
فریشتەكانی خوا
بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد
خەلیفەی دووەمی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)داگرتنی کتێبەکە بە
حەزرەتى میرزا بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد (رضي الله عنه)
خەلیفەی دووەمی ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)
……….
پێڕست
لەكاتی گوێگرتندا ئاگاداری تەواوەتی پێویستە
باوەڕبوون بە فریشتەكان یەكێكە لە پایەكانی ئیمان
ئیمانی خەڵكی گشتی بە فریشتەكان
فریشتە خەیاڵیەكان لای موسوڵمانانی ئەم سەردەمە
باسی فریشتەكان لە ئایینەكانی تردا
باسكردنی فریشتەكان لە ئایینی زەردەشتیدا
باسكردنی فریشتەكان لە كتێبەكانی جوولەكەدا
باسكردنی فریشتەكان لە ئایینی هیندۆسیدا
ئایا مرۆڤ سوود دەگەیەنێت بە فریشتەكان
بەڵگەی عەقڵی لەسەر بوونی فریشتەكان
بەرپەرچدانەوەی ڕەخنەكان لەسەر بوونی فریشتەكان
بۆچی فەرمانمان پێ كراوە باوەڕبھێنین بە فریشتەكان
جۆرەكانی فریشتە و پەیوەندیان بە خەڵكەوە
هاندانە (اللمة) گەشەسەندووەكانی فریشتە
هاندانی فریشتەیی و هاندانی شەیتانی بەهۆی دۆخی دەروونی مرۆڤەوە دروست دەبن
شێوازی بەراوردكردن لەنێوان هاندانی فریشتە و هاندانی شەیتاندا
*****
بسم الله الرحمن الرحیم نحمده ونصلي على رسوله الكريم
پێشەكی بڵاوكار
خۆشحاڵین كە وەرگێڕانی كتێبێكی گرنگی گەورەمان میرزا بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد (رضي الله عنه) خەلیفەی دووەمی ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێشكەشی خوێنەرانی كورد زمان دەكەین كە بریتیە لە كتێبی “فریشتەكانی خوا”.
ئەم كتێبە كە پڕە لە حەقیقەت و زانستە ئاسمانیەكان وتارێكە بەڕێزی (رضي الله عنه) لە ڕێككەوتی 28_29ی كانوونی یەكەمی ساڵی 1920زدا پێشكەشی كرد لە مزگەوتی نوور بەبۆنەی جەلسەی ساڵانە لە قادیان.
هەڵبەت بابەتی فریشتەكانی خوا یەكێكە لە بابەتە ئیمانیەكان، لەگەڵ ئەوەی ئەم بابەتە زۆر وردە بەڵام بەڕێزی بەشێوازێكی زۆر سادە و ئاسان و لە ڕوانگەی بینایی خواناسێكی ئەزموونگەرەوە پێشكەشی كردووە.
بەڕێزی (رضي الله عنه) لە قورئانی پیرۆزەوە تیشكی خستووەتەسەر حەقیقەت و پێوستی و جۆری فریشتەكان و ئەركەكانیان و چۆنێتی باسكردنیان لە ئایینە جۆراوجۆرەكاندا، سەرباری هەڵوەشاندنەوەی هەندێ گومان و ڕەخنە دەربارەیان. هەروەك تێیدا باسی ئەوە كراوە مرۆڤ چۆن هاندانە شەیانیەكان بناسێتەوە و خۆی بپارێزێت لێیان، هەروەها بە چ شێوەیەك هاندانە فریشتییەكان بناسێتەوە و پەرەیان پێ بدات.
لە كۆتایی كتێبەكەدا بەڕێزی چەندین ئامرازی جۆراوجۆری خستووەتەڕوو بۆ دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ فریشتەكاندا.
برامان بورهان ڕەسول مەحموود لە عەرەبیەوە ئەم كتێبەی وەرگێڕاوە بۆ زمانی شیرینی كوردی، خوای گەورە بە باشترین شێوە پاداشتی بداتەوە، هەروەك داواكارین لە خوای گەورە یارمەتی خوێنەری بەڕێز بدات بۆ سوود وەرگرتن لەم گەنجینەیە و بیكات بە هۆكارێك بۆ هیدایەتی عەوداڵانی ڕێگای ڕاست. ئامین
بڵاوكاری كوردی
فریشتەكانی خوا
گەورەمان میرزا بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد (رضي الله عنه)
خەلیفەی دووەمی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)
بە بۆنەی جەلسەی ساڵانە
لە ڕێككەوتی 28/12/1920
پاش نیوەڕۆ لە مزگەوتی نوور لە قادیان
ئەم وتارەی پێشكەش كرد.
أشهد أن لا إله إلا الله وحده لا شريك له وأشهد أنَّ محمدًا عبده ورسوله. أما بعد فأعوذ بالله من الشيطان الرجيم ﴿بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ * الْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ * الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ * مَالِكِ يَوْمِ الدِّينِ * إِيَّاكَ نَعْبُدُ وَإِيَّاكَ نَسْتَعِينُ * اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ * صِرَاطَ الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ غَيْرِ الْمَغْضُوبِ عَلَيْهِمْ وَلَا الضَّالِّينَ﴾
پێشتر لە جەلسە ساڵانەكانی پێشوودا ئامۆژگاریم كردن، وە چەندین جار ئاماژەم پێكرد كە ئەو كەسانەی دەیانەوێت بەتایبەتی بابەتەكان لەبەربكەن ئەوا با بیاننووسنەوە؛ چونكە خوای گەورە مێشكی مرۆڤی دروستكردووە بۆ ئەوەی شتەكان لەبیردا كۆبكاتەوە و بیانپارێزێت بە ئەندازەی پاكی ئەو هەستانەی كە لە هۆشیدا هەن. دیارە ئەو شتەی بەیەك هەستەوەر هەستی پێدەكەین كاریگەری كەمترە لەچاو ئەو شتەی كە بە دوو هەستەوەر هەستی پێدەكەین، بۆیە كاتێك مرۆڤ گوێبیستی شتێك دەبێت و لەهەمان كاتدا تۆماری دەكات ئەوا دوو هێز بەكاردەهێنێت، پاشان ئەگەر بەردەوام بێت لە سەیركردنی ئەوەی كە نووسیویەتی سەرباری گوڕوتین و ئیرادە؛ ئەوا لە مێشكیدا كاریگەریەكی بەهێز بەجێدەهێڵێت. بەڵام مەبەستم لە نووسین نووسینی ڕۆژنامەنووسەكان نیە؛ چونكه ئەوان ناتوانن ئەوە لەبەربكەن كە دەینووسن لەبەر زۆری نووسینەكە، وە بەو پێیەی ئەوان بۆ كەسانی تر دەنووسن ئەوا سوورن لەسەر نووسینەوەی هەموو وشەیەك بەگوێرەی توانا. بەڵام لەبەرئەوەی كەسانی جگە لەوان پوختەیەك دەنووسن بۆیە دەتوانن لە بابەتەكە ڕابمێنن. وە كاتێك دوای سەرنجدان لە بابەتەكە تۆماری دەكەن ئەوا هیچ شتێكیان لەبیرناچێتەوە، پاشان كاتێك هەڵوەستە دەكەن لەسەر ئەوەی كە دەینووسن ئەوا زیاتر لەبیریاندا دەچەسپێت. وە لەبەر ئەم هۆكارە نەریتی پێشینانمان وەها بووە ڕێگەیان نەداوە بە كەسێك بێ دەفتەر و قەڵەم ئامادەبێت لە وانەكانیاندا. لەم بارەیەوە هاتووە كە ئیمامی شافیعی جارێكیان لە مەدینەی مونەووەرە ئامادەبووە لە وانەیەكی ئیمامی مالیكدا، وە شافیعی لە مەككەوە هاتبوو بۆ ئەم وانەیە و تەمەنی سیانزە ساڵی تێنەپەڕاندبوو، كاتێك ئیمامی مالیك تێبینی ئەوە دەكات كە ماوەی دوو سێ ڕۆژە دێت بۆ وانەكە و قەڵەم و دەفتەری پێ نیە، وە دەبینێت هیچ تێبینیەك تۆمارناكات بەبێزاریەوە لێی دەپرسێت: بۆچی هاتوویت؟ _خوای گەورە بیرێكی دەراسای بەخشی بوو بە شافیعی كە ئەگەر گوێبیستی شتێك بوایە یەكسەر لەبەری دەكرد_ ئەویش وەڵامی دایەوە: هاتووم فێربم. لەو كاتەدا ئیمامی مالیك لێی دەپرسێت كەواتە بۆ هیچ نانووسیت؟! ئەویش وەڵامی دەداتەوە: هەموو ئەو شتانەی كە گوێبیستی دەبم لە بیرمدا خەزن دەبن. ئینجا ئیمام داوای لێ دەكات چی بیستووە بۆى بڵێتەوە، ئەویش ئەو كارە دەكات. قوتابیەكانی ئیمامی مالیك دەڵێن دەفتەری هەموو قوتابیەكان هەڵەی تێدابوو بەڵام شافیعی هیچ هەڵەیەكی نەكرد.
بەڵام هەر یەكێك لە ئێمه خاوەنی زیھنێك نیە وەكو زیھنی شافیعی، لەبەرئەوە پێویستە بەرنامەیەك بگرینەبەر بەشێوەیەك قەرەبووی لاوازی بیر بكاتەوە، ئەویش ئەوەیە كە مرۆڤ هەرچیەكی بیست بینووسێتەوە بەشێوازێكی تایبەتی، بەمەش بۆی دەڕەخسێت سوودێكی دوو لایەنە وەربگرێت، وە ئەوەی نووسیویەتی لەبەری دەكات بە هێنانەوە یاد.
لەكاتی گوێگرتندا ئاگاداری تەواوەتی پێویستە
ئێستا دەمەوێت ئامۆژگاریەكی ترتان پێشكەش بكەم، ئەویش ئەوەیە پێویستە لەسەرتان بەتەواوەتی ئاگاداربن لە بابەتەكە كاتی گوێگرتن لێی؛ چونكە تێگەیشتن لە بابەتە زانستیەكان و لەبەركردنیان كارێكی سادە و ئاسان نیە، مرۆڤ بەدەستی خاڵی لە مەجلیسی وانه وتنەوە دێتە دەرەوە ئەگەر گرنگی تەواوەتی نەدات بە بابەتەكە.
قورئانی پیرۆز دەرحەق بەم كەسانە كۆمەڵێك وشەی توند و ڕەقی بەكارهێناوە، لەبەرئەوەی ئەمە نموونەیەكە ئەوا باسكردنی كێشە نیە. بێگومان دووڕووەكان ئامادە دەبوون لە مەجلیسی پێغەمبەردا (ﷺ)، بەڵام دوای ئەوەی كە لەلای دەردەچوون و لە مەجلیسەكەی دەهاتنە دەرەوە دەیانگوت: ﴿مَاذَا قَالَ آنِفًا، ئێستا چی گوت﴾ (محمد: 17)
ئەوان ئامادە دەبوون لە دانیشتنەكەدا بەبێ ئەوەی گوێ بگرن لە باسوخواسی ناو دانیشتنەكە، لەڕاستیدا كاتێك مرۆڤ لە مەجلیسێكدا دەبێت كه تێیدا دەربارەی ئایین قسەدەكرێت؛ ئەوا شەیتان بیر و هۆشی دەبات بۆ زۆر شوێنی تر بۆ ئەوەی سوود وەرنەگرێت لە قسەكان.
خەڵكانێكی زۆر هەن ئامادە دەبن لە كۆڕ و كۆبوونەوەكاندا بەڵام هیچ گرنگییەك نادەن بەو قسانەی كە دەدرێت بە گوێیاندا، وە جاروبار كە پرسیاری ئەوەیان لێ دەكرێت لەدانیشتنەكەدا چی ڕوویداوە دەڵێن: وەڵاهی باسوخواسەكە زۆر چێژبەخش بوو، بەڵام لەبەرمان نەكردووە، لەڕاستیدا چێژوەرگرتنی ئەو كەسانە بەهۆی گوێگرتنیانەوە نەبووە، بەڵكو بەهۆی هاتوهاوار و ستایشی خەڵك و چێژ وەرگرتنی ئەوانەوە بووە لە وتارەكە.
كەوابوو بەباشی گوێ شل بكەن بۆ ئەو قسانەی كە بۆتان دەكرێت، وە ئەوەی قەڵەم و دەفتەری پێیە و ڕاهاتووە لەسەر نووسین با بنووسێت، بەڵام ئەوانەی ڕانەهاتوون لەسەر نووسین لەكاتی گوێگرتن لە وتار با قەدەغە بكرێن لە نووسین بۆ ئەوەی بابەتەكەیان لەدەست دەرنەچێت. من هانتان دەدەم بۆ نووسین؛ چونكە زۆرجار هەلومەرجێكى لەناكاو دێتە پێشەوە ئەوە دەسەپێنێت بەسەرماندا كە بڵاوكردنەوەی ئەم وتارانە دوابخەین. وە دیارە ئەو نەقشانەی كە لە زیھندا چاپ دەبن لەكاتی وتاردا پاش ئەوە دەسڕێنەوە، وە لەم جۆرە بارودۆخانەدا دەرفەت دەرەخسێت بۆ ئەو كەسەی ئەم وتارانەی تۆماركردووە لە دەفتەردا كە كەڵكیان لێ وەربگرێت لەڕێگەی خوێندنەوەی تۆمارەكانەوە.
ساڵی پێشوو بەبۆنەی جەلسەی ساڵانەوە بابەتێكی گرنگم باسكرد لە بابەتەكانی ئیمان، بەڕێكەوت هەلومەرجێكی لەناكاو پەیدا بوو كە دوایخستین لەوەی لەكاتی خۆیدا بڵاویبكەینەوە، ئێستا توانیمان بڵاویبكەینەوە، وە ئەو كەسەی ئێستا بەشێوەی بڵاوكراوە دەیخوێنێتەوە هەست دەكات كە بابەتێكی نوێ دەخوێنێتەوە. بەڵام ئەو كەسەی كە لەكاتی گوێبیستی بابەتەكەدا تێبینی تۆماركردووە بەدڵنیاییەوە كەڵكی لێ وەرگرتووە.
بابەتی وتارەكەی ئەمڕۆشم زۆر گرنگە و دەچێتە چوارچێوەی بنەماكانی ئیسلامەوە و بەیەكێك لەبابەتە ئیمانیەكان ئەژمار دەكرێت و ئەوپەڕی وردە. ساڵی پار بابەتی (قەدەرى خوایی)م شرۆڤەكرد بۆتان، لەگەڵ ئەوەی بابەتێكی قورس و گرانە بەڵام تێگەیشتن لێی ئاسان بوو، ئەمەش؛ بەهۆی گرنگی پێدان و ئاوڕدانەوەی خەڵكی لێی. بەڵام ئەمڕۆ باسی بابەتێك دەكەم كە بەزۆری خەڵكی ئاوڕی لێ نادەنەوە لەگەڵ ئەوەی یەكێكە لە بابەتە ئیمانیەكان، ئەمەش؛ چونكە وشەی قەدەر بەڕادەیەك بڵاوە و بەكارهێنراوە كە هەر كاتێك كەسێك زیان یان قازانج دەكات دەڵێت: ئەمە لەلایەن خواوە بڕیاردرابوو بۆ من و قەدەری خوا ئەوەی ویستووە. وە دووبارەبوونەوەی ئەو وشەیە چەندین جار لەو وتارەدا بووە هۆی ئەوەی خەڵكی گوێی بۆ شل بكەن و گرنگی پێ بدەن و سەرنجیان ڕابكێشێت، وە لەبەرئەوەی خەڵكی هەمیشە پرسیار دەكەن دەربارەی قەدەری خوایی بۆیه بەباشی گوێیان شل كرد بۆ ئەو قسەیەی كە درا بەگوێیاندا، وە لێی غافڵ نەبوون، ئەمەش؛ چونكە هەموو ڕۆژێك قەدەری خوایی دەردەكەوێت.
بەڵام ئەم بابەتەی كە ئەمڕۆ تاوتوێی دەكەم لەژیانی ڕۆژانەی خەڵكیدا زۆر دووبارە نابێتەوە ئەگەر چی یەكێكە لە بابەتە ئیمانیەكان، وە خەڵكی نازانن بۆچی بەیەكێك لە بابەتە ئیمانیەكان لەقەڵەم دەدرێت، لەبەرئەوە وا باشترە بۆ ئێوە كە بەتایبەتی ئاوڕی لێ بدەنەوە و ئاگاداری بن، ئەو بابەتەش بریتیە لە “فریشتەكانی خوا”.
باوەڕبوون بە فریشتەكان یەكێكە لە پایەكانی ئیمان
خوای گەورە بابەتی باوەڕبوون بە فریشتەكانی بە یەكێك لە پایەكانی ئیمان ئەژماركردووە، وە ئەو كەسەی باوەڕی بە فریشتەكان نەبێت بە كافری دەمێنێتەوە ئەگەرچی باوەڕی بە كتێبە ئاسمانیەكان و پێغەمبەران و دواڕۆژیش هەبێت، وە هەروەك چۆن ئەوەی باوەڕی بە پێغەمبەر (ﷺ) نەبێت بەكافر لەقەڵەم دەدرێت، بەهەمان شێوە ئەو كەسەیش نكوڵی لە فریشتەكان بكات بەكەسێكی كافر لەقەڵەم دەدرێت، بۆ نموونە ئەوەی نكوڵی بكات لە بوونی فریشتەكان وەك ئەو كەسە وایە كە نكوڵی لە كتێبە ئاسمانیەكان دەكات یان زیندووبوونەوەی دوای مردن ڕەتدەكاتەوە. بەداخەوە ڕێژەیەكی كەم لە موسوڵمانان بوونی فریشتەكان سەرنجی ڕاكێشاون، وە كەمێكیش لە موسوڵمانان گرنگیەكی ئەوتۆیان داوە بەم بابەتە.
دیارە نازانن فریشتەكان كێن و بۆچی داواكراوە باوەڕبھێنین پێیان، وە ئەو كەڵك و سوودانە چین كە مرۆڤ پێی دەگات لە ئەنجامی باوەڕھێنان پێیان.. ئەوان دەزانن كە ئیمان بە پێغەمبەر (ﷺ) و بە قورئانی پیرۆز مرۆڤ ڕێنمایی دەكات بۆ ئەنجامدانی كردەوەی چاك، وە ئەگەر مرۆڤ ئەو ئیمانە پراكتیك بكات ئەوا بۆی دەگونجێت كە بگاتە ئاستە بەرزەكان، وە باوەڕهێنان بە دواڕۆژ پاڵ بە مرۆڤەوە دەنێت تاوان ڕیشەكێش بكات و هانیدەدات كردەوەی چاك ئەنجام بدات، بەگوێڕەی ئەوەی كە ئەنجامدانی تاوان كێشی دەكات بۆ سزا، هەروەك پاداشت دەدرێتەوە لەسەر كردەوەی چاك. ئاشكرا و ڕوونە ئەگەر مرۆڤ باوەڕی بەوە هەبێت كە خوای گەورە ڕۆزیدەرە و خالقە و دلۆڤانە و بەخشندەیە؛ ئەوا ئەم باوەڕەی توانای ئەوەی پێدەدات كە كەڵك وەربگرێت لەم سیفەتانە. بەڵام فریشتەكان كێن تاكو باوەڕیان پێ بھێنین؟ وە ئەو سوود و قازانجە چیە كە لەڕێگەی باوەڕهێنان پێیانەوە دەستماندەكەوێت؟
ئیمانی خەڵكی گشتی بە فریشتەكان
با بیربكەینەوە؛ ئەگەر خەڵكی وازبھێنن لە باوەڕهێنان بە بوونی فریشتەكان چ شتێك لە باوەڕیان كەم دەكات؟ هەموو كەس دەزانێت ڕەتكردنەوەی پەیامی موحەممەد (ﷺ) بێبەشی دەكات لە ڕێنماییە بڵندەكانی ئەو پەیامە. هەروەها ئەگەر نكوڵی لەوە بكات كە قورئان وەحی خوای گەورەیە ئەوا خۆی بێبەش دەكات لە ڕێنماییە مەزنەكانی ئەو پەڕاوە پیرۆزە، بەڵام ئەگەر نكوڵی بكات لە بوونی فریشتەكان تووشی چی دەبێت، وە ئەو زیانە چیە كە بەهۆی نكوڵی كردن لە فریشتەكانەوە تووشی دەبێت؟
باوەڕی خەڵكی گشتی بە فریشتەكان زۆر كز و لاوازە، وە لەلای سەدا نەوەد و نۆیان ئەم ئیمانە بوونی نیە، بەڕادەیەك ئەگەر وازیلێبھێنن هیچ شتێك لەو باوەڕەی ئێستایان كەم ناكات، هەروەك دەستگرتنیشیان پێوەی هیچ شتێك لە باوەڕیان زیاد ناكات، لەگەڵ ئەوەی زانراوە كە هەموو بابەتێكی ئیمانی زۆر گرنگە و دەستپێوەگرتنی كۆمەڵێك سوود و قازانجی زۆری تێدایە بۆ خاوەنەكەی، هەروەك وازهێنانیش لێی دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو كەسە كۆمەڵێك زیانی قورسی پێ بگات، ئەمەش؛ چونكە دركاندنی زارەكی بەتەنھا بەس نیە و زیان و قازانجی نیە. بۆ نموونە ئێمە باوەڕمان بە بوونی چیاكانی هیمالایا هەیە، بەڵام باوەڕهێنان بەم شاخانە یەكێك نیە لە بابەتە ئیمانیەكان و داواكراو نیە؛ چونكە باوەڕھێنانمان پێیان هیچ پێشكەوتن و دواكەوتنێك دروست ناكات، بەڵام باوەڕبوون بە فریشتەكان بە یەكێك لە بابەتە ئیمانیەكان ئەژمار دەكرێت، وە شتێكی سروشتیە كە دەستپێوەگرتنی سوود و قازانجمان پێدەگەیەنێت و دەستبەردار بوونیشی تووشی زیانمان دەكات.
ئەم پرسیارە: بۆچی باوەڕبھێنین بە فریشتەكان؟ پرسیارێكی زۆر گرنگە. چ پەیوەندیەكیان بە ئێمەوە هەیە؟ باوەڕهێنان پێیان چ قازانجێكی تێدا بۆ ئێمە؟ باوەڕهێنان پێیان بۆچی پێویستە ئەگەر هیچ قازانجێكی تێدا نەبێت؟ ئەگەر كەسێك بڵێت باوەڕهێنان بە موحەممەد (ﷺ) دەبێتە پاساو بۆ باوەڕهێنان بەوان؛ ئەوا ڕەنگە كەسێكی تر بڵێت كەواتە چ پەیوەندیەكمان هەیە پێیانەوە؟ ئایا ئیمانمان بە ناتەواو دەمێنێتەوە ئەگەر داننەنێین بەوەدا كه ئەوان هۆكاری گەیەنەرن بۆ گواستنەوەی وەحی خوایی؟ چی دەبێت ئەگەر بڵێین خوای گەورە وەحی ناردووە بۆ سەر دڵی موحەممەد (ﷺ) بەبێ هیچ هۆكارێگی گەیەنەر؟ ئایا ئەمە دەبێتە هۆی چ كەموكورتیەك لە قورئانی پیرۆزدا؟ كەواتە بۆچی بە پێداگریەوە داوامان لێ كراوه باوەڕیان پێ بھێنین بەڕادەیەك ئەگەر باوەڕنەهێنین پێیان ئەوا بە كافر لەقەڵەم دەدرێین؟
ئەم جۆرە پرسیارانە بابەتەكە قورس و گران دەكەن، ڕەنگە لای خەڵكێكی زۆر ئەو بابەتە بابەتێكی وشك بێت و نەتوانن هەڵوەستە بكەن لەسەری؛ چونكە فریشتەكان كۆمەڵێك بوونەوەرن ئێمە نایانبینین و لە ڕواڵەتدا هەست بە پەیوەندی خۆمان ناكەین پێیانەوە.
لێكۆڵینەوە لە بابەتی قەدەریش زۆر قورس و ئاڵۆز بوو، بەڵام كاتێك خەڵكی دەیانبیست كە خوای گەورە بەگوێرەی ڕێسای قەدەر سزای بڕیارنەداوە بۆ هیچ كەسێكیان، وە ئەو بیرۆكەیەی كە دەڵێت مرۆڤ ناتوانێت ڕزگاری بێت لە سزا بیرۆكەیەكی نادروستە، هەستیان بە ئاسانی و سووكی ئەو قورسییە دەكرد كە بەهۆی بیرۆكە هەڵە باوەكان دەربارەی قەدەری خوایی دروست بوو بوو، پاش ئەوە بەوپەڕی گرنگی پێدان و هەڵوەستەكردنەوە گوێیان بۆ بابەتەكە شل كرد، بەڵام وا دەردەكەوێت كە فریشتەكان پەیوەندییان پێمانەوە نەبێت، وە هەست ناكەین هیچ پێویستیەكمان پێیان هەبێت، بۆیە ڕەنگە بابەتەكە سەرنجی خەڵكی ڕانەكێشێت.
پاشان نووسەرەكان بەگشتی گرنگییان نەداوە بە توێژینەوە لە بابەتی فریشتەكان بەهۆی پەی نەبردنیان بە پلە و پایەیان، لەگەڵ ئەوەی فریشتەكان كۆمەڵێك سوود و قازانجیان هەڵگرتووە بۆ خەڵكی كە ئەگەر ئەم نووسەرانە ئەو سوودانەیان بزانیبايە ئەوا ڕوویان دەكردە ئەو كتێبانەی كە توێژینەوەیان تێدایە دەربارەی سوودی فریشتەكان. هەندێ لە سۆفیەكان تاوتوێی ئەم بابەتەیان كردووە و لە نووسینەكانیاندا شرۆڤەیان كردووە، بەڵام توێژینەوەكانیان زۆر كەمن.
ئەگەر كەسێك دوای پێغەمبەری خوا (ﷺ) پێش هەموو كەس كەوتبێت لە توێژینەوەی ئەم بابەتەدا ئەوە گەورەمان مەسیحی بەڵێندراوە (عليه السلام) كە پەردەی لادا لەسەر نھێنی شاراوەی، لەكاتێكدا لە قۆناغی نێوان بەڕێزی و گەورەمان موحەممەدی هەڵبژاردەدا (ﷺ) هیچ كەسێك ئەم بابەتەی شرۆڤە نەكردووە. قورئانی پیرۆز حەقیقەتی ئەوانی ڕاڤە كردووە، هەروەها باس و خواسیان لە فەرموودەكانی پێغەمبەریشدا (ﷺ) هاتووە، وە سۆفیەكان زۆر بەكورتی تاوتوێی ئەم بابەتەیان كردووە، بەڵام نووسەرەكانی تر دەربارەی ئەوان هیچ شتێكیان نەنووسیوە. هەڵبەت بە ڕوونی و فراوانی دەربارەی بابەتە ئاساییەكان قسەیان كردووە و بە دەیەها چیرۆك بەڵگەیان هێناوەتەوە لەسەریان و بەدورودرێژی شرۆڤەیان كردوون، بەڵام بەتەواوەتی بابەتی فریشتەكانیان پشتگوێ خستووە وەك ئەوەی فریشتەكان لە تێڕوانینی ئەواندا شایستەی كەمترین بایەخپێدان نەبن، هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە بابەتەكە قورسە و نەیانتوانیەوە شرۆڤەی بكەن، بەڵام كاتی ئەوە هات كە ناوەڕۆكی هەموو شتێك ئاشكرا بكرێت، بۆ ئەوەی دەرفەت هەڵنەكەوێت بۆ هیچ كەسێك كە ڕەخنە بگرێت لە هەر بابەتێك، لەبەرئەوە خوای گەورە كۆمەڵێك هۆكاری سازاند كە بەگوێرەی ئەو هۆكارانە دەكرێت خەڵكی بتوانن پەی بەرن بە حەقیقەتی فریشتەكان.
فریشتە خەیاڵیەكان لای موسوڵمانانی ئەم سەردەمە
چەند ڕۆژێك لەمەو پێش یەكێك لە ئاریاكان باسی ئەوەی كرد كە موسوڵمانان وردە وردە گومانیان خراپ دەبێت بەرامبەر ئیسلام، بەڵگەشی بۆ ئەم قسەیە ئەوە بوو كە سەید ئەمیر عەلی _كەسێكی موسوڵمانە_ نووسیویەتی فریشتەكان بوونەوەری خەیاڵین و هیچ حەقیقەتێكیان نیە. هەڵبەت من دەڵێم گومانی تێدا نیە ئەو وێنەیەی كە موسوڵمانانی ئەم چەرخە لە زیھنیاندا كێشاویانە بۆ فریشتەكان بریتیە لە وێنەیەكی خەیاڵی؛ چونكە نازانن فریشتەكان كێن و بۆچی پێویستە باوەڕبھێنین پێیان و ئەو كەڵك و سوودانە چین كە لە ئەنجامی باوەڕھێنان پێیان دەستماندەكەوێت. بەڵام من ئەوەش دەڵێم كە هەر بابەتێك لە چوارچێوەی بابەتەكانی ئیماندا بوو بابەتێكی زیادە و پووچ نیە، وەك كەمێك لەمەوپێش باسم كرد، بەڵكو چەندین سوودی زۆری هەیە. وە لەبەرئەوەی خەڵكی گشتی گرنگی نادەن بەم باسە و خۆیان بێ ئاگا دەكەن لێی، بۆیه ئەم گرنگی نەدان و بایەخ پێنەدانەی خەڵكی داخوازی ئەوە دەكات لە ئێمه كە بەشێوەیەكی تایبەت ئاوڕی لێ بدەینەوە. كۆمەڵێك توێژینەوەی نوێ هەن كە كۆمەڵێك پرسیار لە مێشكی خەڵكدا دەوروژێنن دەربارەی بوونی فریشتەكان، بەڵام ئێمە لەسایەی فەزڵ و ڕەحمەتی خواوە دەتوانین بوونیان بسەلمێنین وەك چۆن دەتوانین بوونی كۆمەڵێكی زۆر شتی تر بسەلمێنین كە بەچاو نابینرێن. ئێمە كۆمەڵێك بەڵگەمان هەیە لەسەر بوونی فریشتەكان هەموو ئەو كەسانە لێی حاڵی دەبن كە وازیان هێناوە لە دەماگیری كوێرانە.
ئایا فریشتەكان بوونیان نیە؟!
توێژینەوە نوێیەكان ئەو بیرۆكەیان لە مێشكی موسوڵمانی ئاساییدا دروست كردووە كە فریشتەكان هیچ بوونێكیان نیە، بەڵكو ئەو هێزەی كە لە دڵی گەورەمان موحەممەدەوە (ﷺ) هەڵقوڵیوە پێی وتراوە فریشتە، بەڵام ئامانج له هێنانی ناوی جیبریل و میكائیل ئەوه بوو تاكو گاریگەری دروست بكات لە فەرموودەكانیدا؛ چونكە ئەم ناوانە باو و بڵاوبوون لەناو خەڵكیدا. بەڵام ئێمە تێبینی ئەوە دەكەین بوونی فریشتەكان بە بەهێزی دانی پێدا نراوە، لەبەرئەوە دەڵێین ئەگەر پاش پرسی بوونی خوا پرسێكی تر شایستەی گفتوگۆكردن بێت ئەوە بریتیە لە پرسی بوونی فریشتەكان، تەنانەت ئێمە لە خوێندنەوەی مێژووی هۆزە دڕندەكانەوە لەوە ئاگادار دەبین كە ئەوان باوەڕیان بە فریشتەكان هەبووە. چەندین ئایینی زۆر هەن كە ڕێنماییەكانیان نەماون بەڵام شوێنەوارەكانیان ئەوە دەگەیەنن كە شوێنكەوتووانیان باوەڕیان بە فریشتەكان هەبووە، بەڵام ئەو ئایینانەی كە ئێستا هەن باسی فریشتەكان بە ڕوونی تێیاندا هاتووە.
باسی فریشتەكان لە ئایینەكانی تردا
لەناو ئایینە كۆنەكاندا ئایینی زەردەشتی لە هەموویان زیاتر تاوتوێی بابەتی فریشتەكانی كردووە، هەڵبەت شوێنكەوتووانی ئەم ئایینە بە ڕوونی و دوورو درێژی باسی فریشتەكانیان كردووە. وە ئایینی جوولەكەیش لەم مەیدانەدا پێگەیەكی بڵندی هەیە، وە لەبەرئەوەی ئایینێكی نوێیە و ماوەیەكی دوورو درێژ تێنەپەڕیوە بەسەریدا، تا ڕادەیەك پارێزراوە، وە باسوخواسی زۆری تێدایە دەربارەی فریشتەكان. ئایینی هیندۆسی _كە بانگەشەی ئەوە دەكات زۆر كۆنە_ بەپلەی سێیەم دێت سەبارەت بە دانپێدانان بە بوونی فریشتەكاندا، ئەگەرچی هیندۆسەكان لەم چەرخەدا ئەم دەستەواژانە بەشێوازێكی تر شرۆڤە دەكەن.
بەهەمان شێوە كتێبە كۆنەكانی خەڵكی چین باسی فریشتەكانیان كردووە. وە شوێنەوارە دۆزراوەكانی میسر و یۆنان بەڵگەن لەسەر ئەوەی كە دانیشتوانی ئەو دوو وڵاتە باوەڕیان هەبووە بە بوونی فریشتەكان. هەروەها شوێنەواری هۆزە دڕەندە كۆنەكان _كەناوەكانیان نازانین_ و هاوشێوەكانیان، بەڵگەی تەواوی تێدایە لەسەر ئەوەی كە باوەڕیان بە فریشتەكان هەبووە؛ بێگومان لەو شوێنەوارانەدا باسی دروستكراوێك هاتووە كە سزای مرۆڤ دەدات. هەروەها لە شوێنێكی تری ئەو شوێنەوارانەدا كۆمەڵێك تابلۆ دۆزراوەتەوە كە تێیاندا وێنەی كۆمەڵێك دروستكراو كێشراوە كە لە ئاسمانەوە دادەبەزن، وە تەمەنی ئەو وێنانە بە هەزاران ساڵ مەزەندە دەكرێت، هەموو ئەم خاڵانە بەڵگەی ئەوەن كە ئەوان باوەڕیان بە بوونی فریشتەكان هەبووە.
بەكورتی، لای هەموو نەتەوە و ئایینێك باسی فریشتەكان هاتووە، بەڵام لە هەموویان زیاتر زەردەشتیەكان باسی فریشتەكانیان كردووە پاشان جوولەكە ئینجا هیندۆس و هۆزە دێرینەكان.
لە ئایینی مەسیحیەتدا دەبینین پۆڵس توێژینەوەیەكی كردووە لەسەر ئەوەی كە ئایا پەرستنی فریشتەكان ڕەوایە یان نا؟ وە لەمەوە ڕوون دەبێتەوە كە دڵەكان هەموو گاریگەربوون بەم ڕێنماییە. هەروەك دەبینین بیرۆكەی هەبوونی خوا لەناو هەموو هۆز و نەتەوەیەكدا هەبووە و دەتوانین بڵێین هەموو خەڵكی لە ئەزەلەوە باوەڕیان بە خوا هەبووە، وە ئەم باوەڕەیش بەڵگەیە لەسەر بوونی خوا، بەهەمان شێوە باوەڕی هەموو نەتەوەكان بە فریشتەكان _لەگەڵ جیاوازی شارستانیەتەكانیان و نەبوونی هۆكاری پەیوەندی لەنێوانیاندا_ بەڵگەیەكی بەهێزە لەسەر بوونیان.
باسكردنی فریشتەكان لە ئایینی زەردەشتیدا
شتێكی سەیر و دانسقەیە ناو و كاری فریشتەكان كە لە كتێبەكانی زەردەشتیدا هاتووە هاوشێوەی ناو و كاری فریشتەكانە لە ئیسلامدا.
زەردەشتیەكان باوەڕیان وایە دوو خوا هەیە كە بریتین لە خوای ڕووناكی و خوای تاریكی، وە خوای ڕووناكی دەیەوێت زاڵ بێت بەسەر خوای تاریكیدا، وە سەردەمێك دێتە پێش كە تێیدا خوای تاریكی لاواز دەبێت. هەروەها خوای چاكەیان ناوناوە “یەزدان”، لەكاتێكدا بەخوای خراپە دەڵێن “ئەپرومانە” بەڵام ناوە باوەكەی بریتیە لە “ئەهریمەن” واتە پیاوی تاریكی. لەم ناوەوە بەجوانی دەردەكەوێت كە ئەو شەیتان دەنوێنێت و خوا نیە، بەڵام ئەوان دەڵێن ئەو خوای خراپەیە بەرامبەر خوای چاكە، وە مرۆڤ هاندەدات بۆ خراپە و تاوان.
لە زمانی ئایینی زەردەشتیدا بە گەورەی فریشتەكان دەوترێت “ئەمیشا” بە مانای “نەمرو هەمیشەیی” لەمەوە دەردەكەوێت ئەوان باوەڕیان وا بووە فریشتەكان هەرگیز لەناوناچن، هەروەك چۆن ڕۆحی مرۆیی هەرگیز نافەوتێت بەهەمان شێوە فریشتەكانیش نافەوتێن و هەمیشەیین، وە یەكێك لە باوەڕەكانیان ئەوەیە كە فریشتەكان سەرچاوەی هەموو چاكە و ئایینەكانن، وە ئەوان قەوارەیەكن كە خوا لەڕێگەی ئەوانەوە جیلوە دەكات و دەدرەوشێتەوە، وە باوەڕیان وایە فریشتەكان ئەم پلەوپایەیان بەدەست هێناوە بە بڵندبوونەوە بۆ ماوەی هەزاران ساڵ، هەروەك دەڵێن فریشتەكان كۆمەڵە مرواریەكی بێ وێنەن. وە ئەوان سوودمان پێدەگەیەنن بەبێ ئەوەی بەچاوی سەر بیانبینین، وە پێیان ناڵێین گەوهەر؛ چونكە ئەمە شكاندنی قەدر و ڕێزی ئەوانە، هەروەك ئەوان گوڵی هەڵواسراو نین بەلقی دارەكانەوە بەڵكو هاوشێوەی ئەو ئەستێرانەن كە بەدەورەی خۆردا دەسووڕێنەوە، ئەوان جوانی و قەشەنگی نین بۆ خوا (عز وجل) بەڵكو خوا لەڕێگەی ئەوانەوە جیلوە دەكات و دەدرەوشێتەوە.
لە كتێبەكانی ئایینی زەردەشتیدا هاتووە كە گەورەترین فریشتە بریتیە لە “فاهومانا” بە مانای فریشتەی باش و چاكساز، هەروەها ناوێكی تری هەیە كە بریتیە لە “فاهشتامانا” واتە باشترین فریشتە. وشەی “جبر” لە زمانی عەرەبی و عیبریدا بە مانای چاككردنەوە دێت. وە كاتێك ئەم دوو ناوە بەیەكەوە دەخوێنینەوە بۆمان دەردەكەوێت كە “فاهومانا” لە بنچینەدا بریتیە لە “جیبریل”.
وە لە كتێبەكانی ئایینی زەردەشتیەوە دەردەكەوێت عەقڵی مرۆیی بەهۆی ئەم فریشتەيەوە ڕۆشنایی وەردەگرێت، وە زەردەشت (عليه السلام) لە خوای گەورە پاڕاوەتەوە ڕووناكی و ئیلھامی پێ ببەخشێت كە بەهۆیانەوە بتوانێت “فاهومانا” ببینێت، وە پاڕانەوەكەی گیرا بووە و لەكۆتاییدا بەدیداری گەیشتووە. زەردەشتیەكان دەڵێن هەموو پاڵنەر و چاكەیەك لەوەوه (واتە لەو فریشتەیەوە) سەرچاوە دەگرێت، وە ئەو كەسانە بەجێدەهێڵێت كە وەڵامی هاندانی نادەنەوە.
وە فریشتەی دووەم لای ئەوان بریتیە لە “ئاشا” واتە فریشتەی تەقوا، وە لەناو شتە ماددیەكاندا بایەخ بە ئاگر دەدات؛ چونكە ڕووناكی لە ئاگرەوە پەیدا دەبێت و تەقوا لە ڕووناكیەوە دروست دەبێت، وا دەردەكەوێت ئەم فریشتەيە “میكائیل” بێت؛ چونكە فریشتەی بڵندبوونەوە و پێشكەوتنی دنیاییە، وە دروشمی پێشكەوتنی ماددی بریتیە لە ئاگر.
سەرباری ئەم دوو فریشتە گەورەیە پێنج فریشتەی گەورەی تر هەن، بەڵام فریشتە بچوكەكان ئەوا لە ژمارە نایەن، وە باوەڕیان وایە ڕێكخستنی هەموو دنیا لە ئەستۆی فریشتە گەورەكاندایە، هەروەها باوەڕیان وایە فریشتەكان بە بەردەوامی گاریگەری چاك دەخەنە دڵی مرۆڤەوە هەتاكو شەیتان پیس و گڵاوی نەكات، وە دەڵێن لەدایكبوون لەلایەن خوای گەورەوەیە بەڵام مردن لە شەیتانەوەیە، بۆیە باوەڕیان وایە مرۆڤ لەسەر چاكە لەدایك دەبێت، پاشان فریشتەكان دەیپارێزن؛ چونكە لەدایكبوون لەلایەن خواوەیە، پاش ئەوە شەیتان دێت بۆلای بۆ ئەوەی هانی بدات بۆ خراپە، ئەگەر وەڵامی فەرمانەكانی بداتەوە ئەوا فریشتەكان بەجێیدەهێڵن و دەڵێن: بوو بە یەكێك لە بەندەكانی شەیتان. وە زەردەشتیەكان باوەڕیان وایە ئەم جەنگەی نێوان خوا و شەیتان بەردەوام دەبێت هەتا پێغەمبەرێكی ئێرانی لەدایك دەبێت بەناوی “میسیۆر بەهمی” واتە لەداهاتوودا پێغەمبەرێك ڕەوانە دەكرێت لە مناڵەكانی زەردەشت بەناوی مەسیحی پیرۆز بەڵام لە نەوە و وەچەی ئەو نیە؛ چونكە هاتووە كە ئەم پێغەمبەرە لە سكی ئافرەتێكدا دەبێت كە پێشتر مناڵی نەخستووەتەوە.
ئەم پێغەمبەرە جەنگی كۆتایی دەكات لەگەڵ شەیتاندا و داوا لە خوای گەورە دەكات و دەڵێت: ئەی پەروەردگار فریشتەكان دابەزێنە؛ چونكە جەنگ و پێكدادانەكە گەرمە. لەو كاتەدا خوا كۆمەڵە فریشتەیەك دادەبەزێنێت بۆ فریاكەوتنی ئەو پێغەمبەرە هەتا هێزەكانی شەیتان لاواز و ماندوودەبن. لەو ساتەدا ئەو پێغەمبەرە هێرشی كۆتایی دەكات بە پشتگیری و یارمەتی فریشتەكان، وە جەنگێكی تۆقینەر هەڵدەگیرسێت و بە شكستی شەیتان كۆتایی دێت؛ بەجۆرێك قوڵبەست دەكرێت و پاشان دەكوژرێت. دوای ئەوە ئاشتی باڵادەست دەبێت و جیهان فراوان دەبێت؛ چونكە هیچ كەسێك نامرێت، ئەمەش لەبەرئەوەی ئەو كەسەی كە دەبووە هۆی مردن لەناوبرا.
وا دەردەكەوێت ئەم وشانە لە زاری یەكێك لە پێغەمبەرەكانی خواوە دەرچووبێت؛ چونكە بەدیهاتوون و بەردەوامیش بەدیدێن. هەڵبەت “میسیور بەهمی” دەركەوت بەگوێرەی ئەو نیشانانەی كە دەربارەی هاتووە([1]). پاشان پێشبینیەك هەیە كە پێغەمبەرانی تریش ئەو پێشبینیەیان كردووە دەربارەی جەنگی كۆتایی لەگەڵ شەیتاندا، وە ئەم جەنگە لە ئێستادا دەكرێت؛ چونكە ئێمە هەستمان بەوە كردووە كە بە هەموو شێوەیەك هەوڵدەدرێت بە جۆرەها شێواز خەڵكی گومڕا بكرێت و لە ئایینی ڕاست لا بدرێن و دووربخرێنەوە لە خوای گەورە، وە لە بەرامبەر ئەم هەوڵانەدا ئەهلی حەق كۆشش دەكەن بۆ ئەوەی خەڵكی پەیوەندی دروست بكەن لەگەڵ خوای خۆیاندا، وە ئەم جەنگە لەنێوان ڕەوا و ناڕەوادا جەنگێكی تۆقینەر و ترسناكە.
لەلایەكی ترەوە پێشبینی داواكردنی هاتنی فریشتە لە ئاسمانەوە هاتەدی، كەشفێكی گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هەیە كە داوای لە خوای گەورە كردووە سەد هەزار فریشتە بنێرێت بۆ یارمەتیدانیان، خوای گەورەیش وەڵامی دایەوە و فەرمووى: سەد هەزار زۆرە، پێنج هەزارت بەسە. لەبەرئەوەی ژمارەی ئەو فریشتانەی كە لەو جەنگەی لە قورئاندا باسكراوە دابەزین بۆ یارمەتیدانی موسوڵمانان لە پێنج هەزار زیاتر نەبوو، بۆیە لەو ژمارەیە زیاتر نەدرا بە بەڕێزی (عليه السلام)؛ بەمەش ئەو پێشبینیە هاتەدی.
وە كتێبەكانی ئایینی زەردەشتی بە تێروتەسەلی باسی ئەرك و فەرمانەكانی فریشتەكانیان تێدایە، لەگەڵ ئەوەی بە هەڵە حاڵی بوون لە هەندێ بابەت، بەڵام كتێبەكانیان كۆمەڵێك باسی تێدایە دەربارەی فریشتەكان كە دەتوانین بڵێین: جگە لە ئیسلام ئەگەر ئایینێك دەربارەی فریشتەكان قسەی كردبێت ئەوا ئایینی زەردەشتیە.
باسكردنی فریشتەكان لە كتێبەكانی جوولەكەدا
یەكێك لە فێركاریەكانی ئایینی جوولەكە بریتیە لە باوەڕهێنان بە فریشتەكان، وە جوولەكە جیبریل وەسف دەكەن بە فریشتەی ئاگر، بەڵام لەم ناوزەدكردنەدا بەهەڵەدا چوون؛ چونكە خودی ئەم ناوە لە ئایینی زەردەشتیدا هەیە، ئەوان پێی دەڵێن گوێزەرەوەی وەحی، وە لەبەرئەوەی پێش جوولەكە ئەم ناوە لای ئەوان هاتووە بۆیە ئەمە دەبێتە پاساوی ئەو باوەڕەی ئێمە كە ئەم ناوە پاش دوورخستنەوەیان بۆ ئێران دزەی كردووەتە ناو جوولەكەوە. لەبەرئەوە هەڵەیە وەسفی بكەین بەوەی فریشتەی ئاگرە؛ چونكە ئەوانەی كە جوولەكە ئەم ناوەیان لێ وەرگرتوون وەسفی دەكەن بە فریشتەی ڕەحمەت و گوێزەرەوەی وەحی، سەرەڕای ئەوە كە لە كتێبی پیرۆزدا بە فریشتەی ڕەحمەت وەسفكراوە. هەروەك لە تەلمووددا هاتووە ئەوانەی كە هەڵدرانە ناو ئاگرەوە لە سەردەمی دانیاڵدا جیبریل بوو بە ڕزگاركەریان.
هاتووە كە كاتێك دوژمنەكانی ئیبراهیم ویستیان هەڵیبدەنە ناو ئاگرەكەوە جیبریل ئیزنی خواست لە خوای گەورە كە ڕزگاری بكات، بەڵام ئیزنی پێ نەدا بەڵكو فەرمووی: من تاك و تەنھام، وە ئیبراهیمیش لە زەویدا تاكو تەنھایە، لەبەرئەوە خۆم هەڵدەستم بە ڕزگاركردنی. وە لە كۆمەڵگای ئێمەدا وا باوە كە كاتێك دوژمنەكانی ئیبراهیم بڕیاریاندا بیخەنە ناو ئاگرەكەوە جیبریل هات بۆ لای و گوتی: داوام لێ بكە. ئەویش وتی: هیچ شتێكت لێ داوا ناكەم. لەو كاتەدا پێى گوت: كەواتە داوا لە خوا بكە. ئیبراهیمیش وتی: ئەوەی ئاگای لە بارودۆخی منە پێویستی بە داوای من نیە. وە لە تەلمووددا هاتووە خوای گەورە فەرمووی بە جیبریل: من دەچم بۆ ڕزگاركردنی ئیبراهیم نەك تۆ، بەڵام من ئەم چاكەیەی تۆ بەفیڕۆ نادەم لەداهاتوودا ڕەوانەت دەكەم بۆ ڕزگاركردنی یەكێك لە مناڵەكانی. پاشان كاتێك لە سەردەمی دانیاڵدا هەندێ كەس خرانەناو ئاگرەوە خوای گەورە ڕێگەیدا بە جیبریل كە ڕزگاریان بكات، ئەویش ڕزگاریكردن. بەكورتی دەڵێین لە سەرەتاوە بۆ كۆتایی باسی فریشتەكان لای جوولەكە هاتووە، وە فریشتەكان وەسفكراون بەوەی كە ئەوان مناڵی خوان (عز وعلا).
باسكردنی فریشتەكان لە ئایینی هیندۆسیدا
هەروەها لە ئایینی هیندۆسیدا باسوخواسی فریشتەكان بوونی هەیە؛ چونكە كۆمەڵێك ناومان دەستدەكەوێت وەك “فارونا” و هی تریش. وە خەڵكی بەگشتی بە كۆمەڵێك ڕۆح لەقەڵەمیان دەدەن كە شایستەی پەرستنن، ناوەكانی ئەم ڕۆحانە لەڕاستیدا ئەو فریشتانەن كە قسەی خوا دەگوێزنەوە؛ چونكە وا دەردەكەوێت ئەركی “فاهومانا” هەمان ئەو ئەركە بێت كە لە ئەستۆی “فارونا”دایە. ئەمەش چونكە زەردەشتیەكان “فاهوناما” گرێدەدەن بە خۆرەوە هەروەك “فارونا”یش پەیوەستە بەخۆرەوە. پاشان بەهەڵە ئەو باوەڕەیان بۆ دروست بوو كە مادام ئەو دووانە پەیوەندییان بە خۆرەوە هەیە كەواتە خۆر خوایە و بەمەش خۆریان وەسفكرد بەوەی كە خوایە.
وە گومانی تێدا نیە ئەو فریشتانە پەیوەندییان بەخۆرەوە هەیە. هەروەك لە ئیسلامدا دەوترێت جیبریل پەیوەندی بەخۆرەوە هەیە. گەورەمان مەسیحی بەڵێنداویش (عليه السلام) نووسیویەتی كە ئەو (واتە جیبریل) پەیوەندی بەخۆرەوە هەیە واتە جیبریل پەیوەندی بە پێغەمبەرەوە (ﷺ) هەیە؛ چونكە لە قورئانی پیرۆزدا پێغەمبەر (ﷺ) وەسفكراوە بە چرایەكی ڕۆشن (واتە خۆر).
وە یەكێك لەو بابەتانەی كە بە هۆیەوە فەتوای كافربوونی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) درا ئەوە بوو كە ئەو كوفری كردووە بە فریشتەكان. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە كتێبی “توضیح المرام” و “مرآة كمالات الإسلام” دا باسی فریشتەكانی كردووە بەجۆرێك لە قورئانی پیرۆزەوە سەلماندوویەتی كە فریشتەكان پەیوەندییان هەیە بە ئەستێرە و هەسارە ئاسمانیەكانەوە، وە ئەوان لەڕێگەی ئەم ئەستێرە و هەسارانەوە كاریگەرییان هەیە لەسەر جیھان. لەم كاتەدا مەلاكان ئەو گومانەیان وروژاند كە ئەو باوەڕی نیە بە فریشتەكان و دەڵێت ئەستێرەكان كاریگەرییان هەیە، بۆیە فەتوای كافربوونیان لەدژی دەكرد.
هەڵبەت بابەتی ئەستیرەكان باسێكی سەربەخۆیە و نامەوێت ئێستا باسی بكەم. بەڵكو تەنھا دەمەوێت ئێستا پێتان ڕابگەیەنم كە باسی فریشتەكان لای هەموو ئایینەكان هەیە و ناسراوە. وە ئیسلام هەروەك چۆن سەدەها بابەتی پەیوەست بە شیركی هەڵوەشاندووەتەوە لە بەرامبەردا بە پێداگریەوە باوەڕ بە فریشتەكانی بەڕادەیەك چەسپادووە كە ئەو كەسەی باوەڕی بە بوونیان نەبێت بە كافر لەقەڵەم دەدرێت. وە هەموو ئایینەكان قەرزاری ئەم فەزڵەی ئیسلامن؛ چونكە هەروەك هەموو ئەو ڕەخنانەی هەڵوەشاندووەتەوە كە دەربارەی پێغەمبەران هاتوون، بەهەمان شێوه هەموو ئەو ڕەخنانەی بەدرۆخستووەتەوە كە سەبارەت بە فریشتەكانیش هاتوون.
زەردەشتیەكان و جوولەكەكان باوەڕیان وایە دەكرێت فریشتەكان بكەونە داوی شەیتانەوە، وە موسوڵمانە نائەحمەدیەكانیش وایدادەنێن _بەلاسایی كردنەوەی ئەوان_ كە هەر دوو فریشتە هارووت و مارووت هەتا ئێستا لەبیرێكدا لە بابل هەڵواسراون؛ چونكە كەوتنە داوی شەیتانەوە، بەڵام ئێمە لە قورئانی پیرۆزەوە ئەو مانایە هەڵدەگۆزین كە فریشتەكان كۆمەڵێك دروستكراون بەبێ فەرمانی خوای گەورە هیچ كارێك ناكەن، هەروەك خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿لَا يَعْصُونَ اللَّهَ مَا أَمَرَهُمْ وَيَفْعَلُونَ مَا يُؤْمَرُونَ﴾ (التحریم: 7)
ئێستایش پاش ئەوەی سەلمێنرا كە بیرۆكەی بوونی فریشتەكان بابەتێكە هەموو ئایینەكان یەك دەنگن لەسەری، پێویستە هەموو كەسێكی ژیر بیر لەوە بكاتەوە كە ئەم پرسە زۆر گرنگە، لەبەرئەوەیە كە هەموو ئایینەكان لە كتێبەكانی خۆیاندا باسیان كردووە.
لە قورئانی پیرۆزدا ئەوە دەخوێنینەوە بیرۆكەی فریشتەكان باو بووە له سەردەمی نووحدا (عليه السلام)، ئەوەتا قورئانی پیرۆز قسەی نەیارەكانی تۆماركردووە: ﴿فَقَالَ الْمَلَأُ الَّذِينَ كَفَرُوا مِنْ قَوْمِهِ مَا هَذَا إِلَّا بَشَرٌ مِثْلُكُمْ يُرِيدُ أَنْ يَتَفَضَّلَ عَلَيْكُمْ وَلَوْ شَاءَ اللَّهُ لَأَنْزَلَ مَلَائِكَةً مَا سَمِعْنَا بِهَذَا فِي آبَائِنَا الْأَوَّلِينَ﴾ (المؤمنون: 25)
هەروەها بیرۆكەی بوونی فریشتەكان لای عەرەبیش باو بووە ئەوەتا قورئانی پیرۆز ڕەخنەی كافرەكانی تۆماركردووە كە دەڵێن: ﴿لَوْ مَا تَأْتِينَا بِالْمَلَائِكَةِ إِنْ كُنْتَ مِنَ الصَّادِقِينَ﴾ (الحجر: 8)
پاش ئەم پێناسە كورتە باسی بیروباوەڕ و تێگەیشتنی ئیسلام دەكەم و ئەوە شرۆڤە دەكەم بۆتان كە قورئان فێری كردووین دەربارەی فریشتەكان.
حەقیقەتی فریشتەكان
1- لەسەرتاوە پێویستە ئەوە بزانین ئایا فریشتە دروستكراون یان نا؛ چونكە ئەو پلەوپایەی دراوە بەوان ئەو خەیاڵەمان لا دروست دەكات كە فریشتەكان لە دروستكراوان نەبن بەڵكو پلەو پایەیان لە دروستكراوان بەرزتر بێت، ئەمە ئەو بابەتەیە كە مەسیحیەكان بەهۆیەوە فریویان خوارد كاتێك وا بیریان كردەوە ڕۆحی پیرۆز مەخلوق نیە بەڵكو بەشێكە لە خوا، بۆیە كردیان بە خوا. بەڵام ئیسلام ئەو بیرۆكەیە هەڵدەوەشێنێتەوە كە دەڵێت فریشتەكان لە دروستكراوان نین، وە دووپاتی دەكاتەوە ئەوان دروستكراون، ئەم ڕاستیەش لەم فەرمایشتەی خوای گەورەوە وەردەگیرێت كە دەفەرموێت: ﴿أَمْ خَلَقْنَا الْمَلَائِكَةَ إِنَاثًا وَهُمْ شَاهِدُونَ﴾ (الصافات: 151)
واتە ئایا ئەو كافرانە ئامادەبوون ئەو كاتەی كە فریشتەكان دروستكران تاكو بڵێن ڕەگەزیان مێیه، لێرەدا هەڵێنجان دەكەین و دەڵێین: خوای گەورە فریشتەكانی دروستكردووە. بەڵام ئەوەی كە لەناودەچن یان نا یاخود بەنەمری دەمێننەوە هەروەك ڕۆحی مرۆڤەكان بەنەمری دەمێنێتەوە یان هەندێكیان نەمر و هەتاهەتایی دەبن و هەندێكی تریان دەمرن و لەناودەچن، ئەمە باسێكی ترە. جوولەكە دەڵێن هەزارەها فریشتە لە دایك دەبن لە ئەنجامی ئەو ڕاچڵەكانەی كە بەهۆی ڕاگەیاندنی وشەكانی وەحیەوە دروست دەبێت و پاشان دەستبەجێ دەمرن، لەكاتێكدا زەردەشتیەكان دەڵێن هەرگیز فریشتە لەناوناچێت و نامرێت.
2- خاڵی دووەم كە پێویستە لەبیرمان نەچێت لە باسكردنی فریشتەكاندا ئەوەیە ئەوان قەوارەیەكی ڕۆحییان هەیە كە مرۆڤ ناتوانێت لەسەر وێنەی ئەسڵی خۆیان بیانبینێت، وە ئەگەر كەسێك بەچاوی سەر ئەوانی بینی؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە لەسەر شێوە ئەسڵیەكەی خۆیان نەبوون؛ چونكە ئاشكرایە مرۆڤ پێویستی بە چاوی ڕۆحی هەیە بۆ بینینی فریشتە، وە ئەگەر كەسێك بانگەشەی ئەوەی كرد بەچاوی سەر ئەوانی بینیوە، ئەوا لەسەر شێوە ئەسڵیەكەیان نەبوون. ئەوەتا خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَلَوْ جَعَلْنَاهُ مَلَكًا لَجَعَلْنَاهُ رَجُلًا وَلَلَبَسْنَا عَلَيْهِمْ مَا يَلْبِسُونَ﴾ (الأنعام: 10)
واتە ئەو كافرانە دەڵێن: بۆچی فریشتە دانابەزێت؟ بەڵام ئەگەر دابەزێت، لەشێوەی پیاوێكدا خۆی دەنوێنێت بۆ ئەوەی ئەوان بیبینن، دوای ئەوە كارەكە هەر بە كارێكی گوماناوی دەمێنێتەوە كە ئەوەی دابەزیوە فریشتەیە یان پیاو، وە لێتێكچوونەكە هەر دەمێنێتەوە كە ئایا ئەم كەلامە كەلامی مرۆڤە یان وەحی خوای گەورەیە، وە ئێمە دەڵێین فریشتەمان ڕەوانە دەكرد ئەگەر ئومێدی سوود و كەڵك هەبوایە لە دابەزینیاندا. لەبەرئەوە ئەستەمە خەڵك بە چاوی ماددییان فریشتەكان ببینن مەگەر ئەوان لەشێوەی پیاودا خۆیان بنوێنن، وە ئەگەر خۆیان نواند خەڵكی دەڵێن ئەوانە پیاون؛ چونكە فریشتەكان دانابەزن؛ كەواتە قەوارەی فریشتەكان قەوارەیەكی ڕۆحیە دەرناكەوێت بۆ چاوە ماددیەكان.
3- باسی سێیەم لە بابەتی فریشتەدا ئەوەیە كە: فریشتەكان نە ڕەگەزیان مێیە نە نێرە. وە ئەم ڕاستیەش لەم فەرمایشتەی خوای گەورەوە وەردەگرین كە كەمێك لەمەوپێش خوێندمەوە بۆتان، كە بریتیە لە: ﴿أَمْ خَلَقْنَا الْمَلَائِكَةَ إِنَاثًا وَهُمْ شَاهِدُونَ﴾ (الصافات: 151)
خوای گەورە لەم ئایەتەدا ئەو بیرۆكەیەی هەڵوەشاندوەتەوە كە دەڵێت فریشتەكان ڕەگەزیان مێیە، بەڵام ئەوەی نەخستووەتەڕوو كە ڕەگەزیان نێر بێت. بەڵكو تەنھا قسەی كافرەكانی باس كردووە كە گوتویانە فریشتەكان مێن، ئەوان لەكوێ ناوەڕۆك و بنج و بناوانی فریشتەكان دەزانن؟ ئایا لەو كاتەدا ئامادەبوون كە خوای گەورە فریشتەكانی دروستكرد؟ لێرەدا خوای گەورە نكوڵی كردووە لەوەی كە فریشتەكان مێ بن، بەڵام نەیفەرمووە كە ئەوان نێرن. كەوابوو هەڵەیە ڕەگەزی فریشتەكان بكەین بە نێر یان بە مێ؛ چونكە نێرینەیی و مێیەتی خاسیەتی شتە ماددیەكانە و شتە ڕۆحیەكان نێر و مێی تێدا نیە. بۆ نموونە ناڵێین ڕۆحی پیاو ڕۆحێكی نێرە و ڕۆحی ژنیش ڕۆحێكی مێیە؛ چونكە نێرینەیی یان مێیەتی دۆخی شێوەی ڕواڵەتیە، بەڵام ئەوەی لە شێوەی ڕواڵەتیدا نەبێت ئەوا یەك شتە.
لە قورئانی پیرۆزەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە فریشتەكان هەموویان یەك جۆر نین، بەڵكو سێ پلەیان هەیە، خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿الَّذِينَ يَحْمِلُونَ الْعَرْشَ وَمَنْ حَوْلَهُ يُسَبِّحُونَ بِحَمْدِ رَبِّهِمْ وَيُؤْمِنُونَ بِهِ وَيَسْتَغْفِرُونَ لِلَّذِينَ آمَنُوا رَبَّنَا وَسِعْتَ كُلَّ شَيْءٍ رَحْمَةً وَعِلْمًا فَاغْفِرْ لِلَّذِينَ تَابُوا وَاتَّبَعُوا سَبِيلَكَ وَقِهِمْ عَذَابَ الْجَحِيمِ﴾ (غافر: 8) لەم ئایەتەوە پەی بەوە دەبەین كە سێ جۆر فریشتە هەیە؛ مانای دەقەكە دوو جۆرمان پێ دەڵێت، بەڵام ئاماژەی دەقەكە جۆری سێیەممان پێ دەڵێت، ئایەتەكە دەفەرموێت: كۆمەڵێك فریشتە هەن كە عەرشیان هەڵگرتووە، وە كۆمەڵێك فریشتەی تر هەن لە چواردەوری عەرشدا: واتە بەشێك لە فریشتەكان هەن كە لەڕێگەی ئەوانەوە فەرمانە خواییەكان دەردەچن، وە بەشێكی تر هەن نوێنەری ئەوانن و ئەو فەرمانانە دەگەیەنن بەو توێژەی كە پلەیان نزمترە، لەم ڕاگەیاندنەوە دەردەكەوێت كە توێژێكی فریشتەكان كە لەوانەی چواردەوری عەرش پلەیان نزمترە. وە فەرموودەكان پشتگیری ئەم قسەیەی من دەكەن؛ چونكە تێیاندا هاتووە هەندێ لە فریشتەكان بەرپرسیارن لە جێبەجێكردنی هەندێ ئەرك، ئەمانە پلەیان نزمترە لە هەڵگرانی عەرش و ئەوانەی چواردەوری عەرش.
لە ئایینی زەردەشتیدا ئاماژەیەك دەبینین كە تاڕادەیەك لەم بابەتە دەچێت، ئەوان دەڵێن حەوت فریشتە كاروباری جیھان بەڕێوەدەبەن، لەكاتێكدا قورئانی پیرۆز دەفەرموێت: ﴿وَيَحْمِلُ عَرْشَ رَبِّكَ فَوْقَهُمْ يَوْمَئِذٍ ثَمَانِيَةٌ﴾ (الحاقة: 18). لەم ئایەتەدا مەبەست لە عەرش تەختێكی زێڕ یان زیو نیە، بەڵكو عەرش ئەو سیفەتە بڵندانەیە كە بەهۆیانەوە خوایەتی خوا دەدرەوشێتەوە، ئەم خوایەتیە لە جیھانی دواڕۆژدا لەڕێگەی هەشت فریشتەوە دەدرەوشێتەوە، بەڵام لەم جیھانەدا _وەك لەڕێگەی هەڵێنجانەوە دەردەكەوێت_ بەهۆی حەوت لە فریشتەكانەوە دەدرەوشێتەوە.([2])
كەواتە كۆمەڵێك فریشتە هەن هەڵگرانی عەرشن و كۆمەڵێكی تر هەن لەوان پلەیان نزمترە، بەڵام لە خوا نزیكن وەك ئەوەی یارمەتیدەری هەڵگرانی عەرش بن؛ چونكە هیچ ئەركێكی گرنگیان پێ ناسپێردرێت، بەڵكو تەنھا یارمەتیدەر دەبن، وە جۆری سێیەم لەم دوو كۆمەڵە پلەیان نزمترە.
كەوابوو فریشتەكان دابەش دەبن بۆ سێ توێژ:
یەكەم: ئەوانەی بەهۆیانەوە سیفەتەكانی خوای گەورە دەردەكەون.
دووەم: ئەوانەی یارمەتی توێژی یەكەم دەدەن و نزیكن لە خوا (عز وجل).
سێیەم: ئەوانەی كاروباری بچوكیان پێ سپێردراوە، كە بێشومار و لەڕادە بەدەرن. خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَمَا يَعْلَمُ جُنُودَ رَبِّكَ إِلَّا هُوَ﴾ (المدثر: 32). هیچ مرۆڤێك ناتوانێت ژمارەیان بزانێت؛ چونكە لە فەرموودەی پێغەمبەری خواوە (ﷺ) سەلمێنراوە كە هەموو كارێك سپێردراوە بە یەكێك لە فریشتەكان.
5- لە قورئانی پیرۆزەوە دەردەكەوێت فریشتەكان كۆمەڵێك دروستكراون و پارێزراون لە ئەنجامدانی تاوان كە سروشتی مرۆڤ وەهایە باوەڕناكات بە پێغەمبەران تەنانەت هەندێكیان باوەڕ بە بوونی خوا (عز وجل) ناكەن، وە خەڵكانێك هەن جنێو بەخوا دەدەن، بەڵام فریشتەكان _وەك لە قورئاندا دەبینین_ كۆمەڵێك دروستكراون سروشتیان وەهایە تاوان ئەنجام نادەن. وە لەچاو مرۆڤدا بازنەی كردەوەیان سنوردارە. دەكرێت مرۆڤ سنوری خۆی ببەزێنێت، بەڵام فریشتەكان ناتوانن ئەو سنورە ببەزێنن كە بۆیان دیاریكراوە. لەم بارەيەوە خوا (عز وجل) لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: ﴿لَا يَعْصُونَ اللَّهَ مَا أَمَرَهُمْ وَيَفْعَلُونَ مَا يُؤْمَرُونَ﴾ (التحریم: 7)
6- دیارە فریشتەكان بەتەنھا خۆیان ناپارێزن لە سەرپێچیكردنی فەرمانەكانی خوای گەورە، بەڵكو ئەوان ورد و درشتی فەرمانەكانی خوای گەورە جێبەجێ دەكەن؛ چونكە سەرپێچیكردن و سستی نواندن شتێكە و نەتوانینی بەجێھێنانی ئەركی سەرشان وەك پێویست شتێكی ترە كە تەواو جیاوازە؛ بۆ نموونە ئەگەر فەرمان بكرێت بە كەسێكی لاواز كە شتێكی قورس بەرزبكاتەوە و لەبەر بێھێزی و لاوازی نەتوانێت جێبەجێی بكات؛ ئەوا هەرگیز ناوترێت ئەو كەسە سەرپێچی كردووە، بەڵام ئەگەر كەسێكی بەهێز كە لەتوانایدا هەبێت بەرزی بكاتەوە وە لەهەمان كاتدا ڕەتیبكاتەوە كە ئەو شتە قورسە هەڵبگرێت؛ ئەوا سەرپێچی كردووە. خوای گەورە دەربارەی فریشتەكان دەفەرموێت هەر یەكێك لەوان گونجاوە بۆ جێبەجێكردنی ئەو ئەركەی پێی سپێراوە، ئەوان وەكو مرۆڤ نین هەندێكیان بتوانن ئەو ئەركە جێبەجێ بكەن كە دەخرێتە ئەستۆیان و هەندێكی تریان نەتوانن ئەو ئەركە جێبەجێ بكەن كە داوایان لێ دەكرێت، ئەوەتا خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَيَفْعَلُونَ مَا يُؤْمَرُونَ﴾. لەكاتێكدا مرۆڤ ئەم سیفەتەی نیە، بەجۆرێك هەندێ جار دەیەوێت كارێك ئەنجام بدات، بەڵام بارودۆخە تەندروستیەكەی ڕێگری لێ دەكات. بۆ نموونە مرۆڤ لەكاتی نەخۆشیدا دەیەوێت بە پێوە نوێژ بكات، بەڵام باری تەندروستیەكەی ڕێگەی پێ نادات كە بەپێوە نوێژ بكات.
7- فریشتەكان گاریگەر نابن بە ژینگەی دەوروبەریان لەگەڵ ئەوەی دروستكراوانی تر _هەرچەند بەهێز بن_ ژینگەی دەوروبەریان كاریگەری هەیە لەسەریان، بۆیە ملكەچ دەبن بۆ كاریگەرییەك و بەرهەڵستی دەكەن لە كاریگەرییەكی تر. بۆ نموونە پێغەمبەران كاریگەری كردەوەچاكەكان وەردەگرن، هەروەك ئەگەر بەشداری بكەن لە جەنگدا ئەوا بەدڵنیاییەوە دەكرێ بریندار ببن و زیانیان بەربكەوێت بەهۆی ئەوەی كە مرۆڤن، ئەوەندە هەیە پارێزراو دەبن لە كاریگەریە خراپەكان، بەڵام فریشتەكان هیچ شتێك كاریان لێ ناكات و ملكەچ نابن بۆ هیچ كاریگەرییەك، ئەوەتا لەم چوارچێوەیەدا خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿عَلَيْهَا مَلَائِكَةٌ غِلَاظٌ شِدَادٌ﴾ (التحریم: 7) واتە یەكێك لە سیفەتی فریشتەكان ئەوەیە كە كاریگەری دەرەكی كاریان لێ ناكات، بەڵام ئەگەر فەرمانیان پێ كرا كە كاریگەرییان هەبێت لەسەر شتێك؛ ئەوا كاریگەرییان دەبێت، بەڵام مرۆڤ ئەم سیفەتەی نیه، بەجۆرێك ناتوانێت كاریگەری هەبێت لەسەر هەموو شتێك، بەڵام پشكێكی بەركەوتووە لەم سیفەتە؛ چونكە لە هەندێ بواردا كاریگەری هەیە و لە هەندێ بواری تردا ناتوانێت كاریگەری هەبێت. واتە هاوشێوەی فریشتەكانە لە هەندێ سیفەتدا بەڵام نەك لە هەموو ڕووەكانەوە، خوا (عز وجل) لە وەسفی هاوەڵەكاندا دەفەرموێت: ﴿مُحَمَّدٌ رَسُولُ اللَّهِ وَالَّذِينَ مَعَهُ أَشِدَّاءُ عَلَى الْكُفَّارِ رُحَمَاءُ بَيْنَهُمْ﴾ (الفتح: 30) واتە باوەڕداران توند و ڕەقن بەڵام تەنھا لە بەرامبەر كافرەكاندا؛ چونكە هەندێكیان كاریگەردەبن بەهەندێكی تریان. هەروەك خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿يَاأَيُّهَا النَّبِيُّ جَاهِدِ الْكُفَّارَ وَالْمُنَافِقِينَ وَاغْلُظْ عَلَيْهِمْ﴾ (التوبة: 73) واتە ئەی پێغەمبەر بەرهەڵستی كافر و دووڕووەكان بكە بەبێ ئەوەی ملكەچ بیت بۆ هیچ كاریگەریەكی ئەوان، كەواتە باوەڕداران كاریگەریان هەیە لەسەر ئەوانی تر، بەڵام كاریگەر نابن پێیان، ئەمەش لە كۆمەڵێك كاروباری دیاریكراودا دەبێت، بەڵام فریشتەكان لە هەموو بوارەكاندا و لە هەموو ڕوویەكەوە هیچ كاریگەرییەك قەبوڵ ناكەن.
8- ژمارەی فریشتەكان هێندە زۆرە كەس نازانێت چەندە، ئەوەتا خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَمَا يَعْلَمُ جُنُودَ رَبِّكَ إِلَّا هُوَ﴾ (المدثر: 32)
9- لە قورئانی پیرۆزەوە پەی بەو ڕاستیە دەبەین كە فریشتەكان لەنێوان خۆیاندا بەشێوەی سەرگەورە و ژێردەستە كاردەكەن، واتە بەڕێوەبەرێكیان تێدایە كە هەندێ لە فریشتەكان لەبەردەستیدان و فەرمانەكانی جێبەجێ دەكەن. ئەوان تەنھا پلەكانیان جیاواز نیە كە گەورە و بچوكیان تێدا بێت و سەربەخۆ بن لە شوێن و كاروباریاندا، بەڵكو دۆخیشیان وەكو دۆخی شوێنكەوتەیە بۆ بەرپرس. لە قورئاندا ئەم ئایەتە دەخوێنینەوە: ﴿قُلْ يَتَوَفَّاكُمْ مَلَكُ الْمَوْتِ الَّذِي وُكِّلَ بِكُمْ ثُمَّ إِلَى رَبِّكُمْ تُرْجَعُونَ﴾ (السجدة: 12)
وە خوای گەورە لە شوێنێكی تردا دەفەرموێت: ﴿وَلَوْ تَرَى إِذِ الظَّالِمُونَ فِي غَمَرَاتِ الْمَوْتِ وَالْمَلَائِكَةُ بَاسِطُو أَيْدِيهِمْ أَخْرِجُوا أَنْفُسَكُمُ الْيَوْمَ تُجْزَوْنَ عَذَابَ الْهُونِ بِمَا كُنْتُمْ تَقُولُونَ عَلَى اللَّهِ غَيْرَ الْحَقِّ وَكُنْتُمْ عَنْ آيَاتِهِ تَسْتَكْبِرُونَ﴾ (الأنعام: 94)
هەروەها لە ئایەتێكی تردا دەفەرمویت: ﴿إِنَّ الَّذِينَ تَوَفَّاهُمُ الْمَلَائِكَةُ ظَالِمِي أَنْفُسِهِمْ قَالُوا فِيمَ كُنْتُمْ﴾ (النساء: 98)
كاتێك ئەم ئایەتانە بەیەكەوە دەخوێنینەوە دەبینین ئایەتی یەكەم مانای ئەوە دەدات بەدەستەوە كە ئەركی گیانكێشانی هەموو خەڵكی سپێراوە بە یەك فریشتە، لەكاتێكدا دوو ئایەتەكەی تر مانای ئەوە دەگەیەنن كە؛ كۆمەڵێك فریشتەی زۆر ئەم كارە ئەنجام دەدەن، ئەمەش ئەوە دەردەخات كە یەك فریشتە كارەكەی پی سپێراوە، بەڵام كۆمەڵێك فریشتەی تر كە یارمەتیدەر و شوێنكەوتەن بۆی ئەم كارە جێبەجێ دەكەن. وە دەتوانین هەموو كاروبارەكان لەسەر ئەمە پێوانە بكەین و بڵێین: هەموو ئەو كارانەی فریشتەكان جێبەجێیان دەكەن سەرەتا سپێراون بە هەندێ فریشتەی گەورە و كۆمەڵێك فریشتەی شوێنكەوته _كە بێشومارن و تەنھا خوای گەورە ژمارەیان دەزانێت_ یارمەتییان دەدەن لە جێبەجێكردنی ئەو كارەدا.
10- توانا و بەهرەكانی فریشتە سنوردارە لەچاو تواناكانی مرۆڤدا؛ چونكە فریشتەكان لە یەك دۆخدا دەمێننەوە، بەڵام مرۆڤ بوارێكی فراوانی لە پێشدایە بۆ پێشكەوتن و بڵندبوونەوە، ئەوەتا خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَعَلَّمَ آدَمَ الْأَسْمَاءَ كُلَّهَا ثُمَّ عَرَضَهُمْ عَلَى الْمَلَائِكَةِ فَقَالَ أَنْبِئُونِي بِأَسْمَاءِ هَؤُلَاءِ إِنْ كُنْتُمْ صَادِقِينَ * قَالُوا سُبْحَانَكَ لَا عِلْمَ لَنَا إِلَّا مَا عَلَّمْتَنَا إِنَّكَ أَنْتَ الْعَلِيمُ الْحَكِيمُ﴾ (البقرة: 32_33)
ڕەنگە كەسێك لێرەدا بپرسێت: بۆچی خوای گەورە خۆی ئەم ناوانەی نەفەرموو بە فریشتەكان و فەرمانی كرد بە ئادەم ناوەكانیان پێ بڵێت؟ لە وەڵامدا دەڵێم: خوای گەورە خۆی ناوەكانی پێ نەفەرموون؛ چونكە ئەگەر پێی بگوتنایە ئەوا وەڵامەكەی هەموو سیفەتەكانی دەگرتەوە، لەبەرئەوە فەرمانی كرد بە ئادەم كە پێیان بڵێ؛ واتە ئاشكرایان بكات و پێیان پیشان بدات.
كەواتە مەبەستەكە ئەوەیە تواناكانی فریشتە سنوردارە لەچاو تواناكانی مرۆڤدا لەگەڵ ئەوەی هەموو ئەو كارانەی ئەنجامی دەدەن تەنھا بەگوێرەی فەرمان و ویستی خوای گەورە ئەنجامی دەدەن، بۆیە هیچ سەرپێچییەك لێیانەوە دەرناكەوێت.
11- فریشتەكان ئیرادەیان هەیە بەڵام زۆر سنوردارە. ئەمەش وەك ئەوە وایە كە ئەسپێك بە گوریسێكی درێژ بەتوندی بەسترابێتەوە بە مێخێكەوە، دیارە دەتوانێت بەگوێرەی درێژی گوریسەكە بجووڵێت و ناتوانێت لەو درێژیە تێپەڕێت. بەهەمان شێوە فریشتەكان بەدەوری ناوەندێكدا دەسوورێنەوە، وە ناتوانن لە سنوری ئەو بازنەیە دەربچن، ئەو سنورەیش لەم ئایەتەدا دیاریكراوە: ﴿لَا يَعْصُونَ اللَّهَ مَا أَمَرَهُمْ وَيَفْعَلُونَ مَا يُؤْمَرُونَ﴾ (التحریم: 7)
زەویش دەریدەخات بۆمان كە فریشتەكان ئیرادەیان هەیە، ئەوەتا كاتێك خوای گەورە ئادەمی دروستكرد ئەوان وتیان: ﴿قَالُوا أَتَجْعَلُ فِيهَا مَنْ يُفْسِدُ فِيهَا وَيَسْفِكُ الدِّمَاءَ﴾ (البقرة: 31)
لەم ئایەتەدا فریشتەكان پرسیاریان كرد لە خوای گەورە كە تێیان بگەیەنێت چۆن ئەو خراپەكاری و خوێنڕشتنە چارەسەر دەكات، وە ئەم پرسیارەیان ئەوە دەگەیەنێت ئەوان _هەرچۆنێك بێت، كەم تا زۆر_ ئیرادەیان هەیە كە ئاراستەیان ناكات بۆ ئەنجامدانی تاوان و سەرپێچی، هەروەك لە سنوری چاكە تێناپەڕێت، بەڵام ئەم ئایەتە تەنھا ئەو مانایە دەگەیەنێت كە ئەوان ئەم پرسیارەیان كردووە، دەكرێت كەسێك بڵێت: ئەگەری هەیە ئەوان بەگوێرەی وەحیەك لەلایەن خواوە پێیان گەیشتبێت ئەم پرسیارەیان كردبێت. لەوەڵامدا دەڵێم: ئەو باوەڕە هەڵەیە كە ئەوان بەگوێرەی وەحی خوای گەورە ئەو پرسیارەیان كردبێت؛ چونكە خوای گەورە له ئایەتی دواتردا لە وەڵامدانەوەیاندا دەفەرموێت: ﴿إِنْ كُنْتُمْ صَادِقِينَ﴾، واتە ئەگەر ئێوە پێكاوتانە و لەسەر حەقن لەم پرسیاركردنەدا؛ ئەوا ئەو ناوانەم پێ بڵێن. لێرەوە دەردەكەوێت پرسیارەكەیان لە ئەنجامی وەحی خواوە (عز وجل) نەبووە. پاشان لە فەرموودەكانەوە ئەو باوەڕەمان بۆ دروست دەبێت كە فریشتەكان ئیرادەیان هەیە وەك لەم فەرموودەیەی خوارەوەدا هاتووە:
ئەبو سەعیدی خودری (رضي الله عنه) گوتی پێغەمبەر (ﷺ) فەرمووی: پیاوێك لە نەوەی ئیسڕائیل نەوەد و نۆ كەس دەكوژێت، ئینجا دەڕوات و پرسیار دەكات، دەگات بە ڕاهیبێك پێی دەڵێت: ئایا تەوبەم بۆ هەیە؟ دەڵێت: نەخێر. كابرا ئەویش دەكوژێت. دەستدەكاتەوە بە پرسیار و پیاوێك پێی دەڵێت: بڕۆ بۆ فڵانە شار، ئینجا دەکەوێتەڕێ بۆ ئەو شارە و لەڕێگا دەمرێت، فریشتەی ڕەحمەت و فریشتەی سزا بوو بە كێشمەكێشیان لەسەری، خوا وەحی كرد بۆ ئەم كە نزیك بێتەوە لێی، وە وەحی كرد بۆ ئەویان كە دووركەوێتەوە لێی، فەرمووی: نێوانیان (واتە هەردوو شارەكە) بپێون، سەیریانكرد بستێك نزیكترە لەمەیانەوە (كە بۆی دەڕوات) بۆیە لێی خۆش بوو.” (البخاري، كتاب الأنبیاء، باب أم حسبت أن أصحاب الكهف والرقیم)
پاشان لەم ئایەتەی خوارەوە دەردەكەوێت كە فریشتەكان ئیرادەیان هەیه:
﴿مَا كَانَ لِيَ مِنْ عِلْمٍ بِالْمَلَإِ الْأَعْلَى إِذْ يَخْتَصِمُونَ﴾ (ص: 70)
ئەم ئایەتە ئەو مانایە دەدات بەدەستەوە كە فریشتەكان لەنێوان خۆیاندا مشتومڕ و دەمەقاڵەیان بووە، وە ئەوان ئیرادەیان هەیە، بەڵام ئیرادەكەیان زۆر سنوردارە.
12- فریشتەكان غەیب نازانن، ئەوەتا لە قورئاندا هاتووە: ﴿وَيَوْمَ يَحْشُرُهُمْ جَمِيعًا ثُمَّ يَقُولُ لِلْمَلَائِكَةِ أَهَؤُلَاءِ إِيَّاكُمْ كَانُوا يَعْبُدُونَ * قَالُوا سُبْحَانَكَ أَنْتَ وَلِيُّنَا مِنْ دُونِهِمْ بَلْ كَانُوا يَعْبُدُونَ الْجِنَّ أَكْثَرُهُمْ بِهِمْ مُؤْمِنُونَ﴾ (سبأ: 41_42) ئەم ئایەتە ئەو مانایە دەگەیەنێت كە فریشتەكان زانستی غەیب نازانن؛ چونكە ئەگەر غەیبیان بزانیبا ئەوا بێئاگایی خۆیان پیشان نەدەدا لەوەی كە خەڵكی ئەوانی پەرستووە، دیارە ناتوانین بڵێین خوای گەورە بە هەوانتە ئەم پرسیارەی لێ كردوون؛ چونكە ئەم جۆرە پرسیارە _ئەگەر بەبێ هۆ بكرێت_ جۆرێكە لە درۆ كە خوای گەورە پاك و بێگەردە لێی، سەرەڕای ئەوە لە هەندێ كتێبی كۆندا هاتووە كە خەڵكانێك فریشتەیان پەرستووە.
كەواتە دانپێدانانی فریشتەكان بەوەی نەیانزانیوە هەندێ خەڵك ئەوانی پەرستووە ئەوە دەگەیەنێت كە ئەوان غەیب نازانن، سەرباری ئەمە لە هەندێ فەرموودەوە بەجوانی ڕوون دەبێتەوە فریشتەكان غەیب نازانن. پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرموێت: پیاوێك لە ئێوە لەڕیزی باوەڕداراندا ناوی نووسراوە و كردەوەی باوەڕداران ئەنجام دەدات، بەڵام كاتێك فریشتەكان كردەوەكانی بەرزدەكەنەوە بۆ لای خوای گەوره لە ئاسمانەوە دەنگێك دێت دەڵێت: كردەوەكانی بگێڕنەوه و بیدەنەوه بەناوچەوانیدا؛ چونكه ئەم نوێژەی لەبەر خاتری من نەكردووە.
لێرەدا دەردەكەوێت ئەگەر فریشتەكان غەیبیان بزانیبا؛ ئەوا ئەم نوێژە ڕەتكراوە وەرنەگیراوەیان بەرزنەدەكردەوە بۆلای خوای گەورە (عز وجل).
13- لە فەرموودەكانەوە پەی بەوە دەبەین هەموو شتێك فریشتەیەكی تایبەت بەخۆی هەیە. لە فەرموودەدا هاتووە عائیشە (رضي الله عنها) پرسیاری كردووە لە پێغەمبەر (ﷺ): “ئایا ڕۆژێك هاتووه بەسەرتدا كە لە ڕۆژی جەنگی ئوحود قورستر بێت؟” فەرمووی (ﷺ) بەڵێ! ئەو ڕۆژە بوو كە پاش نكوڵیكردنی خەڵكی مەككە ڕوومكردە هۆزەكەی عەبد یالیل([3]) كەچی هیچ بایەخێكیان پێ نەدام و ڕەتیانكردمەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی تووشی نیگەرانی و ناڕەحەتییەكی گەورە بم، ڕووم كردە لایەك بەبێ ئەوەی ڕێگەیەكی دیاریكراوم مەبەست بێت، ئینجا لەڕێگادا سەرم بەرزكردەوە هەورێكم بینی سێبەری بۆ كردبووم كە سەیرم كرد جیبریلی (عليه السلام) تێدابوو، فەرمووی: خوای گەوره _پاش ئەوەی گوێی لە قسەی گەلەكەت بوو و تێبینی ئەوەی كرد چۆن نكوڵییان كرد لێت_، فەرمانی كرد بە فریشتەی چیاكان ئەوەی تۆ داوای دەكەیت لێی جێبەجێی بكات بۆت. لەو كاتەدا فریشتەی چیاكان خۆی نواند بۆم و سڵاوی لێ كردم و گوتی: ئایا حەز دەكەیت ئەو دوو شاخه بهێنمەوەیەك بەسەریاندا واتە بوومەلەرزەیەك دروست بكەم تێیاندا بۆ ئەوەى لەناوبچن. منیش گوتم: نەخێر، بەشكم خوا وەچەی باشیان پێ بدات تەنھا ئەو بپەرستن.” (بەكورتی لە صەحیحی بوخاریەوە -كتاب بَدْءِ الخلق، والبدایة والنھایة بەرگی 3)
لێرەدا دەردەكەوێت جیبریل ڕایگەیاندووە بە پێغەمبەری خوا (ﷺ) كە خوا (عز وجل) فەرمانی كردووە بە فریشتەی چیاكان هاوكاری بكات، وە خۆی نەیگوت من ئامادەم بۆ یارمەتیدانت، لێرەدا دەگەینە ئەو ئەنجامەى چیاكان فریشتەیەكی تایبەتیان هەیە، وە هەموو شتێك فریشتەیەكی هەیە گرنگی پێدەدات.
14- سیفەتە خواییەكان لەڕێگەی فریشتەكانەوە دەدرەوشێنەوە، بەهۆی هەندێكیانەوە یەك توانای خوا دەردەكەوێت، وە بەهۆی هەندێكی تریانەوە زیاتر لە توانایەكی خوای گەورە دەردەكەوێت، ئەوەتا خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿الْحَمْدُ لِلَّهِ فَاطِرِ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ جَاعِلِ الْمَلَائِكَةِ رُسُلًا أُولِي أَجْنِحَةٍ مَثْنَى وَثُلَاثَ وَرُبَاعَ يَزِيدُ فِي الْخَلْقِ مَا يَشَاءُ إِنَّ اللَّهَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ﴾ (فاطر: 2)
مەبەست لە “أُولِي أَجْنِحَةٍ” دەركەوتەكانی سیفەتە خواییەكانە، وە بەم ئایەتە بەڵگە دەهێنینەوە لەسەر ئەوەی كە فریشتەكان دەركەوتەی سیفەتە خواییە جۆراوجۆرەكانن، هەندێكیان هەندێ سیفەتی كەم لەڕێگەیانەوە دەردەكەوێت و دەدرەوشێتەوە، وە هەندێكی تریان كۆمەڵێك سیفەتی زۆری خوای گەورە بەهۆیانەوە دەردەكەوێت، هەروەها ئەم ئایەتە ئاماژە بەوە دەكات كە فریشتەكان دادەبەزن بەگوێرەی پێویستی خەڵكی بۆیان و بەپێی توانای خەڵك بۆ دابەزینی فریشتەكان بۆ سەریان، بەردەوام فریشتەكان بەكۆمەڵێك هێزەوە دابەزیون كە بگونجێت لەگەڵ سروشتی خەڵكیدا و بەگوێرەی ئەو توانایەی كه هەیانە بۆ دابەزینی فریشتەكان لەسەریان، وە كاتێك جیھان گەیشتە لوتكەی كەماڵ و ڕۆحانیەتی خۆی خوا (عز وجل) جیبریلی بەو وێنە تەواوەكەیەوە ڕەوانەكرد؛ كە پێغەمبەر (ﷺ) ڕایگەیاندووە پێمان 600 باڵی هەیە، وە بە كـتێبێكی تەواو و بێكەموكوڕیەوە دابەزیوەتەسەری. (البخاري، كتاب التفسیر، سورة النجم، باب قوله فأوحی إلی عبده)
لێرەدا پەی بەوە دەبەین كە جیبریل دەركەوتەی شەش سەد سیفەتە لە سیفەتەكانی خوای گەورە، وە هەڵەیە بوترێت سیفەتەكانی خوای گەورە لە 600 كەمترن ئیتر چۆن دەكرێت جیبریل ببێت بە دەركەوتەی 600 سیفەتی خوای گەورە؟! بێگومان سیفەتەكانی خوای بەرز و بڵند لە ژمارە نایەن، تەنھا 600 دانەیان پەیوەندی بە مرۆڤەوە هەیە.
گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) وتەیەكی زۆر وردی نووسیوە كە بریتیە لەوەی پێغەمبەری خوا (ﷺ) لە جیبریل زیاتر شارەزا بووە لە زانستەكانی قورئان، ئەمەش خودی ڕاستیە. چونكە فریشەتەكانی تریش، كە دەركەوتە بوون بۆ سیفەتەكانی تری پێغەمبەر (ﷺ)، پشتگیری و گوێڕایەڵی پێغەمبەریان (ﷺ) دەكرد.
ئەوەی خرایەڕوو بەڵگەیە لەسەر ئەوەی فریشتەكان بریتین لە دەركەوتەی سیفەتە جیاوازەكان، وە وشەی “الأجنحة، باڵەكان” واتە ئەو سیفەتانەی كە هەیانە نەك پەڕوباڵی ئاسایی.
ئەم خاڵانە بیرۆكەیەكمان پێ دەدەن لەسەر كەسایەتی فریشتەكان، وە ڕەنگە هەندێكتان لەڕێگەی ئەوەی پێشكەشم كردن تێگەیشتبن لە وشەی فریشتە لەگەڵ هەندێ لە سیفەتەكانیدا. ئێستایش ئاگادارتان دەكەم لە ئەرك و پیشەكانیان.
ئەركی فریشتەكان
1- مەزنترین كاری فریشتەكان، وەك لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە، ئەوەیە كە وەحی دەگوێزنەوە: ﴿اللَّهُ يَصْطَفِي مِنَ الْمَلَائِكَةِ رُسُلًا وَمِنَ النَّاسِ﴾ (الحج: 76)
2- یەكێكی تر لە كار و فرمانەكانی فریشتە، وەك خوای گەورە دەفەرموێت، بریتیە لە مراندن: ﴿قُلْ يَتَوَفَّاكُمْ مَلَكُ الْمَوْتِ الَّذِي وُكِّلَ بِكُمْ ثُمَّ إِلَى رَبِّكُمْ تُرْجَعُونَ﴾ (السجدة: 12)
3- سێیەم كاری فریشتەكان ئەوەیە سزا دەبارێنن بەسەر ئەو خراپەكارانەدا كە هێرش دەكەنە سەر پێغەمبەران. كاتێك فریشتەكان بەركەوتن دەكەن لەگەڵ ئەو كەسە خراپەكار و شەرانگێزانەدا هێزێكی موگناتیسی دروست دەبێت تێیاندا كە ئەو خراپەكارانە دەسووتێنێت وەك چۆن نەوت گڕدەگرێت كاتێك نزێك دەبێتەوە لە ئاگر، كەوابوو فریشتەكان هاوشێوەی ئاگرن و كەسانی شەڕانگێزیش وەكو نەوت وان، هەركە بەریەككەوتن دەستبەجی خراپەكارەكان گڕدەگرن. خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿هَلْ يَنْظُرُونَ إِلَّا أَنْ تَأْتِيَهُمُ الْمَلَائِكَةُ أَوْ يَأْتِيَ رَبُّكَ أَوْ يَأْتِيَ بَعْضُ آيَاتِ رَبِّكَ يَوْمَ يَأْتِي بَعْضُ آيَاتِ رَبِّكَ لَا يَنْفَعُ نَفْسًا إِيمَانُهَا لَمْ تَكُنْ آمَنَتْ مِنْ قَبْلُ أَوْ كَسَبَتْ فِي إِيمَانِهَا خَيْرًا﴾ (الأنعام: 159)
واتە ئایا كافرەكان چاوەڕێی دابەزینی فریشتەكان دەكەن بۆ ئەوەی لەناویانبەرن؛ چونكە فریشتەكان هاوشێوەی بڵێسەی ئاگرن و ئەوانیش وەكو بارووت وان.
4- كاری چوارەمی فریشتەكان بریتیە لە یارمەتیدان و سەرخستنی باوەڕداران. فریشتەكان هاوكاری باوەڕداران دەكەن كاتێك داوایان لێ دەكەن فریایان بكەون، وەك لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە: ﴿إِنَّ الَّذِينَ قَالُوا رَبُّنَا اللَّهُ ثُمَّ اسْتَقَامُوا تَتَنَزَّلُ عَلَيْهِمُ الْمَلَائِكَةُ أَلَّا تَخَافُوا وَلَا تَحْزَنُوا وَأَبْشِرُوا بِالْجَنَّةِ الَّتِي كُنْتُمْ تُوعَدُونَ * نَحْنُ أَوْلِيَاؤُكُمْ فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا وَفِي الْآخِرَةِ وَلَكُمْ فِيهَا مَا تَشْتَهِي أَنْفُسُكُمْ وَلَكُمْ فِيهَا مَا تَدَّعُونَ﴾ (فصلت: 31_32)
واتە فریشتەكان بە باوەڕداران دەڵێن: “مەترسن و خەفەت مەخۆن؛ چونكە ئێمە دۆستی ئێوەین و سەرپەرشتیتان دەكەین و یارمەتیتان دەدەین” بۆیە پێویست بە خەم و خەفەت ناكات.
5- لە ئایەتەكانی قورئانی پیرۆزەوە پەی بەوە دەبەین كە فریشتەكان سەرەڕای ئەركی لەناوبردنی كافر و موشریكەكان، ترسی پێغەمبەریش دەهاوێژنە دڵی دوژمنەكانیەوە؛ بەجۆرێك ئەو فریشتەیەی كە هاوڕێی هەر مرۆڤێكە ترسی پێغەمبەر و كۆمەڵەكەی دەخاتە دڵی مرۆڤەكەوە: خوای گەورە دەفەرموێ: ﴿إِذْ تَقُولُ لِلْمُؤْمِنِينَ أَلَنْ يَكْفِيَكُمْ أَنْ يُمِدَّكُمْ رَبُّكُمْ بِثَلَاثَةِ آلَافٍ مِنَ الْمَلَائِكَةِ مُنْزَلِينَ﴾ (آل عمران: 125)
لێرەدا پرسیارێك سەرهەڵدەدات: بۆچی خوای گەورە ژمارەى فریشتەكانی بە سێ هەزار دیاریكردووە؟ وەڵامەكە ئەوەیە: خوای گەورە ژمارەی سێ هەزاری دیاریكردووە بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی جەنگاوەرانی سوپای كافرەكان كە سێ هەزار جەنگاوەر بوون. ئێمە دەزانین ئەو سێ هەزار فریشتەیە لە فریشتە باڵانشینەكان نەبوون، بەڵكو ئەم سێ هەزارە لەو فریشتانە پێكھێنرابوون كە هەریەكەیان هاوەڵی كافرێك بوو، بۆیە خوای گەورە دەفەرموێت: ئایا بەستان نیە كە بەسێ هەزار فریشتەوە فریاتان بكەوین؟ واتە كاتێ دەردەچن بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی دوژمن هەموو فریشتەیەكی هاوەڵی هەر كافرێك ترس بڵاودەكاتەوە لەدڵی ئەو كافرەدا كە پێی سپێراوە، ئەوەتا خوای گەورە دیسان دەفەرموێت: ﴿سَنُلْقِي فِي قُلُوبِ الَّذِينَ كَفَرُوا الرُّعْبَ﴾ (آل عمران: 152)
ئەو فریشتەیەی كە پەیوەستە بە مرۆڤەوە ترسی پێغەمبەر و كۆمەڵەكەی دەخاتە دڵی مرۆڤەكەوە. لەم سەردەمەیشدا نموونەی ئەو ترسە بەدیدەكەین؛ گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بانگەوازی موباهەلەی ئاراستەی نەیار و دوژمنەكانی كرد، بەڵام هیچ یەكێكیان ئامادە نەبوون ئەم بانگەوازە قەبوڵ بكەن؛ چونكە هەركاتێك یەكێكیان بیری لەم كارە دەكردەوە فریشتە ترسێكی گەورەی دەخستە دڵیەوە و ئەوەی دەچەسپاند لەدڵیدا كە شكست دەهێنێت، بۆیە نەیدەوێرا ئەو كارە بكات. ڕۆژێكیان من لە سەیرانگای “شیملە” بووم یەكێك لە ئاریاییەكان هات بۆ چاوپێكەوتنم، دەستمانكرد بە گفتوگۆ دەربارەی “ڤیدا” پێمگوت: ئەگەر باوەڕێكی ڕاستەقینەت بە ڤیدا هەیە ئەوا سوێند لەسەر ئەوە بخۆ، ئەویش وتی: ئامادەم سوێند بخۆم، پێمگوت: پێویستە سوێندەكەت نزایەكی لەگەڵدا بێت كە ئەگەر ڤیدا كتێبێكی ڕاست نەبێت ئەوا خوا سزایەك دابەزێنێت بۆسەر كەسوكارت. وتی: ئەمە لە منەوە ڕوونادات، ئەترسم ئەو نزایە گیرا بێت. لەو كاتەدا پێمگوت: من ئامادەم ئەو سوێندە بخۆم _ئەو نزایەی لەگەڵدا بێت لە كەسوكارم لە حاڵەتێكدا قورئان درۆ بێت_ كە قورئان ڕاستە و وەحی خوای گەورەیە. وتی: ئەمە ئازایەتی و بوێریەكی گەورەی دەوێت. منیش پێمگوت: ئەگەر باوەڕم پتەو بێت بەوەی كە قورئانی پیرۆز ڕاستە و وەحی خوای گەورەیە؛ ئەوا چ شتێك دەبێتە ڕێگر بۆ ئەم سوێند خواردنە.
لەڕاستیدا فریشتەكان ترس دەخەنەناو دڵی ئەو كەسانەوە، وە ئێمە نموونەی زۆمان لایە لەسەر ئەم ترسە لەم سەردەمەی ئێستایشدا، هەڵبەت بە تەحەدداوە ڕامگەیاندووە كە ئامادەم بۆ دیبەیت بەڵام كەس نەهاتووەتە مەیدانەوە. پاشان دوای ماوەیەك و چەند ڕۆژێك لەمەوپێش سۆفی سەید حەسەن نیزامی بە هەڵچوونەوە هاتە پێشەوە و پێی وتم: وەرە، وات لێ دەكەم لەساتێكدا بكەویتە گیانەڵڵا. بەڵام بوو بە نێچیری ئابڕووچوون و ڕسوایی هەتا بەتەواوەتی بێ دەنگ بوو. پاشان بڕوانن بۆ گروپی دیۆبەندیەكان چەند ڕاگەیاندن و بڵاكراوەیان بڵاوكردەوە، بەڵام ئەم تەحەددایەی ئێمەیان بۆ دیبەیت و گفتوگۆ قەبوڵ نەكرد، ئەمەش مانای ئەوەیە كاتی باسكردنی كێشمەكێش و موباهەلە ترس و تۆقین باڵدەكێشێت بەسەر دڵیاندا.
ئیبن ئیسحاق باسی فەرموودەی كابرای ئیراشی كردووە كە ئەبوجەهل وشترێكی لێ كڕی بوو، بەڵام نرخەكەی پێ نەدەدا و دەست دەستی پێدەكرد، وە قوڕەیش بۆ گاڵتەپێكردن _چونكە دەیانزانی كە دوژمنایەتی لەنێوانیاندا هەبوو_ ناردیان بۆ لای پێغەمبەر (ﷺ) تاكو بەهانایەوە بچێت و لە دەستی ئەبو جەهل ڕزگاری بكات، گوتی: پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەرچوو هەتا گەیشتە ماڵی ئەبو جەهل و لەدەرگایدا. ئەویش وتی: كێیە؟ پێغەمبەریش فەرمووی: موحەممەد. دەستبەجێ هاتەدەرەوە بۆلای و ڕەنگی هەڵبڕزكا بوو. پێغەمبەر (ﷺ) فەرمووی: حەقی ئەم پیاوە بدە. وتی: باشە، مەڕۆ هەتا حەقەكەی پێدەدەم، ئینجا پێیدا، ئیراشیەكە ئەمەی باسكرد بۆ قوڕەیشیەكان. ئەوانیش بە ئەبو جەهلیان گوت: ماڵوێران قەت شتی وامان لە تۆ نەدیوە. گوتی: خۆتان ماڵتان وێران بێت، هەر كە لەدەرگاكەمیدا و گوێبیستی دەنگی بووم تۆقیم، پاشان كە هاتمە دەرەوە بۆلای لە بان سەریەوە كەڵە وشترێكم بینی هەرگیز كەڵی وەها كەللـەزل و دان تیژم نەبینیبوو، سوێند بە خوا ئەگەر نرخەكەم نەدایه بەو كابرایە ئەو وشترە دەیخواردم. (السیرة النبویە المسماة “عیون الأثر”)
ئەبو جەھل لە ئەنجامی ئەو ترسەی كە فریشتە خستیە دڵیەوە ئەو كارەی كرد. دەرەنجام، فریشتەكان ترس دەخەنە دڵی خەڵكیەوە.
6- شەشەم كاری فریشتەكان بریتیە لە چەسپاندنی یەكتایی خوا (سبحانه وتعالى)، ڕاستە هەموو كارێك لەڕێگەی فریشتەكانەوە بە ئەنجام دەگات، بەڵام ئەم ئەركە پەیوەستە بە هەر یەكێك لە فریشتەكانەوە. خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿شَهِدَ اللَّهُ أَنَّهُ لَا إِلَهَ إِلَّا هُوَ وَالْمَلَائِكَةُ وَأُولُو الْعِلْمِ قَائِمًا بِالْقِسْطِ﴾ (آل عمران: 19) كەواتە فریشتەكان هۆكار دەسازێنن بۆ جێگیركردنی تاك و تەنھایی خوای گەورە.
7- حەوتەم كاری فریشتەكان ئەوەیە ڕاستگۆیی پێغەمبەران دەردەخەن و جێگیری دەكەن، كاتێك خەڵكی بەگشتی پێغەمبەران بەدرۆزن دەزانن بەردەوام فریشتەكان لە دەرگای دڵی خەڵك دەدەن و دووپاتی دەكەنەوە بۆیان كە ئەم پیاوە ڕاستگۆیە و درۆزن نیە. خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿لَكِنِ اللَّهُ يَشْهَدُ بِمَا أَنْزَلَ إِلَيْكَ أَنْزَلَهُ بِعِلْمِهِ وَالْمَلَائِكَةُ يَشْهَدُونَ وَكَفَى بِاللَّهِ شَهِيدًا﴾ (النساء: 167)
واتە خوا شایەتی دەدات كە ئەوەی دابەزیوەتە خوارەوە بۆ تۆ لەلایەن خۆیەوە بووە، وە فریشتەكانیش شایەتی دەدەن.
وە شایەتیدانی فریشتەكان بە شێوازی جۆراو جۆر دەبێت، بۆ نموونە جارێك لە خەونی ڕاستەقینەدا ڕاستگۆیی پێغەمبەرەكە دووپات دەكەنەوە بۆ ئەو كەسە؛ ڕەنگە كەسێك دژایەتی پێغەمبەرێك بكات و بە كافر لەقەڵەمی بدات، بەڵام فریشتەكان شتێك دەخەنە دڵیەوە لەڕێگەی خەونەوە كە ئاراستەی دەكات بەرەو باوەڕهێنان. لەڕاستیدا فریشتەی هاوەڵ بەردەوام چاوەڕوانی هەواداربوونی ئەو كەسە دەكات بۆ چاكە و خێر _لەڕاستیدا ئەم ساتە بۆ هەموو كەسێك دەڕەخسێت؛ ئەبو جەهل بێت یان فیرعەون_ بۆ ئەوەی بیقۆزێتەوە؛ ئینجا ڕاستگۆیی پێغەمبەرەكە دەخاتە دڵیەوە، پاشان سەرپشكی دەكات لەوەدا كە سوودی لێ وەربگرێت یان ڕەتیبكاتەوە.
8- هەشتەم ئەركی فریشتەكان ئەوەیە كە تەسبیحاتی خوای بەرز و بڵند دەكەن، وەك خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَتَرَى الْمَلَائِكَةَ حَافِّينَ مِنْ حَوْلِ الْعَرْشِ يُسَبِّحُونَ بِحَمْدِ رَبِّهِمْ﴾ (الزمر: 76)
9- لە ئەركەكانی فریشتە ئەوەیە داوای لێخۆشبوون دەكەن بۆ باوەڕداران، بەڵام ئەم ئەركە جۆرێكی تایبەتی لە فریشتەكان جێبەجێی دەكەن؛ چونكە خوا نووسیویەتی لەسەریان كە دوعا بكەن بۆ باوەڕداران و داوای لێخۆش بوونیان بۆ بكەن و لە خوا بپاڕێنەوە بۆیان كە چاوپۆشییان لێ بكات ئەگەر هەر هەڵەیەكیان لێ دەركەوت، لەم بارەیەوە خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿الَّذِينَ يَحْمِلُونَ الْعَرْشَ وَمَنْ حَوْلَهُ يُسَبِّحُونَ بِحَمْدِ رَبِّهِمْ وَيُؤْمِنُونَ بِهِ وَيَسْتَغْفِرُونَ لِلَّذِينَ آمَنُوا رَبَّنَا وَسِعْتَ كُلَّ شَيْءٍ رَحْمَةً وَعِلْمًا فَاغْفِرْ لِلَّذِينَ تَابُوا وَاتَّبَعُوا سَبِيلَكَ وَقِهِمْ عَذَابَ الْجَحِيمِ﴾ (الغافر: 8)
لەم ئایەتەوە ئەو مانایە وەردەگرم كە كۆمەڵێكی تایبەت لە فریشتەكان دەپاڕێنەوە و داوای لێخۆشبوون دەكەن بۆ كۆمەڵێكی تایبەت لە باوەڕداران، لەكاتێكدا فریشتەكان بەگشتی داوای لێخۆشبوون دەكەن بۆ هەموو خەڵكی كە لەنێوانیاندا كافرەكانیش هەن، بەمەش ئەو باوەڕدارانە دووجار قازانج دەكەن؛ چونكە فریشتە گەورەكان داوای لێخۆش بوونیان بۆ دەكەن هەروەك پشكی خۆیشیان بەردەكەوێت لە داوای لێخۆشبوونی فریشتەكان بەگشتی. وە ئەو ئایەتەی كە دەیكەم بە بەڵگە لەسەر ئەوەی فریشتەكان داوای لێخۆشبوون دەكەن بۆ هەموو خەڵكی ئەم ئایەتەی خوارەوەیە:
﴿وَالْمَلَائِكَةُ يُسَبِّحُونَ بِحَمْدِ رَبِّهِمْ وَيَسْتَغْفِرُونَ لِمَنْ فِي الْأَرْضِ﴾ (الشوری: 6) واتە فریشەكانی ڕەحمەت دوای لێخۆشبوون دەكەن بۆ هەموو خەڵكی.
پێموایە خوای گەورە لە كۆتاییدا بە ئەهلی دۆزەخ دەڵێت _بەهۆی داوای لێخۆشبوونی فریشتەكانەوە_ بچنەدەرەوە لە دۆزەخ و ئێوە ئازادكران؛ چونكە لەڕاستیدا ئەوە خودایە كە ئەركی داوای لێخۆشبوونی _بۆ هەموو خەڵكی سپاردووە بە فریشتەكان بۆ ئەوەی دۆزەخ چۆڵ بكات.
10- فریشتەكان بریتین لە كۆتا هۆكاری ڕێساكانی سروشت، هەموو ئەوەی ڕوودەدات لە گەردووندا هەر لە بارینی باران و هەڵكردنی با و گەیشتنی تیشكی خۆر پێمان، وە كاریگەری ژەهر و تریاق، تەنھا لەڕێگەی كاریگەری فریشەكانەوە هەموو ئەم كارانە بەئەنجام دەگەن، هیچ شتێك گاریگەری نیە لەڕێگەی ئەوانەوە نەبێت. ئەمەش مانای ئەوە نیە كە ژەهر كەس لەناونابات و لە خودی خۆیدا ژەهر نیە، وە تریاق لە خودی خۆیدا تریاق و شیفا نیە، بەڵكو مەبەستم ئەوەیە كە ژەهر كاریگەری نابێت لەسەر هیچ شتێك و ناتوانێت زیان بگەیەنێت بە هیچ كەسێك ئەگەر ئەو فریشتەیە ڕێگەی پێ نەدات كە كاریگەری ژەهری پێ سپێراوە، بەهەمان شێوە تریاق سوود بە هیچ كەسێك ناگەیەنێت ئەگەر ئەو فریشتەيە ڕێگەی پێ نەدات كە كاریگەری تریاقی پێ سپێراوە.
بەگوێرەی ئەم پێوانەیە پێوانەی بكە؛ ئێمە لە قورئانی پیرۆزدا ئەوە دەخوێنینەوە كە باراندنی باران و هەڵكردنی بایەكان و ئیش و كارە زۆرەكانی تر سپێراون بە فریشتەكان، باسەكە درێژە دەكێشێت، دەیەها نموونە هەیە لەسەر ئەمە، بەلایەنی كەمەوە نزیكەی پانزە نموونە شك دەبەین كە ئاراستەمان دەكەن بەرەو ئەو باوەڕەی فریشتەكان یاساكانی سروشت جێبەجێ دەكەن.
ئەمە لەڕێگەی ئەو نموونە كەمانەی پێشووەوە بەجوانی دەردەكەوێت. لەگەڵ ئەوەدا ئەگەر كەسێك بڵێت چۆن دەكرێت هەموو سیستەمی گەردوون لەسەر ئەم نموونە كەمانە پێوانە بكەین، پێی دەڵێم: ئایەتی “يَحْمِلُونَ الْعَرْشَ” ڕێگەمان پێ دەدات ئەم پێوانەیە بكەین، واتە فریشتەكان هەموو سیفەتەكانی خوا دەردەخەن.
11- فریشتەكان تەنھا داوای لێخۆشبوون ناكەن بۆ خەڵكی، بەڵكو دەپاڕێنەوە لە خوای گەورە كە بەرەكەتەكانی خۆی بڕێژێت بەسەریاندا؛ چونكە داوای لێخۆشبوون بەتەنھا مانای ئەوەیە خوای گەورە چاوپۆشی بكات لە هەڵەكانی خەڵك و لێیان ببورێت، بەڵام ئەوان دەپاڕێنەوە كە خودا بە پەردەی ڕەحمەتی خۆی دایانپۆشێت و بەڕەحمەتی خۆی دەوریان بدات. لەبەرئەوە خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿إِنَّ اللَّهَ وَمَلَائِكَتَهُ يُصَلُّونَ عَلَى النَّبِيِّ يَاأَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا صَلُّوا عَلَيْهِ وَسَلِّمُوا تَسْلِيمًا﴾ (الأحزاب: 57)
ئەمانه بریتین لە فریشتەكانی ڕەحمەت، بۆیە هەركاتێك كەسێك لە خەڵكی هەڵدەستێ بە ئەنجامدانی كارێكی چاك بەهیوای دەستكەوتنی ڕەزامەندی خوای گەورە؛ ئەوا ئەم فریشتانە پیرۆزبایی لێ دەكەن و درودی لەسەر دەدەن، شایانی تێبینیە ئەوان خۆیان ناتوانن بیرۆزباییەكە ئەنجام بدەن، بەڵكو داوای ئەوە لە خوای گەورە دەكەن، نموونەی پیرۆزبایی و درود ناردنەكەیان هاوشێوەی درود ناردنی ئێمەیە بۆسەر گیانی پێغەمبەر (ﷺ)، بەجۆرێك ئێمە داوادەكەین لە خوای بەرز و بڵند بەرەكەتەكانی خۆی بڕێژێت بەسەر پێغەمبەری ئازیزدا (ﷺ). بەهەمان شێوە فریشتەكان داوادەكەن لە خوای گەورە ڕەحمەتی خۆی بڕێژێت بەسەر فڵانە بەندەی خۆیدا.
12- هەندێ لە فریشتەكان هیچ كارێك ناكەن جگە لە بەندایەتی، ئەوان بەردەوام و بێ پچڕان بەندایەتی دەكەن بۆ خوای گەورە هەتا بەرپابوونى قیامەت، لە فەرموودەدا هاتووە ماوەی یەك بست یان باڵێك نیە لە هەر حەوت ئاسمانەكەدا مەگەر فریشتەكان تێيدا خواپەرستی دەكەن و لە ڕكوع و سوژدەدان، لە دواڕۆژدا دەڵێن: پاكی بۆ تۆ ئەی پەروەردگارمان، بێگومان ئێمە بەتەواوەتی نەمانتوانیوە تۆ بپەرستین بەڵام هیچ كەسێكمان نەكردووە بە هاوەڵی تۆ. (البدایة والنھایة، ج1، باب ذكر خلق الملائكة وصفاتھم)
پێویستە باوەڕدار لەم قسەیەی فریشتەكانەوە وانەیەك فێربێت، بەجۆرێك دوای ئەو هەموو خواپەرستیە بۆ ماوەیەكی وەها دوورو درێژ بە بەردەوامی هێشتا ئەركی سەرشانیان بەتەواوەتی جێبەجێ نەكردووە، لەكاتێكدا دەبینین خەڵكانێك هەن شانازی دەكەن بەو خواپەرستیەی كە ڕۆژانێكی كەم و بۆ ماوەیەكی كورت ئەنجامی دەدەن.
13- فریشتەكان كردەوەكانی خەڵكی دەپارێزن، ئەوەتا خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَإِنَّ عَلَيْكُمْ لَحَافِظِينَ * كِرَامًا كَاتِبِينَ﴾ (الانفطار: 11_12) واتە كۆمەڵێك فریشتە ڕاسپێردراون كردەوە ئاشكراكانتان تۆمار بكەن، بەڵام نیازی ناو دڵتان ئەو كەسە دەیزانێت كە لێپرسینەوەی دڵەكانی بەدەستە.
14- فریشتەكان خۆشەویستی دۆستان و نزیكانی خوا لەناو خەڵكدا بڵاودەكەنەوە. بەجۆرێك هانی خەڵكی دەدەن ئەو كەسانەیان خۆشبوێت، لە فەرموودەدا هاتووە: لە ئەبو هورەیرەوە لە پێغەمبەرەوە (ﷺ) فەرموویەتی: ئەگەر خوای گەورە بەندەی خۆشویست؛ ئەوا جیبریل بانگدەكات و پێی دەفەرموێت: خوا فڵان بەندەی خۆشدەوێت تۆیش خۆشت بوێت، ئینجا جیبریلیش خۆشیدەوێت، پاشان جیبریل لەناو خەڵكی ئاسماندا جاڕدەدات: خوا فڵان بەندەی خۆشدەوێت ئێوەیش خۆشتان بوێت، ئینجا خەڵكی ئاسمان خۆشیاندەوێت، پاشان لەسەر زەویشدا ئەو بەندەیە لەلایەن خەڵكەوە پەسەند دەكرێت. (البخاری، كتاب بدء الخلق، باب ذكر الملائكة)
سەیری ئەم سەردەمە بكەن، سەردەمێكە تێیدا خەڵكی یاخی دەبن لە حكومەتەكان و ڕەتیدەكەنەوە ملكەچ بكەن بۆ دەسەڵاتەكانیان، بەڵام لە هەمان كاتدا گوێڕایەڵی پێغەمبەر (ﷺ) دەكەن و جێبەجێكردنی فەرمانەكانی ئیسلام لە ئەستۆ دەگرن، وە ئەوانەیش كە دواكەوتوون داخ و خەفەت دەخۆن بۆ ئەوەی درەنگ موسوڵمان بوون، ئەم ئارەزووە بۆ قەبوڵكردنی ئیسلام لە ئەنجامی كاری فریشتەكانەوە پەیدا بووە كە ئیسلامیان شیرین و خۆشەویست كردووە لەبەرچاوی خەڵكیدا، بۆیە دەبینین خەڵكانێك لە هیندۆس و مەسیحیەكان دێن بەرەوپیری ئەم ئایینە.
ئەمە بەڵگەیەكی ورد و ناسكە لەسەر ڕاستگۆیی نزیكان و خۆشەویستان و پەسەندكراوانی خوا؛ چونكە دەبینین زۆرێك لەوانەی بانگەشەی پێغەمبەرایەتیان دەكرد لە سەردەمی پێغەمبەردا (ﷺ) خەڵكیان هانداوە و ئاژاوەیان ناوەتەوە و سوپای گەورەیان ڕێكخستووە، بەڵام شكستیان هێناوە و سەرەنجامیان خراپ بووە، لەكاتێكدا پێغەمبەر (ﷺ) قەبوڵكرا و بەردەوامیش خۆشەویستیەكەی لە هەموو لایەكی جیھاندا تەشەنە دەكات.
15- فریشتەكان ڕام كراون بۆ خزمەتكردنی خۆشەویستانی خوای گەورە و وەكو خزمەتكار كاردەكەن بۆ نێردراوانی خوا، وەك لەم ئایەتەدا هاتووە: ﴿وَإِذْ قَالَ رَبُّكَ لِلْمَلَائِكَةِ إِنِّي خَالِقٌ بَشَرًا مِنْ صَلْصَالٍ مِنْ حَمَإٍ مَسْنُونٍ * فَإِذَا سَوَّيْتُهُ وَنَفَخْتُ فِيهِ مِنْ رُوحِي فَقَعُوا لَهُ سَاجِدِينَ﴾ (الحجر: 29_30) واتە پاش ئەوەی وەحیم ناردەخوارەوە بۆ سەر ئەو كەسە پاش ئەوەی ڕێكوپێكم كرد، واتە كردم بە پێغەمبەر، ئینجا شوێنی بكەون و گوێڕایەڵ و ملكەچ بن بۆی. مانای وایە فریشتەكان لەژێر فەرمانی پێغەمبەردا دەبن و لە پێغەمبەر پلەیان نزمترە.
16- داواكراوە لە فریشتەكان دڵی ئەو كەسانە بە زانست ڕووناك بكەنەوە كە حەزیان لە فێربوونە. وە لە فەرموودەدا هاتووە جیبریل بەشێوەی مرۆڤێك خۆی نواند و دەركەوت بۆ پێغەمبەر (ﷺ) و پرسیاری لێكرد باوەڕ چیە و ئیسلام چیە و ئیحسان چیە، پێغەمبەریش وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە، كاتێك ڕۆيشت و پشتی هەڵكرد، پێغەمبەر (ﷺ) پرسیاری كرد لە هاوەڵەكان: ئایا دەزانن ئەم كەسە كێ بوو؟ ئەوانیش گوتیان: خوا و پێغەمبەرەكەی باشتر دەزانن، پاشان فەرمووی: ئەمە جیبریل بوو هات بۆ لاتان بۆ ئەوەی ئاینەكەتان فێربكات. (البخاري، كتاب الإیمان، باب سؤال جبریل النبي (ﷺ) عن الإیمان و الإسلام)
كەواتە یەكێكی تر لە ئەركی فریشتەكان ئەوەیە دادەبەزن بۆ ئەوەی زانست فێری خەڵكی بكەن، وە تەنھا زانستە ئایینیەكان فێری خەڵك ناكەن، بەڵكو لەبارەی كاروبارەكانی دنیایشەوە زانستیان فێردەكەن، وە بازنەی فێركردنەكەیان فراوان دەبێت تەنانەت كافرەكانیش دەگرێتەوە. كتێبێكی ئەدیسۆنم خوێندەوە تێیدا دەڵێت هیچ داهێنانێكم نەكردووە و هیچ زانیاریەكم نەدۆزیوەتەوە بەهۆی بیركردنەوەی خۆمەوە، بەڵكو لەناكاو بیرۆكەیەك دابەزیوەتە سەر دڵم و جێگیربووە تێیدا، پاشان منیش جێبەجێم كردووە و گەشەم پێداوە و داهێنانێكم ئەنجامداوە. وە لەبەرئەوەی ئەدیسۆن ئارەزووی لە بابەتە زانستیەكان بووە، بۆیە فریشتەكان ئەو زانستانەیان فێركردووە، لەكاتێكدا پێغەمبەران و دۆستانی خوا زاستە ئایینیەكانیان پێدەگات لەلایەن فریشتەكانەوە؛ چونكە ئارەزوویەكی سروشتی گەرموگوڕیان هەیە بۆ ئەم زانستانه.
هەڵبەت شێوازی فێركردنی فریشتەكان سەیر و وردە؛ چونكە ئەو شتەی كە دەیانەوێت فێری مرۆڤی بكەن نایخەنە هەستەوە (یادەوەری كارا،objective mind) بەڵكو ئەو زانیاریە دەخەنە یادەوەری ناكاراوه (نەست، sub conscious mind) واتە بەشی پشتەوەی مێشكەوە بۆ ئەوەی مرۆڤ لەڕێگەی بیركردنەوەوە دەریبھێنێت؛ چونكە ئەو شوێنە سیفەتی پاراستن و خەزنكردنی هەیە و لە هەموو شوێنەكانی تری مێشك توانای زیاترە بۆ پاراستن و خەزنكردن، وەكو گەنجینەیەك وایە. وە فریشتەكان مەگەر بەدەگمەن ئەگینا زانیاریەكان لەو بەشەی مێشكدا كۆگادەكەن.
مێشك دابەش دەبێت بۆ سێ بەش: یەكەمیان ئەوەیە كە بەهۆیەوە شتەكان دەبینین و لێیان تێدەگەین. دووەمیان ئەوەیە وەكو كۆگا و گەنجینەیەك وایە ئەو زانیارییانەی تێدا خەزن دەكرێت كە مرۆڤ لەكاتی بیركردنەوەدا دێنەوە بیری، بەڵام بەشی سێيەم كۆمەڵێك بابەتی خەزنكراوی تێدایە كە تەنانەت بەهۆی بیركردنەوەی ئاساییەوە مرۆڤ ئەو بابەتانەی بیرناكەوێتەوە، بەڵكو پێویستە زۆر بەقووڵی بیربكاتەوە بۆ ئەوەی بێنەوە بیری، وه جاروبار فریشتەكان زانیاریەكان دەخەنە ئەم بەشەی مێشكەوە. بۆیە كاتێك پێویستیەكی لەناكاو پەیدادەبێت بۆیان ئەو ڕووداوانە دەردەكەون كە بەهۆیانەوە مرۆڤ ئەو زانیاریانەی بیردەكەوێتەوە.
لە ئەنجامی ئەزموونی تایبەتی خۆمەوە ئەمە دەڵێم. تەمەنم هەژدە ساڵ بوو كاتێك گۆڤاری “تشحیذ الأذهان” دەرچوو، لەخەوندا بینیم فریشتەیەك هات بۆلام و پێیگوتم ئایا شتێكت فێربكەم، منیش گوتم فەرموو، گوتی: ئایا تەفسیری سوورەتی “الفاتحة”ت فێربكەم؟ گوتم بەڵێ. خەونەكە زۆر خۆش بوو؛ چونكە سەرەتا گوێبیستی دەنگێك بووم پاشان ئەم دەنگە فراوان بوو هەتا گۆڕا بۆ گۆڕەپانێك، تێیدا تارماییەكم بەرچاوكەوت كە دوایی ڕوون بوویەوە، ئینجا فریشتەیەكم بینی پێیگوتم: ئایا فێرت بكەم؟ گوتم بەڵێ فێرم بكە، گوتی كەواتە تەفسیری الفاتحة فێربە. دەستیكرد بە فێركردنم هەتا گەیشتە ﴿إِيَّاكَ نَعْبُدُ وَإِيَّاكَ نَسْتَعِينُ﴾ ئینجا گوتی: هەموو ئەوەی كە نووسراوە لە تەفسیری سوورەتی “الفاتحة”دا هەتا ئێستا لەم ئایەتە تێپەڕی نەكردووە، منیش باوەڕم كرد بە قسەكەی، پاشان گوتی: بەڵام من لەدوای ئەم ئایەتەوە فێرتدەكەم و لەگەڵ تۆدا بەردەوام دەبم لە تەفسیرەكەدا. ئینجا تەفسیری هەموو سوورەتی “الفاتحة”ی فێركردم و بەخەبەرهاتم، كاتێك بەخەبەرهاتم لەوەی كە فریشتەكە فێری كردبووم تەنھا دوو خاڵی وردم لەبیرمابوو، پاشان كەمێك خەوتم، كاتێك بەیانی خەبەرم بوویەوە سەیرم كرد ئەو دوو خاڵە وردەیشم لەبیرنەمابوو، وە كاتێك خەونەكەم گێڕایەوە بۆ گەورەمان خەلیفەی یەكەمی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دڵگران بوو لێم و سەرزەنشتی كردم كە بۆچی دەستبەجێ خەونەكەم نەنووسیوەتەوە و فەرمووی: پێویست بوو دەستبەجێ ئەو شتە بنووسی كە فێركرابوویت.
لەدوای ئەوە هەركاتێك ویستبێتم لە هەربۆنەیەكدا دەربارەی سوورەتی الفاتحة بدوێم خوای گەورە كۆمەڵێك چەمك و تێگەیشتنی نوێی فێركردووم، كە بریتین بوون لەوانەی فریشتەكان فێریانكردم. ڕۆژێكیان بەشێوازێكی تایبەت لەم بارەیەوە ئەزموونێك ڕوویدا بۆم، درێژەی بابەتەكە بەم شێوەیە بوو كە تیپی قوتابخانەی ئەحمەدی لە قادیان چوو بۆ ئەمریتسەر بۆ یاریكردن لەگەڵ تیپی ئەمریستەردا، وە بەوپێیەی كە تازە تەخەڕوجم كردبوو لەگەڵ یاریچیەكاندا ڕۆيشتم، تیپەكەی ئێمە یاریەكەی بردەوە. پاش ئەوە موسوڵمانان لەوێ كۆڕێكیان بەست و داوایان لە من كرد وتارێك پێشكەشی ئامادەبوان بكەم، وە پێشتر لەكاتی چوون بۆ شوێنی كۆبوونەوەكە بە هاوەڵەكانم گوتبوو خوای گەورە ڕێزی لێگرتووم بەوەی هەركاتێك دەربارەی سوورەتی الفاتحة وتارم پێشكەش كردبێت شتانێكی نوێی فێركردووم. كاتێك گەیشتینە شوێنی كۆبونەوەكە هەستام بۆسەر دوانگەكە بۆ پێشكەشكردنی وتار؛ زمانم تەنھا توانی سوورەتی الفاتحة بخوێنێت، دڵنیابووم كە تاقیكردنەوەكەم نزیكە، بۆیە ناچاربووم سوورەتی الفاتحة بخوێنمەوە، وە لەو كاتەدا سەبارەت بەم سوورەتە هیچ شتێكم بۆ نەهات، ئەوە بوو سوورەتی “الفاتحة”م خوێندەوە، كەمێك دوای خوێندنەوەی سوورەتەكە تێگەیشتنێكی نوێ كەوتە دڵمەوە كە بریتی بوو لەوەی كاتێك ئەم سوورەتە هاتەخوارەوە بۆ پێغەمبەر (ﷺ) یەكەم كەسێك كە ئەم سوورەتە دواندی بریتی بوو لە موشریكەكانی مەككە نەك جوولەكە و مەسیحیەكان، ئەبێ حیكمەتی ئەوە چی بێت خوای گەورە لەم سوورەتەدا ئەو دوعایەمان فێردەكات كە ڕێچكەی جوولەكە یان مەسیحیەكان نەگرین؟ لەگەڵ ئەوەی دۆخەكە ئەوەی دەخواست دوعایەكمان فێربكات كە بمانپارێزێت لەوەی ڕۆژێك لەڕۆژان ببین بە موشریك. لەلایەن خوای گەورەوە ئەوەم فێركرا كە جوولەكە و مەسیحیەكان هەتا ڕۆژی قیامەت دەمێننەوە. بەڵام موشریكەكان بەشیان فەوتان و لەناوچوونە، بۆیە هیچ هۆكارێك نەبووە بۆ ئەوەی دوعا بكەین كە لەوان نەبین، بۆیە سوپاسی خوای گەورەم كرد كە ڕێزی لێگرتم و لە ڕەخنە پاراستمی.
ئەم زانیاریەی كە لەلایەن خوای گەورەوە خەڵات دەكرێت هەمیشە لەكاتی پێویستدا فریای مرۆڤ دەكەوێت، وە حیكمەتی لەبیرچوونەوەی ئەو زانیاریە ئەوەیە كە ئەگەر بابەتەكە لەدڵی مرۆڤدا بچەسپێت ئەوا تەنھا یەك جار سوودی لێ وەردەگرێت، بەڵام ئەم زانیاریە هەمیشە دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی فریای مرۆڤ بكەوێت لەكاتی پێویستدا. بۆ نموونە هەركاتێك هەركەسێك ڕەخنەی لە ئیسلام گرتبێت و لە تەنیشتمدا كەسێكی لەبەركەری قورئان نەبووبێت كە ئایەتی داواكراوم بۆ بخوێنێتەوە… ئەوا تەنھا بە خوێندنەوەی سوورەتی “الفاتحة” ئەو ڕەخنەیەم پووچەڵ كردووەتەوە. بەم شێوەیە تەنھا لە سوورەتی “الفاتحة”وە خوای گەورە وەڵامەكەی فێركردووم، كەواتە زانستە ئاسمانیەكان بەوە جیادەكرێنەوە كە هەمیشە كەڵك و سوودی نوێیان هەیە.
كەواتە یەكێك لە كارەكانی فریشتە ئەوەیە خەڵكی فێردەكەن، وەك محي الدین ئیبن عەرەبی لە كتێبەكەیدا “الفتوحات المكیة” نووسیویەتی فریشتەكان زانیاری زۆریان فێركردووە. ئەو یەكێكە لەو سۆفیانەی كە دەربارەی فریشتەكان توێژینەوەی كردووە.
لە فریشتەكانەوە كۆمەڵێك بابەتی زۆر فێربووم، جارێكیان دەربارەی فەلسەفەی تاوان زانستێكی گشتگیر فێربووم كە بووه مایەی سەرسوڕمان بۆم، بەجۆرێك بە شێوازێكی سەرسوڕهێن درێژەی هەڵە و لادانەكان باسكرا بۆم. فریشتەكان مرۆڤ هاندەدەن بۆ ئەنجامدانی چاكە و دەستكەوتنی خێر و لەدڵیدا بیرۆكە و ئەندێشەی چاك دروست دەكەن. وە هەر مرۆڤێك سپێردراوە بە فریشتەیەكی سەربەخۆ، لەڕاستیدا ئەم سیستەمە لەژێر دەسەڵاتی جیبریلدایە. گەورەمان پێغەمبەری هەڵبژاردە (ﷺ) دەفەرموێت:
“لەدڵدا دوو بیرۆكە هەیە بیرۆكەیەك لە فریشتەوەیە كە بریتیە له ڕاسپاردن بەكاری خێر و باوەڕهێنان بەحەق و ڕاستی، جا ئەگەر كەسێك ئەمەی بینی ئەوا بابزانێت لەلایەن خوای گەورەوەیە، بۆیە با سوپاسی خوا بكات، وە بیرۆكەكەی تر لە دوژمنەوەیە كە بریتیە لە ڕاسپاردن بەكاری خراپە و بەدرۆزانین و باوەڕنەهێنان بە حەق و ڕاستی و قەدەغەكردن لەكاری چاكە، هەركەسێك ئەم ئەندێشەيە لەدڵیدا دروست بوو ئەوا با پەنابگرێت بەخوا لە شەیتانی دەركراو”.
بەم شێوەیە لەو خاڵانەوە كە پێشكەشكران ئاگادارمكردن لە حەقیقەت و ئەركی فریشتەكان، ڕەنگە لەوە تێگەیشتبن كە فریشتەكان بە هەوانتە دروستنەكراون، بەڵكو پەیوەندیەكی تۆكمەیان هەیە بە مرۆڤەوە، وه ڕەنگە لەوەی ڕابورد حاڵی بووبن كه مەسەلەكە ئاسایی نیە بەو شێوەیەی خەڵكی گشتی لەقەڵەمی دەدەن، بەڵكو سەلمێنرا كە بوونی فریشتەكان كەڵك و سوودێكی زۆری تێدایە.
ئایا مرۆڤ سوود دەگەیەنێت بە فریشتەكان
ئێستا با بزانین ئایا دەكرێت مرۆڤ سوودی هەبێت بۆ فریشتەكان. لەبەر ڕۆشنایی زانیاری و توێژینەوە و ئەنجامگەریەكانم لە قورئان و فەرموودە دەڵێم بەهیچ شێوەیەك ناكرێت مرۆڤ هیچ سوودێكی هەبێت بۆ فریشتەكان مەگەر ئەوەی كە بپاڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی پلەوپایەیان؛ چونكە لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە كاتێك فریشتەكان هاتن بۆ لای ئیبراهیم وتیان سڵاو ئیبراهیمیش وتی سڵاو، ئەگەر فریشتەكان كەڵكیان وەرنەگرتایە لە سڵاو؛ ئەوا گەورەمان ئیبراهیم بە سڵاو وەڵامی نەدەدانەوە؛ چونكە سڵاوكردن نزایە دەرحەق بە كەسێك كە دەكرێت پلەوپایەی بەرزبێتەوە، بەڵام بۆ كەسێك كە پێشناكەوێت و بڵندنابێتەوە ئەوا پاڕانەوە بۆی هیچ مانایەكی نیە، هەروەها لە فەرموودەدا هاتووە پێغەمبەری خوا (ﷺ) سڵاوی جیبریلی گەیاندووە بە دایكی باوەڕداران عائیشە (رضي الله عنه)، ئەویش وەڵامیداوەتەوە و گوتویەتی: سڵاوی لێ بێت. (ابن ماجه، كتاب الأدب، باب رد السلام)، وە پێغەمبەر (ﷺ) قەدەغەی نەكرد لەم كارە و پێی ناخۆش نەبوو. سەرەڕای ئەوە هاوەڵەكان لە سەرەتای موسوڵمان بوونیاندا لە نوێژدا درودیان دەدا لەسەر خوا و جیبریل و فڵان و فیسار لە تەحیاتدا، پێغەمبەر (ﷺ) ڕێگری لێ كردن كە سڵاوات لە خوا بدەن، بەڵام ڕێگری لێ نەكردن كە سڵاوات لەسەر جیبریل بدەن، دەی ئەگەر جیبریل قازانجی نەكردایە لەم سڵاواتە ئەوا قەدەغەی ئەوەیشی لێ دەكردن. (سنن النسائي، كتاب الافتتاح، باب كیف التشهد الأول)
ئەمە هەموو ئەو شتەیە كە بۆمان دەركەوتووە دەربارەی سوودگەیاندن بە فریشتەكان لەلایەن خەڵكیەوە.
بەڵگەی عەقڵی لەسەر بوونی فریشتەكان
ئێستا پێتان ڕادەگەیەنم كە لەڕاستیدا فریشتەكان بوونیان هەیە، لەماوەی پێشوو لەقورئانەوە بەڵگەم پێشكەش كرد لەسەر بوونیان، ئێستایش لەڕووی عەقڵیەوە دەیسەلمێنم كە بوونیان هەیە.
1- ئێمە تێبینی دەكەین یەك یاسای كارا لە هەموو گەردووندا هەیە كە ڕەتناكرێتەوە و ملكەچە بۆ ئیرادەیەك، بۆ نموونە دەبینین هاتوچۆ و جووڵەی ئەستێرەكان لە ئاسماندا زۆر ڕێكوپێك و گونجاوە بەڕادەیەك ناكرێت بوترێت هەرلەخۆیەوە ئەمە ڕوودەدات بەبێ ئەوەی جووڵێنەرێك هەبێت، پاشان ئەم زەویە ئاوەدانە گەردوونناسەكان هەموو هەوڵێكی خۆیان خەرج كرد بۆ ئەوەی بیسەلمێنن هەسارەیەكی بچوكە و گرنگیەكی ئەوتۆی نیە شایانی باسكردن بێت، بەڵام لە كۆتاییدا وتیان زەوی دەكەوێتە ناوەندەوە. سەبارەت بەم باسە دەڵێین: بۆچی لە ناوەنددا دانراوە، بۆچی شوێنی ناوەندی پێدراوە..؟ لە ڕاستیدا زۆر پێویست بوو هەموو ئەستێرە و هەسارە و هەیڤەكان كاریگەریان هەبێت لەسەری لەبەرئەوەی شوێنی نیشتەجێ بوونی مرۆڤە، بەڵام ئەمە نەدەهاتەدی ئەگەر لە ناوەڕاستدا نەبوایه، لێرەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی دروستبوونەكەی بە پلان بووە و هەرەمەكی نەبووە، وە هەموو گەردوونیش لەسەر ئەم سیستەمە پێوانە بكە.
ساڵانێك لەمەوپێش ئەستێرەیەك لەئاسماندا دەركەوت، گەردوونناسەكان بۆچوونیان وەها بوو كە زەوی كاول دەبێت بەهۆی ئەوەی ئەم ئەستێرەیەی بەردەكەوێت، بەڵام پاش ماوەیەك ڕێڕەوی خۆی گۆڕی و هیچ شتێك ڕووینەدا. بەهەمان شێوە لەڕابردوودا گەردوونناسەكان چەندین جار پێشبینی ئەوەیان كردووە كە زەوی كاول دەبێت بەهۆی پیاكێشانی فڵانە ئەستێرەوە. ئەم جۆرە ئەستێرەیە لەو ئەستێرە ڕەقە زەبەلاحانە دەبێت كە دەكرێت زەوی وێران بكات ئەگەر بەریبكەوێت، بەڵام كاتێك خەریك دەبێت بەر زەوی بكەوێت ڕێڕەوەكەی دەگۆڕدرێت. مایەی سەرسوڕمانە جاروبار كلكدارەكان لەزەوی نزیك دەبنەوە پاشان كلكەكەیان دەكێشێت بەزەویدا، وە ئەم پیاكێشانە هیچ زیانێك ناگەیەنێت بە زەوی؛ چونكە لە گەردیلە زۆر وردەكان پێكھاتووە كە سووتانیان هیچ زیانێك بەجێ ناهێڵێت.
ساڵانێك لەمەوپێش زاناكانی ئەوروپا ڕایانگەیاند ئەستێرەیەك بە نزیك زەویدا تێدەپەڕێت ئەمەش دەبێتەهۆی وێران و كاولبوونی زەوی، هەندێ كەس كاتێك ئەم هەواڵەیان بیست بەهۆی وێناكردنی ئەو ئازارانەی كە لە ئەنجامی ئەم ڕوداوەوە پەیدا دەبن خۆیان كوشت، پاشان ئەم ئەستێرەیە هات و بەشێوەیەكی جوان و ڕێكوپێك تێپەڕی و هیچ زیانێك ڕووینەدا. گەردوونناسەكان ئەم ڕووداوەیان وا لێكدایەوە كە گەردیلەكانی ئەو ئەستێرەیە ورد و ناسك بوون بەڕادەیەك كاتێك نزیكبوویەوە لە خۆر كلكەكەی لە ڕاستەوە گۆڕا بۆ لای چەپ لەئەنجامی فشاری تیشكی خۆر لەسەری.
لەم كاروبار و ڕووداوانەوە ئەوە دەردەكەوێت ئەم سیستەمە گەورەیە ملكەچە بۆ پلانێكی گونجاو، ئەگەر لەپشتی هەموو ئەمانەوە بوونەوەرێكی خاوەن گوڕوتین و ئیرادە نەبێت؛ ئەوا هەموو جیھان تێكدەچێت. لێرەدا پرسیارێك دێتەگۆڕێ: ئەو بوونەوەرە خاوەن ئیرادەیە كێیە. خوای گەورە دەفەرموێت فریشتەكانن، بۆیە هەموو شتێك لە جیھاندا لەژێر دەسەڵاتی فریشتەكاندایە، وە فریشتەكان ئەم سیستەمە بەڕێوەدەبەن. من وەك خۆم بۆم ڕوون بووەتەوە هەموو شتێك لەژێر دەسەڵاتی فریشتەكاندایە و بە ئیرادەی ئەوان كاردەكات. درێژەی ئەم باسەیش ئەوەیە ڕۆژێكیان تووشی تا بووم، چارەسەرم بەكارهێنا بەڵام سوودی پێ نەگەیاندم، كاتێك چودری زەفەروڵڵا خان لەگەڵ هاوەڵێكیدا هات بۆ لام، داوام لێكرد بێتە تەنیشتمەوە، پێش ئەوەی بێتە تەنیشتمەوە، دۆخێكی لەهۆشچوون هات بەسەرمدا، بینیم مێشوولەیەك لەبەردەممدا وەستاوە، گوتی: ئەمڕۆ تایەكەت نامێنێت. كاتێك زەفەروڵڵا خان لەگەڵ هاوەڵەكەی كە پزیشك بوو، وە هەندێ میوانی تر هاتنە ژوورەوە بۆ لام هەواڵم پێدان دەربارەی ئەم كەشفە، پاشان كاتێك پزیشكەكە ویستی گەرمی لەشم بپێوێت، تایەكەم نەمابوو.
ئەم مێشوولەیە لە بنچینەدا مێشوولە نەبوو، بەڵكو ئەو دەنگەی كە گەیشتە گوێم دەنگی ئەو فریشتەیە بوو كە سەرپەرشتی مێشوولەی دەكرد، شتێك نیە بەگوێرەی سیستەمێك كاربكات و لەژێر دەسەڵاتی ئیرادەیەكدا بێت مەگەر بەڵگەیە لەسەر بوونی فریشتەكان.
2- پێكھاتەی لەشی مرۆڤ بەڵگەیە لەسەر بوونی فریشتەكان؛ چونكە توێژینەوە نوێيەكان سەلماندوویانە هەموو ئەو شتانەی دەیانبینین لە بنچینەدا بەو شێوەیە نین كە ئێمە دەیانبینین، بۆ نموونە جەستەی مرۆڤ لەیەك شت پێكنەهاتووە، بەڵكو لە ملیۆنەها بەشی بچوك پێكھاتووە، ئەویش بەڕۆڵی خۆی لە ملیۆنەھا گەردیلە پێكھاتووە، وە هەموو گەردیلەیەك لە بەشی زۆر ورد پێكھاتووە. زانایەكی ئەمریكی گەردیلەیەكی زۆر وردی دۆزیەوە كە تێپەڕدەبێت بە لەشی مرۆڤدا بەجۆرێك لەلایەكەوە دەچێتەناوی و لەلاكەی ترەوە دەردەچێت، لەكاتێكدا هەوا تێپەڕنابێت بە لەشی مرۆڤدا.
كەواتە لەم توێژینەوە ماددیانەوە ساغ دەبێتەوە هەموو ئەو شتانەی دەیانبینین لە گەردیلەی زۆر ورد پێكھاتوون. وە لەبەرئەوەی هەموو شتێك هێزی خۆی لە سەرچاوەیەكی وردەوە وەردەگرێت كە شاراوەیە لە ئێمە و بەچاو نایبینین؛ ئەوا دەبێت نھێنیەك هەبێت لە گەڕانەوەی هەموو شتێك بۆ ئەو وردی و ناسكیه. نھێنیەكە ئەوەیە هەموو شتێك لەژێر دەسەڵاتی فریشتەكاندایە، ئەوانیش بەڕۆڵی خۆیان كۆمەڵێك بوونەوەری زۆر سادەن؛ دیارە كۆتایی هاتنی هەموو شتێك بۆ گەردیلەی ورد و وردترین، ئاراستەمان دەكات بۆ ئەو باوەڕەی كە ڕێكخەرانی ئەم گەردیلانە پێویستە سادە بن. سادەیی شتەكان بەڵگەمان پێدەدات لەسەر ئەوەی كۆمەڵێك ڕۆحی سادە بەڕێوەیان دەبەن، كە بریتین لە فریشتەكان.
3- شایەتی كەسانی متمانەپێكراو لەسەر بوونی شتێك دەبێتەهۆی باوەڕبوون بەبوونی ئەو شتە، ئەگەر ئێمە باوەڕمان بە بوونی شاری لەندەن هەیە لەڕێگەی شایەتی ئەو كەسانەی كە سەردانیان كردووە؛ ئەوا چ شتێك دەبێتە ڕێگری ئەوەی كە باوەڕبھێنین بە بوونی فریشتەكان لەڕێگەی شایەتیدانی ڕێژەیەكی پێویست لە خەڵكیەوە، وە ئەگەر شایەتیدان پشتی پێ نابەسترێت؛ ئەوا پێویستە تەنھا لای ئەو كەسانە شارێك بێت و بوونی هەبێت كە سەردانیان كردووە، وە ئەو كەسانەی سەردانیان نەكردووە مافی ئەوەیان هەیە بوونەكەی ڕەتبكەنەوە. ڕەنگە كەسێك بڵێت: دەكرێت هەموو كەسێك سەردانی لەندەن بكات، بەڵام لەتوانای هەموو كەسێكدا نیە فریشتەكان ببینێت. لێرەدا دەڵێم هەڵەیە بوترێت: هەموو كەسێك دەتوانێت لەندەن ببینێت؛ چونكە تەنھا ئەو كەسە دەتوانێت سەردانی لەندەن بكات كە خاوەنی پارەیە، بەهەمان شێوه مرۆڤ لەڕێگەی كۆشش و وەرزش و ڕاھێنانی ڕۆحیەوه دەتوانێت فریشتەكان ببینێت وەك ئەو كەسەی پارە كۆدەكاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت سەردانی لەندەن بكات. كەواتە شایەتیدانی هەزاران كەس لەسەر بوونی فریشتەكان بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە ئەوان لەڕاستیدا بوونیان هەیە.
4- بەڵگەی چوارەم: هەموو ڕۆژێك تێبینی ئەم بەڵگەیە دەكەین، یان بەلایەنی كەمەوە هەموو مرۆڤێك لەخۆیدا هەستی پێدەكات؛ چونكە لە ناخیدا پاڵنەرێك دروست دەبێت كە هیچ پەیوەندی نیە بە خەیاڵ و بیرۆكەكانیەوە، بەڵكو ئەم پاڵنەرە پێچەوانەی تەوژمی بیرۆكەكانی دەبێت، وە هێندە بەهێزدەبێت بەرگەی ناگرێت و ناتوانێت بەرەنگاری بێتەوە، ئەم دۆخە هەموو كەسێك دەگرێتەوە تەنانەت كافر و بێباوەڕەكانیش؛ لە كتێبی هەندێ لە دەهریەكاندا ئەم قسەیە هاتووە: لەناخمدا پاڵنەرێك دروست بوو كە ئاراستەی كردم بۆ شوێنێكی دیاریكراو، كاتێك گەيشتمە ئەو شوێنه لەبەردەممدا ئێسك و پروسكم بینی. ئایا كێ ئەم جۆرە هاندەرانە لە دەروونی مرۆڤدا دروست دەكات؟ ئاگاداربن، فریشتەكان دروستی دەكەن.
كەسە ماددیەكان ئەم جۆرە شایەتیانە دەدەن، بەڵام كەسە ڕۆحیەكان ژیانیان پڕە لەم جۆرە ڕووداوانە؛ چونكە لەپڕا هاندەرێك لەدەروونیاندا پەیدا دەبێت كە هیچ پەیوەندیەكی نیە بە بیرۆكەكانیانەوە، وه دەبینن پاڵیان پێوە دەنرێت بۆ جێبەجێ كردنی ئەو هاندەرە، وە ئەم هاندەر و پاڵنەرە لەلایەن فریشتەكانەوە دەبێت و بەڵگەیە لەسەر بوونیان.
پێویستی فریشتەكان
لەماوەی پێشوودا كۆمەڵێك بەڵگەی عەقڵیم خستەڕوو بۆتان لەسەر بوونی فریشتەكان، ئێستایش باسی بابەتی پێویستی فریشتەكان دەكەم؛ چونكە پێویستی هەر شتێك ئەوە دەسەپێنێت كە ئەو شتە بوونی هەبێت؛ چونكە لە توێژینەوەی یاساكانی سروشتدا بەجوانی بۆمان دەردەكەوێت كە ئەگەر سەلمێنرا شتێك پێویستە؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەو شتە بوونی هەیە، كەواتە پێویستی هەر شتێك ناڕاستەوخۆ دەیسەلمێنێت ئەو شتە بوونی هەیە. لەبەرئەوە ئێستا دەربارەی پێویستی فریشتەكان چەند خاڵێك دەخەمەڕوو:
1- سیستەمی ڕۆحانی هاوشێوەی سیستەمی ماددیە، وە كاروبارە ڕۆحانیەكان پێوانە دەكرێن لەسەر كاروبارە ماددیەكان؛ چونكە ئەم دوو زنجیرەیە دوو زنجیرەی هاوتەریبن مەگەر بارودۆخ پێچەوانەی ئەمە بخوازێت. لە كاروبارە ماددیەكاندا تێبینی ئەوە دەكەین زنجیرەیەكی درێژ هەیە لە هۆكارە شاراوە وردەكان كە بە كۆمەڵێك گازی زۆر وردیلە و ناسك كۆتایی دێت، بگرە لەمەش تێپەڕدەبێت و دەگۆڕێت بۆ وزە ماددیەكان. لای ئێمە سەرچاوەی ئەم وزەیە پێیدەوترێت فریشتە. وە ئەوپەڕی كارەكە ئەوەیە كە سیستەمی ماددی گەشەدەكات و لەوردەوە بۆ وردتر و بۆ وردیلە دەگوێزێتەوە هەتا بەتەواوەتی وندەبێت و دیارنامێنێت و ناكرێت بیبینین، وە پێویستە سیستەمی ڕۆحانی هاوشێوەی بێت. وە ئەڵقەی كۆتایی ئەم زنجیرەیە بریتیە لە فریشتەكان. هەڵەیە بوترێت هۆكارەكان تەنھا بریتین لە شتە بەرجەستە و فیزیكیەكان، یەكێك لە فەیلەسووفەكان دەربارەی كاروبارە ماددیەكان نووسیویەتی هیچ ڕووداوێك بەشێوەیەكی هەرەمەكی و لەخۆوە ڕوونادات، بەڵكو بۆ هەموو شتێك كۆمەڵێك پاڵنەر و هۆكاری دوور و قووڵ هەیە. ئەگەر كاروبارە ماددیەكان بەبێ هۆكارەكان سەقامگیرنەبن؛ ئەوا چۆن دەگونجێت كە هۆكار و پاڵنەرەكان ڕەتبكەینەوە لە كاروبارە ڕۆحیەكاندا؛ چونكە لێكچوون زۆر پێویستە، كەواتە سیستەمی ڕۆحی پێویستی بە فریشتەكان هەیە.
2- ئێمە لە هەموو شتێكدا هەست بە گەشە و پەرەسەندن دەكەین، دیارە زاناكان بەهۆی گشتگیری بابەتی پەرەسەندنەوە گەيشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە مرۆڤ لەسەرەتادا بەم شێوەيەی ئێستا نەبووە. لەسەرەتای دروستبوونەوە لەسەر شێوەی كرم بووە پاشان گەشەی كردووە و بەردەوام بووە بۆ ئەوەی قۆناغ بە قۆناغ پێشبكەوێت لە دۆخێكەوە بۆ دۆخێكی تر هەتا ئەم شێوەیەی ئێستای بەدەستهێناوە. وا دەردەكەوێت ڕاڤەی ئەم تیۆریە هەڵە بێت، وە دەكرێت بە چەندین ڕێگە پووچەڵ بكرێتەوە، بەڵام گومانی تێدا نیە سەرنجدان لەم بابەتە بەڵگەیەی ئەوەیە كە گۆڕان _واتە گۆڕانی شتێك بۆ شتێكی تر_ لە هەلومەرجە جیاوازەكاندا یان قۆناغ بە قۆناغ یاخود لەڕێگەی هۆكارەكانەوە بەئەنجام دەگات. بەڵام گواستنەوەی كتوپڕ و لەناكاو لە دۆخێكەوە بۆ دۆخێكی تر ئەستەمە. ئارەزووی بێ پایانی مرۆڤ بۆ بەدەستھێنانی بەرزترین پلەی پێشكەوتن و بڵندی، وە تامەزرۆیی و شەیدابوونی بۆ دیداری خوای گەورە لەلایەكەوە، وە ڕێگری چڕی جەستەكەی ئێستای لەگەیشتن بە دیداری پەروەردگاری _واتە چڕی جەستەی ئێستای ڕێگرە لە گەیشتن بە دیداری پەروەردگارەكەی_ لەلایەكی ترەوە؛ ئەوە دەسەپێنێت بەسەرماندا كە باوەڕمان بەبوونی هۆكارێكی گەیەنەر هەبێت لەنێوان مرۆڤ و پەروەردگارەكەیدا، وە ئەم هۆكارە گەیەنەرە دروستكراو دەبێت لەلایەكەوە، وە ڕۆحانی و بەكەڵك و گونجاو دەبێت لەلایەكی ترەوە، ئەو هۆكارە گەیەنەرە بریتیە لە فریشتەكان.
دەگێڕنەوە كەسێك سەردەكەوێت بەسەر منارەیەكی بەرزدا و دوایی ناتوانێت دابەزێت، یەكێك لە هاوەڵەكانی دەزوویەكی باریك دەبەستێت بە تیرێكەوە و بۆی دەهاوێژێت، ئەویش دەیگرێتەوە، پاشان دەزووە باریكەكە شۆڕدەكاتەوە بۆ هاوەڵەكەی بۆ ئەوەی دەزوویەكی كەمێ ئەستووری پێوە گرێ بدات، وە ئەم كارە چەند جارێك دووبارەدەكاتەوە هەتا لە جاری كۆتاییدا برادەرەكەی زنجیرێكی پتەوی پێوە دەبەستێت، ئینجا بەهۆی ئەو زنجیرەوە دێتە خوارەوە. بەم شێوەیە پەیوەندی بەندە بە پەروەردگاریەوە لەڕێگەی فریشتەكانەوە دەبێت، ئەوان بریتین لە ئەڵقەی ناوەندی كە مرۆڤ دەبەستێتەوە بەخوای گەورەوە، بەم هۆیەوە مرۆڤ دەتوانێت فەزڵی پەروەردگاری بەدەستبھێنێت، كەواتە بوونی فریشتەكان پێویستە بۆ دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ خوای گەورەدا.
3- ئێمە لە جیھانی ماددیدا هەست بە دوو شێوازی گەشەكردن دەكەین بۆ مرۆڤ لەڕووی جەستەوە، یەكێكیان لە بەرژەوەندی مرۆڤ كاردەكات بەبێ ئەوەی پێی بزانێت؛ خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَسَخَّرَ لَكُمُ اللَّيْلَ وَالنَّهَارَ وَالشَّمْسَ وَالْقَمَرَ وَالنُّجُومُ مُسَخَّرَاتٌ بِأَمْرِهِ﴾ (النحل: 13)
لە عەرەبیدا بە شتێك دەوترێت “مُسخَّر” ئەگەر سوود و قازانجمان پێ بگەیەنێت بەبێ ئەوەی لەبەرامبەردا شتێكی بۆ خەرج بكەین. خوای گەورە دەفەرموێت: ئێمە شەو و ڕۆژ و خۆر و هەیڤ و ئەستێرەكانمان بۆ ڕام كردوون، ئێوە هیچ توانایەك خەرج ناكەن بۆ بەڕێوەبردنی ئەم سیستەمە، شەو دادێت و لەكۆتاییدا ڕۆژی لێوە دەردەهێنرێت بەبێ ئەوەی ئێوە هیچ هەوڵ و كۆششێك و ماڵ و سامانێك خەرج بكەن، بەهەمان شێوە خۆر دەسووتێت و مانگ ڕووناكی دەبەخشێت و ئەستێرە و هەسارەكان بەڕۆڵی خۆیان كاریگەرییان هەیە بەبێ ئەوەی لەلایەن ئێوەوە هێز و توانایەك خەرج بكرێت و هیچ ماندووبن.
ئەم سیستەمەى خوا ئاماژەی پێ كردووە ئاراستەمان دەكات بۆ ئەو باوەڕەی خوای گەورە سیستەمێكی بەگەڕخستووە كە بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی لە بەرژەوەندی مرۆڤدا كاردەكات بەبێ ئەوەی مرۆڤ هیچ دەستێكی لەو سیستەمەدا هەبێت. بۆ نموونە تیشكی خۆر جۆرێك لە هێزی تێدایە ئەگەر كۆمەڵێك بوتڵی شووشەی ڕەنگ جیاواز كە پڕبن لە ئاو لەبەر خۆردا دابنرێن؛ ئەوا ئەو تیشكە هێزێكی لێ بەرهەم دێت كە دەكرێت چەندین نەخۆشی پێ چارەسەر بكرێت، هەروەك ڕووناكی مانگ یارمەتی گەشە و پێگەيشتنی سەوزەكان دەدات، من بینیومە خەیار لە مانگەشەودا گەشەی كردووە و گوێم لە دەنگی گەشە و گەورەبوونەكەی بووە. وە چەندین درەختی تر هەن كە بەشێوەیەكی بەرچاو ڕووناكی مانگ كاریان تێ دەكات، تەنھا بۆ وێنا دوو نموونەم پێشكەشكرد لەسەر كاریگەری ئەستێرە و هەسارەكان، دیارە هەتا ئێستا هەزارەها كاریگەری ئەم ئەستێرانە دۆزراوەتەوە، ئەوەیشی كه هێشتا زانستی ئێمەی مرۆڤ پێينەگەيشتووە لە ژمارە نایەت.
هەڵبەت خۆر و مانگ و ئەستێرە كۆمەڵێك كاریگەری زۆریان هەیە. زاناكان ئەوەیان دۆزیوەتەوە كە میكرۆبی سیل بە تیشكی خۆر لەناودەچێت، وە ئەو كەسانەی تووشی نەخۆشی سیل بوون دەخرێنە بەر تیشكی خۆر وەك چارەسەرێك بۆ نەخۆشیەكەیان. بەڕەچاوكردنی ئەو چارەسەرە نوێیە ئێوە دەتوانن پەی بەوە بەرن كە خۆر چەنده سوود و قازانجی هەیە بۆمان.
كاتێك یەكێكتان دەچێت بۆ سەردانی كەسێك نەخۆشی سیلی هەبێت دەكرێت میكرۆبی سیلەكە بگوێزرێتەوە بۆی و تووشی نەخۆشیەكە بێت، بەڵام كە دەكەوێتە بەر تیشكی خۆر لەكاتی گەڕانەوەدا تیشكی خۆرەكە ئەو میكرۆبانە دەكوژێت كە چوونەتە ناو لەشیەوە بەبێ ئەوەی خۆی هەستی پێ بكات، بەمەش ڕزگاری دەبێت.
كەواتە ئەم زنجیرەیە بۆ بەرژەوەندی مرۆڤ كاردەكات بەبێ ئەوەی مرۆڤەكە هەوڵ و كۆشش خەرج بكات یان ماندووبێت، وە زنجیرەیەكی تر هەیە كە مرۆڤ تێيدا لەڕێگەی هەوڵدان و ماندووبوونەوە سوود وەردەگرێت و قازانج دەكات لە شتەكان؛ بۆ نموونە دروستكردنی نان لە دانەوێڵە، وە دروستكردنی خانوو لە بەرد و خشت، وە دروستكردنی گالیسكەكان لە دار و ئاسن، وە دۆزینەوەی زانیاری نوێ و هتد. پێویستە ئەوە سەرنجمان ڕابكێشێت كە ڕێی تێناچێت خوای گەورە ئەم دوو زنجیرەیەی كارا كردبێت بۆ گەشەكردنی لەشی مرۆڤ، بەڵام بۆ گەشەكردنی ژیانی ڕۆحی ئەو مرۆڤە هیچی دروست نەكردبێت. كەواتە لێكچوون لەنێوان زنجیرەی فیزیكی و ڕۆحی دەمانخاتە بەردەم ئەم پرسیارە: هەروەك ئاشكرایە مانگ و خۆر و ئەستێرەكان كاریگەرن لەسەر سیستەمی ماددی و فیزیكی مرۆڤ و ئۆتۆماتیكی كەڵك و سوودی پێ دەگەیەنن، دەی ئایا زنجیرەیەك هەیە سوودی هەبێت بۆ ڕۆحی مرۆڤ و گەشەی پێ بدات؟ وەڵامەكە ئەوەیە: خوای گەورە بۆ ئەم مەبەستە فریشتەكانی دروست كردووە كە ڕۆحانیەت لەمرۆڤدا دروست دەكەن و پاڕێزگاری لێ دەكەن، بەڵام وەك لەكاتی تەشەنەكردنی نەخۆشی سیلدا تیشكی خۆر ناتوانێت میكرۆبی سیلەكە لەناوبات و نەخۆشەكە پێویستی دەبێت بە دەرمان و چارەسەر، بەهەمان شێوە ئەوانەیش كە نەخۆشی ڕۆحییان هەیە لەكاتی پەرەسەندنی نەخۆشیەكەیاندا پێویستیان بە چارەسەر هەیە.
بەرپەرچدانەوەی ڕەخنەكان لەسەر بوونی فریشتەكان
ئێستا تاوتوێی ئەو ڕەخنانه دەكەم كە دەگیرێن لە بوونی فریشتەكان بۆ ئەوەی پووچەڵیان بكەمەوە:
1- خەڵكی دەڵێن: ئەگەر لەڕاستیدا فریشتەكان هەن ئەوا بۆچی دەرناكەون بۆمان؟ ئەم ڕەخنەیە مایەی پێكەنینە؛ چونكە لە جیھاندا سەدەها شت هەیە كە ناتوانین بەچاوی سەر بیان بینین بەڵام باوەڕمان بە بوونیان هەیە. من لەو كەسانە دەپرسم: ئایا تام و چێژیان بینیوە؟ هەموو كەسێك دەزانێت تام بەچاو هەستی پێ ناكرێت، بەڵكو بەزمان هەستی پێدەكرێت. پاشان دەڵێم: ئایا كەسێك لە ئێوە بەچاوی سەر دەنگی بینیوە؟ دیارە دەڵێن دەنگ بە گوێ دەبیسترێت و بەچاو نابینرێت. پاشان ئەگەر پرسیار بكەیت لە یەكێكیان ئایا ڕۆژێك لەڕۆژان نەرمی و زبری بینیوە ئەوا دەڵێت ئەوانە بەدەستلێدان هەستیان پێدەكرێت. وە ئەگەر پرسیار بكەیت لە یەكێكیان ئایا ڕۆژێك لەڕۆژان توانیویەتی بۆن ببینێت، دیارە دەڵێت نەخێر؛ چونكە ئێمە بە لووت هەست بەبۆن دەكەین و ناكرێت بەچاو ببینرێت. وە هەموو ئەو وەڵامانە لەوەدا كورت و پوخت دەكرێنەوە كە تەنھا لەڕێگەی بینینەوە هەست بە هەموو شتەكان ناكەین، بەڵكو كۆمەڵێك هەستەوەری تر هەیە كە بەهۆیانەوە هەست بە شتەجیاوازەكان دەكەین. هەروەك مرۆڤ ناتوانێت هەوا ببینێت، بەڵكو لەڕێگەی جووڵاندنی شتەكانەوە هەستی پێدەكات، بەهەمان شێوە هێزگەلێكی زۆری تر هەن _بۆ نموونە هێزی بیركردنەوە_ كە ناتوانین بەچاوی سەر تەماشایان بكەین، كێ لە ئێوە ئەتوانێت بە تامكردن یان بۆنكردن یان بینین هەست بە هێزی بیركردنەوە بكات، تەنھا لەڕێگەی كاریگەریەكانیەوە هەستی پێدەكرێت.
لێرەوە زانیمان كۆمەڵێك شت هەن باوەڕمان هەیە بە بوونیان بەبێ ئەوەی بیانبینین یان دەنگیان ببیستین، بەڵام بە ئامرازی تری جگە لە چاو و گوێ هەستیان پێدەكەین، لەبەرئەوە دەتوانین لەڕێگەی كاریگەریەكانیانەوە باوەڕ بە بوونی فریشتەكان بكەین، وە پێویست ناكات هەموو كەسێك بیانبینێت تاكو باوەڕیان پێ بكات.
ڕەخنەی دووەم بە ڕەخنەی زاناكان ناسراوە، وە بە ڕەخنەیەكی بەهێز لەقەڵەم دەدرێت، بەڵام من دەڵێم ئەم ڕەخنەیە لەوپەڕی نەزانیەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەو كەسانەی ئەم ڕەخنەیە دەگرن دەڵێن: ئایا خوای گەورە پێویستی بە فریشتەكان هەیە هەتا دروستیان بكات؟ لەوەڵامدا دەڵێم بێگومان خوای گەورە بەدیهێنەری فریشتەكانە، وە ئاشكرایە بەدیهێنەری هەرشتێك پێویستی بە بەدیهێنراوی خۆی نیە، ئەگەر خوای گەورە فریشتەكانی لە شوێنێكی ترەوە بھێنایە ئەوا دەكرا بڵێن پێویستی پێیان هەیە. بەڵام ئەگەر خوای گەورە فریشتەكانی دروستكردووە؛ ئەوا چۆن دەكرێت بوترێت پێویستی پێیان هەیە، دیارە مرۆڤ پێویستی بە شتێكی جگە لە خۆی هەیە نەك ئەو شتەی كە خۆی خاوەنیەتی و دەسەڵاتی هەیە بەسەریدا، وە لەبەرئەوەی خوای گەورە بەدیهێنەری فریشتەكانە بۆیە كەس ناتوانێت بڵێت پێویستی پێیان هەیە، وە ئەم ڕەخنەیە شتێك نیە جگە لە بەرهەمی نەزانین.
دەكرێت ئەم ڕەخنەیە بەم شێوەیە پووچەڵ بكەینەوە: ئێمە تێبینی ئەوە دەكەین كە لە جیھانی ماددیدا بۆ هەموو شتێك كۆمەڵێك هۆكای دیاریكراو هەیە، وە ئەو كەسانەی دەڵێن باوەڕبوون بە فریشتەكان ئەوە دەسەپێنێت بەسەرماندا بڵێین خوای گەورە پێویستی پێیان هەیە، لە هەمان كاتدا باوەڕیان بەوە هەیە كە خواردنی خۆراك بۆ نەهێشتنی برسێتی دەچێتە چوارچێوەی سوننەتەكانی خوای گەورەوە. ئێمە پرسیاریان لێ دەكەین و دەڵێین: ئایا خوا پێویستی بەوە هەیە ئەم یاسایە دابنێت؟([4]) ئایا ئەم كارەی خوا (سبحانه وتعالى) ئەو باوەڕەمان بۆ دروست دەكات كە بڵێن: كەسێكی موحتاج و دەستكورتە. بەهەمان شێوە یاسایەكی داناوە كە بەگوێرەی ئەوە بەخواردنی دەرمان شیفای نەخۆش دەدات، دەی ئایا خوای گەورە پێویستی بەدەرمانە بۆ شیفادانی نەخۆش؟ هەروەها خۆری كردووە بە مایەی بەخشینی ڕووناكی، ئایا نەیدەتوانی بەبێ دروستكردنی خۆر زەوی ڕووناك بكاتەوە؟ كێ پێی گوتن خوا پێویستی بە دانانی یاسا نیە لە سیستەمی ماددیدا، بەڵام لە سیستەمی ڕۆحانیدا پێویستی پێیەتی.
وەڵامی سێیەم بۆ ئەم ڕەخنەیە ئەوەیە: مرۆڤ لەسەر بەكارهێنانی ئەو ئامراز و هۆكارانە تەنھا ئەو كاتە ڕەخنەی لێ دەگیرێت كە نەتوانێت دەستیان لێ هەڵبگرێت و بێ نیاز بێت لێیان، دیارە بەكارهێنانی ئەو هۆكارانەی كە لەژێر دەسەڵاتی خۆیدایە و دەتوانێت بەئارەزووی خۆی هەڵسوكەوتیان پێوە بكات هیچ زیانێك نادات لە تواناكەی؛ بۆ نموونە ئەگەر كەسێك گلەیی و گازندەی هەبوو لە یەكێك لە هاوەڵەكانی و نەیویست ڕاستەوخۆ پێی بڵێت پاشان پیاوێكی تری نارد بۆ لای بۆ ئەوەی بە هاوڕێكەی بڵێت سەردانی نەكات، ئایا كابرای گلەیی لێكراو باوەڕی وا دەبێت كە هاوەڵەكەی (كە لێی دڵگرانە) لاڵە بۆیە قسەی لەگەڵ نەكردووە و كەسێكی تری ناردووە؟ نەخێر، ناكرێت ئەم قسەیە بكات؛ چونكە دەزانێت لەگەڵ كەسانی تردا قسەدەكات. بەهەمان شێوە ئێمە دەزانین خوای گەورە بەبێ بەكارهێنانی ئامراز و هۆكارەكان فریشتەی دروست كردووە، لەمەوە ساغ دەبێتەوە كە ئەو توانای هەموو شتێكی هەیە بەبێ ئەوەی پەنا بۆ هیچ هۆكارێك ببات، وە فریشتەكانی دروستكردووە وەك كۆمەڵێك هۆكاری گەیەنەر لەبەر حیكمەتێك كە خۆی (عز وجل) دەیزانێت نەك لەبەرئەوەی پێویستی بە فریشتەكان هەیە و نەیتوانیوە بەبێ یارمەتی ئەوان كارێك ئەنجام بدات.
وەڵامی چوارەم بۆ ئەم ڕەخنەیە: ئێوە پێتان وایە بەهۆی پێویستیەوە فریشتەكان دیاریكراون بۆ كارەكانیان لەكاتێكدا ئێمە بەم كارە دەڵێین حیكمەت. حیكمەتی شاراوە لە دروستكردنی فریشتەكاندا ئەوەیە كە فراوانبوون و بڵاوبوونەوەی زانست پشت بە كۆمەڵێك هۆكاری دیاریكراو دەبەستێت؛ بۆ نموونە ئەگەر خاسیتەكانی دەرمان شاراوە و ئاڵۆز نەبوونایە؛ ئەوا ئەم پێشكەوتنە گەورەیە بەدەست نەدەهات لەم بوارەدا. كەواتە فراوانبوونی زانست داخوازی ئەوە دەكات كە هۆكاری شاردراوە و ئاڵۆز بوونی هەبێت؛ چونكە پێشكەوتن و فراوانبوون لە كاروباری ئاشكرا و ڕووندا ڕوونادات، لەبەرئەوە خوای گەورە هۆكاری نادیار و شاراوەی دروستكردووە لە هەموو شتێكدا بۆ ئەوەی مرۆڤ پێشبكەوێت و پلەی بەرز ببڕێت، وە ئەم هۆكارانە فراوان دەبن بە ئەندازەی دۆزینەوەیان لەلایەن زاناكانەوە، وە مرۆڤ بە ئەندازەی ئەو هەوڵ و كۆششەی كە دەیدات بۆ دۆزینەوەی ئەو نھێنیانە؛ ناوبانگ بەدەستدەھێنێت و سوودی پێ دەگات. بۆ نموونە ئەگەر “تا” لەخۆوە نەمایە و كۆتایی پێ بھاتایە؛ ئەوا ئەو پزیشكەی كە لەم بوارەدا توێژینەوەی بەردەوامی كردووە هەتا ئەوەی دۆزیوەتەوە كە بەدرەختی (كینا) چارەسەری نەخۆشی “تا” بكات هیچ فەزڵێكی نەدەبوو بەسەر غەیری خۆیدا، وە ئەو پێشكەوتنە ڕووی نەدەدا كە لەم بوارەدا ڕوویداوە، كەواتە ئەم هۆكارە شاراوە و ئاڵۆزانە پاڵنەرێكی بەهێزن بۆ پێشكەوتنی زانست لەجیھاندا، ئەگەر ئەم نھێنیانە نەبوایە ئەوا هیچ كەسێك فەزڵی نەدەبوو بەسەر كەسانی تردا و ناوبانگی پەیدا نەدەكرد و نەدەگەیشتە پلە بەرزەكان.
جیهانی ڕۆحانی هەمان دۆخی هەیە؛ چونكە مرۆڤ بۆ ئەوە دروستكراوە كە لە بواری ڕۆحیدا بەرەوپێش بچێت، دیارە بۆ ئەمەش كۆمەڵە هۆكارێكی مەعنەوی و نادیار دانراوە، وە هەركەسێك ئەم هۆكارانە بگرێتەبەر نیعمەت و پلە بەرزەكان بەدەستدەھێنێت؛ كەواتە هەر دەبێت نھێنی و شاراوەیی بوونی هەبێت بۆ بەدەستهێنانی پێشكەوتن. هەڵەیە بوترێت: باوەڕبوون بە هۆكارەكان ئاراستەمان دەكات بۆ ئەوەی بڵێین خوای گەورە موحتاج و هەژارە؛ چونكە بوونی ئەم هۆكارە نھێنیانە بەڵگە نیە لەسەر موحتاجی خوای گەورە، بەڵكو ئەوە دەسەلمێنێت كە مرۆڤ پێویستی پێیان هەیە بۆ ئەوەی بە گرتنەبەریان پێشبكەوێت. ئەگەر خوای گەورە یاسایەكی داناوە كە كێڵانی زەوی تا قووڵاییەكی دیاریكراو دەبێتە هۆی بەدەستھێنانی بەرهەمێكی چاك، واتە ئەگەر یەكێك لە جووتیارەكان بەچاكی زەوی بكێڵێت ئەوا لەداهاتوودا بەروبوومێكی چاك دەدوورێتەوە؛ ئەوا خوای گەورە ئەم یاسایەی دانەناوە لەبەرئەوەی خۆی پێویستی پێیەتی، بەڵكو ئەم ڕێسایەی دیاریكردووە بۆ بەرژەوەندی جووتیارەكان؛ چونكە لەنێوان جووتیارەكاندا هەر كامێكیان ئارەزووی لەبەدەستھێنانی بەرهەمی باش و بەناوبانگ هەبێت؛ ئەوا پێویستی بەوە هەیە ئەو كارە ئەنجام بدات، دەی ئەگەر دوورینەوەی بەرهەمی چاك بەند نەبوایە بە هەوڵدان و گرتنەبەری ئامرازە زانستیە تازەكانەوە؛ ئەوا هیچ یەكێك لە جووتیارەكان هیچ فەزڵێكی نەدەبوو بەسەر غەیری خۆیدا، وە ئەو ڕۆحی كێبڕكێیە بوونی نەدەبوو كە ئەمڕۆ ئێمە دەیبینین. دووەم؛ ئەگەر هۆكارە نھێنیەكان نەبوایە ئەوا شكۆی خوای گەورە ئاشكرا نەدەبوو بۆ خەڵكی و بەگەورەیان نەدەگرت، واتە ئەگەر هەموو كاروبارەكان ئاشكرا و ڕوون بوونایە ئیتر چۆن شكۆی خوا دەردەكەوت بۆ خەڵكی؟ دیارە مرۆڤ بە ئەندازەی ئەو پشكنین و توێژینەوانەی كە لەبوارێكدا ئەنجامی دەدات شتی نوێ دەدۆزێتەوە، ئەمەش پاڵی پێوە دەنێت بۆ ئەوەی دانبنێت بە بوونی خوای گەورەدا. كەواتە دروستكردنی ئەم هۆكارە نادیارانە لەبەرئەوە نیە كە خوای گەورە پێویستی پێیان هەیە، بەڵكو مانای ئەوەیە كە بۆ ئیسڵاح و بەرژەوەندی مرۆڤە.
ئەم هۆكارانە كە بەدۆزینەوەیان مرۆڤ پێشكەوتن و بڵندی و ناوبانگ بەدەستدەھێنێت فریشتە بریتیە لە كۆتا ئەڵقە لە ئەڵقەكانی. ئەم هۆكارانە بەلێزمە ئاشكرا بوون بۆ گەورەمان موحەممەد (ﷺ) تەنانەت هیچ مرۆڤێك لە بەدەستھێنانی دەستكەوت و پلەكاندا پێینەگەيشتووە. هەروەها ئەم هۆكارانە دەركەوتوون بۆ گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بۆیە پلە و ناوبانگێكی مەزنی بەدەستهێناوە، پاشان بۆ منیش دەركەوتوون بۆیە خوای گەورە پێگەیەكی بەرزی پێبەخشيوم، ئەگەر كۆمەڵێك هۆكاری شاراوە و نھێنی نەبوایە؛ ئەوا ئەم جیاوازی و بەرز و نزمیە پەیدا نەدەبوو لەنێوان پلەوپایەكانی خەڵكیدا، ئەوسا هەموو خەڵكی لەیەك ئاستدا دەبوون، بەم شێوەیە هەموو كەسێك بەئەندازەی دۆزینەوە ئەو هۆكارانە پلەی بەرز بەدەستدەهێنێت.
گومانی تێدا نیە بەشێوەیەكی گشتی ئەنجام دەردەكەوێت و هۆكار نادیار و شاراوەیە، وە ئاشكراكردنی ئەو نھێنیە پاڵ بە مرۆڤەوە دەنێت كە خۆی ماندوو بكات و ئەمەش پاداشت و فراوانی لە زانست و حەزی بەدەستھێنانی زانیاری بەدوای خۆیدا دەھێنێت، ئاشكرایە شتی نھێنی ئەوە دەخوازێت مرۆڤ گرنگی پێ بدات، هەڵبەت كاریگەری و دۆزینەوەی دەرمان لەم جۆرەیە، وە دەبێت كۆمەڵێك هۆكاری ڕۆحی نادیار هەبن بۆ ئەوەی لەڕێگەی دۆزینەوەیانەوە خەڵكی زانستی ڕۆحییان زیاتر بێت و هەوڵ و تێكۆشانیان جیاواز بێت ئینجا هەندێكیان بەرزببنەوە بەسەر هەندێكی تریاندا و بۆیان بڕەخسێت پێشبڕكێ بكەن لەكاری خێر و چاكەدا، وە بۆ ئەوەی ناوەڕۆكی زانستە پەنھانەكان ئاشكرا بكەن و بگەڕێن بۆ دۆزینەوە نھێنیەكانیان، وە هەتا ورە و یەقینیان زیاتر بێت، وە بۆ ئەوەی توانا بێ سنورەكانی خوای گەورە بدرەوشێتەوە بۆیان. چۆن دەكرێت خوا (عز وجل) سیستەمێك بەدیبهێنێت و تۆكمەی بكات كە بوونەكەی بشارێتەوە، پاشان خوا ئەو زنجیرەیە سنوردار بكات كە بوونەكەی ئاشكرا دەكات و دەیدرەوشێنێتەوە؟ كە وابوو ئە پرسیارە دروست نابێت: ئایا خوا (سبحانه وتعالى) پێویستی بە فریشتەكان هەیە؟
3- ئەو كەسانەی ئەم ڕەخنەیە دەگرن دەڵێن: ئێمە هەست بەوە دەكەین لەدنیادا هەموو ڕووداوێك هۆیەكی هەیە، چۆن باوەڕبكەین بەهۆی فریشتەكانەوە ڕوودەدات؟ بۆ نموونە ئێمە دەزانین ڕوودانی هەندێ گۆڕانكاری دیاریكراو لە كەش و هەوادا باهۆز و گەردەلوول دروست دەكات، هەروەك دەزانین هەڵم بەهۆی تیشكی خۆرەوە دروست دەبێت و هەور لە ئەنجامی یەكگرتنی هەڵمەوە پەیدا دەبێت و ئینجا باران دەبارێت؛ ئیتر چۆن باوەڕبكەین ئەمە بەهۆی فریشتەكانەوە ڕوودەدات؟ لەكۆندا خەڵكی، بەهۆی ئەوەی كە نەزان بوون، دەیانگوت فریشتەكان ئاو لەدەریاكانەوە هەڵدەگۆزن و پاشان ئەو ئاوە بەشێوەی باران دەپرژێنن بەسەر زەویدا، ناكرێت لەم سەردەمی پێشكەوتن و پەرەسەندنەدا خەڵكی ئەم جۆرە باوەڕەیان هەبێت.
هەڵبەت من لەوەڵامی ئەم كەسانەدا دەڵێم ئەوان بەشێوەیەكی دروست لەو تیۆریە تێنەگەيشتوون كە پەیوەستە بە فریشتەكانەوە، ئێمە ناڵێین هۆكاری ڕاستەوخۆ بۆ بارینی باران بریتیە لە فریشتە، وە دەم دەنێت بەئاوی دەریاوە و پاشان ئەم ئاوە دەبارێنێت بەسەر زەویدا، بەڵكو دەڵێین: پرۆسەی بەهەڵمبوونی ئاو كە هۆكارە بۆ بارینی باران سپێردراوە بە فریشتە، بەم شێوەیە ئێمە نكوڵی ناكەین لە هۆكارەكانی تر، بەڵكو دەڵێین هۆكاری كۆتایی بریتیە لە فریشتە، وە لەكۆتاییدا ئەو بەڕێوەی دەبات، ئێمە نكوڵی ناكەین لە هۆكارە ناوەندیەكان ئەگەرچی ژمارەیان ملیۆنەها هۆكار بێت، بەڵام كۆتایی هەموو كاروبارەكان دەگەڕێتەوە بۆ فریشتە.
4- ڕەخنەی چوارەم ئەوەیە كە دەڵێن: گۆڕانكاریەكان بەهۆی كۆمەڵێك ڕێسای هەمەچەشنەوە ڕوودەدەن، بۆ نموونە ئەگەر فریشتە مرۆڤ تووشی “تا” بكات؛ ئەوا بۆچی نەخۆشەكە بەخواردنی ژەمێك دەرمان چاك دەبێتەوە، هەروەها ئەگەر نەخۆشی بە تیماركردن چارەسەر بێت؛ ئەوا چۆن بڵێین فریشتە هۆكارە بۆ نەخۆشی، ئایا كاتی چارەسەرەكە فریشتەكە ڕادەكات و هەڵدێت؟ ئەم ڕەخنەیەش لە نەزانینەوە سەرچاوەی گرتووە؛ چونكە ئێمە ناڵێین فریشتە بوونەوەرێكە خاوەنی توانای ڕەهایە، بەڵكو دەڵێین فریشتەكان كاریگەری و خاسیەتی شتەكان دەردەخەن. كەواتە كاتێك مرۆڤ ئەو شتانە دەخوات كە دەبنەهۆی نەخۆشی تا كە لەلایەن خواوە بڕیاردراوە ئەگەر كەسێك بیانخوات تووشی تا دەبێت؛ ئەوا ئەو فریشتەیەی كە دەرخستنی هۆكاری سەرەتایی خاسیەتی ئەو شتانەی پێ سپێردراوە دەبێتە هۆكار بۆ دروستبوونی نەخۆشی “تا”كە لە ئەنجامی خواردنی بەشێك لەو شتە. بەڵام كاتێك مرۆڤ ئەو شتانە بەكاردەھێنێت كە خاسیتەكانی لەشێوەی نەھێشتنی نەخۆشی “تا”دا دەردەكەوێت لە ئەنجامی زنجیرەیەكی یەك لەدوای یەكی ورد و نادیاری هۆكارەكان، ئەوسا بەگوێرەی كۆمەڵێك ڕێسای دیاریكراو و سنوردار فریشتەكە دەستدەكات بە كشانەوەی كاریگەریەكەی خۆی.
بۆیەی هەڵەیە بگوترێت ئەو فریشتەیەی كە تووشكردنی نەخۆشیەكەی پێ سپێردراوە لەكاتی بەكارهێنانی دەرمان و چارەسەردا هەڵدێت، بەڵكو لەڕاستیدا كاریگەریەكەی خۆی دەكشێنێتەوە كاتێك كاریگەری ئەو فریشتەیە دەستدەكات بە دەركەوتن كە دەرمان و چارەسەری پێ سپێردراوە.
بۆچی فەرمانمان پێكراوە باوەڕبھێنین بە فریشتەكان
ئێستا دەمەوێت شتێك بڵێم دەربارەی پێویستی باوەڕھێنان بە فریشتەكان و بۆچی فەرمانمان پێكراوە باوەڕیان پێ بھێنین؟ دەكرێت كەسێك بڵێت: ڕاستە فریشتەكان كۆمەڵێك دروستكراوی بەسوود و چاكن و لەڕێگەی ئەوانەوە كاریگەری شتەكان دەردەكەوێت، بەڵام درەختی “كینا”یش شتێكی بەسوودە و دەبێتە هۆی نەھێشتنی نەخۆشی تا، ئیتر بۆچی فەرمانمان پێنەكراوە باوەڕبھێنین پێی. بەهەمان شێوە دەڵێن: فریشتەكان دەبنە هۆی بارینی باران، دەی خۆریش هۆكارێكە بۆ بارینی باران، ئیتر بۆچی فەرمانمان پێنەكراوە باوەڕی پێ بھێنین و تەنھا فەرمانمان پێكراوە باوەڕبھێنین بە فریشتەكان؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستە بزانین بۆچی فەرمانمان پێكراوە باوەڕبھێنین بە پێغەمبەر و كتێبە ئاسمانیەكان؟ ئەگەر ئەوەمان زانی ئەوا ئەو بنەمایە ئاشكرا دەبێـت كە بەگوێرەی ئەوە فەرمانمان پێدەكرێت باوەڕبھێنین بە شتێك، پاشان پیادەی دەكەین بەسەر فریشتەكاندا. لەڕاستیدا ئەوەی كە بەتایبەتی شایستەی ئەوەیە باوەڕی پێ بھێنرێت بوونی خوای گەورەیە بەتەنھا، بەڵام پێغەمبەران و كتێبە ئاسمانیەكان تەنھا بۆیە باوەڕدەھێنین پێیان؛ چونكە كۆمەڵێك ئامرازن ئاراستەمان دەكەن بۆ باوەڕهێنان بە خوای گەورە. كەواتە پێغەمبەران و كتێبە ئاسمانیەكان لەخودی خۆیاندا مەبەست نین.
هەڵبەت فەرمانمان پێكراوە باوەڕبھێنین بە كتێبە ئاسمانیەكان؛ چونكە ئەم كتێبانە خوای گەورەمان پێ دەناسێنن و ئاراستەمان دەكەن بۆ گەیشتن بەخوای گەورە، وە بەو پێیەی كەلامی خوای گەورەن سەرنجی مرۆڤ ڕادەكێشن بۆ لای خودای تاك و تەنھا، وە پێویستە باوەڕبھێنین بە پێغەمبەران؛ چونكە ئەوان لەڕێگەی بەڵگە و نیشانەوە بوونی خوا دەسەلمێنن. كەواتە باوەڕبوون بە پێغەمبەران و كتێبە ئاسمانیەكان و ڕۆژی دوایی ئاراستەمان دەكەن بۆ باوەڕھێنان بە خوای گەورە. پێنج شت هەیە فەرمانمان پێكراوە باوەڕیان پێ بھێنین كە بریتین لە:
1- فریشتەكان، 2- كتێبە ئاسمانیەكان، 3- پێغەمبەران، 4- قەدەر، 5- زیندووبوونەوە.
پێویستی باوەڕھێنان بەم پایانە ئەوەیە كە ئەمانە كۆمەڵێك ئامرازن دەبنە هۆی ئەوەی باوەڕبھێنین بە خوای گەورە، وە ئێستا من باسێك دەخەمەڕوو كە پەیوەستە بە فریشتەكانەوە، بەڵام خاڵەكانی تر ئەگەر توێژینەوە و پشكنینتان كرد تێیاندا؛ ئەوا دەبینن كە ئامانج لە باوەڕھێنان پێیان ئەوەیە مرۆڤ ئاراستەدەكەن بۆ باوەڕھێنان بە خوای گەورە، بۆیە فەرزكراوە لەسەرمان باوەڕمان پێیان هەبێت. لە ڕوانگەی ئەم بنەمایەوە دەڵێین: ئەگەر فریشتەكانیش مرۆڤ بەرەو خوا دەبەن ئەوا چار نیە و دەبێ باوەڕبھێنین پێیان.
بەشێوەیەكی گشتی ئەوانەی لە جیھاندا وازیان هێناوە لە خوای گەورە تەنھا بەهۆی ئەم فریوخواردنەوە وازیان لێ هێناوە؛ چونكە چاویان لە بینینی هۆكارە ماددیەكان تێپەڕناكات، بۆ نموونە كاتێك دەبینن دەرمان دەبێتە هۆی نەھێشتنی تا، دەڵێن: ئەو خودایە كامەیە كە هەندێ كەس باوەڕیان وایە چارەسەری نەخۆش دەكات، بەڵكو دەرمان چارەسەری نەخۆش دەكات و لە تا ڕزگاری دەكات. بەگوێرەی ئەم پێوانەیە بوونی خوا ڕەتدەكەنەوە لەبەر هۆكارە ماددیەكان، لەكاتێكدا باوەڕبوون بە فریشتەكان ئاماژە بەوە دەدات كە كۆتا هۆكاری هەموو شتێك بریتیە لە فریشتە، وە ئەم خاڵە هەموو زانستەكانی لەخۆیدا هەڵگرتووە؛ چونكە خوای گەورە پێمانڕادەگەیەنێت كە ئەگەر لێكۆڵینەوەمان كرد لەناوەڕۆكی هەر شتێك ئەوا دەبینین بۆ هەر شتێك زنجیرەیەك هۆكاری شاراوە و زۆر ورد هەیە.
بڕوانن لە سەردەمێكدا تێیدا جیھان باوەڕی وا بوو كە بۆ هەموو شتێك كۆمەڵێك هۆكاری نزیك و ڕاستەوخۆ هەیە، كەچی ئیسلام ڕایدەگەیەنێت بۆ هەر شتێك كۆمەڵێك هۆكاری نادیار و دوور هەیە. ئەمڕۆ وردبین داهێنراوە و بەهۆیەوە ئەوە دۆزراوەتەوە كە میكرۆب دەبێتە هۆی تووشبوون بە پەتای تاعوون، وە كۆمەڵێك هۆكار هەن بۆ دروستبوونی ئەم میكرۆبە، وە بۆ ئەم هۆكارانە كۆمەڵێك هۆكاری تر هەیە، وە ئەم زنجیرەیە بە فریشتە كۆتایی دێت و لەسەرووی ئەویشەوە خوای گەورەی بەدەسەڵات هەیە.
كەواتە باوەڕبوون بە فریشتەكان دەمانگەیەنێتە باوەڕھێنان بە ئەڵقەی كۆتایی هۆكارەكان، ئینجا باوەڕھێنان بە خوای بەدیهێنەری هەموو شتێك.
وشەی ئیمان (باوەڕ) لە قورئانی پیرۆزدا بۆ كۆمەڵێك چەمك و مانا هاتووە. هەڵبەت بۆ وشەی ئیمان مانایەكی گشتی هەیە كە تەنھا لە باوەڕهێنانی كەسێكدا كورت نابێتەوە، بەڵكو چەمكی ئیمان فراوان دەبێت و پەیڕەوكردنی فەرمانەكان دەگرێتەوە، ئەوەتا خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿فَمَنْ يَكْفُرْ بِالطَّاغُوتِ وَيُؤْمِنْ بِاللَّهِ فَقَدِ اسْتَمْسَكَ بِالْعُرْوَةِ الْوُثْقَى لَا انْفِصَامَ لَهَا وَاللَّهُ سَمِيعٌ عَلِيمٌ﴾ (البقرة: 257)
تاغووت بریتیە لە شەیتان. ئێستا ئەگەر مانای باوەڕمان كورتكردەوە لە ڕەتكردنەوەی بوونی شتێك؛ ئەوا مانای ئایەتەكە بەم شێوەیەی لێ دێت: تەنھا ئەو كەسه لە تیاچوون ڕزگاری دەبێت كە نكوڵی لەبوونی شەیتان دەكات و باوەڕی بەبوونی خوای گەورە هەیە، بەڵام ئاشكرایە ئەو مانایە هەڵەیە؛ چونكە قورئانی پیرۆز بەڕوونی دانی ناوە بە بوونی شەیتان و بوونی خوای گەورەدا. كەواتە مەبەست لە باوەڕ لەم ئایەتەدا بریتیە لە گوێڕایەڵی كردنی فەرمانەكانی خوای گەورە و ڕەتكردنەوەی ئەو شتەی كە شەیتان بانگەوازی بۆ دەكات. ئێستا ئەگەر ئەم مانایەمان پیادەكرد بەسەر باوەڕبوون بە فریشتەكاندا؛ ئەوا مانای ئایەتەكە بریتی دەبێت لە بەدەمەوەچوونی ئەو كارەی كە فریشتەكان هانی ئەنجامدانی دەدەن. بەهەمان شێوە باوەڕھێنان بە كتێب و پێغەمبەران واتە جێبەجێكردنی ئەو فەرمانانەی كە لە كتێبە ئاسمانیەكاندا هاتووە و پەیڕەوكردنی فەرمانەكانی پێغەمبەران، وە مانای باوەڕھێنان بەڕۆژی دوایی ئەوەیە خۆمان بەدووربگرین لە كاری خراپە و تاوان لەڕێگەی وێناكردنی ئەو ڕۆژەوە. كەواتە باوەڕبوون بە خوا و فریشتەكانی و كتێبەكانی و پێغەمبەرەكانی واتە ملكەچبوون بۆ فەرمانەكانیان. وە ئەگەر كەسێكیان بڵێت: ئەگەر مەبەست لە باوەڕھێنان ئەمە بێت؛ ئەوا بۆچی تەنھا لەم چوارەدا كورتكراوەتەوە، ئەوەتا نوێكارەكان و خەلیفەی پێغەمبەران و ئەولیاكان هەن، وە پێویستە پەیرەوكردنی فەرمانەكانیان بەشێك بێت لە باوەڕ، وە ڕەتكردنەوەیان كوفر بێت.
لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەڵێم: ڕاستە خەلیفە و نوێكارەكان فەرمانی چاكەمان پێدەكەن، بەڵام جیاوازیەك هەیە لەنێوان فەرمانەكانی خوای گەورە و فریشتەكانی و پێغەمبەرانی و فەرمانی ناو كتێبەكانی لەگەڵ فەرمانەكانی ئەو خەلیفە و نوێكارانەدا. ئەوانەی كە دەچنەناو بازنەی ئیمانەوە ئەو كەسانەن كە ڕەتكردنەوەی بچوكترین فەرمانیان دەبێتە هۆی كوفر، وە بچوكترین ناكۆكی لەگەڵیاندا مرۆڤ كافردەكات.
بۆ نموونە ئەگەر كەسێكیان بڵێت: فەرمانكردنی پێغەمبەر (ﷺ) بە شۆردنی هەردوو پێ لە دەستنوێژدا شتێكی هەڵەیە؛ ئەوا كافر بووە، بەڵام ڕەوایە مرۆڤ لەدرێژەی بابەتەكان و لقەكاندا جیاوازی هەبێت لەگەڵ خەلیفەدا. بۆ نموونە ئەگەر خەلیفە ئایەتێكی قورئانی تەفسیر كرد و كەسێك لێی تێنەگەيشت؛ ئەوا ڕێگەی پێدراوە ئەو تەفسیرە وەرنەگرێت، بەڵام ئەگەر وتی: تەفسیری پێغەمبەر (ﷺ) وەرناگرم بۆ فڵان ئایەت؛ ئەوا كافر بووە، بۆیە ڕەوا نیە بۆ هیچ كەسێك تەنانەت یەك پیتیش ڕەتبكاتەوە لەوەی پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی، وە شیاو نیە بۆ هیچ كەسێك پێچەوانەی پێغەمبەر (ﷺ) بجووڵێتەوە لە بچوكترین فەرمانیدا. لەگەڵ ئەوەی كە واجبە ملكەچ بكرێت بۆ فەرمانی خەلیفەكان، بەڵام دەكرێت مرۆڤ لەبۆچووندا جیاواز بێت لەگەڵیاندا. بۆ نموونە گەورەمان ئەبوبەكر (رضي الله عنه) بەلایەوە ڕەوا بوو ئەوانەی زەكاتیان ڕەتكردەوە دیل بكرێن؛ چونكە ئەوان لە حوكمی هەڵگەڕاوە و كافرەكاندا بوون، وە هەتا دوا سات گەورەمان عومەر (رضي الله عنه) لەم بابەتەدا جیاواز بوو لەگەڵیدا، بەڵام ئەگەر ئەم حوكمە هی پێغەمبەر (ﷺ) بوایە؛ ئەوا شیاو نەبوو نە بۆ عومەر و نه بۆ هیچ كەسێكی تر كە دژی بۆچوونەی پێغەمبەر (ﷺ) بوەستێتەوە؛ بەجۆرێك ناكۆكی لەگەڵ پێغەمبەراندا بەهیچ شێوەیەك ڕەوا نیە؛ چونكە ئەوان پەیوەستن بە بنەماكانەوە، لەكاتێكدا ڕەوایە لە درێژەی بابەتەكاندا جیاوازی هەبێت لەگەڵ خەلیفەكاندا.
هەروەك لەمێژوودا ئەوە دەخوێنینەوە كە جاروبار خەلیفەكان ناچاربوون بۆچوونی كەسانی تر وەربگرن، واتە سازشیان كردووە لە بۆچوونی خۆیان، وە هەندێ جار شوێنكەوتووان سازشیان كردووە لە بۆچوونی خۆیان و ملكەچی بۆچوونی خەلیفەكان بوون. بەردەوام هاوەڵان و عومەر (رضي الله عنهم) لەوەدا جیاواز بوون كە ئایا مرۆڤ لەشگران دەبێت و خۆشۆردنی لەسەر واجب دەبێت لە ئەنجامی دەرچوونی ئاو یان تەنھا بەهۆی جووتبوونەوە؟
پوختەی قسە، جیاوازی لەگەڵ خەلیفەكاندا لەم جۆرە بابەتانەدا ڕەوایە، بەڵام جیاوازی لەگەڵ پێغەمبەراندا هەرگیز ڕێگەپێدراو نیە و كارێكی حەرامە. بۆ نموونە ئەگەر كەسێك ناكۆك بێت لەگەڵ پێغەمبەردا لە بەرزكردنەوەی پەنجەی شایەتومان لە تەحیاتدا؛ ئەوا ئەم ناكۆكیە دەبێتە هۆی كافربوونی بەڵام جیاوازی لەگەڵ خەلیفەكان و نوێكارەكاندا نابێتە هۆی كافربوونی بكەرەكەی. بەڵام ناكۆكی لەگەڵ پێغەمبەراندا ئەگەرچی زۆر بچوك و سادەیش بێت بە كوفر لەقەڵەم دەدرێت، لەبەرئەوە پێویستە لەسەرمان باوەڕمان بە فەرمانەكانیان هەبێت و بەملكەچیەوە پیادەیان بكەین، ئەگەر لێیان تێبگەین یان نا. كەواتە باوەڕبوون بە فریشتەكان واتای ئەوەیە هەرچی فریشتەكان وتیان بە ڕاست و دروست لەقەڵەمی بدەین، لەبەرئەوەیە كە فەرمانمان پێكراوە پەیڕەوی فەرمانەكانیان بكەین و باوەڕمان پێیان هەبێت، وە لەقورئانەوە دەیسەلمێنین ئەوەی فریشتەكان دەیڵێن ڕاست و دروستە.
خوای گەورە لەنموونەیەكدا ئەوەمان بۆ ڕووندەكاتەوە كە ڕەتكردنەوەی فریشتەكان چ لێكەوتەیەكی خراپ بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئەوەتا دەفەرموێت: ﴿وَإِذْ قُلْنَا لِلْمَلَائِكَةِ اسْجُدُوا لِآدَمَ فَسَجَدُوا إِلَّا إِبْلِيسَ أَبَى وَاسْتَكْبَرَ وَكَانَ مِنَ الْكَافِرِينَ﴾ (البقرة: 35)
لە قورئاندا ئەوە دەخوێنینەوە كە ئیبلیس فریشتە نەبووە، بەڵكو یەكێك بووە لە جنەكان. لێرەدا پرسیارێك خۆی دەكات بەناو مێشكدا: جگە لە فریشتەكان چۆن كەسێكی تر ئەم فەرمانی كڕنووش بردنەی زانیوە؟ لەكاتێكدا فەرمانەكە تەنھا ئاراستەی فریشتەكان كراوە، ڕەنگە لە ئەنجامی هاندانی فریشتەكانەوە بۆ كڕنووش بردن ئەمەی زانیبێت، ئینجا ڕەتیكردووەتەوە و لووتبەرزی نواندووە و چووەتە ڕیزی كافرەكانەوە، بۆیە لێرەدا پەی بەوە دەبەین كە برەوپێدان و هاندانەكانی فریشته هەمووی لەبواری چاكەدایە.
لەماوەی پێشوودا ئەوەم شرۆڤە كرد بۆتان كە حەقیقەتی فریشتەكان و ئەركەكانیان چیە و بۆچی گرنگە باوەڕیان پێ بكەین و چ پێویستیەكمان پێیان هەیە، پاشان ئەو ڕەخنانەم پووچەڵكردەوە كە دەربارەی فریشتەكان گیراون، بەڵام كۆمەڵێك ڕەخنەی تر هەیە دەمەوێت وەڵامیان بدەمەوە و پووچەڵیان بكەمەوە.
جۆرەكانی فریشتە و پەیوەندیان بە خەڵكەوە
ئێستا دەمەوێت سەبارەت بە جۆرەكانی لێشاوی بەرەكەتی فریشتەكان قسەتان بۆ بكەم، وە بۆچی شەیتان و فریشتە دوو قەوارەی پێچەوانە و دژی یەكترن؟ وە تاوتوێی بابەتی پەیوەندی شەیتان بە مرۆڤەوە و جۆرەكانی ئەو پەیوەندیە دەكەم.
بزانن فریشتەكان سێ جۆرن، هەروەك كاریگەریەكانی شەیتان ئەوانیش دەكرێن بە سێ بەشەوە: یەكەم پەیوەندی فریشتەكان بە مرۆڤەوە وەكو ئەو پەیوەندیە وایە كە لەنێوان دوو كەسی نامۆدا هەیە؛ درێژەی بەم باسە بەم جۆرەیە: مرۆڤ جاروبار ڕێگا ون دەكات، وە كەسێكی نەناسراو لەمە ئاگاداری دەكاتەوە و ڕێگای دروستی پیشان دەدات، ئەم پەیوەندیە پێی دەوترێت “لَـمَّة ملائكیة” واتە بزواندنی فریشتەكان، لەم قۆناغەدا فریشتەكان مرۆڤ هاندەدەن بۆ ئەنجامدانی كارێك، وە ئەم پەیوەندیە لە پەیوەندی نێوان دوو كەسی نامۆ و بێگانە تێپەڕناكات.
لەقۆناغی دووەمدا ئەم پەیوەندیە پەرەدەسێنێت و وەك پەیوەندنی نێوان دوو هاوڕێی سەفەری لێ دێت، هاوڕێ شوێن ئەو هاوڕێیەی دەكەوێت كە شارەزای ڕێگایە، وە لەهەموو هەنگاوێكدا پرسیاری ئەوەی لێ ناكات كە بۆ كوێ دەڕوات؛ بەڵكو شوێن هەنگاوەكانی دەكەوێت، بەهەمان شێوە فریشتە لەم قۆناغەدا دەبێت بە هاوڕێی مرۆڤ، وە هەردووكیان بەسەر یەك ڕێگەدا دەڕۆن، ئەم پەیوەندیە بە پشتگیری ڕۆحی پیرۆز ناسراوە، وە سۆفیەكان بە دابەزینی ڕۆحی پیرۆز بۆسەر مرۆڤ گوزارشت لەم پەیوەندیە دەكەن. ئەم پەیوەندیە هەمیشەیی دەبێت، لەكاتێكدا پەیوەندی یەكەم، واتە جووڵاندنی فریشتەیی، پەیوەندیەكی كاتی دەبێت.
پلەی سێیەم هاوشێوەی پەیوەندی نێوان خزمەتكار و گەورەكەی دەبێت، واتە فریشتەكە تەنھا هاوەڵ نیە، بەڵكو لەلایەن خواوە فەرمانی پێكراوە گوێڕایەڵی مرۆڤەكە بێت و خزمەتی بكات؛ چونكە لەم قۆناغەدا فریشتەكان وەك خزمەتكار دەبن لەگەڵ مرۆڤدا دەبن نەك وەك هاوەڵ و برادەر.
بەهۆی بەدەستهێنانی ئەم پلەوپایەوە گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئیلھامێكی پێگەيشتووە كە دەفەرموێت: “ئاگر خزمەتكاری ئێمەیە، بەڵكو خزمەتكاری خزمەتكارەكانمانە.” (التذكرة)
مانای ئەوەی كە ئاگر خزمەتكاری بەڕێزیەتی ئەوەیە ئەو فریشتەیەی ئاگری پێ سپێراوە خزمەتكاری بووە، ئەمەش مانای ئەو فەرمایشتەی خوای گەورەیە كە دەفەرموێت: ﴿فَقَعُوا لَهُ سَاجِدِينَ﴾ (الحجر: 30)
لەسەردەمی ئادەمی یەكەمەوە فەرمانكراوە بە فریشتەكان كە گوێڕایەڵی بن و بەندایەتی تەواوەتی پيشان بدەن بۆی، وە لەبەرئەوەی ئادەمی دووەم (واتە مەسیحی بەڵێندراو _عليه السلام_) پلەوپایەی بەرزترە لەو، بۆیە شایستە بوو ئەمەی پێ بوترێت.
لەم قۆناغەدا فریشتە دەبێت بە خزمەتكاری مرۆڤ، وە هیچ ئازادیەكی نیە لە جیابوونەوە و بەجێھێشتنیدا، ڕەنگە فەرمانبەر دەست لەكارەكەی بكێشێتەوە و پۆستێكی تر هەڵبژێرێت، بەڵام فریشتە ناتوانێت هاوەڵەكەی بەجێبھێڵێت، ئەمەش پلەوپایەی پێغەمبەرانە.
لە بەرامبەر ئەم سێ پلەیەدا سێ پلەی پەیوەندی هەیە لەنێوان شەیتان و مرۆڤدا. پلەی یەكەمی لەم سێ پەیوەندیە لەشێوەی ئەو كەسە شەڕانگێزەدا خۆی دەنوێنێت كە سەر لەو كەسانە دەشێوێنێت لەسەر ڕێگای ڕاست دەڕۆن و بەگاڵتەپێكردنەوە پێیان دەڵێت: ئێوە لەڕێگا لاتان داوە، ئەمەیە ڕێگای ڕاست. جا ئەو كەسەی گوێڕایەڵی بكات گومڕا دەبێت. بەهەمان شێوە سەرەتا شەیتان مرۆڤ فریودەدات، وە ئەو كەسەی كەوتە داویەوە وێڵ و سەرگەردان دەبێت، مەگەر ئەو فریشتەیەی كە هاوەڵیەتی بە بەردەوامی هەوڵ بدات ڕێنمایی بكات بۆسەر ڕێگای ڕاست.
بەڵام ئەو كەسەی چەندین جار ملكەچی فەرمانەكانی شەیتان دەبێت؛ ئەوا لە دۆخی خراپەوە بەرەو خراپتر دەچێت، وە لە ئەنجامی دیدەنی و بەیەكگەشتەنەكان لەگەڵ شەیتاندا پەیوەندی دۆستایەتی نێوانیان بەردەوام پتەو دەبێت، خوای گەورە لەم فەرمایشتەی خۆیدا ئەم دۆخەی خستووەتەڕوو: ﴿وَمَنْ يَكُنِ الشَّيْطَانُ لَهُ قَرِينًا فَسَاءَ قَرِينًا﴾ (النساء: 39)، ئەمە پلەی دووەمە.
لەپلەی سێیەمدا شەیتان دەبێت بە گەورە و ئاغای مرۆڤەكە و مرۆڤەكەیش دەبێت بە بەندەی ئەڵقەلەگوێی ئەو. دەربارەی ئەم جۆرە خەڵكە ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە هاتووە: ﴿وَعَبَدَ الطَّاغُوتَ﴾ (المائدة: 61) واتە ئەو كەسانە شەیتان دەپەرستن و گەردنیان كەچ دەكەن بۆی، وەك ئەوەی ئەو كەسەی لەسەر ڕێگای خێر و چاكە بڕوات فریشتەكان ملكەچ دەبن بۆی، وە ئەو كەسەیش شوێن خراپە بكەوێت ملكەچ دەبێت بۆ دەسەڵاتی شەیتان.
لێرەدا پرسیارێك دێتە گۆڕێ: ئەگەر هەموو كەسێك دەبێت لە یەكێك لەم سێ دۆخەدا بێت؛ ئەوا ئایا هەموو مرۆڤێك فریشتەیەكی تایبەت بەخۆی هەیە؟ وەڵام: بەڵێ؛ بۆ هەموو مرۆڤێك فریشتەیەكی تایبەتی هەیە، لەڕاستیدا وەك لە پێشوودا ڕوونمكردەوە فریشتەكان دوو جۆرن، جۆرێكیان لەم فەرمایشتەی خوای گەورە دا باسیان كراوە، كە دەفەرموێت: ﴿إِنْ كُلُّ نَفْسٍ لَمَّا عَلَيْهَا حَافِظٌ﴾ (الطارق: 5)
لێرەدا ڕووندەبێتەوە هەموو مرۆڤێك فریشتەیەكی تایبەتی هەیە. بەڵام جۆری دووەمی فریشتەكان ئەوانەن كە هەر فریشتەیەكیان پەیوەندیان بەهەموو مرۆڤێكەوە هەیە، بەجۆرێك هەر یەك لەو فریشتانە، كەم یان زۆر، كاریگەرییان هەیە لەسەر هەموو مرۆڤێك. جیبریل كاریگەری هەیە لەسەر هەموو مرۆڤێك. وە ئەم فریشتانە یارمەتیدەریان هەیە، كاریگەریەكانیان دەگەیەنن بە شتەكانی تر. لێرەدا ئەم پرسیارە دروست دەبێت: ئەگەر یەك فریشتە كاریگەری هەیە لەسەر هەموو كەسێك ئەوا مانای دابەزینی فریشتەكان چیە؟ لەم بارەیەوە ئەوەتان لەیادبێت كە دابەزینی فریشتەكان زاراوەیەكی قورئانیە، وە مانای ئەوە نیە كه پێویست بێت فریشتەكە خۆی دابەزێت، بەڵكو ماناكەی ئەوەیە بەردەوام كاریگەری هەیە لەسەر خەڵكی. وە بۆ نزیك كردنەوەی ماناكە لە زیھن پێویستە تێبینی وشەی “النزول” بكەن كە دەرحەق بەخوای گەورە هاتووە؛ لە فەرموودەكاندا هاتووە خوای گەورە لە كۆتایی شەودا دادەبەزێت بۆ ئاسمانی دنیا، ئەمە مانای هیچ شتێك ناگەیەنێت ئەوە نەبێت كە خوا (عز وجل) جیلوە و درەوشانەوەكانی زیاتر دەكات و بەچڕی كاریگەری خۆی دادەنێت، هەر ئەمەشە مەبەست لە دابەزینی جیبریل؛ واتە خۆی دانابەزێتە خوارەوە بۆسەر زەوی؛ چونكە لە مەقامێكی دیاریكراودا جێگیر و نیشتەجێیە و بەجێیناھێڵێت، بەڵكو كاریگەریەكەی خۆی دەنێرێت لەكاتێكدا لە شوێنی خۆیدایە. بڕوانن بۆ خۆر كاتێك لە ئاوێنەدا تیشك دەداتەوە، بە هەمان شێوە خودی جیبریل نەهاتووە بۆ لای پێغەمبەر (ﷺ) بەڵكو لەشێوەی مرۆڤێكدا خۆی نواندووە بۆی؛ چونكە لە جێگەیەكی دیاریكراودا نیشتەجێیە و هەرگیز بەجێیناھێڵێت. كەواتە دابەزینی جیبریل تەنھا مانای ئەوەیە كە كاریگەریەكەی دادەنێت لەسەر دڵی كەسێك كە شایستەی دانانی ئەو كاریگەریەیە وەك چۆن خۆر لەئاوێنەدا تیشكدەداتەوە. كاتێك ئەم دابەزینە ڕوودەدات ڕۆحی پیرۆز دەبێت بە هاوەڵی مرۆڤ و مرۆڤەكە هەموو دەستكەوتەكانی لەڕێگەی ئەوەوە بەدەستدەھێنێت. هەڵبەت لە باسی عیسادا (عليه السلام) هاتووە كە ڕۆحی پیرۆز هاوەڵی بووە و بەردەوام لەگەڵیدا بووە و لێی جیانەبووەتەوە، وه شەیتان یان هیچ كەسێكی تر نەیتوانیوە فریوی بدات. كەچی مەسیحیەكان دەڵێن مەسیح (عليه السلام) لەلایەن شەیتانەوە فریودراوە. لێرەدا پرسیارێك دێتە گۆڕێ: ئەگەر مەبەست لە دابەزینی جیبریل تیشكدانەوەی بێت لەخەڵكیدا، ئەوا ئەمە وا دەخوازێت هەموو ئەو كەسانەی جیبریل تیشكیداوەتەوە تێیاندا لە یەك ئاستدا بن، ئەمەش مانای ئەوەیە پلەی گەورەمان موحەمەد (ﷺ) یەكسان بێت بە پلەی مووسا و عیسا (عليهما السلام)، بەڵام ئەمە هەڵەیە. چونكە بەتەنھا ڕەچاوكردنی تیشكدەر بەس نیە، بەڵكو پێویستە سیفەتی ئەوەش بەهەند وەربگرین كە تیشكدەدرێتەوە تێیدا؛ هەروەك زانراوە تیشكدانەوەی شتێك لەسەر پلێتێكی ئاسن بەتەواوەتی جیاوازدەبێت لە تیشكدانەوەكەی لەسەر ئاوێنەیەك، لێرەوە دەڵێین: ڕاستە جیریل خۆی بە یەك تیشكدانەوە لە خەڵكانی جیاوازدا تیشكی داوەتەوە، بەڵام تیشكدانەوەكەی ساف و بێگەرد دەركەوتووە بە ئەندازەی ساف و بێگەردی دڵی ئەو كەسانەی كە تیشكیداوەتەوە تێیاندا، لەبەر ئەم هۆكارە تیشكدانەوەی جیبریل جیاواز دەردەكەوێت؛ چونكە ئەو كەسانەی تیشكدانەوەكە تێیاندا ڕوویداوە لە پلەدا جیاوازن، لەبەرئەوە وەسفی پێغەمبەر (ﷺ) كراوە بەوەی كە لەهەموو پێغەمبەرانی تر پلەی بەرزترە لەڕووی ڕۆحیەوە، ئەگەر ئەو كەسەی لە پێغەمبەردا (ﷺ) تیشكیداوەتەوە ئەو كەسە نەبوایە كە لە هەموو پێغەمبەرانی تردا تیشكیداوەتەوە؛ ئەوا دەكرا كەسێك بیگوتبایە: پێغەمبەر (ﷺ) ئەم پلە هەرە بەرزەی بەدەستهێناوە؛ چونكە ئەو كەسەی تیشكیداوەتەوە تێیدا لەوانی تر پلەی گەورەتر و بەرزتر بووە، وە ئەگەر هەمان تیشكدەر لە پێغەمبەرانی تریشدا تیشكی بدایەتەوه ئەوا ئەوانیش هەمان ئەو پلەیان بەدەستدەھێنا كە پێغەمبەر (ﷺ) بەدەستیهێناوە. بەڵام تیشكدەر یەك كەسە، هەر ئەوە كە لە پێغەمبەر (ﷺ) و كەسانی تردا تیشكیداوەتەوە، بەڵكو ئەو (ﷺ) ئەو پلە بەرزەی بەدەستھێناوە چونكه لەهەموویان زیاتر دڵی پاك و بێگەرد بووە، وە بەرز و نزمی لە پلەی پێغەمبەراندا دەگەڕێتەوە بۆ پاك و بێگەردی دڵیان؛ چونكە یەك شت، وەكو یەك، گاریگەری خۆی دادەنێت لەسەر كۆمەڵێك شتی جۆراوجۆر، وە ئەنجامەكان جیاوازدەبن بەگوێرەی لێھاتووی ئەو شتانەی كە كاریگەریەكە دەكەوێتە سەریان، ئەمە نھێنی فەزڵی پێغەمبەری ئازیزە (ﷺ) بەسەر هەموو پێغەمبەراندا؛ چونكە دڵی ئەو لەهەموو دڵەكان زیاتر پاك و بێگەرد بووە بۆیه بەو پەڕی درەوشاوەیی و ڕوونی تیشكدانەوەكە تێیدا دەركەوتووه.
ئەوەمان لەیاد نەچێت كە لێشاوی نوور بەگوێرەی جۆرەكەی كۆمەڵێك ناوی جیاوازی لێ دەنرێت، وە لێشاوەكە هەر بە لێشاوی ڕۆحی پیرۆز دەمێنێتەوە، وە ئەم لێشاوی نوورە دەدرەوشێتەوە بەگوێرەی ڕادەی پاك و بێگەردی خۆشەویستی. تێبینی بكەن ئەگەر ئێمە ویستمان تیشكدانەوەی خۆر ببینین، پاشان ئەگەر زانیمان شووشە باشترینە شتە مەبەستەكە بهێنێتەدی؛ ئەوا شووشە بەكاردەھێنین نەك پلێتێكی ئاسن. وە لەبەرئەوەی دڵی پێغەمبەر (ﷺ) چاكترین و جوانترین دڵ بووە بۆیە ئەو لێشاوی نوورەی تیشكیداوەتەوە تێیدا _كە مەزنترین و باڵاترین لێشاوی نوور بووە_ هەتا ڕۆژی قیامەت دەمێنێتەوە، بەم شێوەیە جۆری ئەو لێشاوی نوورە دەگۆڕێت.
بڕوانن چۆن جیبریل لەشێوەی كۆترێكدا خۆی نواند بۆ گەورەمان مەسیح، بەڵام لێشاوی نووری خودی جیبریل بەشێوەی مرۆڤێك درەوشایەوە بۆ گەورەمان موحەممەدی هەڵبژاردە (ﷺ)؛ ئەمەش تەواوترین و جوانترین لێشاوی نوور بوو. كەواتە جۆری لێشاوی نوورەكە جیاواز دەبێت، وە بەگوێرەی ئەم جیاوازی و هەمەڕەنگیە جیبریل كۆمەڵێكی زۆر نازناوی وەرگرتووە، لەوانە: ڕۆحی پیرۆز، ڕۆحی ئەمین و هتد. جیبریل پێیدەوترێت ڕۆحی پیرۆز بەهۆی ئەوەی كەلامێكی پیرۆزی هەڵگرتووە، وە نازناوی ڕۆحی ئەمینی پێدەدرێت؛ چونكە هەتاهەتایە دەبێتە پارێزەری ئەو كەلامە پیرۆزە كە پێیەوە دابەزیوە، وە یەكێك لە ئەرك و پەرپرسیارێتیەكانی ئەوەیە پارێزگاری لەو كەلامە پیرۆزە بكات بەوپێیەی هیچ خەوش و ناتەواویەكی تێدا نیە. جیبریل ئەم ناوەی لێ نراوە بەڕەچاوكردنی ئەو لێشاوی نوورەی كە هەڵیگرتووە بۆ موحەممەد (ﷺ)، كەواتە جیبریل قەرزارباری چاكەی موحەممەدە (ﷺ)؛ چونكە لەسایەی فەزڵی موحەممەدەوە (ﷺ) ئەو نازناوە نوێیەی بەدەستهێناوە.
پوختەی قسە، جیبریل بە سیفەتی ڕۆحی پیرۆز دابەزیوەتەسەر هەموو پێغەمبەران، بەڵام بەسیفەتی ڕۆحی ئەمین دابەزیوەتەسەر پێغەمبەری هەڵبژاردەمان (ﷺ)، هەڵبەت ئەركەكەی تەنھا ئەوە نەبووە كە پاكی دروست بكات بە تەنھا، بەڵكو ئەركەكەی ئەوەش بووە كە بەردەوامی بدات بەم پاكی و پیرۆزیە، كەواتە ناوی ڕۆحی ئەمین مانای پاكی و پیرۆزی و هەمیشەیی و بەردەوامی دەگرێتەوە، لەبەرئەوە ئەم ناوە گەورەتر و چاكترە لە ڕۆحی پیرۆز.
كێ باشترە، فریشتە یان مرۆڤ؟
ئەوەی پێشوو كە پێشكەش كرا ڕەنگە پرسیارێك لای هەندێ كەس دروست بكات كە ئەگەر مووسا و عیسا و پێغەمبەری خۆمان (ﷺ) بەهۆی تیشكدانەوەی جیبریل تێیاندا ئەم پلە بەرزەیان بەدەستهێناوە؛ ئەوا ئەمە ئەو باوەڕەمان لا دروست دەكات كە جیبریل فەزڵی زیاترە لەو كەسانەی كە بەهۆی تیشكدانەوەی ئەم تێیاندا ئەم پلە بەرزەیان بەدەستهێناوە، لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا دەڵێم: ئەوەتان لەبیرنەچێت ڕاستە جیبریل تیشكیداوەتەوە تێیاندا، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا ئەوان پلەیان لەو بەرزتر بووە، ئەمەش لەبەر ئەمانەی خوارەوە:
ڕاستە جیبریل تیشكیداوەتەوە تێیاندا، بەڵام تەنھا وەك هۆكارێكی گەیەنەر تیشكیداوەتەوە؛ چونكە تەنھا لێشاوی نووری خوای گواستووەتەوە بۆ ئەو كەسانە و گاریگەری تایبەتی و خۆیی نەبووە لەسەریان، بەڵكو تەنھا نێوەندگیر بووە لەنێوان خوا و بەندەكانیدا، وەك چۆن ئاوێنەیەك تیشكی خۆر دەداتەوە و بڵاویدەكاتەوە بۆ شتەكانی تر. جیبریل لە خوای گەورەوە نوور وەردەگرێت و دەیگوێزێتەوە بۆ خەڵكی و خۆی نووری تایبەتی و سەربەخۆی نیە. وە زانراوە نێوەندگیرەكان پلەی سافی و ڕوونیان جیاوازە، ئاوێنە باشترین نێوەندگیرە كە تیشكی خۆر دەداتەوە، وە ڕوونترین هۆكارە بۆ پەخشكردنەوەی تیشكی خۆر، وە نموونەی نزمترین نێوەندگیر وەك ئەو نێردراوە وایە كە نامەی پاشا دەگەیەنێت بە وەزیر، ئەو هیچ شتێك نازانێت دەربارەی ناوەڕۆكی نامەكه، بەڵكو ئەركەكەی تەنھا ئەوەیە بیگەیەنێتە دەستی ئەو كەسەی كە بۆی نێردراوە، بەهەمان شێوە كاتێك وەزیرەكە وەڵامی دەداتەوە.
لە ڕوانگەی ئەم نموونەيەوە دەتوانین بڵێین: دەكرێت لەڕێگەی جیبریلەوە لێشاوی نووری خوا بدرەوشێتەوە بۆ پێغەمبەر بەبێ ئەوەی جیبریل بزانێت ئەو لێشاوە نوورە چیە، ئێمە لە فەرموودەی میعراجەوە پەی دەبەین بەم تێگەیشتنە بەجۆرێك جیبریل و پێغەمبەر (ﷺ) گەيشتنە شوێنێك كە تێیدا جیبریل بە پێغەمبەری خوای گوت: ئێستا تۆ بەتەنھا بڕۆ من ناتوانم زیاتر بەرەو پێش بڕۆم، وە نموونەی ئەوەی جیبریل گواستیەوە وەك ئەوە وایە كەسێك لە ئێمە نامەیەك هەڵبگرێت كۆمەڵێك خاڵی تێدا بێت هەڵگری نامەكە پەی بەناوەڕۆكی هەندێ لەو خاڵانە ببات لەكاتێكدا هەندێكی تریان پێكھاتبێت لە كۆمەڵێك هێما و نیشانە كە هەڵگرەكە نەیانزانێت، بەڵام خاوەنی نامەكە و ئەو كەسەیش كە نامەكەی بۆ ڕەوانەكراوە مانا و مەبەستی ئەو خاڵانە بزانن. بەهەمان شێوە ئەركی جیبریل تەنھا لە گواستنەوەی نامەكەدا كورت دەكرێتەوە، ئەو مانا و مەبەستەی كە لەناو نامەكەدا هەیە تەنھا خوا و پێغەمبەرەكەی دەیزانن.
دەربارەی ئەم نموونەیە دەڵێم جیبریل ئەوەی نەدەزانی كە دەیگواستەوە بۆ پێغەمبەر، تەنانەت لەو بەشەی وەحیشدا كە دەكرا بیزانێت پێغەمبەر (ﷺ) پێشیدەكەوت، نموونەیەك دەهێنمەوە بۆ ڕوونكردنەوە: ئێمە لە ژیانی ئاساییدا تێبینی ئەوە دەكەین كە دوو كەسی تووشبوو بە تا هەمان دەرمان دەخۆن، یەكێكیان دوای بەكارهێنانی دەرمانەكە دەستبەجێ چاكدەبێتەوە، بەڵام ئەوی تریان سوودی لێ نابینێت، بۆچی ئەمە ڕوودەدات؟ ئاشكرایە ئەم جیاوازیە لەئەنجامی بەرگری لەشیان و هێزە ناوەكیە تایبەتیەكانیانەوە دروست دەبێت؛ چونكە ئەوەیان كە لە ناو ڕیخۆڵەیدا ئەو ماددانە هەیە بەرەنگاری دەرمانەكە دەبنەوە و زاڵ دەبن بەسەریدا كاریگەری دەرمانەكە زۆر بەلاوازی دەردەكەوێت تێیدا، بەڵام ئەوەیان كە لەشی پاك و خاوێنە و خاڵیە لە ماددەی زیانبەخش دەستبەجێ دەرمانەكە كاریگەری دەبێت لەسەری. ئەم نموونەیە پەیوەستە بەو هێزەی كە شەڕ و خراپە ڕاودەنێت، وە دەربارەی هێزی كێشكردنی خێر هەمان شت ڕوودەدات؛ چونكە دوو كەس هەمان خواردن دەخۆن بەڵام یەكێكیان بەو خواردنە بەهێز و قەڵەو دەبێت و ماسولكەكانی گەشەدەكەن، بەڵام ئەوی تر وەكو كەسی یەكەم سوود لەو خواردنە وەرناگرێت. بەهەمان شێوە ئەو فێركاریەی كە جیبریل بەشداری دەكات لەگەڵ پێغەمبەری خوادا (ﷺ) لە تێگەیشتن و حاڵیبوون لێی، پێغەمبەر (ﷺ) پێش جیبریل لێی تێگەیشتووە؛ چونكە بەگوێرەی ئەو بەهرە و هێزانەی پێیدراوە كاریگەر بووە پێی، وە جیبریلیش بەگوێرەی تواناكانی خۆی كاریگەر بووە پێی.
بۆ ئاسان تێگەيشتن لەم نموونەیە نموونەیەكی تر دەھێنمەوە، ئێستا من بە زمانی ئوردی ئەم بابەتە شی دەكەمەوە، هەر یەكێك لەئێوە دەتوانێت لێی تێبگات و وەری بگرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا پلەی تێگەیشتنەكان جیاوازە، وە كاریگەریەكەی لەسەر هەمووتان جیاوازە، پاشان دۆخی دەروونیش كاریگەری هەیە لەسەر تێگەیشتنەكان. وەك دەزانین بۆ نموونە كەسێك سوورەتی الفاتحة دەخوێنێتەوە و بابەتە گرنگەكانی ناوی كاری لێ دەكات، ئەمەش پاڵی پێوەدەنێت بۆ گریانێكی بەكوڵ، لە هەمان كاتدا كەسێكی تر دەیخوێنێتەوە دڵی خۆش دەبێت و ڕووی گەش دەبێتەوە بەهۆی مژدەكانی ناویەوە. هۆكارەكە بۆئەوە دەگەڕێتەوە كە دۆخی دەروونی هەردووكیان جیاوازە؛ چونكە ئەوەیان كە زۆر هەستیارە و گیرۆدەی بەڵاو نەهامەتی بووە كاتێك سوورەتەكە دەخوێنێتەوە لەوە دڵنیا دەبێت كە جگە لە خوای گەورە كەسێكی تر نیە ئەو بەڵا و نەهامەتیانەی لەسەر لاببات، ئەمەش پاڵی پێوە دەنێت بۆ ئەوەی بەكوڵ بگری. بەڵام كاتێك كەسێكی خۆشگوزەران و بێ گرفت و ئاسوودە ئەم سوورەتە دەخوێنێتەوە لەوە دڵنیا دەبێت كە خوا دەیپارێزێت، وە هیچ كەسێك ناتوانێت ئازاری پێبگەیەنێت؛ چونكە خوای لەگەڵدایە، بۆیە بەخوێندنەوەی سوورەتەكە كەیفخۆشی و بەختەوەری لەسەر دەموچاوی دەردەكەوێت و شادمان دەبێت، كەواتە كاریگەری یەك شت جیاواز دەبێت لەسەر دوو كەس بەهۆی جیاوازی دۆخی دەروونی هەردووكیانەوە.
كەواتە ئەو كەلامەی دابەزیوەته خوارەوە بۆسەر پێغەمبەر (ﷺ) ئەنجامەكانی پشت دەبەستێت بە ئاوێتەبوونی ئەو كەلامە لەگەڵ هێز و تواناكانیدا (ﷺ)، وە ئەو ئەنجامانە جیاواز بووە لەگەڵ ئەو ئەنجامانەی كە لای جیبریل دروست بووە بەهۆی تێكەڵاوبوونی كەلامەكە لەگەڵ تواناكانیدا. ئاشكرایە ئەنجامی شتەكان جیاوازدەبێت بەهۆی جیاوازی پێكھاتەكانیانەوە؛ بۆ نموونە ئەگەر خشتی سوورەوەكراومان لەسەر گەچ دانا هیچ شتێك ڕوونادات، بەڵام ئەگەر ئاومان كرد بەسەر گەچەكەدا ئەوا گڕدەگرێت؛ چونكە ئاوێتەبوونیان ئاگر دروست دەكات. لەگەڵ ئەوەی ئەوەی دابەزیوەتە خوارەوە بۆسەر پێغەمبەر (ﷺ) لەڕێگەی جیبریلەوە، جیبریل لێی تێدەگەیشت، بەڵام ئەو بەهرە و هێزانەی نەبوو كه خەڵات كرابوون بە پێغەمبەر (ﷺ)، ئەمەش لەبەرئەوەی تێگەیشتنی بۆ ئەو بابەتانە تێگەیشتنێكی ناتەواو بوو لەچاو تێگەیشتنی پێغەمبەری هەڵبژاردەدا (ﷺ)، ئەمەیە نھێنی فەزڵ و گەورەیی پێغەمبەر (صلى الله عليه و آله وسلم).
لێرەدا پێویستە ئەوەتان لەبیرنەچێت كە بەگشتی مرۆڤ باشتر نیە لە فریشتە، بەڵكو مرۆڤە تایبەتەكان باشترن لە فریشتە تایبەتەكان، لەكاتێكدا باوەڕداران بەگشتی فەزڵیان زیاترە لە فریشتەكان بەگشتی، هۆكاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە مرۆڤ ئەرك و بەرپرسیارێتی قورسی لەسەرشانە؛ ئاشكرایە ڕەنگە مرۆڤ بخرێتە دۆزەخەوە ئەگەر خراپەكار و تاوانبار بێت، بەڵام فریشتەكان وەها نین؛ چونكە ئەوان بە فیترەت لەسەر گوێڕایەڵی دڵسۆزانە و سەرپێچی نەكردن ڕاهاتوون، وە هیچ كاتێك تاوان ئەنجام نادەن. لەكاتێكدا مرۆڤ سەرپێچی دەكات و گوێڕایەڵیش دەبێت.
تەواوكەری وتارەكە
خەلیفەی دووەمی ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)
لە ڕۆژی 29/12/1920ز لە مزگەوتی نوور لە كاتژمێر نۆ و نیوی بەیانی ئەم وتارەی پێشكەش كرد
***
پاش وتنی شایەتومان و أعوذ بالله من الشیطان الرجیم و خوێندنەوەی سوورەتی الفاتحة، بەڕێزی (رضي الله عنه) فەرمووی:
یەكێك بەم شێوەیە پرسیاری كردووە: چ شتێك ڕێگری ئەو باوەڕەمان لێ دەكات كە خاسیەتی شتەكان خۆیی بێت نەك شوێنكەوتەی فریشتەكان بێت، وە هۆكار چیە باوەڕمان بەوە هەبێت كە خاسیەتی شتەكان بەهۆی كاریگەری فریشتەكانەوە دەردەكەوێت؟
وەڵامی ئەم پرسیارە ئەوەیە: لەماوەی پێشوودا بە بەڵگە بوونی فریشتەكانمان سەلماند، وە هەركاتێك بوونی فریشتەكان ساغ بوویەوە ئۆتۆماتیكی ئەوە دەچەسپێت كە ئێمە پێویستمان پێیان هەیە؛ چونكە ئاشكرایە ئەگەر لەڕێگەی بەڵگەوه بوونی شتێك سەلمێنرا؛ ئەوا هیچ كەسێك مافی ئەوەی نیە بڵێت: ئەگەری هەیە بۆ شیانی ئەو شتە هۆكارێكی تر هەبێت، وە چ شتێك ڕێگری ئەوەمان لێدەكات كە باوەڕمان بەو هۆكارە هەبێت! بۆ نموونە ئاشكرایە پەڕەی كاغەز لەهەوادا بڵاودەبێتەوە، وە دەكرێت لە هەوادا بڵاوبێتەوە و بكەوێتەسەر مێزێكی نزیك، بەڵام ئەگەر بەچاوی خۆمان بینیمان كەسێك كۆمەڵێك پەڕەی كاغەزی هێنا و خستیەسەر مێزێك، ئایا ئەو كاتە دەتوانین بڵێین: بۆچی باوەڕمان بەوە نەبێت كە هەوا ئەم پەڕەكاغەزانەی گواستووەتەوە بۆسەر ئەم مێزە؟ لە ڕوانگەی ئەم نموونەيەوە دەڵێین: ئەگەر بوونی فریشتەكان لەڕێگەی بەڵگەوە ساغ بوویەوە؛ ئەوا ئەو بانگەشەیە پووچ دەبێتەوە كە خاسیەتی شتەكان تایبەتن بەخۆیانەوە بەبێ ئەوەی هیچ پەیوەندیەكیان بە فریشتەكانەوە هەبێت.
بێگومان شیان شتێكە و سەلماندنی ڕووداوێك بە بەڵگە شتێكی تری تەواو جیاوازە، بۆ نموونە باوەڕمان وایە حەزرەتی عیسا (عليه السلام) بەرزنەكراوەتەوە بۆ ئاسمان، هۆكاری ئەمەش ئەوە نیە كە ئەستەم بێت بۆ خوای گەورە ئەم كارە بكات، بەڵكو هۆكارەكە ئەوەیە كە چەندین بەڵگە هەیە لەدژی، وە لەم حاڵەتەدا بوارێك نیە بۆ مەزەندەكردن؛ چونكە مەزەندەكردن لەدۆخێكدایە كە بەڵگە نەبێت. ئەگەر لە هەر كارێكدا كۆمەڵێك مەزەندە هەبێت ئەوا تەنھا یەكێكیان ڕاستە؛ كەواتە دەكرێت خاسیەتی شتەكان خۆیی بن، بەڵام بەڵگەكانی تر ئەم بیرۆكەیە هەڵدەوەشێننەوە؛ لەبەرئەوە تایبەتمەندی شتەكان لەدەستی فریشتەكانەدایە.
پاشان ئێمە ناڵێین شتەكان خاڵین لە تایبەتمەندی، وە ئێمە ئەو بانگەشەیەمان نەكردووە، بەڵكو دەڵێین بزوێنەری سەرەكی بۆ دەركەوتنی خاسیەت و تایبەتمەندی شتەكان بریتیە لە فریشتەكان؛ چونكە لەسەرەتاوە فەرمان دەكرێت بە فریشتەكان و ئەوانیش كاریگەردەبن لە هۆكاری دوای خۆیان، ئەم هۆكارەیش بەڕۆڵی خۆی كاردەكات لەوەی دوای خۆی، وە ئەم زنجیرەیە هەنگاو بە هەنگاو بەردەوام دەبێت لە شتە ماددیەكاندا.
هەڵبەت ئەو كەسانەی باوەڕیان بە خوا هەیە و دان بەوەدا دەنێن خوا ماددەی دروستكردووە؛ ئەوا دەبێت دان بەوەشدا بنێن كە خودا خۆی خاسیەت و تایبەتمەندیەكانی داناوە لە هەموو شتەكاندا، ئەگینا گومان لەوەدا نامێنێت كە ماددە دروستكراو نیە، بەڵكو بەڕێكەوت پەیدا بووە، وە زاتێك نیە ناوی الله بێت. ئەگەر كەسێكمان بینی ئەم بیروباوەڕانەی هەبوو؛ ئەوا پێویستە لەسەرمان سەرەتا قەناعەتی پێ بكەین كە خوا بوونی هەیە پێش ئەوەی باسی فریشتەكان بكەین، پاشان ئەگەر باوەڕی كرد بە بوونی خوا، لەگەڵ باوەڕبوونی بەوەی كە هەموو شتێك لەخۆوە هاتووەتە بوون بەبێ بەدیهێنەر؛ ئەوا دوایی باسی فریشتەكانی بۆ دەكەین. بەڵام ئەگەر دانینا بەوەدا كە خوا بەدیهێنەری هەموو شتێكە؛ ئەوا مەسەلەی فریشتەكان دەخەینە پێش چاوی و پێی دەڵێین مەسەلەی بوونی فریشتەكان بابەتێكی سەلمێنراوە. كەواتە لەدوای ئەوەی ساغ دەبێتەوە خوا بوونی هەیە و بەدیهێنەری هەموو شتێكە ئینجا باسی فریشتەكان دێتە پێشەوە، لەبەرئەوە ئەو نەتەوانەی باوەڕیان بەخوا نیە یان باوەڕیان پێی هەیە، بەڵام باوەڕیان بەوەنیە بەدیهێنەری ماددە بێت، باوەڕیان بە فریشتەكان نیە. بۆیە كاتی گفتوگۆكردن دەربارەی پرسی فریشتەكان لەگەڵ ئەو كەسانەدا پێویستە دانبنێن بەوەدا كە خوا بوونی هەیە و بەدیهێنەری شتەكانە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی باوەڕ بەوە بكەن خوای گەورە سیفەت و تایبەتمەندیەكانی داناوە لە شتەكاندا، وە ئێمە دەڵێین خوای گەورە ڕاستەوخۆ ئەم خاسیەت و تایبەتمەندیانەی دانەناوە، بەڵكو لەڕێگەی فریشتەكانەوە دایناون، ئەمەش؛ چونكە شتەكان چڕن و خوای گەورەیش ئەپەڕی سادەیە، وە بە وردبوونەوە لە ڕێساكانی سروشت بەناچاری دەگەینە ئەو ئەنجامە كە خوای گەورە كۆمەڵێك هۆكاری گەیەنەری داناوە بۆ شتە سادەكان بۆ ئەوەی كاریگەری دابنێن لەسەر شتە چڕەكان؛ بەجۆرێك تێبینی ئەوە دەكەین بۆ هەموو شتێكی سادە كۆمەڵێك هۆكاری دیاریكراو هەیه بۆ پەیوەندیكردن بە شتی چڕەوە؛ چونكە ناكرێت ڕاستەوخۆ و بەبێ هۆكاری گەیەنەر شتی چڕ بگات بە شتی سادە.
بۆ نموونە سەیری مرۆڤ بكەن؛ لەناخیدا دڵ یان ڕۆح یاخود هۆش هەیە _ناوەكەی هەرچیەك بێت_ بەهۆیەوە هەموو كارەكانی ڕادەپەڕێنێت، وە كاتێك ئەو شتە تێیدا لەكاردەكەوێت یان نامێنێت مرۆڤ دەبێت به جەستەیەكی كپ و بێ جووڵە. بەڵام ئەم شتە كە لەناخیدایە فەرمانی پێ ناكات فڵان كار بكات یان وازی لێ بھێنێت، بەڵكو كار لە دەمارە پەوپەڕی باریك و وردەكان دەكات، بەم شێوەیە جووڵە دروست دەبێت لە هەر ئەندامێكدا و هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی كارێك؛ بۆ نموونە چاو ڕاستەوخۆ ڕۆح یان زیھن فەرمانی پێ ناكات، بەڵكو ویستەكەی لەچاودا دەردەكەوێت لەڕێگەی كاریگەری لە دەمارە وردەكان هەنگاو بە هەنگاو، پوختەی قسە: هەموو شتێكی سادە تەنھا لەڕێگەی هۆكارەكانەوە پەیوەست دەبێت بە شتی چڕەوە. بۆیە ئێمە دەڵێین: بوونی خوا بابەتێكی سەلمێنراوە، وە ئەوەی كە بەدیهێنەری هەموو شتێكە بابەتێكە مشتومڕ هەڵناگرێت، لێرەوە دەبێت دانبنێین بەوەدا كە پەیوەندی لەگەڵ شتەكاندا لەڕێگەی هۆكارە گەیەنەرەكانەوە بەئەنجام دەگات، وە بەو هۆكارە گەیەنەرانە دەڵێین فریشتەكان. بەڵام ئەو كەسەی باوەڕی بەبوونی خوای گەورە نیە یان ڕەتیدەكاتەوە كە ئەو زاتە بڵندە بەدیهێنەری هەموو شتێك بێت؛ ئەوا باسی فریشتەكانی بۆ ناكەین بەڵكو سەرەتا قایلی دەكەین بەوەی خوای گەورە بوونی هەیە و بەدیهێنەری جیھانە، پاشان ئەگەر باوەڕی هێنا بەمە ئەوا چاری نیە دەبێت دانبنێت بەوەدا كە كۆمەڵێك دروستكراو هەن هۆكاری گەیەنەرن لەنێوان خوا و شتە ماددیەكاندا _ئەگەر چاو بگێڕێت بە یاسای سروشت و ڕێساكانی گەردووندا_ وە ئەم بابەتە لەڕووی زانستەوە سەلمێنراوە و دووپات كراوەتەوە؛ چونكە یەكێك لە ڕاستیە زانستیەكان ئەوەیە هەموو شتێك كۆمەڵێك هۆكاری هەیە، وە هۆكاری سادە كار لەو هۆكارەی تر دەكات كە لەخۆی چڕترە، ئەمیش بە ڕۆڵی خۆی كاریگەری دادەنێت لەسەر ئەو هۆكارەی كە ڕێژەی چڕیەكەی لەخۆی زۆرترە و هتد. ئێمە داندەنێین بەوەدا كە ئەو تایبەتمەندیەی لە درەختی “كینا”دا هەیە لە ئەنجامی كۆمەڵێك هۆكاری ترەوە پەیدا بووە، وه درەختی كینا پێكھاتووە لە كۆمەڵێك گەردیلەی زۆری هەمەڕەنگ، وە هیچ شتێك خاڵی نیە له پێكەوەنان و كۆكردنەوە، هەموو شتەكان ئاوێتە و كۆكراوەن، وە لە درەختی “كینا”دا ڕەگەزێكی دیاریكراوی شاراوە هەیە كە دژی تا كاردەكات، بەڵام ئەم كارەی دەگەڕێتەوە بۆ هەندێ هۆكاری نادیاری تر، وە ئەم هۆكارانە بە فریشتەكان كۆتاییان پێ دێت، ئەوانیش لەلایەن خواوە ڕاستەوخۆ لێشاوی نووری خوایی وەردەگرن؛ چونكە ئەو بەدیهێنەری ڕاستەقینەیه، ئەگەر دان بەمەدا نەنرێت، وە بوترێت هەموو شتێك تایبەتمەندی خۆیی هەیە؛ ئەوا ئەم باوەڕە ئاراستەمان دەكات بۆ نكوڵیكردن لەوەی خوای گەورە بەدیهێنەری شتەكان بێت، بەڵام ئەگەر كەسێك دانینا بەوەدا كە خوا بەدیهێنەری شتەكانە؛ ئەوا چاری نامێنێت و دەبێت دانبنێت بەوەشدا كە خوای گەورە تایبەتمەندیەكانی داناوە لە شتەكاندا. وە سەرنجدان لەوەی كە خاسیەت و تایبەتمەندی شتەكان دەگەڕێتەوە بۆ كۆمەڵێك هۆكاری نادیار ئاراستەمان دەكات بۆ ئەو باوەڕەی كە فەرمانی خوا دەگات بەو تایبەتمەندیانە لەڕێگەی ئەو كۆمەڵە هۆكارە نادیارەوە، وە كۆتایی ئەو هۆكارانەیش بریتیە لە فریشتە.
هاندانە (اللَّمَّة) گەشەسەندووەكانی فریشتە
ئێستا بۆتان ڕووندەكەمەوە هاندانی فریشتەیی گەشەدەكات هەتا دەگاتە شوێنێك تێیدا دابەش دەبێت بۆ دوو جووڵە، ڕەنگە هەندێكتان مانای (اللَّمَّة) نەزانن. لەبەرئەوە ئێستا بۆتان شیدەكەمەوە و دەڵێم “اللَّمَّة” بەمانای جووڵاندن و هاندان دێت. وە مانای گەشەكردنەكەی ئەوەیە كه جووڵاندن و هاندانەكانی فریشتە شیانی زۆربوون و پەرەسەندنیان هەیە، تەنانەت لە یەك هاندەرەوە كۆمەڵێكی زۆر هاندەر جیادەبێتەوە؛ چونكە كاتێك مرۆڤ وەڵامی جووڵاندن و هاندانەكانی فریشتە دەداتەوە و بە بەردەوامی جێبەجێیان دەكات پاش ماوەیەك دەگاتە مەقامێك تێیدا خوای گەورە دەیبینێت گونجاوە بۆ كۆمەڵێك هاندانی زیاتر، بۆیە تواناكەی گەشەپێدەدات بۆ وەرگرتنی هاندانە فریشتەییەكان، ئینجا دوو فریشتە ئەم هاندانانەی تێدا دەوروژێنن، وە دەبن بە دوو پاسەوان بۆی پاشان دەبن بە سێ فریشتە، بەمەش ژمارەیان زیاتر دەبێت. ئێمە لە ڕێساكانی گەردوون و یاساكانی سروشتدا تێبینی ئەمە دەكەین، بۆیە هەركەسێك بەشێوازێكی شایستە و گونجاو شتێك بەكاربھێنێت؛ ئەوا دەرحەق بەو شتە تواناكانی گەشەدەكەن، بۆ نموونە ئەوانەی سەرقاڵن بە وەرگرتنی زانیاریەوە زانستی نوێیان بۆ ئاشكرا دەبێت، خوای گەورە ئەم بنەمایەی باسكردووە و دەفەرموێت: ﴿وَالَّذِينَ جَاهَدُوا فِينَا لَنَهْدِيَنَّهُمْ سُبُلَنَا﴾ (العنكبوت: 70)
واتە ئەو كەسانەی لەسەر ڕێگای ئێمە دەڕۆن و هەوڵی نزیكبوونەوە دەدەین لێمان ئەوا ئێمە كۆمەڵێك ڕێگای تری نزیكبوونەوە ئاشكرا دەكەین بۆیان، واتە كاتێك كردەوەیەكی چاك ئەنجام دەدەن زانیارییان دەستدەكەوێت لەسەر كۆمەڵێك چاكەی نوێ و ئەو چاكانەیش ئەنجام دەدەن. كەواتە ئەو كەسانەی لە ڕێگەی گەيشتن بەخوای گەورەدا تێدەكۆشن زانیاری پەیدا دەكەن لەسەر كۆمەڵێك چاكە كە پێشتر بەخەیاڵیاندا نەھاتووە، وە لە قورئانی پیرۆزەوە ئەم بنەمایە دەسەلمێنم، خوای گەورە لەم بارەیەوە دەفەرموێت: ﴿إِنْ كُلُّ نَفْسٍ لَمَّا عَلَيْهَا حَافِظٌ﴾ (الطارق: 5)
واتە هەموو مرۆڤێك سپێردراوە بە فریشتەیەك كە دەیپارێزێت و هاندانەكانی شەیتان دوور دەخاتەوە لێی و هانی دەدات بۆ ئەنجامدانی كاری چاكە، وە لە ئایەتێكی ترەوە ئەو مانایە هەڵدەگۆزرێت كە كاتێك مرۆڤ وەڵامی هاندانی ئەو فریشتەیە دەداتەوە دەگاتە مەقامێك خوای گەورە دەفەرموێت پێویستە بەتەواوەتی شەیتان دووربكەوێتەوە لێی، بۆیە بەتەواوەتی پارێزراو دەبێت، ئەمەش بە دامەزراندنی كۆمەڵێك پاسەوان لەسەر هەموو ڕێگاكان كە دەكرێت شەیتان لێیانەوە دزە بكات بۆناو دڵی مرۆڤ وەك چاو و لووت و گوێچكە و زمان و ڕێگاكانی تر كە شەیتان بەكاریاندەھێنێت بۆ ئەوەی كار لەدڵی مرۆڤ بكات. وه كاتێك مرۆڤ بەردەوام دەبێت لەسەر جێبەجێكردنی هاندانە چاكەكان، خوای گەورە ژمارەیەكی زۆرتر لە فریشتەكان دابین دەكات بۆ پارێزگاری كردن لێی، ئەوانیش لەبەردەم ئەو دەرگایانەدا دادەنیشن كە شەیتان لێیانەوە دەچێتە ژوورەوە بۆ دڵی مرۆڤ بۆ ئەوەی كاری لێ بكات، وە ناهێڵن شەیتان دزە بكاتەناو دڵیەوە.
پێش ئەوە یەك فریشتە دیاری دەكرێت بۆ چاودێری و پاسەوانی هەموو دەرگاكان تاكو شەیتان لێیانەوە نەچێتە ژوورەوە، پاشان وردە وردە هەر دەرچە و كەلێنێك بەتەنھا دەسپێردرێت بە فریشتەیەك؛ خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿لَهُ مُعَقِّبَاتٌ مِنْ بَيْنِ يَدَيْهِ وَمِنْ خَلْفِهِ يَحْفَظُونَهُ مِنْ أَمْرِ اللَّهِ﴾ (الرعد: 12)
ڕاڤەكاران بەهەڵە لەم ئایەتە تێگەيشتوون و وای دادەنێن كە هەموو خەڵكی دەگرێتەوە، بەڵام من پێموایە ئەم ئایەتە تایبەتە بە پێغەمبەر (ﷺ) بەتەنھا، وە ڕاناوی ﴿لَهُ﴾ دەگەڕێتەوە بۆ پێغەمبەر (ﷺ)، خوای گەورە دەفەرموێت: ئەم بەندەیەمان لەپێشیەوە و لەدوایەوە ژمارەیەكی زۆر چاودێر هەیه دەیپارێزن، بۆیە هیچ پاڵنەرێكی شەیتان كاری لێ ناكات، وە هەموو پاڵنەڕێكی شەیتانی لەدەرەوەی ئەو ڕادەوەستێت و هەرگیز پێی ناگات.
لێرەوە زانیمان هەموو كەسێك سپێردراوە بە فریشتەیەكی تایبەت بەخۆی، بەڵام دۆستان و نزیكانی خوا سپێردراون بە كۆمەڵێكی زۆر لە فریشتە. وە سەلماندنی ئەم بابەتە لە مەقامێكی تردا بوونی هەیە؛ بۆیە كاتێك مرۆڤ سەردەكەوێت بە پلیكانەی بڵندبوونەوەدا دەگاتە پلەیەك تێیدا هەموو دەرچە و كەلێنەكانی جەستەی دەسپێردرێت بە فریشتەیەكی تایبەت. ئەوەتا خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَالْمَلَائِكَةُ يَدْخُلُونَ عَلَيْهِمْ مِنْ كُلِّ بَابٍ * سَلَامٌ عَلَيْكُمْ بِمَا صَبَرْتُمْ فَنِعْمَ عُقْبَى الدَّارِ﴾ (الرعد: 24_25)
واتە كاتێ ئەو خەڵكە دوای مردن دەچنە بەهەشتەوە، فریشتەكان لەهەموو دەرگایەكەوە دێنە ژوورەوە بۆ لایان و سڵاویان لێ دەكەن و پێیان دەڵێن: سڵاوتان لێ بێت؛ چونكە خۆڕاگربوون. ئەم ئایەتە مانای ئەوە نیە ژمارەیەك فریشتە لە كۆمەڵێك دەرگای جیاوازەوە بچنە ژوورەوە بۆ لایان و سڵاویان لێ بكەن. چونكە كۆمەڵێك فریشتە دەتوانن لە یەك دەرگاوە بچنە ژوورەوە، وە ئەگەر بوترێت بەهۆی ئەوەی كە زۆر قەرەباڵغە فریشتەكان لە كۆمەڵێك دەرگاوە دەچنە ژوورەوە، ئەوا دەڵێم: بەڵام ئەگەر ئەوان لەیەك دەرگاوە یان لە چەندین دەرگای جیاوازەوە بچنە ژوورەوە؛ ئەوا پێویستی بەم ڕاگەیاندنە نەدەكرد. لەڕاستیدا فریشتەی هەر دەرگایەك _یان كەلێنێك كە دەكرێت خراپە لێیەوە بچێتە ژوورەوە بۆ ناو جەستەی مرۆڤ_ لەڕۆژی قیامەتدا دێت بۆلای مرۆڤەكە و پیرۆزبایی لێ دەكات و دەڵێت: بێگومان ڕزگارت بوو. لەبەرئەوەی مرۆڤەكە و فریشتەكە بەردەوام بەیەكەوە بەرەنگاری شەیتان بوونەتەوە، بۆیە لەو ڕۆژەدا هەردووكیان بەیەكەوە ئاسوودە و دڵخۆش دەبن، دیارە فریشتەی هەر كەلێن و دەرچەیەك دەچێتە ژوورەوە بۆلای و سڵاوی لێ دەكات.
بەڵام سەبارەت بە ڕاستی زۆری ژمارەی دەرگاكان یان نەبوونی ئەو ژمارەیە ئەوە بابەتێكی ڕوونە، هەموو مرۆڤێك دەزانێت كاریگەریە دەرەكیەكان چەندین هۆكاریان هەیە؛ جاروبار مرۆڤ چاودەبڕێتە پارەیەكی دیاریكراو ئینجا لەدڵیدا چاوچنۆكی و خۆشەویستی پارە دروست دەبێت و لەناخەوە هاندەدرێت بۆ دزیكردن، ئەگەر چاوەكانی ئەو پارە نەبینێت؛ ئەوا دزیكرن بەخەیاڵیدا نایەت، وە جاروبار مرۆڤ گوێبیستی ئەوە دەبێت كە فڵانە كەس ماڵ و سامانی زۆرە، بۆیە لەدڵیدا بیرۆكەی دزیكردن دروست دەبێت، ئەگەر ئەو هەواڵە نەبیستێت ئەوا بیرناكاتەوە لە دزیكردن، وە هەروەها هەندێ بیرۆكە لە ئەنجامی بۆنكردن و دەستلێدانەوە دروست دەبن، وە هەندێكی تر لەڕێگەی تامكردنەوە دروست دەبێت، كەواتە پاڵنەری خراپە و چاكە لەڕێگەی ئەم ئامرازانەوە دروست دەبن، وە لەو ڕێگایانەوە شەیتان دەچێتەناو مرۆڤەوە. وە كاتێك هەریەك لەم ڕاڕەوانە بە فریشتەیەكی سەربەخۆی تایبەت دەسپێردرێت؛ ئەوا لە هۆكار و پاڵنەرە خراپەكان دەیپارێزێت و ناھێڵێت بچنە ناو مرۆڤەكەوە. ئەم فریشتە تایبەتە پارێزەرە جیایە لە فریشته پارێزەرە گشتیەكان. جیاوازیەكە ئەوەیە ئەو فریشتانەی خەڵكی گشتی دەپارێزن ڕێگریان لێدەكەن ملكەچ بكەن بۆ بیروباوەڕ و ئارەزووە خراپەكان، بەڵام ئەو فریشتانەی كە خەڵكی تایبەت دەپارێزن پاڵنەرە خراپەكان دەگۆڕن بۆ پاڵنەری چاك؛ بۆ نموونە كاتێك مرۆڤەكە دەبیستێت فڵانە كەس سەروەت و سامانێكی زۆری هەیە، سەرەڕای نەهاتنی بیرۆكەی دزیكردن بە مێشكیدا، لەناخی دڵیەوە دوعا دەكات خوای گەورە ماڵ و سامانی زیاتری پێ بدات و بەرەكەتی تێ بخات و یارمەتی بدات كە لە كاری خێر و چاكەدا خەرجی بكات. بەهەرحاڵ هەموو ئەو پاڵنەرانەی كە دەچنە ناویانەوە دەگۆڕێن بۆ پاڵنەری خێر و چاك، بەڵام لە پێغەمبەراندا ئەركی فریشتەكان تەنھا لەوەدا كورت نابێتەوە كە ڕێگری بكەن لە كاریگەری پاڵنەری خراپ یان گۆڕینی پاڵنەری خراپ بۆ چاك، بەڵكو لەدەرەوەیش كاریگەری دروستدەكەن بۆ ئەو پاڵنەر و هۆكارە چاكانەی لەدڵیاندا دروستدەبێت، بۆیە ئەو فریشتانە كاریگەری چاك دروست دەكەن كاتێك پێغەمبەر قسەدەكات بۆ كەسێك یان بۆی دەڕوانێت یان دەست دەدات لە شتێك، بەڵكو لە هەموو هەڵسان و دانیشتنێكیاندا كاریگەری چاك دروستدەكەن. پوختەی قسە، بەردەوام فریشتەكان كاریگەری باش دروست دەكەن لە بارودۆخەكانیاندا.
ڕەنگە كەسێك بڵێت: دروستبوونی بیرۆكەی دزیكردن لەدڵێ كەسێكدا لەكاتی بینینی ماڵ و سامانی كەسێكی تر لەناخی كەسەكەوە دروست دەبێت نەك لەدەرەوە؛ ئیتر چۆن دەكرێت فریشتە بیپارێزێت؟ بێگومان ئەم قسەیە هەڵەیە؛ چونكە بیرۆكەی دزیكردن لە بزوێنەرێكی دەرەكیەوە پەیدا دەبێت. وە ئاشكرایە بیروباوەڕی مرۆڤ كاریگەری هەیە لەسەر ئەو كەسانەی كە لەگەڵیاندا هەڵسوكەوت دەكات، بەمەش مرۆڤ گاریگەر دەبێت بە بیرۆكە خراپەكانی كەسانی تر، وە ئەمە بە دەستلێدان و بەركەوتن و ئاخاوتن و كۆبوونەوە و تێكەڵاوبوون ڕوودەدات. لەڕووی زانستیەوە ئەمە ساغ بووەتەوە، ئەوەتا زانستێك هەیە بەناوی (علم التخاطر، زانستی بەیەكگەيشتنی بیرۆكە و هەستەكان)، وە لە پیادەكردنی ئەم زانستەدا بۆ نموونە كەسێك خەوتنی كەسێكی تر لەناخیدا دەشارێتەوە، وە ئەمە لە دەروونیدا جێگیردەكات و لەدڵی خۆیدا دەیڵێتەوە: نوست، نوست.. وە كاتێك ئەم خەیاڵە لەمێشكیدا بەهێز دەكات دەبینێت كەسەكەی تر لەڕاستیدا خەوی لێ كەوتووە. وە خاوەنی ئەم زانسته پەرە بە ڕاھێنانەكانی دەدات هەتا دەگاتە پلەیەك كە ئەگەر لەناخی خۆیدا ئەوە بشارێتەوە كە كەسێك وەكو تەختە ڕەق ببێت؛ ئەوا ئەو كەسە ڕەق دەبێت، وە ئەگەر لەسەرزەوی ئەو كەسەمان دانا بەجۆرێك هیچ پاڵپشتێك لەژێر پشتیدا نەبێت، پاشان قورساییەكمان خستە سەری؛ ئەوا پشتی ناچەمێتەوە. هەروەھا ئەگەر لەدەروونیدا ئەو خەیاڵە بشارێتەوە كە فلانەكەس دەبێت بە پشیلە یان سەگ؛ ئەوا ئەو كەسە دەستدەكات بە میاواندن یان بە وەڕین؛ كەواتە یەكێك لە ڕاستیەكان ئەوەیە بیرۆكەكانی مرۆڤ كار لە هاوەڵەكەی دەكەن، وە ئێمە تێبینی ئەوە دەكەین لەجیھاندا كەسانێكی وا هەن كاریگەری خراپ و نەڕێنی دەكەن لەخەڵكانی شارەكەیان یان گوندەكەیان، وە هەریەكێك لەوان دەتوانن تێبینی ئەوە بكەن چۆن بیرۆكەكانی یەكێكیان بەخراپ كار لە كەسانی تر دەكات. وە ئەم كاریگەریە منداڵانیش دەگرێتەوە، تێبینی كراوە كاتێك دەستدەخەینە سەر چاوی مناڵێك و شتێكی لێ دەشارینەوە، پاشان داوای لێ دەكەین بەشوێنیدا بگەڕێت و چاوەڕێی ئەوە دەكەین كە بڕوات بۆ ئەو شوێنەی شتەكەمان تێدا شاردووەتەوە؛ ئەوا ئەویش دەچێت بۆ ئەو شوێنە و شتە شاراوەكە دەدۆزێتەوە.
جارێكیان قوتابیەك لە سیخەكان لە كۆلێژی حكومی كەسێك دەنێرێت بۆ لای مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) _قوتابیەكە دڵسۆزی بەڕێزی (عليه السلام) بووە_ بۆ ئەوەی پێی بڵێت: من لە ڕابردوودا باوەڕم بەخوای گەورە هەبوو، بەڵام ئێستا گومان و دوودڵی دزەی كردووەتە ناودڵم دەربارەی ئەم باوەڕە. مەسیحی بەڵێندراویش (عليه السلام) وەڵامی دەداتەوە كە شوێنی دانیشتنەكەی لە پۆلدا بگۆڕێت، ئەویش ئەو كارەی كرد. پاشان دوای ماوەیەك ئەم پەیامەی نارد بۆ مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام): گومان یان دوودڵی لەناخمدا نەماوەتەوە. كاتێك ئەم دەنگوباسەیان گێڕایەوە بۆ بەڕێزی (عليه السلام)، فەرمووی: كەسێكی بێباوەڕ كە لەتەنیشتی دادەنیشت كاری لێ كردبوو، ئەوە بوو كاتێك شوێنی دانیشتنەكەی گۆڕی كاریگەریەكە پچڕا و گومانەكان سڕانەوە، كەواتە پیاوی خراپ و چاك گاریگەریان هەیە لەسەر ئەو كەسانەی كە لەگەڵیاندا هەڵسوكەوت دەكەن و دادەنیشن بەبێ ئەوەی هیچ یەكێكیان قسە لەزاری بێتە دەرەوە، وە بەبێ ئەوەی ئەو كەسانەی كە هەڵسوكەوت دەكەن لەگەڵیاندا هەستی پێ بكەن. بۆیە كاتێك مرۆڤ دەگاتە كۆڕ و مەجلیسێك كە خەڵكانێكی تێدایە خاوەنی بیرۆكەی هەمە جۆرن، بەبێ ئەوەی هەستی پێ بكات گاریگەر دەبێت پێیان.
وە كاتێك فریشتەكان لەبەردەم هەر دەرگایەكدا دەوەستن _واتە دەرگاكانی لەشی مرۆڤەكە_ وەك دەرگای دەست و دەرگای لووت و دەرگای گوێچكە و دەرگای ڕوخسار و دەرگای چاو و دەرگاكانی تر؛ ئەوا هیچ كەسێك ناتوانێت كاریگەری خراپ لەسەر ئەو مرۆڤە دابنێت، وە ئەویش تەنھا كاریگەری چاكە دادەنێت لەسەر كەسانی تر. پێغەمبەر (ﷺ) لەگەڵ ئەوەی پاك و خاوێن بووە، كاتێك دەچووە هەر مەجلیسێكەوە حەفتا جار “أستغفر الله”ی دەكرد، ئەمە بۆ ئەوەی كە موسوڵمانان فێربكات چاوی لێ بكەن بۆ ئەوەی لە خراپەی مەجلیس و دانیشتنەكان پارێزراو بن.
كەواتە كاریگەری بیرۆكەكان ڕاستیەكی جێگیرە و بابەتێكی سەلمێنراوە، وە ئەو خەڵكانەی زیاتر چاك و خۆپارێزن هەموو دەرگاكانیان _كە بكرێت كاریگەری بیرۆكە خراپەكان لێیانەوە دزەبكەن_ سپێردراوە بەو فریشتانەی كە دەیانپارێزن لە كاریگەریە خراپەكان.
مەبەست لە شەیتان چیه؟
ئێستا پێتان ڕادەگەیەنم كە شەریعەت وەسفی بیروباوەڕە خراپە كەسیەكانی مرۆڤی كردووە بە بیروباوەڕی شەیتانی، وە لەم قسەیەدا مەبەستم ئەوە نیە شەیتان قەوارەیەكی نەبێت؛ چونكە باوەڕم وایە كه لەڕاستیدا هەموو هاندەرێك بۆ خێر و چاكە لە ناخی مرۆڤدا لەدایك دەبێت لەگەڵ ئەوەی من باوەڕم بە بوونی فریشتەكان و كاریگەریەكانیان هەیە.
مەبەستم لەم قسەیەم ئەوەیە لەڕێگەی شەریعەتەوە ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە وەسفی داڵغە و بیرۆكەكانی مرۆڤی كردووە بە داڵغە و بیرۆكەی شەیتانی؛ ئەمەش چونكە كاتێك هەر خراپەیەك دێت بە خەیاڵی هەركەسێكتاندا ئەوا شەیتان كار لەو كەسە دەكات و بیرۆكە خراپەكەی پەرەپێ دەدات.
لە فەرموودەكاندا ئەوە دەخوێنینەوە كە پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەفەرموێت دەستنوێژ شەیتانێكی هەیە بە ناوی (وەلەهان) ئەركەكەی ئەوەیە مرۆڤ وەها لێدەكات لەكاتی دەستنوێژدا زیادەڕەوی بكات لە بەكارھێنانی ئاودا (الترمذي، أبواب الطھارة، باب كراهیة الإسراف في الوضوء)، مەبەست لە فەرموودەكەی پێغەمبەر (ﷺ) ئەوە نیە كە لەڕاستیدا شەیتانێك هەیە بۆ دەستنوێژ، بەڵكو ئەو خەیاڵەی ناوناوە شەیتان كە بەمێشكی مرۆڤەكەدا هاتووە؛ چونكە لەڕاستیدا ئەرك و فەرمانی شەیتان ئەوەیە كە مرۆڤ دووربخاتەوە لە خوای گەورە، وە هیچ پەیوەندیەكی بە ئاوەوە نیە، وە “وەلەهان” بەكەسێك دەگوترێت یەك بیرۆكە باڵدەكێشێت بەسەر دڵیدا كە بەردەوام سەرقاڵی دەكات. پێغەمبەر (ﷺ) بە ناوی “الوَلَهان” گوزارشتی كردووە لەم دۆخه. وە ئەم دۆخە لەدەستدانی بیروهۆش بەدوای خۆیدا دەھێنێت، وە لەجیاتی ئەوەی لەكاتی دەستنوێژدا ئەو كەسە بیر لە نوێژ بكاتەوە لە بیرۆكەكانی خۆیدا نوقم دەبێت و بەهۆی سەرقاڵبوونیەوە ئاوێكی زۆر بەفیڕۆ دەدات، لەڕاستیدا شەیتان فەرمانی ئەم كارەی پێ ناكات؛ چونكە زۆر بەكارهێنان یان كەم بەكارھێنانی ئاو لەدەرەوەی دەسەڵات و شارەزایی شەیتاندایە.
هەروەها پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرموێت نوێژ شەیتانێكی هەیە كە بیری مرۆڤ لە نوێژدا پەرتەوازە دەكات. جارێكیان پیاوێك سكاڵادەكات لای پێغەمبەر (ﷺ) كە كاتێك هەڵدەستێت بۆ نوێژكردن، كۆمەڵێك بیرۆكەی جیاواز لەمێشكیدا دێن و دەچن و سەرقاڵی دەكەن، ئەویش (ﷺ) دەفەرموێت: ئەمە شەیتانێكە ناوی خەنزەبە (مسلم، كتاب السلام، باب التعوذ من شیطان الوسوسة في الصلاة). دیارە پێمان ڕادەگەیەنێت شەیتانی نوێژ ناوی خەنزەبە. وە ئەم وشەیە پێكھاتووە لە “خنا” واتە نەهامەتیەكانی ڕۆژگار، وە “أزیب” مانای كارەسات دەگەیەنێت، واتە كارەسات و نەهامەتیەكان. پێغەمبەر (ﷺ) ڕایگەیاندووە پێمان كە كارەسات و نەهامەتیەكانی ڕۆژگار بیروهۆشی مرۆڤ كێش دەكەن بۆلای خۆیان و سەرقاڵی دەكەن، ئەگەر مرۆڤ بتوانێت بەپێی توانا خۆی كەنارگیر بكات لە كاروبارەكانی دنیا؛ ئەوا دەتوانێت خۆی لەم دۆخە بپارێزێت و نەكەوێتە ناویەوە. بەكورتی، ئەو بیرۆكە خراپانەیش كە لەدڵدا دروست دەبن پێیان دەوترێت شەیتان.
هاندانی فریشتەیی و هاندانی شەیتانی بەهۆی دۆخی دەروونی مرۆڤەوە دروست دەبن
ئێستایش پێتان ڕادەگەیەنم كە پاڵنەر، چاكبێت یان خراپ، لەلایەن فریشتە یان شەیتانەوە نیە بەڵكو لەناخی مرۆڤدا دروست دەبێت، بەپشت بەستن بەم فەرموودەیەی پێغەمبەر (ﷺ) ئەم قسەیە دەكەم، فەرموودەكەیش ئەمەیە: “كل مولود یولد علی فطرة” (البخاري)، واتە هەموو مرۆڤێك لەسەر سروشتی پاك لەدایك دەبێت. لەمەوە ئەو مانایە هەڵدەگۆزین كە هەموو مرۆڤێك بەسروشتی خۆی ڕاهاتووە لەسەر ئەنجامدانی كاری چاكە، پاشان بەگوێرەی هەلومەرجە كۆمەڵایەتی و مەجلیسە تایبەتیەكانیەوە بیرۆكەی جیاواز دروست دەبێت لەلای. ئەگەر ئەو بیرۆكانە باش بن ئەوا فریشتەكان پەرەیان پێدەدەن و بەهێزیان دەكەن، وە ئەگەر خراپ بن ئەوا شەیتان دێت بۆ پشتگیریكردنیان وەك پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرموێت: “من كان له من قلبه واعظ كان علیه من الله حافظ” (إحیاء علوم الدین للإمام الغزالي، كتاب شرح عجائب القلب). واتە ئەو كەسەی بیرۆكەی باش لەدڵیدا دروست دەبێت خوای گەورە فریشتەیەك ڕادەسپێرێت كە بیپارێزێت. بەهەمان شێوە ئەو كەسەی پاڵنەری خراپ لەدڵیدا دروست بێت شەیتان زاڵ دەبێت بەسەریدا.
لێرەوە ئەو مانایە هەڵدەگۆزین كه لەسەرەتاوە چاكە و خراپە لەدڵی مرۆڤدا دروست دەبن ئەگەرچی هاندەرەكانیان دەرەكیە. پاشان فریشتە هاندەری چاكە گەشەپێدەدات، وە ئەگەر هاندەرەكە خراپ بێت؛ ئەوا شەیتان پەیوەست دەبێت بە خاوەنی ئەو هاندەرە خراپەوە. ئەگەر ئەم هاندان و بزواندنە دەرەكی بوایە و هیچ پەیوەندیەكی بەدڵەوە نەبوایە و مرۆڤ ئازاد نەبوایە لە قەبوڵ كردن و ڕەتكردنەوەیدا؛ ئەوا مرۆڤ بە ناچار و زۆرلێكراو لەقەڵەم دەدرا. بەڵام واقیع بەم شێوەیە نیە، بەڵكو پەیوەندی مرۆڤ بە فریشتەوە لەكاتی قەبوڵكردنی بیرۆكەی باشدا دروست دەبێت، وە پەیوەندی مرۆڤ بە شەیتانەوە كاتێك دروست دەبێت كە ئەو مرۆڤە بیرۆكەی خراپ قەبوڵ بكات، وەك ئەم پەندە كە دەڵێت: “تەیری گول عاشق بەداری ژەقنەمووتە”.
بۆیە پێویستە ئەم بابەتە بەهەند وەربگرین سەبارەت بەم دوو پاڵنەرە. زۆرێك لە خەڵكی دەربارەی چۆنێتی گەیشتن بە پلە ڕۆحیە بەرزەكان پرسیار دەكەن؟ لەوەڵامی ئەو كەسانەدا دەڵێم ڕێگەی بەرەوباڵاچوونی ڕۆحی لەوەدا خۆی دەنوێنێت كە مرۆڤ بەردەوام بچێتە قووڵایی ناخی خۆی بۆ ئەوەی بزانێت بارودۆخی چۆنە. بڵندبوونەوەی ڕۆحی مانای ئەوەیە مرۆڤ چاوببڕێتە پلە باڵاكان، وە ڕێگەی بەرەوباڵاچوون ئەوەیە مرۆڤ بارودۆخی خۆی بخاتە پێش چاو و بزانێت ئایا ئەو بیرۆكەیەی لەدڵیدا دروست دەبێت چاكە یان خراپە. ئەگەر تای بیرۆكە چاكەكان قورستر بوو؛ ئەوا با بزانێت فریشتەكان یارمەتی دەدەن بۆ گرتنەبەری ڕێگای بەرەوخواچوون. بۆیە لەجیاتی ئەوەی مرۆڤ سەیر بكات چەندە نوێژەكانی و ڕۆژووەكەی ڕێكوپێكن و چەندە كۆمەكی پێشكەش كردووه و ماڵی بەخشیوە، پێویستە لەسەری بكۆڵێتەوە لەو پاڵنەرانەی كە لەدڵیدا دروست دەبێت. ئایا دڵی فەرمانی پێدەكات كە زیاتر نوێژ و ڕۆژوو و كردەوەچاكەكان ئەنجام بدات یان نا، ئەگەر دڵی بە پێداگریەوە هانینەدا بۆ ئەمە؛ ئەوا با بزانێت ئەو كارەی ئەنجامی دەدات تەنھا هەوڵێكی سەرەتاییە یان خوونەریتە یان ڕووپاییە و لەپێناوی خوای گەورەدا نیە. لەم دۆخەدا ئەگەر نەك پێنج نوێژ دە نوێژیش ئەنجام بدات، واتە لەدوای هەموو نوێژێكی فەرز هەندێ سوننەتیش بكات، وە دڵی حەزی لێ نەكات؛ ئەوا با بزانێت هێشتا نەگەيشتووەتە پلەیەك كە ئامادەی بكات بۆ ئەوەی پەیوەندی هەبێت بە فریشتەكانەوە، بەڵكو ڕەنگە دوای هەوڵە سەرەتاییەكە هیچ هەنگاوێكی هەڵنەگرتبێت، بەڵكو دەروونی ئاراستەی دەكات بۆ نوێژكردن وەك لاساییكردنەوە یان خوونەریت یان ڕیا. بەڵام ئەگەر پاڵنەری چاك لەدڵیدا دروست بێت، ئەگەرچی سەركەوتوو نەبێت بۆ قەبوڵكردن و وەڵامدانەوەیان؛ ئەوا با بزانێت كە فریشتەكان ڕوویان تێ كردووە بۆ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵدا دروست بكەن. كەواتە دۆخی ڕۆحی خۆتان بە نوێژ و ڕۆژووەكەتان پێوانە مەكەن، بەڵكو بۆ ئەو بیرۆكانە بڕوانن كە لەدڵتاندا دروست دەبێت و سەیری ئەو نیازانە بكەن كە بەناختاندا دێن و دەچن. بۆیە ئەو نەتەوانەی كە دڵی خۆیان دادەخەن درەنگ یان زوو شكست دەھێنن هەرچەند لە ڕواڵەتدا بەھێز بن. بۆ نموونە بڕوانن بۆ ڕووسیا، حكومەتەكەی چەندە مەزنە! بەڵام مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێشبینی ڕوخانی كردووە، هەڵبەت دڵیان خراپ بووە و خەریكە دەسەڵاتەكەیان دەڕوخێت، هەرچەندە كەمێك پێش ئەوەی بەئاشكرا گەندەڵی و خراپەكاری ڕووبدات، بە حكومەتێكی بە دەسەڵات و تۆكمە لەقەڵەم دەدرا. كەواتە پێویستە مرۆڤ پێشكەوتنی خۆی لە چاكە و پارێزكاریدا بە نوێژ و زەكات و ڕۆژووەكەی پێوانە نەكات، بەڵكو پێویستە لەسەری لەسەر بنەمای ئەو شتەی لەدڵیدایە بڕیاربدات كە چاكە و پارێزكاریەكەی لە چ ئاستێكدایە، وە پێویستە پلەی خۆی لە مەیدانی چاكە و پارێزكاریدا بەو شتە تاقیبكاتەوە كە بەدڵیدا ڕادەبورێت. جا ئەگەر پاڵنەرەكانی خێر و چاكەخوازی لەدڵیدا لە گەشە و زۆربووندا بوون؛ ئەوا با بزانێت كە پەیوەندی فریشتەكان لەگەڵیدا تۆكمە و بەهێزە، تەنانەت ئەگەر نەتوانێت وازبھێنێت لە هەموو تاوانەكان و هێشتا هەندێ تاوان ئەنجام بدات. لەلایەكی ترەوە ئەگەر هۆكارەكانی خراپە لەدڵیدا لە زۆربووندا بوون؛ ئەوا با بزانێت كە پەیوەندی لەگەڵ شەیتاندا ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر دەبێت، ئەگەرچی ئەو كارەی ئەنجامی دەدات جوان و چاكیش بێت. كەواتە زۆری نوێژ و ڕۆژوو بەتەنھا نیشانەی باوەڕ نیە؛ پێویستە بڕوانن بۆ دڵەكانتان، وە پێویسته لەسەرتان سەیری ناوەوەی كردەوەكانتان بكەن.
شێوازی بەراوردكردن لەنێوان هاندانی فریشتە و هاندانی شەیتاندا
ئێستا پێوەرێكی ڕوونتان پێدەڵێم كە بەگوێرەی ئەوە دەتوانن ڕێژەی دەستوەردانی فریشتە یان شەیتان بزانن لەو پاڵنەرانەی كە لەدڵتانەوە دەردەچێت.
پێشتر ڕوونمكردەوە بۆتان لە بنچینەدا هاندەرەكان _خراپ یان چاك_ لەلایەن خۆتانەوە سەرچاوەدەگرن، وە فریشتە یان شەیتان هیچ پەیوەندیەكیان بە دروست بوونی ئەو هاندەرانەوە نیە، لەبەرئەوە ناچارن تەماشای ناودڵی خۆتان بكەن بۆ ئەوەی بزانن لەگەڵ كێدا پەیوەندیتان پتەوە، فریشتە یان شەیتان.
1- ئەگەر سەرەتا لەدڵتاندا بیرۆكەی چاك دروست بوو ئینجا بیرۆكەی خراپ بەدوایدا هات؛ ئەوا بزانن كە پەیوەندی فریشتە لەگەڵتاندا بەهێزترە لە پەیوەندی شەیتان؛ چونكە فریشتە دەیەوێت پەیوەندی خۆی بەهێز بكات لەگەڵتاندا و شەیتان ئاستەنگ دادەنێت لەبەردەم ئەم پەیوەندیەدا. وە ئەگەر هەر كاتێك خراپە هات بەدڵتاندا؛ ئەوا تێبینی بكەن ئایا چاك بە دڵتاندا هات بوو یان نا، ئەگەر بینیتان چاكەكە پێش خراپەكە كەوتووە؛ ئەوا مانای ئەوەیە پەیوەندی فریشتە لەگەڵتاندا بەھێزترە لە پەیوەندی شەیتان. بۆیە كاتێك هەڵدەستن بۆ ئەنجامدانی نوێژ، پاشان تووشی گومان دوودڵی دەبن، لێرەدا ساغ دەبێتەوە كە پەیوەندیتان لەگەڵ فریشتەكاندا بەھێزترە؛ چونكە ئێوە هەوڵ دەدەن چاكەیەك بەدەست بھێنن و شەیتان هەوڵدەدات ئەو چاكەیە خراپ بكات و تێكی بدات.
2- ئەگەر هەستتان كرد بیرۆكەیەكی خراپ بەدڵتاندا بەخێرایی گوزەری كرد، پاشان لەگەڵیدا بیرۆكەیەكی چاكتان بۆ هات؛ بۆ نموونە ئەگەر كەسێك بیری لەوە كردەوە بە ڕووپایی بچێت بۆ مزگەوت، پاشان بیری كردەوە كە ئەگەر نوێژی كرد؛ ئەوا دەبێت تەنھا لەبەر خاتری خوا نوێژ بكات نە بەڕووپایی؛ ئەوا با بزانێت لەم دۆخەدا پەیوەندی فریشتەكان لەگەڵیدا بەهێز نیە، بەڵام بەتەواوەتی ئەم پەیوەندیەش نەپچڕاوە و فریشتەكان بەجێیان نەھێڵاوە، وە ئەگەر دەرفەتێكیان بۆ هەڵكەوت دێن بۆلای و ئاراستەی دەكەن بەرەو چاكە.
دیارە مرۆڤەكە تا ئەم ڕادەیە پاڕێزراوە؛ چونكە فریشتەكان هێشتا پەیوەندی خۆشەویستیان نەپچڕاندووە لەگەڵیدا. لە پلەی یەكەمدا فریشتەكان هەڵیدەكێشن بۆ سەرەوە و شەیتانیش كێشی دەكات بۆ خوارەوە، وە لەپلەی دووەمدا هەركاتێك لە لێواری نوقم بووندا بێت فریشتەكان پێیدەگەن بۆ ئەوەی ڕزگاری بكەن، تەنانەت لەم دۆخەدا پێویست بە نائومێدی ناكات؛ چونكە دەتوانێت پێشبكەوێت و بەرەو پلەی باڵا بچێت.
3- پلەی سێيەم زۆر مەترسیدارە و تێیدا مرۆڤ هەست بە دروستبوونی بیرۆكەی خراپ دەكات بەبێ ئەوەی لەگەڵیدا هەست بە بیرۆكەی چاك و خێر بكات، وە كات و سات و ڕۆژەكان تێپەڕدەبن بەبێ ئەوەی دڵ ڕاپەڕێت دژی ئەو بیرۆكە خراپانە. ئەگەر گەيشتنە ئەم پلەیە؛ ئەوا بزانن فریشتەكان بەتەواوەتی ئێوەیان بەجێهێشتووە و وازیان هێناوە لێتان و ئێستا بەتەواوەتی كەوتوونەتە داوی شەیتانەوە. ئەم سێ پلەیە بریتین لەو سێ پلەیەی كە تێیدا بیرۆكەی خێر یەكسان دەبێت لەگەڵ بیرۆكەی شەڕدا یان سەردەكەوێت بەسەریدا. وە پێویستە لەسەر مرۆڤ زۆر وریا بێت كاتی جێگیربوون لە یەكێك لەم سێ پلەیەدا. وە لەسەروو ئەم سێ پلەیەوە دوو پلەی تر هەن كە تێیدا مرۆڤ ڕووبەڕووی هاندانی فریشتە و هاندانی شەیتان دەبێتەوە، بەڵام تای هاندانی فریشتە قورسترە، دوو پلەكەیش بریتین لە:
یەكەم: بیرۆكەیەكی خێر دێت بەدڵی مرۆڤدا پاشان بەدوایدا بیرۆكەیەكی خراپ دێت، با مرۆڤەكە لەم دۆخەدا بزانێت _ئەگەرچی فریشتەكان بەدەوریدا ناسووڕێنەوە و پاسەوانی ناكەن_ كە پەیوەندیە بنچینیەكەی لەگەڵ فریشتەكاندایە، وە شەیتان تەنھا هەوڵ دەدات نەھێڵێت بەرەو پێش بچێت.
دووەم: لە دۆخی دووەمدا سەرەتا بیرۆكە باشەكان دروست دەبن پاشان بەدوایاندا بیرۆكە خراپەكان دێن، بەڵام ژمارەیان زۆر كەمە، یان هەندێ بیرۆكەی چاك بەدوای بیرۆكە خراپەكاندا دێن و ڕێگرییان لێ دەكەن، با خاوەنی ئەم دۆخە بزانێت كە پەیوەندی فریشتەكان لەگەڵیدا بەرەو پتەوی دەچێت و پەیوەندی شەیتانیش بەرەو لاوازی دەچێت، وە ڕەنگه دەرگایەگ لە دەرگاكان بە كراوەیی مابێتەوە بۆی تاكو لێیەوە هێرش بكات، وە كاتێك مرۆڤ زیاتر پێشدەكەوێت و ئەو قۆناغانە دەبڕێت، بەتەواوەتی خۆی بەهێز دەكات دژی پەلامارەكانی شەیتان. وە مرۆڤ لەڕێگەی ئەم ئاستانەوە دەتوانێت سەرەنجامی خۆی بزانێت كە ئایا بەرەو خێر دەڕوات یان بەرەو شەڕ.
ئێستایش خۆمان لەبەرامبەر پرسیارێكدا دەبینینەوە: كام هاندەر بەهێزە لە مرۆڤدا، هاندەری فریشتە یان شەیتان؟ وە كام دەرفەت زیاتر بۆ مرۆڤ هەڵدەكەوێت؛ ئەو ڕێگایانەی كە بەرەو چاكەی دەبەن یان ئەو ڕێگایانەی بەرەو خراپەی دەبەن؟ وە لێرەدا دەچین بۆ پرسیارێكی تر، ئایا خوای گەورە زیاتر ئامرازەكانی هیدایەتی دروستكردووە بۆ مرۆڤ یان ئامرازەكانی گومڕایی؟ سۆفیەكان لەم بوارەدا هەڵەیان كردووە، یاخود با بڵێین: هەڵەیەكی هونەری واتە زاراوەییان لێ دەركەوتووە نەك حەقیقی. ئەویش ئەوەیە كە ئەوان لە تێگەيشتنی مانا و ناوەڕۆكێكی تردا هەڵەیان كردووە؛ چونكە نزیكە هەموو سۆفیەكان لەسەر ئەوە كۆك بن كە فریشتە تەنها یەك دەرگای هەیە بۆ ئەوەی بچێتەناو مرۆڤەوە، لەكاتێكدا چەندین دەرگا هەیە كە شەیتان لێیانەوە دەچێتەناو قەوارەی مرۆڤەوە. بەڵام ئەمە هەڵەیە؛ چونكە یەكەمجار یاسای سروشت بەهەڵەی دەزانێت، دووەمجار قورئان. درێژەی ئەم بابەتەیش ئەوەیە ئێمە لە ڕێساكانی گەردوونەوە ئەوەمان وەرگرت كە كاریگەری دەرەكی دەبێتە هۆی دروستبوونی بیرۆكە لەناخی مرۆڤدا؛ بۆ نموونه بیرۆكەی دزیكردن لەدڵی مرۆڤدا دروست دەبێت كاتێك دەڕوانێت بۆ شتێك لە دەرەوە، بەهەمان شێوە بەگوێرەی ئەم پێوانەیە ئەوە هەڵدەگۆزین كە ئەو هۆكارانەی پاڵ بەمرۆڤەوە دەنێن بۆ بیرۆكەی خراپ هەمان ئەو هۆكارانەن كە تێیدا بیرۆكەی خێریش دروست دەكەن؛ جا ئەگەر ڕوانینی مرۆڤەكە پاڵی پێوە بنێت بۆ دزینی ماڵی فڵانە كەس؛ ئەوا ڕوانینەكەی لە جێگایەكی تردا _بۆ نموونە ڕوانینی بۆ هەژاران_ هانیدەدات بۆ ئەوەی یارمەتییان بدات.
بەهەمان شێوە ئەگەر بیستنی شتێك بیرۆكەیەكی خراپ لە مرۆڤدا دروست بكات، ئەوا بیستنی شتێكی تر كۆمەڵێك بیرۆكەی خێر و چاكە لە خەیاڵدانیدا دروست دەكات، هەستەوەرەكانی تریش وەك دەستلێدان و بۆنكردن و تامكردنیش هەمان دۆخیان هەیە. لێرەوە ڕوون دەبێتەوە كە دەكرێت هەموو شتێك بەخراپی یان بەچاكی بەكاربھێنرێت، لەبەرئەوە ئەو ئامرازانەی شەیتان بەكاریان دەھێنێت بۆ ئەوەی لێیانەوە بچێتەناو مرۆڤەوە هەمان ئەو ئامرازانەن كە لێیانەوە فریشتەكانیش دەچنە ژوورەوە و هانی مرۆڤ دەدەن بۆ ئەنجامدانی كردەوەی چاك.
بەڵام قورئانی پیرۆز ئەویش ئەو بیرۆكەیە پووچەڵ دەكاتەوە كە دەڵێت بۆ شەیتان چەندین ڕێگە هەیە بۆ گومڕاكردن و بۆ فریشتە یەك ڕێگە هەیە بۆ هیدایەتدان، هەڵبەت سۆفیەكان و ڕاڤەكاران بەم ئایەتە فریویان خواردووە:
﴿وَأَنَّ هَذَا صِرَاطِي مُسْتَقِيمًا فَاتَّبِعُوهُ وَلَا تَتَّبِعُوا السُّبُلَ فَتَفَرَّقَ بِكُمْ عَنْ سَبِيلِهِ﴾ (الأنعام: 154)
ئەوان لەم ئایەتەوە بەڵگەیان هێناوەتەوه لەسەر ئەوەی كە بۆ گەيشتن بەخوا یەك ڕێگە هەیە، لەكاتێكدا شەیتان چەندین ڕێگەی هەیە بۆ گومڕاكردنی مرۆڤ. ئەوان بە هەڵە لە مەبەستی ئەم ئایەتە تێگەیشتن، ئەوەتا ئایەتێكی تر هەیە دەفەرموێت: ﴿وَالَّذِينَ جَاهَدُوا فِينَا لَنَهْدِيَنَّهُمْ سُبُلَنَا﴾ (العنكبوت: 70)
لێرەدا دەردەكەوێت بۆ گەيشتن بە بەهەشت و بەدەستهێنانی چاكە چەندین ڕێگە هەیە. وەڵامی دووەم ئەوەیە مەبەست لە یەك ڕێگە و كۆمەڵێك ڕێگەی جیاواز كە لەم دوو ئایەتەدا باسكرا ئەوەیە كە بۆ گەيشتن بەخوای گەورە پێویست بە شوێنكەوتنی ئایینە هەمە جۆرەكان ناكات. وە ئیسلام بەتەنھا ئایینێكە مرۆڤ دەتوانێت لەڕێگەی باوەڕپێھێنانیەوە بگاتە خوا. بەڵام كۆمەڵێك ڕێگەی بێشوماری پێشكەش كردووین بۆ ئەوە لەڕووی ڕۆحیەوە پێشبكەوین؛ كەواتە لە ئایەتەكەدا ئەو شێوازەی شەیتان نەرێ كراوە كە چەندین ڕێگەی داھێناوە بۆ گومڕاكردنی مرۆڤ، ئەوەتا جارێك هانیدەدات كە ببێت بە مەسیحی، وە جارێك هانیدەدات ئایینی ئاریایی قەبوڵ بكات، وە جارێكی تر ئاراستەی دەكات بۆ باوەڕهێنان بە ئایینێكی ساختەی تر. خوای گەورە ئەم بەرنامەیە پەیڕەوناكات، بەڵكو یەك ئایینی هەڵبژاردووە بۆ هیدایەتی مرۆڤەكان، بەڵام ئەم ئایینە چەندین ڕێگەی تێدایە. هەڵبەت سۆفیەكان بە هەڵە لەم ئایەتە تێگەيشتن. لەڕاستیدا ڕەحمەتی خوای گەورە فراوانترە لە شێوازە گومڕاكەرەكانی شەیتان، ئەوەتا خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَرَحْمَتِي وَسِعَتْ كُلَّ شَيْءٍ﴾ (الأعراف: 157)
ئێستا تاوتوێی ئەم پرسیارە دەكەم: ئەگەر هۆكارەكانی هاندان بۆ خێر و چاكە زۆرن؛ ئەوا بۆچی هەست بەوە دەكەین كە زۆرینەی خەڵكی لە جیھاندا شوێن شەیتان كەوتوون، وە ئەوانی تر كەمن؟ ئایا ئەم پرسە ئاراستەمان ناكات بۆ ئەو باوەڕەی كە كاریگەری شەیتان گەورەتر و بەھێزترە لە كاریگەری فریشتەكان؟
با بزانین ئەم شێوازی بەراوردكردنە لەنێوان هاندانەكانی شەیتان و فریشتەكان هەڵەیە و ناتەندروستە. پێویستە بەراوردەكە لەنێوانیاندا بەم شێوەیە بێت: پێویستە بارودۆخی هەر مرۆڤێك بخەینە پێشچاو، ئایا لەمێشكیدا زیاتر بیرۆكەی چاك دروست دەبێت یان بیرۆكەی خراپ. لەم لێكۆلینەوەیەدا بۆمان دەردەكەوێت كە زۆرترین كارەكانی مرۆڤ بریتین لە كارەچاكەكان بە بەراوردكردن لەگەڵ كارەخراپەكاندا، دیارە خراپە بە ئاشكرا دەردەكەوێت؛ چونكە قێزەون و بێزراوە. لەبەرئەوە پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرموێت: “یأتي علی جهنم یوم ما فیها من بني آدم أحد تخفق أبوابھا” (كنز العمال) واتە: ڕۆژێك دێت بەسەر دۆزەخدا كەسێكی تێدا نابێت لە نەوەی ئادەم و چۆڵ دەبێت.
هەر كەسێك دزی بكات بە كەسێكی خراپ و ڕسوا لەقەڵەم دەدرێت، بەڵام لەهەمان كاتدا خاڵیە لە چەندین خەوشی زۆر و خاوەنی كۆمەڵێك سیفەتی جوانە، وەك ئەوەی لە هەگبەكەیدا كۆمەڵێكی زۆر چاكە و یەك خراپەیش هەبێت كە دزیكردنە، بەگشتی كەسێك نیە خراپەكانی زۆرتر بێت لەچاو چاكەكانیدا. كەواتە لەجیھاندا چاكە زۆرترە لەخراپە و تاوان، بەڵام خراپە دەردەكەوێت و ئاشكرا دەبێت؛ چونكە كارێكی زەقە و لە هەموو كەسێكەوە دیارە، وەك ئەوە وایە كەسێك لووتی بڕابێت، بەڵام هەموو ئەندامەكانی تری لەشی ساغ بن، دیارە هەموو كەسێك دەڕوانێت بۆ لووتی و ئاوڕناداتەوە لە جوانی هەموو ئەندامەكانی تری. لەڕوانگەی ئەم نموونەیەوە دەڵێین: بێگومان كاری چاك زیاترە، بەڵام خەڵكی دەڕوانن بۆ كاری خراپ و زیاتر گرنگی پێدەدەن، بۆیه ئاشكرا و دیارە.
ئێستایش پێتان دەڵێم چۆن فریشتە بیرۆكە لەدڵدا دروست دەكات، وە چ هۆكارێك دەگرێتەبەر بۆ ئەم ئامانجە: لەڕێگەی ئەزموونی تایبەتی خۆمەوە دەڵێم _هەروەك لە ئەزموونی دۆستانی نزیكی خودایشەوە كە زانستیان پێدراوه بۆمان ڕووندەبێتەوە_ كاتێك مرۆڤ كارێكی چاكە ئەنجام دەدات، فریشتە خۆشەویستی ئەو كارە دەهاوێتە دڵیەوە، بۆیە كاتێك مرۆڤ بڕیاردەدات تەنھا چاكە ئەنجام بدات فریشتە سەرنجی ڕادەكێشێت بۆ ئەو دەرفەتەی كە هەڵدەكەوێت، وە هەر كاتێك ئەو دەرفەتە هەڵكەوت ئاگاداری دەكاتەوە لێی بۆ ئەوەی بیقۆزێتەوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیە فریشتە بەزۆر ئەو كارە بەمرۆڤ بكات، بەڵكو فریشتە تەنھا سەرنجی ڕادەكێشێت بۆ ئەو كارە و ئاگاداری دەكاتەوە.
ئامرازی دووەم بۆ هاندانی فریشتەكان بریتیە لەوەی زانستی مرۆڤ زیاتر دەكەن، ئەمەش كارێكە ئەنجامدانی چاكە شیرین دەكات لەلای و سووری دەكات لەسەر كردنی؛ چونكە چاوەڕوانی هەڵكەوتنی دەرفەت دەكات بۆ ئەنجامدانی كاری چاكە بۆ ئەوەی بیقۆزێتەوە و كەڵكی لێ وەربگرێت، بەڵام سەرچاوەی سەرەكی بۆ خێر و چاكە هەر دڵە، فریشتە تەنھا ئەو دڵە ڕووناك دەكاتەوە و كاری لێ دەكات و ئەنجامدانی كاری چاكە لەبەرچاوی مرۆڤدا جوان و شیرین دەكات، ئەمەش مانای ئەوەیە فریشتە كەس ناچار ناكات بۆ ئەنجامدانی كاری چاكە، بەڵكو ئەنجامدانی كردەوە چاكەكان لەلایان ئاسان دەكەن، ئەمەش وەك ئەوە وایە مرۆڤێكی بەڕێز بیەوێت بە شوێنێكی قەرباڵغدا گوزەر بكات، خەڵكی بوارێكی بۆ بكەنەوە بۆ ئەوەی پێیدا تێپەربێت، دیارە هەرگیز ناوترێت ئەو خەڵكە پاڵیان ناوە بە مرۆڤە بەڕێزەكەوە تاوەكو بڕوات، نەخێر، بەڵكو ئەو بەئیرادە و توانای خۆی ڕۆيشتووە، تەنھا ئەوەندە هەیە خەڵكی ڕۆيشتنەكەیان بۆ ئاسان كردووە؛ بەهەمان شێوە فریشتەكان كۆمەڵێك ئامراز دەسازێنن بۆ مرۆڤ بۆ ئەوەی بە ئاسانی بتوانێت كاری چاكە ئەنجام بدات.
بەهەمان شێوە شەیتانیش زۆر لەكەس ناكات بۆ ئەنجامدانی تاوان و سەرپێچی، بەڵكو كاتێك مرۆڤ تاوانێك دەكات، شەیتان تاوانی دووەم لەبەرچاویدا جوان و شیرین دەكات، كاتێك دووەمی تەواوكرد سێیەمی لا خۆشەویست دەكات.. هتد، وە بەم شێوەیه شەیتان ئەو كەسە دادەنێت لەبەرامبەر زنجیرەیەك تاوان و سەرپێچیدا؛ بۆ نموونە ئەگەر كاتێك یەكێكتان بە ڕێگەدا دەڕوات ئەوە هات بەخەیاڵیدا كە دزی بكات، شەیتان سەرنجی ڕادەكێشێت بۆ كەسێكی دەوڵەمەند. وە ئەركی شەیتان لەوەدا كورت دەبێتەوە كە ڕێگای پیشان دەدات، وە ئەو دەسەڵاتی نیە بەسەر دڵدا. لەبەرئەوە هەموو چاكەیەك یان خراپەیەك كە مرۆڤ ئەنجامی دەدات كاری خۆیەتی، فریشتە یان شەیتان تەنھا هانیدەدات.
ئامرازی سێیەم لەوەدا خۆی دەنوێنێت فریشتە ڕابەرایەتی مرۆڤ دەكات بۆ شوێنێك كە تێیدا بزوێنەری كردەوە چاكەكان لەناخیدا دەجووڵێت، بەڵام كەڵك وەرگرتن لەو بزوێنەرە یان وازھێنان لێی دەگەڕێتەوە بۆ دڵی مرۆڤەكە. لێرەدا پرسیارێكی تر سەرهەڵدەدات كە بریتیە لەوەی: ئەگەر مرۆڤ لەلایەن فریشتە و شەیتانەوە هان بدرێت _فریشتە هانی بدات بۆ چاكە و شەیتانیش هانی بدات بۆ خراپە_ ئەوا تاوانی مرۆڤ چیە كردنی خراپە و سەرپیچیدا؟ ڕاستە ئەو سەرپێچی دەكات، بەڵام بەیارمەتی شەیتان ئەنجامی دەدات؟! لەم بارەیەوە پێویستە ئەوەمان لەیاد بێت مرۆڤ تەنھا لەسەر ئەوە سزا نادرێت كە هاندەر و بزوێنەری شەیتانی لەناخیدا پەیدا دەبێت، بەڵكو ئەگەر ئەو هاندەر و بزوێنەرە كپ بكاتەوە و وەڵامی نەداتەوە؛ ئەوا پاداشتی چاكە دەدرێتەوە، بەڵام ئەگەر كاری بەو هاندانە كرد و جێبەجێی كرد ئەوا بەتاوان لەسەری دەنووسرێت و سزا دەدرێت. (البخاری، كتاب الرقاق، باب من همَّ بحسنة أو سیئة)؛ لە فەرموودەكاندا هاتووە كەسێك هات بۆ لای پێغەمبەر (ﷺ) و گوتی: بیرۆكەی وەها خراپ دێت بەدڵمدا كە پێم خۆش نیە باسی بكەم، وە حەزناكەم ئەو بیرۆكانە بخەمەڕوو. ئەویش فەرمووی: ئەوە تەنھا نووری ئیمانە.
كەواتە هاندەری شەیتانی لەناخی مرۆڤدا لەخودی خۆیدا تاوان و خراپە نیە، ئەگەر هەر وەسوەسەیەك لەدڵی مرۆڤدا دروست بێت و ئەویش وازی لێ بھێنێت؛ ئەوا تاوان نیە. وەك لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە، لەم بارەیەوە خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَإِنْ تُبْدُوا مَا فِي أَنْفُسِكُمْ أَوْ تُخْفُوهُ يُحَاسِبْكُمْ بِهِ اللَّهُ﴾ (البقرة: 285). خوای گەورە لەم ئایەتەدا ئەوەی خستووەتەڕوو كە تاوانبارمان ناكات تەنھا بەهۆی دروستبوونی بیرۆكە لەدڵدا، بەڵكو لێپرسینەوەمان لەگەڵدا دەكات ئەگەر پارێزگاریمان لێ كرد و شوێن ئەو بیرۆكەیە كەوتین و ملمان كەچ كرد بۆی، كەواتە هاندانی شەیتانی بە كارێكی ناڕەوا لەقەڵەم نادرێت؛ چونكە مرۆڤ لەسەر دروستبوونی ئەو هاندەرە لای خوا تاوانبار نیە، بۆیە ئەم جۆرە هاندەرانە تەنانەت ئەگەر هەزار جار لەدڵدا دروست بن و مرۆڤ ڕەتیان بكاتەوە و بەرەنگاریان بێتەوە؛ ئەوا نەك هەرگیز سزا نادرێت بگرە پاداشتی چاك وەردەگرێت لەسەر ئەو كارە.
ئێستا كەسێك بۆی هەیە بپرسێت: چۆن هاندەرەكانی شەیتان بەئەنجام دەگەن و كاری خۆیان دەكەن، وە بە چ شێوازێك شەیتان مرۆڤ هاندەدات؟ با لەم بارەیەوە ئەوەمان لەیاد بێت ئەو كەسە چاكەكارەی كە خۆی ڕادەستی شەیتان نەكردووە و ملكەچی نەبووە، وە پەیوەندی هەیه لەگەڵ فریشتەكاندا، شەیتان لە ڕێگەی هاندانی بۆ ئەنجامدانی كردەوە چاكەكان (واتە لە ڕێگەی هاندانی چاكەوە) هەوڵ دەدات گومڕای بكات، پاشان كاتێك دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی و زاڵ دەبێت بەسەریدا، ئا لەو كاتەدا لەڕێگەی هاندانە خراپەكانەوە گومڕای دەكات، لەپاشاندا ئەمە شیدەكەمەوە. ئێستا پێتان دەڵێم هاندەری شەیتانی دوو لقی هەیە؛ یەكەمیان بۆ كردەوە چاكەكانە و دووەمیان بۆ كردەوە خراپەكان. لێرەدا ئەوه پرسیارە بەزەینی مرۆڤدا دێت كە: ئەگەر شەیتانیش مرۆڤ هاندەدات بۆ كاری خێر و چاكە ئیتر چۆن خۆمان بەدووربگرين لە هاندانەكانی؟! چونكە دەكرێت مرۆڤ كارێكی چاكە بكات و شەیتان لەپشت ئەو كارەوە بێت؛ دیارە ناسینەوەی كاری خراپ ئاسانە و قورس نیە، بەڵام كێ هەیە بزانێت ئەو كارە چاكەی كە ڕووی تێكردووە بۆ ئەوەی ئەنجامی بدات هاندەرەكەی بریتیە لە شەیتان. بۆ چارەسەری ئەم گرفتە بەراورد دەكەم بۆتان لەنێوانیاندا بۆ ئەوەی لەڕێگەی ئەو بەراوردكردنەوە هاندان و بزوێنەری شەیتانی جیابكەنەوە لە هاندان و بزوێنەری فریشتەیی.
1- ئەوەتان لەیاد بێت هاندانی فریشتەیی تەنھا ئەوەیە كە ئەنجامێكی چاك دەدات بەدەستەوە؛ چونكە دەكرێت بزوێنەر و هاندانەكە چاك بێت، بەڵام ئەنجامێكی خراپ بدات بەدەستەوە، وە ڕەنگە هاندانەكە خراپ بێت و ببێتە هۆی خێر و چاكە؛ بۆیە پێش جێبەجێكردنی هەر هاندانێك بیربكەنەوە بزانن دەبێتە هۆی چی، وە لەوە دڵنیابن كە ئەنجامێكی خراپ بەدوای خۆیدا ناھێنێت. بۆ نموونە هاندانێكی خێر دروست دەبێت بەوەی مرۆڤ ئامۆژگاری فڵانە برای خۆی بكات كە نوێژ ناكات، بەڵام شێوازێكی خراپ هەڵدەبژێرێت بۆ ئامۆژگاریكردنەكە، بۆ نموونە دەچێت بۆلای لەكاتێكدا ئەو لەناو خەڵكدایە و پێی دەڵێت تۆ نوێژ ناكەیت، بۆیە تۆ دووڕوویت، دەی وازبھێنە لەو دووڕووییە. ئاشكرایە لە بنچینەدا هاندانەكە هاندانێكی چاك بووە، بەڵام ئەگەر بەم شێوازە جێبەجێ بكرێت ئەوا ڕەتكردنەوەی نوێژ و نكوڵی كردن لەو پەرستشە بەدوای خۆیدا دەھێنێت.
خەلیفەی یەكەمی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بۆمان دەگێڕێتەوە زاوایەكی هەبووە وەههابی بووە، وا ڕێدەكەوێت پیاوێكی گەورە و بەناوبانگ دێت بۆ سەردانی _ئەم زاوایەیشی لەوێ دەبێت_ شەرواڵەكەی درێژ بوو تاكو قولە پێكانی، كاتێك زاواكەی ئەمەی بینی، بە سیواكەكەی داى لەهەردوو قولەپێی كابرا گەورەكەوە و گوتی: تۆ دۆزەخیت؛ چونكە شەرواڵێكی لەم شێوەیەت لەپێكردووە. كابرای سەرگەورە دەستی كرد به جنێودان و وتی: من باوەڕم بەخوا نیە، ئەو خوایە كامەیە كە تۆ باوەڕت پێی هەیە؟ لەو كاتەدا خەلیفەی یەكەم (رضي الله عنه) پێی وت: ئامۆژگاریەكەت چەند جوان بوو، ئەوەتا كابرای كرد بەكافر!
پوختەی قسە ئەوەیە، هاندەری وا هەیە لە ڕواڵەتدا چاك دەردەكەوێت، بەڵام ئاكامێكی خراپ دەدات بەدەستەوە؛ دەی بزانن ئەم هاندانە لەلایەن فریشتەكانەوە نیە؛ چونكە هاندانی فریشتەیی ناكرێت ئەنجامی نەشیاو بەدوای خۆیدا بھێنێت؛ چونكە ئەم هاندانە شوێن ویست و ئیرادەی خوا دەكەوێت، بۆیە كاتی دروستبوونی هەر هاندانێك پێویستە لەسەرتان حیساب بۆ ئەوە بكەن كە ئایا هاندانێكی چاكە یان خراپ، هەروەك دەبێت ئەنجامەكەیشی بەهەند وەربگرن، ئەگەر بینیتان ئەم بیرۆكەیە ئەنجامێكی خراپ بەدوای خۆیدا دەھێنێت؛ ئەوا بزانن لە شەیتانەوەیە و لەلایەن فریشتەكانەوە نیە، وە ئەگەر تێبینیتان كرد كە ئەنجامەكەیشی چاك دەبێت؛ ئەوا دڵنیابن لەلایەن فریشتەوەیە.
2- شێوازی دووەم بۆ بەراوردكردن لەنێوان هاندانی فریشتەیی و هاندانی شەیتانی ئەوەیە هاندانی فریشتەیی لەسەر بنەمای كردەوەی چاكتر و ڕەچاوكردنی پله و ئاستەكان دامەزراوە، بەڵام هاندانی شەیتانی بەو شێوەیە نیە؛ چونكە شەیتان هانی مرۆڤ دەدات بۆ ئەنجامدانی كردەوەیەكی چاك بە ئامانجی ئەوەی لە كردەوەیەكی چاكتر دووری بخاتەوە، بۆ نموونە ئەگەر بەدڵی كەسێكتاندا هات نوێژی سوننەت بكات _لەكاتێكدا نوێژی جەماعەت دەستی پێكردووە_ ئەگەر نوێژی سوننەت بكات و نوێژی جەماعەت فەرامۆش بكات؛ ئەوا هاندانەكە لەلایەن شەیتانەوە بووە؛ چونكە ئەو كەسە قوربانیدا بەچاكەیەكی گەورە لەپێناوی چاكەیەكی بچوكدا. كاتێك گوترا بە سێر سەید ئەحمەد خان _دامەزرێنەری زانكۆی عەلیگرە لە هيندستان_ بۆچی نوێژناكەیت؟ گوتی: ئەو كارە چاكانەی كە پێیانەوە سەرقاڵم ئەوانیش بەشێكن لە ئایین. وە لەكارەكەیەوە وا دیار بوو كە بەدڵسۆزیەوە خۆی تەرخان كردبوو بۆ كارەكەی، لەبەرئەوە دەتوانین بڵێین ئەم كارانەی نەدەكرد بەو باوەڕەی كە ئەمانە كارگەلێكی خراپن، نەخێر، بەڵكو باوەڕی وەهابوو ئەم كارانە هەموویان كاری خێر و چاكەن، بەڵام ئەو چاكەیەكی گەورەی فەرامۆش كرد لەپێناو چاكەیەكی بچوكتر، وە لەم ڕوانگەیەوە ناتوانین بڵێین كارەكانی هاندانی فریشتەیان لە پشتەوە بووە. بەكورتی، پاڵنەری شەیتانی هەندێ جار چاكە، بەڵام ئامانج لێی ئەوەیە چاكەی گەوره فەرامۆش بكرێت لەپێناو چاكەی بچوكدا. شاهـ ولي الله (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) چیرۆكێك دەگێڕێتەوە دەربارەی ئافرەتێكی بنەماڵەكەیان كە زۆر یادی خوای دەكرد، براكەیشی ڕێگری ئەمەی لێ دەكرد و پێیدەگوت زیاتر گرنگی بدات بە نوێژەكانی. ئافرەتەكەیش بەم شێوەیە وەڵامی دەدایەوە: ئەم یادكردنە چێژ و خۆشیەكی زۆرم پێدەگەیەنێت. براكەیشی پێیدەگوت ئەمە وەسوەسەی شەیتانە و لەكۆتاییدا ئاراستەت دەكات بەرەو وازھێنان لە سوننەت و فەرزەكان. پاش ماوەیەكی كەم بەبراكەی گوت كە لەڕاستیدا خەریكە هیچ چێژ و خۆشیەك نەبینم لە سوننەتەكان. وە داوای لێكرد و گوتی: چارەسەرێكم پێ بڵێ. ئەویش پێیگوت زیكری “لا حول ولا قوة إلا بالله العلي العظیم” زۆر دووبارە بكەرەوە. پاش چەند ڕۆژێك لە حاڵەتی كەشفدا مەیموونێكی بینی، گوتی: من شەیتانم ئەگەر “لا حول ولا قوة إلا بالله”ت زۆر دووبارە نەكردایەتەوە و براكەت ڕێنمایی نەكردیتایە؛ ئەوا خەریك بوو ئاراستەت بكەم بەرەو وازھێنان لە فەرزەكانیش.
كەواتە هاندانی شەیتانی دەكرێت لەبەرگی چاكەدا بێت، وە ڕەچاوی پله و ئاست ناكرێت تێیدا. لەلایەكی ترەوە هەموو سوننەتەكانی خوا هاوسەنگ و ڕێكوپێكن بەگوێرەی پله و ئاستەكان؛ بەجۆرێك هەر گەورەیەك كاریگەری دادەنێت لەسەر بچوكێك، بۆیە ئەگەر بینیتان كردەوەیەك پێچەوانەی ئەمەی دەخواست ئەوا بزانن كە لەلایەن شەیتانەوەیە.
ئەم وەسوەسەیە باڵادەست و بەربڵاو و گشتیە، بەجۆریك زۆرێك لەخەڵكی دەڵێن ناكرێت بەبێ زانستە دنیاییەكان هیچ پێشكەوتنێك بێتەدی، لەبەرئەوە پێویستە سەرەتا زانستەكان فێربین ئینجا دەستبكەین بە تەبشیر و بانگەواز بۆ ئایین، بۆیە پێویستە هەموو سەروەت و سامانێك بۆ بەدەستھێنانی زانست خەرج بكەین. هەر كەسێك ئەم قسەیە ببیستێت كاری لێ دەكات؛ چونكە ناكرێت بوترێت زانست شتێكی باش نیە و شایانی گرنگی پێدان نیە. بەڵام وەك پێم ڕاگەیاندن ئەمە وەسوەسەی شەیتانە؛ چونكە زانست وەكو ئارایشت وایە بۆ ئایین و لە پەراوێزی ئاییندایه، وە گومانی تێدا نیە بایەخدان بە زانست كارێكی زۆر پێویستە، بەڵام ئەوەی پێداگری دەكات لەسەر خەرجكردنی هەموو ئەوەی لە گیرفانماندایە بۆ دەستكەوتنی زانست وەك ئەو كەسە وایە بڕە پارەیەك، كەبەشی بژێوی دە كەس دەكات، خەرج دەكات بۆ ژەمە خواردنێكی گەورە و گرانبەها بۆ یەك كەس و دە كەسەكەیش بەجێدەھێڵێت لە برسا بمرن، دەی دیارە ناندان بە دە كەس بۆ ڕزگاربوونیان لە مردن چاكترە لە پێشكەشكردنی ژەمێكی گرانبەها بە یەك كەس. لەم ڕوانگەیەوە، هەوڵدان بۆ پەخشكردنەوەی ژیانی ڕۆحی لەناو خەڵكدا باشترە لەوەی هەموو بایەخدانەكانمان چڕبكەینەوە لەسەر بەدەستھێنانی زانست و پارە و سامانێكی زۆری بۆ خەرج بكەین، وە پێویستە ئەم بچوكە نەخەینە پێش ئەو گەورەوە، ئەگینا هیچ فەزڵدانێك نامێنێت لەنێوان كاری مەزن و كاری نزمدا. وە سەبارەت بە بەراوردكردن پێغەمبەر (ﷺ) بە شێوازێكی زۆر ورد ئاماژەی پێداوە، كاتێك پرسیاری لێ دەكرێت: چۆن حەڵاڵ لە حەرام جیابكەینەوە؟ دەفەرموێت: “الإثم ما حاك في صدرك” (مسلم، كتاب البر والصلة، باب تفسیر البر والإثم)، واتە ڕاپرسی بەدڵت بكە، ئەگەر دڵت پێی وتی: فڵان شت حەڵاڵە؛ ئەوە حەڵاڵە ئەگەرچی هەموو مەلاكانی دنیا بڵێن حەرامە. بەڵام ئەم پێوەرە ئەو كارانە ناگرێتەوە كە شەریعەت بەدرێژی باسی حەڵاڵبوون یان حەرامبوونەكەی كردووە، بەڵكو تایبەتە بەو كارانەی كە گومان هەڵدەگرن و وا دەردەكەون جارێك چاك بن و جارێك خراپ، وە ئەگەر دوودڵ بوویت لە جێبەجێكردنی ئەو كارانەدا؛ ئەوا پێویستە لێیان دووربكەویتەوە، وە ئەگەر پرسیار لە هەر مەلایەك بكرێت، بۆ نموونە، دەربارەی زیكر ئەوا دەڵێت: بێگومان زیكری خوا كارێكی چاكە. بەڵام وازھێنان لە فەرزەكان لەپێناوی زیكری خوادا تایبەتە بەدڵی ئەو كەسە و بڕیارەكە بەجێدەھێڵرێت بۆ دڵی. یان ئەگەر كەسێك پرسیار بكات دەربارەی دڵخۆشكردنی یەكتری و پێشكەشكردنی دیاری؛ ئەوا هەموو جیھان وەڵامی دەدەنەوە كە ئەمە كارێكی باشە و هەموو كەس پێی خۆشە. بەڵام ئەگەر ئەوەی لەدڵدا حەشار دابێت كە مەبەستی لە پێشكەشكردنی دیاریەكە بریتیە لە بەرتیل یان شتێكی لەو جۆرە؛ ئەوا لەكاتی ڕاپرسیكردنەكەدا نیازەكەی خۆی دەزانێت، وە پێویستە گوێڕایەڵی دڵی بێت كە پێی دەڵێت ئەم كارە حەرامە، وە پێویستە كار بە فەتوا نەكات ئەگەرچی مەلا فەتوای حەڵاڵ بوونی بدات.
پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرموێت ئەگەر كەسێك فەتوای كارێكی بۆ دان بەڵام دڵتان تێبینی شتێكی كرد لەو كارەدا كە خەوشداری بكات؛ ئەوا پێویستە كار بەو فەتوایە نەكەن و وازی لێ بھێنن. (مسند أحمد، مسند الشامیین، حدیث وابصة بن مَعبد الأسدي).
3- جیاوازی سێیەم لەنێوان فریشتە و شەیتانەكاندا ئەوەیە كە هاندانی فریشتەیی پلەبەندی و بەرەوباڵاچوونی تێدایە، وەك ئەو دایكە وایە مناڵەكەی هەڵدەگرێت ڕۆيشتنی پێ دەكات، پاشان دەستی دەگرێت و لێی جیانابێتەوە و ڕۆيشتنی پێ دەكات، بەم شێوەیە مناڵەكە فێری ڕۆيشتن دەبێت. بەڵام هاندانی شەیتانی وەك ئەو دوژمنە وایە كە مناڵەكە هەڵدەگرێت و فڕێی دەدات. یان بە نموونەیەكی تر، پاڵنەری فریشتەیی و شەیتانی وەك ئەو مامۆستا میھرەبانە وایەكە لە (ئەلف و بێ)وە دەستدەكات بە فێركردنی مناڵ پاشان پێشی دەخات و وردە وردە ئاستی بەرزدەكاتەوە، بەڵام ئەگەر ئەو مامۆستایە دوژمنی مناڵەكە بێت؛ ئەوا بە وانەی قورس دەستپێدەكات هەتا مناڵەكە بێزاردەبێت و لە وانەكە ڕادەكات؛ كەواتە هاندانی فریشتە پلەبەندی تێدایە و لەناكاو بارێكی گران ناخاتە سەر شانی مرۆڤ و لە هیچ كارێكدا پەلەپەل ناكات. بەڵام ئەگەر تێبینی پێچەوانەی ئەمەتان كرد و لەپڕدا بارێكی قورس خرایە سەرشانتان و تێبینیتان كرد هاندەدرێن كە پەلەپەل بكەن؛ ئەوا بزانن ئەمە لە شەیتانەوەیە نەك لە فریشتەكانەوە؛ بۆ نموونە شەیتان هانی مرۆڤ دەدات كە ببێت بە وەلی لە ماوەی شەو و ڕۆژێكدا، پاشان ئەو بیرۆكەیە دەخاتە دڵیەوە كە بۆ جێبەجێكردنی ئەم ئامانجە پێویستە هەتا تاریك و لێلەی بەرەبەیان نوێژ بكات و بەدرێژایی ساڵیش بەرۆژوو بێت، دەی ئەو كەسەی بەگوێی بكات و ملكەچی بكات بۆ هاندانەكەی؛ ئەوا بەزوویی بێزاردەبێت و لەكۆتاییدا بەتەواوەتی وازدەهێنێت لە نوێژ و ڕۆژوو، ئەمە نهێنی ئەو ڕێنماییەی پێغەمبەرە (ﷺ) كە ئاراستەی یەكێك لە هاوەڵانی كردووە بەجۆرێك بەدرێژای شەو بە خەبەر بوو شەونوێژی دەكرد و بەڕۆژیشدا بەڕۆژوو بوو، پێی فەرموو: ئەم كارە تۆ ئەنجامی دەدەیت كارێكی چاك نیە؛ چونكە ڕێگری ئەوەت لێ دەكات كە مافی ئەوانی تر بدەیت. (البخاري، كتاب التھجد، باب ما یكره من ترك قیام اللیل)، بەڵكو چاكە تەنھا ئەوەیه مرۆڤ هەنگاو بە هەنگاو كار بكات، بەجۆرێك هەنگاوێك هەڵگرێت پاشان دووەم هەنگاو پاشان سێیەم و هتد. ئەمە نیشانەی هاندانی فریشتەییە، لەكاتێكدا هاندانی شەیتانی پێداگری دەكات لەسەر ئەوەی ڕاستەوخۆ و لەناكاو كارێك جێبەجێ بكرێت. بۆ نموونە ئەگەر ئەوە هات بەخەیاڵی كەسێكدا، لەبەرئەوەی هیچ شتێكی نەبەخشیوە لەپێناوی خوادا، بۆیە لە مانگی داهاتوودا هەموو موچەی مانگانەكەی وەكو كۆمەك ببەخشێت، وە لەبەرئەوەی ئەم بیرۆكەیە لە حەز و ویستە بنچینەییەكەیەوە سەرچاوەی نەگرتووە؛ ئەوا پاش ئەوەی كە پارەكە دەدات، ئەم كارەی لەدڵیدا نیگەرانی و خەم و خەفەت دروست دەكات، ئینجا دوای دروستبوونی نیگەرانی و خەم و خەفەتەكە شەیتان زاڵ دەبێت بەسەریدا و دەیخاتەناو چاڵی قووڵی گومڕاییەوە.
كەواتە هاندانی شەیتانی بەوە دەناسرێتەوە كە پەلەپەلی تێدایە و بەیەكجار و لەناكاو بارێكی قورس دەدات بە كۆڵی مرۆڤدا. ئەو لە سەرەتادا مرۆڤەكە هاندەدات كە لەیەك ڕۆژدا بەخوای گەورە بگات، ئەگەر ئەمە بەدی نەھات بۆ مرۆڤەكە؛ ئەوا نائومێدی لەدڵیدا بڵاودەكاتەوە، بۆیە زۆرێك لەخەڵكی پاش ئەوەی هەفتەیەك نوێژدەكەن دەڵێن: نەگەيشتین بە دیداری خوا و ئەم كارەمان بۆ جێبەجێ نەبوو. هەروەك زۆرێك لەوان پاش نوێژكردن بۆ چەند ڕۆژێكی كەم تەماعی ئەوەیان هەیه كە بگەن بەدیداری پێغەمبەر (ﷺ)، هەموو ئەم بیرۆكانە لە وەسوەسەی شەیتانەوە سەرچاوەیان گرتووە. ئەگەر مرۆڤ شیاو بوو بۆ بینینی خوا و پێغەمبەرەكەی (ﷺ) ئەوا دەیانبینێت، وە پێش ئەو شیاوبوونە لەكوێ دەتوانێت بیانبینێت. دیارە ئەم جۆرە پەلەپەلكردنە لە لایەن شەیتانەوەیە. بەڵام لە كۆتاییدا، كاتێك شەیتان دەبینێت ئەوە جێبەجێ نابێت كە بەتەمای بووە و چاوی تێبڕیوە، نائومێد دەبێت و بەتەواوەتی واز لە هاوەڵەكەی دەهێنێت.
4- چوارەم: ئەگەر مرۆڤ گومانی هەبوو لە كارێك و نەیتوانی بڕیاری ئەوە بدات كە ئەنجامی بدات یان وازی لێ بھێنێت، وە دوودڵ بوو لەوەی ئەو كارە حەرامە یان نا؛ ئەوا لەم جۆرە هەڵوێستەدا فریشتەكان هانی دەدەن سڵ بكاتەوە لەو كارە و وازی لێ بھێنێت و ئەنجامی نەدات، بەڵام شەیتان بە مرۆڤ دەڵێت: ئەو كارە بكە، چ گرفتێكی تێدایە، ڕەنگە كارێكی چاك و مەزن بێت، وە كاتێك مرۆڤ دەچێتە پێشەوە بۆ كارێكی گوماناوی و ئەنجامی دەدات، شەیتان خۆشحاڵ دەكات و دوای ئەوە هانی دەدات بۆ ئەنجامدانی كارێكی تری گوماناوی و پاشان كارێكی تر و هتد، بەم شێوەیە وەهای لێ دەكات ڕۆبچێت لە ئەنجامدانی كاری خراپدا هەتا دەكەوێتەناو تاوانە گەورەكانەوە.
5- جیاوازی پێنجەم: كاتێك مرۆڤ وەڵامی هاندانی فریشتەیی دەداتەوە و جێبەجێی دەكات فریشتەكان كارێك دەكەن ئەو كەسە زیاتر چاك بێت و بەرەو پێش بچێت؛ بۆ نموونە ئەگەر لەنوێژكردندا بێت؛ ئەوا فریشتەكان هانیدەدەن بەچاكی نوێژەكەی بەجێبهێنێت. بەڵام كاتێك شەیتان دەبینێت مرۆڤ كارێكی چاك دەكات هانیدەدات چاكەیەكی تر ئەنجام بدات، واتە چاكەیەكی تر لەبەرچاویدا شیرین دەكات، ئامانجی یەكەمی ئەوەیە ڕووی وەربگێڕێت لەو كارەی كە لەئێستادا سەرقاڵە پێوەی، بۆ ئەوەی بزانێت ئایا حەزی لێ دەكات یان نا؛ گرنگ ئەوەیە واز لەو كارە بھێنێت كە ئەنجامی دەدات، ئەگەر وازی لێ هێنا و ڕوویكردە ئەو كارەی كە شەیتان شیرینی كردووە بۆی؛ ئەوا سێيەم كار دەخاتە بەردەستی و هەروەها.
6- شەشەم: هاندانی شەیتانی جاروبار تەنها نەنگی و شوورەیی كەسانی تر بەڕوونی پیشانی مرۆڤ دەدات، لەكاتێكدا ئەو كەسانەی فریشتە هانیان دەدات تەنها گومانی چاك و خێر بەكەسانی تر دەبەن؛ چونكه هەمیشە فریشتەكان دەبنە هۆی دروستبوونی گومانی خێر و چاك لەدڵدا، بەڵام هاندانی شەیتانی تەنھا نەنگی و خەوشەكانی كەسانی تر پيشانی مرۆڤ دەدات. وە شەیتان وەها لەمرۆڤ دەكات وا بیربكاتەوە لەخەڵكی تر چاكترە؛ بەجۆرێك مرۆڤ بەرەو ئەو ئاقارە دەبات كە بیربكاتەوە لەوەی فڵانەكەس ئەوە نەنگی و ناتەواویەكەیەتی و فڵانەكەسی تر كۆمەڵێك ڕەفتاری ناشرینی هەیە، وە من یەكێكم لە دۆستە گەورەكانی خوا؛ وەك مەسیحیەكان دەڵێن؛ ئیبراهیم و مووسا و داوود و سەرجەم پێغەمبەران هەموویان تاوانیان كردووە، ئەم خاڵە لای مەسیحیەكان دەیسەلمێنێت مەسیح لەوان چاكترە، بەڵام ئەم جۆرە قسەیە وەك ئەو كەسە وایە كە دەڵێت من توانام زیاترە لە فڵان و فیسار _لە مردووەكان_ و لەوان بەھێزترم. بەم شێوەیە شەیتان كەسانی تر دەشكێنێت لەبەرچاوی مرۆڤدا و لە پلەیان دادەبەزێنێت و ڕسوایان دەكات لەلای، وە وای لێدەكات بیر لە گەورەیی خۆی بكاتەوە، دوای ئەوە خۆپەسەندی و كەشوفشی تێدا دروست دەكات و بەرەو لەناوچوونی دەبات.
دەكرێت هیچ چاكتربوونێك لەنێوان چاكەكاندا پیشان نەدات، واتە شەیتان هانی مرۆڤ دەدات چاكە بچوكەكە بخاتە پێش چاكە گەورەكەوە، بەڵام هەندێ جار وەها دەكات لە مرۆڤ كە زیاتر گرنگی بدات بە چاكەیەك _لەنێوان چاكە هاوشێوەكاندا_ و بەتەواوەتی دووربكەوێتەوە لەوانی تر؛ بۆ نموونە ئەگەر كەسێك بانگەواز بكات بۆ ئیسلام؛ ئەوا شەیتان هانیدەدات كۆمەكی ماددی پێشكەش نەكات و سەروەت و سامان نەبەخشێت، دەچپێنێت بەگوێیدا و پێی دەڵێت تۆ بانگەواز دەكەیت، ئەمە كارێكی چاكە، ئیتر چ پێویست دەكات لەپێناوی خوادا ببەخشیت. لەبەرامبەردا كەسێك لەپێناوی خوادا دەبەخشێت، شەیتان پێی دەڵێت پێویست ناكات بانگەواز بكەیت، بەخشینی كۆمەكی بەسە بۆ تۆ، بەڵام فریشتەكان دەڵێن گرنگی بانگەوازكردن بۆ ئیسلام كەمتر نیە لە بەخشینی كۆمەكی، هەردووكیان كاری چاكەن و دەبێت جێبەجێ بكرێن.
7- خاڵێكی زۆر مەترسیدار هەیە، ئەویش ئەوەیە كاتێك مرۆڤ دەچێتە پێشەوە بۆ كردنی هەر كارێكی چاكە شەیتان دێت بۆلای بۆ ئەوەی بیرۆكەی ئەوە لەمێشكیدا دروست بكات كە ئەگەر ئەو چاكەیە ئەنجام بدات ئەوا خەڵكی بە كەسێكی ڕیاكار وەسفی دەكەن، لەبەرئەوە باشتر وایە دووربكەوێتەوە لەو كارە و وازی لێ بھێنێت بۆ ئەوەی بەكەسێكی ڕیاكار وەسف نەكرێت. هەڵبەت ئەم مرۆڤە پلەی زۆر نزمە و ئاستێكی باڵای بەدەستنەھێناوە لە باوەڕدا. بۆ نموونە كاتێك ئەم كەسە دەچێت بۆ مزگەوت بۆ ئەوەی بەجەماعەت نوێژ بكات، شەیتان دێت بۆ لای بۆ ئەوەی وەسوەسە لەدڵیدا دروست بكات و دەڵێت: ئەگەر تۆ بچیت بۆ مزگەوت ئەوا خەڵكی دەتبینن و بەكەسێكی خۆپارێز و بەتەقوا وەسفت دەكەن كە پابەندی بە نوێژی جەماعەتەوە، ئەمەش دەتبات بەرەو ڕیا، لەبەرئەوە باشتر وایە نەچیت بۆ مزگەوت. بەمەش ناھێڵێت بچێت بۆ مزگەوت بۆ ئەوەی بێبەشی بكات لە نوێژی جەماعەت. بەڵام هاندانی فریشتەیی ڕەچاوی ئادابەكانی شەریعەت دەكات، وە پێویستە لەسەر مرۆڤ كاتێك ئەم جۆرە بیرۆكە شەیتانیانە لەمێشكیدا دروست دەبن بەخۆی بڵێت: دەبێت من پەیڕەوی فەرمانەكانی شەریعەت بكەم، خەڵكی هەرچۆنێك بۆم بڕوانن. وە پێویستە بایەخ نەدات بەم جۆرە وەسوەسانە و فەرمانەكانی خوای گەورە جێبەجێ بكات.
لەم جۆرە هەڵوێستانەدا پێویستە ئەوە لەیاد نەكرێت كە نەریتی باوەڕدار وەهایە ئاگای لەخۆی دەبێت و لەم جۆرە بارودۆخانەدا زۆر بەوریاییەوە هەڵسوكەوت دەكات، وە پێویستە ناخی خۆی بپشكنێت، وە ئەو چاكەیەی كە سەرنجی ڕاناكێشێت و چوست و چالاك نیە بۆ ئەنجامدانی، پێویستە لەسەری هۆكارەكەی بگێڕێتەوە بۆ هاندانی شەیتانی، وە زیاتر هەڵوەستە بكات لەسەری، وە زیاتر گرنگی پێبدات؛ بۆ نموونە ئەگەر كەسێك لەپێناوی خوادا دەبەخشێت بەڵام بانگەواز ناكات و لەدڵی خۆیدا وای دادەنێت كە تەبلیغ و بانگەواز ئەو گرنگیەی نیە؛ ئەوا پێویستە لەسەری زیاتر گرنگی بەتەبلیغ و بانگەواز بدات. وەك چۆن قوتابیە كەمتەرخەمەكان گرنگی بەو بابەتە دەدەن كە بەلایانەوە قورسە، بۆیە پێویستە ئێوەیش گوڕوتین بدەن بە خۆتان بۆ ئەنجامدانی ئەو چاكەیەی كە سارد و كەمتەرخەم بوون لە جێبەجێكردنیدا بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو ناتەواویە بكەنەوه كە لەو بوارەدا دروست بووە.
ئێستایش پێتان دەڵێم چۆن دەتوانن ڕزگارتان بێت لە هاندانە شەیتانیەكان. ئەگەر شەیتان هانی مرۆڤی دا بۆ كردنی كارێكی چاك بە ئامانجی ئەوەی دووریبخاتەوە لەچاكەیەكی گەورەتر؛ ئەوا پێویستە لەسەر مرۆڤ بەراوردێك بكات لەنێوانیاندا، ئینجا ئەو كارە بكات كە شەیتان هانیداوە بۆی، وە هەروەها ئەو كارەیش بكات كە دەیەوێت دووریبخاتەوە لێی. بۆ نموونە ئەگەر مرۆڤ كەمتەرخەمی كرد لە یادی خوادا و شەیتان هانیدا بۆ ئەنجامدانی ئەوا پێویستە بچێتە پێش بۆ ئەنجامدانی زیكرەكە بەبێ ئەوەی لە هەمانكاتدا سستی بنوێنێت لە لە جێبەجێكردنی فەرزەكاندا، بەڵكو دەبێت وەكو پێویست جێبەجێیان بكات، ئەمەش وادەكات كە شەیتان نائومێد بێت لێی و هەرگیز نەوێرێت بەم جۆرە هانی بدات.
گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) چیرۆكێكمان بۆ دەگێڕێتەوە دەربارەی گەورەمان موعاویە (رضي الله عنه) كە ڕۆژێكیان دوادەكەوێت لە نوێژی بەیانی، كاتێك لەخەو هەستا نوێژەكەی چووبوو، ئەویش بەردەوام هەموو ڕۆژەكە گریا و پاڕێتەوە. لەڕۆژی دووەمدا لە خەوندا دەبینێت كەسێك دێت بۆلای بۆ ئەوەی خەبەری بكاتەوە بۆ نوێژ، كاتێك پرسیاری لێ دەكات كێیە؟ دەڵێت: من شەیتانم هاتووم خەبەرت بكەمەوە بۆ نوێژ. ئەویش بەسەرسوڕمانەوە پێی دەڵێت: بۆچی؟ چۆن تۆ خەبەرم دەكەیتەوە بۆ نوێژ؟ ئەویش دەڵێت: دوێنێ هانمدایت بۆ خەوتن و خەوم شیرینم كرد لەلات، تۆیش بەگوێت كردم، خەوتی هەتا دواكەوتی لە نوێژ و بۆت نەكرا لەكاتی خۆیدا ئەنجامی بدەیت، ئەمەش وایكرد بەدرێژایی ڕۆژ بگریت و بپاڕێیتەوە، خوایش بە فریشتەكانی فەرموو پاداشتێكی وەهات پێ بدەن زۆر زیاتر بێت لە پاداشتی نوێژی جەماعەت، بۆیە تووشی شۆك بووم، من تۆم بێبەش كرد لە نوێژ كەچی پاداشتێكی زیاترت بەدەستهێنا، لەبەرئەوە ئەمڕۆ هاتووم بۆ ئەوەی خەبەرت بكەمەوە لەترسی ئەوەی هەتا وەك دوێنێ زیاتر پاداشت نەدرێیتەوە.
كەواتە مادام مرۆڤ هاندانەكانی شەیتان ڕەتبكاتەوە؛ ئەوا ئەویش بەتەواوەتی دەستی لێ دەشوات و لێی نائومێد دەبێت و وازی لێ دەھێنێت، وە نائومێدبوونی شەیتان بابەتێكە لە ئیسلامدا ساغ بووەتەوە.
ئێستایش ئەوەتان پێڕادەگەیەنم كه مرۆڤ دەتوانێت هاندانی شەیتان بگۆڕێت بۆ چاكە، وە لە ڕاستیدا دەگۆڕێت بۆ چاكه.
ئەوەمان لەبیرنەچێت كە شەیتان دوو جۆر كاریگەری هەیە، یەكێكیان گشتیە وەك پەخشكردنەوەی بیرۆكە خراپەكان كە سیستەمەكەی فراوان دەبێت تەنانەت كەسانی تریش دەگرێتەوە، وە ئەم جۆرە بیرۆكانە كاریگەری هەیە لەسەر هەر یەكێك لە ئێمه، تەنانەت كاریگەری هەبووە لەسەر پێغەمبەری خوا (ﷺ)، وە هەر یەكێك لە ئێمە تووشی ئەم كاریگەریانە دەبێت. پاشان ئایا خۆی ڕادەستی ئەم كاریگەریان دەكات و ملكەچ دەبێت بۆیان یاخود ڕەتیاندەكاتەوە و دووریاندەخاتەوە لەخۆی، ئەوە بابەتێكی ترە.
دووەمیان بریتیە لە كاریگەریە تایبەتیەكان كە تەنھا تووشی ئەوانە دەبێت پارێزراو نین لە شەیتان یان ملكەچ بوون بۆی.
ئەو كەسەی بەدەم ئەم پاڵنەرانەوە دەڕوات پارێزراو نیە، بەڵام ئەوەی ملكەچ ناكات بۆیان ئەوە سوودیان لێ وەردەگرێت؛ بەجۆرێك شەیتان كاریگەریەكی خراپی بۆ دەهاوێت، بەڵام ئەو دەیگۆڕێت بۆ چاكە، وە لەجیاتی ئەوەی لە شەیتانەوە فێری كاری خراپە بێت ئەم كاریگەریە دەخاتە كار بۆ جێبەجێكردنی كاری خێر و چاكە. شێوازەكەیش بەم شێوەیە: شەیتان لە ڕێگەی حەز و ئارەزووەكانەوە هێرش دەكات، ئەم حەز و ئارەزووانە دەورووژێنێت بۆ ئەوەی پاڵ بەمرۆڤەوە بنێت خراپە بكات، بەڵام ئەگەر مرۆڤ گەشەبدات بە هێزی خۆی ئەوا بەو ئەندازەیەی كە گەشەی پێدەدات بەرەوپێش دەچێت بۆ كردنی كاری چاكە، بۆیە كاتێك _بۆ نموونە_ حەزێكی شەیتانی یان ئارەزووی بەدەستھێنانی ماڵ و سامان بەڕێگەی ناشەرعی لەدڵیدا دروست دەبێت، لەم دۆخەدا ئەگەر ئیرادەی كز و لاواز بوو ئەوا بەشێوەیەكی ناشەرعی وەڵامی ئەم پاڵنەرانە دەداتەوە، بەڵام ئەگەر ئیرادەی قایم و بەھێز بێت؛ ئەوا لەشوێنی خۆیدا و بەشێوازێكی زۆر جوان ئەم پاڵنەرانە دەخاتەكار؛ كەواتە بە گەشەپێدانی ئیرادە مرۆڤ دەتوانێت سوودوەربگرێت لە هاندانە خراپە شەیتانیەكان، ئەوەتا پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی خۆی بەم شێوازە كاردەكات.
لە عەبدوڵڵای كوڕی مەسعوودەوە دەڵێت: پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەفەرموێت: “هیچ كەسێك نیە لە ئێوە مەگەر سپێردراوە بە هاوەڵە جنەكەی”. وتیان: تۆیش؟ ئەی پێغەمبەری خوا! فەرمووی: “بەڵێ منیش. بەڵام خوا یارمەتیداوم كە زاڵبم بەسەریدا و موسوڵمان بووە. بۆیە تەنھا فەرمانی چاكەم پێ دەكات.” (مسلم. كتاب صفة القیامة، باب تحریش الشیطان وبعثه سرایاه)
ئەم فەرموودەیە مانای ئەوە نیە هەر یەكێك لە ئێمە شەیتانێكی تایبەتی هەیە و هانیدەدات بۆ كاری خراپە، وە شەیتانەكەی پێغەمبەر پێغەمبەری (ﷺ) هانداوە بۆ خێر و چاكە. چونكە ئەگەر قەوارەیەكی جیاوازی هەبێت و هانی بدات بۆ خێر لەجیاتی ئەوەی هانی بدات بۆ شەڕ، ئیتر چۆن بۆمان هەیە به یەكێك لە شەیتانەكان لەقەڵەمی بدەین، كەواتە بووە بە فریشتە، وە ئەگەر بوترێت لەوەوپێش شەیتان بووە پاشان كاتێك دەستی كردووە بە هاندان بۆ كاری چاكە بووە بە فریشتە؛ ئەوا دەڵێم ئەم قسەیەش هەڵەیە؛ چونكە پێغەمبەر (ﷺ) كاتێك باسی كردووە كە ڕێنمایی دەكات بۆ چاكە بە شەیتان وەسفی كردووە. وە ئەگەر گوترا بەڕەچاوكردنی دۆخی پێشووی بەشەیتان وەسفی كردووە ئەوا دەڵێم: ئەگەر شەیتان وازی هێنا لە سیفەتی شەیتانی؛ ئەوا ئەم كاریگەریە مەزنە تەنھا بەهۆی پێغەمبەرەوە (ﷺ) بەدەستهاتووە، ئەوەتا دەفەرموێت (ﷺ) خوای گەورە یارمەتی دام زاڵ بم بەسەریدا، بۆیە لەم ڕوانگەیەوە دەڵێین ئیسلامبوونەكەی تەنھا بەهۆی هاوڕێیەتی پێغەمبەرەوە (ﷺ) بووە، ئیتر دوای ئەوە لەكوێ دەتوانێت لەدڵی پێغەمبەردا (ﷺ) پاڵنەری شەڕ و خراپە دروست بكات.
ئاشكرایە ئەم تێگەیشتنە هەڵەیە، وە فەرموودەكە مانایەكی تری هەیە، ئەویش ئەوەیە ئەو كاریگەرییانەی شەیتان كە هەموو خەڵكی دەگرێتەوە _هیچ كەسێك نیە دوورەپەرێز بێت لێیان_ كاتێك دەگەنە پێغەمبەر (ﷺ) دەگۆڕێن بۆ چاكە، نموونەی ئەمە وەك ئاوێكی پیس وایە كە بە پاڵاوگەیەكدا تێپەڕدەبێت، بەپاكی و ڕوونی لەوسەرەوە دێتە دەرەوە. بەهەمان شێوە هەر كاریگەریەكی شەیتان كاتێك بەر پێغەمبەر (ﷺ) دەكەوت دەبوو بە كاریگەریەكی چاك. نموونەیەكی تر دەھێنمەوە بۆ ڕوونكردنەوە؛ پێغەمبەر (ﷺ) وەكو دەزگای گوشین وابوو كاتێك قامیشی شەكر دەخرێتەناوی، لەلایەكەوە شەكراوەكە دێتەدەرەوە، وە لەلایەكی ترەوە توێكڵ و پاشماوەی قامیشەكە دێتەدەرەوە. بەهەمان شێوە ئەگەر پێغەمبەر (ﷺ) بیرۆكەیەكی پیس و خراپ بهاتایە بەناخیدا ئەوا پیس و پۆخڵیەكان جیادەبوونەوە لێی و پاشماوە باشەكە دەمایەوە، ئەمەیە مەبەست لە فەرمایشتەكەی كە هاوەڵە جنەكەی موسوڵمان بووە. پوختەی قسە، مرۆڤ دەتوانێت سوود وەربگرێت لە هاندانەكانی شەیتان، وە بەشێوازێكی ڕێكوپێك دەتوانێت بیانگۆڕێ بۆ كۆمەڵێك هاندانی چاك.
8- ئێستایش باسی بابەتی كۆتایی دەكەم، كە بریتیە لەوەی: چۆن هاندانەكانی فریشتە زیاتر بكەین؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستە بنەمای سەرەكی له یاساكانی سروشت بۆ گەشەسەندنی هەموو شتێك بخەینە پێشچاو. بەسەرنجدانێكی سادە ئەوەمان بۆ ئاشكرا دەبێت ئەو بنەمایە لەوەدا خۆی دەنوێنێت كە شتەكان بەشێوازێكی گونجاو بەكاربھێنین؛ سەیری ئەو كەسانە بكەن كە لەسەرەتادا هێندێكی زۆر كەم ژەهر دەخۆن و پلە بەپلە زیاتری دەكەن، دەبینن لەكۆتاییدا دەتوانن دە گرام لە ژەهری كوشندە هەرس بكەن بەبێ ئەوەی زیانیان پێ بگات؛ ئەمەش چونكە ڕاهاتوون لەسەر خواردنی ئەو ژەهرە بەهۆی ئەوەی كە پلە بەپلە هێندەكەیان زیاتر كردووە هەتا ڕاهاتوون لەسەری. بەڵام ئەگەر كەسێك ڕانەهاتبێت لەسەر ئەوە؛ ئەوا خواردنی هێندێكی كەم لە ژەهر دەیكوژێت. هێز و بەرگری جەستەیش بەم جۆرەیە، بۆیە ئەوانەی كاری قورس دەكەن دەستیان زبر و ئەستوور و بەهێز دەبێت، وە ئەوانەی خوویان گرتووە بە زۆرخۆریەوە دەتوانن هێندەی چوار پێنج كەس خۆراك بخۆن. كەواتە هەموو شتێك بەئەندازەی زۆر بەكارهێنانی بەرەوپێش دەچێت و گەشەدەكات، هاندانی فریشتەییش بەم جۆرەیە، كەواتە بە ئەندازەی بەدەمەوەچوونی مرۆڤ بۆ هاندانەكانی فریشتە و كاركردن پێیان و جێبەجێكردنیان، دەتوانێت ئەو هاندانانە زیاتر بكات. لێرەدا ڕەنگە كەسێك پرسیار بكات و بڵێت دەكرێت لەسیستەمی فیزیكیدا كەسێك خۆراكی چوار یان پێنج كەس بەلایەنی زۆرەوە دە كەس بخوات پاش ئەوەی وردە وردە جەستەی ڕادێت لەسەر ڕێژەیەكی زۆر لە خۆراك، بەڵام ناتوانێت خۆراكی سەد یان هەزار كەس بخوات، كەواتە سنورێكی دیاریكراو هەیە بۆ ڕاكێشانی هاندەرە فریشتییەكان لەلایان مرۆڤەوە كە ناكرێت تێـیـپەڕێنێت.
بیربكەنەوە، ئەم بەراوردكاریە هەڵەیە و نادروستە؛ چونكە جەستەی مرۆڤ بۆ ماوەیەكی سنوردار دەژی، وە ئێمە بەشێوەیەكی كورت و پوخت پێوانەی ڕۆحمان كردووە لەسەر جەستە نەك بە شێوەیەكی گشتی و دورودرێژ، وە بەو پێیەی كە جەستە بۆ ماوەیەكی دیاریكراو دەژی بۆیە تواناكانیشی دیاریكراون، بەڵام تواناكانی ڕۆح بێ سنورن؛ چونكە ڕۆح هەتاهەتاییە، وە خوای گەورە بەشێوازێك دروستی كردووە كە شایستەی گەشە و بەرەوپێشچوون بێت بەو ئەندازەیەی كە مرۆڤ دەیەوێت گەشەی پێ بدات، وە مرۆڤ دەتوانێت ئەوەندەی بیەوێت لەم بوارەدا پێشبكەوێت.
وە لەبەرئەوەی مرۆڤ سوود وەردەگرێت لە توانا و هێزی ڕۆحانی، بۆیە خوای گەورە بۆ گەشەپێدانی ئەو ڕۆحە كۆمەڵێك ئامراز و هۆكاری بێشوماری دروستكردووە. وە لەبەرئەوەی تواناكانی جەستە بە نەمانی جەستەكە ون دەبن، بۆیە خوای گەورە سنورێكی دیاریكراوی داناوە بۆ ئەو ئامرازانەی كە گەشەی پێدەدەن.
دروستكراوانی خوای گەورە لەسەر ئەمە بە بەڵگە دەھێنینەوە. ئەوەی كە هەموو توانا جەستەییەكان سنوردارن، وە سنورێكیان هەیە كە نایبەزێنن، ڕاستیەكە بەدرۆناخرێتەوە؛ بۆ نموونە گەدە تا سنورێكی دیاریكراو گەشەدەكات كە تێی ناپەڕێنێت، هەروەها سنگ تا ڕادەیەكی دیاریكراو گەشەدەكات، وە هاوشێوەی ئەوان سەر سنورێكی دیاریكراوی هەیە؛ چونكە ناكرێت گەشەكەی بەردەوام بێت هەتاكو وەك كوپەی لێ بێت، یان باڵای مرۆڤ كە دەگاتە ئاستێكی دیاریكراو، ڕەنگە ئەو پەڕی بگاتە حەوت یان نۆ پێ، ناكرێت درێژی باڵای مرۆڤ بگاتە بیست و پێنج یان تەنانەت بیست پێ. كەواتە هەموو شتە ماددیەكان سنورێكی دیاریكراویان هەیە، بەڵام ئەو توانا و هێزانەی كە پەیوەندیان بە ڕۆحەوە هەیە و سەربەجیھانی ڕۆحن كۆتایی نایەن، وە ئەو گەردیلانەی كە لەمێشكدا بەرپرسیارن لە هزر و بیری مرۆڤ بەئەندازەی ویستی مرۆڤ زۆر دەبن، بۆیە ئەم گەردیلانە تەواونابن هەرچەند یەكێكتان پێش بكەوێت لە بەدەست هێنانی زانستدا، وە ئەو توانا و هێزانەی بەردەوام زۆرتر دەبن چونكە كۆمەڵێك هێز و توانای ڕۆحین، وە تاكە هۆكاری گەیەنەر لەنێوان ڕۆح و جەستەدا بریتیە لە دەماغ، لەبەرئەوە گەدە و ئەندامەكانی تر ئەم سیفەتەیان نیە. كەواتە توانای مرۆڤ بۆ كێشكردنی هاندان و بزوێنەرە فریشتەییەكان بەئەندازەی كەڵك وەرگرتن لێیان زیاتر دەبێت.
خاڵی دووەم كە لە قورئانی پیرۆزەوە دەردەكەوێت بریتیە لە ڕێسایەكی گشتی و هەموو كەسێك دەتوانێت لێی تێـبگات ئەویش ئەوەیە باڵندە لەگەڵ هاوشێوەی خۆیدا چینە دەكات، واتە ئەوانەی هاوچەشنن جۆرێك پەیوەندی لەنێوانیاندا دروست دەبێت، وە لەڕوانگەی ئەم یاسایەوە دەتوانین بڵێین ئەوانەی لە فریشتەكان دەچن لێشاوی بەرەكەتی فریشتەكان لایان زیاتر دەبێت، وە خوای گەورە فریشتەكانی بەم شێوەیە وەسف كردووە: ﴿لَا يَعْصُونَ اللَّهَ مَا أَمَرَهُمْ وَيَفْعَلُونَ مَا يُؤْمَرُونَ﴾ (التحریم: 7)
واتە دواناكەون لە بەدەمەوەچوونی هەر فەرمانێكی خوا و هەموو فەرمانەكانی پەروەردگاریان جێبەجێ دەكەن، وە ئەگەر یەكێك لە ئێوە ئەم سیفەتەی تێدا بێت؛ ئەوا پەیوەندی بۆ دروست دەبێت لەگەڵ فریشتەكاندا.
ڕەنگە كەسێك بڵێت تەنھا خەڵكی پلەبەرزی ڕۆحی ئەم سیفەتەی هەیە، ئەی پلە نزمەكان چی بكەن؟ دەڵێم دیارە كۆمەڵێك ئامرازی تر هەیە بۆ ئەو جۆرە خەڵكانەش، وە لە خستنەڕووی ئەو ئامرازانەدا یەكەم ئامراز تاوتوێ دەكەم كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) باسی كردووە، ئەویش ئەوەیە كە بەڕێزی (عليه السلام) بەم شێوەیە باسی كردووە: ئەو كەسەی جیبریل دادەبەزێت بۆ سەری؛ ئەوا ئەو كەسەیش كە لە خزمەتیدا دەبێت ئەم سیفەتە باسكراوە بەدەستدەھێنێت؛ ئەمەش چونكە لە چاوەكانی و دەستەكانی و لووت و دەمی و هەموو گەردەكانی جەستەیەوە تیشكی نوورانی دەردەچێت و كار لە دڵەكان دەكات. بەمەش بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ بەردەوام فریشتە دادەبەزێتە سەر مرۆڤ، وە قورئانی پیرۆزیش ئەمە دەسەلمێنێت، ئەوەتا خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَكُونُوا مَعَ الصَّادِقِينَ﴾ (التوبة: 119)
واتە هاوڕێیەتی ڕاستگۆیان بكەن، مەبەست ئەوەیە كە لەگەڵ ڕاستگۆیاندا پەیوەندی ببەستن هەتاكو كارتێكردنی فریشتەكان لە ئەوانەوە درێژ بێتەوە بۆ ئێوەش، كەواتە پشتیان پێ ببەستن؛ چونكە هیچ ئامراز و هۆكارێك نیە بۆ هەستانەوەی ئەو كەسەی كە لەسەر زەوی كەوتووە مەگەر ئەوەی دەستبگرێت بە كەسێكی ترەوە و پشتی پێ ببەستێت بۆ ئەوەی بتوانێت هەستێتەوە و لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێت، بەهەمان شێوە خەڵكی گشتی پێویستە پاڵبدەن بە كەسێكەوە كە جیبریل دادەبەزێتە سەری تاكو بتوانن بەهۆی ئەو كەسەوە ڕاوەستن.
هۆكاری دووەم بریتیە لەوەی مرۆڤ سڵاوات بدات لە سەر پێغەمبەر (ﷺ)، ئەم هۆكارەیش هەر لە قورئانی پیرۆزەوە وەرمان گرتووە، ئەوەتا خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿إِنَّ اللَّهَ وَمَلَائِكَتَهُ يُصَلُّونَ عَلَى النَّبِيِّ يَاأَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا صَلُّوا عَلَيْهِ وَسَلِّمُوا تَسْلِيمًا﴾ (الأحزاب: 57)
واتە خوای گەورە و فریشتەكانی بەردەوام بەرەكەت دەنێرن بۆسەر ئەم پێغەمبەرە (ﷺ)، وە ئەگەر ئەوان درود دەدەن لەسەری ئەوا ئەی باوەڕداران پێویستە لەسەر ئێوەیش درودی لەسەر بدەن.
لێرەدا ڕەنگە بێت بە زیھنی یەكێكتاندا و بڵێت: ڕاستە خوای گەورە لەم ئایەتەدا فەرمانمان پێ دەكات درود بدەین لەسەر پێغەمبەر (ﷺ)، بەڵام چۆن بزانین كە لە ئەنجامی ناردنی ئەم درودەوە بۆ سەر پێغەمبەر (ﷺ) لەگەڵ فریشتەكاندا پەیوەندیمان بۆ دروست دەبێت. دەڵێم: ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە دەكەم بە بەڵگە لەسەری: ﴿يَاأَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اذْكُرُوا اللَّهَ ذِكْرًا كَثِيرًا * وَسَبِّحُوهُ بُكْرَةً وَأَصِيلًا * هُوَ الَّذِي يُصَلِّي عَلَيْكُمْ وَمَلَائِكَتُهُ لِيُخْرِجَكُمْ مِنَ الظُّلُمَاتِ إِلَى النُّورِ وَكَانَ بِالْمُؤْمِنِينَ رَحِيمًا﴾ (الأحزاب: 42_44)
واتە ئەی باوەڕداران زۆر یادی خوا بكەنەوە و بەیانیان و ئێواران تەسبیحاتی بكەن. ئەو خودایەكە كه درود بۆ ئێوە دەنێرێت، هەروەها فریشتەكانیشی، بۆ ئەوەی لە تاریكی دەرتانبهێنێت بەرەو ڕووناكی.
تێبینی ئەوە بكەن خوای گەورە لە ئایەتەكەی یەكەمدا (الأحزاب: 57) فەرمانی كردووە بە باوەڕداران درود بنێرن بۆ پێغەمبەر (ﷺ)؛ چونكە خوای گەورە و فریشتەكانی درودی بۆ دەنێرن. لە كاتێكدا لە ئایەتی دووەمدا دەفەرموێت: ﴿هُوَ الَّذِي يُصَلِّي عَلَيْكُمْ وَمَلَائِكَتُهُ﴾ (الأحزاب: 44)، لە ڕواڵەتدا پێویست بوو ئەم ئایەتە _بەگوێرەی ئایەتەكەی یەكەم_ بەم شێوەیە بێت: “خوا و فریشتەكانی درود دەنێرن بۆ ئێوە، دەی ئێوەیش درود بنێرن بۆ یەكتری”، بەڵام خوای گەورە وەهای نەفەرمووە. لێرەدا بەجوانی دەردەكەوێت ئایەتی یەكەم حوكمێكی سەربەخۆی هەڵگرتووە كە بریتیە لەوەی خوا و فریشتەكانی درود دەنێرن بۆ پێغەمبەر، لەبەرئەوە پێویستە ئێوەیش درودی بۆ بنێرن. وە لە ئایەتی دووەمدا پاداشتی درود ناردن بۆ پێغەمبەر (ﷺ) ڕادەگەیەنێت پێمان وەك ئەوەی بفەرموێت: لەبەرئەوەی ئێوە فەرمانی درود ناردنتان بۆ پێغەمبەر (ﷺ) جێبەجێ كرد، ئەمەش بەدوای خۆیدا ئەوەی هێنا كە خوای گەورە و فریشتەكانی درود بۆ ئێوە بنێرن. وەك ئەوەی لە ئایەتی یەكەمدا فەرمانی كردبێت بە ناردنی درود بۆ پێغەمبەر (ﷺ) بەهۆی بەرزی پلەكەیەوە، وە لە ئایەتی دووەمدا دەربارەی پاداشتی ئەم كارە دوابێت، وە لەبەرئەوەی ئەم پاداشتە پەیوەست نەكراوە بە بڕیارێكی ترەوە، بۆیە ئەم قسەیەی بۆ زیاد نەكراوە: “دەی ئێوەیش درود بنێرن بۆ یەكتری”؛ بۆ نموونە كاتێك پارە دەدەین بۆ كڕینی جلوبەرگ، فرۆشیارەكە مافی ئەوەی نیە بڵێت پاداشتان نەدامەوە لەسەر ئەوەی كە ئەم جلوبەرگەتان پێدەفرۆشم. كەواتە لە ئایەتی یەكەمدا خوای گەورە دەفەرموێت، بەم واتایە: بەوپێیەی خوا و فریشتەكانی درود دەنێرن بۆ پێغەمبەر، بۆیە ئێوەیش درود بنێرن بۆی. بەڵام سەبارەت بە باوەڕداران خوای (عز وجل) بەوەندە وازی ھێناوە كە بفەرموێت خۆی درودتان بۆ دەنێرێت، هەروەها فریشتەكانیشی، وە داوای ئەوەی لێ نەكردووین درود بنێرین بۆ یەكتری، بۆیە نەیفەرمووە: ئێوەیش درود بنێرن بۆ براكانتان.
كەواتە لەم ئایەتەوە ساغ دەبێتەوە كە درود ناردنمان بۆ پێغەمبەر (ﷺ) پەیوەستمان دەكات بە فریشتەكانەوە، بۆیە ئەو كەسەی درود دەنێرێت بۆ پێغەمبەر (ﷺ)؛ ئەوا جۆرێك لە نزیكی و لێكچوون بەدەست دەھێنێت لەگەڵ فریشتەكاندا، ئینجا پەیوەندی بۆدروست دەبێت لەگەڵیاندا، لەبەر ئەم هۆكارە پیاوچاكان درود ناردن بۆ پێغەمبەر (ﷺ) بە كارێكی مەزن لەقەڵەم دەدەن. لەلایەكی ترەوە پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرموێت ئەو دوعایەی ستایشی خوا و درود ناردنی لەگەڵدا نەبێت بۆ پێغەمبەر گیرا نابێت. (سنن أبي داود، كتاب الصلاة، باب ما یستفتح به الصلاة من الدعاء) ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو دوعایەی لەپێشیەوە سوپاس و ستایشی خوا بكرێت و درود بدرێت لەسەر پێغەمبەرەكەی زیاتر شایستەی گیرابوونە.
پێویستە ئەوەتان بیر نەچێت شتە هاوشێوەكان لە جیھاندا پەیوەندیەكی پتەویان بەیەكترەوە هەیە، ئەوەتا خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿قُلْ لَوْ كَانَ فِي الْأَرْضِ مَلَائِكَةٌ يَمْشُونَ مُطْمَئِنِّينَ لَنَزَّلْنَا عَلَيْهِمْ مِنَ السَّمَاءِ مَلَكًا رَسُولًا﴾ (الإسراء: 96)
وەك ئەوەی خوای گەورە بفەرموێت: ئەگەر خەڵكی هەموو پلە بەرزەكانی ڕۆحانیەت ببڕن هەتا وەك فریشتەیان لێ دێت؛ ئەوا فریشتەمان دادەبەزاندە خوارەوە بۆ سەریان، واتە فریشتەكان تەنھا بۆسەر ئەو كەسانە دادەبەزن كە هاوشێوەی خۆیانن.
ئێستایش وەرن با بزانین چۆن دەكرێت مرۆڤ ببێت بە هاوشێوەی فریشتە:
1- یەكەم شت كەلێكچوون بۆ مرۆڤ بەدیدەھێنێت لەگەڵ فریشتەكاندا بریتیە لە گەیاندنی پەیامی پێغەمبەرانی خوا؛ ئەوەتا خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿فَإِذَا سَوَّيْتُهُ وَنَفَخْتُ فِيهِ مِنْ رُوحِي فَقَعُوا لَهُ سَاجِدِينَ﴾ (الحجر: 30) واتە كاتێك تەواو دەبم لە دروستكردنی مرۆڤ پێویستە لەسەرتان وەك پێویست گوێڕایەڵی بن. وەك ئەوەی هاوڕێیەتی پێغەمبەر و بڵاوكردنەوەی بانگەوازەكەی بەشێك بێت لە ئەركی فریشتەكان، بۆیە هەر كەسێك لەگەڵ پێغەمبەردا بێت و پەیامەكەی بگەیەنێت بە خەڵكی؛ ئەوا دەبێت بە هاوشێوەی فریشتەكان؛ چونكە كارەكەی ئەوان ئەنجامدەدات، وە هەر كاتێك لەسەر ئەو بارودۆخە بوو فریشتەكان هۆگری دەبن و پەیوەندی دروستدەكەن لەگەڵیدا.
2- ڕێگای دووەم بۆ دروست بوونی لێكچوون لەگەڵ فریشتەكاندا لە بڵاوكردنەوەی تاك و تەنهایی خوای گەورەدا خۆی دەنوێنێت؛ چونكە خوای گەورە لە وەسفی فریشتەكاندا دەفەرموێت: ﴿شَهِدَ اللَّهُ أَنَّهُ لَا إِلَهَ إِلَّا هُوَ وَالْمَلَائِكَةُ وَأُولُو الْعِلْمِ قَائِمًا بِالْقِسْطِ لَا إِلَهَ إِلَّا هُوَ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ﴾ (آل عمران: 19) واتە خوا و فریشتەكانی شایەتی دەدەن لەسەر تاك و تەنهایی خوا. لێرەدا پەی بەو مانایە دەبەین كە بڵاوكردنەوەی تاك و تەنهایی خوا یەكێكە لە كارەكانی فریشتە، وە ئەوانەی ئەم كارە گرنكە ئەنجام دەدەن _لە خەڵكی_ دەتوانن بەهۆی فریشتەكانەوە خۆیان بەرەكەتدار و پیرۆز بكەن، تەنانەت ئێمە تێبینی ئەوە دەكەین ئەو كەسانەی بەشێوەیەكی ساختەش تاك و تەنھایی خوای گەورە بڵاودەكەنەوە، ئەوانیش بەروبوومی ئەم كارە دەچننەوە. وە ئەو گەشە و پێشكەوتنەی شوێنكەوتوانی (ڕام مۆهان ڕۆی) و (پاندیت دایاند) بەدەستیان ھێناوە سەرجەم هیندۆسەكان بەدەستیان نەھێناوە، هۆكارەكەیش لەوەدا شاردراوەتەوە كە ئەوان باوەڕیان بە تاك و تەنھایی خوای گەورە هەیە و ئەم باوەڕە بڵاودەكەنەوە لەبەرامبەر هیندۆسەكانی تردا. بۆیە ئەو كەسەی دەمارگیر بێت بۆ تاك و تەنهایی خوا و لەم بارەیەوە غیرەت بنوێنێت؛ ئەوا لە فریشتەكانەوە بەرەكەتی زۆری دەستدەكەوێت.
3- خاڵی سێیەم بریتیە لە تەگبیر و ڕێگاچارەیەك كە بەگوێرەی ئەوە مرۆڤ دەتوانێت ببێت بە هاوشێوەی فریشتەكان، ئەویش ئەوەیە كە خەڵكی خۆش بێت و چاوپۆشی بكات لە هەڵەكانیان، وە دووربكەوێتەوە لە گومانی خراپ، دیارە بەئەندازەی خۆڕازاندنەوەی بەم سیفەتانە فریشتەكان هانیدەدەن بۆ ئەنجامدانی كارە چاكەكان. چاوپۆشی لەهەڵەی كەسانی تر و لێبوردنیان كارێكە دەبێتەهۆی سەرنج ڕاكیشانی فریشتەكان و نزیك بوونەوەی مرۆڤ لێیان؛ چونكە خوای گەورە لەوەسفی فریشتەكاندا دەفەرموێت: ﴿وَيَسْتَغْفِرُونَ لِلَّذِينَ آمَنُوا﴾ (غافر: 8) واتە فریشتەكان لە خوا دەپاڕێنەوە كە لەهەڵە و تاوانەكانی خەڵكی خۆش بێت، دەی ئەو كەسەی زیاتر گرنگی بەم سیفەتە بدات پەیوەندی بۆ دروست دەبێت بە فریشتەكانەوە. ئەم فەرموودەیەی پێغەمبەریش (ﷺ) پشتگیری ئەم قسەیە دەكات، كە دەفەرموێت: “ئەو كەسەی دوعا بكات بۆ براكەی فریشتەكان دوعای بۆ دەكەن”. (مسلم، كتاب الذكر والدعاء، باب فضل الدعاء للمسلمین بظهر الغیب). كەواتە چاوپۆشیكردن لەهەڵەی خەڵكی و تووڕەنەبوون و ڕقخواردنەوە وەها دەكەن لە مرۆڤ كە فریشتەكان لێی نزیك ببنەوە.
4- هەوڵی چوارەم بۆ خۆچوواندن بە فریشتەكان لە تەسبیحات و سوپاس و ستایش كردندا بەرجەستە دەبێت؛ چونكە خوای گەورە لە باسی ئەركەكانی فریشتەدا كردووە فەرموویەتی ئەوان تەسبیحات و سوپاسی خوا دەكەن، وەك دەفەرموێت: ﴿وَتَرَى الْمَلَائِكَةَ حَافِّينَ مِنْ حَوْلِ الْعَرْشِ يُسَبِّحُونَ بِحَمْدِ رَبِّهِمْ﴾ (الزمر: 76)
كەواتە ئەو كەسەی تەسبیحات و سوپاس و ستایشی خوای گەورە دەكات پەیوەندی پتەو دەبێت لەگەڵ فریشتەكاندا، وە فەرموودەیەكی پێغەمبەریش (ﷺ) دەكەم بە بەڵگە لەسەر ئەمە كە دەفەرموێت: فریشتەكان دادەبەزنە خوارەوە بۆ شوێنێك كە تێیدا مرۆڤ یادی پەروەردگاری بكاتەوە. (صحیح مسلم، كتاب الذكر والدعاء، باب فضل مجالس الذكر)
بیربكەنەوە، نەریتی من وەهایە كە بەزۆری لە قورئانی پیرۆزەوە بەڵگە دەهێنمەوە لەسەر بابەتێك، پاشان لە فەرموودەدا ئەوە دەبینم كە دەیسەلمێنێت پێغەمبەر (ﷺ) بە پشتبەستن بە قورئانی پیرۆز قسەی كردووە، وە لەبەرئەوەی فراوانترین و تەواوترین زانستی هەبووە بۆیە بەشێوەیەكی زۆر چاكتر لە قورئانەوە ئەنجامگری كردووە. لەم ئایەتەوە: ﴿يُسَبِّحُونَ بِحَمْدِ رَبِّهِمْ﴾ گەيشتوومەتە ئەو ئەنجامەی كە یەكێك لە كارەكانی فریشتە بریتیە لە تەسبیح و پاكڕاگرتنی خوا. وە لە فەرموودەوە ئەوە ڕووندەبێتەوە كە ئەوانەی هەڵدەستن بە ئەنجامدانی ئەم كارە دەبن بەهاوشێوەی فریشتەكان و پەیوەندیان بۆ دروست دەبێت لەگەڵیاندا؛ ئەمەش بە بەڵگەی ئەم فەرموودەیەی پێغەمبەر (ﷺ): لە هەر شوێنێكدا كە یادی خوای تێدا بكرێت فریشتەكان دادەبەزن. (مسلم، كتاب الذكر والدعاء، باب فضل مجالس الذكر) واتە فریشتەكان دادەبەزن بۆ ئەو شوێنانەی كە یادی خوایان تێدا دەكرێت، واتە ئەو شوێنە لە لێشاوی نووری خۆیاندا نوقم دەكەن. هەروەك بە ڕووداوێك كە چەند ساڵێك لەمەو پێش ڕوویداوە بەڵگە دەھێنمەوە لەسەر ئەمە، وتارێكم پێشكەش دەكرد بەناونیشانی “یادی خوا”، وە كەسێكی نا ئەحمەدی شتێكی پێـڕاگەیاندم _دوای ئەوە باوەڕی ھێنا بە ئەحمەدیەت_ كە بە بەڵگەیەكی زیندوو لەقەڵەم دەدرێت لەسەر دابەزینی لێشاوی نووری فریشتەكان، كەسەكە گوتی: “تووشی ئازاری چاوئێشە بووم، وە زۆر ماندووبووم و ئازارم چەشت هەتا بەیارمەتی كەسانی تر گەيشتمە شوێنی كۆبوونەوەكە، بەڵام پاش بیستنی وتارەكە بەتەواوەتی لە نەخۆشیەكە چاكبوومەوە، وە بەتەنھا بەبێ ئەوەی پێویستم بەكەس بێت گەڕامەوە بۆ ماڵەوە”.
پاشان یادی خوا دوو بەشە: یەكێكیان یادكردنی خوا بەنھێنی بەجۆرێك مرۆڤ دوور لە خەڵكی و بەتەنھا یاد و تەسبیحاتی پەروەردگاری بكات، دووەمیان یادی ئاشكرا، ئەوەیە كە مرۆڤ بە ئاشكرا و لەبەرچاوی خەڵكیدا یادی خوای گەورە بكات بە مەبەستی ئەوەی خەڵكی گوێبیستی بن بۆ ئەوەی بەشداری بكەن لەگەڵیدا و مژدەیان پێ بدات. وە بە پەیڕەوكردنی ئەم دوو شێوازەی یادكردنەوەی خوا مرۆڤ دەتوانێت پەیوەندی دابمەزرێنێت لەگەڵ فریشتەكاندا.
5- خوێندنەوەی قورئانیش كارێكە مرۆڤ دەگەیەنێتە ئەو ئاستەی كە فریشتەكان پەیوەندی پێوە بكەن. پێغەمبەری خوا (ﷺ) لەم بارەیەوە دەفەرموێت: لە هەر شوێنێك قورئان بخوێنرێتەوە فریشتەكان دادەبەزن. (البخاري، كتاب فضائل القرآن، باب نزول السكینة، صحیح مسلم، كتاب الذكر والدعاء، باب فضل الاجتماع علی تلاوة القرآن)، وە بزانن هەر كاتێك مرۆڤ شانبەشانی فریشتەكان ڕۆیشت لە هەموو ئەو كارانەی كە ئەنجامی دەدات؛ ئەوا پەیوەندی فریشتەكان لەگەڵیدا پتەودەبێت.
6- فریشتە دادەبەزێتە سەر ئەو كەسەی كتێبی كەسێك بخوێنێتەوە كە فریشتە دابەزیوەتە سەری؛ وە ئەو كەسەی كتێبەكانی گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بخوێنێتەوە فریشتەكان دادەبەزنە سەری؛ چونكە حەقیقەت و مانای ورد و زانستی ڕۆحی ئاشكرا دەبێت بۆ خوێنەری ئەو كتێبانە، بۆیە هەر كاتێك دەیانخوێنینەوە زانست و زانیاری تایبەتیمان بۆ دەردەكەوێت و بەرەكەتەكان دادەبەزن. بەڕێزی (عليه السلام) لەژێر چەتری ڕەحمەت و بەرەكەتی تایبەتی خوای گەورەدا ئەو كتێبانەی نووسیوە، بۆیە هەر كاتێك كتێبی “البراهین الأحمدیة”م گرتووە بەدەستمەوە بۆ ئەوەی بیخوێنمەوە نەمتوانیوە دە لاپەڕە بخوێنمەوە؛ چونكە بابەت و مەبەستی نوێ و مانای ورد و زانیاری ڕۆحی بەلێزمە باریوە بەسەرمدا هەتاكو مێشكم سەرقاڵ بووە پێیانەوه. كەواتە كتێبەكانی بەڕێزی (عليه السلام) لێشاوی بەرەكەتی تایبەتییان تێدایە، وە خوێندنەوەیان یارمەتیدەرە بۆ بەدەستهێنانی بەرەكەت و لێشاوی نووری فریشتەكان، وە بەخوێندنەوەیان زانیاری نوێ ئاشكرا دەبێت بۆ مرۆڤ، ئەگەر هەر كتێبێكی نووسەرێكی تر بخوێننەوە؛ ئەوا وشەكانی چەندە مانایان لەخۆیاندا هەڵگرتبێت هەر ئەوەندە لێی تێدەگەن، بەڵام لەكاتی خوێندنەوەی كتێبەكانی ئەودا (عليه السلام) زۆر بەجوانی بابەتەكە دەردەكەوێت، بەمەرجێك خوێندنەوەكە بەگوێرەی كۆمەڵێك مەرجی دیاریكراو بێت، وە خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز دەبێتە هۆی ئاشكرابوونی زانست و زانیاری زۆر زیاتر، وە لەگەڵ ئەوەی خستنەڕووی ئەو مەرجانەی كە پێویستن بۆ خوێندنەوەی كتێبەكانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پەیوەندی بەم باسەوە نیە كە من تێیدام، بەڵام یەك مەرجیان باس دەكەم:
ناكرێت شتێك بچێتە شوێنێكەوە شتێكی تر خۆی تێدا گرمۆڵە كردبێت كە پێشتر تێیدا بووبێت، مەگەر ئەو شتە لەو شوێنەدا دەربكەین. بۆ نموونە ئەگەر شوێنێك پڕبێت لە خەڵك؛ ئەوا ناكرێت كەسانی تر بچنە ئەو شوێنە ئەگەر كەسەكانی ناوی لێی دەرنەچن. لەڕوانگەی ئەم نموونەیەوە دەڵێم پێویستە هەموو بیروباوەڕەكان لەمێشكماندا دەربكەین پێش خوێندنەوەی هەر كتێبێكی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام).
پێویستە پاش خاڵیكردنەوەی دەماغ بەتەواوەتی دەستبكەین بە خوێندنەوەی كتێبەكانی بەڕێزی (عليه السلام)، وە ئەگەر كەسێك بەم شێوازە كتێبەكانی خوێندەوە؛ ئەوا زانستی دروست و فراوان وەردەگرێت، وە ئەو كەسەی لەبەر ڕۆشنایی بیروباوەڕەكانی خۆیدا كتێبەكانی بەڕێزی (عليه السلام) بخوێنێتەوە؛ ئەوا خوێندنەوەكەی هەرگیز ئەم ئەنجامەی لێ ناكەوێتەوە.
لەبەرئەوە پێویستە پاش بەتاڵكردنەوەی زیھن لە هەموو بیرۆكە و خەیاڵێك ئەم كتێبانە بخوێنینەوە، وە ئەوەی ئەم كارە بكات ئەوا بە ئاشكرا هەست بەوە دەكات كە بەرەكەتی زۆر دەبارێت بەسەریدا.
7- ئامرازی حەوتەم بۆ دەستكەوتنی بەرەكەت و لێشاوی نووری فریشتەكان ئەوەیە كە: پێویستە لەسەر مرۆڤ ئاموشۆی ئەو شوێنانە بكات كە بەشێوەیەكی تایبەت فریشتەكان تێیدا دابەزیون. هەڵبەت پێش كەمێك پێمڕاگەیاندن ئەو كەسەی فریشتەكان و جیبریل دادەبەزنە خوارەوە بۆ لایان؛ ئەوا ئەو كەسەیش كە لە خزمەتیاندا دادەنیشێت و هەڵسوكەوت دەكات له بەرەكەت و لێشاوی نووری ئەوانی دەستدەكەوێت، وە ئێستایش دەمەوێت ئەو زانیاریەتان پێ ڕابگەیەنم كە ئەو شوێنەی بەتایبەتی فریشتەكان تێیدا دادەبەزن، ئەگەر مرۆڤ سەردانی بكات ئەوا بەتایبەتی فریشتەكان دادەبەزنە خوارەوە بۆلای. كەواتە بەگوێرەی ئەم ڕێسایە چوون بۆ مزگەوت لەڕۆژی هەينيدا زۆر بەسوودە. پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرموێت ئەوانەی پێش دەستپێكردنی وتارەكە لەمزگەوتدا ئامادە دەبن؛ ئەوا فریشتەكان ناویان تۆماردەكەن، كاتێك وتارەكە دەستی پێكرد ئیتر ناوی كەس تۆمارناكەن. (مسند أحمد، باقي مسند المكثرین، مسند أبي هریرة رضي الله عنه)
كەواتە ئامادە بوون لەنوێژی هەینیدا بە ڕێكوپێكی و بەردەوامی مرۆڤ دەكاتە هاودەم و نزیكی فریشتەكان، وە جۆرێك لە پەیوەندی بۆ دروست دەكات لەگەڵیاندا، وە دوای ئەوە دەتوانێت لێشاوی بەرەكەتی ئەوان بەدەست بھێنێت.
8- ڕێگەی هەشتەم بۆ دەستكەوتنی لێشاوی بەرەكەتی فریشتەكان لەوەدا بەرجەستە دەبێت كە مرۆڤ پەیوەندی دابمەزرێنێت لەگەڵ خەلیفەی سەردەمدا، ئەمەش لە قورئانی پیرۆزەوە سەلمێنراوە، ئەوەتا لە سوورەتی (البقرة)دا هاتووە: ﴿وَقَالَ لَهُمْ نَبِيُّهُمْ إِنَّ آيَةَ مُلْكِهِ أَنْ يَأْتِيَكُمُ التَّابُوتُ فِيهِ سَكِينَةٌ مِنْ رَبِّكُمْ وَبَقِيَّةٌ مِمَّا تَرَكَ آلُ مُوسَى وَآلُ هَارُونَ تَحْمِلُهُ الْمَلَائِكَةُ﴾ (البقرة: 249)
واتە لەسەردەمی پێشوودا خەڵكی داوایان كرد لە پێغەمبەرەكەیان كە جێگرێكی خۆی بكات بەفەرمانڕەوا بەسەریانەوە بۆ ئەوەی لە كاروباری دنیادا پشتی پێ ببستن و داوای یارمەتی لێ بكەن. بەڵام كاتێك جێگرێكی كرد بە فەرمانڕەوا بەسەریانەوە وتیان: چ شتێكی لە ئێمە زیاترە؟ ئێستا ئەحمەدیە لاهوریەكان ئەمە بە ئێمە دەڵێن. پێغەمبەركەیش پێـیگوتن: وەرن با پێتان بڵێم ئەو چ سیفەتێكی هەیە كە ئێوە نیتانە، ئەویش ئەوەیە كە ئەو كەسانەی پەیوەندی لەگەڵدا دەبەستن و خۆشیان دەوێت فریشتەكان ئاسوودەیی و ئارامی و ئۆقرەییان بۆ دابین دەكەن. لێرەوە دەردەكەوێت كە پەیوەندی كردن و دەستگرتن بە سیستەمی خیلافەتەوە مرۆڤ پەیوەست دەكات بە فریشتەكانەوە؛ چونكە ئایەتەكە ئەو مانایە دەگەیەنێت كە فریشتەكان دڵی ئەوانیان هەڵگرتووە، ئەمەش؛ چونكە یەكێك لە ماناكانی “التابوت” بریتیە لە دڵ و سنگ. خوای گەورە دەفەرموێت: نیشانەی ئەوانەی پەیوەندییان كردووە بە سیستەمی خیلافەتەوە ئەوەیە كە خەیاڵیان ئاسوودەیە و ئازا و نەترسن، وە فریشتەكان دادەبەزنە خوارەوە بۆلایان بۆ ئەوەی زانست وزانیاری پیاوچاكان و پێغەمبەرانی پێشوویان پێ بدەن، كەواتە دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ خەلیفەدا دابەزینی فریشتەكان بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
وە لەوەڵامی ئەو كەسەدا كە پرسیار دەكات: ئەگەر بەردەوام جیبریل لەگەڵ پێغەمبەردایە ئەوا بۆچی جاروبار هەڵە دەكات، بەڕێزی (عليه السلام) دەفەرموێت: بێگومان جاروبار بەئەنقەست چاوی پێغەمبەر دادەخرێت، ئەمەش لەبەر كۆمەڵێك حیكمەتی زۆر.
ئەمانە ئەو ئامراز و هۆكارانە بوون كە بەگرتنبەریان پەیوەندی پتەو دروست دەبێت لەگەڵ فریشتەكاندا. لەلایەكی ترەوە كۆمەڵێك خاڵ هەیە ئەگەر مرۆڤ ڕەچاویان نەكات ئەوا پەیوەندیەكانی لەگەڵ فریشتەدا بەرەو لاوازی دەڕوات؛ بۆ نموونە ئەو كارانەی دژ و پێچەوانەی ئەو خاڵانە بێت كە پێشتر باسكران، دەبنە هۆی لاوازی پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ فریشتەكاندا.
وە پێویستە ئەوەتان لەبیرنەچێت كە پاك و خاوێنی ڕواڵەتی ڕۆڵێكی گەورەی هەیە لە دروستبوونی پەیوەندی لەگەڵ فریشتەكاندا؛ پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرموێت ئەوەی شەو بەپیس و پۆخڵی مایەوە و شەیتان گێچەڵی پێكرد با سەرزەنشتی خۆی بكات (سنن الترمذي، أبواب الأطعمة عن رسول الله، باب ما جاء في كراهیة البَیتوتة و في یده ريح غَمَر)، وە دەفەرموێت (ﷺ) فریشتەكان بێزدەكەنەوە لەو شتەی مرۆڤ بێزی لێ دەكاتەوە. (أبو داود، كتاب التَّرَجُّلِ، باب في الخَلوق للرِّجال). وە دەفەرموێت (ﷺ) یاریكردن لەگەڵ سەگدا ڕێگەی فریشتەكان دەگرێت؛ چونكە فریشتەكان دووردەكەونەوە لە كەسێك یاری لەگەڵ سەگدا بكات. (أبو داود، كتاب الطهارة، باب الجُنُب یؤخِّر الغُسل). وە دەفەرموێت ئەوانەی لە ماڵەكانیاندا وێنە هەڵدەواسن فریشتە ناچنە ماڵەكانیانەوە. (سەرچاوەی پێشوو). هەروەك فریشتەكان دوورەپەرێز دەبن لەو كەسانەی كە ئەو خواردنانە دەخۆن بۆنی بێزاركەریان هەیە، بۆ نموونه پیاز. (أبو داود، كتاب الأطعمة، باب في أكل الثُّوم) یان ئەو كەسەی كە پاش خواردن دەم و دانی پاك ناكاتەوە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بۆنی ناخۆش لەدەمی بێت. (أبو داود، كتاب الطھارة، باب السواك). ئەو كەسانەی بەم شێوەیە پیس و پۆخڵ بن فریشتەكان توخنیان ناكەون، وەك ئەو كەسانەی نێرگەلە دەكێشن؛ چونكە ناكرێت نێرگەلەكێش شەرەفدار بێت بە وەرگرتنی ئیلهامی خوایی ڕاست و دروست.
لەكۆتاییدا داواكارین لە خوای گەورە پەیوەندیمان پتەو بكات لەگەڵ فریشتەكاندا و یارمەتیمان بدات لە جێبەجێكردنی ئەو ئەركانەی كە لە ئەستۆماندایە، وە سەركەوتوومان بكات لە پیادەكردنی ئەو ڕێنماییانەی لەلایەن ئەوەوە هاتوون بەسەر خۆماندا و گەیاندنیان بە كەسانی تر، هەورەها داواكارین لێی هەموو هەڵەكانمان بپۆشێت و لێمان خۆشبێت، وە لەسەر ڕێگای چاكە و تەقوا بەردەواممان بكات، وە لە هەموو مەیدانێكدا سەركەوتوومان بكات و لە هەموو بۆنەیەكدا پشتگیریمان بكات، وە دوژمنەكانمان زەبوون و ڕسوا بكات و لە هەموو ڕووبەڕوبوونەوەیەكدا نائومێدیان بكات، وە بمانپارێزێت لە هەموو بەڵایەكی ئايینی و دنیایی. ئامین.
([1]) واتە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام). (وەرگێڕی عەرەبی)
([2]) وا دەردەكەوێت كە نووسەرەوەكە ئەمەی بەهەڵە نووسیوە بەهۆی كاریگەربوون بە باسكردنی حەوت لە فریشتەكان لای ئایینی زەردەشتی. دیارە گەورەمان موسڵیحی بەڵێندراو (رضي الله عنه) لە “التفسیر الكبیر”دا نووسیویەتی چوار لە فریشتەكان، وە گەورەمان مەسیحی بەڵێندراویش (عليه السلام) هەمان شتی فەرمووە. (وەرگێڕی عەرەبی)
([3]) بریتیە لە عەبد یالیل كوڕی عەمر كوڕی عومەیر یەكێك بوو لە سەرگەورەكانی تائیف لە بنەماڵەی سەقیف. (وەرگێڕی عەرەبی)
([4]) واتە مرۆڤ بەهۆی خواردنی خۆراكەوە بگاتە پلەی تێربوون.