بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

سیستەمی خیلافەت لە ئیسلامدا

هەوڵ دەدەم شیكردنەوەیەكی كورت بكەم بۆ هەموو ئەم بابەتانە، خوای گەورە هاوكار و یارمەتیدەرە.

پێناسەی خیلافەت

یەكەم پرسیار كە خێرا دێت بە مێشكدا لەم بارەیەوە بریتیە لە پێناسەی خیلافەت، واتە مەبەست چیە لە پرسی خیلافەت و چ شتێك پێی دەوترێت سیستەمی خیلافەت؟ خیلافەت وشەیەكی عەرەبیە و لەڕووى زمانەوانیەوە واتە هاتن لەدوای كەسێك، یان جێگرتنەوەی یان نوێنەرایەتی كەسێك. بەڵام لە زاراوەی ئایینیدا وشەی خەليفە بە دوو مانا بەكاردێت:

یەكەم: ئەو موسڵیحە خواییەی كە لەلایەن خواوە ڕەوانە دەكرێت لە جیهاندا بۆ ئیسڵاحكردنی كارێك، كەواتە بەم مانایە بەپێغەمبەران دەوترێت خەلیفەكانی خوا؛ چونكە وەك جێگری خوا (عز وجل) كار دەكەن، وە بەم مانایە خواى گەورە گەورەمان ئادەم و گەورەمان داوودی ناوناوە خەلیفە لە قورئانی پیرۆزدا.

دووەم: ئەو پیاوە چاكەكارەی كە جێگای پێغەمبەر یان موسڵیحێكی ڕۆحی دەگرێتەوە پاش مردنی بۆئەوەی ئەركەكەی تەواو بكات و ببێت بە پێشەوای كۆمەڵەكەی. وەك چۆن گەورەمان ئەبوبەكر (رضي الله عنه) بوو بە خەلیفە دوای پێغەمبەری خوا (ﷺ)، و دوای ئەویش گەورەمان عومەر بووبە خەلیفە (رضي الله عنه).

پێویستی خیلافەت

پرسیاری دووەم دەربارەی پێویستی خیلافەتە، واتە بۆ چ مەبەستێك سیستەمی خیلافەت دادەمەزرێت؟ بزانن هیچ كردەوەیەكی خوا بێ حیكمەت نیە، وە لەبەرئەوەی تەمەنی مرۆڤ لە سوننەتە گەردوونیەكانیدا سنوردار و دیاریكراوە، وە ئەركی ئیسڵاح سەرپەرشتی و پەروەردەكردن دەخوازێت بۆ ماوەیەكی درێژ، لەبەرئەوە خوا دوای پێغەمبەرایەتی سیستەمی خیلافەتی داناوە بۆ ئەوەی دوای كۆچی دوایی پێغەمبەرەكە بەهۆی خەلیفەكانیەوە ئەركەكەی ئەنجام بدرێت. وەك ئەوەی ئەو تۆوەی بەدەستی پێغەمبەرەكە دەچێنرێت خوا لەڕێگەی خەلیفەكانەوە گەشەی پێبدات هەتا بێوەی بێت لە مەترسیە سەرەتاییەكان و ببێت بە درەختێكی گەورە. لێرەوە ڕوون دەبێتەوە كە لەڕاستیدا سیستەمی خیلافەت لقێكە لە سیستەمی پێغەمبەرایەتی و تەواوكەری ئەوە. لەبەرئەوە گەورەمان پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرموویەتی: “پێغەمبەرایەتییەك نەبووە خیلافەتی بەدوادا نەهاتبێت”.

دامەزراندنی خیلافەت

بەو پێیەی سیستەمی خیلافەت لقێكە لە سیستەمی پێغەمبەرایەتی و تەواوكەریەتی بۆیە خوا كارێكی كردووە دامەزراندنەكەی بەدەستی خۆی بێت وەك چۆن پرسی پێغەمبەرایەتی بەدەستی خۆیەتی بۆ ئەوەی لەكاتی هەڵبژاردندا ئەو كەسەی لەناو ئامادەبوواندا لە زانستی خوادا باشترین و شیاوترین كەس بێت بۆ هەڵگرتنی ئەم ئەركە ئەركی خیلافەت بگرێتە ئەستۆ. وە بەو پێیەی كۆمەڵی باوەڕداران پاش ڕەوانەكردنی پێغەمبەر دامەزراو دەبێت و لە سایەی لێشاوی نووری پێغەمبەرایەتیدا پەروەردە دەبێت بۆیە خوای گەورە كارێك دەكات باوەڕدارانیش ڕۆڵێكیان هەبێت لە هەڵبژاردنی خەلیفەدا بۆ ئەوەی دڵگوشادی و سنگفراوانییەك لە خۆیاندا بەدی بكەن بۆ پشتگیركردنی و پەیڕەوكردنی فەرمانەكانی. بەم شێوەیە هەڵبژاردنی خەلیفە دوو ڕەنگی تێكەڵاو دەگرێت بەشێوەیەكی سەیر بەجۆرێك لەڕواڵەتدا هەڵبژاردنی خەلیفە لەسەردەستی باوەڕداراندا ئەنجام دەدرێت، بەڵام لەڕاستیدا ئەم هەڵبژاردنە بریتیە لە هاتنەدی قەزا و قەدەری خوا بەجۆرێك خوا كۆنترۆڵی دڵی باوەڕداران دەكات و وەریدەچەرخێنێت بۆ هەڵبژاردنی كەسێكی شیاو و لێهاتوو بۆ ئەم  پایە و پۆستە.

لەبەرئەوە خوای گەورە لە هەموو شوێنێكی قورئانی پیرۆزدا هەڵبژاردنی خەلیفەى داوەتەپاڵ خۆی، چەندین جار فەرموویەتی من خۆم خەلیفە دادەنێم، وە بەمەبەستی ئاماژەكردن بۆ ئەم ڕاستیە پێغەمبەر (ﷺ) دەربارەی خیلافەتی گەورەمان ئەبوبەكر فەرموویەتی: “خوا و باوەڕدان تەنھا بە ئەبوبەكر ڕازی بوون”. هەڵبەت گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هەمان ئەم خاڵەی ڕوونكردووەتەوە لە كتێبی “الوصیة”دا بەجۆرێك فەرموویەتی بێگومان خوا دوای كۆچی دوایی پێغەمبەر (ﷺ) ئەبوبەكری دامەزراند و بەمەش ئەو كۆمەڵەی ڕزگاركرد كە لە لێواری ڕووخان و هەرەسدا بوو… وە دەربارەی خۆی فەرمووی: “دوای من كۆمەڵێك تاكی تر پەیدا دەبن بەهۆیانەوە توانای دووەمی خوا دەردەكەوێت” كەواتە لەم بڕگە وەرگیراوانەوە بەشێوەیەكی گومانبڕ ساغ دەبێتەوە كە ڕۆڵێك هەیە بۆ ڕاوبۆچوونی باوەڕدارانیش لە هەڵبژاردنی خەلیفەدا، بەڵام لەڕاستیدا توانای خوا كاری خۆی دەكات.

نیشانەكانی خیلافەت

پاشان پرسیار دروست دەبێت دەربارەی نیشانەكانی خیلافەت كە دەكرێت بەهۆیانەوە خەلیفەی ڕاست بناسرێتەوە؟ خەلیفەی ڕاست دوو نیشانەی دیاری هەیە وەك لە قورئان و فەرموودەوە ساغ دەبێتەوە. یەكەمیان ئەوەیە كە لە سوورەتی “النور”دا باسكراوە لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا:

{وَلَيُمَكِّنَنَّ لَهُمْ دِينَهُمُ الَّذِي ارْتَضَى لَهُمْ وَلَيُبَدِّلَنَّهُمْ مِنْ بَعْدِ خَوْفِهِمْ أَمْنًا يَعْبُدُونَنِي لَا يُشْرِكُونَ بِي شَيْئًا} واتە خوا ئایین بەهێز و سەربەرز دەكات بەهۆی خەلیفە ڕاستگۆكانەوە و دۆخی ترس و بیمی باوەڕداران دەگۆرێت بۆ ئارامی و ئاسایش، وە ئەم خەلیفانە بەتەنها خوا دەپەرستن و هیچ هاوەڵێكی بۆ بڕیارنادەن. كەواتە هەروەك چۆن درەخت بە بەرە ڕواڵەتیەكەیدا دەناسرێتەوە خەلیفەی ڕاستیش بە بەرە ڕۆحانیەكانیدا دەناسرێتەوە كە خوا لەئەزەلەوە بڕیاری لێداوە بۆی.

بەڵام نیشانەی دووەم لە فەرموودەدا هاتووە، ئەوەیە كە پێویستە هەڵبژاردنی خەلیفەی _جگە لە هەلومەرجە نائاساییەكان_  بە كۆڕایی باوەڕداران یان زۆرینەی زۆریان بێت، ئەمەش چونكە ئەگەرچی بڕیاری خوا كاری خۆی دەكات، بەڵام خوا بەگوێرەی تەگبیری پڕ لە حیكمەتی خۆی كارێك دەكات لەڕواڵەتدا بۆچوونی باوەڕداران ڕۆڵی هەبێت لە هەڵبژاردنی خەلیفەدا وەك چۆن پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەربارەی خیلافەتی گەورەمان ئەبوبەكر فەرمووی: “يَدْفَعُ اللَّهُ ويَأْبَى المُؤْمِنُونَ” واتە نە قەدەری خوا ڕێگەدەدات كەسێك هەڵبژێردرێت بە خەلیفە جگە لە ئەبوبەكر نە كۆمەڵی باوەڕداران هاوڕا دەبن لەسەر كەسێكی تر. كەواتە نیشانەی دووەمی هەر خەلیفەیەكی ڕاست ئەوەیە كە سەرەتا باوەڕداران هەڵیدەبژێرن پاشان خوا بە كردەوەی خۆی پشتگیری دەكات و سەریدەخات و ئایینی پێ بەهێز دەكات. كۆمەڵێك نیشانەی تر هەن بەڵام بوار نیە لێرەدا بە تێروتەسەلی باس بكرێن.

بەرەكەتەكانی خیلافەت

سیستەمی خیلافەت _وەك لەسەرەوە باسكرا_ سیستەمێكی زۆر پیرۆز و بەرەكەتدارە خوا  مانگی پێغەمبەرایەتی پێ هەڵدێنێت پاش ئاوابوونی ڕواڵەتیی خۆرەكەی و كۆمەڵی خوایی دەپارێزێت لە زیانەكانی ئەو خورپەیە كە وەك كارەساتێك دێت بەسەر ئەو كۆمەڵەدا كە تازە لەدایك بووە پاش كۆچی دوایی پێغەمبەر. ئەركی پێغەمبەر وەك لە قورئانی پیرۆزەوە ساغ دەبێتەوە خۆی دەنوێنێت لە فێركردنی كۆمەڵی باوەڕداران لەڕووی ئایینیەوە و پەروەردەكردنیان لەڕووی ڕۆحی و ئەخلاقییەوە و كۆكردنەوە و ڕێكخستنیان سەرەڕای گەیاندنی هیدایەت، پاش كۆچی دوایی پێغەمبەر هەموو ئەم كارانە دەگوازرێنەوە بۆ خەلیفەی ئێستا كە كۆمەڵ دەپارێزێت لە پەرتەوازەبوون و بەش بەش بوون و بە یەكگرتوویی دەیهێڵێتەوە لە یەك ڕیزی پتەودا.

سەرباری ئەوە خودی پێغەمبەر بۆ ئەندامانی كۆمەڵەكە ناوەندێكی ڕۆحیە بۆ ڕایەڵەكانی خۆشەویستی و دڵسۆزی و بەهۆیەوە وانەیەكی ئاڵتوونی فێردەبن بۆ یەكێتی و یەكگرتوویی و هاوكاریكردنی یەكتری، وە بوونی خەلیفە دەبێتە هۆكارێك بۆ نوێبوونەوەی ئەم وانەی وەفاداریە، لەبەرئەوە پێغەمبەری خوا (ﷺ) وەسفی ئەو كۆمەڵەی كردووەكە پەیوەستە بە خەلیفەوە_ لەبەرئەوەی لەسەردەستی یەك كەسدا یەكی گرتووە_ بەوەی نیعمەتێكی گەورەیە و بایەخێكی گەورەی پێداوە، وە نەفرەتی كردووە لەو كەسەی دووبەرەكی دروست دەكات لەناو كۆمەڵدا، بۆیە پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی: “وَمَنْ شَذَّ شَذَّ إِلَى النَّارِ” واتە ئەوەی لە كۆمەڵ جیابێتەوە و دووبەرەكی و پەرتەوازەیی تێدا دروست بكات؛ ئەوا ئەو كەسە دەرگای ئاگری لەسەر خۆی كردووەتەوە.

وە لە شوێنێكی تردا پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی: “عَلَيْكُمْ بِسُنَّتِي، وَسُنَّةِ الْخُلَفَاءِ الرَّاشِدِينَ الْمَهْدِيِّينَ” واتە ئەی موسوڵمانان پێویستە لەسەرتان لە كاروباری ئایینیدا شوێنی من بكەون، هەروەك پێویستە دوای خۆم لەسەردەمی خەلیفەكانمدا شوێن سوننەتەكانی ئەوانیش بكەون؛ چونكە لەلایەن خواوە ڕێنمایی و هیدایەت بەدەست دەهێنن. كەواتە سیستەمی خیلافەت سیستەمێكی زۆر پیرۆز و بەرەكەتدارە و بەهۆیەوە یەكگرتوویی و ناوەندێتی كۆمەڵ دروست دەبێت كە ئەو كۆمەڵەی تازە لەدایك بووە زۆر پێویستی پێیان هەیە، سەرەڕای ئەوە بەهۆی فەزڵی خیلافەتەوە ڕووناكی پێغەمبەرایەتی دەدرەوشێتەوە بەسەر سەری كۆمەڵدا و ئەمە یەكێكە لە گەورەترین نیعمەت و بەرەكەتەكان.

دەسەڵاتەكانی خەلیفە

سەبارەت بە دەسەڵاتەكانی خەلیفە پێویستە خاڵێكی سەرەكیتان لەیاد بێت بۆ تێگەيشتن لەم بابەتە، كە بریتیە لەوەی خیلافەت دامەزراوەیەكی ڕۆحیە تێيدا مافی حوكمداری لە سەرەوە دادەبەزێت بۆ خوارەوە (واتە لە خوای گەورەوە بۆ خەلیفەكەی لەسەر زەوی)، وە بەو پێیەی سیستەمی خیلافەت لقێكە لە پێغەمبەرایەتی، وە لەلایەكی ترەوە شەریعەت تەواو بووە بۆ هەتاهەتایە، لەبەرئەوە هەروەك چۆن پێغەمبەرایەتی دەسەڵاتێكی فراوانی لەخۆگرتووە لەناو چوارچێوەی شەریعەتدا بەهەمان شێوە خیلافەتیش دەسەڵاتێكی فراوانی هەیە لە چوارچێوەی شەریعەت و سوننەتی پێغەمبەردا (ﷺ). واتە خەلیفە فراوانترین دەسەڵاتی هەیە بۆ ڕێكخستن و بەڕێوەبردنی كۆمەڵی خوایی لە چوارچێوەی شەریعەتی ئیسلامی و سوننەتی پێغەمبەرە ڕابەرەكەیدا.

بێگومان گەنجانی سەرسام بە دیموكراتی هاوچەرخ سەریان سوڕدەمێنێت لە دەسەڵاتەكانی یەك كەس و دەڵێن: چۆن دەكرێت یەك كەس بەم شێوەیە دەسەڵاتی فراوانی هەبێت؟ بەڵام پێویستە لەسەریان بیربكەنەوە كە خیلافەت بەشێك نیە لە هەر سیستەمێكی دیموكراتی یان دنیایی، بەڵكو بەشێكە لە سیستەمی ئایینی و ڕۆحی مافەكەی لە مافی خواوە سەرچاوەی گرتووە و سێبەری خوا هەمیشە بەسەر سەری خەلیفەكانەوە دەبێت.

ئەمە لەلایەكەوە، لەلایەكی ترەوە مادام سنوری خەليفە بەهێزی شەریعەت دەورەدراوە و ناتوانێت سنوری سوننەتی پێغەمبەرە ڕابەرەكەی ببەزێنێت ئیتر چۆن ڕەوایە ڕەخنە بگیرێت لە فراوانی دەسەڵاتەكانی؟ شتێكی ئاشكرایە كە خودی خەلیفە پاش پێغەمبەر نیعمەت و ڕەحمەتە و زۆری و فراوانی ڕەحمەت بەدڵنیاییەوە مایەی بەرەكەتە نەك ئەوەی مایەی ڕەخنە بێت. ئەمە و ئیسلامیش دەڵێت، بەو پێیەی لەڕواڵتدا ڕۆڵێك هەیە بۆ ڕاوبۆچوونی باوەڕدارانیش لە هەڵبژاردنی خەلیفەدا بۆیە پێویستە لەسەر خەلیفە ڕاوێژ بكات بە باوەڕداران لە پرسە گرنگەكاندا، بەڵام لەهەموو بارودۆخەكاندا پابەند نیە بە جێبەجێ كردنی پێشنیارەكانیان، بەڵام داوای لێكراوە ڕاوێژ بكات. ئەمەش بۆ ئەوەی پەروەردەی ئایینی كۆمەڵ بەردەوام بێت لەسەر ئاستی سیاسی و غەيرى سیاسیش. ئەمە لەلایەكەوە، لەلایەكی ترەوە  ڕووخۆشی و كرانەوەی زیاتر دروست دەبێت لە كۆمەڵدا بەوەرگرتنی پێشنیار و ڕاوێژەكانیان لە كاروباری ڕۆژانەدا. بەڵام لە هەلومەرجە تایبەتەكاندا بنەمای (فَإِذَا عَزَمْتَ فَتَوَكَّلْ عَلَى اللَّهِ، ئەگەر سوربوویت لەسەر كارێك ئەوا پشت بەخوا ببەستە) بەكارایی دەمێنێتەوە. ئەمە خاڵێكی وردە بەڵام كەم كەس بیری لێدەكاتەوە.

پرسی كەنارگیركردنی خەلیفە

ئەو كەسانەی پەی نابەن بە پلەوپایەی بەرزی خیلافەت هەندێ جار بەهۆی نەفامییانەوە وڕێنە دەكەن لە پرسی كەناگیركردنی خەلیفەدا. ئەوان خیلافەت بە سیستەمێكی دنیایی لەقەڵەم دەدەن لەسەر شێوازی سیستەمە دیموكراتیەكانی تر، بۆیە دەگەڕێن بۆ ڕێگایەك بۆ لابردنی خەلیفە بەگوێرەی پێویستی. ئەم خەیاڵە مانای نەزانی و نەفامی دەگەیەنێت و لە پەی نەبردن بە پلەوپایەی ڕاستەقینەی خیلافەتەوە سەرچاوەی گرتووە. ڕاستەیەكە ئەوەیە _وەك ئێستا باسمان كرد_ خیلافەت سیستەمێكی ڕۆحیە پشت دەبەستێت بە قەدەرێكی تایبەت لەلایەن خواوە وەك تەواوكارییەك بۆ پێغەمبەرایەتی، ئەگەرچی _بەگوێرەی ویستی خوا_ ڕۆڵێك هەیە بۆ ڕاوبۆچوونی خەڵكیش لەڕواڵەتدا، بەڵام لە ڕاستیدا  بەهۆی ویستی تایبەتی خواوە دادەمەزرێت. پاشان خیلافەت یەكێكە لە بەرزترین نیعمەتە خواییەكان بۆیە بەهیچ شێوەیەك پرسیار دروست نابێت دەربارەی كەناگیركردن و لابردنی خەلیفە.

لەبەرئەوە پێغەمبەر (ﷺ) بە ئاماژەكردن بۆ خیلافەتی گەورەمان عوسمان (رضي الله عنه) فەرموویەتی: “ئەی عوسمان ڕەنگە خوا كراسێك بكاتە بەرت ئەگەر ویستیان دایبكەنيت؛ ئەوا ئەو كراسە دامەكەنە بۆیان”. (سنن الترمذي، كتاب المناقب)

ئەم فەرموودە كورتە فەلسەفەی دامەزراندنی پیرۆزیی خیلافەت لەخۆدەگرێت، هەروەك پەردە لادەدات لەسەر بزووتنەوە چەپەڵەكان بۆ لابردنی خەلیفە.

پاشان ئەو نەفامانە بیر لەوە ناكەنەوە ئەگەر ئەوە خوایە خەلیفەی هەڵبژاردووە و لەگەڵ ئەوەدا ڕەوایە مشتومڕ بكرێت دەربارەی لابردنی؛ دەی بۆچی  لابردن و كەناگیركردنی پێغەمبەر ڕەوا نیە، پەنا بەخوا؟ لەڕاستیدا پرسی لابردنی خەلیفە بەهیچ شێوەیەك نابێت گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت. تەنھا یەك ڕێگە هەیە بۆ لابردنی خەلیفەكان لەسەر شێوازی پێغەمبەران كە بریتیە لەوە خوای گەورە بەمردن لەم دنیایەدا نەیانهێڵێت. بۆیە ئەگەر بە شێوەیەكی گومانبڕ ساغ بوویەوە كە ئەوە خوایە خەلیفەی داناوە، هەروەك قورئان چەندین جار ڕایدەگەیەنێت و هەروەك گەورەمان پێغەمبەری خوا (ﷺ) بە ئاشكرا ڕایگەیاندووە سەبارەت بە خیلافەتی گەورەمان ئەبوبەكر و گەورەمان عوسمان (رضي الله عنهما)؛ ئەوا ناكرێت بۆ یەك ساتيش پرسیار دروست بێت لەدڵى باوەڕداری ڕاستگۆدا دەربارەی لابردنی خەلیفە.

بێگومان ئیسلام ئایینی سیستەمی و ڕێكوپێكیە بەڕادەیەك ڕێگە نادات بە شوێنكەوتووانی یاخی بن تەنانەت دژی فەرمانڕەوا دنیاییە ئاساییەكان یان لەدژی ئەوانەی دەگەنە كورسی دەسەڵات بەگوێرەی ڕاوبۆچوونی خەڵكی یان تەنھا لەڕێگەی بۆماوەوە، “مەگەر كوفرێكی ئاشكرا ببینن” لە هەڵسوكەوتیاندا وەك پێغەمبەری خوا  (ﷺ) فەرموویەتی. دەی ئایا دەكرێت ئیسلام ڕێگە بدات بە لابردنی خەلیفە پاكەكانی خوا و پێغەمبەر؟ زۆر دوورە فەرمانی واتان پێ بكات!

لە كۆتاييدا:

پێویستە لەسەرمان هەوڵ بدەین بۆ پارێزگاری كردن لە خیلافەت بەوەی بە بۆماوەی پێغەمبەرایەتی لەقەڵەمى بدەین لە خوێندنەوەی ئایەتەكانی خوا و پاككردنەوەی دەروونی باوەڕداران، لە فێركردنی كتێب و حیكەمەت و یەكخستنی ڕیزەكانیاندا و لە پارێزگاریكردن لە بوون و قەوارەیان و پتەوكردنی پەيوەندی نێوانیان لەم جیھانە فراوانەدا.

حەزرەتى ميرزا بەشير ئەحمەد (رضي الله عنه)