی (علیه السلام) وت: هەڵبەت لە ڕۆژنامەكاندا ئەم قسەیەی ئێوە بڵاوكراوەتەوە: “ئەگەر یەكێك لەوانەی بەدرۆزنم دەزانن ئەم وەحیەی خوا كە بڵاومكردووەتەوە: “إني أحافظ كل من في الدار” بە درۆیەك دادەنێت كە خۆم هەڵمبەستووە، وە دڵنیایە لەلایەن خۆمەوە دروستم كردووە و كەلامی خوا نیە كە دابەزیوەتە سەرم، وە تەنھا بەڕێكەوت خانووەكەم پارێزراو بووە و بەردەوامیش دەپارێزرێت؛ ئەوا با هەندێ لەوانەى كە بەدرۆزنم دەزانن ئیلھامێكی وەكو ئەمە بڵاوبكەنەوە، ئەو كاتە بەخێرایی دەزانن سەرەنجامی درۆهەڵبەستن چیە”.

دوای خوێندنەوەی ئەم دەستەواژەیە هەندێ لە نەیارەكان دەڵێن ئێمە درۆزن و بوختانچی نین هەتا درۆ بەدەم خوای گەورەوە بكەین، ئیتر چۆن ئیلھامێكی وەكو ئەمە بڵاودەكەینەوە؟

مەسیحی بەڵێندراویش (علیه السلام) فەرمووی: ئەمە ئەو شتەیە ئێمە دەمانەوێت تێیانبگەیەنین كە هیچ كەسێك ڕزگاری نابێت دوای درۆكردن بەدەم خواوە. بۆیە ئەگەر ئەم كەلامە لەلایەن خواوە دانەبەزیبایەتەسەر من و هەڵبەستراوی خۆم بوایە؛ ئەوا خوا خانووەكەمی نەدەپاراست بەگوێرەی كەلامەكە. كەواتە مادام ئەم كەلامە زۆر بەڕوونی و ڕاشكاوی هاتووەتەدی ئیتر چ گومانێك دەمێنێتەوە لە قەبوڵكردنی؟ بەڵام من ڕێگایەكی تریشم خستووتەڕوو بۆ ڕەخنەگران كە بریتیە لەوەی ئەو كەسەیان باوەڕی وایە ئەم كەلامە درۆیە و مرۆڤ هەڵیبەستووە؛ ئەوا پێویستە لەسەری كە سوێند لەسەر ئەم وشانە بخوات كە هەڵبەستراوی مرۆڤە و كەلامی خوا نیە، وە نەفرەتی خوا لەو كەسەبێت كە وەحی خوا بەدرۆ دەزانێت. جا ئەو كەسەی بەم شێوەیە سوێند دەخوات؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە خوای گەورە ئەنجامی ئەم سوێندەی دەردەخات. پێویستە لەسەر شێخ ثناء الله و جەعفەر زتلی لاهۆری و دكتۆ عبد الحكيم خان و ساداتی گەزنەیی بەخێرایی ئاوڕ لەم بابەتە بدەنەوە و سەرنجی خۆیانی ئاراستە بكەن. (جريدة بدر، 11/ 7/1907 مجموعة الإعلانات ج3 ص 582)

بێگومان بەڕێزی (علیه السلام) لەم ڕاگەیاندن و لێدوانەدا بەتایبەتی مەولەوی ثناء الله ئەمریتسەری دواندووە و ڕێگایەكی ئاسانی پێشكەش كردووە بۆ حوكمدان و دادوەری كردن.

دەی ئەگەر بەڕێزی (علیه السلام) نزاكەی پێشووی خۆی (كە بڵاوكراوەتەوە لە ڕاگەیاندنەكەدا بە ناونیشانی حوكمی كۆتایی لەگەڵ ثناء الله ئەمریتسەریدا) بەوە زانیبێت كە كاریگەریەكەی بەردەوامە و بە حوكمی كۆتایی ئەژماری بكردایە سەرەڕای نكوڵیكردنی ئەمریتسەری و ڕەتكردنەوەی ئەوەی كە بچیتەناویەوە؛ ئەوا لێرەدا بەڕێزی (علیه السلام) ڕێگایەكی ئاسانتری نەدەخستەڕوو بۆ ئەمریتسەری بۆ حوكمدان و دادوەری كردن.

پاشان كۆتا شێواز كامەیە بۆ حوكمدان؟ بریتیە لە خودی موباهەلە جارێكی تر. بەرێزی (علیه السلام) چ شتێكی خستە پێش چاوی؟ داوای لێكرد بڵێت بەڵێنی خوای گەورە بە پاراستنی بەڕێزی و هەموو ئەو كەسانەی لە خانووەكەدان لە تاعوون درۆیەكی هەڵبەستراوە، ئەوەتا بەڕێزی (علیه السلام) فەرموویەتی: “سوێند بخوات و بڵێت ئەمە درۆی هەڵبەستراوی مرۆڤە و كەلامی خوا نیە، وە نەفرەتی خوا لەو كەسە بێت درۆ بەدەم خواوە دەكات، هەروەها منیش سوێند بەخوا دەخۆم و دەڵێم ئەمە كەلامی خوایە، وە نەفرەتی خوا لەو كەسەی درۆ بەدەم خواوە دەكات، وە هیوام وایە خوا حوكم بدات لەم بابەتەدا بەم شێوازە”.

ئەمە كەی بوو؟

 ئەمە لە 6ی یۆنیۆ و 11 یۆلیۆ دا بوو، واتە نزیكەی مانگ و نیوێك بۆ دوو مانگ دوای ڕاگەیاندنی 15ی ئەپریل.

وە بەڕێزی (علیه السلام) لە كۆتاییدا نووسیویەتی: “هیوام وایە خوا حوكم بدات لە بابەتەكەدا بەم شێوازە”.

كەواتە بەڕێزی (علیه السلام) شێوازێكی تری خستەڕوو بۆ حوكمدان و دادوەری كردن پاش ڕەتكردنەوەی شێوازی نزاكەی پێشوو لەلایەن ثناء الله ئەمریتسەرییەوە.

بەڵام بەداخەوە ئەمریتسەری نەیوێرا ئەم شێوازەیش قەبوڵ بكات.

كەواتە شتانێك هەبوون پاش ئەم حوكمەی كۆتایی كە تەواو نەبوون بەهۆی ڕاكردنی ئەمریتسەرییەوە، بەڵكو مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) بەوپەڕی ئازایەتییەوە بەردەوام بووە لە بانگكردنی ئەمریتسەری و كەسانی تریش بۆ موباهەلە، وە ئەمریتسەری بەردەوام تۆقیوە و هەڵهاتووە هەتا ساتی كۆتایی.

ڕەخنەی چوارەم: شتێكی پێویست نیە كە لایەنی دووەم ئەم تەحەددایە یان ئەم موباهەلەیە قەبوڵ بكات بۆ ئەوەی بەردەوام كاریگەر بێت. ئەوەتا ڕوویداوە یەكێك لە شێخەكان كە بریتی بوو لە غوڵام دەستگێڕی قوسوری تاك لایەنە هەستا بە موباهەلەكردنی مەسیحی بەڵێندراو پاشان بەهۆی ئەم موباهەلەیەوە مرد.

وەڵام: بەڵێ، جاروبار دەكرێت كەسێك موباهەلەی خۆی ڕابگەیەنێت بەرامبەر كەسێك، وە تاك لایەنە نزا بكات، بە مەرجێك لایەنەكەی تر ڕەتینەكاتەوە، بەم شێوەیە ڕەتنەكردنەوەی موباهەلەكە پاش ئاگاداركردنەوەی بەجۆرێك لە قەبوڵكردن ئەژمار دەكرێت، لەو كاتەدا ئەم موباهەلەیە دەبێتە پێوەرێك بۆ ڕاستگۆیی ئەو كەسەی موباهەلەكە ڕادەگەیەنێت، بۆ نموونە ئەگەر کەسێك خۆى درۆزن بێت و کەسی ڕاستگۆ بەدرۆزن بزانێت، ئەگەر هاتوو لەلایەن خۆیەوە بەتەنھا نزا بكات كە ڕاستگۆكه لەناوبچێت لە ژیانی ئەودا، وه لەماوەی ساڵێكدا یان هەر ماوەیەكی تر كە دیاری دەكات؛ ئەوا ئەو كاتە ئەگەر لایەنی دووەم مرد لەم ماوەیەدا ئەوا ڕاستگۆییەكەی ئەم دەچەسپێت، ئەگەر ڕاستگۆكە نەمرد ئەوا درۆزنیەكەی ئەم دەچەسپێت. بەڵام تا چ ڕادەیەك ئەمە پیادە دەبێت بەسەر دۆخەكەی ثناء الله ئەمریتسەریدا؟ ئەمریتسەری تاك لایەنە بانگەوازی نەكردووە بۆ موباهەلە، بەڵكو هەموو جارێك ڕایدەكرد لە بانگهێشتی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) وەك بینیمان، پاشان كاتێك مەسیحی بەڵێندراوی (علیه السلام) بانگ دەكرد بۆ موباهەلە بەڕێزی (علیه السلام) بەدەمییەوە دەچوو، بەڵام ئەمریتسەری پاشگەز دەبوویەوە. وە پێشتر ئەوەشمان ساغ كردەوە كە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) بەتەنھا تاك لایەنە بانگهێشتی نەكرد بۆ موباهەلە، بەڵكو ڕەشنووسی موباهەلەكەیشی بۆ نارد بۆ ئەوەی قەبوڵی بكات و لە هەفتەنامەكەیدا بڵاوی بكاتەوە و کۆمێنتی خۆی لەسەر بنووسێت بۆ ئەوەی كاریگەرییەكەی بەردەوام بێت كەچی ثناء الله ئەمریتسەری ڕەتكردنەوەی خۆی ڕاگەیاند بۆ تەحەددا و موباهەلەكە. بۆیە جیاوازییەكی زۆر هەیە لەنێوان ڕەتكردنەوە لە دۆخی ئەمریتسەریدا و ڕانەگەیاندنی ڕەتكردنەوە لەلایەن مەسیحی بەڵێندراوەوە (علیه السلام) لە موباهەلەكەی غوڵام دەستگێڕی قوسوریدا؛ وە ئەم جیاوازییەیە كە موباهەلەكەی غوڵام دەستگێری قوسوری وەها لێكردووە بەردەوام كاریگەری هەبێت، لەكاتێكدا تەحەددا و موباهەلەكەی ئەمریتسەری بە كاریگەر نەمایەوە بەهۆی ڕەتكردنەوەی ئەوەی كە لایەنێك بێت تێیدا. بێگومان دەستگێڕی قوسوری بانگەشەی كرد بۆ موباهەلە و بەگوێرەی مەرجی موباهەلەكە مرد كە بریتی بوو لەوەی درۆزن بمرێت لە ژیانی ڕاستگۆدا، وە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) ڕەتكردنەوەی خۆی بۆ ئەم موباهەلەیە ڕانەگەیاند و مردنی ئەو بەڵگەیەك بوو لەسەر درۆزنییەكەی و ڕاستگۆیی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام). هەروەها سەبارەت بەوەی كە ئەگەر ئەو خۆی نەمردایە یان مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) نەمرێت لەماوەی ئەو ساڵەدا كە بەمەرج داینابوو؛ ئەوا ئەمەش هەر بەڵگەیەك بوو لەسەر درۆزنی ئەو.

ڕەخنەی پێنجەم: دەقێك یان ڕاگەیاندێكی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) نیە تێیدا قەبوڵی پێوەرە نوێيەكەی كردبێت كە ثناء الله داینابوو، كە بریتیە لەوەی ڕاستگۆ دەمرێت لە ژیانی درۆزندا.

وەڵام: یەكەم: دەڵێین، مادام ثناء الله قەبوڵی نەكرد بێتەناو ئەم تەحەددایەوە كە بە ڕەشنووسی موباهەلەكە لەقەڵەم دەدرا كەواتە موباهەلەكە ڕووینەدا، وە تەحەدداكە بە شتێكی كاریگەر نەمایەوە. ئێستا هیچ كەس حوججەی نیە چ ڕاستگۆ مردبێت لە ژیانی درۆزندا یان درۆزن مردبێت لە ژیانی ڕاستگۆدا؛ چونكە ڕێككەوتن نەكرا لەسەر تەحەدداكە. جا ئەگەر دەقێك نەبێت كە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) تێيدا ئەم پێوەرەی قەبوڵ كردبێت؛ ئەوا دەقێكیشمان دەستناكەوێت كە ڕەتیكردبێتەوە وەك چۆن ثناء الله تەحەدداكەی مەسیحی بەڵێندراوى (علیه السلام) ڕەتكردەوە. كەواتە ئەم جۆرە پێوەرە پەیوەست دەبێت بە خاوەنەكەیەوە ئەگەر ڕەتنەكرێتەوە لە لایەنەكەی ترەوە وەك چۆن غوڵام دەستگێڕی قوسوری تووشی سزا بوو دوای بانگهێشتەكەی بۆ موباهەلە لەبەرامبەر مەسیحی بەڵێندراودا (علیه السلام) و ڕەتنەكردنەوەی ئەم بانگهێشتە لەلایەن بەڕێزیەوە. دووەم: دیارە ڕازیبوونی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) لەسەر ئەم جۆرە پێوەرە نوێیە كە ئەمریتسەری دركاندی، لە ناواخندا لەو وتەیەیەوە دەفامرێتەوە كە لە ڕۆژنامەی “الحكم”دا هاتووە لە وەڵامدانەوەی پرسیارێكی پەیوەست بەم پرسەوە، بەجۆرێك هاتووە:

ئەندامێكی كۆمەڵ پرسیاری كەسێكی نائەحمەدی خستەڕوو كە لە كتێبەكانتاندا نووسراوە درۆزن لەژیانی ڕاستگۆدا دەمرێت و لەناودەچێت، بەڵام ئەمە ڕاست نیە چونكە موسەیلەمەی درۆزن دوای كۆچی دوایی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مرد. مەسیحی بەڵێندراویش (علیه السلام) دەفەرموێت:

“لەكوێدا هاتووە درۆزن لە ژیانی ڕاستگۆدا دەمرێت؟ لە هیچ كتێبێكمدا ئەمەم نەنووسیوە. پێمپیشان بدەن لە چ كتێبێكدا ئەمەم نووسیوە. هەڵبەت نووسیومە كە درۆزن لەو دوو كەسەی موباهەلە دەكەن دەمرێت لەژیانی ڕاستگۆدا. بەڵام موسویلەمەی درۆزن لە بنچینەدا موباهەلەی نەكردووە. پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووی ئەگەر دوای من ژیایت ئەوا دەكوژرێیت، بەتەواوەتی ئەمە ڕوویدا چونكە پاش ماوەیەكی كەم موسەیلمەی درۆزن كوژرا و پێشبینیەكە هاتەدی”. (جريدة الحكم 10-10-1907)

ئەمە ئەو دەقە یان ئەو ڕاگەیاندنەیە كە هەندێ كەس نكوڵی لە بوونی دەكەن.

بەگوێرەی ئەم دەقە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) ئەو پێوەرەی نەرێ كرد كە درۆزن لە ژیانی ڕاستگۆدا بمرێت لە غەیری موباهەلەدا! بۆیە زوبان حاڵی بەڕێزی (علیه السلام) دەفەرموێت: ئەوەی ثناء الله دەیڵێت ڕاست و دروستە، كەواتە پێویست نیە درۆزن لەژیانی ڕاستگۆدا بمرێت، بەڵام تەنھا لە غەیری موباهەلەدا، وە بەوپێیەی كە نزاكردنم لێی و موباهەلەكەم بۆ ئەو تەواو نەبوو بەهۆی ڕەتكردنەوەی ئەو بۆ موباهەلەكە بۆیە پێویست نیە ئەو لەژیانی مندا بمرێت.

وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمين