تەفسیری سوورەتی نەوەی ئیسڕائیل
بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد
خەلیفەی دووەمی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)داگرتنی کتێبەکە بە
بە پێنووسی:
میرزا بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد (رضي الله عنه)
خەلیفەی دووەمی ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)
*****
ناوەڕۆك:
بِسْمِ اللَّـهِ الرَّحْمَـٰنِ الرَّحِيمِ 1
ذُرِّيَّةَ مَنۡ حَمَلۡنَا مَعَ نُوحٍ ۚ إِنَّهُۥ كَانَ عَبۡدٗا شَكُورٗا 4
وَأَنَّ ٱلَّذِينَ لَا يُؤۡمِنُونَ بِٱلۡأٓخِرَةِ أَعۡتَدۡنَا لَهُمۡ عَذَابًا أَلِيمٗا 11
وَيَدۡعُ ٱلۡإِنسَٰنُ بِٱلشَّرِّ دُعَآءَهُۥ بِٱلۡخَيۡرِ ۖ وَكَانَ ٱلۡإِنسَٰنُ عَجُولٗا 12
ٱقۡرَأۡ كِتَٰبَكَ كَفَىٰ بِنَفۡسِكَ ٱلۡيَوۡمَ عَلَيۡكَ حَسِيبٗا 15
لَّا تَجۡعَلۡ مَعَ ٱللَّهِ إِلَٰهًا ءَاخَرَ فَتَقۡعُدَ مَذۡمُومٗا مَّخۡذُولٗا 23
وَءَاتِ ذَا ٱلۡقُرۡبَىٰ حَقَّهُۥ وَٱلۡمِسۡكِينَ وَٱبۡنَ ٱلسَّبِيلِ وَلَا تُبَذِّرۡ تَبۡذِيرًا 27
وَلَا تَقۡرَبُواْ ٱلزِّنَىٰٓ ۖ إِنَّهُۥ كَانَ فَٰحِشَةٗ وَسَآءَ سَبِيلٗا 33
كُلُّ ذَٰلِكَ كَانَ سَيِّئُهُۥ عِندَ رَبِّكَ مَكۡرُوهٗا 39
وَلَقَدۡ صَرَّفۡنَا فِي هَٰذَا ٱلۡقُرۡءَانِ لِيَذَّكَّرُواْ وَمَا يَزِيدُهُمۡ إِلَّا نُفُورٗا 42
سُبۡحَٰنَهُۥ وَتَعَٰلَىٰ عَمَّا يَقُولُونَ عُلُوّٗا كَبِيرٗا 44
ٱنظُرۡ كَيۡفَ ضَرَبُواْ لَكَ ٱلۡأَمۡثَالَ فَضَلُّواْ فَلَا يَسۡتَطِيعُونَ سَبِيلٗا 49
وَقَالُوٓاْ أَءِذَا كُنَّا عِظَٰمٗا وَرُفَٰتًا أَءِنَّا لَمَبۡعُوثُونَ خَلۡقٗا جَدِيدٗا 50
يَوۡمَ يَدۡعُوكُمۡ فَتَسۡتَجِيبُونَ بِحَمۡدِهِۦ وَتَظُنُّونَ إِن لَّبِثۡتُمۡ إِلَّا قَلِيلٗا 53
قَالَ ٱذۡهَبۡ فَمَن تَبِعَكَ مِنۡهُمۡ فَإِنَّ جَهَنَّمَ جَزَآؤُكُمۡ جَزَآءٗ مَّوۡفُورٗا 64
إِنَّ عِبَادِي لَيۡسَ لَكَ عَلَيۡهِمۡ سُلۡطَٰنٞ ۚ وَكَفَىٰ بِرَبِّكَ وَكِيلٗا 66
وَمَن كَانَ فِي هَٰذِهِۦٓ أَعۡمَىٰ فَهُوَ فِي ٱلۡأٓخِرَةِ أَعۡمَىٰ وَأَضَلُّ سَبِيلٗا 74
وَلَوۡلَآ أَن ثَبَّتۡنَٰكَ لَقَدۡ كِدتَّ تَرۡكَنُ إِلَيۡهِمۡ شَيۡٔٗا قَلِيلًا 75
سُنَّةَ مَن قَدۡ أَرۡسَلۡنَا قَبۡلَكَ مِن رُّسُلِنَا ۖ وَلَا تَجِدُ لِسُنَّتِنَا تَحۡوِيلًا 78
وَقُلۡ جَآءَ ٱلۡحَقُّ وَزَهَقَ ٱلۡبَٰطِلُ ۚ إِنَّ ٱلۡبَٰطِلَ كَانَ زَهُوقٗا 82
قُلۡ كُلّٞ يَعۡمَلُ عَلَىٰ شَاكِلَتِهِۦ فَرَبُّكُمۡ أَعۡلَمُ بِمَنۡ هُوَ أَهۡدَىٰ سَبِيلٗا 85
إِلَّا رَحۡمَةٗ مِّن رَّبِّكَ ۚ إِنَّ فَضۡلَهُۥ كَانَ عَلَيۡكَ كَبِيرٗا 88
فَأَرَادَ أَن يَسۡتَفِزَّهُم مِّنَ ٱلۡأَرۡضِ فَأَغۡرَقۡنَٰهُ وَمَن مَّعَهُۥ جَمِيعٗا 104
وَقُرۡءَانٗا فَرَقۡنَٰهُ لِتَقۡرَأَهُۥ عَلَى ٱلنَّاسِ عَلَىٰ مُكۡثٖ وَنَزَّلۡنَٰهُ تَنزِيلٗا 107
وَيَقُولُونَ سُبۡحَٰنَ رَبِّنَآ إِن كَانَ وَعۡدُ رَبِّنَا لَمَفۡعُولٗا ١٠9
وَيَخِرُّونَ لِلۡأَذۡقَانِ يَبۡكُونَ وَيَزِيدُهُمۡ خُشُوعٗا۩ 110
*****
سوورەتی نەوەی ئیسڕائیل
سوورەتێكی مەككەییە، لەگەڵ بسم اللە دا، سەد و دوانزە ئایەت و دوانزە ڕكووعە.
هۆكاری ناونانی سوورەتەكە:
ئەم سوورەتە ناونراوە “نەوەی ئیسڕائیل”، چونكە باسی ڕووداوەكانی ئوممەتی ئیسڕائیلی دەگێڕێتەوە بۆمان و پێشبینی ئەوە دەكات كە ئەو شتانەی بەسەر نەوەی ئیسڕائیلدا هاتوون بەسەر موسوڵمانانیشدا دێن. چونكە خوای گەورە وەك چۆن پێغەمبەرەكەمانی (ﷺ) بە هاوشێوەی مووسا (عليه السلام) داناوە، ئوممەتی ئیسلامیشی بە هاوشێوەی ئوممەتی ئیسڕائیل داناوە، بۆیە دەبوو موسوڵمانان هاوشێوەی ئەو ڕووداوانەیان بەسەردا بێت كە بەسەر جوولەكەدا هاتوون؛ ئەم سوورەتە سەرنجەكان بۆ ئەم بابەتە ڕادەكێشێت.
پێویستە تێبینی ئەوە بكرێت كە ئەم سوورەتە تەنها باسی ڕووداوەكانی بەشی یەكەمی مێژووی ئیسڕائیلی كردووە؛ واتە لە سەردەمی مووساوە تا سەردەمی عیسا (سڵاوی خوایان لێ بێت).
یەكێك لە ناوەكانی تری ئەم سوورەتە بریتیە لە “الإسراء”، چونكە بە باسی ڕووداوی شەوڕەوی دەستی پێكردووە، هەروەها لەبەرئەوەی بابەتی سەرەكی ئەم سوورەتەیە.
كاتی دابەزینی سوورەتەكە:
بە كۆدەنگی زانایان ئەم سوورەتە مەككەییە، بەڵام هەندێك لە زانایان تەنها دوو ئایەت بۆ هەشت ئایەتی ئەم سوورەتەیان بە مەدینەیی داناوە. (البحر المحيط). هەروەها ئیبن مەردەویهی لە ئیبن عەبباس و ئیبن زوبەیرەوە ڕیوایەتی كردووە كە ئەم سوورەتە مەككەییە و لە سەرەتای قۆناغی مەككەدا دابەزیوە.. واتە لە ساڵی سێیەم یان چوارەمی پێغەمبەرایەتیدا.
هەروەها لە بوخاری دا هاتووە لە ئیبن مەسعوودەوە ڕیوایەت كراوە كە سەبارەت بە سوورەتەكانی بني إسرائیل و الكهف و مریم دەڵێت: “ئەوانە لە كۆنترین و یەكەمین سوورەتەكانن، و هی خۆمن (واتە لەبەرم كردوون)” (البخاري، كتاب التفسير).. واتە لەو سوورەتانەن كە لە سەرەتای ڕەوانەكردنی پێغەمبەردا (ﷺ) دابەزیون و لە سەرەتای ڕۆژگارەكانی موسوڵمانبوونمدا لەبەرم كردوون.
لە قسەكانی عەبدوڵڵای كوڕی مەسعوودەوە وا دەردەكەوێت كە ئەم سوورەتە هەمووی یان بەشێكی مەككەیی بێت، بەڵام نازانین كە ئیبن مەسعوود (رضي الله عنه) بەدیاریكراوی مەبەستی چ ساڵێكە لە قۆناغی مەككەدا.
بە ڕای من، ئەم سوورەتە لە سەرەتای قۆناغی مەككەدا دانەبەزیوە، بەڵكو ماوەی دابەزینی لە ساڵی چوارەمەوە تا ساڵی یانزەیەم درێژ دەبێتەوە، بە مەرجێك یادەوەری ئیبن مەسعوودی بە هەڵەدا نەبردبێت، ئەگینا پێم وایە ئەم سوورەتە هەمووی لەنێوان ساڵی دەیەم تا ساڵی یانزەیەم دابەزیوە، تەنانەت ڕەنگە لە ساڵی دوانزەیەمدا دابەزیبێت.
هەروەها ڕۆژهەڵاتناسە مەسیحیەكان كاتی دابەزینی ئەم سوورەتەیان لەنێوان ساڵی شەشەم تا دوانزەیەمی پێش كۆچ دیاریكردووە (تفسیر القرآن، وێری). لە كارەكانی قەدەر ئەوەیە كە خوای گەورە وای لێكردوون لێرەدا ڕاستی بڵێن، ئەگینا ئەو نیەتە خراپانەی كە بەرامبەر قورئان هەیان بوو نەدەهاتنە دی ئەگەر ئەم سوورەتەیان بە مەدەنی دابنایە.
پەیوەندی سوورەتەكە:
پەیوەندی ئەم سوورەتە بە سوورەتی پێش خۆیەوە ئەوەیە كە سوورەتی النحل پێشبینی گەشەسەندنی موسوڵمانانی كردووە و جەختی لەوە كردووەتەوە كە دەسەڵاتێكی گەورە بەدەستدەهێنن. هەروەها ئەوەی بیرهێناونەتەوە كە جوولەكە سپڵە و پێنەزان بوون بەرامبەر نیعمەتەكانی خوای گەورە، و لەكاتی زاڵبووندا لە خواپەرستی غافڵ بوون، وە بە وشەی شەممە ئاماژەی بەمە داوە (بڕوانە سوورەتی النحل: ١٢٥) -بەمەش هۆشداری داوە بە موسوڵمانان بۆ ئەوەی وەكو جوولەكە لە یادی خوای گەورە غافڵ نەبن، بەڵكو دەبێت لە ڕۆژگاری گەشە و پێشكەوتندا زیاتر یادی خوای گەورە بكەن.
وە ئەم سوورەتەیش، سوورەتی نەوەی ئیسڕائیل، ئاماژەی داوە بەم بابەتە و ڕایگەیاندووە موسوڵمانان حوكمی ئەو ناوچانە دەگرنە دەست كە لەژێر دەسەڵاتی جوولەكەدا بوون.
پەیوەندیەكی تر هەیە كە سەرەتای ئەم سوورەتە بە كۆتایی سوورەتی “النحل”ەوە دەبەستێتەوە، ئەویش ئەوەیە خوای گەورە لە كۆتایی سوورەتی “النحل”دا هەواڵی داوە بە موسوڵمانان كە ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان ئێوە و خاوەن كتێبەكان نزیكە، وە ئەوانیش وەكو بێباوەڕەكانی مەككە ئازارتان دەدەن، بۆیە پێویستە لەسەرتان ئارام بگرن لەسەر ئازاردانی ئەوان تا ئەو كاتەی كە ناچار دەبن بەرگری لە خۆتان بكەن؛ ئەگەر ئارام بگرن ئەوا خوای گەورە لە كۆتاییدا سەركەوتووتان دەكات بەسەریاندا، هەروەك چۆن بەڵێنی سەركەوتنی پێدابوون بەسەر بێباوەڕانی مەككەدا. ئێستا لە سوورەتی “الإسراء”دا خوا ئاماژەی بەوە داوە كە ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان ئێوە و خاوەن كتێبەكان لە مەدینەدا ڕوودەدات، وە ئێوە دەستدەگرن بەسەر شوێنە پیرۆزەكانی ئەواندا و دەبنە فەرمانڕەوا تێیاندا.
پوختەی ناوەڕۆكی سوورەتەكە:
ئەم سوورەتە بەشێوەیەكی تایبەت جەختی كردووەتەوە لەسەر دوو وێرانكاری كە بەسەر جوولەكەكاندا هاتووە بەهۆی ئەوەی دوو جار سەرپێچیان كردووە لە فەرمانی خوای گەورە، هەر جارێك لەو دوو جارە بەتەواوەتی تووشی سزایەكی ترسناك بوون. هەڵبەت بەم جەختكردنەوەیە ئاماژەی بەوە داوە كە دوو جار سەردەمی ئاژاوەی ترسناك بەسەر موسوڵمانانیشدا دێت، بەڵام لەبەرئەوەی موحەممەد (ﷺ) خاتەمی پێغەمبەرانە، ئوممەتەكەی بەهۆی ئەم ئاژاوە گەورانەوە لەناوناچێت، بەڵكو لەو ئاژاوانە دەردەچێت بەجۆرێك پایەبەرزتر و درەوشاوەتر دەبێت لە جاران.
هەندێ بابەت هەن كە لە سوورەتی “النحل”دا بە ئاماژە باسكراون، لەكاتێكدا سوورەتی ئیسڕا بەدرێژی باسی كردوون. خوای گەورە لە سوورەتی النحل دا سەبارەت بە هەنگوین فەرموویەتی ﴿فِيهِ شِفَآءٞ لِّلنَّاسِۚ﴾ (شیفای تێدایە بۆ خەڵكی) و ئاماژەی بەوە داوە كە وتەی خوای گەورەیش شیفایە بۆ ئەوان، بەڵام لە سوورەتی “الإسراء”دا ئەم مانایەی ڕوونكردووەتەوە و فەرموویەتی ﴿وَنُنَزِّلُ مِنَ ٱلۡقُرۡءَانِ مَا هُوَ شِفَآءٞ وَرَحۡمَةٞ لِّلۡمُؤۡمِنِينَ﴾ ئێمە لە قورئان شتێك دادەبەزێنین كە شیفا و ڕەحمەتە بۆ ئیمانداران. (ئایەتی: ٨٢).
هەڵبەت سوورەتی “الإسراء” پێش سوورەتی “النحل” دابەزیوە، بەڵام لەڕووی ناوەڕۆكەوە، شایەنی دواخستن بوو، بۆیە پێغەمبەر (ﷺ) بە فەرمانی خوای گەورە لەكاتی نووسینەوەی قورئاندا لەدوای سوورەتی “النحل”ەوە دایناوە. پێشتر گوتم نووسینەوەی سوورەتەكان لە قورئاندا جیاوازە لەگەڵ ڕیزبەندی دابەزینیان؛ چونكە ڕیزبەندیەكەی ئێستا پێویست بوو لەپێناوی خوێندنەوەی قورئان بەشێوەیەكی گشتی، هەروەها بۆ لەبەرچاوگرتنی پێویستییەكانی پاشینان كە قورئان ڕووی قسەیان ئاراستە دەكات. بێگومان یەكێك لە موعجیزەكانی قورئان ئەوەیە كە هەر سوورەتێك لە سوورەتەكانی بابەتێكی سەربەخۆی لەخۆگرتووە، لە هەمان كاتدا پەیوەندیەكی بەهێز هەیە لەنێوان هەر سوورەتێك و ئەوی تردا. كاتێك سوورەتەكانی قورئان بە جیاجیا دادەبەزین بە ڕەچاوكردنی پێویستیەكانی ئەو كەسانەی یەكەمجار قورئان ڕووی قسەی ئاراستە كردبوون، ئەوا خوێنەرەكانی تووشی هیچ كێشەیەك نەبوون، چونكە بابەتی هەر سوورەتێك لە خودی خۆیدا تەواو و بێكەموكوڕییە، وە كاتێك پێغەمبەر (ﷺ) ئەم سوورەتانەی بە فەرمانی خوای گەورە بە ڕیزبەندیەكی جیاواز لە ڕیزبەندی دابەزینیان نووسیەوە، زنجیرەیەك مانا و تێگەیشتنی نوێ بەهۆی ڕیزبەندیە نوێیەكەوە هاتنە ئاراوە -جگە لە مانا و تێگەیشتنی سەربەخۆی هەر سوورەتێك- ئەمەش زانیاری و تێگەیشتنەكانی قورئانی بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر فراوان كرد. فَتَبَارَكَ اللَّهُ أَحْسَنُ الْخَالِقِينَ!
خوای گەورە ئەم سوورەتەی بە باسی شەوڕەوی دەستپێكردووە و ئاماژەی بەوە داوە كە موحەممەد (ﷺ) هاتووە بۆ ئەوەی شوێنی مووسا (عليه السلام) بگرێتەوە، و ئەو شوێنانەی كە مووسا بەڵێنی پێدابوون بە گەلەكەی، دەكەونە ژێر دەستی موحەممەد (ﷺ)، وە ئەو (ﷺ) وەكو مووسا ناچار دەبێت كۆچ بكات، وە ئەم كۆچە دەبێتە سەرەتای خێر و گەشەسەندن بۆ ئوممەتەكەی (ﷺ).
پاشان ئەم سوورەتە باس لە ڕووداوگەلێك دەكات كە بەسەر مووسادا (عليه السلام) هاتووە، وە ڕوونیدەكاتەوە خوای گەورە چۆن ناردوویەتی، وە چۆن بەهۆی ئەوەوە گەشە و پێشكەوتنی دا بە گەلەكەی، وە چۆن هۆشداری پێ دابوون كە لە ڕۆژانی زاڵبووندا خوایان (سبحانه وتعالى) لەبیر نەچێت، بەڵام ئەوان سوودیان لەو هۆشداریە وەرنەگرت، بۆیە تووشی سزایەكی توند بوون.
پاشان خوا (عز وجل) جەخت لەوە دەكاتەوە كە كاریگەری قورئانی لە هی تەورات بەهێزتر كردووە، بۆیە ئەو گۆڕانكاریەی كە قورئان دروستی دەكات گەورەتر دەبێت لەوەی كە تەورات دروستی كرد. بەڵام قورئانیش ڕووبەڕووی هەمان ئەو مەترسیە دەبێتەوە كە تەورات ڕووبەڕووی بوویەوە، بەجۆرێك شوێنكەوتووانی قورئانیش لە ڕۆژانی دەوڵەمەندی و خۆشگوزەرانیدا لە خراپەكاری و تاواندا نوقم دەبن، بۆیە ئەم سوورەتە ئاگاداری داوە لەوەی كە بەدەستهێنانی دنیا لە خۆیدا خراپ نیە، بەڵام پێویستە مرۆڤ دنیا بەدەست بهێنێت لەكاتێكدا كەمتەرخەمی نەكات لە یادی خوای گەورە و ئەنجامدانی كاری چاك.
پاشان سوورەتەكە بنەما و ڕەگەزەكانی خێری ڕوونكردووەتەوە، وە هەواڵی ئەوەی داوە كە ئەو كەسانەی باوەڕیان بە قورئان نیە كاتێك ئەم بنەمایانە دەبیستن بە لووتبەرزیەوە و بێئاگا لە چارەنووسی خۆیان ڕوو وەردەگێڕن لێیان، لە جیاتی ئەوەی ڕابمێنن لێیان، وە هەروەها ئەگەر ئەو چارەنووسەیان بیربخرێتەوە ئەوا گوێی پێ نادەن، بۆیە ئەو كەسانەی دژایەتی قورئان دەكەن -چ لە دەرەوە بن یان لە ناوەوە- دووچاری سزایەكی توند دەبن لەلایەن خوای گەورەوە. لەكاتی نزیكبوونەوەی قیامەتدا، واتە لە سەردەمی مەسیحی بەڵێندراودا، سزایەكی توند تووشی دنیادا دەبێت بەهۆی ئەوەی كە خەڵكی باوەڕ ناهێنن بە قورئانی پیرۆز، وە لەو كاتەدا شەڕێكی تر لەنێوان فریشتەكان و ئیبلیس دا ڕوودەدات كە شوێنكەوتووانی ئادەم تێیدا سەردەكەون.
پاشان خوای گەورە بۆ پێغەمبەرەكەی (ﷺ) ڕوونكردووەتەوە كە خەڵكی دەیانەوێت تۆ لەناوببەن، بەڵام ئێمە ئامانجێكی هەرە مەزنمان بۆ تۆ دیاریكردووە، ئەویش ئەوەیە: ناوبانگت بە هەموو جیهاندا بڵاودەكەینەوە هەتا سەردەمی كۆتایی، وە توانا و لێهاتووییەكانت بۆ هەموو جیهان ئاشكرا دەكەین.
پاشان خوای گەورە (عز وجل) ڕوونیكردووەتەوە كە ئێمە قورئانمان وەها لێكردووە هەتاهەتایە سوودی لێ وەربگیرێت، وە وردە وردە گەنجینە ڕۆحیەكان بەهۆی قورئانەوە ئاشكرا دەكەین، چونكە خوای گەورە ڕژد و چرووك نیە.
وە لەكۆتاییدا خوای گەورە باسی نیشانەكانی سەردەمی كۆتایی و ئاژاوەكەی دەكات و بیرمان دەخاتەوە كە دوعا تاكە ڕێگەیە بۆ خۆپاراستن لەو خراپەكاری و ئاژاوانە.
بِسْمِ اللَّـهِ الرَّحْمَـٰنِ الرَّحِيمِ 1سُبۡحَٰنَ ٱلَّذِيٓ أَسۡرَىٰ بِعَبۡدِهِۦ لَيۡلٗا مِّنَ ٱلۡمَسۡجِدِ ٱلۡحَرَامِ إِلَى ٱلۡمَسۡجِدِ ٱلۡأَقۡصَا ٱلَّذِي بَٰرَكۡنَا حَوۡلَهُۥ لِنُرِيَهُۥ مِنۡ ءَايَٰتِنَآ ۚ إِنَّهُۥ هُوَ ٱلسَّمِيعُ ٱلۡبَصِيرُ 2
شیكردنەوەی وشەكان:
سبحان: “سبحان الله” واتە من بەتەواوەتی خوا لە هەموو خراپەیەك بەپاك ڕادەگرم (الأقرب).
أسری: أسراه وبه: شەوڕەوی پێكرد. (بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە شیكردنەوەی وشەكانی ئایەتی ٦٦ی سوورەتی الحجر).
عبد: العبودیة: دەربڕینی زەلیلی، وە العبادة لەوەش بەرزترە چونكە ئەوپەڕی زەلیلیە و هیچ كەسێك شایستەی نیە جگە لەو كەسەی كە خاوەنی ئەوپەڕی چاكەیە كە ئەویش خوایە. وە عیبادەت دوو جۆرە: عیبادەت بە ناچاری و عیبادەت بە ئارەزوو. وە بەندە چوار جۆرە: یەكەم بەندە بەگوێرەی حوكمی شەرع، ئەو مرۆڤەیە كە دروستە كڕین و فرۆشتنی پێوە بكرێت (كۆی وشەكە بریتیە لە عبید)، دووەم عەبد بەگوێرەی بەدیهێنان، ئەمەش تەنها بۆ خوایە، سێیەم عەبد بەگوێرەی عیبادەت و خزمەت، وە خەڵكی لەمەشدا دوو جۆرن: بەندەی خوا بە دڵسۆزی (واتە خواپەرست، كۆی وشەكە بریتیە لە عبَّاد)، وە بەندەی دنیا و خواستەكانی (المفردات).
المسجد الحرام: كەعبە (الأقرب).
الأقصى: (اسم تفضيل)ە، لە قصا یقصو المكان وقَصي يَقصى: دووركەوتەوە، الأقصی واتە دوورترین شوێن و كۆی وشەكە بریتیە لە الأقاصي (الأقرب). كەواتە المسجد الأقصی واتە مزگەوتە دوورەكە.
تەفسیر: ئەم ئایەتە یەكێكە لەو ئایەتە گرنگانەی كە بۆچوونی زۆر دژ بەیەك لە تەفسیرەكەیدا هەیە، وە زۆربەی زۆری موفەسیرەكان و زاناكان، لە كۆن و نوێدا، دەڵێن ئایەتەكە باسی ڕووداوی میعراجی پێغەمبەر دەكات، هەرچەندە ڕیوایەتەكان دەربارەی وردەكاریەكانی میعراج جیاوازیەكی زۆر لەنێوانیاندا هەیە. ئەم بابەتە بەهۆی دژیەكی لە فەرموودە و ڕیوایەتەكاندا گەیشتووەتە ئاستێك لە ئاڵۆزی و كێشە بەجۆرێك ناچارم بابەتەكە بكەم بە چەند بەشێكەوە بۆ ئەوەی ڕاستیەكە ڕوون بێتەوە.
یەكەمجار و پێش هەموو شتێك، ڕوونیدەكەمەوە بۆتان كە ڕووداوی میعراج لە شوێنێكی تری قورئانی پیرۆزدا هاتووە، ئەویش بریتیە لە سوورەتی النجم بەجۆرێك خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿إِنۡ هُوَ إِلَّا وَحۡيٞ يُوحَىٰ * عَلَّمَهُۥ شَدِيدُ ٱلۡقُوَىٰ * ذُو مِرَّةٖ فَٱسۡتَوَىٰ * وَهُوَ بِٱلۡأُفُقِ ٱلۡأَعۡلَىٰ * ثُمَّ دَنَا فَتَدَلَّىٰ * فَكَانَ قَابَ قَوۡسَيۡنِ أَوۡ أَدۡنَىٰ * فَأَوۡحَىٰٓ إِلَىٰ عَبۡدِهِۦ مَآ أَوۡحَىٰ * مَا كَذَبَ ٱلۡفُؤَادُ مَا رَأَىٰٓ * أَفَتُمَٰرُونَهُۥ عَلَىٰ مَا يَرَىٰ * وَلَقَدۡ رَءَاهُ نَزۡلَةً أُخۡرَىٰ * عِندَ سِدۡرَةِ ٱلۡمُنتَهَىٰ * عِندَهَا جَنَّةُ ٱلۡمَأۡوَىٰٓ * إِذۡ يَغۡشَى ٱلسِّدۡرَةَ مَا يَغۡشَىٰ * مَا زَاغَ ٱلۡبَصَرُ وَمَا طَغَىٰ * لَقَدۡ رَأَىٰ مِنۡ ءَايَٰتِ رَبِّهِ ٱلۡكُبۡرَىٰٓ﴾ (النجم: 5-19)
ئەم ئایەتانە ئاماژە بە میعراجی پێغەمبەری ئازیز (ﷺ) دەكەن، بەڵگەیش ئەوەیە كە هەموو ئەوەی تێیدا هاتووە پەیوەندی بە ڕووداوی میعراجەوە هەیە. لەم ئایەتانە ئەمانەی خوارەوە دەردەهێنرێت:
١- گەیشتنی پێغەمبەر (ﷺ) بە سیدرەتولمونتەها.
٢- لەو كاتەدا شتێك سیدرەتولمونتەهای داپۆشی.
٣- بینینی بەهەشت لەلایەن پێغەمبەرەوە (ﷺ) لەوێدا.
٤- گەیشتنی پێغەمبەر (ﷺ) بە بارودۆخێك كە خوای گەورە بە فەرمایشتی ﴿فَكَانَ قَابَ قَوۡسَيۡنِ أَوۡ أَدۡنَىٰ﴾ وەسفی كردووە.
٥- بینینی خوای گەورە لەلایەن پێغەمبەرەوە (ﷺ).
٦- دابەزینی وەحی بۆ سەر پێغەمبەر (ﷺ).
هەموو ئەم بابەتانە لەو ڕیوایەتانەدا هاتوون كە باسی ڕووداوی میعراج دەكەن. ئەمەش ڕوونكردنەوەی بابەتەكە:
١- گەیشتنی پێغەمبەر (ﷺ) بە سدرة المنتهی: ڕیوایەتێك هەیە لە ئەبو هورەیرەوە (رضي الله عنه) كە هەر یەك لەم شەش فەرموودەناسە لە كتێبەكانیاندا تۆماریان كردووە كە بریتین لە: ئیبن جەریر، ئیبن ئەبی حاتیم، ئیبن مەردەوەیهی، بەززار، ئەبو یەعلا و بەیهەقی. تێیدا هاتووە كە پێغەمبەر دوای ئەوەی لە شەوی میعراجدا گەیشتە ئاسمان و پێغەمبەرەكانی بینی، گەیشتە سدرة المنتهی. (الخصائص الكبرى، ج 1 باب خصوصيته ﷺ)
ڕیوایەتێكی تریش هەیە لە ئەبو سەعیدی خودریەوە كە هەریەكە لە ئیبن جەریر و ئیبن مونزیر و ئیبن ئەبی حاتیم و ئیبن مەردەوەیهی و بەیهەقی و ئیبن عەساكیر گێڕاویانەتەوە، ئەم ڕیوایەتە جەخت لەوە دەكاتەوە كە پێغەمبەر (ﷺ) چووە بۆ ئاسمان، و لەوێ پێغەمبەرەكانی بینیوە، پاشان گەیشتووەتە سدرة المنتهی. (هەمان سەرچاوەی پێشوو)
هەروەها لە ڕیوایەتێكی تر لە مالیكی كوڕی سەعسەعەوە: “پاشان بۆ سدرة المنتهی بەرزكرامەوە”. (البخاري، كتاب بدءُ الخلق، باب ذِكر الملائكة؛ مسلم، كتاب الإیمان، باب الإسراء برسول الله؛ مسند أحمد، مسند الأنصار، و ابن جرير)
هەروەها ڕیوایەتێك لە بوخاریدا هەیە لە ئەبو زەڕەوە كە باسی ڕۆیشتنی پێغەمبەر (ﷺ) بۆ ئاسمان و بینینی پێغەمبەران و گەیشتنی بە سدرة المنتهی دەكات. (صحيح البخاري، كتاب الصلاة، باب كیف فُرضت الصلاة)
٢- داپۆشرانی سیدرە بە شتێك لەو كاتەدا: ئەمەش لە فەرموودەكانی میعراجدا تۆماركراوە. لەو ڕیوایەتەدا كە لە سەرەوە ئاماژەی پێكراوە هاتووە پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی: “نووری خوای بەدیهێنەر (عز وجل) دایپۆشی”. (الخصائص الكبری). هەروەها هاتووە: “كاتێك بە فەرمانی خوا دایپۆشی ئەوەی كە دایپۆشی، گۆڕا، هیچ كەس لە دروستكراوانی خوا ناتوانێت وەسفی جوانیەكەی بكات”. (مسلم، كتاب الإیمان، باب الإسراء برسول الله ﷺ).
٣- بینینی بەهەشت لەلایەن پێغەمبەرەوە (ﷺ) لەلای سدرة المنتهی دا: ئەمەش لە فەرموودەكانی میعراجدا باسكراوە، لە ڕیوایەتێكی ئەبو سەعیدى خودریدا كە چەندین فەرموودەناس نەقڵیان كردووە پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی: “پاشان بەرزكرامەوە بۆ بەهەشت”، ئەمەش دوای بینینی پێغەمبەرەكانی تر. (الخصائص الكبری، لا ١٦٥).
٤- بە بینینی ئەم دیمەنانە بارودۆخێك بەسەر پێغەمبەردا (ﷺ) هات كە خوا بە فەرمایشتی ﴿فَكَانَ قَابَ قَوۡسَيۡنِ أَوۡ أَدۡنَىٰ﴾ وەسفی كردووە. وە ڕیوایەتەكانی میعراجیش ئەمە دووپات دەكەنەوە، ئەوەتا لە گێڕانەوەی ئەبو سەعیدی خودریدا، كە لەسەرەوە ئاماژەی پێ كراوە، هاتووە پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی: دوای گەیشتنم بە سدرة المنتهی “نێوانی من و ئەو ئەندازەی دوو كەوان یان نزیكتر بوو.” (هەمان سەرچاوەی پێشوو لا ١٦٩)
پێویستە بزانرێت من لێرەدا ئەو فەرموودانە شەرح ناكەم، بەڵكو دەمەوێت ئەوە دووپات بكەمەوە كە ئەو فەرموودانەی لە وەسفی میعراجدا هاتوون، باسی هەمان ئەو دیمەنانە دەكەن كە لەناو سوورەتی “النجم”دا باسكراون.
٥- بینینی خوای گەورە لەلایەن پێغەمبەرەوە (ﷺ)، هەروەك لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا ئاماژەی پێ كراوە: ﴿مَا كَذَبَ ٱلۡفُؤَادُ مَا رَأَىٰٓ﴾. ئەم مانایە لە زۆرێك لەو ڕیوایەتانەدا هاتووە كە باسی میعراج دەكەن، بەجۆرێك ئیبن مەردەوەیهی لە ئەسماء كچی ئەبو بەكرەوە (ڕەزای خوای لێ بێت) گێڕاویەتیەوە كە گوتوویەتی: “گوێم لە پێغەمبەری خوا (ﷺ) بوو كە باسی “سدرة المنتهی”ی دەكرد.. منیش گوتم: ئەی پێغەمبەری خوا، چیت بینی لەوێ؟ فەرمووی: لەوێدا بینیم واتە پەروەردگاری خۆی.” (هەمان سەرچاوەی پێشوو لا ١٧٧).
هەروەها ئیبن عەبباس دەربارەی فەرمایشتی خوای گەورە ﴿مَا كَذَبَ ٱلۡفُؤَادُ مَا رَأَىٰٓ * أَفَتُمَٰرُونَهُۥ عَلَىٰ مَا يَرَىٰ * وَلَقَدۡ رَءَاهُ نَزۡلَةً أُخۡرَىٰ﴾ گوتوویەتی: “بە چاوی دڵی دوو جار بینیویەتی”. (مسلم، كتاب الإیمان، باب معنى قوله تعالى: ﴿مَا كَذَبَ ٱلۡفُؤَادُ مَا رَأَىٰٓ﴾)
٦- قسەكردنی خوای گەورە لەگەڵ پێغەمبەردا (ﷺ) لەلای سدرة المنتهی دا هەروەك لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا ﴿فَأَوۡحَىٰٓ إِلَىٰ عَبۡدِهِۦ مَآ أَوۡحَىٰ﴾ بە ئاشكرا هاتووە. ئەمەش لە فەرموودەكانی میعراجدا تۆماركراوە، پێشتر ڕیوایەتێكمان لە ئەبو هورەیرەوە گواستەوە كە دەڵێت كاتێك پێغەمبەر (ﷺ) گەیشتە سدرة المنتهی “خوای گەورە لەوێدا قسەی لەگەڵ كرد.” (الخصائص الكبری، لا ١٥٥). هەروەها ئیبن ئەبی حاتیم لە ئەنەسی كوڕی مالیكەوە ڕیوایەتی كردووە كە پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی كە كاتێك گەیشتمە سدرة المنتهی “خوا فەرمووی پێم: ئەی موحەممەد.” (هەمان سەرچاوەی پێشوو، لا ١٥٥)
بەم شێوەیە دەركەوت كە ئەو ڕووداوەی سوورەتی “النجم” ئاماژەی پێ دەكات، خودی ڕووداوی میعراجە.
ئێستایش بەڵگەكان دەخەمەڕوو لەسەر ئەوەی كە سوورەتی “النجم” دوای ساڵی پێنجەمی پێغەمبەرایەتی یان كەمێك پێشتر دابەزیوە. ڕووداوێكی بەناوبانگ هەیە كە پەیوەندیەكی بەهێزی بەم سوورەتەوە هەیە و كاتی دابەزینی بەشێوەیەك ڕووندەكاتەوە كە هیچ گومانێكی تێدا نامێنێت، ڕووداوەكەیش ئەوەیە كاتێك پێغەمبەر (ﷺ) بینی ستەم و چەوسانەوەی بێباوەڕانی مەككە بۆ هاوەڵەكانی گەیشتووەتە ئەوپەڕی، پێشنیاری بۆ كردن كە كۆچ بكەن بۆ حەبەشە، وە ئاماژەی كرد بۆ لای ڕۆژئاوا و فەرمووی: لەوێ وڵاتێك هەیە كە تێیدا ستەم لە كەس ناكرێت. ئەوە بوو لە مانگی ڕەجەبی ساڵی پێنجەمی پێغەمبەرایەتیدا هەندێك لە هاوەڵەكانی بەرەو حەبەشە بەڕێكەوتن، كە گەورەمان عوسمان و خێزانەكەی ڕوقیە كچی پێغەمبەری خوایان (ﷺ) لەگەڵدا بوو (الطبقات الكبرى، هجرة الحبشة). كاتێك قوڕەیش بەمەیان زانی، شوێن پێی هاوەڵەكانیان هەڵگرت، بەڵام ئەوان سواری كەشتی بوون پێش ئەوەی بێباوەڕەكان پێیان بگەن، وە لە دەریا پەڕینەوە بەرەو خاكی حەبەشە، وە لەوێ بە ئارامی و ئاسایش ژیان. كاتێك بێباوەڕەكان ئەمەیان زانی، وەفدێكیان نارد بۆ لای نەجاشی پاشای حەبەشە كە پێكهاتبوو لە عەمر كوڕی عاص و عەبدوڵڵای كوڕی ڕەبیعە، بۆ ئەوەی داوای لێبكەن موسوڵمانە پەنابەرەكان ڕادەستی مەككەییەكان بكەن، بەڵام پاشا داواكەی ڕەتكردنەوە، وە وەفدەكە بە نائومێدی و دۆڕاوی گەڕایەوە.
پاشان، پێغەمبەر (ﷺ) ڕۆژێك هات بۆ كۆڕی بێباوەڕەكان و سوورەتی “النجم”ی خوێندەوە بۆیان، وە تێیدا فەرمان بە سوجدە بردن هەیە، كاتێك پێغەمبەر (ﷺ) سوجدەی تیلاوەی برد، هەموو بێباوەڕەكانیش لەگەڵیدا سوجدەیان برد، ئەو كاتە لەناو خەڵكیدا وا بڵاوبوویەوە كە هەموو خەڵكی مەككە، یان بەلایەنی كەمەوە گەورەكانیان موسوڵمان بوون. دواتر بێباوەڕەكان وەك پاساوێك بۆ سوجدە بردنەكەیان گوتیان موحەممەد لەكاتی خوێندنەوەی سوورەتی “النجم”دا ستایشی خواوەندەكانی ئەوانی كردووە، بۆیە ئەوانیش لەگەڵیدا سوجدەیان بردووە.
هەندێك لە موفەسیرەكان گوتوویانە شەیتان بوو كە ئەم قسانەیەی كرد لە ستایشی خواوەندەكانی بێباوەڕاندا، نەك پێغەمبەر (ﷺ).
بەڵام لێكۆڵینەوەكەی من جەخت لەوە دەكاتەوە كە لە ڕاستیدا كاتێك بێباوەڕەكان لەوە بێ هیوا بوون موسوڵمانە كۆچبەرەكان لە حەبەشە وەربگرنەوە، بە درۆ لە حەبەشە ئەوەیان بڵاوكردەوە كە گوایە خەڵكی مەككە هەموویان موسوڵمان بوونە، بە ئامانجی ئەوەی كۆچبەرەكان بگەڕێنەوە. كاتێك موسوڵمانە كۆچبەرەكان گەڕانەوە، بێباوەڕەكان ترسان ئەگەر كۆچبەرەكان لە مەككە نزیك ببنەوە و بزانن هەواڵەكە درۆیە ئەوا ڕەنگە یەكسەر بگەڕێنەوە بۆ حەبەشە، بۆیە پەنایان برد بۆ پیلانێكی تر و هاتن بۆ لای پێغەمبەر (ﷺ) و داوایان لێكرد قورئانی پیرۆزیان بۆ بخوێنێتەوە، پاشان لەكاتی خوێندنەوەكەدا لەگەڵیدا سوجدەی تیلاوەتیان برد، بۆ ئەوەی هەواڵی سوجدە بردنیان لەناو خەڵكیدا بڵاوبێتەوە و موسوڵمانە كۆچبەرەكان بیبیستن و نەگەڕێنەوە بۆ حەبەشە. وە دوای ئەوەی بێباوەڕەكان ئەم مەبەستەی خۆیان هێنایەدی، بە درۆ و بۆ كەمكردنەوەی ئەو شەرمەزاریەی تووشیان بوو، بە شوێنكەوتووانی خۆیانیان گوت: ئێمە لەگەڵ موحەممەد سوجدەمان برد چونكە ئەو ستایشی خواوەندەكانی ئێمەی كرد.
بەكورتی ئەمە ڕوونكردنەوەی منە بۆ ڕووداوی سوجدە بردنەكە، بەڵام لە ئێستادا ئێمە باسی ئەوە ناكەین، شوێنی باسكردنەكەی لە تەفسیری سوورەتی “الحج” و سوورەتی “النجم”دایە إن شاء الله تعالى.
ئێستا دەگەڕێمەوە بۆ ئەو بابەتەی كە لەبارەیەوە قسە دەكەم و دەڵێم: سێ مانگ تێنەپەڕی بوو بەسەر كۆچی ئەو موسوڵمانانە بۆ حەبەشە كاتێك هەواڵی موسوڵمانبوونی خەڵكی مەككەیان بیست، بۆیە هەندێكیان گەڕانەوە بۆ مەككە (هەمان سەرچاوەی پێشوو). هەموو كتێبەكانی مێژوو و فەرموودە ئەم ڕووداوەیان تۆماركردووە، كە ئەمەش دەبێتە بەڵگەیەكی گومانبڕ لەسەر ئەوەی كە سوورەتی “النجم” پێش مانگی شەووالی ساڵی پێنجەمی پێغەمبەرایەتی دابەزیوە، وە لەبەرئەوەی ڕووداوی میعراج لەم سوورەتەدا تۆماركراوە، كەواتە میعراجیش پێش مانگی شەووالی ساڵی پێنجەمی پێغەمبەرایەتی ڕوویداوە.
ئێستا دەگەڕێمەوە بۆ ڕووداوی شەوڕەوی كە لەم سوورەتەدا باسكراوە ئێمە خەریكین تەفسیری دەكەین. لە مێژوودا هاتووە شەوڕەوی لە مانگی ڕەبیعى يەكەم یان دووەم یان ڕەجەب یان شەعبانی ساڵی یانزەیەمی پێغەمبەرایەتی ڕوویداوە (شرح الزرقاني على المواهب اللدنية، وقتُ الإسراء).
هەروەها ڕۆژهەڵاتناسە مەسیحیەكانیش دانیان بەوەدا ناوە كە شەوڕەوی لە ساڵی دوانزەیەمی پێغەمبەرایەتی ڕوویداوە. (حياة محمد للسير وليم ميور ص 125)
هەروەها ڕیوایەتەكانی كتێبەكانی فەرموودەش ڕووداوی شەوڕەوی لە كاتێكی نزیك لەمەدا دیاریدەكەن، بەجۆرێك ئیبن مەردەوەیهی لە عەبدوڵڵای كوڕی عومەرەوە (رضي الله عنه) ڕیوایەتی كردووە كە گوتوویەتی: “پێغەمبەر (ﷺ) لە شەوی حەڤدەی ڕەبیعی یەكەمدا، ساڵێك پێش كۆچكردن، شەوڕەوی پێكرا”. (الخصائص الكبرى ص 161). هەروەها بەیهەقی لە ئیبن شیهابەوە ڕیوایەتی كردووە كە گوتوویەتی: پێغەمبەر (ﷺ) شەوڕەوی پێكرا بۆ بەیتولمەقەدیس ساڵێك پێش ئەوەی كۆچ بكات بۆ مەدینە (هەمان سەرچاوەی پێشوو، لا 162). هەروەها بەیهەقی لە سوودیەوە گێڕاویەتیەوە كە پێغەمبەر (ﷺ) نزیكەی شەش مانگ پێش كۆچكردنی شەوڕەوی پێ كراوە. هەروەها ئیبن سەعد لە ئوم سەلەمەوە ڕیوایەتی كردووە كە ڕووداوی شەوڕەوی ساڵێك پێش كۆچكردن لە حەڤدەی ڕەبیعی یەكەمدا ڕوویداوە.
كەواتە، هەموو ئەم ڕیوایەتانە دڵنیایی دەدەن كە ئیسڕا شەش مانگ یان ساڵێك پێش كۆچكردن ڕوویداوە.
بەڵگەیەكی تر هەیە لەسەر ڕوودانی شەوڕەوی دوای دەرچوونی پێغەمبەر (ﷺ) لە شیوی ئەبو تاڵیب -پێویستە بزانرێت بێباوەڕەكان لە ساڵی حەوتەمدا پێغەمبەر (ﷺ) و هاوەڵانیان لە شیوی ئەبو تاڵیبدا گەمارۆدا، وە لە ساڵی دەیەمدا ئەم گەمارۆدانەیان هەڵگرت (الطبقات الكبرى لابن سعد: ذكرُ حصر قريشٍ رسولَ الله ﷺ وبني هاشم في الشعب)- یەك شایەتحاڵ بۆ ڕووداوی شەوڕەوی هەیە ئەویش بریتیە لە ئوم هانی كچی ئەبو تاڵیبی مامی پێغەمبەر، كە دەڵێت: پێغەمبەر (ﷺ) ئەو شەوە لە ماڵی مندا مایەوە كە شەوڕەوی پێكرا. وە ئەم قسەیەی ئەو لەلایەن زۆرێك لە هاوەڵانەوە (رضي الله عنهم) پشتڕاست كراوەتەوە (الخصائص الكبرى ص 177). ئاشكرایە پێغەمبەر (ﷺ) لە ژیانی خەدیجە و ئەبو تاڵیب دا لە ماڵی ئوم هانی نەدەمایەوە، ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێت كە ڕووداوی شەوڕەوی دوای كۆچی دوایی خەدیجە و ئەبو تاڵیب ڕوویداوە. مێژوو پێمان دەڵێت ئەوان هەردووكیان دوای ساڵی دەیەم وەفاتیان كردووە (السيرة النبوية لابن هشام: وفاة أبي طالب). ئەمەش بەڵگەیەكی تری مێژووییە لەسەر ڕاستی بۆچوونەكەی من.
پوختەی قسە ئەوەیە، مێژوو و فەرموودە و عەقڵ هەموویان جەخت لەوە دەكەنەوە ڕووداوی شەوڕەوی دوای ساڵی یانزەیەم یان دوانزەیەمی پێغەمبەرایەتی ڕوویداوە. بەڵام ڕووداوی میعراج، وەك كەمێك لەمەوپێش سەلماندم دوای ساڵی پێنجەمی پێغەمبەرایەتی ڕوویداوە. مادام ماوەی نێوان ئەو دوو ڕووداوە كەمتر نیە لە شەش یان حەوت ساڵ ئیتر چۆن دەتوانرێت هەردووكیان بە یەك ڕووداو دابنرێن؟ كەواتە میعراج جیاوازە لە شەوڕەوی (الإسراء) كە تیایدا پێغەمبەر (ﷺ) سەردانی بەیتولمەقدیسی كردووە.
سەرباری بەڵگە مێژووییەكان، شتێكی تر هەیە كە پشتگیری لەم بۆچوونەی من دەكات، ئەویش ئەوەیە ڕیوایەتەكان جەخت لەوە دەكەنەوە كە نوێژ لە میعراجدا فەرزكراوە. ئەگەر وای دابنێین كە میعراج و ئیسڕا یەك ڕووداون، ئەوا ناچاردەبین بڵێین پێنج نوێژە فەرزەكە دوای ساڵی یانزەیەم یان دوانزەیەمی ڕەوانەكردن فەرزكراون نەك پێش ئەو ماوەیە، دیارە ئەمەش قسەیەكی پووچ و بێ بنەمایە، چونكە نوێژ لە سەرەتای ڕەوانەكردندا فەرزكراوە، ئەمەش بەگوێرەی كۆدەنگی هەموو موسوڵمانان (البخاري، كتاب الصلاة، باب كيف فُرضت الصلاة في الإسراء). كەواتە لەمەشەوە ساغدەبێتەوە كە میعراج لە سەرەتای ڕەوانەكردندا ڕوویداوە، لەكاتێكدا شەوڕەوی لە ساڵی یانزەیەم یان دوانزەیەمی پاش ڕەوانەكردن ڕوویداوە.
بگرە دەڵێم قورئان ئاماژەی بە دوو میعراج داوە، بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت كە ئەو میعراجەی لە سوورەتی “النجم”دا باسكراوە دووەم میعراجە. لە ڕاستیدا یەكەم میعراج لە سەرەتای ڕەوانەكردنی پێغەمبەردا بووە یان كەمێك دوای ئەوە، وە تیایدا نوێژ فەرزكراوە. ئیبن جەریر لە تەفسیرەكەیدا ڕووداوی میعراجی هێناوەتەوە لە ڕیوایەتێكدا كە دەڵێت: “سێ كەس هاتن بۆ لای پێش ئەوەی وەحی دابەزێت بۆی.” (البخاري، التوحيد). ڕیوایەتەكە هەمان ڕووداوەكانی ناو میعراج دەگێڕێتەوە، بەڵام باسی ڕۆیشتنی پێغەمبەر (ﷺ) بۆ قودس ناكات بەڵكو ڕاستەوخۆ باسی ڕۆیشتنی دەكات بۆ ئاسمان، وە لە كۆتاییدا باسی ڕووداوی فەرزكردنی نوێژەكان دەكات. لەم فەرموودەیەوە دەردەكەوێت كە ڕووداوی میعراج كەمێك پێش ڕەوانەكردنی پێغەمبەر (ﷺ) یان لەكاتی ڕەوانەكردنەكەیدا ڕوویداوە، زۆربەی توێژەران پێیان وایە ئەو ڕووداوە پێش ڕەوانەكردنی پێغەمبەر ڕووینەداوە بەڵكو لەكاتی ڕەوانەكردنەكەدا ڕوویداوە، وە ڕاویەكە بەهۆی نزیكی كاتەكەوە هەڵەی كردووە. منیش پشتگیری لە بۆچوونی ئەم توێژەرانە دەكەم، چونكە نوێژ لە سەرەتای ئیسلامدا فەرزكرا، بەجۆرێك ساڵێك لە ئیسلامدا تێنەپەڕیوە كە نوێژی تێدا نەبووبێت، هەروەك فەرزبوونی نوێژەكان پێش بانگەواز شتێكە پێچەوانەی عەقڵە.
جارێكی تر بە كورتی دەڵێم: ئیسڕا و میعراج دوو ڕووداوی جیاوازن، وە میعراج دوو جار ڕوویداوە وەك لە ئایەتەكانی سوورەتی “النجم”ەوە دەردەكەوێت، وە هەروەها فەرموودەكانیش ئەمە دووپات دەكەنەوە، بەجۆرێك تێیاندا هاتووە یەكەم میعراجیان لە سەرەتای ڕەوانەكردندا ڕوویداوە، دەكرێت بڵێین لەو میعراجەدا بناغەی پێغەمبەرایەتی یاسادانان دانراوە، واتە ئەو پێغەمبەرایەتیەی كە حوكم و فەرمانی تێدایە، بەجۆرێك لەو میعراجەدا نوێژەكان فەرزكران. بەڵام میعراجی دووەم لە ساڵی پێنجەمی دوای ڕەوانەكردنی پێغەمبەردا ڕوویداوە، یان دەكرێت بڵێین میعراجی دووەمیش پێش ئەو كاتە ڕوویداوە بەڵام لە سوورەتی “النجم”دا باسی كراوە. بەڵام ئیسڕا ڕووداوێكی تەواو جیاوازە لە میعراج، بەجۆرێك لە ساڵی یانزەيەم یان دوانزەيەمی دوای ڕەوانەكردندا ڕوویداوە كاتێك خاتوو خەدیجەی خێزانی پێغەمبەر (رضي الله عنها) كۆچی دوایی كردبوو، وە پێغەمبەر (ﷺ) لە ماڵی ئوم هانی كچی ئەبو تاڵیبدا دەمایەوە، هەروەك لە فەرموودە موتەواتیر و ڕیوایەتە مێژووییەكانەوە پشتڕاست كراوەتەوە.
دوای خستنەڕووی ئەو بەڵگانەی كە لە كتێبە مێژووییەكاندا تۆماركراون، ئێستا باسی ئەو بەڵگە ڕاستەقینانە دەكەم كە دەیسەلمێنن ئیسڕا و میعراج دوو ڕووداوی جیاوازن.
بەڵگەی یەكەم: بریتیە لە قورئانی پیرۆز خۆی كە ڕووداوی میعراجی لە سوورەتی “النجم”دا تۆماركردووە، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەك بكات بۆ ڕۆیشتنی پێغەمبەر (ﷺ) بۆ بەیتولمەقدیس. بەپێچەوانەوە قورئان لە سوورەتی “الإسراء”دا بەڕاشكاوی باسی ڕۆیشتنی پێغەمبەری (ﷺ) كردووە بۆ قودس، بەڵام بەبێ ئەوەی ئاماژە بدات بە بەرزبوونەوەی بۆ ئاسمان. ئەمەش بە ڕوونی دەریدەخات كە ئەو دوو ڕووداوە جیاوازن، بۆیە قورئان هیچ بە پێویستی نەزانیوە كە پێكەوە باسیان بكات. ئەگینا ئایا سەیر نیە كە قورئان لە یەكەم جاردا بەشی كۆتایی ڕووداوەكە تۆمار بكات، پاشان دوای تێپەڕینی شەش ساڵ، باسی بەشی سەرەتای هەمان ئەو ڕووداوە بكات!؟
بەڵگەی دووەم: یەكەم شایەتحاڵ لەسەر ڕووداوی ئیسڕا بریتیە لە دایكی هانی، بەجۆرێك پێغەمبەر (ﷺ) ئەو شەوە لە ماڵی ئەودا مایەوە كە ئیسڕای پێكرا. دایكی هانی دەڵێت پێغەمبەر (ﷺ) پێش هەر كەسێكی تر هەواڵی ئیسڕاكەی خۆی بۆ بەیتولمەقدیس پێ ڕاگەیاندم، “پاشان هەستا بۆ ئەوەی بچێتە دەرەوە، منیش گوتم ئەمە بۆ خەڵكی باس مەكە چونكە باوەڕت پێناكەن و ئازارت دەدەن. ئەویش فەرمووی: سوێند بە خوا بۆیان باس دەكەم، پاشان باسی كرد بۆیان.” (الخصائص الكبرى ص 279). لانی كەم حەوت فەرموودەناس هەن كە قسەی ئەم یەكەم شایەتحاڵە “دایكی هانی”یان گواستووەتەوە، وە بە گێڕانەوەی چوار كەسی جیاواز؛ وە هەموو ئەم ڕیوایەتانە تەنها ئاماژە بە ڕۆیشتنی پێغەمبەر (ﷺ) دەكەن بۆ قودس پاشان گەڕانەوەی لێیەوە. ئەگەر پێغەمبەر (ﷺ) باسی ڕۆیشتنی خۆی لە قودسەوە بۆ ئاسمان بكردایە بۆ دایكی هانی، ئەوا دایكی هانی لە یەكێك لەو بۆنانەدا دەربارەی ئەو بابەتە قسەی دەكرد، بەڵام ئەو لە هەموو جارێكدا دەڵێت پێغەمبەر (ﷺ) پێی ڕاگەیاندووم كە چووە بۆ قودس و لێیەوە گەڕاوەتەوە. ئەمەش جەخت لەوە دەكاتەوە كە ڕووداوی ئیسڕای پێغەمبەر (ﷺ) بۆ قودس جیاوازە لە ڕووداوی میعراجەكەی بۆ ئاسمان.
بەڵگەی سێیەم: هەندێك لە ڕاویەكان باسی ڕۆیشتنی پێغەمبەر (ﷺ) دەكەن بۆ ئاسمان ڕاستەوخۆ بەبێ ڕۆیشتنی بۆ قودس، وە هەندێكی تریان باسی ڕۆیشتنی پێغەمبەر (ﷺ) دەكەن سەرەتا بۆ قودس پاشان لەوێوە بۆ ئاسمان، وە هەیانە باسی ڕۆیشتنی پێغەمبەریان (ﷺ) كردووە بۆ قودس بەبێ ئەوەی باسی بەرزبوونەوەی بۆ ئاسمان بكەن، بەڵام زۆرێك لە ڕاویەكان ڕایانگەیاندووە كە پێغەمبەر (ﷺ) لە قودسەوە گەڕاوەتەوە بۆ مەككەی پیرۆز.
دیارە ئەوانەی كە دەڵێن پێغەمبەر (ﷺ) ڕاستەوخۆ بەرزبووەتەوە بۆ ئاسمان، ئەوانیش گوتوویانە میعراج ڕووداوێكی جیایە لە ئیسڕا، چونكە قودس ناكەوێتە ڕێگەی ڕۆیشتن بەرەو ئاسمان. وە ئەوانەی ئەم ڕیوایەتەیان گێڕاوەتەوە بریتین لە ئەنەس و مالیكی كوڕی سەعسەعە و ئەبو زەڕ. لەگەڵ ئەوەی ئەبو زەڕ لەو هاوەڵانە بووە كە لە سەرەتای بانگەوازەوە موسوڵمان بووە، وە لەو كەسانە بووە كە لە سەرەتاوە گوێبیستی ئەم ڕووداوە بووە.
بەڵام ئەوانەی كە باسی ڕۆیشتنی پێغەمبەریان (ﷺ) كردووە بۆ قودس بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەك بكەن بۆ بەرزبوونەوەی بۆ ئاسمان لەدوای ئەوە، ئەوانیش بەم شایەتیەی خۆیان پشتڕاستیان كردووەتەوە كە پێغەمبەر (ﷺ) لە ئیسڕاكەیدا نەچووە بۆ ئاسمان، چونكە چۆن دەكرێت پێغەمبەر لە ڕووداوی ئیسڕادا بەرزبووبێتەوە بۆ ئاسمان و لەگەڵ خوادا قسەی كردبێت و شەرەفی بینیینی خوای (سبحانه وتعالى) بەدەست هێنابێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم كەسانە باسی ئەم گرنگترین ڕووداوانەی ئیسڕاكە نەكەن. وە ئەوانەی ئەم شایەتیەیان داوە بریتین لە ئەنەس و عەبدوڵڵای كوڕی مەسعوود. عەبدوڵڵا لە موسوڵمانە سەرەتاكان بووە، وە هەمیشە لە خزمەتی پێغەمبەردا (ﷺ) بووە.
بەڵام ئەو كەسانەی خاوەنی بۆچوونی سێیەمن كە دەڵێت پێغەمبەر (ﷺ) چووەتە قودس و لێیەوە گەڕاوەتەوە هەڵبەت بەڵگەیەكی ڕوونیان پێكهێناوە لەسەر ئەوەی كە لە ئیسڕادا بۆ قودس هیچ بەرزبوونەوەیەك بۆ ئاسمان ڕووی نەداوە، بەڵكو تەنها ئیسڕا بە پێغەمبەر (ﷺ) كراوە بۆ قودس. ئەوانەی ئەم ڕیوایەتەیان گێڕاوەتەوە بریتین لە عەبدوڵڵای كوڕی مەسعوود و ئیبن عەبباس و شەددادی كوڕی ئەوس و دایكی هانی و عائیشە و دایكی سەلەمە -ڕەزای خوا لە هەموویان بێت-. ئێستا باسی پلەوپایەی ئیبن مەسعوودم كرد، وە عەبدوڵڵای كوڕی عەبباس كوڕی عەبباسی مامی پێغەمبەر (ﷺ) بووە، بەم شێوەیە شایەتییەكەی دەبێتە شایەتییەكی بەهێز چونكە تاكێكە لە بنەماڵەی پێغەمبەر (ﷺ). وە عائیشە و دایكی سەلەمە لە خێزانە پاكیزەكانی پێغەمبەر (ﷺ) بوون، بۆیە باشترین شایەت بوون لەسەر ئەو ڕووداوە. وە دایكی هانی ئەو كەسە بوو كە ڕووداوی ئیسڕا لە ماڵی ئەودا ڕوویدا، وە پێغەمبەر (ﷺ) پێش هەر كەسێكی تر ئەو ڕووداوەی بۆ ئەو گێڕاوەتەوە. (بڕوانە: البخاري، كتاب الصلاة والمناسك والأنبياء. ومسلم، كتاب الإيمان. والخصائص الكبرى، لاپەڕە 154 بۆ 159 و لاپەڕە 176 بۆ 179. والإصابة، باب الكنى، حرف الذال والعين)
بوار نیە باسی هەموو ڕیوایەتەكان بكرێت لەم بارەیەوە، بەڵام لە خوارەوە هەندێكیان دەخەمەڕوو:
یەكەم: دایكی هانی دەڵێت: كاتێك پێغەمبەر (ﷺ) نوێژی بەیانی كرد، فەرمووی پێم: “ئەی دایكی هانی، من لەگەڵ ئێوەدا نوێژی عیشام كرد، هەروەك بینییت لەم شیوەدا، پاشان هاتم بۆ بەیتولمەقدیس و تێیدا نوێژم كرد، پاشان وەك دەبینیت ئێستا نوێژی بەیانیم لەگەڵ ئێوەدا كرد.” (الخصائص الكبرى، ص177)
دووەم: خاتوو عائیشە (ڕەزای خوای لێ بێت) دەگێڕێتەوە: “كاتێك پێغەمبەر (ﷺ) ئیسڕای پێ كرا بۆ مزگەوتی ئەقسا، بەیانیەكەی ئەمەی گێڕایەوە بۆ خەڵكی. هەندێك لەو كەسانەی باوەڕیان پێ هێنابوو و بەڕاستیان زانیبوو هەڵگەڕانەوە لە ئیسلام و هەواڵەكەیان بۆ ئەبو بەكر برد و گوتیان: ئایا هەواڵت هەیە لە هاوڕێكەت كە دەڵێت لە شەودا ئیسڕای پێ كراوە بۆ بەیتولمەقدیس؟ ئەویش وتی: ئایا وای گوتووە؟ ئەوانیش گوتیان: بەڵێ. ئەویش گوتی: ئەگەر وای گوتبێت ئەوا ڕاستی گوتووە. ئەوانیش گوتیان: ئایا تۆ باوەڕ دەكەیت كە ئەو لە شەودا چووبێت بۆ بەیتولمەقدیس و پێش بەیانی گەڕابێتەوە؟ ئەویش گوتی: بەڵێ، من لە شتێكدا باوەڕی پێ دەكەم كە لەمەش سەیرترە: من باوەڕی پێ دەكەم كە دەڵێت بەیانی و ئێوارە وەحی دادەبەزێتە سەرم.” (هەمان سەرچاوەی پێشوو، ص176)
ئەم ڕیوایەتەیش جەخت لەوە دەكاتەوە كە پێغەمبەر (ﷺ) لە ڕووداوی شەوڕەویدا نەچووە بۆ ئاسمان، ئەگینا ئەبو بەكر نەیدەتوانی بەڵگەیەك بخاتەڕوو كە ڕەخنەگران بێدەنگ بكات، چونكە دابەزینی وەحی لە ئاسمانەوە سەیرتر نیە لە بەرزبوونەوەی كەسێك بۆ ئاسمان و گەڕانەوەی لێیەوە. بۆیە ئەگەر پێغەمبەر (ﷺ) لە ئیسڕادا بۆ ئاسمان بڕۆیشتایە، ئەوا بێباوەڕەكان بە ئەبو بەكریان دەگوت گەورەكەت دەڵێت بەرزبووەتەوە بۆ ئاسمان و تۆش باسی دابەزینی وەحی دەكەیت لە ئاسمانەوە! بەڵام ئەوان وەڵامێكی لەم جۆرەیان نەدایەوە، ئەمەش ڕوونی دەكاتەوە كە پێغەمبەر (ﷺ) تەنها باسی ئەوەی بۆ كردوون كە ڕۆیشتووە بۆ قودس و نەیفەرمووە پێیان كە بۆ ئاسمانیش بەرزبووەتەوە.
سێیەم: گێڕانەوەی عەبدوڵڵای كوڕی مەسعوود باسی نوێژكردنی پێغەمبەر (ﷺ) دەكات بۆ پێغەمبەرانی تر لە مزگەوتی ئەقسا، پاشان دەڵێت: “پاشان گەڕاینەوە و ڕوومان كردە دواوە.” (هەمان سەرچاوەی پێشوو، لا 162)
بەڵگەی چوارەم: لەسەر جیاوازی نێوان ئیسڕا و میعراج ئەوەیە كە هەندێ لەو ڕیوایەتانەی باسی ڕۆیشتنی پێغەمبەر (ﷺ) دەكەن سەرەتا بۆ قودس پاشان بۆ ئاسمان، باسی ئەوەش دەكەن كە دوای دابەزینی لە ئاسمانەوە، جارێكی تر لە گەڕانەوەیدا بۆ مەككە بە قودسدا تێپەڕیوە. (الخصائص الكبرى، گێڕانەوەی ئەنەس، لا 154 و 155)
دەكرێت مرۆڤی ژیر هۆكاری تێپەڕبوونی پێغەمبەر (ﷺ) بە قودسدا لە ڕێگای چوونیدا بۆ ئاسمان بزانێت، چونكە مەبەستەكە ئەوە بووە لەو شوێنەدا نوێژ بكات كە زۆرێك لە پێغەمبەران پەیامەكانی خوایان بە دانیشتووانەكەی ڕاگەیاندووە، بەڵام مرۆڤی ژیر ناتوانێت لەوە تێبگات كە بۆچی پێویست بووە پێغەمبەر (ﷺ) دوای دابەزینی لە ئاسمانەوە لە گەڕانەوەیدا بۆ مەككە بە قودسدا تێپەڕێت! ئەگەر لە قودس كارێكی گرنگ هەبووە كە پێغەمبەر (ﷺ) لەكاتی ڕۆیشتندا نەیتوانیوە ئەنجامی بدات، ئەوا دەوترا: جارێكی تر لەكاتی گەڕانەوەیدا هێنراوە بۆ ئەوێ تا ئەو كارە جێبەجێ بكات، بەڵام لە هیچ ڕیوایەتێكدا نەهاتووە كە پێغەمبەر (ﷺ) هیچ كارێكی لە قودسدا ئەنجام دابێت لەكاتی گەڕانەوەیدا! كەواتە بۆچی خۆی ماندوو بكات و جارێكی تر بە قودسدا تێپەڕ بێت؟ ئایا ڕێگای چوون بەرەو ئاسمان تەنھا بە قوسدا تێپەڕ دەبێت؟ وە ئایا لە قودسدا پەیژەیەك هەیە بۆ ئاسمان تاوەكو بگوترێت خوای گەورە ناچار بوو پێغەمبەر (ﷺ) ببات بۆ قودس بۆ ئەوەی لەوێ لەو پەیژەیەوە دابەزێت؟ نەخێر، هیچ موسوڵمانێك باوەڕ بەمە ناكات، چونكە بەرزبوونەوە بۆ ئاسمان بە پەیژە ئەنجام نادرێت. كەواتە ڕۆیشتنی پێغەمبەر (ﷺ) بۆ قودس -لەكاتی گەڕانەوەیدا لە ئاسمانەوە- پاشان هاتنی لە قودسەوە بۆ مەككە شتێكی نالۆژیكیە.
پێم وایە تەنها یەك ڕێگە هەیە بۆ لێكدانەوەی ئەم ڕیوایەتە، ئەویش ئەوەیە كە ئەنەس (رضي الله عنه) باسی ڕووداوی ئیسڕای بۆ قودس و ڕووداوی میعراجی بۆ ئاسمان كردووە بۆ خەڵكی، وە بابەتەكە تێكەڵ بووە لای ڕاویەكە و سەری لێتێكچووە و وایزانیوە هەردووكیان یەك ڕووداون، بەڵام بە باشی تێگەیشتووە كە ئەنەس -لەكاتی قسەكردنی لەسەر ڕووداوی ئیسڕا- باسی ئەوەی كردووە كە پێغەمبەر (ﷺ) چووە بۆ قودس و لێشی گەڕاوەتەوە، بۆیە ئەو كەسەی كە لە ئەنەسی بیستووە وایزانیوە پێغەمبەر (ﷺ) لە ڕووداوی میعراجدا لە ئاسمانەوە دابەزیوەتە قودس، پاشان لەوێوە چووە بۆ مەككە.
لێرەدا پرسیارێك دروست دەبێت: چۆن دەكرێت ئەم هەموو تێكەڵبوونە ڕووبدات؟ وەڵامەكەی ئەوەیە كە وشەی ئیسڕا لە زمانی عەرەبیدا بەكاردێت بۆ ڕۆیشتن بە شەو، چ ڕۆیشتنەكە لەسەر ڕووی زەوی بێت یان بەرەو ئاسمان (الأقرب). وە لەبەرئەوەی هەردوو ڕووداوەكە، واتە ئیسڕا بۆ قودس و میعراج بۆ ئاسمان، لە شەودا ڕوویانداوە، بۆیە خەڵكی وشەی “الإسراء”یان بۆ هەردووكیان بەكارهێناوە.
هەروەها چەندین شتی هاوشێوە هەن كە لە هەردوو ڕووداوەكەدا ڕوویانداوە، وەك بوراق، وە چاوپێكەوتنی پێغەمبەر (ﷺ) لەگەڵ پێغەمبەراندا، وە نوێژكردنی بۆیان، وە بینینی دیمەنەكانی بەهەشت و دۆزەخ. كەواتە لێكچوونێك هەیە لەنێوان هەردوو ڕووداوەكە لەڕووی ناوەكان و كارەكان و دیمەنە ڕۆحییە سەرسوڕهێنەرەكانەوە، كە بووەتە هۆی تێكەڵبوونی ڕووداوەكان لە مێشكی هەندێ لە ڕاویەكاندا، بۆیە وایانزانیوە كە هەردووكیان یەك ڕووداون و بەگوێرەی ئەو باوەڕە هەڵەیە بۆ خەڵكی تریان گێڕاوەتەوە. بەڵام ئەو ڕاویانەی بیرەوەرییان بەهێز بووە، كاتێك باسی “میعراج بۆ ئاسمان”یان كردووە، گوتوویانە: پاشان پێغەمبەر (ﷺ) لە ماڵەكەیەوە ئیسڕای پێكرا بۆ ئاسمان، وە كاتێك باسی “ئیسڕا بۆ قودس”یان كردووە، تەنها گوتوویانە: پێغەمبەر (ﷺ) شەوڕەوی پێكرا بۆ قودس، وە دوای ئەوە هیچی تریان لەسەر بەرزبوونەوەی بۆ ئاسمان نەخستووەتەڕوو.
لە فەرموودەكاندا بەڵگەی ئەوە هەیە كە هاوەڵان (رضي الله عنهم) وشەی “ئیسڕا”یان بەكارهێناوە بۆ هەردوو ڕووداوەكە بەجۆرێك لە ڕیوایەتێكدا هاتووە: “لە ئەنەسی كوڕی مالیكەوە گێڕدراوەتەوە كە مالیكی كوڕی سەعسەعە بۆی گێڕاوەتەوە كە پێغەمبەری خوا (ﷺ) باسی ئەو شەوەی كردووە بۆیان كە ئیسڕای پێكرا، فەرمووی: كاتێك من لە “الحطیم”دا بووم -ڕەنگە قەتادە گوتبێتی: لە حیجردا- پاڵكەوتبووم كەسێك هات بۆ لام، بە هاوەڵەكەی خۆی گوت: لەو سێ كەسە ناوەڕاستەكەیانە. فەرمووی: ئەویش هات بۆ لام… وە نێوانی ئەمە بۆ ئەوەی بڕی… لە كونی گەروویەوە بۆ كۆتایی مووی سینگی… ئینجا دڵی دەرهێنام. پاشان تەشتێك لە زێڕ دروستكراو هێنرا بۆم كە پڕ بوو لە ئیمان و حیكمەت. دڵم شۆردرا پاشان پڕ كرا پاشان گەڕێندرایەوە شوێنی خۆی. پاشان وڵاغێكم بۆ هێنرا كە لە هێستر كورتتر و لە كەر بەرزتر بوو… هەنگاوی لە دوورترین شوێنی بینینەكەی دادەنا. فەرمووی: سواركرام لەسەری، وە جبریل (عليه السلام) بردمی تا گەیاندمی بە ئاسمانی دنیا…” (مسند أحمد، مسند الشاميين، ج 4 ص 208، البخاري، كتاب المناقب باب المعراج. ومسلم، كتاب الإيمان باب الإسراء. والخصائص الكبرى، ص 165)
ڕیوایەتێكی هاوشێوە لە ئەنەسەوە گێڕدراوەتەوە كە پێغەمبەر (ﷺ) لە كەعبەوە ڕاستەوخۆ ئیسڕای پێكراوە بۆ ئاسمان (البخاري، التوحيد. والخصائص الكبرى، ص 153). لە ڕواڵەتی وشەكانی هەردوو ڕیوایەتەكەوە دەردەكەوێت كە تیایاندا باسی ڕووداوی ئیسڕا دەكەن، بەڵام هەموو ڕووداوەكانی ناو هەردوو گێڕانەوەكە هەمان ئەو شتانەن كە لە میعراج بۆ ئاسماندا ڕوویانداوە، وە تێیاندا بە هیچ شێوەیەك باسی ڕۆیشتنی پێغەمبەر (ﷺ) بۆ قودس نەكراوە، بەڵكو باسی ڕۆیشتنی پێغەمبەر (ﷺ) كراوە ڕاستەوخۆ بۆ ئاسمان. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە هاوەڵان هەندێك جار وشەی “الإسراء”یان بەكارهێناوە كە مەبەستیان ڕووداوی میعراج بووە. هەروەها دەبینین كە خودی وشەی “الإسراء” بەكاردەهێنن و مەبەستیان تەنها ڕۆیشتنی پێغەمبەرە (ﷺ) بۆ قودس، وەك چۆن لە گێڕانەوەكەی جابری كوڕی عەبدوڵڵادا هاتووە (البخاري، التفسير. ومسلم: الإيمان. والخصائص الكبرى، ص 157 و 158)، وە هەروەك چۆن لە گێڕانەوەی شەددادی كوڕی ئەوسیشدا هاتووە كە تەبەرانی و بەیهەقی و چەندانی تر گێڕاویانەتەوە. (هەمان سەرچاوەی پێشوو، لا 158 و 159)
لەم ڕیوایەتانەوە -بەهەردوو جۆرەكەیەوە- دەركەوت كە هاوەڵان وشەی “الإسراء”یان بۆ هەردوو ڕووداوەكە بەكارهێناوە. وە بەهۆی ئەم بەكارهێنانەوە و بەهۆی هاوبەشبوونی هەردوو ڕووداوەكە لە هەندێك ناو و بابەتدا، زۆر بە ئاسانی هەندێك لە ڕاویەكان هەڵەیان كرد و هەردوو ڕووداوەكەیان بە یەك ڕووداو دانا، ئەمەش بووە هۆی تێكەڵبوونی ڕیوایەتەكانی هەردوو ڕووداوەكە، وە ئەو كەسانەی لەدوای ئەوانەوە هاتن وایانزانی كە ئەم وردەكارییانە تەنها هی یەك ڕووداون.
هەروەها سەرنجدانێكی ورد لە گێڕانەوەكان جەخت لە بوونی تێكەڵبوون دەكاتەوە تێیاندا. بۆ نموونە، لەو ڕیوایەتانەی كە باسی ڕۆیشتنی پێغەمبەر (ﷺ) دەكەن بۆ ئاسمان بە تێپەڕبوون بە قودسدا، هاتووە كە لە قودس ئادەم و ئیبراهیم و مووسا و عیسا و چەندین پێغەمبەری تری بینیوە (سڵاوی خوایان لێ بێت)، بەڵام هەمان ئەم ڕیوایەتانە دەڵێن پێغەمبەر (ﷺ) دوای ئەوە بەرزبووەتەوە و ئەم پێغەمبەرانەی لە ئاسمانەكاندا بینیوە، بەڵام نەیتوانیوە بیانناسێتەوە! ئەگەر ئەم دوو بینین و چاوپێكەوتنە لە یەك ڕووداودا ڕوویاندا بێت، ئەوا چۆن ئەمان پێش پێغەمبەر (ﷺ) گەیشتوونەتە ئاسمانە جیاوازەكان؟ پاشان چۆن پێغەمبەر نەیتوانیوە بیانناسێتەوە لەكاتێكدا كەمێك پێشتر لە قودس ئەوانی بینی بوو؟ ئەم مەتەڵە هەر بە نادیاری دەمێنێتەوە، مەگەر بڵێین ئەو دوو بینینە لە دوو ڕووداوی جیاوازدا ڕوویانداوە كە ماوەیەك لەنێواندا هەبووە، بۆیە پێغەمبەر (ﷺ) نەیتوانیوە لەكاتی بینینی دووەمدا بیانناسێتەوە. كەواتە ئەم بەڵگە ناوەكییەش جەخت لەوە دەكاتەوە كە هەندێك لە ڕاویەكان وردەكاریەكانی هەردوو ڕووداوە جیاوازەكەیان تێكەڵ كردووە.
بێگومان بۆچوونی هەندێك لە پێشینانیش پاڵپشتی ئەم بۆچوونەی من دەكات، بەجۆرێك لەو بارەیەوە هاتووە: “زۆرێك لە زانایان زەینیان بۆ ئەوە چووە كە شەوڕەوی دوو جار ڕوویداوە، بەمەش جیاوازییەكانی نێوان فەرموودەكان كۆكراوەتەوە. لەوانەی ئەم بۆچوونەیان هەڵبژاردووە بریتی بوون لە ئەبو نەسر قوشەیری و ئیبن عەرەبی و سوهەیلی.” (الخصائص الكبرى، فوائد في تعداد الإسراء، ص 180 و 181)
ئێستا كەمێك بەدرێژی باسی ڕووداوی ئیسڕا دەكەم. پێم وایە ئەو ڕیوایەتەی ئەنەس كە ئیبن جەریر لە تەفسیرەكەیدا گێڕاویەتیەوە، وردترین و ڕاستترین وێنەی ئیسڕامان بۆ دەكێشێت، بەجۆرێك تێیدا هاتووە: “لە ئەنەسی كوڕی مالیكەوە گێڕدراوەتەوە كە گوتوویەتی: كاتێك جبریل (عليه السلام) بوراقی هێنا بۆ لای پێغەمبەری خوا (ﷺ)، بوراقەكە كلكی جووڵاند، جبریلیش پێی گوت: بوەستە ئەی بوراق! سوێند بە خوا هیچ كەسێكی وەك ئەو سوار پشتت نەبووە. پێغەمبەری خوا (ﷺ) ڕۆیشت، لەناكاو ژنێكی بەتەمەنی بینی لەلای ڕێگاكە ڕاوەستا بوو، فەرمووی: ئەی جبریل ئەمە چیە؟ فەرمووی: بڕۆ ئەی موحەممەد. چەندێك خوا ویستی ڕۆیشت، ئەوسا بینی شتێك بانگی دەكات لەو لای ڕێگاكەوە و دەڵێت: وەرە ئەی موحەممەد، جبریلیش فەرمووی: بڕۆ ئەی موحەممەد، هەرچەند خوا ویستی ڕۆیشت. گوتی: پاشان كۆمەڵێك دروستكراوی بینی، یەكێكیان فەرمووی: سڵاوت لێ بێت ئەی یەكەم، وە سڵاوت لێ بێت ئەی كۆتایی، وە سڵاوت لێ بێت ئەی كۆكەرەوە! جبریلیش پێی فەرموو: وەڵامی سڵاوەكە بدەرەوە ئەی موحەممەد. گوتی: وەڵامی سڵاوەكەی دایەوە. پاشان دووەمی بینی، وە ئەویش هەمان قسەی یەكەمی كرد، تا گەیشتە بەیتولمەقدیس. ئینجا ئاو و شیر و مەی خرایە بەردەمی، پێغەمبەری خوا (ﷺ) شیرەكەی خواردەوە. جبریلیش پێی گوت: ئەی موحەممەد فیترەتت هەڵبژارد، ئەگەر ئاوەكەت بخواردایەتەوە ئەوا خۆت و ئوممەتەكەت دەخنكان، وە ئەگەر مەیەكەت بخواردایەتەوە ئەوا خۆت و ئوممەتەكەت گومڕا دەبوون. پاشان ئادەم و هەموو پێغەمبەرەكانی تریش لەوێ كۆكرانەوە. پێغەمبەری خوا (ﷺ) لەو شەوەدا پێش نوێژی كرد بۆیان. پاشان جبریل پێی گوت: ئەو پیرەژنەی بینیت لەلای ڕێگاكە، ئەوا لە دونیا هیچی نەماوەتەوە تەنها بە ئەندازەی تەمەنی ئەو ژنە نەبێت. وە ئەو كەسەی كە دەیویست لات بدات بۆ لای خۆی ئەوە دوژمنی خوا ئیبلیس بوو… دەیویست لات بدات بۆ لای خۆی. وە ئەوانەی سڵاویان لێكردی ئیبراهیم و مووسا و عیسا بوون.” (تفسیر ابن جریر الطبري)
ئیبن كەسیر ئەم ڕیوایەتەی لە تەفسیرەكەیدا گێڕاوەتەوە و لەسەری نووسیوە و گوتوویەتی: “حافزی بەیهەقی بەم شێوەیە لە (دلائل النبوة) لە فەرموودەی ئیبن وەهبەوە گێڕاویەتیەوە. وە لە هەندێك لە وشەكانیدا شتی نامۆ و سەیر هەیە. شێوازێكی تر لە ئەنەسی مالیكەوە هەیە، كە شتی زۆر نامۆ و سەیری تێدایە، وە لە سونەنی نەسائی موجتەبادا هاتووە، وە لە سونەنی گەورەدا نەمبینی.” [مەبەست لە “موجتەبا” سونەنی نەسائیە، كە بریتیە لە كورتەی “سونەنی گەورە”. (وەرگێڕ).]
دەكرێت ئەم گێڕانەوەیەی ئیبن جەریر یارمەتیمان بدات بۆ ئەوەی بە ڕێگایەكی دروستدا بڕۆین لەم لێكۆڵینەوەیەدا، چونكە بە بۆچوونی من، ڕاسترین و دروستترین گێڕانەوەیە.
تەنها هەڵەیەك لەم ڕیوایەتەدا هەیە، ئەویش ئەوەیە كە باسی ئەوە دەكات كە سەرەتا ئاو پاشان شیر پاشان مەی خراوەتە بەردەم پێغەمبەر (ﷺ)، بەڵام ڕیزبەندیە ڕاستەكە بریتیە لە: ئاو پاشان مەی پاشان شیر، وەك چۆن ئیبن كەسیر لە تەفسیرەكەیدا باسی كردووە، وە دوای كەمێكی تر گرنگیی ڕاستكردنەوەی ئەم هەڵە سادەیە ڕوون دەكەمەوە، بەڵام ئێستا دەمەوێت جەخت لەوە بكەمەوە كە سەرچاوەكانی تریش خواردنەوەكانیان بەو ڕیزبەندیە تۆماركردووە كە من بە ڕاستی دەزانم. تەبەرانی و ئیبن مەردەوەیهی لە سوهەیبی كوڕی سینانەوە گێڕاویانەتەوە كە گوتوویەتی: “كاتێك ئەو شەوەی ئیسڕا كرا بە پێغەمبەری خوا (ﷺ)، ئاو پاشان مەی پاشان شیر خرایە بەردەمی، شیرەكەی هەڵگرت.” (الخصائص الكبرى، ج 1، باب خصوصيته ﷺ الإسراء، حديث صهيب، ص 159).
گێڕانەوەیەكیش كە لە “الدر المنثور”دا هاتووە، پشتگیری لە ڕیزبەندیەكەی ئیبن كەسیر دەكات، چونكە ئەو ڕیزبەندیەی تێیدا هاتووە بریتیە لە: ئاو و مەی و شیر.
كەواتە بە پشتبەستن بە هەموو ئەم بەڵگانە دەتوانین دڵنیا بین لەوەی كە ئەو ڕیوایەتەی ئیبن جەریر گێڕاویەتیەوە لە بنەڕەتدا بە ڕیزبەندی ڕاست بووە، بەڵام لە هەندێك نوسخەدا ئەم هەڵەیە بەهۆی لەبیرچوونی ئەو كەسەوە ڕوویداوە كە نووسیویەتیەوە.
گێڕانەوەكەی ئیبن جەریر ڕاسترین گێڕانەوەیە، چونكە ناوەڕۆكەكانی شایەتیەكی ناوەكیە لەسەر ڕاستییەكەی. جارێكی تر بیخوێننەوە بۆ ئەوەی ببینن هەموو ئەو ڕووداوانەی تێیدا هاتووە لەگەڵ یەكتردا گونجاون و هاوسەنگن، وە لێكدانەوەكانی جبریل زۆر ڕوون و ئاشكران و پشتیوانی كراون لەلایەن قورئانی پیرۆزەوە.
بۆ نموونە، جبریل ئاوی بە پاشماوەی دونیا لێكدایەوە، ئەمەش ڕاستە، چونكە ئاو شوێنگرەوەی دنیایە، چونكە ژیان بەهۆی ئاوەوە هەیە، هەروەك خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿وَجَعَلۡنَا مِنَ ٱلۡمَآءِ كُلَّ شَيۡءٍ حَيٍّۚ﴾ (الأنبیاء: 31).
وە جبریل فەرمووی: “ئەگەر مەیەكەت بخواردایەتەوە ئەوا خۆت و ئوممەتەكەت گومڕا دەبوون.” ئەمەش ڕاستە، چونكە مەی هێمایەكە بۆ كارە شەیتانیەكان بەگوێرەی فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿يَٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُوٓاْ إِنَّمَا ٱلۡخَمۡرُ وَٱلۡمَيۡسِرُ وَٱلۡأَنصَابُ وَٱلۡأَزۡلَٰمُ رِجۡسٞ مِّنۡ عَمَلِ ٱلشَّيۡطَٰنِ فَٱجۡتَنِبُوهُ لَعَلَّكُمۡ تُفۡلِحُونَ﴾ (المائدة: 91).
وە كاتێك پێغەمبەری خوا (ﷺ) شیرەكەی خواردەوە، جبریل پێی فەرموو: “ئەی موحەممەد فیترەتت هەڵبژارد”، چونكە شیر لە سنگی دایكدا دروست دەبێت، وە پاكە لە هەموو خەوشێك، بۆیە شیر ئاماژەیە بۆ فیترەتی ڕاست.
هەروەها سەرنج بدەنە جوانی ڕیزبەندی و هاوسەنگی نێوان ئەو خواردنەوانەی خرایە بەردەم پێغەمبەر (ﷺ) و ئەو كەسانەی كە لە ڕێگادا بینینی. یەكەم كەس كە پێغەمبەر (ﷺ) بەلایدا ڕۆیشت ئەو پیرەژنە بوو كە جبریل بە دنیا لێكیدایەوە، هەروەها یەكەم شت كە خرایە بەردەمی ئاو بوو كە جبریلیش بە پاشماوەی دنیا لێكیدایەوە، ئەمەش ئەوەیە كە قورئانی پیرۆزیش ڕایدەگەیەنێت لەم فەرمایشتەی خوای گەورە: ﴿وَٱضۡرِبۡ لَهُم مَّثَلَ ٱلۡحَيَوٰةِ ٱلدُّنۡيَا كَمَآءٍ أَنزَلۡنَٰهُ﴾ (الكهف: 46).
پاشان دوای پیرەژنەكە، پێغەمبەر (ﷺ) لە ڕێگاكەیدا شەیتانی بینی، وە بە هەمان ڕیزبەندی مەی خرایە بەردەمی دوای ئاوەكە، ئەمەش بۆ ئەوەی ڕوونی بكاتەوە كە مەی وەكو شەیتان ئەو كەسە بەرەو گومڕایی دەبات كە دەیخواتەوە.
وە دوایین شت كە پێغەمبەر (ﷺ) بینی كۆمەڵێك پێغەمبەر بوون كە سڵاویان لێكرد واتە دوعای سەلامەتییان بۆ كرد، وە بە هەمان شێوە لەكۆتاییدا شیر خرایە بەردەمی پێغەمبەر (ﷺ)، وە ئەمەش ئاماژە بوو بەوەی كە ئوممەتەكەی (ﷺ) هەمیشە لە زانستە ڕۆحییەكان بەهرەمەند دەبن، و لە تیاچوون ڕزگاریان دەبێت.
هەموو ئەو ڕیزبەندیە جوان و ڕێك و دەربڕینە ڕاست و ناوازانەی لەم ڕیوایەتەدا هەیە ئەوە دەگەیەنێت كە ڕاویەكەی بەدڵنیاییەوە لە پێغەمبەری خوا (ﷺ) بیستوویەتی.
ئێستاش مەبەست و ناوەڕۆكی ئیسڕا ڕوون دەكەمەوە بەگوێرەی تێگەیشتنم لە قورئانی پیرۆز و زانستە ڕۆحیەكان.
بەڕای من ئیسڕا جۆرێك بووە لە كەشفە وردەكان، ئەمانەش بەڵگەكانی منن:
بەڵگەی یەكەم: بریتیە لەگێڕانەوەكەی ئەنەس (رضي الله عنه) كە لەناو هەموو ڕیوایەتەكاندا بە باشترین ڕیوایەتی دەزانم لەڕووی وردەكاریەوە. تێیدا هاتووە پێغەمبەر (ﷺ) لە ڕێگاكەدا پیرەژنێكی بینی، پاشان شتێكی بینی لەو لای ڕێگاكەوە بانگی دەكرد، پاشان كۆمەڵێك لە دروستكراوەكان، پاشان ئاو و مەی و شیر خرایە بەردەمی، و ئەویش شیرەكەی خواردەوە، پاشان جبریل (عليه السلام) هەموو ئەم ڕووداوانەی لێكدایەوە.
لێرەدا پرسیارێك سەرهەڵدەدات: ئەگەر ئیسڕا جۆرێك نەبووە لە كەشف ئەوا بۆچی جبریل ئەو لێكدانەوانەی كرد؟ وە ئەگەر پێغەمبەر (ﷺ) بە جەستەی ماددی ئیسڕای پێ كراوە ئەوا بۆچی لەسەر شێوەی پیرەژنێك دنیای بینی؟ ئایا لە قورئان یان فەرموودەدا هاتووە كە دنیا لە ڕاستیدا پیرەژنێكە؟ كەواتە بینینی دنیا بەشێوەی پیرەژنێك لەلایەن پێغەمبەر (ﷺ) بە ڕاشكاوی ئەوە دەردەخات كە ئیسڕا كەشفێك بووە لە كەشفە ڕۆحیە ناسكەكان، ئەگینا پێغەمبەر (ﷺ) دەستبەجێ بە جبریلی دەگوت: بۆچی خۆت ماندوو دەكەیت و پەنا دەبەیت بۆ لێكدانەوە، من ئەم پیرەژنەم ئێستا بە چاوەكانی خۆم بینی، ئایا ئەوەی بە چاوی سەر ببینرێت پێویستی بە لێكدانەوە هەیە؟ بەڵام دەبینین پێغەمبەر (ﷺ) بێدەنگ بووە لە لێكدانەوەكەی جبریل بۆ ئەو دیمەنانە، ئەمەش ئەوە ڕوون دەكاتەوە كە پێغەمبەر (ﷺ) ئەم ڕووداوەی بە كەشف لەقەڵەم داوە.
هەروەها خۆشحاڵی جبریل بە ڕەتكردنەوەی ئاوەكە لەلایەن پێغەمبەرەوە (ﷺ) جەخت لەوە دەكاتەوە كە شەوڕەوی جۆرێك بووە لە كەشف، چونكە ئەگەر ئەم گەشتەی بە جەستەی ماددی بوایە ئەوا بۆچی ئوممەتەكەی دەخنكێت ئەگەر ئاوەكەی بخواردایەتەوە، لەكاتێكدا لە ژیانیدا هەمیشە ئاوی دەخواردەوە؟ ئەی دڵنیایی چیە بۆ ڕزگاربوونی ئوممەتەكەی لە خنكان، كە ئەو لە ژیانی ماددی خۆیدا هەزاران جار ئاوی خواردووەتەوە؟!
دووەم بەڵگە: قورئانی پیرۆزیش ئەم ڕووداوەی بە ڕوئیا ناو بردووە، هەروەك خوای گەورە لە هەمان ئەم سوورەتەدا فەرموویەتی: ﴿وَمَا جَعَلۡنَا ٱلرُّءۡيَا ٱلَّتِيٓ أَرَيۡنَٰكَ إِلَّا فِتۡنَةٗ لِّلنَّاسِ﴾ (الإسراء: 61)، ئەمەش وای لە زۆرێك لە هاوەڵان و زانایانی پێشین كرد كە شەوڕەوی بە ڕوئیا لەقەڵەم بدەن. ئیبن ئیسحاق و ئیبن جەریر لە موعاویەی كوڕی سوفیانەوە ڕیوایەتیان كردووە كە كاتێك پرسیاریان لێكردووە دەربارەی شەوڕەوی پێغەمبەری خوا (ﷺ) گوتوویەتی: ڕوئیایەكی ڕاست بووە لەلایەن خواوە.” (الدر المنثور) وە ئەمە بۆچوونی دایكی باوەڕداران عائیشەیش بووە (رضي الله عنها). (السيرة النبوية لابن هشام [لە “السیرة النبویة”ى ئیبن هيشام دا هاتووە: “ئیبن ئیسحاق دەڵێت: هەندێ كەس لە بنەماڵەی ئەبو بەكر بۆیان گێڕامەوە كە عائیشەی خێزانی پێغەمبەر (ﷺ) دەیگوت: جەستەی پێغەمبەری خوا (ﷺ) ون نەبوو، بەڵكو خوا ئیسڕای بە ڕۆحەكەی كرد.” (وەرگێڕی عەرەبی)]: ذكر الإسراء، ومختصر زاد المعاد، فصل في الإسراء، ص 203)
بەڵگەی سێیەم: بریتیە لەم فەرموودەیەی پێغەمبەر (ﷺ): كاتێك بە خەڵكم ڕاگەیاند كە چووم بۆ قودس، داوایان لێكردم باسی بكەم بۆیان، منیش لە نیشانەكانی هیچم نەدەزانی، بۆیە دوودڵ بووم لە باسكردنی.
ئەگەر پێغەمبەر (ﷺ) سەردانێكی ماددی قودسی بكردایە ئەوا دوودڵ نەدەبوو لە باسكردنی. پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی: “كاتێك قوڕەیش منیان بەدرۆزن دانا كاتێك كە ئيسڕام پێ كرا بۆ بەیتولمەقدیس، من لە حیجر ڕاوەستام، خوای گەورە بەیتولمەقدیسی بەجوانی پیشان دام، دەستم كرد بە گێڕانەوەی نیشانەكانی بۆیان لەكاتێكدا من تەماشام دەكرد.” (البخاري، كتاب التفسير، باب قوله أسرى بعبده ليلاً)
ئەم فەرموودەیەش جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئیسڕا كەشف بووە، بەجۆرێك پێغەمبەر (ﷺ) كاتێك لێیان پرسی و بیریكردەوە كە ڕەنگە ئەو دیمەنانەی قودس كە بینیویەتی لەگەڵ ڕاستیە ڕواڵەتیەكەدا یەكنەگرنەوە، بۆیە دوودڵ بوو لە باسكردنی، بەڵام لەبەرئەوەی شەپۆلی دژایەتی و گاڵتەجاڕی لەلایەن بێباوەڕەكانەوە گەیشتبووە لوتكە كاتێك ئەم هەواڵەیان بیست، بۆیە خوای گەورە بڕیاری دا نیشانەكانی قودس بە شێوە ڕواڵەتیەكەیشیان ئاشكرا بكات بۆ پێغەمبەرەكەی، ئەویش (ﷺ) جارێكی تر بەشێوەی كەشف قودسی بینیەوە، ئینجا دەستی كرد بە باسكردنی بۆیان. ئەو كەسانەی كە ئاشنا بوون بە شوێنەكانی قودس قسەكانی پێغەمبەریان (ﷺ) پشتڕاستكردەوە.
هەندێ لە نووسەرە مەسیحیە دەمارگیرەكان لێدوانیان لەسەر ئەمە داوە و گوتوویانە نەخشەی قودس لە سەردەمی موحەممەددا بەردەست بووە، بۆیە ڕەنگە موحەممەد لە باسكردنی نیشانەكانیدا پشتی پێبەستبێت. (تفسير القرآن لـِ”ويري”)
منیش دەڵێم: ڕەنگە نەخشەی قودس ئەو كاتە بەردەست بوو بێت، بەڵام ئایا لەناو ئەو دەمارگیرانەدا كەس هەیە بتوانێت بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی خەڵكی بداتەوە دەربارەی شارێك لە شارەكان تەنها بە پشتبەستن بە نەخشەكەی بەبێ ئەوەی سەردانی ئەو شارەی كردبێت؟!
شایەنی باسە قورئانی پیرۆز بۆ شەوڕەوی وشەی ئیسڕای بەكارهێناوە، بەڵام پێویستە هیچ كەسێك بەوە فریونەخوات پێی وابێت ئەم ڕوئیایە وەكو خەونی ئاسایی وایە. “ڕوئیا” بە زمانی ئوردوویی ئێمە تەنها بۆ ئەو دیمەنانە بەكاردێت كە مرۆڤ لە خەودا دەیانبینێت، بەڵام لە زمانی عەرەبیدا بۆ خەون و كەشفی ڕۆحیش بەكاردێت. كەشف جیاوازە لە خەونی ئاسایی، وە مرۆڤ لە خەودا دیمەنی كەشفی نابینێت، بەڵكو لەنێوان خەو و بێداریدا دەیبینێت.. واتە لە بارودۆخێكی نیمچە بێهۆشیدا كاتێك كە خەوتوو نیە، بەڵكو هەستە ڕواڵەتیەكانی چالاك و كارا دەبن لە كارەكانیاندا، بەڵكو هەندێ جار مرۆڤ كەشف دەبینێت لەكاتێكدا قسە لەگەڵ هاوڕێكەیدا دەكات. كەشفی پێغەمبەران ناسكتر و ڕوونترە لە كەشفی كەسانی تر، چونكە ئەوان دەتوانن بە چاوە كەشفیەكانیان بە تەواوەتی ئەوە ببینن كە لە شوێنە زۆر دوورەكاندا ڕوودەدات.
كەشف سێ جۆرە:
١- ئەو كەشفەی كە دیمەنەكانی كوتومت وەكو واقیعە ماددیەكە وایە، وەك چۆن مرۆڤ بە دووربین شتە دوورەكان دەبینێت.
٢- ئەو كەشفەی كە هەندێ لە دیمەنەكانی كوتومت وەكو واقیعە ماددیەكە وایە، وە هەندێكیان پێویستیان بە لێكدانەوە هەیە.
٣- ئەو كەشفەی كە هەموو دیمەنەكانی پێویستیان بە لێكدانەوە هەیە.
ئەو كەشفەی پێغەمبەر (ﷺ) لە شەوڕەویدا بینی لە جۆری دووەم بوو. هەندێ لەو دیمەنانەی بینی كە كوتومت وەكو واقیعە ماددیەكە وا بوون، لەكاتێكدا هەندێكیان پێویستیان بە لێكدانەوە هەبوو. وە من پێشتر بە وردی باسم لەو دیمەنانە كرد كە پێویستیان بە لێكدانەوەیە. بەڵام ئەو دیمەنانەی كە كوتومت وەكو واقیعە ماددیەكە وا بوون بریتین لەوانەی -وەك لە فەرموودەدا هاتووە- پێغەمبەر (ﷺ) فەرمووی بەو كەسانەی كە پرسیاریان كرد: لەكاتی گەڕانەوەمدا بەلای كاروانێكی قوڕەیشدا ڕۆیشتم لە فڵان شوێن و فڵان شوێن كە وشترێكیان ون كرد بوو. وە كاتێك ئەو كاروانە گەیشتەوە مەككە، هەواڵەكەیان پشتڕاست كردەوە كە بەڕاستی لەو ڕۆژەدا لە هەمان ئەو شوێنەدا وشترێكیان ون كرد بوو. (الخصائص الكبرى، حديث شداد بن أوس، ص 159)
پێویستە بزانرێت من، بە فەزڵی خوای گەورە، خاوەنی ئەزموونم لە كەشفدا، وە ئەوەی گوتوومە تەنها بە پشتبەستن بە ئەزموونە تایبەتییەكانم گوتوومە.
ئێستا مەبەستی ئەم كەشفەی ئیسڕا ڕوون دەكەمەوە.
پێم وایە ئەم گەشتە كەشفیە بۆ قودس هەواڵێك بووە سەبارەت بە كۆچی پێغەمبەر (ﷺ) بۆ مەدینە، وە بینینی مزگەوتی ئەقسا لەلایەن پێغەمبەرەوە (ﷺ) ئاماژە بووە بۆ دروستكردنی مزگەوتی پێغەمبەر (ﷺ) كە بڕیار درابوو لە مزگەوتی ئەقسا زیاتر ڕێز و گەورەیی بەدەستبهێنێت. وە پێشنوێژی كردنی پێغەمبەر (ﷺ) بۆ پێغەمبەرانی تر مژدەی ئەوە بوو كە بانگەوازەكەی تەنها لەناو عەرەبدا نامێنێتەوە، بەڵكو درێژدەبێتەوە بۆ گەلانی تریش، وە ئوممەتەكانی پێغەمبەرانی تریش دێنەناو ئیسلامەوە، وە ئەم بڵاوبوونەوەیە دوای كۆچ ڕوودەدات. هەروەها ئەمە هەواڵێك بوو كە پێغەمبەر (ﷺ) دەبێتە فەرمانڕەوا بەسەر قودسدا، بەجۆرێك لە كتێبەكانی لێكدانەوەی خەوندا هاتووە: “بینینی هەر مزگەوتێك ئاماژەیە بۆ ئاراستەكەی و ڕووكردنە ئەو مزگەوتە وەك مزگەوتی ئەقسا و مزگەوتی حەرام و مزگەوتی دیمەشق و مزگەوتی میسر و شتەكانی هاوشێوەی ئەوانە. وە ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ زانایانی ئاراستەكانیان یان پاشاكانیان یان نوێنەرانی پاشاكانیان.” (تعطير الأنام، كلمة المسجد).
ئێستا یەك لەدوای یەك باسی هەموو ئەم مانایانە دەكەم، بۆ ئەوەی ڕوونی بكەمەوە كە چۆن هەموویان لە بەرژەوەندی پێغەمبەر (ﷺ) هاتوونەتەدی.
مانای یەكەم: ئێستا گوتم مەبەست لە مزگەوتی ئەقسا لەم كەشفەدا بریتیە لە مزگەوتی پێغەمبەر (ﷺ)، وە مەبەست لە قودس مەدینەی مونەووەرەیە، وە گەشتی پێغەمبەر (ﷺ) بۆ قودس واتە كۆچكردنی بۆ مەدینە.
خوای گەورە باسی ئەم كەشفەی بە فەرمایشتی ﴿سُبۡحَٰنَ ٱلَّذِيٓ أَسۡرَىٰ بِعَبۡدِهِۦ﴾ دەست پێكردووە بۆ ئەوەی ئاماژە بەوە بدات كە كۆچكردن پاك و بێگەردی خوای گەورە دەردەخات، واتە بەتەواوەتی پاكێتی خوا دەردەخات لە هەموو عەیب و كەموكورتیەك. وشەی ﴿سُبۡحَٰنَ﴾یش ڕوونی دەكاتەوە كە ئەم كەشفە هەواڵێكی لەخۆگرتووە، چونكە بینینی بەیتولمەقدیس لە ڕواڵەتدا پاكی و بێگەردی خوا ناسەلمێنێت، بەڵام كۆچكردن بۆ مەدینە یارمەتی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی دا كە زۆرێك لە هەواڵەكانی ناو قورئانی پیرۆزی هێنایەدی، ئەمەش پاكی و بێگەردی خوای گەورە دەسەلمێنێت. خوای گەورە بە فەرمایشتی ﴿سُبۡحَٰنَ ٱلَّذِيٓ أَسۡرَىٰ بِعَبۡدِهِۦ لَيۡلٗا مِّنَ ٱلۡمَسۡجِدِ ٱلۡحَرَامِ إِلَى ٱلۡمَسۡجِدِ ٱلۡأَقۡصَا ٱلَّذِي بَٰرَكۡنَا﴾ ئاماژەی بەوە داوە كە بەندەكەی خۆی دەبات بۆ مزگەوتی ئەقسا، واتە بۆ مزگەوتێكی هاوشێوەی مزگەوتی ئەقسا، بۆ ئەوەی ئەو هەواڵانە بێنەدی كە بۆ بەدیهاتنیان دەبێت ئەو كۆچە بكرێت، بەمەش دنیا دەبینێت چۆن خوا (عز وجل) ئەو بەڵێنانەی خۆی هێنایەدی كە لە قورئاندا ڕایگەیاندبوون سەبارەت بە جیهاد و شەڕ و دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی و شتەكانی تر كە پەیوەست بوون بە كۆچەكەوە.
پاشان ئەم فەرمایشتەی خوای گەورەیش ﴿لِنُرِيَهُۥ مِنۡ ءَايَٰتِنَآۚ﴾ دەیسەلمێنێت ئەم كەشفە ئاماژەیە بۆ گەشتێك كە تێیدا كۆمەڵێك نیشانەی تایبەتی خوایی بەڕوونی دەردەكەون. بێگومان كۆچكردن ئەو گەشتە بوو كە پەردەی لادا لەسەر داهاتووی گەشی ئیسلام كە پێشتر لە دنیا شاردرابوویەوە.
هەروەها فەرمایشتی خوای گەورە ﴿إِنَّهُۥ هُوَ ٱلسَّمِيعُ ٱلۡبَصِيرُ﴾ ئەمیش پشتگیری لە بۆچوونەكەی من دەكات، چونكە بینینی قودس لە كەشفدا بەتەنھا بەڵگەی ئەوە نیە كە خوا بیسەر و بینایە، بەڵام كۆچكردن بۆ مەدینە ئەم مانایەی بەتەواوی دەرخست. هەڵبەت كۆچكردن ئەوەی سەلماند كە خوا بیسەرە.. بەجۆرێك بەهۆی كۆچەوە دەركەوت كە خوای گەورە دەبیستێت و وەڵامی دوعای بەندەكانی دەداتەوە، وە سەلماندی خوای گەورە بینایە.. بەجۆرێك ئەو سەركەوتنانە بۆ موسوڵمانان هاتنەدی كە دوای كۆچكردن بەڵێنیان پێ درابوو. هەروەك پاراستنی باوەڕداران لەدوای كۆچەكە لەلایەن خواوە سەلماندی كە خوایەك هەیە بەندەكانی دەبینێت و دەیانپارێزێت.
بینینی مزگەوتی پێغەمبەر لەلایەن پێغەمبەرەوە (ﷺ) لەسەر شێوەی مزگەوتی ئەقسا و بینینی مەدینە لەسەر شێوەی قودس، ئاماژەی ئەوەی تێدا بوو كە مزگەوت و شاری پێغەمبەر (ﷺ) بەرەكەتدار دەكرێن هەروەك چۆن ئەقسا و قودس بەرەكەتدار كران.
ڕەنگە لێرەدا بگوترێت: بۆچی مزگەوتەكەی پێغەمبەر نەچوێنرا بە مزگەوتی حەرام لە جیاتی مزگەوتی ئەقسا؟
وەڵام: یەكەم: مزگەوتی حەرام جیادەكرێتەوە لە هەموو مزگەوتەكان -تەنانەت لە مزگەوتی ئەقسا و مزگەوتی پێغەمبەر- بە كۆمەڵێك تایبەتمەندی كە پەیوەستن بە دروشمەكانی حەجەوە. دووەم: مەبەست لە بینینی مزگەوتی ئەقسا لەلایەن پێغەمبەرەوە (ﷺ) ئەوە بوو كە پێی ڕابگەیەنرێت ئەو ناوچەیە دەكەوێتە دەستی موسوڵمانان، وە ئەم مەبەستە بە بینینی مزگەوتی حەرام نەدەهاتەدی. وە لەبەرئەوەی ئاشكراكردنی ناوی ئەو شوێنەی كە پێغەمبەر (ﷺ) كۆچی بۆ دەكرد شتێكی ژیرانە نەبوو لەبەر ئەو دۆخە سیاسیەی لەو كاتەدا باڵادەست بوو، بۆیە خوا (عز وجل) لێرەدا لەو وەحیەكەی بۆ پێغەمبەرەكەی خۆی بە مزگەوتی ئەقسا هێمای بۆ مزگەوتی نەبەوی كرد، وە بە قودس هێمای بۆ مەدینەی مونەووەرە كرد.
هاتنەدی ئەم هەواڵە سەبارەت بە مزگەوتی نەبەوی لەم ڕیوایەتەوە ئاشكرا دەبێت: لە ئەبو هورەیرەوە گێڕدراوەتەوە كە پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی: “بارگەوبنە مەپێچنەوە تەنها بۆ سێ مزگەوت نەبێت: مزگەوتی حەرام و مزگەوتی پێغەمبەر و مزگەوتی ئەقسا.” (البخاري، كتاب الجمعة، باب فضل الصلاة في مسجد مكة والمدينة)
لێرەدا مزگەوتی ئەقسا بە مزگەوتی پێغەمبەر چوێنراوە، وە بە دروستكردنی مزگەوتی پێغەمبەر هەواڵی نوێژكردنی پێغەمبەر (ﷺ) لە مزگەوتی ئەقسا هاتەدی.
هەروەها لە ڕوئیای ئیسڕادا هەواڵێكی تر هەبوو سەبارەت بە پیرۆزی و بەرەكەتداری مەدینەی مونەووەرە، ئەم هەواڵە ئاماژەی پێدراوە لە فەرمایشتی ﴿ٱلَّذِي بَٰرَكۡنَا حَوۡلَهُۥ﴾.. و ﴿حَوۡلَهُۥ﴾ واتە دەوروبەری ئەقسا كە بریتیە لە شاری قودس. بەپێی ئەم هەواڵە خوا دەوروبەری مزگەوتی پێغەمبەریشی بەرەكەتدار كرد.. واتە مەدینەی مونەووەرە. ئەمانەش بەڵگەكان لەسەر ئەو ڕاستیە:
١- لە فەرموودەدا هاتووە: لە ئەنەسەوە گێڕدراوەتەوە لە پێغەمبەرەوە (ﷺ) فەرمووی: “خوایە دوو ئەوەندەی مەككە بەرەكەت بخەرە مەدینەوە.” (البخاري، كتاب فضائل المدينة، باب المدينة تنفي الخبث)
٢- لە عائیشەوە گێڕدراوەتەوە كە پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرموویەتی: “خوایە مەدینە خۆشەویست بكە لامان وەك خۆشەویستیمان بۆ مەككە یان زیاتر. خوایە بەرەكەت بخەرە ناو پێوانە و كێشانەمانەوە.” (هەمان سەرچاوەی پێشوو). وە فەرموودەی پێغەمبەر (ﷺ): “بەرەكەت بخەرە ناو پێوانە و كێشانمانەوە.” واتە خوا بەرەكەت بخاتەناو كشتوكاڵ و بازرگانی دانیشتوانی مەدینەوە.
٣- وە لە زەیدی كوڕی عاسیمەوە گێڕدراوەتەوە كە پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: “بێگومان ئیبراهیم مەككەی حەرام كرد و دوعای كرد بۆ خەڵكەكەی، وە منیش مەدینەم حەرام كرد وەك چۆن ئیبراهیم مەككەی حەرام كرد، وە منیش دوعام كرد بۆ پێوانە و كێشانەكەی بە دوو ئەوەندەی ئەوەی كە ئیبراهیم بۆ خەڵكی مەككە دوعای كرد.” (مسلم، كتاب الحج، باب فضل المدينة)
پێویستە بزانرێت لێرەدا دوعاكردن بۆ مەدینە بۆ بەرەكەتی ماددی بووە، بەڵام لە ڕووی بەرەكەتی ڕۆحیەوە گومانی تێدا نیە مەككە لە هەموو شارەكانی تر باشترە.
لە هەموو ئەم فەرموودانەوە دەردەكەوێت مزگەوتی ئەقسا كە دەوروبەری بەرەكەتدار كرابوو، ئەوەی پێغەمبەر (ﷺ) لە كەشفەكەدا بینی، مەبەست لێی مزگەوتەكەی پێغەمبەر بوو، چونكە قودس تەنانەت لە دە بەش بەشێكی ئەو بەرەكەتەی پێ نەدراوە كە مەدینەی مونەووەرە پێی دراوە.
ڕیوایەتێك هەیە لە عائیشەوە (رضي الله عنها) بۆمان ڕوون دەكاتەوە كە چۆن خوا بە ئاشكرا مەدینەی بەرەكەتدار كردووە، بەجۆرێك گوتوویەتی: پێش هاتنی پێغەمبەر (ﷺ) بۆ مەدینە، پەتای تالێهاتن زۆر بڵاوبوو تێیدا، بۆیە ناوی “یثرب” بوو واتە گریان و هاوار، ئەوە بوو خوا (عز وجل) بەهۆی بەرەكەتی دوعای پێغەمبەرەكەیەوە (ﷺ) ڕزگاری كرد لەم پەتایە، وە ناوی نا مەدینە. (البخاري، فضائل المدينة)
هەروەها لە كەشفی ئیسڕادا هاتووە كە پێغەمبەر (ﷺ) لە مزگەوتی ئەقسا نوێژی بۆ پێغەمبەران كردووە. ئەم هەواڵە تەنها دوای كۆچكردنی پێغەمبەر (ﷺ) بۆ مەدینە هاتەدی، بەجۆرێك مەدینە بوو بە خاڵی دەستپێكردنی بانگەوازی ئیسلام بۆ هەموو ناوچەیەكی جیهان؛ بەڵكو لە ڕاستیدا گەشەسەندنی ئیسلام نەوەستا مەگەر دوای ئەوەی كە پایتەختی دەوڵەتی ئیسلامی لە مەدینەوە گواسترایەوە. ئیسلام لەو سی ساڵەدا -كە شارەكەی پێغەمبەر پایتەختی دەوڵەتی ئیسلامی بوو- بڵاوبوونەوە و گەشەسەندنێكی وەهای بەدەست هێنا كە لە ماوەی سیانزە سەدەدا بەدەستی نەهێنا!
ڕەنگە لێرەدا بوترێت پێغەمبەر (ﷺ) لەلای خۆیەوە ئەم تایبەتمەندی و بەرەكەتانەی بەخشی بە مەدینە! وەڵامەكە ئەوەیە: مرۆڤ ناتوانێت بەرەكەت ببەخشێت. مرۆڤ كەی توانای ئەوەی هەیە ئەم جۆرە هەواڵانە ڕابگەیەنێت پاشان بیانهێنێتەدی؟ لەڕاستیدا ئەو دوعایەی كە پێغەمبەر (ﷺ) بۆ مەدینە كردی وەك پشتڕاستكردنەوەیەك وابوو لەلایەن خۆیەوە بۆ ئەو هەواڵانەی كە خوا پێشتر پێی دابوو.
شایەنی سەرنجە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿أَسۡرَىٰ بِعَبۡدِهِۦ﴾ ئاماژە بەوە دەكات كە ئەم بەندەیەی خوا لەم گەشتەی شەودا بە ویستی خۆی دەرنەچووە، بەڵكو خوا خۆی ئەم ڕۆیشتنەی پێ كردووە. ئەمە بەتەواوەتی لە كۆچكردنیشدا ڕوویدا كاتێك پێغەمبەر (ﷺ) لەژێر پەردەی شەودا لە مەككە دەرچوو، وە بە ویستی خۆی بەجێی نەهێشت، بەڵكو ناچار بوو لێی دەربچێت كاتێك بێباوەڕەكان ماڵەكەیان گەمارۆدا بۆ ئەوەی تیرۆری بكەن. كەواتە كۆچكردن بە ویستی پێغەمبەر (ﷺ) نەبوو، بەڵكو ویستی خوایی پاڵی پێوەنا بۆ كۆچكردن.
پاشان هەروەك چۆن جبریل یاوەری پێغەمبەر (ﷺ) بوو لە ئیسڕاكەدا بۆ قودس، بەهەمان شێوە ئەبو بەكر یاوەری پێغەمبەر (ﷺ) بوو لەكاتی كۆچكردندا، وە بە دڵسۆزی ملكەچی پێغەمبەر (ﷺ) بوو هەروەك چۆن جبریل فەرمانەكانی خوای گەورە جێبەجێ دەكات. وە وشەی جبریل واتە “پاڵەوانی خوا”، وە بەهەمان شێوە ئەبو بەكر بەندەیەكی هەڵبژێردراوی خوای گەورە و پاڵەوانێكی ئازا بوو لەپێناوی ئایینەكەیدا.
مانای دووەم: هەڵبەت گوتم بینینی مزگەوتی ئەقسا بە مانای مزگەوتی نەوەی ئیسڕائیلیش دێت (یان پەرستگای ئیسڕائیلیەكان) لە قودس، وە مەبەست ئەوەیە خوای گەورە پێغەمبەرەكەی (ﷺ) زاڵ دەكات بەسەر ئەو شارەیشدا. ئەم هەواڵەش هاتەدی كاتێك قودس لە سەردەمی دووەم خەلیفەی پێغەمبەر (ﷺ) كەوتە دەست موسوڵمانان، وە فەرمانڕەواییان بەسەر ئەو شارەدا سیانزە سەدە بەردەوام بوو. ئێستا مەسیحیەكان دەستیان گرتووە بەسەریدا، بەڵام ئەمە دەستبەسەراگرتنێكی كاتیە، وە ئەمەش بەگوێرەی هەواڵێكی خوای گەورە ڕوویداوە، وە قودس -زوو یان درەنگ- جارێكی تر دەگەڕێتەوە دەستی شوێنكەوتوانی پێغەمبەر (ﷺ).
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم مانایە، مەبەست لە فەرمایشتی ﴿لَيۡلٗا﴾ ئەوەیە كە ئازادكردنی قودس بە هێزی جەنگی ماددی ئەنجام نادرێت، بەڵكو بەهۆی بەرەكەتی ئەو ڕوئیایەوە ئەنجام دەدرێت كە پێغەمبەر (ﷺ) بەشەو بینیویەتی. ئەمەش بەتەواوەتی ڕوویدا، بەجۆرێك سوپای كەم و بچووك و بێ تفاقی عەرەب توانای خۆڕاگرتنی هەبوو لەبەردەم سوپای ئیمپراتۆرێكی گەورەی وەك قەیسەردا، بەڵكو ئەو وەحیەی خوا كە لە شەوی ئیسڕادا دابەزی كارێكی كرد سوپای قەیسەر كە سوپایەكی گەورە و بە ئەزموون بوو لە هونەرەكانی شەڕ و جەنگدا لەبەردەم عەرەبە كەم و بێ تفاق و كەرەستەكاندا ڕابكەن وەك ڕاكردنی گوێدرێژ لە شێر.
ڕەنگە كەسێك ڕەخنە بگرێت و بڵێت: قودس لە سەردەمی پێغەمبەر (ﷺ) ئازاد نەكرا بەڵكو لە سەردەمی عومەردا ئازاد كرا؟ وەڵامەكەی ئەوەیە: شوێنكەوتووانی پێغەمبەریش (ﷺ) ئەو هەواڵانە دەیانگرێتەوە كە پێغەمبەرەكە ڕایدەگەیەنێت. وە نموونەی زۆری لەم شێوەیە لە ئیسلام و لە كتێبەكانی پێغەمبەرانی پێشوودا هەیە.
مانای سێیەم: گوتم بینینی مزگەوت لە خەودا ئاماژەیە بۆ زانایانی ئەو ناوچەیەی كە مزگەوتەكەی تێدایە. بەگوێرەی ئەم هەواڵە دەبینین موسوڵمانان تەنها زاڵبوونی سیاسیان بەسەر قودسدا بەدەست نەهێنا، بەڵكو زۆربەی دانیشتووانی ئەو ناوچەیە چوونەناو ئیسلامەوە، و قودس بۆ سیانزە سەدە وەك ناوەندێكی زانایانی موسوڵمان مایەوە. دیارە مرۆڤ نەیدەتوانی ئەم گۆڕانكاریە بكات، بەڵكو ئەوە خوا بوو ئەو كارەی كرد.
سەیر ئەوەیە ئەو ئاگرەی كە مووسا (عليه السلام) لە یەكێك لە گەشتەكانیدا بینی، قورئانی پیرۆز بە كۆمەڵێك وشەی هاوشێوە باسی كردووە بەجۆرێك خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿بُورِكَ مَن فِي ٱلنَّارِ وَمَنۡ حَوۡلَهَا وَسُبۡحَٰنَ ٱللَّهِ رَبِّ ٱلۡعَٰلَمِينَ﴾ (النمل: 9). دەبینیت دەستەواژەی ﴿بُورِكَ﴾ و ﴿وَمَنۡ حَوۡلَهَا﴾ و ﴿سُبۡحَٰنَ﴾ هاوشێوەی ئەو وشانەن كە لێرەدا لە سوورەتی “الإسراء”دا هاتوون.
پێویستە بزانرێت هەندێ كەس دەڵێن مەبەست لە ئاگرەكە خوای گەورە خۆیەتی (القرطبي)، بەڵام ئەمە هەڵەیە، چونكە ئایەتەكە دەفەرموێت: ﴿بُورِكَ مَن فِي ٱلنَّارِ﴾، وە خوای گەورە بەرەكەت دەبەخشێت و بەرەكەتی پێ نابەخشرێت. لەڕاستیدا لێرەدا مەبەست لە ئاگر خوا نیە، بەڵكو مەبەست ئاگری خۆشەویستی خوایە؛ مەبەست ئەوەیە ئەو كەسەی خۆی بخاتەناو ئاگری خۆشەویستی خواوە، بەرەكەتدار دەكرێت. وە چواندنی خۆشەویستی بە ئاگر لە هەموو زمانەكانی جیهاندا شتێكی باوە.
لەڕاستیدا ئەو شوێنەی كە خوا شكۆی خۆی دەردەخات تێیدا، بەرەكەت لەناویدا دادەنرێت، وە پاكی و بێگەردی خوای گەورە لەوێ دەردەكەوێت؛ وە هەر یەك لە ئیسڕاكەی پێغەمبەر (ﷺ) و ڕووداوی بینینی ئاگرەكە لەلایەن مووساوە (عليه السلام) ئاماژە بۆ ئەم نهێنییە ڕۆحیە دەكەن.
ڕووداوێكی تری مووسا (عليه السلام) هەیە كە هاوشێوەی ئیسڕاكەی پێغەمبەرە (ﷺ) و لە سوورەتی دواتردا واتە لە سوورەتی “الكهف”دا باسی كراوە، وە ئەو لێكچوونانە لەكاتی تەفسیری سوورەتی “الكهف”دا دەخەمەڕوو.
وە پێم وایە كەشفی ئیسڕا ئاماژەیە بۆ گەشتێكی تری ڕۆحانی پێغەمبەر (ﷺ). لەم كەشفەدا خوا (عز وجل) هەواڵی داوە كە سەردەمێكی تاریك دێت بەسەر ئوممەتی ئیسلامدا، وە لەو كاتەدا جارێكی تر خوا پێغەمبەرەكەی موحەممەد (ﷺ) دەنێرێتەوە لە كەسایەتی یەكێك لە خزمەتكارە ملكەچەكانی پێغەمبەر خۆیدا، بۆ ئەوەی لەو سەردەمەدا كە وەك شەو تاریكە ببێت بە منارەیەك بۆ هیدایەت، وە بۆ ئەوەی موسوڵمانان بەهۆیەوە هەمان ئەو بەرەكەتانە بەدەست بهێنن كە پێغەمبەرانی نەوەی ئیسڕائیل و شوێنكەوتووانیان بەدەستیان هێناوە. هەروەك خوای گەورە لە سوورەتی “الجمعة”دا ئاماژەی بەوە داوە و فەرموویەتی: ﴿هُوَ ٱلَّذِي بَعَثَ فِي ٱلۡأُمِّيِّۧنَ رَسُولٗا مِّنۡهُمۡ يَتۡلُواْ عَلَيۡهِمۡ ءَايَٰتِهِۦ وَيُزَكِّيهِمۡ وَيُعَلِّمُهُمُ ٱلۡكِتَٰبَ وَٱلۡحِكۡمَةَ وَإِن كَانُواْ مِن قَبۡلُ لَفِي ضَلَٰلٖ مُّبِينٖ * وَءَاخَرِينَ مِنۡهُمۡ لَمَّا يَلۡحَقُواْ بِهِمۡ ۚ وَهُوَ ٱلۡعَزِيزُ ٱلۡحَكِيمُ﴾ (الجمعة: 3-4).. واتە پێغەمبەر (ﷺ) ئایین فێری كۆمەڵێكی تر دەكات كە هێشتا نەگەیشتوون بە موسوڵمانان، بەڵكو لە داهاتوودا دەردەكەون. ئەمەش بۆ خوا دوور نیە، چونكە ئەو باڵادەست و دانایە.. واتە ناهێڵێت ئوممەتی موستەفا (ﷺ) بەم شێوەیە لەناوبچێت، بەڵكو دەبێت بەشێوەیەكی ڕۆحانی پێغەمبەر (ﷺ) بینێرێت بۆ چاككردنیان.
وَءَاتَيۡنَا مُوسَى ٱلۡكِتَٰبَ وَجَعَلۡنَٰهُ هُدٗى لِّبَنِيٓ إِسۡرَٰٓءِيلَ أَلَّا تَتَّخِذُواْ مِن دُونِي وَكِيلٗا 3
شیكردنەوەی وشەكان:
هدی: هداه الطریق وإلیه وله: ڕێگاكەی ڕوونكردەوە بۆی و پێی ناساند. هدی فلانا: پێشی فڵان كەس كەوت، دەڵێیت: جاءت الخیل یهدیها فرس أشقر.. واتە ئەسپەكان هاتن ئەسپێكی مارۆ لە پێشیانەوەیە. هداه الله إلی الإیمان: خوا هیدایەتیدا بۆ باوەڕهێنان. واتە ڕێنمایی كرد بۆی. (الأقرب)
بني إسرائیل: ئیسڕائیل نازناوی یەعقووبە (عليه السلام) (پەیدابوون 32: 28). وە نەوەی ئیسڕائیل نەوەكانی ئەون.
دوني: بڕوانە شیكردنەوەی وشەی “دون” لە ئایەتی ژمارە ٨٧ی سوورەتی “النحل”.
وكیلا: الوكیل: لەسەر كێشی (فعیل)ە بە مانای (مفعول) چونكە كارەكە بەو ڕاسپێردراوە، وە دەكرێت بۆ كۆ و بۆ مێیش بەكاربێت؛ وە بە مانای بكەر دێت ئەگەر بە مانای پارێزەر (الحافظ) بێت، وە خوا بەم وشەیە وەسفكراوە، وتراویشە: بە مانای (الكافي، تەنها ئەو بەسە) و ڕۆزیدەر دێت. (الأقرب)
تەفسیر: ئەم ئایەتە بە باسی مووسا (عليه السلام) و گەلەكەی دەست پێدەكات. زیاتر لە پەیوەندیەك هەیە كە ئەم ئایەتە بە ئایەتەكەی پێش خۆیەوە دەبەستێتەوە، ڕوونكردنەوی ئەم بابەتەش بەم جۆرەیە:
١- لە ئایەتەكەی پێشوودا خوای گەورە بەڵێنی دا بە پێغەمبەرەكەی (ﷺ) و ئوممەتەكەی كە قودسیان پێ دەدات. پێشتر خوا قودس و دەوروبەرەكەیشی داوە بە مووسا و گەلەكەی بۆ هێنانەدی بەڵێنێكی خۆی (سبحانه وتعالى)، بەڵام گەلی مووسا سەرپێچی فەرمانەكانی خوای گەورەیان كرد، بۆیە لە زەوی پیرۆز بێبەش بوون. لێرەدا خوای گەورە بە باسكردنی ئوممەتی مووسایی هۆشداری دەدات بە موسوڵمانان كە ئێمە لە میراتی ئوممەتی مووسا خێرەكەتان پێ دەدەین، دەی ئاگادار بن خراپەی میراتەكەیشیان نەبەن بۆ خۆتان، بەمەش لەناوبچن.
٢- لە كۆتایی سوورەتی “النحل”دا هەواڵی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان موسوڵمانان و جوولەكە هاتبوو بەجۆرێك خوای گەورە ڕێنمایی كردن كە بەجوانترین شێوە مشتومڕیان لەگەڵدا بكەن چونكە ئەوان خاوەن كتێبن.. واتە لەبەر ڕۆشنایی بنەما و بیروباوەڕەكانی خۆیان و بەگوێرەی ئەو بەڵگانەی لە كتێبەكانیانەوە وەرگیراون گفتوگۆیان لەگەڵدا بكەن، بەڵام لێرەدا لە سوورەتی “الإسراء” خوا (سبحانه وتعالى) بە باسكردنی نموونەیەكی كردەیی ڕوونیكردووەتەوە كە موسوڵمانان بە چ شێوازێك گفتوگۆ بكەن لەگەڵ خاوەن كتێبەكان، بەجۆرێك كۆمەڵێك هەواڵی كتێبەكەی خۆیان پیشان جوولەكە دەدات كە هۆشدارییان پێ دەدات لە داهاتوودا خراپەكاری دەكەن بۆیە ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە. هەروەها لێرەدا هۆشداری داوە بە جوولەكە كە لە ئێستادا تەنها یەك ڕێگە لەبەردەمیاندا هەیە بۆ ئەوەی جارێكی تر گەشە بكەن و پێشبكەون ئەویش ئەوەیە لەگەڵ خوادا بچنەناو ئەم پەیمانە نوێیەوە هەتا سزایان لەسەر لابدات. بۆیە ئەگەر زەویە پیرۆزەكە لە دەستیان دەرچووبێت بەو سیفەتەی كە ئوممەتێكی جوولەكەن ئەوا دەتوانن جارێكی تر وەك موسوڵمان بچنەوە ناوی.
ذُرِّيَّةَ مَنۡ حَمَلۡنَا مَعَ نُوحٍ ۚ إِنَّهُۥ كَانَ عَبۡدٗا شَكُورٗا 4
شیكردنەوەی وشەكان:
ذریة: الذریة لە ئەسڵدا بریتیە لە منداڵی بچووك، ئەگەرچی لەناو خەڵكیدا بۆ گەورە و بچووكیش بەكاردێت، وە بۆ تاك و كۆ بەكاردێت، بەڵام لە بنەڕەتەكەیدا بۆ كۆیە. (المفردات)
شكورا: شێوەی ڕۆچوونی سوپاسە (الشكر). شكر وشكر له: ستایشی كرد بەهۆی ئەو چاكەیەی كردبووی بەرامبەری. (الأقرب)
تەفسیر: واتە دوای ئەوەی كتێبمان دابەزاندە سەر مووسا لەپێناوی ئەواندا، پێمان گوتن: ئەی مناڵەكانی هاوەڵانی نووح، باپیرتان نووح بەندەیەكی زۆر سوپاسگوزار بوو بۆ پەروەردگاری خۆی، ئێوەش وەك باپیرتان سوپاسگوزاری خوای گەورە بن.
هەندێك لە موفەسیرەكان دەڵێن لێرەدا خیتابەكە پەیوەستە بە سەردەمی پێغەمبەرەوە (ﷺ) واتە خیتابەكە ئاراستەی گەلەكەی كراوە (فتح البیان)، بەڵام من پێم وایە خیتابەكە پەیوەندی بە سەردەمی مووساوە (عليه السلام) هەیە و ئاراستەی گەلەكەی كراوە؛ چونكە ئایەتی دواتریش باسی ئەوان دەكات، بەجۆرێك خوای گەورە هۆشداری دەدات بە نەوەی ئیسڕائیل كە وەك چۆن ئێمە نووحمان لە لافاوەكە ڕزگار كرد، ئێوەشمان لە دەریا ڕزگار كرد، بۆیە ئێوەش بەندەیەكی سوپاسگوزار بن بۆ ئێمە وەك چۆن نووح و هاوەڵانی سوپاسگوزار بوون.
هەروەها ئەم ئایەتە هۆشدارییەكە لەلایەن خواوە بۆ موسوڵمانان كە ئێمە لەو لافاوی دژایەتیە ڕزگارتان دەكەین كە بەم نزیكانە دەورتان دەدات، بۆیە پێویستە سوپاسگوزارمان بن و سپڵە نەبن بەرامبەرمان.
جیاوازی نێوان ئەو دوو ئوممەتە ئەوەیە كە گەلی مووسا (ﷺ) سپڵە و ناسوپاسگوزار بوون بەرامبەر نیعمەتەكانی خوای گەورە، بەڵام هاوەڵانی پێغەمبەر (ﷺ) نموونەیەكی جوان و ناوازەیان لە سوپاسگوزاری بۆ خوای گەورە پێشكەش كرد، ئەگەرچی ئەو موسوڵمانانەی دواتر هاتن سپڵە و ناسوپاسگوزار بوون بەرامبەر نیعمەتەكانی خوای گەورە، لە ڕاستیدا ئەم ئایەتە وەك هۆشداریەك بۆ ئەو موسوڵمانانە هاتووە.
وَقَضَيۡنَآ إِلَىٰ بَنِيٓ إِسۡرَٰٓءِيلَ فِي ٱلۡكِتَٰبِ لَتُفۡسِدُنَّ فِي ٱلۡأَرۡضِ مَرَّتَيۡنِ وَلَتَعۡلُنَّ عُلُوّٗا كَبِيرٗا 5
شیكردنەوەی وشەكان:
قضینا: قضی الشيء: پێی ڕاگەیاند و بۆی ڕوونكردەوە. (الأقرب) بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە شیكردنەوەی ئایەتی ٦٦ی سوورەتی الحجر.
لتعلن: علا الشيء: بەرزبووەوە. علا فلان في الأرض: خۆی بە گەورە دانا و زۆردار بوو. علا فلانا: زاڵ بوو بەسەریدا و ژێردەستی كرد. علا فلانا بالسیف: بەشمشێر لێی دا. علا المكان: سەركەوت بۆ ئەو شوێنە. علا في المكارم: ڕێزدار بوو. (الأقرب) مەبەست لە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَلَتَعۡلُنَّ﴾ ئەوەیە كە ئێوە بێگومان خۆتان بە گەورە دادەنێن و زۆردار دەبن.
تەفسیر: خوای گەورە لێرەدا هۆشداری دەدات بە موسوڵمانان كە پێغەمبەرەكەتان هاوشێوەی مووسایە، وە بۆ هێنانەدی ئەم لێكچوونە ئێمە قودس و دەوروبەریشی پێ دەدەین؛ دەی وریا بن دوایی ئەوەتان بەسەردا نەیەت كە بەسەر نەوەی ئیسڕائیلی گەلی مووسادا هات. پێشتر ئاگادارمان كردنەوە كە لە زەویدا خراپەكاری دەكەن، وە دوو جار زۆر بە توندی ستەم لە خەڵكی دەكەن، وە لە سزای تاوانەكانیاندا دوو جاریش لەناویاندەبەین. لەگەڵ ئەوەی سزاكەیان لێرەدا بە ڕاشكاوی باس نەكراوە، بەڵام لە ئایەتی داهاتوودا زۆر بەڕوونی باسكراوە.
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَقَضَيۡنَآ إِلَىٰ بَنِيٓ إِسۡرَٰٓءِيلَ فِي ٱلۡكِتَٰبِ﴾ جەخت لە دوو خاڵ دەكاتەوە: یەكەمیان ئەوەیە كە كتێب لێرەدا كتێبەكەی مووسایە (عليه السلام)، دووەمیان ئەوەیە پێشتر كتێبەكەی هەواڵی داوە كە نەوەی ئیسڕائیل دوو جار ستەمكاری دەكەن و لە سنوور دەردەچن، وە دووجار تووشی سزای خوا دەبن.
هەڵبەت موفەسیرانی كۆن و نوێ دوو هەڵەیان كردووە لەكاتی تەفسیركردنی ئەم ئایەتەدا، بەجۆرێك كۆمەڵێكیان تەنها باسی هەندێ ڕووداوی مێژووییان كردووە دەربارەی لەناوچوونی نەوەی ئیسڕائیل و بەوەندە وازیان هێناوە (القرطبي، والقاسمي)، بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەك بكەن بۆ ئەو هەواڵانەی دەربارەی خراپەكاری و لەناوچوونی ئەوان هاتوون لە پەڕاوەكانی ئەهلی كتێبدا كە قورئانی پیرۆز لێرەدا ئاماژەی پێكردوون، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ڕاستی وەحی قورئانی وەك پێویست ئاشكرا نەبێت. بەڵام ئەو موفەسیرانەی كە هەوڵیان داوە ئەو هەواڵانە لە پەڕاوە پیرۆزەكانی ئەهلی كیتابەوە باس بكەن (فتح البیان، و البحر المحیط) سەرنجیان نەداوە كە ئەو كتێبەی لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا ﴿فِي ٱلۡكِتَٰبِ﴾ ئاماژەی پێكراوە تەنها كتێبەكەی مووسایە نەك پەڕاوەكانی تر. بەڵام من لە تەفسیرەكەمدا هەردوو بابەتەكەم ڕەچاوكردووە، ئەو هەواڵانەم لە كتێبەكەی مووساوە (عليه السلام) گواستووەتەوە، لەگەڵ تۆماركردنی ئەو ڕووداوە مێژووییانەی كە بەهۆیانەوە ئەم هەواڵانە هاتوونەتەدی.
ئەم هەواڵانەی خوارەوە لە كتێبەكەی مووسادا (عليه السلام) هاتوون دەربارەی خراپەكاری نەوەی ئیسڕائیل و ستەمكردنیان لە خەڵكی: “بەڵام ئەگەر گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان نەبوون، بۆ ئەوەی ئاگادار بن كە كار بە هەموو فەرمانەكانی و فەرزەكانی بكەن كە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێدەكەم، هەموو ئەم نەفرەتانەتان دێتە سەر و پێتان دەگات.” (دوا وتاری مووسا 28: 15)
پاشان بە وردی باسی ئەم نەفرەتانە دەكات و دەڵێت: “یەزدان بە خۆتان و پاشاكەتانەوە كە بۆ خۆتانی دادەنێن، دەتانبات بۆ لای نەتەوەیەك كە نە ئێوە نە باوباپیرانتان ناسیویانە.” (هەمان سەرچاوەی پێشوو، بڕگەی ٣٦).
وە لەسەری دەڕوات و دەڵێت: “یەزدان نەتەوەیەكتان دەهێنێتە سەر لە دوورەوە لەوپەڕی زەوییەوە وەك شاڵاوی هەڵۆ، نەتەوەیەك لە زمانی ناگەن، نەتەوەیەكی ڕووگرژ، نە ڕێز بۆ پیر دادەنێت و نە سۆزی بۆ منداڵ دەجووڵێت. بەری ئاژەڵی ماڵی و بەروبوومی زەویتان دەخوات هەتا لەناودەچن و هیچ دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیت و گوێرەكەی گاگەل و كاریلە و بەرخی مێگەلتان بۆ ناهێڵێتەوە هەتا لەناوتان دەبات. لە هەموو شارەكان گەمارۆتان دەدات، هەتا شوورا بەرزە قاییمەكان كە ئێوە پشتی پێ دەبەستن دەڕمێت، لە هەموو خاكەكەتان كە یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات گەمارۆتان دەدات. جا بەری سكتان، گۆشتی كوڕ و كچەكانتان كە یەزدانی پەروەردگارتان پێیداون دەخۆن، لەو گەمارۆ و تەنگانەیەی كە دوژمنەكانتان تەنگتان پێ هەڵدەچنن. پیاوی دڵناسك و زۆر هەستیار لەنێوتان بەرچاوتەنگ دەبێت، سەبارەت بە براكەی خۆی و بە ژنە خۆشەویستەكەی و بە پاشماوەی منداڵەكانی كە ماونەتەوە، هەتا لە گۆشتی منداڵەكەی كە دەیخوات بە كەسیان نادات، چونكە هیچی بۆ نەماوەتەوە لەو گەمارۆ و تەنگانەیەی كە دوژمنەكانتان تەنگتان پێ هەڵدەچنن لە هەموو شارەكانتاندا. ئەو ژنەی دڵناسك و هەستیارە لەنێوتان كە لەبەر دڵناسكی و هەستیارییەكەی دڵی نایەت بنی پێی بە زەویدا بنێت، بەرچاوتەنگ دەبێت سەبارەت بە پیاوە خۆشەویستەكەی و كوڕ و كچەكەی.” (هەمان سەرچاوەی پێشوو، بڕگەكانی ٤٩-٥٦)
پاشان دەڵێت: “هەروەك چۆن پەروەردگار پێتان دڵخۆش بوو كە چاكەتان لەگەڵ بكات و زۆرتان بكات، هەروەها پێشتان دڵخۆش دەبێت هەتا بتانفەوتێنێت و لەناوتان ببات. لەو خاكە ڕیشەكێش دەكرێن كە دەچنە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگرن. ئینجا پەروەردگار لەنێو هەموو گەلان پەرشوبڵاوتان دەكاتەوە، لەوپەڕی زەوی هەتا ئەوپەڕی، لەوێ خوای دیكە دەپەرستن لە دار و بەرد كە نە ئێوە و نە باوباپیرانتان نەیانناسیوە.” (هەمان سەرچاوەی پێشوو، بڕگەكانی ٦٣ و ٦٤)
پێویستە بزانرێت ئەم هەواڵە پەیوەندی بە خراپەكاری و لەناوچوونی جوولەكەكانەوە هەیە لە یەكەم دوو جارەكە كە لەم فەرموودەیەی خوای گەورەدا باسكراون: ﴿لَتُفۡسِدُنَّ فِي ٱلۡأَرۡضِ مَرَّتَيۡنِ﴾.
وە فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿وَقَضَيۡنَآ إِلَىٰ بَنِيٓ إِسۡرَٰٓءِيلَ فِي ٱلۡكِتَٰبِ…﴾ واتە خوای گەورە لە وەحیەكەیدا ئاگاداری كردوونەتەوە لەو بەڵایەی چاوەڕێیان دەكات، بەڵام ئەوان خۆیان لێ نەپاراست.
بزانە ئامانج و مەبەستی ئاگاداركردنەوە دوو شتە؛ یەكەم: ئەوەیە كە مرۆڤ هەوڵ بدات خۆی لەو مەترسیە بپارێزێت كە نزیكی بووەتەوە، دووەم: ئەوەیە بەڵگە لەسەری بچەسپێت و بیانووی نەمێنێت ئەگەر هەوڵی ڕزگاربوونی نەدا. وە هەروەها پێغەمبەریش (ﷺ) ئوممەتەكەی خۆی ئاگاداركردووەتەوە و فەرموویەتی: “بێگومان ئێوە شوێن ڕێبازی ئەوانە دەكەون كە پێش ئێوە بوون.” (البخاري، كتاب الاعتصام، باب قول النبي ﷺ لتتبعن سنن من قبلكم)، وە لە گێڕانەوەیەكدا هاتووە: شوێن جوولەكە و مەسیحیەكان دەكەون؛ بەڵام جێگای داخە موسوڵمانانیش ئەم ئاگاداركردنەوەیەی پێغەمبەریان بە سووك سەیركرد و بەمەش بوون بە نێچیری ئەم بەڵایە.
فَإِذَا جَآءَ وَعۡدُ أُولَىٰهُمَا بَعَثۡنَا عَلَيۡكُمۡ عِبَادٗا لَّنَآ أُوْلِي بَأۡسٖ شَدِيدٖ فَجَاسُواْ خِلَٰلَ ٱلدِّيَارِ ۚ وَكَانَ وَعۡدٗا مَّفۡعُولٗا 6
شیكردنەوەی وشەكان:
أولي بأس: أُولُو كۆیە بە مانای خاوەنەكان، تاكی نیە، گوتراوە: ناوی كۆیە و تاكەكەی بریتیە لە ذو وەك الغنم كە تاكەكەی بریتیە لە شاة. (الأقرب) وە البأس: سزا؛ توندوتیژی لە جەنگدا. (الأقرب)
جَاسُوا: جاسَ الشيءَ يجوس جوسًا: بە وردی بەدوایدا گەڕا، ﴿فَجَاسُواْ خِلَٰلَ ٱلدِّيَارِۚ﴾: تێیدا دەگەڕان و پشێوی و خراپەكارییان دەنایەوە. جەوهەریش تەفسیری كردووە و دەڵێت: واتە چوونەناوی و بەشوێن ئەو شتەدا گەڕان كە تێیدا هەیە وەك چۆن پیاو سۆراغی هەواڵ دەكات. (الأقرب)
الدیار: كۆی وشەی “الدار”ە، كە بریتیە لە: شوێن؛ گۆڕەپان؛ شار. وە خلال الدیار واتە دەوروبەری سنوورەكەی و نێوان ماڵەكانی. (الأقرب)
تەفسیر: خوا (عز وجل) لێرەدا چۆنیەتی هاتنەدی هەواڵی لەناوچوونی یەكەم ڕوون دەكاتەوە و دەفەرموێت: ئەی نەوەی ئیسڕائیل كاتێك ئەم لەناوچوونە نزیك بوویەوە، ئێمە كۆمەڵێك جەنگاوەرمان زاڵكرد بەسەرتاندا، ئەوانیش هێرشیان كردە سەر ماڵەكانتان و لەناویان بردن.
ئەو دوو وێرانكاریەی لەم ئایەتە و ئایەتەكەی دواتردا ئاماژەیان پێ كراوە، قورئانی پیرۆز لە شوێنێكی تریشدا باسی كردوون، دەفەرموێت: ﴿لُعِنَ ٱلَّذِينَ كَفَرُواْ مِنۢ بَنِيٓ إِسۡرَٰٓءِيلَ عَلَىٰ لِسَانِ دَاوُۥدَ وَعِيسَى ٱبۡنِ مَرۡيَمَۚ﴾ (المائدة: 79). ئەم ئایەتە ڕوونی دەكاتەوە كە دوو جار تووشی سزا بوون: جارێك دوای سەردەمی داوود، وە جارێكی تریش دوای سەردەمی عیسا (سڵاوی خوایان لێ بێت).
ئەوەی لە تەوراتدا سەبارەت بەم وێرانكارییەی یەكەم هاتووە ئەوەیە كە جوولەكە دوای مووسا لە گەشەسەندن و پێشكەوتن بەردەوام بوون تا هێزیان گەشەی كرد، وە لە سەردەمی داووددا دەوڵەتێكی بەهێزیان بۆ دامەزرا كە دوای ئەویش بۆ ماوەیەك بەردەوام بوو. پاشان خراپەكاری لەم دەوڵەتەدا بڵاوبوویەوە بۆیە وردە وردە بەرەو لاوازبوون چوو، هەتا ئاشوورییەكان كە پایتەختەكەیان نەینەوا بوو كۆتاییان پێ هێنا. ئینجا جوولەكە باجیان پێ دەدان. پاشان میرێكی میسڕی بە ناوی “نیكۆ” (NECHO) ئاشوورییەكانی تێكشكاند، وە دەسەڵاتی لێ سەندن، ئینجا جوولەكە لەژێر دەسەڵاتی میسڕییەكاندا دەژیان. پاشان نزیكەی ٦٠٠ ساڵ پێش مەسیح و نزیكەی ٤٠٠ ساڵ دوای داوود، خوا لە ڕێگەی ئیرمیاوە هۆشداری دا بە جوولەكەكان لە خراپەكارییەكانیان، كە ئەگەر ئێستا تەوبە بكەن ئەوا خوا هەڕەشەی ئاوارەبوون و دەركردنەكەیان هەڵدەوەشێنێتەوە، بەڵام ئەوان سوودیان لە ئامۆژگارییەكە وەرنەگرت و سڵیان نەكردەوە. (بڕوانە ئيرميا 7: 2-7).
لە كۆتاییدا خوا (عز وجل) بابلیەكانی زاڵكرد بە سەریاندا، وە باسی ئەم سزایە لە سیپارەی دووەم پاشایاندا هاتووە بەم شێوەیە: “ئیتر لە دەی مانگی دەی ساڵی نۆیەمی پاشایەتی سدقیا، نەبوخودنەسری پاشای بابل هەموو سوپاكەی بەرەو ئۆرشەلیم جووڵاند و لەوێ ئۆردوگای دامەزراند، لە چواردەوری قوللـەی بنیاد نا. هەتا ساڵی یازدەهەمی پاشایەتی سدقیا شارەكە لژێر گەمارۆدا بوو. لە نۆی چواردا قاتوقڕی لە شارەكەدا هێندە سەخت بوو كە نان نەبوو گەلی خاكەكە بیخۆن. ئینجا شوورای شارەكە شكێنرا و هەموو جەنگاوەرەكان بە شەو بەڕێگای دەروازەكەی نێوان دوو شووراكەی بەرامبەر باخچەی پاشادا هەڵاتن، هەرچەند بابلیەكان لە چواردەوری شارەكە بوون. پاشا و ئەوانەی لەگەڵی بوون بەڕێگای عەراڤادا هەڵهاتن، بەڵام سوپای بابلیەكان بەدوای پاشا كەوتن، لە دەشتی ئەریحا پێی گەیشتن. هەموو سوپاكەی پەرتەوازە بوو، جا پاشایان بەدیل گرت. بردیانە لای پاشای بابل لە ڕیڤلە، لەوێ دادگاییان كرد. كوڕەكانی سدقیایان لەبەرچاوی خۆی كوشت، پاشان هەردوو چاویان دەرهێنا و بە زنجیری برۆنز كۆتیان كرد و بردیانە بابل. لە حەوتی پێنجی ساڵی نۆزدەیەمی نەبوخودنەسری پاشای بابل، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی ئیمپراتۆر كە كاربەدەستی پاشای بابل بوو هاتە ئۆرشەلیم. پەرستگای یەزدان و كۆشكی پاشا و هەموو ماڵەكانی ئۆرشەلیم و هەموو تەلارە گرنگەكانی سووتاند. شووراكانی چواردەوری ئۆرشەلیمیش لەلایەن سوپای بابلبەكانەوە ڕووخێنران، ئەوانەی لەگەڵ فەرماندەی پاسەوانانی پاشا بوون. پاشماوەی گەلیش ئەوانەی لە شارەكە مابوونەوە و ئەوانەی چووبوونە پاڵ پاشای بابل لەگەڵ پاشماوەی خەڵكەكە، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا ڕاپێچی كردن.” (بڕوانە دووەم پاشایان 25: 1-11).
هەروەها لە سیپارەی نەحمیادا ڕوون دەبێتەوە كە یەكێك لە هۆكارە هەرە گەورەكانی ئەم وێرانكارییە ئەوە بوو كە جوولەكە بێڕێزییان كرد بە ڕۆژی شەممە، بەجۆرێك لەم سیپارەیەدا هاتووە: “جا دەمەقاڵێم لەگەڵ پیاوماقووڵانی جوولەكەدا كرد و پێم گوتن: ئەم خراپە چیە كە ئێوە دەیكەن و ڕۆژی شەممە گڵاودەكەن؟ ئایا باوباپیرانتان ئەمەیان نەكرد، ئینجا خوامان ئەم هەموو خراپەیەی بەسەر ئێمە و ئەم شارەدا هێنا؟ وە ئێوە تووڕەیی لەسەر ئیسڕائیل زیاتر دەكەن كە ڕۆژی شەممە گڵاو دەكەن.” (نەحميا 13: 17 و 18).
هەروەها پێغەمبەر حزقیێلیش هۆشداری دابوو بە جوولەكە لەكاتی خۆیدا و پێی ڕاگەیاندن كاتێك كە سەرپێچیەكانی خۆیانی بۆ دەژماردن: “تۆ سووكایەتیت بە شتە پیرۆزكراوەكانی من كردووە و شەممەكانی منت گڵاوكردووە”. (حزقیێل 22: 8). هەروەها تێیدا هاتووە: “هەروەها ئەمەشیان بە من كرد: لەو ڕۆژەدا پیرۆزگاكەی منیان گڵاوكرد و شەممەكانی منیان پیس كرد.” (حزقیێل 23: 38).
لێرەدا بەتایبەتی جەختم كردەوە لە باسی سەرپێچیكردنی جوولەكە سەبارەت بە ڕۆژی شەممە، چونكە ئەم ئایەتەی كە باسی سزایەكی توند دەكات، ئاماژەیە بۆ ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە لە سوورەتی “النحل” كە دەفەرموێت: ﴿إِنَّمَا جُعِلَ ٱلسَّبۡتُ عَلَى ٱلَّذِينَ ٱخۡتَلَفُواْ فِيهِۚ﴾ (ئایەت: 125).. واتە سزای ڕۆژی شەممە تەنها بۆ ئەو كەسانە دابەزیوە كە لە وتەی خوای گەورەدا ناكۆك بوون و خراپەیان كرد بەرامبەر ئایینەكەی.
بێگومان ئەم ئایەتە بەڵگەیەكی ڕوونە لەسەر بوونی ڕیزبەندییەكی ناوازە لە بابەتەكانی قورئانی پیرۆزدا، سەرەڕای ئەوەی سوورەتی “الإسراء” پێش سوورەتی “النحل” دابەزیوە و شوێنەكەشی لە قورئاندا دوای سوورەتی “النحل” هاتووە، بەڵام بابەتەكانی لەگەڵ بابەتەكانی سوورەتی “النحل”دا دەگونجێت بەشێوەیەك وا دەردەكەوێت وەك ئەوەی سوورەتی “الإسراء” دوای سوورەتی “النحل” دابەزیبێت و تەواوكەری بێت، وە وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە كە تێیدا دروست بوون.
مێژوو دەڵێت لە سەردەمی لاوازبوونی دەوڵەتی جوولەكەدا ئاشووریەكان هێرشیان كردە سەریان و فەرمانڕەوایەتیان لێ سەندن و خستنیانە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە. بەڵام دوای ماوەیەك یەكێك لە پاشا میسڕیەكان هات كە ئەویش فیرعەون نیكۆ (Pharaoh Necho) بوو، كۆتایی بە فەرمانڕەوایەتی ئاشوورییەكان هێنا و فەڵەستین كەوتە دەستی میسڕیەكانەوە و پاشایەكی میسڕیی لەسەر خاكی فەڵەستین دانا بەناوی ئیلیاقیم Eliakim (كوڕی یوشیا)، كە ناوەكەیان دەستكاری كرد بۆ “یهۆیقیم”. كاتێك پاشای بابلی وێرانبوونی دەوڵەتی ئاشووری دراوسێی بینی، كوڕەكەی خۆی نەبوخودنەسری نارد (Nebuchadnezzar) بۆ شەڕكردن لەگەڵ فیرعەونی میسڕی نیكۆ، ئەویش هێرشی كردە سەر میسڕ، وە بەم شێوەیە فەڵەستین كەوتە ژێر دەسەڵاتی بابلیەكانەوە. بەڵام پاشای فەڵەستینی “یهۆیقیم” دڵسۆز بوو بۆ میسڕ، بۆیە نەبوخودنەسر لە ساڵی ٥٨٧ پێش زاین سەركردەیەكی خۆی بەناوی نەبوزەرادەم نارد بۆ سزادانی “یهۆیقیم”، بەڵام “یهۆیقیم” پێش ئەوەی سوپای بابلیەكان پێی بگەن مرد. بەڵام كوڕەكەی بەناوی “یهۆیكین” (Jehoichin) نەیتوانی لەبەردەم بابلیەكان خۆڕاگر بێت و داوای لێبوردنی لێكردن. ئەوانیش بردیان بۆ بابل، وە پاشای بابلی لەسەر فەڵەستین سدقیای (Zed chiah)ی دانا -كە ناوی ڕاستەقینەی ماتەنیاھ بوو (Mattaniah) و برای یهۆیقیم بوو- بەڵام ئەویش چووەپاڵ پاشای میسڕیی حوفرا (Hophra) و بوو بە لایەنگیری ئەو. بۆیە بابلیەكان لە ساڵی ٥٨٨ پێش زاین گەمارۆی پایتەختی فەڵەستینیان دا و دوای دوو ساڵ توانیان شووراكەی بشكێنن، ئیتر سدقیایش هەڵهات، بەڵام ئەوە بوو دەستگیر كرا و بە فەرمانی پاشای بابلی برا بۆ بابل. وە بابلیەكان شوێنە پیرۆزەكانی جوولەكەیان سووتاند، و شوورای پایتەختەكەیان ڕوخاند، و بە تەواوی وێرانیان كرد.
ثُمَّ رَدَدۡنَا لَكُمُ ٱلۡكَرَّةَ عَلَيۡهِمۡ وَأَمۡدَدۡنَٰكُم بِأَمۡوَٰلٖ وَبَنِينَ وَجَعَلۡنَٰكُمۡ أَكۡثَرَ نَفِيرًا 7
شیكردنەوەی وشەكان:
الكَرَّة: كرَّ الفارسُ كرّا: ڕایكرد بۆ ئەوەی بسووڕێتەوە پاشان گەڕایەوە بۆ شەڕكردن. الكرة: جار؛ هێرشكردن لە شەڕدا (الأقرب). مەبەست لە وتەی خوای گەورە ﴿ثُمَّ رَدَدۡنَا لَكُمُ ٱلۡكَرَّةَ عَلَيۡهِمۡ﴾ ئەوەیە كە ئێمە جارێكی تر هێزی هێرشكردنمان پێدان بۆ سەریان.
نفیرا: النفیر ئەو دەستەیەن كە كەمترن لە 10 پیاو؛ ئەو كۆمەڵەن كە لەگەڵ تۆدا بەشدار دەبن و لە شەڕدا هەڵدێن؛ گوتراویشە: ئەوانە ئەو كۆمەڵەن كە ڕادەپەڕن و بەدەم كارەوە دەچن (بڕوانە: الأقرب، واللسان).
تەفسیر: خوای گەورە دەفەرموێت ئێمە دوای ئەو وێرانكارییە لە دەستی دوژمن ڕزگارمان كردن، وە جارێكی تر هێزمان پێدان.
ئەمەش ئەو كاتە ڕوویدا كە پاشای فارس و میدیا هێرشی كردە سەر بابل، وە نەوەی ئیسڕائیل بە فەرمانی پێغەمبەرێكی خۆیان پشتیوانیان لێ كرد، پاشای فارسیش لە دیلی و بەندكراوی بابلیەكان ڕزگاری كردن. (پێشتر بە دوور و درێژی لە تەفسیری سوورەتی “البقرة”دا ئەم ڕووداوەم تۆمار كردووە لەكاتی باسی سڵێمان (عليه السلام) و هارووت و مارووتدا).
پێشتر مووسا (عليه السلام) هەواڵی زاڵبوونی جوولەكەی بۆ جارێكی تر ڕاگەیاندبوو لە ڕێگەی ئەم وشانەوە:
“كاتێك هەموو ئەم بەرەكەت و نەفرەتەی كە خستوومەتە بەردەمتان بەسەرتان دێت، یەزدانی پەروەردگارتان لەنێو هەموو ئەو نەتەوانەی بۆ لایان دەرتاندەكات، ئینجا بەخۆتاندا دچنەوە. ئەو كاتە خۆت و مناڵەكانتان پڕ بە دڵ و لە ناختانەوە دەگەڕێنەوە لای یەزدانی پەروەردگارتان و گوێڕایەڵی دەبن، بەگوێرەی هەموو ئەوەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەكەم. ئەوا یەزدانی پەروەردگارتان لە ڕاپێچكردن دەتانگەڕێنێتەوە و بەزەیی پێتاندا دێتەوە، دووبارە كۆتان دەكاتەوە لەنێو هەموو ئەو گەلانەی یەزدانی پەروەردگارتان بەناویاندا پەرشوبڵاوی كردنەوە. ئەگەر بۆ ئەوپەڕی ئاسمان پەرشوبڵاو كرابنەوە، ئەوا یەزدانی پەروەردگارتان لەوێوە كۆتان دەكاتەوە و لەوێوە دەتانگەڕێنێتەوە و یەزدانی پەروەردگارتان دەتانهێنێتەوە ئەو خاكەی كە باوباپیرانتان خاوەنی بوون، جا ئێوە دەستی بەسەردا دەگرن و سەركەوتووتان دەكات و لە باوباپیرانتان زۆرترتان دەكات.” (دوا وتاری مووسا 30: 1-5)
لەمەوە دەردەكەوێت كە مووسا (عليه السلام) هەواڵی ئەوەی داوە كە دوای یەكەم وێرانبوونی نەوەی ئیسڕائیل دۆخەكە جارێكی تر دەگەڕێتەوە سەر ڕێڕەوی خۆی، هەروەك چۆن ئەم ئایەتە قورئانیە كە ئێمە ئێستا تەفسیری دەكەین ئەمە پشتڕاست دەكاتەوە.
درێژەی ئەم گەڕانەوەیە ئەوەیە كە پاشای فارس -بە ناوی كۆرش، وە بە ئینگلیزی پێی دەڵێن (Cyrus)- دوای ئەوەی هێرشی كردە سەر بابل لە ساڵی ٤٤٥ پێش زاییندا ڕێگەی دا بە جوولەكە لە شوێنی ئاوارەبوونیان بگەڕێنەوە بۆ قودس وەك پاداشتێك لەسەر ئەوەی یارمەتییاندا دژی پاشای بابلی. نەك هەر ئەوە، بەڵكو پێغەمبەری خۆیان نەحمیای لەگەڵ ناردن بۆ سەرلەنوێ نۆژەنكردنەوەی قودس و شوێنە پیرۆزەكانی تری جوولەكە. هەروەها ئەو موڵكانەی پێدانەوە كە نەبوخودنەسری بابلی لەگەڵ خۆیدا بردبوونی كاتێك پەلاماری قودسیدا و داگیری كرد. (عەزرا 1: 1-8)
وە عەزرا هەمان ئەو پێغەمبەرەیە كە قورئان بە ناوی عوزێر باسی كردووە و جوولەكە دەربارەی ئەو دەڵێن: ﴿عُزَيۡرٌ ٱبۡنُ ٱللَّهِ﴾.
إِنۡ أَحۡسَنتُمۡ أَحۡسَنتُمۡ لِأَنفُسِكُمۡ ۖ وَإِنۡ أَسَأۡتُمۡ فَلَهَا ۚ فَإِذَا جَآءَ وَعۡدُ ٱلۡأٓخِرَةِ لِيَسُُٔواْ وُجُوهَكُمۡ وَلِيَدۡخُلُواْ ٱلۡمَسۡجِدَ كَمَا دَخَلُوهُ أَوَّلَ مَرَّةٖ وَلِيُتَبِّرُواْ مَا عَلَوۡاْ تَتۡبِيرًا 8
شیكردنەوەی وشەكان:
لِيَسُوءُوا: (ساءَه يسوءه سَوءًا): واتە كارێكی پێ كرد كە پێی ناخۆش بوو یان دڵی ڕەنجاند (الأقرب).
وُجُوهَكُمْ: (الوجوه) كۆی وشەی (الوجه)ە كە چەند مانایەكی هەیە: خودی شت؛ سەركردەی گەل؛ پلەوپایە (الأقرب).
لِيُتَبِّرُوا: (تبَّره) واتە لەناوی برد و تێكی دا. (تبّر كل شيء) شكاندی و پارچە پارچەی كرد. (التبار) واتە لەناوچوون و فەوتان. (الأقرب)
تەفسیر: ئەم ئایەتە ئاماژە دەكات بە خراپەكاریەكانی جوولەكە بۆ جاری دووەم و ئەو سزایەی كە ئەو كاتە بەسەریاندا هات. مەبەست لە خراپەكاریەكەیان بریتیە لە ئازاردانی حەزرەتی عیسا (عليه السلام). سزاكەش ئەو وێرانكاریە بوو كە حەفتا ساڵ دوای ڕووداوی خاچەكە لەسەر دەستی ڕۆمانیەكاندا بەسەریاندا هات. واتە، ئەوان لە ژیانی حەزرەتی عیسادا (عليه السلام) تووشی لەناوچوون بوون، چونكە لە فەرموودەكاندا هاتووە كە حەزرەتی عیسا (عليه السلام) ١٢٠ ساڵ ژیاوە [بڕوانە: كنز العمال، فضائل أهل البيت، فصل في فضلهم، فاطمة رضي الله عنها، رقم الحديث: 37732.]، ڕووداوی خاچەكەش لەكاتێكدا بووە كە تەمەنی ٣٣ ساڵ بووە. (A New Testament Commentary, P. 62-64)
درێژەی ئەم وێرانكاریە ئەوە بوو كە پاشای ڕۆم یەكێك لە سەركردەكانی خۆی بە ناوی “ڤێسپاسیان” (Vespasian) نارد بۆ سەركوتكردنی جوولەكە وەك سزایەك بۆ یاخیبوونیان. لەكاتێكدا كە “ڤێسپاسیان” سەرقاڵی ئۆپەراسیۆنە سەركوتكاریەكانی بوو، خەونێكی بینی كە بەپێی تێگەیشتنی لە خەوەكە بڕیاریدا بگەڕێتەوە بۆ ڕۆما، چونكە هەواڵەكان كە لەوێوە هاتن باش نەبوون و ئاماژەیان بە سەرهەڵدانی ئاژاوە دەكرد. وە كاتی گەڕانەوەی بۆ وڵات، ڕووداوگەلێك ڕوویاندا كە وایان لە خەڵك كرد بیكەن بە پاشا. ئەویش كوڕەكەی “تیتوس” (Titus)ی كرد بە سەركردەی ئەو سوپایەی كە بۆ داگیركردنی فەڵەستین دەرچوو. “تیتوس” لە ساڵی 70ز قودسی داگیركرد و فەرمانی بە ڕووخاندنی دا. ئینجا شووراكانی شارەكە ڕووخێنران و پەرستگاكەی تێكدرا و حكومەتی یاخیبووی جوولەكە لەناوبرا. بەڵام، جوولەكە لە ساڵی 135ز شۆڕشێكی تری سەرنەكەوتوویان ئەنجامدا، كە وەك تروسكایی كۆتا ڕۆشنایی مۆم وا بوو كەمێك پێش بەرەبەیان. (ئینسایكلۆپیدیای بەریتانی: وشەی Jews، و مێژووی مێژوونووسانی جیهان)
تەورات پێشبینی ئەم وێرانكاریەی دووەمی كردووە بەم وشانەی خوارەوە:
“ئیرەییان ورووژاند بە پەرستنی خوا بێگانەکانیان و بە بتە قێزەونەکان پەستیان کرد. بۆ بتەکان کە خوا نین قوربانییان سەربڕی، چەند خوایەك نەیانناسیون، تازەن و بەم زووانە دەرکەوتوون، کە باوکانتان لێیان نەترساون. ئەو تاشەبەردەی ئێوەی بوو وازتان لێ هێنا، ئەو خوایەی لەدایکبوونی پێداین لەبیرتان کرد. جا حودا بینی و ڕەتی کردنەوە، لەبەر ئەوە تووڕە بوو بەهۆی کچەکانی و کوڕەکانی. فەرمووی، «ڕووی خۆم لێیان دەشارمەوە، سەیر دەکەم کۆتاییان چی دەبێت، ئەوانە نەوەیەکی هەڵگەڕاوەن، ئەو کوڕانە دەستپاکیان تێدا نیە. ئەوان بەوانەی خوا نین ئیرەییان ورووژاندم، بە بتە پووچەکانیان پەستیان کردم، منیش وایان لێدەکەم ئیرەیی بەوانە ببەن کە گەل نین، بە نەتەوەیەکی گێل پەستیان دەکەم. بە تووڕەییم ئاگرێك داگیرساوە، گڕ دەگرێت هەتا جیهانی مردووانی ژێرەوە، زەوی و خەرمانەکەی دەخوات، بناغەکانی چیاکان دەسووتێنێت. «کارەساتیان بەسەردا کۆدەکەمەوە، تیرەکانم لەواندا دەچەقێنم. کاتێك لە برسان کەوتوون، پەکیانکەوتووە لەبەر تا و پەتای فەوتێنەر، ددانی دڕندە دەنێرمە سەریان، لەگەڵ ژەهری مارە خشۆکەکان. لە دەرەوە شمشێر جەرگیان دەسووتێنێت و لەناو ماڵەوەشیان تۆقین، کوڕی گەنج و پاکیزە لەناودەچن، منداڵی شیرەخۆر لەگەڵ پیاوی پیر.” (دوا وتاری مووسا 32: 16-25)
ئەم هەواڵە لە تەوراتدا دوای هەواڵی یەكەمی خراپەكاری جوولەكە هاتووە، بەڵكو دوای ئەو بەڵێنەی كە خوای گەورە پێی دان كە دوای خراپەكارییەكە دەیانهێنێتەوە بۆ قودس، ئەمەش ئەوە دەردەخات ئەو هەواڵە دەربارەی سزای دووەمە نەك سزای یەكەم، وە قورئانیش ئاماژەی پێداوە لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا: ﴿لَتُفۡسِدُنَّ فِي ٱلۡأَرۡضِ مَرَّتَيۡنِ﴾.
عَسَىٰ رَبُّكُمۡ أَن يَرۡحَمَكُمۡ ۚ وَإِنۡ عُدتُّمۡ عُدۡنَا ۚ وَجَعَلۡنَا جَهَنَّمَ لِلۡكَٰفِرِينَ حَصِيرًا 9
شیكردنەوەی وشەكان:
حَصِيرًا: الحصير: زیندان (الأقرب).
تەفسیر: دوای ئەوەی قورئانی پیرۆز جوولەكەی ئاگاداركردەوە لەو وێرانكاریەی بەسەریاندا دێت، ئێستا تروسكایی هیوایەكیان پیشان دەدات، بەجۆرێك پێیان دەڵێت: سەبارەت بە تەورات، وێرانكاریی هەتاهەتایی بەرۆكی گرتوون، بەڵام هێشتا دەرفەتتان لەبەردەمدایە بۆ پێشكەوتن و گەشەكردن لە دەرەوەی شەریعەتی مووسایی، بەجۆرێك خوا جارێكی تر بواری سەركەوتن و گەشەكردنی كردووەتەوە بۆتان ئەگەر بە شەریعەتی ئیسلام كار بكەن. كەواتە، ئەم دەرفەتە زێڕینە بقۆزنەوە، بۆ ئەوەی جارێكی تر فەزڵی خوا بەدەست بهێننەوە. بەڵام ئەگەر ئەم دەرفەتە نەقۆزنەوە ئەوا سەرلەنوێ تووشی سزای خوایی دەبن و بە تەواوەتی لەناودەبرێن.
خوای گەورە شێوازێكی چەند جوانی هەڵبژاردووە بۆ ئامۆژگاریكردنی جوولەكە. سەرەتا ئەو هەواڵانەی بیرخستنەوە كە لە كتێبەكانیاندا هاتوون دەربارەی لەناوچوونیان، بەجۆرێك ڕوونیكردەوە بۆیان كە كتێبەكانی خۆیان جەخت لەوە دەكەنەوە كە ئێستا ئیتر هیچ داهاتوویەكیان نیە. وە مادام كتێبەكانی خۆیان بڕیاریان لەسەر لەناوچوونیان داوە؛ ئەوا باشتر وایە بەهانە نەهێننەوە و دەستبەرداری ئەو ڕێگە وازلێهێنراوە بن كە خوا فەرمانی كردووە وازیلێبهێنرێت، وە پێویستە ئیسلام قەبوڵ بكەن، بۆ ئەوەی جارێكی تر بەرەكەتە ڕۆحی و ماددیەكان بەدەست بهێننەوە.
هەروەها هەواڵێك لە تەوراتیشدا هەیە دەربارەی ئەم ڕێگە نوێیە كە دەڵێت:
“ئەمەش ئەو بەرەكەتەیە كە مووسای پیاوی خوا، بەر لە مردنی، بۆ نەوەی ئیسڕائیل داوای كرد، گوتی: پەروەردگار لە سیناوە هات، وە لە سعێرەوە بەسەریاندا هەڵهات، و لە كێوی فارانەوە درەوشایەوە، و لەگەڵ دە هەزار كەسی پیرۆزدا هات، لە دەستی ڕاستیدا ئاگرێكی شەریعەت بۆ ئەوان هەبوو. گەلی خۆی خۆشویست. هەموو كەسە پیرۆزەكانی لە دەست تۆدان، ئەوان لەلای پێت كڕنۆش دەبەن. ڕێنمایی لە تۆ وەردەگرن.” (دوا وتاری مووسا 33: 1-3). [شایەنی باسە فاران كێوەكانی مەككەیە، كە پێغەمبەری خوا (ﷺﷺ) بە دە هەزار كەسی پیرۆز لە هاوەڵانیەوە هات بۆ ئازادكردنی. ئێستا ئەو وشانەی هێڵیان بەژێردا هاتووە لە هەندێك چاپی نوێ بەتایبەتی چاپە عەرەبیەكان، گۆڕدراون، بەڵام لە هەندێك چاپی كۆن بە هەردوو زمانی ئوردوویی و ئینگلیزی هێشتا وەك خۆیان ماونەتەوە. بڕوانە بۆ وێنەیەكی ئەو وشانە لە كۆتایی ئەم كتێبەدا. (وەرگێڕی عەرەبی). هەروەها لە چاپە كوردیەكەش دەقەكە بەم جۆرەیە: “یەزدان لە سیناوە هات و لە سێعیرەوە بەسەریاندا هەڵهات، لە کێوی پارانەوە درەوشایەوە و هەزاران هەزار فریشتەی پیرۆزی لەگەڵ بوو، لە بنارەکانی باشوورەوە.” (وەرگێڕی كوردی).] واتە، خوا لە ڕێگەی ئەو پێغەمبەرەوە كە لە كێوەكانی فارانەوە دەردەكەوێت، سەرلەنوێ هۆكارەكانی بەرەكەت بۆ جوولەكە دابین دەكات. بۆیە ئەگەر بیانەوێت، بە قەبوڵكردنی ئەو ڕێنمایەی كە ئەو پێیەوە هاتووە جارێكی تر گەشە دەكەن. پێویستە بزانرێت ئەم پێشبینیە لە تەوراتدا ڕاستەوخۆ دوای هەواڵی وێرانبوونی جوولەكە و لە بەشی دواتردا هاتووە.
پێویستە ئەوەمان لەبیر بێت كە ئەم ئایەتانە هەروەك چۆن جوولەكە ئاگاداردەكەنەوە كە بەگوێرەی هەواڵەكانی كتێبەكانیان داهاتوویان تاریكە، بەهەمان شێوەیش موسوڵمانان ئاگاداردەكەنەوە كە بەهۆی كردەوە خراپەكانیانەوە وەكو جوولەكە دوو جار تووشی سزا دەبن. یەكەم سزا لەم دوو سزایە كە تووشی موسوڵمانان بوو كاتێك بوو كە خيلافەتی عەبباسیەكان لەناوبرا. هۆكاری ئەو وێرانكاریەی یەكەم هەمان ئەو هۆكارە بوو كە وێرانكاری هێنا بەسەر جوولەكەدا بەگوێرەی تەورات، ئەویش ئەوە بوو كاتێك موسوڵمانان فەرغانەیان ئازاد كرد، هاوسەرگیریان كرد لەگەڵ زۆربەی كچە جوانەكانی ئەو شارەدا، خەڵكی ئەم ناوچەیە زۆر موشریك بوون، بۆیە بیروباوەڕە بتپەرستیەكان لە ڕێگەی ئەم ئافرەتانەوە دزەیان كردەناو موسوڵمانان، ئینجا وردە وردە غیرەتی ئیسلامییان لاواز بوو، تا ئەوەی گەلێكی دڕندە هێرشیان كردە سەر بەغداد. سەیر ئەوەیە ئەم گەلە بەهۆی دڕندەیی و بێگانەیی خۆیانەوە، نامۆ بوون بە وڵات و شارستانیەتی ئیسلامی هەروەك چۆن بابلیەكان بێگانە بوون بە خەڵكی فەڵەستین. لەم كۆمەڵكوژیەدا كە لە بەغداد و دەوروبەری ئەنجامدرا، یەك ملیۆن و هەشت سەد هەزار (1800000) موسوڵمان كوژرا. ئەم داگیركەرانە لیستی ناوی هەموو ئەندامانی بنەماڵەی شاهانەی عەبباسیەكانیان ئامادە كرد و بەدوای هەر ئەندامێكیاندا گەڕان و كوشتیان (الخلافة العباسية لعبد الفتاح السرنجاوي ص 296-297). دەگوترێت كە لە بنەماڵەی شاهانە تەنیا كەسێك ڕزگاری بوو، وە حاكمەكانی ویلایەتی بهاولبوری هیندستان وەچەی ئەو كەسە بوون. ئەمڕۆ تەنیا ئەو خێزانە دەگەڕێنەوە سەر عەبباسیەكان [دوای تۆماركردنی ئەم تێبینیە، زانیم كە هەندێك لە لقەكانی بنەماڵەی شاهانەی عەبباسیەكان لە ویلایەتی “ئوتەر بەردیش”ی هیندستان نیشتەجێن، هەندێكیان شەجەرەی بنەماڵەكەیشیان بۆ من ناردووە. (حەزرەتی موفەسیر).].
وێرانكارییەكەی تری موسوڵمانان كە بڕیاردرا بوو لە سەردەمی كۆتاییدا ڕووبدات، ئێستاش شوێنەوارەكانی لە ئاسۆوە وردە وردە دەردەكەوێت. بەشكم پەروەردگارتان ڕەحمتان پێ بكات، وە ئەگەر بگەڕێنەوە ئێمەیش دەگەڕێینەوە و دۆزەخمان بۆ بێباوەڕان كردووە بە زیندان -خوا پەنامان بدات-.
إِنَّ هَٰذَا ٱلۡقُرۡءَانَ يَهۡدِي لِلَّتِي هِيَ أَقۡوَمُ وَيُبَشِّرُ ٱلۡمُؤۡمِنِينَ ٱلَّذِينَ يَعۡمَلُونَ ٱلصَّٰلِحَٰتِ أَنَّ لَهُمۡ أَجۡرٗا كَبِيرٗا 10
تەفسیر: خوای گەورە دەفەرموێت كە ئەم قورئانە ڕێنمایی دەكات بۆ ئامانجێك كە زۆر بەرزترە لەو ئامانجانەی كە پێشینان هەوڵیان بۆ دەدا، بۆیە دەبێت ئەنجامی باشتر بەدەست بهێنێت لەوەی كە كتێبەكانی پێشینان بەدەستیان هێناوە. پاداشتەكانی ئەو كەسانەی كار بەقورئان دەكەن ڕۆحی و ماددیش دەبێت، بۆیە ئەی جوولەكە كار بكەن بەم كتێبە و ئەم پاداشتانە بەدەستبهێنن.
هەروەها ئەم ئایەتە هۆشداریەكە بۆ موسوڵمانان كە ئەو پاداشتانەی چاوەڕێتان دەكەن باشترن لەو پاداشتانەی كە كەسانی پێش ئێوە بەدەستیان هێناون، بۆیە زیاتر لەوان وریا و ئاگادار بن، بۆ ئەوەی نەوەكانتان لەكاتێك لە كاتەكاندا بەهۆی ئەم ناز و نیعمەتانەوە تووشی خۆبەزلزانی و لووتبەرزی نەبن، بەمەش خراپ ببن و شایەنی سزای خوای گەورە بن.
وَأَنَّ ٱلَّذِينَ لَا يُؤۡمِنُونَ بِٱلۡأٓخِرَةِ أَعۡتَدۡنَا لَهُمۡ عَذَابًا أَلِيمٗا 11
تەفسیر: ئەم ئایەتە ئەو واتایە ڕوون دەكاتەوە كە ئایەتەكەی پێشوو ئاماژەی پێدابوو، بەجۆرێك خوای گەورە ڕایدەگەیەنێت هیچ ئوممەتێك نیە لە چارەنووسی خۆی بێئاگا بێت مەگەر لە كۆتاییدا تووشی سزا دەبێت.
پێویستە بزانرێت (الآخرة) واتە ئەو شتەی لە دواییدا دێت، بەڵام لەبەرئەوەی ئەم وشەیە لە قورئانی پیرۆزدا بە مانای ڕۆژی دواییش زۆر بەكارهاتووە، بۆیە لە مێشكی خەڵكدا چەسپاوە كە تەنها مانای ڕۆژی قیامەت دەگەیەنێت. ئەمەش هەڵەیە، چونكە (الآخرة) لە بنەڕەتدا مانای ئەو شتە دەگەیەنێت كە لەدواییدا دێت، بۆیە پێویستە بەشێوەیەك تەفسیری بكەین كە لەگەڵ سیاقی دەقەكەدا بگونجێت. من پێم وایە لێرەدا مانای “ئاكام و چارەنووسی ئوممەتەكان” دەگەیەنێت، ئەمەش گونجاوترین واتایە لێرەدا بە لەبەرچاوگرتنی سیاقی دەقەكە. مەبەست لەم ئایەتە ئەوەیە كە ئەو ئوممەتەی لەبیری بكات كە هەموو خۆرێك ئاوابوونێكی هەیە، وە لە چارەنووسی خۆی بێئاگا بێت، بەدڵنیاییەوە لە جێبەجێكردنی ئەركەكانی خۆی كەمتەرخەم دەبێت، بەمەش شایەنی سزای خوای گەورە دەبێت. بۆیە پێویستە هەر ئوممەتێك هەمیشە چارەنووسی خۆی لەبەرچاو بگرێت، و هەرە كاتێك گەندەڵیەك ڕووی تێكرد ڕێڕەوی خۆی ڕاست بكاتەوە، بۆ ئەوەی ژیانێكی نوێی پێ ببەخشرێت و لە سزای خوای گەورە ڕزگاری بێت.
پیتی (واو) كە چووەتەسەر ئەم ئایەتە بۆ عەتفە، وە جەخت لەوە دەكاتەوە كە من زەینم بۆی چووە كە (الآخرة) لێرەدا مانای قیامەت نیە، بەڵكو مانای “ئاكام و چارەنووسی ئوممەتەكان” دەگەیەنێت، چونكە عەتفەكە ڕوونی دەكاتەوە كە لێرەدا هێشتا خیتاب ئاراستەی موسوڵمانان كراوە، وە ئاشكرایە موسوڵمانان باوەڕیان بە ڕۆژی دوایی هەیە و نكوڵی ناكەن لێی.
وَيَدۡعُ ٱلۡإِنسَٰنُ بِٱلشَّرِّ دُعَآءَهُۥ بِٱلۡخَيۡرِ ۖ وَكَانَ ٱلۡإِنسَٰنُ عَجُولٗا 12
شیكردنەوەی وشەكان:
(یدعو): (دعاه دعاءً ودعوى): واتە داوای لێ كرد و لێی پاڕایەوە. (دعا زیدًا): واتە یارمەتی لێ خواست. (دعا فلانًا): واتە بانگی كرد و هاواری لێ كرد. (دعاه إلى الأمر): واتە بردی بەرەو لای كارەكە. (دعا فلانا دعوةً ومدعاةً): واتە داوای لێكرد لەلای ئەو نان بخوات (الأقرب). هەر شتێك پێویستی بە شتێك بوو ئەوا داوای دەكات. بە كەسێك كە جلەكانی كۆن بوون دەوترێت: (دَعَتْ ثيابُك) واتە پێویستت بەوەیە كە جلێكی تر لەبەر بكەیت. (دعا بالكتاب): واتە داوای كرد كتێبەكە ئامادە بكات (التاج).
(الخیر): سەیری شیكردنەوەی وشەكانی ئایەتی ژمارە ٣١ بكە لە سوورەتی النحل.
(عَجولاً): (العَجولُ) واتە خێرا، زۆر پەلەكار (الأقرب).
تەفسیر: ئەم ئایەتە ئەو واتایە دووپات دەكاتەوە كە پێشتر خستمەڕوو، چونكە باسی قیامەت ناكات، بەڵكو باسی ئەوە دەكات كە من باسم كرد، هەروەها ئایەتەكانی داهاتووش باسی هەمان بابەت دەكەن.
پێش ئەوەی بە تێروتەسەلی تەفسیری ئەم ئایەتە بكەم، دەمەوێت واتاكەی بە باشی بچەسپێنم. پێویستە بزانرێت جیاوازیەكی زۆر هەیە لەنێوان (دعاه) و (دعا به)، چونكە (دعاه) واتە: داوای لێ كرد و لێی پاڕایەوە، یان بانگی كرد، یان یارمەتی لێ خواست، بەڵام (دعا به) واتە: داوای لێكرد ئامادە بێت لای. كەواتە ئەم ئایەتە مانای ئەوە دەگەیەنێت كە مرۆڤ -لە ڕواڵەتدا- بانگی خێر دەكات بۆ ئەوەی بێت بۆ لای، لەگەڵ ئەوەی لە ڕاستیدا بانگی شەڕ دەكات، یان ماناكەی ئەوەیە: بانگی خراپە دەكات بە پێداگریەوە كە پێویستە بەو پێداگرییەوە بانگی خێر و چاكە بكات. بەگوێرەی مانای یەكەم ئەم ئایەتە ئەوە ڕوون دەكاتەوە كە ئوممەتەكان لەكاتی پێشكەوتنیاندا ئەوە لەبیر دەكەن كە ئەم گەشە و پێشكەوتنەیان پێدراوە بۆ ئەوەی ئایین و ئەمانەت لە جیهاندا بچەسپێنن، وە كار بكەن بۆ ئەوەی ئاسایش و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو مرۆڤایەتی بەدی بهێنن، بۆ ئەوەی فەزڵەكانی خوای گەورە بەدەستبهێنن؛ بەڵام ئەوان پێچەوانەی ئەمە دەكەن و سەرقاڵی كۆكردنەوەی ناز و نیعمەتە ماددیەكان دەبن و مافەكانی كەسانی تر جێبەجێ ناكەن. وا دەزانن -لەكاتێكدا كە هۆكارەكانی ئەم خۆشگوزەرانیە ماددیە كۆدەكەنەوە- هۆكارەكانی خێر بۆ نەوەكانیان كۆدەكەنەوە، لەگەڵ ئەوەی لە ڕاستیدا هۆكارەكانی لەناوچوونی خۆیان كۆدەكەنەوە، بێئاگا لە ئەنجامدانی ئەو ئەركەی خراوەتە ئەستۆیان، ئەنجامەكە ئەوەیە كە ئوممەتێكی لەم شێوەیە لە كۆتاییدا لەناودەچێت.
كەواتە ئەو ساتەی كە گەلێك سەركەوتن و پێشكەوتن بەدەستدەهێنێت، ساتێكی زۆر مەترسیدارە، چونكە دوای ئەوە خێرە ڕاستەقینەكە لەبەرچاوی خەڵكی نامێنێت و ون دەبێت، بۆیە خراپە بە خێر و چاكە دەزانن و شوێنی دەكەون، بەمەش لە ڕێگەی ڕاست لادەدەن.
وە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَكَانَ ٱلۡإِنسَٰنُ عَجُولٗا﴾ ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە ئەو خێرەی بڕوادار بەدەستی دەهێنێت تەنها دوای مردن بەدەستی دەهێنێت، چونكە بڕوادار سەركەوتنە ماددیەكانی پێ دەبەخشرێت بۆ ئەوەی دەرفەتی بەدەستهێنانی خێری دواڕۆژ بڕەخسێت بۆی، بەڵام هەندێك كەس پەلە دەكەن، وە پێشكەوتنی ماددی بە خێری ڕاستەقینە دەزانن، بۆیە زۆر سەرقاڵ دەبن بە بەدەستهێنانیەوە، وەك ئەوەی بەدوای مردنی خۆیاندا بگەڕێن.
ئایەتەكە هۆشداری دەدات كە ئەگەر گەلێك پێشكەوتنێكی ماددیان بەدەستهێنا، بۆ نموونە دەسەڵات یان سامانیان دەستگیر بوو، ئەوا پێویستە كارێك بكەن كە یارمەتیدەر بێت بۆ مانەوەی ئەو ناز و نیعمەتە ماددیە لەناویاندا، وە خێری دواڕۆژی پێ كۆبكەنەوە بۆ خۆیان، نەك ئەوەی كارێك بكەن كە ببێتە هۆی نەمانی ئەو ناز و نیعمەتە، بەمەش دەرفەتی بەدەستهێنانی ناز و نیعمەتەكانی دواڕۆژیشیان لەدەست دەربچێت.
بە لەبەرچاوگرتنی مانای دووەم، ئەم ئایەتە مانای ئەوە دەگەیەنێت: مرۆڤ دروستكراوێكی سەیرە! بە زاری خێر دەخوازێت و ئارەزووی دەكات، بەڵام بە كردەوە داوای خراپە دەكات. وەك ئەوەی بەهۆی گەمژەییەكەیەوە دوو شتی دژ و پێچەوانە داوا بكات: بە زمانی داوای خێر دەكات، وە بە كردەوەكەی داوای خراپە! لەگەڵ ئەوەی ئەستەمە سەركەوتنی ڕاستەقینە بەدەست بهێنێت ئەگەر دڵ و كردەوەی تەواو گونجاو نەبن لەگەڵ یەكتردا، بەو مانایەی ئەگەر بە دڵی خۆی خێر و چاكەی دەخواست، ئەوا با بە كردەوەش خێر بخوازێت.
هەروەها دەتوانرێت ئایەتەكە بەشێوەیەكی تر تەفسیر بكرێت بەوەی جێناوی نادیار لە (دعاءَه) بۆ مرۆڤ بگەڕێتەوە، وە بەوەی كە خوای گەورە بكەری فرمانی بانگكردنەكە بێت… واتە مرۆڤ بە هەمان ئەو جۆش و خرۆشە خراپەی دەوێت كە خوای گەورە بەهۆیەوە خێر و چاكەی دەوێت بۆی. وەك ئەوەی خوای گەورە بڵێت: ئەی مرۆڤ وەرە بۆ خێر و چاكە، بەڵام ئەو دەڵێت: ئەی خراپە تۆ وەرە بۆ لام. بە واتایەكی تر: خوای گەورە هۆكارەكانی خێر بۆ خەڵك دابین دەكات، بەڵام هەندێكیان بە كردەوەكانیان خراپەیان دەوێت بۆ خۆیان، وە هۆكارەكانی لەناوچوون بۆ خۆیان ئامادە دەكەن.
خوا (سبحانه وتعالى) بە وشەی ﴿عَجُولٗا﴾ ئاماژەی بەوە داوە كە مرۆڤ لە كاركردندا بیرناكاتەوە و لەسەرخۆ نیە، و ئەگەر وای بكردایە ئەوا بە هەڵەی خۆی دەزانی. پێغەمبەری خوا ﷺ فەرموویەتی كەسی تووڕە ئەگەر كەمێك بوەستێت تووڕەییەكەی دادەمركێتەوە، وە دەرفەتێكی دەستدەكەوێت بۆ بیركردنەوە. (مسند أحمد، بەرگی 5، لاپەڕە 152). لەڕاستیدا پەلەكردن هۆكاری هەموو خراپەكانە. ئەگەر مرۆڤ كەمێك لەسەرخۆ بێت پێش ئەنجامدانی هەر خراپەیەك، وە لەناخەوە بە قووڵی بیر لەوە بكاتەوە كە: ئایا ئەنجامدانی زیانی پێ دەگەیەنێت یان سوود، ئەوا خۆی دەپارێزێت لە ئەنجامدانی ئەو خراپەیە.
وَجَعَلۡنَا ٱلَّيۡلَ وَٱلنَّهَارَ ءَايَتَيۡنِ ۖ فَمَحَوۡنَآ ءَايَةَ ٱلَّيۡلِ وَجَعَلۡنَآ ءَايَةَ ٱلنَّهَارِ مُبۡصِرَةٗ لِّتَبۡتَغُواْ فَضۡلٗا مِّن رَّبِّكُمۡ وَلِتَعۡلَمُواْ عَدَدَ ٱلسِّنِينَ وَٱلۡحِسَابَ ۚ وَكُلَّ شَيۡءٖ فَصَّلۡنَٰهُ تَفۡصِيلٗا 13
شیكردنەوەی وشەكان:
(مبصرةً): (أبصَرَه): واتە بینی، هەواڵی ئەو شتەی پێدا كە چاوی كەوتەسەری، وەهای لێ كرد ببینێت. (وأبصرَ الطريقُ): واتە ڕێگاكە ڕوون و ئاشكرا بوو (الأقرب).
(محونا): (محا الشيءَ): واتە شتەكەی لابرد و شوێنەواری نەهێشت (الأقرب). (المحو): واتە ئەو ڕەشاییەی لە مانگدا هەیە (تاج).
(فضلاً): (الفضل): واتە پێچەوانەی كەمی، ماوە، زیادە، چاكەكاری. (الفضل) لە خێردا بەكاردەهێندرێت بۆ سوود بەڕەهایی (الأقرب).
(عدد): (العدد): ناوێكە لە (عَدَّ) واتە ژماردن، ژمێردراو، كۆی وشەكە بریتیە لە (أعداد) (الأقرب).
تەفسیر: پیتی (فاء) لە وتەی خوای گەورەدا ﴿فَمَحَوۡنَآ ءَايَةَ ٱلَّيۡلِ﴾ بۆ تەفسیركردنە و بۆ ڕیزبەندی نیە، چونكە ماناكەی ئەوە نیە كە ئێمە شەو و ڕۆژمان دروست كردووە پاشان لەو دوانە شەومان لابردووە، بەڵكو مەبەست ئەوەیە كە ئێمە شەو و ڕۆژمان دروست كردووە وەك ئەوەی شەو نیشانەیەكی سڕاوە بێت، و ڕۆژ نیشانەیەكی ڕووناك بێت.. واتە خوای گەورە لە شەودا كۆمەڵێك سوودی شاراوەی بۆ خەڵكی داناوە، وە لە ڕۆژدا كۆمەڵێك سوودی ئاشكرای داناوە، وە هەردووكیان سوودیان هەیە بۆ ئەوان، بەجۆرێك یارمەتی لە هەردووكیان وەردەگرن بۆ زانینی ڕۆژەكان و مێژوو و زانستی ژمێریاری. سوودی زانینی مێژووەكان و ڕۆژەكان لە ڕێگەی مانگ و خۆرەوە ڕوون و ئاشكرایە و پێویستی بە ڕوونكردنەوە نیە، هەروەها زانستی حیسابیش بەهۆی ئەوەوە بەدەست هاتووە كە خەڵكی ڕۆژەكانیان لە كۆمەڵێك ماوەی درێژی یەك لەدوای یەكدا پاراستووە، هەروەها بەهۆی ئەوەشەوە كە دیاریكردنی كاتی ساڵ بە مانگ و خۆرەوە بەستراوەتەوە. لەڕاستیدا ئامادەكردنی ساڵنامەی ڕاست ئەستەمە بەبێ زانینی خێرایی جووڵەی خۆر. هەڵبەت زانینی خولانەوەی مانگ و خۆریش پەیوەندی بە حیسابەوە هەیە، چونكە مرۆڤ لەكاتی بیركردنەوەی بۆ زانینی جووڵەی هەردووكیان پێویستی بە ژمێركارییەكی زۆر ورد هەیە، تەنانەت هەتا ئەمڕۆ نەتوانراوە حیسابی خولانەوەی خۆر بەتەواوەتی بزانرێت، بۆیە بەردەوام هەڵە دەكرێت لە دیاریكردنی ساڵی هەتاوی و بەردەوام ڕاستی دەكەنەوە لەگەڵ پێشكەوتنی زانستی حیسابدا.
خوای گەورە بەمە ئاگادارمان دەكاتەوە كە نیشانە خواییەكان دوو جۆرن: نیشانەیەك یارمەتی مرۆڤ دەدات بۆ پێشكەوتن و گەشەكردن، وە نیشانەیەك پاڵی پێوە دەنێت بۆ لەناوچوون و وێرانبوون. كەواتە داوای نیشانەكانی پێشكەوتن و گەشەكردن لە خوا بكەن، وە داوای ئەو نیشانانە مەكەن كە شوێنەوارتان دەسڕنەوە.
هەروەها خوای گەورە ئامۆژگاریمان دەكات كە دۆخی پێشكەوتن و لەناوچوون بەكاربهێنین بۆ گەیشتن بە پلە بەرزە ڕۆحیەكان، هەروەك چۆن خوای گەورە شەو -كە نیشانەی تاریكیە و ڕۆژ كە نیشانەی ڕووناكیە- هەردووكی كردووەتە هۆی پێشكەوتنی ماددیمان؛ بۆیە دەبێت لەكاتی سەختی و ناڕەحەتیەكاندا خوای گەورە لەبیرنەكەین، وە لەكاتی سەركەوتنەكانیشدا ڕووی لێ وەرنەگێڕین.
وَكُلَّ إِنسَٰنٍ أَلۡزَمۡنَٰهُ طَٰٓئِرَهُۥ فِي عُنُقِهِۦ ۖ وَنُخۡرِجُ لَهُۥ يَوۡمَ ٱلۡقِيَٰمَةِ كِتَٰبٗا يَلۡقَىٰهُ مَنشُورًا 14
شيكردنەوەی وشەكان:
(ألزمناه): (أَلْزَمَ الشيءَ): واتە جێگیری كرد و بەردەوامی پێدا. (وألزمَ فلانًا المالَ والعملَ): واتە واجبی كرد لەسەری (الأقرب).
(طائرَه): (الطائر): واتە هەر گیاندارێك باڵی هەبێت، بەخت، ڕۆزی مرۆڤ، كردەوەی مرۆڤەكە كە ئەنجامدرا و بڵاوبوویەوە چ كردەوەیەكی چاك بێت یان خراپ. “هو ميمون الطائر” واتە دەركەوتنی ئەو بەرەكەتدارە. “سِرْ على الطائر الميمون” پاڕانەوەیە بۆ گەشتیار بە واتای بە سەرکەوتنەوە بڕۆ. “هو ساكنُ الطائر” واتە ئارام و هێمنە (الأقرب).
(منشورًا): (نشَر الكتابَ): واتە كتێبەكەی كردەوە (الأقرب).
تەفسیر: خوای گەورە لێرەدا هەواڵی پێ داوین كە كردەوەی مرۆڤی بەستووەتەوە بە ملی مرۆڤەكەوە، وە لە ڕۆژی دواییدا كردەوەكەی دەهێنێت بەشێوەی كتێبێكی كراوە و لەبەردەمیدا دایدەنێت، واتە خوای گەورە مامەڵە لەگەڵ مرۆڤدا دەكات بەگوێرەی ئەوەی لەو كتێبەدا هاتووە، چونكە تۆمارە ژمێریاریەكان یان بۆ تۆماركردنی شتی نوێ دەكرێنەوە، یاخود بۆ ئەوەی بەتەواوەتی كۆتایی بهێنرێت بە حیسابی پێشوو.
خوای گەورە (عز وجل) لێرەدا ئاگادارمان دەكاتەوە كە پێویستە هەموو مرۆڤێك ئەوە بزانێت كە هیچ شتێك لە كردەوەكانی ون نابێت؛ چونكە خوای گەورە تۆماری كارەكانی لكاندووە بە گەردنی مرۆڤەكەوە. لكاندنی شتێك بە گەردنەوە ئەوە دەگەیەنێت كە هەرگیز لێی جیانابێتەوە، بەڵكو هەمیشە لەگەڵیدا دەبێت، كەواتە مادام ئەم تۆمارە مابێت كاریگەری كردەوەكانی بەردەوام دەبێت.
وە خوا (سبحانه وتعالى) بە بەكارهێنانی وشەی (طائر) ئاماژەی بەوە داوە كە باڵندە چۆن دەفڕێت و لەبەرچاو نامێنێت، بە هەمان شێوە مرۆڤ كردەوەی خۆی لەبیردەكات، وە لەبەرچاویدا نامێنێت، بەڵكو كەسانی تریش لەبیری دەكەن؛ بەڵام كردەوەكانی باڵندەیەكە و بە پەتێكەوە بە ملی خاوەنەكەیەوە بەستراوەتەوە، بۆیە هەرگیز پەیوەندی لەگەڵیدا ناپچڕێت و لێی جیانابێتەوە، ئەگەرچی بفڕێت و لەبەرچاو دیارنەمێنێت، بەڵكو بەدڵنیاییەوە ڕۆژێك لە ڕۆژان سەرەنجامی كردەوەكانی دەردەكەوێت بۆی.
هەروەك ئەم دەربڕینە ئاگادارمان دەكاتەوە لە شتێكی تری گرنگ، ئەویش ئەوەیە ئەگەر باڵندەیەك قاچی بە دەزوویەكی درێژەوە بەسترابێت و وازی لێبهێنرێت؛ ئەوا تەنها هێندەی درێژی دەزووەكە دەتوانێت بفڕێت، دۆخی كردەوەكانی مرۆڤیش بەم جۆرەیە، هەندێ جار لە سەرەتادا مەترسیەكەی دەرناكەوێت، لەكاتێكدا كاریگەریەكەی دوور مەودایە. وەك ئەوەی خوای گەورە لێرەدا ئامۆژگاریمان بكات كە زۆر بە وریاییەوە كار بكەین، چونكە ئەگەر مرۆڤ كردەوەیەك بكات ئیتر هیچ بژاردەیەكی نامێنێت سەبارەت بەو كردەوەیە و ناتوانێت دەستكاری ئەو كردەوەیە بكات، هەروەها مەودای ئەنجامەكانیشی فراوان دەبن، پاشان كردەوەكەی لەبەرچاویدا نامێنێت لەگەڵ ئەوەی لە ڕاستیدا هەمیشە لەگەڵیەتی، ئەمەش مانای ئەوەیە كە سڕینەوەی ئەو كردەوەیە زۆر قورسە؛ بۆیە وریایی زۆر پێویستە، چونكە بەدڵنیاییەوە ئەنجامی كارەكەی هەر دێت، زوو بێت یان درەنگ.
خوای گەورە (سبحانه وتعالى) هۆشداری بەوە داوە چونكە هەندێ جار مرۆڤ وا دەزانێت كردەوەكەی وەك باڵندە فڕیوە، بەڵام لە ڕاستیدا كردەوەكەی باڵندەیەكە بە پەتێكەوە بەستراوەتەوە، وە بەدڵنیاییەوە لە كۆتاییدا دێتەوە بۆ لای، وە خاوەن كردەوەكە هیچ چارەیەكی نیە و دەبێت ئاكامی خراپی كردەوەكەی بچێژێت. قورئانی پیرۆز لە شوێنێكی تردا ئەمەی دووپات كردووەتەوە بەجۆرێك فەرموویەتی: ﴿فَمَن يَعۡمَلۡ مِثۡقَالَ ذَرَّةٍ خَيۡرٗا يَرَهُۥ * وَمَن يَعۡمَلۡ مِثۡقَالَ ذَرَّةٖ شَرّٗا يَرَهُۥ﴾ (الزلزلة: 8 و 9).. واتە هەر كردەوەیەك كە مرۆڤ بیكات، چاك بێت یان خراپ، ئەگەر بە ئەندازەی مێروولەیەكی سوور یان ئەو گەردیلانەش بێت كە لە هەوادا هەن، ئەوا بەدڵنیاییەوە مرۆڤەكە ئەنجامەكەی دەبینێت.
مەبەست لەم ئایەتە ئەوە نیە كە تۆبەی ئەم مرۆڤە قەبوڵ ناكرێت. تۆبەكەی قەبوڵ دەكرێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە تاوانەكە پلەی نزمتر دەكاتەوە لە كەسانی تر. بۆ نموونە دوو كەس هەن یەكسانن لە كردەوەی چاكدا، یەكێكیان خراپەیەك دەكات، پاشان تۆبەی لێ دەكات، خوای گەورەش تۆبەكەی قەبوڵ دەكات و لە تاوانەكەی خۆشدەبێت؛ لەكاتێكدا ئەوەی تر لەم ماوەیەدا چاكەیەك دەكات، بۆیە ئەو كەسەی تۆبەی كردووە هەر لە پلەی چاكەكاریی خۆیدا دەمێنێتەوە، بەڵام كەسەكەی تر كە چاكەی كردووە پلەیەك پێش ئەم دەكەوێت. كەواتە خوای گەورە لەو كەسە خۆشدەبێت كە خراپەی كردووە و تۆبە دەكات، بەڵام نایخاتە ئاستی ئەو كەسەی كە ئەو خراپەیەی نەكردووە، بەڵكو بەردەوام ئەو كەسەیان كە خراپەكەی نەكردووە پلەیەك لەوی تر بەرزتر دەبێت.
كەواتە هەر كردەوەیەك ئەنجامێكی بەدوادا دێت. لەئێستادا دەكرێت ئەم مانایە بە ئاسانی تێبگەین دوای دۆزینەوەی بێتەل و تەلەگراف و تەلەفۆن، كە ئەوە دووپات دەكەنەوە هەر جووڵەیەك -هەرچەندە بچووكیش بێت- بەردەوام دەلەرێتەوە و بڵادەبێتەوە لە هەوادا بۆ مەودای زۆر دوور. بۆیە پێویستە مرۆڤ زۆر بەوریاییەوە كردەوە ئەنجام بدات، چونكە هەر كردەوەیەك وەكو تۆوێك وایە كە دارێكی نوێ بەرهەم دەهێنێت، وە بەردەوام دەبێت لە گەشەكردن و گەورەبوون بەبێ ئەوەی مرۆڤ پێی بزانێت.
لە فەرموودەی پێغەمبەردا (ﷺ) هاتووە كە هەر كردەوەیەك كاریگەری خۆی لەسەر دڵی مرۆڤ بەجێ دەهێڵێت، ئەگەر چاكەیەك بكات ئەوا ئەو چاكەیە دەبێتە پەڵەیەكی ڕووناكی لە دڵیدا، تاوەكو هەموو دڵی بەهۆی زیادكردنی چاكەكانەوە ڕووناك دەبێتەوە، بەمەش ڕزگاری دەبێت. بەڵام ئەگەر خراپەیەك بكات ئەوا ئەو خراپەیە دەبێتە پەڵەیەكی ڕەش لە دڵیدا، تاوەكو هەموو دڵی بەهۆی زیادكردنی تاوانەكانەوە ڕەش دەبێتەوە، ئینجا لەناودەچێت. [لە فەرموودەكەدا هاتووە: لە ئەبو هورەیرەوە ڕیوایەت كراوە كە پێغەمبەری خوا ﷺ فەرموویەتی: “كاتێك باوەڕدار تاوانێك دەكات، خاڵێكی ڕەش لە دڵیدا دروست دەبێت، ئەگەر تەوبەی كرد و وازی هێنا و داوای لێخۆشبوونی كرد ئەوا دڵی پاك دەبێتەوە، ئەگەر زیادیشی كرد ئەوا پەڵەكە زیاتر دەبێت؛ ئەمەش ئەو ژەنگەیە كە خوای گەورە لە كتێبەكەیدا باسی كردووە و فەرموویەتی: ﴿كَلَّا ۖ بَلۡ ۜ رَانَ عَلَىٰ قُلُوبِهِم مَّا كَانُواْ يَكۡسِبُونَ﴾.” (ابن ماجه، كتاب الزهد، باب ذكر الذنوب).]
هەروەها هەندێ كەس گوتوویانە ﴿طَٰٓئِرَهُۥ﴾ مانای بەش و بەختی كەسەكە دەگەیەنێت، واتە ئەوەی لە ئەزەلەوە لەكاتی دابەشكردندا بۆی نووسراوە (القرطبي). بەڵام ئەمە ڕاست نیە؛ چونكە خوای گەورە بە وشەی ﴿طَٰٓئِرَهُۥ﴾ ئاماژەی بەوە داوە كە مرۆڤ خۆی دروستكەری كردەوەكەیەتی، بەڵام ئەگەر مەبەست لێی ئەوە بووایە كە خوا بۆی بڕیوەتەوە ئەوا بە بەرد یان كۆت و بەند ناوی دەبرد، نەك باڵندە.
هەروەها دەكرێت فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿وَكُلَّ إِنسَٰنٍ أَلۡزَمۡنَٰهُ طَٰٓئِرَهُۥ فِي عُنُقِهِۦۖ﴾ مانای ئەوە بێت كە نوقڵانەلێدان -خێر بێت یان شەڕ- بە ملی مرۆڤەوە هەڵواسراوە، بەڵام ئەو بەبێ هوودە لە شتەكانی تردا بەدوایدا دەگەڕێت.
هەروەها خوای گەورە وشەی ﴿عُنُقِهِۦۖ﴾ی بەكارهێناوە بۆ هۆشداریدان بەوەی كە سروشتی مرۆڤ وەهایە ئەگەر كارێكی خێر بكات بە خۆهەڵكێشان و شانازیەوە سەری بەرزدەكاتەوە، وە ئەگەر خراپەیەك بكات بە شەرمەزاری و كزۆڵیەوە سەری دادەخات. بۆیە پێویستە لە ڕێگەی ملیەوە واتە سەریەوە لێپرسینەوە لە كارەكانی بكات، واتە پێویستە بزانێت ئایا لە كارەكەیدا شتێك هەیە كە وای لێبكات شانازی بەخۆیەوە بكات و سەری بەرزبكاتەوە لەناو هاوڕێكانیدا كە نهێنیەكانی دەپارێزن، یان نا؟ جا ئەگەر دڵی و هاوڕێكانی بە پاك و بێگەرد لەقەڵەمی بدەن؛ ئەوا با بزانێت كە هەنگاوەكانی لەسەر ڕێگای چاكەیە، بەڵام ئەگەر ویژدانی سەرزەنشتی كرد یان ئەگەر ئەو هاوڕێیانەی كە نهێنیەكانی دەپارێزن جۆرەها پیسی و چەپەڵییان لەو كردەوەیەدا دۆزییەوە، ئەوا چ سوودێك دەبینێت ئەگەرچی لەناو خەڵكیدا بە شانازییەوە سەری بەرزبكاتەوە.
لە فەرمایشتی خوای گەورەدا: ﴿وَنُخۡرِجُ لَهُۥ يَوۡمَ ٱلۡقِيَٰمَةِ كِتَٰبٗا﴾ مەبەست لە كتێب بریتیە لە پاداشت، بەجۆرێك دەڵێن: (كتَب عليه كذا) واتە بڕیاری ئەوەی بەسەردا درا.
وە مەبەست لە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿يَلۡقَىٰهُ مَنشُورًا﴾ ئەوەیە كە پاداشتی كارەكانی لەوێ دەردەكەون، وەكو تۆو بەشاراوەیی نامێنێتەوە، بەڵكو وەكو درەختێك بەتەواوەتی گەشەدەكات و بەرهەمی دەبێت.
ٱقۡرَأۡ كِتَٰبَكَ كَفَىٰ بِنَفۡسِكَ ٱلۡيَوۡمَ عَلَيۡكَ حَسِيبٗا 15
شيكردنەوەی وشەكان:
(حسيبًا): (الحسيب) و (المحاسبُ): ئەو كەسەیە كە لێپرسینەوەت لێ دەكات (المفردات).
تەفسیر: فەرمایشتی خوای گەورە ﴿ٱقۡرَأۡ كِتَٰبَكَ﴾ مانای ئەوەیە: ئێستا سزاكەت هەڵبگرە، وە بەردەوام بە لە بیرهێنانەوەی ئەم وانەیە.
هەروەها فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿كَفَىٰ بِنَفۡسِكَ ٱلۡيَوۡمَ عَلَيۡكَ حَسِيبٗا﴾ ڕوونی دەكاتەوە كە سزا لە دەرەوەی مرۆڤەوە پەیدا نابێت، بەڵكو لە ناوەوەی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت. هەموو ئەوەی لە دۆزەخدا دەیبینێت تەنها خراپەكانی خۆیەتی كە بەشێوەی جۆرەها سزا بۆی دەردەكەون، وە هەموو ئەوەی لە بەهەشتدا دەیبینێت تەنها چاكەكانی خۆیەتی كە بەشێوەی ناز و نیعمەتی جۆراوجۆر بۆی دەردەكەون. وەك ئەوەی خوای گەورە سزای مرۆڤ نەدات، هەروەك هیچ بوونەوەرێكی تریش سزای نەدات، بەڵكو ئەوە مرۆڤەكە خۆیەتی كە پاداشتی خۆی دەداتەوە یان سزای خۆی دەدات.
مَّنِ ٱهۡتَدَىٰ فَإِنَّمَا يَهۡتَدِي لِنَفۡسِهِۦ ۖ وَمَن ضَلَّ فَإِنَّمَا يَضِلُّ عَلَيۡهَا ۚ وَلَا تَزِرُ وَازِرَةٞ وِزۡرَ أُخۡرَىٰ ۗ وَمَا كُنَّا مُعَذِّبِينَ حَتَّىٰ نَبۡعَثَ رَسُولٗا 16
شيكردنەوەی وشەكان:
(تَزِرُ): (وَزَرَه يَزِرُه وِزْرًا): واتە لە ئەستۆی گرت، لە (اللسان)دا هاتووە: هەڵگرتنی ئەو شتە قورسانەی كە لەسەر پشتی قورسن. (الوزر): واتە تاوان، قورسی، چەك لەبەرئەوەی لەسەر هەڵگرەكەی قورسە، باری قورس (الأقرب).
تەفسیر: ئەم ئایەتە تەفسیری ئایەتەكەی پێشووە بەجۆرێك خوای گەورە تێیدا ڕایگەیاندووە كە چاكەكانی مرۆڤ تەنها سوود بە خۆی دەگەیەنن، و خراپەكانیشی تەنها زیان بە خۆی دەگەیەنن. ئەو خراپەیە یان ئەو چاكەیە كە دەیكات تەنها بۆ خۆیەتی نەك بۆ كەسانی تر. بكوژ كەسێكی تر ناكوژێت بەڵكو خۆی دەكوژێت، ستەمكار دەستدرێژی ناكاتە سەر كەسێكی تر بەڵكو دەستدرێژی دەكاتە سەر خۆی، دز ماڵی كەسێكی تر نادزێت بەڵكو ماڵی خۆی دەدزێت. بە هەمان شێوە ئەو كەسەی خێردەكات تەنها خێر بە خۆی دەكات، ئامۆژگاریكار تەنها ئامۆژگاری خۆی دەكات، وە ڕێپیشاندەر تەنها ڕێنمایی خۆی دەكات.
پاشان خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿وَلَا تَزِرُ وَازِرَةٞ وِزۡرَ أُخۡرَىٰۗ﴾.. واتە هیچ كەسێك باری قورسی كەسێكی تر هەڵناگرێت.
مەسیحیەكان دڵخۆش دەبن بە خوێندنەوەی ئەم ئایەتە و دەڵێن پشتگیری بیروباوەڕی كەفارەتی مەسیحی دەكات، بەجۆرێك دەڵێن: ئێمەش دەڵێین ناكرێت تاوانبار باری تاوانبارێكی تر هەڵبگرێت، بەڵكو كەسی چاكەكار دەتوانێت باری تاوانبار هەڵبگرێت؛ وە لەبەرئەوەی مەسیح كەسێكی چاكەكار بووە بۆیە توانی باری قورسی تاوانبارەكانی تر هەڵبگرێت، وە لەبەرئەوەی هیچ كەسێكی تر چاكەكار نەبوو جگە لە مەسیح، بۆیە هیچ كەسێكی تر نەیتوانی باری تاوانبارەكانی تر هەڵبگرێت!!
من لێرەدا نامەوێت بچمە ناو ئەو بابەتەی كە ئایا بەپێی بیروباوەڕی مەسیحی مەسیح چاكەكار بووە یان نا، هەروەك نامەوێت بچمە ناو ئەو بابەتەی كە ئایا بەپێی بیروباوەڕی ئیسلامی كەسی چاكەكار جگە لە مەسیح هەیە یان نا؛ چونكە ئەم شوێنە بۆ ئەم جۆرە گفتوگۆیە گونجاو نیە، بەڵام وەك وەڵامێك بۆ ئەوان دەڵێم: ئەم ئایەتە تەنها ئەوە ڕادەگەیەنێت كە كارەكانی مرۆڤ -چ چاك بن یان خراپ- تەنها سوود یان زیان بە خودی مرۆڤەكە دەگەیەنن، و مەحاڵە كەسێكی تر ئۆباڵی كردەوەكانی لە ئەستۆ بگرێت.. واتە پاداشت یان سزا شتێك نیە لە دەرەوەوە بێت، بەڵكو ئەنجامی كردەوەكانی مرۆڤ خۆیەتی. وە ئاشكرایە تۆو تەنها لەو شوێنەدا دەڕوێت و بەردەدات كە تێیدا دەچێندرێت، نەك لە شوێنێكی تردا. بۆ نموونە درەختی مانگۆ كە لە شاری لاهۆر دەچێنرێت، هەرگیز لە شاری ئەمریتسەر بەر نادات. مادام پاداشت یان سزا تەنها لە ناوەوەی خاوەن كردەوەكەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەوا مەحاڵە كەسێكی تر لەگەڵیدا بەشداری بكات، یان خۆی بە بەرپرس بزانێت لە كاری كەسێكی تر. لەڕاستیدا ئەم ئایەتە كەفارەتی مەسیحی ڕەت دەكاتەوە و هەرگیز پشتیوانی لێ ناكات، چونكە كەفارەت تەنها لەسەر ئەو بیرۆكەیە دامەزراوە كە سزا بارێكی قورسە و لە دەرەوەی مرۆڤەوە دەخرێتەسەری، وە دەكرێت كەسێكی تر لە جیاتی ئەو هەڵیبگرێت. مەسیحیەكان بۆ خۆلادان لەم ڕەخنەیە گوتوویانە دۆزەخ شتێكی ماددیە.
(Catechism of Christian Doctrine, vol. 2 p 599)
ئەم بۆچوونەیان نیشانەی گەمژەیی و گەوجێتیانە، چونكە مەعقول نیە بەهەشت ڕۆحی بێت، لەكاتێكدا دۆزەخ ماددی بێت. بۆیە دەبێت هەردووكیان یان ماددی بن یاخود ڕۆحی. ئەگەر دۆزەخ وەك بەهەشت ڕۆحی بێت، ئەوا كەس ناتوانێت لەجیاتی كەسێكی تر سزاكەی هەڵبگرێت، چونكە مەحاڵە كەسێك پەشیمانی و چاوچنۆكی و خەم و تووڕەییەكەی و هتد بەش بكات لەگەڵ كەسێكی تردا. ئەو ناتوانێت لەگەڵ كەسێكی تردا ئەمانە بەش بكات چونكە ئەمانە شتانێكن لە ناوەوەی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرن، وە دەروونی مرۆڤەكە بەرپرسە لە ڕوودانیان. سزای لەم شێوەیە تەنها كاتێك نامێنێت كە خودی نەفسەكە بە حەقیقی یان بە مەجازی لەناوبچێت.. واتە ئەگەر لە ئەنجامی هەستكردن بە پەشیمانی و شەرمەزاری پاك بێتەوە. وە ئەستەمە هیچ كەس بە هیچ شێوەیەك لەم لەناوچوونەیدا لەگەڵ كەسێكی تردا بەشدار بێت.. مەبەستم ئەوەیە مەحاڵە هیچ كەسێكی ژیر بە كەسێكی تر بڵێت: بەهۆی شەرمەزاریەوە خۆت سەغڵەت مەكە، من لەجیاتی تۆ خۆم شەرمەزار دەكەم. هەر كەسێكیش ئەو قسەیە بكات ئەوا گومانی تێدا نیە كە كەسێكی شێت و گێلە. ئەم مەسیحیانە بۆچی خراپە دەكەن بەرامبەر بە مەسیح، كە بەندەیەكی هەڵبژێردراوی خوایە، بەجۆرێك ئەم جۆرە بیرۆكە بێمانایە دەدەنەپاڵی؟!
سەبارەت بە فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿وَمَا كُنَّا مُعَذِّبِينَ حَتَّىٰ نَبۡعَثَ رَسُولٗا﴾ قورئانی پیرۆز لە چەند شوێنێكی تردا بەدرێژی باسی ئەم بابەتەی كردووە لەوانە:
1- فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿تَكَادُ تَمَيَّزُ مِنَ ٱلۡغَيۡظِ ۖ كُلَّمَآ أُلۡقِيَ فِيهَا فَوۡجٞ سَأَلَهُمۡ خَزَنَتُهَآ أَلَمۡ يَأۡتِكُمۡ نَذِيرٞ * قَالُواْ بَلَىٰ قَدۡ جَآءَنَا نَذِيرٞ﴾ (المُلك: 9-10)
2- وە فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿أَلَمۡ يَأۡتِكُمۡ رُسُلٞ مِّنكُمۡ يَتۡلُونَ عَلَيۡكُمۡ ءَايَٰتِ رَبِّكُمۡ وَيُنذِرُونَكُمۡ لِقَآءَ يَوۡمِكُمۡ هَٰذَاۚ﴾ (الزمر: 72)
3- وە فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿أَوَ لَمۡ نُعَمِّرۡكُم مَّا يَتَذَكَّرُ فِيهِ مَن تَذَكَّرَ وَجَآءَكُمُ ٱلنَّذِيرُۖ﴾ (فاطر: 38)
4- وە فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿وَمَا كَانَ رَبُّكَ مُهۡلِكَ ٱلۡقُرَىٰ حَتَّىٰ يَبۡعَثَ فِيٓ أُمِّهَا رَسُولٗا﴾ (القصص: 60)
5- وە فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿وَلَوۡلَآ أَن تُصِيبَهُم مُّصِيبَةُۢ بِمَا قَدَّمَتۡ أَيۡدِيهِمۡ فَيَقُولُواْ رَبَّنَا لَوۡلَآ أَرۡسَلۡتَ إِلَيۡنَا رَسُولٗا فَنَتَّبِعَ ءَايَٰتِكَ وَنَكُونَ مِنَ ٱلۡمُؤۡمِنِينَ﴾ (القصص: 48) واتە لەبەرئەوەی ئەمە بیانوویەكی لۆژیكیە بۆیە ئێمە هەمیشە پێغەمبەرمان بۆ ناردوون، وە سزامان نەداون مەگەر دوای ئەوەی بەڵگە چەسپا لەسەریان، وە دوای ئەوەی باوەڕیان بە پێغەمبەرەكانیان نەكرد.
هەموو ئەم ئایەتانە ئەوە ڕوون دەكەنەوە كە سوننەتی خوای گەورە وەهایە سزا دانابەزێنێتە سەر هیچ گەلێك بەبێ ئەوەی پێغەمبەرێكیان بۆ بنێرێت، واتە ئەو ناوچەیەی كە پەیامی پێغەمبەری ئەو سەردەمە ئاراستەی دانیشتووانەكەی كراوە، تووشی سزا نابێت، ئەگەر پێغەمبەرێكی تر لەناویاندا دەرنەكەوێت -ئەگەرچی شوێنكەوتووی پێغەمبەرەكەی پێشوو بێت- و ئەگەر ئاگاداریان نەكاتەوە.
لێرەدا ڕەنگە كەسێك بپرسێت: دۆخی ئەو گەلە چۆنە كە ئەم سزایە دەچێژن لەكاتێكدا بەڵگە لەسەریان نەچەسپاوە؟ وەڵامی ئەمە لە فەرموودەیەكدا هەیە كە لە موسنەدی ئەحمەد كوڕی حەنبەلدا هاتووە [دەقی فەرموودەكە: “لە ئەسوەدی كوڕی سەریعەوە ڕیوایەت كراوە كە پێغەمبەری خوا ﷺ فەرموویەتی: چوار كەس لە ڕۆژی قیامەتدا دەهێنن: پیاوێك كە كەڕە و هیچ شتێك نابیستێت، وە پیاوێكی گێل، وە پیاوێكی پیر، وە پیاوێك كە لە ماوەی نێوان دوو پێغەمبەردا مردووە. ئەوەی كەڕە دەڵێت: پەروەردگارا، ئیسلام هات و من هیچ شتێكم نەبیست؛ ئەوەی گێلە دەڵێت: پەروەردگارا، ئیسلام هات و مناڵان پیساییان تێ دەگرتم؛ ئەوەی پیرە دەڵێت: پەروەردگارا، ئیسلام هات و من هیچ شتێكم نەزانی؛ ئەوەی كە لەنێوان دوو پێغەمبەردا مردووە دەڵێت: پەروەردگارا، پێغەمبەرێكت بۆ نەناردم؟ خوای گەورە بەڵێنیان لێ وەردەگرێت كە گوێڕایەڵی بكەن، پاشان پێغەمبەرێكیان بۆ دەنێرێت كە بچنەناو ئاگرەوە. فەرمووی: سوێند بەوەی كە گیانی موحەممەدی بەدەستە، ئەگەر بچوونایەتە ناوی ئەوا بۆیان دەبوو بە ساردی و سەلامەتی… لە ئەبو ڕافیعەوە لە ئەبو هورەیرەوە هەروەك ئەمەی ڕیوایەت كردووە، بەڵام لە كۆتاییەكەدا فەرموویەتی: ئەوەی بچێتەناوی ئەوا بۆی دەبێتە ساردی و سەلامەتی، وە ئەوەی نەچێتەناوی ئەوا ڕادەكێشرێت بۆ ناوی.” (مسند أحمد، مسند المدنيين، ژمارەی فەرموودە: 15712).]، كە لە ئەبو هورەیرەوە (رضي الله عنه) ڕیوایەت كراوە كە پێغەمبەری خوا ﷺ فەرموویەتی: چوار كەس ڕۆژی قیامەت بیانوو دەهێننەوە: پیاوێكی كەڕ كە هیچ شتێك نابیستێت، وە پیاوێكی گێل، وە پیاوێكی پیر، و پیاوێك كە لە ماوەی نێوان دوو پێغەمبەردا مردووە. ئەوەی كەڕە دەڵێت: پەروەردگارا، ئیسلام هات و من هیچ شتێكم نەبیست؛ ئەوەی گێلە دەڵێت: ئیسلام هات و مناڵان پیساییان تێ دەگرتم؛ ئەوەی پیرە دەڵێت: پەروەردگارا، ئیسلام هات و من هیچ شتێكم نەزانی؛ ئەوەی كە لە ماوەی نێوان دوو پێغەمبەردا مردووە دەڵێت: پەروەردگارا، پێغەمبەرێكت بۆ نەناردم. خوای گەورە بەڵێنیان لێ وەردەگرێت كە گوێڕایەڵی بكەن، پاشان پێغەمبەرێكیان بۆ دەنێرێت كە بچنەناو ئاگرەوە. ئەو كەسەی بچێتە ناوی ئەوا بۆی دەبێتە ساردی و سەلامەتی، وە ئەو كەسەی نەچێتەناوی ڕادەكێشرێت بۆ ناوی.” (روح المعاني) واتە خوای گەورە لە ڕۆژی قیامەتدا بەم شێوەیە تاقیان دەكاتەوە، ئینجا حەقیقەتی سروشتیان ئاشكرا دەبێت، وە بەگوێرەی ئەوە پاداشت دەدرێنەوە.
وَإِذَآ أَرَدۡنَآ أَن نُّهۡلِكَ قَرۡيَةً أَمَرۡنَا مُتۡرَفِيهَا فَفَسَقُواْ فِيهَا فَحَقَّ عَلَيۡهَا ٱلۡقَوۡلُ فَدَمَّرۡنَٰهَا تَدۡمِيرٗا 17
شيكردنەوەی وشەكان:
(مُترَفيها): (المترَف): ئەو كەسەی لەناو ناز و نیعمەتدا دەژی و ڕێگری ناز و نیعمەتەكانی لێ ناكرێت؛ ئەو كەسەی وازی لێ دەهێنرێت چی دەوێت بیكات؛ ستەمكار (تاج).
(فسَقوا): (فسَق الرجلُ فِسقًا وفسوقًا): واتە وازیهێنا لە فەرمانی خوا؛ سەرپێچی كرد و لایدا لە ڕێگەی ڕاست؛ لایدا لە ڕێگەی حەق. وە (فسَقت الرطبة عن قشرها): واتە دەرچوو (الأقرب).
(دمّرنا): (دمّرهم وعليهم): واتە لەناویبردن (الأقرب).
تەفسیر: خوا (عز وجل) لێرەدا ئاگاداری كردووینەتەوە كە بڕیار دەدات سزای ئوممەتەكان بدات لەكاتێكدا كە خراپ دەبن، بۆیە پێغەمبەرێكیان بۆ دەنێرێت كە ئاگاداریان بكاتەوە لە سزا، بەڵام ئەوان بڕوای پێ ناكەن، بەڵكو بە گاڵتەجاڕیەوە ڕەتیدەكەنەوە، ئینجا تووشی سزا دەبن.
هەندێك لە دوژمنانی ئیسلام فەرمایشتی خوای گەورە ﴿أَمَرۡنَا مُتۡرَفِيهَا فَفَسَقُواْ فِيهَا﴾ بە هەڵە تەفسیر دەكەن و دەڵێن قورئان لێرەدا ڕایدەگەیەنێت كە خوا خۆی فەرمان بە دەسەڵاتدارانی شار و ئاوەدانیەكە دەكات كە كاری قێزەون بكەن، ئینجا ئەوانیش ئەنجامی دەدەن؛ پاشان ئەو كەسانە بەگوێرەی تەفسیرە هەڵەكەیان ڕەخنەدەگرن و دەڵێن: چۆن خوا سەرەتا هانی خۆشگوزەرانەكان دەدات بۆ ئەنجامدانی كاری خراپە و قێزەون، پاشان سزایان دەدات؟ ئەمە پێچەوانەی دادپەروەری و یەكسانیە!
لەڕاستیدا تەفسیری ئەو ڕەخنەگرە دڵچەپەڵانە بە تەواوەتی پووچە، چونكە ئەگەر تەفسیرەكەی ئەوانمان وەربگرتایە ئەوا ئەم ڕستەیە دەبووە ستایشكردن بۆ خۆشگوزەرانەكان، چونكە مانای ئەوەی دەگەیاند كە خوای گەورە فەرمانیان پێ دەكات كاری خراپە و قێزەون بكەن، بەڵام ئەوان ئەم فەرمانەی خوا جێبەجێ ناكەن -لە كاتێكدا (فسَقوا) واتە سەرپێچیان كرد- وەك ئەوەی سەرەڕای ئەوەی خوا هانیداون بۆ كاری خراپە و قێزەون بەڵام ئەوان ئەنجامی نادەن، بەڵكو لە جاران چاكتر دەبن! ئەم مانایەش بە ئاشكرا هەڵەیە، چونكە ئەم ئایەتە بۆ سەرزەنشتكردنی خۆشگوزەرانەكان هاتووە.
هەروەها ئەگەر وەها تەفسیرمان كرد كە خوا (عز وجل) هانی خۆشگوزەرانەكان دەدات بۆ ئەنجامدانی كاری قێزەون ئەوانیش ئەنجامی دەدەن، ئەوا وشەی ﴿فَفَسَقُواْ﴾ لە سیاقی دەقەكەدا ڕاست دەرناچێت؛ چونكە مادام ئەوان بە فەرمانی خوا كاری خراپ و قێزەونیان ئەنجام داوە كەواتە سەرپێچیان نەكردووە واتە سەرپێچی خوایان (سبحانه وتعالى) نەكردووە، بەڵكو گوێڕایەڵی بوون.
بۆیە سەلمێنرا كە ئەم تەفسیرەی ئەوان بەڵگەیە لەسەر ئەوەی شارەزا نین لە زمانی عەرەبی، وە لە ڕاستیدا ڕەخنەكە لە قورئانی پیرۆز ناگیرێت، بەڵكو لە زانینی كەم و كورتی ئەوان دەگیرێت.
ئەوەی قورئانی پیرۆز دەیڵێت ئەوەیە خوای گەورە فەرمانەكانی خۆی بەو خۆشگوزەرانانە دەدات -بێگومان فەرمانەكان چاكن چونكە لەلایەن ئەوەوەیە (سبحانه وتعالى)- بەڵام ئەوان (یفسقون) واتە سەرپێچی لە فەرمانەكانی خوا (عز وجل) دەكەن. لەگەڵ ئەوەی كە بەركاری (مفعول)ی دووەمی فرمانی ﴿أَمَرۡنَا﴾ لێرەدا باس نەكراوە چونكە ئاشكرا و ڕوونە، ئەویش بریتیە لە كردنی كارە چاكەكان. سڕینەوەی یەكێك لە بەركارەكان یان هەردووكیان لە زمانی عەرەبیدا لەم جۆرە حاڵەتانەدا دروستە.
گوتم لێرەدا ئەوەی سڕاوەتەوە یان باس نەكراوە ئاشكرا و ڕوونە، چونكە قورئانی پیرۆز جار لەدوای جار دووپاتی كردووەتەوە كە خوا (عز وجل) تەنها فەرمان بە خێر و چاكە دەكات، هەروەك خوای گەورە لەم فەرمایشتەیدا ڕایگەیاندووە: ﴿۞إِنَّ ٱللَّهَ يَأۡمُرُ بِٱلۡعَدۡلِ وَٱلۡإِحۡسَٰنِ وَإِيتَآيِٕ ذِي ٱلۡقُرۡبَىٰ وَيَنۡهَىٰ عَنِ ٱلۡفَحۡشَآءِ وَٱلۡمُنكَرِ وَٱلۡبَغۡيِ ۚ يَعِظُكُمۡ لَعَلَّكُمۡ تَذَكَّرُونَ﴾ (النحل: 91) واتە خوا فەرمان بە دادپەروەری و چاكەكاری دەكات و هەروەها فەرمان بەو چاكەیەش دەكات كە خاوەنەكەی بیر لە پاداشت ناكاتەوە لەسەری.
هەروەها خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿وَإِذَا فَعَلُواْ فَٰحِشَةٗ قَالُواْ وَجَدۡنَا عَلَيۡهَآ ءَابَآءَنَا وَٱللَّهُ أَمَرَنَا بِهَا ۗ قُلۡ إِنَّ ٱللَّهَ لَا يَأۡمُرُ بِٱلۡفَحۡشَآءِۖ﴾ (الأعراف: 29).
بە كورتی مانای ڕاستەقینەی ئایەتەكە ئەوەیە كە كاتێك خوای گەورە دەیەوێت گەلێك لەناوببات فەرمانی ئەنجامدانی كارە چاكەكانیان پێ دەكات لە ڕێگەی پێغەمبەرێكەوە كە لەناویاندا ڕەوانەی دەكات، بەڵام ئەوان لەجیاتی ئەوەی سوود لەم ئاگاداركردنەوەیە وەربگرن زیاتر سەرپێچی فەرمانەكانی خوا (سبحانه وتعالى) دەكەن، ئینجا خوای گەورەیش لەناویاندەبات.
پێویستە بزانرێت فەرمایشتی خوای گەورە ﴿أَمَرۡنَا مُتۡرَفِيهَا﴾ مانای ئەوە نیە كە تەنها فەرمان بە خۆشگوزەران و دەوڵەمەندەكانیان دەكات، چونكە یەكێك لە ماناكانی (المترَف) واتە: ئەو كەسەی كە هەرچی ویست دەیكات و ڕێگەی لێ ناگیرێت، ئەم مانایەش هەموو تاوانباران دەگرێتەوە وەكو یەك، دەوڵەمەند بن یان هەژار.
هەروەها دەكرێت مەبەست ئەوە بێت ئەم فەرمانەی ئێمە لە ڕاستیدا فەرمانێكی گشتیە، زۆردار و سەركەشەكانی گەلەكە ڕەتی دەكەنەوە، لەكاتێكدا چاكەكارەكانیان قەبوڵی دەكەن؛ هاوشێوەی ئەمەش لە قورئاندا ئەم فەرمایشتەی خوای گەورەیە بۆ ئیبلیس: ﴿مَا مَنَعَكَ أَلَّا تَسۡجُدَ إِذۡ أَمَرۡتُكَۖ﴾ (الأعراف: 13)، لەگەڵ ئەوەی فەرمانی سوجدە بردنەكە تایبەت نەبوو بە ئیبلیس بەڵكو گشتی بوو ئەویش و كەسانی تریشی دەگرتەوە. بەم شێوەیە هەر پێغەمبەرێك بە فەرمانەكانی خواوە دێت كە تایبەتە بە هەموو خەڵكیەوە، ئینجا بڕواداران ئەو فەرمانانە جێبەجێ دەكەن، وە بێباوەڕان ڕەتیان دەكەنەوە.
هەروەها لێردا (القرية) بە مانا گشتیەكەی نەهاتووە، بەڵكو بە مانای (أُمّ القرى) هاتووە.. واتە ئەو ئاوەدانیەی كە خوا دەیكاتە ناوەندی بانگەوازی ئەو پێغەمبەرەی كە لەو سەردەمەدا ڕەوانە دەكرێت؛ هەروەك خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿وَمَا كَانَ رَبُّكَ مُهۡلِكَ ٱلۡقُرَىٰ حَتَّىٰ يَبۡعَثَ فِيٓ أُمِّهَا رَسُولٗا﴾ (القصص: 60).
وَكَمۡ أَهۡلَكۡنَا مِنَ ٱلۡقُرُونِ مِنۢ بَعۡدِ نُوحٖ ۗ وَكَفَىٰ بِرَبِّكَ بِذُنُوبِ عِبَادِهِۦ خَبِيرَۢا بَصِيرٗا 18
شيكردنەوەی وشەكان:
(القرون): كۆی وشەی (قرن)ە، وە چەندین مانای هەیە لەوانە: هەر گەلێك كە لەناوچووە و كەسی لێ نەماوەتەوە؛ سەردەمێك؛ خەڵكی سەردەمێك؛ گەلێك لەدوای گەلێك. (قرنُ الشيطان) و قرناؤه: واتە كۆمەڵی شەیتان كە شوێنكەوتووی بیروبۆچوونەكانی ئەون، یان هێز و بڵاوبوونەوە و دەسەڵاتداریەتیەكەی (الأقرب).
تەفسیر: خوای گەورە دەفەرموێت ئێوە نموونەی زۆرتان دەستدەكەوێت لەسەر ناردنی پێغەمبەر بۆ هەر ئوممەتێك بەدرێژایی سەردەمەكان لە سەردەمی نووحەوە تا ئەمڕۆ.
هەروەها فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿وَكَفَىٰ بِرَبِّكَ بِذُنُوبِ عِبَادِهِۦ خَبِيرَۢا بَصِيرٗا﴾ مانای ئەوەیە شایستە نیە بەو خوایەی كە زانا و بینایە بێدەنگ بێت لەكاتێكدا دەبینێت بەندەكانی لە گومڕاییدا وێڵ بوون!!
هەروەها ئەم ڕستەیە قسەی ئەو نەزانانە پووچەڵ دەكاتەوە كە دەڵێن ئایەتەكەی پێشوو مانای ئەوەیە خوا هانی بەندەكان دەدات بۆ ئەنجامدانی تاوان، پاشان سزایان دەدات! ئەوەتا خوای گەورە لێرەدا ڕایگەیاندووە خەڵكی تاوانبار دەبینێت ئینجا فەرمانیان پێ دەكات واز لە تاوانەكان بهێنن، نەك ئەوەی هانیان بدات بۆ ئەنجامدانی تاوان.
مَّن كَانَ يُرِيدُ ٱلۡعَاجِلَةَ عَجَّلۡنَا لَهُۥ فِيهَا مَا نَشَآءُ لِمَن نُّرِيدُ ثُمَّ جَعَلۡنَا لَهُۥ جَهَنَّمَ يَصۡلَىٰهَا مَذۡمُومٗا مَّدۡحُورٗا 19
شيكردنەوەی وشەكان:
(العاجلةَ): (عجِل الرجلُ): واتە پیاوەكە پەلەی كرد. (العاجلةُ): واتە دنیا (الأقرب). وە فەرمایشتی: ﴿مَّن كَانَ يُرِيدُ ٱلۡعَاجِلَةَ..﴾ واتە ئەو كەسەی شتە دنیاییەكانی دەوێت (المفردات).
(جهنم): واتە شوێنی سزا دوای مردن (الأقرب). بۆ زانیاری زیاتر سەیری شیكردنەوەی وشەكانی ئایەتی ژمارە 20 بكە لە سوورەتی الرعد.
(مدحورًا): (دحَره يدحُر دُحورًا): واتە دەریكرد، دووریخستەوە، پاڵی پێوەنا (الأقرب).
تەفسیر: خوای گەورە لێرەدا مرۆڤی ئاگاداركردووەتەوە كە چاوی لە سوود و قازانجی پەلە و زوو تێپەڕ نەبێت، بەڵكو چاوی لەو شتە بێت كە بەرەكەتدارە ئەگەرچی دوایش بكەوێت.
هەروەها خوا (سبحانه وتعالى) ئامۆژگاری مرۆڤ دەكات كە تەنها پێشكەوتنە ماددیەكان بە فەزڵی خوا ئەژمار نەكات، چونكە خوا (سبحانه وتعالى) هەندێ جار پێشكەوتنی ماددی دەبەخشێت بە هەندێك لە ئوممەتەكان، بەڵام ئەمە نیشانەی ڕەزامەندی ئەو نیە لەو ئوممەتانە، چونكە پێشكەوتنی ماددی بە فەزڵ و ڕەزامەندی خوا دانانرێت مەگەر لەگەڵیدا پێشكەوتنی ڕۆحیش هەبێت.
وَمَنۡ أَرَادَ ٱلۡأٓخِرَةَ وَسَعَىٰ لَهَا سَعۡيَهَا وَهُوَ مُؤۡمِنٞ فَأُوْلَٰٓئِكَ كَانَ سَعۡيُهُم مَّشۡكُورٗا 20
تەفسیر: جێناوی مێینە لە ﴿سَعۡيَهَا﴾ بۆ ﴿ٱلۡأٓخِرَةَ﴾ دەگەڕێتەوە، و ماناكەی ئەوەیە: ئەوان هەوڵ بۆ دواڕۆژ دەدەن بەو شێوەیەی كە گونجاو بێت بۆ ئەوەی بەدەستیبهێنن. خوا (سبحانه وتعالى) لێرەدا ئاماژەی بەوە داوە كە بۆ بەدەستهێنانی نیعمەت و پاداشت لە دواڕۆژدا هەوڵی ئاسایی سوود بە هیچ كەسێك ناگەیەنێت، بەڵكو ئەو هەوڵە سوودی پێ دەگەیەنێت كە بگونجێت لەگەڵ پێویستیەكانی سەركەوتن و سەرفرازبوون لە دواڕۆژدا.
هەروەها خوای گەورە بە فەرمایشتی ﴿وَهُوَ مُؤۡمِنٞ﴾ ئاگاداری كردووینەتەوە كە سەركەوتن لە ژیانی دواڕۆژدا بنچینەكەی بریتیە لە پاكی دڵ. چونكە هەندێ جار كاری دنیایی ئەگەرچی باوەڕیشی لەگەڵدا نەبێت لە دنیادا سوود بە خاوەنەكەی دەگەیەنێت، بەڵام لە دواڕۆژدا تەنها ئەو كردەوانەی مرۆڤ سوودیان دەبێت بۆی كە لە باوەڕێكی ڕاستەقینەوە سەرچاوەیان گرتبێت، چونكە لێرەدا (مشكورًا) واتە قەبوڵكراو، واتە لای خوا تەنها ئەو كردەوەیە قەبوڵ دەكرێت كە باوەڕی لەگەڵدا بێت.
پێویستە بزانرێت فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَهُوَ مُؤۡمِنٞ﴾ مانای ئەوە نیە كە كردەوەی چاك تەنها لە كەسی باوەڕدار قەبوڵ دەكرێت، بەڵكو مەبەست ئەوەیە ئەو كەسەی كردەوەیەكی چاك دەكات لەكاتێكدا باوەڕی بە پاداشتی دواڕۆژ هەیە، ئەوا لەوێ پاداشتی دەدرێتەوە، بەڵام ئەو كەسەی كە كارێكی چاك دەكات و باوەڕی بە پاداشتی دواڕۆژ نیە ئەوا پاداشتی ئەو كارەی لەم دنیایەدا وەردەگرێت.
كُلّٗا نُّمِدُّ هَٰٓؤُلَآءِ وَهَٰٓؤُلَآءِ مِنۡ عَطَآءِ رَبِّكَ ۚ وَمَا كَانَ عَطَآءُ رَبِّكَ مَحۡظُورًا 21
شيكردنەوەی وشەكان:
(نُمِدّ): (أمدَّه): واتە مۆڵەتی دا، دوایخست. (أمدَّ أجلَه): واتە ئاكامەكەی دواخست. (أمدَّ الجندَ): واتە بە كۆمەڵێك یارمەتی سەربازەكانی دا. (أمدَّ فلانًا بمال): واتە بە پارە هاوكاری فڵان كەسی كرد، یارمەتیدا و بەهانایەوە چوو (الأقرب).
(محظورًا): (المحظور): واتە قەدەغەكراو و حەرامكراو، وە لە قورئاندا هاتووە ﴿وَمَا كَانَ عَطَآءُ رَبِّكَ مَحۡظُورًا﴾ ، هەروەها گوتراوە: تەنها بۆ كۆمەڵێكە نەك ئەوانی تر، (حَظَرَ الشيءَ) ئەگەر شتەكە تەنها بۆ خۆی بێت (الأقرب).
تەفسیر: خوای گەورە لێرەدا ئەو گومانەی لاداوە كە دەكرێت لەكاتی خوێندنەوەی ئایەتی پێشوودا دروست بێت، چونكە ڕەنگە هەندێ كەس وا بزانن كە بێباوەڕ هیچ پاداشتێك وەرناگرێت لەسەر چاكەكانی؛ بۆیە خوا (سبحانه وتعالى) لێرەدا ڕایگەیاند كە یارمەتی خوایی دوو جۆرە: جۆری یەكەم تایبەت نیە بە ئایین و باوەڕەوە بەڵكو گشتیە؛ هەر كەسێك كارێك بكات و هەوڵ بۆ ئامانجێك بدات ئەوا بەرهەمی هەوڵەكانی خۆی وەردەگرێت، چ هیندۆسی بێت، یان موسوڵمان، یان مەسیحی، یان جوولەكە، یان هەر كەسێكی تر بێت. جۆری دووەمی یارمەتی خوایی تایبەتە بە ئایین، و كەسی باوەڕدار بەدەستی دەهێنێت نەك بێباوەڕ.
ٱنظُرۡ كَيۡفَ فَضَّلۡنَا بَعۡضَهُمۡ عَلَىٰ بَعۡضٖ ۚ وَلَلۡأٓخِرَةُ أَكۡبَرُ دَرَجَٰتٖ وَأَكۡبَرُ تَفۡضِيلٗا 22
تەفسیر: لە فەرموودەی پیرۆزدا هاتووە: لە ئەبو سەعیدی خودریەوە ڕیوایەت كراوە كە پێغەمبەری خوا ﷺ فەرموویەتی: دانیشتووانی بەهەشت بۆ دانیشتووانی ژوورەكان لە سەرووی خۆیانەوە دەڕوانن، هەروەك چۆن ئێوە بۆ ئەستێرەیەكی گەشاوە دەڕوانن كە لە ئاسۆی ڕۆژهەڵات یان ڕۆژئاواوە تێدەپەڕێت.. ئەمەش لەبەر جیاوازی پلەوپایەی نێوانیان. (مسلم، كتاب الجنة، باب ترائي أهل الجنة أهلَ الغرف).
ئەم ئایەتە هێنراوەتەوە بۆ سەلماندنی ئەوەی كە لە ئایەتی پێشوودا باسكرا، بەجۆرێك خوای گەورە فەرمووی: بڕوانن چۆن ئێمە پێشكەوتنی ماددیمان بە زۆرێك لە بێباوەڕان داوە، وە تەنها ئەو كارانەیان كە لەلای ئێمە قەبوڵ كراون هۆكاری ئەم پێشكەوتنەیە. ئەوان بۆ دنیا كاریان كردووە ئێمەش دنیامان پێداون. بەڵام نابێت هیچ كەسێك بەمە فریوبخوات، وە وا بزانێت كە بێباوەڕانیش دەتوانن پێشكەوتنی ڕاستەقینەی بەرز بەدەستبهێنن. نەخێر، چونكە دەستكەوتە ماددیەكان هیچ نین ئەگەر بەراورد بكرێن بەو پێشكەوتنە مەزنەی كە لە دواڕۆژدا هەیە.
كەواتە ئایەتەكە هانی باوەڕداران دەدات بۆ كێبڕكێكردن لە كاری خێر و چاكەدا، وە جەخت دەكاتەوە كە لەلای خوا (عز وجل) ناز و نیعمەتی مەزن هەیە، بۆیە پێویستە باوەڕدار لە ئەنجامدانی كاری چاكەدا لە ئاستێكی دیاریكراودا نەوەستێت.
لَّا تَجۡعَلۡ مَعَ ٱللَّهِ إِلَٰهًا ءَاخَرَ فَتَقۡعُدَ مَذۡمُومٗا مَّخۡذُولٗا 23
تەفسیر: لێرەدا خوای گەورە ڕوونیكردووەتەوە كە بۆچی بەبێ بوونی باوەڕ نیعمەتەكانی دواڕۆژ بە مرۆڤ نادرێت. چونكە مرۆڤ لەگەڵ ئەو شتەدا دەبێت كە پەیوەستە پێیەوە؛ ئەو كەسەی پەیوەندی بە خوای گەورەوە هەبێت ئەوا بەردەوام لەگەڵ خوای گەورەدا بەرەو پێشەوە دەڕوات، وە ئەوەی كە پەیوەندی بە خواوەندە پووچەكانەوە هەبێت لەجیاتی خوای گەورە ئەوا لەو شوێنەدا دەبێت كە خواوەندە پووچەكانی تێدا دەبێت.
پێویستە بزانرێت شیرك دەبێتە هۆی كەوتن و دواكەوتنی مرۆڤ بەشێوەیەكی بەردەوام. لە هەموو مێژووی مرۆڤایەتیدا هیچ ئوممەتێك نەبووە بەهۆی شیركەوە پێشكەوتنی بەدەستهێنا بێت، نەخێر، بەڵكو هەر كاتێك ئوممەتێكی بتپەرست پێشكەوتنی بەدەست هێنابێت ئەوا بە پشتگوێخستنی بیروباوەڕە بتپەرستیەكانی خۆی ئەو پێشكەوتنەی بەدەستهێناوە، نەك بە پەیڕەوكردنیان.
وَقَضَىٰ رَبُّكَ أَلَّا تَعۡبُدُوٓاْ إِلَّآ إِيَّاهُ وَبِٱلۡوَٰلِدَيۡنِ إِحۡسَٰنًا ۚ إِمَّا يَبۡلُغَنَّ عِندَكَ ٱلۡكِبَرَ أَحَدُهُمَآ أَوۡ كِلَاهُمَا فَلَا تَقُل لَّهُمَآ أُفّٖ وَلَا تَنۡهَرۡهُمَا وَقُل لَّهُمَا قَوۡلٗا كَرِيمٗا 24
شيكردنەوەی وشەكان:
(قضى): (قضى عليه عهدًا): واتە وەسیەتی بۆ كرد. (قضى العهدَ): واتە پەیمانەكەی جێبەجێ كرد. (قضى إليه الأمرَ): واتە كارەكەی كۆتایی پێ هێنا. لە (الأساس)دا هاتووە: (قضى إليه أمرًا وعهدًا): واتە پێی سپارد و فەرمانی پێ كرد (الأقرب).
(أُفٍّ): وشەیەكە بۆ بێزاری و ناڕەحەتی دەردەبڕدرێت (الأقرب).
(لا تَنهَرْهما): (نَهَرَ السائلَ): واتە سەرزەنشتی كرد (الأقرب).
(قولاً كريمًا): واتە قسەیەكی ئاسان و نەرم (الأقرب).
تەفسیر: ئێستا خوا (سبحانه وتعالى) هەواڵمان پێ دەدات كە چۆن مرۆڤ دەتوانێت سیستەمی خۆی بپارێزێت، بەجۆرێك لێرەدا كورتەیەكی فێركاریەكانی قورئانی پیرۆزی هێناوە، وە ئاگادارمان دەكاتەوە كە دەبێت خەڵكی ڕەچاوی ئەم حوكمانە بكەن و پابەند بن پێیانەوە لەو ڕۆژگارەدا كە باوەڕدارن، بۆ ئەوەی لە داڕوخان ڕزگاریان بێت، ئەگینا پێشكەوتنەكەیان بەردەوام نابێت.
قورئانی پیرۆز سەرەتا و پێش هەموو شتێك فەرمانی كردووە بە جێگیركردنی یەكتاپەرستی و ڕەتكردنەوەی شیرك، چونكە كاتێك گەلان دەسەڵات و فەرمانڕەوایی بەدەستدەهێنن، خەیاڵ و بتپەرستی بە هەموو جۆرەكانیانەوە دزە دەكەنە ناویانەوە، بۆیە خوا (عز وجل) هەواڵی پێشكەوتنی بەستووەتەوە بە ئاگاداركردنەوە لە مەترسیەكانی داهاتوو بۆ ئەوەی خۆمان بپارێزین لێیان.
هەڵبەت قورئانی پیرۆز فەرمانی جێگیركردنی یەكتاپەرستی و ڕەتكردنەوەی شیركی خستووەتە پێش هەموو حوكمەكانی ترەوە، چونكە تاوان بەبێ شیرك دروست نابێت. من باوەڕم وایە هەموو تاوانەكان لە ڕاستیدا لقەكانی درەختی شیرك و بتپەرستین، چونكە تاوانبار هیچ تاوانێك ئەنجام نادات ئەگەر ڕاستیدا بەتەواوی باوەڕی بە زاتی خوا و سیفەتەكانی هەبێت، وە بەتەواوی پشت بە خوا (سبحانه وتعالى) ببەستێت. بیروباوەڕی یەكتاپەرستی وەكو تۆوی كردەوە چاكەكان وایە، وە تەوەرەی هەموو ئایینەكان و سەرجەم ڕەوشتەكانە، وە ڕەتكردنەوەی یەكتاپەرستی دەبێتە هۆی لەرزاندنی بنەماكانی یاسای سروشت و یاسای شەرعیش. پەیوەندی یەكتاپەرستی بە یاسای شەرعەوە پێویستی بە ڕوونكردنەوە نیە، وە پەیوەندی یەكتاپەرستی بە یاسای سروشتەوە ئەوەیە كە پێشكەوتنی زانستی و گەشەسەندنی ماددی هەمووی بە خودی یەكتاپەرستیەوە بەستراوەتەوە. چونكە باوەڕبوون بە زیاتر لە یەك خوا دەبێتە هۆی باوەڕبوون بە زیاتر لە یەك سیستەم لە سروشتدا، یان بە لایەنی كەمەوە دەبێتە هۆی باوەڕبوون بە ڕوودانی گۆڕانكاری زۆر لە سیستەمی سروشتیدا بەشێوەیەكی بەردەوام، وە ئەگەر سیستەمێكی سروشتی یەكگرتوو نەبوایە كە گۆڕانكاری و دەستكاری قەبوڵ نەكات ئەوا هەموو پێشكەوتنە زانستیەكان بەیەكجار دەوەستان. چونكە پێشكەوتنی زانستی لە هەموو بوارەكاندا و داهێنانی شتە جیاوازەكان بنچینەكەی بوونی سیستەمێكی یەكگرتووە لە گەردووندا كە هەرگیز نەگۆڕێت و دەستكاری نەكرێت. ئەگەر مرۆڤ وا بیری بكردایەتەوە كە گەردوون ملكەچی سیستەمێكی یەكگرتوو نیە یان ئەم سیستەمە لە كاتێكەوە بۆ كاتێكی تر دەگۆڕێت ئەوا هەرگیز ڕووی نەدەكردە زانینی نهێنیەكانی سروشت.
دوای ئەوەی خوا فەرمانی پێ كردین كە باوەڕمان بە یەكتاپەرستی هەبێت، ئامۆژگاریمان دەكات كە لەگەڵ دایك و باوكدا چاك بین، چونكە بوونی ئەوان ڕێنماییمان دەكات بۆ لای خوا (عز وجل). ئەوان دیمەنی یاسای سروشتن كە ئێمە بەرەو یاسای شەرع دەبەن، چونكە ڕێنماییمان دەكەن بۆ ئەو زاتەی كە سەرەتای هەموو شتێكە. دیارە لەدایكبوون لە ڕێگەی دایك و باوكەوە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە مرۆڤ بە ڕێكەوت دروست نەبووە، بەڵكو كەسێكی تر لە پێش ئەو هەبووە و كەسێكی تر لە پێش ئەوی تریشەوە هەبووە، و بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر بوونی زاتی كردگار (سبحانه وتعالى). ئەگەر سیستەمی زاوزێ نەبوایە ئەوا مرۆڤ بیری لەم زنجیرە درێژە نەدەكردەوە كە دەیگەیەنێت بە سەرەتا ڕاستەقینەكە.
هەروەها دیاردەی زاوزێ ڕێنماییمان دەكات بۆ ڕاستیەكی تر ئەویش ئەوەیە كە ئامانجی دروستكردنی مرۆڤ لە خودی خۆیدا ئامانجێكی مەزنە. لەبەر هەموو ئەوانە خوا فەرمانی پێ كردووین لەگەڵ دایك و باوكدا چاك بین دوای ئەوەی كە ئامۆژگاری كردین باوەڕمان بە یەكتاپەرستی هەبێت، چونكە سوپاسگوزاری لەسەر نیعمەتێك ئەوە بیری مرۆڤ دەخاتەوە كە سوپاسگوزار بێت لەسەر نیعمەتێكی تر.
وە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَبِٱلۡوَٰلِدَيۡنِ إِحۡسَانٗا﴾ عەتفە بۆ سەر (أَنْ) كە لە فەرمایشتی ﴿أَلَّا تَعۡبُدُوٓاْ إِلَّآ إِيَّاهُ﴾دا هاتووە، واتە: وە بەتەواوەتی چاكە بكەن لەگەڵ دایك و باوكدا، واتە خوا فەرمانی كردووە بەوەی كە هیچ كەسێك نەپەرستن جگە لە خۆی (عز وجل)، وە بەتەواوەتی چاكە بكەن لەگەڵ دایك و باوكدا.
ئەم ڕوونكردنەوەیە چەندە جوان و نایابە! چونكە مرۆڤ بە هیچ جۆرێك ناتوانێت پاداشتی خوا بداتەوە لەسەر ناز و نیعمەتەكانی، بۆیە لەكاتی قسەكردن دربارەی خوا فەرمووی: مادام ئێوە ناتوانن چاكە بكەن لەگەڵ خوادا، ئەوا بەلایەنی كەمەوە خۆتان بپارێزن لە ستەمی هاوەڵدانان بۆی؛ سەبارەت بە دایك و باوكیش خوا دەفەرموێت: چاكە بكەن لەگەڵ دایكان و باوكان وەك چۆن ئەوان چاكەیان لەگەڵ ئێوەدا كردووە، چونكە مرۆڤ دەتوانێت پاداشتی ئەو چاكانە بداتەوە كە دایك و باوك كردوویانە بەرامبەری.
فەرمایشتی ﴿عِندَكَ﴾ مەبەست لێی ئەوەیە كە ئەگەر دایك و باوكت لەژێر سەرپەرشتی تۆدا بوون واتە لە ماڵی تۆدا دەژیان و تۆ خەرجی ئەوانت دەكێشا ئەوا نابێت قسەیەك بكەیت كە هەستیان بریندار بكات، چجای ئەوەی ئازاریان بدەیت لەكاتێكدا ئەوان لە ماڵی خۆیاندا بە سەربەخۆ بژین.
خوا لێرەدا سەرپەرشتی كردنی ئەوانی بە تایبەتی باس كردووە چونكە پێكەوە ژیانی بەردەوام زیاتر دەبێتە هۆی جیاوازی و ناكۆكی، هەروەها چونكە ئەگەر مرۆڤ كەسێك بەخێوبكات ئەوا وا دەزانێت مافی هەیە بەسەریەوە.
(أُفٍّ) وشەیەكە بۆ دەربڕینی بێزاری و ناڕەحەتی، وە فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿وَلَا تَنۡهَرۡهُمَا﴾ واتە سەرزەنشتیان مەكە و سەركۆنەیان مەكە.. وەك ئەوەی كە خوای گەورە بفەرموێت: بە قسە و بە كردەوە ئازاریان مەدە.
ئیسلام زۆر هانی خزمەتكردنی دایك و باوكی داوە، پێغەمبەری خوا ﷺ فەرموویەتی: “مَن أَدركَ أحدَ والديه ثم لم يُغفَر له فأَبْعَدَه الله.” (مسند أحمد، بەرگی 4، لاپەڕە 344، مسند الكوفيين، ژمارەی فەرموودە: 18256) واتە ئەو كەسەی كە دەرفەتێكی ئاوا زێڕینی فەوتاند بۆ كردنی ئەو چاكەیە كە بەهۆیەوە لێخۆشبوونی خوا و ڕەزامەندی ئەو بەدەست دەهێنێت، ئەوا هیچ ڕێگەیەك نیە بۆ گەیشتنی بە بەهەشت.
وَٱخۡفِضۡ لَهُمَا جَنَاحَ ٱلذُّلِّ مِنَ ٱلرَّحۡمَةِ وَقُل رَّبِّ ٱرۡحَمۡهُمَا كَمَا رَبَّيَانِي صَغِيرٗا 25
شيكردنەوەی وشەكان:
(واخفِضْ): (خفَض الشيءَ) پێچەوانەی بەرزكردنەوەی ئەو شتە، وە لە قورئاندا ﴿وَٱخۡفِضۡ جَنَاحَكَ لِلۡمُؤۡمِنِينَ﴾ هاتووە واتە خۆت بەكەم بگرە لەبەرامبەریاندا. (خفَض صوتَه): واتە دەنگی خۆی نزم كرد. وە (خفَض الصوتُ نفسُه): واتە خودی دەنگەكەی نەرم و ئاسان كرد (الأقرب).
(جناح): (الجناح): واتە ئەوەی كە باڵندە پێی دەفڕێت، دەستی مرۆڤ، باسك، لا، پەناگە (الأقرب).
(الذُّل): واتە ملكەچ بوون، ئاسانی، نەرم و نیانی و خۆبەكەمزانین (الأقرب).
تەفسیر: بەم لێكچواندنە ناسكە، خوا (عز وجل) ئامۆژگاری مرۆڤی كردووە كە هەمیشە لە خزمەتی دایك و باوكیدا بێت.
هەروەها خوای گەورە هۆشداری داوە كە مرۆڤ بەگشتی بەو شێوەیە خزمەتی دایك و باوكی ناكات وەك چۆن ئەوان لە منداڵیدا خزمەتی ئەویان كردووە، بۆیە فەرمانی پێ كردووە كە هەمیشە دوعای ڕەحمەتیان بۆ بكات، بۆ ئەوەی ئەگەر لە خزمەتكردنیاندا كەموكورتیەكی هەبوو ئەوا بە دوعاكردن بۆیان قەرەبووی بكاتەوە.
پیتی (كاف) بۆ لێكچواندنیش بەكاردێت، بۆیە ڕستەی ﴿كَمَا رَبَّيَانِي صَغِيرٗا﴾ مانای ئەوەیە كە دایك و باوك لە پیریدا پێویستیان بە خزمەتێكە وەك ئەو خزمەتەی كە مناڵ پێویستی پێیەتی.
خوا (عز وجل) ئەم دوعایەی فێركردین لەبەر هۆكارێكی تر، ئەویش ئەوەیە كە ئەو كەسەی بەردەوام دوعا بۆ دایك و باوكی دەكات ئەوا بێگومان گرنگی بە ئەنجامدانی ئەركی خزمەتكردنیشیان دەدات.
رَّبُّكُمۡ أَعۡلَمُ بِمَا فِي نُفُوسِكُمۡ ۚ إِن تَكُونُواْ صَٰلِحِينَ فَإِنَّهُۥ كَانَ لِلۡأَوَّٰبِينَ غَفُورٗا 26
شيكردنەوەی وشەكان:
(أوَّابين): كۆی (أوّاب)ە، شێوگی ڕۆچوونە لە (آبَ إلى الله): واتە لە تاوانەكەی پەشیمان بوویەوە و تۆبەی كرد (الأقرب).
تەفسیر: واتە ئەگەر نیەتی كوڕەكە بە تەواوی چاك بوو ئەوا خوای گەورە عەیبەكانی دەشارێتەوە و هەر كەموكورتیەك ناهێڵێت كە لە خزمەتكردنی دایك و باوكیدا لێیەوە ڕووبدات.
مانای ئەم ئایەتە لە مانای ئەو فەرموودە پیرۆزە دەچێت كە ئێستا باسكرا، واتە ئەم فەرموودەیە: “مَن أَدركَ أحدَ والديه ثم لم يُغفَر له فأَبْعَدَه الله عز وجل”، چونكە ئەمیش دووپاتی دەكاتەوە كە چاكەكاران -واتە ئەو كەسانەی كە بەو فێركارییانە كاردەكەن كە لەسەرەوە باسكراون- خوای گەورە بە لێبوردەیی و لێخۆشبوونەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەكات.
وَءَاتِ ذَا ٱلۡقُرۡبَىٰ حَقَّهُۥ وَٱلۡمِسۡكِينَ وَٱبۡنَ ٱلسَّبِيلِ وَلَا تُبَذِّرۡ تَبۡذِيرًا 27
شيكردنەوەی وشەكان:
(لا تُبذِّرْ): (بذّر المالَ): بەهۆی ئیسڕافەوە پارەكەی بەفیڕۆدا (الأقرب).
تەفسیر: خوای گەورە لێرەدا هۆشداری داوە كە لە ماڵ و سامانی هەموو مرۆڤێكدا مافی كەسوكار و هەژاران و ڕێبواران هەیە. چونكە كەسوكاری مرۆڤ بە چەندین شێوە یارمەتی مرۆڤەكە دەدەن لە بەدەستهێنانی پارە و ساماندا؛ بۆ نموونە ئەگەر دایك و باوك پارە بۆ خوێندنی یەكێك لە مناڵەكانیان خەرج بكەن، ئینجا ئەویش پۆستێكی بەرزی پێ بدرێت، لەكاتێكدا ئەو ئاسانكاریە لەلایەن دایك و باوكەكەوە بۆ خوشك و براكانی نەڕەخسا بێت، ئەوا خوشك و براكانی مافیان هەیە لە ماڵ و سامانەكەیدا، چونكە هەموویان مافیان هەبوو لەو پارەیەی كە بۆ خوێندنەكەی ئەو خەرج كراوە.
سەبارەت بە مافی هەژاران و سواڵكەران و ڕێبواران، خوا (عز وجل) بە ئاشكرا لە ئایەتێكی تردا ئەوەی چەسپاندووە و فەرموویەتی: ﴿وَفِيٓ أَمۡوَٰلِهِمۡ حَقّٞ لِّلسَّآئِلِ وَٱلۡمَحۡرُومِ﴾ (الذاريات: 20).
هەروەها چەندین هۆكار و حیكمەت هەن لە سەلماندنی مافی هەژاران لە ماڵی خەڵكیدا، لەوانە:
یەكەم: ڕۆژگار دەستاودەست دەكرێت، هەژارەكانی ئەمڕۆ دەوڵەمەندەكانی دوێنێ بوون، وە دەوڵەمەندەكانی ئەمڕۆ هەژارەكانی دوێنێ بوون؛ مادام هەژارەكانی ئەمڕۆ چاكەیان لەگەڵ دەوڵەمەندەكانی ئەمڕۆ كردووە كاتێك هەژار بوون، ئەوا ئەمانیش واجبە لەسەریان كە ئێستا یارمەتی ئەوان بدەن. ئەگەر ئێمە لەم چاویلكەیەوە بەشێوەیەكی گشتگیر لە دنیا بڕوانین ئەوا كەسێك نابینین كە ماڵەكەی تەنها موڵكی خۆی بێت، بەڵكو بێگومان مافی كەسانی تری تێدایە.
دووەم: هەموو ئەو شتانەی كە لە دنیادا هەن خوای گەورە بۆ هەموو خەڵكی دروستی كردوون، نەك تەنها بۆ كەسێك. بۆیە ئەگەر كەسێك لەبەر هۆیەك لە هۆكارەكان بوو بە خاوەنی ماڵ و سامانێك ئەوا ئەمە مافی كەسانی تر لە ماڵەكەی هەڵناوەشێنێتەوە چونكە ئەوانیش بەیەكسانی هاوبەشی ئەون لە موڵكداری هەموو شتێك كە لە دنیادا هەیە. بێگومان ئیسلام مافێكی زیادەی بۆ خاوەن ماڵەكە سەلماندووە بەهۆی ئەو هەوڵەی كە بەتایبەتی داویەتی لە بەدەستهێنانی ماڵەكەدا، بەڵام ئەم ماڵ و سامانە تەنھا بە موڵكی ئەو كەسە دانانێت بەجۆرێك هیچ كەسێكی تر بەشدار نەبێت تێیدا.
سەبارەت بە ڕێبواران، هۆكاری سەلماندنی مافیان لە ماڵی كەسانی تردا ئەوەیە كاتێك خەڵكی گەشت دەكەن بۆ وڵاتی ئەو ڕێبوارانە ئەمان چاكەیان لەگەڵ دەكەن، ئەوانیش پێویستە لەكاتی گەشتكردنیاندا بۆ وڵاتی ئەوان خزمەتیان بكەن، بۆ ئەوەی مافی ئەو میواندرایە جێبەجێ بكەن كە پێشكەشیان كراوە.
پێغەمبەری خوا ﷺ سەبارەت بە مافی ڕێبوار فەرموویەتی: ئەگەر لە گوندێكدا دابەزین ئەوا مافی ئەوەتان هەیە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ میوانداری بكرێن. ئینجا هاوەڵان گوتیان: ئەگەر میوانداریان نەكردین ئینجا چی بكەین؟ پێغەمبەری خوا ﷺ فەرمووی: ئەوا ئەو مافە وەربگرن لێیان كە شایستەی میوانە. [لە فەرموودەدا هاتووە: پێغەمبەری خوا ﷺ فەرموویەتی: “هەر كەسێك باوەڕی بە خوا و ڕۆژی دوایی هەیە با ڕێزی میوانەكەی بگرێت، سێ جار ئەمەی فەرموو. گوترا: ئەی پێغەمبەری خوا ڕێزگرتنی میوان چۆنە؟ فەرمووی: سێ ڕۆژە. ئەوەی كە دوای ئەوە دابنیشێت ئەوا سەدەقەی لەسەرە (واتە دوای سێ ڕۆژەكە كابرای خانە خوێ وەك خێر و سەدەقە میوانداریی میوانەكە دەكات).” (مسند أحمد، باقي مسند المكثرين، ژمارەی فەرموودە: 11301) وە لە ڕیوایەتێكدا هاتووە: “لە عوقبەی كوڕی عامرەوە رضي الله عنه كە ئەو فەرمووی: ئێمە گوتمان: ئەی پێغەمبەری خوا تۆ ئێمە دەنێریت، ئینجا ئێمە لە لای گەلێك دادەبەزین و ئەوانیش میوانداریمان ناكەن، ئینجا تۆ چۆن ئەمە دەبینیت؟ پێغەمبەری خوا ﷺ فەرمووی: ئەگەر لەلای گەلێك دابەزین و ئەوانیش ئەوەیان بۆ ئێوە ئەنجامدا كە شایستەی میوانە ئەوا قەبوڵی بكەن، ئەگەر ئەوەیان نەكرد ئەوا ئەو مافەیان لێ وەربگرن كە شایستەی میوانە.” (صحيح البخاري، كتاب الأدب، باب إكرام الضيف وخدمته).]
پێویستە بزانرێت ئەم حوكمە تایبەتە بەو سەردەمەی كە سیستەمی ئیسلامی تێیدا جێگیر بێت، چونكە ئەو كات بێباوەڕانیش دەتوانن لەم سیستەمەدا مافی میواندارێتی كردنیان وەربگرن. لەڕاستیدا ئەگەر دنیا بەم فێركاریە كاری بكردایە ئەوا زۆرێك لەو كارە خراپانە نەدەمان كە بەهۆی هۆتێل و مەیخانەكانەوە دروست بوون، وە گەشتكردنیش -كە یەكێكە لە باشترین هۆكارەكانی پەروەردەكردن و هۆشیاركردنەوەی مرۆڤ- بۆ هەژاران ئاسان دەبوو بۆ هەموو لایەكی جیهان. بەڵام بەداخەوە موسوڵمانان خۆیان ئەم وانەیەیان لەبیركردووە.
لە ڕاستیدا ئەم حوكمە، واتە حوكمی باش مامەڵەكردن لەگەڵ ڕێبواراندا، حوكمێكی گشتیە و زۆرێك لە فیتنە و ئاژاوەكان لە جیهاندا ناهێڵێت، چونكە كێشە و جەنگەكان بەهۆی دووركەوتنەوە و ڕقەوە سەرهەڵدەدەن، بەڵام ئەگەر میوانداریكردنی ڕێبواران بەشێوەیەكی گشتی باو بوایە ئەوا ڕق و كینە لەنێوان گەلاندا نەدەما، وە كێشە و ناكۆكییەكانی نێوان گوند و شارەكان كۆتاییان پێ دەهێنرا؛ چونكە ئەوانەی چێژیان لە میوانداری وڵاتێكی تر بینیوە هەرگیز بیر لە شەڕكردن لەگەڵ خەڵكەكەیدا ناكەنەوە، مەگەر ئەو كەسانەی سروشتێكی پیسیان هەبێت كە ژمارەیان كەمە.
هەروەك كاركردن بەم فێركاریە سیستەم و یاسا لە گوند و شارەكاندا جێگیر دەكات، چونكە بەرپرسیارێتی میوانداری دەكەوێتە سەر هەموو خەڵكی ئاوەدانیەكە، وە ئەنجامدانی ئەم بەرپرسیارێتیە هەموو خەڵكی ئاوەدانیەكە دەكاتە بەشێك لە سیستەمێك كە دەتوانن بەهۆیەوە ئەركی میوانداریكردنی ڕێبواران جێبەجێ بكەن. هەروەك ئەم سیستەمە سوودیان پێ دەگەیەنێت لە كۆمەڵێك كاروباری تریشدا.
هەروەها سەبارەت بە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَلَا تُبَذِّرۡ تَبۡذِيرًا﴾ بزانە كە خەرجكردن لەو بوارانەی كە لە سەرەوە باسكران مانای ئەوە نیە مرۆڤ تەواوی ماڵەكەی بەفیڕۆ بدات، بەڵكو مەبەست لە خەرجیە پێویستییەكانە، نەك ئەوەی مرۆڤ ماڵەكەی بەفیڕۆبدات بە خەرجكردنی لەو شتانەدا كە ڕەوا نیە خەرجییان تێدا بكات. ئیبن مەسعوود گوتوویەتی: “التبذیر: خەرجكردنە لە شتێكدا كە ناحەق بێت.” (ابن كثیر). ئەمە مانای ئەوەیە كە خەرجكردن لەپێناو ئاییندا بەفیڕۆدان نیە، بەڵكو ئەگەر كەسێك هەموو ئەوەی هەیەتی لەپێناو خوادا خەرجی بكات بۆ دابینكردنی پێداویستیەكی ئایینی ئەوا بە كەسێكی بەفیڕۆدەر دانانرێت، چونكە لە شوێنی خۆیدا خەرجی كردووە.
قورئانی پیرۆز مانای بەفیڕۆدانی لە شوێنێكی تردا ڕوونكردووەتەوە بەجۆرێك فەرموویەتی: ﴿وَٱلَّذِينَ إِذَآ أَنفَقُواْ لَمۡ يُسۡرِفُواْ وَلَمۡ يَقۡتُرُواْ وَكَانَ بَيۡنَ ذَٰلِكَ قَوَامٗا﴾ (الفرقان: 68). واتە پێویستە مرۆڤ لە خەرجكردندا میانەڕەو بێت، نە زیادەڕەوی تێدا بكات و نە ڕژد و چرووك بێت.
إِنَّ ٱلۡمُبَذِّرِينَ كَانُوٓاْ إِخۡوَٰنَ ٱلشَّيَٰطِينِ ۖ وَكَانَ ٱلشَّيۡطَٰنُ لِرَبِّهِۦ كَفُورٗا 28
تەفسیر: خوای گەورە دەفەرموێت بەفیڕۆدانی پارە و سامانتان واتە ناشكووری نیعمەتەكانی ئێمە دەكەن. ئێمە ماڵ و سامانمان پێ داون بۆ ئەوەی لە شوێنی خۆیدا خەرجی بكەن، بەڵام ئەگەر لەڕێگەی هەڵەخەرجیەوە بەفیڕۆی بدەن بۆ خۆدزینەوە لە جێبەجێكردنی ئەو ئەركە داراییانەی كە ئێمە فەرمانمان پێ كردوون ئەوا ئەمە تاوانێكە لەلایەن ئێوەوە.
لێرەدا خوای گەورە زۆر بەجوانی و زۆر بە وردی وەڵامی ڕەهبانیەت و ڕێگا هەڵە هاوشێوەكانی دایەوە. ڕەهبانیەت چیە؟ تەنها یەكێكە لە ڕێگاكانی خۆدزینەوە لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی. وە ناكرێت ئەم جۆرە كردەوەیە بە خێر ناوببرێت، بەڵكو بریتیە لە تاوانێكی ئاشكرا و كردەوەیەكی شەیتانی و سوپاس نەكردنی نیعمەتی خوا (عز وجل).
وَإِمَّا تُعۡرِضَنَّ عَنۡهُمُ ٱبۡتِغَآءَ رَحۡمَةٖ مِّن رَّبِّكَ تَرۡجُوهَا فَقُل لَّهُمۡ قَوۡلٗا مَّيۡسُورٗا 29
شيكردنەوەی وشەكان:
(ميسورًا): (الميسور): واتە ئەو شتەی كە ئاسان كراوە، وە پێچەوانەی سەختە، وە چاوگە لەسەر (مفعول) بە مانای ئاسانی، ئاسان، وەك ﴿فَقُل لَّهُمۡ قَوۡلٗا مَّيۡسُورٗا﴾ (الأقرب).
تەفسیر: ئەم ئایەتە لەلای من دوو مانای هەیە:
یەكەم: ئەگەر ڕووت وەرگێڕا لە كەسوكار و هەژاران و ئەوانی تر.. واتە توانات نەبوو یارمەتیان بدەیت لەبەر دەستكورتی.. ئەوا پێویستە لە دڵتدا نیەتێكی ڕاستگۆیانە هەبێت كە یارمەتیان بدەیت كاتێك خوا دەرووت لێ دەكاتەوە؛ هەروەها پێویستە بەوپەڕی نەرم و نیانی و دڵسۆزیەوە ئەم بابەتەیان بۆ ڕوون بكەیتەوە.
دووەم: ئەگەر یارمەتی هەژارانت نەدا بە ئامانجی بەدەستهێنانی ڕەحمەتێك لەلایەن پەروەردگارتەوە.. واتە پێت وا بێت ئەگەر پارە و ماڵیان بۆ خەرج بكەیت ئەوا ئەمە دەبێتە هۆی خراپبوونی ئایین و ڕەوشتیان.. ئەوا پێویستە بەوپەڕی نەرمونیانی و دڵسۆزیەوە ئەم بابەتیان بۆ ڕوون بكەیتەوە. وەك ئەوەی خوا (عز وجل) بفەرموێت: ئەگەر پارە و سامانت خەرج نەكرد بۆیان ئەوا پێویستە لەبەر ئەوە بێت كە ڕەحمەتی خوات دەوێت بۆیان نەك لەبەر ئەوە بێت كە ڕژد و چرووكیت. بۆ نموونە سواڵكەرێك كە جەستەی ساغ و بەهێزە و دەست پان دەكاتەوە لە خەڵكی، ئەگەر كەسێك یارمەتی نەدات لە ترسی بڵاوبوونەوەی عادەتی سواڵكردن لەناو خەڵكیدا ئەوا ئەمە دروستە، بە مەرجێك ئەم یارمەتینەدانە بەهۆی ڕەزیلی و چرووكیەوە نەبێت. هەروەها ئەگەر سواڵكەرەكە كەسێكی موسریف بوو یان بۆ نموونە ئالوودەی ماددەی سەرخۆشكەر یان ئەفیون بوو، ئینجا كەسێك هیچ شتێكی پێ نەدا ئەوا بە تاوانبار لەقەڵەم نادرێت بەڵكو كارێكی چاكی كردووە؛ بە مەرجێك نیەتی ئەوە بێت كە ئەگەر پارەی پێ بدات ئەوا زیاتر تەندروستیی تێكدەدات، وە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی خراپە لە وڵاتدا، وە ئەگەر پارەی پێ نەدا ئەوا كۆتایی بە ئالودەبوونەكەی دێت، وە سوودیش بە كۆمەڵگە دەگەیەنێت. لە فەرموودەی پیرۆزدا هاتووە كە پێغەمبەری خوا ﷺ لەكاتی داواكردنی سواڵكەرانی لەم شێوەیە بێدەنگ بووە یان ئامۆژگاریی كردوون. (سەیری النسائي بكە، الزكاة، باب مسألة القوي المكتسب، وأبو داود، الزكاة).
وَلَا تَجۡعَلۡ يَدَكَ مَغۡلُولَةً إِلَىٰ عُنُقِكَ وَلَا تَبۡسُطۡهَا كُلَّ ٱلۡبَسۡطِ فَتَقۡعُدَ مَلُومٗا مَّحۡسُورًا 30
شيكردنەوەی وشەكان:
(مغلولةً): (اسم مفعول)ە لە (غلَّ فلانًا): واتە كۆتی كردە دەست یان ملی (الأقرب).
(محسورًا): (حسَر الشيءَ): واتە ئاشكرای كرد. (حسَر الغصنَ): واتە توێكڵەكەی لابرد. (حسَر البعيرَ): واتە وشترەكەی لێ خوڕی هەتا ماندووی كرد. (حسَر البيتَ): واتە ماڵەكەی خاوێن كردەوە، گسكی لێ دا (الأقرب).
تەفسیر: خوا (عز وجل) لێرەدا ئامۆژگاریمان دەكات كە لەكاتی خەرجكردندا دەستەكانتان مەبەستنەوە بە گەرندنتانەوە.. واتە لەكاتی پێویستدا دوودڵ مەبن لە خەرجكردن، هەروەها دەستەكانیشتان بە تەواوی پان مەكەنەوە بۆ خەرجكردن، بەمەش خەرجی لەو شتانەدا بكەن كە پێویست نین، بەڵكو تەنها لەكاتی پێویستیدا پارە و سامان خەرج بكەن، بۆ ئەوەی خەرجكردنی هەڵە و نابەجێ ڕێگریتان لێ نەكات لە خەرجكردن لە شوێنی خۆیدا، بەمەش لە خێر و چاكە بێبەش بن.
خەرجكردنی هەڵە و نابەجێ دوو زیانی هەیە: یەكەم: ئەو كەسەی لە شوێنی ناپێویستدا خەرج دەكات دەبینێت لەكاتی پێویستی ڕاستەقینەدا گیرفانی خاڵیە، لەكاتێكدا هاوەڵەكانى بە بەخشندەییەوە دەبەخشن و خەرج دەكەن ئەویش بە خەفەت و سەرسوڕمانەوە بۆیان دەڕوانێت، وە خەڵكی سەرزەنشتی دەكەن و دەڵێن: ئەمڕۆ وڵات یان گەل پێویستی بە یارمەتی دارایی هەیە، بەڵام ئەو هیچ ناڵێت و ناجووڵێت.
زیانی دووەم ئەوەیە كە ئەو كەسەی لە شوێنی ناپێویستدا خەرج دەكات لەم جۆرە بارودۆخانەدا دەبێتە كەسێكی (محسور) واتە ڕووت.. واتە كاتێك شكست دەهێنێت لە یارمەتیدانی گەلەكەی لەكاتی سەختیدا، ڕسوا دەبێت و خەوش و ناتەواویەكانی ئاشكرا دەبن بۆ خەڵكی، بەجۆرێك دەزانن ئەو كەسێكی گەمژەیە و نەیتوانیوە پارە و سامانی خۆی بپارێزێت، و ئەمڕۆ بووە بە بار بەسەر كەسانی ترەوە.
وە ماڵی (المحسور) ئەو ماڵەیە گسكی لێ درابێت، وە بە لەبەرچاوگرتنی ئەم مانایە ئەم ئایەتە مانای ئەوەیە ئەگەر تۆ میانڕەو نەبوویت لە خەرجكردندا ئەوا ماڵەكەت گسكی لێ دەدرێت و هیچ شتێكی تێدا نامێنێت.
إِنَّ رَبَّكَ يَبۡسُطُ ٱلرِّزۡقَ لِمَن يَشَآءُ وَيَقۡدِرُ ۚ إِنَّهُۥ كَانَ بِعِبَادِهِۦ خَبِيرَۢا بَصِيرٗا 31
تەفسیر: خوا (عز وجل) لێرەدا ڕوونیكردووەتەوە كە ڕزق و ڕۆزی فراوان دەبەخشێت بە هەندێ كەس لەكاتێكدا ڕۆزی هەندێكی تر تەسك دەكاتەوە، بۆ ئەوەی بزانێت ئایا دەوڵەمەند یارمەتی هەژار دەدات. ئەگەر ئێوە پارەكانتان پاراست بۆ ئەوەی بەهۆیەوە تا مەودایەكی زیاتر خزمەتی بەندەكانی خوا بكەن ئەوا ئەمە چاكەیەكی زۆر مەزنە.
موعجیزەی قورئان چەندە گەورەیە! لەكاتێكدا موسوڵمانان تووشی جۆرەها ئازار و ئەشكەنجە دەبوون لە مەككەدا، قورئان دەستی كرد بە ڕوونكردنەوەی ئەو حوكمانە بۆیان كە لەكاتی گەشەكردن و سەركەوتنیاندا پێویستیان پێیان دەبێت. ئایا جگە لەو كەسەی كە توانای تەواوەتی هەیە ئەم شتانە بەدی بهێنێت، كەسێكی تر دەتوانێت قسەی وا بكات؟ كەواتە ئەم قورئانە هەڵبستراوی مرۆڤ نەبووە، چونكە ئەگەر یەكێك لە مرۆڤەكان هەوڵی بدایە قسەیەكی وا بكات.. لە قۆناغی مەككەدا و لەو بارودۆخە تاریكەی كە موسوڵمانان تێیدا دەژیان.. ئەوا دەمی وشك دەبوو و قوڕگی دەگیرا.
وَلَا تَقۡتُلُوٓاْ أَوۡلَٰدَكُمۡ خَشۡيَةَ إِمۡلَٰقٖ ۖ نَّحۡنُ نَرۡزُقُهُمۡ وَإِيَّاكُمۡ ۚ إِنَّ قَتۡلَهُمۡ كَانَ خِطۡٔٗا كَبِيرٗا 32
شيكردنەوەی وشەكان:
(إملاق): (أَملَقَ الرجلُ): واتە پارەكەی خەرج كرد هەتا هەژار بوو (الأقرب).
(خِطْئًا): (الخِطْءُ): واتە تاوان، ئەو تاوانەی كە بە ئەنقەست ئەنجام دەدرێت (الأقرب).
تەفسیر: لە ڕكووعی پێشوودا (ئایەتەكانی 24-31) خوا فەرمانی كردووە كە چاكە لەگەڵ خەڵكدا بكەن، بە مەرجێك چاكەكەتان نەبێتە هۆی زیاتر خراپبوونی خەڵكی، یان ببێتە هۆی خراپبوونی خۆتان، بەڵام ئێستا خوا (عز وجل) دەفەرموێت: ﴿وَلَا تَقۡتُلُوٓاْ أَوۡلَٰدَكُمۡ خَشۡيَةَ إِمۡلَٰقٖۖ﴾.. واتە مناڵەكانتان مەكوژن لە ترسی خەرجكردنی پارە و سامان بۆیان. پێویستە بزانرێت ئەم قەدەغەكردنە بۆ كوشتنی كچان نیە، چونكە قورئانی پیرۆز لە هیچ شوێنێكدا نەیفەرمووە خەڵكی لە ترسی خەرجكردنی پارە و سامان بۆ كچەكان ئەوانیان دەكوشت، بەڵكو كوشتنی ئەوانی بۆ ئەو شەرمەزاریی و سەرشۆڕیە گەڕاندووەتەوە كە هەندێ كەس لەكاتی لەدایكبوونیاندا هەستیان پێ دەكرد.
هەروەها ناكرێت ئەم ئایەتە تەفسیر بكرێت بەوەی كە مناڵەكانتان مەكوژن لەبەر هەژاری و دەستكورتی، چونكە (الإملاق) مانای هەژاری و تەنگدەستی دارایی نیە، بەڵكو مانای خەرجكردن دەدات، وە مەبەست لەم ئایەتە ئەوەیە: مناڵەكانتان مەكوژن لە ترسی خەرجكردن بۆیان واتە بۆ ئەوەی ماڵ و سامانیان بۆ خەرج نەكەن.
لێرەدا پرسیارێك دێتە پێشەوە: ئایا لە دنیادا كەسێك هەیە مناڵەكانی خۆی بكوژێت لە ترسی خەرجكردنی پارە و سامان بۆیان؟ لەڕاستیدا لەناو ئەو كەسانەدا كە عەقڵیان ساغە كەسێك نابینین كە تاوانی كوشتنی منداڵەكانی خۆی ئەنجام بدات لە ترسی خەرجكردن بۆیان، بەڵكو تەنانەت لەناو ئەو كەسانەشدا كە پارەیان نیە كەسێك نیە ئەو كارە بكات. كەواتە كوشتن لێرەدا مانا باوەكەی خۆی نابەخشێت، بەڵكو مانایەكی تری هەیە، وە پێویستە توێژینەوە بكەین لە ژیانی مرۆڤەكان بۆ گەڕان بەدوای ئەم “تاوانە”دا.
كاتێك ئێمە توێژینەوە دەكەین لە بارودۆخی خەڵكی بە جیاوازی چین و توێژەكانیانەوە، دەبینین كۆمەڵێك هەن بەهۆی چرووكی و ڕەزیلیەوە منداڵەكانیان بەشێوەیەكی ڕاست و دروست پەروەردە ناكەن، بەجۆرێك وەك پێویست خۆراكیان پێ نادەن، یان ئەو خواردنانەیان پێ نادەن كە پێویستە بۆ گەشەكردنیان بەشێوەیەكی ڕاست و دروست. گومانی تێدا نیە كە لە دنیادا كەسێكی ڕژد و چرووك نیە منداڵەكانی خۆی بكوژێت بەوەی ژەهر بكاتەناو خواردنەكەیان یان بیانخنكێنێت لە ترسی خەرجكردنی پارە و سامان بۆیان.. مەگەر تەنها لەناو شێتەكاندا كەسێكی لەو شێوەیە هەبێت، بەڵام لەناو خاوەن عەقڵەكاندا چەندە زۆرن ئەو كەسانەی كە بەهۆی چرووكیەوە خواردن و جلوبەرگی گونجاو دابین ناكەن بۆ مناڵەكانیان، بۆیە هەندێ جار مناڵەكانیان لەبەر خراپی و نزمی كواڵیتی خواردنەكە نەخۆش دەكەون، یان بەهۆی خراپی جلوبەرگەوە تووشی نەخۆشی كوشندە دەبن بۆ نموونە وەكو هەوكردنی سییەكان. ئەم كەسە ڕژد و چرووكانە لە هەموو جیهاندا بە هەزاران و بە ملیۆنان هەن.
وە دەكرێت ئەم ئایەتە مانای كوشتنی مناڵان بدات لەڕووی ئەخلاقی و ڕۆحیەوە، بەجۆرێك باوكان دەرفەتی خوێندنی گونجاویان بۆ دابین ناكەن لە ترسی خەرجكردنی پارە. بۆیە خوا باوەڕداران قەدەغە دەكات لەو كارە، وە ئامۆژگاریان دەكات كە هەرگیز دوودڵ نەبن لە خەرجكردنی پارە و سامان بۆ مناڵەكانیان بۆ دڵنیابوون لە تەندروستی و ڕەوشتیان.
هەروەها بۆ پیشاندانی ئەم كارە خراپە بەشێوەیەكی قێزەون، خوا (عز وجل) وشەی “كوشتن”ی بەكارهێناوە، چونكە مرۆڤ بە سروشتی خۆی ڕقی لە كوشتنی مناڵەكانیەتی. بۆیە خوا ئاگادارمان دەكاتەوە كە ئێوە بە هیچ جۆرێك ناتوانن بە دەستی خۆتان مناڵەكانتان بكوژن، بەڵام بەشێوەی تر دەیانكوژن، كاتێك بەهۆی چرووكی و ڕەزیلیەوە گرنگی نادەن بە دابینكردنی خواردن و جلوبەرگی گونجاو بۆیان، بەم شێوەیە تەندروستیان تێكدەدەن، یان كەمتەرخەمی دەكەن لە پەروەردەكردن و فێركردنیاندا بەمەش لەڕووی ئەخلاقیەوە دەیانكوژن.
هۆكارێكی تریش هەیە بۆ بەكارهێنانی وشەی “كوشتن” ئەویش ئەوەیە كە ئەگەر خوای گەورە تەنها بەوە ڕازی بوایە كە بفەرموێت: پێویستە ئێوە پارە و سامان خەرج بكەن بۆ مناڵەكانتان، ئەوا ئاماژە بەو كاریگەریە نەرێنیە ناڕاستەوخۆیانەی تر نەدەكرا كە ڕووبەڕووی ژیانی مناڵان دەبوونەوە، بەڵام ئەم دەربڕینە قورئانیە ئەم ئامانجەی هێنایەدی، كاتێك ئاماژەی بە هەموو ئەو كاریگەریە نەرێنیە ناڕاستەوخۆیانە كرد كە مناڵان ڕووبەڕووی دەبنەوە وەك گرنگینەدانی پیاو بە خواردن و جلوبەرگی دایكەكە وەك پێویست، یان ماندووكردنی بە كاری زۆر لەكاتی سكپڕی یان شیرداندا. هەموو ئەمانە كاریگەری نەرێنیان لەسەر مناڵان هەیە، بەمەش یان كۆرپەلە لەباردەچێت یان منداڵەكە بە نەخۆشیەوە لەدایك دەبێت.
هەروەها دەكرێت ئەم ئایەتە تەفسیر بكرێت بەو مانایەی كە هەندێك لە سۆفیەكان باسیان كردووە، ئەویش ئەوەیە: ڕێگە مەدەن بە سكپڕی لە ترسی ئەوەی كە نەوەك مناڵ زۆر بێت و خواردن بەشیان نەكات، چونكە ئەم ڕەفتارە وەك كوشتنی منداڵ وایە كە لە هەموو بارودۆخێكدا كارێكی حەرام و خراپە.
بەڵام ڕێگەگرتن لە سكپڕی لە هەندێ بارودۆخدا دروستە، بۆ نموونە ئەگەر ژنەكە نەخۆش بێت. چونكە ئەو بیانووەی كە ڕەتكراوەتەوە لە بارەی كوشتنی مناڵانەوە -كە ترسی خەرجكردنی پارە و سامانە بۆیان- بیانوویەكی خەیاڵی و نادیارە، و ئەم جۆرە بیانووە بۆ ڕێگەگرتن لە سكپڕیش ڕەتكراوەتەوە؛ بەڵام ڕێگەگرتن لە سكپڕی بە پشتبەستن بە بیانوویەكی دیار و بەرجەستە و مەترسییەكی بەدیكراو حەرام نیە.
سەرەڕای ڕێگریكردن لە سكپڕی، لەباربردنی كۆرپەلەش لە هەندێك حاڵەتدا دروستە، وەك ئەوەی ژنە دووگیانەكە مەترسی مردنی هەبێت ئەگەر بەشێوەیەكی سروشتی مناڵەكەی ببێت. چونكە ناتوانین دڵنیا بین لەوەی كە ئایا كۆرپەلەكە بەزیندوویی لەدایك دەبێت یان بە مردوویی، وە ئایا دوای لەدایكبوون دەژی یان نا؛ بەڵام دایكەكە وەك ئەندامێكی بە سوود لە كۆمەڵگەدا بوونی هەیە، بۆیە ئەو زیانەی كە دڵنیاین لە ڕوودانی زاڵ و پەسەند دەكرێت بەسەر ئەو زیانەى كە دەكرێت ڕووبدات، بۆیە كۆرپەلەكە لەباردەبرێت.
كەواتە قورئانی پیرۆز قەدەغەكردنی كوشتنی مناڵەكانی گرێداوە بە مەرجی “ترسان لە خەرجكردنی پارە و سامان بۆیان” بۆ ئەوەی تیشك بخاتەسەر بابەتێكی فراوان كە بریتیە لە بایەخدان بە هۆشیاركردنەوە و سەرپەرشتی كردنی مناڵان و پاراستنی تەندروستی دایك و ژیانە گرانبەهاكەی. ئەمەش لایەنێكی ترە لە كورتبڕی قورئان كە موعجیزەیە و مەحاڵە لە هیچ كتێبێكی تردا هاوشێوەی بدۆزرێتەوە، بەڵكو لەڕاستیدا بابەتێكی تاقانە و بێوێنەیە و هیچ یەكێك لە كتێبە ئاسمانیەكان جگە لە قورئانی پیرۆز ئاماژەی پێنەكردووە.
سەبارەت بە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿إِنَّ قَتۡلَهُمۡ كَانَ خِطۡٔٗا كَبِيرٗا﴾، پێویستە بزانرێت جیاوازی هەیە لەنێوان (الخِطْءِ) و (الخَطَأ)دا، چونكە (الخِـطْءَ) ئەو تاوانەیە كە بە ئەنقەست ئەنجام دەدرێت، بەڵام (الخَطَأ) مانای ئەو تاوانەیە كە بە ئەنقەست یان بەبێ ئەنقەست ئەنجام درابێت. كەواتە بە بەكارهێنانی وشەی (الخِطْء) قورئانی پیرۆز ئاماژەی بەوە داوە كە كوشتنی مناڵ تاوانێكە سروشت ڕەتیدەكاتەوە.. بەو مانایەی تەنها كەسێك ئەو كارە قێزەونە دەكات كە هەستە سروشتیەكانی مرد بێت.
هەروەها دەربڕینە قورئانیەكە ﴿إِنَّ قَتۡلَهُمۡ كَانَ خِطۡٔٗا كَبِيرٗا﴾ ئەمیش جەخت لەوە دەكاتەوە كە كوشتن لێرەدا مانای ئەوە نادات كە بە ژەهر یان چەك ئەنجام دەدرێت، چونكە ئەم دەربڕینە ئاماژە بەوە دەدات كە ئەم جۆرە كوشتنە بەزۆری ئەنجام دەدرێت، بەڵام ئێمە هەرگیز دیاردەی كوشتنی مناڵان لەلایەن دایك و باوكەوە لە هیچ وڵاتێكدا بەڕێژەیەكی وەها زۆر نابینین كە بە تاوانێكی گشتی دابنرێت.
هەروەها ئەو شتەی كە ئاماژە بەوە دەكات كوشتن لێرەدا بە مانای ماددی نەهاتووە ئەوەیە كە قورئانی پیرۆز لەدواییدا بەجیا حوكمەكانی كوشتنی باس كردووە، وە ئەو حوكمانە كوشتنی مناڵیش دەگرێتەوە. كەواتە كوشتن لێرەدا مانایەكی تایبەتی هەیە.
هەروەها بە فەرمایشتی ﴿نَّحۡنُ نَرۡزُقُهُمۡ وَإِيَّاكُمۡۚ﴾ ڕوونیكردەوە كە ڕۆزی مناڵ لە ڕۆزی دایك و باوكدا جێگیر كراوە، بۆیە نابێت لێی بێبەش بكرێت؛ لەبەر ئەوە فەرموویەتی ﴿نَرۡزُقُهُمۡ﴾ پێش ﴿وَإِيَّاكُمۡۚ﴾.
وَلَا تَقۡرَبُواْ ٱلزِّنَىٰٓ ۖ إِنَّهُۥ كَانَ فَٰحِشَةٗ وَسَآءَ سَبِيلٗا 33
شيكردنەوەی وشەكان:
(فاحشة): ئەو تاوانانەی كە زۆر قێزەونن، وتراویشە: هەموو ئەو شتانەی كە خوا قەدەغەی كردوون (الأقرب).
تەفسیر: لێرەدا قەدەغەكردنی زینا دەستبەجێ دوای قەدەغەكردنی كوشتنی مناڵان هاتووە، ئەمەش ئاماژەیەكی وردە بۆ ئەوەی كە زیناش دەبێتە هۆی كوشتنی مناڵان؛ ئەمەش لەبەر دوو هۆكار: یەكەمیان ئەوەیە كە خەڵكی بەگشتی هەوڵی لەباربردنی كۆرپەی حەرام دەدەن، وە دووەمیان ئەوەیە كە ئەگەر كۆرپەی حەرام لەناونەبردرێت ئەوا ئاشكرایە باوكەكە -بەزۆری- بەشداری ناكات لە گەورەكردن و پەروەردەكردنی مناڵە حەرامەكەی، بەمەش داهاتووی مناڵەكە بەگشتی لەناودەچێت، وە بێبەش دەبێت لەو میراتگرەی كە پێویستە لەسەری سەرپەرشتی بكات و بەخێوی بكات.
بە بەكارهێنانی دەستەواژەی “ولا تَقرَبوا الزنا” خوا ئاگاداری كردووینەتەوە لە پێویستی خۆپاراستن لە شوێنەكانی زینا.. بۆیە پێویستە مرۆڤ لەگەڵ نامەحرەمەكاندا بە تەنها كۆنەبێتەوە، وە خۆی بپارێزێت لە تێكەڵاوبوون لەگەڵیان بە پێی توانا و دووربكەوێتەوە لە شوێنەكانی تری زینا.
پێویستە بزانرێت یەكێك لە چاكیە گەورەكانی قورئان ئەوەیە كە تەنها قەدەغەی تاوان ناكات، بەڵكو ئەو ڕێگایانەش پیشان دەدات كە مرۆڤ دووردەخەنەوە لە ئەنجامدانی تاوان؛ وە هیچ گومانێكی تێدا نیە كە ئەم جۆرە فێركاریە بە تەنها بەسە بۆ پاراستنی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی. بەڵام ئەو كتێبەی كە ڕێنمایی مرۆڤ ناكات بۆ ئەو هۆكارانەی كە یارمەتی دەدەن بۆ دووركەوتنەوە لە تاوان ئەوا مرۆڤەكە تووشی سەرلێشێواوی و پەشۆكان دەكات. ئەوەی دڵنیایی و ئارامی بە مرۆڤ دەبەخشێت تەنها ئەو كتێبەیە كە قەدەغەی شتێكی بكات ئینجا ئاگاداری بكاتەوە لە هۆكارەكانی خۆپاراستن لێی، بۆ ئەوەی مرۆڤ دڵنیابێتەوە لەوەی كە دەتوانێت كار بەو فەرمانە بكات كە پێی كراوە. بۆ نموونە، ئینجیل دەڵێت: بە نیازی خراپەوە سەیری ئافرەت مەكە، بەڵام قورئانی پیرۆز لە بنەڕەتەوە سەیركردنی نامەحرەمی قەدەغە كردووە. چونكە ئەگەر دەرفەت بدرێت بە حەزی سێكسی كە هەڵە لە دڵدا دروست بكات ئەوا خۆپاراستن لێی زۆر سەخت دەبێت ئەگەر مەحاڵ نەبێت. بۆیە خوا لێرەدا ئامۆژگاریمان دەكات كە دووربكەوینەوە لە شوێنەكانی تاوان بۆ ئەوەی بەردەوام بتوانین قەڵاچۆی بكەین.
هەندێك كەس تانەیان لەم فێركارییە داوە و گوتوویانە: ئەمە ترسنۆكیە! بەڵام ئەمە هیچ ترسنۆكی نیە، بەڵكو وریایی و خۆپاراستنە؛ وە هیچ كەسێكی ژیر وریایی بە ترسنۆكی دانانێت. چونكە خەڵكی دوو جۆرن: یەكەمیان ئەوەیە كە دەتوانێت خۆی بپارێزێت لە تاوان گەر نزیكیشی بكەوێتەوە، وە ئەم جۆرە كەسە فەرمانی پێ كراوە كە دووربكەوێتەوە لە شوێنەكانی تاوان چونكە ئەگەرچی ئەو دەتوانێت خۆی بپارێزێت لە ئەنجامدانی تاوان سەرەڕای نزیكبوونەوەی لێی، بەڵام لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی كە هەندێ كەسی لاوازی تر نزیك ببنەوە لە شوێنەكانی تاوان، بەمەش بەهۆی ئەوەی كە لاوازن دەبنە نێچری تاوانەكە. بۆیە نابێت ببێتە هۆی هەڵخلیسكاندنی كەسانی تر.
جۆری دووەمیان ئەو كەسانەن كە ناتوانن خۆیان بپارێزن لە تاوان ئەگەر هۆكارەكانی بەردەست بوون. حیكمەتەكە ڕوون و ئاشكرایە كە بۆچی قەدەغەكراون لە نزیكبوونەوە لە شوێنەكانی تاوان. بۆیە چ مرۆڤ بتوانێت خۆی بپارێزێت لە تاوان سەرەڕای نزیكبوونەوەی لە شوێنەكانی تاوان یان نا، پێویستە نزیك نەبێتەوە لە هۆكارەكانی.
هەروەك ئەگەر مرۆڤ دووربكەوێتەوە لەو شتانەی كە بەرژەوەندی و سوودیان تێدایە بۆی ئەوا دەكرێت كارەكەی بە ترسنۆكی ناوببرێت، بەڵام دووركەوتنەوەی لەو شتانەی كە هیچ سوود و بەرژەوەندیان تێدا نیە هەرگیز بە ترسنۆكی دانانرێت.
هەروەها خوای گەورە بە فەرمایشتی ﴿وَسَآءَ سَبِيلٗا﴾ هۆشداری داوە كە لە زینادا چەندین زیانی تر هەیە جگە لەوەی كە تاوانێكی ئەخلاقیە. بۆ نموونە ئەوەی كە دەیەوێت ژن بهێنێت ڕەچاوی ئەوە دەكات كە كچەكە تەندروستی باش بێت، وە هیچ نەخۆشیەكی درمی نەبێت، وە خاوەنی ڕەوشت و ڕەفتارێكی باش بێت، هەروەها كەسوكاری كچەكەش زۆر بەوریاییەوە لە هەزار ڕووەوە لە كوڕەكە دەكۆڵنەوە. بەڵام ئەم ڕێوشوێنانە لەكاتی زینادا ناگیرێنە بەر، چونكە تەنها لەكاتی ورووژانی هەستی سێكسیدا زینا ئەنجام دەدرێت، كاتێك كە ئەنجامدەرەكەی ناتوانێت هیچ ڕێكارێكی خۆپارێزی بگرێتەبەر، وە ئەنجامەكەی بریتیە لە بڵاوبوونەوەی زۆر نەخۆشی و تێكچوونی باری ئابووری. لەبەر ئەم هۆكارە خوا ئاگاداری كردووینەتەوە لێی، وە فەرموویەتی تێركردنی ئارەزووی سێكسی بەم ڕێگەیە زۆر مەترسیدارە.
لەگەڵ ئەوەی ئەو پەیوەندیەی كە لەنێوان زیناكاری ژن و پیاودا هەیە لە پەیوەندی نێوان هاوسەران دەچێت، بەڵام تێبینی ئەوە كراوە ئەو نەخۆشیانەی كە بەهۆی زیناوە پەیدا دەبن لەنێوان هاوسەران بڵاونابنەوە، یان زۆر دەگمەنن. ئەگەر حاڵەتەكانی تووشبووان بە سیفلیس و گۆنۆڕیا لە جیهاندا بپشكنن ئەوا دەبینن كە ژمارەی ئەوانەی كە لە هاوسەرەكانیانەوە تووشی ئەم نەخۆشیە بوون لە سەدا یەك تێناپەڕێنن، لەكاتێكدا نەوەد و نۆ لە سەدی ئەوانەی تریان یان زیاتریش بەهۆی زیناوە تووشی ئەم نەخۆشیە دەبن. لەڕاستیدا گواستنەوەی ئەم نەخۆشیە لەنێوان هاوسەرانیشدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجامدانی زینا لە ڕابردوودا.
بە فەرمایشتی ﴿وَسَآءَ سَبِيلٗا﴾ خوای گەورە ئاگاداری كردووینەتەوە لە ڕاستیەكی مەزن كە بۆ هەموو كەسێك ڕوون و ئاشكرایە، بەڵام كەمێك لە خەڵكی گرنگی پێ دەدەن.
وَلَا تَقۡتُلُواْ ٱلنَّفۡسَ ٱلَّتِي حَرَّمَ ٱللَّهُ إِلَّا بِٱلۡحَقِّ ۗ وَمَن قُتِلَ مَظۡلُومٗا فَقَدۡ جَعَلۡنَا لِوَلِيِّهِۦ سُلۡطَٰنٗا فَلَا يُسۡرِف فِّي ٱلۡقَتۡلِ ۖ إِنَّهُۥ كَانَ مَنصُورٗا 34
شيكردنەوەی وشەكان:
(سلطانًا): (السلطان): واتە بەڵگە، دەسەڵات، توانای پاشا (الأقرب).
(فلا يُسرِفْ): (أسرفَ في كذا): واتە سنووری تێپەڕاند و زیادەڕەوی تێدا كرد (الأقرب).
تەفسیر: لە دوو ئایەتەكەی پێشوودا باسی دوو شێواز لە كوشتنی شاراوە كراوە، بەڵام ئێستا خوای گەورە بڕیاری خۆی دەدات دەربارەی كوشتنی ئاشكرا و دەفەرموێت: نابێت ئەو كەسە بكوژرێت كە خوا كوشتنی حەرام كردووە مەگەر بە حەق.
خوا فەرموویەتی ﴿إِلَّا بِٱلۡحَقِّۗ﴾، چونكە وشەی نەفس بەكاردێت بۆ هەموو بوونەوەرێك كە هەناسە دەدات، هەموو جۆرەكانی ئاژەڵ و ڕووەكیش دەچنەناو ئەم چوارچێوەیەوە، بەڵكو لێكۆڵینەوە زانستیە هاوچەرخەكان ئەوە دووپات دەكەنەوە كە ڕووەكەكانیش هەناسە دەدەن (The Plant World, Vol. 5 P. 19). بۆیە ئەم جیاكردنەوەیە هاتووە چونكە كوشتنی شتەكانی تر لە خودی خۆیدا حەرام نیە لە حاڵەتە تایبەتەكاندا نەبێت؛ بۆ نموونە كوشتنی هەر ئاژەڵێك لە حەرەمی پیرۆزدا حەرامە، هەروەها كوشتنی ئاژەڵێك كە موڵكی كەسێكی تر بێت حەرامە، هەروەها كوشتنی ئەو ئاژەڵانەی كە حەڵاڵن بە هەر ڕێگەیەك جگە لە ڕێگەی سەربڕین حەرامە. بۆیە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿إِلَّا بِٱلۡحَقِّۗ﴾ دوو ئامانجی هێناوەتەدی؛ یەكەمیان تایبەتمەندكردنی ئەم حوكمە بە خەڵكی نەك بە ئاژەڵ، دووەمیان جیاكردنەوەی ئەوانەی كە كوشتنیان دروستە لەبەر هەندێ هۆكار، وەك ئەوەی كەسێك كەسێكی تر دەكوژێت، یان ئەو كەسەی كە هێرش دەكاتە سەر كەسێكی تر بە نیەتی كوشتن.
هەروەها بەهۆی بەكارهێنانی دەستەواژەی ﴿إِلَّا بِٱلۡحَقِّۗ﴾ ئاماژە بۆ ئەوە كراوە كە كوشتنی كەسێكی لەم شێوەیە تەنها كاتێك دروستە كە لەلایەن خواوە حەق بە كوشتنی بدرێت. وەك ئەوەی خوا (سبحانه وتعالى) بفەرموێت: هەروەك چۆن قەدەغەكردنی كوشتن لەلایەن منەوەیە، بە هەمان شێوە پێویستە ئیزنی كوشتنی كەسێكیش هەر لە من وەربگیرێت. ئەم مەرجە خواییە دەرفەتی هەڵگیرسانی جەنگەكانی كەم كردووەتەوە، هەروەها بازنەی بژاردەی حكومەتیشی بەرتەسك كردووەتەوە دەربارەی دەركردنی سزای لە سێدارەدان. بۆ نموونە ئەگەر مامان مناڵێكی كوشت بە بیانووی ئەوەی كە دایكی فەرمانی پێ كردووە بیكوژێت، یان ئەگەر فەرمانڕەوا بە ناحەق فەرمانی كوشتنی كەسێكی بێتاوانی دەركرد، ئەوا فەرمانڕەوا و مامانەكە بە بێتاوان دانانرێن لە تاوانەكەدا، ئەمەش بەهۆی ئەم مەرجەوە كە فەرموویەتی: ﴿إِلَّا بِٱلۡحَقِّۗ﴾، چونكە كوشتنی كەسێك تەنها بۆ كەسێك دروستە كە مافی كوشتنی لەلایەن بەدیهێنەرەكەیەوە پێ بدرێت.
سەبارەت بە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَمَن قُتِلَ مَظۡلُومٗا فَقَدۡ جَعَلۡنَا لِوَلِيِّهِۦ سُلۡطَٰنٗا فَلَا يُسۡرِف فِّي ٱلۡقَتۡلِۖ﴾، پێویستە بزانرێت وەلی كەسێك هەر كەسێكە كە میراتی لێ دەبات. هەروەها وەلی ئەو كەسەیشە كە مرۆڤ خۆی دیاریدەكات بۆ سەرپەرشتیكردنی كارەكانی، هەروەك ڕیوایەت كراوە كاتێك دوژمنان پیلانیان دەگێڕا بۆ تیرۆركردنی گەورەمان عوسمان (رضي الله عنه)، موعاویە (رضي الله عنه) پێشنیاری بۆ كرد كە بیكاتە وەلی خۆی بۆ ئەوەی یاخیبووەكان بزانن كەسێك هەیە كە تۆڵەی بۆ دەسێنێت، بەمەش سڵ بكەنەوە لە كوشتنی، بەڵام عوسمان (رضي الله عنه) پێشنیارەكەی ڕەتكردەوە و فەرمووی: من دەترسم كە بەزەییت بە موسوڵماناندا نەیەتەوە و دڵڕەق بیت بەرامبەریان. لەمەوە دەردەكەوێت كە دەستنیشانكردنی وەلی لەم جۆرە دروستە.
هەروەها (سلطان) مانای زاڵبوون و بەڵگە دەگەیەنێت، كەواتە مەبەست لە فەرمایشتی خوا ﴿فَقَدۡ جَعَلۡنَا لِوَلِيِّهِۦ سُلۡطَٰنٗا﴾ ئەوەیە كە ئێمە بژاردەمان بەخشیوە بە وەلی كوژراوەكە بۆ ئەوەی لای حاكم سكاڵا بكات و مافی خۆی لێ وەربگرێت، ئینجا ئەگەر حاكم لە بەرژەوەندی ئەو بڕیاری دا ئەوا ئازادە كە بكوژەكە بكوژێت یان لێی خۆشبێت. بەڵام ئەگەر حاكم زانی وەلی كوژراوەكە بە نیەتێكی خراپەوە لە بكوژەكە خۆشدەبێت؛ ئەوا فەرمانڕەوایش مافی ئەوەی هەیە كە لێخۆشبوونەكە ڕەتبكاتەوە و سزای لەسێدارەدان جێبەجێ بكات. چونكە ئەگەر وەلی كوژراوەكە شكستی هێنا لە ئەنجامدانی ئەركەكەی بەهۆی خراپەیەك لە دەروونیدا یان لە ترسی كەسێك ئەوا حەقی ویلایەتی كوژراوەكە دەگەڕێتەوە بۆ فەرمانڕەوا.
ئەم حوكمە بە كارایی دەمێنێتەوە لە هەموو دۆسیەكانی تۆڵەكردنەوەدا، باشترین نموونە لەم بارەیەوە بریتیە لە حوكمەكەی گەورەمان عەلی (رضي الله عنه). جارێكیان بینی كەسێك لە كەسێكی تر دەدات، ئینجا عەلی (رضي الله عنه) نەیهێشت لێی بدات، پاشان فەرمانی بەو كەسە كرد كە لێی دراوە تۆڵە لە دەستدرێژیكارەكە بكاتەوە، ئەویش گوتی: نا من لێی خۆشبووم. ئەوسا عەلی (رضي الله عنه) بۆی دەركەوت كە لە ترسا تۆڵەی نەكردەوە لە كەسە دەستدرێژكارەكە، چونكە ئەو كەسێكی زۆردار بوو. ئینجا عەلی (رضي الله عنه) فەرمووی: تۆ وازت لە مافی خۆت هێنا و لێی خۆشبوویت، بەڵام ئێستا من مافی گشتی جێبەجێ دەكەم. ئینجا فەرمانی كرد بە لێدانی دەستدرێژیكارەكە بە هەمان ئەو شێوەیەی كە دەستدرێژی كردبووە سەر كەسەكەی تر.
سەبارەت بە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿فَلَا يُسۡرِف فِّي ٱلۡقَتۡلِۖ﴾، بەهۆی ئەم فەرمایشتەوە مافەكانی بكوژ پارێزراون. چونكە زۆرێك لە دەستدرێژیەكان لەكاتی تۆڵەكردنەوەدا ڕوودەدەن، بۆ نموونە بكوژەكە بەشێوازێكی زۆر ئازاربەخش دەكوژرێت وەك ئەوەی جەللادەكە چەكێكی تیژ بەكارنەهێنێت، یان ئەوەی كە وەلی كوژراوەكە سوور بێت لەسەر لەسێدارەدانی بكوژەكە لەكاتێكدا لێخۆشبوون لێی باشترین بژاردەیە.
هەروەها لە فەرمایشتی خوای گەورەدا ﴿فَلَا يُسۡرِف فِّي ٱلۡقَتۡلِۖ﴾ ئاماژەیەك هەیە بۆ ئەوەی كە سەرەڕای ئەوەی كوشتنی كەسێك لە تۆڵەی كەسێكی تر یاسا گشتیەكەیە، بەڵام پێویستە وەلیەكانی كوژراوەكە سوور نەبن لەسەر كوشتن لە هەموو حاڵەتێكدا، وە ڕۆنەچن لە زنجیرەی كوشتندا، بەڵكو پێویستە لە بكوژەكە خۆشبن ئەگەر تروسكاییەكیان بینی بۆ ئیسڵاحبوونی.
لەڕاستیدا ئیسلام بەم حوكمە بناغەی ئاسایشی وڵاتی دامەزراندووە. ئاشتی و ئاسایشی جیهان لە ئەنجامی یەكێك لەم دوو هۆكارەوە نامێنێت: یەكەم: سزانەدانی بكوژ، دووەم: لەسێدارەدانی بەشێوەیەكی هەڕەمەكی و بەبێ وردبوونەوە. لەڕاستیدا لێخۆشبوون لە هەندێ حاڵەتدا باشترین و سەركەوتووترین ڕێگەیە بۆ چەسپاندنی ئاسایش. بەڵام یاسا باوەكە لە ئێستادا بژاردەیەكی وا بە وەلی كوژراوەكە نادات، بەڵكو لە هەموو بارودۆخێكدا جەخت دەكاتەوە لە كوشتنی كەسێك لە تۆڵەی كەسێكی تر، ئەمەش ئاسایشی وڵات لەناودەبات، وە ئاگری دوژمنایەتی خۆشتر دەكات. ئەگەر ئەوان بە فێركاریەكانی ئیسلام كاریان بكردایە ئەوا حاڵەتەكانی كوشتن بەشێوەیەكی بەرچاو كەم دەبوونەوە، وە تا ڕادەیەكی زۆر ڕق و كینە نەدەما.
وە ئەوەمان لەیاد نەچێت كە لەڕووی شەرعەوە حەرامە مرۆڤ خۆی كەسێك تاوانبار بكات و دواتر خۆی سزا لەسەری جێبەجێ بكات. ئەو كەسەی ئەو كارە بكات ئەوا بە زیادەڕەو لە كوشتندا لەقەڵەم دەدرێت. لە فەرموودەدا هاتووە كەسێك گوتی: “ئەی پێغەمبەری خوا ئەگەر لەگەڵ ژنەكەمدا كەسێكم بینی ئایا مۆڵەتی بدەم هەتا چوار شایەت دەهێنم؟ فەرمووی: بەڵێ.” (مسند أحمد، بەرگی 2، لاپەڕە 465). وە دەستەواژەی: (أُمهله) واتە ئایا مۆڵەتی بدەم و نەیكوژم، بەڵكو چوار شایەت بهێنم؟! وە لە ڕیوایەتێكی تردا هاتووە كە پێغەمبەری خوا ﷺ پێی فەرموو: ئەگەر تۆ خۆت بیكوژیت ئەوا تۆ دەبیتە ئەنجامدەری تاوانی كوشتن.
ئەمەش فەرمایشتی خوا ﴿إِنَّهُۥ كَانَ مَنصُورٗا﴾ دووپاتی دەكاتەوە، چونكە مانای ئەوەیە كە وەلی كوژراوەكە یارمەتی لەلایەن دەوڵەتەوە وەردەگرێت؛ بۆیە پێویستە خۆی كەس تاوانبار نەكات، وە بەدەستی خۆی سزای لەسێدارەدان جێبەجێ نەكات، بەڵكو لە ڕێگەی دەوڵەتەوە تۆڵە بكاتەوە.
هەروەها فەرموودەی خوا ﴿إِنَّهُۥ كَانَ مَنصُورٗا﴾ جەختكردنەوەیە لە فەرمایشتی خوا ﴿فَلَا يُسۡرِف فِّي ٱلۡقَتۡلِۖ﴾، بەجۆرێك بیری وەلی كوژراوەكەی خستووەتەوە كە ئەركی ئەویش جێگیركردنی ئاسایشە لە كۆمەڵگەدا. بۆیە نابێت لەكاتی تۆڵەسەندنەوەدا دەستدرێژی بكات، وە بیر لەوە بكاتەوە كە خوای گەورە مافەكانی پاراستووە، بۆیە ئەوەش پێویستە لەسەری كە ڕەچاوی مافی كەسانی تر بكات، وە دەستدرێژی نەكاتە سەر كەسێك بەمەش یاسا و سیستەمی ئەو دەوڵەتە تێك بدات كە بەرگری لە مافەكانی كردووە.
وَلَا تَقۡرَبُواْ مَالَ ٱلۡيَتِيمِ إِلَّا بِٱلَّتِي هِيَ أَحۡسَنُ حَتَّىٰ يَبۡلُغَ أَشُدَّهُۥ ۚ وَأَوۡفُواْ بِٱلۡعَهۡدِ ۖ إِنَّ ٱلۡعَهۡدَ كَانَ مَسُۡٔولٗا 35
شیكردنەوەی وشەكان:
العهد: وەسیەت؛ بەڵگەنامە؛ سوێند كە پیاو دەیخوات؛ ئەو نووسراوەی كە فەرمانڕەوا بۆ كاربەدەستان دەینووسێت وەك ڕاگەیاندنی دەستبەكاربوونیان (الأقرب).
تەفسیر: بەگشتی مناڵان لە ئەنجامی ڕووداوە لەناكاوەكانەوە ھەتیودەكەون، لەوانە كوشتن و نەخۆشیە درمەكان و ھتد. بۆیە خوای گەورە لێرەدا مافەكانی ھەتیوانی بیرخستووینەتەوە لەدوای حوكمەكانی كوشتن كە دەبێتە ھۆی ئەوەی مناڵان لە ھەردوو خێزان ھەتیو بن: خێزانی كوژراو و خێزانی بكوژ لەدوای جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدان. خوای گەورە ئامۆژگاریمان دەكات و دەفەرموێت: ﴿وَلَا تَقۡرَبُواْ مَالَ ٱلۡيَتِيمِ إِلَّا بِٱلَّتِي هِيَ أَحۡسَنُ﴾. واتە تەنیا یەك ڕێگا ھەیە بۆ هەڵسوكەوتكردن لەگەڵ ماڵی ھەتیو، ئەویش ئەوەیە كە ئەو هەڵسوكەوتە ببێتە ھۆی زیادكردنی ئەو ماڵە تاوەكو ھەتیوەكە لێی سوودمەند بێت. وەك ئەوەی خوای گەورە بفەرموێت: ئێمە تەنها قەدەغەتان ناكەین لە هەڵسوكەوتكردن بەشێوەی حەرام لەگەڵ ماڵی ھەتیوان، بەڵكو فەرمانتان پێدەكەین بەشێوەیەك هەڵسوكەوتی لەگەڵ بكەن كە ئەو ماڵ و سامانە گەشە بكات لە بەرژەوەندی خاوەنە ھەتیوەكەی.
قورئانی پیرۆز لێرەدا بنەمایەكی تری سیستەمی ئیسلامی خستووەتەڕوو كە ئیسلام لە ئایینەكانی تر جیادەكاتەوە. ھەموو ئایینێكی تر فەرمان دەكات بە چاكی مامەڵە بكرێت لەگەڵ ھەتیودا، بەڵام ھیچ ئایینێك نیە وەسیەت بكات بە پاراستنی ماڵ و سامانی هەتیوان و وەبەرھێنان تێیدا. وەك ئەوەی ئەم ئایەتە ڕامانبسپێرێت بە پێكھێنانی لیژنەیەكی گشتی بۆ پاراستنی ماڵی ھەتیوە نەباڵغەكان. لەم ڕۆژگارەدا وڵاتانی ڕۆژئاوا كار بەم بنەمایە دەكەن، بەڵام ئیسلام نزیكەی سیانزە سەدە لەمەوبەر بۆ یەكەمجار تۆوی ئەم بیرۆكەیەی دانا.
وە بزانە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿حَتَّىٰ يَبۡلُغَ أَشُدَّهُۥۚ﴾ واتای ئەوە نیە كە خواردنی ماڵی ھەتیو ڕێگەپێدراوە ئەگەر گەورە بوو و پێگەیشت! ئەمەش لەبەر دوو ھۆكار: یەكەمیان ئەوەیە: ئاشكرایە ئەگەر ھەتیو گەیشتە تەمەنی پێگەیشتن، ڕێگە نادات كەس ماڵەكەی بخوات، دووەمیشیان ئەوەیە كە ڕێی تێناچێت كەسێك سەرپەرشتی ماڵی ھەتیو بكات و وەبەریبھێنێت مادام ھەتیوەكە ناتوانێت بەشێوەیەكی دروست هەڵسوكەت لەو ماڵ و سامانەدا بكات، پاشان دەست بكات بە خواردن و لەناوبردنی ئەو ماڵ و سامانە كاتێك ھەتیوەكە دەبێتە كەسێكی پێگەیشتوو و دەتوانێت بە دروستی هەڵسوكەوت بە ماڵ و سامانەكەیەوە بكات! لەڕاستیدا ئیسلام ڕێگە نادات هیچ كەسێك ماڵی كەسێكی تر بخوات، چ ئەو كەسە ھەتیو بێت یان نا، بۆیە ئەمە ڕاسپاردەیەكی خواییە بۆ سەرپەرشتیاری ھەتیو یان بۆ فەرمانڕەوا كە بەردەوام پارێزگاری لە ماڵی ھەتیو بكات و واز لە جێبەجێكردنی ئەم ئەركە نەھێنێت تاوەكو ھەتیوەكە دەگاتە تەمەنی پێگەیشتن كە خۆی توانای پاراستنی ماڵەكەی ھەبێت. بۆ نموونە، دروست نیە بۆ سەرپەرشتیار كاتێك ھەتیوەكە دەگاتە تەمەنی دوانزە ساڵی بۆ نموونە بڵێت: وەك پێویست گەورە بووە و ئێستا با خۆی پارێزگاری لە ماڵەكەی بكات.
ھەروەھا ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە ئاماژە بەوە دەكات كە ئەگەر ھەتیو گەیشتە تەمەنی پێگەیشتن و عەقڵی كامڵ بوو بەجۆرێك بتوانێت خۆی پارێزگاری لە ماڵ و سامانی خۆی بكات، پێویست ناكات سەرپەرشتیارەكەی ھەر دەست بەسەر ماڵ و سامانەكەیدا بگرێت بە بیانووی ئەوەی كە ھێشتا مناڵێكی ساویلكەیە.
كەواتە خوای گەورە بە فەرمایشتی ﴿حَتَّىٰ يَبۡلُغَ أَشُدَّهُۥۚ﴾ ڕێگری كردووە لە خزم و فەرمانڕەوا كە ھیچ كام لەم دوو ڕێگەیە نەگرنەبەر كە زیانبەخشن بۆ ھەتیوەكە. زۆرجار دەبینین خزمەكانی ھەتیوەكە دوای ماوەیەك بێزار دەبن لە یارمەتیدانی و وازی لێدەھێنن، ئەمەش زیانی ئابووری پێ دەگەیەنێت، یان ئەوەتا مافی ھەتیوەكە نادەن بەخۆی سەرەڕای ئەوەی گەیشتووەتە تەمەنی پێگەیشتن. ئەم جۆرە دیمەنانە لە ویلایەتەكانی ھیندستاندا بەزۆری دەبینین، بەجۆرێك ھەتیوەكە گەیشتووەتە تەمەنی پێگەیشتن و عەقڵی كامڵ بووە، بەڵام كارمەندە ئیداریە پلەبەرزەكان دەسەڵاتی ڕادەست ناكەن بە بیانووی ئەوەی كە ھێشتا گەورە نەبووە یان عەقڵی كامڵ نەبووە، وە مەبەستیان لەمە تەنها بەدەستھێنانی بەرژەوەندی خۆیانە.
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَأَوۡفُواْ بِٱلۡعَهۡدِۖ﴾ لە سەرەتاوە وا دەردەكەوێت كە دەستەواژەیەكی گونجاو نیە لە سیاقی قسەكردن لەسەر ھەتیو، چونكە لە ڕووكەشدا ھیچ پەیمانێك نابینین دەرحەق بە هەتیو، بەڵام ڕاستیەكە بەو شێوەیە نیە، ئەمەش لەبەر ئەم ھۆكارانەی خوارەوە:
یەكەم: چونكە پەیمان واتای بەرپرسیاریەتیش دەگەیەنێت، دەوترێت: فڵان كەس (ولي العهد)ە. واتە ئەركی فەرمانڕەوایەتی گرتووەتە ئەستۆ، بۆیە لێرەدا مەبەست لەم ڕستەیە ئەوەیە كە: ئێوە دەبێت ئەرك و بەرپرسیاریەتی خۆتان جێبەجێ بكەن بەرامبەر بە ھەتیوان و پارێزگاری لە ماڵەكانیان بكەن مادام ئەوان پێویستیان بەوە هەیە، وە لە وادەی گونجاودا ماڵەكانیان بۆ بگەڕێننەوە.
ھەروەك فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَأَوۡفُواْ بِٱلۡعَهۡدِۖ﴾ ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە پاراستنی ماڵی ھەتیوان منەت و چاكەكردن نیە بەرامبەریان، بەڵكو فەرمانێكە لە فەرمانەكانی خوای گەورە و بنەمایەكە لە بنەماكانی سیستەمی ئیسلامی. بۆیە وا مەزانن كە بەم كارەتان چاكەیەك دەكەن لەگەڵ ھەتیوان، بەڵكو پێویستە ئەم كارە ئەنجام بدەن بەوپێیەی فەرزێكی پێویستە لەسەرتان.
دووەم: لەبەرئەوەی ھەتیو ناتوانێت لە سەرپەرشتیارەكەی بپرسێت لەبارەی ئەو زیاد و كەمكردنەی لە ماڵەكەیدا ڕوودەدات، بۆیە خوای گەورە پاراستنی ماڵی ھەتیوی بە پەیمانێك داناوە لەگەڵ خۆی (سبحانه وتعالى)، بۆ ئەوەی كەس ماڵ و سامانەكە نەخوات بە بیانووی ئەوەی كەس لێی ناپرسێتەوە. بۆیە خوا (سبحانه وتعالى) فەرموویەتی: ئەگەر ئەو ماڵەتان خوارد ئەوا من لێپرسینەوەتان لەگەڵ دەكەم.
سێیەم: ڕەنگە لەناو ھەتیواندا ئەوانەش بگرێتەوە كە بە مانای وشە ھەتیو نین، بەڵام دۆخیان وەك دۆخی ھەتیو وایە، وەكو ئەو گەلانەی كە لاوازن و خۆیان دەخەنە ژێر سایەی گەلە بەھێزەكان. لێرەدا خوای گەورە دەیهێنێتەوە یادمان كە دەبێت مافی ئەو لاوازانەش بپارێزرێت، وە دەفەرموێت: ھەندێك گەل ھەن وەك ھەتیو وان، ئەگەر مافەكانیان كەوتە دەست ئێوە ئەوا پێویستە لەسەرتان مافەكانیان بپارێزن، بەڵام دەست بەسەر مافەكانیاندا مەگرن بۆ ھەتا ھەتایە بەبیانووی سەرپەرشتی كردنیان، بەڵكو ئەگەر ھەستتان بەوە كرد كە لێھاتووییان تێدایە بۆ پاراستنی مافەكانیان و ماڵ و سامانیان ئەوا بیاندەنەوە دەستیان.
ئەگەر جیهان كاری بەم فێركاریە بكردایە، ئەوا ئەو ڕق و دووبەرەكیەی كە لەنێوان گەلە جیاوازەكاندا دروست دەبێت لەم ڕۆژگارەدا، بە تەواوی دەسڕدرایەوە. بێگومان لە ھەندێك حاڵەتدا گەلە بەھێزەكان ناچار دەبن كە دەست بگرن بەسەر كاروباری گەلە لاوازەكانەوە بۆ پاراستنی مافەكانی ئەو گەلە لاوازانە، بەڵام پێویستە لەسەر گەلە بەھێزەكان لەگەڵ ھەستكردن بە لێھاتوویی و توانا لە گەلە لاوازەكاندا، ماڵ و سامان و مافەكانیان بۆ بگێڕنەوە تاوەكو بە ئازادی هەڵسوكەوت بكەن تێیاندا، و دەبێت وازبھێنن لە ھەر جۆرە دەستوەردانێك لە كاروباری وڵاتە لاوازەكان و ماڵ و سامانیان.
وَأَوۡفُواْ ٱلۡكَيۡلَ إِذَا كِلۡتُمۡ وَزِنُواْ بِٱلۡقِسۡطَاسِ ٱلۡمُسۡتَقِيمِ ۚ ذَٰلِكَ خَيۡرٞ وَأَحۡسَنُ تَأۡوِيلٗا 36
شیكردنەوەی وشەكان:
الكیل: كال الطعام كیلا واكتاله بمعنی واحد، واتە بەتەواوەتی خواردنەكەی كێشاوە (كالَ) و (اكتالَ) بە ھەمان مانا دێت. (اكتالوا على الناس) واتە لە خەڵكیەوە بۆ خۆیان وەریدەگرن. ثەعلەب گوتوویەتی بە مانای (مِن الناس، لەخەڵكیەوە)ە، وە جگە لەویش گوتوویانە: (اكتلتُ عليه) واتە لێم وەرگرت. دەوترێت: بەخشەر پێوانەی كرد، وەرگرەكەش وەریگرت، وە خواردنەكەی پێوانە كرد و بۆی پێوانە كرد. الكیل والمكیل (میكیەل): ئەو شتەیە كە پێی دەپێورێت، ئاسن بێت یان تەختە. (كالَ الدراهم): واتە كێشاویەتی. ھەر شتێك كێشرابێت ئەوا پێوراوە (تاج).
القصطاص: تەرازوو، تەرازوی ھەرە ڕاست و دروست. وتراویشە تەرازووی بەرامبەر (الأقرب).
تەفسیر: لە ئایەتەكەی پێشوودا خوای گەورە ڕایسپاردووین كە مافەكان جێبەجێ بكەین، لێرەشدا فەرمانێكی ھاوشێوەی پێشووی پێ كردووین و فەرموویەتی: ھەروەك چۆن فەرمانمان پێ كردوون بە گێڕانەوەی ماڵی ھەتیوان بۆیان، بە ھەمان شێوە فەرمانتان پێدەكەین بە گێڕانەوەی مافەكان بۆ خاوەنەكانیان لە مامەڵەكانی تردا كە لەنێوانتاندا دەكرێن.
ھەروەھا بە فەرمایشتی ﴿ذَٰلِكَ خَيۡرٞ وَأَحۡسَنُ تَأۡوِيلٗا﴾ واتە: ئەوە چاكترە و ئەنجامێكی باشترە، ئاماژەی بەوە داوە كە ئەم كارە لە ڕووی ئایین و دنیاوە بۆ ئێوە باشترە. چونكە ئەو ئەگەر خەڵكی بزانن بازرگانێك لە كێشانە و پێوانەدا كەم دەدات بەدڵنیاییەوە لە كۆتاییدا بازرگانیەكەی بەرەو داكشان دەچێت. ھەمان شت ڕاستە بۆ ئەو گەلەی كە ڕاستگۆیی و دادپەروەری لە مامەڵەكانیاندا ڕەچاو ناكات.
وَلَا تَقۡفُ مَا لَيۡسَ لَكَ بِهِۦ عِلۡمٌ ۚ إِنَّ ٱلسَّمۡعَ وَٱلۡبَصَرَ وَٱلۡفُؤَادَ كُلُّ أُوْلَٰٓئِكَ كَانَ عَنۡهُ مَسُۡٔولٗا 37
شیكردنەوەی وشەكان:
(لا تَقْفُ): (قفا أَثَرَه يقفُو) واتە شوێنیكەوت. (قفا فلانًا بأمرٍ): لە كارێكدا پێشیكەوت (الأقرب).
تەفسیر: بزانە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَلَا تَقۡفُ مَا لَيۡسَ لَكَ بِهِۦ عِلۡمٌۚ﴾، ڕێگری نیە لە بەدەستھێنانی زانیاری نوێ یان ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی داھێنەرانە، بەڵكو مەبەست لێی ئەوەیە كە گومانی خراپ نەكەن و تۆمەت نەدەنەپاڵ كەسانی تر بەبێ لێكۆڵینەوە و دڵنیابوون؛ لەبەر ئەوەشە كە دوای ئەوە ھۆكارەكانی گومانی خراپی باسكردووە، مەبەستم گوێ و چاو و دڵە. ھەندێ جار مرۆڤ شتێك دەبیستێت دەربارەی كەسێكی تر، وە بەگوێرەی ئەو شتەی بیستوویەتی دەستدەكات بە دوژمنایەتیكردنی ئەو كەسە بەبێ لێكۆڵینەوە و پشكنین؛ یان ڕووداوێك دەبینێت و لێیەوە ئەنجامێكی ھەڵە دەردەھێنێت بەبێ ئەوەی خۆی ماندوو بكات بە لێكۆڵینەوەوە، ڕەنگە ئەو شتەی بە ھەڵە لەقەڵەمی داوە پاساوی ھەبێت. ھەروەھا لە دڵی ھەندێ كەسدا بیرۆكەی خراپ دروست دەبێت سەبارەت بە كەسانی تر بەبێ ئەوەی ھیچ شتێكیان لێ ببیستن یان بیبینن. خوای گەورە لێرەدا ڕێگریمان لێدەكات لە ھەموو ئەو شتانە و دەفەرموێت: شوێن گومانی خراپ مەكەون.
وە بزانە كە گوێ گەورەترین ھۆكاری گومانی خراپە، چونكە خەڵكی بەگشتی گومانی خراپ لە كەسانی تر دەكەن لەسەر بنەمای ئەو شتانەی كە دەیبیستن، لەبەر ئەوە پێش ھۆكارەكانی تر باسی گوێی كردووە. چاو لە پلەی دوای ئەودا دێت، بۆیە لە پلەی دووەمدا باسی كردووە. پاشان باسی دڵی كردووە، چونكە خراپترین كەس لەڕووی گومانەوە كەسێكە ھیچ شتێك دژ بە خۆی نابیستێت و ھیچ شتێكی گوماناوی نابینێت، بەڵكو لە خۆیەوە شتێك دروست دەكات كە بەھۆیەوە گومانی خراپ لە كەسانی تر دەكات و بەمەش ڕقی لێیان دەبێتەوە. بەڵام لەبەرئەوەی ئەم جۆرە گومانە دەگمەنە بۆیە لێرەدا لە كۆتاییدا باس كراوە، چونكە ئەوانەی تووشی نەخۆشیە مەترسیدارەكان دەبن ھەمیشە كەمترن لە ژمارەی ئەو نەخۆشانەی كە تووشی نەخۆشی ئاسایی دەبن.
خوای گەورە لە فەرمایشتی ﴿إِنَّ ٱلسَّمۡعَ وَٱلۡبَصَرَ وَٱلۡفُؤَادَ﴾ بەڕاستی بیستن و بینین و دڵ.. ھتد. ئاماژەی بەوە داوە كە مرۆڤ تەنھا لەسەر دەستدرێژی بۆ سەر ماڵ و گیانی كەسانی تر لێپرسینەوەی لەگەڵدا ناكرێت، بەڵكو لێپرسینەوەشی لەگەڵدا دەكرێت لەسەر زیانگەیاندن بە ئابڕوو و كەرامەتیان. ئەگەر گوێ دەربارەی كەسانی تر شتێكی بیست كە دروست نەبوو بۆی بیبیستێت ئەوا لەم بارەیەوە لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكرێت. ئەگەر چاو شتێكی بینی دەربارەی كەسانی تر كە دروست نەبوو بۆی بیبینێت ئەوا لەم بارەیەوە لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكرێت. ئەگەر دڵ دەربارەی كەسانی تر بیرۆكەیەكی ھەڵگرت كە دروست نەبوو بۆی ھەڵیبگرێت ئەوا لەم بارەیەوە لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكرێت.
هەڵبەت خوای گەورە لێرەدا فێركاریەكی ئەخلاقی زۆر بەرزی پێشكەش كردووین كە ئەگەر مرۆڤ پابەند بێت پێیەوە ئەوا ھیچ جۆرە پیسی و خڵتەیەكی تێدا نامێنێت. پێویستە مرۆڤ لە بڕیارەكانیدا پشت بە گومان نەبەستێت، بەڵكو پشت بە زانست و دڵنیایی ببەستێت. بێگومان تەنھا شایەتیدانی گوێ یان چاو یان دڵ بەس نیە، بەڵكو پێویستە مرۆڤ لە ھەموو لایەكەوە لێكۆڵینەوە لە بابەتەكە بكات پێش ئەوەی بڕیار بدات. لەبەر ئەوە پێشەوا ئەبو حەنیفە -ڕەحمەتی خوای لێ بێت- ئەم وتە بەناوبانگەی فەرمووە: ئەگەر نەوەد و نۆ ئەگەری كوفر لە كەسێكدا ھەبوو، وە یەك ئەگەریش بۆ باوەڕداربوونی، ئەوا كافری مەكەن. [دەقی دەستەواژەكە بەم جۆرەیە: “ئەگەر نەوەد و نۆ ئەگەری كوفر ھەبوو، وە یەك ئەگەریش لە نەرێكردنی كوفرەكەدا، ئەوا وا باشترە بۆ موفتی و دادوەر كە كار بە ئەگەری نەرێكە بكات، چونكە ھەڵەكردن لە ھێشتنەوەی ھەزار كافر سووكترە لە ھەڵەكردن لە كوشتنی موسوڵمانێكی ڕاست.” (شەرحی فیقهی گەورە، لاپەڕە ١٩٧).]
بەڵام ئەم وتە پڕ لە حیكمەتە مانای ئەوە ناگەێنێت، ھەروەك ھەندێ گێل وا دەزانن، ئەگەر ٩٩ بەڵگەی شەرعی بۆ كوفر لە كەسێكدا ھەبوو ئەوا ھەر كافری مەكەن. چونكە بەڵگەكانی كافربوون لە حەوت یان ھەشت زیاتر نین: باوەڕنەبوون بە خوا و فریشتەكانی و كتێبەكانی و پێغەمبەرەكانی و دوعا و قەدەر و زیندووبوونەوەی دوای مردن. ئەگەر ئەم گوتەیە بەو شێوەیە لێكبدەینەوە كە ئەگەر ٩٩ بەڵگەی كوفر لە كەسێكدا ھەبوو ئەوا كافری مەكەن.. ئەوا ناتوانرێت تەنانەت بێ باوەڕیش بە كافر دابنرێت.
وَلَا تَمۡشِ فِي ٱلۡأَرۡضِ مَرَحًا ۖ إِنَّكَ لَن تَخۡرِقَ ٱلۡأَرۡضَ وَلَن تَبۡلُغَ ٱلۡجِبَالَ طُولٗا 38
شیكردنەوەی وشەكان:
مَرَحًا: مرح الرجل مَرَحًا، واتە شادی و چالاكی پیاوەكە زۆر بوو تا ئەو ڕادەیەی كە لە ئەندازە دەرچوو و خۆی ھەڵكێشا و بایهەوا بوو (الأقرب).
لن تَخرِق: خرق الثوب: جلەكەی دڕاند، واتە جلەكەی دڕی و ئەویش دڕا. (خرَق المفازةَ): بیابانەكەی بڕی تا گەیشتە ئەوپەڕی (الأقرب).
تەفسیر: هەتا ئێرە قسە لەسەر ئەو ڕەوشتانە بوو كە پەیوەندیان بە خوای گەورەوە ھەیە یان بە كەسانی تر، بەڵام ئێستا قورئان باسی ئەو ڕەوشتانە دەكات كە پەیوەندیان بە خودی مرۆڤەوە ھەیە، وە خوای گەورە فەرموویەتی: ئەی مرۆڤ ئەگەر تۆ خۆت بە ھەندێك لە ڕەوشتە جوانەكان ڕازاندووەتەوە، ئەوا مەیانكە بە هۆكارێك بۆ خۆبەزلزانی و لەخۆبایی بوون؛ چونكە ئەمە بێبەشت دەكات لە خێر و چاكە و ناتوانیت زیاتر پێشبكەویت؛ چونكە كەسی خۆبەزلزان وا بیردەكاتەوە كە گەیشتووەتە لوتكەی تەواویی، بەمەش بێبەش دەبێت لە پێشكەوتنی زیاتر.
ھەروەھا خوا (سبحانه وتعالى) لێرەدا ئاماژەی بەوە داوە كە سەركەوتنی تۆ، ئەی مرۆڤ، سەركەوتنێكی سنووردارە و هەرچۆنێك بێت لە چوارچێوەی توانا مرۆییەكاندایە؛ بۆیە تەنھا ئەوەندە دڵخۆش و شادمان بە كە بڕیار دراوە بۆ مرۆڤ. وە لەبیرت بێت كە تۆ هەرگیز ناتوانیت، سەرەڕای لێھاتوویی و تواناكانت، زەوی بدڕیت، واتە لێی دەرچیت. دەوترێت: بیابانەكەی دڕی، واتە بیابانی بڕی تا گەیشتە ئەوپەڕەكەی، وە ھەمان ئەم مانایە لێرەشدا ڕاستە و مەبەست ئەوەیە كە تۆ تەنھا لەم جیھانە سنووردارەدا دەژیت، وە هەرچۆنێك بێت دەستكەوتەكانیشت سنووردارن؛ بۆیە ڕێگەیەك مەگرەبەر كە ژیانت لەگەڵ كەسانی تردا سەخت بكات. ئەو كەسانەی كە لە نزیكەوە توێژینەوەیان كردووە لە ژیانی كەسانی خۆبەزلزان، دەزانن كە كەسی خۆبەزلزان لە ژیانێكی زۆر تاڵدا دەژی. ئەمەش چونكە لەلایەك خۆی بە یەكێك لە شتە سەیرەكان دەزانێت، وە لەلایەكی ترەوە ناچارە لەگەڵ ھاوجۆرەكانیدا بژیێت؛ بۆیە بەدرێژایی ژیانی لە ململانێدایە لەگەڵ ھەستە جیاواز و دژبەیەكەكانیدا. وە لەم ڕۆژگارەدا چینی ڕۆشنبیری وڵاتەكەمان كە كلتووری ئینگلیزیان وەرگرتووە ھەمان ئازار دەچێژن، پێیان وایە لە برا هیندیەكانیان باشترن، بەڵام ئەورووپیەكانیش بە چاوێكی سووك و كەمەوە بۆیان دەڕوانن. ئەوان لەلایەك نایانەوێت لەگەڵ ھاوجۆرەكانیان بژین، لەلایەكی تریشەوە تەنھا زەلیلی و ڕسواییان پێدەگات لەلایەن ئەو كەسانەوە كە لاساییان دەكەنەوە.
بۆیە خوای گەورە ئامۆژگاری مرۆڤ دەكات كە ناچارە لەناو ھاوجۆرەكانیدا بژی، بۆیە نابێت ئەو بیرۆكانە لە دڵیدا گەشە پێبدات كە ژیانی دەكەن بە دۆزەخ.
سەبارەت بە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَلَن تَبۡلُغَ ٱلۡجِبَالَ طُولٗا﴾، ئەوە بزانە كە یەكێك لە ماناكانی چیا بریتیە لە سەرۆكی گەل و زاناكانیان (الأقرب). ئەمەش ئەو مانایەیە كە لێرەدا ڕاستە و پیادە دەبێت.
خوا (سبحانه وتعالى) بەوە ئاگاداری كردووینەتەوە كە سەركردایەتی گەل تەنھا بە خزمەتكردن یان بە زانست بەدەستدێت. خزمەتكاری گەل و زاناكەیان ھەردووكیان نموونەی تەواون لە خۆبەكەمزانیدا، ھەروەك چۆن عەرەب دەڵێت: “سید القوم خادمهم.” واتە سەرۆكی گەل لەڕاستیدا خزمەتكاریانە. ھەروەھا خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿إِنَّمَا يَخۡشَى ٱللَّهَ مِنۡ عِبَادِهِ ٱلۡعُلَمَٰٓؤُاْۗ﴾ (فاطر: ٢٩) واتە ھەر كاتێك زانستی مرۆڤ زیادی كرد ترسی بۆ خوای گەورە زیاتر دەبێت. خوای گەورە مرۆڤی ئاگاداركردووەتەوە كە تۆ بە خۆبەزلزانی و لووتبەرزی هەرگیز ناتوانیت سەرۆكایەتی گەل بەدەست بھێنیت، وە بە یەكێك لە زاناكانیان ئەژمار ناكرێیت، چونكە خۆبەزلزانی لە گەلەكەت دوورتدەخاتەوە، ھەروەك چۆن لە خوا (سبحانه وتعالى) دوورتدەخاتەوە. بۆیە ئەگەر بەدوای شكۆمەندیدا دەگەڕێیت ئەوە بزانە كە لووتبەرزیەكەت زیان بە خۆت دەگەیەنێت؛ چونكە بێبەشت دەكات لەوەی كە مەبەستتە. بۆیە خۆت بە گەورە مەزانە، بەڵكو سوود بە گەلەكەت بگەیەنە بەو خێرە دنیاییەی كە هەتە، دەبیتە سەرۆكیان، ئەگەر خێرێكی ئایینی لە تۆدا ھەیە ئەوا بەو خێرە چاكە بكە لەگەڵ گەلەكەتدا، بۆ ئەوەی خۆشەویست بیت لای خوای گەورە.
ئەم ڕێگریە لە خۆبەزلزانی.. هێندە جوانە كە مەحاڵە ھیچ كتێبێكی ئاسمانی ھاوشێوەكەی پێشكەش بكات.
كُلُّ ذَٰلِكَ كَانَ سَيِّئُهُۥ عِندَ رَبِّكَ مَكۡرُوهٗا 39
شیكردنەوەی وشەكان:
(سيِّئُه): السيء: ناشرین (الأقرب).
تەفسیر: ئەم ڕستە كورتە لوتكەی ڕەوانبێژیە چونكە دەریای لەناو دەفرێكدا جێكردووەتەوە. خوای گەورە دەفەرموێت ئەو شتانەی لە سەرەوە باسكران هەر یەكەیان كۆمەڵێك لایەنی چاكە و كۆمەڵێك لایەنی خراپەیشیان ھەیە؛ و ئێمە تەنیا قەدەغەی لایەنە خراپەكانیان دەكەین و قەدەغەی لایەنە باشەكانیان ناكەین. واتە لە دنیادا ھیچ كردەوەیەك نیە كە بە تەواوی بە خراپ دابنرێت. بۆ نموونە یەكتاپەرستی خوای كردگار و باوەڕبوون پێی چاكەیە؛ بەڵام ئەگەر كەسێك ئەم باوەڕە یەكتاپەرستیە بكات بە ھۆكارێك بۆ بڵاوكردنەوەی خراپەكاری لەسەر زەویدا و جنێودان بە پەرستراوەكانی گەلانی تر؛ ئەوا پابەندبوونی ئەو كەسە بە یەكتاپەرستیەوە دەبێتە شتێكی خراپ. ھەروەھا ڕێزگرتن لە دایك و باوك چاكەیە، بەڵام ئەگەر كەسێك بەهۆی گوێڕایەڵبوونی بۆ دایك و باوكی هاوەڵی بۆ خوا بڕیاردا یان ستەمی لە خەڵكی كرد ئەوا ڕێزگرتنەكەی لە دایك و باوكی دەبێتە خراپە. وە بێگومان كوشتن خراپەیە، بەڵام ئەگەر كەسێك خۆی ببوێرێت لە كوشتنی دوژمن لەكاتی بەرگریكردن لە وڵات یان لەكاتی تۆڵەسەندنەوەی پێویست ئەوا خۆبواردنەكەی لە كوشتن دەبێتە خراپە. ھەروەھا نزیكبوونەوە لە ماڵی ھەتیو تاوانە، بەڵام ئەگەر كەسێك خۆی ببوێرێت لە پاراستنی ئەو ماڵ و سامانە لە ترسی ئەوەی نەوەك تووشی تاوانی مامەڵەكردنی ھەڵە بێت لە ماڵ و سامانەكەدا ئەوا ئەم كارەی كارێكی خراپە. وە سەرڕاستی لە مامەڵەكردندا چاكەیە، بەڵام ئەگەر كەسێك واز لە بەدەستھێنانی حەڵاڵ بھێنێت لە ترسی ئەوەی نەوەك خیانەت بكات لە مامەڵەكانیدا ئەوا كارەكەی بە كارێكی خراپ دادەنرێت. وە كۆنترۆڵكردنی هێزی سێكسی لە بازنەی دیاریكراوی خۆیدا چاكەیە، بەڵام ئەگەر كەسێك بە تەواوی دەستبەرداری ئەو ھێزە بوو و ڕەھبانیەتی ھەڵبژارد، یان ئەگەر لە كاری حەرامدا هێزی سێكسی بەگەڕخست ئەوا تاوانی ئەنجام داوە. وە گومانی خراپ یەكێكە لە تاوانەكان، بەڵام ئەگەر یەكێك لە پاسەوانەكان گومانی باشی بە خەڵكی برد و ڕێگەی پێدان لەو شوێنە نزیكببنەوە كە پاسەوانی دەكات ئەوا كارەكەی بە كارێكی خراپ ئەژمار دەكرێت. و بێفیزی و خۆبەگەورە نەزانین چاكەیە، بەڵام ئەگەر كەسێك لە شوێنێكدا خۆی بە كەم زانی كە پێویستی بە ئازایەتی و جەربەزەیی ھەبوو ئەوا كارێكی خراپی كردووە.
بۆیە خوای گەورە ئامۆژگاریمان دەكات كە حیكمەت فێربین لە فێركاریەكانیدا، وە ھەموو ھێزێكمان لە شوێنی گونجاوی خۆیدا بەكاربھێنین. وە خوای گەورە قەدەغەمان ناكات لە سوود وەرگرتن لەم بەھرە و توانایانە، بەڵكو ڕێگری ئەوەمان لێ دەكات كە بە هەڵە بەكاریان بهێنین.
ئەم ڕوونكردنەوەیە سەبارەت بە كردەوەكان لە ئاستی بەرزی و تەواویدایە، بەجۆرێك تێنەگەیشتنی مرۆڤ لێی ھۆكاری ھەموو خراپەكانە. چەندە كەمن ئەو كەسانەی كە ئەم ڕێگا مامناوەندیە دەگرنەبەر!
ذَٰلِكَ مِمَّآ أَوۡحَىٰٓ إِلَيۡكَ رَبُّكَ مِنَ ٱلۡحِكۡمَةِ ۗ وَلَا تَجۡعَلۡ مَعَ ٱللَّهِ إِلَٰهًا ءَاخَرَ فَتُلۡقَىٰ فِي جَهَنَّمَ مَلُومٗا مَّدۡحُورًا 40
تەفسیر: پاكی و بێگەردی بۆ خوا! ڕیزبەندی قورئانی پیرۆز چەندە جوانە! لە سوورەتی “النحل”دا خوای گەورە ھەواڵی دا بە بێباوەڕان كە حیكمەت و دانایی بەڕێگەوەیە بەرەو لای ئێوە، بەڵام لێرەدا دەفەرموێت: ﴿ذَٰلِكَ مِمَّآ أَوۡحَىٰٓ إِلَيۡكَ رَبُّكَ مِنَ ٱلۡحِكۡمَةِۗ﴾ واتە ئەو حوكمانەی لەسەرەوە باسمان كردن بەشێكن لەو حیكمەتەی كە بەڵێندراوە، ئەگەر ڕاست دەكەن نموونەی ئەم فێركاریە پڕ لە حیكمەتە بهێنن لەو كتێبە ئاسمانیانەدا كە پێش قورئان دابەزیون.
لێرەدا خوای گەورە ھەندێ ئامرازی باس كردووە كە دەتوانین بەھۆیانەوە لە دیبەیتەكاندا سەركەوتن بەدەست بھێنین بەسەر ئەهلی كتێبدا. لە ڕكووعی پێشووەوە -واتە لە فەرمایشتی ﴿۞وَقَضَىٰ رَبُّكَ أَلَّا تَعۡبُدُوٓاْ إِلَّآ إِيَّاهُ وَبِٱلۡوَٰلِدَيۡنِ إِحۡسَٰنًاۚ﴾- باسی لایەنی كردەیی یەكتاپەرستی كردووە، وە ڕوونیكردووەتەوە چۆن باوەڕبوون بە یەكتاپەرستی ئیسلامی سوودی گەیاندووە بە جیھان بەشێوەیەكی كردەیی، بەڵام ئێستا لایەنەكەی تری یەكتاپەرستی باسكردووە، وە ڕایگەیاندووە كە موشریك تەنھا ئەو كەسە نیە كە بەشێوەیەكی كردەیی پەرستراوێك لە پەرستراوە پووچەكان بپەرستێت، بەڵكو ئەو كەسەی بەشێوەیەكی تیۆری باوەڕی وا بێت كە لەگەڵ خوادا خوایەكی تر ھەیە ئەویش بتپەرستە.
وە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿فَتُلۡقَىٰ فِي جَهَنَّمَ﴾ تەنھا واتای ئەوە نیە كە بتپەرست لە ڕۆژی دواییدا دەخرێتە ئاگرەوە، بەڵكو خودی بتپەرستییش جۆرێكە لە دۆزەخ، چونكە مەحاڵە بۆ كەسێك كە چەندەھا پەرستراو بپەرستێت بتوانێت ھەموویان ڕازی بكات، بەڵكو بەدڵنیاییەوە پەرستراوێك ڕازی دەكات و یەكێكی تر تووڕە دەكات.
وە یەكێك لە ماناكانی ئەوەی بتپەرست دەخرێتە دۆزەخەوە ئەوەیە كە بتپەرستی ھیچ بەڵگەیەكی لەسەر نیە، بۆیە ھەمیشە بتپەرست تووشی زەلیلی و سووكایەتی دەبێت لەبەردەم خەڵكانی تردا. مەسیحیەكانی ئەمڕۆ بە نموونە وەربگرن، چۆن باوەڕی سێ خوایی بووە بە دۆزەخ بۆیان. پرسیار لە ھەر یەكێك لەوان بكە، تەنانەت ئەگەر قەشەیەكی گەورەش بێت، ناتوانێت ھیچ بەڵگەیەك لەسەر ڕاستی بیروباوەڕی سێ خوایی بھێنێتەوە. ئەوە تەنھا بیروباوەڕی یەكتاپەرستیە كە مرۆڤ ئارام و ئاسوودە دەبێت و چاوی ڕووناك دەبێتەوە پێی.
وە بە وشەی ﴿مَلُومٗا﴾ هۆشداری داوە كە موشریك ھەمیشە تووشی سەركۆنە دەبێت. ئەگەر باوەڕی بە پەرستراوێك ھێنا ئەوا تووشی سەركۆنەی پەرستراوێكی تر دەبێت، وە ئەگەر گوێڕایەڵی ئەم بكات ئەوا تووڕەبوونی ئەو دەبێت بە كۆت و بەند لەگەردنیدا.
پاشان بە وشەی ﴿مَّدۡحُورًا﴾ هۆشداری داوە كە موشریك لەلایەكەوە لە شڵەژان و سزای هەمیشەییدایە، وە لەلایەكی تریشەوە لە خوای گەورە دوور دەخرێتەوە كە سەرچاوەی ئارامی و ئاسوودەییە. بۆیە موشریك لە ھیچ لایەكیان نامێنێتەوە.
أَفَأَصۡفَىٰكُمۡ رَبُّكُم بِٱلۡبَنِينَ وَٱتَّخَذَ مِنَ ٱلۡمَلَٰٓئِكَةِ إِنَٰثًا ۚ إِنَّكُمۡ لَتَقُولُونَ قَوۡلًا عَظِيمٗا 41
شیكردنەوەی وشەكان:
أَصفَى: أصفی فلانا بكذا: واتە ئەو شتەی بەخشیوە بە فڵان كەس و تایبەتی كردووە پێی (الأقرب).
تەفسیر: خوای گەورە لێرەدا نموونەیەكی ھێناوەتەوە بۆ ئەو دڵەڕاوكێ دەروونیە و بۆ ئەو ژیانە پڕ لۆمەكاریەی كە موشریك تێیدا دەژی. فەرموویەتی: تەماشای سەیروسەمەرەی بتپەرستان بكەن؛ ئەوان لەلایەكەوە كچ تایبەت دەكەن بە خوا، وە كوڕ تایبەت دەكەن بە خۆیان تایبەت دەكەن، لەلایەكی ترەوە خودی ئەو كچانە دەپەرستن كە بەچاوی سووكەوە سەیریان دەكەن. وەك ئەوەی لە ئەنجامی وازھێنانیان لە خوای گەورە، ناچار بن سوجدە بۆ ھەمان ئەو دروستكراوە ببەن كە بە زەلیل و ڕسوای دەزانن.
پێویستە بزانرێت فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿إِنَّكُمۡ لَتَقُولُونَ قَوۡلًا عَظِيمٗا﴾ واتای ئەوەیە ئەم قسەیەتان ئەوپەڕی گەمژەیی و نەزانیە؛ چونكە ئەگەر وشەی “العظیم، گەورە” وەك وەسف بۆ شتێكی ناشرین بەكاربێت ئەوا مانای ئەوە دەگەیەنێت كە ئەوپەڕی قێزەون و دزێوە، وە ئەگەر وەك وەسف بۆ شتێكی جوان بەكاربھێنرێت مانای ئەوە دەگەیەنێت كە ئەوپەڕی جوانە. بۆیە خوای گەورە ھەواڵمان پێدەدات كە موشریك دەبێت بە كەسێكی شێت و عەقڵ تێكچوو، وە قسەی وا دەكات كە كەسی ژیر قسەی لەو جۆرە ناكات.
لەم بارەیەوە ڕووداوێكی خۆشم بیركەوتەوە كە بە تەواوەتی عەقڵیەتی كەسی موشریكمان بۆ ئاشكرا دەكات، ڕووداوەكە لەگەڵ مامۆستای بەڕێزم حەزرەتی مەولەوی نوورەددین -خوای گەورە پایەی بەرز بكاتەوە- ڕوویداوە كە قورئانی پیرۆزی فێردەكردم. بێگومان خوا (سبحانه وتعالى) لەئێستادا زانستێكی زۆری قورئانی بە من بەخشیوە، تەنانەت مامۆستاكەم خۆیشی پێی دەگوتم: لە تۆوە كۆمەڵێك زانیاریم بیستووە سەبارەت بە قورئان كە ھەرگیز نەمزانیوە، وە لە كتێبەكانی پێشیناندا ئەو زانیاریانەم نەخوێندووەتەوە؛ بەڵام لەڕاستیدا مامۆستاكەم خۆشەویستی ئەم كتێبە مەزنەی لە دڵمدا چاند و ڕێنموویی كردم بۆ ڕێگای دروستی تەفسیركردن، وە بنەماكەی دامەزراند كە توانیم بیناكەی لەسەر دابمەزرێنم؛ بۆیە هەمیشە لەناخی دڵەوە دوعای بۆ دەكەم.
بەڕێزی پێشتر لای یەكێك لە مەهاراجەكانی ویلایەتی گامۆن لە كشمیر وەك پزیشكی شاهانە كاری دەكرد. كاتێك مەهاراجا كۆچی دوایی كرد كوڕەكەی مەهاراجا “بەرتاب سەنگ” شوێنی گرتەوە، فەرمانی كرد مامۆستاكەم لە گامۆن دەربكرێت. ھۆكارەكەیش ئەوە بوو كە بەڕێزی پەیوەندیەكی بەھێزی ھەبوو لەگەڵ ڕاجا “ئەمر سەنگ” و ڕاجا “ڕام سەنگ”، ئەو دووانە باوك و مامی پاشای ئێستای گامۆن بوون. مەهاراجا “بەرتاب سەنگ” وای بیردەكردەوە كە مامۆستاكەم ژەھر دەخاتە خواردنەكەیەوە و بە ئاماژەی ھاوڕێكانی دەیكوژێت. بۆیە دوای ئەوەی دەركرا كۆچی كرد بۆ قادیان، وە بەهۆی پارێزكاری و زانستەكەیەوە وەك یەكەم خەلیفە لە كۆمەڵەكەماندا ھەڵبژێردرا. باسێكی ڕووداوێكی بۆ كردین لەكاتێكدا كە لە گامۆن كاری كردووە ڕوویداوە. ڕۆژێك مەهاراجا پێی گوت: ئەی مامۆستا، ئایا تۆش لە ماڵەكەتدا بتێكت هەیە یان نا؟ گوتی: نەخێر. ئێمە بتمان نیە، چونكە ئەمە لە ئایینەكەماندا حەرامە. مەهاراجا كەمێك سەری سوڕما و گوتی: ئامۆژگاریت دەكەم كە بەلایەنی كەمەوە لە ماڵەكەتدا پەیكەری “خواوەندی ڕەش” دابنێیت [یەكێكە لە پەرستراوە زۆرەكانی ھیندۆسەكان، وە لەلای ئەوان خوایەكی مێیە و ناوی “كالی دیوی” لێ دەنێن (واتە خواوەندی ڕەش) و “كالی مان” (واتە دایكی ڕەش). پەیكەرێكی ڕەشی بۆ دروست دەكەن و لە ماڵەكانیان ھەڵیدەگرن. (وەرگێڕ).]، چونكە ئەو خوایەكی زۆر بەھێزە و زیانی گەورە دەگەیەنێت. گوتی: ئەستەمە پەیكەری خواوەندی ڕەشیش دابنێین. گوتی: ئایا تووشی زیان نابن؟ گوتی: نەخێر، ئەی مەهاراجا. مەهاراجا زۆر بیری لێكردەوە و دواتر گوتی: ئێستا لە بابەتەكە تێگەیشتم. بۆ نموونە ئەگەر بمەوێت سزات بدەم لە ویلایەتەكەی خۆمدا [گامۆن] بێگومان سزات دەدەم، بەڵام ئەگەر لە ویلایەتەكەی منەوە ھەڵبێیت بۆ ناوچەی سیالكۆت بۆ نموونە ئەوا ناتوانم سزات بدەم. وە ھەمان حاڵەت لەم بابەتەشدا ڕاستە. ئێمە باوەڕمان بە خواوەندی ڕەش ھێناوە و كەوتووینەتە ژێر دەسەڵات و ھێزی ئەوەوە، بۆیە ئەشكەنجەمان دەدات؛ بەڵام ئێوەی مسوڵمان ھەر لە بنەڕەتدا بوونی ئەو خواوەندەتان ڕەتكردووەتەوە، بۆیە لە بازنەی دەسەڵاتی ئەو دەرچوون، بۆیە ناتوانێت زیانتان پێ بگەیەنێت. ئەویش گوتی: ڕاستت فەرموو ئەی مەهاراجا. بەڕاستی ئێمە بە باوەڕھێنان بە خوای تاك و تەنھا خۆمان ڕزگار كرد لە هەژموون و دەسەڵاتی ئەو پەرستراوە پووچانە. مەهاراجا زۆر خۆشحاڵ بوو بەوەی كە ڕاستیەكەی زانی، وە مامۆستاكەشم خۆشحاڵ بوو لەبەرئەوەی بیروباوەڕی یەكتاپەرستی ئێمەی موسوڵمانی پاراستووە لە زۆرێك لە شتە پڕوپووچەكان.
وَلَقَدۡ صَرَّفۡنَا فِي هَٰذَا ٱلۡقُرۡءَانِ لِيَذَّكَّرُواْ وَمَا يَزِيدُهُمۡ إِلَّا نُفُورٗا 42
شیكردنەوەی وشەكان:
(صَرَّفنا): (صَرَفه صَرْفًا): ئاراستەكەی گۆڕی. (صرَّف الكلامَ): واتە ھەندێ وشەی لە ھەندێكی تریان وەرگرتووە. (صرّف الله الرياحَ): واتە خوا بایەكەی لە ڕوویەكەوە بۆ ڕوویەكی تر گۆڕی. صرف فلانا في الأمر: واتە فڵان كەسی ڕاسپارد بە كارەكە (الأقرب).
(نُفورًا): (نفَرت الدابّةُ من كذا تنفِر نفورًا): واتە وڵاغەكە لێی سڵەمیەوە و دووركەوتەوە. (نفَر القومُ نَفَرًا) واتە كۆمەڵەكە جیابوونەوە. (ونفَر القوم عن كذا): واتە كۆمەڵەكە ڕوویان لێ وەرگێڕا و پشتیان تێكرد. (ونفَر القوم من كذا): واتە ڕقیان لێی بوو، بە دڵیان نەبوو (الأقرب).
تەفسیر: بەپێی ماناكانی (النفور، دووركەوتنەوە) كە لەسەرەوە ڕوونكراونەتەوە، ئەم ئایەتە مانای ئەوە دەگەیەنێت كە ئێمە لە قورئاندا جۆرەها بەڵگەمان خستووەتەڕوو، بەڵام خەڵكی لەو بەڵگانە دووردەكەونەوە و پشتیان تێدەكەن لەجیاتی ئەوەی سوودیان لێ وەربگرن.
ھەندێ كەس ڕەخنە لە قورئانی پیرۆز دەگرن كە دووبارەی تێدایە (تەفسیری قورئان، وێری). خوای گەورەش وەڵامی ئەو كەسانەی داوەتەوە و فەرموویەتی: ﴿وَلَقَدۡ صَرَّفۡنَا فِي هَٰذَا ٱلۡقُرۡءَانِ لِيَذَّكَّرُواْ﴾. واتە ئێمە لە قورئاندا بابەتەكانمان لە ھەموو لایەنە جیاوازەكانیانەوە باس كردووە بۆ ئەوەی خەڵكی لە ھەر گۆشەنیگایەكەوە تەماشای بكەن تێبگەن لێیان، بەڵام ئەوان لەگەڵ ئەوەشدا ڕووی لێ وەردەگێڕن.
پێویستە بزانرێت لە ماناكانی “صَرَّف” ئەمانەن: (١) شتەكە بە باشی وەڵامبدەیتەوە، (٢) شتەكە لەلایەكەوە بۆ لایەكی تر بگۆڕیت، دەوترێت: خوای گەورە بای گۆڕی.. واتە لە ڕوویەكەوە بۆ ڕوویەكی تر گۆڕی. كەواتە ئەم ئایەتە واتە؛ یەكەم: خوا وەڵامی ھەموو تۆمەتەكان دەداتەوە بە باشترین شێوە، دووەم: خوا (سبحانه وتعالى) ڕۆشنایی دەخاتەسەر ھەموو بابەتەكان لە ھەموو لایەنەكانەوە. لەڕاستیدا قورئانی پیرۆز ئەو دوو تایبەتمەندیە لەخۆدەگرێت، بەجۆرێك بەشێوەیەكی یەكلاكەرەوە وەڵامی ھەموو ئەو ڕەخنانە دەداتەوە كە ئاراستەی كراون؛ ھەروەھا ھەموو بابەتە گرنگە پێویستەكان لە ھەموو لایەنەكانیانەوە ڕوون دەكاتەوە. وە ئەو كتێبەی بەشێوەیەكی تێروتەسەل باسی ھەر بابەتێك دەكات پێویستە جار لەدوای جار ڕوونی بكاتەوە، ھیچ كەسێكی ژیر ئەم ڕوونكردنەوەیە بە دووبارەكردنەوەی بێسوود لەقەڵەم نادات، بەڵكو دووبارەكردنەوە ئەوەیە كە شتێك دووبارە بكرێتەوە بەبێ ئەوەی پێویست بێت. بەڵام ئەگەر شتەكە لە گۆشەنیگایەكی ترەوە و لەبەر پێویستیەكی نوێ باسكرایەوە؛ ئەوا چۆن دەكرێت بە دووبارەكردنەوە دابنرێت. لە ڕاستیدا ئەو ڕەخنەگرانە ڕانامێنن لە قورئان بۆ تێگەیشتن لە ناوەڕۆكەكەی، بەڵكو پەلە دەكەن لە تانەدان لێی لەسەر بنەمای كۆمەڵێك شتی ڕووكەشی.
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَمَا يَزِيدُهُمۡ إِلَّا نُفُورٗا﴾ ڕوونی دەكاتەوە كە سووربوونی ئەوان لەسەر ڕەتكردنەوەی قورئان سەرەڕای ئەوەی ئێمە چەندین جار بابەتە جۆراوجۆرەكانمان ڕوونكردووەتەوە، ئەوە دەگەیەنێت كە شیرك و بتپەرستی ھۆشی ئەوانی تێكداوە، ئەگینا بۆچی لە ڕاستیەكە تێناگەن سەرەڕای ئەوەی ئێمە بە كۆمەڵێك شێوازی جۆراوجۆر ڕوونی دەكەینەوە؟
قُل لَّوۡ كَانَ مَعَهُۥٓ ءَالِهَةٞ كَمَا يَقُولُونَ إِذٗا لَّٱبۡتَغَوۡاْ إِلَىٰ ذِي ٱلۡعَرۡشِ سَبِيلٗا 43
شیكردنەوەی وشەكان:
(العرش): تەختی پاشا؛ شكۆمەندی؛ بنەمای كارەكان؛ بناغەی شت. (عرشُ البيت): سەقفەكەی. (العرش): خێوەت؛ ئەو خانووەی كە سێبەری هەیە؛ نیمچە خانوویەك لە دار دروستكرابێت كە گیا بخرێتەسەری (الأقرب).
تەفسیر: خوا (عز وجل) لێرەدا بەخێرایی نموونەیەكی هێناوەتەوە بۆ ئەو شێوازی وەڵامدانەوەیەی كە پێشتر باسمان كرد، بەجۆرێك جارێكی تر قسەی لەسەر شیرك كردووە، بەڵام بێ ئەوەی ئەو قسانە دووبارە بكاتەوە كە پێشتر كردبووی، بەڵكو بەڵگەیەكی تری هێناوەتەوە كە بریتیە لەوەی: ئەگەر شیرك ڕێبازێكی ڕاست و دروستە ئەوا بۆچی بتپەرستان نەگەیشتوون بە خوا (عز وجل)؟ ئەمەیە مەبەست لە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿إِذٗا لَّٱبۡتَغَوۡاْ إِلَىٰ ذِي ٱلۡعَرۡشِ سَبِيلٗا﴾. واتە ئەگەر شیرك ڕێبازێكی دروست بوایە ئەوا ئەهلی شیرك دەیانتوانی پەیوندی دروست بكەن لەگەڵ خاوەنی عەرشدا، چونكە پێویستە پەیوەندیان بە كچ و كوڕەكانی خواوە دەرگایان لێ بكاتەوە بۆ نزیك بوونەوەیان لە خوا (سبحانه وتعالى).
قورئانی پیرۆز لە چەندین شوێنی تردا بانگەشەی بتپەرستەكانی تۆمار كردووە كە مەبەستیان لە پەرستنی بتەكان ئەوەیە نزیك ببنەوە لە خوای گەورە، ئەوەتا گوتوویانە: ﴿مَا نَعۡبُدُهُمۡ إِلَّا لِيُقَرِّبُونَآ إِلَى ٱللَّهِ زُلۡفَىٰٓ﴾ (الزمر: 4). كەواتە خوای گەورە لێرەدا شیرك ڕەتدەكاتەوە بەگوێرەی ئەم داوایەی خۆیان، وە دەفەرموێت: مادام مەبەستیان لەم شیركە ئەوەیە بگەن بە خاوەنی عەرش، وە مادام پەیوەندیان دروستكردووە لەگەڵ ئەو كەسانەی نزیكن لە خواوە بە قسەی خۆیان، كەواتە پێویستە نزیكببنەوە لێی، بەڵام ھیچ نیشانەیەكی نزیكبوونەوە لە خوا (سبحانه وتعالى) بوونی نیە تێیاندا.
قورئانی پیرۆز نیشانەكانی كەسانی نزیك لە خوای بەم شێوەیە خستووەتەڕوو:
نیشانەی یەكەم: گیرابوونی دوعا، خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَإِذَا سَأَلَكَ عِبَادِي عَنِّي فَإِنِّي قَرِيبٌ ۖ أُجِيبُ دَعۡوَةَ ٱلدَّاعِ إِذَا دَعَانِۖ﴾ (البقرة: 187) واتە كاتێك بەندەكانم پرسیارت لێ دەكەن دەربارەی من، پێیان بڵێ: من لە ئێوە نزیكم. وە نیشانەی نزیكیی من لێیانەوە ئەوەیە كە من وەڵامی دوعای دوعاكار دەدەمەوە.
ئەم نیشانەیە هێندە ڕاستە كە بتپەرستیش ناتوانێت ڕەتی بكاتەوە. بەڵام ھیچ شوێنەوارێكی نیە لای ئەهلی شیرك، چونكە لەناویاندا ھیچ كەسێك نیە بڵێت دوعاكانی گیرا بووە. ھەتا ئەمڕۆ ھیچ كەسێك نەبووە لە جیهاندا بانگەشەی ئەوەی كردبێت لە ڕێگەی بتەكانەوە نزیكبووبێتەوە لە خوای گەورە و خوای گەورە دوعاكانی بیستبێت و قەبوڵی كردبن، وە جیھان نیشانەكانی وەڵامدانەوەی خوایی بۆ دوعاكانی بینیبێت.
نیشانەی دووەم: خوا (عز وجل) سەبارەت بە كەسانی نزیكی خۆی دەفەرموێت: ﴿لَا يَسۡمَعُونَ فِيهَا لَغۡوٗا وَلَا تَأۡثِيمًا * إِلَّا قِيلٗا سَلَٰمٗا سَلَٰمٗا﴾ (الواقعة: 26 و27) واتە لە نیشانەكانی پایەی نزیكبوونەوە لە خوا ئەوەیە كە ئەم پایەیە ھیچ شتێكی پووچ و هیچ تاوانێكی تێدا نیە، بەڵكو خەڵكەكە لە خراپەی یەكتری پارێزراو دەبن، و ھەموو كەسێك لەو مەقامەدا ھەوڵی سەلامەتی كەسانی تر دەدات، ھەروەك چۆن خۆشیان لەلایەن خواوە سەلامەتی بەدەستدەهێنن. ھیچ بتپەرستێك ناتوانێت ئەم پێوەرەیش ڕەتبكاتەوە، چونكە ئاشكرایە ئەو كەسەی لە خوای گەورە نزیك بێت دەبێت خۆی بپارێزێت لەو شتانەی دەكەونە چوارچێوەی شتی پووچ و تاوانەوە، وە وەك بەندەیەكی خوای گەورە بژی و ھەوڵ بدات بۆ گەیاندنی خێر و چاكە بە بەندەكانی تری خوا، وە خۆی بەدوور بگرێت لە خراپەكاری.
ئەم نیشانەیەش لە ھیچ بتپەرستێكدا بوونی نیە. بۆ نموونە بەشی یەكەمی ئەم نیشانەیە كە بریتیە لە خۆبەدوورگرتن لە شتی پووچ و بێ مانا. كەی بتپەرست خۆی بەدوور دەگرێت لە شتی پووچ و بێ مانا؟ نەخێر، بەڵكو ئەو بەھۆی شیركەكەیەوە كاری گاڵتەجاڕی دەكات، بەجۆرێك شتێكی خەیاڵی بە گەورە دەگرێت و كڕنووشی بۆ دەبات كە هیچ زانیاریەكی نیە دەربارەی، وە زیانی نیە؛ وە كەسی ژیر بە سەرسوڕمان و حەپەساویەوە دەڕوانێتە ئەم كارانەی ئەو. بۆ نموونە چ كەسێكی ژیر ئامادەیە ئەم هەرا و دەنگەدەنگە پەسەند بكات كە لە ھیندستاندا دروست بووە سەبارەت بە پیرۆزی مانگا. ئەم مانگا پەرستانە بەچكەی مانگاكە بێ بەش دەكەن لە شیرەكەی بۆ ئەوەی خۆیان لێی سوودمەند بن، وە خۆیان دانەوێڵە و بەروبووم دەخۆن لەكاتێكدا ئالیك و گیای وشك دەدەن بە مانگاكە، وە لە پەچەدا بەندی دەكەن، وە نێرەكەی (گا) بەكاردەھێنن بۆ ھەڵگرتنی كەل و پەلی خۆیان و ھەروەھا لە گەشتەكانیشیاندا بەكاریدەهێنن، وە لێی دەدەن؛ لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا بە خوایەكی پیرۆز لەقەڵەمی دەدەن! وە لەمە سەیرتر ئەوەیە كە گاڵتە بە مەسیحیەكان دەكەن بەوەی كە مرۆڤێكی لاوازیان كردووە بە خوا. مەسیحیەكانیش گاڵتە بە ھیندۆسەكان دەكەن بەوەی گیاندارێكی لاوازیان كردووە بە خوا! و ھیچ مرۆڤێكی یەكتاپەرست لەكاتی بینینی ئەم گاڵتەجاڕیانەدا ھیچی پێناكرێت جگە لەوەی بڵێت: (لا حول ولا قوة إلا بالله).
بەشی دووەمی نیشانەی دووەمی كەسانی نزیك لە خوا ئەوەیە كە خۆیان بەدوور دەگرن لە تاوان. و بتپەرست مەحاڵە خۆی بەدوور بگرێت لە تاوان ئەگەر هاوەڵ بۆ خوا دابنێت. ئێمە گومانمان نیە لە بوونی ھەندێك كەسی چاك لەناو بتپەرستەكاندا، بەڵام چاكی ئەوان ناگەڕێتەوە بۆ بتپەرستیەكەیان، بەڵكو چاكیەكەیان لەسەر حیسابی بتپەرستیەكەیانە؛ چونكە سروشتیان ھەر لەسەر چاكە ماوەتەوە، بۆیە شیرك ناتوانێت ڕەگ و ڕیشەی تێدا داكوتێت. بۆ نموونە مانگا، مانگا پەرستەكان بە جۆرەها شێوە ئازاری ئەم پەرستراوەی خۆیان دەدەن. لەڕاستیدا ناچارن ئەو كارە بكەن، چونكە خوا مانگای دروست كردووە بۆ سوودی مرۆڤ، بۆیە پێویستە ئەوان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكاریبھێنن. لە ئەنجامدا لەلایەكەوە لە كارەكانیاندا بەكاریدەھێنن، وە لەلایەكی ترەوە بەردەوام هەست بە تاوان دەكەن لە ئەنجامی ئەوەی مانگا بەكاردەهێنن، بەمەش دڵ و ویژدانیان خراپ دەبێت.
پاشان ئەو ھیندۆسە بتپەرستانە ئاھەنگ دەگێڕن بە بۆنەی ئەو شتەی كە ناویان ناوە “دەسەهرە” [ئاھەنگێكی ھیندۆسیە تێیدا یادی ئەو سەركەوتنە دەكرێتەوە كە “ڕاجا ڕام چەندەر” -كە حەوتەم كەسایەتیی پیرۆز بووە لای ھیندۆسەكان و سەر بە چینی “كەھتری” بووە كە دووەم چین بووە لە چوار چینەكەی ئایینی ھیندۆسی- بەدەستی ھێناوە بەسەر دوژمنەكەیدا بەناوی “ڕاجا ڕاوەن” كە سەر بە چینی “برەهمەن” بووە كە بەرزترین چینی ئایینی ھیندۆسییە. (وەرگێڕی عەرەبی)]، پاشان دوای ئاھەنگەكە بیركردنەوەیەكی گوماناویان بۆ دێت كە “ڕام چەندەر” (كەھتری) بووە، وە “ڕاوەن” (برەهمەن) بووە، و سووكایەتیكردن بە برەهمەن گوناهە؛ بۆیە لە ڕۆژێكی تردا تۆبە دەكەن وەك كەفارەتێك بۆ ئەو گوناهە. ھەمان شت ڕاستە بۆ مەسیحیەكان بەجۆرێك ئەوانیش لەلایەكەوە باوەڕیان وایە مەسیح خوایە، وە لەلایەكی تریشەوە گوناهەكانی خۆیان دەخە ئەستۆی. وە ئەم بیروباوەڕە شیركیە دەرگای ھەموو تاوانێكی لەسەر كردوونەتەوە، چونكە پێیان وایە “مەسیح”ی پەرستراویان بەرپرسیاریەتی تاوانەكانی ئەوانی ھەڵگرتووە.
نیشانەی سێیەمی نزیكانی خوا ئەوەیە كە لەلایەن خوای گەورەوە دەپارێزرێن. وە ئەم تایبەتمەندییەش لە كەسی بتپەرستدا بوونی نیە، وە هەرگیز بوونی نابێت، چۆن دەكرێت كەسێك لەلایەن خواوە بپارێزرێت كە دەچەمێتەوە و كڕنووش دەبات بۆ ئەو شتانەی خوا ڕامی كردوون بۆ مرۆڤ.
نیشانەی چوارەمی نزیكانی خوا ئەوەیە كە خۆیان تەرخان دەكەن بۆ خوای گەورە، بۆیە بە چاكی مامەڵە دەكەن لەگەڵ بەندەكانی تری خوادا، بۆ ئەوەی خەڵكی زیاتر لە ئاشتی و تەباییدا بژین. وە ئەم تایبەتمەندیەش ناكرێت لە كەسی بتپەرستدا بوونی هەبێت چونكە تەنھا یەكتاپەرستی دەتوانێت ئاشتی لە جیھاندا جێگیر بكات، لەكاتێكدا بوونی چەندین پەرستراو تەنھا دەبێتە ھۆی دووبەرەكی و خراپەكاری. لەڕاستیدا جەنگی نێوان گەلان تەنھا بەهۆی پەرستراوە نەتەوەییەكانەوە هەڵگیرساوە، بۆ نموونە ھیندۆسێك ناكرێت باوەڕ بە مەسیح بھێنێت، وە ناكرێت مەسیحیەكیش مانگا بپەرستێت؛ بەڵام دەكرێت ھەموویان خوایەكی تاك و تەنها بپەرستن، بەمەش دەتوانرێت ئاشتی جیھانیی مسۆگەر بكرێت.
ھەروەھا، لە ماناكانی فەرمایشتی ﴿إِذٗا لَّٱبۡتَغَوۡاْ إِلَىٰ ذِي ٱلۡعَرۡشِ سَبِيلٗا﴾ ئەوەیە پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەفەرموێت پێیان: ئەی دوژمنەكانم ئەگەر لە ڕاستیدا پەرستراوی تریش ھەبوایە ئەوا ئێوە پەیوەندیتان پێیانەوە دەكرد، بۆ ئەوەی نیشانتان بدەن چۆن دەتوانن زیانم پێ بگەیەنن و لەناومبەرن، وە بۆ ئەوەی بتانناسێنن بە خاوەنی عەرش تاكو نیشانتان بدات چۆن پلان دابڕێژن بۆ ئەوەی سەركەوتوو بن لە بەرەنگاربوونەوەمدا. كەواتە گەشەسەندنی بەردەوامی من سەرەڕای ئەوەی لاوازم، وە لەناوچوونی بەردەوامی ئێوە سەرەڕای ئەوەی بتەكان دەپەرستن و داوای یارمەتیان لێ دەكەن نیشانەی ئەوەیە كە باوەڕی شیرك پووچە و ھیچ سوودێكی نیە.
زۆرێك لە گەورە بتپەرستەكان لە ڕێگەی ئەم بەڵگەیەوە ھیدایەتیان وەرگرت. لە فەرموودەی پیرۆزدا ھاتووە كاتێك پێغەمبەر (ﷺ) لە ڕۆژی فەتحكردنی مەككەدا ئافرەتان هاتن بۆ ئەوەی بەیعەتی پێ بدەن، فەرمووی پێیان: هاوەڵ بۆ خوا بڕیار مەدەن. لەناویاندا ھیندی ھاوسەری ئەبو سوفیان هەبوو، خۆی بۆ ڕانەگیرا گوتی: ئەی پێغەمبەری خوا، چۆن هاوبەش بۆ خوا بڕیار دەدەین لەدوای ئەم ھەموو شتە؟ ئەگەر بتەكانمان هیچ شتێكیان ھەبوایە بۆ یارمەتیدانمان ئەوا تۆ سەركەوتوو نەدەبوویت بەسەر ئێمەدا سەرەڕای ئەوەی تەنھا و لاواز و داماو بوویت! [ڕیوایەتێك ھەیە كە ئەم مانایە دەداتەپاڵ ھیندی ھاوسەری ئەبو سوفیان، تێیدا ھاتووە كە زوبەیری كوڕی عەووام لە ڕۆژی فەتحدا كاتێك بتی “ھوبەل”ی شكاند فەرمووی: ئەی ئەبو سوفیان، ھوبەل شكا! ئەوە بزانە لە ڕۆژی ئوحوددا تۆ بەهۆی ئەم بتەوە بایهەوا بوویت، كاتێك بانگەشەی ئەوەت دەكرد كە ئەو نیعمەتی بەخشیی پێت! ئەبو سوفیان گوتی: واز لەم قسەیە بھێنە ئەی كوڕەكەی عەووام، دڵنیابووم ئەگەر جگە لە خوای موحەممەد خوایەكی تر ھەبوایە، ئەوا شتێكی تر ڕووی دەدا.” (المغازي، للواقدي، باسی فەتح، بەرگی ٢، لاپەڕە ٨٣٢) (وەرگێڕی عەرەبی)]
سُبۡحَٰنَهُۥ وَتَعَٰلَىٰ عَمَّا يَقُولُونَ عُلُوّٗا كَبِيرٗا 44
شیكردنەوەی وشەكان:
(تعالى): بەرزبووەوە (الأقرب). بگەڕێرەوە بۆ شیكردنەوەی وشەكانی ئایەتی ژمارە ٥ی ئەم سوورەتە.
تەفسیر: وشەی ﴿عُلُوّٗا﴾ كە لە بابەتی (نصَر ينصُر)وە، جەختكردنەوەیە بۆ فرمانی (تعالى) كە لە بابەتی (التفاعل)ە. و لە قورئاندا نموونەی تریش ھەیە بۆ بەكارھێنانی لەم شێوەیە وەكو فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَأَنۢبَتَهَا نَبَاتًا حَسَنٗا﴾ (آل عمران: ٣٨). وە موفەسیرەكان گوتوویانە ئەم شێوازە جەخت زیاتر دەكاتەوە بەجۆرێك فرمان و چاوگێكی زیادە تەقدیر دەكرێن (روح المعاني)؛ و لێرەدا واتاكەی بەم شێوەیە دەبێت: تعالی الله تعالیا وعلا علوا: خوای گەورە لەوە بەرزتر و بڵندترە كە ئەوان دەیڵێن؛ وە مانای ڕستەكە ئەوەیە زۆر دوورە لە گەورەیی خوا كە نزیكیی خۆی ببەخشێت بە كەسێك لە ڕێگەی كەسێكی ترەوە، چونكە حیكمەت لەوەدا نیە كە خوا بە دەستی خۆی مرۆڤ دروست بكات، ئینجا نەهێڵێت مرۆڤ خوا (سبحانه وتعالى) بناسێت و لەم بارەیەوە ئاستەنگی بۆ دروست بكات.
ڕەنگە كەسێك بڵێت: ئەگەر خوای گەورە نزیكیی خۆی نەبەخشێت بە ھیچ كەسێك لە ڕێگەی كەسێكی ترەوە، ئەوا بۆچی پێغەمبەران دەنێرێت، وە بۆچی فەرزكراوە لەسەرمان باوەڕ بهێنین پێیان؟ وەڵامەكە ئەوەیە: پێغەمبەر تەنھا بۆ لابردنی ئەو بەربەستانە دەنێردرێت كە لە ڕێگای نزیكبوونەوە لە خوادا هەن، وە بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵكی بۆ لای خوا (عز وجل) ڕابكێشێت. بۆیە پێغەمبەر نابێتە بەربەست لەنێوان خوا و بەندە، بەڵكو سەرەڕای بوونی پێغەمبەر ھەر بەندەیەك پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ خوای گەورەدا.
تُسَبِّحُ لَهُ ٱلسَّمَٰوَٰتُ ٱلسَّبۡعُ وَٱلۡأَرۡضُ وَمَن فِيهِنَّ ۚ وَإِن مِّن شَيۡءٍ إِلَّا يُسَبِّحُ بِحَمۡدِهِۦ وَلَٰكِن لَّا تَفۡقَهُونَ تَسۡبِيحَهُمۡ ۚ إِنَّهُۥ كَانَ حَلِيمًا غَفُورٗا 45
شیكردنەوەی وشەكان:
لا تَفقَهون: (فَقَهَ الشيءَ يفقَه فِقْهًا): واتە لە شتەكە تێگەیشت. (وفَقِهَ الرجلُ يفقَه فَقَهًا): واتە پیاوەكە زانی و بوو بە فەقیھـ (الأقرب).
حليمًا: (حلُم يحلُم حِلْمًا): واتە لێی خۆش بوو و چاوپۆشی لێ كرد، ئەو كەسە لەسەرخۆ و لێبوردەیە (الأقرب).
تەفسیر: خوا (سبحانه وتعالى) لێرەدا ڕوونیكردووەتەوە كە سەرنجدان لە گەردوون بەشێوەیەكی گشتگیر بەڵگەیە لەسەر یەكتاپەرستی خوای گەورە، ھەروەھا سەرنجدان لە ھەر شتێك بە تەنھا دەمانگەیەنێتە ھەمان ئەنجام؛ پێویستە بزانرێت فەرمایشتی ﴿تُسَبِّحُ لَهُ ٱلسَّمَٰوَٰتُ ٱلسَّبۡعُ وَٱلۡأَرۡضُ وَمَن فِيهِنَّۚ﴾ باسی بەڵگەی گشتگیر دەكات لەسەر یەكتاپەرستی، بەڵام فەرمایشتی ﴿وَإِن مِّن شَيۡءٍ إِلَّا يُسَبِّحُ بِحَمۡدِهِۦ﴾ باسی بەڵگەی ھەر شتێك دەكات بەتەنھا لەسەر یەكتاپەرستی، چونكە ئەگەر ڕستەی یەكەم ھەموو بەڵگەی “هەرشتێك بەتەنھا”یشی لەخۆبگرتایە ئەوا پێویست نەبوو ڕستەی دووەم باس بكرێت.
بەڵگە گشتگیرەكە ئەوەیە كە سەرنجدان لە شتە ھەمە جۆرەكانی ناو گەردوون بەڵگەیە لەسەر بوونی پەیوەندیەكی بەهێز لەنێوانیاندا. سەرەڕای ئەوەی كە ئەم شتانە ملیۆنەھا میل دوورن لەیەكەوە، بەڵام لە ڕێگەی سیستمێكی زۆر پتەوەوە پەیوەستن بەیەكەوە؛ وە پەیوەست بوونی ئەم شتانە بەشێوەیەكی تەواو گونجاو لەژێر سیستەمێكی پتەوی یەكگرتوودا بە ڕوونی نیشانی دەدات كە لە گەردووندا تەنھا یەك یاسا بوونی ھەیە و ئەگەر نا سیستەمەكەی تێكدەچوو. وە كاتێك لە گەردووندا تەنھا یەك یاسا ھەیە ئەوا چۆن دەكرێت یاسادانەرێكی تر ھەبێت تێیدا.
ھەروەھا هەر شتێك لە گەردووندا بە تەنھا تەسبيحی خوای گەورە دەكات، بەجۆرێك لە ھەموو شتێكدا سیفەتەكانی خوای كردگار (سبحانه وتعالى) دەردەكەون، وەك: داپۆشەر و لێخۆشبوو و بەدیهێنەر و خاوەن و ھتد.. واتە تۆ دەبینیت ھەموو شتێك بەگوێرەی ئەو سیفەتە خواییانە كاردەكات. ئەگەر ئێوە ھەموو گەردیلەیەكی گەردوونتان پشكنی ئەوا جێ دەستی ئەم سیفەتانەی خوایان تێدا دەبینن. مادام ھەموو شتێك سیفەتەكانی یەك خوا دەردەخەن ئەوا چۆن دەكرێت بدرێنەپاڵ خوایەكی تر؟
سەبارەت بە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَلَٰكِن لَّا تَفۡقَهُونَ تَسۡبِيحَهُمۡۚ﴾ ھەندێ گوتوویانە مەبەست لێی ئەوەیە ھەر شتێك زمانێكی تایبەت بەخۆی ھەیە كە تەسبيحی پێ دەكات، بەڵام ئێمە لە زمانەكەی تێناگەین. (تفسير البغوي)
من دەڵێم: ئەگەر ھەر شتێك زمانێكی تایبەت بەخۆی ھەبوایە و ئێمە لێی تێنەگەیشتینایە ئەوا چۆن ئەمە دەبێتە بەڵگە بۆ ئێمە؟ بەڵگە ئەوەیە كە ئێمە بتوانین لێی تێبگەین و پەی ببەین پێی. كەواتە مەبەست لەم ڕستەیە ئەوە نیە كە ئێمە لە زمانی ئەو شتانە تێناگەین، بەڵكو مانای ڕاست ئەوەیە كە ئێمە پەی بەوە نابەین كە هەموو ئەم شتانەش تەسبيحی خوای گەورە دەكەن.
و خوای گەورە بە فەرمایشتی ﴿إِنَّهُۥ كَانَ حَلِيمًا غَفُورٗا﴾ ئاماژەی بەوە داوە كە خۆی (سبحانه وتعالى) بە هێمنی و لەسەرخۆیی مامەڵەتان لەگەڵدا دەكات، بەڵام ئێوە سوود لە هێمنی ئەو نابینن، بەڵكو یاخیبوونتان زیاتر دەكات. ئایا بیرتان لەوە نەكردووەتەوە كە سوود نەبینینی ئێوە لەم سیستەمە گەردوونیە و لەو بەڵگانەی كە ئاماژە بەو سیستەمە دەكەن، وە دانەبەزینی سزا بۆ سەرتان سەرەڕای بەردەوامبوونتان لە خراپەكاری و یاخی بوون نیشانەی ئەوەیە كە خوا لێبوردەیە و لەسەرخۆیە و دەستبەجێ سزاتان نادات؟ كەواتە وا باشترە ئێوە خاوەنی بەرزترین ڕەوشت بن و بەو شێوەیە ڕەفتار بكەن كە لەگەڵ ئەم هێمنیە خواییەدا بگونجێت.
وَإِذَا قَرَأۡتَ ٱلۡقُرۡءَانَ جَعَلۡنَا بَيۡنَكَ وَبَيۡنَ ٱلَّذِينَ لَا يُؤۡمِنُونَ بِٱلۡأٓخِرَةِ حِجَابٗا مَّسۡتُورٗا 46
شیكردنەوەی وشەكان:
حِجابًا: (الحجاب): بریتیە لە چاوگی (حجَب يحجُب). (والحجاب): پەردە؛ وە ھەر شتێك كە داپۆشەر بێت (الأقرب).
تەفسیر: ئەم ئایەتە دوو مانای ھەیە؛ یەكەمیان ئەوەیە: كاتێك تۆ قورئانی پیرۆز دەخوێنیتەوە ئێمە لەنێوان تۆ و ئەو كەسانەی باوەڕیان بە ڕۆژی دوایی نیە پەردەیەكی شاراوە دادەنێین كە ناتوانن بیبینن. و ئەو پەردەیە بە ﴿مَّسۡتُورٗا﴾ وەسف كراوە بۆ ئەوەی ھیچ كەسێك لە نەزانەكان وا تێنەگات كە پەردەیەكی ماددیە.
ھەندێ گوتوویانە خوای گەورە پەردەیەكی دەدا بەسەر پێغەمبەردا (ﷺ) بۆ ئەوەی لە چاوی خەڵكی ون بێت، وە لەم بارەیەوە چیرۆكێكیان ھێناوەتەوە سەبارەت بە ھاوسەرەكەی ئەبو لەھەب. گوتوویانە: كاتێك سوورەتی “المسد” دابەزی و ئەم ژنە بیستی كە خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿فِي جِيدِهَا حَبۡلٞ مِّن مَّسَدِۢ﴾ زۆر تووڕە بوو، بەپەلە چوو بۆ لای پێغەمبەر (ﷺ) تاكو زیانی پێ بگەیەنێت. ئەویش لە خوای گەورە پاڕایەوە تا لە شەڕ و خراپەی ئەو ئافرەتە بیپارێزێت، ئەوە بوو خوای گەورە پەردەیەكی خستە نێوان ئەو و پێغەمبەر، بۆیە نەیتوانی پێغەمبەر (ﷺ) ببینێت و زیانی پێ بگەیەنێت. (الدر المنثور، والرازي)
ئەمە یەكێكە لە ئەفسانەكان، چۆن دەكرێت پێغەمبەر كە نەترساوە لە ھەموو جیهان، كەچی لەم ژنە لاوازە بترسێت تا خوا ناچار بێت لەپشت پەردەیەكەوە بیشارێتەوە؟!! ئەمە شتێكە ڕێی تێناچێت و مەحاڵە ھیچ كەسێكی ژیر قەبوڵی بكات. ئەو كەسانەی باسی ئەم ڕیوایەتە دەكەن بیر لەوە ناكەنەوە كە خوا ئەو پەردەیەی بەوە وەسف كردووە كە ﴿مَّسۡتُورٗا﴾ واتە بە نەبینراو وەسفی كردووە، بەڵام ئەوان دەڵێن بینراو بووە، وە پێغەمبەریش (ﷺ) لە پشتیەوە شاراوە بووە!
مانای دووەمی ئەم ئایەتە ئەوەیە كە ئەو پەردەیەش لە پشت پەردەیەكی ترەوە شاراوەتەوە.. واتە لەنێوان تۆ و بێباوەڕەكاندا تەنھا یەك پەردە بوونی نیە، بەڵكو چەندەھا پەردە ھەیە وەك پەردەی دەمارگیری نەتەوەیی و ماڵ و سامانی زۆر و ڕەوشتی خراپ و ھتد.. واتە جارێك ئەوە ناهێڵێت باوەڕبهێنن كە بیردەكەنەوە ئەگەر باوەڕیان هێنا ئەوا ناچاردەبن واز لە خێڵ و گەلەكەیان بھێنن، وە جارێكی تر ترس و بیمیان دەربارەی ماڵ و سامانیان دەبێتە ھۆی ئەوەی كە باوەڕنەھێنن؛ وە ھەندێ جار بیر لەوە دەكەنەوە كە باوەڕهێنان ئەوەیان لێ داوا دەكات دەستبەرداری زۆرێك لەو ڕەوشت و نەریتە خراپانە بن كە خوویان گرتووە پێیانەوە. بۆیە خوای گەورە لێرەدا پێغەمبەری (ﷺ) ئاگاداركردووەتەوە و فەرموویەتی ئەو كەسانە باوەڕت پێ ناھێنن هەتا ئەم پەردانە لانەبەن، بەڵام كێشەكە ئەوەیە ئەو پەردانە شاردراوەتەوە لەوان، بۆیە ناتوانن بیانبینن؛ وە پێیان وایە كێشەكە لە قورئاندایە، بەجۆرێك دەڵێن: ئەگەر قورئان خێر بوایە ئەوا دەستبەجێ دڵمان كاریگەر دەبوو پێی. بەڵام لەڕاستیدا ژەنگ لەسەر دڵەكانیان نیشتووە، بۆیە جوان بە ناشرین دەبینن و ناشرینیش بە جوان دەبینن، كەواتە باوەڕهێنانیان زۆر دوورە.
ئەم مانای دووەمە و ئایەتەكەی دواتریش پشتڕاسی دەكاتەوە كە دەفەرموێت: ﴿وَجَعَلۡنَا عَلَىٰ قُلُوبِهِمۡ أَكِنَّةً﴾.. واتە تەنها یەك پەردە نەدراوە بەسەر دڵیاندا، بەڵكو چەندین پەرد دراوە بەسەر دڵیاندا.
وَجَعَلۡنَا عَلَىٰ قُلُوبِهِمۡ أَكِنَّةً أَن يَفۡقَهُوهُ وَفِيٓ ءَاذَانِهِمۡ وَقۡرٗا ۚ وَإِذَا ذَكَرۡتَ رَبَّكَ فِي ٱلۡقُرۡءَانِ وَحۡدَهُۥ وَلَّوۡاْ عَلَىٰٓ أَدۡبَٰرِهِمۡ نُفُورٗا 47
شيكردنەوەی وشەكان:
أكنة: كۆی وشەی “كِنّ”ە، واتە: سەرپۆش و داپۆشەری هەر شتێك (المنجد).
وقرًا: وقرت أذنه تقر وقرا، واتە: گوێی قورس بوو، یان بیستنی بە تەواوی نەما و كەڕ بوو (الأقرب).
وَلَّوا: ولّى هاربًا: واتە پشتی هەڵكرد و ڕایكرد. ولّى الشيءَ وعن الشیءِ: واتە ڕووی وەرگێڕا و دووركەوتەوە لێی (الأقرب).
تەفسیر: بزانە كە وشەی ﴿أَن يَفۡقَهُوهُ﴾ پەیوەستە بە بەركارێكی سڕاوەوە (مفعول محذوف)، مەبەست ئەوەیە ئێمە پەردەكانمان خستووەتە سەر دڵیان بۆ ئەوەی ئەو جۆرە مرۆڤە خراپانەی كە دڵیان بە تاریكیی جۆراوجۆر داپۆشراوە نەیەنە ناو ئیسلامەوە، بەمەش ببنە هۆی ناشرینكردنی و شێواندنی ناوبانگی ئیسلام.
ڕەنگە لێرەدا پرسیارێك بێتە ئاراوە كە بریتیە لەوەی: كاتێك خوا خۆی ئەو پەردانەی خستووەتەسەر دڵیان، ئیتر لەكوێ دەتوانن ڕاستیەكان بزانن و بێنەناو ئیسلامەوە، وە چۆن دروستە لۆمە بكرێن؟
خواى گەورە لە شوێنێكی تردا بەشێوەیەكی مەبدەئی وەڵامی ئەمەی داوەتەوە و فەرموویەتی: ﴿وَمَا يُضِلُّ بِهِۦٓ إِلَّا ٱلۡفَٰسِقِينَ﴾ (البقرة: 27). واتە: ئەم پەردانە لە ناخی خۆیانەوە دروست دەبن، نەك لە دەرەوە. هەروەها خوا (عز وجل) لە شوێنێكی تری قورئانی پیرۆزدا ئەمەی ڕوونكردووەتەوە و فەرموویەتی: ﴿أَمۡ عَلَىٰ قُلُوبٍ أَقۡفَالُهَآ﴾ (محمد: 25). واتە: كۆمەڵێك قوفڵ دراوە لە دڵیان كە لە ناخی خۆیانەوە دروست بوون. مرۆڤ بە ئازادی خۆی ئەم پەردە و قوفڵانە هەڵدەبژێرێت، بەڵام خوا ئەو شتە دەخاتە سەر دڵی مرۆڤ كە مرۆڤەكە خۆی هەڵیدەبژێرێت. ئەمەش چونكە مرۆڤ هەتا دڵی پاك نەبێتەوە، هەرگیز چوونەناو كۆمەڵی خوایی هیچ سوودێكی نابێت بۆی، بەڵكو ناوبانگی كۆمەڵە خواییەكەیش ناشرین دەكات.
دەربارەی فەرمایشتیی خوای گەورە ﴿وَإِذَا ذَكَرۡتَ رَبَّكَ فِي ٱلۡقُرۡءَانِ وَحۡدَهُۥ وَلَّوۡاْ عَلَىٰٓ أَدۡبَٰرِهِمۡ نُفُورٗا﴾، بزانە وشەی ﴿وَحۡدَهُۥ﴾ ئەوە دەگەیەنێت كە موشریكەكان باوەڕیان بە خوا هەیە، بەڵام پەست و دڵتەنگ دەبن بە یەكتاپەرستی. ئەم دڵتەنگیەش یەكێكە لەو پەردانەی كە لەسەرەوە باسكرا.
نَّحۡنُ أَعۡلَمُ بِمَا يَسۡتَمِعُونَ بِهِۦٓ إِذۡ يَسۡتَمِعُونَ إِلَيۡكَ وَإِذۡ هُمۡ نَجۡوَىٰٓ إِذۡ يَقُولُ ٱلظَّٰلِمُونَ إِن تَتَّبِعُونَ إِلَّا رَجُلٗا مَّسۡحُورًا 48
شيكردنەوەی وشەكان:
یستمعون: استمعَ له وإلیه: گوێی لێ گرت (الأقرب).
نَجْوَى: النجوی: نهێنی؛ ئەو كەسانەی بە نهێنی یا بە چرپە قسە دەكەن، ئەمە وەسفێكە بە چاوگ كە تێیدا تاك و كۆ یەكسانە (الأقرب).
مسحورًا: هەڵخەڵەتێنراو؛ دوورخراوە لە كارێك؛ عەقڵی لێ زەوت كراوە؛ داماڵراوە. [لە “أقرب الموارد”دا هاتووە: سَحَره: واتە سیحری لێ كرد و فریویدا؛ سَحَره عن الأمر: واتە لەو كارە دووریخستەوە؛ وسَحَره بكلامه وألحاظه: واتە ڕایكێشا بۆ لای خۆی و عەقڵی لێ برد. وە لە “لسان العرب”دا هاتووە: سَحَره، فهو مسحور وسحیر: واتە سیحری لێ كرد. پیاوێك (سحر و سحیر) بێت: واتە انقطع سحره، سیەكانی بڕاوە، ئەگەر تووشی نەخۆشی سیل ببێت و گۆشتی پێوە نەمێنێت ئەوە پێی دەوترێت “سحیر” و “سَحِر”. (وەرگێڕ)].
وەك ئەوەی ئەوان بە كەسانی تریان گوتبێت: ئێوە تەنها شوێن كەسێك دەكەون كە هەڵخەڵەتێنراوە؛ یان لە ڕاستی دوورخراوەتەوە؛ یان عەقڵی لێ سەندراوەتەوە؛ یان تووشی نەخۆشیەك بووە كە چارەسەری نیە. ئەمەش لەبەرئەوەی تەندروستی پێغەمبەرانی خوا بەگشتی زۆر باش نیە بەهۆی خەمخواردنیان بۆ بارودۆخی خراپی گەلەكانیان، بۆیە كەسانی دژ و نەیار پێی دەڵێن نەخۆش و لاوازە، وە لە ماوەیەكی كەمدا دەمرێت، ئەو تەنها “هەوری هاوینەیە كە زوو دەڕەوێتەوە.”
تەفسیر: پێویستە بزانرێت پیتی (ب) لە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿يَسۡتَمِعُونَ بِهِۦٓ﴾ بە مانای (لام) هاتووە، مەبەست لێی ئەوەیە كە ئێمە بە باشی ئاگاداری ئەوەین كە بە چ مەبەستێك ئەو كەسانە گوێ بۆ قسەكانت دەگرن. ئەوان تەنها لەبەر ئەوە گوێت بۆ دەگرن كە ڕەتتبكەنەوە و تۆمەتبارت بكەن. وەكو ئەوەی ئەم ڕستەیە ڕوونكردنەوەی ئەو گوێگرانیە (الوقر) بێت كە لە ئایەتەكەی پێشوودا باسكراوە.
هەروەها دەكرێت پیتی (ب) لە ﴿يَسۡتَمِعُونَ بِهِۦٓ﴾ بۆ هاوەڵێتی (المصاحبة) بێت، واتە ئێمە ئاگاداری بارودۆخی دڵی ئەوانین لەكاتی گوێگرتنیان بۆ تۆ. وە ئەم بارودۆخە چیە؟ بریتیە لە بیركردنەوەیان لەوەی كە گاڵتەت پێ بكەن و دژایەتیت بكەن.
ئەم ئایەتە باسی ژمارەی زیاتری ئەو پەردانە دەكات كە دڵی نكوڵیكارانی داپۆشیوە. بۆیە خوای گەورە فەرمووی: یەكەم پەردە كە ڕێگرە لەبەردەم باوەڕهێنانیان، شیركە. دووەمیشیان ئەوەیە كە بە هیچ شێوەیەك بە تێڕامان و لەسەرخۆییەوە گوێ بۆ پێغەمبەر (ﷺ) ناگرن، بەڵكو تەنها بۆ گاڵتە پێكردن و تۆمەتباركردن گوێی لێ دەگرن، جا چۆن دەكرێت لەم دۆخەدا پەی بە ڕاستیەكان بەرن؟ سێیەمیشیان ئەوەیە كە سووكایەتی بە موحەممەد دەكەن و وا دەزانن كە كارەكەی بەردەوام نابێت و دەڵێن ئیتر بۆچی باوەڕی پێ بكەین و خۆمان ڕسوا بكەین؟ چوارەمیشیان ئەوەیە كە هەندێك لە گەمژەكانیان وا دەزانن كە موحەممەد عەقڵی لێ سەندراوەتەوە، بۆیە پێویست ناكات گوێی لێ بگرن. پێنجەمیشیان ئەوەیە كە وا دەزانن هەڵخەڵەتێنراوە بۆیە بە پێویستی نازانن بیر لە بانگەشەكەی بكەنەوە، دڵیان خۆشە و وا دەزانن بەتەواوەتی ڕاستییان پێكاوە.
هەروەها لەم ئایەتەوە دەردەكەوێت كاتێك بێباوەڕان لەوەدا شكستیان هێنا كە بە ستەم و دەستدرێژی كردن بۆ سەر موسوڵمانان ڕێگری بكەن لە بڵاوبوونەوەی ئیسلام، پەنایان برد بۆ كۆمەڵێك فێڵی تر، بەجۆرێك دەستیان كرد بەوەی كە بە نهێنی و بەوپەڕی نەرمونیانیەوە شتانێكیان دەچرپاند بە گوێی خەڵكەكەدا بۆ ئەوەی ڕێگری بكەن موسوڵمانبوونیان.
ٱنظُرۡ كَيۡفَ ضَرَبُواْ لَكَ ٱلۡأَمۡثَالَ فَضَلُّواْ فَلَا يَسۡتَطِيعُونَ سَبِيلٗا 49
تەفسیر: بە بەكارهێنانی وشەی ﴿ٱلۡأَمۡثَالَ﴾، خوای گەورە ڕوونیكردووەتەوە كە هەموو ماناكانی وشەی ﴿مَّسۡحُورًا﴾ لە ئایەتەكەی سەرەوەدا گونجاون، ئەگەر نا دەبوو وشەی (مَثل) بەكاربهێنرایە.
هەروەها ڕوون بوویەوە كە قورئان كاتێك وشەیەك بەكاردەهێنێت كە چەندین مانای هەبێت، ئەوا هەموو ئەو مانایانە لەو شوێنەدا گونجاون و ڕاست دەردەچن، مەگەر ئەو مانایەی كە پێچەوانەی سیاقی ئایەتەكە بێت.
وَقَالُوٓاْ أَءِذَا كُنَّا عِظَٰمٗا وَرُفَٰتًا أَءِنَّا لَمَبۡعُوثُونَ خَلۡقٗا جَدِيدٗا 50
شيكردنەوەی وشەكان:
عظامًا: كۆی وشەی “عظم”ە، واتە ئێسك (الأقرب).
رُفاتًا: الرفات: ورد و خاش؛ هەموو شتێك كە شكابێت و ڕزیو بێت (الأقرب).
تەفسیر: ئایەتەكانی پێشوو هەواڵیان دا دەربارەی ئەوەی كە باوەڕداران بەرەوباڵا دەچن و بێباوەڕانیش دەكەونە ناو دۆزەخەوە، وە ئەم ئایەتە باس لە گومانێك دەكات كە ڕەنگە لە مێشكی بێباوەڕاندا دروست ببێت لەكاتی بیستنی ئەم ڕاگەیاندنەدا، ئەویش ئەوەیە: چۆن دەكرێت ئێمە سەرلەنوێ دروستبینەوە لەكاتێكدا ئێسكەكانمان ڕزیون و بوون بە تۆز؟
قُلۡ كُونُواْ حِجَارَةً أَوۡ حَدِيدًا 51 أَوۡ خَلۡقٗا مِّمَّا يَكۡبُرُ فِي صُدُورِكُمۡ ۚ فَسَيَقُولُونَ مَن يُعِيدُنَا ۖ قُلِ ٱلَّذِي فَطَرَكُمۡ أَوَّلَ مَرَّةٖ ۚ فَسَيُنۡغِضُونَ إِلَيۡكَ رُءُوسَهُمۡ وَيَقُولُونَ مَتَىٰ هُوَ ۖ قُلۡ عَسَىٰٓ أَن يَكُونَ قَرِيبٗا ٥2
شيكردنەوەی وشەكان:
فسینغضون: أنغضَ فلان رأسَه: سەری جووڵاند هاوشێوەی كەسێك سەرسام بووبێت بە شتێك (الأقرب).
تەفسیر: لێرەدا خوای گەورە وەڵامی ئەو ڕەخنەیەی بێباوەڕان دەداتەوە كە ئێستا باسمان كرد و دەفەرموێت: ئێوە هەرگیز لە سزای خوا (عز وجل) ڕزگارتان نابێت هەرچەند خۆتان بگۆڕن، تەنانەت ئەگەر بوون بە بەرد یان ئاسن یان هەر شتێكی ڕەقتر.
دەكرێت ماناكەی ئەوە بێت كە چەندە دڵتان ڕەق و سەخت بێت ئەمە هەرگیز ڕێگر نابێت لەبەردەم پێشكەوتن و گەشەسەندنی پێغەمبەرەكەمان، بەڵكو بەدڵنیاییەوە زۆرێك لە ئێوە دەچنەناو ئیسلامەوە، وە خوا گۆڕانكاریەكی گەورە لە دڵتاندا دروست دەكات.
من لەم ئایەتە ئەوە تێدەگەم كە دەكرێت لە جەستەی ئەو مرۆڤەی كە بۆ ماوەیەكی زۆر لەژێر خاكدا نێژراوە گۆڕانكاریەك ڕووبدات بیكات بە ماددەیەكی نوێ. چونكە لەبارەی ڕووەكەكانەوە، توێژینەوە زانستیەكان ئەوەیان سەلماندووە كە زۆرێك لەو درەختانەی كە لە زەمانێكی زۆر كۆنەوە لەژێر خاكدان بوونە بە خەڵووز، وە هەندێكیان بوونە بە ئەڵماس (ئینسایكلۆپیدیای نوێی بەریتانیا، وشەی خەڵووز). كەواتە سەیر نیە ئەگەر جەستەی مرۆڤ كە بۆ ماوەیەكی زۆر لەژێر خاكدا بێت ببێت بە بەرد. بێگومان ئێمە هێشتا لە شوێنەواری كۆندا شتێكمان نەدۆزیوەتەوە كە ئەمە بسەلمێنێت، بەڵام لەڕووی عەقڵیەوە شتێكی مەحاڵ نیە. بۆیە پێم وایە ئەم ڕستەیە جەخت لەوە دەكاتەوە كە مرۆڤ چاری نیە دوای مردن هەر زیندوو دەبێتەوە تەنانەت ئەگەر ماوەیەكی زۆر درێژ تێپەڕێت بەسەر سەردەمی ژیانی مرۆییدا كە ملیۆنەها ساڵ بخایەنێت و تێیدا لەشە مرۆییە ئەسپەردەكراوەكان لەژێر خاكدا بەتەواوەتی بگۆڕێن.
دەربارەی وتەكەیان: ﴿مَن يُعِيدُنَاۖ﴾، بزانە كە ئەوان لەم پرسیارەدا جددی نەبوون، بەڵكو بە مەبەستی گاڵتەكردن ئەم پرسیارەیان كردووە، وەكو ئەوەی بڵێن: ئەو كەسەمان پیشان بدەن كە دەڵێت سەرلەنوێ زیندوومان دەكاتەوە؟ وە ئەم دەربڕینە هاوشێوەی ئەو وتەیەی ئێمەیە لە زمانەكەماندا: ڕوخساری ئەو كەسەم پیشان بدە كە ئەم قسەیە دەكات. كەواتە لێرەدا پرسیاركردنەكە بە مەبەستی ڕەتكردنەوەیە.
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿فَسَيُنۡغِضُونَ إِلَيۡكَ رُءُوسَهُمۡ﴾ واتە ئەوان بە گاڵتەپێكردنەوە سەیرت دەكەن و سەریان دەجووڵێنن و دەڵێن: باشە، ئایا تۆ باوەڕت بەوە هەیە؟
وە مەبەست لە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿قُلۡ عَسَىٰٓ أَن يَكُونَ قَرِيبٗا﴾ ئەوەیە كە ئەو زیندووبوونەوەیەی ئێمە لێرەدا مەبەستمانە ئەوە نیە كە ئێوە ڕەخنەتان هەیە لەسەری، بەڵكو مەبەستمان ئەو زیندووبوونەوەیەیە كە لە ڕێگەی موسوڵمانانەوە لەم دنیایەدا ئەنجام دەدرێت، وە بزانن ئەوە زۆر نزیكە. وە لەڕاستیدا ئەو زیندووبوونەوەیەی كە ئەم سوورەتە پێشبینی كردبوو ڕوویدا كاتێك دانیشتووانی نیمچە دوورگەی عەرەبی لە ماوەیەكی كەمدا موسوڵمان بوون.
يَوۡمَ يَدۡعُوكُمۡ فَتَسۡتَجِيبُونَ بِحَمۡدِهِۦ وَتَظُنُّونَ إِن لَّبِثۡتُمۡ إِلَّا قَلِيلٗا 53
تەفسیر: ئەم ئایەتەش ئەوەی دەرخست كە ئەو زیندووبوونەوەیەی لێرەدا باسكراوە لەم دنیایەدا ڕوودەدات، بەجۆرێك خوای گەورە فەرموویەتی: ئەم زیندووبوونەوەیە لەو ڕۆژەدا ڕوودەدات كە خوا یان پێغەمبەرەكەی بانگتان دەكەن، ئەوسا بەرامبەر بانگی ئەو وەك مردوو بێدەنگ نابن، بەڵكو زۆربەتان بەپەلە وەڵامی بانگەكەی دەدەنەوە و بەدەمیەوە دەچن، وە سەرسام دەبن بەوەی كە ئیسلام بەخێرایی سەردەكەوێت تەنانەت دەڵێن: ئێمە هەڵە بووین كە ئەم سەركەوتنەمان بە دوور دەزانی، لەگەڵ ئەوەی زۆر نزیك بوو.
دەكرێت ئایەتەكە مانای ئەوەش بگەیەنێت كە خەڵكی كاتێك باوەڕدەهێنن پەشیمان دەبنەوە لەو ساڵانەی تەمەنیان كە لە بێباوەڕیدا بەسەریان بردووە، وە دەبینن ئێستا بەشێوەیەكی ڕاستەقینە لەدایك بوون. هەروەها ئیمانداران ڕۆژە سەخت و ناخۆشەكان لەبیردەكەن و وایدەبینن كە لە چاوترووكانێكدا تێپەڕیون. كەواتە ئایەتەكە باسی درێژی و كورتی كات ناكات، بەڵكو باسی ئەو هەست و سۆزانە دەكات كە لەو كاتەدا ئەوان تووشی دەبن. لە فەرموودەیەكی پیرۆزدا هاتووە: “هیچ ترسێك لەسەر ئەهلی “لا إله إلا الله” نیە، نە لە گۆڕەكانیاندا و نە لە زیندووبوونەوەیاندا، وەكو ئەوەی ببینم ئەهلی “لا إله إلا الله” خۆڵ لەسەر سەریان لادەبەن و دەڵێن: سوپاس بۆ ئەو خوایەی كە خەم و پەژارەی لەسەر لابردین” (روح المعاني، تەفسیری ئەم ئایەتە، وە الترمذي، وە المعجم الأوسط للطبراني بەشی دەیەم ژمارەی فەرموودە: 9474). وەكو ئەوەی هەموو خەم و پەژارەیەك لەبیر بكەن تەنھا بەوەی ئاسوودەیی و پێشكەوتن دەڕەخسێت بۆیان، وە ماوەی نەهامەتی و ئێش و ئازار بە ماوەیەكی زۆر كورت لەقەڵەم دەدەن.
وَقُل لِّعِبَادِي يَقُولُواْ ٱلَّتِي هِيَ أَحۡسَنُ ۚ إِنَّ ٱلشَّيۡطَٰنَ يَنزَغُ بَيۡنَهُمۡ ۚ إِنَّ ٱلشَّيۡطَٰنَ كَانَ لِلۡإِنسَٰنِ عَدُوّٗا مُّبِينٗا 54
شيكردنەوەی وشەكان:
ینزغ: نـزَغه نَـزْغًا: تانەی لێ دا و غەیبەتی كرد و بە خراپ باسی كرد. ونـزَغ بین القوم: ئاگری ناكۆكی و خراپەی خستە نێوانیان و هەندێكیانی لە دژی هەندێكی تر هاندا، ونـزَغ الشیطانُ بینھم (الأقرب).
تەفسیر: مرۆڤ چێژ و خۆشی زۆر وەردەگرێت لە خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز. سەرەڕای ئەوەی كە ڕیزبەندیەكەی ئێستای جیاوازە لە ڕیزبەندی دابەزینەكەی -چونكە هەندێك لە سوورەتەكان پێش ئەو سوورەتانە دانراون كە پێش ئەوان دابەزیون- بەڵام لە بابەتەكانیدا تەبایی و گونجاوییەكی تەواو دەبینیت، بەجۆرێك وا هەست دەكەیت كە دوو سوورەت لە سوورەتەكانی قورئان دوو بەشی كتێبێكن كە لە یەك كاتدا نووسراوە. بۆ نموونە، خوای گەورە لە سوورەتەكەی پێشوودا -سوورەتی النحل- فەرمووی: ﴿ٱدۡعُ إِلَىٰ سَبِيلِ رَبِّكَ بِٱلۡحِكۡمَةِ وَٱلۡمَوۡعِظَةِ ٱلۡحَسَنَةِ ۖ وَجَٰدِلۡهُم بِٱلَّتِي هِيَ أَحۡسَنُ ۚ﴾ (ئایەتی: 126)، وە ئێستا سوورەتی “الإسراء” بە هەمان ڕیزبەندی باسی ئەم بابەتانە دەكات؛ پاش باسكردنی چاكیەكانی قورئان، خوای گەورە فەرمووی: ﴿ذَٰلِكَ مِمَّآ أَوۡحَىٰٓ إِلَيۡكَ رَبُّكَ مِنَ ٱلۡحِكۡمَةِۗ﴾ (ئایەتی: 40)، ئاماژەی بە ﴿ٱلۡحِكۡمَةِۗ﴾ كرد؛ پاشان فەرمووی ﴿وَلَا تَجۡعَلۡ مَعَ ٱللَّهِ إِلَٰهًا ءَاخَرَ..﴾ (ئایەتی 40 و دوای ئەو)، ئاماژەی بە ﴿وَٱلۡمَوۡعِظَةِ ٱلۡحَسَنَةِۖ﴾ كرد؛ پاشان فەرمووی ﴿وَقُل لِّعِبَادِي يَقُولُواْ ٱلَّتِي هِيَ أَحۡسَنُۚ﴾ (ئایەتی 54)، ئاماژەی بە فەرمایشتی ﴿وَجَٰدِلۡهُم بِٱلَّتِي هِيَ أَحۡسَنُۚ﴾ كرد.
پاش بینینی ئەم ڕیزبەندیە پتەوە چۆن دەكرێت كەسێك بڵێت هیچ پەیوەندیەك و ڕیزبەندیەك لە قورئانی پیرۆزدا نیە؟
خوای گەورە بە فەرمایشتی: ﴿إِنَّ ٱلشَّيۡطَٰنَ يَنزَغُ بَيۡنَهُمۡۚ﴾، سەرنجی ئێمەی بۆ ئەوە ڕاكێشاوە كە پێویستە قسەی چاك بكەین تەنانەت بۆ هاوڕێیانیشمان، وە لەم بارەیەوە پێویستە زیاتر ئاگادار و وریا بین، بەتایبەتی كاتێك دوژمن هەوڵ دەدات ڕق و كینە لەناو خەڵكدا بڵاوبكاتەوە، بۆیە دەبێت بە شێوازێك قسە بكەین كە ببێتە هۆی ئەوەی خەڵكی نەرم و نیان بن بەرامبەرمان.
پێویستە بزانرێت دەكرێت لێرەدا مەبەست لە شەیتان كەسی خراپ بێت، هەروەها دەكرێت مەبەست لێی ئەو بوونەوەرە بێت كە بەم ناوە ناسراوە، ئەوەی كە لە دڵی خەڵكدا وەسوەسە دروست دەكات.
هەروەها ئەم ئایەتە ڕاسپاردەیەكی خوایی تێدایە بۆ موسوڵمانان كە ئەگەر ئەوان بە ڕاستی دەیانەوێت ڕۆژانی زیندووبوونەوەی ئیسلام، واتە ڕۆژانی گەشەسەندنە بەڵێندراوەكەی كە لە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿يَوۡمَ يَدۡعُوكُمۡ﴾دا باسكراوە، نزیكبێتەوە، ئەوا پێویستە ڕەفتارێك بكەن كە ببێتە هۆی ئەوەی خەڵكی بەخێرایی موسوڵمان بن.
لەمەوە ئەوەش دەركەوت كە وتەی پێشووی خوای گەورە: ﴿فَتَسۡتَجِيبُونَ﴾ واتای موسوڵمانبوونی خەڵكی بووە.
رَّبُّكُمۡ أَعۡلَمُ بِكُمۡ ۖ إِن يَشَأۡ يَرۡحَمۡكُمۡ أَوۡ إِن يَشَأۡ يُعَذِّبۡكُمۡ ۚ وَمَآ أَرۡسَلۡنَٰكَ عَلَيۡهِمۡ وَكِيلٗا 55
تەفسیر: خوای گەورە دەفەرموێت: ئێمە زاناترینین بە مرۆڤ لە هەردوو دۆخەكەیدا: دۆخی چاكی و دۆخی خراپی، وە جگە لە ئێمە كەس نازانێت چی لە دڵی مرۆڤدایە، بۆیە مافی تۆڵەسەندن و پاداشتدانمان لە دەستی خۆماندا هێشتووەتەوە، وە نەمانسپاردووە بە هیچ كەسێك جگە لە خۆمان، تەنانەت نەمانداوەتە دەست موحەممەدی پێغەمبەری خوایش. بە ئەندازەی گۆڕانی بارودۆختان، مامەڵەی ئێمەیش لەگەڵتاندا دەگۆڕێت.
وَرَبُّكَ أَعۡلَمُ بِمَن فِي ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلۡأَرۡضِ ۗ وَلَقَدۡ فَضَّلۡنَا بَعۡضَ ٱلنَّبِيِّۧنَ عَلَىٰ بَعۡضٖ ۖ وَءَاتَيۡنَا دَاوُۥدَ زَبُورٗا 56
تەفسیر: خوا (سبحانه وتعالى) لە پێشدا ئەوەی ڕاگەیاند كە زاناترینە بە بارودۆخی گەلانی پێغەمبەرەكان، بەڵام ئێستا دەفەرموێت: ئێمە زاناترین كەسین بە بارودۆخی پێغەمبەرانیش، چ ئەوانەی لە ئاسمانەكانن، واتە ئەوانەی مردوون، چ ئەوانەی لەسەر زەوین، واتە لە زیندووەكان. وەك ئەوەی خوای گەورە لێرەدا ڕابگەیەنێت كە ئەو زاناترینە بە بارودۆخی موحەممەدی پێغەمبەری خوا و هەروەها بە بارودۆخی پێغەمبەرانی پێش ئەویش، وە ئەو زاناترینە بە پێویستیەكانی هەر سەردەمێك، تاوەكو پێغەمبەری خۆی بەگوێرەی ئەو پێویستیانە بنێرێت، بۆیە فەزڵی هەندێ لە پێغەمبەرانی داوە بەسەر هەندێكی تردا، وە هەر پێغەمبەرێكی بەگوێرەی پێویستیەكانی سەردەمەكەی خۆی ڕەوانە كردووە.
وە خوا (سبحانه وتعالى) لێرەدا لەناو پێغەمبەراندا -سڵاوی خوایان لێ بێت- ناوی داوودی بۆ مەبەستێكی گرنگ هێناوە. ئەویش ئەوەیە كە خوا (سبحانه وتعالى) پێشتر ڕایگەیاندبوو -لەكاتی باسی جوولەكەدا- تووشی دوو سزا بوون؛ یەكێكیان پاش داوود (عليه السلام)، كاتێك پارە و سامان لەناو جوولەكەدا زۆر بوو، وە خۆیان نوقم كرد لە ڕابواردن و خۆشیدا، وە دووەمیان پاش مەسیح (عليه السلام)، بەهۆی باوەڕ نەكردنیان پێی. ئەمە لەلایەكەوە، وە لەلایەكی ترەوە خوای گەورە لە قورئاندا پێی ڕاگەیاندووین كە پێغەمبەرەكەی ئێمە (ﷺ) هاوشێوەی مووسایە (عليه السلام) بەجۆرێك خوا فەرموویەتی: ﴿إِنَّآ أَرۡسَلۡنَآ إِلَيۡكُمۡ رَسُولٗا شَٰهِدًا عَلَيۡكُمۡ كَمَآ أَرۡسَلۡنَآ إِلَىٰ فِرۡعَوۡنَ رَسُولٗا﴾ (المزّمِّل: 16)، هەروەها پێشتر تەورات لەسەر زاری مووسا هەواڵێكی تۆمار كردووە دەربارەی هاتنی كەسێكی هاوشێوەی خۆی (دوا وتاری مووسا 18: 18)، وە لە سوورەتی “الفاتحة”دا هەواڵێك دەبینین لەسەر زاری موحەممەد پێغەمبەری خواوە (ﷺ) كە بریتیە لەوەی ئوممەتەكەی هاوشێوەی ئوممەتی ئیسڕائیلە؛ بەهۆی ئەم هاوشێوەیی و لێكچوونەوە، خوا لەكاتی ئامۆژگاریكردنی موسوڵماناندا، بە تایبەتی ناوی داوودی (عليه السلام) هێناوە، وەك ئەوەی خوای گەورە هۆشدارییان پێ بدات و بفەرموێت: ئەی موسوڵمانان، لەكاتی پێشكەوتن و گەشەسەندنتاندا، ئەو شتانەتان لە یادتان نەچێت كە لە سەردەمی داووددا بەسەر جوولەكەدا هات، بەجۆرێك پێشكەوتنی ماددی زیانێكی قورسی پێ گەیاندن لەجیاتی ئەوەی سوودی هەبێت بۆیان، چونكە بێئاگا بوون لە ئایین. ئێوەش وەك ئەوان مەكەن، بەڵكو ئەو ڕۆژانە لە پارێزكاری و ترسی خوادا (عز وجل) بەسەر بەرن.
سەرەڕای ئەم هۆشداریە خواییە، ماوەیەك پاش پێغەمبەری ئازیز (ﷺ) كە بە نزیكەیی بە ئەندازەی هەمان ئەو ماوەیە بوو كە نەوەی ئیسڕائیل دوای مووسا (عليه السلام) تووشی خراپەكاری بوون خراپەكاری دزەی كردەناو موسوڵمانانیش. بێگومان لەناو موسوڵماناندا لەو كاتەدا كە خراپەكاری بڵاوبوویەوە لەناویاندا هیچ پێغەمبەرێكی وەكو داوود ڕەوانە نەكرا، بەڵام گومانی تێدا نیە كە چەندین فەرمانڕەوای چاك لەو كاتەدا هەبوون كە نموونەیەكی باڵای پارێزكاری و لەخواترسانیان پێشكەش كرد وەك ئەوەی داوود و سڵێمان (علیهما السلام) كردیان. بەڵام موسوڵمانان لەو كاتەدا بەهۆی سەروەت و سامانەوە مەست و سەرخۆش بوون، وە لە خزمەتكردنی ئیسلام بێئاگا بوون، ئەنجامەكە ئەوە بوو بەغداد لەلایەن هۆلاكۆ خانەوە كاول كرا. لە ماوەیەكدا كە نزیك بوو لەو ماوەیەی تێیدا ئۆرشەلیم وێرانكرا پاش مووسا، وە بەو شێوەیە شكۆ و دەسەڵاتی ئیسلام نەما، وە نەیتوانی جارێكی تر بە هەمان ئەو هێزەی جاران خۆی جێگیر و پتەو بكاتەوە.
قُلِ ٱدۡعُواْ ٱلَّذِينَ زَعَمۡتُم مِّن دُونِهِۦ فَلَا يَمۡلِكُونَ كَشۡفَ ٱلضُّرِّ عَنكُمۡ وَلَا تَحۡوِيلًا 57
شیكردنەوەی وشەكان:
زعمتم: زعم الرجل یزعم زعما: پیاوەكە قسەیەكی ڕاستی كرد، یان قسەیەكی هەڵە و درۆی كرد، وشەیەكی دژیەكە، وە زۆرتر لەو شتانەدا بەكاردێت كە گومانیان لێدەكرێت یان باوەڕ دەكرێت كە درۆ بن. (الأقرب)
فلا یملكون: ملكه: دەستی بەسەرداگرت بە جۆرێك توانای هەبێت ستەمی لێ بكات. ملك علی القوم: دەستی بەسەریاندا گرت. ملك علی فلان أمره: دەستی بەسەردا گرت. وە ملك الخشف- واتە (بێچووی ئاسك)- أمه: بێچووە ئاسكەكە بەهێز بوو توانی دوای دایكی بكەوێت (الأقرب).
كشف: كشف الشيء: دەریخست و ئەوەی لابرد لەسەری كە دەیپۆشی و دەیشاردەوە. كشف الله غمه: خوا خەفەتەكەی لابرد. (الأقرب)
الضر: پێچەوانەی سوود، خراپی و سەختی بارودۆخ. وە لە (الكلیات)دا هاتووە: “الضَّرُّ” هەموو زیانێك دەگرێتەوە، وە “الضُّرّ” تایبەتە بە زیانەكانی خودی كەسەكە وەك نەخۆشی و لاوازی. (الأقرب)
تحویلا: حوّله: لە شوێنێكەوە گواستیەوە بۆ شوێنێكی تر. حوّل الشيء: گۆڕی و لایبرد. حوّل هو: گوازرایەوە، فرمانەكە تێپەڕ و تێنەپەڕە. (الأقرب)
تەفسیر: ئەو بابەتەی كە قورئانی پیرۆز لە ئایەتەكانی پێشوودا باسی كرد ئەوەیە كە بێباوەڕان كاتێك باسی زیندووبوونەوەی ئیسلام، واتە سەركەوتنی ئیسلام، دەبیستن بە هەڵە وا دەزانن كە مەبەست لە زیندووبوونەوە، زیندووبوونەوەی جەستەكانە دوای مردن، لەبەر ئەوە دەستدەكەن بە ڕەخنەگرتن لەو بابەتە. هەرچەندە هیچ ڕێگەیەك نیە بۆ ڕەخنەگرتن ئەگەر مەبەست لە زیندووبوونەوە ئەوەش بوایە كە ئەوان پێیان وابوو، بەڵام لەڕاستیدا لێرەدا خوا مەبەستی زیندووكردنەوەی جەستەكان نیە لە گۆڕەكانەوە، بەڵكو مەبەستی زیندووبوونەوەیەكی ڕۆحیە لەم دنیایەدا، بەجۆرێك خوای گەورە ڕایدەگەیەنێت كە لەكاتی گونجاودا بانگی بەندەكانی دەكات، وە هەموو تەڵە و داوێك تێكدەچێت كە سەرانی كوفر بە فێڵ دروستیان كردبوو بۆ ڕاوكردنی خەڵكی، وە نێچیرەكەیان لێیان ڕادەكات و دەچێتەپاڵ پێغەمبەری خوا موحەممەدەوە (ﷺ). پاشان خوای گەورە (سبحانه وتعالى) ئامۆژگاری مسوڵمانانی كردووە كە لەكاتی گەشەسەندن و پێشكەوتندا وریای خۆیان بن. وە لەم ئایەتەدا دووبارە خوای گەورە باسی هەمان بابەت دەكات و بە بێباوەڕان دەڵێت: ئێوە دەتوانن درۆبوونی ئایینەكەتان و حەقیقەتی شیرك بزانن لەبەر ڕۆشنایی ئەو هەواڵانەی كە ئێمە ڕامانگەیاندوون دەربارەی پێشكەوتن و گەشەسەندنی موسوڵمانان و لەناوچوونی ئێوە. ئەوەتا ئێمە تەحەدداتان دەكەین كە تووشی سزا دەبن، بۆیە هاوار بكەن لە پەرستراوەكانتان بۆ ئەوەی ببینن ئایا گوێیان لە هاوارەكەتانە و دێن بەهاناتانەوە؟ وە ئایا دەتوانن سزاكەی ئێمە بۆ ماوەیەك دوابخەن، چجای ئەوەی كە بەتەواوەتی دووری بخەنەوە لە خۆتان.
وە لەبەرئەوەی لەناوچوونی داهاتوو بەهۆی شیركەوە تووشی موسوڵمانان دەبێت، بۆیە قورئان لێرەدا بەدرێژی باسی شیرك دەكات. لەڕاستیدا ئەو كاتەی كە بەغداد وێرانكرا نەخۆشی شیرك بڵاوبووبوویەوە لەناو موسوڵماناندا. چونكە لەكاتی فەتحە ئیسلامیەكاندا ئافرەتی ئێرانی و توركیان مارەكرد كە جوان و قەشەنگ بوون، ئەوانیش ئافرەتی موشریكی دەمارگیر بوون، بۆیە لە كۆتاییدا كاریگەری شیرك لە مناڵەكانیاندا دەركەوت. وە (ابن الْمُقَفَّع) و (عبد الله بن صَبَّاح) لە هەمان سەردەمدا بوون.
أُوْلَٰٓئِكَ ٱلَّذِينَ يَدۡعُونَ يَبۡتَغُونَ إِلَىٰ رَبِّهِمُ ٱلۡوَسِيلَةَ أَيُّهُمۡ أَقۡرَبُ وَيَرۡجُونَ رَحۡمَتَهُۥ وَيَخَافُونَ عَذَابَهُۥٓ ۚ إِنَّ عَذَابَ رَبِّكَ كَانَ مَحۡذُورٗا 58
شیكردنەوەی وشەكان:
الوسیلە: وسَل إلى الله بالعمل يسِل وسيلةً: بەهۆی كردەوەوە نزیك بوویەوە لەخوا. وَسَّلَ إلى الله بوسيلة وتَوسَّلَ. كردەوەیەكی كرد كە بەهۆیەوە نزیك بوویەوە لە خوای گەورە. توسلت علی فلان بكذا: وتوسّلَ إلى فلان بكذا: خۆی لە فڵان كەس نزیك کردەوە بەهۆی ڕێز و حورمەتی پەیوەندییەکەوە کە سۆز و دڵی ئەو بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت. الوسیلة: ئەو شتەیە كە مرۆڤ بەهۆیەوە لە كەسێك نزیك دەبێتەوە (الأقرب).
محذورا: ئەو شتەیە كە مرۆڤ خۆی لێ دەپارێزێت (الأقرب).
تەفسیر: بزانە ﴿أُوْلَٰٓئِكَ﴾ لێرەدا ئاماژەیەكە بۆ پێغەمبەران، وە مەبەست لە ﴿يَدۡعُونَ﴾ ئەوەیە كە پێغەمبەران خەڵكی بانگهێشت دەكەن بۆ لای خوای گەورە، یاخود ئەوان بەملكەچی و داماویەوە لە خوا (عز وجل) دەپاڕێنەوە؛ وە دەستەواژەی ﴿يَبۡتَغُونَ إِلَىٰ رَبِّهِمُ ٱلۡوَسِيلَةَ﴾ خەبەرە بۆ ﴿أُوْلَٰٓئِكَ﴾؛ وە مانای ڕستەكە بەم جۆرەیە: ئەو پێغەمبەرانە -كە بانگەواز و تەبلیغ یان دوعا دەكەن، وە گەیشتوونەتە ئەو پلەیە لە چاكی و خۆشەویستی خوای گەورە- تەنها نزیكی پەروەردگاریان دەوێت، وە هیچ پەرستراوێكی تر ناپەرستن بۆ نزیكبوونەوە لێی.
دەربارەی ڕستەی ﴿أَيُّهُمۡ أَقۡرَبُ﴾، زەمەخشەری پێی وایە –وە زۆرینەی موفەسیرەكان پشتگیریی ڕای ئەویان كردووە- كە (أَيُّ) مەوصولەیە، مانای: ئەو كەسانە كێن كە لەوان نزیكترن لە خواوە، وە ئەم دەستەواژەیە (بدل)ی ڕاناوی بكەری فرمانی ﴿يَبۡتَغُونَ﴾ەیە، وە مەبەست ئەوەیە: ئەم كەسانەی كە هەوڵ دەدەن بۆ بەدەستهێنانی نزیكبوونەوە لە خوا خۆیان نزیكترین كەسن لە خوای گەورەوە. وە ئەمە ئاگاداركردنەوەیەكە و مەبەست لێی ئەوەیە مادام ئەو كەسانەی كە نزیكترین كەسن لە خوای گەورە هەوڵ دەدەن بۆ زیاتر نزیكبوونەوە لێی، ئەوا دەبێت ئەو كەسانەی كە لە خوای گەورەوە نزیك نین چەند هەوڵ بدەن بۆ نزیكبوونەوە لێی.
پوختەی قسە ئەوەیە كە نزیكی خوایی بەهۆی پەرستنی كەسانی ترەوە بەدەست نایەت. بۆیە مادام گەورەترینی پێغەمبەران و نزیكترینیان لە خواوە ئەویش بەردەوام بەنیازە نزیك بێتەوە لە خوای گەورە و دەیەوێت زیاتر لێی نزیك بێتەوە، ئیتر لەكوێ ئەو نزیكبوونەوەیە بۆ ئێوە مسۆگەر دەكات بەبێ ئەوەی خۆتان هەوڵی بۆ بدەن. وە لەبەرئەوەی پێغەمبەرە هەرە مەزنەكان بەردەوام هەوڵی زیاتریان داوە بۆ نزیكبوونەوە لە خوا (سبحانه وتعالى)، ئەوا دەبێت ئێوەیش چەندە هەوڵی هەوڵی ئەوە بدەن.
دەكرێت ئەم ئایەتە بەشێوەیەكی تر تەفسیر بكرێت بەوەی كە ﴿أُوْلَٰٓئِكَ﴾ ئاماژە بێت بۆ ئەو كەسانەی كە كراون بە پەرستراو، وە ڕاناوی بكەر لە فرمانی ﴿يَدۡعُونَ﴾ بگەڕێتەوە بۆ بێباوەڕەكان، وە (أيّ) بۆ پرسیار بێت، (عامل)ەكەی فرمانێك یان مەصدەرێكی حەزف كراو بێت، واتە: ئەوان سوورن لەسەر ئەوەی بزانن كێیان نزیكترە لە خواوە، یان ئارەزووی ئەوە دەكەن بزانن كێیان نزیكترە لێیەوە (سبحانه وتعالى)؟ وە مەبەست ئەوەیە: ئەوانەی كە بێباوەڕەكان وەك پەرستراو بانگیان دەكەن و هاواریان لێ دەكەن، تەنھا نزیكی خوای گەورەیان دەوێت، وە سەیردەكەن بزانن كێیان نزیكتر دەبێت لە خوای گەورە؟
وَإِن مِّن قَرۡيَةٍ إِلَّا نَحۡنُ مُهۡلِكُوهَا قَبۡلَ يَوۡمِ ٱلۡقِيَٰمَةِ أَوۡ مُعَذِّبُوهَا عَذَابٗا شَدِيدٗا ۚ كَانَ ذَٰلِكَ فِي ٱلۡكِتَٰبِ مَسۡطُورٗا 59
شیكردنەوەی وشەكان:
مسطورا: (اسم مفعول)ە وەرگیراوە لە سطر الكاتب: نووسی (الأقرب).
تەفسیر: خوای گەورە (عز وجل) پێشتر تەحەددای بێباوەڕانی كرد كە بانگی هاوبەشەكانیان بكەن بۆ ئەوەی ببینن ئایا سزایان لەسەر لادەدەن یان لەجیاتی ئەوان سزاكە هەڵدەگرن؟ وە ئێستا نموونەیەك بۆ ئەوە دەهێنێتەوە و دەفەرمووێت: سەردەمێك دێت بەسەر خەڵكیدا كە تێیدا ئوممەتە بێ باوەڕەكان زاڵ دەبن، بەجۆرێك نزیكە لەو سەردەمەدا كاریگەری یەكتاپەرستی لەسەر ڕووی زەوی نەمێنێت. وە كاتێك ئەو زاڵبوونەی شیرك دەگاتە لوتكەی خۆی و هەموو جیهان دادەپۆشێت، ئێمە سزای خۆمان بەسەر هەموو جیهاندا دەبارێنین بۆ ئەوەی كۆتایی بهێنین بەو شیركە جیهانیە، وە لەو كاتەدا ڕاستی ئەوەی كە ئێمە ڕایدەگەیەنین ئاشكرا دەبێت بۆ هەموو جیهان. هەموو جیهان تووشی سزای جیهانی دەبێت وەك ئەوەی ئێمە ڕامانگەیاندووە، وە خەڵكی دەستدەكەن بە هاواركردن لە پەرستراوە ساختەكانیان كە بەهانایانەوە بچن، بەڵام بێ سوود دەبێت.
ئەم هەواڵە لە سوورەتی “الكهف”دا بەدرێژی باس دەكرێت.
هەروەها لێرەدا خوای گەورە مسوڵمانانیش ئاگاداردەكاتەوە لە سزایەكی تر كە ئەگەری هەیە ڕووبەڕوویان ببێتەوە و هەڕەشەیان لێ بكات، بەهۆی بوونی لێكچوونی تەواو لەنێوان ئوممەتی موحەممەدی و ئوممەتی مووساییدا.
وَمَا مَنَعَنَآ أَن نُّرۡسِلَ بِٱلۡأٓيَٰتِ إِلَّآ أَن كَذَّبَ بِهَا ٱلۡأَوَّلُونَ ۚ وَءَاتَيۡنَا ثَمُودَ ٱلنَّاقَةَ مُبۡصِرَةٗ فَظَلَمُواْ بِهَا ۚ وَمَا نُرۡسِلُ بِٱلۡأٓيَٰتِ إِلَّا تَخۡوِيفٗا 60
شیكردنەوەی وشەكان:
فظلموا بها: الظلم: دەستدرێژی كردنەسەر موڵكی كەسانی تر و لە ئەندازە دەرچوون؛ دانانی شتێك لە شوێنێكدا كە شوێنی خۆی نەبێت. ظلم البعیر ظلما: ئەگەر بە بێ هیچ نەخۆشیەك حوشترەكەیان سەربڕی (التاج).
تەفسیر: خوای گەورە لێرەدا دەفەرموێت: پێویستە خەڵكی هیچ سەردەمێك پێیان وا نەبێت كە دەركەوتنی موعجیزەی ئاسمانی ئیتر كۆتایی هاتووە. ئەم ئامۆژگاریە بەتایبەتی ئاراستەی موسوڵمانان كراوە، چونكە مەترسی هەبوو بێئاگا بن لە خوای گەورە، بەمەش بێبەش بن لە بینینی نیشانە نوێیەكان، ئەوسا پێیان وا بێت ئیتر ناكرێت نیشانەكان دەربكەون. بۆیە خوای گەورە ئاگاداریان دەكاتەوە لەوەی كە ئەم جۆرە گومانە نەیەت بەدڵیاندا، چونكە خوای گەورە هەمیشە نیشانەكانی خۆی پیشان دەدات، بۆ ئەوەی باوەڕ لە دڵی بەندەكاندا نوێ بێتەوە.
خوای گەورە (عز وجل) چەند بەڵگەیەكی هێناوەتەوە لەسەر ئەوەی كە نیشانەكانی هەمیشە دەردەكەون؛ بەڵگەكان:
1- ئەوپەڕی ئەوەی كە دەتوانرێت بوترێت سەبارەت بە پشتگیریكردن لە پچڕانی نیشانەكانی خوا ئەوەیە كە: كەی ئەوانەی پێشوو سوودیان لەم ئایەتانە بینیوە هەتا خەڵكی ئێستا سوودیان لێ ببینن؟ وەڵام: ئەگەر ئەم بەڵگەیە پەسەند بوایە ئەوا لەدوای ڕەوانەكردنی یەكەم پێغەمبەر هیچ نیشانەیەك لەلایەن خواوە دەرنەدەكەوت. بەڵام خوای گەورە ئەو كارەی نەكردووە، بەڵكو هەمیشە نیشانەكانی ناردووە سەرەڕای ڕەتكردنەوەی بەردەوامی نیشانەكان لەلایەن دوژمنانی پێغەمبەرانەوە. بۆیە ناكرێت لە هیچ سەردەمێكدا دەركەوتنی نیشانە خواییەكان بوەستێت بەهۆی نكۆڵی كردن و ڕەتكردنەوەیان لەلایەن نكوڵیكارانەوە. لە سەردەمی ئادەمدا خوا ئایەتەكانی دەرخست، هەروەها لە سەردەمی نووحدا، هەروەها نیشانەكانی دەرخست بۆ ئوممەتی سەموود كە دوای ئەوان بوون.
خوای گەورە (سبحانه وتعالى) لێرەدا بە تایبەتی باسی گەلی سەموودی كردووە چونكە ئەو گەلە عەرەب بوون، وە شوێنەوارەكانیان كە مابوونەوە لە بەرچاوی هەموو عەرەبەكاندا بوون، چ بێباوەڕ بوو بن یان جوولەكە یان مەسیحی، وە ئەم گروپانە دەیانتوانی پەند وەرگرن لە بارودۆخی گەلی سەموود.
2- دەركەوتنی نیشانە و ئایەتەكان پێویستن پێش دابەزینی سزا، بۆ ئەوەی ئەو كەسانە ڕزگاریان بێت لە سزا كە دەكرێت ڕزگاریان بێت. مادام ئێمە پێشبینی هاتنی سزای سەخت دەكەین لە داهاتوودا، بەجۆرێك هیچ ئاوەدانیەك لە جیهاندا لە كارەسات و بەڵا ڕزگاری نابێت، بۆیە پێویستە موسوڵمانان لەوە تێبگەن كە ئەو كاتەش دەبێت ئایەتە ئاسمانیەكان دەربكەون، چونكە دابەزاندنی سزا بەبێ ئاگاداركردنەوە و ترساندن دژ بە سوننەتی ئێمەیە.
وَإِذۡ قُلۡنَا لَكَ إِنَّ رَبَّكَ أَحَاطَ بِٱلنَّاسِ ۚ وَمَا جَعَلۡنَا ٱلرُّءۡيَا ٱلَّتِيٓ أَرَيۡنَٰكَ إِلَّا فِتۡنَةٗ لِّلنَّاسِ وَٱلشَّجَرَةَ ٱلۡمَلۡعُونَةَ فِي ٱلۡقُرۡءَانِ ۚ وَنُخَوِّفُهُمۡ فَمَا يَزِيدُهُمۡ إِلَّا طُغۡيَٰنٗا كَبِيرٗا 61
شيكردنەوەی وشەكان:
أَحَاطَ: أَحَاطَ بالأمر: لە هەموو لایەكەوە دەوریگرت. أُحيطَ به: لەناوچوونی نزیكبوویەوە (الأقرب).
فِتۡنَةٗ: چاوگی فرمانی (فتن)یە: واتە شارەزایی و تاقیكردنەوە، گومڕایی و تاوان و كوفر، شەرمەزاری، سزا، نەخۆشی، وانە و پەند، ناكۆكی خەڵك لە بیروباوەڕدا و ئەو جەنگانەی لەنێوانیاندا ڕوودەدەن (الأقرب).
طُغۡيَٰنٗا: طغی یطغي یطغی: لە سنوور و پێوانە دەرچوون. طغی فلان: واتە فڵان كەس زیادهڕۆیی كرد لە تاوان و ستەمكاریدا (الأقرب).
تەفسیر: پێشتر ڕوونمان كردەوە كە (الإحاطة) واتە دەورەدانی شتێك و ئابڵۆقەدانی هەموو بەشەكانی، هەروەها واتای سزای تەواویش دەگەیەنێت، چونكە ئەگەر كۆمەڵێك خەڵك بەتەواوی گەمارۆ بدرێن، ئەوا هیچ ڕێگایەك بۆ ڕزگاربوونیان نامێنێت. لێرەدا مانای گەمارۆدان پیادە دەبێت و ڕاست دەردەچێت، مەبەست ئەوەیە: ئەی موحەممەد، ئەو كاتەت لەبیر بێت، كە پێمان گوتی ئێمە دەمانەوێت گەمارۆی هەموو خەڵكی جیهان بدەین و لە بازنەیەكدا كۆیان بكەینەوە. ئەم ئایەتە ئاماژە دەكات بۆ یەكەم ئایەتی ئەم سوورەتە، مەبەستم ئەوەیە ئاماژە دەكات بۆ ناوەڕۆكی ئەو كەشفەی پێغەمبەر (ﷺ) كە پێی دەوترێت (ئیسڕا)، بەجۆرێك پێغەمبەر (ﷺ) بینی پێشنوێژی بۆ هەموو پێغەمبەران كرد، لێكدانەوەكەی ئەوە بوو كە ئوممەتەكانی هەموو پێغەمبەران دەچنەناو ئایینەكەیەوە (ﷺ).
لێرەدا جارێكی تر ئاماژە دراوەتەوە بە بابەتی ئیسڕا چونكە ئایەتەكانی پێشوو هەواڵی ئەوەیان داوە كە هەموو دنیا تووشی سزا دەبێت، ئێستا خوای گەورە ڕوونی دەكاتەوە كە مەبەست چیە لەم سزایە و دەفەرموێت: مەبەستمان ئەوەیە بەم سزایە ئەو كەشفە بهێنینەدی كە لە شێوەی (ئیسڕا)دا پیشانماندایت، وە هەواڵی موسوڵمانبوونی هەموو شوێنكەوتووانی پێغەمبەران بهێنینەدی؛ چونكە ئەم سزا جیهانیە ڕێخۆشكەر دەبێت بۆ گەیاندنی پەیامی ئیسلام، بەجۆرێك هەموو گەلان دەگەڕێنەوە بۆ ئایین دوای ئەوەی لە ماددەگەرایی بێهیوا دەبن، وە ئەو كاتە خوا بە فەزڵ و ڕەحمەتی خۆی دڵیان دەكاتەوە بۆ وەرگرتنی حەق، وە لەژێر ئاڵای موحەممەدی پێغەمبەری خوادا (ﷺ) كۆدەبنەوە.
وە لە ئێستادا ئاسەوارەكانی سزای بەڵێنپێدراو لە جیهاندا دەستیان بە دەركەوتن كردووە، بۆ ئەوەی ڕێگە خۆش بكەن بۆ بڵاوبوونەوەی ئیسلام بەشێوەیەكی بەرفراوان بەویستی خوای گەورە.
خوای گەورە لە درێژەی ئایەتەكەدا زیاتر بابەتەكەی ڕوونكردووەتەوە و فەرموویەتی: ﴿وَمَا جَعَلۡنَا ٱلرُّءۡيَا ٱلَّتِيٓ أَرَيۡنَٰكَ إِلَّا فِتۡنَةٗ لِّلنَّاسِ﴾ واتە: ئێمە دەمانتوانی بە دەستەواژەی ڕاشكاو و ڕوون ئەم هەواڵە ڕابگەیەنین، بەڵام -بۆ تاقیكردنەوەی خەڵك- بە زمانی مەجاز و نموونە لە شێوەی هەندێ دیمەندا باسمان كرد، بۆ ئەوەی ئەو كەسەی سیفەتەكانی لە سیفەتەكانی ئەبو بەكر دەچێت، دوای بیستنی هەواڵەكە باوەڕی پێ بهێنێت، و ئەو كەسەی دڵی تەقوای خوای گەورەی تێدا نیە، دژی بوەستێتەوە.
ئەم ئایەتە جەخت لەوە دەكاتەوە كە نیشانە خواییەكان لایەنێكی تاقیكردنەوەیان تێدایە، سەرەڕای ئەم ڕاستیە ئاشكرایە، تەنانەت موسوڵمانانی ئەمڕۆش دەڵێن دەبێت هەواڵەكانی خوا ڕوون و ئاشكرا بن بەجۆرێك تەنانەت گەمژەترین كەسی جیهانیش نەتوانێت نكوڵیان لێ بكات، ئەگینا ناكرێت بە پێشبینی ڕاست دابنرێن.
وە مەبەست لە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَٱلشَّجَرَةَ ٱلۡمَلۡعُونَةَ فِي ٱلۡقُرۡءَانِۚ﴾ ئەوەیە هەروەك چۆن ئەو ڕوئیایەی كە پیشانماندایت كردمان بە تاقیكردنەوەیەك بۆ خەڵك، بە هەمان شێوە ئەو درەختەی كە قورئان بە نەفرەتلێكراو وەسفی كردووە، ئەویشمان كرد بە مایەی تاقیكردنەوە بۆ خەڵكی.
ئەو درەختە نەفرەتلێكراوە چیە؟ موفەسیرەكان لە ماناكەیدا ڕاجیایی زۆریان هەبووە؛ هەندێكیان دەڵێن ئەو درەختە درەختی (زەققووم)ە كە لە قورئانی پیرۆزدا لە سێ شوێندا باسكراوە: لە سوورەتی (الواقعة) ئایەتی 53 و سوورەتی (الصافات) ئایەتی 63 و سوورەتی (الدخان) ئایەتی 44. (كەششاف، ڕازی، ئیبن كەسیر). ئەم موفەسیرانە دەڵێن كاتێك قورئانی پیرۆز ڕایگەیاند كە خواردنی ئەهلی دۆزەخ بریتیە لە زەققووم، بێباوەڕەكان دەستیان كرد بە گاڵتەكردن بە پێغەمبەر (ﷺ) چونكە زەققووم بە زمانی یەمەنی واتە خورما و ڕۆن، بۆیە بە گاڵتەپێكردنەوە گوتیان: زەققووم باشترین خواردنە، ئێمە لەوە زیاتر چیمان دەوێت؟
موفەسیرەكان بۆچوونەكەی خۆیان بەڕاست دەزانن بە بەڵگەی ئەوەی كە (زەققووم) –هاوشێوەی دارە نەفرەتلێكراوەكە- بە فیتنە وەسف كراوە لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا: ﴿إِنَّا جَعَلۡنَٰهَا فِتۡنَةٗ لِّلظَّٰلِمِينَ﴾ (الصافات: 64).
بەڵام كێشەیەكی تر ڕووبەڕوویان بوویەوە، ئەویش ئەوە بوو كە (زەققووم) لە هیچ شوێنێكی قورئاندا وەسف نەكراوە بەوەی كە نەفرەتلێكراو بێت! لە وەڵامی ئەوەدا گوتیان قورئان ڕایدەگەیەنێت (زەققووم) لە دۆزەخدایە، وە ئاشكرایە هەموو شتێك لە دۆزەخدا نەفرەتلێكراوە، چونكە شوێنی تووڕەیی خوای گەورەیە.
پاشان هەر خۆیان ڕەخنەیان لەم تەئویلەی خۆیان گرتووە و گوتوویانە: چۆن درەختێك دەبێت بە نەفرەتلێكراو، چونكە نەفرەتلێكراو ئەوەیە كە یاخی بێت، بەڵام دار و درەخت گیاندار نیە؟ لە وەڵامی ئەمەدا گوتوویانە: ناونراوە نەفرەتلێكراو چونكە ئەوانەی دەیخۆن نەفرەتلێكراون.
هەندێكی تر گوتوویانە: ئەو درەختەی ئاماژەی پێدراوە ڕووەكی (كەشووس)ە كە بە دەوری درەختەكاندا دەئاڵێت و لەناویان دەبات (فتح البیان). پێویستە بزانرێت لە ڕاستیدا (كەشووس) ناوێكە بۆ تۆوی ڕووەكێك كە پێی دەگوترێت (ئەفتیمون)، ڕیشاڵی زەردی هەیە، ئەم ڕیشاڵانە بە دەوری چڵی درەختەكاندا دەئاڵێن و شیلەكەیان دەمژن هەتا وشك دەبن. ئەو جۆرەی لە هیندستان هەیە پێی دەوترێت (ئێكاسبیل) یان (ئەمربیل) یان (ئەمرلته) و لە پەنجاب پێی دەوترێت (كوریبیل) واتە ڕووەكی “المر”، وە لەوێوە ئەو پەندە هاتووە: “خوا بتكات بە ڕووەكی كوریبیل”، واتە: بەخێرایی گەشە بكەیت و دوژمنەكانت بكوژیت، وەك چۆن ئەم ڕووەكە درەختەكان دەكوژێت.
بەڵام لە قورئاندا هیچ شتێك نیە پتشگیری ئەم لێكدانەوەیە بكات تەنانەت بە ئەندازەی (زەققووم)یش.
لە عائیشەوە (رضي الله عنها) گێڕدراوەتەوە كە بە مەڕوانی كوڕی حەكەمی گوتووە: بیستوومە پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەیفەرموو بە باوكت و باپیرت: ئێوەن درەختە نەفرەتلێكراوەكەی ناو قورئان (الدُر المنثور). هەندێكی تریش گوتوویانە: ئەو درەختە پیسەیە كە لە سوورەتی “إبراهیم”دا هاتووە (روح المعاني). منیش درەختە نەفرەتلێكراوەكەم بە درەختە پیسەكە تەفسیر دەكرد، چونكە هەموو ئەو مانایانەی ئێستا باسمان كردن لەگەڵ وشەكانی تری ئەم ئایەتەدا دەگونجێن. من دەڵێم: شتە پیسەكان ئەو شتانەن كە هیچ خێریان تێدا نیە، وە قورئانی پیرۆز دەربارەی ئەو شتەی خێری تێدا نیە، دەفەرموێت: ﴿فَأَمَّا ٱلزَّبَدُ فَيَذۡهَبُ جُفَآءٗۖ﴾ (الرعد: 18). واتە: شتی خراپ وەكو كەف فڕێدەدرێت، وە نەفرەتیش واتە فڕێدان و دوورخستنەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەو شتەی فڕێدەدرێت ئەویش نەفرەتلێكراوە. بەڵام كاتێك دانیشتم بۆ تۆماركردنی ئەم تێبینیە تەفسیریانە، خوا مانایەكی تری بۆ ئاشكرا كردم، ئەوەتا منیش لێرەدا باسی دەكەم، چونكە وا دەردەكەوێت ئەم مانایە پەیوەندی بەهێزتر بێت بە سیاقی ئایەتەكەوە.
بۆ تێگەیشتن لەم مانایە دەبێت ماناكانی درەخت (الشجرة) بە باشی تێبگەین. جگە لە مانای ناسراوی خۆی، لە فەرهەنگەكاندا هاتووە: (شجرة النسب، داری بنەچە) ئەوەیە كە لە باپیرە گەورەوە دەست پێدەكات بۆ كوڕەكانی پاشان بۆ كوڕەكانیان و هتد. (الأقرب).
بە ڕەچاوكردنی ئەم مانایە دەكرێت (درەختە نەفرەتلێكراوەكە) مانای خێزانێك بێت كە لەڕابردوودا و لەداهاتووشدا تا چەندین نەوە ڕووبەڕووی نەفرەتی خوا ببنەوە. ئەم مانایە ئەو ڕیوایەتە پشتگیری دەكات كە پێشتر تۆمارم كرد و دەدرێتەپاڵ خاتوو عائیشە (رضي الله عنها). سەرەڕای ئەوەی ئەم گێڕانەوەیە بەلای منەوە پووچە، بەڵام ئێمە دەتوانین پشتی پێ ببەستین بۆ تێگەیشتن لەم دەربڕینە عەرەبیە، چونكە ئەو كەسانەی ئەم ڕیوایەتەیان گێڕاوەتەوە و ئەوانەی لە كتێبەكانی فەرموودەدا تۆماریان كردووە عەرەبن و بێگومان لە دەربڕینە عەرەبیەكان تێدەگەن.
دوای ئەم شەرح و ڕێ خۆشكردنە، وەرن با بەیەكەوە بزانین ئایا قورئانی پیرۆز باسی خێزانێك دەكات كە نەفرەتی خوای گەورەیان لەسەر بووبێت بۆ چەندین نەوە؟ ئەگەر خێزانێكی وامان لە قورئاندا دۆزییەوە، ئەوا ئەمە دارە نەفرەتلێكراوەكەیە.
بەدڵنیاییەوە لێكۆڵینەوە لە قورئان خێزانێك یان گەلێكمان پیشان دەدات كە خوا بۆ ماوەیەكی درێژ نەفرەتی لێكردوون، وە قورئان لە چەندین شوێندا ئەم بابەتەی تۆماركردووە، چەند دانەیەكیان لە خوارەوە باس دەكەین:
1- ﴿لُعِنَ ٱلَّذِينَ كَفَرُواْ مِنۢ بَنِيٓ إِسۡرَٰٓءِيلَ عَلَىٰ لِسَانِ دَاوُۥدَ وَعِيسَى ٱبۡنِ مَرۡيَمَۚ﴾ (المائدة: 79).
2- ﴿يَٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ أُوتُواْ ٱلۡكِتَٰبَ ءَامِنُواْ بِمَا نَزَّلۡنَا مُصَدِّقٗا لِّمَا مَعَكُم مِّن قَبۡلِ أَن نَّطۡمِسَ وُجُوهٗا فَنَرُدَّهَا عَلَىٰٓ أَدۡبَارِهَآ أَوۡ نَلۡعَنَهُمۡ كَمَا لَعَنَّآ أَصۡحَٰبَ ٱلسَّبۡتِۚ﴾ (النساء: 48).
3- هەروەها خوای گەورە دەربارەی جوولەكەكان دەفەرموێت: ﴿فَبِمَا نَقۡضِهِم مِّيثَٰقَهُمۡ لَعَنَّٰهُمۡ﴾ (المائدة: 14). واتە: ئێمە بەڵێنمان لە جوولەكەكان وەرگرت كە باوەڕ بە پێغەمبەری بەڵێندراو واتە پێغەمبەر موحەمەد (ﷺ) بهێنن لەكاتی دەركەوتنیدا، بەڵام ئەوان بەڵێنی خۆیان نەبردەسەر بۆیە نەفرەتمان لێكردن.
4- وە خوا بە جوولەكەكان دەفەرموێت: ئێوەن ئەوانەی ﴿مَن لَّعَنَهُ ٱللَّهُ وَغَضِبَ عَلَيۡهِ وَجَعَلَ مِنۡهُمُ ٱلۡقِرَدَةَ وَٱلۡخَنَازِيرَ ﴾ (المائدة: 61).
5- پاشان لەدوای چەند ئایەتێك دەفەرموێت: ﴿وَقَالَتِ ٱلۡيَهُودُ يَدُ ٱللَّهِ مَغۡلُولَةٌ ۚ غُلَّتۡ أَيۡدِيهِمۡ وَلُعِنُواْ بِمَا قَالُواْۘ﴾ (المائدة: 65). واتە: بەهۆی حوكمەكانی زەكات و بەخشین و هتد، جوولەكەكان گاڵتە بە موسوڵمانان دەكەن و دەڵێن: خوا پارەیان ناداتێ، چونكە دەستی نووقاوە و بەستراوە. بەهۆی ئەم بێشەرمیەیانەوە، خوای گەورە بڕیاری دا تووشی نەخۆشی چرووكی و چاوچنۆكی و نەفرەت بن.
لەم بەڵگانەوە دەردەكەوێت كە نەوەی ئیسڕائیل، كە لە یەك ڕەگەز بوون، بە بەردەوامی تووشی نەفرەتی خوایی بوون، هەروەك قورئانی پیرۆزیش نەفرەتی لێكردوون و فەرموویەتی: ئەم ئوممەتە هەرگیز ئارامی و ئاسایش نابینێت، مەگەر بە دوو ڕێگە: یان پەنا ببەن بە گەلانی بەهێزی تر، یانیش ببنە موسوڵمان.
من پێم وایە نەوەی ئیسڕائیل ئەو دارە نەفرەتلێكراوەن كە لێرەدا ئاماژەی پێكراوە. چونكە ئەم سوورەتە بە تایبەتی باسی ئەم ئوممەتە دەكات، تەنانەت پێغەمبەر (ﷺ) ئەم سوورەتەی ناوناوە (نەوەی ئیسڕائیل) (ابن ماجه، إقامة الصلاة، باب عدد سجود القرآن). پاشان ئەو ئایەتەی كە ئێستا ئێمە تەفسیری دەكەین، ئەویش باسی نەوەی ئیسڕائیل دەكات، بەجۆرێك ئاماژە دەكات بۆ ئیسڕاكەی پێغەمبەر (ﷺ) كە تێیدا بینی لە ناوەندەكەی ئەواندایە (واتە بەیتولمەقدیس)، وە لەوێ نوێژ بۆ خەڵك دەكات. هەروەها ئەم ئایەتە ڕوونیدەكاتەوە كە هەروەك ڕوئیای ئیسڕا تاقیكردنەوەیەك بوو بۆ خەڵك، بە هەمان شێوە نەوەی ئیسڕائیلیش كە لەم ڕوئیایەدا باسكراون فیتنە و ئاژاوە بوون بۆیان.. واتە ئەوان بەبێ هۆكار بەردەوام دەبن لە دژایەتیكردنی ئیسلام. لەڕاستیدا دەبینن كە سەرەڕای ئەوەی جوولەكە لە وڵاتە ئیسلامیەكاندا زیاتر لە هەر وڵاتێكی تر هەست بە ئارامی دەكەن، كەچی بەردەوام دژایەتی ئیسلام دەكەن، بەبێ ئەوەی پەی بەوە ببەن كە ئیسلام تاكە پەناگەی ئەوانە، ئەگینا هەمیشە دەبنە ئامانجی ستەمكارانی جیهان. لەبەر ئەوە خوای گەورە لە كۆتایی ئایەتەكەدا دەفەرموێت ئێمە بەردەوام چەندین جار هۆشداریمان داوە بەم گەلە سەبارەت بەو چارەنووسەی چاوەڕێیان دەكات، بەڵام ئەم هۆشداریە تەنها زیادهڕۆیی و دەستدرێژی ئەوان زیاتر دەكات.
پەیوەندی ئەم ئایەتە بەوەی پێش خۆی، بەم جۆرەیە: خوای گەورە لە پێشدا باسی ڕوودانی سزایەكی گەورەی جیهانی كردووە، و لەم ئایەتەدا ڕوونیكردووەتەوە كە ئەم سزا جیهانیە دەرئەنجامی سروشتیی ڕوئیای (ئیسڕا)یە، چونكە سەركەوتنی ئیسلام پەیوەستە بەو سزایەوە، بەجۆرێك خوای گەورە بڕیاری داوە دوای ئەو سزایە ئیسلام بەشێوەیەكی بەرفراوان لە جیهاندا بڵاوبێتەوە.
وە ڕاستەوخۆ ناوی جوولەكەی هێناوە بۆ ئەوەی ئاماژە بەوە بكات كە ئەم گەلەش فیتنەیە، بەو مانایەی ئەم گەلە خراپە فیتنەچیە ئاژاوەی دووەم هەڵدەگیرسێنێت. لەڕاستیدا جەنگی جیهانی یەكەم و جەنگی ئێستا تەنها بەهۆی جوولەكەوە هەڵگیرسان. لە جەنگی یەكەمدا جوولەكەكان بە پیلانێكی ڕێكخراو دژی ئەڵمانیا كاریان كرد، بۆیە ئەڵمانیەكان تۆڵەیان لێ كردنەوە و بەتوندی سزایان دان؛ جوولەكەكان ئەم بابەتەیان بەكارهێنا بۆ مەبەستی خۆیان و پڕوپاگەندەی بەرفراوانیان كرد هەتا جەنگی ئێستا هەڵگیرسا. جوولەكە گەورەترین بەرپرسیارن لەو شۆڕشەی كە لە ڕووسیادا ڕوویدا، كە ئەوەش بەشێكە لە خودی ئەم سزایە؛ چونكە ژمارەیەك لە سەركردە گەورەكانی ڕووسیا لە ڕەگەزی جوولەكەن.
پێش جەنگی جیهانی یەكەم، هەندێ ڕۆژنامە كۆمەڵێك بەڵگەنامەی نهێنی جوولەكەیان بڵاوكردەوە كە پیلانی جوولەكەیان ئاشكرا دەكرد بۆ هەڵگیرساندنی جەنگێكی گەورە بۆ ئەوەی بەهۆیەوە ڕێگە خۆش بكەن بۆ گەڕانەوەیان بۆ فەڵەستین، وە ڕووداوەكان ئەوەیان پشتڕاست كردەوە كە لە ڕۆژنامەكاندا باسكرا بوو. بەڵام قورئانی پیرۆز پێمان دەڵێت كە دەستگرتنی ئەوان بەسەر فەڵەستیندا شتێكی كاتیە، وە ئەستەمە زۆر بخایەنێت، چونكە خوای گەورە بۆ هەمیشە ئەم خاكەی بۆ موسوڵمانان نووسیوە.
وَإِذۡ قُلۡنَا لِلۡمَلَٰٓئِكَةِ ٱسۡجُدُواْ لِأٓدَمَ فَسَجَدُوٓاْ إِلَّآ إِبۡلِيسَ قَالَ ءَأَسۡجُدُ لِمَنۡ خَلَقۡتَ طِينٗا 62
شیكردنەوەی وشەكان:
لِآدمَ: “لِ”ی پیتی جەڕە و بیست و دوو مانای هەیە، لەوانە بەواتای “لەگەڵ”. شاعیر دەڵێت:
فَلَمَّا تَفَرَّقْنَا كَأَنِّي وَمَالِكًا لِطولِ اجْتِمَاعٍ لَمْ نَبِتْ لَيْلَةً مَعًا (مغني اللبیب، پیتی لام).
لێرەدا پیتی “لِ” لە وشەی (لِطُول)دا بە مانای “مع، لەگەڵ” هاتووە. واتە فەرموودەی خوا ﴿ٱسۡجُدُواْ لِأٓدَمَ﴾ مانای “سوجدە ببەن لەگەڵ ئادەمدا.”
ئیبلیس: بڕوانە شیكردنەوەی وشەكان لە ئایەتی ژمارە ٣٢ی سوورەتی الحجر.
الطین: خۆڵ یان لم و گەچ كە لەگەڵ ئاو تێكەڵ دەكرێت و سواغی پێ دەدرێت (الأقرب).
تەفسیر: ئایەتەكانی پێشوو باسی یاخیبوون و لە سنووردەرچوونی جوولەكە دەكەن، بۆ ڕوونكردنەوەی هەمان بابەت، خوا لێرەدا بۆ نموونە چیرۆكی ئادەمی هێناوەتەوە، بۆ ئەوەی ڕایبگەیەنێت پێغەمبەران بەردەوام لە هەموو سەردەمێكدا دژایەتی كراون. ئەوەتا ئادەم، باوكی مرۆڤایەتی و یەكەم پێغەمبەریش بوو، یەكێك لە ئیبلیسەكان دژایەتی كرد و گوتی: “من لەو باشترم، ئیتر چۆن گوێڕایەڵی بم؟” جوولەكەكان خۆیان تووشی هەمان تاقیكردنەوە بوون، بەجۆرێك پێیان وایە خۆیان لە موحەممەد و گەلەكەی باشترن، چونكە باوەڕیان وایە نەوەی ئیسحاق هەموو بەرەكەتە ئیبراهیمیەكانیان بۆ خۆیان قۆرخ كردووە، وە نەوەی ئیسماعیل لەم میراتە ئیبراهیمیە ڕۆحیە بێبەش كراون. ئەم خۆبەگەورەزانینەیە كە ناهێڵێت باوەڕبهێنن.
قَالَ أَرَءَيۡتَكَ هَٰذَا ٱلَّذِي كَرَّمۡتَ عَلَيَّ لَئِنۡ أَخَّرۡتَنِ إِلَىٰ يَوۡمِ ٱلۡقِيَٰمَةِ لَأَحۡتَنِكَنَّ ذُرِّيَّتَهُۥٓ إِلَّا قَلِيلٗا 63
شیكردنەوەی وشەكان:
كرَّمتَ: كرمه تكریما وتكرمه: بەگەورە و بە پاكی ڕاگرت (الأقرب).
لَأَحتَنِكنَّ: احتنَكَ الفَرَسَ: هەوسارەكەی خستە دەمی ئەسپەكەوە. احتنَكَه: واتە دەستی بەسەردا گرت. احتنك زیدا: واتە هەموو ماڵەكەی لێ سەند. احتنك الجرادُ الأرضَ: كوللـە هەموو ڕووەكی زەویەكەی خوارد و لەناویبرد (الأقرب).
تەفسیر: واتە شەیتان بە زمانی حاڵ داوای لە خوای گەورە كرد كە مۆڵەتی پێ بدات هەتا سەردەمی گەشەسەندنی نەوەی ئادەم، بۆ ئەوەی پێی نیشان بدات چۆن لەغاویان دەكات و بە ئارەزووی خۆی ڕایاندەكێشێت. (بۆ زانیاری زیاتر سەبارەت بە چیرۆكی ئادەم و شەیتان، بڕوانە تەفسیری ئایەتی ژمارە ٢٧ی سوورەتی الحجر).
پێویستە بزانرێت كە “القيامة” لێرەدا بە مانای سەردەمی پێشكەوتن و گەشەی باوەڕداران دێت، بەجۆرێك لەو كاتەدا قیامەت دێت بەسەر بێباوەڕاندا بەشێوەی لەناوچوونیان، وە دێت بەسەر باوەڕداراندا بەشێوەی پێشكەوتنیان.
هەروەها گوتەی شەیتان ﴿إِلَّا قَلِيلٗا﴾ واتە كەمێك لە خەڵكی لەژێر دەسەڵاتی من ڕزگاریان دەبێت، یان كەمێك لە كردەوەكانیان بۆ خوا دەبێت و زۆربەیان بۆ من دەبن.
هەندێ كەس پێیان وایە شەیتان بانگەشەیەكی گەورەی كرد، پاشان ئەوەی بەدەستی هێنا كە بانگەشەی بۆ دەكرد، بەجۆرێك تەحەددای كرد و گوتی: ﴿لَأَحۡتَنِكَنَّ ذُرِّيَّتَهُۥٓ﴾؛ وە لە ڕاستیدا دەبینین كە خێر لە دنیادا كەمە و شەڕ زۆرە؛ بەڵام خوا نەیتوانی ئەو شتە بە ئەنجام بگەیەنێت كە لەبەرامبەر تەحەدداكەی شەیتاندا ڕایگەیاندبوو، چونكە خوای گەورە فەرمووی: ﴿وَمَا خَلَقۡتُ ٱلۡجِنَّ وَٱلۡإِنسَ إِلَّا لِيَعۡبُدُونِ﴾، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبینین زۆربەی خەڵكی بەندایەتی بۆ خوا ناكەن و بەندەی خوا نین، بەڵكو بوون بە بەندەی شەیتان؟
بێگومان ئەم ڕەخنەیە بەهۆی كەمی تێڕامانەوە دروستبووە، چونكە لە ڕاستیدا شەڕ زۆر كەمترە لە خێر. بۆ نموونە، درۆزنترین كەس لە جیهاندا وەربگرن، ئەگەر هەموو قەسەكانی لە هەموو تەمەنیدا كۆبكەینەوە، ئەوا دەبینین قسە ڕاستەكانی زیاترە لە درۆكانی. هەمان شت بۆ تاوانەكانی تریش ڕاستە. لە ڕاستیدا زۆربەی خەڵكی لە جیهاندا نیازیان باشە و هەوڵی ئەنجامدانی كاری خێر دەدەن بە پێی توانای خۆیان، ئەگەرچی هەندێك جار ئارەزووەكانیان زاڵ دەبن بەسەریاندا. كەواتە هەڵەیە بوترێت شەیتان سەركەوتوو بووە لە ئامانجەكەیدا. ئێمە دەبینین ئەگەر كەسێك تاوانێك بكات، تەنانەت ئەگەر بچووكیش بێت، هەواڵەكەی بەشێوەیەكی بەرفراوان بڵاودەبێتەوە؛ ئەمەش بەڵگەیەكە لەسەر شكستهێنانی شەیتان، چونكە ئاماژەیە بۆ پاكی سروشتی مرۆیی كە بەرگەی تاوان ناگرێت، تەنانەت ئەگەر بچووكیش بێت.
قَالَ ٱذۡهَبۡ فَمَن تَبِعَكَ مِنۡهُمۡ فَإِنَّ جَهَنَّمَ جَزَآؤُكُمۡ جَزَآءٗ مَّوۡفُورٗا 64
شیكردنەوەی وشەكان:
موفورًا: الموفور: ئەو شتەیە كە تەواوە. وجزاءٌ موفور: واتە ئەو پاداشتەیە كە پڕاوپڕ بێت و هیچی لێ كەم نەبێت (الأقرب).
تەفسیر: فەرمایشتی خوا ﴿فَإِنَّ جَهَنَّمَ جَزَآؤُكُمۡ جَزَآءٗ مَّوۡفُورٗا﴾ واتە هەموو یەكێك لەوان لەوێدا پاداشتێكی تەواو وەردەگرێت، بەڵام ئەمە بەو مانایە نیە كە خوا لە سزاكەیان كەم ناكاتەوە، چونكە لە قورئانی پیرۆزدا چەسپاوە كە سوننەتی خوا لە سزاداندا وەهایە هەمیشە ڕەحمەت و لێبوردەیی بە لەپێشتر دادەنێت. وشەی ﴿مَّوۡفُورٗا﴾ تەنها ئەوە دەگەیەنێت كە سزا شتێكە ئەستەمە مرۆڤ داوای ئەندازەیەكی زیاتر بكات لێی، وە هەموو كەسێك لە دۆزەخدا سەرقاڵ دەبێت بە سزای خۆیەوە بەجۆرێك ناتوانێت بیر لە شتێكی تر بكاتەوە.
وە لەم ئایەتەوە ڕوون دەبێتەوە كە ئەم سزایە دەروونی دەبێت، و هەموو كەسێك بەگوێرەی بارودۆخی ناخی سزا وەردەگرێت وەك چۆن درەختێك بەگوێرەی دۆخە سروشتیەكەی خۆراك لە زەوی وەردەگرێت. ملیۆنەها ملیۆن كەس هاتوونەتە ئەم دنیایە و لە داهاتووشدا دێن، بەڵام تەنانەت دوو كەس نیە كە بە تەواوەتی ناخ و دڵیان لەیەك بچێت، بەڵكو دۆخی دڵ و ناخی هەر كەسێك جیاوازە، هەر بۆیە پێویستە سزای هەر كەسێكیش جیاواز بێت لەوانی تر؛ ئەمەش تەنها ئەو كاتە دێتەدی كە سزا دەروونی بێت، بۆیە هەر مرۆڤێك دووچاری ئەنجامی سروشتی كردەوەكانی دەبێت.
وَٱسۡتَفۡزِزۡ مَنِ ٱسۡتَطَعۡتَ مِنۡهُم بِصَوۡتِكَ وَأَجۡلِبۡ عَلَيۡهِم بِخَيۡلِكَ وَرَجِلِكَ وَشَارِكۡهُمۡ فِي ٱلۡأَمۡوَٰلِ وَٱلۡأَوۡلَٰدِ وَعِدۡهُمۡ ۚ وَمَا يَعِدُهُمُ ٱلشَّيۡطَٰنُ إِلَّا غُرُورًا 65
شیكردنەوەی وشەكان:
وَاسْتَفْزِزْ: استفزّه الخوفُ: واتە ترساندی و بانگی كرد. واستفزّه من الشيء: واتە دەریكردە دەرەوە. استفزّ فلان فلانًا: واتە فڵان كەس فڵان كەسی لە ماڵەكەی دەركرد و بێزاری كرد، وە دەوترێت: خەڵەتاندی هەتا لەناویبرد، واتە كوشتی (الأقرب).
أَجلِبْ: أجلب القومُ: واتە دەنگیان تێكەڵ بوو و ژاوەژاویان نایەوە؛ لە هەموو لایەكەوە بۆ شەڕ كۆبوونەوە، وە لە قورئاندا هاتووە ﴿وَأَجۡلِبۡ عَلَيۡهِم بِخَيۡلِكَ وَرَجِلِكَ﴾ واتە هاوار بكە (الأقرب).
خَيلك: الخيل: كۆمەڵە ئەسپە، تاكی نیە؛ وە سوار بەشێوەیەكی مەجازی واتە سوارچاكانی ئەسپ، قورئان دەفەرموێت: ﴿وَأَجۡلِبۡ عَلَيۡهِم بِخَيۡلِكَ وَرَجِلِكَ﴾ واتە بە سوارچاكەكانت و پیادەكانت (الأقرب).
رَجِلك: الرَجِل: بریتیە لە كۆی الرَاجِل و ئەو كەسەیە كە وڵاخی نیە تا سواری بێت (الأقرب).
تەفسیر: فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿وَٱسۡتَفۡزِزۡ مَنِ ٱسۡتَطَعۡتَ مِنۡهُم بِصَوۡتِكَ﴾، ڕوونیدەكاتەوە كە مرۆڤ لە سەرەتادا لە مەقامی خێر و چاكەدایە، ئەگەر شەیتان كاری لێ كرد ئەوا لە مەقامە ڕەسەنەكەی خۆیەوە پێی دەخلیسكێت و دەكەوێتە چاڵی شەڕەوە. دەربارەی ئەم پرسە جیاوازیەكی زۆر هەیە لەنێوان تیۆری مەسیحیەت و تیۆری ئیسلامدا، بەجۆرێك مەسیحیەت وای دەبینێت كە بنەڕەتی سروشتی مرۆڤ بریتیە لە خراپە و شەڕ، وە لە ڕێگەی كەفارەتەوە مرۆڤ لە مەقامی خراپەوە دەهێنرێتە مەقامی چاكە (دنیا كا منجي (واتە ڕزگاركەری جیهان) لا ٢١). لە كاتێكدا ئیسلام ڕایدەگەیەنێت كە خێر و چاكە مەقامی ڕەسەنی سروشتی مرۆڤە، بەڵام شەیتان پێی دەخلیسكێنێت و لە مەقامی خێرەوە دەیخاتەناو چاڵی شەڕ و خراپەوە.
فەرمایشتی خوا ﴿بِصَوۡتِكَ﴾ ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە هەندێك لە سروشتە مرۆییەكان هێندە لاوازن كە تەنها بە گوێگرتن لە هەڕەشەكان دەترسن و دەشڵەژێن، یان بە بیستنی ڕەخنەكان گومانیان بۆ دروست دەبێت. ئەوان بوێری خۆڕاگرتنیان نیە، وە هیممەتیان نیە بۆ ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە.
خوای گەورە لێرەدا ئاگاداری كردووینەتەوە لە هێرشە جۆراوجۆرەكانی شەیتان. هەندێك كەس هەن شەیتان هەڕەشەیان لێ دەكات بۆ ئەوەی بچنەناو ڕیزەكانیەوە.. واتە ئەو كەسانەی كە سروشتی شەیتانیان هەیە هەڕەشە لە خەڵكی هەژار و لاواز دەكەن بۆ ئەوەی نەهێڵن پەیوەندی بكەن بە شوێنكەوتووانی پێغەمبەرانەوە. هەندێك كەس هەن شەیتان بە یارمەتی پیادە و سوارەكانی ناهێڵێت كاری خێر و چاكە بكەن.. واتە ئەم خراپەكارانە خەڵكی تووشی جۆرەها ئازار و ئەشكەنجە دەكەن. هەندێك كەس هەن شەیتان لە ڕێگەی داب و نەریتی بێ مانا و هاوڕێیەتی كەسانی خراپ و گەندەڵەوە لەناویان دەبات. هەندێك كەس شەیتان بە پارە و دەوڵەمەندی دەیانخەڵەتێنێت تاوەكو نەهێڵێت حەق و ڕاستی قەبوڵ بكەن. بەڵام ئەو كەسانەی كە باوەڕ لە دڵیاندایە ملكەچ نابن بۆ فریودان یان هەڕەشەی شەیتان، بەڵكو تەنھا ئەو كەسانە ملكەچ دەبن بۆی كە دڵیان نەخۆشە.
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَشَارِكۡهُمۡ فِي ٱلۡأَمۡوَٰلِ وَٱلۡأَوۡلَٰدِ﴾ واتە یاریدەدەرەكانی شەیتان هەموو توانایەك كۆدەكەنەوە، بەجۆرێك دژی پەیامبەران دەوەستنەوە، هەروەها پارە و مناڵەكانیان كۆدەكەنەوە بۆ ئەوەی هێرشێكی یەكگرتوو بكەنە سەریان.
ئەگەر وردبینەوە لەم پیلانە شەیتانیانە دەبینین سەرانی كوفر سێ جۆر لە فێڵ بەكاردەهێنن دژی پێغەمبەرەكانیان. دژی لاوازەكان چەكی هەڕەشە و ترساندن بەكاردەهێنن. ئەو كەسانەی كە وەكو خۆیانن بەهێزن، هەوڵ دەدەن لەسەر بنەمای یەكێتی گەل و خێڵ بیانهێننە ناو ڕیزەكانیانەوە. ئەوانەش كە لە خۆیان بەهێزترن هەوڵ دەدەن بە دەستكەوت و سەرۆكایەتی بیانخەڵەتێنن. لە مێژووی پێغەمبەراندا نموونەی زۆر هەیە بۆ گومڕاكردنی ئەم سێ گروپە بە بەكارهێنانی ئەم سێ فێڵە لەلایەن سەرانی كوفرەوە، ئەو نموونانە زۆر و بەردەوامن، بەجۆرێك پێویست ناكات لەم بارەیەوە زیاتر بنووسین.
إِنَّ عِبَادِي لَيۡسَ لَكَ عَلَيۡهِمۡ سُلۡطَٰنٞ ۚ وَكَفَىٰ بِرَبِّكَ وَكِيلٗا 66
تەفسیر: خوای گەورە لێرەدا بەئاشكرا ڕایگەیاندووە ئەو كەسەی بە ڕاستی دەبێتە بەندەی خوا، شەیتان هیچ دەسەڵاتێكی نابێت بەسەریدا، چونكە شەیتان تەنها تاوەكو ڕۆژی قیامەت مۆڵەتی پێدراوە.. واتە مرۆڤ دەبێتە نێچیری هێرشەكانی شەیتان ئەگەر لەڕووی ڕۆحیەوە لاواز بێت، بەڵام ئەگەر لەڕووی ڕۆحیەوە بەهێز بوو، ئەوا بوێری و ئازایەتی تێدا دروست دەبێت، ئیتر بە هیچ شێوەیەك گوێنادات بە هەڕەشە و ئازار و خەڵەتاندن.
ئەم ئایەتە فێرمان دەكات كە نهێنی خۆپاراستن لە هێرشەكانی شەیتان ئەوەیە مرۆڤ ببێتە بەندەی خوا.. واتە خۆی ڕادەستی خوای گەورە بكات، وە پشت بەو ببەستێت لەجیاتی ئەوەی پشت بە توانا و لێهاتووییەكانی خۆی ببەستێت؛ چونكە ئەگەر خوای گەورە ببێت بە بریكاری هەر كەسێك ئەوا شەیتان ناتوانێت هیچ زیانێكی پێ بگەیەنێت.
رَّبُّكُمُ ٱلَّذِي يُزۡجِي لَكُمُ ٱلۡفُلۡكَ فِي ٱلۡبَحۡرِ لِتَبۡتَغُواْ مِن فَضۡلِهِۦٓ ۚ إِنَّهُۥ كَانَ بِكُمۡ رَحِيمٗا 67
شیكردنەوەی وشەكان:
یُزجي: أزجاه إزجاء، وە لە قورئاندا هاتووە: ﴿رَّبُّكُمُ ٱلَّذِي يُزۡجِي لَكُمُ ٱلۡفُلۡكَ﴾.. واتە هاتووچۆی پێ دەكات و لێی دەخوڕێت (الأقرب).
تەفسیر: واتە خوای گەورە نیعمەتە ڕاستەقینەكانی دروست كردووە، بەڵام خەڵكی وەك پێویست ڕێزی ئەو نیعمەتانە ناگرن. بۆ نموونە، خوای گەورە تەنها لەسەر زەوی ئامرازەكانی گەشتكردن و پەیوەندیكردنی دابین نەكردووە، بەڵكو كەشتیشی داناوە بۆ گەستكردن بەناو دەریادا، بەم شێوەیە بازنەی پەیوەندی لەنێوان خەڵكدا فراوانتر كرد، ئەگینا دانیشتووانی دوورگە و كیشوەرەكان بێئاگا دەبوون لە یەكتر.
ئەم نموونەیە -بە بۆچوونی من- ئاماژەی تێدایە بۆ ئەوەی كە ئیسلام ئایینێكی جیهانیە و لە داهاتوودا لە هەموو جیهاندا بڵاودەبێتەوە. وە لەبەرئەوەی ئەم بابەتە پەیوەستە بە كەشتیەكانەوە كە بەبێ ئەوان گەشتكردن لە دەریادا مەحاڵە، بۆیە لێرەدا بە تایبەت نیعمەتی دەریا و كەشتیەكان باسكراوە، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی كە موسوڵمانان بەڕێژەیەكی زۆر ئەم نیعمەتانە بەدەستدەهێنن. بێگومان موسوڵمانان لە ئێستادا لەم بوارەدا لاوازن، بەڵام ڕۆژگارێك بوو كە كەشتیەكانیان هەموو ئۆقیانووسەكانی جیهانیان دەبڕی. هەموو نەخشە و ڕێگا دەریاییەكان كە هەن موسوڵمانان دایانناون. لە ڕاستیدا گەشتە دەریاییەكانی ئەورووپا بۆ هیندستان قەرزاری یەكێك لە دەریاوانە عەرەبە موسوڵمانەكانە كە تووشی هەندێك كەشتی پورتوگالی هات كە ڕێگەیان لێ تێكچوو بوو، ئەویش بە دەوری كیشوەری ئەفریقادا بردنی و گەیاندنی بە هیندستان. (Arabian Students, vol. 1 p. 86 – 93)
وَإِذَا مَسَّكُمُ ٱلضُّرُّ فِي ٱلۡبَحۡرِ ضَلَّ مَن تَدۡعُونَ إِلَّآ إِيَّاهُ ۖ فَلَمَّا نَجَّىٰكُمۡ إِلَى ٱلۡبَرِّ أَعۡرَضۡتُمۡ ۚ وَكَانَ ٱلۡإِنسَٰنُ كَفُورًا 68
تەفسیر: خوای گەورە دەفەرموێت: مرۆڤ زۆر سپڵە و بێمنەتە، هەمیشە دۆخی پێشووی خۆی بیردەچێتەوە. كاتێك تووشی بەڵایەك دەبێت، دەڵێت: ئەگەر ڕزگارم بوو لێی، تەنها كاری چاكە دەكەم، بەڵام كاتێك ئەو بەڵایە لادەچێت، هەموو قسە و بەڵێنەكانی پێشووی خۆی لەبیردەكات.
خوای گەورە لێرەدا موسوڵمانانی ئاگاداركردووەتەوە كە ڕێچكەی بێباوەڕان نەگرنەبەر لەكاتی پێشكەوتن و گەشەسەندندا، بەڵكو پێویستە لەكاتی پێشكەوتنیاندا هەمیشە یادی خوا بكەن، بۆ ئەوەی لەكاتی بەڵا و نەهامەتیەكاندا یارمەتیان بدات.
أَفَأَمِنتُمۡ أَن يَخۡسِفَ بِكُمۡ جَانِبَ ٱلۡبَرِّ أَوۡ يُرۡسِلَ عَلَيۡكُمۡ حَاصِبٗا ثُمَّ لَا تَجِدُواْ لَكُمۡ وَكِيلًا 69
شیكردنەوەی وشەكان:
یخسِف: بڕوانە شیكردنەوەی وشەكانی ئایەتی ژمارە ٤٦ لە سوورەتی النحل.
حاصبًا: حصب یحصبه: چەوی هاویشتەسەری. وە الحاصب: ئەو بایەیە كە خۆڵ و وردە بەرد هەڵدەگرێت؛ وە وتراوە: ئەو وردە تەرزە و بەفرەیە كە دەبارێت (الأقرب).
تەفسیر: خوای گەورە دەفەرموێت: ئەی خەڵكینە، كاتێك لە وشكانیدان بێشەرمی دەكەن بەرامبەرمان! ئایا وا دەزانن ئێمە ناتوانین سزاتان بدەین لەكاتێكدا ئێوە لە وشكانیدان؟ ئایا خوا ناتوانێت ئێوە لەناو زەویدا بنێژێت، یان بەرد ببارێنێت بەسەرتاندا؟ چ سوودێكتان دەستدەكەوێت لە جیاكردنەوەی وشكانی و دەریا سەبارەت بە ڕەفتارەكانتان؟
بەڕای من، ئەم ئایەتە هەواڵێكە دەربارەی جەنگی بەدر. لەم جەنگەدا پێغەمبەری خوا ﷺ مشتێك وردە بەردی فڕێدا بە ڕووی بێباوەڕاندا، هاوكات بایەكی بەهێز هەڵی كرد، ئەو وردە بەردانەش بەر ڕوخساری بێباوەڕان كەوت. بایەكە بەرەوڕووی بێباوەڕان هەڵیدەكرد، بەو هۆیەشەوە ئەو تیرانەی كە دەیانهاویشت بەرەو موسوڵمانان خێرایی و هێزی خۆیان لە دەستدا، لەكاتێكدا تیرەكانی موسوڵمانان بەهۆی بایەكەوە خێرایی و هێزیان زیاتر بوو. (دلائل النبوة للبيهقي، باب إذا التقى الجمعانِ)
هەموو عەرەبەكان، موسوڵمان و جوولەكە و مەسیحی، زۆر دەترسان لە دەریا، بۆیە خوا لێرەدا نموونەی دەریای هێناوەتەوە بۆ ئەوەی ناموسوڵمانان ئاگاداربكاتەوە كە لەكاتی دەرچوونیان بۆ ناو دەریا، تووشی ترسێكی زۆر دەبن بەهۆی لافاوێكی سادەوە، وا دەزانن ئەمە سزایەكی لەناوبەرە بەهۆی خراپەكانیانەوە تووشیان بووە، بەڵام كاتێك لە وشكانیدا دەبن، بێشەرمی دەكەن بەرامبەرمان. دەی با بزانن ئێمە دەتوانین لە وشكانیشدا لەناویان بەرین.
هەروەها ئەم ئایەتە هانی موسوڵمانان دەدات بۆ ئەوەی گەشتی دەریایی بكەن، بەجۆرێك خوای گەورە ئامۆژگاری كردوون: مادام وشكانی و دەریا هەردووكیان پڕن لە مەترسی، بۆیە گەمژەیی هانتان نەدات تەنها لە وشكانی بمێننەوە و نەچنەناو دەریاكانەوە.
أَمۡ أَمِنتُمۡ أَن يُعِيدَكُمۡ فِيهِ تَارَةً أُخۡرَىٰ فَيُرۡسِلَ عَلَيۡكُمۡ قَاصِفٗا مِّنَ ٱلرِّيحِ فَيُغۡرِقَكُم بِمَا كَفَرۡتُمۡ ثُمَّ لَا تَجِدُواْ لَكُمۡ عَلَيۡنَا بِهِۦ تَبِيعٗا 70
شیكردنەوەی وشەكان:
قاصفًا: (اسم فاعل)ە وەرگیراوە لە (قَصَف الشيء یقصف قصفا فقصف)ە: واتە شكا، فرمانێكی تێپەڕ و تێنەپەڕە. (قصف الرعدُ): واتە دەنگی هەورە تریشقەكە زۆر بەهێز بوو. (رعدٌ قاصفٌ) واتە هەورێكی زۆر بە گرمەیە. (ريحٌ قاصِفٌ) واتە بایەكی بەهێزە هەموو دار و درەختێك دەشكێنێت (الأقرب).
تبيعًا: التبيع: یارمەتیدەر، شوێنكەوتوو (الأقرب).
تەفسیر: بە ڕای من فەرمایشتی خوا ﴿أَن يُعِيدَكُمۡ فِيهِ تَارَةً أُخۡرَىٰ﴾ هەواڵێكی تێدا بووە دەربارەی ئازادكردنی مەككە، چونكە زۆرێك لە موشریكەكان بە كەشتی بەرەو یەمەن یان حەبەشە هەڵهاتن، ئینجا لافاو هات بۆیان لە دەریادا و زۆربەیان خنكان. عیكریمەی كوڕی ئەبو جەهلیش لەنێو ئەو هەڵاتوانەدا بوو، بەڵام هیچ كەشتییەكی دەستنەكەوت و مایەوە. ئینجا خێزانەكەی هات بۆ لای پێغەمبەری خوا (ﷺ) و داوای لێكرد لێی خۆشبێت و داڵدەی بدات بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە، پێغەمبەریش داڵدەی دا. ئینجا ڕۆیشت بەدوایدا و لە كەناری دەریا پێی گەیشت و هێنایەوە. (السيرة النبوية لابن هشام، أمان الرسول لصفوان بن أمية)
وَلَقَدۡ كَرَّمۡنَا بَنِيٓ ءَادَمَ وَحَمَلۡنَٰهُمۡ فِي ٱلۡبَرِّ وَٱلۡبَحۡرِ وَرَزَقۡنَٰهُم مِّنَ ٱلطَّيِّبَٰتِ وَفَضَّلۡنَٰهُمۡ عَلَىٰ كَثِيرٖ مِّمَّنۡ خَلَقۡنَا تَفۡضِيلٗا 71
تەفسیر: خوای گەورە دەفەرموێت: خوا هەموو خەڵكی بەڕێز كردووە، نەك تەنها گەلێك بە دیاریكراوی، بۆیە گەلان مافی ئەوەیان نیە خۆیان بە گەورەتر بزانن لە یەكتری و شانازی بەسەر یەكتردا بكەن.
وە بزانە ئەم ئامۆژگاریە بەتایبەتی ئاراستەی جوولەكە و قوڕەیش كراوە، چونكە پێیان وابوو لە خەڵكانی تر باشترن. خوای گەورە ئاگاداری كردوونەتەوە كە هەموو گەلانی بەڕێز كردووە، بەڵام هەندێكیان لەم ڕێزلێنانە سوودمەند نابن و ئەو دەرگایانە بەڕووی خۆیاندا دادەخەن كە خوا بۆی كردوونەتەوە.
هەروەها بە فەرمایشتی ﴿وَحَمَلۡنَٰهُمۡ فِي ٱلۡبَرِّ وَٱلۡبَحۡرِ﴾ ئاماژەی بەوە داوە كە هەریەك لە وشكانی و دەریای بۆ پێشكەوتنی مرۆڤ دروستكردووە، بۆیە ئەگەر هەر گەلێك سەربەرزی و ڕێزی ویست ئەوا پێویستە وەكو یەك سوود لە هەردووكیان وەربگرێت.
هەندێك كەس دەڵێن قورئان داهێنانی موحەممەد (ﷺ) خۆیەتی (ستيارث بركاش باب 14 في تحقيق الإسلام ص 671). بەڵام چۆن دەكرێت ئەو شتانەی كە لێرەدا باسكراون لە دەمی كەسێكی عەرەبی نەخوێندەوارەوە دەربچێت كە هەرگیز سواری كەشتی نەبووبێت؟
بەداخەوە موسوڵمانان دوای چەند سەدەیەك ئەم ئامۆژگاریەی خوایان لەبیركرد، بۆیە هێز و شكۆیان لەدەستچوو. خۆ ئەگەر گرنگیان بدایە بە كەشتیە دەریاییەكانیان ئەوا ئیسلام تووشی ئەم لاوازی و لەناوچوونە نەدەبوو.
هەروەها هەندێ كەس لە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَفَضَّلۡنَٰهُمۡ عَلَىٰ كَثِيرٖ مِّمَّنۡ خَلَقۡنَا تَفۡضِيلٗا﴾ ئەوەیان هەڵهێنجاوە كە مرۆڤ لە هەندێ دروستكراو باشترە، نەك لە هەموویان (تفسير البغوي).
بەڵام ئەم هەڵێنجانە دروست نیە، چونكە خوای گەورە لێرەدا باسی هەموو نەوەی ئادەم دەكات. هیچ گومانێكیش لەوەدا نیە كە هەر تاكێك لە جۆری مرۆڤ لە هەموو دروستكراوێكی تر باشتر نیە؛ چونكە لەناو خەڵكدا كەسانێك هەن كە تەنانەت لە ئاژەڵیش خراپترن؛ وە هەیانە مامناوەندە و لە ئاژەڵ باشترە؛ وە هەیانە خێری زۆریان تێدایە و لە فریشتە ئاساییەكان باشترن؛ وە هەیانە دەگەنە پلەیەكی بەرزتریش كە لە فریشتە گەورەكانیش باشترن. بە كورتی هەر تاكێك لە مرۆڤەكان لە هەموو دروستكراوان باشتر نیە، بەڵكو هەندێكیان لە هەموو دروستكراوان باشترن، وە مرۆڤ وەك جۆر لە زۆربەی ئەو دروستكراوانە باشترە، چونكە خۆر و مانگ و ئەستێرەكان و ئاژەڵان وەكو ئەسپ و گا و وشتر و مەڕ و ئەوانی تر هەموویان بۆ خزمەتی خەڵكی كار دەكەن و ڕام كراون بۆ هەموو مرۆڤەكان، چ باوەڕدار بن یان بێباوەڕ. كەواتە مرۆڤ وەك جۆر لە زۆربەی بوونەوەران باشترە، بەڵام وەك تاكێكی تەواو لە هەموویان باشترە.
يَوۡمَ نَدۡعُواْ كُلَّ أُنَاسِۢ بِإِمَٰمِهِمۡ ۖ فَمَنۡ أُوتِيَ كِتَٰبَهُۥ بِيَمِينِهِۦ فَأُوْلَٰٓئِكَ يَقۡرَءُونَ كِتَٰبَهُمۡ وَلَا يُظۡلَمُونَ فَتِيلٗا 72
شيكردنەوەی وشەكان:
فتیلا: الفتیل واتە تەنراو، پەتێکی باریکە لە گەڵای دارخورما یان لە ڕیشاڵ (لیف) دروستدەكرێت، یان پەردە تەنكەكەی ناوكی خورمایە، هەروەها ئەو چڵك و پیسیە كەمەیە كە لەنێوان پەنجەكانتدا دروست دەبێت (الأقرب).
تەفسیر: موفەسیرەكان دەڵێن (بِإِمَامِهِمْ) واتە (بكتابهم) (البغوي). بەڵام ئێمە دەڵێین: مادام پێشەواكان لە هەموو ئوممەتەكاندا بوونیان هەبووە، پێویستە وشەی (ئیمام) بەو مانا باوەی خۆی تەفسیر بكەین كە بەگشتی بەكاردێت، واتە هەر ئوممەتێك بە ناوی پێغەمبەرەكەی بانگ دەكرێت و دەگوترێت: ئێستا با ئوممەتی فڵان پێغەمبەر بێنە پێش. ئەمەش چونكە هەر پێغەمبەرێك شایەتی دەدات كە پەیامی خوای گەورەی گەیاندووە پێیان. ئەمەش ئەو شتەیە كە قورئانی پیرۆز ئاماژەی پێداوە، هەروەها فەرموودەی پێغەمبەریش (ﷺ) جەختی لێ كردووەتەوە. (سوورەتی النساء: 42، و موسنەدی ئەحمەد، بەرگی 3، لاپەڕە 32، گێڕانەوەی ئەبو سەعیدی خودری).
سەبارەت بە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿فَمَنۡ أُوتِيَ كِتَٰبَهُۥ بِيَمِينِهِۦ﴾، لێرەدا مەبەست لە (كتاب) تۆماری كردەوەكانە، وەك لە ئایەتێكی تردا جەختی لێ كراوەتەوە: ﴿يَٰلَيۡتَنِي لَمۡ أُوتَ كِتَٰبِيَهۡ * وَلَمۡ أَدۡرِ مَا حِسَابِيَهۡ﴾ (الحاقة: 26 و 27).
وە بزانە كە ئیسلام دەستی ڕاستی بە نیشانەی بەرەكەت داناوە، و دەستی چەپیش بە نیشانەی سزا. هەروەها لە پێكهاتەی جەستەی مرۆڤیشدا لای ڕاست بەسەر لای چەپدا زاڵە، چونكە بە گشتی ئەندامەكانی لای ڕاست زیاتر توانای كاركردنیان هەیە. كەواتە، پێدانی تۆماری كردەوەكان بە دەستی ڕاست واتە حسابی مرۆڤ ئاسان و بەرەكەتدار دەبێت.
دەبینین مرۆڤایەتی بە كۆی گشتی زیاتر دەستی ڕاست بەكاردەهێنن. كەواتە حوكمی بەكارهێنانی دەستی ڕاست لە شەرعەكەماندا كارێك نیە بەزۆر سەپێنرابێت، بەڵكو خەڵكی لە هەموو گەل و ئایينێك، ڕۆشنبیر بن یان ناڕۆشنبیر، هەتا ئێستايش بەشێوەیەكی گشتی دەستی ڕاست لە كارەكانیاندا بەكاردەهێنن. تەنانەت هەموو خەڵك -چ ئاسیایی بن یان ئەورووپی یان ئەفریقی و ئەمریكی، شارستانی بن یان نا، دیندار بن یان بێدین- هەموویان بە دەستی ڕاست كاردەكەن، مەگەر ئەو كەسەی نەخۆشە یان لەژێر كاریگەریەكی ناسروشتیدایە. هەروەها بە تاقیكردنەوەش دەزانین كە زۆربەی جار چاوی ڕاست بەهێزترە لە چاوی چەپ.
هەندێ كەس دەڵێن مرۆڤ زیاتر حەز بە بەكارهێنانی دەستی ڕاست دەكات بەهۆی ڕاهاتنەوە. بەڵام پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە: چۆن ئەم ڕاهاتنە لە مرۆڤدا ڕەگیداكوتاوە؟ لەسەرەتادا چی پاڵی پێوەنا وەها بكات؟ بێگومان لە سەرەتادا بە سروشتی خۆی دەستی ڕاستی بەكارهێناوە، ئینجا ئەم نەریت و ڕاهاتنە لە نەوەكانیدا چەسپاوە. كەواتە بۆ نەڵێین: هەر وەك چۆن مرۆڤی یەكەم بە سروشتی خۆی بیریكردەوە لە بەكارهێنانی دەستی ڕاستی لە كارەكانیدا، بەهەمان شێوەش لە نەوەكانیدا ئەمە ڕوویداوە.
هەندێك لە پزیشكەكان بەكارهێنانی دەستی ڕاستیان گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی كە دڵ لە لای چەپی جەستەدایە، بەمەش خوێن بۆ لای چەپی مێشك زیاتر دەڕوات، ئەمەش وا دەكات كە لای چەپی مێشك بەهێزتر بێت. وە بەوپێیەی لای ڕاستی مێشك دەمارەكانی لای چەپی جەستە كار پێ دەكات، لای چەپیش دەمارەكانی لای ڕاستی جەستە كار پێ دەكات، كە ئەوەی دواییان بەهێزترە وەك بینیمان، بۆیە دەمارەكانی لای ڕاستی جەستە زیاتر بەهێز دەبن، ئەمەش وا دەكات كە مرۆڤ زیاتر حەز بكات ئەندامەكانی لای ڕاستی جەستەی بەكاربهێنێت. (Foundation of Anatomy and Physiology p. 323).
بەڵام ئەم تەفسیرە پزیشكیە، ڕاست بێت یان هەڵە، بەلای ئێمەوە گرنگ نیە، بەڵكو گرنگ ئەوەیە هەموو جیهان فەزڵی دەستی ڕاست دەدەن بەسەر دەستی چەپدا، وە زیاتر بەكارهێنانی لای ڕاست سروشتیە.
لەم بارەیەوە شتێكی سەیرتر هەیە كە شایەنی تێڕامانە. ئامارەكان پیشانمان دەدەن كە ڕێژەی ئەوانەی دەستی چەپ بەكاردەهێنن لەنێوان ئەو كەسانەدا كە عەقڵیان تەواوە تەنها دەگاتە چوار بۆ هەشت لە سەد، بەڵام ئەم ڕێژەیە زۆر بەرز دەبێتەوە لەنێو بیركۆڵەكاندا (ئینسكلۆپیدیای بەریتانی، وشەی (Handedness)). ئەمەش لە خودی خۆیدا بەڵگەیەكی ترە لەسەر ئەوەی كە یاسای سروشت دەستی ڕاستی لە دەستی چەپ بە باشتر زانیوە.
لە ڕوونكردنەوەكەی پێشووەوە دەركەوت كە دەستی ڕاست گونجاوترە بۆ كاركردن، و زۆرینەی خەڵكی جیهان دەستی ڕاست بەكاردەهێنن. كەواتە دەستی ڕاست دەكرێت بە هێمای هێزی كردەیی دابنرێت. هەر كاتێك قورئان ئاماژەی بەوە كرد كە چاكەكاران تۆماری كردەوەكانیان دەدرێتە دەستی ڕاستیان، ئەوا ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە ئەوان كەسانی كارا و تێكۆشەر و قوربانیدەر بوون. وە هەر كاتێكیش ئاماژەی بەوە كرد كە هەندێ كەس تۆماری كردەوەكانیان دەدرێتە دەستی چەپیان مەبەست پێی ئەوەیە كە ئەوان كەسانی تەمبەڵ و بێكارە بوون و خۆیان دزیوەتەوە لە قوربانیدان. ئەمەش لەبەرئەوەی كە دەستی چەپ بە بەراورد بە دەستی ڕاست زۆر كەمتر كاردەكات.
هەروەها شایەنی باسیشە كە شەرع دەستی ڕاستی بۆ بەجێهێنانی كارە چاكەكان داناوە، و دەستی چەپیش بۆ لابردنی پیسی و چەپەڵی و شتی تر. بەگوێرەی ئەوە دەكرێت مەبەست لەوەی كە هەندێ كەس تۆماری كردەوەكانیان بەدەستی ڕاستیان وەردەگرن ئەوە بێت كە ئەو كەسانە كاری چاكەیان كردووە، و ئەوانەشی كە بە دەستی چەپیان وەریدەگرن، كاری خراپەیان كردووە.
هەروەها دەستی ڕاست ئاماژەیە بۆ شتێكی تر. خوای گەورە لە شوێنێكی تری قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: ﴿لَأَخَذۡنَا مِنۡهُ بِٱلۡيَمِينِ﴾ (الحاقە: 46)، موفەسیرەكان ئەم ئایەتەیان بەم شێوەیە تەفسیر كردووە: ئێمە بە هێز و تواناوە پەلاماری دەدەین (القرطبي). بەگوێرەی ئەمە ڕەنگە مەبەست لە فەرموودەی خوای گەورە: ﴿فَمَنۡ أُوتِيَ كِتَٰبَهُۥ بِيَمِينِهِۦ﴾ ئەوە بێت كە ئەم كەسە بە هەموو هێزێكیەوە دەستی گرتووە بە چاكەوە، بۆیە ڕزگاری بووە. بەڵام ئەوی تر وەك ئەوە وایە پێی بوترێت: لەبەرئەوەی وەكو پێویست هەوڵت نەداوە بۆ ئەوەی دەست بە چاكە و تەقواوە بگریت، وە دەستی چەپت بەكارهێناوە كە لاوازە، بۆیە سەرئەنجامت لەناوچوون بوو.
هەروەها “الیُمن” بە مانای بەرەكەتیش دێت (الأقرب). وەك لە فەرموودەدا هاتووە: “هەردوو دەستی پەروەردگار ڕاستە.” [نزیكترین ڕیوایەت بەم مانایە ئەمەیە: پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: “ئەو كەسانەی لای خوا دادپەروەرن لەلای دەستی ڕاستی خوای میهرەبانی پایەبەرزن، هەردوو دەستیشی ڕاستن.” (موسلیم: كِتَابُ الْإِمَارَةِ، بَاب فضيلَةُ الْإِمَامِ الْعَادِلِ)] واتە هەردووكیان پڕ بەرەكەتن، وە خوا (سبحانه وتعالى) لای چەپی نیە.كەواتە، وەرگرتنی نامەی كردار بە دەستی ڕاستیان بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە سەرئەنجامیان بەرەكەتدار دەبێت.
فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿فَأُوْلَٰٓئِكَ يَقۡرَءُونَ كِتَٰبَهُمۡ﴾، ئاماژەیە بۆ خۆشحاڵیان، چونكە ئەو كەسەی خەڵات وەردەگرێت، بەهۆی زۆری تامەزرۆیی و خۆشحاڵیەوە ڕاستەوخۆ هەواڵەكەی دەخوێنێتەوە، بەڵام ئەو كەسەی سزا وەردەگرێت، ناتوانێت بڕیاری سزاكە بخوێنێتەوە، بەڵكو هەرچەند بتوانێت لە خوێندنەوەی بڕیارەكە خۆی بەدووردەگرێت.
سەبارەت بە فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿وَلَا يُظۡلَمُونَ فَتِيلًا﴾، بزانە “فتیل” بریتیە لە “تاڵ”ی باریك، هەروەها ئەو پەردەیەیە كە لە ناوكی خورمادا هەیە، وە بۆ گوزارشتكردنی شتی كەم بەكاردێت؛ كەواتە ماناكەی ئەوەیە كە ئەوان تۆزقاڵێك زوڵمیان لێ ناكرێت.
وَمَن كَانَ فِي هَٰذِهِۦٓ أَعۡمَىٰ فَهُوَ فِي ٱلۡأٓخِرَةِ أَعۡمَىٰ وَأَضَلُّ سَبِيلٗا 74
تەفسیر: واتە ئەو كەسەی لە دنیادا بەچاوی ڕۆحی نەیبینی بێت، لە قیامەتیشدا چاوی ڕۆحی پێ نادرێت، وە بێبەش دەبێت لە بینینی خوای گەورە. قورئان لە چەند شوێنێكی تریشدا ئەم مانایەی دووپات كردووەتەوە، لەوانە:
1- ﴿قَدۡ جَآءَكُم بَصَآئِرُ مِن رَّبِّكُمۡ ۖ فَمَنۡ أَبۡصَرَ فَلِنَفۡسِهِۦ ۖ وَمَنۡ عَمِيَ فَعَلَيۡهَاۚ﴾ (الأنعام: 105).
2- ﴿وَٱلَّذِينَ إِذَا ذُكِّرُواْ بَِٔايَٰتِ رَبِّهِمۡ لَمۡ يَخِرُّواْ عَلَيۡهَا صُمّٗا وَعُمۡيَانٗا﴾ (الفرقان: 74). واتە: باوەڕداران ئەو كەسانەن كاتێك ئایەتەكانی پەروەردگاریان بیردەخرێتەوە، وەك كەڕ و كوێر مامەڵەی لەگەڵدا ناكەن، بەڵكو بە تەواوەتی گوێیان بۆ دەگرن و سەرنجیان دەدەن. كەواتە خوای گەورە لێرەدا ناوی كوێری ناوە لەو كەسانەی بەبێ پشكنین و لێكۆڵینەوە باوەڕ بە شتەكان دەكەن.
3- ﴿وَمَنۡ أَعۡرَضَ عَن ذِكۡرِي فَإِنَّ لَهُۥ مَعِيشَةٗ ضَنكٗا وَنَحۡشُرُهُۥ يَوۡمَ ٱلۡقِيَٰمَةِ أَعۡمَىٰ﴾ (طه: 125). كەواتە كوێر لێرەدا مەبەست لەو كەسەیە كە چاوی خۆی دەنووقێنێت لەو ڕاستیانە و لەو بەڵگە ڕوونانە كە لای خوای گەورەوە دێن، وە لەبەرئەوەی لەم دنیایەدا ڕازی بووە كوێر بێت، بۆیە لە ڕۆژی دواییشدا ناتوانێت خوای گەورە ببینێت.
مەبەست لەم ئایەتە ئەوە نیە كە ئەو كەسانەی لە دنیادا بەشێوەی جەستەیی كوێرن، لە ڕۆژی دواییشدا بە كوێری زیندوودەكرێنەوە، چونكە كەموكورتیە جەستەییەكان كاتی زیندووبوونەوەی دوای مردن هەموویان نامێنن، چونكە جەستەی ماددیی لەم دنیایەدا دەمێنێتەوە. كەواتە مەبەست لە كوێری لێرەدا كوێریی ڕۆحیە.
وَإِن كَادُواْ لَيَفۡتِنُونَكَ عَنِ ٱلَّذِيٓ أَوۡحَيۡنَآ إِلَيۡكَ لِتَفۡتَرِيَ عَلَيۡنَا غَيۡرَهُۥ ۖ وَإِذٗا لَّٱتَّخَذُوكَ خَلِيلٗا 74
شيكردنەوەی وشەكان:
خلیلا: الخلیل واتە دۆستی تایبەت، هەروەها وتراوە: ئەو كەسەیە كە دوای ئەوەی تاقیتكردووەتەوە بوویت بە دۆستی (الأقرب).
تەفسیر: موفەسیرەكان لە تەفسیری ئەم ئایەتەدا كۆمەڵێك ڕیوایەتیان هێناوەتەوە كە گوایە بێباوەڕان بە پێغەمبەری خوایان (ﷺ) گوتووە: وەرە بە ڕێزەوە دەست بە پەرستراوەكانماندا بهێنە، ئێمەش دێینە ناو ئایینەكەی تۆوە. جا پێغەمبەر (ﷺ) لە دڵی خۆیدا فەرموویەتی -پەنا بە خوا-: چی دەبێت ئەگەر ئەمەم بكردایە، لەكاتێكدا خوا دەزانێت كە من ئەمەم ناوێت؟ ئینجا خوای گەورە ئەم ئایەتانەی دابەزاندووە (فتح البیان، والدر المنثور).
بەڵام بە هیچ شێوەیەك لە ئایەتەكەدا مانایەكی لەم شێوەیە نیە، هەروەها ئەمە دژی پایەی پێغەمبەرە (ﷺ)، وە دژی مانای ئایەتەكانی تریشە.
با بزانین كە ئەگەر (كادَ) لەگەڵ نەفیدا بێت، ئەوا مانای وایە ئەو كردارەی لەدوایەوە باسكراوە ڕوویداوە، وە ئەگەر لەگەڵ نەفیدا نەبوو، ئەوا مانای ئەوەیە كە ئەو كردارە ڕووینەداوە (المفردات). وە بەوپێیەی (كادَ) لێرەدا بە بێ نەفی هاتووە، كەواتە ماناكەی وایە ئەو فیتنەیەی كە لە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿لَيَفۡتِنُونَكَ﴾ دا هاتووە: ڕووینەداوە.
پێویستە بزانرێت فتنة واتە كەسێك گرفتار بكرێت واتە كەسەكە تاقیبكرێتەوە یان سزای بدرێت (أقرب الموارد). جا ئەگەر بە مانای تاقیكردنەوە تەفسیرمان كرد، ئەوا مەبەست ئەوەیە كە نزیك بوون بتخەنەناو تاقیكردنەوەوە و گرفتارت بكەن بەڵام نەیانتوانی. بەڵام ئەگەر بە مانای سزا تەفسیری بكەین، ئەوا مەبەست ئەوەیە كە نزیكبوون بتخەنەناو سزاوە بەڵام نەیانتوانی.
بەڵام مانای تاقیكردنەوە ئەو خەیاڵە دروست دەكات كە گوایە پێغەمبەر (ﷺ) هێندەی نەمابوو بەهۆی فشاری بێباوەڕەكانەوە قورئان بگۆڕێت، بەڵام ئەو كارەی نەكردووە. دیارە پێویست بە باسكردن ناكات كە ئەم مانایەش دژی پایەی پێغەمبەری خۆشەویستمانە (ﷺ). بۆ نموونە: بە پیاوێكی بەڕێز ناوترێت: هێندەی نەمابوو دزی بكات، یان هێندەی نەمابوو زوڵم بكات، یان هێندەی نەمابوو لە دایكی خۆی بدات، چونكە گومانی تێدا نیە ئەم دەربڕینانە بێڕێزی كردنن بەرامبەری. كەواتە زۆر هەڵەیە و دژی ڕاستیشە ئەگەر بڵێین پێغەمبەری خوا (ﷺ) هێندەی نەمابوو درۆ بەناوی خواوە بكات، بەڵام نەیكرد. تەنانەت ئەوە بەس نیە كە موفەسیرەكان بڵێن: مادام پێغەمبەر (ﷺ) ئەم هەڵەیەی نەكردووە، بۆیە ئاساییە ئەو ڕیوایەتە تۆمار بكەین كە لەسەرەوە باسكراوە. ئەمەش چونكە پێغەمبەرانی خوا لە هیچ تاوانێك نزیك نابنەوە، وە تاوانی درۆكردن بەناوی خواوە (سبحانه وتعالى)، تەنانەت باوەڕدارێكی لاوازیش لێی نزیك نابێتەوە چجای ئەنجامی بدات! بۆیە من پێم وایە ئەو موفەسیرانە، چ كۆن بن یان نوێ، لێرەدا هەڵەیەكی زۆر گەورەیان كردووە.
پێم وایە فیتنە لە فەرمایشتی ﴿وَإِن كَادُواْ لَيَفۡتِنُونَكَ عَنِ ٱلَّذِيٓ أَوۡحَيۡنَآ إِلَيۡكَ﴾ واتە سزا، وە پیتی (عن) لێرەدا بۆ هۆكارە وەك لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا هاتووە: ﴿وَمَا نَحۡنُ بِتَارِكِيٓ ءَالِهَتِنَا عَن قَوۡلِكَ﴾ (هود: 54). مەبەستەكە ئەوەیە: بێباوەڕەكان هێندەی نەمابوو بتخەنە سزاوە بەهۆی ئەو وەحیەی كە بۆمان ناردوویت، بۆ ئەوەی بەناوی ئێمەوە درۆ بكەیت و شتێك بڵێیت كە پێچەوانەی ئەو فێركاریانە بێت لە قورئاندا فێرمان كردوویت. گومانی تێدا نیە ئەم مانایە هیچ بێڕێزییەكی تێدا نیە بەرامبەر پێغەمبەر (ﷺ)، چونكە بەم ئایەتە خوا پێغەمبەری خۆشەویستی خۆی ئاگادار دەكات لەوەی كە بێباوەڕەكان لە دڵیاندا نیەتی زۆر خراپ و ترسناكیان هەبوو دژی تۆ، وە ویستیان بتخەنەناو سزایەكی زۆر سەختەوە، تاوەكو ناچارت بكەن واز لە قورئان بهێنیت و قسەیەك بكەیت ئەوان پێی ڕازی بن، بەڵام ئێمە شكستمان پێهێنان. ئەم مانایە هیچ كردارێكی خراپ یان نیەتی كارێكی خراپ ناداتەپاڵ پێغەمبەر (ﷺ)، بەڵكو تەنها دەیداتەپاڵ بێباوەڕەكان، وە ڕایدەگەیەنێت خوای گەورە ئەم پیلانەی ئەوانی پووچەڵ كردووەتەوە، كەواتە ئەوان ئامانجیان ئەوە بووە سزای پێغەمبەر (ﷺ) بدەن بۆ ئەوەی بەناوی خواوە درۆ بكات، بەڵام خوای گەورە نەیهێشتووە تەنانەت ئەو ئامانجەی خۆیان بهێننەدی، چجای ئەوەی ڕووی پێغەمبەر (ﷺ) وەربگێڕن لە قورئان.
خوای گەورە لە شوێنێكی تری قورئانی پیرۆزدا ئاماژەی بەم نیازەی ئەوان كردووە، بەجۆرێك فەرموویەتی: ﴿وَإِذۡ يَمۡكُرُ بِكَ ٱلَّذِينَ كَفَرُواْ لِيُثۡبِتُوكَ أَوۡ يَقۡتُلُوكَ أَوۡ يُخۡرِجُوكَ ۚ وَيَمۡكُرُونَ وَيَمۡكُرُ ٱللَّهُ ۖ وَٱللَّهُ خَيۡرُ ٱلۡمَٰكِرِينَ﴾ (الأنفال: 31). فەرمایشتی ﴿لِيُثۡبِتُوكَ﴾ واتە دیلت بكەن، فەرمایشتی ﴿وَٱللَّهُ خَيۡرُ ٱلۡمَٰكِرِينَ﴾ واتە لە كۆتاییدا پلانی خوا زاڵ دەبێت.
ئەم ئایەتەش ڕوونی دەكاتەوە كە بێباوەڕەكان ویستوویانە پێغەمبەر (ﷺ) دیل بكەن -بۆ ئەوەی فشار بخەنە سەری- یان بیكوژن یان ئاوارەی بكەن، بەڵام خوای گەورە شكستی پێهێنان لە هەموو نیازە پیسەكانیاندا. ئەو ئایەتەیش كە ئێمە تەفسیری دەكەین ئەم مانایە دەگەیەنێت، بەجۆرێك ڕایدەگەیەنێت بێباوەڕان شكستیان هێناوە و نائومێد بوون لە هێنانەدی ئەو ئامانجەی كە ویستوویانە بەهۆی ئەشكەنجەدانی پێغەمبەرەوە (ﷺ) بیهێننەدی.
لێرەدا ڕەنگە بگوترێت: هیچ گومانێكی تێدا نیە كە ئەوان سەركەوتوو نەبوون لە دیلكردن و كوشتنی پێغەمبەر (ﷺ)، بەڵام سەركەوتوو بوون لە دەركردنی لە نیشتیمانەكەیدا!
وەڵامەكە ئەوەیە ئەوان لە ڕاستیدا لەم ئامانجەشدا شكستیان هێنا، چونكە ئەوان تەنها ئەوەیان نەویستووە پێغەمبەر (ﷺ) لە وڵاتەكەی خۆی دەربكەن، چونكە ئەمە ئامانجی ئەوان جێبەجێ ناكات، بەڵكو نیەتیان ئەوە بوو بە زەلیلی و ڕسوایی دەریبكەن بۆ ئەوەی لەبەرچاوی هەموو دنیا سەرشۆڕی بكەن. بەڵام لەوەشدا بەتەواوەتی شكستیان هێنا، چونكە خوای گەورە پێغەمبەرەكەی خۆی ئاگاداركردەوە لە پیلانەكەیان پێش ئەوەی جێبەجێی بكەن، ئەویش لەناویاندا كۆچی كرد. ئەم كۆچەش بە پێچەوانەی ئەوەوە بوو كە ئەوان پیلانیان بۆ دانابوو، بۆیە دەبینیت كاتێك زانیان كە بە سەلامەتی و سەربەرزی لەناویاندا ڕۆیشتووە، شوێنی كەوتن بۆ ئەوەی بیگرن، وە كاتێك لەوەشدا شكستیان هێنا كە دەستگیری بكەن، خەڵاتیان دانا بۆ هەر كەسێك بە دیلی بۆیان بهێنێت، خەڵاتەكەش سەد وشتر بوو (البخاري، كتاب المناقب، باب هجرة النبي ﷺ). ئەگەر ئامانجی ئەوان تەنها دەركردنی پێغەمبەر بوایە لەناویاندا، ئەوا بە كۆچكردنەكەی دڵخۆش دەبوون، نەك ئەوەی بەدوای بكەون و خەڵات دابنێن بۆ كەسێك كە بە دیلی بۆیان بهێنێت. كەواتە بێباوەڕەكان تەنها دەركردنی پێغەمبەری خوایان (ﷺ) نەویستووە، بەڵكو ویستوویانە بە سەرشۆڕی و زەلیلی دەریبكەن، بۆ ئەوەی -پەنا بە خوا- واز لەو ڕێنماییە بهێنێت كە هێناویەتی، یان بە پەڵەی شەرم و ڕسواییەوە بۆ هەر شوێنێك بڕوات كە دەڕوات، بەڵام خوای گەورە شكستی پێهێنان لە هەموو نیازە پیسەكانیاندا.
بەكورتی، ئەم ئایەتە هەرگیز ئەو مانایە ناگەینێت كە هەندێك لە موفەسیرەكان زەینیان بۆی چووە گوایە پێغەمبەر (ﷺ) هێندەی نەمابوو واز لە هەڵوێستی خۆی بهێنێت، یان ئەگەری شتێكی لەو شێوەیە هەبوو بێت. چونكە ئەم سوورەتە كەمێك پێش كۆچی پێغەمبەر (ﷺ) بۆ مەدینە دابەزیوە كاتێك بێباوەڕان بەتەواوی دەستەوسان بوون لە بەرەنگاربوونەوەیدا، بۆیە بەنائومێدیەوە بڕیاریان دا ڕێگری بكەن لە گەیاندنی پەیامی قورئانی پیرۆز بەوەی دەستگیری بكەن یان هەڕەشەی كوشتنی لێ بكەن یان بە زەلیلی و ڕسوایی لە ناوخۆیان دەریبكەن، ئەگەر هەڕەشەكانیشیان كاریگەری نەبێت لەسەری ئەوا ژیانە ماددیەكەی یان ژیانە مەعنەوی و ڕەوشتیەكەی لەناودەبەن بۆ ئەوەی بگەن بە ئامانجی خۆیان. بەڵام خوای گەورە بەتەواوەتی ئومێدەكانی ئەوانی پووچەڵ كردەوە و نائومێدی كردن.
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَإِذٗا لَّٱتَّخَذُوكَ خَلِيلٗا﴾ واتە ئەگەر ئەوان سەركەوتوو بوونایە لەوەدا كە لەڕێگەی ئەشكەنجەدانەوە ڕووت وەربگێڕن لە حەق و ڕاستی، ئەوا بە دۆستێكی دڵسۆزی خۆیان لەقەڵەمیان دەدایت.
ئەم دەستەواژەیەش ئاماژە دەكات بۆ دۆخی خراپ و نزمی ڕەوشتی بێباوەڕەكان، نەك بۆ لاوازی هەڵوێستی پێغەمبەر (ﷺ). بێباوەڕان چەندین جار داوایان لە پێغەمبەر (ﷺ) كرد كە لەبەر ئەوان هەڵوێستێكی نەرم بنوێنێت -ئەگەرچی زۆر كەمیش بێت- لە فێركارییەكانیدا بۆ ئەوەی بیكەن بە سەرۆكی خۆیان، تەنانەت جارێكیان وەفدێكیان نارد بۆ لای ئەبو تالیبی مامی، گوتیان: ئێستا داوا لە موحەممەد ناكەین كە بتەكانی ئێمە بكات بە هاوبەشی خوای گەورە، تەنها داوای ئەوەی لێ دەكەین كە بە خراپە باسی بتەكانمان نەكات، ئەگەر لەبەر ئێمە ئەم كارەی بكردایە ئەوا دەمانكرد بە سەرۆكی خۆمان (السيرة النبوية لابن هشام، باب مباداة رسول الله ﷺ قومه وما كان منه). ئایەتی ﴿وَإِذٗا لَّٱتَّخَذُوكَ خَلِيلٗا﴾ ئاماژە دەكات بۆ هەمان ئەم بابەتە، واتە كاتێك ئەوان شكستیان هێنا لەوەی لەڕێگەی فریودانی تۆوە بگەن بە ئامانجەكانیان، بڕیاریان دا بە زوڵم و زۆر ناچارت بكەن ئەو كارە بكەیت كە دەیانەوێت، بەڵام ئێمە شكستمان پێهێنان و لە داهاتووشدا شكستیان پێدەهێنین. بێگومان ئەم نیازانەی ئەوان بەڵگەیە لەسەر ڕەوشتی نزم و خراپیان، وە ئەم هەوڵانەیان بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە لە ناخی خۆیاندا دانیان بە گەورەیی و مەزنی تۆدا ناوە، بۆیە دەیانەوێت بە هەر ڕێگەیەك بێت پشتگیری تۆ بەدەستبهێنن، بەڵام بێجگە لە كەسانی ڕەوشت نزم هیچ كەسێك بەم پشتگیری و ڕەزامەندیە دڵخۆش نابێت.
وَلَوۡلَآ أَن ثَبَّتۡنَٰكَ لَقَدۡ كِدتَّ تَرۡكَنُ إِلَيۡهِمۡ شَيۡٔٗا قَلِيلًا 75
شيكردنەوەی وشەكان:
ثبّتناك: (ثبَت الأمرُ عند فلان): واتە شتەكە لای فڵان كەس سەلمێنراوە. (ثبَت فلان على الأمر): واتە فڵان كەس بەردەوام بوو لەسەر كارەكە. (ثبَّته وأثبته): جێگیری كرد لە شوێنی خۆیدا (الأقرب).
تركن: (ركَن إليه): واتە چوو بەلایدا (الأقرب).
تەفسیر: ئەم ئایەتەش پاڵشپتی ئەو بۆچوونەی من دەكات كە پێشتر باسم كرد. خوای گەورە لێرەدا ڕایگەیاندووە: ئەگەر ئێمە تۆمان جێگیر نەكردایە؛ ئەوا ئەگەری هەبوو تا ڕادەیەك مەیلت هەبوایە بە لای ئەواندا؛ بەبێ ئەوەی بە تەواوی ڕێبكەویت لەگەڵیاندا، بەڵكو تەنها ئەوە ڕوویدەدا كە ڕێككەوتنێكی سادە لەنێوان بیروباوەڕەكانی تۆ و بیروباوەڕەكانی ئەواندا دەبوو.
ئێستا وەرن با بزانین جێگیركردن (التثبیت) لە زاراوەی قورئاندا چیە. خوای گەورە لە شوێنێكی تری قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: ﴿يُثَبِّتُ ٱللَّهُ ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ بِٱلۡقَوۡلِ ٱلثَّابِتِ فِي ٱلۡحَيَوٰةِ ٱلدُّنۡيَا وَفِي ٱلۡأٓخِرَةِۖ﴾ (إبراهیم: 28). واتە: خوای گەورە لەڕێگەی وەحیەوە یارمەتی باوەڕداران دەدات بۆ ئەوەی لەسەر كارەكانی دنیا و دواڕۆژ جێگیر بن. هەروەها فەرموویەتی: ﴿كَذَٰلِكَ لِنُثَبِّتَ بِهِ فُؤَادَكَ﴾ (الفرقان: 33). واتە: بێباوەڕان ڕەخنەیان دەگرت لەوەی قورئان بە یەك جار دانەبەزیوە، وەڵامەكەی ئەوەیە: ئێمە بە تێپەڕ بوونی كات و بەشێوەیەكی پلەبەندی قورئانمان دابەزاندووە تاوەكو دڵی پێغەمبەر بەهێز بكەین، وە بۆ ئەوەی بەتەواوەتی جێگیری بكەین لە ناخیدا.
لەمەوە دەردەكەوێت كە وەحی هۆكاری جێگیربوونە، كەواتە مەبەست لە ئایەتەكە ئەوەیە: ئەگەر ئێمە بەهۆی ئەو وەحیەی كە بۆمان ناردوویت دڵی تۆمان جێگر نەكردایە لەسەر باوەڕ، ئەوا ئەگەری ئەوە هەبوو كەمێك بەلای ئەواندا بچوویتایە.
دوای ئەم ڕوونكردنەوەیە، بۆ مرۆڤ ئەستەم نیە لەوە تێبگات ئەم ئایەتە مەبەستی ئەوە نیە كە تەنانەت دوای دابەزینی قورئانیش ئەگەری ئەوە هەبوو بێت پێغەمبەر (ﷺ) دڵی بەلای بێباوەڕەكاندا چووبێت، بەڵكو جەخت لەوە دەكاتەوە كە پێغەمبەر (ﷺ) دوای دابەزینی قورئان بۆی هیچ قسەیەكی بێباوەڕەكانی قەبوڵ نەدەكرد، بەڵكو ئەگەر قورئان دانەبەزیبایە بۆ سەری و ویستی خوای نەزانیبایە؛ ئەوا ئەو كاتەیش -بەهۆی پاكی سروشتیەوە- لەگەڵ بتپەرستەكاندا بەشداری نەدەكرد لە كارە بتپەرستیەكانیاندا. بەڵێ، لە حاڵەتی دانەبەزینی نووری وەحیدا، لەوانەبوو لە هەندێ شتی سادەدا ڕێگای ئەوانی بگرتایە.
كەواتە ئەم ئایەتە ستایشێكی زۆر گەورەیە بۆ پێغەمبەری ئازیز (ﷺ) بەجۆرێك ڕوونیكردوەتەوە كە بێباوەڕەكان هەرگیز چاوەڕوانی ئەوەیان نەبووە لە پێغەمبەر كە بەتەواوی ڕێكەوتن بكات لەگەڵیاندا ئەگەر قورئانیش دانەبەزیبایە بۆی، ئیتر دەبێت دوای ئەوەی بۆی دابەزیوە چۆن بووبێت؟
إِذٗا لَّأَذَقۡنَٰكَ ضِعۡفَ ٱلۡحَيَوٰةِ وَضِعۡفَ ٱلۡمَمَاتِ ثُمَّ لَا تَجِدُ لَكَ عَلَيۡنَا نَصِيرٗا 76
شيكردنەوەی وشەكان:
ضعْف: (ضِعفُ الشيء): واتە هاوتای ئەو شتە لە بڕدا. لە زمانی عەرەبیدا دروستە كە (الضِّعف) یەك ئەوەندە بێت یان چەندین ئەوەندە بێت، دەوترێت: “لك ضِعْفُه”، واتە دوو هێندەی ئەوەت بۆ هەیە یان سێ هێندەی ئەوەت بۆ هەیە. وە لە بنەڕەتدا زیادكردنێكی بێ سنوورە. وە لە (الكليات)دا هاتووە: كەمترین (الضِّعف) سنووردارە و یەك ئەوەندەیە و زۆرترینیشی بێ سنوورە (الأقرب).
تەفسیر: خوای گەورە لێرەدا ڕوونیكردووەتەوە كە ئەگەر تۆ پێغەمبەر نەبوویتایە، وە لەگەڵ گەلەكەت لە هەندێ شتی سادەدا هاوبەش بوویتایە ئەوا نەدەبوویت بە هۆكاری ڕزگاربوونیان، بەڵكو خۆیشت تووشی سزا دەكرد، جا ئەو كاتە پاڵپشتی كردنەكەی تۆ بۆ ئەوان چ سوودێكی دەبوو؟ وەك ئەوەی خوای گەورە بفەرموێت: گەورەیی پێغەمبەر لەو وەحیەدایە كە دابەزیوەتەسەری، بەڵام بێباوەڕەكان پەی بەم بابەتە نابەن و وا دەزانن ئەو خاوەنی كۆمەڵێك توانا و لێهاتوویی زۆرە، بۆیە ئەگەر كەمێك لە بیروباوەڕەكانی خۆی بگۆڕێت و بچێتەناو ئەوانەوە؛ ئەوا ڕەنگە بگەنە پلەیەكی زۆر بەرز. بەڵام لەڕاستیدا ئەم بۆچوونەیان هەڵەیە، چونكە گەورەیی و تەواوی پێغەمبەر لەو وەحیەدایە كە بۆی دابەزیوە، ئەگینا ئەگەر وەحی نەبوایە وەك كەسانی تری ناو گەلەكەی دەبوو، بۆیە ئەم چاوەڕوانیە پووچانە بێ سوودن.
وە بزانە لەدوای وشەی ﴿ضِعۡفَ﴾ لە فەرموودەی خوای گەورە: ﴿ضِعۡفَ ٱلۡحَيَوٰةِ وَضِعۡفَ ٱلۡمَمَاتِ﴾، وشەیەك قرتێنراوە و تەقدیرەكەی بەم جۆرەیە: (ضِعْفَ عذاب الحياةِ وضعفَ عذاب الممات) (إعراب القرآن للدرويش، ص478). و (الضِّعف) لێرەدا بە مانای هاوتا دێت و مەبەستەكە ئەوەیە: هاوتای سزای ژیان و هاوتای سزای مردن. واتە ئەگەر پێغەمبەر شوێنی ڕێنمایی ئەو وەحیە نەكەوتایە كە بۆی دابەزیوە و ڕەزامەندی خوای پێ بەدەست نەهێنایە، ئەوا ئەویش وەكو كەسانی تری گەلەكەی سزا دەدرا.
وَإِن كَادُواْ لَيَسۡتَفِزُّونَكَ مِنَ ٱلۡأَرۡضِ لِيُخۡرِجُوكَ مِنۡهَا ۖ وَإِذٗا لَّا يَلۡبَثُونَ خِلَٰفَكَ إِلَّا قَلِيلٗا 77
تەفسیر: خوای گەورە لێرەدا یەكەم جار دەفەرموێت: ﴿وَإِن كَادُواْ لَيَسۡتَفِزُّونَكَ مِنَ ٱلۡأَرۡضِ﴾، پاشان دەفەرموێت: ﴿لِيُخۡرِجُوكَ مِنۡهَاۖ﴾، لەكاتێكدا (استفزّه من الأرض) ئەویش بە مانای دەركردنی دێت لەوێ. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە لێرەدا دەركردن لە زەوی بە مانایەكی تر هاتووە، ئەگینا چی سوودێك هەیە لەم دووبارەكردنەوەیەدا؟ بەڵام ئەگەر ﴿لِيُخۡرِجُوكَ مِنۡهَاۖ﴾ بە مەجاز دابنێین ئەوا هیچ دووبارەكردنەوەیەك نامێنێت. كەواتە دەكرێت مەبەست لەم ئایەتە ئەوە بێت كە ئەوان نزیك بوو دەرتبكەن لە وڵاتەكەت بەجۆرێك هیچ ڕۆڵێكت نەبێت لە كاروبارەكانی ژیانی نەتەوەیی ئەواندا. واتە بە زەلیلی و بێ ڕێزی دەرتبكەن بۆ ئەوەی چیتر هیچ كاریگەرییەكت نەبێت لە ژیانی عەرەبدا، وە بەشێوەیەكی مەعنەوی بمریت. ئەم مانایە بەتەواوەتی ڕێك و گونجاوە لەگەڵ مانای ئایەتەكەی پێش خۆی، وە من پێم وایە مەبەستەكە لێرەدا ئەمەیە، بەجۆرێك خوای گەورە پێغەمبەرەكەی خۆی ئاگاداركردەوە كە ئەگەر ئەوان سەركەوتووبوونایە لە پیلانەكەیاندا و بە زەلیلی و ڕسوایی دەریانبكردایە لە مەككە، ئەوا دوای تۆ دەستبەجێ سزا دەدران و لەناودەچوون. بەڵام خوا فەرمانی پێ كردیت كۆچ بكەیت، بەم شێوەیە ڕەحمەتی خوا ڕێگر بوو لەوەی ئەوان تاوانی دەركردنی تۆ بە زەلیلی و ڕسوایی ئەنجام بدەن، هەتاكو تووشی سزای سەخت نەبن، بەم شێوەیە خوا (عز وجل) سەماندی تۆی خۆشدەوێت و لەنێو گەلەكەشتدا سەربەرزی كردیت.
سُنَّةَ مَن قَدۡ أَرۡسَلۡنَا قَبۡلَكَ مِن رُّسُلِنَا ۖ وَلَا تَجِدُ لِسُنَّتِنَا تَحۡوِيلًا 78
تەفسیر: خوای گەورە لێرەدا ڕایگەیاندووە سوننەتی بەردەوامی ئێمە لە كۆنەوە بەم شێوەیە بووە: ئەگەر هەر گەلێك پێغەمبەری خۆی بە زەلیلی و ڕسوایی دەربكەن لەناو خۆیاندا؛ ئەوا دەرگای تەوبە لەڕوویاندا نیمچە داخراو دەبێت، وە تووشی سزایەكی نەتەوەیی گشتگیر و لەناوبەر دەبن. وەكو گەلی ساڵح (عليه السلام)، وشترەكەیان پارچە پارچە كرد و نەیانهێشت ساڵح (عليه السلام) گەشت بكات بۆ بانگەشەكرن و گەیاندنی پەیامی خوا، یان وەكو جوولەكە مەسیحیان هەڵواسی لەسەر خاچ هەتاكو ناچار بوو كۆچ بكات لەو وڵاتە، ئەوە بوو هەر دوو گەلەكەش لەناوچوون بەجۆرێك گەلی ساڵح بەشێوەیەكی گشتی و بە ئاشكرا بەتەواوەتی لەناوچوون، بەڵام جوولەكەكان بەشێوەیەكی مەعنەوی و سیاسی لەناوچوون. وە لەبەرئەوەی خوای گەورە بڕیاری دابوو كە عەرەب بەم جۆرە لەناونەبات، بۆیە ڕێگەی نەدا سەركەوتوو بن لە پیلانەكەیان دژی پێغەمبەر (ﷺ)، بەم شێوەیەش لە سزای قڕكەر ڕزگاری كردن.
أَقِمِ ٱلصَّلَوٰةَ لِدُلُوكِ ٱلشَّمۡسِ إِلَىٰ غَسَقِ ٱلَّيۡلِ وَقُرۡءَانَ ٱلۡفَجۡرِ ۖ إِنَّ قُرۡءَانَ ٱلۡفَجۡرِ كَانَ مَشۡهُودٗا 79
شيكردنەوەی وشەكان:
دلوك: (دلَكتِ الشمسُ دُلوكًا): واتە خۆر ئاوا بوو، زەرد هەڵگەڕا، وە گوتراوە: خۆر لایدا و لە ناوەڕاستی ئاسماندا نەما (الأقرب).
غسق: (غسَقتْ عينُه غُسوقًا): واتە چاوی فرمێسكی ڕشت، و گوتراوە: چاوی پڕ بوو. وە گوتراوە: تاریك بوو، (غسَق الليلُ غَسَقًا): واتە شەوەكە زۆر تاریك بوو. (الغَسَق): واتە تاریكی سەرەتای شەو یان چوونەناو سەرەتای شەو كاتێك تاریكیەكان تێكەڵ دەبن (الأقرب).
مشهودًا: (اسم مفعول)ە وەرگیراوە لە (شهد المجلس شهودًا): واتە ئامادەی بوو و ئاگاداری بوو. وە (شهد الله) واتە خوا زانی و قەبوڵی كرد، وە گوتراوە: خوا نووسی (الأقرب).
تەفسیر: ئەم ئایەتە موسوڵمانانی ئاگادار كردووەتەوە لەو مەترسییانەی كە لە داهاتوو چاوەڕوانیان دەكات، بەجۆرێك -دوای كۆچكردن- پێویست بوو ڕووبەڕووی ئەو گەلانە ببنەوە كە لە ڕواڵەتدا خوایان دەپەرست، وە ئەگەری ئەوە هەبوو كە ئەم گەلانە تانەیان بدایە لە موسوڵمانان ئەگەر لە پەرستشەكاندا تەمبەڵییان بكردایە؛ ئەمە لەلایەكەوە، لەلایەكی تریشەوە موسوڵمانان سەركەوتنێكی خێرایان بەدەست دەهێنا كە ئەمەش هۆكارێكی گەورە بوو بۆ غافڵبوونی گەلان لە پەرستشەكان، لەبەر هەموو ئەمانە خوا موسوڵمانانی ئاگاداركردەوە لە هەردوو مەترسیەكە، وە فەرمووی: ئاگادار بن نەكەن سستی بنوێنن بەمەش ئیسلام تووشی تانە و تەشەری بێگانەكان بكەن، وە ئاگادار بن نەكەن لە پەرستشەكاندا تەمبەڵی بكەن بەمەش بێبەش بن لە فەزڵەكانی خوا (سبحانه وتعالى).
پێویستە بزانرێت ئەم ئایەتە كاتەكانی پێنج نوێژە فەرزەكە ڕوون دەكاتەوە. چونكە (الدلوك) سێ مانای هەیە، وە هەر مانایەك ئاماژەیە بۆ كاتی یەكێك لە نوێژەكان. یەكەمین مانای (الدلوك) لادانی خۆرە لە ناوەڕاستی ئاسمان، وە ئەمەش كاتی نوێژی نیوەڕۆیە. وە مانای دووەمیشی بریتیە لە زەرد هەڵگەرانی خۆر، كە ئەمەش كاتی نوێژی عەسرە. وە مانای سێیەمی بریتیە لە خۆرئاوابوون، كە ئەمەش كاتی نوێژی مەغریبە. وە (غسق الليل) بە مانای تاریكی سەرەتای شەو دێت، و ئەمەش كاتی نوێژی عیشایە. وە (قرآنَ الفجر) فەرمانی تێدایە بە كردنی نوێژی بەیانی، چونكە هیچ خوێندنەوەیەكی تری قورئان نیە كە فەرز بێت لەكاتی بەیانیدا.
سەبارەت بە فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿إِنَّ قُرۡءَانَ ٱلۡفَجۡرِ كَانَ مَشۡهُودٗا﴾، لە پێغەمبەرەوە (ﷺ) ڕیوایەتكراوە فریشتەكانی ڕۆژ لە نوێژی بەیانیدا كۆدەبنەوە و فریشتەكانی شەو سەردەكەون، وە خوای پەروەردگار لێیان دەپرسێت: لە چ دۆخێكدا بەندەكانی منتان بەجێهێشت؟ ئەوانیش دەڵێن: ئێمە لەكاتێكدا گەیشتینە لایان نوێژیان دەكرد، وە لەكاتێكدا بەجێمانهێشتن نوێژیان دەكرد [نزیكترین ڕیوایەت بەم مانایە ئەمەیە: لە ئەبو هورەیرەوە لە پێغەمبەر (ﷺ) گێڕدراوەتەوە كە فەرمووی: فریشتەكانی شەو و ڕۆژ لە نوێژی بەیانی و نوێژی عەسردا كۆدەبنەوە. فەرمووی: لە نوێژی بەیانیدا كۆدەبنەوە. فەرمووی: فریشتەكانی شەو سەردەكەون و فریشتەكانی ڕۆژ جێگیر دەبن. فەرمووی: لە نوێژی عەسریشدا كۆدەبنەوە. فەرمووی: فریشتەكانی ڕۆژ سەردەكەون و فریشتەكانی شەو جێگیر دەبن. فەرمووی: خوای پەروەردگار لێیان دەپرسێت: لە چ دۆخێكدا بەندەكانی منتان بەجێهێشت؟ فەرمووی لە وەڵامدا دەڵێن: كاتێك گەیشتینە لایان نوێژیان دەكرد، وە كاتێك بەجێمانهێشتن نوێژیان دەكرد. (مسند أحمد ج 2 ص 396)].
هەروەها لە ڕیوایەتێكدا هاتووە: “لە ئەبو هورەیرەوە لە پێغەمبەرەوە (ﷺ) ڕیوایەتكراوە دەربارەی فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَقُرۡءَانَ ٱلۡفَجۡرِ ۖ إِنَّ قُرۡءَانَ ٱلۡفَجۡرِ كَانَ مَشۡهُودٗا﴾: فریشتەكانی شەو و ڕۆژ ئامادەی دەبن.” (الترمذي، التفسير)
مەبەست لەمە ئەوەیە كە نوێژی بەیانی بەشێوەیەكی تایبەت دەخرێتە بەردەمی خوا، وە قەبووڵێكی زۆر تایبەتی بەدەستدەهێنێت، ئەمەش چونكە مرۆڤ بۆ ئەنجامدانی نوێژی بەیانی واز لە خەوێكی ئارام و خۆش دەهێنێت. لەڕاستیدا نوێژی بەیانی وەك شەونوێژ وایە بۆ موسوڵمانی سادە، بۆیە ئەگەر بە ڕاستگۆیی و ئەمانەتەوە ئەنجامی بدات، ئەوا ئەنجامدانی نوێژەكانی تر ئاسان دەبێت بۆی.
وَمِنَ ٱلَّيۡلِ فَتَهَجَّدۡ بِهِۦ نَافِلَةٗ لَّكَ عَسَىٰٓ أَن يَبۡعَثَكَ رَبُّكَ مَقَامٗا مَّحۡمُودٗا 80
شيكردنەوەی وشەكان:
تَهَجَّدْ: (هَجَدَ الرجلُ يهجُد هُجودًا): واتە پیاوەكە شەوان خەوت، وە تا بەیانی بە ئاگا بوو (الأقرب). (تهجَّدَ القومُ): واتە خەڵكەكە بۆ نوێژ یان شتی تر لەخەوهەستان (اللسان).
نافلةً: (نفَل الرجلُ ينفُل نَفْلاً فلانًا): واتە پیاوەكە شتێكی زیادەی بە فڵان كەس دا كە پاداشتی ئەو شتەی لەو كەسە نەویستووە. (نفَل الإمامُ الجندَ): واتە ئیمام شتەكانی غەنیمەتی بۆ سەربازەكانی دانا. (النافلة): واتە غەنیمەت، بەخشش، ئەو شتەی دەیكەیت كە واجب نیە، مناڵی مناڵ (الأقرب).
تەفسیر: بزانە ڕاناوە نادیارەكە لە فەرمایشتی خوای گەورەدا: ﴿فَتَهَجَّدۡ بِهِۦ﴾ دەگەڕێتەوە بۆ قورئانی پیرۆز، وە مەبەست ئەوەیە: پێویستە مرۆڤ گرنگیەكی تایبەت بدات بە خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز لە شەونوێژدا.
وشەی “التهجد” واتە بێداربوونەوە لە خەو. ئەمەش ئەوە دەگەینێت كە پێویستە پێش شەونوێژ بخەویت. هەڵبەت ئەو كەسانەی شەوان ناخەون و خۆیان ماندوو دەكەن بەندایەتی ناكەن، بەڵكو ئەو شتە پووچەڵ دەكەنەوە كە شەرع دەیەوێت، وە ئەم جۆرە بەندایەتیە دژی ئەو ئامانجەیە كە قورئانی پیرۆز مەبەستیەتی. پێغەمبەر (ﷺ) هەمیشە لە سەرەتای شەودا دەخەوت و لە كۆتایی شەودا بۆ شەونوێژ بەئاگا دەهاتەوە (البخاري، التهجد).
خوای گەورە لێرەدا ڕوونیكردووەتەوە كە دەرفەتی بەندایەتی بەخششێكە لەلایەن پەروەردگارەوە بۆ بەندەكان. كەواتە بەداخەوە بۆ ئەو كەسانەی كە نوێژ ئەنجام دەدەن وەك ئەوەی غەرامە بێت لەسەریان. پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی: نوێژ سەردانی بەندەیە بۆ لای پەروەردگاری، وە سەردانیكردنی خوا نیعمەتە، چونكە هیچ كەسێكی ژیر سەردانی خۆشەویستەكەی بە غەرامە دانانێت. پێغەمبەر (ﷺ) پێناسەی بەندایەتی كردووە و فەرموویەتی: “ئەوەیە خوا بپەرستی وەك ئەوەی بیبینیت، ئەگەر تۆ نەتبینی ئەوا ئەو تۆ دەبینێت.” (مسلم، الإيمان). واتە: نوێژی ڕاستەقینە ئەوەیە كە بتوانی خوا ببینیت، یان -بەلایەنی كەمەوە- دڵنیا بیت لەوەی كە ئەو تۆ دەبینێت. كەواتە، زوڵمێكی زۆر گەورەیە ئەم نیعمەتە گەورەیە بە سزا و غەرامە دابنرێت. لەڕاستیدا نوێژ لە گەورەترین نیعمەتەكانی خوایە، بگرە باوەڕم وایە كە ئەو كەسەی یەك نوێژ نەكات، ناكرێت بە یەكێك لە نوێژخوێنان دابنرێت، چونكە ئێمە فەرمانمان پێكراوە هەموو نوێژەكان بەجێبهێنین، وە بەجێهێنانی نوێژەكان واتە بەردەوامبوون و پابەندبوون پێیانەوە، بەڵام كاتێك یەك نوێژ نەكرا، ئەوا هیچ بەردەوامی و پابەندبوونێك نامێنێت.
وە فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿نَافِلَةٗ لَّكَ﴾ ڕاگەیاندنێكە لەلایەن خوای گەورەوە كە دەرفەتی بەندایەتی منەت و چاكەیەكە لەلایەن خواوە بۆ بەندەكان.
یان دەكرێت شەونوێژ لەسەر پێغەمبەرەكانی پێشوو واجب نەبوو بێت، وە بەمەش مانای فەرمایشتی خوای گەورە بۆ پێغەمبەرەكەی (ﷺ) ﴿نَافِلَةٗ لَّكَ﴾ ئەوەیە كە دەرفەتی ئەم بەندایەتیە نیعمەتێكی تایبەتە بۆ تۆ.
بەڵام فەرمایشتی خوای گەورە ﴿عَسَىٰٓ أَن يَبۡعَثَكَ رَبُّكَ مَقَامٗا مَّحۡمُودٗا﴾ هەواڵێكی گەورە لەخۆدەگرێت. چونكە هیچ كەس لە جیهاندا بە ئەندازەی پێغەمبەری ئێمە (ﷺ) تووشی قسەی ناشرین و جنێو نەبووەتەوە، تەنانەت ڕەنگە گەورەترین دز و جەردە و بەدكارەكانیش لە مێژووی مرۆڤایەتیدا یەك بەش لە ملیۆنەها ملیۆن بەشی ئەو جنێوەیان پێ نەدرابێت كە پێغەمبەری خۆشەویستمان (ﷺ) هەتا ئەمڕۆ پێی دراوە. وە لە پاداشتی ئەوەشدا، خوای گەورە ئەو پلە بەرزەی پێ بەخشیوە. خوا (عز وجل) لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: ئەی موحەممەد، هەروەك چۆن دوژمن ماندوو نابێت لە جنێوپێدانت، بە هەمان شێوە منیش كارێك دەكەم باوەڕداران بەردەوام دروودت لەسەر بدەن. سەرەڕای ئەوە من لە عەرشەوە دروود و ستایشت لەسەر دەدەم. جا چ نرخ و بەهایەك هەیە بۆ جنێوەكانی دوژمن لە بەرامبەر ئەم دروود و ستایشانەدا؟
وە مەقامی مەحموود بە مانای پلەی شەفاعەت كردنیش دێت، چونكە لە فەرموودەدا هاتووە كە هەموو گەلان لە ڕۆژی دواییدا نائومێد دەبن لە پێغەمبەرەكانیان و دەگەڕێنەوە بۆ لای پێغەمبەر (ﷺ) و تكای لێ دەكەن شەفاعەتیان بۆ بكات و ئەویش شەفاعەت دەكات (البخاري، التفسیر، الإسراء، قوله تعالى: ذرية من حملنا مع نوح). وەك ئەوەی خوای گەورە بەم شێوەیە سەرجەم ئەو گەلانە ناچار بكات -كە جنێویان داوە بە پێغەمبەر (ﷺ)- بەگەورە و مەزن پێغەمبەر (ﷺ) ڕابگرن. هیچ گومانێكی تێدا نیە كە ئەمە پلەیەكی زۆر بەرزە.
من پێم وایە (المقام المحمود) ئاماژەیە بۆ دەركەوتنی ئیمامی مەهدیش. چونكە لە نیشانەكانی دەركەوتنی ئیمامی مەهدی ئەوەیە كە موسوڵمانان واز لە فێركاریەكانی ئیسلام دەهێنن و بێباوەڕەكانیش لە بێباوەڕی خۆیاندا ڕۆدەچن، وە لە كاتێكی وەهادا، خوا ئەو پاڵەوانە دەنێرێت بەجۆرێك لافاوی جنێودان لە دژی پێغەمبەر (ﷺ) ڕادەگرێت و دەیكات بە ستایش و دروود لەسەری، بۆ ئەوەی بەڵێنی خوایی بۆ پێغەمبەرەكەی (ﷺ) بهێنێتە دی كە دەفەرموێت: ﴿عَسَىٰٓ أَن يَبۡعَثَكَ رَبُّكَ مَقَامٗا مَّحۡمُودٗا﴾. وە بۆ بەشداریكردن لەم خزمەتە پیرۆزەدا، من ڕۆژێكم لە ساڵێكدا داناوە بۆ ئاهەنگ گێڕان بە بۆنەی ژیانی پێغەمبەرەوە (ﷺ)، بەجۆرێك تێیدا وتاربێژان لە هەموو ئایین و ئایینزاكان گوزارشت دەكەن لە هەستی ناخیان دەربارەی ژیانی پێغەمبەری ئازیز (ﷺ).
خوای گەورە لێرەدا باسی مەقامی مەحموودی كردووە لەدوای باسكردنی پێنج نوێژە فەرزەكە و شەونوێژ، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی كاتێك كەسێك دەبینێت دوژمنەكانی زۆر بوون و خراپەكارەكان زیاد بوون، ئەوا با بزانێت چارەسەری ئەم دۆخە ئەوە نیە شەڕیان لەگەڵدا بكات، بەڵكو پێویستە لەسەری بزانێت ئەم ئاژاوانە لە كۆڵی نابنەوە مەگەر بە گەڕانەوە بۆ لای خوا و پاڕانەوە لەبەر دەرگای خوا؛ بگرە لەڕاستیدا پاڕانەوە لە خوای گەورە ئەگەر گەیشتە ئەوپەڕی، ئەوا سەرزەنشت دەگۆڕێت بۆ ستایش و جنێو دەگۆڕێت بۆ دوعا. ئەمەش لە سەردەمی پێغەمبەردا (ﷺ) ڕوویدا، بەجۆرێك ئەو كەسانەی جنێویان پێدەدا بوونە خۆشەویستی ڕاستەقینەی ئەو. وە جوانترین نموونە لەنێو پیاواندا بریتیە لە عەمری كوڕی عاص و خالید و عیكریمە، وە لەنێو ژناندا بریتیە لە هیند، چونكە ئەوان تەنها بەهۆی دوعا و پاڕانەوەكانی پێغەمبەرەوە (ﷺ) گەردنیان كەچ كرد بۆی، چونكە مەحاڵ بوو هیچ كەسێك ئەو ڕق و كینەیە بسڕێتەوە كە لەدڵیاندا هەبوو بەرامبەر پێغەمبەر (ﷺ).
هەندێ كەسی نەزان دەڵێن: وا دیارە پێغەمبەر (ﷺ)خەوشی تێدا بووە -پەنا بە خوا!- بۆیە خەڵكی بەو ڕادە زۆرە جنێویان پێدەدا.
دەڵێم: نەخێر. ئەوان لەبەر ئەوە جنێویان پێ نەداوە كە خەوشێكی تێدا بووبێت، بەڵكو بەهۆی ئەو ڕەوشتە جوانانەی كە تێیدا بوو جنێویان پێدەدا. چونكە هیچ پێغەمبەرێك لە دنیادا نەهاتووە كە كرابێت بە پێشەنگێكی چاك بۆ هەموو خەڵكی، بۆیە ڕووداوەكانی ژیانی هیچ پێغەمبەرێك بە تەواوی نەپارێزراوە. وە لەناو پێشەوایانی هەموو ئایینەكانی جیهاندا تەنها یەك كەس ڕووداوەكانی ژیانی بە هەموو وردەكارییەكانیەوە پارێزراوە، ئەویش پێغەمبەری خۆشەویستمانە (ﷺ). سەرجەم ڕووداوەكانی ژیانی پیرۆزی ئەو، لە خواردن و خواردنەوە، ڕۆیشتن و دانیشتن، قسەكردن و ئاخاوتن، جووڵە و وەستان… هەمووی لە مێژوودا تۆماركراوە. هەر وەك چۆن خەڵكی زیادەڕەوی دەكەن لە گەڕان بەدوای وردەكاریەكانی ژیانی كەسێكدا، بەهەمان شێوە خوای گەورە بیروباوەڕ و كردارەكانی پێغەمبەری (ﷺ) بە وردی و بە ڕێكوپێكی تۆمار كردووە و پێشكەشی جیهانی كردووە. ئایا خۆڕاگری پێغەمبەر (ﷺ) لەبەرامبەر دوژمناندا و بەدەستهێنانی ڕێز و شكۆ لە دیدی كەسە ژیرەكاندا موعجیزەیەكی گەورە نیە؟ ئەگەر ئەو شكۆ و سەربەرزیەی كە پێغەمبەر (ﷺ) لەدوای تاقیكردنەوەیەكی تەواو بەدەستی هێنا پێی نەوترێت (مقاما محمودا) ئەوا لە جیهاندا هیچ شكۆ و سەربەرزیەك نیە كە بكرێت بە (مقاما محمودا) ناوبنرێت!
لەڕاستیدا لە ڕۆژێكدا هێندە ڕووداو لە ژیانی پیرۆزی تۆماركراوە كە ئەو هێندە ڕووداوە لە هەمووی ژیانی پێغەمبەرەكان بەیەكەوە تۆمارنەكراوە و نەپارێزراوە. ئێمە دەبێت چیمان دەستبكەوێت لە بارودۆخی ئەو كەسایەتیانە كە بە تێپەڕ بوونی كات ژیانیان نا ڕوون و شاراوە بووە. كەواتە، ڕێی تێناچێت هیچ یەكێك لە شوێنكەوتووانی ئایینەكانی تر خۆی هەڵبكێشێت و بڵێت پێغەمبەرەكەی ئەوەندەی پێغەمبەری ئیسلام تانەی لێ نەدراوە!
بەڕای من، خوای گەورە چەندین مەقامی مەحموودی بڕیارداوە بۆ پێغەمبەرەكەی (ﷺ)، یەكەمین (مەقامی مەحموود) كە پێغەمبەر (ﷺ) دوای دابەزینی ئەم ئایەتە بەدەستیهێنا، شاری مەدینەی منەووەرە بوو. چونكە نیشتەجێ بوونی پێغەمبەر (ﷺ) لە مەدینە بووە هۆی بڵاوبوونەوەی ناوبانگ و ستایشی لە جیهاندا. وە ئەو دوعایەی لە ئایەتی دواتردا هاتووە ئاماژەیە بۆ هەمان شت.
وَقُل رَّبِّ أَدۡخِلۡنِي مُدۡخَلَ صِدۡقٖ وَأَخۡرِجۡنِي مُخۡرَجَ صِدۡقٖ وَٱجۡعَل لِّي مِن لَّدُنكَ سُلۡطَٰنٗا نَّصِيرٗا 81
شيكردنەوەی وشەكان:
مُدْخَل: (المُدخَل): چوونەژوورەوە، چاوگێكی میمیە كە لە (دَخَلَ یدْخُلُ دُخولاً ومُدخَلاً) هاتووە، وە هەروەها لە (أَدْخَلْتُه إِدْخَالاً ومُدْخَلاً) دێت. هەروەها (اسم مفعول)ە، وە ئاوەڵفرمانی كات و شوێنیشە (التاج).
صِدْق: (الصدق): واتە پێچەوانەی درۆ، فەزڵ، چاكی، جددیەت، پتەوی. كاتێك دەیدەیتەپاڵ كەسێك و دەڵێیت: (رجلُ صدقٍ)، واتە ئەو پیاوە چەند باشە (الأقرب). وە بە ڕاستگۆیی (الصدق) گوزارشت دەكرێت لە هەموو كردارێكی باش، چ ئاشكرا بێت یان نادیار. وە ئەو كردارەی بۆ زیاد دەكرێت كە وەسف دەكرێت پێی (المفردات). بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە شیكردنەوەی وشەكان لە ئایەتی ژمارە 4 لە سوورەتی یونس.
تەفسیر: خوای گەورە ئاماژە بۆ یەكەم مەقام لە مەقامەكانی مەحموود دەكات كە پێغەمبەرەكەی (ﷺ) بەهۆی دوعا و پاڕانەوەكەیەوە بەدەستی دەهێنێت و دەفەرموێت: ئێستا ئێمە تۆ دەردەكەین -بەپێی ئەو هەواڵەی كە لە ڕووداوی ئیسڕادا ئاماژەی پێكراوە- لە مەككەوە بۆ شوێنێكی تر كە ئەو شوێنە مەقامێكی مەحموود دەبێت بۆ تۆ؛ بۆیە پێویستە لەسەرت لە ئێستاوە دەستبكەیت بە دوعا و پاڕانەوە بۆ ئەم كارە و بڵێیت: پەروەردگارا! بمخەرە ناو ئەو شارەوە بەجۆرێك چوونە ژوورەوەم بۆ ئەوێ لە ڕواڵەت و لە پەنهاندا بەرەكەتدار بێت، هەروەها دەرم بكە لەم شوێنەی كە من ئێستا تێیدا نیشتەجێم، واتە مەككە، بەجۆرێك دەرچوونیشم لەوێ لە ڕواڵەت و لە پەنهاندا بەرەكەتدار بێت. واتە: مەهێڵە بێباوەڕەكان سەركەوتوو بن لە نیازەكانیاندا، چونكە ئەوان دەیانەوێت بە زەلیلی و ڕسوایی لە وڵات دەرم بكەن بەجۆرێك هیچ كاریگەری و ڕێزێكم نەمێنێت لەناو خەڵكیدا.
لەڕاستیدا، خوا هەردوو دوعاكەی پێغەمبەری (ﷺ) گیرا كرد، چونكە بێباوەڕەكان نەیانتوانی بەو شێوەیەی خۆیان دەیانویست دەری بكەن، بەڵكو لە وادەیەكی گونجاودا بەگوێرەی ڕێنمایی خوایی خۆی لە مەككەوە كۆچی كرد بۆ مەدینە. هەروەها چوونی پێغەمبەر (ﷺ) بۆ ناو ئەو مەقامە مەحموودەیش چوونە ژوورەوەیەكی زۆر بەرەكەتدار بوو، بەجۆرێك خوای گەورە لەوێ هەزاران پەپوولەی ڕۆحی دروست كرد كە بەردەوام بە دەوری مۆمە گەشاوەكەی پێغەمبەردا (ﷺ) دەخولانەوە، وە هەمیشە چاویان لە ڕوخساری پرشنگداری ئەو بوو، وە ئەوەندە شەیدای بوون، كە لە هیچ شوێنێكی دنیادا هاوتای ئەو شەیدابوونە نیە.
ڕەنگە كەسێك ڕەخنە لەم مانایە بگرێت و بڵێت: دەرچوونی پێغەمبەر (ﷺ) لە مەككە پێش چوونە ژوورەوەی بوو بۆ مەدینە، بۆچی قورئان باسی چوونە ژوورەوەی كردووە پێش باسی دەرچوون؟ وەڵامەكەی ئەوەیە: بەدڵنیاییەوە پێغەمبەر (ﷺ) ئازاری دەچەشت بەهۆی ئەوەی كە نەیدەزانی مەقامە نوێیەكە كوێ دەبێت دوای دەرچوونی لە مەككە. بۆیە خوا هەواڵی چوونە ژوورەوەی خستە پێش هەواڵی دەرچوون، وەك بەزەییەك بۆ پێغەمبەرەكەی و بۆ ئەوەی یەكەم جار مژدەی ئەوەی پێ بدات بەم نزیكانە دەگەیتە مەقامێكی بەرەكەتدار، پاشان باسی ئەو هەواڵە بەژانەی بۆ كرد و فەرمووی: ناچار دەبیت لە مەككە دەربچیت.
دەكرێت ئەم ڕستەیە مانایەكی تریشی هەبێت، ئەویش ئەوەیە چوونە ژوورەوە ئاماژە بێت بۆ چوونە ژوورەوەی پێغەمبەر (ﷺ) بۆ مەككە بە سەركەوتوویی لە ئازادكردنی مەككەدا، لەكاتێكدا دەرچوون مەبەست لێی كۆچكردنی بێت لێیەوە. لێرەشدا هەمان ڕەخنە لەسەر ڕیزبەندیەكە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، چونكە كۆچكردن پێش ئازادكردنی مەككە بوو نەك دوای؟ وەڵامەكە هەمان وەڵامە كە ئەوەیە یەكەم جار خوا مژدەی سەركەوتنەكەی پێداوە بۆ ئەوەی ناڕەحەتی و خورپەی كۆچكردن سووك بكات لەسەری. وە (المقام المحمود) -بەپێی ئەم مانایە- بەو مانایە دێت كە دوای ئازادكردنەكە هەموو تانە و تەشەرەكانی دوژمنان ناهێڵێت، وە ڕاستگۆیی پێغەمبەریش (ﷺ) بۆ عەرەب دەردەكەوێت. وە بەڕاستی ئەمەش ڕوویدا.
فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿وَٱجۡعَل لِّي مِن لَّدُنكَ سُلۡطَٰنٗا نَّصِيرٗا﴾ واتە: لەلایەن خۆتەوە سەركەوتنێكم پێ ببەخشە كە یارمەتیم بدات بۆ ئەنجامدانی كارەكانم و ڕێگریم لێ نەكات. چونكە هەندێ سەركەوتن لە جیاتی سوود زیان دەگەیەنن بە خاوەنەكەی، بۆیە خوا پێغەمبەرەكەی خۆی (ﷺ) فێری ئەم دوعایە كرد: ئەی پەروەردگار، ئەو سەركەوتنەم بدەرێ كە یارمەتیم بدات بۆ ئەنجامدانی كارەكانم و ڕێگریم لێ نەكات.
ئەم دوعایە پشتگیری ئەوە دەكات كە من پێشتر باسم كرد دەربارەی مانای ئیسڕا، وە ڕوونی دەكاتەوە كە یەكێك لە لێكدانەوەكانی ئیسڕا بریتیە لە كۆچكردنی پێغەمبەر (ﷺ) بۆ مەدینە.
وَقُلۡ جَآءَ ٱلۡحَقُّ وَزَهَقَ ٱلۡبَٰطِلُ ۚ إِنَّ ٱلۡبَٰطِلَ كَانَ زَهُوقٗا 82
شيكردنەوەی وشەكان:
زَهَقَ: (زهَق الباطلُ): واتە باتڵ فەوتا. (زهَق الشيءُ): واتە شتەكە پووچەڵ بوویەوە، فەوتا (الأقرب).
تەفسیر: ئەم ئایەتە ئاماژەی ئەوەی تێدایە كە لە سەرەتای قۆناغی مەدەنیەوە پێغەمبەر (ﷺ) جار لەدوای جار بەهێزتر دەبێت، وە دوژمنیش جار لەدوای جار لاوازتر دەبێت، وە باتڵیش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بچووك دەبێتەوە هەتاكو لەناودەچێت، وە بە ئازادكردنی مەككە بتپەرستی لە نیمچە دوورگەی عەرەبیدا بەتەواوی كۆتایی دێت.
لە تایبەتمەندیە ناوازەكانی قورئان ئەوەیە لە هەموو شوێنێكدا كۆمەڵێك وشە هەڵدەبژێرێت كە مانای زۆر قووڵ و دوور مەودا لەخۆیاندا هەڵبگرن. بۆ نموونە، لێرەدا فرمانی (زَهَقَ)ی هەڵبژاردووە، لە جیاتی (هَلَكَ) یان (بَطُلَ)، چونكە ئەو دوو فرمانە وەك فرمانی (زَهَقَ) ئاماژە بۆ لەناوچوونی باتڵ ناكەن بەشێوەی پلەبەندی و قۆناغ بە قۆناغ، چونكە (الزُّهوق) ئاماژەیە بۆ ئەوەی وردە وردە لاوازی و پووكانەوە دەست پێ دەكات تاكو دەگات بە لەناوچوونی تەواوەتی. وە لەڕاستیدا ئەمەش بەسەر خەڵكی مەككەدا هات، چونكە بە یەكجار لەناونەچوون، بەڵكو وردە وردە لاواز بوون، تاوەكو بە تەواوەتی لەناوچوون. كەواتە، وشەی (زَهَقَ) شێوازی لەناوچوونی ئەوان ڕوون دەكاتەوە.
پێغەمبەر (ﷺ) لە ڕۆژی ئازادكردنی مەككە ئەم ئایەتەی خوێندەوە كاتێك ئەو بتانەی شكاند كە لەناو كەعبەدا بوون. یەك لەدوای یەك دەیدا لە بتەكان و دەیفەرموو: ﴿وَقُلۡ جَآءَ ٱلۡحَقُّ وَزَهَقَ ٱلۡبَٰطِلُ ۚ إِنَّ ٱلۡبَٰطِلَ كَانَ زَهُوقٗا﴾. (البخاري، كتاب المغازي، باب أين ركز النبي ﷺ الراية يوم الفتح).
لە موعجیزەكانی ڕەوانبێژی و زمانپاراوی قورئان ئەوەیە ئەو ئایەتەی كە دابەزیوە سەبارەت بە لابردنی بتەكان لە كەعبەی پیرۆز، هاوشێوەی شیعر بەشێوەی كێشدار هاتووە، كە زۆر گونجاوە لەگەڵ ئەو ڕۆژەدا، چونكە مرۆڤ بە سروشتی خۆی لە بۆنە خۆشەكاندا حەزی بە شیعرە. وە هیچ گومانێكی تێدا نیە كە قورئانی پیرۆز شیعر نیە، بەڵام بەشێك لە ئایەتەكانی وەكو شیعر كێشدارن. ئەم ئایەتەی كە ئێمە تەفسیری دەكەین، ئەگەر وشەی ﴿وَقُلۡ﴾ی لێ لابەرین ئەوا دەبێت بە شیعرێكی كێشدار وەك ئەمەی خوارەوە:
جاء الحقُّ وزهَق الباطلْ إن الباطل كان زَهوقًا
وشەی ﴿وَقُلۡ﴾ كە ئایەتەكەی پێ تەواو دەبێت، لە بازنەی شیعر دەریدەكات، بەڵام كاتێك كاتی وتنەوەی هات پێویست بوو پێغەمبەر (ﷺ) بە بێ وشەی ﴿وَقُلۡ﴾ بیخوێنێتەوە، بۆ ئەوەی -سەرەڕای مانا جوانەكانی- وەكو قسەیەكی كێشدار بێت كە زۆر گونجاو بێت لەگەڵ بۆنە خۆشەكەی ئازادكردنی مەككەدا.
بیر لە جوانی و قەشەنگی ئەو دیمەنە بكەنەوە كاتێك هاوەڵان ئەم ئایەتەیان دەگوتەوە لە دۆخێكی شەیدابوونی ڕۆحیدا كە بینیویانە پێغەمبەر (ﷺ) ئایەتەكە دەڵێتەوە، بۆ ئەوەی ئیمانیان زیاتر بێت. هیچ گومانی تێدا نیە كە كەس ناتوانێت ئەمە بزانێت مەگەر كەسێك خاوەن هەست بێت.
وَنُنَزِّلُ مِنَ ٱلۡقُرۡءَانِ مَا هُوَ شِفَآءٞ وَرَحۡمَةٞ لِّلۡمُؤۡمِنِينَ وَلَا يَزِيدُ ٱلظَّٰلِمِينَ إِلَّا خَسَارٗا 83
شيكردنەوەی وشەكان:
خَسَارًا: (خسِر الرجلُ في بيعه): پێچەوانەی قازانج. وە (خسِر الرجلُ): واتە پیاوەكە لەناوچوو (الأقرب).
تەفسیر: ئەمە مانای ئەوەیە كە دەكرێت یەك شت لە گۆشەی جیاوازەوە و بە شێوازی جیاواز ببینرێت، وە بەگوێرەی سروشتی ئەو كەسەی سەیری دەكات ببینرێت. وە وتەیەك هەرچەندە زۆر بەرز و باڵا بێت، بەڵام ئەوەی دڵی پیس بێت بە وتەیەكی پیس دەیبینێت. من زۆر سەرسام دەبم كاتێك دەبینم (پاندێت دیانەند) لە قورئانی پیرۆزدا تەنها خەوش و ناتەواوی دەبینێت، وە هیچ باشی و تایبەتمەندیەكی جوانی تێدا نابینێت (ستهیارت بركاش، چاپی (ئوردو) بەشی 14). لێرەدا خوا ئەوە دووپات دەكاتەوە كە ستەمكاران خەوش و ناتەواوی لە قورئانی پیرۆز دەگرن، بەمەش تاوانەكانیان زیاتر دەكەن.
بەڕای من، ئەم ئایەتە مانایەكی تریشی هەیە، ئەویش ئەوەیە لێرەدا مەبەست لە قورئان ئەو بەشە تایبەتیەی قورئانە كە هەواڵی سەركەوتنی باوەڕداران و لەناوچوونی بێباوەڕەكانی تێدایە. كەواتە خوای گەورە لێرەدا ڕایدەگەیەنێت كاتی هاتووە ئەم هەواڵانە بێنە دی، بۆ ئەوەی برینی باوەڕداران ساڕێژ بێت و دڵیان ئاو بخواتەوە، وە هۆكارەكانی سەركەوتنیان بۆ بڕەخسێت، وە بێباوەڕانیش زیاتر زیان بكەن و تەفروتوونا بن.
وَإِذَآ أَنۡعَمۡنَا عَلَى ٱلۡإِنسَٰنِ أَعۡرَضَ وَنََٔا بِجَانِبِهِۦ وَإِذَا مَسَّهُ ٱلشَّرُّ كَانَ ئَُوسٗا 84
شيكردنەوەی وشەكان:
نَأَى: واتە دووركەوتەوە (الأقرب). كەواتە، مەبەست لە فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿وَنََٔا بِجَانِبِهِۦ﴾ ئەوەیە كە خۆی دوورخستەوە.
يَؤُوسًا: (اليؤوسُ): واتە ئەو كەسەی كە نائومێد دەبێت (الأقرب).
تەفسیر: خوای گەورە دەفەرموێت: جیاوازیەكی زۆر گەورە هەیە لەنێوان باوەڕدار و بێباوەڕدا. موسوڵمانان بۆ ماوەی سیانزە ساڵ لەسەر یەك تووشی جۆرەها ناخۆشی و سەختی بوون. لێیان دەدرا و ئەشكەنجە دەدران، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئۆفیان نەكرد. بەڵام بێباوەڕەكان زوو خۆیان بەدەستەوە دەدەن و نائومێد دەبن كاتێك سزا دەیانگرێتەوە و هۆكارەكانی سەركەوتن و پێشكەوتن بۆ باوەڕداران دەڕەخسێت. ئەمەش چونكە كەسی بێباوەڕ باوەڕی بە خوا نیە، بۆیە كاتێك تووشی كەمترین زیان دەبێت ترس و بیم دایدەگرێت، بەڵام باوەڕدار بەشێوەیەكی زۆر بوێرانە و ئازایانە بەرگەی هەموو ئازارێك دەگرێت بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خوای گەورە.
قُلۡ كُلّٞ يَعۡمَلُ عَلَىٰ شَاكِلَتِهِۦ فَرَبُّكُمۡ أَعۡلَمُ بِمَنۡ هُوَ أَهۡدَىٰ سَبِيلٗا 85
شيكردنەوەی وشەكان:
شَاكِلَتِهِ: (الشَاكِلَة): واتە شێوە، لایەن، نیاز، ڕێگە، مەزهەب، پێویستی (الأقرب).
تەفسیر: خوای گەورە لێرەدا بە پێغەمبەرەكەی (ﷺ) دەفەرموێت: بە نكوڵیكاران بڵێ هەر كەسێك بەگوێرەی شێواز و توانا و ئایین و نیازی خۆی كاردەكات. لەبەرئەوەی نیازی باوەڕدار بریتیە لە بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خوای گەورە بۆیە دڵگران نابێت بە لەدەستدانی دنیاكەی، بەڵكو بە ئارامی و خۆڕاگریەوە ڕووبەڕووی ناخۆشی و تاقیكردنەوەكان دەبێتەوە. بەڵام كەسی بێباوەڕ لەبەرئەوەی دنیا دەپەرستێت و تەنها بۆ بەرژەوەندی ماددە كاردەكات، بۆیە تووشی ترس و دڵەڕاوكێ دەبێت و دەڕووخێت كاتێك دەبینێت دنیاكەی لەدەستی دەردەچێت. خوای گەورە لێرەدا دەفەرموێت پەروەردگارتان زاناترە بەو كەسەی كە كردەوەكانی دەبنە هۆی هیدایەت. واتە خوای گەورە (عز وجل) مامەڵە لەگەڵ مرۆڤدا دەكات بەگوێرەی نیازەكەی، بۆیە سەیری كردەوە و نیازەكەشی دەكات، پاشان بەگوێرەی هەردووكیان پاداشتیان دەداتەوە. جا ئەو كەسەی ڕەزامەندی خوای گەورەی بوێت، وە قوربانی بدات لەپێناو ئایینەكەیدا، ئەوا لەلایەن خواوە (عز وجل) پشتگیری بەدەست دەهێنێت.
من ئایەتەكانی پێشووم لەسەر ئەو بنەمایە تەفسیر كرد كە تێیاندا ڕووی قسە كراوەتە موشریكەكانی مەككە، بەڵام لە ڕاستیدا هاوكات پیادە دەبن بەسەر جوولەكەكانیشدا. چونكە ئەوانیش دوای كۆچكردنی پێغەمبەر (ﷺ) بۆ مەدینە، دوژمنایەتیان لەگەڵ كرد و بەرەنگاری بوونەوە، بۆیە لە كۆتاییدا لەناوچوون، تەنانەت دوای جەنگی خەیبەر نیمچە دوورگەی عەرەب جوولەكەی تێدا نەما. ئەوان بەوپەڕی فیز و لەخۆباییبوونەوە بانگەشەی زۆر گەورەیان دەكرد، بەڵام كاتێك موسوڵمانان ناچاربوون بەرگری بكەن جوولەكە بەوپەڕی ترسنۆكیەوە چەكەكانیان فڕێدا بەجۆرێك بەدرێژایی سەردەمەكان مێژوو جوولەكە بە نموونەی ترسنۆكی دەهێنێتەوە. (تاريخ الخميس الجزء الثاني لاپەڕە 52).
وَيَسَۡٔلُونَكَ عَنِ ٱلرُّوحِ ۖ قُلِ ٱلرُّوحُ مِنۡ أَمۡرِ رَبِّي وَمَآ أُوتِيتُم مِّنَ ٱلۡعِلۡمِ إِلَّا قَلِيلٗا 86
شيكردنەوەی وشەكان:
الرُوح: بڕوانە شيكردنەوەی وشەكانی ئایەتی ژمارە 30 لە سوورەتی الحجر.
تەفسیر: ئەم ڕۆحە چیە كە لێرەدا لەبارەیەوە پرسیاركراوە؟ موفەسیرەكان لەبارەی ئەم ڕۆحەوە زۆر قسەیان كردووە، لەوانە: مەبەست لێی جیبریلە، یان قورئانی پیرۆزە، چونكە لە پێش و پاشی ئەم ئایەتەدا باسی قورئان دەكات (البحر المحيط). هەندێكیان دەڵێن لێرەدا مەبەست لە ڕۆح ئەو فریشتەیەیە كە بەدیهێنانی دنیای پێ سپێردراوە؛ یان هەر فریشتەیەك چونكە هەر فریشتەیەك ڕۆحێكە. هەندێكی تر دەڵێن فریشتەیەكی تایبەتە كە خوا تەنها بۆ تەسبیحكردن دروستی كردووە، تەنانەت هەندێكیان ئەم گێڕانەوەیان داوەتەپاڵ هاوەڵان (رضي الله عنهم) و دەڵێن ئەم فریشتەیە سەد سەری هەیە، وە لە هەر سەرێكدا سەد دەم هەیە، وە لە هەر دەمێكدا سەد زمان هەیە، وە هەر زمانێك بە سەد زمان تەسبیح دەكات (الطبري).
لەوانەیە ئەو كەسەی ئەم گێڕانەوەیەی گواستبێتەوە پێی وا بووبێت كە ئەمە باشترین ڕێگەیە بۆ بەجێهێنانی حەقی تەسبیح! بەڵام لەڕاستیدا ئوممەتی پێغەمبەر (ﷺ) لەمە زیاتر تەسبیح دەكەن. موسوڵمانان لە هەموو شوێنێكی جیهاندا هەن، وە بە هەزاران زمان دەدوێن، وە بە هەموو زمانێكیش تەسبیح دەكەن!
مامۆستای بەڕێزم حەزرەتی مەولەوی نور الدین (رضي الله عنه) پێی وابوو كە لێرەدا مەبەست لە ڕۆح وەحی خواییە (تصديق البراهين الأحمدية، بەرگی 2، لا 331-332). وە ئەم مانایە ڕاستتر و باشترە لەو مانایانەی كە لە سەرەوە باس كران، چونكە لە پێش و پاشی ئەم ئایەتە باسی قورئانی پیرۆز دەكرێت.
بەڵام دامەزرێنەری ئەحمەدیەت گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەشێوەیەكی زۆر بەرفراوان توێژینەوەی لەم ئایەتە كردووە، وە ڕوونیكردووەتەوە كە ئەو ڕۆحەی لێرەدا باسكراوە، ڕۆحی مرۆڤە، و لەم بارەیەوە كۆمەڵێك زانیاری مەزنی باسكردووە (جشمه معرفت -واتە كانیاوی زانیاری- الخزائن الروحانية، بەرگی 23، لا 159).
بیروڕاكان جیاوازن دەربارەی ئەوەی كێ دەربارەی ڕۆح پرسیاری لە پێغەمبەر (ﷺ) كردووە؟ هەندێ دەڵێن: جوولەكەكانی مەدینە بوون (الترمذي، أبواب التفسير). بەڵام دەگوترێت: ئەم سوورەتە مەككیە؟ لە وەڵامدا گوتیان: بەشێك لە ئایەتەكانی مەدەنیە.
بەڵام ئەمە ڕاست نیە وەك پێشتر ڕوونمكردەوە.
هەندێكی تر دەڵێن: یەكەم جار لە مەككە ئەم پرسیارە كرا، پاشان لە مەدینە هەمان ئەم پرسیارە كرایەوە (مسند أحمد، ج1، ص255). لە ڕیوایەتێكی عەبدوڵڵای كوڕی عەبباسدا هاتووە كە لە مەدینە پرسیاركراوە لە پێغەمبەر (ﷺ) دەربارەی ڕۆح (الترمذي، التفسیر). بەڵام سەیر ئەوەیە عەبدوڵڵا كوڕی عەبباس خۆی دەڵێت ئەم سوورەتە مەككیە! (القرطبي). زانایانیش لە وەڵامدا گوتویانە: پرسیارەكە لە مەدینەش دووبارەكراوەتەوە.
ئەو كەسانەی پێیان وایە پێغەمبەر (ﷺ) لە مەككە پرسیاری لێ كراوە دەربارەی ڕۆح دەڵێن هەندێ خەڵكی مەككە چوون بۆ مەدینە و بە جوولەكەكانیان گوت: كەسێك لای ئێمە بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەكات، شتێكمان پێ بڵێن كە لەبارەیەوە پرسیاری لێ بكەین بۆ ئەوەی دەربكەوێت بۆ خەڵكی كە كەسێكی درۆزنە؟ ئەوانیش گوتیان: پرسیاری لێ بكەن دەربارەی ڕۆح و یارانی ئەشكەوت و زولقەڕنەین. ئینجا گەڕانەوە و پرسیاریان لە پێغەمبەر (ﷺ) كرد، ئەوسا ئایەتەكە دابەزی. (روح المعاني، ودلائل النبوة للبيهقي، باب ذكر أَسْوِلَتِهم رسولَ الله ﷺ بمكة).
من پێم وایە یەكەم جار لە مەككە پرسیارەكە كراوە، وە لەوێیش وەڵام دراوەتەوە. ڕەنگە جوولەكەكانی مەدینەش هەمان پرسیاریان دووبارە كردبێتەوە، تەنانەت ئەمە زۆر ڕێی تێدەچێت؛ چونكە ئەوان خەڵكی مەككەیان هانداوە بۆ ئەوەی ئەم پرسیارە لە پێغەمبەر (ﷺ) بكەن بۆیە دەبێت خۆیشیان ئەو پرسیارە ئاراستەی پێغەمبەر (ﷺ) بكەن. بەڵام من پێم وا نیە ئەم ئایەتە جارێكی تر دابەزیبێت كاتێك جوولەكەكان لە مەدینە ئەو پرسیارەیان كردووە، بەڵكو پێغەمبەر (ﷺ) ئەم ئایەتەی خوێندووەتەوە بۆیان كە پێشتر لە مەككە دابەزی بوو لە وەڵامی پرسیارەكەی ئەواندا. بۆیە ڕەنگە ڕاویەكەی یەكەم، ئەم رووداوەی بەو شێوەیە گواستبێتەوە، بەڵام یەكێك لە ڕاویەكانی دواتر وا بیری كردبێتەوە كە ئایەتەكە لە مەدینە دابەزیوە لە وەڵامی جوولەكەكاندا.
دوای ڕوونكردنەوەی حەقیقەتی پرسیارەكە، ئێستا باسی ئەوە دەكەم كە قورئان چۆن وەڵامی داوەتەوە. موفەسیرەكان دەڵێن خوای گەورە بەدرێژی باسی یارانی ئەشكەوت و زولقەڕنەینی كردووە، بەڵام بەشێوەیەكی كورت دەربارەی ڕۆح وەڵامی داوەتەوە و تەنھا فەرموویەتی: ڕۆح لە فەرمانی خوای گەورەیە، وە ئێوەش تەنها زانیاریەكی كەمتان پێدراوە دەربارەی ڕۆح، بۆیە ناتوانن پەی بە حەقیقەتی ڕۆح ببەن، لەبەر ئەوە بەدرێژی وەڵامتان نادەینەوە. وە جوولەكە لەكاتی بیستنی ئەم وەڵامەدا دۆڕان و بێ دەنگ بوون (روح المعاني).
نووسەرە ئاریاییەكانی هیندۆس ڕەخنەی زۆریان گرتووە لەم وەڵامەی قورئان و گوتوویانە: لەم وەڵامەدا شتێك نیە جوولەكە شەرمەزار بكات، چونكە وەڵامێكی مەعقوول و دەمكوتكەر نەبووە (كليات آريا مسافر -تكذيب البراهين الأحمدية- ج 1 ص 331).
پێشتر باسم كرد مامۆستای بەڕێزم حەزرەتی مەولەوی نور الدین (رضي الله عنه) لێرەدا ڕۆحی بە وەحی ئیلاهی تەفسیر كردووە و فەرموویەتی: لێرەدا قورئان ڕایدەگەیەنێت كە وەحی بە فەرمانی خوای گەورە دێتە خوارەوە، وە هۆكاری دابەزینی وەحی ئەوەیە كە زانیاریەكی زۆر كەمتان پێدراوە. كەمی و ناتەواوی زانستی مرۆڤ وا دەخوازێت كە خوا لەڕێگەی ئاگاداركردنەوەی خۆیەوە زانستی مرۆڤ كامڵ بكات لە بابەتە ڕۆحیەكاندا، بۆیە وەحی دابەزاندووە.
هەڵبەت پێشتر باسم كرد كە بەشێك لە موفەسیرە كۆنەكان لێرەدا ڕۆحیان بە قورئان تەفسیر كردووە (البحر المحيط)، ئەم بۆچوونەی ئەوان هاوشێوەی بۆچوونی مامۆستای بەڕێزم مەولەوی نوورەددینە، ئەوەندە هەیە بەڕێزی ڕۆحی بە وەحی تەفسیر كردووە؛ وە ئەم مانایە گشتگیرتر و ڕوونترە لەوەی كە موفەسیرەكانی تر باسیان كردووە و هەروەها لەگەڵ سیاقی ئایەتەكەشدا زیاتر دەگونجێت.
من هەمیشە وام دەبینی كە لێرەدا مەبەست لە ڕۆح ئەمە بێت، هەتا بە قووڵی هەندێ لە وتەكانی دامەزرێنەری ئەحمەدیەت حەزرەتی مەسیحی بەڵێندراوم (عليه السلام) خوێندەوە، ئینجا بۆچوونەكەی خۆمم كەمێك هەموار كردەوە و تێگەیشتم كە ئەم ئایەتە ئاماژەش دەكات بە ڕۆحی مرۆڤ. وە بە ڕەچاوكردنی ئەم مانایە چەمكەكانی ئەم ئایەتە زۆر فراوان و ورد دەبن.
گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت: بەدیهێنانی خوا دوو جۆرە؛ یەكەمیان: بەدیهێنانی سەرەتایی واتە ئەو شتەی خوا بە بێ بوونی ماددەیەك دروستی دەكات. دووەمیان: بەدیهێنانی دووەم واتە ئەو شتەی لە ماددەیەكەوە دروست دەكرێت كە پێشتر لە لایەن خوای گەورەوە بەدیهێنراوە، بەجۆرێك ئەو هۆكارە ماددیانە بەكاردەهێنێت كە پێش دروستبوونی ئەو شتە بوونیان هەبووە. وە ئەم جۆرەی دووەم پێی دەگوترێت دروستكردن، بەڵام جۆری یەكەم كە بە بێ ماددە ئەنجام دەدرێت پێی دەوترێت فەرمان، وەك چۆن لە وشەی ﴿كُن فَيَكُونُ﴾دا ئاماژەی پێكراوە. وە ئەو ئایەتەی كە ئێمە تەفسیری دەكەین وەڵامی تێدایە دەربارەی ئەو جۆرە دروستكردنە كە تەنها بە فەرمانی خوا ئەنجام دەدرێت.
وە بەڕێزی (عليه السلام) لەسەری دەڕوات و فەرموویەتی: ئەگەر یەكێك لە ئاریاییە هیندۆسەكان ڕەخنە لەم قسەیەی من بگرێت، ئەوا لەوەڵامیدا نامیلكەیەك دەنووسم و تێیدا ئەو زانیاریانە دەخەمەڕوو كە لە قورئانی پیرۆزدا هاتوون دەربارەی هێز و تواناكانی ڕۆحی مرۆڤ (سرمة جشم آريا، الخزائن الروحانية، ج 2 ص 233). بەداخەوە هیچ یەكێك لە ئارییەكان نەهاتە پێش بۆ ئەوەی ئەم تەحەددایە قەبوڵ بكات، بەم شێوەیە ئێمە لەو گەنجینە مەزنە بێبەش بووین كە دەمانتوانی بەخۆڕایی بەدەستی بهێنین. لەگەڵ ئەوەشدا لە كتێبەكانیدا (عليه السلام) بڕێك زانیاری باش دەربارەی ڕۆح دەبینین، لەوانەیە خوا -لەبەر حیكمەتێك خۆی دەیزانێت- زانیاریەكانی تری بۆ كاتێكی تر دواخستبێت.
ئێستا ئەم ئایەتە تەفسیر دەكەم بەگوێرەی تێگەیشتنی خۆم لەبەر ڕۆشنایی ئەو مانایەی كە دامەزرێنەری ئەحمەدیەت باسی كردووە، وە متمانەی تەواوم هەیە كە هەر كەسێك بەدوور لە دەمارگیری بیر لەم چەمكانە بكاتەوە، دەزانێت كە خوای گەورە پرسیارەكەی جوولەكەی بێ وەڵام بەجێنەهێشتووە، بەڵكو بەشێوەیەكی ورد و یەكلاكەرەوە وەڵامی داونەتەوە. هەروەها دەردەكەوێت ئەو كەسانەی لێرەدا ڕۆحیان بە مانای وەحی ئیلاهی یان قورئان داناوە، هەڵەیان نەكردووە، بەڵكو ڕاستییان پێكاوە.
لەڕاستیدا ئایەتەكانی پێشوو باسی فەزڵ و پێویستی قورئان دەكەن، بەڵكو هەر دوو سوورەتەكەی پێشوو، واتە (الحجر) و (النحل)، جەختیان لەسەر هەمان بابەت كردووەتەوە، وە بەڵگە دەهێننەوە -وەك سەلماندم- لەسەر ئەو سیفەت جوانانە و لەسەر ئەو توانایانەی كە لە قورئاندا هەیە. بەڵام ئەم سوورەتە، واتە (الإسراء)، ئەوە ڕوون دەكاتەوە كە جوولەكەكان گەشەیان كردووە تا ئەو كاتەی كە بەگوێرەی فەرمایشتی خوا كاریان كردووە، بەڵام كاتێك كە پشتیان لە فەرمایشتی خوای گەورە كرد تووشی سزا بوون. ئەوان پێیان وابوو تەنها لەبەر شكاندنی ڕێزی ڕۆژی شەممە سزادراون، بۆیە كاتێك گوێیان لە ڕاگەیاندنی قورئان بوو كە دەفەرموێت ئەوان تەنها لەسەر پشتكردن لە “وتەی خوا” سزادراون، سەریان سوڕما، بەڵكو زۆریش ناڕەحەت بوون، بەتایبەتی كە مەسیحیەكانیش ڕایانگەیاند بوو مەسیح “وتەی خوایە”.
هەروەها جوولەكەكان تووشی خەوش و ناتەواویەكی تریش بوون كە بەگشتی گەلانی بێهیوا و نائومێد تووشی دەبن، ئەویش ئەوەیە كاتێك بێبەش بوون لە وەحی و پێغەمبەرایەتی پچڕا لەناویاندا ڕوویان كردە تەسەوفی پووچ و سەرقاڵی ڕێوڕەسم و ڕاهێنانی جۆراوجۆر بوون، بەو بڕوایەی كە ئەو كارە هێزە ڕۆحیەكانیان زیاتر دەكات. هەندێكیان هەوڵیان دا هێزە ڕۆحیەكانیان ساف بكەن بە دووبارەكردنەوەی كۆمەڵێك زیكری دیاریكراو، وە هەندێكیشیان هەوڵی ئەوەیان دا بەوەی بەدوای ئاشكراكردنی “الاسم الأعظم”دا دەگەڕان. هەموویان پێیان وابوو كە بەو شێوەیە ئەو كەلێنەیان پڕكردووەتەوە كە لە ئەنجامی پچڕانی وەحی لێیان دروست بووە تێیاندا.
ئەم نەخۆشیە لە سەردەمی داوود (عليه السلام) تووشیان بوو، وە لە سەردەمی مەسیح (عليه السلام) زۆر زیاتر تەشەنەی كرد. ئەوان وا تێگەیشبوون كە مرۆڤ دەتوانێت موعجیزەی گەورە ئەنجام بدات و نهێنیە غەیبیەكان بزانێت ئەگەر بتوانێت دەسەڵاتی هەبێت بەسەر ڕۆحەكاندا یان ڕۆحی خۆی پاك بكاتەوە. وە ئەم زانستەیان دابەش كردبوو بۆ دوو بەش: یەكێكیان حەڵاڵ بوو، وە دەیانگەڕاندەوە بۆ ناوی هەرە گەورە (الاسم الأعظم)، وە دووەمیان حەرام بوو، وە دەیاندایەپاڵ بەعەل (فەرهەنگی زانیاریی جوولەكەكان، بەرگی 2، ل 629). كاتێك كە مەسیح (عليه السلام) بانگەشەكەی خۆی ڕاگەیاند و موعجیزەكانی پیشاندان، ئەوان موعجیزەكانیان گەڕاندەوە بۆ ئەم “بەعەل”ە. وە ئینجیل ئەم بابەتەی بەم شێوەیە تۆماركردووە: “مامۆستایانی تەوراتیش لە ئۆرشەلیمەوە هاتبوون، گوتیان: “بەعەل زەبوول دەستی بەسەردا گرتووە، بە سەرۆكی ڕۆحە پیسەكان، ڕۆحی پیس دەردەكات”. عیسا بانگی كردن و بە نموونە قسەی بۆ كردن: “شەیتان چۆن دەبێت شەیتانێك دەربكات؟” (مەرقۆس 3: 22 و 23)
هەمان مانا لەم شوێنانەیشدا هاتووە: مەتتا 9: 34، و 10: 25، لۆقا 11: 15، یۆحەننا 7: 20، وە 8: 48-52 ، و 10: 20.
لەڕاستیدا بەعەل زەبوو یان بەعەل زەبوول یان بەعەل زەبووب ناوی خواوەندێك بووە كە یەكێك لە گەلە دراوسێكانی جوولەكە دەیانپەرست، وە خەڵكی هەندێ موعجیزەیان دەدایەپاڵی، كاتێك جوولەكە ڕوویان كردە جادووگەری، پێیان وابوو بەعەل سەرۆكی جیهانی ژێرەوەیە، وە خەڵكی بە یارمەتی بەعەل موعجیزە ئەنجام دەدەن (سەیری سەرچاوەكانی پێشوو بكە، و هەروەها فەرهەنگی زانیاری تەورات و فەرهەنگی زانیاریی جوولەكەكان، وشەی Beelzebul or Beelzebub).
بەڵام ئەوەی جوولەكەكان -بە خەیاڵی خۆیان- پێیان دەگوت پاككردنەوەی هێزە ڕۆحیەكانیان، دەیاندایەپاڵ ناوی هەرە گەورە “الاسم الأعظم”، وە بە جادووی حەڵاڵ لەقەڵەمیان دەدا. لە فەرهەنگی زانیاریی جوولەكەكاندا هاتووە كە بە لایەنی كەمەوە سێ سەدە پێش مەسیح “ناوی هەرە گەورە” لەناو جوولەكەدا باو بووە -بەڵام لێكۆڵینەوەی من ئەوە دەسەلمێنێت كە ئەم بیرۆكەیە لە سەردەمی داوود دزەی كردووەتە ناویانەوە و لە سەردەمی سڵێماندا گەیشتووەتە لوتكە- وە لەنێو خەڵكیدا بڵاویان دەكردەوە كە مەحاڵە “ناوی هەرە گەورە” گۆ بكرێت. جادووگەرەكانی جوولەكە، كە بەتایبەتی لە میسردا هەبوون، ئەم ناوەیان بە كۆمەڵێك هێمای دیاریكراو دەنووسی. (فەرهەنگی زانیاریی جوولەكەكان، وشەی Names of God)
جوولەكە پێیان وابوو جادووی سپی و جادووی ڕەش هەردووكیان ڕاستن، وە جادووی ڕەش بەهۆی شەیتانەكانەوە مرۆڤ فێری دەبێت، بەڵام جادووی سپی بەهۆی ناوە خواییەكانەوە فێری دەبێت. جادووی ڕەش حەرامە و جادووی سپی حەڵاڵە. باسكراوە كە زانایانی جوولەكە دژی جادووی ڕەش بوون، بەڵام هیچ كێشەیەكیان نەدەبینی لەوەی پەنا ببرێتە بەر جادووی سپی بۆ بەرەنگاربوونەوەی جادووی ڕەش، وە لە جادووی سپیدا ئەوەندە لێهاتوویی و هێزیان بەدەستهێنا بوو -بە قسەی خۆیان- كە بە یەك نیگا دوژمنیان دەسووتاند و دەیانكرد بە خۆڵەمێش، یان دەیانكرد بە پەیكەری ئێسك، هەروەك نەخۆشیشیان پێ چاك دەكردەوە. ئەم شتانە لەناو ئەواندا زۆر برەویان پەیداكردبوو، تەنانەت یۆنانی و ڕۆمانەكان ناویاننابوون جادووگەر. (فەرهەنگی زانیاریی جوولەكەكان، وشەی MAGIC).
هەروەها جوولەكە بڕوایان وابوو كە دەكرێت مرۆڤ لە ڕێگەی پەیوەندی كردن بە ڕۆحی مردووەكانەوە زانستی غەیب بزانێت. لە تەوراتدا لە دواوتاری مووسا 18: 11 و لە كۆمەڵێك شوێنی تریشدا ئەم كارە قەدەغەكراوە. هەروەها تەورات باسی ئەو كەسانە دەكات كە لەڕێگەی دواندنی ڕۆحەكانەوە نهێنیە غەیبیەكان دەزانن، وە قەدەغەی كردووە لە تێكەڵ بوون لەگەڵیاندا. ئیشایا دەڵێت: ئەگەر پێیان گوتن پەیوەندی بكەن بەو جۆرە كەسانەوە، ئەوا بڵێن: “ئایا لەپێناو زیندووان پرسیار لە مردووان دەكەن؟” (ئیشایا 8: 19)
باسكراوە كە جوولەكە ئەم هونەرە لە فارسەكانەوە فێربوون، ئەمەش زۆر ڕێی تێدەچێت چونكە ئەو هونەرە لەناو ئەواندا زۆر باو بووە. (فەرهەنگی زانیاریی جوولەكەكان، لەژێر Necromancy)
بەكورتی، جوولەكە بڕوایان وابوو كە زانینی غەیب (نادیار) دەكرێت لە ڕێگەی پەیوەندیكردن بە ڕۆحەكانەوە بەدەستبهێنرێت، وە بەزۆری فێری ئەم هونەرە دەبوون و كاریان پێدەكرد لەگەڵ ئەوەی قەدەغەكرابوون لێی.
ئەم زانستە لەم سەردەمەی ئێستاشماندا بەشێوەیەكی بەرفراوان برەوی پەیداكردووە، وە ئەو كەسانەی خەریكی ئەم زانستەن لە ڕۆژئاوا پێیان دەگوترێت ڕۆحانیەكان (Spiritualists)، وە كۆمەڵەی تیۆسۆفی (جمعية الثيوصوفية) لەسەر هەمان ئەم زانستە دامەزراوە. خاتوو ئەینی بیزەنت (Mrs. Annie Besant) -ئەو كەسەی كە دامەزرێنەری كۆمەڵەی تیۆسۆفی ئێستایە- بانگەشەی ئەوەی دەكرد كە زۆر شت فێر دەبێت لە ڕێگەی قسەكردن لەگەڵ ڕۆحەكانەوە، وە زۆر هەواڵی غەیبی ڕادەگەیەنێت، بە یارمەتی ئەم زانستە -بە قسەی خۆی- پێشبینی ئەوەی كرد كە چاكسازێكی گەورە دەردەكەوێت و ئەم پێشبینیە لە “كریشنا مۆرتی”ی گەنجدا هاتەدی. پێویستە بزانرێت ئەو شتەی كە ئەم گەنجە ئەمڕۆ بانگەشەی بۆ دەكات تاڕادەیەكی زۆر زۆر لە ئیلحاد و بێباوەڕی دەچێت.
(سەرچاوەكان:
Krishanamurti By Mary Lutyens P. I-15; The New Encyclopedia Britannica & The Encyclopedia of Religions, & The Encyclopedia Americana & Every Man’s Encyclopedia, under: Krishanamurti & Theosophy)
كەسانێكی زۆر لە خەڵكی ئەورووپا بەهۆی مردنی زۆرێك لە سەربازە گەنجەكان لە جەنگی جیهانی ڕابردوودا شەیدای ئەم زانستە بوون، وە نووسەری بەناوبانگ، سێر كەینەن دۆیڵ (Sir CANAN DOYLE) تەواوی تەمەنی خۆی لە فێربوونی ئەم هونەرەدا بەسەربرد لەپێناو یەكێك لە كوڕەكانیدا. وە نووسەر و سیاسەتمەداری بەناوبانگ W. T. Studd هەمان بیروباوەڕی هەبوو، وە كتێبێكی لەسەر ئەزموونە كەسیەكانی خۆی لەم بوارەدا بڵاوكردەوە. هەروەها زانای ناودار سێر ئۆلیڤەر ڵەج (Lodge) لە كۆتایی تەمەنیدا ئەو باوەڕەی بۆ دروست بوو كە دەكرێت قسە بكرێت لەگەڵ ڕۆحەكاندا و چەندین كتێبی لەم بارەیەوە نووسیوە. (سەرچاوەكان: CANAN DOYLE P. 140- 150) والموسوعة البريطانية الجديدة كلمة Lodge)
ئەم زانستە لەنێو هیندۆسەكاندا بە “یۆگا” ناسراوە، وە لە كتێبێكیاندا بە ناوی “شاستر یۆگا”ی نووسەر “پەتەنجەلی” لێكۆڵینەوەیەكی بەرفراوان لە بارەیەوە كراوە. (موسوعة الأديان والأخلاق، وشەی Yoga).
هەروەها سۆفیە موسوڵمانەكانیش لەكاتی كەوتن و پاشەكشەیاندا ڕوویان لەم زانستە كرد، وە زۆر شتی بێ سوود و بێ بنەمایان بە ناوی “زانستی ئیشراق و زانستی ئامادەبوون” و ناوی دیكەوە نووسی، وە كۆمەكییان خواست لەم بەناو زانستە. (التبيان في مسائل السلوك والإحسان المعروف بدلائل السلوك، ص 151- 169، ومعارف الطريقة، ص 58- 62)
بەكورتی، دواندنی ڕۆحەكان زانستێكی كۆنە، وە لەناو جوولەكەدا زۆر برەوی هەبووە، بە تایبەتی كاتێك پەیوەندیان بە ئایینەوە لاواز بوو، وە دەرگای وەحی بە ڕوویاندا داخرا، ئەوانیش بەزۆری ڕوویان تێكرد. هەروەها لە سەردەمی مەسیحی ناسیرەییدا (عليه السلام) بەرێژەیەكی زۆر ڕوویان كردە ئەم زانستە، بەجۆرێك لە سەردەمی ئەودا كۆمەڵەیەكی جوولەكە بەناوی ئێسێنیەكان (الأسينيين) هەبوون، كە لە ئینجیلدا بە ناوی فەریسیەكان ئاماژەیان پێكراوە، هەندێ كەس پێیان وایە مەسیح سەر بەم كۆمەڵەیە بووە. وە لە ئەڵمانیا نوسخەیەكی كۆنی كتێبێك دۆزراوەتەوە كە تێیدا یەكێك لە ئێسێنیەكان بانگەشەی ئەوەی كردووە كە مەسیح لە كۆمەڵەكەی ئەوان بووە.
ڕووداوەكانی ژیانی مەسیح لەم نوسخەیەدا بەشێوەیەكی سەیر تۆماركراون، هەروەها تێیدا هاتووە كە مەسیح (عليه السلام) لە خاچەكە بەزیندوویی دابەزیوە. بڕوانە كتێبی (The Crucifixion By An Eye Witness V. 2 P. 36) كە لە كتێبخانەكەی منیشدا هەیە.
هەروەها لە (الموسوعة البريطانية)دا لەبارەی ئەم كەسانەوە هاتووە كە ڕۆژوویان دەگرت و بە پاكی دەژیان، هەواڵی غەیبیان دەدا و موعجیزەیان ئەنجام دەدا. فیلۆ (Philo) لە بارەیانەوە نووسیویەتی: نابێت لە جادووگەرەكانی نەتەوەكانی تر بترسین، چونكە لەنێو خۆشماندا هاوشێوەی ئەوان هەیە، پاشان ئێسێنیەكان وەك نموونە دەهێنێتەوە بۆ قسەكانی.
یوسیفوسی مێژوونووسی بەناوبانگی جوولەكە دەڵێت ئەوان پێشبینیان دەكرد و هەواڵی غەیبیان دەدا، وە دەربارەیان هاتووە كە لەكاتی بەندایەتیدا بیركردنەوەی قووڵیان ئەنجام دەدا، بۆ ئەوەی ڕۆحیان پەیوەندی بە باوكی ئاسمانیەوە بكات. ڕابەرەكانیان بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە “الاسم الأعظم” دەزانن، كە بە قسەی ئەوان پێكهاتووە لە 42 پیت، وە ژیانی ڕەبەنی و دوور لە ژنیان پێ باشتر بوو، بۆ ئەوەی ئیلهامی زیاتر دابەزێتە سەریان (الموسوعة البريطانية، كلمة Essenes).
وا دیارە جوولەكەكانی مەدینەیش سەر بە هەمان ئەم كۆمەڵەیە بوون، لە فەرموودەیەكدا هاتووە كە یەكێك لە جوولەكەكان بە ناوی عەبدوڵڵاى كوڕی صەییاد بانگەشەی ئەوەی كردووە كە غەیب دەزانێت و پێشبینی دەكات. كاتێك ئەمە بە پێغەمبەر (ﷺ) گەیشت ڕۆیشت بۆ تاقیكردنەوەی و پێی فەرموو: “من شتێكم شاردووەتەوە بۆت؟” ئیبن صەییاد گوتی: ئەو شتە بریتیە لە (الدُّخُّ). پێغەمبەر (ﷺ) پێی فەرموو: “دەمت داخە، هەرگیز لە ئەندازەی خۆت تێناپەڕیت”. عومەری كوڕی خەتتاب گوتی: ئەی پێغەمبەری خوا، لێم گەڕێ، با بدەم لە گەردنی. پێغەمبەر (ﷺ) پێی فەرموو: “ئەگەر ئەو بێت، ئەوا تۆ زاڵ نابیت بەسەریدا، وە ئەگەر ئەو نەبێت، ئەوا كوشتنی هیچ خێرێكی تێدا نیە بۆ تۆ.” (مسلم، كتاب الفتن).
مەبەست لە فەرموودەی پێغەمبەر (ﷺ): “هەرگیز لە ئەندازەی خۆت تێناپەڕیت” ئەوەیە كە بنەمای زانستەكەت بریتیە لە عەقڵ، وە تۆ ناتوانیت هەواڵە خواییەكان بزانیت.
هەروەها عومەر (رضي الله عنه) داوای مۆڵەتی لە پێغەمبەر (ﷺ) كرد بۆ كوشتنی ئیبن صەییاد، چونكە هاوەڵان پێیان وا بوو كە ئەو دەججالە، بەڵام پێغەمبەر (ﷺ) ڕێگری لێكرد و فەرمووی: ئەگەر ئەو دەججال بێت، ئەوا تۆ ناتوانیت بیكوژیت، وە ئەگەر ئەو دەججال نەبێت، ئەوا كوشتنی دروست نیە.
ئەم گێڕانەوەیە جەخت لەوە دەكاتەوە كە لەناو جوولەكەكانی مەدینەدا كەسانێك هەبوون كە بانگەشەی دواندنی ڕۆحەكانیان دەكرد، ئەمەش دەریدەخات كە ئەوان لە كۆمەڵەی ئێسێنیەكان بوون.
دوای ئەم پێشەكیە، دەڵێم: كاتێك بێباوەڕان لەئاست ئەو هەواڵە غەیبیانەی كە لە قورئاندا هاتوون، بێدەسەڵات بوون، داوای یارمەتیان لە جوولەكەكان كرد، ئەوانیش پێیان گوتن: بۆ ئەوەی موحەممەد ڕسوا بكەن، پرسیاری لێبكەن دەربارەی ڕۆح، واتە دەربارەی ئەو هێز و توانایانەی كە لە ڕۆحدا هەڵگیراوە. ئەوان بەنیاز بوون ئەگەر ئەو (ﷺ) وەڵامی دایەوە كە ڕۆح خاوەنی توانا و هێزی دەراسایە كە دەتوانێت بەهۆیانەوە غەیب بزانێت، ئەوا ئێمە دەڵێین: كەواتە چۆن باوەڕ بەوە بكەین كە زانیاریەكانی قورئان لەلایەن خوای گەورەوە دابەزیون؟ بۆچی نەڵێین ئەو زانیاریانە دەرئەنجامی ڕاهێنانە ڕۆحیەكانی خۆتە؟ بەڵام ئەگەر وەڵامەكەی ئەوە بێت كە ڕۆح هیچ توانایەكی لەو جۆرەی نیە، ئەوا بەڵگەمان دەهێنایەوە لەسەر ئەوەی كە لەم ڕاستیە بێ ئاگایە. وەك ئەوەی قورئان -لە ڕوانگەی ئەوانەوە- تەنها ئەنجامی ڕاهێنانە ڕۆحی و عەقڵیەكانە!
هەروەها لە قورئانی پیرۆزدا بەڵگە هەیە لەسەر ئەوەی كە بیروباوەڕی دواندنی ڕۆحەكان لە سەردەمی پێغەمبەردا (ﷺ) لەناو جوولەكەكاندا باو بووە. قورئانی پیرۆز لە سوورەتی “الجن”دا باسی كۆمەڵێكی كردووە كە باوەڕیان بە مووسا هەبووە -من پێشتر سەلماندوومە كە ئەو جنانە مرۆڤ بوون- پاشان ئەم قسەیەی ئەوانی گواستووەتەوە: ﴿وَأَنَّا كُنَّا نَقۡعُدُ مِنۡهَا مَقَٰعِدَ لِلسَّمۡعِۖ﴾ (الجن: ١٠) واتە ئێمە دادەنیشتین و گوێمان بۆ ئاسمان دەگرت، بەو مانایەی ئێمە دادەنیشتین بۆ تێڕامان بۆ زانینی هەواڵە ئاسمانیەكان.
لەڕاستیدا پێویست بوو قورئان تیشك بخاتەسەر ئەم بابەتە تەنانەت ئەگەرچی جوولەكەكان پرسیاریشیان نەكردبایە دەربارەی، چونكە لە ڕاستیدا ئەم بیروباوەڕە هێرشێكە بۆ سەر هەموو ئایینە ڕاستەكان، چونكە وا دەردەخات كە مرۆڤ بە یارمەتی ڕۆحەكان دەتوانێت هیدایەت بناسێت بەبێ ئەوەی پێویستی بە زانیاری خوایی هەبێت -هەروەك چۆن ثیاسۆفیەكان بانگەشەی دەكەن- و هەر كەسێك دەتوانێت لە ڕێگەی بەناو ڕاهێنانە ڕۆحیەكانەوە غەیب بزانێت. دەڵێم: ئەگەر ئەمە ڕاست بوایە، ئەوا بە تەواوەتی ئارامی و دڵنیایی لە سەر ئایین هەڵدەگیرا!
قورئانی پیرۆز بەم ئایەتە وەڵامی ئەو بانگەشانە دەداتەوە و دەفەرموێت: ﴿قُلِ ٱلرُّوحُ مِنۡ أَمۡرِ رَبِّي﴾ واتە: ئەی موحەممەد، پێیان بڵێ، ڕۆحی تەواو، واتە ئەوەی كە پەیوەندی ڕاستەقینە لەگەڵ خوادا دەڕەخسێت بۆی، وە ئاگادار دەكرێتەوە لە هەندێ زانیاری غەیبی، تەنها بە ﴿مِنۡ أَمۡرِ رَبِّي﴾ دەبێت واتە لەژێر فەرمانی خوای گەورەدا دەبێت، بەو مانایەی ئەستەمە هیچ ڕۆحێك بگاتە كەماڵ بەبێ مۆڵەتی پەروەردگاری، وە هەموو ئەو شتانەی كە ئێوە بۆ كامڵبوونی ڕۆح باسیان دەكەن، لە ڕاهێنان و جادووگەری و یۆگا، هەمووی پووچە؛ چونكە ڕۆح تەنیا بە فەرمانی خوای گەورە دەگاتە پلەی كەماڵ و تەواوی.
وەك ئەوەی لێرەدا ڕۆح مانای ڕۆحی تەواو بگەیەنێت كە بە سیفەتە ڕۆحیە ڕاستەقینەكان ڕازاوەتەوە، هەروەك چۆن وشەی (الحمد) لەسەرەتای قورئاندا لە ئایەتی ﴿ٱلۡحَمۡدُ لِلَّهِ﴾ هاتووە، مانای ئەوەیە كە ستایشی تەواو كە هەموو سیفەتەكانی ستایشكردنی تێدایە، تەنها تایبەتە بە خوای گەورە. لێرەدا خوا ڕایگەیاندووە كە پرۆسەی تەواوكردنی ڕۆحی مرۆڤ تەنھا لەلایەن خۆیەوە بەئەنجام دەگات، هیچ ڕۆحێك بەبێ مۆڵەتی پەروەردگاری ناتوانێت بگاتە پلەی كەماڵ و تەواوی، هەرچەندە خاوەنەكەی ڕاهێنانی “یۆگا” یان ئەو مەشقە قورسانەی تر بكات. باشترین نموونە بۆ ئەمە لەم سەردەمەدا كەسایەتی (كریشنا مۆرتی)یە. خاتوو (ئەینی بیزنت) گەنجێك و براكەی بەشێوەیەكی تایبەت بەگوێرەی بنەماكانی “یۆگا” پەروەردە كرد، بەجۆرێك هەردووكیان لەژێر چاودێری مامۆستا گەورەكانی ئەم هونەرەدا بوون، بۆ ئەوەی لەڕێگەی هێزی “یۆگا”وە ڕێنماییان بكەن بۆ ئاراستەیەكی ڕاست و دروست. بەڵام ئەنجامەكە چی بوو؟ برا گەورەكە هەمیشە گلەیی ئەوەی دەكرد كە ئەوان ئێمەیان خستە زیندانەوە، وە زۆرەملێ و ناچاركردنیان پیادە كرد بەسەرماندا بەبێ ئەوەی هیچ سوودێكی هەبێت. بەڵام برا بچووكەكە -كە دوای یاخیبوونی برا گەورەكە هەڵبژێردرا- بە ئاشكرا دژی بیروباوەڕەكانی خاتوو ئەینی بیزنت وەستایەوە! بۆ زانیاری زیاتر سەردانی ئەم سەرچاوانە بكە:
(Krishanamurti By mary Lutyens P. I-15; The New Encyclopedia Britanica & The Encyclopedia of Religions, & The Encyclopedia Americana & Every Man’s Encyclopedia, under: Krishanamurti & Theosophy)
وە ئەگەر بگوترێت ئەم ڕاگەیاندنەی قورئان تەنها بانگەشەیەكە و ناتوانرێت بە وەڵامێكی تەواو دابنرێت، ئەوا وەڵامی ئەم قسەیە ئەوەیە كە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿قُلِ ٱلرُّوحُ مِنۡ أَمۡرِ رَبِّي﴾ تەنها ڕاگەیاندنێكی سەرەتاییە، چونكە وەڵامی ڕاستەقینە بە ئایەتی ﴿وَمَآ أُوتِيتُم مِّنَ ٱلۡعِلۡمِ إِلَّا قَلِيلٗا﴾ دەست پێدەكات.. كاتێك خوای گەورە ڕایگەیاند گومانی تێدا نیە ئەو ڕاهێنانانەی خەڵكی بۆ بەهێزكردنی تواناكانی ڕۆح دایانهێناون، ڕۆحەكانیان تا ڕادەیەك بەهێز دەكەن، بەڵام ئەوانە كۆمەڵێك هێزی ناتەواون و زۆر كەمن بە بەراورد بە هێزە ڕۆحیە ڕاستەقینەكان، وە نكوڵیكردن لە وەحی خوایی -لەسەر بنەمای ئەم هێزە ناتەواوانە- پێچەوانەی عەقڵە، چونكە شتی كەموكوڕ بە هیچ شێوەیەك ناتوانێت جێگەی شتی تەواو بگرێتەوە.
ئەو بەڵگەیەی كە هەمیشە دەیهێنمەوە لەسەر ئەوەی كە ئەم زانستە كەموكورت و ناتەواوە ئەوەیە كە ئەو هەواڵانەی پەیڕەكارانی ئەم زانستە لە ئایینە جیاوازەكان پێیان دەگات زۆر دژبەیەكن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر وەرگرتنی زانستی ڕاستەقینە لە ڕۆحی مردووەكان لە ڕێگەی ڕاهێنانە ڕۆحیەكانەوە ئەگەری هەبوایە؛ ئەوا ئەو ناكۆكی و جیاوازیە زۆرە لە هەواڵەكانیاندا نەدەبوو. چۆن ڕێی تێدەچێت ڕۆحی عیسا (عليه السلام) شتێك بە یەكێك لە مامۆستایانی یۆگای هیندۆس بڵێت پێچەوانە بێت لەگەڵ ئەوەی كە بە یەكێك لە ڕۆحانیەكانی جوولەكە یان مەسیحیەكان دەیڵێت. ئەوەتا بەڕێز ئەتكینسنی ئەمریكی -كە یەكێكە لە زانا گەورەكانی ئەم هونەرە و خاوەنی چەندین نووسینە- بە ئاشكرا دەڵێت لە بابەتە خراپ و ترسناكەكان ئاگادار دەبێت، بەڵام هەواڵی دڵخۆشكەری پێ ناگات. قسەكەی ئەو بریتیە لە دانپێدانان بەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا: ﴿وَمَآ أُوتِيتُم مِّنَ ٱلۡعِلۡمِ إِلَّا قَلِيلٗا﴾ و پشتڕاستكردنەوەی. لەكاتێكدا كە خوا لە قورئانی پیرۆزدا دەربارەی پێغەمبەران دەفەرموێت: ﴿وَمَا نُرۡسِلُ ٱلۡمُرۡسَلِينَ إِلَّا مُبَشِّرِينَ وَمُنذِرِينَۚ﴾ (الكهف: ٥٧).. واتە: یەكەم ئەركی پێغەمبەران ئەوەیە كە هەواڵی غەیبی دڵخۆشكەر ڕابگەیەنن، بەڵام ڕاگەیاندنی هەواڵە هۆشداریەكان لە پلەی دووەمدا دێت.
وَلَئِن شِئۡنَا لَنَذۡهَبَنَّ بِٱلَّذِيٓ أَوۡحَيۡنَآ إِلَيۡكَ ثُمَّ لَا تَجِدُ لَكَ بِهِۦ عَلَيۡنَا وَكِيلًا 87
تەفسیر: ئەم قسەیە لە ڕواڵەتدا ئاراستەی پێغەمبەری خوا (ﷺ) كراوە، بەڵام ئەو (ﷺ) نە پرسیاری كردووە و نە ڕەخنەی گرتووە؛ بۆیە لەمەوە دەچەسپێت كە لە ڕاستیدا خیتابەكە ئاراستەی كەسانی تر كراوە كە پرسیاریان كردووە یان ڕەخنەیان گرتووە. لە ڕواڵەتدا ڕووی قسەكە ئاراستەی پێغەمبەر (ﷺ) كراوە تەنها بۆ جەختكردنەوە لەسەر بابەتەكە.
خوای گەورە دەفەرموێت: ڕۆح بەبێ فەرمانی پەروەردگاری خۆی ناتەواوە تا ئەو ڕادەیەی ئەگەر ئەو زانیاریانەی لەلایەن خوای گەورەوە دابەزیون بسڕدرێنەوە، ئەوا ئەو ڕۆحانیانە ناتوانن بیانهێننەوە، تەنانەت ئەگەر هەندێكیان پشتیوانی هەندێكی تریان بكەن؛ كە ئەمە دۆخەكە بێت ئیتر لەكوێ دەتوانن لەلایەن خۆیانەوە زانیاری ڕۆحی نوێ بهێنن؟ بۆ نموونە، ئەگەر زانیاریەكانی قورئانمان شاردەوە، ئەوا هیچ كەسێك ناتوانێت بیانهێنێتەوە.
ڕەنگە كەسێك لێرەدا بڵێت: ئەمە تەنها بانگەشەیەكی بێ بنەمایە! بەڵام لە ڕاستیدا بانگەشەیەكی بێ بنەما نیە، بەڵكو بەڵگەیەكی زۆر مەزنە. ئەمەش چونكە قورئانی پیرۆز هەرگیز لەناوناچێت و لە دنیادا ناسڕێتەوە، بەڵام زانیاریەكانی وەك نەبوو وایە بەش بەحاڵی ئەو كەسانەی كە عەقڵیان لە دەرەوەی بەرەكەتەكانی قورئاندایە. بۆیە ئەگەر ئەو كەسانە بیانەوێت فێركاریەكی هاوشێوەی قورئانی پیرۆز بهێنن، ئەوا هەرگیز ناتوانن. ئایەتەكانی دواتریش ئەوە پشتڕاست دەكەنەوە كە من دەیڵێم.
هەروەها ئەم ئایەتە ئاماژە بەوە دەدات كە قورئانی پیرۆز ڕۆژێك لە ڕۆژان لە دنیادا هەڵدەگیرێت، ئەمە لە فەرموودەی پێغەمبەریشدا پشتڕاست كراوەتەوە، بەجۆرێك ئیبن مەردەویهی لە ئیبن مەسعوود و ئیبن عومەرەوە ڕیوایەتی كردووە كە پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی قورئان لە دنیادا هەڵدەگیرێت و تەنها “لا إله إلا الله” دەمێنێتەوە.
لە ڕیوایەتێكی تردا لە حوزەیفەوە هاتووە [ڕەنگە حەزرەتی موفەسیر مەبەستی لە ڕیوایەتەكەی حوزەیفە ئەمە بێت: پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرموویەتی: ئیسلام كاڵ دەبێتەوە هەروەك چۆن ڕەنگی جلوبەرگ كاڵ دەبێتەوە، تەنانەت نازانرێت ڕۆژوو چیە و نوێژ چیە و خواپەرستیەكان چین و خێركردن چیە، وە لە شەوێكدا كتێبەكەی خوا (عز وجل) (قورئان) هەڵدەگیرێت و دەڕوات و هیچ ئایەتێكی نامێنێتەوە لەسەر زەوی. (سنن ابن ماجە، كتاب الفتن، باب ذهاب القرآن والعلم)]، كە پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی قورئان و ئیسلام لە دنیا هەڵدەگیرێن و نامێنن (ابن ماجە، كتاب الفتن، وشعب الإیمان للبیهقي، باب في نشر العلم).
ئەم ڕیوایەتانە ئەوە دووپات دەكەنەوە كە لەم ئایەتەدا هەواڵێك هەیە كە سەردەمێك بەسەر خەڵكیدا دێت كە تەنھا وێنەی قورئانی پیرۆز دەمێنێتەوە، وە ڕاستیەكانی ون دەبن، وە ئەو سۆفیە ساختەكارانەی كە بانگەشەی دواندنی ڕۆحەكان دەكەن هەرگیز ناتوانن جارێكی تر زانیاریەكانی قورئان بهێننەوە.
من هەمیشە گوتوومە و دەڵێم: هەندێ لە ئایەتە قورسەكانی قورئانی پیرۆز بخەنە بەردەمی ئەو سۆفیە ساختەچیانە بۆ ئەوەی -بە یارمەتی وەرگرتن لەو ڕۆحانەی كە دەڵێن پەیوەندیان پێوە دەكەن- پێمان بڵێن زانیاری و ماناكانی ناو ئەو ئایەتانە چین؟ ئەگەر توانیان وردەكاریەكانیان بزانن ئەوا ڕاستگۆن ئەگینا درۆزنن. بەڵام هەتا ئەمڕۆ هیچ كەسێك ئامادە نەبووە بۆ قەبوڵكردنی ئەم تەحەددایە، وە لە داهاتووشدا هەرگیز ئامادە نابێت.
إِلَّا رَحۡمَةٗ مِّن رَّبِّكَ ۚ إِنَّ فَضۡلَهُۥ كَانَ عَلَيۡكَ كَبِيرٗا 88
تەفسیر: خوای گەورە دەفەرموێت: كاتێك قورئان لە دنیادا هەڵدەگیرێت، تەنها پەروەردگارت دەتوانێت جارێكی تر بیهێنێتەوە، چونكە فەزڵی ئەو لەسەر تۆ زۆر گەورەیە. مەبەست ئەوەیە لەكاتی ونبوونی زانیاریەكانی قورئان لە دنیادا هیچ كەسێك ناتوانێت -بەبێ یارمەتی خوایی- تەنانەت جارێكی تر ڕوونی بكاتەوە، چجای ئەوەی كەسێك بتوانێت هاوشێوەی قورئان بهێنێت.
قُل لَّئِنِ ٱجۡتَمَعَتِ ٱلۡإِنسُ وَٱلۡجِنُّ عَلَىٰٓ أَن يَأۡتُواْ بِمِثۡلِ هَٰذَا ٱلۡقُرۡءَانِ لَا يَأۡتُونَ بِمِثۡلِهِۦ وَلَوۡ كَانَ بَعۡضُهُمۡ لِبَعۡضٖ ظَهِيرٗا 89
شیكردنەوەی وشەكان:
ظهيراً: (ظهَر عليَّ): یارمەتیدام. (ظهَر فلان بفلان وعلیه): زاڵ بوو بەسەریدا. (ظهَر بزيدٍ): پلەی بەرزكردەوە. الظهير: یارمەتیدەر (الأقرب).
تەفسیر: بەهۆی ئەم ئایەتەوە وەك ڕۆژی ڕووناك ڕوون بوویەوە ئەو مانایەی كە من پێشتر باسم كرد مانایەكی ڕاست و دروستە، چونكە ئەم ئایەتە هەمان ئەو بەڵگەیە تەواو دەكات كە ئێستا ئاماژەم پێكرد. خوای گەورە دەفەرموێت: ئێوە بانگەشەی ئەوە دەكەن كە مرۆڤ دەتوانێت هێزە ڕۆحیەكانی خۆی بە ڕاهێنانی تایبەت بەهێز بكات و زانستە ڕۆحیەكان لە ڕێگەی قسەكردن لەگەڵ ڕۆحە مردووەكانەوە وەربگرێت. كەواتە ئەی خەڵكینە ئەگەر ڕاستگۆن ئەوا كۆببنەوە، وە یارمەتی لەو ڕۆحە شاراوانەیش وەربگرن كە پێتان وایە زانستەكانی ئاسمانتان پێ دەبەخشن، پاشان هەمووتان بڕیار بدەن بۆ ئەوەی كتێبێك هاوشێوەی ئەم قورئانە بهێنن. ئەگەر هاوشێوەی ئەوتان هێنا، ئەوا بێگومان لە بانگەشەكەتاندا ڕاستگۆن، ئەگینا ئێوە درۆزنن. كەواتە مادام ئێوە و ئەو بوونەوەرە شاراوانانەی كە بە پێی بانگەشەی خۆتان یارمەتیتان دەدەن ناتوانن هەمووتان پێكەوە هاوشێوەی ئەم قورئانە بهێنن، ئەی چەند درۆزنن كاتێك دەڵێن موحەممەد لە ڕێگەی هەندێك ڕاهێنانی ڕۆحیەوە ئەم زانیاریانەی بەدەستهێناوە.
پێویستە بزانرێت كە مەبەست لە (جن) لێرەدا ئەو ڕۆحانەن كە ئەوان بانگەشەی ئەوەیان دەكرد لە ڕێگەی قسەكردن لەگەڵیاندا، زانستە ڕۆحیەكان دەزانن. وە لەبەرئەوەی ئەم ڕۆحانە -بە پێی قسەی خۆیان- شاراوەن و نابینرێن، بۆیە لێرەدا بەم ناوە ناوزەد كراون.
وَلَقَدۡ صَرَّفۡنَا لِلنَّاسِ فِي هَٰذَا ٱلۡقُرۡءَانِ مِن كُلِّ مَثَلٖ فَأَبَىٰٓ أَكۡثَرُ ٱلنَّاسِ إِلَّا كُفُورٗا 90
تەفسیر: خوای گەورە دەفەرموێت: لە كوێ دەتوانن هاوشێوەی قورئان بهێنن؟ عەقڵی ئەوان سنووردارە، وە تەنها قسەیەك دەهێنن كە لە چوارچێوەی زانیاریەكانی خۆیاندا بێت، وە زۆر شتیان لەكیس دەچێت كە لە دەرەوەی بازنەی ڕۆشنبیری تەسك و سنوورداری ئەواندایە. بەڵام ئەم قورئانە بەشێوەیەكی تێروتەسەل كۆمەڵە بابەتێكی جۆراوجۆر دەخاتەڕوو لە بوارەكانی سیاسەت و زانست و ئەخلاق و شارستانیەت و ئابووری، هەروەها ئەو بابەتانە یەكلایی دەكاتەوە كە ئایینە جیاوازەكان تێیاندا ناكۆكن. ئەوان تەنانەت ناتوانن تێبگەن لە ناوەڕۆكی قورئان، ئیتر لەكوێ دەتوانن هاوشێوەكەی بهێنن؟ ئەوان تەنها لە شتێكدا زۆر باشن، ئەویش سووربوونە لەسەر نكۆڵی كردن بە كەللـەڕەقی و لەخۆباییبوونەوە، بۆیە هێشتا بە بیانوو و ڕەخنەی جۆراوجۆر نكوڵی لێ دەكەن، بەڵام لە كۆتاییدا ئۆباڵی ئەو كارە دەكەوێتە ئەستۆیان.
وَقَالُواْ لَن نُّؤۡمِنَ لَكَ حَتَّىٰ تَفۡجُرَ لَنَا مِنَ ٱلۡأَرۡضِ يَنۢبُوعًا 91 أَوۡ تَكُونَ لَكَ جَنَّةٞ مِّن نَّخِيلٖ وَعِنَبٖ فَتُفَجِّرَ ٱلۡأَنۡهَٰرَ خِلَٰلَهَا تَفۡجِيرًا 92
شیكردنەوەی وشەكان:
تُفَجِّر: (فَجَر الماءَ): ئاوەكەی هەڵقوڵاند و ڕێگەی بۆ كردەوە بۆ ئەوەی بڕوات. (فَجَّر الماءَ): وەك (فَجَر)یە، بەڵام بۆ زیادەڕۆیی شەددەی بۆ دانراوە. (الأقرب).
یَنْبُوعاً: (الينبوع): كانی ئاو؛ جۆگەلە كە ئاوی زۆر بێت، كۆی (الينبوع) بریتیە لە (الينابيع) (الأقرب).
تەفسیر: بێباوەڕەكان بۆچوونی خۆیان گۆڕی كاتێك وەڵامێكی بێدەنگكەریان وەرگرت لەسەر ئەو ڕەخنانەیان كە لەلایەن جوولەكەكانەوە فێركرابوون و ئاراستەی پێغەمبەریان (ﷺ) كرد بوو، بۆیە گوتیان: باشە، ئەگەر هەموو زانستێك لە قورئاندا هەیە ئەوا لە زەویەوە كانیاومان بۆ هەڵقوڵێنە، وە باخچەمان بۆ بڕوێنە كە ڕووبار بەناویدا بڕوات. بە پێی بۆچوونی بێباوەڕەكان ئەمە ڕەخنەیەكی بەهێز بوو، بەڵام لە ڕاستیدا بەڵگەیەكە لەسەر كەموكورتی و ناتەواوی عەقڵیان.
هۆكاری پشت ئەم ڕەخنەیە -وەك باسم كرد- باوەڕی جوولەكەكان و نەفامەكانی تر بوو، كە پێیان وابوو ئەو كەسانەی پەیوەندیان بە ڕۆحەكانەوە هەیە یان “الاسم الأعظم”یان لە بەردەستدایە، دەتوانن بەهۆی جادووەوە یان زانینی ئەم ناوەوە، هەر شتێكیان بوێت ئەنجامی بدەن.
وە دەبینین لەم سەردەمەشدا ئەم بابەتە دووبارە دەبێتەوە. هەندێك لە ڕابەرانی ئایینی شوێنكەوتووەكانی خۆیان دەنارد بۆ لای دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی (عليه السلام) و پێیان دەگوتن: سەدان هەزار پارە و سامانی لێ داوا بكەن، ئەگەر ڕەتیكردەوە ئەوا پێی بڵێن: لەبارەی مەسیحی بەڵێندراوەوە هاتووە كە بەلێشاو پارە دەبەخشێت، كەواتە چۆن تۆ مەسیحی بەڵێندراویت و ناتوانی چەند سەد هەزارێك ببەخشیت!
أَوۡ تُسۡقِطَ ٱلسَّمَآءَ كَمَا زَعَمۡتَ عَلَيۡنَا كِسَفًا أَوۡ تَأۡتِيَ بِٱللَّهِ وَٱلۡمَلَٰٓئِكَةِ قَبِيلًا 93
شیكردنەوەی وشەكان:
كِسَفًا: (الكِسَف) كۆی (الكِسْفة)یە، واتا: پارچەیەك لە شتێك (الأقرب).
قَبيلاً: (القبيل): كۆمەڵێك لە سێ كەس و زیاتر. “ورأيته قبيلاً” واتە بە چاوی خۆم لەبەرامبەرم بینیم (الأقرب).
تەفسیر: واتە ئەگەر ناتوانیت دیاری و خەڵات دابەش بكەیت بەسەرماندا ئەوا لانی كەم سزایەكمان بۆ بهێنە. ئاسمان بەسەرماندا بڕوخێنە، یان خوامان لەگەڵ فریشتەكاندا بۆ بهێنە بۆ ئەوەی لەناومان ببات.
مامۆستای بەڕێزم (رضي الله عنه)، گەورەمان خەلیفەی یەكەمی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەیفەرموو: ئەوان داوای ئەم شتانەیان دەكرد چونكە خوای گەورە بەڵێنی ئەمانەی لە قورئانی پیرۆزدا داوە. بەڵام من پێم وایە ئەوان بۆ گاڵتەكردن ئەم قسانەیان دەكرد، نەك بۆ داواكردن. چونكە زۆربەی ئەم بەڵێنانە لە سوورەتە مەدەنیەكاندا هاتوون، بەڵام ئەم سوورەتە مەككەییە. بۆیە دەچەسپێت ئەوان ئەم قسانەیان بۆ گاڵتەجاری كردووە. وەك ئەوەی گوتبێتیان: مادام قورئانی پیرۆز ئەم هێزە دەراسایەی هەیە ئەوا بە هێزی قورئان كانیاومان بۆ هەڵقوڵێنە، وە باخچەمان بۆ بڕوێنە، یان لانی كەم سزایەكمان بۆ بهێنە. چونكە لە مێشكیاندا چەسپا بوو كە مرۆڤ دەتوانێت بە هێزی جادوو یان “الاسم الأعظم” ئەم كارانە ئەنجام بدات. جوولەكەكان هەمان ئەو وەهمانەیان هەبووە، وەك پێشتر باسم كرد.
أَوۡ يَكُونَ لَكَ بَيۡتٞ مِّن زُخۡرُفٍ أَوۡ تَرۡقَىٰ فِي ٱلسَّمَآءِ وَلَن نُّؤۡمِنَ لِرُقِيِّكَ حَتَّىٰ تُنَزِّلَ عَلَيۡنَا كِتَٰبٗا نَّقۡرَؤُهُۥ ۗ قُلۡ سُبۡحَانَ رَبِّي هَلۡ كُنتُ إِلَّا بَشَرٗا رَّسُولٗا 94
شیكردنەوەی وشەكان:
زُخْرُف: (الزخرف): زێڕ؛ چڵەپۆپەی جوانی شتێك (الأقرب).
ترقَى: (رَقِيَ يرقى رَقْيًا ورُقِيًّا): سەركەوت. (ورَقَاه يرقِيه رُقِيًّا ورُقْيَةً): نووشتەی بۆ كرد و فووی پێدا كرد (الأقرب).
تەفسیر: واتە ئەگەر ناتەوێت ئەم شتانە بۆ ئێمە بكەیت، ئەوا لانی كەم بۆ خۆت ئەنجامیان بدە.
فیرعەون سەبارەت بە مووسا (عليه السلام) گوتی: بازنگی زێڕی نیە، بۆیە ئەو درۆزنە، بەڵام ئەمانە زیادەڕەویان كرد و گوتیان: { أَوۡ يَكُونَ لَكَ بَيۡتٞ مِّن زُخۡرُفٍ } واتە: “یان دەبێت خانوویەكی زێڕینت هەبێت”.
بەڵام قسەی بێباوەڕەكان كە گوتیان: { أَوۡ تَرۡقَىٰ فِي ٱلسَّمَآءِ وَلَن نُّؤۡمِنَ لِرُقِيِّكَ حَتَّىٰ تُنَزِّلَ عَلَيۡنَا كِتَٰبٗا نَّقۡرَؤُهُۥ } واتە: “یان دەبێت بچیتە ئاسمان وە ئێمە هەرگیز باوەڕ بە سەركەوتنەكەت ناكەین تاوەكو لە ئاسمانەوە كتێبێكمان بۆ نەنێریت كە بیخوێنینەوە” مەبەستیان بوو تانە بدەن لە ڕووداوی میعراج، بەجۆرێك گوتیان: باسی ڕووداوی میعراجمان بۆ مەكە، چونكە ئێمە باوەڕت پێ ناكەین تاوەكو بەڕاستی نەچیتە ئاسمان، پاشان لەوێ بمێنیتەوە و لە ئاسمانەوە كتێبێكمان بۆ فڕێ بدەیت، بۆ ئەوەی دڵمان ئۆقرە بگرێت كە تۆ بەڕاستی سەركەوتوویت بۆ ئاسمان.
خوا (سبحانه وتعالى) وەڵامیان دەداتەوە دەفەرموێت: {قُلۡ سُبۡحَانَ رَبِّي هَلۡ كُنتُ إِلَّا بَشَرٗا رَّسُولٗا} واتە: “بڵێ پاك و بێگەردى بۆ پهروهردگارم، من تەنها مرۆڤێكى نێردراوم”. واتە ئەی موحەممەد وەڵامیان بدەرەوە، كە پەروەردگارم گەورەتر و بەرزترە لەم جۆرە یاریە بێمانایانە. هەڵبەت خوا وەحی خۆی بۆ من دابەزاندووە بە هەمان شێواز كە پێشتر بۆ پێغەمبەرەكانی دابەزاندووە، وە بە هەمان شێوازی پێغەمبەرانی پێشوو مامەڵە لەگەڵ منیشدا دەكات، بەڵام ئەوەی ئێوە داوای دەكەن پێچەوانەی گەورەیی خوایە (سبحانه وتعالى)، هەروەها پێچەوانەی پەیامی من و مرۆڤبوونی منە.
مانایەكی تریش ئەوەیە كە هەندێك لە داواكاریەكانتان یاری و گاڵتەوگەپی بەتاڵ و بێمانایە و لەگەڵ گەورەیی خوای گەورەدا یەكناگرنەوە. خوا (سبحانه وتعالى) لەوانە بەرزترە و گەورەترە، چونكە وتەی خۆی دادەبەزێنێت تەنها بۆ ئەوەی مرۆڤ لەڕووی ڕۆحیەوە پێشبكەوێت. وە هەندێك لە داواكاریەكانتان، وەك سەركەوتن بۆ ئاسمان و فڕێدانی كتێب لێیەوە، دژی پلەی مرۆڤێتی و پەیامی ئاسمانیە.
سەیر ئەوەیە سەرەڕای بوونی ئەم ئایەتە، كەچی زۆرێك لە موسوڵمانان باوەڕیان وایە عیسا (عليه السلام) لە ئاسماندایە، لەكاتێكدا كە ئەو مرۆڤێكی نێردراو بووە، نەك فریشتە!
وَمَا مَنَعَ ٱلنَّاسَ أَن يُؤۡمِنُوٓاْ إِذۡ جَآءَهُمُ ٱلۡهُدَىٰٓ إِلَّآ أَن قَالُوٓاْ أَبَعَثَ ٱللَّهُ بَشَرٗا رَّسُولٗا 95
تەفسیر: خوای گەورە پێشتر فەرمانی بە پێغەمبەرەكەی (ﷺ) داوە كە ڕایبگەیەنێت ئەو مرۆڤێكی نێردراوە، وە بانگەشەی هیچ شتێكی لەوە زیاتر نەكات، بەڵام لێرەدا ڕوونی دەكاتەوە گەورەترین ڕەخنە كە لە دژی پێغەمبەران دەورووژێنرێت ئەوەیە ئەوان مرۆڤن. لەڕاستیدا ئەوە تەنها ڕەخنەیەك نیە، بەڵكو زۆر تانە و تەشەری لەخۆگرتووە.
چونكە هەندێ كەس دەڵێن خوا لەوە گەورەترە مرۆڤێك بكات بە پێغەمبەر. ئەم كەسانە لە بنەڕەتەوە باوەڕیان بە دابەزینی وەحی نیە.
وە هەندێكیان لەبەر خۆبەزلزانی و كەللـەڕەقییان نكوڵی لەوە دەكەن كە مرۆڤ پێغەمبەر بێت، واتە دەڵێن: ئێمەش مرۆڤین وەكو ئەو، ئەگەر خوا بیوستایە وتەی خۆی دابەزێنێت ئەوا دایدەبەزاند بۆ سەر ئێمەیش، وە تەنها ئەوی تایبەت نەدەكرد بە وەحی، بۆیە ئەستەمە باوەڕی پێبكەین. ئەو كەسانە دابەزینی وەحی بە مەحاڵ نابینن، بەڵكو بڕوایان بە پێغەمبەرەكەیان نیە چونكە پێیان وایە مەحاڵە خوا كەسێكی كەم نرخ و بێ بایەخی وەكو ئەم بنێرێت بۆ كەسانێكی بەڕێز و گەورەی وەكو ئەوان.
وە دەستەی سێیەمیش هەیە كە بڕوایان بەوە نیە مرۆڤ پێغەمبەر بێت؛ چونكە پێیان وایە مرۆڤ لە خودی خۆیدا كامڵە، وە پێویستی بە وەحی نیە و بێنیازە لێی، وە خۆی دەتوانێت ڕێگای ڕاست هەڵبژێرێت بە پاڵپشتی ئەو توانا و لێهاتووییانەی كە ڕاهاتووە لەسەریان.
هەروەها دەستەی چوارەمیش هەیە كە ناڕەزایی دەردەبڕن لەسەر نێردرانی پێغەمبەر لەناو مرۆڤدا؛ چونكە پێیان وایە پلەی پێغەمبەر پێویستی بە كۆمەڵێك توانا هەیە كە لەسەرووی تواناكانی مرۆڤەوەیە. وە ئەگەر بچووكترین بوونەوەر لە جیهاندا بخەیتەڕوو و بانگەشەی ئەوەت كرد كە ئەمە خاوەنی هێزێكە لەسەروو هێزی مرۆڤەوە؛ ئەوا دەستبەجێ باوەڕت پێدەكەن، بەڵام هیچ گرنگی بە مرۆڤێك نادەن كە بەڕاستی خاوەنی هێزی پیرۆز بێت، وە نموونەیەكی بەرز بێت بۆ هێزی كردەیی، وە خۆی بەدوور بگرێت لە خۆهەڵكێشانی درۆ و بانگەشەی ساختە. چونكە سروشتی ئەم گروپە لە بێباوەڕان دیل و بەند كراوە بە خۆشەویستی خورافیات. هەندێ جار باوەڕ دەكەن بە پێغەمبەرانی پێشوو، بەڵام لەكاتی ڕەوانەكردنی پێغەمبەرێكی نوێدا، ئەو خەوشە شاراوەیەی كە تێیاندایە ئاشكرا دەبێت و دەبێتە بەڵگە لەسەر ئەوەی كە باوەڕیان بە پێغەمبەرانی پێشوو تەنها لاساییكردنەوەیەكی بۆ ماوەیی بێ مانایە.
قُل لَّوۡ كَانَ فِي ٱلۡأَرۡضِ مَلَٰٓئِكَةٞ يَمۡشُونَ مُطۡمَئِنِّينَ لَنَزَّلۡنَا عَلَيۡهِم مِّنَ ٱلسَّمَآءِ مَلَكٗا رَّسُولٗا 96
تەفسیر: ئەم ئایەتە ڕوونیدەكاتەوە كە لێرەدا مەبەست لە فریشتەكان ئەو كەسانەن كە خاوەنی ڕەوشتی فریشتەیین، بەڵگەی ئەمەش ئەوەیە كە فریشتەكان بە سروشتی خۆیان پێویستیان بەوە نیە كەسێك بۆ ڕێنماییكردنیان بنێردرێت ئەگەرچی فریشتەیەكیش بێت.
هەروەها ئەم ئایەتە وەڵامێكە بۆ ئەو كەسانەی كە خۆیان بە گەورە دەزانن و پێیان وایە لەوە بەرزترن پێغەمبەرێكیان بۆ ڕەوانە بكرێت، وە دەیانەوێت ڕاستەوخۆ وەحی دابەزێتە سەریان. خوای گەورە دەفەرموێت: فریشتە تەنیا بۆ ئەو كەسانە دادەبەزێت كە خاوەنی ڕەوشتە فریشتەییەكانن، نەك بۆ ئەوانەی كە ئەو ڕەوشتانەیان نیە. ئەگەر ئێوە خاوەنی ڕەوشتی فریشتەیی بوونایە، فریشتە دادەبەزیە سەرتان، بەڵام ئێوە بوون بە شەیتان، ئیتر چۆن فریشتە دادەبەزێتە سەرتان.
هەروەها ئەم ئایەتە وەڵامێكە بۆ ئەو كەسانەی كە پێیان وایە پێغەمبەرایەتی لەوە بەرزترە كە مرۆڤ بەدەستی بهێنێت، چونكە پێغەمبەرایەتی پێویستی بە كۆمەڵێك هێز هەیە كە لەسەرووی هێزەكانی مرۆڤەوە بن. خوای گەورە وەڵامی داونەتەوە و فەرموویەتی: جۆرێك لە جۆرەكان تەنها بەهۆی تاكێك لە هەمان جۆر ڕزگاری دەبێت. چونكە كەس ناتوانێت ببێتە پێشەنگێكی چاك بۆ ئەوانی تر مەگەر لە هەمان جۆری خۆیان بێت. بۆیە ناكرێت پێغەمبەرێك بۆ مرۆڤ بنێردرێت لە ڕەگەز و جۆرێكی تر بێت، چونكە هەرگیز نابێت بە نموونە و پێشەنگ بۆیان.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم مانایە، وشەی ﴿رَسُولٗا﴾ لێرەدا تەنها مانای كەسێك نابەخشێت كە وەحی پێ دەگات، بەڵكو هەموو ئەو مەرج و تایبەتمەندیانە دەگرێتەوە كە پیادە دەبن بەسەر ئەو كەسەدا كە وەكو پێغەمبەرێك ڕەوانەدەكرێت لەناو مرۆڤەكاندا.
قُلۡ كَفَىٰ بِٱللَّهِ شَهِيدَۢا بَيۡنِي وَبَيۡنَكُمۡ ۚ إِنَّهُۥ كَانَ بِعِبَادِهِۦ خَبِيرَۢا بَصِيرٗا 97
تەفسیر: ئەم ئایەتە وەڵامی لایەنێكی تری ئەو ڕەخنەیە دەداتەوە كە پێشتر باسكرا.. مەبەستم ئەوەیە وەڵامی ئەو كەسانە دەداتەوە كە پێیان وایە مرۆڤ لەوە نزمترە لە خواوە وەحی پێ بگات، یان ئەو كەسانەی كە دەڵێن مرۆڤ لە خودی خۆیدا تەواوە، وە پێویستی بە وەحی خوایی نیە. خوای گەورە لەسەر زاری پێغەمبەرەكەیەوە وەڵامیان دەداتەوە كە ئەو خۆی زاناترە بە بەندەكانی، وە زاناترە بە ناتەواویەكانیان یان بەو لێهاتووییانەی كە تێیاندایە. كەواتە مادام منی هەڵبژاردووە وەك پێغەمبەر، ئەوا مافی خۆتانە لێكۆڵینەوە بكەن لە كارەكەم بۆ ئەوەی بزانن ڕاستگۆم یان درۆزن. وەك بەڵگەیەك لەسەر ڕاستگۆییم شایەتی كردەیی خوا دەخەمە پێش چاوتان، كەواتە مادام كردەوەی خوا پشتگیری وتەكەی دەكات و پشتڕاستی دەكاتەوە ئیتر چۆن بۆتان هەیە بانگەشەكەم بەدرۆ بزانن و باوەڕی پێ نەكەن. كەواتە ئەگەر ئێوە ژیر و هۆشیارن ئەوا ناكرێت ئەم دوو ڕەخنەیە بگرن، چونكە ئەگەر چەسپا كە من لەلایەن خواوە نێردراوم ئەوا ئێوە ناچاردەبن دان بەوەدا بنێن كە مرۆڤ لە دیدی خوای گەورەدا ئەوەندە نزم نیە هەتا شكۆداری نەكات بە ئاخاوتن و گفتوگۆكردن لەگەڵ خۆی، لە هەمان كاتیشدا مرۆڤ ئەوەندە تەواو و بێكەموكوڕی نیە هەتا پێویستی بە وەحی خوای گەورە نەبێت.
وَمَن يَهۡدِ ٱللَّهُ فَهُوَ ٱلۡمُهۡتَدِ ۖ وَمَن يُضۡلِلۡ فَلَن تَجِدَ لَهُمۡ أَوۡلِيَآءَ مِن دُونِهِۦ ۖ وَنَحۡشُرُهُمۡ يَوۡمَ ٱلۡقِيَٰمَةِ عَلَىٰ وُجُوهِهِمۡ عُمۡيٗا وَبُكۡمٗا وَصُمّٗا ۖ مَّأۡوَىٰهُمۡ جَهَنَّمُ ۖ كُلَّمَا خَبَتۡ زِدۡنَٰهُمۡ سَعِيرٗا 98
شیكردنەوەی وشەكان:
(وجوههم): الوجوه بریتیە لە كۆی وشەی “الوجه”، مەبەست لێی ئەو شتەیە كە مرۆڤ ڕووی تێدەكات لە كردەوە و شتی تر. مەبەست و نیەت (الأقرب).
(خَبَتْ): خبت النار والحرب والحدة: واتە ئاگرەكە خامۆش بووەتەوە و جەنگەكە دامركاوەتەوە و تووڕەبوونەكە هێواش بووەتەوە (الأقرب).
(سعیرًا): السعیر: ئەو ئاگرەیە كە بڵێسەی هەیە (الأقرب).
(أولياء): كۆی وشەی “ولي”یە و بە مانای پشتیوان و یارمەتیدەر دێت.
تەفسیر: ئەو گفتوگۆیەی كە لە ئایەتەكانی پێشوودا هاتووە، ئەوە دەگەیەنێت كە بێباوەڕان بە ناهەق مشتومڕ دەكەن.. بۆیە خوا (سبحانه وتعالى) بۆ دڵنەواییكردنی موسوڵمانان فەرمووی دڵتەنگ نەبن بەمە، چونكە بڕیاردان لەسەر ڕێنماییكردنی كەسێك یان گومڕاكردنی لە دەستی خۆیدایە (سبحانه وتعالى). ئەو كەسەی شایەنی ڕێنمایی بێت لە كۆتاییدا ڕێنمایی دەكرێت سەرەڕای زۆری بەربەستەكان، وە ئەو كەسەیش شایەنی ڕێنمایی نەبێت لەسەر گومڕاییەكەی دەمێنێتەوە، یان لە كۆتاییدا گومڕا دەبێت هەرچەند لە سەرەتادا دەرفەتی ڕێنمایی زۆر بێت. كەواتە نابێت موسوڵمانان بەهۆی ڕواڵەتی بارودۆخەكانەوە نائومێد بن؛ چونكە هەندێ جار تەنانەت ئەو كەسانەی لە ڕووكەشدا بەتوندترین شێوە دژایەتی و مشتومڕ دەكەن لە كۆتاییدا باوەڕدەهێنن، وە جوانترین نموونەی دڵسۆزی و فیداكاری پیشان دەدەن. كەواتە با مرۆڤ بۆ كۆتایی كارەكان بڕوانێت، چونكە مەترسی تەنها لەسەر ئەو كەسەیە كە سەرەنجامەكەی خراپ دەبێت.
فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿وَنَحۡشُرُهُمۡ يَوۡمَ ٱلۡقِيَٰمَةِ عَلَىٰ وُجُوهِهِمۡ﴾ لە شوێنێكی تری قورئانی پیرۆزدا ڕوونكراوەتەوە، بەجۆرێك فەرموویەتی: ﴿يَوۡمَ يُسۡحَبُونَ فِي ٱلنَّارِ عَلَىٰ وُجُوهِهِمۡ﴾ (القمر: 49) مەبەست ئەوەیە ئەوان لەسەر ڕوو ڕادەكێشرێن بۆ ناو ئاگر.
لە فەرموودەیەكدا لە ئەنەسەوە هاتووە كە پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرموویەتی: “ئەو زاتەی كە بەسەر پێیەكانیاندا ڕۆیشتنیان پێ دەكات، دەتوانێت بەسەر ڕوخساریشیاندا ڕۆیشتنیان پێ بكات.” (مسند أحمد، باقي مسند المكثرین، وروح المعاني).
لە ڕیوایەتێكی تردا هاتووە: “خەڵكی لە ڕۆژی قیامەت بە سێ جۆر كۆدەكرێنەوە: جۆرێكیان بە پێ دەڕۆن، وە جۆرێكیان بە سواری، وە جۆرێكیان بەسەر ڕوخساریاندا.” (سەرچاوەی پێشوو).
لە ڕیوایەتێكی تردا هاتووە: “بەسەر ڕوخسارتاندا ڕادەكێشرێن.” (الترمذي، صفة القيامة، وروح المعاني)
لێرەدا وا دەردەكەوێت ئەوانەی بە سواری دەڕۆن پێغەمبەرانن و ئەوانەش بە پێ دەڕۆن باوەڕدارانن، بەڵام ئەوانەی بە ڕوودا ڕادەكێشرێن بێباوەڕانی ئەهلی ئاگرن.
بزانە هەر كردەوەیەك كە لە دنیادا ئەنجام دەدرێت ڕەنگدانەوە و بەرجەستكردنێكی دەبێت لە ڕۆژی دواییدا. ئەو كردەوانەی كە بێباوەڕان لەكاتی ئەنجامدانیدا سەیری خوای گەورەیان نەكردووە، بەڵكو لەبەر مەبەستی نزمی دنیایی ئەنجامیان داون.. بەم شێوەیە خۆیان دەنوێنن بۆیان كە لەسەر ڕوو دەڕۆن.
دەوترێت: “گەلەكە بەسەر ڕوخساریاندا تێپەڕین” واتە بە پەلە تێپەڕین، بەگوێرەی ئەم مانایە ئەم ڕستەیە واتە ئێمە كۆیان دەكەینەوە لەكاتێكدا بەپەلە دەڕۆن. وە ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە: ﴿مُهۡطِعِينَ مُقۡنِعِي رُءُوسِهِمۡ﴾ (إبراهيم: 44) پشتگیری ئەم مانایە دەكات. مەبەست ئەوەیە كە ئەوان لە ترس و شڵەژانێكی گەورەدا دەبن.
لە ماناكانی (الوجه) ڕوو بریتیە لە: “هەر شتێك كە مرۆڤ ڕووی تێبكات لە كردەوە و شتی تر؛ مەبەست و نیاز.” بەگوێرەی ئەم مانایە ئەم ڕستەیە واتە ئێمە بەپێی نیەت و مەبەستەكانیان كۆیان دەكەینەوە. ئەگەر لە دنیادا مەبەستیان دژایەتیكردنی كۆمەڵی خوایی بووبێت، ئەوا لە ڕۆژی دواییشدا لەگەڵ دوژمنانی خوادا دەبن، دووردەخرێنەوە لە خوا (سبحانه وتعالى). وەك ئەوەی خوای گەورە لێرەدا ڕایبگەیەنێت هەر كەسێك بەپێی نیەتەكەی پاداشتی دەدرێتەوە.
لەبەرئەوەی بێباوەڕان هیچ حەز و ئامانجێكیان نیە لە ڕۆژی دواییدا، بۆیە خوا پێی ڕاگەیاندوون كە ئەوان لەوێدا بە كوێری و لاڵی و كەڕی كۆدەكرێنەوە.
فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿كُلَّمَا خَبَتۡ زِدۡنَٰهُمۡ سَعِيرٗا﴾ مانای ئەوە ناگەیەنێت كە ئەو ئاگرە دەكوژێتەوە و دواتر جارێكی تر هەڵدەگیرسێتەوە، بەڵكو مانایەكی تری هەیە. چونكە ئەگەر مەینەتی درێژە بكێشێت لەسەر مرۆڤ ئەوا وەهای لێ دێت هەست بە توندی و ناڕەحەتیەكەی ناكات. بۆیە خوای گەورە دەفەرموێت: كاتێك هەستیان لاواز دەبێت بۆ ئازاری سزاكە، ئێمە جارێكی تر هەستكردنیان بە ئازار بەهێز دەكەینەوە. لە شوێنێكی تردا جەختی كردووەتەوە لەم مانایە و دەفەرموێت: ﴿كُلَّمَا نَضِجَتۡ جُلُودُهُم بَدَّلۡنَٰهُمۡ جُلُودًا غَيۡرَهَا لِيَذُوقُواْ ٱلۡعَذَابَۗ﴾ (النساء: 57). كەواتە خاوبوونەوە و دامركانەوەی ئاگرەكە ئاماژەیە بۆ لاوازبوونی هەستی بێباوەڕان بە سزا، نەك مانای كوژانەوەی ئاگرەكە یان زیادكردنی. وەك دەڵێن: ڕووبارەكە دەڕوات، لەكاتێكدا ئەوەی دەڕوات ئاوەكەیە، نەك ڕووبارەكە.
ذَٰلِكَ جَزَآؤُهُم بِأَنَّهُمۡ كَفَرُواْ بَِٔايَٰتِنَا وَقَالُوٓاْ أَءِذَا كُنَّا عِظَٰمٗا وَرُفَٰتًا أَءِنَّا لَمَبۡعُوثُونَ خَلۡقٗا جَدِيدًا 99
تەفسیر: خوای گەورە دەفەرموێت: ئەشكەنجە دەدرێن بەهۆی ئەوەی كە وەحی خوای گەورەیان ڕەتكردووەتەوە، وە ئەم ڕەتكردنەوەیەش تەنها لەبەر ئەوەیە كە باوەڕیان بە ژیان نیە لەدوای مردن.
قورئانی پیرۆز زۆر جەختی لەسەر ئەم مانایە كردووەتەوە و فەرموویەتی هۆكاری ڕاستەقینەی ڕەتكردنەوەی ئایین یان گاڵتەپێكردنی بریتیە لە نكوڵیكردن لە ژیانی دوای مردن. وە ئەمە وانەیەكی گرنگە بۆ ئامۆژگاریكاران و مامۆستایان و ڕابەران و پەروەردەكاران. پێویستە لەسەریان بەڵگەكانی زیندووبوونەوەی دوای مردن لە مێشكی مناڵاندا بچەسپێنن لە سەرەتای تەمەنیانەوە، ئەگینا هەرگیز بەشێوەیەكی باش پەروەردە ناكرێن. پێویستە بزانرێت ئەم ئایەتانە پیادە دەبن بەسەر جوولەكەیشدا، چونكە زۆربەیان باوەڕیان بە زیندووبوونەوەی دوای مردن نەبوو.
أَوَ لَمۡ يَرَوۡاْ أَنَّ ٱللَّهَ ٱلَّذِي خَلَقَ ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلۡأَرۡضَ قَادِرٌ عَلَىٰٓ أَن يَخۡلُقَ مِثۡلَهُمۡ وَجَعَلَ لَهُمۡ أَجَلٗا لَّا رَيۡبَ فِيهِ فَأَبَى ٱلظَّٰلِمُونَ إِلَّا كُفُورٗا 100
تەفسیر: خوا وەڵامی پرسیارەكەی ئەوانی بەوە نەدایەوە بفەرموێت: بەڵێ، ئێمە دەتوانین جارێكی تر دروستتان بكەینەوە. چونكە ئەم جۆرە وەڵامە بانگەشەیەكی بێسوود دەبوو، بەڵكو پرسیارێكی ئاڕاستەكردن: ئایا ئێوە بە یەقینی باوەڕتان بەوە هەیە كە ئێمە دەتوانین لەناوتان ببەین و دەسەڵات و حوكمڕانیتان لێ وەربگرین و بیدەین بە كەسانێكی تر؟ پاشان خوا (سبحانه وتعالى) خۆی وەڵامی پرسیارەكەی دایەوە و فەرمووی: بێباوەڕەكان هەرگیز بە یەقینی باوەڕ بەوە ناكەن، بەڵكو بەتوندی ڕەتیدەكەنەوە، بەڵام ئێمە پێیان دەڵێین: ئەی دوژمنانی ئیسلام، قورئانی پیرۆز كە هەواڵی ئەوەتان پێدەدات ئێوە دوای مردن زیندوودەكرێنەوە، هۆشداری ئەوەشتان پێدەدات كە خوای گەورە دەسەڵاتتان لێ وەردەگرێت و دەیدات بە موسوڵمانان؛ ئەگەر هەواڵی دووەم هاتەدی و خوا دەسەڵات و حوكمڕانی ئێوەی نەهێڵا؛ ئەوا دڵنیابن لەوەی هەواڵی یەكەمیش.. واتە هەواڵی زیندووبوونەوەی دوای مردنیش.. بێگومان دێتەدی، چونكە هەردوو هەواڵەكە لەلایەن خوای گەورەوەیە كە غەیب دەزانێت و خاوەن هێز و توانایە.
چەند بەجوانی ئەو هەواڵەی دەربارەی حوكمڕانی موسوڵمانان بوو هاتەدی! بەجۆرێك نە دوورگەی عەرەبی توانی بەرگەی هێرشی موسوڵمانان بگرێت نە حكومەتەكانی فارس و ڕۆم و میسڕ، بەڵكو یەك لەدوای یەك لە ماوەی چەند ساڵێكدا ملكەچیان بوون؛ وە ئەو كەسانەی كە لە هەژاری و نەبوونیدا وەك كرێكاری زەحمەتكێش ژیانیان بەسەر دەبرد، بوون بە پاشا و فەرمانڕەوای جیهان. ئایا ئەو زاتەی كە ئەم حەشرەی هێنایەدی، توانای ئەوەی نیە حەشرەكەی تریش بهێنێتەدی؟ ئایا ئەوانەی كە زیندووبوونەوەی دوای مردنیان بە مەحاڵ دەزانی، سەریان سوڕنەمابوو لە هەواڵی حوكمڕانی موسوڵمانانیش؟
قُل لَّوۡ أَنتُمۡ تَمۡلِكُونَ خَزَآئِنَ رَحۡمَةِ رَبِّيٓ إِذٗا لَّأَمۡسَكۡتُمۡ خَشۡيَةَ ٱلۡإِنفَاقِ ۚ وَكَانَ ٱلۡإِنسَٰنُ قَتُورٗا 101
شیكردنەوەی وشەكان:
(أمسكتم): أمسك الشيء بیده: بەدەستی شتەكەی گرت. أمسك المتاع علی نفسه: دەستی گرت بەسەر كەلوپەلەكەدا. أمسك عن الأمر: دەستی لە كارەكە هەڵگرت و خۆی لێ دوورخستەوە (الأقرب).
(قَتورًا): قتر علی عیاله: زیاد لە پێویست خەرجی كەمكردەوە لە خێزانەكەی. قتر الشيء: بەشێكی خستەسەر بەشێكی تر. القتور وەكو وشەی “صبور” وایە بە مانای كەسێك دێت كە زیاد لە پێویست خەرجی خێزانەكەی كەم دەكاتەوە، ڕژد و چرووك (الأقرب).
(الإنفاق): أنفق الرجل: پیاوەكە هەژار كەوت و زەخیرەكەی تەواو بوو. أنفق ماله: پارە و سامانەكەی خەرج كرد و تەواوی كرد (الأقرب).
تەفسیر: لێرەدا جارێكی تر باسی ڕۆح كرایەوە، بەجۆرێك خوای گەورە ڕایگەیاندووە جیاوازی نێوان ئەو كەسەی وەحی خوایی وەردەگرێت لەگەڵ ئەو كەسانەی كە پێیان دەوترێت “ڕۆحانیەكان”، ئەوەیە ئەو كەسانەی وەحی خواییان پێدەگات گەنجینە ئاسمانیەكان بەبێ ژماردن دابەش دەكەن، چونكە خوای گەورە فەرمان بە هەر یەكێكیان دەكات كە “ڕابگەیەنە، ڕابگەیەنە”؛ بەڵام “ڕۆحانیەكان” بە نهێنی و ناڕوونی دەژین و بە هێما دەدوێن، وە قوتابیەكانیان سوێند دەدەن كە ئەم نهێنیانە بۆ هیچ كەسێك ئاشكرا نەكەن؛ ئیتر چۆن دەكرێت ئەم جۆرە كەسانە ببنە ڕێنیشاندەر و پێشەوای جیهان؟
لەم ڕۆژگارەدا ئەم نەخۆشیە لەناو سۆفیەكانیشدا بڵاوبووەتەوە. جارێك لەسەر “زیكری خوای گەورە” وتارێكم پێشكەش كرد و تێیدا زۆرێك لە شێوازەكانی زیكر و سوودەكانیم ڕوونكردەوە. یەكێك لە ئامادەبووان -لە كاتێكدا وتارم دەدا- كاغەزێكی بۆ ناردم كە تێیدا نووسیبووی: ئەمە چیە تۆ دەیكەیت! سۆفیەكان تەنانەت یەك دانە لەم زانیاریە خواییانە نادەن بە مورید هەتا چەند ساڵێك خزمەتیان نەكات. تۆ چۆن ئەم هەموو نهێنییە لە یەك دانیشتندا ئاشكرا دەكەیت!
لەڕاستیدا هیچ نهێنیەك لە ئاییندا نیە. خوای گەورە دەیەوێت هەموو بەندەكانی بەرزترین پلەكانی نزیكبوونەوە لێی بەدەستبهێنن. پێویستی بەوە نیە بەربەست بخاتە بەردەم پێشكەوتنیان، چونكە خوای گەورە بێسنوورە، وە پلەكانی گەیشتن پێی ئەوانیش بێسنوورن، بۆیە لە پێدانی زانستی خۆیدا ڕژدی ناكات لە ترسی ئەوەی كە ڕۆژێك لە ڕۆژان تەواو بێت و ئیتر شتێكی پێ نەمێنێت بیخاتەڕوو بۆ فێركردنی بەندەكان، بەمەش خۆی و بەندەكانی وەكو یەكیان لێ بێت! بەڵام “ڕۆحانیەكان” زانستەكەیان سنووردارە، وە زۆربەیشی پووچ و هەڵەیە، ئەگەر هەموو نهێنیەكانیان ئاشكرا بكەن، ئەوا هیچ كەسێك لەلایان نامێنێتەوە. لە ڕاستیدا هەموو ڕۆژێك دەبینین هەر یەكێك لەم سۆفیە ساختەكارانە ئەگەر جێنشینێك بۆ خۆی هەڵبژێرێت ئەوا دەستبەجێ بەجێیدەهێڵێت، تا ڕێبازێكی تایبەت بە خۆی بگرێتەبەر و بەسەربەخۆیی ئەو كارانە ئەنجام بدات كە مامۆستاكەی ئەنجامیان دەدات. بەڵام هیچ كام لە قوتابیەكانی ئەو كەسانەی گەیشتوون بە خوا وازیان لێناهێنن و دەستیان لێ بەرنادەن، چونكە بە باشی دەزانێت ئەو زانستەی كە ئەم كەسە لەلایەن خوای گەورەوە پێی دەگات هەرگیز تەواو نابێت، وە ئەگەر لە مامۆستاكەی جیاببێتەوە ئەوا پێشكەوتنە زانستیەكەی ڕادەوەستێت. كەواتە ئەگەر بینیمان ڕۆحانیەكان هیچ ناوێك یان نەخشێك ئاشكرا ناكەن بۆ موریدەكانیان مەگەر دوای ئەوەی، بۆ نموونە، بۆ ماوەی دە ساڵ خزمەتیان بكەن.. ئەوا هۆكارەكەی تەنها ئەوەیە كە كەمێك لە زانستیان پێدراوە و دەترسن زوو تەواوبێت. بەڵام ئەو زانیاریانەی كە خوای گەورە دەیدات بە كەسێك لە ڕاستیدا تەواو نابن، چونكە خوای گەورە زیاتری پێدەدات هەركاتێك نزیك بێتەوە لە تەواو بوون. بۆیە هەرگیز ناكرێت ئەم زانستانە كە بە ڕاهێنانی جۆراوجۆر بەدەستهاتوون جێگەی وەحی خوایی بگرنەوە.
وَلَقَدۡ ءَاتَيۡنَا مُوسَىٰ تِسۡعَ ءَايَٰتِۢ بَيِّنَٰتٖ ۖ فَسَۡٔلۡ بَنِيٓ إِسۡرَٰٓءِيلَ إِذۡ جَآءَهُمۡ فَقَالَ لَهُۥ فِرۡعَوۡنُ إِنِّي لَأَظُنُّكَ يَٰمُوسَىٰ مَسۡحُورٗا 102
شیكردنەوەی وشەكان:
(مسحورًا): سحره: جادووی لێ كرد و فریوی دا. سحره عن الأمر: لە كارەكە دووریخستەوە. سحره بكلامه وألحاظه: بە قسەكانی سەرنجی ڕاكێشا و عەقڵی برد (الأقرب).
تەفسیر: درێژەی ئەم نۆ ئایەتە لە چەندین شوێنی تر لە قورئاندا هاتووە بەم شێوەیە:
1- گۆچانەكە، لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا: ﴿فَأَلۡقَىٰ عَصَاهُ فَإِذَا هِيَ ثُعۡبَانٞ مُّبِينٞ﴾ (الأعراف: 108).
2- دەستی سپی، لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا: ﴿وَنَزَعَ يَدَهُۥ فَإِذَا هِيَ بَيۡضَآءُ لِلنَّٰظِرِينَ﴾ (الأعراف: 109).
3- قاتوقڕی، لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا: ﴿وَلَقَدۡ أَخَذۡنَآ ءَالَ فِرۡعَوۡنَ بِٱلسِّنِينَ﴾ (الأعراف: 131).
4- مردنی نۆبەرەی مناڵ، لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا: ﴿وَنَقۡصٖ مِّنَ ٱلثَّمَرَٰتِ لَعَلَّهُمۡ يَذَّكَّرُونَ﴾ (الأعراف: 131)، چونكە ﴿ٱلثَّمَرَٰتِ﴾ لێرەدا بە مانای بەرهەمی دڵ و جەرگیش دێت كە مناڵە.
5 تا 9- لافاو، كوللـە، ئەسپێ، بۆق و خوێن. هەموو ئەم جۆرە سزایانە لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا هاتووە: ﴿فَأَرۡسَلۡنَا عَلَيۡهِمُ ٱلطُّوفَانَ وَٱلۡجَرَادَ وَٱلۡقُمَّلَ وَٱلضَّفَادِعَ وَٱلدَّمَ ءَايَٰتٖ مُّفَصَّلَٰتٖ﴾ (الأعراف: 134).
پێویستە بزانرێت لێرەدا مەبەست لە خوێن ئەو نەخۆشیانەیە كە تێیاندا خوێنی مرۆڤ ژەهراوی دەبێت یان دەڕوات وەك خوێنبەربوونی لووت و زیپكە و دوومەڵ كە خوێنی زۆریان لێ دەڕوات.
لە تەوراتدا وردەكاریەكی سەیر لەسەر ئەم نۆ ئایەتە هاتووە كە پێویستمان پێی نیە بیزانین و باوەڕی پێبكەین. لای ئێمە گرنگ ئەوەیە خوای گەورە نۆ نیشانەی دا بە مووسا (عليه السلام) كە لە كاتە جیاوازەكاندا دەركەوتن، وەك لەم وشەیەوە ﴿مُّفَصَّلَٰتٖ﴾ دەردەكەوێت.
بە باسكردنی گەورەمان مووسا و نیشانەكانی لێرەدا، خوا جوولەكەی ئاگاداركردووەتەوە كە ئایەتەكانی خۆی نیشان دەدات پێیان، هەروەك پیشانی فیرعەونی دابوو، بەڵام هەروەك چۆن فیرعەون سوودمەند نەبوو لێیان ئەوانیش سوودمەند نابن لێیان، وە لە كۆتاییدا بەشێوەیەكی ڕۆحی نوقم دەبن و دەخنكێن.
پێم وایە ئەم ئایەتە ئاماژەشە بەوەی كە سزا یان نیشانەكان لەو نۆ جۆرەی كە باسكراون تووشی جوولەكەكانی سەردەمی پێغەمبەر (ﷺ) دەبێت، بەڵام دەرفەتێكی وام بۆ نەڕەخساوە لەم ڕووەوە مێژوو بپشكنم.
قَالَ لَقَدۡ عَلِمۡتَ مَآ أَنزَلَ هَٰٓؤُلَآءِ إِلَّا رَبُّ ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلۡأَرۡضِ بَصَآئِرَ وَإِنِّي لَأَظُنُّكَ يَٰفِرۡعَوۡنُ مَثۡبُورٗا 103
شیكردنەوەی وشەكان:
بصائر: كۆی وشەی “بصیرة”یە، كە بریتیە لە: عەقڵ؛ ژیری؛ ئەوەی كە بەڵگەی پێ دەهێنرێتەوە؛ حوججە؛ پەند؛ شایەت (الأقرب).
مثبورًا: “ثـبَرَه”: واتە بێهیوای كرد، نەفرەتی لێكرد، دەریكرد. “ثـبَرَه عَن الأمر”: واتە ڕێگری كرد لێی و دووریخستەوە لێی. “ثـبَر اللهُ زَیدًا”: واتە خوا بەشێوەیەكی هەمیشەیی زەید لەناوببات و ئیتر هەڵنەسێتەوە (الأقرب).
تەفسیر: مووسا (عليه السلام) بە فیرعەونی گوت: ئەی فیرعەون، تۆ لە ناخی دڵتەوە دەزانی كە پەروەردگاری ئاسمانەكان و زەوی ئەو كەسەیە كە ئەم ئایەتانەی بۆ بەرچاوڕوونی خەڵكی دابەزاندووە، وە من دڵنیام كە بێگومان تۆ لەناودەچیت.
یان بەفەرمایشتی ﴿وَإِنِّي لَأَظُنُّكَ يَٰفِرۡعَوۡنُ مَثۡبُورٗا﴾ مەبەستی ئەوەبوو كە تۆ من بە (مسحورا) ناودەبەیت تاوەكو ناوبانگم بشێوێنیت و لاوازم بكەیت، بەڵام خوای گەورە ناهێڵێت بە مەبەستەكەت بگەیت، بەڵكو بە بێهیوای و زەرەرمەندی دەتباتەوە، چونكە یەكێك لە ماناكانی “ثبور” بریتیە لە بێهیوایی.
مەبەست لەمە ئاگاداركردنەوەی جوولەكەیە لەو چارەنووسەی كە چاوەڕێیان دەكات، بەجۆرێك خوای گەورە پێیان دەفەرموێت: ئێوە نیشانە لەدوای نیشانە دەبینن، كەچی پێغەمبەرەكەمان بە فێڵباز و درۆزن ناودەبەن، فیرعەونیش پێش ئێوە كارێكی لەم جۆرەی بەرامبەر مووسا كرد. بەڵام ئایا دەزانن چارەنووسی ئەو چۆن بوو؟
فَأَرَادَ أَن يَسۡتَفِزَّهُم مِّنَ ٱلۡأَرۡضِ فَأَغۡرَقۡنَٰهُ وَمَن مَّعَهُۥ جَمِيعٗا 104
تەفسیر: واتە فیرعەون ویستی بە زەلیلی و ڕسوایی لە خاكەكە دەریان بكات، بەڵام خۆی نوقم بوو.
ئەهلی كتێبیش لەگەڵ بێباوەڕاندا پیلانیان گێڕا دژی پێغەمبەری خوا (ﷺ) و وایان لێكرد دەربچێت بۆ جەنگكردن دژی سوپای قەیسەر، بەڵام خوای گەورە بە فەزڵی خۆی پیلانەكەی ئەوانی پووچەڵ كردەوە، بەجۆرێك پێغەمبەری خوا (ﷺ) لە تەبووكەوە بە سەلامەتی و سەربەرزانە گەڕایەوە (تاریخ الخمیس، بەشی دووەم، غەزای تەبووك).
وَقُلۡنَا مِنۢ بَعۡدِهِۦ لِبَنِيٓ إِسۡرَٰٓءِيلَ ٱسۡكُنُواْ ٱلۡأَرۡضَ فَإِذَا جَآءَ وَعۡدُ ٱلۡأٓخِرَةِ جِئۡنَا بِكُمۡ لَفِيفٗا 105
شیكردنەوەی وشەكان:
لَفیفًا: “لَفَّه”: واتە كۆیكردەوە و خستیەپاڵ یەك. “لَفَّ الشَّیءَ بالشیء”: واتە خستیەپاڵ یەك و بەیەكیەوە لكاندن. “لَفَّ الكَتِیبتَین”: واتە لە جەنگدا هەردوو كەتیبەكەی تێكەڵ كرد. “اللَفیف”: واتە كۆمەڵكراو؛ ئەو خەڵكانەی لە هۆزە جیاوازەكانەوە كۆكراونەتەوە (الأقرب).
تەفسیر: بزانە كە “﴿ٱلۡأَرۡضَ﴾، زەوی” لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا: ﴿ٱسۡكُنُواْ ٱلۡأَرۡضَ﴾ مەبەست پێی وڵاتی میسڕ نیە، چونكە بەنی ئیسڕائیل دوای ئەوە لە میسر نیشتەجێ نەبوون، بەڵكو مەبەست پێی ئەو خاكەیە كە لە زەینی ئەواندا ناسراوە… واتە وڵاتی كەنعان كە بەڵێنیان پێدرابوو.
پێغەمبەری خوا (ﷺ) لەم لایەنەیشەوە فەزڵی هەیە بەسەر مووسادا (عليه السلام)، چونكە ئەو زەویەی مووسا دەستیكەوت خودی موڵكی میسڕ نەبوو بەڵكو زەویەكی جێگرەوە بوو، بەڵام پێغەمبەری خوا (ﷺ) ئەو زەویەی دەستكەوت كە نیشتمانی خۆی بوو، سەرباری وڵاتی دوژمنانیش.
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿فَإِذَا جَآءَ وَعۡدُ ٱلۡأٓخِرَةِ جِئۡنَا بِكُمۡ لَفِيفٗا﴾ واتە ئێستا بڕۆن بۆ كەنعان، بەڵام دوای ماوەیەك ناچاردەبن لێی بچنە دەرەوە، پاشان خوا (سبحانه وتعالى) جارێكی تر دەتانگەڕێنێتەوە بۆ ئەوێ، بەڵام ئێوە جارێكی تر سەرپێچی خوا دەكەن و جارێكی تر سزاتان دەدات، وە لەو كاتەدا لە تاراوگەدا دەمێننەوە تا ئەو كاتەی هەواڵی وێرانكاریی دووەمی ئوممەتەكە [واتە ئوممەتی موحەممەدی (وەرگێڕ)] دێت، كە كراوە بە هاوشێوەی ئوممەتی جوولەكە، وە لەو كاتەدا لە هەموو وڵاتانەوە بەرەو زەویە پیرۆزەكە كۆدەكرێنەوە.
ئەم ئایەتە جەخت لەوە دەكاتەوە، هەروەك لە سەرەتای ئەم سوورەتەدا هەواڵی دوو وێرانكاری هاتووە كە تووشی نەوەی ئیسڕائیل دەبن، هەروەها هەواڵێكی هاوشێوە هەیە كە پەیوەندی بە ئوممەتی موسوڵمانەوە هەیە، كە كراوە بە هاوشێوەی ئوممەتی ئیسڕائیلی، هەروەك پێغەمبەری خوایش (ﷺ) كراوە بە هاوشێوەی مووسا (المزمل: 16). بەڵگەی ئەمەش ئەوەیە كە ئەم سوورەتە لەسەرەتادا باسی دوو بەڵێن دەكات كە دراون بە نەوەی ئیسڕائیل، وە هەردووكیان دەربارەی سزا بوون، یەكەمیان لەسەر دەستی پاشای بابلی نەبوخوزنەسر هاتەدی، وە دووەمیشیان لەسەر دەستی پاشای ڕۆمانی تیتۆس هاتەدی. (بڕوانە تەفسیری سەرەتای ئەم سوورەتە). لەم دوو بەڵێنەدا باسی كۆكردنەوەی ئیسڕائیلیەكان نەكراوە بۆ جارێكی تر، بەڵكو باسی دەركردنیان كراوە، بەڵام ئەم ئایەتە هەواڵ دەدات كە لەكاتی هاتنەدی ئەو بەڵێنەی تردا، جارێكی تر دەیانهێننەوە بۆ زەویە پیرۆزەكە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە ئەو بەڵێنەی تر جیاوازە لەو بەڵێنەی پێشووتر كە ناوی “وَعْدُ الْآخِرَة”یە، وە ئەویش لەگەڵیدا بەڵێنێكی تر هەیە كە بریتیە لە بەڵێنی یەكەم. ئەگەر بەوردی لە قورئانی پیرۆز بڕوانین، تەنها بەم شێوەیە ئەم دوو بەڵێنە دەبینین: گەورەمان پێغەمبەری خوا (ﷺ) هاوشێوەی مووسایە (عليه السلام)، و سوورەتی الفاتحة هەواڵێكی تێدایە كە دەستەیەك لە ئوممەتی موسوڵمان شوێن سوننەتی ئەهلی كتێب دەكەون. بە گرێدانی ئەم دوو بابەتە بەیەكەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە دوو بەڵێنیش هەیە بۆ دوو جار سزادانی موسوڵمانان هەروەك چۆن دوو بەڵێن هەبوو بۆ دوو جار سزادانی نەوەی ئیسڕائیل، وە ئەو بەڵێنەی لە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَعۡدُ ٱلۡأٓخِرَةِ﴾دا هاتووە، مەبەست لێی سزای دووەمی موسوڵمانانە، بەجۆرێك خوای گەورە ڕایگەیاندووە بە جوولەكە كاتێك وادەی سزای دووەمی موسوڵمانان دێت و زەویە پیرۆزەكە بۆ ماوەیەك لە دەستیان دەردەچێت، ئەو كاتە خوا جارێكی تر دەتانهێنێتەوە بۆ ئەم وڵاتە.
بێگومان ئەمە ڕوویدا. هەروەك چۆن زەویە پیرۆزەكە لە سەردەمی نەبوخوزنەسردا بۆ یەكەم جار لە دەستی جوولەكەكان دەرچوو، هەروەها لەكاتی جەنگە خاچپەرستیەكاندا لە دەستی موسوڵمانانیش دەرچوو (بگەڕێوە بۆ تاریخ القدس لعارف باشا، باب: القدس وحملات الصلیبیین). هەروەك چۆن جوولەكەكان دوای سیانزە سەدە لە سەردەمی مووساوە (عليه السلام) لە زەویە پیرۆزەكە دەركران.. واتە دوای ڕووداوی هەڵواسینی مەسیح (عليه السلام) لەسەر خاچەكە، كە لای خەڵكی ئەو وڵاتە بە مردوو دەركەوت، بە هەمان شێوە -دوای تێپەڕینی هەمان ماوە بەسەر وەفاتی پێغەمبەردا (ﷺ)- لەم سەردەمەدا جارێكی تر كۆتایی بە حوكمی موسوڵمانان هێنرا لە زەویە پیرۆزەكە. وە بەگوێرەی هەواڵی قورئانی پیرۆز، وێرانكاریی دووەمی موسوڵمانان بووە هۆی ئەوەی جارێكی تر جوولەكەكان بگەڕێنەوە بۆ زەویە پیرۆزەكە.
لە “فتح البیان”دا لە تەفسیری ئەم ئایەتەدا هاتووە: “گوتراوە: مەبەست لە ﴿وَعۡدُ ٱلۡأٓخِرَةِ﴾ دابەزینی عیسایە لە ئاسمانەوە”. (فتح البیان، والقرطبي). ئەم قسەیە پشتگیری بۆچوونی من دەكات.
وَبِٱلۡحَقِّ أَنزَلۡنَٰهُ وَبِٱلۡحَقِّ نَزَلَ ۗ وَمَآ أَرۡسَلۡنَٰكَ إِلَّا مُبَشِّرٗا وَنَذِيرٗا 106
تەفسیر: كاتێك ئەو هەواڵەی كە پەیوەندی بە گەلی مووساوە (عليه السلام) هەبوو، هەواڵێكیشی لەخۆگرتبوو كە بریتیە لەوەی ئوممەتی پێغەمبەریش (ﷺ) دوو جار تووشی كات و سەردەمێكی سەخت دەبن، بۆیە ئەم ئایەتە هات بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەم مانایە و جەختكردنەوە لەوەی كە ئەم هەواڵە بەدڵنیاییەوە دێتەدی.
پێویستە بزانرێت ئەم ئایەتە بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ قسەی ئەو كەسانە پووچەڵ دەكاتەوە كە گوتوویانە شەیتان دەستوەردانی دەكرد لەو وەحیەی خوای گەورەدا كە بۆ پێغەمبەر (ﷺ) دابەزیوە. چونكە خوای گەورە لێرەدا ڕایدەگەیەنێت ئێمە قورئانمان بە حەق و ڕاستی دابەزاندووە، هەروەها بە حەق و ڕاستیش بۆ موحەممەد دابەزیوە؛ مادام قورئان بە حەق و ڕاستی گەیشتبێت بە پێغەمبەر (ﷺ)، كەواتە هیچ جێگایەك بۆ دەستوەردانی شەیتان نامێنێتەوە تێیدا.
خوای گەورە لە بڕگەی كۆتاییدا دەفەرموێت: ئێمە تۆیشمان وەك مووسا بە مژدەدەر و ئاگاداركەرەوە ناردووە، بۆیە هەروەك چۆن گەلەكەی ئەو گەشە و سەركەوتنیان بەدەستهێنا، گەلەكەی تۆش گەشە و سەركەوتن بەدەستدەهێنن، وە هەروەك چۆن دوژمنەكانی ئەو لەناوچوون، دوژمنەكانی تۆیش لەناودەچن.
وَقُرۡءَانٗا فَرَقۡنَٰهُ لِتَقۡرَأَهُۥ عَلَى ٱلنَّاسِ عَلَىٰ مُكۡثٖ وَنَزَّلۡنَٰهُ تَنزِيلٗا 107
شیكردنەوەی وشەكان:
فَرَقْنَاهُ: فرق بینهما: جیایكردنەوە لە یەكتری. فرق له عن الشيء: واتە بۆی ڕوونكردەوە (الأقرب). وە فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿وَقُرۡءَانٗا فَرَقۡنَٰهُ﴾ واتە ئێمە بە تێروتەسەلی حوكمەكانمان تێیدا ڕوونكردووەتەوە. هەروەها وتراوە: ﴿فَرَقۡنَٰهُ﴾ واتە بەجیا جیا دامانبەزاندووە (المفردات).
مُكْث: مَكَثَ یَمْكُثُ مُكْثًا: واتە مانەوە؛ جێگیر بوون (الأقرب). المُكْث: واتە مانەوە لەگەڵ چاوەڕوانی (الأقرب).
تەفسیر: فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَقُرۡءَانٗا فَرَقۡنَٰهُ﴾ واتە: ئێمە بەش بەش قورئانمان دابەزاندووە. ئەمەش لەبەرئەوەی چەندین ئایەت لە كۆمەڵێك سوورەتی جۆراوجۆری قورئان لە یەك كاتدا دادەبەزین، هەروەها هەندێ سوورەت كە پێشتر دابەزیبوون دوای ئەو سوورەتانە دەنووسرانەوە كە دواتر دابەزیبوون، وە بە پێچەوانەوە؛ وە ڕەخنەگرتن لە دابەزین و نووسینەوەی قورئانی پیرۆز بەم شێوازە شتێكی چاوەڕوانكراو بوو، بۆیە خوای گەورە بەم فەرمایشتەی خۆی ﴿لِتَقۡرَأَهُۥ عَلَى ٱلنَّاسِ عَلَىٰ مُكۡثٖ﴾ ئەم ڕەخنەیەی پووچەڵ كردەوە، واتە ئێمە بەم شێوەیە دامانبەزاندووە بۆ ئەوەی كاتێك دەیخوێنیتەوە تووشی دڵەڕاوكێ و شپرزەیی نەبیت.
لەڕاستیدا ئەمە وەڵامێكی زۆر بەهێزە! چونكە گوتاری پێغەمبەر (ﷺ) ڕووی دوو جۆر خەڵك بوو: جۆری یەكەم ئەو كەسانەن كە گوتارێكی كاتی ئاڕاستەیان كرابوو، ئەوانیش بێباوەڕەكان بوون لە سەردەمی پێغەمبەردا (ﷺ)؛ وە جۆری دووەم ئەوانەن كە گوتارەكە بەشێوەیەكی بەردەوام ئاڕاستەیان كرابوو، ئەوانیش بریتی بوون لە باوەڕداران و ئەوانەی لە داهاتوودا دێن. وە ئەو بابەتانەی كە سیفەتی بەردەوامییان هەبوو ڕیزبەندیەكیان دەخواست بۆ قورئانی پیرۆز جیاواز بێت لەو ڕیزبەندیەی كە پێویستیە كاتیەكان دەیانخواست، ئەمەش چونكە ئەو سوورەتانەی كە شایەنی ئەوە بوون بەهۆی پێویستیە بەردەوامەكانەوە دابەزینیان دوابخرێت، پێویستیە هەنووكەییەكان -لەهەمان كاتدا- دەستبەجێ داوای دابەزینی ئەو سوورەتانەیان دەكرد؛ هەروەها هەندێ جار بارودۆخ ئەوەی دەخواست كە ناوەڕۆكێكی دیاریكراوی یەك سوورەت پێش ناوەڕۆكەكانی تری باس بكرێت. ئەگەر پێویستیە كاتیەكان ڕەچاونەكرانایە، ئەوا موسوڵمانان بۆ چەندین ساڵ نەیاندەتوانی وەڵامی تانەوتەشەری بێباوەڕان بدەنەوە، هەروەها ئەگەر ڕەچاوی ئەو بابەتانە نەكرایە كە سیفەتی هەمیشەییان هەیە، ئەوا قورئان لە داهاتوودا سوودی نەدەبوو.
كەواتە خوای گەورە لێرەدا ڕوونی دەكاتەوە كە بەگوێرەی پێویستیە كاتیەكان قورئانی بە بەش بەش دابەزاندووە، وە هەندێ جار دابەزینی ئەو ئایەتانەی پێشخستووە كە لەڕووی تۆماركردنەوە دواخراون، هەروەها پێچەوانەكەیشی كردووە؛ پاشان فەرمانی كردووە بە ڕیزبەندیەكی تر تۆمار بكرێت و بنووسرێتەوە، بۆ پڕكردنەوەی ئەو پێویستیانەی كە سیفەتی بەردەوامییان هەیە. خوای گەورە لە شوێنێكی تریشدا ئاماژەی بەوە داوە و فەرموویەتی: ﴿إِنَّ عَلَيۡنَا جَمۡعَهُۥ وَقُرۡءَانَهُۥ﴾ (القیامة: 18) واتە: هێشتا قورئان بەشێوەیەكی كۆتایی ڕیزبەندی بۆ نەكراوە، بەڵكو دوای تەواوبوونی دابەزینی ئەم بەشە جیاجیایانەی وەحی ئێمە بەشێوەیەكی كۆتایی ڕێكیدەخەینەوە، بۆ ئەوەی لەو كاتەدا بەپێی ئەو ڕیزبەندیە بخوێنرێتەوە.
هەڵبەت خوای گەورە بەم ئایەتە وەڵامی ئەو كەسەی دایەوە كە ڕەخنەی دەگرت و دەیگوت: چۆن دەكرێت سوورەتی “الإسراء” وەڵامی كۆمەڵێك بابەتی تێدا بێت كە پەیوەندیان بەو سوورەتانەوە هەیە دوای سوورەتی “الإسراء” دابەزیون؟
قُلۡ ءَامِنُواْ بِهِۦٓ أَوۡ لَا تُؤۡمِنُوٓاْ ۚ إِنَّ ٱلَّذِينَ أُوتُواْ ٱلۡعِلۡمَ مِن قَبۡلِهِۦٓ إِذَا يُتۡلَىٰ عَلَيۡهِمۡ يَخِرُّونَۤ لِلۡأَذۡقَانِۤ سُجَّدٗاۤ 108
شیكردنەوەی وشەكان:
الأذقان: بریتیە لە كۆی وشەی (الذَّقَن) واتە چەناگە، كە بریتیە لە شوێنی كۆبوونەوەی هەردوو ئێسكی خوارەوەی ڕوومەت لەژێرەوە. وە لە پەندیشدا هاتووە: “مُثْقَلٌ استعانَ بذَقَنِه”، ئەمە بۆ ئەو كەسە بەكاردێت كە یارمەتی لە كەسێكی زۆر لاوازتر لەخۆی دەخوازێت (الأقرب). فەرموودەی خوای گەورە ﴿يَخِرُّونَۤ لِلۡأَذۡقَانِۤ﴾ ئاماژەیە بۆ ئەوپەڕی ملكەچی و خۆبەدەستەوەدانیان.
تەفسیر: پێویستە بزانرێت مەبەست لە ﴿ٱلَّذِينَ أُوتُواْ ٱلۡعِلۡمَ﴾ ئەهلی كتێب نیه، چونكە ئەهلی كتێب یەكەم كەس بوون كە لەم سوورەتەدا گوتاریان ئاڕاستە كرابوو، بەڵكو مەبەست لێی ئەو موسوڵمانانەیە كە پێشتر گەیشتبوون بە ڕاستی، واتە پێش دابەزینی ئەم ئایەتە، وە دڵنیا بوون لە ڕاستی ئیسلام و ئەوەیان زانیبوو كە گەشە و پێشكەوتنی جیهان ئێستا بەستراوەتەوە بە شوێنكەوتنی قورئانی پیرۆزەوە.
سەبارەت بە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿يَخِرُّونَۤ لِلۡأَذۡقَانِۤ﴾ ئەوە بزانە كە چەناگە دەكەوێتە خوارەوەی ڕووخسار، بۆیە مەبەست لێی ڕكووع یان سەجدەیە.
هەڵبەت لێرەدا شێوازی ئیسلامیمان فێركراوە بۆ دەربڕینی ترس و ملكەچبوون لەبەردەم خوای گەورەدا. لەكاتێكدا دەبینین هەندێك لە گەلان، وەك مەسیحیەكان و ئەوانی تر، كاتێك بۆ سەجدە چۆك دادەدەن، ڕوخساریان بۆ سەرەوە بەرزدەكەنەوە، بۆیە لە وێنە مەسیحیەكاندا دەبینین گەورەمان عیسا و مەریەم (علیهما السلام) لەكاتی بەندایەتیكردندا ڕووخساریان بۆ ئاسمان بەرزكردووەتەوە.
وَيَقُولُونَ سُبۡحَٰنَ رَبِّنَآ إِن كَانَ وَعۡدُ رَبِّنَا لَمَفۡعُولٗا ١٠9
تەفسیر: ئەم ئایەتە بەشێوەیەكی ڕوون بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە ئایەتەكانی پێشوو بەڵێنی پێشكەوتن و بەرزبوونەوەی باوەڕدارانیان لەخۆگرتبوو، وە “ئیسڕا” تەنها هەواڵێك نەبوو دەربارەی ڕووداوێك، بەڵكو بەڵێنێك بوو دەربارەی سەركەوتنی پێغەمبەر (ﷺ) و باوەڕداران، چونكە خوای گەورە لە سەرەتای ئەم سوورەتەدا دەفەرموێت: ﴿سُبۡحَٰنَ ٱلَّذِيٓ أَسۡرَىٰ بِعَبۡدِهِۦ﴾، وە لێرەشدا دەفەرموێت ﴿سُبۡحَٰنَ رَبِّنَآ﴾، وەك ئاگاداركردنەوەیەك لەوەی كە لێرەدا بەڵێنی بەرزبوونەوە و سەركەوتنی موسوڵمانانی داوە.
هەروەها وشەی ﴿سُبۡحَٰنَ﴾ ئاماژەیەكی تریشی تێدایە، ئەویش جەختكردنەوەیە لەسەر سەركەوتنی موسوڵمانان و لەناوچوونی بێباوەڕان، چونكە سەرنەكەوتنیان دەبێتە هۆی تانەدان لە پاكی و بێگەردی خوا (سبحانه وتعالى).
وَيَخِرُّونَ لِلۡأَذۡقَانِ يَبۡكُونَ وَيَزِيدُهُمۡ خُشُوعٗا۩ 110
تەفسیر: خوای گەورە لێرەدا باسی دۆخی دڵی باوەڕدار دەكات لەكاتی سەجدەبردندا، بەجۆرێك ڕایدەگەیەنێت كە لەكاتی سەجدەبردندا لە بەرزترین پلەی تەوبە و پەشیمانیدا دەبێت. ئەو لەبەر ڕیا سەجدە نابات، بەڵكو هەر كە سەجدە دەبات دەستبەجێ چاوەكانی لەخۆوە فرمێسكیان لێ دەڕژێت.
هەروەها یەكێك لە سیفەتەكانی باوەڕدار ئەوەیە كە بەندایەتیەكانی وەهای لێ ناكەن خۆی بەگەورە بزانێت، بەڵكو سەجدەبردن ترسی خوا و ملكەچیەكەی زیاتر دەكات.
قُلِ ٱدۡعُواْ ٱللَّهَ أَوِ ٱدۡعُواْ ٱلرَّحۡمَٰنَ ۖ أَيّٗا مَّا تَدۡعُواْ فَلَهُ ٱلۡأَسۡمَآءُ ٱلۡحُسۡنَىٰ ۚ وَلَا تَجۡهَرۡ بِصَلَاتِكَ وَلَا تُخَافِتۡ بِهَا وَٱبۡتَغِ بَيۡنَ ذَٰلِكَ سَبِيلٗا 111
شیكردنەوەی وشەكان:
لَا تَجْهَرْ: جَهَرَ الْكَلَامَ وَبِالْكَلَامِ: واتە قسەكەی ڕاگەیاند. جَهَرَ الصَّوْتَ: واتە دەنگی بەرزكردەوە (الأقرب).
لَا تُخَافِتْ: خَفَتَ بِكَلَامِهِ وَخَافَتَ بِهِ: واتە بە نهێنی قسەی كرد. خَفَتَ بِصَوْتِهِ: واتە دەنگی نزم كردەوە و شاردیەوە و بەرزی نەكردەوە (الأقرب).
تەفسیر: لە ئایەتەكانی پێشوودا باس لەو سەجدەبردن و بەندایەتیە دەكرا كە چاوەڕوان دەكرا باوەڕداران بیكەن لەكاتی پێشكەوتن و بڵندبوونەوەیاندا، بەڵام لێرەدا خوای گەورە شێوازی دوعاكردنی لە سەجدەدا بۆ ڕوونكردنەوە، وە پێی فەرموون: ئێوە لە سەجدەكانتاندا لێمان بپاڕێنەوە هەروەك چۆن ئێمە فێرتان دەكەین بۆ هێنانەدی ئەم بەڵێنانە و بۆ ئیسلاحبوونتان.
وردەكاریی ئەم فەرمانە خواییە بەم جۆرەیە:
هەڵبەت قورئانی پیرۆز و فەرموودەكان دوعای زۆریان باسكردووە لە شوێن و كاتی گونجاوی خۆیاندا، بۆیە خوای گەورە لێرەدا دەفەرموێت: ﴿فَلَهُ ٱلۡأَسۡمَآءُ ٱلۡحُسۡنَىٰۚ﴾ واتە: بۆ هەر داواكاریەك ناوێكی گونجاو هەیە لە ناوەكانی خوای گەورە، كەواتە بەو ناوەی كە گونجاوە بۆ داواكاریەكەت لێی بپاڕێرەوە. بۆ نموونە كاتێك پێویستت بەوەیە سیفەتی بەخشندەیی بورووژێنیت، ئەوا بە ناوی (الرحمن) لێی بپاڕێرەوە، هەروەها بە هەمان شێوە بۆ سیفەتەكانی (الرحيم) و (الرزاق) و (الوهاب)، چونكە هەموو ناوە جوانەكان هی ئەون (سبحانه وتعالى)، كەواتە بەو ناوە لێی بپاڕێرەوە كە گونجاوە بۆ پێویستیەكەت. خۆم تاقیمكردووەتەوە كە دوعاكردن بەم شێوەیە زۆر كاریگەرە.
دوور نیە ئەم ئایەتە وەڵامێك بێت بۆ بانگەشەی جوولەكەكان كە گوایە ئەوان “ناوی هەرە گەورە” (الاسم الأعظم) دەزانن! بەجۆرێك خوا (سبحانه وتعالى) ئاگاداری كردووینەتەوە كە دیاریكردنی ناوێكی تایبەت لە ناوەكانی خوا وەك “ناوی هەرە گەورە” هەڵەیە. پێویستە مرۆڤ بەو ناوە لە خوای گەورە بپاڕێتەوە كە گونجاوە لەگەڵ پێویستیەكەیدا، وە ئەگەر ئەو ناوە گونجاوەی بیر نەمایەوە لەكاتی دوعاكردندا، ئەوا با هەموو كەس بزانێت كە هەموو ناوەكانی خوا (سبحانه وتعالى) مەزنن، جا بە هەر ناوێكیان لێی بپاڕێتەوە و هاواری لێ بكات، خوا وەڵامی دەداتەوە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دڵ و دەروونی.
فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿وَلَا تَجۡهَرۡ بِصَلَاتِكَ وَلَا تُخَافِتۡ بِهَا وَٱبۡتَغِ بَيۡنَ ذَٰلِكَ سَبِيلٗا﴾ ئەوە بزانە كە صلاة واتە بەندایەتی و دوعاكردنیش، وە مادام لێرەدا باسەكە باسی دوعاكردنە، كەواتە مەبەست لە الصلاة لێرەدا دوعایە.
ڕیوایەتكراوە پێغەمبەر (ﷺ) بەلای هەندێك لە هاوەڵەكانیدا تێپەڕی كە بە دەنگی بەرز دوعایان دەكرد، ئەویش قەدەغەی ئەو كارەی لێ كردن و فەرمووی: ئێوە لە خوایەكی كەڕ ناپاڕێنەوە! ئەو تەنانەت گوێبیستی جووڵەی مێروولەش دەبێت. [نزیكترین ڕیوایەت كە بەم مانایە دۆزیومانەتەوە بریتییە لە: “إِنَّكُمْ لَا تَدْعُونَ أَصَمَّ وَلَا غَائِبًا. إِنَّكُمْ تَدْعُونَ سَمِيعًا قَرِيبًا، وَهُوَ مَعَكُمْ” (البخاري، المغازي)]
هەڵبەت قورئانی پیرۆز دوعاكردنیشی بە دەنگێكی زۆر نزم قەدەغە كردووە، چونكە ئەم شێوازە یارمەتی سەرنجدان نادات. بەڵكو پێویستە مرۆڤ بەجۆرێك دوعا بكات هەست بە دەرچوونی وشەكان بكات لەسەر زمان، ئەمەش یارمەتی دەدات بۆ ئەوەی سەرنجبدات و تێڕوانینیی چڕبكاتەوە.
هەڵبەت قەدەغەكردنی دوعاكردن بە دەنگی بەرز لەبەر ڕەچاوكردنی مەزنی و شكۆی خوای گەورەیە، بەڵام قەدەغەكردنی دوعاكردن بە دەنگێكی زۆر نزم لەبەر ڕەچاوكردنی لاوازیی مرۆڤە.
وَقُلِ ٱلۡحَمۡدُ لِلَّهِ ٱلَّذِي لَمۡ يَتَّخِذۡ وَلَدٗا وَلَمۡ يَكُن لَّهُۥ شَرِيكٞ فِي ٱلۡمُلۡكِ وَلَمۡ يَكُن لَّهُۥ وَلِيّٞ مِّنَ ٱلذُّلِّ ۖ وَكَبِّرۡهُ تَكۡبِيرَۢا 112
تەفسیر: خوای گەورە لێرەدا ڕایگەیاندووە كە بەدڵنیاییەوە ئەو بەڵێنەی خۆی جێبەجێ دەكات كە لە كەشفی “ئیسڕا”دا داویەتی، وە لە گەردووندا تەنها سروودی ئەو تاكە خوایە دەگوترێتەوە كە هاوبەشی نیە. بۆیە ئەگەر خوا كوڕێكی هەبوایە -وەك ئەو كەسانەی سەر بە خەڵكی قودسن بانگەشەیان دەكرد- ئەوا موسوڵمانان یاریدەدەر و پشتیوانێكیان نەدەبوو، وە ئەگەر خوای گەورە هاوبەشی هەبوایە -وەك خەڵكی مەككە بانگەشەیان دەكرد- ئەوا كێ دەسەڵاتی بە موسوڵمانان دەبەخشی. وەك ئەوەی خوای گەورە بفەرموێت: ئەم دوو ئەم میللـەتە هاوبەشدانەرە دوژمنی موسوڵمانانن، وە ئەگەر هاوبەشدانان ڕاستبوایە، ئەوا موسوڵمانان هەرگیز سەركەوتوو نەدەبوون. بەڵام لەبەرئەوەی كە خوای گەورە ئەوانی (موسوڵمانانی) -سەرەڕای لاوازیی زۆریان- سەركەوتوو كرد بەسەر هەموو دوژمنەكانیاندا بۆیە چەسپا كە خوا تاكە و هاوبەشی نیە.
پاشان خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿وَلَمۡ يَكُن لَّهُۥ وَلِيّٞ مِّنَ ٱلذُّلِّۖ﴾، چونكە دۆست دوو جۆرە: یەكەم: دۆستێكە كە مرۆڤ بەهۆی ڕەحم و چاكەكاریەوە دەیكات بە دۆستی خۆی، خوای گەورەیش دۆستەكانی بەم شێوەیە هەڵدەبژێرێت، چونكە ئەم جۆرە دژی مەزنێتی خوای گەورە نیە. جۆری دووەم دۆستێكە كە مرۆڤ لەبەر پێویستی و هەژاری خۆی هەڵیدەبژێرێت بۆ ئەوەی لەكاتی پێویستیدا پشتیوانی بێت، وە هەڵبژاردنی دۆست بەم شێوەیە دژی مەزنێتی خوای گەورەیە.
خوای گەورە سوورەتەكەی بەم فەرمایشتە ﴿وَكَبِّرۡهُ تَكۡبِيرَۢا﴾ كۆتایی پێهێناوە، وەك ئەوەی جارێكی تر ئاماژەی بە سەركەوتنی موسوڵمانان كردبێت بەسەر ئەهلی كتێبدا، وە هەروەك چۆن سەركەوتنی موسوڵمانان بەسەر خەڵكی مەككەدا بەڵگە بوو لەسەر درۆبوونی بتەكانیان، بە هەمان شێوە سەركەوتنی موسوڵمانان بەسەر ئەهلی كتێبدا دەبێتە بەڵگەیەك لەسەر ئەوەی كە ئەو كەسانەی دەیانوت ﴿ٱلۡمَسِيحُ ٱبۡنُ ٱللَّهِۖ﴾ یان ﴿عُزَيۡرٌ ٱبۡنُ ٱللَّهِ﴾ لەسەر هەڵەن؛ وە سەركەوتنی موسوڵمانان دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی یەكتاپەرستی خوای تاك و تەنیا لە هەموو وڵاتاندا، وە هەموو ئەو كەسانەی كە كوڕیان بۆ خوا داناوە یان هاوبەشیان بۆ خوا بڕیارداوە، لەژێر دەسەڵاتی موحەممەد پێغەمبەری خوادا كۆدەكرێنەوە، وە ئەم بەندە لاواز و بێ هێزەی خوا كە موحەممەدە (ﷺ) هێز و شكۆمەندی و سەركەوتنی پێدەبەخشرێت، بۆ ئەوەی ئەمە ببێتە بەڵگە لەسەر ئەوەی كە خوای گەورە لە هەموو خاوەن هێزەكان گەورەتر و مەزنترە. ئەمەیە هۆكاری كۆتاییهاتنی ئەم سوورەتە بە فەرمایشتی ﴿وَكَبِّرۡهُ تَكۡبِيرَۢا﴾.
وەرن با پێكەوە فەرمانی خوای گەورە بەجێبهێنین، و ڕابگەیەنین: الله أكبر، الله أكبر، الله أكبر!
PDF