بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

بەڵگەكانی ڕاستگۆیی مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام)

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

هەموو ئەو پێوەرانەی كە لە پێغەمبەرە پێشووەكاندا بوونیان هەبووە و بە هۆیانەوە خەڵكی ڕاستگۆیی ئەوانی بۆ دەركەوتووە هەموویان لە مەسیحی بەڵێندراودا هەن، كە بریتین لە كۆمەڵە بەڵگەیەكی پرشنگدارو ئایەتگەلێكی ڕۆشن لەسەر ڕاستی داواكەی و ئەوەی كە لای خوای گەورەوە هێناویەتی. وە بەو پێیەی كە قورئان مەزن بریتیە لە بنەما بۆ زانینی ئەو پێوەرانە‌ لەبەرئەوە ئێمەیش لە بەیانكردن و پیادەكردنیاندا بەسەر مەسیحی بەڵێندراودا دەگەڕێینەوە بۆی.

پێوەری یەكەم:

خوای گەورە لە سەلماندنی ڕاستی پێغەمبەری خۆمان موحەممەد دا (ﷺ) دەفەرموێت: ﴿…فَقَدْ لَبِثْتُ فِيكُمْ عُمُرًا مِنْ قَبْلِهِ أَفَلا تَعْقِلُونَ﴾ (يونس 17) واتە: “…بێگومان من مامه‌وه‌ له‌ ناوتاندا ماوه‌ی ته‌مه‌نێکی درێژ پێش هاتنی ئه‌م قورئانه‌ ده‌ی ئایا ئێوه‌ بۆ ژیر نابن بیرناکه‌نه‌وه‌؟”.

لەم ئایەتە پیرۆزەدا چوار مەرج هەیە كە ئەگەر لەهەر بانگەشەكارێكدا هەبوو ئەوا بە دڵنیاییەوە ڕاستگۆیە:

1) دەبێت پێش بانگەشەكەی لەناو هۆزەكەیدا بووبێت نەك نامۆ بێت پێیان.

2) دەبێت تەمەنێكی دوور و درێژ لەناویاندا ژیابێت نەك چەند ساڵێكی كەم، واتە بە منداڵی و مێردمنداڵی و گەنجێتی و كامڵی لەناویاندا ژیا بێت، وە لە هەموو ئەم قۆناغانەدا لەڕووی ڕاستگۆییەوە جێگای ئەزموون و تاقیكردنەوە بووبێت.

3) وە دەبێت كەسێكی ناسراو بێت لەناو هۆزەكەیدا نەك نەناسراو بێت لایان؛ چونكە تەنوین لە فەرمایشتی خوای گەورەدا ﴿عُمُرًا﴾ شكۆ و مەزنێتی دەگەیەنێت تەنانەت ئەگەر ئەو كەسە كردەوەیەكی نەشیاو بكات بەپەنجە ئاماژەی بۆ دەكەن و بە خێرایی هەواڵەكەی بڵاودەبێتەوە.

4) دەبێت ئەم سێ سیفەتە هەمووی بوونی هەبێت پێش بانگەشەكەی.

كەواتە هەركەسێك بانگەشەیەك بكات و ئەم چوار سیفەتەی هەبێت ئەوا بەدڵنیاییەوە كەسێكی ڕاستگۆیە. بێگومان هەموو پێغەمبەران ئەم چوار سیفەتەیان هەبووە پێش بانگەشەكەیان بۆیە دەبینین لەم ئایەتە پیرۆزەدا دووان ئاراستەی كەسانی ژیر كراوە و تەحەددایان دەكات بە فەرماییشتی: ﴿أَفَلا تَعْقِلُونَ﴾ واتە: “ده‌ی ئایا ئێوه‌ بۆ ژیر نابن بیرناکه‌نه‌وه‌؟”، وە زانراوە كاتێك كە فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿وَأَنْذِرْ عَشِيرَتَكَ الأَقْرَبِينَ﴾، واتە: “نزیكترین خزمەكانیشت ئاگاداربكەوە.” دابەزی بۆ پێغەمبەر (ﷺ) -ئەمەش لە سەرەتای بانگەوازەكەیدا- یەكەم كارێك كە كردی وەرگرتنی شایەتی و دانپیانانی هۆزەكەی بوو لەسەر ڕاستگۆیی خۆی، ئەوەبوو چووە سەر كێوی صەفا و هاواری كرد و بەهەموو هێزێكی بانگی كردن و ئەوانیش كۆبوونەوە لە دەوری و ڕوویان تێكرد و پێی وتن: ئەگەر پێتان بڵێم لە پشت ئەو شاخەوە سوپایەكی بێ شومار هەیە دەیەوێت پەلامارتان بدات، ئایا ئێوە باوەڕم پێ دەكەن؟ ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: بەڵێ باوەڕت پێ دەكەین؛ چونكە درۆمان لێ نەدیوی: (يَا صَبَاحَاهْ! فَقَالُوا: مَنْ هَذَا؟، فَاجْتَمَعُوا إِلَيْهِ، فَقَالَ: «أَرَأَيْتُمْ إِنْ أَخْبَرْتُكُمْ أَنَّ خَيْلًا تَخْرُجُ مِنْ سَفْحِ هَذَا الجَبَلِ، أَكُنْتُمْ مُصَدِّقِيَّ؟» قَالُوا: مَا جَرَّبْنَا عَلَيْكَ كَذِبًا).

كەواتە ڕاستگۆیی پێغەمبەران بەدرێژایی ژیانیان پێش پێغەمبەرایەتی بەڵگەیەكی بەهێزە لەسەر ئەوەی كە بانگەشەی دەكەن، ئەمەش مەبەستێكی گەورەیە و مەترسی خۆی هەیە؛ چونكە چەندەها كەس هەیە تێدەپەڕن بەسەریدا بێئەوەی ئاوڕی لێ بدەنەوە و گوێی پێ بدەن، وە گاڵتەی پێ دەكەن و پێكەنینیان پێی دێت لەگەڵ ئەوەی لەسەر گەورەترین بنەما بنیات نراوە كە زانست و زانیاریەكانی لەسەر بنیات نراوە كە ئەو‌یش بریتیە لە “پشكنینی ورد”؛ وە هەركەسێك ئەم بەڵگە زانستیە كە قورئانی پیرۆز بەیانی كردووە بەدرۆ دەزانێت پێویستە لەسەری كە پشكنینی ورد بكات بۆ لاپەڕەكانی مێژوو، وە ژیانی هەموو مرۆڤە مەزنەكان بەوردی بخوێنێتەوە و بزانێت ئایا كەسێكیان هەبووە كە ئەم چوار سیفەتەی تێدا بوو بیت كە لەسەرەوە باسكران و درۆ بكات لەوەی كە بانگەشەی بۆ دەكات؟ لەڕاستیدا ئەمە بەڵگەیەكی بەهێزە و مەسیحی بەڵێندراویش ئەمەی وەك بەڵگە هێناوەتەوە لەسەر ڕاستگۆیی خۆی و دەفەرموێت، كەئەمە كوردیەكەیەتی:

“بەڕاستی هەرگیز ئێوە ناتوانن تۆمەتبارم بكەن بە درۆ و قسەهەڵبەستن و فێڵكردن لە سەرەتاكانی ژیانمدا كەلەناوتاندا بووم كە وايدابنێن ئەو كەسەی ئەمە پیشەی بێت لە درۆ و قسەهەڵبەستن هیچ دوور نیە لای خۆیەوە ئەم كارەی دروست كردبێت. دەی ئایا كەسێكتان تێدایە ڕەخنەی هەبێت لە بارودۆخێك لە بارودۆخەكانی ژیانم؟ ئەمەش تەنها فەزڵی خوایە كە هەر لە مناڵیمەوە لەسەر پارێزكاری دایمەزراندووم! لەمەشدا نیشانە هەیە بۆ ئەوانەی بیردەكەنەوە.” (تذكرة الشهادتين صفحة 62).

لێرەدا ئەوەندەمان بەسە كە شایەتیدانی گەورەترین دوژمنی مەسیحی موعود یاداشت بكەین كە شێخ موحممەد حسێن بەطالەویە كە بیروباوەڕی چۆن بووە بەرامبەری پێش بانگەشەكەی. ئەم شێخە لە پیاهەڵدانی كتێبەكەی مەسیحی بەڵێندراودا (البراهین الأحمدیة)دا دەڵیت: “بێگومان هاوشێوەی كتێبی ناوبراو هەرگیز دانەنراوە لە جیهانی ئیسلامیدا، وە هیچ زانیاریەكمان نیە لە داهاتوو، ڕەنگە دوای ئەمە لەكاروبارەكانی خوای گەورەدا شتی تازە ڕووبدات. هەروەها نووسەرەكەیشی بێ هاوتایە وەكو كتێبەكەی؛ چونكە ڕۆژگار بەدەگمەن كەسێكی وەهای تێدا هەڵبكەوێت كە بەشێوەیەكی سەیر لە خزمەتی ئایینی ئیسلام و سەرخستنی ئەم ئايینەدایە بە خۆی و ماڵ و قەڵەم و كردار و گوفتاری… بێگومان نووسەری “البراهين الأحمدية” بەپێی ئەزموون و تاقیكردنەوەی دۆست و دوژمنەكانی -خودای بەسە- كەسێكە لەسەر ‌شەریعەتی ئیسلامی دامەزراوە و خاوەن تەقوا و خۆپارێز و زۆر ڕاستگۆیە.” (إشاعة السنة المجلد السادس).

پێوەری دووەم:

ئەوەیە كە قورئانی پیرۆز بەیانی كردووە لەم ئایەتانەدا: ﴿قُلْ إِنّ الذِينَ يَفْتَرُونَ عَلَى اللهِ الْكَذِبَ لا يُفْلِحُونَ﴾ (يونس 70) واتە: “بڵێ: به‌ڕاستی ئه‌وانه‌ی که‌ درۆ هه‌ڵده‌به‌ستن به‌ ناوی خواوه‌، ڕزگار نابن”، وە فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿وَلَوْ تَقَوَّلَ عَلَيْنَا بَعْضَ الْأَقَاوِيلِ (*) لأَخَذْنَا مِنْهُ بِالْيَمِينِ (*) ثُم لَقَطَعْنَا مِنْهُ الْوَتِينَ (*) فَمَا مِنْكُمْ مِنْ أَحَدٍ عَنْهُ حَاجِزِينَ﴾ (الحاقة 45-48). واتە: “خۆ ئەگەر محمد (صلی اللە علیە وسلم) هەندێك قسەو گوفتارى بەدەم ئێمەوە هەڵبەستابایە  (*) ئەوا بەهێزو دەسەڵاتی خۆمان دەمانگرت (*) و ڕەگی دڵیمان دەپچڕاند (*) ئەوسا هیچ کەسێك لە ئێوە نەدەبووە بەربەست لە ئێمە”.

ئەم دوو ئایەتە و هاوشێوەكانیان لە قورئانی مەزندا زۆر بەجوانی ڕوونی دەكەنەوە كە هەر كەسێك بەناوی خوداوە درۆ بكات و قسەی بەدەمەوە هەڵبەستێت هەرگیز سەركەوتوو نابێت لەبانگەشەكەیدا؛ وە مێژوو لە هەموو لاپەڕەكانیدا جەخت لەم بابەتە دەكاتەوە، هەموو ئەو كەسانەی كە بەدرۆ بەناوی خواوە بانگەشەی پێغەمبەرایەتييان كردبێت پاش ماوەیەكی كەم كۆمەڵەكەيان پەرتەوازە بووە ودوای بانگەشەكەیان لەناوچوون.

ئیبن قەییم لە كتێبی “زاد المعاد”دا دەڵێت: “ئێمە نكوڵی لەوە ناكەین كە زۆرێك لە درۆزنەكان لە زەویدا ڕاست بوونەتەوە و شان وشكۆیان دەركەوتووە، بەڵام كاریان بەئەنجام نەگەيشتووە و ماوەیان درێژەی نەكێشاوە بەڵكو خوای گەورە پێغەمبەرانی خۆی زاڵكردووە بەسەریاندا و لەلایەن ئەوانەوە شوێنەواریان سڕاوەتەوە دوابڕاو و ڕیشەكێش كراون، ئەمە سوننەتی خوایە سەبارەت بە عەبدەكانی لەو ڕۆژەوەی دنیا دروست بووە هەتا ئەو ڕۆژەی خودا زەوی و هەرچی لەسەریەتی دەباتەوە بۆ خۆی.” (زاد المعاد ج1 ص500)

ئاشكرایە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دوای ئەوەی بە ئاشكرا بانگەوازەكەی خۆی ڕاگەیاند زیاتر لە سی ساڵ لە ژیاندا مایەوە و بەردەوام هەموو خەڵكی سەرزەوی بانگ دەكرد بۆ ئایینی ئیسلام و كاركردن بەبریارەكانی كتێبی خوا كە چاكە وخراپە جیادەكاتەوە، دەی ئایا دەگونجێت كەسێكی درۆزن بێت، پەنا بە خوا؟

پێوەری سێيەم:

بریتیە لە ئایەت و موعجیزەكان، بێگومان خوای گەورە مەسیحی بەڵێندراوی بە كۆمەڵێك ئایەت پڕچەك كردووە تاكو ببنە بەڵگە لەسەر ڕاستگۆیی ئەو… لەوانە موعجیزەی فێربوونی زمانی عەرەبی، بەجۆرێك بەرێزی كۆمەڵێك كتێب و چەندەها شیعر وقەسیدەی بەم زمانە مەزنە نووسیوە، بەڕادەیەك بیست و سێ كتێبی عەرەبی نووسیوە.

هەروەها خوای گەورە موعجیزەی طاعونی پێ بەخشی، بەجۆرێك بەڕێزی پێشبینی بڵاوبوونەوەی طاعونی كرد و بەوەی كە دەبێتە سزایەك بۆ نەیارەكان و ئایەتێك لەسەر ڕاستگۆیی ئەو، بەجۆرێك ئەو طاعونە سەرەڕای خۆنەكوتان بەهیچ شێوەیەك تووشی ئەم نابێت، كە هەر بەوشێوەیە دەرچوو.

هەروەها موعجیزەی مانگگیران و خۆرگیران كە ئەمەش بەدیهاتنی پێشبینیەكی پێغەمبەر بوو (ﷺ) ئيمامى الدارقطني لە سونەنەكەیدا تەخریجی كردووە كە بریتیە لە: (إِنَّ لَمَهْدِيِّنَا آيَتَيْنِ لَمْ تَكُونَا مُنْذُ خَلَقَ اللَّهُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ, يَنْخَسِفُ الْقَمَرُ لَأَوَّلِ لَيْلَةٍ مِنْ رَمَضَانَ, وَتَنْكَسِفُ الشَّمْسُ فِي النِّصْفِ مِنْهُ, وَلَمْ تَكُونَا مُنْذُ خَلَقَ اللَّهُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ) واتە: “بێگومان بۆ مەهدیەكەی ئێمە دوو نیشانە هەیە، ئەوەتەی زەوی و ئاسمانەكان دروست بوون ڕوویان نەداوە، مانگ دەگیرێت لەیەكەم شەو لە مانگی ڕەمەزان، وە خۆر دەگیرێت لە ناوەڕاستیدا، ئەم دوو نیشانەیە ڕوویان نەداوە ئەوەتەی خوا زەوی و ئاسمانەكانی دروست كردووە”، ئەوەبوو خۆرگیران و مانگگیران لە ساڵی 1894ز ڕوویدا وەك ئەوەی لە فەرموودەكەدا وەسف كرابوو، پاشان لە ساڵی ئایندە، واتە ساڵی 1895ز، دووبارە ڕوویدایەوە. هەروەها كۆمەڵێكی زۆر موعجیزەی چاكبوونەوەی نەخۆشی لەسەر دەستی بەڕێزیدا ڕوویداوە لەو نەخۆشیانەی كە بەلای پزیشكەكانەوە چارەسەركردنیان ئەستەم بووە.

پێوەری چوارەم:

كە قورئانی مەزن باسی كردووە لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا: ﴿عَالِمُ الْغَيْبِ فَلا يُظْهِرُ عَلَى غَيْبِهِ أَحَدًا (*) إِلا مَنِ ارْتَضَى مِنْ رَسُولٍ فَإِنهُ يَسْلُكُ مِنْ بَيْنِ يَدَيْهِ وَمِنْ خَلْفِهِ رَصَدًا (*) لِيَعْلَمَ أَنْ قَدْ أَبْلَغُوا رِسَالاتِ رَبهِمْ وَأَحَاطَ بِمَا لَدَيْهِمْ وَأَحْصَى كُل شَيْءٍ عَدَدًا) (الجن 27-29) واتە: “هه‌ر خوایه‌ زانا به‌ نهێنیه‌کان وه‌ که‌س ئاگادار ناکات به‌سه‌ر نهێنی خۆیدا (*) مه‌گه‌ر پێغه‌مبه‌رێکی که‌ لێی ڕازی بێ جا بێگومان خوا ده‌ينێرێ له‌ به‌رده‌می و پشتییه‌وه‌ پاسه‌وان له‌ فریشته‌ (*) تا بزانێ که‌ سرووشی خوای خۆیان گه‌یاندووه‌ وه‌ خوا ئاگاداره‌ به‌وه‌ی که‌ لایانه‌ وه‌ هه‌موو شتێکی هه‌ڵژماردووه‌ به‌ هه‌ڵژماردن” (تەفسیری پوختەی قورئان)

لەم ئایەتە پیرۆزانەدا بەڕاشكاوی ئەوە ڕاگەیەنراوە كە خوای گەورە پێغەمبەرانی تایبەتمەند كردووە بە ئاگاداركردنەوەیان لەمەڕ زۆرێك لەهەواڵە غەیبیەكان. وە خوای گەورە مەسیحی بەڵێندراوی ئاگاداركردووە لە هەزارەها بابەتی غەیبی كە هەمووی هاتەدی بەو شێوەیەی كە ئەو هەواڵيدا بوو.

پێوەری پێنجەم:

بریتیە لەم فەرمائشتەی خوای گەورە: ﴿كَتَبَ اللهُ لأَغْلِبَن أَنَا وَرُسُلِي﴾ (المجادلة 22) واتە: “خوا نووسیوێتی که‌ بێگومان من و پێغه‌مبه‌رانم سه‌رده‌که‌وین”، خودا خۆی بڕیاری داوە: بێگومانە من و پێغەمبەرەكانم سەردەكەوین، خودا بەتوانای بەدەسەڵاتە. وە زاڵبوون و سەركەوتن دوو جۆرە:

1- سەركەوتنی زانستی بە بەڵگە و دەلیلەكان، وەك لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا هاتووە: ﴿فَلِلهِ الْحُجَّةُ الْبَالِغَةُ﴾ (الأنعام 150) واتە: “ده‌ی که‌واته‌ به‌ڵگه‌ی به‌هێز هه‌ر بۆ خوایه‌”. كە بریتیە لەیەكەم سەركەوتن كە دەدرێت بە پێغەمبەران و بەهۆیەوە سەردەكەون بەسەر نەیارەكانیاندا. وە مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام) هەواڵيداوە كە شوێنكەوتووانی ئەو بەردەوام سەركەوتوو دەبن بەسەر ئەوانی تردا. وە كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی تەحەددای هەموو ئەو تاقم و گروپانە دەكات بەدرۆزنی دەزانن كە زۆرانبازی لەگەڵدا بكەن لە مەیدانی چاوپێكەوتن و لەسەر تەختەی گفتوگۆ بە ڕێگەی زانستی ڕاستەقینە، وە بەبڵاوكراوەكانی تەحەددای هەموو خەڵكی دەكات لە هەموو كاتێكدا.

2- سەركەوتنی ماددی، ئەمیش وردە وردە گەشەدەكات و پەرەدەسێنێت هەتا فەرمانی خوا سەردەكەوێت با دوژمنانی حەق پێیشیان ناخۆش بێت. خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿أَوَلَمْ يَرَوْا أَنا نَأْتِي الأَرْضَ نَنْقُصُهَا مِنْ أَطْرَافِهَا وَاللهُ يَحْكُمُ لا مُعَقِّبَ لِحُكْمِهِ وَهُوَ سَرِيعُ الْحِسَابِ﴾ (الرعد 42) واتە: “ئایا (بێ باوه‌ڕان) سه‌رنجیان نه‌داوه‌ که‌ ئێمه‌ زه‌وی (کافران) که‌م ده‌که‌ینه‌وه‌ له‌ هه‌موو لایه‌نه‌کانی یه‌وه‌ و خوا (به‌ ویستی خۆی) بڕیار ده‌دات که‌س ناتوانێ بڕیاری ئه‌و (خوا) بگۆڕێ (یا هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌) و ئه‌و (خوا) لێپرسینه‌وه‌ی خێرایه‌.” (تەفسیری پوختەی قورئان)

وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمين