
جیاوازی نێوان ئەحمەدی و نائەحمەدی چیە؟
حەزرەتی میرزا غوڵام ئەحمەد
ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)داگرتنی کتێبەکە بە
نووسينی:
گەورەمان میرزا غوڵام ئەحمەد
ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)
وەرگێڕانی لاپەڕەی بەرگی ئەم كێبە
جیاوازی نێوان ئەحمەدی و نائەحمەدی چیە؟
وتاری
گەورەمان میرزا غوڵام ئەحمەدی قادیانی
مەسیحی بەڵێندراو و ئیمامی مەهدی (عليه السلام)
بەبۆنەی جەلسەی ساڵانە لە 27/12/1905ز
تێبینی:
ئەم وتارە بڵاوكرایەوە بە گواستنەوە لە ڕۆژنامەی “الحكم” ژمارەی 17/2/1906ز تا 17/6/1906ز وە هەندێ پەراوێزی بۆ زیادكرا، بە گواستنەوە لە ڕۆژنامەی “بدر” ژمارە 26/1/1906ز تا 23/2/1906ز (بڵاوكاری عەرەبی)
ئامانج لە ڕەوانەكردنی مەسیحی بەڵێندراو و دامەزراندنی كۆمەڵی ئەحمەدی
گەورەمان حجة الله مەسیحی بەڵێندراو (علیه الصلاة والسلام) لە ڕێككەوتی 27/12/1905ز لە مزگەوتی ئەقسا دوای هەردوو نوێژی نیوەڕۆ و عەسر ئەم وتارەی پێشكەش كرد.
سەرلەبەیانی ڕۆژی 26/12/1905ز كۆڕێكی قەرەباڵغی برایان بەسترا لە هۆڵێكی گەورە لە لقێكی نوێی خانەی میوانداری، بۆ بیركردنەوە لە چاكسازیكردنی كاروباری قوتابخانەی “تعلیم الإسلام”. وە زۆرێك لە برایان وتاری خۆیان پێشكەش كرد دەربارەی كۆمەڵێك بابەتی جۆراوجۆر.
یەكێك لە برایان لەكاتی خوێندنەوەی وتارەكەیدا گوتی:
“بەگوێرەی زانیاری من تاكە جیاوازی لەنێوان كۆمەڵی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) و موسوڵمانانی تردا ئەوەیە كە ئەوان باوەڕیان وایە مەسیحی ناسیرەیی بە زیندوویی بەرزكراوەتەوە بۆ ئاسمان لەكاتێكدا ئێمە باوەڕمان وایە كە مردووە، وە لەڕووی بیروباوەڕەوە هیچ شتێكی تر نیە جێگای ناكۆكی و مشتومڕ بێت لەنێوان ئێمە و ئەواندا”.
وە لەبەرئەوەی ئەم وتەیە ئەو ئامانجە ڕاستەقینەیە ڕوون ناكاتەوە كە ئەم كۆمەڵە لەپێناویدا دروست بووە بەڵكو بابەتەكە وا دەردەكەوێت كە گومانی لێبكرێت و لاواز بێت؛ بۆیە پێویست بوو بەڕێزی (عليه السلام) وتەكەی ئەو برایە ڕاست بكاتەوە. بەڵام لەبەرئەوەی كاتەكە كەم بوو بۆیە بەڕێزی (عليه السلام) بە گونجاوی زانی لەڕۆژی 27ی كانوونی یەكەم پاش هەردوو نوێژی نیوەڕۆ و عەسر، بە كورتی وتارێك پێشكەش بكات دەربارەی مەبەستی ڕاستەقینەی ڕەوانەكردنەكەی، وە ئەو ڕۆژە تەندروستی بەڕێزی (عليه السلام) تەواو نەبوو بەڵام لەگەڵ ئەوەدا لەسایەی فەزڵ و ڕەحمەتی خوای گەورەوە ئەم وتارەی خوارەوەی پێشكەش كرد. (سەرنووسەر)
بەڕێزی (عليه السلام) فەرمووی:
“بەداخەوە ئەمڕۆ تەندروستیم تەواو نیە بۆیە ناتوانم بەدوور و درێژی قسە بكەم بەڵام بە پێویستی دەزانم بەكورتی شتێك بڵێم دەربارەی بابەتێكی گرنگ. دوێنی بیستم یەكێك لە برایانمان گوتی تاكە جیاوازی لەنێوان ئێمە و ئەو موسوڵمانانەی كە دژایەتیمان دەكەن بریتیە لە مردن و ژیانی مەسیح (عليه السلام) ئەگینا هەموومان وەكو یەك واین و نەیارەكانیشمان لەڕووی كردەییەوە لەسەر حەقن، واتە ئەوانیش هەموو كردەوەیەكی موسوڵمانان ئەنجام دەدەن وەك نوێژ و ڕۆژوو و ئەوانی تر، بەڵام هەڵەیەك ڕوویداوە تەنھا لە پرسی مردنی عیسادا (عليه السلام) بۆیە خوای گەورە ئەم كۆمەڵەی دامەزراند بۆ نەهێشتنی ئەم هەڵەیە. پێویستە بزانرێت ئەمە بیروبۆچوونێكی ڕاست نیە. گومانی تێدا نیە ئەم هەڵەیە بە شێوازێكی ئەوپەڕی خراپ دروست بووە لەناو موسوڵماناندا، بەڵام ئەگەر كەسێك پێی وابێت كە هاتنم بۆ دنیا تەنھا بۆ لابردنی ئەم هەڵەیەیە، وە لەناو موسوڵماناندا هەڵەیەكی تر نیە شایانی ڕاستكردنەوە بێت بەڵكو لەسەر ڕێگای ڕاستن ئەوا ئەم بیروبۆچوونە هەڵەیە. پێم وایە مردن یان ژیانی مەسیح شتێك نیە خوای گەورە لەپێناویدا كۆمەڵێكی گەورەی لەم شێوەیە دروست بكات و كەسێكی دیاریكراو بنێرێت بۆ دنیا، وە ئەم هەڵەیە بە جۆرێك پيشان بدرێت كە زۆر گەورە بكرێت وەك ئەوەی تاریكی هەموو جیهانی داپۆشیبێت و زەوی نەفرەتی لێ كرابێت. هەڵە دەربارەی مردنی مەسیح ئەمڕۆ دروست نەبووە، بەڵكو ماوەیەكی كەم پاش كۆچی دوایی پێغەمبەر (ﷺ) دروست بوو. هەڵبەت بەردەوام ئەولیا تایبەتەكانی خوا و پیاوچاكان و دۆستانی خوایش هاتوون بەڵام لەگەڵ ئەوەدا خەڵكی لەسەر ئەم هەڵەیە ماونەتەوە. بۆیە ئەگەر مەبەستەكە تەنها لابردن و نەهێشتنی ئەم هەڵەیە بوایە ئەوا خوای گەورە لەو كاتەوە لایدەبرد، بەڵام ئەوە ڕووی نەدا و هەڵەكە وەكو خۆی مایەوە هەتا ئەم سەردەمەی ئێمە. ئەگەر لەم سەردەمەشدا كارەكە تەنھا نەهێشتنی ئەم هەڵەیە بوایە ئەوا خوای گەورە كۆمەڵێكی نوێی دروست نەدەكرد لەپێناویدا؛ چونكە مردنی مەسیح شتێك نەبووە پێشتر كەس قەبوڵی نەكردبێت. بەڵكو زۆربەی كەسانی تایبەت كە خوا ڕاستیەكەی ئاشكراكرد بوو بۆیان بەردەوام ئەو باوەڕیان هەبووە. لەڕاستیدا بابەتێكی تر هەیە كە لەپێناویدا خوا ئەم كۆمەڵەی دروست كردووە. گومانی تێدا نیە نەهێشتنی هەڵە دەربارەی مردنی مەسیح ئەمیش یەكێكە لە ئامانجە مەزنەكانی ئەم كۆمەڵە، بەڵام خوا تەنھا بۆ ئەم ئامانجە ڕەوانەی نەكردووم، بەڵكو لەڕاستیدا كۆمەڵێكی زۆر هەڵەی تر دروستبوون بەجۆرێك ئەگەر ئەم كۆمەڵە دروست نەبوایە بۆ چاككردنیان و ئەگەر كەسێك ڕەوانە نەكرایە ئەوا هەموو دنیا كاول دەبوو، وە ناوی ئیسلام دەسڕایەوە و شوێنەواری نەدەما. بۆیە دەكرێت بە جۆرێكی تر گوزارشت لەمە بكەین و بڵێین: ئامانج چیە لە ڕەوانەكردنم؟
مردنی عیسا و ژیانی ئیسلام دوو ئامانجن زۆر بەتوندی پێكەوە گرێدراون. لەم سەردەمەدا پرسی مردنی مەسیح بووە بە شتێكی پێویست بۆ ژیانی ئیسلام؛ چونكە ئەو ئاژاوەیەی لە ژیانی مەسیحەوە پەیدابووە تاڕادەیەكی زۆر گەورە بووە. وە دەربارەی بابەتی ژیانی مەسیح لەئاسمان دەوترێت: ئایا خوا ناتوانێت بە زیندوویی بەرزی بكاتەوە بۆ ئاسمان؟ ئەم قسەیە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی خاوەنەكەی شارەزا و ئاگادار نیە لە توانا و قودرەتی خوا و…([1]) ئێمە لە كەسانی تر زیاتر باوەڕمان بەمە هەیە و دڵنیاین كە: {إِنَّ اللَّهَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ}، وە باوەڕمان بەوەش هەیە خوا توانای هەموو شتێكی هەیە كە خۆی بیەوێت، بەڵام پاك و بێگەردە لە شتانێك كە پێچەوانەی سیفەتە تەواوەكانی بن، وە دژایەتی شتانێك دەكات پێچەوانەی ئایینەكەی بن. پرسی ژیانی عیسا (عليه السلام) لەسەرەتادا تەنها هەڵەیەكی بچوك بوو، بەڵام ئەمڕۆ ئەم هەڵەیە گۆڕاوە بۆ ئەژدیهایەك كە دەیەوێت ئیسلام قوت بدات. لە ڕۆژگارەكانی سەرەتادا هیچ مەترسییەك لە ئارادا نەبوو كە ئەم بیروباوەڕە زیانێكی هەبێت و تەنھا هەڵەیەك بوو. بەڵام لەو كاتەوەی دەسەڵاتی مەسیحیەت بەهێز بوو و مەسیحیەكان ژیانی مەسیحیان كرد بە بەڵگەیەكی بەهێز و گەورە لەسەر خوایەتی مەسیح، ئیتر ئەم هەڵەیە بوو بە مەترسییەكی تۆقێنەر. بەجۆرێك ئەو كەسانە زۆر بە گوڕوتینەوە دووپاتی دەكەنەوە و دەڵێن: ئەگەر مەسیح خوا نەبووە ئەوا چۆن بەرزبوویەوە و لەسەر عەرش دانیشت؟ ئەگەر بكرێت مرۆڤ بە زیندوویی بەرزبێتەوە بۆ ئاسمان ئەوا بۆچی لە سەردەمی ئادەمەوە هەتا ئەمڕۆ كەسێك بە زیندوویی بەرزنەبووەتەوە بۆ ئاسمان؟ بەخستنەڕووی ئەم جۆرە بەڵگەیە دەیانەوێت عیسا (عليه السلام) بكەن بەخوا، لەڕاستیدا كردیان بە خوا و ژمارەیەكی زۆر خەڵكیان گومڕاكرد لەجیھاندا، وە زۆرێك لە موسوڵمانان كە وەك دەوترێت ژمارەیان زیاترە لە سێ ملیۆن كەس، بوون بە ئامانجێك بۆ ئەم ئاژاوەیە بەهۆی ئەوەی ئەم هەڵەیەیان بە بیروباوەڕێكی ڕاست لەقەڵەمدا. بەڵام ئەگەر ئەمە ڕاست بێت، وە ئەگەر لەڕاستیدا عیسا (عليه السلام) بەزیندوویی بەرزبووبێتەوە بۆ ئاسمان وەك مەسیحیەكان دەڵێن و موسوڵمانانیش پشتگیرییان دەكەن بەهۆی ئەوەی تووشی هەڵە بوون و زانیارییان نیە، ئەوا ئەو ڕۆژە ڕۆژی پرسە و ماتەمینی ئیسلامە چونكە ئیسلام هات بۆ جیهان بۆ ئەوەی ئیمان و یەقین لای خەڵكی دروست بكات بە بوونی خوای گەورە و یەکتاپەرستیی بڵاوبكاتەوە. بێگومان ئیسلام ئایینێكە هیچ جۆرە لاوازییەكی تێدا نیە. خوا بە یەك خوای بێ هاوەڵ لەقەڵەم دەدات، وە ئەگەر دان بەوەدا بنرێت ئەم تایبەتمەندیە لە غەیری خوادا هەیە ئەوا ئەمە سووكایەتی و بەدگۆییەكە بەرامبەر خوا (سبحانه وتعالى) كە ئیسلام ڕێگەی پێ نادات. بەڵام مەسیحییەكان دنیایان گومڕا كرد بە خستنەڕووی ئەم تایبەتمەندیەی مەسیح، موسوڵمانانیش بەبێ بیركردنەوە و ڕامان پشتگیرییان كردن و گوێیان نەدا بەو زیانەی بەهۆی ئەمەوە تووشی ئیسلام دەبێت.
پێویستە كەس فریونەخوات بەو قسەیەی خەڵكی كە هەموو جارێك دەڵێن: ئایا خوا ناتوانێت مەسیح بە زیندوویی بەرزبكاتەوە بۆ ئاسمان؟ بێگومان دەتوانێت، بەڵام ڕێگە نادات بە شتێك كە سەرچاوەی شیرك و هاوەڵدانان بێت بۆ خوا. ئاشكرایە ئەگەر كۆمەڵێك سیفەت بدرێنەپاڵ كەسێكی دیاریكراو بەتەنھا ئەوا ئەمە دەرگای شیرك و هاوبەشدانان بۆ خوا دەكاتەوە. دیارە ئەگەر دانبنرێت بە سیفەتێك لە مەسیحدا (عليه السلام) كە گوایە بە پێچەوانەی هەموو مرۆڤەكانەوە هەتا ئێستا زیندووە و لەڕووی تایبەتمەندیە مرۆییەكانەوە جیاوازە؛ ئەوا دەرفەت دەڕەخسێت بۆ مەسیحیەكان وەك بەڵگەیەك بیخەنەڕوو لەسەر خوایەتی مەسیح. ئەگەر مەسیحییەك ڕەخنە بگرێت لە موسوڵمانان و بڵێت: ئایا ئەم تایبەتمەندیە تاقانەیە لە كەسێكی تردا هەبووە لەم سەردەمەدا، ئەگەر هەیە پێم بڵێن؟ ئەوا هیچ وەڵامیكیان پێ نیە، چونكە دڵنیان هەموو پێغەمبەران مردوون بەڵام مردنی مەسیح ناچەسپێت بەگوێرەی باوەڕی ئەو موسوڵمانانەی نەیاری ئێمەن. وە لەبەرئەوەی ئەوان لە وشەی “التوفي”ەوە مانای بەرزبوونەوە بۆ ئاسمان بە زیندوویی هەڵدەگۆزن بۆیە دەبێت لەم دەستەواژەیەشەوە: {فَلَمَّا تَوَفَّيْتَنِي} ئەمە هەڵێنجن: كاتێك بەزیندوویی بەرزت كردمەوە بۆ ئاسمان، لەكاتێكدا ئایەتێك نایسەلمێنیت كە لە كاتێك لە كاتەكاندا دەشمرێت. ئێستا ئێوە بڵێن ئەنجامی ئەمە چی دەبێت؟ خوا هیدایەتیان بدات بۆ ئەوەی پەی ببەن بە هەڵەكەی خۆیان. بەڕاستی و دروستی دەڵێم ئەو كەسانەی وازناهێنن لەم باوەڕە پاش ئاشكرابوونی لاوازی و قێزەونیەكەی لەگەڵ ئەوەی موسوڵمانن ئەوا ئەو كەسانە دوژمنی ئیسلامن.
بزانن قورئانی پیرۆز چەندین جار باسی مردنی مەسیحی كردووە و سەلماندوویەتی كە ئەویش وەكو پێغەمبەرانی تر و هەموو خەڵكی مردووە. هیچ تایبەتمەندییەكی تێدا نەبووە كە لە پێغەمبەرانی تر و خەڵكیدا نەبێت بە شێوەیەكی گشتی. وە وشەی “التوفي” تەنھا مانای مردن دەگەیەنێت و ئەمە قسەیەكی تەواو ڕاست و دروستە. لە هیچ فەرهەنگێكدا ناچەسپێت وشەی “التوفي” مانای بەرزبوونەوەش بگەیەنێت بۆ ئاسمان بە جەستەی ماددییەوە. بێگومان جوانی زمان لەوەدایە كە فراوان بێت. وە لەجیهاندا زمانێك نیە تەنها تایبەت بێت بە كەسێكەوە كەسانی تر نەگرێتەوە. بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەم تایبەتمەندیە تایبەتە بەخوای گەورە چونكە تاكە و هیچ هاوبەشێكی نیە. فەرهەنگێكمان بۆ بهێننەوە لە فەرهەنگەكانی زمان كە باسی ئەوەی كردبێت مانای “التوفي” سەبارەت بە عیسا (عليه السلام) بەتایبەتی بریتیە لە بەرزبوونەوە بەزیندوویی بۆ ئاسمان بە جەستەوە، وە ئەگەر هەمان وشە بەكارهات سەبارەت بە هەر مرۆڤێكی تری جگە لەو لە هەموو جیهاندا ئەوا ماناكەی مردنە. باسی ئەم تایبەتمەندیەم پیشان بدەن لە هەر فەرهەنگێك لە فەرهەنگەكانی زماندا. وە ئەگەر ئەو كارەتان نەكرد؛ لەبەرئەوەی لە ئەسڵدا بوونی نیە، ئەوا لە خوا بترسن چونكە ئەمە بریتیە لە خودی سەرچاوەی شیرك و هەواڵدانان بۆ خوا. وە بەهۆی ئەم هەڵەیەوە موسوڵمانان بوون بە قەرزارباری مەسیحیەكان. بۆیە ئەگەر مەسیحییەكان گوتیان: مادام ئێوە دان دەنێن بە ژیانی مەسیحدا و بەوەی كە لەئاسماندایە و باوەڕتان هەیە بە هاتنیشی وەك ناوبژیوانێك، ئەوا ئێستا بڵێن، چ گومانێك ماوەتەوە لە خوایەتیەكەیدا؟! بەتایبەتی كاتێك ناچەسپێت كە ئەو لەداهاتوودا دەمرێت. ئەمە كارەساتێكی هەرە گەورەیە مەسیحییەك پرسیارێك بكات بەبێ ئەوەی وەڵامێكی هەبێت.
بەكورتی، لەئێستادا كاریگەری خراپی ئەم هەڵەیە گەیشتووەتە ئەم ئاستە. ڕاستە مردنی مەسیح كێشەیەكی گەورە نەبوو تاكو پێویست بێت نێردراوێكی مەزن لەپێناویدا ڕەوانە بكرێت. بەڵام وایدەبینم كە بارودۆخی موسوڵمانان زۆر خراپ بووە و وازیان هێناوە لە ڕامان و سەرنجدان لە قورئانی پیرۆز، وە بارودۆخی كردەییشیان خراپ بووە. ئەگەر بارودۆخی كردەییان باش بوایە و سەرنجیان بدایە لە قورئانی پیرۆز و ماناكانی، ئەوا هەرگیز ئەم جۆرە مانایانەیان هەڵنەدەگۆزی. هەڵبەت لەلایەن خۆیانەوە بەم شێوازە مانایان هەڵێنجاوە؛ ئەگینا وشەی “التوفي” وشەیەكی نامۆ یان نوێ نیە بەڵكو هەموو فەرهەنگەكانی زمانی عەرەبی نووسەرەكانیان هەركەسێك بێت دەڵێن مانای وشەكە بریتیە لە مردن. ئیتر بۆچی لەلایەن خۆیانەوە مانای بەرزبوونەوە بۆ ئاسمان بە جەستەوە دروستدەكەن؟ ئەگەر هەمان مانایان وەربگرتایە سەبارەت بە پێغەمبەریش (ﷺ) ئەوا خەفەتمان نەدەخوارد چونكە هەمان وشە لە قورئانی پیرۆزدا سەبارەت بەویش (ﷺ) هاتووە، هەروەك خوای گەورە دەفەرموێت: {وَإِمَّا نُرِيَنَّكَ بَعْضَ الَّذِي نَعِدُهُمْ أَوْ نَتَوَفَّيَنَّكَ} [یونس: 47].
ئێستا ئێوە بڵێن، ئەگەر ئەم وشەیە مانای بەرزبوونەوە بۆ ئاسمان بە جەستەوە دەگەیەنێت ئایا مافی خۆمان نیە هەمان مانا هەڵێنجین سەبارەت بە پێغەمبەریش (ﷺ)؟ بۆچی ئەگەر ئەم وشەیە بەكارهات دەرحەق بە پێغەمبەرێك كە هەزاران جار پلەی نزمترە لە پێغەمبەر (ﷺ) ئەوا لەلایەن خۆیانەوە مانایەكی بۆ دروست دەكەن و بەرزی دەكەنەوە بۆ ئاسمان بەڵام كاتێك هەمان وشە بەكاردەهێنرێت سەبارەت بە سەرداری پێشین و پاشین تەنها مانای مردن لە وشەكەوە هەڵدەگۆزن؟ لەگەڵ ئەوەی پێغەمبەر (ﷺ) پێغەمبەرێكی زیندووە و بەشێوازێك ژیانی چەسپاوە كە هەرگیز بەو شێوازە ژیانی كەسی تر نەچەسپاوە. بۆیە بەوپەڕی تەحەددا و هێزەوە دەڵێین ئەگەر پێغەمبەرێكی زیندوو هەبێت ئەوا تەنھا پێغەمبەری ئازیزمانە (ﷺ). هەڵبەت زۆرێك لە كەسانی بەناوبانگ كتێبیان نووسیوە دەربارەی “ژیانی پێغەمبەر” و كۆمەڵێك بەڵگەی یەكلاكەرەوەمان لایە لەسەر ژیانی ئەو (ﷺ) كە هیچ كەسێك ناتوانێت ڕووبەڕوویان بێتەوە.
یەكێك لەو بەڵگانە ئەوەیە پێغەمبەری زیندوو ئەو پێغەمبەرەیە كە لێشاوی نوور و بەرەكەتەكەی بەردەوامە هەتا ئەبەد. وە دەبینین خوای گەورە لەسەردەمی پێغەمبەرەوە (ﷺ) هەتا ئەمڕۆ هەرگیز دەستی بەرنەداوە لە موسوڵمانان. هەڵبەت لەسەرەتای هەر سەدەیەكدا پیاوێكی ڕەوانەكردووە كە ئەركی ئیسڵاحی جێبەجێ كردووە بەگوێرەی داخوازیەكانی سەردەمەكە و لەسەرەتای ئەم سەدەیەی ئێستایشدا منی ڕەوانەكرد بۆ ئەوەی ژیانی پێغەمبەر (ﷺ) بچەسپێنم. وە لە قورئانی پیرۆزەوە چەسپاوە هەمیشە خوا ئایینەكەی پێغەمبەری (ﷺ) پاراستووە و لە داهاتووشدا دەیپارێزێت وەك دەفەرموێت: {إِنَّا نَحْنُ نَزَّلْنَا الذِّكْرَ وَإِنَّا لَهُ لَحَافِظُونَ} [الحجر: 10]. دەستەواژەی: {وَإِنَّا لَهُ لَحَافِظُونَ} بەڕوونی مانای ئەوە دەگەیەنێت كە لەسەرەتای هەموو سەدەیەكدا هەمیشە پیاوانێك دێن بۆ ئەوەی كاڵا ونبووەكەی ئیسلام بگێڕنەوە و بیری خەڵكی بخەنەوە.
لەڕووی بیروباوەڕەوە شتێكی ئاشكرایە كاتێك سەدەیەك تێدەپەرێت نەوەی پێشوویش تیادەچن و زانا و ئەو كەسانەی حافظ قورئانن و ئەولیا و دۆستانی خوا كە لەو نەوەیە بوون دەمرن. بۆیە پێویستە پیاوێكی تر لەدایك بێت بۆ زیندووكردنەوەی ئایین؛ چونكە ئەگەر خوای گەورە سیستەمێكی نوێ دانەمەزرێنێت لە سەدە نوێیەكەدا بۆ هێشتنەوەی ئیسلام بە سەوزی و گەشاوەیی ئەوا ئەم ئایینە دەمرێت؛ لەبەرئەوە خواى گەورە لەسەرەتای هەموو سەدەیەكدا پیاوێك ڕەوانەدەكات كە ئیسلام ڕزگاردەكات لە تیاچوون و ژیانێكی نوێی پێ دەبەخشێت و خەڵكی جیھان ڕزگاردەكات لە هەڵە و بیدعە و لە جۆرەكانی بێ ئاگایی و تەمبەڵی كە تێیاندا دروست دەبێت.
بێگومان ئەم تایبەتمەندیە تەنھا لە پێغەمبەردا (ﷺ) هەیە، وە بەڵگەیەكی بەهێزە لەسەر ژیانی ئەو (ﷺ) كە هیچ كەسێك ناتوانێت ڕووبەڕووی بێتەوە. بەهەمان شێوە زنجیرەی بەرەكەت و لێشاوەكانی نووری پێغەمبەر (ﷺ) ئەمیش نەپچڕاوە و ڕێلێگیراو نیە. وە ئوممەت لە هەموو سەردەمێكدا سوودمەند دەبێت لە بەرەكەتەكانی، وە لێیەوە فێردەبێت و خوای گەورەی خۆشدەوێت وەك دەفەرموێت: {قُلْ إِنْ كُنْتُمْ تُحِبُّونَ اللَّهَ فَاتَّبِعُونِي يُحْبِبْكُمُ اللَّهُ} [آل عمران: 32] . كەواتە، ئاشكرایە خۆشەویستی خوای گەورە (عز وجل) ناهێڵێت ئەم ئوممەتە بێ بەش بێت لە هیچ سەدەیەكدا. ئەم خاڵە بەتەنها بەڵگەیەكی پرشنگدارە لەسەر ژیانی پێغەمبەر (ﷺ). وە لەبەرامبەر ئەمەدا ژیانی عیسا (عليه السلام) ناچەسپێت. وە لەژیانیدا ئاژاوەیەك ڕوویدا كە لەژیانی هیچ پێغەمبەرێكی تردا ڕووینەداوە بۆیە خوای گەورە پرسیاری لێ كرد و فەرمووی: {أَأَنْتَ قُلْتَ لِلنَّاسِ اتَّخِذُونِي وَأُمِّيَ إِلَهَيْنِ} [المائدة: 118]. وە ئەو كۆمەڵەی عیسا ئامادەی كرد كۆمەڵێكی لاواز بوو، وە شایستەی متمانە پێكردن نەبوو، مەسیحیەكانیش دان بەمەدا دەنێن.
وە لە ئینجیلەوە چەسپاوە 12 قوتابیەكەی كە بەشێوەیەكی تایبەت نموونە بوون بۆ هێزە پیرۆزەكەی و بۆ كاریگەریەكەی، یەكێكیان بەناوی یەهوزای ئیسخەریوتی سەروەر و ڕێپیشاندەرەكەی خۆی فرۆشت بە سی دینار. وە هەروەها یەكێكی تریان كە لە پێشی پێشەوەدا بوو لەناو هەموویاندا و پێی دەگوترا قوتابییەكی پێگەیشتوو، وە كلیلی بەهەشت لە دەستیدا بوو سێ جار لەبەردەمیدا نەفرەتی لێ كرد. جا ئەگەر ئەمە كاریگەری مەسیح و لێشاوی بەرەكەتەكەی بێت لە ژیانی خۆیدا، ئەوا دەتوانن مەزەندە بكەن ئێستا پاش تێپەڕینی 1900 ساڵ چەندێك لەو كاریگەری و بەرەكەتە مابێتەوە؟ بەڵام لەبەرامبەردا ئەو كۆمەڵەی پێغەمبەر (ﷺ) دروستی كرد دڵسۆز و بەوەفا بوون بەجۆرێك لەپێناویدا گیانی خۆیان كردە قوربانی و نیشتیمان و خۆشەویستان و كەسوكاری خۆیان بەجێهیشت، وە لەبەرامبەر پێغەمبەردا (ﷺ) گوێیان بەهیچ شتێك نەدا. ئەم كاریگەریە چەندە مەزن و بەهێز بوو! وە ناحەز و نەیارەكانیش دانیان پێدا ناوە، وە زنجیرەكەی هەتا ئێستا نەپچڕاوە بەڵكو بەردەوامە. وە ئەو كاریگەری و بەرەكەتانە بەردەوام هەن لە فێركاری قورئانی پیرۆزدا.
نموونەیەكی تر هەیە دەربارەی كاریگەریەكە كە شایانی باسە ئەویش ئەوەیە هەرگیز ناكرێت ئینجیلی ڕاستەقینە بدۆزرێتەوە. مەسیحیەكان خۆیان تووشی سەختی و دژواری بوون لە دۆزینەوەی ئینجیلی ڕاستەقینەدا، وە بە چ زمانێك بووە و لەكوێیە؟ لەكاتێكدا قورئانی پیرۆز هەمیشە پارێزراو بووە، وە ناكرێت و ناگونجێت پیتێك یان خاڵێكی لەجێگای خۆیدا لاببریت. وە قورئان هەمیشە پارێزراو بووە بەجۆرێك لە هەموو وڵات و هەموو نەتەوەیەكدا هەزارەها بەڵكو سەدان هەزار كەس هەن قورئانیان لەبەرە و هەموویان هاوڕان لەسەری، وە هەمیشە قورئان لەبەردەكەن و دەیدەن بەگوێی خەڵكیدا. ئێستا ئێوە بڵێن، ئایا ئەمە لە بەرەكەتەكانی پێغەمبەر (ﷺ) نیە؟ ئایا ئەم بەرەكەتانە كۆمەڵێك بەرەكەتی زیندوو نین؟ ئایا بەهۆی ئەم بەرەكەتانەوە ژیانی پێغەمبەر (ﷺ) دەچەسپێت یان نا؟
بەكورتی، لەڕووی بنەمای پاراستنی قورئانی پیرۆز و لە ڕوانگەی فەرموودەی ڕەوانەكردنی نوێكار لە سەرەتای هەموو سەدەیەكدا بۆ نوێكردنەوەی ئایین و هەروەها لەڕێگەی بەرەكەت و كاریگەریەكانیەوە كە بەردەوامن هەتا ئێستا، ژیانی پێغەمبەر (ﷺ) چەسپاوە. لێرەدا پێویستە سەرنج بدرێت ئایا بیروباوەڕی ژیانی عیسا (عليه السلام) چ سوودێكی گەیاندووە بە جیهان؟ ئایا ئیسڵاحی ئەخلاقی و كردەیی دروستكردووە یان تاوان و خراپەكاری بەرهەم هێناوە؟ هەركاتێك لەم بابەتە وردبوونەوە ئەوا خراپیەكانی ئەم بیروباوەڕەتان زیاتر بۆ دەردەكەوێت.
ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئیسلام زیانێكی زۆری پێگەیشتووە بەهۆی ئەم بیروباوەڕەوە، وە ئەو كەسانەی ئایینی مەسیحیەتیان قەبوڵكردووە ژمارەیان گەیشتووەتە چل ملیۆن كەس. ئەوا وازیان هێناوە لە خوای حەق و مرۆڤێكی لاواز دەپەرستن. وە ئەو سوودەی مەسیحیەت گەیاندی بە جیھان تەواو ڕوون و ئاشكرایە! هەڵبەت مەسیحیەكان خۆیان دانیان بەوەدا ناوە كە خراپە و بەدكارییەكی زۆر لە جیهاندا بڵاوبووتەوە بەهۆی مەسیحیەتەوە چونكە ئەو كەسەی كە فێردەكرێت تاوانەكانی دەخرێنە سەر تەرازووی كەسێكی تر، زیاتر لە ڕابردوو چاوقایم دەبێت بۆ ئەنجامدانی تاوان. وە ئاشكرایە تاوان ژەهرێكی كوشندەیە بۆ مرۆڤ كە مەسیحیەت بڵاوی كردووەتەوە. وە لەم بارودۆخەدا زیانی ئەم بیروباوەڕە زیاتر دەبێت لە پێشوو.
ناڵێم خەڵكی لەم سەردەمەدا تەنھا خۆیان بەرپرسیارن لە باوەڕهێنان بە ژیانی مەسیح. نەخێر، بەڵكو هەندێ لە پێشینانیش لەم بارەیەوە هەڵەیان كردووە بەڵام لەگەڵ ئەم هەڵەیەدا پاداشتیان بەدەستهێناوە چونكە دەربارەی موجتەهید هاتووە: “دەكرێت هەڵە بكات و دەكرێت بیپێكێت”، لە هەردوو حاڵەتەكەدا پاداشتی چاكە دەدرێتەوە. لەڕاستیدا ویستی خوایی ئەوەی خواست كە ئەم پرسە بەشاراوەیی بمێنێتەوە، بۆیە بەردەوام بێ ئاگابوون لێی و ڕاستیەكە شاراوە بوو لێیان، وەكو یارانی ئەشكەوت، هەروەك ئەم ئیلهامەم پێگەیشت: “أَم حَسبتَ أنَّ أصحابَ الكهفِ والرَّقيمِ كانوا مِن آياتِنا عَجَبًا”. بەهەمان شێوە پرسی ژیانی عیسایش نهێنییەكی سەیرە. لەگەڵ ئەوەی خوای گەورە زۆر بە ڕاشكاوی مردنی مەسیحی ڕاگەیاندووە، وە هەمان بابەت لە فەرموودەكاندا چەسپاوە، وە ئەو ئایەتەی كاتی كۆچی دوایی پێغەمبەر (ﷺ) خوێنرایەوە وەك بەڵگەهێنانەوەیەك ئەویش هەمان بابەت دەچەسپێنێت، بەڵام خوای گەورە شاردیەوە لەگەڵ ئەوەی تا ئەم ڕادەیە ڕوون و ئاشكرا بوو، وە بە شاراوەیی هێشتیەوە بۆ بەڵێندراوی داهاتوو، بۆیە كاتێك ئەم بەڵێندراوە هات پەردەی لادا لەسەر ئەم نهێنیە.
ئەمە حیكمەتی خوایە كە ئەگەر ویستی نهێنیەك دەشارێتەوە و ئەگەر ویستی ئاشكرای دەكات. بەهەمان شێوە ئەم نهێنیەشی شاردەوە تا كاتێكی دیاریكراو. بەڵام ئێستا، كاتێك بەڵێندراوەكە هات كە كلیلی ئەم نهێنیە لەدەستیدا بوو، ئاشكرای كرد. وە ئەگەر ئێستا كەسێك نەیەوێت قەبوڵی بكات و كەللـەڕەقی بنوێنێت ئەوا وەك ئەوە وایە جەنگ لەگەڵ خوادا بكات.
كەواتە، پرسی مردنی مەسیح لە ئێستادا وای لێهاتووە هیچ شاراوەییەكی تێدا نەماوە بەڵكو لەهەموو لایەنەكانەوە ڕوون و ئاشكرا بووە. هەڵبەت مردنی مەسیح لە قورئانی پیرۆزدا چەسپاوە هەروەك فەرموودەكان جەخت دەكەنەوە لێی. هەروەها ڕووداوی میعراجی پێغەمبەر (ﷺ) مردنی مەسیحی (عليه السلام) پشتڕاستكردووەتەوە، وە پێغەمبەر (ﷺ) شایەتی داوە لەسەری چونكە شەوی میعراج عیسای بینی لەگەڵ یەحیادا (علیھما السلام). پاشان ئایەتی: {قُلْ سُبْحَانَ رَبِّي هَلْ كُنْتُ إِلَّا بَشَرًا رَسُولًا} [الإسراء: 94] ڕێگری دەكات لە بەرزبوونەوەی مەسیح بۆ ئاسمان بەزیندوویی چونكە كاتێك كافرەكان داوای موعجیزەی بەرزبوونەوە بۆ ئاسمانیان كرد لە پێغەمبەر (ﷺ) خوای گەورە وەڵامی دانەوە و فەرمووی: {قُلْ سُبْحَانَ رَبِّي هَلْ كُنْتُ إِلَّا بَشَرًا رَسُولًا} واتە: پاكی بۆ پەروەردگارم لەوەی پەیمان بشكێنێت پاش ئەوەی جارێك بڕیاریداوە بۆ مرۆڤ كە لەم دنیایەدا لەدایك بێت و تێیدا بمرێت وەك دەفەرموێت: {فِيهَا تَحْيَوْنَ وَفِيهَا تَمُوتُونَ} [الأعراف: 26]. بەڵام من مرۆڤم و داخوازیە مرۆییەكانم لەگەڵدایە كە ناكرێت بەرزببمەوە بۆ ئاسمان. لەڕاستیدا كافرەكان مەبەستیان ئەمە بوو لەم پرسیارەدا چونكە پێشتر بیستبوویان كە مرۆڤ لەم دنیایەدا دەژی و دەمرێت، بۆیە كاتێك دەرفەتێكی گونجاویان دۆزییەوە ئەم پرسیارەیان كرد. بە شێوەیەك وەڵامیان درایەوە كە بووە هۆی ئەوەی نائومێد بن و پیلانەكانیان پووچەڵ بێتەوە. كەواتە پرسەكە یەكلایی بووەتەوە كە مەسیح (عليه السلام) مردووە. بەڵام ئەوە نیشانە و موعجیزەیەك بوو كە خوای گەورە ئەو خەڵكەی بەجێهێشت لە بێ ئاگاییدا و كەسانی بێداری مەست كرد.
وە ئەوەش بزانن ئەو كەسانەی نەگەیشتن بەم سەردەمە عوزریان هەیە، وە ئیقامە حوججە نەكراوە لەسەریان؛ وە ئەوەی لەكاتی خۆیدا تێیگەیشتن بەگوێرەی ئیجتیهادەكانیان لای خوای گەورە پاداشت بەدەستدەهێنن لەسەری. بەڵام كاتی ئێستا وەك پێشوو نەماوەتەوە بەڵكو لەئێستادا خوا ئەو پەردەیەی لابرد و نهێنیە شاراوەكەی ئاشكرا كرد. وە زیانە قورس و ترسناكەكانی ئەم بیروباوەڕە دەبینن كە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە ئەمڕۆ ئیسلام لە لاوازی و بەرەوپاشچووندایە، ئایینی مەسیحیەت خودی چەكی ژیانی مەسیحی هەڵگرتووە بۆ پەلاماردانی ئیسلام، وە بەهۆی ئەم باوەڕەوە نەوەی موسوڵمانان بوون بە نێچیری ئەو ئایینە. ڕاستیتان پێ دەڵێم ئەوان خەڵكی فریودەدەن بە باسكردنی ئەم جۆرە بابەتانە بۆیان. وە لە قوتابخانە و كۆلێژەكاندا خەڵكی هەڵدەگێڕنەوە لە ئیسلام بەوەی باسی ئەو تایبەتمەندیانەیان بۆ دەكەن كە موسوڵمانان بەهۆی نەزانیانەوە دروستیان كردوون بۆیان. بەڵام ئێستا خوای گەورە ویستوویەتی موسوڵمانان ئاگاداربكاتەوە. [ڕۆژنامەی “الحكم” بەرگی 10 ژمارە 6 ژمارەی ڕێككەوتی: 17/2/1906ز لاپەڕە 2، 3]
ئێستا خوا ویستوویەتی موسوڵمانان ئاگاداربن چونكە جەختكردنەوە لەسەر مردنی مەسیح و ئەوەی كە خەڵكی باوەڕیان وا نەبێت مەسیح بەزیندوویی بەرزبووەتەوە بۆ ئاسمان زۆر گرنگە بۆ پێشكەوتنی ئیسلام. بەڵام زۆر بەداخەوە دەڵێم نەیارەكانم لەبەرئەوەی بەدبەخت و چارەڕەشن تێناگەن لەم نهێنیە و بە هەوانتە هاوار و ژاوەژاو دەكەن. خۆزگە ئەو نەفامانە دەیانزانی ئەگەر ئێمە هەموومان جەخت بكەینەوە لەسەر مردنی مەسیح ئەوا ئایینی مەسیحیەت هەرگیز ڕاناوەستێت و دەكەوێت. لەڕووی بیناییەوە دەڵێم ژیانەوەی ئیسلام لەم مردنەدایە. لە خودی مەسیحیەكان بپرسن ئەگەر چەسپا مەسیح زیندوو نیە بەڵكو مردووە ئەوا چ شتێك لە ئایینەكەیان دەمێنێتەوە؟ ئەوان خۆیان دەڵێن ئەمە تاكە پرسە كە ئایینەكەیان ڕیشەكێش دەكات. بەڵام موسوڵمانان بەهۆی ئەوەی باوەڕیان بە ژیانی مەسیح هەیە پشتگیرییان دەكەن و زیان دەگەیەنن بە ئیسلام. پەندێكی فارسی پیادە دەبێت بە سەریاندا كە دەڵێت: ئەو لقە دەبڕێتەوە كە خۆی لەسەری دانیشتووە.
ئەو چەكەی بەدەستی مەسیحیەكانەوەیە دژی ئیسلام مسوڵمانان [لە ڕۆژنامەی “بدر”دا هاتووە: سەیرە مەسیحییەكان ئەم چەكە بەكاردەهێنن بۆ ئەوەی لە گەردەنی موسڵمانان بدەن، وە موسوڵمانانیش هاوكارییان دەكەن بۆ ئەوەی ملیان بپەڕێنرێت. (ڕۆژنامەی: “بدر” بەرگی2، ژمارە4، ژمارەی ڕێككەوتی: 26/1/1906ز لاپەڕە3] خۆیان هەڵیانگرتووە و بەكاری دەهێنن چونكە تێگەیشتنیان كەمە و عەقڵیان لاوازە، وە ئەم پرسە تا ئەم ڕادەیە زیانی گەیاندووە بە ئیسلام. بەڵام مایەی خۆشحاڵیە خوای گەورە لەكاتێكی گونجاودا موسوڵمانانی لێ ئاگاداركردەوە و چەكێكی پێدان بۆ شكاندنی خاچ كە نموونەی نیە، وە ئەم كۆمەڵەی دامەزراند بۆ پشتگیریكردن و بەكارهێنانی. لەسایەی فەزڵ و پشتگیری خوای گەورەوە چەكی مردنی مەسیح ئایینی خاچپەرستی لاواز كرد و سنووری دانا بۆ خێرا بڵاوبوونەوەكەی بە ڕادەیەك كە لە ئێستادا شاراوە نیە لە هیچ كەسێك. مەسیحیەكان و پشتیوانەكانیان چاك دەزانن ئەگەر گروپێك یان كۆمەڵێك هەبێت بتوانێت لەناویان ببات ئەوا ئەم كۆمەڵەیە نەك كۆمەڵێكی تر. لەبەرئەوە ئەوان ئامادەن بۆ تەحەدداكردنی هەر ئایین و مەزهەبێك بەڵام لەبەرامبەر ئەم كۆمەڵەدا ناتوانن ڕاوەستن. كاتێك بەڕێز قەشە “بیسهۆپ”مان بانگهێشت كرد بۆ بەربەرەكانێ و هەندێ ڕۆژنامەی ئینگلیزیش زۆر هانیاندا بۆ ئەم كارە بەڵام لەگەڵ ئەوەدا نەهاتە مەیدانەوە. هۆكارەكە ئەوە بوو ئێمە كۆمەڵێك چەكمان پێ دراوە بۆ ڕیشەكێشكردنی مەسیحیەت بە كەسی تر نەدراوە. وە یەكەمیان بریتیە لە خودی مردنی مەسیح. لەخودی خۆیدا مردنەكە ئامانجی داواكراو نیە، بەڵكو بۆیە جەختی لێدەكەینەوە چونكە ژیانی مەسیح چەكی دەستی مەسیحیەكانە كە زیان لە ئیسلام دەدات. لەبەرئەوە خوای گەورە ویستی ئەم هەڵەیە ڕاست بكاتەوە، وە بەوپەڕی گوڕوتینەوە ڕاستكرایەوە.
سەرەڕای ئەم ئامانجە، نەهێشتن و لابردنی كۆمەڵێك هەڵە و بیدعەی تریش كە دزەیان كردووەتە ناو ئیسلامەوە یەكێكە لە ئامانجە سەرەكیەكانی. وە لەڕاستیدا ئەگەر بوترێت جیاوازی نیە لەنێوان ئەم كۆمەڵە و موسوڵمانانی تردا ئەوا ئەم قسەیە لە كەمی تێڕامان و تێفكرینەوە سەرچاوەی گرتووە. بۆیە ئەگەر بیروباوەڕەكانی موسوڵمانانی ئێستا هەڵەیان تێدا نەبێت و ئەوانیش لەگەڵ ئەم كۆمەڵەكەدا وەك یەك وابن؛ ئەوا ئایا خوا بە هەوانتە ئەم كۆمەڵەی دامەزراند؟! ئەم بیركردنەوەیە بەدگۆییەكی گەورەیە بەرامبەر ئەم كۆمەڵە و بێ شەرمی و چاوقاییمیە دەرحەق بە خوا. چەندین جار خوای گەورە ڕوونی كردووەتەوە كە تاریكییەكی ئەنگوستەچاو باڵیكێشاوە بەسەر جیهاندا لەڕووی كردەوە و بیروباوەڕیشەوە. وە ئەو یەكتاپەرستیەی كە ژمارەیەكی زۆر لە پێغەمبەران هاتن بۆ دنیا بۆ ئەوەی دایبمەزرێنن و جێگیری بكەن و بەگوێرەی توانای خۆیان هەوڵیاندا و لەپێناویدا تێكۆشان ئەمڕۆ پەردەیەكی تاریك دایپۆشیوە و خەڵكی تووشی جۆرەها شیرك بوون. هەڵبەت پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی دنیاتان خۆشنەوێت، بەڵام ئەمڕۆ خۆشویستنی دنیا باڵیكێشاوە بەسەر هەموو دڵێكدا، وە دەبینی هەموو كەسێك نوقم بووە لە خۆشویستنی دنیادا. وە ئەگەر داوایان لێبكرێت هەوڵ بدەن لەپێناوی ئاییندا؛ ئەوا بەڕادەیەكی زۆر تووشی دوودڵی دەبن و هەزار پاساو دەهێننەوە. هەموو جۆرە خراپە و كردەوەیەكی پیس بە ڕێگەپێدراو لەقەڵەم دەدرێت و بە ئاشكرا جەخت دەكرێتەوە لەسەر جۆرەها كاری قەدەغەكراو، وە ئایین وەكو هەتیوێكی داماوی لێهاتووە. بۆیە ئەگەر لەم كاتە ناسكەدا پشتگیری ئیسلام نەكرایە و یارمەتی نەدرایە ئەوا چاوەڕێی چ كاتێك دەكرا بۆ ئەوەی یارمەتی بدرێت؟! ئیسلام تەنھا ناوەكەی ماوەتەوە. بۆیە ئەگەر لەم كاتەیشدا پارێزگاری نەكرایە لە ئایین ئەوا چ گومانێك لەوەدا هەبوو كە لەناودەچوو؟
ڕاستیتان پێ دەڵێم تەنھا لە كەمی تێگەیشتنەوەیە ئەگەر بگوترێت: جیاوازی چیە لەنێوان ئێمە و موسوڵمانانی تردا؟ ئەگەر شتەكە تەنھا یەك بابەت بوایە ئەوا پێویست نەبوو كە ئەم هەموو بارە قورسە هەڵبگیرێت، وە پێویست نەبوو كۆمەڵێك دروستبكرێت. چاك دەزانم خوای گەورە چەندین جار دووپاتی كردووەتەوە كە تاریكی ئەنگوستەچاو زاڵ بووە بەجۆرێك هیچ شتێك نابینرێت. ئەو یەكتاپەرستیەی ئێمە شانازیمان پێوە دەكرد و حەسوودی بە ئیسلام دەبرا لەسەری تەنھا لەسەر زماندا ماوەتەوە، وە ژمارەی ئەو كەسانە زۆر كەم بووەتەوە كە بەكردەیی و لەناخی دڵەوە باوەڕیان بە یەكتاپەرستی هەیە. پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرموویەتی دنیاتان خۆشنەوێت بەڵام تۆ دەبینیت هەموو دڵێك نوقم بووە لە خۆشەویستی دنیادا و ئیسلام وەك بێگانە و هەتیوی لێهاتووە. وە پێغەمبەر (ﷺ) زۆر بەڕاشكاوی فەرموویەتی: “خۆشویستنی دنیا سەرچاوەی هەموو هەڵە و تاوانێكە”. وتەیەكی چەندە پاك و خاوێن و ڕاستە! بەڵام ئەمڕۆ بڕوانن دەبینن هەموو كەسێك كەوتووەتەناو ئەم تاوانەوە. نەیارەكانمان لە ئاریەكان و مەسیحیەكان زۆر بەباشی ناوەڕۆكی ئایینی خۆیان دەزانن و لەگەڵ ئەوەدا دەیانەوێت دەستی پێوە بگرن. مەسیحیەكان بەباشی دەزانن بنەماكانی ئایینەكەیان و لق و پۆپەكانی ڕێكوپێك نین و بەخواكردنی مرۆڤێك كارێكی دروست نیە. وە فەلسەفە و زانستە سروشتیەكانیش لەم سەردەمەدا پێشكەوتوون، وە خەڵكیش بەباشی دەزانن مەسیح تەنھا مرۆڤێكی لاواز و دەستەوسان بووە و هیچ هێزێكی نەبووە لەسەرووی هێزی مرۆڤەكانی ترەوە. وە بەهیچ شێوەیەك ناگونجێت مرۆڤ ئەم زانستانە بخوێنێت و خۆی ئەزموونیان بكات و شارەزا بێت لە خاڵە لاوازەكانی مەسیح و دەستەوسانیەكەی كەچی لەگەڵ ئەوەدا باوەڕی وا بێت خوایە. نەخێر، ئەمە هەرگیز ناگونجێت.
لەڕاستیدا [لەدیدی مەسیحیەتدا] هاوەڵدانان بۆ خوا لە ئافرەتێكەوە دەستیپێكرد واتە: لە حەواوە كە پەیڕەوی فەرمانی شەیتانی كرد و فەرمانی خوای گەورەی پشتگوێ خست. وە ئافرەتان پشتگیری ئەم شیركە مەزنە دەكەن. لەڕاستیدا مەسیحیەت ئایینێكە فیترەتی مرۆڤ بەتەواوەتی ڕەتی دەكاتەوە، وە بەهیچ شێوەیەك قەبوڵی ناكات. ئەگەر خۆشەویستی دنیا نەبوایە ئەوا هەتا ئەمڕۆ كۆمەڵێكی زۆر لە مەسیحیەكان موسوڵمان دەبوون. هەندێ كەس لەناو مەسیحیەكاندا بەنهێنی موسوڵمان بوون و ئیسلامبوونی خۆیان شاردەوە بەڵام كاتی سەرەمەرگ وەسێتیان كرد و ئیسلامبوونی خۆیان ئاشكرا كرد. ئەو كەسانە پۆستی بەرزیان هەبوو. لە ژیانیاندا موسوڵمانبوونی خۆیان شاردەوە لەبەر خۆشەویستی دنیا بەڵام لەكۆتاییدا ناچاربوون ئاشكرای بكەن. پێم وایە ئیسلام ڕێگەی خۆی كردووەتەوە بۆ ناو ئەو دڵانە و بە بەردەوامی دەچێتە پێش بەڵام خۆشویستنی دنیا پەردەی داوە بەسەر دڵ و چاوی هەموو خەڵكیدا.
پوختەی قسە، ئەوە خۆشویستنی دنیایە كە بووەتە هۆی دووبەرەكی ناوخۆیی موسوڵمانان، چونكە ئەگەر تەنھا مەبەستیان ڕەزامەندی خوا بوایە ئەوا زۆر بەئاسانی دەیانزانی بیروباوەڕەكانی كام كۆمەڵ زیاتر ڕوون و ڕۆشنن و ئەو كۆمەڵەیان قەبوڵ دەكرد و یەكیاندەگرت. بەڵام ئێستا، كاتێك ئەم ئاژاوە و خراپەكارییە سەردەردەهێنێت بەهۆی خۆشویستنی دنیاوە ئیتر چۆن دەكرێت خەڵكانێكی وەك ئەو كەسانە بە موسوڵمان ئەژمار بكرێن لەكاتێكدا چاو لەخووڕەوشتی پێغەمبەر (ﷺ) ناكەن؟ خوای گەورە فەرموویەتی: {قُلْ إِنْ كُنْتُمْ تُحِبُّونَ اللَّهَ فَاتَّبِعُونِي يُحْبِبْكُمُ اللَّهُ} [آل عمران: 32]. بەڵام ئێستا خۆشویستنی دنیا خراوەتە پێش خۆشویستنی خوا و شوێنكەوتنی پێغەمبەرەوە (ﷺ). ئایا ئەمەیە شوێنكەوتنی پێغەمبەر (ﷺ)؟! ئایا پێغەمبەر (ﷺ) كەسێكی ماددی بوو؟! ئایا سووی دەخوارد؟! یان ئایا سستی دەنواند لە بەجێهێنانی فەرزەكاندا یان لە كاركردن بە فەرمانەكانی خوای گەورەدا؟! ئایا هیچ دووڕووییەك یان ڕووپاییەكی تێدا بوو (پەنا بەخوا)؟! ئایا فەزڵی دنیای دا بەسەر ئاییندا! دەی كەواتە بیربكەنەوە و ڕابمێنن.
مەبەست لە شوێنكەوتنی پێغەمبەر (ﷺ) ئەوەیە چاو لە خووڕەوشتەكانی (ﷺ) بكرێت، دوای ئەوە بڕوانن چۆن خوای گەورە بەڕێژەیەكی زۆر نیعمەت دەبارێنێت بەسەرتاندا. هاوەڵان چاویان لەو خووڕەوشتە كرد، دەی بڕوانن ئەوان لەكوێدا بوون و خوای گەورە ئەوانی گەیاندە كوێ! بەتەواوەتی دنیایان پشتگوێ خست و وازیانهێنا لە خۆشویستنی، وە هیوا و ئاواتەكانی خۆیان لەناوبرد. ئێستا بۆتان هەیە بارودۆخی خۆتان بەراورد بكەن بە بارودۆخی ئەوان، وە بڕوانن ئایا شوێن پێی ئەوانتان هەڵگرتووە؟ زۆر بەداخەوە خەڵكی لەم سەردەمەدا نازانن خوا چ شتێكی دەوێت لێیان. هەڵبەت خۆشویستنی دنیا، كە سەرچاوەی هەموو هەڵە و تاوانێكە، ڕۆڵەی زۆر كەسی لە خشتەبرد؛ بۆ نموونە ئەگەر كەسێك لە دادگادا ئامادە بێت ئەوا لەبەرامبەر چەند قروشێكدا هەرگیز شەرم ناكات لە شایەتیدانی درۆ. ئایا پارێزەرەكان هەموویان دەتوانن سوێند بخۆن كە ئەو شایەتانەی دەیانخەنەڕوو هەموویان ڕاستگۆن؟ ئەمڕۆ بارودۆخی دنیا زۆر تێكچووە، لەهەر كوێیەك دەڕوانن دەبینن كۆمەڵێك شایەتی درۆزن بەدرۆ شایەتی دەدەن. دیارە بەرزكردنەوەی داوای ساختە كارێكی سووك و ئاسانە! وە سڵناكەنەوە لەوەی بەدرۆ بەڵگەنامە دروست بكەن. هەر كاتێك دەربارەی بابەتێك قسە دەكەن خۆیان بەدووردەگرن لە قسەی ڕاست. كەواتە با كەسێك پرسیار بكات لەو كەسانە كە ئەم كۆمەڵە بە پێویست نازانن، ئایا ئەمە ئەو ئایینەیە كە پێغەمبەر (ﷺ) هێنای؟ هەڵبەت خوای گەورە درۆی ناوناوە پیسی و پۆخڵی و جەختی كردووەتەوە كە خەڵكی دووربكەونەوە لێی و فەرموویەتی: {فَاجْتَنِبُوا الرِّجْسَ مِنَ الْأَوْثَانِ وَاجْتَنِبُوا قَوْلَ الزُّورِ} [الحج: 31] واتە: درۆكردنی وەكو بتپەرستی لەقەڵەمداوە. كەواتە هەروەك چۆن كەسێكی گەوج سەری نەوی دەكات لەبەردەم بەردێكدا و وازدەهێنێت لە پەرستنی خوا، بەهەمان شێوە درۆزن درۆ دەكات بە بتێك بۆ هێنانەدی ئاواتەكانی و وازدەهێنێت لە ڕاستی و ڕاستگۆیی. لەبەرئەوە خوای گەورە درۆی وەك بتپەرسی لەقەڵەم داوە و باسی پەیوەندی نێوانیانی كردووە. كەواتە هەروەك چۆن كەسی بتپەرست بۆ ڕزگاربوونی خۆی پەنا بۆ بت دەبات بەهەمان شێوە درۆزنیش لەلایەن خۆیەوە درۆ دەكات بە بتێك و پێی وایە بەهۆیەوە ڕزگاری دەبێت. دۆخەكە چەندە پەست و نزمە! ئەگەر پێیان بوترێت: بۆچی ئەم بتە دەپەرستن؟ وازبهێنن لەم شتە پیسە، دەڵێن: چۆن وازیلێبهێنین، لەكاتێكدا بەبێ درۆ كارمان ناڕوات. چ بەدبەختییەك لەمە گەورەترە بەجۆرێك درۆكردن بە تەوەرەی ژیانی خۆیان ئەژمار دەكەن؟! بەڵام من پێتان دەڵێم و جەختی لێ دەكەمەوە كە ڕاستی لەكۆتاییدا سەردەكەوێت، وە خێر و سەركەوتن و بردنەوەی تێدایە.
بیرم دێت جارێكیان وتارێكم نارد بۆ ئەمریتسەر و نامەیەكیشم لەگەڵدا نارد بۆ ڕۆژنامەیەك بەناوی “وكیل هند” كە “ڕێلیا ڕام” دەریدەكرد. ناردنی نامەكەی منی بەم شێوازە بە پێچەوانەی یاسای پۆستكردن لەقەڵەمدا و لە دادگادا داوایەكیان بەرزكردەوە لەدژم. پارێزەرەكان پێیان گوتم هیچ ڕێگایەك نیە بۆ دەربازبوون جگە لە نكوڵیكردن لە ناردنی نامەكە، وەك ئەوەی دەربازبوون نەبێت بەبێ درۆكردن. بەڵام من ئەوەم پێ خۆش نەبوو بەڵكو گوتم: ئەگەر بەهۆی ڕاستگۆییەوە سزادرام ئەوا با سزا بدرێم بەڵام هەرگیز درۆناكەم. لەكۆتاییدا داواكە لەدادگادا لە دژم بەرزكرایەوە و بەرپرسی نووسینگەكانی پۆستە و گەیاندن وەك داواكار ئامادە بوو. كاتێك دەربارەی نامەكە پرسیارم لێ كرا زۆر بەڕاشكاوی گوتم: بەڵێ، ئەو نامەیە نامەی منە بەڵام لەگەڵ زەرفەكەدا ناردوومە و بە بەشێك لە وتارەكە لەقەڵەمم داوە. ئینجا دادوەرەكە لە بابەتەكە تێگەیشت و خوای گەورە بینایی پێدا. هەڵبەت بەرپرسی نووسینگەكانی پۆستە و گەیاندن زۆر پێداگری كرد لەسەر بابەتەكە بەڵام دادوەر گوێی لێ نەگرت و ڕێگەی بە من دا كە بڕۆم([2]).
چۆن قەبوڵی بكەم كە ئەگەر درۆ نەبێت ئەوا هیچ ڕێگاچارەیەك نیە و كاروبارەكان بەڕێكوپێكی بەڕێوەناچن؟! قسەی لەم شێوەیە ئەوپەڕی خورافیاتە. لەڕاستیدا دەبێت ڕاستی بگوترێت. هەر كاتێك ئەم ڕووداوەم بیردەكەوێتەوە چێژ و خۆشی لێ وەردەگرم؛ چونكە پەنای خوام هەڵبژارد ئەویش بەشێوەیەك پاراستمی كە بوو بە نیشانەیەك. {وَمَنْ يَتَوَكَّلْ عَلَى اللَّهِ فَهُوَ حَسْبُهُ} [الطلاق: 4].
بەدڵنیاییەوە بزانن هیچ شتێك وەكو درۆ شووم نیە. خەڵكی ماددەپەرست زۆرجار دەڵێن ڕاستگۆكان زیندانی دەكرێن. بەڵام چۆن ئەمە قەبوڵ بكەم؟ بەجۆرێك حەوت داوا لەدژم بەرزكرایەوە و لەسایەی فەزڵی خوای گەورەوە ناچارنەبووم یەك وشەی درۆ بنووسم. وە خوای گەورە لە هیچ یەكێك لەو داوایانەدا تووشی شكست و دۆڕانی نەكردم. بێگومان خوای گەورە پشتگیری كەسی ڕاستگۆ دەكات و لەلایەن خۆیەوە سەركەوتووی دەكات. ئایا دەكرێت خوا (عز وجل) ڕاستگۆ سزا بدات؟ ئەگەر ئەمە ڕووبدات ئەوا هیچ كەسێك لە جیھاندا ناوێرێت قسەی ڕاست بكات، وە باوەڕبوون بە خوا لە دنیادا نامێنێت و هەڵدەگیرێت، وە ڕاستگۆكان بە زیندوویی دەمرن.
لەڕاستیدا هەندێ كەس كاتێك سەرەڕای گوتنی ڕاستی سزا دەدرێن هۆكارەكەی ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە ڕاستییان گوتووە، بەڵكو دەگەڕێتەوە بۆ هەندێ تاوانی شاراوەی تریان یان دەگەڕێتەوە بۆ درۆیەكی تر چونكە خوای گەورە زنجیرەی تاوان و خراپەكانیان دەزانێت، واتە كۆمەڵێكی زۆر هەڵە و تاوانی تریان هەیە بۆیە لەسەر هەڵەیەك لەو هەڵانە سزا دەدرێن.
مامۆستاكەم سەید گوڵ عەلی شاه خەڵكی بەتالە بوو، وانەی دەگوتەوە بە “پارتاب سینگ كوڕی شێر سینگ”یش. جارێكیان باسی ئەوەی كرد كە شێر سینگ بە توندی لە چێشتلێنەرەكەی خۆی دا تەنها لەبەرئەوەی خوێی زۆر یان بیبەری زۆری كردبوویە ناو خواردنەكەوە، وە لەبەرئەوەی مامۆستاكە پیاوێكی سادە بوو پێی گوت ئەمڕۆ ستەمێكی گەورەت كرد. “شێر سینگ” گوتی: مامۆستا نازانێت پێشتر ئەم كەسە سەد مەڕی خواردووم. بەهەمان شێوە خراپیەكانی مرۆڤ پێشتر كەڵەكە دەبێت ئینجا لە هەڵوێستێكی تردا هێرش دەكرێتەسەری و سزا دەدرێت [لەڕۆژنامەی “بدر”دا هاتووە: “مرۆڤ لە هەڵوێستێكدا تاوانێك دەكات لە هەڵوێستێكی تردا بەهۆی ئەو تاوانەوە سزا دەدرێت.” (ڕۆژنامەی “بدر” بەرگی2، ژمارە6، لاپەڕە3 ڕێككەوتی 9/2/1906ز)]. وە ئەو كەسەی ڕاستگۆیی هەڵدەبژێرێت هەرگیز ناكرێت سووك و ڕسوا بێت چونكە خوا دەیپارێزێت، وە هیچ قەڵایەك نیە هاوشێوەی پاراستنی خوا قایم بێت. بەڵام كردەوەی ناتەواو سوودی نیە. ئایا كەسێك دەتوانێت بڵێت كاتێك تینوێتی زۆر دەهێنێت بۆ مرۆڤ یەك دڵۆپ ئاوی بەسە بۆ ئەوەی تێنوێتیەكەی بشكێت؟! یان دەكرێت كەسێك بە خواردنی دەنكێك یان پاروویەك تێر بێت كاتێك زۆر برسی بێت. نەخێر، هەرگیز تێر نابێت و تینوێتیەكەی ناشكێت ئەگەر ڕێژەیەكی پێویست نان نەخوات و ئاو نەخواتەوە. بەهەمان شێوە ئەگەر كردەوە نەگاتە ئاستی كەماڵی خۆی ئەوا بەرهەم نادات و ئەنجامی تەواوی نابێت. كردەوەی ناتەواو خوای گەورە ڕازی ناكات و بەرەكەتی نیە. هەڵبەت خوای گەورە بەڵێنی داوە بەگوێرەی ڕەزامەندی خۆی كردەوە ئەنجام بدەن ئەوسا بەرەكەتداری دەكات.
پوختەی قسە ئەوەیە خەڵكانی ماددی لەلایەن خۆیانەوە كۆمەڵێك بیروبۆچوون دادەڕێژن و دەڵێن درۆكردن و ساختەچێتی شتێكی ناچاریە. بۆ نموونە یەكێكیان دەڵێت: فڵان كەس لە كێشەیەكدا قسەی ڕاستی كرد چوار ساڵ زیندانی كرا. بەڵام من دووپاتی دەكەمەوە و دەڵێم: هەموو ئەم شتانە لەسەر گومان بنیادنراون و لە ئەنجامی نەبوونی زانیارییەوە دروست بوون. “هەوڵبدە بگەیتە چڵەپۆپەی كەماڵ و تەواویی بۆ ئەوەی لای هەموو خەڵكی خۆشەویست بیت”.
ئەمە هەمووی ئەنجامی ناتەواوییە، بەڵام هیچ شتێك وەكو تەواویی و كەماڵ بەرهەم نادات. ئەگەر كەسێك پینەیەكی دا لە شوێنێكی دڕاوی عەبا ئەستوورە تەقلیدیەكەی ئەوا هەرگیز بەمە نابێت بە خەیات و ئەم كارە هەرگیز پێویستی ناكات كە بتوانێت بەرگێكی حەریری كەشخەیش بە جوانی بدوورێت. ئەگەر ئەم جۆرە قوماشەی پێ بدرێت بۆ ئەوەی بیدوورێت ئەوا لە ئەنجامدا بەتەواوەتی خراپی دەكات. كەواتە، چاكەیەك پیسی تێكەڵ بێت سوودی نیە و بایەخی نیە لای خوای گەورە، بەڵام خەڵكی خۆیان هەڵدەكێشن پێوەی و دەیانەوێت بەهۆیەوە ڕزگاریان بێت. خوای گەورە بچوكترین كردەوەی چاك بەفیڕۆنادات ئەگەرچی بەئەندازەی كێشی گەردیلەیەك بێت ئەگەر دڵسۆزی بەدیكرا. خوای گەورە خۆی فەرموویەتی: {فَمَنْ يَعْمَلْ مِثْقَالَ ذَرَّةٍ خَيْرًا يَرَهُ}، ئیتر بۆچی مرۆڤ بەروبووم بەدەستناهێنێت لەگەڵ ئەوەی بەم ڕادەیە كاری چاك دەكات؟ هۆكارەكە ئەوەیە كە دڵسۆزی تێدا نیە. دڵسۆزی و دڵپاكی مەرجن بۆ وەرگرتنی كردەوە وەك خوای گەورە دەفەرموێت: {مُخْلِصِينَ لَهُ الدِّينَ} [الزلزلة: 8]. وە ئەم جۆرە دڵسۆزیە لە دۆستانی خوادا هەیە. [ڕۆژنامەی “الحكم” بەرگی 10، ژمارە: 17/5/1906ز لاپەڕە: 4، 5]
كەواتە خەڵكانێكی لەم شێوەیە دەبن بە دۆستی خوا و هیچ پەیوەندییەكیان نامێنێت بەم جیهانەوە. وە هەموو كردەوەیەكیان بەگوێرەی دڵسۆزی و لێوەشاوەیی ئەنجام دەدەن. بەڵام خەڵكی دنیا دۆخیان وەهایە كە ستایش و پیاهەڵدانیان دەوێت لەسەر خێر و سەدەقەیش. وە ئەگەر كەسێك كۆمەكی ببەخشێت بۆ پرۆژەیەكی چاك چاوەڕوانی ئەوە دەكات لە ڕۆژنامەكاندا سوپاس بكرێت و خەڵكی ستایشی بكەن. كەواتە ئەم جۆرە چاكەیە چ پەیوەندییەكی هەیە بەخوای گەورەوە؟ خەڵكانێكی زۆر هەن كاتێك هاوسەرگیری دەكەن خواردن دەدەن بە خەڵكی هەموو گوندەكە بەڵام نەك لەبەر خاتری خوا بەڵكو بۆ ڕیایی و بۆ ئەوەی ستایشیان بكرێت. ئەگەر ڕیای تێدا نەبوایە و ئەم كردارەیان تەنھا لەبەر سۆز و بەزەیی بوایە بۆ دروستكراوانی خوا و تەنھا لەبەر خاتری خوا بوایە؛ ئەوا دەبوون بە دۆستی خوا. بەڵام كاتێك هیچ پەیوەندییەكی بە خواوە نیە ئەوا هیچ كاریگەرییەكی باش و پیرۆز تێیدا دروست نابێت.
چاك بزانن ئەو كەسەی بۆ خوا بێت خوایش بۆ ئەو دەبێت. وە هیچ كەس ناتوانێت خوای گەورە فریو بدات. ئەگەر كەسێك وا بیربكاتەوە كە دەتوانێت بە ڕیا و ساختەچێتی خوا بخەڵەتێنێت ئەوا ئەمە ئەوپەڕی گەمژەیی و گەوجێتیە لەلایەن ئەو كەسەوە، بگرە خۆی كەسێكی فریوخواردووە. جوانی و ڕازاوەیی و خۆشویستنی دنیا بناغەی هەموو تاوان و خراپەیەكە، مرۆڤ لەم ڕازاوەیی و جوانیەدا كوێر دەبێت و لە سنووری مرۆیی دەردەچێت و نازانێت چی دەكات و پێویستە لەسەر چی بكات. مادام مرۆڤی ژیر بە فێڵی هیچ كەس فریونادرێت ئیتر چۆن دەكرێت خوا فریوبدرێت؟ بەڵام بنەڕەتی ئەم كردەوە خراپانە خۆشویستنی دنیایە، كەواتە ئەو تاوانە گەورەیەی كە بووەتە هۆی فەوتانی موسوڵمانان، وە دەبینیت هەموویان تێوەی گلاون، تەنها بریتیە لە خۆشویستنی دنیا. ئەمە گەورەترین خەم و خەفەتیانە لەكاتی هەستان و دانیشتن و خەوتن و بێداریدا بەڵكو لەهەموو ساتێكی شەو و ڕۆژدا و ئاوڕنادەنەوە لەو كاتەی كە دەخرێنەناو گۆڕەوە. ئەگەر لە خوا بترسانایە و بچوكترین داخ و خەفەتیان هەبوایە لەپێناوی ئاییندا ئەوا زۆر سوودمەند دەبوون. سەعدی لە دێڕە شیعرێكی فارسیدا دەڵێت كە ئەمە ماناكەیەتی: “ئەگەر وەزیر لە خوا (سبحانه وتعالى) بترسایە وەك چۆن لە پاشا دەترسێت ئەوا وەكو فریشتەی لێدەهات”.
فەرمانبەرەكان چوست و چالاكیی بەرچاو دەنوێنن لە كارەكەیاندا لەپێناوی فەرمان و پیشەیەكی سادەدا بەڵام كە كاتی نوێژ دێت سست و خاودەبنەوە تەنھا لەبەرئەوەی ئاوەكە ساردە. بۆچی ئەم جۆرە شتانە ڕوودەدەن؟ چونكە گەورەیی و شكۆی خوا لە دڵەكاندا نیە. ئەگەر كەمێك شكۆ و گەورەیی خوا و بیركردنەوە لە مردن و یەقین لە دڵەكاندا هەبوایە ئەوا هەموو سستی و بێ ئاگاییەك نەدەما. لەبەرئەوە پێویستە گەورەیی خوا لە دڵەكاندا جێگیر و ڕەگداكوتاو بكەن و هەمیشە لێی بترسن. دیارە پەلاماری خوا توندوتیژە. ڕاستە لێخۆشبوونی هەیە و چاوپۆشی دەكات بەڵام كاتێك پەلاماری كەسێك دەدات بەتوندی پەلاماردەدات تەنانەت: {وَلَا يَخَافُ عُقْبَاهَا} [الشمس: 16]، واتە ئەو كاتە خوای گەورە گوێنادات بەوەی بارودۆخی كەسانی دوای سزاكە چۆن دەبێت. بەپێچەوانەوە ئەوانەی لە خوا دەترسن و گەورەیی و شكۆكەی جێگیردەكەن لەدڵیاندا خوای گەورە ڕێزیان لێ دەگرێت و دەبێتە قەڵغانێك بۆیان. لە فەرموودەدا هاتووە: “ئەو كەسەی بۆ خوا بوو خوایش بۆ ئەو دەبێت”. بەڵام زۆر بەداخەوە ئەو كەسانەی كە ئاگادارن لەم بابەتەیش و دەیانەوێت بێن بۆ لای خوا زۆربەیان دەیانەوێت دەستبەجێ ئەنجامی كارەكانیان دەربكەوێت. ئەو كەسانە نازانن تا چ ڕادەیەك ئارامگرتن و خۆڕاگری و كۆڵنەدان لە كاروبارەكانی ئاییندا پێویستە! لەمە سەیرتر ئەوەیە ئەو دنیایەی كە خەریكە لەپێناویدا بمرن و شەو ڕۆژ هەوڵی بۆ دەدەن ساڵانێكی درێژ چاوەڕوانی دەكەن بۆ جێبەجێ بوونی كارێك كە پەیوەستە پێوەی. جووتیار پاش چاندنی تۆو چەندە چاوەڕوانی دەكات؟! بەڵام كاتێك دێتە سەر كاروباری ئایین دەڵێن: بە یەك هەناسە بمانكەن بە ئەولیای خوا، وە دەیانەوێت لە یەكەم ڕۆژدا بگەنە عەرش، لەگەڵ ئەوەی لەم ڕێگەیەدا هیچ هەوڵێكیان نەداوە و تووشی هیچ ناڕەحەتی و تاقیكردنەوەیەك نەبوون.
بە باشی بیربكەنەوە ئەمە سوننەت و یاسای خوا نیە، بەڵكو لێرەدا پێشكەوتن پلە بە پلە ڕوودەدات. خوای گەورە تەنھا بە قسە دڵخۆش نابێت كە بڵێین موسوڵمانین یان باوەڕدارین. خوای گەورە دەفەرموێت: {أَحَسِبَ النَّاسُ أَنْ يُتْرَكُوا أَنْ يَقُولُوا آمَنَّا وَهُمْ لَا يُفْتَنُونَ} [العنكبوت: 3]. هەڵبەت پێچەوانەی سوننەتی خوایە كەسێك بە یەك هەناسە ببێت بە ئەولیای خوا. ئەگەر سوننەتی خوا بەم شێوەیە بوایە ئەوا پێغەمبەر (ﷺ) ئەو كارەی دەكرد و بە یەك هەناسە ئەو هاوەڵانەی خۆی دەكرد بە ئەولیای خوا كە خۆیان كرد بە قوربانی لەپێناویدا، وە تووشی تاقیكردنەوەی نەدەكردن تاكو گەردنیان بپەڕێنرێت، وە خوای گەورە دەربارەیان نەیدەفەرموو: {فَمِنْهُمْ مَنْ قَضَى نَحْبَهُ وَمِنْهُمْ مَنْ يَنْتَظِرُ وَمَا بَدَّلُوا تَبْدِيلًا} [الأحزاب: 24]
كەواتە مادام بەدەستهێنانی دنیایش بەبێ هەوڵ و ماندووبوون و گیروگرفت نابێت و ئەستەمە، بۆیە دەبێت ئەو كەسە چەندە گەمژە بێت كە پێی وایە ئایین شتێكە بە ئاسانی دەستدەكەوێت بە بێ هەوڵ و ماندووبوون! ڕاستە ئایین سادە و ئاسانە، بەڵام هەموو نیعمەتێك ناڕەحەتی و ماندووبوونێكی دەوێت، لەگەڵ ئەوەدا ئیسلام هیچ ناڕەحەتییەكی نەسەپاندووە. بۆ نموونە هیندۆسەكان، ڕاهیبەكانیان خۆیان تووشی ناڕەحەتی و ماندووبوونێكی زۆر دەكەن تەنانەت هەندێكیان هیچ هێز و توانایان نامینێت و پشتیان لاواز دەبێت! هەیانە نینۆك درێژدەكاتەوە، هەروەها ڕەبەنایەتی لە ئایینی مەسیحیەتیشدا بەم جۆرەیە. بەڵام ئیسلام نافەرموێت ئەم كارانە بكەن، بەڵكو فێرمان دەكات كە: {قَدْ أَفْلَحَ مَنْ زَكَّاهَا} [الشمس: 10] واتە ئەو كەسەی دەروونی خۆی خاوێنكردەوە ڕزگاری بووە، وە ئەو كەسەی خۆی بەدوورگرت لە هەموو جۆرە بیدعە و تاوان و خراپەیەك و لەبەر خاتری خوا وازیهێنا لە حەز و ئارەزووەكان و سەرجەم چێژ و خۆشیە دەروونیەكان و لەپێناوی خوادا خۆی تووشی ناڕەحەتی و ئازار كرد ئەوا ڕزگاری بووە. كەواتە ئەو كەسەی خوا هەڵدەبژێرێت و وازدەهێنێت [لە ڕۆژنامەی “بدر”دا هاتووە: “ئەو كەسەی ئایینی هەڵبژارد ئەوا گەیشتووە بە خوا. پێویستە دەروون یەكسان بكرێت بە خۆڵ، وە فەزڵی خوا بدرێت بەسەر هەموو شتێكدا. ئەمە پوختەی ئایینە. پێویستە لەسەر مرۆڤ وازبهێنێت لە هەموو ڕەفتارێكی هەڵە و نەشیاو، ئەوسا دەگات بە دیداری خوای گەورە”. (ڕۆژنامەی “بدر” بەرگی2، ژمارە6، لاپەڕە3، ژمارەی ڕێككەوتی: 9/2/1906ز)] لە دنیا و دیمەنە فریودەرەكانی لەڕاستیدا ڕزگاری بووە. پاشان خوای گەورە دەفەرموێت: {وَقَدْ خَابَ مَنْ دَسَّاهَا} [الشمس: 11] واتە: ئەو كەسەی نەفسی خۆی پیس كرد و باوەشی كرد بە زەویدا ئەوە دۆڕاوە و زیانبار بووە. وا دەردەكەوێت وەك ئەوەی هەموو فێركاریەكانی ئیسلام تەنها لەم ئایەتەدا كورت بووبێتەوە كە لێیەوە دەردەكەوێت چۆن دەكرێت مرۆڤ بگات بە خوای گەورە. لەڕاستیدا ناكرێت مرۆڤ بگات بەخوای گەورە ئەگەر وازنەهێنێت لە خراپ بەكارهێنانی هێز و بەهرە مرۆییەكانی. ئەگەر دەتانەوێت ڕزگارتان بێت لە پیسی و پۆخڵیەكانی دنیا و بگەن بەدیداری خوا ئەوا وازبهێنن لەم چێژ و خۆشییانە، ئەگینا: “خوات دەوێت، وە باوەشت كردووە بە دنیای نزمیشدا، ئەمە ئەوپەڕی خەیاڵە و ئەستەمە و شێتیە.”
لەڕاستیدا خراپە و گوناه لە فیترەتی مرۆڤدا نیە و لە بنەڕەتدا خراپە بوونی نیە، بەڵكو خراپە و گوناه بەهۆی خراپ بەكارهێنانی غەریزە سروشتیەكانەوە پەیدا دەبێت. بۆ نموونە ڕیا، ئەمیش لە خودی خۆیدا كارێكی خراپ نیە. ئەگەر كەسێك تەنھا لەبەر خاتری خوا بە ئاشكرا و لەبەر چاوی خەڵكیدا كارێك بكات بۆ ئەوەی خەڵكانی تریش هانبدات بۆ كردنی ئەو كارە چاكە ئەوا ئەمە كارێكی چاكە.
ڕیا دوو جۆرە، یەكەم: بۆ بەرژەوەندیەكی دنیایی بێت. بۆ نموونە كەسێك نوێژ بكات و لەم كاتەدا كەسێكی گرنگ بێت بۆ ئەو شوێنە، وە لەبەرخاتری ئەم كەسە گرنگە نوێژەكەی درێژ بكاتەوە. هەندێ خەڵكی بەم جۆرە بارودۆخانە زۆر كاریگەر دەبن و پێی دڵخۆش دەبن. ئەمەش جۆرێكە لە ڕیا كە خاوەنەكەی لە هەموو كات و ساتێكدا نایكات بەڵكو لەكاتێكی دیاریكراودا دەیكات، هەروەك چۆن مرۆڤ تەنھا كاتی برسێتی نان دەخوات یان كاتی تینوێتی ئاو دەخواتەوە. بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر كەسێك لەبەر خاتری خوا نوێژەكەی درێژ بكاتەوە و وەك چۆن پێویستە ئەنجامی بدات ئەوا ئەم جۆرە ڕیایە تاوان نیە بەڵكو هۆكارێكە بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خوای گەورە. بەكورتی، ڕیایش كات و شوێنی خۆی هەیە، مرۆڤ بوونەوەرێكە گوێ بەو خەوش و ناتەواویانەی خۆی نادات كە بەلایەوە بچووك و كەم بایەخن. بۆ نموونە كەسێك خۆی بە كەسێكی زۆر خۆپارێز و بەتەقوا لەقەڵەم دەدات، ئەگەر بە تەنها بەڕێگایەكدا ڕۆشت و كەسی لەگەڵدا نەبوو، و توورەكەیەك گەوهەری بەنرخی دۆزیەوە و لەدڵی خۆیدا گوتی: كەس نام بینێت. ئەگەر لەم دۆخەدا هەڵپەی بۆ نەكرد و هەڵی نەگرتەوە و هەستیكرد ئەمە موڵكی كەسێكی ترە، ئەوا ئەم كەسە لەڕاستیدا كەسێكی پاك و خۆپارێزە. بەڵام ئەگەر ئەو بانگەشەیەی كە دەیكات تەنھا زارەكی بێت ئەوا لەو كاتەدا حەقیقەتی كەسەكە دەردەكەوێت و توورەكەكە هەڵدەگرێتەوە بۆ خۆی.
بەهەمان شێوە ئەگەر كەسێك بە ڕیاكار دانەنرێت ئەوا كاتێك ئەمە دەچەسپێت كە دەرفەتێكی گونجاوی بۆ هەڵكەوێت و ڕیا نەكات. بەڵام وەك كەمێك لەمەوپێش گوتم هەندێ عادەت لەهەندێ بارودۆخی دیاریكراودا بە چاكە ئەژمار دەكرێن. بۆ نموونە مرۆڤ نوێژەكەی بە جەماعەت دەكات، ئەمەش جۆرێكە لە خۆدەرخستن. ئەگەر مەبەست لەم خۆدەرخستنە تەنھا ئەوە بێت خەڵك بیبینێت ئەوا بێگومان ڕیایە، بەڵام ئەگەر مەبەست لێی گوێڕایەڵی خوا و پێغەمبەرەكەی بێت ئەوا نیعمەتێكی گەورەیە و تەواو جیاوازە. كەواتە لە مزگەوتەكاندا و لە ماڵەكانیشتاندا نوێژ بكەن. بەهەمان شێوە ئەگەر كۆمەكی و بەخیشن لە شوێنێكدا كۆكرایەوە بۆ ئیسلام، وە كەسێك بینی خەڵكی بێدەنگ و قوڕوقەپن و ئاوڕنادەنەوە لە بابەتەكە ئەمیش پێش كەسانی تر كۆمەكی ببەخشێت بۆ ئەوەی ئەوانی تریش غیرەت بیانگرێت، ئەوا ئەمەش لە ڕواڵەتدا ڕیایە بەڵام مایەی دەستكەوتنی پاداشتی خێرە. خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: {وَلَا تَمْشِ فِي الْأَرْضِ مَرَحًا} [لقمان: 19]، لەلایەكی ترەوە لە فەرموودەوە چەسپاوە كەسێك لەكاتی جەنگدا بە خۆبادانەوە ڕۆيشتووە، پێغەمبەر (ﷺ) بینیویەتی و فەرموویەتی: خوای گەورە ئەم كردەوەیەی خۆشناوێت بەڵام لەم بارودۆخەدا خۆشیدەوێت. كەواتە ئەگەر ڕەچاوی بارودۆخ نەكەیت ئەوا زەندیقیت.
پوختەی قسە ئەوەیە ڕەوشتێكی دیاریكراو لە بارودۆخێكدا مرۆڤ دەكات بە باوەڕدار و هەمان ڕەوشت لە بارودۆخێكی تردا دەیكات بە بێ باوەڕ. هەڵبەت پێشتر گوتم لەخودی خۆیدا هیچ ڕەوشتێك خراپ نیە بەڵكو بەكارهێنانی خراپ و نادروست ڕەوشتەكە خراپ دەكات.
دەربارەی تووڕەبوونی عومەر (رضي الله عنه) هاتووە كە كەسێك لەم بارەیەوە پرسیاری لێ كردووە و گوتوویەتی تۆ بەخێرایی و بەتوندی تووڕە دەبوویت پێش ئیسلام؟ ئەویش گوتوویەتی: تووڕەبوونەكە وەكو خۆی ماوەتەوە، بەڵام پێشتر لە شوێنی خۆیدا دەرنەدەكەوت بەڵام ئێستا لە شوێنی خۆیدا دەردەكەوێت. كەواتە ئیسلام ئەوە فێری مرۆڤ دەكات كە هەموو بەهرە و تواناكان لە شوێنی گونجاوی خۆیاندا بەكاربهێنێت. كەواتە هەوڵ مەدەن هێز و تواناكانی خۆتان پەك بخەن بەڵكو فێربن بە دروستی بەكاریان بهێنن. ئەو فێركاریە پووچە كە دەڵێت ئەگەر كەسێك زللـەیەكی دا لە ڕوومەتێكت ئەوا ئەوی تریشی بۆ وەربگێڕە با زللـەی لێ بدات. دەكرێت ئەم فێركارییە وەك یاسایەك تایبەت بوو بێت بە شوێنێك یان كاتێكی دیاریكراوەوە، بەڵام ناكرێت هەمیشەیی بێت و بە بەردەوامی كاری پێ بكرێت چونكە مرۆڤ وەك درەختێكی خاوەن لق و پۆپ وایە؛ ئەگەر تەنھا بایەخ بدرێت بە یەك لقێكی ئەوا لقەكانی تری لەناودەچن. وە خەوش و ناتەواوی لەم فێركاریەی ئایینی مەسیحیەتدا تەواو ڕوون و ئاشكرایە. چۆن دەكرێت لەڕێگەی ئەم فێركارییەوە هێز و تواناكانی مرۆڤ گەشە بكەن و پەروەردە بن؟ ئەگەر هەمیشە لێخۆشبوون باشترین ڕەوشت بێت ئەوا بۆچی لە بنەڕەتدا مرۆڤ هێزی تۆڵەكردنەوەی پێ دراوە؟ پاشان بۆچی كار بەم فێركاریی لێخۆشبوونە ناكرێت؟ لەبەرامبەردا فێركاری تەواو و بێكەموكوڕی ئەوەیە كە لە قورئانی پیرۆزدا هەیە، وە لەڕێگەی پێغەمبەری ئازیزەوە (ﷺ) پێمان گەیشتووە كە بریتیە لە: {وَجَزَاءُ سَيِّئَةٍ سَيِّئَةٌ مِثْلُهَا فَمَنْ عَفَا وَأَصْلَحَ فَأَجْرُهُ عَلَى اللَّهِ} [الشوری: 14]
زۆر بە ئاشكرا لەمەوە دەردەكەوێت كە قورئانی پیرۆز نایەوێت هەرگیز مرۆڤ بەرهەڵستی شەڕ نەكات و بەهیچ شێوەیەك تۆڵە نەكاتەوە، بەڵكو ویستی خوای گەورە ئەوە دەخوازێت كە مرۆڤ هەمیشە ڕەچاوی بارودۆخی گونجاو بكات و تەماشا بكات ئایا بارودۆخەكە لێبوردن و چاوپۆشی دەخوازێت یان تۆڵەكردنەوە. ئەگەر حیكمەت ئەوەی خواست تۆڵە بكاتەوە ئەوا با سزای تاوانبار بدات بەو ئەندازەیەی كە پێویستە. وە ئەگەر دۆخەكە لێخۆشبوونی دەخواست ئەوا با بیرۆكەی سزا و تۆڵەكردنەوە پشتگوێ بخات.
ئەمە ئەو خاسیەتەیە كە لەم فێركارییەدا هەیە و ڕەچاوی هەموو لایەنەكان دەكات. بۆیە ئەگەر هەموو كەسێكی بەدكار و بێشەرم وەكو خۆی وازی لێبهێنرێت بە پەیڕەوكردنی فێركاری ئینجیل ئەوا ئاژاوە و پشێوی و ستەم باڵدەكێشێت بەسەر دنیادا. بۆیە پێویستە لەسەرتان هەمیشە گرنگی بدەن بەم بابەتە و پێتان وا نەبێت هێز و تواناكانتان هەموویان مردوون، بەڵكو هەوڵ بدەن و تێبكۆشن هەمیشە لە شوێنی خۆیاندا بەكاریان بهێنن. لە فێركاری ئیسلامیدا وێنەی هەموو هێز و توانا مرۆییەكان كێشراوە. بەڵام بەداخەوە بۆ ئەو كەسانەی گوێ دەگرن لە قسەی فریودەری مەسیحیەكان و پێی سەرسام دەبن و وازدەهێنن لە نیعمەتە هەرە مەزنەكە، واتە ئیسلام. ڕاستگۆ لە هەموو بارودۆخێكدا بەسۆز و شیرین نیە لای كەسانی تر بەڵكو وەكو دایك وایە كە هەمیشە شیرینی نادات بە مناڵەكەی بەڵكو بەگوێرەی داخوازی بارودۆخ دەرمانی تاڵیشی پێ دەدات. ئەم دۆخە پیادە دەبێت بەسەر موسڵیحی ڕاستگۆدا. ئەمە ئەو فێركاریەیە كە لەهەموو لایەنەكانەوە بەرەكەتدارە. بێگومان خوای گەورە ڕاستگۆیە. مەسیحیەكانیش باوەڕیان هەیە بە خوای ئێمە و ناچارن باوەڕبهێنن بە هەموو ئەو سیفەتانەی خوا كە ئێمە باوەرمان پێیان هەیە. قەشە “فوندار” لە كتبێكیدا ئەم پرسیارە دەكات: ئەگەر دوورگەیەك هەبێت بانگەوازی مەسیحیەتی پێ نەگەیشتبێت ئەوا دانیشتوانەكەی لە ڕۆژی قیامەتدا چۆن لێپرسینەوەیان لێ دەكرێت؟ پاشان خۆی وەڵام دەداتەوە كە ئەوان پرسیاریان لێ ناكرێت ئایا باوەڕتان بە یەسووع و كەفارەتەكەی هەبوو یان نا؟ بەڵكو پرسیاریان لێ دەكرێت: ئایا باوەڕتان بەو خوایە هەیە كە یەكە و هیچ هاوبەش نیە و خاوەنی كۆمەڵێك سیفەتە كە لە ئایینی ئیسلامدا باسكراون؟
خوای ئیسلام خوایەكە كە ئەو كەسەیش لە چوڵەوانی و بیابانەكاندا دەژی ناچارە بەسروشتی خۆی باوەڕی پێ بهێنێت. ناخ و ویژدان و نووری دڵی هەركەسێك شایەتی دەدەن بۆی. هەڵبەت موسوڵمانانی هاوچەرخ ناوەڕۆكی ئەم ئیسلامە و ئەو فێركاریە ڕاستەقینەیان لەبیركردووە كە بەدرێژی باسمكرد. ئەركی من بریتیە لەوەی جارێكی تر ئەم فێركاریە بچەسپێنم. ئەمە ئەو ئامانجە مەزنەیە كە لەپێناویدا هاتووم.
سەرەڕای ئەو ئامانجەی ئێستا باسمكرد كۆمەڵێك هەڵەی تریش هەیە لە زانست و بیروباوەڕدا كە بڵاوبوونەتەوە لەناو موسوڵماناندا، ئەركی ئێمە لابردن و نەهێشتنیانە. بۆ نموونە ئەو كەسانەی باوەڕیان وایە كە عیسا و دایكی پاك و بێگەردن لە دەستلێدانی شەیتان بەڵام جگە لەو دوو كەسە كەسی تر بەم شێوەیە نیە، پەنا بە خوا. ئەمە هەڵەیەكی ئاشكرایە بگرە كوفرە، وە بەدناوكردنێكی گەورەی تێدایە بۆ پێغەمبەر (ﷺ). ئەو كەسانەی كە لەلایەن خۆیانەوە ئەم جۆرە بیروباوەڕانە دروست دەكەن و بەمەش ناوبانگی ئیسلام خراپ دەكەن هیچ غیرەتیان نیە، وە تەواو دوورن لە ئیسلامەوە. ڕاستی بابەتەكە بەم جۆرەیە: لە قورئانی پیرۆزەوە دەچەسپێت كە لەدایكبوون دوو جۆرە. یەكێكیان لەڕێگەی دەستلێدانی ڕۆحی پیرۆزەوە دەبێت و ئەوی تریان لەڕێگەی دەستلێدانی شەیتانەوە دەبێت. مناڵی كەسانی پیاوچاك و بەتەقوا لەڕێگەی دەستلێدانی ڕۆحی پیرۆزەوە لەدایك دەبن. بەڵام ئەو مناڵانەی بەهۆی خراپەكاریەوە لەدایك دەبن لەڕێگەی دەستلێدانی شەیتانەوە لەدایك دەبن. هەموو پێغەمبەران لەڕێگەی دەستلێدانی ڕۆحی پیرۆزەوە لەدایك بوون. بەڵام لەبەرئەوەی جوولەكە ڕەخنەیان گرت لە عیسا (عليه السلام) و گوتیان بەهۆی زیناوە لەدایك بووە، پەنا بە خوا، وە لە ئەنجامی پەیوەندی ناشەرعی مەریەم لەگەڵ سەربازێكدا بەناوی “پێندارا”وە لەدایك بووە و لەدایكبوونەكەی لەڕێگەی دەستلێدانی شەیتانەوە بووە بۆیە خوای گەورە شایەتیدا بۆی بۆ ئەوەی ئەم تۆمەتە قێزەونەی لێ بكاتەوە و فەرمووی لەدایكبوونەكەی لەڕێگەی دەستلێدانی ڕۆحی پیرۆزەوە بووە. بەڵام لەبەرئەوەی ڕەخنەیەكی لەم جۆرە ئاراستەی پێغەمبەری ئازیزمان (ﷺ) و پێغەمبەرانی تر نەكراوە بۆیە پێویست نەبوو ئەم بابەتە ڕابگەیەنرێت لەبارەی ئەوانیشەوە.
باوك و دایكی گەورەمان پێغەمبەری خوا (ﷺ) -عەبدوڵڵا و ئامینە- هەر لەسەرەتاوە ڕێز و شكۆیان هەبوو، وە هەرگیز ئەم جۆرە بیرۆكەیە نەهاتووە بە دڵی هیچ كەسێكدا. بەڵام ئەو كەسەی لە دادگادا تۆمەتبار كراوە پێویستی شایەتیدان هەیە بۆئەوەی تۆمەتەكەی لەسەر لابچێت، بەڵام ئەو كەسەی تۆمەتبار نەكراوە پێویستی بە شایەتیدانێكی لەم جۆرە نیە.
هەروەها هەڵەیەكی تر هەیە كە برەوی هەیە لەناو موسوڵماناندا ئەویش دەربارەی میعراجە. باوەڕمان بەوە هەیە پێغەمبەر (ﷺ) میعراجی پێ كراوە. بەڵام باوەڕی هەندێ خەڵك كە میعراج تەنها خەوێكی ئاسایی بووە باوەڕێكی ڕاست نیە. هەروەها ئەو كەسانەی باوەڕیان وایە پێغەمبەر (ﷺ) بە جەستە ماددیەكەیەوە بەرزكراوەتەوە بۆ ئاسمان باوەڕی ئەمانیش هەڵەیە. بەڵكو ڕاستی و باوەڕی دروست ئەوەیە كە میعراج كەشفێك بووە بە بوون و قەوارەیەكی نوورانیەوە. بوون و قەوارەیەك هەبووە بەڵام نوورانی بووە، لە دۆخی بێداریدا بووە بەڵام بێدارییەكی كەشفی و نوورانی كە خەڵكی ئەم دنیایە لێی تێناگەن مەگەر ئەو كەسانەی ئەو دۆخەیان بەسەردا هاتبێت. جوولەكە داوای موعجیزەی بەرزبوونەوەیان كرد لە پێغەمبەر (ﷺ) بۆ ئاسمان بە جەستەی ماددی و دۆخی بێداریدا، بەڵام قوئانی پیرۆزدا بەم شێوەیە وەڵامیدانەوە: {قُلْ سُبْحَانَ رَبِّي هَلْ كُنْتُ إِلَّا بَشَرًا رَسُولًا} [الإسراء: 94]. واتە پەروەدگاری من پاك و بێگەردە لەم جۆرە كارانە، وە من تەنھا مرۆڤێكی پێغەمبەرم. هەرگیز مرۆڤەكان بەم شێوەیە نافڕن و بەرزنابنەوە بۆ ئاسمان، لە كۆنەوە ئەمە سوننەتی بەردەوامی خوا بووە.
هەڵەیەكی تری باو هەیە لەناو زۆربەی موسوڵماناندا كە ئەوەیە فەرموودە دەخەنە پێش قورئانی پیرۆزەوە، لەگەڵ ئەوەی ئەم باوەڕە تەواو هەڵەیە. لەڕاستیدا قورئانی پیرۆز لە پلەی یەقیندایە بەڵام فەرموودە لە پلەی گوماندایە. فەرموودە دادوەر نیە بەسەر قورئانەوە بەڵكو قورئان دادوەرە بەسەر فەرموودەوە، بەڵام فەرموودە شیكەرەوەی قورئانی پیرۆزە بۆیە پێویستە لە شوێنی شایستەی خۆیدا دایبنێین. باوەڕبوون بە فەرموودە پێویستە بەو مەرجەی پێچەوانەی قورئان نەبێت و هاوڕای بێت. ئەگەر دژ و پێچەوانەی قورئان بوو ئەوا فەرموودە نیە بەڵكو قسەیەكی ڕەتكراوەیە. بەڵام فەرموودە پێویستە بۆ تێگەیشتن لە قورئانی پیرۆز. بێگومان فەرمانەكانی خوای گەورە كە لە قورئانی پیرۆزدا دابەزیون پێغەمبەر (ﷺ) بەكردەوەی خۆی ڕوونی كردوونەتەوە. وە فەرمانی كردووە كاریان پێ بكرێت و لەم بارەیەوە پێشەنگییەكی چاكی پێشكەشكرد. ئەگەر ئەم پێشەنگیە نەبوایە كەس لە ئیسلام تێنەدەگەیشت. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەدا ئەسڵەكە بریتیە لە قورئانی پیرۆز. هەندێ كەس لە ئەهلی كەشف ڕاستەوخۆ كۆمەڵێك فەرموودەیان بیستووە لە پێغەمبەر (ﷺ) كە كەسانی تر نایانزانن یان پشتڕاستكردنەوەی ئەو فەرموودانەیان لە پێغەمبەر (ﷺ) وەرگرتووە كە بوونیان هەیە.
بەكورتی، شتانێكی زۆر هەن لەم جۆرە كە لەو خەڵكانەدا هەن و خوای گەورە تووڕە دەكەن و تەواو پێچەوانەی ئیسلامن. لەبەرئەوە خوای گەورە لە ئێستادا بە موسوڵمانیان دانانێت ئەگەر نەگەڕێنەوە بۆ سەر ڕێگای ڕاست و وازنەهێنن لە بیروباوەڕە چەوتەكان. بۆ ئەم مەبەستە خوای گەورە ڕەوانەی كردم تاوەكو هەموو ئەو هەڵانە لابەرم و سەرلەنوێ ئیسلامی ڕاستەقینە دابمەزرێنمەوە لە دنیادا.
جیاوازی نێوان ئێمە ئەو خەڵكە ئەمەیە. دۆخیان بەجێگیری نەماوەتەوە لەسەر ئیسلامی ڕاستەقینە بەڵكو وەكو باخچەیەكی وشكیان لێ هاتووە كە هیچ سوودێكی نیە، دڵیان پیس و چەپەڵە، بۆیە خوای گەورە دەیەوێت كۆمەڵێكی نوێ دروست بكات كە نموونە بن بۆ ئیسلامی ڕاستەقینە بەوەی ڕێبازی ڕاستی و حەق بگرن. [ڕۆژنامەی “حكم”، بەرگی 10، ژمارە 21، ژمارەی: 17/6/1906ز لاپەڕە 3- 4].
پەراوێزەکان:
([1]) وا دیارە لێرەدا بەهۆی هەڵەی نووسەرەوەكەوە وشەیەك دیارنەماوە. (بڵاوكاری عەرەبی)
([2]) ئەم ڕووداوە لە پەراوێزی ڕۆژنامەی “بدر”دا بە درێژتر باسكراوە بەم شێوەیە: بە نزیكەیی 27 یان 28 ساڵ یان كەمێك زیاتر لەمەوپێش بۆ پشتگیركردنی ئیسلام و ڕووبەڕووبوونەوەی ئارییەكان وتارێكم نارد بۆ چاپكردن لە چاپخانەی كەسێكی مەسیحی بەناوی “ڕێلیا ڕام”، وە پارێزەریش بوو لە ئەمریتسەر نیشتەجێ بوو، ڕۆژنامەیەكیشی دەردەكرد. وتارەكەم نارد بۆ چاپكردن لە زەرفێكی كراوەدا و نامەیەكیشم لە زەرفەكەدا دانا. وە لەبەرئەوەی نامەكە پێكهاتبوو لە وتارێك پشتگیری ئیسلامی دەكرد و ئاماژەی دەدا بە پووچی ئایینەكانی تر لەگەڵ جەختكردنەوە لە چاپكردنی وتارەكە، ئەو كابرا مەسیحیە تووڕە بوو بەهۆی جیاوازی ئایینیەوە و دەرفەتێكی گونجاوی بەدیكرد بۆ هێرشكردن وەكو دوژمن، دەرفەتەكەش ئەوە بوو كە دانانی نامەی جیا لەناو زەرفی پۆستە و گەیاندندا لەڕووی یاساوە تاوانە بەڵام من ئەمەم نەزانی بوو. وە سزای ئەم جۆرە تاوانە بەگوێرەی یاساكانی پۆستە و گەیاندن بریتیە لە غەرامەیەك بە ئەندازەی پێنج سەد ڕوپیە یان زیندانی كردن تا ماوەی شەش مانگ. ئەم مەسیحیە وەك ئەو كەسانەی قسەدەهێنن و قسەدەبەن هەواڵیدا بە بەرپرسەكانی فەرمانگەی پۆستە و گەیاندن و داوایەك لەدژم بەرزكرایەوە. بەڵام پێش ئەوەی هیچ شتێك بزانم دەربارەی داواكە خوای گەورە لەخەوندا بۆی ئاشكرا كردم كە پارێزەر “ڕێلیا ڕام” مارێكی بۆ ناردم بۆ ئەوەی پێمەوە بدات، بەڵام سوورمكردەوە وەك چۆن ماسی سووردەكرێتەوە و ناردمەوە بۆی. وە زانیم لەمەدا ئاماژەیەك هەیە بۆ ئەوەی كە ئەو شێوازەی دادگاكە بڕیاری پێ دەدات لە كێشەكەدا لەكۆتاییدا نموونەیەكە دەكرێت سوودمەند بێت بۆ پارێزەرەكان. بەهەرحاڵ، داوام لێكرا لە ناوەندی پارێزگای گورداسپوور ئامادە بم، هەموو ئەو پارێزەرانەی ڕاوێژم پێ كردن لە بابەتەكەدا گوتیان ڕزگارت نابێت بە بێ درۆكردن. وە پێشنیاریان كرد ئیفادە بدەم كە من نامەكەم نەخستووتەناو زەرفەكەوە بەڵكو دەكرێت ڕێلیا ڕام ئەو نامەیەی خستبێتە ناویەوە، وە دڵنیایان كردمەوە كە بەم لێدوانە بابەتەكە یەكلایی دەبێتەوە بەگوێرەی شایەتیدان و بە خستنەڕووی هەندێ شایەتی درۆزن بێ تاوان دەردەچیت، ئەگینا هەلومەرجی كێشەكە زۆر قورسە و هیچ ڕێگایەك نیە بۆ دەربازبوون مەگەر درۆكردن. بەهەموویانم گوت نامەوێت بە هیچ شێوەیەك واز لە ڕاستگۆیی بهێنم، چی دەبێت با ببێت. پاشان لەهەمان ڕۆژدا یان لەڕۆژی دواتردا لە دادگای دادوەرێكی ئینگلیزیدا ئامادە بووم، بەهەمان شێوە بەرپرسێكی گەورە لە فەرمانگەی پۆستە و گەیاندن وەك داواكارێكی حكومی ئامادە بوو لەبەرامبەرمدا و دادوەرەكە بەدەستی خۆی لێدوانەكەمی نووسی. یەكەم پرسیار كە لێی كردم ئەمە بوو: ئایا تۆ ئەو نامەیەت لە زەرفی پۆستەكەی خۆتدا داناوە؟ وە ئایا ئەم نامەیە و ئەم زەرفی پۆستە لەلایەن تۆوەیە؟ بەبێ هیچ وەستانێك گوتم: بەڵێ، ئەم نامە و زەرفی پۆستە هی منە، وە من ئەو نامەیەم لە زەرفەكەدا دانا و هەردووكیانم ناردووە. بەڵام بە نیازی خراپ ئەو كارەم نەكردووە تاكو زیان بگەیەنم بە باجی حكومەت، بەڵكو پێم وا نەبووە ناوەڕۆكی نامەكە شتێكی جیاواز بێت لە ناوەڕۆكی وتارەكە چونكە هیچ شتێكی تایبەتی خۆمی تێدا نەبووە. بە بیستنی ئەم قسەیە خوای گەورە دڵی دادوەرە ئینگلیزیەكەی نەرم كرد بۆم. بەرپرسەكەی فەرمانگەی پۆستە و گەیاندن دژی من زۆر هاواری كرد و هەرایەكی گەورەی نایەوە و بە زمانی ئینگلیزی قسەی زۆری كرد كە من هیچ لێی تێنەگەیشتم بەڵام دادوەرە ئینگلیزەكە پاش ئەو هەموو قسەكردنە بەردەوام قسەكانی ڕەتدەكردەوە و بە ئینگلیزی دەیگوت: NO, NO. وە كاتێك داواكارەكە هەرچیەك لە هەگبەكەیدا بوو هەڵیڕشت و هەموو بەڵگەكانی خۆی خستەڕوو دادوەرەكە دەستیكرد بە نووسینی بریارەكە و هێشتا دێڕێك یان دێڕ و نیوێكی نەنووسی بوو بە منی گوت: زۆر باشە، تۆ دەتوانیت بڕۆیت. ئەوسا لە دادگاكە هاتمە دەرەوە و سوپاسی خوای گەورەی چاكەكاری ڕاستەقینەم كرد كە ڕێزداری كردم بە سەركەوتن لەبەرامبەر بەرپرسێكی ئینگلیزدا. وە من دڵنیام خوای گەورە تەنھا بەهۆی بەرەكەتی ڕاستگۆییەوە ڕزگاری كردم لەم بەڵایە. وە من پێشتر لەخەوندا بینیم كەسێك دەستی جووڵاند بۆ لابردنی كڵاوەكەم. پێم گوت: چی دەكەیت؟ ئەوسا وازیهێنا لە كڵاوەكەی سەر سەرم و گوتی، هیچ نیە، هیچ نیە. (ڕۆژنامەی “بدر” بەرگی2، ژمارە5، لاپەڕە3، ژمارەی ڕێككەوتی: 2/2/1906ز).