تەفسیری سوورەتی الحجر
بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد
خەلیفەی دووەمی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)داگرتنی کتێبەکە بە
نووسینی:
میرزا بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد (رضي الله عنه)
خەلیفەی دووەمی
گەورەمان ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)
ناوەڕۆك:
بِسْمِ اللَّـهِ الرَّحْمَـٰنِ الرَّحِيمِ ١
الٓر ۚ تِلۡكَ ءَايَٰتُ ٱلۡكِتَٰبِ وَقُرۡءَانٖ مُّبِينٖ ٢
رُّبَمَا يَوَدُّ ٱلَّذِينَ كَفَرُواْ لَوۡ كَانُواْ مُسۡلِمِينَ 3
ذَرۡهُمۡ يَأۡكُلُواْ وَيَتَمَتَّعُواْ وَيُلۡهِهِمُ ٱلۡأَمَلُ ۖ فَسَوۡفَ يَعۡلَمُونَ 4
وَمَآ أَهۡلَكۡنَا مِن قَرۡيَةٍ إِلَّا وَلَهَا كِتَابٞ مَّعۡلُومٞ 5
مَّا تَسۡبِقُ مِنۡ أُمَّةٍ أَجَلَهَا وَمَا يَسۡتَٔۡخِرُونَ 6
وَقَالُواْ يَٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِي نُزِّلَ عَلَيۡهِ ٱلذِّكۡرُ إِنَّكَ لَمَجۡنُونٞ 7
لَّوۡ مَا تَأۡتِينَا بِٱلۡمَلَٰٓئِكَةِ إِن كُنتَ مِنَ ٱلصَّٰدِقِينَ 8
مَا نُنَزِّلُ ٱلۡمَلَٰٓئِكَةَ إِلَّا بِٱلۡحَقِّ وَمَا كَانُوٓاْ إِذٗا مُّنظَرِينَ 9
إِنَّا نَحۡنُ نَزَّلۡنَا ٱلذِّكۡرَ وَإِنَّا لَهُۥ لَحَٰفِظُونَ 10
وَلَقَدۡ أَرۡسَلۡنَا مِن قَبۡلِكَ فِي شِيَعِ ٱلۡأَوَّلِينَ 11
وَمَا يَأۡتِيهِم مِّن رَّسُولٍ إِلَّا كَانُواْ بِهِۦ يَسۡتَهۡزِءُونَ 12
كَذَٰلِكَ نَسۡلُكُهُۥ فِي قُلُوبِ ٱلۡمُجۡرِمِينَ 13
لَا يُؤۡمِنُونَ بِهِۦ وَقَدۡ خَلَتۡ سُنَّةُ ٱلۡأَوَّلِينَ 14
وَجَعَلۡنَا لَكُمۡ فِيهَا مَعَٰيِشَ وَمَن لَّسۡتُمۡ لَهُۥ بِرَٰزِقِينَ 21
وَإِن مِّن شَيۡءٍ إِلَّا عِندَنَا خَزَآئِنُهُۥ وَمَا نُنَزِّلُهُۥٓ إِلَّا بِقَدَرٖ مَّعۡلُومٖ 22
وَإِنَّا لَنَحۡنُ نُحۡيِۦ وَنُمِيتُ وَنَحۡنُ ٱلۡوَٰرِثُونَ 24
وَلَقَدۡ عَلِمۡنَا ٱلۡمُسۡتَقۡدِمِينَ مِنكُمۡ وَلَقَدۡ عَلِمۡنَا ٱلۡمُسۡتَٔۡخِرِينَ 25
وَإِنَّ رَبَّكَ هُوَ يَحۡشُرُهُمۡ ۚ إِنَّهُۥ حَكِيمٌ عَلِيمٞ 26
وَلَقَدۡ خَلَقۡنَا ٱلۡإِنسَٰنَ مِن صَلۡصَٰلٖ مِّنۡ حَمَإٖ مَّسۡنُونٖ 27
قَالَ فَٱخۡرُجۡ مِنۡهَا فَإِنَّكَ رَجِيمٞ 35
وَإِنَّ عَلَيۡكَ ٱللَّعۡنَةَ إِلَىٰ يَوۡمِ ٱلدِّينِ 36
قَالَ رَبِّ فَأَنظِرۡنِيٓ إِلَىٰ يَوۡمِ يُبۡعَثُونَ 37
قَالَ فَإِنَّكَ مِنَ ٱلۡمُنظَرِينَ 38 إِلَىٰ يَوۡمِ ٱلۡوَقۡتِ ٱلۡمَعۡلُومِ 39
قَالَ هَٰذَا صِرَٰطٌ عَلَيَّ مُسۡتَقِيمٌ 42
إِنَّ عِبَادِي لَيۡسَ لَكَ عَلَيۡهِمۡ سُلۡطَٰنٌ إِلَّا مَنِ ٱتَّبَعَكَ مِنَ ٱلۡغَاوِينَ 43
إِنَّ ٱلۡمُتَّقِينَ فِي جَنَّٰتٖ وَعُيُونٍ 46
ٱدۡخُلُوهَا بِسَلَٰمٍ ءَامِنِينَ 47
وَنَزَعۡنَا مَا فِي صُدُورِهِم مِّنۡ غِلٍّ إِخۡوَٰنًا عَلَىٰ سُرُرٖ مُّتَقَٰبِلِينَ 48
لَا يَمَسُّهُمۡ فِيهَا نَصَبٞ وَمَا هُم مِّنۡهَا بِمُخۡرَجِينَ 49
۞نَبِّئۡ عِبَادِيٓ أَنِّيٓ أَنَا ٱلۡغَفُورُ ٱلرَّحِيمُ 50
وَأَنَّ عَذَابِي هُوَ ٱلۡعَذَابُ ٱلۡأَلِيمُ 51
وَنَبِّئۡهُمۡ عَن ضَيۡفِ إِبۡرَٰهِيمَ 52
إِذۡ دَخَلُواْ عَلَيۡهِ فَقَالُواْ سَلَٰمٗا قَالَ إِنَّا مِنكُمۡ وَجِلُونَ 53
قَالُواْ لَا تَوۡجَلۡ إِنَّا نُبَشِّرُكَ بِغُلَٰمٍ عَلِيمٖ 54
قَالَ أَبَشَّرۡتُمُونِي عَلَىٰٓ أَن مَّسَّنِيَ ٱلۡكِبَرُ فَبِمَ تُبَشِّرُونَ 55
قَالُواْ بَشَّرۡنَٰكَ بِٱلۡحَقِّ فَلَا تَكُن مِّنَ ٱلۡقَٰنِطِينَ 56
قَالَ وَمَن يَقۡنَطُ مِن رَّحۡمَةِ رَبِّهِۦٓ إِلَّا ٱلضَّآلُّونَ 57
إِلَّآ ءَالَ لُوطٍ إِنَّا لَمُنَجُّوهُمۡ أَجۡمَعِينَ 60
إِلَّا ٱمۡرَأَتَهُۥ قَدَّرۡنَآ إِنَّهَا لَمِنَ ٱلۡغَٰبِرِينَ 61
فَلَمَّا جَآءَ ءَالَ لُوطٍ ٱلۡمُرۡسَلُونَ 62 قَالَ إِنَّكُمۡ قَوۡمٞ مُّنكَرُونَ 63
قَالُواْ بَلۡ جِئۡنَٰكَ بِمَا كَانُواْ فِيهِ يَمۡتَرُونَ 64
وَأَتَيۡنَٰكَ بِٱلۡحَقِّ وَإِنَّا لَصَٰدِقُونَ 65
وَقَضَيۡنَآ إِلَيۡهِ ذَٰلِكَ ٱلۡأَمۡرَ أَنَّ دَابِرَ هَٰٓؤُلَآءِ مَقۡطُوعٞ مُّصۡبِحِينَ 67
وَجَآءَ أَهۡلُ ٱلۡمَدِينَةِ يَسۡتَبۡشِرُونَ 68
قَالَ إِنَّ هَٰٓؤُلَآءِ ضَيۡفِي فَلَا تَفۡضَحُونِ 69 وَٱتَّقُواْ ٱللَّهَ وَلَا تُخۡزُونِ 70
قَالُوٓاْ أَوَ لَمۡ نَنۡهَكَ عَنِ ٱلۡعَٰلَمِينَ 71
قَالَ هَٰٓؤُلَآءِ بَنَاتِيٓ إِن كُنتُمۡ فَٰعِلِينَ 72
لَعَمۡرُكَ إِنَّهُمۡ لَفِي سَكۡرَتِهِمۡ يَعۡمَهُونَ 73
فَأَخَذَتۡهُمُ ٱلصَّيۡحَةُ مُشۡرِقِينَ 74
فَجَعَلۡنَا عَٰلِيَهَا سَافِلَهَا وَأَمۡطَرۡنَا عَلَيۡهِمۡ حِجَارَةٗ مِّن سِجِّيلٍ 75
إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَأٓيَٰتٖ لِّلۡمُتَوَسِّمِينَ 76
وَإِنَّهَا لَبِسَبِيلٖ مُّقِيمٍ 77
إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَأٓيَةٗ لِّلۡمُؤۡمِنِينَ 78
وَإِن كَانَ أَصۡحَٰبُ ٱلۡأَيۡكَةِ لَظَٰلِمِينَ 79
فَٱنتَقَمۡنَا مِنۡهُمۡ وَإِنَّهُمَا لَبِإِمَامٖ مُّبِينٖ 80
وَلَقَدۡ كَذَّبَ أَصۡحَٰبُ ٱلۡحِجۡرِ ٱلۡمُرۡسَلِينَ 81
وَءَاتَيۡنَٰهُمۡ ءَايَٰتِنَا فَكَانُواْ عَنۡهَا مُعۡرِضِينَ 82
وَكَانُواْ يَنۡحِتُونَ مِنَ ٱلۡجِبَالِ بُيُوتًا ءَامِنِينَ 83
فَأَخَذَتۡهُمُ ٱلصَّيۡحَةُ مُصۡبِحِينَ 84
فَمَآ أَغۡنَىٰ عَنۡهُم مَّا كَانُواْ يَكۡسِبُونَ 85
إِنَّ رَبَّكَ هُوَ ٱلۡخَلَّٰقُ ٱلۡعَلِيمُ 87
وَلَقَدۡ ءَاتَيۡنَٰكَ سَبۡعٗا مِّنَ ٱلۡمَثَانِي وَٱلۡقُرۡءَانَ ٱلۡعَظِيمَ 88
وَقُلۡ إِنِّيٓ أَنَا ٱلنَّذِيرُ ٱلۡمُبِينُ 90
كَمَآ أَنزَلۡنَا عَلَى ٱلۡمُقۡتَسِمِينَ 91
ٱلَّذِينَ جَعَلُواْ ٱلۡقُرۡءَانَ عِضِينَ 92
فَوَرَبِّكَ لَنَسَۡٔلَنَّهُمۡ أَجۡمَعِينَ 93 عَمَّا كَانُواْ يَعۡمَلُونَ 94
فَٱصۡدَعۡ بِمَا تُؤۡمَرُ وَأَعۡرِضۡ عَنِ ٱلۡمُشۡرِكِينَ 95
وَلَقَدۡ نَعۡلَمُ أَنَّكَ يَضِيقُ صَدۡرُكَ بِمَا يَقُولُونَ 98
فَسَبِّحۡ بِحَمۡدِ رَبِّكَ وَكُن مِّنَ ٱلسَّٰجِدِينَ 99
وَٱعۡبُدۡ رَبَّكَ حَتَّىٰ يَأۡتِيَكَ ٱلۡيَقِينُ 100
*****
أعوذ بالله من الشیطان الرجیم بسم الله الرحمن الرحيم
لە مەككە دابەزیوە و لەگەڵ بسم الله دا سەد ئایەت و شەش ڕكووعە. [سەرەڕای دابەشكردنی قورئانی پیرۆز بۆ (جزء و حزب و ربع)ەكان، دابەشیش دەكرێت بۆ (ركوع)ەكان.. كە بەشی بچوكن گونجاون بۆ خوێندنەوە لە ڕكاتەكانی نوێژدا، ئەم دابەشكردنە باوە لەو پەڕاوانەی كە لە دەرەوەی دوورگەی عەرەبیدا چاپكراون.. بەتایبەتی لە كیشوەری هیندی و ئێران ئەڤغانستان و ئیندۆنیسیا و هەندێ وڵاتی ڕۆژئاوای عەرەبی. (وەرگێڕی عەرەبی)]
لە تەفسیری البحر المحیط دا هاتووە: “بە بێ ڕاجیایی ئەم سوورەتە سوورەتێكی مەككیە”.
لە سەیروسەمەرەكانی قەدەر ئەوەیە خوای گەورە وەهای كردووە لە زاناكان هاوڕابن لەسەر ئەوەی بەبێ ڕاجیایی ئەم سوورەتە بە سوورەتێكی مەككی لەقەڵەم بدەن. دیارە گەورەیی ئەو پرس و بابەتانەی تێیدا هاتوون ئاشكرا نابێت وەكو پێویست ئەگەر سوورەتەكە مەككی نەبێت.
پەیوەندی سوورەتی الحجر بە سوورەتی إبراهیم ەوە ئەوەیە كە سوورەتەكەی پێشوو ئاماژەی داوە بەوەی كە پێغەمبەرانی پێشوو بە هۆكارە ماددیەكان سەرنەكەوتن، بەڵكو بە بەرەكەتی ئەو وەحیەی دابەزیە سەریان لەلایەن خوای گەورەوە سەركەوتنیان بەدەستهێنا، وە ئاماژەی داوە بەوەی كارەكەی موحەممەدیش (ﷺ) بەم شێوەیە دەبێت. وە ئەم سوورەتە دەربارەی ئەو هێزە شاراوەیە دەدوێت كە لە وتەی خوای گەورەدا هەیە؛ بەجۆرێك خوا (عز وجل) پێمان ڕادەگەیەنێت وەحی هێزێكی دەراسایە بەجۆرێك هیچ شتێك ناتوانێت خۆی ڕابگرێت لە بەرامبەریدا. وە قسەهەڵبەستن بەناوی خواوە كارێكی ئاسان نیە، وە ئەستەمە كەسێك كە بەناوی خواوە قسەهەڵدەبەستێت ڕزگاری بێت لە سزای خوا (سبحانه وتعالى). بەمەش دەچەسپێت كە قورئان ڕاستە، وە لەگەڵیدا بەڵگەی ڕوون دابەزیوە لەسەر ڕاستیەكەی.
خوای گەورە لەم سوورەتەدا دووپاتی كردووەتەوە كە ئەم وتەیە مەزنە و هاوشێوەی نیە، تەنانەت نەیارەكان زۆر خۆزگەدەخوازن و لەكاتی بینینی جوانیەكانیدا بەوپەڕی داخەوە هیوادەخوازن كە: خۆزگە هاوشێوەی ئەم وتە مەزنەیان هەبوایە! بەڵام بەهۆی بەرژەوەندیە كەسییەكانیان ناتوانن قەبوڵی بكەن، وە نازانن ئەم جۆرە بەسووك سەیركردنە خاوەنەكەی بێبەش دەكات لە قەبوڵكردنی ڕاستی بۆ هەتاهەتایە و تووشی سزای دەكات. وە خوا ئەم وەحیەی دابەزاندووە بۆیە ئەستەمە نەمانی بەسەردا بێت و بفەوتێت، بەڵكو دەبێت بەردەوام بێت و بمێنێتەوە، چونكە خوای گەورە خۆی دەیپارێزێت. بۆیە ئەو كەسەی قەبوڵی ناكات تەنها خۆی زیانبار دەبێت.
پێشتر و بەردەوام خەڵكی گاڵتە دەكەن بە پێغەمبەرانیان بەهۆی ئەو وەحیەی دابەزیوەتە سەریان، بەڵام بیرناكەنەوە كە درۆكردن بەناوی خواوە كارێكی سووك و ئاسان نیە، چونكە خوای گەورە خۆی بەرگری دەكات لەخۆی، بۆیە ڕێگە نادات كەس درۆ بەناویەوە بكات، وە خۆی وەحی ڕاستی تایبەتمەند دەكات بە كۆمەڵێك خاسیەتی دیاریكراو، وە هۆكارەكان دەسازێنێت بۆ قەبوڵكردن و بڵاوبوونەوەی، وە ئەو كەسانەی كە قەبوڵی دەكەن و باوەڕی پێ دەهێنن لە پلەی نزمەوە بەرزدەكاتەوە بۆ پلە هەرە باڵاكان.
هەروەك ئەو وەحیەی دابەزیوەتە سەر پێغەمبەرانی پێشوو وەك گەنجینەیەك وایە بەهۆیەوە سەركەوتن بەسەر جیهاندا.. ئێستایش هەمان شت ڕوودەدات. بۆیە ئەگەر نەیارەكان بەچاوی سووكەوە سەیری ئەم گەنجینانە دەكەن ئەوا ئەی موحەممەد تۆ وازیان لێبهێنە كەیفی خۆیانە، لەداهاتوودا سزا دەدرێن لەسەر ئەو كارەیان، وە سستی مەنوێنە لە دابەشكردنی ئەم گەنجینانە بەسەر باوەڕداراندا، وە بێزار مەبە لە ئاگاداركردنەوەی ئەوانەی ڕەتی دەكەنەوە، وە هەمیشە دەستی دوعا و پاڕانەوە بەرز بكەرەوە بۆ لای پەروەردگارت، ئەمە ئەو كارەیە كە ڕێگا خۆش دەكات بۆ گەیاندن و بڵاوبوونەوەی پەیامی خوا.
بِسْمِ اللَّـهِ الرَّحْمَـٰنِ الرَّحِيمِ ١الٓر ۚ تِلۡكَ ءَايَٰتُ ٱلۡكِتَٰبِ وَقُرۡءَانٖ مُّبِينٖ ٢
شیكردنەوەی وشەكان:
آیات: تاكی وشەكە بریتیە لە آیة واتە: نیشانە و بەڵگە؛ وە بەهەموو وتەیەكی قورئان كە جیاكەرەوەیەكی واژەكی جیاكراوەتەوە دەوترێت ئایەت (تاج العروس).
پێموایە ڕستەكانی قورئان لەبەر هەمان حیكمەت ناونراون بە ئایەت، بۆ ئەوەی خەڵكی بزانن كە ناوەڕۆك و ماناكانی قورئان بەتەواوەتی ڕێكوپێكە، وە هەموو ڕستەیەك بەڵگەیە لەسەر ڕاستی ئەو مانایانەی لەڕستەكەی پێشوودا هاتوون، وە بەبێ ڕەچاوكردنی ئەو ڕیزبەندی و ڕێكوپێكیە هیچ كەسێك بەباشی پەی نابات بە زانیاریەكانی قورئان. مەسیحیەكان دەڵێن قورئان بانگەشەی ئەوە ناكات كە موعجیزە بێت، لەگەڵ ئەوەی قورئان هەموو ڕستەیەكی خۆی ناوناوە ئایەت واتە موعجیزە، وە بەمەش ئاماژەی كردووە بەوەی كە كۆمەڵێكی زۆر موعجیزەی تێدایە، بگرە خۆی موعجیزەیەكی هەرە مەزنە.
الكتاب: چاوگە بۆ وشەی كَتَبَ یَكتُبُ. دەوترێت: كتب الكتیبة: واتە كەتیبەكەی كۆكردەوە. كتب السقاء: خرزه (تاج العروس).. واتە دەمی جەوەنەكەی بەست بە دوو پەتی لە چەرم دروستكراو. بەم مانايە بە كتێب دەوترێت كتێب چونكە كۆمەڵێك بابەتی جیاواز تێیدا كۆدەكرێتەوە، وە لەبەرئەوەی بە كۆكردنەوەی پەڕە كاغەزەكان و بەستنەوەیان بەیەكەوە بە پەت و شتی تر كتێب دروست دەكرێت. الكتاب: “ئەوەیە كۆمەڵێك پەڕەی خاڵی تێدایە و شتیان تێدا دەنووسرێت؛ نووسراو، فەرز؛ بڕیار؛ قەدەر؛ نامەی نووسراو.” (أقرب الموارد).
مبین: أبان الشيء: شتەكە ڕوون بوویەوە، وأبان فلان الشيء: فڵان كەس شتەكەی ڕوونكردەوە (أقرب الموارد). لە سوورەتی (یوسف)دا وشەی مبین بەمانای ڕوونكەرەوە هاتووە، بەڵام لێرەدا بەمانای ڕوون هاتووە. وە وشەی قورئان لێرەدا دوو ژێری هەیە بۆ بەگەورەگرتنی پلەوپایەكەی هاتووە.
تەفسیر: موفەسیرەكان باسی ئەوەیان كردووە كە جیاوازییەك هەیە لەنێوان (الكتاب) و (قرآن مبین)دا، چونكە پیتی (و)ی عەطف لەنێوانیاندا هاتووە كە بەگشتی مانای جیاوازی دەگەیەنێت لەنێوان دوو شتدا.
لەڕاستیدا بە هەوانتە ئەم مشتومڕەیان كردووە بەجۆرێك (الكتاب)یان بە مانای كۆمەڵێك پەڕەی نووسراو داناوە، لەگەڵ ئەوەی خوای گەورە مەبەستی لە باسكردنی وشەی (الكتاب) لەبەرامبەر (قرآن) ئەوە بووە ئاماژە بكات بە مانایەكی تایبەتی كە بریتیە لەوەی خوا (عز وجل) قورئانی پیرۆز دەپارێزێت بەشێوەی نووسین و لەبەركردن. واتە دەنووسرێتەوە، وە بەڕادەیەكی زۆر دەخوێنرێتەوە. وەك ئەوەی خوای گەورە لەسەرەتای سوورەتەكەدا جەختی كردووەتەوە لەسەر هەمان هەواڵ كە پاش كەمێكی تر باسی دەكات لەم فەرمایشتەی خۆیدا ﴿إِنَّا نَحْنُ نَزَّلْنَا الذِّكْرَ وَإِنَّا لَهُ لَحَافِظُونَ﴾، لێرەدا هەردوو وشەی (الكتاب) و (قرآن)ی هێناوە وەك دوو سیفەت بۆ قورئان نەك دوو ناو، وەك وشەی “محمد” كە هەندێ جار وەك ناو بەكاردێت، وە هەندێ جاری تر وەك سیفەت. كەواتە بە وشەی (الكتاب) هەواڵی داوە كە قورئان دەنووسرێتەوە بەشێوەی كتێب، وە بە وشەی (قرآن) ڕایگەیاندووە كە بەڕادەیەكی زۆر دەخوێنرێتەوە.
لەڕاستیدا هیچ كتێبێكی ئاسمانی نیە ئەم دوو سیفەتەی بەیەكەوە هەبێت جگە لە قورئانی پیرۆز. گومانی تێدا نیە كە تەورات و ئینجیل بەڕادەیەكی زۆر دەخوێنرێنەوە، بەڵام هیچ كەسێك ئەو دوو كتێبەی لەبەر نیە. وە “ڤیدا” كتێبی [پیرۆزی] هیندۆسەكان تەنها كەسانێكی زۆر كەم لە زمانەكەی تێدەگەن، چجای ئەوەی كەسێك لەبەری بكات. دیارە ژمارەی هیندۆسەكان لە هیندستان لەم كاتەدا دەگاتە دەوروبەری 250 ملیۆن كەس، وە پێمانگەیشتووە كە تەنھا چوار كەسیان دەتوانن “ڤیدا” وەربگێڕن و مانا ئاڵۆزەكانی ڕوون بكەنەوە. “ئاڤێستا”یش بەهەمان شێوەیە. قورئانی پیرۆز تاكە وەحیە كە بەشێوەی كتێبێك دەخوێنرێتەوە، وە لەبەریش دەكرێت، وە ملیۆنەها كەس هەن بە هەردوو شێوازەكە سوودی لێ وەردەگرن.
تێبینیەكی تر هەیە شایانی باسكردنە، ئەویش ئەوەیە كە قورئان بە هەردوو سیفەتی (الكتاب) و (القرآن) بەیەكەوە وەسفكراوە لە دوو ئایەتدا: لەم ئایەتەدا كە لێرەدا باسكراوە، وە لە ئایەتێكی تردا لە سوورەتی (النمل)دا، بەڵام جیاوازییەكی ئاشكرا هەیە، ئەویش ئەوەیە لەم ئایەتەدا وشەی (الكتاب) خراوەتەپێش وشەی (القرآن)ەوە، لەكاتێكدا لە سوورەتی (النمل)دا بە پێچەوانەوەیە.
پێموایە هۆكاری ئەم جیاوازیە ئەوەیە لەهەر یەك لەو دوو شوێنەدا جەخت كراوەتەوە لە شتێكی دیاریكراو. لەم سوورەتەدا مەبەستەكە زەقكردنەوەی ئەوەیە كە ئەم وەحیە (قرآن)ە زیاتر لەوەی (كتاب) بێت، بۆیە سیفەتی (الكتاب) خراوەتە پێش سیفەتی (القرآن) چونكە هەندێ جار لەخستنەڕووی پلەدا نزم پێش بەرز باسدەكرێت. بەڵام لە سوورەتی (النمل)دا مەبەستەكە زەقكردنەوەی سیفەتی كتێبە بۆیە لەوێدا وشەی (الكتاب) دواخراوە و وشەی (القرآن) پێشخراوە.
خاڵێكی تر هەیە پێویستە ئاگاداری بین ئەویش ئەوەیە خوای گەورە لێرەدا نەیفەرمووە (الكتاب المبین)، بەڵكو فەرموویەتی (قرآن مبین)، لەكاتێكدا لە سوورەتی (النمل)دا بە پێچەوانەوەیە، ئەوەتا دەفەرموێت ﴿تِلْكَ آيَاتُ الْقُرْآنِ وَكِتَابٍ مُبِينٍ﴾.
ڕەنگە هەندێ كەس كە پشكیان نیە لە ئاشكراكردنی ڕازەكانی قورئان پێیان وا بێت ئەم شێوازە دەگەڕێتەوە بۆ سەروا. ئەم باوەڕە باوەڕێكی پووچە، چونكە ئەگەر خوای گەورە لەوێدا وشەی (قرآن)ی بۆ سەروا بەكارهێناوە؛ ئەوا بۆچی ئەم وشەیەی خستووەتە پێش وشەی (الكتاب)ەوە بە پێچەوانەی ئێرە لە سوورەتی (الحجر)دا؟ كەواتە ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە حیكمەتێك هەیە لە گۆڕینی شێواز و وشەكاندا.
پێویستە ئەوەش بزانرێت كە وشەی (مُبِينٍ) تەنھا لەم دوو شوێنەدا نەهاتووە، بەڵكو لە چەندین شوێنی تردا هاتووە و لەدوای كۆمەڵێك وشەی تریشەوە هاتووە، بەم شێوەیە:
وشەی “مبین” وەك سیفەتێك بۆ قورئان لە دوو شوێندا هاتووە: لەم ئایەتەدا لە سوورەتی الحجر، وە ئایەتی 70ی سوورەتی (یس).
وەك سیفەتێك بۆ كتێب هاتووە لە 12 شوێندا كە بریتین لە: سوورەتی المائدة: 16، الأنعام: 60، یونس: 62، یوسف: 2، الشعراء: 3، النمل: 2 و 76، القصص: 3، سبأ: 4، الزخرف: 3، الدخان: 3. ئەمەش مانای ئەوەیە لێرەدا سەروا ڕۆڵی نیە، بەڵكو لەبەر حیكمەتێك لە حیكمەتەكان وشەكان گۆڕاون.
لە ڕوونكردنەوەكەی پێشووەوە دەركەوت كە تەنھا لە دوو شوێندا هەردوو وشەی (الكتاب) و (القرآن) بەیەكەوە هاتوون و سیفەتی (مبین)یان لەگەڵدایە. بۆیە گومانی تێدا نیە ئەم دوو شوێنە ئەوەمان لێ دەخوازن ڕابمێنین و بیربكەینەوە هەتا تێبگەین لە حیكمەتەكە و بزانین هۆكاری هاتنی وشەی (مبین) وەك سیفەتێك بۆ كتێب لە شوێنێكدا و وەك سیفەتێك بۆ قورئان لە شوێنێكی تردا چیە؟
دیارە سوورەتی الحجر و النمل لە بابەتدا جیاوازن، هەرچی یەكەمیانە ئەو ڕووداوانە باس دەكات كە هاتوون بەسەر ئەو پێغەمبەرانەدا كە لەسەردەمەكەیاندا نووسین برەوی نەبووە، بەڵكو خەڵكی بۆ ڕۆشنبیری و زانیاری پشتیان دەبەست بە هزر و بیر، وەك ئادەم و ئیبراهیم و لووط و خاوەنی دارستانەكان [گەلی شەعەیب] و گەلی ساڵح (علیهم السلام). هەڵبەت ئادەم لەسەرەتادا ڕەوانەكرا كاتێك خەڵكی هیچ شارەزاییەكیان نەبوو لە هونەری نووسین كە هێشتا ئەم هونەرە دانەهێنرا بوو. وە ئیبراهیم و لووط لە هۆزە عەرەبەكان بوون و شوێنی لەدایكبوونیان عێراق بوو، لای ئەوانیش نووسین برەوی نەبوو. وە خاوەن و نیشتەجێی دارستانەكان هۆزێكی عەرەبی بوون و هەروەها گەلی ساڵحیش، لای هەموویان زۆر گرنگی نەدەدرا بە نووسین. لەم نموونانەوە دەچەسپێت كە سوورەتی الحجر بە شێوەیەكی گشتی ڕووی قسە دەكاتە ئەو گەلانەی كە زۆر بایەخیان نەدابوو بە هونەری نووسین، وە بڕیار بوو سوودمەند بن لە زانیاریەكانی قورئان لەڕێگەی بیر و هۆشەوە زیاتر لە نووسین؛ بۆیە لێرەدا خوای گەورە فەرموویەتی ﴿قُرْآنٍ مُبِينٍ﴾ بۆ ئەوەی ڕایبگەیەنێت كە ئەم وەحیە سوودبەخش دەبێت بۆ ئەم كەسانە بەو سیفەتەی كە (قورئان)ە واتە ئەوەی زۆر دەخوێنرێتەوە، بەڵام خوای گەورە وشەی (الكتاب)یشی زیاد كردووە بۆ جەختكردنەوە لەسەر ئەوەی كە ئەم وەحیە دەپارێزێت.
بەڵام لەسوورەتی (النمل)دا فەرموویەتی ﴿كِتَابٍ مُبِينٍ﴾؛ چونكە لەم سوورەتەدا جەختی كردووەتەوە لەسەر باسكردنی ڕووداوەكانی مووسا و داوود (علیھما السلام) و هەردووكیان لە نەوەی ئیسڕائیلن كە پشتیان بەستبوو بە نووسین زیاتر لە بیروهۆش (The Illustrated Bible Dictionary, Part 3; Under,Writing P.1657-1658)، وە بڕیار بوو شوێنكەوتووانی ئەم پێغەمبەرانە سوود وەربگرن لەو وەحیەی دابەزیوەتە خوارەوە بۆ موحەممەد (ﷺ) بەو سیفەتەی كە (كتێب)ە زیاتر لەوەی كە (قورئان)ە، لەبەرئەوە لەسوورەتی (النمل)دا جەخت كراوەتەوە لەسەر ئەم وەحیە كە (كتێب)ە زیاتر لەوەی كە (قورئان)ە، بۆیە وشەی كتێب پێشخراوە و سیفەتی (مبین)ی بۆ زیاد كراوە و فەرموویەتی ﴿كِتَابٍ مُبِينٍ﴾.
پوختەی قسە ئەوەیە ئەم وەحیە ڕوونە، چ لەو ڕووەوە بێت كە (قورئان)ە یان لەو ڕووەوە كە (كتێب)ە، وە بەو پێیەی ئەم وەحیە بۆ هەموو جیهان دابەزیوە بۆیە هەموو گەلان سوودی لێ وەردەگرن، چ ئەو گەلانەی كە لە زانستەكانیاندا پشت دەبەستن بە خوێندنەوە و لەبەركردن یان ئەوانەی كە پشت بە نووسین دەبەستن.
وەك پێشتر ڕوونمكردەوە وشەی ﴿مُبِينٍ﴾ لە قورئانی پیرۆزدا وەك سیفەتی قورئان تەنھا دوو جار هاتووە، لەكاتێكدا 12 جار وەك سیفەتی كتێب هاتووە، ئەمەش ئاماژەیە بەوەی كە ئەم وەحیە زیاتر بە سیفەتی (كتێب) كاریگەری هەیە، واتە زۆربەی خەڵكی سوودی لێ وەردەگرن چونكە بە نووسراویی دەستیان پێی دەگات، لەبەرئەوە لە داهاتوودا بەڕادەیەكی زۆر بڵاودەبێتەوە لەنێوان ئەو گەلانەدا كە لەڕێگەی نووسینەوە زانست و زانیاری دەپارێزن.
هەروەم من پێموایە لە دووبارەبوونەوەی وشەی ﴿كِتَابٍ مُبِينٍ﴾دا بەم ڕێژە زۆرە ئاماژەیەكی خوایی هەیە بۆ موسوڵمانان كە ئەوانەی لەڕێگەی نووسینەوە سوود وەردەگرن ژمارەیان زۆرتر دەبێت لەو كەسانەی تەنھا لەڕێگەی بیر و هۆشەوە سوودمەند دەبن، بۆیە پێویستە لەسەریان بایەخ بدەن بە بڵاوكردنەوەی فێركردن لەناو خۆیاندا هەتا ئەهلی ئیسلام بێ بەش نەبن لەو سوود و بەرەكەتانەی كە لە قورئانی پیرۆزدا هەیە.
وە لەبەرئەوەی ئەم سوورەتە باسی بابەتی پاراستنی فێركاریەكانی ئیسلام دەكات بۆیە خوای گەورە لێرەدا ئەم وەحیەی وەسفكردووە بە هەردوو سیفەتی (الكتاب) و (القرآن) بۆ جەختكردنەوە لەسەر پاراستنی. چونكە ئەستەمە هیچ فێركارییەك بەتەواوەتی بپارێزرێت ئەگەر نەنووسرێتەوە و لەبەرنەكرێت بەیەكەوە؛ چونكە دەكرێت مرۆڤ شتی لەبیر بچێت، وە دەكرێت نووسەر هەڵە بكات، بەڵام ئەگەر هەردووكیان بەیەكەوە كۆبوونەوە ئەوا هەڵەی یەكتر ناهێڵن، بۆیە هیچ ئەگەرێك بۆ هەڵەكردن نامێنێت. هەڵبەت هەردوو جۆرەكەی پاراستن ڕەخسا بۆ قورئانی پیرۆز، قورئانی پیرۆز (كتێب)ە، چونكە هەر لەسەرەتاوە لەژیانی پێغەمبەردا (ﷺ) بەشێوەی نووسین پارێزرا، هەروەها (قورئان)ە، واتە بەردەوام خەڵكی -لەسەرەتای دابەزینیەوە هەتا ئەمڕۆ- هەموو قورئانیان لەبەركردووە و دەیخوێننەوە.
رُّبَمَا يَوَدُّ ٱلَّذِينَ كَفَرُواْ لَوۡ كَانُواْ مُسۡلِمِينَ 3
شیكردنەوەی وشەكان:
رُبَما: ئەم وشەیە لەبنەڕەتدا پێكهاتووە لە (رُبَّ) و (ما). و (رُب) دەكرێت شەددەی هەبێت یان نەیبێت. وە (رُبَّ) حەرفی جەڕە نەك ناو، بەپێچەوانەی كوفیەكانەوە، وە ماناكەی وەك بەناوبانگە بۆ كەمكردنەوەیە نەك زۆركردن. ئەبو عەبدوڵڵای ڕازی گوتوویەتی: هاوڕایی هەیە لای زاناكان كە بۆ كەمكردنەوە دانراوە. زەمەخشەریش هەمان ڕای هەیە. بەڵام لە سیبەوەیهی و زەججاجەوە دەگێڕنەوە كە بۆ زۆركردنە. هەندێكی تر گوتوویانە: مانای كەمكردن و زیادكردن ناگەیەنێت، بەڵكو پیتی چەسپاندنە. (لسان العرب، والبحر المحیط، والكشاف، والرازي).
لەڕاستیدا وشەی ﴿ربما﴾ لێرەدا مانای “زۆربەی جار” دەگەیەنێت؛ چونكە ئەوانەیش كە دەڵێن مانای “هەندێ جار” دەگەیەنێت لێرەدا بەمانای “زۆربەی جار” لێكیانداوەتەوە. (بڕوانە لسان العرب).
ڕاجیاییەكی تر هەیە لەنێوان زانایانی نەحودا دەربارەی وشەی (رُبَّ): ئایا ئاماژە بە داهاتوو دەكات یان ڕابردوو؟ زۆرینە پێیان وایە تەنھا ئاماژەیە بۆ ڕابردوو، بۆیە ئەو كەسانە وشەی ﴿یَودُّ﴾ بە مانای (وَدَّ) تەفسیر دەكەن؛ چونكە ئەو شتەی خوا ڕایدەگەیەنێت كە لەداهاتوودا ڕوودەدات بەدڵنیاییەوە ڕوودەدات وەك ئەوەی ڕاستیەك بێت كە ڕوودانەكەی چەسپاوە لە ڕابردوودا.
بەڵام بە توێژینەوە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئاماژە بۆ داهاتوویش دەكات. هیندی هاوسەری ئەبو سوفیان دەڵێت:
يَا رُبَّ قَائِلَةٍ غَدًا … يَا لَهْفَ أُمِّ مُعَاوِيَةَ
وە سولەیم قوشەیری گوتوویەتی:
وَمُعْتَصِمٍ بِالْجُبْنِ مِنْ خَشْيَةِ الرَّدَى … سَيَرْدَى وَغَازٍ مُشْفِقٍ سَيَؤُبُ
(البحر المحیط)
مسلمین: أسلم الرجل: پیاوەكە باوەڕی هێنا بە ئایینی ئیسلام، أسلم أمره إلی الله: كاری خۆی ڕادەستی خوا كرد.
تەفسیر: ڕاجیایی هەیە لەنێوان موفەسیرەكاندا دەربارەی ئەم خۆزگەیەی كافرەكان، هەندێكیان گوتوویانە كاتی سەركەوتنی موسوڵمانان گوزارشتیان كردووە لەم خۆزگەیەی خۆیان، هەندێكی تر گوتوویانە ئەمە ڕۆژی قیامەت ڕوودەدات. لەكاتێكدا جگە لەوان گوتوویانە ئەو خۆزگەیە دەخوازن لەكاتی هەموو پێشكەوتن و گەشەیەكدا كە موسوڵمانان بەدەستیدەهێنن. (فتح البیان)
پێموایە ئەم مانایە هیچ كێشەیەكی تێدا نیە؛ چونكە كاتێك مرۆڤ دژایەتی كەسێكی تر دەكات بەبێ پاساو -وەك چۆن كافرەكان ئەو كارەیان دەكرد بەرامبەر پێغەمبەر (ﷺ)- ئەوا هەركاتێك دوژمنەكەی پێشكەوتن و گەشەیەك بەدەستدەهێنێت ئەم داخ و خەفەت دەخوات و دەڵێت: ئەگەر دوژمنایەتی ئەم كەسەم نەكردایە ئەوا شتێك باش بوو بۆم. عەرەب تەنها بەهۆی حەسوودیەوە دژایەتی پێغەمبەریان (ﷺ) دەكرد، بەڵام كاتێك دەستكەوتنی نائاسایی بەدەستهێنا حەسوودیان پێ نەدەبرد بەڵكو بەوپەڕی داخەوە دەیانگوت: خۆزگە دژایەتیمان نەدەكرد و موسوڵمان دەبووین. بۆ نموونە كاتێك دەكوژران لە جەنگی بەدردا ئەوا دەبێت خۆزگەیان خواستبێت كە موسوڵمان بوونایە. بۆیە سەیر نیە كافرەكان لەدڵی خۆیاندا بەوپەڕی داخ و خەفەتەوە كاتی سەركەوتنی موسوڵمانان گوتوویانە: خۆزگە موسوڵمان دەبووین. هەڵبەت قورئانی پیرۆز وتەیەكی ڕاشكاوی لەم جۆرەی دووڕووەكانی تۆماركردووە، وە گومانی تێدا نیە ئەمە دۆخی كافرەكانیش بووە، كەواتە ئەمە شتێكی سروشتیە و نكوڵی لێ ناكرێت.
بەڕای من ئەم ئایەتە مانایەكی تریشی هەیە كە موفەسیرەكان زەینیان بۆی نەچووە چونكە ئەوان بەگشتی بایەخیان داوە بە جوانیە ڕواڵەتیەكانی قورئان وەك زمانپاراوی و ڕەوانبێژی و موعجیزە، وە بەكەمی باسی جوانیە ناوەكیەكانی قورئانیان كردووە وەك فێركاریە باڵاكان و زانیاریە بڵندەكان. من وایدەبینم كە گەورەترین هۆكاری دابەزینی قورئان بریتیە لە فێركاریە تەواو و جوانەكانی، كە لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا ئاماژەی بۆ كراوە ﴿تِلْكَ آيَاتُ الْكِتَابِ﴾ و بەهۆیەوە كافرەكان خۆزگەیان دەخواست بە پێغەمبەر (ﷺ)، واتە بە بینینی جوانی فێركاریەكانی ئیسلام خۆزگەیان دەخواست موسوڵمان بوونایە. هەڵبەت لەڕابردوودا چەندین جار ئەمە ڕوویداوە لێیانەوە وە لەداهاتوویشدا دووبارە دەبێتەوە.
لە فەرموودەدا هاتووە كە جوولەكەیەك گوتی بە گەورەمان عومەر (رضي الله عنه): ئایەتێك هەیە لە كتێبەكەتاندا دەیخوێننەوە ئەگەر بۆ سەر ئێمەی جوولەكە دابەزیبایە ئەوا ئەو ڕۆژەمان دەكرد بە جەژن! گوتی: كام ئایەتەیە؟ گوتی ئەم ئایەتەیە: ﴿الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي وَرَضِيتُ لَكُمُ الْإِسْلَامَ دِينًا﴾. ئینجا بە جوولەكەكەی گوت: لەو ڕۆژەدا دوو جەژنمان هەیە: جەژنی ڕۆژی عەرەفە و جەژنی هەینی. [فەرموودەكە بەم جۆرەیە: پیاوێكی جوولەكە بە عومەری گوت: ئەی پێشەوای باوەڕداران، ئەگەر ئەم ئایەتە ﴿الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي وَرَضِيتُ لَكُمُ الْإِسْلَامَ دِينًا﴾ بۆ سەر ئێمە دابەزیبا ئەوا ئەو ڕۆژەمان دەكرد بە جەژن! عومەریش گوتی: من دەزانم چ ڕۆژێك ئەم ئایەتە دابەزی. ڕۆژی عەرەفە كە هەینی بوو دابەزی. (البخاري، كتاب الاعتصام، باب الاعتصام بالكتاب والسنة)]
وە لە ڕیوایەتێكی تردا هاتووە كە جوولەكەیەك گوتی: سەیرە شەریعەتەكەتان هیچ لایەنێكی ژیانی بەجێنەهێشتووە مەگەر تیشكی خستووەتەسەر. [فەرموودەكە بەم جۆرەیە: “پێغەمبەرەكەتان هەموو شتێكی فێركردوون تەنانەت چوونەسەرئاو” (الترمذي، الطهارة، باب الاستنجاء بالحجارة)]
ئەمە هەندێ خۆزگە و ئاواتە كە لەدڵی هەزارەها نەیاری ئیسلامدا دروست بووە، بەڵام تەنھا كەمێكیان بە قسە گوزراشتیان لێ كردووە. وە قورئانی پیرۆزیش ئاماژەی كردووە بەمە بەجۆرێك وشەی (یقولون)ی بەكارنەهێناوە بەڵكو فەرموویەتی ﴿يَوَدُّ﴾ مانای ئەوەیە لەدڵەوە خۆزگەی ئەوە دەخوازن بەڵام بەزمان دەرینابڕن.
وە لەم سەردەمەشدا دەبینین نەیارانی ئیسلام ستایشی فێركاریەكانی ئیسلام دەكەن لە چەندین پرسدا وەك تەڵاق و میراتی و كحولدا. بۆیە كاتێك كەسێكی ئەوروپی بیردەكاتەوە كە پێویستە یاسا دابنرێت دەربارەی تەڵاق وەك ئەوەی لای موسوڵمانان هەیە.. ئەوا لە واقیعدا دەڵێت: خۆزگا موسوڵمان بوومایە. وە كاتێك كەسێكی ئەمریكی لەدڵی خۆیدا دەڵێت كحول و ماددەی هۆشبەر قەدەغە بكرێت.. وەك ئەوە وایە پشتڕاستی ئەم ئایەتە بكاتەوە كە دەفەرموێت: ﴿رُبَمَا يَوَدُّ الَّذِينَ كَفَرُوا لَوْ كَانُوا مُسْلِمِينَ﴾. ماوەیەكی كەم لەمەوپێش كەسێكی هیندۆسی كە ئەندامی ئەنجوومەنی ياسادانانی هیندستان بوو ڕەشنووسی یاسایەكی خستەڕوو دەربارەی هاوسەرگیری كچی مناڵ، وە لە وتارەكەیدا بە داخ و دڵتەنگیەوە لەبەردەم ئەنجوومەنەكەدا گوتی: ئێمەی هیندۆس یاسامان نیە دەربارەی هاوسەرگیری وەك ئەوەی لە ئیسلامدا هەیە، وە بەهۆیەوە گۆمەڵگاكەی خۆی پاراستووە.
وە لە ئایەتەكەیشدا وشەی ﴿رُبَمَا﴾ هاتووە كە ئاماژە دەكات بۆ دووبارەبوونەوە، مانای ئەوەیە نەیارەكان هەرگیز گرنگی نادەن بە پشتڕاستكردنەوەی ئیسلام بەتەواوەتی، بەڵكو تەنھا ناوبەناو خۆزگەی پێ دەخوازن بەهۆی فێركاریەكانیەوە.. وە خۆزگە دەخوازن كە فڵان فێركاری یان فڵان حوكم لە شەریعەتەكەی ئەواندا هەبوایە.
موسوڵمان ئەو كەسەیە كە خۆی و كاروباری دەسپێرێت بە خوا وەك لە قورئاندا هاتووە: ﴿أَسْلَمْتُ لِرَبِّ الْعَالَمِينَ﴾ (البقرة: 132) وە لەبەر ڕۆشنایی ئەم مانایە دەكرێت فەرمایشتی خوا ﴿لَوْ كَانُوا مُسْلِمِينَ﴾ مانای ئەوە بێت كە كافرەكان دەیانبینی نەخشە و پیلانە دنیاییەكانیان شكست دەهێنێت دژی پێغەمبەر (ﷺ) كە ئەو تەنھا بە پشتبەستن بەخوا یەك لەدوای یەك سەركەوتن بەدەستدەهێنێت.. ئەمەش بۆ ماوەیەك لووتی دەشكاندن و خۆبەزلزانینی ئەوانی نەدەهێشت.. بۆیە بەوپەڕی داخەوە ئاواتیان دەخواست و دەیانگوت خۆزگا پەیوەندیمان بەخواوە هەبوایە و كاروبارمان ڕادەستی ئەو بكردایە، هەتا تووشی ئەم شكست و سووكایەتیە نەبووینایە.
هەروەها موسوڵمان واتە ئەو كەسەی ئاشتی و ئاسایش دابین دەكات بۆ كەسانی تر. كەواتە مەبەست لە ئایەتەكە ئەوەیە كاتێك پێشكەوتنی موسوڵمانانیان دەبینی لەدڵی خۆیاندا دەیانگوت خۆزگە جەنگمان نەكردایە لەگەڵیاندا، بەڵكو بەئاشتی و ئاسایش لەگەڵیاندا ژیانمان بكردایە بۆ ئەوەی ئەم ڕۆژە شوومەمان نەبینیبا.
ذَرۡهُمۡ يَأۡكُلُواْ وَيَتَمَتَّعُواْ وَيُلۡهِهِمُ ٱلۡأَمَلُ ۖ فَسَوۡفَ يَعۡلَمُونَ 4
شیكردنەوەی وشەكان:
الأمل: هیوا. تأملت الشيء: چاوم تێبڕی (الأقرب)
تەفسیر: ئەم ئایەتە پێمان ڕادەگەیەنێت كە نەیارەكان دان دەنێن بە فەزڵ و چاكەی ئیسلامدا لە بوارە جۆراوجۆرەكانی ژیاندا، بەڵام سەركەوتوو نابن بۆ ئەوەی هەنگاوی دواتر هەڵگرن، بەڵكو بەردەوام بێ بەش دەبن لە قەبوڵكردنی ئیسلام بەهۆی بەرژەوەندیە ماددیەكانیانەوە لە خواردن و خواردنەوە و بازرگانی و پیشە و هیوای گەورە. لەمڕۆشدا بەتەواوەتی ئەمە ڕوودەدات، بەجۆرێك دەبینین خەڵكی ئەوروپا دان دەنێن بە فەزڵ و چاكەی ئیسلامدا، بەڵام ئامادە نین باوەڕی پێ بهێنن بەهۆی كۆمەڵگاكەیانەوە. وەك ئەوەی ئەم ئایەتە وەڵامێك بێت بۆ ئەو پرسیارەی لە ئایەتەكەی پێشووەوە دروست دەبێت، كە بریتیە لە: مادام ئەو كەسانە لەناخی دڵیانەوە ئاواتەخوازن موسوڵمان بوونیایە ئیتر بۆچی موسوڵمان نابن؟
وەڵامەكە ئەوەیە: ژیانی خۆش و چاوچنۆكی ماددی و هیوا گەورەكانیان ناهێڵێت موسوڵمان بن.
ئەم ئایەتە فێرمان دەكات سادەیی لە خواردن و خواردنەوەدا و دووركەوتنەوە لە خۆشەویستی دنیا و هیوای درێژ پێویستن بۆ قەبوڵكردنی ڕاستی. وە ئەو كەسەی بەدوای ڕاستیدا دەگەڕێت دەبێت دووربكەوێتەوە لەم شتانە. بەڵام ئەو كەسەی دوورناكەوێتەوە لەم سێ شتە گەڕانی بەشوێن ڕاستیدا شتێكی هەوانەتە و بێ سوودە، وە بێبەش دەبێت لە قەبوڵكردنی ڕاستی سەرەڕای ئاشكرابوونی بۆی.
هەروەك ئایەتەكە ئاماژە دەكات بۆ ئەوەی كافرەكان سفرەیان دەڕازاندەوە بۆ خەڵكی بۆ ئەوەی خەڵك ڕابكیشن بۆ لای خۆیان، وە ماڵ و سامانیان كۆدەكردەوە، وە پیلانی وایان دادەڕشت كە بەبیری كەسدا نەدەهات، بۆ ئەوەی ترس بخەنە دڵی خەڵكیەوە، بەڵام موحەممەد (ﷺ) پەنا نابات بۆ ئەم فێڵانە، لەگەڵ ئەوەشدا سەردەكەوێت، وە كافرەكان تەنھا ئەوەیان بۆ دەمێنێتەوە كە لەداخ و خەفەتدا بمرن بەبینینی سەكەوتنی مەزنی پێغەمبەر (ﷺ).
هەروەك ئایەتەكە ئاماژە دەكات بۆ ئەوەی كە خۆزگە خواستنی كافرەكان بەوەی موسوڵمان بوونایە حەز و ئارەزوویەكی كاتی و تێپەڕە، وە حەز و ئارەزووی ڕاستەقینەیان بریتیە لە خواردنی خۆش و كۆكردنەوەی ماڵ و سامانی زۆر؛ وە حەز و ئارەزووی كاتی و تێپەر سوودی نیە بۆ خاوەنەكەی. بەڵام باوەڕداران حەز و ئارەزوویان بۆ ئیسلام حەز و ئارەزوویەكی هەمیشەییە، وە حەزكردنیان لە خواردن و كۆكردنەوەی ماڵ و سامان و نەخشەكێشان بۆ ئەوە شتێكی كاتیە واتە تەنھا بۆ پڕكردنەوەی پێویستیەكانە، بۆیە ئەوان هیدایەتی خوای گەورە بەدەستدەهێنن لەكاتێكدا كافرەكان لەو هیدایەتە بێبەش دەبن.
وَمَآ أَهۡلَكۡنَا مِن قَرۡيَةٍ إِلَّا وَلَهَا كِتَابٞ مَّعۡلُومٞ 5
شیكردنەوەی وشەكان:
قریة: ناوی ئەو شوێنەیە كە خەڵك تێیدا كۆدبنەوە، وە ناوی هەموو خەڵك؛ وە بەكاردێت بۆ هەر یەكێكیان؛ خوای گەورە فەرموویەتی ﴿وَاسْأَلِ الْقَرْيَةَ﴾، زۆرێك لە موفەسیرەكان گوتوویانە: مانای خەڵكی شارەكەیە؛ هەندێكیان گوتوویانە: لێرەدا شار خودی خەڵكەكەیە. (المفردات)
پیتی (و) لە وشەی ﴿ولها﴾ واوی حاڵە، قازي مونزیر گوتوویەتی: ئەم پیتە ئاماژەیە بەوەی كە ئەوەی لەدوایەوە بە وشە باسكراوە لەكاتدا لە پێشیەوەیەتی، وەك ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە: ﴿إِذَا جَاءُوهَا وَفُتِحَتْ أَبْوَابُهَا﴾ (بگەڕێوە بۆ البحر المحیط)
تەفسیر: بزانە وشەی (القریة، شار) لێرەدا بەمانای گشتی نەهاتووە، بەڵكو مانای ئەو گەلەیە كە پێغەمبەرێك لە پێغەمبەران ڕەوانە كراوە بۆ ناویان. ئەمە زاراوەیەكی قورئانیە بەجۆرێك قورئانی پیرۆز هەموو ئەو گەلانە بە (قریة) ناودەبات كە پەیامی پێغەمبەرێك ئاراستەیان دەكرێت. ئەمەش چونكە ئەو كەسانەی كە یەكەمجار پێغەمبەرەكە ڕووی قسەیان ئاراستەی دەكات خەڵكى ئاوەدانیی و شارەكەی خۆیەتی، بەڵام كەسانی تر لەخۆوە دەچنە ڕیزی ئەوانەوە.
هەروەك قورئان شارەكەی پێغەمبەر ناودەبات بە دایكی ئاوەدانیەكان، چونكە ئەگەر دایك مرد ئەوا مناڵەكانیشی دەمرن چونكە خۆراكیان لێ دەبڕێت و دەستیان ناگات بە خواردن. وە ئەو ئاوەدانیەی كە لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا ﴿وَمَا أَهْلَكْنَا مِنْ قَرْيَةٍ﴾ ئاماژەی پێ كراوە ئەوەیە كە پێغەمبەر تێیدا ڕەوانە دەكرێت، بەڵام ئاودانیەكانی تر كە پێغەمبەر ڕەوانە دەكرێت بۆ لای ئەوانیش قورئان باسی نەكردوون چونكە سەر بە شارۆچكەی دایكن. وە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿مِنْ أُمَّةٍ﴾ كە لە ئایەتەكەی دواتردا هاتووە بەڵگەیەكی ترە لەسەر ڕاستی ئەم بۆچوونەم.
هەندێ كەس ڕەخنە دەگرن و دەڵێن: خەڵكی فڵان شارۆچكە تیاچوون، و دانیشتوانی فڵان شار مردن، دەی پێمان پیشان بدەن چ پێغەمبەرێك ڕەوانەكرا بۆ لایان؟ لەڕاستیدا ئەم قسەیەیان تەواو پووچە بەگوێرەی ئەم ئایەتە. بەجۆرێك ئایەتەكە پێمان ڕادەگەیەنێت كە هەر كاتێك پێغەمبەرێك لە پێغەمبەران ڕەوانەدەكرێت لە شوێنێكدا ئەوا هەموو گوند و شارۆچكەكانی ئەو گەلە كە پەیامەكەیان ئاراستە دەكرێت دەبنە شوێنكەوتەی ئەو شوێنەی پێغەمبەرەكەی تێدا ڕەوانەكراوە، دواجار ئەوانیش شایستەی سزا دەبن ئەگەر پێغەمبەرەكەیان ڕەتكردەوە ئەگەرچی پێغەمبەرەكە پێی نەخستبێتە ئەو گوند و ئاوەدانیانەوە. وە ئەگەر پێغەمبەرەكە ڕەوانەكرا بوو بۆ هەموو دنیا ئەوا هەموو خەڵكەكەی شایستەی سزا دەبن ئەگەر ڕەتی بكەنەوە.
هەروەك ئایەتەكە ئاگادارمان دەكاتەوە كە ئەگەر ئاوەدانیەك تووشی سزا بوو ئەوا مانای ئەوە نیە پێغەمبەرێك دەركەوتووە تێیدا، بەڵكو ئەو سزایەی كە نیشانەیە لەسەر دەركەوتنی پێغەمبەرێك بەدڵنیاییەوە تووشی ئەو ناوچە فراوانە دەبێت كە پەیامی پێغەمبەرەكە ئاراستەی خەڵكەكەی كراوە. بۆیە ئەگەر پێغەمبەرێك ڕەوانەكرا بوو بۆ گەل و نەتەوەیەك ئەوا سزای نەتەوەیی دەبێت بە بەڵگە لەسەر ڕاستگۆییەكەی، وە ئەگەر ڕەوانەكرا بوو بۆ هەموو جیھان ئەوا سزای جیهانی دەبێتە بەڵگە لەسەر ڕاستگۆیی ئەو پێغەمبەرە. بۆ نموونە دابەزینی سزا بۆ سەر شارۆچكەیەكی دیاریكراو بەڵگە نەبووە لەسەر ڕاستگۆیی پێغەمبەرانی نەوەی ئیسڕائیل، بەڵكو نیشانەی ڕاستگۆییان ئەو سزا نەتەوەییە بووە كە بەگشتی تووشی گەلی ئیسڕائیل دەبوو. وە نیشانەی ڕاستگۆیی پێغەمبەری ئازیز (ﷺ) ئەوە نەبووە كە هۆز و نەتەوەیەكی دیاریكراو تووشی سزا بن، بەڵكو نیشانەی ڕاستگۆییەكەی ئەو كارەساتە گشتیانە بوون كە لە هەموو جیهاندا ڕوویاندا، چونكە پێغەمبەر (ﷺ) نێردراوە بۆ هەموو جیھان. وە مێژوو شایەتە لەسەر ئەوەی كە كاتی ڕەوانەكردنەكەی عەرەب بەتایبەتی تووشی سزا بوون (البخاري، التفسیر، الدخان)، هەروەك خوای گەورە دەرد و بەڵای جیهانیشی دابەزاند ماوەیەكی كەم پاش ڕەوانەكردنی پێغەمبەر (ﷺ).
وە دەستەواژەی ﴿كِتَابٌ مَعْلُومٌ﴾ مانای ئەو ماوەیە دەگەیەنێت كە پێغەمبەرەكە دەستنیشانی دەكات بۆ دابەزینی سزاكە بەگوێرەی ڕێنمایی خوای گەورە. وە مەبەست لە (قریة) لێرەدا ئەو گەلەیە كە تووشی سزا دەبن بەهۆی دژایەتیكردنی پێغەمبەرەوە. بەڵام تەنھا دوای كۆمەڵێك هەواڵی ڕوون تووشی سزا دەبن.
مَّا تَسۡبِقُ مِنۡ أُمَّةٍ أَجَلَهَا وَمَا يَسۡتَٔۡخِرُونَ 6
شیكردنەوەی وشەكان:
أجل: الأجل: ماوەی شتێك و ئەو كاتە كە تێیدا ڕوودەدات (الأقرب)
أمة: الأمة: كۆمەڵ، نەوەیەك لە هەموو زیندوویەك (الأقرب)
تەفسیر: هەڵبەت موفەسیرەكان دەربارەی مانای فەرمایشتی خوا ﴿مَا تَسْبِقُ﴾ و فەرمایشتی خوا ﴿وَمَا يَسْتَأْخِرُونَ﴾ شتانێكیان گوتووە هیچ سوودێكی نیە، وە پێموایە مەبەستەكە لێرەدا ئەوەیە كە ئەستەمە هیچ گەلێك لە گەلان ڕزگاری بێت لە سزا پاش ئەوەی هەڕەشەی لێكرا.. واتە ئەستەمە سزاكە لە وادەی خۆیدا ڕووبدات لەگەڵ ئەوەی زیانیان پێ نەگەیەنێت و لەناویان نەبات. بەدڵنیاییەوە ئەمە ئەستەمە. هەروەك ئەستەمە هەمیشە سزاكە دوابكەوێت بەبێ ئەوەی تووشیان بێت. گومانی تێدا نیە ئەوانەی دژایەتی پێغەمبەران دەكەن ماوەیەك مۆڵەتیان پێ دەدرێت بۆ ئەوەی دەرفەت بڕەخسێت بۆ ئەو كەسانەی هیدایەت وەردەگرن، بەڵام ئەستەمە هەموو جارێك مۆڵەتیان پێ بدرێت، بەبێ ئەوەی سزاكە دابەزێت لە ژیانی ئەو پێغەمبەرەدا یان لەژیانی شوێنكەوتەكانیدا.
كەواتە ئایەتەكە هۆشداری دەدات بە كافرەكان كە پێیان وا نەبێت تووشی سزا نابن و بێوەی دەبن؛ چونكە ئەستەمە تووشی لەناوچوون نەبن مەگەر بەم دوو ڕێگەیە: یەكەم: تووشی سزاكە بن بەبێ ئەوەی لەناویان ببات. دووەم: هەمیشە ئەم سزایە دوابخرێت و هەرگیز تووشیان نەبێت؛ بەڵام هەرگیز ئەم دوو شتە ڕوونادەن، بۆیە پێویستە چاوقایم نەبن بۆ دژایەتیكردن بەهۆی فریوخواردنیان بەوەی كە مۆڵەتیان پێ دەدرێت.
وَقَالُواْ يَٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِي نُزِّلَ عَلَيۡهِ ٱلذِّكۡرُ إِنَّكَ لَمَجۡنُونٞ 7
شیكردنەوەی وشەكان:
الذكر: وتنی شتێك و ئامادەكردنی لە زیهندا بەجۆرێك لەبیرنەچێتەوە؛ ناوبانگ، وەك دەوترێت: لَه ذِكرٌ في الناس واتە لەناو خەڵكدا ناوبانگی هەیە؛ ستایش، ڕێز، وە لە قورئاندا هاتووە: ﴿وَإِنَّهُ لَذِكْرٌ لَكَ وَلِقَوْمِكَ﴾ واتە ئەم قورئانە مایەی ڕێزە بۆ خۆت و گەلەكەت؛ نوێژكردن بۆ خوا و پاڕانەوە لێی، دەوترێت: إذا حزبه أمر فزع إلی الذكر واتە: ئەگەر شتێك خەمباری كرد ئەوا پەنای دەبرد بۆ زیكر؛ الكتاب فیه تفصیل الدین ووضع الملل. الذكر من الرجال: بەهێز و ئازا و كۆڵنەدەر. والذكر من المطر: بارانی بەخوڕەم. الذكر من القول: واتە وتەی بەهێز و پتەو. (الأقرب)
مجنون: جن الرجل جنا وجنونا: پیاوەكە عەقڵ و هۆشی نەما، گوتراوە: پیاوەكە تێكچوو. و جن الشيء عنه: شتەكەی لێ ون بوو. الجنون: چاوگی وشەی (جن)ەیە؛ نەمانی عەقڵ، گوتراوە: تێكچوونی عەقڵ. المجنون: ئەو كەسەی كە عەقڵی نامێنێت یان تێكدەچێت. (الأقرب).
الجِنَّة: كۆمەڵێك جنۆكە، خوای گەورە فەرموویەتی ﴿مِنَ الْجِنَّةِ وَالنَّاسِ﴾، وە خوای گەورە فەرموویەتی ﴿وَجَعَلُوا بَيْنَهُ وَبَيْنَ الْجِنَّةِ نَسَبًا﴾. الجِنَّة: الجنون، شێتی، خوای گەورە فەرموویەتی ﴿مَا بِصَاحِبِكُمْ مِنْ جِنَّةٍ﴾.. واتە شێتی. الجنون، شێتی: بەربەستێكە لەنێوان نەفس و عەقڵدا. جن فلان: گوتراوە: جنۆكە دەستی لێوەشاند، وە فرمانەكەی لەسەر كێشی فوعیلە دانراوە وەكو كێشی نەخۆشیەكان وەكو: زكم و لقي و حم؛ گوتراوە: دڵی پێكرا؛ گوتراوە: بەربەست كەوتە نێوان نەفس و عەقڵی بەمەش عەقڵی تێكچوو. (المفردات)
خاوەنی المفردات بۆچوونی خەڵكی باسكرد دەربارەی حەقیقەتی شێتی. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە گوتەی: (فلان مجنون) مانای ئەوە نیە كە پێویستە جنۆكە دەستی لێوەشاندبێت، بەڵكو مانا ڕاستەقینەكەی ئەوەیە كە عەقڵی تێكچووە. كەواتە ئەوانەی شوێن وەهم و خەیاڵ دەكەون وەها تەفسیری دەكەن كە جنۆكەیەك لە جنۆكەكان لێی تووڕە بووە و عەقڵی تێكداوە، بەڵام ئەو كەسانەی پێیان وایە هەست و سۆزەكان سەرچاوەی دەرد و نەخۆشیەكانن وەها تەفسیری دەكەن كە دڵی كەسەكە تووشی خورپەیەك بووە. وە ئەو كەسانەی شارەزان لە زانستە سروشتیەكان دەڵێن تێكچوونێك ڕوویداوە لە عەقڵیدا. بەكورتی وشەی (الجنون، شێتی) مانای دەستوەشاندنی جنۆكە نیە، بەڵكو هەندێ كەس پێیان وایە كە دەستوەشاندنی جنۆكە هۆكارێكە لە هۆكارەكانی شێتی.
وە خاوەنی المفردات لەسەری دەڕوات و دەڵێت: ﴿مُعَلَّمٌ مَجْنُونٌ﴾..ئەو جنۆكەیەی فێری دەكات گرتیەخۆی. هەروەها فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿أَئِنَّا لَتَارِكُو آلِهَتِنَا لِشَاعِرٍ مَجْنُونٍ﴾.
لەڕاستیدا خاوەنی المفردات ئەم مانایەی باسكردووە لەژێر كاریگەری تەفسیرەكانی تردا، ئەگینا لە فەرهەنگە متمانەپێكراوەكاندا نیە، كە دەڵێن مجنون ئەو كەسەیە تووشی نەخۆشی شێتی بووە.
لە القاموس العصري دا هاتووە كە وشەی المجنون واتە: Fool, Insane, Crazy, Mad Foolish.
تەفسیر: خوا (عز وجل) پێشتر ڕایگەیاند كە كافرەكان جار لەدوای جار لەدڵی خۆیاندا دەڵێن: خۆزگا موسوڵمان دەبووین، ئێستا ڕایدەگەیەنێت كە كاتی بیستنی هەواڵی لەناوچوونیان زۆر بەسەرسوڕمانەوە دەڵێن: گومانی تێدا نیە تۆ شێتی كە ئەم بانگەشەیە دەكەیت، وە بەمزوانە دەبینیت چۆن لەگەڵ شوێنكەوتووانت لەناوت دەبەین.
بەڵام ئەگەر واماندانا كە وشەی ﴿ربما﴾ ئاماژە بێت بۆ داهاتووە بەو مانایە كە كافرەكان تووشی خەفەت و پەژارە دەبن كاتنی بینینی پێشكەوتن و گەشەی ئیسلام، وە دەڵێن: خۆزگا موسوڵمان دەبووین، یان خۆزگا جەنگمان نەدەكرد لەگەڵ موسوڵماناندا، یان خۆزگا كاروباری خۆمان ڕادەستی خوا دەكرد و پشتمان پێ دەبەست.. ئەوا ئەم ئایەتە مانای ئەوەیە: ئەوان كاتی بیستنی ئەم ڕاگەیاندنە بە بانگەشەی پیاوێكی شێت لەقەڵەمی دەدەن، وە دەڵێن: ئەو كەسە شێتە ئەم جۆرە بانگەشە گەورانە دەكات، چونكە ئەستەمە ئێمەی دوژمنانی ئیسلام ئەم حەزەمان تێدا دروست بێت، وە لەكوێ ئەم پێغەمبەرە و شوێنكەوتووانی پێشكەوتن و بڵندبوونەوە بەدەست دەهێنن هەتا ئێمە ئاواتیان پێ بخوازین.
“الذكر” ناوێكە لەناوەكانی قورئانی پیرۆز، وە مانای ڕێز دەگەیەنێت وەك خوای گەورە فەرموویەتی ﴿لَقَدْ أَنْزَلْنَا إِلَيْكُمْ كِتَابًا فِيهِ ذِكْرُكُمْ﴾.. واتە ڕێزی ئێوەی تێدایە. وە ئەم ناوە زانراو بووە لای كافرەكان، وە لێرەدا كافرەكان بەكاریان هێناوە بۆ تانووت دان لە موسوڵمانان. چونكە لێرەدا باسەكە دەربارەی پێشكەوتن و سەربەرزی موسوڵمانان و لەناوچوون و ڕسوابوونی كافرانە. ئەم قسەیەی ئەوان لەم فەرمایشتەی خوا دەچێت كە فەرموویەتی بە كەسێكی دۆزەخی: ﴿ذُقْ إِنَّكَ أَنْتَ الْعَزِيزُ الْكَرِيمُ﴾ (الدخان: 50)، واتە: بڕوانە سەربەرزی و ڕێزەكەت تۆی گەیاندە كوێ؟
هەندێ نووسەری مەسیحی -لەسەر بنەمای قسەی كافرەكان: ﴿إِنَّكَ لَمَجْنُونٌ﴾- گوتوویانە ئەمە جەختی لێ دەكاتەوە كە موحەممەد تووشی جۆرێك لە شێتی بووە ئەگینا عەرەب پێیان نەدەگوت شێت، چونكە هیچ كەسێك شێتی ناداتەپاڵ كەسێك عەقڵی تەواو بێت!
بێگومان ئەم كەسانە هەڵەیان كردووە لە دیاریكردنی مانای شێتی بەهۆی ئەوەی هەوڵیانداوە پێغەمبەر (ﷺ) تۆمەتبار بكەن. ڕۆژهەڵاتناسی مەسیحی جۆرج سێڵ ئەم ئایەتەی بەم شێوەیە مانا كردووە:
Thou art certainly possessed with a devil” (تفسیر القرآن ل”ویری”) واتە گومانی تێدا نیە شەیتان زاڵ بووە بەسەرتدا.
وە ڕۆژهەڵاتناس ڕۆدویڵ ئەمەی خوارەوەی نووسیوە:
“Thou art surly possessed by a djinn.” (ترجمة القرآن لرودویل)، واتە بەدڵنیاییەوە جنۆكەیەك دەستی لێ وەشاندوویت.
وە قەشە بامر گوتوویەتی: “Verily thou art possessed.” (ترجمة القرآن لبامر)، واتە: گومانی تێدا نیە كەوتوویتە داوی ڕۆحێكی شەڕانگێزەوە.
وەك ئەوەی شێت لای ئەوان كەسێكە كەوتووەتە ژێر كاریگەری شەیتان یان جنۆكەوە. بەڵام لێرەدا هەرگیز ئەم مانایە پیادە نابێت، بەڵكو شێت ئەو كەسەیە عەقڵی تیكچووە وەك چەسپاوە و تۆماركراوە لەو فەرهەنگانەی لەسەرەوە باسكران.
لەڕاستیدا نووسەرە مەسیحیەكان هەوڵیان داوە ئەم تۆمەتە بلكێنن بە پێغەمبەرەوە (ﷺ) بۆ ئەوەی هەڵبێن لەو تۆمەتەی ئاراستەی خۆیان كراوە، بەجۆرێك لە ئینجیلەكانیان هاتووە كە جوولەكە مەسیحیان (عليه السلام) تۆمەتبار دەكرد بەوەی شەیتانی تێدایە. بەڵام ئەم مەسیحیانە بیریان لەوە نەكردەوە كە تۆمەت دژی مەسیح لەلایەن جوولەكەوە بووە، بەڵام ئەم تۆمەتە -دژی پێغەمبەر- لەلایەن موشریكەكانی مەككەوە بووە؛ وە جوولەكە باوەڕیان وا بوو جن ڕۆحێكی شەڕانگێزە، وە ئەو كەسەی ئەم ڕۆحە شەڕانگێزە پەیوەست بێت پێیەوە دەبێت بە كەسێكی شەڕانگێز؛ بەڵام موشریكەكان جنۆكەیان دەپەرست، وە لەم قسەیەیاندا دژی پێغەمبەر (ﷺ) ئەوەیان مەبەست نەبووە كە جوولەكە ویستوویانە دژی مەسیح (عليه السلام)، ئەگەر وەها بوایە ئەوا دژایەتی پێغەمبەریان (ﷺ) نەدەكرد بەڵكو لێی دەترسان و سڵیان لێ دەكردەوە.
وە ستەمێكی تری ڕەخنەگرە مەسیحیەكان ئەوەیە گوتوویانە: مادام خەڵكی مەككە بە موحەممدیان گوتووە شێت ئەوا دەبێت هۆكارێك هەبووبێت بۆ ئەم قسەیەیان. پاشان لەلایەن خۆیانەوە ئەم هۆكارەیان هەڵبەستووە و گوتوویانە موحەممەد -پەنا بە خوا- ناوبەناو تووشی پەركەم دەبوو. پاشان بەڵگەیان هێناوەتەوە بۆ ئەم قسەیەی خۆیان بەو ڕووداوەی كە هەندێ مێژوونووس باسیان كردووە، ئەو ڕووداوەی كە هات بەسەر پێغەمبەردا (ﷺ) كاتێك مناڵ بوو لای خاتوو حەلیمە. جارێكیان پێغەمبەر (ﷺ) لەگەڵ هەندێ مناڵی گەورەدا شوانی مەڕوماڵات دەبن لە دەشت و دەردا، لەپڕ دوو كەس دێن بۆ لای بە جلوبەرگێكی سپی بریقەدارەوە، دەیخەنە سەر زەوی و سنگی لەت دەكەن، پاشان شتێكی ڕەشی لێ دەردەهێنن و فڕێی دەدەن. (بگەڕێوە بۆ مسند أحمد، مسند الشامیین، حدیث عتبة بن عبد السلمي رقم 16990). ئەو مەسیحیانە لەم ڕووداوەوە بەڵگە دەهێننەوە كە موحەممەد لەو كاتەدا مناڵێك بووە و ئەستەمە درۆی كردبێت لەگەڵ كەسوكارەكەیدا و ئەم چیرۆكەی هەڵبەستبێت، بەڵكو دەبێت لەڕاستیدا ئەم ڕووداوە ڕوویدا بێت، ئەمەش نۆرەیەكە لە نۆرەكانی پەركەم و فێ!
من ناچمە ناو مشتومڕی ئەوەی ئایا ئەوەی پەركەمی هەبێت دەتوانێت -لەكاتی پەركەمەكەدا- بیربكاتەوە لەم جۆرە دیمەنانە و بیانبینێت و لە زیهنی خۆیدا بیانپارێزێت یان نا، بەڵام كۆمەڵێك كتێبی پزیشكیم خوێندووەتەوە كە بە دوور و درێژی باسی نەخۆشی پەركەم و نیشانەكانی دەكەن، وە لە هیچ یەكێكیاندا نەمخوێندووەتەوە كە كەسی تووشبوو بەو نەخۆشیە دەكرێت لەكاتی پەركەمەكەدا ئەم جۆرە دیمەنانە ببینێت پاشان لە زیهنی خۆیدا بیانپارێزێت بە هەمان ڕیزبەندی و وردەكاری.
هەروەك چاوی كەسی تووشبوو بەم نەخۆشیە و دیمەن و حاڵەتی عەقڵی و نیشانەكانی تری زۆر بەڕوونی ئەوە دەگەیەنن كە ئەم كەسە نەخۆشی پەركەمی هەیە؛ چونكە دەبینی هەمیشە بەبێ هۆ سكاڵای زۆر دەكات، سكاڵا دەكات لە هەر ئازارێكی سادە، زیهنی خاڵیە و واقیوڕماوە، وە بەهەموو شتێك بە توندی تووڕە دەبێت. بەڵام پێغەمبەر (ﷺ) هەرگیز بەم شێوەیە نەبووە.
ئەم مەسیحیانە پێمان دەڵێن: ئەگەر هۆكارێكی لەم شێوەیە نەبووە ئەوا بۆچی هەموو خەڵكەكە بە موحەممەدیان دەگوت شێت؟ منیش دەڵێم: خوای گەورە لە دنیادا كەسێكی تری دروست كرد بەناوی یەسووع، وە خەڵكی بەویشیان دەگوت كەوتووەتە داوی شەیتانەوە و شێتە بەجۆرێك لە ئینجیلدا هاتووە: “بەهۆی ئەم قسانەوە دیسان دووبەرەكی لەنێو جوولەكەكاندا پەیدا بوو. زۆربەیان گوتیان: ڕۆحی پیسی هەیە و وڕێنە دەكات. بۆچی گوێی لێدەگرن؟” (ئینجیلی یۆحەننا10: 19-20). هەروەك دەربارەی یەكێك لە قوتابیەكانی ئەم بەندە هەڵبژێردراوە بەناوی پۆڵس هاتووە: “كاتێك پۆڵس بەم قسانە بەرگری لەخۆی دەكرد، فێستۆس هاواری كرد: پۆڵس شێت بوویت! زۆری زاناییت شێتی كردوویت” (كردار 26: 24). بۆیە بەو مەسیحیانە دەڵێم: پێش ئەوەی ئەم جۆرە توڕڕەهاتانە ئاراستەی گەورەمان موحەممەد (ﷺ) بكەن پێویستە لەسەرتان سەرەتا بیسەلمێنن كە بەهۆی پەركەمەوە جوولەكە بە مەسیح و پۆڵسیان گوتووە وڕێنە دەكەن؛ چونكە ئەركی سەرشانتانە سەرەتا لەماڵی خۆتاندا كێشەكە چارەسەر بكەن.
خۆزگە ئەو مەسیحیانە دادپەروەر دەبوون بەهێمنی بیریان دەكردەوە بۆ ئەوەی بزانن كە ئەگەر بكرێت وڕێنەكردن و شێتی بدرێتەپاڵ مەسیح (عليه السلام) تەنھا بەوەی ئامۆژگاری خەڵكی كردووە بەبێ ئەوەی تووشی پەركەم بوو بێت.. ئیتر چۆن چاوەڕوان ناكرێت لەكەسانێك كە بێ ئاگان لە جیھانی ڕۆحانی بە گەورەمان موحەممەد (ﷺ) بڵێن شێت كاتێك بانگەشەیەكی گەورە بكات و ڕایبگەیەنێت: ﴿رُبَمَا يَوَدُّ الَّذِينَ كَفَرُوا لَوْ كَانُوا مُسْلِمِينَ﴾؟
وە ڕەخنەی مەسیحیەكان زیاتر بە سەیر و نامۆ و دزێو دەردەكەوێت كاتێك دەبینین ئایەتەكەی دواتر بۆمان ڕوون دەكاتەوە كە بۆچی كافرەكان بە پێغەمبەریان (ﷺ) گوتووە شێت، ئەوان بە هۆی پەركەمەوە ئەم ناوەیان لێ نەناوە، بەڵكو چونكە بانگەشەكانی ئەویان بەدوور زانیوە و وایان لەقەڵەمداوە كە لەدەرەوەی عەقڵ و قیاسن. لەڕاستیدا هەموو پێغەمبەران لەمەدا هاوبەشن، هیچ پێغەمبەرێك نەبووە مەگەر بانگەشەی شتێكی كردووە كە خەڵكی سەردەمەكەی ئامادە نەبوون باوەڕی پێ بكەن.
لَّوۡ مَا تَأۡتِينَا بِٱلۡمَلَٰٓئِكَةِ إِن كُنتَ مِنَ ٱلصَّٰدِقِينَ 8
شیكردنەوەی وشەكان:
لَو ما: نەححاس دەڵێت: “لَو ما” و”لَو لا” و”هلا” یەك شتن. (تفسیر القرطبي، تحت هذه الآیة)
تەفسیر: لە كۆمەڵێك سوورەتی پێشوودا و هەروەها لەسەرەتای ئەم سوورەتەشدا باسی ئەو بانگەشەیەی پێغەمبەر (ﷺ) كراوە كە ئیسلام لەكۆتاییدا سەردەكەوێت بەهۆی بەرەكەتی ئەو وەحیەی دابەزیوەتە سەر پێغەمبەر (ﷺ)؛ چونكە وتەیەكە چەندین تایبەتمەندی هەیە بەجۆرێك نەیارەكان هەرگیز ناتوانن خۆیان ڕابگرن لەبەرامبەر كاریگەریەكەیدا. بۆیە كافرەكان هیچ وەڵامێكیان پێ نەبوو بۆ ئەم بانگەشەیە تەنها ئەوە نەبێت كە گوتیان ئەی موحەممەد تۆ شێتی، بەڵگەشمان ئەوەیە تۆ دەڵێیت فریشتە وەحی دادەبەزێتێتە سەرت، ئەگەر وا بوایە ئەوا خەڵكی تریش ئەم فریشتانەی دەبینی كە دابەزیونتە سەرت. وە مادام هیچ فریشتەیەك نابینین دابەزێتە سەرت كەواتە بانگەشەكەت تەنھا وەهم و خەیاڵێكە و دواجار بەڵگەیەكە لەسەر تووشبوونت بە شێتی.
مَا نُنَزِّلُ ٱلۡمَلَٰٓئِكَةَ إِلَّا بِٱلۡحَقِّ وَمَا كَانُوٓاْ إِذٗا مُّنظَرِينَ 9
شیكردنەوەی وشەكان:
الحق: حقه حقا: غلبه علی الحق. وحق الأمر: شتەكەی چەسپاند و پێویستی كرد؛ دڵنیابوو لێی. حق الخبر: ڕاستی هەواڵەكەی زانی. الحق: دژی ناڕەوا؛ كاری بڕیارلێدراو؛ داد، موڵك، بوونی چەسپاو؛ یەقین دوای گومان؛ مردن؛ خۆڕاگری. (الأقرب)
منظرین: أنظره الدین: قەرزەكەی دواخست، دەوترێت كنت أنظر المعسر واتە مۆڵەتی قەرزارەكەم دا. (الأقرب)
تەفسیر: وشەی ﴿الحق﴾ لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا ﴿مَا نُنَزِّلُ الْمَلَائِكَةَ إِلَّا بِالْحَقِّ﴾، واتە وتەی ڕاست، بەمەش مەبەستی ئایەتەكە ئەوەیە كە فریشتەكان تەنھا بە وەحی خوای گەورەوە دادەبەزن، بەڵام ئەی كافرەكان ئێوە نێردراوی خوا نین یان لەو كەسانە نین كە شایستەی ئەوەن وەحییان پێ بگات هەتاكو فریشتەكان دابەزنە سەرتان و ڕێزدارتان بكەن بە وتەی خوا (عز وجل).
یان وشەی ﴿الحق﴾ واتە ماف، بەمەش مەبەستی ئایەتەكە ئەوەیە كە فریشتەكان دادەبەزنە سەر هەموو مرۆڤێك بەو شتەوە كە شایستەیەتی خێر بێت یان شەڕ. وە ئەو فریشتانەی دادەبەزنە سەر موحەممەد فریشتەی ڕەحمەتن، تەنھا دەكرێت خۆی بیانبینێت، وە ناكرێت ئەو كەسانە بیانبینن كە شایستەی غەزەبی خوان (عز وجل). بێگومان سەرانی كوفر ئەو كەسانەن كە فریشتەی سزا دادەبەزنە سەریان كە بینینیان هیچ سوودێكیان پێ ناگەیەنێت، چونكە بۆ لەناوبردنیان دێن، وە زیاتر مۆڵەتیان پێ نادەن.
لە ڕۆژی جەنگی بەدردا ئەمە ڕوویدا بەجۆرێك فریشتەی سزا دابەزی و هەندێ لەكافرەكان بەشێوەی كەشف ئەو فریشتانەیان بینی، بەڵام هیچ سوودمەند نەبوون لە بینینیان، چونكە ئەو ڕۆژە ڕۆژی لەناوچوونیان بوو. (سیرة النبویة لابن هشام: الملائكة تشهد وقعة بدر)
لێرەدا خوای گەورە بابەتێكی زۆر گرنگی ڕوونكردووەتەوە بریتیە لەوەی؛ وتەی فریشتەكان تەبا و گونجاوە لەگەڵ ناخی مرۆڤدا، واتە ئیلهامی هەر مرۆڤێك بەگوێرەی دۆخی ناوەكی و ڕۆحی ئەو مرۆڤە دەبێت. خەڵكی بەگشتی پێیان وایە ئەگەر ئیلهاممان پێگەیشت ئەوا بووین بە كەسێكی نزیك لە خوا، بەڵام ئەمە بەتەنھا بەس نیە، چونكە هەر كەسێك بەگوێرەی فیترەت و دۆخە ناوەكی و ڕۆحیەكەی ئیلهام و وەحی پێ دەگات. كەسێكی ساویلكە هەبوو خەڵكی ناوچە شاخاویەكان، دەهات بۆ قادیان بۆ ئەوەی كارێكی دەستبكەوێت، لای ئێمە بەگشتی كاری ناوماڵی دەكرد، هەندێ جار سەردانی خەلیفەی یەكەمی گەورەمان ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراوی (عليه السلام) دەكرد، هەر كاتێك بەڕێزی ئامۆژگاری دەكرد كە نوێژ بكات كابرا وەڵامی دەدایەوە و دەیگوت: نوێژ گونجاو نیە بۆ من. پاش چەند ڕۆژێك حەزرەتی خەلیفە بینی كابرا لەمزگەوتەكەدا نوێژ دەكات، كاتێك نوێژەكەی تەواو كرد حەزرەتی خەلیفە لێی پرسی: فڵان كەس ئەمە چیە!؟ ئەویش وەڵامی دایەوە: دوێنێ شەو ئیلهامێكم پێگەیشت گوتی: ئەی ئاژەڵ هەستە و نوێژ بكە، بۆیە دەمبینی دەستم كردووە بە نوێژ.
ئاشكرایە ئەمە ناكرێت هاویشتنەدڵ بێت لەلایەن شەیتانەوە، بەڵكو بەدڵنیاییەوە ئیلهامی خوای میهرەبانە، بەڵام بەگوێرەی پلەوپایەی ڕۆحی ئەم كەسە بووە. كەواتە گومانی تێدا نیە كە پێگەیشتنی ئیلهام لەخودی خۆیدا هیچ نیە، بەڵكو دەبێت سەیری كواڵێتیەكەی بكرێت بۆ ئەوەی ببینین ئایا ئیلهامەكە هیچ دەربڕین و گوزارشتێكی تێدایە دەربارەی خۆشەویستی خوا بۆ خاوەن ئیلهامەكە، یان ئایا شتێكی تێدایە بەڵگە بێت لەسەر پایەبەرزی كەسەكە لای خوای گەورە یان نا.
هەروەك لەم ئایەتەوە یاسایەكی گشتیمان بۆ دەردەكەوێت كە دووپاتی دەكاتەوە فریشتەكان تەنھا بە حەق دادەبەزن، وە شتێكی بەڵگەنەویستە كە باوەڕداران لە پلەوپایەدا جیاوازن، هەیانە پلەی نزمە و هەیانە بەرزترە و هەیانە پێغەمبەرە و لەلایەن خوای گەورەوە نێردراوە. پاشان پێغەمبەرانیش پلەوپایەیان جیاوازە. گومانی تێدا نیە بە خاتەمی پێغەمبەران (ﷺ) دەوترێت پێغەمبەر هەروەك بە زەكەریا و ئیلیاس و یوسف و ئەوانی تریش دەوترێت پێغەمبەر (علیهم السلام)، بەڵام هەروەك چۆن هاوبەشبوونیان لەناودا مانای ئەوە نیە یەكسان بن لەپلەدا، بەهەمان شێوە وەحیەكانیان لە پلەدا یەكسان نین سەرەڕای ئەوەی پێغەمبەر وەسفێكی هاوبەشە بۆ هەموویان، بەڵكو وەحی دادەبەزێتە سەر هەر پێغەمبەرێك بەگوێرەی ئەو پلەیەی كە هەیەتی لای خوای گەورە.
كاتێك ڕەچاوی ئەم خاڵە دەكەین وەڵامێكمان دەستدەكەوێت بۆ ئەم پرسیارە: بۆچی كتێبە پیرۆزەكانی تر وەك ئینجیل و تەورات و زەبوور و هی تریش بێ وێنە نین وەكو قورئانی پیرۆز؟ وەڵام: چونكە خوای گەورە ئەو وەحیەی پیرۆز كردووە بەگوێرەی پلە و ئەركی ئەو پێغەمبەرانە، چونكە چۆن دەگونجێت خوای گەورە كاری جیاوازیان پێ بسپێرێت لەڕووی جۆر و پلەوە، لەكاتێكدا كۆمەڵێك هۆكاری جیاوازیان بۆ نەسازێنێت؟ شتێكی بەڵگەنەویستە خوا (عز وجل) كۆمەڵێك هۆكاریان بۆ دەسازێنێت كە بگونجێت لەگەڵ پەیامەكانیاندا، وە كرێكار دابین دەكات بەگوێرەی جۆری كارەكە.
إِنَّا نَحۡنُ نَزَّلۡنَا ٱلذِّكۡرَ وَإِنَّا لَهُۥ لَحَٰفِظُونَ 10
شیكردنەوەی وشەكان:
ٱلذِّكۡرَ: (بڕوانە بۆ شیكردنەوەی وشەكان لە ئایەتی 7دا)
تەفسیر: “ٱلذِّكۡر” بەمانی ڕێز و ئاماژگاریش دێت. ئەمە ئەو مانایەیە كە لێرەدا پیادە دەبێت. پێشتر كافرەكان تانووتیان دەدا لە پێغەمبەر (ﷺ) و دەیانگوت: ئەی ئەو كەسەی ئەم وتە مەزنە كە مایەی ڕێزە دابەزیوەتە سەری تۆ شێتی، بە فەرمایشتی خوای گەورە وەڵامیان درایەوە: ئاگادار بن ئێمەین ئەم وتە مەزنەمان دابەزاندووەتە سەری كە مایەی ڕێزە.
ئەم ئایەتە ئەوەندە مەزن و جوانە كە هەر خۆی بەڵگەیەكی بەهێز و پرشنگدارە لەسەر ڕاستی قورئانی پیرۆز. بەچەندین شێوە و بە ئامرازی جۆراوجۆر جەختكردنەوەی تێدا دووبارە بووتەوە وەك: پیتی (إن)، وە ڕاناوی كۆی كەسی قسەكەر (نا)، وە پیتی (ل)ی جەختكردنەوە، وە ڕاناوی كۆی كەسی قسەكەر (نحن)، پاشان جارێكی تر (إن)ە و پیتی لامی جەختكردنەوە. ئەمەش چونكە نەیارەكان گاڵتەیان كرد بە پێغەمبەر (ﷺ) و گوتیان بەدڵنیاییەوە تۆ شێتی ﴿إِنَّكَ لَمَجْنُونٌ﴾، خوای گەورەیش وەڵامی دانەوە و بە چوار شێوە جەختی كردەوە لەسەر وەڵامەكەی و فەرمووی ﴿إِنَّا نَحْنُ نَزَّلْنَا الذِّكْرَ وَإِنَّا لَهُ لَحَافِظُونَ﴾. بەڵێ، ئێمەین لەڕاستیدا ئەم وتەیەمان دابەزاندووە كە مایەی ڕێز و شكۆیە، وە ئێمەین بەدڵنیاییەوە ئەم وتەیە دەپارێزین.
ئەم وشانە چەندە بەهێز و كاریگەرن، وە ئەو پەیمانە چەند مەزنە كە خوا دەیخاتە ئەستۆی خۆی!
شتێكی تر هەیە كە شایانی سەرنجلێدانە ئەویش ئەوەیە مەبەستی كافرەكان لە تانووتدان لە پێغەمبەر (ﷺ) و گاڵتەكردن پێی ئەوەش بووە كە ئەم وتە مەزنە كە تۆ دەڵێیت مایەی ڕێز و سەربەرزیە بۆ هەموو جیهان ئەوە دەخوازێت فریشتەی لەگەڵدا دابەزێت! خوای گەورەیش وەڵامیان دەداتەوە كە ئەی گەمژەكان ئێوە داوای دابەزینی فریشتەكان دەكەن لەگەڵ ئەم وەحیەدا! دەی بزانن ئەم وتەیە ئەوەندە بەرز و مەزنە كە خودی توانای خوا دەیپارێزێت و چاودێری دەكات، وە دوای ئەوە دەبینین كێ هەیە بوێرێت سووكایەتی پێ بكات.
ئەمە مانای ئەوە نیە كە فریشتەكان قورئانی پیرۆز ناپارێزن، چونكە مادام خوا (عز وجل) كە خۆی گەورە و خاوەنی فریشتەكانە سوورە لەسەر پاراستنی ئەوا دەبێت فریشتەكانیش سوور بن لەسەر پاراستنی؛ و لەڕاستیدا خوا (عز وجل) بە فەرمایشتی ﴿وَإِنَّا لَهُ لَحَافِظُونَ﴾، سەرەڕای ئەوە، ئاماژی كردووە بۆ بابەتێكی تر، ئەویش ئەوەیە كە ئەم وەحیە كۆمەڵێك تایبەتمەندی و خاسیەتی هەیە بەجۆرێك فریشتەكانیش ناتوانن بیپارێزن و پاسەوانی بكەن، بۆیە خۆمان ئەركی پاراستنەكەی دەگرینە ئەستۆ. گومانی تێدا نیە فریشتەكان هەموو شتێك دەپارێزن، بەڵام خوای گەورە خۆی هەندێ شت دەپارێزێت لەبەر حیكمەتێكی دیاریكراو، حیكمەتە شاراوەكە لێرەدا بریتیە لەو جیاكاریەی قورئان جیادەكاتەوە لە هەموو كتێبە پیرۆزكانی تر، كەمێكی تر ئەمە شەرح دەكەم بۆتان.
ئەم ئایەتە پیرۆزە بەڵگەیەكی مەزنە لەسەر ڕاستی قورئانی پیرۆز، وە هەركەسێك دەمارگیری كوێری نەكردبێت ئەگەر بە ئەمانەتەوە لێی ڕابمێنێت ئەوا پەی بەوە دەبات كە ئەمە بانگەشەی مرۆڤ نیە. هەموو موفەسیرەكان هاوڕان لەسەر ئەوەی كە ئەم سوورەتە لە مەككە دابەزیوە. وە ئیبن هیشام پێی وایە لە ساڵی چوارەمی ڕەوانەكردنی پێغەمبەردا دابەزیوە.
ڕۆژهەڵاتناسە ڕۆژئاواییەكان بەگشتی ئارەزوومەندی ئەوە بوون پێچەوانەی موفەسیرە موسوڵمانەكان بن سەبارەت بە كاتی دابەزینی سوورەتەكانی، وە بۆ ئەم مەبەستە شتێكیان داهێنا كە بەقسەی خۆیان ناویاننابوو “یاسای بەڵگەی ناوەكی”، واتە بابەتی خودی سوورەتەكە كاتی دابەزینەكەی دیاریدەكات. هەڵبەت بەڕادەیەكی وەها ئەم ڕێسایەیان بەخراپی بەكارهێنا كە هیچ گومانێك نەمایەوە لەوەدا كە ئەمە بەڵگەی ناوەكی قورئان نیە بەڵكو بەڵگەی ناخی پیس و شاراوەی خۆیانە. بەڵام من زۆر دڵخۆش بووم كاتێك زانیم لەمیانەی نووسراوی ڕۆژهەڵاتناسەكانەوە خۆیان ئەوانیش هیچ چاریان نەبووە و ئەم سوورەتەیان بە مەككی لەقەڵەمداوە. سپرینگەر دەڵێت: لە ساڵی چوارەمی ڕەوانەكردندا دابەزیوە. بەڵان ڕۆدویڵ -كە خۆی بە پسپۆر دەزانێت لە بابەتی ڕیزبەندی سوورەتەكانی قورئاندا- ئەویش لە ڕیزبەندیەكەی خۆی بۆ قورئانی پیرۆز لەناو ئەو سوورەتانەدا دایناوە كە لەساڵەكانی سەرەتای ڕەوانەكردنی پێغەمبەردا دابەزیون.
بەڵام نوێڵدكە (Noeldeke) كەمێك ڕای جیایە، لەسەر بنەمای هەمان ڕێسای هەڵە كە ناویانناوە بەڵگەی ناوەكی، وە دەڵێت:
1- بەوپێیەی سوورەتەكە باسی سزادانی باوەڕداران دەكات لەلایەن كافرەكانەوە بۆیە ئەستەمە لەو سوورەتانە بێت كە لەسەرەتای ڕەوانەكردنی پێغەمبەرەوە دابەزیون.
2- دەستەواژەی ﴿فَسَبِّحْ بِحَمْدِ رَبِّكَ﴾ی تێدا هاتووە، ئەم دەستەواژەیە لەو سوورەتانەدا نەهاتووە كە لەسەرەتای ڕەوانەكردنی پێغەمبەردا دابەزیون، لەسەر ئەم بنەمایە ئەستەمە ئەم سوورەتە ماوەیی سەرەتادا دابەزیبێت.
3- وشەی ﴿الْمُشْرِكِينَ﴾ى تێیدا هاتووە، بەمەش ئەستەمە لە سوورەتە یەكەمینەكان بێت.
پاشان لەسەری دەڕوات و دەڵێت: بەڵام بەبێ گومان مەككیە بەجۆرێك لەكۆتاییەكانی ماوەی مەككیدا دابەزیوە.
لێرەدا باسی ئەوە ناكەم كە نوێڵدكە لە ڕاكەیدا پێكاویەتی یان ئەوانی تر، بەڵكو دەمەوێت ئەوە دووپات بێتەوە كە توێژەرە هاوچەرخەكان چ عەرەب بن یان ڕۆژئاوایی هاوڕان لەگەڵ موفەسیرە كۆنەكاندا لەسەر ئەوەی ئەم سوورەتە مەككییە.
بەڵام گریمان لەكۆتایی ماوەی مەككیدا دابەزی بێت؛ ئەوا ئەمەش هیچ لە گەورەییەكەی كەم ناكاتەوە، چونكە ئەو ماوەیە بەهەمان شێوە لە بارودۆخە زۆر تاریكەكان بوو بەش بەحاڵی موسوڵمانان، بەجۆرێك پێغەمبەر (ﷺ) لەو ماوەیەدا لەگەڵ شوێنكەوتووانی لە شیوی ئەبو تاڵیبدا ئابڵۆقەیان لەسەر بوو، وە موسوڵمانان شوێنێك نەبوو پەنای بۆ ببەن و خۆیان بپارێزن تێیدا. وە لەو هەلومەرجە سەختە تاریكەدا خوای گەورە دەفەرموێت: پێویست ناكات فریشتەكان بەم قورئانەوە دابەزن، چونكە خوای گەورە خۆی دەیپارێزێت.
ئەم وتەیە چەندە مەزن و بەهێزە!! تەنھا ئەو كەسانەی زمانی عەرەبی دەزانن دەكرێت بەباشی پەی ببەن بە ڕادەی بەهێزی ئەم فەرمایشتی خوای گەورە كە دەفەرموێت: ﴿إِنَّا نَحْنُ نَزَّلْنَا الذِّكْرَ وَإِنَّا لَهُ لَحَافِظُونَ﴾. ئایا لەڕاستیدا سەیر نیە كە لەكاتێكدا كە تێیدا موسوڵمانان ئابڵۆقە دراون لەلایەن دوژمنانەوە و ترسیان هەیە لەژیانی خۆیان، ڕاگەیاندنی ئاسمانی دەردەچێت كە ئەی كافرەكان هەستن و هیچ هەوڵێك بەفیڕۆ مەدەن بۆ لەناوبردنی پەیامی قورئان، بەڵام هەرگیز سەركەوتوو نابن لە ئامانجەكەتاندا، چونكە خوای گەورە خۆی دەیپارێزێت. بەم شێوەیە -سەرەڕای دژایەتی توند- ڕۆژێك دێت تێیدا پێغەمبەر (ﷺ) و هاوەڵەكانی ڕزگاریان دەبێت لە ئابڵۆقەی دوژمنان، وە پێشكەوتن و گەشە بەدەستدەهێنێت، وە كۆمەڵێكی مەزن لە دەوری پێغەمبەر (ﷺ) كۆدەبنەوە، وە وەكو پێویست پارێزگاری دەكرێت لە قورئان، وە ئەم پاراستنە هەتا ئەمڕۆ بەردەوامە، وە بەردەوام دەبێت هەتا ڕۆژی قیامەت! دە بڕوانن، ئایا خوا ئەم پاراستنە بێ وێنەیەی بڕیارداوە بۆ هیچ یەكێك لە كتێبە ئاسمانیەكانی تر؟
سێر ولیەم مۆیەر دەڵێت:
“What we have, though possible created by himself, is still his own.”
واتە ئەگەری زۆرە قورئان دانراوی موحەممەد (ﷺ) بێت، وە هیچ دوور نیە گۆڕان و هەمواركردنەوە تێیدا ڕوویدا بێت، بەڵام گومانی تێدا نیە ئەم قورئانەی كە لەبەر دەستماندایە هەمان ئەو قورئانەیە كە موحەممەد پێی داوین. (حیاة محمد، ص 562)
وە لەسەری دەڕوات و دەڵێت:
“We may upon the strongest presumption affirm that every verse in the Quraan is genuine and unaltered composition of Muhammad himself.”
واتە: ئێمە دەتوانین جەخت بكەینەوە -بەگوێرەی كۆمەڵێك ئەگەری بەهێز- كە هەموو ئایەتێك لەو قورئانەی لەبەردەستماندایە موحەممەد (ﷺ) نووسیویەتی بەبێ هیچ گۆڕان و دەستكارییەك.” (سەرچاوەی پێشوو)
دوای ئەوەی دەڵێت ڕیزبەندی قورئان شتێكی ئاڵۆزە و كەس لێی تێناگات، بەردەوام دەبێت و دەڵێت:
“There is otherwise every security internal and external that we possess the text which Muhammad himself gave forth and used.”
واتە: بەڵام هەموو بەڵگە گومانبڕەكانمان لایە -چ بەڵگەی ناوەكی بێت یان دەرەكی- ئەم كتێبە كە لەبەردەستماندایە هەمان ئەو كتێبەیە كە موحەممەد پێشكەشی جیهانی كردووە و كردوویەتی بە دەستووری ژیانی خۆی. (سەرچاوەی پێشوو، لا 561)
پاشان دەڵێت:
“And conclude with at least a close approximation to the verdict of Van Hammer that we hold the Qur’an to be as surely Muhammad’s words as the Muhammadans held it to be the word of God.”
واتە: ئێمە، ئەگەرچی تەواو هاوڕای ڤان هامەر نین، بەڵام گەیشتووینەتە هەمان ئەو دەرەنجامەی كە ئەو پێی گەیشتووە، بۆیە جەختی لێ دەكەینەوە ئەو قورئانەی ئەمڕۆ دەستاودەستی پێ دەكرێت بەوپەڕی دڵنیاییەوە هەمان ئەو قورئانەیە كە موحەممەد دایناوە هەروەك چۆن موسوڵمانان بە وتەی خوای لەقەڵەم دەدەن، تووشی گۆڕانكاری و تەحریف نەبووە.
بەڵام نۆیڵدكە دەڵێت:
“Slight clerical errors there may have been, but the Qur’an of Othman contains none but genuine elements, though sometimes in every strange order. Efforts of European scholars to prove the existence of later interpolations in the Qur’an have failed.”
واتە: هیچ دوور نیە هەندێ هەڵەی سادەی ڕێنووسی تێدا بێت، بەڵام پێكهاتەی ئەو قورئانەی عوسمان (رضي الله عنه) پێشكەشی جیهانی كرد هەمان ئەو پێكهاتەیە كە موحەممەد (ﷺ) خستیەڕوو، ئەگەرچی هەندێ كات ڕیزبەندیەكەی سەیر دەردەكەوێت. هەڵبەت هەوڵی زاناكانی ئەوروپا شكستی هێنا بۆ سەلماندنی بوونی هەر تەحریفێك كە دواتر لەقورئاندا كرابێت. (الموسوعة الریطانیة، القرآن)
ئەمە كۆمەڵێك شایەتیدانی ئەو كەسانەیە كە دوژمنی هەرە سەرسەختی ئیسلام بوون، وە فەزڵ و گەورەیی ئەوەیە دوژمن شایەتی بۆ بدات.
ئایا ئەوە گەورەترین بەڵگە نیە لەسەر ئەوەی ئەم كتێبە لەلایەن خواوە (عز وجل) دابەزیوە كە لەناو گەلێكی نەخوێندەواردا دابەزی، لەگەڵ ئەوەدا بەردەوام بەتەواوەتی پارێزراو بوو. لەكاتێكدا تەورات و ئینجیل لەناو گەلێكدا دابەزین خۆیان بە خۆیندەوار و ڕۆشنبیر لەقەڵەم دەدا كەچی هیچ كامێكیان سەلامەت نەبوو لە تەحریف! سێر ولیەم مۆیەر لەم بارەیەوە بەوپەڕی داخ و پەژارەوە دەڵێت: بەراوردكردن لەنێوان كتێبی موسوڵمانان كە پاك و بێگەردە لە هەر تەحریف و دەستكارییەك و كتێبە پیرۆزەكانی ئێمە كە دەقەكانیان جیاواز و دژبەیەكە وەكو بەراوردكردنی نێوان دوو شت وایە كە بەهیچ شێوەیەك لەیەك نەچن. (حیاة محمد، ص 558)
ئەو پرسیارەی لێرەدا پەیدا دەبێت ئەوەیە: ئایا پارێزراوبوونی قورئان بەتەواوەتی هەتا ئەمڕۆ تەنھا بەڕێكەوت بووە؟ وەڵام: مێژووی ئیسلام بۆمان ڕوون دەكاتەوە ئەم كارە بە ڕێكەوت نەبووە، بەڵكو پاراستنی ڕواڵەتی قورئان بە دوو ڕێگە بووە كە لەسەرەتای ئەم سوورەتەوە باسكران كە بریتین لە: (الكتاب) واتە نووسین و (القرآن) واتە خوێندنەوە؛ كەواتە خوای گەورە ئەركی پاراستنەكەی گرتە ئەستۆ لەگەڵ دابەزینی یەكەم ئایەت بەجۆرێك یەك بە یەكی ئایەتەكانی دەنووسرانەوە و تۆماردەكران. پاشان خوا (عز وجل) كۆمەڵێك كەسی دابین كرد بۆ ئەم قورئانە كە شەیدای قورئان بوون و هەموو پیتێكی قورئانیان لەبەر بوو؛ وە شەو و ڕۆژ دەیانگوتەوە، وە دەیانخوێندەوە بۆ كەسانی تر. هەروەك خوا (عز وجل) فەرزی كرد لەسەر موسوڵمانان كە چەند بۆیان دەكرێت بە لەبەر قورئان بخوێننەوە لە نوێژەكانیانیاندا.
ئەگەر بگوترێت: بۆیە قورئان لەبەركرا چونكە موحەممەد بیری كردەوە لە پاراستنی قورئان بەم ڕێگەیە، ئەوا دەڵێین: زۆر باشە، بۆچی ئەم بیرۆكەیە نەهات بە مێشكی زەردەشت و مووسا و خاوەنی كتێبی “ڤیدا” و ئەوانی تریشدا؟ كەواتە ئەمە بەڵگەیە كە خوای گەورە خۆی ئەم بیرۆكەیەی هاویشتووەتە ناو دڵی موحەممەدەوە (ﷺ). كاتێك كۆڵۆمبس گەڕایەوە دوای دۆزینەوەی ئەمریكا هەندێ كەسی حەسوود پێیان گوت: ئەمە چ شانازییەكی تێدایە بۆ تۆ؟ ئەگەر ئێمەیش بووینایە ئەوا دەماندۆزییەوە. كۆڵۆمبسیش وەڵامی دانەوە و بەوەی هێلكەیەكی هەڵگرت و دای بە هەموویان و گوتی: زۆر باشە، وەرن ئەم هێلكەیەم بەجێگیری بۆ بوەستێنن لەسەر ئەو مێزەی بەردەمتان. هەموویان هەوڵیاندا هێلكەكە ڕاوەستێنن لەسەر مێزەكە بەڵام سوودی نەبوو. ئینجا كۆڵۆمبس هەستا و دەرزییەكی هێنا و سەرێكی هێلكەكەی كون كرد، ئینجا كەمێك لە ئاوە لینجەكەی هاتەدەرەوە و لەسەر مێزەكە داینا، پاشان هێلكەكەی پێ جێگیركرد. ئینجا گوتیان: جا ئەوە چیە ئێمەیش دەتوانین ئەو كارە بكەین. ئینجا پێی گوتن: ئێوە بیانووتان هێنایەوە بۆ كەمتەرخەمی خۆتان لە دۆزینەوەی ئەمریكا كە گوایە دەرفەت نەڕەخساوە بۆتان، بەڵام من دەرفەتم ڕەخساند بۆتان بۆ جێگیركردنی هێلكەكە، ئیتر بۆچی عەقڵتان نەخستەگەڕ وەك چۆن من ئەو كارەم كرد. [جیاوازیەكی سادە هەیە لەنێوان ئەم بڕگەیەی كە لێرەدا هاتووە لەگەڵ ئەوەی لە سەرچاوە ئەسڵیەكەدا هاتووە. (وەرگێڕ)]
(Admiral of The Ocean Sea, V1 P. 349)
هەروەها بە ڕەخنەگرەكان دەڵێین: بۆچی شوێنكەوتووانی ئایینەكانی تر پەنایان نەبرد بۆ ئەو ڕێگاچارانەی كە خاوەنی قورئان گرتوویەتیەبەر بۆ پاراستنی قورئان؟ وە بۆچی ئەم ڕێگاچارانە تەنھا بە مێشكی موحەممەددا (ﷺ) هاتن؟
پێویستە لەبیرمان نەچێت كە بەبێ یارمەتی خوای گەورە موحەممەد (ﷺ) توانای نەبووە كە ورە و سووربوون بخاتە دڵی ئەو كەسانەی كە هەستان بە لەبەركردنی هەموو قورئان وەكو خۆی و خوێندنەوەی لە نوێژەكانیاندا، لەبەرئەوە خوای گەورە ڕایگەیاند ﴿إِنَّا نَحْنُ نَزَّلْنَا الذِّكْرَ وَإِنَّا لَهُ لَحَافِظُونَ﴾، واتە ئێمەین ئەو كەسانە دەهێنین كە قورئان لەبەردەكەن. ئەوەتا زیاتر لە 13 سەدە تێپەڕیوە بەسەر ئەم پەیمانە خواییەدا و تێیدا بەردەوام ملیۆنەها كەس هەبوون هەموو قورئانیان لەبەر بووە.
كەسانێك لەناو ئەوروپیەكاندا هەن بێ ئاگان لەم ڕاستیە و دەڵێن: كێ هەیە بتوانێت ئەم كتێبە قەبارە گەورەیە لەبەر بكات وەكو خۆی؟ دەی با ئەو كەسانە بزانن تەنانەت لەم گوندە بچوكەی ئێمە واتە لە قادیان ژمارەیەكی زۆر هەن لەو كەسانەی قورئانی پیرۆزیان لەبەرە، یەكێك لەوانە كوڕەكەم ناصر ئەحمەدە -خوای گەورە سەلامەتی بكات- كە هەموو قورئانی لەبەر كرد هێشتا تەمەنی یازدە ساڵ بوو. لەڕاستیدا توانای تایبەتی خوایی قورئانی دابەزاند بە كۆمەڵێك وشە و ڕیزبەندییەكی تایبەتی بەجۆرێك زۆر بەئاسانی لەبەر دەكرێت. قورئانی پیرۆز شیعر نیە، بەڵام لە شیعر ئاسانتر لەبەر دەكرێت. لەبەركردنەكەی نیوەی ئەو ماوەیە ناخایەنێت كە پێویستە بۆ لەبەركردنی دەستەواژە ئینگلیزی یان ئوردیەكان. نووسەرێكی ئینگلیز دەڵێت: قورئان وتەیەكی سەیرە بەجۆرێك مرۆڤ ناچار دەبێت بە دەنگەوە بیخوێنێتەوە. لەڕاستیدا زمان و شێوازی ئاخاوتنی قورئان ئەویش یەكێكە لەو هۆكارانەی خوای گەورە دروستی كردوون بۆ پاراستنی قورئان لە تیاچوون یان تەحریفكردن.
بەكورتی، ئەمانەی خوارەوە چوار هۆكارن كە خوای گەورە دروستیكردوون بۆ پاراستنی قورئانی پیرۆز:
یەكەم: خوای گەورە لەسەرەتاوە خەڵكانێكی ساز و ئامادە كرد لە سەرەتاوە بۆ كۆتایی قورئان لەبەر بكەن.
دووەم: كردی بە كتێبێك زمانەكەی ئاسان بێت و دەستەواژەكانی جوان بن بەجۆرێك بەئاسانی لەبەر بكرێت.
سێیەم: فەرزكرا لەسەر موسوڵمانان چەند بۆیان دەكرێت بە لەبەر قورئان بخوێننەوە لە نوێژەكاندا.
چوارەم: تامەزرۆیی و شەیدایی نائاسایی خستە دڵی خەڵكیەوە بۆ خوێندنەوەی قورئان.
مەسیحیەكان هەمیشە ڕەخنە دەگرن لە موسوڵمانان بەوەی كە سەرقاڵی خوێندنەوەی قورئانن بەبێ ئەوەی لێی ڕابمێنن و لێی تیبگەن؟ بەڵام لەڕاستیدا ئەگەر كەسێك ڕامبێنێت لەم نەریتە ئەوا بۆی دەردەكەوێت كە ئەم كارەیش پشتڕاستكردنەوەی ئەو بەڵێنەیە كە خوای گەورە داویەتی لەم ئایەتەدا. چونكە خوا (عز وجل) خۆشەویستەیەكی لەڕادەبەدەری هاویشتووەتە دڵی موسوڵمانانەوە بەجۆرێك بەردەوام و بێ كۆڵدان دەیخوێننەوە چ لە وشەكانی تێبگەن یان تێنەگەن. گومانی تێدا نیە پێویستە لەسەر هەر موسوڵمانێكی نێر و مێ بە ڕامان و تێگەیشتنەوە قورئان بخوێنێتەوە، چونكە سستی لەم كارەدا و بەسووك سەیركردنی دەبێتە هۆی وێرانبوونێكی گەورەی موسوڵمانان، بەڵام ئەوەی من دەمەوێت جەختی لێ بكەمەوە ئەوەیە كە بەردەوامبوونیان لە خوێندنەوە و لەبەركردنی قورئان بەڵگەیەكی ڕۆشنە لەسەر هاتنەدی بەڵێنەكەی خوا لەم ئایەتەدا.
لەڕاستیدا ئەگەر ئەمڕۆ هەموو نوسخەكانی تەورات بسووتێنرێت ئەوا شوێنكەوتووانی تەورات هەرگیز ناتوانن پێنج یەكی تەورات بنووسنەوە، بەڵام ئەگەر -خوا نەخواستە- هەموو نوسخەكانی قورئان لەجیهاندا نەمێنن ئەوا موسوڵمانان لەماوەی چەند ڕۆژێكدا دەتوانن بەتەواوەتی قورئان بنووسنەوە، بەڵكو ئێمە تەنانەت لەم گوندە بچوكەی خۆماندا، واتە قادیان، چجای شارە گەورەكان دەتوانین بەتەواوەتی بینووسینەوە. بەڵام هیچ كتێبێكی ئاسمانی تر نیە بكرێت بەتەواوتی پارێزراو بێت ئەگەر جارێك لەناوبچێت و نەمێنێت. خوای گەورە ئەم تایبەتمەندیەی تەنھا بە قورئانی پیرۆز داوە.
یەكێكی تر لەو ئامرازانەی كە خوای گەورە بڕیاری داوە بۆ پاراستنی وتە پیرۆزەكەی خۆی ئەوەیە كە دەستبەجێ دوای ئەوەی بەتەواوەتی دابەزی لە ناوچە جۆراوجۆرەكانی جیهاندا بڵاویكردەوە، بۆیە هیچ ئەگەرێك نەمایەوە بۆ تەحریفكردن و گۆڕانكاری تێیدا. دەگوترێت حكومەتی ڕووسیا جارێكیان ویستی قورئان چاپ بكات پاش لادانی ئایەتەكانی جیهاد تێیدا، پێیان گوت قورئان لەهەموو دنیادا بڵاوبووەتەوە و ئەم ئایەتانە لە هەموو جیهاندا بوونیان هەیە، ئەوە بوو دەستی هەڵگرت لە پیلانە گڵاوەكەی.
یەكێكی تریش لە ئامرازەكانی پاراستنی ئەم وەحیە ئەوە بوو كە زانستە ئیسلامیەكان لەسەر بنەمای خودی قورئانی پیرۆز دامەزران، بەم شێوەیە هەموو سەر و بۆرێكی قورئان پارێزگاری لێكرا. بۆ نموونە زانستی نەحو داهێنرا بۆ خزمەتی قورئان بەجۆرێك دەربارەی دروستبوونی ئەم زانستە دەگوترێت ئەبو ئەسوەدی دوئەلی هات بۆ لای گەورەمان عەلی (رضي الله عنه) و سكاڵای كرد لە كەسێكی تازە موسوڵمان كە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿أَنَّ اللَّهَ بَرِيءٌ مِنَ الْمُشْرِكِينَ وَرَسُولُهُ﴾ بە هەڵە دەخوێنێتەوە بەجۆرێك دەڵێت (ورسولِهِ)، ئەمەش هۆكارێكە بۆ ئەوەی موسوڵمانە نوێیەكان بە گران لە قورئانی پیرۆز تێبگەن. گەورەمان عەلی (رضي الله عنه) لەو كاتەدا لەسەر وڵاخەكەی بوو دەیویست بڕوات، وە لەم حاڵەتەدا هەندێ ڕێسای گوت بە ئەبو ئەسوەد وەك نموونە تاكو بینووسێتەوە و گوتی: اُنْحُ نَحْوَه.. واتە ڕێساكان دابنێ بەم شێوەیە. لێرەوە ئەم زانستە ناونرا “نەحو”.
هەروەها موسوڵمانەكان زانستی مێژوویشیان دانا هەر بۆ خزمەتی قورئانی پیرۆز چونكە هەر كاتێك هەواڵ و بەسەرهاتی ئەو ئوممەتانەیان تۆمار دەكرد كە لە قورئاندا هاتوون بەهەمان شێوە هەواڵ و بارودۆخی ئوممەتەكانی تریشیان تۆمار دەكرد. وە زانستی فەرموودە هەیە كە موسوڵمانەكان دایانمەزراند بۆ ئەوەی بزانن چۆن پێغەمبەرە ئازیزەكەیان (ﷺ) تەفسیری ئەو وەحیەی كردووە كە لەلایەن خوای گەورەوە دادەبەزیە سەری.
پاشان هەستان بە نوێكردنەوەی زانستی فەلسەفە كاتێك بەرەنگاری تانە و تەشەری فەیلەسووفەكان بوونەوە لە قورئانی پیرۆز. وە لەبواری لۆژیكدا ڕێگایەكی زۆر پێشكەوتووتریان داهێنا. پاشان داهێنانیان كرد لە دامەزراندنی زانستی پزیشكی لەسەر كۆمەڵێك بنەمای نوێ بەڕێنمایی قورئانی پیرۆز. پاشان كاتێك دەیانویست نموونە بهێننەوە لە نەحودا ئایەتەكانی قورئانی پیرۆزیان دەكرد بە بەڵگە، بەجۆرێك بە جوانترین نموونە لەقەڵەمیان دەدان بۆ وێژەی عەرەبی، بگرە ئایەتەكانی قورئانیان دەهێنایەوە بە نموونە لە هەموو بوارە زانستیەكاندا؛ پێموایە ئەگەر ئەو ئایەتانە كۆبكرێنەوە كە لێرە و لەوێ بە نموونە هێنراونەتەوە لە سەرچاوە و بابەتە جۆراوجۆرەكاندا ئەوا دەتوانین جارێكی تر قورئان كۆبكەینەوە بەبێ ئەوەی پەنا ببەین بۆ هیچ سەرچاوەیەكی تر.
وە ئیسلام سوودێكی تری وەرگرتووە لە گرنگیدانی موسوڵمانان بە بەدەستهێنانی زانستە ماددیەكان لەپێناوی خزمەتكردنی قورئاندا. ئەویش ئەوەیە لەكاتێكدا زانا ماددیەكان لە شوێنكەوتووانی ئایینەكانی تر زۆر ڕقیان دەبوویەوە لە كتێبە ئایینیەكانی خۆیان، زاناكانی ئەم زانستانە لە موسوڵمانان بەردەوام و بێ كۆڵدان دەستیان دەگرت بە قورئانەوە و هەمیشە خزمەتكاری بوون؛ چونكە بەتەواوەتی دەیانزانی كە قورئان دژی زانستی ڕاست و دروست نیە بەڵكو پشتگیری دەكات.
وە شتێكی تریش یارمەتی پاراستنی قورئانی پیرۆزی دا ئەویش ئەوە بوو دوای دابەزینی قورئان زمانی ڕەوانی عەرەبی وەستا لە گۆڕان و جێگۆڕكێ. هیچ زمانێك لە زمانەكان وەك 13 سەدە لەمەوپێش نەماوەتەوە جگە لە زمانی عەرەبی. بۆ نموونە زمانی ئینگلیزی، ئەو زمانەی گاسێر و شكسپیر كە تەنها 3 سەدە لەمەوپێش پێیان نووسیوە ئەمڕۆ پێویستی بە شەرح هەیە هەتا خوێنەر لێی تێبگات، چونكە لەم ماوە كەمەدا گۆڕانێكی زۆر هاتووە بەسەر زمانەكەدا. بەڵام خوێنەر پێویستی بە فەرهەنگ نیە بۆ تێگەیشتن لە زمانی قورئان مادام عەرەبی ڕەوان بزانێت.
سەرباری ئەم هۆكارە ڕواڵەتیانە بۆ پاراستنی دەقی قورئان تەگبیر و ڕێگاچارەیەكی تر هەیە كە فریشتەكان دەستیان تێدا نیە، خوا (عز وجل) ئەم ڕێگاچارەیەی گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی ماناكانی قورئان، ئەویش بریتیە لە ئیلهام و وەحی. ئەمەش چونكە فریشتەكان هۆكارێك نین بۆ ئیلهامی خوایی، بەڵكو ئەوە خوای گەورە خۆیەتی كە قسەدەكات لەگەڵ بەندەكانیدا، وە فریشتەكان تەنھا هۆكارێكن بۆ گەیاندنی ئەو ئیلهامە بە مرۆڤ، لەبەرئەوە خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿إِنَّا نَحْنُ نَزَّلْنَا الذِّكْرَ وَإِنَّا لَهُ لَحَافِظُونَ﴾، واتە لەداهاتوودا ئەم وەحیە دەپارێزین لەڕێگەی ئیلهامی نوێی خۆمانەوە ناوبەناو، ئەمەش بە ڕەوانەكردنی نوێكار و قەرمانپێكراوەكان كە وەحی دەكەین بۆیان.
لەڕاستیدا ئەو كتێبەی كە تەنها دەقەكەی پارێزراو بێت، بە بێ ئەوەی ماناكانی پارێزراو بن لە دەستكاری و ساختە، ناكرێت بە كتێبێكی پارێزراو لەقەڵەم بدرێت. گریمان “ڤیدا” كتێبی پیرۆزی هیندۆسەكان دەقەكەی پارێزراوە، بەڵام لە ڕاستیدا هەرگیز بە پارێزراو لەقەڵەم نادرێت بەتەواوەتی، چونكە ئەو زمانەی كە ئەم كتێبەی پێ دابەزیوە پارێزراو نەبووە، دواجار ماناكانی هەمووی جێگای گومانن. ئەگەر كەسێك مانای ڕاست و دروستی ئەم كتێبە نەخاتەڕوو لەڕێگەی ئیلهامی خواییەوە ئەوا كێ باوەڕدەكات مانایەكی ڕاست و دروست دەخاتەڕوو، یان كار بكات بەم كتێبە وەك خوا دەیەوێت. وە ئەستەمە ئەم خەوشە لاببرێت لەم كتێبانە مەگەر ناو بەناو خوا كەسانێك ڕەوانە بكات لەڕێگەی ئیلهامی خواوە مانای ڕاستی كتێبەكە بخەنەڕوو بۆ گەل و نەتەوە. وە ئەم جۆرە پاراستنە بەشێوەیەكی بەردەوام و هەمیشەیی نەڕەخساوە بۆ هیچ كتێبێك جگە لە قورئانی پیرۆز. بێگومان ڕەخساوە بۆ كتێبە پیرۆزەكانی تریش كاتێك زیندوو بوون، واتە بەكارهاتوون بۆ كارپێكردن، بەڵام ئێستا نەخێر. ئەمڕۆ تەنھا قورئانی پیرۆز ئەم جۆرە پاراستنەی بەدەستهێناوە. قورئان تاكە كتێبێكە كە بەردەوام لەناو شوێنكەوتووانیدا لە هەموو سەردەمێكدا كەسانێك هەبوون ڕایانگەیاندووە كە لەلایەن خواوە ڕاستەوخۆ وەحییان پێگەیشتووە، بەڵام ئەم سەردەمە كە بێ ئاگایی خەڵكی لە ئایین گەیشتووەتە ئەوپەڕی، خوای گەورە تێیدا كەسێكی ڕەوانەكرد كە هەستا بە پاككردنەوەی تەفسیری قورئان بەتەواوەتی لەهەموو زیادە و خەوشێك، وە جارێكی تر خستیەپێش چاوی جیهان بە شێوە ئەسڵیە بێ وێنەكەی، بەجۆرێك قورئان كە لە هەڵوێستێكی پەشیمانی و لێبوردندا بوو لەبەردەم زانستە هاوچەرخەكاندا جارێكی تر وەك هێرشبەرێكی پاڵەوان گەڕایەوە و فەلسەفە و ڕێبازەكان هەموویان لەبەری هەڵهاتن وەك هەڵهاتنی ئاسك لە شێر. كەواتە پاكی بۆ خوای پاشای بەدەسەڵات. ئەوەتا من -لەسایەی فەزڵی خوای گەورەوە، پاشان بەهۆی بەرەكەتی شوێنكەوتنم بۆ ئەم نێردراوە خواییە- تەحەددا دەكەم كە ئەگەر یەكێك لە لایەنگرانی زانستە ماددیەكان بەهەموو جۆرەكانیانەوە تانە بدات لە هەر حوكمێك لە حوكمەكانی قورئان ئەوا بە بەڵگەی بەهێز و قایلكەر و مەعقول دەمكوتی دەكەم، ئەگەرچی لەكەللـەڕەقیدا دان نەنێت بە شكستی خۆیدا لەبەردەم خەڵكیدا بەهۆی گوڕوتینی كاتی بۆ مشتومڕەكە. ماوەی چارەكە سەدەیەكە ئەمەم تاقیكردووەتەوە، بەجۆرێك -بەفەزڵ و یارمەتی خوا- لەو كاتەوەی چوومەتە ئەم گۆڕەپانەوە یەك جار ڕووینەداوە شكست بهێنم.
بەكورتی، خوای گەورە عەقڵی نەكردووە بە تاكە هۆكار بۆ پاراستنی ماناكانی قورئانی پیرۆز، و تەفسیرەكەی تەنھا بۆ مرۆڤ بەجێنەهێشتووە، بەڵكو بڕیاری داوە خۆی ڕاستەوخۆ ماناكانی وتەكەی خۆی ئاشكرا بكات لەڕێگەی وەحیەوە. ئەم شێوەیە ئەم بەروبوومە كە ناو بەناو دەدرێت بەو كەسانەی كاردەكەن بە قورئان بەڵگەیەكی درەوشاوەیە لەسەر ئەوەی قورئان پارێزراوە لە دەستكاری و تەحریف. ئەمەش چونكە ئەگەر دەرمان بەسوود بوو ئەوا بە دەرمانێكی سەركەوتوو لەقەڵەمی دەدەین ئەگینا شتێكی خراپە و هیچ سوودێكی نیە. كەواتە ئەم بەروبوومە نوێیە قورئانیە دووپاتی دەكاتەوە كە بەردەوام قورئان پارێزراوە لە تێكچوون و بەدڵنیاییەوە زیندووە. وە ئەم تایبەتمەندیە تەنھا تایبەتە بە قورئان لەناو سەرجەم كتێبە پیرۆزەكانی تردا.
وەك پێشتر باسمان كرد وشەی (الذكر) مانای ڕێز و ئامۆژگاریش دەگەیەنێت. وە قورئان ناونراوە بە (الذكر) چونكە ڕێز و تەقوا دەهێنێتەدی بۆ باوەڕداران. كەواتە فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿إِنَّا نَحْنُ نَزَّلْنَا الذِّكْرَ وَإِنَّا لَهُ لَحَافِظُونَ﴾ ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە ئەوە ئێمەین دەستەبەری هێنانەدی ئەم تایبتەمەندیانە دەكەین لە قورئاندا؛ چونكە ئەگەر ئەو تایبەتمەندیانە لەم وەحیەدا دەرنەكەون ئەوا ئەو فێركاریانەی تێیدایە هەموو بەفیڕۆدەچن، بەڵام ئێمە هەرگیز ناهێڵین بەم شێوەیە بەفیڕۆ بچێت.
هەروەها ئایەتەكە پێشبینیەكی تێدایە دەربارەی لەناوچوونی كافران و سەركەوتنی باوەڕداران. دیارە قورئانی پیرۆز كۆمەڵێك حوكمی تێدایە سەبارەت بە هەموو بوارەكانی ژیان لەوانە سیاسەت و ئابووری و كۆمەڵایەتی، وە ئەو وەحیەی كە یاسا و تەشریعی نوێ لەخۆدەگرێت جوانی حوكمە كردەییەكانی نادرەوشێنەوە و دەرناكەون ئەگەر لەسەرەتاوە حكومەتێكی لەگەڵدا نەبێت. لەبەرئەوە پێویست بوو ئوممەتێكی خاوەن دەسەڵات هەبێت پارێزگاری بكات لەم (الذكر)ە، وە چارنەبوو جگە لە لەناوبردنی حكومەتە عەرەبیەكە بۆ دامەزراندنی حكومەتێكی نوێ.
هەندێ كەس پێیان وایە دروستبوونی حكومەتی ئیسلامی یەكێك بووە لە ڕێكەوتەكان. ئەمە هەڵەیە، چونكە سەرنجدان لەو هەلومەرجەی لەو كاتەدا باڵادەست بووە بەتەواوەتی ئەم بۆچوونە ڕەت دەكاتەوە، پاشان دوای زانینی ئەم پێشبینیە ئەستەمە مرۆڤێك كەمێك عەقڵ لەمێشكیدا بێت دروستبوونی ئەم حكومەتە بە ڕێكەوت لەقەڵەم بدات.
قورئانی پیرۆز تەنها ڕاینەگەیاند حكومەتی عەرەبی نامێنێت و لەشوێنەكەیدا حكومەتی موسوڵمانان دادەمەزرێت، بەڵكو ڕایگەیاند كە دەسەڵات دەگوازرێتەوە بۆ كۆمەڵێك ئەمە سیفەتەكانیانە:
یەكەم: تەقوا و ترسان لەخوایان هەیە.
دووەم: ڕێزێكی گەورە بەدەست دەهێنن تەنانەت جیهان دانی پێدا دەنێت.
گومانی تێدا نیە دیاردەی نەمانی حكومەتێك و هاتنی حكومەتێكی تر هەمیشە دیاردەیەكی بەردەوامە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا ئەو سیفەتانەی باسكران لەسەرەوە لە هەموو حكومەتێكی نوێدا هەن؟ بەڵام بڕوانن چۆن حكومەتی عەرەبی نەما بەگوێرەی ئەم پێشبینیە و حكومەتێك جێگای گرتەوە بەتەواوەتی ئەم سیفەتانەی تێدایە، تەنانەت خراپترین دوژمنی ئیسلام كە تانەیان لێ دەدا و جنێویان دەدا بە پێغەمبەرەكەی (ﷺ) دەیانبینی كاتێك باسی ئەبو بەكر و عومەر (خوا لێیان ڕازی بێت) دەكەن، سەریان نەوی دەكەن وەك شكۆ و ڕێزێك بۆیان و دانپێدانانیان بە زیرەكی و تێگەیشتن و سیستەم و ڕێكخستن و چاكەخوازی و تەقوا و قوربانیدان و لەخۆبوردووییان.
دەی ئایا دروستبوونی حكومەتێكی وەها ڕێكەوت بوو بەتایبەتی پاش ئەوەی قورئان پێشبینی دروستبوونی كردبوو؟ هەڵبەت خوا (عز وجل) ماوەیەكی زۆر پێش دامەزراندنی ئەم جۆرە دەوڵەتە بە ئاشكرا بە كافرەكانی فەرموو ﴿لَقَدْ أَنْزَلْنَا إِلَيْكُمْ كِتَابًا فِيهِ ذِكْرُكُمْ﴾ (الأنبیاء: 11) واتە لەم قورئانەدا ئەو شتە هەیە كە ڕێز و شكۆی ئایینی و ماددی دێنێتەدی بۆتان، كەواتە بۆچی دژایەتی دەكەن؟ وە بۆ دەرخستنی خودی ئەم سیفەتە قورئانیە هەندێ جار ئەم وەحیە بە (الذكر) ناونراوە، وە لێرەدا و لەم ئایەتەیشدا كە ئێمە تەفسیری دەكەین ئاماژەكراوە بۆ هەمان بابەت بەجۆرێك گوتراوە: ئەی كافرەكان ئێوە چیتانە بۆ وا دەكەن، گاڵتە بە پێغەمبەرەكەم دەكەن و دەڵێن: ئەی ئەو كەسەی ئەم وتە مەزنە دابەزیوەتە سەرت كە مایەی شكۆ و ڕێزە بۆ ئەو كەسانەی باوەڕیان پێی هەیە، تۆ كەسێكی شێتی. دەی بزانن ئێمە خۆمان ئەم وتەیەمان دابەزاندووەتە سەری، وە بەدڵنیاییەوە ئەم بەڵێنی شكۆ و ڕێزە دەهێنینەدی بۆ ئەو و بۆ شوێنكەوتووانی، چونكە ئەم وەحیە وەحیەكی شەرعیە، واتە یاسا و حوكمی نوێی تێدایە كە لەسەرەتاوە كاری پێناكرێت ئەگەر ئەوانەی باوەڕیان پێی هەیە دەسەڵات نەڕەخسێت بۆیان و پێشكەوتنی ماددی بەدەستنەهێنن لەگەڵ پێشكەوتنە ڕۆحیەكەیاندا، بەڵام بەبێ ئەوە هەرگیز ئەم وتەیە جێبەجێ نابێت و بەپارێزراوی نامێنێتەوە؛ بۆیە دەبێت ئەم سیستەمەی ئێستا لەناوبچێت و سیستەمێكی تر دابمەزرێت كە تێیدا موسوڵمانان بتوانن كار بكەن بە فێركاریەكانی قورئان و دواجار ئەو شكۆ و تەقوایە بەدەستبهێنن كە بەڵێنیان پێ دراوە. وە ئەم مانایە زیاتر ڕوون دەبێتەوە ئەگەر وردبووینەوە لەم ئایەتە لەبەر ڕۆشنایی ئەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا پێش چەند ئایەتێك: ﴿وَمَا أَهْلَكْنَا مِنْ قَرْيَةٍ إِلَّا وَلَهَا كِتَابٌ مَعْلُومٌ﴾ (ئایەتی: 5).
بابەتێك هەیە دەبێت لێرەدا ڕوون بكرێتەوە. كەمێك لەمەوپێش ڕوونمكردەوە كە بەڵێنی خوا بە پاراستنی وەحی بەڵێنێكی گشتیە و وەحی هەموو پێغەمبەران دەگرێتەوە، وە ئایەتەكەی دواتریش پشتگیری ئەم ڕاستیە دەكات. پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە: ئەگەر ئەمە ڕاستە ئەوا ئایا وەحی پێغەمبەرانی پێشوویش هەتاهەتایە بە پارێزراوی دەمێنێتەوە؟ بۆچی نەڵێین لە كاتێك لە كاتەكاندا قورئانیش تووشی تەحریف و تێكچوون دەبێت وەك چۆن وەحی پێغەمبەرانی پێشوو وەهایان لێهات؟
وەڵامی بەشی یەكەمی پرسیارەكە لە وشەكانی خودی ئەم ئایەتەدایە بەجۆرێك خوای گەورە نەیفەرمووە پارێزگاری لە “قورئان” یان لە “كتێب” دەكەم، بەڵكو بەڵێنی داوە ﴿الذكر﴾ بپارێزێت. وە ئەم وشەیە بازنەی ئەو شتەی تەسك كردووەتەوە كە دەپارێزرێت، بەجۆرێك ڕوونی كردووتەوە كە خوای گەورە وەحیەكە دەپارێزێت هەتا “ذكر” بێت.. واتە (یەكەم): وەحیەكە پەیوەندی نێوان بەندە و پەروەردگارەكەی پتەو بكات و بەندە بگەیەنێتە پلەیەكی ڕۆحی بەجۆرێك مەست بێت بە یادی خوای گەورە؛ (دووەم): وە بەندە بگەیەنێتە پلەیەكی ڕۆحی بەجۆرێك خوای گەورەیش یادی ئەو بكاتەوە.. واتە هەمیشە ڕێزداری بكات بە وەحی خۆی و پشتگیری بكات و یارمەتی بدات. كەواتە ئەو وەحیەی هەتا ئەم سیفەتانەی هەڵگرتبێت خوا (عز وجل) دەیپارێزێت، ئەگینا وازدەهێنێت لە پاراستنی. ئاشكرایە هەر وەحیەك ئەم سیفەتانەی تێدا دەمێنێتەوە هەتا لای خوای گەورە بەكاربێت بۆ كارپێكردن، وە كاتێك خوا (عز وجل) وەها لە قەڵەمی دا كە بەكارنایەت بۆ پڕكردنەوەی پێویستیە نوێیەكانی سەردەم ئیتر وازدەهێنێت لە پاراستنی، بۆ ئەوەی وەحیەكی تر جێگەی بگرێتەوە كە گونجاو بێت بۆ سەردەمەكە و ئەو پێویستیانەی پڕ بكاتەوە كە وەحیەكەی پێشوو نەیتوانیوە پڕیان بكاتەوە. كاتێك هەر وەحیەك وایلێهات نەتوانێت ئەو پێویستیانە پڕ بكاتەوە كە خوا لەپێناویاندا دایبەزاندووە ئیتر هیچ هۆكارێك نامێنێتەوە بۆ پاراستنی، وە كاتێك پاراستنی خوایی لەسەری هەڵگیرا ئینجا بەدكاران دەرفەتیان بۆ هەڵدەكەوێت بۆ ئەوەی تەحریفی بكەن و تێكی بدەن.
پوختەی قسە، ئەگەر وەحی پێغەمبەرانی پێشوو تێكچووە و تووشی تەحریف بووە و دەستكاری كراوە ئەوا ئەمە مایەی ڕەخنەگرتن نیە، سەرەڕای بەڵێنی خوا بە پاراستنی وەحی هەر پێغەمبەرێك؛ چونكە قورئانی پیرۆز بە وشەی (الذكر) ڕوونی كردووەتەوە كە وەحیەكەی ئەوان هەتا (ذكر) بوو خوای گەورە پاراستی، بەڵام كاتێك بە (ذكر) نەمایەوە بەڵێنی پاراستنی داماڵرا لێی. وە ئەوەی كە وەحیەكەیان بە (ذكر) نەماوەتەوە شتێكی ڕوون و ئاشكرایە، هەركەسێك لە ئێمە دەتوانێت بەلایەنی كەمەوە لەم سەردەمەدا ئەوە تاقیبكاتەوە، بەجۆرێك لەناو سەرجەم ئایینەكاندا جگە لە ئیسلام هیچ ئایینێك نیە بانگەشەی ئەوە بكات لەناو شوێنكەوتووانیدا كەسێك هەیە كە بكرێت بە بەڵگەیەكی كردەیی دابنرێت لەسەر ئەوەی كتێبەكەی (ذكر)ە.. مەبەستم ئەوەیە كەسێكیان تێدا نیە ڕایبگەیەنێت دەتوانێت بەكاركردن بە كتێبی ئایینەكەی نزیك بێتەوە لە خوای گەورە بەجۆرێك خوای گەورە یادی بكاتەوە.. واتە شكۆداری بكات بە وتە و ئاخاوتنی خۆی و لەپێناوی ئەو كەسەدا موعجیزەكانی توانای خۆی پیشان بدات. كەواتە مادام ئەو كتێبانە لە ڕووی كردەییەوە ئەو تایبەتمەندیەیان لەدەستداوە كە (ذكر) بن بۆیە ئیتر پێویست ناكات بپارێزرێن، وە هۆكارێك نیە بۆ بوونی بەربەستێكی ئاسمانی كە نەهێڵێت دەستی تەحریفچیەكان پێیان بگات.
بەشی دووەمی پرسیارەكە ئەوەیە: چۆن باوەڕ بكەین وەحی قورئان بۆ هەتاهەتایە بە پارێزراوی دەمێنێتەوە؟ بۆچی نەڵێین ئەویش ڕۆژێك لە ڕۆژان تووشی تەحریف و دەستكاریكردن دەبێت، وەك چۆن وەحی پێغەمبەرانی پێشوو وایان لێهات؟ وەڵام: بێگومان قورئان هەتا ئەمڕۆ سیفەتی (الذكر)ی هەیە، چونكە لەمڕۆشدا مرۆڤ دەتوانێت بە كاركردن بە فێركاریەكانی قورئانی پیرۆز بگات بە پەروەردگاری خۆی (عز وجل). كەواتە بەوپێیەی بەردەوام قورئان ئەو پێویستیانە پڕدەكاتەوە كە لەپێناویاندا دابەزیوە بۆیە لە بازنەی پاراستنی خوایی دەرنەچووە، بۆیە هیچ كەسێك ناتوانێت تەحریفی بكات و بیشێوێنێت.
بەڵام ئەم پرسیارە: چۆن دڵنیابین كە بەردەوام ئەم سیفەتەی دەبێت لە داهاتوویشدا؟ وەڵام: یەكەم: هەتا ئەمڕۆ هیچ گۆڕان و تەحریفێك ڕووی نەداوە لە قورئاندا. دووەم: كۆمەڵێك پێشبینی هەن لە قورئاندا ڕایدەگەیەنن كە هەركاتێك موسوڵمانان بێ ئاگابوون لە كاركردن پێی خوای گەورە لەناویاندا كەسێك ڕەوانە دەكات جارێكی تر دەیانگێڕێتەوە بۆ لای قورئان. كەواتە ئەم بەڵێنە وەهامان لێ دەكات دڵنیابین بۆ هەتاهەتایە پێویستیەكانی هەموو سەردەمێك پڕدەكاتەوە، وە هەرگیز نەسخ نابێتەوە، دواجار هەمیشە خوا دەیپارێزێت؛ چونكە هیچ كەسێكی ژیر و دانا ڕێگە نادات بە تیاچوونی شتێك سوودی پێ بگەیەنێت، وە خوای گەورە و پاك و بێگەرد لە هەموو دانایەك داناترە.
وَلَقَدۡ أَرۡسَلۡنَا مِن قَبۡلِكَ فِي شِيَعِ ٱلۡأَوَّلِينَ 11
شیكردنەوەی وشەكان:
شیع: كۆی وشەی (شیعة)یە. شیعة الرجل: شوێنكەوتە و یارمەتیدەرانی پیاوەكە (الأقرب). فەڕڕاء گوتوویەتی (شیع الأولین) شتێك دراوەتەپاڵ سیفەتەكەی. (البحر المحیط)
تەفسیر: لێرەدا خوای گەورە هەموو كۆمەڵێك لە خەڵكی ناوناوە (شیعة)، ئەمەش بەدرۆخستنەوەی ئەو كەسانەیە كە دەڵێن ئێمە ئازادین، وە سەر بە هیچ گروپێك نین. لەڕاستیدا ئازاد نین، هەروەك خۆشیان بە ئازاد نازانن، بەڵام ئەم قسەیە دەكەن وەك فێڵێك هەتا بەردەوام بن لە تانەدان لە كەسانی تر بەبێ ئەوەی كەس ڕەخنەیان لێ بگرێت. بۆیە خوای گەورە لێرەدا ڕایدەگەیەنێت ئەم بانگەشەیە بەتەواوەتی پووچە. هیچ كەسێك ئازاد نیە، بەڵكو دەبێت هەموو مرۆڤێك شوێن كەسێك بكەوێت یان سەر بە گروپێك بێت، چ لەسەر ئاستی ئایین بێت یان دابونەریت یاخود فەلسەفە. ئەمەش چونكە مرۆڤ ڕووبەڕووی زۆر شت دەبێتەوە بەجۆرێك ئەستەمە بەشوێن بنج و بناوانی هەر یەكەیاندا بگەڕێت، بۆیە دەبێت تاڕادەیەك قەناعەت بكات بە بیروباوەڕی ئەو كەسانەی كە گومانی باشیان پێ دەبات. زانایانی دەروونزانی دەڵێن لاساییكردنەوە دیارترین سیفەتە لە دروونی مرۆییدا، خوای گەورە جەخت لەمە دەكاتەوە بەم فەرمایشتەی خۆی ﴿وَلَقَدۡ أَرۡسَلۡنَا مِن قَبۡلِكَ فِي شِيَعِ ٱلۡأَوَّلِينَ﴾.. واتە پێش تۆ لەناو هەموو كۆمەڵە مرۆییەكاندا كە لەبەر هۆكارێك لە هۆكارەكان یەكیانگرتووە پێغەمبەرانمان ناردووە.
وە پەیوەندی ئەم ئایەتە بە ئایەتەكەی پێش خۆیەوە ئەوەیە كە خوای گەورە لێرەدا ڕوونی كردووەتەوە پێغەمبەرانی ناردووە لەناو خەڵكانی ڕابردوودا، وە پارێزگاریشی كردووە لە فێركاریەكانیان، بەهەمان شێوە فێركاری ئەم پێغەمبەرەیش دەپارێزێت. هەڵبەت ئەم پاراستنە بۆ دەق و مانا دەبێت، وە لەسەردەمی پێغەمبەرانی خاوەن تەشریعدا بە ئەنجام دەگات -سەرەڕای هۆكارەكانی تر بەجۆرێك لەسەردەمەكەیاندا خوا دەسەڵات و حوكم دەدات بە شوێنكەوتووانیان، ئەوانیش مانای ڕاستەقینەی شەریعەتەكانیان دەخەنەڕوو لەڕێگەی پیادەكردنی ئەو شەریعەتانە لەلایەن خۆیانەوە. بەڵام پێغەمبەرانی ناتەشریعی خوای گەورە سەركەوتن خەڵات دەكات بە شوێنكەوتووانی ئەوانیش بۆ ئەوەی بەروبوومی كردەیی فێركاریەكانیان ببینێت، بەڵام پێویست نیە دەستبەجی دەسەڵات و حكوم بەدەستبهێنن.
سەیرە، نەیارانی پێغەمبەران هەمیشە ڕەتیدەكەنەوە كار بكەن بەم شێوازە ئاسانە كە بەدڵنیاییەوە یارمەتیان دەدات بۆ ناسینەوەی ڕاستی بەشێوەیەكی یەقینی و بێ گومان، شێوازەكەیش ئەوەیە كە بانگەشەی بانگەشەكارەكە بەراورد بكەن بە بەرنامەی پێغەمبەرایەتی، واتە بەراوردی بكەن بە بارودۆخی پێغەمبەرانی پێشوو. ئەگەر بانگەشەكەیان بەم شێوازە بەراورد كرد ئەوا دەستبەجێ بۆیان دەردەكەوێت ڕاستگۆیە یان درۆزن. بەڵام بەداخەوە هەمیشە پشت لەم شێوازە دەكەن، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە بەشوێن ڕاستیدا ناگەڕێن، بەڵكو دەیانەوێت شتەكان تێكەڵاو بكەن بۆ ئەوەی هەڵبێن لە قەبوڵكردنی ڕاستی.
وَمَا يَأۡتِيهِم مِّن رَّسُولٍ إِلَّا كَانُواْ بِهِۦ يَسۡتَهۡزِءُونَ 12
تەفسیر: استهزاء واتە پێكەنین بە كەسێك بەهیوای بەسووك سەیركردنی.
وە ئەم ئایەتە پەیوەندی هەیە بەم قسەیەیانەوە كە بەگاڵتەوە گوتوویانە ﴿يَٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِي نُزِّلَ عَلَيۡهِ ٱلذِّكۡرُ﴾ بەجۆرێك لێرەدا خوای گەورە هۆشداری دەدات بە كافرەكان كە گاڵەتەكردنیان بەم پێغەمبەرە شتێكی تازەداهێنراو نیە، بەڵكو ئەو پێغەمبەرانەی كە ئەمان باوەڕیان پێیان هەیە ئەوانیش لەلایەن گەلەكانیانەوە گاڵەتیان پێ كراوە.
هەروەك خوای گەورە لێرەدا ڕایگەیاندووە كە بەڵێنی داوە بە هەموو پێغەمبەرێك كە وەحی و فێركاریەكەی بپاریزێت، ئەمەش كافرەكان تووشی سەرسوڕمان دەكات بەجۆرێك دەڵێن: چۆن دەكرێت فێركاریەكەی بمێنێتەوە سەرەڕای دژایەتیكردنی ئێمە بۆ ئەو فێركاریە؟
لەڕاستیدا زۆر سەیرە هیچ پێغەمبەرێك نەبووە مەگەر گاڵتەی پێ كراوە، لەگەڵ ئەوەدا هەركاتێك پێغەمبەرێكی نوێ ڕەوانەدەكرێت خەڵكی دەڵێن: بۆچی ئەم كەسە گەورەیی و هێزی بەشێوەیەكی نائاسایی پێ نەدرا. ئەگەر پێغەمبەرانی پێشوو بە گەورەیی و هێزەوە ڕەوانەكرابان ئەوا چۆن خەڵكی دەیتوانی گاڵتەیان پێ بكات؟
كَذَٰلِكَ نَسۡلُكُهُۥ فِي قُلُوبِ ٱلۡمُجۡرِمِينَ 13
شیكردنەوەی وشەكان:
نسلكه: سلك المكان سلكا وسلوكا: چووەناو ئەو شوێنەوە. سلك الطریق واتە چووە سەر ڕێگاكە و ڕۆیشت بەسەریدا و ڕێگاكەی گرتەبەر، ئەو كەسە بریتیە لە ڕێبوار. سلك الشيء في الشيء: شتەكەی خستەناو شتەكەی ترەوە وەك چۆن دەست دەخرێتە گیرفانەوە و دەزوو دەكرێت بە دەرزیدا، وە لە قورئاندا هاتووە: ﴿كَذَٰلِكَ سَلَكۡنَٰهُ فِي قُلُوبِ ٱلۡمُجۡرِمِينَ﴾. سلك فلانا المكان: كرديە ناویەوە. (الأقرب)
المجرمین: جرم یجرم جرما: بڕی، جرم النخل جرما: خورماكەی ڕنی. جرم زید: زەید تاوانی كرد. جرم علی قومه وإلیهم: جنی جنایة. جرم لأهله: تاوانی كرد لەپێناوی خێزانەكەیدا، لە قورئاندا هاتووە: ﴿وَلَا يَجۡرِمَنَّكُمۡ شَنََٔانُ قَوۡمٍ أَن صَدُّوكُمۡ عَنِ ٱلۡمَسۡجِدِ ٱلۡحَرَامِ أَن تَعۡتَدُواْۘ﴾ واتە لا یكسبنكم، هەروەها تەفسیركراوە بە: لایحملنكم. أجرم: تاوانی كرد؛ تاوانەكەی گەورە بوو. أجرم علیھم: تاوانی كرد. (الأقرب)
لە هەموو ئەم نموونانەوە دەردەكەوێت كە مانای ئەسڵی جرم بریتیە لە بڕین. و بەوپێیەی تاوان پەیوەندی مرۆڤ دەپچڕێنێت لەگەڵ خوای گەورەدا و لەگەڵ خەڵكیدا، بۆیە لە شەریعەتی ئیسلامیدا پێی دەوترێت (جرم). وە تاوان تەنھا ئەوەیە كە پەیوەندی ئەنجامدەرەكەی دەپچڕێنێت لەگەڵ خوا و لەگەڵ خەڵكانی تردا. كەواتە (مجرم) ئەو كەسەیە پەیوەندی پچڕاوە لەگەڵ خوا و خەڵكیدا.
تەفسیر: ڕاجیایی هەیە لەنێوان موفەسیرەكاندا لە دیاریكردنی ئەوەی كە ڕاناوی كەسی سێیەم لە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿نَسۡلُكُهُۥ﴾دا دەگەڕێتەوە بۆ چی؛ هەندێكیان دەیگێڕنەوە بۆ باوەڕنەهێنانیان كە لە ئایەتەكەی دواتردا باسكراوە، لەكاتێكدا هەندێكی تر گوتوویانە دەگەڕێتەوە بۆ نەریتی گاڵتەپێكردنەكە (مجمع البیان). پێموایە ڕای دووەم پێكاویەتی و دروستە.
وە بەفەرمایشتی ﴿كَذَٰلِكَ نَسۡلُكُهُۥ فِي قُلُوبِ ٱلۡمُجۡرِمِينَ﴾ خوای گەورە هۆشداری داوە كە مرۆڤ كاتێك تاوانێك دەكات وردە وردە بێزاری و ڕقی كەم دەبێتەوە بەرامبەر تاوان، وە حەزی زیاتر دەبێت بۆ ئەنجامدانی تاوان هەتا وای لێدێت دڵی شەیدای تاوان دەبێت.
ئەم ئایەتە دووپاتی دەكاتەوە كە خوای گەورە هیچ كەسێك ناچار ناكات بۆ كردنی تاوان، بەڵكو كارێك دەكات تاوانەكەی ئەنجامی سروشتی لێ بكەوێتەوە، وە خوا بەرپرس نیە لە تاوان بەڵكو تاوانكار خۆی بەرپرسە.
لَا يُؤۡمِنُونَ بِهِۦ وَقَدۡ خَلَتۡ سُنَّةُ ٱلۡأَوَّلِينَ 14
شیكردنەوەی وشەكان:
سنة: السنة: ژیاننامە؛ ڕێباز، خوڕەوشت (الأقرب).
تەفسیر: واتە نەریتی گاڵتەكردن دەبێتە هۆی دڵڕەقبوون، دواجار گاڵتەكەرەكە بێ بەش دەبێت لە باوەڕهێنان سەرەڕای بینینی نیشانەی ڕوون و زانینی بەڵگەی گومانبڕ. ئەمە ڕوویدا لە ئوممەتەكانی پێشوودا، وە لەگەڵ ئەمانیشدا ڕوودەدات. كێ لەڕێگەی گاڵتەكردنەوە هیدایەتی وەرگرتووە هەتا ئەم گاڵتەكەرانە هیدایەت وەرگرن؟
وَلَوۡ فَتَحۡنَا عَلَيۡهِم بَابٗا مِّنَ ٱلسَّمَآءِ فَظَلُّواْ فِيهِ يَعۡرُجُونَ 15 لَقَالُوٓاْ إِنَّمَا سُكِّرَتۡ أَبۡصَٰرُنَا بَلۡ نَحۡنُ قَوۡمٞ مَّسۡحُورُونَ 16
شیكردنەوەی وشەكان:
یعرجون: عرج الرجل في الدرجة السلم یعرج عروجا: پیاوەكە سەركەوت بە پەیژەكەدا. عرج به: بڵندی كردەوە (الأفرب)
سكرت: سكر الإناء یسكر سكرا: دەفرەكە پڕ بوو. سكرت الریح: بایەكە هێور بوویەوە پاش هەڵكردن. سكرت عینه: چاوی بەسترا. سكر الباب: دەرگاكەی داخست. سكرت أبصارنا واتە واقمانوڕما و چاومان بەسترا (الأقرب).
أبصارنا: البصر: هەستەوەری بینین؛ چاو؛ زانین (الأقرب).
مسحورون: سحره یسحر سحرا: جادووی لێ كرد و خەڵەتاندی. سحر عنه: لێی دووركەوتەوە. سحر فلان عن الأمر: فڵان كەس پشتی كردە شتەكە. سحره بكلامه وألفظه: بە قسە و وشەكانی ڕامی كرد و هۆشی لێ سەند. سحر المطر الطین والتراب سحرا: بارانەكە قوڕ و خۆڵەكەی خراپ كرد بەكارنایەت. المسحور واتە خۆراكی خراپ و شوێنی خراپ بەهۆی بارانی زۆرەوە یان بەهۆی كەمی گژوگیاوە (الأقرب).
تەفسیر: هەڵبەت پێشتر كافرەكان داوایان كرد: ﴿لَّوۡ مَا تَأۡتِينَا بِٱلۡمَلَٰٓئِكَةِ إِن كُنتَ مِنَ ٱلصَّٰدِقِينَ﴾.. واتە ئەگەر موحەممەد (ﷺ) شێت نیە و ڕاست دەكات و ئەگەر دابەزینی فریشتەكان خەیاڵ نیە.. ئەوا با بیانبینن كە دادەبەزنە سەری. خوای گەورە وەڵامی دانەوە و فەرمووی: یەكەم: بێگومان فریشتەكان دادەبەزنە سەر مرۆڤ بەگوێرەی شایستەبوون بە ڕەحمەت یان سزا، وە مادام ئێوە سزاتان لەسەر پێویست بووە بۆیە تەنھا فریشتەی سزا دادەبەزنە سەرتان كە لەناوتان دەبەن؛ ئیتر چۆن سوودمەند دەبن لەدابەزینیان پاش لەناوچوون. (دووەم) ئەگەر سەرتان سوڕدەمێنێت لە دابەزینی فریشتە بۆ سەری، دەی بزانن ئێمە خۆمان دێین بۆ پاراستنی ئەو وەحیەی دابەزیوەتە سەری، چونكە ئێمەین كە دامانبەزاندووەتە سەری، وە ئێمە یەكەم بەرپرسین لە پاراستنی. وە مادام هەستاوین بەو ئەركە لە سەردەمی پێغەمبەرانی پێشوودا ئەوا ئێستا چ شتێك ڕێگریمان لێ دەكات لە ئەنجامدانی ئەم ئەركە. (سێیەم): گاڵتەكردنەكەتان شتێكی سەیر و نامۆ نیە، چونكە بەردەوام نەیارانی هەموو پێغەمبەرانی پێشوو گاڵتەیان كردووە بە پێغەمبەران، تەنانەت گاڵتەكردن وەكو خۆراكی لێهات بۆیان چێژیان لێ وەردەگرت لەكاتێكدا بێ ئاگابوون، هەتا بێ بەش بوون لە باوەڕهێنان. ئەمە ئەو سەرەنجامەیە كە چاوەڕوانی ئێوەیش دەكات.
وە لێرەدا خوا (عز وجل) وەڵامی ئەم ڕەخنەگرانە دەداتەوە بە شێوازێكی تر و دەفەرموێت: ئایا باوەڕتان وایە هەموو مرۆڤێك توانای هەبێت تێبگات لە هەموو شتێك؟ نەخێر، بەڵكو ئەگەر شتێك گونجاو نەبێت لەگەڵ سروشتی مرۆڤدا و لە ئاستی تواناكانیدا نەبێت ئەوا هەرگیز ناتوانێت لێی تێبگات. و دوورییەكی زۆر هەیە لەنێوان ئێوە و زانستی خوایی ڕۆحیدا بەجۆرێك ئەگەر ئەو درەوشانەوە و دیمەنانەتان پیشان بدرێت كە پیشانی موحەممەد دەدرێت، وە تەنانەت بەرزبكرێنەوە بۆ پلە ڕۆحیە هەرە باڵاكان.. هەرگیز باوەڕ ناكەن پێیان، بەڵكو دەڵێن: ئەمە تەنھا جادوویەكە و چاوبەستمان لێكراوە، بۆیە ئەم دیمەنە سەیر و سەمەرانە دەبینین. بە ڕەچاوكردنی ئەم مانایە كردنەوەی دەرگایەك لە ئاسمانەوە لێرەدا واتە: كەشفی ڕۆحانی، لەكاتێكدا سەركەوتن بە ئاسمانەكاندا واتە: ئاگاداربوون لە هەندێ پلەی ڕۆحی.
ئەگەر بوترێت: چۆن دەكرێت كەسێك دەرگایەكی لە ئاسمان بۆ بكرێتەوە بێ بەش بێت لە باوەڕهێنان؟ وەڵام: فەرمایشتی خوای گەورە ﴿بَابٗا مِّنَ ٱلسَّمَآءِ﴾ ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە ئەم جۆرە كەسە بەشێوەیەكی تەواو زانستی ئاسمانی پێ نادرێت، وە ڕێگاكانی زانیاری تەواوەتی بۆ ئاشكرا ناكرێت، بەڵكو -بەهۆی نكوڵیكردنەكەیەوە- شتێك لەوانە دەخرێتە پێش چاوی تەنھا وەك نموونەیەك؛ وە ئاشكرایە مرۆڤ تەنھا لە نموونە سوودمەند نابێت ئەگەر لەدڵیدا حەزێكی ڕاستەقینە نەبێت بۆ سوودوەرگرتن لێی. بۆیە ئەو شتەی ئەو خۆبەزلزانانە دەیبینن تەنھا بەڵگە دەچەسپێنێت لەسەریان، وە هەرگیز نابێتە هۆی باوەڕهێنانیان.
ڕاستیەكی چەسپاوە كە زۆرێك لەوانەی دژایەتی پێغەمبەران دەكەن مەرج دادەنێن بۆ باوەڕهێنیان كە بریتیە لە بینینی نیشانەیەك لە نیشانەكان وەك كەشف یان ئیلهام و شتی تر، بەڵام كاتێك نیشانەكە دەبینن بە بیانووی جۆراوجۆر خۆیان دەدزنەوە لە باوەڕهێنان. جارێك بە هەڵە لێكدانەوەی بۆ دەكەن، جارێكی تر دەڵێن: كەشف و ئیلهام چ نرخێكیان هەیە، ئەوانە تەنھا خەیاڵن! بەم شێوەیە سوود وەرناگرن لە نیشانەكان. ئەمەش تەنھا لەبەر ئەوەی دڵیان خاڵیە لە ترسی خوای گەورە. ئەم ئایەتەی كە ئێمە خەریكین تەفسیری دەكەین ئاماژە بۆ ئەم دۆخە دەروونیە خراپە دەكات و هۆشداری دەدات كە بۆ باوەڕهێنان دەبێت چاكسازی بكرێت لە دڵدا و نیازێكی ڕاست هەبێت؛ چونكە تەنھا ئەو كەسەی كە دڵی ئاوەدانە بە ترسی خوا یارمەتی دەدرێت بۆ باوەڕهێنان، بەڵام بەبێ ئەوە پەنا دەبات بۆ جۆرەها بیانووی لاواز بۆ فریودانی خۆی و بێ بەش دەبێت لە باوەڕهێنان ئەگەرچی هەزارەها فریشتەیش ببینێت.
دەكرێت مانای ئایەتەكە ئەوە بێت كە كاتێك سزا دادەبەزێتە سەریان ترس دروست دەبێت تێیاندا و دەڵێن: ئەگەر سزاكە لاچوو لەسەرمان باوەڕدەهێنین، وە كاتێك سزاكە نامێنێت لەسەریان دەگەڕێنەوە بۆ خووڕەوشتی پێشوویان؛ هەورەك چۆن فیرعەون ئەو كارەی كرد بەگوێرەی ڕاگەیاندنی قورئانی پیرۆز. وە بەڕەچاوكردنی ئەم مانایە مەبەست لەم فەرمایشتەی خوای گەورە: ﴿وَلَوۡ فَتَحۡنَا عَلَيۡهِم بَابٗا مِّنَ ٱلسَّمَآءِ﴾ بریتیە لە دەرگای ڕەحمەت و هەڵگرتنی سزا و دواخستنی، وە فەرمایشتی ﴿فَظَلُّواْ فِيهِ يَعۡرُجُونَ﴾ مانای ئەوە دەبێت جارێكی تر هەوڵی خۆیان بەگەڕ دەخەن بۆ دەستكەوتنی خۆشی و ڕابواردنی ماددی بەتەنھا. ئەم فەرمایشتەی پێشووی خوای گەورە: ﴿وَمَا كَانُوٓاْ إِذٗا مُّنظَرِينَ﴾ (ئایەتی: 9) كە باسی سزا دەكات پشتگیری ئەم مانایە دەكات. كەواتە مەبەست لەو ئایەتەی كە ئێمە تەفسیری دەكەین ئەوەیە بەڕادەیەك دڵتان ڕەق بووە و بووە بە بەرد كە كاتی تووشبوون بە سزا پەشیمان دەبنەوە، بەڵام كاتێك سزاكە لەسەرتان نامێنێت جارێكی تر دەگەڕێنەوە بۆ كوفر و نكوڵیكردن.
وَلَقَدۡ جَعَلۡنَا فِي ٱلسَّمَآءِ بُرُوجٗا وَزَيَّنَّٰهَا لِلنَّٰظِرِينَ 17 وَحَفِظۡنَٰهَا مِن كُلِّ شَيۡطَٰنٖ رَّجِيمٍ 18 إِلَّا مَنِ ٱسۡتَرَقَ ٱلسَّمۡعَ فَأَتۡبَعَهُۥ شِهَابٞ مُّبِينٞ 19
شیكردنەوەی وشەكان:
استرق: افتعال من سرقه ومنه الشيء: بە پەنهانی و بەوریاییەوە شتەكەی برد. السرقە: بردنی شتێك بە پەنهانی و بە فێڵ. استرق السمع: بەدزیەوە گوێگرتن. استرق الكاتب بعض المحاسبة: نووسەرەكە هەندێ لە حسابەكەی دەرنەخست. (الأقرب)
السمع: سمع الصوت یسمع سمعا: بە هەستەوەری گوێچكە دەنگەكەی بیست: هەستەوەری بیستن (گوێچكە)؛ هەر شێك بچێت بە گوێچەكە و ببیسترێت؛ یادكردنەوەی بیستراو. بۆ یەك كەس یان بۆ كۆمەڵێك دەبێت چونكە لە ئەسڵدا چاوگە كەمی و زۆری بە یەك وشە هەڵدەگرێت، كۆی وشەكە بریتیە لە أسماع. (الأقرب)
السمع: هێزێكە لە گوێچكەدا بەهۆیەوە دەنگ دەبیسترێت، بە فرمانەكەیشی دەوترێت السمع. وە جاری وا هەیە بە وشەی السمع گوزارشت دەكرێت لە گوێچكە وەك: ختم الله علی قلوبھم وعلی سمعھم، وە جاری وا هەیە بە وشەی السمع گوزارشت دەكرێت لە فرمانی بیستن وەك: إنھم عن السمع لمعزولون، وە جاری وا هەیە بە وشەی السمع گوزارشت دەكرێت لە تێگەیشتن وەك: لم تسمع ما قلت، تێنەگەیشتی چیم گوت، وە جاری وا هەیە بە وشەی السمع گوزارشت دەكرێت لە گوێڕایەڵی. (المفردات)
أتبعه: تبع الشيء: شوێن پێی هەڵگرت. تبعه: بەدوایدا ڕۆیشت، یان بەلایدا تێپەڕی ئەویش لەگەڵیدا ڕۆیشت. أتبعه: واتە شوێنیكەوت ئەگەر لە پێشیەوە ڕۆیشتبێت و ئەمیش پێیگەشتبێتەوە. (الأقرب)
شهاب: بڵێسەیەك لە ئاگری گڕگرتوو، یان هەر شتێكی ڕۆشن كە لە ئاگرەوە پەیدابوو بێت؛ ئەوەی كە دەبینرێت و دەڵێی ئەستێرەیە و دەكەوێتە خوارەوە، دەكرێت بە ئەستێرە یان ئەستێرەی پرشنگدار بوترێت بەهۆی زۆری پرشنگدانەوەكەیەوە. یقال إن فلانا شهاب الحرب، ئەگەر كەسێك لە جەنگدا ئازا بوو پێی دەوترێت شهاب الحرب. وە بە سێ شەوی مانگ دەوترێت شهب كە بریتین لە سێ شەوە سپیەكە. (الأقرب)
كەواتە شهاب بە شێوەیەكی مەجازی بە شتی ڕۆشن دەوترێت، بە هەمان شێوە بەو كەسانەیش دەوترێت كە ئازا و چوست و چالاكن لە كاردا.
لە المفردات دا هاتووە: الشهاب: بڵێسەیەكی پرشنگدار لە ئاگرێكی هەڵگیرساو، ئەستێرەی كلكدار لە هەوادا.
تەفسیر: تاكی وشەی البروج بریتیە لە برج -وەك لە قامووسەكاندا هاتووە- واتە قۆناغەكانی ئەستێرەكان؛ ئەو خولگانەی ئەم ئەستێرانە تێیاندا هاتووچۆ دەكەن. هەروەها مانای كۆشك و قەڵایش دەگەیەنێت. بەڵام هەندێ لە موفەسیرەكان لەوانە قەتادە گوتوویانە وشەی “البروج” لێرەدا واتە ئەستێرەكان (البحر المحیط، الدر المنثور، وابن الكثیر). وە پێشەوای زمانزان زەججاج پشتگیری ئەم بۆچوونەی كردووە (تاج العروس). وە بەڵگەی موفەسیرەكان بریتیە لەم فەرمایشتەی خوای گەورە لە شوێنێكی تردا: ﴿إِنَّا زَيَّنَّا ٱلسَّمَآءَ ٱلدُّنۡيَا بِزِينَةٍ ٱلۡكَوَاكِبِ﴾ (الصافات: 7).
بەڵام ئەم بەڵگەهێنانەوەیەیان بەم فەرمایشتەی خوای گەورە ﴿إِنَّا زَيَّنَّا ٱلسَّمَآءَ ٱلدُّنۡيَا بِزِينَةٍ ٱلۡكَوَاكِبِ﴾ ناكرێت متمانەی پێ بكرێت؛ چونكە دەكرێت فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَزَيَّنَّٰهَا لِلنَّٰظِرِينَ﴾ دەربارەی بابەتێكی تر بێت، ئەویش ئەوەیە كە ئێمە لە ئاسماندا چەندین شوێنگەمان داناوە هەروەك ئەستێرەكانیشمان داناوە تێیدا كە لەم خولگانەدا هاتوچۆ بكەن كە دەبنە هۆی جوانی و ڕازاوەیی ئاسمان. كەواتە مادام ناتوانین بەشێوەیەكی گومانبڕ بڵێین خولگەكان هۆكاری ڕازاوەییەكەن، بۆیە شتێك نیە كە وەهامان لێبكات (بروج) بە مانای (الكواكب) دابنێین.
بەهەرحاڵ، چ ئەوەی مانای “البروج” بە مانا باوەكە وەربگرن كە بریتیە لە خولگەی ئەستێرەكان یان بە مانای خودی ئەستێرەكان ئەوا ئەو پرسیارەی خۆی دەسەپێنێت ئەوەیە: چ پەیوەندیەك هەیە لەنێوان پاراستنی قورئان یان كتێبە پیرۆزەكانی تر و پاراستنی ئاسمانەكان. بۆچی خوای گەورە بەدوای بابەتی پاراستنی وەحیدا بابەتی پاراستنی ئاسمانەكانی هێناوە؟
بۆچوونی موفەسیرەكان لەم بارەیەوە بەریەك دەكەون، وە هەندێكیان لەوە دەرناچن كە چیرۆك و ئەفسانە بن و هیچ بەڵگەیەك نەبێت لەسەریان، وە هیچ پەیوەندییەكیان نیە بە وتەی خوای گەورەوە. كەمێكی تر لێدوان دەدەم لەسەریان لەسەر ئەو ڕیوایەتانەی تر كە لەم بارەیەوە هاتوون، بەڵام لە ئێستادا دەمەوێت تێگەیشتنی خۆم دەربارەی ئەم ئایەتانە بخەمەڕوو لەبەر ڕۆشنایی سیاقی قورئانیدا.
كاتێك توێژینەوە لە قورئانی پیرۆز دەكەین بۆمان دەردەكەوێت كە زۆر بە توندی جەختی كردووەتەوە لەسەر بوونی لێكچوون و هاوشێوەییەكی زۆر لەنێوان سیستەمی ماددی كە بەچاوی خۆمان دەیبینین و سیستەمی ڕۆحیدا، بۆیە بەردەوام قورئان لەجیهانی ماددی نموونە دەهێنێتەوە بۆ شەرحكردنی جیهانی ڕۆحی. ئەوەتا جارێك وەحی دەشوبهێنێت بە ئاو بۆ خستنەڕووی لێكچوون لەنێوان كاریگەریەكانیاندا، وە جارێكی تر باسی ئەوە دەكات كە كۆمەڵێك پەیوەندی هەن لەنێوان ئاسمان و زەویدا بۆ ئەوەی تیشك بخاتەسەر ئەو پەیوەندیەی كە هەیە لەنێوان جەستە و ڕۆحدا، وە هەندێ جار پەیوەندی نێوان ڕۆشنایی و چاو بە بەڵگە دەهێنێتەوە لەسەر ئەوەی كە ڕاستی بەتەنھا سوود بە كەس ناگەیەنێت ئەگەر توانا شاراوەكانی دەروونی مرۆیی بەكارنەهێنێت. بەكورتی، قورئانی پیرۆز جار لەدوای جار ئاگادارمان دەكاتەوە كە وانەی ڕۆحیی وەربگرین لە دیاردەكانی جیهانی ماددی. وە لەم ئایەتەشدا سەرنجمان ڕادەكێشێت بۆ لێكچوونێكی لەم شێوەیە.
دیارە خەڵكی زەوی لەسەرووی خۆیانەوە ئاسمانێك دەبینن كە ئەستێرەكانی تێدایە و بەگوێرەی سیستەمی وادە و خولگەكان كاردەكەن كە بۆیان دیاریكراوە. وە هیچ هێزێك نیە بتوانێت ئەم سیستەمە بگۆڕێت؛ چونكە خوا (عز وجل) خۆی دەیپارێزێت. ئەم نموونەیەی سیستەمی ئاسمانی ماددی جار لەدوای جار لە قورئاندا هێنراوەتەوە وەك بەڵگەیەك لەسەر سیستەمی ئاسمانی ڕۆحانی. وە پێموایە ئەم ئایەتەیش ئاماژە دەكات بۆ هەمان بابەت. بەجۆرێك خوای گەورە ڕوونی دەكاتەوە كە سیستەمی ئاسمانی ڕۆحی لەسەر بناغەیەكی پتەو دامەزراوە وەك سیستەمی ئاسمانی ماددی، هەروەك وەكو ئەو دابەشكراوە بۆ چەندین چین، وە چینە هەرە بەرزەكان لە ئاسمانی ڕۆحیدا بە شێوەیەكی سروشتی پارێزراون لەوەی دەستی تێكدەران و خراپەكارانیان پێ بگات، بەڵام چینی هەرە نزمی ئەو ئاسمانە ئەگەری هەیە دەستكاری بكرێت، بۆیە پاراستوومانە بە ڕازاندنەوەی بەهۆی ئەستێرەكانەوە. واتە هەروەك چۆن چینی نزمی ئاسمانی ماددی بریتیە لە سیستەمێك و چەندین ئەستێرەی كە شوێنكەوتەی ئەو سیستەمەن و دەیپارێزن.. چینی نزمی ئاسمانی ڕۆحیش بەهەمان شێوەیە.. ئەویش بریتیە لە سیستەمێك و چەندین ئەستێرە كە شوێنكەوتەی ئەو سیستەمەن و دەیپارێزن. وە هەروەك چۆن ئاسمانی ماددی بەهۆی ئەستێرە ماددیەكانەوە ڕاوەستاوە.. بەهەمان شێوە ئاسمانی ڕۆحیش بەهۆی ئەستێرە ڕۆحیەكانەوە ڕاوەستاوە، بگرە هەروەك چۆن ئاسمانی نزمی ماددی تەنها پێكهاتووە لە كۆمەڵێك ئەستێرە و ئەم ئەستێرانە دەیڕازێننەوە.. بەهەمان شێوە ئاسمانی نزمی ڕۆحانیش تەنھا پێكهاتووە لە كۆمەڵێك ئەستێرەی ڕۆحانی و ئەم ئەستێرانە دەیڕازێننەوە. پاشان هەورەك چۆن ئەستێرەی ماددی ئامرازێكە بۆ پاراستنی ئاسمانی نزمی ماددی؛ چونكە بەشێكە لێی و تێكچوونی واتە تێكچوونی سیستەمی ئەو ئاسمانە.. بەهەمان شێوە ئەستێرە ڕۆحیەكان هۆكارن بۆ پاراستنی ئاسمانی نزمی ڕۆحانی، وە تێكچوونیان واتە تێكچوونی ئەو ئاسمانە، لەبەرئەوە كاتێك كەسێك بە نیازە تێكدان و خراپەكاری بكات تێیدا خوای گەورە بە بەرد و ئاگر ڕەجمی دەكات.. هەروەك هەر دوو وشەی ﴿رَّجِيمٍ﴾ و ﴿شِهَابٞ﴾ ئاماژە بۆ ئەمە دەكەن.
قورئانی پیرۆز بەزۆری ئاگر و بەردی بەكارهێناوە بە مانای سزای ئاسمانی، ئەوەتا فەرموویەتی ﴿فَٱتَّقُواْ ٱلنَّارَ ٱلَّتِي وَقُودُهَا ٱلنَّاسُ وَٱلۡحِجَارَةُ ۖ أُعِدَّتۡ لِلۡكَٰفِرِينَ﴾ (البقرة: 25).. واتە هۆكاری ڕۆحی بۆ هەڵگیرساندنی ئەو ئاگرە خەڵكانی تاوانكارە. بەڵام هۆكارە ماددیەكە بۆ هەڵگیرساندنی ئاگرەكە بریتیە لە بەردی ماددی واتە بت. بەهەمان شێوە لێرەدا گوزارشت كراوە لە سزای ئەو خراپەكارانە لە ئاسمانی ڕۆحیدا به هەردوو وشەی ﴿رَّجِيمٍ﴾ و ﴿شِهَابٞ﴾.
ئێستایش بەڵگە دەهێنمەوە لەسەر ئەوەی كە قورئانی پیرۆز جیهانی ماددی شوبهاندووە بە جیهانی ڕۆحی. خوا (عز وجل) دەفەرموێت: ﴿يَٰٓأَيُّهَا ٱلنَّبِيُّ إِنَّآ أَرۡسَلۡنَٰكَ شَٰهِدٗا وَمُبَشِّرٗا وَنَذِيرٗا * وَدَاعِيًا إِلَى ٱللَّهِ بِإِذۡنِهِۦ وَسِرَاجٗا مُّنِيرٗا﴾ (الأحزاب: 46-47).. سراج منیر؛ واتە خۆری پرشنگدار. هەروەك لە ئایەتەكانی ترەوە دەردەكەوێت كە پێغەمبەر (ﷺ) وەك ناوەند وایە بۆ سیستەمی پێغەمبەرایەتی وەك چۆن خۆر بە ناوەندی سیستەمی هەتاوی خۆمان دادەنرێت. بۆیە خوا (عز وجل) بەوەی پێغەمبەری (ﷺ) ناوناوە خۆر ئاگادارمان دەكاتەوە لە بوونی كۆمەڵێك ئەستێرە و مانگی تر كە بەدەوریدا دەسووڕێنەوە لە ئاسمانی ڕۆحیدا، وە ئەم ئەستێرە و مانگانە بریتین لە پێغەمبەر و نێردراوانی تر كە پێغەمبەراتیەكانیان نیشانە و ڕێخۆشكەر بوون بۆ ڕەوانكردنی بەڕێزی (ﷺ)، وە ئەو كەسانەی لە دەوری خۆری موحەممەدی دەسووڕێنەوە.
هەروەك چۆن پێغەمبەر (ﷺ) لە ئاسمانی گەردوونی ڕۆحانیدا خۆرە و ئەستێرەكانیشی پێغەمبەرانی ترن، بەهەمان شێوە پێغەمبەر (ﷺ) خۆری ئاسمانێكی ترە كە بچوكترە لەوەی پێشوو، وە هاوەڵەكانی ئەستێرەن لەو ئاسمانەدا، وە لە فەرموودەیەكی پیرۆزدا پێغەمبەر (ﷺ) ئاماژە بۆ ئەم مەبەستە دەكات و دەفەرموێت: “هاوەڵەكانم وەكو ئەستێرە وان شوێن هەر یەكێكیان بكەون ڕێنموونی دەكرێن” (المشكاة، الآداب، باب مناقب الصحابة). واتە هاوەڵەكانم وەك ئەستێرەكان وان لەدەوری خۆردا، هەروەك چۆن ئەستێرەكان ڕێنمایی خەڵكی دەكەن مادام پەیوەستن بە سیستەمی هەتاوی خۆیانەوە، بەهەمان شێوە هاوەڵەكانم كە بەردەوام پەیوەستن بە سیستەم و یاساكەی منەوە وەكو ئەستێرەكان وان بۆ ئێوە، وە هیدایەت وەردەگرن بە شوێنكەوتنی هەر یەكێكیان، سەرەڕای جیاوازی لاوەكی نێوانیان.
وە خەونەكەی گەورەمان یوسف (عليه السلام) جەخت دەكاتەوە لەوەی كە لەزماندا سیستەمی ڕۆحانی شوبهێنراوە بە سیستەمی هەتاوی وەك لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە: ﴿إِذۡ قَالَ يُوسُفُ لِأَبِيهِ يَٰٓأَبَتِ إِنِّي رَأَيۡتُ أَحَدَ عَشَرَ كَوۡكَبٗا وَٱلشَّمۡسَ وَٱلۡقَمَرَ رَأَيۡتُهُمۡ لِي سَٰجِدِينَ﴾ (یوسف: 5). پاشان قورئان لێكدانەوەی ئەم خەونە باسدەكات بەم شێوەیە: ﴿وَرَفَعَ أَبَوَيۡهِ عَلَى ٱلۡعَرۡشِ وَخَرُّواْ لَهُۥ سُجَّدٗا ۖ وَقَالَ يَٰٓأَبَتِ هَٰذَا تَأۡوِيلُ رُءۡيَٰيَ مِن قَبۡلُ قَدۡ جَعَلَهَا رَبِّي حَقّٗا ۖ وَقَدۡ أَحۡسَنَ بِيٓ إِذۡ أَخۡرَجَنِي مِنَ ٱلسِّجۡنِ وَجَآءَ بِكُم مِّنَ ٱلۡبَدۡوِ مِنۢ بَعۡدِ أَن نَّزَغَ ٱلشَّيۡطَٰنُ بَيۡنِي وَبَيۡنَ إِخۡوَتِيٓ ۚ إِنَّ رَبِّي لَطِيفٞ لِّمَا يَشَآءُ ۚ إِنَّهُۥ هُوَ ٱلۡعَلِيمُ ٱلۡحَكِيمُ﴾ (یوسف: 101). ئەم خەونە، لەگەڵ ئەوەی لێكدانەوەكەی ئەوەی قورئان باسیكردووە، بەڕوونی دەریدەخات كە لە زمانی وەحیدا سیستەمی خێزانی یان ئایینی لە سیستەمی هەتاوی دەچێت. ئەمە مەبەستەكەی منە لەم ئایەتەدا كە تەفسیر دەكرێت.
پاش ئەم ڕێخۆشكردنە دەڵێم: كاتێك خوا (عز وجل) جەخت دەكاتەوە لەسەر پاراستنی ئەو وەحیەی كە دایبەزاندووە بۆ پێغەمبەرەكەی، بەدوایدا وێنای سیستەمی هەتاوی باس دەكات.. بۆ ئەوەی ڕوونی بكاتەوە بۆمان چۆن ئەو وەحیە دەپارێزرێت. بۆیە فەرموویەتی: وەك چۆن دەبینن لە جیهانی ماددیدا ئاسمانێك هەیە واتە كۆمەڵێك ئەستێرە هەن.. بەهەمان شێوە لە ئاسمانی ڕۆحیشدا كۆمەڵێك ئەستێرە هەن كە بریتین لە پێغەمبەران. وە هەروەك چۆن ئەستێرە لەخودی خۆیدا جوانی و ڕازاوەییە بۆ ئاسمانی ماددی، وە هۆكارێكە بۆ پاراستنی ئەو ئاسمانە لەڕێگەی یاسای هێزی كێشكردن و ڕێساكانی ترەوە كە هێشا مرۆڤ ئەو ڕێسایانەی نەدۆزیوەتەوە.. بەهەمان شێوە هەموو پێغەمبەرێك جوانی و ڕازاوەیی ئاسمانی ڕۆحانیە و هۆكارێكە بۆ پاراستنی ئەو ئاسمانە. هیچ پێغەمبەرێك نەبووە لەكاتی پێویستیدا و لەكاتی گونجاودا نەهاتبێت، وە بۆ جێبەجێ كردنی ئامانجێكی دیاریكراو نەهاتبێت؛ كە تەنها بە هاتنی ئەو ئەو ئامانجە جێبەجێ دەبوو. وە بەشداری كردووە لە پاراستنی ئاسمانی ڕۆحانیدا و كاریكردووە بۆ بڵاوكردنەوەی وتەی خوای گەورە، وە لەڕێگەی خۆی و شوێنكەوتووانیەوە حەقیقەت و فەزڵ و كاریگەری وەحیەكەیان ڕوونكردووەتەوە، وە یارمەتیدەرانی شەیتان ئەوانەی كە ویستوویانە وتەی خوا تێكبدەن پێغەمبەرەكە شكستی هێناوە پێیان و زەبوون و ڕسوای كردوون؛ وەك ئەوەی ئاگر و بەرد داباری بێت بەسەریاندا.
هەروەها خوای گەورە لەم ئایەتەدا ئەوەشی ڕاگەیاندووە كە گومانی تێدا نیە شەیتانەكان واتە خەڵكانی خراپ.. لە جیهانی ماددیدا هەندێ دەسەڵاتیان هەیە لەسەر زەویدا، بەڵام هیچ دەسەڵاتێكیان نیە لە ئاسماندا؛ دەیانبینی لەزەویدا خراپە دەكەن و ستەم لەخەڵكەكەی دەكەن و دەست دەگرن بەسەر نیعمەت و خێر و بێری زەویدا، بەڵام ناتوانن خەڵكی بێ بەش بكەن لەو نیعمەتانەی لە ئاسمانەوە دادەبەزن؛ وەك هەوا و ڕۆشنایی و كاریگەری ئەستێرەكان، هەروەك هیچ دەسەڵاتێكیان نیە لەئاسماندا و هێزیان ناشكێت بەسەر خۆر و مانگ و ئەستێرەكانی ئاسماندا. دۆخی جیهانی ڕۆحانیش بەم جۆرەیە، بەجۆرێك شەیتانەكان دەسەڵات و كاریگەرییان نیە بەسەر پێغەمبەران و شوێنكەوتە تەواوەكانیاندا، خوای گەورە لە شوێنێكی تری ئەم سوورەتەدا جەختی كردووەتەوە لەم بابەتە و فەرموویەتی: ﴿إِنَّ عِبَادِي لَيۡسَ لَكَ عَلَيۡهِمۡ سُلۡطَٰنٌ إِلَّا مَنِ ٱتَّبَعَكَ مِنَ ٱلۡغَاوِينَ﴾ (الحجر: 43). هەروەك ئەستەمە دەستكاری ئەو شتانە بكەن كە لە ئاسمانی ڕۆحیەوە دادەبەزن لە بەرەكەتەكانی وەحی و نیشانە و موعجیزەكان، بەڵكو خوا (عز وجل) ئاسمانی ڕۆحانی واتە پێغەمبەران و كاریگەریەكانیان بەتەواوی دەپارێزێت لە دەستوەردانی شەیتان.
وەك ئەوەی ئەم ئایەتە شەرحی ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە بێت كە فەرموویەتی: ﴿إِنَّا نَحۡنُ نَزَّلۡنَا ٱلذِّكۡرَ وَإِنَّا لَهُۥ لَحَٰفِظُونَ﴾.
سەیر ئەوەیە -سەرەڕای ئەم ئایەتە ڕاشكاوەی قورئان- هێشتا لەناو موسوڵماناندا كەسانێك هەن باوەڕیان وایە هیچ كەسێك ڕزگاری نەبووە لە دەستوەشاندنی شەیتان جگە لە عیسا و دایكی! (القرطبي، تحت الآیة: وإني أعیذها بك وذریتها…)؛ لەگەڵ ئەوەی خوای گەورە لێرەدا ڕایدەگەیەنێت ئاسمانی ڕۆحی دەپارێزێت كە پێكهاتووە لە هەموو پێغەمبەران و نێردراوان هەر لەئادەمەوە هەتا پێغەمبەری ئازیزمان (عليهم السلام) و شوێنكەوتە تەواوەكانیان.
ئایەتەكەی دواتر دەفەرموێت: ﴿إِلَّا مَنِ ٱسۡتَرَقَ ٱلسَّمۡعَ فَأَتۡبَعَهُۥ شِهَابٞ مُّبِينٞ﴾.. ئەم ئایەتەیش جەخت دەكاتەوە كە خوای گەورە لێرەدا باسی ئاسمان و سیستەمی هەتاوی دەكات بەشێوەی نواندن نەك بەشێوەی ڕاستەقینە؛ چونكە هیچ پەیوەندیەك نیە لەنێوان ئاسمانی ماددی و گوێگرتن لە قسە بە نهێنی و بەدزیەوە؛ هەروەك هیچ پێویست ناكات لێرەدا وشەی (شهاب) بە (مبین) وەسف بكرێت ئەگەر مەبەست نەیزەكی ماددی بێت چونكە لە زماندا شهاب واتە: “بڵێسەیەك لە ئاگرێكی درەوشەدار، یان هەموو شتێكی ڕۆشن كە ڕۆشناییەكەی لە ئاگرەوە پەیدا بووە، وە ئەو ئەستێرەیەی دەكەوێتە خوارەوە”، وە وەسفی ئەو دوو شتە بە ڕۆشن لێرەدا گونجاو نیە و لە جێگای خۆیدا نیە ئەگەر مانای ڕەواڵەتی وتەكە وەربگرین.
بەڵام ئەگەر (سماء) بە ئاسمانی ڕۆحی لەقەڵەم بدەین و (شهاب) بە مانای پێغەمبەر وەربگرین كە لە ئاسمانەوە دێت و بە نیشانەی ڕۆشن پشتگیری كراوە، وە درۆ و ساختەچێتی ئەو كەسانە ئاشكرا دەكات كە دەیانەوێت دەستكاری وتەی خوای گەورە بكەن و بیشێوێنن.. ئەوا دەبینین سیفەتی (مبین) زۆر گونجاوە لەم سیاقەدا، چونكە ئەو كاتە شیهابی موبین واتە نیشانەی ڕۆشن كە لەسەر دەستی پێغەمبەردا دەردەكەوێت، وە مانای ئەو ئایەتە ئەوە دەبێت كە وەحی خوایی بەتەواوەتی پارێزراو دەبێت مادام لە ئاسماندا بێت یان كاتێك دادەبەزێتە سەر ئەستێرەكانی ئاسمانی ڕۆحانیەت، واتە پێغەمبەران، بەڵام كاتێك دادەبەزێتە ئاسمانی دنیا (واتە ئاسمانی نزم) و دەخرێتەپێش چاوی مرۆڤ، وە لە غەیب دەردەچێت بۆ دۆخی ئامادە و بینراو، دەبێت بە وتەیەكی بیستراو و دەكەوێتە سەر زاری خەڵكی.. ئینجا شەیتانەكان واتە دوژمنانی پێغەمبەران وتەكە دەدزن.. واتە بەناحەق وەریدەگرن واتە مانای ناڕاستی بۆ دادەتاشن و دەیشێوێنن، ئیتر لەو كاتەدا بەهۆی پێغەمبەرانەوە سزا دادەبەزێتە سەریان لەسەر تاوانەكەیان، یان پێغەمبەران و شوێنكەوتووانیان فێڵ و ناپاكی ئەو كەسانە ئاشكرا دەكەن لەبەردەم جیهاندا بەوەی مەبەستی ڕاستەقینەی وەحیی دەخەنەڕوو، بەمەش ئەوان تووشی سزایەكی ئابڕوبەر دەبن كاتێك نووری ڕاستی ڕسوایان دەكات و نهێنیەكەیان ئاشكرا دەكات.
وە لێرەدا دزینی وتە مانای ئەوەیە ئەو كەسانە وەحی خوا بە ناحەق دەبەن وەك چۆن دز بە ناحەق ماڵی خەڵكی دەبات.. واتە بە مەبەستی تێگەیشتن و باوەڕهێنان پێی وەریناگرن، بەڵكو بۆ ئەوەی بە چەوتی و خراپی بەكاریبهێنن، وە تەحریفی بكەن بۆ ئەوەی نەهێڵن خەڵكی بگەن بە ڕاستی.
وە دزینی وەحی مانای ئەوەش دەگەیەنێت كە دوژمنانی پێغەمبەران هەندێ فێركاری پێغەمبەران دەدەنەپاڵ خۆیان بۆ ئەوەی ئەو خەیاڵە دروست بكەن بۆ خەڵكی كە ئەوانیش دەتوانن ئەم جۆرە زانست و زانیاریە بهێنن، بگرە ئەوان پێغەمبەران تۆمەتبار دەكەن بەوەی كە ئەوان فێركاری ئەمانیان دزیوە، بەڵام هەروەك چۆن جل و بەرگی دزراو دەستبەجێ دەناسرێتەوە چونكە بە بەری دزەكە ناكات و تەواو نەگونجاوە لەگەڵ جەستەیدا.. بەهەمان شێوە ئەو فێركارییانەی پێغەمبەران كە ئەوان دەیاندزن ناگونجێت لەگەڵ بیروباوەڕە هەڵەكانی تریاندا، وە كاتێك پێغەمبەران و شوێنكەوتووانیان بابەتەكە ئاشكرا دەكەن ئەو كەسانە لەبەردەم خەڵكیدا ڕسوا و سەرشۆڕ دەبن.
وە هەمیشە فێركاری پێغەمبەران تووشی دزین بووە بەو دوو جۆرەی لەسەرەوەی باسكرا. بۆیە خەڵكی باشترین فێركاری پێغەمبەران هەڵدەبژێرن و هەوڵدەدەن بیانخەنەڕوو بۆ خەڵكی دنیا كە هی خۆیانن، وەك هەوڵێك بۆ دابەزاندنی پلەوپایەی پێغەمبەران و شكاندنی شكۆیان. فێركاری پێغەمبەری ئازیز (ﷺ) لە فێركاری پێغەمبەرانی تر زیاتر لەهەموو لایەكەوە تووشی ئەم هەڵمەتە توند و تیژە بووە. چەندین جار نووسەرە مەسیحیەكان و ئاریە هیندۆسەكان هەوڵ دەدەن فێركاریەكانی ئیسلام بخەنەڕوو بەشێوەیەكی دابڕاو بۆ ئەوەی بیسەلمێنن كە لە كتێبەكانی ئەوانەوە دزراوە، بەڵام كاتێك ئەو نوورە ئاشكرا دەكەین بۆیان كە پێغەمبەری ئازیزمان (ﷺ) هێناویەتی نائومێد و ڕسوا دەبن، وە بۆیان دەسەلمێنین ئەوەی ئەوان ڕەخنەی لێ دەگرن بریتیە لە ئەڵقەیەك لە زنجیرەیەكی درێژ لە زانیاریە زۆرە فراوانەكانی قورئان كە لە خەویشدا بە مێشكی ئەواندا نەهاتووە. خاوەنی كتێبی “ینابیع الإسلام” كە كەسێكی مەسیحیە یەكێكە لەو هێرشبەرە دڕندانە بەجۆرێك زۆر بێ شەرمانە لە زانیاریەكانی قورئانی ڕفاندووە، بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت بۆ خەڵكی كە لە ئایینەكانی پێشووەوە دزراوە. لەڕاستیدا ئەو زانیاریانە بە دابڕاوی لە سیاق وەرگیراون، وە بەشێكن لە گشتێك كە ناكرێت بەش بەش بكرێت، وە كۆمەڵە ئەڵقەیەكن لە زنجیرەیەكدا ناكرێت جیابكرێنەوە لێی و ببەسترێن بە شتێكی ترەوە. ئەو كەسەی دەیەوێت دڵنیا بێت لەم قسەیەم ئەوا با بگەڕێتەوە بۆ تەفسیرەكەم بۆ سوورەتی “الفاتحة” بەجۆرێك بە تێروتەسەلی و وردی باسی زانیاریەكانی “بسم الله”م كردووە كە خاوەنی كتێبی “ینابیع الإسلام” دەڵێت لە كتێبە زەردەشتیەكانەوە دزراوە. (بڕوانە كتێبی ینابیع الإسلام، الفصل الخامس، ص219).
وە جۆری دووەمی دزینی وەحی، وەك لەمەوپێش ڕوونم كردەوە، ئەوەیە نەیارەكان ئەو وەحیە بەدابڕاوی لە سیاق دەردەهێنن بۆ ئەوەی بیخەنە پێش چاوی دنیا بە مانایەكی شێوێنراو و تەواو دژ بەو مەبەستەی كە هەیەتی.. وە وەحی سەرجەم پێغەمبەران تووشی ئەم جۆرە دزیە بووە. هیچ پێغەمبەرێك نەبووە نەیارەكان وەحیەكەیان بە شێوەیەكی شێوێنراو و دزێو پیشانی خەڵكی نەدابێت، بۆ ئەوەی خەڵكی لێ تووڕە بكەن. وەكو دز وەحیەكە دەبەن و لەناو خەڵكدا بڵاوی دەكەنەوە بە مانا و تێگەیشتنێكی خراپ و شێوێنراو، هەتا ئەو كاتەی خوا (عز وجل) دێت بۆ سەرخستن و یارمەتیدانی پێغەمبەرەكەی لەڕێگەی نیشانەی ڕۆشن و موعجیزەوە، بەمەش بە بەڵگەی بەهێز و درەوشاوە تانە و تەشەری ڕەخنەگران پووچ دەبنەوە، وە لەلایەكی ترەوە پشتگیری پێغەمبەرەكەی دەكات لەڕێگەی ئەو نیشانانەوە كە بەڵگەن لەسەر توانا و زاڵبوونی خۆی، بەمەش دوژمنان تیادەچن و وتەكەی خۆی (عز وجل) دەپارێزێت.
هەندێ جار شوێنكەوتووانی پێغەمبەرەكە خۆیان لادەدەن لە ئایینەكەی و بەرەو بێ دینی دەچن، ئینجا ئایینە ئەسڵیەكە تێكدەدەن.. بەجۆرێك مانای ئەو وتەیەی خوای گەورە دەشێوێنن كە دابەزیوەتە سەر پێغەمبەرەكەیان و جوانیەكانی دەشارنەوە لەژێر تەپوتۆزی تەفسیرە هەڵەكاندا. وە لەو كاتدا یەكێك لە شوێنكەوتووانی پێغەمبەرەكە وەك “شهاب ثاقب” یان “شهاب مبین” لە ئاسمانی ڕۆحانیەوە دادەبەزێت كە شكۆداركراوە بە وەحی و پشتگیریكراوە بە نیشانە ڕۆشنەكان، بۆ ئەوەی ئەو شەیتانانە لەناوببات، وە شتەكان بگێڕێتەوە بۆ جێگاكانی خۆیان؛ بەمە وەحیەكەی پێشوو دەگێڕێتەوە بۆ مەقامە ئەسڵیەكەی خۆی؛ بەم شێوەیە خوا (عز وجل) وتەكەی خۆی دەپارێزێت كە تووشی لەدەستچوون و تەحریف بووە، وە جارێكی تر مانا ڕاستەقینەكانی ئاشكرا دەكات بۆ خڵكی دنیا.
لەمەی پێشووەوە دەردەكەوێت كە مەبەست لە ئەستێرەكان لەم ئایەتەدا پێغەمبەرەكانە، وە نەیزەكی ڕۆشن و نەیزەكی كاریگەر بریتیە لە پێغەمبەری ئەو سەردەمەی كە تەحریفەكە تێیدا ڕوودەدات. ئەمەش چونكە هەموو پێغەمبەرێك ئەستێرەیەكی ڕۆحانیە و بەردەوام دەبێتە هۆی ڕازاندنەوەی ئاسمانی ڕۆحانی، بەڵام هەموو پێغەمبەرێك دوای مردنەكەی وەك نەیزەك نامێنێتەوە بۆ ڕەجمی شەیتانەكان، واتە وەكو هۆكارێك نامێنێتەوە بۆ لەناوبردنی ئەو شەیتانانەی كە خراپەكاری دەكەن لە باخچەی ئاییندا، بەڵكو ئەم ئەركە ئەو پێغەمبەرە جێبەجێی دەكات كە لە سەردەمی تەحریفەكەدا هەیە، یان ئەو پێغەمبەرەی كە پێغەمبەرایەتیەكەی دوای مردنی خۆیشی زیندووە و بەردەوامە و شەریعەتەكەی بەردەوام بەكەڵك دێت بۆ كارپێكردن، وە ئەگەر لەناو ئوممەتەكەیدا پێغەمبەرێكی تر كە شوێنكەوتەی بێت ڕەوانە بكرێت كاتێك فێركاریەكەی تووشی تەحریف و دەستكاری دەبێت، ئەوا لەگەڵ ئەوەدا وەك “نەیزەك” دەمێنێتەوە؛ چونكە هێزە پیرۆزەكەی بەردەوام كارایە لەڕێگەی ئەو پێغەمبەرەی كە شوێنكەوتەیەتی. بەگوێرەی ئەم شەرحە مووسا و عیسا و پێغەمبەرانی تری پێشوو (عليهم السلام) بەردەوام ئەستێرەن لە ئاسمانی ڕۆحانیدا، بەڵام ئێستا نەیزەك نین؛ چونكە خوای گەورە ئەمڕۆ بەكاریان ناهێنێت بۆ لەناوبردنی شەیتانەكان، بەڵام موحەممەدی پێغەمبەری خوا (ﷺ) بەردەوام نەیزەكە، چونكە سێبەر و نوێنەرەكانی لەناو شوێنكەوتووانیدا بەردەوام دەبن لە بەجێهێنانی ئەم ئەرك و خزمەتە بەرامبەر قورئانی پیرۆز هەتا ڕۆژی دوایی.
بەكورتی: ئەم ئایەتانە شەرح و تەفسیری ئەم فەرمایشتەی خوای گەورەن ﴿إِنَّا نَحۡنُ نَزَّلۡنَا ٱلذِّكۡرَ وَإِنَّا لَهُۥ لَحَٰفِظُونَ﴾. و بەجۆرێك خوای گەورە تێیاندا بە تێروتەسەلی باسی ئەوەی كردووە كە چۆن هەڵدەستێت بە پاراستنی وەحیەك كە شایستەی ئەوەیە پێی بوترێت ﴿ٱلذِّكۡرَ﴾ لەڕووی ڕواڵەت و ناوەڕۆكەوە، لەژیانی پێغەمبەرەكە و دوای ئەوەیش كە كۆچی دوایی دەكات، وە خوای گەورە بە هەموو ئەم ئامرازانە قورئانی پیرۆز دەپارێزێت. وە ئەوەی ئەم ئایەتانە لە مانادا بەشدارن لەگەڵ ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە لە سوورەتی (الحج)دا ﴿وَمَآ أَرۡسَلۡنَا مِن قَبۡلِكَ مِن رَّسُولٖ وَلَا نَبِيٍّ إِلَّآ إِذَا تَمَنَّىٰٓ أَلۡقَى ٱلشَّيۡطَٰنُ فِيٓ أُمۡنِيَّتِهِۦ فَيَنسَخُ ٱللَّهُ مَا يُلۡقِي ٱلشَّيۡطَٰنُ ثُمَّ يُحۡكِمُ ٱللَّهُ ءَايَٰتِهِۦ ۗ وَٱللَّهُ عَلِيمٌ حَكِيمٞ﴾ (الآیة: 53).. واتە هەموو پێغەمبەر و ڕەوانەكراوێك ئەگەر وەحیەكەی خوێندرابێتەوە بۆ خەڵكی ئەوا شەیتان لەلایەن خۆیەوە بەدزیەوە شتێكی خستووەتەناو ئەم وەحیەوە، وە دەستی كردووە بەوەی ئەم مانا و چەمكە هەڵانە كە بەدزیەوە شێوێنراون بڵاوبكاتەوە لەناو خەڵكیدا، بەڵام خوای گەورە ئەوە دە سڕێتەوە كە شەیتان زیادی كردووە و وتە پاك و بێگەردەكەی خۆی دەپارێزێت.. واتە گومانی تێدا نیە ئەو مرۆڤانەی كە خووڕەوشتیان شەیتان ئاسایە هەوڵدەدەن خەڵكی گومڕا بكەن بەوەی ئەو وەحیە تەحریف دەكەن كە دابەزیوەتەسەر پێغەمبەرەكەی، بەڵام خوای گەورە لەكۆتاییدا ڕاستی وەحیەكە ئاشكرا دەكات، بۆ ئەوەی ئەو فێڵباز و فریودەرانە نائومێد و بێ هیوا بن.
وە بزانە لێكچوونی زۆر هەیە لەنێوان ئەم ئایەتانە كە ئێمە تەفسیری دەكەین و ئەو ئایەتەی سوورەتی الحج كە لەسەرەوە باسكرا. لێرەیشدا خوای گەورە باسی ئەوەی كردووە كە ئاسمانی ڕۆحی دەپارێزێت، وەك چۆن لە سوورەتی (الحج)دا باسی ئەوە كراوە كە خوای گەورە وەحی خۆی دەپارێزێت. وە خوا لێرەدا ڕایگەیاندووە كە شەیتانەكان هەوڵدەدەن دەستوەردان بكەن لە ئاسماندا، هەروەك چۆن لەوێدا ڕایگەیاندووە كە هەوڵدەدەن دەستوەردان بكەن لە وتەی خوای گەورەدا. وە خوای گەورە (عز وجل) جەختیشی كردووەتەوە كە ئەو كەسانە لەناودەبات كە دەیانەوێت ئاسمان بشێوێنن و بەهەمان شێوە لەوێشدا جەختی كردووەتەوە كە خوای گەورە هەموو شوێنەوارێك دەسڕێتەوە كە بكرێت تەحریفچیەكان بەجێی بهێڵن لە وتەی خوادا (عز وجل).
كەواتە ڕوون بوویەوە بەجۆرێك بواری گومان نیە تێیدا كە هەردوو ئایەتەكە باسی یەك بابەت دەكەن. وە كاتێك دەبینین بابەتی ڕازاندنەوەی ئاسمان و پاراستنی هەمیشە لەدوای باسكردنی وەحی خوایی هاتووە ئیتر گومان نامێنێت لەوەدا كە مەبەستەكە لێرەدا بریتیە لە ئاسمانی ڕۆحانی و پاراستنی ئەو ئاسمانە، نەك ئاسمانی ماددی، وە ئاسمانی ماددی تەنھا بەشێوەی نواندن و مەجاز باسكراوە.
وە ئەم ئایەتانە ڕوونی دەكەنەوە كە نیشانەی وەحییەك “ذكر” بێت.. واتە ئەو وەحیەی دەپارێزرێت.. ئەوەیە هەركاتێك كەسێك هەوڵیدا دەستكاری ئەو وەحیە بكات و بیشێوێنێت “نەیزەكێك” دادەبەزێت بۆ ئەوەی بیپارێزێت لە تەحریف. كەواتە ئەو وەحیەی “نەیزەك” دانابەزێت بۆ پاراستنی وەكو “ذكر” نەماوەتەوە و دواجار بەتەواوەتی نەپارێزراوە.
پێویستە بزانرێت كە “شهاب” واتە: 1) بڵێسەیەك لە ئاگرێكی پرشنگدار، 2) هەموو شتێكی ڕۆشن كە لە ئاگرەوە پەیدا بووبێت و ئەوەی كە دەبینرێت وەكو ئەستێرەیەك وایە لە ئاسمانەوە بكەوێتە خوارەوە، 3) وە بە ستێرەیش دەوترێت.
هەڵبەت وشەی “الشهاب” لێرەدا بەمانای ئەستێرە هاتووە؛ چونكە خوای گەورە لەشوێنێكی تردا بەئاشكرا ئەمەی ڕاگەیاندووە و فەرموویەتی: ﴿إِنَّا زَيَّنَّا ٱلسَّمَآءَ ٱلدُّنۡيَا بِزِينَةٍ ٱلۡكَوَاكِبِ * وَحِفۡظٗا مِّن كُلِّ شَيۡطَٰنٖ مَّارِدٖ﴾ (الصافات: 7 و8)، وە هەروەها فەرموویەتی: ﴿وَلَقَدۡ زَيَّنَّا ٱلسَّمَآءَ ٱلدُّنۡيَا بِمَصَٰبِيحَ وَجَعَلۡنَٰهَا رُجُومٗا لِّلشَّيَٰطِينِ ۖ وَأَعۡتَدۡنَا لَهُمۡ عَذَابَ ٱلسَّعِيرِ ﴾ (الملك: 6).. واتە خوای گەورە چراكانی، واتە ئەستێرەكانی لە ئاسمانی نزیكدا، كردووە بە هۆكارێك بۆ ڕەجمی شەیتانەكان. بەمەش دەچەسپێت كە وشەی الشهاب واتە ئەستێرە. وە مەبەست لە هاویشتنی ئەستێرە بۆ شەیتانەكان ئەوەیە كە مادام وەحی زیندوو بێت و ژیانی تێدا بێت و وەسفكرابێت بە (الذكر) ئەوا خوای گەورە دەیپارێزێت بە ناردنی نەیزەكەكان واتە ئەستێرەكان. یان بەدەربڕینێكی تر.. بە ڕەوانەكردنی فەرمانپێكراوەكان. وە لەم ئایەتەدا كە ئێستا ئێمە تەفسیری دەكەین خوا (عز وجل) بەڵێنێكی تایبەتی داوە بە پاراستنی وەحی قورئانی لەڕێگەی ئەم ئامرازەوە. وە لەڕاستیدا هیچ ئامرازێك نیە بۆ پاراستنی وەحی بەهێزتر بێت لەم ئامرازە، چونكە فەرمانپێكراوەكان تەنھا پارێزگاری ناكەن لە ناوەڕۆكی شەریعەتی ڕاست، و تەنھا لەڕێگەی نیشانە ڕۆشنەكانەوە بەرپەرچی هێرشی سەیتانەكان نادەنەوە، بەڵكو لەڕێگەی شیكردنەوەیان بۆ شەریعەت باوەڕدار پەیدەبات بە مانای ڕاستەقینەی وتەی خوای گەورە، چونكە شرۆڤە و تەفسیری ئەوان ڕاست و دروست دەبێت بەجۆرێك هیچ گومانێكی تێدا نابێت لەبەرئەوەی لەڕێگەی ئیلهامی خواییەوە پشتگیری دەكرێن، بەم شێوەیە باوەڕداران ڕزگاریان دەبێت لە زەلكاوی تەفسیرە دژیەكە هەڵەكان كە بەردەوام بیروباوەڕی پێشینانیان شپرزە دەكرد.
لەوەی پێشوو باسمانكرد هەتا ئێستا ڕوون دەبێتەوە كە دەبێت پێغەمبەرانی فەرمانپێكراو ڕەوانە بكرێن بۆ پاراستنی وەحی پێشوو.. واتە بۆ پاككردنەوەی وەحیەكە لە وەسوەسەكانی شەیتان و سەلماندنی ئەوەی كە وەحیەكە زیندووە ئەمەش لەڕێگەی نیشانە ئاسمانیە نوێیەكانەوە. بەڵام بەداخەوە موسوڵمانان لەمڕۆدا نكوڵی دەكەن لەم تایبەتمەندیە لە قورئانی پیرۆزدا بەجۆرێك پێیان وایە ئەستەمە ئێستا هیچ پێغەمبەرێك ڕەوانەبكرێت ئەگەرچی شوێنكەوتەی پێغەمبەری ئازیزیزش (ﷺ) بێت، لەگەڵ ئەوەی قورئانی پیرۆز لێرەدا ڕایدەگەیەنێت كە هەتا وەحی (ذكر) بێت خوای گەورە لەئاسمانی ڕۆحیەوە ئەستێرە و نەیزەكەكان ڕەوانەدەكات بۆ پاراستنی ئەو وەحیە لە هێرشی دوژمنان. بێگومان پچڕانی ڕەوانەكردنی پێغەمبەران لە ئایینەكانی تردا بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە كتێبەكانیان سیفەتی (ذكر)یان تێدا نەماوەتەوە، بەڵام قورئانی پیرۆز بریتیە لە (الذكر) وە هەتا ڕۆژی قیامەت بەم شێوەیە دەمێنێتەوە، دواجار لەڕێگەی ئەم ئامرازەوە پارێزگاری لێ دەكرێت. وە ئەمە هەرگیز لە گەورەیی قورئان كەم ناكاتەوە، بەڵكو پێچەوانەكەی ڕاستە، چونكە ئەمە دووپاتی دەكاتەوە كە وەحی قورئانی بەردەوام ڕازاوەتەوە بە سیفەتی (الذكر).. واتە هۆكارێكە بۆ دروستبوونی پەیوەندی نێوان بەندە و بەدیهێنەرەكەی، لەبەرئەوە خوای گەورە هەروەك چۆن دەقەكەی پاراستووە بەهەمان شێوە ماناكانیشی دەپارێزێت لەڕێگەی ڕەوانەكردنی فەرمانپێكراوەكانەوە كە بەرچەرچی هێرشی شەیتانەكان دەدەنەوە لە ناوەوە و دەرەوەدا. كەواتە ئەو كەسەی دەڵێت خوای گەورە ئێستا وەستاوە لە ڕەوانەكردنی “الشهاب المبین” واتە لە ناردنی ئەستێرەی ئاسمانی ڕۆحانی بۆ پاراستنی قورئان وەك ئەوە وایە بڵێت -پەنا بەخوا- قورئان بە (ذكر) نەماوەتەوە، وە ئێستا خوا نایپارێزێت لە هێرشی شەیتانەكان.
یەكێك لە موفەسیرە هاوچەرخەكان سەبارەت بە وەحی قورئانی دەڵێت خوای گەورە خۆی دەیپارێزێت، بەڵام ئەو وەحیانەی تر كە پێشوو دابەزیون مرۆڤ دەیپاراستن، بۆ ڕاستی بۆچوونەكەی خۆی ئەم فەرمایشتەی خوای گەورەی كردووە بە بەڵگە: ﴿إِنَّا نَحۡنُ نَزَّلۡنَا ٱلذِّكۡرَ وَإِنَّا لَهُۥ لَحَٰفِظُونَ﴾، وە ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە: ﴿إِنَّآ أَنزَلۡنَا ٱلتَّوۡرَىٰةَ فِيهَا هُدٗى وَنُورٞ ۚ يَحۡكُمُ بِهَا ٱلنَّبِيُّونَ ٱلَّذِينَ أَسۡلَمُواْ لِلَّذِينَ هَادُواْ وَٱلرَّبَّٰنِيُّونَ وَٱلۡأَحۡبَارُ بِمَا ٱسۡتُحۡفِظُواْ مِن كِتَٰبِ ٱللَّهِ وَكَانُواْ عَلَيۡهِ شُهَدَآءَۚ﴾ (المائدة: 45)؛ ئەم موفەسیرە دەڵێت فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿بِمَا ٱسۡتُحۡفِظُواْ مِن كِتَٰبِ ٱللَّهِ﴾ واتە ئەوان كرابوون بە بەرپرسی پاراستنی كێبی خوا (بیان قرآن، ج2، ص 1048).
بەڵام من دەڵێم: ئەم بەڵگەهێنانەوەیەی ڕاست دەبوو ئەگەر لێرەدا باسی پێغەمبەران نەكرایە، بەڵام خوای گەورە ڕایدەگەیەنێت پێغەمبەرانن كە بەرپرس بوون لە پاراستنی كتێبەكە، وە ڕوونە كە پێغەمبەر بە بۆچوون و هێزی خۆی كارناكات بەڵكو بەتوانای خوا (عز وجل) كار دەكات، ئیتر چۆن دەوترێت پاراستنی تەورات سپێردرا بوو بە مرۆڤ. گریمان كەسێك مانایەكی تەوراتی گۆڕی بێت، وە خوای گەورە ئەركی ڕاستكردنەوەی ئەو هەڵەیەی سپاردووە بە یەكێك لە پێغەمبەران، ئەم پێغەمبەرە چۆن مانا ڕاستەكەی زانیوە؟ ئایا جگە لە وەحی خوا (سبحانه وتعالى) هیچ هۆكارێكی لابووە بۆ زانینی ڕاستیەكە؟ وە مادام خوای گەورە لەڕێگەی وەحی خۆیەوە ئاگاداری كردووە لە هەڵە و ڕاست كەواتە دەچەسپێت كە خوای گەورە خۆی ئەو كەسە بووە كە كتێبی پاراستووە نەك مرۆڤ. یان گریمان شەیتانەكانی گەل هەوڵیان داوە ماناكانی تەورات تەحریف بكەن و خەڵكی گومڕا بكەن، ئەو پێغەمبەرەیش بەرەنگاریان بووەتەوە بە موعجیزە و نیشانە و بەڵگە ئاسمانیەكان، ئایا ئەمە دەدرێتەپاڵ پێغەمبەرەكە؟ نەخێر، بەڵكو ئەمە دەدرێتەپاڵ خوا (عز وجل). بۆیە ئەو قسەیە ڕاست نیە كە خوای گەورە خۆی تەنھا وەحی قورئانی دەپارێزێت، بەڵام مرۆڤ ئەو وەحیانەی پاراستووە كە پێش قورئان دابەزیون؛ بەڵكو لەڕاستیدا خوای گەورە خۆی هەموو وەحیەكی پاراستووە مادام وەحیەكە “ذكر” بوو بێت، هەروەك كەمێك لەمەوپێش ئەوەم سەلماند. ئەگەر خوا كارێكی جێبەجێ كرد لەڕێگەی بەندەكانەوە ئەوا بەندەكان وەكو كەرەستەیەك وان كە كەسێك بەكاریدەهێنێت و لەوە زیاتر نین. بۆ نموونە، بڵاوبوونەوەی قورئان لە جیهاندا و لەبەركردنی پیت بە پیت وەكو خۆی لەلایەن ئەو كەسانەی كە بیریان بەهێز بووە بێگومان لەڕێگەی مرۆڤەوە ئەنجام دراوە، لەگەڵ ئەوەدا ناكرێت كەسێك بڵێت پاراستنی قورئان سپێردراوە بە مرۆڤ. ئەمەش چونكە هەموو ئەم شتانەیش بەهۆی تەگبیر و یارمەتی خوای گەورەوە بووە.
وە بزانە كە فەزڵی قورئان بەسەر كتێبەكانی تردا لەوەدا نیە كە ڕاستەوخۆ لەلایەن خوای گەورەوە پارێزراوە، بەڵام وەحیەكانی تری پێش قورئان لەلایەن مرۆڤەوە پارێزراون، بەڵكو هۆكارەكانی باشتربوونی قورئان ئەمانەی خوارەوەیە:
یەكەم: قورئان بەردەوام ڕازاوەدەبێت بە سیفەتی (الذكر) هەتا ڕۆژی قیامەت، وە خوا لە ئاسمانەوە “نەیزەكەكان” ڕەوانە دەكات.. واتە كۆمەڵێك بەندە ڕەوانەدەكات كە ئەركی پاراستنی قورئان ئەنجام دەدەن لە دەستوەردانی ئەو شەیتانانەی كە دەیانەوێت تێكیبدەن و بیشێوێنن. بەڵام كتێبە پیرۆزەكانی تر تا ماوەیەكی دیاریكراو لەپلەی (الذكر)دا مانەوە، پاشان ئەم سیفەتەیان لەدەستدا و بەمەش خوای گەورە پاراستنی خۆی هەڵگرت لەسەریان، لەزووەوە ئەمە ڕوویداوە، بۆیە ئێستا خوا (سبحانه وتعالى) نەیزەكی فەوتێنەر ڕەوانە ناكات بۆ لەناوبردنی شەیتانەكان.
دووەم: قورئانی پیرۆز هەمووی وتەی خوایە (عز وجل).. واتە هەموو پیتێكی و هەموو سەر و بۆرێكی وەحی خوایە، بەڵام شتەكە بەش بەحاڵی كتێبەكانی پێشوو بەم شێوەیە نیە، ئەو كتێبانە تێكەڵەیەكن لە وتەی خوا و قسەی مرۆڤ كە زیادكراوە بۆیان وەك شرۆڤە شەرحێك بۆیان.. ئەمە لە پەیمانی كۆن و ئینجیلكاندا بەئاشكرا دیارە. خوای گەورە بە پاراستنی مانا و چەمكەكانی كتێبە پیرۆزەكانی پێشوو وازیهێنابوو بەبێ پاراستنی دەقەكانیان، چونكە (الذكر) لەو كاتەدا مانای مانا و ناوەڕۆك بوو نەك دەق، چونكە پێغەمبەران یان شوێنكەوتووانیان مانا و ناوەڕۆكی وەحی خوایان دەگەیاند بەخەڵكی لەڕێگەی وشە و دەستەواژەكانی خۆیانەوە بەگشتی بەبێ دەقەكەی، وە لەمەدا هیچ كێشە و گرفتێكیان بەدی نەدەكرد. بەڵام لەبەرئەوەی وەحی قورئانی ڕەنگێكی هەتاهەتایی هەبوو، بۆیە خوای گەورە كاتی دابەزاندنی ئەم وەحیە شێوازی پاراستنەكەی گۆڕی، بۆیە فەرزی كرد لەسەر باوەرداران دەقی قورئان پیت بە پیت لەبەر بكەن بە بێ هیچ گۆڕانێك. بۆیە هەموو وشەیەكی لەگەڵ سەروبۆرەكانیدا نووسرایەوە و تۆماركرا، وە وەكو خۆی لەبەر كرا، وە بەردەوام پارێزراو بوو. ئەم پاراستنە نەڕەخسا بۆ هیچ وەحیەكی تر لەڕابردوودا، نە بەدەستی مرۆڤ نە بەدەستی خوای گەورە. بەڵام پاراستنی مەعنەوی ئەوا گومانی تێدا نیە كە كتێبەكانی پێشوویش تا ماوەیەكی دیاریكراو پارێزراوبوون لەڕووی ماناوە وەك چۆن قورئانی پیرۆز لەڕووی ماناوە پارێزراو دەبێت هەتا ڕۆژی قیامەت.
پرسیارێكی تر هەیە پێویستە وەڵام بدرێتەوە ئەویش ئەوەیە: ئایا كەوتنە خوارەوەی نەیزەكەكان لە ئاسمانی ماددیەوە هیچ پەیوەندییەكی هەیە بە ڕەوانەكردنی پێغەمبەرانەوە؟ مادام پێغەمبەران چوێنراون بەو نەیزەكانە كەواتە دەبێت كەوتنە خوارەوەیان ئەو سوودانەی هەبێت كە وەكو ڕەجمی شەیتانەكان وان؟
وەڵام: سوننەتی بەردەوامی خوا لە كۆنەوە وەهایە كە لەپێناوی پێغەمبەرانی خۆیدا دوو جۆر نیشانە پیشان دەدات: نیشانەی زەمینی واتە ئەو نیشانە و موعجیزانەی كە لەزەویدا ڕوودەدەن لەنزیك مرۆڤەوە، ئەو موعجیزانە لەوانەن كە هەندێ كەسی بەگومان پێیان وایە كاری خوای گەورە نین، بەڵكو كاری خودی بانگەشەكارەكەن و پێی هەڵدەستێت بە فێڵێكی لێزانانە كە شاراوەیە لە ئێمە. بەڵام كۆمەڵێك نیشانەی تر هەن كە پەیوەستن بە ئاسمانەوە واتە بە تەنە ئاسمانیەكانەوە، كە مرۆڤ دەسەڵاتی نیە بەسەریاندا؛ یەكێك لەم نیشانانە بریتیە لە كەوتنە خوارەوەی نەیزەكەكان. ئەم ئایەتانە ڕوودەدەن وەك هاتنەدی پێشبینیەك كە خودی پێغەمبەرەكە ڕایگەیاندووە یان بەگوێرەی پێشبینی ئەو پێغەمبەرە یان ئەو وەلیانەی كە پێش پێغەمبەرەكە هاتوون. وە لە مێژووەوە چەسپاوە كاتی ڕەوانەكردنی مەسیحی ناسیرەیی و پێغەمبەری ئازیزمان (عليهما السلام) بەڕێژەیەكی زۆر نەیزەك لە ئاسمانەوە دەكەوتنە خوارەوە. وە لەسەردەمی پێغەمبەردا ڕێژەی كەوتنەخوارەوەكە ئەوەندە زۆر بوو تەنانەت كافرەكان پێیان وابوو خەڵكی ئاسمان تیاچوون و قیامەت ڕوویداوە و كاتی تیاچوونی خەڵكی زەوی هاتووە.. بەجۆرێك باسكراوە: “کاتێك کە خوا موحەممەدی (ﷺ) وەك پێغەمبەر و نێردراو نارد، شەوێك لە شەواندا ڕەجم کران. خەڵکی طائف لەوە ترسان و گوتیان: خەڵکی ئاسمان لەناوچوون، بەهۆی ئەو ئاگرە زۆرەی لە ئاسمان بینییان و جیاوازیی ئەستێرە پرشنگدارەکان. ئینجا دەستیان کرد بە ئازادکردنی کۆیلەکانیان و بەرەڵاکردنی ئاژەڵەکانیان. عەبد یالەیلی کوڕی عەمری کوڕی عومەیر پێی گوتن: وەی بۆتان ئەی کۆمەڵەی خەڵکی طائف، دەست بگرن لە ماڵەکانتان و سەیری شوێنە دیارەکانی ئەستێرەکان بکەن، ئەگەر بینیتان لە شوێنی خۆیان جێگیرن ئەوا خەڵکی ئاسمان لەناونەچوون، بەڕاستی ئەمە لەبەر خاتری کوڕی ئەبی کەبشەیە -مەبەستی موحەممەدە -ﷺ-، وە ئەگەر سەیرتان کرد و نەتانبینی ئەوا خەڵکی ئاسمان لەناوچوون. وە ئەگەر سەیرتان کرد و نەتانبینی، ئەوا ئەهلی ئاسمان لەناوچوونە، ئەوانیش سەیریان کرد و بینییان، ئینجا دەستیان هەڵگرت لە ماڵ و سامانی خۆیان.” (ابن كثیر، سورة الجن، قوله: إنا لمسنا السماء…).
ئەم نیشانەیە بەگوێرەی پێشبینی كتێبە پیرۆزەكانی پێشوو دەركەوت بەجۆرێك مێژوو باسی دەكات كە پێغەمبەرانی نەوەی ئیسڕائیل پێشبینی ڕوودانی كۆمەڵێك گۆڕانكاری ئاسمانییان كردووە لەسەردەمی پەیدابوونی پێغەمبەردا (ﷺ). لە فەرموودەدا هاتووە: “هەرقل کاتێك گەیشتە ئیلیاء (قودس)، ڕۆژێکیان بەیانی خەمبار بوو. هەندێك لە پیاوە گەورەکانی (بەطارقە) گوتیان: ئێمە باری تۆمان بە شێوەیەکی نامۆ بینی. ئیبن ناظور گوتی: هەرقل کەسێکی ئەستێرەناس بوو سەیری ئەستێرەکانی دەکرد. کاتێك پرسیاریان لێ کرد، ئەویش پێی گوتن: من کاتێك شەو سەیری ئەستێرەکانم کرد، بینیم پاشای خەتەنەکراوان دەرکەوتووە.” (البخاري، بدء الوحي)
مەبەست لە “پاشای خەتەنەکراوان” پاشای عەرەبە؛ واتە پێغەمبەری ئازیزمان (ﷺ).
سەبارەت بە مەسیحی كوڕی مەریەم (عليه السلام) كۆمەڵێك فەرموودە هەن دووپاتی دەكەنەوە كە لەسەردەمی ئەویشدا كەوتنەخوارەوەی نەیزەك زۆر بووە (شرح المواهب اللدنیة للزرقاني، ج1 ص122). هەروەك لە ئینجیلیشدا هاتووە دربارەی ڕەوانەكردنی دووەمی مەسیح كە: “لە خۆر و مانگ و ئەستێرەكان نیشانە دەردەكەون.” (ئینجیلی لۆقا 21: 25).
ئەمە دووپاتی دەكاتەوە كە كەوتنە خوارەوەی نەیزەك وەك نیشانەیەك لەسەر ڕەوانەكردنی پێغەمبەرێك لە پێغەمبەران سوننەتێكی خوایی بەردەوام بووە لەكۆنەوە. بەڵام ئامانجی ڕواڵەتی كەوتنە خوارەوەی نەیزەكەكان پێشتر باسكرا كە بریتیە لەوەی خوا دەیەوێت لەڕێگەی ئەم نیشانە ئاسمانیانەوە خەڵكی ڕزگار بكات لە گومان و وەسوەسە، بۆ ئەوەی پێیان وا نەبێت كە موعجیزەی پێغەمبەر وەك فێڵی ئەوانە وایە كە چاوبەست دەكەن. بەڵام دوور نیە كە بۆ كەوتنەخوارەوەی ئەستێرەی كلكدار كاتی ڕەوانەكردنی پێغەمبەرێك ئامانجێكی تر هەبێت و كاریگەریەكی ڕۆحانی هەبێت كە خەڵكی نەیزانێت، بەڵام یارمەتیدەرە بۆ نەهێشتنی فرتوفێڵە شەیتانیەكان كە دوژمنانی پێغەمبەران پەنایان بۆ دەبەن.
ئێستا باسی ئەو ئایەتانە دەكەم كە دەربارەی ئەم بابەتە هاتوون و تاوتوێی بۆچوونی موفەسیرەكان دەكەم لەبارەیانەوە. قورئانی پیرۆز باسی بابەتی كەوتنەخوارەوەی نەیزەكەكانی كردووە بۆ ڕەجمكردنی شەیتانەكان یان بۆ پاراستنی ئاسمان لەم ئایەتانەی خوارەوەدا:
1- ئەم ئایەتانەی سوورەتی الحجر كە ئێستا ئێمە تەفسیریان دەكەین.
2- ئایەتی ﴿وَلَقَدۡ زَيَّنَّا ٱلسَّمَآءَ ٱلدُّنۡيَا بِمَصَٰبِيحَ وَجَعَلۡنَٰهَا رُجُومٗا لِّلشَّيَٰطِينِۖ﴾ (الملك: 6)
3- ﴿إِنَّا زَيَّنَّا ٱلسَّمَآءَ ٱلدُّنۡيَا بِزِينَةٍ ٱلۡكَوَاكِبِ * وَحِفۡظٗا مِّن كُلِّ شَيۡطَٰنٖ مَّارِدٖ * لَّا يَسَّمَّعُونَ إِلَى ٱلۡمَلَإِ ٱلۡأَعۡلَىٰ وَيُقۡذَفُونَ مِن كُلِّ جَانِبٖ * دُحُورٗا ۖ وَلَهُمۡ عَذَابٞ وَاصِبٌ * إِلَّا مَنۡ خَطِفَ ٱلۡخَطۡفَةَ فَأَتۡبَعَهُۥ شِهَابٞ ثَاقِبٞ﴾ (الصافات: 7- 11)
4- ﴿وَأَنَّا لَمَسۡنَا ٱلسَّمَآءَ فَوَجَدۡنَٰهَا مُلِئَتۡ حَرَسٗا شَدِيدٗا وَشُهُبٗا * وَأَنَّا كُنَّا نَقۡعُدُ مِنۡهَا مَقَٰعِدَ لِلسَّمۡعِ ۖ فَمَن يَسۡتَمِعِ ٱلۡأٓنَ يَجِدۡ لَهُۥ شِهَابٗا رَّصَدٗا﴾ (الجن: 9 و10)
5- ﴿وَزَيَّنَّا ٱلسَّمَآءَ ٱلدُّنۡيَا بِمَصَٰبِيحَ وَحِفۡظٗا ۚ ذَٰلِكَ تَقۡدِيرُ ٱلۡعَزِيزِ ٱلۡعَلِيمِ﴾ (فصلت: 13)
لەم پێنج شوێنەدا بە كورتی یان درێژی باسی ئەم بابەتەكە كراوە. موفەسیرەكان دەڵێن خوا پلە بە پلە وەحی خۆی دادەبەزێنێت، كاتێك وەحیەكە دەگاتە ئاسمانی دنیا شەیتانەكان دەچنەسەر یەك و بەرزدەبنەوە بۆ ئاسمان بۆ ئەوەی شتێك لە وەحیەكە بدزن، كاتێك هەندێ هەواڵ دەڕفێنن لە وەحیەكە و دەگەڕێنەوە دەدرێنەبەر نەیزەك.
وە موفەسیرەكان ڕاجیاییان هەیە لەوەدا كە ئایا نەیزەكەكان جنەكان دەكوژن یان نا، بۆچوونێك هەیە دەدرێتەپاڵ ئیبن عەبباس كە نەیزەكەكان جن ناكوژن، بەڵكو برینداریان دەكەن یان هەندێ ئەندامیان دەشكێنن، لەكاتێكدا حەسەنی بەصری و كۆمەڵێكی تر گوتوویانە: نەیزەكەكان جن دەكوژن. پاشان هەندێكیان گوتوویانە: پاش ئەوەی ئەم هەواڵانە دەدەن بە ساحیر و فاڵگرەوەكان دەكوژرێن، لەكاتێكدا ماوەردی دەڵێت نەیزەكەكان دەكەونەخوارەوە بەسەریاندا و دەیانكوژن پێش ئەوەی ئەو شتە بدەن بە ساحیر و كاهینەكان كە ڕفاندوویانە. (القرطبي)
پاشان ڕاجیاییان هەیە لەوەدا ئایا هاویشتنی نەیزەكەكان پێش پێغەمبەر (ﷺ) هەبووە یان نا؟ زۆرینەیان دەڵێن: بەڵێ هەبووە، وە دەگوترێت: نەبووە. زەججاج دەڵێت: هاویشتنی نەیزەكەكان لەو نیشانانەی پێغەمبەرە (ﷺ) كە لەدوای لەدایكبوونی ڕوویانداوە؛ چونكە شاعیرەكانی پێش پێغەمبەر لە شیعرەكانیاندا باسیان نەكردووە. وە خاوەنی “فتح البیان” گوتوویەتی: شێوازی گونجاندنی هەردوو بۆچوونەكە ئەوەیە كە هاویشتنەكە بوونی هەبووە پێش ڕەوانەكردنی پێغەمبەر (ﷺ)، وە كاتێك ڕەوانەكراوە ئەو شتە زۆرتر بووە. (فتح البیان، سورة الحجر)
هەورەها لە تەفسیرەكاندا هاتووە: “لە ئیبن عەبباسەوە دەڵێت: شەیتانەكان پێشتر لە چەند شوێنێكدا لە ئاسماندا دادەنیشتن و خۆیان مات دەكرد بۆ گوێگرتن لە وەحی، ئەگەر وشەیەكیان ببیستایە نۆ وشەی تریان بۆ زیاد دەكرد، وشەكە ڕاست بوو بەڵام ئەوەی زیادیان دەكرد باتڵ بوو. كاتێك پێغەمبەری خوا (ﷺ) ڕەوانەكرا ڕێگری ئەو كارەیان لێ كرا. ئەمەیان باسكرد بۆ ئیبلیس، پێش ئەوە ئەستێرە نەدەهاوێژرا. ئیبلیسیش پێی گوتن: بەدڵنیاییەوە شتێك ڕوویداوە لەسەر زەوی! ئینجا سەربازەكانی خۆی نارد، بینیان پێغەمبەری خوا (ﷺ) ڕاوەستاوە نوێژ دەكات لەنێوان هەردوو شاخەكەی نەخلەدا. هاتنەوە بۆ لای و هەواڵەكەیان پێ دا. ئینجا گوتی: ئەوە ئەو ڕووداوەیە كە لەزەویدا ڕوویداوە. و لە ڕیوایەتێكدا هاتووە لە هەموو شوێنێكی زەویدا خۆڵیان هێنا بۆ ئیبلیس ئەویش بۆنی كردن. ئینجا بە خۆڵی توهامەی گوت: لێرەدا ڕووداوەكە ڕوویداوە. (الدر المنثور، سورة الجن).
گومانی تێدا نیە ئەم موفەسیرە گەورانە هەوڵێكی گەورە و پەسەندیان داوە لە تەفسیركردنی قورئانی پیرۆزدا، بەڵام بەداخەوە زیادەڕەویەكی ترسناكیان كردووە لەم پرسەدا بەهۆی ترسیان لەو ڕیوایەتانەی كە هیچ بناغەیەكیان نیە و بە ئاشكرا پێچەوانەی قورئانن. پوختەی ئەوەی كە لە تەفسیرەكانیاندا هاتووە بریتیە لە: (یەكەم) شەیتانەكان توانایان هەبووە گوێبیستی هەواڵەكانی ئاسمان بن، (دووەم) ئەم هەواڵانە بابەتی غەیبیشیان تێدا بووە، (سێیەم) ئیبلیس نەیزانیوە پێغەمبەر (ﷺ) ڕەوانەكراوە دوای ئەوە نەبێت كە بینیویەتی نەیزەكەكان دەهاوێژرێن.
تەفسیرەكان لەدەوری ئەم سێ خاڵەدا دەسووڕێنەوە، ئەگەر ئەم سێ خاڵەمان فڕێدا و لەناو ڕیوایەتەكاندا نەمانهێشتن ئەوا شتێكیان تێدا نامێنێتەوە شایەنی باس بێت. بەڵام ئەم سێ خاڵە تەواو پووچن.
یەكەم: تەفسیرەكان دەڵێن شەیتانەكان توانایان هەیە گوێبیستی هەواڵەكانی ئاسمان بن، بەڵام قورئانی پیرۆز بە ئاشكرا دژی ئەم بۆچوونەیە لەم ئایەتانەی خوارەوەدا:
1- ﴿أَمۡ لَهُمۡ سُلَّمٞ يَسۡتَمِعُونَ فِيهِ ۖ فَلۡيَأۡتِ مُسۡتَمِعُهُم بِسُلۡطَٰنٖ مُّبِينٍ﴾ (الطور: 39). ئەم ئایەتە بە ئاشكرا ڕایدەگەیەنێت كە كافرەكان و هاوكارانیان ناتوانن تەنانەت بگەنە ئاسمان چجای ئەوەی گوێبیستی هەواڵەكانی بن. گریمان دانمان بەوەدا نا كە جن سەردەكەوێت بۆ ئاسمان ئەوا پرسیارەكەمان ئەوەیە: ئایا نەدەكرا كافرەكان ڕەخنە بگرن لە پێغەمبەر (ﷺ) كاتی دابەزینی ئەم وەحیە و بڵێن: تۆ لەلایەكەوە دەڵێیت جن سەردەكەون بۆ ئاسمان، ئیتر چۆن لەلایەكی ترەوە پێمان دەڵێیت: ﴿أَمۡ لَهُمۡ سُلَّمٞ يَسۡتَمِعُونَ فِيهِۖ﴾.
2- ﴿وَمَا تَنَزَّلَتۡ بِهِ ٱلشَّيَٰطِينُ * وَمَا يَنۢبَغِي لَهُمۡ وَمَا يَسۡتَطِيعُونَ * إِنَّهُمۡ عَنِ ٱلسَّمۡعِ لَمَعۡزُولُونَ﴾ (الشعراء: 211-213).. واتە تۆمەتباركردنی كافرەكان هیچ حەقیقەتێكی نیە كە گوایە شەیتان ئەم وتەیەی دابەزاندووەتە سەر موحەممەد، ئەمە لەبەر ئەم هۆكارانە: ئەستەمە شەیتان پەیوەندی هەبێت لەگەڵ كەسێكی خاوێن و ڕەوشت پاكی وەكو موحەممەددا. دووەم: ئەو فێركاریە پیرۆز و بڵندەی موحەممەد هێناویەتی ئەستەمە شەیتان دایبەزاندبێت؛ چونكە چۆن دەگونجێت شەیتان فەرمانی شتێك بكات بە خەڵكی كە تیاچوونی خۆی تێدا بێت. سێیەم: ئەوەی دابەزیوەتە سەر موحەممەد زانستی ئاسمانی لەخۆی دەگرێت، وە شەیتان توانای نیە گوێبیستی بێت؛ چونكە خوای گەورە ناهێڵیت بیبیستێت.
ئیتر -دوای خوێندنەوەی ئەم بەڵگە قورئانیە بەهێزانە- ئایا دەكرێت كەسێك ئەوە بە بیریدا بێت كە شەیتان دەتوانێت گوێبیستی هەواڵەكانی ئاسمان بێت؟
دووەم: زۆرێك لە موفەسیرەكان دەڵێن شەیتانەكان یان جنەكان ئەم هەواڵە غەیبییانەیان دەڕفاند، بەڵام ئەم قسەیەیش پووچە لەبەر ڕۆشنایی ئەم ئایەتانەی خوارەوە:
1- ﴿فَقُلۡ إِنَّمَا ٱلۡغَيۡبُ لِلَّهِ فَٱنتَظِرُوٓاْ إِنِّي مَعَكُم مِّنَ ٱلۡمُنتَظِرِينَ﴾ (یونس:21)
2- ﴿أَمۡ عِندَهُمُ ٱلۡغَيۡبُ فَهُمۡ يَكۡتُبُونَ﴾ (الطور: 42، القلم: 48). ئیتر -پاش ئەم ئایەتە ڕاشكاوانە- چۆن دەگوترێت جن زانیاری غەیبییان لەئاسمان دەفڕاند؟
3- ﴿وَقَدۡ كَفَرُواْ بِهِۦ مِن قَبۡلُ ۖ وَيَقۡذِفُونَ بِٱلۡغَيۡبِ مِن مَّكَانِۢ بَعِيدٖ * وَحِيلَ بَيۡنَهُمۡ وَبَيۡنَ مَا يَشۡتَهُونَ كَمَا فُعِلَ بِأَشۡيَاعِهِم مِّن قَبۡلُ ۚ إِنَّهُمۡ كَانُواْ فِي شَكّٖ مُّرِيبِۢ﴾ (سبأ: 54 و 55).. واتە ئەو كەسانە لە گومان و دوودڵیدان، لەبەرئەوە بەربەستێك هەیە لەنێوان ئەوان و غەیبدا؛ چونكە غەیب تەنھا دادەبەزێت بۆ سەر دڵێك باڵاتر بێت لەوەی تووشی هەر گومان و دوودڵییەك بێت، وە لە پلەیەكی هەر بڵندی ئیمان و یەقیندا بێت. كەواتە ئەم ئایەتەیش دووپاتی دەكاتەوە كە ئەوان نەیانتوانیوە سەركەون بۆ ئاسمان، بەڵكو هەرچیەكیان گوتووە لەخۆوە قسەكردن و مەزەندەكردن بووە.
4- ﴿وَكَذَٰلِكَ جَعَلۡنَا لِكُلِّ نَبِيٍّ عَدُوّٗا شَيَٰطِينَ ٱلۡإِنسِ وَٱلۡجِنِّ يُوحِي بَعۡضُهُمۡ إِلَىٰ بَعۡضٖ زُخۡرُفَ ٱلۡقَوۡلِ غُرُورٗا ۚ وَلَوۡ شَآءَ رَبُّكَ مَا فَعَلُوهُ ۖ فَذَرۡهُمۡ وَمَا يَفۡتَرُونَ﴾ (الأنعام: 113). خوای گەورە لێرەشدا دووپاتی كردووەتەوە كە دوژمنانی پێغەمبەران لە جن و ئینس هەواڵی غەیبی ئاڵوگۆڕناكەن لەنێوان خۆیاندا، بەڵكو درۆ و فێڵیان بەیەكتری دەگەیاند، بۆیە دەبینن خوا (سبحانه وتعالى) بە پێغەمبەرەكەی (ﷺ) نافەرموێت ئەوان گوێبیستی هەواڵی ئاسمان دەبن و پێویستە لەسەرت وریایان بیت، بەڵكو دەفەرموێت: ئەوان درۆ دەكەن، وازیان لێ بهێنە، خوای گەورە خۆی بەرپەرچی درۆكانیان دەداتەوە.
5- ﴿عَٰلِمُ ٱلۡغَيۡبِ فَلَا يُظۡهِرُ عَلَىٰ غَيۡبِهِۦٓ أَحَدًا * إِلَّا مَنِ ٱرۡتَضَىٰ مِن رَّسُولٖ فَإِنَّهُۥ يَسۡلُكُ مِنۢ بَيۡنِ يَدَيۡهِ وَمِنۡ خَلۡفِهِۦ رَصَدٗا * لِّيَعۡلَمَ أَن قَدۡ أَبۡلَغُواْ رِسَٰلَٰتِ رَبِّهِمۡ وَأَحَاطَ بِمَا لَدَيۡهِمۡ وَأَحۡصَىٰ كُلَّ شَيۡءٍ عَدَدَۢا﴾ (الجن: 27-29)
بڕوانە چۆن ئەم ئایەتە زۆر بەڕوونی قسەی ئەو موفەسیرانە پووچەڵ دەكاتەوە. ئەوەتا خوا (عز وجل) لە ئایەتەكەدا تەنها ڕاینەگەیاندووە كە زانستی غەیبی قۆرخ كردووە بۆ خۆی، بەڵكو ڕایشیدەگەیەنێت تەنھا ئەو پێغەمبەرانەی خۆی ئاگاداردەكاتەوە لە غەیب كە خۆی هەڵیبژاردوون نەك خەڵكی. هەروەك خوای گەورە بەردەوام پاسەوانی دەكات لەم غەیبە هەتا دەگاتە پێغەمبەرەكانی و ناهێڵێت كەس دەست وەربدات لێیان، بگرە بەردەوام خوای گەورە پەیامەكەی خۆی دەپارێزێت تەنانەت دوای گەیشتنی پێیان هەتا دەیگەیەنن بە خەڵكی. وەك ئەوەی شەیتانەكان هیچ شتێك دەربارەی وەحی نازانن پێش ئەوەی پێغەمبەرەكان بیگەیەنن بە مرۆڤ. بەڵام پاش بڵاوبوونەوەی لەناو خەڵكدا، وەك لە كۆمەڵێك ئایەتی ترەوە دەردەكەوێت، شەیتانەكان دەستدەكەن بە فرتوفێڵ دژی وەحیەكە، بەڵام بەبێ ئەوەی سەركەوتوو بن لە فێڵ و پیلانە پیسەكانیاندا. كەواتە لەم ئایەتەوە دەچەسپێت كە ڕفاندنی وەحی لەلایەن شەیتانەوە دوای ئەوە دەستپێدەكات كە پێغەمبەران ئەو وەحیەیان بڵاوكردووەتەوە لەناو خەڵكدا. وە بەڕەچاوكردنی ئەم مانایە “ئاسمانی دنیا” واتای مەجلیسی پێغەمبەر دەگەیەنێت، نەك ئەو بەرگە هەوا یان ئەو بۆشاییەی كە لەسەرووی خۆمانەوە دەیبینین.
6- هەتا ئێستا ئەو ئایەتانەم باسكرد كە بەڵگەی گشتییان تێدایە، ئێستا ئایەتێك باس دەكەم كە بەتایبەتی باسی جن دەكات، وە بەتەواوەتی ڕوون دەبێتەوە كە ئەوان هەرگیز ئاگایان لە هەواڵی غیب نیە، نە كەم نە زۆر، نە لەسەردەمی پێغەمبەردا (ﷺ) نە دوای ئەو، ئەم ئایەتە ئەم فەرمایشتەی خوای گەورەیە: ﴿فَلَمَّا قَضَيۡنَا عَلَيۡهِ ٱلۡمَوۡتَ مَا دَلَّهُمۡ عَلَىٰ مَوۡتِهِۦٓ إِلَّا دَآبَّةُ ٱلۡأَرۡضِ تَأۡكُلُ مِنسَأَتَهُۥ ۖ فَلَمَّا خَرَّ تَبَيَّنَتِ ٱلۡجِنُّ أَن لَّوۡ كَانُواْ يَعۡلَمُونَ ٱلۡغَيۡبَ مَا لَبِثُواْ فِي ٱلۡعَذَابِ ٱلۡمُهِينِ﴾ (سبأ: 15)
ئەم ئایەتە باسی مردنی سڵێمان (عليه السلام) دەكات، وە بەڕاشكاوی ئەوە دەگەیەنێت كە جن زانستی غەیبیان نەزانیوە تەنانەت پێش سەردەمی پێغەمبەریش (ﷺ). ئەگەر جن گوێبیستی هەواڵی غەیبی بوونایە لە ئاسماندا ئەوا بۆچی نەیانزانیوە سڵێمان كۆچی دوایی كردووە؟ بێگومان سڵێمان (عليه السلام) پێغەمبەرێك بووە، وە ئاشكرایە هەواڵی مردنەكەی بەدڵنیاییەوە لەڕێگەی وەحیەوە دابەزیوە لەگەڵ فریشتە تایبەتەكاندا چونكە ڕەوانەكردن و كۆچی دوایی پێغەمبەر ڕووداوی زۆر گرنگن.
سێیەم: موفەسیرەكان دەڵێن جن، تەنانەت ئیبلیس؛ تەنھا دوای دیاردەی هاویشتنی نەیزەكەكان و كاتێك هاوكارەكانی پێغەمبەریان (ﷺ) بینیوە نوێژدەكات بۆ خەڵكی زانیویەتی پێغەمبەر (ﷺ) ڕەوانەكراوە. بەڵام لەڕووی مێژووییەوە چەسپاوە كە پێغەمبەر (ﷺ) چەندین ساڵ دوای ڕەوانەكردنەكەی بە ئاشكرا نوێژی جەماعەتی كردووە (السیرة النبویة لابن هشام، إسلام عمر). ئەگەر دانماننا بە بۆچوونی موفەسیرەكاندا ئەوا مانای وایە ئیبلیس نەیزانیوە پێغەمبەر (ﷺ) ڕەوانەكراوە دوای تێپەڕینی چەندین ساڵ نەبێت، ئەمەش پێچەوانەی واقیع و ئایەتە ڕاشكاوەكانی قورئانە؛ چونكە هەر ئەوەندە پێغەمبەر بانگەشەكەی خۆی ڕاگەیاند ماڵی شەیتان دەبێت ماتەمخانە، وە شەیتانەكان، چ شەیتانی ئینس بن یان جن، دەست دەكەن بە پیلانگێڕان دژی كۆمەڵی پێغەمبەرەكە. ئەگەر ئیبلیس و شەیتانەكانی تر بێ ئاگا بوون لە ڕەوانەكردنی پێغەمبەر (ﷺ) بەدرێژایی ئەم ماوەیە ئەوا كێ لە پشتی ئەو شەپۆلی دژایەتی و چەوسانەوەیە بوو لە مەككەدا؟ با بە ئارەزووی خۆیان وشەی ئیبلیس تەفسیر بكەن، بەڵام ئەو قسەیە كە بەردەوام بێ ئاگا بووە لە ڕەوانەكردنی پێغەمبەر (ﷺ) بەدرێژایی ئەم ماوەیە قسەیەكە پێچەوانەی عەقڵ و قورئان و سوننەتی خواییە؛ چونكە خوا (عز وجل) لە قورئانی پیرۆزدا بە ڕاشكاوی فەرموویەتی ﴿وَكَذَٰلِكَ جَعَلۡنَا لِكُلِّ نَبِيٍّ عَدُوّٗا شَيَٰطِينَ ٱلۡإِنسِ وَٱلۡجِنِّ يُوحِي بَعۡضُهُمۡ إِلَىٰ بَعۡضٖ زُخۡرُفَ ٱلۡقَوۡلِ غُرُورٗاۚ﴾ (الأنعام: 113). ئەمەش مانای ئەوەیە كە خوای گەورە خۆی هەواڵی ڕەوانەكردنی پێغەمبەر دەدات بە شەیتانەكانی ئینس و جن، بەشێوازێك كە خۆی بە گونجاوی دەزانێت، ئینجا ئەوانیش دژایەتی پێغەمبەرەكە دەكەن كاتێك بانگەشەكەی ڕادەگەیەنێت، ئیتر چۆن دەكرێت ئیبلیس و هاوكارەكانی بەدرێژایی ئەم ماوەیە بێ ئاگا بووبن لە ڕەوانەكردنی پێغەمبەر (ﷺ).
دیارە لێرەدا من وشەی جن و ئیبلیس و شەیتانم بەو مانایە بەكارهێناوە كە لەناو خەڵكی باوە، ئەمەش بۆ ئاسانكاری بۆ خوێنەر و ناچاركردنی بەرامبەر؛ بۆیە كەس بەمە فریونەخوات و پێی وا بێت من سەد لەسەد ئەم مانایانە قەبوڵ دەكەم؛ نەخێر، بەڵكو لە شوێنی خۆیاندا هەڵوێستی خۆم دەخەمەڕوو دەربارەیان.
پرسیارێك ماوە پێویستە وەڵام بدرێتەوە كە بریتیە لە: ئەگەر جن نەیانتوانیوە زانستی غەیبی بدزن لە ئاسماندا یان گوێبیستی هەواڵەكانی ئاسمان بن ئەوا مەبەست چیە لەوەی كە لە فەرموودەدا باسكراوە كە جنەكان دەگەنە ئاسمان و بەسەر یەكتردا سەردەكەون و هەواڵی غەیبی دەڕفێنن؟
وەڵام: مەبەست لەوەی جن زانستی غەیبی دەدزن ئەوەیە كە بە نیازی خراپەوە گوێدەگرن لە فەرمایشتی پێغەمبەران. بەڵام سەركەوتنیان بەسەر یەكتردا مانای ئەوەیە كە سەرانی كوفر خۆیان ئامادەنابن لە مەجلیسی پێغەمبەراندا بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ لە زاری پێغەمبەرانەوە هەڵوێستی پێغەمبەران ببیستن و بەمەش گومانیان نەمێنێت، بەڵكو هەمیشە بەهۆی چەندین كەسی ترەوە ئاگادار دەبن لە فێركاریەكانیان و پێیان وایە ئەم ڕێگەیە باشترین ڕێگەیە. وە بەوپێیەی نیازیان باش نیە، وە بەگوێرەی ئەوەی لێرە و لەوێ دەیبیستن دژایەتی دەكەن، بۆیە بەزۆری درۆ تێكەڵی قسەكانیان دەبێت دەربارەی پێغەمبەران بەجۆرێك ئەگەر جارێك ڕاست بكەن لە قسەكانیاندا ئەوا سەد جار درۆدەكەن.
بەڵام ئەوەی كە لە ڕیوایەتەكاندا هاتووە نەیزەك دەهاوێژرێت لە جنەكان، هەندێ جار پێش ئەوەی هەواڵەكان بگەیەنن بە خەڵكی و هەندێ جاری تر دوای ئەوەی هەواڵەكان دەگەیەنن.. مانای ئەوەیە هەندێ لە دوژمنانی ڕاستی دەستبەجێ سزا دەدرێن لەسەر بێڕێزی و بەدگۆییكردنیان بەرامبەر پێغەمبەران، وە هەندێكیان ماوەیەكی زۆر مۆڵەتیان پێ دەدرێت لەبەر حیكمەتێك كە خوای گەورە خۆی دەیزانێت، بۆیە بەردەوام خەڵكی هاندەدەن دژی پێغەمبەران هەتا لە پڕدا ڕۆژێك لە ڕۆژان “نەیزەك”یان بەردەكەوێت.
وە دەمەوێت لێرەدا دوو لەو ڕیوایەتانە بهێنمەوە هەتا خوێنەر دەقی فەرموودەكان لای خۆی بپارێزێت.
ڕیوایەتی یەكەم دەڵێت: “عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ، يَبْلُغُ بِهِ النَّبِيَّ ﷺ قَالَ: ” إِذَا قَضَى اللَّهُ الأَمْرَ فِي السَّمَاءِ، ضَرَبَتِ المَلاَئِكَةُ بِأَجْنِحَتِهَا خُضْعَانًا لِقَوْلِهِ، كَالسِّلْسِلَةِ عَلَى صَفْوَانٍ – قَالَ عَلِيٌّ: وَقَالَ غَيْرُهُ: صَفْوَانٍ يَنْفُذُهُمْ ذَلِكَ – فَإِذَا فُزِّعَ عَنْ قُلُوبِهِمْ، قَالُوا: مَاذَا قَالَ رَبُّكُمْ، قَالُوا لِلَّذِي قَالَ: الحَقَّ، وَهُوَ العَلِيُّ الكَبِيرُ، فَيَسْمَعُهَا مُسْتَرِقُو السَّمْعِ، وَمُسْتَرِقُو السَّمْعِ هَكَذَا وَاحِدٌ فَوْقَ آخَرَ – وَوَصَفَ سُفْيَانُ بِيَدِهِ، وَفَرَّجَ بَيْنَ أَصَابِعِ يَدِهِ اليُمْنَى، نَصَبَهَا بَعْضَهَا فَوْقَ بَعْضٍ – فَرُبَّمَا أَدْرَكَ الشِّهَابُ المُسْتَمِعَ قَبْلَ أَنْ يَرْمِيَ بِهَا إِلَى صَاحِبِهِ فَيُحْرِقَهُ، وَرُبَّمَا لَمْ يُدْرِكْهُ حَتَّى يَرْمِيَ بِهَا إِلَى الَّذِي يَلِيهِ، إِلَى الَّذِي هُوَ أَسْفَلَ مِنْهُ، حَتَّى يُلْقُوهَا إِلَى الأَرْضِ – وَرُبَّمَا قَالَ سُفْيَانُ: حَتَّى تَنْتَهِيَ إِلَى الأَرْضِ – فَتُلْقَى عَلَى فَمِ السَّاحِرِ، فَيَكْذِبُ مَعَهَا مِائَةَ كَذْبَةٍ، فَيُصَدَّقُ فَيَقُولُونَ: أَلَمْ يُخْبِرْنَا يَوْمَ كَذَا وَكَذَا، يَكُونُ كَذَا وَكَذَا، فَوَجَدْنَاهُ حَقًّا؟ لِلْكَلِمَةِ الَّتِي سُمِعَتْ مِنَ السَّمَاءِ”. (البخاري، التفسیر، سورة الحجر).
ڕیوایەتی دووەم بریتیە لە: ” قَالَ ابْنُ أَبِي حَاتِمٍ… عَنِ النَّوَّاسِ بْنِ سَمْعان رضي الله عنه قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ ﷺ: إِذَا أَرَادَ اللَّهُ تبارك وتعالى أَنْ يُوحِيَ بِأَمْرِهِ تَكَلَّمَ بِالْوَحْيِ، فَإِذَا تَكَلَّمَ أخذت السموات مِنْهُ رَجْفَةٌ- أَوْ قَالَ رِعْدَةٌ- شَدِيدَةٌ مِنْ خوف الله تعالى، فإذا سمع بذلك أهل السموات صَعِقُوا وَخَرُّوا لِلَّهِ سُجَّدًا، فَيَكُونُ أَوَّلُ مَنْ يرفع رأسه جبريل عليه الصلاة والسلام، فَيُكَلِّمُهُ اللَّهُ مِنْ وَحْيِهِ بِمَا أَرَادَ، فَيَمْضِي به جبريل عليه الصلاة والسلام على الملائكة، كلما مر بسماء سماء يسأله مَلَائِكَتُهَا مَاذَا قَالَ رَبُّنَا يَا جِبْرِيلُ؟ فَيَقُولُ عليه السلام: قَالَ الْحَقُّ وَهُوَ الْعَلِيُّ الْكَبِيرُ، فَيَقُولُونَ كُلُّهُمْ مِثْلَ مَا قَالَ جِبْرِيلُ، فَيَنْتَهِي جِبْرِيلُ بِالْوَحْيِ إلى حيث أمره الله تعالى مِنَ السَّمَاءِ وَالْأَرْضِ” (تفسیر ابن كثیر، سورة الحجر)
ئەم ڕیوایەتە دووپاتی دەكاتەوە جیبریل پاسەوانی لە وەحی دەكات هەتا ئەو شوێنەی خوا (عز وجل) دەیەوێت بگات پێی.. واتە هەتا دەگات بە پێغەمبەر. كەواتە ئەو ڕیوایەتانەی كە دەڵێن جن بەشێك لە وەحی دەڕفێنن مانای ئەوەیە كە تەنھا ئەو كاتە لە وەحی دەڕفێنن پاش گەیشتنی بە پێغەمبەر و پاش ڕاگەیاندنی ئەوەی كە دابەزیوەتە سەری لەناو خەڵكدا، ئینجا جنەكان ئەو وەحیەی كە ڕفاندوویانە بڵاوی دەكەنەوە لەناو هاوكارانی خۆیاندا پاش ئەوەی زۆرێك لە شتی پووچی تێكەڵاو دەكەن كە لەلایەن خۆیانەوە هەڵیانبەستووە. وە گومانی تێدا نیە خەڵكی گشتی هەمیشە سەریان سوڕدەمێنێت لەوەی پێغەمبەر ڕایدەگەیەنێت، كاتێك لە خودی شوێنكەوتووانی پێغەمبەرەكە ئەو وەحیە دەبیستن كە خەڵكە شەیتانەكان بۆیان گواستوونەتەوە بەشێوە ڕاستەكەی خۆی ئەوا خەڵكە گشتیەكە بەهۆی ئەوەی ساویلكەن باوەڕ دەكەن بە هەموو ئەو شتانەی ئەو شەیتانانە دەیدەنەپاڵ پێغەمەرەكە لە چاك و خراپ، ئینجا خەڵكە گشتیەكە، كە خەڵەتاون بە فێڵی ئەو شەیتانانە، لەناو خۆیان دەڵێن: ئایا نابینن فڵان گەورە پیاوچاك هەندێ شتی گوت دەربارەی ئەم بانگەشەكارە و ئەوەتا ڕاستگۆییەكەی چەسپا، ئەوەتا خودی شوێنكەوتەكانی جەختی لێ دەكەنەوە. بەم شێوەیە ئەم كەسە ساویلكانە باوەڕ بە هەموو ئەو شتە پووچانە دەكەن كە لەلایەن سەركردە درۆزنەكانیانەوە پێیان دەگات دژی پێغەمبەرەكە؛ پێیان وایە شوێنكەوتەكانی زۆرێك لە كاروبارەكانی دەشارنەوە، وە ڕاستیەكە ئەوەیە كە پێیان دەگات لەڕێگەی سەركردەكانیانەوە.
وە ئەم دیاردە سەیرە لەسەردەمی هەموو پێغەمبەرێكدا ڕوودەدات، هەزاران كەس دەكەونە ئەو داوەوە، چونكە خۆیان ماندوو ناكەن بۆ گەڕان بەشوێن ڕاستیدا بەڵكو بەتەواوەتی و كوێرانە پشت دەبەستن بە قسە و ڕاگەیاندنی سەركردە ئایینیەكانیان، بەمەش بەردەوام بێ بەش دەبن لە قەبوڵكردنی ڕاستی.
شتانێكی تر هەن دەمەوێت باسیان بكەم سەبارەت بە كۆمەڵێك مانای هەڵە كە لەناو خەڵكدا بڵاوبوونەتەوە دەربارەی ئەم ئایەتانە، یان هەندێ موفەسیر باسیان كردوون، بەپێچەوانەی مەبەستی قورئانی پیرۆزەوە، بەهۆی ئەوەی بەهەڵە تێگەیشتوون لە فەرموودە ڕاستەكان یان بەهۆی پشتبەستنیان بە ڕیوایەتە لاوازەكانەوە.
ئەو موفەسیرانەی پێیان وا بووە كە ئەو شتەی بەشێوەی ڕۆشناییەكی درەوشاوە لەئاسماندا دەهاوێژرێت ئەستێرەیە. نەخێر، بەڵكو نەیزەكە. بێگومان قورئانی پیرۆز نەیفەرمووە كە ئەستێرەی ڕاستەقینە دەكەوێتە خوارەوە، هەروەك ئەمە ڕاستیەكە نیە، وە موفەسیرە متمانەپێكراوەكانیش ئەمەیان نەگوتووە، تەنانەت كافرەكان خۆیان دەیانزانی كە نیشانەی ڕەوانەكردنی پێغەمبەر (ﷺ) كەوتنەخوارەوەی نەیزەكە نەك كەوتنەخوارەوەی ئەستێرە.. هەروەك ئەو ڕیوایەتەی كە باسی خەڵكی تائیف دەكات و چەند پەڕەیەك لەمەوپێش تۆمارمان كرد جەخت لەمە دەكاتەوە.
وە خوای گەورە لە قورئاندا چەندین جار دووپاتی دەكاتەوە كە خۆی ئاسمان دەپارێزێت، ئیتر چۆن شەیتان دەتوانێت شتێك لە ئاسمان بڕفێنێت كە بەدەستی خوا (عز وجل) پارێزراوە.
هەندێ كەس دەڵێن شەیتانەكان هەندێ وەحی دەڕفێنن كاتێك ئەو فریشتانەی ئەو وەحیە دەهێنن دەگەنە ئاسمانی دنیا! لێرەدا لەو كەسانە دەپرسین كە ئەم بۆچوونەیان هەیە: كام لە دوو گروپەكە زووتر غەیبەكە دەگەیەنێت بە دۆستەكانی.. فریشتەكان یان شەیتانەكان؟ ئەگەر فریشتەكان زووتر وەحیەكە بگەیەنن بە پێغەمبەر ئەوا چ پێویست دەكات شەیتانەكان وەحیەكە بڕفێنن مادام خەڵكی لە زاری خودی پێغەمبەرەكەوە بیستوویانە؟ ئەگەر گوتیان شەیتانەكان زووتر و پێش فریشتەكان هەواڵی ئاسمان بڵاودەكەنەوە لەناو دۆستەكانیاندا ئەوا بەگوێرەی ئەم قسەیە هەموو سیستەمی خوایی بەر تیری تانە و گومان دەكەوێت! چونكە ئەگەر ئەو یاخی بووە بەدكارانە بتوانن وەحیەكە بڕفێنن پێش ئەوەی بگات بە مرۆڤ -سەرەڕای پاراستنی توندوتیژی خوایی- ئیتر چۆن دەكرێت هیچ كەسێك متمانە بكات بە وەحی پێغەمبەران؟ چونكە دەكرێت بوترێت: هیچ دوور نیە ئەم شەیتانانە لەلایەن خۆیانەوە شتێك زیادبكەن بۆ وەحیەكە پێش ئەوەی دابەزێتە خوارەوە بۆ سەر پێغەمبەران وەك چۆن دەتوانن بیڕفێنن لەكاتێكدا لە ئاسماندایە؟! لەڕاستیدا لەناو موفەسیرەكاندا هەیانە دەڵێت شەیتان لەلایەن خۆیەوە هەندێ وشەی هاویشتووەتە سەر زمانی پێغەمبەر (ﷺ) -پەنا بە خوا- لەكاتی دابەزینی وەحی بۆسەری (ابن كثیر، سورة الحج). لەڕاستیدا ئەگەر شەیتان بیتوانیبا هەندێ وەحی بڕفێنێت سەرەڕای پاراستنی خوایی -پەنا بە خوا- ئەوا دەشیتوانی پێغەمبەرەكە لەناوببات سەرەڕای پاراستنی خوایی. كەواتە هەروەك چۆن ئەمە ڕووینەداوە بەهەمان شێوە ڕفاندنی وەحی لەلایەن شەیتانەوە لەكاتێكدا لە ئاسمانەوە دادەبەزێت كارێكی مەحاڵ و ئەستەمە.
كەسانێك هەن فەرمایشتی خوای گەورە ﴿إِلَّا مَنِ ٱسۡتَرَقَ ٱلسَّمۡعَ﴾ و فەرمایشتی ﴿إِلَّا مَنۡ خَطِفَ ٱلۡخَطۡفَةَ﴾ دەكەن بە بەڵگە و دەڵێن خوای گەورە خۆی لێرەدا ڕایگەیاندووە كە شەیتان دەتوانێت گوێبیستی غەیب بێت یان هەواڵی وەحی بڕفێنێت.
وەڵام: ئەو جیاكردنەوەیە كە لێرەدا باسكراوە بە پیتی “إلا” پەیوەستە بە كردەوەی شەیتانەوە نەك بە كردەوەی خوای گەورەوە. ئەگەر خوا (عز وجل) بیفەرموایە: ئێمە وەحی خۆمان دەپارێزین مەگەر كەمێك لە وەحیەكە كە ڕێگەمان داوە بە شەیتانەكان بیبەن ئەوا ئەم بەڵگەهێنانەوەیە ڕەوا بوو؛ چونكە خوای گەورە ڕێگەی داوە بەم كارە بەڕەزامەندی خۆی، بەڵام خوای گەورە دەفەرموێت: ئێمە وتەی خۆمان دەپارێزین، بەڵام شەیتان شتێكی لێ دەڕفێنێت. كەواتە ئەستەمە ئەو مانا ڕواڵەتیە وەربگیرێت كە ئەو كەسانە دەستیان پێوە گرتووە چونكە پێچەوانەی گەورەیی پێغەمبەر و وەحیە، بەڵكو دەبێت بە بەڵگەیەك -پەنا بە خوا- لەسەر دەستەوسانی خوا (عز وجل) لەجیاتی ئەوەی جەخت بكاتەوە لەسەر هێز و تواناكەی (سبحانه وتعالى). پاشان ئەگەر ئەم مانا ڕواڵەتیە ڕاست بێت ئەوا پێویستە هەركاتێك یەكێك لە ئەستێرەناسەكان هەڵدەستێت بە حیسابكردنی خۆی دەربارەی ئەستێرەكان نەیزەكەكان بكەونەخوارەوە. بەڵام واقیع پێچەوانەی ئەمەیە چونكە هەزارەها ئەستێرەناس و كاهین و فاڵگرەوە و زانایانی ڕەمڵ و جەفر و فەلەكناس هەن كە شەو و ڕۆژ هەوڵدەدەن هەواڵی غەیبی بزانن، ئەگەر شەیتانەكان ئەو هەواڵانە لەوەحی ئاسمانەوە دەڕفێنن و دەیاندەن بەو كەسانە.. ئەوا پێویستە شەو وڕۆژ وەكو باران بێ پچڕان بەردەوام نەیزەك ببارێتە خوارەوە!
ئەگەر بگوترێت كاتێك نەیزەك دەكەوێتە خوارەوە كە شەیتانەكان گوێ لە هەواڵی ئاسمان دەگرن. ئەوا مانای ئەوەیە كە گوێگرتن و ڕفاندنی هەواڵەكان لەلایەن شەیتانەكانەوە كاتی ڕەوانەكردنی پێغەمبەر زیاتر دەبێت لە هەر كاتێكی تر، چونكە سەردەمێكە عادەتەن تێیدا نەیزەك زۆر دەكەوێتەوە خوارەوە، لەگەڵ ئەوەی ڕەوانەكردنی پێغەمبەران ئەو ماوەیەیە كە پاراستنی خوایی تێیدا دەگاتە ئەوپەڕی، وە پێویستە وەها بێت.
پاشان بە چ پێوەرێك بزانین كە لەسەردەمی پێغەمبەردا ئەستێرەناسەكان بە یارمەتی شەیتانەكان پێشبینی ڕووداوەكانی داهاتوو دەكەن، بەڵام لە كاتەكانی تردا تەنھا لەسەر بنەمای حیساباتی خۆیان پێشبینی دەكەن؛ چونكە دەبێت جیاكاری بكرێت لەنێوان ئەم دوو جۆرە هەواڵ و پێشبینیەدا. جا ئەگەر گوترا پێشبینی ئەستێرەناسەكان لەسەردەمی پێغەمبەردا زیاتر دێتەدی لە هەر ماوەیەكی تر، ئەوا ئەم قسیە بە ئاشكرا پووچە؛ وە ئەگەر گوترا ئەوان هەمیشە بەیارمەتی شەیتانەكان پێشبینی دەكەن ئەوا هەموو ئەو كەسانەی شارەزاییان هەیە لە زانستی ئەستێرەناسیدا ئەم قسەیە ڕەتدەكەنەوە و بە پێچەوانەی عەقڵ لەقەڵەمی دەدەن. گومانی تێدا نیە زانستی ئەستێرەناسی و ڕەمڵ و هاوشێوەكانیان زیادە و بێ سوودن، بەڵام لەسەر كۆمەڵێك بنەمای زانستی دامەزراون، وە بەهیچ شێوەیەك پەیوەندییان بە جن و غەیری جنەوە نیە.
بەڵێ، گروپێك هەن لە شوێنكەوتەی ئەو زانستان بەناوی “ڕۆحانیەكان” كە بانگەشەی ئەوە دەكەن ڕۆحەكان ئامادە دەكەن و ڕاز و نیاز دەكەن لەگەڵیاندا. لەڕاستیدا ئەم گروپەش دەبن بە دوو بەشەوە: بەشێكیان خەڵكی فریودەدەن و دەیانخەڵەتێنن، وە ژمارەیان زۆرە، وە بەشێكی تریان خۆیان فریویان خواردووە بەجۆرێك -بەهۆی ئەوەی زانیارییان نیە بە وردەكاریەكانی عەقڵی مرۆیی- هەندێ توانای ڕۆحی مرۆیی بە كردەوە و كاریگەریەك لەقەڵەم دەدەن لەلایەن كۆمەڵێك ڕۆحی جیهانەكەی ترەوە. هەرچۆنێك بێت ئایەتەكە باسی ئەم گروپەیش ناكات؛ چونكە لەكاتی ئامادەكردنی ڕۆحەكان لەلایەن ئەم كەسانەوە ئێمە نابینین نەیزەك بكەوێتە خوارەوە.
پوختەی قسە، ئەم ئایەتانە باسی پاراستنی خوایی دەكەن بۆ وەحی بەجۆرێك خوا (عز وجل) لەم ئایەتانەدا دووپاتی دەكاتەوە كە هیچ بوونەوەرێك ناتوانێت ئاگاداری هیچ وەحیەك بێت پێش ئەوەی خوا دایبەزێنێت بۆ سەر پێغەمبەرەكەی، بەڵام پاش دابەزاندنی وەحیەكە بۆسەری و ڕاگەیاندنی وەحیەكە لەلایەن پێغەمبەرەكەوە شەیتانەكانی ئینس (واتە خەڵكی ئاسایی) و شەیتانەكانی جن (سەركردەكان و خەڵكی تایبەت) بەجۆرەها شێواز وەحیەكە دەڕفێنن، بۆ ئەوەی لەلایەن خۆیانەوە درۆی تێكەڵ بكەن و بۆ ئەوەی بەم شێوازە شێواو و تێكچووە بیخەنەپێش چاوی خەڵكی، هەتاكو خەڵكەكە هان بدەن دژی پێغەمبەرەكەیان. وە ئاشكرایە پرۆسەی تێكەڵاوكردنی وەحی بە درۆ تەنھا لە یەك دۆخدا سوودی دەبێت بۆ ئەو فێڵبازانە كە بریتیە لە دۆخی دوای دابەزینی وەحیەكە، ئەگینا ئەگەر لەڕاستیدا جنەكان هەواڵی غەیبییان دەڕفاند لە ئاسماندا ئەوا چ پێویست بوو درۆی تێكەڵاو بكەن؟ ئایا شێتن هەتا درۆ تێكەڵاوی ئەم هەواڵانە بكەن بەمەش؛ بەدەستی خۆیان، خۆیان ڕسوا بكەن كاتێك ساختەیی ئەم هەواڵانەی داهاتوو ئاشكرا دەبێت بەوەی نایەنەدی. بەڵام تێكەڵاوكردنی وەحی پێغەمبەران بە درۆ و قسەی پووچ لەلایەن دوژمنانی ڕاستیەوە دیاردەیەكی بەردەوامە و هەمیشە دەبینرێت، بەجۆرێك دەستەواژەیەك لە وەحیەكە وەردەگرن و تەفسیرێكی شێواوی بۆ دەكەن، یان بڕگەیەكی وەحیەكە دەخەنە پێش چاوی خەڵكی بەدابڕاوی لە سیاقەكەی خۆی، بۆ ئەوەی خەڵكی هان بدەن دژی پێغەمبەران. بەردەوام لە هەموو سەردەمێكدا ئەمە نەریتی دوژمنانی پێغەمبەران بووە، ئەمە ئەو ڕفاندنەیە كە ویستی خوایی ڕێگەی پێداوە بە شەیتانەكان، بەڵكو دەرفەتی ئەم كارەی بۆ ڕەخساندوون بەجۆرێك خوا بە كۆمەڵێك وشەی ڕوون و ئاشكرا پێمان ڕادەگەیەنێت ﴿وَكَذَٰلِكَ جَعَلۡنَا لِكُلِّ نَبِيٍّ عَدُوّٗا شَيَٰطِينَ ٱلۡإِنسِ وَٱلۡجِنِّ يُوحِي بَعۡضُهُمۡ إِلَىٰ بَعۡضٖ زُخۡرُفَ ٱلۡقَوۡلِ غُرُورٗاۚ﴾ (الأنعام: 113)، هەروەها فەرموویەتی ﴿وَكَذَٰلِكَ جَعَلۡنَا فِي كُلِّ قَرۡيَةٍ أَكَٰبِرَ مُجۡرِمِيهَا لِيَمۡكُرُواْ فِيهَا ۖ وَمَا يَمۡكُرُونَ إِلَّا بِأَنفُسِهِمۡ وَمَا يَشۡعُرُونَ﴾ (الأنعام: 124)
كەواتە، هەورەك چۆن خوای گەورە وەحیەكەی خۆی دەپارێزێت بەجۆرێك هیچ یەكێك لە دوژمنەكان ناتوانێت وەحیەكەی خوا بگۆڕێت، چ ئەم دوژمنە ئاشكرا بێت یان نهێنی، بەهەمان شێوە خوا (عز وجل) -لەبەر حیكمەتێك- ڕێگەی داوە بە شەیتانەكان لە خەڵكی مانای شێواو و تێكدراوی وەحیەكەی بڵاوبكەنەوە لەناو خەڵكیدا، یان ئەو شەیتانانە خەڵكی هان بدەن دژی پێغەمبەرەكەیان بەوەی درۆ بڵاوبكەنەوە دەربارەی ئەو وەحیەی دابەزیوەتە سەری؛ بەڵام پاش ئەوەی ئەو فێڵبازانە پڕوپاگەندە و بانگەشەی ساختەی خۆیان بڵاودەكەنەوە دژی وەحی پێغەمبەران و خەڵكی هان دەدەن لەدژیان لەڕێگەی جۆرەها درۆ و بوختانەوە.. ئەوسا لە ئاسمانەوە نەیزەكێك دادەبەزێتە سەریان و دەیانسووتێنێت، بەمەش لەسەر دەستی پێغەمبەراندا ڕسوا و سەرشۆر دەبن.
وە ئەم جیاكردنەوەیە -وەك دەبینین- لەگەورەیی خوای گەورە دانابەزێنێت چونكە خۆی ڕێگەی پێداوە، هەروەك هیچ زیانێك ناگەیەنێت بە ئایین، بەڵكو ئایین بە پارێزراوی دەمێنێتەوە وەكو خۆی؛ چونكە ئەم شتە پووچانە تەنھا لەناو دوژمنانی ئاییندا بڵاودەبێتەوە، بۆ ئەوەی پێی دڵخۆش بن دڵخۆبوونێكی كاتی و پووچ.
لە قورئانی پیرۆزەوە ڕوون دەبێتەوە ئەو كەسانەی ئەم چالاكیە دوژمنكارانەیە دەكەن دوو جۆرن: یەكەمیان بریتین لە دوژمنانی ناوخۆ واتە دووڕووەكان، دووەمیان بریتین لە دوژمنانی دەرەكی واتە نەیارەكان. ئەمەش چونكە خوای گەورە جارێك ئەم كارەی داوەتەپاڵ “شیطان رجیم” (سوورەتی الحجر و الملك) وە جارێكی تر داویەتیەپاڵ “شیطان مارد” (سوورەتی الصافات). وە وشەی الرجیم لە زماندا بریتیە لە دەركراوی دوورخراوە، بەڵام المارد واتە دەستدرێژكاری یاخی. كەواتە هەردوو سوورەتی الحجر و الملك ئاماژە دەكەن بۆ دوژمنانی ئایین لە كافرەكان.. واتە ئەو كەسانەی كە نزیك نەبوونەتەوە لە ئایین ئەگەرچی بە ڕواڵەتییش بێت، بەڵكو دوورخراونەتەوە لێی، وە خوای گەورە بەڵێن دەدات قورئان بپارێزێت لە هێرشەكانیان. بەڵام سوورەتی الصافات پێشبینی ئەوە دەكات كە لەناو موسوڵماناندا كەسانێك پەیدا دەبن ماناكانی قورئان بەشێواوی دەخەنەپێش چاوی خەڵكی، ئەو كەسانە شەیتانە یاخیبووەكانن.. واتە ئەوان -سەرەڕای ئەوەی لەڕووكەشدا سەر بە ئایینی ئیسلامن- بەڵام لەڕاستیدا لێی دەرچوون و لە ئایین یاخی بوون، بەخۆیان بزانن یان نەزانن، بەڵام خوای گەورە وەحی خۆی دەپارێزێت لە شەڕ و ئاژاوەی ئەمانیش. وە ئەم هەواڵە پەیوەستە بە داهاتووەوە، بەجۆرێك تێیدا خوا (عز وجل) ڕایگەیاندووە كە هەركاتێك عەقڵی موسوڵمانان كول بوو و نەیتوانی تێبگات لە زانیاریەكانی قورئان، وە هەندێكیان چەمكە ئەسڵیەكانی قورئانیان شێواند، ئەوسا خوا لەلایەن خۆیەوە كەسێك ڕەوانە دەكات بۆ ئەوەی قورئان بپارێزێت لە شەڕ و ئاژاوەی ئەو كەسانە. فتبارك الله أحسن الخالقین!
خاڵێكی تر هەیە شایانی باسە ئەویش ئەوەیە ئەم ئایەتانە پیادەش دەبن بەسەر ئەستێرەناسەكان و ئەوانەی بە خۆیان دەڵێن “ڕۆحانیەكان”، چونكە پێغەمبەران بیروباوەڕی ئەم كەسانەیش لەناودەبن، بەڵان ئەم پیادەبوونە پیادەبوونێكی ئاماژەیی و جوزئییە. ئەمەش چونكە سەبارەت بە كاریگەری ئەستێرەكان یان ئەو ڕاستیانەی لە زانستی گەردوونناسیدا هەن ئیسلام هەرگیز نكوڵی لەوە ناكات، بەڵكو قورئانی پیرۆز خۆی فەرمانمان پێ دەكات بیر لە گەردوون بكەینەوە و بگەڕێین بەشوێن نهێنیەكانیدا، لەبەرئەوە ئەستەمە لەلایەكەوە قورئان جەخت بكاتەوە لەسەر بوونی كۆمەڵێك حیكمەت لە زانستی گەردوونناسی و ئەستێرەناسیدا و هانمان بدات بۆ ئەوەی هەوڵبدەین بیزانین، وە لەلایەكی ترەوە نەیزەك بهاوێژێت بۆ ئەو كەسانەی كە ئەو حیكمەت و زانیاریانە فێردەبێت. قورئان تەنھا ڕێگری دەكات لەو شتەی خەیاڵ و شیركە. بۆیە ڕاست نیە ئەم زانستە بدرێتەپاڵ خەیاڵ و مەزەندەكردن، بەڵام ڕاستیش نیە وەكو ئایین بایەخی پێ بدەین چونكە ئەمە دەبێتە هاوەڵدانان بۆ خوای گەورە. چونكە گومانی تێدا نیە كە جووڵەی ئەستێرەكان بەدڵنیاییەوە كاریگەری هەیە، بەڵام یەكێكە لە ڕێسا زۆرەكانی تری گەردوون. وە هەزارەها دیاردەی تری سروشتی هەیە كە كاریگەری لە گەردوون دەكەن بە بەردەوامی و لە یەك كاتدا؛ لەڕاستیدا هیچ شتێك لە بووندا نیە لە خودی خۆیدا كاریگەری تەواوی هەبێت بەجۆرێك پشت نەبەستێت بە شتێكی دەرەكی جگە لە خوا (عز وجل) بەتەنھا. بۆیە هەركەسێك پێی وا بێت هەر شتێكی ماددی -چجای ئەستێرەكان- كاریگەرییەكی خۆیی و بێگومانی هەیە ئەوە ئەو كەسە موشریكە، لەبەرئەوەی پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی: “من قال: مُطِرْنَا بِنَوْءِ كَذَا وَكَذَا فَذَلِكَ كَافِرٌ” (البخاري، الأذان)، واتە هەر كەسێك بڵێت بەهۆی فڵان ئەستێرەوە بارانمان بۆ باری ئەوا ئەو كەسە كافرە. وە النوء بریتیە لە ئەستێرە. ئەمەش چونكە زۆرێك لە خەیاڵاتیان زیادكردووە بۆ كاریگەری ڕاستەقینەی ئەستێرەكان، پاشان ئەو كاریگەریەی كە لەسەر بنەمای زانستی چەسپا بێت ئەویش هۆكارێكە لە ملیۆنەها هۆكاری تر كە خوای گەورە دروستی كردوون و دەیانپارێزێت. بۆیە پێویستە لەسەر مرۆڤ كە تەنها پشت بەخوا (عز وجل) ببەستێت.
وە مەبەست لە ڕەجمی شەیتانەكان بە نەیزەك -دەربارەی ئەستێرەناسان و ڕۆحانیەكان و ئەوانی تر- ئەوەیە ئەو كەسانە بانگەشەی زۆر گەورە دەكەن لە سەردەمێكدا كە پێغەمبەری تێدا نەبێت، بەڵام كاتی دەركەوتنی پێغەمبەر لێدانێكی كوشندەیان بەردەكەوێت، بەجۆرێك پێغەمبەرەكە لەبەرچاوی دنیادا ڕسوایان دەكات بەوەی فێڵەكانیان ئاشكرا دەكات، وە خەڵكی ئەو جیاوازیە ڕوونە دەزانن كە هەیە لەنێوان زانینی غەیبی ڕوون و لەخۆوەقسەكردن و مەزەندەكردن.
وَٱلۡأَرۡضَ مَدَدۡنَٰهَا وَأَلۡقَيۡنَا فِيهَا رَوَٰسِيَ وَأَنۢبَتۡنَا فِيهَا مِن كُلِّ شَيۡءٖ مَّوۡزُونٖ 20
شیكردنەوەی وشەكان:
مددناها: مده: ڕایخست. مد المدیون: مۆڵەتی دا بە قەرزدارەكە. مد الله عمره: خوا تەمەنی درێژ كرد. مد الشيء: شتەكەی ڕاكێشا. مد القوم: بوو بەیارمەتیدەری ئەو خەڵكە و بەهانایانەوە چوو. وە لە اللسان دا هاتووە: مددت الأرض مدا: ئەگەر خۆڵی تر یان پەیینی بۆ زیاد بكرێت، بەمەش بەپیتتر دەبێت بۆ چاندن. (الأقرب)
موزون: وزنه وزنا: تاقیكردنەوەی قورسی و سووكیەكەی و ئەزموونكردنی بە شتێكی هاوتای خۆی. لە “الأساس”دا هاتووە: وزنت الشيء ورزنته وثقلته: تاقیكردنەوەی شتێك بە دەستت بۆ ئەوەی كێشەكەی بزانیت. وزن تمر النخلة وزنا: هەڵسەنگاندن و مەزەندەكردنی خورمای دارخورما (الأقرب). الشيء الموزون: شتی مەزەندەكراو؛ ئەو شتەی كێشانەكراوە؛ شتی گونجاو.
تەفسیر: فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَٱلۡأَرۡضَ مَدَدۡنَٰهَا﴾ دوو مانای هەیە: یەكەم: ئەم زەویەمان ڕاخست بۆ ئەوەی بگونجێت لەگەڵ پێداویستیەكانی خەڵكیدا. واتە زۆر فراوان و بەرینمان كرد بەجۆرێك -سەرەڕای ئەوەی خڕە- ئاستەنگ دروست ناكات بۆ ژیان مرۆڤ لەسەری، بگرە هیچ هەست ناكات بەوەی خڕە.
دووەم: پەینمان بۆ زیاد كردووە. ئەمەش چونكە زەوی بەردەوام توانای نوێ وەردەگرێت لە تەنە ئاسمانیەكانی تر، بەڵكو زانایانی گەردوون سەلماندوویانە كە بەردەوام گەردیلەی ورد لەم تەنە ئاسمانیانەوە دەكەوێتە خوارەوە بۆ سەر زەوی، بەمەش قەبارەی زەوی بە بەردەوامی زیاتر دەبێت، وە ئەم پەینە دەرەكیە تواناكانی زەوی زۆر زیاتر دەكات.
لەپاڵ پەیندا، زەوی پێویستی بە ئاو دەبێت، بۆیە خوا (سبحانه وتعالى) دوای ئەوە فەرموویەتی: چیاكانمان تێدا جێگیر كرد كە بەفر لەخۆدەگرن، بەم شێوەیە ئەم بەفرە ئاوێكی زۆر كۆدەكەنەوە بۆ خەڵكی دنیا كە لەڕێگەی ڕووبارەكانەوە دەگاتە ناوچە جۆراوجۆرەكانی زەوی و ئاویاندەدات.
پاشان خوای گەورە فەرموویەتی ﴿وَأَنۢبَتۡنَا فِيهَا مِن كُلِّ شَيۡءٖ مَّوۡزُونٖ﴾. وە ڕووان واتە هاتنەدەرەوەی ڕووەك لە زەوی، وە بە مەجازی واتە پێگەیشتن و پەرەپێدانی شت.. بەجۆرێك لە قورئانی پیرۆزدا دەربارەی خاتوو مەریەم (علیها السلام) هاتووە: ﴿وَأَنۢبَتَهَا نَبَاتًا حَسَنٗا﴾ (آل عمران: 38). لێرەدا وشەی الإنبات بە هەردوو ماناكە هاتووە: یەكەم: لە زەویدا هەموو شتێكی گونجاومان دروستكرد بۆ پڕكردنەوەی پێداویستیەكانی خەڵكەكەی، یان بەردەوام گەشە دەدەین بەو شتە، دووەم: ئێمە لە زەویدا هەموو شتێكمان دەرهێنا بە ئەندازەیەكی دیاریكراو یان گەشەی پێ دەدەین. واتە خوای گەورە زانای نادیار.. دەزانێت زەوی پێویستی بە چ شتێك هەیە و بە چ ئەندازەیەك. وشەی ﴿مَّوۡزُونٖ﴾ ئاماژەیە بۆ ئەوەی خوای گەورە لەزەویدا هەموو شتێكی بە ڕێكوپێكی و گونجاوی دروستكردووە لەڕووی چەندێتی و چۆنێتیەوە.
پەیوەندی ئەم ئایەتە بەوەی پێش خۆیەوە ئەوەیە كە خوا (عز وجل) پێشتر باسی دابەزینی قورئانی پیرۆز و پاراستنەكەی كرد، وە بەڵگەی هێنایەوە لەسەر ئەم پاراستنە نائاساییە بە هێنانەوەی نموونەیەك كە پەیوەندی بە ئاسمانەوە هەبوو. ئێستا نموونەیەكی تری هێناوەتەوە كە پەیوەندی بەزەویەوە هەیە و فەرموویەتی: ئێمە كۆمەڵێك ئامرازی نائاساییمان داوە بە زەوی كە دەیپارێزن لە لاوازی و پەرە دەدەن بە تواناكانی. هەندێ لەو ئامرازانە دەرەكین و هەندێكیان ناوەكین وەك: 1- ئەو ماددە و گەردیلانە كە لە ئاسمانەوە دەكەونە خوارەوە بۆ سەر زەوی؛ 2- چیاكان؛ 3- توانا ناوەكیەكانی زەوی خۆی. دۆخی وەحیش بەم جۆرەیە، ئەویش بەهۆی یارمەتی ئاسمانیەوە بەهێز دەبێت، وە پێشەواكانی باوەڕداران كاردەكەن بۆ پاراستنی، هەروەك سیفەتە جوانە خۆییەكانی خەڵكی لە هەموو چین و توێژێك ڕادەكێشن بۆ لای زانیاریەكانی.
وَجَعَلۡنَا لَكُمۡ فِيهَا مَعَٰيِشَ وَمَن لَّسۡتُمۡ لَهُۥ بِرَٰزِقِينَ 21
شیكردنەوەی وشەكان:
معایش: كۆی وشەی “معیشة”یە، المعیشة: بژێوی ژیان لە خواردن و خواردنەوە؛ ئەوەی ژیانی پێوە بەندە و بژێوییە لە خواردن و شتی تر لەو شتانەی كە پەیدا دەكرێن یان مایەی گوزەرانە لە شوێن و كاتدا. (الأقرب)
تەفسیر: خوای گەورە دەفەرموێت: لە زەویدا جۆرەها ئامراز و هۆكارمان بۆ داناون كە بەهۆیانەوە دەژین، هەروەك ڕۆزیمان تێدا داناوە تەنانەت بۆ ئەو بوونەوەرانەی كە خەڵكی ناتوانن خۆراكیان پێ بدەن.
مرۆڤ بانگەشەی ئەوە دەكات كە فەزڵی هەیە بەسەر ئاژەڵەكانی تردا، بەڵام بۆ پەیداكردنی ڕزق و ڕۆزی ماندوو دەبێت، لەكاتێكدا ئەم بوونەوەرە زیندووانە لە ئاژەڵ و مێرووەكان -كە ژمارەیان دەگاتە بلیۆنەها نەك ملیۆنەها- بەئاسانی و ئامادەكراوی خۆراكی خۆیان دەستدەكەوێت. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر بوونی زاتێكی هەرە باڵا هیچ دروستكراوێك لێی شاراوە نیە، بەجۆرێك مرۆڤ ڕۆزییان پێ نادات، بەڵكو خوا (سبحانه وتعالى) ڕۆزییان پێ دەدات.
پەیوەندی ئەم ئایەتە بە ئایتەكەی پێش خۆیەوە ئەوەیە كە لێرەدا خوای گەورە ئاماژە بەوە دەدات كە مرۆڤ هەمیشە پێویستی بە خۆراكی ڕۆحانیش هەیە؛ چونكە خەڵكی لە سەردەمێكی دیاریكراودا ناتوانن خۆراكی ڕۆحی گونجاو بدەن بە خەڵكی سەردەمێكی تر؛ بۆیە دەبینن زانستە مرۆییەكان بە تێپەڕینی كات دەگۆڕێن. یەكێك لە هۆكارەكانی دابەزینی ئەو وەحیەی خاوەنی زانیاری فراوانە و پاراستنی ئەوەیە ئەگەر كارەكە بەجێبهێڵرێت بۆ خەڵكی ئەوا هەرگیز گرنگی نادەن بە ڕۆزی و بژێوی ڕۆحانی بۆ نەوەكانی داهاتوو، بەڵكو بەدڵنیاییەوە وەحی خوایان ملكەچ دەكرد بۆ هەلومەرج و زانستە باوەكانی سەردەمی خۆیان، بەمەش ئەو كەسانەی دوای ئەوان دێن وێڵ و سەرگەردان دەبن لە تاریكیدا؛ چونكە زانستەكانی پێشوو تینوێتیان ناشكێنێت، هەروەك وەحیە شێواوەكەی پێشوو پێداویستیە نوێكانیان پڕناكاتەوە. وەك ئەوەی خوای گەورە بفەرموێت: هەروەك چۆن ئێمە ڕۆزیمان دابینكرد بۆ ئەو ئاژەڵانەی كە ئێوە خۆراكیان پێ نادەن یان ناتوانن خۆراكیان پێ بدەن.. بەهەمان شێوە لەم وەحیە قورئانیەدا شتانێكمان كۆگا كردووە كە خۆراكی ڕۆحانی دابین دەكەن بۆ نەوەكانی داهاتووە كە ئەوانەی پێشوو ناتوانن ئەو خۆراكەیان بۆ دابین بكەن. كاتێك پێویستیان بەم ڕۆزیە دەبێت ئەوسا خوا (عز وجل) دەرگای ئەم كۆگایانەیان بۆ دەكاتەوە، بۆ ئەوەی پشكی خۆیانی لێ ببەن.
چاكەی خوا چەند گەورەیە لەسەرمان! ئەگەر زانیاریەكانی قورئان سنووردار بوونایە و تایبەت بوونایە بە ڕابردووەوە ئەوا داواكارانی خۆراكی ڕۆحانی لەمڕۆدا ئازاری زۆریان دەچەشت، بەڵام خوا لەسایەی فەزڵ و چاكەی خۆیەوە جیهانی وەحی قورئانی فراوان كردووە وەك جیهانی ماددی، بگرە لەویش فراوانتری كردووە، بۆیە بەردەوام لەهەموو سەردەمێكدا زانیاری نوێمان پێ دەدات.
وَإِن مِّن شَيۡءٍ إِلَّا عِندَنَا خَزَآئِنُهُۥ وَمَا نُنَزِّلُهُۥٓ إِلَّا بِقَدَرٖ مَّعۡلُومٖ 22
شیكردنەوەی وشەكان:
ننزل: نزله: وەهای لێكرد دابەزێت. نزل القوم: چووە لايان. نزل الشيء: شتەكەی ڕێكخست. نزل العیر: ئەندازەی قۆناغەكانی كاروانەكەی دیاریكرد. التزیل: دابەزاندن: پلە بە پلەیە. (الاقرب).
قدر: القدر: چارەنووسی خوایی. هەندێكیان وەها پێناسەیان كردووە كە ئیرادەیە بەشتەكان لەكاتی خۆیاندا. القدر: ئەندازەی شت؛ وزە. (الأقرب)
تەفسیر: ئەم ئایەتە تەفسیری ئایەتەكەی پێشووە، بەجۆرێك ڕاستیەكی هەرە گەورەی ئاشكرا كردووە ئەویش ئەوەیە؛ گەنجینەی هەموو شتێك لای خوایە، وە سەرنجی مرۆڤ ڕادەكێشێت بۆ ئەو گەنجینانە كاتی پێویستی مرۆڤەكە پێیان بۆ ئەوەی سوودیان لێ وەربگرێت. بۆیە هەموو ئەم گەنجینە زەمینیانە كە ئەمڕۆ دەدۆزرێنەوە پێشتر لەسەرەتاوە لە زەویدا هەبوون. بۆ نموونە ئاسن، لە كۆنەوە لە زەویدا هەبووە، بەڵام پاش ماوەیەكی زۆر ئینجا مرۆڤ پێی زانیوە، كاتێك پێی زانی زۆر سوودی لێ وەرگرت. كاتێك مرۆڤ پێویستی بوو بەوەی سواری گالیسكەی ئاسن بێت خەڵووزی بەردین و وزەی هەڵمی دۆزییەوە، بەمەش ئەم بێ گیانە واتە ئەو ئاسنەی كە هیچ جووڵە و ژیانێكی تێدا نەبوو، وەهای لێهات دەڕۆیشت و كاری دەكرد وەك ئەو شتانەی ژیانیان تێدایە. پاشان كاتێك پێویستی مرۆڤ زیاتر بوو وزەی كارەبای داهێنا. بەكورتی، بەردەوام زەوی گەنجینەكانی خۆی فڕێدەداتە دەرەوە لە هەموو سەردەم و چەرخێكدا بەگوێرەی پێویستی مرۆڤ بۆ ئەو گەنجینانە.
خوای گەورە دەفەرموێت: بەم شێوەیە وەحی دەپارێزین و پارێزگاری دەكەین لە گەنجینەكان كە بەگوێرەی پێداویستیەكانی مرۆڤ وردە وردە دایاندەبەزێنین. بۆیە پێتان وا نەبێت كە وەحی خوا كتێبێكە بە تەنھا.. خوا، دایبەزاند پاشان وازیلێھێنا. نەخێر وا نیە، بەڵكو وەحی جیهانێكە ملیۆنەها گەنجینەی تێدایە بۆ مرۆڤ لە سەردەمە دۆراوجۆرەكاندا، ئیتر چۆن دەكرێت خوا وازبهێنێت لە پاراستنی ئەم گەنجینانە ئەگەر هەمووی دابەش نەكات بەسەر سەرجەم ئەو كەسانەدا كە شایستەی ئەو گەنجینانەن؟ بەڵێ، كاتێك ئەو گەنجینانە كۆتایی دێن كە لە وەحییەكدا هەن ئینجا خوا وازدەهێنێت لە پاراستنی ئەو وەحیە، بەجۆرێك شتێكی تێدا نامێنێت كە بكرێت دابەشی بكات بەسەر خەڵكیدا.
پێویستە بزانرێت كە ئایەتەكانی پێشوویش باسی پاراستنی قورئانی پیرۆزيان كرد، بەڵام خیتابەكەى هەموو موسوڵمانانیش دەگرێتەوە، ئەمەش بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هەڵانەی كە دەكرێت موسوڵمانان تووشیان بن سەبارەت بە بیروباوەڕی پاراستنی قورئان.
وَأَرۡسَلۡنَا ٱلرِّيَٰحَ لَوَٰقِحَ فَأَنزَلۡنَا مِنَ ٱلسَّمَآءِ مَآءٗ فَأَسۡقَيۡنَٰكُمُوهُ وَمَآ أَنتُمۡ لَهُۥ بِخَٰزِنِينَ 23
شیكردنەوەی وشەكان:
لواقح: دەوترێت: لقِحت الناقةُ لَقاحًا وكذلك الشجرةُ: واتە حوشترەكە ئاوس بوو، هەروەها درەختەكە پیتێنرا. ألقح فلانٌ النخلَ: واتە فڵان كەس دارخورماكەی پیتاند يان تەلقیح كرد. وأرسلنا الریاح لواقح: واتە ئەو بایانەمان نارد كە هۆی پیتاندنن (المفردات). باسی ئەو بایانەیە كە بارگەیان پێوەیە یان شەونم هەڵدەگرن و پاشان دەیانخەنەناو هەورەوە، ئەگەر لەهەوردا كۆبوونەوە دەبن بە باران. (الأقرب)
تەفسیر: اللواقح ئەو بایانەیە كە دەنكە هەڵاڵەی نێرینەی درەخت هەڵدەگرن و دەیانگوازنەوە بۆ ئەندامی مێیینەی درەخت؛ بۆ پیتاندنی درەختەكە بۆ ئەوەی بەر بگرێت. وە وشەی اللواقح مانای ئەو بایانەش دەگەیەنێت كە ئەو هەڵمە هەڵدەگرن كە لەزەویەوە بەرزبووەتەوە پاشان چڕدەبێتەوە و دەبێت بە هەور.
لێرەدا هەردوو ماناكەی وشەی اللواقح پیادە دەبێت؛ خوای گەورە ڕوونی كردووەتەكە كە: با دەنێرین كە دەنكە هەڵاڵەی تۆوی ئەندامی نێری ڕووەك هەڵدەگرێت و دەیگوازێتەوە بۆ ئەندامی مێیەی ڕووەك بۆ ئەوەی بەر بگرێت؛ هەروەك بایش دەنێرین كە ئەو هەڵمە هەڵگرێت لەزەویەوە بەرزبووتەوە پاشان هەڵمەكان چڕدەبنەوە و یەك دەگرن و دەبن بە هەور و باران دەبارێنێت بەسەر ئەو درەختانەدا كە بای یەكەم موتوربەی كردوون، بۆ ئەوەی ئەو درەختانە زیاتر بەرهەمدار بن.
وە لەكۆتاییدا سەرنجمان ڕادەكێشێت بۆ بابەتێكی گرنگ بەجۆرێك ڕایگەیاندووە ئەم ئاوە، كە بەڕێژەیەكی زۆر هەیە و زۆر گرنگە بۆ مرۆڤ مرۆڤ ناتوانێت كۆگای بكات، ئیتر چۆن بانگەشەی ئەوە دەكات كە خۆی دەتوانێت ئەو شتە بپارێزێت كە پێویستی پێیەتی لە بواری ڕۆحانیدا.
هەڵبەت لێرەدا خوای گەورە ڕووی قسە دەكاتە كافر و باوەڕدار سەبارەت بە پاراستنی وەحی. كافرەكان كە دەیانگوت: چ پێویست دەكات قورئانی پیرۆز دابەزێت سەرەڕای كتێبە پیرۆزەكانی پێشوو، وەڵامیان دەداتەوە: ئایا ئێوە پێویستان بە هەور نیە سەرەڕای ئاوی زەوی بۆ ئەوەی ئاوی سازگار ببارێنێت بۆتان؟ بۆچی؟ چونكە ئاوی زەریاكان لەسەر زەوی بەكارنایات بەبێ بارانی ئاسمان. وە باوەڕداران ئاگاداردەكاتەوە كە فریونەخۆن بە بوونی قورئانی پیرۆز لەناویاندا و پێیان وا بێت ئەمە بەسە. نەخێر، بەڵكو پێویستە بزانن كە ئاوی ئاسمانی بە ساف و ڕوونی بۆیان ناگەڕێتەوە مەگەر لە لایەن ئاسمانەوە. بۆیە هەركاتێك بە خڵتە و خەوشی بیروباوەڕە خراپ و گەنیوەكانی خۆیان ئاوی پاك و بێگەردی زانیاریەكانی وەحی قورئانی لێڵ دەكەن ئەوسا خوای گەورە لە ئاسمانەوە لەڕێگەی وەحیەكی نوێوە ئەم ئاوە ڕۆحانیە دەپاڵێوێت و پاكی دەكاتەوە و سەرلەنوێ بە پاك و بێگەردی دەیگێڕێتەوە بۆ دنیا.
وَإِنَّا لَنَحۡنُ نُحۡيِۦ وَنُمِيتُ وَنَحۡنُ ٱلۡوَٰرِثُونَ 24
شیكردنەوەی وشەكان:
الوارثون: ناوێكی بكەرە لە فرمانی “ورث”ەوە؛ ئەوەی دەمێنێتەوە پاش لەناوچوونی دروستكراوان، وە لە دوعادا هاتووە: “اللَّهُمَّ أَمْتِعْنِي بِسَمْعِي وَبَصَرِي، وَاجْعَلْهُمَا الْوَارِثَ مِنِّي”.. واتە خوایە بەهۆی گوێچكە و چاومەوە سوودم پێ بگەیەنەوە و بە ساغی بیانهێڵیتەوە هەتا ئەو كاتەی دەمرم. (الاقرب).
تەفسیر: ئایەتەكە مانای ئەوەیە كە كاتێك وتەی خوا دادەبەزێت و ڕادەگەیەنرێت بە خەڵكی، ئەوانەی پەیڕەوی ئەو ڕێنماییانە دەكەن كە تێیدایەتی لەڕووی ڕۆحیەوە زیندوو دەبنەوە، وە ئەو كەسانەی ڕەتیدەكەنەوە دەبن بە كەسانێكی مردوو لەڕووی ڕۆحیەوە.
خوای گەورە دەفەرموێت: ئێمە دەمێنینەوە و ئێوە لەناودەچن، كەواتە ئەی ئەو كەسانەی كە تیادەچن چۆن دەتوانن پارێزگاری بكەن لە وەحی ئێمە، بۆیە كاری پاراستنی وەحی ناسپێرین بە مرۆڤ كە تووشی تیاچوون و نەمان دەبێت.
وَلَقَدۡ عَلِمۡنَا ٱلۡمُسۡتَقۡدِمِينَ مِنكُمۡ وَلَقَدۡ عَلِمۡنَا ٱلۡمُسۡتَٔۡخِرِينَ 25
تەفسیر: واتە مەڵێن: مادام باوەڕداران بوونیان هەیە لە دنیادا ئیتر چۆن ناتوانن وەحی بپارێزن؟ چونكە پاراستنی قورئان تەنھا بە زانستی ڕواڵەتی و توانای عەقڵی نابێت، بەڵكو بەندە بە پاكێتی دڵیشەوە، وە خوای گەورە تەنھا خۆی بارودۆخی دڵەكان دەزانێت، وە هەر خۆی دەزانێت كێ لەڕاستیدا دڵی پاكە و باوەڕەكەی بێ خەوشە و لەكاری خێردا لە پێشەوەیە؛ لەبەرئەوە خوا (عز وجل) خۆی سەرپەرشتی پرۆسەی دانانی ئەو كەسانە دەكات كە ئەم وەحیە دەپارێزن. هەركەسێكی بینی لە پێشی پێشەوەیە لە پاكێتی دڵدا ئەم ئەركەی پێ دەسپێرێت، بەڵام ئەو كەسانەی كەمتەرخەمن لە پاكێتی ناخدا بە شیاویان لەقەڵەم نادات بۆ هەڵگرتنی ئەو بەرپرسیارێتیە، ئەگەرچی لە زانستە ڕواڵەتیەكاندا ئەوپەڕی شارەزا و لێهاتوو بن.
وَإِنَّ رَبَّكَ هُوَ يَحۡشُرُهُمۡ ۚ إِنَّهُۥ حَكِيمٌ عَلِيمٞ 26
شیكردنەوەی وشەكان:
یحشر: حشر الناس یحشر حشرا: خەڵكەكەی كۆكردەوە. یوم الحشر: ڕۆژی زیندووبوونەوە، وەرگیراوە لە حشر القوم ئەگەر كۆیكردنەوە. الحاشر: ناوێكە لەناوەكانی پێغەمبەری موسوڵمانان. (الأقرب)
تەفسیر: ڕۆژی زیندووبوونەوەی دوای مردن پێی دەوترێت ڕۆژی حەشر؛ چونكە خوای گەورە لەو ڕۆژەدا پێشینان و پاشینان كۆدەكاتەوە. وە ئەو كۆبوونەوەیەش كە لەسەر دەستی پێغەمبەراندا ڕوودەدات لە دنیادا ئەویش پێی دەوترێت حەشر.. بەجۆرێك خوا هەموو خەڵكی لە ناكۆكی و جیاوازیە جۆراوجۆرەكان ڕزگاردەكات بۆ ئەوەی لەژێر ئاڵای پێغەمبەرەكەیاندا كۆیان بكاتەوە. هیچ پێغەمبەرێك نەبووە مەگەر لەسەر دەستیدا ئەم حەشرە ڕوویداوە. بڕوانن بۆ ئەو حەشرە جوانە كە لەسەردەمی پێغەمبەردا (ﷺ) ڕوویدا بەجۆرێك ئەو كەسانەی بیروباوەڕیان جیاواز و دژبەیەك بوو لەسەر یەك وشە كۆبوونەوە، پاشان بە هەموو جیهاندا بڵاوبوونەوە.
وە ئەم ئایەتە ئاماژە دەكات بۆ حەشر بەهەردوو جۆرەكەیەوە، حەشری دنیا و حەشری دواڕۆژ. دەربارەی حەشری دنیا فەرموویەتی: ئەی موحەممەد گومانی تێدا نیە ئەمڕۆ گەلەكەت دژایەتیت دەكەن، بەڵام ئێمە لەداهاتوودا ڕۆژێك لەڕۆژان لەسەر دەستی تۆدا هەموویان كۆدەكەینەوە.
خوا (عز وجل) لێرەدا هەر دوو سیفەتی عليم و حكيم ی باسكردووە بۆ ئەوەی ڕوونی بكاتەوە كە ئەوان هەرگیز دەستبەجێ كۆنابنەوە لەدەوری پێغەمبەر (ﷺ) چونكە ئەمە پێچەوانەی حیكمەتی خوایە. ئەمەش چونكە: یەكەم: شێوازی كۆكردنەوەیان لە دەوری پێغەمبەر (ﷺ) بەخێرایی و دەستبەجێ ئەوەیە كە خوای گەورە دڵیان بگۆڕێت و ناچاریان بكات بۆ موسوڵمانبوون، بەڵام ئەم موسوڵمانبوونەیان هیچ سوودێكیان پێ ناگەیەنێت؛ چونكە ئەم جۆرە باوەڕهێنانە هیچ پاداشت و نیعمەتێك پەیداناكات بۆ خاوەنەكەی. دووەم: ئەگەر بەم شێوازە باوەڕیانهێنا ئەوا ئەو جیاوازیە ئاشكرا نابێت بۆ خەڵكی كە هەیە لەنێوان باوەڕ لاوازەكان و ئەوانەی كە خاوەنی كۆمەڵێك توانای ڕۆحی مەزنن و هەر لەسەرەتاوە پێغەمبەرەكە دەناسن، وە نەدەتوانرا جیاكاری بكرێت لەنێوان ئەبو بەكر (رضي الله عنه) و ئەبو جەهلدا، وە خەڵكی دنیا ئەو توانا و لێهاتوويیە شاراوانەیان نەدەزانی كە لە یەكەمدا هەبووە و ئەو نەفامیە ڕەگداكوتاوەش كە لە دووەمدا هەبوو. لەبەر ئەم حیكمەتە خوا ناچاری نەكردن بۆ باوەڕهێنان بە ئیسلام، وە لە ئەنجامدا خەڵكی خاسیەتی كەسە كامڵەكانی زانی و هەروەها ئەوانەیش كە باوەڕدار نەبوون، هەروەها دۆخی نزمی ئەو كەسانەشیان زانی كە خاڵی بوون لە خێر و چاكەخوازی؛ بۆیە دنیا سوودمەند بوو لە توانا و لێهاتوویی ئەبو بەكر و عومەر و عوسمان و عەلی هەریەكەیان لە سەردەمی خۆیدا (رضي الله عنهم). ئەگەر لەیەكەم ڕۆژدا هەموو خەڵكی باوەڕیان بهێنایە ئەوا هیچ دوور نەبوو خەڵكی ئەبو جەهل و هاوشێوەكانی بكەن بە گەورە بەسەرخۆیانەوە بەهۆی ئەوەی پێشتر گەورە و پیاوماقووڵ بوون، بەمەش بێ بەش دەبوون لەو سوود و قازانجانەی كە لە ئەبو بەكر و هاوەڵە یەكەمینەكان كردیان كە لە باوەڕهێناندا لە پێشەوە بوون.
وە بەهۆی سیفەتی ﴿علیم﴾ەوە خوای گەورە بیری پێغەمبەر (ﷺ) دەخاتەوە كە دواخستنی ئیسلام بوونی خەڵكی لەبەر ئەم حیكمەتە پێویستە تووشی نائومێدیت نەكات، چونكە ئێمە -لەسەر بنەمای زانستی خۆمان- دووپاتی دەكەینەوە بۆت كە خەڵكی دوورگەی عەرەبی لە داهاتوودا لەسەر ئەم ئایینە كۆدەبنەوە.
بەڵام بە ڕەچاوكردنی ژیانی دواڕۆژ مەبەست لە ئایەتەكە ئەوەیە كە پێشینان و پاشینان هەموویان ڕۆژێك لە ڕۆژان لای خوا كۆدەكرێنەوە بۆ ئەوەی پاداشت وەربگرن یان سزا بدرێن لەسەر كردەوەكانیان. بۆیە پێویستە هیچ كەسێك تەنگەتاو نەبێت بەهۆی ئەو ئازار و ئاژاوەیەی ئەمڕۆ تووشی موسوڵمانان دەبێت، وە ئەو كەسانە بە دۆڕاو لەقەڵەم نەدات كە لەم جەنگەدا دەكوژرێن كە هەڵگیرساوە لەنێوان هێزی خوای میهرەبان و شەیتاندا سەركەوتنی كۆتایی بۆ باوەڕدارانە؛ چونكە ڕۆژی پاداشت و سزای ڕاستەقینە دوای مردنە، بەجۆرێك خوای گەورە -بەهۆی حیكمەت و زانستی خۆیەوە- ئەم جیهانەی نەكردووە بە خانەی پاداشت و سزای ڕاستەقینە.
وَلَقَدۡ خَلَقۡنَا ٱلۡإِنسَٰنَ مِن صَلۡصَٰلٖ مِّنۡ حَمَإٖ مَّسۡنُونٖ 27
شیكردنەوەی وشەكان:
صلصال: صلصل الشيء: شتەكە دەنگی لێوە هات. صلصل الجرس: زەنگەكە دەنگی دایەوە. صلصل فلانا: هەڕەشەی لێ كرد و ترساندی. صلصل زید: سەرۆكی سوپاكەی كوشت. (چونكە كوشتنی سەرۆكی سوپا هەرایەكی گەورە دروست دەكات لەناو خەڵكەكەدا). صلصل الرعد: دەنگی هەورەگرمەكە ساف بوو. الصلصال: قوڕی تێكەڵاو بە لم ئەگەر وشك بێتەوە؛ گوتراوە: قوڕ كە نەكرابێت بە گۆزە. (الأقرب).
صل اللجام وصلصل وكل یابس یصلصل: دەنگی دایەوە. لەڕیوایەتێكدا هاتووە: “هەندێ جار وەحیم بۆ دێت وەك دەنگدانەوەی زەنگ”، الصلصال: قوڕی تێكڵاو بە لم ئەگەر وشك بوویەوە دەنگێك دروست دەكات، وە ئەگەر سووركرایەوە دەبێت بەگڵینە. موجاهید گوتوویەتی: الصلصال: قوڕە ڕەشەی بۆگەن. صلصل الرجل: هەڕەشەی كرد لە پیاوەكە و ترساندی؛ هەورەها ئەگەر سەرۆكی سوپا كوژرا. تصلصل الغدیر: وشكبوونەوەی قوڕی ڕەشی گۆماو. فرس صلصال: وڵاخێكی دەنگ تیژ. ئەبو ئەحمەدی عەسكەری گوتوویەتی: بە كەرەكێوی دەنگ تیژ دەگوترێت صال و صلصال، وە ئەم فەرموودەیە بەم شێوەیە ماناكراوە: أَتُحِبُّونَ أَنْ تَكْونُوا مِثْلَ الحَمِيرِ الصَّالَّةِ؟ وەك ئەوەی مەبەستی لەش ساغ و دەنگ بەهێز بێت بەهۆی بەهێزی و چوست و چالاكیەكەیەوە. (تاج العروس)
وە لە ئیبن عەبباسەوە: الصلصال بریتیە لەو ئاوەی دەڕژێتە سەر زەوی درز دەبات و وشك دەبێتەو و دەنگێكی دەبێت. الصلصال: قوڕی وشكەوەبوو یصل واتە دەنگی لێوە دێت كاتی پیاكێشان؛ یان (قوڕی) بۆگەن. (انظر مجمع بحار الأنوار تحت “صلصال”)
الحمأ: قوڕە ڕەشە. حمأ: حمأ یحمأ البئر: پاككردنەوەی لە قوڕی ڕەش. الحمأ والحمأ: خزمە ژن وەك برا و باوكی هاوسەر. (الأقرب)
مسنون: سن السكین یسن سنا: چەقۆكەی تیژ كرد. وهذا ممَّن یسنك علی الطعام.. واتە ئەمە حەز و ئارەزوی خواردنت پێدەبەخشێت. سن الطین: كردی بە گۆزە و گڵینە. سن الشيء: ئاسانی كرد، شێوەی پێدا. سن القوم سنة: وصفها. (العمل المسنون.. واتە ئەو كردەوەیەی پێغەمبەر (ﷺ) بڕیاری لێداوە بۆمان). الحمأ المسنون: قوڕی بۆگەن. المسنونة: زەویەك كە ڕووەكەكەی خورابێت (الأقرب).
تەفسیر: موفەسیرەكان ڕاجیاییان هەیە لە تەفسیری دەستەواژەی ﴿مِّنۡ حَمَإٖ مَّسۡنُونٖ﴾ كە لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا هاتووە: ﴿مِن صَلۡصَٰلٖ مِّنۡ حَمَإٖ مَّسۡنُونٖ﴾، هەندێكیان گوتوویانە: ﴿مِّنۡ حَمَإٖ﴾ لە مەحەلی (جَر)دایە و سیفەتە بۆ صلصال.. واتە ئەو “صلصال”ەی كە لە ﴿حَمَإٖ مَّسۡنُونٖ﴾ دروستكراوە (الإملاء، والكشاف). لەكاتێكدا الحوفي پێیوایە دەستەواژەی ﴿مِّنۡ حَمَإٖ مَّسۡنُونٖ﴾ بەدەلە بۆ فەرمایشتی خوا ﴿مِن صَلۡصَٰلٖ﴾. (البحر المحیط لأبي حیان، وإملاء ما من به الرحمن لأبي البقاء)
بەگوێرەی بۆچوونی یەكەم مانای ئایەتەكە ئەوەیە مرۆڤ لە دۆخی سەرەتاییدا قوڕە ڕەشەی بۆگەن بووە پاشان گۆڕاوە بۆ گڵینە؛ وە بەگوێرەی بۆچوونی دووەم ئایەتەكە واتە گڵینە و قوڕە ڕەشەی بۆگەن ئاماژەن بۆ یەك شت، ئەم دوو هاومانایە هاتووە بۆ تەنھا ڕوونكردنەوەی مەبەستەكە.
لە دۆخی قەبوڵكردنی بۆچوونی دووەمدا پێموایە ڕاسترین بۆچوون ئەوەیە كە دەستەواژەی “لە قوڕە ڕەشەی بۆگەن” بە بەدەل ئەژمار نەكەین، بەڵكو بە (عطف بیان) لەقەڵەمی بدەین، چونكە لە حاڵەتی “بدل”دا ناوی دووەم مەبەستەكەیە، لەكاتێكدا ناوی یەكەم تەنھا بۆ نزیككردنەوەی ماناكەیە؛ بەڵام لە حاڵەتی “عطف بیان”دا ناوی یەكەم مەبەستەكەیە لەكاتێكدا ناوی دووەم دێت بۆ ئەوەی مەبەستەكە زیاتر ڕوون بكاتەوە. وە پێموایە “من صلصال، لە قوڕی سووركراوە” لەم ئایەتەدا مەبەستە سەرەكیەكەیە، وە دەستەواژەی “لە قوڕە ڕەشەی بۆگەن” ڕوونكردنەوەیەتی.
بەگوێرەی ئەم بۆچوونە مەبەست لە ئایەتەكە ئەوەیە خوای گەورە ڕایگەیاند بە فریشتەكان من مرۆڤ دروست دەكەم لە خۆڵێك دەنگی لێوە بێت، واتە لە قوڕێكی ڕەشی بۆگەن كە شێوەیەكی دیاریكراوی پێدراوە؛ واتە مرۆڤ لە خۆڵێك دروستبووە كە ئاوی تێكەڵ بووە، وە دانراوە لەناو بۆتەیەكی دیاریكراودا، ناواخنەكەی بەتاڵە، كاتی لێدان دەنگێكی لێوە دێت.
ئەم ڕستەیە ئاماژە دەكات بۆ چەند خاڵێك: یەكەم: مرۆڤ لە خۆڵ دروست بووە. دووەم: بەجۆرێكی تایبەت دروستكراوە بەشێوەیەك هەست بە بۆشایی دەكات لە هەناوی خۆیدا. سێیەم: كاتی لێدانی دەنگ دروست دەكات.. واتە توانای بەدەمەوەچوونی بانگی خوایی هەیە، وەك دەفرێكی بۆش كە ئەگەر لێیدرا دەنگ دەداتەوە. ئەمەش چونكە كاتێك خوای گەورە لە مرۆڤ دەدات واتە تاقیی دەكاتەوە ئەگەر هەناوی ساغ بێت وەڵامی دەداتەوە و بەدەم بانگەكەیەوە دەچێت. ئەمەیە كە مرۆڤ جیا دەكاتەوە لەسەرجەم دروستكراوانی تر.. مەبەستم ئەوەیە مرۆڤ بەكەڵكی ئەوە دێت تاقیكردنەوەی خوایی قەبوڵ بكات و وەڵامی بانگی خوا بداتەوە.
بەڵام قورئانی پیرۆز ئەو وێنەیەی دیاری نەكردووە كە لەسەرەتاوە مرۆڤی لەسەر دروستبووە و دەستەواژەی ﴿حَمَإٖ مَّسۡنُونٖ﴾ ئاماژەی بۆ دەكات، دەكرێت وێنە سەرەتاییەكە تەواو نەبینراوبێت بەچاو. هەرچۆنێك بێت وێنەی مرۆیی خۆڵینی سەرەتایی لەسەرەتاوە گڵینە بووە، واتە بەكارهاتووە بۆ ئەوەی خوا تاقیبكاتەوە و ئەویش وەڵامی خوا (عز وجل) بداتەوە.
لەمەوە ڕووندەبێتەوە كە قورئانی پیرۆز دان دەنێت بە پەرەسەندنی دروستبوونی مرۆییدا، بەڵام پەرەسەندنێكی بەرنامەبۆداڕێژراو لە سەرەتاوە، نەك پەرەسەندنێكی هەڕەمەكی كە بە ڕێكەوت ڕوویدابێت. قورئان پێمان ڕادەگەیەنێت كە دروستبوونی مرۆڤ پلە بەپلە بەشێوەیەكی قۆناغبەندی بووە، بەڵام دان بەوەدا نانێت كە ئەو خانە ژیانیەی كە بڕیاربوو ببێت بە مرۆڤ لەكاتێك لەكاتەكاندا شتێك بووە جگە لە مرۆڤ، بەڵكو جەخت دەكاتەوە كە ئەو خانەیە، لەو كاتەوەی دروستكراوە و بەهەر شێوەیەك دروستكرابێت، ئەو توانایەی پێ درابوو كە ببێت بە مرۆڤ و ئیلهام و وەحی پێبگات. وە لە هەموو قۆناغێكی دروستبوونیدا ڕووەو ئامانجێكی دیاریكراو و نەخشەبۆكێشراو ڕۆیشتووە، نەم وەك ئەوەی تیۆری داروین دەیڵێت كە هەندێ بەشی ئەو خانەیە بەردەوام جیابووەتەوە لێی لە دۆخە ناتەواوەكەیدا، لەكاتێكدا بەردەوام هەندێ بەشی خانەكە بەكەڵكی ئەوە هاتووە كە بەجیا گەشە بكات و پەرەبسێنێت.
بەگشتی موفەسیرەكان تەفسیری وشەی “مسنون”یان كردووە بە مانای “بۆگەن”، لەكاتێكدا من تەفسیرم كردووە بەمانای وێنەگرتوو، چونكە زانای گەورە ئەبو حەییان لە تەفسیرەكەیدا دەڵێت: “جگە لەو گوتوویانە کە (المسنون) لە (أَسَنَ الماءُ) وەرگیراوە، واتە: ئەگەر ئاوەکە گۆڕانی بەسەردا هات. بەڵام ئەمە ڕاست نیە بەهۆی جیاوازی هەردوو ماددەکەوە.” (البحر المحیط، تحت هذه الآیة).. كەواتە مادام وشەی “السن” مانای چەسپاندنی كردەوە، وێنەگرتن، تیژكردن و دەمەزەردكردنەوەی شتێك، كاری دروستكردنی گۆزە و دێزە دەگەیەنێت.. بۆیە پێویستە بڵێین وشەی “المسنون” واتە گۆڕاوی بۆگەنی مەجاز، وە مانا حەقیقیەكەی بریتیە لەو شتە ئاساییەی لەسەر شێوەیەكی دیاریكراوە یان بە شێوەیەك دروستكراوە دەنگی لێ دەبێتەوە.
ئەم ئایەتە وەڵامێكە بۆ ئەوانەی كە سەریان سوڕدەمێنێت لە دیاردەی وەحی خوایی و دەڵێن: چۆن دەكرێت خوا قسەبكات لەگەڵ مرۆڤدا؟ خوایش وەڵامیان دەداتەوە: سەیر نیە خوا (سبحانه وتعالى) قسە بكات لەگەڵ مرۆڤدا، سەیر ئەوەیە قسەیان لەگەڵدا نەكات. چونكە مرۆڤ ڕاهاتووە، لەسەرەتای دروستبوونیەوە، لەسەر پێگەیشتنی وەحی لەلایەن خوای گەورەوە، وە خوا (عز وجل) ئامانجی دروستبوونی مرۆڤی دیاریكردووە كە ئەوەیە بگات بە كەماڵ، وە شەرەفدار بێت بە وەحیەكەی. بۆیە مەڵێن: چۆن موحەممەد (ﷺ) وەحی پێ دەگات لەلایەن خوی گەورەوە، یان چۆن شوێنكەوتووانی شەرەفدار دەبن بە وەحی و ئیلهام لە داهاتوودا بۆ پاراستنی ئەو وەحیەی دابەزیوەتە سەری، بەڵكو وا شیاوترە سەرتاتن سوڕ بمێنێت لە بارودۆخی خۆتان، چونكە ئێوە -سەرەڕای ئەوەی دروستكراون لە قوڕی وشكەوەبوو- بەردەوام بێ بەشن لە نیعمەتی وەحی خوایی، بۆیە پێویستە گرنگی بدەن بە ئیسڵاحی خۆتان.
لە ئایەتەكەی پێشوودا قسەكرا دەربارەی حەشر بەجۆرێك خوای گەورە فەرمووی: ﴿وَإِنَّ رَبَّكَ هُوَ يَحۡشُرُهُمۡ ۚ إِنَّهُۥ حَكِيمٌ عَلِيمٞ﴾، بەڵام ئێستا دەستكراوە بە قسەكردن دەربارەی دروستبوونی ئادەم، ئایا ئەم شێوازی ئاخاوتنە بەتەواوەتی ڕێكەوتە؟
توێژینەوە لە قورئانی پیرۆز بۆمان دەردەخات كە هەركاتێك باسی دروستبوونی ئادەم بكات پێش ئەوە هەمیشە باسی شتێك دەكات كە پەیوەندی هەبێت بە حەشر یان زیندووبوونەوەی دوای مردن. خستنەڕووی ئەم ڕاستیەش بەم جۆرەیە:
یەكەم: لە سوورەتی البقرة دا پێش باسی دروستبوونی ئادەم ئەم ئایەتە هاتووە: ﴿كَيۡفَ تَكۡفُرُونَ بِٱللَّهِ وَكُنتُمۡ أَمۡوَٰتٗا فَأَحۡيَٰكُمۡ ۖ ثُمَّ يُمِيتُكُمۡ ثُمَّ يُحۡيِيكُمۡ ثُمَّ إِلَيۡهِ تُرۡجَعُونَ﴾ (الآیة: 29)
دووەم: لە سوورەتی الأعراف دا خوای گەورە باسی بابەتی حەشری كردووە لەسەرەتاكەیەوە هەتا ئایەتی 11، پاشان دوای ئەوە باسی دروستبوونی ئادەمی كردووە.
سێیەم: لێرەدا لە سوورەتی الحجر یەكەمجار باسی حەشری كردووە، پاشان باسی دروستبوونی ئادەم.
چوارەم: پاشان لە سوورەتی الكهف دا خوا باسی حەشر و زیندووبوونەوە و پاداشت و سزای كردووە پاشان بەسەر هاتی ئادەم و فەرموویەتی: ﴿وَيَوۡمَ نُسَيِّرُ ٱلۡجِبَالَ وَتَرَى ٱلۡأَرۡضَ بَارِزَةٗ وَحَشَرۡنَٰهُمۡ فَلَمۡ نُغَادِرۡ مِنۡهُمۡ أَحَدٗا * وَعُرِضُواْ عَلَىٰ رَبِّكَ صَفّٗا لَّقَدۡ جِئۡتُمُونَا كَمَا خَلَقۡنَٰكُمۡ أَوَّلَ مَرَّةِۢ ۚ بَلۡ زَعَمۡتُمۡ أَلَّن نَّجۡعَلَ لَكُم مَّوۡعِدٗا * وَوُضِعَ ٱلۡكِتَٰبُ فَتَرَى ٱلۡمُجۡرِمِينَ مُشۡفِقِينَ مِمَّا فِيهِ وَيَقُولُونَ يَٰوَيۡلَتَنَا مَالِ هَٰذَا ٱلۡكِتَٰبِ لَا يُغَادِرُ صَغِيرَةٗ وَلَا كَبِيرَةً إِلَّآ أَحۡصَىٰهَا ۚ وَوَجَدُواْ مَا عَمِلُواْ حَاضِرٗا ۗ وَلَا يَظۡلِمُ رَبُّكَ أَحَدٗا * وَإِذۡ قُلۡنَا لِلۡمَلَٰٓئِكَةِ ٱسۡجُدُواْ لِأٓدَمَ فَسَجَدُوٓاْ إِلَّآ إِبۡلِيسَ كَانَ مِنَ ٱلۡجِنِّ فَفَسَقَ عَنۡ أَمۡرِ رَبِّهِۦٓ ۗ أَفَتَتَّخِذُونَهُۥ وَذُرِّيَّتَهُۥٓ أَوۡلِيَآءَ مِن دُونِي وَهُمۡ لَكُمۡ عَدُوُّۢ ۚ بِئۡسَ لِلظَّٰلِمِينَ بَدَلٗا﴾ (ئایەتی 48-51)
پێنجەم: لە سوورەتی “طە”دا خوا (سبحانه وتعالى) سەرەتا بەدرێژی بابەتی حەشری باسكردووە لە فەرمایشتی ﴿يَوۡمَ يُنفَخُ فِي ٱلصُّورِ ۚ وَنَحۡشُرُ ٱلۡمُجۡرِمِينَ يَوۡمَئِذٖ زُرۡقٗا﴾ هەتا فەرمایشتی ﴿وَقُل رَّبِّ زِدۡنِي عِلۡمٗا﴾ پاشان باسی ئادەمی كردووە و فەرموویەتی ﴿وَلَقَدۡ عَهِدۡنَآ إِلَىٰٓ ءَادَمَ…﴾ (ئایەتی 103-116)
شەشەم: پاشان لە سوورەتی “ص”دا سەرەتا باسی بەهەشت و دۆزەخ كراوە پێش ئەوەی باسی دروستبوونی ئادەم بكرێت. (ئایەتی 50-89)
بەسەرنجدان لە هەموو ئەم شوێنانە تەنانەت دەكرێت نەیارانی قورئان پەی بەوە ببەن كە ئەو كەسەی قورئانی دابەزاندووە ڕەچاوی ڕیزبەندییەكی دیاریكراوی كردووە، چ لێی تێبگەن یان نا، وە ئەو قسەیە كە گوایە ڕیزبەندی و پەیوەندی نیە لە وەحی قورئانیدا قسەیەكی تەواو پووچە. ئەگینا بۆچی قورئان باسی بابەتی حەشری نەكردووە پێش قسەكردن دەربارەی مووسا و پێغەمبەرانی تر (علیهم السلام)، لەكاتێكدا هەمیشە بەتایبەتی قسەی كردووە دەربارەی ئەم بابەتە پێش ئەوەی باسی بەسەرهاتی ئادەم بكات؟
نموونە زۆرە لەسەر ئەوە بەجۆرێك لە كۆمەڵێك شوێنی دیاریكراوی قورئانی پیرۆزدا هەندێ بابەتی دیاریكراو دووبارە بووەتەوە بە شێوازێكی دیاریكراو لە هەموو جارێكدا. بۆ نموونە؛ هەركاتێك خوا (عز وجل) هەواڵ بدات دەربارەی پێشكەوتن و بڵاوبوونەوەی ئیسلام لە جیھاندا ئەم هەواڵەی تۆماركردووە لەگەڵ باسكردنی مەسیحدا (عليه السلام). ئەم بابەتە لە سێ شوێندا دووبارە بووەتەوە، وە لە هەموو جارێكدا باسی مەسیح كراوە.
پێموایە زانیارییەكانی قورئان هەمووی كلیل و نهێنیە. وە مرۆڤ هەندێ جار لەڕێگەی ئیلهامی خواییەوە ئاگاداردەبێت لەم كلیلە، وە هەندێ جاری تر لەڕێگەی بەگەڕخستنی بیر و ڕامان لە ئایەتەكانی قورئانی پیرۆزەوە. بۆیە جارێكیان هاویشترایە دڵمەوە كە كلیلی زانیارییەكانی قورئان بریتیە لە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿رَبَّنَا وَٱبۡعَثۡ فِيهِمۡ رَسُولٗا مِّنۡهُمۡ يَتۡلُواْ عَلَيۡهِمۡ ءَايَٰتِكَ وَيُعَلِّمُهُمُ ٱلۡكِتَٰبَ وَٱلۡحِكۡمَةَ وَيُزَكِّيهِمۡ ۖ إِنَّكَ أَنتَ ٱلۡعَزِيزُ ٱلۡحَكِيمُ﴾ (ئایەتی: 130). بۆیە بە یارمەتی ئەم كلیلە توانیم چارەسەری هەموو شوێنە سەختەكان بكەم لەم سوورەتەدا. بەهەمان شێوە خوا (سبحانه وتعالى) جارێكیان خستیە دڵمەوە كە بسم الله كلیلی زانیارییەكانی هەموو سوورەتێكە لە سوورەتەكانی قورئانی پیرۆز، وە لەبەر ئەوە لە سەرەتای هەموو سوورەتێكدا هاتووە. بەڵام ئەوەی كە سوورەتی التوبة بسم الله ی تێدا نیە لەبەر ئەوەیە بریتیە لە تەواوكەری سوورەتی “الأنفال”.
جارێكی تر دەگەڕێمەوە بۆ ئەو بابەتەی لەبارەیەوە دەدوێم كە بریتیە لە جەختكردنەوە لەوەی هەموو جارێك قورئان باسی حەشری كردووە پێش ئەوەی باسی ئادەم بكات، ئەمە بەڕوونی بەڵگەیە لەسەر ئەوەی پەیوەندییەكی پتەو هەیە لەنێوان هەردوو بابەتەكەدا، كە بەم جۆرەیە:
یەكەم: پرسی حەشری جەستەكان و پاداشت و سزا تەواو گرێدراوە بە دروستبوونی ئادەمەوە. ئەمەش چونكە ئەگەر بوونەوەرێكی ژیر و بەتوانا و ئازاد نەبێت لە كردەوەكانیدا ئەوا ئەگەری حەشر و پاداشت و سزا لە ئارادا نەدەبوو. بۆ نموونە ئاژەڵ بەگوێرەی هیچ شەریعەتێك كار ناكات، چونكە عەقڵی نیە، بەمەش شایستەی هیچ پاداشتێك یان سزایەك نیە، بۆیە پێویستی بە هیچ حەشرێكی ڕاستەقینە نیە. بەهەمان شێوە فریشتەكان شایستەی هیچ پاداشتێك نین لەسەر كردەوەكانیان؛ چونكە ئازادی و ئیرادەیان نیە، تەنھا ڕاهاتوون لەسەر كردەوەی خێر، وەك خوای گەورە بەڕاشكاوی ڕایگەیاندووە و فەرموویەتی: ﴿وَيَفۡعَلُونَ مَا يُؤۡمَرُونَ﴾ (النحل:51). بەڵام شەیتانیش شایستەی سزا نیە، چونكە ئەركی خۆی جێبەجێ دەكات، وەكو شتە خراپ و زیانبەخشەكانی تر كە شایەتی سزا نین چونكە لە خودی خۆیاندا خراپ و زیانبەخشن. بەڵام گومانی تێدا نیە مرۆڤە شەیتانەكان شایستەی سزان لەسەر كردەوەكانیان، چونكە حەشر تەنھا لێپرسینەوەی مرۆڤە.. ئەو بوونەوەرەی كە خاوەنی ئیرادە و ئازادیە لەكردەوەكانیدا. ئەمەش دەچەسپێت دروستبوونی مرۆڤ هۆكارە بۆ ڕوودانی حەشر، وە لەبەر ئەوە هەركاتێك قورئان باسی دروستبوونی ئادەم دەكات پێش ئەوە باسی حەشری كردووە و ئەمەش بۆ ئەوەی بەڵگە بهێنێتەوە لەسەر ئەوەی دروستبوونی مرۆڤ داخوازی حەشر دەكات، وە حەشر داخوازی دابەزینی شەریعەت دەكات؛ چونكە لۆژیك لەوەدا نیە كە كەسێك سزا بدرێت یان پاداشت بدرێتەوە لەسەر كردەوەكەی بەبێ ئەوەی بەڵگە بچەسپێت لەسەری.
دووەم: دروست بوونی مرۆڤ بەڵگەیە لەسەر بوونی حەشر، ئەمەش هەندێ بەڵگە لەم بارەیەوە:
1- دروستبوونی مرۆڤ بەهۆی پرۆسەی پەرەسەندنەوە لە نزمترین دۆخی دروستبوونەوە تەواوبووە. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر بوونی خانەی سزادان و پاداشت دانەوە؛ چونكە ئەگەر مرۆڤ بەم شێوە تەواوە دروستبووە بەیەك جار ئەوا دەكرێت بگوترێت بە ڕێكەوت دروستبووە، وەكو شتەكانی تر كە ئەوانیش بەڕێكەوت دروستبوون بەهۆی گۆڕانكاری سروشتیەوە. بەڵام ئەوەی كە مرۆڤ پەرەیسەندووە لە نزمترین دۆخەوە و تێپەڕیوە بە كۆمەڵێك قۆناغ و گۆڕانكاری زۆردا، پاشان پەرەسندنەكەی وەستاوە پاش تەواوبوونی دروستبوونەكەی لەم شێوەیەی ئێستادا و نەبووە بە دروستكراوێكی تر.. هەموو ئەمانە بەڵگەن لەسەر ئەوەی كە دروستبوونی مرۆیی بەگوێرەی نەخشەیەكی دیاریكراو بە ئەنجام گەیشتووە، وە ئامانجی دروستی بوونی هەموو گەردوون مرۆڤە.
2- لەدنیادا دوو هێز هەیە: هێزی خێر و هێزی شەڕ، وە مرۆڤ هەردووكیانی پێ دراوە و توانای هەیە بەگوێرەی هەر یەكەیان كە خۆی بیەوێت هەڵسوكەوت بكات، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە مرۆڤ دروستكراوە بۆ ئەوەی حوكمی دنیا بكات؛ ئەمە پێویستی دەكات كە ئەنجامی ژیانی زیاتر بێت لە كردەوەكەی، وە ئەمە نایەتەدی مەگەر بە بوونی ڕۆژی حەشر و پاداشت و سزا.
3- پێشكەوتنی ماددی بەندە بە پەیڕەوكردنی ڕێساكانی سروشتەوە، نەك بە پەیڕەكردنی بەها ڕەوشتی و ڕۆحانیەكانەوە، بەڵام ئێمە دەبینین كە ڕەوشتی جوان و دۆخی ڕۆحانی بەشێكی هەرە گەورە پێكدەهێنن لە قەوارەی مرۆڤ، بۆیە ناكرێت پێشكەوتنی ماددی بریتی بێت لەو ئامانجەی كە مرۆڤ ئاواتی بۆ دەخوازێت و شەیدایەتی، بەڵكو دەبێت شوێنێكی تر هەبێت مرۆڤ تێیدا پاداشت وەربگرێت لەسەر ئەو قوربانیە ڕەوشتی و ڕۆحیانەی پێشكەشی كردوون.
لە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿مِّنۡ حَمَإٖ مَّسۡنُونٖ﴾ (لە قوڕێكی نیوە وشك) تێیدا ڕوونكراوەتەوە كە مرۆڤ دروستكراوێكە لە ئاو و خۆڵ، چونكە وشەی “حمأ” واتە تێكەڵەیەك لە ئاو و خۆڵ. هەڵبەت خوا (سبحانه وتعالى) هەر یەك لەم دوو ڕەگەزەی بەجیا باسكردووە لە كۆمەڵێك شوێنی تردا، وە لە شوێنێكدا فەرموویەتی: ﴿وَجَعَلۡنَا مِنَ ٱلۡمَآءِ كُلَّ شَيۡءٍ حَيٍّۚ﴾ (الأنبیاء: 31)، وە لە شوێنێكی تردا فەرموویەتی: ﴿إِنَّ مَثَلَ عِيسَىٰ عِندَ ٱللَّهِ كَمَثَلِ ءَادَمَ ۖ خَلَقَهُۥ مِن تُرَابٖ ثُمَّ قَالَ لَهُۥ كُن فَيَكُونُ﴾ (آل عمران: 60).
بەڵام لێرە لە سوورەتی الحجر دا بە وشەی ﴿حَمَإٖ﴾ ئاماژەی داوە بە هەردووكیان و فەرموویەتی: ﴿مِن صَلۡصَٰلٖ مِّنۡ حَمَإٖ مَّسۡنُونٖ﴾.. واتە مرۆڤمان دروستكرد لە ئاوێتەیەكی ئاو و خۆڵ كە شێوەیەكی دیاریكراوی گرت بۆ ئەوەی بتوانێت دەنگ دروستبكات. كەواتە وشەی ﴿صَلۡصَٰلٖ﴾ ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ هێزی گۆكردن كە مرۆڤی پێ جیادەكرێتەوە لە سەرجەم ئاژەڵەكانی تر، وەك ئەوەی فەرمووبێتی: هەموو بوونەوەرە زیندووەكان لە ﴿حَمَإٖ مَّسۡنُونٖ﴾ (لەقوڕێكی نیوە وشك) دروستكراون، بەڵام مرۆڤ سیفەتی قوڕی وشك زاڵە بەسەریدا، لەبەرئەوە دەبینین فەرموودە پیرۆزەكە -كە باسی كرا لە شیكردنەوەی وشەكاندا- خەڵكی ناوناوە: (حمیر الصالة)، كە وشەیەكە لە (صلصال) دەچێت.
وە وشەی ﴿صَلۡصَٰلٖ﴾ ئاماژەیش دەكات بۆ ئەوەی كە قسەكردنی مرۆڤ بەندە بە ئیرادەی خواوە (عز وجل)، چونكە وشەی (صل) یان (صلصل) مانای دەنگێك دەگەیەنێت كە بەهۆی لێدان و پیاكێشانەوە دروست دەبێت. ئەمەش حەقیقەت و ناوەڕۆكی مرۆڤە، بەجۆرێك ئەو دەنگەی لێوە نایەت كە لەپێناویدا دروستكراوە ئەگەر خوای گەورە لێی نەدات.. واتە خوای گەورە شەرەفداری دەكات بە وتەی خۆی (عز وجل) پاش ئەوەی تووشی مەینەتی و بەڵای دەكات.
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿مِّنۡ حَمَإٖ مَّسۡنُونٖ﴾، لە قوڕێكی نیوە وشك، مانای ئەوە نیە مرۆڤ لە خۆڵێك دروستكراوە ژیانی تێدا نیە. نەخێر، بەڵكو مەبەست لێی ئەوەیە ڕوونی بكاتەوە كە ماددەی حەیوانی ناكرێت پەرەبسێنێت و گەشە بكات بەبێ جەستە، وە جەست لە خۆڵ دروست دەبێت؛ وە ئەم دەربڕینە بەكارهاتووە بۆ ئەوەی مرۆڤ بزانێت سەرەتاكەی چۆن بووە.
دیارە بانگەشەی زاناكان كە ماددەی حەیوانی تەنھا لە ئاژەڵەوە پەیدا دەبێت بانگەشەیەكە پێویستی بە توێژینەوە و لێكۆڵینەوە هەیە؛ چونكە تاكە بەڵگەیان بریتیە لە بینینی ئێستایان؛ بەڵام ئاشكرایە كە جیاوازییەكی زۆر هەیە لەنێوان ئەو هەلومەرجەی ئێستا باڵادەستە و ئەو دۆخەی كە گەردوون هەیبووە كاتی دروستكردنی ئەم ماددە حەیوانیەی سەرەتا. پاشان ئەو زانایانە خۆیان دانیان بەوەدا ناوە كە خودی ماددەی حەیوانی سەرەتا بەردەوام گەشەی كردووە هەتا لەكاتێك لە كاتەكاندا بووە بە مرۆڤ، بەڵام ئەمە ئێستا ڕوونادات، ئەمەش ڕوونی دەكاتەوە كە جیاوازییەكی زۆر هەیە لەنێوان هەلومەرجی ئێستا و هەلومەرجی گەردوون لەسەرەتای دروستبوونیەوە. بارودۆخی ئەو كاتە زۆر هەموار بووە بۆ دروستبوونی ژیان بەشێوەیەكی زۆر خێرا، بەڵام كارەكە ئێستا بەم شێوەیە نیە. ئەگەری هەیە ئەو گەردیلانەی هیچ ژیانێكیان تێدا نەبووە ئەو كاتە گۆڕابن بۆ كۆمەڵێك گەردیلەی زیندوو بەهۆی هەندێ گۆڕانكارییەوە، بەڵام دوای ئەوەی زەوی گەیشتووەتە قۆناغی تەواوبوون هەلومەرجەكە بەو شێوەیە نەماوەتەوە. كەواتە شتێكی زانستی نیە كە ئەو هەلومەرجە جیاوازانە بە یەك پێوەر بپێورێن.
هەروەك ئەم ئایەتە مانای ئەوە نیە كە مرۆڤ لەپڕێكدا بووە بە مرۆڤ، دیارە قورئانی پیرۆز چەندین جار باسی ئەوەی كردووە كە گەردوون قۆناغ بە قۆناغ دروستكراوە. وە ڕایگەیاندووە كە دروستبوونی مرۆیی دوو جۆرە: دروستبوون لەڕێگەی خۆڵەوە و دروستبوون لەڕێگەی زاوزێوە. هەروەك خوای گەورە فەرموویەتی﴿ٱللَّهُ يَبۡدَؤُاْ ٱلۡخَلۡقَ ثُمَّ يُعِيدُهُ ۖ﴾ (یونس: 35). وە دەبینین دروستبوون لەڕێگەی زاوزێوە پلە بەپلەیە بەجۆرێك دەستبەجێ دوای جووت بوونی نێر و مێ مناڵ لەدایك نابێت، ئیتر بۆچی دان بەوەدا نەنێین كە دروستبوون لەڕێگەی خۆڵەوە ئەویش قۆناغ بەقۆناغ بووە؟
لەڕاستیدا ئەم ئایەتە تەنھا ئاماژە بەو قۆناغەی دروستبوونی مرۆیی دەكات كە تێیدا توانا ئاژەڵیەكانی گەشەیانكردووە و توانا مرۆییەكانی پێدراوە كە جیایان كردووەتەوە لە ئاژەڵەكانی تر، كە بریتیە لە قۆناغی گڵینەی قوڕی نیوە وشك، كە تێیدا مرۆڤ توانای پێگەیشتنی وەحی پێدراوە، یان ئایەتەكە تەنھا ئاماژەیە بەو قۆناغەی دروستبوونی مرۆڤ كە ژیان تێیدا پەیدابووە.
ئەگەر بگوترێت: بۆچی دان نەنێین بەوەدا كە ئەم ئایەتە ئاماژە دەكات بۆ سەرەتای قۆناغی مرۆیی یان ئاژەڵی لە دروستبوونی مرۆییدا، بۆچی نەڵێین مانای ئایەتەكە ئەوەیە كە خوای گەورە دروستبوونی مرۆڤی بەوە دەستپێكردووە كە پەیكەرێكی لە قوڕ دروستكردووە پاشان نەفخی ڕۆحی كردووە بە پەیكەرەكەدا، ئینجا بووە بە مرۆڤ؟ وەڵام: قورئانی پیرۆز خۆی ئەوە بەدوور دەگرێت كە ئەم ئایەتە باسی سەرەتای دروستبوونی مرۆڤ بكات، بەڵگەش ئەوەیە خوای گەورە فەرموویەتی ﴿وَمِنۡ ءَايَٰتِهِۦٓ أَنۡ خَلَقَكُم مِّن تُرَابٖ ثُمَّ إِذَآ أَنتُم بَشَرٞ تَنتَشِرُونَ﴾ (الروم: 21). لەڕواڵەتدا بەركەوتن هەیە لەنێوان ئەم ئایەتە و ئەو ئایەتەی ئێمە تەفسیری دەكەین، چونكە ئەم ئایەتە باسی ئەوە دەكات كە مرۆڤ لە خۆڵ دروستبووە، لەكاتێكدا ئەو ئایەتەی كە ئێمە تەفسیری دەكەین ڕایدەگەیەنێت كە مرۆڤ لە گڵی قوڕی نیوە وشكەوە بوو دروست بووە. بەمەش دەچەسپێت خوای گەورە بە وشەی (خۆڵ) لە سوورەتی الروم دا ئاماژەی كردووە بە قۆناغی سەرەتایی لە دروستبوونی مرۆڤ، لەكاتێكدا لە سوورەتی الحجر دا خوا (سبحانه وتعالى) باسی قۆناغی یەكەمی دروستبوونی مرۆڤی لە خۆڵەوە باس نەكردووە، بەڵكو تەنها بە باسكردنی قۆناغی دواتر وازیهێناوە بە بەكارهێنانی وشەی ﴿حَمَإٖ مَّسۡنُونٖ﴾ قوڕی نیوە وشك.
لەشوێنێكی تردا جیاوازییەكی گەورەتر دەبینین بەجۆرێك خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَٱللَّهُ خَلَقَكُم مِّن تُرَابٖ ثُمَّ مِن نُّطۡفَةٖ﴾ (فاطر: 12).. لێرەدا ئەڵقەی دووەمی دروستبوونی مرۆیی پەڕێنراوە و باس نەكراوە واتە قۆناغی گڵی، تەنها بە باسكردنی قۆناغی خۆڵی وازهێنراوە و ئاماژەكراوە بە ئەڵقەیەكی تر كە بریتیە لە قۆناغی تۆواو.
هەروەك دەبینین لە شوێنێكی تردا باسێكی جیاوازی ئەمەش كراوە بەجۆرێك خوا (عز وجل) ڕایدەگەیەنێت ﴿هُوَ ٱلَّذِي خَلَقَكُم مِّن تُرَابٖ ثُمَّ مِن نُّطۡفَةٖ ثُمَّ مِنۡ عَلَقَةٖ ثُمَّ يُخۡرِجُكُمۡ طِفۡلٗا﴾ (غافر: 68).كەواتە ئەم ئایەتە ڕوونی دەكاتەوە كە مرۆڤ لەپڕدا لە تۆواو دروستنەبووە، بەڵكە لە تۆواوەوە بووە بە خوێنێكی مەییو، پاشان بووە بە كۆرپەلە.
پاشان لە شوێنێكی تردا خوا (سبحانه وتعالى) ئەڵقەیەكی تر زیاد دەكات بۆ ئەڵقەكانی دواتری تۆواو و دەفەرموێت: ﴿يَٰٓأَيُّهَا ٱلنَّاسُ إِن كُنتُمۡ فِي رَيۡبٖ مِّنَ ٱلۡبَعۡثِ فَإِنَّا خَلَقۡنَٰكُم مِّن تُرَابٖ ثُمَّ مِن نُّطۡفَةٖ ثُمَّ مِنۡ عَلَقَةٖ ثُمَّ مِن مُّضۡغَةٖ مُّخَلَّقَةٖ وَغَيۡرِ مُخَلَّقَةٖ﴾ (الحج: 6).. واتە مرۆڤ ڕاستەوخۆ لە خوێنێكی مەیو دروست نەبووە، بەڵكو خوێنە مەیوەكە گۆڕاوە بۆ پارچە گۆشتێكی كە ئەویش بە دوو قۆناغدا تێپەڕیوە: پارچە گۆشتێكی تەوا و ناتەواو.
پاشان لە سوورەتی المؤمنون دا خوا (سبحانه وتعالى) كۆمەڵێك ئەڵقەی تر باسكردووە و فەرموویەتی ﴿وَلَقَدۡ خَلَقۡنَا ٱلۡإِنسَٰنَ مِن سُلَٰلَةٖ مِّن طِينٖ * ثُمَّ جَعَلۡنَٰهُ نُطۡفَةٗ فِي قَرَارٖ مَّكِينٖ * ثُمَّ خَلَقۡنَا ٱلنُّطۡفَةَ عَلَقَةٗ فَخَلَقۡنَا ٱلۡعَلَقَةَ مُضۡغَةٗ فَخَلَقۡنَا ٱلۡمُضۡغَةَ عِظَٰمٗا فَكَسَوۡنَا ٱلۡعِظَٰمَ لَحۡمٗا ثُمَّ أَنشَأۡنَٰهُ خَلۡقًا ءَاخَرَ ۚ فَتَبَارَكَ ٱللَّهُ أَحۡسَنُ ٱلۡخَٰلِقِينَ﴾ (ئایەتەكانی: 13-15)
ئەوەتا لێرەدا سێ ئەڵقەی تری باسكردووە كە دەكەونە دوای پارچە گۆشتەكەوە: دروستبوونی ئێسك، پاشان داپۆشینی ئێسك بە گۆشت، پاشان دروستبوویەكی تر بەجۆرێك ژیان پەیدا دەبێت لەم ماددەیەدا كە لەڕەواڵەتدا نازیندووە.
كاتێك ڕادەمێنین لەم ئایەتانە بۆمان دەردەكەوێت كە قورئانی پیرۆز هەندێ جار هەندێ ئەڵقە لە ئەڵقەكانی دروستبوونی مرۆڤ باس ناكات، ئەمەش بیروباوەڕی خەڵكی گشتی پووچەڵ دەكاتەوە كە گوایە خوا پەیكەرێكی لە قوڕ دروستكردووە، وە نەفخی ڕۆحی پێدا كردووە و بووە بە مرۆڤ. لەڕاستدا قورئانی پیرۆز فێرمان دەكات كە دروستبوونی مرۆڤ بە چەندین قۆناغی جیاواز تەواو بووە، وە وشەی “خۆڵ” تەنھا مەبەستی ئەوەیە كە ئاماژە بدات بەوەی سەرەتای دروستبوونی مرۆڤ لە خۆڵەوە بووە. ئەمە شتێكی چەسپاوە، چونكە مرۆڤ بەردەوام هەتا ئەمڕۆ خۆراكی خۆی لە هەمان خۆڵەوە دەستدەكەوێت، بگرە خۆراكی هەر شتێك لەو شتەوە وەردەگیرێت كە لێیەوە دروست بووە، ئەگینا خۆراكێكی گونجاو نابێت بۆی. بۆ نموونە ئەگەر ئاسن ببێت بە دووپارچەوە تەنها بە پارچەیەك ئاسن بەیەكەوە دەلكێنرێتەوە، چونكە هیچ شتێكی تر هەرگیز شوێنی پارچە ئاسنەكە ناگرێتەوە. كەواتە بەوپێیەی خۆراكی مرۆڤ پێكهاتووە لە ڕەگەزەكانی خۆڵ بۆیە گومانی تێدا نیە ئەویش لەو ڕەگەزانە دروستبووە كە خۆڵیان لێ پێكهاتووە.
وە مرۆڤ دواهەمین ئەڵقەی پێشكەوتووە لە ئەڵقەكانی دروستبوونی ئەم گەردوونە، لە درەوەوە نەهاتووە. لێرەدا باسی دروستبوونی مرۆڤ ناكەم، بەڵكو شوێنی گونجامی ئەم باسە سوورەتی البقرة یان سوورەتی “الأعراف”ە.
وَٱلۡجَآنَّ خَلَقۡنَٰهُ مِن قَبۡلُ مِن نَّارِ ٱلسَّمُومِ 28
شیكردنەوەی وشەكان:
الجان: جن علیه اللیل یجن جنا وجنونا: شەوی بەسەردا هات و تاریكی بەسەردا هات. جن اللیل: شەوەكە تەواو تاریك بوو. جن الجنین في الرحم: كۆرپەلەكە لە مناڵداندا نادیار بوو. الجان: ناوی بكەرە؛ ناوی كۆی “جن”ە، مارێكی سپی چاو ڕەشە بێ زیانە (الأقرب). الجان واتە باوكی جن (التاج).
السموم: سم الطعام یسم سما: خواردنەكەی ژەهراوی كرد. سم الأمر: بەقووڵی لە شتەكەی ڕوانی و ڕۆچوو بەناویدا. سمت الریح سموما: بایەكە سووتاندی. السموم: گڕەبا. ئەبو عوبەیدە گوتوویەتی: گڕەبا لە ڕۆژدایە و دەكرێت لە شەودا بێت. گوتراوە: السموم: گەرمای توند و بەهێز کە بەناو کونیلەکاندا تێدەپەڕێت. (الأقرب). السموم لای ئیبن عەبباس واتە: ئاگرێك دووكەڵی نیە. (البحر المحیط)
بە سەرنجدان لەو مانایانەی لەسەرەوە باسكرا السموم واتە: ئەو شتەی شتێكی تر دەبڕێت و دەچێتەناویەوە بە ڕێگەیەكی باریك و كاری تێدەكات، بۆیە بە ژەهر گوتراوە السم چونكە دەچێتەناو لەشی قوربانیەكەوە لەڕێگەی دەمارەكانەوە و بەخێرایی دەیكوژێت، وە ژەهری وا هەیە تەنانەت لەڕێگەی بۆنكردن و بەركەوتنەوە كاری خۆیان دەكەن.
تەفسیر: وەك پێشتر تۆمارمان كرد جن لە زماندا واتە: هەر شتێك شتێكی تر داپۆشێت و پەردەپۆشی بكات یان تاریكایی بهێنێت بەسەریدا؛ یاخود هەر شتێكی تاریك یان نادیار. كە بەچاو نەبینرێت.
وە لە عورفدا جن واتە: بوونەوەرێك بەردەوام نادیارە و مرۆڤ نایبینێت مەگەر خۆی دەربخات بۆ كەسێك. وە بەگشتی لە جیهاندا باوەڕبوون بە بوونەوەڕێكی لەو شێوەیە باوەڕێكی باوە. گەلی وا هەیە باوەڕی وایە كە خودی فریشتەیە خراپ و شەڕانگێز دەبێت، بۆیە لای ئەوان فریشتە دوو جۆرە: جۆری چاك ئەوە جۆرە گشتیەكەیە، وە جۆری خراپ كە بریتیە لە جن و شەیتانەكان.
هیندۆسەكان دەڵێن دوو جۆر ڕۆح هەیە كە نابینرێن و بریتین لە “گەندەهروا” و “ئەبسترا”. یەكەمیان كۆمەڵێك ڕۆحی دەشتەكین، وە دووەمیان ڕۆحەكانی ناو دەریان، بە جووتبوونی هەردووكیان وەچەی مرۆیی پەیدابووە لە شێوەی “یاما” و خوشكەكەی “یامی” كە لەگەڵیدا بە دوانەیی دروستبوون، هەردووكیان یەكەم هاوسەری مرۆیی بوون.
هەروەها بیروباوەڕی هیندۆسی دەڵێت ڕۆحەكانی “گەندەهروا” زەویەكی جیا و ئەسپی تایبەتییان هەیە، وە نیشتیمانیان لە پشت ڕووباری “سند”ەوەیە، وە شاری “تێسلا”یش دەكەوێتە زەوی و زارەكانی گەندەهرەوییەوە. (الموسوعة البریطانیة، كلمة: غندهروا وأبسرا)
هەمان بیروباوەڕ لای زەردەشتیەكانیش هەیە لەگەڵ كەمێك جیاوازیدا، ئەوانیش باوەڕیان بە بوونی دوو خوا هەیە: خوای خێر كە ناوی “ئاهوورامەزدا”یە، وە خوای شەڕ كە ناوی “ئەهریمەن”ە. وە خوای خێر سەربازی هەیە و بەگوێرەی زاراوەی ئێمە دەكرێت پێیان بوترێت فریشتە، وە خوای شەڕیش سەربازی هەیە بەگوێرەی زاراوەی ئێمە دەكرێت پێیان بوترێت شەیتان. (سەرچاوەی پێشوو، وشەی دیمن)
دەبینین لای یۆنانیەكانیش بیروباوەڕی بوونی دوو جۆر ڕۆح هەیە: ڕۆحی خێر و ڕۆحی شەڕ، بەجۆرێك شوێنكەوتووانی فیساگۆرس و ئەفڵاتۆن باوەڕیان بە بوونی بوونەوەری نەبینراو هەبووە كە هەندێكیان خێر و هەندێكیان شەڕن.
وە جوولەكە دان دەنێن بە بوونی بوونەوەری نەبینراودا بەناوی فریشتە و شەیتان و ڕۆحی شەڕانگێز، وە لەپەڕاوەكانی مووسادا (عليه السلام) باسكراون. باسی فریشتە هاتووە لە خەوی یەعقووبدا (عليه السلام) و دەڵێت: “یەعقووب خەونێکی بینی کە تێیدا پێپلیکانەیەك لەسەر زەوی ڕاگیراوە کە سەری لە ئاسمان دەدات و فریشتەکانی خودا پێیدا سەردەکەون و دێنە خوارەوە.” (پەیدابوون 28: 12)
وە لەتەوراتدا لە بەسەرهاتی ئادەمدا (عليه السلام) باسی شەیتان كراوە، بەجۆرێك شەیتان ئادەم و حەوای فریودا، وە هەردووكیان لە درەختە قەدەغەكراوەكەیان خوارد (پەیدابوون 3: 1-5). پێویستە بزانرێت تەورات لێرەدا ناوی ماری بردووە، بەڵام مانای شەیتانە. وە بڕینی ناوی مار بەسەر جن و ڕۆحە چەپەڵەكاندا یەكێكە لە دەربڕینە كۆنەكان بەجۆرێك لە زمانی عەرەبیدا بە مار دەگوترێت “الجان”. لەكاتێكدا هیندۆس و یۆنانیەكان باوەڕیان وایە هەندێ مار جۆرێكن لە جن.
وە لە تەوراتدا ڕۆحە شەڕانگێزەكان بەم جۆرە باسكراون: “بۆ بتەكان [لە چاپە ئوردیەكەدا لەجیاتی (بتەكان) وشەی (شەیتانەكان) هاتووە. (وەرگێڕی عەرەبی)] كە خوا نین قوربانییان سەربڕی، چەند خوایەك نەیانناسیون، تازەن و بەم زووانە دەركەوتوون، كە باوكتان لێیان نەترساون.” (دواوتار 32: 17)
لێرەدا مەبەست لە شەیتانەكان تەنها ڕۆحە شەڕانگێزەكانە، چونكە تەورات ڕایدەگەیەنێت كە ئەم شەیتانانە تازەن.. واتە نامۆ و نەناسراون بە نەوەی ئیسڕائیل، بەڵام نەوەی ئیسڕائیل شەیتانەكانیان دەزانی.
سەرباری تەورات، ڕیوایەتەكانی جوولەكەیش بەتایبەتی جەختیان كردووەتەوە لەسەر باسكردنی جن. خواپەرست ئەلیعازەری شیركی دەڵێت جن لە ناوچەكانی باكوور نیشتەجێن. لە “المیغاتي”دا هاتووە وەكو فریشتەكان دەفڕن. وە لە تەلموودی “شبات”دا هاتووە كە جن پەیوەندی دەكەن بە مرۆڤەوە، وە دەتوانن دەنگوباسەكانی ئاسمان ببیستن. (الموسوعة الیهودیة، تحت الكلمة Demonology)
وە ڕۆحە شەڕانگێز و پیسەكان لای ئایینی مەسیحیەت بەتایبەتی باسكراون، چونكە ئینجیلەكان پرۆسەی دەركردنی ڕۆحە پیسەكان لەلایەن یەسووعەوە بە یەكێك لە گرنگترین موعجیزەكانی ئەو لەقەڵەم دەدەن، بەڵكو دەڵێن حەواریەكانیش پاش مەسیح بەردەوام ڕۆحە شەڕانگێزەكانیان دەردەكرد. وە لە ڕاگەیاندنی ئینجیلەكانەوە دەردەكەوێت وەك ئەوەی جن لەو ماوەیەدا بەشێوەیەكی سەیر تووڕە بووبن، بەجۆرێك زاڵ دەبوون بەسەر خەڵكی هەموو گوند و شارێكدا، وە هەندێ جار زاڵ دەبوون بەسەر سەدەها مرۆڤدا. (ئینجیلی مەتتا 8: 6-28 و ئینجیلی مەرقۆس 1: 32-34)
بەڵام موسوڵمانان بەگشتی باوەڕیان وایە كە ڕۆحە نەبینراوەكان سێ جۆرن: یەكەم: فریشتەكان كە هەموویان ڕۆحی چاكە و خێرن، وە هەندێ كەس پێیان وایە هەندێ فریشتە دەبن بە ڕۆحی شەڕانگێز وەك هارووت و مارووت، وە وەكو ئیبلیس كە لەسەرەتادا فریشتە بوو.
دووەم: شەیتانەكان هەموویان پیس و شەڕانگێزن. سێیەم: جن كە هەندێكیان چاكن و هەندێكیان خراپن، وە دەستدەگرن بەسەر خەڵكیدا، وە بە بەكارهێنانی هەندێ فێڵ دەكرێت قۆڵبەست بكرێن و ڕامبكرێن بۆ كاركردن. (معالم التنزیل، سورة البقرة. والقرطبي، سورة الجن. وتاج العروس)
سەبارەت بە ڕواڵەتی وشەكان قورئانی پیرۆز لەڕاستیدا باسی هەریەك لە فریشتە و جن و شەیتانی كردووە، وە هەندێ جن چاكن و هەندێكیان شەڕانگێزن، وەك لە قورئاندا هاتووە جنەكان خۆیان دەڵێن: ﴿مِنَّا ٱلصَّٰلِحُونَ وَمِنَّا دُونَ ذَٰلِكَۖ﴾ (الجن: 12). هەروەك لە قورئانی پیرۆزەوە دەردەكەوێت كە ملكەچ دەبن بۆ مرۆڤ و كاریان بۆ دەكەن، ئەوەتا دەربارەی گەورەمان سڵێمان (عليه السلام) هاتووە ﴿وَمِنَ ٱلۡجِنِّ مَن يَعۡمَلُ بَيۡنَ يَدَيۡهِ بِإِذۡنِ رَبِّهِۦۖ﴾ (سبأ: 13). وە لە قورئانی پیرۆزەوە دەردەكەوێت كە هەندێ جن باوەڕیان هێنا بە گەورەمان مووسا (عليه السلام) و پێغەمبەری ئازیزمان (ﷺ). (بڕوانە سوورەتی الأحقاف، 30-33).
هەروەها لە فەرموودەكاندا هاتووە كە شاندێك لە جنەكان هاتن بۆ چاوپێكەوتنی پێغەمبەر (ﷺ). (صحیح مسلم، كتاب الصلاة، باب الجهر بالقراءة).
هەروەك فەرموودەكان باسی ئەوە دەكەن كە پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرموویەتی: “دوای سەرئاو خۆتان بە تەپاڵە و ئێسقان پاك مەكەنەوە چونكە ئەو شتان قووت و خۆراكی برا جنەكانتانن.” (الترمذي، أبواب الطهارة. وأبو داود، كتاب الطهارة)
وە زانای گەورە سەندەهی گوتوویەتی ئیمامی ئەبو حەنیفە پێیوایە پاداشتی جنی چاكەكار ئەوەیە تەنها سەلامەت دەبێت لە سزا، بەڵام هەردوو ئیمامی مالیك و بوخاری پێیان وایە پاداشتەكەیان بریتیە لەوەی سەلامەت دەبن لە سزادان و دەخرێنە بەهەشتەوە. وە ئیبن عەرەبی باسی ئەوەی كردووە كە ئیجماعی موسوڵمانان لەسەر ئەوەیە كە جن دەخۆن و دەخۆنەوە و هاوسەرگیری دەكەن. (مجمع بحار الأنوار، تحت كلمة: “جنن”)
بەڕای من وشەی (الجن) لە قورئانی پیرۆز و فەرموودەكاندا بە كۆمەڵێك مانای زۆر هاتووە هەموویان نزیكن لە مانای داپۆشەر و داپۆشراو. كەواتە جن واتە: هەر شتێك یان ڕۆحێك یان مرۆڤێك غەیری خۆی داپۆشێت یان خۆی خۆی بەشاراوەیی بهێڵێتەوە و بەگشتی نەبینرێت. وە لەبەرئەوەی ئەم كردەوەیە لەلایەن كۆمەڵێك شت و بوونەوەری زۆرەوە ئەنجام دەدرێت بۆیە لە زاراوەی ئیسلامیدا ئەم ناوە دەنرێت لە كۆمەڵێك شت یان كۆمەڵێك بوونەوەر.
قورئانی پیرۆز لەم شوێنانەی خوارەوەدا كۆمەڵێك وەسفی جنی كردووە:
1- جن لە ئاگرێكی زۆر گەرم دروستكراوە. (وەك لەم ئایەتەدا هاتووە كە ئێمە تەفسیری دەكەین).
2- لە بڵێسەی ئاگرێكی بێ دووكەڵ دروستكراون: ﴿وَخَلَقَ ٱلۡجَآنَّ مِن مَّارِجٖ مِّن نَّارٖ﴾ (الرحمن: 16)
3- ئیبلیس بە خوای گەورەی گوت: ﴿قَالَ أَنَا۠ خَيۡرٞ مِّنۡهُ خَلَقۡتَنِي مِن نَّارٖ وَخَلَقۡتَهُۥ مِن طِينٖ﴾ (الأعراف: 13، ص: 77).
4- خوای گەورە دەربارەی ئیبلیس فەرموویەتی: ﴿كَانَ مِنَ ٱلۡجِنِّ فَفَسَقَ عَنۡ أَمۡرِ رَبِّهِۦٓۗ﴾ (الكهف: 51).. ئەمەش مانای ئەوەیە كە ئەوەی ئیبلیس سروشتی ئاگرئاسایە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە جنە.
5- جن هێزی شەهوانییشیان هەیە بەجۆرێك خوای گەورە دەربارەی حۆریەكانی بەهەشت فەرموویەتی: ﴿لَمۡ يَطۡمِثۡهُنَّ إِنسٞ قَبۡلَهُمۡ وَلَا جَآنّٞ﴾ (سوورەتی الرحمن: 57).. ﴿لَمۡ يَطۡمِثۡهُنَّ﴾ واتە دەستیان بەریان نەكەوتووە.
6- خوای گەورە لە سوورەتی الرحمن دا كاتی قسەكردن دەربارەی لێپرسینەوە فەرموویەتی: ﴿فَيَوۡمَئِذٖ لَّا يُسَۡٔلُ عَن ذَنۢبِهِۦٓ إِنسٞ وَلَا جَآنّٞ﴾ (ئایەتی: 40).. واتە ئەو ڕۆژە خەڵكی و جن لێپرسینەوەیان لەگەڵ ناكرێت دەربارەی تاوانەكانیان، بەڵكو لەناوچوونێكی گشتگیر دەیانگرێتەوە بەهۆی تاوانەكانەوە.
7- جنەكان لەپێناوی بەندایەتی و خواپەرستیدا دروستكراون ﴿وَمَا خَلَقۡتُ ٱلۡجِنَّ وَٱلۡإِنسَ إِلَّا لِيَعۡبُدُونِ﴾ (الذاریات: 57)
8- موشریكەكان دەڵێن جن خزمایەتی و نزیكایەتی هەیە لەگەڵ خوای گەورەدا: ﴿وَجَعَلُواْ بَيۡنَهُۥ وَبَيۡنَ ٱلۡجِنَّةِ نَسَبٗاۚ﴾ (الصافات: 159)
9- موشریكەكان جنیان كردووە بە هاوبەش لەگەڵ خوای گەورەدا: ﴿وَجَعَلُواْ لِلَّهِ شُرَكَآءَ ٱلۡجِنَّ وَخَلَقَهُمۡ ۖ وَخَرَقُواْ لَهُۥ بَنِينَ وَبَنَٰتِۢ بِغَيۡرِ عِلۡمٖۚ﴾ (الأنعام: 101). هەروەها دەربارەیان هاتووە كە خوای گەورە لە ڕۆژی قیامەتدا لە فریشتەكان دەپرسێت: ئایا موشریكەكان ئێوەیان پەرستووە؟ ئەوانیش وەڵام دەدەنەوە: ﴿بَلۡ كَانُواْ يَعۡبُدُونَ ٱلۡجِنَّۖ﴾ (سبأ: 42)
10- گروپێك لە جن هەڵدەستن بە فریودان و گومڕاكردنی خەڵكی: ﴿ٱلَّذِي يُوَسۡوِسُ فِي صُدُورِ ٱلنَّاسِ * مِنَ ٱلۡجِنَّةِ وَٱلنَّاسِ﴾ (الناس: 6-7)
هەروەها خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿وَقَالَ ٱلَّذِينَ كَفَرُواْ رَبَّنَآ أَرِنَا ٱلَّذَيۡنِ أَضَلَّانَا مِنَ ٱلۡجِنِّ وَٱلۡإِنسِ نَجۡعَلۡهُمَا تَحۡتَ أَقۡدَامِنَا لِيَكُونَا مِنَ ٱلۡأَسۡفَلِينَ﴾ (فظلت: 30)
هەروەها خوای گەورە پێمان ڕادەگەیەنێت كە: ﴿وَكَذَٰلِكَ جَعَلۡنَا لِكُلِّ نَبِيٍّ عَدُوّٗا شَيَٰطِينَ ٱلۡإِنسِ وَٱلۡجِنِّ يُوحِي بَعۡضُهُمۡ إِلَىٰ بَعۡضٖ زُخۡرُفَ ٱلۡقَوۡلِ غُرُورٗاۚ﴾ (الانعام: 113)
هەروەها خوای گەورە فەرموویەتی ﴿يَٰمَعۡشَرَ ٱلۡجِنِّ قَدِ ٱسۡتَكۡثَرۡتُم مِّنَ ٱلۡإِنسِۖ﴾ (الأنعام: 129)
11- جن دەچنەناو دۆزەخەوە: ﴿قَالَ ٱدۡخُلُواْ فِيٓ أُمَمٖ قَدۡ خَلَتۡ مِن قَبۡلِكُم مِّنَ ٱلۡجِنِّ وَٱلۡإِنسِ فِي ٱلنَّارِۖ﴾ (الأعراف: 39)
وە خوای گەورە لە شوێنێكی تردا فەرموویەتی: ﴿أُوْلَٰٓئِكَ ٱلَّذِينَ حَقَّ عَلَيۡهِمُ ٱلۡقَوۡلُ فِيٓ أُمَمٖ قَدۡ خَلَتۡ مِن قَبۡلِهِم مِّنَ ٱلۡجِنِّ وَٱلۡإِنسِ ۖ إِنَّهُمۡ كَانُواْ خَٰسِرِينَ﴾ (الأحقاف: 19).. وە كافرەكانیش دەچنە ڕیزی ئەو گروپانەی خەڵك و جنەوە كە پێش ئەوان بوون و بەڵگە چەسپا لەسەریان ئینجا شایستەی ئاگر بوون، ئەوان لە خەڵكە خەسارەتمەندەكان بوون.
هەروەها خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿وَحَقَّ عَلَيۡهِمُ ٱلۡقَوۡلُ فِيٓ أُمَمٖ قَدۡ خَلَتۡ مِن قَبۡلِهِم مِّنَ ٱلۡجِنِّ وَٱلۡإِنسِ ۖ إِنَّهُمۡ كَانُواْ خَٰسِرِينَ﴾ (فصلت: 26)
خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿وَلَقَدۡ ذَرَأۡنَا لِجَهَنَّمَ كَثِيرٗا مِّنَ ٱلۡجِنِّ وَٱلۡإِنسِ ۖ لَهُمۡ قُلُوبٞ لَّا يَفۡقَهُونَ بِهَا وَلَهُمۡ أَعۡيُنٞ لَّا يُبۡصِرُونَ بِهَا وَلَهُمۡ ءَاذَانٞ لَّا يَسۡمَعُونَ بِهَآۚ﴾ (الأعراف: 180)
12- هەندێ خەڵك پەنا بۆ جن دەبەن: ﴿وَأَنَّهُۥ كَانَ رِجَالٞ مِّنَ ٱلۡإِنسِ يَعُوذُونَ بِرِجَالٖ مِّنَ ٱلۡجِنِّ فَزَادُوهُمۡ رَهَقٗا﴾ (الجن: 7)
13- جن كاردەكەن بۆ هەندێ كەس: ﴿وَحُشِرَ لِسُلَيۡمَٰنَ جُنُودُهُۥ مِنَ ٱلۡجِنِّ وَٱلۡإِنسِ وَٱلطَّيۡرِ﴾ (النمل: 18)؛ هەروەها خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿وَمِنَ ٱلۡجِنِّ مَن يَعۡمَلُ بَيۡنَ يَدَيۡهِ بِإِذۡنِ رَبِّهِۦۖ﴾ (سبأ: 13)؛ هەروەها فەرموویەتی: ﴿قَالَ عِفۡرِيتٞ مِّنَ ٱلۡجِنِّ أَنَا۠ ءَاتِيكَ بِهِۦ قَبۡلَ أَن تَقُومَ مِن مَّقَامِكَۖ﴾ (النمل: 40).. واتە تەختی شاژنی سەبەء دروست دەكەم بۆت.
13- لەتوانای جن دا نیە كتێبێكی هاوشێوەی قورئانی بهێنن: ﴿قُل لَّئِنِ ٱجۡتَمَعَتِ ٱلۡإِنسُ وَٱلۡجِنُّ عَلَىٰٓ أَن يَأۡتُواْ بِمِثۡلِ هَٰذَا ٱلۡقُرۡءَانِ لَا يَأۡتُونَ بِمِثۡلِهِۦ وَلَوۡ كَانَ بَعۡضُهُمۡ لِبَعۡضٖ ظَهِيرٗا﴾ (الإسراء: 89)
14- جن لەمەجلیسی پێغەمبەردا (ﷺ) ئامادەبوون و گوێیان لە قورئان گرتووە: ﴿وَإِذۡ صَرَفۡنَآ إِلَيۡكَ نَفَرٗا مِّنَ ٱلۡجِنِّ يَسۡتَمِعُونَ ٱلۡقُرۡءَانَ فَلَمَّا حَضَرُوهُ قَالُوٓاْ أَنصِتُواْ ۖ فَلَمَّا قُضِيَ وَلَّوۡاْ إِلَىٰ قَوۡمِهِم مُّنذِرِينَ﴾ (الأحقاف: 30)، وە خوای گەورە لە شوێنێكی تردا فەرموویەتی: ﴿قُلۡ أُوحِيَ إِلَيَّ أَنَّهُ ٱسۡتَمَعَ نَفَرٞ مِّنَ ٱلۡجِنِّ فَقَالُوٓاْ إِنَّا سَمِعۡنَا قُرۡءَانًا عَجَبٗا﴾ (الجن: 2)
14- جن باوەڕیانهێناوە بە پێغەمبەر (ﷺ) بەجۆرێك دەربارەی قورئان دەڵێن: ﴿يَهۡدِيٓ إِلَى ٱلرُّشۡدِ فََٔامَنَّا بِهِۦ ۖ وَلَن نُّشۡرِكَ بِرَبِّنَآ أَحَدٗا﴾ (الجن: 3)
ئەمە ئەو سیفەت و كردەوانەیە كە قورئانی پیرۆز دەربارەی جن تۆماری كردوون، وە بەڕای من جەخت لەوە دەكەنەوە كە لەقورئاندا جن ناوە بۆ كۆمەڵێك شت:
یەكەم: ڕۆحە پیسە شەڕانگێزەكان كە بەسەرچاوەی بیروبۆچوونە پیسەكان لەقەڵەم دەدرێن هەروەك چۆن فریشتەكان بە سەرچاوەی بیروباوڕە باشەكان لەقەڵەم دەدرێن، وەك ئەوەی ئەو ڕۆحە پیسانە سێبەر و یارمەتیدەری شەیتان بن كە هانی مرۆڤ دەدەن بۆ خراپە. ئەم مانایە لەم فەرمایشتەی خوای گەورە هەڵێنجراوە: ﴿ٱلَّذِي يُوَسۡوِسُ فِي صُدُورِ ٱلنَّاسِ * مِنَ ٱلۡجِنَّةِ وَٱلنَّاسِ﴾ (الناس: 6 و7).
دووەم: ئەو شتانەی كە كافرەكان بەخەیاڵ پێیان وابوو هەن و دەیانپەرستن، لەگەڵ ئەوە خوای گەورە نەیفەرمووە بوونیان هەیە، بەڵكو كافرەكان بەهەڵە خەیاڵی بوونی ئەم شتانەیان دەكرد كە لەڕاستیدا بوون و حەقیقەتیان نیە، لەگەڵ ئەوەدا دەیانپەرستن. بەڵگەش ئەم فەرمایشتەی خوای گەورەیە: ﴿وَجَعَلُواْ لِلَّهِ شُرَكَآءَ ٱلۡجِنَّ وَخَلَقَهُمۡ ۖ وَخَرَقُواْ لَهُۥ بَنِينَ وَبَنَٰتِۢ بِغَيۡرِ عِلۡمٖۚ﴾ (الأنعام: 101).. واتە هیچ زانیاری و بەڵگەیەكیان لا نیە لەسەر ئەوەی كە جنیان كردووە بە هاوبەشی خوا (سبحانه وتعالى) و لەسەر ئەو بیروباوەڕەیان كە خوا كوڕ و كچی هەیە.
ڕەنگە هەندێ كەس ڕەخنە بگرن و بڵێن فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿وَخَلَقَهُمۡۖ﴾ هەستێك دەبەخشێت كە خوای گەورە لەراستیدا ئەم جۆرە جنەی دروست كردبێت كە كافرەكان كردوویانە بە هاوبەشی خوا (عز وجل)؟ وەڵامەكە ئەوەیە كە ڕاناوی كۆ لە وشەی ﴿وَخَلَقَهُمۡۖ﴾دا ناگەڕێتەوە بۆ جن بەڵكو دەگەڕێتەوە بۆ موشریكەكان، مانای ئەوەیە سەرەڕای ئەوەی خوای گەورە خۆی ئەو كافرانەی دروستكردووە كەچی ئەوان دەڵێن جن هاوبەشن لەگەڵ خوادا لە شانشینەكەیدا.
بەڵگەیەكی تر هەیە لەسەر ئەوەی ئەو جنانەی كە خەڵكی گشتی، بەهەڵە و بەخەیاڵ، باوەڕیان بە بوونیان هەیە و هیچ حەقیقەتێكیان نیە بریتیە لەم فەرمایشتەی خوای گەورە: ﴿وَيَوۡمَ يَحۡشُرُهُمۡ جَمِيعٗا ثُمَّ يَقُولُ لِلۡمَلَٰٓئِكَةِ أَهَٰٓؤُلَآءِ إِيَّاكُمۡ كَانُواْ يَعۡبُدُونَ * قَالُواْ سُبۡحَٰنَكَ أَنتَ وَلِيُّنَا مِن دُونِهِم ۖ بَلۡ كَانُواْ يَعۡبُدُونَ ٱلۡجِنَّ ۖ أَكۡثَرُهُم بِهِم مُّؤۡمِنُونَ﴾ (سبأ: 41-42).
پرسیارێك هەیە پێویستە وەڵام بدرێتەوە: مادام موشریكەكان فریشتەیان نەپرستووە بۆچی خوای گەورە -زانای نادیار- ئەم پرسیارەی ئاراستەی فریشتەكان كردووە؟ پاشان ئەگەر گوتمان خەڵكی بەهیچ شێوەیەك فریشتەیان نەكردووە بە خوا ئەوا ئەم پرسیارە ستەم و زۆرداری دەبێت دەرحەق بە فریشتەكان!
خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: ﴿فَٱسۡتَفۡتِهِمۡ أَلِرَبِّكَ ٱلۡبَنَاتُ وَلَهُمُ ٱلۡبَنُونَ * أَمۡ خَلَقۡنَا ٱلۡمَلَٰٓئِكَةَ إِنَٰثٗا وَهُمۡ شَٰهِدُونَ﴾ (الصافات: 150-151)، مانای ئەوەیە موشریكەكان باوەڕیان وابووە فریشتەكان كچی خوان (سبحانه وتعالى). ئاشكرایە كچی خوایش بە خوا دادەنرێت و دەپەرسترێت، وەك چۆن عیسا (عليه السلام) بە كوڕی خوا دانرا و پاشان كرا بە خوا. لەڕاستیدا خوا سەرزەنشتی موشریكەكانی كردووە بەهۆی ئەوەوە و فەرموویەتی: ﴿وَيَجۡعَلُونَ لِلَّهِ ٱلۡبَنَٰتِ سُبۡحَٰنَهُۥ﴾ (النحل: 58).. واتە یەكێك لە كارە بتپەرستیەكانیان ئەوەیە كچیان بۆ خوا بڕیارداوە، لەگەڵ ئەوەی خوا پاك و بێگەردە لەم ناتەواویە.
كەواتە مادام خەڵكی فریشتەیان بە كچی خوای گەورە داناوە، دیارە ئەمە هاوەڵدانانە بۆ خوا، ئیتر چۆن گونجاوە بۆ فریشتەكان بڵێن ئەوان ئێمەیان نەپەرستووە بەڵكو جنیان پەرستووە؟ بۆیە ڕەخنەكە لەوان دەگیرێت نەك لە خوا (سبحانه وتعالى)!
بەڵام ئەگەر سەرنج بدەین ئەوا دەبینین فریشتەكانیش لۆمەكراو نین، چونكە خوای گەورە پرسیاریان لێ دەكات لە ڕواڵەتی كارەكە، بەڵام ئەوان دەربارەی ڕاستیی كارەكە وەڵامی دەدەنەوە. كەواتە موشریكەكان هەمیشە دەڵێن فریشتە كچی خوان و دەبێت كچەكانی ڕازی بكرێن بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی ئەو؛ بەڵام لەڕاستیدا هیچ زانیارییەكیان نیە سەبارەت بە فریشتەكان و سیفەت و تواناكانیان، بەڵكو لە پێشینانی خۆیانەوە شتیان بیستووە دەربارەیان، بەمەش لە خەیاڵدانی خۆیاندا بوونی فریشتەكانیان وێناكردووە، وە ئەم بوونەوەرە خەیاڵیانەیان بە فریشتە لەقەڵەمداوە و گوتوویانە كچی خوان (عز وجل)، لەگەڵ ئەوەدا ئەم بوونەوەرە خەیاڵیانە هیچ پەیوەندیەكیان نیە بە فریشتە و سیفەت و تواناكانیانەوە؛ بەمەش چەسپا كە موشریكەكان لەڕاستیدا فریشتەیان نەپەرستووە، بەڵكو ئەو بوونەوەرە خەیاڵیە نادیارانەیان پەرستووە كە دەكرێت لەزمانی عەرەبیدا پییان بوترێت جن.
لەڕاستیدا وەڵامی فریشتەكانیش هەڵە نیە، بەڵكو ڕاست و دروستە؛ چونكە لە قسەكەیاندا مەبەستیان ئەوە بووە كە: ئەی پەروەردگار، لەكوێ ئەو موشریكانە بۆیان هەیە ئێمە بپەرستن، ئێمە بەندەی تۆین و لەژێر چاودێری تۆداین؛ بەڵكو ئەوانە كۆمەڵێك بوونەوەری نادیاری ئەفسانەییان پەرستووە كە بە خەیاڵی نەخۆشی خۆیان وێنایان كردوون. ئەگەر لەڕاستیدا شتێك هەبوایە وەك ئەو جنانەی كە خەڵكی گشتی بە خەیاڵ پێیان وایە بوونیان هەیە ئەوا قسەی فریشتەكان پووچەڵ دەبوو كە گوتوویانە ئەوان ئێمەیان نەپەرستووە، بەلكو جنیان پەرستووە؛ چونكە موشریكەكان لەڕاستیدا فریشتەیان پەرستووە بەوپێیەی لای ئەوان كچی خوان (سبحانه وتعالى)، بۆیە ڕەوا نیە پەرستنیان بۆ فریشتە بە پەرستنی جن دابنرێت مەگەر تەفسیری جن بكەین بەوەی مانای بوونەوەری ئەفسانەیی دەگەیەنن كە لەڕاستیدا بوونیان نیە.
ئەگەر بگوترێت: موشریكەكان جنیشیان دەپەرست، بۆیە فریشتەكان درۆیان نەكردووە كاتێك گوتوویانە: ﴿بَلۡ كَانُواْ يَعۡبُدُونَ ٱلۡجِنَّۖ﴾، وەڵامەكە ئەوەیە: گومانی تێدا نیە كە موشریكەكان هەندێ بوونەوەریشیان دەپەرست كە ناویان لێ نابوون جن، بەڵام خوای گەورە لێرەدا پرسیاری لە فریشتەكان نەكردووە دەربارەی ئەوەی كە موشریكەكان جنیان پەرستووە. وە پەرستنی جن لەلایەن موشریكەكانەوە ئەوە پێویست ناكات كە فریشتە نەپەرستن؛ چونكە بتپەرستەكان هەزار شت دەپەرستن وەك خۆر و مانگ و ڕووبار و مرۆڤ و فریشتە و ئەو بوونەوەرە ئەفسانەییانەیش كە ناویان لێ ناون جن؛ بۆیە گونجاو نیە بۆ فریشتەكان كە ڕەتی بكەنەوە موشریكەكان ئەوانیان پەرستبێت تەنھا لەبەرئەوەی جنیان دەپەرست، بەڵكو بۆیان هەبوو ئەو قسەیە بكەن ئەگەر بەڵگەیەك هەبێت ئەوا لەسەر ئەوەیە كە ئەو پەرستشە كە بە ناوی ئەوانەوە -واتە بەناوی فریشتەكانەوە- كراوە لەڕاستیدا پەرستنی كۆمەڵێك بوونەوەری ئەفسانەیی بووە. ئەمەش مەبەستی فریشتەكان بووە لەم وەڵامەیان.
كەواتە لەڕاستیدا ﴿ٱلۡجِنَّۖ﴾ لێرەدا واتە ئەو بوونەوەرە ئەفسانەییانە كە موشریكەكان بە خەیاڵی نەخۆشی خۆیان وێنایان كردوون، وە ناویان لێ ناون (فریشتە) و فریشتە نەبوون.
سێیەم: گەلانی وڵاتانی ساردی باكوور. دیارە وشەی (جن) واتە شتێكی شاراوە و نادیاریش، قورئانی پیرۆز ئەم ناوەی ناوە لە گەلانی وڵاتە ساردەكانی باكووریش بەگوێرەی نەریتی عەرەب لە ناونانی ئوممەتەكانی جگە لە خۆی. ئەم هۆكارانەی خوارەوە هەبوون بۆ ئەم ناونانە:
1- كەمی تێكەڵاوبوونی خەڵكی باكوور لەگەڵ گەلانی ناوچەكانی تر، چونكە خەڵكی باشوور لە وڵاتە گەرمە ئاسیاییەكان و جگە لەوانیش بەگشتی گەشتیان نەكردووە بۆ ناوچەكانی باكوور لەترسی سەرمای توند، هەروەك خەڵكی باكووریش نەهاتوون بۆ باشووری گەرم لە ترسی گەرمای توند.
2- خەڵكی باكوور ڕەنگیان سوور و سپی بووە بەهۆی ئەوەی لە كەش و هەوایەكی زۆر سارددا ژیاون و مەی و بادەیان زۆر خواردووەتەوە. ئەمە وای كردووە لە خەڵكی باشوور خەڵكی باكوور بە بوونەوەری سەیر لەقەڵەم بدەن، و پێیان بڵێن جن.
ئەم ناونانە لە سەردەمانی كۆندا گشتی بووە بەجۆرێك جوولەكە پێیان وا بووە كە ناوچەكانی باكوور نیشتیمانی جنە. پێشتر وتەیەكی خواپەرست ئەلیعازەر شیركیم تۆماركرد كە گوتوویەتی بە گشتی جن لە ناوچەكانی باكووری جیهاندا دەژین.
هەروەك هیندۆسەكان باوەڕیان وا بووە كە باكووری هیندستان نیشتیمانی جنە، بەجۆرێك گوتوویانە ڕۆحە دەشتەكیە نادیارەكان -لای ئەوان ناویان “گەندەهوروا”یە- لە باكووری ڕۆژئاوای وڵاتی هیندستاندا دەژین لە پشت ڕووباری سندەوە.. واتە ناوچەی هەزارە و ئەفغانستان، وە تێكسلا یەكێكە لە شارەكانی.
هەروەك لەناو موسوڵمانانیشدا چیرۆكی ئەفسانەیی باو هەیە كە چیاكانی ئەوقاز و پشتی ئەو چیایانە بە نیشتیمانی جن دادەنێت.
كەواتە چەسپا كە خەڵكە سوور و سپیەكەی باكوور (جن) بوون لە دیدی خەڵكی ئاسیادا كە زیاتر شارستانی بوون، ئەمەش بەهۆی ئەوەی كە شێوەیان سەیر و نامۆ بووە و سرووتە ئایینیەكانیان جیاواز بووە و كەم تێكەڵاویان دەبوون چونكە نیمچە دابڕاوبوون لێیان لەڕووی شارستانیەوە بەهۆی ژینگە و دووری شوێنەكەیان. وە ڕەنگە لەبەر هۆكارێكی تریش هیندیەكان خەڵكی باكووری ڕۆژئاوایان ناونابێت جن ئەویش ئەوەیە ترساون لێیان چونكە زۆر توندوتیژ و ئازا بوون، بەجۆرێك بەردەوام بەدرێژایی مێژوو هێرشیان كردووەتە سەر هیندستان.
وە بەگوێرەی ئەم نەریتە كۆنە قورئانی پیرۆز -لەسوورەتی الرحمن و لەمیانەی باسكردنی ئەو ئاڵوگۆڕانەی كە لە ئاخر زەماندا ڕوودەدەن- خەڵكی باكوور واتە ئەوروپیەكانی ناوناوە (جن)، وە هەواڵی داوە كە لە كۆتا سەردەمدا لە دنیادا دوو ڕۆژهەڵات و دوو ڕۆژئاوا پەیدا دەبێت.. واتە بەهۆی دۆزینەوەی كیشوەری ئەمریكاوە بە دوو ناوچە دەوترێت “ڕۆژهەڵات” و بە دوو ناوچەی تریش دەوترێت “ڕۆژئاوا”. هەروەك هەواڵیشی داوە دەربارەی بەیەكگەیشتنی دوو دەریا و ڕۆیشتنی پاپۆڕی گەورە بەسەر ئاوی زەریاكاندا -ئەم هەواڵ و پێشبینیە هاتەدی بە هەڵكەندنی نۆكەندی سوێس- و هەواڵی داوە دەربارەی پێشكەوتنێكی زۆری زانست تەنانەت ئەو گەلە بیرۆكەی ڕامكردنی ئاسمان دێت بە مێشكیاندا و پێیان وایە هێندەی نەماوە ڕازی گەردوون ئاشكرا بكەن؛ بەڵام خوای گەورە سزا دادەبەزێنێتە سەر ئەو خەڵكە بەهۆی ئەوەی بێ ئاگان لە ئایین؛ بەجۆرێك لە ئاسمانەوە ڕووناكی سووریان بۆ دەهاوێژێت لەسەر شێوەی ئاگری لەناوبەر و بۆمبی كاولكەر؛ وە لە كۆتاییدا بەتەواوەتی كوفر و شیرك لەناودەبات، وە جارێكی تر ئیسلام دادەمەزرێنێتەوە. (سوورەتی الرحمن: 18- 40).
لەم سیاقەدا خوای گەورە ڕووی قسە دەكاتە كۆمەڵی جن و ئینس “الثقلان” -پێویستە بزانرێت كە لێرەدا “جن” واتە گەلانی ناوچەكانی باكوور واتە وڵاتە ئەورووپیەكان- ڕایدەگەیەنێت كە گەلانی ئەورووپی تێكەڵاوی گەلانی ئاسیایی و گەلانی تر دەبن.
وە بزانە كە وشەی (الجن) مانای زۆرییش دەگەیەنێت [لە فەرهەنگی “لسان العرب”دا هاتووە: شێتی مێش زۆری گیزەگیزەكەیەتی، مێشەكە شێت بوو واتە دەنگی زۆر بوو… زەوی شێت: ئەو زەویەی گژ و گیای زۆرە و كەس چاودێری نەكردووە. ئەو ڕووەكەی چڕ و بەیەكدا ئاڵاوە و بەناویەكدا چوون شێتە. وە بەهەشت پێی دەوترێت (الجنة) چونكە دروختەكانی ناوی چڕن و زەویەكەیان داپۆشیوە. لە فەرهەنگی (أقرب الموارد)دا هاتووە: المتجننة من الأرض (زەوی شێت): ئەو زەویەیە كە گژ وگیای زۆرە و هەموو شتێكی داپۆشیوە. جن الناس: خەڵكە گشتیەكە.] ، هەروەك دەكرێت وشەی (الإنس) بە مانای خەڵكی تایبەت بێت [وشەكە ئەم مانایە دەبەخشێت، لەكاتێكدا كە “ال”ەكە بۆ ڕۆچوون بێت، وەك دەوترێت: أنت الرجل، واتە هەموو سیفەتەكانی پیاو لەتۆدا كۆبوونەتەوە. (وەرگێڕی عەرەبی)]. وە یەكێك لە ماناكانی “الثقل” واتە شتێكی بەنرخ و پارێزراو، ئەمەش بە بەڵگەی وتەی پێغەمبەری خوا (ﷺ) كە فەرموویەتی: “إني تاركٌ فيكم الثَقَلينِ: كتاب الله وعِترتي” (مسلم، كتاب الفضائل، باب فضائل علي، ومسند أحمد، ج3، مسند أبي سعید الخدري رضي الله عنه)، ئەم ناوەی ناوە لە نەوەكانی خۆی و قورئانی پیرۆز بەو مانایەی كە دوو شتی ئەوپەڕی بەنرخ و باشن.
وە دەكرێت وشەكانی (الجن) و (الإنس) و (الثقلان) كە لە سوورەتی الرحمن دا هاتوون ئاماژە بن بۆ هەردوو سیستەمی دەسەڵاتی دیموكراتی و دیكتاتۆری لەم سەردەمەی ئێستادا، ئەمەش بەوپێیەی (الإنس) واتە دیكتاتۆرەكان كە دەسەڵات لە دەستی خۆیاندا دەهێڵنەوە بەو پاساوەی ئەوان كەسانی تایبەتی ناو گەلن، وە (الجن) واتە دیموكراتیەكان؛ بەجۆرێك ئەم دوو جەمسەرە یان ئەم دوو هێزە كێبڕكێ دەكەن بۆ هێنانەدی نیازەكانی خۆیان بۆ دەستگرتن بەسەر جیهانی ئەمڕۆدا، یەكێكیان بەناوی دیموكراتیەوە، وە ئەوی تریان بەناوی فاشیەت یان نازیەت، وە هەریەكەیان بانگەشەی ئەوە دەكات خۆی لەوی تریان چاكترە.
چوارەم: كەسانی بێگانە و نامۆ لە خەڵكی گەل و وڵاتە بیانیەكان، مەبەست لە جنەكانی سەردەمی پێغەمبەر سڵێمان ئەمانەن كە قورئانی پیرۆز دەربارەیان دەفەرموێت: ﴿يَعۡمَلُونَ لَهُۥ مَا يَشَآءُ مِن مَّحَٰرِيبَ وَتَمَٰثِيلَ وَجِفَانٖ كَٱلۡجَوَابِ وَقُدُورٖ رَّاسِيَٰتٍۚ﴾ (سبأ: 14).. وشەی الجفان كۆی وشەی الجفنة یە كە بریتیە لە دەفر یان بیری بچوك، وە وشەی الجواب كۆی وشەی الجابیة یە كە بریتیە لە حەوز، و القدور الراسیات ئەو مەنجەڵە گەورانەن كە لەجێگای خۆیاندا دەمێننەوە و كەس نایانجووڵێنێت بەهۆی گەورەیی قەبارەیانەوە.
كاتێك دەگەڕێینەوە بۆ تەورات بۆ ئەوەی بزانین كێ ئەم كارانەی بۆ سڵێمان (عليه السلام) كردووە دەبینین دەڵێت: گەورەمان سڵێمان ویستی پەرستگایەكی گەورە دروست بكات، بۆیە ناردی بۆ لای پاشای “صور” كە پیاوێكم بۆ بنێرە دانا بێت لە كاری زێڕ و زیو و بڕۆنز و ئاسن و ڕیسی ئەرخەوانی و سووری تۆخ و مۆر، وە كارامە بێت لە پیشەی هەڵكۆڵین؛ و لە وڵاتەكەتەوە دارم بۆ بنێرە لەگەڵ بەندە شارەزاكانت كە لە بڕینی داردا كارامەن، وە ئەوەندە و ئەوەندە كرێیان پێ دەدەم. (بروانە دووەم پوختەی مێژوو 2: 7-10)
پاشان تەورات ڕایدەگەیەنێت كە پاشای صور ئەندازیارێكی نارد بۆ سڵێمان كە شارەزا بوو لە هەموو هونەرەكاندا بەناوی حورام ئاڤی و گوتی: هەروەك فەرمانم كردووە بە پیاوەكانم بەگوێرەی پێویستی تۆ دار ببڕن، گەورەم ئێستا تۆیش بفەرموو كرێكەیان بنێڕە. (سەرچاوەی پێشوو بڕگەكانی 13-16)
پاشان لە تەوراتدا هاتووە: سڵێمان پاش ئەو سەرژمێریەی كە داوودی باوكی ئەنجامی دا، هەموو پیاوە بیانیەكانی خاكی ئیسڕائیلی سەرژمێری كرد، ژمارەیان سەد و پەنجا و سێ هەزار و شەش سەد پیاو بوون. حەفتا هەزاریانی كردە كۆڵكێش و هەشتا هەزاریشی لەچیا كردە نەقاڕ و سێ هەزار و شەش سەدەكەی دیكەیشی كردە سەركار بۆ ئەوەی كار بە گەل بكەن” (سەرچاوەی پێشوو، هەردوو بڕگەی: 17 و 18)
ئەمە مانای ئەوەیە كە ئەو كەسە بیانیانەش وەكو كرێكار بەكارهێنراون لە دروستكردنی پەرستگاكەدا.
وە تەورات پێمان دەڵێت كە ئەندازیارە صوریەكە هۆڵێكی گەورەی دروستكرد بۆ خواپەرست و بەندایەتی، ئەمە ئەوەیە كە قورئانی پیرۆز بە وشەی (محاریب) ئاماژەی بۆ كردووە. هەورەك وێنەی فریشتەی هەڵكۆڵیوە لەسەر دیوارەكانی هۆڵە گەورەكە، وە دوو پەیكەری دروستكرد بۆ دوو فریشتە، قورئانی پیرۆز بە وشەی (تماثیل) ئاماژەی بۆ ئەمە كردووە. (بڕوانە دووەم پوختەی مێژوو 3: 7 و 11-13)
هەروەك حەوزێكی گەورەی دروستكرد لە كانزا، سەرەڕای دە حەوزی تر، قورئانی پیرۆز بە دەستەواژەی ﴿وَجِفَانٖ كَٱلۡجَوَابِ﴾ ئاماژەی بۆ ئەمە كردووە. پاشان تەورات باسی ئەوە دەكات حەوزێكی گەورەی دروستكرد و لەژێریدا دوازدە گا هەبوو، وە مەنجەڵ و خاكەناز و چەنگاڵ، حورام ئاڤی هەموو ئەو كەلوپەلانەی لە برۆنزی سافكراو دروستكرد بۆ پاشا سڵێمان بۆ پەرستگای پەروەردگار. (بڕوانە دووەم پوختەی مێژوو 4: 2 و6 و15 و16). لەم بڕگەیەدا مەنجەڵە گەورە جێگیرەكان و حەوزەكان و پەیكەرەكان بەیەكەوە باسكراون.
كەواتە ئەندازیارێكی بیانی بەیارمەتی كرێكارە بیانیەكان هەموو ئەم كارانەی كردووە بۆ سڵێمان (عليه السلام) و هەموو ئەم شتانەی بۆ دروستكردووە. كەواتە چەسپا ئەو (جن)انەی كە لەم فەرمایشتەی خوای گەورە باسیان كراوە: ﴿يَعۡمَلُونَ لَهُۥ مَا يَشَآءُ مِن مَّحَٰرِيبَ وَتَمَٰثِيلَ وَجِفَانٖ كَٱلۡجَوَابِ وَقُدُورٖ رَّاسِيَٰتٍۚ﴾ مەبەست لێیان كەسانی بێگانەن لە گەلێكی بیانی كە هیچ خۆشەویستیەكیان نەبووە بۆ گەورەمان سڵێمان (عليه السلام)، بەڵكو بەهۆی ئەوەوە كاریان بۆ كردووە كە خوا ترس و بیمی سڵێمانی خستووەتە دڵیانەوە. بەڵام ماوەیەك دوای ئەوەی سڵێمان (عليه السلام) كۆچی دوایی دەكات ترس و هەیبەتی دەسەڵاتەكە نەما لەدڵی ئەو كەسە بێگانانەدا بەهۆی كۆمەڵێك هەڵە كە كوڕەكەی ئەنجامیدان كە لە فەرمانڕەوایەتیدا جێگای گرتبووەوە، ئەوانیش پەشیمان بوون لە بارودۆخی خۆیان و گوتیان: كارێكی خراپمان كرد چونكە ڕازی بووین بەم ڕسوایی و زەبوونیە لەسەر دەستی ئەم دەسەڵاتدارانەدا بەجۆرێك ئەم كارە نزمانەمان بۆ كردن لە بڕینی دار و هەڵگرتنی باری قورس. بۆیە چی تر ئامادەنەبوون شان بەشانی ئەوان بەردەوام بن لە دژایەتی و جەنگكردن مادام دەسەڵاتیان لەلێواری ڕووخاندا بوو بەم خێراییە.
پێنجەم: مرۆڤی سەرەتایی كە لەسەردەمانی كۆندا ژیاون، ئەو مرۆڤانەی كە گەورەمان ئادەم (عليه السلام) لەناویاندا ڕاستبوویەوە و بناغەی سیستەمێكی نوێی دانا بۆ ژیان. مرۆڤەكانی پێش ئادەم بێ ئاگا بوون لە گرنگی و بایەخی پێكەوەژیان لەسەر ڕووی زەوی بەگوێرەی سیستەم یاسا و هاوكاریكردنی یەكتری، بەجۆرێك جیا لە یەكتری وەك ئاژەڵ دەژیان، وە لەناو ئەشكەوت و كون و ناوقەدی درەختەكاندا خۆیان دەشاردەوە؛ چونكە نەیاندەتوانی بە ئازادی لەسەر ڕووكاری زەوی هاتوچۆ بكەن لەترسی دڕەندەكانی دارستان؛ بۆیە هەمویان پێیان گوتراوە (جن)، ئەمڕۆ زانایان پێیان دەڵێن “دانیشتووانی ئەشكەوتەكان” (الموسوعة البریطانیة كلمة: الغار). كاتێك ژیری مرۆیی پێشكەوت و مرۆڤ وای لێهات ئامادە بوو بۆ وەرگرتنی نیعمەتی وەحی، خوا (عز وجل) یەكێكی هەڵبژارد لێیان بۆ ئەوەی شكۆداری بكات بەوەحی خۆی، وە ناوینا “ئادەم”؛ چونكە بەكەڵكی ئەوە هات كە لەسەر ڕووكاری زەوی بژی، هەروەك پێی گوترا “ئینسان” [لە ئەسڵدا وشەكە بریتیە لە أُنسان (دوو هۆگری) واتە دوو خۆشەویستی. (وەرگێڕی عەرەبی)] چونكە لەلایەكەوە شایستەی ئەوە بوو خوای خۆش بوێت، وە لەلایەكی ترەوە شیاوی ئەوە بوو كە سۆز و بەزەیی هەبێت بۆ مرۆڤەكان و قوربانی بدات لەپێناویاندا. (بۆ زانیاری زیاتر بگەڕێوە بۆ كتێبەكەم بەناوی: گەشتی ڕۆحانی).
كەواتە ئەو كەسانەی شوێن ئادەم كەوتن و ملكەچ بوون بۆ سیستەمە نوێیەكەی، وە لە ئەشكەوتەكان دەرچوون و لەسەر ڕووكاری زەوی ماڵ و خانوویان دروستكرد بۆ خۆیان، وە ڕازی بوون بژین بە ملكەچی بۆ یاسا شارستانیەكان.. ئەو كەسانە ئەوانە بوون كە پێیان گوترا ئادەمی. وە ئەو كەسانەی ملیان نەدا و پابەند نەبوون بە یاسا شارستانیەكانەوە و وازیان نەهێنا لە ژیانی ناو ئەشكەوت و دارستانەكان و ئەو ژیانەیان بە ئازادی دادەنا.. پێیان گوترا (جن) بەڕەچاوكردنی شێوازی ژیانیان.
كەواتە (جن) ناوی كەسەكانی ئەو قۆناغەی پێشكەوتنی مرۆیی بوو كە بێ ئاگابوون لە گرنگی شارستانیەت، وە بە كەڵكی ئەوە نەدەهاتن لەژێر حوكمی یاسا و سیستەمدا بژین. بەڵام (ئادەمی) ناوی كەسانێك بوو لەو قۆناغەی پێشكەوتنی مرۆیی كە بڕیاریاندا بەیەكەوە بژین لەژێر حكومی سیستەمێكدا كە لەسەر بنەمای هاوكاری و پابەند بوون بە یاساوە دامەزرا بوو. دوای ئەوە ئەم دوو ناوە بوون بە دوو سیفەت یان دوو زاراوە، بۆیە ئەوانەی لە سیستەم و یاسا دەرچوون پێیان دەگوترێ نەوەكانی جن، بەڵام ئەو كەسانەی كە ملكەچ بوون بۆ یاسا و سیستەم ناویاننرا نەوەكانی ئادەم. وە ئەم دوو ناوە وەك دوو سیفەت بەكاردەهێنرێن بەم مانایە، بۆیە هەندێ جار نەوەكانی جن خۆیان چاك دەكەن و دەبن بە نەوەی ئادەم، وە بەپێچەوانەوە هەندێ جار نەوەكانی ئادەم خراپ دەبن و پێچەوانەی سیستەم و یاسا دەجووڵێنەوە و یاخی دەبن بۆیە بە وەچەی جن لەقەڵەم دەدرێن.
شەشەم: ئەو جنۆكانەی كە سەردانی پێغەمبەریان (ﷺ) كرد و باوەڕیان پێ هێنا، ئەوان شاندێك بوون لە جوولەكە وەك لە قورئانی پیرۆزەوە چەسپاوە، چونكە جەختیان دەكردەوە لەوەی كە باوەڕیان بە مووسا (عليه السلام) هەبووە (سورة الأحقاف: 30-31). خوا (عز وجل) ناویناون جن چونكە لە وڵاتێكی بیانیەوە هاتبوون، وە لەبەرئەوەی بەنهێنی چاویانكەوت بە پێغەمبەر (ﷺ)، بەجۆرێك لە هەندێ فەرموودەوە ڕوون دەبێتەوە ئەوان خەڵكی نوسەیبین بوون، وە لە تاریكی شەودا سەردانی پێغەمبەریان كرد (البخاري، المناقب). وا دیارە بەنهێنی چاویان بە پێغەمبەر (ﷺ) كەوتووە لەترسی كافرەكانی عەرەب، كاتێ قورئانیان لێ بیست لەدڵەوە باوەڕیان بە ڕاستیەكەی هێنا، بۆیە كاتێك گەڕانەوە بۆلای گەلەكەیان دەستیان كرد بە بانگەوازكردن بۆ ئیسلام. ئەم شتانە هەمووی لە قورئانی پیرۆزدا تۆماركراون. وە لە خوارەوە كۆمەڵێك بەڵگە دەهێنینەوە لەسەر ئەوەی ئەو جنانە مرۆڤ بوون:
بەڵگەی یەكەم: بەنهێنی چاویانكەوت بە پێغەمبەر (ﷺ). ئەگەر لە ڕاستیدا ئەو كەسانە جنۆكە بوون چ پێویست بوو لە تاریكی شەودا چاویان پێی بكەوێت، چونكە ئەگەر لەڕۆژدا و بە ئاشكرا سەردانیان بكردایە ئەوا هیچ كەس نەیدەتوانی هیچ زیانێكیان پێ بگەیەنێت، بگرە كەس نەیدەتوانی بیانبینێت، ئەمە بەگوێرەی ئەو سیفەتە سەیرانەی كە دراونەتەپاڵ جنۆكە.
بەڵگەی دووەم: خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا فەرموویەتی: ﴿إِنَّآ أَرۡسَلۡنَٰكَ شَٰهِدٗا وَمُبَشِّرٗا وَنَذِيرٗا * لِّتُؤۡمِنُواْ بِٱللَّهِ وَرَسُولِهِۦ وَتُعَزِّرُوهُ وَتُوَقِّرُوهُۚ﴾ (الفتح: 9-10). ئەگەر جنۆكە باوەڕیان هێناوە بە پێغەمبەری ئازیز (ﷺ) ئەوا چۆن و كەی یارمەتییان داوە و سەریانخستووە؟ دەوترێت جنۆكە دەچنە مێشكی دوژمنەكانیانەوە و زاڵدەبن بەسەریاندا، وە شوێنی پتەوی خۆپارێزی و قەڵایان دروستكردووە بۆ سڵێمان (عليه السلام) و بە ئاسانی هەموو كارێكیان بۆ كردووە لەگەڵ ئەوەی باوەڕیان پێ نەهێنا بوو؛ بەڵام ئەو جنۆكانەی كە باوەڕیان هێنا بە پێغەمبەری ئازیز (ﷺ) چۆن باوەڕدارێك بوون كە بینییان پێغەمبەر (ﷺ) تووشی جۆرەها ئازار و ئەشكەنجە بووە بەدەستی كافرە بەدبەختەكان، كەچی بەهیچ شێوەیەك یارمەتییان نەدا، وە سزای ئەبو جەهل و دەستدرێژكارانی تریان نەدا؟ پاشان دەگوترێت جنۆكە جۆرەها میوە و بەروبووم لە غەیری كات و وەرزی خۆیاندا دەهێنن بۆ ئەو كەسەی خۆشیان دەوێت، بەڵام ئەو جنۆكە باوەڕدارانە هیچ شتێكی لەم جۆرەیان نەكرد بۆ پێغەمبەری ئازیز (ﷺ). ئەوان لەكوێ بوون كاتێك پێغەمبەر (ﷺ) و هاوەڵە بەڕێزەكانی ئەوپەڕی برسی بوون لەكاتی هەڵكەندنی خەندەقەكەدا بەجۆرێك لەتاو برسێتی بەردیان دەبەست بە سكی خۆیانەوە؟ (البخاري، كتاب المغازي، باب غزوة الخندق). خۆزگە بەلایەنی كەمەوە نانی جۆیان دابین دەكرد بۆ پێغەمبەر (ﷺ) و هاوەڵەكانی. ئایا ئەم كەمتەرخەمیە یەك دەگرێتەوە لەگەڵ باوەڕدا؟ نەخێر، بەڵكو ئەوپەڕی چارەڕەشی و بەدبەختیە. بەڵام ئەو جنانەی باوەڕیان هێنا بە پێغەمبەر (ﷺ) دەبینین قورئانی پیرۆز وەسفیان دەكات كە زۆر دڵسۆز بوون لە باوەڕەكەیاندا.
كەواتە لەوەی پێشووەوە كە باسمانكرد دەچەسپێت ئەو جنانەی لە سوورەتی الجن دا باسكراون ناتوانن زاڵ بن بەسەر هیچ كەسێكدا و ناتوانن هیچ كەسێك هەراسان بكەن، هەروەك هیچ سوودێكیشیان بۆ كەس نیە، بەڵكو لەڕاستیدا ئەم جۆرە جنانە تەنھا لە مێشكی ئەو كەسە خەیاڵ پڵاوانەدا هەیە. بێگومان قورئانی پیرۆز نافەرموێت جن بەم سیفەتانە بوونی هەیە، بەڵكو دەفەرموێت ئەو جنانە بوونیان هەیە كە ئەو سیفەتانەیان هەیە كە من باسمكرد. كەواتە ئەو جنانەی كە باوەڕیان هێنا بە پێغەمبەری ئازیز (ﷺ) شاندێك بوون لە جوولەكە كە نیشتیمانیان هەزاران میل دوور بوو لە پێغەمبەرەوە (ﷺ)، وە نازانین دوای گەڕانەوەیان بۆ وڵاتی خۆیان هەواڵی پێغەمبەریان (ﷺ) پێگەیشتووە یان نا، بۆیە نابینین باسی ئەوە كرابێت كە بەكردەیی بەشدارییان كردبێت لە جەنگە ئیسلامیەكاندا.
بەڵگەی سێیەم: لەسەر ئەوەی ئەو جنانە مرۆڤ بوون ئەوەیە كە خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا ڕایدەگەیەنێت ئەگەر ویستی پێغەمبەرێك ڕەوانە بكات بۆ گەلێك ئەوا یەكێك لە خۆیان هەڵدەبژێرێت. خوا (سبحانه وتعالى) دەفەرموێت: ﴿وَيَوۡمَ نَبۡعَثُ فِي كُلِّ أُمَّةٖ شَهِيدًا عَلَيۡهِم مِّنۡ أَنفُسِهِمۡ ۖ وَجِئۡنَا بِكَ شَهِيدًا عَلَىٰ هَٰٓؤُلَآءِۚ﴾ (النحل: 90). ئەگەر جن ئوممەتێك بن جگە لە مرۆڤ و باوەڕ بهێنن بە پێغەمبەران و وەكو خەڵكی موكەللـەف بن بە پەیڕەوكردنی شەرع؛ ئەوا ئەو پێغەمبەرە كامەیە كە شایەتی دەدات لەسەر باوەڕی ئەو جنانە؟ چونكە مووسا (عليه السلام) جن نەبووە هەتا پرسیاری لێ بكرێت دەربارەی ئەو جنانەی كە باوەڕیان پێ هێناوە و دەبێت بە شایەت لەسەر باوەڕەكەیان، هەروەها پێغەمبەر (ﷺ) جن نەبووە هەتا شایەتی بدات لەسەر باوەڕیان؛ بەڵكو هیچ پێغەمبەرێك نەبووە جن بێت هەتا شایەتی بدات لەسەر باوەڕیان، كەواتە ئایا جن بێ بەش دەمێننەوە لە پاداشت و سزا؟
بەڵگەی چوارەم: خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت ﴿يَٰمَعۡشَرَ ٱلۡجِنِّ وَٱلۡإِنسِ أَلَمۡ يَأۡتِكُمۡ رُسُلٞ مِّنكُمۡ يَقُصُّونَ عَلَيۡكُمۡ ءَايَٰتِي وَيُنذِرُونَكُمۡ لِقَآءَ يَوۡمِكُمۡ هَٰذَاۚ﴾ (الأنعام: 131). ئەم ئایەتە بەجوانی ڕوونی دەكاتەوە كە پێغەمبەرانی جن خۆیشیان جن بوون، وە پێغەمبەرانی ئینس خۆیشیان ئینس بوون. دەی ئەگەر جن بوونەوەرێكی تر بن ئەوا -بەگوێرەی ئەم ئایەتە- ناكرێت مووسا یان پێغەمبەری ئازیزمان (علیهما السلام) پێغەمبەری جنەكانیش بن؛ چونكە پێغەمبەرانی ئەوان وەكو خۆیان جن بوون. بەڵێ، ئەگەر مەبەست لە جن كۆمەڵێك بێت لە مرۆڤەكان خۆیان ئەوا بەدڵنیاییەوە توانیویانە باوەڕ بە مووسا یان بە موحەممەد (علیهما السلام) بهێنن وەك پێغەمبەری خۆیان.
بەڵگەی پێنجەم: خوای گەورە وەسفی دۆزەخ دەكات و دەفەرموێت: ﴿فَٱتَّقُواْ ٱلنَّارَ ٱلَّتِي وَقُودُهَا ٱلنَّاسُ وَٱلۡحِجَارَةُ ۖ أُعِدَّتۡ لِلۡكَٰفِرِينَ﴾ (البقرة: 25). ئەم ئایەتە دووپاتی دەكاتەوە كە ئەوەی لەدۆزەخدا دەبێت خەڵكیە یان بەرد و هاوشێوەكانیەتی كە بەكاردێن وەك سووتەمەنی دۆزەخ. بۆیە ئەگەر جن بوونەوەرێكی موكەللـەف بوایە وەك مرۆڤ ئەوا پێویست بوو خوای گەورە بفەرموێت “فاتقوا النار التي وقودها الناس والجن والحجارة”. كەواتە چەسپا كە كاتێك قورئان دەفەرموێت جن دەچنەناو دۆزەخەوە مەبەستی لە جن مرۆڤە نەك بوونەوەرێكی تر.
بەڵگەی شەشەم: لە فەرموودەی پیرۆزدا هاتووە پێغەمبەری خوا شەوێك هەستا بۆ نوێژكردن، كۆمەڵێك پیاو پاسەوانی بوون، فەرمووی پێیان: “ئەم شەو پێنج شتم پێ درا پێش من نەدراون بە كەس… من ڕەوانەكراوم بۆ سەر هەموو خەڵكی بەگشتی، هەر یەك لەو پێغەمبەرانەی پێش من ڕەوانە دەكرا بۆ لای گەلەكەی خۆی.” (مسند أحمد، ج2، أول مسند عبد الله بن عمرو بن العاص رضي الله عنهما)
پێویستە بزانرێت ئەم ڕیوایەتە دوای ئەوە چوار تایبەتمەندی تر باس دەكات، لەڕاستیدا پێغەمبەر (ﷺ) ئەم پێنج تایبەتمەندیەی بەیەكەوە پێ ڕاگەیەنرا لەو شەوەدا، ئەگەرچی لە سەرەتای ڕەوانەكردنەوە ئەو تایبەتمەندیانەی هەبوون، وە ئەو تایبەتمەندیەش كە لەسەرەوە باسكرا لەو تایبەتمەندیانەیە كە لەیەكەم ڕۆژی ڕەوانەكردنی پیرۆزیەوە پێی بەخشراوە.
دوای خوێندنەوەی ئەم فەرموودەیە چۆن دەگونجێت كەسێك بڵێت ئەو جنانەی باوەڕیان هێنا بە پێغەمبەر (ﷺ) بوونەوەرانێك بوون كە مرۆڤ نەبوون؟ دیارە لە دەقی قورئانی پیرۆزدا هاتووە كە ئەو جنانە باوەڕیان هێناوە بە مووسا، ئیتر چۆن ڕێگەیان پێ دراوە باوەڕبهێنن پێی ئەگەر ئەو جنانە لە ئوممەتی ئیسڕائیلی نەبوو بن كە مووسا تەنھا ڕەوانەكراوە بۆلای ئەوان نەك گەلێكی تر.
ڕەنگە لێرەدا كەسێك ڕەخنە بگرێت و ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە بە بەڵگە بهێنێتەوە كە دەفەرموێت: ﴿إِنَّآ أَرۡسَلۡنَآ إِلَيۡكُمۡ رَسُولٗا شَٰهِدًا عَلَيۡكُمۡ كَمَآ أَرۡسَلۡنَآ إِلَىٰ فِرۡعَوۡنَ رَسُولٗا﴾ (المزمل: 16) و بڵێت: چۆن ئەم قسەیەت ڕاست دەردەچێت لەگەڵ ئەوەدا ئێمە دەبینین مووسا، كە ڕەوانەكراوە تەنھا بۆ لای نەوەی ئیسڕائیل، بانگەوازی فیرعەونیش دەكات بۆ باوەڕهێنان پێی، لەگەڵ ئەوەی فیرعەون لەنەوەی ئیسڕائیل نەبووە؟
وەڵام: وشەی الأمة هەندێ جار مانای هۆزێكی دیاریكراو دەگەیەنێت، وە هەندێ جاری تر مانای خەڵكی وڵاتێك دەگەیەنێت. بۆ نموونە لە هیندستاندا چەندین هۆز و تیرە دەژیان، وە ئەو پێغەمبەرەی ڕەوانە دەكرا لەناویاندا دەنێردرا بۆ سەر هەموو گەلی هیندی، نەك بۆسەر هۆزێكی دیاریكراو بەتەنها وەك براهمۆكان یان ڕاجبۆتیەكان و ئەوانی تر. چونكە ئەو هۆزانەی لە یەك ناوچەدا نیشتەجێن بە یەك گەل لەقەڵەم دەدرێن و لەمەدا هیچ كێشەیەك نیە. وە لەبەرئەوەی گەورەمان مووسا (عليه السلام) پەیوەستە بە فیرعەونەوە بە حوكمی دەسەڵات و سیاسەت و یاسا و شارستانیەت، بۆیە میسرییەكان و ئیسڕائیلیەكان هەموویان بە یەك ئوممەت لەقەڵەم دراون سەبارەت بە پەیامەكەی مووسا. بەڵام مووسا لەڕووی فەرمانڕەوایەتی یان سیاسەت یان یاسا یان شارستانیەتەوە پەیوەست نەبووە بە جنەوە هەتا فەرمان بە جنەكان بكرێت باوەڕی پێ بهێنن.
ڕەنگە لێرەدا بوترێت: گومانی تێدا نیە مووسا ڕەوانەكرا بۆ لای نەوەی ئیسڕائیل و میسرییەكان لەگەڵیاندا دەژیان، بەڵام جن بە حەز و ئارەزووی خۆیان باوەڕیان هێنا بە مووسا. بەڵام ئەم بۆچوونەیش دروست نیە چونكە ئینجیل ڕووداوێكی مەسیحی (عليه السلام) تۆمار كردووە كە ئاشكرای دەكات بۆمان مەسیح ڕێگەی نەداوە بە ئوممەتەكانی تر تەنانەت پەیوەندی بكەن بە كۆمەڵەكەیەوە، بەڵكو كاتێك كەسێك لە گەلێكی تر داوای لێدەكات بانگەوازەكەی خۆی لەناو گەلەكەیدا بڵاوبكاتەوە مەسیح داواكاریەكەی ڕەت دەكاتەوە و دەفەرموێت: “ناشێت نانی منداڵان ببڕدرێت و فڕێ بدرێت بۆ سەگ.” (ئینجیلی مەتتا 15: 26)
كەواتە ساغبوویەوە ئەو جنانە بۆیان نەبوو بە حەزی خۆیان باوەڕبهێنن بە مووسا؛ چونكە ئەگەر لە بنەڕەتەوە موكەللـەف بوونایە بە پەیڕەوكردنی شەرع ئەوا پێویست بوو لەسەریان -بەگوێرەی دەقەكانی قورئان- كە تەنھا باوەڕبهێنن بەو پێغەمبەرەی ڕەوانەدەكرا بۆ لایان، نەك ئەوەی باوەڕ بهێنن بە مووسا كە لە جنەكان نەبووە.
بەڵگەی حەوتەم: خوای گەورە فەرمانی كردووە بە پێغەمبەرەكەی (ﷺ) كە ڕایبگەیەنێت بۆ جیهان: ﴿قُلۡ يَٰٓأَيُّهَا ٱلنَّاسُ إِنِّي رَسُولُ ٱللَّهِ إِلَيۡكُمۡ جَمِيعًا﴾ (الأعراف: 159). لێرەدا خوا (عز وجل) باسی جنی نەكردووە لەناو ئەو كەسانەدا كە پەیمانی موحەممەدی ئاراستەیان كراوە. دەی ئەگەر جن بوونەوەری تر بوونایە جگە لە مرۆڤ كە پێویست بێت لەسەریان یان مافی خۆیان بێت باوەڕبهێنن لە پەیامی موحەممەدی ئەوا دەستەواژەكە بەم شێوەیە دەبوو: (یا أیها الناس و الجن إني رسول الله إلیكم جمیعا)، بەڵام قورئانی پیرۆز ڕاگەیاندنێكی خوایی لەم جۆرەی تۆمار نەكردووە لە هیچ شوێنێكدا. كەواتە چەسپا كە ئەو جنانەی باوەڕیان هێناوە بە پێغەمبەر (ﷺ) مرۆڤ بوون بەگوێری ڕاگەیاندنی قورئان، بۆیە داوایان لێكراوە باوەڕبهێنن بە پێغەمبەر (ﷺ).
بەڵگەی هەشتەم: ئایەتێك هەیە ڕوونترە كە بریتیە لە ﴿وَمَآ أَرۡسَلۡنَٰكَ إِلَّا كَآفَّةٗ لِّلنَّاسِ﴾ (سبأ: 29). پێویستە بزانرێت وشەی “كافة” لە “الكف”ەوە وەرگیراوە كە ماناكەی بریتیە لە كۆ و قەدەغە، بەم شێوەیە ئەم ئایەتە واتە: تۆمان ڕەوانەكردووە بۆ ئەوەی خەڵكی كۆ بكەیتەوە و هیچ مرۆڤێك بەجێنەهێڵیت لە دەرەوەی بازنەی بانگەوازەكەت. كەواتە ئایەتەكە ڕوون و ڕاشكاوە لە ڕاگەیاندنەكەیدا كە موحەممەد (ﷺ) تەنها بۆ كۆكردنەوەی مرۆڤ ڕەوانەكراوە، ئیتر چۆن ڕاست دەردەچێت بوترێت بوونەوەری تر هەیە داوای لێكراوە باوەڕ بهێنێت پێی. لەڕاستیدا هیچ مرۆڤێك لەدەرەوەی بازنەی بانگەوازەكەی پێغەمبەردا (ﷺ) نیە. ئەمەش دووپاتی دەكاتەوە كە ئەو جنانەی ناویان هاتووە لە قورئانی پیرۆزدا تەنھا مرۆڤ بوون.
دەگەڕێمەوە و بابەتەكە كورت دەكەمەوە لێرەدا و جارێكی تر دەڵێم: وشەی “جن” لە قورئانی پیرۆز بە كۆمەڵێك مانا هاتووە لەوانە:
1- بوونەوەرێكی شاراوە و نەبینراو وەكو شەیتان. ئەم بوونەوەرە شاراوانە هانی مرۆڤ دەدەن بۆ خراپە هەروەك چۆن فریشتە هانی مرۆڤ دەدەن بۆ چاكە. بەڵام كاریگەری فریشتەكان فراوانترە، لەكاتێكدا كاریگەری ئەم بوونەوەرانە زۆر بەرتەسكە.. واتە تەنھا زاڵ دەبن بەسەر ئەو مرۆڤانەدا كە خۆیان حەزیان لە بیروباوەڕی خراپە. وە دەكرێت ئەم بوونەوەرانە پێیشیان بوترێت شەیتانەكان.
2- دانیشتوانی ئەشكەوتەكان.. واتە ئەو مرۆڤانەی پێش ئەوە ژیاون كە مرۆڤ توانیویەتی وەحی پێبگات، ئەو مرۆڤانە لەژێر زەوی یان لە ڕەهۆڵ و ئەشكەوتەكاندا ژیاون، پابەند نەبوون بە هیچ سیستەم و یاسایەكەوە. بەڵام قورئانی پیرۆز زاراوەیەكی نوێی داهێنا، بەجۆرێك وشەی “ئینسان”ی بەكارهێنا بۆ ئەو مرۆڤانەی كە حەزیان لە گوێڕایەڵی و ملكەچی دەكرد، وە وشەی “جن”ی بەكارهێنا بۆ ئەو مرۆڤانەی كە سروشتیان ئاگرئاسا بووە و تووڕە و یاخی بوون، واتە ملكەچ نەبوون بۆ سیستەم و یاسا.
3- دانیشتووانی ناوچەكانی باكووری ڕۆژئاوای زەوی وەك ئەورووپا و شوێنەكانی تر كە بە نیمچە دابڕاوی لە خەڵكی باشوور لە ئاسیا و شوێنەكانی تر ژیاون، چارەنووسیان وەها بوو لەڕووی ماددییەوە بەڕادەیەكی ئێجگار زۆر پێشبكەون، وە بەشێوەیەكی سەیر و سەمەرە یاخی بن لە ئایین. ئەمانە لەسوورەتی “الرحمن”دا باسیان كراوە.
4- كەسانی بێگانە و بیانی لە خەڵكی گەل و ئایینەكانی تر كە هەندێ كەس -وەك هیندۆس و جوولەكە- بە بوونەوەری نامۆ لەقەڵەمیان دەدەن. وە بەگوێرەی ئەم باوەڕە باڵادەستە لای ئەو كەسانە قورئان ئەم ناوەی لێناون، وەك ئەو جنانەی كاریان كرد بۆ سڵێمان (عليه السلام)، یان ئەوانەی باوەڕیانهێنا بە پێغەمبەر (ﷺ).
بەڕای من ئەو جنانەی كە دەربارەیان هاتووە دەچنەناو دۆزەخەوە ئەو مرۆڤانەن كە سروشتیان ئاگرئاسایە و ملكەچ نابن بۆ سیستەم و یاسا، وە هیچ شەرع و ئایینێك قەبوڵ ناكەن. بەڵام ئەو خەڵكەی كە دەربارەیان هاتووە دەچنەناو دۆزەخەوە ئەو كافرانەن كە سەر بە ئایینێك لە ئایینەكانن. یان مەبەست لە “الجن” لێرەدا دانیشتووانی ناوچەكانی باكووری ڕۆژئاوایە، بەڵام “الإنس” خەڵكی باشوور و ڕۆژهەڵاتن، هەروەك چۆن ئەو كەسانە بەم ناوانە ناسرابوون.
بەڵام فەرمایشتی خوای گەورە لەو ئایەتەدا كە ئێمە تەفسیری دەكەین واتە ئەم ئایەتە ﴿وَٱلۡجَآنَّ خَلَقۡنَٰهُ مِن قَبۡلُ مِن نَّارِ ٱلسَّمُومِ﴾ واتە ئەو مرۆڤانەی -كە لێرەدا پێیان دەڵێن جن- كەسانێكن سروشتیان ئاگرئاسایە.. بەو مانایەی بەخێرایی تووڕە دەبن، وە بە ئاسانی ملكەچی یاسا نابن. لەڕاستیدا مرۆڤ پێش ئادەم (عليه السلام) بارودۆخیان بەم شێوەیە بووە. هەڵبەت ئادەم یەكەم مرۆڤ بووە كە كەماڵی بەدەستهێناوە لە ڕەوشت و شارستانیەتدا، بۆیە بووە بە یەكەم مرۆڤ كە وەحی پێ گەیشتووە كە پەیوەندیەكی پتەوی هەیە بە ڕەوشت و شارستانیەتەوە. كەواتە ئەو كەسانەی شوێن ئەم بانگخوازە كەوتن كە بانگی دەكرد بۆ پابەندبوون بە سیستەم و شارستانیەتەوە بەجۆرێك هەوا و ئارەزووە دەروونیەكانی خۆیان لەناوبرد، وە لەناخی دڵەوە گوێڕایەڵی خوایان كرد، بۆیە ناونران خاوەن سروشتی قوڕئاسا، چونكە قوڕ بە ئاسانی شێوە و قاڵب وەردەگرێت. بەڵام ئەو كەسانەی ئازادی تاكەكەسییان هەڵبژارد بەسەر گوێڕایەڵبوون بۆ سیستەم و یاسا پێیان گوترا خاوەن سروشتە ئاگرئاساكان.. واتە وەكو بڵێسەی ئاگر یاخی بوون كە ناهێڵێت كەس زاڵ بێت بەسەریدا. وە بەو پێیەی بە شەودا لەژێر ڕووكاری زەویدا خۆیان حەشار دەدا بۆیە پێیشیان گوتراوە جن.
ئەگەر بگوترێت: چۆن دەڵێیت جن لێرەدا واتە ئەو مرۆڤانەی خاوەن سروشتێكی ئاگرئاسا بوون لەگەڵ ئەوەی لێرەدا خوا بەڕاشكاوی دەفەرموێت: ﴿وَٱلۡجَآنَّ خَلَقۡنَٰهُ مِن قَبۡلُ مِن نَّارِ ٱلسَّمُومِ﴾.. واتە جن لە ئاگر دروستكراون؟ وەڵام: خوای گەورە لە شوێنێكی تریشدا ڕایدەگەیەنێت: ﴿خُلِقَ ٱلۡإِنسَٰنُ مِنۡ عَجَلٖۚ﴾ (الأنبیاء: 38)، مانای حەرفی و ڕواڵەتی ئەم ئایەتە ئەوەیە كە: مرۆڤ لە پەلەپەل دروستكراوە. موفەسیرە بیرتیژەكان گوتوویانە: مانای ئایەتەكە ئەوەیە كە مرۆڤ بە سروشت پەلەپەل دەكات، واتە پەلە دەكات بۆ داواكردنی زۆرێك لەو شتانەی كە زیانیان هەیە بۆی، هەروەك خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿وَكَانَ ٱلۡإِنسَٰنُ عَجُولٗا﴾. وە عەرەب كەسێك كە شتێكی زۆر تێدا بێت دەڵێت: لەو شتە دروستكراوە، هەروەك دەڵێن: لە ماندوێتی دورستكراوە، لە تووڕەبوون دروست كراوە، مەبەستیان زیادەڕەویە لە وەسفكردنی كەسەكە بەو شتە. (فتح البیان، والبغوي).
هەروەها خوای گەورە لە شوێنێكی تردا دەفەرموێت: ﴿۞ٱللَّهُ ٱلَّذِي خَلَقَكُم مِّن ضَعۡفٖ﴾ (الروم: 55).. واتە مرۆڤ كاتی لەدایكبوونی لاوازە و پێویستی بە یارمەتی كەسانی تر هەیە. وە هیچ كەسێك لێرەدا وشەی “الضعف” وەها تەفسیر ناكات كە ماددەیەك بێت وەك خۆڵ یان تەختە مرۆڤی لێ دروستكرا بێت!
پێش ئەوەی ئەم لێدوانەم كۆتایی پێ بهێنم دەمەوێت ئەوە بڵێم كە زۆرێك لە پێشینان هاوڕای منن – بەلایەنی كەمەوە- لەوەدا كە ئەو جنانە بوونیان نیە گوایە خەڵك چاوپێكەوتنیان لەگەڵدا دەكەن یان مێشكیان پەك دەخەن و بەكاریان دەهێنن لە هەندێ كاروباردا، وەك خەڵكی گشتی پێیان وایە. زانای گەورە ئەبو حەییان نووسیویەتی: “جوبائی گوتوویەتی: ئەم ئایەتە بەڵگەیە لەسەر پووچی قسەی ئەو كەسە كە دەڵێت دەكرێت شەیتان و جن مرۆڤ تووشی پەركەم بكەن و مێشكیان تێكبدەن، وەك خەڵكی گشتی دەڵێن، وە ڕەنگە ئەوە بدەنەپاڵ ساحیرەكان. گوتوویەتی: ئەمە پێچەوانەی دەقی وتەی خوای گەورەیە.” (البحر المحیط، سورة الحجر، قوله تعالی: إلا عبادك منهم المخلصین).
ئەگەر بگوترێت: هەندێك لە پێشینان باسی بینینی جنیان كردووە، وەڵام: ئەوەی كە بینیویانە لەشێوەی كەشف بووە واتە بینینی هەندێ دیمەنی غەیبی بەشێوەی مەجاز و نواندن، ئەمە دوور نیە. بەڵام كاتێك ئەو كەسانە كەشفەكانی خۆیان باسكردووە بۆ خەڵكی.. خەڵكە گشتیەكە ئەم بوونەوەرە مەجازیانەیان بە بوونەوەری حەقیقی لەقەڵەم داوە، وە فریویان خواردووە بەو بیروباوەڕە هەڵانە كە باوبووە لەناو خۆیاندا دەربارەی جن، هەروەها بەهۆی هاتنی ئەم وشەیە لە قورئانی پیرۆزدا.
بەڵام سەبارەت بە ئەزموونی كەسی خۆم لە چەندین كاتدا نامەی زۆرم پێگەیشتووە كە خاوەنەكانیان گوتوویانە جن چووەتە ماڵەكانیانەوە و دەستیان كردووە بە تێكدان. وە هەموو جارێك پێشنیارم كردووە بۆ خاوەنی نامەكە كە من ئامادەم بێم بۆ لات بۆ ئەوەی خۆم لە بابەتەكە بكۆڵمەوە و لەسەر ئەرك و خەرجی خۆم، بەڵام هەموو جارێك یەك وەڵامم دراوەتەوە كە ئێستا جنەكە وازیهێناوە لە هەڵكوتانەسەر ماڵەكە، یان لەماڵەكە ڕایانكرد بەهۆی بەرەكەتی نامەكەی تۆوە یان نێردراوەكەت كە نامەكەی هێنا.
بەڕای من ئەوەی كە بینیویانە نیشانەی هەندێ نەخۆشی دەماریە كە تووشیان بووە، وە بەوپێیەی دڵیان ئۆقرەی گرتووە بە هاتنی نامەكەم یان نێردراوەكەم بۆیە ئەو دۆخە دەماریە كتوپڕەیان لەسەر لاچووە.
پاش ئەم وتەیەم ئەگەر كەسێك بە ئەزموونێكدا تێپەڕی لەگەڵ ئەم بوونەوەرەدا ئەوا با هەواڵم پێ بدات چونكە من بەردەوام ئامادەم پشكنین بكەم بۆ ڕاستیەكە لەسەر خەرجی خۆم.
بەڵام ئەوەی تێگەیشتووم لەسەر بنەمای زۆرێك لە بەڵگە قورئانیەكان ئەوەیە كە بیروباوەڕی خەڵكی گشتی دەرباەری جن كە دەڵێن پەیوەندی دەكەن بە مرۆڤەوە و كاری ئەستەمیان بۆ دەكەن تەنھا خەیاڵە، یان چاوبەستی هەندێ ساحیرە، كە خەڵكی گشتی ناتوانن سەرچاوەكەی بزانن، بۆیە شتەكە دەدەنەپاڵ جن. من شارەزام لەم زانستە و زۆرێك لەو فێڵانە دەزانم كە ئەو كەسانە پەنایان بۆ دەبەن كە چاوبەست لەخەڵكی دەكەن.
بەڵام نكوڵی لەوە ناكەم كە ڕەنگە مرۆڤ لە سەرەتادا بوونەوەرێكی ئاگرین بووبێت، پاشان بەهۆی گۆرانكاریەكانی كەش و هەوا و كاتەوە پەرەیسەند بێت بۆ بوونەوەرێكی قوڕین، واتە پاش ئەم گۆڕانە بناغەی دروستبوونەكەی لەسەر ئەو شتە دامەزراوە كە زەوی بەرهەمی دەهێنێت؛ وە ئادەم گەورە و سەروەری سەرەتاكانی ئەو بوونەوەرانە بووە. ئەمە شتێكی دوور نیە، بەڵكو زانستی جیۆلۆجییش دووپاتی دەكاتەوە كە زەوی لەسەرەتادا گۆیەكی ئاگرین و گڕگرتوو بووە، وە توێكڵە خۆڵەكەی دوایی دروست بووە. بۆیە دوور نیە سەرەتای دروستبوونی مرۆڤ لە ئاگرەوە بووبێت پێش قۆناغی خۆڵی دروستبوونەكەی. بەڵام هەموو ئەم شتانە لە چوارچێوەی مەزەندە دەرناچن، وە ئەستەمە بسەلمێنرێت، بۆیە زیاتری لەسەر نانووسم. وە بەشێك لەم بابەتە لە بەسەرهاتی ئادەم لەگەڵ ئیبلیسدا باسكراوە لە تەفسیری سوورەتی البقرة دا، ئەوەی ویستی با بگەڕێتەوە بۆی.
وَإِذۡ قَالَ رَبُّكَ لِلۡمَلَٰٓئِكَةِ إِنِّي خَٰلِقُۢ بَشَرٗا مِّن صَلۡصَٰلٖ مِّنۡ حَمَإٖ مَّسۡنُونٖ 29 فَإِذَا سَوَّيۡتُهُۥ وَنَفَخۡتُ فِيهِ مِن رُّوحِي فَقَعُواْ لَهُۥ سَٰجِدِينَ 30
شیكردنەوەی وشەكان:
سویته: سوی الشيء: ڕێكخستنی ئەو شتە. غلام سوي: واتە ڕەوشتی ڕێكوپێكە.. هیچ خەوش و ناتەواوی تێدا نیە. وە لە دوعادا هاتووە: رزقك الله ولدا سویا: واتە خوا كوڕێكی ڕێكوپێكت پێ ببەخشێت. (الأقرب)
نفخت: نفخ بفمه ینفخ نفخا ونفیخا: فووكردن لەدەمەوە. دەگوترێت فووی كرد لە ئاگرەكە. نفخ شدقیه: فیزی نواند. نفخ الشیطان في أنفه، شەیتان فووی كرد بە لووتیدا: تطاول إلی ما لیس لە. (الأقرب).
روحي: الروح: ئەوەی مرۆڤ بەهۆیەوە دەژی؛ وەحی، جیبریل؛ فووكردن؛ پرسی پێغەمبەرابیەتی، حوكم و فەرمانی خوا، ڕۆح بەرامبەر جەستەیە، وە لای كیمیازانەكان بەو ئاوە دەوترێت كە لە دەرمانەوە دڵۆپێنراوە. (الأقرب)
ئەم مانایەی كۆتایی هەڵەیەكە و خاوەنی فەرهەنگی “الأقرب” تێی كەوتووە چونكە شارەزا نەبووە لەم هونەرە، كیمیازانەكان بەم شتە ناڵێن ڕۆح، بەڵكو بەو شتە دەڵێن كە دەكەوێتە سەر ئەو ئاوەی دڵۆپێنراوە لە دەرمانەوە كە زەیتی تێدایە، یان بەو شتە دەڵێن كە كۆیدەكەنەوە لە ئاوی چڕكراوە و بۆنی خۆش دوای دڵۆپاندنی ئەم ئاوە بۆ چەندین جار.
وە خاوەنی “الأقرب” دەڵێت ڕۆح واتای جیبریلیش دەگەیەنێت، بەڵام نەك بە مانای حەقیقی بەڵكو بە مەجازی؛ چونكە عەرەب هەندێ جار ناوی ئەنجام دەنێن لە خودی هۆكارەكە، قورئانی پیرۆزیش ئەمەی كردووە؛ بەجۆرێك ئەم ناوە مەجازیەی ناوە لە جیبریل، چونكە بە ڕۆحەوە دادەبەزێت واتە بە وەحی خواییەوە دادەبەزێت. لەڕاستیدا ئەو شتەیە كە شتێك بەهۆیەوە ژیانێك بەدەستدەهێنێت كە جیای دەكاتەوە لە شتەكانی تر. كەواتە ڕۆح ئەو شتەیە كە ئاژەڵ جیادەكاتەوە لە شتەكانی تر، یان ئەو شتەیە كە مرۆڤ جیادەكاتەوە لە ئاژەڵ، یان ئەو شتەیە كە مرۆڤ دەكات بە مرۆڤێكی خوایی. كەواتە وەحییش ڕۆحە، چونكە ژیانێكی نوێ دەبەخشێت بە مرۆڤ.
ساجدین: السجود: ملكەچی. فەرمایشتی خوا ﴿ٱسۡجُدُواْ لِأٓدَمَ﴾ گوتراوە: فەرمانیان پێكرا ملكەچی ئادەم بن و بەرژەوەندی خۆی و مناڵەكانی جێبەجێ بكەن. فەرمایشتی: ﴿ٱدۡخُلُواْ ٱلۡبَابَ سُجَّدٗا﴾ واتە بە ملكەچی و لارەملی بچنە ژوورەوە (الأقرب).
تەفسیر: لێرەدا خوای گەورە نموونەی یەكەم بوونەوەر دەهێنێتەوە لە سەرەتای جۆری مرۆیی كە ڕەوشتی تەواو و بێكەموكوڕیە، بەجۆرێك خوای گەورە پێمان ڕادەگەیەنێت كە ئەم بوونەوەرەیش وەحی پێگەیشتووە، وە فریشتەكانم ڕام كراون بۆ جێبەجێ كردنی كاروباری بانگەوازەكەی. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە دیاردەی وەحی و پاراستنی وەحی شتێكی نوێ نیە، بەڵكو لەسەرەتاوە بەردەوام بووە.
پێویستە بزانرێت خوای گەورە -لەڕواڵەتدا- فەرمانی كردووە بە فریشتەكان سوژدە ببەن واتە ملكەچی ئادەم بن، بەڵام لەڕاستیدا ئەم فەرمانە ئاراستەی خەڵكی كراوە؛ چونكە فریشتەكان هۆكاری یەكەمی هەموو شتێكن، بۆیە كاتێك خوای گەورە فەرمانیان پێ دەكات وەك ئەوە وایە فەرمانی كردبێت بە هەموو ئەوانەی لە گەردووندان.
وە ئەم فەرمانە وەك ڕاگەیاندنی خوایی وایە كە ئادەم گەورەیی و فەرمانڕەوایەتی پێ دراوە بەسەر هەموو دروستكراوەكانی تری ناو گەردوون، بۆیە پێویستە لەسەر فریشتەكان -كە هۆكاری یەكەمن لە گەردووندا- كە كارێك بكەن كردەوەی مرۆڤ ئەنجامی سروشتی لێ بكەوێتەوە. وەك ئەوەی فریشتەكان كرابن بە شوێنكەوتەی هەموو خەڵكی سەبارەت بە لێكەوتنەوەی ئەنجامی چاك و خراپ لە كردەوەكانیان بەگوێرەی ڕێساكانی سروشت. وە ئەم یاسایە هەموو مرۆڤەكان دەگرێتەوە، بەڵام یاسایەكی تری تایبەت هەیە كە فریشتەكان پەیڕەوی دەكەن سەبارەت بە مرۆڤ، ئەویش ئەوەیە خوا (عز وجل) لەسەردەمی پێغەمبەراندا توانای تایبەتی خۆی جێبەجێ دەكات، بۆیە پێویستە لەسەر فریشتەكان پشتگیری پێغەمبەرەكەی بكەن كە دەبێت بە ئادەمی سەردەمی خۆی، وە پیلان و فێڵی دوژمنەكانی پووچەڵ بكەنەوە.
فَسَجَدَ ٱلۡمَلَٰٓئِكَةُ كُلُّهُمۡ أَجۡمَعُونَ 31 إِلَّآ إِبۡلِيسَ أَبَىٰٓ أَن يَكُونَ مَعَ ٱلسَّٰجِدِينَ 32
شیكردنەوەی وشەكان:
إبلیس: أبلس من رحمة الله: نائومێد بوو لە ڕەحمەتی خوا. أبلس في أمره: واتە دۆشداما. إبلیس گوتراوە لە أبلس ەوە وەرگیراوە بە مانای نائومێد بوو و پەشۆكا، كۆی وشەكە بریتیە لە أبالیس و أبالسة. (الأقرب)
تەفسیر: پرسیارێك هەیە پێویستە وەڵام بدرێتەوە ئەویش ئەوەیە: فەرمانی سوژدەبردن بۆ ئادەم تەنھا ئاراستەی فریشتەكان كراوە، كەواتە بۆچی خوا (سبحانه وتعالى) سەرزەنشتی ئیبلیس دەكات كاتێك سوژدەی نەبرد بۆ ئادەم؟
وەڵام: بۆ نموونە ئەو فەرمانەی ئاراستەی بەڕێوەبەری كتێبخانەیەك دەكرێت لەڕاستیدا ئاراستەی هەموو ئەو فەرمانبەرانەش كراوە كە شوێنكەوتەی ئەون. بۆ نموونە ئەگەر پاشا فەرمان بكات بە سەركردەی سوپا كە هێرش بكات بۆ سەر ناوچەیەك ئەوا شیاوترە بە سەربازەكانی كە فەرمانە پاشایەتیەكە جێبەجێ بكەن، وە هیچ سەربازێك بۆی نیە بڵێت هێرش ناكەم چونكە پاشا فەرمانی پێ نەكردووم. بۆیە كاتێك خوا (عز وجل) فەرمان بە فریشتەكان دەكات كە ئەنجامی كردەوەكانی مرۆڤ بهێننەدی یان پشتگیری ئادەم بكەن لە بانگەوازەكەیدا فەرمانە خواییەكە -بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی- ئاراستەی ئەو بوونەوەرانەیش كراوە كە لەخوار فریشتەكانەوەن.
خوا (عز وجل) لە ئایەتێكی تردا ئەم بابەتەی زیاتر ڕوونكردووەتەوە بەجۆرێك بەڕاشكاوی فەرموویەتی بە ئیبلیس: ﴿قَالَ مَا مَنَعَكَ أَلَّا تَسۡجُدَ إِذۡ أَمَرۡتُكَۖ﴾ (الأعراف: 13). ئەمەش ئاشكرای دەكات كە فەرمانی خوایی بۆ فریشتەكان كە سوژدە ببەن بۆ ئادەم ئیبلیسیشی گرتووەتەوە، چونكە ئەویش وەكو بوونەوەرەكانی تر شوێنكەوتەی فریشتەكانە.
پێشتر لە شوێنی ئەسڵی خۆیدا بەسەرهاتی ئادەم و ئیبلیسم شەرح كرد لە سوورەتی البقرة دا، هەركەسێك ویستی با بگەڕێتەوە بۆی، بەڵام من دەمەوێت بە كورتی شتێك باس بكەم.
پێویستە بزانرێت كە پێویست نیە ئەم گفتوگۆیەی نێوان خوا (عز وجل) و ئیبلیس لەڕاستیدا لەم شێوەیە ڕوویدا بێت؛ چونكە یەكێك لە شێوازەكانی زمانی ئایین و بەتایبەتی زمانی عەرەبی ئەوەیە جاروبار هەندێ ڕاستی باس دەكات بەشێوازی گوفتوگۆ و وتووێژ، ئەگەرچی لە ئەسڵدا هیچ گفتوگۆیەك ڕووی نەداوە. بۆ نموونە عەرەب دەڵێت: “امتلأ الحوض وقال: قطني.” واتە: حەوزەكە پڕ بوو و گوتی بەسمە، ئەمە مانای ئەوە نیە كە لەڕاستیدا حەوزەكە قسەی كردووە، بەڵكو بە زمانی حاڵ قسەی كردووە. (بڕوانە فەرهەنگی “لسان العرب”)
هەندێ وشە و دەستەواژەی تر هەن كە تایبەت بەو دروستكراوانەی كە خاوەنی ڕۆح و ئیرادەن، بەڵام بەكاردەهێنرێن بۆ بێ گیانەكانیش بەشێوەی مەجاز؛ بۆ نموونە لە قورئانی پیرۆزدا لە سیاقی سەفەرەكەی مووسا (عليه السلام) لەگەڵ لاوەكەیدا بۆ ئاوەدانیەك هاتووە: ﴿فَوَجَدَا فِيهَا جِدَارٗا يُرِيدُ أَن يَنقَضَّ﴾ (الكهف: 78). لەگەڵ ئەوەی دیوار نە عەقڵی هەیە نە ئیرادە. ئەبو مەنسووری سەعالیبیی زانای بەناوبانگ لە زماندا دەربارەی ئەدیبی بەناوبانگ ئەبو فیراس -كە نكوڵی لە ڕاستی ئیسلام دەكرد و كاری سەرەكی بریتی بوو لە تانەدان لە قورئانی پیرۆز- گوتوویەتی ڕۆژێكیان پێی گوتم [لەسەرچاوە ئەسڵیەكەدا هاتووە ئەم ڕووداوە لەگەڵ ئەبو بەكری صوولی دا ڕوویداوە كە سەعالیبی ئەم قسەیەی لێیەوە گواستووەتەوە. (وەرگێڕی عەرەبی)] لەكاتێكدا ئێمە لە خانەی وەزیری عەبباسی ئەبو عەبباس ئەحمەدی كوڕی حوسێندا چاوەڕوانی هاتنی ئەومان دەكرد: ئایا دەزانیت كە عەرەب فرمانی ئیرادە دەداتەپاڵ بێ گیان؟ گوتم: عەرەب قسەی داوەتەپاڵ بێ گیان، وە لە ڕاستیدا بێ گیان قسەی نیە، وەك شاعیر گوتوویەتی: “امتلأ الحوض فقال قطني”، وە هیچ قسەیەك لە ئارادا نیە. وەڵامی دامەوە: پرسیارم لێ نەكردیت دەربارەی ئەوەی قسە بدرێتەپاڵ ناعاقڵ، بەڵكو دەربارەی ئەوە پرسیارم لێ كردیت كە ئیرادە بدرێتەپاڵ شتێكی ناعاقڵ. لەڕاستیدا مەبەستی ئەوە بوو تانە بدات لەم فەرمایشتەی خوای گەورە ﴿فَوَجَدَا فِيهَا جِدَارٗا يُرِيدُ أَن يَنقَضَّ﴾. ئەوە بوو خوا (عز وجل) یارمەتیدام و ئەم وتەیەی شوانەكەم بیركەوتەوە:
في مَهْمَهٍ فُلِقَتْ به هاماتُها فَلْقَ الفئوس إذا أردنَ نُصولا
واتە: لە چۆڵەوانیەكدا كە تێیدا كەللـەی ئەو هۆزە شكێنرا، هەروەك چۆن تەورەكان تەختە دەشكێنن ئەگەر بیانەوێت بیشكێنن.
ئیمام سەعالیبی لەسەری دەڕوات و گوتی: بێدەنگم كرد وەك ئەوەی بەردی پێ قوت بدەم، ئەو كەسەی نیازی دروست بوو دڵخۆش بوو، وە خوا ڕووی ئەبو فیراسی ڕەش كرد. (فقه اللغة للثعالبي، القسم الثاني، الفصل السادس والخمسون: فصل في إضافة الفعل إلی ما لیس بفاعل)
وە سەعالیبی لە ئەبو موحەممەدی یەوزیدییەوە قسەیەكی ئەو دەگوازێتەوە: من و كیسائی لای عەبباسی كوڕی حەسەنی عەلەوی بووین، خزمەتكارێكی هات و گوتی: گەورەم لای فڵان كەس بووم دەیەوێت بمرێت. ئێمەیش پێكەنین. عەبباسی كوڕی حەسەن گوتی: بۆچی پێكەنین؟ گوتمان بە قسەكەی ئەو كە گوتی: “دەیەوێت بمرێت”. ئایا مرۆڤ دەیەوێت بمرێت؟ عەبباس گوتی: خوای گەورە فەرموویەتی ﴿فَوَجَدَا فِيهَا جِدَارٗا يُرِيدُ أَن يَنقَضَّ فَأَقَامَهُۥۖ﴾، مەبەست ئەوەیە خەریكە دەڕوخێت. ئینجا تێگەیشتین لە مەبەستەكە. (سەرچاوەی پێشوو)
كەواتە هەڵسەنگاندنی كار و شت بەگوێرەی ڕواڵەتی بارودۆخەكەی ئەویش پێی دەوترێت قسەكردن و ئیرادەی ئەو شتە یان ئەو كارە. لەڕاستیدا ڕووداوی ئیبلیس و ئادەمیش لەم جۆرەیە، دیارە خوای گەورە گوزارشتی كردووە لە بارودۆخی فریشتەكان لەسەر شێوازی گفتوگۆكردن لەگەڵیاندا، لەگەڵ ئەوەی ئەوان بەزمانی خۆیان هیچیان نەگوتووە. خوای گەورە ئەم شێوازەی هەڵبژاردووە چونكە ئەم ڕووداوە لە سەردەمی كۆندا ڕوویداوە، وە لە كۆندا نەریتی خەڵكی وەهابووە كە لە قسە و ئاخاوتنەكانیاندا تەشبیهـ و مەجازیان زۆر بەكارهێناوە چونكە باوەڕیان وا بووە كە زمانی تەشبیهـ و نواندن كاریگەری زیاترە. وە دەبینین كتێبە ئاسمانیەكانی پێشوویش بە هەمان شێواز بەسەرهاتی ئادەم دەگێڕنەوە، وە قورئانی پیرۆز هەمان شێوازی عەرەبی كۆنی پەیڕەوكردووە لە خستنەڕووی ئەم ڕووداوە بۆ ئەوەی بە ئاسانی خەڵكی لێی تێبگەن.
لە پەڕاوە ئاسمانیە كۆنەكاندا تەشبیهـ و خوازە زۆرە تەنانەت لەو پەڕاوانەدا سیفەتەكانی خوایش بە زمانی نواندن ڕوونكراونەتەوە. بۆ نموونە ئەم دەربڕینانە دەبینین تێیاندا: خوا بەجوانی هاویشتن دەزانێت. بە گالیسكەیەكی خێرا دەگاتە هەموو شوێنێك. پەشیمان دەبێتەوە لە سزای بەندەكان. قاچ و دەستی هەیە. (زەبوورەكان 16: 11، 18: 9، 18: 14، 18: 21، 7: 64، 17: 77، زەكەریا 9:14، دروستبوون 8: 21، 9: 10- 11). گومانی تێدا نیە ئەم قسانە هەمووی لەلایەن خوای گەورەوە بووە، بەڵام نەك بەشێوەی حەقیقی بەڵكو بەشێوەی مەجازی؛ چونكە مرۆڤ لەو كاتەدا لەسەرەتای گەشە و پەرەسەندندا بووە و لەڕووی ژیرییەوە پێگەیشتوو نەبووە، بۆیە خوا لەو كتێبانەدا ئەم وتە مەجازییانەی بەكارهێناوە بۆ ئەوەی مرۆڤ بەئاسانی لەو شتانە تێبگات.
بەڵام لەناو سەرجەم كتێبە ئاسمانیەكاندا قورئانی پیرۆز تاكە كتێبە كە ئەم شێوازەی گۆڕی، لەگەڵ ئەوەی گومانی تێدا نیە خوازە و مەجاز و نواندنی بەكارهێناوە، بەڵام لە هەندێ شوێنی زۆر كەمدا، وە تەنھا بە ئامانجی گۆڕینی تام و چێژ، ئەگینا هەموو بابەتە سەرەكیەكانی بە زمانێكی زۆر ئاشكرا و ڕاشكاو ڕوونكردووەتەوە. وە ئەگەر لە شوێنێكدا بە زمانی نواندن باسی شتێكی كردبێت ئەوا لە شوێنێكی تردا بە وتەیەكی ئاشكرا و ڕوون باسی كردووە بەبێ ئاڵۆزی و پێچ و پەنا.
بەكورتی، ئەو گفتوگۆیەی قورئانی پیرۆز تۆماری كردووە لە ڕووداوی ئادەمدا گفتوگۆیەكی حەقیقی نیە، بەڵكو بە زمانی حاڵ بووە.
وە كتێبە هیندۆسیەكانیش باسی بەسەرهاتی جەنگی نێوان هێزی خێر و شەڕ دەكەن بەشێوەی گفتوگۆ، وە چیرۆكی “هریش چندرا” لە كەلەپووری هیندۆسیدا باشترین نموونەیە.
وە تەوراتیش چیرۆكی جەنگی نێوان هێزی خێر و شەڕی گێڕاوەتەوە بەشێوەی گفتوگۆ، بەجۆرێك باسی ئەوەی كردووە ڕۆژێكیان فریشتەكان و شەیتان لە بەردەم خوادا ئامادە دەبن، وە دەربارەی چاكەخوازی ئەییوب دەدوێن، شەیتان بە خوای گەورە دەڵێت: ئایا بەخۆڕایی ئەییوب پەروەردگار دەپەرستێت؟ ئەو تۆ دەپەرستێت چونكە هەموو شتێكت پێ داوە. بۆیە خوا ڕێگای پێ دەدات ئەییوب تاقیبكاتەوە. (بڕوانە ئەییوب 1: 6- 13)
وە ئەم وتە مەجازیە یەكێك بووە لەو ڕێگرانەی كە نەیانهێشت ئەهلی كتێب باوەڕ بهێنن بە پێغەمبەرمان (ﷺ)؛ چونكە ئەو وەحیەی دابەزیوەتە سەری بە كۆمەڵێك دەستەواژەی ڕاشكاو و ئاشكرا بە كەمێك لەم مەجاز و تەشبیهانەوە ئەم شتە ڕۆحیانەی ڕوونكردووەتەوە، لەكاتێكدا ئەهلی كتێب بە هەڵە تێگەیشتن لەو خوازە و مەجازانەی ناو كتێبەكانی خۆیان دەربارەی سیفەتەكانی خوا و فریشتەكان و وەحی و پێغەمبەرایەتی و بە حەقیقی لەقەڵەمیان دان، بۆیە كاتێك قورئانی بە زمانێكی ڕوون و ئاشكرا باسی ئەو شتانەی كرد، تووشی سەرسوڕمان بوون و حەپەسان، وایانزانی ئەوەی قورئان باسی دەكات پووچە و پێچەوانەی ئەوەیە كە لە تەوراتدا هاتووە.
پێویستە بزانرێت سەرەڕای ئەوەی قورئانی پیرۆز باسی بەسەرهاتی ئادەم و ئیبلیسی كردووە بەشێوەی گفتوگۆ و لێكچواندن، بەڵام زۆرێك لەو هەڵە تێگەیشتنانەی لابرد كە لە مانا و ناوەڕۆكی كتێبەكانی پێشووەوە پەیدابوون، یان ئەو هەڵە تێگەیشتنەی كە دەكرێت بەهۆی زمانی مەجازییەوە پەیدا بێت. بۆ نموونە تەورات باسی ئەوەی كردووە كە ئادەم لە بەهەشتی ڕاستەقینەدا نیشتەجێ كرا (دروستبوون 2: 5)، هەروەها تەورات دەڵێت ئادەم لەماوەی مانەوەی لەم بەهەشتەدا تاوانی ئەنجام دا! (دروستبوون 3: 17)، لەگەڵ ئەوەی یەكێك لە سیفەتەكانی بەهەشتی ڕاستەقینە و حەقیقی ئەوەیە كە ئەستەمە كەسێك تاوان ئەنجام بدات تێیدا.
بەڵام قورئانی پیرۆز جاروبار ئەو شوێنەی ناوناوە بەهەشت كە ئادەم تێیدا نیشتەجێ بوو، بەڵام لەشوێنێكی تردا بە ئاشكرا ئەوەیشی ڕاگەیاندووە كە ئەم ناونانە مەجازیە بەجۆرێك خوای گەورە بە فریشتەكان دەفەرموێت: ﴿إِنِّي جَاعِلٞ فِي ٱلۡأَرۡضِ خَلِيفَةٗۖ﴾ (البقرة: 31) ئەمە واتای ئەوەیە كە ئادەم لەم زەویەدا نیشتەجێ كراوە نەك لە بەهەشتی ڕاستەقینەدا.
وە چەندین بابەتی تر هەن پەیوەستن بە بەسەرهاتی ئادەمەوە كە قورئانی پیرۆز بەشێوەی خوازە و مەجاز باسی كردوون. بەڵام لەهەمان ئەو ئایەتانەدا یان لە شوێنگەلێكی تردا شەرحی هەمان ئەو مەجاز و خوازانەی كردووە.
لەڕاستیدا مادام مرۆڤ توانای كردنی كاری خێر و شەڕی پێدراوە پێویست شتێكیش دروست بكرێت كە هانی بدات بۆ خێر و بۆ شەڕ، لەبەر ئەوە خوا (عز وجل) تەنانەت پێش دروستكردنی مرۆڤ ئەم دوو هاندەرەی دروستكردووە واتە فریشتە و شەیتان. وە فەرمانی كردووە بە فریشتە مرۆڤ هان بدات بۆ كاری چاكە و ئەنجامەكان بێنێتەجێ بەگوێرەی كردەوەكانی، لەكاتێكدا ڕێگەی داوە بە شەیتان بەپێی توانای خۆی هەوڵ بدات مرۆڤ بانگ بكات بۆ كردنی كاری خراپە.
وە كاتێك خوا لەم دنیایەدا ئادەمی ڕەوانەكرد -لەپاڵ شوێنكەوتووانی ئادەمدا- خەڵكانێكی تر هەبوون ملكەچ نەبوون بۆ ئەو سیستەم و یاسایەی هێنای، وە خوا (عز وجل) سەركردەی ئەو تاقمەی كە یاخی بوون لە ئادەم ناونا شەیتان یان ئیبلیس چونكە ئەو سەركردەیە سێبەرێك بوو بۆ شەیتانی ڕاستەقینە. وە ئەو كێشەمەكێش و ڕووداوانەی ڕوویاندا لەماوەیەكی درێژدا لەنێوان ئادەم و سەركردەی یاخیبووەكاندا خوا (سبحانه وتعالى) بەشێوەی وتووێژێكی كورت باسی كردووە.
وە پێویستە بزانرێت كە شەیتان -ئەوەی كە دروستكراوە بۆ ئەوەی هانی خراپە بدات و وەك فریشتە نەبینراوە- خۆی لە شێوەیەكی بەرجەستەدا نایەت بۆلای خەڵكی بۆ ئەوەی قسەیان لەگەڵدا بكات و زیانیان پێ بگەیەنێت، بەڵكو لەڕاستیدا ئەو كەسانەی كە خراپەكانیان دەبێتە هۆی ئەوەی لەڕێگای ڕاست لابدەن ئەوانە دەبنە سێبەری شەیتان، وە كارەكانیان دەدرێتەپاڵ شەیتان. هەروەها هەموو هاندەرێكی تر بۆ تاوان و سەرپێچی ئەویش پێی دەوترێت شەیتان، بەجۆرێك لە فەرموودەدا هاتووە: پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: “هەموو یەكێكتان شەیتانێكی لەگەڵدایە، گوتیان ئەی پێغەمبەری خوا تۆیش؟ فەرمووی: بەڵێ، بەڵام من خوا یارمەتیدام زاڵبم بەسەریدا و تەسلیم بوو.” (مسند أحمد، ج1، مسند عبد الله بن عباس بن عبدالمطلب عن النبي -ﷺ-).. بۆیە تەنها فەرمانی چاكەم پێ دەكات. واتە پلەی تەواوەتیم بەدەستهێناوە لە تەقوادا بۆیە ئەو شتانەی هانی مرۆڤ دەدەن بۆ خراپە و تاوان چاكەخوازی من زیاتر دەكەن. مەبەست لە فەرموودەكەی پێغەمبەر (ﷺ) ئەوە نیە كە هەموو مرۆڤێك شەیتانێكی سەربەخۆی هەیە، وە ئەو شەیتانەی كە لەگەڵ ئەودایە موسوڵمان بووە. ئەگەر ئەمە مانای فەرموودەكە بوایە ئەوا بۆچی پێغەمبەر (ﷺ) پەنای بە خوا دەگرت لە شەیتانی ڕەجمكراو. ئەمەش مانای ئەوەیە كە شەیتانی ڕاستەقینە لە بارودۆخی خۆیدایە و هیچ نەگۆڕاوە، بەڵام ئەو بیربۆچوون و حەز و ئارەزووانەی كە نوێنەری شەیتانن تەسلیمی پێغەمبەر (ﷺ) بوون و ملكەچ بوون بۆی، وە ئەو مرۆڤانەی كە نوێنەری شەیتانن وەك ئەبو جەهل و كەسانی تر.. موسوڵمان نەبوون بەڵكو بەردەوام بوون لەسەر خراپە و فرتوفێڵی خۆیان.
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿فَإِذَا سَوَّيۡتُهُۥ وَنَفَخۡتُ فِيهِ مِن رُّوحِي فَقَعُواْ لَهُۥ سَٰجِدِينَ﴾، ڕاناوی نادیار لە وشەی ﴿لَهُۥ﴾دا دەگەڕێتەوە بۆ مرۆڤ بەگشتی، چونكە خوا فریشتەی ڕامكردووە بۆ یارمەتیدانی هەموو تاكێكی مرۆڤ، وە لەبەرئەوەی ڕۆح دەكرێت بە بەری هەموو كەسێكدا، ئەگەرچی لەمەدا پلەكانیان جیاوازە، بەجۆرێك بەگشتی ڕۆح نەفخ دەكرێت بە هەموو مرۆڤەكاندا و بەتایبەتی نەفخ دەكرێت بە پێغەمبەراندا. وە ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە ﴿وَسَخَّرَ لَكُم مَّا فِي ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَمَا فِي ٱلۡأَرۡضِ جَمِيعٗا﴾ (الجاثیة: 14) بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەم كارە هەموو مرۆڤەكان دەگرێتەوە، هەروەك قورئانی پیرۆز پێمان ڕادەگەیەنێت كە فریشتەكان هۆكاری یەكەمن بۆ هەموو ئەو شتانەی ڕوودەدەن لە گەردووندا. وە مادام هەموو شتێك لە گەردووندا ڕامكراوە بۆ بەرژەوەندی مرۆڤ كەواتە دەچەسپێت كە فریشتەكان كاردەكەن بۆ خزمەتكردنی هەموو مرۆڤەكان. بەڵام هەندێ شت لە خزمەتكردنی مرۆڤ دەردەچن بەهۆی هەڵەی مرۆڤەكە خۆیەوە، بەمەش زیانی پێ دەگەیەنێت لەجیاتی ئەوەی سوودی پێ بگەیەنێت، وەك ئەوەی لە دەسەڵاتی فریشتەكان دەرچن و شوێن شەیتان بكەون كە هەوڵدەدات زیان بگەیەنێت بە مرۆڤ.
بەڵام ئەو بیروباوەڕەی كە ئەو بوونەوەرە نەبینراوە ناوی شەیتانە خۆی بەرجەستەكردووە و هەستاوە بە دژایەتیكردنی ئادەم ئاشكرایە بیروباوەڕێكی پووچە، وە پێچەوانەی واقیع و ئەزموونە. چونكە ئێمە لە قورئانی پیرۆزەوە دەزانین كە شەیتان هات بۆلای ئادەم و هاوسەرەكەی و قسەی كرد لەگەڵیاندا بۆ ئەوەی فریویان بدات (الأعراف: 28) ئەگەر ئەوەی هات بۆ لایان هەمان ئەو بوونەوەرە بووە كە هانی ئەنجامدانی تاوان و سەرپێچی دەدات ئەوا بۆچی ئێستا مناڵەكانی ئادەم ناتوانن ئەو شەیتانە ببینن بەو چاوەی كە ئادەم شەیتانی پێ بینیوە؟ وە بۆچی ناتوانن قسە لەگەڵ شەیتاندا بكەن بەو زمانەی كە ئادەم قسەی پێكردووە لەگەڵیدا؟ وە بۆچی ئێستایش شەیتان نایەت بۆ لای خەڵكی بۆ ئەوەی فریویان بدات؟ بەتایبەتی كە قورئانی پیرۆز هەرگیز نافەرموێت جەستەی ئادەم جیاواز بووە لە جەستەی مناڵەكان لەمڕۆدا هەتا بگوترێت ئادەم توانیویەتی بەو جەستەیە شەیتان ببینێت و گفتوگۆی لەگەڵدا بكات، بەڵام مناڵەكانی ناتوانن ئەو كارە بكەن چونكە جەستەیان جیاوازە لە جەستەی باوكیان. كەواتە مادام مناڵەكانیشی هەمان جەستە و هەمان توانایان هەیە كە ئادەمی باوكیان هەیبووە، وە مادام شەیتان وەكو خۆیەتی و نەگۆڕاوە.. بۆیە پێویستە ئەمڕۆیش سەدان هەزار مرۆڤ شەیتان بیبینێت، وە پێویستە بە جەستەكەیەوە گفتوگۆ بكات لەگەڵ هەموو پیاوچاكانی نەوەی ئادەمدا بۆ ئەوەی فریویان بدات. بەڵام لەناو مرۆڤدا نە هەزارەها كەس دەبینین نە سەدەها و نەدەیەها كەس لەو كەسانەی شایەتی دەدەن لەسەر ئەوەی كە تێپەڕی بن بەم جۆرە تاقیكردنەوەیەدا چ لە حاڵەتی كەشفدا بێت یان خەون، مەگەر كۆمەڵێك چیرۆك و ئەفسانە كە هیچ بەڵگەیەك نیە لەسەر ڕاستیەكەیان. بەڵام ئەو شەیتانەی كە قسەدەكەم لەبارەیەوە بەردەوام هەتا ئەمڕۆ بەهەمان شێواز كە پەنای بۆ بردووە لەسەردەمی ئادەمدا ئاستەنگی داناوە لەسەر ڕێگای هەموو پێغەمبەرێك، وە مل نادات و خۆی بەگەورە دەزانێت وەك چۆن لەبەردەم ئادەمدا ملی نەدا و لووتبەرز بوو، بەڵكو ئەمە داب و نەریتی خۆیەتی لەگەڵ هەموو پیاوچاكاندا لە هەموو كات و شوێنێكدا.
قَالَ يَٰٓإِبۡلِيسُ مَا لَكَ أَلَّا تَكُونَ مَعَ ٱلسَّٰجِدِينَ 33 قَالَ لَمۡ أَكُن لِّأَسۡجُدَ لِبَشَرٍ خَلَقۡتَهُۥ مِن صَلۡصَٰلٖ مِّنۡ حَمَإٖ مَّسۡنُونٖ 34
تەفسیر: واتە سەركردەی یاخیبوان لە ئادەم وەڵامی دایەوە: ئادەم بوونەوەرێكی زەبوون و ڕسوایە بۆیە حەزیان لە گوێڕایەڵی و ملكەچیە، وە خۆی و شوێنكەوتووانی شوێنكەوتنی ئەوانی تر بە شانازی دادەنێن، بەڵام من وەكو ئەوان سووك و زەبوون نیم چونكە سروشتی منت وەها دروستكردووە كە ڕاهاتووم لەسەر ئازادی و ملنەدان، ئیتر چۆن دەگونجێت بۆم كە ڕازیبم گوێڕایەڵی بكەم.
ئەم دەربڕینەیش لەشێوەی مەجاز و لێچوواندنە، بەجۆرێك مانای ئەوەیە كە دوژمنی هەرە گەورەی ئادەم و شوێنكەوتووانی ئەو سیستەمەیان بە پێچەوانەی ئازادی ویژدان لەقەڵەم داوە كە ئادەم هێنابووی و پێیان وا بوو شوێنكەوتنی ئەو سیستەمە سووكایەتیە بۆیان، بۆیە ڕەتیان كردووە ملكەچ بن بۆی، باوەڕیان وا بوو ڕێگاكەی خۆیان باشتر و جوانترە لەو سیستەمەی كە ئادەم بانگەوازی بۆ دەكات. لێرەدا گوزارشت كراوە لەم مانایە بە پێكهاتەی قوڕین و پێكهاتەی ئاگرین.
قَالَ فَٱخۡرُجۡ مِنۡهَا فَإِنَّكَ رَجِيمٞ 35
شیكردنەوەی وشەكان:
رجیم: (بڕوانە بۆ شیكردنەوەی وشەكان لە ئایەتی 16)
تەفسیر: موفەسیرەكان دەڵێن ڕاناوی كەسی سێیەم لە وشەی ﴿مِنۡهَا﴾دا دەگەڕێتەوە بۆ الجنة (تفسیر البغوي والقرطبي، سورة الحجر، قوله تعالی: قال فاخرج منها….). بەڵام لێرەدا ئەم پرسیارە دروست دەبێت: ئەگەر لێرەدا مەبەست بەهەشتی ڕاستەقینەیە كە خەڵكی دوای مردن دەچنەناویەوە ئەوا: یەكەم: ئەستەمە شەیتان بچێتەناویەوە. دووەم: ئەوەی بچێتە بەهەشتەوە ئەستەمە دەرچێت لێی وەك قورئانی پیرۆز جەخت لەمە دەكاتەوە لە كۆمەڵێك ئایەتی زۆردا [﴿فَأَزَلَّهُمَا ٱلشَّيۡطَٰنُ عَنۡهَا فَأَخۡرَجَهُمَا مِمَّا كَانَا فِيهِ ۖ وَقُلۡنَا ٱهۡبِطُواْ بَعۡضُكُمۡ لِبَعۡضٍ عَدُوّٞ ۖ وَلَكُمۡ فِي ٱلۡأَرۡضِ مُسۡتَقَرّٞ وَمَتَٰعٌ إِلَىٰ حِينٖ﴾ البقرة: 37، خوای گەورە بە ئیبلیسی فەرمووە: ﴿قَالَ فَٱهۡبِطۡ مِنۡهَا فَمَا يَكُونُ لَكَ أَن تَتَكَبَّرَ فِيهَا فَٱخۡرُجۡ إِنَّكَ مِنَ ٱلصَّٰغِرِينَ﴾ الأعراف: 14، وە فەرموویەتی: ﴿ٱخۡرُجۡ مِنۡهَا مَذۡءُومٗا مَّدۡحُورٗاۖ﴾ الأعراف: 19، وە فەرموویەتی: ﴿قَالَ فَٱخۡرُجۡ مِنۡهَا فَإِنَّكَ رَجِيمٞ﴾ (ص: 78)، وە خوای گەورە دەربارەی خەڵكی بەهەشت فەرموویەتی: ﴿لَا يَمَسُّهُمۡ فِيهَا نَصَبٞ وَمَا هُم مِّنۡهَا بِمُخۡرَجِينَ﴾ (الحجر: 49)]. ئیتر چۆن ڕێگەدرا بە شەیتان بچێتەناویەوە، وە چۆن ڕەوا بوو ئادەم دەربكرێت لێی؟
ئەگەر بگوترێت ئەو بەهەشتە بەهەشتی ڕاستەقینە نەبووە، بەڵكو بەهەشتێك بووە لەسەر ئەم زەویەی كە ئێمەی لەسەر دەژین ئەوا دیسان پرسیارێك دروست دەبێت: مادام خوای گەورە شەیتانی دەركرد لێی ئەوا چۆن توانی جارێكی تر بچێتەناویەوە بۆ فریودانی ئادەم؟
لەبەرئەوە پێموایە ئەو بەهەشتەی كە لێرەدا ئاماژەی بۆ كراوە بەهەشتێكی ڕاستەقینە نەبووە، هەروەك ناوچەیەك نەبووە لەم گۆی زەویە كە بكرێت پێی بوترێت بەهەشت، بەڵكو مەبەست لێی ئەو مەقامە ڕۆحیە بووە لە ڕەزامەندی خوای گەورە كە خەڵكی تێیدان پێش ئەوەی پێغەمبەرێك لە پێغەمبەران لەناویاندا ڕەوانەبكرێت. چونكە تەنها لەڕێگەی پێغەمبەرەوە بەڵگە دەچەسپێت لەسەریان، پێش ئەوە -سەرەڕای ئەوەی لەسەر ڕێگایەكی هەڵەن- ڕەحمەت و ڕەزامەندی خوا بەدەستدەهێنن، بەڵام كاتێك لەناویاندا پێغەمبەرێك ڕەوانەدەكرێت و باوەڕی پێ ناهێنن بێ بەش دەبن لە بەهەشتی ڕەزامەندی خوایی.
قورئانی پیرۆز پشتگیری ئەم بۆچوونەی من دەكات ئەوەتا لە سوورەتی البقرة دا و هەروەها لە چەندین شوێنی تردا ڕایگەیاندووە كە پاش ئەوەی ئیبلیس ئادەمی فریودا نەوەی هەردووكیان دەركران لە بەهەشت. كەواتە ساغبوویەوە كە دەركردنی شەیتان لە بەهەشت بەهۆی سوژدەنەبردنی بۆ ئادەم مانایەكی تری لەخۆگرتووە.
وَإِنَّ عَلَيۡكَ ٱللَّعۡنَةَ إِلَىٰ يَوۡمِ ٱلدِّينِ 36
شیكردنەوەی وشەكان:
اللعنة: نەفرەت: لعنه لعنا: دەریكرد؛ دووریخستەوە لە خێر، ڕسوای كرد؛ جنێوی پێدا. اللعنة: ناوێكە لە اللعن ەوە هاتووە؛ سزا (الأقرب).
یوم: الیوم: ڕۆژ: لە هەڵهاتنی بەرەبەیانەوە هەتا ئاوابوونی خۆر؛ كات بەڕەهایی (الاقرب).
الدین: بریتیە لە سزادان و پاداشتدانەوە؛ گوێڕایەڵی؛ ملكەچی؛ حیساب؛ توندوتیژی و زاڵبوون و دەستبەسەراگرتن؛ دەسەڵات و فەرمانڕەوایی؛ تەگبیر، ناوێكە بۆ هەموو ئەو شتانەی كە بەهۆیانەوە خوا دەپەرسترێت؛ ڕێباز؛ خۆپارێزی، بڕیار (الأقرب).
تەفسیر: خوای گەورە باسوخواسی سەركردەی ئەوانەی سڕیەوە كە باوەڕیان نەهێنا بە پێغەمبەرەكانی، وە بە كورتی و درێژی باسی پێغەمبەرە بەڕێزەكانی خۆی هێشتەوە. وە لەڕاستیدا پێغەمبەرایەتی وەك زنجیرێك وەهایە كە ئەڵقەكانی پێكەوە بەستراون بەجۆرێك هەر پێغەمبەرێكی كۆن لەگەڵ شوێنكەوتووانیدا گرێدراون بە پێغەمبەرێكی نوێ و شوێنكوتووانیەوە. بۆیە دەبینین هەر پێغەمبەرێك هەمیشە بەخراپە باسی نەیارانی پێغەمبەرانی پێشوو دەكات، ئەگەر بە ناوهێنانیان نەفرەتیان لێ نەكات ئەوا بەلایەنی كەمەوە لەدڵەوە زۆر ڕقی دەبێتەوە لە كارە نەشیاوەكانیان. وە بەو پێیەی كە پێغەمبەرایەتی بەردەوامە هەتا ڕۆژی قیامەت بۆیە خوا (سبحانه وتعالى) فەرموویەتی بە ئیبلیس: ﴿وَإِنَّ عَلَيۡكَ ٱللَّعۡنَةَ إِلَىٰ يَوۡمِ ٱلدِّينِ﴾. وە ئەم ئایەتە باسی هیچ سزایەك ناكات بۆیان چونكە سزاكەیان زۆر بەتوندی دەستپێدەكات پاش هاتنی ڕۆژی سزا و پاداشت.
قَالَ رَبِّ فَأَنظِرۡنِيٓ إِلَىٰ يَوۡمِ يُبۡعَثُونَ 37
شیكردنەوەی وشەكان:
فأنظرني: أنظَرَه الدَّينَ: قەرزەكەی دواخست (الأقرب).
یبعثون: بعثه بعثا: ناردی؛ تووڕەی كرد و خرۆشاندی. بعث الموتی: مردووەكانی زیندووكردوە. بعثه علی الشيء: هانیدا ئەو كارە بكات. البعث: بڵاوبوونەوە (الأقرب).
تەفسیر: ئەم قسەیەش قسەیەكی مەجازیە یان زمانی حاڵە، شەیتان و هاوشێوەكانی لەڕاستیدا مۆڵەتێكی لەم جۆرەیان داوا نەكردووە لە خوای گەورە.
هەڵبەت پێشتر ڕوونم كردەوە ئەم ئایەتانە بەتایبەتی باسی ئادەم و پێغەمبەرانی تر، وە بەگشتی باسی نەوەكانی ئادەم دەكەن، وە پێویستە بزانرێت كە مانای ڕۆح كردن بە بەری ئادەم و پێغەمبەرانی تردا بریتیە لە دابەزینی وەحی بۆیان، بەڵام ماناكەی سەبارەت بە نەوەكانی ئادەم واتە مرۆڤ بەگشتی بریتیە لە تەواوكردنی نەفسی مرۆیی. وە ئەم قسەیەی شەیتان: ﴿فَأَنظِرۡنِيٓ إِلَىٰ يَوۡمِ يُبۡعَثُونَ﴾، ئەمیش ماناكەی جیاوازە بەگوێرەی هەر دوو كۆمەڵەكە:
بەش بەحاڵی تاقمی دووەم واتە مرۆڤ بەگشتی واتە: ئەی پەروەردگار، موڵەتم پێ بدە بۆ فریودانیان هەتا پێش ئەوەی لەڕووی ڕۆحیەوە دەژیێنەوە.. واتە ئەگەر مرۆڤ خۆی نەپارێزێت لە هێرش و پەلامارەكانی شەیتان بەوەی بچێتە ڕیزی بەندە پاك و دڵسۆزەكانی خواوە دەرفەت دەدرێت بە شەیتان و نەوەكانی كە بیخەڵەتێنن.
بەڵگەش بۆ ئەوەی كە زیندووبوونەوە و ژیانەوە (البعث) لێرەدا ڕۆحیە نەك بە مانای كۆبوونەوەی جەستەكان دوای مردن ئەوەیە كە؛ خوای گەورە لێرەدا نەیفەرمووە “هەتا ڕۆژی مردن” بەڵكو فەرموویەتی ﴿إِلَىٰ يَوۡمِ يُبۡعَثُونَ﴾ واتە هەتا ڕۆژی زیندووبوونەوە. وە ئاشكرایە كە موڵەتدان بە شەیتان بۆ فریودانی مرۆڤ هەتا ڕۆژی زیندووبوونەوەی ڕاستەقینە شتێكی ئەستەمە؛ چونكە بە مردنی مرۆڤ تاقیكردنەوەكەی كۆتایی دێت، وە هیچ ئایینێك نیە باوەڕی وا بێت كە شەیتان یان فریشتە بەردەوامە لە فریودانی مرۆڤ یان هیدایەتدانی دوای مردنی مرۆڤەكەیش تاكو ڕۆژی قیامەت. بۆیە ئەگەر “یوم البعث” لێرەدا بە مانای كۆبوونەوەی جەستەكان دوای مردن وەربگرین ئەوا بۆچوونەكەمان پێچەوانەی قورئان و پێچەوانەی عەقڵ و لۆژیكی دروستیشە. كەواتە هەموو مرۆڤێكی ژیر لێرەدا ڕۆژی زیندووبوونەوە بە مانای زیندووبوونەوەی ڕۆحی لەقەڵەم دەدات، وە مەبەست لە ئایەتەكە ئەوەیە كە شەیتان یان نوێنەرەكانی لە مرۆڤ تەنھا تا ئەو كاتە دەتوانن كەسێك فریوبدەن كە لەڕووی ڕۆحیەوە زیندوودەبێتەوە.. یان بە دەربڕینێكی تر.. هەتا ئەو كاتەی دروونی ئارام (النفس المطمئنة) بەدەستدەهێنێت كە هەمیشە گوێڕایەڵی خوای گەورەیە؛ بەڵام دوای بەدەستهێنانی دەروونی ئارام و ئۆقرەگرتوو ئیتر شەیتان و نەوەكانی بێ هیوا دەبن لێی، وە دەستدەكەن بە ئازار و ئەشكەنجەدانی لەجیاتی ئەوەی هەوڵی فریودان و گومڕاكردنی بدەن.
بەڵام بەش بە حاڵی ئادەم و خەلیفە ڕاستەقینەكانی كە بریتین لە پێغەمبەران مانای مۆڵەتدان بە شەیتان ئەوەیە كە ڕێگەدەدرێت بە شەیتان و شوێنكەوتەكانی تانە و تەشەر بدەن لە پێغەمبەران و جۆرەها تۆمەت و درۆیان بۆ دروست بكەن، وە ئاستەنگ دروست بكەن لە ڕێگەكەیاندا و هێرشیان بۆ بكەن و سزایان بدەن، هەتا ئەو ڕۆژی زیندووبوونەوەی ئەو پێغەمبەرانە دێت.. واتە ئەو كاتە دێت كە بڕیاردراوە بۆ سەركەوتنیان. بە دەربڕینێكی تر، بەگوێرەی بەڵێنی خوایی كە باسكراوە لەم فەرمایشتەدا ﴿إِلَّا مَنِ ٱسۡتَرَقَ ٱلسَّمۡعَ﴾ و فەرمایشتی ﴿إِلَّا مَنۡ خَطِفَ ٱلۡخَطۡفَةَ﴾ موڵەت دەدرێت بە شەیتان و هاوكارانی هەتا بە ئارەزووی خۆیان تانە بدەن لە فێركاری پێغەمبەران و درۆ و بوختانیان بۆ دروست بكەن، بەڵام كاتێك ڕۆژی سەركەوتنیان هات هێز و توانای ئەو شەیتانانە وەك كەفی سەرئاو لەناودەچێت و نامێنێت. سوننەتی خوا (عز وجل) لە سەردەمی ئادەمەوە هەتا سەردەمی پێغەمبەرمان (ﷺ) بەم شێوەیە بووە بەجۆرێك بەردەوام خوای گەورە مۆڵەتی داوە بە كافرەكان، لەسەر بنەمای هەندێ حیكمەتی خۆی، تاكو دنیا پڕ بكەن لە هات و هاوار دژی پێغەمبەران، وە پیلان بگێڕن لە دژیان و جۆرەها فێڵیان لێ بكەن، هەتا ئەو ڕۆژی زیندووبوونەوە و ژیانەوەیەیان دێت بەجۆرێك خوا پێغەمبەران و كۆمەڵەكانیان بانگ دەكات و دەفەرموێت: ئیتر سەردەمی تاقیكردنەوەتان كۆتایی هات، هەستن و ئێستا دەستبگرن بەسەر جیهاندا؛ ئەوسا پێغەمبەران زاڵ و سەركەوتوو دەبن، وە نەیارەكانیان وەكو كەفی سەردەریا وان لەناودەچن، بگرە زۆربەیان باوەڕدەهێنن و دەچنەناو كۆمەڵی پێغەمبەرانەوە.
ئەم ئایەتە مانای ئەوە نیە كە لەڕاستیدا شەیتان داوای ماوە و مۆڵەت لە خوای گەورە بكات لە سەردەمی پێغەمبەراندا و خوای گەورەیش مۆڵەتی پێ بدات، بەڵكو ئەمە قسەیەكی مەجازیە وەك پێشتر باسمكرد، مانای ئەوەیە شەیتانەكان واتە دوژمنانی پێغەمبەران لە دڵەوە ئاواتەخوازن بدەن بەسەر پێغەمبەراندا و بەتەواوەتی وردوخاشیان بكەن، وە خوای گەورە ڕێگە دەدات بەو پیلانگێڕانە كە هەرچی لە توانایاندا هەیە بیخەنەگەڕ بۆ هێنانەدی ئامانجە گڵاوەكانیان، بەڵام ئەم ڕێگپێدانە تەنھا تا ڕۆژی زیندووبوونەوەی پێغەمبەران بەردەوام دەبێت، پاشان خوا پێغەمبەرانی خۆی سەركەوتوو دەكات، وە دوژمنەكانیان نائومێد و دۆڕاو دەكات، ئەوسا لەناوچوونی خۆیان بەچاوی خۆیان دەبینن.
قَالَ فَإِنَّكَ مِنَ ٱلۡمُنظَرِينَ 38 إِلَىٰ يَوۡمِ ٱلۡوَقۡتِ ٱلۡمَعۡلُومِ 39
تەفسیر: واتە مۆڵەتتان پێ دەدەم، بەڵام تەنها هەتا ئەو كاتەی كە سەركەوتنی پێغەمبەرانمان دواخستووە بۆی، بەڵام هەر كاتێك سەردەمی سەركەوتنیان هات ماوەی ئەم مۆڵەتە كۆتایی دێت، وە ئێوە -ئەی شەیتانەكان واتە سەرانی كوفر- دەهاڕین بە نیشانە بەهێزەكانمان.
بەڵام ﴿يَوۡمِ ٱلۡوَقۡتِ ٱلۡمَعۡلُومِ﴾ ئەوەیە كە پێشتر ئاماژەی بۆ كراوە لەسەرەتای سوورەتەكەدا لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا ﴿وَمَآ أَهۡلَكۡنَا مِن قَرۡيَةٍ إِلَّا وَلَهَا كِتَابٞ مَّعۡلُومٞ﴾ (ئایەتی: 5).. واتە هەموو ئاوەدانیەك لە ئاوەدانیەكان كە دژایەتی پێغەمبەرانی ئێمەیان كرد لە یەكەم ڕۆژەوە كاولمان نەكرد، بەڵكو مۆڵەتمان دا بە هەر یەكەیان بەڕەچاوكردنی ئەو ئەركەی سپێردراوە بە هەر پێغەمبەرێك. هەیانبووە كەمێك سزاكەیمان دواخستووە و لەژیانی پێغەمبەرەكەیاندا لەناومان بردوون، وە هەیانە ماوەیەكی درێژ مۆڵەتمان پێ داون، پاشان دوای ڕۆیشتنی پێغەمبەرەكەیان لەناومان بردوون وەك ئەوەی ڕوویدا لەگەڵ مەسیحدا (عليه السلام).
قَالَ رَبِّ بِمَآ أَغۡوَيۡتَنِي لَأُزَيِّنَنَّ لَهُمۡ فِي ٱلۡأَرۡضِ وَلَأُغۡوِيَنَّهُمۡ أَجۡمَعِينَ 40 إِلَّا عِبَادَكَ مِنۡهُمُ ٱلۡمُخۡلَصِينَ 41
شیكردنەوەی وشەكان:
أغویتني: غوی الرجل و غوی: پیاوەكە گومڕا بوو. وأغواه: گومڕای كرد (الأقرب).
تەفسیر: ئەم قسەیەش قسەیەكی مەجازیە واتە زمانی حاڵی ئیبلیسە، ئەم ئایەتە پەیامێكی لەخۆگرتووە، پەیامەكەش ئەوەیە: ئەو كەسانەی لەسەرەتاوە باوەڕناهێنن بە پێغەمبەران لەدواییشدا كەللـەڕەقی ناهێڵێت باوەڕبهێنن، ئەوسا لەداخ و خەفەتدا دەسووتێن بەهۆی ئەوەی لەسەرەتادا سەركەوتوو نەبوون لە باوەڕهێناندا، دواجار دەیانەوێت كۆمەڵی پێغەمبەران لەناوببەن، بۆیە هەموو هەوڵێك دەخەنەگەڕ بۆ ئازاردانی باوەڕداران بۆ ئەوەی پاشگەزببنەوە لە ئایینەكەیان. خوای گەورە لە شوێنێكی تردا لە قورئانی پیرۆز جەختی كردووەتەوە لەسەر ئەم مانایە و فەرموویەتی: ﴿تِلۡكَ ٱلۡقُرَىٰ نَقُصُّ عَلَيۡكَ مِنۡ أَنۢبَآئِهَا ۚ وَلَقَدۡ جَآءَتۡهُمۡ رُسُلُهُم بِٱلۡبَيِّنَٰتِ فَمَا كَانُواْ لِيُؤۡمِنُواْ بِمَا كَذَّبُواْ مِن قَبۡلُ ۚ كَذَٰلِكَ يَطۡبَعُ ٱللَّهُ عَلَىٰ قُلُوبِ ٱلۡكَٰفِرِينَ﴾ (الأعراف: 102).. واتە سەرانی كوفر بێ بەش دەبن لە باوەڕهێنان تەنھا لەبەرئەوەی لەسەرەتاوە باوەڕناهێنن بە پێغەمبەرەكانیان، ئیتر لەدواییدا پێیان وایە ئەگەر باوەڕبهێنن بە پێغەمبەران ئەوا نەنگی و شوورەییە بۆیان، بۆیە زیاتر دژایەتییان دەكەن، وە كەسانی تریش گومڕا دەكەن، بۆ ئەوەی كەمێك تووڕەبوونەكەیان دامركێتەوە.
پێشتر لەسەرەتای سوورەتەكەیشەوە لە فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿رُّبَمَا يَوَدُّ ٱلَّذِينَ كَفَرُواْ لَوۡ كَانُواْ مُسۡلِمِينَ﴾ (ئایەتی: 3) ئاماژەم دا بەم مانایە.. واتە كافرەكان زۆر ئاواتدەخوازن كە سەرەتا باوەڕیان بهێنایە بۆ ئەوەی ئەم سەرشۆڕی و سووكایەتیەیان بەسەردا نەهاتایە، بەڵام مادام كافربوونیان لەسەرەتاوە بێ بەشی كردن لەم ڕێز و شكۆیە، بۆیە سەرەڕای ئەم داخ و خەفەتەیان باوەڕناهێنن، بەڵكو دەمارگیری و كەللـەڕەقیەكەیان زیاتر دەبێت.
تەحەدداكەی شەیتان لەم فەرمایشتەدا ﴿وَلَأُغۡوِيَنَّهُمۡ﴾ كە خەڵكی گومڕا دەكات وەك ئەو قسەیەی نەیارەكانی شوعەیب (عليه السلام) وایە كە لەقورئانی پیرۆزدا باسكراوە لەم فەرمایشتەدا ﴿لَنُخۡرِجَنَّكَ يَٰشُعَيۡبُ وَٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ مَعَكَ مِن قَرۡيَتِنَآ أَوۡ لَتَعُودُنَّ فِي مِلَّتِنَا ۚ قَالَ أَوَلَوۡ كُنَّا كَٰرِهِينَ﴾ (الأعراف: 89)، و ئەم فرمایشتەی خوای گەورە ﴿وَقَالَ ٱلَّذِينَ كَفَرُواْ لِرُسُلِهِمۡ لَنُخۡرِجَنَّكُم مِّنۡ أَرۡضِنَآ أَوۡ لَتَعُودُنَّ فِي مِلَّتِنَاۖ﴾ (إبراهیم: 14). وەك ئەوەی نەیارانی هەموو پێغەمبەرێك ڕایبگەیەنن: مادام ئێمە سەركەوتوونەبووین لە باوەڕهێناندا بۆیە كۆڵنادەین هەتا باوەڕداران پاشگەزنەكەینەوە لە ئایینەكەیان. ئەمە خووڕەوشتی دوژمنانی پێغەمبەر (ﷺ) بوو بەجۆرێك قورئانی پیرۆز دەربارەیان دەفەرموێت: ﴿وَيُرِيدُونَ أَن تَضِلُّواْ ٱلسَّبِيلَ﴾ (النساء: 45).. واتە دوژمنەكانی پێغەمبەر (ﷺ) لە جوولەكە دەیانەوێت موسوڵمانان پاشگەزببنەوە لە ئایینەكەیان. هەروەها دەربارەی كافرەكانی تر هاتووە: ﴿وَلَا يَزَالُونَ يُقَٰتِلُونَكُمۡ حَتَّىٰ يَرُدُّوكُمۡ عَن دِينِكُمۡ إِنِ ٱسۡتَطَٰعُواْۚ﴾ (البقرة: 218).. واتە ئەوان بێ كۆڵدان جەنگتان لەگەڵدا دەكەن هەتا پاشگەزتان بكەنەوە لە ئیسلام، بەڵام خوای گەورە لەكۆتاییدا لووتیان دەشكێنێت، وە ئێوە زاڵ و سەركەوتوو دەكات.
ئەمڕۆ ئێمەی موسوڵمانانی ئەحمەدی ئەم دیمەنە دەبینین بەجۆرێك هەموو دنیا دەیەوێت پاشگەزمان بكەنەوە لە بیروبۆچوونی خۆمان، بەڵام كێ هەیە بتوانێت كەسێك لەناوببات كە خوا دەیەوێت بژی؟
كافر چەندە كوێر و نابینایە! لەجیاتی ئەوەی لۆمەی خۆی بكات كە ئایینەكەی ڕەتكردووەتەوە دەیەوێت جامی تووڕەیی خۆی بڕێژێت بەسەر خوای گەورەدا و دەڵێت: مادام ئەو نەیكردم بە باوەڕدار منیش كۆڵنادەم هەتا بەندە باوەڕدارەكانی پاشگەزدەكەمەوە!
قَالَ هَٰذَا صِرَٰطٌ عَلَيَّ مُسۡتَقِيمٌ 42
تەفسیر: خوای گەورە پێشتر باسی ئەوەی كرد ئەو بەندانەی خۆی كە هەڵیبژاردوون و دڵسۆزن شەیتان هیچ دەسەڵاتێكی نیە بەسەریاندا، بەڵام ئێستا خوای گەورە ڕایگەیاندووە چۆن بەندەكان دەبن بە بەندەی دڵسۆز بەجۆرێك فەرموویەتی: ﴿هَٰذَا صِرَٰطٌ عَلَيَّ مُسۡتَقِيمٌ﴾ واتە ئەركی منە ڕێنماییان بكەم بۆ ڕێگاكەی خۆم، وە بەهۆی وەحی و ئیلهامەوە ڕێنموونییان دەكەم بۆ ڕێگاكەی خۆم، ئەوسا ئەوانیش ڕاستەوخۆ دەگەن بە من، وە ئەستەمە لابدەن لە ڕێگاكەم و بچنەسەر ڕێگای شەیتانی نەفرەتلێكراو.
بەڕەچاوكردنی ئەم مانایە ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە ﴿هَٰذَا صِرَٰطٌ عَلَيَّ مُسۡتَقِيمٌ﴾ تەقدیرەكەی بەم جۆرەیە: ئەمە ڕێگای ڕاستە و ڕوونكردنەوەی لەسەر منە.. واتە بەندە دڵسۆزەكانی خوا تەنھا پشت نابەستن بە عەقڵی خۆیان بۆ گەڕان بەدوای ڕێگای ڕاستی خوادا؛ چونكە ئەو كەسەی لەم گەڕانەدا تەنھا پشت بە عەقڵ ببەستێت دەكەوێتە داوی شەیتانەوە، بەڵام ئەو كەسەی من هیدایەتی بدەم بۆ ڕێگاكەی خۆم ئەستەمە مل كەچ بكات بۆ كاریگەرییەكانی شەیتان؛ چونكە خۆم سەرپەرشتی دەكەم و دەیپارێزم، بۆیە ڕاستەوخۆ دێت بۆ لام بەبێ ئەوەی لابدات لە ڕێگاكەی من و بەلای ڕاست یان چەپدا بڕوات.
دەكرێت مانای ئەم ئایەتە ئەوە بێت كە ئەو بەندانەی من چاك و دڵسۆز دەبن دەستبەجێ منیان دەستدەكەوێت، وە دوای ئەوە سەرگەردان نابن لەگەڕان بەشوێن مندا.. واتە لەو كەسە نابن كە بەسەر ئەو ڕێگا ڕاستەدا دەڕوات كە دێت بۆلای من، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە لای شەیتان لەڕێگای ڕاست لای دەدات، بەڵكو بەندە چاك و دڵسۆزەكانی من ئەوانەن كە -دوای پێگەیشتنی وەحی و ئیلهام لەلایەن منەوە- بەسەر ئەو ڕێگایەدا دەڕۆن كە دێت بۆلای من.. واتە پێشتر دیداری منیان بەدەستهێناوە و نزیكبوونەتەوە لێم، وە ئەو ژیانەی كە ماویانە لەوەدا بەسەریدەبەن كە هەوڵدەدەن ڕەوشتی خوایی بگرن؛ ڕەوشت لەدوای ڕەوشت، ئیتر لەكوێ شەیتان دەتوانێت نزیك بێتەوە لەم كەسانە كە نزیكی خوان (عز وجل).
خوای گەورە لێرەدا ڕوونی كردووەتەوە تەنھا دەكرێت ئەو كەسە لە ڕێگای ڕاستی خوا لابدات كە هێشتا لە قۆناغی گەڕاندایە بەشوێن خوادا (عز وجل)، بەڵام ئەو كەسەی كە گەیشتووە بەدیداری خوا (سبحانه وتعالى) هەوڵدەدات زیاتر لێی نزیك بێتەوە، وە ئەستەمە شەیتان فریوی بدات و گومڕای بكات؛ چونكە چۆن دەگونجێت مرۆڤ نكوڵی بكات لەو شتەی كە بەچاوی خۆی بینیویەتی و خۆی ئەزموونی كردووە؟
إِنَّ عِبَادِي لَيۡسَ لَكَ عَلَيۡهِمۡ سُلۡطَٰنٌ إِلَّا مَنِ ٱتَّبَعَكَ مِنَ ٱلۡغَاوِينَ 43
شیكردنەوەی وشەكان:
سلطان: بەڵگە؛ دەسەڵات؛ توانای پاشا (الأقرب).
تەفسیر: ئەم ئایەتە باسی كۆمەڵێكی پارێزراوی تر دەكات كە لەو كەسانە نین پلەی پێغەمبەرایەتییان بەدەستهێناوە، هەروەك لەو كەسانە نین بە گەڕانی خۆیان هیدایەت و باوەڕیان بەدەستهێناوە، بەڵكو لەڕێگەی پێغەمبەران و ئەو كەسانەوە كە گەیشتوون بە خوای گەورە دەگەن بە ڕاستی. ئەم كەسانەیش خوا دەیانپارێزێت بەجۆرێك شەیتان ناتوانێت زاڵ بێت بەسەریاندا. شەیتان هەوڵ دەدات هێرش بكاتە سەریان بەڵام هێرشەكەی زۆر لاواز دەبێت بەش بەحاڵی ئەوان؛ چونكە هێزی باوەڕیان هەیە بەجۆرێك بەسەركەوتوویی بەرپەرچی هێرش و پەلامارەكانی شەیتان دەدەنەوە، وە بەگشتی ڕزگاریان دەبێت لێی. بەڵێ، دەكرێت لەناو ئەو كەسانەدا هەبێت باوەڕی دانەمەزرابێت لەسەر بناغەیەكی پتەو لە یەقینی تەواوەتی بەڵكو باوەڕی لاواز بێت، ئەم جۆرە كەسە جاروبار شەیتان كاریگەری دەبێت لەسەری.. واتە سەرپێچی و تاوان ئەنجام دەدات، ئەم كەسە هەمیشە مەترسی ئەوەی لەسەرە كە بكەوێتە داوی شەیتانەوە و زاڵ بێت بەسەریدا. بەڵام شەیتان دەسەڵاتی خۆی پیادەدەكات بەسەر ئەم جۆرە كەسانەدا بەهۆی ئەوەی كە باوەڕیان لاوازە و دوای ئەوەی هەندێ تاوان و سەرپێچی ئەنجام دەدەن، ئەگینا ئەم كەسانەیش لەسەرەتاوە خوای گەورە دەیانپارێزێت.
ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە فیترەتی مرۆیی پاك و بێگەردە، بەجۆرێك خوای گەورە ڕوونی كردووەتەوە تەنھا ئەو كەسە لە ڕێگای ڕاست لادەدات كە خۆی فیترەتی پاكی خۆی پیس دەكات و شوێن هەنگاوەكانی شەیتان دەكەوێت. خوای گەورە لە شوێنێكی تر لە قورئانی پیرۆزدا ئەم مانایەی ڕوونكردووەتەوە و دەفەرموێت: ﴿وَقَدۡ خَابَ مَن دَسَّىٰهَا﴾ (الشمس: 11).. تەنھا ئەو كەسە گومڕا دەبێت كە نەفسی پاكی خۆی پیس دەكات و لەژێر خۆڵی تاوان و سەرپێچیدا ئەسپەردەی دەكات.
وَإِنَّ جَهَنَّمَ لَمَوۡعِدُهُمۡ أَجۡمَعِينَ 44 لَهَا سَبۡعَةُ أَبۡوَٰبٖ لِّكُلِّ بَابٖ مِّنۡهُمۡ جُزۡءٞ مَّقۡسُومٌ 45
شیكردنەوەی وشەكان:
جهنم: خانەی سزادان دوای مردن (الأقرب). (بۆ زیاتر شارەزابوون بگەڕێرەوە بۆ شیكردنەوە وشەكان لە ئایەتی ژمارە 20ی سوورەتی الرعد)
موعدهم: الموعد: بەڵێن؛ وە شوێنەكەی (الأقرب)
تەفسیر: لەشوێنێكی تری قورئانی پیرۆزدا هاتووە چاودێرەكانی سەر دۆزەخ ژمارەیان نۆزدەیە (سوورەتی المدثر: 31 و 32). ئەمەش چونكە لەڕاستیدا لە مرۆڤدا نۆ هەستەوەر هەن، ئەگەرچی وا باوە كە پێنج بن، بەڵام ئەگەر ئەو هەستەوارنەمان بۆ زیاد كرد كە بەهۆیانەوە هەست بە گەرمی و ساردی و كات و قورسایی دەكەین ئەوا دەبن بە نۆ. وە لەبەرامبەر ئەم نۆ هەستەوەرە ڕواڵەتیەدا، نۆ هەستەوەری تری ڕۆحی هەیە، بەم شێوەیە ژمارەیان دەبێت بە 18، وە كاتێك ئەو هێزە زیاد دەكەین بۆیان كە بەڕێوەیان دەبات كۆی هەستەوەرەكان دەبن بە 19، وە كاتێك مرۆڤ بەگوێرەی ڕێنماییەكانی ئەم 19 هەستەوەرە كارنەكات ڕێگای ڕاست ون دەكات. وە خوای گەورە ژمارەی چاودێركانی سەر دۆزەخیشی كردووە بە 19 بەگوێری ژمارەی ئەم هەستەوەرانە، وە ئاگاداركردنەوەیەك بۆ ئەوانەی خەڵكی دۆزەخن كە خراپ بەكارهێنانی ئەم نۆزدە هێزە بووەتە هۆی ئەوەی ئەم سەرەنجامەیان هەبێت.
فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿لَهَا سَبۡعَةُ أَبۡوَٰبٖ﴾ مانای ئەوە نیە كە دەرگاكانی دۆزەخ حەوتن، نە زیاتر و نەكەمتر، چونكە ژمارە حەوت و حەفتا -لای عەرەب- واتای زۆری و تەواوی دەگەیەنێت (المفردات للراغب وتاج العروس، تحت كلمة “سبع”).
وە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿لِّكُلِّ بَابٖ مِّنۡهُمۡ جُزۡءٞ مَّقۡسُومٌ﴾ مانای ئەوەیە لە دۆزەخدا دەرگایەكی تایبەت هەیە بە هەر خراپەیەك و هەركەسێك ئەو خراپەیە بكات لەو دەرگایەوە بانگ دەكرێت.
لە فەرموودەدا هاتووە كە بەهەشتیش كۆمەڵێك دەرگای جۆراوجۆری هەیە بەڕەچاوكردنی كردەوە چاكە جۆراوجۆرەكان، ئەو كەسەی ئەهلی نوێژ بێت لە دەرگای نوێژەوە بانگ دەكرێت، وە ئەو كەسەی ئەهلی جیهاد بێت لە دەرگای جیهادەوە بانگ دەكرێت، وە هەروەها. (الترمذي، المناقب)
وە مەبەست لە بەش (الجزء) لێرەدا كۆمەڵێكە لە خەڵكی دۆزەخ. بەم شێوەیە ئەم ئایەتە یارمەتیمان دەدات بۆ ڕاستكردنەوەی ئەو هەڵەیەی كە هەندێ موفەسیر تێیكەوتوون لە تەفسیری فەرمایشتی خوای گەورە بە ئیبراهیم دەربارەی چوار باڵندەكە واتە ئەم فەرمایشتە: ﴿ثُمَّ ٱجۡعَلۡ عَلَىٰ كُلِّ جَبَلٖ مِّنۡهُنَّ جُزۡءٗا﴾ (البقرة: 261).. بەجۆرێك گوتوویانە -بەهۆی ئەوەی لە ئایەتەكەدا وشەی “جزء” هاتووە- خوای گەورە فەرمانی كرد بە ئیبراهیم باڵندەكان پارچە پارچە بكات پاشان هەر بەشێك لە گۆشتی باڵندەكان لەسەر هەر شاخێك دابنێت (بڕوانە تەفسیری ئیبن كەثیر و البغوي). لەگەڵ ئەوەی مەبەست لە بەشەكانی باڵندەكان هەمان ئەو مانایەیە كە لەم ئایەتەدا هەیە بۆ بەشەكانی دۆزەخیەكان.. واتە: لەسەر هەر شاخێك باڵندەیەك لەم چوار باڵندەیە دابنێ.
إِنَّ ٱلۡمُتَّقِينَ فِي جَنَّٰتٖ وَعُيُونٍ 46
شیكردنەوەی وشەكان:
الجنة: ئەسڵی وشەی الجن داپۆشینی شتە. دەوترێت: جنه اللیل: شەوەكە دایپۆشی. الجنة: هەموو باخێك درەختی تێدا بێت و بەدرەختەكانی زەویەكەی داپۆشیبێت. وە بە دارستانی چڕ و پڕ دەوترێت جنة. وە بەهەشت ناونراوە بە الجنة یان وەك لێچكوونێك بە باخ و باخات لەزەویدا ئەگەرچی جیاوازیان هەیە، یان لەبەرئەوەی خوای گەورە نیعمەتەكانی لە ئێمەدا شاردووەتەوە كە لەم فەرمایشتەی خۆیدا ئاماژەی پێ كردووە ﴿فَلَا تَعۡلَمُ نَفۡسٞ مَّآ أُخۡفِيَ لَهُم مِّن قُرَّةِ أَعۡيُنٖ﴾ (المفردات).
تەفسیر: مەبەست لە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿فِي جَنَّٰتٖ وَعُيُونٖ﴾ ئەوە نیە كە پارێزكاران لەناو ئاوی كانیاوەكاندا بژین، بەڵكو مانای ئەوەیە ئەوان لەناو باخ و باخاتێكدا دەژین كە كانیاوی تێدایە.
خوای گەورە لێرەدا ڕوونی كردووەتەوە كە شەیتانەكان بەهۆی كافربوونیانەوە دەچنە دۆزەخەوە، كە لەم دنیایەدا لەشێوەی ئاگری حەسرەت و سزای دنیایی خۆی دەنوێنێت بۆیان، بەڵام لە دواڕۆژدا بەشێوەی سزای ئاگر خۆی دەنوێنێت بۆیان؛ وە باوەڕداران لەم دنیایەدا لەژێر سێبەری ڕەحمەت و چاودێری خوادا دەژین، وە كانیاوی زانست و زانیاری خوایی لەدڵیاندا هەڵدەقوڵێت، ئەمەش ڕەحمەت و فەزڵی خوا زیاتر دەكات بۆیان.. وەك درەخت كە بەئاودان گەشە دەكات و گەورە دەبێت، بەڵام لەدواڕۆژدا ئەو باخات و كانیاوانەیان پێ دەدرێت كە لە كۆمەڵێك ئایەتی زۆری قورئانی پیرۆزدا بەڵێنیان پێ دراوە.
ٱدۡخُلُوهَا بِسَلَٰمٍ ءَامِنِينَ 47
شیكردنەوەی وشەكان:
سلام: سڵاوكردن؛ خۆڕادەستكردن و ملكەچی و گوێڕایەڵی. السلام ناوێكە لە ناوەكانی خوا بەهۆی سەلامەت بوونی لە ناتەواوی و خەوش و لەناوچوون (الأقرب).
تەفسیر: وا دیارە ئەمە قسەی فریشتەكان بێت.. واتە ئەوان بە باوەڕداران دەڵێن لەدنیا و دواڕۆژدا بچنەناو بەهەشتەوە كە ئاشتی و ئاساییشی تێدایە. ئەمەش چونكە باوەڕداران وەڵامی فریشتەكان دەدەنەوە كاتێك هانیان دەدەن بۆ كاری چاكە بۆیە فریشتەكان خۆشیان دەوێن و هۆگریان دەبن، وە مژدەیان پێ دەدەن لەخۆشی ئەوەدا كە خوای گەورە خێر و چاكەی بڕیارداوە دەربارەیان.
وە ئەو ئاشتیەی ئاماژەی پێكراوە لەم قەرمایشتەدا ﴿ٱدۡخُلُوهَا بِسَلَٰمٍ ءَامِنِينَ﴾ دوو جۆرە: ئاشتی ناوخۆیی و ئاشتی دەرەكی، كەواتە وشەی ﴿بِسَلَٰمٍ﴾ ئاماژەیە بۆ ئاشتی ناوخۆیی واتە پاراستنیان لە خەفەت و نیگەرانی، بەڵام وشەی ﴿ءَامِنِينَ﴾ ئاماژەیە بۆ ئاشتی دەرەكی واتە ڕزگاربوونیان لە سزا و چەوسانەوەی دوژمن.
هەروەك وشەی ﴿بِسَلَٰمٍ﴾ ئاماژەیە بۆ ئەو بەڵێنەی خوا كە داویەتی بە باوەڕداران لەم فەرمایشتەی خۆیدا: ﴿سَلَٰمٞ قَوۡلٗا مِّن رَّبّٖ رَّحِيمٖ﴾ (یس: 59).. وەك ئەوەی فریشتەكان مژدە بدەن بەو باوەڕدارانە كە خوای گەورە لەلایەن خۆیەوە ئاشتیەكی تایبەتی بڕیارداوە بۆیان. ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە فریشتەكان پەیوەندییان زۆر پتەوە لەگەڵ باوەڕداراندا بەجۆرێك زۆر بەخێرایی ئەو بڕیارانەی خوایان پێ ڕادەگەیەنن كە دەربارەیان دەرچوون.
هەروەك ئەم ئایەتە پەیامێكی تری تێدایە بۆمان ئەویش ئەوەیە ئەگەر لەلایەن خواوە فەرمانی ئاشتی دانەبەزێت ئەستەمە كەسێك ئاسایش و ئۆقرەیی بەدەستبهێنێت.
هەروەها ئەم ڕستەیە ئاماژەیە بۆ شكستی شەیتان لە هەڕەشەكەیدا كە ئەوپەڕی هەوڵ دەدات بۆ فریودانی باوەڕداران، وەك ئەوەی خوا (عز وجل) پیرۆزبایی بكات لە باوەڕداران و بفەرموێت: ئەوەتا لە كۆتاییدا بەسەلامەتی گەیشتنە خانە پیرۆزەكەم سەرەڕای پیلان و فێڵی ئەو شەیتانانە.
وَنَزَعۡنَا مَا فِي صُدُورِهِم مِّنۡ غِلٍّ إِخۡوَٰنًا عَلَىٰ سُرُرٖ مُّتَقَٰبِلِينَ 48
شیكردنەوەی وشەكان:
غل: غل صدره غلا: دڵی پڕبوو لە غەش یان ڕق وكینە. الغل: غەش و ڕق و كینە (الأقرب).
سرر: السرر كۆی وشەی السریر ە بریتیە لە: جێگای پاڵكەوتن، قەرەوێڵە، وە بەزۆری بە تەختی پاشا دەوترێت، دەوترێت: زال عن سریره: واتە دەسەڵات و نیعمتەكەی نەما و ڕۆیشت. السریر: قەڵەمڕەو؛ نیعمەت، ژیانی خۆش (الأقرب).
تەفسیر: خوای گەورە لە شوێنێكی تردا فەرموویەتی: ﴿وَلِمَنۡ خَافَ مَقَامَ رَبِّهِۦ جَنَّتَانِ﴾ (الرحمن: 47).. واتە بۆ باوەڕداران دوو بەهەشت هەیە: بەهەشتی دنیا و بەهەشتی دواڕۆژ. خوای گەورە لێرەدا باسی نیشانەیەكی بەهەشتی كردووە ئەويش ئەوەيە؛ دڵی خەڵكەكەی ڕق و كینەی تێدا نیە بەرامبەر ئەوانی تر. ئەمەش واتە تەنھا ئەو كەسە دەچێتە بەهەشتەوە كە لەم دنیایەدا ڕق و كینەی لابردووە لە دڵی خۆیدا بەرامبەر برا باوەڕدارەكەی. بۆیە پێویستە لەسەر كۆمەڵەكەمان بگرە هەموو موسوڵمانان سوود وەربگرن لەم ڕەچەتە خواییە بۆ چوونە بەهەشت، هیچ فیڵ و ڕق و كینەیەك لەدڵیاندا نەبێت دژی هیچ كەسێك.
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿عَلَىٰ سُرُرٖ مُّتَقَٰبِلِينَ﴾ ئەمیش ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە یەكتریان خۆشدەوێت؛ چونكە خۆشەوستی وەها دەكات لە مرۆڤ لەگەڵ هاوەڵەكەیدا ڕووبەڕوو دابنیشێت، بۆ ئەوەی چێژ و خۆشی وەربگرێت لە سەیركردنی نێوچەوانی.
هەڵبەت قورئانی پیرۆز -لەزۆر شوێندا و بە دەستەواژەی جۆراوجۆر- جەختی كردووەتەوە لەسەر ئەوەی خەڵكی بەهەشت لەسەر تەخت دادەنیشن، بۆ ئەوەی ڕوونی بكاتەوە كە هەر مرۆڤێك لە بەهەشتدا وەك پاشا وایە و كەس حوكمی بەسەردا ناكات؛ چونكە لەو ڕۆژەدا حوكم و دەسەڵات تەنھا بۆ خوایە كە حوكمەكەی هیچ قورساییەكی تێدا نیە بۆ مرۆڤ، بەڵكو ڕێز و شكۆی زیاتر دەكات؛ چونكە تەنها گوێڕایەڵی خوای گەورە ئازادی ڕاستەقینە دەبەخشێت بە مرۆڤ. خوای گەورە لە شوێنێكی تردا لە قورئانی پیرۆز جەختی كردووەتەوە لەسەر ئەم مانایە بەجۆرێك دەربارەی خەڵكی بەهەشت ڕایگەیاندووە ﴿لَهُمۡ فِيهَا مَا يَشَآءُونَۚ﴾ (النحل: 32).. واتە هەر ئاواتێكیان هەبێت دێتەدی، وەك ئەوەی هەر یەكێكیان لە بازنەی تایبەتی خۆیدا دەسەڵات و یاسای خۆی پیادە بكات، ئەمەش خودی پاشایەتی و دەسەڵاتە.
لَا يَمَسُّهُمۡ فِيهَا نَصَبٞ وَمَا هُم مِّنۡهَا بِمُخۡرَجِينَ 49
شیكردنەوەی وشەكان:
نصب: نصب الرجل ینصب نصبا: ماندوو بوو. و نصب في الأمر: هەوڵیدا (الأقرب).
تەفسیر: خوای گەورە لێرەدا ڕایگەیاندووە كە مرۆڤ لە بەهەشتیشدا كار دەكات، بەڵام بە بێ ئەوەی هەست بە ماندوێتی و بێزاری بكات، دیارە ماندووبوون بەڵگەیە لەسەر لەناوچوون. چونكە هەستكردنی مرۆڤ بە ماندووبوون لەڕاستیدا ئاگاداركردنەوەیەكی سروشتیە كە هەندێ لە خانە بەسوودەكانی لەشی بەكارهاتوون وەك چەوری و هی تر، وە ئێستا پێویستە لەسەری دەستهەڵبگرێت لە كار و بحەوێتەوە، یان هەندێ خۆراك بخوات بۆ ئەوەی هەندێ كالۆری وەربگرێت. لە كتێبێكی پزیشكیدا خوێندمەوە كە مرۆڤ تەنھا بەوەی كەمێك دەست بجووڵێنێت ملیۆنەها خانەی لەشی لەناودەبات. كەواتە هەستكردن بە ماندووبوون پاش كەمێك كاركردن بەڵگەیە لەسەر نەمانی زۆرێك لە وزەی جەستە كە پێویستە قەرەبوو بكرێتەوە. بەمەش چەسپا كە ماندووبوون نیشانەی لەناوچوونە. كەواتە خوای گەورە بە فەرمایشتی: ﴿لَا يَمَسُّهُمۡ فِيهَا نَصَبٞ﴾ ڕایگەیاندووە كە جەستەكان لە بەهەشتدا شی نابنەوە و بەمەش تووشی لەناوچوون نابن.
هەروەك لەمەوە ڕوون دەبێتەوە ئێمە لە بەهەشتدا خۆراك ناخۆین بۆ ئەوەی قەرەبووی وزەی لەناوچوو بكەینەوە چونكە لەوێ وزەكان لەناوناچن، بەڵكو خۆراك سوودێكی تری هەیە ئەویش ئەوەیە بەردەوام وزەمان زیاتر دەكات، بەدەربڕینێكی تر هەنگاوەكانمان لە بەهەشتدا بۆ دواوە ناگەڕێنەوە، بەڵكو بەردەوام بەرەو پێشەوەمان دەبەن.
پاشان خوا (سبحانه وتعالى) فەرموویەتی ﴿وَمَا هُم مِّنۡهَا بِمُخۡرَجِينَ﴾.. واتە هەرگیز مردن و لەناوچوونیان بەسەردا نایات. ئەمەش چونكە ئەوە ماندووبوونە كە دەبێتە هۆی مردنی مرۆڤ، چونكە وردە وردە وزەی جەستەی نامێنێت هەتا بەتەواوەتی كۆتایی دێت؛ وە بەوپێیەی بەهەشت ماندووبوونی تێدا نیە، بۆیە مردنی تێدا نیە و دەرچوون نیە لێی.
پێویستە بزانرێت كە بەهەشت مەقامێكی ڕۆحیە. گومانی تێدا نیە نیعمەتەكانی شوبهێنراون بە نیعمەتەكانی ئەم دنیایە بە شێوەی مەجاز و لێكچواندن، بەڵام لەڕاستیدا نیعمەتەكانی لەوە بەرزترن كە عەقڵی مرۆڤ لێیان تێبگات. لەڕاستیدا ئەم ئایەتە ئاماژە دەكات بۆ ڕاستیەكی تر كە ئەوەیە لە دنیادا شەیتان هێرش دەكاتەسەر پیاوچاكان و بەو هۆیەوە هەراسان دەبن و ئازار دەچێژن، بەڵام لە بەهەشتدا بەتەواوەتی ڕزگاریان دەبێت لە هەموو ئەم ئاستەنگانە، وە دڵیان پڕ دەبێت لە ئاسایش و بەتەواوەتی ڕزگاریان دەبێت لە ماندووبوون، چونكە لەوێدا هیچ مەترسییەكی هەمیشەیی و كاتی نیە بۆ زیانگەیاندنی شەیتان.
هەروەك دەكرێت ئەم ئایەتە بكرێت بە بەڵگە لەسەر ئەوەی كە بەهەشت شوێنی كەسانی تەمبەڵ نیە؛ تێیدا بەبێ كار پشووبدەن و بحەوێنەوە، بەڵكو خەڵكەكەی لەوێیش كاردەكەن؛ چونكە پێویست ناكات باسی نەبوونی ماندووێتی بكرێت بۆ خەڵكەكەی ئەگەر هیچ كارێكیان نەبێت. كەواتە ئەو كەسانەی پێیان وایە بەهەشت شوێنێكە بۆ ڕابواردن و خواردنی خۆش، پێویستە لەسەریان ئەم بیركردنەوە هەڵەیەی خۆیان ڕاست بكەنەوە.
بێگومان بەهەشت شوێنی بەندایەتیە وەك خوای گەورە بەڕاشكاوی فەرموویەتی: ﴿فَٱدۡخُلِي فِي عِبَٰدِي * وَٱدۡخُلِي جَنَّتِي﴾ (الفجر: 30-31).. واتە مرۆڤ تەنھا دوای چوونە بەهەشت مەقامی بەندایەتی تەواوەتی بۆ خوای گەورە بەدەست دەهێنێت؛ وە ئاشكرایە كە بەندە كاردەكات و بە بێ كار دانانیشێت. كەواتە چەسپا كە شوێنی ڕاستەقینەی كاركردن بریتیە لە بەهەشت بەجۆرێك مرۆڤ تەواو و بێكەموكوڕی دەبێت لە بەندایەتیەكەیدا.
وە ئەوەش بزانن كە خۆشی و چێژی ڕاستەقینەی بەهەشت لەوەدایە مرۆڤ لەوێدا ئەوپەڕی چێژ و خۆشی وەردەگرێت لە بەندایەتیەكانی كە ئەنجامیان دەدات بەبێ ئەوەی ماندوو بێت بەهۆی ململانێ لەگەڵ ئەو خەیاڵ و وەسوەسانەوە كە ناهێڵن بەندایەتی بكات. وە ئاشكرایە مرۆڤ بێزار و ماندوو نابێت لە كارێك كە چێژ و خۆشی لێ ببینێت.
بەڵام بەداخەوە موسوڵمانان بەگشتی وەها وێنای بەهەشت دەكەن وەك ئەوەی خانەی هەژاران بێت بەجۆرێك خەڵكەكەی بە بێكاری دەژین، وە بەخۆڕایی خۆشترین خواردن دەخۆن، بەبێ ئەوەی كەس دەریان بكات لێی! لا حول ولا قوة إلا بالله العلي العظیم!
۞نَبِّئۡ عِبَادِيٓ أَنِّيٓ أَنَا ٱلۡغَفُورُ ٱلرَّحِيمُ 50
تەفسیر: لێرەدا وشەی ﴿عِبَادِيٓ﴾ بە مانا گشتیەكەی هاتووە كە خەڵكی چاك و خراپ دەگرێتەوە، مانای ئایەتەكە ئەوەیە: ئەو بەندانەم كە زیادەڕەوییان كردووە دڵنیا بكەرەوە نائومێد نەبن لە ڕەحمەتەكەم و پێیان وا نەبێت لەبەرئەوەی تاوانی زۆریان كردووە ئیتر دوای ئەوە ڕێگایەك نیە بۆ تۆبەكردن؛ من لەتاوان خۆش دەبم، وە لە تاوانەكانی پێشوویان خۆش دەبم. وە بە بەندە باوەڕدارەكانم بڵێ: بەو كردەوە چاكانەی كە كردوویانە وازنەهێنن و پێیان وا نەبێت ئەو ئاستەی كەماڵی ڕۆحییان بەدەستهێناوە كە بڕیاردراوە بۆیان؛ چونكە من میهرەبانم، ڕەحمەت و فەزڵی زیاتر دەڕژێنم بەسەریاندا هەركاتێك چاكەی زیاتریان ئەنجامدا؛ بۆیە پێویستە نەوەستن لە ئەنجامدانی كاری چاكە.
وَأَنَّ عَذَابِي هُوَ ٱلۡعَذَابُ ٱلۡأَلِيمُ 51
شیكردنەوەی وشەكان:
عذابي: العذاب: هەموو شتێك كە قورس و ناڕەحەت بێت لەسەر مرۆڤ و نەهێڵێت بگات بە ئاواتی خۆی. لە الكلیات دا هاتووە: “هەموو “عذاب”ێك لە قورئاندا سزادانە جگە لە ﴿وَلۡيَشۡهَدۡ عَذَابَهُمَا طَآئِفَةٞ﴾ لێرەدا مەبەست لێی لێدانە” (الأقرب).
تەفسیر: خوا (عز وجل) دەفەرموێت: سزای هەر كەسێك ناكرێت پێی بوترێت سزا لەچاو سزاكەی مندا؛ چونكە سزادانی مرۆڤ بۆ كەسێك سزادانێكی كاتیە، پاشان دەروویەك و پەناگایەك هەیە كە بریتیە لە خوای كردگار (عز وجل)، بەڵام ئەگەر خوا ویستی گەلێك سزا بدات ئەوا هیچ ڕێگایەكی ڕزگاربوونیان نیە لەو سزایە، مەگەر مرۆڤ بە پەروەردگاری خۆی بڵێت: “هیچ پەناگا و ڕێگایەكی ڕزگاربوون نیە لەتۆ مەگەر لای خۆت”.
وَنَبِّئۡهُمۡ عَن ضَيۡفِ إِبۡرَٰهِيمَ 52
تەفسیر: مەبەستەكە لێرەدا باسكردنی گەورەمان لووطە (عليه السلام)، بەڵام قورئانی پیرۆز -وەك پێشتر باسمكرد- هەركاتێك بە درێژی باسی بەسەرهاتی لووط دەكات سەرەتا باسی ئیبراهیم دەكات (علیهما السلام). وە قورئان بەڕێكەوت ئەم كارەی نەكردووە، بەڵكو بە ئەنقەست كردوویەتی، ئەمەش بۆ خستنەڕووی ئەوەی كە لووط پێغەمبەرێكی شوێنكەوتەی ئیبراهیم بووە (علیھما السلام).
قورئانی پیرۆز پاش بەسەرهاتی ئادەم باسی بەسەرهاتی لووطی كردووە (علیھما السلام) چونكە خەڵكی مەككە خۆیان بە نەوەی ئیبراهیم دەزانی كە لووط یەكێك بوو لە خزمە نزیكەكانی. وەك ئەوەی قورئانی پیرۆز بەمە بیری خەڵكی مەككە بهێنێتەوە كە پێشتر وەحی دابەزیوەتەسەر ئیبراهیم و لووط كە ئێوە بارودۆخیان دەزانن، ئیتر بۆچی ئەمڕۆ وەسوەسە و گومان بەدڵتاندا دێت كاتی دابەزینی وەحی بۆ سەر موحەممەد؟ هەروەك قورئان بە باسكردنی باوباپیریان هۆشدارییان پێ دەدات كە نكوڵیكردن لە وەحی مرۆڤ تووشی سزای خوایی دەكات.
گومانی تێدا نیە ئەم شێوازەی ئاخاوتنی قورئان هەڵوەشاندنەوەی قسەی ئەو كەسانەیە كە دەڵێن پەیوەندی و ڕێكخستن نیە لەنێوان ئایەتەكانی قورئاندا.
إِذۡ دَخَلُواْ عَلَيۡهِ فَقَالُواْ سَلَٰمٗا قَالَ إِنَّا مِنكُمۡ وَجِلُونَ 53
شیكردنەوەی وشەكان:
وجلون: وجله یوجله وجلا: ترسا. لە المفردات دا هاتووە: هەستی بە ترس كرد. الوجل: ترساو (الأقرب).
تەفسیر: وا دیارە نیشانەكانی ترس دەركەوتووە لەسەر ڕوخساری میوانەكانی ئیبراهیم، بۆیە بە فیراسەتی خۆی زانیویەتی كە شتێك هەیە خەمبار و نیگەرانی كردوون.
یان ئیبراهیم هەستی بە ترسی ئەوان كردووە چونكە كاتێك خواردنی دانا بۆیان -وەك لەسوورەتی هود دا هاتووە- خواردنەكەیان نەخوارد، ئینجا زانی هەواڵێكی ناخۆشیان هێناوە بۆی ڕەنگە تایبەت بێت بەوەوە، بۆیە پێی گوتن: خواردن نەخواردنی ئێوە منی تووشی نیگەرانی و گومان كرد، وە دەترسم بۆ كارێكی خێر نەهابن بۆلای من.
دەكرێت هۆكاری ترسەكەی ئیبراهیم ئەوە بوو بێت كە پێیوابوو بەباشی میوانداری نەكردوون، بۆیە پێی گوتن: دەترسم كەمتەرخەمیم كردبێت دەربارەی ئێوە.
قَالُواْ لَا تَوۡجَلۡ إِنَّا نُبَشِّرُكَ بِغُلَٰمٍ عَلِيمٖ 54
تەفسیر: كاتێك میوانەكان شوێنەواری نیگەرانی و ترسیان بەدیكرد لای ئیبراهیم مژدەیەكی تایبەتیان پێ دا و گوتیان: ئەو هەواڵە ناخۆشەی كە پێمانە پەیوەندی بەتۆوە نیە، بەڵكو مژدەی لەدایكبوونی كوڕێكی زانات پێ دەدەین.
گومانی تێدا نیە ئەو میوانانە یان یەكێكیان وەحی پێ گەیشتووە دەربارەی ئەوەی ڕوودەدات لەگەڵ ئیبراهیم و لووطدا (علیهما السلام)، ئەمە هیچ سەیر نیە، چونكە سوننەتی خوای گەورە بەم شێوەیە بەردەوام بووە سەبارەت بە هەواڵەكان، ئەوەتا پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی: “باوەڕدار خەو دەبینێت یان خەو دەبینرێت بۆی” (الترمذي، الرؤیا).. واتە خوا (عز وجل) ڕاستەوخۆ ویستی خۆی (سبحانه وتعالى) ڕادەگەیەنێت بە باوەڕدار و لەڕێگەی كەسانی تریشەوە.
بەڕای من ئیبراهیم و لووط دوو كەسی نامۆ و بێگانەبوون لەو ناوچەیەدا چونكە لە عێراقەوە كۆچیان كرد بوو بۆ ئەو شوێنە، بەجۆرێك لە تەوراتدا هاتووە هەردووكیان لە دانیشتوانی گوندێكی كلدانیەكان بوون بەناوی ئور (پەیدابوون 11: 28 و31). هەروەها قورئانی پیرۆز پێمان ڕادەگەیەنێت كاتێك ئیبراهیم لەسەر دەستی گەلەكەی ئازار درا فەرمووی: ﴿إِنِّي مُهَاجِرٌ إِلَىٰ رَبِّيٓ ۖ﴾ (العنكبوت: 27). وە كاتێك دژایەتیەكە توند بوو گەلەكەی ویستیان بیسووتێنن لە ئاگردا كە خوا (عز وجل) ئاگرەكەی سارد و سەلامەت كرد بۆی، ئیبراهیم كۆچی كرد بۆ خاكی كەنعان بەجۆرێك خوای گەورە پێمان ڕادەگەیەنێت: ﴿وَنَجَّيۡنَٰهُ وَلُوطًا إِلَى ٱلۡأَرۡضِ ٱلَّتِي بَٰرَكۡنَا فِيهَا لِلۡعَٰلَمِينَ﴾ (الأنبیاء: 72).. واتە خوا ڕزگاری كرد بۆ خاكی كەنعان كە ئەمڕۆ پێی دەوترێت فەڵەستین بەجۆرێك لەوێدا كۆمەڵێك شوێنی پیرۆزی جوولەكە هەن وەك ئۆرشەلیم و شوێنەكانی تر. (بگەڕێوە بۆ پەیدابوون 12: 5)
ئەو ناوچەیە تاڕادەیەك نامۆ بوو بۆ لووط چونكە ماوەیەكی كەم بوو هاتبوو بۆ ئەوێ، وە دەرچوونی لەناو خەڵكە تاوانكارەكەی تووشی زۆرێك لە سەختی و ناڕەحەتی كرد بوو.. بۆیە خوای گەورە وەحی كرد بۆ ئەو میوانانە -كە وا دیارە دانیشتوانی خودی ناوچەكە بووبن- كە دڵی لووط هێوربكەنەوە و ئەو شوێنە گونجاوەی پێ بڵێن كە كۆچ دەكات بۆی.
ئەم وتەیەی میوانەكان بۆ ئیبراهیم ﴿إِنَّا نُبَشِّرُكَ بِغُلَٰمٍ عَلِيمٖ﴾ جەختكردنەوە و دڵدانەوەی تێدا بوو لەلایەن خوای گەورەوە بۆ ئیبراهیم (عليه السلام) كە زۆر دڵی ناسك بوو بەجۆرێك خوای گەورە پێمان ڕادەگەیەنێت ﴿إِنَّ إِبۡرَٰهِيمَ لَأَوَّٰهٌ حَلِيمٞ﴾ (التوبة: 114). چونكە هەواڵی لەناوچوونی گەلەكە خورپەیەكی گەورە بوو بۆ ئیبراهیم، بۆ كەمكردنەوەوە كاریگەری ئەو خرپەیە خوای گەورە لەڕێگەی میوانەكانەوە مژدەی كوڕێكی زانای پێدا. وەك ئەوەی خوای گەورە ئۆقرەیی دابەزاندە سەر دڵی ئیبراهیم و فەرموو: ئەگەر لەلایەكەوە ئێمە گەلێكی خراپەكار لەناودەبەین، ئەوا لەلایەكی ترەوە بناغەی ئوممەتێكی چاكیش دادەنێین.
وە لەبەرئەوەی زانستی ڕاستەقینە بەهۆی پێغەمبەرایەتیەوە بەدەستدێت بۆیە دەستەواژەی ﴿بِغُلَٰمٍ عَلِيمٖ﴾ مژدەیەكی تێدایە كە ئەم كوڕە واتە ئیسحاقیش پێغەمبەر دەبێت.
قَالَ أَبَشَّرۡتُمُونِي عَلَىٰٓ أَن مَّسَّنِيَ ٱلۡكِبَرُ فَبِمَ تُبَشِّرُونَ 55
تەفسیر: گەورەمان ئیبراهیم (عليه السلام) بیریكردەوە كە تەمەنی چووەتەسەر و پیربووە، بۆیە دەبێت بەگوێرەی ئیلهام كە لەلایەن خوای گەورەوە پێیان گەیشتووە مژدەی لەدایكبوونی كوڕەكەی پێ بدەن؟ بۆیە لێی پرسین: سەرچاوەی ئەم مژدەیە چیە؟
قَالُواْ بَشَّرۡنَٰكَ بِٱلۡحَقِّ فَلَا تَكُن مِّنَ ٱلۡقَٰنِطِينَ 56
شیكردنەوەی وشەكان:
القانطین: قنط یقنط قنوطا: نائومێد بوو (الأقرب).
تەفسیر: میوانەكان پێیان گوت: لەخۆمانەوە مژدەمان پێ نەداویت؛ چونكە وەك مرۆڤێك مافی ئەوەمان نیە هەواڵی لەم شێوەیە ڕابگەیەنین، بەڵكو مژدەكە لەلایەن خوای گەورەوەیە، وە گواستمانەوە بۆت چونكە خوا ئەو مافەی پێ دابووین؛ یان ماناكە ئەوەیە ئێمە ئەو مژدەیەمان گواستەوە بۆت لەسەر بنەمای ئەو فەرمانانەی خۆی كە پێی دابووین بەڕەچاوكردنی بارودۆخی باڵادەست، بۆیە نائومێد مەبە لە ڕەحمەتی خوا.
وتەی میوانەكان ﴿فَلَا تَكُن مِّنَ ٱلۡقَٰنِطِينَ﴾ بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە میوانەكان مرۆڤ بوون و نەیانزانیوە ئیبراهیم لە چ ئاستێكدایە لە پشت بەستن بە خوا. ئەگەر فریشتە بوونایە بەم جۆرە وشانە قسەیان نەدەكرد لەگەڵ ئیبراهیمدا؛ چونكە فریشتەكان دەزانن پلەی ئیبراهیم چەندە بەرزبووە لە پشتبەستن بە خوای گەورەدا.
قَالَ وَمَن يَقۡنَطُ مِن رَّحۡمَةِ رَبِّهِۦٓ إِلَّا ٱلضَّآلُّونَ 57
تەفسیر: كاتێك ئیبراهیم قسەكەی ئەوانی بیست كە گوتیان ﴿فَلَا تَكُن مِّنَ ٱلۡقَٰنِطِينَ﴾ بە دەنگێكی بەهێز وەڵامی دانەوە و فەرمووی: ئایا پێتان وایە من كەسێكی باوەڕ لاوازم. بێگومان تەنھا ئەو كەسانە نائومێد دەبن لە ڕەحمەتی خوا كە گومڕان. من تەواو متمانەم بە ڕەحمەتی پەروەردگارم هەیە، مەبەستم لە پرسیارەكەم ئەوە بوو كە بزانم: ئایا ئەم مژدەیە وەك چەنەبازی ئەستێرەناسەكان وایە، یان خوای گەورە لەڕێگەی وەحیەوە پێی ڕاگەیاندوون. بەڵام كە ڕاستیەكەتان ئاشكرا كرد ئێستا ئیتر هیچ گومانێكم نیە لە ڕاستی مژدەكە.
بڕوانن بۆ غیرەتی ئیمانی لای ئیبراهیم (عليه السلام)، دیارە ئەوەندە میوان پەروەر بوو كە هێندەی نەخایاند گوێرەكەیەكی سەربڕی و برژاندی بۆ میوانەكانی، وە كاتێك بینی هیچ ناخۆن ترسا كەمتەرخەمی كردبێت لە میوانداریەكەدا، بەڵام كاتێك میوانەكان پێیان گوت: ﴿فَلَا تَكُن مِّنَ ٱلۡقَٰنِطِينَ﴾ غیرەتی ئیمانیی جۆشا و دەستبەجێ وەڵامی دانەوە و فەرمووی: ﴿وَمَن يَقۡنَطُ مِن رَّحۡمَةِ رَبِّهِۦٓ إِلَّا ٱلضَّآلُّونَ﴾؟ واتە باوەڕدار هەرگیز بێ هیوا نابێت لە ڕەحمەتی خوا. بەم شێوەیە پێغەمبەرانی خوا غیرەتیان هەیە بۆ باوەڕ و ئایینی خۆیان. كەواتە پێویستە لەسەر هەموو باوەڕدارێك چاو لەو بەڕێزانە بكات و غیرەت دەرببڕێت لەپێناوی ئیمانەكەیدا. ئەگەر كەسێكی تر بوایە لەجیاتی ئیبراهیم ئەوا بەو میوانانەی دەگوت: چۆن باوەڕتان پێ بكەم لەكاتێكدا پیر بووم، و ئێسقانەكانم لاواز بوون و هێزم تێدا نەماوە. بەڵام ئیبراهیم دەڵێت: ئەگەر هەواڵەكە لەلایەن مرۆڤەوەیە ئەوا پێموایە پێویستە لێكۆڵینەوەی لێ بكرێت، بەڵام ئەگەر لەلایەن خوای گەورەوە بێت ئەوا من باوەڕم پێی هەیە سەرەڕای ئەوەی تووشی لاوازی و بێ هێزی بووم.
قَالَ فَمَا خَطۡبُكُمۡ أَيُّهَا ٱلۡمُرۡسَلُونَ 58 قَالُوٓاْ إِنَّآ أُرۡسِلۡنَآ إِلَىٰ قَوۡمٖ مُّجۡرِمِينَ 59
شیكردنەوەی وشەكان:
خطبكم: الخطب: كار، كاری بچوك بێت یان گەورە. دەگوترێت: هذا خطب یسیر وخطب جلیل: ئەمە كارێكی سادەیە و كارێكی مەزنە. گوتراوە: الخطب ناوە بۆ كاری نەشیاو بەبێ كاری پەسەند و شیاو؛ گوتراوە: بریتیە لە كاری نەشیاو وشیاو هەمووی (الاقرب).
تەفسیر: كاتێك ڕوون بوویەوە بۆ ئیبراهیم میوانەكان هیچ كەمتەرخەمییەكیان بەدی نەكرد لە میواندارێتیەكەی ئەودا هەروەك هیچ هەواڵێكی ترسناكیان بۆ ئەو نەهێناوە.. دەستبەجێ زانی بۆ مەبەستێكی تر هاتوون؛ چونكە ئەگەر تەنھا مەبەستیان گواستنەوەی مژدەكە بوایە ئەوا تووشی پەشێوی و خەفەت نەدەبوون، بۆیە بەدڵنیاییەوە هەواڵێكی تریان پێیە كە زۆر مەترسیدارە، وە ئەستەمە هەواڵێكی خۆش بێت ئەگینا خواردنەكەیان دەخوارد. بۆیە لێیان دەپرسێت ﴿فَمَا خَطۡبُكُمۡ أَيُّهَا ٱلۡمُرۡسَلُونَ﴾؟ دەتانبینم پەشێو و نیگەرانن؛ ئەمەش مانای ئەوەیە ئێوە تەنھا بۆ ئەوە نەهاتوون كە مژدەی كوڕێكم پێ بدەن، بەڵكو كارێكی ترتان هەیە كە زۆر مەترسیدارە.
ئەم پەی بردنەی ئیبراهیمیش (عليه السلام) زۆر بەڕوونی ئەوە دەگەیەنێت كە میوانەكانی بە مرۆڤ داناوە، لەبەرئەوە دەبینین دڵی ئۆقرە ناگرێت سەرەڕای ئەوەی لە زمانی ئەوانەوە مژدەی لەدایكبوونی كوڕەكەی پێ گەیشتووە، بەڵكو كە بینیی خواردن ناخۆن بۆی دەركەوت كە هەواڵێكی ناخۆشیان پێیە. ئەگەر ئیبراهیم ئەوانی بە فریشتە لەقەڵەم بدایە بەهۆی ئەوەی مژدەكەیان پێ داوە ئەوا سەری سوڕنەدەما لەوەی كە خواردن ناخۆن، وە لێی نەدەپرسین ﴿فَمَا خَطۡبُكُمۡ أَيُّهَا ٱلۡمُرۡسَلُونَ﴾.. واتە ئامانجی ڕاستەقینەیان چیە؟ چونكە ئیبراهیم تەنھا بەوەی خواردنەكەیان نەخوارد -سەرەڕای ئەوەی مرۆڤ بوون- زانی هەواڵێكی ترسناكی تریان پێیە. بۆیە پێی گوتن: دەتانبینم خەمبارن بۆیە نان ناخۆن. ئەوانیش وەڵامیان دایەوە و گوتیان: بەڵێ وایە، ئێمە نێردراوین بە هەواڵی دابەزینی سزاوە بۆ سەر گەلێكی تاوانكار.
إِلَّآ ءَالَ لُوطٍ إِنَّا لَمُنَجُّوهُمۡ أَجۡمَعِينَ 60
تەفسیر: لێرەدا ئەو گەلەیان دەستنیشان كرد كە بڕیارە لەناوبچن، وە جەختیان كردەوە بۆی كە خێزانەكەی لووط ڕزگاری دەبێت بۆ ئەوەی ئیبراهیم خەفەت نەخوات.
فەرمایشتی ﴿إِنَّا لَمُنَجُّوهُمۡ﴾ بەڕای من ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە خوای گەورە ڕەوانەی كردوون بۆ ئەوەی لووط ببەن بۆ شوێنێكی سەلامەت.
وە لە وتەكەیانەوە ﴿أَجۡمَعِينَ﴾ ئەوە دەردەكەوێت كە ئەوەی ڕزگاری بوو لەگەڵ لووط دا (عليه السلام) كۆمەڵ بوون لە دیدی قورئانی پیرۆزدا، بەڵام تەورات دەڵێت تەنھا دوو كچی لووط ڕزگاریان بوو. (پەیدابوون 19: 30)
إِلَّا ٱمۡرَأَتَهُۥ قَدَّرۡنَآ إِنَّهَا لَمِنَ ٱلۡغَٰبِرِينَ 61
شیكردنەوەی وشەكان:
قدرنا: التقدیر هەڵسەنگاندن واتە خستنەڕووی چەندێتی شتێك. تقدیر الله: بڕیاردان لە شتێك كە چۆن بێت و چۆن نەبێت. وە هەڵسەنگاندن لەلایەن مرۆڤەوە: بیركردنەوە لەو شتە بەگوێری تێڕوانینی عەقڵ و كاركردن بەگوێرەی ئەوە (المفردات).
الغابرین: الغابر: بەجێماو، كۆی وشەكە بریتیە لە الغبر و الغابرون. ﴿فَأَنجَيۡنَٰهُ وَأَهۡلَهُۥٓ إِلَّا ٱمۡرَأَتَهُۥ كَانَتۡ مِنَ ٱلۡغَٰبِرِينَ﴾.. واتە ژنەكەی لەوانە بوو كە لەماڵەكانی خۆیاندا مانەوە و تیاچوون (الاقرب).
تەفسیر: لەبەرئەوەی هاوسەرەكەی گەورەمان لووط بەجێما و لەگەڵیدا دەرنەچوو بۆیە نەیتوانی ڕزگاری بكات لەتیاچوون.
وە بەوپێیەی وشەی ﴿قَدَّرۡنَآ﴾ واتای “بڕیارماندا”یش دەگەیەنێت بۆیە هەندێ كەس لە وشەكەوە ئەوە هەڵدەهێنجن كە میوانەكان فریشتە بوون چونكە ئەوانن كە بۆیان هەیە بڵێن “بڕیارماندا”.
بەڵام ئەم هەڵێنجانە دروست نیە؛ چونكە بۆ فریشتەكانیش نیە بڵێن بڕیاری ئەوەمان دا، چونكە بڕیار و چارەنووس بەدەستی خوایە نەك بەدەستی فریشتەكان. لەڕاستیدا وتەكەیان ﴿قَدَّرۡنَآ﴾ لێرەدا بەمانای هەڵسەنگاندن و مەزەندەكردن دێت. وا دیارە خوا لەڕێگەی ئیلهام یان ڕوئیاوە هەواڵی دابێت بەو میوانانە یان بە هەندێكیان دەربارەی ڕزگاربوونی ماڵباتی لووط، بەڵام سەرەنجامی هاوسەرەكەی لووط بەڕوونی ئاشكرا نەبوو بێت بۆ خاوەنی ڕوئیاكە، بەڵام وا تێگەشتبێت لە خەونەكە كە هاوسەرەكەی لووطیش یەكێكە لە تیاچووەكان، بۆیە ئەوان جەختیان نەكردەوە لەسەر تیاچوونی هاوسەرەكەی لووط بەڵكو بەوەندە وازیانهێنا كە بڵێن بەگوێرەی مەزەندەكردن و هەڵسەنگاندنی خۆمان ئەویش ڕزگاری نابێت لە سزاكە. ئەمەیان گوتووە بەهۆی ئەوەی خوایان بەگەورە سەیركردووە، یان بۆ ئەوەی كاریگەری ئەو خورپەیە كەم بكەنەوە كە تووشی ئیبراهیم (عليه السلام) دەبوو. ئەم قسەیەیان درۆیەك نەبووە لەلایەن ئەوانەوە، چونكە جاروبار خوای گەورە هەواڵی سزا جێبەجێ ناكات. بۆیە ئەگەری هەبووە ئەوان بیریان كردبێتەوە لەوەی ڕەنگە خوای گەورە بەهۆی دوعا و پاڕانەوەی لووطەوە هاوسەرەكەی ئەو ڕزگار بكات، بۆیە سوور نەبوون لەسەر ئەوەی سزا دەدرێت.
لە شوێنێكی تری قورئانی پیرۆزدا خوای گەورە فرمانی (القدیر)ەكەی بەڕوونی داوەتەپاڵ خۆی و فەرموویەتی: ﴿قَدَّرۡنَآ إِنَّهَا لَمِنَ ٱلۡغَٰبِرِينَ﴾ (النمل: 58). بۆیە ئەستەمە ئەو میوانانە -چ مرۆڤ بووبن یان فریشتە- گوتبێتیان: ئێمە بڕیارماندا سزا بدرێت. لەڕاستیدا فرمانی (التقدیر) -وەك فەرهەنگەكان جەختی لێ دەكەنەوە- ئەگەر لەلایەن خوای گەورەوە بوو ئەوا واتە بڕیاردانی شتێك، وە ئەگەر لەلایەن مرۆڤەوە بوو ئەوا مانای مەزەندەكردن و بۆچوون دەگەیەنێت، وە ئەمە مەبەستی ئایەتەكەیە.
وە جیاوازی دەبینین لەنێوان تەورات و قورئانی پیرۆزدا دەربارەی گێڕانەوەی ئەم ڕووداوە، بەجۆرێك لە تەوراتدا هاتووە: “لە بەرەبەیان هەردوو فریشتەكە پەلەیان لە لووط كرد و پێیان فەرموو: خێراكە ژنەكەت و هەردوو كچەكەت كە لێرەن بیانبە، نەوەك تۆیش بە گوناهی شارەكە لەناوبچیت. بەڵام ئەو خەمساردی لێكرد، جا هەردوو پیاوەكە لەبەر بەزەیی یەزدان لەسەریان، دەستی خۆی و ژنەكەی و هەردوو كچەكەی ئەویان گرت و لەدەرەوەی شار دایاننان.” (پەیدابوون 19: 15 و 16)
بەڵام قورئانی پیرۆز ڕایدەگەیەنێت كە خوای گەورە پێشتر بە لووطی فەرموو كە ژنەكەی لەگەڵی دەرنەچێت، بەڵكو ئەو لە بەجێماوان دەبێت، ئەوەتا فەرموویەتی: ﴿إِنَّا مُنَجُّوكَ وَأَهۡلَكَ إِلَّا ٱمۡرَأَتَكَ كَانَتۡ مِنَ ٱلۡغَٰبِرِينَ﴾ (العنكبوت: 34). زۆر بەئاسانی هەموو كەسێكی ژیر دەزانێت كام لەم دوو ڕاگەیاندنە نزیكن لە ڕاستیەوە. مادام خوا (سبحانه وتعالى) دەزانێت هاوسەرەكەی لووط چار نیە لەناودەچێت ئیتر چ پێویست دەكات فریشتەكان لەو شارە دەری بكەن كە بڕیارە كاول بێت؟ ئەگەر كەسێك جگە لە فریشتەكان ئەم ئافرەتەی دەربكردایە ئەوا پاساوی هەبوو، بەڵام مادام ئەوە فریشتەكانن كە هەواڵی تیاچوونی ئەم ئافرەتەیان هێناوە لەلایەن خواوە ئیتر چۆن دەگونجێت بۆ فریشتەكان ئەم ئافرەتە دەربكەن لە شارەكە. بۆیە ساغبوویەوە كە ڕاگەیاندنەكەی قورئانی پیرۆز ڕاگەیاندنە ڕاست و دروستەكەیە نەك ڕاگەیاندنەكەی تەورات.
فَلَمَّا جَآءَ ءَالَ لُوطٍ ٱلۡمُرۡسَلُونَ 62 قَالَ إِنَّكُمۡ قَوۡمٞ مُّنكَرُونَ 63
شیكردنەوەی وشەكان:
منكرون: أنكره: نەیناسی. أنكر حقه: نكوڵی كرد لە مافەكەی. أنكر علیه فعله: سەرزنشتی كرد و نەیهێڵا ئەو كارە بكات. المنكر: ئەو كارە یان ئەو قسەیەی كە خوا پێی ڕازی نیە، المعروف پێچەوانەكەیەتی (الأقرب). كەواتە یەكێك لە ماناكانی فەرمایشتی: ﴿إِنَّكُمۡ قَوۡمٞ مُّنكَرُونَ﴾ ئەوەیە ئێوە كەسانێكی نامۆ و بێگانەن بەم ناوچەیە.
تەفسیر: قورئانی پیرۆز بە فەرمایشتی ﴿ٱلۡمُرۡسَلُونَ﴾ دووبارە جەختی كردووەتەوە لەسەر ئەوەی كە ئەو میوانانە مرۆڤ بوون. بەڵام دۆخی تەورات سەیرە بەجۆرێك جارێك وەسفیان دەكات بە كۆمەڵێك پیاو، وە جارێكی تر دەڵێت فریشتە بوون! (بڕوانە پەیدابوون 18: 2- 16 و 19: 1-3)، لەگەڵ ئەوەدا دەڵێت گەورەمان لووط كولێرەی ئامادەكردووە بۆیان و ئەوانیش خواردوویانە (سەرچاوەی پێشوو 19: 3). ئایا ئەم خورافیاتانە بەڵگەی گومانبڕ نین لەسەر ئەوەی كە ئەهلی تەورات هەموو چاك و خراپێكیان خنیوەتە ناویەوە.
قَالُواْ بَلۡ جِئۡنَٰكَ بِمَا كَانُواْ فِيهِ يَمۡتَرُونَ 64
شیكردنەوەی وشەكان:
یمترون: امتری في الشيء: گومانی كرد لەو شتە (الأقرب)
تەفسیر: كاتێك لووط (عليه السلام) پێی گوتن: وا دیارە ئێوە ڕێبوارن و لە شوێنێكی دوورەوە هاتوون، وەڵامیان دایەوە: ئێمە ڕێبوار نین، بەڵكو هاتووین بۆلای تۆ بۆ بابەتێكی ترسناك ئەویش ئەوەیە وادەی ئەو سزایەت پێ بڵێین كە گەلەكەت گومانیان لێی هەیە.
قسەكەیان ﴿بِمَا كَانُواْ فِيهِ يَمۡتَرُونَ﴾ بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە لووط (عليه السلام) پێشتر گەلەكەی خۆی ئاگاداركردووەتەوە لە سزا، بەڵام هێشتا وادەی دابەزینی سزاكەی نەزانی بوو، بۆیە دەبینین ئەو نێردراوانە پێی دەڵێن: ئەو سزایەی كە ئەوان گومانیان لێی هەیە بەدڵنیاییەوە نزیكە، بۆیە ئێستا لەگەڵ ئێمەدا وەرە و گوندەكە بەجێ بهێڵە.
وَأَتَيۡنَٰكَ بِٱلۡحَقِّ وَإِنَّا لَصَٰدِقُونَ 65
شیكردنەوەی وشەكان:
الحق: حقه حقا: غلبه علی الحق. حق الأمر: شتەكەی چەسپاند و پێویستی كرد؛ یەقینی هەبوو لەبارەیەوە. حق الخبر: ڕاستی هەواڵەكەی سەلماند. الحق: دژی ناڕەوا؛ كاری بڕیارلێدراو؛ دادگەری، قەڵەمڕەو؛ بوونی چەسپاو؛ یەقین دوای گومان؛ مردن؛ سووربوون (الأقرب)
تەفسیر: پێشتر ئەم میوانانە كاتێك هاتن بۆ لای ئیبراهیم (عليه السلام) لێی پرسین ﴿فَبِمَ تُبَشِّرُونَ﴾، بۆیە بیریانكردەوە كە لووطیش هەمان پرسیاریان لێ دەكات، بۆیە بەبێ ئەوەی هیچ پرسیارێك بكات پێیان ڕاگەیاند: ﴿وَأَتَيۡنَٰكَ بِٱلۡحَقِّ وَإِنَّا لَصَٰدِقُونَ﴾.. واتە هەواڵێكمان بۆ هێناویت كە لەسەر بنەمای وەحی خوای گەورە دامەزراوە، بۆیە گومانت نەبێت لەوەی ئێمە دەیڵێین چونكە لە قسەكەماندا ڕاستگۆین.
فَأَسۡرِ بِأَهۡلِكَ بِقِطۡعٖ مِّنَ ٱلَّيۡلِ وَٱتَّبِعۡ أَدۡبَٰرَهُمۡ وَلَا يَلۡتَفِتۡ مِنكُمۡ أَحَدٞ وَٱمۡضُواْ حَيۡثُ تُؤۡمَرُونَ 66
شیكردنەوەی وشەكان:
أسر بأهلك: سر الرجل: لەتاریكی شەودا ڕۆیشت. أسری الرجل: وەكو وشەی سری وایە. گوتراوە: “أسری” ڕۆیشتنە لەسەرەتای شەو و “سری” لە كۆتایی شەودا. أسری به: شەوڕەوی پێ كرد (الأقرب)
بقطع من اللیل: تاریكایی كۆتایی شەو؛ گوتراوە: بەشێك لەشەو؛ گوتراوە: لەسەرەتای شەوەوە هەتا سێ یەكی شەو (الأقرب).
تەفسیر: الإسراء واتە ڕۆیشتن لە هەر كاتێكی شەودا، بەڵام زۆر ڕێی تێدەچێت كە نێردراوەكان پێشنیاریان كردبێت بۆ لووط (عليه السلام) كە لە كۆتایی شەودا دەربچێت، وشەی ﴿مُّصۡبِحِينَ﴾ كە لە ئایەتەكەی دواتردا هاتووە پشتگیری ئەم بۆچوونە دەكات. ئەگەر ئەمە مەبەستەكە بێت ئەوا دەستەواژەی ﴿بِقِطۡعٖ مِّنَ ٱلَّيۡلِ﴾ شەرحە بۆ كۆتایی شەو.
ئەم وادەیە دیاریكراوە لەبەرئەوەی دوژمن نەتوانێت دوایان بكەوێت. چونكە سزاكە لە كۆتایی شەودا ڕاستەوخۆ دوای ڕۆیشتنی كاروانی باوەڕداران تووشی گەلەكە دەبوو، بۆیە ئەستەم بوو خەڵكی گوندەكە، كە تووشی سزاكە بوون، كاروانی باوەڕداران ڕاوبنێن ئەگەرچی بیانزانیبایە ڕایانكردووە.
فەرمایشتی خوای گەورە بە لووط ﴿وَٱتَّبِعۡ أَدۡبَٰرَهُمۡ﴾ بەڵگەیە لەسەر گەورەیی ڕەحمەتی خوا (عز وجل). چونكە پاراستنی ڕاستەقینە لە سزا تەنها بۆ پێغەمبەرە، سزاكە تووشی گوندەكە نەدەبوو ئەگەر گەورەمان لووط نەگەیشتبایە بە شوێنێكی سەلامەت، بۆیە نێردراوەكان ئامۆژگارییان كرد كە لەدوای كاروانەكەی باوەڕدارانەوە بڕوات هەتا دەستەبەری هەموو تاكێكی كاروانەكە بكات.
ئەم ئایەتە بەڵگەیەكی گومانبڕە لەسەر باوەڕهێنانی چەند كەسێكی گوندەكە بە لووط (عليه السلام) ئەگەرچی ژمارەیان زۆر كەم بووە. تەورات دەڵێت لووط (عليه السلام) تەنھا لەگەڵ دوو كچی خۆیدا لە گوندەكە دەرچوو و كەسی تریان لەگەڵدا نەبوو (پەیدابوون 19: 16)، بەڵام قورئانی پیرۆز پێمان ڕادەگەیەنێت كە گوترا بە لووط: ﴿وَٱتَّبِعۡ أَدۡبَٰرَهُمۡ﴾، ئاشكرایە ڕاناوی (هم) بۆ سێ پیاو یان زیاتر بەكاردێت، یان بۆ كۆمەڵێك نێر و مێ، چونكە نەریتی عەرەب وەهایە لە دۆخی بوونی هەردوو ڕەگەزەكە لە كۆمەڵێكدا ڕاناوی نێر بەكاردەهێنن بۆ هەردوو ڕەگەزەكە (بڕوانە سوورەتی النور ئایەتی 13). بۆیە ئەگەر هیچ پیاوێكی گوندەكە باوەڕی نەهێنایە بە لووط و تەنھا دوو كچ لەگەڵیدا دەربچوایە ئەوا پێویست بوو بوترێت: (أدبارهما)، یان ئەگەر لەگەڵ دوو كچەكەی لووطدا ئافرەتی تر هەبوونایە ئەوا دەگوترا: (أدبارهن)، بەڵام ناكرێت بۆ دووكچەكەی بوترێت: ﴿وَٱتَّبِعۡ أَدۡبَٰرَهُمۡ﴾؛ ئەمەش بەشێوەیەكی یەكلاكەرەوە دووپاتی دەكاتەوە كە كاروانەكەی باوەڕداران، ئەوەی لە گوندەكە دەرچوو پێكهاتبوو لە كۆمەڵێك پیاوی باوەڕدار لەگەڵ لووط و دوو كچەكەیدا، وە قورئانی پیرۆز بۆ ئەم كۆمەڵە كەسە لە نێر و مێ ڕاناوی نێر(هم)ی بەكارهێناوە.
بگرە خودی تەورات لە شوێنێكی تردا پشتگیری هەڵوێستی قورئانی پیرۆز دەكات و دەڵێت كاتێك نێردراوەكان پشتان هەڵكرد لە ئیبراهیم؛ ئیبراهیم ڕووی كردە پەروەردگار و گوتی: “ئینجا پیاوەكان ڕوویان كردە سەدۆم و ڕۆیشتن، بەڵام ئیبراهیم هێشتا لەبەردەم پەروەردگاردا وەستابوو. ئیبراهیم چووە پێشەوە و گوتی: ئایا لەگەڵ خراپەكاردا ڕاست و دروستیش لەناودەبەیت؟ ئەی ئەگەر شارەكە پەنجا كەسی ڕاست و دروستی تێدابێت، ئایا هەر لەناوی دەبەیت و نایبەخشیت، لەپێناوی ئەو پەنجا ڕاست و دروستەی تێیدایە؟ حاشا، شتی وا لە تۆ ناوەشێتەوە! ڕاست و دروستیش لەگەڵ خراپەكاردا بكوژیت. جا ئەگەر ڕاست و دروست و خراپەكار وەك یەكیان لێبێت، دوور بێت لە تۆ! ئایا دادوەری هەموو زەوی دادپەروەری ناكات؟ پەروەردگاریش فەرمووی: ئەگەر لە سەدۆم پەنجا كەسی ڕاست و دروست لە شارەكە ببینمەوە، ئەوا لەپێناوی ئەواندا هەموو شارەكە دەبەخشم. بەردەوام ئیبراهیم لە پەروەردگاری خۆی دەپاڕایەوە و ژمارەكەی كەم دەكردەوە لەپێناوی ڕزگاركردنی شارەكە هەتا گوتی: ئەی ئەگەر دە كەسی لێبوو؟ خوای گەورەیش فەرمووی: لەبەر ئەوە دە كەسەیش وێرانی ناكەم. لەو كاتەدا ئیبراهیم بێ دەنگ بوو بەجۆرێك زانی تەنانەت دە پیاوچاكی تێدا نیە (پەیدابوون 18: 22- 32).
ئەمە ڕوونی دەكاتەوە كە ئیبراهیم (عليه السلام) زانیاری هەبووە دەربارەی باوەڕهێنانی هەندێ كەسی شارەكە؛ چونكە لە شوێنێك دەژیا كە دوور نەبوو لە شارەكەی گەلی لووط، بێگومان ناوبەناو هەواڵی ئەو شارەی پێ دەگەیشت، ئیتر چۆن دەكرێت بەم شێوەیە بپاڕێتەوە لە پەروەردگاری خۆی بۆ ڕزگاركردنی شارەكە ئەگەر بزانێت تەنانەت یەك باوەڕداری تێدا نیە. بۆیە دەچەسپێت كە بەدڵنیاییەوە دەیزانی لە شارەكەدا هەندێ باوەڕداری تێدایە ئەگەرچی ژمارەشیان زۆر كەم بوو بێت، بۆیە لەسەرەتادا لە خوای گەورە پاڕاوەتەوە لەپێناوی پەنجا كەسدا شارەكە ببەخشێت، پاشان ژمارەكەی كەم كردووەتەوە هەتا وازیهێناوە لە پاڕانەوە كاتێك ژمارەكە گەیشتووەتە دە. ئەمەش مانای ئەوەیە كە ئەو كەسانەی باوەڕیان هێنا بوو بە لووط (عليه السلام) لە دە كەس كەمتر بوون. وە لەبەرئەوەی ڕاناوی (هم) بۆ سێ كەس و زیاتر بەكاردێت بۆیە وا دیارە ژمارەیان سێ كەس یان زیاتر و لە دە كەس كەمتر بووە.
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَلَا يَلۡتَفِتۡ مِنكُمۡ أَحَدٞ﴾ قەدەغەكردن نیە لە ئاوڕدانەوەی ڕواڵەتی، بەڵكو مەبەست ئەوەیە كە گوێنەدەن بە كافرەكان و وازیانلێبهێنن لەناوبچن بە سزاكە.
تەورات دەربارەی ژنەكەی لووط دەڵێت: “بەڵام ژنی لووط سەیری دواوەی كرد، جا بووە ستوونێكی خوێ” (پەیدابوون 19: 26).. لێدوان نادەم لەسەر ئەم قسەیە بەڵكو بەجێی دەهێڵم بۆ عەقڵی جوولەكە و مەسیحیەكان بڕیار بدەن لەبارەیەوە چۆنیان دەوێت. بەڵام دەمەوێت لێرەدا بڵێم قورئانی پیرۆز ڕایدەگەیەنێت كە ژنەكەی لووط ئەسڵەن شارەكەی بەجێ نەهێشت، بەڵكو لە بەجێماوەكان بوو. دیارە دووربوونی قورئان لەم جۆرە خورافیاتانە كە لەتەوراتدا هاتوون و خاڵی بوونی لێیان بەڵگەیەكی پرشنگدارە لەسەر ئەوەی كە لەڕاستیدا وتەی خوایە. ئایا سەیر نیە كە تەورات لەڕووی كاتەوە لە قورئانی پیرۆز نزیكتر بووە لەم ڕووداوەوە كەچی بە شێوەی خورافی تۆماری كردووە، لەكاتێكدا دەبینین ڕاگەیاندنی قورئانی پیرۆز خاڵیە لەم خورافەیە؟
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَٱمۡضُواْ حَيۡثُ تُؤۡمَرُونَ﴾ ئەمیش پشتگیری ئەو قسەیەم دەكات كە پێشتر گوتم كە ئەو میوانە نێردراوانە مرۆڤ بوون و خوای گەورە لەڕێگەی ئیلهامەوە نزیكبوونەوەی وادەی سزاكەی ڕاگەیاندووە پێیان، وە ناردوونی بۆ لای گەورەمان لووط بۆ ئەوەی ئەو شوێنەی پێ بڵێن كە دوای بەجێهێشتنی شارەكە بۆی دەچن. بۆیە وا دیارە پاش ئەوەی وەسفی ئەو شوێنەیان كرد بۆ لووط (عليه السلام) كە كۆچ دەكات بۆی لەماڵەكەی خۆی بەجێیان هێڵابێت و بۆ ئەوەی لەو شوێنەی خوا بڕیاریداوە كۆچی بۆ بكات پێشوازی لێ بكەن.
وَقَضَيۡنَآ إِلَيۡهِ ذَٰلِكَ ٱلۡأَمۡرَ أَنَّ دَابِرَ هَٰٓؤُلَآءِ مَقۡطُوعٞ مُّصۡبِحِينَ 67
شیكردنەوەی وشەكان:
قضینا: قضی بین الخصمین: بڕیاریدا لەنێوان دوو ڕكابەردا و نابژیوانی كرد لەنێوانیاندا. قضی الشيء قضاء: بە قایمی دروستی كرد و ئەندازەی گرت. قضی الأمر علیه: كارەكەی تەواوكرد و پێویستی كرد و پابەندی كرد پێیەوە. قضی الشيء: ڕایگەیاند و ڕوونی كردەوە. قضی لك الأمر: بڕیاری ئەو شتەی دا بۆ تۆ (الأقرب).
دابر: الدابر: شوێنكەوتە؛ كۆتایی هەموو شتێك، دەوترێت قطع الله دابرهم واتە خوا بنەبڕی كردن، ئەسڵ (الأقرب) الدابر هەندێ جار واتە سەرانی گەل چونكە وەكو ئەسڵ وان بۆ ئەوانی تر، وە هەندێ جاری تر مەبەست پێی هەموو گەلە. لێرەدا مەبەست لێی هەموو گەلە چونكە خوای گەورە لێرەدا ڕایگەیاندووە تەنھا دارودستەكەی لووط ڕزگاریان دەبێت.
تەفسیر: دەكرێت ئایەتەكەی ڕابردوو وتەی خوا (عز وجل) بێت نەك وتەی نێردراوەكان، بەڵام ئەم ئایەتە بەدڵنیاییەوە وتەی خوای گەورەیە كە دایبەزاندووە بۆ لووط وەك پشتڕاستكردنەوەیەك لەلایەن خۆیەوە (عز وجل) كە ئەو میوانەكانی ناردووە بۆ لای، وە بەدڵنیاییەوە سزاكە ئەم شەو كەمێك پێش بەرەبەیان دادەبەزێتە سەریان.
وَجَآءَ أَهۡلُ ٱلۡمَدِينَةِ يَسۡتَبۡشِرُونَ 68
شیكردنەوەی وشەكان:
المدینة: مدن بالمكان: نیشتەجێ بوو لە شوێنەكەدا. المدینة: شار بەگشتی، گوتراوە: الحصن یبنی في أصطمة الأرض (الأقرب).. واتە ئەو قەڵایەی كە لە زەویەكی چۆڵدا دروستدەكرێت و بەكاردێت وەك ناوەندی گەل.
تەفسیر: قورئانی پیرۆز ئاوەدانیەكەی گەلی لووطی (عليه السلام) ناوناوە شار، ئەمەش مانای ئەوەیە پلەوپایەیەكی تایبەتی هەبووە، لەڕاستیدا لە تەوراتەوە ڕووندەبێتەوە كە ئەو ئاوەدانیە بە ناوەندێك لەقەڵەم دەدرا بۆ چەندین ئاوەدانی (پەیدابوون 19: 18-31)
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿يَسۡتَبۡشِرُونَ﴾ واتە خەڵكی شارەكە دڵخۆشبوون بەوەی بەهۆی ئامادەبوونی میوانە بێگانەكانەوە دەرفتێكیان بینی بۆ تاوانباركردنی لووط. هەرگیز مەبەستەكە ئەوە نیە كە ئەوان دڵخۆش بوون بەوە كاری شەرواڵ پیسی بكەن لەگەڵ میوانەكاندا، هەروەك هەندێ موفەسسیر پێیان وایە بەجۆرێك گوتوویانە ژمارەی پیاوان لە شارەكەدا زۆر كەم بووە، بۆیە دڵخۆش بوون بە بیستنی هەواڵی هاتنی میوانەكان بەهیوای ئەوەی كاری خراپیان لەگەڵدا بكەن (تفسیر البغوي).
قَالَ إِنَّ هَٰٓؤُلَآءِ ضَيۡفِي فَلَا تَفۡضَحُونِ 69 وَٱتَّقُواْ ٱللَّهَ وَلَا تُخۡزُونِ 70
شیكردنەوەی وشەكان:
لا تفضحون: فضحه: خراپیەكانی ئاشكرا كرد، وە لە دوعادا هاتووە: “لا تفضحنا بین خلقك” واتە خراپی و ناتەواویەكانمان بپۆشە ئاشكرایان مەكە لەناو دروستكراوانتدا.. (الأقرب).
لا تخزون: أخزاه إخراء: تووشی سەرشۆڕی كرد یان سووكایەتی پێ كرد و ئابڕووی برد (الأقرب).
تەفسیر: خەڵكی شارەكە قەدەغەیان كردبوو لە گەورەمان لووط (عليه السلام) كە میوانداری بێگانەكان بكات، بۆیە كاتێك هاتن بۆلای زانی بەهۆی هاتنی میوانەكانەوە سەركۆنەی دەكەن. بۆیە ئەوانی بردە لایەكەوە و تكای لێ كردن و گوتی: بەڵێ ئەوەتا میوانم هاتووە، بەڵام توخوا لەبەردەمیاندا شەرمەزارم مەكەن و سووكایەتیم پێ مەكەن؛ دیارە میواندارێتی كارێكی باشە، كەواتە بەهۆیەوە سەرزەنشتم مەكەن.
قَالُوٓاْ أَوَ لَمۡ نَنۡهَكَ عَنِ ٱلۡعَٰلَمِينَ 71
تەفسیر: جەنگ و ناكۆكی هەبوو لەنێوان دانیشتوانی ئەم شارە و ئاوەدانیەكانی دەوروبەردا، وە گەلی لووط خۆیان دەپاراست لە كەسانی بێگانە لەترسی ئەوەی نەوەك لەگەڵ دوژمندا پیلان بگێڕن لە دژیان و لەپڕدا بدەن بەسەریاندا و ئاگایان لێ نەبێت (بڕوانە پەیدابوون 14: 1-1)، بۆیە قەدەغەیان كردبوو لە گەورەمان لووط كە میوانداری كەسانی بێگانە بكات. بەڵام ئەو ناوچەیە مەكۆی شەڕ و خراپەكاری بوو، بۆیە لووط (عليه السلام) لەماڵەكەی خۆیدا میوانداری ڕێبواری بێگانە و نەناسراوی دەكرد لە ترسی ئەوەی نەوەك ئەو گەلە تاڵانیان بكەن كە لە شەڕ لە دەرەوە مانەوە. ئەم جارە كە لووط میوانداری ئەو كەسانەی كرد خەڵكی شارەكە بڕیاریاندا سزای بدەن، دڵخۆش بوون بەوەی كە ئێستا كەوتە داوەكەیانەوە و دەرفەت ڕەخساوە بۆ ئەوەی لە شارەكە دەری بكەن و بەتەواوەتی كێشەكە چارەسەر بكەن. ئەوان پێشتر دوودڵ بوون لە دەركردنی چونكە دووكچی لەناو ئەواندا شوویان كردبوو، بەمەش شارەكە نیشتیمانی ئەویش بوو، بۆیە بۆیان نەبوو بەبێ پاساو دەریبكەن لێی.
لەم ئایەتەوە ئەوەش ڕوون دەبێتەوە كە گەلی لووط (عليه السلام) بۆ ئەوە نەهاتبوون كە كاری خراپ و شەرواڵپیسی بكەن لەگەڵ ئەو كەسە نەناسراوانەدا. ئەگەر كاری خراپیان بكردایە لەگەڵ بێگانە و نەناسراوەكاندا ئەوا نەیاندەگوت ئایا پێمان نەگوتوویت نابێت كەسانی بێگانە و نەناسراو توخنت بكەون، بەڵكو دەبوایە دڵخۆش بوونایە بە هاتنی ئەو بێگانانە بۆ لای.
ڕێی تێناچێت پێشتر بەدڕەوشتییان نەكردبێت لەگەڵ میواندا، بەڵكو تەنھا گوتبێتیان بە لووط (عليه السلام) كە نابێت خەڵكی نەناسراو بێن بۆ لات، بەڵام ئەمجارە سووربووبن لەسەر كردنی كاری بەدڕەوشتی لەگەڵ میواندا!
لەڕاستیدا ئەو قسەیە كە گوایە گەلی لووط دەیانویست بەدڕەوشتی بكەن لەگەڵ میوانەكانی لووطدا قسەیەكە بەتەواوەتی پێچەوانەی عەقڵە، هەندێ موفەسسیر لە تەوراتەوە نەقڵیان كردووە كە تێیدا هاتووە خەڵكی شارەكە نیازیان بوو بەدڕەوشتی بكەن لەگەڵ ئەو فریشتانەدا (پەیدابوون 19: 5 و 6). لە ڕاستیدا تەورات پڕە لە شتی كاڵ و نەكوڵاوی لەم جۆرە، هەروەك كۆمەڵێك دژیەكی زۆری تێدایە، بۆیە زۆر مەترسیدارە پشت ببەسترێت بەوەی لە تەوراتدا هاتووە ئەگەر قورئانی پیرۆز یان مێژووی ڕاست و دروست یان لؤژیكی ساغ و دروست پشتگیری نەكات.
قَالَ هَٰٓؤُلَآءِ بَنَاتِيٓ إِن كُنتُمۡ فَٰعِلِينَ 72
تەفسیر: هەندێ كەس وایدادەنێن ئەم ئایەتە بەڵگەیە لەسەر ڕاستی ئەو بانگەشەیەی لەسەرەوە باسكرا، بەڵام ئەم بەڵگەهێنانەوەیان قێزەونترە لە بانگەشەكەیان، بەجۆرێك لەلایەكەوە دەڵێن لەبەرئەوەی خەڵكی شارەكە تامەزرۆی ئەوە بوون كە بەدڕەوشتی بكەن لەگەڵ نێردا بەخێرایی هاتوون بۆلای لووط چونكە حەزیان لە میوانەكانی كردووە كە پیاو بوون، لەلایەكی ترەوە دەڵێن گەورەمان لووط دوو كچی خۆی پێشنیار كردووە بۆیان بۆ ئەوەی حەزی سێكسی خۆیان تێربكەن پێیان لەجیاتی ئەوەی دەست ببەن بۆ میوانەكانی! دەی ئەگەر گەلەكە شەیدای مێ بوون ئەوا لە ماڵەكانی خۆیاندا ئافرەت هەبوو، ئەگەر ئەم كەسانە تەنھا بەهیوای ئەنجامدانی كاری بەدڕەوشتی لەگەڵ میوانە نێرەكانیدا هاتوون بۆلای لووط؛ ئەوا ئەم وتەیەی لووط (عليه السلام) كە فەرموویەتی: ئەوە كچەكانم، چیتان دەوێت لەگەڵیاندا بیكەن! هیچ مانایەكی نیە! ئایا ئەم قسەیە لە زاری كەسێك دەردەچێت كە عەقڵی ساغ بێت؟ هەرگیز نەخێر، ئەستەمە ئەم مانایە -تەنانەت لەلایەن كافرەوە- بدرێتەپاڵ مرۆڤێكی ژیر، چجای بدرێتەپاڵ پێغەمبەرێك لە پێغەمبەرانی خوای گەورە.
چۆن چاوەڕوان دەكرێت لە پێغەمبەری خوا لووط (عليه السلام) فەرمان بكات بە گەلەكە فاحیشە و بەدڕەوشتیەك بكەن كە لەوەی پێشوو قێزەونیەكەی كەمتر نیە؟ ئایا كەسێكی ژیر باوەڕ بەوە دەكات كە لەكاتێكدا هێندەی نەماوە گەلەكە تووشی سزا بن بەهۆی كاری بەدڕەوشتیەوە.. پێغەمبەری خوا لووط پێشنیاری كردنی بەدڕەوشتیەكی تریان بۆ بكات، بەبێ ئەوەی بیربكاتەوە كە تەنها ئەنجامدانی ئەم تاوانانە لەلایەن گەلەكەوە بووەتە هۆی تووشبوونیان بە سزا؟
مەبەستی گەورەمان لووط (عليه السلام) لەم قسەیەی ئەوە بووە ئەگەر ئێوە دەترسن لەوەی من كەسانی بێگانە و نەناسراوم هێنابێت بۆ ئەوەی لەگەڵ دوژمنەكانتاندا دەست تێكەڵاوبكەن و پیلان بگێڕن لە دژتان ئەوا پێویست بەم ترسە ناكات؛ چونكە كچەكانم كە لەناو ئێوەدا شوویان كردووە پێویستە دڵنیایی بن بۆ ئێوە، چونكە بە ئاسانی دەتوانن سزایان بدەن لەجیاتی تۆڵەكردنەوە لە من ئەگەر پاش ناپاكی و زیانگەیاندن پێیان ڕابكەم لەدەستان. چۆن چاوەڕوانی ئەوە دەكەن كە من هیچ چالاكیەك ئەنجام بدەم كە ببێتە مایەی زیان بە ئێوە؟ بۆیە ئەگەر ئێوە هەر سوورن لەسەر كردنی كارێك ئەوا كار بە پێشنیارەكەی من بكەن كە باشترە لە پلانەكەی خۆتان، ئەویش ئەوەیە كچەكانم بخەنە ژێر چاودێرییەوە، ئەگەر بینیتان من ناپاكیم كرد لەگەڵتاندا و زیانم پێ گەیاندن ئەوا ئێوە سزایان بدەن لەجیاتی تۆڵەكردنەوە لە من، بەم شێوەیە ئۆتۆماتیكی كێشەكە چارەسەر دەبێت بەبێ ئەوەی تاوانی سووكیاتی كردن بە میوانەكان ئەنجام بدەن بەوەی دەریان بكەن لە شارەكەتان (بۆ زیاتر شارەزابوون بگەڕێوە بۆ تەفسیری ئایەتی 79 لە سوورەتی هود).
ئەگەر بگوترێت: چۆن دەكرێت پێغەمبەرێكی خوای گەورە كچەكانی خۆی تووشی ئازار و سزادان بكات بەدەستی ئەو گەلە؟ وەڵام: گەورەمان لووط بەم قسەیە تەنھا ویستوویەتی تووڕەبوونی خەڵكەكە هێور بكاتەوە؛ چونكە ئەو ناپاكی نەدەكرد لەگەڵیان هەتا كچەكانی خۆی تووشی چەوسانەوەی ئەوان بكات.
هەندێ لە موفەسسیران پێیان وایە لووط (عليه السلام) كاتێك گوتوویەتی ﴿بَنَاتِيٓ﴾ مەبەستی ئافرەتانی گەلەكەی بووە؛ چونكە پێغەمبەر بووە و تەمەنی زۆر بووە بۆیە ئافرەتانی گەلەكەی بە كچی خۆی لەقەڵەم داوە، واتە: ئەگەر هەر ئەو كارە دەكەن ئەوا بڕۆن بۆ لای ژنەكانی خۆتان و حەزی خۆتان بەوان تێر بكەن. (تفسیر الرازي)
سەرەڕای ئەوەی ئەم مانای باشترە لەو بانگەشەی لەسەرەوە باسكرا، بەڵام ئەمیش ئەو ئاماژەیەی تێدایە كە خەڵكەكە ویستوویانە بەدڕەوشتی بكەن لەگەڵ میوانەكاندا، دیارە من ئێستا سەلماندم كە قورئانی پیرۆز و عەقڵی ساغ پشتگیری ئەم بیرۆكەیە ناكەن. سەرەڕای ئەوەی ئەم مانایە تا ڕادەیەك باشە بەڵام بە تەواوەتی مەبەستەكەی قورئانی پیرۆز ناخاتەڕوو.
لَعَمۡرُكَ إِنَّهُمۡ لَفِي سَكۡرَتِهِمۡ يَعۡمَهُونَ 73
شیكردنەوەی وشەكان:
لعمرك: العمر تەمەن: ژیان؛ گوتراوە: تەمەن مانەوە نیە چونكە ناوێكە بۆ ماوەی ئاوەدانی لاشە بەهۆی ژیانەوە، وە مانەوە دژی تیاچوونە بۆیە زاتی كردگار وەسفكراوە بە مانەوە و كەمتر وەسفكراوە بە تەمەن. العمر مانای ئایینیش دەگەیەنێت، سوێندی “لعمري” واتە بەئایینم (الأقرب). كەواتە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿لَعَمۡرُكَ﴾ واتە سوێند بەگیانی تۆ یان سوێند بە ئایینی تۆ.
تەفسیر: هەندێ كەس دەڵێن سوێند بە ژیانی هیچ كەسێك جگە لە خوا جائیز نیە، ئیتر چۆن لێرەدا خوا (عز وجل) سوێندی خواردووە بە ژیانی پێغەمبەرەكەی؟ (القرطبي). وەڵام: گومانی تێدا نیە ڕەوا نیە بۆ مرۆڤ سوێند بە غەیری خوای گەورە بخوات، بەڵام لێرەدا سوێندخۆرەكە خوایە (عز وجل)، وە كێشەی تێدا نیە خوا سوێند بە ژیانی یەكێك لە دروستكراوانی خۆی بخوات، دیارە خوای گەورە لە قورئاندا سوێندی خواردووە بە شەو و ڕۆژ و بەرەبەیان و چێشتەنگاو و بایش. لەڕاستیدا جیاوازی زۆر هەیە لەنێوان سوێندی بەندە و سوێندی خوای گەورەدا؛ چونكە مرۆڤ مەبەستی لە سوێندەكە بەگەورەگرتنی ئەو شتەیە كە سوێندی پێ دەخوات، بەڵام خوای گەورە ئەگەر سوێندی بە شتێك خوارد واتای ئەوەیە خوای گەورە وەك شایەتێك ئەو شتە دەخاتەڕوو لەسەر ڕاستی ئەو شتەی ڕایدەگەیەنێت؛ چونكە ئەم جۆرە سوێندە جۆرێكە لە جۆرەكانی شایەتیدان كە تەنها خوا پێشكەشی دەكات، تەنھا خۆی توانا و دەسەڵاتی هەیە بەسەر هەموو شتێكدا لەگەردووندا، بەڵام مرۆڤی داماو لەكوێ ئەم توانا و دەسەڵاتەی هەیە، كەواتە هیچ كێشەیەكی تێدا نیە ئەگەر خوا سوێند بە شتێك لە دروستكراوانی خۆی بخوات.
وە بابەتێكی تر هەیە پێویستە چارەسەر بكرێت: لێرەدا خوا (عز وجل) سوێندی بەژیانی كێ خواردووە؟ لووط (عليه السلام) یان پێغەمبەرمان موحەممەد (ﷺ)؟ هەندێ لە موفەسیران گوتوویانە مەبەست گەورەمان لووطە، فریشتەكان سوێندیان بە ژیانی ئەو خواردووە (الكشاف). وە ئیبن جەریر ڕیوایەتی كردووە لە ئیبن عەبباسەوە كە پێغەمبەرمانە (ﷺ) بەجۆرێك گوتوویەتی: نەمبیستووە خوا سوێند بخوات بە ژیانی كەسێك جگە لە ژیانی پێغەمبەرەكەی (ﷺ) (ابن كثیر).
بەڕای من وشەكانی قورئانی پیرۆز پشتگیری بۆچوونەكەی ئیبن عەبباس دەكەن (رضي الله عنه)، چونكە لە قەبوڵكردنی ڕای دووەمدا ناچار دەبین مەزەندەی مەحزوفێك بكەین كە بریتیە لە “قالوا، گوتیان”، وە ئاشكرایە ئێمە پەنا بۆ مەزەندەكردنی خەزفكراو دەبەین كاتێك سیاقەكە ئەوە بخوازێت و كاتێك ئەستەم بێت وتەكە بە مانایەكی تر تەفسیر بكرێت؛ بەڵام لێرەدا بەو شێوەیە نیە، چونكە لێرەدا بەشێوەیەكی گومانبڕ ڕووی قسە كراوەتە پێغەمبەر (ﷺ) بەجۆرێك ناكرێت ڕەخنەی لێ بگیرێت، نە لەڕووی وشەوە نە لەڕووی ماناوە. لێرەدا خوا سوێندی خواردووە بە ژیانی پێغەمبەرە بەڕێزەكەی (ﷺ).. یان بە دەربڕینێكی تر ڕووداوەكانی ژیانی پیرۆزی ئەوی وەك شایەتی و بەڵگەیەك خستووەتەڕوو لەسەر ڕاستی ئەو ڕووداوانەی كە لەگەڵ لووطدا (عليه السلام) ڕوویانداوە.
لەڕاستیدا خوای گەورە لە وتەكەی لووطدا ﴿هَٰٓؤُلَآءِ بَنَاتِيٓ إِن كُنتُمۡ فَٰعِلِينَ﴾ ئاماژەی كردووە بۆ بوونی لێكچوون لەنێوان لووط و پێغەمبەرمان موحەممەددا (علیهما السلام). چونكە هەروەك چۆن كچەكانی لووط لەناو گەلەكەدا شوویان كردبوو.. بەهەمان شێوە سێ كچی پێغەمبەریش (ﷺ) شوویان كردبوو بە كافرەكان، وە لەلایەن ئەوانەوە دەچەوسێنرانەوە بەهۆی بانگەشەكەی پێغەمبەرەوە (ﷺ) (السیرة النبویة لابن هشام، سعي قریش في تطلیق بنات الرسول ﷺ من أزواجهن). وە بەوپێیەی بەسەرهاتی لووط دەبووە مایەی خورپە بۆ دڵی پێغەمبەر (ﷺ) و بە شێوەیەکی سروشتی هۆکاری خەم و پەژارەی ئەو بوو.
بۆیە خوای گەورە ویستی كاریگەری خورپەكە كەم بكاتەوە وەك سۆز و بەزەییەك بەرامبەر پێغەمبەر (ﷺ) و گوزراشتكردنێك لە خۆشەویستی مەزنی خۆی (سبحانه وتعالى) بۆی، بۆیە ڕووی قسەی كردووەتە پێغەمبەر (ﷺ) و فەرموویەتی: ﴿لَعَمۡرُكَ إِنَّهُمۡ لَفِي سَكۡرَتِهِمۡ يَعۡمَهُونَ﴾.. وەك ئەوەی خوای گەورە فەرموویەتی: ئەی خۆشەویسترین دروستكراوم، خەمبار مەبە ئێمە ئاگادارین لەو موسیبەت و بەڵا و نەهامەتیە گەورانەی بەسەر تۆدا دێن. چونكە دوژمنەكانی لووط (عليه السلام) سەرەڕای ئەوەی بەم ڕادەیە تووشی تاوان و خراپە بوو بوون بەڵام لەڕێگەی كچەكانیەوە ئازاریان نەدا؛ بەجۆرێك قورئانی پیرۆز پێمان ڕادەگەیەنێت كاتێك لووط (عليه السلام) پێشنیاری ئەوەی كرد كە كچەكانی وەك دەستەبەر یان بارمتە ئەژمار بكرێن لای ئەوان و تۆڵەیان لێ بكەنەوە ئەگەر ناپاكییان لێ بینی، ئەوان وەڵامیان دایەوە: ﴿لَقَدۡ عَلِمۡتَ مَا لَنَا فِي بَنَاتِكَ مِنۡ حَقّٖ﴾ (هود: 80). واتە تۆ دەزانیت ئێمە مافی ئەوەمان نیە تۆڵە لە كچەكانت بكەینەوە. ئەوە تۆیت كە تووشی مەترسیمان دەكەیت، ئیتر چۆن دەكرێت ئێمە تۆڵە لەوان بكەینەوە لەجیاتی تۆ؟ ئەمە ئەستەمە. بەڵام دوژمنانی پێغەمبەر (ﷺ) ئەوەندە خراپ بوون كە لەڕێگەی كچەكانیەوە كە شوویان بەوان كردبوو تۆڵەیان كردەوە و ئازاریاندا، بەجۆرێك لە كێبەكانی ژیاننامەی پێغەمبەردا (ﷺ) هاتووە: عوتبە و عوتەیبە هەردوو كوڕی ئەبو لەهەب هاوسەرگیرییان كردبوو لەگەڵ ڕوقیە و ئوم كەلسوومی هەردوو كچی پێغەمبەردا (ﷺ)، كاتێك بانگەشەكەی ڕاگەیاند ئەبو لەهەب بە هەردوو كوڕەكەی خۆی گوت: كوڕی من نین ئەگەر هەردوو كچەكەی موحەممەد تەڵاق نەدەن (السيرة لابن هشام، وأُسد الغابة، تحت كلمة أم كلثوم، والإصابة في تمييز الصحابة). وە زەینەبی كچی پێغەمبەری خوا (ﷺ) هاوسەری ئەبو عاص بوو، هۆكاری مردنەكەی ئەوە بوو لە مەككە دەرچوو بۆ مەدینە بۆ ئەوەی بچێت بۆلای پێغەمبەری خوا (ﷺ)، لەو كاتەدا سكی پڕ بوو، بەردەوام ستەمكاران دەیاندا لە وڵاخەكە و غاریان دەدا هەتا لەسەر پشتی وڵاخەكە كەوتە خوارەوە و سكەكەی لەبارچوو، وە بەهۆی ئەوەوە نەخۆشكەوت هەتا كۆچی دوایی كرد. (الاستیعاب في معرفة الأصحاب، كتاب النساء، باب الزاي)
بۆیە خوای گەورە لێرەدا هەڵدەستێت بەدڵدانەوەی خۆشەویستەكەی (ﷺ) و دەفەرموێت: گەلەكەی تۆ خراپترن لە گەلی لووط. بەجۆرێك وەك گەلەكەی ئەو جوامێر نین، بەڵكو بەهۆی كچەكانتەوە ئازارایان دایت و و لەداهاتووشدا بەهۆی ئەوانەوە ئازارت دەدەن -پێویستە بزانرێت كە ئەم سوورەتە مەككەییە و ڕووداوەكەی خاتوو زەینەب (رضي الله عنه) دوای كۆچ ڕوویداوە- وە سوێند بێت بە گیانت ئەوان لە گومڕایی خۆیاندا سەرگەردانن، وە ژیانی تۆ دەكەین بە شایەت لەسەر ئەم گومڕاییەیان.. واتە تۆ هەرگیز ئازاری ئەوانت نەدا هەتا لێت تووڕە بن، بەڵكو هەمیشە مایەی خێر و خۆشی بوویت بۆ ئەوان و ئامۆژگاری چاكت كردوون، ئەمەش بەڵگەیەكی درەوشاوەیە لەسەر ئەوەی كە دوژمنایەتی كوێری كردوون، وە بەتەواوەتی بێ بەشن لە تەقوای خوا و لێی ناترسن. دەی مادام سزای گەلی لووطماندا لەسەر تاوانەكەیان، ئەوا چۆن سزای ئەم بەدبەختانە نادەین لەكاتێكدا تاوانەكانیان خراپتر و قێزەونترە؟
وە پەیوەندی ئەم ئایەتە بە بابەتی سوورەتەكەوە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە كە لێرەدا خوای گەورە بە پێغەمبەرەكەی دەفەرموێت: خراپی كافرەكان گەیشتووەتە ڕادەیەك پەنا دەبەن بۆ ئەم پیلانە هیچ و بێمانایانە بۆ ئەوەی گومان دروست بكەن لەو وەحیەی دامان بەزاندووەتە سەرت، وەك ئەوەی چەوساندنەوەی كچەكانت لەلایەن ئەوانەوە بەڵگەیەك بێت -بەحیسابی خۆیان- لەسەر درۆزنی تۆ؛ بەڵام كاروبار بە كۆتاییەكەیدا دەناسرێتەوە، وە بەدڵنیاییەوە ڕۆژێك لەڕۆژان ڕیشەكێشیان دەكەین بۆ پاراستنی وەحیەكەی خۆمان و ڕێز و شكۆكەی، وە تۆڵەیان لێ دەكەینەوە بۆ ئەوەی ڕێزی تۆ جێگیر بكەین. اللهم صل علی محمد وعلی آل محمد وبارك وسلم إنك حمید مجید. گیانم بە قوربانت بێت ئەی موحەممەد. ئازاری زۆر درایت لەپێناوی بەرزكردنەوەی وشەی الله دا. خوا پایەت بەرزبكاتەوە، وە هەتاهەتایە یادت زیندوو ڕابگرێت!
فَأَخَذَتۡهُمُ ٱلصَّيۡحَةُ مُشۡرِقِينَ 74
شیكردنەوەی وشەكان:
الصیحة: سزا، پەلامار كە لەپڕدا دەكرێتەسەر هۆز و تیرە (الأقرب).
مشرقین: أشرقت الشمس: خۆر هەڵهات؛ ڕۆشناییدا؛ گوتراوە: شرقت الشمس: خۆر هەڵهات، أشرقت: ڕۆشناییدا و تیشكی دا. أشرقت الأرض: زەوی بە ڕووناكی خۆر ڕووناك بوویەوە. أشرق الرجل: خۆر هەڵهات بەسەریدا (الأقرب).
تەفسیر: هەڵبەت پێشتر فەرمووی: ﴿مُصۡبِحِينَ﴾، بەڵام ئێستا فەرموویەتی: ﴿مُشۡرِقِينَ﴾؛ ئەمەش لەسەرتاوە ئەو خەیاڵە دروست دەكات كە دژیەكییەك هەبێت لە وتەكەدا. بەڵام هیچ دژیەكییەك نیە، چونكە الصبح لە بەرەبەیانەوە دەستپێدەكات هەتا خۆر هەڵهاتن، هەروەك بە سەرەتای ڕۆژیش دەوترێت الصبح؛ وە بەوپێیەی كاتی خۆرهەڵهاتن سزاكە تووشی گەلەكە بوو (بڕوانە پەیدابوون 19: 15- 23) بۆیە كێشە نیە هەردوو وشەكە بەكاربهێنرێت واتە وشەی مصبحین و مشرقین.
فَجَعَلۡنَا عَٰلِيَهَا سَافِلَهَا وَأَمۡطَرۡنَا عَلَيۡهِمۡ حِجَارَةٗ مِّن سِجِّيلٍ 75
شیكردنەوەی وشەكان:
أمطرنا: امطرت السماء: ئاسمانەكە بارانی باراند. گوتراوە: وشەی مطر بۆ خێر و ڕەحمەت بەكاردێت، وە أمطر بۆ شەڕ و سزا (الأقرب).
سجیل: سجل به سجلا: لەسەرەوە هاویشتی. سجل الماء: ئاوەكەی ڕژاندە خوارەوە. السجیل: بەردی وەك كەرسەك و گڵمتك؛ گوتراوە وشەیەكی بەعەرەبی كراوە (الأقرب). بەڵام وەك پێشتر -لە سوورەتی الرعد ئایەتی 19 وشەی “جهنم”، وە لە تەفسیری سوورەتی ئیبراهیم ئایەتی 36 وشەی “صنم”- ڕوونمكردەوە ئەو وشانەی چاوگ و وەرگیراوەكانیان لە زمانی عەرەبیدا بەكاردەهێنرێت هەڵەیە بگوترێت بەعەرەبی كراون.
تەفسیر: هەروەك چۆن گەلی لووط بنەماكانیان هەڵگێڕایەوە بەجۆرێك ڕازی بوون بە ڕەوشتە نزمەكان و پشتیان هەڵكرد لە ڕەوشتە باڵاكان.. بەهەمان شێوە خوا (عز وجل) شارەكەیانی هەڵگێڕایەوە و سەرەوژێری كرد، وەك ئەوەی بفەرموێت: زۆر باشە، با هەتاهەتایە سەرەوژێربن و لە چینی هەرە خوارەوە بن.
هەندێ كەس گوتوویانە: چۆن بەرد وەك باران باریوە بەسەریاندا؟ وەڵام: هەندێ جار بوومەلەرزەی توند پارچەیەك لە زەوی دەبات بە ئاسماندا، ئەمەش ڕوویدا لەگەڵ ئەواندا، بەجۆرێك بەهۆی بوومەلەرزەیەكی توندی وێرانكەرەوە بەردەكان بە ئاسماندا چوون، پاشان وەك باران كەوتوونەتە خوارەوە بەسەریاندا.
دەكرێت مانای ئەوە بێت كە بەردی دیواری ماڵەكانیان وەكو باران كەوتبنە خوارەوە بەسەریاندا. وا دیارە ئەو گەلە ماڵەكانیان لە بەرد و قوڕ دروستكردبێت؛ چونكە وشەی السجیل واتە بەردێك خۆڵی تێكەڵ بێت.
إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَأٓيَٰتٖ لِّلۡمُتَوَسِّمِينَ 76
شیكردنەوەی وشەكان:
المتوسمین: توسم الشيء: وێنای كرد و زانی؛ داوای نیشانەی ئەو شتەی كرد؛ ناسیەوە، دەگوترێت: توسمت فیه الخیر واتە شوێنەواری خێرم بینیی تێیدا (الأقرب).
تەفسیر: خوای گەورە دەفەرموێت لەم ڕووداوەدا كۆمەڵێك نیشانە هەن بۆ ئەوانەی كە هۆشیارن و بە نیشانەدا شت دەناسنەوە، بەجۆرێك دەكرێت لێرەدا پەی بەوە ببەن كە لێكچوون هەیە لەنێوان ڕووداوی لووط (عليه السلام) و ئەوەی ڕوودەدات لەگەڵ موحەممەد (ﷺ)، وە خوای گەورە دوژمنانی پێغەمبەرەكەی لەناودەبات هەروەك چۆن گەلی لووطی لەناوبرد.
گومانی تێدا نیە هیچ بوومەلەرزەیەك ڕووینەدا بۆ ئەوەی دوژمنەكانی گەورەمان موحەممەد (ﷺ) بكات بە پەند و نیشانە، بەڵام لەڕۆژی بەدردا بەردیان بەسەردا باری، بەجۆرێك بایەكی توند هەڵی كرد، وە لم و چەوی كرد بە ئاسماندا و چاوی كافرەكانی لێ پڕكرد، بۆیە نەیانتوانی بە وردی ئامانجەكان بپێكن لەكاتی جەنگەكەدا. (شرح العلامة الزرقاني علی المواهب اللدنیة: باب غزوة بدر العضمی، ودلائل النبوة للبیهقي: باب التقی الجمعان).
هەروەك خوا بەشێوەی مەعنەویش مەككەی سەرەوژێر كرد، بەجۆرێك سەرگەورەكانی نزم كردەوە و خەڵكە ژێردەستەكەشی كرد بە سەرگەورە، ئەمەش كاتێك سەرگەورەكانی وەك ئەبو جەهل و عوتبە و شەیبەی لەناوبرد لەگەڵ بنەماڵە و خێزانەكانیاندا، لەكاتێكدا دەسەڵات و سەربەرزی دا بە هێزلێگیراوەكانی وەك ئەبو بەكر و عومەر و ئەوانی تر. لە سەردەمی خیلافەتی گەورەمان عومەردا ڕووداوێكی سەیر ڕوویدا كە وێنەی ئەو دیمەنەمان پیشان دەدات كە چۆن ژێردەستەكان بوون بە سەرگەورە و بە پێچەوانەوە. جارێكیان لە وەرزی حەجدا عومەر (رضي الله عنه) لە مەككە دەبێت، پیاوماقووڵانی قوڕەیش دێن بۆ سەردانی، لەو كاتەدا هەندێ هاوەڵ لەلای دەبن كە لەڕابردوودا كۆیلە بوون، عومەر ئەوانی نزیك كردەوە لەخۆی لە مەجلیسەكەدا و پیاوماقووڵەكانی مەككەی خستە لای خوارەوە. كاتێ لەلای ڕۆیشتن بە یەكترییان گوت: هەرگیز ڕۆژی وەك ئەم ڕۆژەمان نەبینیوە، دیارە عومەر سووكایەتی پێ كردین. دانەیەكیان گوتی بە هاورێكانی: تاوان تاوانی خۆمانە، لەو كاتەدا كە باوك و باپیرانمان هەموو هەوڵێكیان دەخستەگەڕ بۆ دژایەتیكردنی پێغەمبەر (ﷺ) ئەم كەسانە هەموو شتێكی خۆیان بەخت دەكرد لەپێناویدا. ئایا ئەمڕۆ لە ئێمە زیاتر شایانی ڕێز و شكۆ نین؟ (سیرة عمر لابن جوزي: الباب الثامن والثلاثون، في ذكر عدله في رعیته).
وَإِنَّهَا لَبِسَبِيلٖ مُّقِيمٍ 77
شیكردنەوەی وشەكان:
سبیل مقیم: واتە ڕێگایەكی ڕوون و ئاشكرا. (التاج)
تەفسیر: خوای گەورە دەفەرموێت ئەم شار و ئاوەدانیە وێرانكراوانە لەنزیكی ئەو ڕێگایەدان كە هێشتا كوێرنەبووتەوە، بەڵكو بەردەوام كاروانە بازرگانیەكانی ئێوەی -بێ باوەڕانی- پێدا تێپەڕدەبێت، لەگەڵ ئەوەدا لەسەرەنجامی ئەوان پەند و وانە وەرناگرن. لەڕاستیدا ناوچەی گەلی لووط دەكەوێتە نزیكی ئەو ڕێگایەی كە لە دوورگەی عەرەبیەوە دەچێت بۆ شام.
إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَأٓيَةٗ لِّلۡمُؤۡمِنِينَ 78
تەفسیر: خوای گەورە لێرەدا فەرموویەتی ﴿لَأٓيَةٗ لِّلۡمُؤۡمِنِينَ﴾ لەكاتێكدا لە ئایەتەكەی پێشوودا فەرموویەتی ﴿لَأٓيَٰتٖ لِّلۡمُتَوَسِّمِينَ﴾، هۆكاری ئەم جیاوازیە چیە؟
پێویستە ڕوون و ئاشكرا بێت خوای گەورە لە ئایەتەكەی پێشوودا ڕوونیكردووەتەوە كە لێكچوونێك هەیە لەنێوان بەسەرهاتی لووط و بەسەرهاتی موحەممەددا، وە ئاشكرایە پەی بردن بەم لێكچوونە لەتوانای هەموو مرۆڤێكدا نیە، بەڵكو تەنها ئەو كەسانەی هۆشیارن دەتوانن پەی بەم جیاوازیە ببەن، بۆیە لەوێدا فەرموویەتی: ﴿لَأٓيَٰتٖ لِّلۡمُتَوَسِّمِينَ﴾.. واتە كۆمەڵێك نیشانەی تێدایە بۆ ئەوانەی زۆر هۆشیارن. بەڵام پەند وەرگرتن بە تێپەڕبوون بەلای شار و ئاوەدانیەكدا كە خوا بەهۆی سزای خۆیەوە كاولی كردبێت زیرەكیەكی نائاسایی ناوێت لە مرۆڤ، بەڵكو تەنها ترسان لە خوای دەوێت، بۆیە خوا (سبحانه وتعالى) لێرەدا فەرموویەتی ﴿لَأٓيَةٗ لِّلۡمُؤۡمِنِينَ﴾ واتە باوەڕداران لەمەدا نیشانە بەدیدەكەن.
وَإِن كَانَ أَصۡحَٰبُ ٱلۡأَيۡكَةِ لَظَٰلِمِينَ 79
شیكردنەوەی وشەكان:
الأیكة: الأیك: درەختی چڕ و بەیەكدا ئاڵاو؛ گوتراوە بێشەڵان كە داری سیدر و ئەراك و هاوشێوەی ئەوانی لێ ڕوابێت، تاكی وشەكە بریتیە لە أیكة (الأقرب).
تەفسیر: وا دیارە لە نزیكی “مەدیەن” دارستانێكی چڕ هەبووە و داری سیدر و ئەراكی تێدا بووە، لەبەر ئەوە دانیشتوانی ئەو شوێنە ناونراون بە بێشەنشین؛ زۆر ڕێیتێدەچێت لەلایەن ئەو عەرەبانەوە ئەم ناوەیان لێ نرابێت كە كاروانە بازرگانیەكانیان بەم دارستانەدا تێدەپەڕین، قورئانیش هەمان ئەو ناوەی بەكارهێناوە كە لای ئەو عەرەبانە باو بووە بۆ چەسپاندنی بەڵگە لەسەریان.
وە لە قورئانی پیرۆزەوە ساغبووەتەوە كە بێشەنشینەكان گەلی شوعەیب (عليه السلام) بوون، خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿كَذَّبَ أَصۡحَٰبُ لَۡٔيۡكَةِ ٱلۡمُرۡسَلِينَ * إِذۡ قَالَ لَهُمۡ شُعَيۡبٌ أَلَا تَتَّقُونَ * إِنِّي لَكُمۡ رَسُولٌ أَمِينٞ﴾ (الشعراء: 177-179). وە لە شوێنێكی تردا قورئان ڕایگەیاندووە كە شوعەیب ڕەوانەكراوە بۆ لای گەلی مەدیەن ئەوەتا فەرموویەتی: ﴿۞وَإِلَىٰ مَدۡيَنَ أَخَاهُمۡ شُعَيۡبٗاۚ﴾ (هود: 85). ئایا دوو پێغەمبەر هەبوون بەناوی شوعەیبەوە، یان شوعەیب ڕەوانەكراوە بۆ لای دوو گەل: گەلی بێشەنشینەكان و گەلی مەدیەن؟ توێژینەوەكەم لەم بارەیەوە دەریدەخات كە دوو گەل بوون لە یەك وەچە و ڕەگەز. هەیانبووە لەسەر بازرگانی ئەو كاڵا و كەلوپەلانە ژیاون كە لەشارەكاندا بەرهەم هاتوون، وە هەیانبووە لەسەر بازرگانی كردن بەو شتومەكانە ژیاون كە لەلادێكاندا دروست دەكران وەك ماست و پەنیر و خوری. دەكرێت ئەم واقیعە بەزۆری لەو شارانەدا ببینرێت كە كەوتوونەتە نزیكی دەشت و دارستانەكانەوە.
بەڵام ئایا لەڕاستیدا لە نزیك “مەدیەن”دا دارستانێك هەبووە كە داری سیدر و ئاراكی تێدا بووبێت؟ ئەم شتە ناكرێت جەختی لێبكرێتەوە بەگوێرەی قیاس، بەڵام جوگرافیناسەكان جەختیان كردووەتەوە لەمە؛ ئەوەتا شێخ سڵێمانی نەدەوی -بەگواستنەوە لە “المناجم الذهبیة بمدین”ی ڕۆژهەڵاتناس بێرتن- نووسیویەتی كە یەكێك لە جوگرافیناسە یۆنانیەكان باسی ئەوە دەكات كە “لە پشتی كەنداوی عیلانە (واتە عەقەبە)وە كە عەرەبە نەبەطیەكان لەدەوروبەریدا دەژین شارێك هەیە بەناوی بوتیمانوس (بنو تیمن)، خاكەكەی فراوانه و تەختە و ئاوی هەیە، وە تەنھا گژوگیای تێدایە یان ئەو درەختانەی كە هێندەی مرۆڤ بەرزن، كە حوشتری كێوی و ئاسك و بەرانە كێوی دەژین لەسەریان، هەروەك لەم خاكەدا ئاژەڵە ماڵیەكانی وەك بزن و مەڕ دەلەوڕێن. بەڵام لەپاڵ ئەم نیعمەتانەدا شێر و گورگ هەن كە نیعمەتی خەڵكی ناوچەكەیان گۆڕیوە بە سزا.” (أرض القرآن. ج2، ص23-24).
ئەمە مانای ئەوەیە كە شاری “مەدیەن” دەكەوتە سەرەتای كەنداوی عەقەبەوە، وە لەنزیكیەوە دارستانێك هەبووە كە ئەم وەسفانەی هەبووە:
1- درەختی زۆری لێبووە كە هێندەی درێژی مرۆڤ بەرزبوون، پێویستە بزانرێت درەختی دەشتەكەی سیدر و ئەراك ئەوەندە بەرزن.
2- ڕانە حوشتری كێوی تێدا بووە، ئەمە جەخت لەوە دەكاتەوە كە درەختی سیدر و ئەراكی تێدا بووە؛ چونكە حوشتر لەسەر دەرختی لەم شێوە دەلەوەڕێت.
3- ڕانە مەڕ و بزنی لێ بووە، ئەمەش مانای ئەوەیە كە خەڵكی ئەم شارە ئاژەڵی ماڵییان بەخێوكردووە كە لەهەمان ئەم دارستانەدا دەلەوەڕان.
ئەم شارە -كە دەكەوێتە سەرەتای ئەم بێشە و دارستانەوە- بەناوی ئەم هۆزەوە ناونراوە كە تێیدا نیشتەجێ بوونە. وە شارێك هەبووە بەناوی مەدیەن، هەوەك هۆزێك هەبووە بە هەمان ناوەوە، وە قورئان ئەم وشەیەی بەكارهێناوە بە هەردوو ماناكە، ئەوەتا ئاماژەی كردووە بۆ گەلی مەدیەن و فەرموویەتی ﴿۞وَإِلَىٰ مَدۡيَنَ أَخَاهُمۡ شُعَيۡبٗاۚ﴾ (هود: 85)، وە ئاماژەی كردووە بۆ شوێنەكەیان و فەرموویەتی ﴿وَأَصۡحَٰبِ مَدۡيَنَ وَٱلۡمُؤۡتَفِكَٰتِۚ﴾ (التوبة: 70).. واتە ئایا هەواڵی خەڵكی مەدیەن و هەواڵی ئەو شارەیان پێ نەگەیشتووە كە خوا سەرەوژێری كرد.. واتە گەلی لووط؟
وە ئەم خەڵكەی مەدیەن لە وەچەی ئیبراهیم (عليه السلام) بوون، بەجۆرێك لە تەوراتدا هاتووە: “ئیبراهیم ژنێكی دیكەی هێنا كە ناوی قەتورە بوو، لەویش زمران، یۆقشان، مەدان، میدیان، یەشباق و شوەحی بوو. یۆقشان باوكی شەبا و دیدان بوو، وەچەكانی دیدانیش، ئەشووری و لەتوشی و لەئومییەكان بوون. كوڕەكانی میدیانیش عیفا، عێفەر، حەنۆك، ئەبیداع و ئەلداعە بوون، هەموو ئەمانە نەوەی قەتورە بوون.” (پەیدابوون 25: 1-4).
لەم بڕگەیەوە دەردەكەوێت كە مەدیەن كوڕی ئیبراهیم بووە لە قەتورەی خێزانی. وە بەوپێیەی تەورات تەنھا باسی مناڵەكانی یۆقشان و میدیانی كردووە وا دیارە ئەوانی تر مناڵیان نەبووە یان گەشە و ناوبانگیان پەیدا نەكردووە بەڵكو تواونەتەوە لە مناڵی ئەوانی تردا، بەڵام وەچەی دیدانی كوڕی یۆقشانیش زۆر بوون.. بوون بە هۆزێك، بەڵام لەگەڵ وەچەكانی میدیاندا ژیان، بەجۆرێك خاوەنی كتێبی “أرض القرآن” وایدەبینێت كە خاوەنی بێشە و دارستان لە وەچەی دیدان بوو كە نیشتەجێ بوون لەگەڵ نەوەی مەدیەن لە هەمان ناوچەی بێشە و دارستاندا، وەك ئەوەی هەموویان یەك هۆز بوو بن. (أرض القرآن، ج2، ص21 و 177)
بەڕای من ئەم بۆچوونە قورسایی خۆی هەی و بۆچوونێكی لۆژیكیە بەمەرجێك بڵێین ئەم دوو هۆزە وەك یەك هۆز ژیاون بەجۆرێك داب و نەریت و شێوازی ژیانیان بەیەك شێوە بووە. هەموویان بازرگانییان كردووە هەروەك ئاژەڵیشیان لەوەڕاندووە، نەك ئەوەی یەكێك لە هۆزەكان بازرگانییان كردبێت لەكاتێكدا هۆزەكەی تریان لە دەشتاییدا ژیا بن لەسەر بەخێوكردنی ئاژەڵی ماڵی، چونكە ئەمە پێچەوانەی ڕاگەیاندنی قورئانی پیرۆزە.
بەهەرحاڵ، بێشە نشینەكان لەڕاستیدا نەوەی قەتوورە بوون لە وەچەی ئیبراهیمی باوكیان. وە لەتەوراتەوە دەردەكەوێت كە ئەم گەلە لەكۆتاییدا تواونەتەوە لەناو نەوەی ئیسماعیلدا؛ بەجۆرێك لە بەسەرهاتی یوسفدا لە تەوراتدا هاتووە كە فوطیفار لە میسر یوسفی كڕی لە كاروانی میدیانیەكان، لەكاتێكدا لە شوێنێكی تری تەوراتدا هاتووە كە لە كاروانی ئیسماعیلیەكان كڕیویەتی (پەیدابوون 37: 36 و 39: 1)، ئەمەش دووپاتی دەكاتەوە كە نەوەی مەدیەن لە نەوەی ئیسماعیلدا تواونەتەوە پێش سەردەمی مووسا، لەبەر ئەوە جارێك پێیان وتراوە مەدیانیەكان و جارێك پێیان گوتراوە ئیسماعیلیەكان.
قورئانی پیرۆزیش پشتگیری ئەم بۆچوونە دەكات بەجۆرێك خەڵكی مەدیەن تۆمەتبار دەكات بەوەی كە بێشەنشینەكانیش تۆمەتبار دەكات؛ چونكە دەبینین گەورەمان شوعەیب ئامۆژگاری ئەو كەسانە دەكات و دەفەرموێت ﴿فَأَوۡفُواْ ٱلۡكَيۡلَ وَٱلۡمِيزَانَ وَلَا تَبۡخَسُواْ ٱلنَّاسَ أَشۡيَآءَهُمۡ وَلَا تُفۡسِدُواْ فِي ٱلۡأَرۡضِ بَعۡدَ إِصۡلَٰحِهَاۚ﴾ (الأعراف: 86). وە هەمان ئەم ئامۆژگاریە شوعەیب ئاراستەی خاوەن بێشە و دارستانیشی كردووە و فەرموویەتی ﴿۞أَوۡفُواْ ٱلۡكَيۡلَ وَلَا تَكُونُواْ مِنَ ٱلۡمُخۡسِرِينَ * وَزِنُواْ بِٱلۡقِسۡطَاسِ ٱلۡمُسۡتَقِيمِ * وَلَا تَبۡخَسُواْ ٱلنَّاسَ أَشۡيَآءَهُمۡ وَلَا تَعۡثَوۡاْ فِي ٱلۡأَرۡضِ مُفۡسِدِينَ﴾ (الشعراء: 182-184).
لەمەوە دەردەكەوێت كە خەڵكی مەدیەن و خاوەن بێشە و دارستان نوقم بوو بوون لە كۆمەڵێك تاوان و خراپەی هاوشێوەدا، وە لە بنەڕەتدا لەسەر بازرگانی دەژیان كە زۆر غەشیان تێدا دەكرد.
بەڵام ئەگەر پێمان وابێت نەوەی مەدیەن لە “مەدیەن”ی شاری خۆیاندا نیشتەجێ بوون، لەكاتێكدا نەوەی دیدان لە دەشتاییدا نیشتەجێ بوون لە دارستانەكەیاندا.. ئەوا پێویست دەكات كە بوترێت یەكەمیان بازرگانییان كردووە، بەڵام بێشەنشینەكان لەسەر بەخێوكردنی ئاژەڵ ژیاون. بەڵام ئەم بۆچوونە پێچەوانەی ڕاگەیاندنی قورئانی پیرۆزە كە بە دەق فەرموویەتی بێشەنشینەكانیش بازرگانییان كردووە كە غەشیان لە خەڵك دەكرد تێیدا. لەڕاستیدا ئەم دوو ناوە هی یەك گەلن خاوەنی یەك شار؛ كە بریتین لە نەوەی قەتورە. ئەم دوو نازناوەیان هەبووە لەبەرئەوەی دوو سیفەتی دیار بوون تێیاندا.
فَٱنتَقَمۡنَا مِنۡهُمۡ وَإِنَّهُمَا لَبِإِمَامٖ مُّبِينٖ 80
شیكردنەوەی وشەكان:
إمام مبین: الإمام: ڕێگەی فراوان؛ لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا ﴿وَإِنَّهُمَا لَبِإِمَامٖ مُّبِينٖ﴾ بەو شێوەیە تەفسیركراوە، واتە ڕێگایەك بگیرێتەبەر واتە ڕێگای مەبەست. فراء گوتوویەتی: واتە لەڕێگاكەیاندا لە گەشتەكانیاندا بەسەریدا تێپەڕیون، بۆیە ڕێگاكە بووە بە پێشەوایەك چونكە دەگیرێتەبەر (التاج).
تەفسیر: ماڵەكانی بێشەنشینەكان و دانیشتوانی مەدیەن لەنزیك ئەو ڕێگایەدا بوو كە دەچوو بۆ شام و میسر، وە كاروانە عەرەبیەكان پێیدا دەڕۆیشتن. ئەم ڕێگایە بە “المبین” وەسف كراوە وەك ئاماژەیەك بەوەی كە زۆر بەكاردەهات، چونكە ئەو ڕێگایەی زۆر گەشت بكرێت بەسەریدا شوێنەوارەكانی ڕوون و ئاشكرا دەبێت.
خوا (عز وجل) لێرەدا باسی ئەو كەسانەی كردووە بۆ ئەوەی نموونەیەكی تر بهێنێتەوە لەسەر ئەوەی ئەو كەسانەی هەڵدەستن بە “استراق السمع” لە كۆتاییدا تیادەچن و تەفروتوونا دەبن.
پێشتر خوا (سبحانه وتعالى) وەسفی نیشتیمانی گەلی لووطی كرد و فەرمووی ﴿وَإِنَّهَا لَبِسَبِيلٖ مُّقِيمٍ﴾، لەكاتێكدا ئێستا لە وەسفی شوێنی نیشتەجێبوونی خاوەن بێشە و دارستاندا فەرموویەتی: ﴿وَإِنَّهُمَا لَبِإِمَامٖ مُّبِينٖ﴾؟ بۆ ئەوەی ئاماژە بكات بۆ ئەوەی كە ئەو ڕێگایە تێپەڕ دەبێت بەلای شارەكەی گەلی لووطدا بەدرێژایی ڕۆژگار خەڵكی پێدا دەڕوات و هەروا دەمێنێتەوە، بەڵام ئەو ڕێگایەی كە تێپەڕدەبێت بە شوێنی نیشتەجێبوونی بێشەنشینەكاندا وازیلێدەهێنرێت، بەڵام شوێنەوارەكانی بە پارێزراوی دەمێنێتەوە. وە واقیع ئەم ڕاگەیاندنە قورئانیە پشتڕاست دەكاتەوە.
وَلَقَدۡ كَذَّبَ أَصۡحَٰبُ ٱلۡحِجۡرِ ٱلۡمُرۡسَلِينَ 81
شیكردنەوەی وشەكان:
الحجر: بریتیە لە قەڵا؛ زێدی گەلی سەموود (الأقرب) الحجر و التحجیر: ئەوەی چواردەوری شوێنێك بە بەرد بدرێت. ئەو شوێنەی بە بەرد دەورە بدرێت پێی دەوترێت حجر (المفردات).
تەفسیر: پێویستە بزانرێت لەم ئایەتەوە هەتا فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَلَوۡ شَآءَ لَهَدَىٰكُمۡ أَجۡمَعِينَ﴾ لە سوورەتەكەی دواتردا.. خوا (سبحانه وتعالى) كۆمەڵێك زانیاری مەزن و هەواڵی زۆر گرنگی باسكردووە.
الحجر ئەو شوێنە یان ئەو قەڵایە یان ئەو شارەیە كە دەورەدراوە بە شوورەی لە بەرد دروستكراو. وە خاوەنی “الحجر” بریتین لە گەلی سەموود گەلەكەی ساڵح (عليه السلام). ئەم نازناوەیان لێ ناون چونكە شارەكەیان بە دیواری بەهێز و قایم دەورەدرابوو، وە بەردی زۆر بەكارهاتبوو لە دروستكردنیدا.
وە ڕیوایەت كراوە “پێغەمبەری خوا كاتێك لە حیجر دابەزی لە غەزوەی تەبووك فەرمانی كرد لە ئاوی بیرەكانیان نەخۆنەوە و وڵاخەكانیش ئاونەدەن لێیان” (البخاري، الأنبیاء باب قول الله تعالی: وإلی ثمود أخاهم صالحا)، چونكە ئەم ئاوەدانیە بووە بە جێگای دابەزینی سزای خوا (عز وجل).
خوای گەورە لێرەدا دەفەرموێت خەڵكی حیجر پێغەمبەرەكانیان بەدرۆزن زانی، لەگەڵ ئەوەی تەنھا ساڵحیان (عليه السلام) بەدرۆزن زانی؟ هەڵەبەت ئەم دەربڕینە تایبەتە لە سوورەتی الشعراء دا چەندین جار دووبارە بووەتەوە وەك فەرمایشتی خوای گەورە ﴿كَذَّبَتۡ قَوۡمُ نُوحٍ ٱلۡمُرۡسَلِينَ﴾ (ئایەتی 106)، وە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿كَذَّبَتۡ عَادٌ ٱلۡمُرۡسَلِينَ﴾ (ئایەتی 124)، وە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿كَذَّبَتۡ ثَمُودُ ٱلۡمُرۡسَلِينَ﴾ (ئایەتی: 142)، وە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿كَذَّبَتۡ قَوۡمُ لُوطٍ ٱلۡمُرۡسَلِينَ﴾ (ئایەتی: 161). لەكاتێكدا هەر یەكێك لەو گەلانە تەنھا ئەو پێغەمبەرەیان بەدرۆزن زانی كە بەتایبەتی ڕەوانەكرا بوو بۆ لایان. پاشان چۆن ئەم دەربڕینە ڕاست دەردەچێت سەبارەت بە گەلی نووح بەتایبەتی كە پێش ئەوان پێغەمبەرانێكی زۆر ڕەوانەنەكراون؛ چونكە پێغەمبەرمان (ﷺ) دەفەرموێت: “نووح یەكەم پێغەمبەرە” (البخاري، التفسیر، سورة نوح، باب قول الله (عز وجل): ولقد أرسلنا نوحا).
لێرەدا ئەم پرسیارە دێتەپێش: بۆچی خوا تاوانباریكردوون بەوەی هەموو پێغەمبەرانیان بەدرۆزن زانیوە لەگەڵ ئەوەی ئەوان تەنھا پێغەمبەرەكەی خۆیان ڕەتكردووتەوە؟
زانای گەورە ئەبو حەییان وەڵامێكی وردی ئەم پرسیارەی داوەتەوە و گوتوویەتی: “چونكە ئەو كەسەی یەكێك لە پێغەمبەران بەدرۆزن بزانێت وەك ئەوە وایە هەموویان بەدرۆزن بزانێت.” (البحر المحیط، قوله تعالی: ولقد كذب أصحاب الحجر المرسلین)، ئەمەش چونكە باوەڕهێنان كاتێك سوودی دەبێت بۆ خاوەنەكەی ئەگەر لە ڕووی عەقڵ و تێگەیشتنەوە باوەڕبهێنێت، بۆیە ئەو كەسەی بە تێگەیشتن و قەناعەتەوە باوەڕدەهێنێت بە پێغەمبەرێك لە پێغەمبەران بەدڵنیاییەوە باوەڕدەهێنێت بە هەموو پێغەمبەران چونكە بە ئاسانی ڕاستگۆییەكەیان دەردەكەوێت بۆی؛ چونكە وەك ئەو كەسە وایە ئەگەر جارێك كاڵەك یان مانگۆ بخوات ئەوا هەرجارێك ئەم میوەیە ببینێت ئەوا دەستبەجێ دەیناسێتەوە كە ئەمە كاڵەكە و ئەوەش مانگۆیە. بەڵام ئەگەر كەسێك پێغەمبەری سەردەمی خۆی ڕەت بكاتەوە ئەوا دەگەینە ئەو ئەنجامەی ئەگەر لەسەردەمی هەر پێغەمبەرێكدا بوایە ئەوا بەدڵنیاییەوە هەموویانی ڕەت دەكردەوە چونكە بارودۆخی هەموو پێغەمبەران هاوشێوەی یەكە.
وە بۆچوونەكەی ئەبو حەییان ئەوپەڕی ڕاست و جوانە، وە ئەو كەسانە بەدرۆدەخاتەوە كە دەڵێن كێشە نیە گەلێك باوەڕنەكات بە پێغەمبەرێك مادام باوەڕی هەیە بە پێغەمبەرانی پێشوو، وە باوەڕهێنانی بەو پێغەمبەرانەی تر بەسە بۆ ڕزگاربوونی؟ نەخێر، بەڵكو لەڕاستیدا ئەوانەی ئەم بانگەشە پووچە دەكەن بێ ئاگان لە حەقیقەتی باوەڕهێنان؛ چونكە باوەڕهێنانی بە پێغەمبەرانی پێشوو تەنها باوەڕهێنانێكی تەقلیدیە و خاڵیە لە تێگەیشتن و پەی بردن، بەڵام ئەگەر باوەڕهێنانیان لەسەر بنەمای تێگەیشتن و عەقڵ دابمەزرێت ئەوا چۆن بۆیان دەگونجێت باوەڕنەهێنن بەو پێغەمبەرەی كە شوێنپێی پێغەمبەرانی پێشووی گرتووە و لە هەلومەرجێكی هاوشێوەدا هاتووە. بەمەش ساغدەبێتەوە كە باوەڕەكەیان لە لاساییكردنەوەیەكی كوێرانە تێپەڕناكات. وە چ گومانێك هەیە لەوەی ئەم جۆرە باوەڕە پێی بوترێت باوەڕ ستەمێكی مەزنە.
وَءَاتَيۡنَٰهُمۡ ءَايَٰتِنَا فَكَانُواْ عَنۡهَا مُعۡرِضِينَ 82
شیكردنەوەی وشەكان:
معرضین: لە العرض ەوە ههاتووە كە واتە لا، دەوترێت: أعرض عني: واتە لای تێكردم (المفردات).
تەفسیر: خوای گەورە دەفەرموێت: هەڵبەت ئێمە نیشانەگەلێكی خۆمانمان پیشاندان، بەڵام ئەوان پشتیان هەڵكرد، ئیتر ئەو قسەیەیان چۆن ڕاست دەردەچێت كە دەڵێن باوەڕیان هێناوە یان بە بینینی نیشانەی هاوشێوە باوەڕدەهێنن بە پێغەمبەرەكانی ترمان؟
خوا (عز وجل) لە ئایەتەكانی پێشوودا بە ڕیز باسی بەسەرهاتی ئەم سێ ئوممەتەی بۆ كردین: گەلی لووط و گەلی شوعەیب و گەلی ساڵح (سڵاوی خوایان لێ بێت)، بەڵام ڕیزبەندی ڕاستەقینەی سەردەمی ئەم گەلانە بەم جۆرە بووە: گەلی ساڵح و گەلی بووط و گەلی شوعەیب؟ كەواتە بۆچی خوا ڕیزبەندیە مێژووییەكەی گۆڕیوە؟
وەڵام: مەبەست لە گێڕانەوەی بەسەرهاتی ئەم گەلانە لەبەردەم خەڵكی مەككەدا ئەوە بووە هۆشدارییان پێ بدات بەوەی كە ئەوان بارودۆخی ئەم پێغەمبەرانە دەزانن، وە نەیارەكانیان كە ئەو وەحیەیان ڕەتكردەوە كە دابەزیبووە سەریان چۆن لەناوچوون پاش ئەوەی خوا بۆ ماوەیەك مۆڵەتی پێدان بۆ ئەوەی هەموو فێڵێك بكەن دژی پێغەمبەرەكانیان؛ بۆیە ئەی خەڵكی مەككە دڵخۆش مەبن بەوەی نكوڵی دەكەن لەو وەحیەی دابەزیوەتەسەر موحەممەد، وە پێتان وا نەبێت -وە فریونەخۆن بەو مۆڵەتەی پێمان داون- ئێوە سەركەوتوون و هەرگیز سزا نادرێن لەسەر تاوانەكانتان. نەخێر، بەدڵنیاییەوە لە وادەی گونجاودا سزاتان دەدەین لەسەریان وەك چۆن ئەو گەلانەمان سزادا.
بۆ چەسپاندی بەڵگە لەسەر خەڵكی مەككە دوو شێواز هەیە بۆ گێڕانەوەی ڕووداوەكان. یان ئەوەتا بەگوێرەی دووری ئەم گەلانە لە خەڵكی مەككەوە لەڕووی كاتەوە دەگێڕدرێنەوە، یان بەگوێرەی دووریان لەڕووی شوێنەوە. قورئانی پیرۆز شێوازی دووەمی هەڵبژاردووە، بۆیە سەرەتا بارودۆخی گەلی لووط دەگێڕێتەوە كە لەڕووی نیشتیمانەوە دوورترینی ئەو گەلانەن لە خەڵكی مەككەوە. پاشان بەسەرهاتی ئەو گەلە دەگێڕێتەوە كە شوێنەكەیان نزیكترە لەوەی یەكەم كە بریتین لە گەلی شوعەیب. وە لەكۆتاییدا باسی بەسەرهاتی گەلی سەموود دەكات كە دانیشتوانی دوورگەی عەرەبین، وەك ئەوەی بە خەڵكی مەككە بفەرموێت: ئایا ئاكامی ئەم گەلانە ناتانسڵەمێنێتەوە لە بەدرۆزانینی پێغەمبەر؟
ئەم سوورەتە باسی ئەو پێغەمبەرانە دەكات كە لەناو گەلەكانیاندا هونەری نووسین زۆر برەوی نەبووە، وە عەرەب باوەڕی پێیان هەبووە، دیارە گەورەمان ئادەم هاوبەشە لەناو هەموو گەلاندا، بەڵام گەورەمان لووط یەكێكە لە خزمە نزیكەكانی گەورەمان ئیبراهیم، دواجار لە باپیرانی گەلی عەرەب بووە، بەڵام گەورەمان شوعەیب لە نەوەی مەدیەن بوو كە كوڕی مامەی نەوەی ئیسماعیل بووە، بەڵكو تواونەتەوە تێیاندا، بەڵام سەموود گەلی ساڵحیش عەرەبی ڕەسەن بوون. (مروج الذهب للمسعودي، الجزء الثاني، ذكر مكة وأخبارها)
وَكَانُواْ يَنۡحِتُونَ مِنَ ٱلۡجِبَالِ بُيُوتًا ءَامِنِينَ 83
شیكردنەوەی وشەكان:
ینحتون: نحت الحجر، بەردەكەی تاشی واتە بەردەكەی ڕێكوپێك كرد، وە لە قورئاندا هاتووە ﴿يَنۡحِتُونَ مِنَ ٱلۡجِبَالِ بُيُوتًا﴾.. واتە لە شاخەكاندا ماڵیان دروست دەكرد. نحت الجبل: شاخەكەی هەڵكۆڵی (الأقرب).
بیوتا: البیوت كۆی وشەی “البیت”ە و بریتیە لە شوێنی نیشتەجێ بوون، چ ڕەشماڵ و چادر و كووخ بێت یان لە بەرد و خشت دروستكرابێت؛ ڕێز و شكۆ، خاوەن ڕێز (الأقرب). بە كەسی جوامێر و خاوەن ڕێز گوتراوە البیت چونكە گەلەكەی لەژێر سێبەریدا دەژین. لە كێبێكی مێژوودا هەندێ دێڕە شیعری جوانم خوێندەوە بەم مانایە. كاتێك حەزرەتی جونەیدی بەغدادی (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) كۆچی دوایی دەكات یەكێك لە سۆفیەكان لە بەغداد كاتی تەماشاكردنی تەرمە پاكەكەی لە لاوانەوەیدا گوتوویەتی:
وا أَسَفى من فراق قومٍ … هُمُ المصابيحُ والحصونُ
والمُدنُ والمُزن والرواسي … والخير والأمن والسكونُ
لم تتغيرْ لنا الليالي … حتى توفّتهمُ المُنونُ
فكلُّ جَمْرٍ لنا قلوبٌ … وكلُّ ماء لنا العيونُ
(تاريخ بغداد للخطيب البغدادي ج 7 ص 249)
لێرەدا شاعیر بەوپەڕی جوانی و قەشەنگیەوە ڕوونیكردووەتەوە كە سەرگەورەكان لە دنیای ڕۆحانیدا وەكو قەڵا و شار و هەور و شاخەكان وان، وە خەڵكی دنیا بەهۆی ئەوانەوە دەژین.
تەفسیر: ئەم ئایەتە ڕوونیدەكاتەوە كە ئەو گەلە چیاكانیان هەڵدەكۆڵی و ماڵ و خانوویان لێ دروست دەكرد، وە ئەوندە بەهێز بوون كەس نەیدەوێرا جەنگیان لەگەڵدا بكات.
وا دیارە ئەم گەلە خاوەنی شارستانیەتێكی بەرز و ماڵ و سامانێكی زۆر بوون. وڵاتەكەیان دەشت و شاخی هەبووە، وە هێز و دەسەڵاتیان هەبووە بەجۆرێك كەس نەیوێراوە پەلاماری خاكەكەیان بدات كاتێك لە وەرزی گەرمادا چوون بۆ هاوینەهەوارەكانیان لە شاخەكان بۆ حەوانەوە و پشوودان، ئەمەیە واتای فەرمایشتی خوا: ﴿ءَامِنِينَ﴾؛ یان مانای ئەوەیە دەچوون بۆ ناوچە شاخاویەكان كە لەوێدا سەلامەت و بێوەی دەبوون و لەترسی دوژمن هەڵنەدەهاتن.
پێویستە بزانرێت داتاشینی شاخ و دروستكردنی ماڵ لێی لەلایەن ئەوانەوە مانای ئەوە نیە ماڵ و خانووی تریان نەبووە، بەڵكو ئاماژەی تێدایە بۆ كۆشك و تەلاری تایبەت كە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی خاوەنی شارستانیەتێكی پێشكەوتوو بوون؛ چونكە وا دیارە گەلەكە شارەزاییەكی زۆریان هەبووە لە هونەری تەلارسازیدا، وە هەندێ تەلاری نەتەوەییان دروستكردووە لە شاخەكاندا لەڕێگەی هەڵكۆڵینەوە، لەسەر شێوازی تەلاری بەناوبانگ بەناوی “ئەلیڤەنتا كیوز” لە مۆمبای، كە پارچەیەكی جوانە لە هونەری هەڵكۆڵینی هیندۆسی، ڕێژەیەكی زۆر لە گەشتیارە بیانیەكان سەردانی دەكەن.
فَأَخَذَتۡهُمُ ٱلصَّيۡحَةُ مُصۡبِحِينَ 84
شیكردنەوەی وشەكان:
مصبحین: أصبح الرجل: چووەناو بەرەبەیانەوە. ﴿فَأَخَذَتۡهُمُ ٱلصَّيۡحَةُ مُصۡبِحِينَ﴾ واتە لە بەرەبەیاندا شریخە و قیژەیەك گرتنی (الأقرب).
تەفسیر: خوای گەورە دەفەرموێت بەیانی زوو لەپڕ تووشی سزا بوون. لە كۆمەڵێك ئایەتی ترەوە ڕوون دەبێتەوە كە ئەوان بە بوومەلەرزە تیاچوون ئەوەتا خوای گەورە فەرموویەتی ﴿فَأَخَذَتۡهُمُ ٱلرَّجۡفَةُ فَأَصۡبَحُواْ فِي دَارِهِمۡ جَٰثِمِينَ﴾ (الأعراف: 79).. واتە ئەوان لەژێر داروبەردی خانووەكانیاندا ئەسپەردەبوون كە بوومەلەرزەیەكی توند كاولی كردن، بەجۆرێك كەسێك نەبوو تەرمەكانیان دەربهێنێت لەژێر داروبەردی خانووەكاندا.
فَمَآ أَغۡنَىٰ عَنۡهُم مَّا كَانُواْ يَكۡسِبُونَ 85
شیكردنەوەی وشەكان:
أغنی عنهم: أغنی عنه: پاداشتی دایەوە: ما یغني عنك هذا واتە ئەم شتە هیچ سوودی نیە بۆ تۆ (الأقرب).
یكسبون: كسب الشيء: كۆیكردەوە. كسب مالا وعلما: پەیدای كرد و بردیەوە. كسب الإثم: تاوانی كرد. كسب لأهله: بژێوی پەیداكرد بۆ خاوخێزانەكەی (الأقرب).
تەفسیر: واتە ئەوان بۆ پاراستنی خۆیان كۆشكی گەورە گەورە و بەرزیان دروست دەكرد، بەڵام هەمان ئەو كۆشكانە بوونە هۆی زۆربوونی سزاكەیان، چونكە كۆشكی بەرز و گەورە زیاتر تووشی كاولبوون دەبێت لەكاتی بوومەلەرزەدا، چونكە هچ هیوایەك نیە بۆ ڕزگاركردنی ئەوانەی دەكەونە ژێر داروبەردەكەیەوە.
بێگومان خوا (عز وجل) لێرەدا هۆشداری داوە بە موشریكەكانی مەككە كە ئەوان خۆیان هەڵدەكێشن بە زۆری ژمارە و تفاقەوە، بەڵام پێویستە لەسەریان ئەوەیان لەبیربێت كاتێك سزا تووشی گەلێك دەبێت ماڵ و سامان و ژمارە و تفاقیان هیچ سوودی نابێت بۆیان، بەڵكو ئەم شتانە دەبن بە بارگرانی بۆیان و سزا و كاولبوونەكە زیاتر دەكەن بۆیان.
وَمَا خَلَقۡنَا ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلۡأَرۡضَ وَمَا بَيۡنَهُمَآ إِلَّا بِٱلۡحَقِّ ۗ وَإِنَّ ٱلسَّاعَةَ لَأٓتِيَةٞ ۖ فَٱصۡفَحِ ٱلصَّفۡحَ ٱلۡجَمِيلَ 86
شیكردنەوەی وشەكان:
فاصفح: صفح عنه صفحا: وازی لێهێنا، ڕاستە وشەكە بریتیە لە: ڕووی لێ وەرگێڕا؛ صد عنه، خۆش بوو لەتاوانەكەی، صفح الناس: تەماشای بارودۆخی خەڵكەكەی كرد. صفح في الأمر: وردبوویەوە لێی. الصفح: لا. الصفح من الإنسان: كەلەكەی مرۆڤ (الأقرب).
كەواتە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿فَٱصۡفَحِ ٱلصَّفۡحَ ٱلۡجَمِيلَ﴾ واتە: وازبهێنە لە نكوڵیكاران و پێویست ناكات مشتومڕ و گفتوگۆ بكەیت لەگەڵیاندا؛ چونكە 1- بەڵگە چەسپاوە لەسەریان؛ 2- پێویست ناكات پەیوەندی بكەیت پێیانەوە؛ 3- بەوردی سەرنج بدە لە بارودۆخیان.
تەفسیر: خوای گەورە دەفەرموێت: ڕابمێنن لە سیستەمی گەردوون بۆ ئەوەی بزانن ئایا بۆ مەبەستێك دروستكراوە یان نا؟ دیارە هەموو كەسێكی ژیر ئەگەر وردبێتەوە لە گەردوون ئەوا پەی دەبات بەو مەبەستەی كە ئەم سیستەمە گەورەیە لەپێناویدا دروستكراوە، وە دەگاتە ئەو ئەنجامەی كە بە بێ گومان قیامەت بەرپا دەبێت.
وە بزانە كە وشەی الساعة لە قورئانی پیرۆزدا بە مانای قیامەت و بەمانای ئەو وادەیەش هاتووە كە دانراوە بۆ تیاچوونی نەیارانی پێغەمبەران و سەركەوتنی باوەڕداران؛ وە سیستەمی ئاسمانەكان و زەوی بەڵگەیە لەسەر بوونی قیامەت بە هەردوو ماناكە. بەڵگەیە لەسەر قیامەتی ڕاستەقینە، چونكە ئەگەر پێمان وابوو ژیانی مرۆڤ لەم دنیایەدا كۆتایی دێت و لەدوای مردن ژیانێك نیە ئەوا ئەمە مانای وایە خوای گەورە ئەم گەردوونە زەبەلاحەی دروستكردووە تەنها لەبەرئەوەی ئەم بوونەوەرە دروست بكات بۆ ئەوەی ماوەیەك بخوات و بخواتەوە و پاشان لەناوبچێت. ئەم باوەڕە بەتەواوەتی پێچەوانەی ژیری ڕاست و دروستە، چونكە دروستكردنی ئەم سیستەمە زەبەلاحە ئەوە دەسەپێنێت كە لە پشتیەوە ئامانجێكی هەرە مەزن هەبێت. وە ئەم ئامانج و مەبەستە -وەك دیارە- لە ژیانی كورتی مرۆڤدا نایەتەدی، ئەمەش وا پێویستی دەكات كە ژیانی مرۆڤ تەنھا لە ماوەی دنیادا قەتیس نەبێت، بەڵكو درێژبێتەوە بۆ ماوە و كاتێكی درێژتر تێیدا مەبەستێكی هەرە مەزن بێتەدی كە شایستەی ئەم سیستەمە گەورە گەردوونیە بێت.
لەڕاستیدا ئەگەر ڕابمێنین لە گەردوون دەبینین نزمترین و بچووكترین شت تێیدا -چجای هەموو سیستەمی گەردوون- ئەویش مەزنە بەڕادەیەك لەسەرووی وێناكردن و بیركردنەوەی ئێمەیە، هەڵبەت خوا (عز وجل) ناكۆتا نهێنی خستووەتەناو ئەم شتە بچووكەوە. بۆ نموونە لەشی مرۆڤ، سیستەمەكەی ئەوەندە ئاڵۆزە كە سەدان هەزار پزیشك و زانای جەستە پێشتر و بەردەوام خەریكن بە شارەزابووون و ناسینی ناوڕۆكی جەستەی مرۆیی، بەڵام دانیاننا بە شكستی خۆیاندا چونكە زانییان كە نهێنیەكانی كۆتایی نایەن. بێگومان خەڵكی ئەوروپا پێشكەوتنێكی زانستی مەزنیان بەدیهێنا پاش دابەزینی قورئانی پیرۆز، لەگەڵ ئەوەدا نەیانتوانیوە هەموو نهێنیەكانی جەستەی مرۆیی بزانن. كە بارودۆخەكە بەم شێوەیە بێت ئایا گەمژەیی نیە دەربارەی ئەم بوونەوەرە مرۆییە، كە دروستبوونەكەی لەسەر بنەمای دروستبوونی ئەم گەردوونە دامەزراوە كە بەم شێوە سەرسوڕهێنە فراوانە و سیستەم و یاساكانی ئاڵۆزە، بوترێت هاتووە بۆ دنیا بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەك بخوات و بخواتەوە.. پاشان بۆ هەتاهەتایە لەناوبچێت.
هەروەك سیستەمی گەردوون بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە لەكۆتاییدا پێغەمبەران سەركەوتوو دەبن و دوژمنەكانیان تیادەچن. ئەمەش چونكە ئەگەر زەوی جیابێتەوە لە ئاسمان ئەوا كاول دەبێت و نامێنێت. وەك ئەوەی خوای گەورە بفەرموێت: ئەو كەسانە چەندە كوێر و گەمژەن كە باوەڕیان وایە دەتوانن ڕزگاریان بێت سەرەڕای پچڕانی پەیوەندییان بە ئاسمانی ڕۆحانیەوە! لەڕاستیدا هیچ ڕێگایەك نیە بۆ ڕزگاربوونی مرۆڤ مەگەر ببێت بە بەشێك لە سیستەمی ئاسمانی ڕۆحانی. وەكو زەوی كە ڕێگای ڕزگاربوونی نیە لە كاولبوون ئەگەر گرێنەدرێت بە سیستەمی ئاسمانی ماددیەوە. كەواتە ئەو كەسەی دەیەوێت دژایەتی سیستەمی ئاسمانی ڕۆحانی بكات هەرگیز لە تیاچوون ڕزگاری نابێت.
وەك ئەوەی خوای گەورە لێرەدا هۆشداری بدات بە نەیارەكانی پێغەمبەر (ﷺ) كە ئەوان پەیوەندییان پچڕاندووە لەگەڵ ئاسمانی ڕۆحیدا، بۆیە هەرگیز ئێستا هۆكارە زەمینیەكان هیچ سوودێكیان پێ ناگەیەنێت، بەڵكو ئێستا كاتی ئەوە هاتووە ئەوان تیابچن و موسوڵمانان سەربكەون.
ئەم ئایەتە چەندە بەهێز و ڕاشكاوە لە هۆشداریدان بە خەڵكی مەككە كە تیاچوونیان زۆر نزیك بووەتەوە و هەر دەبێت ڕووبدات. هەڵبەت ئەم هەواڵە زۆر بەخێرایی هاتەدی بەجۆرێك دوای ئەوە كۆمەڵێك گۆڕانكاری خێرا ڕوویاندا كە بوونە هۆی لەناوچوونی كافرەكانی مەككە، وە موعجیزەیەكی مەزن بوو كە نموونەی نەبوو لە مێژووی هەموو ئایینەكاندا، چونكە ئەم تیاچوونە تووشی ئەو كەسانە بوو بەهۆی ئەوەی دژایەتی گەورەترین ئەستێرە بگرە گەورەترین خۆریان كرد لە هەموو ئاسمانی ڕۆحانیدا (ﷺ).
لەم ئایەتەوە ئەوەش دەردەكەوێت كە ئەو كەسانەی گوتوویانە سوورەتی الحجر لە كۆتاییەكانی ماوەی مەككەییدا دابەزیوە نزیكترن لە ڕاستیەوە؛ چونكە خوای گەورە لەم سوورەتەدا بەتایبەتی جەختی كردووەتەوە لەسەر ئەوەی كە تیاچوونی كافرەكانی مەككە نزیكە، هەروەك لە سەرەتای سوورەتەكەی دواتریشدا، واتە سوورەتی النحل، جەختی لەمە كردووەتەوە.
فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿فَٱصۡفَحِ ٱلصَّفۡحَ ٱلۡجَمِيلَ﴾ تێیدا ڕاگەیەنراوە كە ئێستا پێویست ناكات مشتومڕیان لەگەڵدا بكەیت؛ چونكە كاتی مشتومڕ و دانووستاندن بەسەرچوو، وە ئاسمان بڕیاری داوە سزا بدرێت، بۆیە ئێستا ئەوان باوەڕناهێنن هەتا سزای سەخت نەبینن.
هەروەك خوای گەورە بە وشەی ﴿ٱلۡجَمِيلَ﴾ ئاماژەی كردووە بەوەی كە ئێمە مەبەستمان ئەوە نیە گوێنەدەیت تەنانەت بەو كەسەیش كە دێت بۆ لات بۆ گفتوگۆكردن و مەبەستی ئەوەیە بە شوێن ڕاستیدا دەگەڕێت. بۆیە ئەگەر هەندێ كەس حەزیان لە قسە و ئاخاوتنی تۆ كرد ئەوا كێشە نیە ئەگەر دانووستاندن بكەیت لەگەڵیاندا، بەڵام ئێستا پێویست ناكات مشتومڕی گشتی بكەیت، چونكە بەڵگە چەسپاوە لەسەریان و ڕاگەیاندنی ڕوون ئەنجامدراوە، بەڵام ئەوان سوودمەند نەبوون لە نیشانەكانی ئاسمان؛ بۆیە ئێستا چاوەڕوانی ئاكامیان بە.
ئەم شتە لەگەڵ هەموو پێغەمبەرێكدا ڕوودەدات، بەجۆرێك كۆڵنادات لە گەیاندنی پەیامی خوا و مشتومڕ دەكات لەگەڵ ئەهلی باتڵدا، بەڵام پاش ماوەیەكی دیاریكراو خوای گەورە قەدەغەی دەكات لە مشتومڕ و دانووستاندنی زیاتر لەگەڵ سەرانی كوفردا، وەك ئەوەی پێی بفەرموێت: ئێستا ئیتر بەڵگە چەسپاوە لەسەر نكوڵیكاران، بۆیە وازیان لێ بهێنە.
إِنَّ رَبَّكَ هُوَ ٱلۡخَلَّٰقُ ٱلۡعَلِيمُ 87
شیكردنەوەی وشەكان:
الخلاق: بەدیهێنەر بریتیە لە شێوگی ڕۆچوون (الأقرب).
تەفسیر: لێرەدا خوا (عز وجل) بە هێنانەوەی ئەم سیفەتەی خۆی ﴿ٱلۡخَلَّٰقُ ﴾ ئاماژەی كردووە بەوەی كە گوێنادات بە لەناوچوونی گەلێك كە خۆی بڕیاری لەناوچوونی داوە؛ چونكە ئەمە هیچ گۆڕانكارییەك دروست ناكات لە مەلەكووت و دەسەڵاتی ئەودا، خوا تەواو بەتوانایە بۆ دروستكردنی گەلێكی تر لە جێگای گەلە خراپە تیاچووەكە. خوا (عز وجل) جەختی كردووەتەوە لەسەر ئەم مانایە لە سیاقی قسەكردن دەربارەی ڕزگاركردنی مووسا و گەلەكەی و تیاچوونی فیرعەون و سەربازەكانی بەجۆرێك فەرموویەتی ﴿كَذَٰلِكَ ۖ وَأَوۡرَثۡنَٰهَا قَوۡمًا ءَاخَرِينَ * فَمَا بَكَتۡ عَلَيۡهِمُ ٱلسَّمَآءُ وَٱلۡأَرۡضُ وَمَا كَانُواْ مُنظَرِينَ﴾ (الدخان: 29 و30).. واتە تیاچوونیان هیچ ناتەواوییەكی دروست نەكرد لە شانشینی خوادا هەتا خەڵكی ئاسمان بگرین بۆ مردن و تیاچوونیان، هەروەك تیاچوونیان هیچ زیانێكی نەگەیاند بە خەڵكی زەوی هەتا داخ و پەژارەیان بۆ بخۆن. ئەمەش چونكە نەیارانی پێغەمبەران هەمیشە ستەمكارن، بۆیە دنیا شیوەن ناگێڕێت بۆ تیاچوونیان بەڵكو بە مردن و لەناوچوونیان ئاهێك دێتەوە بەبەریاندا و دەحەوێنەوە.
خوا (عز وجل) بە باسكردنی سیفەتی خۆی ﴿ٱلۡعَلِيمُ﴾ كۆتایی بەم ئایەتە هێناوە، ئەمەش بۆ ئەوەی ڕایبگەیەنێت كە زانیاری هەیە بە جۆری ئەو سیستەمە نوێیە كە دوای لەناوبردنی ئەم ستەمكارانە دێت. دیارە سیستەمێكی جوان و ڕێكوپێكە بەڕادەیەك جیهان دڵخۆش دەبێت بە مردنی ئەو كەسانە لەجیاتی ئەوەی بۆیان بگری.
ئەم ئایەتە بەڵگەیەكی بەهێزە لەسەر ڕەوانبێژی قورئانی پیرۆز؛ بەجۆرێك هەموو ئەم مانا فراوانانەی لە ڕستەیەكی كورتدا خستووەتەڕوو، وە بەوپەڕی جوانیەوە ئاماژەی كردووە بۆ بڵندی سیستەمی حكومەتی موسوڵمانان. هەروەك بە ڕیزبەندیەكی ڕێكوپێك هەموو ئەم زانیارییانەی باسكردووە، بەجۆرێك لەسەرەتای ئەم سوورەتدا ڕایگەیاندووە ﴿ذَرۡهُمۡ يَأۡكُلُواْ وَيَتَمَتَّعُواْ وَيُلۡهِهِمُ ٱلۡأَمَلُ ۖ فَسَوۡفَ يَعۡلَمُونَ﴾ (ئایەتی: 4)، لەكاتێكدا لەم ئایەتەدا كە ئێستا تەفسیری دەكەین ڕایگەیاندووە: ئەوەتا ئێستا كاتی لەناوچوونیان هاتووە، وە كۆتایی هات بە سەردەمی نوقمبوون لە خۆشی و ڕابواردن و هیوای دوور و درێژ. بە هێز و تەوژمێكی وەها ئەم مانایەی ڕاگەیاندووە كە لە هێز و تەوژمی ئەو ئاوە دەچێت كە نزیكە لە تاڤگەوە.
هەروەك ئەم ئایەتە وەڵامێكە بۆ ئەوانەی سەركەوتنی پێغەمبەریان (ﷺ) بە دوور دەزانی لەبەرئەوەی هۆكاری پێویستی نەبووە بۆ سەركەوتن و دەیانگوت: موحەممەد بەچی سەركەوتن بەدەستدەهێنێت؟ ئەم ئایەتە ئاگاداری كردنەوە كە خوا ئەوپەڕی بەدیهێنەرە، وە هۆكاری سەركەوتنی موسوڵمانان دەسازێنێت كاتێك بڕیاری تیاچوونی كافرەكانی دەركرد.
بۆ هێنانەدی ئەم هەواڵ و پێشبینیە خوا (سبحانه وتعالى) هەندێ خەڵكی مەدینەی هاندا -كە هاتبوون بۆ حەج- هەتاوەكو چاویان بكەوێت بە پێغەمبەر (ﷺ) و بانگەوازەكەی ببیستن، ئەوە بوو كاتێك گەڕانەوە بۆ لای كەسوكاریان ئەوەیان گێڕایەوە بۆیان كە بینیبوویان، پاشان وەفدێكیان نارد بۆلای پێغەمبەر (ﷺ) داوایان لێ كرد لە مەككەوە كۆچ بكات بۆ شارەكەی ئەوان، ئەویش بە ئیزنی خوا بانگهێشتەكەی قەبوڵ كردن و كۆچی كرد (السیرة النبویة لابن هشام: أمر عقبة الثانیة). لەماوەی ڕۆژانێكی كەمدا، ئەو كەسەی كە لەمەككەدا پەناگایەكی دەستنەدەكەوت، بوو بە دامەزرێنەری دەوڵەتێكی بەهێز، وە هۆكارە ماددیەكانیش ڕەخسان بۆی كە بەهۆی ئەوەی ئەو هۆكارانەی نەبوو خەڵكی مەككە دڵنیابوون سەردەكەون بەسەریدا. كاتێك ئەم گۆڕانكاریە مەزنە ڕوویدا خەڵكی مەككە حەپەسان و واقیانوڕما.
وَلَقَدۡ ءَاتَيۡنَٰكَ سَبۡعٗا مِّنَ ٱلۡمَثَانِي وَٱلۡقُرۡءَانَ ٱلۡعَظِيمَ 88
شیكردنەوەی وشەكان:
المثاني: بریتیە لە: ئایەتەكانی قورئان، المثاني لە دۆڵ و شیو بریتیە لە ملە. مثنی الأیادي: چاكەدانەوە دووجار یان زیاتر. مثاني الشيء: هێز و تواناكانی ئەو شتە (الأقرب).
عومەر و عەلی و ئیبن مەسعوود و ئیبن عەبباس و حەسەن و ئەبو عالیە و ئیبن مولەيكە و عوبەیدی كوڕی عومەیر و كۆمەڵێكی تر گوتوویانە “سبعا من المثاني” لێرەدا بریتیە لە ئایەتەكانی حەمد واتە سوورەتی الفاتحة. وە لە ئەبو هورەیرەوە لە پێغەمبەرەوە (ﷺ) الفاتحة السبع المثاني دایكی قورئان و دەسپێكی قورئانە. وە بەم ناوە ناونراوە چونكە لە هەموو ڕكاتێكدا دووبارە دەكرێتەوە. گوتراوە: ئەم ناوەی لێنراوە چونكە بەهۆیەوە ستایشی خوای گەورە دەكرێت. زەججاج ئەم مانایەی بە جائیز داناوە، بەڵام ئیبن عەطییە گوتوویەتی: لەم بۆچوونەدا لەڕووی صەرفەوە ڕەخنەیەك هەیە. زانای گەورە ئەبو حەییان لێدوانی داوە لەم بارەیەوە و گوتوویەتی: لەم ڕووەوە ڕەخنە نیە، چونكە المثاني كۆی وشەی مثنی یە و شێوگی مفعل لە أثنی، وە المثنی جێگای ستایشكردنی خوای گەورەیە.. واتە لە الفاتحة دا ستایش كردنی خوا (عز وجل) هەیە. (البحر المحیط).
كەواتە مەبەست لە السبع المثاني ئەو حەوت ئایەتەیە كە جار لەدوای جار دووبارە دەكرێنەوە، یان ئەو حەوت ئایەتەیە كە بە هۆیانەوە بەتەواوەتی ستایشی خوای گەورە دەكرێت.
تەفسیر: خوای گەورە بە پێغەمبەرەكەی دەفەرموێت: ئەم كەسانە بەمزوانە لەناودەچن بۆ ئەوەی موسوڵمانان جێگایان بگرنەوە، كەواتە لەجیاتی ئەوەی هەوڵ و كۆششی خۆت لە مشتومڕ و چەلەحانێ بەفیڕۆبدەیت لەگەڵ ئەو كەللـەرەقانەدا.. پێویستە لەسەرت هەموو هەوڵێكی خۆت بخەیتەگەڕ بۆ ئەوەی باوەڕداران فێری قورئانی پیرۆز بكەیت هەتا بەباشی زانیاریەكانی قورئان فێردەبن، بەمەش دەبن بە كەسی شیاو بۆ هەڵگرتنی ئەو بەرپرسیارێتیەی دەكەوێتە سەر شانیان لە كاتی سەركەوتنیان كە نزیكە و هێندەی نەماوە، وە ئامادە بن بۆ بەڕێوەبردنی سیستەمە نوێیەكە. بۆیە نیعمەتێكی مەزنمان پێ داویت وەك قورئانی مەزن سەرەڕای سوورەتی الفاتحە كە حەوت ئایەتە و ستایشی تێدایە وە دووبارەش دەبێتەوە، بۆیە پێویستە لەسەرت ڕێكیانبخەیت بەجۆرێك وەك پێویست سوود وەربگرن لەم نیعمەتە مەزنە.
لە شیركردنەوەی وشەكاندا ڕوونمكردەوە كە یەكێك لە ماناكانی المثاني بریتیە لە توانا و هێزی شت، لەسەر ئەم بنەمایە خوا (عز وجل) بەناونانی سوورەتی الفاتحة بە السبع المثاني ئاماژەی كردووە بۆ ئەوەی كە ئەم سوورەتە، واتە سوورەتی الفاتحة، بریتیە لە پوختەی قورئان و تەواوی هێز و تواناكەی، سەرەڕای ئەوەی سوورەتەكە زۆر كورتە، بەڵام پوختەی زانیاریەكانی قورئانی تێدایە.
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَٱلۡقُرۡءَانَ ٱلۡعَظِيمَ﴾ دەكرێت مانای پاشماوەی قورئانی پیرۆز بێت، مەبەست ئەوەیە ئێمە قورئانی پوخت و قورئانی تێروتەسەلمان پێ داویت.
دەكرێت مەبەست لە القرآن العظیم بەشێكی قورئان بێت، ئەمەش بەگوێرەی نەریتی عەرەب كە ناوی گشتیان ناوە لە بەش، بەجۆرێك دەڵێن: قورئانم بۆ بخوێنەرەوە، دیارە مەبەستیان هەموو قورئان نیە بەڵكو بەشێكی قورئانە. بەگوێرەی ئەمە دەكرێت لێرەدا مەبەست لە قورئانی مەزن خودی سوورەتی الفاتحة بێت وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی كە بەشێكی گرنگە لە قورئانی پیرۆز.
ئەم مانایە ئەو قسەیە هەڵدەوەشێنێتەوە كە گوایە سوورەتی الفاتحة بەشێك نیە لە قورئانی پیرۆز. هەڵبەت فەرموودەی پیرۆزیش بە ڕاشكاوی ڕایگەیاندووە كە سوورەتی الفاتحة بریتیە لە قورئانی مەزن بەجۆرێك تێیدا هاتووە: “لە ئەبو هورەیرەوە لە پێغەمبەرەوە (ﷺ) دەربارەی سوورەتی الفاتحة فەرموویەتی: بریتیە لە دایكی قورئان و حەوت دووبارە بووەكە و قورئانی مەزنە.” (مسند أحمد، ج2، مسند أبي هریرة رضي الله عنه)
بەڵام مانای ئەوە نیە كە “القرآن العظیم” ناوێك نیە بۆ پاشماوەی قورئان، بەڵكو دەكرێت ئەم ناوە بنرێت لە سوورەتی الفاتحة و پاشماوەی قورئان لە یەك كاتدا، چونكە دژیەكی و پێچەوانەیی نیە لەنێوانیاندا، مانای ئەوەیە ئێمە قورئانێكی كورتمان پێداویت سەرەڕای قورئانێكی درێژ.
لَا تَمُدَّنَّ عَيۡنَيۡكَ إِلَىٰ مَا مَتَّعۡنَا بِهِۦٓ أَزۡوَٰجٗا مِّنۡهُمۡ وَلَا تَحۡزَنۡ عَلَيۡهِمۡ وَٱخۡفِضۡ جَنَاحَكَ لِلۡمُؤۡمِنِينَ 89
شیكردنەوەی وشەكان:
لا تمدن: مد نظره الیه: چاوی تێبڕی (الأقرب).
تەفسیر: هەندێ موفەسسیر گوتوویانە: جارێكیان لە یەك ڕۆژدا حەوت كاروانی جوولەكەی بەنی قوڕەیزە و بەنی نەزیر لە بوسرا و ئەزرەهاتەوە هاتن بۆ مەدینە، كاروانەكان بریتی بوون لە گەنم و عەتر و گەوهەر و كەلوپەلی دەریا، موسوڵمانەكان گوتیان ئەگەر ئەم ماڵ و سامانە هی ئێمە بوایە ئەوا پێی بەهێز دەبووین و لەڕێگای خوادا دەمان بەخشی، ئینجا خوا ئەم ئایەتەی دابەزاند ﴿وَلَقَدۡ ءَاتَيۡنَٰكَ سَبۡعٗا مِّنَ ٱلۡمَثَانِي وَٱلۡقُرۡءَانَ ٱلۡعَظِيمَ﴾ (تفسیر القرطبي).
بەڵام ئەم تەفسیرە پووچە، وە بەڵگەی یەكلاكەرەوە لەسەر ئەوەی پووچ و ساختەیە ئەوەیە كە هەموو سوورەتی الحجر بەكۆدەنگی هەموو موفەسسیرەكان مەككیە، تەنانەت ڕۆژهەڵاتناسە مەسیحیەكانیش هیچ چارێكیان نەبووە جگە لە هاوڕایی لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا (تفسیر القرآن ل”ویري”، وترجمة القرآن لرودویل). بێگومان موسوڵمانان تەنھا دوای ئەوەی لە مەككەوە كۆچیان كرد بۆ مەدینە ئینجا دەوڵەمەندی ئەو هۆزە جوولەكانەیان بینی كە نیشتەجێ بوون تێیدا، ئیتر چۆن دەگونجێت لە سوورەتێكی مەككەییدا شتێك باسبكرێت كە دوای كۆچ لە مەدینە ڕوویداوە؟
وە پێویستە باسی ئەوەش بكەین كە لێرەدا ڕووی قسە كراوەتە پێغەمبەر (ﷺ) بەبێ هاوەڵان، وە پێموایە بەهیچ شێوەیەك ڕەوا نیە ئەم جۆرە مانا و تێگەیشتنە مەترسیدارە بدرێتەپاڵ پێغەمبەر (ﷺ)، چونكە ئەمە ئەوپەڕی سووكایەتیە بەرامبەر بە پێغەمبەر (ﷺ). لەگەڵ ڕەچاوكردنی ئەوەی كە تەوەرەی سەرەكی ئەم سوورەتە بریتیە لەوەی خوای گەورە بەوپەڕی هێزەوە دووپاتی دەكاتەوە بۆ پێغەمبەرەكەی كە: ئێمە خۆمانین كە هەلومەرج و هۆكارەكان دەسازێنین بۆ گەشە و سەركەوتنی موسوڵمانان، بۆیە هەمیشە پشت بە ئێمە ببەستە؛ ئیتر چۆن دەگونجێت -سەرەڕای ئەم دووپاتكردنەوە خواییە بە بەردەوامی- ئەم بیرۆكە نزم و پووچە لە دڵی پێغەمبەردا (ﷺ) دروست بێت و بفەرموێت: خۆزگە ئێمەیش وەكو جوولەكە ماڵ و سامانمان دەبوو.
لەڕاستیدا فەرمایشتی خوای گەورە ﴿إِنَّ ٱلسَّاعَةَ لَأٓتِيَةٞ﴾ ئاماژەی تێدایە بۆ كەوتنی حوكم و دەسەڵاتی كافرەكان لەماوەیەكی نزیكدا، وە ئەم هەواڵە خورپەیەكی سروشتی بوو بۆ پێغەمبەر (ﷺ) چونكە دڵێكی ناسك و نەرمی هەبوو كە پڕبوو لە سۆز و بەزەیی بۆ گەلەكەی، بۆیە دەبێت بیریكردبێتەوە لەوەی كە گەلەكەی یان سەرگەورەكانیان بە بێ ئیمانی تیادەچن، دواجار دەبێت داخ و خەفەتی خواردبێت بۆیان و فەرمووبێتی: خؤزگە بە بێ ئیمانی لەناونەدەچوون، وە خۆزگە خوا دەیكردن بە كەسانی بەناوبانگ و گەورە لە بواری ئاییندا وەك چۆن كردوونی بە كەسانی بەناوبانگ لە بواری دنیاییدا. ئەم خۆزگەیە ئەوپەڕی جوان و پیاوانەیە، لەڕاستیدا پێغەمبەرانی خوای گەورە دڵخۆش نابن بە تیاچوونی یەكێك لە دوژمنانیان، بەڵكو ئاواتەخوازن هەموو كەسێك باوەڕبهێنێت. ئەم حەز و ئاواتە ئەوەندە زۆر بوو لە پێغەمبەردا (ﷺ) بەڕادەیەك هێندەی نەمابوو لەداخ و خەفەتی ئەوان خۆی لەناوببات هەتا خوای گەورە پێی فەرموو ﴿لَعَلَّكَ بَٰخِعٞ نَّفۡسَكَ أَلَّا يَكُونُواْ مُؤۡمِنِينَ﴾ (الشعراء: 4). كەواتە بە ڕەچاوكردنی هەستە ناسكەكانی خوای گەورە شتەكەی ئاسان و سووك كرد لەسەری و فەرمووی: گومانی تێدا نیە هەواڵی لەناوچوونیان قورسە لەسەر تۆ، بەڵام ئەمە بڕیاری گونجاوە سەبارەت بەوان، بۆیە خەفەت مەخۆ بۆ ئەم سەركردانەی كوفر بەهیوای ئەوەی موسوڵمان بن بەڕەچاوكردنی پلەوپایەی بەرزیان؛ چونكە ماڵ و سامان و دەسەڵاتی دنیایی ئەوان تەقوایان زیاد ناكات بەڵكو ناهێڵێت تەقوا بەدەستبهێنن، لەبەرئەوە دەیانكەم بە كەسانی گرگن و سەرشۆڕ بگرە ڕیشەكێشیان دەكەم. كەواتە لەجیاتی ئەوەی هیوات پێیان هەبێت كە باوەڕبهێنن چاوببڕە پەروەردەكردنی باوەڕداران كە جێگای ڕۆیشتووەكان دەگرنەوە؛ چونكە گەشە و پێشكەوتنی ئیسلام لە ئێستادا پەیوەست نیە بە ڕزگاربوونی سەركردەكانی پێشوو، بەڵكو پەیوەستە بە پەروەردەكردنی شوێنكەوتوانت بەشێوەیەكی ڕاست و دروست.
ئەم مانایە كە خستمەڕوو ڕستەكەی دواتریش لە ئایەتەكەدا واتە ئەم ڕستەیە ﴿وَلَا تَحۡزَنۡ عَلَيۡهِمۡ﴾ پشتگیری دەكات.. واتە خەفەت مەخۆ بۆ لەناوچوونیان، بەڵام ئەگەر ڕای موفەسیرەكانمان وەرگرت كە چاو مەبڕە ماڵ و سامانی جوولەكە، ئەوا ئەم فەرمایشتە ﴿وَلَا تَحۡزَنۡ عَلَيۡهِمۡ﴾ هەرگیز لەگەڵ ئەو مانایەدا ناگونجێت؛ بەڵكو ئەوكاتە وتەكە دەبێت بە قسەیەكی زیادە و سیاقەكەیش بە سیاقێكی نەگونجاو، وە نەگونجان دروست دەبێت لەنێوان هەردوو ڕستەكەدا، بەجۆرێك چۆن كەسێك كە چاوی بڕیوەتە ماڵ و سامانی كەسانی تر و دەیەوێت دەستی بەسەردا بگرێت خەفەت دەخوات بۆ لەناوچوونیان؛ چونكە لەڕاستیدا ئەم ئومێد و هیوایە بریتیە لە دوعاكردن بۆ لەناوچوونیان. بەڵام ئەگەر ئەو مانایە قەبوڵ بكرێت كە من خستمەڕوو ئەوا هیچ خەوش و ناڕێكیەك دروست نابێت نە لە مانا و نە لە سیاقدا.
هەروەك ئەم فەرمایشتەی خوای گەورەیش ﴿وَٱخۡفِضۡ جَنَاحَكَ لِلۡمُؤۡمِنِينَ﴾ جەخت لە بۆچوونەكەی من دەكاتەوە، چونكە ئەگەر بۆچوونی موفەسیرەكانمان وەرگرت ئەوا مانای ئایەتەكە بەم شێوەیە دەبێت: ئاوات مەخوازە ماڵ و سامانی كافرەكان بۆ تۆ بێت، و خەفەت مەخۆ بۆ لەناوچوونیان، بەڵكو گرنگی بدە بە باوەڕداران؛ بەم شێوەیە هەر ڕستەیەك لە ئایەتەكەدا نەگونجاو دەبێت لەگەڵ ئەوی تردا و ناكۆك دەبێت لەگەڵ سیاقەكەدا.
وا دیارە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَٱخۡفِضۡ جَنَاحَكَ لِلۡمُؤۡمِنِينَ﴾ ئاماژەیەكی وردی تێدایە بۆ كۆچی موسوڵمانان. چونكە باوەڕدان خستنە ژێر باڵ -واتە پەروەردەكردن و هۆشیاركردنەوەیان بە شێوەیەكی تەواوەتی- پێویستی بە سیستەمێك هەیە، وە ئەستەم بوو لە مەككەدا كار بەو حوكمانەی قورئان بكرێت كە پەیوەستن بە سیستەمەوە. كەواتە فەرمایشتی خوا بۆ پێغەمبەرەكەی كە ئێستا پێویستە لەسەرت موسوڵمانان هۆشیار بكەیتەوە هەتا ئامادە بن بۆ بەڕێوەبردنی سیستەمی داهاتوو هەواڵێكی لەخۆگرتووە بۆ پێغەمبەر (ﷺ) كە خوای گەورە دەتبات بۆ شوێنێك بتوانیت وەك پێویست شوێنكەوتەكانت پەروەردە بكەیت.
وَقُلۡ إِنِّيٓ أَنَا ٱلنَّذِيرُ ٱلۡمُبِينُ 90
تەفسیر: واتە ڕایبگەیەنە بە كافرەكان ئەوە منم كە خوا هۆشداری و ئاگاداركردنەوەی سپاردووە پێم، ئەوەتا من بە ئاشكرا بە فەرمانی خوای گەورە دەڵێم ساتی لەناوچوونتان نزیكبووتەوە و هاتووە.
كَمَآ أَنزَلۡنَا عَلَى ٱلۡمُقۡتَسِمِينَ 91
شیكردنەوەی وشەكان:
المقتسمین: اقتسموا المال بینهم: هەر یەكە بەشی خۆی برد (الأقرب). تقاسما المال: ماڵەكەیان بەشكرد لەنێوان خۆیاندا. كەواتە الاقتسام و التقاسم یەك مانایان هەیە (التاج).
تەفسیر: هەڵبەت موفەسیرەكان بەگشتی ئەم ئایەتەیان لەگەڵ ئایەتەكەی پێشوودا وەها تەفسیر كردووە كە من ئاگاداركەرەوەیەكی ئاشكرام بە سزا وەك چۆن دامانبەزاند بۆ سەر بەشكەرەكان (تفسیر الرازي). بەڵام من پێموایە كە وشەی ﴿كَمَآ﴾ لێرەدا بۆ هۆكارە نەك بۆ خستنەڕووی لێكچوون. وە هاتنی وشەی (كما) بۆ هۆكار لای عەرەب چەسپاوە (بڕوانە فەرهەنگی “تاج العروس”) وە لە قورئانی پیرۆزیشدا چەندین جار بەم مانایە هاتووە وەك ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە ﴿وَٱذۡكُرُوهُ كَمَا هَدَىٰكُمۡ﴾ (البقرة: 199).. واتە یادی خوای گەورە بكەنەوە چونكە هیدایەتی داون. بەگوێرەی ئەمە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَقُلۡ إِنِّيٓ أَنَا ٱلنَّذِيرُ ٱلۡمُبِينُ * كَمَآ أَنزَلۡنَا عَلَى ٱلۡمُقۡتَسِمِينَ﴾.. واتە: ئەی موحەممەد پێیان بڵێ: من ئەو ئاگاداركەرەوەیەم كە هیچ ناڕوونی شاراوەییەك نیە لە ئاگاداركردنەوە و هۆشداریەكەم، چونكە خوای گەورە ئێستا بڕیاری داوە سزا دابەزێنێتەسەر بەشكەرەكان. وە گومانی تێدا نیە ئەم مانایە ڕوون و ئاشكرایە و هیچ ئاڵۆزی و ناڕوونیەكی تێدا نیە، بەڵام ئەو مانایەی كە موفەسیرەكانی تر باسی دەكەن ڕوون نیە، بۆیە تووشی سەختیەكی گەورە بوونەتەوە لە شەرحی ئەم ئایەتە، وە پەنایان بردووە بۆ كۆمەڵێك لێكدانەوەی زۆر.
هەروەك موفەسیرەكان زۆر ناڕەحەت بوون بەدەست تەفسیری ئەم وشەیەوە ﴿ٱلۡمُقۡتَسِمِينَ﴾، بەجۆرێك تەفسیریان كردووە بەو كەسانەی كە سوێندیان خواردووە ئازاری پێغەمبەر (ﷺ) بدەن (الكشاف و القرطبي). هەروەك ئەم مانایە لە بوخاریشدا هاتووە (بڕوانە البخاري، كتاب التفسير). بەڵام وشەی الاقتسام لەزماندا مانای قەسەم و سوێند ناگەیەنێت، بەڵكو واتە دابەشكردن، وەك پێشتر سەلماندمان لە شیكردنەوەی وشەكاندا.
لێرەدا پرسیارێك دروست دەبێت: چۆن موفەسیرەكان كەوتوونەتە ئەم هەڵەیەوە؟ وەڵام: وشەیەكی تر هەیە بریتیە لە التقاسم، كاتێك خوێندوویانەتەوە كە زانایانی زمان گوتوویانە التقاسم و الاقتسام یەك مانایان هەیە بەجۆرێك دەگوترێت تقاسما المال واتە ماڵەكەیان بەشكرد لەنێوان خۆیاندا.. بەهەڵە پێیان وابووە كە وشەی الاقتسام یش واتە سوێند، لەگەڵ ئەوەی تەنها ماناى دابەشكردن دەگەیەنێت، بە پێچەوانەی وشەی التقاسم كە هەردوو ماناكە دەگەیەنێت واتە دابەشكردن و سوێند. بەهۆی ئەم لێكچوونەوە تەنانەت زانایەكی گەورەی وەك زەمەخشەریش لێی تێكچووە.
خاوەنی فەرهەنگی “التاج العروس”یش لەم بارەیەوە هەڵەیەكی تری كردووە بەجۆرێك بەڵگەی هێناوەتەوە لەسەر ئەم مانا هەڵەیە بە وتەی ئیبن عەرەفە كە دەڵێت: “هُم الَّذينَ تَقَاسَمُوا وتَحَالَفُوا عَلَى كَيْدِ الرَّسُولِ (ﷺ)” (التاج). وە ئاشكرایە ئەم مانایە هیچ پاڵپشتێكی نیە لە زماندا، بەڵكو خاوەتی تاج لەژێر كاریگەری موفەسیرەكاندا نەقڵی كردووە.
پاش ئەم ڕوونكردنەوە و ڕێخۆشكردنە دەڵێم: دابەشكەرەكان كە لێرەدا باسكراون ئەو كافرانەن كە كاری فێڵ و فریودانیان دژی پێغەمبەر (ﷺ) دابەش كردبوو لەنێوان خۆیاندا، هەیانبوو ئەوەی لە ئەستۆ گرتبوو كە لەسەر ڕێگاكانی مەككەدا بوەستێت بۆ ئەوەی هەركەسێك هات بۆ مەككە پێی بڵێت فریونەخوات بە قسەی موحەممەد، هەیانبوو لەناو مەككەدا هەرا و ژاوەژاوی دەنایەوە كە ئەگەر موحەممەد ڕاستگۆبوایە ئەوا ئێمە یەكەم كەس دەبووین كە باوەڕی پێ بكەین چونكە خزمی خۆمانە، وە هەیانبوو ئازاری موسوڵمانانی دەدا، وە هەیانبوو هەواڵ و دەنگوباسی پێغەمبەری (ﷺ) دەشاردەوە لە هۆزەكانی دەوروبەری مەككە و نەیدەهێڵا هەواڵی پێغەمبەر (ﷺ) بگات پێیان. خوای گەورە لێرەدا ڕایدەگەیەنێت كە ئێستا بڕیارمانداوە سزای هەموو ئەو كەسانە بدەین.
لەناو موفەسیرەكان هەیە گوتوویەتی “المقتسمین” ئەو كافرانەن كە قورئانیان بەشكردووە لەنێوان خۆیاندا.. واتە ئەوانەن كە باوەڕیان بە هەندێكی قورئان هەیە و باوەڕیان بە هەندێكی نیە. (فتح البیان، القرطبي).
گومانی تێدا نیە قورئانی پیرۆز لە شوێنێكی تردا قسەی كافرەكانی تۆماركردووە دەربارەی قورئانی پیرۆز كە گوتوویانە: باوەڕمان بە هەندێكی هەیە و باوەڕمان بە هەندێكی نیە، بەڵام تەفسیركردنی ئەم ئایەتە بەم مانایە تەفسیركردنێكی نادروستە؛ چونكە وشەی الاقتسام مانای باوەڕبوون بە هەندێك و ڕەتكردنەوەی هەندێك هەڵناگرێت.
ٱلَّذِينَ جَعَلُواْ ٱلۡقُرۡءَانَ عِضِينَ 92
شیكردنەوەی وشەكان:
جعلوا: یەكێك لە ماناكانی جعل بریتیە لە: ظن پێی وابوو، دەوترێت جعل البصرة بغداد واتە پێی وابوو بەسرە بەغدادە (الأقرب).
عضین: كۆی وشەی عضة یە ماناكەی بریتیە لە پارچەیەك لە شتێك و بەشێك لێی، لە عَضَّهَ العضاهَ وەرگیراوە واتە: پارچەی كرد؛ وە مانای درۆیش دەگەیەنێت عَضِهَ الرجلُ يَعْضَهُ عَضَهًا: پیاوەكە درۆی كرد؛ هەروەها وەرگیراوە لە عضا الشيءَ يعضُوه عَضْوًا واتە لەتی كرد (الأقرب).
تەفسیر: وایدەبینم مانای دووەم بۆ وشەی ﴿عِضِينَ﴾ واتە درۆودەلەسە لێرەدا زیاتر بگونجێت، چونكە وشەی ﴿جَعَلُواْ﴾ لێرەدا واتە (ظنوا، پێیان وابوو) كەواتە مەبەست لەم ئایەتە لەگەڵ ئایەتەكەی پێش خۆیدا ئەوەیە: ئەو كەسانەی كە كاری ئاژاوە و پشێویان لەدژی تۆ بەشكردووە لەنێوان خۆیاندا و قورئانی پیرۆز بە كۆمەڵێك درۆودەلەسە لەقەڵەم دەدەن، تۆ هۆشدارییان پێ بدە كە كاتی سزادانیان هاتووە.
وە ئەم مانایە ڕوون و ئاشكرایە بەجۆرێك ڕزگارمان دەكات لە هەموو ئەو گرفتانەی هاتوونەتە ڕێگای موفەسیرەكان.
فَوَرَبِّكَ لَنَسَۡٔلَنَّهُمۡ أَجۡمَعِينَ 93 عَمَّا كَانُواْ يَعۡمَلُونَ 94
تەفسیر: مەبەست لە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿لَنَسَۡٔلَنَّهُمۡ﴾ ئەوەیە كە خوای گەورە ئێستا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەكات لەسەر خراپەكانیان و سزایەكی توندیان دەدات.
فَٱصۡدَعۡ بِمَا تُؤۡمَرُ وَأَعۡرِضۡ عَنِ ٱلۡمُشۡرِكِينَ 95
شیكردنەوەی وشەكان:
فاصدع: صدعە صدعا: لەتی كرد؛ گوتراوە: كردی بە دوو كەرتەوە؛ گوتراوە: شكاندی و لەیەك جیانەبوونەوە. صدع الأمر: شتەكەی ئاشكرا كرد. صدع الحق وبالحجة: بە ئاشكرا ڕاستی گوت. صدع بالأمر: أصاب به موضعه و بە ئاشكرا ڕایگەیاند. صدع الأمر بالحق: بە تێروتەسەلی باسی كرد (الأقرب).
تەفسیر: دەكرێت مانای ئەم ئایەتە بریتی بێت لە بڕیاری ئێمەیان پێ ڕابگەیەنە كە ئەوان لەناودەچن و موسوڵمانان سەردەكەون، وە لەو ڕۆژە بەدواوە مشتومڕیان لەگەڵدا مەكە، وە دەكرێت مانای ئەوە بێت -پێموایە ئەم مانایە زیاتر گونجاوە- پێویستە ئامادە بیت بۆ كاركردن بەوەی خوا فەرمانت پێ دەدات.. بەو مانایە ئێمە ئێستا دەرفەت دەڕەخسێنین بۆ تۆ بۆ ئەوەی بەتەواوەتی ئەو حوكمانەی شەریعەت پیادە بكەیت كە ناردوومانەتە خوارەوە بۆت بەجۆرێك هیچ گوێ مەدە بە فرتوفێڵی كافرەكان. وەك ئەوەی ئەم ئایەتەیش هەواڵێك بێت دەربارەی كۆچی پێغەمبەر (ﷺ) و دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی.
إِنَّا كَفَيۡنَٰكَ ٱلۡمُسۡتَهۡزِءِينَ 96 ٱلَّذِينَ يَجۡعَلُونَ مَعَ ٱللَّهِ إِلَٰهًا ءَاخَرَ ۚ فَسَوۡفَ يَعۡلَمُونَ 97
تەفسیر: خوای گەورە بە پێغەمبەرە ئازیزەكەی دەفەرموێت: ئێستا پێویست ناكات مشتومڕ بكەیت لەگەڵ ئەو گاڵتەكەرانەدا، چونكە ئێمە دەمانەوێت بە نیشانەی ئاسمانی وەڵامی گاڵتەكردنەكەیان بدەینەوە، وە بەشێوەیەك سزایان بدەین كە ببن بە پەند بۆ ئەوانەی دوای خۆیان. هەرگیز لەمە زیاتر مۆڵەتیان پێ نادەین، وە هەرگیز بێدەنگ نابین لەوەی سووكایەتیمان پێ دەكەن كە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە هاوبەشمان بۆ دادەنێن.
ئەم هەواڵ و پێشبینیە لەسەر ئاستی نەتەوەیی تەنھا دوای كۆچی پێغەمبەر (ﷺ) هاتەدی بەجۆرێك كافرەكان تووشی زەبوونی و سەرشۆڕی بوون؛ بەڵام بەشێوەی تاكە كەسیش هاتەدی بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر. ئەوەتا موحەممەدی كوڕی ئیسحاق لە عوروەی كوڕی زوبێرەوە ڕیوایەتی كردووە كە ئەو كەسانەی زۆر گاڵەتیان دەكرد پێنج كەس بوون.. ئەسوەدی كوڕی موتەللیب، ئەسوەدی كوڕی عەبد یەغوس، وەلیدی كوڕی موغیرە، عاسی كوڕی وائیل، حارسی كوڕی تەڵاڵە. جیبریل هات بۆ لای پێغەمبەری خوا سەبارەت بەو كەسانە و ئاماژەی كرد بۆ سكی ئەسوەدی كوڕی عەبد یەغەس ئەوە بوو ئاوی زەرد لە سكیدا كۆبوویەوە و بەو هۆیەوە مرد. وە جیبریل ئاماژەی كرد بۆ قاچی وەلیدی كوڕی موغیرە، شوێنەواری زامێكی كۆنی پێوە بوو كە چاك بوو بوویەوە، شوێنەكەی ڕووشا، ئینجا ئاوسا و كوشتی. وە ئاماژەی كرد بۆ بنی پێی عاسی كوڕی وائیل، بە سواری گوێدرێژێكی خۆیەوە چوو بۆ تائیف، شتێكی وەكو دڕك چوو بە پێیدا و كوشتی. و ئاماژەی كرد بۆ سەری حارسی كوڕی تەڵاڵە، سەری بریندار بوو و برینەكە كوشتی. وە جیبریل ئاماژەی كرد بۆ چاوی ئەسوەدی كوڕی موتەڵڵیب، بەو هۆیەوە كوێر بوو و مرد. (تەفسیری ئیبن كەسیر، ئایەتی: إِنَّا كَفَيۡنَٰكَ ٱلۡمُسۡتَهۡزِءِينَ).
پێویستە بزانرێت ئەم ڕووداوە لە سەعیدی كوڕی جوبەیر و عیكریمەیشەوە ڕیوایەت كراوە، بەجۆرێك سەعید گوتوویەتی یەكێكیان حارسی كوڕی تەڵاڵە بوو، لەكاتێكدا عیكریمە گوتوویەتی ناوی حارسی كوڕی قەیس بووە، بەڵام ئەمە ناكۆكی نیە، چونكە زوهری گوتوویەتی تەڵاڵە دایكی بووە و قەیس باوكی بووە.
وَلَقَدۡ نَعۡلَمُ أَنَّكَ يَضِيقُ صَدۡرُكَ بِمَا يَقُولُونَ 98
تەفسیر: فەرمایشتی خوای گەورە ﴿بِمَا يَقُولُونَ﴾ مانای ئەوە نیە كە پێغەمبەری خوا (ﷺ) دڵی تەنگ دەبوو بە جنێو و قسەی ناشرینی كافرەكان كە پێیان دەگوت، بەڵكو ئاماژەیە بۆ ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە ﴿يَجۡعَلُونَ مَعَ ٱللَّهِ إِلَٰهًا ءَاخَرَۚ﴾ مەبەست ئەوەیە ئێمە دەزانین تۆ -بەهۆی ئەوەی خۆشەویستیەكی لەڕادەبەدەرت هەیە بۆ ئێمە- دڵتەنگ دەبیت و زۆر ئازار دەچێژیت لە پڕوپاگەندە بتپەرستیەكانیان، دەی ئێستا مژدە بێت و دڵخۆش بە، چونكە ئێمە شیرك لەناودەبەین و یەكتاپەرستی جێگیر دەكەین.
فَسَبِّحۡ بِحَمۡدِ رَبِّكَ وَكُن مِّنَ ٱلسَّٰجِدِينَ 99
تەفسیر: واتە ئێستا ئیتر یەكتاپەرستی جێگیر دەكەین كە ئامانجی ڕوانەكردنەكەی تۆیە، بۆیە پێویستە لەسەرت لەخۆشیدا خوا بەپاكی ڕابگریت و سوپاسی بكەیت؛ یان ماناكەی بریتیە لە: پێویستە لەسەرت باوەڕداران پەروەردە بكەیت بەجۆرێك بەڵگەیەكی كردەیی بن لەسەر پاكێتی خوا و سوپاس و ستایشكردنی.
خوای گەورە چەند بەجوانی ئازاری پێغەمبەرەكەی كەم و سووك دەكات و دڵتەنگیەكەی چارەسەر دەكات.
وَٱعۡبُدۡ رَبَّكَ حَتَّىٰ يَأۡتِيَكَ ٱلۡيَقِينُ 100
شیكردنەوەی وشەكان:
الیقین: لابردنی گومان و جێبەجێ كردنی كارەكە؛ ئەو زانیاریەی لە وردبوونەوە و بەڵگەهێناوەوە پەیدا دەبێت، لەبەرئەوە بە زانستی خوا دەگوترێت یەقین؛ مردن (الأقرب).
تەفسیر: دەكرێت لێرەدا یەقین مانای مردن بێت، وەك ئەوەی خوای گەورە بە پێغەمبەرەكەی بفەرموێت: ئێستا پێویستە لەسەرت بەردەوام بيت لە خواپەرستی هەتا مردن.. واتە ئێستا ئیتر هیچ كەسێك ناتوانێت ببێتە ڕێگر لەو سەركەوتنەی بڕیاری دەدەین بۆ ئیسلام، وە دەتوانیت پەروەردگاری خۆت بپەرستیت شەو و ڕۆژ بەدرێژایی ژیانت بە بێ ئاستەنگ و تەنگەتاوكردن، چونكە ئێمە ئەو كەسانە ڕیشەكێش دەكەین كە ناهێڵن بەندایەتی ئێمە بكەیت.
دەكرێت لێرەدا یەقین بە مانا باوەكەی بێت، واتە: پێویستە بەردەوام بیت لە خواپەرستی بەشێوەیەكی چڕ و پڕ هەتا ئەو ساتەی كە بەڵێنت پێ دراوە.. وەك ئەوەی لێرەدا یەقین واتە دەركەوتنی شوێنەوارەكانی قیامەت واتە سزا؛ چونكە بەڵێنی خوا تەنها ئەو كاتە بەشێوەیەكی ڕوون دەردەكەوێت كە دێتەدی. كەواتە ئایەتەكە فێرمان دەكات ئەگەر خوا (عز وجل) بەڵێنێكی دا بە گەلێك ئەوا پێویستە لەسەریان بەشێوەیەكی تایبەت بەردەوام خەریكی بەندایەتی و دوعا بن بۆ ئەوەی خوا (عز وجل) بەڵێنەكەی خۆی بێنێتەدی لەگەڵ هەموو خێر و بەرەكەتەكانیدا.
بەڵام ئەمە هەرگیز مانای ئەوە نیە كە ڕەوایە بۆ مرۆڤ سستی بنوێنێت لە خواپەرستیدا لە ڕۆژەكانی تر، چونكە پێغەمبەر (ﷺ) پێش دابەزینی ئەم ئایەتەیش خوای گەورەی دەپەرست. لەڕاستیدا ئەم ئایەتە هانمان دەدات كە لەو جۆرە ڕۆژانەدا زیاتر لە جاران بەندایەتی بكەین.
هەندێ كەسی گەمژە لە ئەهلی بیدعە قسەی نابەجێ و ناقۆڵایان كردووە و گوتوویانە ئەم ئایەتە واتەی ئەوەیە: پێویستە لەسەر مرۆڤ بەردەوام بێت لە بەندایەتی هەتا دەگات بە یەقین، بەڵام دوای ئەوە ئیتر پێویستی بە بەندایەتی خواپەرستی نیە!
لەڕاستیدا ئەو كەسە گەوجانە نازانن كە ئەم قسەیەیان هێرشكردنە بۆ سەر كەسایەتی پێغەمبەر (ﷺ)؛ چونكە ئەم قسەیەیان واتە پێغەمبەر یەقینی نەبووە -پەنا بە خوا- هەتا دابەزینی ئەم ئایەتە، بۆیە لێرەدا فەرمانی پێكراوە كە بەردەوام بێت لەسەر بەندایەتی و خواپەرستی هەتا دەگات بە یەقین. دەڵێم: ئەگەر موحەممەد پێغەمبەری خوا (ﷺ) یەقینی نەبووە -وەك ئەو نەفامانە دەڵێن- سەرەڕای شكۆداربوونی بە نیعمەتی پێغەمبەرایەتی، ئەوا چۆن بۆیان هەیە بانگەشەی بەدەستهێنانی یەقین بكەن و بڵێن پێویستیان بە خواپەرستی و بەندایەتی نیە؟ پەنا دەگرین بە خوا لەم خورافیاتە! جارێكیان یەكێك لەو بیدعەچییانە هات بۆ لام گوتی: ئەگەر كەشتی گەیشتە كەنار ئایا پێویستە سەرنشینەكەی دابەزێت لێی یان بەردەوام لەسەری بمێنێتەوە؟ منیش وەڵامم دایەوە و گوتم: ئەگەر دەریاكە كەناری هەبێت و كەشتیەكە گەیشتە كەنارەكەی ئەوا پێویستە سەرنشینەكە لێی دابەزێت، بەڵام ئەگەر دەریاكە دەریایەك بێت كەناری نەبێت؛ ئەوا ئەوەی سەرنشینەكە بە كەناری دەزانێت تەنھا فێڵی چاوی خۆیەتی، و لە هەر شوێنێكدا لە كەشتیەكە دابەزێت نوقم دەبێت و دەخنكێت. ئیتر كابرای كافر دەمی داخست و حەپەسا.
PDF