تەفسیری ئایەتی: {وَإِنْ مِنْ أَهْلِ الْكِتَابِ إِلَّا لَيُؤْمِنَنَّ بِهِ قَبْلَ مَوْتِهِ وَيَوْمَ الْقِيَامَةِ يَكُونُ عَلَيْهِمْ شَهِيدًا} (النساء)
هیچ كەسێكی ئەهلی كتێب نیە مەگەر باوەڕی پێ دەكات پێش مردنی و لەڕۆژی قیامەتدا دەبێت بە شایەت بەسەریانەوە.
سەرەتا ئایەتە پیرۆزەكە لەگەڵ ئەو ئایەتانەدا دەهێنم كە لە پێشیەوەن:
{وَقَوْلِهِمْ إِنَّا قَتَلْنَا الْمَسِيحَ عِيسَى ابْنَ مَرْيَمَ رَسُولَ اللَّهِ وَمَا قَتَلُوهُ وَمَا صَلَبُوهُ وَلَكِنْ شُبِّهَ لَهُمْ وَإِنَّ الَّذِينَ اخْتَلَفُوا فِيهِ لَفِي شَكٍّ مِنْهُ مَا لَهُمْ بِهِ مِنْ عِلْمٍ إِلَّا اتِّبَاعَ الظَّنِّ وَمَا قَتَلُوهُ يَقِينًا (*) بَلْ رَفَعَهُ اللَّهُ إِلَيْهِ وَكَانَ اللَّهُ عَزِيزًا حَكِيمًا (*) وَإِنْ مِنْ أَهْلِ الْكِتَابِ إِلَّا لَيُؤْمِنَنَّ بِهِ قَبْلَ مَوْتِهِ وَيَوْمَ الْقِيَامَةِ يَكُونُ عَلَيْهِمْ شَهِيدًا}
“وە ئەو قسەیەیان كە دەڵێن ئێمە مەسیح عیسای كوڕی مەریەم پێغەمبەری خوامان كوشتووە، و نەیانكوشت و لەخاچیان نەدا بەڵام لێیان تێكچوو، وە ئەوانەی جیاواز و ناكۆكن تێیدا بەدڵنیاییەوە گومانیان لێی هەیە، لەبارەیەوە زانیارییان نیە جگە لە شوێنكەوتنی گومان و بەدڵنیایی نەیانكوشتووە (*) بەڵكو خوا بەرزیكردەوە بۆ لای خۆی و خوا بەدەسەڵات و كارزانە (*)….”
دەبێت ئاگاداربین كە شێوگی ئایەتەكە مانای قەتیسبوون و جەختلێكردنەوە (الحصر والتوكید) دەگەیەنێت بەهۆی بوونی ئامرازی قەتیسبوونی “إلا”وە، وە بەهۆی بوونی پیتی “نون التوكيد الثقيلة” لە دەستەواژەی “لَيُؤْمِنَنَّ” دا. ئەمەش بەدڵنیاییەوە مانای بەشداربوونی هەردوو قەتیسكراوەكەیە لە باوەڕھێنان بە شتێك پێش ڕوودانی مردنی كەسێك.
لەوانەیە پەرێشانی و شڵەژانەكە لە تەفسیری ئایەتەكەدا بەهۆی ئەوەوە دروست بووبێت كە هەندێ كەس پێیان وایە شێوگی ئایەتەكە مانای داهاتوو دەبەخشێت و مانای ئێستا نابەخشێت بەهۆی پەیوەستبوونی بە پیتی نوونی جەختلێكردنەوەی قورس [شەددەدار]. بەڵام ئەمە ڕاست نیە، بەجۆرێك شێوگەكە مانای ئێستاش دەگەیەنێت، وە ناكرێت قەتیس بكرێت كە تەنھا مانای داهاتوو بگەیەنێت. ئەمەیە سیفەتی كارای فرمانی ڕ انەبردوو (المضارع) كە بەگشتی مانای ئێستا و داھاتوو دەگەیەنێت.
بۆ گەيشتن بە تەفسیرێكی ڕاست و دروست دەبێت ئاگاداری ئەم كلیلە گرنگانەی خوارەوە بین:
یەكەم: ناوی شاراوە لە دەستەواژەی “وَإِنْ مِنْ أَهْلِ الْكِتَابِ”، دووەم: ڕاناوی لكاوی (ه) لە وشەی “بِهِ”. سێیەم: ڕاناوی لكاوی (ه) لە وشەی “مَوتِهِ”دا.
ئەم كلیلانە شێوازەكانی تەفسیرەكە ئاشكرا دەكەن و دوای ئەوە سەیردەكەین كامەیان پەسەندكراوە و كامەیان پەسەندنەكراوە.
شێوازی یەكەم:
بە گریمانەی ئەوەی كە: ناوە شاراوەكە بریتیە لە: “كەسێك”
وە (ه)ی دووەم دەگەڕێتەوە بۆ مەسیح
(ه) سێیەمیش دەگەڕێتەوە بۆ مەسیح
ماناكە بەم شێوەیە دەبێت كە هەموو كەسێك لە ئەهلی كتێب باوەڕدەهێنێت بە مەسیح پێش مردنی مەسیح، ئەمە ئەو شێوازەیە كە زۆربەی زۆرى تەفسیرە تەقلیدیەكان دەیڵێن و پێیان وایە ئەم ڕووداوە لەداهاتوودا لەكاتی دابەزینی مەسیح لە ئاسمانەوە ڕوودەدات!
بەڵام بە گریمانەی ئەوەی كە ڕووداوی دابەزینەكەى لەئاسمانەوە ڕاسته؛ ئەوا ئایەتەكە پێویستی دەكات كە سەرجەم ئەهلی كتێب ئەوانەی پێشین و ئێستا و پاشین باوەڕبھێنن بە مەسیح! ئەمەش ڕێی تێناچێت.
بەڵام قسەی هەندێ كەس كە گوایە مەبەستەكە ئەوانەیە كە هاوچەرخی مەسیحن لەو كاتەدا ئەمەش پەسەندنەكراوە؛ چونكە وا پێویست دەكات كە هیچ جوولەكە و مەسیحییەك لەسەر ئایینی خۆی نەمێنێتەوە لەو كاتەدا.
وە کۆمەڵێك بەڵگە هەن كە دەیسەلمێنن جوولەكە و مەسیحییەكان هەتا ڕۆژی قیامەت دەمێننەوە، لەو بەڵگانە قورئانی پیرۆز دەفەرموێت: {فَأَغْرَيْنَا بَيْنَهُمُ الْعَدَاوَةَ وَالْبَغْضَاءَ إِلَى يَوْمِ الْقِيَامَةِ}، هەروەها دەفەرموێت: {وَأَلْقَيْنَا بَيْنَهُمُ الْعَدَاوَةَ وَالْبَغْضَاءَ إِلَى يَوْمِ الْقِيَامَةِ}.
لەبەرئەوە ئەم شێوازەی تەفسیرەكە پەسەند نیە لەبەرئەوەی دژ و پێچەوانەیە لەگەڵ ڕاستی مانەوەی جوولەكە و مەسیحییەكان هەتا ڕۆژی قیامەت بە دەقی قورئان، وە لەبەرئەوەی لەسەر ئەو خەیاڵە دامەزراوە كە گوایە ئایینی جوولەكە و مەسیحی كۆتایی پێ دێت و هەموو تاكەكانیان باوەڕدەهێنن بە دابەزینی مەسیح یان بە گەڕانەوەی.
شێوازی دووەم:
ناوە شاراوەكە بریتیە لە “كەسێك”
ڕاناوی (ه)ی دووەم دەگەڕێتەوە بۆ مەسیح
ڕاناوی (ه)ی سێیەم دەگەڕێتەوە بۆ بابای ئەهلی كتێب
ئەوسا مانای ئایەتەكە بەم شێوەیە دەبێت كە هەموو كەسێك لە ئەهلی كتێب لەداھاتوودا باوەڕدەكات بە مەسیح پێش مردنی كەسەكەی ئەهلی كتێب. وە هەندێ لە ڕاڤەكاران زەینیان بۆ ئەم مانایە چووە و پێیان وابووە كە ئەم حاڵەتە لە سەرەمەرگ و گیانەڵادا ڕوودەدات كاتێك بابای ئەهلی كتێب داندەنێت بە ڕاستیەكەدا و پەشیمان دەبێتەوە لە باوەڕنەهێنان بەوەی لەڕاستیدا مەسیح هێناویەتی. بەڵام ئەم شێوازەی تەفسیرەكە ئەوە دەسەپێنێت كە هەموو كەسێكی ئەهلی كتێب حەق دەزانن و بە ئەنقەست نكوڵی لێ دەكەن، ئەمەش ڕاست نیە و ڕێی تێناچێت؛ چونكە زۆربەیان پێیان وایە كە لەسەر حەقن.
وە هەندێ كەس گوتوویانە كە ڕاستیەكە ئاشكرا دەبێت بۆ كەسەكەی ئەهلی كتێب و ئەویش بەڕاستی باوەڕدەهێنێت بە مەسیح پێش ئەوەی بمرێت ئەمەش لەكاتێكدا كە باباكەی ئەهلی كتێب لە سەرەمەرگ و گیانەڵادایە. بەڵام قورئان ڕوونی كردووەتەوە كە باوەڕھێنانی ئەو قۆناغە پێی ناوترێت باوەڕهێنان تەنانەت ئەگەر مرۆڤ دانبنێت بەڕاستیدا. هەروەك ئەگەر ئاشكرابێت بۆی ئەوا ئەمه هەرچی چۆنێك بێت پێی ناوترێت باوەڕ، بەڵكو شایەتیدانی حەق و ڕاستی و بینینی ئەو حەق و ڕاستیەیە كە ئەمەش بە باوەڕ لەقەڵەم نادرێت. بەم شێوەیە ئەم شێوازە بەهەموو ئەگەرەكانیەوە پەسەند نیە.
شێوازی سێیەم:
ناوی شاراوە بریتیە لە “كەسێك”
ڕاناوی لكاوی (ه)ی دووەم دەگەڕێتەوە بۆ پێغەمبەر (ﷺ)
ڕاناوی لكاوی (ه)ی سێیەم دەگەڕێتەوە بۆ كەسەكەی ئەهلی كتێب
وە ئەم شێوازە زۆر جیاواز نیە لە شێوازی دووەم. یەكێكە لە شێوازە تەقلیدیەكانی تەفسیری ئایەتەكە. ئەمیش پەسەند نیە.
شێوازی چوارەم:
ناوە شاراوەكە بریتیە لە “كەسێك”
ڕاناوی (ه)ى دووەم دەگەڕێتەوە بۆ فەرمانی كوشتن و لەخاچدانەكە
ڕاناوی (ه)ی سێیەم دەگەڕێتەوە بۆ كەسەكەی ئەهلی كتێب
ئەوەی پشتگیرى ئەم شێوازە دەكات ئەوەیە كە لە ئایەتەكانی پێشوودا هاتووە: {وَمَا قَتَلُوهُ وَمَا صَلَبُوهُ وَلَكِنْ شُبِّهَ لَهُمْ} واتە: “نەیانكوشت و لەخاچیان نەدا بەڵام لێیان تێكچوو”، واتە كوشتن و لەخاچدانەكەیان لێ تێكچوو. پاشان ئایەتەكان بەردەوام دەبن و دەفەرموون: “ئەوانەی جیاواز و ناكۆكن تێیدا بەدڵنیاییەوە گومانیان لێی هەیە” لێرەدا ڕەوایە بوترێت ڕاناوەكان دەگەڕێنەوە بۆ مەسیح و بۆ فەرمانی كوشتن و لەخاچدانەكەش، پاشان ئایەتەكان بەردەوام دەبن لە بەكارهێنانی ئەو ڕاناوانە هەتا دەگەنە ئەم ئایەتە كە وا دەردەكەوێت بە قەتیسی باسی فەرمانی كوشتن و لەخاچدانەكە بكات، كە ئەو شتەیە هەموو كەسێكی ئەهلی كتێب لە جوولەكە و مەسیحی باوەڕیان پێی هەیە.
كەواتە ئایەتەكە دەفەرموێت هەموو كەسێكی ئەهلی كتێب باوەڕیان هەیە بە پرسی كوشتن و لەخاچدان هەتاكو مردن و دوای ئەوە ڕاستیەكە دەزانن. ئەم پرسە هەموویان دەگرێتەوە و هیچ یەكێكیان لێی دەرناچێت. لەڕاستیدا ئەمە ئەو پرسەیە كە سەرجەم جوولەكە و مەسیحییەكان هاوڕا و كۆكن لەسەری و بەشێكە لە باوەڕیان. بۆیە هەموو جوولەكەكان باوەڕیان وایە كە مەسیحی بانگەشەكار بە قسەی ئەوان كوژرا و لەخاچدرا، هەروەها مەسیحیەكانیش دەڵێن مەسیح كوژرا و لەخاچدرا ئەگەرچی ئەمە بۆ ڕزگاركردنی مرۆڤایەتی بووە لە بەناو تاوانەكە!
ئەوەش كە پشتگیری ئەوە دەكات ڕاناوی لكاوی (ه) لە دەستەواژەی “مَوتِهِ” دەگەڕێتەوە بۆ كەسەكەی ئەهلی كتێب ئەوەیە كە وشەكە لە خوێندنەوەی ڕاڤەكاری ئوبەیدا بەشێوەی “مَوتِهِم” هاتووە (خوێندنەوە ڕاڤەكارییەكان بە قورئان لەقەڵەم نادرێن و خواپەرستییان پێوە ناكرێت و لە نوێژدا ناخوێنرێنەوە، تەنھا بریتین لە ئاراستەكردن بۆ كۆمەڵێك مانای بەهێز و ئاگاداربوون لێیان). واتە هەموو ئەهلی كتێب دوای مردنیان ڕاستیەكە دەزانن، بەڵام پێش مردنیان پێیان وایە مەسیح كوژراوە و لەخاچدراوە و لەمەشدا تەواو دڵنیا نین.
پێمانوایە ئەمە بریتیە لە شێوازە ڕاست و دروستەكه كە بەشێوەیەكی تەواو تەبا و گونجاو دەبێت لەگەڵ سیاق و لەگەڵ شێوگی فرمان و ڕاناوەكاندا.
وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمين