تەفسیری سوورەتی الفلق
بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد
خەلیفەی دووەمی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)داگرتنی کتێبەکە بە
بە پێنووسی:
حەزرەتی میرزا بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد (رضي الله عنه)
خەلیفەی دووەمی ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام)
*****
ناوەڕۆك
فەزڵ و گەورەییەكانی سوورەتەكە:
﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ * مِن شَرِّ مَا خَلَقَ﴾
﴿وَمِن شَرِّ غَاسِقٍ إِذَا وَقَبَ﴾
﴿وَمِن شَرِّ ٱلنَّفَّٰثَٰتِ فِي ٱلۡعُقَدِ﴾
﴿وَمِن شَرِّ حَاسِدٍ إِذَا حَسَدَ﴾
*****
بسم الله الرحمن الرحیم نحمده ونصلي علی رسوله الكریم
أعوذ بالله من الشيطان الرجيم بسم الله الرحمن الرحيم
مەدەنیە و لەگەڵ (بسم الله)دا شەش ئایەتە.
بە وتەی حەسەن و عەتا و عیكرەمە و جابر ئەم سوورەتە مەككیە. وە بە وتەی ئیبن عەبباس مەدەنیە، ئەمە وتەی قەتادەشە (روح المعاني). وە جەلالەددینی سیوطی لە پەرتووكەكەیدا “الإتقان” دەڵێت بۆچوونی هەڵبژێردراو ئەوەیە كە مەدەنیە.
ئەو كەسانەی ئەم سوورەتەیان بە مەدەنی داناوە بەڵگەیان ئەوەیە كە ئەم سوورەتە و سوورەتی دوای خۆی لەكاتی ئەو نەخۆشیەی پێغەمبەر ﷺ دابەزیون كە گوتوویانە بەهۆی ئەوەی جوولەكەكان سیحریان لێ كردووە تووشی بووە، وە پێغەمبەر (ﷺ) هەردوو سوورەتەكەی بۆ دوعاكردن بەكاردەهێنا و فووی دەكرد بە جەستەیدا. وە لەبەر ئەوەی ئەم ڕووداوە لە مەدینە ڕوویداوە، كەواتە هەردووكیان مەدەنین (روح المعاني).
ئەمە بەڵگەی ئەو كەسانەیە كە دەڵێن مەدەنیە، وە ئەم قسەیە هیچ بەڵگەیەكی مێژوویی لەگەڵدا نیە. بە هەمان شێوە هیچ بەڵگەیەكی مێژوویی دڵنیاییكەرەوەمان لەبەردەستدا نیە لەسەر ئەوەی سوورەتەكە مەككی بێت، وە ئەو بەڵگەیەی هێناویانەتەوە زۆر لاوازە؛ چونكە دەكرێت ئەم سوورەتە لە مەككە دابەزیبێت، وە پێغەمبەر ﷺ لەكاتی نەخۆشیەكەیدا لە مەدینە خوێندبێتی و فووی كردبێت بە دەستەكانیدا. وە لەبەر ئەوەی خوای گەورە قورئانی پیرۆزی بەم دوو سوورەتە كۆتایی پێهێناوە، دەتوانین لەوەوە بەڵگە بهێنینەوە كە سوورەتی (الفلق) یان مەككی و مەدەنیە پێكەوە، یان مەدەنیە، چونكە قورئان لە مەدینە كۆتایی پێهاتووە.
وە ڕووداوی نەخۆشی پێغەمبەر ﷺ كە خەڵكی پێیان وابوو بەهۆی سیحری جوولەكەوە بووە (مجمع البيان)، لەم ڕیوایەتەی خوارەوەدا باسكراوە:
لە عائیشەوە (ڕەزای خوای لێ بێت) گوتی: سیحر كرا لە پێغەمبەری خوا ﷺ تەنانەت وای لێهات خەیاڵی بۆ ئەوە دەچوو كە شتێكی كردووە بەڵام نەیكردبوو، هەتا ڕۆژێك یان شەوێك لە خوای گەورە پاڕایەوە پاشان پاڕایەوە پاشان پاڕایەوە، پاشان فەرمووی: “ئەی عائیشە، ئایا زانیت خوای گەورە ئەو شتەی پێ گوتم كە داوام لێكرد پێم بڵێت؟” گوتم: ئەو شتە چیە ئەی پێغەمبەری خوا؟ فەرمووی: “دوو پیاو هاتن بۆ لام، یەكێكیان لەلای سەرمەوە دانیشت و ئەوی تریان لەلای قاچمەوە، ئەوەی لای سەرمەوە بەوەی لای قاچمی گوت، یان ئەوەی لای قاچمەوە بەوەی لای سەرمی گوت: نەخۆشی ئەم پیاوە چیە؟ گوتی: سیحری لێكراوە. گوتی: كێ سیحری لێكردووە؟ وتی: لەبیدی كوڕی ئەعصەم. گوتی: لە چ شتێكدا؟ وتی: لە شانەیەك و موویەكدا (كە بریتیە لەو مووانەی لەكاتی شانەكردندا دەوەرن) و لە توێكڵی چرۆی نێرینەی خورمادا. گوتی: كوا لە كوێیە؟ گوتی لە بیرێكدایە بەناوی (ذو أروان).” عائیشە گوتی: پاشان پێغەمبەری خوا ﷺ لەگەڵ كۆمەڵێك لە هاوەڵەكانی چوونە سەر بیرەكە. پاشان فەرمووی: “ئەی عائیشە، سوێند بە خوا وەك ئەوەی ئاوەكەی ئاوی خەنە بێت و دارخورماكانی سەری شەیتانەكان بن.” عائیشە گوتی، گوتم: ئەی پێغەمبەری خوا، خۆزگە بتسووتاندایە، فەرمووی: “نەخێر، من خوای گەورە شیفای دام، وە پێم ناخۆش بوو كە ببمە مایەی شەڕ و ئاژاوە لەناو خەڵكیدا.” بۆیە فەرمانم كرد و بیرەكە پڕكرایەوە. وە ئەم دوو فریشتەیە بەپێی ئەوەی ڕیوایەتەكەی ئیبن مەردەویهی لە ڕێگەی عیكرەمەوە لە ئیبن عەبباسەوە ئاماژەی پێدەدات بریتی بوون لە جبریل و میكائیل -سڵاوی خوایان لێ بێت- وە لە فەرموودەكەی عائیشەدا لە “الدلائل”ی بەیهەقی دوای باسكردنی فەرموودەی دوو فریشتەكە دەڵێت: “كاتێك پێغەمبەری خوا ﷺ ڕۆژی لێ بوویەوە لەگەڵ هاوەڵەكانی چوونە سەر بیرەكە، پیاوێك چووە خوارەوە و توێكڵی چرۆكەی لەژێر ئەو بەردە دەرهێنا كە لە بنی بیرەكەدا بوو، كاتێك سەیریان كرد شانەی پێغەمبەری خوا ﷺ و مووی سەری پێغەمبەری تێدایە، وە پەیكەرێك لە مۆم هەبوو كە پەیكەری پێغەمبەری خوا ﷺ بوو، وە دەرزی تێدا چەقێنرابوو، وە ژێیەك هەبوو كە یانزە گرێی تێدابوو. پاشان جبریل (علیه السلام) هەردوو سوورەتی (المعوذتين)ی هێنا و فەرمووی: ئەی موحەممەد ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ﴾، وە گرێیەكی كردەوە، ﴿مِن شَرِّ مَا خَلَقَ﴾ وە گرێیەكی كردەوە، تا لە هەردووكیان بوویەوە و هەموو گرێیەكانی كردەوە، وە وای لێهات هیچ دەرزییەكی دەرنەدەهێنا مەگەر هەستی بە ئازارەكەی دەكرد، پاشان دوای ئەوە هەستی بە ئارامی دەكرد. گوترا: ئەی پێغەمبەری خوا، خۆزگە جوولەكەكەت دەكوشت. فەرمووی: خوای گەورە شیفای داوم، وە سزایەی خوای گەورە بۆی زۆر سەختترە. وە لە ڕیوایەتێكی تردا هاتووە: ئەو كەسەی سیحرەكەی كرد لەبیدی كوڕی ئەعصەم و كچەكانی بوون، ئینجا پێغەمبەر ﷺ نەخۆشكەوت، جبریل بە هەردوو سوورەتی المعوذتين دابەزی و هەواڵی پێدا دەربارەی شوێنی سیحرەكەی و ئەو كەسەی سیحرەكەی لێكردووە و ئەو شتەی سیحرەكەی پێكراوە. بۆیە پێغەمبەر ﷺ عەلی -كرم الله وجهه- و زوبەیر و عەمماری نارد، ئاوی بیرەكەیان هەڵگۆزی كە وەك ئاوی خەنە وابوو، پاشان بەردی بنی بیرەكەیان هەڵگرت، ددانەكانی شانەكەیان دەرهێنا كە ژێیەكی لەگەڵدابوو یازدە گرێی لێدرابوو و دەرزی تێدا چەقێنرابوو. هێنایان بۆ لای پێغەمبەر ﷺ، ئەویش دەستیكرد بە خوێندنی المعوذتين بەسەریاندا، هەر كاتێك ئایەتێكی دەخوێندەوە گرێیەك دەكرایەوە و پێغەمبەر ﷺ هەستی بە بارسووكی دەكرد، وە گرێی كۆتایی لەكاتی تەواوبوونی دوو سوورەتەكە كرایەوە، پێغەمبەر ﷺ هەستایەوە وەك ئەوەی لە كۆت و پێوەند ڕزگاری بووبێت. هەواڵ و ڕیوایەتی یەكەم لەمەیان ڕاستترە. (روح المعاني)
سەبارەت بەم وتەیەی پێغەمبەر ﷺ: “وَاللَّهِ لَكَأَنَّ مَاءَهَا نُقَاعَةُ الْحِنَّاءِ” واتاكەی ئەوەیە كە ئاوی بیرەكە سوور بووە وەك ئاوێك خەنەی تێدا كرابێت و سوور هەڵگەڕابێت. وا دیارە نەریتی جوولەكەكان وەها بووە كە ئەگەر سیحریان لە كەسێك بكردایە خەنە یان شتێكی هاوشێوەیان فڕێدەدایە ناو ئاوەكەوە، بۆ ئەوەی وا پیشانی خەڵكی بدەن كە ئاوەكە بە هێزی سیحرەكە سوور بووە.
وە سەبارەت بەم وتەیەی پێغەمبەر ﷺ: “ولَكَأَنَّ نخْلَها رُؤوسُ الشَّياطين”، واتە دارخورماكانی دەوروبەری بیرەكە لقی وەهایان پێوە بوو كە وەك كەلـلەسەری شەیتانەكان وابوون.
سەبارەت بە وتەكەی عائیشە (ڕەزای خوای لێ بێت): خۆزگە دەتسووتاند، وە وەڵامەكەی پێغەمبەر ﷺ كە فەرمووی: “نەخێر، من خوای گەورە شیفای دام، وە پێم ناخۆش بوو كە ببمە مایەی شەڕ و ئاژاوە لەناو خەڵكیدا”، مەبەست ئەوەیە كە عائیشە گوتی: بۆچی ئەو شتانەت نەسوتاند كە هەوڵیان دا بەهۆیانەوە سیحرت لێبكەن؟ پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: مادەم خوای گەورە شیفای دام، نامەوێت دەرفەتێك بدەم بە جوولەكە بۆ ئەوەی هەرایەك دروست بكەن و بڵێن گوایە ئێمە شتومەكی ئەوانمان سوتاندووە.
ڕیوایەتەكەی عائیشە -ڕەزای خوای لێ بێت- تەنها مانای ئەوەیە كە خوای گەورە لە ڕێگەی فریشتەكانیەوە هەواڵی بە پێغەمبەرەكەی ﷺ داوە كە جوولەكە هەوڵیان داوە سیحری لێبكەن، وە ئەمە مانای ئەوە نیە سیحرەكەیان -بەو مانا تەقلیدیە باوەی سیحر- كاریگەری لەسەر پێغەمبەر ﷺ هەبووبێت، بەڵكو لە ڕاستیدا ئەگەر مرۆڤ بەتووندی دژایەتی كەسێكی تر بكات یان ڕقێكی زۆری هەبێت بەرامبەری، ئەوا بەتەواوەتی سەرنجی خۆی دەخاتە سەر ئەو كەسە و هەموو كات و ساتێك لە بۆسەدا دەبێت بۆی تاوەكو زیانی پێ بگەیەنێت، وە هەروەك چۆن سیحر كاریگەری هەیە لەسەر بەرامبەر، بە هەمان شێوە پرۆسەی ئەم جۆرە سەرنجدان و تەركیزكردنەیش كاریگەریەكی گەورە لەسەر بەرامبەر بەجێدەهێڵێت، ئەم كارە پێی دەوترێت “میسمەریزم” [1]، وەك ئەوەی جوولەكە هەوڵیان دابێت لەڕێگەی ئەم جۆرە میسمەریزمەوە -كە هەندێك كەس هەوڵ دەدەن بەهۆیەوە سەرنج بخەنە سەر نەیارەكانیان و ڕوانینیان چڕ بكەنەوە لەسەریان- چاو ببڕنە پێغەمبەر ﷺ و سەرنج بخەنە سەری، بۆیە كاتێك پێغەمبەر ﷺ ئەو شتەی لە بیرەكە دەرهێنا كە جوولەكەكان هەوڵیان دابوو بەهۆیەوە سیحر بكەن و بیرەكەی پڕ كردەوە، ئیتر باوەڕیان وابوو (واتە جوولەكەكان) كە بەناو سیحرەكەیان پووچەڵ بووەتەوە، ئەمە لە لایەكەوە، وە لە لایەكی ترەوە خوای گەورە شیفای پێغەمبەرەكەیشی ﷺ دا. پوختەی قسە ئەوەیە جوولەكە دڵنیا بوون سیحریان لە پێغەمبەر ﷺ كردووە، بۆیە ئاسایی بوو كە زۆر تەركیز بكەن لەسەر ئەوەی كە نەخۆش بكەوێت، وە ئەم تەركیز و سەرنجدانەیان كاریگەری هەبوو لەسەر جەستەی پێغەمبەر ﷺ، بەڵام كاتێك خوای گەورە ڕاستیەكەی بۆ پێغەمبەرەكەی ﷺ ئاشكرا كرد و ئەویش ئەو شتانەی شاردەوە، كاریگەری تەركیز و سەرنجدانەكەی جوولەكە لەسەری ﷺ نەما و خوای گەورە شیفای دا.
[1] میسمەریزم: ڕێگایەكە دەگەڕێتەوە بۆ پزیشكی ئەڵمانی “فرانز ئەنتۆن میسمەر” (Franz Anton Mesmer 1818-1734) كە لێكۆڵینەوە دەكات لە هۆكارە زانستیەكان -بە دوور لە سیحر و چاوبەست- بۆ ئەگەری دانانی كاریگەری لەسەر عەقڵ و جەستەی كەسانی تر؛ چونكە “میسمەر” پێی وایە هەموو بوونەوەرە زیندووەكان نوقم بوون لە دەریایەك لە شلە یان ئەثیر، وە بەهۆی ئەم شلەیەوە دەتوانن پەیوەندی ببەستن لەگەڵ یەكتریدا لە ڕێگەی شتێكەوە كە ئەو ناوی ناوە “موگناتیسی ئاژەڵی”. وە هەروەك چۆن شتی كانزایی دەتوانێت كاریگەریە موگناتیسیەكەی بگوازێتەوە بۆ شتی تر، بە هەمان شێوە بوونەوەری مرۆیی دەتوانێت شلە ئەثیریەكە چڕ بكاتەوە و بیگوازێتەوە بۆ ناو جەستەی كەسێكی تر. (وەرگێڕی عەرەبی)
ئەم ڕیوایەتە لە كاتێكدا ئاماژە بەو دوژمنایەتیە سەختە دەكات كە جوولەكە بەرامبەر بە پێغەمبەر ﷺ هەیانبوو، لە هەمان كاتیشدا دەریدەخات كە پێغەمبەر ﷺ بەڕاستی پێغەمبەری خوا بووە، چونكە خوای گەورە هەواڵی پیلانەكانی جوولەكەی پێدا، بۆیە ئاگاداربوونی لەم غەیبە و شكستخواردنی جوولەكە لە ئامانجە پیسەكەیاندا، بەڵگەیەكی ڕوون و درەوشاوەیە لەسەر ئەوەی كە ئەو ﷺ پێغەمبەرێكی ڕاستگۆ بووە.
فەزڵ و گەورەییەكانی سوورەتەكە:
موسلیم و ترمزی و نەسائی گێڕاویانەتەوە: “قَالَ رَسُولُ اللَّهِ ﷺ آيَاتٌ أُنْزِلَتْ عَلَيَّ اللَّيْلَةَ لَمْ يُرَ مِثْلُهُنَّ قَطُّ: ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ﴾ وَ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلنَّاسِ﴾.” واتە: پێغەمبەری خوا ﷺ فەرمووی: ئەمشەو كۆمەڵێك ئایەتم بۆ دابەزیوە كە هەرگیز وێنەیان نەبینراوە، پاشان: ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ﴾ و ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلنَّاسِ﴾ی خوێندەوە.)
وە لەبەر ئەوەی ئەم دوو سوورەتە پوختەی قورئانی پیرۆزن، وە هەروەها چەندین بابەتی فراوان و قووڵ و پێشبینی داهاتوویان لەخۆگرتووە، بۆیە پێغەمبەر ﷺ بە بێوێنە لەقەڵەمی داون، وەك ئاماژەیەك بۆ فەزڵەكانیان و فراوانی مانا و چەمكەكانی ناویان.
وە خاوەنی “روح المعاني” ئاماژەی بەوە كردووە كە بوخاری و ئەبو داود و نەسائی لە عائیشەوە گێڕاویانەتەوە: أَنَّ النَّبِيَّ ﷺ كَانَ إِذَا أَوَى إِلَى فِرَاشِهِ كُلَّ لَيْلَةٍ جَمَعَ كَفَّيْهِ ثُمَّ نَفَثَ فِيهِمَا فَقَرَأَ فِيهِمَا: ﴿قُلۡ هُوَ ٱللَّهُ أَحَدٌ﴾ و﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ﴾ و ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلنَّاسِ﴾، ثُمَّ يَمْسَحُ بِهِمَا مَا اسْتَطَاعَ مِنْ جَسَدِهِ؛ يَبْدَأُ بِهِمَا عَلَى رَأْسِهِ وَوَجْهِهِ وَمَا أَقْبَلَ مِنْ جَسَدِهِ، يَفْعَلُ ذَلِكَ ثَلاثَ مَرَّاتٍ. (البخاري، كتاب فضائل القرآن) واتە: پێغەمبەر ﷺ هەموو شەوێك كە دەچووە جێگاكەی هەردوو لەپی دەستی كۆدەكردەوە پاشان فووی پێدا دەكردن و: ﴿قُلۡ هُوَ ٱللَّهُ أَحَدٌ﴾ و ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ﴾ و ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلنَّاسِ﴾ دەخوێند پێیاندا، پاشان تا پێی بكرایە بەسەر جەستەیدا دەیهێنان؛ لە سەری و دەموچاوی و بەشی پێشەوەی جەستەیەوە دەستی پێدەكرد، سێ جار ئەمەی دەكرد.
وە لە فەرموودەدا هاتووە كە هەر كەسێك ئەو دووانە لەگەڵ سوورەتی (الإخلاص)دا سێ جار بخوێنێت لەكاتی ئێوارە و سێ جار لەكاتی بەیانیدا، ئەوا لە هەموو شتێك دەیپارێزن. (روح المعاني)
وە مەبەست لە فەرموودەی پێغەمبەر ﷺ: “لە هەموو شتێك دەیپارێزن” ئەوەیە كە كاركردن بە فێركاریەكانی قورئانی پیرۆز مرۆڤ لە ئازار و بەڵا و نەهامەتیەكان ڕزگار دەكات، چونكە ئەو كەسەی كە بەیانیان و ئێواران (المعوذتين) دەخوێنێت، بێگومان بە بەردەوامی بەیانیان و ئێواران پوختەی فێركاریەكانی قورئان لەبەرچاودەگرێت، بەمەش بە دڵنیاییەوە بیر لە جێبەجێكردنی فێركاریەكانی قورئان دەكاتەوە، وە بەمجۆرە لە ئازار و بەڵا ڕزگاری دەبێت.
وە هەروەها ئیبن مەردەویهی لە عوقبەی كوڕی عامرەوە دەگێڕێتەوە كە گوتی: پێغەمبەری خوا ﷺ فەرموویەتی: دوای هەموو نوێژێك (المعوذات) بخوێنن (الدر المنثور). وە هەروەها ئیبن مەردەوەيهى لە ئوم سەلمەوە دەگێڕێتەوە كە گوتی: پێغەمبەری خوا ﷺ فەرموویەتی: ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ﴾ و ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلنَّاسِ﴾ لە خۆشەویستترین سوورەتەكانن لای خوای گەورە. (الدر المنثور)
وە لە ڕیوایەتێكدا هاتووە كە پێغەمبەر ﷺ لە ڕكاتی سێیەمی نوێژی ویتردا “قل هو الله أحد” و “المعوذتين”ی دەخوێند. (الدر المنثور).
ئەم ڕیوایەتانە هەموویان ئاماژەن بۆ فەزڵی ئەم سوورەتە، وە هۆشیارمان دەكەنەوە كە پێویستە لە هەموو كاتێكدا ئاراستەی دید و تێڕوانینمان بەرەو لای خوای گەورە بێت، وە بەردەوام لێی بپاڕێنەوە كە پەنامان بدات و بمانپارێزێت. وە لەبەر ئەوەی نوێژی ویتر دواهەمین نوێژی ڕۆژە، پێغەمبەر ﷺ لە كۆتا ڕكاتیدا (المعوذتين)ی دەخوێند. وە سەبارەت بە بەوەی كە فەرموویەتی هەر كەس بەیانیان و ئێواران بیانوخوێنێت لە بەڵا و نەهامەتی ڕزگاری دەبێت، ماناكەی ئەوەیە پێویستە مرۆڤ ڕۆژەكەی بە فێركاریەكانی قورئان دەستپێبكات و هەر بەو فێركاریانەیش كۆتایی پێبهێنێت.
هەندێ كەس پێیان وایە هەردوو سوورەتی الفلق و الناس بەشێك نین لە قورئانی پیرۆز، هەرچەندە دان بەوەدا دەنێن كە پێغەمبەر ﷺ لەگەڵ قورئانی پیرۆزدا هەردووكیانی خوێندووەتەوە بۆ ئەوەی بنووسرێنەوە، وە لە كۆتاییەكەیدا دەیخوێندن، وە فەرمانی دەكرد بە خوێندنیان. ئەمە بۆچوونی عەبدوڵڵای كوڕی مەسعودە -كە لە هاوەڵە نزیكەكانی پێغەمبەرە ﷺ- بەڵام ئەم بۆچوونە پشت بە هیچ بەڵگەیەك نابەستێت، چونكە -سەبارەت بە ڕووداوەكان- تەنها شایەتی كەسێك وەردەگیرێت كە ڕووداوەكەی بە چاوی خۆی بینیبێت، یان بڵێت لە پێغەمبەری ﷺ بیستووە، بەڵام عەبدوڵڵای كوڕی مەسعود ناڵێت لە پێغەمبەری ﷺ بیستووە كە فەرموویەتی ئەم دوو سوورەتە بەشێك نین لە قورئانی پیرۆز، بەڵكو هەموو ئەوەی دەیڵێت ئەوەیە كە خوای گەورە فەرمانی بە پێغەمبەرەكەی كردووە بەهۆیانەوە پەنا بگرێت بە خوا، بەمەش دەچەسپێت كە قورئان پێش ئەو دوو سوورەتە كۆتایی هاتووە! وە ئاشكرایە ئەمە تەنھا گومانە. وە مادام گەورە هاوەڵان گوتوویانە پێغەمبەر ﷺ ئەم دوو سوورەتەی وەك بەشێك لە قورئانی پیرۆز خوێندووەتەوە بەسەریاندا تاكو بیاننووسنەوە (روح المعاني) ئیتر هیچ بەهایەك بۆ بۆچوونەكەی عەبدوڵڵای كوڕی مەسعوود نامێنێت، بەتایبەتی لەگەڵ ئەوەی دانی بەوەدا ناوە كە لەگەڵ قورئاندا دەنووسران و لەگەڵیدا دەخوێنرانەوە، كەواتە بەدڵنیاییەوە سەلمێنرا كە هەردووكیان بەشێكن لە قورئانی پیرۆز، وە خوای گەورە هەڵیبژاردوون بۆ ئەوەی قورئان كۆتایی بهێنێت پێیان.
لەكاتی تەفسیركردنی سوورەتی (الإخلاص)دا ڕوونم كردەوە كە ئەم سێ سوورەتەی كۆتایی لە قورئاندا پێكەوە پوختەی قورئانی پیرۆز پێشكەش دەكەن، هەروەك چۆن سوورەتی الفاتحة لە سەرەتادا پوختەی قورئان پێشكەش دەكات. سوورەتی (الإخلاص) هەمان ئەو بابەتە دەخاتەڕوو كە لەم دەستەواژانەی خوارەوەی سوورەتی (الفاتحة)دا هاتووە: ﴿ٱلۡحَمۡدُ لِلَّهِ﴾ و ﴿إِيَّاكَ نَعۡبُدُ وَإِيَّاكَ نَسۡتَعِينُ﴾ و ﴿ٱهۡدِنَا ٱلصِّرَٰطَ ٱلۡمُسۡتَقِيمَ﴾.
بەڵام سوورەتی (الفلق) باسی ئەو بابەتانە دەكات كە لەم دەستەواژانەی خوارەوەی سوورەتی (الفاتحة)دا هاتوون: ﴿رَبِّ ٱلۡعَٰلَمِينَ﴾ و ﴿غَيۡرِ ٱلۡمَغۡضُوبِ عَلَيۡهِمۡ﴾؛ چونكە سوورەتی الفلق بە ﴿قُلۡ أَعُوذُ﴾ دەست پێدەكات، وە وشەی ﴿أَعُوذُ﴾ ئاماژەیە بۆ شەڕ و خراپەیەك، وە فەرمانمان پێكراوە دوعا بكەین بۆئەوەی پارێزراو بین لێی، بۆیە خوای گەورە فەرموویەتی ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ * مِن شَرِّ مَا خَلَقَ﴾ واتە پەنا دەگرم بە بەدیهێنەری هەموو شتێك لە شەڕی هەموو شتێك؛ كەواتە بە فەرمایشتی ﴿بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ﴾ ئاماژەی كردووە بۆ فەرمایشتی ﴿رَبِّ ٱلۡعَٰلَمِينَ﴾ لە سوورەتی (الفاتحة)دا، وە بە فەرمایشتی ﴿مِن شَرِّ مَا خَلَقَ﴾ ئاماژەی كردووە بۆ فەرمایشتی ﴿غَيۡرِ ٱلۡمَغۡضُوبِ عَلَيۡهِمۡ﴾. وە سەبارەت بە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَمِن شَرِّ غَاسِقٍ إِذَا وَقَبَ﴾ واتاكەی ئەوەیە: كاتێك تاریكی باڵ دەكێشێت بەسەر هەموو شوێنێكدا. وە لێرەدا ڕوونی كردووەتەوە كە سیفەتی پەروەردگارێتی جیهانییان هەندێ جار بۆ دنیا دەرناكەوێت، وە من پەنا بە خوای گەورە دەگرم لە شەڕ و زیانی ئەو دەرنەكەوتنە. وە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَمِن شَرِّ حَاسِدٍ إِذَا حَسَدَ﴾ ئاماژەی تێدایە بۆ دەرنەكەوتنی پەروەردگارێتی لە دۆخێكی دیاریكراودا، چونكە كەسی حەسوود حەسوودی بە كەسانی تر دەبات كاتێك نیعمەت بەسەر هەندێ كەسدا دەبارێت و سزایش بەسەر هەندێكی تردا. كەواتە، خوای گەورە لە سوورەتی (الفلق)دا فێری كردووین دوعا بكەین و بڵێین: پەروەردگارا! لەكاتی دابەزینی تووڕەیی گشتیت لە دنیادا بمانپارێزە، وە هەروەها لەكاتی دابەزینی تووڕەیی تایبەتیت بمانپارێزە، بۆ ئەوەی نە لە كەسانی حەسوود بین نە لەو كەسانە بین كە حەسوودییان پێ براوە و شكستیان هێناوە. چونكە ئەو كەسەی حەسوودی پێ براوە هەندێ جار بەهۆی حەسوودیی مرۆڤە حەسوودەكانەوە شكست دەهێنێت.
كەواتە بەشێك لە ناوەڕۆكی سوورەتی (الفاتحة) لە سوورەتی (الإخلاص) دا هاتووە، وە بەشێكی لە سوورەتی (الفلق)دا هاتووە، وە بەشێكی لە سوورەتی (الناس)دا. بەمجۆرە بابەتی سوورەتی (الفاتحة) بە تەواوەتی لەم سێ سوورەتەی كۆتاییدا دووبارە كراوەتەوە. وە ئەو شتەی ئەم سوورەتە بە سوورەتی (الإخلاص)ەوە دەبەستێتەوە ئەوەیە كە خوای گەورە لە سوورەتی (الإخلاص) دا وانەی یەكتاپەرستیی تەواوەتی فێركردووین، وە پێی ڕاگەیاندووین پوختەی هەموو قورئان ئەوەیە كە خوا تاك و تەنهایە و هیچ هاوبەشێكی نیە. بەڵام لە هەردوو سوورەتی (الفلق و الناس) دا فەرمانی بە هەموو موسوڵمانێك كردووە كە ئاڵای یەكتاپەرستی كردگار لەو سەردەمەدا بەرز بكاتەوە كە تێیدا دەژی، بێ ئەوەی بترسێت لە هیچ ستەمكارێكی ملهوڕی دوژمنی ئیسلام، وە یەقینی هەبێت كە هەموو گەردوون تەنها بە ئاماژەی خوای تاك و تەنها دەجوڵێت، وە خوای گەورە توانای هەیە هەموو خێرێك ببەخشێت و هەموو شەڕێك دووربخاتەوە؛ بۆیە هیچ پێویست ناكات مرۆڤ لەكاتی ڕاگەیاندنی یەكتاپەرستی كردگاردا (سبحانه وتعالى) ترسی لە دروستكراوان هەبێت، چونكە خوای گەورە خۆی دەبێتە پارێزەری ئەو كەسەی هەوڵی بڵاوكردنەوەی یەكتاپەرستیەكەی دەدات، وە ستەمكاران ناتوانن بەرەنگاری ببنەوە (عز وجل). وە سوورەتی (الفلق) پەیوەندی بە سوورەتی (النصر)ەوە هەیە، چونكە خوای گەورە لە سوورەتی (النصر)دا هەواڵی داوە بە پێغەمبەرەكەی كە ئیسلام گەشە دەكات و بەرزدەبێتەوە و هیچ هێزێك ناتوانێت ڕێگری لێ بكات. بەڵام لە سوورەتی (الفلق) دا خوای گەورە ئامۆژگاری موسوڵمانانی كردووە كە ئەگەر بەپێی ئەم هەواڵە خواییانە زاڵ و باڵادەست بوون، ئەوا پێویستە بگەڕێنەوە بۆ لای خوا و لێی بپاڕێنەوە كە تووشی لاوازی نەبن و خۆریان ئاوا نەبێت، بەڵكو بەردەوام بە درەوشاوەیی لە جەرگەی ئاسماندا بمێنێتەوە، وە هیچ شەڕێكیان تووش نەبێت، وە سیستەمەكەیان تێكنەچێت، وە پەرتەوازە نەبن، وە هیچ حەسودێك نەتوانێت كۆتایی بە فەرمانڕەوایەتی یان باڵادەستییان بهێنێت.
﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ * مِن شَرِّ مَا خَلَقَ﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
أعوذ: عاذَ به مِن كذا: پەنای پێ برد و بەهۆیەوە خۆی پاراست. تۆ دەڵێیت: أعوذ بالله من الشيطان الرجيم: واتە پەنا دەگرم بە خوا و خۆم دەپارێزم لە شەیتان. وە عاذ بالشيء: واتە پەیوەست بوو بە شتەكەوە. وە لەمەوە هاتووە: عاذت بولدها: بە مناڵەكەیەوە هەستا. (الأقرب)
كەواتە مەبەست لە ﴿أَعُوذُ﴾: بریتیە لە 1: بەهۆی خواوە خۆم دەپارێزم، 2: دەمەوێت پەیوەست بم بە خواوە.
الفَلَق: الفلقُ: بەرەبەیان (سپێدە)؛ هەموو دروستكراوەكان؛ دۆزەخ؛ زەوییەكی تەختی نێوان دوو تەپۆڵكە؛ كۆت و پێوەندی زیندانیكار، كە دارێكە كونی تێدایە بەئەندازەی قەبارەی قاچ، خەڵكی تێدا بەند دەكرێت لەسەر یەك ڕیز؛ ئەو شیرەی كە لە بنی دەفردا دەمێنێتەوە؛ وە الفلقُ من اللبن: شیرێك كە بەهۆی ترشانەوە بڕسكا بێت؛ كەلێن و شەقبوون لە شاخدا (الأقرب).
وە لە “المفردات”دا هاتووە: “الفلْقُ: واتە شەقبوونی شتێك و جیابوونەوەی بەشێكی لە بەشێكی تری. وە فەرمایشتی ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ﴾ واتە سپێدە، وە گوتراوە: ئەو ڕووبارانەن كە لەم فەرمایشتەدا باسكراون ﴿أَمَّن جَعَلَ ٱلۡأَرۡضَ قَرَارٗا وَجَعَلَ خِلَٰلَهَآ أَنۡهَٰرٗا﴾”.
وە سپێدە پێی دەوترێت فەلەق چونكە دەركەوتنی سپێتی ڕۆژ بۆشایی ئاسمان دەكات بە دوو كەرتەوە، وە ڕووبارەكانیش پێیان دەوترێت فەلەق چونكە ئاوەكانیان زەوی شەق دەكەن.
كەواتە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ﴾ واتە:
1: پەنا دەگرم بەو پەروەردگارەی كە ڕووناكی لە دوای تاریكی دروست دەكات.
2: پەنا دەگرم بەو پەروەردگارەی كە هەموو شتێكی دروستكردووە، یان دۆزەخی دروستكردووە، یان زەویەكی تەختی دروستكردووە یان دەشتێكی تەخت لە نێوان دوو تەپۆڵكەدا.. یان ئاینی ئیسلامی دابەزاندووە كە میانەڕەوە لە نێوان زیادەڕەوی و كەمتەرخەمیدا.
3: پەنا دەگرم بەو پەروەردگارەی كە دەسەڵاتی بەسەر زیندانەكاندا هەیە.
4: پەنا دەگرم بە پەروەردگاری ڕووبارەكان.
5: پەنا دەگرم بەو پەروەردگارەی كە خاوەنی ئەو شیرەیە لە بنی دەفردا دەمێنێتەوە.
تەفسیر: هەردوو سوورەتی (الفلق) و (الناس) بە “المعوِّذتين” ناودەبرێن.. واتە ئەو دوو سوورەتەی كە بە هۆیانەوە پەنا بە خوا دەگیرێت، وە هۆكاری ناوبردنیان بەم ناوە ئەوەیە كە بە دەستەواژەی ﴿قُلۡ أَعُوذُ﴾ دەست پێدەكەن، واتە خوای گەورە فەرمان بە خوێنەرەكەیان دەكات ڕایبگەیەنێت كە پەنا دەگرێت بە پەروەردگاری فەلەق و پەروەردگاری خەڵكی لە هەموو شەڕ و زیانێك، چ شەڕەكە تاكەكەسی بێت یان بەكۆمەڵ.
لێرەدا تێبینی دەكرێت خوای گەورە فەرمانی بە باوەڕدار كردووە لە قورئاندا كە پەنا بە خوا (عز وجل) بگرێت لەكاتی دەستپێكردن بە خوێندنەوەی قورئاندا، بەجۆرێك دەفەرموێت: ﴿فَإِذَا قَرَأۡتَ ٱلۡقُرۡءَانَ فَٱسۡتَعِذۡ بِٱللَّهِ﴾ (النحل: 99)، بەڵام خوای گەورە پەناگرتنەكەی (الاستعاذة) لە سەرەتای قورئاندا دانەبەزاندووە؛ واتە بە ڕستەیەكی وەك: (أعوذ بالله من الشيطان الرجيم) دەستی پێ نەكردووە، بەڵكو لە سوورەتی (الفاتحة)دا بە فەرمایشتی: ﴿بِسۡمِ ٱللَّهِ ٱلرَّحۡمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ﴾ دەستیپێكردووە؛ ئەمە لە لایەكەوە، لە لایەكی تریشەوە فەرمانی پێنەكردووین كە دوای خەتمكردنی قورئان پەنای پێ ببەین، بەڵكو خودی پەناگرتنەكەی لە كۆتایی قورئان لە هەردوو سوورەتی (الفلق) و (الناس) دا دابەزاندووە، كە پێویستە هەموو خوێنەرێك كاتێك دەگاتە كۆتایی قورئان بیانخوێنێتەوە. وە ئەمەش چەندین حیكمەتی تێدایە، لەوانە:
1: كاتێك مرۆڤ نیازی ئەنجامدانی كارێكی چاكە دەكات، ئەوا تەنها لەبەر نیەتەكە نابێتە میراتگری چاكە و فەزڵە تەواوەكانی خوای گەورە، بەڵكو كاتێك دەیەوێت خێرێك بكات، خوای گەورە ڕێنمایی دەكات بۆ ڕێگای ڕاست و دروست، واتە بۆ ئەو ڕێگایەی كە ئەو مەبەستە دەهێنێتەدی، بۆیە خوای گەورە وشەكانی پەناگرتنی لە وەحی قورئاندا دانەبەزاندووە، بەڵكو تەنها بەوەندە وازیهێناوە كە فەرموویەتی كە ئەگەر ویستتان قورئان بخوێنن ئەوا پەنا بگرن بە خوا (عز وجل)، وەك ئەوەی خوای گەورە تەنها ڕێنمایی كردبین بۆ ئەو شتەی كە ئیرادەمان بەهێز دەكات. بەڵام دوای ئەوەی كە قورئانمان خەتم كرد و كارمان پێكرد، خوای گەورە ئایەتەكانی پەناگرتنی لە كۆتاییەكەیدا دابەزاند.. واتە خوای گەورە خۆی بێ ئەوەی سەرپشكمان بكات فێری كردووین پەنای پێ بگرین. كەواتە كاتێك مرۆڤ ویستی قورئان بخوێنێتەوە، خوایش دەیەوێت یارمەتی بدات، وە كاتێك بە قورئان كاری كرد، خوایش بەكردەیی یارمەتی دەدات.
2: كاتێك موسوڵمان دەست دەكات بە خوێندنەوەی قورئان، جا لە سەرەتاوە بێت یان ناوەڕاست یان كۆتایی، ئەوا لەو كاتەدا ئاگاداری وردەكاریی حوكمەكانی قورئان نیە، چونكە هێشتا خوێندنەوەكەی تەواو نەكردووە، بەڵام كاتێك قورئان خەتم دەكات و دەگاتە كۆتاییەكەی، ئەوا ئاگاداری زانیاریە جۆراوجۆرەكانی و وردەكاری حوكمەكانی دەبێت و دەزانێت پێویستە چی بكات و چی نەكات، وە بە ئاسانی دەزانێت ئەو جۆرە هەڵانە چین كە دەكرێت تووشی ببێت، مەبەستم ئەوەیە خوێندنەوەی قورئان لە سەرەتاوە تا كۆتایی ئاسۆی بیری فراوان دەكات؛ بەمەش ئەرك و بەرپرسیارێتیەكانی خۆی دەزانێت، وە تووشی دڵەڕاوكێ دەبێت لە ترسی كەمتەرخەمیكردن لە جێبەجێكردنی ئەركەكانی، دیارە خوای گەورە بە لەبەرچاوگرتنی ئەم دوو دۆخە مرۆڤی فێری پەناگرتن كردووە، بۆیە پێش دەستپێكردن بە خوێندنەوەی قورئان فەرمانی پێكردووە كە پەنا بگرێت بە خوا، وە ئەو وشانەی پێغەمبەر ﷺ فێری كردووین بۆ دەستپێكردن بە خوێندنەوەی قورئان زۆر كورتن، وەك ئەوەی گونجاو بێت لەگەڵ عەقڵی ئەو خوێنەرەی كە دەست بە خوێندنەوەی قورئان دەكات. بەڵام ئەو پەناگرتنەی كە خوای گەورە لە كۆتایی قورئانی پیرۆزدا دایبەزاندووە، چەمكێكی فراوانی هەیە؛ وە تێیدا خوای گەورە دوعایەكی تەواوی فێركردووین بۆ دووركەوتنەوە لە زیانەكان، وە دوعاكە دەگونجێت لەگەڵ بارودۆخی مێشكی ئەو مرۆڤەی كە هەموو قورئانی تەواو كردووە و لە چەمكەكانی تێگەیشتووە و ئاگاداری هەموو فێركاریەكانی بووە، وە زانیویەتی دەبێت چی بكات و لە چی خۆی بپارێزێت.
كەواتە لە هەردوو جۆرەكەی پەناگرتندا حیكمەتی باڵا هەیە. نموونەی پەناگرتن لە سەرەتای قورئان و كۆتاییەكەیدا، وەك كەسێك وایە كە بیەوێت ماڵێك دروست بكات، سەرەتا داوا لە هەندێ پیاوچاك بكات بناغەكەی دابنێن، وە كاتێك بیناكەی تەواو بوو داوا لە پیاوچاكان بكات دوعای بەرەكەتی بۆ بكەن. ئەمە دۆخی كردەوە چاكەكانیشە، كاتێك مرۆڤ دەیەوێت كۆشكی كردەوە چاكەكان بەرز بكاتەوە، ئەوا بێگومان دەبێت بەردی بناغەكەی بە دەستی خوا دابنێت، وە ئەگەر بیناكەی خەریك بوو تەواو بێت، ئەوا كۆتا خشتیشی هەر بە دەستی خوا دادەنێت. بۆیە كاتێك پەنا بە خوای گەورە دەگرن پێش دەستپێكردن بە خوێندنەوەی قورئان، ئەوا وەك ئەوە وایە داوا لە خوای گەورە بكەن كە بەردی بناغەی كردەوە چاكەكانیان دابنێت، وە كاتێك لە كۆتایی قورئانی پیرۆزدا پەنا بە خوای گەورە دەگرن، وەك ئەوە وایە داوای لێبكەن یەكەمجار ئەو (عز وجل) ماڵی تەقواكەیان بۆ بكاتەوە. وە لە ڕاستیدا تەلاری ئیمان بەبێ ئەم دوو شتە تەواو نابێت. ئەمە ئەو حیكمەتەیە كە خوای گەورە ئاگاداری كردووینەتەوە لێی كاتێك فەرمانی پێكردووین لەكاتی دەستپێكردن بە خوێندنەوەی قورئان پەنا بە خوا بگرین و لەكاتی خەتمكردنیشی لە هەردوو سوورەتی (المعوذتين)دا پەنا بە خوا بگرین.
3: حیكمەتێكی تر هەیە لەوەدا كە بۆچی پێش ئەوەی دەستبكەین بە خوێندنەوەی قورئان فەرمانمان پێ كراوە پەنا بە خوا بگرین و لە كۆتاییەكەیشیدا (المعوذتين) دابەزیوە بۆ ئەوەی پەنا بگرین بە خوا، ئەویش ئەوەیە كە دەبێت مرۆڤ كاروباری ئاینەكەی -سەرباری كاروباری دنیاكەی- لە پەنای خوای گەورەدا دەست پێبكات و هەر لە پەنای خوای گەورەدا كۆتایی پێ بهێنێت؛ چونكە مەحاڵە مرۆڤ بێ نیاز بێت لە یارمەتی و پاراستنی خوا هەرچەند پێشبكەوێت لە كاروباری ئاین و ناسینی خوای گەورەدا. پێغەمبەر ﷺ باشترین مرۆڤ بوو، بگرە سەروەری پێغەمبەران بوو، بەڵكو ئامانجی دروستكردنی گەردوون بوو، واتە خوای گەورە مرۆڤی دروستكردووە بۆ ئەوەی لە كۆتاییدا موحەممەد ﷺ دروست بكات، هەروەك چۆن فەرموودە قودسیەكە ئاماژەی پێكردووە كە دەفەرموێت: “لولاك لما خلقتُ الأفلاك” (كشف الخفاء للعجلوني: حرف اللام، رقم 2123) [2]، بەڵام پێغەمبەر ﷺ لەگەڵ گەیشتنی بەم پلە گەورەیە لە نزیكیی خوای گەورە، لە شەونوێژدا هێندە بە پێوە دەوەستا هەتا قاچەكانی دەئاوسان، تەنانەت جارێكیان عائیشە -ڕەزای خوای لێ بێت- پێی گوت: ئەی پێغەمبەری خوا، خوای گەورە لە تاوانی ڕابردوو و داهاتووت خۆش بووە، ئیتر بۆچی ئاوا خۆت ماندوو دەكەیت لە شەونوێژدا؟ ئەویش فەرمووی: “أفلا أكون عبدا شكورا؟” واتە: (ئایا نەبمە بەندەیەكی سوپاسگوزار؟) (البخاري، كتاب التهجد) واتە: خوای گەورە هەموو ئەم نیعمەتانەی پێبەخشیوم، بۆیە ئەركم دووقات بووەتەوە، وە پێویست بووە لەسەرم كە لە جاران زیاتر بیپەرستم و سوپاسی بكەم.
[2] سەغانی دەڵێت: ئەم فەرموودەیە هەڵبەستراوە، وە عیجلونی دەڵێت: بەڵام ماناكەی ڕاستە ئەگەرچی فەرموودەیش نەبێت. بەڵام ئەوەی ڕاستی ئەم فەرموودەیە دووپات دەكاتەوە ئەوەیە كە دەیلەمی لە ئیبن عەبباسەوە گێڕاویەتیەوە كە پێغەمیەر (ﷺ) فەرموویەتی: “جبریل هاتە لام و گوتی: ئەی موحەممەد! ئەگەر تۆ نەبوویتایە بەهەشتم دروست نەدەكرد، وە ئەگەر تۆ نەبوویتایە دۆزەخم دروست نەدەكرد.” (كنـز العمال: ج11، رقم 32025). وە خاوەنی ئەم تەفسیرە، موسلیحی بەڵێندراو (رضي الله عنه) لە تەفسیری سوورەتی (الشعراء)دا فەرموویەتی: “گومانی تێدا نیە كە ئەم فەرموودەیە یەكێكە لەو فەرموودانەی كە تەنها سۆفیەكان گێڕاویانەتەوە، و فەرموودەناسان بە سەحیحی دانانێن، بەڵام ئەو وەحیەی بۆ مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) دابەزیوە ڕاستی فەرموودەكەی سەلماندووە بەجۆرێك خوای گەورە بۆ ئەویش (علیه السلام) وەحی كردووە و فەرموویەتی: “لولاك لما خلقت الأفلاك” (التذكرة ص 525 يوم 4 مايو/أيار 1906، وحقيقة الوحي، الخزائن الروحانية المجلد 22 ص 102). (وەرگێڕی عەرەبی)
وە هەروەها عائیشە -ڕەزای خوای لێ بێت- گێڕاویەتیەوە كە بە پێغەمبەری ﷺ گوتووە: ئەی پێغەمبەری خوا، ئێمە پێویستیمان بە كاركردن هەیە بۆ ڕزگاربوونمان، بەڵام تۆ خوای گەورە ڕزگاربوونی بۆ نووسیویت، بۆچی ئاوا خۆت ماندوو دەكەیت بە ئەنجامەدانی كردەوە چاكەكان؟ ئەویش فەرمووی: نەخێر، بە كردەوەی خۆم ڕزگارم نابێت، بەڵكو تەنها بە فەزڵی خوا ڕزگارم دەبێت. [لە بوخاریدا هاتووە: كتاب المرضى، باب نهي تمنِّي المريض الموت، لە ئەبو هورەیرەوە دەڵێت: گوێم لە پێغەمبەری خوا ﷺ بوو دەیفەرموو: “هیچ كەسێك كردەوەكەی نایباتە بەهەشتەوە”. گوتیان: تەنانەت تۆیش ئەی پێغەمبەری خوا؟ فەرمووی: “بەڵێ، تەنانەت منیش، مەگەر ئەوەی خوا بە فەزڵ و ڕەحمەتی خۆی دامپۆشێت”. (وەرگێڕی عەرەبی)]
كەواتە مرۆڤ ناتوانێت بێ نیاز بێت لە پاراستنی خوا، هەرچەندە چاكە بكات و هەرچەندە لە ڕۆحانیەتدا پێشبكەوێت. جا مادام پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت: تەنها بە فەزڵی خوا ڕزگارم دەبێت، ئیتر دوای ئەو كێ هەیە بانگەشەی ئەوە بكات كە بێ نیازە لە ڕەحمەتی خوا و پێویستی بە فەزڵی ئەو (عز وجل) نیە، بەڵكو تەنها بە هێزی كردەوەكانی خۆی لە ڕۆحانیەتدا بەرەوباڵا دەچێت؟
لەگەڵ ئەوەی موسوڵمانان فەرمانیان پێكراوە هەمیشە لەبەر دەرگای خوای گەورە بمێننەوە و داوای یارمەتی لێبكەن، بەڵام ئەگەر یەكێكیان چەند ڕۆژێك چاكە بكات ئەوا تووشی لووتبەرزی و فیز دەبێت، وە ئەگەر چەند ڕۆژێك نوێژ بكات ئەوا دەست دەكات بە منەتكردن بەسەر خوای گەورەدا، وە ئەگەر چەند ڕۆژێك ڕۆژوو بگرێت ئەوا پێی وایە چاكەی لەگەڵ خوای گەورەدا كردووە، وە ئێستا ئیتر پێویستە خوای گەورە (سبحانه وتعالى) هەموو ئامانجەكانی بهێنێتەدی، وە ئەگەر كەمێك خێر بكات ئەوا پێی وایە ئێستا مافی بەسەر خواوە هەیە، بۆیە دەبێت خوای گەورە مامەڵەیەكی تایبەتی لەگەڵدا بكات، ئەگینا خوا (سبحانه وتعالى) هەڵەی كردووە -پەنا بە خوا. ئەمانە ئەو شتانەن كە مرۆڤ وێران دەكەن، وە هەركەسێك تووشی ئەم نەخۆشیە بێت -پێگەی هەرچەند بەرز بێت- كردەوەكانی پووچەڵ دەبنەوە و دەكەوێتە خوارەوە. بۆیە پێویستە مرۆڤ هەمیشە پەنا بە خوا بگرێت بۆ ئەوەی تووشی لووتبەرزی نەبێت و بێبەش نەبێت لە نیعمەتەكانی خوای گەورە. لووتبەرزی و خۆبەگەورەزانین لە سەرەتادا بێبەشی دەكات، واتە ئەگەر قسەیەكی خێر بدرێت بە گوێیدا ئەوا بەرگەی بیستنی ناگرێت، هەروەها لە كۆتاییشدا لەناوی دەبات، چونكە پێی وایە گەیشتووەتە ئاستێك لە ڕۆحانیەت كە بێ نیازی كردووە لە یارمەتی خوای گەورە.
“هومایۆن” یەكێك بوو لە پاشا بەناوبانگەكانی مەغۆل لە هیندستان. جارێكیان بە یاوەریی سوپایەكی گەورە دەگەڕایەوە دوای شكستپێهێنانی بنەماڵەی فەرمانڕەوای “سووری”ی ئەفغانی لە بەنگال، وە بە سوپاكەیەوە لە كەناری ڕووبارێك لە ناوچەی “بیهار” دابەزی، وە سەربازەكانی بینی كە لە هەموو لایەكدا بڵاوبوونەتەوە بۆیە بەهۆی گەمژەیی خۆیەوە گوتی: ئەگەر خوا بیەوێت ئەم سوپایە لەناو ببات، ئەوا لەناوبردنەكەی ماوەیەك دەخایەنێت. وە سوپای شكستخواردووی ئەفغانەكان بە هێواشی بەدوای سوپاكەیدا دەهاتن، بەڵام نەیاندەویست تۆڵەی لێبكەنەوە؛ چونكە زۆر ماندوو بوون نە توانایان هەبوو نە ورە، بەڵكو نیازیان ئەوە بوو ئەو سەربازانەی “هومایۆن” بدۆزنەوە و بیانكوژن كە لێرە و لەوێ پەرتەوازە بوون، هەروەك چۆن پیاوانی كۆماندۆز كە پێیان دەوترێت گەریلا ئەو كارە دەكەن -وە گۆریلا لە بنەڕەتدا جۆرێكە لە مەیموون كە لەناكاو پەلامار دەدات- ئەمانیش بەهەمان شێوە بە شاراوەیی بەدوای سوپای هومایۆنەوە بوون، بەڵام هیچ سەركردەیەكیان نەبوو، بۆیە نەیاندەتوانی تەنانەت یەك هێرشیش بكەن. وە هومایۆن پاشای بنەماڵەی ئەفغانی “شێر شا سووری” وەك دیل لەگەڵ خۆیدا بردبوو، هەركە “هومایۆن” ئەو قسە بێمانایەی كرد دەستبەجێ “شێر شا” غیرەت گرتی، بۆیە بە تووندی پەتەكانی پچڕاند و هەڵهات و گەیشتە كەتیبەی ئەفغانەكان. ئێستا ئیتر ئەفغانەكان سەركردەیەكیان هەیە، بۆیە ڕاوێژیان كرد و لەناكاو هێرشێكی شەوانەیان كردە سەر سوپاكەی “هومایۆن”، سوپاكەی پەرتەوازە بوو و تێكشكێنرا، تەنانەت هومایۆن بە زەحمەت ڕزگاری بوو. ئەوانەی شارەزان لە مێژوودا دەزانن كە بە ئەسپەكەیەوە خۆی خستەناو ڕووبارەكەوە، بەڵام كەوتە ناو گێژاوێكەوە و نقوم بوو، خەریك بوو هومایۆن بخنكێت، یەكێك لە ئاوكێشەكان ڕزگاری كرد لەسەر ئەو بەڵێنەی كە بۆ نیو ڕۆژ حوكمڕانی پێبدات. پاشان هومایۆن نەیتوانی لە هیندستان بمێنێتەوە، بەڵكو هەڵهات بۆ ئێران (تاريخ هندوستان (بالأردو): همايون اور شير شاه سوري).
كەواتە مرۆڤ هەرچەند لە كاروباری دنیا یان لە كاروباری ئایندا پێشبكەوێت، ئەگەر تووشی لووتبەرزی بێت ئەوا تیا دەچێت، بۆیە خوای گەورە لە كۆتایی قورئاندا فەرمانی پێكردووین پەنا بگرین بە خوا، وەك ئەوەی خوای گەورە ئامۆژگاریمان بكات كە ئێوە ئێستا قورئانتان خەتم كردووە و سەرنجتان لێداوە و زانیاریتان لێ وەرگرتووە و لە ڕۆحانیەتدا پێشكەوتوون، با ئەمە تووشی هەستی خۆبەزلزانینتان نەكات بەسەر كەسانی تردا، چونكە ئەگەر فیز بكەن ئەوا تیادەچن. بۆیە، ئەگەر دەستان كرد بە ئەنجامدانی هەر كارێك لە كارەكانی دنیا یان ئاین، ئەوا هەمیشە خوای گەورەتا لەیاد بێت، وە ئەگەر تەواوتان كرد ئەوا لەو كاتەیشدا هەر خوای گەورەتان لەیاد بێت.
وە لەمەدا ئەو هەواڵە هەیە كە موسوڵمانان لە سەردەمی كۆتاییدا بەهۆی ئەو سەركەوتنانەی خوای گەورە بۆیان دەنووسێت تووشی لووتبەرزی دەبن، بەمەش تووشی جۆرەها بەڵا و وێرانكاری دەبن، بۆیە دەبێت هەردوو سوورەتی (الفلق) و (الناس) زۆر بخوێننەوە، بۆ ئەوەی خوای گەورە لە فیز و خۆهەڵكێشان و وەسوەسەكانی نەفس بیانپارێزێت، پاشان لە هێرشی دوژمنان دەیانپارێزێت.
وە باتێكی تر هەیە كە بابەتێكی وردە، ئەویش ئەوەیە خوای گەورە وشەی ﴿قُلۡ﴾ی خستووەتە پێش ﴿أَعُوذُ﴾، وە هەندێ لەو كەسانەی لە قورئان ورد نابنەوە دەڵێن: بۆچی لێرەدا وشەی ﴿قُلۡ﴾ هێنراوە؟ دەبوو ڕاستەوخۆ بوترایە: “أعوذ برب الفلق”. بەڵگەیان ئەوەیە كە ئەگەر خوێنەر بڵێت ﴿قُلۡ﴾، ئەوا ئەو گوڕوتینە لە دڵیدا دروست نابێت وەك ئەوەی ڕاستەوخۆ بڵێت “أعوذ برب الفلق”.
حەزرەتی مەولەوی عەبدولكەریم سیالكۆتی (رضي الله عنه) [3] كاتێك لە نوێژی بەكۆمەڵدا ئەم سوورەتانەی بۆ خەڵكی دەخوێندەوە، دوای وتنی ﴿قُلۡ﴾ كەمێك دەوەستا، پاشان دەیوت ﴿أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ﴾.
[3] بەڕێزی (رضي الله عنه) دووەم گەورە هاوەڵی مەسیحی بەڵێندراو بوو (علیه السلام)، وە خوای گەورە لە وەحیەكانیدا بۆ مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) ناویناوە: “سەركردەی موسوڵمانان“. وە ئەو كەسە بوو كە شكۆدار بوو بە خوێندنەوەی وتارەكەی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) لە كۆنگرەی ئایینە گەورەكان لە لاهور، كە دواتر بە ناوی “فەلسەفەی فێركارییەكانی ئیسلام” بڵاوكرایەوە. (وەرگێڕی عەرەبی)
لە ڕاستیدا وشەی ﴿قُلۡ﴾ گوڕوتینی خوێنەر كەم ناكاتەوە، بەڵكو زیاتری دەكات؛ چونكە هێنانی ﴿قُلۡ﴾ لێرەدا دەریدەخات كە پێغەمبەر ﷺ یەكەم كەسە فەرمانی پێكراوە پەنا بە خوا بگرێت؛ چونكە ئەگەر ﴿قُلۡ﴾ لێرەدا نەبوایە خوێنەر وای گومان دەبرد كە فەرمانی پەناگرتنەكە تەنها ئاراستەی ئەو كراوە، نەك پێغەمبەر ﷺ. كەواتە وشەی ﴿قُلۡ﴾ ئاگاداركردنەوەیە بۆ ئەو كەسانەی كە لەوانەیە ئەم حوكمی پەناگرتنە بە كەم بزانن، جا مادام خوای گەورە فەرمان بە پێغەمبەرەكەی ﷺ دەكات پەنا بە خوا بگرێت و پێی دەفەرموێت: ﴿قُلۡ﴾- واتە: بە خەڵكی ڕابگەیەنە كە من پەنا دەگرم بە پەروەردگاری فەلەق سەرەڕای گەیشتنم بەم پێگە بەرزە لە نزیكی خوا، وە بێ نیاز نیم لە پەناگرتن پێی، بەڵكو هەمیشە لەبەردەم خوادا كڕنووش دەبەم بۆ ئەوەی پەنام بدات و بمپارێزێت، ئیتر دەبێت چەند پێویست بێت لەسەر تاكەكانی ئوممەتەكەی ﷺ كە پەنا بە خوای گەورە بگرن. كەواتە دانانی ﴿قُلۡ﴾ لێرەدا گوڕوتین كەم ناكاتەوە بەڵكو زیاتری دەكات، چونكە مادام خوای گەورە فەرمانی بە باشترین مرۆڤ كردووە -كە گەیشتووەتە لوتكەی كەماڵاتی ڕۆحانی- كە پەنای پێ بگرێت، ئیتر دەبێت چەند پێویست بێت كەسانی تر پەنا بە خوا (عز وجل) بگرن؟
وە پرسیارێكی تریش هەیە ئەویش ئەوەیە: پەناگرتن بە خوای گەورە واتە: خوایە، شەیتان بەسەرمدا زاڵ دەبێت بەهۆی لاوازی و كەمتەرخەمیمەوە بۆیە بمپارێزە لێی، وە ئەم چەمكەش هاوشێوەی چەمكی ئیستیغفارە، وەك ئەوەی كەسی پەناگر دان بە تاوانەكانی خۆیدا بنێت، وە داوا لە خوای گەورە بكات كە لێی خۆش بێت، بەڵام پێغەمبەر ﷺ مەعسومە، وە خۆی ڕایگەیاندووە كە شەیتانەكەی تەسلیم بووە. (مسلم، كتاب صفة القيامة والجنة والنار، باب تحريش الشيطان)، كەواتە بۆچی پێغەمبەر ﷺ پەنا بە خوا دەگرێت؟
وەڵام: مرۆڤی ئاسایی ئەگەر بڵێت: (أعوذ بالله من الشيطان الرجيم)، بێگومان دان بە تاوانەكانیدا دەنێت، بەڵام پەناگرتنی پێغەمبەر ﷺ هەرگیز بەم مانایە نیە، چونكە ئەو لە تاوان پارێزراوە، بۆیە خوای گەورە (المعوذتين)ی بە ﴿قُلۡ﴾ دەست پێكردووە، بۆ ڕوونكردنەوەی ئەوەی كە موحەممەد بەهۆی تاوانەكانیەوە پەنا بە خوا ناگرێت، بەڵكو بە پەیڕەوكردنی فەرمانی خوای گەورە پەنا بە خوا دەگرێت، بۆ ئەوەی شەیتان نەتوانێت لە داهاتوودا فێڵ لە خۆی و كۆمەڵەكەی بكات.
بزانە هەموو پێغەمبەرێك بەپەرۆشە بۆ ئوممەتەكەی وەك چۆن شوان بەپەرۆشە بۆ مێگەلەكەی، وە هەروەك چۆن شوان هەندێ جار خۆی دەخاتە مەترسیەوە بۆ ڕزگاركردنی مێگەلەكەی، بە هەمان شێوە پێغەمبەریش بۆ ئوممەتەكەی هەمان كار دەكات، بۆیە پەنا بە خوای گەورە دەگرێت بۆ ئەوەی لە هێرشەكانی شەیتان بیانپارێزێت. دیارە شەیتان مەترسی لەسەر پێغەمبەر دروست ناكات، بەڵام بەدڵنیاییەوە هەڕەشە لە شوێنكەوتووانی دەكات. كەواتە پێغەمبەر پەنا دەگرێت بە خوا بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرش و پەلامارەی شەیتان كە بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ دەكرێتە سەری، چونكە هێرشكردنە سەر ئوممەتەكەی وەك هێرشكردنە سەر خۆی وایە؛ كەواتە پەناگرتنی پێغەمبەر ﷺ جیاوازە لە پەناگرتنی كەسانی تر.
هەڵبەت وشەی ﴿أَعُوذُ﴾ لە سەرەتای هەردوو سوورەتی (الفلق و الناس) دا هاتووە، ئەمەش مانای وایە هەردووكیان مرۆڤ فێری پەناگرتن بە خوای گەورە دەكەن. لێرەدا لەخۆوە پرسیارێك دروست دەبێت: مادام هەریەك لەم دوو سوورەتە هەمان بابەتی لەخۆگرتووە، بۆچی خوای گەورە نەیكردوون بە یەك سوورەت؟
وەڵام: بزانە سوورەتی (الفلق) مرۆڤ فێری پەناگرتن بە خوا دەكات لەو شەڕ و خراپانەی كە بەگشتی لە دروستكراوەكانی تری جگە لە مرۆڤەوە پەیدا دەبن، بەڵام سوورەتی الناس مرۆڤ فێری پەناگرتن بە خوا دەكات لەو شەڕ و خراپانەی كە بەگشتی لە مرۆڤەوە دروست دەبن، وە شتێكی ڕوونە ئەم دووانە دوو بابەتی جیان، بۆیە لە دوو سوورەتی جیادا باسكراون.
خوای گەورە فەرموویەتی ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ﴾. وە پەروەردگار (الرب) ئەوەیە كە مرۆڤ پەروەردە دەكات و بەرزی دەكاتەوە تا دەگاتە چڵەپۆپە، سەبارەت بە فەلەق ئێمە حەوت مانامان باسكردووە بۆی لە شیكردنەوەی وشەكاندا و هەموویان لێرەدا جێبەجێ دەبن.
1: یەكەم مانای فەلەق بریتیە لە سپێدە، بەگوێرەی ئەم مانایە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ﴾ واتە: بڵێ پەنا دەگرم بە پەروەردگاری سپێدە.
لە سەرەتای تەفسیری سوورەتی (الفلق)دا ڕوونم كردەوە كە ئەم سوورەتە پەیوەندی هەیە بە سوورەتی (النصر)ەوە، بەجۆرێك لە سوورەتی (النصر)دا خوای گەورە باسی ئەوەی كردووە كە بناغەی كۆشكی فتوحات و سەركەوتنەكانی ئیسلام -كە بە دەستی پێغەمبەر ﷺ دانراوە- بەردەوام بەرز دەبێتەوە تا كۆشكەكە تەواو دەبێت، وە ئەگەر كۆسپێك لە ڕێگاكەیدا هەبوو ئەوا خوای گەورە بەتەواوەتی لایدەبات. سەبارەت بە سوورەتی (الناس)؛ تێیدا خوای گەورە موسوڵمانانی ئاگادار كردووەتەوە و فەرموویەتی ئەی موسوڵمانان لە خوای گەورە بپاڕێنەوە كە كۆشكی باڵادەستی و زاڵبوونتان تەواو و بەردەوام بكات، بۆ ئەوەی هیچ دوژمنێك نەتوانێت زیان بەم كۆشكە بگەیەنێت، یان ئەوەی تووشی پەرتەوازەیی ببن بەمەش نەتوانن ئەم كۆشكە بپارێزن.
پێغەمبەر ﷺ دوای ڕاگەیاندنی پێغەمبەرایەتی ١٣ ساڵ لە مەككە مایەوە، وە ئەو ماوەیە لەبەر ئەو بەڵا و ڕێگرانەی تێیدا بوون وەك شەو وابوو. پاشان پێغەمبەر ﷺ كۆچی كرد بۆ مەدینە، بەمەش بەرەبەیان و سپێدەی سەركەوتن دەستی پێكرد، بەجۆرێك لە لایەكەوە شوێنەوارەكانی زاڵبوونی ئیسلام وردە وردە دەركەوتن، وە لە لایەكی تریشەوە سەختی و ناخۆشیەكان كەمیان كرد. بێگومان سپێتی ئەم بەرەبەیانە بەتەواوی ڕوون نەبوو، وە كەسی كزبین نەیدەتوانی بیبینێت، بەڵام كەسی تیژبین دەیبینی و مژدەی هەڵاتنی خۆری دەدا دوای ماوەیەكی كەم، بۆ ئەوەی هەمووان بیبینن كە بە درەوشاوەیی لە جەرگەی ئاسماندایە. دوای كۆچكردن سپێدەی موسوڵمانان لە مەدینە دەركەوت، وە دەیانبینی و دەیانزانی كە ڕووناكیەكەی لە ئاسۆدا بڵاودەبێتەوە، بەڵام چاوی نەیارەكان كورت بوو لە بینینی ئەم سپێدەیە، وە لە كۆتاییدا ئەم ڕووناكیە وردە وردە دەركەوت و موسوڵمانان وردە وردە زاڵ و باڵادەست بوون هەتا لە ساڵی هەشتەمی كۆچیدا مەككە فەتح كرا، وە ئیسلام بە ڕووناكیەكەی خۆی عەرەبی ڕووناك كردەوە، وە هەموو كەس سپێدەی ئیسلامی بینی. وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو كاتە، خوای گەورە فەرمان بە پێغەمبەرەكەی ﷺ دەكات كە پەنا بگرێت بە ﴿بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ﴾ وە فەرمان بە هەموو تاكێكی ئوممەتەكەی دەكات كە پەنا بە خوا (عز وجل) بگرن، واتە ئەركی پێغەمبەر ﷺ ئەوەیە كە لە لایەكەوە لە خوای گەورە بپاڕێتەوە بۆ ئەوەی خۆری ئیسلام بەردەوام بەرزببێتەوە تا لە جەرگەی ئاسماندا دەدرەوشێتەوە و چاوەكان سەرسام دەكات، وە لە لایەكی تریشەوە خوای گەورە لەم سەردەمی گەشەسەندنەدا بیانپارێزێت، بۆ ئەوەی تووشی داڕووخان نەبن. وە لەبەر ئەوەی قورئان لە لایەكەوە ڕووی قسەی لە موسوڵمانان بوو، وە لە لایەكی ترەوە لە بێباوەڕان، بۆیە ئەم ئایەتە هەرچەند مژدەیەك بوو بۆ موسوڵمانان، هۆشداریەكەیش بوو بۆ بێباوەڕان -كە هەمیشە دەیانوت ئەگەر موحەممەد خۆرە كوا ڕووناكیەكەی- بەوەی كە ڕووناكی خۆرەكەی خەریكە دەردەكەوێت، وە دەبێتە هۆی دەركەوتنی هەموو ئەو زانستە ڕۆحانی و ماددیانەی كە پێشتر شاراوە بوون، وە دەبێتە هۆی دەركەوتنی جۆرەها خەوشی شاراوەی خەڵكی كە لەژێر پەردەی تاریكیدا بوون، وە خەڵكی ئەو پێشكەوتنە ماددیە بەدەستدەهێنن كە پێشتر بەدەستیان نەهێناوە. بۆیە دەبینین كاتێك خۆر هەڵدێت هەستی بەئاگاهاتنەوە و ڕابوون لای خەڵكی دروست دەبێت، بەمەش سەرقاڵ دەبن بە كارە جۆراوجۆرەكانیانەوە بۆ ئەوەی پێشبكەون، هەروەها خەوش و جوانی شتەكان بۆ چاوەكان دەردەكەوێت، چونكە لە تاریكی شەودا هیچ جیاوازیەك نیە لە نێوان جوان و ناشریندا، وە ناتوانیت جیاوازی بكەیت لە نێوان سوور و ڕەش و زەرد و شین و ڕەنگەكانی تردا، بەڵام كاتێك خۆر هەڵدێت ناشرینیی شتی ناشرین و جوانیی شتی جوان دەبینیت و جیاوازی دەكەیت لە نێوان سوور و ڕەش و ڕەنگەكانی تردا. كەواتە خوای گەورە لێرەدا هۆشداری دەدات كە بە تەواوبوونی قورئانی پیرۆز خۆری ڕۆحانی هەڵدێت، بەمەش عەقڵەكان زیرەكتر دەبن و جوانی و ناشرینی شتەكان بۆ خەڵك ئاشكرا دەبێت، وە دەرگاكانی پێشكەوتن بەتەواوەتی دەكرێنەوە بۆ ئەو كەسانەی سوود لەم خۆرە دەبینن، وە موسوڵمانان دەسەڵات و سەربەرزی و پلەوپایە بەدەست دەهێنن، وە لە بازرگانی و پیشەسازی و پیشەكان و بوارەكانی تری ژیاندا پێشدەكەون. بەڵام پێویستە موسوڵمانان ئەوەیان لە یاد بێت كە ئەگەر ڕووناكی بەرەكەتی لەگەڵدا بێت، ئەوا هەندێ دەرد و بەڵایش دەهێنێت، بەجۆرێك تەنها سوود بە مرۆڤ ناگەیەنێت، بەڵكو زیانیشی پێ دەگەیەنێت، چونكە لەو كاتەدا ڕازاوەیی ژیان سەرنجی ڕادەكێشێت و هەوڵی خەڵەتاندن و چەواشەكردنی دەدات، بۆیە هەڵهاتنی خۆری باڵادەستی ئیسلام ڕەنگە زۆرێك لە كەموكوڕی و عەیبەكانیان ئاشكرا بكات؛ چونكە پێشكەوتنی ماددی پاڵنەرە بۆ دڵدان بە هۆكارەكانی حەوانەوە و خۆشگوزەرانی و ڕابواردن، بەمەش مرۆڤ مەیلی بۆ لای ئەوە دەچێت كە بە شێوەیەكی هەڵە چێژیان لێ وەربگرێت، هەروەها بەدەستهێنانی زانستە ڕۆحانیەكان لە كاتێكدا كەسانی تر لێیان بێبەشن لەوانەیە مرۆڤ تووشی خۆبەزلزانین و لووتبەرزی بكات؛ ئەمەش مانای ئەوەیە كە لەكاتی باڵادەستیدا كۆمەڵێك مەترسی ڕۆحانی و ماددیش هەڕەشەتان لێدەكات، چونكە پێشكەوتن لە زانستە ڕۆحانیەكاندا ڕەنگە پاڵتان پێوە بنێت بۆ فیز و خۆپەسەندی، وە پێشكەوتنی ماددیش ڕەنگە پاڵتان پێوە بنێت بۆ زیادەڕەوی كردن لە خەرجیدا، بۆیە فەرمانتان پێدەكەین كە بڵێن: ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ﴾ واتە بێگومان بەرەبەیان و سپێدە هەر دێت، وە بە دڵنیاییەوە موسوڵمانان پێشكەوتنی ماددی و ڕۆحانی بەدەستدەهێنن، وە خۆری باڵادەستییان بێگومان هەڵدێت، بەڵام مەترسی هەیە كە ئەم پێشكەوتنە ببێتە هۆی ئەنجامێكی وێرانكەر، بۆیە پرسیارەكە ئەوە نیە چۆن موسوڵمانان پێشكەوتن بەدەستدەهێنن، بەڵكو ئێمە دەترسین لەوەی بەهۆی گەشەسەندن و پێشكەوتنەوە تووشی جۆرەها بەڵا ببن، بۆیە فێریان دەكەین پەنا بە خوای گەورە بگرن لە شەڕی هەموو ئەم شتانەی دروستی كردوون.
كەواتە، فەرمایشتی خوای گەورە ﴿مِن شَرِّ مَا خَلَقَ﴾ ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە موسوڵمانان هەموو ئەم نیعمەتانە بەدەستدەهێنن؛ چونكە خوای گەورە لێرەدا هانی داون بۆ پەناگرتن لە شەڕی هەموو شتێك، وە شتێكی ڕوونە كە مرۆڤ تەنیا ئەو كاتە پێویستی بە پەناگرتن دەبێت لە شەڕ و زیانی هەموو شتێك ئەگەر شتەكان ئاسانكرا بن بۆی و لەبەردەستیدا بن، بۆ نموونە ئەو كەسەی گۆشت ناخوات، پێویستی بە خواردنی شتێك نیە كە لە زیانی گۆشت بیپارێزێت، كەواتە فەرموودەی خوای گەورە ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ * مِن شَرِّ مَا خَلَقَ﴾ مانای ئەوەیە كە موسوڵمانان هەموو ئەو نیعمەتانە بەدەستدەهێنن كە خوا لە دنیادا دروستی كردوون، وە پێشكەوتنەكەیان فراوان و جۆراوجۆر دەبێت، بۆیە خوای گەورە فەرمانی بە پێغەمبەرەكەی ﷺ كردووە كە لە ئێستاوە دەست بكات بە دوعاكردن بۆیان تا خوای گەورە بیانپارێزێت لەو شەڕ و بەڵایانەی كە بەهۆی ئەم سەركەوتن و پێشكەوتن و نیعمەتانەوە پەیدا دەبن.
وە بزانە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ﴾ دوعایەكە بۆ كامڵبوونی تاكەكەسی، سەرەڕای كامڵبوونی بەكۆمەڵ واتە كامڵبوونی ئوممەت؛ چونكە پەروەردگار (الرب) ئەوەیە كە قۆناغ بە قۆناغ مرۆڤ پێشدەخات تا دەیگەیەنێتە چڵەپۆپە و كامڵبوون، كەواتە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ﴾ واتە مرۆڤ لە پەروەردگاری خۆی بپاڕێتەوە و بڵێت: ئەی پەروەردگارەكەم كە لە دوای تاریكی ڕووناكی دەهێنیت، لە تاریكیەوە دەرمبهێنە بۆ ڕووناكی، چونكە ڕووناكی لە تاریكیدا دەدرەوشێتەوە و پەردەكانی لادەدات، پاشان بە هەڵهاتنی خۆر و گەیشتنی بە ناوەڕاستی ئاسمان ڕووناكی زیاتر دەبێت. كەواتە، خوای گەورە لێرەدا مرۆڤی فێركردووە كە لێی بپارێتەوە و بڵێت: ئەی پەروەردگارەكەم كە لە زاتتدا تەواو و بێكەموكوڕیت، وە ئەی ئەو كەسەی كە مرۆڤت بە هەموو ئەو توانایانە پڕچەك كردووە كە بۆ پێشكەوتنی پێویستن، وە فێرت كردووە چۆن خۆی كامڵ بكات بە بەكارهێنانی ئەم توانایانە لە شوێنی خۆیاندا، بە فەزڵی پەروەردگارێتیت یارمەتیم بدە بۆ بەدەستهێنانی كەماڵ، تاوەكو لە دنیادا بدرەوشێمەوە وەك چۆن خۆر لە نیوەڕۆدا دەدرەوشێتەوە، وە بمپارێزە لە هەموو بەڵا و شەڕێك، تاوەكو هیچ ڕێگرێك ڕێگریم لێ نەكات لە بەدەستهێنانی كەماڵ و گەیشتن بە چڵەپۆپە.
2: هەروەها فەلەق واتە هەموو دروستكراوان، كەواتە بەگوێرەی ئەم مانایە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ﴾ واتە: بڵێ پەنا دەگرم بەو خوایەی كە پەروەردگاری هەموو دروستكراوەكانە.. واتە بەدیهێنەری هەموو شتێكی بچووك و گەورەیە.
هەڵبەت خوای گەورە لێرەدا وشەی ﴿ٱلۡفَلَقِ﴾ی بەكارهێناوە بە مانای دروستكراوەكان لەجیاتی وشەی “الخَلْق”، بەجۆرێك وشەی فەلەق ماناكەی گشتگیرترە لە وشەی خەلق، چونكە خەلق تەنیا ئاماژەیە بۆ دروستكردنی شتەكە، بەڵام فەلەق ئاماژەیە بۆ دروستكردن و گەشەپێدانی، پاشان یەكێك لە ماناكانی فەلەق بریتیە لە دەرهێنانی شت لە تاریكیەوە بۆ ڕووناكی، بۆیە بە بەرەبەیان گوتراوە فەلەق؛ كەواتە ئەگەر خوای گەورە لێرەدا “الخَلْق”ی لەجیاتی ﴿ٱلۡفَلَقِ﴾ بەكاربهێنایە ئەوا ئاماژە بەم مانا زیادەیە نەدەكرا، بەڵام خوای گەورە فەرمووی ﴿ٱلۡفَلَقِ﴾، بۆ ئەوەی ڕوونی بكاتەوە كە مرۆڤ لە ئاستێكی نزمدا دەبێت، ئینجا خوای گەورە پێشیدەخات و وای لێدەكات بەرز بێتەوە. كەواتە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ﴾ دوو مانا و چەمكی گەیاندووە، یەكەمیان: ئەوەیە كە خوای گەورە فەرمانی پێكردووین پەنای پێ بگرین، دووەمیشیان: ئەوەیە كە خوای گەورە هۆكاری پەناگرتنەكەی بۆ ڕوونكردووینەتەوە.. واتە بۆی ڕوونكردووینەتەوە كە ئێوە پەنا دەگرن بەو كەسەی كە بەدیهێنەر و خاوەنی شتەكانە، وە توانای هەیە لە زیانەكانیان بتانپارێزێت و تا بەرزترین ئاست بەرزتان بكاتەوە، چونكە خۆی ئەو پەروەردگارەیە كە شتەكان لە ئاستێكی نزمەوە بەرەو ئاستی كەماڵ بەرزدەكاتەوە.
وە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿مِن شَرِّ مَا خَلَقَ﴾ ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە هیچ شتێك لە دنیادا نیە شەڕ و زیانی لێ پەیدا نەبێت. خەڵكی بەگشتی پێیان وایە هەندێ شت باشن و هەندێكیش خراپن، بەڵام قورئانی پیرۆز ئەم بۆچوونە پووچەڵ دەكاتەوە، وە ڕایدەگەیەنێت كە هەموو شتێك هەم باشە هەم خراپیشە، وە هیچ شتێكی باش نیە كە خاڵی بێت لە شەڕ و هیچ شتێكی خراپیش نیە كە خاڵی بێت لە خێر. بۆ نموونە هەژاری و دەوڵەمەندی، دەوڵەمەندی دەبێتە هۆی شەڕ و زیان ئەگەر فەزڵی خوای گەورەی لەگەڵ نەبێت، وە هەژاری نابێتە هۆی شەڕ ئەگەر فەزڵی خوای گەورەی لەگەڵدا بێت؛ سڵێمان (علیه السلام) چەندەها ماڵ و سەروەت و سامانی هەبوو، تەنانەت خۆی ڕایگەیاند كە خوای گەورە بێ سنوور ڕزقی پێداوە، لەگەڵ ئەوەشدا سەروەتەكەی هەر بە خێر بۆی مایەوە و نەبووە هۆی هیچ شەڕێك بۆی، هەروەها زۆرێك لە هاوەڵان زۆر دەوڵەمەند بوون، دەگێڕنەوە عەبدوڕەحمانی كوڕی عەوف (رضي الله عنه) لەكاتی مردنیدا ماڵ و موڵكێكی زۆری بەجێهێشت كە نرخەكەی گەیشتە ٢٥ ملیۆن ڕوپیە -سەرەڕای ئەوەی كە دەوڵەمەندترین كەسی ناو هاوەڵان نەبووە وەك گوتوویانە- بەڵام دەوڵەمەندیەكەی نەبووە هۆی هیچ شەڕ و زیانێك بۆی. وە پێشتریش هاوەڵان لە هەژاریەكی سەختدا بوون، بەڵام ئەم هەژاریە نەبووە هۆی شەڕ و زیان بۆیان، لە كاتێكدا ئێمە دەبینین هەژاری خەڵكی دەكاتە دز و چەتە. كەواتە لەڕاستیدا شت دەبێتە شەڕ بۆ مرۆڤ ئەگەر لە پاراستن و پەنای خوا دەرچوو، بۆیە خوای گەورە فێری كردووین بڵێین ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ * مِن شَرِّ مَا خَلَقَ﴾، واتە: مەڵێن پەروەردگارا! ئەم شتە شەڕ و خراپەیە بۆیە دووری بخەرەوە لێم، یان ئەمە خێرە بیبەخشە پێم، چونكە نە لە شتی خراپدا خراپە هەیە و نە لە شتی باشدا باشە هەیە، مەگەر بەهۆی دووری لە پەنای خواوە یان نزیكی لێیەوە شەڕ و خێر دروست بێت؛ بۆیە ئەگەر مرۆڤ نەچێتە پەنای خوای گەورەوە ئەوا شتی باش دەبێتە شەڕ بۆی، وە ئەگەر لە پەنای خوای گەورەدا بێت شتی شەڕ دەبێتە خێر بۆی. كەواتە چەند جوان و نایابە مرۆڤ زانا بێت بە كتێبی خوا! بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خوای گەورە سەبارەت بە زانایانی جوولەكە فەرموویەتی نموونەیان وەك گوێدرێژێك وایە كە بارێك كتێبی هەڵگرتووە. ﴿كَمَثَلِ ٱلۡحِمَارِ يَحۡمِلُ أَسۡفَارَۢاۚ﴾ (الجمعة: 6). وە شەیتان دەگاتە ئەو پەڕی ئاستی شەڕانگێزی! لەگەڵ ئەوەشدا پێغەمبەر ﷺ ڕایگەیاندووە كە شەیتانەكەی موسوڵمان بووە، بۆیە فەرمانی خێر و چاكەی پێ دەكات. وە مانای فەرموودەكەی پێغەمبەر ﷺ تەنها ئەوەیە كە هەرچیەك شەیتان بیخاتە دڵیەوە دەگۆڕێت بۆ خێر دوای ئەوەی دەچێتە دڵیەوە.
كەواتە، فەرمایشتی خوای گەورە ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ * مِن شَرِّ مَا خَلَقَ﴾ مرۆڤ هۆشیار دەكاتەوە كە پێویستە داوای یارمەتی و پاراستن لە خوای گەورە بكات، بەجۆرێك فێرمان دەكات ئەگەر دەتانەوێت ڕزگارتان بێت لەو شەڕ و زیانەی لە دروستكراوەكاندا هەیە، ئەوا تەنها خوا دەتانپارێزێت لێی، چونكە ئەو پەروەردگاری هەموو ئەم دروستكراوانەیە، وە زاناترە بەوەی چۆن خێر لە هەر شەڕێك بەرهەم دێت؛ چونكە هیچ دروستكراوێك ناجوڵێت بەبێ ئیزنی ئەو.
وە یەكێكی تر لە ماناكانی فەرمایشتی خوای گەورە ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ * مِن شَرِّ مَا خَلَقَ﴾ ئەوەیە: بڵێ من پەنا دەگرم بە بەدیهێنەری دروستكراوەكان لەو خەوش و ناتەواویانەی كە تووشی هەر دروستكراوێك دەبێت لەكاتی دروستبوونیدا، بەمەش ئەو ناتەواویە دەبێتە ڕێگر لەبەردەم پێشكەوتن و كامڵبوونیدا. ئێمە دەبینین سێ هۆكار هەیە بۆ تێكچوون و شەڕ و خراپەی هەر شتێك: 1: ئەو خەوشەی لەكاتی دروستبوونیدا تووشی دەبێت، 2: ئەو خەوشەی لەكاتی كۆتاییهاتنیدا تووشی دەبێت، 3: ئەو خەوش و ناتەواویەی كە تووشی دەبێت بەهۆی تێكچوونی ئەو بارودۆخانەی كە ژیانی پێیاندا تێپەردەبێت لەنێوان دروستبوون و كۆتاییهاتنیدا. بۆیە فەرمایشتی ﴿مِن شَرِّ مَا خَلَقَ﴾ فێری كردووین پەنا بە خوا بگرین لەو خەوش و ناتەواویەی كە لەوانەیە تووشی مرۆڤ بێت لەكاتی لەدایكبوونیدا؛ چونكە ئەو خەوشەی لەكاتی دروستبوونیدا تووشی دەبێت لەوانەیە لەناوی ببات و ببێتە ڕێگر لە هێنانەدی مەبەستەكەی. بۆ نموونە قەڵەم ئەگەر بە باشی دروست نەكرابێت، كەس ناتوانێت نووسینێكی جوانی پێ بنووسێت، بە هەمان شێوە ئەو ماڵەی سەقفەكەی بە باشی دروست نەكراوە لەكاتی باراندا تكە دەكات و دانیشتووەكەی هەرگیز ناحەوێنەوە، وە جلوبەرگ ئەگەر بە گەرمی دروستكرابێت لەجیاتی ئەوەی فێنك بێت یان بە ساردی دروستكرابێت لەجیاتی ئەوەی گەرم بێت، ئەوا هیچ سوودێكی لێ نابینیت، وە ئەسپ ئەگەر شەل بێت گەشتەكەی پێ تەواو ناكەیت. كەواتە ئەو عەیبەی تووشی شتێك دەبێت لەكاتی دروستبوونیدا ڕێگری لێدەكات لە هێنانەدی ئەو ئامانجەی لێی چاوەڕوان دەكرێت، بۆیە خوا (عز وجل) مرۆڤی فێركردووە كە لێی بپاڕێتەوە و بڵێت: پەروەردگارا! من پەنا بە تۆ دەگرم لە هەر عەیبێك یان هەر كەموكوڕییەك كە تووشم بووە لەكاتی دروستبوونمدا؛ چونكە مرۆڤ لەكاتی لەدایكبوونیدا كردەوە خراپەكانی دایك و باوكی دەگوازرێنەوە بۆی، وە بە سروشت حەز لەو خراپانە دەكات كە باوباپیرانی دەیانكرد، بۆیە پێغەمبەر ﷺ فەرمانی بە هەریەك لە ژن و مێرد كردووە كە لەكاتی بەیەكگەیشتنیاندا دوعا بكەن و بڵێن: “اللهم جَنِّبْني الشيطانَ وجَنِّب الشيطانَ ما رزَقتنا” واتە: (خوایە شەیتانم لێ دووربخەرەوە و شەیتانیش دووربخەرەوە لەوەی پێمان دەبەخشیت) (البخاري: كتاب النكاح). كەواتە مرۆڤ لەڕێگەی بۆماوەوە تووشی هەندێك خراپە دەبێت، هەروەك چۆن دەبینین مناڵان -بەگشتی- لە دایك و باوكیانەوە باڵا و زانست و هیممەت و بیركردنەوەیان بۆ دەمێنێتەوە، بۆیە مناڵی دزەكان بەگشتی مەیلیان بۆ دزیكردن هەیە، وە مناڵی درۆزنەكانیش حەزیان لە درۆكردنە، وە مناڵی كەسی توشبوو بە سیل تووشی سیل دەبێت. وە ئەزموون پشتڕاستی دەكاتەوە كە ئەو خێزانانەی زانست تێیاندا بۆ ماوەیەكی زۆر دەمێنێتەوە مناڵەكانیان خێرا زانست فێردەبن، وە ئەوانەی زۆر دەخوێننەوە چاوی منداڵەكانیان لەچاو مناڵانی تر گەورەتر و فراوانتر دەبێت، ئەمەش تەنها كاریگەریی زانستی دایك و باوك و خووی خوێندنەوەی ئەوانە. كەواتە مرۆڤ زۆرێك لە كەموكوڕی و جوانیەكان لە دایك و باوكیەوە وەردەگرێت. وە ئەگەر منداڵەكە هەندێ عەیب و ناتەواویی لە دایك و باوكیەوە بۆ مابێتەوە ئەوا ئەم ناتەواویانە كۆمەڵێك ئاستەنگی زۆری بۆ دروست دەكەن لە پێشبڕكێی ژیاندا، بۆیە خوای گەورە فێری كردووین بڵێین ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ * مِن شَرِّ مَا خَلَقَ ﴾ واتە ئەی ئەو كەسەی كە منت دروستكردووە و پەروەردەم دەكەیت، بمپارێزە لە دەرئەنجامی هەر عەیبێك كە لە دروستبوونمدا ماوەتەوە بەهۆی كاریگەریی دایك و باوكمەوە -یان بە هەر هۆكارێكی تر- بۆ ئەوەی ڕەزامەندی و نزیكی تۆ بەدەست بهێنم.
بە كورتی، ئەم ئایەتە فێرمان دەكات پەنا بە خوا بگرین لەو كەموكوڕییانەی كە مرۆڤ بە بۆماوەیی لەكاتی دروستبوونیدا بۆی دەگوێزرێنەوە.
پاشان خوای گەورە بە فەرمایشتی ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ * مِن شَرِّ مَا خَلَقَ﴾ ئەوەی ڕوونكردووەتەوە كە مرۆڤ بەشێكە لە دروستكراوەكانی تر.. مەبەستم ئەوەیە خوای گەورە لە هەموو ئەو شتانەی لە گەردووندا هەن لە بێگیان و ڕووەك و ئاژەڵ مرۆڤی دروست كردووە، وە ڕەگەكانی لە سەرجەم ئەم سیانەدا پەلیان هاویشتووە و پوختە و بەرهەمی ئەوانە؛ ئەگەر خۆراكی خۆی لەم سیانە وەرنەگرتایە ئەوا نەدەبوو بە مرۆڤ. بۆ نموونە ترێ لە خاكەوە دەڕوێت، وە ئەگەر ڕەگەكانی لە خاكەكە دەربهێنیت ئەوا وەكو ترێ نامێنێتەوە، چونكە بۆ گەشەكردن دەبێت شەتڵەكەی و خاكێك هەبێت، وە ئەگەر خاك نەبوو ئیتر ترێ بوونی نابێت، وە ئەگەر تەنها خاك هەبوو بەبێ شەتڵی مێو ئەوا خاكەكە بەهای نابێت. بە هەمان شێوە ئەگەر مرۆڤ لە پوختەی ئەم ڕووەك و بێگیان و ئاژەڵانە دروست نەكرایە ئەوا هیچ بەهایەكی نەدەبوو، وەك ئەو خاكەی كە بەبێ بەرهەمی ترێ و كاڵەك و مانگۆ و شتەكانی تر بێسوود دەبێت. بۆیە ئەو كەسانەی پێیان وایە دەتوانن خەڵكی بەرەو باڵا ببن لە ڕۆحانیەتدا بەوەی شتە باشەكانیان لێ قەدەغە بكەن و ڕێگرییان لێ بكەن لە جێبەجێكردنی پێداویستیە سروشتیەكانیان كە بناغەی دروستبوونیانن، ئەوانە لەبیریان چووە كە شتە باشەكان ئەو خاكەن كە درەختی ڕۆحانیەتی تێدا دەڕوێت و گەشە دەكات و بەرهەم دەدات. لە ڕاستیدا ئەمە ئەو فێركاریەیە كە ئیسلام فێری مرۆڤی دەكات، وە ڕایدەگەیەنێت كە مرۆڤ بەرهەمی پاڵفتەیەكە كە لە بێگیان و ڕووەك و ئاژەڵەكان ئامادەكراوە؛ وە ئەستەمە درەختی مرۆڤایەتی گەشە بكات ئەگەر ئەوە لەبەرچاونەگیرێت كە ڕەگەكانی لە هەرسێكیاندا داكوتاوە و بەبێ ئەوەش درەختی مرۆڤایەتی بە سەوزی نامێنێتەوە. خوای گەورە بە فەرمایشتی ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ * مِن شَرِّ مَا خَلَقَ﴾ ئاگاداری كردووینەتەوە كە مرۆڤ بەشێكە لە دروستكراوەكان، وە دابڕاو نیە لە بێگیان و ڕووەك و ئاژەڵ، ئەگینا خوای گەورە فەرمانی پێنەدەكردین كە پەنای پێ بگرین لە شەڕی ئەو شتانە. كەواتە فەرمایشتی ﴿مِن شَرِّ مَا خَلَقَ﴾ ئاشكرای دەكات كە دەكرێت لە هەموو ئەم شتانەوە كە ڕەگەكانمان لە خاكەكانیاندا داكوتاوە شەڕێك یان خێرێكمان تووش بێت، بۆیە ئەگەر بمانەوێت پێشبكەوین ئەوا دەبێت لە خوای گەورە بپاڕێینەوە كە بمانپارێزێت لە شەڕ و زیانیان، وە هەمیشە ئەم بوونە بێگیانی و ڕووەكی و ئاژەڵییەمان لەبەرچاو بگرین، چونكە هەروەك چۆن درەخت بە سەوزی و بەرهەمداری نامێنێتەوە ئەگەر ڕەگەكانی ئاو هەڵنەمژێت، بە هەمان شێوە ئەگەر مرۆڤ ئەو شتە باشانە بەكارنەهێنێت كە لە بێگیان و ڕووەك و ئاژەڵەكاندا هەن و خۆی نەپارێزێت لەو شەڕ و زیانەی كە تێیاندایە، ئەوا ناتوانێت بگاتە بەرزترین پلەكانی ڕۆحانیەت. خوای گەورە لێرەدا فێری چارەسەری ئەو نەخۆشیانەی كردووین كە ڕەنگە لە ڕەگەوە تووشمان بن، چونكە درەخت هەندێ جار لە ڕەگەكانیەوە تووشی نەخۆشی دەبێت و هەندێ جاریش لە گەڵاكانیەوە.
بە كورتی، لێرەدا فەرمانمان پێكراوە كە پەنا بەو خوایە بگرین كە هەموو دروستكراوەكانی دروستكردووە بۆ ئەوەی سوود لە خێرەكانیان ببینین و لە شەڕەكانیان پارێزراو بین، وە بەبێ یارمەتی بەدیهێنەرەكەیان ئەم كارە بۆ ئێمە ناكرێت.
پاشان خوای گەورە بە فەرمایشتی ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ * مِن شَرِّ مَا خَلَقَ﴾ هەموو تاكێكی ئوممەتی ئاگاداركردووەتەوە لە كارێكی تری گرنگ، كە بریتیە لەوەی خوای گەورە لە سوورەتی پێشوودا (الإخلاص) وانەی یەكتاپەرستی تەواوەتی فێری موسوڵمانان كردووە، بەڵام لەم سوورەتەدا وەك ئەوەی خوای گەورە فەرمووبێتی: ئەی ئەو كەسەی باوەڕت پێكردین و باوەڕت بە قسەكانمان هێنا و بەتایبەتی باوەڕت بە قورئانەكەمان هێنا، بچۆ باوەڕەكەت لەناو خەڵكیدا ڕابگەیەنە، وە بڵێ ﴿أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ﴾ واتە: ئەی خەڵكینە، ئێوە متمانە دەكەن بە باوكتان و خزمەكانتان و هاوڕێكانتان و هۆزەكانتان و پارتەكانتان و دراوسێكانتان و سەركردەكانتان و حكومەتەكانتان و سوپاكانتان و مامۆستاكانتان كە لە نەفامی و نەزانی ڕزگارتان دەكەن، وە متمانە بە پزیشكەكانتان دەكەن كە كاردەكەن بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی تەندروستیتان بە مەبەستی پاراستنتان لە نەخۆشی، بەڵام من متمانەم بە هیچ یەكێك لەمانە نیە، بەڵكو ﴿أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ﴾ (پەنا دەگرم بە پەروەردگاری فەلەق)، هەڵبەت من ڕووم لە هەموو ئەم شتانە وەرگێڕاوە و ڕووم كردووەتە پەروەردگاری فەلەق و پشتم بەو بەستووە. كەواتە، فەرمایشتی خوای گەورە ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ﴾ وتەیەكی كورتە، بەڵام ئەو كەسەی كە دەیڵێت تەحەددای هەموو جیهان دەكات و هەموو خەڵكی دەكات بە چاودێر بەسەر كارەكانی خۆیەوە؛ بۆیە ئەگەر لە كۆڕ و كۆبوونەوەیەكدا ئامادە بێت ئەوا دەڵێت: من گرنگی نادەم و متمانەم نیە بە دەوڵەت و باوك و برا و خوشك و خزم و هاوڕێ، پاشان ئەگەر لە مەجلیسێكی تردا ئامادە بوو هەمان قسە دووبارە دەكاتەوە -چونكە فەرمانی پێكراوە هەمیشە دووبارەی بكاتەوە وەك چۆن وشەی ﴿قُلۡ﴾ ئاماژە بەو مەبەستە دەدات- و بە ئامادەبووان ڕادەگەیەنێت: ﴿أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ﴾ واتە: من خۆم ڕادەستی بەدیهێنەری هەموو دروستكراوەكان كردووە، بۆیە ئیتر پشتم بە هۆكارە ماددیەكان نەبەستووە، پاشان هەمان قسە لە مەجلیسی سێیەم و چوارەم و هتد دووبارە دەكاتەوە، بۆیە دوای ئەوەی كە ئەم بانگەشە گەورەیە دەكات هەموو مرۆڤەكان دەبن بە چاودێر بەسەر كارەكانیەوە، وە ئەگەر دوای ئەوە بڕوات بۆ لای بەرپرسێكی حكومی و سڵاوی لێبكات و داوای یارمەتی لێبكات بۆ چارەسەری كێشەكانی، ئەوا بەدڵنیاییەوە خەڵكەكە لۆمەی دەكەن و دەڵێن: تۆ تەحەددایەكی گەورەت كرد، بەڵام ئەوەتا شكستت هێنا لە جێبەجێكردنیدا. بۆیە وەك ئەوە وایە خوای گەورە بە دانانی وشەی ﴿قُلۡ﴾ لێرەدا هەموو موسوڵمانێكی فێركردبێت كە تۆ یەكتاپەرستی بێگەرد لە ئێمەوە فێربوویت، ئیتر بچۆ لە هەموو كۆڕێكدا ڕایبگەیەنە كە تۆ بێ نیاز بوویت لە دنیا و خەڵكەكەی و پەنات بە خوای گەورە گرتووە، بۆ ئەوەی هەموو كەسێك ببێت بە چاودێر بەسەر ڕەفتارەكانتەوە، تا ئەگەر كردەوەكەت پێچەوانەی قسەكەت بوو ئەوا خەڵكی بەدرۆت بخەنەوە و لۆمەت بكەن و بڵێن تۆ شتێك دەڵێیت كە بەكردەوە نایكەیت، وە تۆ بانگەشەی ئەوەت دەكرد پەنات گرتووە بە پەروەردگاری فەلەق، بەڵام كاتێك نەخۆش كەوتیت یان كەسێكی نزیكت نەخۆش كەوت، یان قەرزت لەسەر كەڵەكە بوو، یان بەرپرسێك لێت تووڕە بوو، یان مامۆستایەك لێت تووڕە بوو، تووشی ترس بوویت و دەستت كرد بە هاوار و گریان. تۆ بانگەشەی ئەوەت دەكرد كە باوەڕت بە یەكتاپەرستی بێگەردی خوا هەیە، وە گوێ بە كەس نادەیت جگە لە خوا (عز وجل)، ئەی بۆچی ئێستا دەترسیت كاتێك بەڵایەك لە بەڵاكانی دنیا تووشت دەبێت؟ ئەمەیە ئامانج لە هێنانی وشەی ﴿قُلۡ﴾ لێرەدا؛ چونكە مرۆڤ ئەگەر ڕوو لە خوای گەورە بكات و پێی بڵێت: پەروەردگارا! من خۆمم خستووەتە بەر دەرگاكەت و پەیوەندیم پچڕاندووە لەگەڵ هەموو خەڵكدا -چ خزم بێت یان بێگانە-، وە بێ نیاز بووم لە هەموو شتێك جگە لە تۆ، ئەوا خوای گەورە پێی دەفەرموێت: ئەم قسەیە بە من مەڵێ، بەڵكو بچۆ بە خەڵكی بڵێ و بیانكە بە شایەت لەسەر ئەم قسەیەت، بۆ ئەوەی ئەگەر پێچەوانەی ئەم قسەیە ڕەفتارت كرد ئەوا لۆمەت بكەن و پێت بڵێن ئەوەی دەیڵێیت بە كردەوە نایكەیت.
كەواتە وەك ئەوەی خوای گەورە لێرەدا بە باوەڕدار بڵێت تۆ ئێستا هەموو قورئانت خوێندووەتەوە، وە باوەڕ لە دڵتدا بە توندی ڕەگی داكوتاوە، بۆیە ئێستا بۆت نیە ئەم باوەڕە بە شاراوەیی بهێڵیتەوە، بەڵكو دەبێت یەكێك لەم دووانە بكەیت: یان لەبەردەم خەڵكیدا ئەوە ڕابگەیەنیت كە بە ئێمەی دەڵێیت، وە خەڵكی بكەیت بە شایەتحاڵ بگرە بە دادوەر بەسەر خۆتەوە، تا ئەگەر پێچەوانەی ئەوەت كرد لۆمەت بكەن. یان ئەوەتا وازبهێنە لەوەی لەبەردەم ئێمەدا هەر خۆت بە تەنها بانگەشە بكەیت و لە نوێژەكەتدا بڵێیت: ﴿أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ﴾؛ چونكە ئەم بانگەشەیەت واتە پەیوەندیت بە هەموو دروستكراوێكەوە پچڕاندووە، وە پەیوەندیت لەگەڵ خوای گەورەدا دروستكردووە، بۆیە ئێستا پشت بە دایك و باوك و برا و خوشك و هاوڕێ و ناسیاو و خزم و هۆز و حكومەت نابەستیت، بەڵام ڕاستی ئەم بانگەشەیەت دەرناكەوێت ئەگەر خەڵكی نەكەیت بە شایەت لەسەری. وە هەر كەسێك لەڕاستیدا گەیشتبێتە ئەم پلە مەزنە، چۆن دەتوانێت ئارام بگرێت ئەگەر ڕاستی بانگەشەكەی بە كردارەكانی نەسەلمێنێت؟
هەندێ كەس دێنە لام و دەڵێن: دوعام بۆ بكە تا خوای گەورە فڵانە شتم بۆ بهێنێتەدی، وە لە فڵانە كارەدا سەركەوتوو بم، پاشان دەشڵێت: وە تكات لێدەكەم ئەگەر دەكرێت تكام بۆ بكەیت لای فڵان كەس لەم بارەیەوە. لە ڕاستیدا تكایەكی لەم شێوەیە لەگەڵ دوعادا پێچەوانەی پشت بەستنە بە خوا، بگرە باوەڕدار ئاواتەخوازە لەم جۆرە بارودۆخەدا لە شەرمەزاریدا بتوێتەوە؛ چونكە ئەگەر پەیوەندی لەگەڵ خوای گەورەدا هەیە ئەوا نابێت دوای ئەوە پشت ببەستێت بە حاكم یان پەرلەمان یان سوپا یان دەوڵەت یان هیچ بەرپرسێك.
كەواتە باوەڕدار دەتوانێت لەبەردەم خەڵكیدا بانگەشەی ئەوە بكات كە دەستی لە دەستی خوادایە، بەڵام ئەگەر دوای ئەوە بە پێداگرییەوە پەنا بباتە بەر كەسێكی تر بۆ ئەوەی یارمەتی بدات لە بەدیهێنانی داواكاریەكەیدا، ئەوا هیچ كەسێك لەو زەلیلتر و سووكتر نیە. بێگومان ئەگەر بە پەیڕەوكردنی فەرمانەكانی خوا سەبارەت بە گرتنەبەری هۆكارەكان داوای یارمەتی لە كەسێك بكات كە مافی بەسەریەوە هەیە، ئەوا ئەمە تاوان نیە، بەڵكو تاوان ئەوەیە كە پشت ببەستێت بە تكای تكاكارێك و بە پێداگرییەوە داوای لێ بكات، وە ئەگەر ئەوەی ویستی نەهاتەدی ئەوا تووشی شۆك بێت.
“مەولەوی إمام دین” -باوكی قازی ظهورالدین أكمل- زۆر تامەزرۆی تەسەوف بوو، وە پێش ئەوەی بێتەناو كۆمەڵەكەمانەوە موریدی هەندێك لە سۆفیەكان بوو، وە هەر كاتێك هەلێكی بۆ هەڵبكەوتایە پێی دەگوتم: فڵانە كەس لە سۆفیەكان پێی ڕاگەیاندووە كە لەسەر عەرش سوژدەی بردووە، وە فڵانە كەس لەسەر ئاسمان سوژدەی بردووە، وە فڵانە كەس لەكاتی سوژدەدا خوای گەورەی بینووە، بەڵام ئەم كەراماتانە نابینین لەناو ئەحمەدیەتدا! منیش بە چەندین بەڵگە وەڵامم دەدایەوە، بەڵام دوای ساڵێك یان نیو ساڵ دەهاتەوە بۆ لام و هەمان پرسیاری دووبارە دەكردەوە، تا خوای گەورە تێیگەیاندم چۆن وەڵامی بدەمەوە، بۆیە پێم گوت: ئایا پێت وانیە ئەو كەسانەی بانگەشەی ئەوە دەكەن كە لەسەر عەرش یان لەسەر ئاسمان سوژدە دەبەن پلەیان نزمترە لە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام)؟ گوتی: من باوەڕم وایە كە لە ئەحمەدیەتدا هەموو بەرەكەتێك هەیە، بەڵام سوژدەبردن لەسەر عەرش شتێكی مەزنە! گوتم: ئەگەر ئەمانە لەسەر عەرش سوژدە دەبەن، ئەوا دەبێت بەڵگەیەك هەبێت لەسەر ئەوەی پەیوەندییان لەگەڵ خوای گەورەدا هەیە؛ چونكە مرۆڤ پشتی هاوڕێكەی بەرنادات تەنانەت ئەگەر هاوڕێیەتیەكەشیان زۆر گەرموگوڕ نەبێت؛ ئایا نابینیت مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) چەندە باری قورسی لەسەر شان بوو، بەجۆرێك لەسەرەتادا لە میوانخانەكەیدا ڕۆژانە دەیان میوان نانیان دەخوارد، وە دوای ئەوە سەدان كەس نانیان دەخوارد، تەنانەت خەرجیەكانی خانەی میوانداری گەیشتە نێوان ١٥٠٠ بۆ ٢٥٠٠ ڕوپیە لە مانگێكدا، بەڵام هیچ سەرچاوەیەكی داهاتی جێگیری نەبوو. بێگومان ئەندامانی كۆمەڵ كۆمەكیان پێشكەش دەكرد، بەڵام ئەمە داهاتێكی جێگیر نەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا بڕوانە پشتبەستنی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) بە پەروەردگاری خۆی چۆن بوو، وە چۆن خوای گەورە ئەو پێداویستیانەی بەڕێزی (علیه السلام) جێبەجێ كرد كە پارەیەكی زۆریان دەویست. ئایا پێت وایە ئەم سۆفیانە كە لەسەر عەرش سوژدە دەبەن گەیشتوونەتە ئەم ئاستە لە پشتبەستن بە خوا؟ ماوەیەك بیری كردەوە پاشان گوتی: ئەمڕۆ لە بابەتەكە تێگەیشتم، كەواتە بانگەشەی ئەوان بۆ سوژدەبردن لەسەر عەرش هەمووی فێڵە، چونكە كاتێك كاتی دروێنە دێت ئەم سوژدەبەرانەی سەر عەرش بە خاوەن كێڵگەكان دەڵێن: لەبیری مەكە بەشی خۆم لە بەرهەمەكە بنێریت بۆم. منیش گوتم: ئەمەیە جیاوازی نێوان پشتبەستووی ڕاستگۆ بە خوا و پشتبەستووی درۆزن.
كەواتە باوەڕدار لە هەموو بارودۆخێكدا پشت بە خوا دەبەستێت، وە كاتێك بە خەڵك دەڵێت من (پەنا بە پەروەردگاری فەلەق دەگرم) ﴿أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ﴾، ئیتر دوای ئەوە سەیری بەندەكان ناكات و چاوی لەدەستیان نیە، بەڵكو تەنها متمانە بە خوای گەورە دەكات. وە نموونەی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) لەبەرچاومانە، بەجۆرێك نەیدەزانی ئایا سبەی پارەی بۆ دێت یان نا، بەڵام بەبێ دوودڵی خەرجی دەكرد، وە خوای گەورەش بە فەزڵی خۆی تووشی تەنگانەی نەدەكرد. كەواتە لەڕاستیدا باوەڕدار سەیری مرۆڤەكان ناكات، بەڵكو تەنها پشت بە خوا دەبەستێت، پاشان مەسەلەكە جێدەهێڵرێت بۆ خوای گەورە كە ئایا بەندەكەی خۆی تاقی دەكاتەوە بە برسێتی و هەژاری، یان بە خۆشگوزەرانی. لە شێخ عەبدولقادری گەیلانیەوە -ڕەحمەتی خوای لێ بێت- دەگێڕنەوە كە باشترین خواردنی دەخوارد و جوانترین جلوبەرگی لەبەردەكرد، بەجۆرێك هەندێ جار نرخی یەك قات جلوبەرگی دەگەیشتە هەزار دینار، وە هەندێ كەسی گەمژە ڕەخنەیان لێ دەگرت، ئەویش وەڵامی دەدانەوە و دەیگوت: من هیچ جلوبەرگێك لەبەرناكەم مەگەر دوای ئەوەی خوای گەورە فەرمانم پێدەكات و دەفەرموێت: ئەی عەبدولقادر، سوێندت دەدەم بە زاتی خۆم كە ئەو جلوبەرگە لەبەر بكە. (گلدسته كرامات، ص80)
كەواتە پشتبەستن بە خوا (التوكل) مانای ئەوەیە بەندە بەتەواوەتی ببێت بە هی خوا، بۆیە خوای گەورە لێرەدا فەرمانمان پێدەكات و دەفەرموێت ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ﴾ واتە بڵێ: من ئێستا بەتەواوەتی بووم بە هی خوای گەورە، بۆیە گوێ بە خەڵك نادەم، جا ئەگەر دژایەتییان كردیت و ئازاریان دایت ئەوا پێیان بڵێ: من گوێ بە ئازاردانەكەتان نادەم و پەنا دەگرم بە پەروەردگارم لەو ئازاردانە.
3: وە یەكێك لە ماناكانی فەلەق بریتیە لە دۆزەخ، كەواتە بەپێی ئەم مانایە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ * مِن شَرِّ مَا خَلَقَ﴾ واتە: پەنا دەگرم بە خوای گەورەی بەدیهێنەری دۆزەخ لە سەختیەكانی دۆزەخ.
خوای گەورە فەرموویەتی ﴿وَلِمَنۡ خَافَ مَقَامَ رَبِّهِۦ جَنَّتَانِ﴾ (الرحمن: 47) واتە ئەو بەندانەی خوا دوو بەهەشتیان هەیە؛ بەهەشتێك لە دنیا و بەهەشتێك لە قیامەت.
پاشان ئەو سیستەمە كە خوای گەورە لە دنیادا لەسەر دەستی پێغەمبەرەكەیدا دایدەمەزرێنێت ئەویش پێی دەوترێت بەهەشت، هەروەك چۆن خوای گەورە فەرموویەتی ﴿يَٰٓـَٔادَمُ ٱسۡكُنۡ أَنتَ وَزَوۡجُكَ ٱلۡجَنَّةَ﴾ (البقرة: 36) واتە: دەبێت تۆ و شوێنكەوتووانیشت بەپێی ئەم سیستەمە بژین كە خوای گەورە فەرمانی پێكردوون، بۆ ئەوەی ئەم دنیایە ببێت بە بەهەشتێك بۆتان. وە خوای گەورە بە باسكردنی بەسەرهاتی ئادەم (علیه السلام) لە قورئاندا ئاگاداری كردووینەتەوە كە موحەممەدیش ﷺ ئادەمی سەردەمی خۆیەتی، وە خوای گەورە سیستەمێكی لەسەر دەستی پێغەمبەردا ﷺ دامەزراندووە، هەر كەسێك كاری پێبكات دەچێتە بەهەشتەوە لەم دنیایەدا و بە ئارامی و ئاسایشەوە دەژی. كەواتە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ * مِن شَرِّ مَا خَلَقَ﴾ هۆشداری بە موسوڵمانان دەدات كە خوای گەورە ئەوانی -بە تاك و بە كۆمەڵ- خستووەتە بەهەشتەوە لەڕێگەی دابەزاندنی قورئان و ناردنی موحەممەدەوە ﷺ، هەروەك چۆن خوای گەورە فەرموویەتی ﴿وَكُنتُمۡ عَلَىٰ شَفَا حُفۡرَةٖ مِّنَ ٱلنَّارِ فَأَنقَذَكُم مِّنۡهَاۗ﴾ (آل عمران: 104) واتە: وە ئێوە لە لێواری چاڵێكی ئاگردا بوون و ڕزگاری كردن لێی، واتە: خوای گەورە ئارامی و دڵنیایی بۆ دابەزاندوون، وە كۆی كردوونەتەوە لەسەر یەك دەست، وە خۆشەویستی خستووەتە نێوانتانەوە بەجۆرێك دنیا بووە بە بەهەشت بۆتان، وە گەیشتوون بە خوای گەورە و دڵەكانتان پێی ئارام بووە، بۆیە یادی ئەم نیعمەتە خواییانە بكەنەوە، وە پەنا بگرن بە پەروەردگاری دۆزەخ لە سەختیەكانی دۆزەخ بۆ ئەوەی تووشتان نەبێت.. واتە هەتا لەسەر ئاستی تاكەكەس و لەسەر ئاستی كۆمەڵ بێبەش نەبن لە ئارامی و ئۆقرەیی.. بەمەش دوژمنایەتی و جەنگ لە نێوانتاندا هەڵنەگیرسێت، وە پشت نەكەنە حوكمەكانی قورئانی پیرۆز، نەوەك دنیا ببێتە دۆزەخێك بۆتان، وە لە قیامەتیشدا بخرێنەناو دۆزەخەوە.
4: وە یەكێكی تر لە ماناكانی فەلەق بریتیە لە: زەویەكی تەخت لەنێوان دوو تەپۆڵكەدا؛ ئەمەش ئاماژەی تێدایە بۆ ئەوەی كە هەندێ نەتەوە مەیلیان بەرەو زیادەڕەوی و توندگیری هەیە و هەندێكی تریان بەرەو كەمتەرخەمی و شلگیری، لە كاتێكدا ڕێگای ڕاستەقینە بۆ نزیكبوونەوە لە خوا و بەدەستهێنانی ئاسایش و ئارامی لە دنیادا بریتیە لە مامناوەندی و میانەڕەوی، بۆیە خوای گەورە موسوڵمانانی ناوناوە ئوممەتێكی مامناوەند (أُمّةً وَسَطًا).. واتە ئوممەتێك نە پەڕگیری ئەرێنی هەیە لە فێركارییەكانیدا نە پەڕگیری نەرێنی. وە بێگومان ئەم جۆرە فێركاریانە باشترین فێركارین، وە دەستەبەری ئاشتی دەكەن لە دنیادا، بۆیە خوای گەورە فەرمانمان پێدەكات و دەفەرموێت: ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ * مِن شَرِّ مَا خَلَقَ﴾، واتە: ئەی موسوڵمانان، بڵێن ئێمە پەنا دەگرین بەو خوایەی كە لە نێوان دوو شاخدا دەشتی جوانی ئیسلامی دروستكردووە، بۆ ئەوەی دنیا لە ئارامی و ئاسایشدا بحەسێتەوە. وەك ئەوەی خوای گەورە فەرمانی پێكردبین كە بڵێین: پەنا دەگرین بەو خوایەی كە باشترین ئاینی بۆ دابەزاندووین كە ئایینی ئیسلامە، وە باشترین پێغەمبەری بۆ ناردووین كە موحەممەدە ﷺ، وە لە ڕێگەی ئەوەوە كامڵترین فێركاریی پێ بەخشیوین كە قورئانی پیرۆزە، بۆیە لە خوای گەورە دەپاڕێینەوە كە سەبارەت بەم فێركاریە نایابانە هیچ شەڕێكمان تووش نەبێت، نەوەك لا بدەین لێیان و پشت بكەینە ئیسلام، وە واز لە ڕێبازی موحەممەد ﷺ بهێنین، بەمەش پاڵ بە خۆمانەوە بنێین بۆ ناو بەڵا و سەختیەكان و ژیانمان لێ تاڵ بێت.
پاشان فەرمایشتی خوای گەورە ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ * مِن شَرِّ مَا خَلَقَ﴾ ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە باشترین ڕێگا بۆ گەیشتن بە خوا و سوودوەرگرتن لە لێشاوەكانی ڕەحمەتی پەروەردگارێتی خوا بریتیە لە میانەڕەوی، وە ئەستەمە مرۆڤ لەڕێگەی توندگیری یان شلگیریەوە بگات بە خوای گەورە، بەڵێ، ئەگەر ڕێگای مامناوەندی نێوانیان بگرێتەبەر ئەوا دەتوانێت بگاتە لای خوای گەورە. بەڵام هەزاران كۆسپ هەیە لە ڕێگای گەیشتن بە خوای گەورەدا، بگرە لەڕاستیدا هەر گەردیلەیەك لە دنیادا وەكو كۆسپێك وایە لەم ڕێگایەدا. ئەو كەسانەی كە شكست دەهێنن لە گەیشتن بە خوای گەورە تەنها لەبەر ئەوە شكست دەهێنن كە پێیان وایە هەموو كۆسپەكانی ڕێگاكەیان تێپەڕاندووە، لە كاتێكدا كۆسپی تریش هەن كە هێشتا بە خەیاڵیاندا نەهاتووە. ئەو كەسە دەگات بە خوای گەورە كە هەست بەوە دەكات هەر گەردیلەیەك لە دنیادا هەوڵی چەواشەكردنی دەدات بۆ ئەوەی نەگات بە خوای گەورە، بۆیە لەم ڕووەوە هەموو ڕێكارێكی وریایی و خۆپارێزی دەگرێتەبەر بەرامبەر هەموو شتێك؛ بەرامبەر ژنەكەی و كوڕەكەی و مامۆستاكەی و قوتابیەكەی و ماڵەكەی و موڵكەكەی و پێگەكەی و عیززەتەكەی و ئەوەی كردوویەتی و ئەوەی نەیكردووە، چونكە مرۆڤ هەندێ جار بەهۆی ئەو شتەی كە كردوویەتی شكست دەهێنێت و هەندێ جاریش بەهۆی ئەو شتەی كە نەیكردووە، وە هەندێ جار بەهۆی ئەوەی كە دەیزانێت و هەندێ جاریش بەهۆی ئەوەی كە نایزانێت. بۆیە تەنها ئەو كەسە بەدوای ڕزگاربووندا دەگەڕێت كە لەبەر قاپی خوای گەورە سوژدە دەبات و دەڵێت: ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ * مِن شَرِّ مَا خَلَقَ﴾ واتە: پەروەردگارا! من نازانم لە ڕێگای بەرەو تۆدا لە كوێدا تیاچوون و گومڕابوون لە بۆسەدایە بۆم، وە ئەو كۆسپانە چین كە چاوەڕێم دەكەن لە ڕۆیشتنم بەرەو لای تۆ، بۆیە ئەی بەدیهێنەری هەموو شتەكان داوات لێدەكەم كە لە شەڕی هەموویان بمپارێزیت، چونكە تۆ ئەو شتانە و شەڕەكانیشیان دەزانیت. كەواتە یەكەم پلە لە پەیژەی بەرزبوونەوە بۆ لای خوای گەورە ئەوەیە كە مرۆڤ مەترسی هەبێت لە هەموو گەردیلەیەكی گەردوون بگرە لە نەفسی خۆیشی، وە پەنا بە خوا بگرێت لە شەڕەكەی. پاشان باوەڕدار سەبارەت بە باوەڕەكەی تەنها لە لووتبەرزی ناترسێت كە خاوەنەكەی لەناو دەبات، بەڵكو لە نزیكبوونەوە لە خوایش ترسی هەیە، چونكە لەمەیشدا كوشتنی مرۆڤ هەیە، وەك ئەوەی لەگەڵ بەلعامی كوڕی باعوردا ڕوویدا، وە پێغەمبەریش ﷺ هۆشداری داوە لەم مەترسیە بەجۆرێك لە پەروەردگاری خۆی پاڕاوەتەوە و فەرموویەتی: “لاَ مَلْجَأَ وَلاَ مَنْجَا مِنْكَ إِلَّا إِلَيْكَ” واتە: هیچ پەناگەیەك و هیچ ڕزگاربوونێك نیە لە تۆ مەگەر لە لای تۆ. (البخاري: كتاب الوضوء) واتە: پەروەردگارا! ئێمە نازانین ئایا لەو ڕێگایەی گرتوومانەتە بەر بۆ گەیشتن بە تۆ تیادەچین یان نا، بۆیە هیچ ڕێگایەك بۆ ڕزگاربوونمان نیە جگە لە تۆ، كەواتە پەنامان بدە و بمانپارێزە.
بە كورتی، فەرمایشتی خوای گەورە ﴿مِن شَرِّ مَا خَلَقَ﴾ ئەوەمان بۆ ئاشكرا دەكات كە پێویستە مرۆڤ مەترسی هەبێت لە هەموو گەردیلەیەكی گەردوون چونكە نازانێت چی لەناویدەبات، بۆیە دەبێت پەنا ببات بۆ بەدیهێنەری هەموو شتەكان.
5: وە یەكێكی تر لە ماناكانی فەلەق بریتیە لە: كۆت و پێوەندی زیندان.. كە دارێكە كۆمەڵێك كونی تێدایە بە ئەندازەی قاچی مرۆڤ، قاچی زیندانیەكان دەخرێتە ئەو كونانەوە و لەسەر یەك ڕیز بەند دەكرێن، وە بەپێی ئەم مانایە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ * مِن شَرِّ مَا خَلَقَ﴾ واتە من پەنا دەگرم بە خاوەنی زیندانەكان لەوەی كە زیندانی بكرێم و بەدەست سەختیەكانی زیندانەوە بناڵێنم. وەك ئەوەی خوای گەورە لێرەدا دوعایەكی بەكۆمەڵ و تاكەكەسی فێركردبین.. دوعا بەكۆمەڵەكە ئەوەیە كە خوای گەورە ئوممەتی ئیسلامی بپارێزێت لە دوژمنایەتی و جەنگ لەگەڵ یەكتر بۆی ئەوەی یەكتری فڕێ نەدەنە ناو سەختیەكانی زیندانەوە، یان دوژمنێك پەلاماری دەوڵەتی ئیسلامی نەدات و وێرانی بكات و ناڕەحەتیەكانی زیندان و كۆت و پێوەند بە موسوڵمانان بچێژێت و ئارامی و ئاسایشیان لێ زەوت بكات. سەبارەت بە لایەنی تاكەكەسی خوای گەورە فەرمانی كردووە بە هەر یەكێكمان هەمیشە دوعا بكات كە -بە ئەنقەست یان بە هەڵە- شتێك نەكات ببێتە هۆی ئەوەی سەختیەكانی كۆت و زیندان بچێژێت؛ چونكە هیچ كەسێك ناتوانێت لەم سەختیانە ڕزگاری بكات جگە لە خوای بەڕێوەبەری دڵەكان و فەرمانڕەوای ڕاستەقینە، وە ئەگەر مرۆڤ -خوا نەخواستە- كەوتە دۆخێكی لەم شێوەیە، ئەوا خوا دڵی بەرپرسانی زیندانەكە دەگۆڕێت، ئەوسا بە نەرمی مامەڵەی لەگەڵ دەكەن لەجیاتی ئەوەی بە ڕەقی مامەڵەی لەگەڵدا بكەن.
6: وە یەكێك لە ماناكانی فەلەق بریتیە: لەو شیرەی كە لە بنی دەفردا دەمێنێتەوە، بەگوێرەی ئەم مانایە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ * مِن شَرِّ مَا خَلَقَ﴾ واتە: پەروەردگارا! تۆ لە ڕێگەی قورئانەوە ڕێنماییەكی تەواوت پێبەخشیوم كە وەك دەفرێكی پڕ لە شیر وایە؛ بۆیە پەنا دەگرم بە تۆ لەوەی ئەم شیرە لەدەست بدەم بەهۆی كەمتەرخەمیەكانمەوە بەجۆرێك تەنها كەمێكی لێ بمێنێتەوە لام، بەمەش دوای دەوڵەمەندی تووشی هەژاریی ڕۆحانی بم. لە فەرموودەدا هاتووە كە لە شەوی میعراجدا شیر و ئاو و شەراب خرایە بەردەم پێغەمبەر ﷺ، ئەویش شیرەكەی هەڵگرت، جبریل پێی گوت: ئەگەر ئاوەكە یان شەرابەكەت هەڵبگرتایە ئوممەتەكەت تیا دەچوو، بەڵام تۆ بەگوێرەی فیترەت كارتكرد، بۆیە شیرەكەت هەڵبژارد (البخاري: كتاب التفسير). كەواتە شیر بریتیە لە ڕێنمایی قورئانی، وە لەگەڵ فیترەتی ڕاست و دروستدا دەگونجێت. كەواتە، خوای گەورە بە فەرمایشتی ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ * مِن شَرِّ مَا خَلَقَ﴾ فێری كردووین كە لە خوای گەورە بپاڕێینەوە بۆئەوەی یارمەتیمان بدات وەك پێویست كار بكەین بە ڕێنماییەكانی قورئانی پیرۆز و بیانپارێزین، وە سەردەمێكمان بەسەردا نەیەت واز بهێنین لە كاركردن پێیان، بەمەش وەك كەسێكمان لێ بێت كە لە دەفرەكەیدا تەنها كەمێك شیر مابێتەوە. وە شتێكی ڕوونە ئەگەر كەسی دەوڵەمەند هەژار بكەوێت ئەوا زۆر ئازار دەچێژێت و ژیانی لێ سەخت دەبێت. بۆیە خوای گەورە لێرەدا دوعایەكی تاكەكەسی فێری هەموو موسوڵمانێك كردووە كە ئەو نیعمەتانە لەدەست نەدات پێی دراوە، وە بە ئارامی و ئاسایش چێژیان لێ ببینێت بۆ ئەوەی ژیانی سەخت و ناڕەحەت نەبێت. هەروەها دوعایەكی بەكۆمەڵی فێری موسوڵمانان كردووە كە ئەو خۆشگوزەرانیەی بەهۆی باڵادەستی ئیسلامەوە هەیانە نەگۆڕێت بۆ ناخۆشی بەهۆی نەمانی باڵادەستیەكەیان و كۆتاییهاتنی حوكمڕانیەكەیان، بەمەش ژیانیان سەخت و ناڕەحت بێت، بەڵكو ئەگەر تووشی سەردەمێكی سەختی لەم شێوەیە بوون، ئەوا خوا دەستیان بگرێت و هۆكارەكان ساز و ئامادە بكات بۆ ئەوەی لاوازیەكەیان نەهێڵێت و باڵادەست و بەهێزیان بكاتەوە.
7: وە یەكێكی تر لە ماناكانی فەلەق بریتیە لە: ڕووبارەكان، وە بەپێی ئەم مانایە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ * مِن شَرِّ مَا خَلَقَ﴾ واتە: ئەی بەدیهێنەری ڕووبارەكان پەنات پێدەگرم لەوەی كە خۆم یان گەلەكەم بەهۆی ڕووبارەكانەوە تووشی شەڕ و زیان بین. وە ئاشكرایە ڕووبارەكان زەویەكان ئاو دەدەن، وە بەهۆی ئەوانەوە دانەوێڵە و بەرهەمەكان پەیدا دەبن، بۆیە ئەگەر ئاوی ڕووبارەكان بەباشی برۆن و جۆگە و كەناڵیان لێ دروست بكرێت بۆ ئاودانی زەویەكان، ئەوا سوودێكی گەورە دەگەیەنن بە وڵات، بەڵام ئەگەر ئاوی ڕووبارەكان ببن بە لافاو ئەوا كێڵگەكان لەناودەبەن و خەڵك نوقم دەكەن. كەواتە ڕووبارەكان سەرەڕای ئەوەی زۆر بەسوودن و هۆكارن بۆ ژیان، بەڵام لایەنی شەڕ و زیانیشیان تێدایە، بۆیە ئەگەر شەڕەكەیان دەركەوت ئەوا كۆتایی بە ژیان دەهێنن لەجیاتی ئەوەی ببنە هۆی بەردەوامبوونی ژیان. وە لە ڕاستیدا ئەمە دۆخی هەموو شتێكە، چونكە هەر شتێك لایەنی خێر و لایەنی شەڕیشی تێدایە، بۆیە خوای گەورە لێرەدا موسوڵمانان فێردەكات بەردەوام لە خوای گەورە بپاڕێنەوە كە هەموو ئەو نیعمەتە ماددی یان ڕۆحانیانەی پێی بەخشیون سوودبەخش بن بۆیان، وە بیانپارێزێت لە شەڕ و زیانەكانیان، بۆ ئەوەی بەهۆی ئەو زانستە زۆر و مەعریفە مەزنانەی كە پێی داون تووشی لووتبەرزی نەبن، وە بەكەم سەیری كەسانی تر نەكەن، وە نابێت وا دابنێن كە ئەوەی خوا بە فەزڵی خۆی پێی بەخشیون دەرئەنجامی توانا كەسیەكانی خۆیانە.
﴿وَمِن شَرِّ غَاسِقٍ إِذَا وَقَبَ﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
غاسِق: غسَقَتْ عينُه غُسوقًا: چاوی فرمێسكی ڕشت، وە گوتراوە: داباری، وە گوتراوە: تاریك بوو. وە غَسَقت السماء غَسْقًا: ئاوی ئاسمان داباری و ڕشێنەی كرد. وە غسَق اللبنُ: شیر لە گوانەكەوە داباری. وە غَسَق الجرحُ: برینەكە زەردواوێكی لێ هاتە دەر. وە غسق الليلُ غَسْقًا وغَسَقًا: تاریكیەكەی شەو زۆر بوو. وە الغاسِق: مانگ؛ یان شەو كاتێك شەبەق نامێنێت و تاریكیەكەی زۆر دەبێت، وە لەوەوە هاتووە ﴿وَمِن شَرِّ غَاسِقٍ إِذَا وَقَبَ﴾، گوتراوە: كاتێك شەو دێت، یان كۆمەڵە ئەستێرەی سورەیيا كاتێك دەكەونە خوارەوە بەهۆی زۆریی تاعوون و نەخۆشیەكان لەكاتی كەوتنەخوارەوەیاندا (الأقرب).
وە یەكێك لە ماناكانی الغاسق: واتە خۆر كاتێك ئاوا دەبێت. (تاج العروس)
وە لە “المفردات”دا هاتووە: “غَسَقُ الليل: زۆری تاریكی شەو. فەرموویەتی: ﴿وَمِن شَرِّ غَاسِقٍ إِذَا وَقَبَ﴾ وە ئەمە دەربڕینێكە بۆ بەڵا لە شەودا وەك (الطارق). وە گوتراوە: بریتیە لە مانگ كاتێك دەگیرێت و ڕەش هەڵدەگەڕێت.”
وَقَبَ: وقَبت الشمسُ وغيرها: خۆر و شتی تریش كاتێك ئاوا دەبێت. وقَبَ الرجل وقْبًا: پیاوەكە چووە ناو چاڵەوە؛ چاوەكانی چوون بە قووڵا. وە وقَب الظلامُ على الناس: تاریكی باڵی بەسەر خەڵكیدا كێشا و بڵاوبوویەوە، وە وقَب القمر: مانگ گیرا. وە الوَقْبُ: بریتە لەو چاڵەی كە لە تاشەبەرددا هەیە و ئاوی تێدا كۆدەبێتەوە، وە الوقبة: كونێكی گەورەیە كە سێبەری تێدایە (الأقرب).
كەواتە فەرمایشتیی خوای گەورە ﴿وَمِن شَرِّ غَاسِقٍ إِذَا وَقَبَ﴾ واتە:
1: پەنا دەگرم بە خوا لە شەڕی تاریكی شەو كاتێك تاریكیەكە زۆر دەبێت.
2: پەنا دەگرم بە خوا لە شەڕی ئەو كاتەی كە خۆر تێیدا ئاوا دەبێت.
3: پەنا دەگرم بە خوا لە شەڕی مانگگیران و خۆرگیران.
4: پەنا دەگرم بە خوا لە شەڕی تەنگانە دوای خۆشگوزەرانی.
5: پەنا دەگرم بە خوا لەو ڕووداوانەی لە شەودا ڕوودەدەن.
6: پەنا دەگرم بە خوا لە شەڕی ئەو كاتەی كە مرۆڤ تێیدا دەكەوێتەناو چاڵەوە.
تەفسیر: لەكاتی تەفسیركردنی فەرمایشتی خوای گەورە ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ * مِن شَرِّ مَا خَلَقَ﴾ ڕوونم كردەوە ئەم ئایەتانە هەواڵیان داوە سەبارەت بەو باڵادەستیەی ئیسلام كە لە سەردەمی پێغەمبەر ﷺ دەستی پێكرد كە بە دڵنیاییەوە كامڵ دەبێت و دەگاتە چڵەپۆپە، وە خوا نیعمەتەكان بە هەموو جۆرەكانیەوە دەبەخشێت بە موسوڵمانان، پاشان خوای گەورە فەرمانی بە موسوڵمانان كردووە كە لە لایەكەوە لێی بپاڕێنەوە ئەم باڵادەستی و زاڵبوونەیان بۆ خێرا بكات، وە لە لایەكی تریشەوە پەنا بە خوا (سبحانه) بگرن كە تووشی ئەو خراپانە نەبن كە زۆربەی كات تووشی نەتەوە باڵادەست و حوكمڕانەكان دەبێت، وە نوقم نەبن لە چێژ و خۆشیدا بەهۆی خۆشگوزەرانی و سەروەت و سامانی زۆرەوە، وە شەڕ لە نێوان خۆیاندا نەكەن بۆ بەدەستهێنانی باڵادەستی و پلەوپایە. وە دوای ئەوە خوای گەورە دەفەرموێت ﴿وَمِن شَرِّ غَاسِقٍ إِذَا وَقَبَ﴾، ئێستا باسمان كرد كە وشەی (الغاسق) واتە شەو، وە (الوقوب) واتە زۆربوونی تاریكی، وە یەكێك لە ماناكانی (الغاسق) بریتیە لە خۆر كاتێك ئاوا دەبێت، وە یەكێك لە ماناكانی (الوقوب) بریتیە لە دیارنەمان، كەواتە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَمِن شَرِّ غَاسِقٍ إِذَا وَقَبَ﴾ ئەمانایانەی خوارەوەی هەیە:
1: من پەنا بە خوای گەورە دەگرم لە شەڕی ئەو كاتەی كە خۆر تێیدا ئاوا دەبێت و تاریكی زۆر دەبێت.
هەڵبەت خوای گەورە بە پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت: ﴿يَٰٓأَيُّهَا ٱلنَّبِيُّ إِنَّآ أَرۡسَلۡنَٰكَ شَٰهِدٗا وَمُبَشِّرٗا وَنَذِيرٗا * وَدَاعِيًا إِلَى ٱللَّهِ بِإِذۡنِهِۦ وَسِرَاجٗا مُّنِيرٗا﴾ (الأحزاب: 46-47) واتە ئێمە تۆمان ناردووە وەكو پێشەنگێك بۆ خەڵكی، وە وەكو مژدەدەر بۆ باوەڕداران بۆ ئەوەی مژدەی پێشكەوتنیان پێ بدەیت، وە وەك ئاگاداركەرەوە بۆ نكۆڵیكاران بۆ ئەوەی ئاگاداریان بكەیتەوە لە تووشبوونیان بە سزا، وە وەكو بانگخوازێك بۆ ئەوەی بە فەرمانی خوا بانگەواز بكەیت بۆلای خوا، وە وەكو خۆرێكی درەوشاوە بۆ ئەوەی جیهان ڕۆشن بكەیتەوە. كەواتە خوای گەورە لێرەدا ناوی پێغەمبەری ﷺ ناوە خۆری درەوشاوە، وە هەواڵی داوە كە ڕووناكیەكەی جیهان ڕووناك دەكاتەوە. وە خوای گەورە بە فەرمایشتی ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ * مِن شَرِّ مَا خَلَقَ﴾ ئاماژەی بۆ پێغەمبەرەكەی كردووە كە بڕیارە ڕێنماییەكەی لە هەموو جیهاندا بڵاوبێتەوە و هەموو جیهان ڕووناك بكاتەوە وەك خۆر لە جەرگەی ئاسماندا، پاشان خوای گەورە بە فەرمایشتی ﴿وَمِن شَرِّ غَاسِقٍ إِذَا وَقَبَ﴾ فەرمانی پێكردووە كە لێی بپاڕێتەوە ڕووخسارە درەوشاوەكەی لە هیچ كاتێك لە كاتەكان لەبەرچاو ون نەبێت، بۆ ئەوەی خەڵكی بێبەش نەبن لە ڕووناكیەكەی، وە تاریكی باڵ بەسەر جیهاندا نەكێشێت، هەروەك چۆن خوای گەورە فەرمانی بە هەموو تاكێكی ئوممەتەكەی ﷺ كردووە كە لە خوای گەورە بپاڕێنەوە تووشی داڕووخان و هەرەسهێنان نەبن دوای ئەوەی خوا لە ڕێگەی پێغەمبەرەوە ﷺ پێشكەوتنی ڕۆحانی و ماددی دەبەخشێت پێیان، وە وازنەهێنن لە قورئان، ئەمەش ببێتەهۆی بێبەشبوونیان لە ڕووناكی موحەممەد و ڕووناكی قورئان، وە تاریكی باڵ بكێشێت بەسەریاندا. وە دوای پێشكەوتنی مادی هیچ شتێك نەبێت تووشی وێرانبوون و لەناوچوونیان بكات، بەڵام ئەگەر ئەمە ڕوویدا بەهۆی هەڵەكانیانەوە ئەوا خوای گەورە دووبارە دەستیان بگرێتەوە و هۆكارەكان ئامادە بكات بۆ ئەوەی ڕووخساری درەوشاوەی پێغەمبەرەكەیان ببینن، وە جارێكی تر ڕۆژگاری داڕوخان بگۆڕێت بۆ ڕۆژگاری پێشكەوتن و زاڵبوون.
2: وە یەكێك لە ماناكانی (الغسق) بریتیە لە زۆری و لێشاو، دەوترێت غسقت السماءُ غَسْقًا.. واتە ئاوی ئاسمان داباری و لێزمەی كرد، وە غَسَقَت عينُه: چاوی فرمێسكی ڕشت، كەواتە بەپێی ئەم مانایە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَمِن شَرِّ غَاسِقٍ إِذَا وَقَبَ﴾ واتە: پەنا دەگرم بە خوا لە تەنگانە دوای خۆشگوزەرانی. وە ئاشكرایە زۆریی پارە و سامان هەندێ جار زیان دەگەیەنێت و كەمیەكەیشی هەندێ جار زیانبەخشە، هەروەك چۆن دەبینین زۆریی ڕووناكی هەندێ جار زیان بە چاو دەگەیەنێت، وە هەندێ جاریش چاوەكان زیانیان پێدەگات بەهۆی تاریكیەكی زۆرەوە؛ بۆیە هەر كەسێك چاو ببڕێتە خۆر چاوی لەدەست دا، وە هەر كەسێكیش ماوەیەكی زۆر لە تاریكیدا بژی بەهەمان شێوە چاوی لەدەست دەدات. كەواتە مرۆڤ لە ئارامی و ئاسایشدا ناحەوێتەوە ئەگەر ڕێگای مامناوەند نەگرێتەبەر، وە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿مِن شَرِّ مَا خَلَقَ﴾ دوعایەكە بۆ دووركەوتنەوە لە شەڕی زۆریی پارە و سامان. وە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَمِن شَرِّ غَاسِقٍ إِذَا وَقَبَ﴾ دوعایەكە بۆ دووركەوتنەوە لە شەڕی كەمیی پارە و سامان؛ چونكە ئەم دۆخەش زۆر مەترسیدارە تەنانەت گوتراوە: “كاد الفقر أن يكون كُفرًا” (شعب الإيمان للبيهقي، والجامع الصغير للسيوطي).. واتە كەمیی پارە لە هەندێ كاتدا دەبێتە هۆی لەكیسچوونی ئیمانی مرۆڤ، بۆیە خوای گەورە فێری كردووین بڵێین ﴿وَمِن شَرِّ غَاسِقٍ إِذَا وَقَبَ﴾، واتە: لە خوای گەورە بپاڕێینەوە كە دوای خۆشگوزەرانی تووشی هەژاریمان نەكات؛ چونكە هەژار زۆر هەست بە هەژاریەكەی ناكات، بەڵام هەر كەسێك دوای خۆشگوزەرانی و دەوڵەمەندی تووشی دەستكورتی و هەژاری بێت، ئەوا ژیانی زۆر سەخت و ناڕەحەت دەبێت.
3: وە الغاسق بریتیە لە: مانگ، وە بریتیە لە خۆریش كاتێك ئاوا دەبێت، وە یەكێك لە ماناكانی (الوقوب) گیرانی مانگ و خۆرە، كەواتە بەپێی ئەم مانایە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَمِن شَرِّ غَاسِقٍ إِذَا وَقَبَ﴾ واتە: ئەی پەروەردگار من پەنا دەگرم بە تۆ لە شەڕی ئەو كاتەی تێیدا خۆر و مانگ دەگیرێن.
وە گیرانی خۆر و مانگ دوو مانای هەیە:
یەكەم: ئەو ڕووناكیانە ون بن كە زۆر پێویستن بۆ پێشكەوتنی موسوڵمانان، وە ئەو شتانەی كە ئەم ڕووناكیانە لە سەرچاوەكەیانەوە وەردەگرن نەتوانن وەریانبگرن؛ بۆ نموونە ڕووناكی خۆر لە خودی خۆیدایە، وە مانگ ڕووناكیەكەی لە ڕووناكی خۆر وەردەگرێت و زەوی ڕووناك دەكاتەوە، بۆیە ئەگەر مانگ نەیتوانی ڕووناكی لە خۆر وەربگرێت و تاریك بوو، ئەوا ئەمەش دەچێتە چوارچێوەی فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَمِن شَرِّ غَاسِقٍ إِذَا وَقَبَ﴾. هەرچەند ئەم ئایەتە دوعایەكە خوای گەورە فێری كردووین، بەڵام پێشبینیەكیش لەخۆدەگرێت بەجۆرێك سەردەمێك دێت بەسەر خەڵكیدا كە ڕووناكی پێغەمبەر ﷺ لە چاوەكانیان ون دەبێت؛ بۆیە نەك هەر خەڵكی ئاسایی ناتوانن ڕووناكیەكەی ببینن، بەڵكو كەسانی چاكەكار و ئەولیاكانیش لەناویاندا نامێنن كە وەك مانگ وان بۆ پێغەمبەر ﷺ و لە ڕووناكیەكەی ئەو وەردەگرن و بڵاوی دەكەنەوە لە جیهاندا، ئەوسا تاریكی باڵ دەكێشێت بەسەر دنیادا، بۆیە خوای گەورە فەرمانی پێكردووین كە پەنای پێ بگرین لە شەڕێك كە دەكرێت لەو دۆخەدا تووشی ئوممەتی ئیسلامی بێت.
دووەم: هەروەها دەكرێت گیرانەكە لێرەدا بە مانای ماددیش وەربگیرێت، واتە ئەم ئایەتە ئاماژە بێت بۆ خۆرگیران و مانگگیران، بەجۆرێك خوای گەورە فەرمانی پێكردووین پەنا بگرین لە شەڕی ئەو سەردەمەی كە تێیدا مانگگیران و خۆرگیران ڕوودەدات. وە لە فەرموودەدا زۆر بە ڕوونی هاتووە كە سەردەمێك دێت بەسەر ئوممەتی پێغەمبەردا ﷺ -دوای پێشكەوتنە مادی و ڕۆحانیەكەیان- دەكەونە خوارەوە بۆ نزمترین ئاست، وە لە ئیسلام تەنها ناوەكەی دەمێنێتەوە، وە لە قورئان تەنها وێنەكەی دەمێنێتەوە، خراپە بە هەموو جۆرەكانیەوە تێیاندا بڵاو دەبێتەوە، وە دەوڵەت و هێزیان كۆتایی دێت كە بەهۆی بەرەكەتی قورئانی پیرۆزەوە بەدەستیان هێنابوو (مشكاة المصابيح: كتاب العلم، والجامع لأحكام القرآن: سورة النور)، بەڵام خوای گەورە لەو كاتە سەختەدا سەریان دەخات و لەلایەن خۆیەوە كەسێك بە ناوی مەسیح و مەهدی دەنێرێت و لەسەر دەستی ئەودا ئیسلام لە هەموو ڕوویەكەوە باڵادەست دەكات و شكۆی پێشووی بۆ دەگێڕێتەوە، وە لەكاتی ناردنیدا نیشانەی زۆر دەردەكەون كە یەكێكیان نیشانەی خۆرگیران و مانگگیرانە لە مانگی ڕەمەزاندا، بۆیە پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: “إِنَّ لِمَهْدِينَا آيَتَيْنِ لَمْ تَكُونَا مُنْذُ خَلْقِ السَّمَوَاتِ وَالأَرْضِ تَنْكَسِفُ الْقَمَرُ لأَوَّلِ لَيْلَةٍ مِنْ رَمَضَانَ وَتَنْكَسِفُ الشَّمْسُ فِى النِّصْفِ مِنْهُ.” (الدارقطني، كتاب العيدين، باب صفة صلاة الخسوف).. واتە كاتێك مەهدیەكەمان دەنێردرێت بۆ چەسپاندنی گەورەیی ئیسلام و بۆ سەلماندنی بانگەشەكەی، دوو نیشانە دەردەكەون كە پێشتر بۆ هیچ بانگەشەكارێك دەرنەكەوتوون.. ئەوانیش بریتین لەوەی مانگ دەگیرێت لە یەكەمین شەوی مانگگیران لە مانگی ڕەمەزاندا، پاشان لە هەمان مانگدا خۆر دەگیرێت لە ناوەڕاستی ڕۆژەكانی خۆرگیراندا.
بۆیە ئەم فەرموودەیە پێشبینیەكی دیاریكراو لەخۆدەگرێت سەبارەت بە خۆرگیران و مانگگیران، كەواتە خوای گەورە لە فەرمایشتی ﴿وَمِن شَرِّ غَاسِقٍ إِذَا وَقَبَ﴾دا فێری كردووین لێی بپاڕێینەوە كە بمانپارێزێت لە شەڕی ئەو سەردەمەی كە ئیسلام لاواز دەبێت و خوای گەورە مەسیح و مەهدی ڕەوانە دەكات بۆئەوەی جارێكی تر گەورەیی و شكۆی ئیسلام جێگیر بكات، بۆیە لە خوای گەورە دەپاڕێینەوە كە بمانكات بە یەكێك لە یارمەتیدەران و پشتیوانانی مەهدی، وە بمانپارێزێت لەو سزایەی كە تووشی دوژمنەكانی دەبێت.
4: لەكاتی تەفسیركردنی فەرمایشتی خوای گەورە ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ﴾دا ئاماژەم بەوە كرد كە خوای گەورە فێری كردووین پەنای پێ بگرین لەو كەموكوڕی و عەیبانەی كە لەوانەیە لەكاتی دروستبوونی مرۆڤدا تووشی مرۆڤەكە ببن و ببنە ڕێگر لە گەیشتنی بە كەماڵ. وە ئێستاش خوای گەورە لە فەرمایشتی ﴿وَمِن شَرِّ غَاسِقٍ إِذَا وَقَبَ﴾ فێریكردووین لێی بپاڕێینەوە كە بمانپارێزێت لە سەرەنجامی خراپ، چونكە هەندێ جار سەرەتاكە باشە، بەڵام كۆتاییەكە خراپە؛ بەجۆرێك ژیانی هەندێ كەس لە ناوەختدا كۆتایی دێت، وە خێرەكەی بەردەوام نابێت بەڵكو هەموو شتێك وێران دەبێت، بۆیە خوای گەورە سەرەتا لە فەرمایشتی ﴿مِن شَرِّ مَا خَلَقَ﴾دا ئاماژەی كردووە بۆ سەرەتای ژیانی مرۆڤ، پاشان ژیانی ناوەڕاستی بەجێهێشتووە و ئاماژەی كردووە بۆ كۆتاییەكەی و فەرموویەتی ﴿وَمِن شَرِّ غَاسِقٍ إِذَا وَقَبَ﴾، كەواتە فێری كردووە كە دوعا بكات و بڵێت: پەروەردگارا! من پەنا دەگرم بە تۆ لە شەڕی ئەو كاتەی شتێك دەكەوێتە چاڵەوە كە بڕیار وابووە لە چاوەكان ون ببێت.. واتە كاتێك مرۆڤ دەمرێت و لە خاكدا دەنێژرێت؛ وە بە دەربڕینێكی تر خوای گەورە فەرمانی بە مرۆڤ كردووە كە دوعا بكات و بڵێت: پەروەردگارا! من پەنا دەگرم بە تۆ لە خەوش و ناتەواویە زگماكیەكانم كە لەوانەیە ببنە ڕێگر لەبەردەم پێشكەوتنمدا، وە پەنا دەگرم بە تۆ لەوەی كە مردنم زیان بە ئاین بگەیەنێت، یان كارەكانم بە ناتەواوی بمێننەوە، بەمەش كۆتایی كردەوەكانم لەجیاتی خێر ببێتە شەڕ. لەڕاستیدا مردنی هەندێ كەس شەڕی بەدوادا دێت، چونكە دەمرێت بەبێ ئەوەی كاری خۆی تەواو كردبێت، بۆیە دەرئەنجامی كارەكەی دەبێتە شەڕ لەجیاتی ئەوەی ببێتە خێر، بۆیە خوای گەورە فێری كردووین لێی بپاڕێینەوە كە بمانپارێزێت لەو شەڕ و خراپانەی كە لەوانەیە دوای مردن ڕووبدەن.
وە یەكێك لە فەزڵ و چاكەكانی خوای گەورە بەسەرمەوە ئەوەیە كە مژدەی پێداوم كارەكانم بۆ تەواو دەكات و سەرەنجامم زۆر باش دەبێت. لە ساڵی 1942دا وەحی بۆ كردم و فەرمووی “موتُ حَسَنٍ موتٌ حسَنٌ في وقتٍ حَسَنٍ” واتە: مردنی حەسەن مردنێكی باشە لە كاتێكی باشدا). خوای گەورە لەم وەحیەیدا منی بە هاوشێوەی حەسەن (علیه السلام) داناوە، وە هەواڵی پێداوم كە هەموو ئەو پێشبینیانە دەهێنێتەدی كە پەیوەستن بە خودی خۆمەوە، وە سەرەنجامم دەكات بە باشترین سەرەنجام، وە هیچ ئاژاوە و خراپەكارییەك لە كۆمەڵەكەماندا ڕوونادات. كەواتە سوپاس بۆ خوا.
لەكاتی تەفسیركردنی فەرمایشتی خوای گەورە ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ﴾ گوتم وشەی (الفلق) چەندین مانای هەیە لەوانە: دۆزەخ، وە ئەو دارەی كە كونی تێدایە و زیندانیەكان پێوەی دەبەسترێنەوە، وە ئەو شیرە كەمەی لە بنی دەفردا دەمێنێتەوە. بەمجۆرە خوای گەورە موسوڵمانانی فێركردووە دوعا بكەن بۆ ئەوەی بیانپارێزێت لەو شتەی كە دەبێتە هۆی ئەوەی نەتەوەكان یان تاكەكان بكەونەناو دۆزەخ و زیندانەوە، وە پەنا بە خوای گەورە بگرن لەوەی كە قورئان لە نێوانیاندا بەرزبكرێتەوە بەمەش تەنها كەمێكی بەدەستیانەوە بمێنێتەوە، بۆیە هەموو ئەم شتانە ئاماژەن بۆ مانای نەمان و داڕووخان و تاریكی، بەڵام لێرەدا لە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَمِن شَرِّ غَاسِقٍ إِذَا وَقَبَ﴾دا، خوای گەورە دوعایەكی گشتگیری فێركردووین بۆ دووركەوتنەوە لەم شەڕانە، وە ڕایگەیاندووە و فەرموویەتی پێویستە هەموو تاكێكی ئوممەت لە خوای گەورە بپاڕێتەوە بۆ ئەوەی بیانپارێزێت لە دوژمنایەتی دوای ئەوەی بە ئارامی و دڵنیایی ژیاون، وە بیانپارێزێت لە ژیانی زەلیلی دوای ئەوەی فەرمانڕەوا بوون، وە بیانپارێزێت لە ژیانی تاریكی دوای ئەوەی لە ڕووناكیدا بوون.
هەڵبەت لەكاتی تەفسیركردنی فەرمایشتی خوای گەورە ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ * مِن شَرِّ مَا خَلَقَ﴾ ڕوونم كردەوە كە ئەمە دوعایەكی تاكەكەسیە -سەرەڕای ئەوەی كە دوعایەكی بەكۆمەڵە- بۆ بەدەستهێنانی كەماڵ و گەیشتن بە چڵەپۆپە، كەواتە بەپێی ئەم مانایە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَمِن شَرِّ غَاسِقٍ إِذَا وَقَبَ﴾ واتە: مرۆڤ دوای ئەوەی ڕێنمایی كرا بۆ ڕێگای پێشكەوتن و منارەی ڕووناكی بینی بەهۆی ئەوەی پەنای بە خوای گەورە گرتووە، ئەگەر تاریكی باڵی كێشا بەسەریدا، ئەوا ئازارەكانی سەختتر دەبن، چونكە ئەوسا وەك كەسێك وایە لەناو ڕووناكیدا بێت و لەناكاو بچێتە ناو تاریكیەوە و هیچ شتێك نەبینێت. لەڕاستیدا باوەڕدار بەم جۆرە قۆناغانەدا تێدەپەڕێت لە ڕۆیشتنە ڕۆحانیەكەیدا، بەجۆرێك لە قورئانی پیرۆزەوە ڕوون دەبێتەوە كە دۆخی گرژبوون (قبض) و كرانەوەی (بسط) ڕۆحانی بەسەریدا دێت، بۆیە هەندێ جار وا دەردەكەوێت كە خوای گەورەی دۆزیوەتەوە وەك ئەوەی لەدەستیدا بێت، ئەمە حاڵەتی كرانەوەیە (البسط)، پاشان حاڵەتێكی تری بەسەردا دێت كە تێیدا هەست دەكات ئەو ڕووناكیەی لێی ون بووە كە بینیبووی، وە زۆرێك لە گەمژەكان لەو كاتەدا تووشی نائومێدی دەبن و شكست دەهێنن دوای ئەوەی خەریك بووە بگەنە ئامانجی داواكراویان، بەمەش وا گومان دەبەن ئەوەی بینیویانە ڕووناكی نەبووە، بۆیە خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَمِن شَرِّ غَاسِقٍ إِذَا وَقَبَ﴾ واتە: ئەی موسوڵمان، پێویستە لە خوای گەورە بپاڕێیتەوە و بڵێیت: پەروەردگارا! ئەگەر چێژم لە ڕووناكیەكەت بینی، ئەوا با دۆخی گرژبوون (قبض) نەبێتە هۆی مردنێكی ڕۆحانی بۆم، بەڵكو با ئەم دۆخە بەردەوام هانم بدات بۆ پێشكەوتن، وە دوای ئەوەی دەگەمە لوتكە نەكەومە خوارەوە و بە حەسرەتەوە نەمرم.
وە یەكێك لە ماناكانی فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَمِن شَرِّ غَاسِقٍ إِذَا وَقَبَ﴾ ئەوەیە: ئەو كەسەی باوەڕی بە یەكتاپەرستی تەواو هەیە كاتێك ڕایدەگەیەنێت -بە پەیڕەوكردنی فەرمانی خوای گەورە ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ﴾- متمانەی بە هیچ كەسێك نیە جگە لە خوای گەورە، ئەوا بێگومان ڕووبەڕووی دژایەتی دەبێتەوە و دۆستەكان دەبنە دوژمن و هاوسۆزەكان دەبنە نەیار، بەمەش تاریكی باڵ دەكێشێت بەسەریدا، بۆیە خوای گەورە فەرمانی پێكردووە كە لەو كاتەدا تەنها پەنا بۆ ئەو ببات.
هەروەك چۆن خوای گەورە لە فەرمایشتی ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ﴾دا فێری كردبوو دوعا بكات بۆ بەدەستهێنانی كەماڵ و گەیشتن بە لووتكە، كەواتە بەپێی ئەوە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَمِن شَرِّ غَاسِقٍ إِذَا وَقَبَ﴾ واتە: پێویستە مرۆڤ هەمیشە لە خوای گەورە بپاڕێتەوە كە لەكاتی هەوڵەكانیدا بۆ بەدەستهێنانی كەماڵ بیپارێزێت لە شەڕی ئەو شتانەی كە دەكرێت كاریگەرییان هەبێت لەسەری لە كاتێكدا ئەو بێئاگایە، یان لەناكاو زیانی پێبگەیەنن.
وە لێرەدا پرسیارێك دروست دەبێت ئەویش ئەوەیە: مادەم بڕیارە تاریكی باڵ بەسەر موسوڵماناندا بكێشێت ئیتر چ پێویست بەم دوعایانە دەكات؟
وەڵام: بێگومان هەموو موسوڵمانان سوودیان لەم دوعایانە نەبینیوە و لە شەڕ و خراپە ڕزگاریان نەبووە، بەڵام خوای گەورە بە بەرەكەتی دوعای پێغەمبەر ﷺ و موسوڵمانانی تر لە هەموو كاتێكدا تۆوی ئیسلامی پاراستووە، بۆیە لە هەموو سەردەمێكدا پشكۆیەك لە ئاگرەكەی ماوەتەوە و دووبارە لەو پشكۆیە ئاگرەكە دروستبووتەوە. كەواتە، خوای گەورە فەرمانی بە پێغەمبەرەكەی كردووە كە ئەم دوعایانە بكات بۆ ئەوەی بە بەرەكەتی دوعاكان لەناو موسوڵماناندا لە سەردەمی پێشكەوتنیاندا ئەو كەسانە ڕزگاریان بێت كە پەیوەندیەكی ڕاستگۆیانەیان لەگەڵ پێغەمبەر ﷺ هەبووە، وە بەمجۆرە پێغەمبەر ﷺ بووە بە تكاكار بۆ خەڵكی هەموو سەردەمێك. وە لەبەر ئەوەی ئەو شەڕەی كە خوای گەورە لێرەدا لە فەرمایشتی ﴿وَمِن شَرِّ غَاسِقٍ إِذَا وَقَبَ﴾ هەواڵی لێ داوە پەیوەندی بە هەموو ئوممەتەوە هەیە، بۆیە هەر كەسێك لە خەڵكی سەدەی یەكەم بەشێكی بەركەوتبێت لە دوعاكانی پێغەمبەر ﷺ بەهۆی پەیوەندیە ڕاستگۆیانەكەی لەگەڵیدا ﷺ، ئەوا وەك ئەوە وایە ڕزگاری بووبێت بەهۆی شەفاعەتەكەی پێغەمبەرەوە ﷺ كە لە دوعاكەیدا بەرجەستە بووە، وە پێغەمبەر ﷺ بووە بە تكاكار و شەفاعەتكار بۆ ئەو كەسانە، بە هەمان شێوە هەر كەسێك لە خەڵكی سەدەكانی دووەم و سێیەم و دواتر كە پەیوەندی هەبووبێت لەگەڵ پێغەمبەر ﷺ، ئەوا شایستەی تكای ئەو بووە و بەهۆی بەرەكەتی دوعای ئەوەوە پارێزراو بووە لە شەڕ و خراپە ڕۆحانیەكان، بەمجۆرە سەدان هەزار كەس لە هەموو سەردەمێكدا ڕزگاریان بووە بەهۆی بەرەكەتی پەیوەندی ڕاستگۆیانەیان لەگەڵ پێغەمبەر و گونجانی دوعاكانیان لەگەڵ دوعاكانی پێغەمبەردا ﷺ. وە لەگەڵ ئەوەی شەڕ و تاریكی بەردەوام لە زیادبووندا بوون، بەجۆرێك ڕووناكی موحەممەد ﷺ لە چاوەكان ون بوو، وە فەرموودەكەی ﷺ هاتە دی كە دەفەرموێت: “لا يبقى من الإسلام إلا اسمه، ولا يبقى من القرآن إلا رسمه” واتە: لە ئیسلام نامێنێتەوە جگەل لە ناوەكەی، وە لە قورئان نامێنێتەوە جگە لە وێنەكەی (شعب الإيمان للبيهقي، 2/311 رقم 1908، ومشكاة المصابيح، كتاب العلم، والجامع لأحكام القرآن، سورة النور)، وە موسوڵمانان قورئانیان بەجێهێشت و وازیان لێ هێنا، بەڵام خوای گەورە بە بەرەكەتی دوعاكەی پێغەمبەر ﷺ پیاوێكی بە ڕەچەڵەك فارسی ڕەوانەكرد بۆ ڕزگاركردنی ئیسلام، وە دووبارە قورئانی لە ئاسمانەوە هێنایە سەر زەوی، بەمەش شەوی موسوڵمانان گۆڕا بۆ ڕۆژی درەوشاوە. كەواتە دوعاكانی پێغەمبەر ﷺ و دوعاكانی تاكەكانی ئوممەتەكەی بەفیڕۆ نەچوون، بەڵكو بە بەرەكەتی ئەو دوعایانە خوای گەورە بڕیاری دا مانگێك لە ئاسمانی ئیسلامدا هەڵبێت بۆ ئەوەی ڕووخساری موحەممەد ﷺ پیشانی خەڵكی بدات، هەروەك چۆن مانگی چواردە لە شەوی چواردەدا ڕووخساری خۆر پیشان دەدات.
وە پێویستە ئەوەش بزانرێت كە قورئان بە هەردوو سوورەتی (المعوذتين) كۆتایی نایەت، بەڵكو نەریتی موسوڵمانان وەهایە ئەگەر یەكێكیان گەیشتە كۆتایی قورئان دەستبەجێ دەگەڕێتەوە و شتێك لە سەرەتاكەی دەخوێنێتەوە بۆ ئەوەی ئەم زنجیرەیەی خوێندنی قورئان نەپچڕێت. وە ئاشكرایە قورئان بە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿ٱلۡحَمۡدُ لِلَّهِ رَبِّ ٱلۡعَٰلَمِينَ﴾ دەست پێدەكات، وە ئەگەر سوننەتی خوای گەورە وەها بێت كە هەر بڵندبوونەوەیەك داڕووخان و كەوتەنەخوارەوەیەك بەدوایدا بێت، ئەوا بە هەمان شێوە سوننەتی خوای گەورە وەهایە كە دوای هەموو شەوێك بە دڵنیاییەوە ڕۆژ هەڵدێت، بۆیە خۆری موحەممەدی بە بەرەكەتی ئەو پەناگرتنەی كە پێغەمبەر ﷺ ئەنجامی داوە دووبارە هەڵدێتەوە. بێگومان خۆری پێغەمبەرانی پێشوو كاتێك ئاوا دەبوو، ئوممەتێكی نوێ دادەمەزرا، بەڵام تایبەتمەندی قورئان وەهایە كە حەمد و سوپاس دووبارە دەگەڕێتەوە بەهۆی بەرەكەتی پەناگرتن لە كۆتاییەكەیدا، بەمەش هەمان پڕۆسە جارێكی تر دووبارە دەبێتەوە. وەك ئەوەی خوای گەورە ڕوونی كردبێتەوە كە هەر كەسێك كار بە ڕێنمایی موحەممەد بكات ئەوا بە دڵنیاییەوە بەرز دەبێتەوە، پاشان بەم بارودۆخە سەختانەدا تێدەپەڕێت، وە خوای گەورە بە بەرەكەتی پەناگرتنی موحەممەد ﷺ ڕزگاری دەكات، بۆیە سپێدە و بەرەبەیانی موحەممەدی دووبارە دەست بە دەركەوتن دەكاتەوە. كەواتە حیكمەت لە هێنانی پەناگرتن (المعوذتين) لە كۆتایی قورئانی پیرۆزدا بۆ ئاماژەدانە بەوەی كە ئاینی موحەممەدی هەرگیز كۆتایی نایەت. هەڵبەت كتێبەكانی پێشوو بە پەناگرتن دەستیان پێكرد، وە كۆتاییان هات، بەڵام فەرمانمان پێكراوە لە سەرەتای قورئاندا پەنا بگرین، وە خوای گەورە لە كۆتاییەكەیشیدا پەناگرتنی دابەزاند، وە فەرمانی بە هەموو تاكێكی ئوممەت كرد دوعای پەناگرتن بكات، بۆیە ئەمە وەك ڕاگەیاندنێك وایە كە ئاینی موحەممەد ﷺ هەرگیز كۆتایی نایەت، بەڵكو هەتا ڕۆژی قیامەت دەمێنێتەوە.
﴿وَمِن شَرِّ ٱلنَّفَّٰثَٰتِ فِي ٱلۡعُقَدِ﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
النفّاثات: بریتیە لە كۆی وشەی (النفّاثة)، نَفَثَ مِن فيه: لە دەمیەوە فڕێی دا. نفَث الجرحُ الدمَ: برینەكە خوێنەكەی دەردا. وە نفَث: تفی كرد؛ وە وتراوە تفی كرد بەبێ ئەوەی لیكی لەگەڵدا بێت، یان وەك فووكردن وایە و كەمترە لە تفكردن. وە نفث فلانا: سیحری لێكرد. وە نفثت الحيّةُ السمَّ: مارەكە ژەهرەكەی هاویشت. وە نفَث القلمُ: قەڵەمەكە نووسی. وە نفث الله الشيءَ في القلب: خوای گەورە شتەكەی خستە دڵەوە. (الأقرب)
كەواتە النفاثات واتە: 1: ئەو كۆمەڵە یان ئەو دەستەیە یان ئەو كەسانەی كە زۆر تف دەكەن 2: یان ژەهر دەڕێژن، 3: یان وەسوەسە دەخەنە دڵەوە. 4: یان زۆر دەنووسن.
العُقد: بریتیە لە كۆی وشەی (العُقْدَة)، وە لە ماناكانی ئەمانەن: حوكمڕانی بەسەر وڵاتێكدا؛ زەوی و زار؛ ئەو موڵكەی خاوەنەكەی كردوویەتی بە موڵكی خۆی، واتە بەدەستی هێناوە؛ شوێنی گرێ؛ ئەوەی شت دەگرێت و توند و قایمی دەكات؛ ئەو بەیعەتەی كە دراوە بە فەرمانڕەواكان؛ ئەو شوێنەی دار و درەخت و دارخورما و لەوەڕگای زۆری تێدایە كە بەشی وشترەكان دەكات؛ ئەو شوێنەی بەشی پیاوێك دەكات و پێداویستیەكانی پڕدەكاتەوە؛ هەموو زەویەكی بەپیت؛ وە (عقدة) لە هەموو شتێكدا: پێویستی و پتەوی و جێگیربوونیەتی. (الأقرب)
وە لە “المفردات”دا هاتووە: العَقْد: كۆكردنەوەی نێوان لایەكانی شتێك… پاشان ئەمە بەشێوە خوازە بەكاردێت بۆ ماناكانی وەك: گرێبەستی كڕین و فرۆشتن و پەیمان و شتەكانی تر.”
كەواتە، فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَمِن شَرِّ ٱلنَّفَّٰثَٰتِ فِي ٱلۡعُقَدِ﴾ واتە:
1: پەنا دەگرم بە خوا لە شەڕی ئەو كەسانەی كە دۆستایەتی و پەیماننامەكانی نێوان خەڵكی تێكدەدەن.
2: پەنا دەگرم بە خوا لە شەڕی ئەو گروپانەی كە هانی خەڵكی دەدەن بۆ شەڕكردن لەگەڵ خەلیفەكان و هەڵوەشاندنەوەی بەیعەتەكەیان.
3: پەنا دەگرم بە خوا لە شەڕی ئەو كەسانەی كە یەكڕیزی موسوڵمانان تێكدەدەن و كۆتایی بە حكومەتەكانیان دەهێنن.
تەفسیر: 1: هەروەك پێشتر باسمان كرد یەكێك لە ماناكانی (عُقدة) بریتیە لە حوكمڕانی بەسەر وڵاتێكدا و بەیعەتدان بە فەرمانڕەواكان، وە مەبەست لە فووكردن لە گرێیەكان (النفث في العقد) هەوڵدانە بۆ پچڕاندنی پەیوەندیەكان، چونكە یەكێك لە نەریتی عەرەبەكان ئەوە بوو كە گرێی دەزووەكانیان دەكردەوە و فوویان پێدا دەكرد لەكاتی پچڕاندنی پەیوەندی لەگەڵ كەسانی تردا، هەروەك چۆن جادووگەرەكانی ئەمڕۆ ئەو كارە دەكەن بۆئەوەی دووبەرەكی بخەنە ناو خەڵكیەوە و جیایان بكەنەوە لە یەكتری، دەگوترێت: فڵانە كەس فوو لە گرێكان دەكات، واتە هەوڵدەدات پەیوەندی خۆشەویستی نێوان خەڵكی بپچڕێنێت، كەواتە بەپێی ئەم مانایە: خوای گەورە بە فەرمایشتی ﴿وَمِن شَرِّ ٱلنَّفَّٰثَٰتِ فِي ٱلۡعُقَدِ﴾ فەرمانی بە موسوڵمانان كردووە لێی بپاڕێنەوە كە بیانپارێزێت لە شەڕی هەر گەلێك كە هەوڵدەدات ئەو بەیعەتە هەڵبوەشێننەوە كە داویانە بە فەرمانڕەواكان و پەرتەوازەیان بكەن.
خوای گەورە لە ئایەتەكانی پێشوودا هەواڵی دا سەبارەت بە داڕووخان و هەرەسهێنانی موسوڵمانان، بەڵام لێرەدا ئاماژەی داوە بە یەكێك لە هۆكارەكانی داڕووخانیان، بەجۆرێك خوا (عز وجل) هەواڵی داوە كە دوای كۆچی دوایی پێغەمبەر ﷺ خیلافەت لەناو ئوممەتدا دادەمەزرێت بۆ كۆكردنەوەیان لەسەر دەستی یەك كەس و سوود وەردەگرن لە بەرەكەتە زۆرەكانی خیلافەت، بەڵام وردە وردە دڵسۆزی و لایەنگیرییان بۆ خیلافەت كەم دەبێتەوە و دوای ماوەیەك ئەو دڵسۆزیەیان نامێنێت، پاشان بە یەكگرتوویی نامێننەوە و پەرتەوازە دەبن و پەیوەندییەكانی نێوان فەرمانڕەوا و هاوڵاتیان دەپچڕێت، بەجۆرێك لە هەموو ناوچەیەك لەو ناوچانەی موسوڵمانان فەتحیان كردوون گرووپێك دوژمنایەتی ئیسلام دەكات و بەوپەڕی فێڵ و فریودانەوە كاردەكات دژی خەڵكەكەی، وە لە نێوانیاندا ئەو بیروباوەڕانە بڵاودەكاتەوە كە هەستی یاخیبوون و دوژمنایەتی دەخەنە دڵی مرۆڤە لاوازەكانیانەوە، بەمەش پەیوەندی دڵسۆزییان لەگەڵ خەلیفەكانیان دەپچڕێنن، تا ئەو ڕادەیەی لە خەلیفەكانیان یاخی دەبن و شەڕیان لەگەڵ دەكەن، وە پشێوی لەناو موسوڵماناندا دروست دەبێت و دڵسۆزییان بۆ خەلیفەكان نامێنێت، وە پەرتەوازە دەبن و ڕۆژی ڕووناكیان دەگۆڕێت بۆ شەوەزەنگی تاریك، وە پێشكەوتن و گەشەسەندنیان دەوەستێت و شەڕ لە نێوان خۆیاندا دەكەن و بە دەستی خۆیان دۆزەخێك بۆ خۆیان دادەگیرسێنن، وە ڕۆحانیەت و پاكی لە ناویاندا ون دەبێت، چونكە پەیوەندی خۆیان بەو ڕەگانەوە دەپچڕێنن كە ئەم بەرەكەتانەیان بۆ دەهێنن، بۆیە خوای گەورە فێری كردوون لێی بپاڕێنەوە كە پەنایان بدات و ڕزگاریان بكات لە شەڕ و خراپەی ئەو ڕۆژانە.
وە یەكێك لە ماناكانی وشەی (النفث) بریتیە لە نووسین، كەواتە (النفاثات) بریتین لەو كەسانەی یان ئەو گرووپانەی كە زۆر دەنووسن، و بەپێی ئەم مانایە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَمِن شَرِّ ٱلنَّفَّٰثَٰتِ فِي ٱلۡعُقَدِ﴾ ئاماژەیە بۆ بڵاوكردنەوەی ئەو نووسیانەی دژی خوا و پێغەمبەرن و لە سەردەمی كۆتاییدا لەسەر ئاستێكی فراوان بڵاودەكرێنەوە، ئەم كارەیش دەبێتە هۆی دروستبوونی ئاژاوەیەكی گەورە و شەڕێكی بەربڵاو لە جیهاندا، وە خوای گەورە موسوڵمانانی فێركردووە لێی بپاڕێنەوە كە لە پەناگای خۆیدا بیانپارێزێت لەو ئاژاوە گەورە و توندوتیژە، وە بیانپارێزێت لە شەڕی ئەو سەردەمەی كە تێیدا بەڕێژەیەكی زۆر كتێب و نووسین بڵاودەكرێنەوە دژی خوا و پێغەمبەرەكەی.
هەروەها ئاماژەیەكی شاراوەی تێدایە بۆ بڵاوكردنەوەی نووسینەكان لە سەردەمی كۆتاییدا بە مەبەستی تێكدانی پەیوەندی نێوان كاربەدەستان و هاوڵاتی.
2: لەكاتی تەفسیركردنی فەرمایشتی خوای گەورە ﴿مِن شَرِّ مَا خَلَقَ * وَمِن شَرِّ غَاسِقٍ إِذَا وَقَبَ﴾دا ڕوونم كردەوە كە خوای گەورە لەم فەرمایشتەدا دوعایەكی فێركردووین بۆ ڕزگاربوون لە شەڕ و زیانی خەوش و ناتەوایە زگماكیەكان بۆ ئەوەی ڕێگری لە پێشكەوتنمان نەكەن، هەروەها فەرمانی پێكردووین پەنا بگرین بە خوا لەو خراپانەی كە لەوانەیە بەهۆی مردنمان لەكاتێكی ناوەختدا سەرهەڵبدەن، وە دوای ئەوەی خوای گەورە فێری پەناگرتنی كردین لە شەڕی ئەو خراپانەی كە لەوانەیە لە سەرەتا و كۆتایی ژیانماندا تووشمان ببن، ئێستا فێری كردووین پەنا بگرین لە شەڕی ئەو خراپانەی كە لەوانەیە لە قۆناغی ناوەڕاستی ژیاندا تووشمان ببن، بۆیە فەرموویەتی ﴿وَمِن شَرِّ ٱلنَّفَّٰثَٰتِ فِي ٱلۡعُقَدِ﴾، وە ڕوونی كردووەتەوە كە مرۆڤ لەوانەیە تووشی خراپەی زگماكی نەبووبێت، وە هەروەها لە ناوەختیشدا نەمرێت، بەڵام تووشی هەندێك خراپە دەبێت لە قۆناغی ناوەڕاستی ژیانیدا. وە ئەم خراپانەش دوو جۆرن: یەكەمیان ئەوانەیە كە پەیوەندیان بە كاتی دروستبوونیەوە هەیە، دووەمیان ئەوانەیە كە پەیوەندیان بە كاتی مردنیەوە هەیە، وە لێرەدا ئاماژەی بە جۆری یەكەم داوە و فەرموویەتی ﴿وَمِن شَرِّ ٱلنَّفَّٰثَٰتِ فِي ٱلۡعُقَدِ﴾ واتە مرۆڤ لە دۆخی سەرەتاییدا خۆراك لە دایكیەوە وەردەگرێت هاوشێوەی ئەو درەختەی كە خۆراك لە ڕەگەكانیەوە وەردەگرێت، ئەمەش مانای ئەوەیە كە پەیوەندی بە دایك و باوكیەوە هەیە لەڕووی پەروەردكردنی ڕواڵەتیەوە، وە پەیوەندی بە خوای گەورەوە هەیە لەڕووی پەروەردكردنی ڕۆحانیەوە، بۆیە دەبێت بە مناڵی ڕۆحانی خوای گەورە كە دروستی دەكات و پەروەردەی دەكات و گەشەی پێدەدات، وە هەموو هێز و خۆراك و گەشەكردنێكی لەم گرێیە یان لەم پەیوەندییەوە وەردەگرێت كە لە نێوان ئەو و خوای گەورەدا هەیە، بەڵام بەدكاران هەوڵدەدەن وەسوەسە بخەنە دڵیەوە بۆ ئەوەی ئەم پەیوەندیەی نێوان ئەو و پەروەردگاری بپچڕێنن، وە هەندێ جار بەندەی نەفام بەگوێیان دەكات و پشت لە پەروەردگاری خۆی دەكات، هەروەك چۆن مناڵی نەفام لە دنیادا دایك و باوكی جێدەهێڵێت و هەموو پەیوەندیەك دەپچڕێنێت لەگەڵیاندا؛ بۆیە خوای گەورە فەرمانی پێكردووین لێی بپاڕێینەوە بۆ ئەوەی ئەم گرێیە نەكرێتەوە كە بە خوای گەورەوە دەمانبەستێتەوە و لە ڕێگەیەوە لێشاوی ڕەحمەت و بەرەكەتەكانی وەردەگرین، بەڵكو ئەم پەیوەندیە كە بە باوكە ڕۆحیەكەمانەوە دەمانبەستێتەوە بەهێزتر بێت تا بێبەش نەبین لەو خۆراكەی لێی وەردەگرین و نەبین بە یەكێك لە كەسە لەناوچووەكان.
بە كورتی، فەرمایشی خوای گەورە ﴿مِن شَرِّ مَا خَلَقَ﴾ دوعایەكە بۆ خۆپاراستن لە خراپە زگماكیەكان، وە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَمِن شَرِّ غَاسِقٍ إِذَا وَقَبَ﴾ دوعایەكە سەبارەت بەو شەڕانەی پەیوەستن بە مردنەوە، وە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَمِن شَرِّ ٱلنَّفَّٰثَٰتِ فِي ٱلۡعُقَدِ﴾ دوعایەكە سەبارەت بەو شتانەی كە ئەگەر مرۆڤ لێیان دوور بكەوێتەوە ئەوا ئەو هێزانەی تێیدا لاواز دەبن كە یارمەتی دەدەن بۆ گەیشتن بە پلەی كەماڵ، بەمەش بەردەوام بێبەش دەبێت لە كامڵبوون.
3: وە خوای گەورە لە فەرمایشتی ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ * مِن شَرِّ مَا خَلَقَ * وَمِن شَرِّ غَاسِقٍ إِذَا وَقَبَ﴾دا ئامۆژگاری موسوڵمانی كرد كە ئەگەر باوەڕی بە یەكتاپەرستی تەواو هێناوە ئەوا دەبێت لە هەموو شوێنێك یەكتاپەرستی خوا ڕابگەیەنێت، وە ئەگەر گەردەلولی دوژمنایەتی لە دژی هەڵیكرد و دنیا لەبەرچاویدا تاریك بوو، ئەوا نابێت تووشی ترس و شڵەژان بێت، بەڵكو دەبێت بەردەوام ئاڵای یەكتاپەرستی بە بەرزی بهێڵێتەوە. بەڵام لە فەرمایشتی ﴿وَمِن شَرِّ ٱلنَّفَّٰثَٰتِ فِي ٱلۡعُقَدِ﴾دا خوای گەورە ڕوونی كردووەتەوە كە ئەو كەسەی باوەڕی بە یەكتاپەرستی تەواو هەیە كاتێك ڕایدەگەیەنێت كە بەتەواوەتی بووەتە هی خوای گەورە و بێ نیاز بووە لە هەر كەسێكی تر، ئەوا بە دڵنیاییەوە هەندێك لە هاوڕێكانی بە دڵسۆزی و وەفاداری دەمێننەوە بۆی و ستایشی ئەم هەڵوێستەی دەكەن، لە كاتێكدا ئەوانی تر هەوڵدەدەن دژایەتی بكەن و ژەهر بڕێژنە دڵی ئەو كەسانەی كە پشتگیریی دەكەن، بۆ ئەوەی پشتی بەربدەن و ببن بە دوژمنی، بۆیە خوای گەورە فەرمان بەم باوەڕدارە دەكات كە لەم حاڵەتەدا ڕابگەیەنێت پەنا بە خوای گەورە دەگرێت لە شەڕی ئەو كەسانەی كە وەسوەسە دەخەنەناو دڵی هاوڕێ و پشتیوانەكانی بۆ ئەوەی پشتی بەربدەن و دژایەتی بكەن و كۆسپ بخەنە سەر ڕێگاكەی.
4: خوای گەورە لە فەرمایشتی ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ﴾دا دوعایەكی فێركردووین بۆ ئەوەی كامڵبوون بەدەستبهێنین، وە لە فەرمایشتی ﴿وَمِن شَرِّ غَاسِقٍ إِذَا وَقَبَ﴾دا دوعایەكی فێركردووین كە دوای ئەوەی كامڵبوونمان بەدەستهێنا و گەیشتینە چڵەپۆپە تووشی لەناوچوون نەبین و نەكەوینە خوارەوە، وە سەختی و بەڵاكان دەورمان نەدەن، بەڵام لە فەرمایشتی ﴿وَمِن شَرِّ ٱلنَّفَّٰثَٰتِ فِي ٱلۡعُقَدِ﴾دا ئەوەی ڕوونكردووەتەوە كە كاتێك مرۆڤ دەبێتە ئامانجی بەڵا و نەهامەتیەكان، هەندێ كەس هەوڵدەدەن شكست و زەلیلیەكەی زیاتر بكەن، وە پەیوەندیەكەی تێكبدەن لەگەڵ ئەو هاوەڵانەیدا كە ماونەتەوە لەگەڵیدا، هەروەك چۆن زۆربەی جار لە ماڵەكاندا تێبینی دەكرێت كە ئەگەر دایك و باوك لە یەكێك لە منداڵەكانیان تووڕە بن ئەوا دەستبەجێ ئەوانی تر لای دایك و باوكیان سكاڵا لەو مناڵە دەكەن، بۆ نموونە یەكێكیان دەڵێت: دایە، ئەوە فڵانە و فڵانە شتی كرد، وە ئەوی تریان دەڵێت: باوكە، ئەمە لە فڵانە كاتدا لێیدام. كەواتە نەریتی خەڵكی وەهایە ئەگەر مرۆڤ كەوت و زەبوون بوو ئەوا هەوڵدەدەن زیاتر بیخەنە خوارەوە و زیاتر زەبوونی بكەن، وە سكاڵای زیاتری لێ بكەن، بۆیە خوای گەورە لێرەدا فێری كردووین كە لێی بپاڕێینەوە بۆ ئەوەی بمانپارێزێت لەو كەسانەی هەوڵی تێكدانی پەیوەندیەكانمان دەدەن، چونكە مرۆڤ تەنها بە فەزڵی خوای گەورە دەتوانێت پارێزگاری بكات لە پەیوەندی خۆی لەگەڵ خوای گەورە و بەندە چاكەكارەكانی و خزمەكانی و فەرمانڕەواكانیدا، چونكە نازانێت كێ ژەهر دەڕێژێتە دڵی خەڵكیەوە بۆ لەناوبردنی پەیوەندیەكەی لەگەڵیاندا.
﴿وَمِن شَرِّ حَاسِدٍ إِذَا حَسَدَ﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
حاسد: حسَدَهُ الشيءَ وحسَدَه عليه: ئاواتی نەمانی نیعمەتی ئەو كەسەی خواست تاوەكو بۆ خۆی بێت. (الأقرب)
تەفسیر: خوای گەورە لە فەرمایشتی ﴿وَمِن شَرِّ ٱلنَّفَّٰثَٰتِ فِي ٱلۡعُقَدِ﴾دا یەكێك لە هۆكارەكانی داڕووخانی باسكرد، وە ڕوونی كردەوە ئەگەر ئوممەت پەرتەوازە بوو و یەكڕیزیەكەی نەما ئەوا تیا دەچێت، بۆیە پێویستە موسوڵمانان بەردەوام داوا لە خوای گەورە بكەن كە لەم چارەنووسە بیانپارێزێت، وە ئەگەر گەندەڵی و ئاژاوەیەكیش تووشیان بوو، ئەوا لە ئەنجامە خراپەكانی ڕزگاریان بكات، بەڵام لێرەدا خوای گەورە هۆكارێكی تری باسكردووە بۆ لەناوچوونی نەتەوەكان، ئەویش ئەوەیە كە دوژمن لە دەرەوەی نەتەوەكەوە هێرش بكاتە سەری بە مەبەستی زەوتكردنی ئەو نیعمەت و ئارامی و خۆشگوزەرانیەی كە خوای گەورە پێی بەخشیوە، چونكە ئەگەر بەسەریدا زاڵ بوو ئەوا پێشكەوتن و گەشەسەندنەكەی دەوەستێت، وە بەهەشتەكەی دەگۆڕێت بۆ دۆزەخ و تووشی جۆرەها مەینەتی و دەردیسەری دەبێت. كەواتە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَمِن شَرِّ حَاسِدٍ إِذَا حَسَدَ﴾ واتە: ئەی موسوڵمانان، ئێمە سەركەوتنتان بۆ دەنووسین، هەتا خۆری گەشەسەندن و پێشكەوتنتان لە بەرزایی ئاسماندا دەدرەوشێتەوە، وە وڵاتەكانتان دەبن بە بەهەشتی سەر زەوی، بۆیە هەمیشە لە خوای گەورە بپاڕێنەوە كە حەسوودیی هیچ حەسودێك لە ڕۆژانی باڵادەستیتاندا زیانتان پێ نەگەیەنێت و نەتوانێت ئەم نیعمەتانەتان لێ زەوت بكات.
بە كورتی، خوای گەورە لێرەدا بە شێوازێكی جوان و نایاب مژدەی داوە بە موسوڵمانان كە زاڵ و باڵادەست دەبن، پاشان فەرمانی پێكردوون كە وریا بن و خۆیان بپارێزن لە داڕووخان، وە داوا لە خوای گەورە بكەن كە هەمیشە بیانپارێزێت لێی، هەروەها هۆشداری پێداون سەبارەت بە هۆكارەكانی ئەو وێرانكاریەی بەسەریاندا دێت، بۆ ئەوەی لەو هۆكارانە دوور بكەونەوە.
پاشان یەكێك لەو بابەتانەی كە سوورەتی (الفلق) ڕوونی كردووەتەوە ئەوەیە كە دەبێت باوەڕدار تەنها پشت بە خوا ببەستێت، وە لە هەموو شوێنێك یەكتاپەرستی خوا ڕابگەیەنێت، وە ئەگەر لەم ڕێگایەدا ڕووبەڕووی دژایەتی بووەوە یان هەندێ كەس هەوڵیان دا خزم و دۆست و كەسوكار و منداڵەكانی لە دژی هان بدەن، ئەوا نابێت گوێ بە كەس بدات، وە دوای باسكردنی ئەم بابەتە خوای گەورە ئێستا دەفەرموێت ﴿وَمِن شَرِّ حَاسِدٍ إِذَا حَسَدَ﴾، واتە: ئەگەر مرۆڤ بەجۆرێك پشت بە خوای گەورە ببەستێت كە دوای ئەوە گوێ بە كەس نەدات، ئەوا بەڕاستی بووە بە هی خوا، وە بە ڕاستگۆ دادەنرێت لەو بانگەشەیەیدا كە دەڵێت پشتی بە خوا بەستووە، وە هەركەسێك بگاتە ئەم پلەیە ئەوا خەڵكی بە بینینی پێشكەوتنەكەی حەسودی پێ دەبەن و جۆرەها تانەی لێدەدەن، بۆ نموونە دەڵێن ئەم پێشكەوتنەی تەنها بە ڕێكەوت بەدەستهێناوە، وە چەندین قسەی بێمانای تری لەم شێوەیە، بۆیە خوای گەورە فەرمانی پێدەكات كە ڕایبگەیەنێت ئەو گوێ بە پیلانی حەسودەكان نادات، بەڵكو ڕوو لە پەروەردگاری دەكات و پەنای پێ دەگرێت كە بیپارێزێت؛ چونكە ئەو پەروەردگارێكی بەڕەحم و میهرەبانە و دەست لەو كەسانە بەرنادات كە پشتی پێدەبەستن.
پاشان خوای گەورە لە سەرەتای سوورەتەكەدا بە فەرمایشتی ﴿بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ﴾، دوعایەكی فێركردین بۆ بەدەستهێنانی كەماڵ، پاشان فەرمانی كرد لێی بپاڕێینەوە كە دوای كامڵبوون تووشی كەوتنەخوارەوە و ئاوابوون نەبین، بەڵام خوای گەورە بە فەرمایشتی ﴿وَمِن شَرِّ ٱلنَّفَّٰثَٰتِ فِي ٱلۡعُقَدِ * وَمِن شَرِّ حَاسِدٍ إِذَا حَسَدَ﴾ ئەوەی فێركردین كە مرۆڤ خاڵی نیە لە یەكێك لەم دوو دۆخە: دۆخی پێشكەوتن، یان دۆخی داڕووخان و پاشكەوتن، وە تێبینی كراوە ئەگەر مرۆڤ لاواز بوو یان تووشی داڕووخان بوو ئەوا زۆر كەس هەوڵ دەدەن زیاتر بیخەنە خوارەوە. بەڵام ئەگەر پێشكەوت ئەوا زۆر كەس حەسودی پێ دەبەن، وە لە هیچ دۆخێكدا مرۆڤ ڕزگاری نابێت لە شەڕی خەڵكی، بۆیە لەكاتی لاوازی یان پێشكەوتنیشیدا لەبەردەم مەترسیدایە. لە دۆخی لاوازیدا هەڕەشەی لێدەكرێت لەلایەن گەلێكەوە كە چێژ دەبینن لە خستنەخوارەوەی زیاتری كەسی كەوتوو و لەناوبردنی زیاتری كەسی لەناوچوو، وە لە دۆخی گەشەسەندنیشیدا هەڕەشەی لێدەكرێت لەلایەن حەسودەكانەوە كە دەیانەوێت زیانی پێبگەیەنن. بۆیە لە هیچ دۆخێكدا لە ئاسایشدا نیە، وە لە ئەنجامدا لە هیچ دۆخێكدا بێ نیاز نیە لە یارمەتی خوا.
پاشان فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَمِن شَرِّ غَاسِقٍ إِذَا وَقَبَ﴾ ئاماژەیە بۆ ناردنی نێردراوێك كە لە فەرموودەی پێغەمبەردا ناوی لێنراوە: مەهدی و مەسیح، بەجۆرێك خوای گەورە ڕوونی كردووەتەوە ئەم نێردراوە لە سەردەمێكدا دەردەكەوێت كە تێیدا موسوڵمانان پەرتەوازە و پەرشوبڵاون، وە پێویستیان بە یەكگرتوویی و یەكڕیزی هەیە. بۆیە كاتێك خوای گەورە دەیینێرێت بۆ چاكسازی جیهان خەڵكی بە تووندی دژایەتی دەكەن و حەسودی پێ دەبەن. كەواتە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَمِن شَرِّ حَاسِدٍ إِذَا حَسَدَ﴾ ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە پێویستە لەسەر موسوڵمانان لە خوای گەورە بپاڕێنەوە كە ئەگەر ئەم نێردراوە نێردرا، ئەوا لەو كەسانە نەبن كە حەسوودی پێ دەبەن و دژایەتی دەكەن، بەڵكو لە پشتیوانان و یارمەتیدەرانی بن، بۆ ئەوەی ببنە میراتگری فەزڵ و نیعمەتەكانی خوا.
لەڕاستیدا ماناكانی ئەم سوورەتە كە بە كورتی ڕوونمان كردەوە ئاماژەن بۆ ئەوەی كە لە ڕووی بابەتەكانیەوە گرنگیەكی زۆر گەورەی هەیە، وە خوای گەورە تێیدا موسوڵمانانی -وەك ئوممەت و وەك تاك- فێری دوعایەكی تەواو كردووە، وە هۆشداری پێداون لە هۆكارەكانی لەناوچوونی نەتەوە و تاكەكان، وە ڕوونی كردووەتەوە كە مرۆڤ لە ئافات و بەڵاكان پارێزراو نابێت ئەگەر پەنا بە خوا نەگرێت، بۆیە ڕێگای ڕاست و دروست بۆ ئاسایش و ئارامی ئەوەیە كە مرۆڤ هەمیشە لەبەر دەرگای خوای گەورەدا بمێنێتەوە، وە هەمیشە پەنای پێ بگرێت و داوای پاراستنی لێ بكات.
PDF