خیلافەت لە ئیسلامدا… خوای گەورە چۆن خەلیفە هەڵدەبژێرێت؟

أ. خيلافەتی خوایی بەشێوەی ڕاستەوخۆ:
ب. بەشی دووەم لە خيلافەتی خوایی ئەوەیە كە تێیدا خوای گەورە خەلیفە هەڵدەبژێرێت بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ
كۆمەڵێك پرسیار كە پێویستیان بە وەڵامدانەوە هەیە
بەخشندەیی (الرحمانیة) و دلۆڤانی (الرحیمیة)
هەڵبژاردنە دیموكراتیەكان و هەڵبژاردنی خەلیفە
هیچ خيلافەتێكی خوایی بەبێ پارێزكاری بوونی نیە
پرسیاری پێنجەم: ئەو كەسانە كێن كە خەلیفە هەڵدەبژێرن؟
شكۆیەكی مەزن و هۆشداریەكی گەورە
ئەو هەڵانەی پەیوەستن بە كاروبارەكانی دنیاوە
ئەو هەڵانەی كە پەیوەستن بە كۆمەڵی باوەڕدارانەوە
ئەو هەڵانەی پەیوەستن بە كاروبارەكانی شەریعەتەوە
مانای پارێزراوی لە تاوان (عیصمەت)
بێگومان بابەتی خيلافەت لە ئیسلامدا بابەتێكی فراوان و گرنگە، لەم وتارەدا یەكێك لە لایەنه هەمەچەشنەكانی تاوتوێ دەكەین، ئەویش بریتیە لەوەی: خوای گەورە چۆن خەلیفە هەڵدەبژێرێت؟ بەڵام پێش وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بە پێویستی دەزانم ئەوە باس بكەم كە دوو جۆر خيلافەت هەیە: خيلافەتی خوایی و خيلافەتی مرۆیی، ڕەنگە وا باشتر بێت كە هەردوو جۆرەكە كەمێك بەدرێژی شرۆڤە بكەین.
خيلافەتی خوایی ئەو خيلافەتەیە كە تێيدا خوای گەورە خەلیفە هەڵدەبژێرێت، وە ئەم هەڵبژاردنەیش دەبێت بە دوو بەشەوە؛ هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ و هەڵبژاردنی ناڕاستەوخۆ.
أ. خيلافەتی خوایی بەشێوەی ڕاستەوخۆ:
ئەو خيلافەتەیە كە تێیدا خوای گەورە خەلیفە هەڵدەبژێرێت بەبێ ئەوەی هیچ كەسێك بەشداری بكات لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكەدا. قورئانی پیرۆز دوو نموونەی بۆ باس كردووین لەسەر ئەم جۆرە خيلافەتە. نموونەی یەكەم بریتیە لە ئادەم (عليه السلام)، وەك خوای گەورە دەفەرموێت: {وَإِذْ قَالَ رَبُّكَ لِلْمَلائِكَةِ إِنِّي جَاعِلٌ في الأَرْضِ خَلِيفَةً} (البقرة: 31) وە نموونەی دووەم بریتیە لە داوود (عليه السلام)، وەك خوای گەورە دەفەرموێت: {يَا دَاوُدُ إِنَّا جَعَلْنَاكَ خَلِيفَةً في الأَرْضِ فَاحْكُمْ بَـيْنَ النَّاسِ بِالْحَقِّ} (ص: 27).
بەوپێیەی كە خوای گەورە ڕاستەوخۆ خەلیفە هەڵدەبژێرێت؛ ئەوا ئەو خەلیفەیە دەدرێتەپاڵ خوای گەورە و پێی دەوترێت خەلیفەی خوا. لەسەر ئەم بنەمایە هەر پێغەمبەر و نێردراوێك لەڕاستیدا خەلیفەی خوایە، واتە پێغەمبەرایەتی لە ناوەڕۆكدا بریتیە لە خيلافەتی خوایی ڕاستەوخۆ، كە تێیدا بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ خوای گەورە خەلیفە (واتە پێغەمبەر) هەڵدەبژێرێت بەبێ ئەوەی هیچ كەسێك بەشدار بێت لەم پرۆسەی هەڵبژاردنەدا. وە زانراویشە كە پێغەمبەر (ﷺ) دەربارەی ئیمامی مەهدی فەرموویەتی ئەو: “خلیفةُ اللەِ المهدي”يە. واتە خەلیفەی هیدایەتدراوی خوایە.
ب. بەشی دووەم لە خيلافەتی خوایی ئەوەیە كە تێیدا خوای گەورە خەلیفە هەڵدەبژێرێت بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ
وە لە ئیسلامدا ئەم خيلافەتە پێیدەوترێت “خيلافەتی ڕاشیدی”، كە خيلافەتێكە دوای ڕەوانەكردنی پێغەمبەر دێت، لەبەرئەوە ئەم خیلافەتە دەدرێتەپاڵ ئەو پێغەمبەرە و بەو خەلیفەیەش دەوترێت: “خەلیفەی پێغەمبەر” یان “خەلیفەی مەسیح.”
گەورە و سەروەرمان پێغەمبەری خوا (ﷺ) وەسفی ئەم خيلافەتەی كردووە بەوەی “خيلافەتێكە لەسەر ڕێبازی پێغەمبەرایەتی”ە. هەروەها پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەفەرموێت كە هیچ پێغەمبەرایەتیەك نەبووە مەگەر بەدوایدا خيلافەتێك هاتووە. وە ئێمە لە فەرموودەیەكی تری پێغەمبەرەوە (ﷺ) دەزانين كە پێغەمبەران كاروباری نەوەی ئیسڕائیلیان بەڕێوە دەبرد، هەركاتێك پێغەمبەرێك دەمرد پێغەمبەرێكی دیكە شوێنی دەگرتەوە، وە بێگومان لەدوای ئەو (ﷺ) پێغەمبەر نیە. وە لەم دوو فەرموودەيەوە بۆمان ڕووندەبێتەوە كە وشەی “خەلیفە” وشەیەكە دەكرێت بە پێغەمبەر و بە غەیری پێغەمبەریش بوترێت. كەوابوو هەر پێغەمبەرێك دوای خۆی خەلیفەیەك جێگەی دەگرێتەوە كە دەكرێت پێغەمبەرێك بێت…واتە خەلیفەیەك بێت كە خوای گەورە ڕاستەوخۆ هەڵیدەبژێرێت، هەروەك چۆن سڵێمان جێگەی داوودی گرتەوە (عليهما السلام). هەروەها ڕەنگە خەلیفەیەك كە پێغەمبەر نەبێت ببێت بە جێنشینی پێغەمبەرێك… واتە خەلیفەیەك كە ئەمیش خوای گەورە هەڵیدەبژێرێت، بەڵام بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ. بەگوێرەی ئەم مانایە.. پێغەمبەری خۆمان (ﷺ) هیچ خەلیفەیەك جێگەی نەگرتووەتەوە كە پێغەمبەر بووبێت، بەڵكو بەشوێنیدا خيلافەتێك هاتووە كە لەسەر ڕێبازی پێغەمبەرایەتی بووە.
وە خوای گەورە لە ئایەتی هەشتی سوورەتی (الأحزاب)دا ناوی كۆمەڵێك پێغەمبەر دەبات، تەنھا دەربارەی ئەوان دەفەرموێت كە پەیمانی پێغەمبەرانی وەرگرتووە لێیان، ئەوەتا دەفەرموێت: {وَإِذْ أَخَذْنَا مِنَ النَّبِيِّينَ مِيثَاقهُمْ وَمِنْكَ وَمِنْ نُّوحٍ وَإِبْرَاهِيمَ وَمُوسَى وَعِيسَى ابْنِ مَرْيَمَ وَأَخْذْنَا مِنْهُمْ مِّيثَاقًا غَلِيظًا}.
لەم ئایەتە پیرۆزەدا تێبینی ئەوە دەكەین ئەم پێغەمبەرانە ئەوانەن كە لە سەرەتا یان كۆتایی ئوممەتێك لە ئوممەتەكاندا هاتوون، هەرچی نووحە (عليه السلام) لە سەرەتای ئوممەتی خۆیدا هاتووە، وە لە كۆتاییەكەیشیدا ئیبراهیم (عليه السلام) هاتووە؛ هەروەك خوای گەورە دەفەرموێت: {وَإِنَّ مِنْ شِيعَتِهِ لإبْرَاهِيم} (الصافات: 84).
بەهەمان شێوە مووسا (عليه السلام) لە سەرەتای ئوممەتی نەوەی ئیسڕائیلدا هاتووە و عیسای كوڕی مەریەمیش (عليه السلام) لە كۆتاییەكەیدا هاتووە، وە هەروەها سەروەرمان پێغەمبەری خوا (ﷺ) لە دەستپێكی ئوممەتی ئیسلامیدا هاتووە كە كۆتایی هەموو ئوممەتەكانە، لەكاتێكدا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە كۆتاییەكەیدا هاتووە، هەروەك پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرموێت: “چۆن ئوممەتێك لەناودەچێت كە من لە سەرەتاكەیدا بم و مەسیحی كوڕی مەریەمیش لە كۆتاییەكەیدا بێت.” (كنز العمال، والدر المنثور).
بێگومان لەدوای هەموو ئەو پێغەمبەرانەی كە لە سەرەتا و كۆتایی ئوممەتەكاندا هاتوون خيلافەت دامەزراوە، ئیتر خيلافەتی پێغەمبەرایەتی بوو بێت یان خيلافەتێك بوو بێت لەسەر ڕێبازی پێغەمبەرایەتی.
خيلافەتی مرۆیی یەكێكە لە سیستەمەكانی دەسەڵاتی ڕامیاری وەك سیستەمی پاشایەتی، سیستەمی كۆماری و جگە لەوانیش، لە مێژووی ئیسلامیدا ئەم خيلافەتە لەسەر دەستی هەندێ خێزانی ئیسلامی دامەزرا كە دوای كۆتایی هاتنی خيلافەتی ڕاشیدی دەسەڵاتیان گرتەدەست، واتە دوای كۆتایی هاتنی خيلافەت لەسەر ڕێبازی پێغەمبەرایەتی، ئەمەش پاش تیرۆركردنی خەلیفەی سێيەم و چوارەم (ڕەزای خوایان لێ بێت).
بەشێوەیەكی سروشتی دیارە كە ئەم خيلافەتە خيلافەتێكی خوایی نیە؛ چونكە لەم سیستەمە ڕامیاریەدا نه بەشێوەی ڕاستەوخۆ نە بەشێوەی ناڕاستەوخۆ خوای گەورە خەلیفە هەڵنابژێرێت، بەڵكو سیستەمی دەسەڵاتدارێتی بەجێدەهێڵێت بۆ خەڵكی، وە خەلیفە، واتە دەسەڵاتدار، بەگوێرەی بڕیاری خەڵكی دیاریدەكرێت یاخود بەگوێرەی ڕێوشوێنێك كە دەسەپێنرێت بەسەریاندا، ئیتر دیموكراسی بێت یان بۆماوەیی یان دیكتاتۆری یاخود بەزەوتكردنی دەسەڵات لەڕێگەی كودەتای سەربازيیەوە.
ئەم وتارە تاوتوێی ئەم جۆرە خيلافەتە مرۆییە ناكات، وە ئەمە خیلافەتێكە تەنھا لە ناودا لەگەڵ خيلافەتی خواییدا بەشدارە… واتە تەنها لە وشەی “خيلافەت”دا. لەسەر ئەم بنەمایە ئێمە لێرەدا دەربارەی هەموو ئەو سیستەمانە نادوێین كە تێیاندا بە سەرۆكی دەوڵەت وتراوە خەلیفە ئیتر ئەو خيلافەتە خيلافەتی ئومەوی یان عەبباسی یان فاطیمی یان عوسمانی یان هەر خيلافەتێكی تر بێت.
هەروەها ئێمە تاوتوێی بابەتی ئەو خيلافەتە خواییەش ناكەین كە تێیدا خوای گەورە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ خەلیفە (واتە پێغەمبەر) هەڵدەبژێرێت. بەڵكو تەنھا تاوتوێی ئەو خيلافەتە خواییە دەكەین كە خيلافەتێكە لەسەر ڕێبازی پێغەمبەرایەتی و تێیدا خوای گەورە بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ خەلیفە هەڵدەبژێرێت.
ئەم پرسە گرنگیەكی گەورەی هەیە و زۆر پێویستە بزانین خوا چۆن خەلیفە هەڵدەبژێرێت. وە ئەم بابەتە بەش بەحاڵی ئێمەی موسوڵمانانی ئەحمەدی گرنگیەكی تایبەتی هەیە؛ چونكە خيلافەت لەسەر ڕێبازی پێغەمبەرایەتی جارێكی تر دامەزرایەوە لەم كۆمەڵە پیرۆزەدا پاش ئەوەی خوای گەورە بەندەكەی خۆی مەسیحی بەڵێندراو و ئیمامی مەهدی (عليه السلام) ڕەوانەكرد، وە لەبەرئەوەی ئێمە پەیمانمان داوە بە خەلیفە، ئەو پەیمانەی كە بە بەیعەت ناسراوە، بۆیە دەبێت بەشێوەيەكی ڕاست و دروست لە پایەی خيلافەت تێبگەین.
هەروەها زۆر پێویستە بۆ موسوڵمانان بەگشتی لەوە تێبگەن خوای گەورە چۆن خەلیفە هەڵدەبژێرێت لەو سیستەمەی خيلافەتدا كە لەسەر ڕێبازی پێغەمبەرایەتیە، واتە ئەو سیستەمەی خیلافەت كە پێغەمبەر (ﷺ) لەبارەیەوە فەرموويەتى لەداهاتوودا دووبارە دادەمەزرێتەوە پاش ئەوەی خيلافەت دوای خۆی (ﷺ) لە “خيلافەت لەسەر ڕێبازی پێغەمبەرایەتی”ەوە دەگۆڕێت بۆ دەسەڵاتدارێتی بۆماوەيی و دەسەڵاتدارێتی زۆرداری و دەسەڵاتدارێتی سەركوتكەر، وەك دەفەرموێت: “….پاشان خيلافەت پەیدادەبێت لەسەر ڕێبازی پێغەمبەرایەتی.”
جێگای داخە زۆربەی ئەو كەسانەی دوای وەفاتی پێغەمبەر (ﷺ) لە سەردەمی خيلافەتدا هاتنەناو ئیسلامەوە نەیانزانی كە خوای گەورە خۆی خەلیفە هەڵدەبژێرێت. وە بەهۆی ئەم نەزانینەیانەوە گوێڕایەڵ نەبوون و شەڕیان كرد دژی خەلیفەی سێيەم گەورەمان عوسمانی كوڕی عەففان (ڕەزای خوای لێ بێت)، هەروەك دەزانین خەلیفەی سێيەم و چوارەم بەدەستی موسوڵمانان كوژران. لەبەرئەوە خوای گەورە نیعمەتی ئەو خيلافەتەى هەڵگرت لەناویاندا كە بریتی بوو لە خيلافەت لەسەر ڕێبازی پێغەمبەرایەتی… وە ئەو خيلافەتە ڕاشیدیە كۆتایی هات. ئەگەر ئەوان تێبگەيشتنایە لە ناوەڕۆكی پایەی خيلافەت و بیانزانیبا كە خوای گەورە خۆی خەلیفە هەڵدەبژێرێت؛ ئەوا بەو ڕادەیە بوێر و چاوقایم نەدەبوون لەوەدا كە ژیانی خەلیفەی سێيەم و چوارەم بەو شێوە تراژیدیە كۆتایی پێبھێنرێت و یەكگرتوویی موسوڵمانان درزێكی تێبكەوێت كە بەردەوام قووڵ و فراوان دەبێت هەتا ئەم ڕۆژگارەی ئێمەی تێدا دەژین.
كۆمەڵێك پرسیار كە پێویستیان بە وەڵامدانەوە هەیە
لەبەرئەوەی خوای گەورە بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ خەلیفە هەڵدەبژێرێت.. لەسەر دەستی كەسانێك كە وەها دەردەكەوێت ئەوان هەڵیانبژاردبێت.. بۆیە بەدڵنیاییەوە كۆمەڵێك پرسیاری زۆر دروست دەبێت لە مێشكی هەندێ كەسدا:
یەكەم: چۆن دەوترێت خوای گەورە خەلیفە هەڵدەبژێرێت لەگەڵ ئەوەی لە ڕواڵەتدا خەڵكی خەلیفە هەڵدەبژێرن؟
دووەم: ئەگەر لەڕاستیدا خوا خەلیفە هەڵدەبژێرێت، ئەوا بۆچی ڕاستەوخۆ هەڵینابژێرێت وەك چۆن پێغەمبەران هەڵدەبژێرێت؟
سێيەم: ئەو كەسە كێیە كە خوا هەڵیدەبژێرێت بۆ ئەوەی ببێت بە خەلیفە، ئەو سیفەتانە كامانەن كە دەبێت لەو كەسەدا هەبن؟
چوارەم: بۆچی سەرجەم ئەندامانی كۆمەڵی باوەڕداران بەشداری ناكەن لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكەدا؟
پێنجەم: ئەو كەسانە كێن كە خەلیفە هەڵدەبژێرن؟
شەشەم: ئایا خەلیفە مەعصومە لە هەڵە؟ دەكرێت چ جۆرە هەڵەیەك لە خەلیفەوە دەربكەوێت؟
هەموو ئەم پرسیارانە پرسیاری گرنگن و پێویستیان بە وەڵامی پەسەند و یەكلاكەرەوە هەیە، لە خوارەوە هەر پرسیارێك لەم پرسیارانە بە تەنھا تاوتوێ دەكەین و وەڵامی دەدەینەوە.
چۆن دەكرێت خوای گەورە خۆی ئەو كەسە بێت كە خەلیفە هەڵدەبژێرێت لەگەڵ ئەوەی ڕواڵەتی كارەكە پێمان دەڵێت خەڵكی خەلیفە هەڵدەبژێرن؟
دوو ڕێگە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە
لێرەدا دوو ڕێگە هەیە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە.. ڕێگەی یەكەم: هەندێ كردەوە هەیه مرۆڤ دەیانكات، بەڵام ئەنجامی ئەم كردەوانە ئیشی خوای گەورەیە. ڕێگەی دووەم: كۆمەڵێك كردەوە هەن خوای گەورە ئەنجامیان دەدات، بەڵام لەسەردەستی مرۆڤدا دەردەكەون. دیارە دەبێت بەڵگەمان هەبێت لەسەر ئەوەی كە لە دۆخى هەڵبژاردنی خەلیفەدا خوای گەورە هەڵدەستێت بە هەڵبژاردنەكە، وە ئەو مرۆڤەی كە دەنگەكەی خۆی دەدات تەنھا وەك جێبەجێكردنی ویستی خوای گەورە ئەم كارە دەكات.
بەڵگەكان لە قورئانی پیرۆزەوە:
بەڵگەی یەكەم:
قورئانی پیرۆز بەڕوونی شرۆڤە و تاوتوێی ڕێگەی یەكەمی كردووە و جەخت لەوە دەكاتەوە كە كۆمەڵێك كردەوە هەن مرۆڤ دەیانكات، بەڵام ئەنجامی ئەم كردەوانە كاری خوای گەورەیە، ئەوەتا خوای گەورە دەفەرموێت: {أَفَرَأَيْتُمْ مَا تَحْرُثُونَ * أَأَنْتُمْ تَزْرَعُونَهُ أَمْ نَحْنُ الزَّارِعُونَ} (الواقعة: 64 – 65)
جووتیارەكان لەنێوان خۆیاندا دەڵێن: لەم ساڵدا ئەمە و ئەوە دەچێنین، یان ئەو بەرهەمەی كە ئەم ساڵ چاندوویەتی بەرهەمێكی چاك بوو… وە هەروەها. دیارە جووتیار زەوی دەكێڵێت، وە تۆو دەچێنێت، وە چێنراوەكە ئاو دەدات، وە پەیمان دەدات كە ئەو چێنراوە بپارێزێت و چاودێری بكات، وە بەرهەمەكە دروێنە دەكات، كەچی خوای گەورە دەفەرموێت بێگومان ئێوە تۆو ناچێنن، بەڵكو تەنھا ئێمە چێنەرين. واتە خوای گەورە ئەو كارە دەداتەپاڵ خۆی كە جووتیارەكە دەیكات كە بریتیە لە كشتوكاڵ. بۆچی؟ چونكە دەبێت جووتیار پەیڕەوی ئەو سیستەمە بكات كە خوای گەورە دایناوە بۆ چاندنی تۆو، بۆئەوەی گەشە بكات و بەرهەمی خۆی بدات ئەگینا تۆوە چێنراوەكە گەشە ناكات، لەسەر ئەم بنەمایە چێنەرى ڕاستەقینە بریتیە لە خوای گەورە كە سیستەمی كشتوكاڵی داناوە كە هەردەبێت پەیڕەو بكرێت بۆئەوەی مرۆڤ بەرهەم بچنێتەوە. وە كاتێك مرۆڤ پەیڕەوی ئەو سیستەمە خواییە دەكات ئەوا ئەو ئەنجامە بەدیدەهێنێت كە خوای گەورە دەیەوێت.
ئەستەمە كەسێك بتوانێت، بۆ نموونە، درەختی مانگۆ لە كەنەدا بچێنێت لە وەرزی زستاندا كە پلەی گەرمی لە هەندێ ناوچەدا دادەبەزێت بۆ كەمتر لە چل پلەی سەدی لە خوار سفرەوە. ئەگەر مرۆڤ نەتوانێت شوێنێك دابین بكات كە هەمان دۆخی كەش و هەواى هەبێت و هەمان پلەكانی گەرما و هەمان ڕادەی شێ و هەمان ڕێژەی تیشكی خۆر و هەمان جۆری خاكى هەبێت كە لەو شوێنانەدا هەیە درەختی مانگۆ گەشە دەكات تێیاندا؛ ئەوا كارێكی ئەستەمە كە ئەو مرۆڤە سەركەوتوو بێت لە چاندنی درەختی مانگۆ لە كەنەدا لە وەرزی زستاندا.
وە بەگوێرەی ئەم بنەمایە.. كاتێك مرۆڤ پەیڕەوی سیستەمێك دەكات كە خوای گەورە دایناوە بۆ گەیشتن بە ئەنجامێكی دیاریكراو كە خوا پێی ڕازیە، ئەوا بەدیهێنانی ئەو ئەنجامە یەكێكە لە كارەكانی خوا و كاری مرۆڤ نیە. دواجار… بۆ ئەوەی دەستەبەری ئەوە بكەین كە هەڵبژاردنی خەلیفە لەلایەن خوای گەورەوەیە… دەبێت پەیڕەوی سیستەمێك بكەین كە خوای گەورە دایناوە بۆ هەڵبژاردنی خەلیفە. جا ئەگەر ئەم ئامانجە بەدیهات؛ ئەوا هەڵبژاردنەكە كارێك دەبێت لە كارەكانی خوای گەورە نەك ئەوەی كاری مرۆڤ بێت.
دیارە خوای گەورە سیستەمێكی دیاریكراوی داناوە كە دەبێت پەیڕەو بكرێت بۆ ئەوەی خوای گەورە بە هەڵبژاردنی خەلیفە چاكەی خۆی بنوێنێت. وە ئەم سیستەمەیش داخوازی ڕوودانی كۆمەڵێك كاروبار دەكات، یەكەم و گرنگترینیان ئەوەیە كە پێغەمبەرێك لەلایەن خوای گەورەوە ڕەوانە بكرێت؛ چونكە خیلافەت لەسەر ڕێبازی پێغەمبەرایەتی دانامەزرێت مەگەر دوای ڕەوانەكردنی پێغەمبەرێك، پاشان ئەم پێغەمبەرە سەرپەرشتی دروستكردنی كۆمەڵی باوەڕداران دەكات لەسەر باوەڕی ڕاست و پارێزكاری ڕاستەقینە و كردەوەی چاك.
دووەم: هەڵبژاردنەكە وەها نەبێت كە كەسێك خۆی بپاڵێوێت بۆ پایەی خيلافەت؛ چونكە هەركەسێك خۆی بپاڵێوێت بۆ پایەی خيلافەت پێی وایە كە خۆی لە خەڵكی تر باشتر و شیاوترە بۆ بەدەستھێنانی ئەو پلەوپایە، وە قورئانی پیرۆز ڕێگری دەكات لەم ڕێچكەیە؛ ئەوەتا دەفەرموێت: {فَلا تُزَكُّوا أَنْفُسَكُمْ هُوَ أَعْلَمُ بِمَنِ اتَّقَى} (النجم: 33)، وە لە فەرموودەدا هاتووە لە عەبدوڕڕەحمانی كوڕی سەمورەوە گوتی: پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی پێم: ئەی عەبدوڕڕەحمانی كوڕی سەمورە داوای كاربەدەستی مەكە، ئەگەر بە داواكردن پێتدرا ئەوا كارەكە دەسپێردرێت بەخۆت، بەڵام ئەگەر بەبێ داواكردن پێتدرا ئەوا یارمەتی دەدرێیت لەسەری” (البخاري، كتاب الأحكام، باب مَن سأل الإمارة وُكِلَ إليها).
بۆیە پێویستە هیچ كەسێك كێبڕكێ نەكات لەگەڵ كەسی تردا بۆ بەدەستھێنانی ئەم پلەوپایە؛ چونكە هەركەسێك لەگەڵ كەسانی تردا كێبڕكێ بكات بۆ بەدەستھێنانی دەنگی دەنگدەرەكان و شێوازی پڕوپاگەندە بەكاربھێنێت بۆ خۆی ئەوە لەڕاستیدا دەڵێت: “من هەڵبژێرن و كەسێكی تر هەڵمەبژێرن؛ چونكە من لەو باشترم” دیارە ئەمەیش قسەی شەیتان بوو كاتێك ڕەتیكردەوە ملكەچی ئادەم بێت (عليه السلام) و لەمەشدا بانگەشەی ئەوەی دەكرد خۆی لەو چاكترە.
سێيەم: لاڵانەوە لەبەر قاپی خوای گەورەدا بۆ ئەوەی خۆی سەرپەرشتى هەڵبژاردنی خەلیفە بكات، ئەمەش بە پاڕانەوە لێی پاش هەبوونی باوەڕێكی ڕاست و دڵسۆزی لە جێبەجێ كردنی فەرمانەكانیدا، هەڵبەت خوای گەورە ئەو زاتە پیرۆزەیە كە دەفەرموێت: {وَإِذَا سَأَلَكَ عِبَادِي عَنِّي فَإِنّي قَرِيبٌ أُجِيبُ دَعْوَةَ الدَّاعِ إِذَا دَعَانِ فَلْيَسْتَجِيبُوا لِي وَلْيُؤْمِنُوا بِي لَعَلَّهُمْ يَرْشُدُونَ} (البقرة: 187)، هەروەها دەفەرموێت: {قُلْ مَا يَعْبَؤُ بِكُمْ رَبِّي لَوْلا دُعَاؤُكُمْ} (الفرقان: 78).
ئەگەر مرۆڤ هەموو ئەو هەنگاوانە بگرێتەبەر و هەموو ئەو پێداویستیانە جێبەجێ بكات، ئەوا خوای گەورە چاكەی خۆی دەنوێنێت بەرامبەری و هەڵدەستێت بە هەڵبژاردنی خەلیفە. بەڵام ئەگەر مرۆڤ لەهەموو هەنگاوەكانیدا وەكو پێویست پەیڕەوی ئەو سیستەمە نەكات كە خوای گەورە دایناوە ئەوا خوای گەورە چاكە نانوێنێت بەرامبەری و نایەتەناو پرۆسەی هەڵبژاردنەكەوە، بەڵكو هەموو كارەكە بەجێ دەهێڵێت كە بەگوێرەی ئەو یاسا گشتیانە بەڕێوەبچێت كە خۆی -سبحانە وتعالی- دایناوە بۆهەموو خەڵكی بەگشتی نەك ئەو یاسایانەی كە بۆ كەسانی تایبەتی دایناوە.
بەڵگەی دووەم:
بەڵگەی دووەم كە قورئانی بیرۆز لەم بارەیەوە پێشكەشمان دەكات بریتیە لەوەی: كۆمەڵێك كردەوە هەن خوای گەورە هەڵدەستێت بە كردنیان بەڵام لەسەر دەستی مرۆڤدا پیادە دەبن و دەردەكەون وەك ئەوەی كردەوەی مرۆڤەكە خۆی بن بەڵام بكەری ڕاستەقینەیان خوای گەورەیە. خوای گەورە لە كتێبە پیرۆزەكەیدا دەفەرموێت: {قَاتِلُوهُمْ يُعَذِّبْهُمُ اللهُ بِأَيْدِيكُمْ} (التوبة: 14)
ئەم ئایەتە پیرۆزە بۆ موسوڵمانە یەكەمینەكان دابەزیوە كە لەگەڵ كافرە دەستدرێژكارەكاندا دەجەنگان، بێگومان كافرەكان ڕۆژ بە ڕۆژ دەستدرێژیەكانیان بۆسەر موسوڵمانان زیاتر و خراپتر دەبوو، وە تووڕەیی خوا تاوی سەند و پێویستی كرد سزا دابەزێتە سەریان. ئەمەش هەمیشە سوننەتی خوای گەورە بووە؛ هەركاتێك ستەم و نادادی دوژمن و نكوڵیكاران زیاتر بووبێت لەسەر پێغەمبەر و نێردراوەكانی.. ئەوا دوژمنان دووچاری سزا بوون و غەزەبی خوا داباریوە بەسەریاندا. بۆیە كاتێك ستەمی خەڵكی مەككە پەرەیسەند، وە دەستدرێژیەكانیان هەموو سنورێكی تێپەڕاند، سزای خوایی پێویست بوو سەریان.
وە لە ئایەتی ناوبراودا خوای گەورە بەندە باوەڕدارەكانی خۆی لەوە دڵنیادەكاتەوە كە هێندەی نەماوە سزای خۆی دابەزێنێتەسەر دوژمن و نەیارەكانیان، بەڵام لەجیاتی ئەوەی ڕاستەوخۆ سزا نازڵ بكات بۆسەریان وەك ئەوەی لەگەڵ دوژمنانی پێغەمبەرانی پێشوودا كردی وەك هۆزی نووح و لوط و مووسا (عليهم السلام)، خوای گەورە بە دەستی باوەڕداران سزای موشریكەكانی مەككە دەدات. بۆیە دەبێت باوەڕداران جەنگ بكەن لەگەڵ ئەو موشریكانەی كە بەناحەق دەستدرێژی دەكەن هەتا خوا بەدەستی موسوڵمانان سزایان بدات، كەوابوو كردەوەكە كردەوەی خوای گەورەیە بەڵام ئەم كردەوە خواییە لەسەر دەستی باوەڕداران دەردەكەوێت.
ئەمە بەڕوونی دەریدەخات كە كۆمەڵێك كردەوە هەن بەشێكن لە ڕەفتار و هەڵسوكەوتی خوای گەورە بەڵام لەسەر دەستی ئەو باوەڕدارانەدا پیادەیان دەكات كە گوێڕایەڵی دەكەن و هەڵدەستن بە جێبەجێ كردنی فەرمانەكانی. ئەگەر باوەڕداران گوێڕایەڵی خوای گەورە نەبوونایە و جەنگیان نەكردایە لەگەڵ موشریكەكاندا؛ ئەوا خوا كردەوەی خۆی لەسەر دەستی ئەواندا ئاشكرا نەدەكرد، دیارە كردەوەی خۆی تەنھا لەسەردەستی خۆشەویستە دڵسۆزەكانیدا ئاشكرادەكات كە شوێن فەرمانەكانی دەكەون و ڕاسپاردە و ڕێنماییەكانی جێبەجێ دەكەن. خوای گەورە دەفەرموێت: {فَلَمْ تَقْتُلُوهُمْ وَلَكِنَّ الله قَتَلَهُمْ وَمَا رَمَيْتَ إِذْ رَمَيْتَ وَلَكِنَّ الله رَمَى} (الأنفال: 18)
لێرەدا خوای گەورە وتەی خۆی ئاراستەی باوەڕداران دەكات و دووپاتی دەكاتەوە بۆیان كە بێگومان ئەوان نەبوون كە موشریكە دەستدرێژكارەكانیان كوشت، بەڵكو ئەم كارەی دایەپاڵ خۆی بەتەنھا. وە ئاشكرایە كە باوەڕدارەكان بوون جەنگیان كرد لەگەڵ خەڵكی مەككەدا بەڵام خوای گەورە دەفەرموێت خۆی ئەو دەستدرێژكارانەی كوشتووە. باشە بۆچی خوای گەورە ئەم كارەی داوەتەپاڵ خۆی لەگەڵ ئەوەی ئاشكرایە باوەڕداران هەستاون بە كردنی؟ چونكە كاتێك باوەڕداران هەستاون بەكردنی ئەو كارە، تەنھا هەستاون بە ئەمجامدانی فەرمانی خوای گەورە و پەیڕەوى هەموو ئەو فەرمانانەیان كردووە كە پێویست بوون بۆ جێبەجێ بوونی كارەكە، بەگوێرەی ئەم بنەمایە هێنانەدی ئەنجامی ئەم كردەوەیە كاری خوا خۆی بووە و باوەڕداران تەنھا ئامرازێك بوون بۆ جێبەجێ كردنی ویستی خوای گەورە.
لە قورئانی پیرۆزدا چەندین بەڵگە هەیە، وە بە توێژینەوە لەو بەڵگانە بەجوانی دەردەكەوێت كاتێك مرۆڤ ملكەچی خوای گەورە دەبێت و بەگوێرەی فەرمان و ڕێنماییەكانى ئەو (عز وجل) كردەوەیەك ئەنجام دەدات، ئەگەرچی ئەم جۆرە كردەوانە وا دەردەكەون كە كردەوەی مرۆڤەكە بن بەڵام لەڕاستیدا كردەوەی خوای گەورەن، وە مرۆڤ لەم حاڵەتەدا تەنھا هۆكارێكە خوای گەورە بەكاری دەهێنێت بۆ دەركەوتن و جێبەجێكردنی ئیرادە و ویستی خۆی. ئەمەش هەمان هۆكارە كە خوای گەورە دەیگرێتەبەر لەهەڵبژاردنی خەلیفەدا. خوای گەورە مرۆڤ دەكات بە هۆكارێك بۆ دەرخستن و چەسپاندنی ئیرادە و ویستی خۆی.
ئەگەر خوا خەلیفە هەڵدەبژێرێت بۆچی ڕاستەوخۆ هەڵینابژێرێت وەك چۆن پێغەمبەران هەڵدەبژێرێت؟ بێگومان پێغەمبەران كەس هەڵیان نابژێرێت و خوای گەورە مرۆڤ ناكات بە هۆكارێك بۆ هەڵبژاردنی پێغەمبەر… ئیتر بۆچى هەمان شێواز پەیڕەو ناكات لە هەڵبژاردنی خەلیفەدا؟
بەخشندەیی (الرحمانیة) و دلۆڤانی (الرحیمیة)
بۆ ئەوەی لە وەڵامی ئەم پرسیارە تێبگەین دەبێت لە مانای دوو سیفەت لەسیفەتە خواییەكان حاڵی بین كە بریتین لە “بەخشندەیی” و “دلۆڤانی”.
هەڵبەت سیفەتی “بەخشندەیی” بریتیە لە سیفەتی ڕەحمەتی گشتی بۆ هەموو دروستكراوە زیندووەكان، وە سیفەتێكە كە بەهۆیەوە خوای گەورە بەرەكەت و نیعمەتەكانی دەڕێژێت بەسەر مرۆڤدا بەبێ ئەوەى ڕەچاوی كردەوەكانی بكات.. واتە مرۆڤ كافر بێت یان باوەڕدار، ئەگەر خواپەرست بێت یان باوەڕی بەبوونی خوا نەبێت، ئەگەر شایستەی پێگەیشتنی نیعمەت بێت یان شایستە نەبێت ئەوا خوای گەورە تەنها بەهۆی فەزڵی خۆیەوە نیعمەت دەڕێژێت بەسەر مرۆڤدا لەڕێگەی سیفەتی “بەخشندەیی”ەوە.
بۆ نموونە خوای گەورە ژیان و ڕووناكی و هەوا دابین دەكات بۆ كەسی چاك و خراپ و باوەڕدار و بێ باوەڕ، گوێڕایەڵ و یاخی. دیارە مرۆڤ هەوای دروست نەكردووە، وە هیچ كردەوەیەكی نەكردووە تاكو شایستەی بەدەستھێنانی ئەو نیعمەتە بێت، بەڵام خوای گەورە بەهۆی بەخششندەیی خۆیەوە هەوای هێناوەتە بوون تەنانەت پێش بوونی خودی مرۆڤ. خوای گەورە بەنیعمەت و چاكەكانی خۆی دەدرەوشێتەوە لەسەر هەموو خەڵكی لەڕێگەی سیفەتی “بەخشندەیی”ەوە.
بەڵام سیفەتی “دلۆڤانی” سیفەتێكی گشتی نیە بۆ هەموو خەڵكی، بەڵكو ئەم سیفەتە ئەوە دەخوازێت مرۆڤ كردەوەیەك ئەنجام بدات بۆ ئەوەی نیعمەت و فەزڵی خوا ببارێت بەسەریدا. وە سیفەتی “دلۆڤانی” كۆمەڵێك سیفەتی زۆر لەخۆی دەگرێت و هەموویان لەوەدا بەشداری دەكەن لەگەڵ سیفەتی “دلۆڤانی”دا كە پێویستە مرۆڤ كردەوەیەك بكات بۆ ئەوەی خوای گەورە بەهۆی ئەم سیفەتانەوە ڕەحمەت و بەرەكەتی خۆی بڕێژێت بەسەریدا. بۆ نموونە ڕۆزیدەر (الرزاق) سیفەتێكی دلۆڤانیە، ئەوە دەخوازێت كە مرۆڤ هەوڵ بدات بۆ دەستخستنی ڕۆزی ئینجا خوا بەهۆی ئەم سیفەتەوە بەرەكەتی خۆی دەڕێژێت بەسەریدا.
وە خەتاپۆش (الغفور) ئەمیش سیفەتێكی ڕەحیمیە، ئەم سیفەتە ئەوە پێویست دەكات كە مرۆڤ وازبھێنێت لە كردەوەی خراپ و پەشیمان بێتەوە و داوای چاوپۆشی بكات لە خوای گەورە، ئەوسا خوای گەورەیش لەڕێگەی سیفەتی خەتاپۆشیەوە ڕەحمی پێ دەكات و چاوپۆشی لە تاوانەكانی دەكات. بەڵام خوای گەورە خاوەنی ڕۆژی سزایە و ڕەنگە چاوپۆشی بكات لەو بەندەیەی كە خۆی دەیەوێت تەنانەت ئەگەر ئەو بەندەیە داوای لێخۆشبوونیشی لێ نەكردبێت، بەڵام لەم دۆخەدا سیفەتی خەتاپۆشی (الغفور) ناچێتە چوارچێوەی سیفەتی (الرحیم)ەوە بەڵكو دەچێتە چوارچێوەی سیفەتی” الرحمن”ەوە.
كۆمەڵێك كاروبار هەن كە خوای گەورە تەنھا بۆ بەندە باوەڕدارەكانی ئەنجامیان دەدات و لە ڕێگەی سیفەتی “الرحیم”ەوە دەردەكەون، دیارە بەشێوەیەكی سروشتی وا پێویست دەكات كە یەكەمجار ئەو مرۆڤە باوەڕدار بێت ئەگینا ئەو سیفەتە خواییانە نادرەوشێنەوە بۆی، ئەگەر مرۆڤی باوەڕدار كۆمەڵێك كردەوە نەكات كە پێویستن بۆ درەوشانەوەی سیفەتێكی دیاریكراو؛ ئەوا ئەو سیفەتە نادرەوشێتەوە بۆی لەڕێگەی ڕەحیمیەتی خوای گەورەوە.
بەگوێرەی ئەم بنەمایە… هەڵبژاردنی پێغەمبەر لە ڕێگەی سیفەتی ڕەحمانیەتی خوای گەورەوە بە ئەنجام دەگات. لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە: خوای گەورە كەی پێغەمبەر هەڵدەبژێرێت؟ دیارە كاتێك پێغەمبەرێك هەڵدەبژێرێت كە بوونی پێغەمبەر پێویست بێت، وە كاتێكیش بوونی پێغەمبەر پێویست دەبێت كە زەوی پڕبێت لە ستەم و نادادی، ئەوسا خوا پێغەمبەرێك هەڵدەبژێرێت بۆ ئەوەی زەوی پڕ بكات لە داد و یەكسانی. كاتێك خراپەكاری لەزەویدا بڵاودەبێتەوە… هیچ كەسێك شیاوی ئەوە نیە كە لەلایەن خواوە نیعمەت و فەزڵ بەدەستبھێنێت، بەڵام خوای گەورە، تەنها بەهۆی چاكەی خۆیەوە، بێ ئەوەی مرۆڤ شایستەی بێت، لە ڕێگەی سیفەتی “الرحمن”ەوە دەدرەوشێتەوە و پێغەمبەرێك هەڵدەبژێرێت بۆ ڕێنمایی كردنی خەڵكی، لەبەرئەوە ئەو خۆی بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ پێغەمبەر هەڵدەبژێرێت لە ڕێگەی سیفەتی ڕەحمانیەتەوە.
بەڵام پاش ئەوەی پێغەمبەرەكە ئەركی سەرشانی خۆی جێبەجێ دەكات و پەیامەكەی بڵاودەكاتەوە و باوەڕداران لەسەر ڕێگای ڕاستی خوا كۆدەكاتەوە، وە كۆمەڵی باوەڕداران دروست دەكات لەسەر زەویدا، ئەوسا خوای گەورە لە ڕێگەی سیفەتی “الرحیم”ی خۆیەوە دەدرەوشێتەوە لەسەر ئەم باوەڕدارانە و خەلیفەیەكیان بۆ هەڵدەبژێرێت… بۆ كێ هەڵیدەبژێرێت؟ بۆ ئەو باوەڕدارانەی كە بەڕاستی باوەڕیان هێناوە و كردەوەی چاك دەكەن. پێویستە ئەم دوو مەرجە بوونیان هەبێت بۆ ئەوەی خوا خيلافەتی ڕەببانى هەڵبژێرێت؛ چونكە دەفەرموێت: {وَعَدَ الله الَّذِينَ آمَنُوا مِنْكُمْ وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ لَيَسْتَخْلِفَنَّهُمْ فِي الأَرْضِ} (النور: 56)
كەواتە ئەم بەڵێنە بەڵێنێكی گشتی و ڕەها نیە، بەڵكو یەكەمجار پێویستە دوو مەرج بوونیان هەبێت بۆ ئەوەی خوا بەڵێنەكەی جێبەجێ بكات و خەلیفە هەڵبژێرێت. ئەگەر ئەم دوو مەرجە بوونیان نەبوو یان تەنانەت ئەگەر یەكێكیان نەبوو؛ ئەوا بەڵێنی هەڵبژاردنی خەلیفە لەلایەن خوای گەورەوە نایەتەدی. ئەو دوو داواكاریە بریتین لە ئیمان و كردەوەی چاك. ئیمان بەتەنھا بەس نیە، وە كردەوەی چاك بەبێ ئیمان هیچ نرخێكی نیە. بەڵام ئیمان واتە باوەڕ بە خوا و فریشتەكانی و كتێبەكانی و پێغەمبەرەكانی و ڕۆژی دوایی و قەدەری چاك و خراپ.
بەڵام… ئەو كردەوە چاكە كامەیە كە ئیرادەی خوای گەورە داخوازی دەكات هەتاكو لەڕێگەی سیفەتی (الرحیم)ەوە بدرەوشێتەوە لەسەر باوەڕداران و خەلیفەیان بۆ هەڵبژێرێت؟ بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە لەهەمان ئەو ئایەتانەدا هەیە كە لە پێش و پاشی ئایەتی ئیستیخلافدا هاتوون.
مەبەست چیە لە فەرمایشتی: “وعملوا الصالحات..”؟
خوای گەورە لە سوورەتی (النور)دا دەفەرموێت: {إِنَّمَا كَانَ قَوْلَ الْمُؤْمِنِينَ إِذَا دُعُوا إِلَى اللهِ وَرَسُولِهِ لِيَحْكُمَ بَيْنَهُمْ أَنْ يَقُولُوا سَمِعْنَا وَأَطَعْنَا وَأُولَئِكَ هُمُ الْمُفْلِحُونَ * وَمَنْ يُّطِعِ الله وَرَسُولَهُ وَيَخْشَ الله أَطِيعُوا وَيَتَّقْهِ فَأُولَئِكَ هُمُ الْفَائِزُونَ * وَأَقْسَمُوا بِاللهِ جَهْدَ أَيْمَانِهِمْ لَئِنْ أَمَرْتَهُمْ لَيَخْرُجُنَّ قُلْ لاَّ تُقْسِمُوا طَاعَةٌ مَّعْرُوفَةٌ ط إِنَّ الله خَبِيرٌ بِمَا تَعْمَلُونَ * قُلْ الله وَأَطِيعُوا الرَّسُولَ فَإِنْ تَوَلَّوْا فَإِنَّمَا عَلَيْهِ مَا حُمِّلَ وَعَلَيْكُمْ مَّا حُمِّلْتُمْ ط وَإِنْ تُطِيعُوهُ تَهْتَدُوا وَمَا عَلَى الرَّسُولِ إِلاَّ الْبَلاَغُ الْمُبِينُ * وَعَدَ اللهُ الَّذِينَ آمَنُوا مِنْكُمْ وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ لَيَسْتَخْلِفَنَّهُمْ في الأَرْضِ كَمَا اسْتَخْلَفَ الَّذِينَ مِنْ قَبْلِهِمْ وَلَيُمَكِّنَنَّ لَهُمْ دِينَهُمُ الَّذِي ارْتَضَى لَهُمْ وَلَيُبَدِّلَنَّهُمْ مِّنْ بَعْدِ خَوْفِهِمْ أَمْنًا ط يَعْبُدُونَني لاَ يُشْرِكُونَ بي شَيْئًا وَمَنْ كَفَرَ بَعْدَ ذَلِكَ فَأُولَئِكَ هُمُ الْفَاسِقُونَ * وَأَقِيمُوا الصَّلاَةَ وَآتُوا الزَّكَاةَ وَأَطِيعُوا الرَّسُولَ لَعَلَّكُمْ تُرْحَمُونَ} (ئایەتی: 52 – 57)
هەڵبەت لە ئایەتی 56ی سوورەتی (النور)دا بەڵێنی دانانی جێنشین (خەلیفە) دراوە، وە لە چوار ئایەتەكەی پێش ئەم ئایەتە و ئەو ئایەتەیش كە بەدوایدا دێت حەوت جار باسی وشەی گوێڕایەڵی و پێكھاتەكانی كراوە، وەك ئەمانە: أطعنا، يطع، طاعة، أطيعوا، أطيعوا، تطيعوه، وأطيعوا، وە لە هەموو قورئانی پیرۆزدا ڕووینەداوە كە پێكھاتەكانی وشەی “الطاعة” حەوت جار لە شەش ئایەتی یەك لەدوای یەكدا هاتبێت تەنھا لەم شوێنەدا نەبێت، ئەمەش لەبەرئەوەی ئەم شوێنە ئایەتی دانانی خەلیفەی تێدایە كە بەدەق باسی پێویستی هەبوونی ئیمان و كردەوەی چاكی كردووە بۆ ئەوەی خوای گەورە خيلافەتی ڕاشیدی دابمەزرێنێت. وەك ئەوەی خوای گەورە بیەوێت دووپاتی بكاتەوە كە كردەوە چاكەكان لە بەجێھێنانی گوێڕایەڵیدایە.
گوێڕایەڵی بۆ خوا، گوێڕایەڵی بۆ پێغەمبەر، دواجار گوێڕایەڵی بۆ ئەو خەلیفەیە كە خوا هەڵیبژاردووە. گوێڕایەڵی خوا و گوێڕایەڵی پێغەمبەر دەچێتە چوارچێوەی سیفەتی: {الَّذِينَ آمَنُوا مِنْكُمْ} واتە: “ئەوانەی لە ئێوە باوەڕیان هێناوە”، بەگوێرەی ئەم بنەمایە كردەوەی چاك بریتیە لە گوێڕایەڵی ئەو خەلیفەیەی كە خوای گەورە هەڵیبژاردووە. وە بەبێ ئەو گوێڕایەڵیە هەرگیز كردەوەی چاك بوونی نابێت، وە ئەگەر كردەوەی چاك بوونی نەبێت؛ ئەوا هەرگیز خيلافەتێك لە ئارادا نابێت كە خوای گەورە هەڵیبژاردبێت و دایمەزراندبێت. بۆیە كاتێك یەكێك لەم دوو مەرجە بوونی نەبێت كە پێویستە هەبن بۆ بەدیھاتنی بەڵێنەكە، یان ئەگەر هەردوو مەرجەكە نەبوون ئەوا هەرگیز خوای گەورە خيلافەتی خوایی دانامەزرێنێت لەسەر زەویدا.
بێگومان بینیمان لە قۆناغی یەكەمی ئیسلامدا چۆن گوێڕایەڵی نەكردنی خەلیفە بووە هۆی بێبەش بوونی موسوڵمان لە نیعمەتی بوون و مانەوەی خيلافەتی خوایی. هەڵبەت ئەوان باوەڕداربوون.. باوەڕیان بە خوا و پێغەمبەرەكەى هەبوو بەڵام لە ئەنجامدانی كردەوەی چاكدا شكستیان هێنا. دیارە شكستیان هێنا لە بەجێھێنانی گوێڕایەڵی پێویست بۆ خەلیفە، كە ئەنجامەكەی ئەوە بوو پاش كوژرانی خەلیفەی سێيەم و چوارەم خوای گەورە نیعمەتی خيلافەتی هەڵگرت لەناویاندا، بەمەش نیعمەتی خيلافەت لەسەر ڕێبازی پێغەمبەرایەتی واتە خيلافەتی ڕاشیدی خوایی كۆتایی پێھات.
هەڵبژاردنی خەلیفە لەلایەن خوای گەورەوە نیعمەتێكی مەزنە، وە ئەم نیعمەتە تەنھا بەو كەسانە خەڵات دەكرێت كە باوەڕیان هێناوە و كردەوەی چاك ئەنجام دەدەن، جا ئەگەر باوەڕداران داخوازی و پێویستیەكانی ئەم گوێڕایەڵیە جێبەجێ نەكەن؛ ئەوا هەرگیز خوا خەلیفە هەڵنابژێرێت، وە هەرگیز لە ڕێگەی سیفەتی “الرحیم”ەوە جیلوە ناكات لەسەر باوەڕداران و نیعمەتی خيلافەتیان پێنابەخشێت، دیارە خیلافەت نیعمەتێكی تایبەتیە و خوای گەورە تەنھا دەیبەخشێت بەو باوەڕدارانەی كە كردەوەی چاك دەكەن.
ئەو كەسە كێیە كە خوا هەڵیدەبژێرێت بۆ ئەوەی ببێت بە خەلیفە، وە ئەو سیفەتانە چین كە تێیدا هەن؟
وەڵامی ئەم پرسیارەیش لە قورئانی پیرۆزەوە دەدرێتەوە، ئەوەتا خوای گەورە فەرمانمان پێ دەكات كە لێی بپاڕێینەوە بۆ ئەوەی هاوسەر و منداڵی وەهامان پێ ببەخشێت كە ببنەهۆی بەرچاوڕوونیمان، وە بمانكات بە پێشەوا بۆ پارێزكاران. كەواتە مانای ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە چیە كە دەفەرموێت: {وَاجْعَلْنَا لِلْمُتَّقِينَ إِمَامًا}؟ (الفرقان: 75)
بەسادەیی ماناكەی ئەوەیە كە لەناو پارێزكاراندا پێشەوایەك بۆ ئێمە دیاری بكات، یان: لەناو ئێمەدا پێشەوایەك بۆ پارێزكاران دیاری بكات. لێرەدا پرسیارێك دروست دەبێت كە بریتیە لەوەی: ئایا خوای گەورە ئەم دوعایە دەبیستێت و گیرای دەكات یان وەڵامی ناداتەوە؟ دیارە خوای گەورە زاتێكە دەبیستێت و وەڵامیش دەداتەوە بەو مەرجەی ئەو كەسانەی دەپاڕێنەوە لە باوەڕداران بن و لەو كەسانەبن كە ملكەچی خيلافەتن.
كاتێك خەلیفە دەگەڕێتەوە بۆلای پەروەردگاری خۆی، كۆمەڵی باوەڕداران تووشی خورپە و ڕاچڵەكانێكی توند دەبن و ترسێكی گەورە دایاندەگرێت. دیارە مردنی باوك لە خێزاندا، تاكەكانی ئەو خێزانە تووشی خەمێكی گەورە دەكات، بەهەمان شێوە وەفاتی باوكی ڕۆحی كۆمەڵی باوەڕداران ئەو كۆمەڵە تووشی ئازار و خەمێكی گەورە دەكات و هەموویان دووچاری ترس و دڵەڕاوكێ دەبن و پرسیار دەكەن: ئایا خوای گەورە بەردەوام دەبێت لە ڕژاندنی چاكە و فەزڵی خۆی بەسەریاندا بەوەی خەلیفەیەكیان بۆ هەڵبژێرێت؟ تووشی دڵەڕاوكێ دەبن و خەم شپرزەیان دەكات و پرسیار لەخۆیان دەكەن: ئایا ملكەچی ئەو خەلیفەیە بووین كە خوا هەڵیبژارد بوو بۆمان و ئێستا هەڵیبژاردووە بۆ نزیكبوونەوە لە خۆی، یان كەسانێكی یاخی و خراپەكار بووین؟
هەڵبەت هەموویان ڕوودەكەنە خوای گەورە، وە بەدڵێكی بریندار و دروونێكی غەمگینەوە زۆر بەكوڵ لێی دەپاڕێنەوە، وە تۆبە دەكەن لە هەموو سەرپێچی و خراپەكانیان، وە تكای لێ دەكەن كە چاوپۆشی بكات لە هەڵە و تاوانەكانیان، وە پەنای بۆ دەبەن كە ڕێنمونیان بكات و یارمەتیان بدات، لێی دەپاڕێنەوە: پەروەردگارا! كەسێكمان بۆ دابمەزرێنە كە خۆت دەتەوێت بیكەی بە خەلیفە بۆمان.
بەگوێرەی ئەم بنەمایە، دامەزراندنی خيلافەت كاری خەڵكی نیە بەڵكو یەكێكە لە كارەكانی خوای گەورە، وە خەڵكی تەنھا ئامرازێكن كە لەڕێگەی ئەوانەوە خوای گەورە ویستی خۆی ئاشكرا دەكات. ئەوان تەنھا دەنگی خۆیان دەدەن وەك چۆن جووتیار تۆو فڕێدەداتەناو خاكەوە، بەڵام چێنەری ڕاستەقینە خوای گەورەیە… وەك چۆن موسوڵمانە یەكەمینەكان جەنگیان دەكرد لەگەڵ كافرانی دەستدرێژكاردا، بەڵام سزای خوا بەدەستی باوەڕداران دادەبەزیە خوارەوە بۆسەر ئەو موشریكانە.
باوەڕداران لە خوای گەورە دەپاڕێنەوە یارمەتی ئەو سەركردانەیان بدات كە هەڵدەستن بە هەڵبژاردنی خەلیفە بەجۆرێك دەنگەكانیان بدەن بە كەسێك كە خوا دەیەوێت بیكات بە خەلیفە بۆیان. لێرەدا پێویستە پرسیارێك بكەین: ئایا ئامانجی ئایین چیە؟ ئامانج و مەبەستی ئایین لەوەدا كورت نابێتەوە كە مرۆڤ چاك بێت و بەشێوەیەكی ڕێكوپێك لەكۆمەڵگایەكی بەختیاردا ژیانی بگوزەرێنێت؛ بەڵكو ئامانجی سەرەكی ئایین بریتیە لەوەی مرۆڤ پەیوەندی دروست بكات لەنێوان خوی و خوای گەورەدا، وە پەیوەندی بەیەك گەیشتن هەبێت لەنێوان بەدیهێنەر و بەدیهێنراودا. ئەگەر ئایینێك ئەم ئامانجە نەهێنێتەدی ئەوا مرۆڤ پێویستی بە وەها ئایینێك نیە، بێگومان ئەو ئایینەی پەیوەندی بەیەك گەیشتن دانەمەزرێنێت لەنێوان مرۆڤ و خوای گەورەدا ئایینێكی مردووە و هیچ نرخێكی نیە. وە ئیسلام ئایینێكی زیندووە، وە تەنھا لەڕێگەی ئیسلامەوە دەكرێت مرۆڤ ئەو پەیوەندیە دابمەزرێنێت لەنێوان خۆی و بەدیهێنەرەكەیدا.
وە بوونی ئەو پەیوەندیە ئەوە دەخوازێت كاتێك مرۆڤ لە ماتەمینی و خەم و دڵەڕاوكێدا دەبێت… وە كاتێك كێشەی گەورە دەوری مرۆڤ دەدات و كارەساتی ترسناك لە هەرچوارلایەوە پەلاماری دەدات، وە كاتێك مرۆڤ پێویستی بە ڕێنموونی خوای گەورە دەبێت، لێی بپاڕێتەوە و هاواری لێ بكات بە ئومێدی ئەوەی پارانەوەكەی ببیستێت و وەڵامی بداتەوە؛ دیارە لەم كاتەدا خوای گەورە ئەم پاڕانەوەیە دەبیستێت و ئەو ڕێنماییە پێشكەش دەكات بە بەندەكەی كە داوای كردووە، وەك ئەو پەندەی كە دەڵێت: “هاوڕێ ئەوەیە لەكاتی تەنگانەدا فریات بكەوێت”، وە قورئانیش دەفەرموێت: {الله وَلِيُّ الَّذِينَ آمَنُوا} (البقرة: 258). واته: “خوا دۆستی ئەوانەیە كە باوەڕدارن”.
وە هیچ شتێك لەسەر دڵی باوەڕداران هێندەی وەفاتی خەلیفەكەیان، پێشەوای پارێزكاران، ئازارەكەی سەخت نیە. بێگومان پارێزكارترین و چاكترین كەس لەناو كۆمەڵی باوەڕداراندا نامێنێت، وە ئەو كۆمەڵە وەكو جەستەیەكی لێ دێت كە سەری پێوە نەمابێت. ئەوسا دەبێت باوەڕداران چی بكەن؟ هەڵبەت دەچنە بەر قاپی پەروەردگاریان و لێی دەپاڕێنەوە: پەروەردگارا! یارمەتیمان بدە و كۆمەكیمان بكە و ڕێنموونی ئەو كەسانە بكە كە دەنگ دەدەن بۆ ئەوەی كەسێك هەڵبژێرن كە تۆ دەتەوێت بیكەی بە خەلیفەی ئێمە.
لەم كاتەدا خوای گەورە لەڕێگەی سیفەتی “الرحیم”ی خۆیەوە دەدرەوشێتەوە و جارێكی تر ئەو خيلافەتە دادەمەزرێنێت كە خۆی بەڵێنی پێداوە. خوای گەورە ڕێنمایی باوەڕداران دەكات و هەواڵی ئەو كەسەیان پێ دەدات كە خۆی دەیەوێت دایبمەزرێنێت. هەموو ئەو كارەی كە ئەوان دەیكەن تەنها ئەوەیە دەنگی خۆیان دەدەن بەو كەسەی كە خوای گەورە دەیەوێت لەسەر زەوی بیكات بە خەلیفە. ئەوان تەنھا دەنگی خۆیان دەدەن، بەڵام هەڵبژاردنی ئەو كەسە لەلايەن خوای گەورەوە دەبێت.
بۆچى هەموو تاكەكانی كۆمەڵ بەشداری ناكەن لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا؟
وەڵام: هەڵبژاردنی خەلیفە پرۆسەیەكی كراوە نیە بۆ هەموو تاكەكانی كۆمەڵ، وە هەموو كەسێك بەشداری ناكات تێیدا، وە بەوە شێوەیەش نیە كە ئەو كەسانە بەشداری بكەن تێیدا كە تەمەنیان گەیشتووەتە شازدە یان هەژدە ساڵی، یان ئەوەى هاونیشتمانی وڵاتێكی دیاریكراو بن. نەخێر! سیستەمی هەڵبژاردنی خەلیفە جیاوازە لە سیستەمى هەڵبژاردن لە دیموكراتیە دنیاییەكاندا.
لەڕاستیدا كۆمەڵی باوەڕداران داوا لە خوای گەورە دەكەن كە لەناو پارێزكاراندا پێشەوایەكیان بۆ پەیدا بكات و لەناویشیاندا پێشەوایەك پەیدا بكات بۆ پارێزكاران. وە پێشەوای پارێزكاران لەهەموو كەس پارێزكارتر و چاكترین كەسیشە، لەسەر ئەم بنەمایە هەركەسێك دەنگی خۆی بدات بەم پێشەوای پارێزكارانە دەبێت خۆیشی یەكێك بێت لە پارێزكاران. تكا و داوا بەرزدەكرێتەوە بۆلای خوای گەورە بۆ ئەوەی چاكترین كەس هەڵبژێرێت بۆ كۆمەڵی باوەڕداران، پێویستە چاكترین خەڵك ئەم تكا و داوایە بەرز بكاتەوە بۆلای خوای گەورە، وەك چۆن مووسا (عليه السلام) حەفتا كەسی لە چاكترین خەڵكی ناو هۆزەكەی هەڵبژارد بۆ ئەوە داوای چاوپۆشی و لێخۆشبوون بكەن لە خوای گەورە.
لەبەرئەوە تەنھا كەسانی پاڵفتەی ناو پارێزكاران شایستەی ئەو ڕێزەن كە ئیرادەی خوا لەسەر دەستیاندا پیادە بێت و دەربكەوێت. تەنھا پاڵفتەی پارێزكاران خوای گەورە پەیوەندییان پێوە دەكات و هەواڵی ئەو كەسەیان پێ دەدات كە خۆی دەیەوێت ببێت بە خەلیفە بەسەریانەوە. وە ئەو كەسانەی كە بەشداری دەكەن لە هەڵبژاردنی خەلیفەدا دەبێت گەیشتبن بە پلە هەرە بەرزەكانی پارێزكاری، واتە بەڕادەیەك پەیوەندییان بەهێز دەبێت بەخواوە تەنانەت ئەگەر داوای لێ بكەن كە ویستی خۆی دەربخات بۆیان؛ ئەوا لەڕاستیدا ویستی خۆی دەردەخات بۆیان، وە پێشەوای پارێزكاران هەڵدەبژێرێت بۆیان و هەواڵیان پێ دەدات دەربارەی ئەم هەڵبژاردنە، وە كارێك دەكات دڵ و بیری هەموویان بەرەو ئەو كەسە بڕوات، وەهەموو ئەو كارەی كە ئەوان دەیكەن تەنها ئەوەیە كە دەنگی خۆیان دەدەن بەو كەسەی كە خوای گەورە هەڵیدەبژێرێت وەك پێشەوایەك بۆ پارێزكاران.
هەڵبژاردنە دیموكراتیەكان و هەڵبژاردنی خەلیفە
لەڕاستیدا هەڵبژاردنی خەلیفە تەواو جیاوازە لەو سیستەمانەی هەڵبژاردن كە لە دیموكراتیەكانی ڕۆژئاوادا پەیڕەو دەكرێت و تێیاندا زۆرینەی خەڵكى هەڵدەستن بە هەڵبژاردنی كەسێك بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیان بكات. لەم هەڵبژاردنانەدا پشت بە خەڵكی دەبەسترێت لە پڕۆسەى هەڵبژاردندا، بەڵام ئەو بنەمایەی كە هەڵبژاردنی خەلیفە لەسەری دادەمەزرێت بریتیە لە پارێزكاری، وە لەم هەڵبژاردنەدا پشت بە خوای گەورە دەبەسترێت لە پرۆسەى هەڵبژاردندا، هەروەها هەڵبژاردنە دیموكراتیەكان لەسەر بنەمای پاڵاوتنی كۆمەڵێك كەس دامەزراوە بۆ ئەوەی خەڵكى هەڵیان بژێرێت.
وە ئەمە پێچەوانەی فەرمانی خوای گەورەیە كە قەدەغەی كردووە مرۆڤ خۆی بەپاك بزانێت، ئەوەتا دەفەرموێت: {فَلَا تُزَكُّوا أَنْفُسَكُمْ}. دیارە ناوەڕۆكی هەڵبژاردنە دیموكراتیەكان پشت دەبەستێت بە پڕوپاگەندەى هەڵبژاردن و هەموو ئەو كەسانە پێی هەڵدەستن كە خۆیان پاڵاوتووە بۆی، وە ئەو كەسەی خۆی پاڵاوتووە باوەڕی وایە ئەو باشترە لەو كەسانەی تر كە ئەوانیش خۆی پاڵاوتووە، دیارە ئەو كەسە بەزمانی حاڵ و بەزمانی وتن دەڵێت، هەروەك ئیبلیس وتی: “من باشترم لەو.”
هیچ خيلافەتێكی خوایی بەبێ پارێزكاری بوونی نیە
ئەگەر پڕۆسەى هەڵبژاردن لەسەر پارێزكاری دانەمەزرابێت ئەوا هەموو سیستەمەكە هەرەس دەهێنێت و خۆی ناگرێت. وە ناكرێت و ناشێت ئیرادەی خوا بدرەوشێتەوە بۆ كۆمەڵێك كە لایان داوە لە ڕاستە شەقامی پارێزكاری. كەواتە بەبێ پارێزكاری خوای گەورە بەشداری ناكات لە پڕۆسەى هەڵبژاردندا، وە هەموو كارەكە دەگەڕێنێتەوە بۆ خەڵكى هەتاكو بەزۆرینەی دەنگ كێیان دەوێت هەڵیبژێرن. بەگوێرەی ئەم بنەمایە پێویست نیە ئەو كەسەی خەڵكى هەڵیدەبژێرن خوای گەورەیش هەڵیبژاردبێت. دەبێت هەڵبژاردنی ئەو كەسە بەگوێرەی ئەو سیستەمەی خوای گەورە دایناوە ئەنجام بدرێت هەتاكو خۆی (سبحانە وتعالی) ڕازیبێت كە لەگەڵ باوەڕداراندا بەشداری بكات لە پڕۆسەى هەڵبژاردنەكەدا.
بۆیە ئەگەر كۆمەڵێكی باوەڕداران بوونی هەبوو كە نێردراوێكی ئاسمانی بەفەرمانی خوای گەورە دایمەزراندبوو، وە ئەگەر ئەم كۆمەڵە باوەڕدارە بەهۆی پارێزكاریەوە بەیەكەوە بەسترابوون و پابەندبوون بەهەردوو مەرجی باوەڕی ڕاست و ئەنجامدانی كردەوەی چاكەوە، وە ئەگەر بەتەواوەتى خۆیان بەدوورگرت لە هەموو ڕێكارەكانی كێبڕكێ و خۆپاڵاوتن بۆ پایەی خيلافەت، وە ئەگەر هیچ كەسێك پڕوپاگەندەى هەڵبژاردنی نەكرد بۆ خۆی یان بۆ كەسێكی تر، وە ئەگەر پارێزكارترین كەسانی ناو باوەڕداران بەشداربوون لە پڕۆسەى هەڵبژاردنەكەدا، وە ئەگەر ئەم كەسانە دەنگی خۆیان نەدا مەگەر پاش ئەوەی دەمەوڕوو بكەون لەبەر قاپی خوای گەورەدا و لێی بپاڕێنەوە و داوای ئەوەی لێ بكەن كە هیدایەتیان بدات و ئاراستەیان بكات، وە ئەگەر بەم شێوەیە هەڵبژاردنی پارێزكارترین كەس ئەنجام درا بۆ ئەوەی ببێت بە پێشەوای باوەڕداران، ئەوا تەنھا ئەو كاتە ئەو كەسە ئەو پێشەوایە دەبێت كە خوای گەورە هەڵیبژاردووە.
بەڵام هەڵبژاردنی سەرۆكی دەوڵەتان و سەركردەكانی جیھان بەگوێرەی ئەم سیستەمە خواییە ئەنجام نادرێت، دواجار ئەو كەسەی كە هەڵدەبژێردرێت لەلایەن خواوە یارمەتی نادرێت. بەڵێ ڕەنگە بەشێوەیەكی دیموكراسى هەڵبژێردرێت، بەڵام هەڵبـژاردنەكە هەڵبـژاردنێكی خوایی نیە؛ چونكە بەگوێرەی سیستەمە خواییەكە ئەنجام نەدراوە.. بۆ نموونە هیتلەر لە واقیعدا دەسەڵاتی گرتەدەست لە ڕێگەى هەڵبژاردنێكی دیموكراسیانەوە كە بەگوێرەی سیستەمە خواییەكە ئەنجام نەدرا، وە پارێزكارى و تەقوا هیچ بوونێكی نەبوو لەو هەڵبژاردنەدا، وە هەركاتێك پارێزكاری ون بوو فەزڵی خوایش ون دەبێت.
پرسیاری پێنجەم: ئەو كەسانە كێن كە خەلیفە هەڵدەبژێرن؟
دەستەى هەڵبژاردن
هەموو كارەكە پشت بەتەقوا و پارێزكاری دەبەستێت. ئەگەر تەقوا نەبوو ئەوا بەشداری كردنی خوای گەورە لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكەدا بوونی نیە. لێرەدا پرسیارێكی تر سەرهەڵدەدات: ئەو كەسانە كێن كە بەشداری دەكەن لە هەڵبژاردنی خەلیفەدا؟ چۆن بەدڵنیاییەوە بزانین ئەم كەسانە گەيشتوون بەم پلە بڵندەی پارێزكاری؟ وەڵام: بۆ ئەم كارە لیژنەیەكی دیاریكراو هەیە بەناوی “ئەنجوومەنى هەڵبژاردنی خەلیفە” كە شەرەفی بەشداریكردنی بەدەستهێناوە لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی خەلیفەدا. لیژنەكە ژمارەیەكی دیاریكراوی نیە بەڵام تاكە مەرجێك كە پێویستە بەشێوەیەكی بەرچاو لەهەموو ئەندامەكانیدا هەبێت ئەوەیە كە پلەیەكی مەزنیان هەبێت لە پارێزكاریدا.
كاتێك پێغەمبەر (ﷺ) كۆچی دوایی كرد و گەڕایەوە بۆ لاى خوای گەورە. سەركردەكانی موسوڵمانان، لە كۆچكەران و یاریدەدەران، كە لە لوتكەی پارێزكاریدا بوون كۆبوونەوە… ئەبو بەكریان هەڵبژارد بە خەلیفەی یەكەم. وە ئەبو بەكریش كەمێك پێش ئەوەی كۆچی دوایی بكات، پرس و ڕاوێژی كرد بەهەموو ئەو كەسانەی كە دەیزانی چاكە و پارێزكارییان تێدایە، وەك ئەوەی ڕاپرسی بكات لەناو پارێزكاران لە كۆچكەران و یاریدەدەراندا، هەتا دڵنیا بوو كە هەموو باوەڕدارە پارێزكارەكان ڕازین بەوەی عومەری كوڕی خەتتاب دوای ئەو ببێت بە پێشەوای پارێزكاران، وە پاش ئیستیخارە عومەری پاڵاوت بۆ ئەوەی پاش خۆی ببێت بە خەلیفە. بەڵام عومەری كوڕی خەتاب (ڕەزای خوای لێ بێت) فەرمانی كرد بە پێكھێنانی دەستەیەكی هەڵبژاردن كە هەڵبژاردنی پێشەوای پارێزكاران لەئەستۆ بگرێت، كە پێكھاتبوو لە شەش ئەندام لەهاوەڵە گەورەكانی پێغەمبەر (ﷺ) لەو 10 كەسەی كە مژدەی بەهەشتیان پێ درابوو، كە كاتێ پێغەمبەر (ﷺ) وەفاتی كرد لەهەموویان ڕازی بوو.
وە لەسەردەمی سەرلەنوێ ژیانەوەی ئیسلامدا… پاش ڕەوانەكردنی ئیمامی مەهدی (عليه السلام)، گەورەمان موسڵیحی بەڵێندراو خەلیفەی دووەمیش (رضي الله عنه) فەرمانی كرد بە دروستكردنی دەستەیەكى هەڵبژاردن كە بەشداری بكات لە پرۆسەى هەڵبژاردنی خەلیفەدا، پاشان خەلیفەی چوارەم (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) بەڕەچاوكردنی گۆڕانی هەلومەرجەكان كۆمەڵێك هەمواركردنەوەی گرنگی كرد لە بنەماكانیدا. وە ئەم لیژنەیە لەو كەسانە پێكھاتوون كە لەسەرتاسەری جیھاندا بە دڵسۆزی و پارێزكاریەوە خزمەتگەلێكی دیار و بەرچاویان كردووە بە ئیسلام و ئەم كۆمەڵە. ئەم ئەنجوومەنە تەنها پاش كۆچی دوایی خەلیفە كار دەكات.
ئەوسا ئەندامەكانی بەیەكەوە كۆدەبنەوە، وە دەبێت لە ناوەندی خيلافەت كۆببنەوە. وە ناكرێت هیچ كەسێك لە ڕێگەی تەلەفۆن یان فاكس یان ئینتەرنێتەوە دەنگی خۆی بنێرێت، بەڵكو دەبێت لەگەڵ ئەندامەكانی تری ئەو ئەنجوومەنەدا ئامادە بێت، بەمەش لەگەڵ پارێزكارەكاندا دەبێت، وە لەوێدا كاریگەری كۆستی وەفاتی خەلیفە بەچاوی خۆی دەبینێت، وە خەم دەخوات و ئازار دەچێژێت كە ئەمەش یارمەتی دەدات بۆ نزیك بوونەوە لە خوای گەورە. ئیتر لەوێدا بە كوڵ دەپارێتەوە: ئەی پەروەردگار ڕێنماییم بكە.. بۆ هەڵبژاردنی ئەو كەسەی كە تۆ دەتەوێت بیكەیت بە پێشەوای پارێزكاران.
دیارە شتێكی سروشتیە.. ناكرێت بەیەكجاری ئەوە بڵێین كە هەموو ئەوانەی بەشدارن لەو دەستەى هەڵبژاردنەدا پێویستە هەموویان گەیشتبن بە پلەباڵاكانی پارێزكاری، بەڵام دەبێت زۆرینەیان بەم شێوەیە بن. لەلایەكی ترەوە.. خوای گەورە پابەند نیە بەوەی كە پەیوەندی بكات بەهەموو تاكێك لە تاكەكانی دەستەی هەڵبژاردنەوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەبێت زۆربەیان ئاراستە بكات.
ئەو پارێزكارانەی كە بەشدارن لە دەستەى هەڵبژاردندا داوا لەخوای گەورە دەكەن ئاراستەیان بكات بۆلای ئەو كەسەی كە خۆی دەیەوێت هەڵیبژێرێت، وە زۆربەی زۆریان لەلایەن خودای گەورەوە ئەو ڕێنماییەیان پێ دەگات كە دڵیان گوشاد بكات و ئاراستەیان بكات بۆ ئەوەی دەنگ بدەن بەو كەسەی كە خوای گەورە خۆی هەڵیبژاردووە بۆ پایەی خيلافەت، هەموو ئەوكارەی كە ئەوان دەیكەن ئەوەیە لەپێناوی ئەو كەسەدا دەنگی خۆیان دەدەن. دەی ئایا لەم بارودۆخەدا چ كەسێك هەڵبژاردنەكە ئەنجام دەدات؟ لەڕاستیدا ئەو كەسە خوای گەورەیە.
با لێرەدا نموونەیەك بهێنینەوە… گریمان دەفرێكت لایە كۆمەڵێك میوەی تێدایە لە تەقاڵ و مۆز و هەرمێ و سێو. كەسێك داوات لێ دەكات یەكێك لە میوەكانی ناو دەفرەكە هەڵبژێریت بۆ ئەوەی پێشكەشی باوكتی بكەیت. دیارە دەكرێت ئەو میوەیە پێشكەشی باوكت بكەیت كە خۆت هەڵیدەبژێریت، بەڵام لەجیاتی ئەوە دەچیت بۆلای باوكت و لێی دەپرسیت چ میوەیەكی دەوێت، باوكیشت ئاماژە دەكات بە سێو، تۆیش سێوەكە هەڵدەگریت پێشكەشی دەكەیت. ئایا لێرەدا كێ هەڵبژاردنەكەی ئەنجام داوە؟ ئایا تۆ ئەو میوەيەت هەڵبژاردووە كە پێشكەشت كردووە بە باوكت، یان باوكت كە پێی گوتی چ میوەیەك هەڵبژێریت؟
پرۆسەى هەڵبژاردنی پێشەوای پارێزكاران بەتەواوەتی بەم شێوەیە ڕوودەدات… بەڵام لە هەڵبژاردنی سەركردەی دەوڵەتان و سەرۆكی وڵاتە كۆماریەكان و هەڵبژاردنى هەر كەسێك لەهەر ڕێكخراوێكی ڕامیاری یان كۆمەڵایەتی یان ئایینی جگە لە كۆمەڵی باوەڕداران پرۆسەكە بەم شێوەیە بەڕێوەناچێت، بەڵكو ئەمە تەنھا لەكاتى هەڵبژاردنی خەلیفەدا ڕوودەدات كە هەڵبژاردنێكە لەسەر بناغەی پارێزكاری دادەمەزرێت، وە ئەم پارێزكاریەش لەسەر ئەوە دەوەستێت كە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و بەدیهێنەرەكەی چەندە قووڵ و ڕەگداكوتاوە. بەگوێرەی ئەم بنەمایە خوای گەورە خۆى هەڵبژاردنەكە ئەنجام دەدات، وە خۆی بڕیارى هەڵبژاردنی خەلیفە دەدات.
شكۆیەكی مەزن و هۆشداریەكی گەورە
ڕەنگە گونجاو بێت لێرەدا ئاماژە بەوە بكەین كە خوای گەورە ڕێزێكی مەزن زیاد دەكات بۆ باوەڕداران؛ چونكە لەگەڵ خۆیدا بەشداریان پێ دەكات لە پرۆسەى هەڵبژاردنی خەلیفەدا. بەڵام لە حاڵەتى هەڵبژاردنی پێغەمبەردا… دیارە باوەڕداران هێشتا بوونیان نیە، لەبەرئەوە خوای گەورە خۆی ڕاستەوخۆ پێغەمبەر هەڵدەبژێرێت بەبێ ئەوەی كەس بەشداری بكات لەگەڵیدا. بەڵام پاش ئەوەی پێغەمبەرەكە ئەركی خۆی جێبەجێ دەكات و كۆمەڵی باوەڕداران دروست دەكات، ئەوسا خوای گەورە ئەم ڕێزە مەزنە زیاد دەكات بۆیان بەوەی بانگیان دەكات بۆ بەشداری كردن لە پرۆسەی هەڵبژاردنی خەلیفەدا.
ئەگەرچی بژاردەی كۆتایی بۆ خوای گەورەیە بەڵام ئەوانیش بە بەشداری كردنیان لەم پرۆسەیەدا پیرۆز و بەرەكەتدار دەبن، هەڵبەت دەكرا خوا ڕاستەوخۆ بەبێ بەشدارى هیچ كەسێك پرۆسەى هەڵبژاردنی خەلیفەی ئەنجام بدایە، وە دەكرا بەتەواوەتی كۆمەڵی باوەڕداران پێشتگوێ بخرایە بەڵام خۆشەویستی خوا بۆ ئەم كۆمەڵە تاكە هۆكارە بۆ ئەوەی خوا نیعمەت بڕێژێت بەسەریاندا بەوەی ئەم ڕێز و بەرەكەتە بەدەست بھێنن. كەواتە بەهۆی زاریانەوە.. وە لەڕێگەی بەرزكردنەوەی دەستیانەوە ئیرادەی پیرۆزی خوا پیادە دەبێت، وە هەڵبژاردنی پێشەوای پارێزكاران لەلایەن خواوە بە ئەنجام دەگات، ئەو پێشەوایەی كە بەردەوام دەبێت لە ڕابەرایەتی كردنی كۆمەڵی باوەڕداران لەسەر ڕێبازی پارێزكاری و باوەڕ و یەقین.
بێگومان ئەم ڕێزە مەزنە هۆشداریەكی گەورەیش لەخۆی دەگرێت كە بریتیە لەوەی ئەگەر ئاستی پارێزكاری لە كۆمەڵی باوەڕداراندا بەرەو نزمبوونەوە بڕوات… یان ئەگەر بەتەواوەتی و بێ كەموكوڕی ئەركی گوێڕایەڵی بۆ خەلیفە جێبەجێ نەكەن؛ ئەوا خوای گەورە ئەو ڕێزەیان لێ دەسێنێتەوە و نابینن خودا لەگەڵیاندا بێت بۆئەوەی بڕیارێكی پڕ لە حیكمەت لەبەرژەوەندی ئەوان بدات و بدرەوشێتەوە لەسەریان بەوەی لەڕێگەی هەڵبژاردنێكی دروستەوە كەسێك بكات بە خەلیفە بۆیان.
ئایا خەلیفە مەعصومە لەهەڵە، وە دەكرێت چ جۆرەهەڵەیەك ڕووبدات لە خەلیفەوە؟
لایەنێكی گرنگی تر لە بابەتی خيلافەتدا بریتیە لە جۆری ئەو هەڵەیەی كە دەكرێت لە خەلیفەوە ڕووبدات، وە ئایا خەلیفە مەعصومە لەهەڵە وەكو پێغەمبەران.
دەكرێت هەڵەكان دابەش بكەین بۆ سێ جۆر: ئەو هەڵانەی كە پەیوەستن بەكاروبارەكانی دنیاوە، وە ئەو هەڵانەی پەیوەستن بە ئاسایش و بەرژەوەندیەكانی كۆمەڵی باوەڕدارانەوە، وە ئەو هەڵانەی كە پەیوەستن بە جێبەجێ كردنی شەریعەتی خوای گەورەوە.
ئەو هەڵانەی پەیوەستن بە كاروبارەكانی دنیاوە
ئەگەر خوای گەورە پێغەمبەر و خەلیفە هەڵدەبژێرێت.. ئەوا دەكرێت هەر یەكێكیان هەمان ئەو جۆرە هەڵانە بكات كە لەوی تریانەوە ڕوودەدات. كەواتە ئەو هەڵانە چین كە دەكرێت لە پێغەمبەرەوە ڕوو بدەن؟ خوای گەورە پێغەمبەر هەڵدەبژێرێت بۆ ڕێنمایی كردنی خەڵكی… نەك بۆئەوەی شارەزا بێت لە كاروبارە دنیاییەكاندا، كێشە نیە ئەگەر پێغەمبەر هەندێ هەڵە بكات لەو كاروبارانەدا كە پەیوەستن بەدنیاوە، هیچ نەنگیەك نیە بۆ پێغەمبەر ئەگەر هەڵە بكات لەكاروبارێكی دنیاییدا هەروەك مرۆڤەكانی تریش هەڵە دەكەن.
هیچ پێویست ناكات پێغەمبەر زانیاری هەبێت دەربارەی هەموو شتێك. ڕیوایەتێك هەیە باس لەوە دەكات پێغەمبەر (ﷺ) لە كارێك لەكاروبارەكانی كشتوكاڵدا هەڵەی كردووە، پێشنیاری كردووە بۆ هاوەڵەكان كە تۆوی نێرەی دارخورما نەوەشێنن بەسەر گوڵی دارخورما مێیەكەدا، ئەمەش لەڕێز و شكۆی پێغەمبەر (ﷺ) ناهێنێتە خوارەوە. هیچ پێویست نیە پێغەمبەر سەبارەت بە كاروباری دنیا لەلایەن خوای گەورەوە وەحی پێ بگات. وە ئاشكرایە پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی: (خۆتان شارەزاترن لە كاروباری دنیاكەتان) (مسلم)
وە هەروەك دەكرێت پێغەمبەر هەڵە بكات لە كاروبارەكانی دنیادا، بەهەمان شێوە دەكرێت خەلیفەیش لەیەكێك لە كاروبارەكانی دنیادا هەڵە بكات. لەم جۆرە هەڵانەدا جیاوازی نیە لەنێوان پێغەمبەر و خەلیفەدا.
ئەو هەڵانەی كە پەیوەستن بە كۆمەڵی باوەڕدارانەوە
جۆری دووەمی هەڵەكان بریتین لەو هەڵانەی كە پەیوەستن بە كاروباری كۆمەڵی باوەڕدارانەوە. جارێكیان گەورەمان پێغەمبەری خوا (ﷺ) سەركردایەتی سوپای باوەڕدارانی دەكرد لە یەكەم جەنگدا كە بریتی بوو لە جەنگی بەدر. وە بەو پێیەی كە لەو كاتە پێغەمبەر سەركردەی سوپاكە بوو… بەگوێرەی دەربڕینە سەربازیە نوێیەكان… بۆیە پێویست بوو لەسەری بڕیارێكی دروست بدات كە سەلامەتی و ئاسایشی كۆمەڵی باوەڕدارانی تێدا بێت. ئەوەبوو سەركردەی سوپاكە شوێنێكی هەڵبژارد بۆ ئەوەی بیكات بە مۆڵگای سەربازەكان، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنێكی دروست نەبوو. وە لەبەرژەوەندی سوپاكەدا نەبوو لەو شوێنەدا، كە دوور بوو لە ئاوەوە، بارگە و بنە بخەن و مۆڵگای سەربازی دروست بكەن. وە یەكێك لە سەربازەكان پێشنیاری كرد كە سەربازەكان لەشوێنێكی تردا، كە نزیك بوو لە ئاوەكەوە، مۆڵگا دروست بكەن، سەركردەی سوپاكەیش هەستی بەوە كرد كە بۆچوونی سەربازەكە دروستە، بۆیە سوپاكەی گواستەوە، وە لەو شوێنەدا مۆڵگایان دروستكرد كە سەربازەكە پێشنیاری كردبوو.
ئەوەمان لەبیرنەچێت ئەو سەركردەیە گەورەمان پێغەمبەری خوا بوو (ﷺ)، وە خوا ڕاستەوخۆ هەڵیبژاردبوو بەبێ ئەوەی هیچ یەكێك لە مرۆڤەكان دەستی هەبێت لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكەیدا. وە ئەو سەركردەی هەرەباڵای سوپاكە بوو، وە بەرپرس بوو لە سەرجەم ئەو بڕیارانەی كە دەبوونە هۆی دەستەبەركردنی سەلامەتی سوپاكە و بردنەوەی جەنگەكە. بەڵام هەڵەیەكی تاكتیكی كرد… ئەوەبوو یەكێك لە هاوەڵەكانی پێشنیاری ڕاستكردنەوەی هەڵەكەی كرد و ئەویش دەستبەجێ ڕاستی كردەوە. بەم شێوەیە دەبینین كە دەكرێت پێغەمبەر یان خەلیفە هەڵە بكات لە كارێك لەو كاروبارانەی پەیوەستن بە كۆمەڵی باوەڕدارانەوە، بەڵام دەبێت ئەو هەڵەیە دەستبەجێ ڕاست بكرێتەوە.
ئەگەر هاتوو هیچ كەسێك بەم هەڵەیەی نەزانی ئەوا خوای گەورە كە ئەو پێغەمبەرە یان ئەو خەلیفەیەی هەڵبژاردووە خۆی سەرپەرشتی ئاراستەی كاروبارەكان دەكات بەجۆرێك هەموو ئەو خراپیانە یان ئەو نەهامەتیانەی كۆمەڵی باوەڕداران، كە لە ئەنجامی هەڵەكەوە دروست بوون، دەگۆڕێت بۆ خێر و بەرەكەت بۆ ئەو كۆمەڵە. ئەوسا لە كۆتاییدا ئەو هەڵەیە دەبێتە هۆی بەدی هاتنی بەرژەوەندیەكی هەرە مەزن بۆ كۆمەڵی باوەڕداران.
ئەمە تەنھا كۆمەڵێك وشە نیە كە لە سۆزی خۆشەویستی و ڕێزەوە بۆ پایەی خيلافەت و پێغەمبەرایەتی سەرچاوەی گرتبێت، بەڵكو ڕاستییەكە زۆر بە ڕوونی و لە ژیانی پێغەمبەردا (ﷺ) دەركەوتووە. جارێك لەخەونیدا (ﷺ) بینی كە دەچێتەناو مزگەوتی حەرامەوە و لەگەڵ هاوەڵەكانیدا بەدەوری كەعبەدا دەسوڕێتەوە، بۆیە پێی وابوو كە پێویستە لەسەری دەستبەجێ بڕوات بۆ جێبەجێكردن و بەدی هێنانی خەونەكەی. ئەوە بوو بەهاوەڵێتی ١٥٠٠ كەس لە موسوڵمانان دەرچوو، وە دەستی كرد بە گەشتێكی درێژ و پڕ چەرمەسەری لە مەدینەوە بۆ مەككەی پیرۆز.
بەڵام قوڕەیش نەیانهێشت بچنەناو مەككەوە، ئەمەش بریتی بوو لە شكاندنی داب و نەریتێكی عەرەب كە مافی سوڕانەوەی بەدەوری كەعبەدا دەستەبەر دەكرد تەنانەت بۆ دوژمنانیش ئەگەر بەشێوەیەكی ئاشتیخوازانە بهاتنایە بۆ تەواف و چەكیان پێ نەبوایە، بەڵكو خەڵكی مەككە پێستی پڵنگیان لەبەر كردبوو كە نیشانە بوو بۆ سووربوونیان لەسەر جەنگ كردن لەگەڵ موسوڵماناندا بەشێوەیەكی دڕندانە و توندوتیژ بۆ ئەوەی ڕێگرییان لێ بكەن و نەهێڵن بچنەناو مەككەوە. ئەوە بوو پێغەمبەری خوا (ﷺ) عوسمانی كوڕی عەففانی نارد بۆ ئەوەی خەڵكی مەككە ڕازی بكات كە ڕێگەبدەن موسوڵمانان بە ئاشتی تەواف بكەن، بەڵام ئەوان پێداگریان كرد لەسەر كەللـەڕەقی خۆیان و پڕوپاگەندەیەكیان بڵاوكردەوە كە عوسمان كوژراوە بۆ ئەوەی ترس بخەنە دڵی موسوڵمانانەوە.
كاتێك پێغەمبەری خوا (ﷺ) هەواڵی كوشتنی عوسمانی بیست داوای كرد لە موسوڵمانان كە پەیمانی پێ بدەن لەسەر سەندنەوەی تۆڵەی عوسمان یان مردن، ئەوانیش بەیعەتیان پێدا و دڵنیابوون لە هاتنەدی بەڵێنی خوا بە پێغەمبەرەكەی لە خەونەكەدا بەوەی كە دەچنەناو مزگەوتی حەرامەوە. هەلومەرجەكە بەخێرایی پەرەیسەند كە هۆشداریەك بوو بەڕوودانی جەنگێكی وێرانكەر لە نێوان موسوڵمانان و خەڵكی مەككەدا كە پێدەچێت سەدەها كەس لەهەردوولا بكوژرێن بەهۆی هەڵەیەك لە لێكدانەوەی خەونەكەدا، وە هیچ كەسێك نەیزانی كە ئەم هەڵەیە روویداوە. كاتێك عوسمان گەڕایەوە و هیچ ئازارێكی پێ نەگەيشتبوو ئینجا پێغەمبەر (ﷺ) هەستی بەم هەڵەیە كرد، وە خەڵكی مەككە سوڵح و ئاشتەواییان پێشنیاركرد بۆی كە ئەم ساڵ نەچنەناو مزگەوتی حەرامەوە و بگەڕێنەوە بۆ مەدینە.
ئەوەبوو موسوڵمانەكان ڕەخنەیان گرت لە گەڕانەوەكە و دەستیان كرد بە مشتومڕ لەگەڵ پێغەمبەردا بە بەڵگەی ئەوەی كە خوا بەڵێنی پێداون سەریان دەتاشن و دەچنەناو مزگەوتی حەرامەوە. پێغەمبەریش دانینا بە بەڵێنەكەی خوای گەورەدا وەك لە خەونەكەدا هاتبوو بەڵام ئاماژەی كرد بۆ ئەوەی كە خوای گەورە كاتی دیارینەكردووە بۆ بەدی هاتنی خەونەكە كە ئایا لەم ساڵدایە یان لەساڵی دواتر. كەواتە پێغەمبەر (ﷺ) هەڵەی كرد لە لێكدانەوەی خەونەكەدا، وە بەهۆی ئەم هەڵەیەوە موسوڵمانەكان لەو ساڵەدا دەرچوون بۆ مەككە، وە سەختی ناڕەحەتیەكانی ئەو سەفەرەیان چەشت پاشان گەڕانەوە بەبێ ئەوەی بچنەناو مزگەوتی حەرامەوە.
هیچ كەسێك ئاگای لە ڕوودانی ئەم هەڵەیە نەبوو، وە خوای گەورەیش بەجۆرێك كاروبارەكانی بەڕێكرد كە سەرەنجامی ئەم هەڵەیەی گۆڕی بۆ ئەوەی لەبەرژەوەندی كۆمەڵی باوەڕداران بشكێتەوە. وە بەم شێوەیە پێغەمبەری خوا سوڵحی حودەیبیەی ئیمزا كرد كە ڕۆژگار سەلماندی ئەم سوڵحە خێرێكی مەزن بوو لە بەرژەوەندی ئیسلام و موسوڵمانان.
لەم وانە مەزنەوە ئەوە فێردەبین كە گوێڕایەڵی تەواوەتی چەندە گرنگە. بێگومان موسوڵمانان لە لێواری ئاگردابوون بەهۆی دوودڵیان لە جێبەجێ كردنی فەرمانی پێغەمبەر (ﷺ) هەتا ئەو كاتەی چووە ژوورەوە بۆ لای دایكی سەلەمەی خێزانی و پێی فەرموو: “ئەم كۆمەڵە تیاچوون”، بەڵام خوای گەورە باوەڕدارانی ڕزگار كرد لە تیاچوون بەجۆرێك زمانی دایكی سەلەمە هێنرایە گۆ و ئامۆژگاری پێغەمبەری (ﷺ) كرد كە قوربانیەكەی خۆی سەرببڕێت و ئیحرام ببەستێت، كاتێك ئەویش ئەم كارەی كرد دەستبەجێ باوەڕداران كەوتنە پێشبڕكێ بۆ گوێڕایەڵی كردنی پێغەمبەر و ئیحرامیان بەست و قوربانیەكانیان سەربڕی. ساتێكی زۆر كەم لە گوێڕایەڵی نەكردن دەكرێت ببێتەهۆی كۆمەڵێك سەرەنجامی ماڵوێرانكەر، بەڵام خوای گەورە لەسایەی چاكەی خۆیەوە ئاراستەی كاروبارەكانی گۆڕی بەجۆرێك لەكۆتاییدا لەبەرژەوەندی كۆمەڵی باوەڕداران شكایەوە.
ئەو هەڵانەی پەیوەستن بە كاروبارەكانی شەریعەتەوە
جۆری سێيەم لە هەڵەكان ئەو هەڵانەن كە پێچەوانەی فەرمانەكانی شەریعەتن. هەموومان دەزانین نوێژە فەرزەكان ژمارەیان پێنج نوێژە: بەیانی دوو ڕكاتە، نیوەڕۆ چوار ڕكاتە… وە هەروەها. گەورەمان پێغەمبەری خوا (ﷺ) بەم شێوەیە فەرمانی پێ كردووین بەگوێرەی ئەو فەرمانانەی شەریعەت كە خوای گەورە دایبەزاندووەتە سەری. بەڵام جارێكیان پێغەمبەر (ﷺ) نوێژی نیوەڕۆی بۆ باوەڕداران دەكرد، تەنھا دوو ڕكاتی كرد و پاشان سڵاوی دایەوە، ئەمەش وای كرد موسوڵمانان پرسیاری لێ بكەن: ئەی پێغەمبەری خوا ئایا نوێژ كورت كراوەتەوە؟ كاتێك پێغەمبەر زانی هەڵەی كردووە لە بەجێھێنانی نوێژەكەدا، هەستا و لەگەڵ موسوڵماناندا دوو ڕكاتەكەی تری تەواو كرد.
كەواتە دەكرێت ئەم جۆرە هەڵانە دەربارەی شەریعەت لە پێغەمبەر یان لە خەلیفەوە ڕووبدەن، بەڵام ئەم هەڵانە تەنھا بەهۆی لەبیرچوونەوە یان پێنەزانینەوە ڕوودەدەن. بێگومان مرۆڤ تووشی لەبیرچوونەوە دەبێت، وە پێغەمبەر و خەلیفە هەردووكیان مرۆڤن، بەڵام ئەم جۆرە هەڵانە دەبێت دەستبەجێ ڕاستبكرێنەوە، وەك چۆن ئەگەر ئیمام لەكاتی نوێژدا هەڵە بكات لە خوێندنەوەی قورئاندا یەكسەر بۆی ڕاست دەكرێتەوە. وە ناكرێت و ناگونجێت بە ئەنقەست یان بە نیازێكی خراپەوە هەڵە دەربكەوێت لە پێغەمبەر یان لە خلیفەوە لە كاروبارەكانی شەریعەتدا.
مانای پارێزراوی لە تاوان (عیصمەت)
زۆر دەبیستین كە پێغەمبەر پارێزراوە لە كردنی تاوان و سەرپێچی بەڵام ئەم پارێزراویە شتێكی دەرەكی نیە كە بەزۆر بسەپێنرێت بەسەر پێغەمبەردا، بەڵكو پارێزراوی و دووری لەتاوان لەخودی خۆیەوە سەرچاوە دەگرێت و بریتیە لە ئەنجامێكی سروشتی گوێڕایەڵی كردنی خوای گەورە. بێگومان پێغەمبەر لە هەموو ساتێك لەساتەكانی ژیانیدا پەی دەبات بە بوونی خوا، وە ئەم پەی بردنە بە بوونی خوای گەورە بە بەردەوامی دەیپارێزێت لە ئەنجامدانی تاوان و سەرپێچی، وە ئەمەیە كە ئێمە ناومانناوە پاراستنی خوایی. چۆن دەگونجێت پێغەمبەر بە ئەنقەست سەرپێچی بكات لە فەرمانەكانی خوای گەورە؟ ئەمە كارێكی ئەستەمە.
هەروەھا خەلیفە ئەو كەسەیە كە خوای گەورە هەڵیدەبژێرێت بۆ ئەوەی سەرپەرشتی كاروباری كۆمەڵی باوەڕداران بكات، وە ئەو كەسەیە كە لە دیدی خوای گەورەدا كەسێكی گونجاو و لەبارە بۆ ئەوەی ببێت بە پێشەوای باوەڕداران. وە ئەو لە هەموو خەڵكی سەرزەوی پارێزكارتر و چاكەكارترە، وە ئەركی پاراستنی كۆمەڵی باوەڕداران و ڕابەرایەتی كردنیان بەرەو ئاسۆ هەرە بەرز و بڵندەكانی تەقوا و چاكەكاری لە ئەستۆیدایەتی.
دەی چۆن دەگونجێت ئەم پیاوە بە ئەنقەست یاخی بێت لە خوای گەورە و بە مەبەستی خراپ پێچەوانەی فەرمانەكانی خوا بجووڵێتەوە؟ ئەمە ئەستەمە. كاتێك خوای گەورە پیاوێك هەڵدەبژێرێت لەپێناوی جێبەجێ كردنی پاراستنی ڕۆحی بۆ كۆمەڵی باوەڕداران؛ ئەوا ئەستەمە كە وازبھێنێت لەم پیاوە و بێ بەشی بكات لە چاودێری و پاراستنی خۆی. سەرنج دەدەین خوای گەورە بەڵێنی داوە بە پاراستنی باوەڕدارە ڕاستەقینەكان لە كارتێكردنی شەیتانی نەفرەتلێكراو، وە دەفەرموێت: {إنَّ عِبَادِي لَيْسَ لَكَ عَلَيْهِمْ سُلْطَانٌ} (الحجر: 43)، دەی ئەگەر شەیتان دەسەڵاتی نەشكێت بەسەر بەندە پارێزكارەكاندا ئەوا چۆن دەسەڵاتی دەشكێت بەسەر پێشەوای پارێزكاراندا؟ نەخێر، ئەمە هەرگیزاو هەرگیز ناگونجێت.
لەم بارەیەوە هیچ جیاوازیەك نیە لەنێوان پێغەمبەر و خەلیفەدا، هەر هەڵەیەك كە بكرێت لە پێغەمبەرەوە دەربكەوێت، دەكرێت لە خەلیفەشەوە دەربكەوێت.
كاتێك بەتەواوەتی پەی دەبەین بەم بابەتە و لێی تێدەگەین.. ئەوسا دەتوانین گرنگی و مەزنی پایەی خيلافەت بزانین، وە ڕێزی پلەوپایەكەی بگرین كە بریتیە لە درێژكراوەی پێغەمبەرایەتی. چەند بەختەوەرن موسوڵمانە ئەحمەدیەكان چونكە خوای گەورە لەسایەی چاكەی خۆیەوە ئەم نیعمەتە مەزنەی پێ بەخشیون. بێگومان ئەو شادیەی هەستی پێ دەكەن و ئەو ئاسودەییەی باڵدەكێشێت بەسەریاندا و ئەو شادمانیەی دڵیان پڕ دەكات و ئەو ڕەزامەندی و ئۆقرەگرتنەی كە لە ویژدانیانەوە بەلێشاو هەڵدەقوڵێت لەكاتێكدا خەلیفە هەڵدەبژێردرێت، هیچ خۆشی و شادیەكی تر شان نادات لەشانی، وە بەویستی خوای گەورە ئەم چاكەیە بەردەوام دەبێت هەتا ڕۆژی قیامەت.
لەكۆتاییدا پرسیارێك هەیە كە ڕەنگە بە زەینی هەندێكماندا بێت، ئەویش ئەوەیە: ئەگەر خەلیفە پارێزراوە لە كردنی تاوان و سەرپێچی و لەوەی بە مەبەستی خراپ و نیازی چەپەڵەوە بە پێچەوانەی شەریعەتی خواوە ڕەفتار بكات؛ ئەوا بۆچی دەقی هەندێ لە پەیمانەكانی بەیعەت باس لەوە دەكەن كە پێویستە گوێڕایەڵیی خەلیفە و پێغەمبەر بكرێت لە هەموو ئەو فەرمانانەی كە چاكەن؟ ئایا ئەمە مانای ئەوەیە كە دەكرێت خەلیفە فەرمان بكات بەكارێك پێچەوانەی چاكە بێت.. واتە كارێك كە پێچەوانەی شەرعی خوا بێت؟ ئایا لەم بارودۆخەدا هەر تاكێك مافی ئەوەی هەیە بڕیار بدات لەو فەرمانەی لە خەلیفەوە دەردەچێت كە ئایا فەرمانێكی چاكە یان خراپ تاكو گوێڕایەڵی بكات یان نەیكات؟
بێگومان ڕستەی “گوێڕایەڵیم بكات لە هەموو ئەو فەرمانانەی كە چاكەن” گەورەمان پێغەمبەری خوا (ﷺ) بەكاریھێناوە لە بەیعەتی یەكەمدا كە دوو ئافرەت و حەفتا پیاو لە خەڵكی مەدینە بەشدارییان تێدا كرد. وە قورئانی پیرۆز باسی گوێڕایەڵی كردووە لە چاكەدا لە سیاقی ئایەتی دامەزراندنی خەلیفەدا، كە دەفەرموێت: {قُلْ لاَ تُقْسِمُوا طَاعَةٌ مَّعْرُوفَةٌ} (النور: 54) واتە ئەوەی داواكراوە بریتیە لە گوێڕایەڵی لەو شتەدا كە چاكەیە. وە هەروەھا لە فەرمایشتی خوای گەورەدا: {يَا أَيُّهَا النَّبيُّ إِذَا جَاءَكَ الْمُؤْمِنَاتُ يُبَايِعْنَكَ عَلَى أَنْ لا يُشْرِكْنَ بِاللهِ شَيْئًا وَلا يَسْرِقْنَ ولا يَزْنِينَ وَلا يَقْتُلْنَ أَوْلادَهُنَّ وَلا يَأْتِينَ بِبُهْتَانٍ يَفْتَرِينَهُ بَيْنَ أَيْدِيهِنَّ وَأَرْجُلِهِنَّ وَلا يَعْصِينَكَ في مَعْرُوفٍ فَبَايِعْهُنَّ…} (الممتحنة: 13)
ئایا مانای فەرمایشتی: {وَلا يَعْصِينَكَ في مَعْرُوفٍ} “لەچاكەدا سەرپێچیت نەكەن” چیە؟ ئەستەمە مانای ئەم ئایەتە ئەوە بێت كە ئەو ئافرەتەباوەڕدارانە سەرپێچیت نەكەن ئەگەر فەرمانی چاكەت پێكردن، بەڵام ئەگەر فەرمانت پێكردن بە كارێك كە چاكە نەبوو ئەوا مافی ئەوەت نیە گوێڕایەڵیت بكەن، وە مافی خۆیانە گوێڕایەڵیت نەكەن.
گوێڕایەڵی خوا لەو كارەدا كە چاكەیە، وە گوێڕایەڵی پێغەمبەر لەو كارەدا كە چاكەیە، وە گوێڕایەڵی خەلیفە لەو كارەدا كە چاكەیە… هەرگیز مانای ئەوە نیە كە خوای گەورە یان پێغەمبەر یان خەلیفە دەكرێت فەرمان بكات بەكارێك پێچەوانەی چاكە بێت. نەخێر، بەڵكو مانای ئەوەیە كە خوا و پێغەمبەر و خەلیفە تەنھا فەرمان بە چاكە دەكەن. ئەگەر فەرمانێك لەلایەن خوا یان پێغەمبەر یان خەلیفەوە دەرچوو ئەوا ئێمە دڵنیاین كە ئەو فەرمانە فەرمانێكی چاكەیە. وە كاتێك گوێڕایەڵی فەرمانێك دەكەین كە لەلایەن خوا یان پێغەمبەر یا خەلیفەوە دەردەچووە ئەوا ئێمە دڵنیاین كە گوێڕایەكی فەرمانێكمان كردووە كە فەرمانێكی چاكە، هەرگیز لەلایەن خوا یان پێغەمبەر یان خەلیفەوە فەرمانێك دەرناچێت جگە لە فەرمانی چاكە. بەگوێرەی ئەم بنەمایە كەسی باوەڕدار دڵی ئارام دەبێت؛ چونكە كاتێك گوێڕایەڵی فەرمانی خوا یان ئامۆژگاری پێغەمبەر یان ڕێنمونی خەلیفە دەكات، گوێڕایەڵیەكەی لەو كارانەدایە كە كاری چاكەن.
هەڵبەت ئەمە مەزنی پایەی خيلافەت زیاتر دەكات، چەند مەزنە ئەم نیعمەتە كە بزانین هەموو ئەو فەرمانانەی لەلایەن خەلیفەوە دەردەچێت بریتین لە فەرمان كردن بە چاكە. لەبەرئەوە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) نیعمەتی خيلافەتی ناوناوە “توانای دووەم”. دیارە توانای یەكەم بریتیە لە هەڵبژاردنی پێغەمبەر، وە توانای دووەمیش بریتیە لە هەڵبژاردنی خەلیفە، یەكەمیان خيلافەتی خواییە بەشێوازێكی ڕاستەوخۆ، ئەوی تریشیان خيلافەتی خواییە بەشێوازێكی ناڕاستەوخۆ، وە بەھیچ شێوەیەك جیاوازی نیە لەنێوانیاندا جگە لەوەی كە توانای یەكەمیان لەڕێگەی كەسێكەوە دەدرەوشێتەوە كە خوای گەورە بەھۆی سیفەتی “الرحمن”ەوە هەڵیدەبژێرێت، وە دووەمیان لەڕێگەی كەسێكەوە دەدرەوشێتەوە كە خوای گەورە بەھۆی سیفەتی “الرحیم”ەوە هەڵیدەبژێرێت.
زۆربەمان سەردانی ئەو ناوچانەمان كردووە كە درەختی تێدا دەڕوێت، ڕەنگە چەندین درەختمان بینیبێت لە چەندین جێگادا سەوز بوون كە ناكرێت مرۆڤ دەستی بگاتە ئەو شوێنانە تا درەخت بنێژێت تێیاندا، ئەوەتا دەبینین لە شوێنە سەخت و لێژەكانی شاخدا یان لەنێوان بەردەكاندا یان لەسەر دوورگەیەكی بچوك كە لە هەموو لایەكەوە ئاو دەورەی دابێت و مرۆڤ نەتوانێت لەسەری ڕاوەستێت درەخت سەوز بووە، ئایا ئەو كەسە كێیە كە ئەم درەختانەی ناشتووە؟ بێگومان خوای گەورەیە. وە چەندین درەختی تر هەیە كە مرۆڤ بەدەستی خۆی ڕواندوویەتی و لەو درەختانە دەچێت كە خوای گەورە ڕواندوویەتی، وە هیچ جیاوازیەك نیە لەنێوان ئەو درەختانەی كە ڕاستەوخۆ خوای گەورە خۆی ڕواندوویەتی و ئەو درەختانەی كە خوای گەورە لەڕێگەی مرۆڤەوە ڕواندوویەتی.
بەهەمان شێوە جیاوازی نیە لەنێوان هەڵبژاردنی پێغەمبەر و هەڵبژاردنی خەلیفەدا، جگە لەوەی كە یەكەمیان ڕاستەوخۆ ئەنجام دەدرێت، وە ئەوی تریان لەڕێگەی خەڵكانی پاك و دڵسۆزەوە بەئەنجام دەگات. بێگومان جیاوازی نێوان پێغەمبەر و خەلیفە بریتیە لە جیاوازی لە جۆری ئەو ئەركەی كە هەریەكەیان پێی هەڵدەستێت. هەرچی پێغەمبەرە دێت بۆ دانانی ئەو بناغەیەی كە كۆمەڵی باوەڕدانی لەسەر دادەمەزرێت، وە خەلیفەیش دێت بۆ بنیاتنان و بەرزكردنەوەی كۆشكەكە لەسەر هەمان ئەو بناغەیەی كە پێغەمبەرەكە دایناوە. پرۆسەكە هەمووی هاوشێوەی پرۆسەی دروستكردنی كۆشكێكی گەورەیە… پێغەمبەرەكە بناغەكەی دادەنێت، پاشان خەلیفەی یەكەم دێت و نھۆمی یەكەم دروست دەكات، وە خەلیفەی دووەم دێت و نھۆمی دووەم دروست دەكات، وە هەروەھا… هەتا كۆشكەكە بەرزدەبێتەوە و دەبێت بە كۆشكێكی بڵند. وەك درەختێكی پیرۆز كە ڕەگەكەی چەسپاوە لەزەویدا و لقەكانی بەرزبووەتەوە بۆ ئاسمان و بە ئیزنی خوا هەموو كاتێك بەرهەمی خۆی دەدات.
جارێكیان پرسیار كرا لە سەید موحەممەد زەفەروڵڵا خان.. كە هاوەڵێكی بەڕێزی مەسیحی بەڵێندراو، وە ڕۆڵەیەكی چاكەكاری كۆمەڵی ئەحمەدی بوو، وە لە تەقوا و ڕۆحانیەتدا نموونە بوو، هەروەها لە مێژووی ژیانی پرشنگداریدا گەیشتە پۆستە هەرە بڵندە جیھانیەكان، بەجۆرێك لە سیەكانی تەمەنیدا پۆستی وەزیری وەرگرت، هەروەك بوو بە یەكەم وەزیری دەرەوەی حكومەتی پاكستان پاش دامەزراندنی ئەو دەوڵەتە، وە سەرۆكی خولی حەڤدەيەمی نەتەوە یەكگرتووەكان بوو، وە هەڵبژێردرا بە دادوەر لە دادگای دادی نێودەوڵەتی و پاشان سەرۆكی دادوەرەكانی ئەو دادگایە.
بەكورتی، مێژووەكەی پڕە لە سەركەوتن لەدوای سەركەوتن لە ئايین و دنیادا. وە ئەو پرسیارەی كە ئاراستەی كرا ئەوە بوو: ” بەدرێژایی ژیانت خوا سەركەوتووی كردیت، ئایا هۆكاری ئەم سەركەوتنەت چی بوو؟” ئەویش بەبێ هیچ وەستان و دوودڵیەك گوتی: “چونكە بەدرێژایی ژیانم گوێڕایەڵ و ملكەچی پایەی خيلافەت بووم”.
چەند مەزنە ئەم وەڵامە! و چەند مەزنە ئەم پیاوە!
لەڕاستیدا خيلافەتی خوایی حەبلی خوایە كە هەموو تاكەكانی كۆمەڵی باوەڕداران دەستیان پێوە گرتووە بەبێ ئەوەی پەرتەوازە بن، دیارە خوای گەورە هەمیشە دەیانپارێزێت و بەرگریان لێ دەكات و سەریان دەخات. بێگومان ڕزگاربوونیان لەوەدایە كە دەستبگرن بەم حەبلەی خواوە، وە پێشكەوتن و گەشەسەندنیان تەنھا لەوەدایە كە دەستبگرن بەم حەبلەوە كە خوای گەورە شۆڕی كردووەتەوە بۆیان، وە بەھۆی دەستگرتنیان بەم حەبلەوە خوای گەورە بەردەوام دەبێت لە ڕژاندنی هەموو جۆرە نیعمەت و بەرەكەتێكی خۆی بەسەریاندا، وە ئەو ئایینەیان بۆ دادەمەزرێنێت كە خۆی پێی ڕازیە، ترسەكەشیان بۆ دەگۆڕێت بۆ ئاسایش.
داواكارین لە خوای گەورە كە یارمەتیمان بدات بۆ ئەوەی كەڵك وەربگرین لە بەرەكەتەكانی خيلافەت، وە ئومێدەوارین لێی -سبحانە وتعالی- ئەو توانایەمان پێ بدات كە تێبگەین لە پایە و گەورەیی و نرخی نیعمەتی خيلافەت. هەروەك داوای لێ دەكەین – عز وجل- توانا بدات بەهەموومان كە دەست بگرین بەم حەبلەوە… حەبلی خیلافەت، وە لەسایەی چاكە و بەخششی خۆیەوە درێژە بدات بە ڕژاندنی بەرەكەتەكانی خيلافەت بەسەرماندا و بەردەوام بین لە گوێڕایەڵی و دڵسۆزیمان بۆ خوا و پێغەمبەرەكەی و ئەو خەلیفەیەی كە خوای گەورە هەڵیدەبژێرێت. ئامین
وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمين