
لێدوان لەسەر دیبەتی نێوان بەتالەیی و چەكرالەیی
حەزرەتی میرزا غوڵام ئەحمەد
ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)داگرتن
نووسينى:
حەزرەتى ميرزا غوڵام ئەحمەدى قاديانى (عليه السلام)
ئيمامى مەهدى و مەسيحى بەڵێندراو
بسم الله الرحمن الرحيم
پێشەكی
لە تشرینی دووەمی ساڵی 1902ز دیبەتێك بەسترا لەنێوان مەولەوی موحەممەد حوسێن بەتالەيی و مەولەوی عەبدوڵڵا چەكرالەیی.
مەولەوی عەبدوڵڵا خۆی بە “ئەھلی قورئان” لەقەڵەمدەدا و نکوڵی لە حوجیەتی فەرموودە دەکرد. لە بەرامبەردا مولەوی موحممەد حوسێن بەتالەيی لە ئەھلی فەرموودە بوو، وە باوەڕی وابوو کە فەرموودە دادوەرە بەسەر قورئانی پیرۆزەزە. چەکرالەيی سەبارەت بە فەرموودە ڕێچکەی پەڕگیری نەرێنی گرتبوو، وە مەولەوی بەتالەيی ڕێچکەی پەڕگیری ئەرێنی گرتبوو. مەسیحی بەڵێندراویش (عليه السلام) ئەم نامیلکەيەی نووسی وەك لێدوانێك لەسەر ئەو دیبەیتە و فەرمووى:
“لەلای موسوڵمانان سێ شت هەیە بۆ دەستگرتن بە ڕێنموونی ئیسلامەوە كە بریتین لە:
(1) قورئانی پیرۆز كە كتێبی خوایە…
(2) سوننەت… لای من مەبەست لە سوننەت كردەوەی پێغەمبەرە (صلى الله عليه وسلم) كه بەتەواتور كاری پێ كراوە، لەسەرەتاوە لەگەڵ قورئانی پیرۆزدا دەركەوتووە…
(3) ئامرازی سێيەمی هیدایەت بریتیە لە فەرموودە، وە مەبەستم لە فەرموودە ئەو ئاسەوارانەیە كە بەشێوەی چیرۆك و بەسەرهاتەكان نزیكەی 150 ساڵ دوای پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆكراونەتەوە بەهۆی كۆمەڵێك ڕاوی جیاوازەوە…”
“ڕێبازی ئەوپەڕی ڕاست و سەلامەت ئەوەیە كە وەكو ئەهلی فەرموودە هاوچەرخەکان باوەڕمان وانەبێت فەرموودە لەپێش قورئانی پیرۆزەوەیە… هەروەها پێویستە هەموو فەرموودەكان بە شتانێكی زیادە و باتڵ ئەژمار نەكەین وەك چۆن شێخ عەبدوڵڵا چەكرالەیی باوەڕی وایە، بەڵكو دەبێت باوەڕمان وابێت كە قورئان و سوننەت دادوەرن بەسەر فەرموودەوە. وە ئەو فەرموودەیەی دژایەتی ناكات لەگەڵ قورئان و سوننەتدا پێویستە وەریبگرین و بیخەینەسەر سەر و سەرچاومان. ئەمەیە ڕێگای ڕاست.”
بنەما سەرەکیەکانی فقهی ئەحمەدی:
مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت: “ئەركی سەرشانی كۆمەڵەكەمانە: ئەگەر فەرموودەیەك دژ یان پێچەوانەی قورئانی پیرۆز و سوننەت نەبوو؛ ئەوا پێویستە كاری پێ بكەن هەرچەند پلەكەی لاواز بێت، وە پێویستە فەزڵی بدەن بەسەر فیقهێكدا كە مرۆڤ دروستی كردووە. ئەگەر مەسەلەیەكتان دەستنەكەوت لە فەرموودە و سوننەت و قورئاندا ئەوا بە فیقهی حەنەفی كار بكەن؛ چونكە زۆری ئەم گروپه بەڵگەیە لەسەر ڕەزامەندی خوا. وە ئەگەر بەهۆی هەندێ گۆڕانكاری ئێستاوە فیقهی حەنەفی نەیتوانی فەتوایەكی دروست بدات؛ ئەوا پێویستە لەسەر زاناكانی ئەم كۆمەڵە لەڕێگەی ئەو هێزی ئیجتیهادەوە كە خوای گەورە پێی خەڵات كردوون ئیجتیهاد بكەن. بەڵام دەبێت زۆر وریا بن بەبێ پاساو نكوڵی نەكەن لە فەرموودە وەكو شێخ عەبدوڵڵا چەكرالەیی. بەڵام ئەگەر بینییان فەرموودەیەك پێچەوانەی قورئان و سوننەتە ئەوا با وازبهێنن لێی… هەروەها پێویستە لەسەر ئەندامانی كۆمەڵەكەم كە بەلای پەڕگیری ئەرێنیدا نەچن دەربارەی فەرموودەكان وەكو شێخ موحەممەد حوسێن، وە بەلای پەڕگیری نەرێنیدا نەچن وەكو شێخ عەبدوڵڵا، بەڵكو پێویستە ڕێبازێكی میانەگەری بگرن لەنێوان ئەو دوو مەزهەبەی ئەواندا.”
بسم الله الرحمن الرحیم
نحمده ونصلي علی رسوله الكریم
لێدوانی مەسیحی بەڵێندراو، ناوبژیوانی خوایی، لەسەر دیبەتی نێوان شێخ ئەبو سەعید موحەممەد حوسێن بەتالەیی و شێخ عەبدوڵڵا چەكرالەیی، وە ئامۆژگاری بەڕێزی (عليه السلام) بۆ كۆمەڵەكەی
لە نووسراوەكانی هەردوو گروپهكهوه دەردەكەوێت كە هۆكاری بەستنی دیبەیتەكە دەربارەی ناونیشانی باسكراو ئەوەیە كە شێخ عەبدوڵڵا فەرموودە پیرۆزەكانى پێغەمبەر تەنھا وەك كەلوپەلێكی خراپ و پیس دادەنێت، وە دەربارەیان كۆمەڵێك وشە لەزاری دێتەدەر كە باسكردنیان دەچێتە خانەی بێئەدەبیەوە، بەڵام شێخ موحەممەد حوسێن لەبەرامبەریدا بەڵگەیەكی خستووەتەڕوو كە ئەگەر فەرموودەكان كەلوپەلێكی خراپ و زیادەن و شایانی متمانەپێكردن نین؛ ئەوا ئەمە دەبێتە هۆی بەتاڵبوونەوەی زۆربەی زۆری بەشەكانی بەندایەتی و بابەتە فیقهیەكان؛ چونكە ئێمە تەنھا بەهۆی فەرموودەكانەوە درێژەی ئەحكامەكانی قورئانی پیرۆز دەزانین، وە ئەگەر تەنھا قورئانی پیرۆز بەس بێت؛ ئەوا لە قورئانی پیرۆزدا چ بەڵگەیەك هەیە لەسەر ئەوەی كە نوێژی بەیانی دوو ڕكاتە و مەغریب سێ ڕكاتە و نوێژەكانی تر چوار ڕكاتن؟ ئەم ڕەخنەیە گرنگیەكی گەورەی هەیە، لەگەڵ ئەوەی لهناواخنی خۆیدا هەڵەیەكی هەڵگرتووە، لەبەرئەوە شێخ عەبدوڵڵا وەڵامێكی قاییلكەری نەدایەوە، بەڵكو بەقسەیەكی بێناوەڕۆك وازی هێنا كە شایستەی گواستنەوەیش نیە. بۆیە ئەنجامی كۆتایی ئەم ڕەخنەیە ئەوە بوو كە شێخ عەبدوڵڵا ناچاربوو نوێژێكی تازە دابهێنێت كە هیچ شوێنەوارێكی نيە لە لای هیچ گروپێك لە سەرجەم گروپە ئیسلامیەكاندا. “تەحیات” و سڵاواتدان لەسەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەموو نزا كورتەكانی تری، كە لەنوێژدا دەخوێندرێنەوە، سڕییەوە لە نوێژدا، لەجیاتی ئەوان تەنھا كۆمەڵێك ئایەتی قورئانی دانا. هەروەها كۆمەڵێك گۆڕانكاری زۆری دیكهی لە نوێژدا ئەنجامدا كە لێرەدا پێویست ناكات باس بكرێن. ڕەنگە لە بابەتەكانی حەج و زەكات و ئەوانی تریشی گۆڕیبێت. بەڵام ئایا ڕاستە فەرموودەكان شتێكی خراپ و زیانبەخش و زیادەن وەك شێخ عەبدوڵڵا دەڵێت، پەنا بەخوا؟ بێگومان نەخێر.
لەڕاستیدا یەكێك لە دوو گروپهكه ڕێگای ئیفراط (پەڕگیری ئەرێنی)یان هەڵبژاردووە و ئەوى دیكەیان ڕێگای تەفریط (پەڕگیری نەرێنی).
گروپی یەكەم واتە شێخ موحەممەد حوسێن، ئەگەرچی لەو قسەیەیدا پێكاویەتی كە فەرموودە (المتصلة المرفوعة)كانی پێغەمبەر ئەوە نین كە بە شتێكی خراپ و زیادە دابنرێن، بەڵام لەلایەكی ترەوە بنەمای پاراستنی پلهكانی لەبیركردووە و پلهی فەرموودەی بەرزكردووەتەوە بۆ منارەیەكی بڵند، ئەم كارە سووكایەتی كردن بەقورئانی پیرۆز پێویست دەكات و مرۆڤ ناچار دەبێت نكوڵی لێ بكات. بۆیە موحەممەد حوسێن هیچ گرنگیەك نادات بە دژایەتی و ناكۆكی لەگەڵ كتێبی خوادا، چیرۆكێك لە فەرموودەدا هاتبێت فهزڵی دهدات بەسەر ئەو بەسەرهاتانەدا كە بەوپەڕی ڕاشكاویهوه لە كتێبی خوادا هاتوون، وە لە هەموو بارودۆخێكدا ڕاگەیاندنی فەرموودە دەخاتە پێش ڕاگەیاندنی كەلامی خواوە. ئەمە هەڵەیەكی ئاشكرایە و لادانە لە ڕاستەشەقامی دادپەروەری و ویژدان.
خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: {فَبِأَيِّ حَدِيثٍ بَعْدَ اللَّهِ وَآيَاتِهِ يُؤْمِنُونَ} [الجاثیة:7] لێرەدا دانانی وشەی (حدیث) به نهناسراوی -كە مانای گشتی دەگەیەنێت- زۆر بەڕوونی دەریدەخات پێویستە ئەو فەرموودەیە ڕەت بكرێتەوە كە پێچەوانە و ناكۆكە لەگەڵ قورئانی پیرۆزدا ئەگەر ڕێگایەك نەبوو بۆ گونجاندیان پێكەوە. وە لە وشەی “حدیث” لە ئایەتی باسكراودا پێشبینیەكیش هەیە كە ئاماژەیەكی لێ دەچۆڕێت، كە بریتیە لەوەی خوای گەورە تێیدا ئاماژە دەكات بەوەی سەردەمێك دێت بەسەر ئەم ئوممەتەدا كه تێیدا هەندێ لە تاكەكانی وازدەهێنن لە قورئانی پیرۆز و كار بەو فەرموودانە دەكەن كە ڕاگەیاندنەكانیان دژایەتی دەكەن لەگەڵ ڕاگەیاندنەكانی قورئانی پیرۆزدا.
دەرەنجام، گروپی ئەهلی فەرموودە لەم بابەتەدا ڕێگای ئیفراطیان گرتووە بەجۆرێك ڕاگەیاندنی فەرموودە دەخەنەپێش شایەتیدانی قورئانی پیرۆزەوە. ئەگەر ڕەچاوی دادپەروەری و تەقوایان بكردایە؛ ئەوا دەیانتوانی ئەم جۆرە فەرموودانە بگونجێنن لەگەڵ قورئانی پیرۆزدا، بەڵام ڕازیبوون بە وازهێنان لە كەلامی خوا كە كەلامێكی بێگومان و یەقینیە، وە ڕازی نەبوون وازبهێنن لەو فەرموودانەی كە پێچەوانەی ڕاگەیاندنەكانی كتێبی خوان یان گونجان بخەنە نێوان ئەوان و كتێبی خواوە. ئەمە ڕێگای پەڕگیری ئەرێنیە كە شێخ موحەممەد حوسێن دەیگرێتەبەر.
بەڵام نەیارەكەی، واتە شێخ عەبدوڵڵا، ڕێڕەوی (تفریط، پەڕگیری نەرێنی) دەگرێتەبەر؛ بهجۆرێك بەتەواوەتی نكوڵی دەكات لە فەرموودەكان. لەڕاستیدا نكوڵیكردن لە فەرموودەكان جۆرێكە لە نكوڵیكردن لە قورئانی پیرۆز؛ چونكە خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: {قُلْ إِنْ كُنْتُمْ تُحِبُّونَ اللَّهَ فَاتَّبِعُونِي يُحْبِبْكُمُ اللَّهُ}[آل عمران: 32] دەی مادام خۆشەویستی خوا گرێدراوە بە شوێنكەوتنی پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم)، وە مادام فەرموودە یەكێكە لە ئامرازەكانی ئاگاداربوون لە پێشەنگیی كردەیی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە شوێنكەوتن بەندە پێیەوە؛ لەبەرئەوە ئەو كەسەی وازدەھێنێت لە فەرموودە وازدەھێنێت لەڕێگای شوێنكەوتنیش. بەڵام قسەكەی شێخ عەبدوڵڵا كە هەموو فەرموودەكان تەنھا كۆمەڵێك گومان و دوودڵین، ئەم قسەیە لە كەمی تێڕامانەوە سەرچاوەی گرتووە. لەڕاستیدا ئەم بیرۆكەیە بەهۆی دابەشكردنە هەڵە و ناتەواوەكەی فەرموودەناسەكانەوە جێگیربووە كە خەڵكانێكی زۆری فریوداوە؛ چونكە ئەوان بابەتەكە دابەش دەكەن و دەڵێن دوو شت لەبەردەستماندا هەیە: كتێبی خوا و فەرموودە، وە فەرموودە دادوهره بەسەر كتێبی خواوه، واتە فەرموودەكان لە سەر كورسی دادوەر دانیشتوون و قورئانیش لەبەردەمیاندا وەستاوە وەك هانابەرێك و شوێنكەوتەی حوكمی فەرموودەیە! گومانی تێدا نیە كە ئەم قسەیە بەشێوەیەكە هەموو كەسێك فریودەخوات پێی و دەڵێت: مادام فەرموودەكان 150 ساڵ پاش پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆكراونەتەوە و خاڵی نین لە دەستكاری كردنی خەڵكی، لەپاڵ ئەوەشدا گومانهەڵگرن و كۆمەڵێك هەواڵی (آحاد)ن، بەڵام موتەواتیر تێیاندا دەگمەنە بەڵكو وەكو نەبوو وایە، پاشان لەگەڵ هەموو ئەمانەدا دادوهرن بەسەر قورئانی پیرۆزەوه! ئەوا ئەمە وا پێویست دەكات كە ئیسلام هەمووی كۆمەڵێك شتی گومانھەڵگر بێت. وە ئاشكرایه كە گومان شتێك نیە پشتی پێببەسترێت. وە ئەوەی بەتوندی دەستبگرێت بە گومانی پەتیەوە زۆر لە پلەی بەرزی ڕاستی دێتەخوارەوە. خوای گەورە دەفەرموێت: {إِنَّ الظَّنَّ لَا يُغْنِي مِنَ الْحَقِّ شَيْئًا}[یونس:37] واتە گومان شتێك نیە لەبەرامبەر ڕاستی یەقینیدا. بەمەش قورئان لەدەست دەردەچێت؛ چونكە كاركردن پێی واجب نیە بەبێ فەتوای دادوەرە بەڕێزەكە بەڵكو شتێكی وازیلێھێنراوە. بەڵام دادوەرە بەرێزەكە، واتە فەرموودەكان، تەنھا پۆشاكی پیس و پۆخڵی گومانی لەبەردایە و بەهیچ شێوەیەك ناتوانرێت شیانی درۆی لەسەر هەڵبگیرێت؛ چونكە پێناسەی گومان ئەوەیە كە خاڵی نیە لە شیانی درۆ.
بۆیە لەم دۆخەدا قورئان نەماوەتەوە لەدەستماندا، فەرموودەكانیش شایانی متمانەپێكردن نین. واتە هەردووكیان لەدەست دەرچوون. ئەمە هەڵەیەكە كە زۆربەی خەڵكی گومڕا كرد.[1] وە ڕێگای ڕاست، كە ئەم وتارەم نووسیوە بۆ خستنەڕووی، ئەوەیە كە لەلای موسوڵمانان سێ شت هەیە بۆ دەستگرتن بە ڕێنموونی ئیسلامەوە كە بریتین لە:
(1) قورئانی پیرۆز كە كتێبی خوایە، وە هیچ شتێكی ترمان لەدەستدا نیە لەم (كتێبه) زیاتر بێگومان و یەقینبەخش بێت، كەلامی خوایە و پاك و بێگەردە لە خەوشەكانی گومان و دوودڵی.
(2) سوننەت: لێرەدا دوور لە زاراوەی فهرموودهناسان قسەدەكەم، واتە سوننەت و فەرموودە بەیەك شت دانانێم وەك چۆن ئەمە ڕێباز و بەرنامەی فەرموودەناسە ئاساییەكانە. بەڵكو فەرموودە شتێكە و سوننەت شتێكی ترە. لای من مەبەست لە سوننەت كردەوەی پێغەمبەرە (صلى الله عليه وسلم) كه بەتەواتور كاری پێ كراوە، لەسەرەتاوە لەگەڵ قورئانی پیرۆزدا دەركەوتووە و بۆ هەتاهەتایە لەگەڵیدا دەمێنێتەوە، یان دەتوانین بە دەربڕینێكی تر بڵێین قورئانی پیرۆز فەرمایشتی خوای گەورەیە و سوننەت كردەوەی پێغەمبەری خوایە (صلى الله عليه وسلم). وە یەكێك لە ڕێوشوێنە دێرینەكانی خوا ئەوەیە كاتێك پێغەمبەرەكان (علیهم السلام) بە فەرمایشتی خواوە دێن بۆ هیدایەتدانی خەڵكی، لەڕێگەی كردەوەی خۆیانەوە فەرمایشتەكەی خوا تەفسیر دەكەن؛ واتە بەشێوەیەكی كردەیی، هەتا خەڵكی گومانیان بۆ دروست نەبێت دەربارەی تێگەيشتن لەو فەرمایشتە. بۆیە پێغەمبەران خۆیان كاری پێ دەكەن و داوای ئەمەش دەكەن لە خەڵكی.
(3) ئامرازی سێيەمی هیدایەت بریتیە لە فەرموودە، وە مەبەستم لە فەرموودە ئەو ئاسەوارانەیە كە بەشێوەی چیرۆك و بەسەرهاتەكان نزیكەی 150 ساڵ دوای پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆكراونەتەوە بەهۆی كۆمەڵێك ڕاوی جیاوازەوە. كەواتە جیاوازی نێوان سوننەت و فەرموودە ئەوەیە كە سوننەت ئەو شێوازە كرداریەیە كە تەواتوری كردەیی بەدەستهێناوە و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خۆی هەستاوە بە ئەنجامدانی، وە دوای قورئان پلەی دووەم لە پلەكانی یەقین داگیر دەكات. وە هەروەك چۆن پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانی پێ كرابوو كە قورئان بڵاوبكاتەوە بەهەمان شێوە فەرمانی پێكرابوو سوننەتیش جێبەجێ بكات. هەروەك چۆن قورئانی پیرۆز یەقینبەخشە، بەهەمان شێوە ئەو سوننەتەی بە تەواتور كاری پێكراوە ئەویش شتێكی یەقینیە. بێگومان پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خۆی ئەم دوو خزمەتەی بەجێھێناوە و بە دوو واجب ئەژماری كردووە لەسەر خۆی.
بۆ نموونە كاتێك حوكمی نوێژكردن دابەزی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەڕێگەی كردەوەی خۆیەوە ئەم حوكمەی خوای شرۆڤە كرد، بەكردەوەی خۆی ئاشكرای كردووە كە نوێژی بەیانی ئەوەندە ڕكاتە و نوێژی مەغریب ئەوەندەیە و نوێژەكانی تر ئەوەندە ڕكاتن. بەهەمان شێوە بەشێوەی كردەیی حەجی جێگیركردووە، پاشان هەزارەها هاوەڵی پابەندكردووە بەم شێوازەوە، وە بەوپەڕی توندوتۆڵیەوە زنجیرەی تەواتوری كردەیی دامەزراندووە. كەواتە ئەو نموونە كردەییەی بەردەوام هەتا ئێستا لەڕێگەی تەواتوری كردەییەوە هەستی پێكراوە و بینراوە لەناو ئوممەتدا بریتیە لە سوننەت. بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەبەردەمیدا فەرموودەكان نەنووسراوەتەوە و گرنگی نەداوە بە كۆكردنەوەیان. هەڵبەت ئەبوبەكر (رضي الله عنه) هەندێ فەرموودەی كۆكردەوە بەڵام هەمووی سووتاند وەك پابەندبوونێك بە بنەماكانی تەقواوە كە باوەڕی وابوو ڕاستەوخۆ لە پێغەمبەری (صلى الله عليه وسلم) نەبیستووە، بۆیە تەنھا خوا حەقیقەتەكانیان دەزانێت. پاشان كاتێك سەردەمی هاوەڵان (رضي الله عنهم) تێپەڕی خوا سروشتی هەندێ كەسی دوای تابیعیەكانی ئاراستەكرد كە فەرموودەكانیش كۆبكەنەوە و ئینجا كۆكرانەوه. گومانی تێدا نیە زۆربەی زۆری نووسەرەوانی فەرموودە كەسانی زۆر بەتەقوا و لەخواترس بوون و بەوپەڕی تواناوە شەنوكەویان كردوون، وە هەوڵی بێوچانیان داوە بۆ دوورخستنەوەی فەرموودە هەڵبەستراوەكان بەگوێرەی بۆچوونی خۆیان، وە فەرموودەیەكیان وەرنەگرتووە لە ڕاویەك كە بارودۆخی گوماناوی بووبێت. لەمەدا ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان خەرج كردووە، بەڵام هەموو ئەمانە دوای بەسەرچوونی كاتەكە بووە، لەبەرئەوە هەموو فەرموودەكان لە پلەی گوماندا مانەوە. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەدا ستەمێكی گەورەیە بوترێت فەرموودە هەمووی بێنرخ و خراپە و دروستكراوە و هیچ سوودێكی نیە. بەڵكو لەڕاستیدا لەكاتی كۆكردنەوەیدا ئاگاداری و وریایی و لێكۆڵینەوە و بژاركردن و شەنوكەوكردن ڕەچاوكراوە بەڕادەیەك كە لە ئایینەكانی تر هاوشێوەی نەبووە. فەرموودە لای جووەكانیش هەیە، وە ئەو گروپەی كە سەنگەری گرتبوو لە مەسیح (عليه السلام) ئەویش ناوی ئەهلی فەرموودە بوو. بەڵام ساغنەبووەتەوە كە فەرموودەناسەكانی جوولەكە وەكو فەرموودەناسە موسوڵمانهكان بە وریایی و ئاگاداریەوە فەرموودەكانیان كۆكردبێتەوە. بەڵام ئەو باوەڕە هەڵەیە كە خەڵكی بۆ نموونە ڕكاتەكانی نوێژ یان شێوازی حەجكردنیان نەزانیوە هەتا ئەو كاتەی فەرموودە كۆكراوەتەوە؛ چونكە زنجیرەی تەواتوری كردەوە كە لەناویاندا دروستبووە بەهۆی سوننەتەوە هەموو سنور و فەرزەكانی ئیسلامی فێركردوون. لەبەرئەوە ئەو قسەیە تەواو ڕاست و دروستە ئەگەر فەرموودەكان بوونیان نەبوایە كە پاش ماوەیەكی زۆر كۆكرانەوە هیچ گیروگرفتێك بۆ فێركاری و ڕێنمایی ئیسلام دروست نەدەبوو؛ چونكە قورئانی پیرۆز و زنجیرەی كردەوەی موتەواتیر هەموو ئەو پێویستیانەیان پڕكردووەتەوە، ئەوەندە هەیە فەرموودەكان ڕووناكییەكیان زیادكردووە بۆ ئەم نوورە و ئیسلام بووە بە ڕووناكی لەسەر ڕووناكی. وە فەرموودەكان بوون بە شایەت بۆ قورئان و سوننەت. دوای ئەوە كۆمەڵێكی زۆر گروپی ئیسلامی دروست بوون و گروپە ڕاستگۆكە زۆر سوودی وەرگرت لە فەرموودە ڕاست و دروستەكان. كەواتە ڕێبازی ئەوپەڕی ڕاست و سەلامەت ئەوەیە كە وەكو ئەهلی فەرموودە هاوچەرخەکان باوەڕمان وانەبێت فەرموودە لەپێش قورئانی پیرۆزەوەیە، وە ئەگەر بهسهرهاتهكانی بەئاشكرا پێچەوانەی ڕاگەیاندنەكانی قورئانی پیرۆز بوو؛ ئەوا پێویستە بهسهرهاتی فەرموودەكان نەخەینە پێش قورئانی پیرۆزەوە و وازبھێنین لە قورئان. هەروەها پێویستە هەموو فەرموودەكان بە شتانێكی زیادە و باتڵ ئەژمار نەكەین وەك چۆن شێخ عەبدوڵڵا چەكرالەیی باوەڕی وایە، بەڵكو دەبێت باوەڕمان وابێت كە قورئان و سوننەت دادوەرن بەسەر فەرموودەوە. وە ئەو فەرموودەیەی دژایەتی ناكات لەگەڵ قورئان و سوننەتدا پێویستە وەریبگرین و بیخەینەسەر سەر و سەرچاومان. ئەمەیە ڕێگای ڕاست. دەی پیرۆزبن ئەوانەی پابەندن پێوەی.
وە بەدبەخت و گەمژە كەسێكە كە نكوڵی دەكات لە فەرموودەكان بەبێ پشتبەستن بەم بنەمایە.[2]
ئەركی سەرشانی كۆمەڵەكەمانە: ئەگەر فەرموودەیەك دژ یان پێچەوانەی قورئانی پیرۆز و سوننەت نەبوو؛ ئەوا پێویستە كاری پێ بكەن هەرچەند پلەكەی لاواز بێت، وە پێویستە فەزڵی بدەن بەسەر فیقهێكدا كە مرۆڤ دروستی كردووە. ئەگەر مەسەلەیەكتان دەستنەكەوت لە فەرموودە و سوننەت و قورئاندا ئەوا بە فیقهی حەنەفی كار بكەن؛ چونكە زۆری ئەم گروپه بەڵگەیە لەسەر ڕەزامەندی خوا. وە ئەگەر بەهۆی هەندێ گۆڕانكاری ئێستاوە فیقهی حەنەفی نەیتوانی فەتوایەكی دروست بدات؛ ئەوا پێویستە لەسەر زاناكانی ئەم كۆمەڵە لەڕێگەی ئەو هێزی ئیجتیهادەوە كە خوای گەورە پێی خەڵات كردوون ئیجتیهاد بكەن. بەڵام دەبێت زۆر وریا بن بەبێ پاساو نكوڵی نەكەن لە فەرموودە وەكو شێخ عەبدوڵڵا چەكرالەیی. بەڵام ئەگەر بینییان فەرموودەیەك پێچەوانەی قورئان و سوننەتە ئەوا با وازبهێنن لێی. بزانن كۆمەڵەكەمان زیاتر لە ئەهلی فەرموودەوە نزیكە تا شێخ عەبدوڵڵا، وە هیچ پەیوەندیەكمان نیە بە بیروباوەڕە پووچەكانی عەبدوڵڵا چەكرالەییەوە. هەر كەسێك خۆی دەداتە پاڵ كۆمەڵەكەمان پێویسته لەسەری بیروباوەڕەكانی عەبدوڵڵا چهكرالهیی ڕەتبكاتەوە دەربارەی فەرموودە و لەناخی دڵیەوە خۆی بێبەری بكات لێیان، وە بەگوێرەی توانا هاوەڵێتی هاوشێوەكانی نەكات؛ چونكە ئەم گروپە لە گروپەكانی تر زیاتر نزیكە لە تیاچوون و گومڕابوونەوە.[3] هەروەها پێویستە لەسەر ئەندامانی كۆمەڵەكەم كە بەلای پەڕگیری ئەرێنیدا نەچن دەربارەی فەرموودەكان وەكو شێخ موحەممەد حوسێن، وە بەلای پەڕگیری نەرێنیدا نەچن وەكو شێخ عەبدوڵڵا، بەڵكو پێویستە ڕێبازێكی میانەگەری بگرن لەنێوان ئەو دوو مەزهەبەی ئەواندا. بەو مانایە بە تەواوەتی فەرموودەكان نەكەن بە قیبلە و كەعبەی خۆیان هەتا قورئان ببێت بە كتێبێكی وازلێھێنراو و پەیڕەونەكراو، وە فەرموودەكان بە باتڵ و زیادە ئەژمار نەكەن بەمەش بەتەواوەتی فەرموودەكانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەفیڕۆبچن.
هەروەها پێویستە لەسەریان نكوڵی نەكەن لە خەتمی پێغەمبەرایەتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، وە پێویستە لەسەریان ئەو مانایە هەڵنەگۆزن لە خەتمی پێغەمبەرایەتیەوە كە ئەنجامەكەی بریتیی بێت لە داخستنی دەرگای ئاخاوتن و گفتوگۆی خوایی لەسەر ئەم ئوممەتە.
وە با ئاشكراو زانراو بێت كە ئێمە باوەڕمان بەوە هەیە كۆتا كتێب و كۆتا شەریعەت بریتیە لە قورئان، وە هەتا ڕۆژی قیامەت پێغەمبەرێك نایەت بە شەریعەتێكی تازەوە یان بەبێ شوێنكەوتنی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەحیەكی پێ بگات، بەڵكو ئەم دەرگایە قوفڵ دراوە هەتا ڕۆژی قیامەت. بەڵام دەرگاكانی پێگەيشتنی وەحی لەئەنجامی شوێنكەوتنی پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) كراوەن هەتا ڕۆژی قیامەت. هەرگیز ئەو وەحیە ناپچڕێت كە ئەنجامی شوێنكەوتنی پێغەمبەرە (صلى الله عليه وسلم). بەڵام پێغەمبەرایەتی تەشریعی و پێغەمبەرایەتی سەربەخۆ پچڕاون. وە هیچ ڕێگایەك نیە بۆگەيشتن پێیان هەتا ڕۆژی قیامەت. وە ئەو كەسەی بڵێت من لە ئوممەتی موححەممەد (صلى الله عليه وسلم) نیم و بانگەشەی ئەوە بكات كە پێغەمبەرێكی خاوەن شەریعەتە یان پێغەمبەرێكە بەبێ شەریعەت و لەم ئوممەتە نیە، ئەو كەسە وەكو پیاوێك وایە كە لافاوێكی زۆر نوقمی بكات و بەدوای خۆیدا كێشی بكات و دەرنەچێت هەتا دەمرێت.
درێژەی ئەم بابەتە ئەوەیە لهو شوێنهدا كه خوای گەورە بەڵێنیداوه پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خاتەمی پێغەمبەرانە لەهەمان شوێندا ئاماژەشی بەوە داوە كە ئەو (صلى الله عليه وسلم) -لەڕووی ڕۆحانیەتەكەیەوە- لە حوكمی باوكی هەموو ئهو كەسە ساڵحانهدایە كە بەهۆی شوێنكەوتنی ئەوەوە (صلى الله عليه وسلم) كامڵ بوون و شەرەفی وەحی و ئاخاوتنی خوای گەورەیان پێ خەڵاتكراوە. وەك خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: {مَا كَانَ مُحَمَّدٌ أَبَا أَحَدٍ مِنْ رِجَالِكُمْ وَلَكِنْ رَسُولَ اللَّهِ وَخَاتَمَ النَّبِيِّينَ..}[الأحزاب: 41] وە زانراوە كە پیتی “لكن” مانای ئیستیدراك دەگەیەنێت لە زمانی عەرەبیدا؛ واتە بۆ ڕەوینەوەی گومانێك یان بۆ ڕاستكردنەوەی بیرۆكەیەكی هەڵە كە لە وتەكەی پێش خۆیەوە دروست دەبێت. ئەو شتهی كە بە تێپەڕیو ئەژماردەكرێت لە بەشی یەكەمی ئایەتەكەدا، واتە ئەوەی لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دوورخراوەتەوە كە بریتیە لەوەی باوكی هیچ پیاوێك بێت لەڕووی جەستەییەوە، دیارە ئەو گومان و بیرۆكە هەڵەیەی كە دروست دەبێت لە بابەتە تێپەڕیوەكە بە وشەی “لكن” ڕاستكراوەتەوه و ڕەوێنراوەتەوە؛ بهجۆرێك پێغەمبەری (صلى الله عليه وسلم) كردووە بە خاتەمی پێغەمبەران. ئەمەش مانای ئەوەیە كە لێشاوی پێغەمبەرایەتی ڕاستەوخۆ دوای هاتنی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پچڕاوە و كۆتایی هاتووە. ئێستا هیچ كەسێك كەماڵی نبووەت بەدەستناھێنێت مەگەر ئەو كەسەی مۆركی شوێنكەوتنی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەسەر كردەوەكانیەوە بێت، بەمەش دەبێت بە كوڕ و میراتگری ئەو (صلى الله عليه وسلم). كەواتە لەم ئایەتەدا باوكایەتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەڕوویەكەوە دوورخراوەتەوە، وە باوكایەتیەكە لەڕوویەكی ترەوە جێگیركراوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕەخنەیەی كە لەم ئایەتەدا باسكراوە: {إِنَّ شَانِئَكَ هُوَ الْأَبْتَرُ}[الكوثر: 4] كەواتە پوختەی ئەم ئایەتە ئەوەیە كە پێغەمبەرایەتی -ئەگەرچی بەبێ شەریعەتیش بێت- پچڕاوە؛ بەو مانایەی كە هیچ كەسێك مەقامی پێغەمبەرایەتی ڕاستەوخۆ بەدەستناهێنێت، بەڵام پێغەمبەرایەتی نەپچڕاوە ئەگەر بەدەستبهێنرێت و لێشاوی نوور وەربگرێت لە چرای پێغەمبەرایەتی موحەممەدیيەوە. واتە ئەم كەسە كە خاوەنی سیفەتە كامڵەكانە دەبێت لە لایەكەوە تاكێك بێت لەم ئوممەتە، وە لەلایەكی ترەوه بووبێت بە خاوەنی سیفەتە كامڵەكانی پێغەمبەرایەتی بەهۆی دەستخستن و پەیداكردنی لە نوورە موحەممەديیەكانەوە. ئەگەر لەم ڕوانگەیەشەوە كامڵبوونی نەفسە ئامادەكان لەم ئوممەتەدا نەرێ بكرێت؛ ئەوا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەجاخكوێر دەردەچێت -پەنا بەخوا- لە هەردوو ڕووەكەوە، واتە لەڕووی جەستەیی و ڕۆحیەوە كوڕی نابێت. وە لەم دۆخەدا ئەو ڕەخنەگرەی كە ناوی “الأبتر، وەجاخكوێر”ی بڕیوە بەسەر پێغەمبەردا ڕەخنەكەی ڕاست دهردهچێت.
مادام ساغبووەتەوە كە دەرگای پێغەمبەرایەتی سەربەخۆ ڕاستەوخۆ[4] قوفڵ دراوە دوای پێغەمبەر هەتا قیامەت، وە ناكرێت كەسێك دەربكەوێت بەهیچ شێوەیەك پاش پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەگەر لە كەسایەتیەكەیدا ئەو ڕاستیە نەبێت كە تاكێكە لەم ئوممەتە، وە ئەگەر خزمەتكاری پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەبێت، كەواتە لەم دۆخەدا دابەزینی عیسا (عليه السلام) لە ئاسمانەوە و ئەوەی كە تاكێكە لەم ئوممەتە و پێغەمبەرایەتیەكەی لە چرای پێغەمبەرایەتی پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) بەدەستهاتووە و لێشاوی ڕووناكی وەرگرتووە بیرۆكەیەكی ساختەیە و بەزۆر دەسەپێنرێت. ئەوەی پێشتر پێغەمبەر بووبێت كەی ڕاستە بوترێت پێغەمبەرایەتیەكەی لە چرای پێغەمبەراتی پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) سەرچاوەی گرتووە؟ وە ئەگەر لە چرای پێغەمبەرایەتی ئەوەوە (صلى الله عليه وسلم) لێشاوی نووری وەرنەگرتبێت ئیتر بە چ مانایەك بە یەكێك لە تاكەكانی ئەم ئوممەتە ئەژمار دەكرێت؟ وە زانراوە ئەوەی یەكێكە لەم ئوممەتە پراكتیك نابێت بەسەر كەسێكدا ئەگەر هەموو سیفەتە كامڵەكانی لە پێغەمبەرە ڕابەرەكەیەوە سەرچاوەی نەگرتبێت. ئەگەر یەكێك كامڵبوونێكی مەزنی بەدەستهێنا و پێى وترا پێغەمبەر لە خودی خۆیدا ئیتر چۆن تاكێك دەبێت لەم ئوممەتە؟ بەڵكو پێغەمبەرێكی سەربەخۆ دەبێت و دوای پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هیچ شوێن پێیەكی نابێت. وە ئەگەر دەڵێن ئەو پێغەمبەرایەتیەی پێشوو كە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ بەدەستی هێناوە لێی دادەڕنرێت و بەهۆی شوێنكەوتنی پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) پێغەمبەرایەتیەكی نوێ بەدەستدەهێنێت وەك چۆن ئایەتەكە ئەو مانایە دەبەخشێت؛ ئەوا لەم دۆخەدا تاكێك لەم ئوممەتە كە پێی دەوترێت باشترینی ئوممەتەكان شایستەترە بەم پلەوپایە كە دەكرێت بەدەستبهێنرێت لەڕێگەی بەرەكەتی شوێنكەوتنی پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم)، وە پێویست بە دابەزاندنی عیسا (عليه السلام) ناكات لە ئاسمانەوە؛ چونكە ئەگەر بشێت یەكێك لە تاكەكانی ئەم ئوممەتە سیفەتە كامڵەكانی پێغەمبەرایەتی بەدەستبهێنێت بەهۆی نوورە موحەممەدیەكانەوە؛ ئەوا دابەزاندنی كەسێك لەم دۆخەدا مایەی زەوتكردنی مافی خاوەن مافەكەیە، چ ڕێگڕێك هەیە كە ئەم لێشاوی نوورە خەڵات بكرێت بە تاكێكی ئەم ئوممەتە بۆ ئەوەی كەس گومانی بۆ دروست نەبێت سەبارەت بە نموونەی لێشاوی نووری موحەممەدی؛ چونكە مانای نیە كە پێغەمبەرێكی پێشوو سەرلەنوێ بكرێتەوە بە پێغەمبەر. بۆ نموونە ئەگەر كەسێك هەبێت بانگەشەی ئەوە بكات كە ئاڵتوون دادەڕێژێت پاشان شتێكی داڕێژراو دابنێت لەسەر خودی ئاڵتوونەكه و بڵێت: بڕوانن ئاڵتوونم داڕشت، ئایا لەمەوە ساغدەبێتەوە كە ئەو بووە بە زێڕنگەر؟
كەواتە، بێگومان كەماڵی لێشاوی بەرەكەت و نووری پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەوەدا شاراوەتەوە كە تاكێك لەم ئوممەتە ئەم پلەوپایە بەدەستبھێنێت بەهۆی شوێنكەوتنی ئەوەوە (صلى الله عليه وسلم)، ئەگینا چەند درۆیەكی نەزۆكە دانانی پێغەمبەرێكی پێشوو بە تاكێك لە تاكەكانی ئەم ئوممەتە و پاشان وا بیربكرێتەوە كە ئەو پلەی پێغەمبەرایەتیەی ئەو بەدەستی هێناوە تەنھا بۆیە بەدەستیهێناوە چونكە تاكێك بووە لەم ئوممەتە نەك بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ بەدەستیهێنابێت! بەڵكو ئەم دوو ڕاستیە دژی یەكن چونكە ڕاستی پێغەمبەرایەتی مەسیح ئەوەیە كه ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستهێناوە بەبێ شوێنكەوتنی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم). پاشان ئەگەر عیسا (عليه السلام) بكرێت بە تاكێك لەم ئوممەتە وەك لەم فەرموودەیەوه ڕووندهبێتهوه: “إمامكم منكم” ئەوا مانای ئەوەیە كە هەموو سیفەتێكی كامڵ لە سیفەتە كامڵەكانی پێغەمبەرایەتیەكەی لە بەرەكەتی پێغەمبەرایەتی موحەممەدیەوە وەرگیراوە. بێگومان پێش كەمێك دووپاتمان كردەوە كە سیفەتە كامڵەكانی پێغەمبەرایەتیەكەی ئەو لە بەرەكەتی نووری موحەممەدیەوە وەرنەگیراوە، ئەمەش كۆكردنەوەی دوو دژیهكه كە ئاشكرایه شتێكی باتڵە.
وە ئەگەر دەڵێن عیسا بەیەكێك لەم ئوممەتە لەقەڵەم دەدرێت، بەڵام هیچ لێشاوێكی نوور لە پێغەمبەرایەتی موحەممەدیەوە وەرناگرێت؛ ئەوا لەم دۆخەدا ئەو ڕاستیە ون دەبێت تێیدا كە یەكێك بێت لەم ئوممەتە؛ چونكە ئێمە پێش كەمێك گوتمان هیچ مانای نیە كەسێك تاكێك بێت لەم ئوممەتە مەگەر هەموو سیفەتە كامڵەكانی لە شوێنكەوتنی پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) سەرچاوەیان گرتبێت وەك لە چەندین ئایەتی قورئانی پیرۆزدا بەڕاشكاوی ڕاگەیەنراوە. وە مادام دەرگا كراوەیە لەسەر تاكی ئەم ئوممەتە كە ئەم بەرەكەتە لە پێغەمبەرە ڕابەرەكەیەوە وەربگرێت؛ ئەوا كێ هەیە ئەوەندە گەمژەبێت كە ڕێگایەكی ساختە هەڵبژێرێت و لەم دۆخەدا ڕێگا بدات بە كۆبوونەوەی دوو شتی دژیهك؟! ئیتر چۆن دەكرێت كەسێك بە تاكێك لەم ئوممەتە ئەژمار بكرێت كە هیچ سیفەتێكی كامڵی بەدەستنەھێنابێت لەڕێگەی شوێنكەوتنەوە؟!
بەمە ئەو ڕەخنەیەش پووچهڵ دهبێتهوه كە هەندێ كەسی كاڵفام دەیورووژێنن، كه بانگەشەی پێگەيشتنی وەحی پێویستی دەكات ئەو وەحیە بەزمانی خاوەن وەحیەكە بێت نەك بە زمانی عەرەبی؛ ئهمهش چونكه زمانەكەی دایك پێویستی دهكات لهسهر ئهو كەسە كە بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەكات بەشێوەی سەربەخۆ بەبێ وەرگرتنی لێشاوی بەرەكەت لە چرای پێغەمبەرایەتی موحەممەدیهوه، بەڵام ئەو كەسەی نوورەكانی پێغەمبەرایەتی بەدەستدەھێنێت لە لێشاوی بەرەكەتی پێغەمبەرایەتی موحەممەدیەوە لەبەرئەوەی تاكێكە لەم ئوممەتە؛ ئەوا لەكاتی ئاخاوتن لەگەڵ خوادا وەحی پێدەگات بە زمانی ڕابەرەكەی بۆ ئەوەی ئەمە ببێتە نیشانەیەك لەنێوان شوێنكەوتەكە و ڕابەرەكەدا و بەڵگە بێت لەسەر پەیوەندی نێوانیان.
زۆر بەداخەوە ئەو كەسانە لە هەموو ڕوویەكەوە ستەم لە عیسا (عليه السلام) دەكەن. یەكەمجار جەستەكەی بەرزدەكەنەوە بۆ ئاسمان بەبێ لابردنی ڕەخنەی نەفرەتەكە، بەمەش ڕەخنەكەی جوولەكە لە مەسیح (عليه السلام) وەكو خۆی دەمێنێتەوە. دووەم: دەڵێن باسی مردنەكەی نەكراوە لە قورئانی پیرۆزدا، واتە بەمە هۆكارێك دروست دەكەن بۆ بەخواكردنی. سێيەم: لە دۆخی نائومێدی و نوشوستیدا پاڵی پێوە دەنێن بۆ ئاسمان؛ چونكە ئەو پێغەمبەرەی تەنانەت 12 حەواری نەبووە لەسەر زەویدا و ئەركی گەیاندنی بانگەوازەكەی ناتەواو بێت؛ ئەوا ناردنی بۆ ئاسمان دۆزەخێكە بۆ ئەو چونكە ڕۆحەكەی داخوازی تەواوكردنی بانگەواز و تەبلیغەكە دەكات، بەڵام بە پێچەوانەی نیاز و مەبەستی خۆیەوە ئەوان بەرزی دەكەنەوە بۆ ئاسمان.
سەبارەت بەخۆم، وای دەبینم ئەگەر بەرزبكرێمەوە بۆ ئاسمان و لە ئاسمانی حەوتەمدا دامبنیشێنن بەبێ ئەوەی ئەركەكەم تەواو بكەم، ئەمە مایەی بەختەوەری و ئاسوودەییم نیە. دەكرێت چ بەختەوەرییەك بەدەستبهێنم ئەگەر بەردەوام ئەركەكەم ناتەواو بێت؟ بەهەمان شێوە ئەویش (عليه السلام) دڵخۆش نابێت بە بەرزبوونەوەی بۆ ئاسمان. بەڵكو بە نھێنی كۆچی كرد، بەڵام گەمژەكان ئەمەیان بە بەرزبوونەوە بۆ ئاسمان دانا. خوا هیدایەتیان بدات.
وَالسَّلَامُ عَلَى مَنِ اتَّبَعَ الْهُدَى
ڕاگەیەنەر:
میرزا غوڵام ئەحمەدی قادیانی 27/11/1902ز
پەراوێزەكان:
[1] تێبینی: كاتێك نزیكبوو ڕاگەیاندنەكە تەواو بكەم ڕەنگە چەند دێڕێكم مابووبێت، خەو زۆری بۆھێنام بەڕادەیەك بەناچاری وازم لە قەڵەم و كاغەز هێنا و نووستم. ئینجا لە خەوندا شێخ موحەممەد حوسێن بەتالەیی و شێخ عەبدوڵڵا چەكرالەییم بە ئاشكرا بینی. هەردووكیانم دواند و پێم گوتن: “خسف القمر والشمس في رمضان، فبأي آلاء ربكما تكذبان” پاشان لە خەونەكەدا بە برای خۆم، لەپێناوی خوادا، مەولەوی عەبدولكەریمم گوت: لێرەدا مەبەست لە “آلاء” منم. پاشان چاوم بەرزكردەوە و ڕوانیم بۆ حەوشەیەك تێیدا چرایەكی ڕۆشن هەبوو وەك ئەوەی كاتەكە شەو بێت. وە هەندێ كەسم بینی لەبەر ڕۆشنایی چراكەدا قورئانیان كردبووەوە و ئەو دوو ڕستەیەیان دەگواستەوە كە پێشتر باسكران، وەك ئەوەی بەهەمان ڕیزبەندی لەقورئاندا باسكرابن. وە زانیم كە یەكێك لەو كەسانە “میان نەبی بەخش”ی پینەچی ئەمریستاری بوو. (لەوەوە)
[2] تێبینی: ئەم شەو لە خەوندا درەختێكی زۆر شۆخ و شەنگ و بەردارم پێ پیشان درا كە میوەی زۆری هەڵگرتبوو. وە كۆمەڵێك دەیانویست كارێك بكەن مێوێكی بێ ڕەگ و ڕیشە بەزۆر سەربكەوێت بەم درەختەدا، بگرە ئەم كارەشیان ئەنجامدا. مێوەكە لە ڕووەكی ئەفتیمۆن دەچوو. وە هەركاتێك سەردەكەوت بەسەر درەختەكەدا زیانی دەگەیاند بە بەرەكەی و شێوەی ئەو درەختە جوانەی دەشێواند، لەگەڵ بوونی مەترسیەكی گەورەی لەدەستچوونی ئەو بەرانەی كە نزیكیبوون، بەڵكو پێشتر هەندێكیان لەدەستچوون. بەبینینی ئەم هەلومەرجە زۆر نیگەران بووم و دڵم توایەوە. لەكەسێكم پرسی كە لە تەنیشتمدا ڕاوەستابوو لەسەر شێوەی مرۆڤێكی پاك و چاكەكار: ئەم درەختە چیە و ئەم مێوە چیە كە بەم شێوەیە سەردەكەوێت بەسەر ئەم درەختە شەنگ و شۆخەدا؟ وەڵامی دامەوە و گوتی: درەختەكە قورئانە واتە كەلامی خوایە. مێوەكە ئەو فەرموودە و قسانەیە كە دژایەتی دەكەن یان بە دژی ئەو دادەنرێن. وە زۆریەكەی فشاری خستووەتەسەر درەختەكە و زیانی پێگەیاندووە، پاشان بەئاگا هاتمەوە. ئێستا پاش بەئاگاهاتنەوەم لە نيوەشەودا ئەم وتارە دەنووسم، بەڵام ئێستا كۆتایی پێ دەهێنم شەوی شەممە كاتژمێر بیست خولەكی دەوێت بۆ دوو پاش نیوەشەو. سوپاش بۆ خوا. م.غ.أ.
[3] لەكاتژمێر 3:20ى هەمان شەودا ئیلهامێكی ترم پێگەيشت: “من أعرض عن ذكري نبتلیه بذریة فاسقة ملحدة یمیلون إلی الدنیا ولایعبدونني شیئا.” واتە ئەوەی پشت هەڵكات لە قورئانی پیرۆز.. ئەوە ئاكامی نەوەیەكی وەكو ئەو خراپ دەبێت و هەرگیز سەركەوتوو نابێت بۆ تۆبەكردن و پارێزكاری. (لەوەوە)
[4] هەندێ بەناو زانای ئایینی ڕەخنەم لێ دەگرن و دەڵێن پێغەمبەری خۆمان (صلى الله عليه وسلم) پێشبینی هاتنی سی دەججالی كردووە و هەر یەكێكیان بانگەشەی ئەوە دەكات كە پێغەمبەرە. وەڵامەكەی ئەوەیە: ئەی كەم ئاوەزان و ئەی چارەڕەشان، ئایا تەنھا سی دەججال لەچارەتان نووسراوە؟ زۆر نزیكە پێنج یەكی سەدەی چواردە تەواو بێت و مانگی خیلافەت چواردە قۆناغەكەی خۆی تەواوكردووە كە ئەم ئایەتەش ئاماژەی پێ دەدات: {وَالْقَمَرَ قَدَّرْنَاهُ مَنَازِلَ}[یس: 40]، بێگومان دنیا لە لێواری كۆتاییهاتندایە بەڵام دەججالەكانتان هێشـا تەواو نەبوون! ڕەنگە هەتا مردن لەگەڵتاندا بمێننەوە. ئەی كاڵفامەكان ئەو دەججالەی كە پێی دەوترێت شەیتان لەناو ناختاندا بوونی هەیە، بۆیە پەی نابەن بە سەردەمەكە و چاوەڕوانی نیشانە ئاسمانیەكان ناكەن. بەڵام چۆن خەفەت بخۆم بۆتان؟! ئەوەی چواردە سەدە دوای مووسا (عليه السلام) وەكو هاوشێوەی من دەركەوت جوولەكه پیسەكان ئەویشیان ناونا دەججال. كەواتە دڵەكان لەیەك دەچن، خوایە گیان ڕەحم بكەیت. (لەوەوە).