بسم الله الرحمن الرحيم
وێنەی بەرگی چاپی یەکەمی ئەم کتێبە
وەرگێڕانی ئەو دەقانەی كە لە بەرگی چاپی یەكەمدا هاتووە
اصْنَعِ الْفُلْكَ بِأَعْيُنِنَا وَوَحْيِنَا. إِنَّ الَّذِينَ يُبَايِعُونَكَ إِنَّمَا يُبَايِعُونَ اللَّهَ يَدُ اللَّهِ فَوْقَ أَيْدِيهِمْ
واته: “لەژێر چاودێری ئێمەدا و بەگوێرەی فەرمانی ئێمە كەشتیەكە دروست بكە. بێگومان ئەوانەی بەیعەتیان بە تۆ داوە لەڕاستیدا بەیعەتیان بەخوا داوە دەستی خوا لەسەر دەستی ئەوانە”
لەسەر شێوەی ئایەتەكانی قورئان خوای گەورە ئەم وەحیانەی بۆ كردم، وە پێشتر لە “الإعلان الأخضر”دا بڵاوكراوەتەوە.
نامیلكەی “ڤاكسینی ئاسمانی” كە ئامادەكراوە بۆ كۆمەڵەكەم دەربارەی تاعوون
“كەشتی نووح”
ناوی دووەمی:
“بانگەوازی ئیمان”
ناوی سێیەمی:
“بەهێزكردنی ئیمان”
لەخەم و خەفەتدا دڵم لەت بووە بۆ ئەم خەڵكە بەهۆی ئەم تاعوونەوە، ئەمە تاعوون نیە بەڵكو لافاوێكی گەورەیە
وەرە بەخێرایی سواری كەشتیەكەمان به، دیارە ئەم كەشتیەی ئێمە هی پەروەردگاری هەره زانایە
“وەرگێڕانی دوو دێڕە شیعری فارسی”
{مَّا يَفۡعَلُ ٱللَّهُ بِعَذَابِكُمۡ إِن شَكَرۡتُمۡ وَءَامَنتُمۡ وَكَانَ ٱللَّهُ شَاكِرًا عَلِيمٗا} (النساء: 148)
{ٱرۡكَبُواْ فِيهَا بِسۡمِ ٱللَّهِ مَجۡرٜىٰهَا وَمُرۡسَىٰهَآ} (هود: 42)
{لَا عَاصِمَ ٱلۡيَوۡمَ مِنۡ أَمۡرِ ٱللَّهِ إِلَّا مَن رَّحِمَ} (هود: 44)
5-10-1902
لە چاپخانەی “ضیاء الإسلام” لە قادیان چاپكرا بەسەرپەرشتی حكیم فضل الدین ی بەهێرەیی و بە مەبەستی ڕێنمایی و فێركردنی ئەندامانی كۆمەڵەكەم و داواكارانی حەق و ڕاستی بڵاوكرایەوە
تیراژ: 5000 دانە
پێڕست
پێشەكی
ڤاكسینی تاعوون
نیشانەكانی هاتنی مەسیحی بەڵێندراو
فێركاری
مانای فەرموودەی: “يُدْفَنُ مَعِي فِي قَبْرِي”
ئەركەكانی سەرشانی موسوڵمانی ئەحمەدی
وەحی لە ئوممەتی موحەممەدیدا ماوەتەوە
بەراورد لەنێوان فێركاری قورئان و فێركاری ئینجیلدا
بەراورد لەنێوان پاڕانەوەی ئینجیل و پاڕانەوەی قورئانی پیرۆزدا
هەواڵی هاتنی مەسیحی بەڵێندراو لە قورئانی پیرۆزدا
بەراورد لەنێوان پیلاتۆس و كاپتن دۆگلاسدا
جیاوازی نێوان سوننەت و فەرموودە
پێوەری دروستی فەرموودەكان
فەلسەفەی كاتەكانی پێنج نوێژەكە
وتارێك بۆ كاربەدەست و پاشا و دەوڵەمەندەكان
وتارێك بۆ زانايان
لَا إِكْرَاهَ فِي الدِّينِ
دۆخی سۆفی و خاوەن خانەقاكان
ئامۆژگاری بۆ ئافرەتان
كۆتایی
پێشبینی بڵاوبوونەوەی تاعوون لە قەسیدەیەكدا
داواكردنی كۆمەكی بۆ فراوانكردنی خانووەكە
بسم الله الرحمن الرحیم نحمده ونصلي علی رسوله الكریم
پێشەكی
گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێشبینییەكی بڵاوكردەوە دەربارەی بڵابوونەوەی تاعوون لە پەنجابدا ساڵانێك پێش دەركەوتنی تاعوونەكە، بەجۆرێك فەرمووی (عليه السلام): “ڕۆژی یەك شەممە 6-2-1896ز لە خەوندا بینیم كە فریشتەكانی خوا لە ناوچە جیاوازەكانی پەنجابدا ڕووەكێكی ڕەشی تاریك و زۆر ناشرین و ترسناك و كورتیان دەڕواند، پرسیارم كرد لە هەندێكیان دەربارەی چییەتی ڕووەكەكان، ئەوانیش وتیان: ئەمە نەمامی تاعوونە كە بەم زووانە لە وڵاتدا بڵاودەبێتەوە….. پێش ئەوە وەحییەكم پێگەيشت سەبارەت بە تاعوونەكە، كە بەریتی بوو لە: “إِنَّ اللَّهَ لَا يُغَيِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّى يُغَيِّرُوا مَا بِأَنْفُسِهِمْ. إنَّهُ آوی الْقَرْيَةَ” “خوا هیچ گەلێك ناگۆڕێت هەتا ئەوان خۆیان نەگۆڕن. خوا داڵدەی گوندەكەی داوە”.. واتە ئەم پەتا ڕواڵەتییە لاناچێت هەتا پەتای تاوان و سەرپێچی لەدڵەكاندا لانەچێت.” (“الطاعون” 6-8-1898م، مجموعة الاشتهارات، مجلد 3 ص5).
خەڵكی گاڵتەیان كرد بەم هەواڵە مەزنە و گوتیان تاعوون لە پەنجابدا بڵاونابێتەوە، بەڵام لەناكاو باڵی كێشا بەسەریاندا بەگوێرەی هەواڵە خواییەكە هەتا زیانەكەی تەشەنەی كرد و سەدان هەزار كەسی لەناوبرد. حكومەتیش دەستیكرد بە پلانێكی گشتگیر بۆ كوتانی خەڵكی، بەشێوەیەكی بەرفراوان هەستا بە ڕیكلامكردن لەڕێگەی نووسین و وتاردانەوە بۆ سەپاندنی كوتانەكە بەسەر هەموو دانیشتوواندا. بەڵام مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بهداوای لێبوردنهوه كوتانەكەی ڕەتكردەوە، وە ئەم كتێبەی لە 5-10-1902دا نووسی و تێیدا سوپاسی حكومەتی كرد لەسەر پلانەكەی، وە ڕوونی كردەوە كە ئەگەر ڕێگری ئاسمانی نەبوایە لە كوتانەكە؛ ئەوا یەكەم كەس دەبوو كە خۆی دەكوتا بە ڤاكسینی تاعوون، وە ڕوونیكردەوە كە خوای گەورە دەیپارێزێت لە تاعوونەكە و هەروەها ئەو كەسەیش كە بەتەواوەتی گوێڕایەڵی دەكات و بەشێوەیەكی ڕاستەقینە كار بە فێركارییەكانی دەكات، وە ئەمە دەبێتە ئایەتێك بۆی لەلایەن خوای گەورەوە.
پاش ئەوەی بەڕێزی (عليه السلام) لەم كتێبەدا باسی موعجیزەی تاعوونی كردووە، دەفەرموێت: “بەڵام ئەم پرسیارە: ئەو فێركارییە چیە كە ئەگەر مرۆڤ بەڕاستی پابەند بێت پێیەوە ڕزگاری دەبێت لە پەلاماری تاعوون؟ ئەوەتا من لە خوارەوە وەڵامی ئەو پرسیارە بەكورتی دەنووسم.”
پاشان بەڕێزی (عليه السلام) بەشێوازێكی سەرنجڕاكێش و كاریگەر دەیەها ڕاسپاردەی بەسوود و ئامۆژگاری بەنرخ و فێركاری پێویستی تۆماركرد بۆ چاككردنی حاڵەتی ئەخلاقی و بڵندبوونەوەی ڕۆحی، كە شتێك نین جگه لە پوختەی فێركارییەكانی ئیسلام. هەروەك جەختی كردووەتەوە لەسەر گرنگی نزا، وە پێویستە نزا چۆن بێت.
پاشان بەڕێزی (عليه السلام) نیشانەكانی دەركەوتنی سەردەمی مەسیحی بەڵێندراوی باسكردووە، وە لەزۆر بابەتدا بەراوردی كردووە لەنێوان فێركاری قورئان و فێركاری ئینجیلدا، وە هەڵوەستەی كردووە لەسەر بەراوردكردن لەنێوان نزای ئینجیل “نانی ڕۆژانەمان ئەمڕۆش بدەرێ” و نزای سورەتی الفاتحة.
بەڕێزی (عليه السلام) باسی هۆكارەكانی هیدایەتی كردووە، وه ڕوونیكردووەتەوە كە بریتین لە قورئانی پیرۆز و سوننەت و فەرموودە، پاشان جیاوازی نێوان سوننەت و فەرموودەی خستووەتەڕوو، وە باسی پێوەری ڕاستبوونی فەرموودەكانی كردووە، پاشان باسی فەلسەفەی كاتەكانی پێنج نوێژەكەی كردووە. پاشان كاربەدەست و پاشا و دەوڵەمەند و زانایان دەدوێنێت، پاشان دەربارەی دۆخی شێخەكانی ڕێبازەكانی سۆفیگەری و خاوەن خانەقاكان دوواوە. وە لەكۆتاییدا كۆمەڵێكی زۆر لە ئامۆژگاری ئاراستەی ئافرەتان دەكات و باسی فرەژنی كردووە.
ناوى دووەمی كتێبی “كەشتی نووح” بریتیە له “بانگەوازی ئیمان”، وە ناوی سێیەمیشی بریتیه لە “بەهێزكردنی ئیمان”.
هەندێ لە پەراوێزەكان لەلایەن مەسیحی بەڵێندراوەوە (عليه السلام) نووسراون لە كۆتاییەكەیاندا نووسراوه “لەوەوە”، ئەو پەراوێزانەی لەلایەن وەرگێڕی عەرەبیەوە نووسراون لە كۆتاییەكەیاندا نووسراوە “وەرگێڕی عەرەبی”.
ئەم كتێبە بەنرخە برامان “بورهان ڕەسوڵ” لە عەرەبیەوە وەریگێراوە بۆ زمانی شیرینی كوردی و لیژنهیهكیش پێداچوونەوەیان بۆ كردووە. خوای گەورە پاداشتی خێری هەموویان بداتەوه و داواكارین لە خوای گەورە كە یارمەتیمان بدات كاربكەین بەم ئامۆژگارییە بەنرخانە. ئامین
نامیلكەی
كەشتی نووح
بەهێزكردنی ئیمان
بسم الله الرحمن الرحیم
نحمدە ونصلي علی رسوله الكریم
ڤاكسینی تاعوون
{لَنْ يُصِيبَنَا إِلَّا مَا كَتَبَ اللَّهُ لَنَا هُوَ مَوْلَانَا وَعَلَى اللَّهِ فَلْيَتَوَكَّلِ الْمُؤْمِنُونَ}[التوبة: 51]
بێگومان یەكێك لە هۆكارەكانی سوپاسكردنی حكومەتی ئینگلیزی ئەوەیە كە ئەم حكومەتە بەڕێز و خاوەن شكۆیه جارێكی تر پێشنیاری پرۆسەی پێدانی ڤاكسینی كرد وەك میھرەبانیەك لەلایەن خۆیەوە بەرامبەر هاوڵاتیەكانی و بۆ ڕزگاركردنیان لە پەتای تاعوون، وە لەپێناوی ئاسوودەیی بەندەكانی خوادا بارێكی گرانی خستە سەرشانی خۆی كە لە خەرجكردنی ملیۆنەها ڕوپیەدا خۆی دەبینێتەوە. بێگومان ئەمە پرۆسەیەكە پێویستە هاوڵاتیانی ژیر بەهەستی سوپاسگوزاری و پێزانینەوه پێشوازی لێ بكەن، وە ئەو كەسەی گومانی خراپ دەبات بە پرۆسەی كوتانەكە كەسێكی زۆر نەفامە و دوژمنی خۆیەتی. چونكە ئەم حكومەتە خەمخۆرە داوا لە خەڵك ناكات چارەسەرێك بەكاربھێنن كە مەترسی تێدا بێت، بەڵكو لەم جۆرە بارودۆخانەدا تەنھا ئەو چارەسەرانە پێشكەش دەكات كە پاش كۆمەڵێك ئەزموونی زۆر كەڵك و سوودیان سەلمێنراوە، لەبەرئەوە پێچەوانەی جوامێری و بەها مرۆییەكانە كە پاداشتی هەستی ڕاستەقینەی خۆشەویستی چاكە _كه پاڵنەری حكومەت بووە بۆ ئەوەی سەدان هەزار دراو خەرج بكات و بەردەوامیش خەرجی دەكات_ بەو قسەیە بدرێتەوە كە گوایە مەبەستێكی گوماناوی لەپشت ئەم هەموو ماندووبوون و بەخشینەوە هەیە. ئەو هاوڵاتی و جەماوەرە زۆر بەدبەخت و چارەڕەشە كە بگاتە ئەم ئاستە لە گومانی خراپ. گومانی تێدا نیە هەتا ئێستا گەورەترین و باشترین ڕێگاچارە كە حكومەت توانیبێتی لە جیھانی هۆكارەكاندا بیگرێتەبەر بریتیە لەم ڤاكسینە، وە گومانی تێدا نیە كە ئەزموون و تاقیكردنەوەكان سەلماندوویانە ئەم ڕێگاچارەیە بەسوودە، جا بەگوێرەی ڕەچاوكردنی هۆكارەكان پێویستە لەسەر هەموو خەڵكی ئەم ڕێگاچارەیە قەبوڵ بكەن و بەدەمیەوە بچن، وە ئەم حكومەتە بەڕێز و شكۆدارە ئاسوودە بكەن لەو خەمەی كە پێیەوە دەناڵێنێت لەپێناوی سەلامەتی گیانی ئەواندا.
ئەوەندە هەیە ئێمە بەوپەڕی ڕێزەوە داوای لێبوردن لەم حكومەتە چاكەكارە دەكەین و دەڵێین ئەگەر ڕێگرێكی ئاسمانی نەبوایە بۆ ئێمە؛ ئەوا لەناو هاوڵاتیاندا یەكەم كەس دەبووین كە ڤاكسینی تاعوونمان وەردەگرت. بەڵام ڕێگرە ئاسمانیەكە ئەوەیە كە خوای گەورە دەیەوێت ئایەتێك لە ئایەتەكانی ڕەحمەتی ئاسمانی پیشانی خەڵكی ئەم چەرخە بدات، بۆیە منی دواند و فەرمووی: تۆ و هەموو ئەو كەسانەی لە ماڵەكەی تۆدان و ئەوانەی بەتەواوەتی شوێنت كەوتوون و گوێڕایەڵییان كردوویت، وە ئەوانەی بەهۆی تەقوای ڕاستەقینەوە خۆیان تەرخان كردووە بۆ تۆ، پارێزراو دەبن لە تاعوون، وە ئەمەش ئایەتێك دەبێت لەلایەن خواوە لەم ڕۆژانەی كۆتاییدا؛ بۆ ئەوەی لەنێوان گروپە جیاوازەكاندا ناوبژیوانی بكات، بەڵام ئەو كەسەی بەتەواوەتی پەیڕەوی فەرمانەكانت ناكات لە تۆ نیە، بۆیە خەمی بۆ مەخۆ. ئەمە فەرمانێكی خواییه، وە بەگوێرەی ئەم فەرمانە ئێمە و ئەوانەی لە چوارچێوەى ماڵەكەماندا نیشتەجێن پێویستمان بە كوتان نیە، هەڵبەت پێشتر ڕوونمكردەوە خودا _كە پەروەردگاری زەمین و ئاسمانەكانە، وە بە زانست و دەسەڵات دەوری هەموو شتێكی داوە_ ماوەیەك لەمەوپێش وەحی بۆ كردم و فەرمووی: بێگومان من هەموو ئەو كەسانەی كە لە چوارچێوەی دیواری ئەم ماڵەدان دەپارێزم لە مردن بە تاعوون بەو مەرجەی بەوپەڕی دڵسۆزی و گوێڕایەڵی و خۆبەكەمزانینەوە بەیعەت بدەن و وازبهێنن لە هەموو نیازە خراپەكان، وە بەهیچ شێوەیەك بەلووتبەرزی و یاخیبوون و خۆپەرستی و بەسووكزانین و كەللـەڕەقی و خۆپەسەندیەوە هەڵسوكەوت نەكەن بەرامبەر حوكمەكانی خوا و بەرامبەر ئەم نێردراوەی، بەڵكو دەبێت كار بكەن بە هەموو فێركارییەكانی.
لەسەروو ئەمەشەوە دوواندمی و فەرمووی: بەشێوەیەكی گشتی هەرگیز تاعوونی قڕكەر و فەوتێنەر گوندی قادیان ناگرێتەوە بەجۆرێك ببێتە هۆی ئەوەی خەڵكی وەكو سەگ بمرن، وە لەتاو خەم و پەرتەوازەبوون شێت و هار بن، وە هەموو ئەندامەكانی ئەم كۆمەڵە _ژمارەیان هەرچەند بێت_ بەشێوەیەكی گشتی بێوەی دەبن لە تاعوونەكە لەچاو دوژمنەكانیاندا، مەگەر ئەوانەی وەك پێویست چاودێری پەیمانەكەیان نەكردووە، یان ئەوانەی لەزانستی خوای گەورەدا هۆكارێكی شاراوە هەیە دەربارەیان، دیارە ئەو كەسانە دەكرێت تووشی تاعوون بن. ئەوەندە هەیە لەكۆتاییدا خەڵكی بەسەرسوڕمانەوە دان بەوەدا دەنێن كە یارمەتی خوا لەگەڵ ئەم كۆمەڵەدا بووە بەبەراورد لەگەڵ ئەوانی تردا، وە خوای گەورە بە ڕەحمەتی تایبەتی خۆی ئەم كۆمەڵەی پاراستووە بە جۆرێك كە وێنەی نیە لەوانی تردا.
هەندێ نەفام تووشی واقوڕمان دەبن لەم پێشبینیە، وە هەندێكیان گاڵتەی پێ دەكەن، وە هەندێكیان بە شێتم لە قەڵەم دەدەن، وە هەندێكیان سەرسام دەبن بە زانین و ئاگاداربوون لەوەی كە ئایا خوایەكی وەها بوونی هەیە بتوانێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی هۆكارەكان ڕەحم بكات بە بەندەكان؟! وەڵامەكەی بەڵێیە، گومان لەوەدا نیە كە ئەو خودا بەتوانایە بەدڵنیاییەوە بوونی هەیە، ئەگینا دۆستەكانی هەر بەزیندوویی دەمردن. ئەو زاتە بەتوانایە زۆر سەیرە و توانا پیرۆزەكانیشی زۆر سەیرن! لەلایەكەوە بەسەر دۆستەكانی خۆیدا دوژمنە گەمژەكانیان وەكو سەگ زاڵ دەكات، وە لەلایەكی ترەوە فەرمان دەكات بە فریشتەكانی كە خزمەتیان بكەن و بیانپارێزن، بەهەمان شێوە كاتێك لە دنیا تووڕە دەبێت و ڕقی دەجۆشێت لەدژی ستەمكاران، چاودێری و پاسەوانی بەندە نزیكەكانی خۆی دەكات، ئەگەر وانەبوایە ئەوا بینای ئەهلی حەق لە بناغەوە دەڕووخا، و هیچ كەسێك بەهیچ شێوەیەك نەیدەتوانی ئەوان بناسێتەوە.
ئاگاداربن دیمەنەكانی توانای خوا بێشومارن، بەڵام دەرناكەون بۆ خەڵكی مەگەر بە ئەندازەی ئیمان و یەقینیان. دیارە ئەوانەی یەقین و خۆشەویستییان پێ خەڵات كراوە، وە لە هەموو شتێك دابڕاون بۆ خوای گەورە و خۆیان داماڵیوە لە خوونەریتە دەروونیەكانیان، ئا ئەوانە ئەو كەسانەن كە توانا دەراساكانی خوا دەردەكەون بۆیان. خوا هەرچیەكی بوێت دەیكات، بەڵام نایەوێت بە توانا دەراساكانی خۆی جیلوە بكات تەنھا بۆ ئەو كەسانە نەبێت كە لەپێناوی ئەودا (سبحانه وتعالی) دەست هەڵدەگرن لە داب و نەریتە خراپەكانی خۆیان. لەم سەردەمەی ئێمەدا ئەو كەسانە زۆر كەمن كە دەیناسن و باوەڕیان بە توانا سەرسوڕهێنەرەكانی هەیە، وە ئەو كەسانە گەلێك زۆرن كە بەڕەهایی باوەڕیان نیە بە خوای بەتوانا و دەسەڵاتدار، ئەوەی كە هەموو شتێك لە گەردووندا گوێ شل دەكات بۆ دەنگی، وە هیچ شتێك دەستەوسانی ناكات.
لێرەدا ئەوەمان لەبیرنەچێت كە خۆتیماركردن لەكاتی تووشبوون بە تاعوون و نەخۆشی تردا تاوان نیە، بەڵكو لە فەرموودەی پێغەمبەردا (ﷺ) هاتووە كە هیچ نەخۆشیەك نیە خوای گەورە دەرمان و چارەسەرێكی بۆ دروست نەكردبێت، بەڵام من وایدەبینم تاوان و سەرپێچیە -بەوەرگرتنی ڤاكسینی تاعوون- چەواشەكاری بكەم و گومان دروست بكەم لەم نیشانە خواییە كە خوا (سبحانه وتعالی) دەیەوێت لەزەویدا بەڕوونی پیشانی ئێمەی بدات، بۆیە پێمخۆش نیە پەنا ببەم بۆ ڤاكسین و بەمەش سووكایەتی بكەم بە نیشانە ڕاستەكەی خودا و بەڵێنە ڕاستەكەی، ئەگەر وەها بكەم ئەوا تاوانێكم ئەنجام داوە كە لێخۆشبوونی بۆ نیە؛ چونكە لەو كاتەدا باوەڕم نەبووە بەو بەڵێنەی كە پەروەردگارم پێيداوم، وە لەم دۆخەدا پێویستە سوپاسی ئەو پزیشكە بكەم كە ئەم ڤاكسینەی دۆزیوەتەوە لەجیاتی ئەوەی سوپاسی ئەو خوایە بكەم كە بەڵێنی پێداوم هەموو ئەو كەسانە بپارێزێت كە لەناو ماڵەكەی مندان. بەوپەڕی بەرچاوڕوونیەوە دەڵێم بەڵێنەكانی ئەو خودا بەدەسەڵاتە بەدڵنیاییەوە ڕاستن، وە من ڕۆژەكانی داهاتوو دەبینم وەك ئەوەی هاتبن.
هەروەك دەشزانم كە ئامانجی سەرەكی حكومەتە بڵندەكەمان لەپێدانی ڤاكسین بریتیە لەوەی كە بەهەر هۆكارێك بووە خەڵك ڕزگار بكات لە تاعوون، وە ئەگەر ڕۆژێك لەڕۆژان ڕێگاچارەیەكی تر بدۆزێتەوە كە لەم ڤاكسینە باشتر مەبەستی داواكراو بهێنێتەدی؛ ئەوا بەدڵێكی فراوانەوە دەیگرێتەبەر، ئەمەش بەجوانی دەریدەخات ئەو ڕێگەیەی كە خوای گەورە منی خستووتەسەر هەرگیز پێچەوانەی مەبەستەكانی حكومەت نیە.
وە هەواڵی بڵاوبوونەوەی بەڵای ئەم تاعوونە گەورەیە لە كتێبەكەمدا “البراهین الأحمدیة” وەك پێشبینییەك 20 ساڵە بوونی هەیە، وە ئەو هەواڵە بەڵێنی كۆمەڵێك بەرەكەتی تێدایە كە تایبەتە بەم كۆمەڵەوە (بڕوانن بۆ البراهین الأحمدیة، لا 518 و 519). وە سەرباری ئەمە خوای گەورە بەوپەڕی هێز و تواناوە هەواڵی ئەوەی داوە كە هەموو ئەو كەسە دڵسۆزانە كە لەماڵەكەمدان و لووتبەرز نین بەرامبەر خوا و نێردراوەكەی ڕزگاريان دەكات لە بەڵای تاعوون، وە لەچاو كەسانی تردا، خوای گەورە بەتایبەتی چاكەیان لەگەڵدا دەكات، بەڵام دەكرێت بەدەگمەن یەكێك لەوان تووش بێت بەهۆی لاوازی باوەڕیەوە یان ناتەواویەك لە كردەوەیدا یاخود بەهۆی مەرگێك كە بڕیاری لێ دراوە یان هەر هۆكارێكی تر كە تەنھا خوای گەورە دەیزانێت. وە شتی دەگمەن وەكو نەبوو وایە؛ چونكە لەكاتی بەراوردكردندا بڕیار لەسەر زۆرینە بنیاد دەنرێت. هەروەك حكومەت لە ڕێگەی ئەزموونەوە ئەوەی سەلماند كە ئەوانەی بە ڤاكسینی تاعوون كوتراون لەچاو ئەوانەدا كە نەكوتراون بەكەمی نەبێت نامرن؛ چونكە حاڵەتی مردنی كەم و دەگمەن لە بایەخی ڤاكسینەكە كەم ناكاتەوە، بەهەمان شێوە ئەگەر لە قادیان تووشبوون بە تاعوون كەمتر ڕووبدات لەچاو شار و گوندەكانی تردا، یان بەشێوەیەكی دەگمەن یەكێك لە ئەندامانی ئەم كۆمەڵە بمرێت بە تاعوونەكە؛ ئەوا ئەمە هەرگیز لە گەورەیی ئەم ئایەتە بڵندە كەم ناكاتەوە.
بەگوێرەی ئەوەی كە لە فەرمایشتی پیرۆزی خواوە بۆم دەركەوت ئەم پێشبینیەم بڵاوكردەوە، كەواتە گونجاو نیە بۆ كەسی ژیر كە گاڵتە بە كاروبارەكانی ئاسمان بكات پێش ڕوودانیان. دیارە ئەمە فەرمایشتی خوایە نەك قسەی فاڵگرەوە، وە ئەمە خودی نوورە نەك خەمڵاندنێك كە لە تاریكییە ئەنگوستەچاوەكانەوە سەرچاوەی گرتبێت. بێگومان ئەمە وتەی ئەو پەروەردگارەیە كە تاعوونی نازڵ كردووە و خۆیشی دەتوانێت ڕیشەكێشی بكات. گومانی تێدا نیە حكومەتەكەمان ڕێزی شایستە لەم پێشبینییە دەگرێت كاتێك تێبینی ڕوودانی ڕووداوێكی سەرسوڕهێنەر دەكات كە بریتیە لەوەی ڕۆڵەكانی ئەم كۆمەڵە لەڕاستیدا لەو كەسانەی كە كوتراون زیاتر ساغ و تەندروست بوون. وە من بەوپەڕی ڕاستیەوە دەڵێم ئەگەر ئەم پێشبینیە نەهاتەدی كە بەردەوام بۆ ماوەی بیست و ئەوەندە ساڵە لەناو خەڵكدا بڵاودەكرێتەوە؛ ئەوا من لەلایەن خوای گەورەوە ڕەوانە نەكراوم.
نیشانەكانی هاتنی مەسیحی بەڵێندراو
یەكێك لەو نیشانانەی كە دەبێتە بەڵگەیەك لەسەر ئەوەی من لەلایەن خوای گەورەوە ڕەوانەكراوم ئەوەیە ئەو كەسە دڵسۆزانەی لە چوارچێوەی دیواری خانووەكەمدا نیشتەجێن سەلامەت دەبن لە مردن بەم پەتایە، وە هەموو كۆمەڵەكەم لە كەسانی تر زیاتر بێوەی دەبن لە پەلاماری تاعوون، وە ئەو سەلامەتییەی كە ئەوان دەگرێتەوە هەرگیز هاوشێوەی نابێت لە هیچ كۆمەڵێك لە كۆمەڵەكاندا، وە بەڵای تاعوونی ترسناكی قڕكەر هەرگیز تووشی قادیان نابێت مەگەر بەدەگمەن. دەی خۆزگە ئەوانەی كە دڵیان ساغە و لە خوای گەورە دەترسن بەتەواوەتی لە سزاكە ڕزگاریان دەبوو؛ چونكە لە دنیادا بەهۆی جیاوازی ئایینەوە سزا نازڵ نابێت بۆسەر هیچ كەسێك، سزای ئەمە لە دواڕۆژدایە، بەڵكو لەدنیادا خەڵكی لەسەر خراپە و بێشەرمی و زۆری تاوانەكانیان سزا دەدرێن.
لێرەدا شایانی باسە كە پێشبینی بڵاوبوونەوەی تاعوون لە سەردەمی مەسیحی بەڵێندراودا لە قورئانی پیرۆزدا هەیە، بگرە لە هەندێ پەڕاوەكانی تەوراتیشدا[بگەڕێوە بۆ كتێبی (زەكەریا 14: 12)، وە ئینجیلی مەتتا 24: 8، وە ڕوئیای یۆحەننای لاهووتی 22: 8. لەوەوە] هەیه، تەنانەت مەسیح (عليه السلام) خۆیشی لە ئینجیلدا ئەمەی ڕاگەیاندووە، وە ئەستەمە كە پێشبینی پێغەمبەران هەڵە دەربچێت.
وە بزانن چارمان نیە جگە لە دووركەوتنەوە لە ڕێگاچارە مرۆییەكان لە بەرامبەر ئەم بەڵێنە خواییەدا بۆ ئەوەی دوژمن ئەم نیشانەیەی خودا نەداتەپاڵ هۆكارێكی تر. بەڵام ئەگەر خوای گەورە لەڕێگەی وتەی خۆیەوە _سەرەڕای ئەم پێشبینیە_ ڕێگاچارەیەكمان بۆ ئاشكرا بكات یان ئاگادارمان بكاتەوە لە دەرمان و چارەسەرێك؛ ئەوا ئەم ڕێگاچارەیە یان ئەم چارەسەرە هیچ پێچەوانە نیە لەگەڵ گەورەیی ئەم نیشانەیەدا؛ چونكە لەلایەن ئەو خوداوەیە كە ئەم نیشانەیەی ئاشكراكردووە.
هیچ كەسێك وا گومان نەبات كە ئەگەر بەدەگمەن هەندێك لە ئەندامانی كۆمەڵەكەمان بە تاعوونەكە مردن؛ ئەوا ئەمە لە گەورەیی و مەزنی ئایەتەكە كەم دەكاتەوە. نەخێر؛ چونكە لە سەردەمەكانی پێشوودا مووسا و یەشوع و لەكۆتاییشدا پێغەمبەری خۆمان (ﷺ) فەرمانیان پێ كرا ئەو كەسانە بە شمێر بكوژن كە شمشێریان هەڵكیشا و خوێنی هەزارەها كەسیان ڕژاند، وە ئەمە نیشانەیەك بوو لەلایەن پێغەمبەرانەوه كە سەركەوتنێكی گەورەی بەدوادا هات، لەگەڵ ئەوەی هەندێ لە ئەهلی حەقیش بە شمشێری تاوانباران دەكوژران، بەڵام ژمارەیان زۆر كەم بوو، وە ئەم زیانە كەمە هیچ لە گەورەیی ئەم ئایەتە كەم ناكاتەوە. بە هەمان شێوە ئەگەر هەندێ كەس لە كۆمەڵەكەمان تووشی تاعوون بن بەهۆی یەكێك لەو هۆكارانەی كە باسكران؛ ئەوا ئەمە هیچ لە بەهای نیشانە خواییەکە کەم ناکاتەوە. ئایا یەكێك لە ئایەتە مەزنەكان ئەوە نیە كە جار لەدوای جار من ڕایدەگەیەنم خوای گەورە ئەم پێشبینیە بەدیدەهێنێت بەشێوەیەك دوای بەدیهاتنەكە هەر كەسێك حەقویست بێت هیچ گومانێكی نامێنێت، بەڵكو پەی بەوە دەبات كە خوای گەورە بەشێوازێكی ئیعجازی مامەڵە دەكات لەگەڵ ئەم كۆمەڵەدا، بەڵكو یەكێك لە ئەنجامەكانی ئەم ئایەتە خواییە ئەوە دەبێت كە ئەم كۆمەڵە بەشێوەیەكی مەزن زیاد دەكات بەهۆی تاعوونەكەوە، وە بەشێوەیەكی دەراسا گەشە دەكات كە خەڵكی تووشی واق وڕمان دەكات. بەڵام ئەگەر خودا جیاكاری نەكرد لەنێوان ئەم كۆمەڵە و كۆمەڵەكانی تردا بەگوێرەی ئەم پێشبینیە؛ ئەوا مافی نەیارەكان و دوژمنانە _ئەوانەی هەموو جارێك شكستیان هێناوە وەك لە كتێبی “نزول المسیح”دا نووسیومە_ كە بەدرۆزنم بزانن. بەڵام لە بەدرۆزانینی ڕابردوویان بۆ من هەتا ئێستا هیچ شتێكیان دەستنەكەوتووە تەنھا نەفرەت نەبێت؛ بۆ نموونە جار لەدوای جار هەرایان دەنایەوە كە گوایە “ئاتھەم”[“ئاتھەم” یەكێك بوو لەو قەشانەى كە تانەی دەدا لە پێغەمبەری خۆمان (ﷺ)، وە درێژەی بەدیھاتنی ئەو پێشبینیەی كە پەیوەستە بە مردنی ئاتھەمەوە لە كتێبی “أنجام آتھم”دا هاتووە. (وەرگێڕی عەرەبی)] لەماوەی پانزە مانگەكەدا نەمرد! لەگە ڵ ئەوەی بەڕاشكاوی لەو پێشبینیەدا نووسراوە كە “ئاتھەم” هەرگیز لەماوەی ئەو پانزە مانگەدا نامرێت ئەگەر گەڕایەوە بۆ لای حەق و ڕاستی، لەڕاستیدا ئەو لەدانیشتنی هەمان دیبەیتدا لەبەردەم حەفتا كەسی بەڕێزدا پاشگەزبوویەوە لە وەسفكردنی پێغەمبەری خۆمان (ﷺ) بە دەججال، نەك هەر هەر ئەوەندە، بەڵكو جەختی كردەوە لەسەر تۆبەكردنەكەی بەجۆرێك لەماوەی پانزە مانگەكەدا بەردەوام بێدەنگ و ترساو بوو، وە بنەمای ئەو هەڕەشەیە تەنھا ئەوە بوو كە وەسفی پێغەمبەری خۆمانی (ﷺ) كردبوو بە دەججال. بەڵام سوودی وەرنەگرت لە پاشگەزبوونەوەكەی تەنھا ئەوە نەبێت كه بۆ ماوەی پانزە مانگ مردنەكەی دواكەوت، پاشان لە كۆتاییدا مرد. ئەمەش ڕوویدا؛ چونكە پێشبینیەكە ئەوەی ڕاگەیاندبوو كە لەنێوان هەردوو لادا ئەوەیان پێشتر دەمرێت كە لە بیروباوەڕەكەیدا درۆزنە، ئەوە بوو ئەو پێش من مرد.
هەروەها ئەو هەواڵە غەیبیانەی كە خوای گەورە ئاشكرای كرد بۆ من و هەموویان لەكاتی خۆیاندا بەدیـھاتن لە دە هەزار هەواڵ كەمتر نین، بەڵام لە كتێبی “نزول المسیح”دا كە ئێستا لەژێر چاپدایە تەنھا سەد و پەنجا نموونە باسكراوە لەگەڵ بەڵگە و شایەتەكاندا. هەموو پێشبینیەكانم بەدیھاتوون یان ئەوانەیان كە لە دوو بەش پێكهاتوون بەلایەنی كەمەوە بەشێكیان بەدیھاتووە، وە هیچ كەسێك پێشبینیەك نادۆزێتەوە كە لەزاری منەوە دەرچووبێت و بتوانێت بڵێت هەڵە دەرچووە ئەگەر هەتا مردن بۆی بگەڕێت؛ بەڵام ئەگەر كەسێك شەرم نەكات یان نەفام بێت ئەوا با بە ئارەزووی خۆی قسە بكات. بەوپەڕی تەحەدداوە ڕایدەگەیەنم هەزارەها پێشبینی ڕوونم بە ئاشكرا بەدیھاتوون، وە سەدان هەزار كەس شایەتی دەدەن لەسەر بەدیھاتنیان، وە ئەگەر بگەڕێن بۆ دۆزینەوەی هاوشێوەكانیان لەلای پێغەمبەرانی پێشوو؛ ئەوا تەنھا لای پێغەمبەری خۆمان (ﷺ) دەیدۆزنەوە. ئەگەر نەیارەكانم بیانویستایە بەم ڕێگەیە بابەتەكە یەكلایی بكەنەوە؛ ئەوا هەر لە زووەوە ڕاستییان بەدیدەكرد! وە من ئامادەم خەڵاتیان پێشكەش بكەم ئەگەر هاوشێوەی ئەم پێشبینیانەی منیان هێنا. بەڵام ئەگەر لە ئەنجامی شەڕانگێزی یان گەمژەیی خۆیانەوە بڵێن فڵان پێشبینی بەدینەهاتووە، تۆ بڵێی چ چارێكمان هەبێت جگە لەوەى ئەم گوفتارەیان بە دەروون پیسی و گومان خراپی لەقەڵەم بدەین لەلایەن خۆیانەوە؟ ئەگەر ئەوان لەناو كۆمەڵێك خەڵكدا گفتوگۆ بكەن لەسەر ئەم بابەتە ئەوا ناچار دەبن لە قسەی خۆیان پاشگەزببنەوه یان ئەوەتا بە بێئابڕوو وەسف دەكرێن. بێگومان بەدیھاتنی هەزارەها پێشبینی و بوونی هەزارەها شایەتی زیندوو لەسەریان، شتێك نیە بە سووك سەیر بكرێت، بەڵكو لەڕاستیدا ئەمە وەكو ئەوە وایە بەچاوی سەر خوا ببینرێت! تۆ بڵێی، ئایا لە سەردەمێك لە سەردەمەكاندا _جگە لە سەردەمی پێغەمبەری خۆمان_ ڕوویداوە كە هەزارەها پێشبینی بكرێت و ڕابگەیەنرێت و پاشان هەمووی بەتەواوەتی وەكو ڕۆژی ڕووناك بێتەدى، وە هەزارەها كەس شایەتی بدەن لەسەر بەدیھاتنیان.
من دڵنیام خوای گەورە لەم چەرخەدا دەستی كردووە بە جیلوە كردن، وە سەدەها بابەتی غەیبی ئاشكرا دەكات بۆ بەندەی خۆی، بەجۆرێك مەگەر بە كەمی ئەگینا لە چەرخەكانی ڕابردوودا هاوشێوەی نیە. وە بەمزووانە خەڵكی دەبینن كە خوا خۆی لەم سەردەمەدا دەركەوتووە وەك ئەوەی لەئاسمانەوە دابەزیبێت. بێگومان ماوەیەكی زۆر خۆی شاردەوە، وە بەردەوام بێدەنگ بوو لەوەی خەڵكی نكوڵییان لێ دەكرد، بەڵام ئێستا هەرگیز خۆی ناشارێتەوە، لەمەودوا خەڵكی جیھان دەركەوتەكانی توانای ئەو دەبینن بەجۆرێك كە هەرگیز باوباپیرانیان نەیانبینیوە؛ ئەمەش چونكە زەوی خراپ بووە، وە خەڵكی باوەڕیان نەماوە بە دروستكاری ئاسمانەكان و زەوی. ناوی دەهێنرێت لەسەر زارەكان، بەڵام دڵەكان پشتیان لێ هەڵكردووە، بۆیە خوا (سبحانه وتعالی) دەفەرموێت: ئێستا ئاسمانێكی نوێ و زەمینێكی نوێ دروست دەكەم. مەبەست لەم فەرمایشتە ئەوەیە كە زەوی مردووە؛ واتە دڵی خەڵكەكەی ڕەق بووە وەك ئەوەی مردبێت؛ چونكە خوا ون بووە لێیان و ئایەتە ئاسمانیەكانی پێشوو هەموویان بوون بە چیرۆك و داستان؛ بۆیە خوای گەورە ویستی زەمینێكی نوێ و ئاسمانێكی نوێ دروست بكات. ئایا ئەو ئاسمانە نوێیە كامەیە؟ وە ئەو زەمینە نوێیە كامەیە؟ ئاگاداربن زەمینە نوێیەكە ئەو دڵە پاكانەیە كە خوای گەورە بەدەستی خۆی ئامادە و سازیان دەكات، دیارە ئەو دڵانە لەلایەن خواوە دەركەوتن و خواش لە ڕێگەی ئەوانەوە دەردەكەوێت. بەڵام ئاسمانە نوێیەكە بریتیە لەو ئایەتانەی كە بە ئیزنی خۆی دەردەكەون لەسەر دەستی بەندەكەیدا.
زۆر بەداخەوە بۆ خەڵكی دنیا كە دژایەتی ئەم جیلوە نوێیەی خوای گەورەیان كرد! جگە لەچیرۆك هیچیان لەدەستدا نیە، وە خواكەیان تەنھا لەخەیاڵی خۆیانەوە پەیدا بووە. دڵەكان لەڕاستەڕێ لایانداوە، ورەكان ڕووخاون و پەردە دراوە بەسەر چاوەكاندا. واز لە نەتەوەكانی تر بھێنە كە خۆیان خوای ڕاستەقینەیان ونكرد بەجۆرێك مرۆڤیان كرد بە پەرستراو، بڕوانە بۆ دۆخی موسوڵمانان، بزانە چەند لە خوا (عَزَّ وَجَلَّ) دووركەوتوونەتەوە! بێگومان ئەوان بوون بە سەرسەختترین دوژمنی حەق و ڕاستی، وەك دوژمنێكی تینوو بەخوێن دژایەتی ڕێگای ڕاست دەكەن. بۆ نموونە “ندوة العلماء“[“ندوة العلماء” و “منظمة حمایة الإسلام” دوو كۆمەڵی ئیسلامین لە هيندستان بوون، یەكەمیان لە لكهناو بووە ئەوی تریشیان لە لاهۆر. (وەرگێڕی عەرەبی)] كە بانگەشەی ئەوە دەكات نوێنەر و دڵسۆزی ئیسلامە، وە “منظمة حمایة الإسلام” لە لاهۆر كە بەناوی ئیسلامەوە ماڵ و سەروەتی موسوڵمانان دەبات بۆ خۆی؛ ئایا پێتان وایە دڵسۆزن بۆ ئیسلام؟ ئایا ئەمانە پارێزگاری دەكەن لە ڕێگای ڕاست؟ ئایا ئاگایان لەو بەڵا و نەهامەتیانە هەیە كە ئیسلامیان پلیشاندووەتەوە؟ ئایا سوننەتی خوای گەورە دەزانن سەبارەت بە نوێكردنەوە؟ بەڕاستی پێتان دەڵێم: ئەگەر من نەهاتبام ئەوا بانگەشەكانیان بەوەی كە پارێزگاری لە ئیسلام دەكەن تاڕادەیەك پەسەند بوو، بەڵام ئێستا بە بەڵگەی خوا ڕاستییان بۆ سەلمێنراوە، بەجۆرێك بوون بە یەكەم كەس كە باوەڕناكەن بە ئەستێرەیەك لە ئاسماندا دەركەوتووە پاش ئەوەی كە بانگەشەی ئەوەیان دەكرد خۆیان پارێزگاری لە ئایین دەكەن. دەی ئێستا لای ئەو خوایە وەڵامیان چییە كه بەتەواوەتی لەكاتە دیاریكراوەكەدا منی ڕەوانەكرد؟ بەڵام ئەوان هیچ گوێ نادەن بەم بابەتە.
بێگومان خۆر لە نیوەڕۆ نزیك بوویەوە كەچی ئەوان پێیانوایە هەتا ئێستا بەردەوام هەر شەوه. بێگومان كارێزی خوا تەقیەوە كەچی هێشتا ئەوان لە بیاباندا شیوەن دەكەن! ڕووبارێك لە زانستە ئاسمانیەكانی ئەو (سبحانه وتعالی) دەڕوات كەچی ئەوان زانیارییان نیە دەربارەی. هەڵبەت نیشانەكانی بەردەوام دەردەكەون، كەچی بێئاگان لێیان، نەك هەر ئاگایان لێیان نیە، بەڵكو دوژمنایەتی كۆمەڵی خوا دەكەن. ئەمەیە پاراستنی ئیسلام و بڵاوكردنەوەی فێركارییەكانی كە لەسەر دەستی ئەواندا بە ئەنجام دەگات. بەڵام ئایا ئەوان بەم ڕەتكردنەوەیان دەتوانن ڕێگری بگەن لە ویستی ڕاست و دروستی خودا كە بەردەوام هەموو پێغەمبەران شایەتییان لەسەر داوە لە سەرەتاوە؟ نەخێر بەڵكو نزیكە پێشبینیە خواییەكە بەدیبێت كە دەفەرموێت: {كَتَبَ اللَّهُ لَأَغْلِبَنَّ أَنَا وَرُسُلِي}[المجادلة: 22].
هەروەك چۆن 10 ساڵ لەمەوپێش خوای گەورە لەئاسماندا خۆر و مانگی گیراند لە ڕەمەزاندا بۆ سەلماندنی ڕاستگۆیی ئەم بەندەیەی خۆی، وە ئەم دوو نیشانەیەی لە ئاسماندا پیشاندا كاتێك ئەستێرەی شەو و ئەستێرەی ڕۆژی كرد بە دوو شاهید لەسەر ڕاستگۆیی من، هەروەها لەزەویشدا بەگوێرەی پێشبینی پێغەمبەران دوو نیشانە دەرخست.. یەكێكیان لە قورئانی پیرۆزدا لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا: {وَإِذَا الْعِشَارُ عُطِّلَتْ}[التكویر: 5] دەیخوێننەوە، وە لە فەرموودەی پیرۆزیشدا بەم شێوەیە هاتووە: “لَتُتْرَكَنَّ الْقِلَاصُ فَلَا يُسْعَى عَلَيْهَا“ واتە: “وازدەهێنرێت لە وشتر و تاونادرێت لەسەریان”، وەك بەدیهاتنێك بۆ ئەم پێشبینیە لە خاكی حیجازدا هێڵی ئاسنین لەنێوان مەككە و مەدینەدا ڕادەكێشرێت. وە نیشانەكەی تر بریتیە لە تاعوون، ئەوەتا خوای گەورە دەفەرموێت: {وَإِنْ مِنْ قَرْيَةٍ إِلَّا نَحْنُ مُهْلِكُوهَا قَبْلَ يَوْمِ الْقِيَامَةِ أَوْ مُعَذِّبُوهَا}[الإسراء: 59]. ئەوەتا خوای گەورە شەمەندەفەری خستەڕێ لەوڵاتدا و تاعوونیشی نارد، هەتاكو زەوی ببێت بە شاهید هەروەك چۆن ئاسمان بوو بە شاهید. دەی دژایەتی لەگەڵ خوای گەورەدا مەكەن، دیارە دژایەتی كردن لەگەڵ خوادا گەمژەییە.
كاتێك لەڕابردوودا خوا (سبحانه وتعالی) ویستی ئادەم بكات بە جێنشین فریشتەكان ڕەخنەیان لێ گرت، دەی ئایا خوای گەورە لەبەر قسەی ئەوان وازی هێنا لەوەی ئادەم بكات بە جێنشین؟ ئێستایش خوای گەورە لەكاتی دروستكردنی ئادەمی دووەمدا فەرمویەتی: “ویستم جێنشینێك دیاری بكەم بۆیە ئادەمم دروست كرد.”[ئەمە یەكێكە لەو وەحییانەی كه خوای گەورە كردوویەتی بۆ مەسیحی بەڵێندراو. (وەرگێڕی عەرەبی)] دەی ئایا ئێستا دەتوانن ویستی خوا ڕەتبكەنەوە؟ بۆچی گومانی خراپ و بێ بایەخ دەبەن و ڕێگای دڵنیایی هەڵنابژێرن؟ ئاگاداربن بەدەستی خۆتان خۆتان گرفتار مەكەن، بەدڵنیاییەوە بزانن كە هیچ شتێك ڕێگری ناكات لە ویستی خوا. وە بزانن كە ئەم دژایەتییانە پێچەوانەی ڕێگای پارێزكارییە. بەڵام ئەگەر گومانتان هەیە لە كارەكەم؛ ئەوا ڕێگەی نەهێشتنی ئەو گومانە _بۆ نموونە_ ئەوەیە كە داوا لە خوا بكەن مژدەی ڕزگاربوونی هاوڕێباز و شوێنكەوتووانتان لە تاعوونەكە پێ بدات ئەگەر دڵسۆزن بۆیان، هەروەك چۆن من ئەو كارەم كرد بەجۆرێك لە وەحی خوای گەورەدا مژدەم پێگەيشت كە ئەو كۆمەڵە خەڵكەی گوێڕایەڵی فەرمانەكانم دەكەن ڕزگاریان دەبێت لە سزای تاعوونەكە، پاشان ئەم مژدەیە لەناو خەڵكدا بڵاوبكەنەوە، وەك چۆن من لەڕێگەی بڵاوكراوە و چاپەمەنیەكانەوە مزگێنیم بڵاوكردەوە، بۆ ئەوەی خەڵكی بزانێت كە خوا لەگەڵ ئێوەدایە. بەڵكو ئەمە دەرفەتێكە و ڕەخساوە بۆ مەسیحیەكانیش، دیارە ئەوان هەمیشە دەڵێن ڕزگاربوونی مرۆڤەكان سپێردراوە بە مەسیح، دەی لەم ڕۆژگارە نەهامەتیەدا ئەوەش ئەركی سەرشانیانە كە برا مەسیحیەكانی خۆیان ڕزگار بكەن لە تاعوون. وە ئەو كۆمەڵەی لەناو هەموو ئەم كۆمەڵانەدا خوای گەورە زیاتر وەڵامی دەداتەوە لای ئەو (سبحانه وتعالی) پەسەند و قەبوڵكراوە. بێگومان ئێستا خوای گەورە دەرفەتێكی ڕەخساندووە بۆ هەموو گروپێك، بۆ ئەوەی لەزەویدا بەهەوانتە مشتومڕ و دەمەقاڵێ نەكەن، بەڵكو بیسەلمێنن كە ئەوان زیاتر لە خوا نزیكترن لە گروپەكانی تر، ئەوسا لەلایەكەوە سەلامەت دەبن لە تاعوون، وە لەلایەكی ترەوە ڕاستگۆییەكەیان بەجوانی دەردەكەوێت. لەم خیتابەدا بەتایبەتی مەبەستم قەشەكانە كە مەسیحی كوڕی مەریەم بە ڕزگاركەر دەزانن لە دنیا و دواڕۆژدا، دەی ئەگەر لەناخی دڵیانەوە باوەڕیان بەوە هەیە كە كوڕەكەی مەریەم بریتیە لە خاوەنی دنیا و دواڕۆژ؛ ئەوا لەئێستادا وا شیاوە بۆ كرستیانەكان كە نموونەیەكی ڕزگاربوونەكە پیشان بدەن لەڕێگەی بەرەكەتی كەفارەت و فیدای مەسیحەوه، ئەمەش بارگرانیەكی زۆر لەكۆڵ ئەم حكومەتە بەڕێز و خاوەن شكۆیە دەكاتەوە. كەواتە پێویستە لەسەر كۆمەڵە جیاوازەكان _ئەوانەی لە هيندی بەریتانیدا هەن_ كە باوەڕیان بە ڕاستی ئایينەكانی خۆیان هەیە ئەم هۆكارە بگرنەبەر بۆ ڕزگاركردنی شوێنكەوتووانی خۆیان لە تاعوون، مەبەستم ئەوەیە هەر كۆمەڵێك لای ئەو خوایەی خۆی كە باوەڕی پێیەتی یان هەر پەرستراوێكی تر كە لەجياتی الله كردوویەتی بەخوای خۆی تكا بكات بۆ شوێنكەوتە لێقەوماوەكانی، وە بەڵێنێكی پتەوی لێ وەربگرێت بەوەی كە ڕزگاریان دەكات، وە لەڕێگەی بڵاوكراوەكانەوە ئەم بەڵێنە بڵاوبكاتەوە وەك چۆن ئێمە لەڕێگەی ئەم ڕاگەیاندنەوە بڵاومانكردەوە، دیارە ئەمە دەبێتە خێرێكی پەتی بۆ خەڵكی، وە دەبێتە بەڵگەیەكی ڕۆشن لەسەر ڕاستی ئایینەكەی و یارمەتیەكیش دەبێت بۆ حكومەت. حكومەت چی دەوێت جگە لەوەی كە هاوڵاتیانی ڕزگاریان بێت لە بەڵای تاعوونەكە بە هەر ڕێگایەك بێت؟
لەكۆتاییدا ئەوەمان لەبیرنەچێت كە ئێمە لە ڕێگەی ئەم ڕاگەیاندنەوە ڕێگری ناكەین لە كوتانی هەموو تاكەكانی كۆمەڵەكەمان كە بڵاوبوونەتەوە لە هەموو ناوچەكانی پەنجاب و هەرێمەكانی هيندستاندا، بەڵكو هەموو ئەوانەی حكومەت فەرمانی پێ كردوون كە هەر ئەبێت فاكسینەكە وەربگرن، پێویستە فاكسینەكە وەربگرن و ئەركی سەرشانیانە گوێڕایەڵی فەرمانەكانی بكەن، بەڵام ئەوانەی كە سەرپشك كراون لە كوتاندا، ئەگەر لەو كەسانەن كە وەكو پێویست كار ناكەن بە فێركارییەكانمان كە ڕامانسپاردووە ئەنجام بدرێن؛ ئەوا وا باشترە بۆ ئەوانیش كە ڤاكسینەكە وەربگرن بۆ ئەوەی پێیان نەخلیسكێت و بەهۆی بارودۆخی خراپ و نەشیاویانەوە نەبنە هۆی ئاژاوە بۆ خەڵكی سەبارەت بەم بەڵێنەی خوا.
بەڵام ئەم پرسیارە: ئەو فێركارییە چیە كە ئەگەر مرۆڤ بەڕاستی پابەند بێت پێیەوە ڕزگاری دەبێت لە پەلاماری تاعوون؟ ئەوەتا من لە خوارەوە وەڵامی ئەو پرسیارە بەكورتی دەنووسم.
فێركاری
با ئەوە ڕوون بێت كە دركاندنی بەیعەت تەنھا بە زوبان هیچ مانایەك ناگەیەنێت ئەگەر لەگەڵیدا لەناخی دڵەوە بڕیار نەدرێت كە بەتەواوەتی پیادە بكرێت، لەبەرئەوە ئەو كەسەی بەتەواوەتی پەیڕەوی فێركارییەكانم بكات؛ ئەوا چووەتەناو ماڵەكەمەوە، ئەو ماڵەی كە پێشتر بەڵێن دەربارەی هاتووە لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا: “إني أحافظ كل مَن في الدار.”.. واتە من هەموو ئەو كەسانە دەپارێزم كە دێنەناو چوارچێوەی ماڵەكەى تۆوە. وە پێویستە لەم فەرمایشتە ئەوە نەفامرێتەوە كە ئەوانەی هاتوونەتەناو خانووەكەی منەوه تەنھا ئەو كەسانەن كە لەخانووە ماددیەكەمدا نیشتەجێن، نەخێر، بەڵكو هەموو ئەو كەسانەی كە بەتەواوەتی شوێنم دەكەون ئەوانیش لەناو ماڵە ڕۆحیەكەمدان.
ئەو شتانەی پێوستە پەیڕەوبكرێن بریتین لەوەی كە ئەو كەسانە باوەڕیان وابێت خودایەكیان هەیە بەتوانایە و بەخۆی ڕاوەستاوە و دروستكاری هەموو شتێكە، هەربووە و هەتاهەتاییە و سیفەتەكانی ناگۆڕێن، كەسی لێ نەبووە و لە كەسیش نەبووە، وە پاك و بێگەردە لەوەی تووشی ئازار و لەخاچدان و مردن بێت. نزیكە لەگەڵ دووریەكەیدا، وە دوورە لەگەڵ نزیكیەكەیدا، لەگەڵ ئەوەی تاك و تەنھایە بەڵام درەوشانەوەی هەمەجۆری هەیە. كاتێك لە مرۆڤەوە گۆڕانكارییەكی نوێ دەردەكەوێت، ئەویش (سبحانه وتعالی) بۆ ئەو مرۆڤە دەبێت بە خوایەكی نوێ و بەدرەوشانەوەیەكی نوێ مامەڵەی لەگەڵدا دەكات، وە مرۆڤ بە ئەندازەی گۆڕانكارییەكەی خۆی گۆڕانكاری لە خوای گەورەشدا دەبینێت. ئەمەش مانای ئەوە نیە كە گۆڕانێك دێت بەسەر خوای گەورەدا، نەخێر، بەڵكو لە ئەزەلەوە نەگۆڕاوە و كەماڵی تەواوەتی هەیە، بەڵام كاتێك لەلایەن مرۆڤەوە گۆڕانكاریەك دروست دەبێت و بەرەو چاكە دەڕوات، خوای گەورەیش بە درەوشانەوەیەكی نوێوە دەردەكەوێت بۆی، وە هەر جارێك دۆخی مرۆڤ بەرەو پێش دەچێت و گەشە دەكات، جیلوەی توانای خوای گەورە بە ڕوونیەكی زیاتر دەردەكەوێت بۆی. بێگومان ئەو (سبحانه وتعالی) توانای دەراسای خۆی تەنھا پیشانی ئەو كەسە دەدات كە گۆڕانكاری دەراسا تێیدا ڕوودەدات، ئەمە بناغەی هەموو كارە دەراسا و موعجیزەكانە. ئەمەیە ئەو خودایەی كە مەرجی كۆمەڵەكەمانە، دەی باوەڕی پێ بكەن و فەزڵی بدەن بەسەر خۆتان و حەوانەوە و هەموو پەیوەندیەكانتاندا، وە لەپێناو ڕێگەكەیدا، بەوپەڕی ئازایەتیەوە بەكردەیی خۆتان بڕازێننەوە بەڕاستگۆیی و دڵسۆزی. خەڵكی دنیا فەزڵی خوا نادەن بەسەر هۆكارەكانی دەستكەوتنی دنیا و ئازیزانیاندا، بەڵام ئێوە فەزڵی بدەن بەسەر هەموو شتێكدا بۆ ئەوەی لەئاسماندا لەڕیزی كۆمەڵەكەیدا بنووسرێن. دیارە لەكۆنەوە پیشاندانی ئایەتەكانی ڕەحمەت سوننەتێكی خواییه، بەڵام ئێوە تەنھا ئەو كاتە دەتوانن پشكێك لەم سوننەتەی بەدەستبھێنن كە هیچ دووریەك نەمێنێتەوە لەنێوان ئێوە و ئەودا، وە ڕەزامەندی ئێوە لە ڕازیبوونی خوادا بێت و ئارەزووی ئێوە لە ئارەزووی ئەودا بێت، وە بەردەوام سەرتان لە سوژدەدا بێت لەبەر قاپیەكەیدا (عز وجل) چ له حاڵەتەكانی سەركەوتندا بێت یان حاڵەتەكانی شكست، هەرچیەك خۆی دەیەوێت با ئەنجامی بدات، ئەگەر وەهاتان كرد؛ ئەوا ئەو خوایەی كە ماوەیەكی درێژە خۆی شاردووەتەوە لەپشت پەردەوە لە ئێوەدا دەردەكەوێت. دەی ئایا كەسێكتان تێدایە كار بەمە بكات و هەوڵی بەدەستھێنانی ڕەزامەندیەكەی بدات و ناڕازی نەبێت لە قەزا و قەدەرەكەی؟ دەی بەردەوام بۆ پێشەوە بچن لەكاتی تووشبوون بە بەڵا و نەهامەتیەكاندا، ئەمە ڕێگەی پێشكەوتن و سەركەوتنی ئێوەیە، وە ئەوپەڕی هەوڵی خۆتان خەرج بكەن لەپێناوی بڵاوكردنەوەی تاك و تەنھایی خوا لەسەر زەویدا. ڕەحم بكەن بە بەندەكانی، ستەمیان لێ مەكەن نە بە زوبان نە بەدەست و نە بە فێڵێك لە فێڵەكان. هەمیشە هەوڵ بدەن بۆ خێر و خۆشی دروستكراوان. خۆتان بەگەورە مەزانن بەرامبەر هیچ كەسێك ئەگەرچی ژێردەستەی خۆشتان بێت، جنێو مەدەن بەهیچ كەسێك ئەگەرچی ئەو جنێویشتان پێ بدات. هەژار و هێمن بن و نیازتان چاك بێت و دڵسۆزی دروستكراوان بن، بۆ ئەوەی لای خوا لەڕيزی پەسەندكراواندا بنووسرێن. زۆر كەس هەن خۆیان بەخاكی و دڵنەرم پیشان دەدەن بەڵام لەناخدا گورگن، وە زۆرێك لە ڕواڵەتدا بە پاك دەردەكەون بەڵام لەناخدا ئەژدیھان، دەی هەرگیز لای خوای گەورە پەسەند نابن هەتا ڕواڵەت و ناختان وەك یەك نەبێت. ئەگەر ئێوە گەورەن ئەوا میھرەبان بن لەگەڵ بچوكەكاندا لەجياتی ئەوەی بەسووك و نزم سەیریان بكەن، وە ئەگەر ئێوە زانان ئەوا ئامۆژگاری ئەوانە بکەن کە نازانن لەجیاتی ئەوەی بە لووتبەرزیەوە سووك و ڕسوایان بكەن، ئەگەر ئێوە دەوڵەمەندن ئەوا خزمەتی هەژاران و كەمدەستان بكەن لەجیاتی ئەوەی بە لەخۆباییبوونەوە كەشوفش و شانازی بكەن بەسەریاندا. وریای ڕێگاكانی تیاچوون بن، وە هەمیشە لەخوا بترسن. وە دروستكراو مەپەرستن، وە خۆتان یەكلایی بكەنەوە بۆ گەورەكەتان، وە خۆتان دابڕنن لە دنیا، وە تەنھا بۆ خوا بن و لەپێناویدا بژین، لەبەر ئەو ڕقتان لە هەموو تاوان و پیس و پۆخڵیەك بێت؛ چونكە خوای گەورە پاك و بێگەردە. با هەموو بەیانیەك شایەتی بدات بۆ ئێوە كە شەوتان بە تەقوا و خواپەرستی بەسەر بردووە، وە با هەموو ئێوارەیەك شایەتی بدات بۆتان كە ئێوە ڕۆژتان بە لەخواترسان بەسەر بردووە. لە نەفرینەكانی دنیا مەترسن؛ چونكە ئەوەندە ناخایەنن وەكو دووكەڵ دەچن بە ئاسماندا، وە ناتوانن ڕۆژ بگۆڕن بە شەو، بەڵكو لە نەفرینی خوا بترسن كە لەئاسمانەوە دادەبەزێت و بەر هەر كەسێك بكەوێت لەدنیا و دواڕۆژدا دوابڕاوی دەكات.
هەرگیز بە ڕیا ڕزگار نابن؛ چونكە ئەو خوایەی كە پەرستراوی ئێوەیە ئاگاداری ناودڵی بەندەكانە، دەی ئایا دەتوانن فێڵی لێ بكەن؟ بۆیە جێگیر و پاك و خاوێن و دڵسۆز بن. ئەگەر بە ئەندازەی گەردیلەیەك تاریكیتان تێدا بمێنێت ئەوا هەموو ڕووناكیەكەتان دەبات و نایھێڵێت، ئەگەر بەهەر شێوەیەك لەشێوەكان لووتبەرزی یان ڕووپایی یان خۆپەسەندی یان تەمبەڵیتان تێدا بێت؛ ئەوا شایستەی ئەوە نین پەسەند بكرێن. ئاگادار بن جێبەجێ كردنی هەندێكی كەم لە كاروبارەكان فریوتان نەدات كە پێتان وابێت هەموو ئەو ئەركانەتان جێبەجێ كردووە كە لەسەر شانتان بووە؛ چونكە خوای گەورە دەیەوێت گۆڕانێكی ڕیشەیی لەناختاندا دروست بێت، وە مردنێكی لە ئێوە دەوێت دوای ئەوە زیندووتان بكاتەوە.
پەلە بكەن بۆ ئاشتەوایی لەنێوان خۆتاندا، وە لە هەڵە و تاوانی براكانتان خۆش بن، ئەو كەسەی ڕازی نەبێت به ئاشتەوایی لەگەڵ براكەیدا كەسێكی شەڕانگێزە، وە لەداهاتوودا دەپچڕێنرێت؛ چونكە دووبەرەكی دروست دەكات. لە هەموو ڕوویەكەوە وازبھێنن لە خۆپەرستیەكەتان، ڕقتان لەیەكتری نەبێت، وەكو كەسی درۆزن خۆتان زەلیل بكەن لەكاتێكدا ئێوە ڕاستگۆن بۆ ئەوەی لێخۆشبوون بتانگرێتەوە، وە وازبھێنن لە قەڵەوكردنی نەفس چونكە مرۆڤی قەڵەو ناتوانێت لەو دەرگایەوە بچێتە ژوورەوە كە ئێوە لێیەوە بانگكراون. چەند بەدبەختە ئەو مرۆڤەی باوەڕی نیە بەم وشانە كە لەزاری خوای گەورەوە دەرچوون و منیش ڕامگەیاند. ئەگەر دەتانەوێت خودا لێتان ڕازی بێت لە ئاسماندا؛ ئەوا یەكگرتووبن لەگەڵ یەكدا وەك دوو براى دووانە لەیەك سكدا. بێگومان بەڕێزترینتان ئەو كەسەیە كە زیاتر لێبوردەیە بەرامبەر براكەی، بەدبەخت و چارەڕەش ئەو كەسەیە كە كەللـەڕەقە و لێبوردنی نیە، ئەم جۆرە كەسە لە هیچ شتێكدا پەیوەندی بەمنەوە نیە.
لە نەفرینی خوا زۆر بترسن، بێگومان خوا پاك و بێگەردە و بەغیرەتە. كەسی تاوانكار ناتوانێت لە خوای گەورە نزیك بێتەوە. وە كەسی خۆبەزلزان ناتوانێت لە خوای گەورە نزیك بێتەوە، وە ستەمكار لە خوای گەورە نزیك بێتەوە. وە كەسی ناپاك و خیانەتکار ناتوانێت لە خوای گەورە نزیك بێتەوە. وە هەركەسێك بەپەرۆش نەبێت لەپێناوی خوادا (سبحانه وتعالی) لە خوای گەورە نزیك نابێتەوە. ئەو كەسانەی پەلاماری دنیا دەدەن وەكو سەگ و مێروولە و باز و دڵیان ئۆقرەی گرتووە پێی ناتوانن لە خوای گەورە نزیك ببنەوە.
هەموو چاوێكی پیس و چەپەڵ لە خوای گەورە دوورە، وە هەموو دڵێكی پیس بێئاگایە لە خوای گەورە. ئەوەی لەپێناوی ئەودا (سبحانه وتعالی) لەناو ئاگردا بێت ڕزگاری دەبێت لە ئاگر، ئەو كەسەی لەپێناوی ئەودا بگری پێدەكەنێت، ئەو كەسەی لەبەر ڕەزامەندیەكەی پەیوەندی خۆی بپچڕێنێت بەدنیاوە بە دیداری شاد دەبێت.
بەدڵسۆزی و ڕاستگۆیی تەواوەتی و ئەوپەڕی گوڕوتینەوە ببن بە دۆستی خوا، ئەویش دەبێ بە دۆستی ئێوە، میھرەبان بن بەرامبەر ئەوانەی لەژێردەستی ئێوەدان، وە خێزان و برا هەژارەكانتان، بۆ ئەوەی لەئاسماندا ڕەحمتان پێ بكرێت. بەڕاستی و دروستی بۆ خوا بن (سبحانه وتعالی) بۆ ئەوەی ئەویش بۆ ئێوە بێت. بێگومان دنیا خانەی هەزارەها بەڵا و نەخۆشیە، لەوانە تاعوون.. بۆیە بەڕاستی دەستبگرن بەخواوە، بۆ ئەوەی ئەم بەڵا و نەخۆشییانە دووربخاتەوە لێتان. هیچ بەڵا و نەخۆشیەك لەزەویدا ڕوونادات هەتاكو لەئاسمانەوە بڕیار دەرنەچێت، وە هیچ بەڵا و نەخۆشیەك لەزەویدا لاناچێت ئەگەر ڕەحمەت لە ئاسمانەوە دانەبەزێت، دیارە ژیری لەوەدایە كە دەستبگرن بە ئەسڵەوە نەك بە لقەوە. هەڵبەت ئێوە ڕێگری تیماركردن و گرتنەبەری ڕێگاچارەتان لێ نەكراوە، بەڵكو تەنھا ڕێگری ئەوەتان لێ كراوە كه پشتیان پێببەستن. هەرگیز شتێك ڕوونادات مەگەر ئەوەی كە خوای گەورە و بەدەسەڵات دەیەوێت، وە ئەوەی دەتوانێت بابزانێت كە پلەی پشتبەستن بە خوا لە هەموو پلەكان چاكترە.
یەكێك لە ڕێنماییە زۆر پێویستەكان بۆ ئێوە ئەوەیە كە واز لە قورئان نەهێنن؛ چونكە ژیانی ئێوەی تێدایە. بێگومان ئەو كەسانەی ڕێزی قورئان دەگرن لەئاسماندا ڕێزیان لێ دەگیرێت، وە ئەو كەسانەی كە فەزڵی قورئان دەدەن بەسەر هەموو فەرموودە و هەموو قسەیەكدا لە ئاسماندا پەسەندتر و لە پێشتر دەبن. لە ئێستادا لەسەر ڕووی زەویدا كتێبێك نیه بۆ مرۆڤایەتی جگە لە قورئان، وە پێغەمبەر و تكاكارێك نیه بۆ هەموو مرۆڤەكان جگە لە موحەممەدی هەڵبژاردە (ﷺ)، دەی هەوڵ بدەن بەڕاستی ئەم پێغەمبەرە خاوەن شكۆیەتان خۆشبوێت، و بەهیچ شێوەیەك فەزڵی كەسی تر نەدەن بەسەریدا، بۆ ئەوەی لەئاسماندا لەڕیزی ڕزگاربوواندا بنووسرێن.
بزانن كە ڕزگاربوون شتێك نیە دوای مردن دەربكەوێت، بەڵكو ڕزگاربوونی ڕاستەقینە ئەوەیە كە تیشكدانەوەكەی لەژیانی ئەم دنیایەدا دەبینرێت. كەسی ڕزگاربوو كێیە؟ ئەو كەسەیە كە باوەڕی وایە خوا حەقە، وە موحەممەد (ﷺ) تكاكاری هەموو خەڵكە لای خوا، وه لەژێر گومەزی ئاسماندا هیچ پێغەمبەرێك نیە هاوشێوەی ئەو بێت (ﷺ)، وە هیچ كتێبێك نیە هاوشێوەی قورئان بێت، بێگومان خوای گەورە نەیویستووە هیچ كەسێك ژیانێكی هەتاهەتایی هەبێت، بەڵام ئەم پێغەمبەرە هەڵبژاردەيە زیندووە و بۆ هەتاهەتایە نەمرە، هەڵبەت خوا (سبحانه وتعالی) ئامادەكاری كردووە بۆ ژیانه هەتاهەتاییەكەی پێغەمبەر (ﷺ) بەوەی بڕیاری داوە لێشاوی ڕەحمەتی شەریعەت و ڕۆحانیەتەكەی بەردەوام بێت هەتا ڕۆژی قیامەت، وە بەهۆی بەرەكەتی لێشاوی ڕوحانیەتەكەیەوە (ﷺ) لەكۆتاییدا ئەم مەسیحە بەڵێندراوە ڕەوانەكرا بۆ جیھان كە هاتنی زۆر پێویست بوو بۆ تەواوكردنی كۆشكی ئیسلام؛ چونكە پێویست بوو كە ئەم جیھانە كۆتایی پێ نەیەت هەتا لە زنجیرەی موحەممەدیدا مەسیحێكی ڕۆحانی ڕەوانە نەكرێت وەك چۆن لە زنجیرەی مووساییدا مەسیحێك ڕەوانەكرا. ئەمەش لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا ئاماژەی پێ كراوە كە دەفەرموێت: {اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ * صِرَاطَ الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ}.
بێگومان مووسا (علیه السلام) ئەو سەروەت و سامانەی بەدەست هێنا كە نەوەكانی پێشوو بەفیڕۆیاندا، وە موحەممەد (ﷺ) ئەو سەروەت و سامانەی بەدەست هێنا كه زنجیرەی مووسا بەفیڕۆیدا. ئێستا زنجیرەی موحەممەدی جێگای زنجیرەی مووسایی گرتووەتەوە، بەڵام هەزاران جار لەو مەزنترە. هاوشێوەكەی مووسا لە مووسا گەورەتر و چاكترە، وە هاوشێوەكەی كوڕەكەی مەریەم لە كوڕەكەی مەریەم گەورەتر و چاكترە. وە مەسیحی بەڵێندراو تەنھا لە سەدەی چواردەی پاش پێغەمبەر (ﷺ) دەرنەكەوت هەروەك چۆن مەسیحی كوڕی مەریەم لە سەدەی چواردەی پاش مووسادا (علیه السلام) دەركەوت[جوولەكه بەكۆی دەنگ بەگوێرەی بەڵگەكانی مێژووی خۆیان دانیان بەوەدا ناوە كه مەسیح لەسەرەتای سەدەی چواردەی پاش مووسادا (علیهما السلام) دەركەوتووە. بڕوانن بۆ مێژووی جوولەكه. لەوەوه]، بەڵكو لە سەردەمێكدا هاتووە كە دۆخی موسوڵمانان بووە بە هاوشێوەی دۆخی ئەو جوولەكانەی كە مەسیحی كوڕی مەریەم لەناویاندا دەركەوت. وە من ئەو مەسیحە بەڵێندراوەم، وە خوا هەرچیەكی بوێت دەیكات، ئەو كەسەی دژایەتی خوا (عز وجل) بكات كەسێكی گەمژە و نەفامە، وە نەزانە ئەو كەسەی ڕەخنە لە خوا (عز وجل) دەگرێت و دەڵێت: پێویست بوو وەها بێت و وەها نەبێت. بێگومان خوای گەورە لەگەڵ كۆمەڵێك نیشانەی پرشنگداردا منی ڕەوانەكردووە كە زیاترن لە 10 هەزار نیشانە، كە یەكێكیان نیشانەی تاعوونە، ئەو كەسەی بەڕاستی بەیعەتی پێداوم، وە لەناخی دڵیەوە شوێنمكەوتووە، وە وازی هێناوە لە حەز و ئارەزووەكانی و خۆی فەنا كردووە لە گوێڕایەڵی مندا، ئەوە ئەو كەسەیە كە ڕۆحم تكای بۆ دەكات لە ڕۆژەكانی ئەم لێقەومان و نەهامەتیەدا.
ئەی ئەو كەسانەی كە خۆتان بە ئەندامی كۆمەڵەكەم ئەژمار دەكەن، هەمووتان گوێبگرن و ئاگادار بن، بێگومان ئەگەر ئێوە بەڕاستی و دروستی پەیڕەوی ڕێگاكانی تەقوا و پارێزكاری نەكەن؛ ئەوا هەرگیز لەئاسماندا بە ئەندامی كۆمەڵەكەم ئەژمار ناكرێن. بۆیە پێنج نوێژە فەرزەكەتان بەملكەچی و ترسان لەخواوە بەجێبھێنن وەك ئەوەی خوای گەورە دەبینن، وە بەڕاستگۆیی ڕۆژووەكەتان بەتەواوەتی بگرن بەهیوای بەدەستھێنانی ڕەزامەندی خوای گەورە، وە هەر كەسێك زەكاتی لەسەر پێویست بووە با زەكاتەكەی بدات، وە هەر كەسێك حەجی لەسەر واجب بووە با حەج بكات ئەگەر هیچ ڕێگرێك نەبوو. وە بەجوانترین شێوە كاری چاكە ئەنجام بدەن، وازبھێنن لە خراپە و لێی بێزار بن. بەدڵنیاییەوە بزانن هەر كردەوەیەك خاڵی بێت لە تەقوا هەرگیز ناگاتە لای خوای گەورە. بێگومان تەقوا بریتیە لە بنچینەی هەموو چاكەیەك، هەر كردەوەیەك ئەم بنچینەیەی بمێنێت هەرگیز بەفیڕۆناچێت.
دەبێت بە جۆرەها ئازار و بەڵا و نەهامەتی تاقیبكرێنەوە وەك چۆن باوەڕدارانی پێشوو تاقیكرانەوە، كەوابوو زۆر وریا بن بۆ ئەوەی پێتان نەخلیسكێت. زەوی ناتوانێت هیچ زیانێكتان پێبگەیەنێت ئەگەر پەیوەندیەكی بەتینتان هەبێت لەگەڵ ئاسماندا. ئەگەر زیانتان پێ بگات ئەوا بەدەستی خۆتان زیانتان پێدەگات نەك بەدەستی دوژمنەكانتان. ئەگەر لەسەر زەویدا هەموو سەربەرزیەك لەدەست بدەن؛ ئەوا خوای گەورە لە ئاسماندا سەربەزییەكی هەمیشەییتان پێ خەڵات دەكات، بۆیە وازمەهێنن لەو زاتە مەزنە. دەبێت ئازار بدرێن و زۆر نائومێدی ببینن، لەم بارەيەوە خەمبار مەبن؛ چونكە پەروەردگارتان بۆیە تاقیتان دەكاتەوە تاكو ببینێت كە ئایا ئێوە لەسەر ڕێگاكەی چەسپاو دەبن یان نا. ئەگەر ئێوە پێتان خۆشە لەئاسماندا فریشتەكان ستایشتان بكەن؛ ئەوا دان بەخۆتاندا بگرن لەسەر ئازار و لێدان و دڵخۆش بن، گوێبیستی قسەی ناخۆش و جنێو بن و سوپاسگوزار بن، بەرگەی نائومێدی بگرن، بەڵام پەیوەندیتان مەپچڕێنن لەگەڵ خوای گەورەدا.
بێگومان ئێوە كۆتا كۆمەڵی خودان، دەی هەستن بە ئەنجامدانی كردەوەی چاك كە چڵەپۆپەی كامڵبوونە. هەركەسێك تەمبەڵی و كەمتەرخەمی بنوێنێت لەم كۆمەڵە دەردەكرێت وەك شتێكی بێ بایەخ، وە بە ئاخ و داخەوە دەمرێت، وە هیچ زیانێك بەخوا ناگەیەنێت.
ئاگاداربن من بەوپەڕی خۆشحاڵیەوه مژدەی ئەوەتان پێ دەدەم كە خوداكەتان لەڕاستیدا بوونی هەیە. گومانی تێدا نیە هەموان دروستكراوی ئەون، بەڵام ئەو كەسێك هەڵدەبژێرێت كە خوای هەڵبژاردبێت، خوا دێت بۆ لای ئەو كەسەی كە بەرەو خوا دەچێت، وە ڕێزی كەسێك دەگرێت كە بەگەورەی بگرێت (سبحانه وتعالی). دەی بەدڵی ساغ و زوبان و چاو و گوێچكەی پاكەوە وەرن بۆ لای؛ چونكە دوای ئەوە ئەویش قەبوڵتان دەكات.
مانای فەرموودەی: “لە گۆرەكەمدا لەگەڵ مندا ئەسپەردە دەكرێت.”
لەڕووی بیروباوەڕەوە خوای گەورە ئەوەی لە ئێوە دەوێت كە باوەڕتان بەوە هەبێت خوا تاك و تەنھایە، وە موحەممەدیش (ﷺ) پێغەمبەری خوایە و خاتەمى پێغەمبەران و چاكترینیانە. ئێستا هیچ پێغەمبەرێك لەدوای ئەو نیە مەگەر ئەوەی عەبای موحەممەدی بكرێتەبەری بەشێوەی (البروز)، دیارە خزمەتكار جودا نیە لە گەورەكەی، وە لق جیا نیە لە ئەسڵەكەی، وە ئەو كەسەی نازناوی پێغەمبەر بەدەستدەهێنێت لەلایەن خوای گەورەوە پاش فەنابوونی تەواوەتی لە خزمەتكراودا مۆركی پێغەمبەرایەتییەكەی ئەو (ﷺ) ناشكێنێت؛ چونكە ئەگەر تۆ وێنەی خۆتت لەئاوێنەدا بینی؛ ئەوا ناگۆڕێيت بۆ دوو كەس، ئەگەرچی لەڕواڵەتدا دوو كەس لێتەوە دەردەكەوێت، بەڵكو تۆ یەك كەسیت، جیاوازیەكە تەنھا جیاوازی نێوان ئەسڵ و سێبەرەكەیەتی، كوتومت خوای گەورە ئەمەی ویستووە بۆ مەسیحی بەڵێندراویش، وە لەبەر ئەم ڕازەیە پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەربارەی مەسیحی بەڵێندراو دەفەرموێت: لە گۆڕەكەمدا لەگەڵ مندا ئەسپەردە دەكرێت.. واتە: بێگومان ئەو خودی منە، وە جیا نیە لە من.
بەدڵنیاییەوە بزانن كە عیسای كوڕی مەریەم (علیه السلام) مردووە، وە گۆڕەكەی لە گەڕەكی “خانیار”ە[توێژەرە مەسیحییەكانیش هەر ئەم قسەیە دەكەن، بڕوانن بۆ لا 522 لە كتێبی supernatural Religion، وە ئەگەر درێژەی ئەم بابەتەتان دەوێت؛ ئەوا بگەڕێنەوە بۆ لا 139ی كتێبەكەم “تحفة جولرویة”. لەوەوە] لە “سرینەگار” لە كشمیر. خوای گەورە لە كتێبە پیرۆزەكەیدا مردنەكەی ڕاگەیاندووە، دەی ئەگەر ئەو ئایەتەی قورئان مانای جگە لە مردن دەگەیەنێت؛ ئەوا هەواڵی مەرگی عیسای كوڕی مەریەم لە كوێی قورئاندایە؟ ئەگەر ئەو ئایەتانەی كە بەڵگەن لەسەر مردنەكەی ماناكەیان جگە لە مردن بێت _وەك نەیارەكانمان باوەڕیان وایە_ ئەوا مانای ئەوەیە كە قورئان باسی ئەوەی نەكردووە كە عيسا ڕۆژێك لەڕۆژان دەمرێت. بێگومان خوای گەورە ڕایگەیاندووە كە پێغەمبەرمان (ﷺ) وەفاتی كردووە، بەڵام _وەك دەڵێن_ لە هەموو قورئاندا ڕاینەگەیاندووە كە عیسا مردووە، ئایا نھێنی لەمەدا چیە؟ ئەگەر دەڵێن هەواڵی مردنی عیسا لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا باسكراوە كە دەفەرموێت: {فَلَمَّا تَوَفَّيْتَنِي كُنْتَ أَنْتَ الرَّقِيبَ عَلَيْهِمْ}[لە خودی ئەم ئایەتەوە ڕووندەبێتەوە كە عیسا (علیه السلام) هەرگیز جارێكی تر ناگەڕێتەوە بۆ دنیا؛ چونكە ئەگەر بگەڕێتەوە ئەوا وەڵامەكەی درۆیەكی ڕووتە، مەبەستم ئەو قسەیەی خۆیەتی كە هیچ ئاگادار نیه لە گومڕابوونی مەسیحییەكان. چونكە چۆن دەكرێت كەسێك دووبارە بێتەوە بۆ دنیا و چل ساڵ تێيدا بمێنێتەوە و ملیۆنەها كەس لە مەسیحییەكان ببینێت كە كردوویانە بە خوا و خاچ بشكێنێت و هەموو مەسیحیەكان بكات بە موسوڵمان، كەچی لەڕۆژی قیامەتدا لەبەردەم خوای گەورەدا پۆزش بھێنێتەوە و بڵێت من هیچ ئاگادارنیم لە گومڕابوونی مەسیحییەكان. لەوەوە]، ئەوا بزانن ئەم ئایەتە بەڕاشكاوی ئەو مانایە دەگەیەنێت كە عیسا پێش گومڕابوونی مەسیحییەكان مردووە. بەكورتی ئەگەر فەرمایشتی خوای گەورە {فَلَمَّا تَوَفَّيْتَنِي} مانای ئەوە بێت كە عیسا (علیه السلام) بەزیندوویی بەجەستەكەیەوە بەرزكراوەتەوە بۆ ئاسمان؛ ئەوا بۆچی خوا لە هەموو قورئاندا مردنی پیاوێكی باس نەكردووە كە باوەڕبوون بە ژیانی ئەو سەدان هەزار مرۆڤی گومڕا كردووە، وەك ئەوەی خوای گەورە بۆ هەتاهەتایە بەزیندوێتی ئەوی هێشتبێتەوە بۆ ئەوەی خەڵكی ببن بە هاوەڵدانەر و بێباوەڕ، واتە ئەمە هەڵەیەك نیە لەلایەن خەڵكیەوه بەڵكو خودا خۆی هەموو ئەمانەی كردووە بۆ ئەوەی خەڵكی گومڕابن!
چاك بزانن كە باوەڕی خاچپەرستی لەناوناچێت بەبێ سەلماندنی مردنی مەسیحی ناسيرەیی (علیه السلام)، دەی باوەڕی ژیانی مەسیح كە پێچەوانەی فێركارییەكانی قورئانە چ كەڵكێكی هەیە؟ وازیلێبھێنن با بمرێت بۆ ئەوەی ئەم ئایینە زیندووبێتەوە. بێگومان خوای گەورە لە وتەی خۆیدا مردنی مەسیحی دووپات كردووەتەوە، وە پێغەمبەر (ﷺ) لە شەوی میعراجدا لەناو مردووەكاندا مەسيحی بینی، ئایا پاش هەموو ئەم ڕاستیانە باوەڕناهێنن؟ ئەمە چۆن باوەڕێكە! ئایا فەزڵی كۆمەڵێك ڕیوایەتی خەڵكی دەدەن بەسەر وتەی خوادا؟ ئەمە چۆن ئایینێكە؟![بێگومان قورئانی پیرۆز لە ئایەتێكدا بەڕاشكاوی ئاماژی داوە بە كشمیر بەجۆرێك ڕایگەیاندووە مەسیح و دایكی كۆچیان كردووە بۆ كشمیر پاش ڕووداوی خاچەكە، خوای گەورە دەفەرموێت: {وَآوَيْناهُما إِلى رَبْوَةٍ ذَاتِ قَرارٍ وَمَعِينٍ} (المؤمنون: 51) واتە: ئێمە پەناگایەكمان سازاند بۆ عیسا و دایكی لە ناوچەیەكی بەرزدا كه لەوێدا شوێنی حەوانەوە و ئاوی شیرینی لێ بوو.. واتە ئاوی كانیاوەكان. لێرەدا خوای گەورە وێنەی ناوچەی كشمیری كێشاوه. دیارە واژەی “آوی” لە زمانی عەرەبیدا بەمانای داڵدەدان دێت لەكاتی بەڵا یان چەوسانەوەدا، وە پێش ڕووداوی خاچەكە كاتێك نەبووه تێیدا عیسا و دایكی تووشی بەڵا و نەهامەتیەكی وەها هاتبن كە پێویست بە داڵدەدانیان بكات، كەواته لەمەوە ساغ دەبێتەوە كە خوای گەورە تەنھا دوای ڕووداوی خاچەكە عیسا و دایكی گەیاندووەتە ئەو شوێنە بەرزە. لەوەوە] پاشان پێغەمبەرمان (ﷺ) تەنھا بەوەندە وازی نەهێناوە كە شایەتی بدات عیسای كوڕی مەریەمی لەناو مردووەكاندا بینیوە، بەڵكو بەهۆی مردنەكەی ئەوەوە دووپاتی كردووەتەوە كە هیچ كەسێك پێش خۆی (ﷺ) نەمر نەبووە. جا نەیارەكانمان هەروەك وازیان هێناوە لە قورئان وازیشیان هێناوە لە سوننەت؛ چونكە مردن بەشێكە لە سوننەتی پێغەمبەرمان (ﷺ)؛ دەی ئەگەر عیسا زیندوو بێت ئەوا مردنی پێغەمبەری خۆمان دەبێت بە بەدناوی بۆی (ﷺ). كەواتە ئەوان نە لە ئەهلی سوننەتن و نە لە ئەهلی قورئان مادام باوەڕیان نیە بە مردنی مەسیح (علیه السلام).
بێگومان من نكوڵی ناكەم لە گەورەیی عیسا (علیه السلام). گومانی تێدا نیە خوای گەورە پێیڕاگەیاندم كە مەسیحی موحەممەدی گەورەترە لە مەسیحی مووسایی، بەڵام من ڕێزێكی زۆرم هەیە بۆ مەسیحی كوڕی مەریەم؛ چونكە من لەڕووی ڕۆحانیەوە خاتەمی خەلیفەكانم لە ئیسلامدا هەروەك چۆن مەسیحی كوڕی مەریەم خاتەمی خەلیفەكانە بۆ ئوممەتی ئیسڕائیلی. كوڕەكەی مەریەم مەسیحێكی بەڵێندراو بوو لە ئوممەتی مووساییدا، وە من مەسیحی بەڵێندراوم لە ئوممەتی موحەممەدیدا، لەبەرئەوە من ڕێزی ئەو كەسە دەگرم كە من ناوەكەیم هەڵگرتووە، وە خراپەكار و بوختانچیە ئەو كەسەی تۆمەتبارم دەكات بەوەی من ڕێزی مەسیحی كوڕی مەریەم (علیه السلام) ناگرم. نەك ئەمە بەتەنها، بەڵكو من ڕێزی چوار براكەیشی دەگرم؛ چونكە پێنج برای یەك دایك بوون، بەڵكو من هەردوو خوشكە بایەلۆجیەكەیشی بە دوو كەسی پیرۆز لەقەڵەم دەدەم؛ چونكە هەموو ئەم كەسە چاكانە لە مناڵدانی مەریەمی پاكیزەدا دروست بوون. بەڵام مەریەم، چەندە ئافرەتێكی پایەبەرز بوو، ماوەیەكی درێژ نەیویست هاوسەرگیری بكات، پاشان ڕازی بوو هاوسەرگیری بكات لە ئەنجامی پێداگری سەرگەورەكانی هۆزەكەی لەكاتی سكپڕیەكەیدا. لەگەڵ ئەوەی خەڵكی ڕەخنەیان گرت و گوتیان هاوسەرگیری لەكاتی سكپڕیدا پێچەوانەی فێركارییەكانی تەوراتە، ئیتر بۆچی پەیمانەكەی خۆی شكاند كە بە كچێتی بمێنێتەوە، وە بۆچی بناغە دانرا بۆ فرەژنی، بەجۆرێك مەریەم ڕازی بوو ببێت بە هاوسەری یوسفی دارتاش لەگەڵ بوونی ژنی یەكەمی؟ بەڵام من دەڵێم هەموو ئەمانە كۆمەڵێك پێویستی بوون دەركەوتن، وە لەم بارودۆخەدا ئەو كەسانە شایستەی میھرەبانین نەك سەرزەنشت[مەسیح چوار برا و دوو خوشكی هەبوو، هەموویان بەهۆی خوێنەوە برا و خوشكی بوون، واتە هەموویان مناڵی یوسف و مەریەم بوون. ناوی چوار براكەی بریتی بوون لە: یەهوزا، یەعقوب، وە شەمعوون و یوزەس، خوشكەكانیشی بریتی بوون لە: ئاسیا و لیدیا. (بڕوانە Apostolical Records دانراوی قەشە Jhon Allen Giles، چاپی لەندەن 1886 لا 159 و 166) لەوەوە.].
ئەركەكانی سەرشانی موسوڵمانی ئەحمەدی
پاش خستنەڕووی هەموو ئەم بابەتانە، دەگەڕێمەوە و جارێكی تر دەڵێم: پێتان وانەبێت ئەوەندەتان بەسە كە لەڕواڵەتدا بەیعەتتان داوە؛ دیارە ڕواڵەت هیچ نیە. بێگومان خوای گەورە سەیری دڵتان دەكات، بەگوێرەی ئەوەی تێیدایە مامەڵەتان لەگەڵدا دەكات. ئاگاداربن من ئەركی تەبلیغ بەجێدەهێنم و دەڵێم: تاوان ژەهرێكە و مەیخۆن. وە سەرپێچی كردن لە فەرمانەكانی خوا مردنێكی چەپەڵە و خۆتان دووربخەنەوە لێی، وە لەخوای گەورە بپاڕێنەوە بۆ ئەوەی هێزتان پێ بدرێت.
ئەو كەسەی لەكاتی پاڕانەوەدا یەقینی نەبێت كە خوا توانای هەیە هەموو كارێك بكات، مەگەر ئەوەی لە بەڵێنی خۆیدا جیای كردووەتەوە، ئەوە لە كۆمەڵەكەی من نیە. وە ئەو كەسەی وازناهێنێت لە درۆ و فێڵ لە كۆمەڵەكەی من نیە. وە ئەو كەسەی نوقم بووە لە حەز و ئارەزووەكانی دنیادا، وە چاوی هەڵنابڕێت بۆ دواڕۆژ، ئەوە لە كۆمەڵەكەم نیە، وە ئەو كەسەی بەڕاستی فەزڵی ئايین نەدات بەسەر دنیادا لە كۆمەڵەكەم نیە. وە ئەو كەسەی تۆبەیەكی ڕاستەقینە نەكات لە هەموو سەرپێچی و كارێكی خراپە وەك خواردنەوەی مەی و قومار و سەیركردنی نامەحرەم و ناپاكی و هەڵسوكەوتی ناڕەوا، لە كۆمەڵەكەم نیە. وە ئەو كەسەی بەڕێكوپێكی بەردەوام نەبێت لەسەر ئەنجامدانی پێنج نوێژە فەرزەكە لە كۆمەڵەكەم نیە. وە ئەو كەسەی بەردەوام نەبێت لەسەر نزاكردن و بە خۆبەكەمزانینەوە یادی خوا نەكات لە كۆمەڵەكەم نیە. وە ئەو كەسەی دوورنەكەوێتەوە لە هاوەڵی خراپ كە شوێنەواری خراپ لەسەری دادەنێت لە كۆمەڵەكەم نیە. وە ئەو كەسەی ڕێزی دایك و باوكی نەگرێت و گوێڕایەڵییان نەكات لە كاروبارە چاكەكاندا كە پێچەوانەی قورئانی پیرۆز نین، وە سستی بنوێنێت لە خزمەتكردنیان، لە كۆمەڵەكەم نیه، وە ئەو كەسەی بەنەرمونیانی و چاكە مامەڵە ناكات لەگەڵ خێزانی خۆی و كەسوكارەكانیدا لە كۆمەڵەكەم نیە. وە ئەو كەسەی دراوسێكەی بێبەش دەكات تەنانەت لە خێر و چاكەیەكی كەمی خۆی لە كۆمەڵەكەم نیە. وە ئەو كەسەی لێبوردنی نیە بەرامبەر بە كەسێك كە خراپەی لەگەڵدا دەكات، وە كینەلەدڵە، لە كۆمەڵەكەم نیە. وە هەر پیاوێك خیانەت لە خێزانەكەی بكات و هەر ئافرەتێك خیانەت لە مێردەكەی بكات لە كۆمەڵەكەم نیە. وە ئەو كەسەی، بەهەر شێوەیەك لە شێوەكان، ئەو پەیمانە هەڵبوەشێنیتەوە كە لەگەڵ مندا گرێی داوە لەكاتی بەیعەتدا لە كۆمەڵەكەم نیە. وە ئەو كەسەی لەڕاستیدا باوەڕی پێم نەبێت كە من مەسیحی بەڵێندراو و مەهدی پەیماندراوم لە كۆمەڵەكەم نیە. وە ئەو كەسەی ئامادە نیە لە هەموو فەرمانە باشەكاندا گوێڕایەڵیم بكات لە كۆمەڵەكەم نیە. وە ئەو كەسەی لەگەڵ كۆمەڵی نەیاراندا دادەنیشێت و هاوڕایانە لە كۆمەڵەكەم نیە. وە هەر زیناكار و خراپەكار و مەیخۆر و خوێنڕێژ و دز و قومارچی و ناپاك و بەرتیلخۆر و ستەمكار و درۆزن و ساختەچییەك و ئەو كەسەش كە لەگەڵیاندا دادەنیشێت، وە هەركەسێك تۆمەت بۆ برا و خوشكەكانی خۆی دروست دەكات و پەشیمان نابێتەوە لە كردەوە ناشرینەكانی و وازناهێنێت لە مەجلیسە خراپەكان، لە كۆمەڵەكەم نیە.
هەموو ئەم خەسڵەتانە ژەهرن و هەرگیز ناتوانن پاش خواردنیان ڕزگارتان ببێت. ڕووناكی و تاریكی لە یەك شوێندا كۆنابنەوە. هەموو ئەوانەی خاوەنی سروشتێكی خواروخێچن و دڵسۆز نین بۆ خوای گەورە هەرگیز ناتوانن ئەو نیعمەتانە بەدەستبھێنن كه دراون بە كەسانی دڵپاك.
چەند بەختەوەرن ئەو كەسانەی كە كاردەكەن لەسەر پاككردنەوەی دڵیان و ناخی خۆیان خاوێن دەكەنەوە لە هەموو پیسییەك، وە لەگەڵ پەروەردگاری خۆیاندا پەیمانی وەفاداری دەبەستن! چونكە ئەو كەسانە هەرگیز لەناوناچن، وە هەرگیز خوا سەرشۆڕیان ناكات؛ چونكە ئەوان بۆ خوان و خوایش بۆ ئەوانە. بێگومان ئەوان لەكاتی هەموو بەڵا و نەهامەتیەكدا پارێزراو دەبن، وە ئەو دوژمنە زۆر گەمژەیە كە بیەوێت زیانیان پێبگەیەنێت و خراپەیان بەرامبەر بكات؛ چونكە لە ئامێزی ڕەحمەتی خوای گەورەدان و خوای گەورە پارێزەریانە. كەسی باوەڕدار بەخوا كێیە؟ تەنھا ئەم جۆرە كەسانەن. هەروەها ئەو كەسەیش گەمژەیە كە خەفەت دەخوات لەپێناوی كەسێكی بێشەرم و تاوانكار و دڵپیس و شەڕانگێزدا؛ دیارە ئەو كەسە لەخۆەوە لەناودەچێت. لەو كاتەوەی خوای گەورە ئاسمان و زەوی دروستكردووە هەرگیز ڕووینەداوە كە چاكەكاران لەناوبدات و تەفروتونایان بكات، نەخێر بەڵكو خوای گەورە بەردەوام لەپێناوی ئەواندا كۆمەڵێك كار و كردەوەی هەرە مەزنی پیشانداوە، هەروەها ئێستایش پیشانیان دەدات. بێگومان ئەو خوایە خوایەكی زۆر بە ئەمەكە و كارە سەرسوڕهێنەرەكانی خۆی دەردەخات لەپێناو بەندە بەئەمەكەكانی خۆیدا. دنیا دەیەوێت سووك و ڕسوایان بكات، وە هەموو دوژمنێك بەهۆی ئەو ڕقەی كە هەیەتی بەرامبەریان دەیەوێت بەتەواوەتی بیانھاڕێت، بەڵام دۆستەكەیان لە هەموو شوێنێكدا لە كەوتن دەیانپارێزێت و لە هەموو مەیدانێكدا سەركەوتنيان پێ خەڵات دەكات. چەند خۆشبەختە ئەو كەسەی ژێر چەتری ڕەحمەتی ئەو (عز وجل) بەجێناهێڵێت! بێگومان ئێمە باوەڕمان بەو خوایە هێنا و ناسیمان.
خوای هەموو گەردوون ئەو زاتەیە وەحی دابەزاندە خوارەوە بۆ من، وە كۆمەڵێك نیشانەی مەزنی پیشاندا بۆ پشتگیریم، وه بۆ ئەم چەرخەدا منی ڕەوانەكرد وەك مەسیحی بەڵێندراو. هیچ پەرستراوێك بە حەق نیە جگە لەو، نە لە ئاسمان و نە لە زەویدا. وە ئەو كەسەی باوەڕی پێ نەهێناوە لە بەختەوەری بێبەش بووە و كەوتووەتە داوی سەرشۆڕی و ڕسوابوونەوە. بێگومان وەحی پەروەردگارمان پێگەيشت كە وەك خۆر ڕووناكە، وە پەیمانبرد بەوەی كە ئەو خوای گەردوونە و جگە لەو خوایەكی تر نیە. چەند خوایەكی بەتوانا و ڕاگرە ئەو خوایەی كە ئێمە دۆزیمانەوە، وە ئەو خوایەی ئێمە بینیمان خاوەنی توانا مەزنەكانه. بێگومان هیچ شتێك لای ئەو ئەستەم نیە مەگەر ئەو شتەی پێچەوانەی كتێبەكەی و بەڵێنەكەی بێت، لەبەرئەوە ئەگەر نزاتان كرد ئەوا وەكو سروشتزانە نەفامەكان لێى مەپاڕێنەوە كە بەخەیاڵی خۆیان ڕێسایەكی سروشتییان داهێناوە كە بەمۆرێك لە كتێبی خوا مۆرنەكراوە؛ دیارە ئەوان ڕەتكراوەن و هەرگیز نزاكانیان گیرا نابێت. ئەوان كوێرن و نابینن، وە مردوون و زیندوونین. لە بەرامبەر خوای گەورەدا ڕێسایەك پێشكەش دەكەن كە بەخەیاڵی خۆیان دروستیان كردووە، وە توانا بێ سنورەكانی سنوردار دەكەن، وە بەلاواز لەقەڵەمی دەدەن، لەبەرئەوە بەگوێرەی بارودۆخی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت. بەڵام ئەگەر تۆ نزات كرد ئەوا پێویستە لەسەرت یەقینت هەبێت كە پەروەردگارت توانای هەیە بەسەر هەموو شتێكدا، لەو كاتەدا نزاكەت گیرا دەبێت، وە سەرسوڕهێنەرەكانی توانای خوا دەبینی كە ئێمە بینیمان، شایەتیدانەكەی ئێمە شایەتیدانی بینینە نەك وەكو چیرۆك و گێڕانەوەكان. مرۆڤێك باوەڕی نەبێت بە خوایەك كە توانای بەسەر هەموو شتێكدا هەبێت لەكوێ نزاكەی گیرا دەكات؟! بەڵكو ئەو كەسە چۆن گوڕوتینی دەبێت بۆ پاڕانەوە لەكاتی تووشبوون بە بەڵا و نەهامەتیە گەورەكاندا كە باوەڕی وایە لاچوونی ئەم بەڵا و نەهامەتیانە پێچەوانەیە لەگەڵ ڕێساكانی سروشتدا؟! بەڵام تۆ ئەی مرۆڤی بەختەوەر! كارێكی لەو شێوەیە مەكە! بێگومان پەروەردگاری تۆ ئەو زاتەیە كە بەبێ ئەستوون ئەستێرەكانی هەڵواسیوه كە لەژمارە نایەن، وە زەوی و ئاسمانی لە نەبوونی پەتییەوە بەدیـهێناوە، ئیتر چۆن گومانی خراپی پێ دەبەیت بەوەی كە ناتوانێت[بێگومان خوای گەورە لە ئەنجامدانی هیچ كارێكدا دەستەوسان نیه، بەڵام كتێبی خوا یاسایەكی ڕاگەیاندووە سەبارەت بە نزا ئەویش ئەوەیە كە خوا بەهۆی ڕەحمەتی بێ پایانی خۆیەوە، لەگەڵ مرۆڤی چاكەكاردا وەكو هاوەڵ مامەڵە دەكات، واتە هەندێ كات خوای گەورە ویستی خۆی جێبەجێ ناكات و نزای بەندەكەی گیرادەكات، وەك دەفەرموێت: {ادْعُونِي أَسْتَجِبْ لَكُمْ} (غافر: 61)، وە هەندێ كات وازناهێنێت تا ویستی خۆی جێبەجێ نەكات وەك دەفەرموێت: {وَلَنَبْلُوَنَّكُمْ بِشَيْءٍ مِنَ الْخَوْفِ وَالْجُوعِ} (البقرة: 156)، ئەمەش بۆ ئەوەی هەندێ جار لەڕێگەی گیراكردنی نزاكەیەوە یەقین و ناسینی بەندەكە زیاد بكات، وە هەندێ جاری تر بەرگی ڕەزامەندی خۆی پێ خەڵات بكات لەڕێگەی جێبەجێ كردنی ویستی خۆیەوە (سبحانه وتعالى)، وە پلەی بەرزبكاتەوە، وه بەتەواوەتی خۆشی بوێت و توانای پێ بدات كە لەسەر ڕێگەی هیدایەت بەرەو پێش بڕوات. لەوەوە] مەبەستەكەی تۆ جێبەجێ بكات؟ نەخێر، بەڵكو ئەم گومانە خراپەی خۆتە دەتخاتە ڕیزی بێبەشەكانەوە.
بێگومان لەپەروەردگارماندا بێ كۆتا كاری سەرسوڕهێنەر هەیە، بەڵام تەنھا ئەو كەسانە دەیانبینن كە بەڕاستی و ئەمەكەوە لەپێناوی ئەودا دەژین. خوای گەورە ئەو كارە سەرسوڕهێنەرانە دەرناخات بۆ ئەو بێگانانەی كە باوەڕیان نیە بەتواناكانی و لە كەسە وەفادارە ڕاستگۆكانی نین. چەند چارەڕەشە كەسێك هێشتا نەیزانیوە خوایەكی تاك و تەنھای هەیە كە توانای ئەنجامدانی هەموو كارێكی هەیە!
بێگومان فیردەوسى ئێمه پەرستراوەكەمانە، وە گەورەترین چێژ و خۆشیمان لە پەروەردگارماندایە؛ چونكە ئەومان بینی و هەموو جوانیەكمان تێدا بەدیكرد. ئەم گەنجینەیە شایانی دەستخستنە ئەگەرچی لەپێناویدا مرۆڤ ژیانی خۆی بەخت بكات، ئەم گەوهەرە شایستەی كڕینە ئەگەرچی مرۆڤ بۆ بەدەستهێنانی هەموو بوون و قەوارەی خۆی بكاتە قوربانی. ئەی مرۆڤە بێبەشەكان، خێرا وەرن بۆ ئەم كانیە، بێگومان تینوێتیتان دەشكێنێت. ئەمە كانیاوی ژیانە كە ڕزگارتان دەكات. چی بكەم و چۆن ئەم مزگێنیە لەدڵەكاندا جێگیر بكەم؟ وە بە كام دەف هاوار بكەم لە شەقام و بازاڕەكاندا و بڵێم ئەمە خوای ئێوەیە هەتا خەڵكی ببیستێت؟ وە بە چ دەرمانێك چارەسەر بكەم هەتا گوێچكەی خەڵكی بكرێتەوە بۆ ببیستن؟
ئەگەر ئێوە بۆ خوا بن ئەوا دڵنیابن خوایش بۆ ئێوەیە، كاتێك ئێوە خەوتوون خوای گەورە بێدار دەبێت بۆ ئێوە. وە كاتێك ئێوە بێئاگا دەبن لە دوژمن خوای گەورە لە بۆسەدا دەبێت بۆی و پیلانەكانی بەتەواوەتی پووچ دەكاتەوە. هەتا ئێستا ئێوە نازانن خوای خۆتان خاوەنی چ تواناگەلێكە! ئەگەر بتانزانیبا ئەوا هیچ ڕۆژێكتان بەسەردا نەدەهات كە تووشی دڵەڕاوكێی توند بن لەپێناوی دنیاكەتاندا. ئایا خاوەنی گەنجینەیەكی گەورە دەگری و هاوار دەكات و خۆی دەخاتە لێواری مەرگ بۆ لەدەستچوونی یەك مللیم؟ دەی ئەگەر ئێوە ئاگاتان لەو گەنجینەیە بوایە، مەبەستم ئەوەیە ئەگەر بتانزانیبایە پەروەردگارتان لەكاتی پێویستیدا بێنیازتان دەكات؛ ئەوا بەم ڕادەیە خەم داینەدەگرتن لەپێناوی دنیاكەتاندا؟ بێگومان خوا گەنجینەیەكی فرە مەزنە دەی ئێوەیش وەك پێویست نرخی بزانن؛ چونكە لە هەموو هەنگاوێكدا یارمەتیدەری ئێوەیە، بەبێ ئەو ئێوە هیچ نین، نە خۆتان و نە هۆكارەكانتان و نە پلانەكانتان، لاسایی ئەو نەتەوانە مەكەنەوە كە بەتەواوەتی باوەشیان كردووە بە هۆكارەكاندا، خۆڵی هۆكارە دنیاییەكان دەلێسنەوه وەك چۆن مارەكان خاك دەلێسنەوە، وەكو سەگ و داڵەكان قەپیان كردووە بە لاكە تۆپیودا. بێگومان ئەوانە زۆر لە خوا دووركەوتنەوە، وە مرۆڤیان پەرست، وە گۆشتی بەرازیان خوارد، وەكو ئاو بادەیان خواردەوە، لەناوچوون بەهۆی ئەوەی زیاد لە پێویست پشتیان بەست بە هۆكارە ماددیەكان، وە مردن بەهۆی ئەوەی داوای هاوكارییان نەكرد لە خوای گەورە، ڕۆحە ئاسمانییەكە لە جەستەیاندا هەڵفڕی وەك چۆن كۆتر لە هێلانە هەڵدەفڕێت. لەناخیاندا نەخۆشی گەڕی دنیاپەرستی هەیە كە هەموو ئەندامەكانی ناخیانی تووشی گەڕی كردووە، دەی ئێوە وریای ئەو گەڕییە بن!
ڕێگری ئەوەتان لێ ناكەم كە بەشێوەیەكی هاوسەنگ هۆكارەكان بگرنەبەر، بەڵكو تەنھا ڕێگری ئەوەتان لێ دەكەم كە ببنە بەندەی هۆكارەكان وەكو نەتەوەكانی تر، دواجار ئەو خوایە لەبیربكەن كە هۆكارەكانیش دەسازێنێت. ئەگەر بیناییتان هەبێت؛ ئەوا دەبینین كە خوا هەموو شتێكە، وە هەموو شتێكی جگە لەو پووچ و بێ مانایە. بێگومان ئێوە ناتوانن بەبێ ئیزنی خوای گەورە دەستان درێژ بكەن یان كۆیبكەنەوە. ئەو كەسەی كە گاڵتە بەم قسەیە دەكات وەكو مردوو وایە، بەڵام ئەگەر بمرێت؛ ئەوا لەم گاڵتەكردنە باشترە بۆی!
وریابن لاسایی ئەو نەتەوانەی تر نەكەنەوە بەهۆی بینینی ئەو پێشكەوتنەی بەدەستیان هێناوە لە پلانە دنیاییەكانیاندا، وە بڵێن وەرن شوێن ڕێگاكەی ئەوان بكەوین. دەی گوێبگرن و باش بزانن، ئەوان هەرگیز ئەو خوایە ناناسن كە بانگیان دەكات بۆ لای خۆی، وە بەتەواوەتی لێی بێئاگان. خوای ئەوان چیە؟ خوای ئەوان تەنھا مرۆڤێكى بێتوانایە، لەبەرئەوە وازیان لێھێنراوه تاكو لە بێئاگایی خۆیاندا سەرگەردان بن.
ڕێگری بەدەستهێنانی دنیا و پیشەكانی ناكەم لێتان، بەڵام بەشوێنپێی ئەوانەدا مەڕۆن كە دنیا بەهەموو شتێك دەزانن. پێویستە بەردەوام بن لە داواكردنی یارمەتی لە خوای گەورە لەهەموو كارێكدا، چ ئەو كارە یەكێك بێت لە كارەكانی دنیا یان ئايین، بەڵام نەك تەنھا بە زارەكی، بەڵكو بە باوەڕێكی ڕاستەوە بەوەی هەموو بەرەكەتێك تەنها لە ئاسمانەوە دادەبەزێتە خوارەوە. هەرگیز بەڕاستی ناچنە ڕیزی چاكەكارانەوە مەگەر نەریت و خووتان وەها بێت _لەكاتی هەموو ئەركێكی گرنگ و لەكاتی هەموو گرفتێك و پێش گرتنەبەری هەر ڕێگاچارەیەك_ دەرگا لەسەر خۆتان دابخەن و لەبەر قاپی خواییدا دەمەوڕوو بكەون و بڵێن: پەروەردگارا تووشی ئەم بەڵا و نەهامەتیە بووین، دەی بەفەزڵی خۆت كارمان ئاسان بكە. ئەوسا ڕۆحی پیرۆز پشتگیریتان دەكات، وە لە پشتی غەیبەوە ڕێگاتان بۆ دەكرێتەوە.
ڕەحم بەخۆتان بكەن، وە شوێن ئەو كەسانە مەكەون كە هەموو پەیوەندیەكیان پچڕاندووە لەگەڵ خوادا و بەتەواوەتی باوەشیان كردووە بە هۆكارەكاندا، تەنانەت وشەی “إن شاء الله” بەدەمیاندا نایەت وەك داواكردنی هێزێك لە خوا. خوا چاوتان بكاتەوە و بیناییتان پێ ببەخشێت بۆ ئەوەی بزانن كە پەروەردگارتان كۆڵەكەی هەموو ڕێگاچارەكانتانە؛ ئایا ئەگەر كۆڵەكە و پایەكان بڕوخێن سەقف بەپێوە دەمێنێتەوە؟ نەخێر، بەڵكو بەیەكجار دەڕووخێت و ڕەنگە ببێتە هۆی كوشتنی كەسانێكی زۆر؛ بەهەمان شێوە ئەستەمە تەگبیر و پلانەكانتان كەڵكتان پێ بگەیەنن بەبێ هاریكاری خوا، دەی ئەگەر داوای كۆمەكی لێ نەكەن و كۆمەكی خواستن لێی نەكەن بە دەستوور بۆ خۆتان؛ ئەوا هەرگیز سەركەوتوو نابن، بەڵكو لەكۆتاییدا بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە دەمرن.
ڕەنگە بپرسن: بۆچی نەتەوەكانی تر سەردەكەون لەگەڵ ئەوەی پەروەردگار ناناسن كە پەروەردگاری كامڵ و بەتوانامانە؟ وەڵامەكە ئەوەیە كە ئەو نەتەوانە بە دنیا تاقیكرانەوە بەهۆی پشتكردنیان لە خوای خۆیان. وە بزانن خوا كەڕەتێك ئەو كەسە تاقیدەكاتەوە كە وازی لێ دەهێنێت و هەڵپەدەكات بۆ دنیا و خۆشیەكانی و بەشوێن سەروەت و سامانی دنیادا ڕادەكات بەوەی دەرگاكانی دنیای لەسەر دەكاتەوە، لەكاتێكدا وەهای لێدەكات بەتەواوەتی لە ئاییندا مایەپووچ بێت و خاوەنی هیچ شتێك نەبێت لێی، ئەوسا لەكۆتاییدا بە وێڵی و سەرگەردانی بەشوێن دنیاوە دەمرێت و دەخرێتەناو دۆزەخی ئەبەدیەوە. جارێكی تر خوا بەوەش تاقیدەكاتەوە كە سەبارەت بەدنیا نائومێدی دەكات، بەڵام ئەم تاقیكردنەوەیە وەكو تاقیكردنەوەی یەكەم ترسناك و فەوتێنەر نیە؛ چونكە ئەوەی كە تووشی تاقیكردنەوەی یەكەم دەبێت زیاتر لووتبەرز و خۆبەزلزان دەبێت. بەهەرحاڵ، ئەم دوو جۆرە گروپە هەردووكیان لەوانەن كە خوا غەزەبی باراندووە بەسەریاندا. بێگومان سەرچاوەی بەختەوەری ڕاستەقینە بریتیە لە خوا، وە مادام ئەو كەسانە بێئاگان لەو خودایە كە زیندووە و ڕاگری ئاسمانەكان و زەویە، بەڵكو بەهیچ شێوەیەك گوێی پێ نادەن و پشتیان لێ كردووە، ئیتر لەكوێ شاد دەبن بە بەختەوەریی ڕاستەقینە؟ ئەو كەسەی پەی بەم ڕازە دەبات كەسێكی پیرۆزە! وە ئەو كەسەی پەی نابات پێی كەسێكی لەناوچووە.
هەروەها پێویستە شوێن فەیلەسوفەكانی ئەم دنیایە نەكەون و بەچاوی ڕێز و شكۆوە سەیریان نەكەن، ئەم فەلسەفەیە جگە لە نەفامی و گەمژەیی هیچی تر نیە. بێگومان فەلسەفەی ڕاست و دروست ئەوەیە كە خوا لە فەرمایشتە پیرۆزەكەی خۆیدا فێری كردوون. هەڵبەت ئەو كەسانەی شەیدای فەلسەفەی دنیایی بوون لەناوچوون، وە ئەو كەسانە سەركەوتن كە لە كتێبی خوادا دەگەڕێن بۆ زانیاری دروست و فەلسەفەی ڕاست. بۆچی ئێوە بەڕێگاكانی نەفامیدا دەڕۆن؟ ئایا شتێك فێری خوا دەكەن كە نایزانێت؟ ئایا بەدوای كوێرەكاندا خۆتان كێش دەكەن تاكو ڕێگاتان پیشان بدەن؟ ئەی نەفامەكان! كەسێك خۆی كوێر بێت چۆن هیدایەتی ئێوە دەدات! فەلسەفەی ڕاست و دروست تەنھا ئەوەیە كە لەڕێگەی ڕۆحی پیرۆزەوە دەستدەكەوێت، دیارە بەڵێنی ئەو فەلسەفەیەتان پێ دراوە. بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە دەگەن بە زانستە پیرۆزەكان كە ناكرێت كەسانی تر پێی بگەن. ئەگەر بەڕاستی داوای ئەو زانیاریە بكەن ئەوا لەكۆتاییدا بەدەستی دەهێنن، ئەوسا تێدەگەن كە ئەو زانیاریە گەشاوەیی و ژیان دەبەخشێت بە دڵ و دەتانگەیەنێتە لوتكەی دڵنیایی. بەڵام ئەوەی لاكەتۆپیو دەخوات، چۆن خواردنی پاك بۆ ئێوە دابین دەكات؟ وە ئەو كەسەی كوێر بێت چۆن یارمەتی ئێوە دەدات كە ببینن؟! بێگومان هەموو حیكمەتێكی پیرۆز لە ئاسمانەوە دێت، دەی ئیتر چیتان دەوێت لەلای خەڵكی زەوی. ئەوانەی ڕۆحیان بەرزدەبێتەوە بۆ ئاسمان خۆیان میراتگری حیكمەتن، بەڵام ئەوانەی دڵیان ئۆقرەی نەگرتووە چۆن دەتوانن ئۆقرەیی ببەخشن بە دڵی ئێوە؟ ئەوەندە هەیە سەرەتا پێویستە بۆ ئەمە پاكی دڵ هەبێت، ڕاستگۆیی و دڵپاكی دەبێت بوونیان هەبێت، پاشان دوای ئەوە هەموو ئەمانەتان پێ خەڵات دەكرێت.
وەحی لە ئوممەتی موحەممەدیدا ماوەتەوە
پێتان وا نەبێت كە سەردەمی وەحی خوایی تێپەڕی و تەواو بوو، وە ناكرێت هیچ وەحیەك دابەزێتە خوارەوه[بێگومان شەریعەت بە قورئانی پیرۆز كۆتایی پێ هاتووە، بەڵام وەحی كۆتایی نەهاتووە؛ چونكە وەحی كرۆكی ئایینی ڕاست و دروستە، ئەو ئایینەی زنجیرەی وەحی خوایی لێ ببڕێت ئایینێكی مردووە، وه خوا لەگەڵ ئەو ئایینەدا نیە. لەوەوە]، وە ڕۆحی پیرۆز ئێستا ناتوانێت دابەزێت، بەڵكو تەنھا لە سەردەمەكانی پێشوودا دابەزیوە. بەڕاستی و دروستی پێتان دەڵێم دەكرێت هەموو دەرگایەك دابخرێت، بەڵام دەرگای دابەزینی ڕۆحی پیرۆز هەرگیز داناخرێت بۆ هەتاهەتایە، دەی دەرگاكانی دڵەكانتان بكەنەوە با بچێتەناویانەوە. هەڵبەت ئێوە خۆتان دووردەخەنەوە لەو خۆرە؛ چونكە ئەو پەنجەرەیە دادەخەن كە تیشكی ئەو خۆرە لێیەوە دێتە ژورەوە. ئەی نەزان، هەستە و ئەو پەنجەرەیە بكەرەوە با ئەو خۆرە لەخۆیەوە بێتەناو ناختەوە. ئایا پێتان وایە خوای گەورە ڕێگاكانی بەرەكەتە ئاسمانیەكانی گرتووە لە ئێوە كە ئەمڕۆ زۆر پێویستتان پێیان هەیە، وه ڕێگای خێرو بێرەكانی دنیای لێ نەگرتوون لەم سەردەمەدا، بەڵكو زیاتری كردووە بۆتان؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر، بەڵكو ئەو دەرگایە زۆر بەجوانی كراوەتەوە. بۆیە ئێستا بەگوێرەی ئەو فێركارییەی كە لە سورەتی (الفاتحة)دا هاتووە خوای گەورە دەرگای هەموو نیعمەتەكانی پێشووی كردووەتەوە بۆ ئێوە، ئیتر بۆچی ئێوە ئەو نیعمەتانە وەرناگرن و ڕەتیان دەكەنەوە؟! تینووبن بۆ ئەو كانیاوە كە هەر لەخۆیەوە هەڵدەقوڵێت بۆتان، وەك مناڵی شیرەخۆرە دەستبكەن بە گریان بۆ ئەو شیرە لەخۆوە شیرەكە لە مەمكەكەوە بەلێشاو دەڕژێت بۆتان. ببن بە كەسانێكی شایستە بۆ سۆز و بەزەیی تاكو ڕەحمتان پێ بكرێت. بشڵەژێن تاكو ئۆقرەبگرن. جار لەدوای جار هاوار بكەن تاكو دەستێك یارمەتیتان بدات.
چەند سەخت و ناڕەحەتە ئەو ڕێگایە كە ڕێگای خوایە! بەڵام ئاسان دەكرێت بۆ ئەو كەسانەی كە خۆیان دەخەنە ئەم چاڵە قووڵەوە و ڕازین بە مردن. ئەوان لەناخی دڵیانەوە بڕیاریان داوە كە ڕازیبن بە ئاگر و لەناویدا بسووتێن لەپێناوی خۆشەویستەكەیاندا، پاشان كاتێك خۆیان دەخەنەناویەوە دەبینن ئاگرەكە بەهەشتە. ئەم مەبەستەیە كە خوای گەورە لەم ئایەتەدا ڕایگەیاندووە: {وَإِنْ مِنْكُمْ إِلَّا وَارِدُهَا كَانَ عَلَى رَبِّكَ حَتْمًا مَقْضِيًّا}[مریم: 70] واتە: ئەی تاوانكاران، وە ئەی چاكەكاران، كەسێكتان نیە بەئاگری دۆزەخدا تێنەپەرێت، بەڵام ئەوانەی لەپێناوی خوادا خۆیان فڕێدەدەنەناو ئەو ئاگرەوە ڕزگاریان دەبێت لێی، بەڵام ئەوەی لەپێناوی دەروونی بەدخوازی خۆیدا بەناو ئەو ئاگرەدا تێپەڕدەبێت ئاگرەكە قووتی دەدات.
كەواتە پیرۆزن ئەو كەسانەی دژایەتی نەفسی بەدخوازی خۆیان دەكەن لەبەر خاتری خوا، وە بەدبەختن ئەو كەسانەی كە لەبەر خاتری نەفسی خۆیان دژایەتی خوا دەكەن و تەبا نین لەگەڵیدا. بێگومان ئەو كەسەی لەپێناوی هەواو ئارەزووی خۆیدا پێچەوانەی بڕیاری خوا دەجووڵێتەوە هەرگیز ناچێتە ئاسمانەوە. دەی هەوڵی بێ وچان بدەن بۆ ئەوەی خاڵێك یان پیتێك لە قورئان لە دژتان شایەتی نەدات ئەوسا تەنھا بەهۆی ئەمەوە سزا بدرێن؛ چونكە خراپە _ئەگەرچی بە ئەندازەی گەردیلەیەكیش بێت_ سزا پێویست دەكات. كات كورتە، وە ئامانجی دنیا هێشتا بەدی نەهاتووە. ئاگادار بن و بەپەلە هەنگاو هەڵگرن چونكە ئێوارە زۆر نزیكە. جار لەدوای جار ئەو شتومەكانە بپشكنن كە دەتانەوێت پێشكەشی بكەن، بۆ ئەوەی هیچ شتێكیان لێ كەم نەبێت ئەوسا ببێتە هۆی زیان بۆتان، یان هەمووی كاڵا و كەلوپەلی خراپ و ساختە بن كە بەكەڵكی ئەوە نەیەن لە كۆشكی پاشایەتیدا پێشكەش بكرێن[هۆكاری دووەم بۆ هیدایەت بریتیە لە سوننەت، مەبەستم ئەو سەرمەشقیه چاكەیە كە پێغەمبەر (ﷺ) لەڕێگەی كردار و گوفتاریەوه پێشكەشی كردووە، بۆ نموونە نوێژی كردووە و پیشانی داوین كە پێویستە بەم شێوەیە نوێژ بكرێت، وە بەڕۆژوو بووە و ڕوونی كردووەتەوه بۆمان كە پێویستە ڕۆژوو بەم شێوەیە بگيرێت. ئەمە پێی دەوترێت سوننەت، ماناكەی بریتیە لە ڕەفتاری پێغەمبەر (ﷺ) كە بەردەوام فەرمایشتى خوای لەشێوەی كردەوەدا پیشانداوە. وە هۆكاری سێيەم بۆ هیدایەت بریتیە لە فەرموودە كە بریتیە لە فەرمایشتەكانی پێغەمبەر (ﷺ) كە پاش خۆی كۆكراونەتەوە. وە پلەی فەرموودە لەخوار پلەی قورئان و سوننەتەوەیە؛ چونكە زۆربەی فەرموودەكان گومانهەڵگرن، بەڵام ئەگەر سوننەت پەیوەست بوو به فەرموودەوه ئەوا دەیگۆڕێت بۆ یەقین. لەوەوە].
كەوتووەتە بەرگوێم هەندێ لە ئێوە بەڕەهایی باوەڕیان بە فەرموودە نیە. ئەگەر بەو شێوەیە بن ئەوا زۆر هەڵەن. من هەرگیز ئەمە فێری كەس ناكەم، بەڵكو ڕێبازی من ئەوەیە خوای گەورە سێ شتی پێبەخشیون بۆ هیدایەتتان؛ یەكەمیان بریتیە لە قورئانی پیرۆز، كە پێكھاتووە لە یەکتایی و شكۆ و گەورەیی خوا (سبحانه وتعالی) و بڕیارە یەكلاكەرەوەكان لەو بابەتانەدا كە جوولەكە و گاورەكان ناكۆكن تێیاندا، وەك جیاوازی و هەڵەیان لەوەدا كە عیسای كوڕی مەریەم لەسەر خاچەكە مرد و بوو بە كەسێكی نەفرەتلێكراو، وە بەرزنەكرایەوە وەك چۆن پێغەمبەرەكانی تر بەرزكرانەوە. هەروەها قورئان فەرمان دەكات كە جگە لە خوای گەورە هیچ شتێكی دیكە نەپەرستن، نە مرۆڤ نە ئاژەڵ نە خۆر و نە مانگ و نە ئەستێرە و نە هۆكارەكان و نە خۆتان. دەی زۆر وریا بن هیچ هەنگاوێك هەڵمەگرن بە پێچەوانەی فێركارییەكانی خوا و ڕێبازی قورئانەوە. بەڕاستی پێتان دەڵێم هەر كەسێك ڕوو وەربگێڕێت لە بچوكترین حوكم لە حەوت سەد حوكمەكەی قورئان بەدەستی خۆی دەرگای ڕزگاربوونی لەخۆی داخستووە. بێگومان قورئان كتێبێكە ڕێگاكانی ڕزگاربوونی ڕاستەقینە و تەواوەتی واڵا دەكات، بەڵام كتێبەكانی تر شتێك نین جگە له سێبەری ئەو، لەبەرئەوە بەڕامانەوە قورئان بخوێننەوە، وە لەڕادەبەدەر قورئانتان خۆشبوێت، خۆشەویستیەكی وەها كە هیچ كەسێكتان بەو شێوەیە خۆش نەویستبێت؛ چونكە خوای گەورە دواندمی و فەرمووی: “خێر هەمووی لەقورئاندایە“. بێگومان ئەمە حەق و ڕاستیه، زۆر بەداخەوە بۆ ئەو كەسانەی كە فەزڵی شتی تر دەدەن بەسەر قورئانی پیرۆزدا. هەڵبەت سەرچاوەی سەركەوتن و ڕزگاربوونتان هەمووی لە قورئاندایە. هیچ پێویستیەكی ئايینیتان نیە مەگەر لە قورئاندا بوونی هەیە. بێگومان لەڕۆژی دواییدا قورئان سەلمێنەری ڕاستی یان درۆی باوەڕی ئێوەیە. لەژێر گومەزی ئاسماندا جگە لە قورئان هیچ كتێبێكی تر نیە كە هیدایەتتان بدات بەبێ قورئان. دیارە خوای گەورە چاكەیەكی زۆر مەزنی كرد لەگەڵتاندا كە كتێبێكی وەكو قورئانی پێ خەڵات كردن.
بەڕاستی و دروستی پێتان دەڵێم ئەو كتێبەی كە بۆ ئێوە دەخوێنرێتەوە ئەگەر بۆ گاورەكان بخوێنرایەتەوە گومڕا نەدەبوون، وە ئەم نیعمەت و هیدایەتە كە دراوە بە ئێوە ئەگەر بدرایە بە جوولەكە لەجیاتی تەورات هەندێ لە گروپەكانیان نكوڵییان نەدەكرد لە هاتنی ڕۆژی قیامەت. دەی قەدری ئەم نيعمەتە بگرن كە پێتان دراوە. بێگومان نیعمەتێكی مەزن و بەنرخە. سەروەت و سامانێكی مەزنە! ئەگەر قورئان دانەبەزیبایە ئەوا هەموو دنیا وەك پارچە گوشتێكی ناتەواوی پیس دەبوو. قورئان كتێبێكە لەبەرامبەریدا هەموو ڕێنماییەكانی تر هیچ نین. ڕۆحی پیرۆز كە ئینجیلی هێنایە خوارەوە لەشێوەی كۆترێكدا دەركەوت كە باڵندەیەكی لاواز و بێتوانایه تەنانەت پشیلەیەك دەتوانێت بیڕفێنێت، لەبەرئەوە كرستیانەكان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ شكست دەهێنن و زیاتر لەبەریەك هەڵدەوشێن تەنانەت ڕۆحانیەتیان تێدا نەماوە؛ چونكە تەوەرەی باوەڕیان هەمووی لەسەر كۆترێك ڕاوەستاوە. بەڵام ڕۆحە پیرۆزەكەی قورئان كە هێناویەتە خوارەوە بەفۆڕمێكی مەزن جیلوەی كرد كە بە قەوارەكەی خۆی هەموو جیھانی پڕ كرد لە زەویەوە بۆ ئاسمان. دیارە جیاوازیەكی زۆر هەیە لەنێوان ئەو كۆترە و ئەم جیلوە مەزنەدا كە لە قورئانی پیرۆزیشدا باسكراوە! هەڵبەت قورئان دەتوانێت لەماوەی یەك هەفتەدا مرۆڤ پاك بكاتەوە ئەگەر ڕوو وەرگێڕانێكی ڕواڵەتی یان ڕۆحی بوونی نەبێت. بێگومان قورئان دەتوانێت وەكو پێغەمبەرانتان لێ بكات بەمەرجێك لێى ڕانەكەن. جگە لە قورئان چ كتێبێكی تر لەسەرەتاوە ئەم نزایە فێری خوێنەرانی كردووە و ئەم تروسكەی هیوایەی پیشان داون؟ مەبەستم ئەم فەرمایشتەی خوای گەورەیە: {اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ * صِرَاطَ الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ} واتە: ڕێنماییمان بكە بۆ ڕێگای ئەو نیعمەتانەی خۆت كه ئەوانەی ڕابردووت ڕێنمایی كردووە بۆیان لەو كەسانەی كە نیعمەتی خۆتت باراندووە بەسەریاندا لە پێغەمبەران و ڕاستگۆیان و شاهیدان و پیاوچاكان. لەبەرئەوە ورەی خۆتان بەرزبكەنەوە، وە بانگەوازی قورئان ڕەتمەكەنەوە؛ چونكە دەیەوێت ئەو نیعمەتانەتان پێ خەڵات بكات كە خەڵات كراون بەوانەی پێشوو. ئایا موڵكی نەوەی ئیسرائیل و قودسى ئەوانی نەبەخشیوە پێتان كە هەتا ئەمڕۆ بەردەوام لەدەستی ئێوەدایە؟ ئەی كەسانی باوەڕ لاواز و بێ ورە، ئایا پێتانوایە خوای گەورە ئێوەی كردووە بە جێگرەوە بۆ هەموو قەڵەمڕەوە ماددیەكانی نەوەی ئیسڕائیل، بەڵام ناتوانێت بتانكات بە جێگرەوەی ئەوان لەڕووی ڕۆحیەوە! نەخێر، بەڵكو خوای گەورە دەیەوێت لەوان زیاتر نیعمەت بڕێژێت بەسەر ئێوەدا. هەڵبەت پەروەردگارتان سەروەت و سامانی ڕۆحی و ماددی ئەوانی بەخشی بە ئێوە، بەڵام هیچ كەسێك نابێت بە میراتگری ئێوە هەتا بەرپابوونى قیامەت. هەرگیز خوای گەورە بێبەشتان ناكات لە نیعمەتی وەحی و ئیلھام و ئاخاوتنی خوایی. بەبێ كەموكوڕی هەموو ئەو نیعمەتانە بۆ ئێوە تەواو دەكات كە بەخشیویەتی بەوانەی پێشوو، بەڵام ئەو كەسەی بێشەرمانە درۆ بەدەم خواوە دەكات و دەڵێت وەحی خوام بۆ دابەزیوە كەچی وەحی بۆ دانەبەزیوە، یان بەدرۆوە بڵێت شكۆدار بووم بە ئاخاوتنی خوایی؛ ئەوا دەڵێم _ من خوا و فریشتەكان دەكەم بە شاهید لەسەر ئەوەی كە دەیڵێم_ ئەو كەسە بەدڵنیاییەوە لەناودەچێت؛ چونكە درۆی هەڵبەستووە بەدەم دروستكاری خۆیەوە و فێڵی كردووە و بێشەرمیەكی گەورەی نواندووە، لەبەرئەوە وریای ئەم بابەتە بن. ئاگاداربن نەفرەتی خوا لەو كەسانە بێت خەون هەڵدەبەستن و بەدرۆ بانگەشەی پێگەيشتنی قسە و ئاخاوتنی خوایی دەكەن، وەك ئەوەی لەدڵی خۆیاندا وا بیربكەنەوە كە هیچ خوایەك بوونی نەبێت! نەخێر، بەڵكو زۆر بەتوندی دووچاری سزای خوا دەبن و لەڕۆژە شوومەكەیان قوتاریان نابێت. بۆیە پێویستە لەسەرتان ڕاستی و دروستی و تەقوا و خۆشەویستی بۆ خوا زیاتر بكەن خۆشەویستییەكی خۆیی و خۆڕسك، وە ئەم كارە لەبەرچاو بگرن هەتا زیندوون، پاشان هەر یەكێكتان كه خوا بیەوێت شكۆداری دەكات بە قسە و ئاخاوتنی خۆیشی. بەڵام هەرگیز نەكەن ئاواتەخوازی ئەمە بن، بۆ ئەوەی بەهۆی ئەم هیوایەی دەروونتانەوە زنجیرەی قسە و ئاخاوتنی شەیتانی دەستپێنەكات كە زۆر كەس لەناودەبات. پێویستە لەسەرتان سەرقاڵبن بە خزمەتكردن و بەندایەتییەوە، وە ئەوپەڕی هەوڵی خۆتان خەرج بكەن لە گوێڕایەڵی هەموو فەرمانەكانی خوادا و بەهیوای دەستكەوتنی یەقینی زیاتر لەلایەن خۆیەوە. بەڵام بە مەبەستی ڕزگاربوون نەك بە مەبەستی شانازی كردن بەوەی كە ئێوە یەكێكن لەو كەسانەی وەحییان پێ دەگات.
بێگومان قورئانی پیرۆز كۆمەڵێك ڕاسپێری زۆر پیرۆزی بۆ پاراستوون، یەكێك لەوانە بریتیە لەوەى كە بەتەواوەتی دووربكەونەوە لە هاوەڵدانان بۆ خوا؛ چونكە كەسی هاوەڵدانەر بۆ خوا بێبەشە لە كانیاوی ڕزگاربوون. وە درۆ مەكەن چونكە درۆ بەشێكە لە هاوەڵدانان بۆ خوا.
بەراورد لەنێوان فێركاری قورئان و فێركاری ئینجیل دا
قورئان وەكو ئینجیل پێتان نافەرموێت: بە چاوێكی خراپ و سێكسیەوە سەیری ئافرەتی نامەحرەم مەكەن، بەڵام حەڵاڵە بۆتان بەبێ ئەمە سەیریان بكەن، بەڵكو دەفەرموێت: هەرگیز سەیریان مەكەن نە بەچاوێكی خراپەوە نە بەچاوێكی چاكەوە؛ چونكە هەموو سەیركردنێك جێگای هەڵخلیسكانێكە بۆ ئێوە.. بەڵكو وا چاكترە بۆت كە بەردەوام چاوت دابخەیت لە بەرامبەر ئافرەتی نامەحرەمدا بەجۆرێك شێوەی نەبینیت مەگەر بەئەندازەی بینینی تەمومژاوی كەسێك كە تازه تووشی نەخۆشی چاوداهاتن بوو بێت.
قورئان وەكو ئینجیل پێت نافەرموێت ئەوەندە لە مەی مەخۆرەوە كە سەرخۆشت بكات، بەڵكو دەفەرموێت بەهیچ شێوەیەك مەی مەخۆرەوە، ئەگینا ڕێگای بەرەو خوا بەدیناكەیت، و هەرگیز پەروەردگارت لەگەڵتدا گفتوگۆ ناكات، وە هەرگیز لە پیسیەكان پاكت ناكاتەوە. قورئان ڕایدەگەیەنێت كە مەی و بادە لە كاری شەیتانە و لێی دووربكەوەرەوە.
وە قورئان وەكو ئینجیل پێت نافەرموێت: بەناهەق لە براكەت تووڕە مەبە؛ بەڵكو پێت دەفەرموێت: نەك هەر تەنھا ڕقی خۆت بخۆرەوە، بەڵكو پێویستە كار بەم فەرمایشتەی خوای گەورە بكەیت: {وَتَواصَوْا بِالْمَرْحَمَةِ}[البلد: 18]، كەواتە پێویستە هەمیشە ئەوانی تریش بانگ بكەیت بۆ ئارامی و دانبەخۆداگرتن، نەك هەر تەنھا ڕەحم بەخەڵكی بكەیت، بەڵكو بانگی هەموو براكانیشت بكە بۆ ئەوەی بە میهرەبانییەوە هەڵسوكەوت بكەن.
قورئان وەكو ئینجیل پێت نافەرموێت: دانبەخۆتدا بگرە لەسەر هەموو خراپەیەكی خێزانەكەت و تەڵاقی مەدە مەگەر زینا بكات، بەڵكو دەفەرموێت: {الْطَّيِّبَاتُ لِلْطَّيِّبِينَ}[النور: 27]. دیارە بڕیاری قورئان ئەوەیە كە ناكرێت پیس لەگەڵ پاكدا بژی و بمێنێتەوە، جا ئەگەر ژنەكەت داوێنپیس نیە، بەڵام بەچاوی حەزی سێكسیەوە سەیری كەسانی تر دەكات و لەئامێزیان دەگرێت، وە ئەو كارانە دەكات كە پێشەكین بۆ زینا و داوێنپیسی ئەگەرچی هێشتا ئەو كارە چەپەڵەی نەكردووە، وە شەرمی خۆی ئاشكرا دەكات بۆ كەسانی نامەحرەم، وە موشریك و خراپەكار و دوور لەو خوا پاك و بێگەردەیە كە تۆ باوەڕت پێی هەیە؛ ئەوا پێویستە تەڵاقی بدەیت ئەگەر واز نەهێنێت لەمە؛ چونكە بەكردەوەكانی لە تۆ جیابووەتەوە و ئێستا ئیتر وەك پارچەیەك لە جەستەی تۆ نەماوەتەوە، ئیتر دوای ئەمە شیاو نیە بۆ تۆ كە لەگەڵیدا بمێنیتەوە وەك چۆن كەسانی بێشەرم و بێئابڕوو ئەو كارە دەكەن، دیارە ئەو ئێستا ئەندامێك نیە لە جەستەی تۆ، تەنھا ئەندامێكی خراپ و بۆگەنە و شایستەی لێكردنەوە و قرتاندنە؛ بۆ ئەوەی هەموو جەستەت خراپ و بۆگەن نەكات ئینجا بچیتە ڕیزی لەناوچووەكانەوە.
وە قورئان وەكو ئینجیل پێت نافەرموێت: بەهیچ شێوەیەك سوێند مەخۆ، بەڵكو ڕێگری ئەوەت لێ دەكات كە سوێندی ناڕەوا بخۆیت؛ چونكە لەهەندێ بارودۆخدا سوێند ڕێگایەكی سەركەوتووە بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشەكان، وە خوای گەورە نایەوێت یەكێك لە هۆكارەكانی سەلماندن پووچەڵ بكاتەوە؛ چونكە پووچەڵكردنەوەی ئەو هۆكارە پێچەوانەیە لەگەڵ حیكمەتی خۆیدا. ئەگەر كەسێك لە بابەتێكدا كە ناكۆكی لەسەرە شایەتی نەدا، ئەوا -شتێكی ئاشكرایە- شایەتی خوای گەورە زۆر پێوستە بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشەكە، وە كەسی سوێندخۆر مەبەستی لە سوێندەكەی ئەوەیە خوا بكات بە شاهید لەسەر ئەوەی كە دەیڵێت.
قورئان وەكو ئینجیل پێت نافەرموێت: هەرگیز بەرەنگاری ستەمكار مەبەرەوە، بەڵكو دەفەرموێت: {وَجَزَاءُ سَيِّئَةٍ سَيِّئَةٌ مِثْلُهَا فَمَنْ عَفَا وَأَصْلَحَ فَأَجْرُهُ عَلَى اللَّهِ}[الشورى: 41] واتە پێویستە سزای تاوان بە ئەندازەی قەبارەی تاوانەكە بێت، بەڵام ئەو كەسەی لە تاوانبارەكە خۆشدەبێت و چاوپۆشی لێ دەكات بە مەرجێك لێخۆشبوونەكە ببێتە هۆی چاكسازی نەك خراپەكاری؛ ئەوا بابزانێت كە خوا لێی ڕازیە، وە لەسەر ئەم كارەی پاداشتی دەداتەوە. كەواتە بەگوێرەی قورئانی پیرۆز نە هەموو كاتێك تۆڵەكردنەوە كارێكی پەسەندە نە لێبوردنیش بۆ هەموو بارودۆخێك گونجاوە، بەڵكو پێویستە ڕەچاوی هەلومەرج و بارودۆخ بكرێت، بۆیە پێویستە لێبوردن یان تۆڵەكردنەوە بەگوێرەی ڕەچاوكردنی بارودۆخ و بەرژەوەندی بێت، نەك بەشێوەیەكی كوێرانە و هەڕەمەكی، ئەمەیە مەبەستی قورئان.
وە قورئان وەكو ئینجیل پێت نافەرموێت دوژمنی خۆتت خۆش بوێت؛ بەڵكو دەفەرموێت: پێویستە لەپێناوی خۆتدا دژایەتی كەس نەكەیت، بەڵكو پێویستە دڵسۆزی و هاوخەمیەكەت هەموو مرۆڤێك بگرێتەوە، بەڵام ئەوەی دوژمنی خودا و پێغەمبەرەكەت و كتێبی خوایه ئەوە دوژمنی تۆیە؛ وە ئەم جۆرە كەسانەیش بێبەش مەكە لە بانگەواز و پاڕانەوەت، پێویستە ڕقت لە كردەوەیان بێت نەك لە خۆیان، وە هەوڵی بێوچان بدەیت بۆ ئیسڵاح كردنیان، لەم چوارچێوەیەدا خوای گەورە دەفەرموێت: {إِنَّ اللَّهَ يَأْمُرُ بِالْعَدْلِ وَالْإِحْسَانِ وَإِيتَاءِ ذِي الْقُرْبَى}[النحل: 91]… واتە خوای گەورە چی دەوێت لە تۆ؟ تەنھا ئەوەی دەوێت كە دادپەروەرانە مامەڵە بكەیت لەگەڵ هەموو مرۆڤەكاندا، وە لەم ئاستە بەرزتر چاكە بكەیت لەگەڵ كەسێكدا كە چاكەی نەبووە بۆت، پاشان لەم پلەیش باڵاتر ئەوەیە كە دڵسۆز و هاوخەمبیت بۆ دروستكراوانی خوا وەك ئەوەی خزمی زۆر نزیكی خۆت بن، وە مامەڵەیان لەگەڵ بكەیت وەك چۆن دایكەكان مامەڵە دەكەن لەگەڵ مناڵەكانیاندا؛ چونكه چاكە كەمێك لە خڵتەی لووتبەرزی و شانازی تێكەڵی دەبێت، وە لەبەرئەوەی ڕەنگە كەسی چاكەكار منەت بكات بەهۆی چاكەكەیەوە، بەڵام ئەو كەسەی وەكو دایك بە پاڵنەری سروشتی كاری چاكە دەكات هەرگیز لەخۆی بایی نابێت و شانازی ناكات بەخۆیەوە، لەبەرئەوە كۆتا پلەی خێر ئەو خێرەیە كە پاڵنەرەكەی پاڵنەری سروشتیی بێت وەك پاڵنەری دایك.
وە بزانن ئەم ئایەتەی سەرەوە تەنھا پەیوەندی نیە بە دروستكراوانی خوای گەورەوە بەڵكو پەیوەندی بەخوای گەورەیشەوە هەیە. دادپەروەری لەگەڵ خوای گەورەدا ئەوەیە بەهۆی یادی نیعمەتەكانیەوە گوێڕایەڵی بكەیت، وە چاكە كردن لەگەڵیدا (سبحانه وتعالی) ئەوەیە كە باوەڕت پێی هەبێت وەك ئەوەی دەیبینیت، بەڵام مامەڵەكردن وەك مامەڵەكردن لەگەڵ خزمەنزیكەكان سەبارەت بە خوای گەورە مانای ئەوەیە كە بەندایەتی بۆ بكەیت نەك بەهیوای دەستكەوتنی بەهەشت و ترسی دۆزەخ، بەڵكو گریمان بەهەشت و دۆزەخێك لە ئارادا نیە؛ ئەوا پێویستە سارد نەبیتەوە لە خۆشویستن و گوێڕایەڵی خوا (سبحانه وتعالی).
لە ئینجیلدا هاتووە: نزای بەرەكەت بكەن بۆ ئەو كەسانەی كە نەفرینتان لێ دەكەن، بەڵام قورئانی پیرۆز دەفەرموێت: لەلایەن خۆتەوە هیچ شێك مەكە، بەڵكو ڕاپرسی بكە بەدڵت -كە بریتیە لە دەركەوتەی درەوشانەوەكانی خوا- لە شێوازی مامەڵە كردن لەگەڵ كەسی نەفرەتكاردا؛ ئەگەر خوا ئەوەی خستە دڵتەوە كە ئەو شایستەترە بە میهرەبانی و لەئاسماندا نەفرەتلێكراو نیە؛ ئەوا تۆیش نەفرەتی لێ مەكە بۆ ئەوەی لەو كەسانە لەقەڵەم نەدرێیت كە پێچەوانەی ویستی خوا دەجووڵێنەوە، بەڵام ئەگەر ویژدانت بەبێتاوان ئەژماری نەكرد، وە خوا ئەوەی خستە دڵتەوە كە ئەو كەسە لەئاسماندا نەفرەت لێكراوە، ئەوا هیوای بەرەكەتی بۆ مەخوازە وەك چۆن هیچ یەكێك لە پێغەمبەران هیوای بەرەكەتی نەخواست بۆ شەیتان و هیچ یەكێكیان لە نەفرەت ڕزگاری نەكرد. بەڵام پێویستە پەلە نەكەیت لە نەفرەتكردن لە هیچ كەسێك؛ چونكە زۆرێك لە گومانەكان درۆن و زۆرێك لە نەفرەتەكان هەڵدەگەڕێنەوە بۆسەر خودی خاوەنەكەی. زۆر بەوریاییەوە هەموو هەنگاوێك هەڵگرن، وە بەجوانی بابەتەكە بپشكنن پێش ئەوەی دەست بكەن بە هەر كارێك، وە داوای یارمەتی لە خوا بكەن چونكە ئێوە كوێرن، بۆ ئەوەی كەسی دادپەروەر بە ستەمكار و ڕاستگۆ بە درۆزن ئەژمار نەكەن، بەمەش پەروەردگاری خۆتان تووڕە بكەن و هەموو كردەوەكانتان پووچ بێتەوە.
هەروەها لە ئینجیلدا وتراوە: بۆ خۆدەرخستن لەبەردەم خەڵكیدا كاری چاكە مەكەن، بەڵام قورئان دەفەرموێت: هەموو كردەوەكانتان لە خەڵكی مەشارنەوە، بەڵكو هەندێ كاری چاكە بەنھێنی ئەنجام بدەن ئەگەر زانیتان ئەنجامدانیان بە نھێنی خێری تێدایە بۆ خۆتان، وە هەندێكیشیان بە ئاشكرا ئەنجام بدەن ئەگەر زانیتان لە ئاشكراكردنیدا خێرێك هەیە بۆ خەڵكی گشتی، ئەمەش بۆ ئەوەی دوو پاداشت بەدەستبھێنن، وە بۆ ئەوەی خەڵكی لاواز كە گوڕوتینیان نیە بۆ ئەنجامدانی كاری چاكە چاوتان لێ بكەن، وە ئەوانیش ئەو كارە چاكە ئەنجام بدەن. بەكورتی، خوای گەورە خۆی حیكمەتی پشتی ئەم فەرمایشتەی: {سِرًّا وَعَلَانِيَةً}[البقرة: 275] خستووەتەڕوو، كە بریتیە لەوەی تەنھا بە قسە ئامۆژگاری خەڵكی مەكەن بەڵكو بەكردەوەیش كارەچاكەكان لەبەرچاویاندا شیرین بكەن؛ چونكە قسە لەهەموو كاتێكدا كاریگەر نیە، بەڵام پێشەنگی لە زۆربەی كاتەكاندا كاریگەری گەورەتری هەیە.
بەراورد لەنێوان پاڕانەوەی ئینجیل و پاڕانەوەی قورئانی پیرۆزدا
هەروەها لە ئینجیلدا هاتووە كە: ئەگەر پاڕایتەوە ئەوا بچۆرە ناو ژوورەكەتەوە، بەڵام قورئان فێرت دەكات كە هەموو جارێك نزاكەت مەشارەوە، بەڵكو بە ئاشكرایش لەبەردەم خەڵكیدا لەگەڵ كۆمەڵێك لە براكانتدا لەخوا بپاڕێرەوە؛ چونكە ئەگەر نزاكەت گیرا بوو ئەوا باوەڕیان زیاتر دەبێت، وە خەڵكی تریش نزا و پاڕانەوە لەخوای گەورە لەلای شیرین دەبێت.
هەروەها لە ئینجیلدا هاتووە كە بەم شێوەیە بپاڕێنەوە: “ئەی باوكمان لە ئاسمان، با ناوت پیرۆز بێت، با پاشایەتییەكەت بێ، با خواستت لەسەر زەوی پەیڕەو بكرێت وەك لە ئاسمان. نانی ڕۆژانەشمان ئەمڕۆ بدەرێ، لە قەرزەكانمان ببورە، هەروەك ئێمە دەبوورین لە قەرزی كەسانی تر[ئەو وشانەی هێڵیان بەژێردا هاتووە وەرگێڕدراوی ئەوەیه كه لە چاپه ئوردیەكەی كتێبی پیرۆزدا هاتووه كه مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لێی وەرگرتووە، لەكاتێكدا له چاپە عەرەبیەكەدا ئەمه هاتووه: “واغفر لنا ذنوبنا كما نغفر نحن للمذنبین إلینا” (وەرگێڕی عەرەبی)]. مەمانخەرە تاقیكردنەوە، بەڵكو لە خراپەكارەكە ڕزگارمان بكە؛ چونكە تۆ موڵك و هێز و شكۆت هەیە بۆ هەتاهەتایە”[مەتتا 6: 9-13]. بەڵام قورئان ڕایدەگەیەنێت كە زەوی خاڵی نیە لە پیرۆزكردن و پاكڕاگرتنی خوا، بەڵكو خوای گەورە لەزەویشدا پیرۆز دەكرێت نەك تەنھا لەئاسماندا، وەك خوای گەورە دەفەرموێت: {وَإِنْ مِنْ شَيْءٍ إِلَّا يُسَبِّحُ بِحَمْدِهِ}[الإسراء: 45]، وە دەفەرموێت: {يُسَبِّحُ لِلَّهِ مَا فِي السَّمَاوَاتِ وَمَا فِي الْأَرْضِ}[الجمعة: 2]، واتە: بێگومان هەموو گەردیلەیەك لە ئاسمان و زەویدا سەرقاڵی سوپاس و ستایشی خوایە و بە پیرۆز ڕایدەگرێت، وە هەموو ئەو بوونەوەرانەی كە لەناویاندا هەن سەرقاڵن بە سوپاس و پیرۆزڕاگرتنی خواوه (عز وجل)، چیاكان یادی دەكەن و ڕووبارەكان یادی دەكەن و درەختەكان یادی دەكەن، وە زۆرێك لە چاكەكاران سەرقاڵن بە یادكردنیەوە، بەڵام ئەو كەسەی بەدڵ و زوبان یادی ناكات و لەبەرامبەریدا خۆی بەكەم نازانێت، قەزا و قەدەرەكەی ئەو جۆرە كەسە ناچار دەكات كە ملكەچ بێت بۆی بەهۆی جۆرەها بەڵا و سزاوە. كتێبی خوا (قورئانی پیرۆز) وەسفی فریشتەكانی كردووە بەوەی كە بەتەواوەتی گوێڕایەڵی خوای گەورە دەكەن، وە هەمان وەسف لە قورئاندا هاتووە بۆ هەموو گەردیلە و هەموو گەڵایەك لە زەویدا بەجۆرێك هاتووە كە هەموو شتێك ملكەچە بۆی (عز وجل)، بۆیە ئەستەمە بەبێ ئیزنی ئەو گەڵایەك بوەرێت، وە دەرمانێك بەبێ ئیزنی ئەو چارەسەر بكات، وە هیچ خۆراكێك بەبێ فەرمانی ئەو بەكەڵكی خواردن بێت، كەواتە هەموو شتێك لەبەر قاپیەكەیدا بەوپەڕی زەبوونی و بەندایەتیەوە دەمەڕوو دەكەوێت و نوقم دەبێت لە گوێڕایەڵی ئەودا (عز وجل). هەڵبەت هەموو گەردیلەیەك لە چیاكان و زەویدا، وە هەموو دڵۆپێك لە ڕووبار و دەریاكاندا، وە هەموو گەڵایەك لە گەڵاكانی دار و درەختەكان و هەموو بەشێك لە بەشەكانیان، وە هەموو گەردیلەیەك لە مرۆڤ و ئاژەڵدا، بەدڵنیاییەوە خوا (عز وجل) دەناسێت و گوێڕایەڵی دەكات و سەرقاڵە بە سوپاسكردن و پیرۆزڕاگرتنیەوە، لەبەرئەوە خوای گەورە دەفەرموێت: {يُسَبِّحُ لِلَّهِ مَا فِي السَّمَاوَاتِ وَمَا فِي الْأَرْضِ}[الجمعة: 2]، واتە: وەك چۆن هەموو شتێك لە ئاسماندا سوپاس و شتایشی خوا دەكات، بەهەمان شێوە هەموو شتێكیش لە زەویدا سوپاس و ستایشی خوای گەورە دەكات. ئیتر چۆن دەوترێت سوپاسكردن و پیرۆزڕاگرتنی خوا لە زەویدا ئەنجام نادرێت؟ ئەستەمە كە ئەم جۆرە قسەیە لە زاری یەكێك لە خواناسە كامڵەكان بێتەدەرەوە.
لەڕاستیدا هەندێ لە بوونەوەرەكانی زەوی گوێڕایەڵی حوكمەكانی شەریعەت دەكەن، وە هەندێكیان ملكەچن بۆ حوكمەكانی قەزا و قەدەر، وە هەندێكیان گوێڕایەڵی حوكمەكانی شەریعەت و قەزاو قەدەر هەردووكیان دەكەن. هەموو شتێك نوقم بووە لە گوێڕایەڵی خوا و پیرۆزڕاگرتنیدا؛ هەور بێت یان با یان ئاگر یان زەوی. وە ئەگەر هەندێ مرۆڤ یاخی بن لە حوكمەكانی شەریعەت؛ ئەوا ملكەچن بۆ بڕیارەكانی قەزاو قەدەری خوا، وە هیچ شتێك لە دەرەوەی كۆنترۆڵی ئەم دوو دەسەڵاتەدا نیە، بەڵكو ئەستۆی هەموو شتێك لەژێر نیری یەكێك لەم دوو حكومەتە ئاسمانیەدایە. ئەوەندە هەیە بێئاگایی و یادی خوا بە نۆرە باڵدەكێشن بەسەر زەویدا بەگوێرەی چاكی و خراپی دڵەكان، بەڵام ئەم هەڵكشان و داكشانە لەخۆیانەوە ڕوونادەن بەڵكو بەگوێرەی حیكمەت و بەرژەوەندییەكانی خوا ڕوودەدەن، بێگومان خوا ویستوویەتی ئەمە لە زەویدا ڕووبدات بۆیە ڕوویدا. كەواتە هیدایەت و گومڕایی بەگوێرەی ڕێسای خوا و بە ئیزنی ئەو بەنۆرە بەدوای یەكدا دێن وەك چۆن شەو وڕۆژ بەنۆرە بەدوای یەكدا دێن، نەك لەخۆیانەوە. لەگەڵ ئەوەی هەموو شتێك گوێبیستی بانگەوازەكەی دەبێت و بەپیرۆز ڕایدەگرێت، بەڵام ئینجیل دەڵێت زەوی خاڵیە لە بەپاك و پیرۆزڕاگرتنی خوای گەورە، وە لەڕستەی دواییدا لە نزا ئینجیلییەكەدا ئاماژە بۆ هۆكاری ئەمە كراوە كە بریتیە لەوەی هێشتا شانشینی خوا نەهاتووەتە سەرزەوی، وە بەهۆی نەبوونی شانشینی خوا لەسەر زەویدا -نەك هۆیەكی تر- نەتوانراوە ویستی خوا جێبەجێ بكرێت تێیدا وەك چۆن لە ئاسماندا جێبەجێ كراوە. بەڵام فێركاری قورئان تەواو پێچەوانەی ئەمەیە، بە ئاشكرا ڕایدەگەیەنێت كە هیچ كەسێكی دز یان خوێنڕێژ یان زیناكەر یان كافر یان فاسق یان ستەمكار یان هەر یەكێك لە تاوانكاران ناتوانێت لەسەر زەویدا هیچ خراپەیەك ئەنجام بدات ئەگەر لە سەرووی ئاسمانەوە سەرپشك نەكرێت. دەی ئیتر چۆن دەوترێت شانشینی خوا لەسەر زەویدا بەرقەرار نیە؟ ئایا دەسەڵاتێكی تری پێچەوانە هەیە ڕێگری بكات لە جێبەجێبوونی فەرمانەكانی خوا لە زەویدا؟ سبحان الله! بەدڵنیاییەوە نەخێر، بابەتەكە بەو شێوەیە نیە.
لەڕاستیدا خوای گەورە خۆی لە ئاسماندا ڕێسایەكی داناوە بۆ فریشتەكان، وە لە زەویشدا ڕێسایەكی تری داناوە بۆ مرۆڤ. فریشتەكانی سەرپشك نەكردووە لە شانشینە ئاسمانیەكەیدا، بەڵكو سروشتی ئەوانی لەسەر گوێڕایەڵی و ملكەچی ڕاهێناوە، بۆیە ئەوان لەبنچینەدا ناتوانن سەرپێچی بكەن، وە ناكرێت تووشی هەڵە و لەبیرچوونەوە بن، بەڵام سروشتی مرۆڤ سەرپشك كراوە لەنێوان قەبوڵ كردن و نكوڵی كردندا، وە بەوپێیەی كە مرۆڤ لە ئاسمانەوە ئەو مافی هەڵبژاردن و ئازادیەی پێ خەڵات كراوە، بۆیە ناكرێت بوترێت شانشینی خوا لە زەویدا دیارنامێنێت بەهۆی مرۆڤێكی خراپەكارەوە، بەڵكو لەهەموو بارودۆخێكدا موڵك تەنھا هی خوایە، هەموو ئەوەی لەم بابەتەدا هەیە ئەوەیە كە دوو ڕێسا هەیە؛ ڕێسای قەزاو قەدەری تایبەت بە فریشتەكان لە ئاسماندا، كە بریتیە لەوەی ئەوان هەرگیز ناتوانن سەرپێچی بكەن، وە ڕێسای قەزاو قەدەری تایبەت بەمرۆڤ لەسەر زەویدا كە بریتیە لەوەی ئەوان لە ئاسمانەوە ئازاد و سەرپشك كراون لە ئەنجامدانی تاوان و سەرپێچی، بەڵام ئەگەر داوای یارمەتی لەخوا بكەن واتە داوای چاوپۆشی لێ بكەن؛ ئەوا دەكرێت بەهۆی پشتگیری ڕۆحی پیرۆزەوە ئەو لاوازیەی كە هەیانە نەمێنێت، بەمەش دووربكەونەوە له سەرپێچێكردن وەك چۆن پێغەمبەرانی خوا دووردەكەونەوە لێی. بەڵام ئەوانەی سەرپێچی و تاوان ئەنجام دەدەن داواكردنی چاوپۆشی لەو ڕووەوە سوودیان پێدەگەیەنێت كە پارێزراو دەبن لە سەرەنجامی تاوانەكان، واتە لە سزا؛ چونكە دوای هاتنی نوور مانەوەی تاریكی ئەستەمە. بەڵام ئەو تاوانكارانەی كە سوورن لەسەر ئەنجامدانی تاوان و داوای چاوپۆشی لەخوای گەورە ناكەن، واتە تكای لێ ناكەن كە هێزیان پێببەخشێت، ئەوانە بەردەوام سزا دەدرێن لەسەر تاوانەكانیان. بڕوانن، چۆن لەم ڕۆژانەدا پەتای تاعوون دابەزیوەتە خوارەوە بۆ سەر زەوی وەك سزایەك بۆ خەڵكی، وە ژیانی ئەوانە لەناودەبات كە لە خوای گەورە یاخی دەبن، ئیتر چۆن دەوترێت شانشینی خوا لەسەر زەویدا نیه؟
هەرگیز ئەوه بەخەیاڵتاندا نەیەت كە ئەگەر لەڕاستیدا شانشینی خوا بوونی هەیە لەسەر زەویدا ئەوا چۆن خەڵكی تاوان ئەنجام دەدەن؟ چونكە تاوانەكانیش دەچنە چوارچێوەی ڕێسای قەزاو قەدەری خواوە. ئەگەر خەڵكی لە ڕێسای شەریعەت دەردەچن؛ ئەوا توانای ئەوەیان نیە لە ڕێسای تەكوینی، واتە ڕێسای قەزاو قەدەر، دەربچن، ئیتر كەی ڕاستە بوترێت تاوانكارەكان ملكەچ نین بۆ دەسەڵاتی خوایی؟ بڕوانن، چۆن لە هیندی بەریتانیدا ڕێژەیەكی زۆر لە تاوانی دزی و كوشتن ڕوودەدات، هەروەها تێیدا كەسانی زیناكەر و ناپاك و بەرتیلخۆر و تاوانباری تریش هەن، لەگەڵ ئەوەشدا ناكرێت بڵێن ئەم ناوچەیە لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی بەریتانیادا نیە. نەخێر، بێگومان دەسەڵات بوونی هەیە، بەڵام حكومەت بەگونجاوی نەزانیوە یاسایەكی توندوتیژ دابنێت كە ترس و بیمەكەی ژیان تاڵ بكات لە خەڵكی، ئەگینا ئەگەر حكومەت بیویستایە تاوانكاران هەموویان سڵ بكەنەوە لە تاوانەكانیان بەوەی بیانخاتە زیندانە قورس و بەئازارەكانەوە؛ ئەوا زۆر بەئاسانی سڵی پێ دەكردنەوە لە تاوانەكان، یان ئەگەر لە یاسادا كۆمەڵێك سزای سەختی دابنایە ئەوا دەیتوانی ئەم تاوانانە كۆتایی پێ بھێنێت. كەواتە دەتوانن لەمەوه بزانن كە خواردنەوەی مەی لەلایەن خەڵكەوە و زیادبوونی ئافرەتانی سۆزانی و ڕووداوەكانی دزی و كوشتن لەم وڵاتەدا[لێرەدا مەبەست وڵاتی هيندستانە. (وەرگێڕی عەرەبی)] هەرگیز مانای ئەوە نیە كە حكومەتی بەریتانی ئەم وڵاتە بەڕێوە نابات، بەڵكو هۆكاری زیادبوونی تاوانەكان بریتیە لە نەرمی لە یاسای حكومەتدا، نەك ئەوەی حكومەت دەسەڵاتی نەمابێت بەسەر وڵاتدا، بەڵكو لەڕاستیدا حكومەت دەسەڵاتی ئەوەی هەیە كە تاوانەكان بوەستێنێت بەدانانی یاسای زۆر توند و سزاى زۆر سەخت. ئەگەر ئەمە دۆخی حكومەتی مرۆڤ بێت كە هیچ نیە لەبەرامبەر شانشینی ئاسماندا؛ ئەوا ئەبێ دەسەڵات و توانای شانشینی خوایی چەند بێت؟! دەی ئەگەر ئەمڕۆ خودا ڕێسای خۆی توند بكاتەوە بەجۆرێك هەورەبروسكە بنێرێت بۆ هەموو كەسێكی زیناكەر، وە هەموو دزێك تووشی نەخۆشییەك بكات بەهۆیەوە هەردوو دەستی دابخورێن و بكەونەخوارەوە، وە هەموو ئەو كەسانەی كەللـەڕەقن و نكوڵی لە خوا و ئایینەكەی دەكەن بە تاعوون لەناوببات؛ ئەوا لەماوەی یەك هەفتەدا هەموو خەڵكی دنیا چاك دەبن. كەواتە لەڕاستیدا شانشینی خوا لەزەویدا بوونی هەیە، بەڵام نەرمونیانی لە ڕێسای ئاسمانیدا ئازادی پێداون بەجۆرێك تاوانباران بەزوویی سزانادرێن. بەڵام سزاكانیش جاروبار نازڵ دەبن بۆسەر زەوی، هەورە بروسكە و بوومەلەرزەكان ڕوودەدەن، بوركانەكان دەتەقنەوە وەك یاریە ئاگرینەكان بۆ لەناوبردنی هەزارەها كەس، وە كەشتیەكان نوقم دەبن، وە سەدەها كەس بەڕووداوی شەمەندەفەر دەمرن، وە جۆرەها لافاو دروست دەبێت، وە ماڵەكان دەڕووخێن، مارەكان دەگەزن، دڕندەكان پەلاماری خەڵك دەدەن، پەتاكان بڵاودەبنەوە، دیارە یەك شێواز نیە بەڵكو هەزارەها شێوازی لەناوبردن هەیە كە ڕێسا خواییەكان دروستیان كردوون بۆ سزادانی تاوانباران. ئیتر چۆن دەوترێت شانشینی خوا لەسەر زەویدا نیە. لەڕاستیدا شانشینەكەی لەسەر زەویدا بوونی هەیە، وە دەستەكانی هەموو تاوانبارێك كەلەپچەكراون، وە قاچەكانی هەموو یاخیبوویەك بەزنجیر بەستراونەتەوە، بەڵام حیكمەتی خوایی ڕێساكەی خۆی نەرم كردووە بەجۆرێك ئەم كەلەپچە و كۆت و پێوەند و زنجیرانە بەخێرایی كاری خۆیان نەكەن، بەڵام كاتێك كەسی تاوانبار سڵ ناكاتەوە لە ئەنجامدانی تاوان ئەوا لەكۆتاییدا تاوانەكەی دەیگەیەنێتە ناو دۆزەخی ئەبەدی و فڕێی دەداتەناو سزایەكەوە كە تێیدا نەدەمرێت و نەزیندوو دەمێنێتەوە.
بەكورتی، دوو ڕێسا هەیە؛ ڕێسای یەكەم تایبەتە بە فریشتەكان.. واتە ئەوان تەنھا بۆ گوێڕایەڵی دروستكراون، وە گوێڕایەڵیەكەیان تەنھا خاسیەتێكە لە خاسیەتەكانی فیترەتی ڕووناك، بۆیە ناتوانن تاوان ئەنجام بدەن، بەڵام ناشتوانن لە خێرو چاكەدا بەرەوپێش بچن و بڵندببنەوە. وە ڕێسای دووەم تایبەتە بەمرۆڤ، واتە: بەسروشتی خۆیان لەسەر ئەوە ڕاهاتوون كە توانای ئەنجامدانی تاوانیان هەیە، بەڵام دەشتوانن بڵندبوونەوە بەدەستبهێنن لە چاكە و پارێزكاریدا. وە ئەم دوو ڕێسا سروشتیە گۆڕانیان بۆ نیە، هەروەك ناكرێت فریشتە ببێت بە مرۆڤ، بەهەمان شێوە ناكرێت مرۆڤ ببێت بە فریشتە. كەواتە ئەم دوو ڕێسایە دوو ڕێسای ئەزەلین و ناگۆڕێن، وە ئەستەمە ڕێساكەی ئاسمان لەزەویدا كارا بكرێت، یان ڕێساكەی زەوی سەبارەت بە فریشتە بخرێتەگەڕ. ئەگەر هەڵەكانی مرۆڤ بە تۆبەكردن كۆتایی بێت؛ ئەوا ئەمە لە فریشتە چاكتر و گەورەتری دەكات؛ چونكە سروشتی فریشتەكان بەشێوەیەك نیە كە بتوانن پێشبكەون و بەرەوباڵابچن، بەڵام مرۆڤ بەهۆی تۆبەكردنەوە چاوپۆشی دەكرێت لە تاوانەكانی. بێگومان خوای گەورە بەحیكمەتی خۆی توانای ئەنجامدانی هەڵە و تاوانەكانی داوە بە هەندێ كەس بۆ ئەوەی بەهۆی ئەنجامدانی ئەو تاوان و هەڵانەوە ئاگاداربن لە لاوازی خۆیان، پاشان تۆبە بكەن و بەمەش لێیان خۆشدەبێت. ئەمەیە ئەو ڕێسایەی كە بۆ مرۆڤ دانراوە، وە سروشتیشیان ئەمە دەخوازێت. بێگومان هەڵە و لەبیرچوونەوە بەشێكن لە سروشتی مرۆڤ نەك لە سروشتی فریشتەكان، ئیتر چۆن دەكرێت ڕێسای تایبەت بە فریشتەكان بەسەر مرۆڤدا پیادە بكرێت؟ بێگومان هەڵەیە لاوازی بدرێتەپاڵ خوای گەورە، دەی ئەوەی لە زەویدا دەگوزەرێت شتێك نیە جگە لە ئەنجامەكانی ئەو ڕێسایەی خودا كە ئاماژەی پێكرا. ئایا خوا لاوازە _پەنا بە خوا_ بەجۆرێك پاشایەتی و توانا و شكۆی تەنھا لە ئاسماندا قەتیس بكرێت، یان زەوی خوایەكی تری هەیە كە وەكو دوژمن داگیری كردووە؟
پاشان شیاو نیە بۆ مەسیحیەكان سووربن لەسەر ئەو قسەیەی خۆیان كە گوایە شانشینی خوا تەنھا لە ئاسماندا دامەزراوە، وە هێشتا لە زەویدا دانەمەزراوە؛ چونكە ئەوان باوەڕیان وایە كە ئاسمان هیچ نیە، وە مادام ئاسمان شتێك نیە هەتا شانشینی خوای تێدا بێت، وە مادام شانشینی خوا هێشتا لە زەویدا دانەمەزراوە، كەواتە مانای ئەوەیە شانشینەكەی لە هیچ شوێنێكدا دانەمەزراوە.
بێگومان ئێمە شانشینی خوا لەسەر زەویدا بەچاوی خۆمان دەبینین، ئەوەتا بەگوێرەی ڕێساكەی خۆی (عز وجل) تەمەنمان كۆتایی پێ دێت، وە بارودۆخەكانمان دەگۆڕێت، وە جۆرەها خۆشی و ئازار دەچێژین، وە بەفەرمانی ئەو هەزارەها مرۆڤ دەمرێت و هەزارەهایش لەدایك دەبێت، وە نزاكان گیرا دەبن، وە نیشانەكان دەردەكەون، وە بەفەرمانی ئەو زەوی جۆرەها درەخت و بەروبووم و گوڵ بەرهەم دەهێنێت. ئایا هەموو ئەمانە بەبێ ئەوەی شانشینی خوا لەزەویدا دامەزرابێت ڕوودەدەن؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر، بەڵكو لەڕاستیدا سەبارەت بە ئاسمان ئەوا تەنەكانی لە هەموو كاتێكدا بەیەك شێوە و دەستوور دەسووڕێنەوە، وە هیچ گۆڕان و جێگۆڕكێیەك نابینین تێیدا كە بەڵگە بێت لەسەر بوونی كەسێك كە گۆڕانكاری و جێگۆركێی دروست كردبێت تێیاندا، بەڵام زەوی بەردەوام هەزارەها گۆڕانكاری و جێگۆڕكێ و گوێزانەوە تێیدا ڕوودەدات، ئەوەتا هەموو ڕۆژێك ملیۆنەها مرۆڤ لە دنیا كۆچ دەكەن، ملیۆنەها لەدایك دەبن، وە لەزەویدا هەست بە ڕەفتار و هەڵسوكەوتێكی تەواوەتی دروستكارێكی بەتوانا دەكەین لە هەموو كاروبارەكاندا و لە هەموو ڕووەكانەوە. دەی ئایا هێشتا شانشینی خوا لەزەویدا دانەمەزراوە؟
پاشان ئینجیل بەڵگەیەكی پێشكەش نەكردووە لەسەر ئەوەی كە بۆچی هەتا ئێستا شانشینی خوا نەگەيشتووەتە سەرزەوی، بەڵام نزا و لاڵانەوەی مەسیح (علیه السلام) بۆ ڕزگاربوونی خۆی لە باخچەكەدا بەدرێژایی شەو، وە ئەوەی كە خوا وەڵامی نەداوەتەوە و نەیتوانیوە ڕزگاری بكات -بەگوێرەی ئەوەی لە عیبرانیەكاندا هاتووە 5: 7- ڕەنگە بەگوێرەی بانگەشەی مەسیحیەكان بەڵگەیەك بێت لەسەر ئەوەی كە شانشینی خوا لەو ڕۆژەدا دانەمەزرابوو لەسەر زەویدا. بەڵام ئێمە تووشی تاقیكردنەوەی لەوە توندتر بووین، وە لە هەموو ئەو تاقیكردنەوانە ڕزگارمان بوو، ئیتر چۆن نكوڵی بكەین لە بوونی شانشینی خوا لەسەر زەویدا.
ئایا تۆمەتی كوشتنەكە كە قەشە “مارتن كلارك” وەك داوایەك لە دادگای “كاپتن دۆگڵاس” بەرزیكردەوە لەدژی من بۆ لەناوبردنم سووكتر بوو لەو داوایەی كە جوولەكە لە دادگای “پیلاتۆس”دا بەرزیان كردەوە دژی مەسیح (علیه السلام)، كە تەنھا بەهۆی جیاوازی ئایینیەوە بوو، نەك بەتۆمەتی كوشتن؟ هەڵبەت خودا _كە پاشای زەویە هەروەك چۆن پاشای ئاسمانە_ پێشتر هەواڵی پێدام دەربارەی ئەم كێشەیە و پێیڕاگەیاندم كە ئەم تاقیكردنەوەیە بەڕێوەیە، پاشان پێيڕاگەیاندم كە بەبێ تاوان لەم كێشەیە ڕزگارم دەكات، منیش ئەم پێشبینیەم لەناو سەدەها كەسدا بڵاوكردەوە پێش بەدیهاتنی، ئەوە بوو لەكۆتاییدا بڕیاری بێتاوانی من دەرچوو. لەڕاستیدا شانشینی خودا بوو كە ڕزگاری كردم لەم داوایە كە بەرزكرابووەوە لەدژم بە دەستێكەڵكردنی موسوڵمان و هيندۆس و مەسیحیەكان هەموویان.
هەروەها نەك جارێك بەڵكو دەیەها جار بەچاوی خۆم شانشینی خودام بینیوە لەسەر زەویدا تەنانەت هیچ چارێكم نەماوە جگە لەوەی كە باوەڕبھێنم بەم فەرمایشتەی خوای گەورە: {لَهُ مُلْكُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ}[الحدید: 3].. واتە شانشینی خوا لە زەوی و لە ئاسمانیشدا جێگیر و دامەزراوە، وە بەم فەرمایشتەی خوای گەورە: {إِنَّمَا أَمْرُهُ إِذَا أَرَادَ شَيْئًا أَنْ يَقُولَ لَهُ كُنْ فَيَكُونُ}[یس: 83]، واتە: بێگومان زەوی و ئاسمانەكان هەموو گوێڕایەڵی ئەون، وە ئەگەر ویستی كارێك بكات تەنھا دەفەرموێت “كُنْ، ببە” دەستبەجێ ئەو كارە پێكدێت، وە بە فەرمایشتی خوای گەورە: {وَاللَّهُ غَالِبٌ عَلَى أَمْرِهِ وَلَكِنَّ أَكْثَرَ النَّاسِ لَا يَعْلَمُونَ}[یوسف: 22] واتە خودا زاڵە بەسەر جێبەجێ كردنی ئیرادەی خۆیدا، بەڵام زۆربەی خەڵكی نازانن چەندە زاڵ و بەدەسەڵاتە.
بەكورتی، ئەوە نزاكەی ئینجیلە كە خەڵكی نائومێد دەكات لە ڕەحمەتی خوا و ڕێگە بە مەسیحیەكان دەدات كە بێشەرمی بكەن بەرامبەر پەروەردگارێتی و بەرەكەت و پاداشت و سزاكەی، وە ڕایدەگەیەنێت كە خوا (سبحانه وتعالی) ناتوانێت بەهانای بەندەكانی خۆیەوە بچێت لەسەر زەویدا ئەگەر شانشینەكەی لەسەر زەویدا دانەمەزرێت. بەڵام ئەو نزایەی كە خودا فێری موسوڵمانانی كردووە لە قورئاندا لەبەرامبەر ئەم نزایەی ئینجیلدا ئەوەیە كە دەفەرموێت خوای گەورە بێتوانا نیە لەسەر زەویدا وەك پاشایەك كە تەختەكەی لەناوچووبێت، بەڵكو ڕبوبیەت و ڕەحمانیەت و ڕەحیمیەت و پاداشت و سزاكەی لەزەویدا بەرقەرار و كارایە، وە دەتوانێت ئەو كەسانە سەربخات كە دەیپەرستن، وە تاوانبارانیش بە غەزەبی خۆی لەناوبەرێت. نزاكەی ناو قورئان ئەمەی خوارەوەیە:
{الْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ (*) الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ (*) مَالِكِ يَوْمِ الدِّينِ (*) إِيَّاكَ نَعْبُدُ وَإِيَّاكَ نَسْتَعِينُ (*) اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ (*) صِرَاطَ الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ غَيْرِ الْمَغْضُوبِ عَلَيْهِمْ وَلَا الضَّالِّينَ} آمین.. واتە: بێگومان خودا بەتەنھا شایستەی هەموو جۆرە سوپاس و ستایشێكە؛ بەو مانایەی هیچ خەوش و ناتەواویەك لە شانشینەكەیدا نیە، وە هیچ سیفەتێك لە سیفەتەكانی نیە كە ئەمڕۆ لەكاركەوتبێت و سبەی بكەوێتەكار، وە هیچ یەكێك لە پێداویستییەكانی شانشینەكەی شتێكی لەكاركەوتوو نیە. ئەو زاتێكە هەموو جیهانەكان پەروەردە دەكات، وە بێ بەرامبەر میھرەبانی دەنوێنێت، هەروەها لە بەرامبەر كردەوەكانیشدا میهرەبانی دەنوێنێت. وە ئەو زاتێكە لەیەك كاتدا پاداشتی چاك دەداتەوە و سزایش دەدات. تەنھا ئەو دەپەرستین، وە تەنھا داوای یارمەتی لەو دەكەین، وە لەو دەپاڕێینەوە كە هیدایەتمان بدات بۆ گرتنەبەری ڕێگای هەموو نیعمەتەكان، وە بەدوورمان بكات لەڕێگاكانی غەزەب و گومڕایی.
ئەم نزایە كە لە سورەتی “الفاتحة”دا هاتووە تەواو پێچەوانەی نزاكەی ئینجیلە؛ چونكە ئینجیل نكوڵی لە بوونی شانشینی خوایی دەكات لەسەر زەویدا لەم كاتەی ئێستادا، وە بەگوێرەی ئینجیل ڕبوبیەت و ڕەحمانیەت و ڕەحیمیەت و توانای پاداشت و تۆڵەی خودا كارناكات لەسەر زەویدا؛ چونكە هێشتا شانشینی خوا لەسەر زەویدا دانەمەزراوە بەگوێرەی ئینجیل، لەكاتێكدا لە سورەتی “الفاتحة”وە دەردەكەوێت كە شانشینی خوا لەزەویدا جێگیر و دامەزراوە، لەبەرئەوە سورەتی “الفاتحة” هەموو پێویستیەكانی شانشینی خوایی باسكردووە. وە شتێكی بەڵگەنەویستە كە دەبێت پاشا ئەم سیفەتانەی هەبێت: یەكەم: دەبێت توانای پەروەردەكردنی خەڵكی هەبێت، دیارە سورەتی “الفاتحة” جەختی لەم سیفەتە كردووەتەوە بەم فەرمایشتەی خوای گەورە: {رَبِّ العَالَمِينَ}. وە سیفەتی دووەم ئەوەیە كە لە ئەنجامی بەخششی پاشایانەی خۆی هەموو ئەو شتانە دابین بكات بۆ گەلەكەی كە پێویستیان پێیەتی بۆ ئاوەدانكردنەوەی وڵاتەكەیان بەبێ ئەوەی گەلەكەی هیچ خزمەتێكیان پێشكەش كردبێت، وە ئەم سیفەتە لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا باسكراوە: {الرَّحمَنِ}. وە سیفەتی سێيەم ئەوەیە كە پاشا یارمەتی ژێردەستەكانی بدات لەو كارانەدا كە بەتەنھا بە كۆششی خۆیان ناتوانن ئەنجامیان بدەن، وە ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە: {الرَّحِيمِ} جەختی كردووەتەوە لەسەر ئەم سیفەتە. وە سیفەتی چوارەم ئەوەیە كە دەبێت توانای پاداشت و سزای هەبێت بۆ ئەوەی كاروباری بەڕێوەبردن لە وڵاتەكەیدا تێكنەچێت، وە ئەم سیفەتە لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا: {مَالِكِ يَومِ الدِّينِ} باسكراوە.
بەكورتی، بێگومان ئەم سورەتە هەموو پێداویستیەكانی شانشینی خستووەتەڕوو كە جەخت لە بوونی شانشینی خوا و هەڵسوكەوتە شاهانەییەكانی دەكاتەوە لەسەر زەویدا، بێگومان ڕبوبیەت و ڕەحمانیەت و ڕەحیمیەت و یارمەتیدان و سزا و پاداشتی خوا هەموویان بوونیان هەیە لەزەویدا، كەواتە هەموو پێداویستیەكانی شانشین جێبەجێ بوون بۆ خوا لەزەویدا، وە هیچ گەردیلەیەك نیە لەزەویدا كە لەدەرەوەی بازنەی دەسەڵاتی ئەو بێت، وە هەموو پاداشتێك لەدەستی ئەودایە، وە هەموو ڕەحمەت و میهرەبانییەك بەدەستی ئەوە. بەڵام ئینجیل نزایەك فێری شوێنكەوتووانی دەكات كە بریتیە لەوەی شانشینی خوا هێشتا لەناو ئێوەدا دانەمەزراوە، دەی لەخوا بپاڕێنەوە بۆ ئەوەی لەداهاتوودا شانشینەكەی لەناوتاندا دابمەزرێت، ئەمەش مانای ئەوەیە خواكەیان هێشتا نەبووە بە خاوەن و پاشای زەوی، ئیتر ئەبێت چ ئومێدێك لەسەر ئەم خوایە هەڵچنین؟
گوێبگرن و بزانن، زانیاری هەرە مەزن ئەوەیە هەموو گەردیلەیەك لەزەویدا لەژێر كۆنترۆڵی خوای گەورەدایە هەروەك چۆن هەموو گەردیلەیەكی ئاسمان لەناو شانشینەكەی ئەودایە، هەروەك لەئاسماندا دروشانەوەیەكی مەزنی هەیە بەهەمان شێوە درەوشانەوەیەكی مەزنی هەیە لەزەویدا. بەڵكو لەڕاستیدا درەوشانەوە ئاسمانیەكە بابەتێكە دەكەوێتە چوارچێوەی پرسە ئیمانیەكانەوە؛ چونكە هیچ كەسێك لە خەڵكی ئاسایی نەچووە بۆ ئاسمان و نەیبینیوە، بەڵام درەوشانەوەی شانشینی خوا لەزەویدا ڕوون و ئاشكرایە و هەموو مرۆڤێك بەچاوەكانی خۆی بەجوانی دەیبینێت[بێگومان ئەم فەرمایشتەی خوای گەورەش {وَحَمَلَهَا الْإِنْسَانُ} بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە گوێڕایەڵی ڕاستەقینە بۆ خوا بریتیە لە مرۆڤ؛ چونكە لەگوێڕایەڵی خوادا دەگاتە ڕادەی خۆشەویستی و شەیدابوون، بە هەڵگرتنی هەزارەها بەڵا و نەهامەتی پایەكانی شانشینی خوا لەسەر زەویدا جێگیر دەكات. فریشتەكان لەكوێ دەتوانن هەستن بە ئەنجامدانی ئەم جۆرە گوێڕایەڵیە كە تێكەڵاو بووە لەگەڵ شەیدابوونی دڵدا؟ لەوەوە] بۆ نموونە هەموو مرۆڤێك _هەرچەند دەوڵەمەند بێت_ جامی مردن دەنۆشێت بە پێچەوانەی حەز و ئارەزووی خۆیەوە. دەی بڕوانن چەند جوان و مەزنە درەوشانەوەی دەسەڵاتی ئەم پاشا ڕاستەقینەیە لەسەر زەویدا! وە ئەگەر فەرمانی خوا بێتە خوارەوه بە مردنی كەسێك ئەوا ناتوانێت یەك چركە مردنەكە لە خۆی دوابخات، وە ئەگەر بڕیاری خوا دابەزی و بەهۆیەوە كەسێك تووشی نەخۆشییەكی پیس و گران بوو؛ ئەوا هیچ پزیشكێك ناتوانێت چارەسەری بكات و لەو نەخۆشیە ڕزگاری بكات، دەی بڕوانن چۆن شانشینی خوا لەسەر زەویدا دەدرەوشێتەوە بەجۆرێك هەرگیز ناكرێت فەرمانەكانی ڕەتبكرێنەوە! ئیتر دوای ئەمە ئەو قسەیە چۆن ڕاست دەردەچێت كە گوایە شانشینی خوا لەسەر زەویدا جێگیر و دامەزراو نیە، بەڵكو لەداهاتوودا ڕۆژێك لەڕۆژان دادەمەزرێت؟
بڕوانن چۆن لەڕێگەی تاعوونەوە فەرمانی ئاسمانی خوا زەمینی لەرزاند لەم ڕۆژانەدا بۆ ئەوەى ببێت بە ئایەتێك بۆ مەسیحە بەڵێندراوەكەی خۆی، دەی كێ هەیە بتوانێت ئەم فەرمانە ڕەتبكاتەوە بەپێچەوانەی ویستەكەیەوە (عز وجل)؟ پاش ئەمە چۆن دەكرێت بوترێت هێشتا شانشینی خوا لەسەر زەویدا دانەمەزراوە؟
بەڵی، بێگومان خراپەكار لەزەویدا وەكو كەسی زیندانیكراو دەژی، وە ئاواتەخوازە هەرگیز نەمرێت، بەڵام شانشینی ڕاستەقینەی خوا لەناویدەبات، و لەكۆتاییدا فریشتەی گیانكێشان دەیگرێت؛ ئیتر دوای ئەمە چۆن دەوترێت شانشینی خوا هەتا ئێستا دانەبەزیوەتە خوارەوە بۆسەر زەوی؟
پاشان بڕوانن چۆن لەزەویدا هەموو ڕۆژێك ملیۆنەها مرۆڤ دەمرن و ملیۆنەهای تریش لەدایك دەبن، وە بەویستی خوای گەورە ملیۆنەها هەژار دەوڵەمەند دەبن و ملیۆنەها دەوڵەمەندیش هەژار دەبن، دەی پاش ئەمە چۆن دەكرێت بوترێت شانشینی خوا هێشتا لەزەویدا دانەمەزراوە؟
بێگومان ئاسمانەكان تەنھا فریشتەكان نیشتەجێن تێیاندا، بەڵام زەوی خەڵك و فریشتەكان تێیدا نیشتەجێن كە بریتین لە كۆمەڵێك فەرمانبەری خوا و خزمەتكاری دەسەڵاتەكەی، وە كراون بە پاسەوان بەسەر كاروبارە جیاوازەكانی مرۆڤەوە لەسەر زەوی، وە لەهەموو كات و ساتێكدا گوێڕایەڵی خوا دەكەن و هەمیشە ڕاپۆرتەكانیان بەرزدەكەنەوە بۆ لای خوای گەورە، دەی پاش ئەمە چۆن دەوترێت هێشتا شانشینی خوا لەزەویدا دانەمەزراوە؟ لەڕاستیدا بوونی شانشینی خوا لەسەر زەویدا گەورەترین هۆكارە بۆ ناسینی خوا؛ چونكە هەموو كەسێك پێی وایە كە ڕازی ئاسمان نھێنی و نادیارە، تەنانەت زۆربەی زۆری مەسیحیە هاوچەرخەكان و فەیلەسووفەكانیان لە بنچینەدا نكوڵی دەكەن لە بوونی ئاسمانەكان كە ئینجیلەكان بە كۆڵەكەی شانشینی خودا لەقەڵەمیان دەدەن، بەڵام زەوی لەڕاستیدا بریتیە لە گۆیەك لەژێر پێیەكانماندا، وە لەسەر ڕووكارەكەی هەزارەها كاروبار لە كاروبارەكانی قەزاو قەدەری خوایی دەردەكەوێت، ئەمەش بەڕاشكاوی ئەوە دەگەیەنێت كە ئەم هەموو گۆڕانكاری و جێگۆڕكێ و پەیدابوون و لەناوچوونە تەنھا بە فەرمانی پاشایەكی دیاریكراو ڕوودەدەن. دەی دوای هەموو ئەمانە چۆن دەكرێت بوترێت شانشینی خوا هێشتا لەسەر زەویدا دانەمەزراوە؟ لەڕاستیدا ئەم جۆرە فێركارییەی ئینجیل بەتەواوەتی دوورە لەڕاستیەوە بەتایبەتی لە سەردەمێكدا كە تێیدا مەسیحیەكان زۆر بەتوندی نكوڵی دەكەن لە بوونی ئاسمانەكان؛ چونكه لەلایەكەوە ئینجیل لەم نزایەدا دانی بەوەدا ناوە كە شانشینی خوا بوونی نیە لە زەویدا، وە لەلایەكی ترەوە هەموو توێژەرە مەسیحیەكان بەگوێرەی توێژینەوە نوێیەكانیان لەناخی دڵیانەوە دانیان بەوەدا ناوە كە ئاسمانەكان شتێكی ماددی نین، وە بەهیچ شێوەیەك بوونیان نیە، كەواتە دەرەنجامی كۆتایی ئەوەیە نە لەزەویدا و نە لەئاسماندا خوا شانشینی نیە. هەرچی ئاسمانەكانە ئەوە مەسیحیەكان نكوڵی لە بوونی دەكەن، بەڵام زەوی ئەوە ئینجیلەكەیان نكوڵی لەوە دەكات كە شانشینی خوای لەسەر بێت، بەگوێرەی ئەمە نه لەزەوی و نە لەئاسماندا شانشینێك نەماوەتەوە بۆ خوا!
بەڵام پەروەردگارمان (سبحانه وتعالی) لە سورەتی “الفاتحة”دا باسی ئاسمانێك و زەوییەكی نەكردووە، بەڵكو ڕاستی بۆ ئێمە ئاشكرا كردووە بەوەی ڕایگەیاندووە پێمان كە خۆی پەروەردگاری جیھانەكانه واتە لە هەر شوێنێك ئاوەدانی[بڕوانه ئەم وشەی {ربّ العَالَمِینَ}ه چەندە گشتگیرە؛ چونكە ئەگەر ڕۆژێك بوونی كۆمەڵێك بوونەوەر سەلمێنرا له ئەستێرەكانی ئاسماندا؛ ئەوا ئەو بوونەوەرانە ئەم وشەیە دەیانگرێتەوە. لەوەوە] هەبێت و هەر جۆرە دروستكراوێك هەبێت _جەستە بێت یان ڕۆح_ ئەوا خوا ئەفرێنەر و پەروەردگاری هەموویانە، وە هەموو ساتێك بایەخ دەدات بە پەروەردەكردنیان، وە ئەو شتەیان بۆ دابین دەكات كە گونجاوە بۆیان. بێگومان پرۆسەی ڕبوبیەت و ڕەحمانیەت و ڕەحیمیەت و مالیكیەت و پاداشتەكەی هەموو جیھانەكان دەگرێتەوە لە هەموو كات و ساتێكدا.
ئاشكرایە فەرمایشتی خوای گەورە: {مَالِكِ يَوْمِ الدِّينِ} لە سورەتی (الفاتحة)دا مانای ئەوە نیە كە پڕۆسەی پاداشت و سزا تەنھا لە ڕۆژی دواییدا دەبێت، نەخێر، بەڵكو چەندین جار قورئانی پیرۆز بەڕاشكاوی ڕایگەیاندووە كە قیامەت بریتیە لە كاتی پاداشتدانەوە و سزادانە هەرە گەورەكە؛ چونكە جۆرێك لە پاداشتدانەوە و سزادان هەیە كە لە خودی ئەم دنیایەوە دەستپێدەكات و بەئەنجام دەگات، وەك ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە ئاماژەی پێ دەكات: {يَجْعَلْ لَكُمْ فُرْقَانًا}[الأنفال: 30].
وە هەروەها شایانی تێبینی كردنە كە لە نزاكەی ئینجیلدا داوای نانی هەموو ڕۆژێك كراوە، ئەوەتا هاتووە: “نانی ڕۆژانەمان ئەمڕۆش بدەرێ”. چەند سەیرە! كەسێك هێشتا شانشینیەكەی لە زەویدا دانەمەزرابێت چۆن ئەتوانێت نان بدات بە كەسێك؟ چونكە هێشتا كشتوكاڵەكان و میوەكان بە فەرمانی ئەو نایەنە بەرهەم و گەشە ناكەن، بەڵكو لەخۆوە گەشەدەكەن و دێنە بەرهەم، هەروەها باران لەخۆوە دەبارێت، ئیتر چ دەسەڵاتێكی هەیە هەتا نان بدات بە كەسێك؟ پێویستە كاتێك داوای نانی لێ بكرێت كە شانشینەكەی دێتەسەر زەوی، بەڵام ئێستا لە زەویدا دەسەڵاتی نیە بەسەر هیچ شتێكدا. بەڵكو كاتێك دەتوانێت نان بدات بە كەسێك كە دەسەڵات و شانشینەكەی لەسەر زەویدا جێگیر و دامەزراو بێت، لەبەرئەوە شیاو نیە پێش ئەوە داوای شتێكی لێ بكرێت!!
پاشان لە نزاكەی ئینجیلدا وتراوە: “وە لە قەرزەكانمان ببورە، هەروەك ئێمە دەبوورین لە قەرزی كەسانی تر.” وە ئەم نزایەش ڕاست دەرناچێت؛ چونكە هێشتا شانشینی خوا لەسەر زەویدا دانەمەزراوە، وە مەسیحیەكان هیچ سوودێكیان لەدەستی ئەو نەكردووە، ئیتر چ قەرزێكیان لێ وەرگرتووە؟ لەبەرئەوە هەرگیز پێویست ناكات داوای لێخۆش بوونی قەرز بكرێت لەو خوایە كە دەستەكانی خاڵیە، وە پێویست ناكات بەهیچ شێوەیەك كەس لێی بترسێت؛ چونكە هەتا ئێستا شانشینەكەی لەسەر زەویدا دانەمەزراوە، وە هەرگیز ناكرێت قامچی دەسەڵاتەكەی هیچ كەسێك بترسێنێت! چونكە لە توانایدا نیە تاوانبارێك سزا بدات یان لەڕێگەی تاعوونەوە نەتەوەیەكی ستەمكار لەناوبدات وەك چۆن لە سەردەمی مووسادا ئەو كارەی كرد، یان بەردیان بەسەردا ببارێنێت وەك چۆن ئەو كارەی كرد بە هۆزی لووط، یان سەرپێچیكاران و یاخیبووان بە بوومەلەرزە یان هەورەبروسكە یان سزایەكی تر لەناوببات؛ چونكە هەتا ئێستا شانشینەكەی دانەبەزیوە بۆسەر زەوی! دەی بەو پێیەی خوای مەسیحییەكان لاوازە هەروەك كوڕەكەیشی لاواز بوو، وە وەكو كوڕەكەی دوورخراوەتەوە و هەموو دەسەڵاتێكی لێ سەندراوەتەوە، ئیتر كارێكی هەوانتەیە بەم جۆرە لێی بپاڕێینەوە و بڵێن: پەروەردگارا لە قەرزەكانمان خۆش بە. تۆ بڵێی، كەی ماڵ و سامانێكیان لێ قەرزكردووە، هەتا ئەو لەو قەرزە خۆش بێت كە لەسەریانە؟ چونكە هێشتا شانشینەكەی لەسەر زەویدا دانەمەزراوە. دەی مادام هەتا ئێستا دەسەڵاتی لەسەر زەویدا جێگیر و دامەزراو نیە، كەواتە ئەمە مانای ئەوەیە زەوی بەفەرمانی ئەو دار و درەختی خۆی سەوزناكات، وە هەرچی تێدایە موڵكی ئەو نیە، بەڵكو لەخۆیانەوە پەیدا بوون؛ چونكە لەسەر زەویدا ئەو فەرمانڕەوا نیە. وە مادام ئەو فەرمانڕەوا و پاشا نیه لەسەر زەویدا، وە مادام هیچ یەكێك لە نیعمەتەكانی سەرزەوی بە فەرمانی پاشایەتی ئەو پەیدا نەبوون، ئەوا هیچ توانا و مافێكی نیە بۆ سزادان، لەبەرئەوە گەمژەییە كەسێكی وەها بێ توانا بكرێت بە خوا و ئومێدی ئەوەی لێ بكرێت كە لەسەر زەویدا ڕێكارێك بگرێتەبەر؛ چونكە تائێستا پاشایەتیەكەی تێیدا دانەمەزراوە!!
بەڵام نزاكەی سورەتی الفاتحة فێرمان دەكات كە خوای گەورە هەموو كاتێك دەسەڵاتی هەیە لە زەویدا هەروەك لەهەموو جیھانەكاندا دەسەڵاتی هەیە. دیارە سورەتی الفاتحة بەو سیفەتە كامڵانەی خوا دەستی پێ كردووە كە بەڵگەن لەسەر دەسەڵاتە ڕەهاكەی، كە بریتین لە كۆمەڵێك سیفەت هیچ كتێبێكی تر لە دنیادا باسی نەكردوون، بەجۆرێك تێیدا خوای گەورە ڕایگەیاندووە كە ڕەحمانە، وە ڕەحیمە، وە خاوەنی ڕۆژی پاداشت و سزایە. پاشان خوا (عز وجل) هانی نزاكردنی داوە، وە ئەو پاڕانەوەیەش كه فێری دەكات تەنھا لە داواكردنی نانی ڕۆژێكدا كورت نابێتەوە وەك ئەوەی مەسیح (علیه السلام) شوێنكەوتووانی خۆی فێركردووە، بەڵكو نزایەكە بۆ داواكردنی هەموو ئەوەی لەئەزەلەوە خراوەتەناو سروشتی مرۆییەوە لە بەهرەكان و هەموو ئەو شتانەی لە داهاتوودا تینوو دەبێت بۆیان، نزاكەیش بریتیە لە: {اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ (*) صِرَاطَ الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ}، واتە: ئەی خاوەنی ئەم سیفەتە كامڵ و بێ خەوشانە، وە ئەی ئەو بەخشندەیەی كە لەڕێگەی بەرەكەت و میهرەبانی و دلۆڤانی و هێز و توانای خۆتەوە بۆ سزا و پاداشت هەموو گەردیلەیەك پەروەردە دەكەیت و نیعمەتی خۆت دەبارێنێت بەسەریدا، بمانكە بە میراتگری ئەو پیاوچاكانەی كە پێشتر هاتن و چوون، وە هەموو ئەو نیعمەتانەمان پێ خەڵات بكە كە خەڵاتت كرد بەوان، وە بمانپارێزە لەسەرپێچی كردنی خۆت بۆ ئەوەی نەچینە ڕيزی ئەوانەی غەزەبت باراندووە بەسەریاندا، وە بمانپارێزە لەوەی كە بێبەش بین لە یارمەتی و سەركەوتنی تۆ، بۆ ئەوەی نەچینە ڕیزی ئەو كەسانەی كە گومڕابوون و لە ڕاستەڕێ لایان داوە. (ئامین)
لەم توێژینەوە و پشكنینەوە دەردەكەوێت كە چ جیاوازیەك هەیە لەنێوان نزاكەی ئینجیل و نزاكەی قورئاندا، كە بریتیە لەوەی ئینجیل تەنھا بەڵێنی هاتنی شانشینی خوای داوە، بەڵام قورئانی پیرۆز ڕایدەگەیەنێت كه نەك تەنھا شانشینی خوا دامەزراوە لەناوتاندا، بەڵكو ئێوە بەشێوەیەكی كردەیی سوود و بەهرە لە بەرەكەتەكەی وەردەگرن. ئینجیل تەنھا بەڵێنێكی داوە، بەڵام قورئان تەنھا بە پێدانی بەڵێن وازناهێنێت، بەڵكو شانشینی دامەزراوی خوایی و بەرەكەتەكەیشی پیشان دەدات. كەواتە فەزڵی قورئان لەو ڕاستیەدا دەردەكەوێت ئەو خودایە پێشكەش دەكات كە ڕزگاركار و فریادڕەسی چاكەكارانە لە خودی ژیانی ئەم دنیایەدا، وە هیچ كەسێك بێبەش نیە لە لێشاوی بەرەكەتەكەی، بەڵكو لێشاوی بەرەكەتی ڕبوبیەت و ڕەحمانیەت و ڕەحیمیەتەكەی دەگاتە هەموو كەسێك، هەركەسێك بەگوێرەی تواناكانی. بەڵام ئینجیل ئەو خوایە پێشكەش دەكات كە هێشتا ماویەتی دەسەڵاتی لەسەر زەویدا جێگیر بێت، بەڵكو تەنھا بەڵێنی ئەوەی داوە. دەی بەگوێرەی ژیری كام لەم دوو خوایە شایستەی پەرستن و گوێڕایەڵی كردنە؟ حافزی شیرازی لە دێڕە شیعرێكیدا جوانی گوتووە:
واتە: ئەی پیرەكەمان گلەیی لە من مەكە بێگومان من موریدی پیری پیرانم
دیارە ئەو هەموو بەڵێنەكانی بردەسەر بۆم بەڵام تۆ هەموو بەڵێنەكانت هەر بە بەڵێن مانەوە
وە لە ئینجیلدا ستایشی ئارامگران و هەژار و كەمدەستان و ئەو چەوساوانە كراوە كە بەرەنگاری ناكەن، بەڵام قورئانی پیرۆز نافەرموێت كە هەمیشە خۆتان داماو بكەن و هەرگیز بەرەنگاری شەڕ و خراپە مەكەن، بەڵكو دەفەرموێت گومانی تێدا نیە هێمنی و خۆداماوكردن و هەژاری و وازهێنان لەبەرەنگاربوونەوە كارێكی باشە، بەڵام ئەگەر لەجێگای خۆیدا نەبوو ئەوا كارێكی خراپە، لەبەرئەوە هەموو كارێك لەجێگای خۆیدا ئەنجام بدەن؛ چونكە ئەگەر كاری چاك لەجێگای خۆیدا نەبوو دەگۆرێت بە خراپە. بۆ نموونە باران وەربگرن، چەند پێویست و بە كەڵكە، بەڵام ئەگەر لەكاتی خۆیدا نەبێت ئەوا دەبێت بە شتێكی زۆر زیانبەخش و كاولكار. وە دەبینن ئەگەر بەردەوام بن لە خواردنی خۆراكی سارد بەتەنھا یان گەرم بەتەنھا ئەوا تەندروستیتان تێكدەچێت، بەڵكو كاتێك تەندروستیتان باش دەبێت ئەگەر بەگوێرەی داخوازیەكانی بارودۆخ بخۆن و بخۆنەوە، بەهەمان شێوە ڕەچاوكردنی بارودۆخ و بەرژەوەندی ئەم جۆرە گۆڕانەتان لیێ داوا دەكات سەبارەت بە توندوتیژی، نەرمونیانی، لێبوردن، تۆڵەسەندنەوە، پاڕانەوە یان نەفرەتكردن و هەموو شێوازەكانی تری ڕەوشت. كەوابوو نەرمونیان و خاوەن ڕەوشت بن تا بەرزترین ئاست، بەڵام وریابن بەشێوەیەكی نابەجێ و لە بارودۆخی نەگونجاودا نەبێت. پاشان ئەوەشتان لەیاد بێت كە ڕەوشتی بەرزی ڕاستەقینە خاڵیە لە هەر خەوشێكی ژەهراوی ئارەزووەكانی دەروون، تەنھا ئەوەیە كە لە بڵندیەوە خەڵات دەكرێت لەڕێگەی ڕۆحی پیرۆزەوە، لەبەرئەوە ناتوانن خۆتان بڕازێننەوە بە ڕەوشتە بەرزەكان بە هەوڵ و تێكۆشانی خۆتان ئەگەر لەئاسمانەوە ئەو ڕەوشتانەتان پێنەدرێت. وە ئەو كەسەی پشكێكی لە ڕەوشت دەستنەكەوێت بەهۆی بەرەكەتی ئاسمانەوە لەڕێگەی ڕۆحی پیرۆزەوە ئەوە درۆزنە لەو بانگەشەیەیدا كە خاوەنی ئەخلاقی جوان و بەرزە. ئەم جۆرە كەسانە وەكو ئەو ئاوە وان كە لە قووڵاییەكەیدا ڕێژەیەكی زۆر پیسی و قوڕاوی بۆگەن هەیه كە لەكاتی هەڵچوونی ئارەزووەكانی دەروونیدا دەكەوێتە سەرەوە و دەردەكەوێت. دەی هەمیشە داوای هێز و یارمەتی لەخوا بكەن بۆ ئەوەی ڕزگارتان بێت لەم پیسی و قوڕاوە بۆگەنە، وە ڕۆحی پیرۆز پاكی و جوانی ڕاستەقینە لەناو ناختاندا دروست بكات. بزانن ڕەوشتی پاك و دروست موعجیزەی چاكەكارانە، هیچ كەسێك لەمەدا هاوشانیان نیە؛ چونكە ئەو كەسانەی كە لەخوادا خۆیان فەنا ناكەن، لەئاسمانەوە هێزیان پێ خەڵات ناكرێت، لەبەرئەوە ئەستەمە خۆیان بڕازێننەوە بە ڕەوشتی بەرز و جوان. دەی لەگەڵ پەروەردگاری خۆتاندا پەیوەندی پاك و بێگەرد گرێ بدەن، وازبھێنن لە گاڵـتەكردن و ڕق و كینە و زمانپیسی و چاوچنۆكی و درۆ و خراپە و ڕوانینی خراپ و بیركردنەوەی خراپ و خۆشەویستی دنیا و لووتبەرزی و خۆهەڵكێشان و خۆپەسەندی و شەڕ و چەلەحانێ، ئینجا لەو كاتەدا هەموو شێكتان دەستگیردەبێت لە ئاسمانەوە. ئەگەر هێزە خواییەكە نەتانگرێتەوە كە بەرزتان دەكاتەوە بۆ ئاسمان، وە ئەگەر ڕۆحی پیرۆز نەتوێتەوە لەناوتاندا كە ژیان دەبەخشێت؛ ئەوا ئێوە زۆر لاوازن و فڕێدراون بۆناو تاریكی، بەڵكو ئێوە وەكو مردوویەكن كە ژیانی تێدا نەبێت، دیارە لەم دۆخەدا ناتوانن بەرەنگاری بكەن لە بەڵایەك كە تووشتان دەبێت، وە توانای ئەوەتان نیە كە دووربكەونەوە لە خۆبەزلزانین و خۆهەڵكێشان كاتی سەركەوتن و دەوڵەمەندی، بەڵكو ئێوە لە هەموو ڕوویەكەوە شكستدەهێنن بەهۆی شەیتان و دەروونی بەدخوازەوە. لەڕاستیدا تەنھا یەك چارەسەرتان هەیە ئەویش ئەوەیە ڕۆحی پیرۆز -كە تەنھا بە فەرمانی خوا دادەبەزێت- ئاراستەتان بكات بەرەو چاكە و پارێزكاری. ببن بە ڕۆڵەی ئاسمان نەك ڕۆڵەی زەوی، وە ببن بە میراتگری ڕووناكی نەك شەیدا و تامەزرۆی تاریكی، بۆ ئەوەی لە ڕێچكەكانی شەیتان دەرباز بن؛ چونكە هەمیشە شەیتان شەوی خۆشدەوێت و كاری بەڕۆژ نیە، دیارە ئەو دزێكی كۆنە و تەنھا لەتاریكیدا دێت.
هەواڵی هاتنی مەسیحی بەڵێندراو لە قورئانی پیرۆزدا
وە بزانە سورەتی الفاتحة تەنھا فێركارییەك نیە، بەڵكو ئەم سورەتە پێشبینیەكی مەزنیشی تێدایه. ڕوونكردنەوەكەی ئەوەیە كە خوای گەورە سەرەتا چوار سیفەتی خۆی باسكردووە كە بریتین لە: ڕبوبیەت (پەروەردگارێتی)، ڕەحمانیەت (بەخشندەیی)، ڕەحیمیەت (دلۆڤانی)، وە خاوەندارێتی ڕۆژی سزا و پاداشت -واته باسی توانای خۆی كردووە لەسەر پاداشتدانەوە و سزادان، وە توانا گشتیەكەی- پاشان لە ئایەتەكانی دواییدا ئەم نزایەمان فێردەكات: پەروەردگارا ئێمە بكە بە میراتگری پێغەمبەر و فروستادە چاكەكارەكانی پێشوو، وە هیدایەتمان بدە بۆ ڕێگاكەی ئەوان، وە ئەو نیعمەتانەمان پێ خەڵات بكە كە خەڵاتت كردووە بەوان، پەروەردگارا بمانپارێزە لەوەی كە لەو كەسانە بین لە دنیادا تووشی سزای تۆ بوون.. واتە جوولەكە كە لەسەردەمی مەسیحدا (علیه السلام) بە تاعوون تیاچوون، پەروەردگارا بمانپارێزە لەوەی كە لەو كەسانە بین وازیان هێنا لە ڕێنموونيیەكانی تۆ و گومڕابوون، واتە مەسیحیەكان. وە ئەم نزایە پێشبینییەكی تێدایە كە لە داهاتوودا كۆمەڵێك له موسوڵمانان پەیدا دەبن كە دەبنە میراتگری پێغەمبەرانی پێشوو بەهۆی بەرەكەتی ئەو ڕاستگۆیی و دڵپاكییەی كە هەیانە و نیعمەتەكانی پێغەمبەرایەتی و پەیامداری بەدەستدەهێنن، وە هەروەها كۆمەڵێكی تریشیان سیفەتەكانی جوولەكە وەردەگرن و لەدنیادا سزا دادەبەزێتە خوارەوە بۆ سەریان، وە كۆمەڵێكی تریان تێدا پەیدا دەبێت كە پۆشاكی مەسیحییەت دەپۆشن؛ چونكه یەكێك لە ڕێوشوێنە باوەكان لە فەرمایشتی خوای گەورەدا ئەوەیە ئەگەر نەهی كردەوەیەك بكات لە كۆمەڵێك، مانای ئەوەیە كە خوای گەورە دەزانێت هەندێكیان بەدڵنیاییەوە ئەو كردەوەیە ئەنجام دەدەن، وە هەندێكی تریان ڕێگای چاكە و بەختەوەری دەگرنەبەر. لەو ڕۆژەوەی دنیا دروست بووە هەتا ئەمڕۆ سوننەتی دێرینی خوا لەهەموو ئەو كتێبانەدا كە دایبەزاندوون وەها بووە كە هەركاتێك قەدەغەی كارێك بكات لە گەلێك یان هانیان بدات كارێك ئەنجام بدەن؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە دەزانێت كە هەندێكیان ئەو كارە ئەنجام دەدەن هەندێكیشیان هەرگیز ئەنجامی نادەن. كەواتە ئەم سورەتە پێشبینی دەكات كە كەسێك لەم ئوممەتەدا بەشێوەیەكی كامڵ لە دیمەنی پێغەمبەرەكاندا دەردەكەوێت بۆ ئەوەی بەتەواوترین و گشتگیرترین شێوە ئەو پێشبینیە بەدیبێت كە لەم فەرمایشتەی خوای گەورەوە {صِرَاطَ الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ} وەردەگیرێت. وە دەستەیەك لەم ئوممەتە لە شێوەی جوولەكەدا دەردەكەون كە عیسا (علیه السلام) نەفرەتی لێ كردن و تووشی سزای خوا بوون، ئەمەش بۆ ئەوەی ئەو پێشبینیەی كە لەم فەرمایشتەی خوای گەورەوە: {غَيْرِ الْمَغْضُوبِ عَلَيْهِمْ} وەردەگیرێت بێتەدی، وە بێگومان دەستەیەكی تریان ڕەنگی مەسیحیەكان دەگرن و دەبن بە مەسیحی، ئەوانەی كە بێبەشبوون لە هیدایەتی خوا بەهۆی بڵاوبوونەوەی مەی خواردنەوە و بەرەڵایی و تاوان و خراپە لەناویاندا، ئەمەش بۆ ئەوەی ئەو پێشبینیەی كە لەم فەرمایشتەی خوای گەورەوە {وَلَا الضَّالِّينَ} وەردەگیرێت بێتەدی.
وە لەبەرئەوەی یەكێك لە بیروباوەڕەكانی موسوڵمانان ئەوەیە لە سەردەمی كۆتاییدا هەزاران كەس لەوانەی كە بەموسوڵمان ناودەبرێن سیفەتی جووەكان وەردەگرن -وە قورئانی پیرۆز لەچەندین شوێندا ئەم پێشبینیەی كردووە- وە لەبەرئەوەی بوونی هەزارەها كەس لە موسوڵمانان بە مەسیحی یان گرتنەبەری ژیانی بەرەڵایی و بێئابڕوويی لەلایەن موسوڵمانانەوە وەك مەسیحییەكان بووە بە شتێكی بینراو و هەستپێكراو، تەنانەت دەبینیت زۆربەیان لەشێوازی ژیاندا حەزیان لە لاساییكردنەوەی مەسیحیەكانە، بەچاوی زۆر سووكەوە دەڕوانن بۆ نوێژ و ڕۆژوو و حوكمەكانی حەڵاڵ و حەرام لەگەڵ ئەوەی سەربە ئیسلامن، وە ئەم دوو گروپە كە سیفەتی جوولەكە و مەسیحیەكانیان وەرگرتووە لەم وڵاتەدا بەزۆری بوونیان هەیە، ساغبوویەوە كە ئێوە بەچاوی خۆتان بەدیھاتنی ئەو دوو پێشبینیەتان بینی كە لەسورەتی الفاتحة دا هاتوون؛ چونكە بەچاوی خۆتان بینیتان كە زۆرێك لە موسوڵمانان سیفەتی جوولەكەیان وەرگرتووە، وە زۆرێكی تریان ڕەنگی مەسیحیەكانیان گرتووە، دەی مادام كارەكە بەم شێوەیە بێت ئەوا دەبێت ئێستا دانبنێن بەوەدا كە پێشبینی سێيەمیش بەدیهاتووە، مەبەستم ئەوەیە هەروەك چۆن موسوڵمانان دووچاری خراپەی جوولەكە و مەسیحیەكان بوون بەوەی سیفەتەكانی ئەوانیان وەرگرت، بەهەمان شێوە پێویستە كەسانێك لەناو موسوڵماناندا هەبن ئەو پلەوپایەیە بەدەستبھێنن كە پێشتر پیاوچاكانی نەوەی ئیسڕائیل پێیگەيشتبوون. گومانی خراپ بەخوای گەورە دەبرێت ئەگەر وابزانرێت كارێك دەكات ڕۆڵەكانی ئوممەتی ئیسلام ببنە هاوبەشی جوولەكە و مەسیحیەكان لە كارە خراپەكانیاندا تەنانەت ناویشیان بنێت جوولەكە، بەڵام بێبەشیان بكات لە پلەوپایەی پێغەمبەر و فروستادەكانیان! كەواتە ئیتر ئەم ئوممەتە كەی باشترین ئوممەتە؟ نەخێر، بەڵكو لەو كاتەدا خراپترین ئوممەتە؛ چونكە نموونەی هەموو خراپەیەكی پێشینانی تێدایە و هیچ نموونەیەكی چاكەی ئەوانی تێدا نیە. دەی ئایا تۆ بڵێی زۆر پێویست نەبێت لەناو ئەم ئوممەتەشدا كەسێك دەركەوێت كە پۆشاكی پێغەمبەر و فروستادەكانی لەبەردا بێت و میراتگر و سێبەری هەموو پێغەمبەرانی نەوەی ئیسڕائیل بێت؟ دیارە دوورە لە ڕەحمەتی خوای گەورەوە كارێك بكات لەم سەردەمەدا ملیۆنەها كەس لەم ئوممەتە هەڵگری سیفەتەكانی جوولەكە بن و سەدان هەزاریان لە ئايین وەرگەڕێن و ببن بە مەسیحی، كەچی ڕێگە نەدات تەنانەت یەك كەس لەم ئوممەتە ببێتە میراتگری پێغەمبەرانی پێشوو، وە ئەو نیعمەتە بەدەستبهێنێت كە ئەوان بەدەستیان هێنابوو، ئەمەش بۆ ئەوەی ئەو پێشبینیه بەدی بێت كە لەم فەرمایشتەی خوای گەورەوە {اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ (*) صِرَاطَ الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ} وەردەگیرێت، هەروەك چۆن ئەو پێشبینیە بەدیھات كە موسوڵمانان دەبن بە هاوشێوەی جوولەكە و مەسیحیەكان. وە لەبەرئەوەی ئەم ئوممەتە هەزارەها نازناوی قێزەون و خراپی پێدراوە -تەنانەت بڕیاردراوە بۆ ڕۆڵەكانی كە دەبن بە جوولەكە وەك لە قورئان و فەرموودەوە ساغبووتەوە- بۆیە فەزڵی خوای گەورە ئەوە دەخوازێت كە ببنە میراتگری چاكە و خێریش، هەروەك چۆن بوون بە میراتگری مەسیحیەكانی پێشوو لەخراپەدا. لەبەرئەوە خوای گەورە لەم فەرمایشتەی خۆیدا {اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ} لە سورەتی الفاتحةدا مژدەی ئەوەی داوە كە هەندێ تاكی ئەم ئوممەتە هەمان ئەو نیعمەتانە بەدەستدەهێنن كە خەڵات كراون بە پێغەمبەرانی پێشوو، نەك ببن بە جوولەكە یان مەسیحی بەتەنھا و خراپەكانی ئەو دوو میللـەتە وەربگرن و هەرگیز چاكەكانیان وەرنەگرن!
وە لە سورەتی “التحریم”دا خوای گەورە ئاماژەی داوە بەهەمان ئەم بابەتە بەجۆرێك سەبارەت بە هەندێ تاكی ئەم ئوممەتە دەفەرموێت دەبن بە هاوشێوەی مەریەمی ڕاستگۆ كە كەلێنەكانی خۆی بەپاكی پاراست، ئینجا ڕۆحی عیسا خرایە مناڵدانیەوە، ئینجا عیسا لێیەوە لەدایك بوو. ئەم ئایەتە ئاماژە بەوە دەكات كە پیاوێك لەم ئوممەتەدا دەردەكەوێت لەسەرەتاوە پلەی مەریەمی پێ خەڵات دەكرێت، پاشان ڕۆحی عیسا فوودەكرێت بەناویدا، ئینجا عیسا لەم مەریەمەوە دەردەچێت، بەو مانایەی ئەو پیاوە لە سیفەتە مەریەمیەكانیەوە دەگوازێتەوە بۆ سیفەتە عیساییەكانی، وەك ئەوەی سیفەتە مەریەمیەكەی سیفەتی عیسایی لێوە بەرهەم بێت، لەسەر ئەم شێوازە ئەو كەسە ناودەبرێت بە كوڕی مەریەم، هەروەك یەكەمجار من ناونرام مەریەم لە كتێبی “البراهین الأحمدیة”دا لە لاپەڕە 241 لەم ئیلهامەدا: “أنّى لكَ هذا؟”، واتە ئەی مریەم لەكوێ ئەم نیعمەتەت بەدەستهێنا؟ وە لەم ئیلھامەدا: “هُزَّ إلیكَ بِجذعِ النخلة” كە لە لاپەڕە 226 دا هاتووە ئاماژە بۆ هەمان مەبەست دەكات. پاشان لە لاپەڕە 496ی “البراهین الأحمدیة”دا ئیلھامێكی تر هاتووە بەم شێوەیە: “یا مریمُ اسكن أنتَ وزوجُكَ الجنةَ. نفَختُ فیكَ من لدُنِّي روحَ الصِّدقِ” واتە: ئەی مەریەم خۆت و هاوەڵەكانت بچنەناو بەهەشتەوە. بێگومان لەلایەن خۆمەوە ڕۆحی ڕاستیم نەفخ كردە تۆوە. بێگومان لێرەدا خوا منی ناوناوە “ڕۆحی ڕاستی”، ئەمەش لەبەرامبەر ئەم ئایەتە قورئانیەدا هاتووە: {فَنَفَخْنَا فِيهِ مِنْ رُوحِنَا}[التحريم: 13]، دەی لە بابەتەكەی منیشدا -بەشێوەی خوازە- ڕۆحی عیسا كە ناونراوە بە ڕۆحی ڕاستی چووەناو مناڵدانی مەریەمەوە.
وە لە كۆتاییدا لە لاپەڕە 556ی “البراهین الأحمدیة”دا ئیلھامێك هاتووە كە هەواڵ دەدات دەربارەی لەدایكبوونی ئەو عیسایەی كە لە سكی ئەم مەریەمەدا بوو بەجۆرێك هاتووە: “يَا عِيسَى إِنِّي مُتَوَفِّيكَ وَرَافِعُكَ إِلَيَّ[مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە بەرگی پێنجەمی “البراهین الأحمدیة”دا ئاماژەی كردووە بۆ ئەم وەحیە كە لە لاپەڕە 556ی بەرگی چوارەمی “البراهین الأحمدیة”دا هاتووە و فەرموویەتی كە بەهۆی هەڵەی نووسەرەكەوە ئەم دەستەواژەیەی وەحیەكە نەنووسراوە: “ومطهرك من الذین كفروا”. بڕوانە بۆ “البراهین الأحمدیة”، بەرگی 5، الخزائن الروحانیة بەرگی 21 لا 73 پەراوێز. (وەرگێڕی عەرەبی).]
وَجَاعِلُ الَّذِينَ اتَّبَعُوكَ فَوْقَ الَّذِينَ كَفَرُوا إِلَى يَوْمِ الْقِيَامَةِ.” لێرەدا ناونراوم عیسا بەجۆرێك ئەم ئیلھامە ئاشكرای كرد ئەو عیسایەی كه لەلاپەڕە 496دا باسكراوە ڕۆحەكەی نەفخ كرایە ناو مەریەمەوە لەدایك بوو، بەگوێرەی ئەمە بانگكرام عیسای كوڕی مەریەم؛ چونكە سیفەتە عیساییەكەم لە سیفەتە مەریەمیەكەمەوە بەرهەم هاتووە لەڕێگەی نەفخی خوای گەورەوە. بڕوانن بۆ لاپەڕەی 496 و لاپەڕە 556ی “البراهین الأحمدیة”.
ئەمە ئەو بابەتەیە كە زۆر بە ڕاشكاوی لە سورەتی “التحریم”دا بەشێوەی پێشبینی باسكراوە، بەجۆرێك خوای گەورە ڕایگەیاندووە كە عیسای كوڕی مەریەم بەم شێوازە لەم ئوممەتەدا لەدایك دەبێت، بەو مانایەی كە یەكێك لە تاكەكانی سەرەتا دەكرێت بە “مەریەم” پاشان ڕۆحی عیسا نەفخ دەكرێتەناو ئەم “مەریەم”ەوە، پاشان بۆ ماوەیەك لە مناڵدانی دۆخە مەریەمیەكەیدا پەروەردە دەبێت و ئینجا بە ڕۆحانیەتی عیساوە لەدایك دەبێت، بەم جۆرە ناودەبرێت بە عیسای كوڕی مەریەم.
ئەمە ئەو پێشبینیەیە كه لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە دەربارەی كوڕی مەریەمی موحەممەدی.. مەبەستم ئەوەیە لە سورەتی “التحریم”دا هاتووە.. هەزار و سێ سەد ساڵ لەمەوپێش. پاشان خوای گەورە ئەم ئایەتانەی سورەتی “التحریم”ی تەفسیركرد لە “البراهین الأحمدیة”دا. قورئانی پیرۆزتان لایە، كتێبی “البراهین الأحمدیة” لەگەڵیدا دابنێن، پاشان بە عەقڵ و تەقوا و دادپەروەریەوە سەرنج بدەن و ڕابمێنن و بڕوانن چۆن ئەو پێشبینییەی كە لە سورەتی “التحریم“دا زۆر بەڕوونی هاتووەتەدی لەڕێگەی ئەو ئیلھامانەوە كە لە “البراهین الأحمدیة“دا هاتوون، مەبەستم ئەوەیە: بێگومان تاكێك لەم ئوممەتەیش ناودەنرێت مەریەم، پاشان لە مەریەمەوە دەبێت بە عیسا، وەك ئەوەی لەوەوە لەدایك بوو بێت. ئایا هەموو ئەمانە لەتوانای مرۆڤدایە؟ یان من توانیومە ئەو كارە بكەم؟ یان من لەكاتی دابەزینی قورئاندا ئامادەبووم هەتا داوا بكەم لە خوای گەورە كە ئایەتێك دابەزێنێتە خوارەوە بۆ ئەوەی من ببم بە كوڕی مەریەم هەتاكو لەداهاتوودا ڕزگارم بێت لە ڕەخنەی ئەوانەی كە دەڵێن: چۆن تۆ كوڕی مەریەمیت؟ ئایا دەكرێت من ئەم نەخشەیەم كێشا بێت پێش بیست ساڵ بەڵكو زیاتریش؟ مەبەستم ئەوەیە لەلایەن خۆمەوە ئیلهامێكم دروست كردبێت و تێیدا خۆمم ناونابێت مەریەم، ئینجا پاش ماوەیەك ئیلھامێكی ترم هەڵبەستبێت بەوەی كە ڕۆحی عیسا نەفخ كراوە بەمندا هەروەك لەڕابردوودا نەفخ كرا بە مەریەمدا، پاشان لەكۆتاییدا لە لاپەڕە 556ی كتێبی “البراهین الأحمدیة”دا بنووسم كە من لە ئێستادا لە مەریەمەوە گۆڕاوم بۆ عیسا.
بەڕێزان، بیربكەنەوە و لەخوا بترسن! هەرگیز ئەمە كاری مرۆڤ نیە. بێگومان ئەم حیكمەتە خواییە ناسك و وردانە لەسەرووی تێگەيشتن و پێوانەی مرۆڤەوەن. ئەگەر ئەم نەخشەیە لەمێشكمدا بوایە كاتی نووسینی “البراهین الأحمدیة” -كە ماوەیەكی زۆر بەسەر نووسینیدا تێپەڕیوە- ئەوا لە خودی كتێبی “البراهین الأحمدیة”دا، نەمدەنووسی كە عیسای مەسیح كوڕی مەریەم دووبارە لە ئاسمانەوە دادەبەزێت. وە بەوپێیەی كە خوای گەوره دەیزانی ئەگەر من ئەم خاڵەم بزانیبایە ئەوا ئەم بەڵگەیە لاوازدەبوو، بۆیه لەسەردەمی نووسینى كتێبی “البراهین الاحمدیة”دا ئاگاداری نەكردم لەم ڕازە نھێنیە، لەگەڵ ئەوەی خوای گەورە لە بەرگی سێيەمی كتێبی “البراهین الأحمدیة”دا ناوینام مەریەم. ئەوە بوو بۆ ماوەی دوو ساڵ بەنھێنی پەروەردەبووم و گەشەم كرد لە دۆخە مەریەمیەكەمدا وەك ئاشكرا و ڕوونە لە كتێبی “البراهین الأحمدیة”وە، پاشان دوای تەواوبوونی دوو ساڵ -وەك لە لاپەڕە 496ی بەرگی چواری “البراهین الأحمدیة”دا باسكراوە- ڕۆحی عیسا كرا بە بەرمدا وەك چۆن كرا بە بەری مەریەمدا، وه بەشێوەی خوازە بە سكپڕ وەسف كرا، لەكۆتاییدا پاش چەند مانگێك _كە لە دە مانگ تێپەڕی نەكرد_ بووم بە عیسای كوڕی مەریەم لەڕێگەی ئەو ئیلھامەی كە تۆماركراوە لە كۆتایی “البراهین الأحمدیة”دا… واتە لە لاپەڕە 556ی بەرگی چوارەمی ئەو كتێبەدا، بەم شێوەیە بووم بە كوڕی مەریەم. لەگەڵ ئەوەی ئەو وەحیە خواییەی كە ئەم ڕازەی تێدایە دابەزیە خوارەوە بۆ من و منیش لەكاتی خۆیدا لە “البراهین الأحمدیة”دا تۆمارم كرد، بەڵام خوای گەوره لەكاتی نووسینى كتێبی “البراهین الأحمدیة”دا ئاگاداری نەكردم لە مانای ئەو ڕازە و ئەو ڕیزبەندیە، لەبەرئەوە لە كتێبی “البراهین الأحمدیة”دا باوەڕی تەقلیدی موسوڵمانانم نووسی دەربارەی دابەزینی مەسیح (علیه السلام)، بۆ ئەوەی بەڵگەیەك بێت لەسەر سادەیی و بێ فێڵی من. بێگومان ئەوەی لەو كاتەدا نووسیم -وەحی نەبوو بەڵكو بەتەواوەتی باوەڕێكی تەقلیدی بوو- بە كەڵكی ئەوە نەدەهات كە حوججە بێت بۆ نەیارەكان؛ چونكە من بانگەشەی زانینی غەیب ناكەم مەگەر ئەوەی خوا بۆم ئاشكرا بكات لەلایەن خۆیەوە. بۆیە لەو كاتەدا حیكمەتی خوایی ئەوەی خواست كه من تێنەگەم لە هەندێ لەو ڕازە شاراوانەی ناو ئەو وەحیەی كە لە “البراهین الأحمدیة”دا هاتووە، بەڵام كە كاتی خۆی هات خوای گەورە تێیگەیاندم لە ناوەڕۆكی هەموو ئەو نھێنیانە. ئەوسا پەیم بەوە برد ئەو بانگەشەیەم كه من مەسیحی بەڵێندراوم شتێكی تازەی تێدا نیە، بەڵكو هەمان ئەو بانگەشەیەیە كە جار لەدوای جار بەڕاشكاوی پێشتر لە “البراهین الأحمدیة”دا تۆماركراوە.
وە من لێرەدا ئیلھامێكی تر تۆمار دەكەم، بیرم نایەت پێشتر لە نامیلكەیەك یان ڕاگەیاندێكدا بڵاومكردبێتەوە یان نا، بەڵام لەبیرمە لەبەردەم سەدەها كەسدا باسم كردووە و هێشتا لە یاداشتنامەكەمدا بوونی هەیە لەناو ئیلھامە تۆماركراوەكانمدا، لەو كاتەدا كە سەرەتا خوای گەورە نازناوی “مەریەم”ی پێبەخشیبووم ئەم وەحیەم پێگەیشت، پاشان ئەو ئیلھامە دابەزیە سەرم كە پەیوەست بوو بە نەفخی ڕۆحەكەوە، ئینجا دوای ئەمە ئەم وەحیەم بۆ كرا كە ئەمە دەقەكەیەتی: “فَأَجَاءَهَا الْمَخَاضُ إِلَى جِذْعِ النَّخْلَةِ قَالَتْ يَا لَيْتَنِي مِتُّ قَبْلَ هَذَا وَكُنْتُ نَسْيًا مَنْسِيًّا“، واتە: ژانی لەدایكبوون مەریەمی _واتە ئەم بەندەیەی_ بردە لای قەدی دارخورماكە، بەو مانایەی مەریەم (واتە من) ڕووبەڕووی خەڵكی گشتی و نەفامەكان و مەلا گەمژەكان بوویەوە كە میوە و بەروبوومی ئیمانیان لا نەبوو. ئەوانیش ڕەتیانكردەوە و تەكفیریان كرد و سووكایەتییان پێ كرد و جنێویان پێدا و كردیان بە هەرا، ئینجا مەریەم گوتی: “يَا لَيْتَنِي مِتُّ قَبْلَ هَذَا وَكُنْتُ نَسْيًا مَنْسِيًّا”. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو هاتوهاوارەی كە دژی من كرا لەسەرەتای داواكەمەوە لەلایەن هەموو مەلا و پیاوە ئایینیەكانەوە؛ چونكە بەرگەی ئەگەری ئەم داوایەیان نەگرت، بۆیە ویستیان بەهەموو فێڵێك لەناومبەرن، بێگومان خوای گەورە بەم وشانە ئەو نیگەرانی و خەم و خەفەتەی وێنە كێشاوە كە باڵیكێشابوو بەسەر دڵمدا بەهۆی هەراوهوریا و ژاوەژاوی ئەو نەفامانەوە.
كۆمەڵێك ئیلھامی تر هەن دەربارەی ئەم بابەتە پێمگەيشتوون، وەك: “لقد جئتِ شیئًا فَریًّا. ما كان أبوكِ امرأَ سَوءٍ وما كانت أُمُّكِ بَغیًّا“. ئیلھامێكی تری هاوشێوە هەیە لە “البراهین الأحمدیة”دا كە بریتیە لە: “ألیسَ اللهُ بِكافٍ عَبدَهُ. ولِنَجعلَهُ آیةً للناس ورحمةً منَّا وكان أمرًا مَقضیًا. قولَ الحقِّ الذي فیه تَمتَرونَ”. (بڕوانن بۆ “البراهین الأحمدیة” لاپەڕە 516 هەردوو دێڕی 12، 13). واتە: خەڵكی وتیان: ئەی مەریەم بێگومان كارێكی خراپت كرد كە دوور بوو لە چاكەوە، تۆ باوكت[سەبارەت بەم ئیلھامە ئەوەم بیركەوتەوە كە لە “بطالة” كەسێك له “الأشراف” هەبوو بەناوی فضل شاه یان مھر شاه، ئەم كەسه زۆر باوكمی خۆشدەویست و پەیوەندیەكی پتەوی لەگەڵیدا هەبوو، كاتێك كەسێك پێيدەڵێت كە من بانگەشەی ئەوەم كردووە مەسیحی بەڵێندراوم، زۆر دەگری و دەڵێت: باوكی پیاوێكی زۆر چاك بوو، بەو مانایەی كە ئێمە نازانین ئەم كەسه سیفەتی درۆ و قسەهەڵبەستنی لەكێوە بۆ ماوەتەوە؛ چونكە باوكی موسوڵمان و چاكەكار و پارێزكار و دڵپاك بووە و دووربووە لە درۆ و بوختان. بەهەمان شێوە زۆر كەس بە خۆیشمیان گوتووە: بێگومان بەم بانگەشەیە خێزان و بنەماڵەكەی خۆتت لەكەدار كرد. لەوەوە] و دایكت كەسانێكی خراپەكار نەبوون بەم شێوەیە. بەڵام خوا بەندەكەی خۆی پاكدەكاتەوە لەو تۆمەتانە هەمووی، وە دەیكات بە نیشانەیەك بۆ خەڵكی و ئەمەش كارێكە لەسەرەتاوە بڕیاری لەبارەوە درابوو، وە دەبوایە بەم شێوەیە ڕووی بدایە. ئەمەیە عیسای كوڕی مەریەم كە خەڵكی لەبارەیەوە گومانیان هەیە، وە ئەمەیە قسەی ڕاستی.
هەموو ئەمانە لە “البراهین الأحمدیة”دا هاتوون. لەڕاستیدا ئەم ئیلھامانەم بریتین لەو ئایەتانەی قورئان كە سەبارەت بە عیسا و دایكی هاتوون (علیهما السلام). وە ئەو عیسایەی كە لەم ئیلھامانەدا دەربارەی هاتووە خەڵكی لەدایكبوونەكەی بە ناشەرعی لەقەڵەم دەدەن ئەو كەسەیە كە خوا (سبحانه وتعالی) دەربارەی دەفەرموێت ئێمە لەسایەی ڕەحمەتی خۆمانەوە دەیكەین بە نیشانەیەك بۆ خەڵكی، وە خودی ئەو عیسایە كە چاوەڕوانی دەكەن، كەواتە مەبەست منم لە مەریەم و عیسای باسكراو لەو ئیلھامانەدا كە پێمگەيشتوون. وە من ئەو كەسەم كه لێرەدا دەربارەی وتراوە: “نجعله آیةً للناس ورحمةً منا” وە من ئەو عیسایەی كوڕی مەریەمم كە بەڵێندراوە دابەزێت، ئەو كەسەی كە خەڵكی گومانیان هەیە لێی. ئەمەیە حەق و ڕاستی، وە ئەمە ئەو كەسەیە كه بەڵێن بە هاتنەكەی دراوە، دیارە ئەم گومانە تەنھا لە كەمی تێگەيشتنەوە دروست بووە، وە ئەو كەسانەی پەی نابەن بە ڕازەكانی خوا و دەستدەگرن بە ڕواڵەتی وشەكانەوە ڕاستی بەدیناكەن.
پێویستە ئەوە لەبیرنەچێت كە یەكێك لە مەبەستە مەزنەكانی سورەتی الفاتحة بریتیە لەم نزایە: {اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ (*) صِرَاطَ الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ}، هەروەك لە نزاكەی ئینجیلدا داوای نان كراوە، لە نزاكەی الفاتحة دا داوای هەموو ئەو نیعمەتانە كراوە كە دراون بە پێغەمبەرانی پێشوو. وە ئەم بەراوردكردنەش شایانی تێبینیە؛ هەروەك چۆن مەسیحیەكان زۆرێك لە هۆكارەكانی دەستكەوتنی نانیان دەستگیر بووە لە ئەنجامی گیرابوونی نزاكەی مەسیحەوە (علیه السلام)، بەهەمان شێوە موسوڵمانانی چاكەكار و هەڵبژاردە، بەتایبەتی ئەوانەیان كە كامڵن كران بە میراتگری پێغەمبەرانی نەوەی ئیسڕائیل لە ئەنجامی گیرابوونی ئەم نزا قورئانیەوە بەهۆی پێغەمبەرەوە (ﷺ). لەڕاستیدا لەدایكبوونی مەسیحی بەڵێندراویش لەناو ئەم ئوممەتەدا بریتیە لە ئەنجامی گیرابوونی ئەم نزایە؛ چونكە گومانی تێدا نیە كە زۆرێك لە پیاوچاكان و هەڵبژاردەكانی ئەم ئوممەتە بەشێوەیەكی نادیار بوون بەهاوشێوەی پێغەمبەرانی نەوەی ئیسڕائیل، بەڵام بە فەرمان و ئیزنی خوا مەسیحی ئەم ئوممەته بەشێوەیەكی ئاشكرا ڕەوانەكرا لەبەرامبەر مەسیحی ئیسڕائیلی، بۆ ئەوەی بەجوانی ڕوون بێتەوە كە هەردوو زنجیرەی مووسایی و موحەممەدی هاوشێوەی یەكن، لەبەرئەوە لەهەموو ڕوویەكەوە ئەم مەسیحە چوێنراوە بە كوڕەكەی مەریەم، تەنانەت ئەمیش ئەو شتانەی بەسەرداهات كە هاتن بەسەر كوڕەكەی مەریەمی ئیسڕائیلیدا. یەكەمیان، هەروەك چۆن عیسای كوڕی مەریەم لەڕێگەی نەفخی پەتی خواوە لەدایكبوو، بەهەمان شێوە ئەم مەسیحەش بەگوێرەی بەڵێنی خوای گەورە لە سورەتی “التحریم”دا لەڕێگەی نەفخی پەتی خواوە لە حاڵەتە مەریەمیەكەیەوە لەدایكبوو. وە هەروەك چۆن لەكاتی لەدایكبوونی عیسای كوڕی مەریەمدا هەراو هوریا بەرپاكرا و دوژمنە كوێرەكان پێیان گوت: {لَقَدْ جِئْتِ شَيْئًا فَرِيًّا}[مريم: 28]، هەمان شتیش بە من وترا و هاتوهاوارێكی قیامەت ئاسا لەدژم بەرپاكرا. هەروەك كاتێك مەریەم عیسای بوو، خوای گەورە بەرپەرچی نەیارەكانی مەریەمی دایەوە دەربارەی عیسا و فەرمووی: {وَلِنَجْعَلَهُ آيَةً لِلنَّاسِ وَرَحْمَةً مِنَّا وَكَانَ أَمْرًا مَقْضِيًّا}[مريم: 22]، هەروەها لەئێستادا كاتێك سكەكەم دانا بەشێوەی خوازە، خوای گەورە وەڵامی ئەوانەی دایەوه كە نەیاری من بوون و پێيفەرموون: بێگومان ئێوە هەرگیز ناتوانن بە فێڵەكانتان لەناویبەرن، وە من ئەو دەكەم بە ئایەتێكی ڕەحمەت بۆ خەڵكی، وە ئەمە لە ئەزەلەوە بڕیاری لەسەر درابوو. هەروەك حاخامەكانی جوولەكە فەتوای كافربوونی مەسیحیان (علیه السلام) دەركرد بەجۆرێك ئەم ڕاپرسیە كەسێكی گەورە و شەڕانگێزی جوولەكە ئامادەی كرد و گەورەكانی تریش فەتوایاندا لەسەری، تەنانەت سەدان كەس لە زانا گەورەكانی جوولەكە لە بەیتولمەقدیسدا كە زۆربەیان لە ئەهلی فەرموودە[بێگومان جوولەكە لە سەردەمی عیسادا (علیه السلام) چەندەها گروپ بوون، بەڵام دوو گروپیان بەڕاست لە قەڵەم دەدران، دانەیەكیان دەستی گرتبوو بەتەوراتەوە بە ئیجتیهاد بابەتە ئایینیەكانی لێ دەردەهێنا، ئەوەی تریان بریتی بوو لە ئەهلی فەرمووده، كە پێیان وابوو فەرمووده دادوەره بەسەر تەوراتەوه، ئەمانه بەشێوەیەكی فراوان بڵاوەیان كردبوو لە ناوچەكانی ئیسڕائیلدا، كاریان بە فەرمووده دەكرد كە زۆربەیان پێچەوانە و دژی تەورات بوون، وە بەڵگەیان ئەوە بوو كە هەندێ بابەتی شەرعی له تەوراتدا نیه وەك بەندایەتیەكان و مامەڵەكان و یاسای سزا و تۆڵەكردنەوە، بەڵكو تەنھا لەڕێگەی فەرموودەوە دەیانزانین. ناوی كتێبی فەرموودەكەیان “تەلموود” بوو، كە فەرموودەی پێغەمبەری هەموو سەردەمێكی تێدا بوو، وە ماوەیەك ئەم فەرموودانە لەسەر زوبان دەستاودەستیان پێدەكرا، پاشان دوای ماوەیەكی درێژ نووسرانەوە، ئینجا بەشێك له فەرموودەی هەڵبەستراو خزێنرایە ناویانەوە. بەتێپەرێنی كات جوولەكە دابەشبوون بۆ حەفتا و سێ گروپ، هەر یەكێكیان خاوەنی فەرموودەی خۆی بوو، وە فەرموودەناسەكانیان پشتیان هەڵكرد لە تەورات، وە بەشێوەیەكی سەرەكی كاریان بە فەرموودە دەكرد، وەك ئەوەی تەورات وازلێهێنراو و پشتگوێخراو بێت؛ ئەگەر تەبا بوایە لەگەڵ فەرموودەدا ئەوا وەریاندەگرت ئەگینا ڕەتیان دەكردەوە. وە لەو كاتەدا عیسا (علیه السلام) ڕەوانەكرا، بەتایبەتی ئەهلی فەرموودەی دواند كە فەرموودەكانیان به مەزنتر دادەنا له تەورات. وە پێشتر نووسراوی پێغەمبەران پێشبینی ئەوەی كردبوو كاتێك جوولەكە دابەش دەبن بۆ كۆمەڵێك گروپی زۆر، وه بەپێچەوانەی كتێبی خواوه كار بە فەرموودەكان دەكەن و واز لەو كتێبه دەهێنن، ناوبژیوانێكی دادگەر ڕەوانەدەكرێت بۆ لایان بەناوی مەسیح، ئەوانیش ڕەتیدەكەنەوە، ئینجا تووشی سزایەكی سەخت دەبن، وە ئەو سزایەش بریتیە لە تاعوون. پەنا ئەگرین بەخوا لەو سزایه. لەوەوە] بوون تەكفیری مەسیحیان (علیه السلام) تەصدیق كرد، هەمان شتیش لەگەڵ مندا ڕوویدا. هەروەك دوای دەركردنی فەتوای ئەو تەكفیرە لەدژی عیسا (علیه السلام) زۆر بەتوندی ئازاردرا، جنێوی زۆر ناشیرنی پێدرا، وە لە هەجووكردن و جوێنپێدانیدا كۆمەڵێك كتێب نووسران. بەتەواوەتی هەمان مامەڵە لەگەڵ منیشدا كرا، وەك ئەوەی پاش هەزار و هەشت سەد ساڵ عیسا دووبارە لەدایك بووبێتەوە، هەروەك چۆن جوولەكەیش سەرلەنوێ لەدایك بووبنەوە. مەبەست لە پێشبینی {غَيْرِ الْمَغْضُوبِ عَلَيْهِمْ} ئەمەیە چونكە ئاگاداركردنەوەك بووە لەلایەن خواوە بۆ موسوڵمانان بەڵام بەداخەوە ملیان نەدا مەگەر ئەوەی وەكو جوولەكە ببن بە غەزەبلێگیراو. بێگومان خوای گەورە بەدەستی خۆی بەردێكی دانا لە بناغەی ئەم لێكچوونەدا بەجۆرێك وەكو مەسیحێك بۆ ئیسلام منی ڕەوانەكرد لەسەرەتای سەدەی چواردەدا، بەتەواوەتی وەك چۆن مەسیحی كوڕی مەریەمی ڕەوانەكرد لەسەرەتای سەدەی چواردەدا پاش مووسا، وە خوای گەورە لەپێناوی مندا نیشانە زاڵ و سەركەوتووەكانی خۆی پیشاندا كە لەتوانای هیچ نەیارێكدا نیە لەژێر ئاسماندا، موسوڵمان بێت یان جوولەكە یان مەسیحی یان جگە لەوان، بەرەنگاریان ببنەوە، دەی لەكوێ مرۆڤێكی سووك و بێتوانا دەتوانێت ڕوبەڕووی خوای گەورە بێتەوە؟ ئەمەیە بەردی بناغەكە كە لەلایەن خواوە دانراوە، وە هەركەسێك بیەوێت ئەم بەردە ورد بكات شكست دەهێنێت، وە كاتێك ئەم بەردە بكەوێت بەسەریدا بەتەواوەتی وردوخاشی دەكات؛ چونكە بەردەكە بەردی خوایە و دەستەكەیش هەر دەستی خوایە.
بەراورد لەنێوان پیلاتۆس و كاپتن دۆگلاسدا
بەڵام بەردی دووەم لەلایەن نەیارەكانمەوە دروستكرا و لەبەرامبەر بەردی یەكەمدا دایاننا، بەجۆرێك لەدژی من چەندین كاریان ئەنجامدا كە جوولەكە لەو سەردەمەدا ئەنجامیاندا، تەنانەت بۆ لەناوبردنی من كەیسێكی تیرۆریان دروست كرد، كە پێشتر خوا ئاگاداری كردم لێی، وە ئەو داوایەی لەدژی من بەرزكرایەوە زۆر مەترسیدارتر بوو لەو داوایەی كە لەدژی عیسای كوڕی مەریەم بەرزكرایەوە، ئەمەش چونكە بناغەی ئەو داوایەی كە بەرزكرایەوە لە دژی ئەو (علیه السلام) تەنھا جیاوازی و ناكۆكیەكی ئایینی بوو، وە بابەتێكی سادە بوو لای دادوەرەكە بەڵكو هیچ نەبوو، بەڵام ئەو داوایەی كە لەدژی من بەرزكرایەوە بریتی بوو لە تۆمەتباركردن بە هەوڵی كوشتن. هەروەك مەلاكانی جوولەكە شایەتیاندا دژی مەسیح (علیه السلام) لەو كەیسەدا، بەهەمان شێوە دەبوو لەم كەیسەشدا هەندێ مەلا لەدژی من شایەتی بدەن، بۆیە خوا مەلا موحەممەد حوسێن بەتالەیی هەڵبژارد بۆ ئەم كارە نەشیاوە، ئەوە بوو بە جبەیەكی فشەوە هات بۆ شایەتیدان، وە لە دادگاكەدا ئامادە بوو وەك شاهیدێك هەروەك چۆن سەرۆكی كاهینەكان لەدادگادا ئامادە بوو وەكو شاهیدێك بە مەبەستی لەخاچدانی مەسیح (علیه السلام)، تەنھا یەك جیاوازی هەبوو لەنێوان ئەم دوو دادگایی كردنەدا كە بریتی بوو لەوەی سەرۆكی كاهینەكان كورسیەكی پێدرا لە دادگاكەی پیلاتۆسدا -وەك ڕێسایەك لە دەوڵەتی ڕۆمانیدا بەرامبەر سەرگەورەكانی جوولەكە، وە هەندێكیان وەك دادوەری فەخری دەستنیشان كرابوون، لەبەرئەوە سەرۆكی كاهینەكان كورسیەكی بەدەستھێنا بەگوێرەی ڕێساكانی دادگا- لەكاتێكدا مەسیحی كوڕی مەریەم وەك تاوانبارێك ڕاوەستا بوو لەبەردەم مەجلیسی حوكمەكەدا، بەڵام لە كەیسەكەی مندا كارەكە بەتەواوەتی پێچەوانە بوو، مەبەستم ئەوەیە كاپتن دۆگڵاس -كە لەجیاتی پیلاتۆس سەرۆكی دادگاكەبوو لە داواكەی مندا- بە پێچەوانەی هیوای دوژمنەكانەوە كورسیەكی پێدام. بێگومان ئەم پیلاتۆسەی دووەم زیاتر بەڕەوشت بوو لە پیلاتۆسی یەكەم كە لەسەردەمی مەسیحی كوڕی مەریەمدا بوو (علیه السلام)؛ چونكه بەدرێژایی دادگاییكردنەكە به ئازایەتی و سەقامگیریەوه پابەند بوو بە دادپەروەریەوە و هیچ گوێی نەدا بە تكای لایەنە باڵاكان، هەروەك بیروباوەڕی نەتەوەیی و ئایینی هیچ لایەنگیری و گۆڕانكاریەكی تێدا دروست نەكرد، وە سەرمەشقێكی چاك بوو بەوەی دەستی گرت بە دادپەروەری تەواوەتیەوە بەجۆرێك ئەگەر كەسایەتی ئەو بە شانازی گەل و پێشەنگێك بۆ دادوەرەكان لەقەڵەم بدرێت ئەوا زیادەڕەوی تێدا نیە. هەڵبەت بە ڕێكی دادوەری كردن كارێكی زۆر قورسە، وە مرۆڤ ناتوانێت وەك پێویست ئەم ئەركە جێبەجێ بكات ئەگەر كاتی دانیشتن لەسەر كورسی دادگا وازنەهێنێت لە هەموو پەیوەندیەكان. وە ئێمە شایەتی ڕاستی دەدەین كە ئەم پیلاتۆسە وەك پێویست هەستا بە جێبەجێ كردنی ئەركەكەی خۆی لەكاتێكدا پیلاتۆسی ڕۆمی نەیتوانی بەشێوەیەكی ڕێكوپێك ئەركەكەی خۆی جێبەجێ بكات، وە بەهۆی ترسنۆكی خۆیەوە مەسیحی (علیه السلام) تووشی كۆمەڵێك كارەساتی سامناك كرد. وە ئەم جیاوازیە شایانی ئەوەیە لە كۆمەڵەكەماندا باس بكرێت هەتاهەتایە، وە هەركاتێك ئەم كۆمەڵە ژمارەیان زیادی كرد و گەیشتە ملیۆنەها و ملیارەها، ئەم دادوەرە نیاز پاكە بە چاكە باس دەكرێت. وە لەبەرئەوەی بەختێكی باشی هەبوو خوای گەورە هەڵیبژارد بۆ ئەم خزمەتە. تاقیكردنەوەكەی چەند قورس بوو؛ چونكە دوو كۆمەڵ هاتن بۆ لای یەكێكیان كاری بۆ بڵاوكردنەوەی ئایینەكەی ئەو دەكرد و ئەوی تریان نەیاری ئایینەكەی بوو، وە پێی وترا كە ئەمە دوژمنێكی سەرسەختی ئایینەكەی تۆیە، لەگەڵ ئەوەدا ئەم دادوەرە دلێرە (پیلاتۆسی دووەم) بەو پەڕی سەقامگیریەوە ئەم تاقیكرنەوەیەی تێپەڕاند، لە كتێبەكانمدا كۆمەڵێك بڕگەیان پیشاندا كە بەهۆی كەمی تێگەيشتنیانەوە پێیان وابوو كۆمەڵێك وشەی توند و قورسیان تێدایە لەدژی ئایینی مەسیحی و هانیاندا لە دژم، بەڵام هیچ كاریگەریەكی نەبوو لەسەری و هیچ گۆڕانكاریەك لەڕوخساریدا ڕووینەدا؛ چونكە لەسایەی ویژدانی ڕووناكی خۆیەوە گەیشتە ڕاستی. وە بەوپێیەی لەم كەیسەدا بەدڵێكی پاكەوە بەشوێن ڕاستیدا دەگەرا، بۆیە خوای گەورە یارمەتیدا و ئیلهامی ڕاستی دابەزاندە سەر دڵی و ئەسڵی ڕاستیەكەی بۆ ئاشكرا كرد. بێگومان زۆر دڵخۆشبوو بەهۆی ڕوونبوونەوەی ڕێگەی دادپەروەری بۆی. تەنھا بۆ ڕەچاوكردنی دادپەروەری لەبەرامبەر پێدانی كورسیەك بە داواكار كورسیەكیشی دا بە من. وە كاتێك مەلا موحەممەد حوسەین بەتاڵەیی -كە هاتبوو بۆ ئەوەی لەدژی من شایەتی بدات وەكو سەرۆكی كاهینەكان- بینی من لەسەر كورسیەك دانیشتووم و بەڕسوایی نەیبینیوم كە بەچاوەكانیدا دیار بوو ئاواتەخواز بوو من بەڕسوایی ببینێت، بە پاساوی یەكسانی داوای كورسیەكی كرد بۆ خۆی لەم پیلاتۆسە، بەڵام ئەو تەریقی كردەوە و بە تووڕەییەوە پێ وت: هەرگیز كورسیەك نادەم نە بەخۆت و نە بە باوكت، وە لە دیوانی دادگاكەماندا هیچ ڕاسپاردەیەك نیە بەوەی كورسی بدەم بە تۆ.
ئەم جیاوازیەی نێوان هەردوو كەیسەكە خاڵێكی ترە كە شایانی سەرنجدانە، پیلاتۆسی یەكەم لە جوولەكە ترسا بۆیە كورسی دا بە هەندێ لە سەرگەورەكانیان كە هاتبوون بۆ شایەتیدان، وە كارێكی كرد مەسیح -كە وەك تاوانبارێك ئامادەكرابوو- بەردەوام بەپێوە بێت لەبەردەمیدا، ئەگەرچی ئەم پیلاتۆسە كەسێكی دڵسۆزی ڕاستگۆ بوو بۆ مەسیح بگرە وەك یەكێك لە موریدەكانی وابوو، وە ژنەكەی یەكێك بوو لە موریدە تایبەتەكانی مەسیح و بەیەكێك لە دۆستەكانی خوا لەقەڵەم دەدرا، لەگەڵ ئەوەدا بەڕادەیەك ترسی لێ نیشت كە بەناحەق مەسیحی بێ تاوانی ڕادەستی جوولەكە كرد. مەسیح (علیه السلام) تۆمەتبار نەبوو بە كوشتن وەك من تۆمەتبار بووم، بەڵكو ئەو كەیسە بریتی بوو لە جیاوازیەكی سادە لە بیروباوەڕدا، بەڵام پیلاتۆسی ڕۆمی كەسێكی ئازا و بەجەرگ نەبوو، تەنھا بە هەڕەشەیەكی جوولەكە ترسا بەوەی كە لای قەیسەر سكاڵا لەدژی بەرزدەكەنەوە.
پاشان لێكچوونێكی تر هەیە لەنێوان پیلاتۆسی یەكەم و ئەم پیلاتۆسەدا كە شایانی باسكردنە، ئەویش ئەوەیە كە پیلاتۆسی یەكەم كاتێك مەسیح (علیه السلام) هێنرا بۆ دادگاكەی بە جوولەكەی گوت: هیچ تاوانێكم نەدۆزیەوە لەسەر ئەم پیاوە. بەهەمان شێوە كاتێك مەسیحی دووەم ئامادەكرا لەبەردەم پیلاتۆسی دووەمدا و داوای لێ كرد ماوەی چەند ڕۆژێك موڵەتی بدات بۆ ئەوەی وەڵامی خۆی ئامادەبكات بۆ تۆمەتی كوشتنەكە، پیلاتۆسی دووەم پێیگوت: من تۆمەتبارت ناكەم بە كوشتن. ئەم دوو وتەیەی ئەم دوو دادوەرە بەتەواوەتی لەیەكدەچن، وە هیچ جیاوازییەك نیە لەنێوانیاندا ئەوە نەبێت كە پیلاتۆسی یەكەم ترسی لێ نیشت كاتێك هەڕەشەی لێ كرا كە شكاتی لێ دەكرێت لای قەیسەر و جێگیر نەبوو لەسەر قسەكەی خۆی، بۆیە بەئەنقەست مەسیحی (عليه السلام) ڕادەستی جوولەكە خوێنڕێژەكان كرد، ئەگەرچی خەمبار بوو بەو كارەی خۆی، هەورەها ژنەكەیشی خەمبار بوو؛ چونكە هەردووكیان باوەڕێكی بەهێزیان پێی هەبوو، بەڵام كاتێك هاتوهاوارێكی توندی بینی لە جوولەكەوە ترسنۆكی زاڵ بوو بەسەریدا، بەڵام بە نھێنی هەوڵێكی چالاكانەی دا بۆ ئەوەی مەسیح ڕزگاری بێت لە لەخاچدان، بێگومان سەركەوتوو بوو لەم هەوڵەیدا بەڵام پاش ئەوەی مەسیح هەڵواسرا لەسەر خاچ و لەتاو ئازار بەتوندی بوورایەوە وەك ئەوەی مردبێت. هەرچی چۆنێك بێت مەسیحی كوڕی مەریم (علیه السلام) بەهۆی هەوڵی پیلاتۆسی ڕۆمییەوە لە مردن ڕزگاری بوو. دۆعاكەی مەسیح بۆ ڕزگاربوونی لە مردن پێشتر گیرابوو (بڕوانە بۆ نامەی پۆڵس بۆ عیبرانیەكان 5 :7)[مەسیح (علیه السلام) خۆی بەشێوەی پێشبینی فەرموویەتی: “هیچ نیشانەیەكی پێنادرێت (واتە بە گەلەكەی) جگە لە نیشانەی یۆنان”، دیارە بەم قسەیە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە هەروەك چۆن یۆنان بەزیندوویی چووەناو سكی نەهەنگەكەوه و هەر بەزیندووییش لێی هاتەدەرەوە، بەهەمان شێوە ئەویش بەزیندوویى دەچێتەناو گۆڕەكەوە و هەر بەزیندووییش دێتەدەرەوە لێی. وە ئەم نیشانەیه بەدینایەت مەگەر مەسیح (علیه السلام) بەزیندوویی لە خاچەكە هاتبێته خوارەوە و بەزیندوویی چووبێتەناو گۆڕەكەوە؟ وەك ئەوەی ئەم وتەیەی مەسیح (علیه السلام): “هیچ نیشانەیەكی پێنادرێت جگە لە نیشانەی یۆنان” وەكو وەڵامێك هاتبێت بۆ ئەوانەی كە دەڵێن مەسیح نیشانەی بەرزبوونەوە بۆ ئاسمانیشی پیشانداوە. لەوەوە] پاشان مەسیح (عليه السلام) بەنهێنی لەو خاكەوە هەڵھات بۆ كشمیر، وە لەوێدا كۆچی دوایی كرد، دیارە بیستوتانە كە لە گەڕەكی “خانیار” لە شاری “سرینەگەر” گۆڕێكی هەیە. هەموو ئەمانە بەهۆی هەوڵی پیلاتۆسەوە بوو، لەگەڵ ئەوەدا هەوڵی پیلاتۆسی یەكەم خاڵی نەبوو لە ترسنۆكی؛ دەی ئەگەر ئەو بەگوێرەی ئەم قسەیەی خۆی: “هیچ تاوانێك لەم مرۆڤەدا بەدی ناكەم” كاری بكردایە و مەسیحی (علیه السلام) ئازاد بكردایە؛ ئەوا ئەمە كارێكی قورس نەبوو بۆی، بەڵكو دەیتوانی ئازادی بكات، بەڵام ترسا بەوەی سكاڵا لە دژی بەرزدەكەنەوە لای قەیسەر. بەڵام ئەم پیلاتۆسەی دووەم قەرەباڵغی قەشەكان نەیترساند لەگەڵ ئەوەی حكومەتی ئێرەیش قەیسەرێكی ئافرەت بەڕێوەی دەبرد، بەڵام ئەم قەیسەرە ئافرەتە زۆر لەو قەیسەرەی تر باشترە، لەبەرئەوە هیچ كەسێك نەیتوانی دادوەر بترسێنێت لە قەیسەرە ئافرەتەكە بۆ ئەوەى فشاری لێ بكات لە دادپەروەری لابدات.
بەهەرحاڵ، هەرا بەرپاكرا و پیلان گێڕدرا دژی مەسیحی دووەم زیاتر لە مەسیحی یەكەم، دوژمنەكانم لە گەورەپیاوانی هەموو ئایینەكان لەدژی من گردبوونەوە، بەڵام پیلاتۆسی دووەم فەزڵی ڕاستی دا بەسەر هەموو شتێكدا، وە ڕاستی ئەو قسەیەی سەلماند كە پێشتر پێی وتم: “من تۆمەتبارت ناكەم بە هەوڵی كوشتن”، بەڕوونترین شێوە و بەوپەڕی ئازایەتیەوە بێتاوانی منی ڕاگەیاند. بێگومان پیلاتۆسی یەكەم پەنای برد بۆ فێڵ بۆ ئەوەی مەسیح (علیه السلام) ڕزگار بكات، بەڵام ئەم پیلاتۆسە بەتەواوەتی پابەند بوو بە داخوازیەكانی دادگەریەوە بەجۆرێك هیچ ترسنۆكییەكی تێدا بەدی نەكرا.
وە لەو ڕۆژەدا كە تێیدا بڕیاری بێتاوانی من دەرچوو، دزێكیان لە “سوپای خەلاص”[دامەزراوەیەكی ئایینیی خێرخوازی مەسیحيیە بە ئینگلیزی پێيدەوترێت (salvation army). (له وەرگێری عەرەبیەوه)] هێنا بۆ دادگا، ئەمەش چونكە دزێك لەگەڵ مەسیحی یەكەمیشدا هێنرا بۆ دادگا، بەڵام ئەو دزەی كە لەگەڵ مەسیحی دووەمدا لەدادگادا ئامادەكرا لەخاچ نەدرا و ئێسكەكانی نەشكێندرا وەك ئەو دزەی كە لەگەڵ مەسیحی یەكەمدا هێنرا بۆ دادگا، بەڵكو تەنھا بە سێ مانگ زیندانی سزادرا.
دووبارە دەگەڕێینەوە بۆ ڕوونكردنەوەكەی پێشوومان و دەڵێین: بێگومان سورەتی الفاتحة پڕە لە ڕاستی و مانای ورد و زانیاری كە ئەگەر هەمووی بنووسرێتەوە ئەوا لە دەفتەرێكدا جێگای نابێتەوە. بۆ نموونە ئەم نزا پڕ لە حیكمەتە كە لەم سورەتەدا فێركراوین، مەبەستم ئەم نزایەیە: {اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ}، مانایەكی گشتگیری تێدایە كە دەكرێت بەتەنھا كلیل دابنرێت بۆ هەموو مەبەستە ئایینی و دنیاییەكان. چونكە ئێمە ناتوانین حەقیقەتی شتێك بزانین و كەڵك وەربگرین لەو سوود و قازانجانەی كە تێیدایە ئەگەر ڕێگەیەكی ڕاست نەدۆزینەوە بۆ گەیشتن بەو شتە. بێگومان سەركەوتن زۆر سەختە بگرە ئەستەمە لە هەموو ئەو كاروبارە سەخت و ئاڵۆزانەی كە لەدنیادا هەن _چ ئەوانەی پەیوەستن بە ئەركەكانی دەوڵەت و وەزارەتەكانەوە، یان ئەوانەی پەیوەستن بە جەنگ و بابەتە سەربازیەكانەوە، یان ئەوانەی پەیوەستن بە بابەتە وردەكانی زانستی سروشتی و ئەستێرەناسیەوە، یان ئەوانەی پەیوەستن بە شێوازەكانی پشكنین و چارەسەر لە زانستی پزیشكیدا، یان ئەوانەی پەیوەستن بە بازرگانی و كشتوكاڵەوە_ ئەگەر ڕێگەیەكی ڕاست نەدۆزینەوە كە چۆنێتی دەسپێكردن بەم كارانە بخاتەڕوو بۆمان. هەڵبەت هەموو كەسێكی ژیر پێی وایە لە كاتە سەخت و ناهەموارەكاندا پێویستە لەسەری شەو و ڕۆژ بەقوڵی بیربكاتەوە لەو گرفتە ئاڵۆزەی تووشی بووە بۆ ئەوەی چارەسەرێكی بۆ بدۆزێتەوە و ڕزگاری بێت لێی. لەڕاستیدا هەستان بەئەنجامدانی هەر پیشەیەك یان دۆزینەوەیەك یان كارێكی ئاڵۆز و قورس پێویست بەوە دەكات ڕێگەیەكی بۆ بكرێتەوە. لێرەوە ئەوە دەسەلمێنرێت كە نزای ڕاستەقینە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەكانی دنیا و ئايین تەنھا بریتیە لە نزای داواكردنی ڕێگای دروست، ئەگەر ڕێگایەكی ڕاست بڕەخسێت بۆ كارێك ئەوا بەدڵنیاییەوە لەڕێگەی فەزڵی خوای گەورەوە ئەو كارە جێبەجێ دەبێت. خوای گەورە بە توانا و حیكمەتی خۆی ڕێگایەكی داناوە بۆ جێبەجێ كردنی هەر مەبەستێك، بۆ نموونه ئەستەمە بەشێوەیەكی دروست چارەسەری نەخۆش بكرێت ئەگەر بۆ پشكنینی نەخۆشیەكەی و دانانی دەرمان بۆی ڕێگایەك نەبێت كە دڵ بڕیار بدات ئەو ڕێگەیە بەدڵنیاییەوە دەبێتەهۆی سەركەوتن، بەڵكو هیچ سیستەمێك لەدنیادا دانامەزرێت ئەگەر سەرەتا ڕێگای بۆ خۆش نەكرێت، لەبەرئەوە هەركەسێك بیەوێت بەرەو ئامانجێك بڕوات دەبێت بگەڕێت بۆ ئەو ڕێگایەی كە دەیگەیەنێتە ئەو ئامانجە. هەروەك چۆن دەبێت بۆ سەركەوتنمان لە كاروبارەكانی دنیادا ڕێگایەك هەبێت بۆ گەيشتن بە ئامانج، بەهەمان شێوە هەر لەكۆنەوه زۆر پێویست بووە ڕێگایەكی ڕاست و دروست هەبێت بۆ ئەوەی مرۆڤ دۆستایەتی و خۆشەویستی و فەزڵی خوای گەورە بەدەستبھێنێت، بۆیە خوای گەورە لە سەرەتای سورەتی دووەم (واتە سورەتی البقرة كە لەدوای سورەتی الفاتحة وە دێت) دەفەرموێت: {هُدًى لِلْمُتَّقِينَ}[البقرة: 3.].. واتە ئەو ڕێگایەی كە دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی نیعمەتەكان ئەوەیە كە ئێمە ڕوونیدەكەینەوە[لە سورەتی “الفاتحة”دا باوەڕداران نزا دەكەن كه هیدایەت بدرێن بۆسەر ڕێگای ڕاست، بەڵام لەسورەتی دواتردا خوای گەوره ڕایدەگەیەنێت كە نزاكەی ئەوانی گیراكردووە و ڕێگا ڕاستەكەی پیشانداون. لەوەوە].
كەوابوو ئەم نزایە: {اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ} بەدڵنیاییەوە نزایەكی گشتگیرە و مرۆڤ ئاگاداردەكاتەوە كە لەكاتی تووشبوونی بە كێشەیەكی ئايینی یان دنیایی یەكەم شت كە پێویستە لەسەری ئەوەیە بگەڕێت بۆ ڕێگای ڕاست بۆ چارەسەركردنی، واتە بگەڕێت بۆ ڕێگایەكی ڕاست و ڕوون كە زۆر بەئاسانی بیگەیەنێتە مەبەست، وە دڵی پڕ بكات لە یەقین و ڕزگاری بكات لە گومانەكان. بەڵام ئەو كەسەی داوای نان دەكات بەگوێرەی ڕێنمایی ئینجیل هەرگیز ڕێگای گەیشتن بەخوای گەورە هەڵنابژێرێت؛ چونكە مەبەستەكەی بریتیە لە نان، ئەگەر نانی دەستكەوت ئیتر چ ئیشێكی بەخوا دەمێنێت؟ لەبەرئەوە مەسیحیەكان لە ڕێگای ڕاست لایاندا، وە گەردنیان بە باوەڕێكی ئەوپەڕی شەرمەزاركەر شەتەك درا، مەبەستم ئەو باوەڕەیە كە: مرۆڤ بكرێت بەخوا. نازانین مەسیح چ تایبەتمەندیەكی هەیە كە جیای بكاتەوە لە غەیری خۆی هەتا بیرلەوە بكەنەوە بیكەن بەخوا؟ زۆربەی پێغەمبەرانی پێشوو وەك مووسا و ئەلیەسەع و ئیليیا لەو مەزنترن لە موعجیزەكاندا. سوێند بەوەی گیانی منی بەدەستە ئەگەر مەسیح لەسەردەمی مندا بوایە؛ ئەوا نەیدەتوانی ئەو كارانە ئەنجام بدات كە من ئەنجامم داون، وە نەیدەتوانی ئەو ئایەتانە پیشان بدات كە لەسەر دەستی مندا دەركەوتوون[بۆ سەلماندنی ڕاستی ئەوەی كه دەیڵێم لەداهاتوودا كتێبی “نزول المسیح” دەبینن كە ئێستا لەژێر چاپدایە، هەتا ئەمڕۆ زۆربەی كتێبەكە چاپكراوە بەمزووانە بڵاودەكرێتەوە. بێگومان ئەم كتێبەم داناوه لە وەڵامدانەوەی كتێبی “تنبور سیف چشتیائي” كە پیر میھر عەلی گۆلورەیی نووسیویەتی، تێیدا سەلماندوومە كە بەڕێز “پیر” بە دزینی وتارەكەی كۆچكردوو سەید موحەممەد حەسەن كۆمەڵێك هەڵەی ئابڕووبەری ئەنجامداوە كە ژیانی زۆر تاڵ دەكەن كاتێك پێیان دەزانێت. ئەو بەدبەختەی یەكەم مرد وەك بەدیهاتنێك بۆ پێشبینییەكەی ئێمە كه لە كتێبەكەماندا “إعجاز المسیح” باسكراوه، بەڵام ئەم بەدبەختەی دووەم بووە بە ئامانجی ئەم پێشبینیەمان: إني مُھین مَن أرادَ إهانتَك، واتە: من ئەو كەسە ڕسوا دەكەم كە بیەوێت سووكایەتی بە تۆ بكات” له ئەنجامی نووسینی كتێبێكی پووچەوە. دەی پەند وەربگرن ئەی ئەوانەی خاوەنی بینایین! لەوەوە]، وە بەدڵنیاییەوە دەیبینی فەزڵی خوا كە بەسەر مندا ڕژاوە زیاترە لەوەی كە بەسەر خۆیدا ڕژابوو. دەی ئەگەر من بەم شێوەیە بم ئیتر ئەبێ ئەو پێغەمبەرە پاككەرەوه (ﷺ) چەند مەزن بێت كە من خزمەتكاری ئەوم! ئەمە فەزڵێكی خوایە دەیبەخشێت بە هەركەسێك خۆی بیەوێت. وە لێرەدا ئێرەیی و خۆزگە هیچ سوودێك بە كەسێك ناگەیەنێت، خوا هەرچییەكی بوێت دەیكات. وە ئەوەی پێچەوانەی ویستی خوای گەورە بجووڵێتەوە، تەنھا لە گەیشتن بە ئامانجەكانیدا نائومێد نابێت، بەڵكو دوای مردن ڕێگای بەرەو دۆزەخ دەگرێتەبەر. دەی هاوار بۆ ئەو كەسانەی كە دروستكراوێكی بێتوانا دەكەن بە خوا، وە هاوار بۆ ئەو كەسانەی باوەڕیان نەھێناوە بەو كەسەی كە یەكێكە لە پێغەمبەرە هەڵبژێراوەكانی خوا.
ئەو كەسەی كە دەمناسێت كەسێكی پیرۆزە، دیارە من خۆم ڕێگای كۆتاییم لەناو هەموو ڕێگانی خوادا. وە من خۆم ڕووناكی كۆتاییم لەناو هەموو ڕووناكیەكانیدا، ئەو كەسەی پشتم لێ هەڵدەكات كەسێكی بەدبەختە؛ چونكە بەبێ من هەمووی تاریكیە.
بەڵام هۆكاری دووەم بۆ هیدایەتی موسوڵمانان بریتیە لە سوننەت؛ واتە كردەوە و ڕەفتاری پێغەمبەر (ﷺ) كە ئەنجامیداون وەك تەفسیرێك بۆ حوكمەكانی قورئانی پیرۆز. بۆ نموونە لەقورئانەوە بەڕوانینێكی ڕووكەشی ژمارەی ڕكاتەكانی پێنج نوێژەكە دەرناكەوێت، لەبەیانیدا چەند ڕكاتە و لەكاتەكانی تردا چەند ڕكاتە، بەڵام سوننەت هەموو ئەمانەی بەدوورو درێژی باسكردووە.
جیاوازی نێوان سوننەت و فەرموودە
هیچ كەسێك پێی وانەبێت كە سوننەت و فەرموودە یەك شتن؛ چونكە فەرموودە تۆمارنەكرا مەگەر دوای سەد یان سەد و پەنجا ساڵ، بەڵام سوننەت لەكاتی دابەزینی قورئانی پیرۆزەوە بە تەریبی لەگەڵیدا هاتووە. وە دوای قورئان سوننەت گەورەترین چاكەی هەیە بەسەر موسوڵمانەوە. ئەركی خودا و پێغەمبەرەكەی تەنھا لە دوو خاڵدا كورت بووەتەوە، پێویست بوو لەسەر خوای گەورە كە قورئان دابەزێنێتە خوارەوە و لەڕێگەی فەرمایشتەكەیەوە دروستكراوان ئاگاداربكات لە ویستی خۆی؛ ئەمە یەكێكە لەداخوازیەكانی شەریعەتی خوای گەورە، بەڵام ئەركی سەرشانی پێغەمبەری خوا (ﷺ) ئەوە بوو كە بەشێوەیەكی كردەیی فەرمایشتی خوای گەورە پیشانی خەڵكی بدات و بەجوانی بۆیان شیبكاتەوە. بۆیە پێغەمبەری خوا (ﷺ) ئەو فەرمایشتانەی لەشێوەی كردەوەدا پیشانی خەڵكی دا و پرس و بابەتە ئاڵۆزەكانی چارەسەركرد لەڕێگەی سوننەتەكەیەوە واتە لەڕێگەی ڕەفتار و كردەوەكانیەوە. هەڵەیە بوترێت كە پێشكەشكردنی ئەو چارەسەرە تەنھا لەڕێگەی فەرموودەوە بووە؛ چونكە ئیسلام لە زەویدا جێگیر بووە پێش بوونی فەرموودە[بێگومان ئەهلی فەرموودە بە كردار و گوفتاری پێغەمبەر (ﷺ) هەردووكیان دەڵێن “فەرموودە”، بەڵام ئەم زاراوەيەی ئەوان بەلای ئێمەوە جێی بایەخ نیە. لەڕاستیدا پێغەمبەر (ﷺ) خۆی سەرپەرشتی بڵاوكردنەوەی سوننەتی كردووە، بەڵام فەرموودە شتێكی ترە و لەدواییدا كۆكرایەوە. لەوەوە]. ئایا پێش ئەوەی فەرموودەكان تۆماربكرێن خەڵكی نوێژیان نەكردووە و زەكاتیان نەداوە و حەجی ماڵی خوایان نەكردووە و نەیانزانیوە حەڵاڵ و حەرام كامەیە؟
بەڵی، بێگومان فەرموودە هۆكاری سێیەمە بۆ هیدایەت؛ چونكە فەرموودەكان زۆر شتیان لە بابەتەكانی ئیسلام بەدرێژی بۆ ڕوون كردووینەتەوە لەڕووی مێژوویی و ئەخلاقی و فیقهیەوە. سەرەڕای ئەوە، گەورەترین سوودی فەرموودە ئەوەیە كە خزمەتكاری قورئان و خزمەتكاری سوننەتە. ئەو كەسانەی ڕێزی شایستەیان نەگرتووە لە قورئان فەرموودە بە ناوبژیوان دەزانن بەسەر قورئانەوە هەروەك چۆن جوولەكە هەمان بانگەشەیان كرد بۆ فەرموودەكانیان، بەڵام ئێمە فەرموودە بەخزمەتكاری قورئان و سوننەت لەقەڵەم دەدەین، وە ئاشكرایە مەزنێتی ئاغا و سەروەر زیاتر دەبێت بە بوونی خزمەتكار. بێگومان قورئان وتەی خوایە، وە سوننەت كردەوەی پێغەمبەری خوایە، وە فەرموودە شایەت و پشتیوانە بۆ سوننەت. دەی هەڵەیە بوترێت فەرموودە دادوەرە بەسەر قورئانەوە، پەنا بەخوا دەگرین لەمە. ئەگەر دادوەر و ناوبژیوانێك بەسەر قورئانەوە هەبێت ئەوا قورئان خۆیەتی، بەڵام فەرموودە -لەپلەی گوماندایە- ناكرێت دادوەر بێت بەسەر قورئانەوە، بەڵكو تەنھا شایەت و پشتیوانە بۆ قورئان. قورئان و سوننەت كارە بنچینەییەكەیان هەمووی جێبەجێ كردووە، وە فەرموودە تەنھا شایەتییان بۆ دەدات و پشتیوانیان لێ دەكات، لەكوێ فەرموودە دەتوانێت ببێت بە دادوەر و ناوبژیوان بەسەر قورئانەوە؟ بێگومان لە سەردەمێكدا قورئان و سوننەت هیدایەتی خەڵكیان داوە كە ئەم بەناو دادوەرە هیچ شوێنەوارێكی نەبووە. مەڵێن فەرموودە دادوەرە بەسەر قورئانەوە، بەڵكو بڵێن شاهیدێكی پشتگیرە بۆ قورئان و سوننەت.
وە سوننەت ویستی قورئان ئاشكرا دەكات بۆمان. وە مەبەست لە سوننەت ئەو ڕێگەیەیە كە پێغەمبەر (ﷺ) و هاوەڵەكانی بەكردەیی بەسەریدا ڕۆيشتوون. سوننەت ناوی ئەو گوفتارانە نیە كە لە كتێبەكاندا تۆماركراون پاش نزیكەی سەد و پەنجا ساڵ، بەڵكو ئەو گوفتارانە پێیان دەوترێت فەرموودە، بەڵام سوننەت ناوێكە بۆ ئەو پێشەنگییە چاكەی كە بەردەوام لەڕێگەی كردەوەی موسوڵمانە ساڵحەكانەوە بێ پچڕان بەشێوەی تەواتور گواستراوەتەوە لەسەرەتای ئیسلامەوە و هەزارەها موسوڵمان لەسەری ڕاھێنراون.
پێوەری دروستی فەرموودەكان
بەڵی، بێگومان فەرموودە -لەگەڵ ئەوەی زۆربەی لە پلەی گوماندایە- شایانی دەستپێوەگرتنە بەمەرجێك دژایەتی قورئان و سوننەت نەكات. فەرموودە پشتیوانە بۆ قورئان و سوننەت، وە پێكهاتووە لە كۆگایەكی گەورە لە بابەتە ئیسلامیەكان، لەبەرئەوە وەرنەگرتنی فەرموودە واتە بڕین و قرتاندنی ئەندامێك لە ئەندامەكانی ئیسلام. بەڵام ئەگەر فەرموودەیەك دژی قورئان و سوننەت بوو، وە پێچەوانە بوو لەگەڵ فەرموودەیەكی تردا كە تەبابێت لەگەڵ قورئاندا، یان پێچەوانەی ڕیوایەتەكانی ناو صەحیحی بوخاری بێت؛ ئەوا ئەو فەرموودەیە شایستەی وەرگرتن نیە؛ چونكە وەرگرتن و قەبوڵكردنی دەبێتە هۆی ڕەتكردنەوەی قورئان و ڕەتكردنەوەی هەموو ئەو فەرموودانەی كە تەبا و گونجاون لەگەڵ قورئاندا. وە دەزانم هیچ كەسێك لە پارێزكاران ناوێرێت متمانە بكات بە فەرموودەیەك كە پێچەوانەی قورئان و سوننەت بێت و هەروەها پێچەوانەی ئەو فەرموودانە بێت كە گونجاون لەگەڵ قورئانی پیرۆزدا. بەكورتی، ڕێزی شایستە لە فەرموودەكان بگرن و سوودیان لێ وەربگرن؛ چونكە دەدرێنەپاڵ پێغەمبەری خوا (ﷺ)، وە بەدرۆیان مەزانن مادام قورئان و سوننەت بەدرۆیان ناخەنەوە. وە دەستبگرن بە فەرموودەكانی پێغەمبەرەوە (ﷺ) بەجۆرێك با هەموو جووڵە یان وەستان یان كردەوە و ڕەفتار یان كردن و نەكردنێكتان فەرموودەیەك پشتگیری بكات. بەڵام ئەگەر فەرموودەیەك بە ئاشكرا پێچەوانە بوو لەگەڵ بەسەرهاتەكانی قورئاندا؛ ئەوا پێویستە لەسەرتان گونجان و تەبایی دروست بكەن لەنێوانیاندا؛ چونكە ڕەنگە نەگونجان و دژایەتیەكە بگەڕێتەوە بۆ خراپ حاڵیبوونی خۆتان، بەڵام ئەگەر بە هیچ شێوەیەك دژایەتی و نەگونجانەكە لانەچوو؛ ئەوا ئەو جۆرە فەرموودەیە پشتگوێ بخەن، دیارە ئەوە فەرمایشتی پێغەمبەری خوا (ﷺ) نیە. وە ئەگەر فەرموودەیەكی لاواز هەبوو -لەگەڵ لاوازیەكەیدا- تەبا و گونجاو بوو لەگەڵ قورئاندا ئەوا وەریبگرن؛ چونكە قورئان ڕاستیەكەی دەسەلمێنێت. وە ئەگەر فەرموودەیەك هەبوو پێشبینیەكی لەخۆگرتبوو، بەڵام لای فەرموودەناسەكان لاواز بوو، پاشان پێشبینییەكە لەسەردەمی ئێوە یان پێش ئێوەدا بەدی هاتبوو، ئەوا بەفەرموودەیەكی ڕاست و دروست لەقەڵەمی بدەن، وە ئەو ڕاوی و فەرموودەناسانە كە ئەو فەرموودەیان لەكەدار كردووە بە لاواز و هەڵبەستراو بەهەڵە و درۆزن لەقەڵەم بدەن. سەدەها فەرموودە هەیە كە پێشبینیان تێدایە، وه لای فەرموودەناسان زۆربەی ئەو فەرموودانە مەجرووح یان هەڵبەستراو یان لاوازن، ئەگەر فەرموودەیەك لەو فەرموودانە بەدی هات بەڵام ئێوە پشتگوێتان خست و وتتان وەریناگرین چونكە لاوازە یان فڵان كەس لە ڕاویەكانی دیندار نەبووە؛ ئەوا ئەمە دەبێتە بەڵگەیەك لەسەر ناپاكیتان چونكە فەرموودەیەكتان ڕەتكردووەتەوە كە خوای گەورە ڕاستیەكەی دەرخستووە. ئەگەر هەزار فەرموودەی لەم شێوە هەبێت و هەموویان لاواز بن لای فەرموودەناسان، پاشان هەزار پێشبینەكەی ئەم هەزار فەرموودەیە بەدی هاتن، ئایا ڕازی دەبن بەوەی كە هەزار بەڵگە لەبەڵگەكانی ئیسلام بەفیڕۆ بدەن لەڕێگەی بە لاواز ئەژماركردنی ئەو هەموو فەرموودانەوە؟ بێگومان لەم دۆخەدا ئێوە بە دوژمنی ئیسلام ئەژمار دەكرێن. خوا (عز وجل) دەفەرموێت: {فَلَا يُظْهِرُ عَلَى غَيْبِهِ أَحَدًا (*) إِلَّا مَنِ ارْتَضَى مِنْ رَسُولٍ}[الجن: 27_28]، دەی پێشبینی ڕاست دەدرێتە پاڵ كێ جگە لە پێغەمبەری ڕاستگۆ؟ ئایا لەباوەڕەوەیە كە لەم دۆخەدا بوترێت یەكێك لە فەرموودەناسان هەڵەی كردووە لە بەلاوازدانانی فەرموودەیەكی ڕاستدا، یان بوترێت خوای گەورە هەڵەی كردووە كاتێك بەكردەوەی خۆی ڕاستی فەرموودەیەكی هەڵبەستراوی سەلماندووە؟ بۆیە كاربكەن بە فەرموودە -ئەگەرچی لاوازیش بێت- بەمەرجێك دژایەتی نەكات لەگەڵ قورئان و سوننەت و ئەو فەرموودانەی كە تەبا و گونجاون لەگەڵ قورئانی پیرۆزدا.
بەڵام پێویستە زۆر بەوریاییەوە كار بەفەرموودەكان بكرێت؛ چونكە زۆربەیان هەڵبەستراون و لە ئیسلامدا ئاژاوەیەكیان دروست كردووە. هەموو گروپێك فەرموودەیەكی لایە كە تەبایە لەگەڵ بیروباوەڕەكەیدا؛ تەنانەت جیاوازی و ناكۆكی لە فەرموودەكاندا كارێكی كردووە نوێژ -ئەم فەرزە موتەواتیر و یەقینیە- بە چەند شێوازێكی جیاواز ئەنجام بدرێت؛ ئەوەتا هەندێك بەدەنگی بەرز “ئامین” دەڵێن و هەندێك ئاشكرای ناكات، وە هەندێكیان لە پشتی ئیمامەوە “الفاتحة” دەخوێنێت، وە هەندێك پێی وایە خوێندنی ئەو سورەتە لەپشتی ئیمامەوە نوێژەكە بەتاڵ دەكاتەوە، وە هەندێك لەكاتی نوێژدا دەستەكانی دەخاتەسەر سنگی، هەندێك دەستەكانی دەخاتە سەر ناوكی. هۆكاری ڕاستەقینەی ئەم جیاوازیە بریتیە لە فەرموودەكان. {كُلُّ حِزْبٍ بِمَا لَدَيْهِمْ فَرِحُونَ}[المؤمنون: 54]. بێگومان سوننەت ڕێنمایی خەڵكی كردووە تەنھا بۆ یەك ڕێگا، بەڵام جیاوازی ڕیوایەتەكان لەدواییدا بووەتە هۆی جیابوونەوەی كۆمەڵێك لق لەم تاكە ڕێگایه. هەروەك چۆن تێنەگەيشتن لە هەندێ فەرموودە زۆر كەسی گومڕا كرد. بێگومان شیعەیش لەبەر هەمان هۆكار گومڕا بوون، ئەگەر قورئانیان بكردایە بە دادوەری خۆیان؛ ئەوا تەنھا سورەتی “النور” ڕووناكییەكی پێ خەڵات دەكردن، بەڵام فەرموودەكان ئەوانی گومڕا كرد. بەهەمان شێوە لە سەردەمی مەسیحدا (علیه السلام) ئەو جوولەكانه[بێگومان ئینجيل زۆر بەتوندی دژایەتی ئەو بیرۆكانە دەكات كە لە فەرموودە و ڕیوایەتەكانی تەلمووددا هاتوون. هەموو ئەو فەرموودانە نەوە لەدوای نەوە بەرزدەكرینەوە بۆ مووسا (علیه السلام)، وە دەوترێت ئەمانە وەحین دابەزیون بۆسەر مووسا (عليه السلام) هەتا وایان لێهات تەورات پشتگوێ بخەن و هەموو كاتێكیان لە خوێندنەوەی ئەو فەرموودانەدا خەرج بكەن، وە تەلموود لەهەندێ بابەتدا پێچەوانەی تەوراتە، لەگەڵ ئەوەدا جوولەكە كار بە تەلموود دەكەن. (بگەڕێوە بۆ كتێبی “تلمود” دانانی یوسف باركلی، چاپكراو لە لەندەن لەساڵی 1878ز). لەوەوە] گومڕابوون كە پێیان دەوترا “ئەهلی فەرموودە”. ئەوان ماوەیەك بوو تەوراتیان پشتگوێ خستبوو، وە پێییان وابوو -بەردەوام پێیان وایە- فەرموودە دادوەرە بەسەر تەوراتەوە. كۆمەڵێك فەرموودەی زۆریان لابوو كە تێیاندا هاتبوو مەسیحە بەڵێندراوەكەیان هەرگیز نایەت و دەرناكەوێت ئەگەر ئیلیيا بەجەستە ماددییەكەیەوە دووبارە لە ئاسمانەوە دانەبەزێتە خوارەوە بۆ سەر زەوی. ئەوە بوو ئەو فەرموودانە بەتەواوەتی تووشی هەڵخلیسكانی كردن، بۆیە بەهۆی پشتبەستنیان بەم فەرموودانەوە نەیانتوانی ئەو تەئویلە قەبوڵ بكەن كە مەسیح (علیه السلام) پێشكەشی كردن بەجۆرێك فەرمووی مەبەست لە ئیلیاس (ئیليیا) یۆحەنایە واتە پێغەمبەر یەحیا، كە لەسەر شێوازی سروشتی ئیلیاس و خوڕەوشتی ئەو ڕەوانەكراوە بەشێوەی دەركەوتنی ڕۆحی. هەموو لەڕێ لادانەكانیان بەهۆی فەرموودەكانەوە بوو، كە لەكۆتاییدا دووچاری كوفری كردن. دەكرێت ئەوان هەڵەیان كردبێت لە تێگەيشتنی ئەو فەرموودانەدا، یان كەمێك لە قسەی مرۆڤیان تێكەڵاو بووبێت.
پوختەی قسە، موسوڵمانان نازانن كە “ئەهلی فەرموودە” لەناو جووەكاندا ئەوانە بوون كە بێباوەڕبوون بە مەسیح (عليه السلام)، وە هەرایان بەرپاكرد و لەدژی ئەو فەتوای تەكفیریان نووسی، وە بەكافر ئەژماریان كرد و وتیان ئەمە كەسێكە باوەڕی بە كتێبەكانی خوا نیە، دیارە خوای گەورە پێی ڕاگەیاندووین كە دووبارە ئیلیاس ڕەوانە دەكرێتەوە، بەڵام ئەم كەسە ئەم پێشبینیە تەئویل دەكات، وە بە ئارەزووی خۆی ئەم دەنگوباسانە دەستكاری دەكات بەبێ بوونی بەڵگەیەك كە لە مەبەستە ڕواڵەتییەكەیان لایان بدات[كاتێك فەتوای تەكفیر نووسرا دژی عیسا (عليه السلام)، پۆڵسیش لەڕیزی ئەو كەسانەدا بوو فەتواكەیان نووسی كە پاش ئەوە ڕایگەیاند خۆی پێغەمبەری مەسیحە، بێگومان ئەم كابرایە لەژیانی مەسیحدا (علیه السلام) یەكێك بوو لە دوژمنە سەرسەختەكانی، وە له هیچ یەكێك لەو ئینجیلانەدا كە بەناوی مەسیحەوە نووسراون هیچ پێشبینیەكی مەسیح نەهاتووە بەوەی كە ئەم پۆڵسە تۆبە دەكات لەدوای من و دەبێت بە نێردراوی من. وە پێویست ناكات شتێك بنووسین لە سەرەتاكانی گەشتی ژیانی ئەم كابرایە؛ چونكە مەسیحیەكان بەباشی ئەمە دەزانن. ئەی هاوار ئەم كابرایە هەر ئەو كابرایە بوو كە زۆر بەتوندی ئازاری مەسیحی (عليه السلام) دەدا بەدرێژایی مانەوەی لەو وڵاتەدا، وە كاتێك عیسا (عليه السلام) كۆچی كرد بۆ كشمیر پاش ڕزگاربوونی لە مردنی سەر خاچ، پۆڵس -لەسەر بناغەی خەونێكی ساختە- خۆی خستە ڕیزی حەواریەكانیەوە، وە مەسەلەی سێ خوایی داتاشی، گۆشتی بەرازی حەڵاڵ كرد بۆ مەسیحیەكان كە بە حوكمی تەورات بۆ هەتاهەتایە حەرام كرابوو، وە بازنەی ڕەوابوونی خواردنەوەی مەی و بادەی فراوان كرد، وە سێ خوایی خستەناو بیروباوەڕەكانی ئینجیلەوە، بۆ ئەوەی بەم هەموو بیدعەیە یۆنانیە بتپەرستەكان ڕازی بكات. لەوەوە].
پاشان ئەوان تەنھا بەوەندە وازیان نەھێنا كە مەسیح ناوبنێن كافر، بەڵكو تۆمەتباریان كرد بەوەی كە كەسێكی بێ باوەڕە، وە گوتیان ئايینی مووسایی ئایینێكی پووچە ئەگەر ئەم كابرایە ڕاستگۆ بێت. بێگومان ئەو سەردەمەی ئەوان وەكو سەردەمی گروپە خواروخێچەكان وابوو بۆیان؛ چونكە فەرموودە هەڵبەسراوەكان ئەوانی فریودابوو.
بەكورتی، پێویستە لەكاتی خوێندنەوەی فەرموودەدا هەمیشە ئەوەمان لەبیر بێت كە پێشتر كۆمەڵێك هەبوون بەهۆی ئەوەی فەرموودەیان كرد بەدادوەر بەسەر تەوراتەوە گومڕا بوون تەنانەت باوەڕیان نەهێنا بە پێغەمبەرێكی ڕاستگۆ و بەدرۆزنیان زانی و ناویاننا كافر و دەججال.
بەڵام صەحیحی بوخاری كتێبێكی پیرۆز و زۆر بەسوودە بۆ موسوڵمانان، وە كتێبێكە بەڕاشكاوی تێیدا هاتووە كە مەسیح (عليه السلام) مردووە. وە هەروەها موسلیم و كتێبەكانی تری فەرموودە پێكهاتوون لە كۆگایەكی گەورە لە بابەت و زانیاری، وە پێویستە كاریان پێ بكرێت بەمەرجێك چەمكی ڕیوایەتەكانی ناویان پێچەوانەی قورئان و سوننەت و ئەو فەرموودانە نەبێت كە تەبا و گونجاون لەگەڵ قورئانی پیرۆزدا.
ئاگادار بن ئەی بەندەكانی خوا، ئەی ئەوانەی بە شوێن خوادا دەگەڕێن، گوێبگرن و تێبگەن! هیچ شتێك نابێتە بارتەقای یەقین. بێگومان یەقینە كە مرۆڤ ڕزگار دەكات لە تاوان. وە یەقینە كە توانا دەدات بەمرۆڤ بۆ ئەنجامدانی كاری خێر و چاكە. وە یەقین بەندە دەكات بە بەندەیەكی ڕاستگۆ و خۆشەویستی خوای گەورە. ئایا پێتان وایە بەبێ بوونی یەقین توانای ئەوەتان هەیە وازبھێنن لە تاوان و خراپە؟ یان دەتوانن خۆتان ڕزگاربكەن لە پاڵنەر و ئارەزووەكانی دەروون بەبێ درەوشانەوەی یەقینی؟ یان دەتوانن بەبێ یەقین دڵنیایی و ئۆقرەیی بەدەستبھێنن؟ یان دەتوانن بەبێ یەقین هیچ گۆڕانكاریەكی ڕاستەقینە دروست بكەن؟ یان لەتواناتاندا هەیە ئارامی و ئاسوودەیی ڕاستەقینە بەدەستبھێنن بەبێ یەقین؟ ئایا كەفارەت یان فيدیەیەك هەیە لەژێر ئاسماندا توانای ئەوەتان پێ بدات كە واز لەتاوان و خراپە بھێنن؟ ئایا خوێنە ساختەكەی عیسای كوڕی مەریەم دەتوانێت لە تاوان ڕزگارتان بكات؟ ئەی مەسیحیەكان درۆیەكی وەها هەڵمەبەستن كە بەهۆیەوه خەریكە زەوی بقڵیشێ. یەسووع خۆی پێویستی بە یەقین بوو بۆ ڕزگاربوونی، ئەوە بوو یەقینی پەیداكرد و ڕزگاری بوو. زۆر بەداخەوە بۆ مەسیحیەكان كە خەڵكی فریودەدەن و دەڵێن ڕزگاریان بووە لە تاوان لەسایەی فەزڵی خوێنی مەسیحەوە، لەگەڵ ئەوەی لە تەوقی سەرەوە هەتا بنی پێ نوقم بوون لە تاواندا. نازانن كێ خوایانە، بەڵكو ژیانیان لیخن بووە بە غەفڵەت و بێ ئاگایی، وە مەستی مەی و بادە عەقڵی داپۆشیون، بەڵام هیچ زانیاریەكیان نیە دەربارەی ئەو مەستبوونە پاكەی كە لە ئاسمانەوە دادەبەزێت. ئەوان بێبەشن لەو ژیانەی كە لەگەڵ خوادا دەبێت و هەروەها بێبەشن لە میوەی ژیانی پاك و بێ گەرد. لەبەرئەوە بزانن كە بەبێ یەقین ناتوانن خۆتان دابڕنن لە ژیانی تاریكی و ناتوانن ڕۆحی پیرۆز بەدەستبھێنن.
دەی پیرۆزن ئەو كەسانەی شاد دەبن بە یەقین؛ چونكە ئەوانە كەسانێكن كە پەروەرگاری خۆیان دەبینن. وە پیرۆزن ئەو كەسانەی ڕزگاریان بووە لە گومان و دوودڵی چونكە ئەوانە كەسانێكن كە ڕزگاریان دەبێت لە تاوان. وە ئێوە كەسانێكی پیرۆزن ئەگەر سامانی یەقینتان پێ بدرێت؛ چونكە دوای ئەوە تاوانەكانتان كۆتایی پێ دێت. بێگومان تاوان و یەقین هەرگیز بەیەكەوە كۆنابنەوە. ئایا دەتوانن دەستان بخەنە كونێكەوە كە سوور بزانن مارێكی زۆر ژەهراوی لەناویدا هەیە؟ یان ئایا دەتوانن لە شوێنێكدا بوەستن كە گڕكانێك ئاگر ببارێنێت بەسەریدا، یان هەورەبروسكەى تێدا بێتەخوارەوە، یان شێرێكی دڕندە هێرشی تێدا بكات، یان تێیدا تاعوونێكی قەوتێنەر خەڵكی قڕبكات؟ دەی ئەگەر ئێوە یەقینتان بەبوونی خوا هەبێت وەك چۆن یەقینتان بە بوونی مار یان هەورەبروسكە یان شێر یان تاعوون هەیە لەشوێنێكدا؛ ئەوا ئەستەمە بەهۆی سەرپێچیكردنتان لە فەرمانەكانی خوای گەورە ڕێگای سزا بۆ خۆتان هەڵبژێرن، یان پەیوەندی ڕاستگۆیی و وەفاداری بپچڕێنن لەگەڵیدا.
ئەی ئەوانەی بانگكراون بۆ گرتنەبەری ڕێگای چاكە و خێر، بەدڵنیاییەوە بزانن كە هەرگیز كێش ناكرێن بۆ لای خوا و هەرگیز پاكنابنەوە لە لەكەی پیسی تاوان مەگەر ئەو كاتەی كە دڵتان پر دەبێت لە یەقین و دڵنیایی.
ڕەنگە بڵێن ئێمە یەقینمان بەدەستهێناوە. دەی بزانن ئێوە لەم بارەيەوە فریوتان خواردووە. هەرگیز یەقینتان بەدەستنەهێناوە؛ چونكە پێداویستیەكانی یەقین لە ئێوەدا بوونی نیە. ئەمەش چونكە ئێوە سڵ ناكەنەوە لە تاوان، وە وەكو پێویست بەرەو پێشەوە ناڕۆن، وەك چۆن شایستەیە تەقوای خواتان نیە. بیربكەنەوە، ئایا كەسێكتان دەستی دەخاتەناو كونێكەوە كە دڵنیا بێت مارێكی تێدایە؟ وە ئایا خۆراكێك دەخوات كە دڵنیا بێت ژەهرێكی تێكراوە؟ چۆن دەكرێت كەسێك بەچاوی خۆی هەزار شێری دڕندە ببینێت لەدارستانێكدا كەچی بە غافڵی و بێ خەم هەنگاو بنێت بۆ ئەو دارستانە؟ كەواتە -ئەگەر ئێوە بەڕاستی باوەڕتان بەخوا و ڕۆژی سزا هەیە- چۆن دەوێرن بەدەست و قاچ و گوێ و چاوتان تاوان ئەنجام بدەن؟ ئەستەمە تاوان زاڵ بێت بەسەر یەقیندا. چۆن دەكرێت خۆتان بخەنەناو ئاگرێكی سووتێنەر و بڵیسەدارەوە كە بەچاوی خۆتان دەیبینن؟ بزانن دیوارەكانی یەقین لە ئاسمان تێپەڕ دەكەن و ئەستەمە شەیتان بتوانێت سەركەوێت بەسەریاندا. وە هەموو ئەوانەی خۆیان پاكدەكەنەوە تەنھا بەهۆی یەقینەوە خۆیان پاكدەكەنەوە. یەقین هێزی ئارامگرتن و دان بەخۆدا گرتن دەدات بەمرۆڤ لەسەر ئازارەكان، تەنانەت كارێك دەكات پاشا وازبھێنێت لە تەختەكەی و پۆشاكی هەژاری و دنیانەویستی لەبەربكات. یەقین هەموو ئازار و نەهامەتیەك سووك و ئاسان دەكات، یەقین خوای گەورە پیشان دەدات. بێگومان هەموو كەفارەتێك ساختەیە و هەموو فیدیەیەك پووچە، هەموو پاكییەك تەنھا بەهۆی یەقینەوە دەڕەخسێت. وە تەنھا یەقینە كە مرۆڤ ڕزگاردەكات لە كۆت و پێوەندی تاوان، وە دەیگەیەنێتە لای خوای گەورە، وە وای لێ دەكات كە لە ڕاستگۆیی و دامەزراویدا پێش فریشتەكان بكەوێت. هەر ئایینێك یەقین نەبەخشێت بەشوێنكەوتووانی ئایینێكی باتڵە، وە هەر ئایینێك نەتوانێت لەڕێگەی هۆكارە یەقینیەكانەوە خوای گەورە پیشان بدات ئەوە ئایینێكی ساختە و درۆیە. وە هەر ئایینێك شتێكی نەبوو جگە لە داستانە كۆنەكان ئەوە ئایینێكی ساختە و درۆیە. خوای گەورە بەردەوام هەتا ئێستا وەكو پێشوو وایە، وە تواناكەیشی ئەمڕۆ بەردەوامە وەك پێشوو، وە بەردەوام توانای هەیە هەروەك پێشوو نیشانەكان پیشان بدات؛ ئیتر بۆچی بە چیرۆكەكان ڕازی دەبن. فەوتاوە ئەو ئایینەی كە خاوەنی موعجیزە و پێشبینییەكان نیە جگە لە چیرۆك، وە فەوتاوە ئەو كۆمەڵەی كە خوا دانەبەزیوەتە ناوی، وە لەڕێگەی یەقینەوە بەدەستی خوا پاك نەبووەتەوە. هەروەك چۆن مرۆڤ ڕادەكێشرێت بۆ لای ئەو هۆكارانەی كە چێژ و خۆشی دەبەخشن بەنەفس كاتێك دەیانبینێت، بەهەمان شێوە مرۆڤ كێش دەكرێت بۆ لای خوای گەورە كاتێك چێژ و خۆشیە ڕۆحیەكانی دەستگیردەبێت لەڕێگەی یەقینەوە، وە جوانیەكەی مەستی دەكات بەجۆرێك هەموو شتەكانی تر لەبەرچاویدا لەبەرامبەر ئەودا نزم و هیچ دەبێت. وە ئەستەمە مرۆڤ ڕزگاری بێت لە تاوان مەگەر كاتێك بەشێوەیەكی یەقینیی خوای گەورە بناسێت و ئاگاداربێت لە شكۆ و سزا و پاداشتەكەی.
بزانن بناغەی هەموو بێشەرمیەك بریتیە لە نەبوونی مەعریفەت، وە ئەو كەسەی پشكێكی پێ خەڵات كرا بێت لە ناسینی خوا بەشێوەیەكی یەقینی ناكرێت بەردەوام وەك كەسێكی بێشەرم بمێنێتەوە. ئەستەمە خاوەنی ماڵێك لەماڵەكەیدا بمێنێتەوە ئەگەر بزانێت لافاوێكی گەورە بەرەو ماڵەكەی دێت، یان ئاگرێك هەڵگیرساوە لە دەوروبەریدا بستێكی ماوە بگاتە ماڵەكەی ئەو. دەی بۆچی لەدۆخە مەترسیدارەكانتاندا دەمێننەوە لەگەڵ ئەوەی بانگەشەی بوونی یەقین دەكەن بە سزای خوا؟ دەی چاوتان بكەنەوە و بڕوانن بۆ ڕێسای ڕەوانی خوا لە هەموو جیهاندا. مەبن بە مشك كە خۆی نووساندووە بەزەویەوە، بەڵكو ببن بە كۆتر كە لە بەرزاییدا دەفڕێت و كەشی ئاسمانی بەلاوە خۆشە.
كەواتە بەردەوام سوور مەبن لەسەر تاوان پاش ئەوەی كە پەیمانی تۆبە و پەشیمان بوونەوەتاندا؛ وەكو مار مەبن كە بەردەوام هەر مارە تەنانەت پاش فڕێدانی كاژەكەیشی. هەمیشە یادی مردن بكەنەوە چونكە وردە وردە نزیك دەبێتەوە لێتان و ئێوە لێی بێ ئاگان، وە هەوڵ بدەن خۆتان پاك بكەنەوە؛ چونكە مرۆڤ ناتوانێت بگات بەو زاتە پاك و بێگەردە مەگەر خۆی پاك بكاتەوە.
بەڵام چۆن ئەم نیعمەتە بەدەستدەهێنن، خوای گەورە خۆی وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە و لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: {وَاسْتَعِينُوا بِالصَّبْرِ وَالصَّلَاةِ}[البقرة: 56] واتە داوای یارمەتی لەخوا بكەن بەهۆی ئارامگرتن و نوێژكردنەوە.
ئایا نوێژ چیە؟ نزایەكە لاڵانەوە و ستایش و سوپاس و پاكڕاگرتنی خوا و داوای لێخۆشبوون و سڵاواتدان لەسەر پێغەمبەری (ﷺ) لەگەڵدا بێت. ئەگەر نوێژتان كرد ئەوا لە نزاكانتاندا وەكو مرۆڤە غافڵەكان خۆتان پابەند مەكەن بە وشە عەرەبیەكانەوە بەتەنھا؛ چونكە ئەوان هەموو نوێژ و نزا و داوای لێخۆشبوونێكيان تەنھا نەریت و سرووتە و خاڵیە لە كرۆكی حەقیقەت. بەڵام ئێوە كاتێك هەڵدەستن بۆ بەجێھێنانی نوێژ، ئەوا سەرەڕای نزاكانی قورئان كە بریتیە لە كەلامی خوا و نزا سوننەتەكان كە فەرمایشتی پێغەمبەرن (ﷺ)، پێویستە هەموو نزا گشتیەكانی ترتان بە ملكەچیەوە بەزمانی دایك بكەن. بۆ ئەوەی ئەو لاڵانەوە و مەلكەچیە شوێنەوارێك لەسەر دڵتان بەجێ بھێڵێت.
فەلسەفەی كاتەكانی پێنج نوێژەكە
پێنج نوێژەكە كامانەن؟ شتێك نین جگە لە وێنەی دۆخە جیاوازەكانی ئێوە؛ چونكە پێنج گۆڕانكاری پەیوەستە بە ژیانتانەوە و لەكاتی بەڵا و نەهامەتیەكاندا تووشیان دەبن، وە دەبێت سروشتی ئێوە ئەم دۆخە جیاوازانەی بەسەردا بێت.
1. یەكەم، كاتێك هەواڵێكت پێ دەگات كە ئەوەندەی نەماوە دووچاری بەڵایەك بیت، وەك ئەوەی یاداشتێك لە دادگا دەربچێت لە دژت بەوەی كە پێویستە لەبەردەم ئەو دادگایەدا ئامادە بیت. ئەمە یەكەم گۆڕانكاریە كە ڕوونی ژیانت لێڵ دەكات و ئاسوودەییت تێكدەدات، وە ئەم دۆخە لە ساتی خۆرئاوابوون دەچێت؛ چونكە بەمە ئاسوودەیی و بەختەوەریت بەرەو ئاوابوون دەچێت، لەبەرامبەر ئەم دۆخەدا نوێژی نیوەڕۆ فەرزكراوە كە كاتەكەی لەگەڵ لاربوونەوەی خۆر بەرەو ئاوابوون دەستپێدەكات.
2. گۆڕانكاری دووەم كاتێك تووشت دەبێت كە لە شوێنی بەڵاكە نزیك دەبیتەوه، وەك ئەوەی بەقۆڵبەستكراوی لەبەردەم دادوەردا بوەستێنرێیت بەگوێرەی یاداشتنامەكە، ئەمە كاتێكە كە ئەوەندەی نەماوە لە ترسا زراوت بچێت و ڕووناكی ئۆقرەیی و ئاسوودەیت بەرەو نەمان بچێت، ئەم دۆخەت لەو كاتە دەچێت كە ڕووناكی خۆر تێیدا بەرەو كزی دەچێت و دەتوانرێت سەیری خۆر بكرێت، وە بە ئاشكرا دەردەكەوێت كە خەریكە ئاوا دەبێت؛ وە لەبەرامبەر ئەم دۆخە ڕۆحیەدا نوێژی عەسر فەرزكراوە.
3. وە دۆخی سێيەم كاتێك تووشت دەبێت كە بەتەواوەتی نائومێد دەبیت لەوەی كە ڕزگارت بێت لەو بەڵا و نەهامەتیە، وەك ئەوەی دادگاكه دژی تۆ بەڕێوەبچێت و شایەتەكان شایەتی بدەن لە دژی تۆ بۆ ئەوەی لەناوبچیت، ئەمە كاتێكە كە تێیدا دڵت دادەخورپێت و خۆت وەك دیلێك لەقەڵەم دەدەیت. وە ئەم بارودۆخەت لە خۆرئاوابوون دەچێت كە ئومێدی ڕووناكی ڕۆژ نامێنێت، لەبەرامبەر ئەم دۆخە ڕۆحیەدا نوێژی ئێوارە فەرزكراوە.
4. وە گۆڕانكاری چوارەم لەپڕا تووشت دەبێت كاتێك بەكردەیی بەڵا لە هەموو لایەكەوە چواردەورت دەگرێت، وە تاریكیە ئەنگوستەچاوەكەی باڵ دەكێشێت بەسەرتدا، وەك ئەوەی بڕیاری سزات بۆ دەرچێت، وە ڕادەستی پۆلیس بكرێیت بۆ ئەوەی زیندانی بكرێیت، پاش پیشاندانی شایەتیەكان و تۆمەتباركردنت، ئەم دبارودۆخەت لەو كاتە دەچێت كە شەو دادێت و تاریكیە چڕەكەی هەموو شتێك داپۆشێت؛ وە لەبەرامبەر ئەم دۆخە ڕۆحیەدا نوێژی خەوتنان فەرزكراوە.
5. پاش ئەوەی ماوەیەك لە تاریكی ئەو مەینەتیەدا دەمێنیتەوە، لەكۆتاییدا ڕەحمەتی خوا دەجووڵێت بۆت و لەو تاریكیە ڕزگارت دەكات، بەتەواوەتی وەك چۆن لەكۆتاییدا پاش تێپەڕینی تاریكی شەو بەرەبەیان دەردەكەوێت، وە دووبارە ڕووناكی ڕۆژ شەوق دەداتەوە، وە لەبەرامبەر ئەم دۆخە ڕۆحیەدا نوێژی بەیانی فەرزكراوە.
بێگومان خوای گەورە ئەم پێنج نوێژەی فەرزكردووە لەسەرتان بەڕەچاوكردنی ئەم پێنج دۆخەی گۆڕانكاری كە لە سروشتی ئێوەدا ڕوودەدەن. وە دەكرێت لەمەوە پەی بەوە بەرن كە ئەم نوێژانە تەنھا بۆ سوودی ئێوەیە. دەی ئەگەر ئێوە دەتانەوێت بێوەی بن لەم بەڵا و نەهامەتیانە ئەوا وازمەهێنن لە پێنج نوێژەكە؛ چونكە ئەم پێنج نوێژە بریتین لە ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنە ڕۆحی و دەروونیەكانتان. بێگومان لەنوێژدا چارەسەر هەیە بۆ ئەو مەینەتیانەی كە لەداهاتوودا پەیدا دەبن. هەڵبەت ئێوە نازانن ڕۆژێكی نوێ چ قەزا و قەدەرێك بۆ ئێوە دەهێنێت، بۆیە پێش ئەوەی ڕۆژێكی نوێ گزنگ بدات لەبەردەم خوای خۆتاندا بپاڕێنەوە كە گزنگدانەكەی خێر و بەرەكەت بێت بۆتان.
وتارێك بۆ كاربەدەست و پاشا و دەوڵەمەندەكان
ئەی كاربەدەست و پاشا و دەوڵەمەندەكان، كەمێك لە ئێوە لەخوا دەترسێت و ڕاستگۆیە لە هەموو كاروبارەكانیدا. زۆربەتان شەیدا و تامەزرۆی سەروەت و سامان و خۆشیەكانی دنیان، وە هەموو ژیانی خۆتان بۆ دنیا خەرج دەكەن و بیری مردن ناكەنەوە. هەر كاربەدەستێك نوێژ بەجێنەهێنێت و بێ ئاگا بێت لە خوا؛ ئەوا تاوانی هەموو خزمەتكارەكانی و كەسانی دەوروبەری خۆی لە ئەستۆدایە. وە هەر دەوڵەمەندێك مەی و بادە بخواتەوە ئەوا تاوانی ئەو كەسانەی لە ئەستۆیدایە كە لەژێر كاریگەری ئەودا خۆیان سەرخۆش دەكەن و لەگەڵی دادەنیشن لە خواردنەوەدا.
ئەی كەسانی ژیر، ئەم دنیایە خانەی مانەوە و نیشتەجێ بوون نیە، بۆیە وریا بن و ئاگاتان لە خۆتان بێت. دووربكەونەوە لە هەموو لادانێك، وازبھێنن لە هەموو جۆرە ماددەیەكی سەرخۆشكەر و بێهۆشكەر. تەنھا مەی مرۆڤ لەناونابات بەڵكو ئەفیون و گانج و حەشیش و بەنگ و تاری و هەموو ئەو شتانەی تر كە مرۆڤ تووشی سەرخۆشی و ئالوودەبوون دەكەن، هەموو ئەو ماددانە عەقڵی خراپ دەكەن و لەكۆتاییدا لەناوی دەبەن و گومڕای دەكەن، بۆیە لەهەموویان دووربكەونەوە. نازانین بۆچی ئەم شتانە بەكاردەھێنن كه ساڵانە دەبنە هۆی مردنی هەزارەها كەسی وەكو ئێوە لە ئالوودەبووان[ئەو زیانەی كە تووشی ئەوروپیەكان دەبێت بەهۆی خواردنەوەی مەیەوە هۆكارەكەی بریتیە لەوەی كە عیسا (عليه السلام) مەی و بادەی خواردووەتەوە، ڕەنگە وەك دەرمان و چارەسەرێك بۆ نەخۆشییەك یان بەهۆی نەریتێكی كۆنەوە، بەڵام ئەی موسوڵمانان پێغەمبەرەكەی ئێوە (ﷺ) مەعسووم و پاك و بێ گەردە لە بەكارهێنانی هەموو جۆرە ماددەیەكی سەرخۆشكەر، هەروەك بەهەموو مانای وشە مەعسوومە، دەی كێ هەیە لە ئێوە شوێنی بكەوێت لەگەڵ ئەوەی بانگەشەی ئیسلام دەكەن. بێگومان قورئانی پیرۆز مەی حەڵاڵ ناكات وەك چۆن ئینجیل حەڵاڵی دەكات، ئیتر ئێوە بە چ كتێبێك حەڵاڵی دەكەن؟ ئایا پێتان وایە دوای مردن هەرگیز زیندووناكرێنەوە؟ لەوەوە] سەرەڕای سزای دواڕۆژ. ببن بە پارێزكار بۆ ئەوەی تەمەنتان درێژ بێت و بەرەكەتەكانی خواتان پێ بگات. بێگومان ژیانی لووتبەرزی ژیانێكی نەفرەتلێكراوە، وە ژیانی ڕەوشت نزمی و لەڕادەبەدەر دڵڕەقی ژیانێكی نەفرەتلێكراوە، وە ئەو ژیانەی كە تێیدا مرۆڤ لەڕادەبەدەر بێ ئاگا بێت لە خوا یا لە هاوخەمی و دڵسۆزی بۆ بەندەكان ژیانێكی نەفرەتلێكراوە. هەموو دەوڵەمەندێك پرسیاری لێ دەكرێت لە مافەكانی خوا و مافی بەندەكان، هەروەك لەم بارەيەوە پرسیار لە هەموو هەژارێك دەكرێت، بەڵكو دەوڵەمەند زیاتر پرسیاری لێ دەكرێت. چەند بەدبەختە ئەو مرۆڤەی پشت بەم ژیانە كورتە دەبەستێت، وە بەتەواوەتی ڕوو لەخوا وەردەگێڕێت، وە بێشەرمانە ئەو خواردنانە دەخوات كە خوای گەورە حەرامی كردوون وەك ئەوەی بۆی حەڵاڵ كرابێت، وە ئەگەر تووڕە بێت ئەوا جنێو بەم دەدات و ئەو برینداردەكات و وەكو شێت هێرش بۆ ئەوی تر دەبات بەنیازی كوشتنی، وە لەكاتی هەڵچوونی ئارەزووەكانیدا دەگاتە نزمترین پلەی خراپە و داوێنپیسی. بێگومان ئەم جۆرە كەسە هەتا مردن بەختەوەری ڕاستەقینە بەدەستناھێنێت.
ئازیزان، بێگومان ئێوە هاتوون بۆ ئەم دنیایە بۆ بەسەربردنی ڕۆژانێكی كەم كە زۆربەیان تێپەڕیون، دەی گەورەكەی خۆتان تووڕە مەكەن. دەبینن ئەگەر دەوڵەتێكی دنیایی كە لە ئێوە بەهێزترە لێتان تووڕە بێت؛ ئەوا بەتەواوەتی لەناوتان دەبات، ئیتر چۆن بێ خەمن لە تووڕەبوونی خوا؟ هیچ كەسێك ناتوانێت لەناوتان ببات ئەگەر ئێوە لای خوای گەورە لەڕیزی پارێزكاراندا بن، بەڵكو خوا خۆی دەتانپارێزێت، وە هەرگیز دوژمنەكەتان، كە لەهەموو لایەكەوە لەبۆسەدایە بۆتان، سەرناكەوێت بەسەرتاندا، بەڵام ئەگەر لە پارێزكاران نەبن؛ ئەوا كەس ناتانپارێزێت، بەڵكو لەدۆخی دڵەڕاوكێ و نیگەرانی و تۆقین لە دوژمن ژیان بەسەردەبەن یان تووشی چەندین بەڵا و نەهامەتی تر دەبن، وە كۆتایی تەمەنتان لە خەم و خەفەت و ئازاری زۆر بەژاندا بەسەردەبەن. بێگومان خوا (سبحانه وتعالی) دەبێتە پەناگەیەك بۆ ئەو كەسانەی كە لەگەڵیدا دەبن، دەی وەرن بۆ لای خوا، وە واز لە هەموو ناكۆكیەك بھێنن لەگەڵیدا، وە سستی مەنوێنن لە بەجێهێنانی فەرزەكانیدا، ستەم مەكەن لە بەندەكانی نەبەدەست و نە بە زوبان[بێگومان ئەو كەسەی تووڕەدەبێت لە هاوتوخمەكەی خۆی ئەوا بەهۆی تووڕەبوونەوه لەناودەچێت، لەبەرئەوە لە سورەتی “الفاتحة”دا خوا جوولەكەی ناوناوە “المغضوب علیهم”، وە لەمەدا ئاماژە هەیە بۆ ئەوەی كە گومانی تێدا نیە هەموو تاوانبارێك ڕۆژی قیامەت تووڕەبوونی خوا دەچێژێت، بەڵام ئەو كەسەی لەم دنیایەدا بەناحەق تووڕە دەبێت ئەوا تووشی تووڕەبوونی خوا دەبێت لەم دنیایەشدا. تووڕەبوون لە مەسیحیەكانەوە دەرنەكەوتووه وەك له جوولەكەوه دەركەوتووە، بۆیە ئەوان نازناوی (الضالين) بڕاوە بەسەریاندا لە سورەتی “الفاتحة”دا. وە بزانە كە وشەی (الضالین) دوو مانای هەیە یەكەمیان ئەوەیە كە لەڕێگای ڕاست لایان داوە، دووەمیان ئەوەیە كە سڕاونەتەوە و تواونەتەوە، وە بەبۆچوونی من لەم وشەیەدا مژدەیەك هەیە بۆ ئەوان كە ڕۆژێك لەڕۆژان لە ئایینی پووچ ڕزگاریان دەبێت و لەناو ئیسلامدا دەتوێنەوە و هێواش هێواش وازدەهێنن لە باوەڕی بتپەرستی و سرووتە ئابڕووبەرەكان و دەبن بە یەكتاپەرست وەكو موسوڵمانەكان. بەكورتی، وشەی “الضالین” لە كۆتایی سورەتی “الفاتحة”دا هاتووە بریتیە لە پێشبینییەك سەبارەت بەوەی كه تووشی دۆخی مەسیحیەكان دەبێت لە داهاتوودا بەڕەچاوكردنی مانای دووەمی الضلال كە بریتیە لە نەمان و سڕینەوەی شتێك لە شتێكی تردا و توانەوە لەناویدا. لەوەوە]، وە هەمیشە لە دەسەڵات و تووڕەبوونی ئاسمان بترسن، ئەمەیە ڕێگای ڕزگاربوون.
وتارێك بۆ زانایان
ئەی زانایانی ئیسلام، پەلەمەكەن لە بەدرۆزانینم، بێگومان كۆمەڵێك ڕازی زۆر هەیە كە مرۆڤ بەخێرایی پەی نابات پێیان. ڕامەپەڕن بۆ نكوڵی كردن لە قسەیەك دەستبەجێ دوای بیستنی، ئەمە ڕێگای پارێزكاری نیە. ئەگەر ئێوە بەتەواوەتی پاك و بێگەردن لە خەوش و ناتەواوییەكان، وە ئەگەر لە تێگەيشتن لە هەندێ فەرموودەدا هەڵەتان نەكردووە؛ ئەوا ڕەوانەكردنی مەسیحی بەڵێندراو -كە بریتیە لە ناوبژیوان- بەدڵنیاییەوە كارێكی پڕوپووچە. بێگومان لە بەسەرهاتی جوولەكەدا پەند و ئامۆژگاری هەیە بۆ ئێوە، دیارە ئەوانیش وەكو ئێوە پێداگرییان لەسەر شتێك دەكرد و بەهەمان ڕێڕەوی ئێوەدا دەڕۆيشتن، مەبەستم ئەوەیە ئەوانیش چاوەڕوانی دووبارە هاتنەوەی ئیلیاسیان (عليه السلام) دەكرد وەك چۆن ئێوە چاوەڕێی دووبارە ڕەوانەكردنەوەی عیسا (عليه السلام) دەكەن. ئەوان دەیانگوت مەسیح ڕەوانە دەكرێت لەناویاندا پاش ئەوەی كە ئیليیا پێغەمبەر (ئیلیاس) دووبارە دادەبەزێتەوە بۆ دنیا كە بەرزكراوەتەوە بۆ ئاسمان، وە ئەو كەسەی پێش دابەزینی ئیلیاس بانگەشەی ئەوە بكات كە مەسیحە ئەوە كەسێكی درۆزنە. وە ئەم باوەڕەیان تەنھا لەسەر ڕیوایەتەكانیان بنیاد نەنابوو، بەڵكو بۆ سەلماندنی كتێبی خوایان پێشكەش دەكرد كە بریتیە لە سیفری پێغەمبەر مەلاخی. بەڵام كاتێك عیسا (علیه السلام) ڕایگەیاند كە خۆی مەسیحی بەڵێندراوی جوولەكەیە، بێ ئەوەی ئیلیاس لە ئاسمانەوە دابەزێت _ئەو بابەتەی كە مەرجێك بوو بۆ بانگەشەكەی_ ساغبوویەوە كە ئەم بیروباوەڕانەی جوولەكە هەموویان پووچن، وە لەكۆتاییدا ڕوونبوویەوە ئەوەی جوولەكە بانگەشەیان دەكرد كە ئیليیا پێغەمبەر بەجەستە ماددیەكەیەوە لە ئاسمانەوە دادەبەزێت، مانای دەركەوتنی پیاوێكی ترە بە سروشت و ئەخلاقی ئیلیياوە. وە ئەمە تەئویلێكە خودی ئەو مەسیحە (عليه السلام) كردوویەتی كە ئێوە دووبارە لە ئاسمانەوە دایدەبەزێنن، ئیتر بۆچی لەبابەتێكدا پێتان هەڵدەخلیسكێت كە پێشتر جوولەكە تێیدا پێیان هەڵخلیسكاوە؟ لە وڵاتەكانتاندا هەزاران جوولەكە هەیە، دەی پرسیاریان لێ بكەن ئایا بیروباوەڕی ئەوانیش وەكو ئەو بیروباوەڕەی ئێوە نیە كە ئەمڕۆ هەتانە؟ بێگومان ئەو خوایەی كە لەپێناوی عیسادا ئیلیيای لە ئاسمانەوە دانەبەزاند _تەنانەت مەسیح (عليه السلام) ناچار بوو ئەو تەئویلانە بكات لەبەردەمی جوولەكەدا_ ئیتر چۆن لەبەر خاتری ئێوە عیسا دادەبەزێنێت. سەیر ئەوەیە ئەو كەسەی كە ئێوە داوادەكەن دووبارە دابەزێتە خوارەوە بڕیارەكەی خودی ئەو ڕەتدەكەنەوە! ئەگەر ئێوە گومانتان لەوە هەیە كە ئێمە وتمان ئەوە مەسیحییەكان، كە لەوڵاتەكانتاندا بە ملیۆنەها هەن و ئەوەش ئینجیلەكەیان، دەی پرسیاریان لێ بكەن: ئایا ڕاست نیە كە عیسا (عليه السلام) بەجوولەكەی گوت ئەو ئیلیيایەی بەتەمان دووبارە دابەزێتە خوارەوە بریتیە لە یۆحەننا.. واتە یەحیا؟ بەم شێوەیە و بەیەك وشه مەسیح (عليه السلام) هەموو هیوا كۆنەكانی جوولەكەی بەبادا. دەی ئەگەر دابەزینی خودی عیسا پێغەمبەر (عليه السلام) لە ئاسمانەوە پێویست بوایە؛ ئەوا وەك پێغەمبەرێكی ڕاستگۆ نەدەمایەوە؛ چونكە ئەگەر گەڕانەوە لە ئاسمانەوە سوننەتی خوا بوایە؛ ئەوا بۆچی ئیلییا پێغەمبەر نەگەڕایەوە؟ وە بۆچی مەسیح (عليه السلام) پەنای بردەبەر تەئویل بەجۆرێك گوتی یەحیا بریتیە لە ئیلییا؟ دەی لێرەدا با ئەوانەی هۆشیارن ڕابمێنن.
لَا إِكْرَاهَ فِي الدِّينِ
بەگوێرەی بیروباوەڕی ئێوە ئەو ئەركەی كە لەپێناویدا مەسیحی كوڕی مەریەم لە ئاسمانەوە دادەبەزێت -واتە جەنگكردن لەگەڵ خەڵكیدا بەهاوڕێیەتی مەهدی بۆ ناچاركردنیان كە باوەڕ بە ئیسلام بھێنن- بەدڵنیاییەوە بیروباوەڕێكی خراپە بۆ ئیسلام. لەكوێی قورئانی پیرۆزدا هاتووە كە زۆركردن لە ئاییندا كارێكی ڕەوایە؟ نەخێر، بەڵكو خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: {لَا إِكْرَاهَ فِي الدِّينِ}… واتە زۆرلێكردن و ناچاركردن لە ئاییندا بوونی نیە، دەی لەكوێ مەسیح دەسەڵاتی زۆرلێكردنی پێدراوە بەجۆرێك بە هیچ شتێك ڕازی نەبێت جگە لە ئیسلام یان كوشتن، تەنانەت سەرانەیش قەبوڵ ناكات؟ لە چ شوێنێك و لە چ جوزئێك و لە چ سورەتێكی قورئانی پیرۆزدا ئەم فێركارییە هاتووە؟[ئەگەر بوترێت موسوڵمان كردنی عەرەبەكان بەزۆر كارێكی ڕەوا بووە؛ ئەوا ئەمە قسەیەكە بە هیچ شێوەیەك لە قورئانەوە ڕاستیەكەی ناسەلمێنرێت، بەڵكو لە قورئانەوە ئەوه ساغدەبێتەوە كە هەموو عەرەب زۆر بەتوندی ئازاری پێغەمبەریاندا (ﷺ)، وە زۆرێك لە هاوەڵەكانیان كوشت لە ژنان و لە پیاوان، وە ئەوانەی كە لەشمشێری ئەوان ڕزگاریان بوو لە وڵاتی خۆیان دەریانكردن، لەبەرئەوە هەموو ئەوانەیان كە تاوانی كوشتنیان ئەنجامدا و ئەوانەیش كە یارمەتییاندان لای خوا شایستەی كوشتن بە كوشتن بوون، وە كوشتنیان وەك تۆڵەیەك حوكمی سەرەكی بوو دەربارەیان، بەڵام خوای میهرەبان بارەكەی سووك كرد لەسەریان و فەرمووی ئەوەیان باوەڕبھێنێت بە ئیسلام عەفوو دەكرێت لەو تاوانەی كە بەهۆیەوە شایستەی كوشتن بووە، بۆیه جیاوازی زۆرە لەنێوان ئەم ڕەحمەتە و زۆلێكردندا! لەوەوە] بێگومان هەموو قورئان جار لەدوای جار ڕایدەگەیەنێت كە زۆركردن لە ئاییندا نیە، وە بەجوانی ڕوونیكردووەتەوە كە ئەو جەنگانەی لەسەردەمی پێغەمبەردا (ﷺ) بەرپاكراون بۆ ئەوە نەبووە كە بەزۆر ئايین بڵاوبكرێتەوە، بەڵكو دوو هۆكار هەبووە بۆ ئەو جەنگانە: یان بۆ سزادانی ئەو كەسانە بووە كە زۆرێك لە موسوڵمانانیان كوشت و هەندێكیانیان لە زێدی خۆیان وەدەرنان و ستەمێكی زۆر گەورەیان لێكردن، وەك خوای گەورە دەفەرموێت: {أُذِنَ لِلَّذِينَ يُقَاتَلُونَ بِأَنَّهُمْ ظُلِمُوا وَإِنَّ اللَّهَ عَلَى نَصْرِهِمْ لَقَدِيرٌ}[الحج: 40]؛ واتە مۆڵەت دراوە بە موسوڵمانان، ئەوانەی كافرەكان جەنگ دەكەن لەگەڵیاندا، كە بەرپەرچی دەستدرێژیەكانیان بدەنەوە لەبەرئەوەی ستەملێكراون، وە خوا توانای هەیە سەریانبخات؛ یان ئەو جەنگانە جەنگی بەرگریكردن بوون، واتە دژی ئەوانە بەرپاكراون كە هێرشیان كردووە بۆسەر موسوڵمانان بەمەبەستی لەناوبردنی ئیسلام، یان بەزەبری هێز نەیانھێشتووە ئیسلام بڵاوبێتەوە لە وڵاتەكانیاندا، بۆیە موسوڵمانان وەك بەرگریكردن لەخۆیان جەنگیان لەگەڵدا كردوون، یان بۆ چەسپاندنی ئازادی لە وڵاتدا. وە بەبێ بوونی ئەم سێ هۆكارە نە پێغەمبەر (ﷺ) و نە خەلیفه پاكەكانیشی بەهیچ شێوەیەك جەنگیان هەڵنەگیرساندووە، بەڵكو لەڕاستیدا خودی ئیسلام لەلایەن كەسانی ترەوە تووشی ستەمێكی وەها بووە كە لەناو نەتەوەكاندا نموونەی نیە. وە مادام كارەكە بەو شێوەیەیە ئیتر چۆن ئەم عیسای مەسیح و مەهدیە دوو كەسی ڕاستگۆ دەبن، بەجۆرێك یەكسەر دوای دەركەوتنیان دەستدەكەن بە كوشتاری خەڵكی تەنانەت لە هیچ كەسێكی ئەهلی كتێب سەرانە قەبوڵ ناكەن و ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە نەسخ دەكەنەوە كە دەفەرموێت: {حَتَّى يُعْطُوا الْجِزْيَةَ عَنْ يَدٍ وَهُمْ صَاغِرُونَ}[التوبة: 29]. چۆن بە پارێزەری ئیسلام لەقەڵەم دەدرێن لەگەڵ ئەوەی بێ وەستان ئەم ئایەتانەی قورئان نەسخ دەكەنەوە كە لەڕۆژگاری پێغەمبەریشدا (ﷺ) نەسخ نەكراوەتەوە؟ ئایا پاش ئەم هەموو گۆڕانە گەورەیە هێشتا هیچ كەلێنێك لە “ختم النبوة”دا دروست نابێت؟!
وا شیاوتر بوو بۆ مەسیحی ڕاستگۆ -لە سەردەمێكدا كە تێیدا سەردەمی پێغەمبەرایەتی 1300 ساڵە كۆتایی هاتووە، وه ئوممەتی ئیسلام لەناوخۆیدا پەرتەوازە بووە بۆ حەفتا و سێ گروپ- فەتحی دڵەكان بكات بەبەڵگەكان نەك بە شمشێر، وە بیروباوەڕی خاچپەرستەكان بە بەڵگەی یەقینی و گومانبڕ تێكبشكێنێت، نەك ئەوەی دەستبكات بە شكاندنی ئەو خاچانەی كە لە زیو یان زێڕ یان مس یان تەختە دروستكراون. ئەگەر پەناتان برد بۆ زۆرلێكردن؛ ئەوا زۆرلێكردنەكەتان بەڵگەیەكی تەواوە لەسەر ئەوەی كە بەڵگەتان پێ نیە لەسەر ڕاستگۆیی خۆتان[هەندێ نەفام ڕەخنەم لێ دەگرن، لەوانە خاوەنی گۆڤاری “المنار” و دەڵێن: ئەم كابرایە لە وڵاتێكدا نیشتەجێیە كە ئینگلیز بەڕێوەی دەبات و فەرمانڕەوایە تێیدا، بۆیە ڕێگری دەكات له جیهاد. بێگومان ئەم نەفامانە نازانن كە ئەگەر من بمویستایه بەدرۆ ئەم حكومەتە ڕازی بكەم ئەوا چ شتێك پاڵی پێوە ناوم چەندین جار دووپاتی بكەمەوە كە عیسای كوڕی مەریەم لەخاچ ڕزگاری بوو، وە بەمردنی ئاسایی لە “سرى نەگار” لە كشمیر كۆچی دوایی كرد، وە ئەو نە خوایە و نە كوڕی خوایە؟ ئایا ئەو ئینگلیزانەی كە دەمارگیری ئایینیان هەیە بەهۆی ئەم قسیەمەوە خۆیان بێبەری نەدەكرد لە من؟ گوێبگرن ئەی گەمژەكان، من هەرگیز مەرایی ناكەم بۆ ئەم حكومەتە، بەڵكو ڕاستیەكە ئەوەیە كە هەر حكومەتێك دەستدرێژی نەكاتە سەر ئایینی ئیسلام و دروشمەكانی، وە شمشێر لەڕووماندا هەڵنەكێشێت بۆ بڵاوكردنەوەی ئایینەكەی خۆی؛ ئەوا قورئانی پیرۆز حەرامی كردووە لەسەرمان كە جەنگی ئایینی بەرپابكەین لەدژی ئەو حكومەتە؛ چونكە ئەویش جەنگی ئایینیمان لەگەڵدا ناكات. پاشان پێویسته ئێمە سوپاسی ئەم حكومەتە بكەین چونكە ئێمە ناتوانین تەنانەت لە مەككە و مەدینەدا ئەم ئەركەی خۆمان جێبەجێ بكەین، بەڵام دەتوانین لەناو ئەم دەوڵەتدا جێبەجێی بكەین. وە بێگومان له حیكمەتی بێخەوش و تەواوی خوای گەورەوەیە كە منی لەم وڵاتەدا دروستكردووە، دەی ئایا، تۆ بڵیی، خراپە بكەم بەرامبەر ئەم حیكمەتەی خوا و سووكایەتی پێبكەم!؟ هەروەك خوای گەورە لەم فەرمایشتەی خۆی لە قورئاندا پێمان ڕادەگەیەنێت و دەفەرموێت: {وَآوَيْنَاهُمَا إِلَى رَبْوَةٍ ذَاتِ قَرَارٍ وَمَعِينٍ} (المؤمنون: 51)، واتە پاش ئەوەی عیسای مەسیح ڕزگاری بوو لە نەهامەتی لە ڕووداوی خاچەكەدا، خۆی و دایكیمان داڵدەدا لەو گردە بەرزەدا كە شوێنی ئۆقرەگرتنە و كانیاوی ئاوی ڕەوانی لێیە -واتە لە شاخەكانی “سرینەگار” لە كشمیر- داڵدەمان دان- بەهەمان شێوە خوای گەورە لە تەپۆڵكەیەكی بەرزی ئەم حكومەتەدا كە دەستی تێكدەر و ئاژاوەگێڕانی پێ ناگات منی داڵدەدا، كە بریتیە لە شوێنی نیشتەجێ بوون و ئۆقرەگرتن بەجۆرێك لەم وڵاتەدا كانیاوی زانیاری ڕاستەقینە لەبەری دەڕوات و هەست بە ئاسایش و سەقامگیری دەكەین و سەلامەتین لە هێرشی خراپەكاران. دەی كەواته ئایا ئەركی سەرشانمان نیە كە سوپاسی ئەم حكومەتە بكەین لەسەر چاكەكانی. لەوەوە].
وە هەموو گەمژەیەكی ستەمكار ئەگەر نەیتوانی بەڵگە پێشكەش بكات ئەوا دەستدەبات بۆ شمشێر یان تفەنگ، بەڵام ئەو ئایينەی كە نەتوانێ بڵاوبێتەوە مەگەر بەهێزی شمشێر هەرگیز ناكرێت لەلایەن خواوە بێت. دەی ئەگەر ئێوە ناتوانن دەستهەڵبگرن لەم جۆرە جیھادە، وە بەهۆی هەڵچوون و تووڕەبوونتانەوە كەسانی چاك و پاك بە مولحید و دەججال ناودەبەن؛ ئەوا ئێمە لێرەدا قسەكانمان بەم دوو ڕستەیە كۆتایی پێدەهێنین: {قُلْ يَا أَيُّهَا الْكَافِرُونَ (*) لَا أَعْبُدُ مَا تَعْبُدُونَ}[الكافرون: 2_3].
تۆ بڵێی چەند گروپ بە شمشێر جەنگ بكات لەدژی مەسیح و مەهدیە خەیاڵیەكەتان لەو سەردەمەدا كە موسوڵمانان پەرتەوازەن و دووبەرەكییان تێدایە؟ ئایا بە بیروڕای ئەهلی سوننە گروپی شیعە شایستەی ئەوە نین كە بە شمشێر لێیان بدرێت؟ پاشان ئایا گروپی سوننە لای گروپی شیعە شایستەی ئەوە نین كە بەتەواوەتی لەناوببرێن و قەلاچۆ بكرێن؟ دەی مادام گروپە جیاوازەكانتان شایستەی سزادانن بەگوێرەی بیروباوەڕەكانتان ئەوا چەندێكیان جیھاد دەكەن؟
بزانن خوای گەورە پێویستی بە شمشێر نیە، وە ئایینەكەی خۆی لەسەرزەویدا بڵاودەكاتەوە لەڕێگەی نیشانە ئاسمانیەكانەوە و هەرگیز كەسێك ناتوانێت ڕێگری لێ بكات. وە بزانن كە هەرگیز عیسا دانابەزێت چونكە ئەو دركاندنەی كە لە قیامەتدا پێيهەڵدەستێت بەگوێرەی ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە: {فَلَمَّا تَوَفَّيْتَنِي}[المائدة: 118] دانپێدانانێكی ڕوون و ئاشكرایە لەلایەن خۆیەوە كە جارێكی تر هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ دنیا؛ چونكە لە قیامەتدا پاساوەكەی تەنھا ئەو قسەيەی خۆیەتی كە هیچ شتێك نازانێت دەربارەی گومڕابوونی مەسیحیەكان دوای خۆی، بڕوانە، ئەگەر مەسیح (عليه السلام) جارێكی تر بگەڕێتەوە بۆ دنیا، ئایا لەڕۆژی قیامەتدا وەڵامی خوا وەها دەداتەوە كە هیچ شێك نازانێت دەربارەی گومڕابوونی مەسیحیەكان؟ لێرەدا ئەوە ساغبوویەوە كە لەم ئایەتەدا بەڕاشكاوی دانی بەوەدا ناوە جارێكی تر نەگەڕاوەتەوە بۆ ئەم دنیایە. ئەگەر پێش هاتنی ڕۆژی قیامەت دووبارە بگەڕێتەوە بۆ دنیا و چل ساڵ لەسەریەك تێیدا بمێنێتەوه ئەوا ئەم قسەیەی مانای ئەوەیە كە لەبەردەم خوای گەورەدا درۆ دەكات كاتێك دەڵێت من هیچ شتێك نازانم دەربارەی بارودۆخی مەسیحیەكان. لەكاتێكدا پێویستە لەم دۆخەدا بڵێت: بێگومان لەڕەوانەكردنەوەی دووەممدا بینیم كە چوار سەد ملیۆن مەسیحی هەیە لە جیهاندا، هەموویانم بینی، وە من زانیم كە گومڕا بوون، وە من شایستەی پاداشتم چونكە هەموویانم موسوڵمان كرد و هەموو خاچەكانم شكاند! بەڵام كە مەسیح (عليه السلام) بڵێت من هیچ شتێك نازانم دەربارەیان، ئەوە درۆیە!
بەكورتی، لەم ئایەتەدا مەسیح (عليه السلام) بە ئاشكرا دانیناوە بەوەدا كە هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ ئەم جیھانە. ڕاستیتان پێدەڵێم مەسیح (عليه السلام) مردووە[ڕۆژنامەی “كریئرد لا سیرا” كە بەناوبانگترین ڕۆژنامەیە لە ئیتاڵیای باشوور هەواڵێكی سەیری بڵاوكردەوە بەم شێوەیەی خوارەوە:
لە 13/7/1879ز لە ئۆرشەلیم ڕاهیبێكی پیر بەناوی “كور” مرد، وە لەژیانیدا وەك یەكێك لە دۆستانی خوا ناوبانگی دەركردبوو. لەدوای خۆی ماڵ و سامانێكی بەجێهێڵا، ئینجا دادوەر گەڕا بەشوێن كەسوكاریدا و 200 هەزار فرەنكی ڕادەست كردن (118750 ڕوپیە)، وه پارەی ئاسنی كۆمەڵێك وڵاتی جۆراوجۆر بوو، لە ئەشكەوتێكدا ئەم پارەيەیان دۆزیەوە كە ماوەیەكی درێژ ئەم ڕاهیبەی تێدا نیشتەجێ بوو. سەرەڕای ئەم پارەیە هەندێ بەڵگەنامەیش ڕادەستی كەسە نزیكەكانی كرا كە نەیانتوانی بیانخوێننەوە، دەرفەت ڕەخسا بۆ هەندێ شارەزای زمانی عیبری كە ئەو بەڵگەنامانە بخوێننەوە، ئەوە بوو بابەتێكی سەیریان ئاشكرا كرد ئەویش ئەوە بوو كە ئەم بەڵگەنامانە بە زمانێكی عیبری زۆر كۆن نووسرابوون، كاتێك خوێندنیانەوە ئەمەی خوارەوەیان تێیاندا بینی:
“پەترۆسی ماسیگر خزمەتكاری یەسووعی كوڕی مەریەم بەناوی خوا و بەگوێرەی ڕەزامەندی ئەو خەڵكی دەدوێنێت”. وە ئەم نامەیە بەم شێوەیەی خوارەوە كۆتایی دێت:
“بێگومان من كە ناوم پەترۆسی ماسیگرە بەناوی مەسیحەوە لەساڵی نەوەدی تەمەنمدا بڕیارمدا ئەم وشانەی خۆشەویستی بنووسم لەماڵی بولێر كە دەكەوێتە نزیك خانەی پیرۆزی خواوە، پاش سێ جەژنی فوصح (واتە دوای سێ ساڵ) لە مردنی گەورە و سەروەرم یەسووع مەسیحی كوڕی مەریەم.”
بێگومان ئەو پسپۆڕانە گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە ئەم بەڵگەنامانە هی سەردەمی پەترۆسن. وە كۆڕبەندی كتێبی پیرۆزیش لە لەندەن هەمان بۆچوونیان هەیە، وە پاش ئەوەی بەجوانی پشكنین بۆ ئەو بەڵگەنامانە كرا كۆڕبەندی كتێبی پیرۆز ئێستا دەیەوێت ئەو بەڵگەنامانە بكڕێت لە خاوەنەكەی بە چوار سەد هەزار لیرە (237500 ڕوپیە).
نزای یەسووعی كوڕی مەریەم (علیه السلام). دەفەرموێت: “خودایە، ناتوانم زاڵبم بەسەر كارێكدا بەلامەوە خراپە، هەروەھا توانای ئەوەم نیە ئەو چاكەیە ئەنجام بدەم كە پێمخۆشە بەدەستی بھێنم، لەكاتێكدا كەسانی تر پاداشتەكەیان بەدەستی خۆیان وەردەگرن، بەڵام من نەخێر، مەزنی من لە كردەوەمدا دانراوە. هیچ كەسێك نیه بارودۆخی لە بارودۆخی من خراپتر بێت. ئەی ئەو خودایەی كە لە هەموو كەسێك باڵاتری لەتاوانەكانم خۆشبە. پەروەردگارا، كارێك مەكە كە ببمە جێگای تانە و تەشەری دوژمنەكانم، وە سووك و ڕسوام مەكە لەبەرچاوی خۆشەویستانمدا، وە كارێك مەكە تەقوا و پارێزكاریەكەم بەڵا و نەهامەتیم بۆ بهێنێت، وە ئەم دنیایە مەكە بە شوێنی بەختەوری هەرە گەورەم یان ئامانجی سەرەكیم، وە كەسێك زاڵ مەكە بەسەرمدا كە ڕەحمم پێ ناكات. ئەی پەروەردگاری دلۆڤان، لەپێناوی ڕەحمەتی خۆت با بەم شێوەیە بێت. دیارە تۆ ڕەحم بەهەر كەسێك دەكەیت كە پێویستی بە ڕەحمەتی تۆ هەیە.” لەوەوه.]،
وە گۆڕەكەی لە گەڕەكی “خان یار”ە لە شاری “سری نەگار”[بێگومان یەكێك لە جوولەكەكانیش تەصدیقی ئەوەی كرد كە ئەو گۆڕەی كەوتووەتە “سری نەگار”ەوە بەشێوەی گۆڕی پێغەمبەرانی جوولەكە ئامادەكراوه.
شایەتێك لە نەوەی ئیسڕائیل شایەتیدا
شایەتیدانی زانایەكی تەورات لە نەوەی ئیسڕائیل سەبارەت بە گۆڕی مەسیح
شایەتی دەدەم لای بەڕێز میرزا غوڵام ئەحمەدی
قادیانی نەخشەیەكم بینی و دووپاتی دەكەمەوە ئەو گۆڕەی كە تێیدایە یەكێكە لە گۆڕەكانی نەوەی ئیسڕائیل
وە گۆڕی یەكێكە لە كەسە بەناوبانگەكانی نەوەی ئیسڕائیل. بێگومان ئەم نەخشەیەم بینی
وە ئەمڕۆ ئەم شایەتیەم نووسی:
لە 12/6/1889ز بەگوێرەی ساڵنامەی ئینگلیزی (واتە زایینی). سەلمان یوسف یسحاقی بازرگان.
بێگومان سەلمانی جوولەكە بەئامادەبوونی من ئەم شایەتیەی نووسی.
موفتی موحەممەد صادقی بهێرەیی، فەرمانبەر لە نووسینگەی ژمێریاری گشتی لە لاهۆر.
خودا دەكەم بە شایەت كە ئەم نووسراوە سەلمانی كوڕی یوسف نووسیویەتی، كە یەكێكە لە پیاوە بەناوبانگەكانی نەوەی ئیسڕائیل.
واژۆ: سەید عەبدوڵڵا بەغدادی. لەوەوە.
…………………………………..
* ئەمە وەرگێڕانی قسەی بەڕێز موفتی موحەممەد صادقە (رضي الله عنه) كه ڕستەیەكه به زمانی ئوردی بەڵام به پیتی عیبری. (وەرگێڕی عەرەبی).]
بەڵام ئێستا خودا خۆی دادەبەزێت، وە خۆی جەنگ دەكات لەگەڵ ئەو كەسانەدا كە دژایەتی ڕاستی دەكەن. وە هیچ ڕەخنەیەك نیە لەسەر جەنگكردنی خوا؛ چونكە لەڕێگەی نیشانە ڕوونەكانەوە بەرپا دەكرێت، بەڵام جەنگی مرۆڤ جێگەی تانە و تەشەرە؛ چونكە زۆرلێكردنی تێدایە بەرامبەر ئەوانی تر.
زۆر بەداخەوە بۆ ئەو مەلا و زانا ئایینیانە! ئەگەر ئەمانەتپارێز بوونایه ئەوا ڕێگای پارێزكارییان دەگرتەبەر و دەگەڕانەوە بۆ لای من بۆ ئەوەی بەتەواوەتی دڵیان ئۆقرە بگرێت. بێگومان خوای گەورە دڵنیایی دادەبەزێنێت بۆسەر دەروونە چاك و پاكەكان، بەڵام ئەوانەی ڕاهاتوون لەسەر خووڕەوشتی ئەبو جەهل و لەو قوڕە دروستكراون كە ئەو لێی دروستكراوە ئەو ڕێگەیە دەگرنەبەر كە ئەو گرتیەبەر. لە شاری “میرتەھ” زانایەكی ئایینی لەڕێگەی پۆستێكی تۆماركراوەوە نووسراوێكی بۆ ناردم كە تێیدا پێی ڕاگەیاندم كۆبوونەوەیەكی “ندوة العلماء” لە شاری “ئەمریتسەر” دەبەسترێت، وە داوای لە من كرد لەوێ ئامادەبم بۆ ئەوەی گفتوگۆیان لەگەڵدا بكەم.
با ڕوون و ئاشكرا بێت ئەگەر ئەو نەیارانە نیازیان پاك بوایە و بیریان نەكردایەتەوە لە بردنەوە یان دۆڕان؛ ئەوا پێویستیان بە “الندوة” و جگە لەویش نەبوو بۆ دڵنیابوونیان. دیارە ئێمە هیچ جیاوازیەك نابینین لەنێوان زاناكانی “الندوة” و زاناكانی “ئەمریتسەر”دا؛ چونكه لە بیروباوەڕ و سروشت و ناوەڕۆكدا جیاواز نین لەیەكتری. وە هەموو كەسێك ئازادە لەوەی كە بێت بۆ قادیان، وە گوێبیستی قسەی ئێمە بێت لەپێناوی حەق و ڕاستیدا نەك بۆ مشتومڕ و چەلەحانێ، جا ئەگەر گومانێك لەمێشكیدا مایەوە ئەوا دەتوانێ بەخۆبەكەمزانی و ئەدەبەوە داوای لابردنی ئەو گومانە بكات، وە بەدرێژایی ئەو ماوەیەی كە لە قادیان دەمێنێتەوە وەكو میوانێك لای خۆمان مامەڵەی لەگەڵ دەكەین. هەڵبەت ئێمە بێنیازین لە “الندوة” و هاوشێوەكانی و پێویستمان پێیان نیە. هەموویان دوژمنی ڕاستین، بەڵام بەردەوام ڕاستی لە هەموو لایەكی زەویدا بڵاودەبێتەوە. ئایا ئەوە یەكێك نیە لە نیشانە مەزنەكانی خوا كە بیست ساڵ لەمەوپێش لەڕێگەی وەحی خۆیەوە، كە لە “البراهین الاحمدیة”دا تۆماركراوە، پێیڕاگەیاندم خەڵكی بەوپەڕی هێزیانەوە هەوڵ دەدەن شكستت پێ بھێنن، بەڵام من تۆ دەكەم بە كۆمەڵێكی گەورە؟ لەكاتێكدا ئەم وەحیە دابەزیە خوارەوە بۆ من كە یەك پیاوم لەگەڵدا نەبوو. پاشان دوای ڕاگەیاندنی داواكەم دوژمنەكانم هەموو هێز و توانای خۆیان خەرج كرد بۆ دژایەتی كردنم، كەچی لەگەڵ ئەوەشدا كۆمەڵەكەم بڵاوبوویەوە بەگوێرەی ئەو پێشبینیەی كە لەسەرەوە باسكرا، وە هەتا ئەمڕۆ تەنھا لە هيندستانی بەریتانیادا ژمارەیان گەيشتووەتە سەد هەزار یان زیاتر. دەی ئەگەر زاناكانی “ندوة العلماء” مردنیان لەبیرنەچووە با بڕۆن پێداچوونەوە بكەن بۆ هەواڵ و پێشبینیەكانی ناو “البراهین الاحمدیة” و بەڵگەنامە فەرمیەكان بۆ ئەوەی تاقیبكەنەوە كە ئایا ئەم كارە موعجیزەیە یان نا؟ ئیتر دوای خستنەڕووی ڕاگەیاندنی قورئان و ئەم موعجیزەیە ئايا هیچ هۆكارێك دەمێنێتەوە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ؟
دۆخی سۆفی و خاوەن خانەقاكان
بەهەمان شێوە شێخەكانی تەریقەتەكانی سۆفیگەرێتی و خاوەن خانەقاكان وازیان هێناوە لە ئایین و شەو و ڕۆژ سەرقاڵن بە بیدعەكانیانەوە، بەجۆرێك هیچ ئاگادار نین لەو موسیبەت و نەهامەتیانەی كە تووشی ئیسلام بوون. ئەگەر لە مەجلیسەكانیاندا ئامادە بیت ئەوا لەجیاتی قورئانی پیرۆز و كتێبەكانی فەرموودە جۆرەها كەرەستەی میوزیك وەك ڕوباب و قیسارە و دەف و تەپڵ دەبینیت لەگەڵ گورانیبێژ و چەندەها بیدعەی تردا، لەگەڵ ئەوەشدا بانگەشەی ڕابەرایەتی كردنی موسوڵمانان و شوێنكەوتنی پێغەمبەر (ﷺ) دەكەن!! وە هەندێكیان جلی ئافرەتان لەبەردەكەن، وە خەنە ئەگرنە دەستیان و بازن دەكەن قۆڵیان و لە مەجلیسەكانیاندا فەزڵی وتنی سروود دەدەن بەسەر خوێندنەوەی قورئانی پیرۆزدا. لەڕاستیدا ئەمانە ژەنگی كۆنن كە مرۆڤ چاوەڕوانی لاچوونیان ناكات، بەڵام خودا درەوشانەوەكانی توانای خۆیمان پیشان دەدات و ئیسلام دەپارێزێت.
ئامۆژگاری بۆ ئافرەتان
لەم چەرخەی خۆماندا ئافرەتان تێوەگلاون لە كۆمەڵێك بیدعەی دیاریكراوەوە، هەڵبەت ئەوان زۆر بە ڕق و تووڕەییەوە دەڕوانن بۆ پرسی فرەژنی وەك ئەوەی باوەڕیان پێی نەبێت. ئەوان نازانن كە شەریعەتی خوا چارەسەری تێدایە بۆ هەموو جۆرە نەخۆشییەك، ئەگەر بابەتی فرەژنی لە ئیسلامدا نەبوایە ئەوا شەریعەتەكەی چارەسەری تێدا نەدەبوو بۆ ئەو دۆخانەی كه تێیاندا جاروبار پیاوان ناچار دەبن هاوسەرگیری دووەم بكەن. بۆ نموونە ئەگەر ئافرەت تووشی شێتی یان گەڕی یان نەخۆشیەكی سەخت بوو كە بۆ هەتاهەتایە لەكاری بخات یان تووشی دەردێكی تر بێت كە شایستەی بەزەیی بێت و كەڵكی ژن و مێردایەتی پێوە نەمێنێت، لەكاتێكدا مێردەكەی لەدۆخێكدا بێت كە شایستەی سۆز و بەزەیی بێت بەجۆرێك نەتوانێت دان بەخۆیدا بگرێت لەسەر ژیانی ڕەبەنی بێ هاوسەری، لەم دۆخەدا ستەم لە توانای پیاوەكە دەكرێت ئەگەر ڕێگەی پێنەدرێت هاوسەرگیری دووەم بكات. لەڕاستیدا بەڕەچاوكردنی ئەم هۆكارانه شەریعەتی خوا ئەم ڕێگەیەی بەكراوەیی هێشتووەتەوە بۆ پیاو. هەروەك ڕێگا كراوەیە بۆ ئافرەتانیش لەكاتی پێویستدا؛ مەبەستم ئەوەیە ئەگەر پیاو بەكەڵكی هیچ شتێك نەهات؛ ئەوا بۆیان هەیە لەڕێگەی دادوەرەوە داوای “خولع” بكەن كە جێگای تەڵاق دەگرێتەوە.
شەریعەتی خوا وەكو دەرمانخانە وایە، ئەگەر دەرمانی هەموو دەردێكی تێدا نەبێت هەرگیز گەشە ناكات و پێشناكەوێت. ئایا ڕاست نیە كە جاروبار پیاوان تووشی هەندێ گرفت دەبن ناچاریان دەكات هاوسەرگیری دووەم ئەنجام بدەن؟ كەڵكی ئەو شەریعەتە چیە كە هەموو گیروگرفتەكان چارەسەر نەكات؟ بێگومان ئینجیل تەڵاقی مەرجدار كردووە تەنھا به ئەنجامدانی زیناوە و هیچ یەكێك لە هۆكارە جیاوازەكانی تری ناكۆكی باس نەكردووە كە وەها دەكەن لە هەردوو هاوسەر ببن بە دوژمنی سەرسەختی یەكتری، لەبەرئەوە ئوممەتی مەسیحی بەرگەی ئەم خەوشەی نەگرت كە لە شەریعەتی ئینجیلدا هەیە، هەتا لە كۆتاییدا ناچاربوون لە ئەمریكا یاسای تەڵاق دابنێن. دەی دوای دانانی ئەم یاسایە ئیتر چ ڕێزێك دەمێنێتەوە بۆ ئینجیل؟
ئەی ئافرەتان! هیچ مەترسن، ئەو كتێبەی بە ئێوە دراوە وەكو ئینجیل پێویستی بە دەستكاری و هەمواركردنەوەی مرۆیی نیە، بەڵكو پارێزگاری لە مافەكانی ئافرەت دەكات وەكو مافەكانی پیاو. ئەگەر ئافرەتێك پەست و تووڕەبوو لە مێردەكەی بەهۆی ئەوەی چەند خێزانێكی هەیە؛ ئەوا ئازادی پێدراوە كە داوای خولعی لێ بكات لەڕێگەی دادوەری شەرعیەوە. لەسەر خوا پێویست بووە كە لە شەریعەتەكەیدا هەموو ئەو بارودۆخانە باس بكات كە ئەگەریان هەیە ڕووبدەن لەنێوان موسوڵماناندا، هەتاكو شەریعەتەكەی شەریعەتێكی ناتەواو نەبێت.
ئەی ئافرەتان، پێویستە سكاڵا لە خوا (سبحانه وتعالی) نەكەن ئەگەر مێردەكانتان ویستیان ژنی دووەم بھێنن، بەڵكو لەخوا بپاڕێنەوە كە بتانپارێزێت لە بەڵا و گرفتاریەكان. گومانی تێدا نیە ئەو پیاوەی كە دوو هاوسەری هەیە بەڵام بەدادگەری مامەڵە ناكات لەنێوانیاندا كەسێكی زۆر ستەمكارە و شایستەی ئەوەیە خوای گەورە غەزەبی لێ بگرێت، بەڵام ئێوە بەهۆی سەرپێچیكردن لە فەرمانەكانی خوا خۆتان تووشی خەشم و تووڕەییەكەی مەكەن. هەموو كەسێك سەبارەت بەكردەوەی خۆی پرسیاری لێ دەكرێت. ئەگەر ئێوە چاكەكار بن لای خوا ئەوا خوای گەورە مێردەكانیشتان بۆ چاك دەكات. گومانی تێدا نیە كە شەریعەت ڕێگەی داوە بە فرەژنی لەبەر كۆمەڵێك بەرژەوەندی جۆراوجۆر، بەڵام ڕێسای قەزا و قەدەر كراوەیە بۆ ئێوە، دەی ئەگەر ئێوە بەرگەی یاسای شەریعەت ناگرن ئەوا كەڵك وەرگرن لە ڕێسای قەزا و قەدەر لەڕێگای نزاكردنەوە؛ چونكە ڕێسای قەزا و قەدەر زاڵ دەبێت بەسەر شەریعەتیشدا.
كەواتە لەخوای گەورە بترسن، خۆتان مەنووسێنن بە ژیانی دنیا و جوانیەكانیەوە، وە شانازی مەكەن بە هۆزەكەتانەوە. وە گاڵتە مەكەن بە هیچ ئافرەتێكی تر. وە شتێك داوا مەكەن لە مێردەكانتان كە لە سەرووی توانایانەوە بێت. وە هەوڵی خۆتان بدەن بۆ ئەوەی بەپاكی و پارێزراوی بچنە گۆڕەوە. وە سستی و تەمبەڵی مەنوێنن لە جێبەجێ كردنی فەرزەكانی خوادا وەك نوێژ و زەكات و هی تریش. وە بەردەوام هەوڵ بدەن لەناخی دەروونتانەوە و بەدڵێكی پاكەوە گوێڕایەڵ بن بۆ مێردەكانتان. بێگومان بەشێكی زۆری ڕێزی ئەوان لە دەستی ئێوەدایە، بۆیە بە جوانترین شێوە هەوڵ بدەن ئەركی سەرشانی خۆتان جێبەجێ بكەن دەربارەیان هەتا لای خوا لەڕیزی ئافرەتە چاكەكار و گوێڕایەڵەكاندا بنووسرێن. دەست بڵاومەبن، وە هەڵەخەرجی مەكەن لە ماڵ و سامانی مێردەكانتاندا، خیانەت و دزی مەكەن، وە غەیبەتی یەكتری مەكەن، وە بوختان مەكەن بۆ هیچ ئافرەتێك یان پیاوێك.
كۆتایی
له نووسینی هەموو ئەم ئامۆژگاریانەدا ئامانجمان تەنھا ئەوەیە كە كۆمەڵەكەمان زیاتر لەخوای گەورە بترسن بۆ ئەوەی تا ئاستێكی وەها لەخوا نزیك ببنەوە كە بیانپارێزێت لە خەشم و قینە هەڵگیرساوەكەی لەسەرزەویدا، وە بەتایبەتی لەم ڕۆژانەدا پارێزراو بن كە تێیدا پەتای تاعوون بڵاوبووەتەوە. تەقوای ڕاستەقینە –بەداخەوە تەقوای ڕاستەقینە چەند كەمە!- خوای گەورە ڕازی دەكات، دیارە خوا (سبحانه وتعالی) پارێزكاری كامڵ بەشێوەی ئاسایی ناپارێزێت لە بەڵا و نەهامەتییەكان، بەڵكو بەشێوەیەكی ئیعجازی دەیپارێزێت. هەموو فێڵباز یان گەمژەیەك بانگەشەی پارێزكاری و پیاوچاكی دەكات، بەڵام كەسی پارێزكار و خاوەن تەقوا تەنھا ئەو كەسەیە كە بەهۆی ئایەتێكی خوای گەورەوە ڕاستی تەقواكەی سەلمێنرابێت. وە دەكرێت هەر مرۆڤێك بڵێت من خودام خۆشدەوێت، بەڵام تەنھا ئەو كەسە خوای خۆش دەوێت كە بەهۆی بەڵگەیەكی ئاسمانیەوە ڕاستی خۆشەویستیەكەی ساغبووبێتەوە. وە هەموو كەسێك بانگەشەی ئەوە دەكات كە ئایینەكەی ئایینی ڕاست و دروستە، بەڵام تەنھا ئەو كەسە لەسەر ئایینی ڕاست و دروستە كە لەم دنیایەدا ڕووناكی پێدەدرێت. وە هەموو كەس بانگەشەی ئەوە دەكات كە ڕزگاری بەدەستدەھێنێت، بەڵام تەنھا ئەو كەسە ڕاستگۆیە لەم بانگەشەیەدا كە ڕووناكیەكانی ڕزگاری دەبینێت لەم دنیایەدا. لەبەرئەوە هەوڵی بێوچان بدەن بۆ ئەوەی بچنە ڕیزی خۆشەویستانی خواوە، وە بۆ ئەوەی لە هەموو بەڵا و نەخۆشیەك بپارێزرێن. بێگومان پارێزكاری كامڵ لە تاعوونەكە پارێزراو دەبێت چونكە لەپەنای خوادایە، دەی هەوڵ بدەن بچنە ڕیزی پارێزكارە كامڵەكانەوە! هەڵبەت گوێبیستی ئەوە بوون كە خوای گەورە دەربارەی ئەم تاعوونە فەرمووی، ئەم تاعوونە ئاگری غەزەبە، دەی خۆتان بپارێزن لەم ئاگرە. دیارە ئەو كەسەی بەڕاستی و دڵسۆزیەوە گوێڕایەڵیم دەكات، بە پاك و بێگەردی لە هەموو خیانەت و تەمبەڵی و بێئاگاییەك، وە چاكە و خراپە تێكەڵ ناكات، دەپارێزرێت. بەڵام ئەو كەسەی لەم ڕێگایەدا بەخاوی هەنگاو دەنێت، وە وەكو پێویست پەیڕەوی ڕێگاكانی تەقوا ناكات، یان باوەش دەكات بەدنیادا؛ ئەوا خۆی تووشی تاقیكردنەوە دەكات. دەی بەتەواوەتی گوێڕایەڵی خوا بن.
هەر كەسێك خۆی بە یەكێك لە بەیعەتدەرەكان لەقەڵەم دەدات؛ ئەوا ئێستا دەرفەتێكی هەیە بۆ خزمەتكردنی ئەم كۆمەڵە بە ماڵ و سامانەكیشی. جا ئەو كەسەی دەتوانێت قوروشێك ببەخشێت؛ ئەوا با هەموو مانگێك پابەند بێت بە بەخشینی قوروشێك بۆ ڕووماڵكردنی خەرجیەكانی ئەم كۆمەڵە، وە هەركەسێك توانای هەیە درهەمێك وەك كۆمەكی ببەخشێت ئەوا پێویستە لەسەری مانگانە درهەمێك ببەخشێت؛ چونكە چالاكیە جۆربەجۆرەكان بۆ خزمەتكردنی ئايین پێویستی بە خەرجی زۆرە، ئەمە سەرەڕای خەرجیەكانی میواندارێتی. سەدەها میوان دێن بۆ لامان بەڵام بەهۆی دەستكورتیەوە وەك پێویست شوێنی حەوانەوەیان بۆ دابین نەكراوە، وە بەردەوام ناتەواویمان هەیە لە قەرەوێڵەدا. پاشان زۆر پێویستە مزگەوتەكە فراوان بكرێت، هەروەك هێشتا پرسی نووسین و بڵاوكردنەوە زۆر لاوازە لەبەرامبەر هەوڵی نەیارەكانماندا؛ لەكاتێكدا مەسیحیەكان پەنجا هەزار لە گۆڤار و بڵاوكراوەی ئایینیان بڵاودەكەنەوە، ئێمە ناتوانین مانگانە بەڕێكوپێكی هەزار دانە بڵاوبكەینەوە. پێویستە لەسەر هەر ئەندامێكی ئەم كۆمەڵە بەگوێرەی توانای خۆی كۆمەكی پێشكەش بكات بۆ جێبەجێ بوونی ئەم پڕۆژانە، بۆ ئەوەی خوای گەورە یارمەتی بدات. ئەگەر بەبێ پچڕان مانگانە كۆمەكیەكانتان بگات -ئەگەرچی زۆر كەمیش بێت- باشترە لەو كۆمەكیەی كە پاش ماوەیەكی درێژی لەبیرچوون بدرێت لە ئەنجامی خەیاڵێك كە دێت بەمێشكدا. بێگومان ڕاستگۆیی هەر مرۆڤێك لەڕێگەی خزمەتەكەیەوە دەزانرێت.
بەڕێزان، ئێستا كاتی خزمەتكردنی ئایین و هێنانەدی ئامانجەكانیەتی، دەی ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە؛ چونكە دوای تێپەڕینی هەرگیز ناگەڕێتەوە. ئەو كەسەی سامانەكەی گەيشتووەتە ئاستی زەكات پێویستە زەكاتی سامانەكەی بنێرێت بۆمان. وە با هەریەك لە ئێوە دووربكەوێتەوە لە دەستبڵاوی و زیادەخەرجی، وە با ماڵەكەی لەم پێناوەدا خەرج بكات، وە با لە هەموو دۆخێكدا ڕاستگۆیی خۆی دووپات بكاتەوە بۆ ئەوەی نیعمەتی فەزڵی خوا و ڕۆحی پیرۆز بەدەست بھێنێت؛ چونكە ئەم نیعمەتە ئامادەكراوە بۆ ئەوانەی هاتوونەتەناو ئەم كۆمەڵەوە. ئەو درەوشانەوەیەی كە ڕۆحی پیرۆز پێیەوە دابەزیەسەر پێغەمبەرمان موحەممەد (ﷺ) له هەموو درەوشانەوەكانی تر گەورەترە. هەڵبەت ڕۆحی پیرۆز لەشێوەی كۆتردا دەركەوتووە بۆ هەندێ لە پێغەمبەران، وە بۆ هەندێكی تریان لەسەر شێوەى مانگا دەركەوتووە، وە بۆ هەندێكی تریان لەسەر شێوەی نەهەنگ یان تیمساح دەركەوتووە، وە كاتی خۆنواندنی لەسەر شێوەی مرۆڤ نەهاتبوو ئەو كاتە نەبێت كە مرۆڤی كامڵ ڕەوانەكرا.. مەبەستم پێغەمبەری خۆمانە (ﷺ)، بۆیە كاتێك ڕەوانەكرا ڕۆحی پیرۆز لەسەر شێوەی مرۆڤ درەوشایەوە لەسەری؛ چونكە ئەو (ﷺ) مرۆڤێكی كامڵ بوو، ڕۆحی پیرۆز لەوپەڕی هێزدا جیلوەی كرد لەسەر پێغەمبەری خۆمان (ﷺ) تەنانەت پانتایی نێوان زەوی و ئاسمانی پڕكردبوو، لەبەرئەوە فێركاری قورئان بە پارێزراوی مایەوە لە خەوشەكانی شیرك، لەكاتێكدا ڕۆحی پیرۆز جیلوەی كرد لەسەر پێشەوای ئایینی مەسیحی لەسەر شێوەی بوونەوەڕێكی زۆر لاواز واتە كۆترێك، بۆیە ڕۆحی پیس، واتە شەیتان، زاڵ بوو بەسەر ئەم ئایینەدا، وە گەورەیی و هێزی خۆی پیشاندا بەوەی كە هاوشێوەی ئەژدیھایەكی زەبەلاح هێرشی كرد، لەبەر ئەم هۆكارە قورئانی پیرۆز گومڕایی ئایینی مەسیح بە گەورەترینی هەموو گومڕاییەكانی دنیا لەقەڵەم دەدات، وە دەفەرموێت خەریكە ئاسمانەكان و زەوی شەقبەرن و پارچەپارچە بن؛ چونكە لەزەویدا تاوانێكی گەورە ئەنجامدراوە بەجۆرێك مرۆڤیان كردووە بە خوا و كوڕی خوا. باسی مەسیحیەكان و بەرپەرچدانەوەیان لە سەرەتاكانی قورئاندا هاتووە وەك لەم فەرمایشتەی خوای گەورەوە ئەوە دەخوێندرێتەوە: {إِيَّاكَ نَعْبُدُ} و {وَلَا الضَّالِّينَ}، هەروەها لە كۆتایی قورئانیشدا وەڵامیان دراوەتەوە وەك لەم فەرمایشتەی خوای گەورەوە دەخوێنرێتەوە: {اللَّهُ الصَّمَدُ (*) لَمْ يَلِدْ وَلَمْ يُولَدْ}[الإخلاص: 2_4]، هەروەك ئاژاوەی مەسیحیەت لە ناوەڕاستی قورئانیشدا باسكراوە وەك لەم فەرمایشتەی خوای گەورەوە دەخوێنرێتەوە: {تَكَادُ السَّمَاوَاتُ يَتَفَطَّرْنَ مِنْهُ}[مريم: 91]. لە قورئانی پیرۆزەوە دەردەكەوێت كە لەوەتەی دنیا دروست بووە هاوشێوەی ئەم زیادەڕەویە لە پەرستنی دروستكراوێك و ئەم شێوازانەی چەواشەكاری هەرگیز ڕوویان نەداوە، لەبەرئەوه لەناو هەموو موشریكەكاندا بانگەوازی موباهەلە تەنها ئاراستەی مەسیحیەكان كراوە.
بەڵام ڕازی خۆنواندنی ڕۆحی پیرۆز بەشێوەی باڵندە و ئاژەڵەكان پێش ڕەوانەكردنی موحەممەدی، دەكرێت هەموو كەسێكی تێگەيشتوو خۆی لێی تێبگات، بەڵام ئێمە لێرەدا هەر ئەوەندە دەڵێین: دیارە لەمەدا ئاماژە هەیە بۆ مەزنی سروشتی مرۆیی پێغەمبەرمان (ﷺ) چونكە ڕۆحی پیرۆزیشی ڕاكێشاوە كە لە فۆڕمی مرۆییدا دەربكەوێت. ئیتر بۆچی ورە بەردەدەن لەكاتێكدا ئێوە شوێنكەوتەی ئەو پێغەمبەرە هەڵبژاردەيەن؟ ئەو نموونە جوانانەی ڕاستگۆیی و دڵپاكی پێشكەش بكەن كە وابكات لە فریشتەكان لە ئاسماندا سەریان سوڕبمێنێت و دروود بدەن لەسەرتان. مردن هەڵبژێرن بۆ ئەوەی ژیان بەدەستبھێنن، وازبھێنن لە ئارەزووەكانی دەروون بۆ ئەوەی خودا لە ئێوەدا نیشتەجێ بێت. بەتەواوەتی پەیوەندیتان بپچڕێنن لەگەڵ لایەنێكدا، وە بەهەموو هێزێكتانەوە پەیوەندی گرێبدەن لەگەڵ لایەنێكی تردا. خوا یارمەتیدەرتان بێت.
ئێستایش ئەم وتەیەم كۆتایی پێدەھێنم، وە لەخوای گەورە دەپاڕێمەوە كە ئەم فێركارییەم سوودی هەبێت بۆتان، وە پێشكەوتنێكی وەها دروست بكات لەناوتاندا كە بەهۆیەوە ببن بە ئەستێرەی زەوی، وە بەو ڕووناكیەی ئێوە كە لە پەروەردگارتانەوە وەرتانگرتووە زەوی ڕووناك بێتەوە. ئامین پاشان ئامین.
ئەی بەندەكانی خوا، من هاتنی ڕۆژەكانی خواتان بیردەهێنمەوە، وە بیرتان دەخەمەوە كە لە خوا بترسن. دیارە ئەوەی بە تاوانباری بگەڕێتەوە بۆ لای پەروەردگاری؛ ئەوا دەخرێتە دۆزەخێكەوە كە تێیدا نە دەمرێت و نە زیندوو دەمێنێتەوە، وە خۆتان مەخەنە داوی جوانی و قەشەنگیەكانی دنیاوە، لە خوا بترسن، وە لەڕێگەی ئارامگرتن و نوێژەوە داوای یارمەتی بكەن. إِنَّ اللَّهَ وَمَلَائِكَتَهُ يُصَلُّونَ عَلَى النَّبِيِّ، يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا صَلُّوا عَلَيْهِ وَسَلِّمُوا تَسْلِيمًا. اللهم صلِّ على محمَّد وعلى آل محمَّد وبارِكْ وسلِّمْ.
پێشبینی بڵاوبوونەوەی تاعوون لە قەسیدەیەكدا[ئەم قەسیدەیە بە فارسی نووسراوە، ئێمە لێرەدا وەرگێڕانەكەی دەنووسین. (وەرگێڕی عەرەبی).]
گومانی تێدا نیە پیشاندانی ئایەت لە توانای هیچ كەسێكدا نیە، بەڵام من ئایەتێك لە ئایەتەكانی پەروەردگارم پیشانی ئێوە دەدەم
ئەویش ئەوەیە كە ئەو كەسە بەختەوەرەی دێتەناو خانووەكەمەوە و پەنای بۆ دەهێنێت ڕزگاری دەبێت لە پەتای تاعوون
وە سوێند دەخۆم بە پەروەردگاری مەزنم هەموو ئەوەی كە دەیڵێم وەحی پاك و بێگەردی ئەوە
دوای ئەمە چ پێویست بە مشتومڕ دەكات لەگەڵ كەسێكدا كە دڵی ڕەش بووە بەهۆی ڕەتكردنەوەی منەوە، پێویستە ئەم كارە بەسی بێت
ئەگەر هەموو ئەو شتانەی بەڵێنم پێداون نەهاتەدی ئەوا مافی هەموانە كە ڕاپەڕن لە دژم
داواكردنی كۆمەكی بۆ فراوانكردنی خانووەكە
لەبەرئەوەی مەترسیەكی گەورە هەیە كە لەداهاتوودا تاعوون لەم وڵاتەدا بڵاوبێتەوە، وە لەبەرئەوەی خانووەكەمان پڕە لە میوان كە تێیدا نیشتەجێن -پیاوان لە بەشێكی خانووەكەدان و ژنانیش لە بەشەكەی تردا- وە بیستووتانە كە خوای گەورە بەڵێنیداوە بەو كەسانەی كە لەنێوان چوار دیواری ئەم خانووەمدا نیشتەجێن بەتایبەتی بیانپارێزێت، وە لەبەرئەوەی هاوبەشەكانمان لەماڵەكەدا كە موڵكی خوا لێیخۆش بێت بەڕێز غوڵام حەیدەر بووە، كە ئێمەیش پشكێكمان تێدا هەیە، ڕازی بوون بەوەی بەشەكەمان بۆ بگێڕنەوە و بەشەكەی خۆشیان بفرۆشن پێمان -پێموایە ئامادەكردن و سازكردنی ئەو خانووە بەجۆرێك ببێت بە بەشێك لە خانووەكەمان بەخەرجكردنی نزیكەی دوو هەزار ڕوپیە دەكرێت- وە لەبەرئەوەی مەترسی هەیە كە كاتی بڵاوبوونەوەی تاعوونەكە زۆر نزیك بووبێتەوە، وە ئەم خانووە دەبێتە هاوشێوەی كەشتی لە لافاوی ئەم تاعوونەدا بەگوێرەی ئەو پێشبینیەی كە لەوەحی خوای گەورەدا هاتووە، وە نازانین ئەو برایانە كێن كە پشكیان دەبێت لە هاتنەدی ئەم پێشبینیەدا، ئەمە كارێكی زۆر بەپەلەیە، پێویستە لەسەرمان هەوڵی جێبەجێكردنی بدەین بە پشتبەستن بە خوا كە دروستكار و ڕۆزیدەرمانە و كردەوە چاكەكان دەبینێت. وادەبینم ئەم خانووەمان لەڕاستیدا وەكو كەشتی لێ هاتووە بەڵام لە ئێستادا هیچ بوارێك نەماوە بۆ نیشتەجێكردنی یەك پیاو یان یەك ئافرەت، لەبەرئەوە ئێمە ناچارین كە فراوانی بكەین. سڵاو لەو كەسە بێت كە شوێن ڕێگای ڕاستی كەوتووە.
ڕاگەیەنەر
میرزا غوڵام ئەحمەدی قادیانی